بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

وتاری هەینی 31/7/2015

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

پێشەوای موسوڵمانان گەورەمان میرزا مەسروور ئەحمەد

خوای گەورە سەركەوتووی بكات

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (علیە السلام)

ئەم وتارەی لە ڕۆژی 31/7/2015 پێشکەش کردووە

أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك لـه، وأشهد أن محمدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرجيم. {بسْمِ الله الرَّحْمَن الرَّحيم * الْحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمينَ * الرَّحْمَن الرَّحيم * مَالك يَوْم الدِّين * إيَّاكَ نَعْبُدُ وَإيَّاكَ نَسْتَعينُ * اهْدنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقيمَ * صِرَاط الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْر الْمَغْضُوب عَلَيْهمْ وَلا الضَّالِّينَ}. (آمين)

لەم دواییانەدا كەسێك گرتەیەكی ڤیدیۆیی كورتی پیشاندام كە تێیدا مەلایەكی ئەفریقی كەسانێكی گەورەی فێری قورئان دەكرد و لە كاتی دەركەوتنی سادەترین هەڵەدا بە توندی لە قوتابیەكانی دەدا، ئاشكرایە ئەو مرۆڤەی كە زمانی دایکی زمانی قورئانی پیرۆز نەبێت و تەمەنیشی گەورە بێت، واتە ئەو مرۆڤەی كە تەمەنی له‌ 18 ساڵ یان زیاتر بێت چۆن دەتوانێت وەكو قورئانخوێنەكان بە شێوەیەكی ڕاست هەموو پیتەكان گۆ بكات. لە ئەنجامی ئەم كارانەدا خەڵكی بەتەواوی لە فێربوونی قورئان هەڵدێن، وە لەبەر ئەم هۆكارە زۆربەی موسوڵمانانی ناعەرەبی ناتوانن قورئان بخوێننەوە، جا ئەگەر موسوڵمانان دەیانەوێت خەڵكی فێری قورئان بكەن؛ ئەوا پێویستە بەشێوازێك فێریان بكەن كە خۆشەویستی و تاسە دروست بكات لای خوێنەران بۆ قورئان. پێش چەند ڕۆژێك لەمەوبەر خانمێكی یابانی هات بۆلام كە لێرە نیشتەجێیە، وە ماوەیەكە بەیعەتی داوە، پێی وتم: بە فەزڵی خوای گەورە لە ماوەی سێ‌ ساڵدا فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بووە.

وە دەیویست كەمێكم بۆ بخوێنێتەوە، منیش پێم وت زۆرباشە فەرموو بخوێنەوە، ئەویش ئایەتی كورسی خوێندەوە…. تووشی سەرسوڕمانی كردم. لە بنەڕەتدا گرنگە مرۆڤ بەخۆشەویستیەوە قورئان بخوێنێتەوە و خۆی خەریك بكات پێیەوە، نەك ئەوەی كە قورئان بخوێنێتەوە بەوەی كە تەنها دەنگەكان لە شوێنەكانی خۆیانەوە دەربكات بەزۆرلەخۆكردن و ڕیابازی لەسەر شێوازی قورئانخوێنەكان. خوای گەورە فەرمانی پێكردووین كە بە ئاوازێكی خۆش قورئان بخوێنینەوە، واتە بەهێواشی و بە ئاخاوتنێكی ڕاست و دروست بەپێی توانا. ئەگەر بڵێین دەتوانین وەكو كەسێكی عەرەب قورئان دەخوێنینەوە ئەوا ئەمە كارێكی قورس و گرانە؛ چونكە كەسێك كە لە نەتەوەی عەرەب نەبێت هەرگیز ناتوانێت هەندێ‌ پیت بەجوانی گۆ بكات، مەگەر ئەو كەسەی كە لەناو عەرەبدا گەورە بووبێت. هەروەها یابانیەكان ناتوانن هەندێ‌ پیت گۆ بكەن. بۆ نموونە ئەو خانمەیش پیتی (حێ)ی لە پیتی (خێ)‌ جیا نەدەكردەوە، یان ئەو كاتەی كە پیتی (خێ)‌ی گۆ دەكرد بەشێوەیەك دەردەكەوت كە پیتی (حێ)‌ گۆ دەكات، وە پاش گوێگرتن لەم خاتوونە یابانیە تەماشام كرد كە وادەردەكەوێت زۆربەی یابانیەكان ناتوانن هەندێ‌ لە پیتەكان، ئەگەر هەموو پیتەكان نەبێت، گۆ بكەن، وەكو ئەم خانمە یابانیە. هەرچی چۆنێك بێت مەبەستی بنەڕەتی بریتیە لە خۆشەویستی فەرمایشتی خوا، وە پێویستە هەموو كەسێك ئەوەندەی ده‌توانێت بەجوانی بیخوێنێتەوە، نەك ئەوەی كە مرۆڤ بەتەنها ببێتە خوێنەری قورئان و بەشداری بكات لە پێشبڕكێكانی قورئان خوێندندا، بێگومان خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی بەچاوی خۆشەویستیەوە دەیانڕوانی بۆ وشەی “أَسْهَدُ”ی گەورەمان بیلال (ڕەزای خوای لێ بێت) لە جیاتی وتنی وشەی “أَشْهَدُ”. وە ئەم خۆشەویستیە هیچ خوێنەرێك یان عەرەبێك ده‌ستی نه‌كه‌وتووه‌ و پێی شاد نەبووە.

هەروەها ئەو كەسانەیش كە موسوڵمان نین بەڵام موسوڵمان دەبن و دێنە ناو كۆمەڵی ئەحمەدیەوە. هەروەك وتم زۆرینەی موسوڵمانان نازانن قورئانی پیرۆز بخوێننەوە. لە ئەفریقا بانگخوازە ئەحمەدیەكان ناچاردەبن لەسەرتاوە ئەو كەسانە فێری قورئانی پیرۆز بكەن كە بەیعەتیان داوە، بەڵكو پێش قورئان كۆمه‌ڵێك وانه‌یان پێده‌ڵێنه‌وه‌ كه‌ ڕێخۆشكه‌ره‌ بۆ فێربوونی قورئان. بۆیە پێویستە لەسەرمان كە ئەو ئەفریقیانەش بەجوانی فێری قورئانى پیرۆز بكەین.. لەبەرئەوە پێویستە لەسەر مامۆستایانی قورئانی پیرۆز بەشێوازێك قورئان فێری خەڵكی بكەن كە خۆشەویستی و ئارەزووی خوێندنەوەی قورئان لە خوێنەرەكاندا دروست بكات. داواكارم لە خوای گه‌وره‌ پاداشتی خێری ئەو خانمە پاكستانیە بداتەوە كە ئەو ئافرەتە یابانیەی فێری قورئانی پیرۆز كردووە، هەڵبەتە تەنها هەر قورئانی فێر نەكردووە، بەڵكو خۆشەویستی تێدا دروست كردووە بۆ ئەم كتێبە پیرۆزە. بۆیە ئامانجەكە ئەوە نیە كە وەكو قورئانخوێنە باوەكان قورئان بخوێنرێتەوە. وە پێویستە واز لە خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز نەهێننن، ئەگەر نەتانتوانی هەندێ‌ لە پیتەكان بە شێوازێكی ڕاست و دروست گۆ بكەن. هەڵبەت خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز زۆر گرنگە، وە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ چاك خوێندنەوەی، وە پێویست ناكات كە هەرگیز واز بهێنین لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بە پاساوی ئەوەى كە ناتوانین هەندێ‌ لە پیتەكان بە دەربڕینێكی ڕاست و دروست گۆ بكەن، بەڵكو پێویستە لەسەر هەموو ئەحمەدییەك كە ڕۆژانە گرنگی بدات بە خوێندنەوەی قورئان. وە لەهەمان كاتدا پێویستە هەوڵ و تەقالا بدەین بۆ ئەوەی گۆكردنمان نزیكترین بێت لە گۆكردنە بنچینەییەكەوه‌ بە پێی توانا پاشان بەردەوام بین لە بەرەو چاكتر بردنی.

خەلیفەی دووەم موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) لەم بارەيەوە دەفەرموێت: هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی هەموو وشەیەكی قورئانی پیرۆز بە شێوازێكی دروست، وەكو قورئانخوێنەكان كارێكی دروست نیە؛ چونكە خوای گەورە ئەو توانایەی بە ئێمە نەداوە كە عەرەب نین.

