بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

وتاری هەینی 2/10/2015

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

پێشەوای باوەڕداران گەورەمان میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) خەلیفەی پێنجەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ڕۆژی 2/10/2015 لە مزگەوتی (بیت الفتوح) له ‌لەندەن ئەم وتارەی پێشكەش كردووە

أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك لـه، وأشهد أن محمدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرجيم. {بسْمِ الله الرَّحْمَن الرَّحيم * الْحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمينَ * الرَّحْمَن الرَّحيم * مَالك يَوم الدِّين * إيَّاكَ نَعْبُدُ وإيَّاكَ نَسْتَعينُ * اهْدنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقيمَ * صِرَاط الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْر الْمَغْضُوب عَلَيْهمْ ولا الضَّالِّينَ}. (آمين)

{ولَنَبْلُونَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوفِ والْجُوعِ ونَقْصٍ مِنَ الْأَمْوالِ والْأَنْفُسِ والثَّمَرَاتِ وبَشِّرِ الصَّابِرِينَ * الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ} واتە: “ئێمە بە هەندێك ترس و برسێتی و مردن و كەمبوونەوەی ماڵی دنیا و بەروبووم تاقیتان دەكەینەوە، مژدە بدە بەو كەسانەی خۆڕاگرن (*) ئەوانەی كە تووشی بەڵا و نەهامەتیەك دەبن دەڵێن: ئێمە موڵكی خواین و هەر بۆلای ئەو دەگەڕێینەوە.”

بێگومان لەم ئایەتەدا ئەو سیفەتانەی باوەڕدار باسكراوە كە لەكاتی هاتنی بەڵا و نەهامەتیەكاندا پیشانی دەدات. خوای گەورە دەفەرموێت كاتێك باوەڕدار باوەڕداری ڕاستەقینەیە كە ئەم سیفەتانەی تێدا بێت. جاروبار باوەڕداران دووچاری زیان دەبن وەكو تاك، وە هەندێ جاری تر دووچاری زیان دەبن وەك كۆمەڵ، بەڵام باوەڕداری ڕاستەقینە لە هەموو ئەو هەڵوێستانەدا كە دووچاری زیان دەبێت بەسەركەوتوویی دەردەچێت و ڕەزامەندی خوای گەورە بەدەستدەهێنێت، وە پێویستە كارەكە هەمیشه بەم شێوەيە بێت. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) بە تێروتەسەلی لە كتێب و وتەكانیدا تیشكی خستووەتەسەر ئەم بابەته،‌ وە لە هەموو لایەنە جیاوازەكانەوە ڕوونیكردووەتەوە. وە هەندێ لە بڕگەی نووسین و وتەكانی پێشكەش دەكەم دەربارەی ئەم بابەتە. دەفەرموێت:‌

“پێویستە مرۆڤ زویر و بێزار نەبێت لە نەهامەتیەكان، وە ئەوه كەسەی زویر و بێزار دەبێت لێیان باوەڕدار نیە. خوای گەورە دەفەرموێت: {ولَنَبْلُونَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوفِ والْجُوعِ ونَقْصٍ مِنَ الأَمْوالِ والأَنْفُسِ والثَّمَرَاتِ وبَشِّرِ الصَّابِرِينَ (*) الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا للهِ وإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ}، كاتێك بەڵا و نەهامەتی تووشی پێغەمبەران بووە مژدەی نیعەمەتەكانیان پێدراوە، وە كاتێك بەڵا و نەهامەتی تووشی كەسانی تر بووە هەموویان لەناوچوون. بۆیە پێویستە لەسەر مرۆڤ كە ئایەتی: {إِنَّا للهِ وإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ} بخوێنێتەوە لەكاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا و داوای ڕەزامەندی خوای گەورە بكات.

ژیانی باوەڕدار دوو بەشە. ئەو چاكەیەی كە باوەڕدار بەدەستی دەهێنێت پاداشتەكەی بڕیاردراوە بۆی، بەڵام ئارامگرتن پاداشتی بێشومار بەدوای خۆیدا دەهێنێت (واتە ئاشكرایە كاری چاكە پاداشتی خۆی هەیە، بەڵام پاداشتی ئارامگرتن زۆر زیاترە). خوای گەورە دەفەرموێت ئەو كەسانە كەسانی ئارامگرن و خوایان ناسیوە. ئەوانەی لە مانای ئارامگرتن تێدەگەن خوای گەورە ژیانیان دەكات بەدوو بەشەوە.

یەكەم: كاتێك مرۆڤی ئارامگر دەپاڕێتەوە خوای گەورە پاڕانەوەكەی گیرا دەكات وەك دەفەرموێت: {ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ} وە هەروەها دەفەرموێت: {أُجِيبُ دَعْوةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ}.

دووەم: هەندێ كات بەهۆی حیكمەتێكەوە خوای گەورە نزای باوەڕدار گیرا ناكات، بەڵكو خوای گەورە (سبحانە وتعالی) باوەڕدار ملكەچ دەكات بۆ فەرمانەكەی خۆى. دەوترێت خوای گەورە وەكو هاوەڵ مامەڵە دەكات لەگەڵ باوەڕداردا. وەك چۆن دوو هاوەڵ هەندێ جار یەكێكیان بەگوێی ئەوی تریان دەكات و هەندێ جاریش دەیەوێت ئەوی تر بەگوێی بكات. ئەمە نموونەی پەیوەندی خوای گەورەیە لەگەڵ باوەڕداردا، هەندێ جار پاڕانەوەكانی گیرادەكات وەك دەفەرموێت: {ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ}. وە هەندێ جاریش دەیەوێت باوەڕدار ملكەچ بێت بۆ فەرمانەكانی وەك دەفەرموێت: {ولَنَبْلُونَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوفِ…}. ئەگەر كەسێك باوەڕی هەبێت ئەوا پەیدەبات بەم بابەتە و جەخت لەسەر هەردوو لایەنەكە دەكاتەوە نەك بەتەنھا لایەنێك.

پێویستە باوەڕدار لەكاتی هاتنی بەڵا و موسیبەتەكاندا خەمبار نەبێت؛ چونكە ئەو لە پێغەمبەران پلەی بەرزتر و ئازیزتر نیە. لەڕاستیدا كانیاوی خۆشەویستی لەكاتی بەڵا و موسیبەتەكاندا بە لێشاو هەڵدەقوڵێت. هیچ نەهامەتییەك تووشی مرۆڤ نابێت مەگەر بەهۆیەوە مرۆڤ هەزارەها خۆشی دەچێژێت… نەهامەتیەكان بەهۆی تاوانەوە دانابەزن بۆسەر خۆشەویستانی خوا… بۆ نموونە بڕوانن چۆن ئەخلاقی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەركەوت لەكاتی دەردی سەری ئازارەكاندا و لەكاتی سەركەوتندا. ئەگەر پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) تووشی بەڵا و نەهامەتیەكان نەبوایە؛ ئەوا ئێستا چۆن دەمانتوانی كە ئەخلاقی ئەو بخەینەڕوو؟ گومانی تێدا نیە كە خەڵكانی تر بەڵا و موسیبەتەكانی باوەڕدار بە دەردی سەری لەقەڵەم دەدەن، بەڵام باوەڕدار بەو شێوەیە لەقەڵەمی نادات… گرنگ ئەوەیە مرۆڤ تۆبەی ڕاستەقینە بكات و جێگیر بێت لەسەری، وە لەوە تێبگات كە بەهۆی ئەم تۆبە ڕاستەقینەيەوە ژیانێكی نوێ بەدەستدەهێنێت. ئەگەر دەتانەوێت بەروبوومی تۆبە كۆبكەنەوه؛ ئەوا به ئەنجامدانی كردەوەچاكەكان ئەو تۆبەیە كامڵ بكەن. كاتێك باخەوانێك نەمامێك دەنێژێت ئاوی دەدات و خزمەتی دەكات. درەختی ئیمانیش هەمان دۆخی هەیە و ئەویش بەئاوی كردەوەكان ئاودەدرێت. بۆیە كردەوەی چاك زۆر پێویستە بۆ كامڵ كردنی ئیمان. ئەگەر ئیمان كردەوەی لەگەڵدا نەبێت؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە وەكو درەختە وشكەكان وایە و خاوەنەكانیان نائومێد و زیانبارن.

