
تەفسیری سورەتی الفاتحة
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتن
تەفسیری سورەتی الفاتحة
بە پێنووسی بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
كەلامی خوا
قورئانی پیرۆز تەنھا كتێبێكە كە بتوانرێت پێی بوترێت “كەلامی خوا”. بەڵام كتێبەكانی تر، ئەگەرچی بە كتێبی ئیلھامیش ناوزەد بكرێن، ناتوانرێت پێیان بوترێت “كەلامی خوا”؛ چونكە قسەی مرۆڤ تێكەڵاویان بووە و زیادكراوە بۆیان. بەڵام “كەلامی خوا” كە یەك پیتی مرۆڤی تێدا نەبێت تەنھا قورئانی پیرۆزە كه ههموو پیتهكانی، لە پیتی “باء”ی فەرمایشتی خوا “بسم الله الرحمن الرحيم” هەتا پیتی “س”ی فەرمایشتی خوای گەورە “مِنَ الْجِنَّةِ وَالنَّاسِ” هی خوای گهورهن.
هەتا ئەمڕۆ ئەم كتێبە ههمان ئەو كتێبەیە كه دابەزیوە. یەك وشەی لێ كەم نەبووەتەوە، وه یهك وشهی بۆ زیادنەكراوە. یەك بابەتی تێدا نيە كە زانينى ئەستەم بێت. یەك ئایەتی نەسخ نەبووەتەوە. هەموو سەر و بۆری وشەكانی پارێزراوە. لەبەرئەوە هیچ كتێبێك نیە جگە لە قورئانی پیرۆز كە بتوانین بیكەین بە چرای ڕێگامان و دڵنیابین لهوهى كە هیچ گومانێك لە هیچ وشهیهك لە وشهكانیدا نیه.
بەڵام زۆر بەداخەوە! موسوڵمانان ئەم كتێبە بەنرخەیان لەبیركرد، لەجیاتی ئهوه سەرقاڵ بوون بە كتێبگەلێكی ترەوە، وە لەباتی ئەوەی شوێن خوای پەروەردگاری خۆیان بكەون شوێن ئەو سەركردانە دەكەون كە خۆیان هەڵیانبژاردوون.
ویستم بە نووسینی ئەم تەفسیرە بۆ كەلامی خوای گەورە دەرفەتێك بڕەخسێت بۆ ئەوانەی كە بەباشی زمانی عەرەبی نازانن یان ئەوانەی لە بی شانسییان كاتیان نیە بۆ سەرنجدان و وردبوونەوە لە كەلامی خوا یان ئەوانەی لەدڵیاندا حەز و خولیا دروست نەبوو بۆ ئەمە.. تاكو لە كەلامی خوای گەورە تێبگەن، بۆئەوەی جوانیە شاراوەكانی ناوی ببینن.
بەم دێڕانە دەست دەكەم بە نووسینی بەرگی یەكەمی ئەم تەفسیرە.. داواكارم لە خوای گەورە ئەم هەوڵە بچوكەم لێ قەبوڵ بكات، وە سەرلەنوێ بەهۆی ئەم تەفسیرەوە ماناكانی قورئانی پیرۆز بژێنێتهوه، ژیانێكی ڕواڵەتی و ناوەكی.. وە یارمەتیم بدات بۆ تەواوكردنی. ئامین!
23/5/1948
میرزا مەحموود ئەحمەد
ڕتن باغ، لاهۆر
تەفسیری سورەتی الفاتحة
(سورەتێكە لە مەككە دابەزیوە، لەگەڵ “بسم الله”دا حەوت ئایەتە)
أَعُوذُ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
بفضل الله ورحمته.. هو الناصر
السورة: لە ڕووی زمانەوانیەوە وشەی (السورة) ئەم مانایانە دەگەیەنێت: پلەوپایە، ڕێز، بەرزی و جوانی تەلار، نیشانە (الأقرب). وە السورة من الكتاب: واتە بەشێكی سەربەخۆی كتێبەكە. سورة: واتە ئەو شتەی كە تەواو و بێكەموكوڕیە.. عەرەب بە وشتری گەنجی ساغ دەڵێت: سورة. كۆی وشەكە بریتیە له: سور. پێدەچێت بنچینەی ئەم وشەیە “سؤرة” بێت و گۆڕابێت بە “سورة” لەبەرئەوەی “ضمة” پێش “همزة” هاتووە، وە ماناكەی دەبێت بە: البقیة واتە پاشماوه.. عەرەب دەڵێت: هو في أسأر الناس واتە لە پاشماوهی ئهو خهڵكهیه.
بەڕای من هەموو ئەم واتایانە پیادە دەبن بەسەر ئەم وشەیەدا؛ چونكە سورەتی قورئانی پیرۆز پلەوپایە دەبەخشێت بەو كەسەی كە دەیخوێنێتەوە، وە ئەو كەسە ڕێزدار دەكات كە كاری پێ دەكات، وە نیشانەی كۆتایی پێھێنانی بابەتێكی تایبەتیە، وە تەلارێكی ڕۆحی شكۆدارە، وە بەشێكە لە بەشەكانی قورئان، وە توێژینەوەیەكی كامڵی لەخۆگرتووە لەهەموو لایەنەكانەوە.
بێگومان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەڕێگەی وەحی خوای گەورە ئەم ناوەی ناوە لە سورەتەكانی قورئان. هەمان ناو لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، وەك خوای گەورە دەفەرموێ: ﴿وَإِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِنْ مِثْلِهِ﴾ (سورة البقرة: 24). وە لە فەرموودەدا پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: لەمەوپێش سورەتێك دابەزیەسەرم. ئینجا ئەمەی خوێندەوە: “بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَرَ”. (مسلم، كتاب الصلاة).
ناوەكانی سورەتی الفاتحة
سورەتی الفاتحە كۆمەڵێك ناوی هەیە، ئەوانەی كە ناسراون و لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتوون ئەمانەی خوارەوەن:
1. سورەتی نوێژ (سورة الصلاة): لە ئەبو هورەیرەوه لە پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) كە دەفەرموێت: خوای گەورە دەفەرموێت: “نوێژم كردووە بە دوو بەشەوە لەنێوان خۆم و بەندەكەمدا”. (صحیح مسلم، كتاب الصلاة، باب وجوب قراءة الفاتحة)، واتە سورەتی الفاتحة م كردووە بە دووبەشەوە. مەبەستەكە ئەوەیە كە نیوەی سورەتەكە باسی ناوەكانی خوا و ستایشی خوای گەورەی تێدایە، وە نیوەی دووەمی نزای بەندەكەیە.
2. سورەتی سوپاس (الحمد). 3. دایكی قورئان (أم القرآن). 4. قورئانی مەزن (القرآن العظيم). 5. السبع المثاني (حهوت دووباره بووهكه). 6. دایكی كتێب (أم الكتاب): ئەم پێنج ناوەی كۆتایی لە دوو ڕیوایەتدا هاتوون كە بریتین لە: لە ئەبوهورەیرەوە لە پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “الحمد لله أم القرآن وأم الكتاب والسبع المثاني”. واته سورهتی الحمد لله دایكی قورئان و دایكی كتێب و حهوت دووبارهبووهكهیه (أبو داود، كتاب الصلاة، باب فاتحة الكتاب). وە لە ئەبوهورەیرەوە لە پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “هِيَ أُمُّ الْقُرْآنِ، وَهِيَ السَّبْعُ الْمَثَانِي، وَهِيَ الْقُرْآنُ الْعَظِيمُ” واته: ئهم سورهته بریتیه له دایكی قورئان و حهوت دووباره بووهكه و قورئانی مهزن. (مسند أحمد بن حنبل، ج2، باقي مسند المكثرین).
7. الشفاء: لە ئەبو سەعیدی خودریەوە لە پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم)، دەفەرموێت: “فِي فَاتِحَةِ الْكِتَابِ شِفَاءٌ مِنْ كُلِّ دَاءٍ”. (مسند الدارمي) واتە: لە سورەتی الفاتحة دا شیفا هەیە بۆ هەموو نەخۆشیەك. وە لەڕیوایەتێكی تردا: “فَاتِحَةُ الْكِتَابِ شِفَاءٌ مِنَ السُّمِّ”. (البیھقي “شعب الإیمان) واتە: سورەتی الفاتحة بۆ ژەهر.
8. الرقیە: لە ئەبو سەعیدی خودریەوە، پیاوێك باسی كرد بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) كه روقيەی كردووە بۆ پیاوێك مار پێوەیدابوو.. ئینجا چاكبوویەوە. پێی وترا: پێشتر ڕوقيەت دەزانى يان ڕوقيەت كردووە؟ گوتی: نەخێر، تەنھا بە دایكی كتێب [أم الكتاب] ڕوقيەم كردووە. كاتێك ئەمە باسكرا بۆ پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: چۆن زانیویەتی ئەم سورهته ڕوقيەیە!” (صحیح البخاري، فضائل القرآن).
9. گەنجینە (الكنز): لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “إن الله أعطاني فیما من علي فاتحة الكتاب، وقال: هي كنز من كنوز عرشي.” (تفسیر فتح البیان). واتە: یەكێك لەو چاكانەی خوای گەورە بەسەرمەوە ئەوەیە كه سورەتی فاتیحەی پێ خەڵات كردووم، وه دهفهرموێت: یەكێكە لە گەنجینەكانی عەرشەكەم.
بە دورودرێژی تاوتوێی ئەم ناوانەم كرد؛ چونكە هەموویان لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) سەلمێنراون، وە خۆی لەڕێگەی ئیلھامی خوای گەورەوە ئەم ناوانەی لێ ناوه، وە لەبەرئەوەی ئەم ناوانە ئاماژە دەكەن بۆ ئەم ڕاستیانەی خوارەوە:
یەكەم: ئەم سورەتە دەسپێكی قورئانە؛ چونكە خوای گەورە لە سەرەتای قورئانەوە دایناوە، وە كلیلێكیشە بۆ هەموو زانیاریەكانی قورئان.
دووەم: بریتیە لە سورەتی حەمد و سوپاس؛ چونكە پەیوەندی بەندە بەدروستكارەكەیەوە دەخاتەڕوو، وە ئامانجی دروستبوونەكەی دەستنیشان دەكات بەوەی دروستكراوە لهپێناوی بڵندبوونهوه بۆ پلەباڵاكانی نزیكبوونەوە لە خوا، وه بناغەی پەیوەندیەكەی لەگەڵ خوای گەورەدا ڕەحمەت و فەزڵی خوای گەورە خۆیەتی.
سێيەم: (سورة الصلاة) واتە سورەتی نزایە؛ چونكە نزایەكی كامڵ فێری مرۆڤ دەكات كە نمونەی نیە.
چوارەم: بریتیە لە دایكی كتێب؛ چونكە هەموو ئەو زانیاریانەی كە مرۆڤ پیویستی پێیان هەیە لە هەلومەرجە جۆراوجۆرەكانی ژیانیدا لەم سورەتەدا زۆر بەجوانی كۆكراونەتەوە؛ چونكە وەكو دایك وایە.. واتە ئەو نزایانەی لەم سورەتەدا هەن ئەوانەن كە لە دڵە پەرێشانەكانەوە هەڵقوڵاون بۆیە بوونەتەهۆی دابەزینی قورئان.
پێنجەم: بریتیە لە “السبع المثاني، حهوت دووبارهبووهكه”؛ چونكە ئەگەرچی تەنھا حەوت ئایەتە، بەڵام هەموو پێویستیەكانی مرۆڤ پر دەكاتەوە بەجۆرێك ئایەتەكانی ئاڵۆزترین گرفته ڕۆحیەكان چارەسەر دەكات، وە سەرچاوەیەكە جارلەدوای جار سەردانی دەكرێتەوە بۆ چارەسەری هەموو ئەم گرفتانه. وە هەروەها لەبەرئەوەی لە هەموو ڕكاتێكی نوێژدا دەخوێنرێتەوە.
شەشەم: بریتیە لە قورئانی مەزن؛ چونكە بەشێكە لە قورئان، وە بەگوێرەی نەریتی عەرەب ناونراوە قورئان؛ چونكە دەڵێن: قورئان بدە بەگوێماندا، واتە بەشێك لە قورئان. كەواتە فاتیحە لەدەرەوەی قورئان نیە وەك هەندێ كەس بانگهشه دهكهن.
حەوتەم: بریتیەلە سورەتی شیفا؛ چونكە هەموو ئهو وەسوەسانه چارهسەر دەكات كە دێن بە دڵی خەڵكیدا لەبابهتهكانی ئاییندا.
هەشتەم: بریتیە لە روقيە؛ چونكە وەكو روقيە سوود دەگەیەنێت. هەروەها وەسوەسهكان دووردەخاتەوە لە خوێنەرەكەی و هێزێكی تێدا دروست دەكات كە لەبەرامبەریدا پیلان و ئاژاوەی شەیتانەكان نەزۆك دەبن.
نۆيەم: بریتیە لە سورەتی گەنجینە؛ چونكە گەنجینەی زانست و زانیارییەكانە، كۆگای مانا ناوازەكان و بیروباوەڕە پهسهند و سهرسوڕھێنهرەكانه.. وەك ئەوەی دەریایەك بە فراوانیەكەی لە كوپێكی بچوكدا جێبكرێتەوە.
هەواڵێك لە كتێبە ئاسمانیەكانی پێشوودا هاتووە كە ئاماژە دەكات بەناوی ئەم سورەتە و ژمارەی ئایەتەكانی كه حهوتن، هەروەك لە سیفری ڕوئیا [ئاشکراکردنی عیسای مەسیح]دا هاتووە:
“تۆمارێکی بچوکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا. بە دەنگێکی بەرز وەك نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێك نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان.” (بهشی 10: 2-3)
فەزڵ و گهورهیی سورەتی الفاتحة
بەشێك لەو فەزڵانە ئەوانەبوون كە پێشتر باسكران، وە بەشێكیان داخوازی درێژەپێدان دەكهن، بەم شێوەیە:
لە ئوبەی كوڕی كەعبەوە دەڵێت: پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: “ما أنزل الله في التوراة ولا في الإنجیل مثل أم القرآن. وهي السبع المثاني، وهي مقسومة بیني وبین عبدي، ولعبدي ما سأل.” (النسائي، كتاب الافتتاح). واتە: “نە لە تەوراتدا نە لە ئینجیلدا خوای گەورە سورەتێكی وەكو دایكی قورئانی نەناردووەتە خوارەوە. بریتیە له حەوت دووبارەبووەكە، دابەشكراوە لەنێوان من و بەندەكەمدا، وە بۆ بەندەكەم هەيە ئەوەی داوای دەكات.”
ئەمە تایبەتمەندیەكی زۆر گرنگە؛ چونكە ڕێگایەك پيشان دەدات كە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ چارەسەركردنی بابەتە دینی و دنیاییەكان، ئەویش ئەوەیە كە هەر نزایەك فاتیحەی لەگەڵدا بوو گیرا دەبێت. ئاشكرایە كە مانای ڕستەی كۆتایی لەم فەرموودەیەدا ئەوە نیە كە تەنھا خوێندنەوەی ئەم سورەتە ئامرازێك بێت بۆ گیرابوونی نزا، بەڵكو ماناكەی ئەوەیە ئەو كەسەی پەیڕەوی ئەو ڕێگایە بكات كە لە سورەتەكەدا باسكراوە نزاكەی گیرا دەبێت. وە ئەو ڕێگایە بەشەكانی سورەتەكە بەم شێوەیە وێنهیان كێشاوه: 1: بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ، 2: الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ، 3: الرَّحْمَنِ، 4: الرَّحِيمِ، 5: مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ، 6: إِيَّاكَ نَعْبُدُ، 7: وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ.
هەروەك چۆن ئەم سورەتە حەوت ئایەتە بەهەمان شێوە حەوت بنەمای لەخۆگرتووە بۆ گیرابوونی نزا:
بنەمای یەكەم: بسم الله، بەگوێرەی ئەم بنەمایە پێویستە نزا بۆ كارێكی باش بكرێت. بۆ نموونە نابێت دز نزا بكات بۆ سەركەوتن لە دزیەكەیدا چونكە دزی كارێكە بۆ ئهوه ناشێت بەناوی خوای گەورەوە دەستی پێ بكرێت. كەواتە ئهو نزایهی بەناوی خواوه و بەداوای یارمەتی لەوەوە دەست پێ بكات دەبێت بۆ كارێك بێت كە خوا پێی خۆش بێت بۆ بەندە. زۆركەسم بینیوە نزایان كردووە لە كەسانی تر كە لەناوبچن و تەفروتوونابن پاشان سكاڵایان كردووە كە نزاكەیان گیرا نەبووە. وە نزایان كردووە بۆ جێبەجێ بوونی كۆمەڵێك مەبەست و ئامانج كە ستەم و زۆرداری بوون، پاشان گوتویانە نزاكە نەبیستراوە و گیرا نەبووە. وە ههیانه خۆی وا پيشان دەدات كە زۆر بەتەقوا و دنیانەویسته و نووشته دەفرۆشێت و نزادەكات بۆ كاری حەرام، لەواقیعدا ئەم نووشتە و نزایانە بەسەر خۆیدا دهشكێتهوه.
بنەمای دووەم: الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ، واتە دەبێت نزاكار نزایەك بكات كه خێرەكەی هەموو خەڵكی بگرێتەوە، یان بەلایەنی كەمەوە خۆی بەدوور بگرێت لەوەی نزایان لێ بكات، دەبێت نزاكە پێچەوانەی سیفەتی سوپاس و حەمد نەبێت بۆ خوا، وە هۆكارێك نەبێت بۆ كەمكردنەوەی.
بنەمای سێيەم: الرحمن، واتە دەبێت نزاكه جووڵێنهری ڕهحمهتی گشتگیری خوا بێت و دیمەنێك بێت بۆ سیفەتی “الرحمن”ی خوای گەورە.
بنەمای چوارەم: الرحیم، واتە دەبێت نزاكە بناغەیەكی تۆكمە بێت بۆ كردەوە چاكە بەردەوامەكان، بۆ ماوەیەكی درێژ، وە سوودەكەی نەپچڕێت لە كەسانی چاكەكار، یان بەلایەنی كەمەوە نەبێت به ئاستهنگ لە ڕێگەیاندا.
بنەمای پێنجەم: مالك یوم الدین، واتە پێویستە داواكار و نزاخواز بیری خۆی تێنەپەڕێنێت لە هۆكارەكان كە خوا دروستی كردوون بۆ بەرهەمھێناێكی دروست؛ چونكە هۆكارەكانیش خوای گەورە دروستی كردوون، وە شتێكی پەسەند و گونجاو نیە كە بەندە تكابكات لەخوا بەبێ ئەوەی ئەو هۆكارانە بگرێتەبەر كە خوا دروستی كردوون بۆ ئەو. بۆیە پێویسته هۆكارە ماددیەكان بەكاربھێنرێن بەمەرجێك لای نزاكار هەبن و دەستی پێیان بگات و بتوانێت بەكاریان بھێنێت. بەڵێ، ئەگەر هۆكارەكان له ئارادا نهبوون ئهوا ئەم سیفەتە خواییە جیلوە دەكات بەبێ بوونی هۆكارەكان. ئەم وتهیه ئاماژەیش بهوه دەكات كه پێویسته قسهی خۆش بێت لهگهڵ خەڵكیدا لە داواكردنی مافی خۆی لێیان، وە نابێت تووڕە و زبر بێت كاتی داواكردنەكە.
بنەمای شەشەم: إیاك نعبد، واتە پێویستە داواكار پەیوەندیەكی نزیكی هەبێت لەگەڵ خوای گەورەدا، وە دەبێت پاك و دڵسۆز بێت لەگەڵیدا، وە بەوپەڕی سووربوون و پێداگریەوە خۆی بەدووربگرێت لە حەز و ئارهزووهكانی شیرك و پاڵنەرە شەیتانیەكان.
بنەمای حەوتەم: إیاك نستعین، واتە دەبێت ژیان و مردنی بۆ خوا بێت، وە دەبێت بەتەواوەتی پشت بەخوای گەورە ببەستێت و هەموو هیوایەكی تەنھا لەسەر خوا هەڵبچنێت، واز لە هەموو شتێكی تر بھێنێت و تهنھا خۆی بۆ خوا تەرخان بكات، وە دەبێت بگاتە ئاستێك لە پشتبەستن بەخوا كە بێنیازی بكات لەوەی داوای یارمەتی لە غەیری خوا بكات لە هەموو بارودۆخەكاندا، هەرچەند كێشە و گیروگرفت چواردەوری بگرێت.
ئەمە ئەو حەوت بنەمایە بوو كە ئەگەر مرۆڤ كاریان پێ بكات دەبێت بەو بەندەیە كە پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) لە فەرموودەكەدا باسی كردووە و دەفەرموێت: “ئەوەی بەندە داوای دەكات پێی دەدرێت”، وە نزاكەی وەڵام دەدرێتەوە.
لەڕاستیدا نموونەیەكی ئەم نزا كامڵە تهنھا لەلای موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) و شوێنكەوتە ڕاستگۆكانی ههیه. خهڵكی دنیا لەواندا نیشانەكانی گیرابوونی نزایان بینیوە كە بیناییان گێڕاوەتەوە بۆ نابینا، بیستن بۆ كەڕ و قسەكردن بۆ لاڵ. وە دەرگای گەيشتن بەم پلەو پایە، كە هاوەڵەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەدەستیان هێنا، دانەخراوە، بەڵكو خراوهته سهر پشت، ئەوەی هەوڵبدات پێی بگات پێی دەگات.
سەعیدی كوڕی موعەللا ڕیوایەتی كردووە كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووە: ئایا مەزنترین سورەتت فێرنەكەم لە قورئاندا؛ ئینجا سورەتی فاتیحەی فێركردن.” (البخاري فضائل القرآن).
وە مەبەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە “مەزنترین سورەتی قورئان” ئەوەیە كە زانیاریەكانی سورەتی الفاتحة لەگەڵ بچوكی قەبارەكەیدا زۆرترن لە زانیاریهكانی ناو سورەتە درێژەكان، وە گومان لەوەدا نیە كە سورەتی الفاتحة وەكو مەتنى قورئان وایە.
لێرەدا پێم خۆشە فەزڵ و گهورهیی ئەم سورەتە بخەمەڕوو كە خۆم بینیومە. گەنجێكی تازەپێگەيشتوو بووم لەخەوندا بینیم لە شوێنێكدا بەئاراستەی ڕۆژهەڵات ڕاوەستابووم، لەبەردەممدا گۆڕەپانێكی فراوان هەبوو. لەناكاو گوێم لە دەنگێك بوو وەك دەنگی دەفر و قاپ. دەنگەكە لە هەوادا دەستی كرد بەبڵاوبوونەوە هەتا پێموابوو كە هەوا پڕ بوو لەم دەنگە. پاشان ناوەڕاستی دەنگەكه وردە وردە بەرجەستە بوو بۆم و لەشێوەی چوارچێوەيەكدا دهردهكهوت وەكو چوارچێوهی وێنهكان، وە لەو چوارچێوەيەوە كۆمەڵیك ڕەنگی كاڵ دەركەوتن، پاشان ڕەنگەكان زۆربوون و لەكۆتاییدا وێنەیەكیان پێكھێنا. پاشان وێنەكە دەستی كرد بە جووڵە و بوو بە وێنهیهكی زیندوو. واهات بە خەیاڵمدا كە وێنەی یەكێك لە فریشتەكان بێت. ئینجا دواندمی و گوتی: ئایا تەفسیری سورەتی “الفاتحة”ت فێرنەكەم؟ منیش پێم گوت: با، تەفسیری ئەم سورەتەم فێربكە. دەستی كرد بە فێركردنم هەتا ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾ی بۆ تەفسیر كردم. پاشان پێی گوتم: هەموو كتێبەكانی تەفسیر هەتا ئەم ئایەتەیان تەفسیر كردووە، هیچ كامێكیان تەفسیری ئایەتەكانی دوای ئەم ئایەتەیان نەھێناوە. پاشان گوتی: ئایا ناتەوێت تەفسیری ئایەتەكانی دوای ئەم ئایەتەت فێربكەم؟ منیش گوتم: با. ئینجا تەفسیری ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ و ئایەتەكانی دواتری بۆ كردم. كاتێك تەفسیرەكەی تەواوكرد لەخەو هەستام و خەبەرم بوویەوە. سەیرم كرد تەنھا بابەتێك یان دوو بابەتم لەبیرمابوو لە تەفسیرەكە. پاشان نووستمەوە، كاتێك خەبەرم بوویەوە هەموو ئەو تەفسیرەم لە بیرچووبوویەوە کە فێرکرابووم.
پاش ماوەیەك دەرفەتێكم بۆ ڕەخسا بۆ قسەكردن دەربارەی تەفسیری ئەم سورەتە، لەو كاتەدا هەستم كرد هەندێ زانیاریم بۆ هات كە پێشتر نەمزانیبوو. ئینجا دڵنیابووم ئەم زانیاریانە ئەوانەن كە فریشتەكە فێری كردبووم. وە لەو كاتەوە بەردەوام زانست و ڕاستیە وردەكانی ئەم سورەتە پیرۆزەم پێدەگات، زۆربەیانم لە كتێب و وتارەكاندا ڕاگهیاندووه.. ئەم گەنجینەیە هێشتا تەواو نەبووە.
ئەو حەوت بنەمایە كە لێرەدا باسمكرد سەبارەت بە گیرابوونی نزا ئەوانیش كۆمەڵێك بەرهەمی ئەو ئەزموونانە بوون؛ چونكە ئەمجارە كاتێك ویستم تەفسیری بكەم پێمخۆش بوو خوا سوننەتەكەی خۆی نوێ بكاتەوە بۆم، ئەوە بوو ئەم حەوت بنەمایەی گیرابوونی نزام بۆ ئاشكرا بوو. سوپاس بۆ خوا، وە كورتەیەكم نووسیوە بەبەراورد بە هەموو ئهو ڕاستیە فراوانانەی كە لەم بنەمایانەدا هەن. ئەمەش فەزڵێكە خوا دەیدات بەهەركەسێك خۆی بیەوێت.
كاتی دابەزینی سورەتی الفاتحة
بەڕای من ئەم سورەتە لە مەككە دابەزیوە پاشان لە مەدینەیش دابەزیوە. بەدڵنیاییەوە سهرهتا لە مەككە دابەزیوە؛ چونكە دابەزینەكەی لە سورەتی “الحجر”دا باسكراوە، كە ئەمیش سورەتێكە لە مەككە دابەزیوە، لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿وَلَقَدْ آتَيْنَاكَ سَبْعًا مِنَ الْمَثَانِي وَالْقُرْآنَ الْعَظِيمَ﴾ (ئايەتی: 88). هەروەها هەندێ هاوەڵ و پێشەوا ڕیوایەتیان كردووە كە ئەم سورەتە لە مەدینە دابەزیوە. (القرطبي).