هەروەها دەفەرموێت: هاوسەرم (دایكی تاهیر) خوا لێى خۆش بێت دەیوت: باوكی زۆر شەیدای فێركردنی قورئان بوو، بۆ ئەم مەبەستە كۆمەڵێك مامۆستای بەكرێ‌ گرت بوو بۆ ئەوەی مناڵەكانی فێری قورئان بن، وە كچەكانیشی دابووە دەستیان. دایكی تاهیر دەیوت: مامۆستاكە زۆری لێ‌ دەداین بەجۆرێك چڵەداری دەخستە نێوان پەنجەمان و فشاری دەخستە سەر (هەروەك چۆن هەندێ‌ مامۆستا پێنووسی دار دەخەنە نێوان پەنجەی قوتابیانەوە) وە لێیان دەداین؛ چونكە ئێمە نەمان دەتوانی بە گۆكردنێكی ڕاست و دروست قورئانی پیرۆز بخوێنینەوە. هەڵبەت شێوەزاری پەنجابی ئێمە بەجۆرێكە كە ناتوانین بە شێوەیەكی دروست هەندێ‌ لە وشە عەرەبیەكان گۆ بكەین. پاشان موصڵیحی بەڵێندراو ڕووداوی ئەو كەسە عەرەبەی ڕوونكردەوە كە لە وتاری هەینی پێشودا بۆم باس كردن، كە هات بۆ دیدەنی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) وە لە كاتی گفتوگۆكردندا كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) دوو سێ‌ جار پیتی (ضاد)ی بەكارهێنا كابرای عەرەب پێی وت: چۆن تۆ مەسیحی بەڵێندراويت لەكاتێكدا ناتوانیت پیتی (ضاد) گۆ بكەیت.

ڕەفتاری ئەم عەرەبە ناشرین و قێزەون بوو؛ چونكە خەڵكی هەموو شار و ناوچەیەك شێوەزاری تایبەتی خۆیان هەیە. ئەوەتا عەرەب خۆیان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە تەنها خۆیان دەتوانن پیتی (ضاد) گۆ بكەن بەو مانایەی كە هيندیەكان ناتوانن بەڕێكی ئەو پیتە گۆ بكەن. موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێیت) دەفەرموێت: بێگومان هيندیەكان پیتی ضاد وەكو (د) یان (ز) گۆ دەكەن لەگەڵ ئەوەی كە دەرچەیەكی تری هەیە، وە مادام كەسێك كە لە نەتەوەی عەرەب نەبێت، ناتوانێت ئەو پیتە گۆ بكات بەشێوەیەكی ڕاست، ئیتر كەی دروستە ڕەخنە بگیرێت؟ كەواتە پێویستە لەسەر ئەحمەدیيە عەرەبەكان ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرن و حیسابی بۆ بكەن، هەڵبەت زۆربەیان لەم بابەتە تێدەگەن، بەڵام لە سروشتی هەندێ‌ كەسدا ئارەزووی خۆهەڵكێشان و لەخۆبایی بوون هەیە. لێرە خانمێك هەیە شووی كردووە بە پیاوێكی عەرەب، ئەویش پێی وایە كە بەشێوەیەكی دروست پیتەکان گۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەی گۆکردنەکانی بەتەواوی ڕاست نیە. ئەگەر بابەتەكە لەكەسایەتی ئەودا بوەستایە؛ ئەوا كێشە نەبوو، وە هیچ پێویست نەبوو كە من دەربارەی قسە بكەم. بەڵام هەواڵیان پێدام كە لەهەندێ‌ كۆڕ و دانیشتندا بە زمانێكی گاڵتەئامێز لەم بارەيەوە قسە دەكات، وە دەڵێت پاكستانیەكان ناتوانن هەندێ‌ پیت گۆ بكەن و ناتوانن قورئانی پیرۆز بخوێننەوە و ناتوانن بە دروستی پیتە عەرەبیەكان گۆ بكەن و عەرەب گاڵتەیان پێ‌ دەكەن. باوەڕم نیە كە هەموو عەرەبێك گاڵتە بەمە بكات. ئەگەری ئەوە هەیە كە تاكەكانی ئەو خێزانە لەو کەسانە بن کە گاڵتە بە خەڵکی دەکەن لەسەر ئەم بابەتە.

ئاشكرایە ئیسلام فەرمانمان پێ‌ دەكات كە دەرگای دڵی هەموو نەتەوەكان بكەینەوە و ئاشنایان بكەین بە فەرمایشتی خوای گەورە و خۆشەویستی ئەم فەرمایشتە لەدڵیاندا دروست بكەین بۆ ئەوەی بە تامەزرۆييەوە بیخوێننەوە، بێگومان هەر كەسێك شێوەزارێكی تایبەتی هەیە. وە هەموو كەسێك، بەهۆی ئەوەی كە قورئانی خۆشدەوێت، هەوڵ دەدات بەباشترین شێواز قورئان بخوێنێتەوە، وە پێویستە هەر بەو شێوەیە بێت، هەروەك دەبێت گرنگیش بدرێت بەوەی كە بە ئاوازێكی خۆش بخوێنرێتەوە. جا ئەو كەسانەی دەتوانن بە شێوازێكی ڕاست و دروست قورئان بخوێننەوە و دەشتوانن یارمەتی موسوڵمانە تازەكان بدەن؛ ئەوا پێویستە لەسەريان یارمەتییان بدەن، بەڵام گاڵتەكرن بە كەسێك؛ ئەوا بەهیچ شێوەیەك ڕێگەی پێ‌ نادرێت.

وە ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی ڕاست دەتوانن پیتە عەرەبیەكان گۆ بكەن، پێویستە لەسەریان كە ڕەچاوی ئەوە بكەن كە هەر یەك لە نەتەوە و میللەتە جیاوازەكان زمانی تایبەتی خۆیان هەیە و هەموویان ناتوانن بەشێوازێكی دروست هەموو ئەو پیتانە گۆ بكەن.

ئێستاش هەندێ‌ ڕووداوی ترتان پێشكەش دەكەم كە موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) باسی كردووە، بەڕێزی لەبارەی هەلومەرجی خراپی موسوڵمانانەوە دەفەرموێت: قسەیەكی نەستەق هەیە كە دەگێڕنەوە كەسێكی ترسنۆك بە خەیاڵ وادەزانێت كە زۆر ئازا و بەجەرگە، وە لە ڕابردوودا باو بووە كە مرۆڤە ئازا و دلێرەكان هەندێ‌ نیشانەیان بە خاڵ لەسەر لاشەیان كێشاوە كە وێنەی ڕەوشت و ڕەفتاریانی پیشان دەدا، ئەم خووە لە ئەوروپایشدا باو و بڵاوە.

كابرای خاڵكوت لێی دەپرسێت چ شتێكی بۆ دروست بكات، ئەویش دەڵێت: دەمەوێت وێنەی شێرێكم بەخاڵ بۆ دروست بكەیت، بەڵام كاتێك ویستی وێنەی شێرەكە دروست بكات و دەرزی خاڵكوتینەكەی پیاچەقاند ئازاری پێگەیشت، وە لەبەرئەوەی كە كەسێكی ئازا و بەجەرگ نەبوو، بەڵكو بەخەیاڵ وایدەزانی كە ئازایە، لە خاڵكوتەكەی پرسی كە دەیەوێت وێنەی چ شتێك دروست بكات؟ خاڵكوتەكە وتی: دەمەوێت وێنەی شێرێك دروست بكەم، لێی پرسی: چ ئەندامێكی دروست دەكەیت؟ پێی وت: كلكی شێرەكە دروست دەكەم. ئەویش لێی پرسی ئەگەر كلكی شێرەكە بڕدرا و لێ كرایەوە دوای ئەمە وەكو شێر نامێنێتەوە؟ كابرای خاڵكوت پێی وت: با، وەكو شێر دەمێنێتەوە.