پاشان بەڕێز مەسیحى بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت:

“سەغڵەت مەبن بە تاقیكردنەوە لەكاتێكدا ئێوە باوەڕدارن؛ چونكە باوەڕداری كامڵ بەتاقیكردنەوە زویر و بێزار نابێت. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: {ولَنَبْلُونَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوفِ والْجُوعِ ونَقْصٍ مِنَ الأَمْوالِ والأَنْفُسِ والثَّمَرَاتِ وبَشِّرِ الصَّابِرِينَ (*) الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا للهِ وإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ}. واتە خوای گەورە دەفەرموێت ئێمە تاقیتان دەكەینەوە هەندێ جار به كەمبوونەوەی ماڵ و سامان یان بە مردن و لەناوچوونی مناڵ و كەسوكارتان یان بە كەمبوونەوەی بەروبووم و غەیری ئەوانەش. ئەوانەی كە ئارام دەگرن و سوپاسگوزارن مژدەیان پێبدەن كە دەرگاكانی ڕەحمەت كراوەتەوە بۆیان. وە ئەو كەسانە لەو كاتەدا دەڵێن: {إِنَّا للهِ وإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ} واتە خۆمان و ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە هەمووی موڵكی خوایە و لەكۆتاییدا بۆلای ئەویش دەگەرێینەوە. بۆیە دڵیان ژان ناكات و خەفەتبار نابن، بەڵكو لە مەقامی ڕەزامەندیدا نیشتەجێ دەبن. ئەوانە ئەو كەسانەن كە ئارامگرن و بەبێ حیساب لەلایەن پەروەردگاری خۆیانەوە پاداشتیان پێدەدرێت.

بەڕێز مەسیحى بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: هەندێ كەس خوای گەورە تۆمەتبار دەكەن كە وەڵامی نزاكانیان ناداتەوە یان تانە دەدەن لە دۆستانی خوا كە فڵان پاڕانەوەیان گیرا نەبووە. لەڕاستیدا ئەم كاڵفامانە ئاگایان لە یاسای خوا نیە. ئەو كەسەی كە ڕووبەڕووی ئەم مامەڵەیە دەبێتەوە لەلایەن خوای گەورەوه ئەبێت زانیاری تەواوەتی هەبێت بە یاسای خودا سەبارەت بەم بابەتە، بەگوێرەی ئەو یاسایە خوای گەورە دوو نموونە پێشكەش دەكات؛ یان نزاكە گیرادەكات یان دەیەوێت مرۆڤەكە ملكەچی ویست و ئیرادەی ئەو بێت. وە قەبوڵكردنی ئەم دوو لایەنە بریتیە لە باوەڕ. بۆیە ئاگادار بن بەتەنھا جەخت نەكەنەوە لەسەر لایەنێك بۆئەوەی پێچەوانەی ویستی خوای گەورە ڕەفتار نەنوێنن و نكوڵی نەكەن لە یاسا ڕەوانەكەی‌. دوو ڕێگە هەیە بۆ پێشكەوتنی ئادەمیزاد: یەكەمیان: ئادەمیزاد لەلایەن ‌خۆیەوە بەگوێرەی فەرمانەكانی خوای گەورە كاربكات بە بڕیارەكانی شەریعەت وەك ئەنجامدانی نوێژ و‌ زەكات و ڕۆژوو و حەج و ڕاسپاردەكانی تری شەریعەت. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم كاروبارانە بەدەست ئادەمیزاد خۆیەتی هەندێ جار تەمەڵی دەكات لە جێبەجێكردنیاندا، یان لەم كارو فەرمانانەدا هۆكارێك بۆ پشوودان و ئاسانكاری بەدیدەكات بۆ خۆی. وە ڕێگەی دووەم ئەوەیە كە ڕاستەخۆ پێشكەوتنەكە لەلایەن خوای گەورەوە دەگات بە ئادەمیزاد، كه ئەمەیان بریتیە لە پێشكەوتنی ئادەمیزاد بەشێوەیەكی ڕاستەقینە؛ چونكە ئادەمیزاد ڕێگە دەدۆزێتەوە بۆ خۆدەربازكردن لە ئەرك و ڕاسپاردە شەرعیەكان و پشوودان تێیاندا. بۆ نموونە ئەگەر قامچیەك بدرێت بە كەسێك و داوای لێ بكرێت لەخۆی بدات؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە خۆشەویستی بۆ خۆی لەدڵیدا دەبزوێت. كێ هەیە بیەوێت خۆی دووچاری دەرد و بەڵا بكات. لەبەرئەوە خوای گەورە ڕێگایەكی تری داناوە بۆ كامڵكردنی ئادەمیزاد و دەفەرموێت: {ولَنَبْلُونَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوفِ والْجُوعِ ونَقْصٍ مِنَ الْأَمْوالِ والْأَنْفُسِ والثَّمَرَاتِ وبَشِّرِ الصَّابِرِينَ (*) الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا للهِ وإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ} بڕوانن چۆن جووتیار خۆی ماندوو دەكات و زەوی دەكێڵێت و ڕێكوپێكی دەكات و پاشان تۆو دەچێنێت تێیدا، پاشان ئەركی ئاودێری ئەو زەویە لە ئەستۆ دەگرێت كە ئەركێكی قورسە، پاشان دوای جۆرەها گرفت و هەوڵ و كۆشش و پاراستن كێڵگەكە ئامادە دەبێت ئینجا بەهۆی حیكمەتێكی وردی خوای گەورەوە تەرزە دەبارێت بەسەریدا و كێڵگەكە كاول دەكات یان هەندێ جار كێلگە بەهۆی وشكەساڵيیەوە وشك دەبێت و لەناودەچێت. ئەمە نموونەی ئەو گیروگرفتانەیە كە پێی دەوترێت پرسەكانی قەزا و قەدەر. وە ئەو ڕێنماییە چەند پاكوخاوێنە كە خەڵاتكراوە بە موسوڵمانان لەم دۆخەدا كە بریتیە لە نموونە و وانەیەكی ڕاستی بۆ ڕازی بوون بە قەزا و قەدەری خوا، وە ئەم ڕێنماییە تەنھا پشكی موسوڵمانانە”.

بۆیە پێویستە هەرگیز ئەوە نەیەت بە مێشكماندا كە بۆچی خوای گەورە گرفتارمان دەكات و تاقیمان دەكاتەوە بە زیانی گەورە و گیروگرفتی قورس، هەورەها پێویستە تووشی دڵەڕاوكێ نەبین بەهۆی گاڵتەپێكردنی نەیارەكانمانەوە و نیگەران نەبین لەوەی كە پێمان بڵێن ئەگەر خوا لەگەڵتاندا بوایە ئەوا تووشی زیان و گیروگرفت نەدەبوون.

ئەو بابەتانەی كە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لەو بڕگانەدا ڕوونیكردووەتەوە جارێكی تر هەندێ لە خاڵەكانی پێشكەشی ئێوە دەكەم، بەرێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: بیربكەنەوە كە بەڵا و نەهامەتی دووچاری پێغەمبەران و خۆشەویستانی خوایش بووه و دواجار تووشی كۆمەڵی پێغەمبەرانیش بووە كە شوێن ڕێنماییە دروستەكەی ئەوان كەوتوون.