خوێندنەوەی سورەتی الفاتحة لە نوێژدا
خوێندنەوەی الفاتحة لەهەموو ڕكاتێك لە ڕكاتەكانی نوێژدا واجبە. وە ئەو كەسەی لە چەمینەوەدا فریای نوێژ بكەوێت؛ ئەوا خوێندنەوەی الفاتحة لهلایهن ئیمامهكهوه دەكەوێتە بریتی خوێندنەوەكەی ئەویش. كۆمەڵێك فەرموودەی زۆر جەخت لەمە دەكەنەوە لەوانە: لە ئەبوهورەیرەوە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “مَنْ صَلَّى صَلَاةً لَمْ يَقْرَأْ فِيهَا بِأُمِّ الْقُرْآنِ فَهِيَ خِدَاجٌ.” (مسلم، كتاب الصلاة، باب وجوب قراءة الفاتحة في كل ركعة) واتە: ئەوەی نوێژ بكات و سورەتی الفاتحة نەخوێنێت تێیدا ئەوا نوێژەكەی ناتەواوە.
وە له عوبادەی كوڕی سامیتەوە پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دەفەرموێت: “لاَ صَلاَةَ لِمَنْ لَمْ يَقْرَأْ بِفَاتِحَةِ الكِتَابِ.” (البخاري، كتاب الصلاة). واتە: “نوێژ نیە بۆ كەسێك كە بە الفاتحة دەستى پێ نەكردبێت.”
كەواتە خوێندنەوەی الفاتحة واجبە لەسەر هەموو نوێژخوێنێك ئیمام بێت یان مەئمووم، لەنوێژی ئاشكرا بێت یان پەنھانی. وە ئيستيسناكهی پێشوو بۆ ئەو كەسەی كە لەكاتی ڕكوعدا فریای نوێژی جەماعەت دەكەوێت ئەم ڕێسایە هەڵناوەشێنێتەوە. هەروەها تازە موسوڵمان كە هێشتا فێری الفاتحة نەبووە یان مناڵێك نازانێت بیخوێنێتەوە بۆیان ڕهوایه بەبێ خوێندنەوەی ئەم سورەتە نوێژ بكەن هەتا فێری دەبن.
پوختەی زانیاریەكانی ناو سورەتی الفاتحة
سورەتى الفاتحة لە ناوەكەیەوە “فاتحة القرآن، دەستپێكی قورئان” دیارە كە بهشێوهیهكی كورت و پوخت ڕاستیەكانی قورئانی تێدا كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر بەگشتی ئەم ڕاستیانە بزانێت لەسەرەتای قورئانەوه.
بسم الله.. دەستپێكردن بەم دەستەواژەیە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە خوێنەر باوەڕی بەخوا هەیە، هەروەها باوەڕی بەوە هەیە كە خوا، بەپێچەوانەی فەیلەسوفەكانەوە، تەنھا هۆكاری یەكەم نیە لە گەردووندا، بەڵكو هەموو كاروبارەكان بە فەرمان و ئاماژەی ئەو ڕوودەدەن. بۆیە دەبێت داوای یارمەتی لێ بكرێت كە مرۆڤ بێنیاز دەكات لە هەر داوای یارمەتیەكی تر. وە هەروەها باوەڕدار دڵنیایه لهوهی كە خوا تەنھا هێزێكی ڕۆحی شاراوە نیە، بەڵكو بوونێكی سەربەخۆ و ناوێكی سەربەخۆی هەیە و كۆمەڵێك سیفەتی جۆراوجۆری هەیە.
الرحمن.. بریتیە لە سەرچاوەی هەموو جۆرەكانی پێشكەوتن و گەشەكردن، وە لای ئەو هەموو ئەو ئامرازانە هەیە كە دنیا پەنایان بۆ دەبات بۆ پێشكەوتن و ژیانەوە و ڕابوون.
الرحیم.. مرۆڤ لەپێناوی ئامانجێكی بەرزدا دروستكراوە، دەی ئەگەر مرۆڤ بەتەواوەتی پشت ببەستێت بەو هۆكارانەی كە خوا لەپێناوی ئەودا دروستی كردوون ئەوا ئەنجامگەلێكی چاك بەدەست دەھێنێت كە لەگەڵیاندا شایستەی نیعمەتی زیاتر دەبێت بەبەردەوامی و بێ پچڕان.
الحمد لله.. كردەوەكانی خوای گهوره بەوە جیادەكرێنەوە كە گشتگیر و تەواون، هیچ جۆرە جوانی و چاكیەك نیە كه له كردهوهكانیدا نهبێت. بۆیە شایانی هەموو حەمد و سوپاسێكە چونكە خالقی جگە لە خۆیەتی.
رب العالمین.. پەروەردگاری جیھانەكانە.. هیچ شتێك نیە مەگەر ئەو لەسەرەتاوە بەدیهێناوە و پەروەردەی كردووە بۆ ئەوەی لە كۆمەڵێك قۆناغی زۆردا بگاتە ئەو چڵەپۆپەیەی كە بۆی دانراوە. وە هیچ شتێك نیە لەخۆوە بەدیھاتبێت. ئەم دنیایە دروستكراوی جۆراو جۆری تێدایە كە لەژمارە نایەن، وە هەموو جۆرێك كۆمەڵێك تاكی هەیە و سروشتی جیاوازیان هەیە، وە هەموو سروشتێك كۆمەڵێك داب و نەریتی هەیە.. ئەم جیاوازی و هەمەچەشنیە بەردەوامە و كۆتایی بۆ نیە. وە بۆ تێگەيشتن لە ناوەڕۆكی شتێك دەبێت بیربكهینهوه لە جۆرەكەی، نەك لەو شتەی كە لەڕووی جۆرەوە لێی جیاوازە.. بۆیە پێویستە مرۆڤ فریونەخوات بە بینینی جیاوازی لە نەریتی خوای گەورە لە گەردووندا؛ چونكە ئهم جیاوازیه دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بارودۆخەكان نەك فەرامۆشكردن یان ستەم و زۆرداری. خوای گەورە زۆر لەوە بەرزترە كە ستەمكاران دەربارەی دەیڵێن.
الرحمن.. هەروەك دروستكاری مرۆڤ و هەموو بوونەوەرەكانی ترە بەهەمان شێوە دروستكاری هەموو ئەو هۆكارانەیە كە مرۆڤ پێویستی پێیان هەیە. بۆیە هەموو شتێك پێویستی بەخوای گەورەیە لەهەموو هەلومەرج و بارودۆخێكدا.
الرحیم.. هەروەك دروستكاری شتەكانە و هەموو ئەو هۆكارانەیش كه ئەو شتانە پێویستیان پێیانە، بەهەمان شێوە هەر خۆی خاوەنی ئەو ئەنجامانەیە كە لهم هۆكارانهوه دروست دهبن. بۆ نموونە مرۆڤی دروستكردووە و ئەو خۆراكەیشی دروستكردووە كە پێویستە بۆ بەردەوامبوونی ژیانی، بەهەمان شێوە ئەو ئەنجامەیش كە لێی دەكەوێتەوە و ئەو شتەیش كە لێیەوە بەرهەم دێت، خراپ بێت یان چاك، هەمووی بەفەرمانی ئەو (I) دێتەدی.
مالك یوم الدین.. ڕێسایەكی داناوە بۆ پاداشت و سزا كە ئەوەیە مرۆڤ بەهرە وەردەگرێت لەو چاكانەی كە دەیانكات و سزایش وەردەگرێت بەهۆی ئەو خراپانەوە كە ئەنجامیان دەدات. وە كردەوەكان دوو جۆرن: بەشێكیان كۆمهڵێك بەرهەمی خێرا دەدەن، وە بەشێكی تریان بەرهەمەكانی دوادەكەون بۆ كاتێكی دیاریكراو. ئەم بەشەی دوایی ئەنجامی گشتگیری هەموو كردەوەكان دەدات بەدەستەوە، لەكاتێكدا بەشی یەكەم تایبەتە بەهەركردەوەیەك بەتەنھا. كهواته خوای گەورە بە پاداشت و سزای هەموو كردەوەیەك وازينهھێناوه، بەڵكو بۆ هەموو كردەوەكان پاداشتێكی گشتگیری داناوە بەو سیفەتەی خاوەنی ڕۆژی پاداشتە.
إیاك نعبد وإیاك نستعین.. ئەمە ئەو زاتەیە كە شایانی پەرستن و خۆشویستنە. گەشە و پێشكەوتنی مرۆڤ بەندە بە دوو خاڵەوە: یەكەم: جووڵە جەستەییەكان، دووەم: حەز و ئارەزووەكانی ناخ.. ئەمەی دوایی فیكر و بیروباوەڕ و ئیرادە دەگرێتەوە. بۆیە دەبێت چاكسازی بكرێت لەهەردوو بەشەكەدا بەیەكەوە، وە ئەم چاكسازیە بەدی نایەت مەگەر بەیارمەتی خوای گەورە.
اهدنا.. لێرەدا خوای گەورە بەڕاشكاوی فەرموویەتی كە پێی خۆشە پەیوەندی بكات بە بەندەكانیەوە و ئیسڵاحیان بكات.. بۆیە پێویستە لەسەر بەندە ئاوڕی لێ بداتەوە و هەوڵبدات لێی نزیك بێتەوە.
الصراط المستقیم.. مرۆڤ لەبەردەمیدا كۆمەڵێك ڕێگای زۆر دەبینێت كە وادەردەكەون بهرەوخوا بچن، بەڵام تەنھا زانینی ڕێگاكان هیچ سوودێكی نیە هەتا مرۆڤ نەزانێت كامیان كورتترین و نزیكترینی ڕێگاكانە، بۆئەوەى هەوڵی تاقەت پڕووكێن لەناوی نەبات پێش گەيشتن بە ئامانجەكەی.
صراط الذین أنعمت علیھم.. هەروەها پێویستە لەسەری هەوڵ بۆ ئەو ڕێگایە بدات كە ناسراوە لای بەندە چاكەكارەكانی خوا و ئەوان بەسەریدا ڕۆيشتوون، ئەوەى مرۆڤ دەگەیەنێتە لای خوای گەورە.. بۆئەوەی ئەو مەترسیانە بزانێت كە دێنە ڕێگەكەی، وە بتوانێت چارەسەریان بكات پێش ئەوەی دووچاريان بێت، وە دڵنیابێت و تووشی نائومێدی نەبێت، وە بۆ ئەوەی بەهرەوەربگرێت لە هاوڕێیەتی كۆمەڵێك هاوەڵی ڕاستگۆی چاك. ئەمە ڕێگایەكە كە شایستەی ئەوەیە داوایبكرێت لەخوای گەورە.
غیر المغضوب علیھم.. كاتێك مرۆڤ بەرەوپێش دەچێت لە بواری نزیكبوونەوە لەخوا دەشێت تووشی لووتبەرزی و خۆپەسەندی بێت. بۆیە شایستە نیە به مرۆڤ كە ستەم و چەوسانەوە بەڕەوا بزانێت لە ئەنجامی ئەو پێشكەوتنەی كە بەفەزڵ و یارمەتی خوا بەدەستی ھێناوە، بەڵكو پێویستە لەسەری ئهو پێشكهوتنه بكات به ئامرازێك بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و بهرپاكردنی ئاشتی و ئارامی گشتی، وە دەبێت لەڕێگای نزاوە داوای یارمەتی بكات بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە.
ولا الضالین.. هەروەها دەشێت مرۆڤ بەهۆی پێشكەوتنەوە لەسنور دەربچێت بەهەمان شێوە هەندێ جار زیادەڕەوی بكات لە خۆشویستنی شتێكی نزم و بێ بەهادا و بەهۆی ڕۆچوون و هەڵنانی لەڕادەبەدەرەوە بەرزی بكاتەوە بۆ ئاستێك كە ئاستی خۆی نەبێت، ئەم خاڵەیش پێویستە لێی دووربكەوینەوە لەگهڵ داواكردنی یارمەتی لە خوای گەورە.
بسم الله الرحمن الرحیم(1)
شیكردنەوەی وشەكان:
ب: پیتی بێ لە دەستەواژەی “بسم الله”دا ئامرازی پەیوەندیە (حرف جر)، بەمانای لەگەڵبوون و داوای یارمەتیكردن هاتووە، واتە بەدەستگرتن بەناوی خوا و لەڕێگەی داوای یارمەتی لێیەوە دەخوێنمەوە.
اسم: واتە سیفەت یان ناو، یان لە (وسم)ەوە هاتووە بەواتای نیشانە یان لە (سمو)ەوە هاتووە بەواتای شكۆ و بڵندی. هەندێ لە زانایان دەڵێن دەستەواژەیەکی سڕاوە هەیە كە پەیوەستە بە پیتی “ب” له وشەی (بسم الله)دا كە بریتیە لە: بخوێنه و دەستپێبكه بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە، بەڵگەشیان ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە لە سورەتی “العلق”دا: ﴿اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ﴾.
بهڵام زەمەخشەری پێی وایە كە دەستەواژە سڕاوەكە بریتیە لە: دهخوێنمهوه یان دهستپێدهكهم، ماناكە بەم شێوەی لێدێت: بە ناوی خوای بەخشندە و میھرەبان دەخوێنمەوە یان دەستپێدەكەم. بەڵگەی زەمەخشەری ئەوەیە كە لێرەدا جەختكردنەوەكە لەسەر ناوی خوای گەورەیە، بۆیە پێشخراوە، بەڵام لە سورەتی العلق دا جەختكردنەوەكە لەسەر خوێندنەوەیە؛ چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوودڵ بوو لە خوێندنەوەكەدا، بۆیە لەوێدا وشەی “اقرأ، بخوێنه” پێشخراوە.
بۆچوونەكەی زەمەخشەری زۆر ورد و جوانە و پشتگیری ئەوە دەكات كە باسى دەكەم لە هۆكارەكانی دووبارەبوونەوەی “بسم الله” پێش هەموو سورەتەكانی قورئانی پیرۆز.
الله: ناوی زاتێكه كه ئەزەلی و ئەبەدی و زیندوو و ڕاگر و دروستكار و خاوەن و پەروەردگاری هەموو شتێكە. ئەمە ناوێكی زاتیە و ئاوهڵناو نیە. لەهیچ زمانێكدا ناوی زاتی خوای گەورە بوونی نیە جگە لە زمانی عەرەبی. وە ئەم ناوە تەنھا مانای زاتی خوای گەورە دەگەیەنێت. وە ناوێكی “جامد”ە و “مشتق” نیە.
الرحمن: لەسەر كێشی “فعلان”ە و لە “رحم”ەوە وەرگیراوە، ئەم كێشە مانای پڕبوون و باڵادەستی دەگەیەنێت (تفسير البحر المحیط). كەواتە مانای الرحمن: واتە ئەو كەسەی ڕەحمەتی فراوانە و ڕەحمەتەكەی هەموو شتێكی گرتووهتهوه. وە دەبێت ئەم ڕەحمەته ڕەحمەتێك بێت بێ بوونی شایستەیی و ماف یان بەرامبەر؛ چونكە هەموو مرۆڤێك مافی ئەوەی نیە داوای ڕەحمەت بكات وەك مافێكی خۆی.
پێشەوای زمانزان ئەبو عەلی فارسی دەڵێت: الرحمن ناوێكی گشتیە بۆ هەموو جۆرێكی ڕەحمەت و تایبهتە بە خوای گەورەوە، رحیم ڕهحمهتهكهی تەنھا بۆ باوەڕدارانە، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَكَانَ بِالْمُؤْمِنِينَ رَحِيمًا﴾ (تفسیر فتح البیان). وە لەفەرموودەدا هاتووە: لە ئین مەسعوود و ئەبو سەعیدی خودریەوە، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “ڕەحمان ڕەحمانی دنیایە و ڕەحیم ڕەحیمی دواڕۆژە.” (تفسیر البحر المحیط).
الرحیم: لەسەر كێشی “فعیل”ە و لە “رحم”ەوە هاتووە، ماناى پاداشت و دووبارەبوونەوە دهگهیهنێت بەئەندازەی شایستەیی (تفسیر البحر المحیط)، ماناكەی ئەوەیە: پاداشتی ئەو كەسە دەداتەوە كە شایستەی ڕهحمهتە بەپاداشتێكی چاك و پڕبهپێست، وە بەردەوام دەبێت لەم كارە و دەستی لێهەڵناگرێت.
تەفسیر:
هەموو سورەتەكان بە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ دەستیان پێ كردووە تەنھا سورەتی “البراءة” نەبێت. ڕاسترین قسە ئەوەیە كە البراءة سورەتێكی سەربەخۆ نیە بەڵكو بەشێكە لە سورەتی “الأنفال” بۆیە بە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ دەستی پێ نەكردووە. بەڵگەش ئەوەیە كە ئیبن عەبباس ڕیوایەتی كردووە و دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیدەزانی كەی سورەتێك كۆتایی دێت هەتا “بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ” دادەبەزیە سەری.” (أبو داود، كتاب الصلاة). وە حاكم لە “المستدرك”ەكەیدا باسی كردووە. فەرموودەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ ئەوە دەگەیەنێت سورەتێك كۆتایی هاتووە و یەكێكی تر دەستی پێ كردووە، لەبەرئەوە “البراءة” بەشێكە لە “الأنفال”.
هەروەها ئەم فەرموودەیە ئەوەش دەگەیەنێت كه بێگومان ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ وەحی خوای گەورەیە و بەشێكە لە قورئانی پیرۆز. هەندێ لە زاناكان بە خەیاڵی خۆیان گوتویانە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ بەشێك نیە لە هیچ سورەتێك لە سورەتەكانی قورئان جگە لە الفاتحة، وە هەندێكیان “الفاتحة”شیان هاوێرنەكردووە. دیارە ئەم بۆچوونە دروست نیە؛ چونكە: یەكەم: بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی پێشتر باسكرا، دووەم: چونكە ژمارەیەك فەرموودەی تر هەن باسی ئەوە دەكەن كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ بەشێكە لەهەموو سورەتێك، لەوانە بۆ نموونە: الدارقطني لە ئەبوهورەیرەوە ڕیوایەتی كردووە و دەڵێت: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: ئەگەر ﴿الحمد لله﴾تان خوێندەوە ئەوا ﴿بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ﴾یش بخوێننەوە. ئەم سورەتە دایكی قورئان و دایكی كتێب و حەوت دووبارەبووەكەیە، وە ﴿بسم الله الرحمن الرحیم﴾ یەكێكە لە ئایەتەكانی.”
ئەم فەرموودەیش ئاماژەیە بۆئەوەی كە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ بەشێكە لەهەموو سورەتێك؛ چونكە پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فاتیحەی تایبەتمەند نەكردوە بە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾، بەڵكو بەوەی كه ئەم سورەتە دایكی قورئان و دایكی كتێب و حەوت دووبارەبووەكەیە بهڵگهی هێناوهتهوه لەسەر ئەوەی كە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ هەروەك چۆن بەشێكە لە سەرجەم سورەتەكان بەهەمان شێوە بەشێكیشە لەم سورەتە بگرە لەهەموویان شایستەترە بە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾؛ چونكە دایكی قورئان و دایكی كتێبەكە و حەوت دووبارەبووەكەیە.
هەروەها لە ئەنسەوە ڕیوایەت كراوە و دەڵێت پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: پێشتر سورەتێك دابەزیە سەرم، ئینجا: ﴿بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ(*) إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَرَ﴾ی خوێندەوە. (صحیح مسلم، كتاب الصلاة، باب من قال البسملة آیة من أول كل سورة). وە هاوشێوەی ئەم ڕیوایەتانە هاتووە دەربارەی سورەتەكانی تر.
فەزڵ و گهورهیی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾
پێغەمبەری خوا جەختی كردووەتەوە لەسەر گەورەیی بِسْمِ اللَّـهِ و دەفەرموێت: هەموو كارێكی بایەخدار ئەگەر بە بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ دەستپێنەكرێت دوابڕاو دەبێت.” (الدر المنثور للسیوطي).
وە دەفەرموێت: “دەرگاكەت دابخە وە ناوی خوای گەورە بھێنە؛ چونكە شەیتان دەرگای داخراو ناكاتەوە، وە چراكەت بكوژێنەرەوە و ناوی خوای لێ بھێنە، وە دەفرەكەت داپۆشە ئەگەر بە چیلكە دارێكیش بووە و ناوی خوای لێ بھێنە، وە دەمی مەشكە ئاوەكەت جوان ببەستە و ناوی خوای گەورەی لێ بھێنە.” (مسند أحمد بن حنبل ج3، باقي مسند المكثرین).
هەروەها فەرمانی پێ كردووین لەكاتی سەرجێیدا بسم الله بكەین، هەروەها پێش دەستنوێژ و جل لەبەركردن و چوونە سەرئاو. وە لە قورئاندا باسكراوە سڵێمان بە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ ئەو نامەیەی دەست پێكردبوو كە نارد بووی بۆ شاژنی سەبەء، وهك دەفەرموێت: ﴿إِنَّهُ مِنْ سُلَيْمَانَ وَإِنَّهُ بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ﴾ (سورة النمل 31). هەروەها قورئان باسی ئەوەی كردووە كە نووح ناوی خوای هێناوە پێش ئەوەی سواری کەشتیەکە بێت و فەرموویەتی: ﴿ارْكَبُوا فِيهَا بِسْمِ اللَّهِ مَجْرَاهَا وَمُرْسَاهَا﴾ (سورة هود: 42).
حیكمەتی دانانی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لەسەرەتای هەموو سورەتێكەوە
﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لەسەرەتای هەموو سورەتێكدا هاتووە؛ چونكە قورئانی پیرۆز وەكو گەنجینەیەك وایە ناكرێتەوە مەگەر بە ئیزنی خوای گەورە نەبێت؛ چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿لَا يَمَسُّهُ إِلَّا الْمُطَهَّرُونَ﴾ (الواقعة: 80)، واتە كەس ناتوانێت پەی ببات بە ڕازەكانی قورئان مەگەر ئەو كەسەی كە خوا هەڵیبژاردووه بۆ ئەم مەبەستە. هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿يُضِلُّ بِهِ كَثِيرًا وَيَهْدِي بِهِ كَثِيرًا﴾ (البقرة: 2). ماناكهی ئەوەیە كە یەك وشەیە بەڵام هەر مرۆڤێك بەگوێرەی تەقواكەی سوودی لێ وەردەگرێت. بەڵام ئایا ئامرازی ئەم سوودوەرگرتنە ڕاست و دروستە كامەیە؟ خوای گەورە ئەو ئامرازەمان فێردەكات لەم فەرمایشتەی خۆیدا: ﴿فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ…﴾ (النحل: 99). فەرمانمان پێ دەكات كە سەرەتا أَعُوذُ بِاللَّـهِ بكەین و پاشان ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ بكەین پێش خوێندنەوەی هەر سورەتێك بۆ ئەوەی پارێزراوبین لە ئەندێشە و بیرۆكە شەیتانیەكان و پەنا بگرین بەخوا، پاشان لەڕێگەی هەردوو ناوی “الرحمن” و “الرحیم”ەوە بە لارەملیەوە داوای یارمەتی لێ بكەین، ئەمەیە ئەو ڕێگایەی كە دەمانگەیەنێت بە زانینی ماناكانی قورئان و شارهزابوون لێی.
خاڵی دووەم كە لەپێناویدا ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لەسەرەتای هەموو سورەتێكەوە هاتووە پێشبینیەكی تەوراتە، لهو پێشبینیهدا هاتووه ئەو پێغەمبەرەی وەك هاوشێوەی مووسا ڕەوانەدەكرێت سوننەتە پەیڕەوكراوەكەی لە فێركاری و ڕێنماییەكانیدا ئەوە دەبێت كە بەناوی خوای گەورەوە دەست دەكات بەهەموو ئەو وتانەی كە بههۆیانهوه خەڵكی دەدوێنێت. وەك لە پەیمانی كۆندا هاتووە: “جا وا دەبێت ئەو كەسەی گوێ لە وشەكانم نەگرێت كە ئەو بەناوی منەوە پێی دەدوێت، من لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەم” (دواوتاری مووسا: 18: 19). بەگوێرەی ئەم پێشبینیه مەزنە دەبێت هاوشێوەی مووسا (علیھما السلام) ناوی خوا بھێنێت پێش ئەوەی خەڵكی بانگ بكات بۆ لای پەیامەكەی، وە پێیان بڵێت هەموو ئەو شتەی من پێتان دەڵێم بەناوی خواوەیە و لەلایەن ئەوەوەیە، وه لەلایەن خۆمەوە نیە. دیارە هاتنەدی ئەم پێشبینیە ئەوەی خواست كە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لە سەرەتای هەموو سورەتێكی قورئانی پیرۆزدا دابنرێت، هەروەها بۆ ئەوەی جوولەكە و گاورەكان ئاگاداربنەوە و ڕابچڵەكێن و بهدهم بانگهوازهكهیهوه بچن.. هەتاكو، بهگوێرهی ئهو وهحیهی كه كراوه بۆ مووسا، شایستەی سزابن ئەگەر ئەوەیان ڕەتكردەوە كە ئەم پێغەمبەرە دەیفەرموێت.
خاڵی سێيەم كە بووەتە هۆی ئەوەی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لەسەرەتای سورەتەكانەوە دابنرێت بریتیە لە شایەتیدانی تەورات: “بەڵام ئەو پێغەمبەرەی لووتبەرز دەبێت و بەناوی منەوە قسەیەك بكات كە من فەرمانم پێ نەكردووە بیكات، یان ئەوەی بەناوی خوای دیكەوە قسە بكات، ئەو پێغەمبەرە دەبێت بمرێت.” (دواوتاری مووسا 18: 20).
ئەمە بەڵگەیەكی ئاشكرایە كە ئەو كەسەی درۆ بەدەم خواوە بكات سەرەنجامەكەی لەناوچوونە. لەبەرئەوە وەك نەهێشتنی بیانووی هەموو ئوممەتەكان و سەلماندنی ڕاستی بۆیان بەبەڵگەی بەهێز، بەتایبەتی جوولەكە و گاورەكان.. هەموو سورەتێك بە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ دەستی پێ كردووە. بەم شێوەیە ڕاستگۆیی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بەجوانی ئاشكرا دەبێت بۆ هەموو توێژەرێك كە چاوی كوێرنهبووه و گەشە و سەركەوتنەكەی دەبینێت؛ چونكە ئەگەر پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ نەبووە بۆچی خوا لەناوی نەبرد و شكستی پێ نەھێنا؟ واته ﴿بِسْمِ اللَّـهِ لە سەرەتای هەموو سورەتێكدا بەڵگەیەكی تێكشكێنەره بۆ جوولەكە بەتایبەتی.. زیاد لە سەد جار خوای گەورە بەم بەڵگەیە ڕاستی بۆ سەلماندوون، ئەگەر ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ تەنھا لەسەرەتای قورئانەوە بوایە؛ ئەوا ئەم بەڵگەیە بەم ڕادەیە بەهێز نەدەبوو.