ئەویش پێی دەڵێت: كەوابوو واز لە كلكەكەی بـهێنە و دەست بكە بە دروستكردنی ئەندامێكی دیكە. كاتێك دەرزیەكەی پیاچەقاند و ئازاریدا جارێكی تر پرسیاری لێ‌ دەكرد: ئێستا چی دروست دەكەیت، خاڵكوتەكە پێی وت: لای ڕاستی شێرەكە دەكوتم. وتى: ئەگەر لای ڕاستی شێرەكە لە شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەدا بڕا و لێكرایەوە ئیتر دوای ئەمە وەكو شێر نامێنێتەوە؟ وتی: با، وەكو شێر دەمێنێتەوە. ئەویش پێی وت: دەی كەوابوو واز لەلای ڕاستیشی بهێنە. بەم شێوەیە كاتێك دەستی كرد بە دروست كردنی لای چەپی شێرەكە هەمان پرسیاری لێ‌ كرد و داوای لێ‌ كرد وازبـهێنیت لەو لایەش، پاشان كاتێك ویستی وێنەی قاچی شێرەكە بكوتێت هەمان پرسیاری لێ‌ دووبارە كردەوە كە ئایا بەبێ‌ قاچ وەكو شێر نامێنێتەوە، ئا لەم كاتەدا كابرای خاڵكوت وازی هێنا و دانیشت. ئەو كەسەیش كە خاڵی بۆ دەكوترا و لافی ئەوەی لێ دەدا كە ئازا و بەجەرگە لە خاڵكوتەكەی پرسی: بۆچی كار ناكەیت؟ خاڵكوتەكەیش وتی: هیچ شتێك نەمایەوە ئیتر چی بكەم.

پاش گێرانەوەی ئەم چیرۆكە گەورەمان موصڵیحی بەڵێندراو دەفەرموێت: بێگومان ئیسلام لەم سەردەمەی ئێستادا بەم شێوەیە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكرێت، ئەمە بریتیە لە ڕەفتاری مەلا موسوڵمانەكان و سەركردەكانیان بەتایبەتی كە بەدەنگی بەرز زۆر هاوار دەكەن و خۆیشیان هیچ كارێك ناكەن، وە بە شێوازێك ئامۆژگاری ئەوانی تر دەكەن كە فڕی بە ڕێنماییه‌كانی ئیسلامەوە نیە. دەرهەق بەخۆیان دەڵێن كە وازبهێنن لەمە و لەوە، بەكورتی خۆیان لەهەموو شتێك ڕزگار دەكەن و هیچ ئەركێك ناخەنە سەر شانی خۆیان.

لەم ڕووەوە موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) نموونەیەكی تر پێشكەش دەكات و دەفەرموێت: باپیرەی بەڕێزم میر ناصر نەواب دەفەرموێت: بە مناڵی كەسێكی قسەخۆش و دەم بە پێكەنین بووم، (میر ناصر نەواب نەوەی سۆفی و شاعیری بەناوبانگ “میر دەرد” بووە لە دانیشتوانی دەلهی كە ئەو ناوچەیە درەختی مانگۆی لێ بووە)، باپیرەم دەیوت: بەیانیان كاتێك ئەندامەكانی خێزان بەری درەختی مانگۆیان دەخوارد من بەرە شیرینەكانم جیادەكردەوە و وام پیشان دەدا كە ئەمانە ترشن (كاتی خواردنی مانگۆ مرۆڤ كەمێك تامی دەكات كە بزانێت شیرینە یان ترشە، لەكاتی ئەم تاقیكردنەوەدا دەیگوت ئەمە زۆر ترشە بەكەڵكی خواردن نایەت لەگەڵ ئەوەی كە شیرین بوو) وە لە خواردنی بەرەكانی تردا بەشداری دەكرد لەگەڵیاندا. وە دوای تەواوبوونی هەموو مانگۆكان من دەموت: من تێرم نەخواردووە، دەتوانم ئەم بەرە ترشانە بخۆم، ئیتر دوای ئەوە هەموو ئەو مانگۆيانەم دەخوار كە بە بیانووی ئەوەی كە ترشن جیام كردبوونەوە.

ڕۆژێكیان برا گەورەكەم، كە لەوەودوا جێگەی میر دەردی گرتەوە، پێی وتم: ئەمڕۆ منیش تێرم نەخواردووە و دەتوانم ئەم مانگۆ ترشانە بخۆم، منیش زۆر بەرگریم لێ‌ كرد بەبیانووی ئەوەی كە زۆر ترشە و نەیانخوات، بەڵام ئەو وازی نەهێنا. جا كاتێك دەستی كرد بە خواردن وتی: خۆش و بەتامە و پێشتر تۆ بەگاڵتە و بۆ خۆشی وتووتە: ئەمانە ترشن. هەروەك چۆن بەرە شیرینەكانی جیادەكردەوە و دەيخستنە لایەك پاشان لەخواردنی مانگۆكانی تردا لەگەڵ ئەواندا بەشداری دەكرد، پاشان ئەوانەیشی دەخوارد كە جیای كردبوونەوە بەو بیانووەی كە ترشن، موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: كوتومت ئا ئەمە دۆخی موسوڵمانانە لەم چەرخەی ئێستادا.

ئەگەر ئەمە دۆخی ئەو كەسانە بێت كە داوای پیادەكردنی شەریعەتی ئیسلامی دەكەن ئیتر دەبێت دۆخی ئەو كەسانە چۆن بێت كە شارەزاییان نیە دەربارەی ئیسلام، ئەوەتا ئەوانەی شەریعەتی ئیسلامی پیادەدەكەن بەم شێوەیە ڕەفتار دەكەن بەجۆرێك بەفێڵ كردن لە خەڵكی هەندێ‌ شت بۆ خۆیان جیادەكەنەوە. میر ناصر لە منداڵیدا ئەو كارەی دەكرد، بەڵام ئەم كەسانە بە ئەنقەست ئەم ڕەفتارە پڕوپوچانە دەكەن.

كەواتە ئەو كەسانەی بچوكترین شارەزاییان نیە دەربارەی ئیسلام واز لە هیچ شتێك ناهێنن نە گۆشت نە ئێسقان، بەڵكو هەموو شتێك لووش دەدەن تەنانەت ئەگەر پروپوچیش بێت. ئەوەتا لەم چەرخەی ئیستادا ڕێگەیان بەخۆیان داوە كە بەناوی ئیسلامەوە تاڵانی بكەن و مافی خەڵكی زەوت بكەن هەروەك لە هەموو شوێنێك دەیبینین و تێبینی دەكەین كە ئەمەش دیاردەیەكی بڵاوە. لەم سەردەمەدا ئەمە تراژیدیایەكی گەورەيە بۆ ئیسلام، وە بەهۆی ئەم مەلا و پیاوە ئایینیانەوە موسوڵمانانیش سەرقاڵن بەتاڵانی و كوشتن و بڕینەوە… خوای گەورە ڕەحم بە موسوڵمانان بكات.

موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) سەرنجی ڕۆڵەكانی كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی ڕادەكێشێت بۆ چۆنێتى بەرز كردنەوەى پێوەرەكانی ئیمان بەچاكتركردنی بارودۆخی ڕۆحییان، وە بە دروست كردنی پەیوەندیەكی پتەو لەگەڵ خوای گەورەدا و دەفەرموێت: ئەگەر خۆتان ڕازاندەوە بە پارێزكاری و خاوێنی و خووتان گرت بەپاڕانەوە و یادی خوداوە، وە پابەندبوون بە شەونوێژ و صلاوات ناردن بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە خوای گەورە لە خەونی ڕاستەقینە و كەشف و كەرامات بەشتان دەدات و شەرەفدارتان دەكات بە ئیلهام و وتەی شیرینی خۆی.

لە ڕاستیدا موعجیزەی زیندوو ئەوەیە كە مرۆڤ لە خۆیدا ئەو موعجیزەیە ببینێت، ڕاستە موعجیزەكانی ئیبراهیم (علیە السلام) مەزنن، وە موعجیزەكانی مووسا (علیە السلام) وە موعجیزەكانی عیسا (علیە السلام) ئەوانیش مەزنن. بەڵام ئەوەی كە پەیوەندی بە خودی كەسەكەوە هەیە؛ ئەوا موعجیزەی مەزن لەمەڕ ئەو كه‌سه‌ ئەوەیە كە خودی خۆی دەیبینێت. لەم ڕۆژانەشدا خەڵكی پرسیاری لەم جۆرە دەخەنەڕوو‌، منیش پێیان دەڵێم

ئەگەر ئێوە دەتانەوێ موعجیزەكان ببینن؛ ئەوا دەبێت بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی دروست بكەن لەگەڵ خوای گەورەدا.

موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) نموونەیەك دەهێنێتەوە لەسەر بەرەوپێشچوونی باوەڕی مرۆڤ و بینینی ئایەت و نیشانە لەخۆیدا، سەبارەت بەم بابەتە باسی بەڕێز شەهید عەبدوللـەتیفی كردووه‌ و دەفەرموێت: بڕوانن بۆ بەڕێز عەبدوللـەتیف كاتێك پەیوەندی كرد بە كۆمەڵی ئەحمەدیەوە و پاش مانەوەی ماوەیەكی كەم لە قادیان گەڕایەوە بۆ كابول، پاشا بانگی كرد و پێی وت: پێویستە تۆبە بكەیت. شەهیدیش فەرمووی: ئەستەمە من پاشگەزببمەوە لە هەڵوێستی خۆم؛ چونكە لەخەوندا خۆمم بینی كاتی دەرچوونم لە قادیان كەلەپچە و كۆت و زنجیر كرابووم. مادام خوای گەورە فەرموویەتی بە من لەپێناوی خوادا كۆت و زنجیر دەكرێیت ئیتر ئەستەمە من هەوڵ بدەم بۆ داماڵینی ئەو كۆت و پێوەندە ئاسنینە، بەڵكو پێویستە ئەم كەلەپچە ئاسنینە لەدەستەكانمدا بمێنێتەوە هەتاكو وتەی پەروەردگارم بێتەدی.

بڕوانن، شەهید بەم متمانە و یەقینە ڕازابۆوە؛ چونكە لەم بارەيەوە خەونی بینی بوو. بەم شێوەیە هەرچەندە كەسێك زاستی كەم بێت، بەڵام كاتێك خەونێك دەبینێت بەتەواوی متمانەی پێ دەكات ئەگەرچی ئەو خەونە درۆش بێت، بەڵام ئەگەر لە ترسنۆكیدا شاردیەوە ئەوە بابەتێكی ترە.

بەكورتی، ئەگەر باوەڕی مرۆڤ بەهێز بێت و پەیوەندی بەخوای گەورەوە هەبێت؛ ئەوا هه‌رگیز لە مرۆڤە ماددییەكان ناترسێت.

پاشان موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) نموونەیەكی تر دەهێنێتەوە و ده‌فه‌رموێت: سۆفی ئەحمەد جانی لودهیانەوی لە سەردەمی خۆیدا پیاوێكی ساڵح بوو، وە یەكێك بوو لە پارێزكارە بەناوبانگەكان. جارێكیان ڕاجا (واتە: پاشا) بانگهێشتی دەكات بۆ گامۆن پێی دەڵێت: وەرە بۆ ئێرە و بۆم بپاڕێرەوە، بەڵام ئەو بانگهێشتەكەی ڕەتكردەوە و فەرمووی: ئەگەر تۆ دەتەوێت نزات بۆ بكەم؛ ئەوا ئەبێت تۆ بێیت بۆ لای من، ئیتر بۆچی من بێم بۆ لای تۆ!

كەوابوو، ئەو كەسەی پەیوەندی بەخوای گەورەوە هەیە لە كەس ناترسێت، ئیتر ئەو كەسە هەرکێیەك بێت. پاشان موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) باسی ئەوە دەكات كە خەڵكی چەندە ڕێز و ئیحتیرامی مەسیحی بەڵێندراویان (علیە السلام) دەگرت پێش بانگەوازەكەی، وە دوای بانگەوازەكەی بارودۆخیان بەكوێ‌ گەیشت.. دەفەرموێت: بەهۆی بڵاوبوونەوەی ناوبانگی باشی كتێبی (بەراهینی ئەحمەدی)يەوە دەتوانین بڵێین كە سەدان هەزار كەس بیروباوەڕیان بەرامبەر بە بەڕێزی (علیە السلام) زۆرباش بوو. ئەمەش شایەتی یەكێكیانە كە لە پێش ئەوەی بەڕێزی ڕایبگەیەنێت ئەو مەسیحی بەڵێندراوە ئەو كەسە مردووە، ئەويش بریتیە لە بەڕێز سۆفی ئەحمەد جان كە پێش كەمێك باسكرا، ئەوەی كە ڕاجا بانگهێشتی كرد بۆلای خۆی بۆ ئەوەی نزاى بۆ بكات. ئەوەتا سۆفی ئەحمەد جانی لودهیانەوی لە دێرە شیعرێكیدا كە چەندەها جار بیستوومانە دەفەرموێت، كە باسی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) دەكات پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازەكەی كە ئەمە ماناكەیەتی [بەكوردی]: “هەموو نەخۆشەكان چاویان لە تۆ بڕیوە، تكات لێ‌ دەكەین ببە بە مەسیح و چارەسەریان بكە”.

گومانی تێدا نیە ئەمە بەڵگەیە لەسەر دوور بینی ئەحمەد جان كە یەكێك بووە لە دۆستانی خوا، ئەوەتا بە چاوتیژی خۆی ئەوەی بینیوە كە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) بریتیە لەو كەسەی كە بەڵێندراوە بە هاتنی ئیتر جیاوازی نییە ئايا تا ئێستا بانگەوازی ئەوەی كردووە یان نا. دەتوانین ئەوە بڵێین ئەو كەسانەیشی كە تا ئەم ڕادەیە دوور بینییان نەبووە هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌ كە زیندووكردنەوەی ئیسلام گرێدراوە بە كەسایەتی مەسیحی بەڵێندراوەوە (علیە السلام).

بەڵام كاتێك بەڕێزی (علیە السلام) ئەو چەكەی پێدرا كە بڕیار درابوو ئیسلام سەربكەوێت پێی و لەتوانایدا هەبوو كە دوژمن تێكبشكێنێت، وە ئەو ئاوی ژیانەی پێدرا كە ژیانی موسوڵمانانی لەسەر وەستابوو، بەڵێ‌ لەو كاتەدا گەورە دڵسۆزان لێی وەڕس بوون و وتیان ئەو كەسەی كە ئێمە وامانزانی ئاڵتونە بەداخەوە مس دەرچوو. وە لەناكاو سەدان هەزار كەس گومانی خراپیان برد بە ڕادەیەك كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) ڕایگەیاند كە بەیعەت وەردەگرێت تەنها چل كەس بەیعەتیان پێدا لەیەكەم ڕۆژدا لەگەڵ ئەوەی پێشتر سەدان هەزار كەس لە خەڵكی گومانی چاكیان پێدەبرد.

موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت خه‌ڵكانی پێشوو ئەوەیان گێڕاوەتەوە كە چۆن زانا گەورەكان گوتویانه‌ تەنها ئەم كەسە دەتوانێت خزمەتی ئیسلام بكات، وە خەڵكیان ڕەوانە كردووە بۆ لای. مەلا سەنائوڵڵا [ثناء الله] ئەوەی نووسیوە كە كاتی بڵاوبوونەوەی بەراهینی ئەحمەدی بە پیادە ڕۆيشتووە بۆ قادیان بۆ دیدەنی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام). وە مەلا موحەممەد حوسێن بەتاڵەوی كە پاشتر هەموو هەوڵێكی خەرج كرد بۆ دژایەتی كردن، دەڵێت: لەماوەی ئەم 1300 ساڵەی كە تێپەڕیوە هیچ كەسێك بە ئەندازەی میرزای بەڕێز خزمەتی بە ئیسلام نەكردووە.

لەم ڕۆژانەشدا هەندێ‌ كەناڵی بەناو ئیسلامی زۆر قسە دەكەن دەربارەی ئەم بابەتە و دەڵێن بێگومان لەو كاتەدا پێویستیەكی زۆر هەبوو بۆ ئەو خزمەتە بەڵام ئەو (واتە مەسیحی بەڵێندراو) لە دواییدا تووشی خراپە بوو (پەنا بەخوا). بەڵام لە ڕاستیدا ئەو خەڵكانە كوێراییان داهاتووە؛ چونكە ئەو كەسە بە مس دەزانن كە خوای گەورە كردوويەتی بە زێڕ. لەجیاتی ئەوەی بڕوانن بۆ شایەتی كرداره‌كی خوای گەورە، لە تاریكایی دەروونی خۆیاندا نوقم بوون و موسوڵمانە كاڵفامەكان گومڕا دەكەن. داواكارین لە خوای گەورە كە عەقڵ و هۆشیان پێ بدات.

جارێكیان باسی خانەی بەیعەت كرا، كە دەكەوێتە لودهیانە، لە دانیشتنی شورا لە ساڵی 1931ی زایینی موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) بە ئەندامانی ئەنجومەنی شوراى فەرموو: بەبۆچوونی من ئەم بابەتە زۆر گرنگە، هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) وەسفی لودهیانه‌ی كردووە وەكو “دەرگای لود” كە بەگوێرەی پێشبینيەکە لەوێدا دەججال دەكوژرێت، واتە ئەو شوێنەی كە تێیدا دوژمنان و دەججال لەناودەبرێن. جا ئەو جێگایەی كە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) لە قادیانەوە گەشتی بۆ كرد بۆ وەرگرتنی بەیعەت، پێویستە لەسەر كۆمەڵی ئيسلامى ئەحمەدی بەتایبەتی گرنگیەكی زۆری پێ بدات.