بەكورتی، خۆشەویستانی خوا تووشی نەهامەتیەكان بوون، بەڵام خوای گەورە بەم نەهامەتیانە گرفتاریان ناكات بۆئەوەی تووشی دەردى سەرییان بكات یان سزایان بدات، بەڵكو لەو كاتانەدا مژدەی نیعمەتەكانیان پێدەدات. وە كاتێك ئەو نەهامەتیانە تووشی دوژمنانی خوا و پێغەمەبەرەكەی و خراپەكاران دەبن ڕایاندەماڵێت و لەناویان دەبات.

پاشان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت كەسانی ئارامگر لەسەر نەهامەتیەكان بە بێ شومار پاداشتی بێ كۆتاییان پی خەڵات دەكرێت.

بۆیە پێویستە لەسەر باوەڕدار كە لە مانای ئارامگرتن تێبگات. مەبەست لە ئارامگرتن ئەوە نیە كە داخ و پەژارە دەرنەبڕێت لەكاتی زیانكردندا، بەڵكو‌ مەبەست لێی ئەوەیە كە زیان و ئازارەكان بەڕادەیەك كاری لێ نەكات كە هەست و هۆشی لەدەست بچێت یان نائومێد بێت یان دۆش دابمێنێت و هێزەكردەییەكانی بەكارنەهێنێت. دەربڕینی داخ و پەژارە بۆ لەدەستچوونی ماڵ و سامان و مناڵ و خزم و كەسوكار تا ئاستی مەعقول ڕەوایە و ڕێگەپێدراوە بۆ ئادەمیزاد. بەڵام لەپاڵ ئەمەدا پێویستە لەسەری زیاتر لە جاران هەوڵ بدات و سووربێت لەسەر ئەوەی كە پێشبكەوێت بۆ وێستگەكانی دواتر و قۆناغەكانی تری بەرەوپێشچوون ببڕێت.

پاشان دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت كەسی ئارامگر كەسێكە پەی بە حەقیقەتی نزا دەبات. هەندێ جار دەستبەجێ خوای گەورە نزاكەی گیرا دەكات، وە لەهەندێ كاتی تردا لەبەر حیكمەتێك نزاكەی گیرا ناكات. بەڵام پێویستە لەسەر باوەڕدار لە هەموو بارودۆخەكاندا ڕازی بێت بە ڕەزای خوای گەورە، وە سكاڵا نەكات لە كارێك لە كارەكانی خوای گەورە. ئەمە بریتیە لە ئارامگرتنى ڕاستەقینە، وە ئەگەر مرۆڤ ئەم جۆرە ئارامگرتنەی هەبێت؛ ئەوا خوای گەورە نیعمەتی زۆر دەبارێنێت بەسەریدا.

مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت بەندە ڕاستەقینەكانی خوا لە هەلومەرجە ناهەموارەكانیشدا چێژ و خۆشی وەردەگرن؛ چونكە پێیان وایە لە پشتی ئەم بەڵا و نەهامەتیانەوە كۆمەڵێك نیعمەت و فەزڵی خوای گەورە هەیە كە لە ژماردن نایەن. كەواتە، مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت گیروگرفت و موسیبەتەكان بەهۆی تاوانەكانیانەوە دانابەزن بۆسەر باوەڕداران، بەڵكو وەك تاقیكردنەوەیەك لەلایەن خواوە دێن، بۆ ئەوەی خەڵكی بزانن كە بەندەكانی خوا لە هەموو بارودۆخێكدا ڕازین بە كارەكانی خوای گەورە.

مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) خۆشەویسترین كەس بووە لای خوای گەورە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تووشی كۆمەڵێكی زۆر گیروگرفت بووە، هەندێ لەوانە تووشی خۆی بوون و هەندێكیش تووشی كۆمەڵەكەی بوون. وە ئاشكرایە هیچ كەسێك هێندەی گەورەمان پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) تووشی بەڵا و نەهامەتی نەبووە. بەڵام ئەو نموونەیەی كە ئەو پیشانی داوە لەسەر خۆڕاگری و ڕازی بوون بە ویستی خوا لە ژیانی ‌هیچ كەسێكی تردا نەمانبینیوە. وە ئەم ئەخلاقە نموونەییە بریتیە لە سەرمەشقێكی چاك بۆ هەموو موسوڵمانان.

مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ تۆبەكردنی ڕاستەقینە و دەفەرموێت تۆبەكردنیش‌ زۆر پێویستە بۆ سەركەوتنتان لە تاقیكردنەوەكاندا.

وە ئەركی سەرشانی باوەڕدارە كە لەگەڵ ئەنجامدانی كردەوەی چاكدا ئاوڕبداتەوە لە تۆبەكردنیش، واتە دانبنێت بە كەموكورتیەكانیدا لەكاتی هەموو گرفت و تاقیكردنەوەیەكدا و بگەرێتەوە بۆ لای خوای گەوره،‌ پاشان بەردەوام بێت لە ئیسڵاح كردنی خۆی لە رێگەی ئەنجامدانی كردەوە چاكەكانەوە، بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت هەروەك چۆن باخەوان پاش چاندنی درەخت گرنگی پێدەدات و ئاوی دەدات، بەهەمان شێوە پێویستە لەسەر باوەڕدار كە درەختی ئیمان بەئاوی كردەوەچاكەكان ئاوبدات، وە ئەنجامدانی ئەم كارە دەبێتە تاكە هۆكارێك بۆ سەركەوتنی باوەڕدار.

بەڕێز مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: پێویست ناكات بەهۆی قسەی خەڵكیەوە خۆتان تووشی دڵەڕاوكێ بكەن، زۆربەی خەڵكی قسە دەكەن، وە خەڵكی بەردەوام ڕەخنەیان لە دۆستانی خوایش گرتووە كە فڵانە پاڕانەوەیان گیرا نەبووە، بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت لەڕاستیدا ئەو ڕەخنەگرانە بێ ئاگان لە سوننەتی خوا، بەڵام باوەڕدار دەزانێت كە خوای گەورە هەندێ جار نزای بەندە گیرادەكات و هەندێ جاریش ویستی خۆی دەسەپێنێت، وە ئامۆژگاریمان دەكات و دەڵێت ئێوە لەو كەسانە مەبن كە نكوڵی دەكەن لەم سوننەتە. یەكێك لە ئەحمەديیەكان پێی ڕاگەیاندم كە برادەرێكی نائەحمەدی لەكاتی كەوتنەوەی ئاگرەكە لێرە، له مزگەوتی (بیت الفتوح) پێی وتووە: ئەگەر پاڕانەوە زۆرەكانتان قەبوڵ بووە لای خوا؛ ئەوا بۆچی ئاگر دەكەوێتەوە لەلای ئێوە و بۆچی تووشی ئەم گرفتە دەبن؟ ئەحمەديیەكەیش پێی دەڵێت: ئایا پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) تووشی گیروگرفت نەبووە یان ئایا باوەڕداران دووچاری گیروگرفت نابن؟

