بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

وتاری هەینی 06/05/2011

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

پێشەوای باوەڕداران گەورەمان میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەركەوتووی بكات)

خەلیفەی پێنجەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت)

لە ڕۆژی 06/05/2011 لە مزگەوتی (بیت الفتوح) لە لەندەن ئەم وتارەی پێشكەش كردووە

 أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك لـه، وأشهد أن محمدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرجيم. {بسْمِ الله الرَّحْمَن الرَّحيم * الْحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمينَ * الرَّحْمَن الرَّحيم * مَالك يَوْم الدِّين * إيَّاكَ نَعْبُدُ وَإيَّاكَ نَسْتَعينُ * اهْدنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقيمَ * صِرَاط الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْر الْمَغْضُوب عَلَيْهمْ وَلا الضَّالِّينَ}، آمين

{اللهُ لا إِلَهَ إِلا هُوَ الْحَيُّ الْقَيُّومُ لا تَأْخُذُهُ سِنَةٌ وَلا نَوْمٌ لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الأَرْضِ مَنْ ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِنْدَهُ إِلا بِإِذْنِهِ يَعْلَمُ مَا بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَمَا خَلْفَهُمْ وَلا يُحِيطُونَ بِشَيْءٍ مِنْ عِلْمِهِ إِلا بِمَا شَاءَ وَسِعَ كُرْسِيُّهُ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ وَلا يَئُودُهُ حِفْظُهُمَا وَهُوَ الْعَلِيُّ الْعَظِيمُ} (البقرة: 256)

ماوەیەك لەمەوپێش باسی ئەوەم كرد كە موسوڵمانان لەم رۆژگارەدا _لەجیاتی ئەوەی كردەوەی چاك ئەنجام بدەن و پەیوەندی خۆیان لەگەڵ خوای گەورەدا پتەو بكەن_ دەچن بۆ گۆشەی خانەقاكان و سەردانی گۆڕی شێخەكان دەكەن و لەسەر گۆڕی ئەولیاكان نەزر و قوربانی پێشكەش دەكەن، وەك چۆن لە خوا دەپاڕێنەوە وەهایش لەوان دەپاڕێنەوە. بێگومان زۆربەی دانیشتوانی پاكستان و هيندستان بانگەشەی ئەوە دەكەن، بەهۆی كەم زانیاری یان لەبەر بەندایەتی كردنی ڕابەرەكانیان بۆ ماوەیەكی درێژ، كە مورشیدەكانیان یان سەركردە و ڕابەرە ئایینیەكانیان یان ئەولیاكان دەتوانن ئاواتەكانیان بەدیبھێنن و بەهانایانەوە بێن؛ لەبەرئەوە لێیان دەپاڕێنەوە. بێگومان هەندێكیان بەڕادەیەك لە شیركدا ڕۆچوون كە سوژدە بۆ گۆڕەكانیش دەبەن، وە جاروبار هەندێ لە ئافرەتان دەڵێن ئەم ڕابەرە، واتە خاوەنی ئەم گۆڕە، كوڕێكی پێدام نەك خوا؛ تا ئەم ڕادەیە شیرك لە هەندێ كۆمەڵگادا پەرەیسەندووە.

بێگومان وای لێھاتووە كە موسوڵمانان لە شیرك نزیكترن تا لە يەكتاپەرستى، لەگەڵ ئەوەی دەبوایە لە هەموو كەس زیاتر یەكتاپەرست بوونایە؛ چونكە ئایينەكەیان لەسەر بنەمای یەكتاپەرستی بنیاتنراوە، وە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) هەمیشە جەختی كردووەتەوە لەسەر یەكتاپەرستی، وە قورئانی پیرۆزیش يەكتاپەرستيمان فێردەكات. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەندێ لە موسوڵمانان، بەهۆی بەدبەختیانەوە، لە شیركدا ڕۆچوون، وە جاروبار هەندێ ڕەفتار دەنوێنن كە وادەردەكەوێت لە شیرك نزیكتر بن تا لە ئیسلام و یەكتاپەرستی.

وە لەم چەرخەدا خوای گەورە چاكەی لەگەڵ كردین كە لەناو خۆمانادا عاشقی ڕاستگۆی پێغەمبەری (درودی خوای لەسەر بێت) ڕەوانەكرد بۆ ئەوەی خەڵكی دنیا هیدایەت بدات بۆ ڕێنمایی ڕاست و دروست و ڕزگاریان بكات لە ڕێنمایی‌ خراپی شێخ و مەلا و ڕابەرە ئایینیە ساختەچیەكان.

بێگومان مەسیحی زەمان و مەهدی و ناوبژیانی دادپەروەر و عاشقی ڕاستگۆی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ڕێنماییمان دەكات بۆ ڕزگاربوونمان لە پیسی و پۆخڵیەكانی شیرك، وە سەرلەنوێ ڕێنماییەكی پێبەخشیوین كە خودی ڕێنمایی قورئانی پیرۆزە، وە یەكتایی خوای گەورەی دامەزراندەوە، وە بەهۆی ئەم ڕێنماییەی مەسیحی زەمانەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) شارەزا دەبین لەو ڕێنماییە ڕاست و دروستەی‌‌ كە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) هێناویەتی، ئەو ڕێنماییەی كە گەورەیی و چاكیەكەی دەركەوت و ئیسلامی سەركەوتوو كرد بەسەر هەموو ئایینەكانی تردا، ئەگەرچی شوێنكەوتەی ئایینەكانی تر بانگەشەی ئەوە بكەن كە ڕزگاربوون لە ئایینەكەی ئەواندایە. بۆ نموونە مەسیحیەكان بە تایبەتی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە مەسیح بەهۆی ئەوەی لەسەر خاچ مردووە بووە بە كەفارەتی تاوانەكانمان و ڕێگای ڕزگاریە بۆ ئێمە، وە دەڵێن هەر كەسێك باوەڕی پێ بكات لە هەموو تاوانەكان ڕزگاری دەبێت؛ چونكە كوڕی خوایە و لەپێناوی ئێمەدا مردووە، بگرە لە مەسیحیەتدا كەسە پیرۆزەكانیش بوون بە شەفاعەتكار. بێگومان لەم دواییەدا لە جیھانی مەسیحیەتدا دەربارەی پاپا یۆحەننا پۆڵسی دووەم وتراوە كە لە ڕێگەی هەندێ لە موعجیزەكانیەوە سەلمێنراوە ئەویش پلەی شەفاعەتكاری بەدەست هێناوە؛ چونكە مەقامێكی وەها نزیكی بەدەست هێناوە كە مافی شەفاعەتكردنی پێدەدات، وە دەتوانێت ئەو كارە بكات لەكاتێكدا لە بەهەشتدا دانیشتووە.

