بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

زنجیرەی مەسیح ناسی

(بەشی یەکەم) نبوئەتەکان دەربارەی هاتنى مەسیح لە نەوەی ئیسڕائیلی دا

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

خوای گەورە دەربارەی باس و خواسی پێغەمبەران ئەفەرموێت: ﴿لَقَدْ كَانَ فِي قَصَصِهِمْ عِبْرَةٌ لِأُولِي الْأَلْبَابِ…﴾ (يوسف)

واته: “به‌ڕاستی له‌ سه‌رگوزه‌شته‌و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران په‌ندو ئامۆژگاری هه‌یه‌ بۆ که‌سانی ژیرو هۆشمه‌ند”.

بەگشتى چیرۆکی پێغەمبەران دوو وانەی گەورەى تێدایە؛

یەکەم: گێرانەوەی مێژووی پێغەمبەران وەکو خۆی و بە دەرخستنی گەورەیی پێغەمبەران.

دووەم: ئەو چیرۆكانەی کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە لە داهاتوودا هاوشێوەی ئەوانە ڕوو دەدەنەوە.

بەنی ئیسڕائیل چاوەڕێی هاتنی مەسیح بوون:

گومانی تێدا نیە نەوەی ئیسڕائیل هەتا هاتنی عيسا (عليه السلام) چاوەڕێی دەرکەوتنی سێ کەسايەتیان دەکرد؛ ئەوانیش بريتی بوون لە:

1. دابەزينی پێغەمبەر ئيلييا [ئەلیاس] لە ئاسمانەوە.

2. هاتنی مەسیحى چاوەڕوانکراوی ئیسڕائیلی.

3. هاتنی پێغەمبەرێكى (هاوشێوەی مووسا عليه السلام).

جوولەکەکان کە چاوەڕێ بوون “ئیلییا” لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە، ئینجا مەسیحێکی ڕزگارکەر بێت؛ ئا لەو کاتەدا عیسای کوڕی مەریەم هات و وتی: من ئەو مەسیحەم کە ئێوە چاوەڕێی دەکەن. جوولەکەکانیش وتیان: باشە ئەگەر تۆ ئەو مەسیحەی! ئەی بۆچی “ئیلییا” لە ئاسمانەوە نەهاتۆتە خوارەوە؟!! عیسا پێی فەرموون: هیچ کەس لە ئاسمان نایاتە خوارەوە، بەڵکو مەبەست لە هاتنە خوارەوەی “ئیلیا” هاتنی یەحیایە، واتە: یۆحەننای خەڵك لە ئاوهەڵکێش.

بەمە جوولەکەکان زۆر تووڕە بوون و وتیان ئەم عیسایە تەحریفی دەقی پیرۆزی کردووە و دەبێت لە خاچ بدرێت بۆ ئەوەی مەلعون بێت (پەنا بە خوا)

لە ئینجیلی مەتتا دا هاتووە، مەسیح فەرمووی: “شەريعەت و هەموو پێغەمبەران، تاهاتنی يەحیا پێشبینیان کردووە. 14 ئەگەر بڕوا دەکەن، ئەم “يەحیا”يە ئەو “ئەلیاس”ەيە کە چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکرێت. 15 ئەوەی گوێی هەيا بۆ گوێ گرتن با گوێ بگرێ!“. (مەتتا 11 : 13-15)

ئەگەر ئێستا لە خۆمان بپرسین ئايا ئەگەر ئێمە بووينايە بەو وەڵامەی مەسیح قايل دەبووين لە کاتێکدا ئەلیاس دانەبەزيوە!! کەچی عیسا بانگەشەی مەسیح بوون ئەکات!! ياخود ئێمەش پاڵپشتی ئەو زانايانەى جوولەكەمان دەکرد کە مەسیحیان کافر کرد و داوايان لە دەسەڵاتداران کرد لە خاچ بدرێت!! ئەی لە خۆمان بپرسین: ئايا ئەمان توانی قبوڵی تەئويلەکەی بکەين کاتێك هەموو چاوەڕوانی دابەزينی پێغەمبەرێکن لە ئاسمانەوە بەڵام عیسا فەرمووی: مەبەست لە دابەزينی ئەو پێغەمبەرە هاتنی يەحیايە؟!!!

باشە، ئەگەر ئەمڕۆ هاوشێوەی ئەم چیرۆکە دووبارە ببێتەوە، واتە: ئەگەر ئێستا کەسێك بێت بڵێت: من ئەو مەسیحەم کە چاوەڕێ دەکەن لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە؟؟ ئایا خەڵکی باوەڕ دەکەن؟؟؟

(بەشی دووەم) لەدایكبوونی مەسیح بە بێ باوك

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

قوڕئانی پیرۆز فەرمانمان پێ دەکات کە هەر کەسەو بەناوی باوکییەوە بانگ بکەین، تەنانەت ئەو کەسانەی کە لە ڕابردوودا کرا بوون بە (تَبَنّي)، واتە کەسێك ڕۆڵەی کەسێكی تر بەخێو بکات؛ ئەوا نابێت ناوی باوکی کەسە بەخێوکراوەکە بگۆڕن. ئەوەتا قوڕئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِنْدَ اللهِ…﴾، واتە: “ئه‌و کوڕانه‌ به‌ناوی باوکی خۆیانه‌وه ‌ناویان به‌رن و بانگیان بکه‌ن، ئه‌وه ‌په‌سه‌نده ‌لای خوا” (تەفسیری ئاسان)

بەڵام کاتێك باسی عیسا دێتە پێشەوە؛ خوای گەورە بەردەوام بە عیسای کوڕی مەریەم ﴿عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ﴾ باسی دەکات؛ بۆیە ئەگەر عیسا باوکی هەبوایە ئەوا بێگومان قوڕئانی پیرۆز باسی باوکی عیسای دەکرد… یان لانی کەم بەناوی دایکییەوە باسی نەدەکرد.

هەروەها قورئانی پیرۆز لە باسی مەسیحدا دەفەرموێت: ﴿وَإِنَّهُ لَعِلْمٌ لِلسَّاعَةِ﴾، گروپێك لە (یەهوود) بەناوی (الصدّوقيين) باوەڕیان بە قیامەت نەبوو بۆیە لە دایك بوونی مەسیح “بەبێ باوك” بەڵگە بوو بۆیان لەسەر هەبوونی قیامەت، وەکو لە ئینجیلی (مەرقۆس 12 : 18_27)دا ئاماژەی پێکراوە: “ئینجا هەندێ لە سەدوقیەکان کە باوەڕ بە زیندووبوونەوە ناکەن، لێی هاتنە پێشەوە و پرسیاریان لێی کرد…..“.

هەروەها وەکو پێشتر وتمان بەنی ئیسڕائیل چاوەڕێ بوون لە دوای هاتنی مەسیح پێغەمبەرێكی هاوشێوەی مووسا بێت؛ وە ئەو پێغەمبەرە لە دوای مەسیحەوە دێت؛ بۆیە لە دایك بوونی مەسیح بە بێ باوك بەڵگە بوو لەسەر ئەوەی چیتر پێغەمبەر لە نەوەی ئیسڕائیل نایه‌ت، بەڵکو پێغەمبەری داهاتوو کە هاوشێوەی مووسایە لە نەوەی ئیسماعیل دەبێت.

هەروەها لە ئایەتێكی تردا لە سورەتی (مریم) لە باسی مەسیح دا دەفەرموێت: ﴿وَلِنَجْعَلَهُ آيَةً لِلنَّاسِ﴾ واته: “بۆ ئه‌وه‌ی بیکه‌ین به‌‌ نیشانه‌یەك بۆ خه‌ڵکی“. کەواتە لە دایك بوونی مەسیح بە بێ باوك لە ڕابردوودا بەڵگە بووە بۆ بوونی قیامەت یان بەڵگە بووە بۆ پچڕانی وەحی لە نەوەی ئیسڕائیل.