بەڵام ڕەخنەگران لە هەموو بارودۆخێكدا ڕەخنەدەگرن، بەرێز مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت ئێوە لەو كەسانە مەبن كە نكوڵی دەكەن لەم سوننەتە، وە دەفەرموێت گیروگرفت و نەهامەتیەكان بەردەوام نابن لەسەر باوەڕداران، بەڵكو ئەم گرفت و نەهامەتیانە بەشێوەیەكی كاتی تووشی باوەڕداران دەبن و كۆتاییان پێدێت، بۆیە لە رێگەی ئارامگرى و پاڕانەوە و كردەوەچاكەكانتانەوە فەزڵ و ڕەحمەتی خوا ڕابكێشن بۆ خۆتان، هەركاتێك تووشی كێشە و گرفتەكان بوون؛ ئەوا لەو كەسان بن كە دەڵێن: {إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ}. بێگومان ئەو كەسانە مژدەیان پێدەدرێت. كە لەكاتی تووشبوون به ‌بەڵا و نەهامەتیەكان یان زیانە گیانی و ماڵیەكاندا دەڵێین “إِنَّا لِلَّهِ”‌ مانای ئەوه دەگەیەنێت كە مادام ئێمە موڵكی خوای گەورەین؛ ئەوا هەرگیز دەستمان لێ بەرنادات. ئەگەر تووشی هەر موسیبەتێك بین؛ ئەوا ڕەنگە خوای گەورە بیەوێت ئامادەمان بكات بۆ وەرگرتنی نیعمەتی گەورەتر لەوەی پێشوو، پاشان كە دەڵێین: “وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ، هەر بۆلای ئەو دەگەرێینەوە” مانای ئەوەیە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ لای خوا و داوای ئەوەی لێ دەكەین كە لە داهاتوودا بەهۆی ئەو كەمتەرخەمی و كەموكوڕیەی كە هەمانه هیچ ئاستەنگێك نەبێتە ڕێگر لە وەرگرتنی كۆمەڵێك نیعمەت و فەزڵی گەورەتر، لەبەرئەوە داوای ئەو نیعمەتانەت لێ دەكەین و دەگەرێینەوە بۆ لات، وە هەمیشە داوای فەزڵ و بەرەكەتەكانی تۆ دەكەین، وە یارمەتیمان بدە بەسەركەوتوویی ئارام بگرین و كردەوەكانیشمان چاك بكەین لەداهاتوودا، وە هەمیشە گەڕانەوە بۆ لای تۆیە، كاتێك ئەم دۆخە هاتەدی؛ ئەوا إن شاء الله پێشكەوتن بەدەستدەهێنین، وە كۆمەڵەکەمان زۆر زیاتر لە جاران پێشدەكەوێت، وە ئەگەر پەیوەندیەكی ڕاستەقینەمان هەبێت لەگەڵ خوای گەورەدا؛ ئەوا دوژمن ناتوانێت لە ڕێگەی دژایەتی و گاڵتەپێكردنەوە زیانمان پێ بگەیەنێت.

هەفتەی پێشوو وەك پێمڕاگەیاندن بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەوە زیانێكی زۆر كەوت بە دوو هۆڵ لە تەنیشت مزگەوتەكەدا، ئاگرەكە زۆر ترسناك بوو، كاتێك كۆمەڵێك كەناڵی تەلەفزیۆنی و هۆكارەكانی تری ڕاگەیاندن ئەم هەواڵەیان بڵاوكردەوە هەندێ لەو كەسانەی كە ڕق و كینەیەكی زۆریان هەیە بەرامبەر كۆمەڵەکەمان شاد و كەیفخۆش بوون، وەك پێشتر نموونەیەكیشم بۆ باسكردن، وتیان ئەمە زۆرباشە، بێگومان مزگەوتەكەیش‌ گڕدەگرێت و دەسووتێت، بەڵكو ئەوان دەیانوت ئەمە مزگەوت نیە، بەڵكو پەرستگاكەیان گڕدەگرێت و دەسووتێت؛ چونكە ئەحمەدیەكان موسوڵمان نین، بەڵام دوایی كە زانیان مزگەوتەكە نەسووتاوە زۆریان پێ ناخۆش بوو كە بۆچی مزگەوتەكە نەسوتاوە و تەنھا دوو هۆڵی پاڵ مزگەوتەكە گڕی گرتووە و سووتاوە،‌ ئەمە حاڵی هەندێ لە موسوڵمانانی ئێستایە، بەڵام هەموویان وەكو یەك نین، هەڵبەت موسوڵمانان لە هەندێ شوێندا هاوخەمییان دەربڕی بۆمان كە بەداخەوەن بۆ ئەوەی بەشێك لە مزگەوتەكەمان یان دوو هۆڵی تەنیشت مزگەوتەكە سووتاوە، وتیان چەند مانگێكیش لەمەوپێش ئاگر لە مزگەوتەكەیان بەربوو، وە بۆماوەی چەندین مانگ داخرا، وە چەند ڕۆژێك لەمەوپێش سەرلەنوێ كرایەوە. هەندێ ئینگلیزی خۆجێی، كە ئاگادار نین لە بیروباوەڕ و كردەوەكانی كۆمەڵەکەمان، وتیان شتێكی باش ڕوویداوە، تێڕوانینیان بەم شێوەيە بوو؛ چونكە لە هەندێ ناوچە بێزاری هەیە دژی موسوڵمانان، بەڵام دراوسێكانمان و ئەوانەی كۆمەڵەكەمان دەناسن وەڵامی ناموسوڵمان و نائەحمەدیەكانیشیان دایەوە و وتیان پێویستە خەجاڵەت و شەرمەزار بن، ئەم كۆمەڵە كار بە ڕێنماییەكانی ئیسلامی ڕاست و دروست دەكات، هەروەك كەناڵەكان و هۆكارەكانی تری ڕاگەیاندنیان لەم بابەتە ئاگاداركردەوە لە جیھاندا. ئەم هەواڵە لە كەناڵە ئەوروپیەكاندا بڵاوكرایەوە و ئەوە باسكرا‌ كە ئاگرێك كەوتووەتەوە لە گەورەترین مزگەوتی ئەوروپادا، وە بەردەوام لێدوان دەدرێت و پرسیار دەكرێت، لەوانە: ئەم كۆمەڵە چیە؟ و ئەو كۆمەڵە خەڵكە كێن؟ وە ئەم ڕووداوە بووە هۆی ناساندنی كۆمەڵەكەمان لە جیھاندا بەشێوەیەكی فراوان. ڕاستە ئێمە بەم ڕووداوە دڵتەنگ بووین، وه ئاراممان گرت لەسەری و وتمان: {إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ}، بەڵام خوای گەورە لەكاتی ئەم زیان و گرفتاریەدا كە تووشی كۆمەڵەکەمان بوو، خەڵكێكی ڕاستكردەوە بۆ پشتگیری كردن لە كۆمەڵەکەمان، بەمەش بۆ خەڵكی دەركەوت كە خوا (سبحانه و تعالی) لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدایە.

هۆكاری كەوتنەوەی ئەم ئاگرە چی بوو؟ هەتا ئێستا لای پۆلیس ئەمە ڕوون نیە، وە لە هیچ شتێك ئاگاداریان نەكردووین، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە كە ئاگرەكە لە گەنجینەكەوە دەستی پێ كردبێت، كە هەندێ شتی پلاستیكی و هەندێ شتی تری تێدا بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەكە هەڵگیرسێت و بەخێرایی تەشەنە بكات، وە بەردەوام زیاتر تەشەنەی كردووە بەهۆی تەختەی بنمیچ و وایەری كارەباوە. هۆكارەكە هەرچیەك بێت، ئاماژەیە بۆ لاوازی پلان و تەگبیری فەرمانبەر و بەرپرس و سەرپەرشتیارانی ڕاپەڕاندنی كاروباری مزگەوتەكە، پێویستە لەسەریان زۆر داوای لێخۆش بوون لە خوا بكەن. بێگومان شێوازی كەوتنەوەی ئاگرەكە و تەشەنەكردنی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەكرا زیانی زۆر زیاتری لێ بكەوێتەوە. وە تیمی ئاگركوژێنەوەیش وتیان خوای گەورە ڕزگاری كردوون لە زیانی زۆر گەورە؛ چونكە پلەی گەرما گەيشتبووە سەدەها بگرە گەيشتبووە هەزارەها پلە و دەكرا ئەم ئاگرە زیانێكی زۆر گەورەتری بدایە لەچاو ئەو زیانەی كە ڕوویداوە.

