بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

وتاری هەینی 10/2/2006

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

بسم الله الرحمن الرحيم

پێشەوای باوەڕداران میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) خەلیفەی پێنجەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ڕێككەوتی 10/2/2006دا ئەم وتارەی پێشكەش كرد

أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك لـه، وأشهد أن محمدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرجيم. {بسْمِ الله الرَّحْمَن الرَّحيم * الْحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمينَ * الرَّحْمَن الرَّحيم * مَالك يَوْم الدِّين * إيَّاكَ نَعْبُدُ وَإيَّاكَ نَسْتَعينُ * اهْدنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقيمَ * صِرَاط الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْر الْمَغْضُوب عَلَيْهمْ وَلا الضَّالِّينَ}، آمين.

{وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ} (سورة الأنبياء: 108)

{إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا (*) إِنَّ الَّذِينَ يُؤْذُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ لَعَنَهُمُ اللَّهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَأَعَدَّ لَهُمْ عَذَابًا مُهِينًا} (سورة الأحزاب: 57_58)

كاردانەوی جیھانی ئیسلامی لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی وێنە خراپ و ناشیرینەكان

 لەم ڕۆژانەدا تەوژمێكی ناڕەزایی و توورەبوون باڵی كێشاوە بەسەر وڵاتە ئیسلامیەكاندا بەرامبەر وڵاتی (دانیمارك) و هەندێ وڵاتی تری ئەوروپی كە لە ڕۆژنامەكانیاندا كۆمەڵێك وێنەی خراپیان بڵاوكردووەتەوە كە گاڵتە دەكەن بە گەورەمان پێغەمبەری خوا “موحەممەد” (صلى الله عليه وسلم) و ئایینی ئیسلامی ئێمە بەشێوازێك كە هەستی هەموو موسوڵمانێك دەورووژێنن و تا ئەوپەڕی سنور برینداری دەكەن. ئەم وێنە خراپانە بەتوندی هەموو موسوڵمانێك تووڕە دەكەن، وە شتێكی سروشتیە كە موسوڵمانان كاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر ئەم كارە قێزەونە. وە لەبەرئەوەی موسوڵمانە ئەحمەدیەكان لە هەموو موسوڵمانان زیاتر خۆشەویستی و ڕێزیان هەیە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و زیاتر تێگەيشتوون لە مەقامی خاتەمی پێغەمبەران موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) لەڕێگەی ئەو ڕاستیانەوە كە لە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) فێری بوون، بێگومان زۆرێك لە ئەحمەدیەكان نامەیان بۆ ناردووم و بەتوندی توڕەبوون و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر ئەم لەكەداركردن و ناوزڕاندنە، وە پێشنیاریان كردووە كە هەڵمەتێكی بەردەوام بەڕێوەبچێت بۆ ناساندنی پلەوپایەی ئەم پێغەمبەرە مەزنە (صلى الله عليه وسلم) بەهەموو خەڵكی جیھان. لەڕاستیدا، لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە لقە چالاكەكانی كۆمەڵەكەمان ئەم ئەركە جێبەجێ دەكەن. بەڵام، وەك هەموومان دەزانین، كاردانەوەی ئێمە بەشێوەی مانگرتن و شكاندن و هەڵگیرساندنی ئاگر و خۆپیشاندان و سووتاندنی ئاڵا بەڕێوەناچێت؛ چونكە ئەمانە چارەسەر نین.

بێگومان لەم سەردەمەدا شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر هەروەھا خەڵكی ڕۆژئاوا هێرش دەكەنە سەر ئیسلام و دامەزرێنەرەكەی (صلى الله عليه وسلم). لەم ڕۆژگارەدا ڕۆژئاوا هیچ بایەخێك نادات بە ئایین، وە زۆربەی زۆریان لەكاری پڕوپووچدا نوقم بوون، بۆیە بەهیچ شێوەیەك بایەخ نادەن بە ئایین چ ئایینەكەیان مەسیحیەت بێت یان ئیسلام يان هەر ئایینێكی تر بێت. بێگومان بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندییان پچڕاندووە لەگەڵ ئاییندا، وە لای زۆربەی زۆریان هەستی بە پیرۆززانینی ئایينی نەماوە. پێش چەند ڕۆژێك گوێم لە هەواڵێك بوو -پێموابێت لە فەڕەنساوە بوو- كە گوتوویانە مافی ئەوەیان هەیە وێنەی خوای گەورەیش بڵاوبكەنەوە _پەنا بەخوا_. دەی بڕاونن بارودۆخیان بەكوێ گەيشتووە و شێوازی بیركردنەوەیان چۆنە. كاتێك ئەم كارە قێزەونەیان ئەنجامدا و ئەم وێنە خراپانەیان كێشا، وە جیهانی ئیسلامی كاردانەوەی پیشاندا بەرامبەریان، هەندێ لە نووسەرەكانیان نووسییان ئەم كاردانەوەیە تەنها پێكدادانە لەنێوان شارستانیەتی ئیسلامی و شارستانیەتی دیموكراسی عەلمانی ڕۆژئاوادا.

 لەگەڵ ئەوەی ئەمە هەرگیز بریتی نیە لە پێكدادانی شارستانیەتەكان. بەڵكو لە ڕاستیدا زۆربەی زۆری ئەو كەسانە ڕەوشتیان تێكچووە و بەناوی ئازادیيەوە حەزیان لە بێ ئابڕوییە و شەرم و حەیایان نەماوە.

لێدوانی هەندێ كەسی خاوەن ویژدان

بەڵام هەندێ لە نووسەرە مەردەكانیان، ئەوانەی كە دادپەروەرییان خۆشدەوێت، تیۆری پێكدادانی شارستانیەتەكان لەنێوان ئیسلام و دیموكراسی عەلمانی ڕۆژاوادا بە هەڵە دەزانن. ڕۆژنامەنووسی ئینگلیزی ڕۆبێرت فسك (Robert Fisk) لێدوانێكى دادپەروەرانەی داوە لەسەر قسەی یەكێك لە دانیماركیەكان سەبارەت بە پێكدادانی دیموكراسی عەلمانی ڕۆژئاوا و كۆمەڵگای ئیسلامی و دەڵێت: بێگومان ئەم قسەیە هەڵەیە. ئەمە پێكدادان نیە لەنێوان ژیارەكاندا و ئەم بابەتە پەیوەندی نیە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە، بەڵكو لە ڕاستیدا موسوڵمانان باوەڕیان وایە كە خوا ڕاستەوخۆ ڕێنماییەكانی خۆی دابەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەر (موحەممەد)، وە ئەو نوێنەری خوای گەورەیە لەسەر زەویدا، لە كاتێكدا ئەمان (واتە مەسیحیەكان) پێیانوایە كە پێغەمبەران و ئەولیاكان و ڕێنماییەكانیان لە چاڵی قووڵی مێژوودا ون بوون بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ دیدی نوێ سەبارەت بە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ. بێگومان موسوڵمانان پێیانوایە كە ئایین بەشێكە لە ژیانیان، وە هێشتا ئەم بیركردنەوەیەیان سەقامگیرە سەرەڕای بەدوای یەكداهاتنی سەدەكان و گۆڕانكاریەكان، لەكاتێكدا ئێمە ئایینمان جیاكردووەتەوە لە ژیانی كردەیی خۆمان؛ لەبەرئەوە لەڕاستیدا پێكدادانی ئێستا لەنێوان مەسیحیەت و ئیسلامدا نیە، بەڵكو مەسەلەكە بریتیە لە هێرشكردن لەلایەن شارستانیەتی ڕۆژئاواوە بۆسەر ئایینی ئیسلام. وەك ئەوەی بڵێین: مادام ئێمە بتوانین گاڵتە بە پێغەمبەرانی خۆمان و ڕێنماییەكانیان بكەین ئیتر بۆچی نەتوانین گاڵتە بە ئایینەكانی تر بكەین؟