كاتێك خەلیفەی یەكەم (ڕەزای خوای لێ بێت) تكای كرد لە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) كە بەیعەتی لێ‌ وەربگرێت، مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) فەرمووى: لێرە (واتە لە قادیان) بەیعەت لە كەس وەرناگرم، بەڵكو لە لودهیانە بەیعەت وەردەگرم.

ڕابەری سۆفی ئەحمەد جان كە پێش بانگەوازەكەی مەسیحی بەڵێندراو كۆچی دوایی كرد یه‌كێك بوو لە دانیشتوانی لودهیانە، وە لەو كەسانە بوو كە خوای گەورە یارمەتیدا كە باوەڕ بهێنێت بە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) پێش بانگەوازەكەی وەك پێشتر باسم كرد. هەڵبەت ئەو پێش وەفات كردنی هەموو ئەندامانی خێزانەكەی كۆكردەوە و پێی وتن كە میرزای بەڕێز بەمزووانە بانگەوازی ئەوە دەكات كە مەسیحی بەڵێندراوە، بۆیە دەبێت هەمووتان باوەڕی پێ بكەن، ئەوە بوو هەموو خێزانەكەی باوەڕیان پێ هێنا.

بەڕێز پير مەنزور موحەممەد و بەڕێز پیـر ئیفتیخار ئەحمەد هەردووكیان كوڕی ئەو بوون، وە هاوسەری خەلیفەی یەكەم كچی ئەو بوو. موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت، كە ئەمە مەبەستی وتەكانیەتی: نیازم هەیە كە بەتایبەتی نەخشەیەك بۆ ئەم شوێنە بكێشم، وە جێگای بەیعەت وەرگرتنەكە دیاری بكەم و نیشانەی لەسەر دابنێم، وە بەم بۆنەيەوە دانیشتنێك ببەسترێت، وە لەوێدا ناوی ئەو چل كەسە بنووسرێت كە لەو شوێنەدا بەیعەتیان داوە.

منیش دەڵێم: ئەو خانووەی كە ئاماژەی بۆ كراوە لە لودهیانە لە سایەی خوای گەورەوە لای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیە، بەڵام لە ئێستادا درێژەی ئەو باسەم لا نیە كە تا چ ڕادەیەك كار بەم ڕێنماییانه‌ كراوە، وە ئەو ڕێكارانە چین كە كاریان بۆ دەكرێت، بەڵام هەرچی چۆنێك بێت هەوڵەكانی گۆڕینی ئەم یادەوەریانە بۆ یادگاری بەردەوامە.

پاشان موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) لە باسكردنی لودهیانە و نبوئەتی كوڕە بەڵێندراوەكەدا دەفەرموێت، كە ئەمە مەبەستەكەیەتی: هەڵبەت پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) لە خەوندا بینی كە هێشوویەك ترێی بەهەشتیان پیشان دا و پێیان وت ئەمە بۆ ئەبو جەهلە. كە ڕاڤەكەی ئەوە بوو عیكریمەی كوڕی دەچێتە بەهەشتەوە، دواتر هەروەهایش بوو. موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت: خوای گەورە یارمەتی كوڕەكەی ئەبو جەهلی دا كە ببێت بە پیاوێكی چاك و قوربانیگەلێكی زۆر جوان پێشكەش بكات لەپێناوی ئاییندا. لە یەكێك لە بەرەكانی جەنگدا موسوڵمانان ڕووبەڕووی هەڵوێستێكی زۆر قورس و گران بوونەوە؛ چونكە مەسيحيەكان تیریان دەگرتە موسوڵمانان كە ئەمەش بووە هۆی شەهید بوونی زۆرێك لە هاوەڵان (ڕەزای خوایان لێ بێت).

عیكریمەى كوڕی ئەبو جەهل وتی: ناتوانم بەرگەی بینینی ئەم دیمەنە بگرم، داوای كرد لە سەرتیپەكەیان كە مۆڵەتی بدات هێرش بكاتە سەر دوژمن، ئەوە بوو لەگەڵ شەست سەربازی ئازا و بەجەرگدا بەوپەڕی گوڕوتینەوە هێرشی كردە سەر ناوەڕاستی سوپای دوژمن، تەنانەت سەركردەی سوپای دوژمن ناچار بوو هەڵبێت، ئەمەش بووە هۆی پاڵپاڵێن و پەشێوی لە ڕیزی سوپاكەدا. وە ئەم سەربازە دلێرانە بەوپەڕی ئازایەتیەوە شەڕیان كرد، كاتێك سوپای موسوڵمانان گەيشتنە ئەو شوێنە ئەو هاوەڵانە یان شەهید ببوون یان زۆر بە سەختی بریندار ببوون.

لەو كاتەدا یەكێك لە ئەفسەرەكان بە ئاوەوە گەيشتە لای ئەم بریندارانە و ویستی یەكەمجار ئاو بدات بە عيكريمە، بەڵام ئەو سەیری كرد سوهەیلی كوڕی عەمر بۆ ئاوەكە دەڕوانێت، بۆیە بە ئەفسەرەكەی وت یەكەمجار ئاو بدە بە سوهەیل دوای ئەو من ئاو دەخۆمەوە؛ چونكە بەرگەی ئەوە ناگرم من ئاو بخۆمەوە و براكەم لە نزیكی مندا تینوو بێت.

پاشان ئەفسەرەكە ئاوەكەی برد بۆ سوهەیل بەڵام ئەو سەیری كرد لە نزیكیەوە حارسی كوڕی هیشام بریندارە، لەبەرئەوە سوهەیل بە ئاوگێڕەكەی وت كە پێش ئەو ئاو بدات بە حارس. ئاوگێڕەكە چوو بۆ لای حارس سەیری كرد لە گیانەڵادایە و لەدەست چووە، پاشان گەڕایەوە بۆلای سوهەیل سەيری كرد ئەویش وەفاتی فەرمووە، پاشان گەڕایەوە بۆلای عيكريمە سەیری كرد ئەویش وەفاتی فەرمووە.

كەوابوو، ئەگەر كەسێك خراپەكار و بێ باوەڕ و درۆزن بێت؛ ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت بڵێت: مناڵەكەیشی هاوشێوەی خۆیەتى. لە فەرمایشتی خوای گەورەدا كۆمەڵە بەڵگەیەك هەیە كە ئەم بابەتە ڕوون دەكاتەوە، ئەگەر بەڵگەی تێدا نەبێت ئەوا شایانی قەبوڵ كردن نیە.

پوختەی قسان ئەوەیە كە نبوئاتەكانی خوا بەشێوەی سەیروسەمەرە دێنە دی. كاتێك پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) خەونی ناوبراوی بینی زۆر نیگەران بوو، وە لە دڵی خۆیدا فەرمووی چۆن دەكرێت ئەبوجەهل لە بەهەشتدا بێت و هێشووە ترێی پێ‌ بدرێت. بەڵام مەبەست لەم خەونە ئەوە بوو كە كوڕەكەی باوەڕ دەهێنێت و قوربانی زۆر گەورە پێشكەش بە ئیسلام دەكات.

موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت لە پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراودا (علیە السلام) دەربارەی كوڕە بەڵێندراوەكە بەڵگەی زۆر هەیە, وەك ئەو بەڵگانەی كە لە نبوئاتەكانی تریدا هەیە. هەڵبەت كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) ئەو نبوئەتەى فەرموو تەنانەت خەڵكی قادیان نەیاندەناسی. زۆربەی كەسە بە تەمەنەكانی خەڵكی قادیان وتوويانە كە مەسیحی بەڵێندراویان (علیە السلام) نەناسیوە، وە پێیان وا بووە كە بەڕێز غولام مورتەزا یەك كوڕی هەیە كە ناوی میرزا غولام قادرە.

جا كەسێكی ئاوەها گومناو كە تەنانەت دانیشتوانی گوندەكەی خۆیشی نەیانناسیوە پێشبینی ئەوە بكات كە خوای گەورە كۆمەڵێك مناڵی پێ‌ دەبەخشێت و هەموویان تەمەنیان درێژ دەبێت، وە لەناو ئەم مناڵانەیدا كوڕێكی دەبێت كە ناوبانگی بڵاودەبێتەوە بە هەموو لایەكی جیهاندا، وە بەهۆی ئەم كوڕەیەوە بانگەوازی ئیسلام دەگاتە هەموو جێگایەكی ئەم زەویە. ئایا كەسێك دەتوانێت هەر لە خۆیەوە ئەم جۆرە قسانە بكات؟ مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) لەم پێشبینیەدا دەفەرموێت: ئەم كوڕە سێ‌ دەگۆڕێت بۆ چوار.