من بیرم لەوە دەكردەوە كە چۆن خوای گەورە لە ڕێگەی كەسانی ترەوە هەستێكی چاك دروست دەكات دەرباری كۆمەڵەکەمان. ئاشكرایە هۆكارەكانی ڕاگەیاندن لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە هەواڵی گەورەكراو بڵاوبكەنەوە، وە ئەو كەسانەی لەو بوارەدا كاردەكەن دەگەڕێن بۆ كۆمەڵێك هەواڵ بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو هەواڵانەوە ترس و گرژی و ئاژاوە بڵاوبكەنەوە. لەكاتی ئاگرەكەدا نوێنەری یەكێك لە هۆكارەكانی ڕاگەیاندن هات و دەستی كرد بە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ سكرتێری بڵاوكردنەوە و ڕۆژنامەگەری لە كۆمەڵەكەماندا، وە لە دەرەوە وەستابوو؛ چونكە ڕێگە نەدەدرا بەهیچ كەسێك كە نزیك بێتەوە لە شوێنی كەوتنەوەی ئاگرەكە، لێی پرسی: پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ دراوسێكانتان؟ وە هەستیان چۆنە بەرامبەرتان؟ نوێنەرەكە هێشتا پرسیارەكەی تەواو نەكردبوو لەپڕا سەیارەیەك لە تەنیشتیانەوە وەستا و خانمێكی ئینگلیز لە سەیارەكە دابەزی و وتی: من دراوسێی ئێوەم و لەنزیك ئەم مزگەوتەدا‌ نیشتەجێم، پاشان ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ خزمەتكردن و یارمەتیدان. هەورەها زۆرێك لە خەڵكانی تریش هاتن كە لەناویاندا نوێنەرانی كەنیسه هەبوون. كاتێك نوێنەرە ڕۆژنامەنووسەكە ڕاستەوخۆ گوێی لە هەستی ئەوان بوو بەرامبەر ڕووداوەكه وتی: وەڵامی پرسیارەكەم دەستكەوت ئیتر پێویست ناكات هیچ پرسیارێكی تر بكەم.‌

لەلایەكەوە ئەمە هەڵویستی زۆرینە بوو كە موسوڵمان نەبوون، لەلایەكی ترەوه هەڵوێستی هەندێ لە موسوڵمانان ئەوە بوو كە خۆشییان دەردەبڕی و “سبحان الله”یان دەوتەوە، ئەگەر ئەوان بەگاڵتەوە دەڵێن: “سبحان اللە”‌ بۆ ئەوەی بەمە غیرەتی خوا بخرۆشێنن ئەوا بابڵێن. بەڵام ئێمە بە فەزڵی خوای گەورە لە جاران چاكتر و جوانتر بیناكە دروست دەكەینەوە و وشەی “سبحان الله” و “ما شاء الله” بە مانا ڕاستەقینەكەی خۆیان دەڵێینەوە.

وەك وتم گرفتاری و تاقیكردنەوە یەكێكە لە سوننەتەكانی خوای گەورە، هەتا ئێستا نازانین هۆكاری هەموو ڕووداوەكە چی بوو‌، ئەگەر هۆكارەكەی پیلانگێڕان و ئا‌ژاوەنانەوە بێت؛ ئەوا پێشكەوتنی كۆمەڵەکەمان بەم جۆرە شتانە ناوەستێت، بەڵام پێویستە ئەم ڕووداوە پاڵنەرێك بێت بۆ ئەوەی ئیدارەكەمان چاوبگێڕێتەوە بە كەمتەرخەمی و كەموكوڕیەكانیدا و لێیان بكۆڵێتەوە و ئاگاداریان بێت بۆ ئەوەی چارەسەریان بكات‌. وەك لە وتاری جەژندا وتم ئەگەر ئامانج لە زیان گەیاندن بە كۆمەڵەکەمان و هەڵگیرساندنی ئاگر لە دژی بریتی بێت لەوەی لەناوی بەرن یان ئەو ئامانجە لەناوبەرن كە پێغەمبەرەكەی لەپێناویدا ڕەوانەكراوە؛ ئەوا هەرگیز لەمەدا سەركەوتوو نابن، وە ئەگەر كەسێك لەناخیدا نیازێكی خراپی هەڵگرت بێت؛ ئەوا پێدەچێت بتوانێت زیانێكی سادە بگەیەنێت بە كۆمەڵەکەمان، وە ئەگەر كۆمەڵەکەمان تووشی زیانێكی سادە ببێت؛ ئەوا خوای گەورە كۆمەڵێك مژدە دەدات بەوانەی كە ئارام دەگرن. بێگومان لە سەرەتاوە زنجیرەی پیلان و ئاگر هەڵگیرسان دژی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت) دەستی پێ كرد‌، بەڵام ئەنجام چی بوو؟ لە هەموو شوێنێك گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵەکەمان دەبینین.

ئاگری ماددی هەیە، وە ئاگری مەعنەویش هەیە كە بریتیە لە ئاگری ڕق و كینە و حەسوودی كە لە ناخی ئادەمیزاددا هەڵدەگیرسێت، ڕاسته ئەو بەشەی مزگەوتەكە كە نووساوە بەهۆڵەكانەوە لە ڕواڵەتدا ئاگر سوتاندوویەتی، بەڵام _وەك وتم_ بە فەزڵی خوای گەورە هەموو ئەوەی كە تێكچووە و خراپ بووە چاكی دەكەینەوە، وە دەچینە ڕیزی ئەو كەسانەی كه بەشی خۆیان بەدەست دەهێنن لە مژدەكانی خوای گەورە، ئەم پاڕانەوە و ئارامگرتنەمان دەمانخاتە ئامێز و سێبەری گەرم و گوڕی خوای گەورەوە، بەڵام بەهۆی ئەم ئاگرە ڕواڵەتیەوە ئاگری حەسوودی لە دڵی دوژمنانی كۆمەڵەکەماندا هەڵگیرسا. وەك وتم خەڵكێكی زۆر دڵخۆش بوون بەم ئاگركەوتنەوەیە، بەڵام لەسەر ئەوەیش داخ و خەفەتیان خوارد كە بۆچی مزگەوتەكەیان نەسووتا و بۆچی زیانێكی كەمیان لێ كەوت، وە پێویست بوو زیانەكان زۆر لەوە زیاتر بن. دیارە ئەو ئاگرەی دژی ئێمە هەڵیان گیرساندووە لە ڕاستیدا نەیارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەسووتێنێت لە شێوەی ئەو حەسوودی و ڕق و كینەیەی كە لە ناخیاندا هەیە دژی ئێمە.‌

كارەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی تەنانەت لەكاتی كەوتنەوەی ئەم ئاگرەشدا نەوەستا، باسی دەرەوەی لەندەن یان دەرەوەی بەریتانیا ناكەم، بەڵكو ئێمە لەناوەوەی لەندەنیش بەردەوام بووین له ڕاپەڕاندنی كارەكانمان. گومانی تێدا نیە كە فەرمانبەرەكانمان نیگەران بوون، بەڵام وەك پێمڕاگەیاندن ئادەمیزاد هەست بە داخ و پەژارە دەكات كاتێك زیانی پێدەگات و ئەمەش شتێكی سروشتیە، بەڵام پێویست ناكات داخ و پەژارە زاڵ بێت بەسەریدا.

بەشێك لە كەناڵی MTA لێرەدا بوونی هەیە، بەڵكو بەشی هەرەگەورەی لێرەدایە، وه بڕیاربوو‌ لەو ڕۆژەدا بەرنامەی “راه هدی” بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش بكرێت، بەڵام ئامادەكا‌رانی بەرنامەكە سەیریان كرد ناتوانن خۆیان بگەیەننە ستۆدیۆی MTA، وە نەیاندەزانی كە لەوێدا چی ڕوودەدات، وە نەیانتوانی بچنە ناویەوە بۆیە بڕیاریاندا ئەم بەرنامەیە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەو ڕۆژەدا پەخش نەكرێت، بەڵكو بەرنامەكە لەداهاتوودا بە تۆماركراوی پەخش بكەن. كاتێك بەوەم زانی وتم با لە مزگەوتی فەزڵ بەرنامەكە بە ڕاستەوخۆ پێشكەش بكرێت و هیچ ڕێگرێك نیە. وە بۆیان نیە كە لەخۆیانەوە ئەم جۆرە بڕیارانە بدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای من، پێویست بوو دەستبەجێ پرسم پێ بكەن كە پێویستە چی بكرێت بۆ پێشكەش كردنی ئەم بەرنامەیە بەشێوەی ڕاستەوخۆ.