ئەم نووسەرە، پێویستە ئەوەمان لەبیرنەچێت كە نووسەرێكی مەسیحیە، دەڵێت: ئایا ئەم ڕەفتارە ڕەفتارێكی سروشتیە؟ لەبیرمە دە ساڵ یان دوازدە ساڵ لەمەوپێش فیلمێك نمایشكرا بەناوی “كۆتا فریودانی مەسیح” (Last temptation of Christ)، دەنگە دەنگ و قیژە و هاوارێكی زۆر بەرزبوویەوە بەهۆی ئەوەی كە لەو فیلمەدا مەسیح لە دۆخێكی گوماناویدا لەگەڵ ئافرەتێكدا دەركەوتبوو، تەنانەت یەكێك لەو كەسانه ئەوەندە توڕەببوو كە ئاگری بەردا لە یەكێك لە سینەماكان لە “پاریس”، وە گەنجێكی فەڕەنسیش كوژرا. ئەمە مانای چیە؟ لەلایەكەوە هەندێ كەس لە ئێمەی مەسیحی بەرگەی ئەوە ناگرین هەستی ئایینیمان بریندار بكرێت، وە لەلایەكی ترەوە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین لە موسوڵمانان ئارام بگرن لەسەر ئەو وێنانەی كە ئێمە بەناوی ئازادیيەوە بڵاومان كردووەتەوە كە بەڵگەن لەسەر ڕەوشتی نزم و سووك. ئایا ئەمە هەڵوێستێكی دروستە؟ یەكێك لەو شتانەی كە مایەی گاڵتەپێكردنە ئەوەیە كە سەركردە ڕۆژئاواییەكان دەیڵێن كە ناكرێت كاری ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا یاساغ بكرێت. ئەگەر ئەم وێنە خراپانەدا _لە جیاتی پێغەمبەری ئیسلام_ حاخامێكی جوولەكە دەربكەوتایه و كڵاوێكی لەسەردا بوایە كە جۆرەها بۆمبی پێوە بوايە، ئایا ئەمە هاتوهاواری دروست نەدەكرد كە بۆنی دژە سامی (Anti Semitism) لەم وێنانە دێت، وە هەستی ئایینی جووەكانى بریندا نەدەكرد؟ ئەگەر پرسەكە پەیوەندی هەیە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە ئەوا بۆچی لە “فەڕەنسا” و “ئەڵمانیا” و “نەمسا” داوا بەرزدەكرێتەوە لەدژی ئەو كەسەی كە بڵێت لە كاتی جەنگی جیھانی دووەمدا جووەكان جینۆساید نەكراون؟ ئەگەر ئامانجی ئەم وێنانە بریتی بوایە لە هاندانی ئەو موسوڵمانانەی كە بانگەشەی ئیسڵاحی ئایینی و یەكسانی و پێكەوەژیان و ڕۆشنگەری دەكەن؛ ئەوا تەنھا ڕێژەیەكی زۆر كەم ڕەخنەیان لێ دەگرت. بەڵام ئەم وێنە خراپانە ئامانج لێیان تەنھا گەیاندنی ئەو پەیامەیە كە ئیسلام ئایینی تیرۆرە. ئایا ئەم وێنانە هیچ كاریگەریەكی ئەرێنيیان هەیە جگە له بڵاوكردنەوەى ڕق و توندڕەوی لە هەموو لایەكی جیھاندا. (ڕۆژنامەی “جنگ”ی لەندەنی، ڕۆژی 7 شوباتی ساڵی 2006، لا 1 و 3)

بەكارهێنانی كاردانەوەكەی موسوڵمانان لەلایەن نەيارەكانەوە

گومانی تێدا نیە هەندێ لە موسوڵمانان هەندێ ڕەفتاری هەڵەیان ئەنجامدا كە ئەو كۆمەڵە خەڵكە ئەم ڕەفتارە هەڵانەیان بەكارهێنا بۆ مەبەستی خۆیان، بەڵام لەناو ئەو گەلەدا كەسانی بەڕێزیش هەن كە ڕاستیەكان دەزانن و ئاشكرای دەكەن بۆ خەڵكی.

داوای ڕاپۆرتم كرد لە وڵاتانی جیاوازەوە دەربارەی كاردانەوەی موسوڵمانان و هەروەها لێدوانی بەرپرسانی حكومەتە ئەوروپیەكان و ڕۆژنامەنووسان. ئەو ڕاپۆرتانە ئاشكرای دەكەن كە ڕێژەیەكی بەرچاو لە خەڵكی سەرسام نەبوون بە بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە لە ڕۆژنامەكاندا. وەك پێشتر گوتم، ئەو كەسانە جاروبار لێرەو لەوێ ئەم جۆرە كارانە دەكەن كە پیسی ناخیان و پۆخڵی بیركردنەوەیان و دووربوونیان لە خوای گەورە و ڕق و دەمارگیرییان دەردەخات بەرامبەر ئیسلام. لەگەڵ ئەوەدا دەڵێم كاردانەوەی هەڵەی هەندێ سەركردەی موسوڵمانان دەرفەت دەرەخسێنێت بۆ ئەم كەسانە كە بەخراپە ناوی ئیسلام بھێنن، پاشان لەڕێگەی ئەم كاردانەوە هەڵانەی موسوڵمانان بەرژەوەندی سیاسیشیان دەست دەكەوێت. وە ئەوەی زیاتر قوڕەكە خەستتر دەكاتەوە ئەوەیە كە هەندێ موسوڵمانی نیشتەجێی وڵاتە ڕۆژئاواییەكان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەندێ ڕەفتاری هەڵە و نەشیاو ئەنجام دەدەن كە ئەم حكومەتانە هەراسان و بێزار دەكات، وەك دانیشتنیان لە ماڵەوە بە تەمەڵی بەبێ ئەوەی كارێك بكەن و لەسەر یارمەتی كۆمەڵایەتی دەژین، یان كۆمەڵێك كاری قاچاغ دەكەن، یاخود خۆیان دەدزنەوە لە باجدان و هتد، كەواتە موسوڵمانان خۆیان دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ ئەم گەلە فێلبازانە، ئەوانیش زۆر بەباشی ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوه و بۆ مەبەستی خۆیان بەكاریدەهێنن. وە هەندێ جار ئەو كەسانە كەسانی ستەمكارن، بەڵام بەهۆی كاردانەوەی هەڵەی موسوڵمانان هەوڵدەدەن خۆیان وەك سەتەملێكراو دەربخەن و موسوڵمانان وەكو ستەمكار پیشانی جیھان بدەن. گومانی تێدا نیە كە زۆربەی زۆری موسوڵمانان كاری تێكدارانه و پشێوی نانەوە پەسەند ناكەن و پێیان خۆش نیە، بەڵام سەركردەكانیان و هەندێ كەسی خراپەكار ناوبانگى ئیسلام و موسوڵمانان دەشێوێنن.

بۆ نموونە لە دانیماركەوە ڕاپۆرتمان پێگەيشتووە كە دەڵێت لەو وڵاتە ڕای گشتی پێی وایە مادام ڕۆژنامەكە داوای لێبوردنی كردووە و پۆزشی هێناوەتەوە؛ ئەوا پێویستە لەسەر موسوڵمانان ئەو پۆزشە قەبوڵ بكەن و بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئەم كێشەیە كۆتایی پێ بھێنرێت، بۆئەوەی ڕێنمایە ڕاستەكانی ئیسلاميان پێبگات وە هەتا دووربكەونەوە لە هەر هەڵوێستێكی توندڕەوانە.