بەهەرحاڵ، ئەمە بیروباوەڕەكانی ئەوانە بەگوێرەی ڕێنماییەكەیان كە لەڕاستیدا ڕێنماییەكی هەڵەیە. بێگومان ڕێنماییەكەی ئێستایان بووە بە بنچینەیەك بۆ شیرك و هاوەڵدانان بۆ خوا لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕێنماییەك كە بەتەواوەتی پێچەوانەی ڕێنماییەكەی عیسایە (سڵاوی خوای لێ بێت). وە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) ئاگادارمان دەكاتەوە لە هەڵەی ئەم ڕێنماییە و بیروباوەڕە چەوتەكانی تری مەسیحیەت. ئێستا لەم چوارچێوەیەدا بڕگەیەك لە وتەی مەسیحی بەڵێندراوتان (سڵاوی خوای لێ بێت) پێشكەش دەكەم كە دەفەرموێت:

“بزانن كە بانگەشەی خوایەتی تۆمەتێكی ڕووتە بۆ مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)؛ چونكە هەرگیز مەسیح بانگەشەی خوایەتی نەكردووە، هەموو ئەوەی دەربارەی خۆی وتویەتی لە سنوری شەفاعەت تێپەڕ ناكات. ئایا هیچ كەسێك نكوڵی دەكات لە شەفاعەتی پێغەمبەران؟ بێگومان چەندین جار نەوەی ئیسڕائیل لە سزای بڵێسەدار ڕزگاریان بووە بەهۆی شەفاعەتی مووساوە (سڵاوی خوای لێ بێت)، من لەم بوارەدا خاوەنی ئەزموونم، زۆرێك لە كەسانی بەڕێز لە كۆمەڵەكەمدا بەباشی ئەوە دەزانن كە هەندێ نەخۆش و كەسانی گرفتار بەهۆی شەفاعەتی منەوە ڕزگاریان بووە لە نەخۆشی و گرفتاریەكەیان، وە پێش وەخت هەواڵی‌ ئەوەیان پێدراوە. بێگومان بیروباوەڕی لەخاچدرانی مەسیح لەبەر خاتری ڕزگاركردنی ئوممەتەكەی و سڕینەوەی تاوانەكانیان بیرۆكەیەكی ‌تەواوەتی پووچە و ئەوپەڕی دوورە لە عەقڵەوه. وە دوورە لە دادپەروەری خوای گەورەوە كە مرۆڤێك تاوان بكات و مرۆڤێكی تر سزاكەی وەربگرێت. بەكورتی، دیارە سەرلەبەری ئەو بیروباوەڕە هەڵەیە.”‌ (محاضرة سيالكوت، الخزائن الروحانية، بەرگی 20)

پاشان لە جێگایەكی تردا مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: “لەڕاستیدا دەبێت شەفاعەتكار پەیوەندیەكی ڕاستگۆیانە و پتەوی هەبێت لەگەڵ خوای گەورەدا بۆ ئەوەی لە خوای گەورەوە لێشاوی نوور و بەرەكەت وەربگرێت، پاشان دەبێت پەیوەندیەكی بەتینی هەبێت لەگەڵ خەڵكدا بۆ ئەوەی ئەو خێرو بەرەكەتەیان پێبگەیەنێت كە لە خوای گەورەوە وەریگرتووە. هیچ كەسێك نابێت بە شەفاعەتكار هەتا ئەم دوو پەیوەندیە بەتینەی نەبێت. پاشان خاڵێكی تر هەیە كە شایانی گرنگی پێدانە لەم بابەتەدا ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر ئەم دوو نموونەیە تێبینی نەكرێت؛ ئەوا ئەنجامێكی سوودبەخش بەدیناكرێت، بەڵكو هەموو مشتومڕەكان نەزۆك و بێبەرهەم دەبن. (واتە پێویستە پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورەدا دروست بێت و پاشان پەیوەندی لەگەڵ خەڵكدا، وە ئەو خێرو بەرەكەتەی كە لە ئەنجامی پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورەدا پەیدا دەبێت بگەیەنرێتە دروستكراون ئەگینا هەموو قسەیەك لەو بارەيەوە پووچ و بێمانایە). سەیری مەسیح بكەن كە نەیتوانی هەندێ حەواری خۆی ئیسڵاح بكات، بەڵكو بەردەوام بە (ئیمان لاوازەكان) بانگی دەكردن بگرە هەندێكیشیانی ناونابوو (شەیتان)، كەواتە لە ئینجیلەوه ناسەلمێنرێت كە مەسیح نموونەیەكی كامڵ بووه.

(واتە ئینجیل بەم شێوەیە دەربارەی عیسا (سڵاوی خوای لێ بێت) دواوە كە نەیتوانیوە هەندێ حەواری خۆی ئیسڵاح بكات) پاشان بڕوانن بۆ نموونەی كامڵ و بێ كەموكوڕی پێغەمبەری ئازیزمان (درودی خوای لەسەر بێت)، وە چۆن نەتەوەكەی خۆی لە سزای بەژانی ڕۆحی و ماددی ڕزگار كرد، وە لە ژیانی تاوانكاری دەریكردن و لە بنچینەوە بارودۆخی گۆڕین. هەروەها شەفاعەتی مووسایش كەڵكی خۆی هەبوو، بەڵام مەسیحیەكان كە مەسیح بە هاوشێوەی مووسا دادەنێن ناتوان بیسەلمێنن كە ئەویش وەكو مووسا هۆزەكەی خۆی ڕزگار كردوو بێت له خراپه ‌و تاوانباری.  (لە پەیمانی كۆندا لەم بارەيەوە باسی مووسا كراوە و هیچ شتێك دەربارەی عیسا (سڵاوی خوای لێ بێت) نەوتراوە، بەڵكو هەموو ئەوەی كە باسكراوە بریتیە لە قسەكانی پۆڵس و كەسانی تر كە نەناسراون)، بەڵكو دەبینین گەلەكەی مەسیح دوای خۆی بەڕادەیەكی زۆر تووشی فەسادی و خراپەكاری بوون.