خاڵی چوارەم كە داخوازی پێشخستنی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ دەكات لە هەموو سورەتێكدا ئەوەیە كە خوێنەری قورئان خاڵی نیە لەم سێ بارودۆخە: یان ئەوەتا كەسێكى موفلیس و مایەپووچە، یان غەزەبی لێ گیراوە بەهۆی سەرپێچی و ڕۆچوونی لە كوفردا و هیچ ئامرازێكی لا نەماوە كه بەهۆیەوە شایستەی فەزڵی خوای گەورە بێت، یان باوەڕدارێكی قوربانیدەرە لەپێناوی خوادا. ئاشكرایە كە دۆخی دەروونی ئەم سێ كەسە جیاوازە لە یەكتری، دەكرێت یەكەمیان واقوڕماو و حەپەساو بێت، دووەم نائومێد بێت و سێيەم لووتبەرز بێت. یەكەم واقی وڕماوە نازانێت بە چ ئامرازێك تكا لە خوای گەورە بكات و چۆن دەستەودامێنی بێت، وە دووەم نائومێد بووە بەهۆی ڕۆچوونی لە تاوان و داوانهكردنی هیدایەت و ڕێنمونی، وە سێيەم لووتی بەرزە؛ چونكە بەخەیاڵی خۆی وادەزانێت هەموو ئەو شتانەی بەدەستھێناوە كە دەبێت بەدەستیان بھێنێت. وە لە ئەنجامی ئەم سێ بارودۆخەوە مرۆڤ بێبەش دەبێت لە سوودوەرگرتن لە ڕێنموونی خوا.
بۆیە دانانی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لەسەرەتای هەموو سورەتێكەوە دەرمان و چارەسەرە بۆ ئەم سێ نەخۆشیە.. یەكەمی واقوڕماو ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ پێی ڕادەگەیەنێت كە خوایەك هەیە بەبێ ئەوەی مرۆڤ مافی خۆی بێت و شایستەبێت نیعمەت دەڕێژێت بەسەریدا، وه دووەمی نائومێد ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ مژدەی پێ دەدات كە ئەو كەسەی ئەم سورەتەی دابەزاندووە دەتوانێت لە تاوانەكان خۆش بێت، و سێيەمی لووتبەرز ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ هۆشداری پێدەدات و ئاگاداری دەكاتەوە كە گەنجینەكانی خوا خاڵی نابنەوە، وە بانگی دەكات كە بەو قوربانی و خزمەتانە وازنەهێنێت كە پێشكەشی كردوون، بەڵكو هەوڵ بدات بۆ ئهوهی بەهۆی ئەو هەوڵەوە شایستەی بەدەستھێنانی پلەوپایەی بەرزتر بێت. وە ئاشكرایە ئەگەر دڵی مرۆڤ بەم ڕادەیە چاك بوو ئهو زانیاریانهی ناو قورئانی بۆ ئاشكرا دەبێت كە پێش ئەم چاكبوونە نەیزانیون. كەواتە بە ھێنانی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ پێش هەموو سورەتێك خوای گەورە ئامرازێكی ناوازەی ئامادە كردووه بۆ تێگەيشتن له زانیاریەكانی ناو قورئانی پیرۆز.
هۆكاری پێنجەم بۆ هاتنی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ له سەرەتای سورهتەكانەوە ئەوەیە كە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ وەكو كلیلی هەموو سورەتەكان كاردەكات؛ چونكە هەموو بابەتە ئایینیەكان پەیوەستن بە هەردوو سیفەتی ڕەحمان و ڕەحیمەوە. بۆیە ئەگەر خوێنەری هەر سورەتێك هەڵەی كرد لە تێگەيشتنی شتێك لەو سورەتە بەدوو شێوە دەتوانێت هەڵەكە ڕاست بكاتەوە: ئەگەر مرۆڤ بیری كردەوە لە ماناكانی سورەتەكە و بینیی بۆچوونەكەی تەبایە لەگەڵ سیفەتی ڕەحمان و ڕەحیمی خوای گەورەدا؛ ئەوا بۆچوونەكەی ڕاست و دروستە، وە ئەگەر بینی بۆچوونەكەی دژ و پێچەوانەیەی ئەم دوو سیفەتەیە؛ ئەوا با بزانێت كە بۆچوونەكەی هەڵەیە. وە بەگوێرەی ئەم بەرنامەیە هەموو ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ و سورەتێك تەفسیری یەكتری دەكەن. دەی كۆبوونەوەیان لە شوێنێكدا یارمەتی مرۆڤ دەدات كە بەشێوەیەكی ڕاست و دروست لە قورئانی پیرۆز تێبگات.
باسی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لە كتێبەكانی پێشوودا
هەندێك لە تانەدەران لە ئیسلام دەڵێن ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ كه ئێوە شانازی پێوە دەكەن لە كتێبە كۆنەكانیشدا هەیە وەك ئەوەی لە كتێبی زەردەشتدا هاتووە: (بنام یزدان بخشائش كروداوار). وەرگێڕانی ئەم دەستەواژەیە بە زوبانی فارسی تازە بەم شێوەیە: بنام خداوند بخشائندە و بخشائش كر، (تەفسیری ڕژهەڵاتناس وێری).
هەروەها دەڵێن بەكارهێنانی ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ نەریت بووە لە كتێبەكانی جوولەكەدا و عەرەب لەمانەوە فێربوون، وە یەكەم كەسێك ئەم بەكارھێنانەی ئەنجامداوە لەناو عەرەبدا ئەمیرێك بووە لە تائیف. (وەرگێڕانی قورئان، ڕودوڵ).
ئەم بانگەشەیەی كۆتایی هیچ بناغەیەكی نیە لە مێژوودا. عەرەب پێیان خۆش نەبووە وشەی ڕەحمان بەم شێوەیە بەكاربھێنن. بۆیە دەبێت بەڵگەیەكی مێژوویی پێشكەش بكەن لەسهر ئەم بەكارھێنانە، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەم كارە بكەن.
سەبارەت بەوەی كە جوولەكە نەریتی وەهابووە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ى بەم شێوهیه بەكارھێناوە، ئەگەر مەبەست ئەوە بێت كە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ لەسەردەمی پهیوهست بەسەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان لە خودی سەردەمی ئەودا (صلى الله عليه وسلم) لەناویاندا دەستاودەستی كردووە، یان مێژووەكەیان شایەتی دەدات لەسەر ئەمە.. هەموو ئەم قسانە پێچەوانەی ڕاستین، ئەگەر مەبهست پێی ئەوەیە كە لە قورئاندا لەسەر زوبانی سڵێمان (عليه السلام) هاتووە؛ ئەوا ئەمە دەستدرێژیەكی گەورەیە بۆ سەر قورئان لەلایەن ئەو ڕەخنەگرانەوە؛ چونكە بەشتێك تانەی لێ دەدەن كە تەنھا لە قورئاندا بناغەی هەیە، وه دەیانەوێت بیدەنە پاڵ كەسانی تر. مادام قورئان خۆی باسی ئەوەی كردووە كە سڵێمان ئەم شێوازەی هەڵبژاردووە كاتێك نامەی نووسیوە بۆ شاژنی سەبەء: ﴿إِنَّهُ مِنْ سُلَيْمَانَ وَإِنَّهُ بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ﴾. ئیتر چۆن ئەو قسەیە ڕاست دەردەچێت كە موسوڵمانان نكوڵی دەكەن لەوەی هاوشێوەی ئەم مانایە لە كتێبەكانی پێشوودا هەبێت؟ بێگومان ئیسلام ناڵێت مانای ئەم ئایەتە نوێیە؛ چونكە چەند بەشێكی پێش قورئانیش بەكارهاتوون، ئیسلام تەنھا تەحەددای ئەوە دەكات كە ئەو شێوازەی ئیسلام هەڵیبژاردووە بۆ بەكارھێنانی ئەم وشانە پێشتر هاوشێوەی نەبووە. وە ئەگەر كەسێك بەڵگەیەك بھێنێت لەسەر بانگەشەكەی لەو كاتەدا دەكرێت ڕەچاوبكرێت و بەهەند وەربگیرێت. بەڵام هێنانی ئەم بەڵگەیە كارێكی ئەستەم و مەحاڵە؛ چونكە لە دنیادا كتێبێك نیە بانگەشەی ئەوە بكات هەموو وشەیەك لە وشەكانی وەحی بێت لەلایەن خوای گەورەوە. بۆیە جگە لە قورئان كتێبێك نیە ئەم ئایەتەى نووسیبێتهوه پێش هەموو بەشێكی؛ چونكە لە قورئاندا بەوەحی خوای گەورە هاتووە.
بەڵام ناوهێنانی خوا بۆ پیرۆزی و گەشبینی لە نووسراوەكاندا شتێكی ئاساییە و ئەهلی ئیسلام نكوڵی لێ ناكات، ئەگەر خەڵكی تر لەگەڵیدا لەمەدا بەشداری بكات؛ ئەوا هیچ شتێكی سەیر نیە لەم بەشداریكردنەدا ئەگەرچی هەزار جاریش دووبارەببێتەوە.
وەڵامی قسەكەی قەشە “وێری” ئەوەیه: یەكەم: ئەوەیە كە پێشتر باسمان كرد. وەڵامی دووەم ئەوەیە: لەنێوان مانا فارسی و عەرەبیهكهدا جیاوازیەكی زۆر هەیە، ناكرێت بەراوردیان بكات بەیەك مەگەر كەسێك زۆر نەشارەزا بێت لە زمانی عەرەبیدا. چونكە دەستەواژەی “بخشائش كردادار” دەیەكی دەستەواژەی ﴿الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ﴾ مانا و مەبەست ناگەیەنێت، وەك له درێژەی تەفسیرەكەیدا دەردەكەوێت. چونكە لەگەڵ داننانمان بەوەی كە داڕشتنی دەستەواژە فارسیەكە خاسیەت و مانای مەعنەوی تێدایه، وە ئیسلام ڕایدەگەیەنێت: ﴿وَإِنْ مِنْ أُمَّةٍ إِلَّا خَلَا فِيهَا نَذِيرٌ﴾ (سورة الفاطر: 25) واته: ههموو نهتهوهیهك پەیامبەرێكی ئاگادارکەرەوەی تێدا هاتووه و چووه. كەواتە ئێمە نكوڵی ناكەین لە بوونی هەر وشەیەك له كتێبی زهردهشتدا كە مانای فراوان و زۆر بدات بەدەستەوه، بەڵكو ئەوە خودی قەشە وێریە نكوڵی لەمە دەكات؛ چونكە بیروباوەڕە مەسیحیەكەی هەموو مرۆڤایەتی بێبەری دەكات لە فەزڵ و چاكەی خوا، وە هیچ شوێنەوارێك لە شوێنەوارەكانی پێغەمبەرایەتی و وەحی پەسەند ناكات لەدەرەوەی نەوەی ئیسڕائیل. بێگومان لە دیدی ئیسلامەوە زەردەشت یەكێك بووە لە پێغەمبەرانی خوای گەورە، بۆیە لای ئێمە شایستەی ڕێزە؛ چونكە سەرچاوەی قسەكهی هەمان سەرچاوەی قورئانە، بۆیە ئەگەر لە شتێكدا تەبا بوو لەگەڵماندا ئەوا هیچ سەیر نیە.
هۆكاری زیادكردنی وشەی “اسم” لە دەستەواژەی “بسم الله”دا
ڕەنگە كەسێك بپرسێت: دەكرێت داوای یارمەتی لەخوا بكەین، بەڵام داوای یارمەتی لەناوی خوا ناكەین، ئیتر بۆچی وشەی (اسم) زیادكراوە؟
وەڵام:
یەكەم: پیتی “ب” بۆ سوێند بەكاردێت هەروەك چۆن بۆ داوای یارمەتیش بەكاردێت، ئەگەر بوترێت: (بالله) ئەوا تێكەڵاو دەبێت لەگەڵ سوێند خواردندا لەگەڵ ئەوەی لێرەدا بۆ داوای یارمهتی و پیرۆزیه، بۆیە بۆ ڕێگری كردن لەم تێكەڵبوون و لێتێكچوونە وشەی اسم زیادكراوە.
دووەم: بێگومان زاتی خوا تەواو شاراوەیە و تەنھا لە ڕێگای سیفەتەكانيەوە دەناسرێت، بۆیە وشەی اسم زیادكراوە، وە خوێندنەوەی الرحمن والرحیم هەر بۆ هەمان مەبەستە، ماناكەى ئەوەیە كە من لەڕێگەی ئەم دوو سیفەتەوە داوای یارمەتی لەخوای گەورە دەكەم.
سێيەم: مەبەست لەدانانی (اسم) بۆ ئاماژەدانە بەوەی كە ناوەكانی خوای گەورە پیرۆزن، وە پێویستە لەسەر مرۆڤ گرنگییان پێ بدات بۆ ئەوەی بەرەكەتی ئەو ناوانەی دەستبكەوێت.
چوارەم: قورئان گەنجینەیەكی پاسەواندارە. كاتێك مرۆڤ دەچێتە ماڵێكەوە كە پارێزراوە دەبێت مۆڵەت لە خاوەنەكەی بخوازێت یان بچێت بۆ لای پاسەوانەكەی یان ئەو كەسەی كە تێیدا نیشتەجێیە هەتا ڕێگای چوونەژوورەوەی پێ بدات. كاتێك پۆلیس دەچنە ماڵێكەوە یان دەست دەگرن بەسەر ماڵ و سامانێكدا دەڵێن: ئێمە بەناوی حكومەتەوە ئەم كارە دەكەین. بەهەمان شێوە ئەگەر مرۆڤ دەستی دایە خوێندنەوەی قورئان بەناوی خواوه؛ ئهوا دهچێته پێشهوه بۆ لای ئهو فریشتانە كه فێركردنی زانیاریەكانی قورئانیان پێ سپێردراوە، واته پێیان دهڵێت: خوای گەورە ڕێگەی پێداوم قورئان بخوێنمەوە دەی ئێوەیش دەرگای ماناكانیم بۆ بكەنەوە، وە داواكەی كورت دەكاتەوە و دەڵێت: من بەناوی خوای بەخشندە و میھرەبانەوە داواتان لێ دەكەم دەرگای گەنجینەكانی قورئانم بۆ بكەنەوە. وە ئاشكرایە ئەوەی بەم شێوەیە بایەخ بدات بە زانینی قورئان؛ ئەوا پشكێكی زۆری بەردەكەوێت لە زانستەكانی، وە ئەوەی گوێ نەدات بە مۆڵەت و ناوی خوا، مەبەستی خراپە بێت و ڕق و كینە بشارێتەوە.. دەرگاكان بەڕوویدا دادەخرێن.
پێنجەم و شەشەم: ئەم بەكارھێنانە ئاماژەیە بۆ دوو پێشبینی پەیمانی كۆن كە لە بەشی 18: 18 و 20ی دواوتاری مووسا باسكراون، له باسی ناوهێنانی خوا پێش هەموو سورەتێك باسمان كرد كە پێغەمبەری بەڵێندراو بەم دوو پێشبینیە بەناوی خواوە كەلامەكەی دەخوێنێتەوە بۆ خەڵكی. بۆیە بەڕەچاوكردنی ئەم دوو پێشبینیە دەبێت وشەی اسم زیاد بكرێت.
الْحَمْدُ لِلَّـهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (2)
شیكردنەوەی وشەكان:
الحمد: بریتیە لە پەسن (المدح) و سوپاس و ستایش، بەڵام ماناكهی گشتگیرترە لە مانای پەسن و ستایش و سوپاس، واتە داننان بە چاكە و هەستكردن پێی، وە دووبارەكردنەوەی مەدح و بڵاوكردنەوەی لەگەڵ گەیاندنی مانای پەیوەندی لەنێوان بەندە و پەروەردگارەكەیدا. هەروەها واتە مەدحی ڕاستی؛ ههروهها واته مەدحكردن لەسەر كردەوەیەكی ئیختیاری بەبێ بەرامبەر. بۆیە حەمد شایستەترە بەخوا و گونجاوتره بۆی؛ چونكە مانای هەموو جۆرەكانی ستایش دەگەیەنێت.
رب: واتە بهدیھێنهری شت دۆخ لەدوای دۆخ هەتا دەیگەیەنێتە قۆناغی تەواوەتی خۆی، وە پەروەردگارە، وە بریتیه له خاوەن و گەورە و ئەو كەسەی كە گوێڕایەڵی دەكرێت، موسڵیح (الأقرب). وە دەوترێت ماناكهی بریتیه له: خالق (البحر المحیط). وشەی الرب بە تەنھا و بە بێ ديارخەر [الإضافة] تەنھا بەخوای گەورە دەوترێت (المفردات).
العالمین: كۆی وشەی “عالم، جیھان”ە، بریتیە لە هەموو جۆرێك لە جۆرەكانی دروستكراوانی ژیر و ناژیر. دەكرێت بۆ تایبەتی بەكاربھێنرێت وەك فەرمایشتی خوا: ﴿وَأَنِّي فَضَّلْتُكُمْ عَلَى الْعَالَمِينَ﴾ (البقرة: 48)، واتە خەڵكی ئەو سەردەمە. بەڵام وشەكە هەموو جۆرەكانی بوونەوەران دەگرێتەوە. وە دەوترێت: عالم بە دروستكراو دەوترێت؛ چونكە یارمەتیت دەدات بۆ ناسینی خوا (الأقرب).
تەفسیر:
الحمد لله: لێرەدا نەوتراوە: حەمدی خوا دەكەم یان حەمدی خوا دەكەین، بەڵكو دەفەرموێت: حەمد بۆ خوا، لهڕێگهی ئهم داڕشتنەوه كۆمەڵێك مانای زۆری بەدیھێناوە لەوانە:
یەكەم: بەكارهێنانی چاوگ مانای گشتگیری دەگەیەنێت، واتە هەموو جۆرە سوپاس و ستایشێك (الحمد) كه مرۆڤ ئەنجامی دەدات یان دەكرێت ئەنجامی بدات. هیچ حەمدێك نیە لەخوای گەورەدا بوونی نەبێت، هیچ زەمێكیش نیە لێی دوور نهبێت.
دووەم: بێگومان خوای گەورە ئەو زاتەیە كە دەتوانێت بەدروستی حەمدی دروستكراوەكەی خۆی بكات؛ چونكە زانای پەنھانیەكانە. مرۆڤ حەمدی مرۆڤ دەكات، بەڵام ڕەنگە هەڵە بكات، یان كەمتەرخەمی تێدا بكات، یان زیادەڕەوی تێدا بكات، وە مەدح و ستایش و سوپاسی كهسێك بكات لەسەر شتێك كە لە كەسی مەدحكراودا نەبێت. بۆیە حەمدی ڕاستەقینە ئەوەیه خوا حەمدی كەسێك بكات، وە مرۆڤ ناتوانێت خۆی بەدوور بگرێت لە هەڵە لە بۆچووندا تەنانەت دەربارەی خۆیشی چجای خەڵكی تر، بەڵام ڕایەك كە زانای نھێنیەكان دەریببرێت دەربارەی بەندەكەی هیچ زیادەڕەوی و كهموكورتیهكی تێدا نیە. بەڵام بەكارھێنانی فرمانی (أحمد یان نحمد) نابنە هۆی داھێنانی ئەم مانا جوانانە.
سێيەم: ڕەنگە مرۆڤ پێی وابێت كە دەتوانێت پهی ببات بە ناوەڕۆكی هەموو سیفەتەكانی خوا، ئەمە هەڵەیە؛ چونكە سوپاس و ستایشی مرۆڤ بۆ خوا سنوردارە، مرۆڤ بەئەندازەی ئەو زانستەی پێی دراوە سوپاس و ستایشی خوا دەكات، وە ناتوانێت هۆكاره ناكۆتا و بێسنورەكانی سوپاس و ستایش بزانێت كە لە زاتی خوای گەورەدا هەن. وە لەمەدا ئاماژەیەكی ورد هەیە بۆ ئەوەی كە مرۆڤ ناتوانێت بهتهواوهتی تێبگات لە سوپاس و ستایشی خوای گەورە.
بەكارهێنانی ناوی شكۆمەندی (اللَّـه) ئەو چهواشهكاریه ناھێڵێت كە گوایە مرۆڤیش خاوەنی سوپاس و ستایشە. جا ئەگەر بوترێت: چۆن هەموو سوپاس و ستایشێك تەنھا بۆ خوایە؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە پیتی “لام” لە فەرمایشتی ﴿الْحَمْدُ لِلَّـهِ﴾دا مانای ئەوە دەدات بەدەستەوە كە خاوەندارێتی ڕاستەقینەی سوپاس و ستایش تەنھا بۆ خوا دهگهڕێتهوه، وە مرۆڤ تەنھا سوپاس و ستایش وەردەگرێت لهسهر ئەو بههرانهی كە خوا وەكو نیعمەت پێی خەڵات كردووە، ئەم بەهرانە بۆ كەسایەتی خۆی ناگەڕێتەوە بەڵكو بەرهەمی ڕەحمەتی فراوانی خوایە، بۆیە كاتێك سوپاس و ستایشی مرۆڤ دەكرێت لەڕاستیدا سوپاس و ستایشەكه بۆ خوای گەورە دهگهڕێتهوه.
مانا و مهبهستهكانی ئایەتەكە
ئەمانەی خوارەوە بەشێكن لە ماناكانی ئەم ئایەتە:
1. خوای گەورە بەدیھێنەری ئەم گەردوونەیە، وە پاك و بێگەردە لە هەموو خەوشێك، وە سەرجەم چاكیەكانی لەخۆیدا كۆكردووەتەوە.
2. زانایە بە ڕاستیەكانی گەردوون، وە تەنھا ئەو (سبحانه وتعالی) ئەم ڕاستیانە بەشێوە دروستەكەی خۆیان دەزانێت. بەڵگەی گومانبڕ لەسەر ئەم قسهیه ئەوەیە كە سەرەڕای پێشكەوتنی زانستە سروشتیەكان، بەڵام زاناكان هەتا ئێستا نەیانتوانیوە بەتەواوەتی پەی ببەن بە بچوكترین بوونەوەر لە دروستكراوانی خوای گەورە، وە ههمیشه دۆزینەوەكان بەردەوامن و توێژینەوە لەگەڕدایە لە هەموو بەشێكی گەردوون.
3. خوای گەورە هەموو سوپاس و ستایشێكی دهستگیر دهبێت لەبەرئەوەی پەروەردگاری جیھانەكانە، كەواتە دەبێت سیستەمە ڕۆحانیەكەی هەموو جیھان بگرێتەوە، هەروەك چۆن هۆكارە ماددیەكانی سازاندووە بۆ هەموو جیھان، وە پێویستە هیچ ئوممەتێك لە ئوممەتەكان بێبەش نەكرێت لە هۆكارەكانی گەشە و بڵندبوونەوەی ڕۆحی. ئەگەر خوا وەحیەكی تایبەتی دابەزاند بێت بۆ گەلێك؛ ئەوا پێویستە وەحی تایبەتیشى دابەزاندبێت بۆ گەلەكانی تر. بەڵام ئەگەر وەحیەكی تایبەتی لەئارادا نەبوو بێت؛ ئەوا پێویستە وەحیەكی گشتگیرى دابەزاندبێت بۆ ڕێپێشاندانی هەموو گەلان. بۆیە ئەو ئایینانەی كە بڵندبوونهوهی ڕۆحی تایبەت دەكەن، یان بانگەشەی ئەوە دەكەن ڕزگاربوون تەنھا گرێدراوە به شوێنكەوتووانی خۆیانەوە… كۆمەڵێك ئایینی نادادپەروەرن لەم بیروباوەڕەیاندا.
4. هەموو بەهرەكانی مرۆڤ له فەزڵ و چاكەی خوای گەورەوه سهرچاوهیان گرتووه. هەرچەند مرۆڤ فەزڵ و چاكە بەدەستبهێنێت، چاكە و فەزڵ هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ خوای گەورە.
5. پەیوەستكردنی حهمد بە ڕبوبیەتەوە (پهروهردگارێتیهوه) مانای ئەوە دەگەیەنێت كە مرۆڤ شایستەی خۆشی و شادی ڕاستەقینە نیە ئەگەر دیمەنێك نەبێت بۆ ڕبوبیەت. ئەو كەسەی بە بەرژەوەندی تایبهتی خۆی دڵخۆش دەبێت و ئاوڕناداتەوە لە زیانی خەڵكی حەقیقەتی ئیسلام نازانێت؛ چونكە حەوانەوەی ڕاستەقینە ئەوەیە كە هەموو دنیا ئاسوودە بێت.
6. بە باسكردنی ڕبوبیەت بۆ جیھانەكان خوای گەورە ئاماژەى كردووە بۆ ئەوەی كە هەموو شتێكی جگە لەخۆی گەشەدەكات و گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ملكەچە بۆ یاسای گەشەسەندن، وە بەئاشكرا ڕایگەیاندووە كە هیچ شتێك نیە سەرەتا و كۆتاییەكەی وەكو یەك وابێت، بەڵكو هەرشتێكی جگە لە خۆی گۆڕانكاری بەسەردا دێت و لە دۆخێكەوە گەشە دەكات بۆ دۆخێكی تر. ئەم بنەمایە دەبێتە هۆی جەختكردنەوە لەسەر دوو خاڵ: یەكەمیان ئەوەیە كە جگە لەخوا هەموو شتێك دروستكراوە؛ چونكە ئەو شتەی گۆڕانكاری بەسەردا بێت و گەشە بكات ئەستەمە لەخۆوە پەیدا بووبێت، دووەمیان ئەوەیە كە بنەمای گەشە و پێشكەوتن بنهمایهكی چەسپاوە، هەموو مرۆڤ و ئاژەڵ و بێگیانێك لە دۆخێكەوە دەچێت بۆ دۆخێكی پێشكەوتووتر؛ چونكە مانای پەرووەردگار (الرب) ئەوەیە كە قۆناغ بە قۆناغ شتەكان پەروەردە دەكات هەتا دەیانگەیەنێتە كۆتا قۆناغی پێشكەوتن. كەواتە گەشە و پێشكەوتن لەگەڕدایە لە هەموو جۆرەكانی بوونەوەراندا.
7. دەردەكەوێت كە بڵندبوونەوە بە چهندین سهردهم و قۆناغی جیاواز دەبێت؛ چونكە مانای ڕبوبیەت ئەوەیە كە شتێك بەدیبهێنرێت و لە دۆخێكەوە بگوازرێتەوە بۆ دۆخێكی تر هەتا دەگاتە ئاستى تەواوەتى، ماناكەی ئەوە نیە كە تەنھا یەك ئەڵقە تەواو بكرێت لە زنجیرە درێژهكهی.
8. هەروەها ساغبووەتەوە كە گهشه و بڵندبوونەوە پێچەوانە نیە لەگەڵ بوونی خوای گەورەدا؛ چونكە خۆی دەفەرموێت: ﴿الْحَمْدُ لِلَّـهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾، ئهو شایستەی حهمده بەهۆی ئەم جۆرە لە پەروەردەكردن، بۆیە ﴿رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ی خستووەتە پاڵ ﴿الْحَمْدُ لِلَّـهِ﴾وە.
9. ئەم ئایەتە ئەو مانایەش دەگەیەنێت كە مرۆڤ دروستكراوە لەپێناوی پێشكەوتنێكی ناكۆتایی؛ چونكە دەفەرموێت: سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی كە مرۆڤ پەروەردە دەكات لە پلەیەكەوە بۆ پلەیەكی بەرزتر، وه دڵنیا نابین لە ڕاستی ئەم وتەیه ئەگەر داننەنێین بە بوونی پلەیەك لەسەرووى هەموو پلەیەكى ترەوە.