 هەروەك لە تەلەڤزیۆنی دانیماركیەوە بەرنامەیەك پەخش كرا كە ئەوە دەخاتەڕوو مناڵان لە دانیمارك تووشی ترسێكی زۆر بوون بە بینینی كاردانەوەی توندی شەقامی موسوڵمان، بەجۆرێك ئاڵای وڵاتەكەیان و باڵیۆزخانەكەیان سووتێنراون، وە پێیانوایە مەترسی جەنگ لەئارادایە و ئەوانیش هەڕەشەی مردنیان لەسەرە.

 كەواتە، گەلی دانیماركی و هەندێ لە بەرپرسەكانیان بێزارن لەوەی كە ڕوویداوە و پێیان ناخۆشە، وە كاردانەوەیەكی تریان پیشانداوە بەجۆرێك گوتوویانە پێویستە لای خۆمان مزگەوتێك بۆ موسوڵمانان دروست بكەین وەك قەرەبوویەك بۆئەوەی كە ئێمە بووین بەهۆی برینداربوونی هەستی ئەوان، وە كۆمپانیا ناوخۆییەكان خەرجی ئەو مزگەوتە بكێشن، وە سەرۆكی شارەوانی شاری “كۆپنھاگن” پێشوازی كردووە لەم پێشنیارە. هەروەك زۆرینەی موسوڵمان پێیانوایە كە پێویستە لەسەر موسوڵمانان ئەو پۆزشە قەبوڵ بكەن.

لەگەڵ ئەوەدا دەبینین یەكێك لە سەركردە موسوڵمانەكان، كە نوێنەری 27 دامەزراوەی ئیسلامیە، دەڵێت سەرەڕای ئەوەی كە ئەو ڕۆژنامەیە داوای لێبوردنی كردووە و پۆزشە هێناوەتەوە، بەڵام دەبێت بۆ جاری دووەم داوای لێبوردن بكاتەوە، ئەوسا داوا دەكەین لە وڵاتە ئیسلامیەكان كە ئەم بزووتنەوە نەیاری و ناحەزیە كۆتایی پێ بھێنن.

بێگومان ئەم جۆرە كەسانە ئیسلام بەشێوازێكی تۆقینەر پیشان دەدەن، وە حەزیان لە تێكدان و خراپەكاریە لەجیاتی درێژكردنی دەست بۆ سوڵح و ئاشتەوایی. سەرەڕای ئەوەی كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هیچ پەیوەندیەكی ئەم جۆرە تێكدان و خراپەكاریەوە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندەكانمان پەیوەندی و نامەیان پێگەيشتووە لەلایەن هەندێ دوژمنی ئیسلامەوە كە وەها و وەهاتان لێ دەكەین. داواكارین لە خوای گەورە كە مزگەوت و ناوەندەكانمان بپارێزێت لە هەموو شوێنێك و بەدوورمان بكات لە خراپەی ئەو كەسانە.

 بەهەرحاڵ، ئەگەر لەلایەنێكەوە كردەوەیەكی هەڵە ڕووبدات؛ ئەوا لەلایەنەكەی تریشەوە كاردانەوەی هەڵە ڕوودەدات. وەك پێشتر وتم، مادام ئەو كەسانە داوای لێبوردنیان كردووە بۆ ئەو ڕەفتارە هەڵەیان، پێویستە لەسەر موسوڵمانان لێیان ببورن؛ چونكە ئەم كاردانەوە هەڵەیەی موسوڵمانان كارێكی كردووە ئەو كەسانە هەوڵ بدەن خۆیان وەكو ستەملێكراو پیشان بدەن لەپێش چاوی جیھاندا لەگەڵ ئەوەی خۆیان ستەمكارن؛ چونكە كارێكی ئەوپەڕی قێزەونیان ئەنجامداوە. سەیر لەوەدایە خەڵكی دانیمارك داوای لەبوردن دەكەن، بەڵام سەركردە موسوڵمانەكان سوورن لەسەر قەبوڵنەكردنی داوای لێبوردنەكەیان. بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمانانیش كە سەرنج بدەن و هۆشیاربن و شێوازی كاردانەوەكەیان بگۆڕن.

شێوازی كاردانەوەی موسوڵمانی ئەحمەدی

وەك پێشتر گوتم، ئەوەی كە ڕوویداوە لە هەر موسوڵمانێك زیاتر دڵمانی خەڵتانی خوێن كردووە، بەڵام شێوازی كاردانەوەی ئێمە جیاوازە لە كەسانی تر، پێم خۆشە لێرەدا ڕوونی بكەمەوە كە لە داهاتووشدا دوور نیە ئەو كەسانە ناوبەناو كارێك بكەن كە ئاژاوە بنێتەوە و هەستی موسوڵمانان بریندار بكات؛ چونكە ئەمە نەریت و خووی ئەوانە. پێدەچێت لە ئەنجامدانی ئەم كارە قێزەونانە ئامانجیان ئەوەبێت پاساو بھێننەوە بۆ سەپاندنی كۆت و پێوەندی یاسایی بەسەر موسوڵماناندا بەتایبەتی ئەو موسوڵمانانەی كە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و كیشوەری هندیەوە هاتوون. كۆت و پێوەند بسەپێنن یان نا پێویستە ڕەفتار و هەڵسوكەوتمان لە بازنەی بەها و ڕێنماییەكانی ئیسلامدا بێت.

مەسیحی بەڵیندراو (عليه السلام) بەرگری دەكات لە ئیسلام و پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم)

وەك گوتم، پیلانگێڕان دژی ئیسلام و پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) لە سەرەتاوە بەردەوام بووە هەتا ئێستا، بەڵام خوای گەورە ئیسلام و پێغەمبەری ئازیزی پاراستووە وەك خۆی بەڵێنی داوە، هەروەك پێشتريش ئەم كارەی كردووە، وە لە داهاتووشدا هەموو ئەو هەوڵە دوژمنكارانەیە پووچ دەكاتەوە و دوژمنان نائومێد دەكات. لەبەر خودی ئەم ئامانج و مەبەستە خوای گەورە لەم چەرخەدا مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ڕەوانەكردووه. بێگومان هەموو هێرشەكان كە دەكرێنەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم چەرخەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و خەلیفەكانی لەدوای خۆی، كە كار بە ڕێنماییەكانی دەكەن، بەرهەڵستی دەكەن لەو هێرشانە، بەم شێوەیە ڕێنموونی كۆمەڵی ئەحمەدی دەكەن و بۆیان ڕوون دەكەنەوە كە پێویستە كاردانەوەیان چۆن بێت، پاشان ئەنجامەكان چی دەبن؟ وە لەم بارەيەوە دوو نموونەتان پێشكەش دەكەم بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانی كۆمەڵەكەمان بخەمەڕوو بۆ ئەوانەی كە تۆمەتبارمان دەكەن بەوەی هەست بەئازار ناكەین لە ئەنجامی ئەو خراپە بێزراوەی كە بەرامبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكرێت، بەجۆرێك ئێمە بەشداری ناكەین لەگەڵیاندا لە كاری تێكدەرانە و نانەوەی ئاژاوە و پشێویدا. بێگومان ئەو كاردانەوەیەی كە ئێمە پیشانی دەدەین، یان پێویستە هەمیشە پیشانی بدەین، دەبێت تەبا و گونجاو بێت لەگەڵ پێشەنگیە چاكەكەی پێغەمبەرمان و ڕێنماییەكانی قورئانی پیرۆزدا. كاتێك ئەم هێرشە پیسانە دەبینین بۆسەر زاتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خوا دەپاڕێینەوە و داوای یارمەتی لێ دەكەین لەجیاتی ئەوەی دەست بكەین بە خراپەكاری و تێكدان.