لە کۆتاییشدا پێم باشە وەڵامی ئەو گومانە بدەمەوە کە مەسیحییەکان دەڵێن: تەنھا عیسا بە بێ باوك لە دایك بووە؛ ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی عیسا کوڕی خوایە (پەنا بە خوا)

وەڵام: ئەگەر لە دایك بوونی مەسیح بێ باوك ئەوە بسەلمێنێ کوڕی خوایە!!! خۆ یەکەم مرۆڤ کە دروست بوو نە دایکی هەبوو نە باوك، ئایا ئەویش کوڕی خوایە؟؟!!! (پەنا بەخوا)

قوڕئانی پیرۆز پێمان دەفەرموێت نموونەی عیسا وەکو نموونەی ئادەم وایە، هەر کەسێكیش نموونەی هەبێت؛ کەواتە تەنھا نیە لە سیفەتەکه‌یدا کە بێ باوکییە:

﴿إِنَّ مَثَلَ عِيسَى عِنْدَ اللَّهِ كَمَثَلِ آدَمَ خَلَقَهُ مِنْ تُرَابٍ ثُمَّ قَالَ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ﴾، واته: “به‌ڕاستی وێنه‌ی (دروست بوونی) عیسا لای خوا وه‌ك وێنه‌ی ئاده‌م وایه‌ که‌ دروستی کرد له‌ گڵ له‌ پاشان پێی وت: ببه‌، ئه‌ویش بوو.” (تەفسیری پوختەی قورئان)

(بەشی سێیەم) قسەكردنی مەسيح لە مناڵیدا

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

لەگەڵ ئەوەی مەسیحییەکان موبالەغەی زۆر دەکەن لە وەسفی مەسیحدا (عليه السلام)، بەڵام ئەوان باوەڕیان وا نییە کە مەسیح (عليه السلام) بە مناڵی قسەی کرد بێت، بەڵکو بە پێی ئينجيلى لۆقا مەسیح (علیه السلام) یەکەمجار کە لەگەڵ مامۆستایان و شارەزایانی جوولەکەدا قسەی کرد تەمەنی 12 ساڵ بوو، لەو کاتەدا بە جۆرێك قسەی کرد کە مامۆستاکانی سەرسام کرد، بەڵام ئەو کات بە هیچ شێوەیەك باسی پێغەمبەرایەتی نەکرد… کاتێك مەریەم و یوسفی دارتاش عیسایان هێنا بوو بۆ قودس لەوێ لێیان بزر بوو: “46 دوای سێ ڕۆژ گەڕان لە پەرستگادا دۆزیانەوە، سەیریان کرد دانیشتووە لەنێوان مامۆستایانی شەریعەت، گوێی بۆ ڕاگرتوون و پرسیاریان لێ دەکات. 47هەموو ئەوانەی گوێیان لێی بوو، سەرسام بوون لە تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی…” (ئينجيلى لۆقا 2 : 46_47)

بەڵام جاری دووەم مەسیح (علیه السلام) تەمەنی ببوو بە 32 ساڵ کاتێك بە جۆرێكی ناوازە قسەی لەگەڵ کردن و پێغەمبەرایەتی خۆی پێ ڕاگەیاندن (ئينجيلى لۆقا 21).

بەڵام زۆربەی ڕاڤەكارانی قوڕئانى پيرۆز باوەڕیان وایە كە مەسیح (علیه السلام) بە مناڵی قسەی كردووە لە كاتێكدا كە شیرەخۆرە بووە!! بەڵگەشیان ئەم چەند ئایەتەيه كە لە سوڕەتی (مریم)دا دەفەرموێت:

﴿فَأَتَتْ بِهِ قَوْمَهَا تَحْمِلُهُ قَالُوا يَامَرْيَمُ لَقَدْ جِئْتِ شَيْئًا فَرِيًّا (27)﴾

جا مەریەم لەگەڵ مەسیحدا هاتەوە بۆلای كەس و كارەكەی و مەسیحى هەڵگرتبوو خزمەكانی وتیان: ئەی مەریەم بەڕاستی شتێكی زۆر خراپ و ئابڕو بەرت كردووە.

لێرەدا وشەی ﴿تَحْمِلُهُ﴾ دەکرێت بە واتای هەڵگرتنی ماددی بێت، واتە: مەریەم مەسیحی کردبێتە باوەش، هەروەها دەکرێت بە واتای مەعنەوی بێت، واتە: مەریەم بیروباوەڕی مەسیحی هەڵگرت بێت و مەریەم پشتیوانی مەسیحی کرد بێت… قوڕئانی پیرۆز وشەی (حمل)ی بەم واتایە بەکارهێناوە و لە باسی ئەهلی کیتاب دەفەرموێت: ﴿مَثَلُ الَّذِينَ حُمِّلُوا التَّوْرَاةَ ثُمَّ لَمْ يَحْمِلُوهَا…﴾ (الجمعة) واته: “نموونەی ئه‌وانه‌ی ته‌وراتیان پێدراو ته‌كلیفكران كاری پێبكه‌ن، ﴿ثُمَّ لَمْ يَحْمِلُوهَا﴾ پاشان هه‌ڵیان نه‌گرت، واته‌: كاریان پێ نه‌كردو كه‌ڵكیان لێ وه‌ر نه‌گرت وه‌ك…”.

جا بۆ ئەوەی بزانین وشەی ﴿تَحْمِلُهُ﴾ بەکام واتایەیان هاتووە، لە ئایەتەکانی دواتر ئەمەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

﴿يَاأُخْتَ هَارُونَ مَا كَانَ أَبُوكِ امْرَأَ سَوْءٍ وَمَا كَانَتْ أُمُّكِ بَغِيًّا (28)﴾

جوولەکەکان بە گاڵتەجاڕییەوە بە مەریەمیان وت: ئەی خوشكی هاروون!!، تۆ نە باوكت كەسێكی خراپ و شەرواڵ پیس بووە، نە دایكیشت ئافرەتێكی داوێن پیس!!، کەواتە: مەبەستیان ئەوە بووە ئەی مەریەم تۆ (داوێنپیسیت کردووە) لە کاتێکدا دایك و باوكت بەو جۆرە نەبوون.

لە شەرعدا ئەگەر کەسێك ناوی کەسێك بزڕێنێت و تۆمەتی داوێن پیسی بداتە پاڵی (القذف)؛ ئەوا دەبێت کەسەکە 80 جەڵدی لێ بدرێت مەگەر چوار شاهیدی هەبێت… لێرەدا جوولەکە ڕاستەوخۆ بە مەریەمیان نە وت داوێنپیس، بەڵکو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ قسەکەیان کرد.

ئا لەو کاتەدا کە جوولەکە گاڵتەیان بە مەریەم دەکرد و تۆمەتیان دایەپاڵی، مەریەم ئاماژەی بۆ مەسیح کرد:

﴿فَأَشَارَتْ إِلَيْهِ قَالُوا كَيْفَ نُكَلِّمُ مَنْ كَانَ فِي الْمَهْدِ صَبِيًّا (29)﴾

جا مەریەم ئیشارەیەتی بۆ مەسیح كرد، ئەوانیش بە گاڵتەجاڕییەوە وتیان: چۆن قسە لەگەڵ مناڵێكدا بكەین كە لە بێشكەدایە!.

﴿قَالَ إِنِّي عَبْدُ اللَّهِ آتَانِيَ الْكِتَابَ وَجَعَلَنِي نَبِيًّا (30)﴾

مەسیح وتی: بەڕاستی من بەندەی خوام، و پەڕاوی پێداوم و كردوومى بە پێغەمبەر.

لەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە ئەو کاتەی کە مەسیح قسەی کردووە پێغەمبەر بووە، وە گومانی تێدا نیە كه‌ مناڵی سەر بێشکە نابێت به‌ پێغەمبەر ، بۆیە مەبەست لە وشەی ﴿تَحْمِلُهُ﴾ واتای هەڵگرتنی فکری و مەعنەویە، جا ئەگەر بپرسین بۆچی خوای گەورە ئەم وشەیەی بەکارهێناوە؟

وەڵام: چونکە ئینجیل تۆمەت دەداتەپاڵ مەریەم گوایە باوەڕی بە مەسیح نەبووە!!! وەکو دەڵێت: “31دوای ئەوە دایك و براکانی عیسا هاتن، لەدەرەوە وەستان و ناردیان بە شوێنی. 32لەو کاتەدا خەڵكێکی زۆر لەدەوروبەری دانیشتبوون، یەكێ هات پێی وت: (ئەوەتا دایکت و براکانت لەدەرەوە ڕاوەستاون بانگت دەکەن). 33عیساش وتی: (دایکم کێیە و براکانم کێن؟) 34ئینجا سەیرێكی ئەوانەی کرد کە لەدەوروپشتی دانیشتبوون و وتی: (ئائەمانەن دایك و برای من، 35هەر کەسێ بەخواستی خودا هەڵسوکەت بکات، ئەو برا و خوشك و دایکمە)”. (ئینجیلی مەرقۆس: 3 : 31-35)

کەواتە بە پێی ئەم دەقە بێت مەریەم باوەڕی بە مەسیح نەکردووە و پشتیوانی نەبووە و بەخواستی خوا هەڵسوکەتى نەکردووە. بەڵام قوڕئانی پیرۆز ئەم تۆمەتەی ئینجیل ڕەت دەکاتەوە و مەریەم بە باوەڕدار هەژمار دەکات.

﴿وَجَعَلَنِي مُبَارَكًا أَيْنَ مَا كُنْتُ وَأَوْصَانِي بِالصَّلَاةِ وَالزَّكَاةِ مَا دُمْتُ حَيًّا (31)﴾

وە پیرۆزو فەڕداری كردووم لە هەر جێگایەكدا بم و فەرمانی پێداوم بە نوێژ كردن و بە زەكات دان هەتا لە ژیاندام و زیندووم.

لەم ئایەتەشەوە بەڕوونی دەردەکەوێت کە مەسیح مناڵی ناو بێشکە نەبووە، بەڵکو بە پێی خۆی دەڕۆیشت و خوای گەورە فەرمانی پێکردووە کە نوێژ بکات و زەکاتیش بدات.

﴿وَبَرًّا بِوَالِدَتِي وَلَمْ يَجْعَلْنِي جَبَّارًا شَقِيًّا (32)﴾

كردوومی بە ڕۆڵەیەكی چاكەكارو گوێڕایەڵ بۆ دایكم، نەشی كردووم بە مل هوڕێكی [زۆردار] بەد ڕەفتار.

لەم ئایەتە پیرۆزانەوە دەرکەوت مەسیح (علیه السلام) بە مناڵی قسەی نەکردووە… بەڵام هەندێ لە موسوڵمانان ئایەتێكی تر بە بەڵگە دەهێننەوە و دەڵێن: ئەم ئایەتە باسی موعجیزەی مەسیح دەکات کە بە مناڵی قسەی کردووە: ﴿وَيُكَلِّمُ النَّاسَ فِي المَهْدِ وَكَهْلًا وَمِنَ الصَّالِحِينَ (46)﴾ آل عمران

منیش دەپرسم: گریمان وشەی (المهد) لێرەدا واتای مناڵی ناوبێشکە بێت و موعجیزە بێت! باشە، ئایا قسەکردنی مەسیح لە تەمەنی (الکهل)دا دیسانەوە موعجیزەیە؟؟!! (الکهل) تەمەنی 33 بۆ 50 ساڵییە.

بۆیە بێگومان ئەم ئایەتە باسی موعجیزەی قسە کردنی مەسیح ناکات، بەڵکو باسی ئەوە دەکات کە مەسیح لە سەرەتاکانی ژیانیدا بەردەوام بە جۆرێكی ناوازەو سەرسوڕهێنەر قسەی کردووە… بۆیە ئایەتەکە باسی جۆری قسەی مەسیح دەکات نه‌ك خودی قسه‌كه‌ی.

هەروەها وتەیەكی مەشهور هەیە دەڵێت: “اطلبوا العلم من المهد الى اللحد”. داوای زانست بکە یان بەدوای زانست دا بگەڕێ هەر لە سەرەتای ژیانتەوە تا مردن…. لێرەدا هیچ کەس ناڵێت: بەدوای زانستدا بگەڕێ لەو کاتەوەی کە لەناو بێشکەدایت!!!!

(بەشی چوارەم) زیندووكردنەوەی مردوو

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

قوڕئانی پیرزۆدا باسی دوو جۆر مردن دەكات:

یەكەم: مردنی حەقیقی، واتە دەرچوونی ڕۆح لە جەستە.

دووەم: مردنی ڕووحانی، واتە: پچڕانی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خوادا.

بەڕێزان، زیندووكردنەوەی مردووە حەقیقیەكان تەنھا كاری خوای گەورەیە.. هیچ كەسێك ناتوانێت مردوو زیندوو بكاتەوە، فەرموون با بزانین قورئانی پیرۆز چی دەفەرموێت:

﴿اللهُ الذِي خَلَقَكُمْ ثُم رَزَقَكُمْ ثُم يُمِيتُكُمْ ثُم يُحْيِيكُمْ هَلْ مِنْ شُرَكَائِكُمْ مَنْ يَفْعَلُ مِنْ ذَلِكُمْ مِنْ شَيْءٍ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَما يُشْرِكُونَ﴾ (الروم 40) واتە: “خوا زاتێكە ئێوەی بەدی هێناوە له پاشان ڕۆزی پێ داون دواتر دەتان مرێنێ له پاشان زیندووتان دەكاتەوە ئایا هیچ یەك لەو هاوبەشانەی بۆ خواتان دائەنا هەیە هیچ شتێ لەوانە (ی خوا) بكات پاكی و بەرزی بۆ خوا لەوەی ئەوان دەیكەنە هاوبەشی”.

﴿هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ﴾ (يونس 56)، واتە: “ئەو (خوایە) دەژێنێت و دەمرێنێت و هەر بۆ لای ئەو دەگەڕێنرێنەوە لە ڕۆژی دوایی دا”.

﴿رَبيَ الذِي يُحْيِي وَيُمِيتُ..﴾ (البقرة 258)، واتە: “پەروەردگاری من ئەو زاتەیە ژیان ئەداو ژیان دەستێنێ..”.

﴿فَيُمْسِكُ التِي قَضَى عَلَيْهَا الْمَوْتَ وَيُرْسِلُ الأُخْرَى﴾ (الزمر 42)، واتە: “ئینجا ئەو (گیانانە) ڕادەگرێ بڕیاری مردنی داوە وە ئەوانی تر بەرەڵا دەكات”.

﴿وَحَرَامٌ عَلَى قَرْيَةٍ أَهْلَكْنَاهَا أَنهُمْ لا يَرْجِعُونَ﴾ (الأنبياء 95)، واتە: “وە حەرامە و ناشێ (گەڕانەوە) بۆ خەڵكی ئاوەدانی و شارێك كە لە ناومان بردوون بێگومان ئەوان جارێكی تر ناگەڕێنەوە بۆ دنیا”.

﴿ثُم إِنكُمْ بَعْدَ ذَلِكَ لَمَيتُونَ (*) ثُم إِنكُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ تُبْعَثُونَ﴾ (المؤمنون 15 – 16)، واتە: “پاشان بەڕاستی ئێوە لەدوای ئەوە هەمووتان دەمرن (*) لەپاشان بێگومان ئێوە لە ڕۆژی دواییدا زیندوو دەكرێنەوە”.