ئەگەر كەسێك لەمەدا گومانی هەیە؛ ئەوا با خۆی سەیری لەندەن یان هەر شارێكی تری ئەوروپی بكات بزانێت ئایا نوقمی تاوان بوون یان ڕزگاریان بووە لێی‌. (بەڵام ئەگەر مرۆڤ پێناسەی خراپەی گۆڕی و خراپەی بە چاكە لەقەڵەمدا دیارە لەو كاتەدا دەتوانرێت بوترێت رێنماییەكەی دروست بووە، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت كە خراپەكان و ڕەفتارە نزمە نائەخلاقیەكان و دەرچوونی مرۆڤ لە بازنەی مرۆیی لەڕووی ئەخلاق و خراپەكانی ترەوە بڵاوە لە ئەوروپادا. ئەمەش مانای ئەوەیە كە مەسیح ڕزگاری نەكردوون لە تاوان بەڵكو نوقمی كردوون تێیدا)، بەڵكو بانگەشەی ڕزگاربوونیان لە تاوان بانگەشەیەكی بەتاڵە و هیچ بەڵگەیەكی ڕوونی لەسەر نیە. بۆیە ئەو قسەیەی مەسیحیەكان كە گوایە مەسیح هاتووە بۆ ڕزگاركردنیان تەنھا خەیاڵێكە؛ چونكە ئێمە دەبینین دوای خۆی بارودۆخی گەلەكەی زۆر خراپ بووە، وە بەتەواوەتی دووركەوتوونەتەوە لە ڕۆحانیەت. (تەنانەت كڵێساكانیش لە ئێستادا دەڵێن كە ئەوان زۆر لە ڕۆحانیەت دووركەوتوونەتەوە و بەردەوامیش دووردەكەونەوە)

بەڵكو تكاكار و شەفاعەتكاری ڕاستەقینە بریتیە لە پێغەمبەری خۆمان (درودی خوای لەسەر بێت) كە ئەو نەتەوەیەی لە پیسی و پۆخڵەواتی بتپەرستی و هەموو جۆرەكانی خراپە و دواێنپیسی ڕزگار كرد و كردنی بە ئوممەتێكی بڵند و بەناوبانگ. بەڵگەیش لەسەر ئەمە ئەوەیە كە خوای گەورە نموونەیەكی هەمیشەیی ڕەوانەكردووە بۆ دەرخستنی پاكی و ڕاستگۆییەكەی.” (الملفوظات، بەرگی 3، لاپەڕە 216_217)

ئەمە وێنەی ڕاستەقینەی مەسیحیەتە كە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) پیشانی ئێمەی داوە، ئەوەتا لەخودی ئینجیلەوە سەلمێنراوە كە مەسیح نەیتوانیوە حەواریەكانی خۆی چاك بكات. پاشان مردن لەسەر خاچ، كە بریتیە لە مردنی نەفرەت لێكراو لای جووەكان، خەوشێكی ترە ئەگەرچی لەمبارەيەوە كۆمەڵێك لێكدانەوه و تەئویلات بخرێتەڕوو.

بەڵام ئێمەی ئەحمەدی باوەڕمان بەوە نیە، بەڵكو دەڵێین خوای گەورە پێغەمبەرەكەی خۆی ڕزگار كرد لە هەموو ئەو تۆمەتانەی كە جوولەكە دیانویست پێوەی بلكێنن، وە عیسا (سڵاوی خوای لێ بێت) تەمەنێكی زۆر ژیا و سەركەوتنی بەدەست هێنا لە جێبەجێ كردنی ئەو ئەركە گرنگەی كە خرابووە ئەستۆی، وە ئەو ئامانجەی هێنایەدی كە خوای گەورە لەپێناویدا ڕەوانەی كردبوو. بێگومان ئەوەم باسكرد كە دەربارەی پاپا دەوترێت بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە مناڵ و لاوەكانیش لەم ڕۆژگارەدا لە قوتابخانەكاندا مشتومڕی زۆر دەبیستن سەبارەت بە بابەتی موعجیزە، وە ئەو باسه كاریگەری هەیە لەسەریان، بۆیە لە ڕوونكردنەوەی ئەم باسەدا ویستم زانیاریان هەبێت سەبارەت بەم ڕاستیە.

هەمیشە ئەوەتان لەیاد بێت كە ئەو پێگەیەی پێغەمبەری خۆمان (درودی خوای لەسەر بێت) هەیەتی لەڕووی شەفاعەتەوە لەڕاستیدا پێگەیەكی زۆر بەرزو بڵندە. وە بێگومان ئەم نموونانە بەردەوام لە ڕۆژەكانی ژیانیەوە هەتا ئەمڕۆ تێبینی دەكرێت لە شوێنكەوتووانیدا؛ چو‌نكە بەردەوام لەناویاندا كەسانێك پەیدا دەبن كە موعجیزەكان پیشان دەدەن. وە ئێمەی ئەحمەدی بەوپەڕی ئیمان و متمانەوە باوەڕمان بەمە هەیه كە جیلوەكانی توانای خوایی كە خوای گەورە لەمڕۆدا پیشانی دەدات بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوەیە (درودی خوای لەسەر بێت)‌. ئێمە جێگیرین لەسەر ئەم باوەڕ و یەقینه و پێویستمان بە شەفاعەتی هیچ كەسێكی پیرۆز نیە. بەڵكو لە ئێستادا شادبوون بە دیداری خوا گرێدراوە بە كاركردن بە ڕێنماییەكانی قورئانی پیرۆز و كاركردن بە بڕیارەكانی پێغەمبەرەوە (درودی خوای لەسەر بێت). وە ئەمە مەقامێكە كە لەمڕۆدا مەسیحیەكان دەیانەوێت بیدەن بە كەسێكی خۆیان پاش مردنی ئەو كەسە، وە ئەمە شتێك نیە خوای گەورە خەڵاتی كردبێت، وە هیچ كەسێك نازانێت ئەو شتانەی ئەوان ئاماژەی پێ دەكەن موعجیزە بوون یان نا، بەڵكو یەكێك لە ڕۆژنامەكانی پۆڵەندا ڕەخنەی گرتووە و دەڵێت بێگومان پێدەچێت هەڵەی لیژنەی پزیشكەكان بێت كە بڕیاردرا ئەمە موعجیزە بێت یان نا. ئێمە نازانین دیاركردنەكەیان بۆ نەخۆشی پاركینسۆن كە تووشی ئافرەتەكە ببوو تاچەند ڕاست و دروست بووە، بەڵكو نەخۆشیەكەی ڕەنگە هاوشێوەی ئەو پاركینسۆنە بێت كە پاش ماوەیەك لەخۆوە مرۆڤ ڕزگاری دەبێت لێی.