ئێستا دوو ڕووداو وەك نموونە دەهێنمەوە كە دەیسەلمێنن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چەندە پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) خۆشویستووە و بەپەرۆش بووە بۆی. ڕووداوی یەكەم ئەوەیە كە لەگەڵ قەشە “عبدالله ئاتهەم”دا ڕوویدا. ئەم نەسرانيە بەد و ناپاكە لە كتێبێكی خۆیدا پێغەمبەری خۆمانی (صلى الله عليه وسلم) بە دەججال ناوبردووە -پەنا بە خوا. وە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خەریكی ديبەيت بوو لەگەڵ ئەم قەشەیەدا دەربارەی بیروباوەڕەكانی ئیسلام و مەسیحیەت. بەڕێزی (عليه السلام) لەم بارەيەوە دەفەرموێت: بێگومان پازدە ڕۆژ سەرقاڵ بووم بەم ديبەيتەوە، وە بەنھێنی لە خوا دەپاڕامەوە كە تۆڵە بكاتەوە لەم قەشەیە لەسەر ئەوەی كە دژی پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) نووسیویەتی. وە لەكاتی كۆتاییھاتنی ديبەيتەكەدا پێمگوت: بێگومان ئەم ديبەيتە كۆتایی هات، بەڵام جۆرێك لە ديبەيتى تر هێشتا بەردەوامە ئەويش لەنێوان تۆ و خوای گەورەدايە؛ چونكە تۆ لە كتێبەكەتدا بە ناوی “ئەندرونە بایبڵ” پێغەمبەری ئێمەت بە “دەججال” ناوبردووە، لە كاتێكدا من باوەڕم بەوە هەیە كە پێغەمبەرمان كەسێكی تەواو ڕاستگۆیە، وە ئیسلام ئایینێكە لەلایەن خواوە هاتووە، وە دەزانم كە ئەم جەنگە لە ئێستادا بڕیارێكی خوایی لە ئاسمانەوە یەكلایی دەكاتەوە، وە لەنێوان من و تۆدا ئەو كەسەمان لە قسەكانیدا درۆ دەكات و بەدرۆ و بەناحەق پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەدەججال ناودەبات و دژایەتی ڕاستی دەكات، بەدڵنیاییەوە لەمڕۆوە لە ماوەی پازدە مانگدا دەكەوێتە ناو چاڵی دۆزەخەوە لە ژیانی لایەنەكەی تردا كە لەسەر حەقە، مەگەر بگەڕێتەوە بۆ ڕێگای ڕاست.. واتە وازبھێنێت لەوەی كە بە پێغەمبەری ڕاستگۆ و دەستپاك (صلى الله عليه وسلم) بڵێت دەججال و دووربكەوێتەوە لە زماندرێژی و دەمپیسی. چونكە بەتەنھا نكوڵیكردن له ئایینی حەق مرۆڤ شایستەی سزا ناكات لەم دنیایەدا، بەڵكو بێشەرمی و زماندرێژى و جنێودان سزای خوا پێویست دەكەن لەسەر مرۆڤ لەم دنیایەدا.

وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت: كاتێك ئەم قسەیەم وت بەو قەشەیە ڕەنگی پەڕی و ڕوخساری زەرد هەڵگەڕا و دەستی كەوتە لەرزین، ئینجا دەستبەجێ زمانی دەرهێنا و هەردوو دەستی خستە سەر گوێچكەكانی و لەگەڵ سەریدا بەملاو لادا جووڵاندنی وەك كەسێكی تاوانبار كە بترسێت و بێتاوانی خۆی پیشان بدات لەوپەڕی حاڵەتی زەبوونی و خۆبەكەمزانیندا. وە جار لەدوای جار دەیگوت: نەخێر هەرگیز نەخێر، من هیچ خراپە و بێشەرمییەكم ئەنجام نەداوە. ئەوە بوو لەڕاستیدا ئەم قەشەیە دوای ئەوە هەرگیز هیچ قسەیەكی نەكرد لە دژی ئیسلام.

ئا ئەمە كاردانەوەى “شێری خوا” بوو كە زۆر بەپەرۆش و جگەرسۆز بوو بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، بەم شێوەیە تەحەددای هەموو ئەو كەسانەی كرد كه هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەم ڕەفتاره ناشیرینانە.

وە كەسێكی تر هەبوو بەناوی “لیكهرام”ی هيندۆسی. جنێوی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەدا، مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) ئاگاداری كردەوە و هۆشداری پێدا لەسەر زماندرێژیەكەی، بەڵام ئەو نەسڵەمیەوە. بۆیە لە كۆتاییدا بەڕێزی نزای لێ كرد، ئەوە بوو خوای گەورە پێیڕاگەیاندا كە لیكهرام بە مردنێكی بەژان دەمرێت.

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بارەيەوە دەفەرموێت: بێگومان خوای گەورە بەڵێنی پێدام دەربارەی دوژمنێكی خوا و پێغەمبەرەكەی، جنێوی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەدا و كۆمەڵێك وشەی پیسی بەكاردەهێنا لە دژی، وە ناوی “لیكهرام” بوو، كاتێك نزام لێ كرد خوای گەورە مژدەی پێدام كە لە ماوەی شەش ساڵدا تیادەچێت. وە ئەمەش دەبێت بە بەڵگە و نیشانەیەك بۆ ئەوانەى كە بەدواى حەق و ڕاستیدا دەگەڕێن. بەتەواوەتی ئەمە ڕوویدا و بە مردنێكى بەژان لەناوچوو.

پێشەنگیە چاكەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشكەشی جیھان بكەن

ئەمە ئەو شێوازانەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فێری كردووین.. واتە سیفەتە جوانەكانی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ڕوونبكەینەوە و شرۆڤەیان بكەین بۆ ئەوانەی كە ئەم جۆرە ڕەفتارانە ئەنجام دەدەن، وە لایەنەكانی ژیاننامە جوانەكەی پیشانی جیھان بدەین كە هێشتا لای خەڵكی شاراوەن، وە لە خوا بپاڕێینەوە كە دووریان بخاتەوە لەم جۆرە ڕەفتارانە، یاخود خۆی سزایان بدات. بێگومان خوای گەورە چەندین شێوازی تایبەتی هەیە بۆ پەلاماردان و هێرشكردن، وە خۆی باشتر دەزانێت پەلاماری كێ دەدات و چۆن پەلاماری دەدات!