10. وە دەستپێكی سورەتی الفاتحة كە یەكەم سورەتی قورئانە بە فەرمایشتی: ﴿الْحَمْدُ لِلَّـهِ﴾ ئاماژەش دەكات بۆ ئەوەی كە كاتی ئەوە هاتووە بەشێوەیەكی تەواوەتی و بێ كەموكوڕی سوپاس و ستایشی خوای گەورە بكرێت؛ چونكە ئیسلام كە بریتیه له تەواوترین دیمەن بۆ سیفەتی ڕبوبیەتی جیھانی، ئهوهتا دەركەوت بۆ ڕێبەڕی كردنی هەموو خەڵكی، وە بەدەركەوتنی جیهانی ڕۆحی یەكیگرت وەك یەكگرتنی جیھانی ماددی.
كاتێك پێغەمبەران پێش ئیسلام دەهاتن بۆ ئوممەتێكی دیاریكراو، هەندێ نەفام سەرجەم ئایینەكانی تریان بەدرۆدەزانی كە پێغەمبەران هێنابوویان. هيندۆسەكان دەیانگوت: ئەوان نازانن “یەهوە”ی خوای جووەكان كێیە، بەڵكو خوای ڕاستەقینە خواكەی ئەوانە كە ناوی “پەرمیشۆر”ە، وە جوولەكە گاڵتهیان دەكرد بە خوای هيندۆسەكان “پەرمیشۆر”. بەڵام بەدەركەوتنی ئیسلام جیھان لەڕووی ئایینیەوە یەكیگرت، هيندیەكان و چینیەكان و میسریەكان و فارسەكان و نهتهوهكانی تریش ههموویان دهستیان كرد بە سوپاس و ستایشی خوای گهوره، وە ساغبوویەوە كە هەر گەلێك خوایەكی تایبەتی نیە، بەڵكو هەموویان یەك خوایان هەیە.
الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ (3)
تەفسیر:
هەندێ كەس پرسیاریان كردووه كە بۆچی لێرەدا ئەم دوو سیفەتە دووبارەوەبوونەتەوە لەگەڵ ئەوەى لە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾دا هاتوون. وەڵامەكە ئەوەیە كە ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ مانایەكی سەربەخۆی ههیه، وە كلیلی هەموو سورەتێكیشە، ئەگەر لەناو سورەتێكدا هات كێشەی تێدا نیە و ئەمە هیچ دووبارەبوونەوە نیە.
ئەم دوو سیفەتە لەبهر هەمان حيكمەت دووبارەبوونەتەوە، دەستەواژەی ﴿رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ هاتووە كە ماناكەی ئەوەیە خوای گەورە وردە وردە پەروەردە دەكات هەتا كامڵبوون، وە لێرەدا بە ئاشكرا ڕاگەیەنراوە كە ڕبوبیەتەكەی هەمیشە لەڕێگەی هەردوو سیفەتی ڕەحمان و ڕەحیمەوە دەردەكەوێت. سەرەتا ئەو ڕەحمانە.. واتە كۆمەڵێك هۆكاری دروستكردووە بۆ هەر شتێك كه یارمەتیدەدات بۆ گەشە و بڵندبوونەوە، وە لەڕێگەی كۆمەڵێك هۆكاری زۆر وردەوە كۆمەڵێك هێز و بەهرەی شاراوەی داناوە له ناو مرۆڤ و بوونەوەرەكانی تردا لە جۆرەها ئاژەڵ و ڕووەك و بێگیانەكان، وە هەموو ئەم شتانە كاریگەر دەبن بە دەوروبەری خۆیان و بۆ مانەوە و تەواوكردنی خۆیان یارمەتی وەردەگرن لە هۆكارە جیاوازەكان. دووەم ئەو ڕەحیمە.. واتە ئەگەر یەكێك لە دروستكراوەكانی وەكو پێویست هەستێت بە ئەنجامدانی ئەركی سەرشانی خۆی؛ ئهوا خوای گەورە ڕێزی شایستە دەگرێت لەم كردەوەیەى، وە بەرەحمەتی خۆی چاكە دەكات لەگەڵ خاوەنەكەیدا، وە حەزێكی گهورهی پێ دەدات بۆ گەشە و بڵندبوونەوە، بەم شێوەیە ئەم زنجیرەیە بەردەوام دەبێت و هەتاهەتایە ناپچڕێت.
ڕەحمان سیفەتێكە بە غەيرى خواى گەورە ناوترێت مەگەر لەڕێگەى ديارخەرەوە، هەروەك چۆن موسەیلەمەی درۆزن خۆی ناونابوو “رحمن الیمامة، بەخشندەكەی یەمامە).
مانای ڕەحمان (بهخشنده) ئەوەیە كە ڕەحم دەكات بەبێ بەرامبەر، وە بەبێ كردهوە دەبەخشێت. وە ئەم مانایە بيروباوەڕی كەفارەت پووچ دەكاتەوه كە گاورەكان بانگەشەی دەكەن؛ چونكە ئەم بيروباوەڕە لەسەر ئەو بیرۆكەیە دامەزراوە كە خوای گەورە بەبێ بەرامبەر ڕەحم ناكات. وە هەستكردنی توندیان بەم بیروباوەڕە عهرهبه گاورهكانی گەیاندە ئاستێك كە كاتێك لە نووسراوەكانیاندا ﴿بِسْمِ اللَّـهِ﴾ یان دەنووسی لەگەڵیدا سیفەتەكانی تریان دادەنا، وە لەبەر دەمارگیریەكەیان سیفەتی ڕەحمانیان دانەدەنا، بۆ نموونە دەیاننووسی: بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحِیمِ الكَرِیمِ؛ چونكە دڵیان شایەتی ئەوەی دەدا كە ئەگەر خوای گەورە ڕەحمان (بهخشنده)یش بێت ئەوا قورس و گران نیە لەسەری كە بەبێ كەفارەتی مەسیح لە تاوانی خهڵكی خۆش بێت.
لەلایەكی ترەوە سیفەتی ڕەحیم بيروباوەڕی لەبەرگرتنەوەی گیانەكان (تناسخ الأرواح)ی هيندۆسەكان هەڵدەوەشێنێتهوه كە لەسەر ئەو بیرۆكەیە دامەزراوە كردەوەكانی مرۆڤ لەم دنیایەدا سنوردارن، بۆیە ڕزگاربوونی هەتاهەتایی لەم كردەوانەوە پەیدا نابێت. وە سیفەتی ڕەحیم مانای دووبارەبوونەوەی دیمەنەكانی سیفەتی ڕەحمەت دەگەیەنێت، ڕوونی دەكاتەوە كە خوای گەورە كاتێك بە بەخشندەیی و دڵفراوانیەوە پاداشتی مرۆڤ دەداتەوە ئەو حەزەی تێدا دروست دەكات كە كردەوە چاكەكانی دووبارەبكاتەوە، وە لە ئەنجامی ئەم دووبارەبوونەوەیهدا، یان بەلایەنی كەمەوە بەهۆی دەركەوتنی ئەو حەزە تێیدا، لەلایەن خواوە پاداشتەكەی بۆ دووبارەدەكرێتەوە.. بەم شێوەیە هەتاهەتایە ئهم دووبارهبوونهوهیه بەردەوام دەبێت.
ئەم تێگەيشتنە هەڵەیەی ئەو كەسانەی كە باوەڕیان بەلەبەرگرتنەوەی گیانەكان هەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیروباوەڕەیان كە بەهەشت شوێنێكە بۆ نەجووڵان و كارنەكردن. وە ڕزگاربوون لای ئەوان ئەوەیە كە بە زمانی هيندێ پێی دەوترێت “نێرڤانا” واتە وەستانی هەموو حەز و كردەوەكان. سیفەتی ﴿رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ ئەم تێگەيشتنە بەتەواوەتی ڕەتدەكاتەوە؛ چونكە ژیانی دواڕۆژیش یەكێكە لە دروستكراوەكانی خوا و جیهانێكە لە جیھانەكان، بەردەوام سیفەتی ڕبوبيەتی خوای گەورە كاری تێدا دەكات، وە دوای مردن مرۆڤ بەبێ وەستان بەدەوام دەبێت لە بڵندبوونەوەی ڕۆحی، بەڵكو بەردەوام دەبێت لە كردەوە چاكەكان، خوای میهرهبانیش (الرحیم) پاداشتی دەداتەوە لەسەریان. وە جیاوازی نێوان كردەوەی دنیا و دواڕۆژ ئەوەیە كە یەكەمیان ئەگەرى بڵندبوونەوە و نزم بوونەوەیشى هەيە، بەڵام دووەمیان هەمیشە هۆكاره بۆ بەرزی و بڵندبوونهوه و هەرگیز نابێتههۆی نزمبوونەوە و داڕوخان. كەواتە بڵندبوونەوەی ڕۆحی بریتیە لە ئامانجی كردەوەكان لە دواڕۆژدا و كۆتایی بۆ نیه، بۆیە بۆمان نیە بیربكەینەوە لەوەی كە لە دنیادا كردەوە سنوردار بكەین و پاداشتەكەی دیاری بكەین لە دواڕۆژدا.
مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ (4)
شیكردنەوەی وشەكان:
یوم: كات بهڕهھایی وەك خوای گەورە دەفەرموێت ﴿وَإِنَّ يَوْمًا عِنْدَ رَبِّكَ كَأَلْفِ سَنَةٍ مِمَّا تَعُدُّونَ﴾ (سورة الحج: 48). عەرەب دەڵێت: دوو ڕۆژی ئەو: ساتێكی خۆشی و ساتێكی ناخۆشی. یوم: كاتی ئێستا. عەرەب دەڵێت: أفعل الیوم كذا، ئێستا ئەو كارە دەكەم.. مەبهستیان خودی ڕۆژ نیە، بەڵكو مەبەستیان كاتی ئێستایە، ڕۆژگار (اللسان).
الدین: سزا، پاداشت، دادوەری، قەڵەمڕەو، دەسەڵات، فەرمانڕەوایی، تەگبیر، زاڵبوون، خۆپاراستن، سەرپێچی، ژیاننامە، نەریت، گرنگی؛ ناوێكە بۆ هەموو ئەو شتانەی كە بەهۆیانەوە بەندایەتی خوا دەكرێت.. واتە شەریعەت، ڕێباز، گوێڕایەڵی، حیساب، بارودۆخ، دابونەریت (الأقرب).
تەفسیر:
یەكەم: ڕاڤەكاران تەنھا پشتیان بەوە بەستووە كە ئايین مانای پاداشت و سزایە، وە پاداشت و سزا تایبەتە بەڕۆژی دواییەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئایەتەكە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە خوا خاوەنی ڕۆژی پاداشت و سزایە، وە كەس بۆی نیە دەست وەربداتە كاروبارەكانیەوە. بەمەش جیاكاری كردووە لەنێوان سەرەنجامی كردەوەكان لە دنیادا و پاداشتەكانیان لەڕۆژی دواییدا. مرۆڤ دەتوانێت بە چاك و خراپ پاداشتی كەسانی تر بداتەوە، بەڵام حوكمی مرۆڤ ڕەنگە هەڵە بێت، بەڵام خوای گەورە خۆی سەرپەرشتی پاداشت و سزا دەكات لە ڕۆژی دواييدا، وە ئەستەمە مرۆڤێك سزا بدات لەسەر كردەوەیەك كە نەیكردبێت و بە ناحەق بیچەوسێنێتەوە، هەروەك ئەستەمە تاوانكار بەدرۆ و فێڵ ڕزگاری بێت لە سزا.
ئەم ئایەتە سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ ئەوەی كە خوای گەورە لەڕۆژی دواييدا تەنھا وەك پاشایەك حوكم ناكات، بەڵكو وەكو خاوەن (مالك) حوكمى خۆى دەردەكات. دیارە حوكمی پاشا ملكەچە بۆ ڕێسا و دەستووری حكومەت، وە ناتوانێت لە بڕیاردانی لە كێشەكاندا دادپەروەری فەرمی تێپەڕێنێت؛ چونكە بڕیار لە مافەكان دەدات و ناتوانێت دەستوەردانیان تێدا بكات. بەڵام خوای گەورە خاوەنە، تەنھا پاشا نیە، بۆیە دەتوانێت لە مافی خۆی، كە لەسەر خەڵكیە، خۆش بێت هەرچۆن بیەوێت.
هەروەك ئەم ڕاگهیاندنه بەنرخە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆمان كە هەلی ئومێد و دووركەوتنەوە لە نائومێدی بقۆزینەوە، هەروەها ئاگادارمان دەكاتەوە كە نابێت بیربكەینەوە لەوەی هەوڵ بدەین بەخراپی سوود لە ڕەحمەتی خوا وەربگرین؛ چونكە خاوەن هەروەك ڕەحمەتەكەی هێندە فراوانە هەموو شتێك دەگرێتەوە، بەهەمان شێوە ڕازی نابێت ببینێت دروستكراوەكانی لەناو قوڕاوی تاواندا بتلێنەوە. بۆیە خوای گەورە لەڕێگەی خاوەندارێتیهكەیەوە مرۆڤ هاندەدات بۆ پێشكەوتن و چالاكی، لەنێوان ترس و ئومێددا ڕێڕەوێكی بۆ دیاریدەكات. ئایینی خاچپەرستی، بەپێچەوانەوە، مرۆڤ پاڵ پێوەدەنێت بۆ قووڵاییەكانی نائومێدی و بێ هیوایی بەوەی پێوەرێكی هەڵەی دروستكردووە بۆ دادگەری، هەروەها هانی تاوانكردن دەدات لەڕێگەی كەفارەتی ڕەهاوە. بههۆی ئەم دوو بيروباوەڕە ڕووخێنەرەوە ئایینی خاچپەرستی یارمەتی مرۆڤی نەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان، بگرە زیاتر هانیدا لەسەر ئەنجامدانی تاوان. كەواتە زیاتركردنی نائومێدی بەهۆی ئەم دادگەریە خەیاڵیەوە وەهای لێكرد زیاتر سەرپێچی بكات، وە ڕەهاكردنی ئومێد لە بيروباوەڕى كەفارەتدا پاڵی پێوەنا كه بەگوڕ بەرەو تاوان بچێت و دەستكراوە بێت تێیدا.
دووەم: پاشان ئەم ئایەتە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە خوای گەورە خاوەنی سەردەمی شەریعەت و ئایینە. ئەم مانایە ڕێنماییمان دەكات بۆ گەڕانێكی ورد لە ڕێساكانی قودرەتدا. خوای گەورە بەگشتی حوكمی خۆی جێبەجێ دەكات لە دنیادا بەگوێرەی سوننەتە ئاساییەكەی خۆی، بەڵام كاتێك ئایینێك یان شەریعەتێكی دامەزراند ئەوسا بە دیمەنی خاوەندارێتی دەردەكەوێت، تەنھا بە دیمەنی پاشایەتیەوە دەرناكەوێت كە پەیوەستە بە سوننەتە گشتیەكەیەوە، بەڵكو بە دیمەنی خاوەندارێتی خۆی دەڕازێنێتەوە كە مانای سوننەتەتی تایبەتی خۆی دەگەیەنێت سەبارەت بە بەندە ساڵحەكانی. ئەوانەی تێنەگەيشتوون لە ناوەڕۆكی سیفەتەكانی خوای گەورە ئەم هەڵسوكەوتە بە دەرچوون لە سوننەتەكەی دەزانن.. چونكە بە فەرمانی خوا مرۆڤێك ڕاست دەبێتەوە كه لاواز و داماو دەردەكەوێت و لەڕێگەی پێغەمبەرایەتیەكەیەوە تەحەددای دنیا دەكات، وە خەڵكی لە دژی دەوەستن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لاواز و بێدەرەتانە سەردەكەوێت، هەروەها ئەوەی لەخوا داواى دەكات لەڕێگەی نزاوە جێبەجێ دەبێت، وە لەسەر دەستیدا جۆرهھا موعجیزە ڕوودەدەن كە بەهۆیانەوە تەحەددای خەڵكی دەكات. وە نھێنی ئەمە ئەوەیە كە خوای گەورە كاتێك دەیەوێت بڕیاری ئاسمانی خۆی جێبەجێ بكات لەسەر زەویدا بەسیفەتی خاوەندارێتی دەردەكەوێت لەبری ئەوەی بە سیفەتی پاشایەتی دەربكەوێت، وەك ئەوەی سوننەتە ئاساییەكەی خۆی بگۆڕێت و بڕیاری یاسا تایبەتیەكانی بدات بۆ بەندە نزیكەكانی خۆی، وه كاری دەراسا (خَوارِق) دروست بكات بۆ دەرخستنی ڕاستگۆیی ئەوان. ئەمە بریتیە لەو سوننەتەی خوا كە بۆ هەموو پێغەمبەران بەڕێوەچووە.
وە ئەم ئایەتە ئەوەشمان پێ دەڵێت كە سیفەتی خاوەندارێتی (المالكیة) لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) دەدرەوشێتەوە و كاری خۆی دەكات. لەمەشدا بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی كە سەردەمەكەی ئەو سەردەمی شەریعەتە، وە خوای گەورە لەڕێگەی موعجیزەكانەوە سەریدەخات، وە بەدڵنیاییەوە ڕاستگۆیە و لەلایەن خوای بەرز و باڵادەستەوە ڕاستگۆییەكەى سەلمێنراوە.
سێيەم: یەكێكی تر لە ماناكانی ئەم ئایەتە ئەوەیە كە خوای گەورە خاوەنی سەردەمی خێر و شەڕە، مەبەست ئەوەیە كە دنیا ڕووبەڕووی دوو دۆخ دەبێتەوە: دۆخێك تێيدا خێر و شەڕ وەكو یەك بڵاودەبنەوە، لەو كاتەدا خوای گەورە سوننەتە ئاساییەكەی خۆی لەزەویدا جێبەجێ دەكات، وە دۆخێك تێيدا شەڕ و خراپە باڵدەكێشێت بەسەر جیھاندا، لەو كاتەدا خوای گەورە بڕیاری تایبەتی خۆی دادەبەزێنێت بۆسەر زەوی، وە تێیدا ڕێڕەوی كاروبارەكان دەگۆڕێت، وە گرنگی دەدات بە چاككردنی بەهەشتەكەی خۆی كە بەدانانی مرۆڤ دروستی كردووە، پێغەمبەرێك ڕەوانە دەكات و لەسەر دەستیدا كۆمەڵێكی چاكەكار دادەمەزرێنێت كە خێر ئەنجام بدەن و شەڕ و خراپە وەلابنێن، وە دەیكات بە نموونەیەكی باڵا كە چاوی لێ بكرێت و ببێت بەپێشەنگێكی چاك بۆ خەڵكی. وە بەردەوام لهڕێگهی سوننەتی تایبەتی خۆیەوە ئەم كۆمەڵە سەركەوتوو دەكات و لهڕێگهی كۆمهڵهكهوه ئەم سەركەوتنە درێژە پێدەدات. وە ئەگەر ئەم كۆمەڵە هەڵگەڕایەوە و پاشگەزبوویەوه و بەرەودوا گەڕایەوە بۆ ئەو خراپەیەی كە پێشتر لەسەری بووە، وە جووڵەی خێر و شەڕ تێیدا بەرامبەر بوون لەو كاتەدا خوای گەورە سوننەتە تایبەتەكەی هەڵدەگرێت لەسەریان و بەگوێرەی سوننەتە گشتیەكەی خۆی، كە لەناو خەڵكدا لەگەڕدایە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا دەكات، هەتا ئەم كۆمەڵە دەگەنە ئەوپەڕی سنوری خراپە، لەو كاتەدا جارێكی تر بەگوێرەی سوننەتە بەردەوامەكەی خۆی لەڕێگەی سیفەتی خاوەندارێتیەوە دەردەكەوێتەوە بۆیان و پێغەمبەرێك دهنێرێت خراپە ڕیشەكێش دەكات لەزەویدا و كۆمەڵێكی پاك و خاوێن دادەمەزرێنێت، وە دەركەوتنی یارمەتیە تایبەتەكەی خۆی بەشێوەی خاوەندارێتی بەردەوام دەبێت هەتا ئەم كۆمەڵەیش لە ئاستی چاكە دێتەخوارەوە، وە بەشێوەی ئەوانەی پێشوو سوننەتی خۆی بەڕێوە دەبات لەگەڵیدا.
چوارەم: یەكێكی تر لە ماناكانی ئەم ئایەتە ئەوەیە كە خاوەنی سەردەمی گوێڕایەڵیە، بەو مانایەی كە سوننەتی تایبەتی خوا، كە دەیخاتەگەڕ بۆ كۆمەڵەكان، دیسان دەیخاتەگەڕ بۆ هەریەك لەو كەسانەیش كە بەتەواوەتی خۆیان تەرخان كردووە بۆ گوێڕایەڵی خوای گەورە و ژیانی خۆیان دەكەنە قوربانی لەپێناوی ڕەزامەندی ئەودا (سبحانه وتعالی)، بۆیە خوا وەكو كەسانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا ناكات، بەڵكو یاسا تایبەتە خواییەكە دەخاتەگەڕ بۆیان.
پێنجەم: یەكێكی تر لە ماناكانی ئەم ئایەتە ئەوەیە كە خاوەنی كاتی بارودۆخە گرنگە یەكلاكەرەوەكانە لە گۆڕانكاریەكانی دنیادا، مەبەست ئەوەیە كە هەموو كردەوەیەك وەك ئەڵقەیەك وایە لە ئەڵقەكانی زنجیرە، بوونێكی سەربەخۆی نیە، بۆ نموونە كاتێك مرۆڤ نەخۆشدەكەوێت نەخۆشیەكەی بەهۆی هەڵەیەكی كوتوپڕەوە نیە تەنھا لەو ڕۆژەدا، وە تەندروستیەكەی بەهۆی ئەوەوە نیە كە لە ڕۆژێكی دیاریكراودا وەرزشی كردووە یان خۆراكی تەندروستی خواردووە.. بەڵكو ئەمە ئەنجامی كۆمەڵێك ئەڵقەیە لە كردەوەی زۆری دووبارەبووەوە، كردەوەكانی مرۆڤ دوو ئەنجامیان هەیە: ئەنجامی سەرەتایی و كاتی، وە ئەنجامی كۆتایی و هەمیشەیی، بۆ نموونە پیاوێكی هەڵەشە و سەرەڕۆ كە بە خراپی چاوی بەكاردەھێنێت تووشی چاوداهاتن دەبێت و بە تیماركردن چاك دەبێتەوە، پاشان كە كەمتەرخەمی دەكات و مشوری خۆی ناخوات دووبارە تووشی چاوداهاتن دەبێتەوە، جارێكی تر بە تیماركردن چارەسەر دەبێت، بەم شێوەیە تووشی چاوداهاتن دەبێت و چاك دەبێتەوە هەتا بینایی نامێنێت و دەرمان و چارەسەر سوودی نابێت. وە خوێندكاری جددی وانەكانی لەبەردەكات و مامۆستاكانی ئاسوودە دەبن پێى، ڕەزامەندی مامۆستاكەى دووبارە دەبێتەوە بۆی، ئەمە ئەنجامێكی خێرا و كاتیە بۆ ئەو كارەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەنجامێكی تر هەیە كە لەوەی پێشوو تەواوترە و زیاتر دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە تەنھا لە وانەكانی ڕۆژانەیدا پێشناكەوێت، بەڵكو بەهرەیەك بەدەستدەھێنێت كە زیرەكی و شارەزایی زیاتر دەكات لە توێژینەوە زانستیە وردەكاندا و دەیكات بە ڕووگەیەك بۆ زانستەكان. ئەم ئەنجامەی كۆتایی تەواو شاراوە دەبێت؛ چونكە تەنانەت هاوەڵ و هاوپیشەكانیشی هەستی پێ ناكەن.
خوای گەورە لەڕێگەی ئەم ڕاستیەوە ڕێنماییمان دەكات بۆ ئەوەی كە سەركەوتنی كۆتایی و هەمیشەیی نایەتەدی مەگەر بەنزیكبوونە لەخوای گەورە. گومانی تێدا نیە كە مرۆڤ بەگوێرەی سوننەتی بەردەوامی خوا كاردەكات و سەركەوتوو دەبێت، بەڵام ئەنجامەكەی كۆتایی كە تەنھا دوای تەواوكردنی زنجیرەیەك لە كردەوەی بێـپچڕان دێتەدی شایانی ئەوەیە كە ڕێزی لێ بگیرێت و گرنگی پێ بدرێت، بەتایبەتی ئەم ئەنجامه لەكاتی مردندا بەجوانی دەردەكەوێت و ژیانی دواڕۆژی لەسەر دادەمەزرێت.
مەبەست لە ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ﴾ ئەوە نیە كە خوای گەورە خاوەنی دنیا نەبێت، بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵكو ماناكەی ئەوەیە كە خاوەندارێتی ماددی كە خەڵكی لەم دنیایەدا هەیانه لەو ڕۆژەدا بەتەواوەتی دەپچڕێت و نامێنێت وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿ثُمَّ مَا أَدْرَاكَ مَا يَوْمُ الدِّينِ(*) يَوْمَ لَا تَمْلِكُ نَفْسٌ لِنَفْسٍ شَيْئًا وَالْأَمْرُ يَوْمَئِذٍ لِلَّـهِ﴾ (الانفطار: 19_20).
ئهم چوار سیفەتەی خوا كە لەسەرەتای سورەتی “الفاتحة”وە باسكران و لەسەر ئەو ڕیزبەندیەی كە هاتوون.. ڕێنماییمان دەكات بۆ خاڵێكی جوان لە ئەدەبی بەرەوخواچووندا، ئەویش ئەوەیە؛ خوای گەورە پلەیەكی هەرە بڵندی هەیە، وە بەندەیش پلەیەكی هەرەنزمی هەیە بە بەراورد لەگەڵ خوادا، لەبەرئەوە كاتێك خوای گەورە ئاوڕدەداتەوە لە بەندەكەی پلەبەپلە بۆی دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر بەندە ویستی نزیك بێتەوە لەخوای گەورە پێویستە لەسەری پلە بەپلە سەركەوێت بۆلای هەتا پێیدەگات.