ئەوان ویستیان بەرنامەكە هەڵوەشێننەوە یان نائومێد بوون یان نەیانتوانی دەستبەجێ بڕیار بدەن، ئەگەر ئەم بەرنامەیە پەخش نەكرایە؛ ئەوا ئەو پەیامە دەگەيشت بە ئەحمەديیەكان و هەموو جیھان كە سیستەمەكەمان هەمووی تێكچووە لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا تێكنەچوو بوو‌. ئەوە بوو دەستبەجێ لە ستۆدیۆی مزگەوتی فەزڵەوە بەشێوەى ڕاستەوخۆ بەرنامەی “راه هدی” پەخش كرا و خەڵكی پرسیاریان كرد و وەڵامیان درایەوە ئەمەش خەڵكی دڵنیا كردەوە و ئاسوودەی كردن. لە كاتێكدا كە زیانمان پێدەگات پێویست ناكات دەستەو ئەژنۆ دابنیشین یان بوەستین و تەماشا بكەین، خەڵكێكی زۆر لێرە كۆبوونەوه لەگەڵ ئەوەی پێویست بوو لەسەریان بچن بەلای كارەكانیانەوە، بەڵكو پێویست بوو دەستبەجێ بەگوێرەی توانا بەشوێن بەدیلدا بگەرێن و پاشماوەی كارەكە بەجێبھێڵن بۆ خوای گەورە.

بەڕێز میر مەحموود ئەحمەد لەو ڕۆژانەدا لێرە بوو، ئەوەی گێڕایەوە كە كاتێك كۆچ كرا بۆ (ڕەبوە) و دەستكرا بە ئاوەدان كردنەوەی ئەو شارە دۆخی ماددی كۆمەڵەكەمان ئەوپەڕی لاواز بوو، وه تەحەددایەك لە ئارادا بوو بۆ دروستكردنی شارێكی نوێ، وە نووسینگەكانی كۆمەڵەكەمان و مزگەوتەكان دروست دەكران، وە شارێكی نوێ لە چۆڵەوانیەكدا دروست دەكرا، هەموو شتێك لەسەرەتاوە دروست دەكرا. لەو كاتەدا كە بانی مزگەوتی موبارەك ئامادەكرا، وا بڵاوبوویەوە كە بانی مزگەوتەكە بەشێوەیەكی چاك و ڕێكوپێك دروست نەكراوە، وە بەزۆری خەڵكی باوەڕیان وابوو كە كەرەستەی چاك بەكارنەهاتووە بۆ دروست كردنی بانی مزگەوتەكە و لە داهاتوودا دەڕوخێت.

موصڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) تەشریفی هات و لەناو مزگەوتەكەدا ڕاوەستا و تەماشایەكی كرد و فەرمووی: دەوترێت ئەم بانە دەكرێت بروخێت و ناچارین دووبارە دروستی بكەینەوە، با وابێت لەبەرئەوەی زۆرێك لە تاقیكردنەوەكانی تر هەن با ئەمەش یەكێكی تر بێت لەو تاقیكردنەوانە. لەو سەردەمەدا پاش دابەشبوونی هيند و پاكستان تاقیكردنەوەی زۆر ڕوویدا، هیچ كەسێك ناتوانێت تێبگات لەو بابەتە مەگەر ئەو كەسانەی كە دەتوانن دۆخی ماددی و دارایی كۆمەڵەکەمان هەڵسەنگێنن لەو كاتەدا؛ چونكە هەلومەرجی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە هەلومەرجی ئەو سەردەمە.

هەرچی چۆنێك بێت، نیگەران نەبووین بەم كاروبارانە و پێویستیش ناكات نیگەران بین. ئەگەر ئەم ڕووداوە تاقیكردنەوەیە؛ ئەوا پێویستە لەسەرمان پەیمان بدەین و بەكردەوەكانمان بیسەلمێنین كه ‌ئێمه مل كەچ دەكەین بۆ خوای گەورە و بەكوڵ لێی دەپاڕێینەوە، وە بەم شێوەیە ئەم تاقیكردنەوەيە تێدەپەڕێنین. لەڕووی داراییەوە خوای گەورە فەزڵ و چاكەی زۆرە لەسەر کۆمەڵەکەمان، خوا یار بێت زۆر بەباشی ئەم زیانە قەرەبوو دەكەینەوە. هەر هۆكارێك لەپشت ئەم زیانەوە بێت یان ئەوەتا لە ئەنجامی كەمتەرخەمی خۆمان و نەبوونی دوور بینیەوە ڕوویداوه یان ڕووداوێكی كوتوپڕ بووه، هۆكارەكە هەرچیەك بێت بە فەزڵی خوای گەورە بەشێوەیەكی زۆر جوان جارێكی تر‌ دروستی دەكەینەوە‌.

ئەم كارە پێویستی بە پرۆژەیەكی تایبەتی نیە و پێویستیش ناكات کۆمەڵەکەمان بانگ بكەین، بەڵام خەڵكی لەخۆوە دەستیان كردووە بە ناردنی پارەكانیان، بەتایبەتی مناڵان دەستیان كردووە بە پێشكەش كردنی كۆمەكی ماددی و دارایی بۆ ئەم كاره،‌ لەبەرئەوە خۆیان پارەی دەغیلەكانیان پێشكەش كردووە، بگرە بەتەواوەتی دەغیلەكانیان ڕەوانە كرد و هەموو ئەو پارەيەیان بەخشی كە كۆیان كردبووەوە. كچێكی حەوت هەشت ساڵان بە باوكی وتووە: ئێمە دەچووین بۆ ئەو هۆڵانە و لەوێ خواردنمان دەخوارد و یاریمان دەكرد و لە بۆنەكاندا ئامادە دەبوین بۆیە پێویستە بەشداری بكەین لە سەرلەنوێ دروست كردنەوەیدا، ئەمە هەستی كچێكی بچوك بووە و دەڵێت: لەبەرئەوە ئەو پارەيەی كۆمكردووەتەوە دەیبەخشم، ئەوە بوو‌ دەخیلەكەی خۆی هێنا. دەی ئەگەر مناڵانی هەر كۆمەڵ و تیرەیەك ئەم ورەيەیان هەبێت؛ ئەوا كێ دەتوانێت نائومێدیان بكات، وە ئەم زیانە بچوكە چ نرخێكی هەیە؟!

دراوسێكانیشمان هەوڵ دەدەن ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن. ئەمیری كۆمەڵەكەمان ڕایگەیاند كە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك لێرە نامەیەكی ناردووە كە تێیدا دەڵێت قوتابیانی قوتابخانەكە دەیانەوێت كۆمەكیەكی دارایی كۆبكەنەوە و پێشكەشی بكەن بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەی ئەم بینایە. ئەمە ئەخلاقی باڵایە كە پێویستە موسوڵمانان پیشانی بدەن كەچی ناموسوڵمانەكان پیشانی دەدەن. بەچاوپۆشی لەوەی كە ئێمە شتێكیان لێ وەردەگرین یان نا، ئەوان هەستی خۆیان دەربڕیوە، دەبێت ڕێزی هەست و سۆزیان بگرین.