لەسەردەمی خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) كەسێك كتێبێكی ناشیرینی نووسی دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ناونیشانی “رنگیلا رسول” (واتە: پێغەمبەری نوقم بوو لە خۆشیەكاندا)، هەروەها لە گۆڤارێكدا بەناوی “ورتمان” وتارێكی ناماقوڵی بڵاوكردەوه دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوە بوو موسوڵمانان لە هەموو ناوچەكانى هيندستانەوە هەڵچوون و توڕەبوون دژی ئەم ناماقوڵی و زماندرێژیە، وە كاردانەوەی توندیان پیشاندا. لەو كاتەدا خەلیفەی دووەم موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) هەستا و ئامۆژگاری هەموو موسوڵمانانی كرد و فەرمووی: ئەی براكانم، من بەدڵێكەوە كە ئازاری لێ دەچۆڕێت پێتان دەڵێم، كەسی ئازا و بەجەرگ ئەو كەسە نیە كە بە هەڵەشەیی ڕادەكات بۆ جەنگ لەگەڵ دوژمندا، بەڵكو لەڕاستیدا ئەو كەسە كەسێكی ترسنۆكە؛ چونكە تەسلیمی نەفسی خۆی بووە _ئەمە ئاماژەیە بۆ فەرموودەیەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەفەرموێت: لَيْسَ الشَّدِيدُ بِالصُّرَعَةِ، إِنَّمَا الشَّدِيدُ الَّذِي يَمْلِكُ نَفْسَهُ عِنْدَ الغَضَبِ. واتە ئازایەتی بە زۆرانبازی نیە، بەڵكو ئازایەتی ئەوەیە كە لە كاتی توڕەبووندا مرۆڤ زاڵ بێت بەسەر خۆیدا- بەڵكو كەسی ئازا و بەجەرگ ئەو كەسەیە كە سوور دەبێت لەسەر ئەنجامدانی كارێك و پاشگەزنابێتەوە هەتا بەتەواوەتی ئەو كارە ئەنجام دەدات. لەبەرئەوە پێویستە پەیمان بدەن بە خوا لەسەر سێ شت بۆ بەرەوپێش بردنی ئیسلام. یەكەم: لە خوای گەورە بترسن و هەرگیز سووكایەتی بە ئایین نەكەن، وە پێش هەموو شتێك كردەوەی خۆتان چاك و ڕێكوپێك بكەن. دووەم: هەموو هەوڵێكتان بخەنەگەڕ بۆ تەبلیغكردنی ئیسلام هەتا هەموو كەسێك لە جیھاندا شارەزا بێت لە ڕێنماییەكانی ئیسلام و سیفەتە جوانەكانی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و پێشەنگیە چاكەكەی و ژیانە خاوێنەكەی. سێيەم: ئەوپەڕی كۆشش بكەن بۆ ڕزگاركردنی موسوڵمانان لە كۆیلایەتی ژیاری و ئابووری. (أنوار العلوم، بەرگی نۆیەم، لا 555_556)

كە واتە ئێستا پێویستە موسوڵمانان بەگشتی و هەموو سەركردەكانیان بایەخ بدەن بەم پرسە. دەبینن وڵاتە ئیسلامیەكان لەڕواڵەتدا سەربەخۆن، بەڵام سەرەڕای سەربەخۆبوونیان هێشتا لەژێر داگیركەری ژیاری و ئابووری ڕۆژئاوادا دەناڵێنن. پشت بە گەلانی ڕۆژئاوا دەبەستن و هیچ خەمێكیان نیە جگە لە لاساییكردنەوەى ڕۆژئاوا. لە كۆشش و كاركردن ڕادەكەن، وە پشتیان بە ڕۆژئاوا بەستووە، ئەمەش وایكردووە كە ڕۆژئاوا ناوبەناو یاری بە هەستی ئايینی موسوڵمانان بكات.

پاشان خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) بانگەوازی بەستنی كۆنگرە و كۆڕ و كۆبوونەوەكان دەكات بۆ خستنەڕووی ژیاننامەی بۆنخشی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). كەواتە ئەمەیە شێوازی دەربڕینی ناڕەزایی و بێزاری نەك تێكدان و پشێوی نانەوە.

وە كۆمەڵێك دابونەریتی دزێوی ئەو گەلانە هەیە كە دزەیان كردووەتەناو هەندێ لە خێزانە ئەحمەدیەكانەوه بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكەن بەهۆی دراوسێیەتیەوە. لەبەرئەوە بە ئەحمەدیەكان دەڵێم: بێگومان وتارەكەی خەلیفەی دووەم (ڕەزای خوای لێ بێت) ئاراستەی ئێوە كراوە زیاتر لەوەی ئاراستەی موسوڵمانانی تر كرابێت، بۆیە پێویستە لەسەرتان ئەوەی جوانە لە شارستانیەتەكەیان پیادەی بكەن ئەوەیشی خراپە لێی دووربكەونەوە. كەواتە لەجیاتی ئەوەی توندوتیژی بەرپا بكەین، پێویستە لەسەرمان سەرەتا لێپرسینەوە لەخۆمان بكەین، وە سەیر بكەین بزانین ئایا كردەوەكانمان جوانە؟ ئایا بەو جۆرەی كە شایستەیە لە خوا دەترسین؟ ئایا وەك پێویست بەندایەتی خوا دەكەین و كار بە بریارەكانی دەكەین؟ ئایا وەك پێویست گرنگی دەدەین بە بڵاوكردنەوەی پەیامی خوا؟

لە سەردەمی خەلیفەی چوارەمدا (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) كاتێك “سەلمان ڕوشدی” هەستا بە نووسینی كتێبەكەی كە كتێبێكی ئەوپەڕی خراپ و دزێو بوو. بەڕێزی ژمارەیەك وتاری پێشكەش كرد و فەرمانی كرد بە دانانی كتێبێك بۆ وەڵامدانەوەی توڕڕەهاتەكانی سەلمان ڕوشدی.

وەك پێشتر گوتم ناوبەناو ئەم جۆرە شتانە ڕوودەدەن. لە سەرەتای ساڵی پاردا كەسێك وتارێكى پڕوپووچی نووسی دەربارەی ژیانی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، منیش ئامۆژگاری كۆمەڵ و ڕێكخستنە لاوەكیەكانیم كرد كە كۆمەڵێك نامە و وتار بنووسن و پەیوەندیەكانیان فراوان بكەن بۆ خستنەڕووی ژیاننامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بڵاوكردنەوەی سیفەت و كردەوە جوانەكانی لە هەموو جیھاندا. ئەمە دەرفەتێكە بۆ خستنەڕووی جوانیەكانی ژیاننامەی بۆنخۆشی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وە دیارە ئەم ئامانجە هەرگیز لەرێگەی كاری تێكدەرانە و ئاژاوەگێڕیەوە بەدی نایەت. دەی ئەگەر هەموو ئەحمەدیەكان لە هەموو وڵاتەكاندا موسوڵمانە ڕۆشنبیر و تێگەيشتووەكانی تر پەیوەندییان پێوە بكەن بۆئەوەی بەڕێگەیەكی ئاشتیانە كاردانەوەی خۆیان پیشان بدەن و بازنەی پەیوەندیەكانیان فراوان بكەن و لەبارەی ژیاننامەی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بنووسن؛ ئەوا بە بەڵگە ڕاستیەكان دەسەلمێنرێت بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا لە هەموو وڵاتێكدا. دوای ئەوە هەر كەسێك نەسڵەمێتەوە لەم كارە قێزەونە (واتە ناوزڕاندن و لەكەداركردنی پێغەمبەر _صلى الله عليه وسلم_)؛ ئەوا خواى گەورە خۆی سزای دەدات و تۆڵەی لێ دەكاتەوە.

بێگومان خوای گەورە پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) ڕەوانەكردووە وەك ڕەحمەتێك بۆ جیھانیان، ئەوەتا بە پێغەمبەرەكەی دەفەرموێت: {وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ} (الأنبیاء: 108). لەڕاستیدا پێش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچ كەسێك لەدایك نەبووە و دوای ئەویش هیچ كەسێك لەدایك نابێت كە لەو مەزنتر بێت و لەو زیاتر بەرەحم بێت و زیاتر ڕەحمەتیش بڵاوبكاتەوە. هەروەها پێشەنگیەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، وە پێویستە لەسەر هەموو موسوڵمانێك چاوی لێ بكات و پەیڕەوی بكات. بەرپرسیارێتی هەرەگەورە دەكەوێتە ئەستۆی ئێمەی موسوڵمانانی ئەحمەدی. ئەم پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم) كە ڕەحمەتە بۆ جیهانیان ئەو كەسانە بەم شێوەیە ترسناكە وێنەی دەكێشن، لەبەرئەوە پێویستە لەسەرمان پێشنەگیەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بخەینەڕوو بۆ جیهان كە پڕە لە خۆشەویستی و ئەوین و ڕەحمەت. ئاشكرایە كە دەبێت موسوڵمانان گۆڕانكاری بھێنن بەسەر ڕەفتار و هەڵسوكەوتیاندا بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجە. تیرۆر بەهیچ شێوەیەك جێگای نیە لە ئیسلامدا. بێگومان هەمیشە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەوڵیداوە خۆی بەدووربگرێت لە جەنگ و كوشتار، هەتا لە مەدینە بەتەواوەتی جەنگیان سەپاند بەسەریدا، ئینجا ئەویش ناچاربوو بە فەرمانی خوای گەورە بەرگری له خۆی بكات و بەرپەرچی دوژمنەكانی بداتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانی خوای گەورە هات و فەرمووی: {وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلَا تَعْتَدُوا إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ} (البقرة: 191). وە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو كەسێك زیاتر كاری كردووە بەو وەحیەی كە دابەزیوەتە سەری، كەواتە ئەو كەسانە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تۆمەتبار دەكەن بەم كردەوە خراپانە ستەمێكی گەورە دەكەن.