بەهەرحاڵ، ئێستا دەمەوێت ئاگادارتان بكەم كە تیۆری شەفاعەتی ئیسلامی كامەیە؟ وە پێویستە مانای شەفاعەت چۆن بێت لای موسوڵمانان؟ بێگومان لە قورئانی پیرۆزدا چەندین ئایەت هاتووە دەربارەی ئەم بابەتە، وە مەسیحی بەڵیندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ڕێگەی ئایەتەكانی‌ قورئانەوە تیشكی خستووەتەسەر ئەم بابەتە و ناوەڕۆكەكەی ڕوونكردووەتەوە. دوو نموونەم باسكرد كە پەیوەست بوون بە تیۆری مەسیحیەتەوە دەربارەی شەفاعەت، بێگومان پێش كەمێك (آیة الكرسي)م خوێندەوە كە بەگشتی تەرجەمەی ماناكانی دەخوێننەوه و هەندێ كەسیش ئەو تەرجەمەیە لەبەر دەكەن كە بریتیە لە:

هیچ پەرستراوێك نیە جگە لە الله كە زیندووە و هەمیشەییە و بەهۆی زاتی خۆیەوە ڕاوەستاوە، هیچ كاتێك تووشی وەنەوز نابێت و خەوی لێ ناكەوێت، هەموو ئەوەی لە ئاسمانەكان و زەویدایە هی ئەوە، كێ دەتوانێت لای ئەو تكا بكات بەبێ ئیزنی خۆی؟ لەوەی ئێستا هەیە و لەوەی پێشوويش هەبووە ئاگادارە، ناتوانن بە هیچ شتێك لە زانستی ڕابگەن مەگەر خۆی مەیلی لێ بێت، قەڵەمڕەوەكەی هەموو ئاسمانەكان و زەوی دەگرێتەوە و خۆیشی دەوری هەمووی داوە، وە پاراستنی ئەم قەڵەمڕەوە ئەركێكی قورس نیە بۆ ئەو، هەرە بڵند و مەزن هەر خۆیەتی.

پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت ئەم ئایەتە گەورەی ئایەتەكانی قورئانە، ئەم ئایەتە تابلۆیەكی زۆر جوانی سیفەتەكانی خوای گەورەی تێدا كێشراوە. بەڵكو لە ڕیوایەتێكدا هاتووە كە ئەو كەسەی چوار ئایەتی سەرەتای سورەتی (البقرة) و (آية الكرسي) و دوو ئایەتی دوای ئەو، وە سێ ئایەتی كۆتاییەكەی بخوێنێتەوە شەیتان لێی دووردەكەوێتەوە. هەڵبەت خوای گەورە لەم ئایەتانەدا كۆمەڵێك بەرەكەتی تایبەتی داناوە.

بێگومان كاركردن بە ڕێنماییەكانی ئیسلام و حاڵی بوون لە مانای سیفەتەكانی خوای گەورە و هەوڵی بێ وچان بۆ پاككردنەوەی دڵ، ئەمانە كۆمەڵە كارێكن فەزڵ و ڕەحمەتی خوا كێش دەكەن بۆ خاوەنەكەی، وە ئەوەی خووبگرێت بەم كارانەوە ئەوا شەفاعەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) پێویست دەبێت بۆی بەگوێرەی ئەوەی لە فەرموودەكاندا چەسپاوە. بەڵام خوای گەورە چاوپۆشی دەكات لەو هەڵانەی ئادەمیزاد كە بەهۆی لاوازی مرۆییەوە ڕوودەدەن. بەڵام ئەگەر كەسێك كرداری چاكی نەبێت، وە یەقینی نەبێت بەزاتی خوای گەورە، وە بەڕێكوپێكی بەردەوام نەبێت لەسەر ئەنجامدانی پێنج نوێژە فەرزەكە، بەڵكو پشت هەڵكات لە فەرمانەكانی خوای گەورە؛ ئەوا ناتوانێت تەنھا بە سەردانی گۆڕی ئەولیا و پیاوچاكان و نزاكردن لەسەریان شەفاعەت و لێخۆشبوون بەدەست بھێنێت.

ئەگەر مەسیحیەكان بە ئاشكرا تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوا ئەنجام دەدەن؛ ئەوا هەندێ موسوڵمانیش شیركی ئاشكرا و پەنھان ئەنجام دەدەن.

بەهەرحاڵ، لەبەر ڕۆشنایی وتەكانی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراودا (سڵاوی خوای لێ بێت) ئەو پەیامه مەزنە دەخەمەڕوو كە لەم ئایەتانەدا هەیە. بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت:

“خوای گەورە دەفەرموێت: {اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْحَيُّ الْقَيُّومُ} واتە خوای گەورە كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە كامڵەكانە و پاك و خاوێنە لە هەموو كەموكوڕیەكان، وە تەنھا ئەو شایستەی بەندایەتی بۆ كردنە، وە بوونەكەی پێویستی بە بەڵگە نیە؛ چونكه ‌بەشێوەیەكی سەربەخۆ زیندووە و ڕاوەستاوە (واتە زیندووە و هەمیشەییە و لە ئەزەلەوە هەبووە و هەتاهەتایە دەمێنێت) وە هیچ شتێك غەيرى ئەو بەشێوەیەكی سەربەخۆ زیندوو و ڕاوەستاو نیە.

 (پاشان بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) ڕوونیدەكاتەوە و دەفەرموێت: هیچ شتێك نیە لەناو‌ دروستكراوەكاندا كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ هەبووبێت و پاشان بەسەربەخۆیی بمێنێتەوە، بەڵكو تەنھا زاتی خوای گەورە هەربووە و هەتاهەتاییە، بەڵام جگە لەو هەموو شـتێك دروستكراوە، وە لەوەوە ژیانی پێ خەڵات دەكرێت لەكاتێكی دیاریكراودا و پاشان دوای ماوەیەك دەگاتە كۆتاییەكەی، وە بە بەردەوامی مانەوە و ڕاوەستاوی بۆ نانووسرێت. دەی لە كوێ كەسێك ژیانێكی كورتی هەبێت و سەربەخۆ نەبێت گوێبیستی پاڕانەوەی ئەوانی تر دەبێت و گیرای دەكات یان مناڵیان پێدەبەخشێت؟ هیچ شتێك نیە جگە لە خوای گەورە كە خاوەنی هەموو توانا و هێزەكان بێت و لە ئەزەلەوە هەبوو بێت تا ئەبەدیش بمێنێتەوە. دیارە خوای گەورە لە سەرتای ئەم ئایەتەوە ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كە هیچ پەرستراوێك و خودایەك نیە جگە لە الله، لەبەرئەوە ئەگەر ئێوە دەتانەوێت لێشاوی نوور وەربگرن لە سیفەتەكانی؛ ئەوا دەبێت دووربكەونەوە لە شیركی ئاشكرا و پەنھان) پاشان بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) دەفەرموێت: “وە تەنھا خوای گەورە ئەو سیفەتەی هەیە كە نەخەوێت و وەنەوز نەدات، وە هەموو كات و ساتێك دەڕوانێت بۆ دروستكراوەكانی و چاودێری ئەو سیستەمە دەكات كە خۆی بەڕێوەی دەبات، وە هەرگیز شەكەت و ماندوو نابێت.”