دوای ئەم ئایەتە پیرۆزانە ئیتر دڵنیا دەبینەوە كە هیچ پێغەمبەرێك مردووی حەقیقی زیندوو نەكردۆتەوە، بەڵكو پێغەمبەران لە كاتێكدا ڕەوانە دەكرێن كە خەڵكی لەلایەنی ڕووحانییەوە سەرگەردان بن و وەكو مردوو بن…

بێگومان پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام خەڵكی سەرگەردان بوون و مردوو بوون بەڵام خوای گەورە بەهۆی قورئانەوە زیندووی كردنەوە، ئەوەتا خوای گەورە نموونەی بێ باوەڕ و باوەڕدارمان بۆ باس دەكات: ﴿أَوَمَنْ كَانَ مَيْتًا فَأَحْيَيْنَاهُ وَجَعَلْنَا لَهُ نُورًا يَمْشِي بِهِ فِي النَّاسِ كَمَنْ مَثَلُهُ فِي الظُّلُمَاتِ لَيْسَ بِخَارِجٍ مِنْهَا كَذَلِكَ زُيِّنَ لِلْكَافِرِينَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ﴾ (الأنعام: 122)، واتە: “ئایا كەسێك كە مردوو (بێ باوەڕ) بێت و ئێمە زیندوومان كردەوەو ڕووناكیەكمان بۆ فەراهەم هێنا (كە قورئانە) بەهۆی ئەوەوە لەناو خەڵكیدا دەگەڕێ و دەڕوات ئایا وەك ئەوە وایە كە لەناو تاریكستانێكدا بێت كە بەهیچ جۆرێ دەر‌چوونی نیە لێی بەو شێوەیە ڕازێنراوەتەوە بۆ بێ بڕوایان ئەو كردەوە خراپانەی دەیان كرد”؟

خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات كە وەڵامی بانگەوازەكەی بدەینەوە بۆ ئەوەی زیندوو بینەوە، ئەوەتا بە دەقی قورئان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باوەڕداران زیندوو دەكاتەوە: ﴿يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَجِيبُوا لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمْ لِمَا يُحْيِيكُمْ…﴾ (الأنفال: 24)، واتە: “ئەی ئەو كەسانەی بڕواتان هێناوە وەڵامی خواو پێغەمبەر بدەنەوە كاتێك كە بانگتان دەكەن بۆ لای ئەو (ئایینەی) كە زیندووتان دەكاتەوە…”.

بۆیە؛ هەموو پێغەمبەران مردووی ڕووحانیان زیندووكردۆتەوە، بەڵام ئەوانەی كە دەڵێن: مەسیح مردووی حەقیقی زیندووكردۆتەوە ئەوان كەوتوونەتە ژێر كاریگەری باوه‌ڕی مەسیحییەكانەوە… خۆ ئەگەر دروست بوایە مردووی حەقیقی بگەڕێتەوە بۆ ئەم دونیایە؛ ئەوا بێگومان پێغەمبەرمان محمد (صلى الله عليه وسلم) زۆربەی هاوەڵ و باوەڕدارانی زیندوو دەكردەوە.

(بەشی پێنجەم) لەخاچدانى مەسیح (علیه السلام) لە تێڕوانیە جیاوازەكانەوە

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

دوای ئەوەی جوولەكەكان چاوەڕێ بوون ئیلییا لە ئاسمان بێتە خوارەوە ئینجا مەسیح بێت… بەڵام ئەوە بوو ئیلییا لە ئاسمانەوە دانەبەزی و عیسای كوڕی مەریەم ڕایگەیاند: ئەو “مەسیحی چاوەڕوانكراو”ی بەنی ئیسڕائیلە و ئیلییاش لە ئاسمانەوە دانابەزێت!!

ئيتر جوولەكەكان زۆر تووڕە بوون و عیسایان بە كەسێكی چەواشەكار لەقەڵەمدا و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ڕۆمانی كرد كە بە توندترین شێوە سزای عیسا بدەن… هەڵبەتە توندترین شێوە سزاش ئەوەیە: بە لەخاچدان بیكوژن و نەفرەتی خوا ببارێت بەسەریدا.. لە كتێبی پیرۆزدا هاتووە: ” 23…هەڵواسراو لەسەر دار [لەخاچدراو] لەلایەن خواوە نەفرەت لێ كراوە” (وتەكان [التثنية] 21 : 23).

جوولەكە باوەڕیان وایە: عیسا مەسیحی ڕاستەقینە نەبووە؛ چونكە ئەوان توانیان لەسەر خاچ بیكوژن و خوای گەورەش نەفرەتی خۆی ڕژاندووە بەسەر عیسادا (پەنا بە خوا).

هەرچی مەسیحییەكانە، ئەوانیش باوەڕیانوایە كە مەسیح لەخاچدراوە و نەفرەتی خوا داباریوە بەسەریدا! (پەنا بە خوا) بەڵام ئەمان دەڵێن: مەسیح خۆی بۆ ئەوە هاتووە كە خۆی بكات بە فیدا بۆ هەموو مرۆڤایەتی؛ چونكە ئەوان دەڵێن: مرۆڤ تاوانی لە ئادەمەوە بۆ ماوەتەوە، تا ئەو كاتەی مەسیح خۆی كرد بە فیدا بۆمان، پۆڵس لە نامەیەكیدا دەڵێت: “13مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت كڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت – چونكە نووسروە: ﴿هەر كەسێك لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێ كراوە﴾. 14تاكو لە عیسای مەسیح‌دا بەرەكەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەكان بێت، بۆ ئەوەی بەهۆی باوەڕ بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەست بهێنین”. (نامەی پۆڵۆش بۆ كڵێساكانی گەلاتیا 3 : 13- 14)

بەكورتی: جوولەكە و مەسیحی ئەڵێن: عیسا لە خاچدراو لەسەر خاچەكە مرد… بەڵام دوو تەفسیری جیاوازیان بۆ ئەم ڕووداوە هەیە:

جوولەكە ئەڵێت: مادام عیسا مرد، كەواتە ئەو ڕاستگۆ نەبووە و باوەڕی پێ ناكەین.

بەڵام مەسیحییەكان ئەڵێن: باوەڕی پێ دەكەین؛ چونكە مەسیح خۆی بۆ ئەوە هات بوو تا خۆی فیدا بكات بۆمان.

بەڵام قوڕئانی پیرۆز بە توندی ڕەدی جوولەكە و مەسیحییەكان دەداتەوە و بە یەقینییەوە دەفەرموێت هەرگیز مەسیحیان لەسەر خاچ نەكوشتووە، بەڵكو هەردوولایان لە گوماندان و هیچ بەڵگەیەكیان نیە.

لەناو زۆربەی موسوڵماناندا وا باوە كەسێك شێوەی گۆڕاوە و دەموچاوی وەكو مەسیحی لێ هاتووە و جوولەكەكان ئەم كەسەیان لە خاچداوە و كوشتویانە و وايانزانيوە مەسيحە!! بەڵام ئەم بیروبۆچوونە قورئانی پیرۆز پشتگیری ناكات… وە لە هیچ فەرموودەیەكیشدا ئەماژە بەوە نەكراوە… هەروەها من دەپرسم ئەگەر شێوەی كەسێك گۆڕاوە… ئایا جوولەكەكان مافی خۆیان نییە كە باوەڕ بە عیسا نەكەن، لە کاتێكدا بەچاوی خۆیان بینویانە مەسیح لەسەر خاچ مردووە؟؟!! وە ئایا مەسیحییەكان مافی خۆیان نییە باوەڕ بەوە بكەن كە مەسیح لەسەر خاچەكە مرد و خۆی فیدا کرد بۆ مرۆڤایەتی؟؟!!

لە كۆتاییشدا ماوەتەوە ڕاڤەى ئەم بڕگەیە بكەین لە ئایەتێكی قوڕئانی پیرۆزدا: ﴿…وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ..﴾ (سورة النساء) واتە: “..نەكوشتوویانە و نە لە خاچیانداوە، بەڵكو لێیان تێكچووە..”.