بەهەرحاڵ، ئەوان داوای لێبوردنیان كرد وەك دەڵێن، وە ڕاپۆرتی بانگخوازەكەمان جەخت لەوە دەكاتەوە كە یەكێكیان داوای لێبوردنی كردووە.

كاردانەوەی گەرماوگەرمی كۆمەڵەكەمان

بێگومان موسوڵمانانی تر بەتوندی تووڕەبوون و هەڵدەستن بە خۆپیشاندان و كاری تێكدەرانە و پشێوی نانەوە؛ چونكە كاردانەوەكەیان لەم جۆرە كارانەدا قەتیس دەبێت. بێگومان كۆمەڵەكەمان دەربارەی ئەم كارە كاردانەوەى گەرماوگەرمی پیشاندا بەگوێرەی ئەوەی لێی چاوەڕوان دەكرا، بەجۆرێك دەستبەجێ ئەحمەدیەكان پەیوەندییان كرد بە ڕۆژنامەكانەوە بۆ خستنەڕووی ڕاستی. لەكاتێكدا ئەم ڕووداوە لە مانگی شوباتی ساڵی 2006دا ڕووی نەداوە كە موسوڵمانانی تر دەستیان كرد بە خۆپیشاندان و یاخیبوون، بەڵكو ئەم هەڵمەتە دزێوە لە مانگی ئەیلوول یان سەرەتای تشرینی یەكەمی ساڵی پاردا دەستی پێ كرد، وە بۆتان ڕووندەكەمەوە كە ئێمەی ئەحمەدی لەو كاتەدا چیمان كردووە. بێگومان یەكسەر بانگخوازەكەمان لە دانیمارك وتارێكی تێروتەسەلی ئامادەكرد و ناردی بۆ ئەو ڕۆژنامەیەی كە ئەو وێنانەی بڵاوكردبوویەوە وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر كارەكەی. وە تێیدا پێی گوتبوون كە ڕێنمایی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چیە لەم جۆرە هەڵوێستانەدا، وە ڕوونی كردبووەوە بۆیان كە ئەمە ناڕەزایی ئێمەیە. بێگومان ئێمە خۆپیشاندان ناكەین، بەڵام بە قەڵەم جیھاد دەكەین و داخی سەختی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بڵاوبوونەوە ئەم وێنانە. بێگومان بانگخوازەكەمان ڕوونی كردەوە بۆیان كە گومانی تێدانیە ئازادی ڕادەربڕین دەبێت بوونی هەبێت، بەڵام ئازادی ڕادەربڕین مانای ئەوە نیە كەسانی تر ئازار بدەن.

پاشان لەم ڕۆژنامەيەوە كاردانەوەیەكی ئەرێنی هات، ئینجا وتاری بانگخوازەكەی ئێمەی بڵاوكردەوە. هەروەك گەلی دانیماركی كاردانەوەیەكی ئەرێنیان هەبوو، بەجۆرێك لەڕێگەی تەلەفۆن و ئیمەیڵەوە پەیوەندییان كرد بە ناوەندەكەمانەوە و دەستخۆشییان كرد لە وتارەكە. پاشان سەرۆكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بانگھێشتی بانگخوازەكەی ئێمەی كرد بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەیەكی خۆیان، ئەویش ئامادە بوو، وە ڕوونیكردەوە بۆیان كە گومانی تێدا نیە یاساكانیان ئازادی بیروڕایان پێداون، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە كە بە چاوی سووكەوە بڕوانن بۆ ڕابەران و كەسایەتیە پیرۆزەكانی ئایینەكانی تر و لەكەداریان بكەن. وە مادام موسوڵمانان و مەسیحیەكان لەم كۆمەڵگایەدا بەیەكەوە دەژین؛ ئەوا پێویستە هەر لایەنێك ڕێز بگرێت لە هەستی لایەنەكەی تر ئەگینا هەرگیز لە كۆمەڵگادا ئاشتی بەرقەرار نابێت.

پاشان بانگخوازەكمان پێی ڕاگەیاندن كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چ ڕێنماییەكی جوانی هێناوە و چ پیشنگیەكی چاكی پێشكەش كردووە، وە ڕەوشتی چەندە بەرز و بڵند بووە، وە چەندە دڵسۆزی خەڵكی بووە، وە چەندە میھرەبان بووە بەرامبەر دروستكراوانی خوا، تەنانەت ڕحمەتێكی بەرجەستە بووە! وە كاتێك بانگخوازەكەمان هەندێ لە بەسەرهاتەكانی ژیانی پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) باسكرد بۆیان، وە پێی گوتن: ئایا كەسێك ئەم ڕێنماییانەی هێنابێت و ئەم كردەوە جوانانەی ئەنجام دابێت ڕەوایە بەم شێوەیە وێنەی بكێشرێت؟ ڕۆژنامەنووسەكانیش كاریگەربوون بە قسەكانی و دەستخۆشییان لێ كرد، تەنانەت یەكێك لەو كەسانەی كە ئەم وێنانەی كێشابوو وتی: ئەگەر پێشتر ئەم گفتوگۆیە ساز بكرابایە؛ ئەوا هەرگیز ئەم وێنانەمان دروست نەدەكرد. ئەمڕۆ زانیمان ڕێنماییەكانی ئیسلام چین. وە هەموویان بەڕاشكاوی ڕایانگەیاند كە پێیان خۆشە گفتوگۆ بەردەوام بێت لەنێوان هەردوو لایاندا.

هەروەك ڕاگەيێنراوێكی ڕۆژنامەوانی دەرچوو لەلایەن سەرۆكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانەوە و لە بەرامبەر هەموویاندا خوێندرایەوە. وە لە تەلەڤزیۆنەوه لە دانیمارك گفتوگۆیەكی سەركەوتوو سازكرا بۆ بانگخوازەكەمان. هەروەك چاوپێكەوتنی كرد لەگەڵ یەكێك لە وەزیرەكانیشدا.

بەهەرحاڵ، كۆمەڵەكەمان لەم جۆرە بۆنانەدا هەوڵی خۆی خەرج دەكات، وە لە دانیماركدا ئەم كارانەی ئەنجامداوە، وە لەو وڵاتەدا كە سەرچاوەی ئەم فیتنە و ئاژاوەیە كاری زۆری كردووە.

ڕاستی بڵاوكردنەوەی ئەم وێنانە ئەوەیە كە یەكێك لە نووسەرەكان لە دانیمارك كتێبێكی نووسیوە بەناونیشانی: “ژیانی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) و قورئان”، وە ئەم كتێبە لە بازاڕدا هەیه. وە خاوەنی ئەم كتێبە داوای كردووە لە هەندێ ڕۆژنامەنووس كە هەندێ وێنەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكێشن، وە هەندێكیان وێنەكانیان كێشاوە بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان پیشان بدەن لە ترسی كاردانەوەی موسوڵمانان. كەواتە ئەو كتێبە هۆكار بوو بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو بەدكاریانە، وە ئەو وێنانەی كە لە ڕۆژنامەكەدا بڵاوبوونەوە هۆكار بوون بۆ كاردانەوەی موسوڵمانان.