كاتێك ئەم ڕاستیەمان زانی پەی بەوە دەبەین كە خوای گەورە لەڕێگەی ئەم چوار سیفەتەوە و بەگوێرەی ڕیزبەندیەكەیان پلە بەپلە دادەبەزێت بۆلای بەندە. یەكەم: لەڕێگەی سیفەتی ﴿رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ەوە دادەبەزێتە خوارەوە بۆلای و دەوروبەر و ژینگەیەكی بۆ دەسازێنێت گونجاو بێت بۆ گەشە و پێشكەوتن، پاشان سیفەتی ڕەحمان دێتە پێش و كۆمەڵێك هۆكار دەخاتە خزمەتی كه ڕێگای بڵندبوونەوەی ڕۆحی ئامادەدەكەن بۆی، دوای ئەوە بەندەكە سوود وەردەگرێت لەم هۆكارانە و دەیانگۆڕێت بۆ كۆمەڵێك ئەنجامی مەزن.. سیفەتی ڕەحیم كاری خۆی دەكات و بەندەكە زنجیرەیەك نیعمەت بەدەستدەھێنێت، پاشان بەرهەمی كۆتایی خەباتەكەی پێ خەڵات دەكرێت، واتە سەركەوتن بەسەر دنیادا، وە ئەو زاڵبوونە دیمەنێكە بۆ سیفەتی خاوەندارێتی كە لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا باسمكرد. بەندە، بە پێچەوانەوە، كاتێك هەوڵدەدات سەركەوێت و نزیك بێتەوە لەخوای گەورە، یەكەمجار دەبێت دەركەوتەیەك بێت بۆ سیفەتی خاوەندارێتی خوا، بەوەی دادپەروەری بەرپا بكات و خۆی بەدووربگرێت لە ستەم و زۆرداری، وە زۆربەی جار دهبێت دادپەروەریەكەی پەیوەست بێت بە ڕەحمەت و میهرەبانی و گرێدراوبێت بە لێخۆشبوونەوە. ئەم پلەیە ئەوەیە كە پێی دەوترێت دووركەوتنەوە لە شەڕ و خراپە. پاشان كاتێك پلەیەك سەردەكەوێت دەبێت بە دیمەن و دەركەوتەیەك بۆ سیفەتی ڕەحیم و ڕێزی كردەوەكانی ئەوانە دەگرێت كە پەیوەندی دروست دهكهن لهگهڵیدا، وە لەو نیعمەت و چاكانەی خوا ڕژاندوویەتی بەسەریدا دەبەخشێت پێیان و لە خێر و چاكەدا نوقمیان دەدات، ئەمەش ڕەوشتی ئیحسانە واتە چاكەخوازی. پاشان پلەیەكی تر سەردەكەوێت و دەبێت بە دیمەن و دەركەوتەی سیفەتی ڕەحمان، فەزڵ و بەخششەكەی باڵدەكێشێت بەسەر هەموو گەردووندا، بەبێ جیاوازیكردن یان فەزڵدان خزم و بێگانە دەگرێتەوە، وەكو یەك لەناخەوە باوەڕدار و بێباوەڕی خۆشدەوێت. گوێ بەوە نادات لەلایەن خەڵكەوە چاكە و خێری پێدەگات یان نا، ئەم پلەیە پێيدەوترێت: ﴿إِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى﴾، (چاكهكردن لهگهڵ خزمه نزیكهكان)، وه له دۆخی دایك دەچێت كاتێك بەتەواوەتی خۆی تەرخان دەكات بۆ خزمەتی مناڵەكەی، هیچ گوێ بەوە نادات مناڵەكەی گوێڕایەڵی بكات يان نەكات، وە پشت نابەستێت بەو خێر و چاكەیەی كە لێی چاوەڕوان دەكرێت.. بەم شێوەیە بەندەكه دەبێت بە دەركەوتەی سیفەتی ڕەحمانی خوای گەورە، وەكو دایكێك بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. پاشان هەنگاوێك بەرەوپێش دەچێت و دەبێت بە دیمەنێك بۆ سیفەتی پەروەردگاری جیھانەكان، واتە چواردەورەكەی فراوان دەبێت و ناوەندەكەی لە تاكەوە دەگوێزرێتەوە بۆ كۆمەڵگا، هەست دەكات بەرپرسە لە هەموو جیهان و سەرپەرشتیان دەكات، ئا لەو كاتەدا ئاوڕدەداتەوە لە ئیسڵاحی جیھان بەشێوەیەكی گشتی و كۆمەڵگای خراپەكار و گەندەڵ ژێرەو ژوور دەكات [واتە لە ڕیشەوە كۆمەڵگای خراپ و گەندەڵ دەگۆرێت].
ئەم شێوازانەی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە لە دووتوێی ئەم چوار سیفەتەدا كۆمەڵێك ڕێنمایی و فێركاری باڵان بۆ ڕێبوارانی ڕێگەی بەرەوخواچوون و ڕەحمەتێكی بێ وێنەیە بۆ كەسانی بەتەقوا.
إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ (5)
شیكردنەوەی وشەكان:
إیاك: ئەمە شێوازی تایبەتمەندكردنه، مانای ئەوەیە كە خوای گەورە تایبەتمەندە بە پەرستن و داوای یارمەتی لێ كردن.
نعبد: عبدَ اللهَ: گوێڕایەڵی خوای كرد، ملكەچبوو بۆ فەرمانەكانی، خزمەتی كرد؛ پابەندبوو بە یاساكانی ئایینەكەیەوە و شەریكی بۆ بڕیار نەدات (الأقرب). عَبَدَ: نەقشەكەی وەرگرت، طریق المعبَّد واتە ڕێگای خۆشكراو؛ چونكە شوێن پێی تێدا دەردەكەوێت. وە پەرستن و بەندایەتی كردن تەنھا بۆ بوونێكی كامڵ و تاك و تەنھایە كه لە سیفەتەكانیدا هاوبەشی نیە، وە گوێڕایەڵییەكەی لە توانای مرۆڤدا هەیە.
تەفسیر:
لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە ﴿الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ(*) الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ(*) مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ﴾ وادەردەكەوێت كە خوای گەورە شاراوە بێت لە بەندەكە لەبەرئەوە بەشێوگی نادیار سوپاس و ستایشی دەكات، بەڵام لە پڕدا بەشێوگی ئامادە لەگەڵیدا دەدوێت و دەڵێت: ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾. هەندێ نەزان بەخەیاڵی خۆیان دەڵێن ئەم شێوازە پێچەوانەی ڕهوانبێژی و زمانپاراویه؟ لەڕاستیدا ئەم شێوازە چڵەپۆپەی ڕەوانبێژیە؛ چونكە بوونی خوا غەیبی غەیبەكانە، وە بەندە ناتوانێت بەچاوی ماددى سەیری بكات، بەڵكو تەنھا لەڕێگەی سیفەتەكانیەوە دەیناسێت، وە بەهۆی یادکردنەوەیەوە نزیك دەبێتەوە لێی هەتا هەستی پێ دەكات و لهڕێگهی هێزە ڕۆحیەكەیهوه دەیبینێت. یەكێك لە نھێنیەكانی بەرەوخواچوون ئەوەیە كاتێك مرۆڤ بیردەكاتەوە لەم سیفەتانە و ڕۆدەچێت تێیاندا ڕاستی بۆ دەردەكەوێت، بەهۆی شەیدابوونی زۆرهوه بەخێرایی بەرەوخوا دەچێت، وە ڕۆحی شكۆدار دەبێت بە بینینی خوا، وە خۆشەویستی خوا دایدەپۆشێت هەتا فیترهتی هانا دەبات و دەڵێت: اللهم إیاك نعبد وإیاك نستعین، پەروەردگارا هەر تۆ دەپەرستم و هەر داوای یارمەتی لە تۆ دەكەم. دیارە گۆڕانی ناخەكان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر مرۆڤ بیرنەكاتەوە لە سیفەتەكانی خوا ئەوا خوای لێ ون دەبێت، بەڵام كاتێك دەیەوێت لەڕێگای ئەم سیفەتانەوە حەقیقەتەكەی بزانێت و بیناسێت خوای گەورە دەدرەوشێتەوە بۆی وەك ئەوەی بەچاو بیبینێت، لەو كاتەدا پەنادەبات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵیدا.
لە ئەبو هورەیرەوە لە پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: خوای گەورە دەفەرموێت: نوێژم كردووە بە دوو بەشەوە لەنێوان خۆم و بەندەكەمدا، نیوەی بۆ من و نیوەی بۆ بەندەكەم، وە ئەوەی بەندەكەم داوای دەكات پێيدەدرێت. ئەگەر بەندەكە بڵێت: ﴿الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیھانەكان، خوای گەورە دەفەرموێت: بەندەكەم سوپاس و ستایشی كردم. ئەگەر وتی: ﴿الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ﴾ بەخشندەی میھرەبان، خوای گەورە دەفەرموێت: بەندەكەم ستايشى كردم. وە ئەگەر وتی: ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ﴾ خاوەنی ڕۆژی پاداشت، دەفەرموێت: بەندەكەم شكۆی منی بەرز ڕاگرت، جارێكی تر دەفەرموێت: بەندەكەم خۆی بە من سپاردووە، ئەگەر وتی: ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾ خوایه تهنها تۆ دهپهرستین وه تهنها له تۆ داوای یارمهتی دهکهین، دەفەرموێت: ئەمە لەنێوان من و بەندەكەمدایە و ئەوەی بەندەكەم داوای كردووە پێیدەدرێت. وە ئەگەر وتی: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ(*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ﴾، دەفەرموێت: ئەمه بۆ بەندەكەمە، وە ئەوەی بەندەكەم داوای كردووە پێی دەدرێت.” (مسلم، كتاب الصلاة، باب وجوب قراءة الفتحة في كل ركعة).
لەم فەرموودە پیرۆزەوە چەندین مانا وەردەگیرێت:
یەكەم: “الحمد والثناء والتمجید” لە مانادا لەیەكتری جیاوازن.
دووەم: ئایەتی ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ﴾ مانای تەوەككول دەگەیەنێت لە ئاستێكی زۆر بەرزدا، وە ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی كاتێك بەندە خوای گەورە بە بەرز ڕادەگرێت بەو سيفەتەى كە خاوەنی ڕۆژی پاداشتە، لەگەڵ وتنی ﴿الْحَمْدُ لِلَّـهِ﴾ مانای ئهوهیه دڵى ئۆقرەدەگرێت بەو بڕیارەی كە خوا دەیدات. ئەگەر بەندە بەم ئیمان و تەوەككولە ڕازابێتەوە، ئایا لێخۆشبوون و ڕەحمەتی خوا بەتایبەتی نایگرێتەوە؟
سێيەم: ئەو نیعمەتانەی كە لەپێناویاندا ئەم نزایانە دەكرێت دەبێت موسوڵمانان لەكاتێك لە كاتەكاندا بەدەستیان بهێنن؛ چونكە فەرموودەكە مژدە دەدات كە ئەوەی بەندەكەم داوای كردووە پێیدەدرێت.
وە ئەگەر هەندێ كەس ڕەخنە بگرن لە ئایەتەكە و بڵێن: لەلایەن خوای گەورە یارمەتی بەندە دەدرێت بۆ بەندایەتی كردن بۆیە وا شیاوتر بوو داوای یارمەتیەكە بخرێتەپێش خواپەرستیەكەوە. وەڵامی ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە كە گومانی تێدا نیە بەیارمەتی خوا مرۆڤ دەتوانێت بەندایەتی خوا بكات، بەڵام پێشخستنی بەندایەتیەكە لێرەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو مرۆڤەی بیر لە بەندایەتی خوا دەكاتەوە ئهو كهسهیه كه داوای یارمەتی لێ دەكات، وە ئەو كەسەی گرنگی نادات بە بەندایەتی خوا چۆن داوای یارمەتی لێ دەكات؟ بۆیە پیادەكردنی كردهوهی بەندایەتی لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجامی بیركردنەوەیەتی لە بەندایەتی بەهۆی باوەڕەكەیەوە، جا ئەگەر دەستی كرد بە بەندایەتی خوا؛ ئهوا داوای یارمەتی لێ دەكات، لەبەرئەوە بەندایەتیەكە خراوەتە پێش داوای یارمەتیەكەوە. پاشان مرۆڤ كاتێك هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كارێك ئاشكرایە بە ویست و ئیختیاری خۆی ئەو كارە دەكات، وە سەركەوتن تێیدا تەنھا لەڕێگەی داواكردنی یارمەتیەوە دەبێت لە خوای گەورە، ئەگەر ویستی كردەوەكەیش بەدەستی خوا بێت؛ ئەوا مرۆڤ ناچار و زۆرلێكراو دەبێت لە كردەوەكانیدا. كەواتە مانای ئایەتەكە ئەوەیە كە بەندە كاتێك دەچێتەپێش بۆ بەندایەتی كردن داوا لە خوا دەكات كە سەركەوتووی بكات بۆ ئەوەی جگە لەو كەسی تر نەپەرستێت.
وە بەندایەتی ئەوپەڕی زەبوونی و ملكەچیە، مەبەست لێی ئەوەیه مرۆڤ بەسیفەتەكانی خوا خۆی بڕازێنێتەوە. وە ئامانج لە جووڵە ڕواڵەتیەكان لە بەندایەتیدا بریتیە لە دروستكردنی گۆڕانكاری لە ناخدا؛ چونكە بەندایەتی گوزارشت كردنە لە بارودۆخەكانی ناخ و ئەو كردەوانەی كە ئەنجامیان دەدات. بەڵام دیاریكردنی كات و ڕووكردنە قیبلە و وەستان و چەمینەوە و كڕنووشبردن كۆمەڵێك كردارن ڕاستەوخۆ پەیوەندییان نیە بە بەندایەتیەوە، بەڵكو كۆمەڵێك جووڵەن ئامانج لێیان دروستكردنی كارلێكە لەنێوان هەلومەرجە ڕواڵەتیەكان و بارودۆخە ناوەكیەكانی بەندەدا، وە یارمەتیدەرن بۆ یەكخستنی دید و ئاراستە، وەك دەفرێك وان كە شیری زانست و زانیاری تێبكرێت یان وەك توێكڵ وان بۆ كاكڵەی بەندایەتی.
ئەم ئایەتە و ئەوانەی دوای ئەم ئایەتەیش بەشێوگی كۆ هاتوون: نعبد، نستعین، اهدنا… ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئیسلام ئايینێكی كۆمەڵایەتیە، ئامانج لێی بەرەوباڵابردنی هەموانە نەك تاكە كەس بەتەنھا. وە یەكێك لە ئەركەكانی موسوڵمان ئەوەیە كە چاودێری براكەی بكات، هەر بەوەندە وازنەهێنێت كە بەتەنھا خۆی پشت بەخوا ببەستێت و بەندایەتی بكات، بەڵكو پێویستە لەسەری هەوڵی بێوچان بدات بۆ ئەوەی وانەی پشتبەستن بەخوا و بەندایەتی فێری كەسانی تریش بكات هەتاكو هەموو كەس لەڕیزی ئەوانەدا بنووسرێن كە پشتیان بەخوا بەستووە و بەندەی خودان. وە پێویستە لەسەری بەوەندە ڕازی نەبێت كە تەنھا خۆی هیدایەت وەربگرێت، بەڵكو ئەركی سەرشانیەتی بانگەوازی كەسانی تریش بكات بۆ وەرگرتنی هیدایەت، وە بەردەوام و بێكۆڵدان ئامۆژگارییان بكات و ڕۆحی باوەڕ لەناویاندا پەخش بكاتەوە هەتا هیدایەت وەردەگرن و ئهو ڕێبازە دەگرن كە خۆی گرتوویەتی، وە هەموویان لە نزاكەیاندا شێوگی كۆ “ئێمە” بەكاربھێنن لە جیاتی “من” بە هەموو ئەو مانایانەی كە لە وشەكەدا هەن. لە واقیعدا ئەم جۆرە ڕۆحە بانگخوازی و پەروەردەییە بوو ڕابوون و ژیانەوەی تەواوەتیدا بە ئیسلام لە ساڵانێكی كەمدا. ئەگەر ئەمڕۆ بتوانرێت گەشە و پێشكەوتن بدرێت بە ئیسلام هەرگیز ناكرێت ئەگەر ئەم هەستە باڵایە بوونی نەبێت، وە ئەهلی ئیسلام لە دنیادا ڕێز و لە دواڕۆژدا شكۆیان نابێت ئەگەر دەستنەگرن بەم بنەمایەوە و بە كۆمەڵ نەڵێن: ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ(*) اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾، وە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان نهدەن بۆ وتنی ئەم وشانە بەڕاستی و ورەوە.. نەك ئەوەی تەنھا نەریتێك بێت و دووبارەی بكەنەوە.
لەڕاستیدا بەندایەتی و هیدایەتدان تەنھا بەشێوەی كۆمەڵایەتی دەگەنە چڵەپۆپە و تەواو دەبن؛ چونكە تاك تەنھا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەتوانێت بەندایەتی خوا بكات، وە ناتوانێت ئەم بیرۆكەیە دامەزرێنێت لە ژینگە و چواردەورێكی سنورداردا نەبێت. بەڵام ئەو خواپەرستەی كە وادەكات لە مناڵ و دراوسێكەشی خوای گەورە بپەرستن بواری بەندایەتی فراوان دەكات و ماوەكەی درێژدەكاتەوە. وە هیچ گومان نیە لەوەدا كە بەندەی ڕاستگۆ و بەئەمەك بۆ گەورەكەی ئەو بەندەیە كە ڕێگری لە دوژمنان دەكات و ناھێڵێت دەستكاری موڵك و ماڵی گەورەكەی بكەن. بەڵام ئەو بەندەیەی بەچاوی خۆی كاولبوونی باخ و باغاتی گەورەكەی دەبینێت، وە هەوڵنادات ڕزگاری بكات لە فەوتان بەدەستی زۆرداران و داگیركەران؛ ئەوا بەهیچ شێوەیەك ئەركی بەندایەتی بەجێنەھێناوە.
ئەم ئایەتە بەرپەرچی ئەوانە دەداتەوە كە باوەڕیان وایە مرۆڤ ناچارە و ئازاد نیە. دوو گروپ هەن لە ئەهلی بۆچوونی پەڕگیر سەبارەت بە حەقیقەتی كردەوەكانی مرۆڤ، گروپێكیان پێیان وایە مرۆڤ بەناچاری كردەوە ئەنجام دەدات و هیچ ئازادیەكی نیە، ئەمە بۆچوونی هەندێ پیاوی ئایینی و فەیلەسوفەكان و دەروونناسەكانە لەسەرووی هەموویانەوە “فرۆید”ی نەمسایی.
ئەوانەی ئەو بۆچوونە وەك بیروباوەڕێكی ئایینی وەردەگرن دەڵێن: خوا خاوەنە، وەكو ئەندازیارێك وایە كە هەندێ خشت تایبەت دەكات بە دروستكردنی ژوورەكان و هەندێكی تر بۆ زێراب و ئاوەڕۆ، بەهەمان شێوە خوای گەورەیش بەویستی خۆی كۆمەڵێكی بۆ چاكە دروستكردووە و كۆمەڵێكیشی ناچاركردووە بۆ ئەنجامدانی شەڕ و خراپە و مرۆڤ ئازاد و سەرپشك نیە. وە گاورەكان بناغەی تۆپزی و ناچاریان دامەزراند لەسەر بیرۆكەی تاوانی بۆماوە لە ئادەمەوە، وە پێیانوایە ئەو كەسەی ڕزگاری نەبێت لە كۆت و پێوەندەكانی تاوان لەڕێگەی باوەڕهێنان بە كەفارەتەوە بەناچاری دەمێنێتەوە لەسەر ئەنجامدانی. وە لەبەرگرتنەوەی گیانەكان (تناسخ الأرواح) لای هيندۆسەكان ئەویش ئەنجامی ئەم بیرۆكەیهیه؛ چونكە ئەو جەستەیەی كە شایستەی ئەوەیە ڕۆح تێيدا جێگیر بێت بەسزادراوی دەمێنێتەوە بەهۆی ڕۆحەكەوە وەك سزایەك بۆ ئەو تاوانانەی لە جەستەكەی ڕابردوویدا ئەنجامی داون.
بەڵام دكتۆر “فرۆید” تاوتوێی ئەم بابەتەی كردووه لەسەر ئەو بناغەیەی كە باسێكی زانستیە، وە پێی وایە كە سەردەمی فێربوونی مرۆڤ لە مناڵیەوە دەست پێدەكات، پێش سەرەتای دەركەوتنی ویست و ئیرادە تێیدا لهكاتی پێگەيشتندا، بۆیە ناتوانین بڵێین لەلایەنی ویستەوە مرۆڤ ئازادە؛ چونكە ویست و ئیرادەكەی شتێك نیە جگە لە درێژكراوەی ئەو حەز و ئارەزووانەی كە لەلای دروستبوون لە قۆناغی مناڵیدا. مرۆڤ وادەزانێت كە كردەوەكانی لە ئیرادە و بیركردنەوەی ئازادی خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵام ئەم كردەوانە بەرهەمی هەست و نەستەكانی قۆناغی مناڵیە، شتێك نیە جگە لەمە. وە مرۆڤ بە ئیرادەی تایبەتی خۆی لەقەڵەمیان دەدات؛ چونكە بەتەواوەتی یەكیانگرتووە لەگەڵ بوون و قەوارەیدا.
وە بۆچوونەكانی فرۆید تازەداهێنراو نین، بەڵكو دەبینین لە ئیسلامدا ئاماژەیان پێ دراوە وەك پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “هەموو مناڵێك لەسەر فیترەت لەدایك دەبێت، پاشان باوك و دایكی دەیكەن بە جوولەكە یان گاور.” (صحیح البخاري، كتاب الجنائز). مانای فەرموودەكە ئەوەیە كە لەسەر بیروباوەڕی خۆیان پەروەردەی دەكەن، ئەویش وەریدەگرێت لەئەنجامی ئەو پەروەردەیەوە پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی پێگەيشتن، وە بەبێ بیركردنەوە لاساییان دهكاتهوه له ڕێبازهكهیاندا. بەم شێوەیە ئیسلام بایەخێكی زۆری داوە بە قۆناغی مناڵی كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانمان پێدەكات كە بانگ بدەین بەگوێی مناڵدا لەكاتی ناوناندا. بەڵام بۆچوونەكەی “فرۆید” بەتەواوەتی ڕاست و دروست نیە.
بێگومان قورئان بەرپەرچی هەڵەی ئەم خەیاڵاتانە دەداتەوە و دەفەرموێت: ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ(*) إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾؛ چونكە پاداشت و سزا دانستەكەیان پووچ دەبێتەوە بەبەكارھێنانی ناچاری و زۆرلێكردن. وە بەفەرمایشتی: ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ﴾ فێرمان دەكات مرۆڤ، ئەگەرچی ئازادیەكەی لەڕێگەی ئیرادەكەیەوە تاڕادەیەك سنوردارە، بەڵام بەبێ گومان ئەوەندە ئازادی هەیە كە بتوانێت بەهۆیەوە بڕیار لە دواڕۆژی خۆی بدات بۆ وەرگرتنی هیدایەت. بۆ نموونە: مرۆڤ، ئەگەرچی كاریگەر دەبێت بەهۆكارە نادروستەكان، ئەگەر بیریكردەوە لە سیفەتەكانی خوا ئەوا دەبینێت لەڕاستیدا دەروونی تامەزرۆيە بۆ دەنگی ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ﴾، وە هیچ كەسێك ناتوانێت ئەم ڕاستیە ڕەتبكاتەوە. پاشان دهبێت دكتۆر “فرۆید” و قوتابیەكانی چ وەڵامێك بدەنەوە كاتێك دەبینین هەلومەرجەكان بەرەوپێش دەچن، وە بۆچوونەكان دەگۆڕێن، وە دنیا هەرگیز لە یەك دۆخدا نەماوەتەوە؟ دەی ئەگەر كاریگەری هەست و نەستی مناڵی ئەوەندە بەهێز بێت كە ئەستەم بێت مرۆڤ ڕزگاری بێت لە كۆت و پێوەندەكانی؛ ئەوا پێویست بوو دنیا لە سەردەمی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ بوەستایە و هەنگاوێكی نەهاویشتایە بەرەو پێشەوە و بە شێوازە كۆنەكە بمایەتەوە، بەڵام لەڕێگەی مێژووەوە دەبینین كە دنیا پێشكەوتووە و بەردەوامیش لە پێشكەوتندایە. بەمەش ڕووندەبێتەوە شیانی کۆمەڵێك پێشكەوتن و گۆڕانكاری هەیە كە ڕێڕەوی بیركردنەوەی مرۆڤ، كە لە مناڵیەوە مرۆڤەكە دەئاژووێت، بگۆڕن بەرەو ئاراستەیەكی تر. وە قورئانی پیرۆز لایەنی ئێمە بەهێز دەكات بە كۆمەڵێك بەڵگەی پتەو كە لەكاتی گونجاوی خۆیدا باسیان دەكەین.
بیرۆكەیەكی تر ههیە تەواو پێچەوانەی ناچاریە، بریتیە لەوەی مرۆڤ بەڕەهایی ئازادە لە دروستكردنی ئاراستە و ڕێرەوەكانی خۆیدا، وە خوای گەورە بەهیچ شێوەیەك دەست وەرنادات لە كردەوەكانیدا. دیارە ئیسلام ئەم ڕێبازەیش لە ئازادی ڕەھا ڕەتدەكاتەوە، وە دەڵێت: ئێوە ناتوانن بەتەواوەتی خۆتان ڕزگار بكەن لە كاریگەری هۆكارەكانی ئەو ژینگەیەی دەوری داون، بۆیە دەبێت چاودێرێك بەسەرتانەوە بێت كە بوونەكەی لەوه بەرزتر بێت بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو هۆكارانەوه، وە بتانپارێزێت لە مەترسیەكانیان كاتێك توند و بەهێز دەبن. وە نزای ﴿وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾ سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ ئەوەی كە خالقەكەتان (سبحانه وتعالی) بەردەوام كەمتەرخەمی و لاوازیتان دەبینێت و دەبیستێت. بۆیە ئێوەیش لێی بپارێنەوە وەڵامتان دەداتەوە، وە بدەن لە دەرگاكەی بۆتان دەكاتەوە.
اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (6)
شیكردنەوەی وشەكان:
اهدنا: دوترێت: هداه إلی الطریق: ڕێگای پيشاندا. هدی العروسَ إلی بعلھا: واتە بووكەكەیان گواستەوە بۆ مێردهكهی. هدی فلانا: پێشیكەوت، بۆ نموونە: جاءت الخیل یهدیھا فرس الأشقر.. واتە ئەسپەكان هاتن دانەیەكی خەنەیی پێشیان كەوتووە. (الأقرب) هدی سێ مانای هەیە: پێشاندانی ڕێگا؛ پێشڕەوی كردن؛ لەگەڵ بوون هەتا كۆتایی ڕێگا. وە لە قورئاندا ئەم وشەیە كۆمەڵێك مانای هەیە لەوانە:
بەدیھێنانی توانا و بەهرەكان و بەگەڕخستنیان بۆ كاركردن، وهك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿أَعْطَى كُلَّ شَيْءٍ خَلْقَهُ ثُمَّ هَدَى﴾ (سورة طه: 51). بانگەواز بۆ ڕێنمونیكردن، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَجَعَلْنَا مِنْهُمْ أَئِمَّةً يَهْدُونَ بِأَمْرِنَا﴾ (سورة السجدة: 25). ڕابەرایەتی تەواوەتی وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي هَدَانَا لِهَذَا﴾ (سورة الأعراف: 44). لەوانە لەبەرچاودا شیرین كردن و خۆشەویستكردن، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَنْ يُؤْمِنْ بِاللَّهِ يَهْدِ قَلْبَهُ﴾ (سورة التغابن: 12). لەوانە: سەركەوتن وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَإِنْ تُطِيعُوهُ تَهْتَدُوا﴾ (سورة النور: 55).