ئەگەر بپرسین چییان لێ تێكچووە؟ زۆربەی ڕاڤەكاران دەڵێن: مەسیحیان لێ تێكچووە بە كەسێكی تر!!! بەڵام ئەگەر سەیرێكی ئایەتەكە بكەین باسی هیچ كەسی تێدا نیە جگە لە ڕاناوی كۆ  كە بۆ جوولەكە دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ڕاناوی تاك كە بۆ مەسیح دەگەڕێتەوە… بۆیە ڕاڤەی دروستی ئایەتەكە ئەوەیە: جوولەكەكان مەسیحیان گرت و بە دارەكەوە هەڵیانواسی و وایانزانی كە مەسیحیان كوشتووە و بە خاچەكەوە مردووە، بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح (عليه السلام) لەسەر خاچەكە نەمردبوو.. وە بە زیندوویی لە خاچەكە داگیرا و ماوەیەكیش لە گۆڕەكەیدا مایەوە [هەڵبەتە گۆڕی ئەو سەردەمە ژوورێكی بچكۆلانە بووە لە ژێر زەویدا]، پاشان مەريەم و قوتابييەكانی مەسيح، مەسيحيان ڕزگار كردو دواتر بەرەو ناوچەیەكی تر كۆچیان كرد… هەروەکو ئەم ئایەتە پیرۆزە باسی کۆچکردنەکەی کردووە: ﴿وَجَعَلْنَا ابْنَ مَرْيَمَ وَأُمَّهُ آيَةً وَآوَيْنَاهُمَا إِلَى رَبْوَةٍ ذَاتِ قَرَارٍ وَمَعِينٍ﴾ (المؤمنون) واتە: “هەروەها کوڕەکەی مەریەم و دایکیمان کردە بەڵگە و نیشانە و ئێمە هەردووکیانمان حەوانەوە لە شوێنێکی بڵند و خۆش و سازگار و ئاوداردا”.

(بەشی شەشەم) ئایا مەسیح (علیه السلام) بەرزبۆتەوە بۆ ئاسمان و دواتر دەمرێت؟ یان مردووە و پلەوپایەی بەرزبۆتەوە؟

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

لەناو موسوڵماناندا وا باوە کە مەسیح (علیه السلام) نەمردووە و بە جەستەی ماددیەوە بەرز بۆتەوە بۆ ئاسمان، بەڵام کاتێك بەدوای بەڵگەی شەرعیدا دەگەڕێین بۆ ڕاستی ئەم بابەتە، هیچ ئایەتێك یان فەرموودەیەك نابینین کە باسی بەرزبوونەوەی “جەستەیی” مەسیح (علیه السلام) بکات بۆ “ئاسمان”.

لەم سێ ئایەتەدا باسی مردن و بەرزبوونەوەی مەسیح (علیه السلام) کراوە:

1. ﴿إِذْ قَالَ اللَّهُ يَاعِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيّ…﴾ (آل عمران: 55)

دیققەت بدەن، سەرەتا باسی مردنی دەکات ئینجا بەرزبوونەوەی، هەڵبەتە بەرزبوونەوەش لە دوای مردن، بەرزبوونەوەی پلەوپایەیە نەوەکو بەرزبوونەوەی جەستەیی.

2. ﴿بَلْ رَفَعَهُ اللَّهُ إِلَيْهِ﴾ (النساء: 158)

لێرەدا (رفع) لە بەرانبەر ئەوەدایە کە جوولەکە دەیانویست مەسیح (علیه السلام) لەسەر خاچ بکوژن، واتە: پلەو پایەی مەسیح (علیه السلام) بەرز بوویه‌وه‌.. ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی ئایەتەکەی پێش ئەمە باسی پلانی جووەکان دەکات کە دەیانویست مەسیح (علیه السلام) بەسەر خاچەوە بکوژن و نەفرەت لێ کراو بێت: ﴿وَقَوْلِهِمْ إِنَّا قَتَلْنَا الْمَسِيحَ عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ رَسُولَ اللَّهِ وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ…﴾.

3. ﴿وَكُنْتُ عَلَيْهِمْ شَهِيدًا مَا دُمْتُ فِيهِمْ فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي كُنْتَ أَنْتَ الرَّقِيبَ عَلَيْهِمْ..﴾ (المائدة: 117)

مەسیح (علیه السلام) لە قیامەتدا باسی ئەوە دەکات کە تا ئەو لەناو خەڵکیدا بووە.. بانگەوازی بۆ یەکتاپەرستی کردووە… کاتێك کە خوای گەورە ئەوی مراندووە ئیتر ئەو ئاگاداری گەلەکەی نیە، هەتا ڕۆژی دوایی.

هۆکارەکانی ڕاڤەکردنی وشەی (رفع) بە بەرزبوونەوەی پلەوپایە:

1. قوڕئانی پیرۆز زۆر بەڕاشکاوی لە دوای مردن ئینجا باسی بەرزبوونەوەی کردووە.

2. لە قوڕئان و فەرموودەدا وشەی (رفع) کە بۆ مرۆڤ بەکارهاتووە مەبەست پێی بەرزبوونەوەی پلەوپایەیە، ئەمەش چەند نموونەیەك:

أ- ﴿تِلْكَ الرُّسُلُ فَضَّلْنَا بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ مِّنْهُم مَّن كَلَّمَ اللّهُ وَرَفَعَ بَعْضَهُمْ دَرَجَاتٍ…﴾ (البقرة: 253)

ب- ﴿وَتِلْكَ حُجَّتُنَا آتَيْنَاهَا إِبْرَاهِيمَ عَلَى قَوْمِهِ نَرْفَعُ دَرَجَاتٍ مَّن نَّشَاء إِنَّ رَبَّكَ حَكِيمٌ عَلِيمٌ﴾ (الأنعام: 83)

ج- ﴿.. وَرَفَعَ بَعْضَكُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ..﴾(الأنعام: 165)

د- ﴿وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ إِدْرِيسَ إِنَّهُ كَانَ صِدِّيقاً نَّبِيّاً * وَرَفَعْنَاهُ مَكَاناً عَلِيًّا﴾ (مريم: 56-57)

هـ_ ﴿يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ..﴾ (المجادلة: 11)

لە فەرموودەیەکیشدا هاتووە: “مَا تَوَاضَعَ أَحَدٌ لِلَّهِ إِلَّا رَفَعَهُ اللهُ”. (صحيح مسلم).

واتە: “هیچ کەس نییە کە بۆ خوا خاکی و خۆ بەکەمزان بێت ئیللا خوا بەرزی دەکاتەوە”.

3. خوای گەورە خۆی شوێن و کاتی دروست کردووە و پێویستی پێیان نییە… بۆیە ناتوانین بڵێین: مەسیح (علیه السلام) بە جەستەیەوە بەرزەوە بوو بۆ لای خوا.

ئەوانەی کە دەڵێن: مەسیح (علیه السلام) بە جەستەی لە ئاسمانە، ئەگەر لێیان بپرسین: ئایا خوای گەورە (عز وجل) پێویستی بە شوێنە؟ لە وەڵامدا دەڵێن: نەخێر، دەڵێم: دەی کەوا بوو، ئیتر بوچی ئەڵێن: مەسیح (علیه السلام) لە ئاسمانە؟! خۆ ئەگەر هەندێ لە موسوڵمانان بڵێن: خوای گەورە لە سەرووی ئاسمانەکانەوەیە و مەسیحیش بۆ لای خوا بەرزبۆتەوە… ئەوا دەڵێم: بە پێی فەرموودەیەکی (صحیح البخاري) پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لە میعراجدا مەسیحی بینی لە ئاسمانی دووەمدا بوو!! کەواتە: مەسیح (علیه السلام) بە جەستە بەرز نەبوویه‌وە بۆ لای خوا.

4. هەر لە فەرموودەکانی باسی میعراجدا پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) کۆمەڵێك لە پێغەمبەرانی بینی (علیهم السلام)، لەناویاندا مەسیح و یەحیاشی بینی… دەی ئایا هەموو ئەو پێغەمبەرە بەڕێزانە بە جەستە بەرز بوونەته‌وه‌؟؟!! وە ئایا هیچ بەڵگەیەکمان هەیە کە مەسیح (علیه السلام) جیا بکاتەوە لەو پێغەمبەرانەی تر؟؟!