یەكێك لە ماناكانی ئەوەیە كە ئەم كوڕە لەساڵی چوارەمی وتنی ئەم پێشبینیەدا لەدایك دەبێت. وەك زانراوە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) لە ساڵی 1886ی زایینیدا ئەم پێشبینیەی كردووە و موصڵیحی بەڵێندراویش لە 12/1/1889ی زایینیدا لەدایك بووە، وە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) لەبەرواری 23/3/1889ی زایینی لە لودهیانە یەكەم بەیعەتی وەرگرتووە.

زۆرجار ئەم پێشبینیە لەناو كۆمەڵەكەمان و لە دەرەوەشدا باس دەكرێت و پرسیار دەكرێت: ئەم كوڕە كێیە؟ موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: هەڵبەت لەم پێشبینیەدا هەواڵی ئەوە دراوە كە ئەم كوڕە ناوى “مەحموود”ە ئەوەتا مەسیحی بەڵێندراو وەك گەشبینیەك منی بەم ناوەوە ناوناوە. وە لەبەرئەوەی یەكێك لە ناوەكانی بریتیە لە “بەشیری دووەم” دیسان مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) ناویناوم “بشیر الدین محمود أحمد” وەك ناوێكی تەواو.

وە ئەوەی كە پەیوەستە بە تەمەن درێژى ئەم مناڵە لەم پێشبینیەدا، دیسان ئەوەش هاتووەتە دی.

هەڵبەت خوای گەورە یارمەتی مەسیحی بەڵێندراویدا (علیە السلام) كە یەكێك لە مناڵەكانی ناوبنێت “مەحموود”، وە بەردەوام خەڵكی جیهان چاوەڕێ‌ بوون تاكو بزانن ئەم پێشبینیە ئاماژە بە كام كوڕ دەكات. هەڵبەت من هاتووم بۆ لودهیانە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم بابەتە (موصڵیحی بەڵێندراو لەو ڕۆژانەدا دەڕۆيشت بۆ لودهیانە).

بەڕێز موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت: بێگومان كۆمەڵی ئەحمەدی لە زۆر ڕووەوە پەیوەندی هەیە بەشاری لودهیانەوە، وە لە زۆر لایەنەوە گرنگی تایبەتی هەیە لە مێژووی كۆمەڵی ئەحمەدیدا. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) یەكەم بەیعەتی لە لودهیانە وەرگرت. ئەمە یەك. پاشان بەڕێز مەولەوی نوورەددین دوای ئەو (علیە السلام) خیلافەتی وەرگرت، لە لودهیانە هاوسەرگیری كرد لەگەڵ كچی ئەحمەد جان دا خوا لێى خۆش بێت، ئەمەش پەیوەنیەكی تر. كوڕی ناوبراو كە لە پێشبینی ناوبراودا ناوی هاتووە لە هەناوی خێزانی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) لەدایك بووە كە دیسان ئەویش لە لودهیانە نیشتەجێ‌ بووە.

پاشان موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) باسی ماوەیەكی كەم دەكات كە لەمنداڵیدا لە لودهیانە ژیانی بەسەر بردووە و دەفەرموێت: لەو كاتەدا من مناڵ بووم زۆربەی شتەكانی ئەو كاتەم لەبیر نیە؛ چونكە تەمەنم نزیكه‌ی دوو ساڵ و نیو دەبوو. تێبینی ئەوە بكەن كە بەڕێزی (ڕەزای خوای لێ بێت) لەو تەمەنە مناڵیەدا شتانێكی لەبیربووە كە بەگشتی نایەتەوە بیر، بەڵام ئەو ڕووداوەكانی ئەو كاتەیش ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێت: تەنها ڕووداوێكم لەبیرە كە بریتیە لەوەی ئەو خانووەی كە ئێمەی تێدا نیشتەجێ‌ بووین لەسەر شەقامەكە بوو، وە شەقامەكە ڕاستە شەقام بوو، كاتێ‌ لەماڵ دەرچووم گەنجێكم بینی كە لەو لاوە دەهات مارمێلكەیەكی تۆپیوی بۆ هەڵدام منیش بەڕادەیەك ترسام كە بە گریانەوە ڕامكردە ژوورەوە.

نەخشەی ئەو بازاڕەم لەیادە كە لە تەنیشتمانەوە بوو ئەگەرچی ئێستا نایناسمەوە، وە ماڵەكەمان لەسەر شەقامەكە بوو، بە منداڵی چەند مانگێكی تەمەنم لەوێ‌ بەسەر برد. لەبەرئەوە ئەم شارە لە زۆر لایەنەوە پەیوەندی بە ئەحمەدیەتەوە هەیە.

موصڵیحی بەڵێندراو دەفەرموێت ئەم شارە تایبەتمەندیەكی گەورەی هەیە، بەڵام من بیرم لەوە كردووەتەوە ئەو مەبەستانەی كە بە فەرمانی خوای گەورە ڕادەگەیەندرێت لەلایەن خەڵكیەوە دژایەتی دەكرێت.

ئەوە بوو كاتێك ڕاگەیەندرا كە پێشبینی پەیوەست بە موصڵيحى بەڵێندراو هاتەدی. لە لودهیانە دژایەتی كرا لەگەڵ ئەوەی دانیشتن بەسترا بۆ ڕاگەیاندنی هاتنەدی ئەم پێشبینیە لە لاهۆر و گورداسپور پێش لودهیانە كەچی لەم دوو شارەدا بەرهەڵستی ڕووینەدا، لەگەڵ ئەوەی من ڕامگەیاند كە ئەو پێشبینیە لە خودی مندا هاتووەتەدی، كەچی كەس بەرهەڵستی ئەمەی نەكرد، بەڵام كاتێك هاتمە لودهیانە و بەناو شاردا دەڕۆيشتم ڕێپێوانێكم بینی كە بەردەوام هاواریان دەكرد “بمرێت میرزا، بمرێت میرزا” پەنا بەخوا.

هەرچی چۆنێك بێت ئەمە كاریگەری نابێت لەسەر ئێمە. ئەوان هەڵدەستن بەم گاڵتە پێكردنە؛ چونكە ڕێنمایی پێغەمبەری خوایان (صلی الله علیە وسلم) لەبیركردووە، بەڵام پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكراییەوە هاتەدی. پاشان موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) پاڕایەوە كە خوای گەورە یارمەتی خەڵكی لودهیانە بدات بۆ ئەوەی باوەڕبهێنن بە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام)، وە ئەو كەسانەی ئەمڕۆ هاوار دەكەن لە دژی بەڕێزی ببن بە كەسانێك كە لە پێناوی ئەودا (علیە السلام) هاوار بكەن.

موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەربارەی خۆشەویستی هاوەڵێكی مەسیحی بەڵێندراو و پەیوەندی ئەو بە بەڕێزیەوە قسە دەكات و دەفەرموێت بەڕێز عەبدوڵڵا سەنەوری (ڕەزای خوای لێ بێت) ئەویش لەدڵیدا ئەم جۆرە خۆشەویستیە هەبوو. جارێك هات بۆ قادیان و هاتە خزمەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام)، وە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) كاری پێدەكرد، بۆیە كاتێك مۆڵەتی بەڕێز عەبدوڵڵا سەنەوری تەواو بوو ئیزنی خواست لە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) بۆ ئەوەی بڕوات ئەویش (علیە السلام) پێی فەرموو: لێرە بمێنەوە. ئەویش داواكاریەكی نارد بۆ درێژكردنەوەی مۆڵەتەكەی، بەڵام لە فەرمانگەوە وەڵام درایەوە كە مۆڵەتی بۆ درێژ ناكرێتەوە، ئەمەی باسكرد بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) ئەویش فەرمووی: لێرە بمێنەوە.