قورئان هیدایەت تەنگ و كورت ناكاتەوە، بەڵكو ڕوونیدەكاتەوە كە كۆمەڵێك پلەی زۆری هەیە بەرەوژوور، وە ئەوانەی لەڕێگەی كردەوەكانیانەوە شایستەی فەزڵ و ڕەحمەتی خوا دەبن ئەو پلەبەرزانە بەدەستدەھێنن: ﴿وَالَّذِينَ اهْتَدَوْا زَادَهُمْ هُدًى﴾ (سورة محمد: 18).
المستقیم: لە “الاستقامة”وە هاتووە، الاستقامة واتە كەسێك لەڕێگادا لەسەر هێڵێكی ڕێك بڕوات، وە ڕێگای حەقی پێ شوبھێنراوە وەك دەفەرموێت: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾. (المفردات).
تەفسیر:
لەم ئایەتەدا ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ خوای گەورە نزایەكمان فێردەكات كە لە تەواوی و بڵندیدا پێشتر نموونەی نەبووە. نزایەكە تایبەت نیە بە شتێكی تایبەتیەوە، بەڵكو هەموو پێداویستیەكانی ژیان دەگرێتەوە، گەورە و بچوك، دینی و دنیایی. دیارە هەر كردەوەیەك، هەرچیەك بێت، ڕێگایەكی هەیە بۆ ئهنجامدانی، وە ئەگەر ئەو ڕێگایەمان گرتەبەر ئەوا دەمانگەیەنێتە سەركەوتن. پاشان جاروبار چەند ڕێگایەكی جیاواز دەبینین بۆ یەك كار، ئەم ڕێگایانه.. هەندێكیان ڕەوان و هەندێكیان ناڕەوان، ڕێگا ڕەواكانیان ئەوانەن كە خێراتر و نزیكترن لە سەركەوتن، وە هەیانە بەو شێوە نیە. ئەم ئایەتە فێرمان دەكات كە هەمیشە بەم نزایە بپاڕێینەوە.. هەتا خوا ڕێنموونیمان بكات بۆ ڕێگای ڕاست كە خێراترین ڕێگایه بۆ بردنەوە و سەركەوتن. چەند ئاسان و تەواو و گشتگیرە ئەم نزایە! هیچ ئامانجێك نیە لە ئامانجەكانی ژیان مەگەر دەتوانین ئەم نزا مەزنەی بۆ بەكاربھێنین. وە ئەو كەسەی خووی گرتووە بەم نزایەوە هەرگیز نائومێد نابێت لە بەرهەمی هەوڵ و تێكۆشانەكەی؛ چونكە جار لەدوای جار ئەوە بیری خۆی دەخاتەوە كە بۆ هەموو كارێك كۆمەڵێك ڕێگای ڕەوا و ناڕەوا هەیە، وە پێویستە لەسەری بگەڕێت بۆ ڕێگە ڕەواكەیان، وە پێویستە لەسەری نزیكترینیان هەڵبژێرێت. چەند گونجاوە بیرۆكەی ئەم ڕێنمایی و فێركاریە بڵندە. وە ئاشكرایە ئەو كەسەی لەخوا دەپاڕێتەوە لەپێناوی ڕێگای ڕاستدا بیروهۆشی كاریگەر دەبێت بەم پاڕانهوهیه. وە هەموو هەوڵ و كۆششەكانی بەرەو ئاراستەی گەڕان بۆ ئەم ڕێگایە دەڕۆن. وە چ گومانێك هەیە لە بڵندی مەبەست و ئامانجەكان و ڕاستی و دروستی كردەوەكان و هەوڵی یەك لەدوای یەك لای ئەو كەسەی كە لە كارەكانیدا گرنگی دەدات بەم بنەمایانەی خوارەوە كە لەسەر ئەم نزایە دامەزراون:
1. هەموو كارەكانی ڕەوا بن.
2. ڕازی نەبێت بە پلەیەك، بەڵكو تامەزرۆ بێت بۆ بەدەستھێنانی پلە بەرزەكان كە كۆتاییان بۆ نیە.
3. كاتی خۆی بەفیڕۆ نەدات، بەڵكو هەموو ساتێك بقۆزێتەوە، وە هەموو كارەكانی بەگوێرەی توانا لە كەمترین كاتدا تەواو بكات. من متمانەم هەیە ئەگەر موسوڵمانان بەدڵسۆزیەوە بەردەوام بن لەسەر ئەم نزایە.. لەگەڵ تێگەيشتن لە ماناكانی.. ئەوا كاریگەریەكی هەستپێكراوی دەبێت لەسەر دەروونیان، سەرەڕای ئەو سوودە زۆرانەی بۆیان دەگەڕێتەوە بەهۆی ئەوەی كە نزایەكی ڕاست و دروستە.
هەندێكيان دەڵێن: خوای گەورە فەرمانی كردووە بە موسوڵمانان كە لە هەموو نوێژێكدا ئەم نزایە بخوێنن ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾، بگرە پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) هەمیشە ئەم نزایەی دەكرد.. ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە تەنانەت ئەویش ئەو ڕێگا ڕاستەی نەدۆزی بووەوە کە بەردەوام نزای کردووە بۆ ئەوەی بەدەستی بهێنێت؟ ئەم پرسیارە پرسیارێكی سەیرە و مایەی پێكەنینە بە عەقڵی ئەو بەناو خوێندەواره گاور و هيندۆسانهی كە ئەم جۆرە ڕەخنانە دەگرن بەبێ بیركردنەوە و سەرنجدان، وە سەریان سوڕدەمێنێت و دەڵێن: ئەبێ موسوڵمانان چ وەڵامێكی ئەم ڕەخنەیە بدەنەوە؟ ئەمەش وەڵامەكەی:
یەكەم هیدایەت و ڕێنموونی، وەكو باسمانكرد، تەنھا ڕێپێشاندان نیە، بەڵكو ڕێپێشاندان و پێشڕەوی كردن و گەیاندنە بە كۆتا قۆناغی ڕێگاكە. بۆیە داوای ڕێنموونی جیاواز دەبێت بەگوێرەی جیاوازی لە پلەی داواكاران، بۆ نموونە: ئەوەی نازانێت ڕێنموونی ڕاستەقینە كامەیە داوا دەكات پەی بە ڕێنموونی ڕاستەقینە ببات یان شوێنەكەی كامەیە لەناو ئایینەكاندا. وە ئەو كەسەی دەزانێت ڕێنموونی ڕاست كامەیە بەڵام كۆمەڵێك بەربەست بەدی دەكات بۆ قەبوڵ كردنی وەك لاوازی ئیرادە یان هاوەڵی خراپ كە ئاستەنگ لە ڕێگەكەیدا دادەنێن، یان دوورە لە ڕێپێشاندەری كامڵەوە كە گەيشتن پێی قورس و گران بێت، یان بۆی نەڕەخساوە لە خزمەتی پیاوچاكاندا بێت و هاوڕێیەتییان بكات. ئەم كەسە كاتێك داوای ڕێنموونی دەكات مانای ئەوەیە: ئاراستەم بكە و پێشڕهویم بكه بۆ هیدایەت، وە هەموو ئاستەنگەكان لەڕێگەكەمدا لابدە كە ڕووبەڕووم دەبنەوە. ئەگەر داواكە كەسێك كردی كە ئاراستەكرابوو بۆ ئەم ڕێگایە و گیروگرفتەكانی سەر ڕێگاكەی نەمابوون؛ ئەوا مانای داواكردنی ڕێنموونی لەمەڕ ئەم كەسە ئەوەیە: خوایە گیان ڕێگای هیدایەت زۆر فراوانە، وە ڕێڕەوەكانی خواناسین كۆتایی نایەن، داواكارم لێت كە یارمەتیم بدەیت لەوەی بەردەوام بم لەسەر ئەم ڕێگەیە، دوانەكەوم، وە زیاتر شارەزا بم لە نهێنیەكانی حەق و ڕاستی، وە هاوكاریم بكەیت زیاتر لە پێشوو كار بكەم.
دەی كێ هەیە بێنیاز بێت لە مانایەك لەم سێ مانایەی نزاكە؟ بێگومان پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) تەواوترینی كەسانی ڕابردوو و داھاتووە، بەڵام خوای ئیسلام خاوەنی هێزگەلێكی بێ كۆتاییە، هەرچەند مرۆڤ پێشبكەوێت بۆ نزیكبوونەوە لێی ناتوانێت بەتەواوەتی پێی بگات، بەڵكو بوارێكی بۆ دەمێنێتەوە لەوە فراوانترە كە سنوردار بكرێت، هەمیشه پێویستی بە نزای “ڕێنموونیمان بكە بۆ ڕێگای ڕاست” هەیە، هەروەها پێویستی بەوە هەیە كە خوای گەورە زیاتر زانستی پێ ببەخشێت لە بواری ئایین و دنیادا بەیەكەوە.
لەڕاستیدا ئەم نزایە هیچ گومانێك ناورووژێنێت، بەڵكو تیۆرێكی گشتگیر پێشكەش دەكات بۆ بەرەوباڵاچوونی زانست لە ئیسلامدا، كە تیۆرێكە بەڵگەی گومانبڕی تێدایە لە سەر باشتر بوونی قورئان.. ئەم كتێبە بەنرخە لە كەشێكدا دابەزی كە پڕ بوو لە ئایینەكان، هەموویانی هەڵوەشاندەوە، لە جێگاكەیاندا تهواوترین و پتەوترین ئایینی دامەزراند، بەڵام ئەوەی نەگوت كە ئایینەكانی تر دەیانگوت كە بەهاتنیان زانست كۆتایی هاتووە و دەرگاكانی داخراوە، بەڵكو ڕوونی كردووەتەوە كە بەدەركەوتنی زانست كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو دەرگای زانستەكان خراوەتە سەر پشت. لەپێناوی ئەم ئامانجەدا شوێنكەوتووانی خۆی فێركردووە كە نائومێد نەبن لە داواكردنی زانستی زیاتر و پێویستە لەسەریان لە هەموو نوێژێكدا بڵێن ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ و ئەم نزایە لەهەموو نوێژێكدا دووبارە بكەنەوە زیاتر لە سی جار لە هەموو شەو و ڕۆژێكدا. لەڕێگەی ئەم بنەما باڵایەوە ئیسلام بەتەواوەتی ڕێگای زاستیی فراوانكردووە.
هەندێك كهس وا گومان دەبەن كە ئەم بۆچوونە پێچەوانەی ئەوەیە كە قورئان كۆتا كتێبی ئاسمانی بێت بۆ جیھان؛ چونكە ئەگەر زانست هەمیشە لە هەڵكشان و پێشكەوتندا بێت ئیتر بۆچی دان بەوەدا نەنێین كە قورئانیش لەداهاتوودا لە كاتێك لە كاتەكاندا نۆرەی دێت بۆ ئەوەی نەسخ بێتەوە و كتێبێكی تر جێگای بگرێتەوە؟ دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی ئەم بانگەشەیە بدرێتەوە:
ئەگەر وتمان دوای قورئان كتێبێكی تر دێت و نەسخی دەكاتەوە، دەی ئەوەتا چواردە سەدە تێپەڕیوە بەسەر هاتنەخوارەوەی قورئاندا و ئەو بەناو كتێبە تەواوە دانەبەزیوە. بێگومان فەیلەسووفەكان و شوێنكەوتووانی ئایینە پووچەكان زۆر هەوڵیان داوە كە هاوشێوەی قورئان بھێنن، بەڵام نائومێد بوون و دۆڕان و هەموو هەوڵەكانیان بەفیڕۆچوو.
دەی ئەگەر كتێبێكی لەم شێوەیە هێشتا بوونی نیه ئیتر چۆن نرخێك دابنێين بۆ ئەم بانگەشەیە.
پاشان قورئان جیھانێكی ڕۆحیە، بارودۆخەكانی جیاواز نیە لە جیھانی ماددی، هەروەك چۆن مرۆڤ هەموو ڕۆژێك لە بواری زانستە ماددیەكاندا پێشدەكەوێت، وە هەنگاوی فراوان دەنێت لە ڕێگەی پێشكەوتندا، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ڕۆژێك جیھانێكی نوێ دروست نابێت بۆی هەتا كۆمەڵێك نھێنی شاراوەی تێدا بدۆزێتەوە، بەڵكو لەهەمان جیھانە كۆنەكەدا بیركردنەوەی خۆی دەخاتەگەڕ، وە نھێنی و زانستی نوێى لێ دەردەهێنیت.. بەهەمان شێوە قورئانیش جیھانێكی ڕۆحیە، مرۆڤ پێویستی بە جیھانێكی ڕۆحی نوێ نیه هەتا تێیدا بیربكاتەوە. وە قورئان قەدەغەی نەكردووە لە خەڵكی كە لەبورای زانستدا پێشبكەون. هەروەك چۆن خەڵكی لەڕێگای هەوڵ و کۆششەوە لە جیھانی ماددیدا شتانێكی نوێ دەدۆزنەوە، بەهەمان شێوە قورئانیش كۆمەڵێك زانستی ڕۆحی فراوانی بێكۆتایی پێشكەشی ئەو كەسانە دەكات كە لێی ڕادەمێنن بەڕەچاوكردنی ڕادەى توانا و هێزیان. ئەوانەی بیری لێ دەكەنەوە بەگوێرەی دڵسۆزیەكەیان و بە ئەندازەی ورەكهیان كە له داواكەیاندا: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ هەیانە زانستەكانی قورئانیان بۆ ئاشكرا دەبێت. بۆیە لەگەڵ ئەوەی قورئان كۆتا كتێبی ئاسمانیە پێشكەوتن و بڵندبوونەوەى زانستی نەوەستاندووە. بەڵكو زیاتر خێرایی و فراوانی پێداوە وەك قورئان خۆی بەئاشكرا ڕایدەگەیەنێت: ﴿وَالَّذِينَ اهْتَدَوْا زَادَهُمْ هُدًى﴾ (سورة محمد: 18).
بڵندبوونەوەی ڕۆحی سنوردار، ئەو هیدایەتە نيە کە قورئانی پێ وەسفکراوە، بەڵكو ئەو هیدایەتەى قورئان زنجیرەیەكی نەپچڕاوە لە ڕاستیەكان، بەخێرایی ئەڵقەكانی بەدوای یەكدا دەردەكەون. بێگومان خۆم تاقیمكردووەتەوە كە هیچ پرسێكی ئایینی نیە قورئان زانیاریەكی زۆری پێشكەش نەكردبێت بۆ چارەسەر كردن و یەكلاكردنەوەی. سەرباری بوونی ئەم ڕاستیە درەوشاوەیە جیھان نەیویست گوێ شل بكات بۆ پەیامی قورئان، بەڵكو دەگەڕێت بۆ ئایینێكی تر تاكو دڵنیای بكات. وەكو ئەوە وایە كەسێك كانیاوێكی سازگار لەبەردەمیدا هەڵبقوڵێت كەچی ئەو بەسەرگەردانی بگەڕێت بۆ ئاوێكی تر.
پاشان من سەرم سوڕدەمێنێت لە موسوڵمانان هەموو ڕۆژێك نزا دەكەن ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾، كەچی پێیانوایە ناكرێت ئەوە تێپەڕێنرێت كە موفەسسیرەكان نووسیویانە، وە زانستێك لە قورئاندا نیە جگە لەوەی باسيان كردووە. ئەگەر ئەوەی ئەوان دەیڵێن ڕاستە ئیتر بۆچی لەخوا دەپاڕێنەوە و دەڵێن: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾، خوای گەورە بەگوێرەی خەیاڵی ئەوان شتێكی لانەماوە.
جا شیاوترە بۆيان كە كاتی خۆیان بەم نزایەوە بەفیڕۆنەدەن و باوەشبكەن بە تەفسیرەكانی پێشیناندا و بەوەندە وازبھێنن كە لەناو ئەو تەفسیرانەدا هەیە.
بێگومان ئەم نزایە نزایەكی جوان و گشتگیرە، وە مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو كاروبارێكی ئایین و دنیادا سوودی لێ وەربگرێت. وە مرۆڤی عەوداڵی ڕاستی، هەر ئایینێكی هەبێت، هیچ دەرەتانێكی نیە جگە لەوەی ڕووبكاتە ئەم نزایە. ئەم نزایە تایبەت نیە بە ئایینێكەوە و ئەوانی تر لێی بێبەری بن، بەڵكو داوای ڕێگای ڕاستی لەخۆگرتووە، واتە ڕێگای حەقی پەتی كە هەموو مرۆڤێك دەتوانێت لەپێناویدا نزا بكات بەبێ ئەوەی زیانی هەبێت بۆ بیروباوەڕەكەی. هیچ كەسێك.. گاور بێت یان زەردەشتی یان بودایی یاخود بێباوەڕ ناتوانێت ڕەخنە بگرێت لەم نزایە. كەسی بێباوەڕ باوەڕی بەخوا نیە، بەڵام دەتوانێت بڵێت: ئەگەر خوا بوونی هەیە ئەوا با ڕێنمنوونیم بكات بۆ ڕێگای ڕاست. بۆیە ئەم نزایە هیچ زیانێكی تێدا نیە، شەقڵی بێ لایەنی پێوەیە؛ چونكە تایبەت نیە بە ئایینێكەوە و ئەوانی تر بێبەش بن لێی. كۆكەرەوەی هەموو ڕێگاكانە و هەموو جیھان دەگرێتەوە، بگرە هەموو بارودۆخەكان و هەموو تاكێك لە تاكەكانی خێزانی جیھانی دەگرێتەوە. لە میانەی ئەزموونەكانمەوە ساغبووەتەوە بۆم كە هیچ كەسێكی ناموسوڵمان نەبووە ئامۆژگاریم كردبێت بەخوێندنی ئەم نزایە مەگەر خوا ڕاستی ئیسلامی بۆ دەرخستووە. بۆیە من دڵنیام كە هەر كەسێك بەدڵێكی پاك بههۆی ئەم نزایەوە لەخوا بپاڕێتەوە خوای گەورە ڕاستی بۆ ئاشكرا دەكات؛ چونكە هەرگیز ناكرێت مەخلوق لەبەر دەرگای خالقدا بوەستێت و داوای كۆمەكی لێ بكات ئەویش بە نائومێدی بیگێڕێتە دواوە.
صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ (7)
شیكردنەوەی وشەكان:
أنعمت: لە “الإنعام”ەوە هاتووە بریتیە لە فەزڵ و زێدەبەش (الأقرب).
المغضوب علیھم: الغضب بریتیە لە هەڵچوونی خوێنی دڵ و ئیرادەی تۆڵەسەندنەوە، ئەگەر خوای گەورەی پێ وەسفكرا ئەوا مەبەست پێی تۆڵەكردنەوەیە نەك شتێكی تر (المفردات).
الضالین: الضلال: لادان لە ڕێگای ڕاست، دژەكەی بریتیە لە هیدایەت. دوترێت ضلال لادانە لە ڕێگای ڕاست بە ئەنقەست بێت یان بە نەزانین، لادانەكە كەم بێت یان زۆر. (المفردات).
تەفسیر:
كاتێك خوای گەورە ڕێنماییمان دەكات بۆ داواكردنی ڕێگای ڕاست، ئەوەشمان فێردەكات كە ڕێگاكە ڕێگەی ئەوانەیە كە نیعمەتیان بەسەردا ڕژاوە، وە ڕێگەیەكی ئاسایی نیە، بەڵكو ڕێڕەوی خاوەن ڕۆحە بڵند و باڵاكانە. چهند مەزنە ئەم ئامانجە كە خوا كردوویەتی بە ڕووگەی هەموو موسوڵمانێك لە یەكەم سورەتی قورئاندا. بۆیە شیاو نیە بۆ موسوڵمان كە تەنها بە ئەنجامدانى كاری خێر ڕازی بێت، بەڵكو پێویستە لەسەری كە بەردەوام لەكاری خێردا بەرەوپێش بچێت هەتا دەچێتە ڕیزی ئەو كەسانەوە كە پشكێكی گەورەیان دەستكەوتووە لە نیعمەتەكانی خوای گەورە. لەڕاستیدا ئەو كەسەی تامی خۆشەویستی خوای چەشتبێت ناتوانێت به بەدەستھێنانی پلەیەكی نزم وازبھێنێت؛ چونكە خۆشەویستی خوای گەورە دڵی مرۆڤ فراوان دەكات، بۆیە دڵی ئۆقرە ناگرێت بە بڵندبوونەوەی سنوردار و دیاریكراو، وە پاش ئەوەی دڵی شەیدا و تامەزرۆی خوای گەورە دەبێت و خۆشەویستیەكەی لەدڵیدا ڕەگدادەكوتێت.. ئیتر لەكوێ شتێكی تر دڵی داگیردەكات و ئۆقرەیی پێدەدات؟ ئەوەی ڕەزامەندی خوای دەوێت داوای هەموو بڵندبوونەوەیەك دەكات، وە ئەوەی خوای خۆی ناسی داننانێت بەوەدا كە پێشكەوتن و بڵندبوونەوە كۆتایی هەبێت. لای باوەڕدار لەمە مەزنتر یارمەتی و سەركەوتنە.. لەگەڵ هەستكردنی بەم هیوا و ئاواتە لەپێناوی ڕەزامەندی خوای گەورەدا.. دەبینێت لەلایەن خواوە فێركراوە و هاندراوە كە ڕازی نەبێت بە پلە نزمەكان، بەڵكو پێویستە لەسەری داوای ئەو بەندایەتیە بكات كە خاوەن نیعمەتەكان بەدەستیان هێناوە، ئەوانەی كە لەبواری چاكەدا لەڕیزی پێشەوەدا بوون، وە پێویستە لەسەرى چاوەڕوانی ئەو نیعمەتانە نەكات كە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی خوا بەدەستی هێناوە، بەڵكو مافی ئەوەی هەیە داوای هەموو ئەو نیعمەت و فەزڵانە بكات كە ئەوان بەدەستیان هێناوە.
نیعمەت لە زمانی عەرەبیدا بە مانایەكی تایبەتی دیاری ناكرێت، بەڵكو بە هەموو خێرێك دەوترێت كە وەك گوزارشتكردن لە ڕازیبوون خەڵات دەكرێت، نیعمەتەكە دنیایی بێت یان ئایینی. ئەم وشەیە بەمانای گشتی بەكارھاتووە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿أَنْعَمْنَا عَلَى الْإِنْسَانِ أَعْرَضَ وَنَأَى بِجَانِبِهِ﴾ (الإسراء: 84). كەواتە نیعمەت زانست و هونەر و ڕێزی دنیایی و شانازیەكانی تریش دەگرێتەوە؛ چونكە ئەم نیعمەتانە تەنھا لەلایەن خوای گەورەوە خەڵات دەكرێن، بەڵام زۆربەی خەڵكی لەجیاتی سوپاس كردن لەسەریان نیعمەتبەخشەكە لەبیر دەكەن و پشتی لێ هەڵدەكەن.
هەروەها قورئان ڕزگاربوون لە بەڵا و كارەساتەكان به یەكێك لە نیعمەتەكان ئەژمار دەكات، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ هَمَّ قَوْمٌ أَنْ يَبْسُطُوا إِلَيْكُمْ أَيْدِيَهُمْ فَكَفَّ أَيْدِيَهُمْ عَنْكُمْ وَاتَّقُوا اللَّهَ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ﴾ (المائدة: 12).
گومانی تێدا نیە كە هەموو چاكەیەكی خوای گەورە بەرامبەر بەندەكەی نیعمەتێكە لە نیعمەتەكان، بەڵام جۆرەھا چاكە هەن كە شیاوترن بۆ ئەوەی نیعمەت بن؛ چونكە لەچاو ئەوانی تردا پلە و پایەیان بەرزترە هەروەك خوای گەورە دەفەرموێـت: ﴿وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِقَوْمِهِ يَاقَوْمِ اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَعَلَ فِيكُمْ أَنْبِيَاءَ وَجَعَلَكُمْ مُلُوكًا وَآتَاكُمْ مَا لَمْ يُؤْتِ أَحَدًا مِنَ الْعَالَمِينَ﴾ (المائدة: 21).
خوای گەورە لەم ئایەتەدا شتانێكی باسكردووە كە شایستەی ئەوەن نیعمەت بن، وە خەڵاتی كردوون بە نەوەی ئیسڕائیل. بەشێوازێكی كورت و ڕەوانبێژانە لێرەدا قورئان ئاماژەی كردووە بە نیعمەتى دنیایی و نیعمەتى ئايینی و نیعمهتی سهركهوتن و بهرزبوونهوهی گشتی كه له دوو نیعمهتهكهی پێشووهوه دروست دهبێت.
بێگومان بە باسكردنی ﴿صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ دوای ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ ماناكانی ئایەتەكە زۆر فراوان بوون. كەواتە ئەم وشانە کارێكیان نەکردووە ئامانجی موسوڵمان تەنھا داواكردنی ڕێگای ڕاست بێت لە مهبهسته تایبەتیەكانیدا، بەڵكو ئاراستەیان كردووە بەرەو كۆمەڵێك ئامانجی تر كە لە ئامانجە تایبەتیەكانی خۆی باڵاترن. بۆیە پێویستە لەسەری داوای ڕێنموونی لەخوا بكات بۆ ڕێگای ڕاست، پاشان بیخاتە ڕیزی ئەوانەی نیعمەتیان پێ خەڵات كراوە، لەسەروو ئەوەشەوە ڕێنمایی بكات بۆ ڕێگاكانی خواناسی، وە كۆمەڵێك فێركاری و ڕێنمایی فێربكات كە بەندەكانی زانیویانە، ئەوانەی كە نیعمەتیان پێ خەڵاتكراوە.
بێگومان خوا چاكەی كرد لەگەڵ موسوڵمانان كاتێك هانیدان لەڕێگەی ئەم هیوا و ئاواتە فراوانانەوە كە پڕن لە ئەنجامی مەزن. وە ئێمە، ئەگەر چی پێویستمان بە بەڵگەھێنانەوەی زیاتر نیە لەسەر ئەوەی كە دەرگاكانی پێشكەوتن خراونەتە سەرپشت بۆ موسوڵمانان، بەڵام لەم بارەيەوە نائومێدی باڵی كێشاوە بەسەر موسوڵماناندا، بۆیە جارێكی تر ڕوودەكەینە قورئانی پیرۆز و دەگەڕێین بۆ ئەو مانایانەی كە خوا لەڕێگەی فێركردنی ئەم نزایەوە ویستوویەتی بیانخاتەڕوو، وە هەروەها بۆ ئەوەی ڕوونی بكەینەوە ئایا خوای گەورە بەڵێنی داوە ئەم نزایە گیرا بكات یان نا؟
خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿…وَلَوْ أَنَّهُمْ فَعَلُوا مَا يُوعَظُونَ بِهِ لَكَانَ خَيْرًا لَهُمْ وَأَشَدَّ تَثْبِيتًا(*) وَإِذًا لَآتَيْنَاهُمْ مِنْ لَدُنَّا أَجْرًا عَظِيمًا(*) وَلَهَدَيْنَاهُمْ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا(*) وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُوْلَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُوْلَئِكَ رَفِيقًا﴾ (النساء: 67-70).