5. بێ باوەڕان داوایان لە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) کرد کە بەرز بێتەوە بۆ ئاسمان! خوای گەورەش فەرمانی کرد کە پێغەمبەری خوا بەم جۆرە وەڵامیان بداتەوە: ﴿سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنتُ إَلاَّ بَشَراً رَّسُولاً﴾ (الإسراء: 93)

بۆیە ئەگەر بەرزبوونەوەی مرۆڤ بە جەستەوە کارێكی مومکین بوایە، ئەوا خوای گەورە پێغەمبەری بەرز دەکردەوە بۆ ئەوەی بێباوەڕان باوەڕ بهێنن.

لە کۆتاییشدا پێم باشە وەڵامی گومانێك بدەمەوە، ئەڵێن: ڕاستە، وشەی (رفع) بەواتای بەرزکردنەوەی پلەو پایە دێت، بەڵام کاتێك وشەی (إلی) بەدوایدا دێت، ئەوا واتای بەرزکردنەوەی جەستەییە.

وەڵام:

وشەی (إلی) ئەگەر بەدوایدا ناوی خوای گەورە بێت، یان ڕاناوێك بێت کە بۆ خوای گەورە بگەڕێتەوە؛ ئەوا بەواتای (لای خوا) دەگەیەنێت بە مەجازی، وە مەبەست پێی شوێن نییە، فەرموون ئەمەش چەند ئایەتێك:

* ﴿فَفِرُّوا إِلَى اللَّهِ إِنِّي لَكُم مِّنْهُ نَذِيرٌ مُّبِينٌ﴾ (الذاريات: 50)

﴿فَفِرُّوا إِلَى اللَّهِ﴾ ڕاکەن (خێرا بڕۆن) بۆ لای خوا… هیچ کەس ناڵێت: خێرا بەرزەوە بن بۆ ئاسمان!!!

* ﴿فَآمَنَ لَهُ لُوطٌ وَقَالَ إِنِّي مُهَاجِرٌ إِلَى رَبِّي إِنَّهُ هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ﴾ (العنكبوت: 26)

﴿إِنِّي مُهَاجِرٌ إِلَى رَبِّي﴾ واتای وانییە کۆچ دەکەم بۆ ئاسمان بۆ لای خوا!!، بەڵکو بەپێی هەندێ لە تەفسیرەکان إبراهيم (عليه السلام) لە بابلەوە کۆچی کرد بۆ شام.

* ﴿وَقَالَ إِنِّي ذَاهِبٌ إِلَى رَبِّي سَيَهْدِينِ﴾ (الصافات: 99)، واته: “ئیبراهیم وتی من ده‌ڕۆم بۆ لای په‌روه‌ردگارم دڵنیام ڕێنموونیم ده‌کات”.

(بەشی حەوتەم) خراپى و ترسناكی بیروباوەڕ بوون بە بەرزبوونەوەی جەستەیی مەسیح (عليه السلام) بۆ ئاسمان

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: {إِذْ قَالَ اللَّهُ يَا عِيسَىٰ إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إليّ}

لە یەكێك لە تەفسیرە كوردییەكاندا لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا هاتووە:

“سه‌باره‌ت به‌ مانای ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ زۆرێك له‌ ته‌فسیرنووسان لایان وایه‌ خودا عیسای به‌زیندووێتی به‌رز كردوه‌ته‌وه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ مه‌لائیكه‌كاندا له‌ جۆره‌ ژیانێكی تایبه‌تیدایه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ خودا بڕیاری هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ده‌دات، جا ئه‌و كاته‌ دێته‌ خواره‌وه‌و باوه‌ڕ به‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) دێنێت. به‌ڵام هه‌ندێكی تر له‌ موفه‌سیره‌كان ده‌فه‌رموون: عیسا له‌كاتی خۆیدا مردووه‌، مه‌به‌ست له‌و بڵندكردنه‌وه‌یش بڵندڕاگرتنی قه‌درو حورمه‌ت و گیانه‌ پاكه‌كه‌یه‌تی وه‌كو پێغه‌مبه‌رانی دیكه،‌ چونكه‌ خودا ده‌فه‌رموێت: {إِذْ قَالَ اللَّهُ يَا عِيسَىٰ إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إليّ….} ده‌بینین باسی مردنه‌كه‌ی خستوه‌ته‌ پێش باسی به‌رز كردنه‌وه‌كه‌ی…”

پاشان موفەسسیرەكە دەڵێت: “زانینی حه‌قیقه‌تی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش هه‌ر لای خودا خۆیه‌تی، بۆیه‌ موسڵمان باوه‌ڕی به‌ هه‌ركام له‌و دوو ڕایه‌ هه‌بێت درووسته‌و زیانی نیه‌.”

سەرەتا سوپاسی ئەو موفەسسیرە بەڕێزە دەكەم، كە پێیوایە دەكرێ ئەو ڕەئییەش دروست بێت كە دەڵێت مەسیح (علیه السلام) لەكاتی خۆیدا مردووە.

بەڵام دەربارەی ترسناكی بیروباوەڕی بەرزبوونەوەی مەسیح (علیه السلام) بە جەستەیەوە بۆ ئاسمان، دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دەفەرموێت: “هەڵبەت مەسەلەی ژیانی عیسا لەسەرەتادا تەنها هەڵەیەك بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم هەڵەیە گۆڕاوە بۆ ئەژدیهایەك كە دەیەوێت ئیسلام لووش بدات.. لەو كاتەوەی كە مەسیحیەت دەرچوون [واتە ڕوویان كردە وڵاتانی موسوڵمانان و تەبشیریان كرد].. مەسیحیەكان ژیانی عیسایان كرده بە بەڵگەیەكی بەهێز لەسەر خوایەتی مەسيح، كێشەكە بوو بە كێشەیەكی پڕ مەترسی.

ئەوان بەوپەڕی جەختكردنەوە ئەم بابەتەیان دەخستە پێش چاو بە بەڵگەی ئەوەی كە ئەگەر عیسا خوا نەبووە ئەوا چۆن بەرزبوویەوەو ئێستا لەسەر عەرش دانیشتووە، وە ئەگەر دەست بدات بۆ مرۆڤ كە بە زیندوویی سەربكەوێت بۆ ئاسمان ئەوا بۆچی لەسەردەمی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ هیچ مرۆڤێك سەرنەكەوت بۆ ئاسمان… دیارە ئەمڕۆ ئیسلام لە لاوازی و داڕووخاندایە، وە پرسی ژیانی مەسیح چەكێكە مەسیحیەت هەڵیگرتووە بۆ هێـرشكردنە سەر ئیسلام، وە بەهۆیەوە نەوەی موسوڵمانان بوون بە نێچيـری مەسیحیەت… بۆیە خوای گەورە ویستی لە ئێستادا موسوڵمانان لەمە ئاگادار بكاتەوە.” (الملفوظات).

بێگومان دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئوممەتی ئیسلامی بانگكردووە بۆ وازهێنان لەم بيروباوەڕە؛ ئەمەش وەك بەرگریكردنێك لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەرگریكردن له پلەوپایەی پێغەمبەرمان محمد (صلى الله عليه وسلم).

هەروەها بۆئەوەی موسوڵمانان لە دژی خۆیان بەڵگە نەدەن بەدەست مەسیحیەكانەوە. بەڕێز دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەكاتی دواندنی موسوڵماناندا دەیفەرموو: “واز لە مەسیح (عليه السلام) بهێنن كە بمرێت بۆ ئەوەی ئیسلام بژیێت”، هەروەها دەشیفەرموو: “سوێند بەخوا ژیانی ئەم ئایینەو ژیانی مەسیحی كوڕی مەریەم (عليه السلام) بەیەكەوە كۆنابنەوە.”

ئا بەم شێوەیە بەم دوو ڕستە كورت وپوختە ئەو مەترسیەی كورت كردەوە كە دەوری ئیسلامی دابوو بەهۆی ئەم بيروباوەڕە خراپەوە.

بۆیە بە كوردی و كورتی: خێر لە بیروباوەڕێكدا نییە كە دژی قورئانی پیرۆز بێت.. ئەگەر لەسەرەتاوە هەست بە ترسناكی ئەم بیروباوەڕە نەكراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەم بابەتە بووە بە بابەتێكی ترسناك… بۆیە ئەی موسوڵمانانی بەڕێز واز لە بیروباوەڕێك بـهێنن كە پێچەوانەی قورئانی پیرۆزە.