وە پێویستە لەسەر كۆمەڵەكەمان كە بەردەوام هەوڵ بدات لە هەموو شوێنێك لە جیھاندا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو تانەو تەشەرانەی كە تێیدا هاتووە دژی ئیسلام.

بەڵام لە دانیماركدا دەوترێت هەندێ موسوڵمان تۆمەتباریان كردوون بە بڵاوبوونەوەی كۆمەڵێك وێنە كە پەیوەندیان پێیانەوە نیە و ئەوان بڵاویان نەكردوونەتەوە، بەڵكو هەندێ لە موسوڵمانان لەلایەن خۆیانەوە ئەو وێنانەیان دروست كردووە بۆ ئەوەی جیهانی ئیسلامی هان بدەن لە دژیان. ئێمە نازانین تا چەندە ئەم قسەيەیان ڕاستە، بەڵام ئەوەندە هەیە ئەو كەسانە هەستیان بە هەڵەی خۆیان كردووە پاش ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان پێوە كردن و گفتوگۆمان كرد لەگەڵیاندا. هەموو ئەمانە لە سەرەتای ئەم ئاژاوەیەدا ڕوویدا، لەكاتێكدا موسوڵمانانی تر ئەمڕۆ بەم فیتنەیە دەزانن پاش تێپەڕینی سێ مانگ بەسەر ئەمەدا.

وەك پێشتر گوتم، زۆر پێویستە لایەنەكانی ژیاننامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ خەڵكی نمایش بكەین لە هەموو دەوڵەتێكدا. پێویستە لەسەرمان بەتایبەتی لە ڕێگەی بەڵگەوە ئەو تێڕوانینەیان هەڵبوەشێنینەوە كە گوایە ئیسلام _پەنا بە خوا_ شەیدا و تامەزرۆی جەنگە. وەك پێشتر گوتم، پێویستە لە ڕۆژنامەكاندا وتاری زۆر بڵاوبكرێتەوە، وە دەتوانن دەربارەی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆمەڵێك كتێب بنێرن بۆ نووسەرەكە و خاوەنی ڕۆژنامەكان.

پێویستە لەسەر گەنجەكانمان ڕۆژنامەگەرێتی بخوێنن

پێشنیارێك هەیە بۆ داهاتوو، ئەویش بریتیە لەوەی كە پێویستە كۆمەڵەكەمان پلان دابنێت بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەنجەكانمان، ئەوانەی ئارەزوویان لێیە، ڕۆژنامەگەرێتی بخوێنن، بۆ ئەوەی لەم وڵاتانەدا و لەناو ئەم گەلانەدا لە بواری ڕۆژنامەگەرێتیدا نفوزمان هەبێت؛ چونكە ئەم هەڵسوكەوتانە ناوبەناو ڕوو دەدەن، جا ئەگەر پەیوەندیەكی پتەومان هەبێت بە هۆكارەكانی ڕاگەیاندنەوە؛ ئەوا دەتوانین بەرهەڵستی بكەین لەم هەڵمەتە خراپانە. بەڵام ئەگەر دوای ئەوە كەسێك ڕۆچوو لە زماندرێژیدا و سڵی نەكردەوە؛ ئەوا ئەم جۆرە كەسانه لە دنیا و دوارۆژدا بەر نەفرەتی خوا دەكەون وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ يُؤْذُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ لَعَنَهُمُ اللَّهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَأَعَدَّ لَهُمْ عَذَابًا مُهِينًا} (الأحزاب: 58). بێگومان ئەم هەڕەشە خواییە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵكو بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرێكی زیندووە، وە ڕێنماییەكان هەمیشە ژیانبەخشن، وە شەریعەتە بێوێنەكەی چارەسەری پێیە بۆ كێشەكانی هەموو سەردەمێك، وە شێونكەوتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبێتەهۆی نزیكبوونەوە لە خوای گەورە، لەبەرئەوە ئەم ئایەتە بەردەوام هەتا ئەمڕۆش بریتیە لە ترساندن و ئاگاداركردنەوە بۆ ئەو كەسەی كه بەهەر شێوەیەك شوێنكەوتەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازار دەدات. بێگومان خوای گەورە زیندووە، وە چاودێری هەڵسوكەوتی ئەو كەسانە دەكات. بۆیە ئەركی ئێمەیە ئاگاداریان بكەینەوە كە خوای گەورە دەتوانێت سزایان بدات بەهۆی ئەو ئازارەی كە تووشی ئێمەی دەكەن، بۆیە وازبھێنن لە ئازاردانی خوا و پێغەمبەرەكەی.

ئەگەر پێویست بێت لەسەرمان كە خەڵكی ئاگادار بكەینەوە لە ڕێنماییەكانی ئیسلام و پێشەنگی پێغەمبەرەكەمان (صلى الله عليه وسلم)؛ ئەوا ئەركی سەرشانمانە كە سەرەتا كردەوەی خۆمان چاك بكەین؛ چونكە كردەوەی باش و چاك دنیا دەمكوت دەكات، وە باشترین ئامرازە بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجە. لە دانیمارك ڕاپۆرتێك بڵاوكرایەوە دەربارەی یەكێك لە زاناكانی موسوڵمانان بەوەی كە دووڕووە؛ چونكە شتێكیان پێ دەڵێت پێچەوانەی ئەو كارەیە كه دەیكات و موسوڵمانان هان دەدا لە دژیان. لەبەرئەوە پێویستە لەسەرمان دەرەوە و ناوەوەمان یەكێك بێت و كردەوەمان هاوشێوەی گوفتارمان بێت بۆئەوەی بەكردەوه ئەم نموونانەیان پێشكەش بكەین.

كاری تێكدەرانە و سوتاندنی ئاڵاكان سەربەرزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جێگیر ناكات

بەو كەسانە دەڵێم كە خۆیان داوەتەپاڵ ئیسلام، چ ئەحمەدیەكان بن یان سوننە یان شیعە یان هەر گروپێكی ئیسلامی تر بن، كە هەمووتان بزانن ئەگەر هێرشكرایە سەر كەسایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)؛ ئەوا پێویستە پەنا نەبەن بۆ هەڵچوون و توڕەبوونی كاتی بە سووتاندنی ئاڵاكان و پەلاماردانی باڵیۆزخانەكان، بەڵكو پێویستە لەسەریان كردەوەی خۆیان چاك بكەن هەتا كەسانی تر دەرفەت نەقۆزنەوە بۆ ناوزڕاندن و لەكەداركردنیان. ئایا ئەوانەی ئاگر لە باڵیۆزخانەكان بەردەدەن و ئاڵاكان دەسووتێنن پێیانوایە كە سەربەرزی و گەورەیی پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) یەكسانە بەم كارە تێكدەرانە و تۆڵەیان لەوان كردووەتەوە لەسەر ئەم خراپەكاری و بەدناوكردنە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. بەڵكو ئێمە باوەڕمان بەو پێغەمبەرە هەیە كە بۆ كوژاندنەوەی ئاگر هاتووە، وەكو باڵیۆزی خۆشەویستی و ڕابەری ئاسایش و تەناهی هاتووە! كەوابوو لەجیاتی ئەوەی كاری توندوتیژی ئەنجام بدەین، پێویستە ڕاستیەكە بۆ خەڵكی دنیا ڕوون بكەینەوە و ڕێنماییە جوانەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نمایش بكەین بۆیان.