پاشان عەبدوڵڵا سەنەوری (ڕەزای خوای لێ بێت) بۆی نووسین كە هەتا ئێستا ناتوانێت ئامادە بێت دوای ئەوە فەرمانگەكەی لەسەر كارەكەی لایدا؛ چونكە فەرمانگەی حكومی بوو، دوای ئەوە بۆ ماوەی چوار یان شەش مانگ لە قادیان مایەوە بەگوێرەی داواكاری مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام)، پاشان گەڕایەوە بۆ فەرمانگەكەی ئەوە بوو خودی فەرمانگەكەی ئەو بابەتەكەی وروژاند كە ئەو بەرپرسەی لەسەركار لایداوە دەسەڵاتی ئەو لەسەر كار لادانەی نیە، بەگوێرەی ئەمە گەڕێنرایەوە بۆ سەر كارەكەی و مووچەی ئەو مانگانەی پێشوویشی پێدرا كە لە قادیان بەسەری بردبوو.

بەم شێوەیە نموونەیەكی تری هێنایەوە لەسەر ڕووداوێك كە هاتووە بەسەر بەڕێز مونشی زەفەر ئەحمەد كەبورتەهلوی دا (ڕەزای خوای لێ بێت) موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: من دوێنێ‌ شەو لە سەفەردا بووم بۆ دەهلۆزی بەڕێز عەتائوڵڵای پارێزەر ئەم ڕووداوەی بۆ گێڕامەوە، هەڵبەت ئەم ڕووداوە لە ڕۆژنامەی “حەكەم”یشدا بڵاوكراوەتەوە لە ساڵی 1934ی زاینیدا، لەبەرئەوە لە زمانی بەڕێز زەفەر ئەحمەدەوە بەیانی دەكەم، بەڕێز مونشی دەڵێت: كاتێك وەكو نووسەر دامەزرام، لە دادگادا كارم دەكرد، جارێكیان هەموو دۆسیەكانم داخست و ڕۆيشتم بۆ قادیان، پاشان لە ڕۆژی سێيەمدا ئیزنم خواست لە مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) ئەویش فەرمووی (علیە السلام): لێرە بمێنەرەوە.

پاشان بەلامەوە شیاو نەبوو كە جارێكی تر ئیزنی لێ‌ بخوازم بۆیە فەرمانەكەم بەجێهێشت بۆ بەڕێزی (علیە السلام). مانگێك بەسەر ئەمەدا تێپەڕی و دۆسیەكان لەماڵەكەمدا بوون و كار ڕاوه‌ستا، ئینجا چەند جارێك نامەی ئاگاداركردنەوەم بۆ هات، بەڵام گوێم پێنەدا، واتە دەڵێت هەموو شتێكم لەبیركرد و گوێم نەدا بە نامەكان. هەڵبەت هاوەڵێتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) بەڕادەیەك بەهرە و خۆشی تێدا بوو گرنگیم نەدا بە لەدەستچوونی كارەكەم و نەترسام لە هیچ لێپرسینەوەیەك. لە كۆتاییدا نامەیەكی زۆر توند لە دادگاوە هات، نامەكەم بردە خزمەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام)، ئەویش فەرمووی بۆیان بنووسە كە هاتنەوەت قورسە و ناتوانیت لە ئێستادا بگەرێیتەوە. منیش هەمان ئەو ڕستەیەم بۆ نووسین. كاتێك مانگێكی تری بەسەردا تێپەڕی فەرمووی: ڕۆژەكان چەندن؟ پاشان مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) خۆی دەستی كرد بە ژماردنی ڕۆژەكان و فەرمووی: زۆر چاكە ئێستا بڕۆ. منیش ڕۆيشتم كاتێك گەيشتمە كەبورتەهلە و ڕۆيشتم بۆ ماڵی دادوەر “لالە هەرچەند داس”؛ چونكە من لە دادگای ئەم دادوەرە كارم دەكرد، ڕۆيشتم بۆ لای بۆ ئەوەی بڕیارەكەی بزانم كە ئایا لەسەر كارەكەم دەمهێڵێتەوە یان لەسەر كار لام دەدات یان غەرامەم دەكات؟ یان بڕیاری چیە. كاتێك چوومە ماڵەكەی وتی: پێدەچێت بەڕێز میرزا تۆی گلدابێتەوە و نەیهێشتبێت بێیتەوە بۆ سەر كارەكەت. دادوەرەكە ئەمەی وت. منیش پێم وت: بەڵێ‌. دادوەرەكە وتی: بڕیارەكەی ئەو لەپێشتر و ڕاستترە، واتە بڕیاری مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام).

موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت ئەو بابەتەی كە زیادەیە لە گێڕانەوەكەی بەڕێز عەتائوڵڵا دا بریتیە لە وتەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) بۆ بەڕێز مونشی خوا لێى خۆش بێت كە بنووسە بۆ دادوەرەكە بەوەی كە ناتوانێت بێتەوە ئەویش هەمان قسەی نووسی و ناردی بۆ دادوەرەكە. موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت ئەم كەسانە ئەو كۆمەڵە بوون كە نموونەیەكی بەرزیان پێشكەش كرد لە خۆشەویستی كە هەست بە شوورەیی ناكەین لە بەرامبەر كۆمەڵەكانی پێشوودا. هەرچەندە ئەندامانی كۆمەڵەكەمان كەموكورتییان هەبێت وە هەرچەندە سستییان هەبێت، بەڵام ئەگەر لە بەرامبەر ئێمەدا نموونەی هاوەڵەكانی مووسا (علیە السلام) پێشكەش بكرێت؛ ئەوا ئێمەیش دەتوانین لە بەرامبەریاندا نموونەی ئەم كۆمەڵە پێشكەش بكەین، هەروەها ئەگەر هاوەڵەكانی عیسا (علیە السلام) لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا كردارەكانی خۆیان پێشكەش بكەن؛ ئەوا ئێمەیش دەتوانین لەبەرامبەریاندا ئەم هاوەڵانەی خۆمان پێشكەش بكەین بە شانازییەوە.

بەڵام ئەو فەرمایشتەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) كە دەفەرموێت نازانم چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان هاوەڵەكانی من و هاوەڵەكانی مەهدیدا، ئاشكرایە بەهۆی ئەم جۆرە خەڵكانەوە ئەم فەرمایشەی فەرمووە. ئەمانە ئەو كەسانەن كە هەموو جۆرە قوربانییەكیان پێشكەش كردووە وەكو ئەبوبەكر و عومەر و عوسمان و عەلی و هاوەڵەكانی تر كە هەمیشە ساز و ئامادە بوون بۆ قەبوڵ كردنی هەموو جۆرە بەڵايەك لە پێناوی خوای گەورەدا.

بڕوانن بۆ خەلیفەی یەكەم (ڕەزای خوای لێ بێت). من باسم نەكرد؛ چونكە خوای گەورە پلەوپاییەكی بڵندی پێبەخشیوە لەناو كۆمەڵدا ئەگینا قوربانیەكانی ئەویش سەرسوڕهێنەرە. كاتێك هات بۆ قادیان خه‌ریكی پیشه‌ی پزيشكی بوو له‌ بھێره‌ و نۆڕینگه‌كه‌ی كراوه‌ بوو، وه‌ كاره‌كه‌ی له‌ بازنه‌یه‌كی فراواندا به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، ئه‌وه‌ بوو كاتێك مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی خواست له‌ مه‌سیحی به‌ڵێندراو (عليه السلام)، پێی فه‌رموو (عليه السلام): مه‌ڕۆ، لێره‌ بمێنه‌ره‌وه‌. پاشان خه‌لیفه‌ی یه‌كه‌م (ڕه‌زای خوای لێبێت) ته‌نانه‌ت خۆی نه‌ڕۆیشت بۆ هێنانی پێداویستی و كه‌لوپه‌له‌كانی، به‌ڵكو داوای كرد له‌ كه‌سێكی تر كه‌ پێداویستی و كه‌لوپه‌له‌كانی له‌ شاری بـهێره‌وه‌ بۆ بـهێنێت. ئەمە ئەو قوربانیانەیە كە لای خوای گەورە كۆمەڵەكان جیادەكاتەوە، وە ئەمە ئەو پلەیەیە كە پێویستە هەموو كەسێك هەوڵی بەدەست هێنانی بدات. ناكرێت باوەڕێكی فەلسەفی ڕووت هیچ سوودێك بگەیەنێت بە مرۆڤ، ئەو باوەڕەی كە سوودی هەیە بۆ مرۆڤ ئەوەیە كە ڕازابێتەوە بە شیرینی عیشق و خۆشەویستی، هەرچەندە فەیلەسوف بانگەشەی خۆشەویستی بكات هیچ نرخێكی نیە زیاد لەوەی كە مشتومڕێكی هەوانتەیە؛ چونكە ناكرێت ڕاستی بەچاوی دڵ ببینێت، بەڵكو بەچاوی عەقڵی پەتيی دەبینێت، بەڵام ئەو كەسانەی ئەو ڕاستیە دەناسن كە لەلایەن خواوە هاتووە و دروشمەكانی خودا دەناسن بەچاوی دڵ نەك بەچاوی عەقڵ؛ ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت فریویان بدات؛ چونكە مێشك دەستی فەلسەفە بەرزدەكاتەوە و دڵیش دەستی خۆشەویستی، خوای گەورە یارمەتیمان بدات كە بەچاوی دڵ ئیمامی سەردەم بناسین و هەمیشە چەسپاو بین لەسەری، وە لەو كەسانە بین كە دروشمەكانی خودا دەناسن و شەیتان ناتوانێت فریومان بدات.

