بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

میرزا مەسروور ئەحمەد

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

خەلیفەی پێنجەم: هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەركەوتووی بكات)

بەڕێزی لە 15ی ئەیلولی ساڵی 1950 لە شاری (ڕەبوە) لە پاكستان لەدایكبووە، نەوەی میرزا شەریف ئەحمەدە كە كوڕی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوە (علیه السلام). بەڕێزی خوێندنی بنەڕەتی لە قوتابخانەی فێركردنی ئیسلام تەواو كرد لە شاری ڕەبوە، وە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەدەستهێنا لە ئابووریدا لە كۆلێژی “تعلیم الإسلام” لەهەمان شاردا. پاشان بەرێزی لە ساڵی 1976ز پلەی پسپۆڕی بەدەستهێنا لە ئابووری كشتوكاڵدا لە كۆلێژی كشتوكاڵ لە شاری (فەيسەڵ ئاباد) لە پاكستان.

لە ساڵی 1977ز ژیانی خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتكردنی ئایینی ئیسلام، وە خەلیفەی سێیەم (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) ناردی بۆ گانا لە چوارچێوەی بەرنامەی (نصرة جهان)دا. پێشكەوتنی ئەم بەرنامەیە بووە مایەی یارمەتیدانی ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆشخانە و قوتابخانە لە ڕۆژئاوای ئەفریقادا. بەڕێزی هەستا بە دامەزراندنی قوتابخانەی ناوەندی ئەحمەدی (ساگالا) لە باكووری گانا كە لەوێدا بەدڵسۆزی بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتی كرد، وە ئەم دوو ساڵە بەس بوو بۆ ئەوەی هەڵبژێردرێت بۆ بەرێوەبردنی قوتابخانەی ناوەندی ئەحمەدی (ئیساركیر) لە ناوەڕاستی گانادا كە لەوێشدا بۆ ماوەی چوار ساڵ خزمەتی كرد.

وەك بەرێوەبەری كێڵگەیەكی ئەحمەدی كشتوكاڵی دامەزرا لە باكووری ناوچەی (دیبالی)، وە لەو هەرێمەدا گرفتی گەشەنەكردنی گەنم هەبوو، وە بەڕێزی هەوڵێكی زۆریدا بە یارمەتی بەڕێز (قاسم ئەحمەد) هەتاكو زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانەدا و هەوڵەكانیان بووە هۆی بەرهەمهێنانی گەنمێكی زۆر كە شوێنی خۆی گرت لە پێشانگاكانی بازرگانی جیهانیدا. سەرۆكە یەك لەدوای یەكەكانی گانا ستایشیان كردووە لەسەر ئەو سەركەوتنەی؛ چونكە بەرهەمی ئەم هەوڵە لە بواری كشتوكاڵدا رێگاخۆشكەرە بۆ خۆبەخێوكردن لە بواری چاندنی گەنمدا. بەڕێزی لە ساڵی 1985ز دا گەڕایەوە بۆ پاكستان و كرا بە وەكیلی دووەمی بەیتولمال، وە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1994ز بە بەرێوەبەری فێركردن لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا دامەزرا. وە لە 10ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1997ز بەڕێزی وەك ئەمیری هەرەباڵای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە پاكستان دیاریكرا.

بەڕێزی لە زۆر ڕووەوە لێهاتووە، وە ئەم لێهاتوویانە توانایان پێداوە بۆ ڕابەرایەتی كردن بەتایبەتی لە كاروباری ئیداری و ڕێكخستندا؛ چونكە بەڕێزی بەوە جیادەكرێتەوە كە دەچێتە ناو كرۆكی گرفتەكانەوە و هەوڵی چارەسەركردنیان دەدات. بەهۆی ئەم شارەزاییانەوە شایستەی ئەوە بوو كە زیاتر لە پلەوپایەیەك وەربگرێت، بۆیە خزمەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كردووە وەك بەرپرس لە كشتوكاڵ و جاروباریش وەك بەرپرسی میوانداری.