بێگومان بەناو دنیانەویست و سۆفیەكان ماندوو دەبن، بەڵكو زۆربەیان وازیان لە نوێژ و خواپەرستیەكان هێناوە و تەنھا خەمی خواردن و خواردنەوە و تێركردنی سك و خۆشگوزەرانییان هەیە.

پاشان ئەم ئایەتە لایەنێكی بابەتی شەفاعەت باس دەكات. دیارە شەفاعەت حەق و ڕاستیە. لە وتاری پێشوودا بەكورتی تاوتوێی ئەم بابەتەم كرد، كەسێك پێی وتم تۆ بەشێوەیەك باسی ئەم بابەتەت كرد وەك ئەوەی هیچ كەسێك شەفاعەت بەدەستنەهێنێت. دەڵێم شەفاعەت و تكاكردن حەقە، بەڵام خوای گەورە مافی تكاكردنی نەداوە بە دنیانەویست و سۆفیە ساختەچیەكان، بەڵكو دەفەرموێت: {بِإِذْنِهِ} واتە شفاعەت ئەنجام نادرێت مەگەر بە ئیزنی خوای گەورە.

دەی كێ هەیە بتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە لەلایەن خوای گەورە مۆڵەتی تكاكردن و شەفاعەتی پێدراوە، ئەگەرچی ئەو كەسە كاربكات بە هەموو بڕیار و فەرمانەكانی كۆتا ئایینی خوای گەورە… واتە ئیسلام كە ئایینی موسوڵمانە نائەحمەدیەكانیشه، لەڕاستیدا ئەوانەی باوەڕیان نەهێناوە بە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لەخۆوە چوونەتە دەرەوە لە بریاری خوای گەورە. هەروەها هیچ یەكێك لە ئەحمەدیەكانیش ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە لەلایەن خوای گەورە موڵەتی شەفاعەتی پێدراوە. هەرچەند ئەو كەسە پەیوەندی بەتین بێت لەگەڵ خوای گەورەدا.

بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) ئەوا ئەم‌ ڕووداوەی خوارەوە هەڵوێستی ئەو ڕووندەكاتەوە:

جارێكیان كوڕە گەورەی نەواب موحەممەد عەلی خان تووشی تایەكی توند دەبێت، وە بەڕەچاوكردنی ئەو خزمەت و قوربانیانەی كە بەرێز نەواب پێشكەشی كردبوو، مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) نزای بۆ كرد، بەڵام لەلایەن خوای گەورە وەڵامی پێگەیشت كە ئومێدی چاكبوونەوەی نیە. لەو كاتەدا بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) تكای كرد لە خوای گەورە و فەرمووی: ئەی پەروەردگارا، من تكا و شەفاعەتی بۆ دەكەم.

مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) فەرمووی لەلایەن خوای گەورەوە ئەم وەڵامەم پێگەیشت: “مَنْ ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِنْدَهُ إِلا بِإِذْنِهِ. واتە كێ هەیە بەبێ مۆڵەتی خوا لای ئەو تكا بكات.” ئیتر تووشی لەرزین و ڕاچڵەكین بووم، كاتێك خوای گەورە ئەم دۆخەی منی بینی ئیلهامی بۆ كردم و فەرمووی: “إنَّكَ أنتَ الْمُجاز. واتە: بێگومان تۆ موڵەت پێدراويت”، پاشان بەوپەڕی ملكەچی و داماویەوە لە خوا پاڕایەوە ئینجا خوای گەورە پاڕانەوەكەی گیرا كرد و نەخۆشەكە چاك بوویەوە و تەندروستی باش بوو، پاشان ماوەیەكی درێژ ژیا.

لە فەرموودەیەكی درێژدا هاتووە كە پێغەمبەریش (درودی خوای لەسەر بێت) پاش مۆڵەت وەرگرتن لە خوای گەورە شەفاعەتی كردووە، ئەمە بەشێكی فەرموودەكەیە: پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەیفەرموو بە خزمەتكارەكە ئایا هیچ پێویستیەكت نیە؟ وتی تا ڕۆژێكیان خزمەتكارەكە وتی ئەی پێغەمبەری خوا پێویستیەكم هەیە.. فەرمووى پێویستیەكەت چیە؟ وتی پێویستیەكەم ئەوەیە كە ڕۆژی قیامەت شەفاعەتم بۆ بكەیت. فەرمووی كێ ئەمەی پێ وتیت؟ وتی پەروەردگارم. فەرمووی: دەی خۆیشت بە كڕنوشبردنی زۆر یارمەتیم بدە. (مُسْنَدُ أحْمَدَ، مُسْنَدُ الْمَكِّيِّينَ)

كەواتە ئەگەر ئێوە شەفاعەتتان دەوێت؛ ئەوا دەبێت زۆر كڕنووش بەرن، وە ناكرێت بەرەكەتی شەفاعەت بەدەستبھێنن بە كردنی نوێژێك یان دووان یان بە سوژدەبردن لەسەر گۆڕی سۆفی و ئەولیاكان، بەڵكو شەفاعەت بەدەست دەهێنرێت بەوەی بەدڵسۆزی و ڕاستگۆییەوە سوژدەی زۆر ببرێت بۆ خوای گەورە بەتەنھا، بەجۆرێك پێویستە سوژدەكە لە باوەڕ بە خوای گەورەوە سەرچاوەی گرتبێت كە خوا تاك و تەنھایە و خاوەنی هەموو هێز و توانایەكە، وە ئەو هەموو پێویستیەكان پڕدەكاتەوە.