وەك وتم ئاگرەكە هێندە بەتین بووە كە پایە و جسرە ئاسنینەكانی لار كردووە، بەڵام هەندێ نووسینگە و تۆماری ئەو نووسینگانە پارێزراوبوون، وەك نووسینگەی وەسیەت و نووسینگەی دادوەری و هەندێ نووسینگەی تریش، وە نووسینگەی كەناڵەكەمان (MTA) هەمووی پارێزراو بوو، وە هەندێ شتومەكی زۆر بەنرخی تێدابوو.

ئەوەتا لەمڕۆوە بە فەزڵی خوای گەورە دەستكراوە بە ئیش. ئەم بەشە بەتەواوەتی پاڵیداوە بە هەردوو هۆڵی ناوبراوەوە. كاتێك ئەمەم زانی نیگەران بووم، وە كاتێك بابەتەكەم زانی دەستم كرد بە نزا و پاڕانەوە؛ چونكە ئەگەر ئاگرەكە بگەشتایەتە ئەو شوێنە؛ ئەوا مانای ئەوە بوو كە دەكرا ئاگرەكە بگاتە مزگەوتەكە.

بەهەر حاڵ، خوای گەورە بە فەزڵی خۆی ڕزگاری كرد. ڕاستە كە نووسینگەی شریتەكان زیانی زۆری پێگەیشت، بەڵام توانیمان لە سەدا حەفتای شتە خەزنكراوەكانی ناوی بگوێزینەوە بۆ شوێنێكی تر.

هەروەها ئەو بەشەی كە پەیوەستە بە بەشی پەخشكردن لە نووسینگەكەدا‌ سەلامەتە بە ئیزنی خوا. پێموایە ئەو شریتانەی كە لەناوچوون ئەوانە بوون كە باسی درێژەی گەڕانەكانیان تێیدا تۆماركرابوو یان شتێك لەو بابەتە، وە ئەو زیانە ئەوە نیە كە بووبێتە هۆی نەمانی مێژووەكەمان؛ چونكە بەشە هەڵبژێردراوەكانی پارێزراو بوون. لە خودی خۆیدا پاراستن و سەلامەتی MTA موعجیزە بوو؛ چونكە پاش ئەوەی بانی ئەو بینایە سووتا كە نووسابوو پێیەوە ئاگرەكە پاشەكشەی كرد، یان خوای گەورە تيمی ئاگر كوژێنەوەكەی زاڵكرد بەسەریدا. هەروەها هۆڵی “طاهر” و مزگەوتەكە بەتەواوەتی سەلامەت و پارێزراو بوون بە فەزڵی خوای گەورە وەك دەبینن. هەروەها خوای گەورە كۆمەڵەكەمانی پاراست لەوەی كە زیانی گیانی هەبێت.

یەكێك لە فەرمانبەرەكان لە نووسینگەكەدا كاری دەكرد ئاگای لەوە نەبوو كە لە دەرەوە چی دەگوزەرێت؛ چونكە زۆر سەرقاڵ بوو بەكارەكەیەوە، دەڵێت كاتێ دەرگاكەم كردەوه و لە ژوورەكە هاتمە دەرەوە دووكەڵێكی ڕەشی زۆر هاتەناو ژوورەكەوە و زۆر نیگەران بووم و هەوڵمدا ڕاكەمە دەرەوە، بەڵام دووكەڵی ڕەش لە هەموو شوێنێكدا بڵاوبوویەوە و نەمدەتوانی هیچ شتێك ببینم و هەستم بە تەنگەنەفەسی كرد. وە دەڵێت بەدەستم ‌گەڕام بۆ دیوارەكان و دەستم دای لە دیوارێك كە بەرەو دەرەوە دەچوو، وە دەستم كرد بە ڕۆيشتن و دەستم هەر بەدیوارەكەوە بوو. وە بەردەوام دەپاڕامەوە؛ چونكە خەریك بوو ورە لەدەست بدەم و زیاتر لە پێشوو هەستم بە تەنگە نەفەسی دەكرد. لەدڵی خۆمدا وتم خوای گەورە فەرموویەتی بە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) كە ئاگر خزمەتكاری تۆیە بگرە خزمەتكاری خزمەتكارەكانتە، وە منیش‌ یەكێكم لە خزمەتكارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەی خوایە گیان ڕزگارم بكە. سێ جار خەریك بوو بكەوم.

دەڵێم: ئەگەر بۆ یەك سات بكەوتایە؛ ئەوا بەتەواوەتی دەبرژا؛ چونكە پلەی گەرمی لەو شوێنەدا زۆر بەرز بوو. بەڵام خۆی گرت و ورەی بەرنەدا و بەردەوام بوو لە ڕۆيشتن بەناو دووكەڵە ڕەشەكەدا كە هەموو شوێنێكی گرتبوو، وە ڕووناكی نابینی مەگەر ئەو كاتەی كە گەيشتە دەرگای دەرەوە. پاشان دەڵێت: كاتێك دەموچاوم شۆرد و ئاوم وەردا لە دەمم لەناو دەممەوە ئاوی ڕەش دەهاتە دەرەوه؛ چونكە دەمم پر بوو لە ڕەشی. ئەمە دۆخەكەی بووە، بەڵام خوای گەورە بەشێوەی موعجیزە ڕزگاری كردووە. گومانی تێدا نیە كە ئەم ڕزگاربوونە بۆ ئەو موعجیزەیەكی مەزن بوو. بەهەرحاڵ، خوای گەورە بەفەزڵ و ڕەحمەتی خۆی پاراستی.

گومانی تێدا نیە حەسوودەكان حەسوودیەكەیان زیاتر دەبێت بۆیە دەبێت بە چڕی هەندێ نزا بكەن وەك: “ربِّ كُلُّ شيءٍ خَادِمُكَ ربِّ فَاحْفَظنِي وانْصُرني وارْحَمْنِي.” واتە خوایە هەموو شتێك خزمەتكاری تۆیە، خوایە بمپارێزە و سەركەوتووم بكە و ڕەحمم پێ بكە.

“اللَّهُمَّ إِنَّا نَجْعَلُكَ فِي نُحُورِهِمْ، وَنَعُوذُ بِكَ مِنْ شُرُورِهِمْ.” پەروەردگارا تۆ دەكەین بە گژیاندا و پەنا بە تۆ دەگرین لە خراپەكانیان.

وە هەروەها پێویستە ئەم پاڕانەوەیەش بڵێینەوە: {رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الْآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ} پەروەردگارا لە دنیا و دواڕۆژدا تووشی خێرمان بكە و لە سزای ئاگر بمانپارێزە.

ئەگەر هۆكاری ئەم ڕووداوە هەڵە یان كەمتەرخەمی فەرمانبەرەكان بێت؛ ئەوا دەبێت زۆر دوای لێبوردن لە خوای گەورە بكەن، بۆ ئەوەی خوای گەورە سەركەوتوومان بكات لە بەجێھێنانی ئەركەكانی سەرشانمان بەجوانترین شێوە و كەمتەرخەمیەكانمان دووربخاتەوە، وە ئەگەر ئەمە تاقیكردنەوەیەك بوو‌؛ ئەوا خوای گەورە یارمەتیمان بدا بە سەركەوتوويی تێیبپەڕێنین و زیاتر لە جاران نیعمەتی خۆی ببارێنێت بەسەرماندا، وە لە ڕیزی ئەو كەسە ئارامگرانەدا بماننووسێت كە خۆی مژدەی پێداون و زیاتر لە جاران گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵەكەمان ببینین. ئامین

پاش نوێژی هەینی بە غائیبی نوێژ دەكەم لەسەر هەندێ جەنازە، یەكەم جەنازە جەنازەی چودری مەحموود ئەحمەد موبەششیرە كە دەروێشی قادیان بووە و كوڕی چودری غوڵام موحەممەد بووە (ڕەزای خوای لێ بێت) كە هاوەڵی مەسیحی بەڵێندراو بووە (سڵاوی خوای لێ بێت). لە 18ی ئەیلولدا كۆچی دوایی كرد لە تەمەنی 97 ساڵیدا. {إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ}.