داواكارم لە خوای گەورە كە ژیری ببەخشێت بە موسوڵمانان و ڕێگای ڕاستیان پیشان بدات. وە بەتایبەتی بە ئەحمەدیەكان دەڵێم: بێگومان ئێمە نازانین كە موسوڵمانانی تر دەگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێگای ڕاست یان نا، بەڵام پێویستە لەسەر هەر یەكێك لە ئێوە، بچوك و گەورە، پیر و لاو، نێر و مێ، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو وێنە دزێوانە، ئاگرێك لەدڵیدا هەڵگیرسێنێت كە هەرگیز نەكوژێتەوە، ئاگرێك كە ئاڵاكان یان باڵیۆزخانەی وڵاتان یان تەلارەكان نەسووتێنێت و پاش چەند خولەكێك یان چەند كاتژمێرێك بكوژێتەوە، وەك بینیتان لە هەندێ وێنەی بڵاوكراوەدا دەربارەی پاكستان بەجۆرێك هەندێ كەس ئاگریان هەڵگیرساندبوو ئینجا بەگوڕوتینێكی زۆرەوە بەدیاریەوە وەستابوون وەك ئەوەی سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەستھێنابێت. بێگومان ئەو ئاگرەی كە ئەوان هەڵیانگیرساند لەماوی چەند خولەكێكدا دەكوژێتەوە، بەڵام پێویستە لەسەر ئێمە ئاگرێك هەڵگیرسێنین هەرگیز نەكوژێتەوە، كە بریتیە لە ئاگری عەشق و خۆشەویستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئاگری پەیڕەوكردنی سوننەتەكەی لە هەموو كارێكدا و پیشاندانی بە هەموو جیھان، ئاگرێك كە ئەگەر لە دڵتاندا هەڵگیرسا هەرگیز نەكوژێتەوە، ئاگرێك بگۆریت بۆ نزا و پاڕانەوە، وه هەموو كاتێك بڵێسەكەی بگاتە ئاسمان.

ئازارەكانتان بگۆڕن بۆ پاڕانەوە و زۆر سڵاوات بدەن لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ئەمە ئەو ئاگرەیە كە پێویستە هەموو ئەحمەدیەك هەڵی بگیرسێنێت لە دڵی خۆیدا و ئازارەكانی بگۆڕێت بۆ نزا و پاڕانەوە، بەڵام پێویستە ئەوە بزانن كە ئامرازی بەدیھێنانی ئەمە تەنھا بریتیە لە موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم). جا بۆئەوەی نزاكانتان گیرا بێت، وە خۆشەویستی خوای گەورە بەدەست بھێنن، وە دووربكەونەوە لە پڕوپووچیەكانی دنیا، وە ڕزگارتان بێت لەم ئاژاوانە، وە پشكۆی خۆشەویستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمیشە لە دڵتاندا گەشاوە بێت، وە دنیا و دواڕۆژتان چاك و ڕێكوپێك بێت، پێویستە لەسەرتان سڵاوات بدەن لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). وە بۆئەوەی لەم سەردەمەدا كە پڕە لە ئاژاوە و خراپەكاری هەمیشە ڕۆبچن لە خۆشەویستی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم)، وە بۆئەوەی مناڵەكانتان هەمیشە دەستبگرن بە ئیسلامی ڕاستەقینەوە واتە ئەحمەدیەت، پێویستە لەسەر هەموو موسوڵمانێكی ئەحمەدی كار بكات بەگوێرەی فەرمایشتی خوای گەورە: {إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا} (الأحزاب: 57)

هەڵبەت چەندین جار پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕایگەیاندووە كە سڵاواتی خوا و فریشتەكانم بەسە، خوای گەورە بۆ پارێزگاری لە خۆتان فەرمانی پێ كردوون سڵاواتم لەسەر بدەن. (الدر المنثور بتخریج الترغیب، للأصفھاني، مسند الدیلمي)

كەواتە، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە كە زۆر سڵاوات بدەین لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەتا نزاكانمان گیرا بێت. بەڵام سەبارەت بە گەورەیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوە بزانن كە لەم ئایەتەی قورئاندا و لە سەرەتای فەرموودە پیرۆزەكەدا كە لەسەرەوە باسكرا دەستەبەری ئەوە كراوە كە هەرچەند نەیارەكان و دوژمنان بیانەوێت لە پێگە و مەقامی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابەزێنن و گاڵتەی پێ بكەن، ئەوا هەرگیز لە هەوڵەكانیاندا سەركەوتوو نابن؛ چونكە خوای گەورە و فریشتەكانی سڵاوات دەدەن لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سڵاوی لێ دەكەن. بێگومان ئەوان لەڕێگەی هێرشكردن بۆسەر كەسایەتی پیرۆزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچ شتێك سەوز ناكەن، وە بەدڵنیاییەوە بەردەوام ئیسلام بەرەوپێش دەچێت و سەردەكەوێت بەسەر هەموو دنیادا، وە ئاڵای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە بەرزی دەشەكێتەوە لە هەموو لایەكی جیھاندا. وەك پێشتر گوتم، بێگومان خوای گەورە بڕیاری داوە كە ئەم كارە لەم سەردەمەدا لە ڕێگەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام)، عاشقی ڕاستگۆی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئەنجام بگات.

هێژا “عبدالكریم سیالكۆتی” (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: جارێكیان گوێم لە حەزرەتی ئیمام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بوو دەیفەرموو: “خوای گەورە هەموو ئەم پلە و پایانەی پێ خەڵات كردووم لە ئەنجامی ئەوەی كە زۆر سڵاواتم داوە لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). بێگومان لە خەوندا بینیم كە لێشاوەكانی نووری خوای گەوره دەگەيشتن بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشێوەی كۆمەڵە نوورێكی سەرسوڕهێن بە ئاراستەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەڕۆيشتن، پاشان لە سنگیەوە هەڵدەمژران، ئینجا لەشێوەی كۆمەڵێك لقی درێژی بێشومار لێیەوە دەردەچوون، دەگەيشتن بە هەموو ئەو كەسانەی كە شایستەبوون هەریەكەیان بەگوێرەی بەشی خۆی. بێگومان لە ئێستادا بەتەواوەتی ئەستەمە كە هەر لێشاوێكی نووری خوایی بگات بە كەسێك كە لەڕێگەی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) نەبێت. سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چیە؟ وەكو جووڵێنەری تەختی پێغەمبەر وایە كە ئەو لقە درێژە نوورانیانەی لێوە دەردەچێت. دەی هەر كەسێك دەیەوێت بەشێك لە لێشاوی نوور و فەزڵی خوای گەورەى پێ بگات، پێویستە لەسەری زۆر سڵاوات بدات لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆئەوەی ئەو لێشاوی نوورە بجووڵێت. (ڕۆژنامەی حەكەم، بەرگی 7، ژمارە 8، لاپەڕە 8، ڕۆژی 28ی شوباتی ساڵی 1903)

لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە لە ئاشووبەكانی ئەم چەرخە بمانپارێزێت، وه هەمیشە خۆشەویستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دڵماندا جێگیر بكات، وە ڕێنماییەكان لە هەموو جیھاندا بڵاوبكاتەوە، وە لەو كەسانە بین كە سڵاوات دەدەن لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دەگەڕێنەوە بۆلای خوا و داوای یارمەتی لێ دەكەن، وە ببینە میراتگری لێشاوی فەزڵ و نووری خوا. وە خوای گەورە سەرمان بخات و یارمەتیمان بدات.

وتارەکە بە فایلی PDF:

https://drive.google.com/file/d/10Xs0e-rHCjmSj1SNjAAoQJX4mkX4MgqQ/view?usp=sharing