پاشان ڕیوایەتێك هەیە لە ئەبو هورەیرەوە دەڵێت: وترا ئەی پێغەمبەری خوا كێ بەختەوەرترین كەسە بەهۆی شەفاعەتی تۆوە لە ڕۆژی قیامەتدا؟ پێغەمبەری خوایش (درودی خوای لەسەر بێت) فەرمووی ئەبو هورەیرە پێم وابوو تۆ یەكەم كەس دەبیت كە ئەم پرسیارەم لێ بكەیت؛ چونكە دەبینم زۆر ڕژدی لەسەر فەرموودە… بەختەوەرترین كەس بەهۆی شەفاعەتی منەوە لە ڕۆژی قیامەتدا ئەو كەسەیە كە لەناخی دڵیەوە بەڕاستگۆیی دەڵێت: لا إِلَهَ إِلا اللهُ. (البخاري، كتاب العلم)

كەواته ئەسڵ و بنچینە ئەوەیە باوەڕدار لەناخی دڵیەوە بڵێت: “اللهُ لا إلهَ إلاّ هو” بەجۆرێك هیچ خەوشێكی دەروونی تێكەڵ نەبێت. وە ئەم ئەسڵە مرۆڤ شایستەی شەفاعەت دەكات. وە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت كه ئەو‌ شەفاعەت بۆ ئەو جۆرە خەڵكە دەكات. خوای گەورە فەرمانی پێ كردووە كە لە قورئانی پیرۆزدا ڕایبگەیەنێت: {قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَاللهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ} (آل عمران: 32) واتە: بڵێ ئەگەر ئێوە خواتان خۆش دەوێت؛ ئەوا شوێنی من بكەون خوایش ئێوەی خۆش دەوێت و چاوپۆشی لە تاوانەكانتان دەكات، وە خودا خەتاپۆش و دلۆڤانە.

ئەم ئایەتە ڕاگەیاندنێكی ئاشكرای تێدایە بۆ جوولەكە و مەسیحیەكان كە ئەو بانگەشەیەتان هیچ نرخێكی نیه ‌كە دەڵێن ئێمە خۆشەویست و منداڵی خوداین، بەتایبەتی مەسیحیەكان كە دەڵێن ئەوان خۆشەویستی خوایان بەدەستهێناوە بەهۆی ئەوەی باوەڕیان وایە خوا كوڕێكی هەیە كە عیسایە، یان دەڵێن عیسا بووە بە هۆكاری ڕزگاربوونیان؛ چونكە لە ئێستادا تەنھا بە شوێنكەوتنی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) مرۆڤ دەتوانێت خۆشەویستی خوا بەدەست بھێنێت. وە ئەم ڕاگەیاندنە تەحەددای شوێنكەوتوانی هەموو ئایینەكانی تریش دەكات.

وە لەهەمان كاتدا ئەوەش‌ دووپات دەكاتەوە بۆمان كە باوەڕهێنانی مرۆڤ بە ئیسلام تەنھا بەناو بەس نیە، بەڵكو دەبێت شوێن پێغەمبەریش بكەوێت. بێگومان پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە هەموو كەسێك زیاتر پەی بردووە بە سیفەتەكانی خوای گەورە، وە لە هەموو كەسێك زیاتر ئەو سیفەتانە ڕەنگیان داوەتەوە تێیدا، دەی ئەگەر ئێوە دەتانەوێت سوود وەربگرن لە بەرەكەتی شەفاعەتەكەی؛ ئەوا دەبێت كار بە سوننەتەكەی بكەن و بیكەن بە سەرمەشقی خۆتان و ملكەچ بكەن بۆ بریارەكانی قورئانی پیرۆز، ئەوەتا حەزرەتی عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەربارەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: “كان خُلُقه القرآن” واتە خاسیەتی جیاكەرەوەی پێغەمبەر ئەوە بوو كە لە هەموو وتە و كردەوەیەكدا شوێنكەوتەی قورئان بوو.

گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا دەفەرموێت: بێگومان لە كۆمەڵێك ئایەتی زۆردا باسی شەفاعەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) كراوە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: {قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَاللهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ}. بڕوانن چەند بەڕاشكاوی ئەم ئایەتە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە شوێنكەوتنی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) _كە بەشێك لە بنەماكانی بریتین لە خۆشەویستی و بەگەورەزانین و گوێڕایەڵی كردن_ ئادەمیزاد دەكات بە خۆشەویستی خوا، وە دەبێتە هۆی ئەوەی خوای گەورە لە تاوانەكانی خۆش بیت.

واتە ئەگەر كەسێك ژەهری تاوانی خوارد؛ ئەوا دەتوانێت بەهۆی تریاقی خۆشەویستی و گوێڕایەڵی و شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (درودی خوای لەسەر بێت) كاریگەری ئەو ژەهرە نەهێڵێت و لە تاوان پاك ببێتەوە، هەروەك مرۆڤ بە بەكارهێنانی دەرمان ڕزگاری دەبێت لە نەخۆشی، هەروەك چۆن بەهاتنی ڕووناكی تاریكی لادەچێت و بە بەكارهێنانی تریاق كاریگەری ژەهر نامێنیت، و شتەكان بەهۆی ئاگرەوە دەسووتێن، بەهەمان شێوە ئەنجامەكانی خۆشەویستی ڕاستەقینە و گوێڕایەڵی كردنی دڵسۆزانە بەدیدێن.

كەواتە كاتێك موسوڵمان هەوڵ دەدات بەڕاستی شوێن پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بكەوێت _دەبێت هەوڵی بۆ بدات_ ئەوا بەشێوەیەكی دروست مافی ئەوە دەدات كە تاكێكە لە ئوممەتەكەی، بەمەش موسوڵمانی ڕاستەقینە بەرەكەتی ئەو نزایانەی دەستدەكەوێت كە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) كردوویەتی بۆ ئوممەتەكەی.

بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) زیاتر ئەم بابەتەی شیكردووەتەوە و گرنگیەكەشی ڕوونكردووەتەوە:

“پێتان وانەبێ كە شەفاعەت هیچ نیە. هەڵبەت ئێمە باوەڕمان وایە كە شەفاعەت حەق و ڕاستیە، وە ئەو دەقە ڕاشكاوەی كە بەڵگەیە لەسەری ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە كە دەفەرموێت: {وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلَاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ} (التوبة: 103). ئەمەیە فەلسەفە و گرنگی شەفاعەت، واتە ئەوەیە كە هەڵچوونی دەروون بۆ ئەنجامدانی تاوان كپ بكرێتەوە. وە یەكێك لە ئەنجامەكانی شەفاعەت ئەوەیە كە مردنێك تووشی ئەو ژیانە دەبێت كە پڕە لە تاوان، وە كەفوكوڵی غەریزە و ئارەزووەكانی دەروون دادەمركێتەوە، بەمەش مرۆڤ وازدەهێنێت لە ئەنجامدانی تاوان و لەجیاتی ئەوە چاكە ئەنجام دەدات. كەواتە شەفاعەت كردەوەكان پووچ ناكاتەوە، بەڵكو هانی بەردەوامبوونی كردەوە دەدات. بێگومان گەمژەكان ڕەخنە لە بابەتی شەفاعەت دەگرن؛ چونكە لێی تێنەگەيشتوون، وە پێیان وایە شەفاعەت و كەفارەت و فیدا یەك شتن، لەگەڵ ئەوەی ناكرێت یەك شت بن؛ بێگومان بیروباوەڕی كەفارەت مرۆڤ بێ نیاز دەكات لە ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان، بەڵام شەفاعەت مرۆڤ هاندەدات بۆ ئەنجامدانی كردەوەی چاك. هەر بابەتێك حیكمەت و گرنگی تێدا نەبوو بابەتێكی پووچە، وە ئێمە بانگەشەی ئەوە دەكەین كە بنەما و بیروباوەڕەكانی ئیسلام و سەرجەم ڕێنماییەكانی پڕن لە حیكمەت، دیارە ئەمە لە ئایینەكانی تردا نیه.

چۆن شەفاعەت هانی ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان دەدات؟ دیارە قورئانی پیرۆز خۆی وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە بەجۆرێك ڕوونیكردووەتەوە كە شەفاعەت وەكو كەفارەت نیە كە مەسیحیەكان باوەڕیان پێیەتی؛ چونكە ئیسلام بابەتەكەی تەنھا لە شەفاعەتدا كورت نەكردووەتەوە؛ چونكە ئەم كورتكردنەوەیە دەبێتە هۆی تەمەڵی و بێئاگایی، بەڵكو خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ} واتە كاتێك بەندەكانم پرسیارت لێ دەكەن: پەروەردگارمان لە كوێیە؟ ئەوا بێگومان من زۆر نزیكم، وە نزیك توانای هەموو شتێكی هەیە ‌بەڵام دوور دەتوانێت چی بكات؟ بۆ نموونە ئەگەر ئاگرێت بكەوێتەوە ئەوا پێش ئەوەی هەواڵەكەی بگات بە كەسێكی دوور ئاگرەكە هەموو شتێك دەكات بە خۆڵەمێش. لەبەرئەوە لێرەدا خوای گەورە دەفەرموێت: بێگومان من زۆر نزیكم.

لەڕاستیدا ئەم ئایەتە نھێنییەكمان بۆ ئاشكرا دەكات لە نھێنیەكانی قەبوڵ بوونی نزا كە بریتیە لەوەی‌ پێویستە باوەڕمان بەوە هەبێت خوای گەورە خاوەنی هەموو هێز و توانایەكە و لە هەموو كاتێكدا لێمانەوە نزیكە، وە هەروەها پێویستە باوەڕمان بەوە هەبێت كە گوێبستی نزای هەموو نزاكارێكە. بێگومان یەكێك لە هۆكارەكانی ڕەتكردنەوەی زۆربەی نزاكان بریتیە لە لاوازی باوەڕی نزاكارەكە بەخوای گەورە، لەبەرئەوە زۆر پێویستە كە نزا ببێت بە نزایەك كە بەكەڵكی گیرابوون بێت؛ چونكە ئەو نزایەی مەرجەكانی قەبوڵ بوونی نزای تێدا نەبێت، ئەوانەی كە خوای گەورە دایناون، هەرگیز گیرا نابێت و وەڵام نادرێتەوە و هیچ ئەنجام و سوودێكی نابێت ئەگەرچی هەموو پێغەمبەران ئەو نزایە بكەن.

شایەنی بیرلێكردنەوەیە لێرەدا خوای گەورە لەلایەكەوە بە پێغەمبەرەكەی (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: {وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلَاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ}، واتە نزای تۆ ئاگری حەزەكانی دەروونیان دادەمركێنێتەوە، وە لەلایەكی تریشەوە دەفەرموێت: {فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي، وەڵامم بدەنەوە}، وە بەكۆكردنەوەی ئەم دوو ئایەتە بەیەكەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە كە چۆنێتی پەیوەندیەكانی نێوان نزاكار و نزابۆكراو چەند گرنگە و ئەم پەیوەندیانە چ ئەنجامێك دەدەن بەدەستەوە؛ چونكە خوای گەورە كارەكەی لە شەفاعەت و نزای پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر بێت) كورت نەكردووەتەوە، وە نەیفەرمووە ئەمە بۆ مرۆڤ بەسە و بێنیازی دەكات لە ئەنجامدانی كردەوەی چاك، هەروەها نەشیفەرمووە كە بێنیازە لە نزا و شەفاعەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە پێناوی سەركەوتن و ڕزگاربووندا.” (ڕۆژنامەی “الحَكَم”، بەرگی 7، ژمارە 9، لە ڕێككەوتی 10 مارس 1903، لاپەڕە 2_3)

كەواتە كردەوەكانی ئادەمیزاد و‌ ملكەچكردنی بۆ خوای گەورە بەوپەڕی دڵسۆزیەوە، وە بەندایەتی كردن بۆی، وە خستنەڕووی هەموو پێداویستیەكانی بۆ ئەو زاتە بڵند و بەدەسەڵاتە، ئەمانە كۆمەڵە كارێكن كە مرۆڤ دەكەن بە تاكێكی ڕاستەقینە لە ئوممەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت).

وە ئێستا بڕگەیەكی بچوك لە وتەكانی مەسیحی بەڵێندراوتان (سڵاوی خوای لێ بێت) پێشكەش دەكەم كە دەفەرموێت:

“هەڵبەت نزای نزاكار بۆ كەسێك سوودی دەبێت كە هەوڵ بدا خۆی چاك بكات و پەیوەندیەكی بەتین دروست بكات لەگەڵ خوای گەورەدا. ئەگەر پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) شەفاعەتی كرد بۆ هەر كەسێك، بەڵام كەسی شەفاعەت بۆكراو گرنگی نەدات بە ئیسڵاحكردنی خۆی و هەوڵی نەدا لە ژیانی بێ ئاگایی بچێتەدەرەوە؛ ئەوا ئەو شەفاعەتە هیچ سوودێكی پێناگەیەنێت.” (ڕۆژنامەی “الحَكَم”، بەرگی 11، لە ڕێككەوتی 24 مارس 1903، لاپەڕە 7)

وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: لە ئەبو هورەیرەوه، پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی هەموو پێغەمبەرێك نزایەكی گیرای هەیە، من ئەمەوێت نزاكەم هەڵبگرم بۆ شەفاعەتكردن بۆ ئوممەتەكەم لە قیامەتدا. (البخاري، كتاب الدعوات)

داواكارین لە خوای گەورە كە خۆمان و نەوەكانمان لە ڕیزی باوەڕدارە ڕاستەقینەكانی ئوممەتی موحەممەددا (درودی خوای لەسەر بێت) بنووسێت بۆ ئەوەی كەڵك وەربگرین لە بەرەكەتی شەفاعەتەكەی.