(بەشی هەشتەم) دابەزینی مەسیح (علیه السلام)، و پەیوەندی بە مەهدییەوە

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

لەناو موسوڵماناندا واباوە كە سەرەتا مەهدی دەردەكەوێت و دەكەوێتە كوشتنی خەڵكی!! پاشان مەسیح (علیه السلام) لە ئاسمانەوە دادەبەزێت و هاوكاری مەهدی دەكات لە كوشتنی خەڵكیدا!!!

بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە سوننەتی خوای گەورە نیە لە ناردنی پێغەمبەراندا… بەڵكو خوای گەورە پێغەمبەران بە بەڵگەی ڕوون و ئاشكراوە دەنێرێت… وە هەرگیز پێغەمبەران لە سەرەتاوە شەڕ لەگەڵ گەلەكانیان ناكەن، بەڵكو لە سەرەتاوە بانگەوازیان دەكەن بۆ لای يەكتاپەرستی… بەڵام كاتێك بێباوەڕان سنوردەبەزێنن و هێرش دەكەن، ئەو كات پێغەمبەران بەرگری لە ئایینی خوا دەكەن.

ئيبن قەييم لە كتێبى (المنار المُنيف)دا باسی چوار ڕەئی دەكات كە لەناو موسوڵماناندا هەبووە دەربارەی مەهدی و مەسیح:

یەكەم: مەهدی مەسیحە. واتە: تەنها یەك كەسی ڕزگاركەر دێت بۆ ئەم ئوممەتە.

دووەم: مەهدی ئەو مەهدییە بووە كە لە نەوەی عەبباس بووە و والی بووە و كاتی بەسەر چووە… واتە: چاوەڕێی هیچ مەهدییەكی تر نین.

سێیەم: مەهدی كەسێكە لە (أهل البیت) و لە نەوەی حەسەنی كوڕی عەلییە، و لە ئاخرزەمان دەردەكەوێت.

چوارەم: مەهدی بریتییە كە موحەممەدی كوڕی حەسەنی عەسكەری.

سێ ڕەئییەكەی یەكەم، ڕەئی سوننه‌كانه‌، بەڵام ئەم ڕەئییەی كۆتایی هی شیعەی ئیمامییە.

بۆچوونی من: دوای ئەوەی لە بەشی پێشوو باسی ئەوەمان كرد كە مەسیح (علیه السلام) مردووە و بەرزنەبۆتەوە بۆ ئاسمان، وە پشت بەستن بە چەند بەڵگەیەك دەڵێم: ڕەئی یەكەمیان ڕاستترینەو بەڵگەیان لەوانەی تر بەهێزترە… لەوانەیە كەسانێك بڵێن باشە بۆچی لە فەرموودەكاندا وشەی (نزول) بۆ مەسیح (علیه السلام) بەكارهاتووە؟ ئایا ئەمە واتای ئه‌وه‌ نیه‌ كە مەسیح (علیه السلام) لە ئاسمانەوە دادەبەزێت؟

وەڵام:

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیاره پێویسته ئەم شتانه بزانین:

* وشەی (نزول) زیاتر لە یەك واتای هەیه و مەرج نییە واتای دابەزین بێت لە ئاسمانەوە بۆ سەرزەوی.

* له هیچ فەرموودەیەكدا نەهاتووه بڵێ مەسیح (علیه السلام) له “ئاسمانەوه” دائەبەزێ.

* عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام) پێغەمبەرێك بووە بۆ نەوەی ئیسڕائیل و مردووە، و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەم دونیایە.

* هیچ بەڵگەیەك نيیه خوای گەوره بەشێوەی تایبەت مەسیح (علیه السلام) زیندوو بكاتەوه و بينێرێتەوه بۆ سەر زەوى.

* هیچ بەڵگەیە‌‌ك نییه بڵێ عیسا (عليه السلام) به جەستەی بەرزەوە بووه بۆ ئاسمان.

* دروسته ناونان له شتێك كه هاوشێوەی ئەو بێت به زیاد له سیفەتێك یان زیاد له تایبەتمەندیەك، بەڵكو ئەو دەربڕینه شێوازێكی ڕەوانبێژییه پێی ئەوترێ لێكچواندن، به شێوەیەك ئامرازەكه لاببرێت و باسنەكرێت، هەروەك چۆن كەسێك بەخشنده بێت پێی ئەڵێن: “حاتەمی طائي”، واتا: هاوشێوەی یان وەك حاتەمه له بەخشندەییدا.

* نابێ واتای ئەو فەرموودانه به شێوەیەك وەربگرین كە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا یەكنەگرنەوه، هەروەك خوای گەوره ئەفەرموێت: ﴿أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ وَلَوْ كَانَ مِنْ عِنْدِ غَيْرِ اللَّهِ لَوَجَدُوا فِيهِ اخْتِلَافًا كَثِيرًا﴾ (النساء: 82).

وشەی “نزول” مەرج نییە واتای دابەزین بێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە، قوڕئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿وَأَنْزَلَ لَكُمْ مِنَ الْأَنْعَامِ ثَمَانِيَةَ أَزْوَاجٍ﴾ (الزمر: 6). واته: (له ماڵاتیشدا هەشت جۆری دروست كردووە) تەفسیری ئاسان.

هەروەها قوڕئانی پیرۆز وشەی “نزول” بۆ پێغەمبەرمان محمد (صلى الله عليه وسلم) بەكاردەهێنێت و دەفەرموێت: ﴿فَاتَّقُوا اللَّهَ يَا أُوْلِي الْأَلْبَابِ الَّذِينَ آمَنُوا قَدْ أَنزَلَ اللَّهُ إِلَيْكُمْ ذِكْرًا(*) رَّسُولاً يَتْلُو عَلَيْكُمْ آيَاتِ اللَّهِ مُبَيِّنَاتٍ﴾. الطلاق.

لەم ئایەتەدا ﴿رَّسُولاً﴾، بەدەلە (بَدَل) بۆ ﴿ذِكْرًا﴾. واتە: خوای گەورە ڕەسولێكی بۆ ناردوون (نزول).

پێغەمبەری خوا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وشەی (ینزل) بۆ دەججال بەكاردەهێنێت، ئایا دەججالیش لە ئاسمانەوە دادەبەزێت؟!!: “يَنْزِلُ الدَّجَّالُ حِينَ يَنْزِلُ فِي نَاحِيَةِ الْمَدِينَةِ..”. (مسند أحمد بن حنبل).

عەرەب دەڵێت: نزلتُ ضيفًا على أخْوالي. أي حل وجاء.

(ابن مریم) لە ئوممەتی ئیسلامیە:

“كَيْفَ أَنْتُمْ إِذَا نَزَلَ فِيكُمْ ابْنُ مَرْيَمَ فَأَمَّكُمْ مِنْكُمْ؟” (صحيح مسلم)

ڕاوی دەڵێت: بە (ابن ذئِب)م وت: كە (ئەوزاعی) قسەی بۆ كردووم لە (زوهری)یەوە، ئەویش لە (نافع)ـەوە، ئەویش لە (أبو هریرە)ـەوە فەرموودەكە بەم شێوەیه:‌ (وإمامكم منكم) (ابن أبي ذئب) دەڵێ: دەزانیت مانای (أَمّكم مِنكُم) چییە؟ وتم: پێم بڵێ، وتی: پێشەوایەتیتان دەكات بە قورئان و سوننەتی پێغەمبەرەكەتان.

هەروەها بە ئاشكرا لە بوخاریدا دوو وەسفی جیاوازی هەردوو مەسیحەكە دەكات:

یەكەم: مەسیحی ئیسڕائیلی ڕەنگی سوورە، هەروەكو لە میعراجدا بینی: “رأيت عيسى وموسى وإبراهيم، فأما ((عيسى فأحمر)) جعْدٌ عريض الصَّدر، وأما موسى فآدم جسيمٌ سَبطٌ”.

دووەم: مەسیحی ئەم ئوممەتە، ئەسمەرە: “بَينا أنا نائمٌ رأيتني أطوف بالكعبة، فإذا رجلٌ آدم سَبط الشعر، بين رجلين ينطُف رأسه ماءً، فقلت من هذا، قالوا ابن مريم”.

خوای گەورە لە باسی مەسیحی بەنی ئیسڕائیلدا دەفەرموێت، پێغەمبەرێكە بۆ بەنی ئیسڕائیل، بەڵام ناكرێت لە ئاسمانەوە دابەزێت و ببێت بە پێغەمبەرێك بۆ هەموو جیهان! ﴿ورسولاً إلى بني إسرائيل..﴾.

مەسیحی بەڵێندراو ئیمامی مەهدیيە:

1. ئیمامی ئەحمەد له موسنەدەكەیدا له ئەبو هوڕەیرەوە دەگێڕێتەوە كه پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: “يُوشِكُ مَنْ عَاشَ مِنْكُمْ أَنْ يَلْقَى عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ إِمَامًا مَهْدِيًّا وَحَكَمًا عَدْلًا…” واتە: “نزیكه هەر كەسێك له ئێوە بژیێت بگات به عیسای كوڕی مەریەم كه‌ ئیمامی مەهدییە و ناوبژیوانێكی دادپەروەرە…”.

(شوعەیب ئەڕنەئووط دەڵێت: سەنەدەكەی دروسته لەسەر مەرجی هەردوو فەرموودەناس بوخاری و موسلیمە).

2. هەروەها (ابن ماجه) گێڕاویەتەوە له ئەنەسی كوڕی مالیكەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: “…لَا تَقُومُ السَّاعَةُ إِلَّا عَلَى شِرَارِ النَّاسِ، وَلَا الْمَهْدِيُّ إِلَّا عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ.” واتە: “…قیامەت نایا‌ت لەسەر خەڵكی خراپ نەبێت، وە مەهدی نیه جگه له عیسای كوڕی مەریەم.”

(بەشی نۆیەم) هاتنی هاوشێوەی مەسیح (علیه السلام) لە کتێبی پیرۆزدا

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

زۆربەی موسوڵمانان باوەڕیانوایە مەسیح (علیه السلام) لە ئاسمانەوە دادەبەزێت… بەڵام لە ڕاستیدا دابەزینی پێغەمبەر لە ئاسمانەوە سوننەتی خوا نییە، بەڵکو خوای گەورە هاوشێوەی پێغەمبەر دەنێرێت.. هەروەکو لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرەیەدا باسمان کرد کە ئیلییا لە ئاسمانەوە دانەبەزی، بەڵکو یەحیا وەکو هاوشێوەی ئیلییا ڕەوانە کرا بۆ نەوەی ئیسڕائیل.

ئەمڕۆ، خەڵکی کەوتوونەتە هەمان هەڵەوە کە جووەکان زیاتر لە 2000 ساڵ پێش ئێستا کەوتوونەتە ناويەوە!! بۆیە با ئاگادار بین! هیچ پێغەمبەرێك بەرز نەبۆتەوە بۆ ئاسمان و هیچ پێغەمبەرێكیش لە ئاسمانەوە دانابەزێت.

پێغەمبەری خۆشەویست (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەکدا بۆمانی ڕوون کردۆتەوە کە ئێمەی موسوڵمان بست بە بست و باڵ بە باڵ شوێنی جووەکان و مەسیحییەکان دەکەوین، هەتا ئەگەر بچنە کونی بزنمژۆکەوە (الضّب)؛ ئەوا ئێمە بەدوایاندا دەڕۆین! (صحيح البخاري)

بۆیە با شوێنپێی جووەکان هەڵنەگرین و ((بە بیانوی نەهاتنە خوارەوەی ئیلییا باوەڕ بە یەحیا نەکەین))!! فەرموون ئەوەتا زۆر بە ڕوونی لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە کە هاوشێوەی مەسیح (ابن إنسان) دێت و هەرگیز عیسای کوڕی مەریەم لە ئاسمانەوە دانابەزێت، لە (کتێبی پیرۆز پەیمانی، پەیمانی کۆن)، لە کتێبی (دانیاڵ 7 : 13_14)دا هاتووە:

(13 «كُنْتُ أَرَى فِي رُؤَى اللَّيْلِ وَإِذَا مَعَ سُحُبِ السَّمَاءِ ((مِثْلُ ابْنِ إِنْسَانٍ)) أَتَى وَجَاءَ إِلَى الْقَدِيمِ الأَيَّامِ، فَقَرَّبُوهُ قُدَّامَهُ. 14 فَأُعْطِيَ سُلْطَانًا وَمَجْدًا وَمَلَكُوتًا لِتَتَعَبَّدَ لَهُ كُلُّ الشُّعُوبِ وَالأُمَمِ وَالأَلْسِنَةِ. سُلْطَانُهُ سُلْطَانٌ أَبَدِيٌّ مَا لَنْ يَزُولَ، وَمَلَكُوتُهُ مَا لاَ يَنْقَرِضُ).

واتە: “13 لە بینینی شەودا دەمبینی، ئەوەتا لەگەڵ هەوری ئاسمان‌دا یەكێك ((وەك كوڕی مرۆڤ)) بوو هات، بۆ لای دێرینی ڕۆژان هات و بردیانە بەردەمی. 14 جا دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی پێدرا تا هەموو گەلان و نەتەوەكان و زمانەكان خزمەتی بکەن. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێكی تاهەتاییە و لەناو ناچێت، پاشایەتییەكەی بنبڕ نابێت”. (چاپی ئەزموونی 12/02/2012)

ئەم دەقە زۆر ڕوونە کە ئەو کەسەی چاوەڕوانکراوە لە ئاخر زەماندا بێت، خودی مەسیح (کوڕی مرۆڤ) نیە، بەڵکو هاوشێوەی مەسیحە: (مِثْلُ ابْنِ إِنْسَانٍ، وەك كوڕی مرۆڤ).

هەروەها مەسیح (علیه السلام) لە ئینجیلی یۆحەننادا دەڵێت: (24 اَلَّذِي لاَ يُحِبُّنِي لاَ يَحْفَظُ كَلاَمِي. وَالْكَلاَمُ الَّذِي تَسْمَعُونَهُ لَيْسَ لِي بَلْ لِلآبِ الَّذِي أَرْسَلَنِي. 25 بِهذَا كَلَّمْتُكُمْ وَأَنَا عِنْدَكُمْ. 26 وَأَمَّا الْمُعَزِّي، الرُّوحُ الْقُدُسُ، الَّذِي ((سَيُرْسِلُهُ الآبُ بِاسْمِي))، فَهُوَ يُعَلِّمُكُمْ كُلَّ شَيْءٍ، وَيُذَكِّرُكُمْ بِكُلِّ مَا قُلْتُهُ لَكُمْ). (يوحنا 14: 24_26).

واتە: “24 ئەوەی منیشی خۆش ناوێت وشەكانم ناپارێزێت. ئەم وشەی گوێتان لێی دەبێت هی من نیە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی. 25 ئەمانەم پێ وتن کە هێشتا لەلاتانم. 26 بەڵام یارمەتیدەرەکە [الْمُعَزِّي]، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوك ((بەناوی من)) دەینێرێت، ئەو هەموو شتێكتان فێر دەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم وتوون بیرتان دەخاتەوە”.

“الَّذِي سَيُرْسِلُهُ الآبُ بِاسْمِي، ئەوەی باوك بەناوی من دەینێرێت”. لەم دەقەوە بەڕوونی دەردەکەوێت، کە خوای گەورە کەسێكی تر بەناوی (مەسیح) دەنێرێت، هەروەکو چۆن لە پێشتر مەسیحی ناردووە.. بۆیە خودی مەسیحى بەنی ئیسڕائیلی ناگەڕێتەوە. مەسیحی ئەم ئوممەتەش بریتیە لە دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدی (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

والحمد لله رب العالمين