لە ساڵی 1988ز دا بەڕێزی وەك بەڕێوەبەری لیژنەی چاودێری بەرژەوەندیەكانی گۆڕستانێكی تایبەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (بەھشتی مەقبەرە) دیاریكرا، وە لەنێوان ساڵەكانی 1994- 1997ز ئیدارەی دامەزراوەی ناصری ڕادەست كرا، بەڵام بەردەوام سەرپەرشتی كاروبارەكانی جوانكردنی شاری ڕەبوەی دەكرد، وە هەوڵە بەرهەمدارەكانی بەڕێزی دیمەنێكی سەوزیان بەخشی بەو شارە.

وە لە ساڵی 1999ز بەڕێزی ئەو ڕێزەی بەدەستهێنا كە لە پێناوی خوای گەورەدا خرایە زیندانەوە لە چوارچێوەی شەپۆلی قەڵاچۆكردنی نامرۆڤانەی هەموو ئەو كەسانەی كە سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بوون بەگوێرەی ئەو یاسا ناوخۆییەی كە لە پاكستان دەرچوو بوو. وه هەندێ لە دوژمنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئەم شەپۆلە ستەمكارانەیان بەكارهێنا بۆ مەبەستی خۆیان و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە بەڕێزی هۆكار بووە بۆ شێواندنی سورەتەكانی قورئان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەگەڵ دوو كەسی تر لە ئەحمەدیەكان بخرێنە زیندانەوە، ڕۆژنامەی دەيلی جورئەت (Daily Jurat) كە بەشێوەیەكی بەربڵاو لە لاهۆر بڵاودەبێتەوە نووسی كە ئەم گرتن و قۆڵبەست كردنە بەگوێرەی ڕای گشتی هیچ بنەمایەكی ڕاستی نەبوو، وە هەنگاوێك بوو بۆ قووڵكردنەوەی تایەفەگەری و ڕق و كینە. بەڕێزی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە زینداندا مایەوە بەهۆی لایەنگیری دادگا و ڕەتكردنەوەی كەفالەت و گوێگرتن لە كۆمەڵێك چیرۆكی جۆراوجۆر كە هیچ بنەمایەكیان نەبوو.

لە 22ی نیسانی ساڵی 2003 وەك خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەلێندراو حەزرەت میرزا غوڵام ئەحمەد (علیه السلام) هەڵبژێردرا، هەڵبەت ئەم هەواڵە لە مزگەوتێكی لەندن ڕاگەیەنرا، وە كۆمەڵەكەمان لە هەموو لایەكی جیهاندا دڵخۆشی خۆی دەربڕی و سوپاسی خوای گەورەی كرد كە چاكەی لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدا كرد بەوەی ئەم پیاوە مەزنە ڕابەرایەتی دەكات بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركەی كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوپێش دەستیپێكردووە، وە زاناكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەو كتێبانەدا كە ئیلهامەكانی مەسیحی بەڵێندراویان تێدایە ئیلهامێكیان دۆزیەوە كە دەڵێت: “بێگومان من لەگەڵ تۆدام ئەی مەسروور”.

وە بەڕێزی (علیه السلام) لەكاتی خۆیدا تێنەگەیشتبوو لە ناوەڕۆكی ئەم ئیلهامە، بەڵام لەمڕۆدا زۆربەی ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی باوەڕیان وایە كە بەهۆی خەلیفەی پێنجەمەوە ئەم ئیلهامە بەڕاستگەڕا و هاتووەتەدی، وە خوای گەورە هۆكارەكانی پشتگیری كردنی خیلافەتەكەی دەسازێنێت، وە هەموو خاڵە لاوازەكانی خیلافەتەكەی بۆ چاك دەكات ئەگەر هەبێت، وە لە سەردەمی بەرێزیدا خیلافەت پێش دەخات. إنشاء الله.