ئێستا هەندێ نزای مەسیحی بەڵێندراوتان (سڵاوی خوای لێ بێت) پێشكەش دەكەم كە پەیوەستن بە شەفاعەتەوە، وە لە كتێبی (مرآة كمالات الإسلام)ی بەڕێزیەوە وەرگیراوە. دەفەرموێت (سڵاوی خوای لێ بێت):

“پەروەردگارا.. لەباتی ئێمە باشترین پاداشتی ئەم پێغەمبەرە ئازیزە بدەرەوە، وە لە ڕیزی كۆمەڵەكەی ئەودا بمانمرێنە، وە لەگەڵ ئوممەتەكەی ئەودا حەشرمان بكە، وە لە كانیاوەكەی ئەو ئاومان پێبدە، وە بیكە بە ئاو پێدەری ئێمە. وە بیكە بە شەفاعەتكار و شەفاعەت وەرگیراو لە سەرەتا و لە كۆتاییدا. پەروەردگارا ئەم نزایەمان گیرا بكە، وە لەم پەناگایەدا داڵدەمان بدە.”

پاشان دەفەرموێت (سڵاوی خوای لێ بێت):

“پەروەردگارا درود و سەلام بنێرە بۆسەر گیانی ئەو تكاكار و تكاوەرگیراوە كە ڕزگاركەری مرۆڤایەتیە.”

پاشان دەفەرموێت (سڵاوی خوای لێ بێت):

“پەروەردگارا، نزا و لاڵانەوەم گیرا بكە بۆ هۆزەكەم و براكانم. من تكات لێ دەكەم لە ڕێگەی پێغەمبەرەكەتەوە كە خاتەمی پێغەمبەرانە، وە تكاكار و تكاوەرگیراوە بۆ هەڵەكاران.”

وە لە كۆتاییدا بڕگەیەك لە وتەكانی مەسیحی بەڵێندراوتان (سڵاوی خوای لێ بێت) پێشكەش دەكەم كە تێیدا باسی پلەی بەرزی گەورەمان موحەممەدی كردووە (درودی خوای لەسەر بێت)، دەفەرموێت:

هیچ كتێبیك نیە لەسەر زەویدا بۆ مرۆڤایەتی جگە لە قورئان، وە هیچ پێغەمبەرێك و تكاكارێك نیە بۆ ئادەمیزادەكان جگە لە موحەممەد (درودی خوای لەسەر بێت)، لەبەرئەوە هەوڵ بدەن پەیوەندی خۆشەویستی ڕاستەقینە گرێ بدەن لەگەڵ ئەو پێغەمبەرەدا كە خاوەنی شكۆیە، وە بە هیچ شێوەیەك فەزڵی شتێكی تر نەدەن بەسەر ئەودا بۆ ئەوەی لە ئاسماندا لەڕیزی كۆمەڵی ڕزگاربوواندا بنووسرێن. بیربكەنەوە كە ڕزگاربوون شتێك نیە دوای مردن دەربكەوێت، بەڵكو ڕزگاربوونی ڕاستەقینە ئەوەیە كە لەم دنیایەدا تیشكدانەوەكەی ببینرێت.”

ئایا ڕزگاربوو كێیە؟ ئەو كەسەی كە یەقینی هەیە خوا بوونی هەیە و موحەممەدیش (درودی خوای لەسەر بێت) تكاكار و هۆكاری گەیەنەرە لەنێوان خوا و هەموو دروستكراوانیدا. وە هیچ پێغەمبەرێك هاوشانی نیە، وە هیچ كتێبێك لەڕووی پلەوپایەوە هاوشێوەی قورئان نيە، وە خوای گەورە نەیویستووە هیچ كەسێك نەمر بێت تەنھا ئەم پێغەمبەرە هەڵبژێردراوە نەبێت كە بۆ هەتاهەتایە زیندووە، وە ئامادەكاری كردووە بۆ ژیانە هەتاهەتاییەكەی بەوەی كە لێشاوی شەریعەت و ڕۆحانیەتەكەی بەردەوامە هەتا قیامەت.

وە لە سایەی بەرەكەتی ڕۆحانیەتەكەیەوە لە كۆتاییدا خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی ڕەوانەكرد بۆ جیھان كە هەردەبوو بھاتایە بۆ تەواوكردنی كۆشكی ئیسلام، وە زۆر پێویست بوو ئەم جیھانە كۆتایی نەیات هەتا مەسیحێك بەڕەنگی ڕۆحانیەوە لە زنجیرەی موحەممەدیدا ڕەوانە دەكرێت هەروەك پێشتر لە زنجیرەی مووساییدا ڕەوانەكرا، وە ئەم ئایەتە پیرۆزانە {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ} ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەكات.” (سفينة نوح، الخزائن الروحانية، بەرگی 19، لاپەڕە 13_14)

كەواتە لە ئێستادا پێغەمبەرێكی زیندوو نیە جگە لە پێغەمبەری خۆمان (درودی خوای لەسەر بێت)، بۆیە دەبێت پەیوەندی دروست بكرێت لەگەڵ ئەو كەسەدا كە لێشاوی نوور و بەرەكەتی لەوەوە وەرگرتووە و خوای گەورە وەكو مەسیح و مەهدی ڕەوانەی كردووە. خوای گەورە سەركەوتوومان بكات بۆ ئەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم پەیوەندیە بەهێزتر بكەین. وە سەركەوتوومان بكات كە پەیوەندی بەتین دروست بكەین بە كۆمەڵی ئەم مەسیح و مەهدیەوە كە وەك خزمەتكارێكی ڕاستگۆی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) هاتووە، وە لە ریزی ئەوانەدا بماننووسێت كە نیعمەتی خۆی ڕژاندووە بەسەریاندا و لەو كەسانە بین كە نیعمەت و چاكەكانی ئەو بەدەستدەهێنن. ئامین

وتارەکە بە فایلی PDF:

https://drive.google.com/open?id=1oOrK6HfTzNag9mM1suOwmfNJunWPXYS7