خەڵكی شاری سەرجودها بوو، پاشان لە ساڵی 1934ز هات بۆ قادیان بۆ خوێندن لە قوتابخانەی ئەحمەدی، وە لە ساڵی 1943ز لە سوپادا بوو بە فەرمانبەر، وە پاش خانەنشین بوون ژیانی خۆی وەقف كرد، وە بەفەرمانی خەلیفەی دووەمی مەسیح (ڕەزای خوای لێ بێت) هات بۆ قادیان و لە كۆمەڵێك نووسینگەی جیاوازدا كاری كردووە و وەك بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر و هەروەها وەك هەڵبژێردراوی گشتی دامەزراوەی ئەنجوومەن لە “شاهـ جيھان پوور” خزمەتی كۆمەڵی كردووە، وە بەردەوام سەرپەرشتی زەویەكانی كۆمەڵی كردووە لە نووسینگەی زەوی و زار لە قادیان و بەسەركەوتوويی خزمەتێكی زۆری كردووە، وە دادوەر بووە لە كۆمەڵدا و بەردەوام لە نووسینگەی بانگەواز و تەبلیغ و نووسینگەی پەروەردە و فێركردن خزمەتی كردووە، وە لەم نووسینگەیە خانەنشین بوو لە خزمەتكردنی كۆمەڵەكەمان.

وە هۆنراوەشی دەهۆنیەوە و هەمیشە گوزارشتی لە هەستی خەڵكی دەكرد لە هۆنراوەكانیدا، كەسێكی ڕووخۆش و ئەخلاق جوان و میوانپەروەر بووە، وە لەلای توێژی ناموسوڵمانی قادیان كەسێكی پەسەند بووە بەهۆی چاكی و تێكەڵی لەگەڵ خەڵكیدا لەبەرئەوە ڕێژەیەكی باش لە نائەحمەدیەكانیش بەشدارییان كرد لە ڕێوڕەسمی جەنازەكەیدا. خوای گەورە چوار كوڕ و سێ كچی پێبەخشی، دووان لە كوڕەكانی لە قادیان نیشتەجێن، وە كوڕێك و دوو كچیشی لە پاكستان نیشتەجێن.

خزمەتی هەموو كەسێكی دەكرد كە سەردانی قادیانی دەكرد، بیناسیایە یان نا، بەوپەڕی سەبر و خۆڕاگریەوە ماوەی دەروێشایەتی تەواوكرد. خوای گەورە پلەی بەرز بكاتەوە، وە یارمەتی مناڵەكانیشی بدا كە به بەردەوامی ئەو كارەچاكانە ئەنجام بدەن كە ڕەحمەتی ئەنجامی داون.

جەنازەكەی تر جەنازەی خالد سەلیم عەبباس ئەبو ڕاجی لە سوریا خوا لێى خۆش بێت، كە بەهۆی نۆرەیەكی دڵەوە لە 27/8/2015 گەيشتەوە بە پەروەردگاری خۆی. {إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ}. لە ساڵی 1927ز لەدایك بووە وە یەكێك بوو لە ئەحمەدیە دڵسۆزە دێرینەكان لە سوریا. بەهۆی بانگەوازی مامۆستا منیر حوصنیەوە پەیوەندی كرد بە كۆمەڵی ئەحمەدیەوە. پابەند بووە بە نوێژكردن و ڕۆژوو گرتنەوە. سروشتێكی سادەی هەبوو، قسەی ڕاست و دروستی دەكرد، میوانپەروەر بوو، دەست پاك بوو، گوێڕایەڵ بوو، مرۆڤێكی چاك و دڵسۆز بوو، پیشەی دارتاشی دەكرد. عاشقی خیلافەت بوو، وە زۆر ڕێزی دەگرت لە سیستەمی كۆمەڵ و بانگخوازەكان. بەخۆشەویستی و ڕێزەوە دەگەیشت بە هەموو كەسێك. بەردەوام بوو لەسەر ئەنجامدانی نوێژی هەینی.

لە هەموو كەس ماڵەكەی دوورتر بوو لە شوێنی نوێژكردنەوە لەگەڵ ئەوەشدا بە گشتی لە هەموویان زووتر ئامادە دەبوو بۆ نوێژی هەیینی، تامەزرۆی ئەوە بوو بەدەنگی بەرز بانگبدات. سەرەڕا ئەوەی كە بەتەمەن بوو كەچی هیممەتی بەرز بوو، وە دەچوو بۆ سەردانی ئەحمەدیە دێرینەكان. بەردەوام گوێی دەگرت لە وتار و دوانەكانی خەلیفە و بە كەسانی تریشی دەدا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن. بە دڵسۆزی و خۆشەویستیەوە هەتا دواساتەكانی ژیانی بە ئەمەك بوو بەرامبەر پەیمانی بەیعەت. لە (ڕەبوە) و (شانشینی یەكگرتوو) ئامادەی جەلسەی ساڵانە بووە. هەموو ئەو بانگخوازانەی كە لە سوریا ماونەتەوە و هەموو براكانی تریش ستایشی دڵسۆزی و مامەڵەی چاكی ئەو دەكەن لەگەڵ بانگخوازەكاندا. خوای گەورە لێى خۆش بێت و پلەی بەرز بكاتەوە.

ڕەنگە لە نێو هەموو مناڵەكانیدا تەنھا كچێكیان ئەحمەدی بێت، زۆر خەفەتی دەخوار بۆ ئەمە. داواكارین لە خوای گەورە كه یارمەتی مناڵەكانی بدات بۆ قەبوڵكردنی ئەحمەدیەت بەوەی هیوا و ئارەزووە چاكەكانی بھێنێتەدی و نزاكانی قەبوڵ بكات دەرحەقیان. وە چیرۆكی پەیوەندی كردنی بە ئەحمەدیەتەوە بەم شێوەیە بوو:

كەسێكی بینی بەگوێرەی فەرمایشتەكانی خوا و پێغەمبەرەكەی گفتوگۆی دەكرد لەگەڵ مەلایەكدا لەبارەی ئایینەوە، بەڵام مەلاكە بەردەوام پێی دەوت: تۆ كافری. وە ئەو كەسە ئەحمەدی بوو. ڕەحمەتی خوا لێی خۆش بێت لە دڵی خۆیدا وتی ئەم كەسە به گوێرەی ‌فەرمایشتی خوا و پێغەمبەرەكەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەم مەلایەدا دەكات، كەچی ئەو بەردەوام پێی دەڵێت كافر، ئەم دیمەنە زۆر كاری تێكرد، وە پەیوەندی كرد بەو ئەحمەدیەوە و دەربارەی كۆمەڵی ئەحمەدی زانیاری لێ وەرگرت، پاشان بەردەوام زانیاری زیاتر دەبوو دەربارەی كۆمەڵەكەمان هەتا لە كۆتاییدا بەیعەتیدا. خوای گەورە لێی خۆش بێت و پلەی بەرز بكاتەوە.

جەنازەی سێيەم ئێستا ناویم لەبیر نەماوە، ئەویش ئەحمەدیەكە لە سوریا، بەهۆی پارچە بۆمبێكەوە شەهید بوو لە ئەنجامی بارودۆخی جەنگ كە لەوێ باڵادەستە. خوای گەورە پلەی بەرزبكاتەوە. داوكارین لە خوای گەورە كە بارودۆخی سوریا چاك بكات، وە عەقڵ و هۆش بدات بە موسوڵمانان، وە یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی ببن بە موسوڵمانی ڕاستەقینەی میھرەبان و بۆ ئەوەی باوەڕبھێنن بە ئیمامی ئەم زەمانە لەجیاتی ئەوەی بدەن لە گەردنی یەكتری. ئامین.

وتارەکە بە فایلی PDF:

https://drive.google.com/open?id=1w9CWm66EoJmkFsko7gHUl581f5Dl_fvn