ئەم ئایەتە ئەو نیعمەتانەی باسكردووە كە خوای گەورە لەچارەی موسوڵمانانی نووسیوە، وە هەمان ئەو وشانەی تێدا دووبارە بووەتەوە كە لە سورەتی “الفاتحة”دا هاتووە واتە ﴿الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (6) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾. لێرەدا قورئان تەفسیری ئەو كۆمەڵە دەكات كە نیعمەتیان پێ خەڵاتكراوە و دیاریكردووە كە بریتین لە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاكان، وە دەفەرموێت موسوڵمانان ئەم نیعمەتانە بەدەستدەھێنن.. واتە ئەم پلە هەرە بەرزە ڕۆحییانە بەدەستدەھێنن. ڕەنگە بوترێت: لێرەدا پیتی (مع) واتای لەگەڵ بوون دەگەیەنێت نەك بەشداربوون، واتە ئەوانەی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكەن لەگەڵ ئەو كۆمەڵانەدا دەبن نەك لەڕيزی ئەواندا بن. بەڵام لاوازی ئەم بۆچوونە لە خودی ئایەتەكەدا ڕوونە؛ چونكە ئەگەر (مع) تەنھا پەیوەست بوايە بە ﴿النَّبِيِّينَ﴾ەوە؛ ئەوا مەبەستی ئایەتەكە ئەوە دەبوو كە هەندێك كەس لەم ئوممەتە شكۆدار دەبوون بە هاوڕێیەتی پێغەمبەران.. بەبێ ئەوەی یەكێك بن لەوان.. لەبەرئەوەی بەڕەھایی دەرگای پێغەمبەرایەتی بەڕووی ئەم ئوممەتەدا داخراوە. بەڵام لێرەدا خوای گەورە پیتی (مع)ی پێش دەستەواژەی ﴿الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ﴾ خستووە. وە ئەگەر مانای (مع) بۆ لەگەڵبوون بوايە بێ ئەوەی یەكێك بێت لەوان؛ ئەوا مانای ئایەتەكە ئەوە دەبوو كە موسوڵمانان هیچ شتێك لەو نیعمەتانە بەدەستناھێنن كە خوا خەڵاتی كردووە. بەڵێ، ئەوان هاوڕێیەتی ئەوانەیان پێ خەڵات دەكرێت كە خاوەنی ئەو چوار پلەیهن [النبيين والصدقين والشهداء والصالحين]، بەڵام بەبێ ئەوەی بەشداری بكەن لەگەڵیاندا لەو پلەوپایانەدا. كەواتە ئایەتەكە وا ڕاڤە دەكرێت كە لەناو موسوڵماناندا كەسێك نیە شایستەی یەكێك لەو نیعمەتانە بێت، ئەگەرچی هەندێكیان هاوڕێی ئەو كەسانە دەبن كە نیعمەتیان پێ خەڵات كراوە لە ئوممەتەكانی تر. قورئان و فەرموودە و ژیری ساغ ئەم مانایە پەسەند ناكات.
لەبەرئەوەى پیتی (مع) پەیوەستە بە هەر چوار كۆمەڵەكەوە واتە: پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاكان، دەی ئەگەر (مع) تەنھا مانای لەگەڵبوون و هاوڕێیەتی بگەیەنێت؛ ئەوا مانای ئایەتەكە بەم شێوەیە دەبێت: موسوڵمانان بەڕەهایی ناتوانن پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنن، بەڵام لەگەڵ پێغەمبەرانی تردا دەبن، وە ناتوانن لە ڕاستگۆیان بن بەڵام هاوڕێی ڕاستگۆیان دەبن، وە ئەستەمە بچنەڕیزی شەهیدەكانەوە بەڵام هاوەڵی شەهیدانی ئوممەتەكانی تر دەبن، وە قەدەغەكراوە لێیان لە پیاوچاكان بن بەڵام هاوڕێی پیاوچاكانی ئوممەتەكانی تر دەبن. ئەم شرۆڤە لاوازە ئەوپەڕی سووكایەتیە بە پلەوپایەی پێغەمبەری هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) و ئوممەتەكەی؛ چونكە ئوممەتەكەی خاڵی دەكاتەوە لە پیاوچاكان چجای پێغەمبەران.
هەندێك كەس دەڵێن پێغەمبەرایەتی بەخششێكە لەلایەن خواوە و ڕەوا نیە نزا بكرێت بۆ بەدەستھێنانی؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە موسوڵمان لەپێناوی پێغەمبەرایەتیدا نزا ناكات، بەڵكو ئوممەتی موسوڵمان دەپاڕێتەوە لە ڕیزی ئەو ئوممەتانەدا بێت كە خوا نیعمەتی ڕژاندووە بەسەریاندا، ئەمە مانای ئایەتەكەیە. پاشان ئەگەر خوا ویستی نیعمەتی پێغەمبەرایەتی خەڵات بكات بە یەكێكیان ئەوا هیچ شتێك فەزڵەكەی ڕەتناكاتەوە ﴿اللَّهُ أَعْلَمُ حَيْثُ يَجْعَلُ رِسَالَتَهُ﴾ (الأنعام: 125). گومانی تێدا نیە پێغەمبەرایەتی بەخششێكی خوایە، بەڵام بۆچی بەتایبەتی بەخشی بە موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) و نەیبەخشی بە ئەبوجەهل بۆ نموونە؟ بەدڵنیاییەوە لە پێغەمبەرە ئازیزەكەماندا كۆمەڵێك لێهاتوویی هەبووە بۆ ئەم نیعمەتە لە قوربانیدان و لەخۆبوردویی لە پێناوی خوادا.
پاشان كەی ئێمە گوتومانە ئەم ئایەتە باوەڕدار فێردەكات داوای نیعمەتی پێغەمبەرایەتی بۆخۆی بكات؛ چونكە ئەم جۆرە نزایانەی كە مرۆڤ تێیاندا پێداگری دەكات لەسەر شتێكی تایبەتی بۆ خۆی.. ناپەسەند و ڕەتكراوەن لە كاروبارەكانی دنیادا چجای لە كاروبارەكانی ئاییندا. وە ئەم جۆرە نزایە وەكو ئەوە وایە ئاسنگەرێك لەخوا بپاڕێتەوە كە بیكات بە ڕاگری كۆلێژی پزیشكی، یان شەلێك بپاڕێتەوە كە ببێت بە پاڵەوانی جیھان لە ڕاكردندا. دیارە ئەم نزايانە نەزۆك و پووچن؛ چونكە نزاكان بەگوێرەی هەلومەرجی ڕۆحی و بەرژەوەندیە ئاسمانیەكان گیرادەبن. بۆیە شیاونیە بۆ باوەڕدار نزا بكات و سووربێت لەسەرئەوەی بەتایبەتی داوای یەكێك لە پلە ڕۆحیەكان بكات بۆ خۆی، ئەگەر نزا بكات كە ببێت بەیەكێك لە ڕاستگۆیان یان شەهیدان یان ئەولیاكان ئەوا نزاكەی لای خوا ناپەسەندە چجای ئەوەی پێداگری بكات لەسەر پێغەمبەرایەتی!
لەبەرئەوە ئایەتەكە بەشێوگی كۆ فێری پاڕانەوەكەمان دەكات و دەفەرموێت: ﴿اهْدِنَا﴾ نەك (اهْدِنِي)؛ چونكە شێوگی كۆ هاندانە بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی. بۆیە خوا لەناو كۆمەڵدا كەسێك هەڵدەبژێرێت كە لەدیدی خۆیدا شیاو بێت بۆ پلەیەكی ڕۆحی.
پاشان نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە ئەم نزایە مەبەست پێی بەدەستھێنانی نیعمەتە، وە پێغەمبەرایەتیش نیعمەت و خەڵاتە، دەی چ كێشەیەكی تێدایە ئەگەر واماندانا ئەم نزایە بۆ دامهزراندنی پێغەمبەرایەتیە لەناو كۆمەڵدا؟ وە قورئان دووپاتی دەكاتەوە بۆمان كە هەموو نیعمەتەكان، لەسەرووی هەموویانەوە پێغەمبەرایەتی، خەڵات دەكرێت بە موسوڵمانان، بۆیە هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە لێیان قەدەغە بكات.
بەڵام ئەوەی كە دەڵێن: چۆن دەكرێت پێغەمبەرێك ڕەوانە بكرێت لەكاتێكدا پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) خاتەمی پێغەمبەرانە؟ وەڵامەكە لەم فەرمایشتەدا هەیە: ﴿وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُولَئِكَ رَفِيقًا﴾، واتە تەنھا ئەو كەسانە شایستەی ئەم نیعمەتانەن كە گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم) دەكەن. ئاشكرایە كەسی گوێڕایەڵ بەم سیفهته كردەوەكەی كردەوەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تێناپەڕێنێت، وە بە شەریعەتێكی نوێوە نایەت جیاواز بێت لە شەریعەتی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ). كەواتە پێغەمبەری شوێنكەوتەی شەریعەتی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ناكرێت دژ و پێچەوانەی (خاتەمی پێغەمبەران) بێت، بەڵكو تەواوكەری ماناكەی دەبێت.
یەكێك لە موفەسسیرە هاوچەرخەكان لە تەفسیرێكی خۆیدا نووسیویەتی و دووپاتی دهكاتهوه كە ئەم نزایە ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ(*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ﴾ ئەگەر مەبەست پێی بەدەستھێنانی پێغەمبەرایەتی بێت؛ ئەوا فێری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكرا پێش ئەوەی وەكو پێغەمبەر ڕەوانە بكرێت، بەڵام بوونی ئەم نزایە لە قورئاندا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دوای بهدهستھێنانی پێغەمبەرایەتی فێری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كراوە، ئەمەش ئەوە ڕەتدەكاتەوە كە نزایەك بێت بۆ بەدەستھێنانی پێغەمبەرایەتی.
ئەم بۆچوونە ئەوپەڕی گەمژەییە و مانای لاوازی بیركردنەوەی خاوهنهكهی دەگەیەنێت؛ چونكە نزای ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ نزایەكی سروشتی و فیتریە، بەڵام وتنی ئەم نزایە لەڕێگەی وشەكانی قورئانەوە بۆ ئەوەیە كە نزایهكی پیرۆزە و بێگەردە لە هەڵە. ئەگینا هەموو توێژەرێك، باوەڕدار بێت بە ئایینێك یان كافر، كاتێك هەست دەكات كە پێویستە بەشوێن ڕاستیدا بگەڕێت بە كۆمەڵێك وشەی هاوشێوەی ئەم وشانە، لەڕووى ماناوه، لهخوا دهپاڕێتهوه و دەڵێت ڕێنموونیمان بكە بۆ ڕێگای ڕاست ڕێگای خۆشەویستانی خۆت. ئایا كەسێك كەمێك ژیری هەبێت گومانی ئەوە دەكات كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پێش ڕەوانەكردنی هیوای نەخواست بێت كە هیدایەت بدرێت بۆسەر ڕێگای ڕاست و ڕێڕەوی خۆشەویستانی خوا بگرێت؟ تەنها بیركردنەوه لەم بابەتە مرۆڤ بەرەو كافربوون دەبات؟ لەڕاستیدا شڵەژان و پەشێوی دڵی موحەممەد (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بووەهۆی كێشكردنی فەزڵی خوایی، وە بە فەرمایشتی ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ گوزارشتی كرد لەم پەشێویە. وە فهرمایشتهكهی قورئان لەم نزایەدا بەوە جیادەكرێتەوە كە فەرمایشتێكی گشتی و تەواو و بەرز و بێگەردە لە هەموو خەوش و ناتەواوییەك. هەروەها هەستی شڵەژان و پەشێوی دەجووڵێنێت لە كەسێكدا كە ئەو هەستەی تێدا مردووە، وە هیوای ئەوە زیندوودەكاتەوە لای خەڵكی كە ئەگەر بەم شێوەیە پاڕانەوە؛ ئەوا پاڕانەوەكانیان نزیكترە لە گیرابوون، بگرە خوا فەرمانیان پێ دهكات بەم نزایە. كەواتە ئەو قسەیەى كە گوایە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دڵی خاڵی بووە له ئازاری نیگەرانی و پەشێوی، وە لە نزایەكی لەم شێوەیە پێش ئەوەی وەك پێغەمبەر ڕەوانە بكرێت سووكایەتیە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵكو بەسووك سەیركردنی ڕێز و شكۆی خوا گەورەیە؛ چونكە پێغەمبەرایەتی سەپاندووە بەسەر پێغەمبەری خوادا بەبێ ئەوەی شایستە بووبێت و تامەزرۆ بووبێت بۆ وەرگرتنی هیدایەت. پەنا بەخوا لەم قسە پڕوپووچانە!
پاشان ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست بێت.. ئەوا كەسێك بۆی هەیە بپرسێت: ئایا موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی كەسێكی ساڵح و خۆشەویست بووە لای خوا و لێی نزیك بووە یان نا؟ ئەگەر پیاوچاك بووە ئەوا هیچ پێویست ناكات من نوێژ بكەم و ڕۆژوو بگرم وەك قورئان فەرمانی پێ كردووە، وە كۆشش بكەم وەك فەرزی كردووە لەسەرم، وە هیچ پاڵنەر و هۆكارێك نیە بۆ پیادەكردنی شەریعەتی قورئان، ئەگەر پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تەقوا و ئەو پەیوەندیە چاكەی بەدەستھێناوە بەبێ هیچ كردەوەیەكی لەم شێوەیە، ئیتر بۆچی من بەردەوام پێویستم بە ئایین و حوكمەكانی هەیە؟ بەڵكو وازمان لێبێنن لە كاروبارە ئایینیەكاندا و بیربكەنەوە لە شتە دنیاییەكان، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بڵێت: پێشتر بەبێ كارێكی مرۆیی مریشك یان هێلكە بەدیھاتووە لەم گەردوونەدا، ئیتر بۆچی ئێمە پێویستمان بەوە هەیە كە بەگوێرەی یاساكانی سروشت پەیدایان بكەین؟
دیارە هیچ كەسێك ئەم قسەیە پەسەند ناكات، خاوەنەكەی بەدرۆ دەخرێتەوە و بە گەمژە وەسف دەكرێت؛ چونكە سوننەتی خوا كاتی نەبوونی تۆو جیاوازە لە سوننەتەكەی دوای پەیدابوونی لە زەویدا، بەهەمان شێوە پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فێركاری و ڕێنماییە ئاسمانیەكان سڕابوونەوە و نەمابوون، بۆیە سروشتە پاكەكەی بەهۆی هەستی خۆشەویستی خواییەوە تووشی نیگەرانی و شڵەژان بوو، خوای گەورەیش ئەو هەست و سۆزە فیتریانەی پەسەند كرد و ڕێزی شایستەی لێ گرتن. بەڵام دوای ئەوەی قورئانی دابەزاند و بۆ هەموو شتێك یاسا و بەرنامەی دانا.. ناكرێت ئەو نیعمەتانە بەدەستبھێنرێن كە ئوممەتانی پێشوو هەیانبووە مەگەر لەڕێگەی شەریعەتی قورئانەوە كە دابەزیوەتەسەر موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)، وە دوای دابەزینی ئەم شەریعەته ئەوەی لێی لابدات و تانە و تەشەر بدات لە حوكمەكانی هەرگیز سەركەوتوو نابێت.
شێوازێكی تر هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم بانگەشەیە: ئایا ئەم پلەی پێغەمبەرایەتیيە تەنھا پلەیەكە لە پلەكان و پێویست بە كردەوە ناكات بۆ بەدەستھێنانی، یان پلەیەكی ئایینی مەزنە و گرنگی و بایەخێكی گەورەی هەیە و ئەوە دەخوازێت كە پێغەمبەر ڕازابێتەوە بە تەقوا و پاكی پێش ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر؟ ئەگەر تەقوا و پاكی پێویستن بۆ پێغەمبەر ئەوا دەپرسین: ئایا بەبۆچوونی ئەوان دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەتەقواتر و نزیكتر بێت لەخواوە لە پێغەمبەر؟ جا ئەگەر ڕاڤەكارە هاوچەرخەكه، ئهوهی پێشتر باسكرا، و هاوشێوەكانی وەڵام بدەنەوە كە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەتەقواتر بێت لە پێغەمبەر.. دەی كەواتە تەنھا گرفتێكی لەفزی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر وەڵامەكەیان ئەوە بوو كە هەرگیز ناكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەتەقواتر بێت لە پێغەمبەر؛ ئەوا ئەو كەسەی كە دەڵێت پێغەمبەرایەتی لە ئوممەتی موحەممەدیدا نیە، نە غەیری تەشریعی و نە شوێنكەوتەی بانگهوازهكهی پێغەمبەر موحەممەد (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بڕیار دەدات كە هیچ یەكێك لەم ئوممەتە ناتوانێت بگاتە پلەیەكی ڕۆحی كە خەڵكی له ئوممەتانی پێشوو پێیگەيشتوون. ئەم بۆچوونەش جەخت دەكاتەوە لە بێبەشبوونی ئوممەتی موحەممەدی لە نیعمەتە ئاسمانیەكان. پەنا بەخوا!
وە موفەسسیری ناوبراو پرسیار دەكات و دەڵێت: هۆكار چیە كە لەماوەی هەزار و چوار سەد ساڵدا لەم بارەيەوە سەرجەم پارانەوەكانی هەموو ئوممەت ڕەتكراوەتەوە؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە گیرابوونی نزا و پاڕانەوە بەندە بە چۆنێتی و چەندێتی نزا و جۆرەكەیەوە، پرسیاركەرەكە دان بەوەدا دەنێت كە ئوممەت دەتوانێت پلەی ڕاستگۆیی (الصدیقیة) بەدەستبھێنێت، ئێمەش بەگوێرەی ئەو شتانهی كە خۆی دانی پێدا ناون لێی دەپرسین: چەند ڕاستگۆ لەم ئوممەتەدا هەبووە؟ ئەگەر وتی: لەم ماوەیەدا جگە لە یەك ڕاستگۆ كە ئەبو بەكرە (رضي الله عنه) ڕاستگۆی تر نەبووە، ئەوا لێی دەپرسین: بۆچی خوا نزای هیچ كەسێكی تری گیرا نەكرد بەدرێژایی ئەم سەدانە؟ ئەگەر وتی: لەگەڵ ئەبوبەكردا ڕاستگۆ هەبووە لەم ئوممەتەدا، ئەوا دەپرسین: ئایا لە عومەر و عوسمان و عەلی (رضي الله عنهم) باشتر بووە یان نا؟ ئەگەر لەوان باشتر نەبووە؛ ئەوا چۆن بووە بە ڕاستگۆ لەكاتێكدا ئەو هاوەڵانە لەپلەی شەهیدی تێپەڕنەبوون و هێشتا ئەو نەگەيشتووەتە پلەكەی ئەوان لەناو شەهیدەكاندا؟
بەكورتی، ئەوەی مانەوەی پێغەمبەرایەتی ڕەتدەكاتەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێت ڕاستگۆیەتیش ڕەتدەكاتەوە كە ئەمەش بۆچوونێكە لە كەمی تێڕامانەوە دروست بووە و لەسەر ڕاستی دانەمەزراوە.
لێرەدا پێمخۆشە حيكمەتێكی تر زیاد بكەم كە ئەوەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سورەتی “الفاتیحة”ی ناوناوە دایكی قورئان و دایكی كتێب. (سنن أبي داود، كتاب الصلاة). بەڕای من ئەم ناوە لەم ئایەتە و ئایەتەكەی پێشوویەوە وەرگیراوە. بێگومان قۆناغی كۆتایی بەندایەتی ئەوەیە كە بەندە داوای ڕێگای ڕاست بكات، ڕێگای ئەوانەی نیعمەتیان بەسەردا ڕژاوە. وە ئەگەر ئەم نزایە بشێت گیرا بێت و دڵی خەڵكی ئۆقرە بگرێت پێی، و بەهۆیەوە بە پەشێوی و نیگەرانیەوە ڕووبكەنە خوا، و بلاڵێنەوە كە بەرەو لەناوچوون و گومڕایی پاڵیان پێوەدەنرێت، وە ئەوان شایستەی ئەوەن كە ڕێگای ڕێنموونیان بۆ بكرێتەوە، ئەگەر هانابردنی ئەوان بۆ خوا یەكیگرت لەگەڵ هانابردنی كەسایەتیە كامڵ و پاكوخاوێنەكە، ئهوهی خوا ڕەوانەی كردووە بۆ ئەو ماوەیە و كردوویەتی بە یەكێك لە پاڵەوانەكانی گۆڕەپانی ئایین، ئەوا كاتی كۆبوونەوەی هەردوو هانابردنەكە ڕەحمەتی ههڵدهقوڵێت و فەزڵەكەی لەشێوەی وەحی و هیدایەت دادهبهزێت. سوننەتی خوا لە پێشوودا وەها بووە هەر بەم شێوەیەش دەمێنێتەوە بۆ هەتاهەتایە. دیارە ئاهـ و نزولەی ستەمباران لە سەردەمی نووح یەكیگرت لەگەڵ لاڵانەوەكانی دڵی پاك و ڕوونی نووحدا (عليه السلام) و كەلامی خوای دابەزاند بۆ سەر نووح، وە هاوار و بانگی ڕۆحە ملكەچ و خۆبەكەمزانەكان لە سەردەمی ئیبراهیمدا (عليه السلام) یەكی گرت لەگەڵ نیگەرانی و خەمی دڵی پاكی ئیبراهیمدا.. بووه هۆی دابەزینی پەڕاوەكانی ئیبراهیم، ئەم سوننەتە لە سەردەمی مووسا و عیساشدا (علیھما السلام) دووبارە بوویەوە، هەروەها ئەمە ڕوویدا پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەری هەڵبژاردە (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ). فەرموودە دروستەكان پێمان ڕادەگەیەنن كە پێغەمبەری خوا خۆی دابڕیبوو بۆ بەندایەتیكردن لە ئەشكەوتی حیڕا، چەندین ڕۆژی یەك لەدوای یەك تێیدا دەمایەوە و لەخوا دەپاڕایەوە. دۆخی پاكترین دڵ بەم شێوەیە بوو كە هەستی بە ناوەڕۆكی ئەو شتە دەكرد كە بیری لێ دەكردەوە، لەو كاتەدا چەندین ئاهـ و ناڵەی شاراوەی خەڵكی دنیا هەبوون كە داوای هیدایەت و ڕێگای ڕاستیان دەكرد. هەموو ئەم ناڵە و پاڕانەوانە یەكیانگرت و فەزڵ و ڕەحمەتی خوای هەژاند هەتا قورئانی دابەزاند. لەڕاستیدا ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ(*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ ئەو هەلومەرجانە دەردەخات كە باڵی كێشابوو بەسەر جیھاندا پێش دابەزینی كەلامی خوایی، بەتایبەتی ئەو هەلومەرجانە كە كاریگەرییان هەبوو لەسەر دڵە پاكە ساغەكان. بێگومان ئەو هەلومەرجانە لاڵانەوە و خشوعیان بەرهەم هێنا لەدڵەكاندا، وە بوونه هۆی دروست بوونی گوڕوتین و گەرموگوڕی فیكری، هەموو ئەم بارودۆخانە بوونە هۆی دابەزینی هیدایەت بۆ ئەو سەردەمە. بۆیە فەرموودەكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەم نزایه بووە هۆكار بۆ دابەزینی قورئان و بۆیە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ناویناوە “دایكی قورئان و دایكی كتێب”؛ چونكە هۆكاری بوونی هەر شتێك وەكو دایكی ئەو شتە وایە.
شایانی باسە پێغەمبەری خوا وەسفی “الفاتحة”ی كردووە بە (قورئانی مەزن)، مەبەست لەم وتەیە ئەوە نیە كە سەرجەم قورئان پایەی لەم سورەتە نزمترە، ئەمە بەئاشكرا وتەیەكى پووچە.. بەڵكو هۆكاری ئەم ناونانە ئەوەیە كە دەكرا موسوڵمانان لێیان تێكبچێت بەهۆی ناوی تری ئەم سورەتەوە (دایكی قورئان و دایكی كتێب) و پێیان وابێت بەشێك نیە لە قورئان.. بۆیە بە “قورئانی مەزنه” وەسفی كردووە، بۆ ئەوەی بۆ هەموانى ڕوونبكاتەوە كە ئەم سورەتە بەشێكە لە قورئان. دیارە عەرەب ناوی گشتیان بە بەش گوتووە بۆ نموونە دەڵێن: فڵانە كەس قورئان دەخوێنێتەوە، دیارە مەبەستیان ئەوە نیە كە هەموو قورئان دەخوێنێتەوە، بەڵكو مەبەستیان بەشێكە لە قورئان.
وە یەكێك لە حيكمەتە ڕۆحیەكان كە پێویستە بێئاگا نەبین لێی حيكمەتێكی تایبەتە بە ناوەكانی ئەم سورەتەوە، مەبەستم ناوەكانی: دایكی قورئان و دایكی كتێب و قورئانی مەزنە.. پێغەمبەری خوا “الفاتحة”ی بە دایك لەقەڵەمداوە.. واتە هۆكار بووە بۆ دابەزینی قورئان، لەهەمان كاتدا بە “مناڵ”ی لەقەڵمداوە واتە خودی قورئان، كەواتە بنچینە و لق لە شتێكدا كۆبوونەتەوە. هەروەها الفاتحة دایكە چونكە نزای ناوبراو تێیدا بووەتە هۆی دابەزینی قورئان، وە قورئانی مەزنیشە؛ چونكە بەشێكە لێی. وە مرۆڤيش ملكەچە بۆ ئەم یاسا ڕۆحیە كە بەكۆمەڵێك وشەی تەشبیهی گوزارشتی لێ كراوە وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا لِلَّذِينَ آمَنُوا اِمْرَأَةَ فِرْعَوْنَ.. وَمَرْيَمَ ابْنَتَ عِمْرَانَ الَّتِي أَحْصَنَتْ فَرْجَهَا فَنَفَخْنَا فِيهِ مِنْ رُوحِنَا وَصَدَّقَتْ بِكَلِمَاتِ رَبِّهَا وَكُتُبِهِ وَكَانَتْ مِنَ الْقَانِتِينَ﴾ (التحریم: 12_13).. واتە ئەوانەی بە سیفەتەكانی مەریەم خۆیان ڕازاندووەتەوە پێشدەكەون هەتا كەلامی خوایان پێ دەگات و دەبن بەهاوشێوەی مەسیح.