دوای نوێژی هەینی نوێژی مردووی نائامادە دەكەم لەسەر برایەكی خۆمان كە كەسێكی دەروێش و دونیا نەویست بوو كە بریتیە لە بەڕێز مەولەوی خورشید ئەحمەد بەربەهاكر كوڕی شۆدری نەواب دین. لە 28/7/2015ز لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە. إنا للـه وإنا إلیە راجعون.

لە گوندێكی پارێزگای لائلبۆر كە ئەمڕۆ پێی دەوترێت فەیسەڵئاوا لەدایك بووە. لە دایك و باوكێكی ئەحمەدی لەدایك بووە و یەكەمجار لە پانزە ساڵیدا لە ساڵی 1936ز سەردانی قادیانی كردووە و بەشداری كردووە لە دانیشتنی پرسیار و وەڵام لەگەڵ خەلیفەی دووەمدا (ڕەزای خوای لێ بێت).

وە لەبەرئەوەی كرێی گەڕانەوەی گەشتەكەی پێنەبووە بە پێ‌ دووری 95 كیلۆمەتری بڕیوە. بەشداری كردووە لە سیستەمی وەصیيەتدا كاتێك تەمەنی 19 ساڵ بووە.

لە ساڵی 1937ز دا نووسیویەتی بۆ خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) كە كاتی تەحریكی نوێ‌ كۆتایی هاتووە لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1936ز دا و لەو كاتەدا من خوێندكار بووم، بەڵام ئێستا دەرامەتێكی كەمم هەیە بۆیە تكاتان لێ‌ دەكەم كە ڕێگەم پێبدەن بەشداری بكەم لە بەخشیشی تەحریكی نوێدا بەشێوەیەكی جیا، ئەوە بوو خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) ڕێگەیدا بەم و هەموو ئەو خوێندكارانەی كە بێكار بوون و لەدواییدا كاریان دەستكەوت. پاشان مەولەوی خورشید ئەحمەد بەربەهاكر لە زەویەكانی كۆمەڵ لە هەرێمی سيند كاری كرد.

لە ساڵی 1947ز دا ژیانی خۆی وەقف كرد، هات بۆ قادیان. وە لەهەمان ساڵدا هیندستان دابەش بوو لە ئەنجامی ئەمەدا شەرەفی دەروێشایەتی دەستكەوت. لە سەردەمی دەروێشایەتیدا بەوپەڕی ئارامگری و سوپاس و ئەمەكەوە ژیا. وەكو بانگخوازێكی ناوخۆیی كاری گەیاندن و بانگخوازی دەكرد لە گوندەكانی پارێزگای یوبی لە هیندستان بە جوانترین شێوە. كاتێك لە گۆڕەپانی گەیاندن و بانگەواز گەڕایەوە بۆ قادیان شەرەفی خزمەتكردنی بەدەست هێنا وەكو مامۆستا لە قوتابخانەی ناوەندی فێركردنی ئیسلام و لە قوتابخانەی ئەحمەدیەت لە قادیان. پاشان لە سێ‌ ساڵدا زمانی هيندی فێر بوو لەژێر چاودێری دەزگای چاودێری بانگەواز و گەیاندن و سێ‌ بڕوانامەی بەدەست هێنا لە “رتن بهوشن” و” بەربەهاكر هيندی”. بەقووڵی فیدا و كتێبی پیرۆز و گرنس (كتێبی ئایینی سیخی) دەخوێندەوە و وتار و توێژینەوەی زانستی دەنووسی دەربارەی ئایينی هيندۆسی و سیخی و مەسیحی، وە شەرەفی وەرگێڕانی قورئانی پیرۆزی بۆ زمانی هیندی بەدەست هێنا. سەرەتا وتارەكانی بڵاوكرایەوە لە هەفتەنامەی “بەدر” لە قادیان لەو كاتەوەی كە سەرلەنوێ‌ دەستی كردەوە بە دەرچوون پاش دابەشبوونی هیندستان لە ساڵی 1952ى زاينيدا، وە ئەم زنجیرەیە بەردەوام بوو هەتا ساڵی 2003ز، واتە زنجیرەی نووسینی وتارەكان درێژەی كێشا تاكو پەنجا ساڵ. سەرەڕای ئەوە ناوبەناو وتارەكانی بڵاودەكرایەوە لە گۆڤارەكانی كۆمەڵدا وەكو گۆڤاری “میشكات” و”راە إیمان”، هەروەها لە ڕۆژنامە نیشتیمانیەكانی تردا بابەتەكانی ئەو بڵاودەكرایەوە وەكو ڕۆژنامەی “هند سماتشار”ی ڕۆژانە و”المِلاب” و ڕۆژنامەكانی كشمیر. دەزگای چاودێری كردنی بانگەواز و گەیاندن لە ساڵی 1963ز دا نامیلكەیەكی ئەوی بڵاوكردەوە بەناوی “حكومەتی ئێستا و موسوڵمانە ئەحمەدیەكان” كە ناوبانگێكی گەورەی بەدەست هێنا. بابەت و هۆنراوەكانی زۆر جوان و بەنرخ بوون، خەلیفەی چوارەمیش (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) زۆر وەسفی ئەم نامیلكەیەی دەكرد، كاتی خوێندنەوەی نامیلكەكە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە لە دڵەوە دەرچووە و وتارەكانی زانستی بوون. پیاوێكی زۆر بەغیرەت و نەفس بەرز بوو، پێی خۆش نەبوو كە موحتاجی كەس بێت، خۆی كارەكانی خۆی دەكرد، لەگەڵ هەموو كارە زانستیەكانیدا كشتوكاڵی دەكرد و ماڵاتیشی بەخێو دەكرد لەگەڵ یارمەتیدانی مناڵەكان، كاتێك بوو بە خاوەنی سامان خانووی دروست كرد و خانووەكەی كۆمەڵی گێڕایەوە بۆ دەزگای ئەنجومەن. ئەمە نموونەیەكی زۆر مەزن بوو بۆ ئەو. بەردەوام و بەڕێكوپێكی نوێژەكانی لە مزگەوت دەكرد تەنانەت لەو ڕۆژانەیش كە زۆر نەخۆش بوو. خەوی ڕاستەقینەی دەبینی و بە نووسین دەینارد بۆ خەلیفە بەڕێزەكان. پێشتر هەواڵی مردنی دا بوو بە كوڕە بچوكەكەی، بەڕێز ئیبراهیم، پاشان پێش هەفتەیەك لە كۆچكردنەكەی ئەم هەواڵەی بیرخستەوە. دوو جار ژنی هێناوە، یەكەم جار لەگەڵ خانم عالەم بی بی هاوسەرگیری كردووە لە ساڵی 1944ز و خوای گەورە لەم هاوسەرەی كوڕێكی پێدا كە ناوی مونیر ئەحمەدە و لە پاكستان نیشتەجێیە. پاشان لەگەڵ بەڕێز عائیشە بێگەمی كچی بەڕێز عبدولڕەزاق لە “هبلی كرناتك” هاوسەرگیری كرد و خوای گەورە لەو هاوسەرەیشی پێنج كوڕ و سێ‌ كچی پێ بەخشی. ئیسرائیل ئەحمەد وكرشن ئەحمەد و ئیبراهیم ئەحمەد كوڕی ئەون، وە مێردی كچەكەی ناوی شەكیل ئەحمەدە، وە مێردی كچەكەی تری مەحموود ئەحمەدە، هەموویان خزمەتی كۆمەڵ دەكەن. خوای گەورە پلەی ڕەحمەتی بەرز بكاتەوە و یارمەتی مناڵ و نەوەكانی بدات كە بەردەوام دەست بگرن بە كۆمەڵ و خیلافەتەوە، ئامین

وتارەکە بە فایلی PDF:

https://drive.google.com/open?id=1w8loHpmeP9PHBZs13GRrEO8wcd7QrtrT