پوختەی قسە، ناونانی ئەم سورەتە بە دایكی قورئان و دایكی كتێب و قورئانی مەزن بەشێوەیەكی ورد كۆمەڵێك زاراوەی ئیسلامی تەفسیر دەكەن، وە ڕاستی ئەوە ڕوون دەكەنەوە، بۆ ئەوانەی گومان دەكەن، كە بۆچی پیاوێك لەم ئوممەتە بە مەریەم و عیسا ناوبراوە (كە بریتیە لە مەسیح و مەهدی چاوەڕوانكراو –صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ-) چونكە ئەگەر بكرێت بەگوێرەی وتەی پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سورەتێك دایكی قورئان و خودی قورئانیش بێت؛ ئەوا قورس و گران نیە كە پیاوێكی باوەڕداری ڕاستەقینە بە مەریەم و عیسا بناسرێت؛ چونكە دۆخە مەریەمیەكەی دەپاڕێتەوە بۆ دەركەوتنی دۆخە مەسیحیەكەی لەبەرئەوە ناونراوە “مەریەم” دایكی عیسا، وەك چۆن الفاتحة ناونراوە دایكی قورئان؛ چونكە داخوازی هیدایەتی كردووە لە ڕێگەی نزای ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ەوە، بەهەمان شێوە كاتێك نزای ئەم پیاوە گیرا كرا و پێداگریەكەی وەڵامدرایەوە ڕۆحێكی عیسایی پێ خەڵات كرا و ناونرا عیسا. بەم شێوەیە وەكو نزای ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ كە بووە هۆی دابەزینی قورئان و بوو بەدایك، پاشان بوو بە بەشێك لێی و ههروهها بووبه قورئانێكی مەزن.
وانەیەك هەیە پێویستە فێری بین هەروەك چۆن هاوەڵان فێری بوون لەم ئایەتەوە ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ(*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ ئەویش ئەوەیە كە هەموو كۆمەڵێك ئامانجێكیان هەیە هەوڵی بۆ دەدەن و لەپێناویدا خۆیان ماندوو دەكەن، بەهەمان شێوە خوای گەورە ئامانجێكی داناوە بۆ ئەم گەردوونە، ئەو ئوممەتەی ئامانجەكەی گەردوون دەھێنێتەدی شایستەترین ئوممەتە كە ئامانجی ئەم دنیایە بێت. ئادەم (عليه السلام) هات كۆمەڵێك بیروباوەڕ و ڕێنمایی فێری خەڵكی كرد كە گونجاو بوون بۆ ئەو سەردەمە. خەڵكی بەشێوەیەكی بەرچاو پێشكەوتن لەبەر ڕۆشنایی ئەم فێركاری و ڕێنماییانەدا، بیروهۆشیان تا ئاستێكی زۆر كەوتە سەرووی بیروهۆشی مرۆڤە سەرەتاییەكانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مرۆڤ نەگەيشتە ئەو لوتكەیەی كە لەچارەی نووسراوە پێی بگات، بۆیە هیوا و ئاواتەكان بەردەوام لەبەرەوپێشچووندا بوون هەتا نووح ڕەوانەكراو گەیاندنیە قۆناغێكی باڵاتر، لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ لە سەردەمی نووحدا لە هەموو لایەنێكی ڕۆحی و ئەخلاقی و عەقڵیەوە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئەو مەبەستە نەهاتەدی كە لەپێناویدا دروستكرابوو، بۆیە بەدوای نووحدا پێغەمبەرێكی تر هات و بەدوای ئەویشدا یەكێكی تر و ئەم زنجیرەیە بەردەوام بوو هەتا دەركەوتنی بوونی كامڵ و بێكەموكوڕی لە كەسایەتی موحەممەددا (صلى الله عليه وسلم)، لە ڕێگەی بوونی ئەوەوە هەموو ئهو ڕازانە ئاشكرابوون كە پێشتر شاراوە و نهێنی بوون، هەموو ئەو شتانەی ڕوون كردەوە كە پەیوەندیان بە پێشكەوتنی ڕۆحی و پێگەيشتنی عەقڵی و بڵندبوونەوەی ئەخلاقیەوە هەبوو، واتە لەڕووی زانستیەوە ئایینی گەیاندە چڵەپۆپە، بۆیە خوای گەورە لە زوبانی ئەوەوە ڕایدەگەیەنێت: ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي﴾ (المائدة: 4).
بەڵام ئامانج و مەبەستی ئەم فێركاریە كامڵە هەرگیز نایەتەدی ئەگەر مرۆڤ كاری پێ نەكات و بەتوندی دەستی پێوەنەگرێت. پاشان بۆ ئەوەی پەیامی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەتەواوەتی سەركەوتوو بێت، خوای گەورە موسوڵمانانی فێركردووە كە بپاڕێنەوە و بڵێن: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ(*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ واتە ئامانجەكەتان بریتیە له پایەی ستایشكراو (المقام المحمود) كە لەپێناویدا گەشتی دنیا دەستی پێكردووە و پێغەمبەران بە ئوممەتەكانیانەوە پێشڕەوی ئهم گهشتهیان كردووە و پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پێشڕەویكردنی كۆتا قۆناغی ئەم گەشتەی پێ سپێردراوە. كەواتە مانای ﴿صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ ئەوەیە كە پەروەردگارا چاكە و بەخششەكانی ئوممەتی ئادەم ببەخشە پێمان، پاشان بیرو هۆشمان بگەیەنە ئاستی بیروهۆشی ئوممەتی نووح، پاشان بڵندمان بكەرەوە بۆ ئاستی ئوممەتی ئیبراھیم، پاشان نیعمەت و چاكەكانی گەلی مووسا خەڵات بكە پێمان، پاشان پشكی خۆمان پێ بدە لە بۆن و بەرامەی عیسا، ئەی پەروەردگاری هەموومان لە قۆناغێكەوە پێشمان بخە بۆ قۆناغێكی تر، وە بڵندمان بكەرەوە بۆ نموونەی هەرەباڵای موحەممەد (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ).. بۆ ئەوەی پەیامەكەی سەركەوتوو بێت و ئامانجەكەی بێتەدی، وه ناوەندی مەزنی خۆی له پایەی ستایشكراو (المقام المحمود) بەدەستبهێنێت كە بەڵێنت پێداوە.
كەواتە مەبەست لە ﴿صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ كۆتا قۆناغی بلیمەتی و زرنگی مرۆڤە کە كاروانی مرۆڤایەتی پێشبڕكێی بۆ کردووە، بەڕابەرایەتی پێغەمبەران لە سەردەم و قۆناغە زۆر و جیاوازەكاندا، پێشبڕكێی بۆ كردووە، وە قۆناغی كۆتایی لەم كاروانە سپێردراوە بە پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)، واتە ئوممەتی پێغەمبەری هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) لەڕێگەی ئەم نزایەوە داوا دەكەن كە (پەروەردگار ئایینەكەت تهواوكرد و نیعمەتت بۆ پێغەمبەرەكەت (صلى الله عليه وسلم) گەیاندە چڵەپۆپه، دەی ئێستا داوای یارمەتی و توانات لێ دەكەین بۆ ئەوەی ئەم ئایینە پراكتیك بكەین بە كردەوەكانمان و توانا مەزنە شاراوەكان لەناوماندا دەربكەوێت كە لەسەر دەستی پێغەمبەراندا دەركەوتوون، كە بریتین لە مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم گەردوونە، پەروەردگارا لەپێناوی ئەم ئامانجە مەزنەدا سەركەوتوومان بكە، وە یارمەتیمان بدە بەشێوازێكی گشتگیر قۆناغەكانی مەعریفە ببڕین كە هەنگاو بەهەنگاو هەموو ئوممەتێك بڕیویەتی، تاكو ئامانجی داواكراو لە دروستبوونی مرۆڤ لەسەر دەستی ئوممەتی موحەممەدیدا بێتەدی. بێگومان هاوەڵان (رضي الله عنهم) بەتوندی دەستیان گرتبوو بەم مەبەستەوە، وە لەكەسایەتی خۆیاندا ڕەوشتی هەموو ئوممەتەكانیان كۆكردبووەوە، نموونەیەكى هەرەباڵا و نەمریان پێشكەشی جیھان كرد. ئەمڕۆ ئەگەر كۆمەڵەكەمان ئەم ئامانجە لەپێش چاوی خۆی دابنێت؛ ئەوا نزیكە ئەو ساتە پیرۆزە بێتەدی كە تێیدا پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) شكۆدار دەبێت بە مەقامی مەحموود، وە تێیدا دنیا هێور دەبێتەوە لە شڵەژانە ئاڵۆزەكەی.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ﴾ هەركەسێك لەڕێگەی تاوان و سەرپێچیەوە خەشم و قینی خوا بجووڵێنێت دەچێتە ڕیزی غەزەبلێگیراوانەوە، هەروەها ئەوەی وێڵ بێت لە خۆشەویستی غەیری خوادا و خوای گەورە لەبیربكات، یەكێكە لە گومڕایان. بێگومان پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) مانای ئەم دوو كۆمەڵەيەی دیاریكردووە لە فەرموودەیەكدا كە عەدی كوڕی حاتيم ڕیوایەتی كردووە و دەڵێت: (الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ كێن؟، فەرمووی: جوولەكە. گوتم ئەی: الضَّالِّينَ؟ فەرمووی: گاورەكان). (مسند ابن حنبل، ج4) وە الترمذي ئەم فەرموودەیەی گواستووەتەوە بەم ڕیوایەتە و دەڵێت: فەرموودەیەكی حەسەنی غەریبە. وە ئیبن مەڕدەوەیهى لە ئەبو زەڕی غيفاریەوە ڕیوایەتی كردووە، دەڵێت: پرسیم لە پێغەمبەری خوا (صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كە ﴿الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ﴾، ئەوانهی بەرتووڕەیی كەوتوون كێن، فەرمووی: جوولەكە. گوتم ئەی: ﴿الضَّالِّينَ﴾، گومڕایان؟ فەرمووی: گاورەكان. لەزۆرێك لە هاوەڵانەوە ئەم مانایە ساغبووتەوە وەكو ئیبن عەبباس و ئیبن مەسعوود تەنانەت ئیبن ئەبى حاتيم دەڵێت: (وانازانم ڕاجیاییەك لەمەدا هەبێت لەناو موفەسسیرەكاندا). (تفسیر ابن كثیر).
هەروەها دەتوانین ئەم مانایە لە قورئانیشیەوە وەربگرین، ئەوەتا تێیدا دەربارەی جوولەكە هاتووە: ﴿فَبَاءُوا بِغَضَبٍ عَلَى غَضَبٍ﴾ (البقرة: 91). وە دەرەبارەی گاورەكانیش تێیدا هاتووە: ﴿الَّذِينَ ضَلَّ سَعْيُهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا﴾ (الكھف: 105). وە دوای ئەوەی باسی ئەوانەیان دەكات كە مەسیح و دایكیان كردووە بەپەرستراو دەربارەیان دەفەرموێت: ﴿قُلْ يَاأَهْلَ الْكِتَابِ لَا تَغْلُوا فِي دِينِكُمْ غَيْرَ الْحَقِّ وَلَا تَتَّبِعُوا أَهْوَاءَ قَوْمٍ قَدْ ضَلُّوا مِنْ قَبْلُ وَأَضَلُّوا كَثِيرًا وَضَلُّوا عَنْ سَوَاءِ السَّبِيلِ﴾ (المائدة: 78). لێرەدا خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت كە هەموو گاورەكان موشریك نەبوون، بەڵكو هەندێكیان باوەڕدار بوون و هەندێكیان موشریك بوون، موشریكەكانیان گومڕا و گومڕاكەریش بوون بەهۆی ئەوەی سەرجەم گاورەكانیان بانگەواز كرد ئەوانيش بانگەوازەكەیان قەبوڵ كردن و تەوحیدیان بە شیرك گۆڕیهوه. بەكورتی: قورئانی پیرۆز و فەرموودە دروستەكان بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە مەبەست لە (المغضوب علیھم) و (الضالین) جوولەكە و گاورەكانن.
دەستەواژەكە (بَدَل)ە بۆ “الذین” یان بۆ ڕاناوەكە لە ﴿أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ ماناكەی ئەوەیە: پەروەردگارا هیدایەتمان بدە بۆسەر ڕێگای ڕاست، ڕێگای ئەوانەی كە نیعمەتیان بەسەردا ڕژاوە، نەك ڕێگای ئەوانەی كە نیعمەتت ڕژاند بەسەریاندا پاشان پاشگەزبوونەوە و چوونە ڕیزی ئەوانەی كە غەزەبت لێ گرتن، وە ڕێگای ئەوانەش نا كە زیادەڕەوییان كرد لە خۆشویستنی غەیری تۆدا و گومڕا بوون. دیارە لەمەدا پەند و هۆشداری زۆری تێدایە بۆ باوەڕدار. بۆیە با ئەویش لەیادی بێت كە پێویستە لەسەری دڵی ئۆقرە نەگرێت هەتا نەگاتە ئاستێك كە بێوەی دهبێت لە گومڕایی. وە با بێوچان تێبكۆشێت بۆ ئەوەی پێی نەخلیسكێت، پاش جێگیربوونی، بەهۆی كەمترین بێئاگاییەوە، ئینجا گلۆربێتەوه بۆ لەناوچوون و گومڕایی.
لەم ئایەتەدا پێشبینیەكی مەزن هەیە كە دەكرێت پیاوی ژیر هانبدات بۆ ئەوەی باوەڕی خۆی بەرەوزیادبوون ببات. دیارە لەكاتی دابەزینی ئەم سورەتەدا پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بيری لەسەر جوولەكە و گاورەكان نەبووە، بەڵكو لەو كاتەدا كافرەكانی مەككە دژی وەستابوون، ژمارەی جوولەكە و گاورەكان لە مەككەدا زۆر كەم بوون، وە هیچ دەسەڵاتێكیان نەبوو لە حكومەتی موشریكەكانی مەككەدا. كاتێك ئەم نزایە هات: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾ دەستەواژەی (غیر المشركین)ی تێدا نەهات، بەڵكو ﴿غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ﴾ی تێدا هات، واتە جوولەكە و گاورەكان.. ئەمە چۆن بووە؟
وەڵامەكە ئەوەیە خوای گەورە بەمە هێمای كردووە بۆ ئەوەی كە ئایینی موشریكەكان دەسڕێتەوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، بۆیە پێویستتان بەوە نیە كە داوای ئەوە بكەن دووربن لە ڕێچكەی موشریكەكان. بەڵام جوولەكە و گاورەكان دەمێننەوە… بۆیە پێویستە موسوڵمانان بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی دووربن لە ڕێچكەی ئەوان. بۆیە خوای گەورە موسوڵمانان وریادەكاتەوە و فەرمانیان پێ دەكات بیربكەنەوە لە هەموو ئەگەرێك؛ چونكە دەكرێت ئاژاوەی جوولەكە لەناكاو بێت بۆیان لە ئاراستەیەکەوە كە حسابیان بۆی نەکرد بێت. پاشان ڕەنگە موسوڵمانان خۆیان وەكو جوولەكەیان لێبێت بەهۆی نكوڵی كردنیان لە ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو وەك چۆن جوولەكە نكوڵییان كرد لە مەسیح. وە ئەم دۆخە كاتێك ڕوودەدات كە ئاژاوەی مەسیحیەتی گومڕا بەتەواوەتی پەرەیسەندووە. واتە بێبەش دەبن لە یارمەتی و سەركەوتنی خوایی بەهۆی لێكچوونیان بە جوولەكە، پاشان مەسیحیەتی گومڕا پەلاماریان دەدات ئەمەك و وەفا لەناو ڕۆڵەكانیاندا ناهێڵێت. ئایا ئەم ئایەتە پێشبینیەكی مەزن نیە؟ ئایا موسوڵمانان ناتوانن سوودی لێ وەربگرن و ڕزگاربن لەم دوو ئاژاوەیە؟
كاتی سەرەنجدان بۆمان دەردەكەوێت كە خوا حيكمەتێكی وردی خستووەتەناو ئەم سورەتەوە. سیفەتەكانی خوا و شێوگی نزاكە بەتەواوەتی گونجاون بەیەكەوە:
سیفەتی ﴿الْحَمْدُ لِلَّـهِ﴾ لەبەرامبەریدا ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ﴾ هەیە لە نزاكەدا، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كاتێك مرۆڤ هەست دەكات خوا كۆكەرەوەی هەموو جۆرەكانی سوپاس و ستایشە.. فیترەت پاڵی پێوەدەنێت كە بڵێت (بەندایەتی تەنھا بۆ تۆ دەكەین).
وە سیفەتی ﴿رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ بەرامبەرەكەی لە نزاكەدا بریتیە لە ﴿وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾؛ چونكە كاتێك مرۆڤ دەبینێت خوا خالقی هەموو گەردیلەیەكی زەوی و ئاسمانەكان و پەروەردگارێكی چاكەكارە.. پەنای بۆ دەبات و دەڵێت: (داوای یارمەتی هەر لەتۆ دەكەین). وە سیفەتی ﴿الرَّحْمَنِ﴾ بەرامبەرەكەی لە نزاكەدا بریتیە لە ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾؛ چونكە كاتێك مرۆڤ هەست دەكات بەبێ بەرامبەر هەموو پێویستیەكانی پێ خەڵات كراوە، هاوار دەكات و دەڵێت: پەروەردگارا گرنگترین پێویستی من ئەوەیە كە پەیوەندیت پێوە بكەم و لێت نزیك ببمەوە، دەسا ڕێنموونیم بكە بۆ ڕێگای ڕاست.
وە سیفەتی ﴿الرَّحِيمِ﴾ بەرامبەرەكەی لە نزاكەدا بریتیە لە ﴿صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ وە ﴿الرَّحِيمِ﴾ سیفەتی زاتێكە كە ڕێزی شایستە دەگرێت لە كردەوەكانی مرۆڤ. واتە بەندە داوا لە خوای گەورە دەكات كە كردەوەكانی ببنەهۆی بەدەستھێنانی ئەو نیعمەتانەی كه خوا خەڵاتی كردوون بە بەندە هەڵبژێردراوەكانی خۆی، بۆیە سیفەتی ﴿الرَّحِيمِ﴾ ئەوە دەخوازێت كە كردەوەی كەس بەفیڕۆنەچێت.
پاشان دەستەواژەی ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ﴾ بەرامبەرەكەی لە نزاكەدا ﴿غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ﴾ە؛ چونكە كاتێك بەندە دڵنیا دەبێت خوا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكات، هەست بەترس دەكات لە خەسارەتمەندبوونی داهاتوو، وە دەپاڕێتەوە كە یەكێك نەبێت لەوانەی غەزەبیان لێ گیراوە یان گومڕابوون.. بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە خەشم و قینی خوا.
ئەگەر وردبووینەوە لە ئایەتەكانی ئەم سورەتە پیرۆزە، وە سەرنجماندا لە ڕیزبەندیەكەی، بەجوانی دەبینین كە كۆمەڵێك فێركاری و ڕێنمایی تێدایە كە تایبەتن بە بڵندبوونەوەی پلەبەپلە بۆ قۆناغەكانی نزیكبوونەوە لەخوا. بێگومان بەندایەتی كردن بۆ خوا یان لەبەر خۆشویستنی خوایه یان بەهۆی ترسەوەيە لێی.. خوای گەورە بهم شێوهیه مرۆڤ ئاراستەدەكات بۆ هەردوو لایەنەكەی سیفەتەكانی. ئەوانەی خوویان گرتووە بەوەی سوپاسی خوا بكهن لەسەر نیعمەتەكانی لەبەر ئەم خۆشەویستی و ئەم چاكەیە بەندایەتی بۆ دەكەن، بەشێك لە خەڵكی گوێنادەن بە نیعمەتەكان، بەڵام ترس لە سزادان وەهایان لێدەكات كە گوێڕایەڵی خوا بن و بەندایەتی بۆ بكەن. جا دانا پێویستە سەرەتا لە ڕێگەی نیعمەتەكانەوە هان بدات، ئینجا ئەگەر ئەمە سوودی نەبوو پێویستە لەسەری ڕێگەی ترساندن بە غەزەبلێگرتن بەكاربھێنێت. خوای گەورەیش، لە هەموو كەس داناترە.. ئەم شێوازەی هەڵبژاردووە لەم سورەتەدا، بۆیە سەرەتا ئەو سیفەتانەی باسكردووە كە دڵ پڕدەكەن لە خۆشەویستی خوای گەورە.. ناوی خۆی (الله)ى باسكردووە.. ماناكەی ئەوەیە كە كۆكەرەوەی هەموو سوپاس و ستایشێكە، پاك و بێگەردە لە هەموو خەوش و ناتەواویەك، بەدیھێنەر و ڕۆزیدەری هەموو شتێكە، پەروەردگاریەكەی باوەڕدار و كافر دەگرێتەوە، ئەو زاتەیە كە كۆمەڵێك پێشەكی و ئامرازی وردی ئامادەكردووە بۆ ژیانمان كە ناتوانین پەی بە ناوەڕۆكەكانیان بەرین، وە ئەگەر كارێك ئەنجام بدهین پڕ بەپێستی خۆی پاداشتمان دەداتەوە لەسەری. جا ئەوانەی ڕاهاتوون لهسهر گوێڕایەڵی و ملكەچی بەهۆی بەخشش و لێبوردنەوە، كاتێك بیردەكەنەوە لەم سیفەتانە بەوتنی ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ﴾ ڕوودەكەنە خوای گەورە. بەڵام ئەوانەی كاریگەری خۆشەویستی و چاكەیان تاقینەكردووەتەوە و تەنھا زهبر و زەنگ كاریان لێ دەكات، كاتێك بیردەكەنەوە لە سیفەتی ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ﴾ و ڕۆژی لێپرسینەوە لەبەرامبەری خۆیاندا دەبینن، ئەو ڕۆژەی كە لەسەر نیعمەتەكان لێپرسینەوەیەكی قورسیان لەگەڵدا دەكرێت، لەو كاتەدا بەهۆی ترسان لەو لێپرسینەوەیە مل كەچ دەكەن بۆ خوا، وە خێرا دەڵێن: ﴿إِيَّاكَ نَعْبُدُ﴾.
دوای ئەوە كاتێك هەست بە لاوازی و داماوی خۆی دەكات، وە كاتێك توێژینەوە لەم ئایەتانە دەكات و بیر لە گەورەیی و دەسەڵاتی خوا دەكاتەوە، بەملكەچی دەپاڕێتەوە و ﴿وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ﴾ی بۆ زیاد دەكات.. واتە بێگومان من گوێڕایەڵی تۆ دەكەم و بەندایەتیت بۆ دەكەم، بەڵام ناتوانم وەكو پێویست ئەركی ئەو بەندایەتیە جێبەجێ بكەم كە لە ئەستۆمدایە.. لەبەرئەوە من داوای هاوكاریت لێ دەكەم بۆ ئەم كارە، دەی تۆیش یارمەتیم بدە كە وەكو پێویست هەستم بە ئەنجامدانی ئەركی گوێڕایەڵی. جا ئەگەر خۆشەویستی مرۆڤی گەیاندە ئەم ئاستە لە تينى هەستكردن بە گەورەیی و دەسەڵاتی خوا، لەو كاتەدا سستی نانوێنێت و خاوەخاو ناكات و دەڵێت: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ﴾. ئەمەش مانای چڵەپۆپەی خۆشەویستی دەگەیەنێت؛ چونكە بەندەكە دەڵێت: پەروەردگارا لەڕێگەی ئەم سیفەتە جوانانەوە تۆم ناسی، بۆيە ئێستا ناتوانم لەتۆ دووربم، دەی ڕێنموونیم بكە بۆ كورتترین ڕێگای ڕاست كە بەهیچ لایەكدا لاینەدابێت.
پاشان دەڵێت: ﴿صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ (ڕێگای ئەوانەی نیعمەتت ڕژاندووە بەسەریاندا)؛ چونكە ئەوانەی شكۆداربوون بە نزیكبوونەوە لەخوا پلەكانیان جیاوازە بەگوێرەی كردەوەكانیان، هەندێكیان لە خەڵكانی ئاسایین، وە هەندێكیان لە خەڵكانی تایبەتین، لەبەرئەوە بەندەكە دەڵێت: (ڕێگای ئەوانەی نیعمەتت ڕژاندووە بەسەریاندا).. واتە بمخەرە ڕیزی ئەو كەسە تایبەتانەوە كە نیعمەتیان پێ خەڵات كراوە. پێمخۆش نیە لەناو بەندە ئاساییەكانتدا دوابكەوم، بەڵكو دەمەوێت تۆم خۆشبوێت و هەروەها ببم بە كەسێكی خۆشەویست لای تۆ. هەروەك چۆن من تامەزۆرم بۆ دیدارت بەهەمان شێوە پێمخۆشە تۆیش تامەزرۆ بیت بۆ دیداری من؛ چونكە ئەوانەی نیعمەتیان پێ خەڵات كراوە كۆمەڵێكی خۆشەویستن.
بەم شێوەیە بەندە دەگاتە پلەی پەیوەندی و بەیەكگەيشتنی تەواوەتی، لەو كاتەدا ئەو پەردانە نامێنن كە بەندە و پەروەردگاری لەیەك جیادەكەنەوە، وە نزیكبوونەوەى تەواوەتی بۆ دەلوێت بههۆی بەیەك گەيشتنی خۆشەویست و خۆشویستراو، وە بەندە هیوا دەخوازێت كە ئەم پەیوەندیە بەردەوام بێت و هەرگیز نەپچڕێت. لەبەرئەوە خوای گەورە فێری دەكات بپاڕێتەوە بۆ مانەوەی ئەم پەیوەندیە پاكە، وە داوای فەزڵ و چاكەى خوا و یارمەتیەكەی بكات بۆ پتەوكردنی ئەم پەیوەندیە پیرۆزە.
بە دوو شێوە ئەم پەیوەندیە دەپچڕێت: یان ئەوهتا خۆشویستراو تووڕە بێت و ئەویندارەكە دەربكات لەلای خۆی، یان ئەویندارەكە ڕێگای ڕاست ون بكات و دووربكەوێتەوە لە خۆشەویستەكەی. لەبەرئەوە خوای گەورە بەندەكە فێردەكات كە بڵێت: ﴿غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ﴾، واتە نامەوێت هەڵە بكەم و تۆ دەرمبكەیت لە بەهەشتەكەی خۆت یان گومڕابم بەهۆی ڕۆچوون لە خۆشویستنی غەیری تۆدا پاش ئەوەی ڕێنموونیت كردووم بۆ ڕێگای ڕاست.
ئەم نزایە نزایەكی گتشگیر و تەواوە كە خوای گەورە فێری مرۆڤی كردووە وەك ڕەحمەت و چاكەیەك بەرامبەریان. نزایەكە هیچ ئایینێك لە ئایینەكان ناتوانێت هاوشێوەکەی بھێنێت. ئایا نابینن چۆن بەوردی فیترەتی مرۆڤ شرۆڤەکراوە، وە چۆن هەموو تیۆریە زیادەڕەوە جۆراوجۆرەكان چارەسەركراوە لەم سورەتە كورتەدا. دەی با كەسانی ژیر تێبگەن كە ئەمڕۆ ڕزگاربوون تەنھا لە ئیسلامدا هەیە، وە چارەسەری نەخۆشیە ڕۆحیەكان تەنھا بە قورئان دەكرێت.
آمین: واتە خوایە نزاكەمان گیرا بكە. لە فەرموودەی دروستدا هاتووە كە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) كاتێك لێدەبووەوە لە خوێندنەوەی سورەتی الفاتحة دەیفەرموو: آمین. ئەمەش كردەوەیەكی نەپچڕاوە و لە هاوەڵەكانەوە ساغبووتەوە و لەمەدا شوێن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەوتوون.