تەفسیری سوورەتی النحل
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
*****
ناوەڕۆك:
پەیوەندی سوورەتی النحل بە سوورەتەكانی ترەوە:
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ 1
أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ فَلَا تَسۡتَعۡجِلُوهُ ۚ سُبۡحَٰنَهُۥ وَتَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشۡرِكُونَ 2
خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ بِٱلۡحَقِّ ۚ تَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشۡرِكُونَ 4
خَلَقَ ٱلۡإِنسَٰنَ مِن نُّطۡفَةٖ فَإِذَا هُوَ خَصِيمٞ مُّبِينٞ 5
وَٱلۡأَنۡعَٰمَ خَلَقَهَا ۖ لَكُمۡ فِيهَا دِفۡءٞ وَمَنَٰفِعُ وَمِنۡهَا تَأۡكُلُونَ 6
وَلَكُمۡ فِيهَا جَمَالٌ حِينَ تُرِيحُونَ وَحِينَ تَسۡرَحُونَ 7
وَٱلۡخَيۡلَ وَٱلۡبِغَالَ وَٱلۡحَمِيرَ لِتَرۡكَبُوهَا وَزِينَةٗ ۚ وَيَخۡلُقُ مَا لَا تَعۡلَمُونَ 9
وَعَلَى ٱللَّهِ قَصۡدُ ٱلسَّبِيلِ وَمِنۡهَا جَآئِرٞ ۚ وَلَوۡ شَآءَ لَهَدَىٰكُمۡ أَجۡمَعِينَ 10
وَعَلَٰمَٰتٖ ۚ وَبِٱلنَّجۡمِ هُمۡ يَهۡتَدُونَ 17
أَفَمَن يَخۡلُقُ كَمَن لَّا يَخۡلُقُ ۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ 18
وَإِن تَعُدُّواْ نِعۡمَةَ ٱللَّهِ لَا تُحۡصُوهَآ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ لَغَفُورٞ رَّحِيمٞ 19
وَٱللَّهُ يَعۡلَمُ مَا تُسِرُّونَ وَمَا تُعۡلِنُونَ 20
وَٱلَّذِينَ يَدۡعُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِ لَا يَخۡلُقُونَ شَيۡٔٗا وَهُمۡ يُخۡلَقُونَ 21
أَمۡوَٰتٌ غَيۡرُ أَحۡيَآءٖ ۖ وَمَا يَشۡعُرُونَ أَيَّانَ يُبۡعَثُونَ 22
وَإِذَا قِيلَ لَهُم مَّاذَآ أَنزَلَ رَبُّكُمۡ قَالُوٓاْ أَسَٰطِيرُ ٱلۡأَوَّلِينَ 25
فَٱدۡخُلُوٓاْ أَبۡوَٰبَ جَهَنَّمَ خَٰلِدِينَ فِيهَا ۖ فَلَبِئۡسَ مَثۡوَى ٱلۡمُتَكَبِّرِينَ 30
فَأَصَابَهُمۡ سَئَِّاتُ مَا عَمِلُواْ وَحَاقَ بِهِم مَّا كَانُواْ بِهِۦ يَسۡتَهۡزِءُونَ35
إِنَّمَا قَوۡلُنَا لِشَيۡءٍ إِذَآ أَرَدۡنَٰهُ أَن نَّقُولَ لَهُۥ كُن فَيَكُونُ41
ٱلَّذِينَ صَبَرُواْ وَعَلَىٰ رَبِّهِمۡ يَتَوَكَّلُونَ43
أَوۡ يَأۡخُذَهُمۡ فِي تَقَلُّبِهِمۡ فَمَا هُم بِمُعۡجِزِينَ47
أَوۡ يَأۡخُذَهُمۡ عَلَىٰ تَخَوُّفٖ فَإِنَّ رَبَّكُمۡ لَرَءُوفٞ رَّحِيمٌ48
يَخَافُونَ رَبَّهُم مِّن فَوۡقِهِمۡ وَيَفۡعَلُونَ مَا يُؤۡمَرُونَ 51
وَمَا بِكُم مِّن نِّعۡمَةٖ فَمِنَ ٱللَّهِ ۖ ثُمَّ إِذَا مَسَّكُمُ ٱلضُّرُّ فَإِلَيۡهِ تَجَۡٔرُونَ54
ثُمَّ إِذَا كَشَفَ ٱلضُّرَّ عَنكُمۡ إِذَا فَرِيقٞ مِّنكُم بِرَبِّهِمۡ يُشۡرِكُونَ 55
لِيَكۡفُرُواْ بِمَآ ءَاتَيۡنَٰهُمۡ ۚ فَتَمَتَّعُواْ فَسَوۡفَ تَعۡلَمُونَ56
وَيَجۡعَلُونَ لِلَّهِ ٱلۡبَنَٰتِ سُبۡحَٰنَهُۥ وَلَهُم مَّا يَشۡتَهُونَ 58
وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُم بِٱلۡأُنثَىٰ ظَلَّ وَجۡهُهُۥ مُسۡوَدّٗا وَهُوَ كَظِيمٞ59
فَلَا تَضۡرِبُواْ لِلَّهِ ٱلۡأَمۡثَالَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يَعۡلَمُ وَأَنتُمۡ لَا تَعۡلَمُونَ 75
فَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا عَلَيْكَ الْبَلَاغُ الْمُبِينُ 83
يَعْرِفُونَ نِعْمَتَ اللَّهِ ثُمَّ يُنْكِرُونَهَا وَأَكْثَرُهُمُ الْكَافِرُونَ 84
وَأَلۡقَوۡاْ إِلَى ٱللَّهِ يَوۡمَئِذٍ ٱلسَّلَمَ ۖ وَضَلَّ عَنۡهُم مَّا كَانُواْ يَفۡتَرُونَ88
فَإِذَا قَرَأۡتَ ٱلۡقُرۡءَانَ فَٱسۡتَعِذۡ بِٱللَّهِ مِنَ ٱلشَّيۡطَٰنِ ٱلرَّجِيمِ 99
إِنَّهُۥ لَيۡسَ لَهُۥ سُلۡطَٰنٌ عَلَى ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَلَىٰ رَبِّهِمۡ يَتَوَكَّلُونَ100
إِنَّمَا سُلۡطَٰنُهُۥ عَلَى ٱلَّذِينَ يَتَوَلَّوۡنَهُۥ وَٱلَّذِينَ هُم بِهِۦ مُشۡرِكُونَ 101
وَلَقَدۡ جَآءَهُمۡ رَسُولٞ مِّنۡهُمۡ فَكَذَّبُوهُ فَأَخَذَهُمُ ٱلۡعَذَابُ وَهُمۡ ظَٰلِمُونَ 114
مَتَٰعٞ قَلِيلٞ وَلَهُمۡ عَذَابٌ أَلِيمٞ 118
إِنَّ إِبۡرَٰهِيمَ كَانَ أُمَّةٗ قَانِتٗا لِّلَّهِ حَنِيفٗا وَلَمۡ يَكُ مِنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ 121
شَاكِرٗا لِّأَنۡعُمِهِ ۚ ٱجۡتَبَىٰهُ وَهَدَىٰهُ إِلَىٰ صِرَٰطٖ مُّسۡتَقِيمٖ 122
وَءَاتَيۡنَٰهُ فِي ٱلدُّنۡيَا حَسَنَةٗ ۖ وَإِنَّهُۥ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ لَمِنَ ٱلصَّٰلِحِينَ 123
إِنَّ ٱللَّهَ مَعَ ٱلَّذِينَ ٱتَّقَواْ وَّٱلَّذِينَ هُم مُّحۡسِنُونَ 129
أعوذ بالله من الشیطان الرجیم بسم الله الرحمن الرحیم
سوورەتی النحل
لە مەككە دابەزیوە و لەگەڵ بسم الله دا سەد و بیست و نۆ ئایەت و شانزە ڕكووعە
حەسەن و عەتا و عیكریمە و جابر گوتوویانە هەمووی لە مەككە دابەزیوە. ئیبن عەبباس گوتوویەتی: تەنها سێ ئایەتی سوورەتەكە لە مەدینە دابەزیون كە بریتین لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا تَشۡتَرُواْ بِعَهۡدِ ٱللَّهِ… هەتا فەرمایشتی وَلَنَجۡزِيَنَّهُمۡ أَجۡرَهُم بِأَحۡسَنِ مَا كَانُواْ يَعۡمَلُونَ﴾ (ئایەتی: 96-98). لەكاتێكدا كۆمەڵێكی تر گوتوویانە: ئەو ئایەتانەی كە لە مەدینەدا دابەزیون بریتین لە فەرمایشتی ﴿وَإِنۡ عَاقَبۡتُمۡ فَعَاقِبُواْ بِمِثۡلِ مَا عُوقِبۡتُم بِهِۦۖ﴾ هەتا فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَّٱلَّذِينَ هُم مُّحۡسِنُونَ﴾، ئەم ئایەتانە سەبارەت بە تێكدانی تەرمی حەمزە و كوژارەوەكانی تری جەنگی ئوحود دابەزین. كۆمەڵێكی تر لە زاناكان گوتوویانە: ئەو ئایەتانەی لە مەدینەدا دابەزیون دەكەونە سەرەتای سوورەتەكەوە و لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ دەستپێدەكەن هەتا فەرمایشتی ﴿عَمَّا يُشۡرِكُونَ﴾ (البحر المحیط)
بەڵام قەتادە بۆچوونێكی تەواو پێچەوانەی هەیە بەجۆرێك پێی وایە هەموو سوورەتەكە لە مەدینە دابەزیوە، جگە لە سێ ئایەتی یەكەم. (سەرچاوەی پێشوو).
بەڵام لەناو ڕۆژهەڵاتناسەكاندا “وێری” پێی وایە ئەم سوورەتە هەمووی لە مەككە دابەزیوە لە كۆتاییەكانی ماوەی مەككیدا. وە “نۆڵدكە” (Noeldke) لەمەدا هاوڕایەتی بەڵام دەڵێت ئایەتەكانی ژمارە 43، 111، 119، 120، 125 لە مەدینەدا دابەزیون، پێویستە بزانرێت كە “نۆڵدكە” بسم الله بە یەكێك لە ئایەتەكانی سوورەتەكە لەقەڵەم نادات. بەڵام “سەیڵ” (Sale) پێی وایە هەمووی لە مەككەدا دابەزیوە جگە لە سێ ئایەتی كۆتایی. بەڵام “وێیڵ” (Weil) بەتوندی دژی بۆچوونەكەی “سەیڵ”ە و پێی وایە سوورەتەكە هەمووی لە مەككەدا دابەزیوە. (تفسیر القرآن، وێری)
هۆكاری ناونانی سوورەتەكە:
ئەم سوورەتە ناوی لێنراوە “النحل”؛ چونكە خوای گەورە تێیدا باسی دابەزاندنی وەحی كردووە بۆ سەر هەنگ، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بیسەلمێنێت كە ئەم گەردوونە هەمووی بەهۆی وەحیەوە بەڕێوەدەچێت.
هۆكارێكی تر بۆ ئەم ناونانە ئەوەیە كە خوای گەورە تێیدا بۆ یەكەمجار باسی جیهاد (واتە جەنگ و كوشتار)ی كردووە، وە شتێكی سروشتیە كە ڕەخنە بگیرێت لە جەنگ و كوشتار، بۆیە خوای گەورە پێشتر وەڵامی ئەم ڕەخنانەی داوەتەوە بە باسكردنی هەنگ و ڕوونیكردووەتەوە كە هەنگ لەڕێگەی هەنگوینەكەیەوە سوود دەبەخشێت هەروەك بە جزووەكەیشی پێوەدەدات، بەڵام سوودەكەی زیاترە لە زیانەكەی؛ جیهادیش بەم جۆرەیە، ئەویش كارێكی سەخت و ناڕەحەتە، بەڵام لە پشتیەوە ئامانجێكی پیرۆز هەیە كە بریتیە لە پاراستنی هەنگوینی ڕۆحانی واتە وەحی.
پەیوەندی سوورەتی النحل بە سوورەتەكانی ترەوە:
پێشتر ڕامگەیاند كە پەیوەندیەك هەیە لەنێوان بابەتەكانی سوورەتەكانی قورئان و ئەو پیتانەی لە سەرەتای سوورەتەكانەوە هاتوون، و ئەو سوورەتەی ئەو پیتانەی تێدا نەبێت لەڕووی مانا و بابەتەوە شوێنكەوتەی ئەو سوورەتەیە كە پێشتر بەو پیتە كورتانە دەستی پێكردووە. وە بەگوێرەی ئەم ڕێسایە بابەتی سوورەتی (النحل) درێژكراوەی بابەتی سوورەتی (الحجر)ە، بەڵام سوورەتی النحل بەشێوازێكی تر بابەتەكەی باسكردووە. سوورەتی الحجر بە پیتە كورتەكانی ﴿الٓرۚ﴾ دەستی پێكردووە.. واتای پیتەكان بریتیە لە: من خوام دەبینم، دیارە لە سوورەتی النحل دا تاوتوێی هەمان ئەم سیفەتە خواییە كراوە بەڵام لە گۆشەیەكی ترەوە، بەجۆرێك خوا (عز وجل) تێیدا باسی ئەوەی كردووە وەحی چەندە گرنگ و مەزنە و ئامانج چیە لە دابەزینی و ئەو هێزە شاراوەیە چیە كە تێیدایەتی. وە خوای گەورە لە سوورەتی النحل دا بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو هێزە پیرۆزەی لە قورئاندا هەیە سنووری نیە كە تەواوترینی هەموو كتێبە ئاسمانیەكانە، ئیتر چۆن دەگونجێت گومان بكرێت لە سەركەوتنی موسوڵمانان؟
وە ئەم سوورەتە گرێدراوە بە سوورەتەكەی پێش خۆیەوە بەجۆرێك خوا (عز وجل) لە سوورەتەكەی پێشوودا هۆشداری داوە بەكافرەكان كە سزا دادەبەزێتە سەریان و فەرموویەتی: ﴿إِنَّ ٱلسَّاعَةَ لَأٓتِيَةٞ﴾ و هەروەها فەرموویەتی: ﴿فَوَرَبِّكَ لَنَسَۡٔلَنَّهُمۡ أَجۡمَعِينَ﴾، ئێستا لە سەرەتای سوورەتی النحل دا ڕایگەیاندووە ئەم هەڕەشەیە هێندەی نەماوە جێبەجێ بكرێت بەجۆریك فەرموویەتی: ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ فَلَا تَسۡتَعۡجِلُوهُۚ﴾.
پرسیارێك هەیە پێویستە وەڵام بدرێتەوە: بۆچی خوا لە سوورەتەكەی پیشوودا وشەی (آتیة)ی بەكارهێناوە لەكاتێكدا لێرەدا فەرموویەتی ﴿أَتَىٰٓ﴾؟
پێویستە بزانرێت شێوازی قورئان وەهایە كاتێك دەیەوێت جەخت بكاتەوە لەسەر ڕوودانی شتێك یان نزیكبوونەوە ڕوودانی ئەو شتە شێوگی ڕابردوو بەكاردەهێنێت؛ چونكە ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە هیچ شك و گومانێكی تێدا نیە.
بەگوێرەی ئەمە ئەم فەرمایشتەی خوایش (عز وجل) ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی سوورەتی النحل ماوەیەكی زۆر كەم پێش ڕووداوی كۆچ دابەزیوە.
پوختەی ناوەڕۆكی سوورەتەكە:
پوختەی ناوەڕۆكی ئەم سوورەتە ئەوەیە كە؛ ساتی هاتنەدی ئەو هەڕەشەیەی كراوە لە كافرەكان زۆر نزیك بووەتەوە، وە ئەم ڕەخنەیەی ئەوان: چۆن وەحی دادەبەزێتە سەر كەسێكی ئاسایی وەكو موحەممەد!؟ هیچ نرخێكی نیە، ئایا نابینن مرۆڤ لە سەرەتای دروستبوونیدا چەندە بچووك و نزم و كەم بایەخە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا خوای گەورە پلەی بەرزكردووەتەوە بەوەی گەشە دەدات بە هێزە شاراوەكانی، وە كردوویەتی بە میراتگری نیعمەتەكانی كە لە ژماردن نایەن. بەهەمان شێوە ئەگەر خوا (عز وجل) كەسێكی هەڵبژارد كە لە ڕواڵەتدا پلەی نزم بوو، وە فەزڵی ئەو كەسەی دا بەسەر كەسانی تردا لە جیهانی ڕۆحانیدا، ئەوا با ئەو كەسانە دڵنیابن كە هەڵبژاردنی خوایی بۆ ئەو كەسە تەنها بەهۆی ئەوەوە بووە كە خۆی لێهاتوو بووە و كۆمەڵێك توانای هەیە كە هێشتا شاراوەن.
پاشان خوای گەورە باسی ئەوەی كردووە ئەو كەسەی هۆكارەكانی سازاندووە بۆ گەشت و گەڕانە كاتیەكانتان لە جیهانی ماددیدا.. خۆی گێل دەكات لەوەی هۆكارەكان بسازێنێت بۆ گەشت و گەڕانە هەمیشەییەكانتان! هیچ كەسێك ناتوانێت پێویستیە ڕۆحیەكانتان پڕبكاتەوە، نە خۆتان نە خواوەندە پووچەكانتان، تەنها خوا (سبحانه وتعالى) خۆی توانای هەیە ڕێنموونیتان بكات بۆ ڕێگای ڕاست و نزیكترین ڕێگە بۆ گەیشتن پێی (سبحانه وتعالى)، پاشان ڕێنماییتان بكات بۆ ئەو هۆكار و ئامرازە گونجاوانە كە بەهۆیانەوە دەتوانن بەم ڕێگایەدا بڕۆن. لەڕاستیدا خوا ئەم ڕێگا و هۆكارانە پیشانی بەندەكانی دەدات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ خۆی هەڵقورتاند لەم كارە و گرتیەدەست، وە گیروگرفتی دروست كرد بۆ خۆی ئەوا تەنها خۆی بەرپرسیارە لەم سەرەنجامانە.
پاشان خوای گەورە باسی بارودۆخی ئەو كەسانەی كردووە كە بەڕێگاكەیدا دەڕۆن، وە سەرەنجامی ئەو كەسانەیشی خستووەتەڕوو كە لەم ڕێگایە لادەدەن. هەروەك ڕوونیكردووەتەوە كە پاداشتی مرۆڤ بەگوێرەی سەرەنجامی كارەكەی دەبێت. بۆیە ئەو ڕەخنەیە كە هەموو خەڵكی دەستبەجێ باوەڕناهێنن بە پێغەمبەرانی خوا هیچ نرخێكی نیە، بەڵكو خەڵك هەیە لە سەرەتادا دژایەتی بانگەوازەكەیان دەكات و پاشان باوەڕی پێ دەكات، ئایا ئەم كەسانە چ كارێك دەكرێت لەگەڵیاندا؟ كەواتە باوەڕداران و نكوڵیكاران بەگوێرەی سەرەنجامی كارەكانیان لێپرسینەوەیان لێ دەكرێت؛ چونكە ڕێگای گەیشتن بە خانەی دواڕۆژ لەو ساتەوە دەستپێدەكات كە سەفەرەكەیان لە دنیادا كۆتایی دێت بە مردن.
پاشان خوا وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە: ئەگەر پێغەمبەران لەلایەن خواوە ڕەوانە دەكرێن ئەوا چۆن خەڵكی دەوێرن ڕەتیان بكەنەوە و باوەڕیان پێ نەكەن؟ ڕایگەیاندووە خوای بەتوانا دەتوانێت هەموویان ناچار بكات باوەڕبهێنن، بەڵام ئەمە پێچەوانەی ویستی خوای گەورەیە. سەرباری ئەم بەڵگە لۆژیكیە بەڵگەیەكی پێشكەش كردووە لە مێژووەوە و فەرموویەتی: ئێوە باوەڕتان بە هەندێ پێغەمبەر هەیە، دەی پێمان بڵێن: ئایا هەموو خەڵكی باوەڕیان هێنا پێیان؟
پاشان خوا باوەڕداران ئاگاداردەكاتەوە كە ئەگەر سوورن لەسەر ئەوەی خزمەكانیشیان باوەڕبهێنن بەم وەحیە ئەوا تەنھا شتێك ئەم مەبەستە دەهێنێتەدی ئەویش ئەوەیە هەوڵ بدەن دڵیان پاك بكەنەوە؛ چونكە خوای گەورە بەزۆر هیدایەتی هیچ كەسێك نادات ئەگەر كەسەكە خۆی سووربێت لەسەر گومڕایی، چونكە ئەمە ستەمكردنە لە باوەڕداران، وە حیكمەتی زیندووبوونەوەی دوای مردن پووچەڵ دەكاتەوە.
پاشان خوای گەورە قسەی كافرەكان دووبارە دەكاتەوە كە زیندووبوونەوەی دوای مردن هیچ ڕاستیەكی تێدا نیە، پاشان بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر پێویستی زیندووبوونەوە و ڕوونی كردووەتەوە كە ئەو شتەی پێویستبوونەكەی سەلمێنرا ئەوا بەدڵنیاییەوە بوونی هەیە بەگوێرەی سوننەتی بەردەوامی خوا.
پاشان بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر پێویستی زیندووبوونەوەی دوای مردن لەڕێگەی باسكردنی ئەو ڕووداوانەی لە جیهانی ماددیدا ڕوودەدەن و فەرموویەتی: خوای گەورە لەم جیهانەیشدا گەلان زیندوودەكاتەوە، وە ئەم زیندووبوونەوە بە كۆچی باوەڕداران دەستپێدەكات لە وڵاتی كافرانەوە، ئەمە لەگەڵ كۆمەڵی ئەم پێغەمبەرەشدا ڕوودەدات. وە مادام دەبێت باوەڕداران جیاببنەوە لە كافران ئینجا لەڕووی ماددیەوە بەتەواوەتی پێشدەكەون و گەشە دەكەن، ئیتر بۆچی خوا (عز وجل) ئەم دوو كۆمەڵە لەیەك جیانەكاتەوە بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستە.. بۆ ئەوەی هەر كۆمەڵێك بە ئازادی تەواوەتی و بە بێ هیچ ڕێگرێك بە ڕێگای تایبەتی خۆیدا بڕوات. ئەم جیابوونەوەیە لەنێوان هەردوو كۆمەڵەكەدا -یان بە دەربڕینێكی تر- ئەم كۆچە ڕۆحانیە لەڕێگەی مردنەوە بە ئەنجام دەگات. پاش ئەم كۆچە هەر یەكێكیان بەوپەڕی ئازادیەوە بە ڕێگەی تایبەتی خۆیدا دەڕوات، بۆ ئەوەی باوەڕدار لە بەهەشتدا بەرەوباڵاچوونی ڕۆحانی بەدەستبهێنێت بەدوور لە هەر ئاستەنگێك لەلایەن دوژمنەوە. بەبینینی ئەو پێشكەوتنە ماددیەی كە باوەڕداران دوای كۆچ بەدەستی دەهێنن.. كافرەكان پەی بەوە دەبەن كە پێویستە ڕۆحی باوەڕدارەكان جیابێتەوە لە ڕۆحی كافرەكان بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەی كە لەپێناویدا دروستكراون.
پاشان خوا (عز وجل) ئاماژەی كردووە بۆ ئەنجامەكانی كۆچی دنیایی و ڕوونی كردووەتەوە چۆن كۆچی باوەڕداران دەبێتە هۆی دابەزینی سزا بۆ سەر كافران و سەركەوتنی باوەڕداران بەسەریاندا، بەجۆرێك ڕایگەیاندووە كە ئەوە هەرگیز بەهۆی تەگبیر و ڕێگاچارە ماددیەكان بە ئەنجام ناگات، بەڵكو دەستگرتنیان بە یەكتاپەرستیەوە هەموو ئەم ئەنجامانە دەهێنێتەدی.
پاشان ڕوونی كردووەتەوە كە نكوڵیكردنی مرۆڤ لە ژیانی دواڕۆژ دەبێتە هۆی خراپبوونی كردەوەكانی، ئەمە بەڵگەیەكە لەسەر پێویستی زیندووبوونەوەی دوای مردن.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی: ئەو مۆڵەتەی داومانە بە كافرەكان مانای ئەوە نیە ئێمە نامەنەوێت ئایین جێگر بێت، بەڵكو ئەو كارەمان كردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕزگاری بێت. چونكە دیاردەی مۆڵەت پێدان تەنانەت لە یاساكانی جیهانی سروشتی ماددیشدا لەگەڕدایە، ئیتر چۆن دەكرێت نكوڵی لە بوونی بكرێت لە جیهانی ئایینی ڕۆحانیدا بەتایبەتی ئێمە دەمانەوێت ڕێژەیەكی زیاتر لەوانە ڕزگار بكەین كە دەكرێت ڕزگار بكرێن.
پاشان ئایەتەكە تیۆری ناچاركردن پووچەڵ دەكاتەوە و دەفەرموێت: ڕازاندنەوەی خراپە بۆ خەڵكی داب و نەریتی شەیتانە و ئەستەمە ئەمە بدرێتەپاڵ خوا (عز وجل)، چونكە یەكێك لە ئەركەكانی خوای گەورە بە تەنھا ڕێگای ڕاست ڕۆشن بكاتەوە. وە ڕەحمەتی فراوانی خوا هۆكاری زیاتر دەسازێنێت بۆ هیدایەتدانی خەڵكی؛ بەجۆرێك ئەو كەسانەی باوەڕیان بە وەحیەكەی هێناوە بە كاركردن بەو وەحیە بەردەوام نیعمەت و فەزڵی زیاتر بەدەستدەهێنن، بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە بۆ كەسانی هۆشیار كە خوای گەورە ئەم ڕێگایەی خۆشدەوێت، بەمەش هیدایەت وەردەگرن.
پاشان خوا (عز وجل) بەرپەرچی ئەو ڕەخنەیەی بێباوەڕانی داوەتەوە كە گوتوویانە ئەگەر موحەممەد لەڕاستیدا لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە ئەوا بۆچی دژی فێركاریەكانی پێشینانە؟ وە ڕایگەیاندووە باوەڕنەبوون بە پێغەمبەرانی پێشین و دژایەتیكردنی فێركاریەكانیان شتێكە، وە ڕەتكردنەوەی سرووتە هەڵەكان و ئەو فێركاریە باوانەی بە هەڵە دراونەتەپاڵیان شتێكی ترە.
چونكە تەنھا كاتێك پێغەمبەر ڕەوانە دەكرێت كە خەڵكی فێركاریە ڕاستەكانی پێشوو دەشێوێنن و ناتوانن بیانپارێزن، ئینجا سەرلەنوێ پێغەمبەرەكە نوێیان دەكاتەوە.
پاشان نموونەیەكی جوانی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت تەنها خوا شیاوە بەوەی خەڵكی هیدایەت بدات و فەرموویەتی: بڕوانن بۆ ئاژەڵ چۆن لەوەڕ دەخوات و شیر بەرهەم دەهێنێت. لە ڕاستیدا شیر بەرهەمی ئەو ئامێرەیە كە خوا (عز وجل) دروستی كردووە لە لەشی ئەو ئاژەڵەدا. وە ڕەوشتە ئاژەڵیەكانی مرۆڤ وەكو لەوەڕ وایە، خوا لەڕێگەی ئامێری یاسای ڕۆحانیەوە دەیگۆڕێت بە ڕەوشتی بەرز و جوان.
پاشان خوا هەنگی بە نموونە هێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە ئەویش بەگوێرەی وەحی خوایی كاردەكات، وە لە ڕەگەز و پێكهاتەی ڕووەكی سادە هەنگوینی پاڵفتە بەرهەم دەهێنێت، بۆیە دەكرێت لەمەوە پەی بەوە ببەن كە هەموو گەردوون بەگوێرەی یاسایەكی شاراوەی وەحی كاردەكات، ئیتر چۆن بەدووری دەزانن كە وەحی دابەزێت بۆ بەرەوباڵابردنی ڕەوشتی مرۆڤ، وە ئەنجامی باش و شیفابەخشی لێ بكەوێتەوە هەروەك چۆن هەنگوینی هەنگ شیفای تێدایە بۆ خەڵكی. بەڵام هەنگ جۆراوجۆرە و هەنگوین لەڕووی كوالیتیەوە كۆمەڵێك پلەی جیاوازی هەیە، بەهەمان شێوە مرۆڤ لە پلەكانیاندا جیاوازن، بۆیە لەگەڵ ئەوەی باوەڕداران پەیڕەوی هەمان وەحی دەكەن بەڵام هەریەكەیان هەنگوینێكی ڕۆحی جیاواز بەرهەم دەهێنێت لە كەسێكی تر.
پاشان بە شێوازێكی تر سەلماندوویەتی كە وەحی پێویستە و فەرموویەتی: هەركاتێك خوا (عز وجل) پێشكەوتن و گەشە بڕیار دەدات بۆ گەلێك ئەوا پاش ماوەیەك كۆمەڵێكی دیاریكراو لەو گەلە هەموو ئەو سوود و قازانجانە قۆرغ دەكەن بۆ خۆیان كە بەهۆی ئەم پێشكەوتنەوە بەدەستهاتوون، بەمەش ڕێگای پێشكەوتن بەڕووی كەسانی تردا دادەخەن، چونكە ئەو كۆمەڵەی جڵەوی كاروبارەكان دەگرنە دەست ڕێگا بە كەسانی تر نادەن پێشبكەون سەرەڕای ئەوەی بەتوانا و لێوەشاوەن، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە هەموویانی كردووە بە هاوبەش لە نیعمەت و چاكەكانی خۆیدا. كەواتە جگە لە وەحی هیچ ڕێگایەك هەیە بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە؟ سەرگەورەكان لەو سەردەمە تاریكەدا هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەكەن: ئێمە لەناو نەتەوەدا لە هەموو كەس شیاوتر و چاكترین بۆیە جڵەوی كار لەدەست خۆماندایە. وە هیچ ڕێگایەك نیە بۆ پووچەڵكردنەوەی بانگەشەكەیان، مەگەر ئەوەی خوا گەلەكە تووشی تاقیكردنەوەیەكی نوێ بكات، ئەمە تەنھا بەوە دەبێت پێغەمبەرێك ڕەوانە بكات بۆیان. وە كاتێك پێغەمبەرەكە دێت بۆ هەموو كەسێك ئاشكرا دەبێت كە ئەو كەسانەی ئێستا سەرگەورە و كار بەدەستن شیاو نین بۆ هەڵگرتنی ئەركی ڕابەرایەتیكردنی گەل چونكە شوێن ئەو وەحیە ناكەون كە دابەزیوەتەسەر پێغەمبەرەكە، بەڵام ئەو كەسانەی بێ هێزكراون سەركەوتوو دەبن لە باوەڕهێنان بە وتەی خوا، ئەمە دەریدەخات كە ڕابەرایەتیكردن لە دەستی كەسە لێوەشاوەكاندا نەبووە. بەم شێوەیە خوا (عز وجل) سەرلەنوێ مافەكانی مرۆڤ دەپارێزێت، ئینجا هەموو مرۆڤێك بەگوێرەی لێهاتوویی خۆی پێشدەكەوێت، وە ئەو سیستەمە لەناودەبرێت كە لەسەر بنەمای دەمارگیری و لایەنگیری دامەزراوە.
پاشان قورئانی پیرۆز بەڵگەیەكی تر دەهێنێتەوە لەسەر پێویستی وەحی و دەفەرموێت: كاتێك گەلان دووردەكەونەوە لە خوا (عز وجل) تووشی كاری بتپەرستی دەبن و خۆیان پەیوەست دەكەن بە شتێكەوە كە هیچ زیان و قازانجێكی نیە بۆیان، بەمەش بێبەش دەبن لە ئامرازەكانی بڵندبوونەوەی ڕاستەقینە. ئەگەر ئەم بارودۆخە كۆتایی پێ نەهێنرێت ئەوا ڕەوڕەوەی پێشكەوتن و بەرەوباڵاچوون دەوەستێت.
پاشان باسی ئەوەی كردووە كە دووركەوتنەوە لە وەحی دوو جۆر زیان پەیدا دەكات: یەكێكیان پێشتر باسكرا؛ واتە هەندێ كەس بە زۆر جڵەوی كاروباری خەڵكی دەگرنەدەست، وە ڕێگە نادەن بە كەسانی لێهاتووی ڕاستەقینە بێنە پێشەوەوە و دەربكەون لە گۆڕەپانی ڕووداوەكاندا. دووەم: كاری بتپەرستی ئەو لێهاتوویی و توانا شاراوانە دەكوژێت كە لە خەڵكیدا هەن. وە خوا میهرەبانە ئیتر چۆن بێدەنگ دەبێت لەم ستەمە و چۆن بەدەستی خۆی نەخشەی خۆی پووچەڵ دەكاتەوە؟ بەجۆرێك چۆن دەگونجێت ئەم توانا و بەهرانە دروست بكات لەناو خەڵكیدا پاشان وازیان لێ بهێنێت بمرن و لەناوبچن، یان ڕێگە بدات بە ستەمكاران نەهێڵن ئەو بەهرانە دەربكەون؟
بەكورتی، خوای گەورە ساختەیی بانگەشەی كافرەكان ئاشكرا دەكات، چونكە حیكمەتی بێ پایانی خۆی ئەوە دەخوازێت ئەو كەسانە لەناوببات كە سەرانی ئاژاوە و ستەمن. بەم شێوەیە ئەو كەسانەی وانە وەرناگرن لە هۆكارە ئاشكراكانی پاراستنی خوایی خوا پاراستنی ئاشكرای خۆی دادەڕنێت لێیان، هەروەك پاراستنی ساختە كە لە هاوبەشە باتڵەكانیاندا خۆی دەبینێتەوە ئەویش دەبێتە هۆی ڕسوایی و سەرشۆڕییان.. لە دنیا و دواڕۆژدا.
بەڵام خوای گەورە ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە هەرگیز بە یەك شێوە هەڵسوكەوت ناكات لەگەڵ هەموو ستەمكاراندا، بەڵكو سەرانی ستەمكاران كە كەسانی تر گومڕا دەكەن بەشێوەیەكی توندتر سزا دەدات لە شوێنكەوتە گومڕاكانیان.
پاشان فەرموویەتی: ئایا نابینن هۆكارەكانی ئەم گۆڕانە ڕیشەییە بوونیان هەیە و بەتەواوەتی دەركەوتوون، یەكەمیان شایەتیدانی ناوخۆیی قورئانە كە بریتیە لەوەی فێركارییەكی تەواو و گشتگیرە، دووەمیان ئەوەیە كە فێركاریەكەی دەبێتە هۆی پێشكەوتن و سەرفرازی، سێیەمیان ئەوەیە ئەو كەسانەی كاری پێ دەكەن لەڕاستیدا بەرەكەت و نیعمەتەكان بەدەستدەهێنن.
پاش ئەوە كاتێك كۆمەڵێك نموونەی باس كردووە لە فێركاریە تەواوەكانی قورئان، جارێكی تر كافركان گوتوویانە ئەمانە پێچەوانەی ئەو فێركارییانەن كە لە كتێبە پیرۆزەكانی پێشوودا هاتوون، خوای گەورەیش وەڵامیان دەداتەوە كە ئەم ڕەخنەیە زۆر لاواز و هیچە؛ چونكە بەگوێرەی داخوازیەكانی هەر سەردەمێك وەحی دادەبەزێت.
پاشان ڕایگەیاندووە كاتێك بێباوەڕەكان ئەم وەڵامە دەبیستن دەڵێن: ئەم فێركاریە لە كتێبەكانی پێشووەوە دزراوە، ئەویش وەڵامیان دەداتەوە بەوەی ئەم ڕەخنەیە بەتەواوەتی پێچەوانەی عەقڵە.
پاشان خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە كە دەكرێت هەندێ كەس هەڵگەڕێنەوە لە ئیسلام، بەڵام ھەڵگەڕانەوەیان بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی قورئانی پیرۆز یەقینی تەواوەتی نابەخشێت، بەڵكو ئەگەر هەڵگەڕانەوەكەیان لەسەر بنەمای بەڵگە و نیشانە بوایە ئەوسا دووپات دەبوویەوە كە قورئانی پیرۆز یەقینی تەواوەتی نابەخشێت. وە مادام هەڵگەڕانەوەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی دنیایی ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر پیسی ناخی هەڵگەڕاوەكان نەك لەسەر لاوازی فێركاریەكانی قورئان.
پاش ئەوە ڕایگەیاندووە كە كاتی ئەوە هاتووە موسوڵمانان حوكم بكەن، وە ئەوەی قورئان مژدەی پێ داوە خەریكە دێتەدی. وە جەنگێكی توند ڕوودەدات لەنێوان كوفر و ئیسلامدا، بۆ ئەوەی هەر یەكەیان بەگوێرەی باوەڕی خۆی پاداشت وەربگرێت.
پاشان خوای گەورە بەڕوونی و ڕاشكاوی ڕایگەیاندووە مەككەییەكان لەناودەچن و دەسەڵاتیان نامێنێت.
پاشان جارێكی تر باسی ڕەحمەت و بەزەیی كردووە، وە ڕوونیكردووەتەوە چۆن قورئانی پیرۆز ڕەحمەتە بۆ مرۆڤەكان بەجۆرێك ڕزگاریان دەكات لە كۆت و پێوەندەكانی سرووتە پووچەكان و داب و نەریتە نامەعقولەكان.
پاشان باسی ئیبراهیمی كردووە بۆ خەڵكی مەككە و فەرموویەتی: ئەم باوكەتان موسوڵمانێكی گوێڕایەڵ بووە بۆ خوا (عز وجل)، بۆیە پێویستە لەسەرتان شوێنپێی باوكتان هەڵبگرن، پەیڕەوی خوڕەوشتی ئەو بكەن.
پاشان ڕووی قسەی كردووەتە جوولەكە و نەسرانیەكان و فەرموویەتی پێیان: ئێوەیش ئایینی خۆتان گۆڕیوە، بۆیە پێویستە خۆتان چاك بكەن و زیاتر گومڕا و سەرلێشێواو نەبن، وە فریونەخۆن بەو نیعمەت و ژیان و خۆشی و حەوانەوەیە كە خوا پێی داون.
وە لەكۆتاییدا خوای گەورە پێغەمبەری ئازیزی خۆی (ﷺ) ئاگادار دەكاتەوە كە بازنەی بانگەوازەكەی فراوان دەبێت و جوولەكە و نەسرانیەكانیش دەگرێتەوە، بۆیە لە ئێستاوە هەندێ فەرمان و فێركاریت پێ دەدەین دەربارەی ئەوان.
پاشان خوای گەورە بە موسوڵمانی فەرمووە: لە ئێستادا تەنها خەڵكی مەككە دەتانچەوسێننەوە، بەڵام بەم نزیكانە جوولەكە و نەسرانیەكان دژایەتیتان دەكەن، بۆیە پێویستە ئارامبگرن و بەزەییتان هەبێت لەكاتی دژایەتی ئەوانیشدا، بەڵام كاتێك خوای گەورە بڕیاری سزادانی ئەوانیشی دا خەمبار مەبن بە لەناوچوونیان. هەروەك فەرموویەتی بە باوەڕداران كە لە جەنگ و ململانێ لەگەڵ ئەهلی كتێبیشدا سەركەوتن بۆ ئێوەیە.
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ 1أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ فَلَا تَسۡتَعۡجِلُوهُ ۚ سُبۡحَٰنَهُۥ وَتَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشۡرِكُونَ 2
شیكردنەوەی وشەكان:
فلا تستعجلوه: استعجله: داوای لێ كرد پەلە بكات و ئارامی نەما، دەوترێت: مر فلان یستعجل واتە پەلەی دەكرد. استعجل فلانا: پێشی فڵان كەس كەوت (الأقرب).
سبحانه: سبحان الله: واتە بەتەواوەتی خوا بە پاكی ڕادەگرم لە هەر خراپەیەك (الأقرب).
یشركون: أشرك بالله: هاوبەشی بۆ خوا بڕیاردا (الأقرب).
تەفسیر: پێشتر گوتم خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتەكەی پێشوودا واتە سوورەتی الحجر فەرموویەتی: ﴿إِنَّ ٱلسَّاعَةَ لَأٓتِيَةٞ﴾، وە ئێستا فەرموویەتی: ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾.. واتە كاتەكە هات و دەدات لە دەرگا. وە پێویستە بزانرێت جاروبار قورئانی پیرۆز فرمانی ڕابردوو بەكاردەهێنێت بۆ جەختكردنەوە لەسەر ڕوودانی هەواڵێك یان نزیكبوونەوەی وادەكەی.
وە فەرمایشتی ﴿أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ لێرەدا دەكرێت بە دوو مانا تەفسیر بكرێت: ئەو هەڕەشەیەی كە چەند جارێك باسكراوە لە سوورەتەكانی پێشوودا، یان ئەو بەڵێنەی كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ئاماژەی پێ كراوە: ﴿وَٱخۡفِضۡ جَنَاحَكَ لِلۡمُؤۡمِنِينَ﴾؛ وە هەردوو ماناكە لە یەك كاتدا لێرەدا پیادە دەبێت، بەجۆرێك بە پێغەمبەر (ﷺ) گوتراوە: كاتی لەناوچوونی كافرەكان هاتووە، هەروەك كاتی ئەوە هاتووە كە بەشێوەیەكی تەواوەتی و بەوپەڕی ئازادیەوە شوێنكەوتوانت پەروەردە بكەیت.
فەرمایشتی خوای گەورەیش ﴿فَلَا تَسۡتَعۡجِلُوهُۚ﴾ دوو مانای هەیە: یەكەم: ئەی كافرەكان پێویست ناكات ئێستا پەلەی سزاتان بێت، ئەوەتا هاتووە و دەدات لە دەرگاكانتان؛ دووەم: ئێوە بە باوەڕدارانتان دەگوت: سیستەمە نوێیەكەتان كامەیە كە بەڵێنتان پێ دابوو. ئەوەتا كاتی دامەزراندن و جێگیركردنی ئەم سیستەمە هات، بۆیە پێویست ناكات پەلەتان بێت بۆی.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ دەریدەخات ئەم سوورەتە شەرحە بۆ ئەو هەواڵەی لە سوورەتەكەی پێشوو واتە سوورەتی الحجر دا هاتووە و تەواوكەری بابەتەكەی ئەوە. وە بوونی ئەم سوورەتە لەم شوێنەدا لە پەڕاوی قورئانی پیرۆزدا ئاشكرای دەكات كە دانانی سوورەتەكانی قورئان لە شوێنەكانیاندا بەگوێرەی بابەتەكانیان بووە نەك بەگوێرەی درێژی یان كورتی سوورەتەكان.. هەروەك هەندێ كەس كە زانیاری ڕاستەقینەیان نیە ئەم بانگەشەیە دەكەن.
(Everymans Encyciopaedia V.7 P.524: Koran)
سوورەتی النحل لە كۆتاییەكانی ماوەی مەككەدا دابەزیوە كاتێك موسوڵمانان دەستیان كرد بە كۆچكردن لە مەككە بەهۆی چەوساندنەوە و دەستدرێژی كافرەكانەوە، هەڵبەت ئەم سوورەتە بە ڕاشكاوی باسی كۆچی كردووە.
موفەسیرەكان ڕاجیاییان هەیە لە دەستنیشانكردنی ئەم كۆچەدا: ئایا ئەوە بوو كە كرا بۆ مەدینە یان ئەوە بوو كە كرا بۆ حەبەشە؟ هەندێكیان گوتوویانە ئەم كۆچە بریتی بوو لە كۆچكردن بۆ حەبەشە. لەكاتێكدا ئەوانی تر گوتوویانە ئەو كۆچەی مەدینە بوو كە پێغەمبەر (ﷺ) عومەری ڕەوانەكرد بۆ مەدینە. وە هەندێكی تر پێیان وایە خودی ئەو كۆچە بوو كە تێیدا پێغەمبەر (ﷺ) چوو بۆ مەدینە.
بەڕای من كۆچەكەی حەبەشە نیە؛ چونكە چەند ساڵێك پێش دابەزینی ئەم سوورەتە ئەم كۆچە كرا، وە لەبەر ئەوەیش كە كۆچكردنەكە بۆ حەبەشە ئەستەمە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ پشتڕاست بكاتەوە؛ چونكە خوای گەورە لەكاتی ئەم كۆچەدا شكۆ و دەسەڵاتی خۆی نەسەپاند بەسەر كافرەكاندا. هەروەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ وەڵامێكە بۆ ڕەخنەی كافرەكان كە تانەیان دەدا لە سوورەتی الحجر، زۆربەی ئەم ڕەخنانه پاش كۆچكردن بۆ حەبەشە گیران. لەبەر ھەموو ئەمانە پێم وایە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە هەواڵێكە دەربارەی كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە لەماوەیەكی نزیكدا، یان ئاماژەیە بۆ دەرچوونی هەندێ هاوەڵ بۆ مەدینە؛ چونكە دەرچوونیان بناغەیەكی پتەو بوو بۆ كۆچكردن بۆ مەدینە. وەك ئەوەی فەرمانی خوای گەورە ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ ڕایبگەیەنێت كە كاریگەری ئەو وەحیەی لە سوورەتەكەی پێشوودا ئاماژەی پێكرا لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا دەردەكەوێت.
وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿سُبۡحَٰنَهُۥ﴾ ئەوەیە كە ئەی موحەممەد ئێمە لە سوورەتەكەی پێشوودا فەرمانمان پێ كردیت و گوتمان: ﴿فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ﴾.. واتە وازبهێنە لە مشتومڕكردنی گشتی لەگەڵ كافرەكاندا و خەریكی تەسبیحاتی خوای گەورە بە، وە پاكێتی خوا ئاشكرا بكە بۆ باوەڕداران، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە پاك و بێگەردی خوا ئاشكرا بكەیت بۆ دنیا.
بەڵگەیەكی تر لەسەر ئەوەی كە ڕیزبەندی و پێكەوەگرێدان هەیە لەنێوان مانا و بابەت و زانیارییەكانی قورئانی پیرۆزدا ئەوەیە كە خوای گەورە لە سوورەتەكەی پێشوودا بەڵێنی دا و فەرمووی: ﴿وَإِنَّ ٱلسَّاعَةَ لَأٓتِيَةٞۖ﴾، پاشان لەم سوورەتەدا ڕایگەیاندووە كە ئەم بەڵێنە نزیكە و فەرموویەتی: ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾. هەروەك خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتەكەی پێشوودا فەرمانی كرد بە پێغەمبەرەكەی و فەرمووی: ﴿فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ﴾، وە ئێستا لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا مژدەی پێدا و فەرمووی: ﴿سُبۡحَٰنَهُۥ﴾.. واتە هەوڵەكانت بۆ دەرخستنی پاك و بێگەردی خوا بەفیڕۆ ناچن، بەڵكو كاتی ئەوە هاتووە پاك و بێگەردی خوا لە هەموو ئەو ڕەخنەنانەی دەگیران لە زاتی خوای گەورە، لەسەر دەستی تۆدا دەربكەوێت. وەك ئەوەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾ وەڵامێك بێت بۆ ئەو ڕەخنانەی دەگیران دژی خوای گەورە لە دۆخی نەهاتنەدی ئەم فەرمایشتی خوای گەورەدا ﴿إِنَّ ٱلسَّاعَةَ لَأٓتِيَةٞ ۖ﴾، وە فەرمایشتی ﴿سُبۡحَٰنَهُۥ﴾ بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕەخنانە بێت كە دەگیران لە پێغەمبەر (ﷺ) لە دۆخی نەڕەخسانی ئەو هەلومەرجەی كە ئازادی دابین دەكرد بۆی بۆ كاركردن بەم فەرمایشتە ﴿فَسَبِّحۡ بِحَمۡدِ رَبِّكَ﴾.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَتَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشۡرِكُونَ﴾ واتە خوای گەورە لەوە باڵاترە كە كارە بتپەرستیەكانی ئەوان ببنە ڕێگر لە جێبەجێبوونی ویست و بڕیارەكانی؛ چونكە پەرستراوە پووچەكانیان ناتوانن بڕیاری خوایی بگۆڕن.
ئەم ئایەتە بە جوانی ئەو جیاوازیە ئاشكرا دەكات كە لەنێوان وەحی پوختی خوا و قسەهەڵبەستن و درۆی مرۆڤدا هەیە. چونكە ئەگەر خەڵكی دنیا هێز و دەسەڵاتیان هەبوو بێت ئەوا هەمیشە هەڕەشەیان كردووە كە دەسەڵات و هێزی خۆیان بەكاردەهێنن، یان ئەگەر لاواز بووبن و دەسەڵاتیان نەبوو بێت ئەوا سكاڵایان كردووە لە كەمی یارمەتیدەر و گوتوویانە: كەسمان لەگەڵدا نیە ئەگینا ئەمە و ئەوەمان دەكرد. بەهاء كە بانگەشەی خوایەتی كردووە ئەم كارەی كرد، وە سەرنەكەوتنی خۆی گێڕایەوە بۆ ئەوەی كە تەنهایە و هەر خۆیەتی و هاوكار و یارمەتیدەری كەمە. (المبین، لا 286)
بەڵام خوای ڕاستەقینە هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە تەنھایە، وە تووڕە دەبێت لەو كەسانەی كە هاوبەشی بۆ بڕیاردەدەن تاكو یارمەتی بدەن، وە سزای ئەو كەسانە دەدات كە دەڵێن كوڕ یان كچ یان وەزیری هەیە؛ ئەمەش بۆ ئەوەی توانای ڕاستەقینە ئاشكرا بێت بۆ خەڵكی دنیا. لەكاتێكدا خوای درۆینە سكاڵا دەكات لە كەمی یارمەتیدەر.. خوای ڕاستەقینە تاك و تەنهایی خۆی دەكات بە بەڵگەیەك لەسەر ڕاستگۆیی خۆی (سبحانه وتعالى).
يُنَزِّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ بِٱلرُّوحِ مِنۡ أَمۡرِهِۦ عَلَىٰ مَن يَشَآءُ مِنۡ عِبَادِهِۦٓ أَنۡ أَنذِرُوٓاْ أَنَّهُۥ لَآ إِلَٰهَ إِلَّآ أَنَا۠ فَٱتَّقُونِ 3
شیكردنەوەی وشەكان:
الروح: بگەڕێرەوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 30 لە سوورەتی الحجر.
تەفسیر: الروح لێرەدا واتە ئەو وتەیەی كە ژیان دەبەخشێت بە خەڵكی دنیا. هەروەك پرسی پێغەمبەرایەتیش پێی دەوترێت ڕوح. وە بە وەحی پێغەمبەران و فەرمانپێكراوان دەوترێت ڕوح چونكە ژیان دەبەخشێت بە خەڵكی دنیا.
وەحی دوو جۆرە: جۆرێكیان تەنها تایبەتە بەو كەسەوە كە وەحیەكەی پێ دەگات، وە فەرمان ناكرێت بە خاوەنەكەی لەناو خەڵكیدا بڵاوی بكاتەوە، ئەگەرچی ڕەوایە بۆی وەحیەكەی ڕابگەیەنێت بە كەسانی تر؛ جۆرەكەی تری وەحی قازانج و سوودی خەڵكی تێدایە، لەبەرئەوە فەرمان دەكرێت بە خاوەنەكەی كە لەناو خەڵكیدا بڵاوی بكاتەوە، بگرە بە تاوانكار ئەژمار دەكرێت ئەگەر بڵاوی نەكاتەوە لەناویاندا؛ پێغەمبەران ئەم جۆرە وەحیەیان پێ دەگات، دیارە لەم ئایەتەدا ئاماژە كراوە بەم جۆرە وەحیە، بەڵگەش ئەوەیە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿أَنۡ أَنذِرُوٓاْ﴾.
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿مِنۡ أَمۡرِهِۦ﴾ ئاماژەی كردووە بۆ دوو بابەت: یەكەم: فریشتەكان خۆیان ناتوانن وەحی دابەزێنن، بەڵكو بە فەرمانی خوای گەورە دادەبەزن و بەو وتەیەی خوای گەورەوە دادەبەزن كە ویستوویەتی پێیەوە ڕەوانەیان بكات. دووەم: ئەو وەحیەی لێرەدا مەبەستە ئەوەیە كە فەرمانی خوایە.. واتە پێكهاتووە لە فەرمان و قەدەغە لەلایەن خواوە، ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە لێرەدا باسی وەحی پێغەمبەراتییە كە پێغەمبەران (علیهم السلام) پێیان دەگات.
پاشان فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِنۡ أَمۡرِهِۦ﴾ ئاماژەیە بۆ فەرمایشتی ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ﴾، وەك ئەوەی فەرموویەتی: ناردنی فەرمانی خۆمان سوننەتێكی بەردەوامە لەگەڵ هەموو پێغەمبەراندا، ئێمە فریشتە دەنێرین بۆ لای هەر یەكێكیان بە وەحی خۆمانەوە كە پێكهاتووە لە فەرمانی خۆمان واتە بڕیاری خۆمان سەبارەت بە لەناوچوونی كافرەكان و گەشە و پێشكەوتنی باوەڕداران. بۆیە هیچ پێغەمبەرێك نەبووە هەواڵی لەناوچوونی كۆمەڵێك و گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵێكی تری نەهێنابێت.
هەروەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِنۡ أَمۡرِهِۦ﴾ دووپاتی دەكاتەوە كە پێویستە باوەڕبهێنرێت بە هەموو پێغەمبەران؛ چونكە وەحی پێغەمبەرایەتی فەرمانە خواییەكانی تێدایە، بۆیە ڕەتكردنەوەی هەر پێغەمبەرێك تەنھا ڕەتكردنەوەی پێغەمبەرەكە نیە، بەڵكو ڕەتكردنەوەی خوایە كە ئەو وەحیەی دابەزاندووەتە سەری.
دەكرێت پیتی ﴿مِنۡ﴾ كە لەم فەرمایشتەدا ﴿يُنَزِّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ بِٱلرُّوحِ مِنۡ أَمۡرِهِۦ﴾ هاتووە مانای بەشێك بگەیەنێت، مەبەست ئەوەیە ئێمە هەموو حوكم و فەرمانەكانی خۆمان لە یەك كاتدا و بۆ سەر یەك پێغەمبەر نەناردووە، بەڵكو ئەو حوكم و فەرمانانەمان دابەزاندووە بۆ سەر كۆمەڵێكی زۆر لە پێغەمبەران لە چەندین سەردەمی جیاوازدا بەگوێرەی پێویستی و داخوازی سەردەمە جیاوازەكان. بۆیە ئەو ڕەخنەیەی كافرەكان هیچ نرخێكی نیە كە دەڵێن: چ پێویستە موحەممەد ڕەوانە بكرێت سەرەڕای هاتنی زۆرێك لە پێغەمبەران لەڕابردوودا؟ بۆیە هەروەك چۆن لەڕابردوودا پێویست بووە پێغەمبەر ڕەوانە بكرێت سەرەڕای هاتنی زۆرێك لە پێغەمبەران لە سەردەمانی پێشوودا بەهەمان شێوە پێویست بوو موحەممەد ڕەوانە بكرێت سەرەڕای هاتنی پێغەمبەرانی پێشوو.
ئەو بەندانەی باسكراون لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿عَلَىٰ مَن يَشَآءُ مِنۡ عِبَادِهِۦٓ﴾ ئەو بەندانەن كە بەڕاستی خوای گەورە دەپەرستن، نەك هەموو مرۆڤێك. وە ئاگاداركردنەوەیەكی تێدایە لەلایەن خوای گەورەوە بۆ ئەوەی كە پێغەمبەرایەتی -سەرەڕای ئەوەی بەخششێكی خواییە- تەنھا ئەوانە شكۆدار دەبن پێی كە بەڕاستی بەندەی خوای گەورەن. وەك ئەوەی بەخششی پێغەمبەرایەتی مەرجێكی دیاریكراوی هەبێت ئەویش ئەوەیە كە مرۆڤ بەندەی ڕاستەقینەی خوای گەورە بێت، لەو بەخششانە نیە كە مرۆڤ بەبێ جێبەجێ كردنی هیچ مەرجێك بەدەستیان دەهێنێت.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِنۡ عِبَادِهِۦٓ﴾ بەڵگەیەكی مەزنە لەسەر یەكتاپەرستی، بەجۆرێك ڕوونی كردووەتەوە كە پێغەمبەرایەتی تەنھا دەبەخشرێت بەو كەسەی كە لە ڕیزی بەندەكانی خوادایە واتە لە یەكتاپەرستەكانە. بۆیە ئەگەر شیرك دروست بووە ئەوا بۆچی لەناو پێغەمبەراندا پێغەمبەرێك نابینین بەندەیەكی نادڵسۆزی خوای گەورە بوو بێت، واتە لەگەڵ خوادا شتێكی تری پەرستبێت؟ كەواتە بەهێزترین بەڵگە لەسەر تاك و تەنهایی خوا ئەوەیە هیچ پێغەمبەرێك موشریك نەبووە، ئیتر نازانین موشریكەكان بە چ شتێك پاساو دەهێننەوە بۆ بیروباوەڕە بتپەرستیەكانیان!
هەروەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿عَلَىٰ مَن يَشَآءُ مِنۡ عِبَادِهِۦٓ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە خوا (عز وجل) بەگوێرەی حەز و ویستی خەڵكی كەسێك ناكات بە پێغەمبەر، بەڵكو بەگوێرەی حەز و ویستی خۆی (عز وجل) هەڵیدەبژێرێت. مادام كارەكە بەم جۆرە بێت كەواتە بەدڵنیاییەوە خەڵكی ناكۆك دەبن لەم كارەی خوای گەورەدا. بۆیە ئەو قسەیەی كافرەكان هیچ نرخێكی نیە كە دەڵێن: بۆچی بیروباوەڕەكانی پێغەمبەر ناكۆكە لەگەڵ بیروباوەڕ و تێڕوانینی خەڵكیدا؟ ئەم قسەیەیان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە نەزان و گەمژەن.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يُنَزِّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةَ﴾ پێویستە ئەوە بزانن كە یەكێك لە ماناكانی التنزیل بریتیە لە دابەزاندنی شت وردە وردە و جار لەدوای جار.. وە خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە كە هەمیشە وەحی بەشێوەیەكی پلەبەندی و وردە وردە دادەبەزێتە سەر هەر پێغەمبەرێك. بەم شێوەیە ئەم ئایەتە وەڵامی نەیارانی ئیسلام دەداتەوە -بەتایبەتی نووسەرە مەسیحیەكان- كە ڕەخنە لە پێغەمبەر (ﷺ) دەگرن و دەڵێن: دابەزینی قورئان وردە وردە و یەك لەدوای یەك بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە موحەممەد خۆی هەڵیبەستووە، بەجۆرێك لەلایەن خۆیەوە بەگوێری پێویست نووسیویەتی. لەڕاستیدا ئەم قسەیەیان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زۆر بێ ئاگان لە سوننەتی خوا لەگەڵ پێغەمبەرەكانیدا كە بەردەوامە بەدرێژایی سەردەمەكان. چونكە لەناو پێغەمبەراندا هیچ پێغەمبەرێك نیە بە یەكجار كتێبە تەواوەكەی خۆی خستبێتە پێش چاوی خەڵكی. بێگومان پەڕاوەكانی مووسا و ڕووداوەكانی عیسا (علیھما السلام) هەموویان بەڵگەی درەوشاوەن لەسەر ئەوەی فەرمان و فێركاریەكان كە خوا بەخشیویەتی بە خەڵكی دنیا لەڕێگەی پێغەمبەرانەوە پلە بە پلە و یەك لەدوای یەك دایبەزاندووەتە سەر پێغەمبەران لە ماوەیەكی درێژدا. ئەو ڕەخنەیەی ئەوان دەیگرن لە پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) لە مووسا و عیسایش دەگیرێت. بەڵام لەڕاستیدا ڕەخنەكەیان تەواو پووچە، چونكە فێركاری خوایی.. كە پێچەوانەی تێڕوانین و تیۆریە باوەكانە لە جیهاندا و ئامانجی ئەوەیە لەناویان ببات و برەو بدات بە كۆمەڵێك بیروباوەڕی نوێ.. پێویستە لەماوەیەكی درێژدا پلە پلە دابەزێت، بۆ ئەوەی خەڵكی بتوانن بەئاسانی كاری پێ بكەن، وە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی چاك لە دڵیاندا ڕەگ دابكوتێت. خوای گەورە لە شوێنێكی تردا ئاماژەی كردووە بۆ ئەم مەبەستە و فەرموویەتی: ﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَوۡلَا نُزِّلَ عَلَيۡهِ ٱلۡقُرۡءَانُ جُمۡلَةٗ وَٰحِدَةٗ ۚ كَذَٰلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِۦ فُؤَادَكَ ۖ وَرَتَّلۡنَٰهُ تَرۡتِيلٗا﴾ (الفرقان: 33).. واتە مەبەست لەوەی كە قورئان پلە بە پلە دادەبەزێنرێت ئەوەیە كە دڵت بەهێز بكەین.. واتە بۆ ئەوەی خۆت و شوێنكەوتووانت بتوانن قورئان وەربگرن و لێی تێبگەن بەوەی بە جوانی كاری پێ بكەن، وە بۆ ئەوەیش باوەڕتان زیاتر بێت بە بیستنی ئەو وەحیەی كە بیرتان دەخاتەوە پێشبینیەكانی هاتوونەتەدی. وە چ گومانێك لەوەدا هەیە كە ئاماژەكردن بۆ ئەو پێشبینیانەی پێشتر ڕاگەینراون و هاتوونەتەدی باوەڕی باوەڕدارە كۆن و نوێیەكان زیاتر دەكات، بەڵام ئەگەر وەحی پێشبینی تێدا بێت بەبێ ئەوەی ئاماژە بكات بە هاتنەدی پێشبینیەكە ئەوا باوەڕداران دڵنیا نابن، بەڵكو بەردەوام پێویستیان بە كتێبەكانی تر دەبێت.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَنۡ أَنذِرُوٓاْ أَنَّهُۥ لَآ إِلَٰهَ إِلَّآ أَنَا۠ فَٱتَّقُونِ﴾ پوختەیەكە بۆ هەموو فێركاریە ئاسمانیەكان. چونكە گومانی تێدا نیە كە فێركاری پێغەمبەران لە وردەكاریەكانیاندا جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی لە دەوری یەك بابەت دەسووڕێنەوە كە بریتیە لەوەی خوا یەكە؛ ئەمە كرۆك و كاكڵەی ئایینە. لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە لە ئەبو هورەیرەوە گوتوویەتی، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی پێم: ئەی ئەبو هورەیرە، لەناو خەڵكدا ڕایبگەیەنە: ئەو كەسەی شایەتی بدات و بڵێت لا إله إلا الله بەهەشت مسۆگەر دەكات. یەكەم كەس بە عومەر گەیشتم و پێم گوت، ئەویش پەلی گرتم و بردمی بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) و گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئایا تۆ ئەبو هورەیرەت ناردووە تاكو ئەمە ڕابگەیەنێت لەناو خەڵكیدا؟ فەرمووی: بەڵێ. گوتی: ئەو كارە مەكە، من دەترسم خەڵكی پشت ببەستن بەم مژدەیە و سارد ببنەوە، بۆیە وازیان لێ بهێنە با كاری خۆیان بكەن. پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: باشە وازیان لێبهێنە. (بڕوانە صحیح مسلم، كتاب الإیمان، باب الدلیل علی أنه من مات علی التوحید دخل الجنة)
ئەمە مانای ئەوە نیە كە پێغەمبەر (ﷺ) ڕاگەیاندنی ئەمەی بە پێویست نەزانیوە، بەڵكو مەبەستەكە ئەوەیە ڕاگەیاندنەكە بۆ ئەو كەسانە بووە كە توانیویانە لە ناوەڕۆكی وتەكە تێبگەن و پەی بەوە ببەن كە (لَآ إِلَٰهَ إِلَّا ٱللَّهُ) ڕاگەیاندنێكە هەموو حوكمەكانی شەریعەت دەگرێتەوە، بەڵام ئەوانەی كە بە هەڵە لێی تێدەگەن پێویست ناكات ئەمەیان پێ ڕابگەیەنرێت.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَٱتَّقُونِ﴾ لە ئەسڵدا بریتیە لە (فاتقوني)، وە بریتیە لە شێوگی افتعال لە فرمانی وقی یقي وقایة؛ مەبەست ئەوەیە: پێویستە من بكەن بە ئامرازێك بۆ پاراستنی خۆتان؛ نەك لێم بترسن وەك چۆن خەڵكی لە شتی زیان بەخش دەترسێت، چونكە خوا (عز وجل) خۆی بەندەكانی خۆشدەوێت و هانیان دەدات نزیك ببنەوە لێی.
خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ بِٱلۡحَقِّ ۚ تَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشۡرِكُونَ 4
شیكردنەوەی وشەكان:
الحق: حقه حقا: سەركەوت بەسەریدا بەهۆی ڕاستیەوە. حق الأمر: كارەكەی جێگیركرد و پێویستی كرد؛ دڵنیا بوو لێی. حق الخبر: ڕاستی هەواڵەكەی زانی. الحق: دژی ناڕەوا؛ كاری بڕیارلێدراو؛ دادگەری. ماف؛ ئەو شتەی بوونی هەیە و جێگیرە؛ یەقین دوای گومان؛ مردن؛ بیرکردنەوەی دروست و پلاندانانی باش (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ بِٱلۡحَقِّۚ﴾ دوو مانای هەیە: یەكەم: واتە بۆ هەریەكە لە ئاسمانەكان و زەوی پشكی خۆی دیاریكردووە لە كار و كردەوە، واتە خوای گەورە جێبەجێكردنی هەندێ ئەركی سپاردووە بە ئاسمانەكان و هەندێ ئەركی تری سپاردووە بە زەوی، بۆ ئەوەی هەردووكیان لەڕێگەی كارلێكی نێوانیانەوە ئەنجامە داواكراوەكان بهێننەدی.
ماناكەی تر ئەوەیە كە خوای گەورە هەر یەك لە ئاسمانەكان و زەوی دروستكردووە بەگوێرەی حیكمەتی بێ پایانی خۆی، وە ئاگاداركردنەوەیەكی تێدایە بۆ مرۆڤ كە هیچ شتێك لە خودی خۆیدا تەواو و بێكەموكوڕی نیە دگە لە خوای گەورە، ئاسمان پێویستی بە زەوی هەیە بۆ ئەوەی ئەو ئەركە جێبەجێ بكات كە پێی سپێردراوە، هەروەك پێچەوانەكەیشی ڕاستە؛ وە ئەوە خوایە كە هەموو شتێكی ڕام كردووە بەو شێوەیەی خۆی ویستوویەتی.
وە خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿تَعَٰلَىٰ عَمَّا يُشۡرِكُونَ﴾ ڕوونی كردووەتەوە كە ئەو كەسەی باوەڕی بەوە نیە كە ئاسمانەكان و زەوی بەگوێرەی ڕاستی و حیكمەت دروستكراون ئەوا بێگومان كەسێكی موشریكە؛ چونكە ئەستەمە كەسێكی ژیر بڵێت بێگومان خوا بەدیهێنەری گەردوونە، بەڵام بەبێ هیچ ئامانج یان مەبەستێك دروستی كردووە. چونكە ئەگەر خوا خۆی بەدیهێنەرەكەیەتی ئەوا دەبێت بەگوێرەی ڕاستی و حیكمەت دروستی كرد بێت.. واتە ئامانج و مەبەستێكی داناوە بۆ دروستكردنەكەی؛ بەڵام ئەگەر دانمان بەوەدا نا كە هیچ ئامانجێك نیە لە دروستكردنی گەردووندا؛ ئەوا ئەستەمە بوترێت خوا بەدیهێنەرەكەیەتی، بەڵكو ناچاردەبین بڵێن گەردوون لەخۆوە پەیدا بووە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە هەموو گەردیلەیەكی گەردوون هاوبەشی خوای گەورەیە چونكە ئەو كاتە گەردیلەكانیش بە ئەزەلی لەقەڵەم دەدرێن وەكو خوای گەورە.
دەكرێت مانای ئایەتەكە ئەوە بێت كە: ئێمە ماددەی سەرەتایی ئاسمانەكان و زەویمان دروستكردووە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە هەرچۆنێك بمانەوێت هەڵسوكەوتیان تێدا بكەین. بەم شێوەیە ئەم ئایەتە قسەی ئەو كەسانە پووچەڵ دەكاتەوە كە لەلایەكەوە دەڵێن خوا بەدیهێنەری ماددەی ئاسمانەكان و زەوی نیە، لەلایەكی ترەوە دەڵێن خوای گەورە خۆی ڕەفتاری لەم ماددە سەرەتاییەدا كردووە و گەردوونی لێ دروست كردووە (ستیارث بركاش (ترجمة أردیة) لا 274). لەگەڵ ئەوەی ئەو كەسەی خاوەنی شتێك نەبێت مافی ئەوەی نیە ڕەفتار لەو شتەدا بكات و ملكەچی بكات بۆ خۆی، چونكە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە ستەم و دەستدرێژیە.
پاشان ئەم جۆرە باوەڕە هاوبەشدانانە بۆ خوای گەورە، چونكە ئەو بیروباوەڕەمان بۆ دروست دەكات كە لە ئەزەلەوە بێ پایان بوونەوەر هەیە لەگەڵ خوای گەورەدا (سبحانه وتعالى).
خَلَقَ ٱلۡإِنسَٰنَ مِن نُّطۡفَةٖ فَإِذَا هُوَ خَصِيمٞ مُّبِينٞ 5
شیكردنەوەی وشەكان:
نطفة: ئاوی ڕوون كەم بێت یان زۆر، دەگوترێت: سقاني نطفة عذبة؛ ئاوێكی ڕوونی سازگاری پێدام؛ وە گوتراوە: ئەو ئاوە كەمەی كە لە دۆڵچە یان مەشكەدا دەمێنێتەوە؛ دەریا؛ ئاوی پیاو و ئافرەت، كۆی وشەكە بریتیە لە نطف و نطاف (الأقرب).
خصیم: الخصیم: دوژمن، كۆی وشەكە بریتیە لە خصماء (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت بەگوێرەی نەخشەیەكی دیاریكراو دوای ئەوەی ئاسمانەكان و زەویمان دروستكرد ئینجا مرۆڤمان دروستكرد، وە وەك مافێكی خۆمان فێركاریمان دابەزاند بۆی. سەرەڕای ئەوەی كە ئێمەین هەستاوین بە پەرەپێدانی پێكهاتەی مرۆڤ لە ماددەیەكی بچووك و نزمەوە و چەندین هێزی مەزن و توانای زۆرمان تێدا دروستكردووە، كەچی مرۆڤ سپڵەیە بەرامبەر ئەم چاكەیە، وە دژایەتیمان دەكات لە ماف و توانای خۆماندا و دەڵێت: من ئازادم، وە ئەستەمە خوا لە نەبوونەوە بوون بەدی بهێنێت، بەڵكو گەردوون لەخۆیەوە دروست بووە. هەروەها دەڵێت خوا ماددەی سەرەتایی گەردوونی دروست نەكردووە، بەڵكو بەشێوەی ستەم و دەستدرێژی كاری تێدا دەكات و بەهۆی ئەو ماددە سەرەتاییانەوە گەردوونی دروستكردووە بۆ خۆی! وە یەكێكی تر دەڵێت: بە چ مافێك خوا فەرمان و ڕێنماییم پێ دەدات. من ئازادم، خۆم بەرنامە و یاسا بۆ ژیانی خۆم هەڵدەبژێرم.
هەروەها ئەم ئایەتە باسی ئەوە دەكات كە مرۆڤ -سەرەڕای ئەوەی لە ماددەیەكی زۆر سووك و كەم نرخ دروستكراوە- تووشی خۆبەزلزانین دەبێت و شانازی بە خۆیەوە دەكات و بەڕادەیەك بێ شەرمە؛ لەلایەكەوە دژایەتی خوای گەورە دەكات، وە لەلایەكی ترەوە تانە دەدات لە پێغەمبەرە بەڕێزەكانی خوا و دەڵێت: چۆن دەكرێت بگەنە ئەم پلە بەرزە؟ ئەوەی لەبیركردووە ئەو خوایە لە تنۆكێك ئاوی كەم نرخ ئەم بوونەوەرەی دروست كردووە كە فریوی خواردووە بە زیرەكی خۆی و ململانێ لەگەڵ خوای گەورەدا دەكات.. بەدڵنیاییەوە خوای گەورە دەتوانێت مرۆڤێك بەرز بكاتەوە كە وا دەردەكەوێت نزم و سووك بێت، وە شكۆ و تەواوەتی پێ بدات بەجۆرێك وەهای لێ بكات گوێڕایەڵ و مل كەچی خوای گەورە بێت و خەڵكانی تریش بانگ بكات بۆ گوێڕایەڵی خوای گەورە.
هەروەها ئەم ئایەتە ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە لۆژیكی دروست ئەوە ڕەت دەكاتەوە ئامانج لە دروستكردنی ئاسمانەكان و زەوی بریتی بێت لە دروستكردنی بوونەوەرێك سپڵە و پێنەزان بێت بەرامبەر نیعمەتەكانی خوای گەورە، نەخێر، بەڵكو دەبێت ئامانجەكە لەوە بەرزتر بێت. وە بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە بڵندە كاتێك خوای گەورە كەسێك ڕەوانە دەكات بۆ دنیا خەڵكەكەی سەریان سوڕدەمێنێت! كە بۆچی ئەم كەسە ڕەوانەكراوە؟
وَٱلۡأَنۡعَٰمَ خَلَقَهَا ۖ لَكُمۡ فِيهَا دِفۡءٞ وَمَنَٰفِعُ وَمِنۡهَا تَأۡكُلُونَ 6
شیكردنەوەی وشەكان:
دِفْءٌ: دَفِئَ يدفَأ دَفَأً ودُفوءًا ودَفُؤَ يدفُؤ دَفاءةً من البرد: گەرم بوویەوە. الدفء: پێچەوانەی سەرمایە. الدفء من الحائط: ناو خانوو، دەگوترێت: اقعد في دفء هذا الحائط واتە لەناو ئەم خانووەدا دانیشە، الدفء: ئەو خوری و مووەی كە گەرمكەرەوەن. (الأقرب)
منافع: كۆی وشەی منفعة یە؛ ناوێكە لە وشەی “النفع”ەوە وەرگیراوە، هەر شتێك كە سوودی لێ وەربگیرێت. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا بە شێوازێكی زۆر ورد وەڵامی دژایەتی مرۆڤ دەداتەوە بۆ سیفەتەكانی، فەرموویەتی: ئێمە تۆمان بەدیهێناوە لەگەڵ ئەوەدا دەڵێیت ئازادیت و گوێڕایەڵی ئێمە ناكەیت، لەكاتێكدا تۆ شتانێك بەكاردەهێنیت كە خۆت دروستت نەكردوون و بەتەواوەتی بۆ بەرژەوەندی خۆت بەكاریان دەهێنێت، تەنانەت جاروبار سڵ ناكەیتەوە لە كوشتنیان، بەو بیانووەی تۆ باشتری لەم ئاژەڵانە، كەواتە كێشە نیە ئەگەر ڕامبكرێن بەڵكو ئەگەر نزم لەپێناوی بەرزدا سەرببڕێت. بۆیە ئەگەر ئەم لۆژیكە ڕەوا بێت ئەوا ئەی مرۆڤ چۆن دەگونجێت ڕەخنە بگریت لە بڕیاری ئێمە یان بڕیاری پێغەمبەرانمان؟ بۆچی ئەو بنەمایە پیادە ناكەیت بەسەر خۆتدا كە پیادەی دەكەیت بەسەر خوا و پێغەمبەرەكەیدا؟
ئەم ئایەتە مانایەكی تری هەیە ئەویش ئەوەیە پێشتر كافرەكان كە ڕەخنەیان گرتووە: چۆن دەكرێت خوا وتەی خۆی دابەزێنێتە سەر ئەم بەندە كەم نرخەی خۆی، خوا وەڵامیان دەداتەوە: ئەگەر كەسێكمان شكۆدار كرد بە پێغەمبەرایەتی كە ئێوە بە سووك و كەم نرخی دەبینن ئەوا چ سەیر و سەمەرە و ڕەخنەیەك لەوەدا هەیە؟ ئایا نەتانبینیوە ئێمە لەناو دروستكراواندا ئێوەمان بەرزكردووەتەوە بۆ پلەیەكی بەرز سەرەڕای ئەوەی لە تۆواوێكی كەم نرخ ئێوەمان دروستكردووە؟ بەڵام لەم ئایەتەدا خوای گەورە وەڵامی ڕەخنەیەكی تر دەداتەوە كە ڕەنگە كافرەكان تانە بدەن لەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿أَنۡ أَنذِرُوٓاْ﴾ و بڵێن: چۆن دەكرێت خوا ڕەحم بكات بە كەسانێكی تاوانبار و سووكی وەكو ئێمە، وە وەحی خۆی دابەزێنێت بۆ بەرژەوەندی ئێمە؟ بۆیە خوا پێیان دەفەرموێت: كاتێك ڕەحمتان پێ دەكەین و چاودێریتان دەكەین و خۆراكی ماددیتان بۆ دابین دەكەین ئەوا ئەمە بەپێچەوانەی گەورەیی ئێمە نازانن، بەڵام كاتێك خۆراكی ڕۆحیتان بۆ دابین دەكەین پێتان سەیرە و دەڵێن: چۆن دەكرێت پەروەردگاری مەزن ئەم بوونەوەرە سووك و كەم نرخە شكۆدار بكات بەوەی لەپێناویدا وتەی خۆی دابەزێنێت؟
سەیر ئەوەیە دوژمنانی ڕاستی بەردەوام ئەم جۆرە ڕەخنە دژیەكانە ئاراستەی پێغەمبەرانیان دەكەن. لەلایەكەوە دەڵێن: چۆن خوا ئەم كەسە كەم نرخەی هەڵبژاردووە لەناو ئێمەدا؟ وە ئەگەر هەر دەبێت كەسێك هەڵبژێردرێت ئەوا بۆچی كەسێك لە پیاوماقوڵانی گەل هەڵنەبژێردرا؟ وە لەلایەكی ترەوە دەڵێن: خوا (عز وجل) لەوە بەرزترە گرنگی بە مرۆڤ بدات كە بوونەوەرێكی نزم و سووكە و شكۆداری بكات بەوەی لەپێناویدا وتەی خۆی دابەزێنێت. وە ڕەخنەی كۆتایی بەتایبەتی لەلایەن فەیلەسووفەكانەوە دەگیرێت، بەڵام لەڕاستیدا هەردوو ڕەخنەكە پووچن، وە دژی یەكن، چونكە یەكێكیان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خۆیان بە گەورەتر دەزانن لە پێغەمبەران، لەكاتێكدا لەڕێگەی ڕەخنەكەی تریانەوە دان بەوەدا دەنێن كە پلەیان زۆر نزمە و سووكن. بەمەش دەچەسپێت كە لەڕاستیدا ئەوان دەیانەوێت ملكەچ نەبن بۆ ئەو فەرمان و ڕێنماییانە كە خوا بە وەحی دایبەزاندووە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمِنۡهَا تَأۡكُلُونَ﴾، دیارە وشەی ﴿وَمِنۡهَا﴾ لەم دەستەواژەیەدا بۆ تایبەتمەندی هاتووە. ڕەنگە كەسێك ڕخنە بگرێت و بڵێت: ئایا مرۆڤ سەرەڕای گۆشتی ئاژەڵە ماڵیەكان گۆشتی ئاژەڵی تر ناخوات، ئایا سەوزەوات ناخوات، ئیتر چۆن ئەم تایبەتكردنە ڕاست دەردەچێت؟ وەڵام: دیارە هەندێ جار تایبەتكردن مانای تەنھا ئەو شتە دەگەیەنێت؛ هەروەك مانای ئاماژەكردن بۆ گرنگترین و باشترین دەگەیەنێت، لێرەدا بۆ مەبەستی دووەم هاتووە، مانای ئەوەیە خۆراكی سەرەكیتان دەست دەكەوێت لە گۆشت و شیری ئەم ئاژەڵانە و هاوشێوەكانیان وەك مانگای دەشتەكی و ئاسك. گومانی تێدا نیە كەڵەشێر و باڵندەكانی تر كە ڕاویان دەكەن ئەوانیش سەرچاوەی خۆراكن بۆ ئێوە، بەڵام سەرچاوەیەكی لاوەكین.
لێرەدا خوای گەورە بەڕوونی باسی دوو شێوازی كردووە بۆ بەكارهێنانی ئاژەڵە ماڵییەكان: شێوازی یەكەم: پێست و خوریەكەیان كە بەكاردەهێنرێن بۆ پاراستن لە گەرما و سەرما، شێوازی دووەم: گۆشت و شیرەكانیان كە وەك خۆراك بەكاردەهێنرێن؛ لەكاتێكدا خوا (عز وجل) ئاماژەی كردووە بە سوودی سێیەمیان بە وشەی ﴿وَمَنَٰفِعُ﴾ كە دەكرێت مانای بازرگانی كردن بێت بەم ئاژەڵانە یان بەكارهێنانیان بۆ زۆربوون و وەچەخستنەوە.
وَلَكُمۡ فِيهَا جَمَالٌ حِينَ تُرِيحُونَ وَحِينَ تَسۡرَحُونَ 7
شیكردنەوەی وشەكان:
جمال: الجمال: پێكهاتە لە دروستبوون و لە ڕەوشتدا. (الأقرب)
تریحون: أراح الرجل إراحة وإراحا: راحت علیه إبله وغنمه وماله، حوشتر و مەڕ و ماڵاتەكەی لە لەوەڕگاوە هێنایەوە، ئەمەش تەنها دوا نیوەڕۆ دەبێت. أراح الإبل والغنم: حوشتر و مەڕەكانی گێڕایەوە بۆ پەچەكە. (الأقرب)
تسرحون: سرح الراعي المواشي: شوانەكە مەڕوماڵاتەكەی برد بۆ لەوەڕگا. (الأقرب)
تەفسیر: واتە ئێوە ئەو ئاژەڵانە بە مایەی شانازی و ڕێز دەزانن بۆ خۆتان، وە خۆتان هەڵدەكێشن و دەڵێن: ئەوەندە و ئەوەندە مانگا و حوشتر و مەڕوماڵات و ئەسپمان هەیە. دەی مادام ئێوە ئەو شتەی هەتانە بە مایەی شانازی و جوانی دەزانن بۆ خۆتان، لەگەڵ ئەوەی ئێوە ئەو شتانەتان دروست نەكردووە، ئیتر چۆن پێتان وایە خوای گەورە مرۆڤی دروست كردووە پاشان هەروا وازیلێهێناوە، تەنانەت مرۆڤ تانە دەدات لە خوا (عز وجل) لەجیاتی ئەوەی سوپاس و ستایشی بكات و بە پاك و بێگەرد ڕایبگرێت، وە ڕەخنە دەگرێت لە بەدیهێنەرەكەی لەجیاتی ئەوەی هۆكارێك بێت بۆ دەرخستنی گەورەیی و شكۆی خوا (سبحانه وتعالى)؟ ئایا بیرتان لەوە كردووەتەوە كە ئەو خوایەی مرۆڤی دروستكردووە دەیەوێت ئەم دروستكراوەی هۆكارێك بێت بۆ درەوشانەوەی چاكی و جوانی خۆی (سبحانه وتعالى).. واتە مرۆڤ خاوەنی ڕەوشت و ئایین بێت هەتا بگوترێت: پاكی و بڵندی بۆ ئەو خوایەی كە ئەم بوونەوەرە جوانەی دروستكردووە.
شتێكی سەرنجڕاكێشە خوای گەورە فەرموویەتی﴿وَلَكُمۡ فِيهَا جَمَالٌ حِينَ تُرِيحُونَ وَحِينَ تَسۡرَحُونَ﴾، وشەی ﴿تُرِيحُونَ﴾ كە بریتیە لە گێڕانەوەی مەڕوماڵات لە ئێواراندا بۆ ماڵەوە خستوویەتیە پێش وشەی ﴿تَسۡرَحُونَ﴾ەوە كە بریتیە لە بردنی مەڕوماڵات بۆ لەوەڕگا لە بەیانیاندا؛ ئەمە بۆچی پێچەوانەی ڕیزبەندیە سروشتیەكەیە؟ وەڵام: چونكە لێرەدا خوا (عز وجل) جەختی كردووەتەوە لەسەر باسكردنی بابەتی جوانی، لەواقیعدا دیمەنی مەڕوماڵات كاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە ئێواراندا پاش لەوەڕاندن جوانترە لە دیمەنەكەی كاتێك لە بەیانیاندا دەردەچێت بۆ لەوەڕگا؛ چونكە كاتی گەڕانەوەی تێرترە و چالاكی زیاترە پاش ئەوەی بەشی خۆی لەوەڕاوە و لەدەرەوە بە ئازادی گەڕاوە؛ وە لەبەرئەوەی كاتێك لە بەیانیاندا دەردەچێتە دەرەوە خاوەنەكەی جۆرەها گومان و ترس دێت بەدڵیدا وەك ئەوەی هەندێكی پەرتەوازە بێت یان دڕندە ڕاویان بكات، بەڵام كاتی گەڕانەوەیان لە ئێواراندا بە سەلامەتی خاوەنەكەی دڵی ئۆقرە دەگرێت و لە ناخیەوە هەست بە جۆرێك لە شانازی دەكات.
وَتَحۡمِلُ أَثۡقَالَكُمۡ إِلَىٰ بَلَدٖ لَّمۡ تَكُونُواْ بَٰلِغِيهِ إِلَّا بِشِقِّ ٱلۡأَنفُسِ ۚ إِنَّ رَبَّكُمۡ لَرَءُوفٞ رَّحِيمٞ 8
شیكردنەوەی وشەكان:
شق: الشق: ناڕەحەتی. (الأقرب)
رؤف: راف یرأف ورئف یرأف رأفة: زۆر بەبەزەیی (الأقرب). لەڕاستیدا بەزەیی یەكێكە لە هۆكارە زۆرەكانی ڕەحمەت، لەڕاستیدا ئەوە هەستی بەزەییە كە دروست دەبێت لە دڵدا كاتی بینینی كەسێك لە موسیبەتێكدا بێت یان ئازارێكی هەبێت. خوا (عز وجل) بەسۆز و بەزەییە واتە ڕازی نابێت بەندەكان لە ئازار و موسیبەتدا ببینێت، بۆیە جۆرەها خزمەتگوزاری و ئاسانكارییان بۆ دابین دەكات.
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت كە ئەگەر ئەم ئاژەڵانە نەبوونایە ئەوا ئێوە زۆر ناڕەحەت دەبوون بۆ گواستنەوەی بارە قورسەكانتان. ئایا بیرتان كردووەتەوە ئەو خوایەی كە بۆ گەشتە ماددیەكەتان ئەم خزمەتگوزاری و ئاسانكارییانەی دابینكردووە.. چۆن دەگونجێت ئامراز و هۆكار و ئاسانكاری نەسازێنێت بۆ گەشتە ڕۆحیەكەتان؟ ئیتر بۆچی سەرتان سوڕدەمێنێت كاتێك دەبینن خوای گەورە ئامراز و هۆكارەكانی سازكردووە بۆ گەشتە ڕۆحیەكەتان و دەڵێن: ئەستەمە خوا ئەم گرنگیە بدات بە بوونەوەرێكی سووك و كەم نرخی وەكو مرۆڤ. گومانی تێدا نیە ئەو قسەیەی ئێوە كە دڵێن خوا لەوە گەورەترە لەگەڵ مرۆڤدا قسە بكات تەنها فێڵێكە و ڕاكردنە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. بێگومان ئێوە لەبیرتان كردووە كە خوا (عز وجل) ئەگەر مەزنە ئەوا بەبەزەیی و میهرەبانیشە، وە ئەو گەورە و مەزنانەی كە خاوەنی سۆز و بەزەیی و ڕەحمەتن سڵ ناكەنەوە لە یارمەتیدانی لاوازەكان، چونكە ئەم یارمەتیدانە هیچ لە گەورەییەكەیان كەم ناكاتەوە، بەڵكو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە گەورە و مەزنن.
وَٱلۡخَيۡلَ وَٱلۡبِغَالَ وَٱلۡحَمِيرَ لِتَرۡكَبُوهَا وَزِينَةٗ ۚ وَيَخۡلُقُ مَا لَا تَعۡلَمُونَ 9
شیكردنەوەی وشەكان:
الخیل: كۆمەڵێك ئەسپ، تاكی نیە (الأقرب)
البغال: بریتیە لە كۆی وشەی البغل، هێستر ئاژەڵێكی ماڵیە بۆ سواربوون و باربردن، گوێدرێژ باوكیەتی و ماین دایكیەتی، ماناكەی فراوان دەكرێت و بە هەر ئاژەڵێك دەوترێت كە باوكی لە ڕەگەزێك بێت و دایكی لە ڕەگەزێكی تر. (الأقرب)
الحمیر: كۆی وشەی الحمار ە واتە گوێدرێژ، وشەكە بەشێوەی أحمرة و حمر یش دەكرێت بە كۆ. (الأقرب)
تەفسیر: وشەی ﴿وَزِينَةٗ ۚ﴾ لێرەدا منصوبە لەبەرئەوەی (مفعول لأجله)یە بۆ فرمانی “خلق” كە پێشتر باسكراوە. وە لێرەدا مەبەست لە (زينة) ڕازاوەیی ئاسایی نیە؛ چونكە پێشتر ئاماژەی بۆ كراوە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَلَكُمۡ فِيهَا جَمَالٌ﴾، بەڵكو لێرەدا مەبەست لێی هێز و شكۆ و ترسە؛ چونكە ئەسپ و هێستر و گوێدرێژ یارمەتی گەلان دەدەن لە جەنگەكاندا بۆ دەرخستنی هێز و بڵاوكردنەوەی ترس.
لێرەدا خوا بیرمان دەخاتەوە كە دوو جۆر ئاژەڵی بۆ بەرژەوەندی ئێمە دروست كردووە: جۆرێكیان خۆراكمان پێ دەدات لە ڕێگەی گۆشت و شیرەكەیەوە، هەروەها لەڕێگەی پێست و خوری و مووەكەیەوە دەمانپارێزێت لە گەرما و سەرما، وە هۆكارێكە بۆ سەربەرزی و شكۆمان، وە هەروەها یارمەتیمان دەدات بۆ گواستنەوەی بارە قورسەكانمان لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر، ئەم جۆرە پێكهاتووە لە حوشتر و مانگا و ئەوانی تریش كە بەكاریاندەهێنین لە پێداویستیەكانی ڕۆژانەماندا. وە جۆرەكەی تر ئەوەیە كە بەكاریاندەهێنین لە پێداویستیە سیاسی و جەنگیەكاندا وەك ئەسپ و هێستر و گوێدرێژ.
كەواتە لێرەدا شەش سوودی هەموو ئەم ئاژەڵانە بۆ ئێمە باسكراون: خۆراك، پۆشاك، سەربەرزی و شكۆ، هەڵگرتنی باری قورس، سواربوون، و ئەوەی كە مایەی هێز و دەسەڵاتن. وەك ئەوەی خوای گەورە بیرمان بخاتەوە و بفەرموێت ئێمە ئەم شەش پێداویستیە ماددیەی ئێوەمان پڕكردووەتەوە، ئیتر چۆن پێتان وایە خۆمان بێئاگا دەكەین لە پڕكردنەوەی پێداویستیە ڕۆحیەكانتان كە هاوشێوەیانن؟
هەروەك خوا (عز وجل) لەڕێگەی ئەم ئایەتانەوە هۆشداری دەدات كە ئێوە ئەم ئاژەڵانە ڕامدەكەن بۆ بەرژەوەندی خۆتان لەگەڵ ئەوەی خۆتان دروستتان نەكردوون، بەڵام ئەو خوایەی كە ئێوەی دروستكردووە و هیچ پێویستی پێتان نیە، ئێوە دەڵێن مافی ئەوەی نیە ئیسڵاحتان بكات هەتا ببن بە بەڵگە لەسەر پاكی و بێگەردی و گەورەییەكەی (عز وجل)؟
وَعَلَى ٱللَّهِ قَصۡدُ ٱلسَّبِيلِ وَمِنۡهَا جَآئِرٞ ۚ وَلَوۡ شَآءَ لَهَدَىٰكُمۡ أَجۡمَعِينَ 10
شیكردنەوەی وشەكان:
قصد: قصده وله وإلیه: سووربوو لەسەری و ڕووی تێكرد؛ پشتی پێ بەست. قصد في الأمر: میانەڕەو بوو لە كارەكەدا: دژی زیادەڕەوی. القصد: سەقامگیری كار: پێچەوانەی زیادەڕەوی. ﴿وَعَلَى ٱللَّهِ قَصۡدُ ٱلسَّبِيلِ﴾ واتە ڕوونكردنەوەی ئەو ڕێگایەی كە ڕاستە و دەگات بە ڕاستی لەسەر خوایە. (الأقرب)
جائر: جار یجور جورا: لەڕاستی لایدا. الجائر: لادەر لە ڕاستی؛ گومڕا، ستەمكار. (الأقرب)
تەفسیر: مەبەست لە فەرمایشتی خوا ﴿وَعَلَى ٱللَّهِ قَصۡدُ ٱلسَّبِيلِ﴾ ئەوەیە پێویستە لەسەر خوا ڕێگای ڕاست ڕوون بكاتەوە. قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تر ئەم مانایەی باسكردووە و دەفەرموێت ﴿إِنَّ عَلَيۡنَا لَلۡهُدَىٰ﴾ (اللیل: 13)
ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە خوای گەورە تەنها خۆی دەتوانێت ڕێنمایی بكات بۆ ڕێگایەك كە خاڵی بێت لە پەڕگیری ئەرێنی و پەڕگیری نەرێنی، بەڵام ئەوەی مرۆڤ وەسفی دەكات بە ڕێباز و بەرنامە هەرگیز خاڵی نیە لە خەوش و كەموكوڕی. هەڵبەت بەمە ڕوونكراوەتەوە كە هەموو مرۆڤەكان -جگە لەو كەسانەی كە لەژێر چاودێری تایبەتی خوای گەورەدان- خواستێكیان تێدایە بۆ دەمارگیری و لایەنگیری بەشێوەیەك لە شێوەكان، ئەمەش بەهۆی خۆشەویستییان بۆ كەسێك یان ڕق و كینەیان لە كەسێكی تر، وە هەموو ئەو یاسا و فێركارییانەی مرۆڤ دایاندەنێت هەمیشە دادپەروەری تەواوەتیان تێدا نیە، بەجۆرێك بەهۆیانەوە مافی هەندێ كەس زەوت دەكەن و زیاتر لە مافی خۆیان دەدەن بە هەندێ كەسی تر. بەمەش دەچەسپێت كە ئەستەمە كەسێك یاسایەك دابنێت خاڵی بێت لە كەموكوڕی جگە لە خوا كە پێویستی بە كەس نیە، بەڵكو هەموو بەندەكان لای ئەو وەك و یەك وان.
ئەم ڕاستیە چەند ڕوون و ئاشكرایە! بەجۆرێك ماوەی هەزاران ساڵە بەردەوام مرۆڤ یاسا دادەنێت، بەڵام بەهۆی ئەم یاسایانەوە مافی هەندێ كەس دەخوات و زیاتر لە مافی خۆیان دەدات بە هەندێ كەسی تر. دەتوانن سەیری ناكۆكیە سیاسیەكان بكەن كە لە جیهاندا هەن، هەندێ حكومەت مافی كرێكارەكان دەخۆن و هەندێكیان هەموو شتێكیان پێدەدەن و هەموو مافە مرۆییەكانی هەندێ كەسی تر زەوت دەكەن. ئەمەش چونكە مرۆڤ بەندەی هەست و نەستەكانی خۆیەتی كە بەدڵنیاییەوە كاری لێدەكەن كاتێك هەر یاسایەك دادەنێت، بۆیە ڕەچاوەی هەست و سۆزی هەموو خەڵكی ناكات، بگرە ناتوانێت ئەم كارە بكات. بۆ نموونە، ئەو كەسەی حەزی لە ڕەبەنیە وایدەبینێت كە دەستهەڵگرتن لە سوودوەرگرتن لە نیعمەتەكانی دنیا كارێكی باشە، لەكاتێكدا ئەو كەسەی حەزی لە دنیایە پێیوایە پێشكەوتن و بڵندبوونەوەی ماددی خودی كاری باشەیە. كەواتە ئەستەمە فێركارییەك خاڵی بێت لە پەڕگیری ئەرێنی و پەڕگیری نەرێنی جگە لەو فێركارییەی كە لەلایەن بەدیهێنەری مرۆڤەوە دادەبەزێت، ئەو زاتەی هەموو ئەو هەست و نەستانە دەزانێت كە لە مرۆڤدا هەن، بەمەش لە فێركاری و ڕێنماییەكەیدا تا ئاستی مەعقول ڕەچاوی هەست و نەستی گشتی دەكات.
لەم ڕوونكردنەوەیەی پێشووەوە دەردەكەوێت كە پێویستە هەر وەحییەكی ئاسمانی ئەم شەش تایبەتمەندیەی خوارەوەی تێدا بێت:
1- دەبێت وەكو پۆشاك وابێت مرۆڤ بپارێزێت لە كاریگەرییەكانی گەرما و سەرما، واتە دەبێت خاڵی بێت لە پەڕگیری ئەرێنی و پەڕگیری نەرێنی؛ واتە ساردی كەمی خۆشەویستی خوایی تێدا نەبێت، هەروەك پێویستە گەرمایی ستەم و دەستدرێژی تێدا نەبێت بە ناوی ئایینەوە بەجۆرێك بەزۆر خەڵكی ناچار بكات باوەڕی پێ بهێنن؛ بەڵكو پێویستە لەسەر وەحی لەلایەكەوە خۆشەویستی خوا (عز وجل) بەرهەم بهێنێت لە دڵی باوەڕداراندا، وە لەلایەكی ترەوە بانگیان بكات بۆ شوێنكەوتنی ڕێگایەكی میانەڕەو لە ڕەفتار و هەڵسوكەوتیاندا.
2- وەكو خۆراك سوود ببەخشێت، واتە وزەی ڕۆحی پێویستی تێدا بێت، واتە ئەو فێركاری و ڕێنماییانەی تێدا بێت كە مرۆڤ دووردەخەنەوە لە خراپە، وە ئەو بیروباوەڕانەی تێدا بێت كە بارودۆخی چاك دەكەن و پڕی دەكەن لە هێزی ڕۆحی.
3- مایەی جوانی و ڕازاوەیی بێت، واتە جوانی و قەشەنگی بدات بەو كەسانەی كاری پێ دەكەن هەتا دنیا هەست بەوە بكات كە ئەم فێركاریە گۆڕانێكی ڕیشەیی دروستكردووە لەو كەسانەدا.
4- وەك وڵاخ سوودمەند بێت، واتە زانیاری ڕۆحانی پەیدا بكات بۆ ئەو كەسەی كە كاری پێ دەكات و بەهۆی ئەو زانیاریەوە بەخێرایی بگات بە خوا (عز وجل)، بەمەش گەشتە ڕۆحانیەكەی ناڕەحەت نەبێت بۆی و زیاتر لە پێویست دوور و درێژ نەبێت.
5- ئەم وەحیە باری گرانی ئەو كەسانە هەڵبگرێت كە كاری پێ دەكەن، واتە هەستیان تێدا دروست بكات سەبارەت بە ئەركەكانیان، وە كۆت و پێوەندی داب و نەریتە پووچ و زیانبەخشەكان دابماڵێت لێیان، هەتا بتوانن بەوپەڕی ئازادییەوە ئەركەكانیان جێ بەجێ بكەن.
6- دەسەڵات و شكۆ ببەخشێت، واتە لە ئایین و لە دنیادا شكۆ و سەركەوتن بدات بەو كەسانەی كە كاری پێ دەكەن، بەمەش سیستەمی نەتەوەییان جێگیر بێت كە لە سایەیدا بە سەربەرزی و بەڕێزەوە دەژین، هەروەك لە دواڕۆژدا پلە بەرزەكان بەدەستبهێنن.
كەواتە ئەو وتەیەی ئەم شەش تایبەتمەندیەی تێدا بێت تەنها خۆی شایستەی ئەوەیە پێی بوترێت وەحی ڕاستی خوا. دەكرێت لێرەدا كەسێك بڵێت: چ پێویستمان بە وەحی خوایی هەیە، هەموو مرۆڤێك دەتوانێت بگەڕێت بۆ ئەو ڕێگایەی كە دەچێتەوە لای خوای گەورە و پێی دەگات؟
خوای گەورە وەڵامی ئەم قسەیەی داوەتەوە و فەرموویەتی ﴿وَمِنۡهَا جَآئِرٞۚ﴾.. واتە ئێوە خۆتان دانی پێدا دەنێن كە هەندێ ڕێگە چەوتن و ڕێگا هەڵە دەكەن لەو كەسانەی پێیدا دەڕۆن بەمەش ناگەنە ئامانجەكانیان، بۆیە ئەگەر خوا خۆی هیدایەتی مرۆڤی نەدایە بۆسەر ڕێگای ڕاست ئەوا زۆربەیان ڕێگای هەڵەیان دەگرتەبەر و تیادەچوون. سەیرە مرۆڤ لەلایەكەوە دان بەوەدا دەنێت كە چەندین ڕێباز و داب و نەریتی هەڵە هەن و هەندێ كەس پەیڕەوییان دەكەن، وە لەلایەكی ترەوە پێیوایە پێویست ناكات هیدایەتی خوایی دابەزێت!
وە ڕاناوی ﴿وَمِنۡهَا﴾ دەگەڕێتەوە بۆ وشەی ﴿ٱلسَّبِيلِ﴾ كە وەك مذكر و مؤنث بەكاردێت، بۆ نموونە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا وەك مذكر بەكارهاتووە ﴿وَإِن يَرَوۡاْ سَبِيلَ ٱلرُّشۡدِ لَا يَتَّخِذُوهُ سَبِيلٗا﴾ (الأعراف: 147)، وە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەشدا وەك مؤنث بەكارهاتووە ﴿قُلۡ هَٰذِهِۦ سَبِيلِيٓ أَدۡعُوٓاْ إِلَى ٱللَّهِ ۚ عَلَىٰ بَصِيرَةٍ﴾ (یوسف: 109)، بەڵام زانایانی زمان پێیان وایە وشەی ﴿ٱلسَّبِيلِ﴾ نێرە (مذكر)، بەڵام لێرەدا وەك مێ (مؤنث) هاتووە بە مانای الحجة (الأقرب).
خوا (عز وجل) بەگێڕانەوەی ڕاناوی ﴿وَمِنۡهَا﴾ بۆ ﴿ٱلسَّبِيلِ﴾ مانایەكی ورد و فراوانی باسكردووە كە بریتیە لەوەی خوای گەورە لەسەرەتادا لەڕێگەی پێغەمبەرەكانیەوە ڕێگای ڕاست پیشانی خەڵكی دەدات، بەڵام ئەوان بە تێپەڕینی كات لەم ڕێگا ڕاستەوە كۆمەڵێك ڕێگی چەوت دروست دەكەن، بەم شێوەیە بەردەوام پێویستیی لەئارادایە بۆ دابەزینی وەحی نوێ؛ بۆیە ئەو قسەیە ڕاست نیە كە دەوترێت: چ پێویستیەك هەیە بۆ دابەزینی كتێبێكی نوێ سەرەڕای بوونی كتێبەكەی پێشوو؟ چونكە خەڵكی كاتێك لەڕێگای ڕاستەوە كۆمەڵێك ڕێگای چەوتی تر پەیدا دەكەن پێویست دەبێت لەسەر خوا (عز وجل) كە لەڕێگەی ڕەوانەكردنی یەكێك لە پێغەمبەرەكانیەوە جارێكی تر ڕێگای ڕاست پیشانی خەڵكی بداتەوە.
وە خوای گەورە بەمە دووپاتی دەكاتەوە كە ئایینە ڕاستەكانیش لەكۆتاییدا بە تێپەڕینی كات دەشێوێن و تێكدەچن و دەبنە هۆی گومڕایی، بەجۆرێك خەڵكی لە خودی ڕێگا ڕاستەكەوە چەندین ڕێگای چەوت دادەهێنن. كەواتە ئەوەی كە ئایینێك لەسەرەتادا ڕاست بووە بەتەنھا بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی كە بەكەڵك بێت بۆ پەیڕەوكردن لە هەموو سەردەمێكدا.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَلَوۡ شَآءَ لَهَدَىٰكُمۡ أَجۡمَعِينَ﴾.. واتە ئەگەر خوا (عز وجل) ڕێنموونی و هیدایەتی لەدەستی خۆیدا دانەنایە ئەوا یەك ڕێگای ڕاست دەبوو كە ئەوەیە سروشتی مرۆڤی ڕابهێنایە لەسەر هیدایەت بەجۆرێك ئەستەم بوو مرۆڤ ڕێگای چەوت و گومڕایی بگرێت. بەڵام خوای گەورە ئەم كارەی نەكرد، چونكە ئەمە پێچەوانەی حیكمەتە، بەڵكو توانای داوە بە مرۆڤ كە ڕێگای ڕاست یان چەوت هەڵبژێرێت. مادام كارەكە بەم جۆرەیە ئەوا تەنها یەك ڕێگای مەعقول هەیە ئەویش ئەوەیە هیدایەت لەلایەن خوای گەورەوە دابەزێت، بەمەش دەرفەت بڕەخسێت بۆ مرۆڤ خۆی بەدوور بگرێت لە ڕێگای خراپە و لە ڕێگای ڕۆحانیدا بەرەو پێش بچێت.
هُوَ ٱلَّذِيٓ أَنزَلَ مِنَ ٱلسَّمَآءِ مَآءٗ ۖ لَّكُم مِّنۡهُ شَرَابٞ وَمِنۡهُ شَجَرٞ فِيهِ تُسِيمُونَ 11
شیكردنەوەی وشەكان:
السماء: هەر شتێك لەسەرووتەوە بوو سێبەری كرد بۆت، سەقفی هەموو شتێك و هەموو ماڵێك؛ هەیوانی ماڵ، سەر پشتی ئەسپ؛ هەور؛ باران؛ نمە بارانێكی باش؛ گژو گیا. (الأقرب)
تسیمون: أسام الإبل أسامة: حوشترەكەی لەوەڕاند؛ گوتراوە: دەریكرد بۆ لەوەڕگاكە. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا وشەی السماء بەمانای باران هاتووە، مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە خوا (عز وجل) بارانی باراند بۆتان كە بەهۆیەوە ئاوی خواردنەوەتان دەستدەكەوێت، وە بەهۆیەوە ڕووەك و گژوگیا دەڕوێت كە بەكاریدەهێنن بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ.
سەرەتا قورئانی پیرۆز ڕووی قسەی كردووەتە عەرەب كە ئاوی بیر كەم بووە لە وڵاتەكەیاندا، وە سەرچاوەی ئاو لە زۆربەی ناوچەكانی دوورگەی عەرەبیدا ئاوی باران بووە كە لە ئەستێر و گۆماودا كۆگایان دەكرد، ئەگینا لە تینوێتیدا دەخنكان. لە مەككەی پیرۆزدا یەك بیر هەبوو كە بیری زەمزەم بوو، بەڵام ئاوەكەی تا ڕادەیەكی زۆر خوێی هەبوو؛ وە پێش هەڵگەندنی نۆكەندی زبێدە خەڵكی مەككە بەشێوەیەكی سەرەكی پشتیان دەبەست بە ئاوی باران كە كۆگا دەكرا لە ئەستێر و چاڵەكاندا، بەڵكو سەرەڕای بوونی ئەم كەناڵە هەتا ئێستا پشت بە ئاوی باران دەبەستن و هەندێ كەس لە چاڵانەوە ئاوەكە دەگوازنەوە بۆ مەككە و لەوێ دەیفرۆشن. وە ناوچەكانی تری وڵاتەكە زۆربەی خەڵكەكەیان پشت بەم جۆرە ئاوە دەبەستن. وە زۆربەی دانیشتوانی دوورگەی عەرەبی لەسەر بەخێوكردنی حوشتر و مەڕ و بزن دەژین كە خۆراكیان پووش و گژ و گیایە كە ئەمانەیش بەهۆی ئاوی بارانەوە دەڕوێن.
ئەم ئایەتەیش ئاماژە دەكات بۆ هەمان ئەو بابەتەی كە لە ئایەتەكەی پێشوودا باسكرا؛ وە دەفەرموێت مادام خوا (عز وجل) لە جیهانی ماددیدا هەزارەها خزمەتگوزاری و ئاسانكاری دروستكردووە بۆتان كە بەكاریان دەهێنن لە ژیانتاندا، ئیتر چۆن ئەو شتانەتان بۆ دابین ناكات كە ژیانی ڕۆحیتان ئاسان بكات. مادام ئێوە بەوپەڕی تامەزرۆیی و دڵفراوانیەوە خزمەتگوزایەكان لە خوا (عز وجل) قەبوڵ دەكەن لە ژیانی ماددیدا، ئیتر بۆچی ڕازی نابن بەو هۆكار و خزمەتگوزاریانە كە دابینی كردووە بۆتان لەژیانی ڕۆحیتاندا. ئەگەر ئێوە پێتان وایە دابینكردنی پێداویستیە ماددیەكانتان لەلایەن خواوە (عز وجل) پێچەوانەی گەورەیی و مەزنێتی خوا نیە، ئیتر بۆچی پێتان وایە دابینكردنی پێداویستیە ڕۆحیەكانتان لەلایەن خواوە پێچەوانەیە لەگەڵ گەورەیی و شكۆی خوادا (عز وجل)؟
دیارە ئەو كەسەی كە نكوڵی لە بوونی خوای گەورە دەكات و پێی وایە هۆكارە ماددیەكان لەخۆوە دروست بوون مافی خۆیەتی بڵێت: خوایەك نیە گرنگی بدات بە هیدایەتدانی مرۆڤ، بەڵام ئەو كەسەی باوەڕی بە بوونی خوایەك هەیە كە بەدیهێنەری گەردوون و هۆكارە ماددیەكانە مافی ئەوەی نیە بڵێت: چۆن دەكرێت و ئەوە كەی مافی خوایە كە بایەخ بدات بە هیدایەتدانی مرۆڤەكان و پێغەمبەران ڕەوانە بكات بۆ لایان و كێب دابەزێنێتە خوارەوە بۆیان؛ چونكە ئەم قسەیە دژی ئەو شتەیە كە باوەڕی پێیەتی؛ وە لە ڕاستیدا تەنھا لەڕێگەی ئەم بەڵگەیەوە دەتوانێت پەی ببات بە هەڵەی قسەكەی خۆی، بەبێ ئەوەی بگەڕێت بۆ هیچ بەڵگەیەكی تر.
وە ئەم ئایەتە ئاماژە دەدات بەوەی كە هەموو ئەو هۆكارانەی لە گەردووندا هەن هەموویان بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ دروستكراون، تەنانەت ئاویش لەپێناوی ئەودا لە ئاسمانەوە دێتەخوارەوە، چونكە هەر ئەوە سوود وەردەگرێت لەو ڕووەكانەی كە بەهۆی ئاوەكەوە دەڕوێن و ئەو ئاژەڵانەی كە لەسەر ئەو ڕووەكانە دەژین. بەمەش دەچەسپێت كە مرۆڤ خاڵی كۆتاییە واتە ئامانجی ڕاستەقینەیە لە دروستبوونی هەموو گەردوون، وە خوای گەورە هۆكارەكانی دروستكردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەڕووی ڕۆحیەوە بڵند بێتەوە؛ ئەمەش دژی گەورەیی و مەزنتێتی خۆی نیە، بگرە ئەگەر ئەم هۆكارانەی دروست نەكردایە ئەو بەناتەواوی و خەوش لەقەڵەم دەدرا بۆ خوای گەورە؛ چونكە دەگوترا خوا ئەم سسیتەمە سەرسوڕهێنەرەی گەردوونی دروستكردووە لەپێناوی مرۆڤدا، بەڵام ئامانجێكی گونجاوی مەزنی دانەناوە بۆ دروستبوونەكەی.
هەڵبەت خوای گەورە لە ئایەتەكانی پێشوودا باسی ئاژەڵ و خۆراكی ئاژەڵیی كردووە، بەڵام لەم ئایەتەدا باسی ئاو و خۆراكی ڕووەكیی كردووە، وە لە ئایەتەكانی دواتردا بە دوور و درێژی باسی هەمان بابەتی كردووە.
يُنۢبِتُ لَكُم بِهِ ٱلزَّرۡعَ وَٱلزَّيۡتُونَ وَٱلنَّخِيلَ وَٱلۡأَعۡنَٰبَ وَمِن كُلِّ ٱلثَّمَرَٰتِ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَتَفَكَّرُونَ 12
تەفسیر: لە ئایەتەكەی پێشوودا باسی ئاو كرا و خوای گەورە فەرمووی: ئەم ئاوە مرۆڤ دەیخواتەوە، وە بەهۆیەوە ئەو ڕووەكانە دەڕوێن كە ئاژەڵیان لەسەر دەژین و ئاژەڵەكانیش بە ڕۆڵی خۆیان سوود دەگەیەنن بە مرۆڤ، بەڵام لەم ئایەتەدا خوا (عز وجل) ڕوونیدەكاتەوە كە بەهۆی ئەم ئاوەوە ئەو خۆراكە ڕووەكیانەش دەڕوێن كە ڕاستوخۆ مرۆڤ دەیانخوات. وە یەكێك لەم خۆراكە ڕووەكیانە دانەوێڵەیە كە لەڕێگەی كشتوكاڵەوە بەرهەم دەهێنێت، هەروەها ئەو میوە و بەروبوومانەیە كە مرۆڤ لە هەندێ درەختەوە دەستیدەكەون وەك زەیتوون و خورما و ترێ و هی تریش. كەواتە خوای گەورە مرۆڤ ئاگاداردەكاتەوە كە بیر لەوە بكاتەوە ئەم ڕووەك و درەختانەیش وەكو ئاژەڵەكان ڕامكراون بۆ خزمەتكردنی ئەو.
وە لەم ئایەتەدا ئاماژەیش هەیە بۆ ئەوەی كە زەوی هەرچەند توانای ڕواندنی پێ دراوە بەڵام بەبێ ئاوی ئاسمان ناتوانێت هیچ شتێك بڕوێنێت، سروشتی مرۆڤیش بەم جۆرەیە، هەرچەند عەقڵی مرۆیی ئاستی بەرز بێت هەر پێویستی بە ئاوی ئاسمان هەیە بۆ ئەوەی توانا شاراوەكانی دەربكەون، وە ئەستەمە بەبێ ئەم ئاوە ئاسمانیە تەواو بێت و بگاتە چڵەپۆپە. بۆیە ئەو كەسەی بەتەنھا پشت بە عەقڵی خۆی دەبەستێت بۆ بڵندبوونەوەی ڕۆحی؛ وەكو ئەو كەسە وایە كە هەوڵ دەدات بەبێ ئاو ڕووەك بڕوێنێت. گومانی تێدا نیە كە ڕووەك بە هۆی خۆڵی شێدارەوە دەڕوێت، بەڵام بەبێ ئاوی ئاسمانی ڕووەكێكی چاكی تەواو ناڕوێت.
هەندێ كەس دەڵێن: پێغەمبەران چ شتێكی نوێیان هێناوە؟ ئەوان تەنها ئەو شتە دەڵێن كە پێشتر لە خودی فیترەتی مرۆییدا بوونی هەبووە! ئەم ئایەتە قسەی ئەم كەسانەیش بەدرۆدەخاتەوە، بەجۆرێك لەڕێگەی نموونەی ئاوەوە ڕوونیدەكاتەوە كە بوونی شتێك ڕاستیەكە، وە گەشە و دەركەوتنی ئەو شتە ڕاستیەكی ترە كە تەواو جیاوازە. گومانی تێدا نیە هەموو ئەو شتانەی پێغەمبەران دەیانهێنن ڕێك و گونجاون لەگەڵ فیترەتی مرۆییدا، بەڵام ئەستەمە بەبێ وەحی ئەم هێز و توانا فیترییانە گەشە بكەن.. وەك توانای زەوی بۆ ڕواندن كە بەبێ ئاو دەرناكەوێت. ئایا دەكرێت كەسێك بڵێت: مادام تۆو هەیە و مادام زەوی توانای ڕواندنی هەیە ئیتر چ پێویستمان بە ئاو هەیە؟ دیارە ئاو تۆو ناهێنێت هەروەك توانای زەویش زیاد ناكات، بەڵام هەموو كەس دەزانێت یارمەتی زەوی دەدات بۆ دەركەوتنی تواناكانی بۆ ڕواندن، چونكە زەوی ناتوانێت بەبێ ئاو هێزە شاراوەكانی خۆی دەربخات یان ناتوانێت وەكو پێویست دەریانبخات. ئەمە نموونەی وەحییە، دیارە وەحی فیترەتێكی نوێ لە مرۆڤدا ناخوڵقێنێت، بەڵام هێزە نووستووەكانی فیترەتی مرۆڤ بێدار دەكاتەوە.
قورئانی پیرۆز زۆر بەجوانی ئەم بابەتەی دەربڕیوە چونكە بە ڕیزبەندیەكی تەواو سروشتی باسی سوودەكانی ئاژەڵی كردووە، بەجۆرێك سەرەتا گرنگترین سوودی باسكردووە كە بریتیە لە خۆراك لەبەرئەوەی زۆر پێویستە بۆ مانەوەی مرۆڤ؛ چونكە سوودەكانی تری ئاژەڵ وەك پۆشاك و گواستنەوە و سواربوون گرنگییان كەمترە ئەگەرچی هۆكارن بۆ ڕێز و شكۆی مرۆڤ. پاشان كاتی باسكردنی سوودە ڕووەكیەكان پێش هەموویان باسی كشتوكاڵی كردووە، چونكە سەرچاوەیەكی سەرەكی و گشتیە بۆ خۆراكی خەڵكی. پاشان باسی زەیتوونی كردووە كە لەگەڵ ناندا وەكو خۆراك دەخورێت، پاشان خورما، چونكە خورما خۆراك و میوەیشە. لەكۆتاییدا ترێ و میوەكانی تری باسكردووە، ئەگەرچی وەكو خۆراك گرنگ نین، بەڵام تەندروستی مرۆڤ دەپارێزن و گەشە دەدەن بە هێزە ژیریەكانی.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت: خۆراكی ئاژەڵیی خۆراكی سەرەكی خەڵكی جیهان نیە، وە توێژێك لە خەڵكی هەن تەنها خۆراكی ڕووەكی دەخۆن؟
ئەم قسەیە لە كەمی تێڕامانەوە دروست بووە، چونكە ئەو كەسانەی كە دەڵێن تەنھا خۆراكی ڕووەكیی دەخۆین و گۆشتی ئاژەڵ ناخۆین، نازانن كە خۆراكی سەرەكی ئەوانیش خۆراكی ئاژەڵیە. بۆ نموونە مناڵ لەسەر شیری دایك بەخێودەكرێت، بگرە ئەو مناڵەی بە شیری دایكی بەخێوناكرێت ئەویش شیری ئاژەڵە ماڵیەكان دەخوات. ئایا شیری دایك و ئەم ئاژەڵانە خۆراكی ئاژەڵی نین؟ وە ئەو كەسانەی كە دەڵێن بە هیچ شێوەیەك خۆراكی ئاژەڵیی ناخۆن ئەوانیش بەرهەمەكانی ئاژەڵ دەخۆن وەك كەرە و پەنیر. كەواتە ساغبوویەوە كە خۆراكی ئاژەڵی خۆراكی سەرەكی هەمووانە، وە ئەو كەسانەی كە دەڵێن بە هیچ شێوەیەك خۆراكی ئاژەڵی ناخۆن یان فریودراون یان خۆیان فریودەرن. دەكرێت بڵێن گۆشت ناخۆین، بەڵام هەڵەیە بڵێن هیچ خۆراكێكی ئاژەڵیی ناخۆین.
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَتَفَكَّرُونَ﴾ كۆتایی هێناوە بە باسی خۆراك بۆ ئەوەی ئاماژە بكات بۆ دوو خاڵ: یەكەم: عەقڵی ماددی وەك چۆن بە خۆراكی ماددی گەشە دەكات بە هەمان شێوە عەقڵی ڕۆحانیش بە خۆراكی ڕۆحانی گەشە دەكات. دووەم: گومانی تێدا نیە هێزە فیكرییەكان لە فیترەتی هەموو مرۆڤێكدا هەن، بەڵام خۆراكی گونجاو پێویستە بۆ ئاشكرابوونیان، بەهەمان شێوە هێزە فیكریە ڕۆحیەكان بوونیان هەیە لە فیترەتی هەموو مرۆڤێكدا، بەڵام دەركەوتنیان پێویستی بە خواردنی خۆراكی ڕۆحی گونجاو هەیە. مرۆڤەكان وەكو یەك وان، لەگەڵ ئەوەدا وەكو یەك نین لە هێزە فیكریەكاندا، مرۆڤ هەیە خاوەنی هێزی فیكری دەراسایە، وە هەیە لێی بێ بەشە. هۆكاری ئەمە چیە؟ هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەمەی دووەمیان بێ بەشە لە خۆراكی گونجاو. هەروەها بواری ڕۆحانی بەهەمان شێوەیە، هەر مرۆڤێك سروشتی ڕاهاتووە لەسەر خۆشەویستی خوا (عز وجل)، بەڵام مرۆڤی وا هەیە خۆراكی ڕۆحانی گونجاو دەخوات كە هێزە ڕۆحیەكانی دەدرەوشێنێتەوە، بەمەش ڕووناكی بەدەستدەهێنێت، بەڵام مرۆڤی وایش هەیە كە خۆراكی ڕۆحی گونجاو ناخوات، بەمەش بەردەوام بێ بەش دەبێت لەم ڕووناكیە.
وَسَخَّرَ لَكُمُ ٱلَّيۡلَ وَٱلنَّهَارَ وَٱلشَّمۡسَ وَٱلۡقَمَرَ ۖ وَٱلنُّجُومُ مُسَخَّرَٰتُۢ بِأَمۡرِهِۦٓ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَٰتٖ لِّقَوۡمٖ يَعۡقِلُونَ 13
شیكردنەوەی وشەكان:
سخر: سخره: كارێكی خستە ئەستۆی بە بێ ئەوەی كرێی پێ بدات؛ زەبوون و ملكەچی كرد. هەر ستەملێكراوێك كە نەتوانێت خۆی لە ستەمەكە ڕزگار بكات ئەوە ڕامكراوە واتە (مسخَّر). (الأقرب)
یعقلون: عقل الغلام یعقل عقلا: دەركی پێ كرد. عقل الشيء عقلا: لێی تێگەیشت و لێی وردبوویەوە. عقل البعیر: نوشتانەوەی قاچی حوشتر و بەستنی بە گوریسێك بە توندی. (الأقرب)
تەفسیر: وە ئێستا خوای گەورە ئەو نیعمەتانە دەژمێرێت كە بێ گیانن. وە بەوپێیەی خوا (عز وجل) لێرەدا جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەو شتانەی گەشە دەدەن بە هێزە عەقڵیەكانی مرۆڤ بۆیە لەناو ئەم نیعمەتانەدا ئەوانەی هەڵبژاردووە كە كاریگەرییەكی تایبەتییان هەیە لە پەرەپێدان و گەشەی ژیری مرۆییدا، وەك نیعمەتی شەو و ڕۆژ و خۆر و مانگ و ئەستێرەكان. گومانی تێدا نیە ئاسن و تەختە و زێڕ و زیو و برۆنز و كانزاكانی تریش سوودیان هەیە بۆ مرۆڤ، بەڵام كاریگەری ڕاستەوخۆیان نیە لەسەر عەقڵی مرۆڤ، بەڵكو بەگشتی سوودیان هەیە بۆی لە خزمەتگوزاریەكانی ژیاندا وەك لە دروستكردنی خانوو یان دەفر و قاپ یاخود چەكدا، بۆیە خوای گەورە لێرەدا باسی ئەم شتانەی نەكردووە.
ڕەنگە لێرەدا بگوترێت: دیاردەی شەو و ڕۆژ لە شتە بێ گیانەكان نین ئیتر بۆچی لەگەڵ شتە بێ گیانەكاندا باسكراون؟
ئەمە ڕاستە، بەڵام هیچ كەسێك نكوڵی لەوە ناكات كە سوودەكانی شەو و ڕۆژ پەیوەستن بە كاریگەری خۆر و مانگ و ئەستێرەكانەوە، چونكە ئەم تەنە ئاسمانیانە تەنها لەڕێگەی دیاردەی شەو و ڕۆژەوە كاریگەریەكانیان دەردەكەون.. واتە بە گەیشتنی تیشكەكانیان پێمان یان پچڕانی تیشكەكانیان لێمان. كەواتە دیاردەی شەو و ڕۆژیش دەچێتە چوارچێوەی كاریگەریی شتە بێ گیانەكانەوە.
ئەگەر گوترا: مادام شەو و ڕۆژ بەڵگەن لەسەر بوونی خۆر و مانگ و هەسارەكانی تر و سوودەكانیان ئیتر چ پێویست دەكات بە جیا باسی ئەم هەسارانە بكرێت؟ وەڵام: گومانی تێدا نیە دیاردەی شەو و ڕۆژ كاریگەری ئەم تەنە ئاسمانیانە ئاشكرا دەكەن بۆمان، بەڵام كاریگەریەكانیان تەنھا لەوەدا كورت نابێتەوە كە تیشكەكانیان دەردەكەون بۆمان كە لەڕێگەی دیاردەی شەو و ڕۆژەوە بەچاوی خۆمان دەیانبینین، بەڵكو خۆر و مانگ و ئەستێرەكانی تر كاریگەری تریشیان هەیە وەك هێزە موگناتیسیەكانیان و هێزی تریش كە زاناكان ڕۆژ بە ڕۆژ دەیاندۆزنەوە، وە ئەو هێزانەیش كە هەرگیز ناتوانن بیاندۆزنەوە (The Heavens V1. P82). كەواتە بە ئاماژەكردن بەو كاریگەریانەی تر كە بەردەوام سوود دەگەیەنن بە عەقڵی مرۆڤ پێویستە ئەم تەنە ئاسمانیانەش باس بكرێن لەپاڵ شەو و ڕۆژدا.
وە پێدەچێت كەسێك بڵێت: كەواتە چ پێویستە باسی شەو و ڕۆژ بكرێت؟ وا شیاو بوو كە قورئان تەنها بە باسكردنی ئەو تەنە ئاسمانیانە وازی بهێنایە.
وەڵام: عەرەب لەو كاتەدا كاریگەری ئەو تەنە ئاسمانیانەیان نەزانیوە مەگەر ئەوانەی بەهۆی شەو و ڕۆژەوە دیار بووە، بگرە تەنانەت ئەمڕۆ تەنها زانا پسپۆڕەكان كاریگەریەكانی تریان دەزانن، بەڵام خەڵكی گشتی هیچ زانیارییەكیان نیە لەبارەیانەوە، بۆیە پێویست بوو لەسەر قورئانی پیرۆز -بۆ خستنەڕووی كاریگەریە زۆرەكانیان و نزیككردنەوەی ماناكە لە عەقڵی قسەبۆكراوەكانی سەرەتا- شەو و ڕۆژیش باس بكات لەگەڵ ئەم تەنە ئاسمانیانەدا.
پێویستە بزانرێت زاناكان لەڕێگەی شیكردنەوەی شەبەنگی خۆرەوە كۆمەڵێك كانزای دیاریكراویان ئاشكراكردووە لەسەر كۆمەڵێك ئەستێرەی دیاریكراو (الموسوعة البریطانیة تحت كلمة Spectroscopy)، ئەمەش مانای ئەوەیە كە تەنە ئاسمانیەكان تەنھا لەڕێگەی تیشكەكانیانەوە كاریگەرییان نیە لەسەرمان بەڵكو لەڕێگەی كاریگەری ئەو كانزایانەیش كە تێیاندا هەن كاریگەرییان هەیە لەسەرمان، چونكە كاریگەریەكانی ئەو كانزایانەیش دادەبەزنە سەر زەوی و كاری خۆیان دەكەن لە هێزەكانی خەڵكی و عەقڵیان.
دیارە مانگ بە چەندین شێواز كاریگەریەكانی ئاشكرا بووە. بۆ نموونە باوەڕێكی باو هەیە لە وڵاتی ئێمەدا كە گیرانی مانگ بەتەواوی كاریگەریەكی خراپی هەیە لەسەر ئەو ئافرەتانەی سكیان پڕە، بۆیە لەكاتی مانگگیراندا لە ماڵەكانی خۆیان دەرناچنە دەرەوە. بەگشتی ئەم باوەڕە بە باوەڕێكی خەیاڵی لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام بەوردی لە بابەتەكەم كۆڵیەوە بۆم دەركەوت پاش مانگگیرانی تەواوەتی ئافرەتانی سكپڕ زۆر بەناڕەحتی مناڵیان دەبێت تەنانەت ژمارەیەكیان دەمرن. دیارە من ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم ئایا بەهۆی ئەوەی سەیری مانگە گیراوەكەیان كردووە تووشی ئەم ئازار و ناڕەحەتیانە بوون یان نا، بەڵام چەندین جار خۆم تاقیمكردووەتەوە هەروەك ڕامگەیاندووە بە كەسانی تریش، ئەوانیش پاش ئەوەی بەچاوی خۆیان شتەكەیان بینیوە قسەكەی منیان پشتڕاست كردووەتەوە. بەڵام ئەستەمە بەدڵنیاییەوە بوترێت ئەم كاریگەریە تەنھا بەهۆی مانگەوە بووە و لە هەموو جارێكدا بینراوە، یان بەهۆی كاریگەری مانگ و ئەستێرەكانی ترەوە بەیەكەوە دروست بووە كاتێك مانگ بەڕادەیەكی دیاریكراو دوور بووە لێیانەوە یان گۆشەیەكی دیاریكراوی دروستكردووە لەگەڵیاندا. دیارە پشكینی ئەم دیاردەیە و دیاریكردنی هۆكارەكانی لەسەر بنەمایەكی زانستی كارێكە تایبەتە بە زاناكانی ئەم بوارە لە فەلەكناس و ئەستێرەناسەكان؛ بەڵام من لێرەدا تەنها شتێك تۆمار دەكەم كە خۆم تێبینیم كردووە لەڕێگەی پشكنینەكانمەوە دەربارەی ئەم بیروباوەڕە خەیاڵیانەی كە باون لەناو خەڵكی گشتیدا.
بەكورتی، ئەم بێگیانانەیش لەڕێگەی تیشكەكانیان و ڕۆشناییەكانیان و هێزە موگناتیسیەكانیانەوە كۆمەڵێك كاریگەری زۆریان هەیە لەسەر گەشەی هێز و بەهرەكانی مرۆڤ، وە هەندێ لەم كاریگەریانە ئاشكران و هەندێكی تریان شاراوەن، وە هەیانە ڕاستەوخۆیە و هەیانە ناڕاستەوخۆیە. مەبەستم لە كاریگەریە ناڕاستەوخۆكانیان ئەوانەیە كە دەكەونە سەر ئەو ڕووەك و ئاژەڵانەی كە مرۆڤ وەك خۆراك بەكاریان دەهێنێت.
وە لە كاریگەریە هەستپێكراوەكانی خۆر و مانگ لەسەر تەندروستی مرۆڤ ئەوەیە كە ڕۆشنایی خۆر لەكاتی ڕۆژدا دەبێتە هۆی نەهێشتنی زۆرێك لە نەخۆشیەكان و جەستە تەندروست و چوست و چالاك دەكات (The Vitamins. P96) بۆیە دەبینن ئەوانەی شەو و ڕۆژ لە شوێنە تاریكەكاندان تەندروستییان تێكدەچێت. هەروەك دەبینین تاریكی شەو كاریگەری لەسەر مێشك و دەمارەكان هەیە و هێوریان دەكاتەوە، بۆیە خەوی شەو زیاتر مایەی حەوانەوەیە لە خەوی ڕۆژ بەتایبەتی كاتی نیوەڕوان كە تێیدا خەوتن نەك هەر مایەی حەوانەوە نیە بەڵكو هەندێ جار دەبێتە هۆی كۆمەڵێك نەخۆشی وەك هەڵامەت و نەخۆشی لەو شێوەیە. بەكورتی ڕۆژ گونجاوە بۆ ئیشكردن و شەو گونجاوە بۆ خەوتن.
هەروەها ڕۆشنایی خۆر كاریگەری زۆر باشی هەیە لەسەر هەندێ سەوزە، لەكاتێكدا ڕووناكی مانگ و ئەستێرەكان لە شەودا كاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر هەندێ سەوزەی تر. بۆ نموونە خەیار لە شەودا زۆر بە خێرایی گەشە دەكات، بەجۆرێك ئەگەر لە پاڵ بێستانی خەیاردا دابنیشیت ئەوا دەنگێك دەبیستی لێیەوە وەك ئەوەی خەیارەكە بجووڵێت لەناو گەڵاكاندا. هەروەك گوڵ هەیە لە مانگەشەودا دەكرێتەوە و گوڵی تر هەیە لە شەوی تاریكدا دەكرێتەوە.
هەموو ئەم شتانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە شەو و ڕۆژ، و ئەم تەنە ئاسمانیانە كاریگەرییەكی تایبەتییان هەیە لە گەشە و پێشكەوتنی خەڵكی زەوی، تەنھا ڕووناكی دابین ناكەن بۆ چاو، یان بەهۆی تاریكیەكەیانەوە مێشك و دەمارەكان هێورناكەنەوە، بەڵكو كۆمەڵێك كاریگەری فراوانی تریان هەیە. وە ئەو كەسەی كە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت لە شەوێكی مانگەشەودا دێتە دەرەوە بۆ پیاسە دەتوانێت خۆی شتەكە تاقیبكاتەوە چۆن لەو كاتەدا هەژانێكی سەیر لە بیروبۆچوونەكاندا دروست دەبێت و هێزی بیركردنەوە تووشی باهۆزێكی توند دەبێت.
وە ئەم تەنە ئاسمانیانە شەو و ڕۆژ یارمەتیدەرن بۆ زانینی ڕێگا؛ بۆیە ئەگەر ڕووناكی خۆر تاریكی شەو بڕەوێنێتەوە و دنیا ڕووناك بكاتەوە و هەموو ڕێگاكانی باكوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئاشكرا بكات و ڕێبواران ڕێگا بەدی بكەن، ئەوا ڕووناكی مانگیش لە شەودا سوودمەند دەبێت وەك خۆر لە ڕۆژدا، هەروەك ئەستێرەكانیش لە شەودا ڕێنمایی ڕێبواران دەكەن؛ بەجۆرێك شوێن و قۆناغەكانیان بەتایبەتی یارمەتی دەریاوانەكان دەدەن بۆ دیاریكردنی ئاراستەی كەشتیەكانیان.
بەكورتی، شەو و ڕۆژ و خۆر و مانگ و ئەستێرەكان هەموویان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە گەشەپێدانی هێزەكانی عەقڵی مرۆڤ و ئاسانكردنی كاروبارەكانی ژیانیدا. سەرەڕای ئەوەی ئەم تەنە ئاسمانیانە بێ گیانن، وە پەیوەندییەكی دووریان هەیە بە مرۆڤەوە، وە هێزی خۆیی گەشەكردنیان شاراوەیە بەجۆرێك ئەستەمە بە چاوی سەر هەڵسەنگێنرێت، بەڵام كاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر گەشەكردنی ڕووەك و ئاژەڵ، هەروەك كاریگەری گرنگی ڕاستەوخۆ دەكەنە سەر گەشەی مرۆڤ، هەروەك كاریگەری ناڕاستەوخۆ دەكەنە سەر گەشەی مرۆڤ لەڕێگەی ڕووەك و ئاژەڵەوە. لەبەرئەوە خوای گەورە پاش خۆراكی ئاژەڵیی و ڕووەكی باسی ئەم خۆراكە شاراوەیەی كردووە كە لە بێگیانەكانەوە دەستماندەكەوێت بەتایبەتی لەم بێگیانە زەبەلاحانەوە كە لە ئاسماندا هەن.
خاڵێكی ورد هەیە شایانی تێبینیكردنە ئەویش ئەوەیە كاتی قسەكردن دەربارەی ئاژەڵ و ڕووەك قورئانی پیرۆز فرمانی (خلق)ی بەكارهێناوە، وە كاتی قسەكردن دەربارەی شەو و ڕۆژ و تەنە ئاسمانیەكان فرمانی (سخر)ی بەكارهێناوە! ئەمەش چونكە مرۆڤ پێیوایە بەتوانا و هێزی خۆی ئەم سوودانە وەردەگرێت لە ئاژەڵ، وە گومانی تێدا نیە ئەم باوەڕەی مرۆڤ باوەڕێكی پووچە، چونكە ئەگەر خوای گەورە ئەم شتانەی دروست نەكردایە ئەوا مرۆڤ سوودی نەدەبینی لێیان؛ بەڵام خوای گەورە فرمانی (خلق)ی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی پێكەوە لەگەڵ ئەم باوەڕەی مرۆڤ و هەڵسوكەوتكردنی لەم شتانەدا بڕوات. بەڵام بەوپێیەی مرۆڤ هیچ ڕۆڵێكی نیە لەو سوودانەی كە لە شەو و ڕۆژ و تەنە ئاسمانیەكانەوە پەیدا دەبن بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی (سخر)، بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت كە هیچ چارەیەكیان نیە جگە لەوەی دان بنێن بەوەدا ئەم شتانە تەنها بە فەرمانی خوای گەورە سوودیان پێ دەگەیەنن، بەجۆرێك مرۆڤ هیچ دەسەڵاتێكی نیە بەسەریاندا.
هەڵبەت خوای گەورە لە كۆتایی ئایەتەكەی پێشوودا فەرمووی ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَتَفَكَّرُونَ﴾، لەكاتێكدا ئەم ئایەتەی بە فەرمایشتی ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَعۡقِلُونَ﴾ كۆتایی پێ هێناوە! ئەمەش چونكە هێزی فیكری یارمەتیدەرە بۆ زانینی شتی نزیك، بەڵام هێزی عەقڵی دیاریكراوە بۆ زانینی شتی دوور، وە بەوپێیەی ئایەتەكانی پێشوو باسی خواردنیان دەكرد كە مرۆڤ كاریگەریەكانی دەزانێت لەسەر خۆی بۆیە فەرموویەتی ﴿لِّقَوۡمٖ يَتَفَكَّرُونَ﴾، بەڵام ئەو شتانەی لەم ئایەتەدا باسكراون كاریگەریەكانیان دەرەكی و دوورن، وە سوودوەرگرتن لێیان بەندە بە بەكارهێنانی عەقڵەوە، بۆیە لێرەدا فەرموویەتی: ﴿لِّقَوۡمٖ يَعۡقِلُونَ﴾.
وَمَا ذَرَأَ لَكُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ مُخۡتَلِفًا أَلۡوَٰنُهُۥٓ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَذَّكَّرُونَ 14
شیكردنەوەی وشەكان:
ذرأ: ذرأ الله الخلق: خوا دروستكراوانی بەدیهێنا. ذرأ الشيء: شتەكەی زۆر كرد. ذرأ الأرض: زەویەكەی چاند. (الأقرب)
ألوان: كۆی وشە “لون”ە، ئەو شتەیە كە شتێك لە شتێكی تر جیادەكاتەوە؛ سیفەت و دیمەنی جەستە وەك سپی و ڕەش و سوور و هتد؛ جۆر. (الأقرب)
تەفسیر: یەكێك لە ماناكانی وشەی “ذرأ” واتە دروستیكرد وەك پێشتر باسكرا، كەواتە ئەم ئایەتە باسی هەموو بوون دەكات لە گردووندا لە ئاژەڵ یان ڕووەك یان بێ گیان.
لەم ئایەتەدا بابەتێكی نوێ دەستپێدەكات بەجۆرێك لێرەدا خوای گەورە باسی جیاوازی ڕەنگەكان و كاریگەریەكانیان و سوودەكانیان دەكات بۆ خەڵكی. وتەی خوای گەورە قورئانی پیرۆز چەندە مەزنە! ئەم وردەكارییانەی حیكمەتی باسكردووە لە سەردەمێكدا كە خەڵكەكەی تەواو بێئاگا بوون لێیان، بەجۆرێك كاریگەری ڕەنگەكان لەسەر بنەمای زانستی دەرنەكەوتبوون مەگەر لەم سەردەمە نوێیەدا، زاناكانی ئەمڕۆ تا ڕادەیەكی زۆر چارەسەری نەخۆشیەكان دەكەن بە بەكارهێنانی تیشكی وەنەوشەیی و سەروو وەنەوشەیی و ئەوانی تر كە دۆزراونەتەوە.
هەڵبەت زانستی كاریگەریی ڕەنگەكان دەرگایەكی نوێی كردەوە لە پزیشكی ڕووەكیدا، وە بە یارمەتی ڕەنگەكان دەستیانكرد بە چارەسەری نەخۆشیەكان، بەجۆرێك دەفری ڕەنگاوڕەنگیان پڕ دەكرد لە ئاوی ئاسایی و لەبەر خۆردا دایان دەنان و ئەم ئاوەیان دەگۆڕی بۆ دەرمان. ئەم چارەسەرە هێشتا لەسەر بنەمای زانستی دانەمەزراوە، بەڵام ناكرێت نكوڵی بكرێت لە هەندێ لە سوودەكانی كە لەڕێگەی ئەزموونەوە چەسپاوە.
هەروەك شتێكی چەسپاوە كە دوو شتی لەیەكچوو لەیەك ڕەگەز دوو كاریگەری جیاواز دروست دەكەن ئەگەر ڕەنگەكانیان جیاواز بوو. بۆ نموونە توو، تووی سپی هەوكردن لە قوڕگدا دروست دەكات، لەكاتێكدا تووی ڕەش زۆر بەسوودە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكی ترسناكی وەك ملەخڕە. هەروەها سەندەڵی ڕەش و سپی جیاوازن لە هێز و سوودیاندا (خزائن الأدویة، ج5، ص92). سەدان شتی تریش بەهەمان شێوەن. وە گومانی تێدا نیە ڕێژەیەكی زۆر شتی تر هەن كە هێشتا زاناكان كاریگەری ڕەنگەكانیان نەدۆزیوەتەوە، لەگەڵ ئەوەدا ئەوەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە جەخت دەكاتەوە لەسەر كاریگەری ڕەنگەكان بەجۆرێك كەس ناتوانێت نكوڵی لێ بكات.
وە لە پزیشكیی نوێیشدا هەندێ نەخۆشی ترسناك بەهۆی ڕەنگە جیاوازەكانەوە چارەسەر دەكەن. بۆ نموونە سەیریانكردووە كە ئەكریفلاڤین (acriflavine)ی زەرد سەركەوتووە لە چارەسەری برینی دەرەكیدا، لەكاتێكدا مێركورۆكڕۆم (mercurochrome)ی سپی زۆر بەسوودە لە چارەسەری برینە ناوەكیەكاندا، وە بەڕەچاوكردنی ڕەنگی ئەكریفلاڤینی زەرد جارێكیان هات بە دڵمدا كە ڕەنگی زەرد كاریگەرییەكی باشی هەیە لە چارەسەری برینەكاندا، ڕەنگە لەبەر ئەوە بوو بێت لە كۆندا بەزۆری زەردەچەوەیان بەكارهێناوە بۆ چارەسەری برین. بۆیە ڕەنگی زەردەچەوەم جیاكردەوە و بردم بۆ پزیشكێك بۆ ئەوەی تاقیبكاتەوە لەسەر نەخۆشەكانی، دوایی پێی گوتم وەكو ئەكریفلاڤینی زەرد وایە لە كاریگەریدا بەڵام هێز و كاراییەكەی كەمترە لەو. ئینجا لەم قسەیەی ئەوەوە بۆم دەركەوت من نەمتوانیوە پاڵفتەی زەردەچەوە دەربهێنم بەو ئەندازەیەی كۆمپانیا ئەڵمانیەكە كە ئەم دەرمانەی دروستكردووە توانیویەتی دەریبهێنێت.
بەكورتی، كاریگەری ڕەنگەكان ڕاستیەكی چەسپاوە، ئەگەرچی ئەم زانستە هێشتا لە قۆناغی گەشە و پێشكەوتندایە. هەڵبەت قورئانی پیرۆز بەمە سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ ئەوەی كە خوا (عز وجل) تەنها تەنە ئاسمانیەكانی نەخستووەتە خزمەتی خەڵكەوە، بەڵكو ڕەنگی شتەكانیشی خستووەتە خزمەتیان، وە بۆ گەشەی جەستەیی ئەوان بەم شێوازە وردانە هۆكاری جۆراوجۆری دروستكردووە، ئیتر خەڵكی چۆن مافی ئەوەیان هەیە پێیان وابێت پێویست ناكات خوای گەورە كۆمەڵێك هۆكاری هاوشێوە بگرە لەوان وردتر و فراوانتر دابین بكات بۆ گەشە و پێشكەوتنی لایەنی ڕۆحییان.
هەروەك خوای گەورە (عز وجل) بە باسكردنی جیاوازی ڕەنگەكان ئاماژەی كردووە بۆ ئەوەی كە دەكرێت یەك شت هاوشێوەی شتێكی تر بێت لە هەمان ڕەگەز، بەڵام لەهەمان كاتدا لە كۆمەڵێك لایەنی ترەوە جیاواز بێت لێی. بۆ نموونە هەموو تاكێكی مرۆیی مرۆڤە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دوو مرۆڤ نیە وەكو یەك وابن لەڕووی شێوە و هێز و تواناوە. بەهەمان شێوە هەموو حوشترێك پێی دەوترێت حوشتر، بەڵام دوو حوشتر نیە وەكو یەك وابن لەڕووی شێوە و تواناوە. درەختەكانیش بەم شێوەیەن، بۆ نموونە درەختەكانی مانگۆ، هەموویان درەختن، بەڵام هەر درەختێكی مانگۆ پێناس و شێوەی خۆی هەیە؛ هەمان شت پیادە دەبێت بەسەر بەرەكانیشیاندا. وەك ئەوەی هەموو تاكێك بەجوانی یەكیگرتووە لەگەڵ ئەو تاكانەی تر كە لەڕەگەزی خۆیەتی و لە هەمان كاتدا تەواو جیاوازە لێیان. وە مرۆڤ تەنھا بەهۆی ئەم جیاوازیە لە ڕەنگ و دیمەن دەتوانێت جیاكاری بكات لەنێوان كەسە نزیكەكانیدا، وەك باوك و دایك و مناڵ و ژن و برا، ئەگەر ئەم جیاوازیە نەبوایە ئەوا ئەستەم بوو جیاكاری بكرێت لەنێوان مرۆڤێك و مرۆڤێكی تردا. كەواتە ئەوە خوایە كە ئەم جیاوازیە زۆرانەی داناوە لەنێوان شتێك و شتێكی تردا. و ئەم جیاوازییانە زۆر وردن، بۆ نموونە ڕەنگی سپی چەندین جۆر و پلەی هەیە بەجۆرێك ناتوانرێت وەسفیان بكرێت، بەهەمان شێوە ڕەنگی ڕەش چەندین جۆر و پلەی هەیە بەجۆرێك ئەستەمە بە زمان باسیان بكرێت، تەنها چاو پەی دەبات بەم جیاوازیە وردانە و جیاكاری دەكات لەنێوان شتێك و شتێكی تردا، بەڵام زمان لەزۆربەی كاتەكاندا دەستەوسانە لە باسكردنیان.
لێرەدا خوا (عز وجل) سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ لایەنی ڕۆحی لەم جیاوازیەدا و فەرموویەتی: ئەم شتانە هەروەك چۆن جیاوازن لە ڕەنگی ڕواڵەتییاندا بەهەمان شێوە جیاوازن لە ڕەنگی ناوەكییاندا؛ وە هەروەك چۆن پێویستیە ماددیەكانی مرۆڤ جۆراوجۆرن بەهەمان شێوە خوا (عز وجل) لەبەرامبەر ئەم پێداویستیانەدا كۆمەڵێك شتی دروستكردووە كە لە ڕەنگ و كاریگەریدا جیاوازن. بۆیە هیچ مرۆڤێك ناتوانێت بەشێوەیەكی تەواوەتی پەی ببات بە پێداویستیە ماددیەكانی مرۆڤ، وە هیچ كەسێكیان ناتوانێت هۆكارەكان بسازێنێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو پێداویستیە مرۆییانە؛ ئەمەش چونكە هەموو تاكێكی مرۆڤ جیاوازە لە تاكێكی تر لەڕووی سروشت و پێداویستیەوە؛ ئەمیان شتی شیرین سوودی پێ دەگەیەنێت و ئەویان شتی ترش سوودمەندە بۆی، ئەم حەزی لە باینجانە و ئەو ڕقی لێیەتی، ئەم بە تامزرۆییەوە مۆز دەخوات و ئەو خۆی بەدوور دەگرێت تەنانەت لە تامكردنیشی، كەواتە سروشتی مرۆڤەكان لەڕووی خووڕەوشت و حەز و پێویستیەوە بەڕادەیەك جیاوازە كە سنووری نیە، وە خوا (سبحانه وتعالى) لەبەرامبەر ئەم حەز و پێویستیانەدا شتانێكی زۆر جیاوازی دروستكردووە بەجۆرێك هەموو مرۆڤێك دەتوانێت لەناو ئەو شتانەدا ئەوە بدۆزێتەوە كە گونجاوە لەگەڵ حەز و سروشت و پێویستیەكانیدا. بەڵام مرۆڤ تەنانەت ناتوانێت لایەنە جیاوازەكان بژمێرێت لە سروشتی مرۆییدا چجای ئەوەی بتوانێت پێداویستی هەموو مرۆڤەكان پڕبكاتەوە بەگوێرەی سروشت و حەز و ئارەزووە جۆراوجۆرەكانیان؛ تەنھا خوا دەتوانێت ئەم كارە بكات، خۆیەتی كە خەڵكی دروستكردووە بە جۆرەها ڕەنگ و سروشت و حەز و ئارەزووەوە، پاشان لەبەرامبەردا شتانێكی دروستكردووە بەجۆرەها ڕەنگ و پێكهاتە بۆ ئەوەی بەهۆیانەوە پێداویستیە جۆراوجۆرەكانیان پڕبكاتەوە. وە بە ڕەچاوكردنی ئەم بابەتە لێرەدا وشەی ﴿أَلۡوَٰنُهُۥ﴾ تەنها بە مانا ئاساییەكەی وەرناگیرێت، بەڵكو مانای جۆر و بەشەكانیش دەگەیەنێت، وە پێشتر لە شیكردنەوەی وشەكاندا ئەم مانایە تۆماركرا.
كەواتە خوا (عز وجل) بەمە سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ ئەوەی كە شتەكانی بە جۆرەها ڕەنگ و پێكهاتە دورستكردووە بۆ ئەوەی بە هۆیانەوە پێداویستیە جۆراوجۆرەكانی ئێوە پڕبكاتەوە لەمەشدا ڕەچاوی حەز و ئارەزووە جۆراوجۆرەكانی ئێوەی كردووە، وە هەرگیز خۆتان نەتاندەتوانی ئەو پێداویستیانەی خۆتان پڕبكەنەوە، ئیتر چۆن پێتان وایە كە مرۆڤ دەتوانێت ڕێنمایی و فێركارییەك دابهێنێت سوودی هەبێت بۆ هەموان وەكو یەك سەرەڕای ئەو جیاوازیەی كە هەیە لە هێزە ڕەوشتیەكانیاندا. نەخێر، تەنھا خوا دەتوانێت پێداویستیە جۆراوجۆرەكانیان پڕبكاتەوە، وە خۆی دروستیكردوون بەم خووڕەوشت و سروشت و حەز و ئارەزووە جۆراوجۆرانەوە، وە خۆی زاناترە بە پێداویستیە جۆراوجۆرەكانیان، بەڵام ئەو بەرنامە و فێركاریەی كە مرۆڤ دایدەهێنێت بەدڵنیاییەوە ملكەچە بۆ هەواو ئارەزووەكانی مرۆڤەكە خۆی، وە ئەگەر كۆمەڵێكیان هەر بەرنامە و یاسایەكیان پێشنیاركرد ئەوا بەدڵنیاییەوە خووڕەوشت و حەز و ئارەزووی خۆیان تێكەڵاوی ئەو بەرنامە و یاسایە دەبێت. وە تەنھا خوا خۆی دەتوانێت ڕێنمایی و فێركارییەك دابەزێنێت ڕەچاوی حەز و ئارەزووی هەموو مرۆڤەكان بكات، وە هەموو داخوازیەكانی فیترەتی مرۆیی جێبەجێ بكات، وە تەنانەت پێداویستیە شاراوەكانیش پڕبكاتەوە. كەواتە دەبێت وەحی دابەزێت بۆ ئەوەی مرۆڤ لەڕووی ڕۆحیەوە بەرەوباڵابچێت، چونكە مرۆڤەكان ناتوانن تەنها بە یارمەتی عەقڵی خۆیان هەموو پێداویستیە ڕۆحیەكانی خۆیان پربكەنەوە، وە ئەگەر ئەو هەوڵەیان دا ئەوا لە بازنەیەكی زۆر سنوورداردا دەبێت و ئەمەش پێداویستیەكانی یەك كەس بەتەواوەتی پڕناكاتەوە، هەروەك چۆن هەندێ پێداویستی هەموان پڕناكاتەوە.
خوا (عز وجل) ئایەتەكەی كۆتایی هێناوە بەم فەرمایشتە: ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَذَّكَّرُونَ﴾ چونكە پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی مرۆڤە جۆراوجۆرەكان پرسێكی تەواو ئەخلاقیە، وە بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەكی پتەوی هەیە بە بیرهێنانەوە و ئامۆژگارییەوە.
وە وشەكانی (یتفكرون، یعقلون و یذكرون) كە لە كۆتایی هەر یەك لەم ئایەتانەدا هاتوون تەنھا ئاماژەناكەن بەو بابەتەی كە لە هەر یەك لەو ئایەتانەدا هاتووە، بەڵكو ئاماژە دەكەن بە هەموو ئەم وشانەی پەیوەندییان هەیە بە ناوەڕۆكی هەموو ئایەتەكان بەیەكەوە، وە بەم ڕیزبەندیە هاتوون بەگوێرەی پلە سروشتیەكانیان. ئەوەتا خوای گەورە سەرەتا باسی بیركردنەوەی كردووە چونكە یەكەم هۆكارە بۆ ئیسڵاحكردن، چونكە كاتێك مرۆڤ حەز لە خێر و چاكە یان حەز لە شەڕ و خراپە دەكات سەرەتا دەست بە بیركردنەوە دەكات؛ وە كاتێك بیری تەواو گەشە دەكات عەقڵ تێیدا لەدایك دەبێت.. بەو مانایە خۆی بەدوور دەگرێت لە ئەنجامدانی كاری خراپ و دەستدەكات بە چاكسازیكردن لە كردەوەكانیدا؛ وە بەدوایدا قۆناغی سێیەم دێت واتە بیرهێنانەوە بەجۆرێك كاتێك خێر و چاكە لە مرۆڤدا ڕەگ دادەكوتێت ئەوسا لە هەموو هەنگاوێكدا ئەركی خۆی بیردەكەوێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە بیرهێنەرەوەیەكی دەرەكی هەبێت سڵی پێبكاتەوە لە تاوان و سەرپێچی، بەڵكو لەخۆوە بیری دەكەوێتەوە و پەند وەردەگرێت، وە هەمیشە دەستدەگرێت بە بنەمای چاكەوە، بەجۆرێك كاری چاكە دەبێت بە سروشتی دووەمی.
وَهُوَ ٱلَّذِي سَخَّرَ ٱلۡبَحۡرَ لِتَأۡكُلُواْ مِنۡهُ لَحۡمٗا طَرِيّٗا وَتَسۡتَخۡرِجُواْ مِنۡهُ حِلۡيَةٗ تَلۡبَسُونَهَا ۖ وَتَرَى ٱلۡفُلۡكَ مَوَاخِرَ فِيهِ وَلِتَبۡتَغُواْ مِن فَضۡلِهِۦ وَلَعَلَّكُمۡ تَشۡكُرُونَ 15
شیكردنەوەی وشەكان:
طریا: تازە.
حِلیة: الحِلیة: ئەوەی بۆ ڕازاندنەوە بەكاردێت لە كانزا داڕێژراوەكان یان بەردە بەنرخەكان، كۆی وشەكە بریتیە لە الحُلِّيّ. (الأقرب)
الفلك: پاپۆڕ، دەكرێت بە نێر (مذكر) و بە مێ (مؤنث). (الأقرب)
مواخر: كۆی وشەی “ماخرة”یە. مخرت السفینة: پاپۆڕەكە ڕۆیشت و ئاوەكەی شەقكرد و دەنگی لێوەهات؛ گوتراوە: بەرەوڕووی بایەكە ڕۆیشت. مخر السابح: مەلەوانەكە بەدەستەكانی ئاوەكەی لادا. الفلك المواخر: ئەو پاپۆڕانەی كە ئاو شەقدەكەن و دەنگیان لێوە دێت. (الأقرب)
تەفسیر: لە ئایەتەكانی پێشوودا دەربارەی نیعمەتەكانی وشكانی قسەكرا یان ئەوانەی كە دەكرێت مرۆڤ لەسەر وشكانی سوودیان لێ ببینێت، بەڵام ئێستا خوا (عز وجل) باسی دەریای كردووە كە ڕامكراوە بۆ مرۆڤ.
لێرەشدا خوای گەورە وشەی ڕامكردنی بەكارهێناوە بۆ دەریا، چونكە مرۆڤ دەسەڵاتی نیە بەسەر دەریادا، بەڵكو تەنھا سوودی لێ دەبینێت.
وە لێرەدا شایانی تێبینیكردنە كاتی قسەكردن دەربارەی ڕامكردنی شەو و ڕۆژ و تەنە ئاسمانیەكان خوا (عز وجل) وشەی ﴿بِأَمۡرِهِۦٓ﴾ زیادكردووە، بەڵام كاتی قسەكردن دەربارەی ڕامكردنی دەریا وشەی ﴿بِأَمۡرِهِۦٓ﴾ زیاد نەكردووە! ئەمە مانای ئەوە نیە كە ڕامكردنی دەریا بە فەرمانی خوا (عز وجل) نیە، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە كە مرۆڤ ناڕەحەت و ماندوو نابێت لە سوودوەرگرتن لە تەنە ئاسمانیەكان، بەم شێوەیە ئەم شتانە بەتەواوەتی بە فەرمانی خوای گەورە ڕامكراون بۆ مرۆڤ، بەڵام سەبارەت بە دەریا مرۆڤ دەبێت هەوڵ و كۆشش بكات هەتا سوود وەربگرێت لە شتەكانی ناوی، وەك ئەوەی پاپۆڕ دروست بكات و تۆڕ دروست بكات بۆ ڕاوكردن، بۆیە خوا لێرەدا نەیفەرمووە ﴿بِأَمۡرِهِۦٓ﴾، ئەگینا هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە هەموو شتێك بە فەرمانی خوای گەورە جێبەجێ دەبێت؟!
دیارە دەریایش هۆكارێكی گەورەیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی مرۆڤ. گەنجینەكان تێیدا دەپارێزرێن كە ئەستەمە بە هیچ شێوازێكی تر بپارێزرێن. بۆ نموونە دەریا ئاو هەڵدەگرێت كە خۆر لەڕێگەی تیشكی خۆیەوە هەڵیدەگرێت بەشێوەی هەڵم. هەروەك دەریاكان سەفەر و گواستنەوەی شتومەك لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر ئاسان دەكەن؛ چونكە سەفەركردن لە دەریادا تا ڕادەیەكی زۆر خەرجی كەمترە لە سەفەركردن لەسەر وشكانی، وە ئەو وڵاتانەی دەكەونە كەناری دەریاكانەوە دەتوانن پێشكەوتنێكی گەورە و خێرا بەدەستبهێنن لە سیاسەت و بازرگانیدا، چونكە دەریا وەكو وشكانی بە ئاسانی ناكەوێتە دەستی دوژمنەوە. كەواتە دەریا هۆكارێكە بۆ پاراستنی ئازادی خەڵكیش.
خوای گەورە بە هێنانەوەی نموونەی دەریا مرۆڤ ئاگاداردەكاتەوە كە دەریایشی دروستكردووە بۆ ئەوەی پێداویستیە زۆرەكانی ئێوە پڕبكاتەوە، بەجۆرێك گۆشتی تازەی ماسیتان پێ دەدات. كەواتە ئەی خەڵكینە ئایا سەیر نیە خوا جۆرەها ئاسانكاری ماددیتان بۆ بكات لە گەشت و سەفەرەكانتان لە دەریا و وشكانیدا، لەكاتێكدا خۆی بێ ئاگا بكات لە ئاسانكردنی گەشتی ڕۆحانیتان؟ ئایا سەیر نیە ئێوە بەوپەڕی ڕووخۆشیەوە ئەو خزمەتگوزاریە ماددیانە وەردەگرن كە خوا (عز وجل) پێتان دەبەخشێت، بەڵام كاتێك خوای گەورە خزمەتگوزاری ڕۆحیتان بۆ دابین دەكات ڕەتی دەكەنەوە و دەڵێن: چ پێویست دەكات خوا هۆكار بسازێنێت بۆ پێشكەوتنی ڕۆحانیمان؟
هەروەك ئەم ئایەتە ئەوەمان بیردەهێنێتەوە كە سەرەڕای ئەوەی ئاو كۆمەڵێك پێداویستی مرۆڤ پڕدەكاتەوە، وە لە زەویدا بەشێوەی دەریا هەیە، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت ئەم ئاوە بەكاربهێنێت بۆ خواردنەوە یان بۆ ئاودانی كشتوكاڵەكەی، بەڵام خوا (عز وجل) لە خودی ئەم ئاوە خۆراكێكی كواڵیتی بەرزی وەك ماسی دابین دەكات بۆ مرۆڤ؛ هەروەك خوای گەورە ئەم ئاوە دەپاڵێوێت بەجۆرێك لەڕێگەی تیشكی خۆرەوە بەرزی دەكاتەوە بۆ كەشی ئاسمان بۆ ئەوەی وەهای لێبكات بەكەڵكی ئەوە بێت مرۆڤ بیخواتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كە تەنھا بوونی ڕاستیەكان لە دنیادا هیچ سوودێكی نیە، بەڵكو ئەو ڕاستیانە تەنھا كاتێك سوودیان دەبێت كە خوا (عز وجل) بیانپاڵێوێت و پاڵفتەیان بكات لەڕێگای وەحییەوە، وە وەهایان لێبكات بەكەڵك بێن بۆ ئەوەی ڕۆحی مرۆڤ بەكاریان بهێنێت.
پاشان خوا (عز وجل) فەرموویەتی: ﴿وَتَسۡتَخۡرِجُواْ مِنۡهُ حِلۡيَةٗ﴾.. واتە لە خودی ئەم ئاوەوە كە بەكەڵكی خواردنەوە نایات مرواری بەرهەم دێت كە وەك خشڵ و ئامرازی ڕازاندنەوە بەكاریدەهێنن؛ هەروەك پاپۆڕ هاتووچۆی تێدا دەكات كە بەهۆیەوە سەفەر و گەشتی ئێوە ئاسان دەبێت و بازرگانیتان گەشە دەكات.
خوای گەورە پێشتر دەربارەی ئاژەڵە ماڵیەكان فەرمووی خۆتان و بارە قورسەكانتان هەڵدەگرن، لێرەشدا كاتی باسكردنی پاپۆڕ ئاماژەی كردووە بۆ هەمان مانا. لەڕاستیدا گواستنەوەی شتومەك لەڕێگەی دەریاوە بە خەرجیەكی كەم ئەنجام دەدرێت بەجۆرێك ئەمە لە وشكانیدا ئەستەمە، لەبەرئەوە دەبینن بازرگانی دانیشتوانی كەناری دەریاكان زیاتر گەشە دەكات.
وَأَلۡقَىٰ فِي ٱلۡأَرۡضِ رَوَٰسِيَ أَن تَمِيدَ بِكُمۡ وَأَنۡهَٰرٗا وَسُبُلٗا لَّعَلَّكُمۡ تَهۡتَدُونَ 16
شیكردنەوەی وشەكان:
ألقی كلمة: ألقاه إلی الأرض: فڕێیدایە سەرزەوی. ألقی إلیه القول وبالقول: قسەكەی پێ ڕاگەیاندا. ألقی المتاع علی الدابة: كەلوپەلەكەی خستەسەر وڵاغەكە. ألقی علیه القول: قسەكەی پێگوت تاكو بینووسێتەوە، وەكو فێركردن وایە. ألقی فیه الشیء: شتەكەی تێدا دانا. ألقی إلیه السمع: گوێ لێ گرت. ألقی إلیه خیرا: لەلایەن خۆیەوە چاكەی لەگەڵدا كرد. (الأقرب)
رواسي: الرواسي: شاخی جێگیر و ڕەگداكوتاو. (الأقرب)
تمید: ماد الشيء: شتەكە جووڵا و لایدا. دەوترێت: مادت به الأرض: سووڕایەوە. ماد السراب: شڵەژا. (الأقرب) مەبەست ئەوەیە كە خوای گەورە لە زەویدا چیاكانی جێگیركردووە بۆ ئەوەی زەوی خەڵكەكەی نەشڵەژێنێت.
تەفسیر: لێرەدا قورئانی پیرۆز فرمانی﴿وَأَلۡقَىٰ﴾ی بەكارهێناوە و بەدوایدا سێ بەركاری ئەم فرمانەی باسكردووە كە بریتین لە رواسي و أنهارا و سبلا. یەكێك لە ماناكانی إلقاء بریتیە لە فڕێدان، ئیتر چۆن دەگونجێت بوترێت ئەم سێ شتە فڕێدراون لەگەڵ ئەوەی شاخ لە ناخی زەویەوە دێتەدرەوە، وە ڕووبار بریتیە لە كەنداڵ كە ئاوی پێدا دەڕوات و لە شوێنێكەوە دەگات بە شوێنێكی تر، وە ڕێگا ئەو شوێنەیە كە خەڵكی بە قاچیان دەیكوتنەوە كاتێك پێیدا دەڕۆن؟
هەندێ كەس لە وەڵامدا گوتوویانە: فرمانی (ألقی) تەنھا پەیوەستە بە شاخەوە، بەڵام بەكارهاتووە بۆ ڕووبار و ڕێگایش بەمانای (جعل، كردی)، مەبەست ئەوەیە خوا (عز وجل) شاخی فڕێداوەتە سەر زەوی و ڕووبار و ڕێگای تێدا دروستكردووە. (فتح البیان)
گومانی تێدا نیە عەرەب هەندێ جار یەك فرمانی بەكارهێناوە بۆ دوو شتی جیاواز لەسەر شێوەی بەشداربوون وەك شاعیر دەڵێت:
قالوا: اقترح شیئا نجد لك طبخه قلت: اطبخوا لي جبة وقمیصا (كلیات أبي البقاء، فصل المیم)
ئەوەتا خانەخوێكە لە پرسیارەكەیدا فرمانی “طبخ”ی بەكارهێناوە بۆ خۆراك، میوانەكەی وەڵامی داوەتەوە هەمان فرمانی بەكارهێناوە بۆ عەبا و كراسیش.
بەڵام گرفتەكە وەكو خۆی دەمێنێتەوە سەبارەت بە فرمانی إلقاء دەربارەی شاخ. ئایا ڕاستە بوترێت خوای گەورە لە درەوەی زەویەوە شاخی فڕێداوەتە سەرزەوی؟ لەگەڵ ئەوەی زانستی جیۆلۆجیا دووپاتی دەكاتەوە كە شاخ لە خودی زەویەوە پەیدا بووە، وە لە درەوەی زەویەوە فڕێنەدراوە بۆ زەوی. (The Text Book of Geology p.11)
لەبەرئەوە بە پێویستی نازانم فرمانی أنهار و سبل بە حەزفكراو لەقەڵەم بدرێت، بەڵكو ﴿أَلۡقَىٰ﴾ بە مانای (جعل) لەقەڵەم دەدەین، بەتایبەتی لەمەدا قورئان پشتگیریمان دەكات بەجۆرێك لە چەندین شوێنی تردا فرمانی (جعل)ی بەكارهێناوە بۆ هەر یەك لە شاخ و ڕووبار و ڕێگا. ئەوەتا خوا (سبحانه وتعالى) دەربارەی ڕووبار فەرموویەتی: ﴿وَجَعَلَ خِلَٰلَهَآ أَنۡهَٰرٗا﴾ (النمل: 62)، وە دەربارەی شاخ فەرموویەتی: ﴿وَجَعَلۡنَا فِيهَا رَوَٰسِيَ﴾ (المرسلات: 28)، وە دەربارەی ڕێگا فەرموویەتی: ﴿وَجَعَلۡنَا فِيهَا فِجَاجٗا﴾ (الأنبیاء: 32).
كەواتە فڕێدانی شاخ بۆ زەوی مانای ئەوە نیە خوا (عز وجل) لە دەرەوەی گۆی زەویەوە شاخی هێنابێت، بەڵكو لێرەدا الإلقاء بەكارهاتووە بۆ ئەوەی مانایەكی تری تایبەت ببەخشێت لەڕووی زمانەوانیەوە یان لەڕووی مەجازیەوە. كاتێك بۆ مانا زمانەوانیەكانی دەگەڕێین -كە لەسەرەوە باسكراون- دەبینین هیچیان لێرەدا پیادە نابن، بۆیە بەناچاری دەبێت بڵێین فرمانی ﴿أَلۡقَىٰ﴾ لێرەدا بە مانای مەجازی هاتووە.
ئەگەر پرسیار بكرێت: ئەو مانا مەجازیە چیە كە خوای گەورە دەیەوێت دەریبخات بە بەكارهێنانی فرمانی ﴿أَلۡقَى﴾ لەجیاتی (جعل) لە هەندێ شوێنی قورئانی پیرۆزدا.. لەوەڵامدا دەڵێم: دیارە مانای ڕاستەقینەی إلقاء بریتیە لە فڕێدانی شت، وە جیاوازی نێوان فڕێدان و دانان ئەوەیە كە ئەو شتەی دادەنرێت دەگاتە شوێنێكی دیاریكراو، بەڵام ئەوەی فڕێدەدرێت لێرە و لەوێ پەرشوبڵاو دەبێتەوە، تەنانەت ئێمە هەندێ جار ئەگەر بمانەوێت گوزارشت بكەین لە زۆری شتێك لە شوێنێكدا دەڵێین: وەك ئەوەی كەسێك ئەو شتەی بڵاوكردبێتەوە، یان ئەو شتە لەوێدا پەرشوبڵاو بووەتەوە. بەڕای من ئەمە ئەو مانایەیە كە خوا ویستوویەتی دەریبخات بە بەكارهێنانی فرمانی ﴿أَلۡقَى﴾.. واتە خوای گەورە شاخ و ڕووبار و ڕێگای دروستكردووە لە هەموو ناوچە و هەموو هەرێم و وڵاتێكدا. لەڕاستیدا هەموو ناوچەیەك لە زەویدا پشكی خۆی بەركەوتووە لە شاخ و ڕووبار و ڕێگا، وە هەموو وڵاتێك لە جیهاندا ئەم نیعمەتانەی پێ دراوە، وەك ئەوەی خوا (عز وجل) ئەم شتانەی بەتەواوەتی پەرشوبڵاو كردبێتەوە، ئەم شتانەیش كەوتبنە هەموو شوێنێكەوە. لەڕاستیدا بە بەكارهێنانی فرمانی (جعل) گوزارشت ناكرێت لەم مانایە بەڵكو تەنھا بە كارهێنانی فرمانی ﴿أَلۡقَى﴾ گوزارشتی لێ دەكرێت.
ئەم مانایە بەڵگەیە لەسەر فراوانی زانیاریەكانی قورئان؛ چونكە كاتێك قورئانی پیرۆز دابەزی بەشێك لە جیهان -مەبەستم كیشوەری ئەمریكا و ئوستورالیا و شوێنی تریش- هێشتا نەدۆزرابوونەوە، هەروەك كۆمەڵێك ناوچەی زۆر لە جیهانی ناسراو نەزانراو یان نیمچە نەزانراو بوون بۆ خەڵكی وەك زۆرێك لە دوورگە و ناوچەكانی ناوەند و خواری و ئەفریقیا. بۆیە ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆز لەو سەردەمەدا بەوەی كە نیعمەتی شاخ و ڕووبار و ڕێگا تایبەت نیە بە وڵاتێكی دیاریكراو یان یەك ناوچە لە جیهاندا، بەڵكو ئەم شتانە دابەشكراون بەسەر هەموو ناوچەیەكی جیهاندا.. بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو كەسەی قورئان دابەزیە سەری ئەم ڕاستیەی نەزانیوە و خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووە. ئەمڕۆ، دوای ئەوەی بەنزیكەیی هەموو شوێنەكانی دنیا دۆزراوەتەوە، ئاشكرا بووە بۆ هەموو جیهان كە ئەم نیعمەتانە لە هەموو كیشوەر و هەرێمەكاندا هەیە و هەموو دنیا ئەم نیعمەتانەی تێدایە.
كەواتە بۆ ئەوەی قورئانی پیرۆز ئەم ڕاستیە نەزانراوە ئاشكرا بكات لێرەدا فرمانی ﴿أَلۡقَى﴾ی بەكارهێناوە بۆ ئەم سێ شتە لە شوێنێكدا، لەكاتێكدا لە چەندین شوێنی تردا فرمانی (جعل)ی بەكارهێناوە بۆیان بۆ دەمكوتكردنی هەندێ كەسی نەفام كە دەكرێت فریوبخۆن بە فرمانی ﴿أَلۡقَى﴾ و بەمەش ڕەخنە بگرن لە قورئانی پیرۆز كە دەڵێت ئەم شتانە لە دەرەوەی گۆی زەویەوە فڕێدراون بۆ سەر زەوی.
دەكرێت لێرەدا پرسیارێكی تر بكرێت ئەویش ئەوەیە وەك زانراوە شاخ و ڕووبار بەهۆی هۆكارە سروشتیەكانەوە دروست بوون، بەڵام ڕێگا خەڵكی دروستی دەكەن، ئیتر بۆچی قورئانی پیرۆز لێرەدا باسی كردووە؟ وەڵام: لێرەدا السبل بەمانای ئەو ڕێگایە نیە كە مرۆڤ دروستی دەكات، چونكە ئەم ڕێگایە لە هەموو شوێنێكدا هەیە تەنانەت لە شارەكانیشدا، بەڵكو لێرەدا تەنھا باسی ئەو ڕێگایانە دەكرێت كە بەهۆی هۆكارە سروشتیەكانەوە دروست بوون واتە بەهۆی شاخ و ڕووبار و دارستانەكانەوە بۆ نموونە؛ وە ئەم جۆرە ڕێگایە عادەتەن زۆرن و مرۆڤ سوودیان لێ وەردەگرێت، بەتایبەتی لە سەردەمی كۆندا.
بۆ نموونە سنووری نێوان هیندستان و ئەفغانستان سەدان میل درێژە، زۆربەی ئەم ڕووبەرە فراوانە ڕێگای تێدا نیە، بەڵكو تەنھا هەندێ ڕێگای تێدایە بە شێوەی ڕێڕەو كە بەگوێرەی سروشتی چیاكان دروستبوون، هەمان شت پیادە دەبێت بەسەر سنووری نێوان هیندستان و چین و بۆرمادا، بەڵكو لە هەموو جیهاندا دۆخەكە بەم جۆرەیە.
دیارە لێدانی ڕێگا لە شارەكاندا بەندە بە ویستی مرۆڤەوە، بەڵام مرۆڤ ئازاد نیە بۆ لێدانی ڕێگا لەنێوان ناوچەیەك و ناوچەیەكی تر و وڵاتێك و وڵاتێكی تر، بەڵكو ئەمە بەندە بە ئاسانكاری سروشتیەوە كە خۆی دەبینێتەوە لە ڕووبار و گوزەری نێوان چیاكان و لێواری دارستانەكان. بۆیە بەردەوام مرۆڤ لە كۆنەوە ڕێڕەوە سروشتیەكانی گرتووەتەبەر، سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕێڕەوانە لەشێوەی ئەو ڕێگایانە نەبوون كە مرۆڤ دروستی كردوون، بەڵكو مرۆڤ پێیاندا ڕۆیشتووە لەبەرئەوەی سروشتێكی ئاسانیان هەبووە. وە هەزاران ساڵە ئەو ڕێڕەوانە خەڵكی پێیاندا دەڕوات. هەڵبەت كاروانە بازرگانیەكان پێیاندا ڕۆیشتوون هەروەك سوپا گەورەكانیش پێیاندا ڕۆیشتوون بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی. بێگومان لێكۆڵینەوە لەو هێرشانەی كە لەلایەن داگیركەرانی بێگانەوە كراونەتە سەر هیندستان دەریدەخات هەموو هێرشەكان لە هەندێ ڕێڕەوی تەنگەبەرەوە كراون كە دەكەونە سنووری باكوورەوە (تاریخ إقلیم السرحد، ص 52). وە كاتێك گەلی ئاری كۆچی كرد بۆ هیندستان بەهۆی ئەم ڕێگا سروشتیانەوە هاتنەناو هیندستانەوە و بڵاوەیان كرد تێیدا كە لە كەناری ڕووبارەكاندا دروستبوون لە ناوچەی پەنجاب پاشان لەمبەر و ئەوبەری هەردوو ڕووباری گانج و جومنە، یان لەڕێگەی ئەو ڕێڕەوانەوە كە دەكەونە چیاكانی هیمالایا و چیاكانی ترەوە، یان ئەو ڕێڕەوانەی كە دەكەونە پاڵ دارستانی كوجەلیەوە. لەكۆندا پێویست بوو ڕێگاكان نیشانەی سروشتییان هەبێت هەتا ڕێبوارەكان بتوانن دووری ڕێگا و ئاراستە دیاری بكەن و خواردن بەدەست بهێنن، بۆیە شتێكی سروشتی بووە كە بەگشتی بە قەدپاڵی شاخەكاندا سەفەر بكەن، یان لە كەناری دارستانەكانەوە، یان لە ڕۆخی ڕووبارەكانەوە؛ بەجۆرێك ئەم شتانە وەك ڕێگایەكی سروشتی وابوون كە دانیشتووانی وڵاتێكیان بەستووەتەوە بە دانیشتووانی وڵاتێكی تر.
كەواتە وشەی ﴿سُبُلٗا﴾ ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێگا سروشتیانە، نەك ئەو ڕێگایانەی كە مرۆڤ دروستیان دەكات لەنێوان شارەكاندا.
ئەمەی لەمەو پێش باسكرا ئەو حیكمەتەیش ڕوون دەكاتەوە كە بۆچی قورئانی پیرۆز ئەم شتانەی بەیەكەوە باسكردووە.
هەروەك دەكرێت مەبەست لە ﴿سُبُلٗا﴾ ئەو دۆڵ و شیوانە بێت كە چەم و ڕووباریان پێدا دەڕوات. ئەگەر خوا (عز وجل) ئەو كەنداڵە تەنگەبەرانەی دروست نەكردایە كە بە چڕی ئاویان پێدا بڕوات ئەوا ئاو هەموو وشكانی دادەپۆشی، وە زەوی بەكەڵك نەدەما بۆ ئەوەی مرۆڤی لەسەر بژی.
پرسیارێكی تر هەیە پێویستە وەڵامی بدرێتەوە ئەویش ئەوەیە: حیكمەت چیە لە باسكردنی ئەم شتانە بە شێوەیەكی جیا لەو نیعمەتانەی لە پێشەوە باسكران؟
وەڵام: خوای گەورە پێشتر بە گشتی باسی نیعمەتە جۆراوجۆرەكانی كردووە، بەڵام ئێستا بە تایبەتی باسی ئەو شتانەی كردووە كە وەكو كۆگایەك وان بۆ نیعمەتەكانی تر. شاخ كۆگای ئاو و دارستان و گژوگیایە، لەكاتێكدا ڕووبار ئاو لە شاخەوە وەردەگرێت و بەدرێژایی ساڵ سوود دەگەیەنێت بە ناوچە جۆراوجۆرەكانی زەوی، وە ڕێگا سروشتیەكان یارمەتی خەڵكی دەدەن بۆ ئەوەی بگەن بەم نیعمەتانە و سوودیان لێ وەربگرن. بۆیە ئەگەر شاخ تەپۆڵكەیەكی گەورە و بەرز بوایە و بەرز و نزمی تێدا نەبوایە ئەوا مرۆڤ نەیدەتوانی بگاتە لوتكەكەی. وە ئەگەر ڕووبار ئاوێكی كراوە و بڵاو بوایە لەسەر ڕووی زەوی ئەوا سوودی نەدەبوو بۆ خەڵكی، بەڵكو تووشی زیانی دەكردن چونكە ئەو زەویانەی دادەپۆشی كە بەكەڵكن بۆ كشتوكاڵ، وە نەیدەهێشت بەسەر زەویدا هاتووچۆ بكەن. كەواتە تەنها ئەو كاتە سوود وەردەگیرێت لە شاخ و ڕووبار كە بەرزی شاخەكان و بڵاوبوونەوەی ڕووبارەكان بە شێوەیەكی دیاریكراو بن، وە ڕێگا لە تەنیشتیاندا هەبن مرۆڤ لە شوێنێكەوە بگەیەنن بە شوێنێكی تر بۆ ئەوەی سوود لەم نیعمەتانە وەربگرن.
پەیوەندی ئەم ئایەتە بە ئایەتەكەی پێش خۆیەوە بەم جۆرەیە:
1- خوا (عز وجل) لەم ئایەتەیشدا ئەو نیعمەتانە دەژمێرێت كە بە مرۆڤی بەخشیون هەروەك لە ئایەتەكانی پێشتر ئەم كارەی كردووە و دەفەرموێت: مادام هەموو ئەم هۆكارانەی دروستكردووە بۆ سوودی لایەنی ماددی ئێوە، ئیتر چۆن چاو دادەخات لە پێداویستیە ڕۆحیەكانتان؟
2- تەگبیر و ڕێگاچارە مرۆییەكان تەنھا پێداویستیەكانی سەردەمێكی دیاریكراو پڕدەكەنەوە، بەڵام خوا خۆی دەتوانێت كۆگای هەتاهەتایی دابین بكات كە داخوازیە نوێیەكان جێبەجێ بكات لە هەر سەردەمێكدا؛ بەجۆرێك هەتا كەی دەكرێت ئەستێر و چاڵاو ئاو بدەن بە خەڵكی؟ بەڵكو ئەوە ڕووباری سروشتیە كە بەدرێژایی ساڵ ئاویان بۆ دابین دەكات، وە ناوچە لەدوای ناوچە ئاودەدات. پاشان ئەوە تەنها شاخە كە پێداویستیەكانی وڵاتان دابین دەكات، وە بەدرێژایی ساڵ هەموو جۆرە گژوگیا و گوڵ و بەری درەخت و داری پێویست دابین دەكات بۆ خەڵكەكانیان كە كۆتایی نایەن. پاشان ئەم ڕێگا سەرەكیانەیە كە وەك پردی پەڕینەوە وایە لەنێوان خەڵكی ناوچەكاندا. بەهەمان شێوە -خوای گەورە دەفەرموێت- ئەی خەڵكینە پێداویستیە ڕۆحیەكانتان ئەوە دەخوازێت كە وەحی ئاسمانی دابەزێت، وە ئەم وەحیە تەنھا پێداویستی توێژێكی دیاریكراو لە ئێوە یان خەڵكی سەردەمێكی دیاریكراو دابین ناكات، بەڵكو داخوازیەكانی هەموو خەڵكی دابین دەكات لە هەموو سەردەمێكدا سەرەڕای جیاوازی سروشت و حەز و ئارەزوو و پێداویستیەكانیان، وە توانایان پێ دەدات ڕێگای ڕۆحانی ببڕن.. واتە ئەو وەحیە دەتوانێت لە سەردەمی پێغەمبەرێكەوە بیانگەیەنێتە سەردەمی پێغەمبەرێكی تر.. یان بەدەربڕینێكی تر وەحی ئەو توانایەی تێدایە كە گەشە بدات بە خەڵكی بەجۆرێك فیترەتی مرۆیی دەتوانێت سەفەر بكات لە ناوچەیەكی ڕۆحیەوە بۆ ناوچەیەكی ڕۆحی تر، واتە ئامادەی دەكات بۆ قەبوڵكردنی فێركاری و ڕێنمایی پێغەمبەری داهاتوو. چونكە چۆن مرۆڤ دەتوانێت بزانێت ڕادەی ئەو پێشكەوتنە چەندە كە عەقڵی مرۆیی بەدەستیدەهێنێت، بۆ نموونە، لە ماوەی دوو سەدەی داهاتوودا هەتا بەگوێرەی ئەوە تەگبیر بكات كە عەقڵی مرۆیی ڕووناك بێتەوە لەو ماوەیەدا؟ تەنها بەڕۆیشتن بەسەر ڕێگای خوادا كە بەردەوام گەشە دەدات بە عەقڵی مرۆیی و لەسەر یەك ڕێگا بەرەو پێشەوەی دەبات دەتوانێت ئەم ماوەیە ببڕێت. لەبەرئەوەی دەبینین فەلسەفە جۆراوجۆرە مرۆییەكان بە بەردەوامی بەرەو پێشەوە ناچن، بەڵكو جارێك بەرەو پێشەوە دەچن پاشان سەدان ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەیەكی كۆن؛ بەڵام ئەو فێركارییانەی خوا (عز وجل) دایدەبەزێنێت بەندەكان لەسەر یەك ڕێگا بەرەو پێشەوە دەبەن بەهۆی پێغەمبەرانەوە، وە ناچاریان ناكات بەرەو دواوە بگەڕێنەوە ئەگەر بۆ یەك جاریش بێت.
وَعَلَٰمَٰتٖ ۚ وَبِٱلنَّجۡمِ هُمۡ يَهۡتَدُونَ 17
تەفسیر: وە وشەی ﴿وَعَلَٰمَٰتٖ﴾یش بەركارە بۆ فرمانی ﴿أَلۡقَى﴾ كە لە ئایەتەكەی پێشوودا هاتووە. وە بەم وشەیە ئاماژەی كردووە بۆ ئەوەی كە گۆی شوێنەكانی زەوی هاوشێوە نین و ڕووكارەكەی تەخت و یەكسان نیە لە هەموو شوێنێكدا، بەڵكو خوا (عز وجل) وەهای لێكردووە كە بەرزایی و نزمایی، دەریا و وشكانی، دارستان و چۆڵەوانی تێدا بێت، وە كۆمەڵێك جیاوازی زۆری تێدایە مرۆڤ دەتوانێت بەهۆیانەوە ڕێگا و ئاراستەی خۆی بزانێت. ئەگەر زەوی هەمووی یەك شێوە بوایە ئەوا مرۆڤ بەدرێژایی ژیانی لە یەك شوێندا دەسووڕایەوە.
ئەمە سەبارەت بە هۆكارە زەمینیەكان كە یارمەتیدەرن بۆ زانینی ڕێگا، بەڵام هۆكارێكی ئاسمانیش هەیە كە یارمەتی ڕێبواران دەدات بۆ زانینی ڕێگا لە تاریكایی شەودا و لە سەختی و ئاڵۆزیەكانی دەریادا ئەویش ئەستێرەكانە.
بەهەمان شێوە خوا (عز وجل) لە گەشتی ڕۆحانیشدا كۆمەڵێك نیشانەی داناوە واتە كۆمەڵێك دروشمی ڕوون و كۆمەڵێك قۆناغی جیای داناوە، كە ڕێبوار دەتوانێت بە بینینیان ئەو ئاراستەیە بزانێت كە ڕووی تێدەكات، وە بزانێت ئایا بەرەوپێش دەڕوات یان بەرەو دواوە یان لایداوە؛ بەهەمان شێوە خوای گەورە بۆ گەشتی ڕۆحانیش ئەستێرەكانی داناوە واتە پێغەمبەران كە ڕێبوار بەهۆی ئەوانەوە ڕێ بەدی دەكات لە گەشتە ڕۆحیەكەیدا. وە بەوپێیەی هەموو پێغەمبەران لە یەك سەرچاوەوە هاتوون بۆیە هەر پێغەمبەرێك یارمەتی گەشتیاران دەدات لە هەموو سەردەمێكدا لە گەشتە ڕۆحیەكەیاندا. وە هەروەك چۆن ئەستێرە بەهۆی جێگا و قۆناغەكەیەوە ڕێنمایی دەكات بۆ بوونی ئەستێرەی تر بەهەمان شێوە هەموو پێغەمبەرێك لە فێركاریەكەی خۆیدا پێشبینی هاتنی پێغەمبەری داهاتوو دەكات، بۆیە بەردەوام ڕێبواران و گەشتیاران باوەڕیان زیاتر دەبێت. هەڵبەت مووسا (عليه السلام) پێشبینی هاتنی ئەو پێغەمبەرەی كردووە كە دوای خۆی هاتووە، وە ئەمیش پێشبینی ئەوەی كردووە كە دوای خۆی دێت و هەروەها؛ وەك ئەوەی ئەستێرەی ڕۆحانی بەردەوام ڕێنمایی بكات بۆ ئەستێرەی دوای خۆی، وە لە كۆتاییدا هەموو ئەم ئەستێرانە ڕێنماییان كرد بۆ خۆری ڕۆحانی واتە موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، ئەمەش ئاسانی كرد بۆ مرۆڤ كە ئەم گەشتە ڕۆحانیە بكات و بگات بە ناوەندی ڕۆحانی.
أَفَمَن يَخۡلُقُ كَمَن لَّا يَخۡلُقُ ۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ 18
تەفسیر: هەندێ كەس گوتوویانە: پێویستبوو لێرەدا بوترێت: ئایا ئەو كەسەی بەدیناهێنێت وەك ئەو كەسە وایە بەدیدەهێنێت، چونكە لەكاتی بەراورددا لاواز پێش بەهێز باسدەكرێت، بۆ نموونە دەوترێت: ئایا مناڵ وەكو پاڵەوان وایە، ناگوترێت: ئایا پاڵەوان وەكو مناڵ وایە؟
ئەم ڕەخنەیە زۆر ڕێی تێدەچوو ئەگەر مەبەستەكە بەراوردكردن بوایە لە هێزدا. زانای گەورە زەمەخشەری لە تەفسیرەكەیدا ئەم ڕەخنەیەی تۆماركردووە، پاشان هەوڵیداوە وەڵامی بداتەوە و گوتوویەتی: “كاتێك جگە لە خوایان وەكو خوا لێكرد لە ناونان بەناویەوە و بەندایەتیكردن بۆی و جیاوازییان نەهێشت لەنێوان ئەوان و خوادا، ئەوە بوو خوایان لە ڕەگەزی دروستكراوان ئەژماركرد و چواندیان پێیان، خوای گەورەیش نكوڵیكرد لە قسەكەیان و فەرمووی: ﴿أَفَمَن يَخۡلُقُ كَمَن لَّا يَخۡلُقُ ۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ﴾” (الكشاف).
بەڕای من ئەم وەڵامە وەك پێویست بەهێز نیە، وە دەكرێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە بەڕەچاوكردنی سیاقی ئایەتەكانی پێشوو، كە بەردەوام جەختی لێدەكەمەوە كاتی باسكردنی بابەتی پەیوەندی نێوان ئایەتەكان. ئەو بابەتەی كە لێرەدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت ئەوەیە: ئایا پێویستیەك لە ئارادا هەیە بۆ ئەوەی خوا (عز وجل) وەحی خۆی دابەزێنێت بۆ بەندەكان؟ هەڵبەت موشریكەكان گوتیان دابەزاندنی وەحی بۆ مرۆڤ پێچەوانەی گەورەیی و شكۆی پەرستراوەكانیانە، بەڵام خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت: شتەكە بەم شێوەیە نیە، بەڵكو لەڕاستیدا پەرستراوە پووچەكانیان هەرگیز ناتوانن وەحی دابەزێنن، چونكە هیچ نیعمەتێكی ماددیان نەداوە بە هیچ كەسێك، وە ناشتوانن هیچ نیعمەتێكی ڕۆحی بدەن بە هیچ كەسێك؛ بەڵام خوای گەورە دەتوانێت وەحی دابەزێنێت، بۆیە هیچ لێكچوونێك نیە لەنێوان خوای گەورە و پەرستراوەكانی ئەواندا. خوای گەورە هەروەك چۆن نیعمەتە دنیاییەكانی پێداون هەر خۆی نیعمەتە ڕۆحیەكانیشتان پێدەدات. كەواتە ئایا دەتانەوێت خوا (عز وجل) پەكی بكەوێت و هیچ توانایەكی نەبێت وەك پەرستراوە پووچەكانی خۆتان؟ نەخێر، ئەو خوایەكی زیندوو و بەهێز و بەتوانایە. مادام هەزارەها هۆكاری دروستكردووە بۆ پێشكەوتنی ماددیتان.. ئیتر چۆن دەكرێت كەمتەرخەمی بكات -وەك پەرستراوەكانی ئێوە- لە ڕێنموونی كردنی بەندەكان بۆ ڕێگای بەرەوباڵاچوونی ڕۆحییان. دیارە پەرستراوەكانی ئێوە بەهۆی مەزنی و شكۆدارییان بەندەكان بێ بەش ناكەن لە وەحی، بەڵكو بەهۆی دەستەوسانی و داماوییانەوە بێ بەشیان دەكەن، بەڵام خوا (عز وجل) دەستەوسان نیە، بۆیە پێشتر و بەردەوام وەحی خۆی دابەزاندووە و دایدەبەزێنێت بۆ سەر بەندەكان. وە ئایەتەكەی دواتر پشتگیری ئەم مانایە دەكات.
وَإِن تَعُدُّواْ نِعۡمَةَ ٱللَّهِ لَا تُحۡصُوهَآ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ لَغَفُورٞ رَّحِيمٞ 19
تەفسیر: واتە چ شتێك ڕێگری دەكات لە خوای گەورە كە نیعمەتی ڕۆحانیش دابەزێنێتە سەر بەندەكان، بۆچی وەك پەرستراوی موشریكەكان بە بێدەنگی دەمێنێتەوە وەكو كەڕولاڵ، مادام بەم ڕێژە زۆرە نیعمەتی ماددی دابەزاندووە بۆ بەندەكان؟
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿إِنَّ ٱللَّهَ لَغَفُورٞ رَّحِيمٞ﴾ .. واتە ئەگەر لەڕێگەی وەحیەوە هیدایەت دانەبەزێنێت ئیتر چۆن لە تاوان و هەڵەی كەسە لاواز و كەمتەرخەمەكان خۆش دەبێت، وە چۆن كەسە لێهاتوو و تێكۆشەرەكان سەربەرز دەكات؟ كەواتە ئەگەر هیدایەتی دانەبەزاندایە ئەوا بە خەتاپۆش و میهرەبان لەقەڵەم نەدەدرا، لەبەر ئەوە كەمتەرخەمی ناكات لە دابەزاندنی هیدایەت و ڕێنموونی.
وَٱللَّهُ يَعۡلَمُ مَا تُسِرُّونَ وَمَا تُعۡلِنُونَ 20
تەفسیر: ئێستا قورئانی پیرۆز بەڵگەیەكی تر دەهێنێتەوە لەسەر ئەوەی كە مرۆڤ یان پەرستراوە پووچەكان ناتوانن ڕێنمایی گونجاو بدەن بە خەڵكی، بەڵكو تەنھا خوا خۆی توانای ئەو كارەی هەیە؛ بۆیە فەرموویەتی: ئەو (عز وجل) ئەو هێزە دیار و نادیارانە دەزانێت كە لە ئێوەدا هەیە، وە ئەو وەسوەسە و گومانانەیش دەزانێت كە لەدڵتاندا دروست دەبێت، چ ئاشكرایان بكەن یان بیانشارنەوە، بۆیە پێویستە هەر خۆی (عز وجل) هیدایەتیشتان بۆ بنێرێت.
وە پێویستە بزانرێت بۆ ڕێنمایی و هیدایەتدانی خەڵكی دەبێت دوو خاڵ هەبێت: یەكەم: زانیاری تەواو سەبارەت بە وردەكاریەكانی سروشتی مرۆیی، بەبێ زانینی تەواوەتی هێز و بەهرەكانی مرۆڤ، ئەوانەی دیارن و ئەوانەی نادیارن، ئەستەمە بەشێوەیەكی ڕاست و دروست مرۆڤ ئاراستە بكرێت، هەروەك ئەستەمە هەموو هێز و تواناكانی گەشەیان پێ بدرێت. دووەم: زانینی ئەو بیروباوەڕ و وەسوەسانەی دێن بە دڵی هەر كەسێكدا، چونكە هەزارەها كەس هەن كە بیروباوەڕ و گومانەكانی خۆیان باس ناكەن بۆ هیچ كەسێك لە ترسی خەڵكی، وە پزیشكیش چۆن دەتوانێت چارەسەری نەخۆش بكات ئەگەر نەخۆشەكە یارمەتی نەدات بۆ زانینی نەخۆشیەكەی. بۆ نموونە لەم سەردەمەدا هەزارەها لەو موسوڵمانە ڕۆشنبیرانە هەن كە لە بنەڕەتەوە وەحی ڕەت دەكەنەوە، ئەگەر پێیان بڵێیت بەردەوامبوونی وەحی ڕاستە ئەوا -لەترسی خەڵكی- بەڕاشكاوی ئەوەت پێ ناڵێن كە لەدڵیاندا هەیە و هەرگیز بە زمان ناڵێن وەحی بە هیچ شێوەیەك بوونی نیە و ئەو كەسەی بانگەشەی وەحی كردووە كەسێكی درۆزن یان فریودەر بووە، بەڵكو لە ڕووبەڕووبوونەوەكە ڕادەكەن و دەڵێن: پاش قورئانی پیرۆز چ پێویستمان بە وەحی هەیە؟ هەروەك ملیۆنەها موسوڵمان هەن كە سەرسامن بە كلتووری نوێ و تەنانەت بەتەواوەتی نكوڵی لە بوونی خوا دەكەن، بەڵام ئەگەر قسەیان لەگەڵدا بكەیت دەربارەی خوا (عز وجل) ئەوا هەرگیز بەڕاشكاوی پێت ناڵێن شتێك نیە بە ناوی خوا، بەڵكو سەرقاڵت دەكەن بە شتی لاوەكی و پێچاوپێچەوە، بۆ نموونە دەڵێن: بەڵێ، داندەنێین بە بوونی خوادا، بەڵام چ پێویست دەكات خوا دەستوەربدات لە كاروباری خەڵك؟ پێویستە لەسەر مرۆڤ دڵی باش بێت، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی پەروەردگار لێی ڕازی بێت. بەم شێوەیە بە پەنابردنیان بۆ ئەم قسە پووچانە كە قسەی سۆفیە درۆزنەكانە ڕادەكەن لە گوێڕایەڵی و پەیڕەوكردنی ئەو فەرمان و قەدەغانەی كە خوا (عز وجل) لەڕێگەی وەحیەوە دایبەزاندوون.. بەبێ ئەوەی بەڕاشكاوی پێت بڵێن -لەترسی خەڵكی- كە لەڕاستیدا نكوڵی لە بوونی زاتی كردگار (سبحانه وتعالى) دەكەن. ئاشكرایە موسڵیحی ئاسایی كە بێ ئاگایە لەم جۆرە گومان و بیروباوەڕە شاراوانە لە دڵەكاندا بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەر شتانێكی تر كە هیچ پەیوەندییان نیە بە نەخۆشیە سەرەكیەكەوە، بەڵكو زمانەكان دەیانڵێنەوە بۆ فریودانی خەڵكی؛ بەڵام ئەو كەسەی ئاگاداری ئەو نەخۆشی و خەوشە شاراوانەیە كە لەناو دڵەكاندا هەن جەخت دەكاتەوە لەسەر پێویستی پاككردنەوەیان لەو نەخۆشیانە، وە گوێنادات بەوەی خەڵكی بە زمانیان دەیڵێن، بەم شێوەیە بەسەركەوتوویی هەڵمەتە چاكسازیەكەی جێبەجێ دەكات. وە بەوپێیەی خوا (عز وجل) هەر خۆی زانایە بەوەی لە دڵەكاندا شاراوەتەوە هەروەك چۆن هەر خۆی ئاگادارە بە هێز و توانا و بەهرەكانی خەڵكی بۆیە هەر خۆی شیاوتر و لەپێشترە بەوەی وەحی دابەزێنێت بۆیان، وە تەنها بەرنامەكەی ئەو سەركەوتن بەدەستدەهێنێت لە هەڵمەتی چاكسازیكردنی خەڵكیدا. وە قورئانی پیرۆز بەڵگەیەكی كردەییە لەسەر ئەم بانگەشەیە؛ چونكە ئەو شتەی تێدایە كە هەموو هێز و توانا مرۆییەكان بەهێز دەكات و پەرەیان پێ دەدات، چ دیار بن یان دیار نەبن؛ هەروەها فێركاریەكەی بەرپەرچی هەموو گومان و وەسوەسەیەك دەداتەوە كە دێت بەدڵی مرۆڤدا، بگرە قورئان بەرپەرچی تەنانەت ئەو وەسوەسانە دەداتەوە كە لە سەردەمی نوێدا دروست دەبن لە دڵەكاندا بەهۆی پێشكەوتنی زانستی و ماددییەوە، ئەگەرچی زۆربەی خەڵكی ئەو وەسوەسە و گومانانە بە ئاشكرا دەرنابڕن لەترسی خەڵكانی تر.
وَٱلَّذِينَ يَدۡعُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِ لَا يَخۡلُقُونَ شَيۡٔٗا وَهُمۡ يُخۡلَقُونَ 21
تەفسیر: لێرەدا دەكرا موشریكەكان بەهۆی كەللـەڕەقی و دەمارگیرییەوە بڵێن: ڕاست نیە كە پەرستراوەكانمان ناتوانن وەحی دابەزێنن؛ ئەوانیش شتە شاراوەكانی ناو دەروون دەزانن و دەتوانن هیدایەتی خەڵكی بدەن ئەگەر بیانەوێت، بەڵام نایانەوێت وەحی دابەزێنن چونكە مرۆڤ پێویستی بە وەحی نیە. وە لەڕاستیدا زۆربەی موشریكەكان زۆر بە پێداگرییەوە دەڵێن پەرستراوەكانیان زانستی غەیب دەزانن (Rig Veda V3 P.170)، بگرە هەندێ سۆفی نەفام و گەمژەی موسوڵمانانیش پێیان وایە پێغەمبەر (ﷺ) غەیبی زانیوە -پەنا بە خوا-. بیرم دێت جارێكیان گفتوگۆم دەكرد لەگەڵ یەكێك لەو سۆفیانەدا، ئەو كاتە من گەنجێك بووم، وە تەڕبووشێكی توركیم لەسەردا بوو كە ڕیشوەی هەبوو، وە ڕیشوەی تەڕبووشەكە بەدەستمەوە بوو. ئەو سۆفیە نەفامە پێی گوتم: پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەزانێت كە ئەم ڕیشوەیە بەدەستەوەیە. بۆیە خوای گەورە بەرپەرچی ئەم جۆرە بتپەرستانە دەداتەوە و دەفەرموێت: زانستی نادیار بۆ كەس ناڕەخسێت جگە لەو كەسەی كە بەدیهێنەرە، چونكە بەدیهێنەری شت هەر خۆی دەزانێت چ هێز و توانا و سیفەتێك لە بەدیهێنراوەكەیدا هەیە، ئەگەر كەسێكی تر هێز و سیفەتەكانی ئەو شتە بزانێت ئەوا ئەویش دەتوانێت ئەو شتە دروست بكات، بەڵام ئەو شتانەی ئەوان كردوویانن بە خوا بەدیهێنەر نین، بەڵكو هەموویان بەدیهێنراون.
ئەم ئایەتە پیرۆزە چەند بەجوانی ئەوەی بەدرۆخستووەتەوە كە كەسێك، هەركەسێك بێت، غەیب بزانێت جگە لە خوا (عز وجل)! بەڵام بەداخەوە بۆ موسوڵمانان كە چەندە سەیرن، بەجۆرێك هەیانە دەڵێت عیسا (عليه السلام) زانستی غەیبی دەزانی و باڵندەی دروست دەكرد، لەگەڵ ئەوەی خوا (عز وجل) لێرەدا بەڕاشكاوی دەفەرموێت لەناو ئەوانەدا كە جگە لە خوا دەپەرسترێن كەسێك نیە بتوانێت هیچ شتێك دروست بكات. وە ئاشكرایە كە عیسا (عليه السلام) یەكێكە لەو پەرستراوە پووچانە كە ملیۆنەها كەس دەیپەرستن.
أَمۡوَٰتٌ غَيۡرُ أَحۡيَآءٖ ۖ وَمَا يَشۡعُرُونَ أَيَّانَ يُبۡعَثُونَ 22
شیكردنەوەی وشەكان:
یشعرون: شعر به شعورا: پێی زانی. شعر لكذا: زانی؛ لێی تێگەیشت، هەستی پێ كرد. (الأقرب)
تەفسیر: واتە ئەو كەسەی كە بەرنامە دادەنێت بۆ خەڵكی دەبێت زیندوو بێت سەرەڕای ئەوەی كە بەدیهێنەرە، بۆ ئەوەی ئەگەر تێكچوونێك ڕوویدا لە دروستكراوەكەیدا دەستبەجێ تێكچوونەكە نەهێڵێت. ئەمە بەڵگەیەكی ترە لەسەر بێبەشبوونی پەرستراوە پووچەكان لە دەسەڵاتی هیدایەتدان و ڕێنمایی، بەجۆرێك خوا (عز وجل) ئەوەی خستەڕوو كە مردن هەموو ئەوانەی گرتووەتەوە كە ئێوە لەجیاتی من دەتانپەرستن، ئیتر چۆن دەكرێت هیدایەتتان بدەن؟ بۆیە ئەگەر ئێستا فەساد و تێكچوون لەناو خەڵكیدا ڕووبدات ئەوا ئەو مردووانە چۆن دەتوانن ئەو فەساد و تێكچوونە نەهێڵن؟
سەیرە زۆرێك لە موسوڵمانان كۆمەڵێك بیروباوەڕیان هەیە كە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم ئایەت ڕاشكاوەدا. بۆ نموونە دەڵێن عیسای كوڕی مەریەم (علیهما السلام) لەژیاندایە، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لێرەدا بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنێت كە هەموو ئەوانەی جگە لە خوا دەپەرستران هەتا سەردەمی دابەزینی قورئانی پیرۆز مردوون؛ وە مەسیحیەكان مەسیحیان (عليه السلام) دەپەرست، كەواتە پێش دابەزینی قورئان مەسیح مردووە بەگوێرەی شایەتیدانی ئەم ئایەتە، چونكە ئەگەر دانبنرێت بە ژیانی عیسادا (عليه السلام) ئەوا پێویستە بوترێت یەكێك نەبووە لەو كەسانەی كە كراون بە پەرستراوی پووچ، بەڵكو -پەنا بەخوا- عیسا خوای ڕاستەقینە بووە!
هەڵبەت خوا (عز وجل) لەم دوو ئایەتەدا بە چوار بەڵگەی بەهێز بیروباوەڕی شیركی پووچەڵ كردووەتەوە كە بریتین لە:
1- ئەو پەرستراوانە ﴿لَا يَخۡلُقُونَ شَيۡٔٗا﴾، لەگەڵ ئەوەی پێویستە خوا بەدیهێنەر بێت؛ چونكە خوایەتی كەماڵی ڕەها پێویست دەكات.
2- ﴿وَهُمۡ يُخۡلَقُونَ﴾، واتە پەرستراوی پووچ پێویستی بە كەسی تر هەیە، ئەمەش ناتەواویە، وە شتی ناتەواو ئەستەمە خوا بێت.
3- ﴿أَمۡوَٰتٌ غَيۡرُ أَحۡيَآءٖ ۖ﴾، واتە پەرستراوە پووچەكان لە ئێستادا هیچ سوود و زیانێكیان نیە، بەڵام خوا پێویستە لە هەموو كات و ساتێكدا سیفەتی سوودگەیاندن و زیانگەیاندی هەبێت.
4- ﴿وَمَا يَشۡعُرُونَ أَيَّانَ يُبۡعَثُونَ﴾، واتە سەرەنجامیشیان بەدەستی خۆیان نیە.
دەكرێت لێرەدا كەسێك بڵێت: بەڵگە چیە لەسەر ئەوەی ئەو پەرستراوە پووچانە زانیارییان نیە كەی زیندوودەكرێنەوە؟ وەڵام: گەورەمان عیسا (عليه السلام) -كە لە هەموو ئەوانە زیاتر دەپەرسترێت كە لە دنیادا جگە لە خوا (عز وجل) دەپەرسترێن- دەربارەی ڕۆژی زیندووبوونەوە دەڵێت: “سەبارەت بەو ڕۆژ و كاتە كەس نایزانێت، نە فریشتەكان كە لە ئاسمانن و نە كوڕەكە، باوك نەبێت. كەواتە ئاگاداربن و ئێشك بگرن و دوعا بكەن چونكە ئێوە نازانن كەی ئەو كاتە دێت.” (ئینجیلی مەرقۆس 13: 32 و 33).
ئەمە بارودۆخی عیسایە (عليه السلام)، ئیتر دەبێت پەرستراوە پووچەكانی تر چۆن بن.
إِلَٰهُكُمۡ إِلَٰهٞ وَٰحِدٞ ۚ فَٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ قُلُوبُهُم مُّنكِرَةٞ وَهُم مُّسۡتَكۡبِرُونَ 23
شیكردنەوەی وشەكان:
منكرة: أنكره: نەیزانی (الأقرب). (بۆ زیاتر شارەزابوون بگەڕێوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 63ی سوورەتی الحجر)
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِلَٰهُكُمۡ إِلَٰهٞ وَٰحِدٞ﴾ بانگەشەیەك نیە بەبێ بەڵگە، چونكە قورئانی پیرۆز لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ كافرەكاندا تەنھا بانگەشە ناخاتە پێش چاویان، چونكە بانگەشە بەبێ بەڵگە هیچ سوودێكی نیە، بەڵكو پەیڕەوی دوو شێواز دەكات: یان ئەوەتا سەرەتا بانگەشەكە دەخاتە پێش چاویان پاشان بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەری، یان سەرەتا بەڵگە دەخاتەڕوو پاشان ئەنجامە لۆژیكیەكە باسدەكات. وە هەریەك لەم دوو شێوازە شێوازێكی سروشتیە و دڵ ئۆقرە دەگرێت پێی، وە هەر یەكەیان زۆر بەسوودە لە شوێنی خۆیدا. لێرەدا قورئانی پیرۆز شێوازی دووەمی پەیڕەوكردووە، بەجۆرێك ئایەتەكانی پێشوو باسی دوو بابەت دەكەن: یەكەم: هەموو ئەو شتانەی لە گەردووندا هەن لە یەك سیستەمدا كاردەكەن، وە هەر شتێك تێیدا بەندە بە شتێكی ترەوە و پشتی پێ دەبەستێت، وە مرۆڤ بریتیە لە ئامانجی دورستبوونی گەردوون. پاشان ڕوونیكردووتەوە كە خۆراكی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە لە ئاژەڵەوە دەستدەكەوێت، وە ئەم ئاژەڵە ڕووەك و گژوگیا دەخوات، وە ڕووەك بە ئاو دەژی و گەشە دەكات، وە مرۆڤیش لەو ئاوە دەخواتەوە هەروەك لەو ڕووەكانەیش دەخوات. وە هەموو ئەو شتانە بەهۆی كاریگەری دیاردەی شەو و ڕۆژ و بەهۆی كاریگەری تەنە ئاسمانیەكان وەك خۆر و مانگ و ئەستێرەكان و هی تریش گەشە دەكەن، هەروەك ئەم شتانە هەموویان پشت دەبەستن بە دەریا كە ئاو تێیدا كۆگاكراوە، ئەو ئاوە دەبێت بە هەڵم بۆ ئەوەی بەشێوەی ئاوی پاك و بێگەرد بگاتە مرۆڤ و ئاژەڵ. وە بۆ ئەوەی دەریاكان وەك خۆیان بمێننەوە خوای گەورە شاخەكانی داناوە كە ئاو كۆدەكەنەوە بەشێوەی بەفر، وەلێیانەوە بە بەردەوامی ئاو دەڕوات بەشێوەی ڕووبار و بە كۆمەڵێك شوێن و ڕێگای دیاریكراودا دەڕۆن بۆ ئەوەی سوود بگەیەنن بە جیهان، پاشان جارێكی تر دەڕژێنە ناو دەریاكانەوە، بەبێ ئەوەی بڵاوببنەوە و ڕووی وشكانی هەمووی داپۆشن، وە وشكانی وەك خۆی بەو شێوەیە كە بەسوودە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بژی لەسەری. هەموو ئەمانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە هەموو شتەكانی ناو گەردوون بەهۆی سیستەمێكی تۆكمەوە گرێدراون بەیەكەوە، وە جیهان كۆمەڵێك شتی پەرشوبڵاو و بێ سەروبەر نیە كە هیچ پەیوەندیی و ڕێكخستنێك نەبێت لەنێوانیاندا، بەڵكو هەموو شتێك لە گەردووندا ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەكی درێژ، ئەگەر ئەڵقەیەك لەو زنجیرەیە بكرێتەوە ئەوا هەموو زنجیرەكە هەڵدەوەشێت و بوونی نامێنێت. بەهەمان شێوە ئەگەر دیاردەیەك لەو دیاردانە نەمێنێت ئەوا هەموو گەردوون تێكدەچێت. بۆ نموونە ئەگەر دەریاكان وشك بن ئاو نامێنێت، وە ئەگەر ڕووبارەكان وشك بن ئەوا دەریاكان نامێنن، ئەگەر دۆڵ و شیوەكان و كەنداڵەكان نەمێنن كە ڕێگەی ڕۆیشتن دابین دەكەن بۆ ئاوی ڕووبارەكان ئەوا ئاو هەموو وشكانی دادەپۆشێت، دواجار سەر ڕووی زەوی بەكەڵكی ژیان نامێنێت. وە ئەگەر شاخ نەبوایە ئەوا بە بەردەوامی زەوی تووشی بوومەلەرزە دەبوو، وە خەڵكەكەی لەناودەچوون، وە ڕووبارەكان وشك دەبوون كە ئاوەكەیان لەو بەفرەوە پەیدادەبێت كە لە لوتكەی چیاكاندا كۆبووەتەوە، چونكە ڕووبارەكان بە یەكجار ئاوەكەیان دەڕژایە ناو دەریاكانەوە ئەمەش دەبووە هۆی دروستبوونی لافاوی دەریایی لەلایەكەوە، وە لەلایەكی ترەوە دەبووە هۆی بێبەش بوونی خەڵكی وشكانی لەو ئاوەی كە بەدرێژایی ساڵ لە وشكانیدا دابەش دەبوو. وە ئەگەر تەنە ئاسمانیەكان نەبوونایە ئەوا زەوی و ئەوەی لەسەر زەویە بێبەش دەبوون لە كاریگەریە سوودبەخشەكانی ئەستێرەكان، وە زەوی وەكو خۆی نەدەمایەوە. وە ئەگەر خۆر نەبوایە ئەوا باران نەدەباری، وە مرۆڤ و ئاژەڵ لە تینوێتیدا دەمردن، وە میوە و سەوزە پێنەدەگەیشتن ئەمەش زیانی بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیاند، بەڵكو هیچ دەرفەتێك نەدەبوو بۆ ئەوەی خۆراكی ئاژەڵیی دەستبكەوێت.
بەكورتی، هەموو ئەو شتانەی لە گەردووندا هەن بەیەكەوە كاردەكەن بۆ خزمەتكردنی مرۆڤ و سوودگەیاندن پێی، وە هەموو شتێك تێیدا پشت دەبەستێت بە شتێكی تر. ئیتر -كە بارودۆخەكە بەم شێوەیە بێت- ئەو باوەڕە چۆن ڕاست دەردەچێت كە دەڵێت زیاتر لە خوایەك بوونی هەیە لە گەردووندا. ئەگەر خوای تر هەن جگە لە خوا (عز وجل) ئەوا شتێكمان پیشان بدەن لە گەردووندا كە ملكەچ نەبێت بۆ ئەم سیستەم و یاسایە هەتا بوترێت فڵان شت بە دەستی بەدیهێنەرێكی تر دروستكراوە. كەواتە بەو پێیەی هەموو ئەو شتانەی لە گەردووندا هەن ملكەچن بۆ یەك سیستەم وەك ئەڵقەكانی زنجیرەیەك بۆیە چار نیە دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە گەردوون بەدەستی یەك خوا بەدیهێنراوە.. مەگەر بوترێت یەك خوا هەرخۆی نەیتوانیوە هەموو گەردوون دروست بكات، چەندین خوا كارەكانیان دابەشكردووە لەنێوان خۆیاندا، هەریەكەیان ئەو كارەی ئەنجامداوە كە پێی سپێردراوە بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی كە پێشتر ڕێككەوتنیان كردووە لەسەری. بەڵام هیچ كەسێك باوەڕی بەمە نیە تەنانەت بێ باوەڕەكانیش، چونكە ئەمە پێچەوانەی ژیرییە، بەجۆرێك ناكرێت كەسێكی ناتەواو خوا بێت. وە ئەم بەڵگەیە مرۆڤ دەگەیەنێتە تەنھا یەك ئەنجام كە ئەویش ئەوەیە: ﴿إِلَٰهُكُمۡ إِلَٰهٞ وَٰحِدٞ﴾.
بابەتی دووەم كە گفتوگۆ كراوە لەبارەیەوە لە ئایەتەكانی پێشوودا ئەوەیە هەر یەكێك لەو شتانەی جگە لە خوای گەورە كراون بە پەرستراو مردوون، بۆیە تەنھا خوای تاك و تەنها هەیە كە لەوە باڵاترە دەستی مردن پێی بگات، كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِلَٰهُكُمۡ إِلَٰهٞ وَٰحِدٞ﴾ ئەنجامێكی لۆژیكیە بۆ ئەوەی پێشتر باسكرا، وە بانگەشەیەكی بێ بەڵگە نیە.
پاشان خوا (عز وجل) فەرموویەتی ﴿فَٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ قُلُوبُهُم مُّنكِرَةٞ وَهُم مُّسۡتَكۡبِرُونَ﴾. پیتی (فاء) لێرەدا بە مانای (واو) هاتووە بەگوێرەی نەریتی عەرەب (بگەڕێوە بۆ فەرهەنگی الأقرب)، وە ئەم ڕستەیە وەڵامێكە بۆ ڕەخنەیەك كە ئەگەری هەیە و ڕەخنەكەیش ئەوەیە: ئەگەر یەكتایی خوا شتێكی بەڵگەنەویستە ئەوا بۆچی خەڵكی ڕەتی دەكەنەوە؟ خوای گەورەیش (عز وجل) فەرموویەتی: نكوڵیكردنیان لە یەكتایی خوای گەورە و تووشبوونیان بە بتپەرستی پشت نابەستێت بە هیچ بەڵگەیەك، سەرچاوەكەی ئەوەیە كە لەڕاستیدا باوەڕیان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن نیە، بۆیە لەكاروباری ئاییندا جددی نین. ئەمەش چونكە پێیان وایە هەرگیز لێپرسینەوەیان لێ ناكرێت لەسەر كردەوەكانیان بۆیە بە ڕاستی و دروستی بیرناكەنەوە لەوەی ئایا كردەوەكانیان چاكە یان خراپ، هەروەك هیچ كێشەیەك نابینین لە دەمارگیری و كەللـەڕەقیدا، دواجار نەزانین و نەفامی زاڵ دەبێت بەسەر دڵیاندا، ئیتر ئەو هەست و هۆشەیان نامێنێت كە ئەو كەسەی هەست دەكات كردەوەكانی بەدڵنیاییەوە ئەنجامی گرنگیان لێ دەكەوێتەوە هەیەتی، بۆیە ئەو كەسانە تەنانەت نكوڵی دەكەن لە شتە بەڵگەنەویستەكان بەبێ ئەوەی گوێ بدەن. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلُوبُهُم مُّنكِرَةٞ﴾ واتە ئەو كەسانە بێ ئاگا و نەفامن، پەی بەوە نابەن كە دژیەكی ئاشكرا هەیە هەیە لەنێوان بیروباوەڕەكانیاندا.
نەخۆشییەكی تر هەیە كە تووشی ئەو نكوڵیكارانە دەبێت -بەهۆی نكوڵیكردنیان لە زیندووبوونەوەی دوای مردن- ئەویش لووتبەرزی و خۆبەزلزانینە، چونكە ئەو كەسەی نكوڵی لە دواڕۆژ دەكات گوێنادات بە سەرەنجامەكان، وە ئەو كەسەی گوێ نەدات بە سەرەنجامەكان و نەترسێت لێیان تووشی لووتبەرزی دەبێت و پێی وا نیە پێویست بێت ڕاستی قەبوڵ بكرێت.
لەڕاستیدا ئایەتەكە باسی دوو جۆر موشریك دەكات: یەكەم: ئەوانەی ﴿قُلُوبُهُم مُّنكِرَةٞ﴾، واتە ئەوانە ئەو كەسانەن كە نەزانین زاڵبووە بەسەریاندا، بۆیە ئەو هەستەیان نیە كە هانیان بدات بۆ ئەوەی بە جددی بیربكەنەوە؛ وە ئەم نەخۆشیەی دڵیان بێ بەشیان دەكات لە باوەڕهێنان. وە جۆری دووەم: ئەوانەن كە ﴿هُم مُّسۡتَكۡبِرُونَ﴾، واتە ئەو كەسانەی كە ئەگەر بەڵگەیان بیست لەسەر یەكتایی خوا (عز وجل) دڵیان باوەڕ بەو بەڵگانە دەكات، بەڵام بە زمان داننانێن بە ڕاستیدا لەبەرئەوەی دەمارگیر و لووتبەرزن؛ چونكە نكوڵیكردنیان لە پاداشت و سزا وەهایان لێدەكات كەمتەرخەم بن و گوێنەدەن، بۆیە پێیان وا نیە نكوڵیكردن لە ڕاستی هیچ كێشە و زیانێكی تێدا بێت.
لَا جَرَمَ أَنَّ ٱللَّهَ يَعۡلَمُ مَا يُسِرُّونَ وَمَا يُعۡلِنُونَ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُحِبُّ ٱلۡمُسۡتَكۡبِرِينَ 24
شیكردنەوەی وشەكان:
لا جرم: جرم یجرم جرما: بڕی. فەڕڕاء گوتوویەتی: ئەمە وشەیەكە لە ئەسڵدا وەكو “لا بدَّ” و”لا محالةَ” وایە، بەم شێوەیە ڕۆیشتووە و زۆر بەكارهاتووە هەتاكو گۆڕاوە بۆ مانای سوێند و وەكو “حَقًّا”ی لێهاتووە، وە لە مانای “بڕین”ەوە وەرگیراوە. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت كە ئەو بەڵگانەی لە سەرەوە باسكران ئاماژە دەكەن بە یەكتایی خواى گەورە و جەختیش لەوە دەكەنەوە كە خوا زانای نادیارە، وە ئەو كەسەی كە نهێنی و ئاشكرایان دەزانێت دەبێت لەسەر كردەوەكانیان پاداشتیان بداتەوە و سزایان بدت؛ بەڵام سزای هەموان نادات وەكو یەك، بەڵكو ئەوانەی لەڕووی نەزانینەوە باوەڕیان نیە بە ڕۆژی زیندووبوونەوە سزایان سووكتر دەبێت لەو كەسانەی دەزانن یەكتایی خوا ڕاستە و لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی كەللـڕەقی و لووتبەرزییەوە نكوڵی دەكەن لێی؛ بۆیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِنَّهُۥ لَا يُحِبُّ ٱلۡمُسۡتَكۡبِرِينَ﴾ ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەی بە ئەنقەست باوەڕناهێنن شایستەی سزایەكی توندتر دەبن.
وَإِذَا قِيلَ لَهُم مَّاذَآ أَنزَلَ رَبُّكُمۡ قَالُوٓاْ أَسَٰطِيرُ ٱلۡأَوَّلِينَ 25
شیكردنەوەی وشەكان:
أساطیر: سطَر الكاتبُ: نووسی. سطَر الرجلَ: پیاوەكەی دا بە زەویدا. سطره بالسیف: بە شمشێر بڕی. الإسطار، والأسطار والأسطور والأسطیر: ئەوەیە كە دەنووسرێت، وە بۆ ئاخاوتنێك بەكاردێت كە هیچ یاسایەكی نەبێت، وە بۆ چیرۆك و داستانیش (بەكاردێت)، كۆی وشەكە بریتیە لە أساطیر. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا جارێكی تر باسەكە گەڕایەوە بۆ بابەتە سەرەكیەكە بەجۆرێك قورئان پێمان ڕادەگەیەنێت كە نكوڵیكارانی یەكتاپەرستی و زیندووبوونەوە كاتێك ئەم بەڵگانە دەبیستن بیریان لێ ناكەنەوە بەڵكو دەڵێن: ئەم پێغەمبەرە چ شتێكی نوێ پێشكەش دەكات؟ ئەو شتە پووچ و بێ نرخانە دەگوازێتەوە كە پێشینان نووسیویانن.
گومانی تێدا نیە وشەی “الأسطور” واتای نووسراو و حیكایەتیش دەگەیەنێت، بەڵام وا باشترە -بەڕەچاوكردنی سیاقەكە- لێرەدا بە مانای نووسراو وەریبگرین، چونكە ئەم سوورەتە بەسەرهاتی پێغەمبەرانمان بۆ ناگێڕێتەوە، بەڵكو باسی هەندێ بەڵگە دەكات؛ كەواتە مانای ئەوەیە دوژمنانی ڕاستی كاتێك ئەم بەڵگانە دەبیستن و دەترسن سوود بگەیەنن بە خەڵكی ئا لەو كاتەدا بەشێوەی گاڵتەپێكردن دەڵێن: لەم وتانەدا شتێكی نوێ نیە، پێشتر پێشینان ئەم جۆرە شتە بێ نرخانەیان باسكردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو خەیاڵە بۆ شوێنكەوتووانی خۆیان دروست بكەن كە؛ ئەوەی ئەم پێغەمبەرە دەیڵێت وتەی خوا نیە، بەڵكو لە نووسراوی پێشینانەوە ئەو شتانەی گواستووەتەوە، و دەڵێن: ئێمە ئەم شتانەمان زانیوە و لە هەڵەی ئەویش دڵنیاین.
لەڕاستیدا دوژمنانی ڕاستی و سەرانی كوفر لە هەموو سەردەمێكدا پەنا دەبەن بۆ ئەم فێڵە پێچاوپێچ و ئاڵۆزە. بۆیە كاتێك بەڵگەی بەهێز دەبیستن لە ئەهلی ڕاستی و دەبینن دەستەوسانن لە بەدرۆخستنەوەی بەڵگەكان هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەكە هەڵدێن و دەڵێن: فڵان كەس لەسەرخۆبە! هیچ شتێكی مەعقولت پێ نیە. دیارە خەڵكی بەردەوام لە كۆنەوە ئەم جۆرە قسە پووچانە دەڵێنەوە. بۆیە بەردەوام ئەو مرۆڤە نەزانانەی شوێن ئەم دوژمنانەی ڕاستی دەكەون بێ ئاگا دەبن لە هێزی بەڵگەكانی شوێنكەوتووانی ڕاستی، دڵخۆشن بەوەی كە ئەوەی پێغەمبەرەكەیان پێیان دەڵێت شتێكی نوێ نیە، بۆیە ئەستەمە لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكرابێت. وەك ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لەلایەن خواوە (عز وجل) دادەبەزێت پێویستە شتانێكی نوێ بن، لەگەڵ ئەوەی واقیع پێچەوانەی ئەمەیە؛ چونكە ئامانج لە دابەزینی وەحی بریتیە لە زیندووكردنەوەی ڕاستیەكانی پێشوو كە دیارنەماون لە جیهاندا. گومانی تێدا نیە وەحی هەندێ زانیاری نوێیش لەخۆدەگرێت بەگوێرەی پێشهاتە نوێیەكانی سەردەم، بەڵام ئەو بنەمایانەی كە هەموو پێغەمبەران بانگەشەیان بۆ دەكەن كۆمەڵێك بنەمای یەكگرتوو و هاوبەشن لەنێوانیاندا، وە ئەو كەسەی دژی ئەو بنەمایانە بێت و بیدعە بهێنێت ئەوە بەدڵنیاییەوە كەسێكی درۆزنە.
لِيَحۡمِلُوٓاْ أَوۡزَارَهُمۡ كَامِلَةٗ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ وَمِنۡ أَوۡزَارِ ٱلَّذِينَ يُضِلُّونَهُم بِغَيۡرِ عِلۡمٍ ۗ أَلَا سَآءَ مَا يَزِرُونَ 26
شیكردنەوەی وشەكان:
أوزار: وزره: هەڵیگرت. لە فەرهەنگی (اللسان)دا هاتووە: هەڵگرتنی شتی قورس كە گرانە لەسەر پشتی. الوزر: چەك چونكە قورسە بۆ ئەو كەسەی هەڵیدەگرێت؛ باری قورس، كۆی وشەكە بریتیە لە أوزار. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: گومانی تێدا نیە دوژمنانی ڕاستی سەركەوتوو دەبن لەوەی بە قسەكانیان خەڵكی گشتی بخەڵەتێنن، بەڵام بەمە سەرەنجامی خۆیان خراپتر دەكەن، چونكە لەسەر گومڕاكردنی كەسانی تریش سزادەدرێن سەرەڕای سزای تاوانەكانی خۆیان.
پێویستە بزانرێت كە پیتی لام لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لِيَحۡمِلُوٓاْ﴾ بریتیە لە لامی ئەنجام واتە بۆ خستنەڕووی ئەنجامە، مەبەست ئەوەیە سزای دووچەندانەیان ئەنجامێكە بۆ ئەو فریودانەی كە پەنایان بۆی دەبرد.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿بِغَيۡرِ عِلۡمٍ﴾ پەیوەستە بە ڕاناوی (هم)ەوە لە فەرمایشتی ﴿يُضِلُّونَهُم﴾، مانای ئەوەیە سەرانی كوفر بە قسەكانیان شوێنكەوتووانیان گومڕا دەكەن كە زانیارییان نیە.. واتە شوێنكەوتووانیان نەزانن. مەبەستەكە ئەوە نیە كە سەرانی كوفر بەهۆی نەزانینیانەوە كەسانی تر گومڕا دەكەن، چونكە ئایەتەكانی پێشوو ڕایانگەیاند كە تەنھا بەهۆی دەمارگیری و فەسادەوە گومڕایان دەكەن.
وە دەكرێت وشەی ﴿كَامِلَةٗ﴾، بە دوو شێوە تەفسیر بكرێت: یەكەم: وایدابنێین پەیوەستە بە ڕۆژی قیامەتەوە، بەمەش مانای ئایەتەكە بریتیە لەوەی كە ئەو كەسانە سزای هەندێ لە كردەوەكانیان وەردەگرن لە دنیادا، بەڵام لە قیامەتدا بەتەواوەتی سزای كردەوەكانیان وەردەگرن. دووەم: دەكرێت پەیوەست بێت بە فرمانی ﴿لِيَحۡمِلُوٓاْ﴾ەوە، ئەوسا مانای ئایەتەكە ئەوە دەبێت كە ئەوان باری گرانی كردەوەكانی خۆیان بەتەواوەتی هەڵدەگرن بەبێ ئەوەی هیچ ناتەواوییەكی هەبێت، چونكە باوەڕدار لە دنیادا داوای لێخۆشبوون لە خوا دەكات خوای گەورەیش لێی خۆش دەبێت و باری قورسی سووك دەكات، بەڵام ئەو كەسە لووتبەرزانە بەهۆی كەللـەڕەقیەوە سوورن لەسەر ئەنجامدانی تاوان، بۆیە هیچ لە تاوانەكانیان كەم نابێتەوە، لەبەرئەوە بەتەواوەتی باری تاوانەكانی خۆیان هەڵدەگرن.
قَدۡ مَكَرَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ فَأَتَى ٱللَّهُ بُنۡيَٰنَهُم مِّنَ ٱلۡقَوَاعِدِ فَخَرَّ عَلَيۡهِمُ ٱلسَّقۡفُ مِن فَوۡقِهِمۡ وَأَتَىٰهُمُ ٱلۡعَذَابُ مِنۡ حَيۡثُ لَا يَشۡعُرُونَ 27
شیكردنەوەی وشەكان:
مكر: مكره: خەڵەتاندی. مكر الله فلانا: سزای دا لەسەر فێڵەكەی. گوتراوە: مەكر واتە ڕوو وەرگێڕانی مرۆڤ لە مەبەستەكەی لەڕێگەی فێڵەوە، مەكر دوو جۆرە: پەسەند مەبەست پێی خێرە، ناپەسەند مەبەست پێی شەڕ و خراپەیە. (الأقرب)
فأتی الله بنیانھم: أتاه: هات بۆ لای. أتی الأمر: كارەكەی كرد. أتی المكان: هات بۆ شوێنەكە. أتی علی الشيء: تەواوی كرد و كۆتایی پێ هێنا. أتی علیه الدهر: ڕۆژگار لەناوی برد. (الأقرب)
خرَّ: كەوتنێك كە هاڕەی بێت. خر الحجر: بەردەكە هاڕەی كرد. (الأقرب)
القواعد: قواعد البیت: بناغەی خانوو. (الأقرب)
تەفسیر: خوا (عز وجل) دەفەرموێت: هاندانی خەڵكی گشتی دژی موحەممەد (ﷺ) بەهۆی چەواشەكردن و شاردنەوەی هەواڵ و بانگەشەكەی كارێكی تازە بابەت نیە لەلایەن ئەو كافرانەوە؛ چونكە بەردەوام ئەمە نەریتی دوژمنانی ڕاستی بووە دژی هەموو پێغەمبەرێك لە هەموو سەردەمێكدا، بەڵام هەرگیز فێڵ و پیلانەكانیان سەركەوتوو نەبووە بەڵكو شكاوەتەوە بەسەر خۆیاندا.
ئەم ڕاگەیاندنە چەند ورد و جوانە! قورئانی پیرۆز پێشتر ڕەخنەی كافرەكانی تۆمار كرد كە دەیانگوت موحەممەد هیچ شتێكی نوێی نەهێناوە، بەڵكو هەر شتێك دەڵێت لە پێشینانەوە وەریگرتووە، خوای گەورەیش بە هەمان شێواز وەڵامی داونەتەوە و فەرموویەتی: ڕاستە زۆرێك لەو شتانەی ئەم پێغەمبەرە دەیڵێت هەمان ئەو شتانەیە كە پێغەمبەرانی پێشوو گوتوویانە، وە ئێوە پێتان وایە لەم قسانەدا لاسایی ئەوان دەكاتەوە، بەڵام ئایا بیرتان لەوە نەكردووەتەوە ئێوەیش لاسایی دوژمنانی پێغەمبەرانی پێشوو دەكەنەوە بەجۆرێك هەمان خراپە و فێڵ ئەنجام دەدەن لە دژی كە ئەو كەسانە ئەنجامیان داوە دژی پێغەمبەرەكانیان. بۆیە ئەگەر وەحیەكەی لاساییكردنەوەی پێغەمبەرانی پێشوو بێت ئەوا لاساییكردنەوەیەكی پەسەندە، بەڵام لاساییكردنەوەكەی ئێوە ناپەسەندە، چونكە لاساییكردنەوەی كەسانی بەدكارە. بۆیە ئەستەمە بەم بیانووەش بتوانن ڕابكەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵوێستەكە، چونكە پێغەمبەرەكەمان لاسایی ئەو كەسانە دەكاتەوە كە لە كۆتاییدا سەركەوتوو بوون و گەیشتن بە ئامانجی خۆیان، بەڵام ئێوە لاسایی كەسانێك دەكەنەوە كە سەرەنجامیان لەناوچوون بوو، كەواتە گومانی تێدا نیە ئێوە لە هەموو بارودۆخێكدا خەسارەتمەند و دۆڕاون. دیارە دوژمنانی ڕاستی لەڕابردوویشدا -وەكو ئێوە- خەڵكی گشتییان كۆكردەوە و هانیاندان دژی پێغەمبەرانیان، وە گوتیان ئەو شتەی كە ئەوان دەیڵێن لاساییكردنەوەی كەسانی پێش خۆیانە، ئایا بەهۆی فێڵ و پیلانەكانیانەوە توانییان ڕێگە بگرن لە بڵاوبوونەوەی ڕێنمایی و فێركاریەكانی پێغەمبەرەكانیان؟ ئایا سەركەوتوو بوون لە لەناوبردن و تەفروتووناكردنیاندا؟ نەخێر، بەڵكو خۆیان تیاچوون. پاشان وەسفی ئەو سزایەی كردووە كە دوژمانی ڕاستی لەناوبرد و فەرموویەتی: ﴿فَأَتَى ٱللَّهُ بُنۡيَٰنَهُم مِّنَ ٱلۡقَوَاعِدِ فَخَرَّ عَلَيۡهِمُ ٱلسَّقۡفُ﴾.. واتە خوای گەورە سزایەكی دابەزاندە سەریان كە لە بناغەوە خانووەكانیانی هەڵتەكاند، بەمەش دیوار و سەقفی خانووەكان ڕووخان.. مەبەست ئەوەیە هەموویان -بەسەركردە و شوێنكەوتەوە- هەموویان تیاچوون، كەواتە دیوارەكان واتە شوێنكەوتەكان كە پشتیان بە گەورەكان دەبەست دەمەوڕوو كەوتن واتە كەوتن بەسەر گەورەكانیاندا هەروەك بوونە هۆی تیاچوونیشیان. كەواتە ئەی دوژمنانی موحەممەد ئێوەیش بایهەوا مەبن بەو دەسەڵات و هێزەی هەتانە بەسەر خەڵكی گشتیدا، چونكە كاتێك سزای خوا (عز وجل) دێت هەرگیز هێز و دەسەڵاتتان هیچ سوودێكی نابێت، بەڵكو سیستەم و ڕژێمەكەتان تەفروتوونا دەبێت، وە سەرگەورە لەگەڵ شوێنكەوتەدا دەكەون، بەڵكو شوێنكەوتەكان دەبنە هۆی تیاچوونی سەرگەورەكان.
پاشان خوای گەورە ڕایگەیاندووە هەمیشە سزا لەناكاو بەشێوەیەكی دەراسا تووشی كافرەكان بووە، تەنانەت سەرانی كوفریش هەستیان بە هاتنی نەكردووە مەگەر پاش ئەوەی هەڵیكوتاوەتە سەریان، چونكە بەشێوازێك سزاكە تووشیان بووە كە بەمێشكیاندا نەهاتووە.
پێویستە بزانرێت دەربڕینی “إتیان الله الكفار” لە قورئانی پیرۆزدا هەمیشە مانای دابەزینی سزای خوا دەگەیەنێت بۆ سەر كافرەكان. بەڵام بەهائیەكان لەم دەربڕینە قورئانیە و هاوشێوەكانیەوە هەڵێنجانێكی هەڵە دەكەن بەجۆرێك دەڵێن: قورئان جەختی كردووتەوە كە لەداهاتوودا خوا خۆی دێت، ئەوەتا ئێستا لە كەسێتی “بەهاء”دا خوا دەركەوتووە. بەڵام لەڕاستیدا ئەم تەفسیرە بەهائیە تەواو پێچەوانەی ناوەڕۆكی قورئانی پیرۆزە وەك لەم ئایەتەوە زۆر بەڕوونی دیارە. تەنھا بە یەك شێوە تەفسیرەكەیان پەسەندە، ئەویش ئەگەر “بەهاء” بە سزا لەقەڵەم بدەین بۆ خەڵكی ئەم سەردەمە. وە ئێمە ڕەخنە لەوە ناگرین كە “بەهاء” بە درەوشانەوەی تووڕەبوونی خوای گەورە لەقەڵەم بدرێت؛ چونكە خوا (عز وجل) سزای ئەو كەسانە دەدات كە بێ ئاگان لە ئایینەكەی بە شتێك كە بێ ئاگایی و كوێربوونەكەیان زیاتر بكات.
وە بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئوممەتەكانی پێشوو خوا (عز وجل) هۆشداری داوە بە خەڵكی مەككە كە سیستەمەكەیان لەناوەوە كلۆر بووە و داخوراوە، وە هێندەی نەماوە لەخۆوە هەرەس بهێنێت؛ ئیتر لەكوێ دەتوانن ئەو سیستەمە كاول بكەن كە موحەممەد (ﷺ) هێناویەتی؛ نەخێر، بەڵكو خانووەكانی خۆیان بە بەرچاویانەوە بەدیوار و سەقفەوە دەڕووخێت. وە ئەو كەسانەی شارەزای مێژوون دەزانن مەككەییەكان لەڕواڵەتدا سەركەوتوو بوون هەتا ڕۆژێك پێش ئازادكردنی مەككە، بەڵام لەناكاو هەلومەرجەكە هەڵگەڕایەوە و خانووەكەیان بەتەواوەتی ڕووخا بەسەر زەویدا.
ثُمَّ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ يُخۡزِيهِمۡ وَيَقُولُ أَيۡنَ شُرَكَآءِيَ ٱلَّذِينَ كُنتُمۡ تُشَٰٓقُّونَ فِيهِمۡ ۚ قَالَ ٱلَّذِينَ أُوتُواْ ٱلۡعِلۡمَ إِنَّ ٱلۡخِزۡيَ ٱلۡيَوۡمَ وَٱلسُّوٓءَ عَلَى ٱلۡكَٰفِرِينَ 28
شیكردنەوەی وشەكان:
ثم: ئامرازی پەیوەندیە، مانای ڕیزبەندی و دواخستنی ماوە دەگەیەنێت، دەكرێت پیتی “تاء” بچێتەسەری وەك گوتوویانە:
ولقد أمرُّ على اللئيم يسبّني … فمضيتُ ثُمّتَ قلتُ لا يعنيني (الأقرب)
یوم: ڕۆژ لە بەرەبەیانەوە هەتا ئاوابوونی خۆر، كات بە ڕەهایی. (الأقرب)
یخزي: أخزاه: تووشی ڕسوایی كرد یان سووكی كرد. أخزی الله فلانا: خوا فڵان كەسی سەرشۆڕ كرد. الخزي: سووكایەتی، سزا، دووری، پەشیمانی، ئەصڵی وشەی الخزي بریتیە لە: زەبوونییەك كە شەرمی لێ دەكرێت. (الأقرب)
تشاقون: شاقه: دژایەتی كرد و پێچەوانەی بوو. (الأقرب)
تەفسیر: هەندێ كات مرۆڤ تووشی بەڵایەك دەبێت زیانی لێ دەدات، بەڵام بەهۆیەوە تووشی سووكایەتی یان شەرمەزاری نابێت، وە هەندێ جار تووشی كارەساتێك دەبێت لەناوی نابات بەڵام تووشی ڕسوایی و سەرشۆڕیی دەكات. خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە دوژمنانی پێغەمبەرەكەمان تووشی سزایەك دەكەین كە ڕسوایان بكات و لەناویشیان ببات.
ٱلَّذِينَ تَتَوَفَّىٰهُمُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ ظَالِمِيٓ أَنفُسِهِمۡ ۖ فَأَلۡقَوُاْ ٱلسَّلَمَ مَا كُنَّا نَعۡمَلُ مِن سُوٓءِۢ ۚ بَلَىٰٓ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمُۢ بِمَا كُنتُمۡ تَعۡمَلُونَ 29
شیكردنەوەی وشەكان:
ٱلسَّلَمَ: سڵاوكردن، تەسلیمبوون. (الأقرب)
بَلی: وەڵامێكە بۆ هاتنەدی، چونكە ڕەتكردنەوەی شتێكە كە نەرێ بێت، ئەگەر بە كەسێكت گوت: ئایا كتێبەكە لای تۆ نیە؟ ئەویش گوتی: “بَلی = با” واتە كتێبەكە لای ئەوە. بەڵام ئەگەر لە وەڵامدا گوتی: “نعم = بەڵێ” ئەوا كتێبەكەی لای ئەو نیە. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا خوا بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە ئەم سزایە تەنها تووشی ئەو كافرانە دەبێت كە سوورن لەسەر كوفر هەتا مردن، بەجۆرێك بە فەرمایشتی ﴿ظَالِمِيٓ أَنفُسِهِمۡ﴾ ڕوونیكردووەتەوە ئەو كەسانە تەمەنی خۆیان لەناودەبەن لەدۆخێكدا ستەمیان لەخۆیان كردووە و پێیان وایە پێغەمبەران ئازاردەدەن، وەكو ئەو دڕندەیە وان كە بەردەوام بەرد دەلێسێتەوە هەتا زمانی بریندار دەبێت، وە پێی وایە چێژی ئەو خوێنەی دێت لە زمانی بریتیە لە تامی بەردەكە، بۆیە بەردەوام دەیلێسێتەوە هەتا هەموو زمانی لەدەستدەدات.
وشەی السلم واتە ئاشتەوایی، چونكە دەبێتە هۆی سەلامەتی هەردوو لایەنەكە لە شەڕ و خراپەی یەكتری. وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَأَلۡقَوُاْ ٱلسَّلَمَ﴾ ئەوەیە كاتێك سزاكە دەبینن هەرگیز ڕێگایەكیان دەستناكەوێت بۆ دەربازبوون، بۆیە داوای سوڵح و ئاشتەوایی دەكەن.
وە قسەی كافرەكان ﴿مَا كُنَّا نَعۡمَلُ مِن سُوٓءِۢ ۚ﴾ بەڕای من مانای ئەوە نیە كە داننانێن بەوەدا تووشی شیرك بوون، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كاتی بینینی سزاكە هەرگیز ناتوانن نكوڵی بكەن لەوەی بتەكانی خۆیان پەرستووە، بۆیە پاساو دەهێننەوە بۆ بتپەرستیەكەیان و دەڵێن: بەنیازی خراپەوە ئەم كارەمان نەكردووە بەڵكو بە نیازێكی چاكەوە كردوومانە. لە دنیادا ئەمەیش دەبینین، كاتێك موشریكەكان دەستەوسانن لە وەڵامدانەوەی بەڵگەكانی یەكتاپەرستان، دەڵێن: سوژدە نابەین بۆ بت و شتی تر بەوپێیەی پەرستراو بن، بەڵكو ئەو كارەدەكەین تەنها بۆ ئەوەی تێڕوانین و بیركردنەوەمان چڕبكەینەوە، ئەگینا ئێمە تەنھا خوا دەپەرستین! خوای گەورەیش بەرپەرچیان دەداتەوە و دەفەرموێت: ﴿بَلَىٰٓ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمُۢ بِمَا كُنتُمۡ تَعۡمَلُونَ﴾ .. واتە ئەم قسەیەتان تەنها پاساوێكی پووچ و بێ نرخە، چونكە ئێمە دەزانین بە چ نیازێكەوە خواوەندە پووچەكانی خۆتان پەرستووە، بەڵكو ئێوە موشریكن، چونكە ئەگەر بە نیازی پاكەوە سۆراغی خوای گەورەتان بكردایە ئەوا پەناتان نەدەبرد بۆ ئەم شێوازە ساختانە.
دەكرێت مەبەست لە قسەكەیان: ﴿مَا كُنَّا نَعۡمَلُ مِن سُوٓءِۢ ۚ﴾ ئەوە بێت ئێمە هەموو زیرەكی و بیروهۆشی خۆمان خستەگەڕ، وە كارێكمان كردووە چونكە پێمان وا بووە كارێكی ڕاستە؛ خوایش (عز وجل) بەرپەرچیان دەداتەوە و دەفەرموێت: ئێوە درۆدەكەن. چونكە ئەگەر لەڕاستیدا نیازتان پاك بوایە لە كردەوەكانتاندا ئەوا ئێمە ڕێنماییمان دەكردن بەگوێرەی ئەم سوننەتە بەردەوامەی خۆمان: ﴿وَٱلَّذِينَ جَٰهَدُواْ فِينَا لَنَهۡدِيَنَّهُمۡ سُبُلَنَاۚ﴾ (العنكبوت: 70). بۆیە ئەگەر بە نیازی پاكەوە بگەڕانایە بۆ ئێمە ئەوا ڕێگایەكی هەڵەتان نەدەگرتەبەر، بەڵكو ئێمە خۆمان ڕێنماییمان دەكردن بۆ ڕێگای ڕاستی خۆمان. بۆیە ئەستەمە ڕزگارتان بێت لە سزا بە خستنەڕووی ئەم پاساوە بێ مانایە.
فَٱدۡخُلُوٓاْ أَبۡوَٰبَ جَهَنَّمَ خَٰلِدِينَ فِيهَا ۖ فَلَبِئۡسَ مَثۡوَى ٱلۡمُتَكَبِّرِينَ 30
شیكردنەوەی وشەكان:
جهنم: خانەی سزادان دوای مردن. بۆ زیاتر شارەزابوون بگەڕێرەوە بۆ تەفسیری ئایەتی ژمارە 19 لە سوورەتی الرعد.
بِئْسَ: وشەیەكە بۆ سەرزەنشت بەكاردێت، تەنها فرمانی ڕابردووی هەیە، شێوگی ڕانەبردوو و داخوازی نیە واتە جامده، “بِئْسَ” وشەیەکە گۆڕدراوە لە “بَؤُسَ الرجلُ” واتە “پیاوەکە تووشی نەهامەتی بوو”، بكەری ڕاستەقینەی ئەم وشەیە ئەوەیە کە (لام الجنس)ی لەگەڵدا بێت یان بكەرەكە (المضاف) بێت بۆ وشەیەك كە بە “لام” ناسێنرا بێت. هەندێ جاریش بكەرەکە شاراوە دەبێت و بە (نکرة منصوبة على التمييز) یان بە “ما”ی نەکیرە ڕووندەکرێتەوە، بۆ نموونە: “بئسَ رجلاً زيدٌ”، و “بئسَ ما زيدٌ”.
مثوی: الثواء والمثوی: نیشتەجێ بوون لەگەڵ جێگیربوون (المفردات)، المثوی: خانوو. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە لەم ئایەتەیشدا جەختی كردووەتەوە لەسەر هەمان بابەتی پێشوو كە مرۆڤی خۆبەزلزان -واتە ئەو كەسەی كە بەهۆی نیازی خراپیەوە سوورە لەسەر ڕەتكردنەوەی ڕاستی پاش زانینی ڕاستیەكە و دەڵێت: چۆن دەكرێت من بچوك ببمەوە بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە- دەبێت سزاكەی توندتر بێت لەو كەسەی كە بەهۆی بێ ئاگایی و سستی نواندنەوە كافر دەبێت نەك بەهۆی نیازی خراپەوە، ئەمەش چونكە تاوانی خۆبەزلزانین قێزەونترە لە بێ ئاگایی. وە وشەی ﴿بِئۡسَ﴾ ڕوونیكردووەتەوە كە جیاوازی هەیە لەنێوان خراپی و گەورەیی هەردوو تاوانەكەدا.
وَقِيلَ لِلَّذِينَ ٱتَّقَوۡاْ مَاذَآ أَنزَلَ رَبُّكُمۡ ۚ قَالُواْ خَيۡرٗا ۗ لِّلَّذِينَ أَحۡسَنُواْ فِي هَٰذِهِ ٱلدُّنۡيَا حَسَنَةٞ ۚ وَلَدَارُ ٱلۡأٓخِرَةِ خَيۡرٞ ۚ وَلَنِعۡمَ دَارُ ٱلۡمُتَّقِينَ 31
شیكردنەوەی وشەكان:
خیرا: دەستكەوتنی شت بەشێوە تەواوە گونجاوەكەی؛ گوتراوە: بەدەستهێنانی شت بەو شێوەیە كە گونجاوە بۆ بەدەستهێنانی.. واتە بەو شێوەیە كە گونجاوە بۆی و شایستەیەتی؛ ماڵ و سامان بە ڕەهایی، خێری زۆر. (الأقرب)
نعم: فرمانێكی (غیر متصرف)ە واتە یەك شێووگی هەیە، بۆ ستایشكردن بەكاردێت. (المنجد)
تەفسیر: ئەم ئایەتە تێڕوانینی باوەڕداران دەخاتەڕوو دەربارەی قورئانی پیرۆز، وە پێمان ڕادەگەیەنێت ئەوان بە چ دیدێك بۆیان دەڕوانی.
ڕەنگە لێرەدا بگوترێت: ئەوانە كۆمەڵێك موسوڵمان بوون، شایەتیدانیان دەرحەق بە قورئانی پیرۆز چ نرخێكی هەیە؟ وەڵام: ئەوان لە مەككەدا ئەم شایەتیەیان داوە كاتێك بەجۆرەها شێوە دژایەتی دەكران و دەچەوسێنرانەوە، وە لە ژیانی خۆیان دەترسان؛ بۆیە باوەڕهێنانیان بە قورئانی پیرۆز و بەڕاستزانینی و ڕوانینیان بۆی بەم دیدەوە لەو هەلومەرجە دژوار و تاریكەدا بەڵگە و شایەتیەكی بەهێزە لەسەر ڕاستی قورئان.
فەرمایشتی ﴿خَيۡرٗا﴾ مەبەست پێی ئەوەیە ئەم قورئانە بە سیفەتە تەواوە گونجاوەكانیەوە دابەزیوە.. واتە ئەو شتەی كە پێویستە لە هەر كتێبێكی ئاسمانیدا هەبێت بەدڵنیاییەوە بەوپەڕی تەواوییەوە لە قورئاندا بوونی هەیە؛ یان واتە: ئێمە قورئانمان بینی باشتر لەوەی كە چاوەڕوانی بووین.
هەڵبەت خوای گەورە لەڕێگەی ئەم وشەیەوە ﴿أَحۡسَنُواْ﴾ پێمان ڕادەگەیەنێت كە دید و گۆشەنیگا ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت لە كردەوەی مرۆڤدا؛ ئەوەتا یەكێك لەم دوو گروپە سەیری قورئانی پیرۆزی كرد وەك ئەوەی چیرۆكی پێشینان بێت، بۆیە گوێی نەدا بە هۆشداریەكانی و تیاچوو؛ لەكاتێكدا گروپە باوەڕدارەكە بە خێر لەقەڵەمی دا، وە بەڕاستی شوێنی كەوت، بەمەش چووەناو باشترین خانوو كە وەسفەكەی لە ئایەتەكانی دواتردا هاتووە.
جَنَّٰتُ عَدۡنٖ يَدۡخُلُونَهَا تَجۡرِي مِن تَحۡتِهَا ٱلۡأَنۡهَٰرُ ۖ لَهُمۡ فِيهَا مَا يَشَآءُونَ ۚ كَذَٰلِكَ يَجۡزِي ٱللَّهُ ٱلۡمُتَّقِينَ 32
شیكردنەوەی وشەكان:
جنات عدن: بنەڕەتی وشەی الجن بریتیە لە داپۆشینی شت، دەوترێت: جنه اللیل: شەو دایپۆشی. الجَنة: هەر باخچەیەك داری زۆری تێدا بێت و بە دار و درەختەكەی زەویەكەی داپۆشیبێت. دەكرێت بە دارستانی چڕوپڕ بوترێت جنة. بەهەشت ناوزەد كراوە بە الجنة یان وەك لێكچوونێك بە باخ و باخاتی زەوی ئەگەرچی جیاوازییان زۆرە، یان لەبەرئەوەی خوای گەورە نیعمەتەكانی شاردووەتەوە لێمان وەك لەم فەرمایشتەدا ئاماژەی پێداوە: ﴿فَلَا تَعۡلَمُ نَفۡسٞ مَّآ أُخۡفِيَ لَهُم مِّن قُرَّةِ أَعۡيُنٖ﴾ (المفردات).
عدن بالمكان عدنا: نیشتەجێ بوو لەو شوێنەدا. عدن البلد: نیشتەجێ بوو تێیدا؛ گوتراوە: جنات عدن واتە بەهەشتەكانی نیشتەجێبوون چونكە شوێنی هەتاهەتاییە (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿جَنَّٰتُ عَدۡنٖ﴾ واتە ئەم خانەی خێرە بەهەمیشەیی دەمێنێتەوە، چونكە هەموو شتێكی چاك و باش دەپارێزرێت و دەهێڵرێتەوە. هەروەك ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە ئەو شوێنە هیچ نانەواوی یان خەوشێكی تێدا نیە، چونكە شتی ناتەواو تووشی لەناوچوون دەبێت.
وە فەرمایشتی ﴿تَجۡرِي مِن تَحۡتِهَا ٱلۡأَنۡهَٰرُ﴾ مەبەست لێی ئەوە نیە كە ئەو ڕووبارانە بەژێر زەوی بەهەشتدا دەڕۆن، بەڵكو مانای ئەوەیە ئەو ڕووبارە ڕەوانانە بەتەواوەتی ملكەچن بۆ سیستەمی خەڵكی بەهەشت و هەرگیز كەس كێشە و جەنگ ناكات دەربارەیان؛ ئەمەش چونكە ڕووبار لە دنیادا پێویست نیە ملكەچ بێت بۆ خەڵكی ئەو زەویە یان ئەو وڵاتەی ڕووبارەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ناتوانن وەك پێویست سوودی لێ وەربگرن، وە هەندێ جار ڕووبار بە خاكی چەندین وڵاتدا تێپەڕ دەبێت ئەمەش هەندێ جار دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوانیاندا لەسەر دابەشكردنی ئاو و شتی تر.
دەكرێت فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَهُمۡ فِيهَا مَا يَشَآءُونَ﴾ بەم شێوەیەی خوارەوە تەفسیر بكرێت:
1- لەبەهەشتدا هەموو حەز و ئارەزوویەكیان دێتەدی، چونكە ویستی خوا دەبێت بە ویستی ئەوانیش، وەك ئەوەی ببن بە سەلمێنەری ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوا: ﴿وَمَا تَشَآءُونَ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُۚ﴾ (الإنسان: 31)؛ بۆیە خۆزگە بخوازن بۆ هەر شتێك بەدڵنیاییەوە بەدەستی دەهێنن، بەجۆرێك دڵیان خاڵی دەبێت لەهەر ڕژدی و چاوچنۆكییەك، وە پارێزراو دەبێت لە ئاگری حەسوودی، وە پاك و بێگەرد دەبێت لە هەموو پیسی و پۆخڵییەك.
2- یان لەو بەهەشتەدا كە تێیدا نیشتەجێن دەتوانن هەموو شتێك بكەن، بۆیە حەزیان لە هەر خۆشی و نیعمەتێك بێت بەدەستی دەهێنن.
ٱلَّذِينَ تَتَوَفَّىٰهُمُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ طَيِّبِينَ يَقُولُونَ سَلَٰمٌ عَلَيۡكُمُ ٱدۡخُلُواْ ٱلۡجَنَّةَ بِمَا كُنتُمۡ تَعۡمَلُونَ 33
شیكردنەوەی وشەكان:
سلام: ناوێكە لە سڵاوكردنەوە هاتووە؛ تەسلیمبوون بۆ گوێڕایەڵی و ملكەچی؛ ناوێكە لە ناوەكانی خوا چونكە سەلامەتە لە ناتەواوی و خەوش و تیاچوون. (الأقرب)
تەفسیر: پارێزكاران ئەو كەسانەن كە كاتێك دەمرن دەروونیان پاكە.. واتە لەو كاتەدا پاك و بێگەردن لە هەموو ناتەواوی و خەوشێك، وە ڕازاونەتەوە بە جۆرەها سیفەتی چاك وەك؛ ڕاستگۆیی و دڵپاكی و گەشەی ڕۆحی و بڵندی و ورە. (بۆ شارەزابوونی زیاتر دەربارەی (طیبین) بگەڕێرەوە بۆ تەفسیری ئایەتەكانی 25 تا 27ی سوورەتی إبراهیم).
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يَقُولُونَ سَلَٰمٌ عَلَيۡكُمُ﴾.. واتە كافرەكان لەو كاتەدا خۆزگە دەخوازن سوڵح و ئاشتەوایی بكرێت بۆ ئەوەی سەلامەت بن، بەڵام باوەڕداران فریشتەكان پێشوازییان لێ دەكەن و دەڵێن: سڵاوتان لێ بێت.
هَلۡ يَنظُرُونَ إِلَّآ أَن تَأۡتِيَهُمُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ أَوۡ يَأۡتِيَ أَمۡرُ رَبِّكَ ۚ كَذَٰلِكَ فَعَلَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ ۚ وَمَا ظَلَمَهُمُ ٱللَّهُ وَلَٰكِن كَانُوٓاْ أَنفُسَهُمۡ يَظۡلِمُونَ34
تەفسیر: واتە ماوەی ئەو مۆڵەتەی كە درابوو بە كافرەكان كۆتایی هات، بۆیە تەنھا سزا چاوەڕێیانە، وە سزاكەیش بە دوو جۆر دەبێت: سزای تاكەكەس كە تووشی كۆمەڵێك تاكی دیاریكراو دەبێت، هەڵبەت لە ئایەتەكەی پێشوودا ئاماژەی پێ كرا، چونكە هاتنی فریشتە مانای سزای تاكەكەسی دەگەیەنێت، دووەم: سزای گشتی كە بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿أَوۡ يَأۡتِيَ أَمۡرُ رَبِّكَ ۚ﴾ ئاماژەی پێ كراوە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمَا ظَلَمَهُمُ ٱللَّهُ﴾ واتە ئەو كافرانەی لە ڕابردوودا هاتن و چوون شایستەی سزا بوون بەهۆی كردەوەكانیانەوە، مادام ئەمانیش ڕێچكەی هەڵەی ئەوانیان گرتووە، بۆیە هەرگیز زیان ناگەیەنن بە پێغەمبەر، بەڵكو ستەم لە خۆیان دەكەن.
فَأَصَابَهُمۡ سَئَِّاتُ مَا عَمِلُواْ وَحَاقَ بِهِم مَّا كَانُواْ بِهِۦ يَسۡتَهۡزِءُونَ35
شیكردنەوەی وشەكان:
حاق: حاق به: چواردەوری گرت (الأقرب).
یستهزئون: استهزأ: هزأ واتە گاڵتەی پێ كرد (الأقرب).
تەفسیر: مەبەست لە ﴿سَئَِّاتُ مَا عَمِلُواْ﴾ بریتیە لە سەرەنجامی خراپی كردەوەكانیان. خوا (عز وجل) لێرەدا ڕوونیكردووەتەوە كە بە ناحەق سزای كافرەكان نادات، بەڵكو ئەوان بەهۆی كردەوەكانی خۆیانەوە سزا بۆ خۆیان دروست دەكەن؛ چونكە سزا شتێك نیە لە دەروەوە بێت، بەڵكو بریتیە لە ئەنجامی سروشتی كردەوەی خراپ.
لێرەدا قورئانی پیرۆز فەلسەفەی سزای خوایی خستووەتەڕوو، بەجۆرێك ڕایگەیاندووە سزای خوا تاكە سزایەكە كە ناكرێت ڕخنەی لێ بگیرێت، بەڵام سزاكانی تر كە ئەنجامی سروشتی كردەوەكان نین زۆربەی جار جێگای ڕەخنەن؛ بۆ نموونە كاتێك دادوەر تاوانبارێك سزا دەدات خەڵكی دەبینن سزاكە لە تاوانەكە قورسترە؛ بەڵام كاتێك كەسێك بەهۆی زۆرخۆریەوە نەخۆش دەكەوێت هیچ كەسێك ناڵێت نەخۆشیەكەی سزایەكی گونجاو نیە لەسەر زۆر خۆریەكەی، چونكە هەموو كەسێك دەزانێت نەخۆشیەكەی ئەنجامێكی سروشتیە بۆ كارێك كە كردوویەتی و ئەستەمە سنووری سروشتی خۆی تێپەڕێنێت.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَحَاقَ بِهِم مَّا كَانُواْ بِهِۦ يَسۡتَهۡزِءُونَ﴾ خوای گەورە بەم فەرمایشتە ئاماژەی بەوە داوە كە كافرە تانەدەرەكان خۆیان تووشی هەمان ئەو تانە و تەشەرانە دەبن كە دەیاندەن لە پێغەمبەرەكانیان؛ بۆیە ئەگەر ئەوان پێغەمبەران تۆمەتبار دەكەن بە درۆكردن ئەوا خوای گەورە درۆی ئەو كافرانە ئاشكرا دەكات بۆ جیهان، وە ئەگەر ئەوان پێغەمبەران تۆمەتبار دەكەن بە خراپە ئەوا خوای گەورە بە ئاشكراكردنی خراپەكانیان ڕسوایان دەكات.
وَقَالَ ٱلَّذِينَ أَشۡرَكُواْ لَوۡ شَآءَ ٱللَّهُ مَا عَبَدۡنَا مِن دُونِهِۦ مِن شَيۡءٖ نَّحۡنُ وَلَآ ءَابَآؤُنَا وَلَا حَرَّمۡنَا مِن دُونِهِۦ مِن شَيۡءٖ ۚ كَذَٰلِكَ فَعَلَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ ۚ فَهَلۡ عَلَى ٱلرُّسُلِ إِلَّا ٱلۡبَلَٰغُ ٱلۡمُبِينُ36
تەفسیر: هەڵبەت خوای گەورە پێشتر لەم سوورەتەدا بە ئاشكرا ڕایگەیاند و فەرمووی ﴿وَلَوۡ شَآءَ لَهَدَىٰكُمۡ أَجۡمَعِينَ﴾ (ئایەتی: 10).. واتە هیچ دوور نیە كافرەكان بیربكەنەوە و بڵێن: بۆچی خوا ڕێگا چەوتەكانیشی داناوە، لەڕاستیدا ئەم بریكردنەوەیەی ئەوان لە جێگای خۆیدا نیە، چونكە ئەوە خۆیانن كە ئەم ڕێگا هەڵە و چەوتانەیان داهێناوە نەك خوا (سبحانه وتعالى)، چونكە خوای گەورە زۆرلێكردن و ناچاركردن پیادە ناكات، بەجۆرێك ئەگەر بەزۆر ویستی خۆی جێبەجێ بكردایە ئەوا هیدایەتی هەموو خەڵكی دەدا. بەڵام لێرە لەم ئایەتەدا كافرەكان گوتوویانە: ئەگەر خوا بیویستایە ئەوا ئێمە و باوباپیرانمان لەجیاتی ئەو شتێكی ترمان نەدەپەرست، بەڵام خوا ڕێگری ئەم كارەی لێ نەكردین، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە خوا ڕەخنەی نیە لە بتپەرستیەكەی ئێمە و پێی ناخۆش نیە.
لەڕاستیدا هەموو ئەوانەی-تاك بن یان كۆمەڵ- بیروباوەرێكی هەڵەیان هەیە بەدڵنیاییەوە ڕێچكەیەكی نامەعقول دەگرنەبەر لەبەرامبەر هێزی بەڵگەدا، چونكە بەگوێرەی بیروباوەڕێك لە بیروباوەڕەكان دژایەتی ڕاستی ناكەن، بۆیە ناچاردەبن جار لەدوای جار بیروباوەڕی خۆیان بگۆڕن، ئەوەتا لە ئایەتی ژمارە 25 خوای گەورە ڕایگەیاندووە كاتێك كافرەكان ناتوانن لەبەرامبەر شوێنكەوتووانی ڕاستیدا ڕابووەستن دەڵێن: ئەو ڕێنمایی و فێركاریە كە ئێمەی بۆ بانگ دەكەن چ نرخێكی هەیە؟ تەنھا بە لاساییكردنەوەی پێغەمبەرانی پێشوو ئەم فێركارییەی دروستكردووە! خوایش (عز وجل) بە دوو خاڵ بەرپەرچیان دەداتەوە: یەكەم: ئەوان بەم قسەیە تەنها مەبەستیان شێواندنی ڕاستی و گەوجاندنی خەڵكی گشتیە، بۆیە ڕەخنەكەیان هیچ نرخ و قورساییەكی نیە؛ چونكە ئەگەر ئەم وەحیە تەنها لاساییكردنەوەی پێشینانە، مادام حەق و ڕاستیە ئایا شایستەی ئەوە نیە وەریبگرن و قەبوڵی بكەن. دووەم: ئەگەر خاوەنی ئەم وتەیە لاسایی پێغەمبەرانی پێشووی كردووەتەوە ئەوا با بزانن ئەوانیش لاسایی دوژمنانی پێغەمبەرانی پێشوویان كردووەتەوە؛ بەجۆرێك هەمان كار و چالاكی ئەوان دووبارە دەكەنەوە، بەڵام ئەوان سەركەوتوو نەبوون لە هێنانەدی مەبەستەكانیاندا، ئیتر چۆن ئەمان سەركەوتوو دەبن لە هێنانەدی ئامانجەكانیاندا؟ بەم شێوەیە قورئان بەڵگەیەكی كردەیی خستووەتەڕوو لەسەر پووچی و بێ نرخی ڕەخنەكەیان، چونكە ئەگەر ڕەخنەكەیان مەعقول بوایە و ئەگەر ڕێنمایی و فێركاری پێغەمبەران تەنها لاسایی پێشینان بوایە ئەوا خەڵكی وازیان لە ئایینەكانی پێشوویان نەدەهێنا و شوێنیان نەدەكەوتن.
ئینجا دوای ئایەتی ژمارە 25 قورئانی پیرۆز بە درێژی باسی ئەوەی كردووە چۆن خوا (عز وجل) مامەڵە دەكات لەگەڵ باوەڕداران و كافراندا.
وە ئێستا لەم ئایەتەدا كە تەفسیری دەكەین قورئانی پیرۆز دووبارە بەرپەرچی ڕەخنەی بێباوەڕانی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە كە بێباوەڕان كاتێك وەڵامی دەمكوتكەریان بیست بۆ ڕەخنەكەیان و بینیان هیوا خراپەكانیان بەفیڕۆچوون هەڵوێستی خۆیان گۆڕی و گوتیان: چۆن دەكرێت خوا سزامان بدات؟ ئەگەر ئێمە و باوباپیرانمان لای خوا هەڵەین ئەوا بۆچی خوا ڕوومان وەرناگێڕێت لەو ڕێچكەیەی كە پێیدا دەڕۆین، وە بۆچی توانای ئەنجامدانی بتپەرستیمان لێ ناسێنێتەوە؟ ئایا خوایەكی بەتوانا نیە؟ خوای گەورەیش بەرپەرچی ئەم ڕەخنەیەیان دەداتەوە و دەفەرموێت: تەنھا یەك ڕێگە هەیە بۆ ئەمە ئەویش ئەوەیە كە خوا (عز وجل) فەرمان بكات بە پێغەمبەرەكانی تاوەكو خەڵكی ناچار بكەن و زۆریان لێ بكەن باوەڕبهێنن، بەڵام ئەستەمە ئەم بێباوەڕانە بتوانن یەك پێغەمبەر -لەناو ئەو پێغەمبەرانەدا كە خۆیان باوەڕیان پێیان هەیە وەكو ئیبراهیم و لووط، وە پێیان وایە نەیارەكانیان لەسەر باتڵ بوون- بخەنەڕوو خەڵكیان ناچاركردبێت بۆ باوەڕهێنان. دەی ئەگەر خوا ڕێگەی نەدابێت بە پێغەمبەرانی خۆی كە خەڵكی ناچار بكەن بۆ باوەڕهێنان.. ئیتر چۆن چاوەڕوانی ئەو كارە دەكەن لە موحەممەد؟ بۆیە هەروەك چۆن پێغەمبەرانی پێشوو لەڕێگەی بانگەواز و تەبلیغەوە فێركاری و ڕێنماییەكانی خۆیانیان بڵاوكردووەتەوە ئێستایش بەهەمان شێوە دەبێت.
ئایا سەیر نیە، سەرەڕای بوونی ئەم ئایەتە و زۆر ئایەتی تریش، هەندێ موسوڵمان باوەڕیان بە ڕەوایەتی زۆركردن لە ئاییندا هەیە؟ (بڕوانە: ارتداد كي سزا اسلامي قانون مین- واتە: “سزای هەڵگەڕاوە لە شەریعەتی ئیسلامیدا- لە نووسينى مەودودی: بەندكردن و كوشتنی هەڵگەڕاوە).
وَلَقَدۡ بَعَثۡنَا فِي كُلِّ أُمَّةٖ رَّسُولًا أَنِ ٱعۡبُدُواْ ٱللَّهَ وَٱجۡتَنِبُواْ ٱلطَّٰغُوتَ ۖ فَمِنۡهُم مَّنۡ هَدَى ٱللَّهُ وَمِنۡهُم مَّنۡ حَقَّتۡ عَلَيۡهِ ٱلضَّلَٰلَةُ ۚ فَسِيرُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَٱنظُرُواْ كَيۡفَ كَانَ عَٰقِبَةُ ٱلۡمُكَذِّبِينَ37
شیكردنەوەی وشەكان:
اجتنبوا: اجتنبه: دووركەوتەوە لێی (الأقرب).
الطاغوت: هەر دەستدرێژكارێك؛ كاهین، شەیتان، سەرانی گومڕایی؛ بت؛ هەموو پەرستراوێك جگە لە خوا؛ یاخیبووانی ئەهلی كتێب. كۆی وشەكە بریتیە لە طواغیت و طواغ (الأقرب).
الطاغوت: جادووگەر، جنۆكەی یاخی؛ لادەر لە ڕێگای چاكە (المفردات).
هدی: هداه الطریق وإلیه وله: ڕێگای ڕوونكردەوە بۆی و ناساندی پێی. هدی فلانا: پێشی فڵان كەس كەوت، دەگوترێت جائت الخیل یهدیها فرس الأشقر واتە ئەسپەكان هاتن و ئەسپێكی مارۆ پێشیان كەوتووە. هداه الله إلی الإیمان واتە خوا ڕێگای پیشاندا بۆ باوەڕهێنان (الأقرب).
عاقبة: كۆتایی هەموو شتێك (الأقرب).
تەفسیر: لەم ئایەتەدا خوا (عز وجل) بە چەند شێوەیەك بەرپەرچی ئەو ڕەخنەیەی بێباوەڕانی داوەتەوە كە پێشتر باسكرا:
1- ﴿وَلَقَدۡ بَعَثۡنَا فِي كُلِّ أُمَّةٖ رَّسُولًا أَنِ ٱعۡبُدُواْ ٱللَّهَ﴾.. واتە ئەگەر ئێوە لەو قسەیەی كردووتانە پێكاوتانە و ڕاست دەكەن ئەوا بۆچی هەموو پێغەمبەرێك بانگەوازی كردووە بۆ یەكتاپەرستی و دژی شیرك جەنگاوە؟ ئەگەر خوا ڕازی بووایە بە بیروباوەڕی شیرك ئەوا بەلایەنی كەمەوە پێغەمبەرێكی ڕەوانەدەكرد بانگەوازی بكردایە بۆ شیرك.
2- ﴿بَعَثۡنَا فِي كُلِّ أُمَّةٖ رَّسُولًا﴾.. واتە ئەگەر خوا (عز وجل) بیویستایە زۆر لە خەڵكی بكات بۆ باوەڕهێنان و ناچاركردن پیادە بكات لە ئاییندا ئەوا پێویست نەبوو زیاتر لە پێغەمبەرێك ڕەوانە بكات، بەڵكو خوا (عز وجل) تەنھا یەك پێغەمبەری ڕەوانە دەكرد بۆ ئەوەی یەك جار و بۆ هەتاهەتایە بەزۆر خەڵكی ڕێنمایی بكات بۆ ڕێگای ڕاست، بەڵام هاتنی پێغەمبەران یەك لەدوای یەك، وە لە هەموو گەلێكدا، ئەوە دەگەیەنێت كە خەڵكی جار لەدوای جار لایان داوە لە ڕێگای پێغەمبەران، ئەمەش ئەوەی خواستووە زیاتر لە پێغەمبەرێك ڕەوانە بكرێت. بەڵام ئەگەر ناچاركردن نەخشە خواییەكە بوایە ئەوا كاروبارەكان بەم شێوەیە بەڕێوەنەدەچوون.
3- ﴿وَٱجۡتَنِبُواْ ٱلطَّٰغُوتَ﴾.. واتە هەر پێغەمبەرێك فەرمانی كردووە بە دووركەوتنەوە لە هاوڕێیەتی مرۆڤی بەدكار و گوێڕایەڵی نەكردنی.. یان بە دەربڕینێكی تر فەرمانی كردووە بە وریابوون لە پەلامارەكانی شەیتان. دەی ئەگەر خوا (عز وجل) وەهای كردبێت هەندێ كەس یەكتاپەرست بن و هەندێكی تر موشریك بن.. ئیتر چۆن دەكرێت فەرمانیش بكات بە دووركەوتنەوە لە ملهوڕ و بەدكاران؟ ئەگەر هەموو خەڵكی بەزۆرەملێ و بەناچاركردن لەلایەن خوای گەورەوە نەك بە ئازادی خۆیان پابەند بن بە ئایین و بیروباوەڕی خۆیانەوە؛ ئەوا چ پێویست دەكات خوا پێغەمەران ڕەوانە بكات بۆ لایان بۆ ئەوەی هۆشدارییان پێ بدەن و ئاگاداریان بكەنەوە، با یەكتاپەرست بە یەكتاپەرست بمێنێتەوە و موشریك بە موشریكی بمێنێتەوە چونكە ئەمە ویستی خوایە!
4- ﴿فَمِنۡهُم مَّنۡ هَدَى ٱللَّهُ وَمِنۡهُم مَّنۡ حَقَّتۡ عَلَيۡهِ ٱلضَّلَٰلَةُ ۚ﴾.. واتە ئەگەر ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستە ئەوا چۆن لەهەموو سەردەمێكدا كۆمەڵێك لە كافران باوەڕیان هێنا بە پێغەمبەر؟ واتە ئەگەر پێشتر خوا ئەوانی كردووە بە كافر ئەوا چۆن بوون بە باوەڕدار؟ لەڕاستیدا ئەم بەڵگەیە بەڵگەیەكی ڕوون و ئاشكرایە لەسەر ئەوەی خوای گەورە زۆر لەكەس ناكات بۆ ئەوەی كافر بێت.
5- ﴿فَسِيرُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَٱنظُرُواْ كَيۡفَ كَانَ عَٰقِبَةُ ٱلۡمُكَذِّبِينَ﴾.. واتە دوژمنانی هەر پێغەمبەرێك لەناوچوون، ئەگەر ئێوە ئەمە نازانن ئەوا بەزەویدا بگەڕێن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەم بابەتە؛ چونكە هەموو جیهان پڕە لە شوێنەواری ئەوان. بۆیە ئەگەر بە قسەی ئێوە بێت كە خوای گەورە ئەوانی كردووە بە كافر یان موشریك ئەوا كەی ڕەوایە سزایان بدات لەگەڵ ئەوەی خۆی ناچاری كردوون كافر بن؟ كەواتە تووشبوونیان بە سزا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خوای گەورە كەسی ناچار نەكردووە كافر یان موشریك بێت، بەڵكو هەر كەسێك بە ئازادی خۆی بیروباوەڕی خۆی هەڵبژاردووە.
إِن تَحۡرِصۡ عَلَىٰ هُدَىٰهُمۡ فَإِنَّ ٱللَّهَ لَا يَهۡدِي مَن يُضِلُّ ۖ وَمَا لَهُم مِّن نَّٰصِرِينَ38
تەفسیر: لێرەدا ڕووی قسە كراوەتە پێغەمبەر (ﷺ) و شوێنكەوتووانی، بەجۆرێك خوا (عز وجل) فەرموویەتی پێیان: هەر یەكێك لە ئێوە دەیەوێت كافرەكان هیدایەت وەربگرن، بەڵام خوا هیدایەتی هەموویان نادات، چونكە هەروەك هیچ كەسێك ناچار ناكات لەسەر كوفر یان شیرك بەهەمان شێوە كەس ناچار ناكات لەسەر باوەڕهێنان یان یەكتاپەرستی، چونكە ئەمە مەبەستی باوەڕهێنان پووچ دەكاتەوە كە بریتیە لە پاككردنەوەی دڵ و دەروون.
فەرمایشتی خوا (عز وجل) ﴿فَإِنَّ ٱللَّهَ لَا يَهۡدِي مَن يُضِلُّ﴾.. بزانن ڕاناوی وشەی ﴿يُضِلُّ﴾ ناگەڕێتەوە بۆ خوای گەورە، وە ئەم ڕستەیە مانای ئەوە نیە كە ئەو كەسەی خوا گومڕای كرد هیدایەتی نادات، ئەم مانایە هەڵەیە و لەئایەتەكەی پێشوودا پووچەڵ كراوەتەوە، بەڵكو ئەم ڕاناوە دەگەرێتەوە بۆ (مَن)، مەبەست ئەوەیە خوای گەورە هیدایەتی كەسێك نادات كەسانی تر گومڕا بكات.
هەروەك ئەم ڕستەیە ئاماژەیەكی تێدایە بۆ ئەوەی كە هیدایەت تەنھا بۆ كەسێك بەردەست دەبێت و دەڕەخسێت كە بۆی بگەڕێت، بەڵام ئەگەر كەسێك بەردەوام كۆڵنەدات لە گومڕاكردنی كەسانی تر..ئیتر لەكوێ دەگەڕێت بۆ هیدایەت و ڕێگای ڕاست، كەواتە بەوپێیەی ئەو كەسە خۆی دۆخی دڵ و دەروونی خۆی ناگۆڕێت ئیتر چۆن دەكرێت هیدایەت بدرێت؟
وە خوا (عز وجل) بە فەرمایشتی ﴿وَمَا لَهُم مِّن نَّٰصِرِينَ﴾ ڕوونیكردووەتەوە سەبارەت بە هیدایەت تەنها خوای گەورە مرۆڤ سەركەوتوو دەكات، بەڵام ئەو كەسانە دەرگای فریاكەوتنی خوایان داخستووە. بۆیە ئەگەر پێیان وایە لەخۆوە هیدایەت بەدەستدەهێنن ئەوا ئەمە باوەڕێكی پووچە. تەنھا یەك ڕێگا هەیە بۆ هیدایەتدانیان ئەویش ئەوەیە موسوڵمان بن، بەڵام ئەوان لەجیاتی ئەوەی بێنەناو ئیسلامەوە بتەكان بە هۆكاری هیدایەت لەقەڵەم دەدەن، بۆیە هیچ دەرفەتێك نیە بۆ هیدایەتدانیان؛ چونكە مادام ئارەزوویان لە پەرستراوە پووچەكانی خۆیانە و پشتیان لە خوای گەورە كردووە هەرگیز خوا فریایان ناكەوێت، وە لەبنەڕەتەوە پەرستراوە پووچەكانیشیان ناتوانن فریایان بكەون، دواجار كەس بەهانایانەوە نایات و كەس فریایان ناكەوێت.
وَأَقۡسَمُواْ بِٱللَّهِ جَهۡدَ أَيۡمَٰنِهِمۡ لَا يَبۡعَثُ ٱللَّهُ مَن يَمُوتُ ۚ بَلَىٰ وَعۡدًا عَلَيۡهِ حَقّٗا وَلَٰكِنَّ أَكۡثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يَعۡلَمُونَ39
شیكردنەوەی وشەكان:
جهد أیمانھم: جهد في الأمر جهدا: ماندوو بوو لە كارەكەدا. جهد دابته: وڵاغەكەی ماندوو كرد و بارێكی قورسی لێ باركرد كە لەسەرووی توانایەوە بوو. الجهد: وزە، دەگوترێت أفرغ جهده واتە وزەی خۆی خاڵی كردەوە، ناڕەحەتی. ﴿وَأَقۡسَمُواْ بِٱللَّهِ جَهۡدَ أَيۡمَٰنِهِمۡ﴾ واتە زیادەڕەوییان كرد لە سوێندخواردندا و خۆیان ماندووكرد (الأقرب).
لایبعث: بگەڕێوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 36ی سوورەتی الحجر.
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت كاتێك ئەوان دەستەوسان دەبن لەبەرامبەر بەڵگەكانی شوێنكەوتووانی ڕاستیدا ئینجا سوێند دەخۆن كە لەدوای مردن ژیان نیە، بۆ ئەوەی جەختی لێ بكەنەوە بۆ شوێنكەوتووانیان كە سەلامەت دەبن لە سزا، وە بۆ ئەوەی شوێنكەوتووانیان بەجددی نەگەڕێن بەشوێن ڕاستیدا.
لێرەدا ئەم پرسیارە دروست دەبێت: بۆچی بێباوەڕان بەم شێوەیە سوێند دەخۆن؟ وە ئەو سوودە چیە كە لە سوێندەكەیانەوە دەستیان دەكەوێت؟ وەڵام: هەندێ خەڵك كەسایەتیەكی لاوازیان هەیە و ناتوانن خۆیان بابەتەكە یەكلایی بكەنەوە، ئەم مرۆڤە لاوازانە تووشی واقوڕمان دەبن كاتێك بەڵگەی بەهێز لە شوێنكەوتووانی ڕاستیەوە دەبیستن، ئەوسا سەرگەورەكانیان سوێندیان بۆ دەخۆن بۆ ئەوەی وازنەهێنن لە بیروباوەڕی خۆیان؛ ترسی سوێندەكەی ئەوان دەیانگرێت لەبەرئەوەی ورەیان لاوازە، بۆیە هەندێكیان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ بیروباوەڕە خراپەكانی خۆیان. كەواتە سوێندخواردنیش چەكێكی ترە بەردەوام سەرانی كوفر بەدرێژایی سەردەمەكان بەكاریان هێناوە بۆ ئەوەی نەهێڵن خەڵكی هیدایەت وەربگرن. ئەمەش چونكە خەڵكی گشتی، بەهۆی ئەوەی كە نەفامن، نازانن سوێند تەنھا بۆ جەختكردنەوەیە، وە تەنھا لە كەسانی چاك و ڕاستگۆ وەردەگیرێت، بەڵام ئەو درۆزنانە لە سوێندەكانیاندا درۆ دەكەن وەك چۆن لە ژیانی ئاسایی خۆیاندا درۆ دەكەن. یان سوێندخواردن سوودی هەیە وەك ئەو سوودەی شایەتیدانی خوا لەسەر ڕاستگۆیی سوێندخۆر هەیەتی.. واتە ئەگەر كەسێك سوێند بخوات لەسەر ئەو شتانەی كە هەڕەشەی خواییان تێدایە بۆ كەسێك بە درۆ سوێند بخوات لەسەریان كە تووشی سزا دەبێت لە دنیادا، پاشان ئەم سوێندخۆرە تووشی سزای خوا نەبێت لە دنیادا، ئەوا ئەمە شایەتیدانێكە لەلایەن خواوە لەسەر ڕاستگۆیی سوێندخۆرەكە. بەڵام لە شتەكانی تردا كەسێك بە درۆ سوێند بخوات پێویست نیە تووشی سزا بێت لەم دنیایەدا، هەروەك سوێندەكەی شایەتیدان یان بەڵگە نیە لەسەر ڕاستگۆییەكەی، لەبەرئەوە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی ئەو كەسەی بەدرۆ سوێند دەخوات لە دادگای ئاییندا لە دنیادا سزا دەدرێت.. واتە پێویست نیە هەموو سوێندخۆرێك كە بەدرۆ سوێند دەخوات لەدنیادا سزا بدرێت.
لِيُبَيِّنَ لَهُمُ ٱلَّذِي يَخۡتَلِفُونَ فِيهِ وَلِيَعۡلَمَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ أَنَّهُمۡ كَانُواْ كَٰذِبِينَ40
تەفسیر: خوای گەورە بەم ئایەتە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر ئەو شتەی كە پێشتر خستیەڕوو، بەجۆرێك ڕوونیكردووەتەوە زیندووكردنەوەی دوای مردن پێویستە بۆ بەدەستهێنانی یەقین بەو شتەی كە ئایین بانگەوازی بۆ دەكات؛ چونكە ئەستەمە ڕاجیایی لە ژیانی دنیادا كۆتایی بێت، ئەوەتا خەڵكی بەردەوام كاتی ڕەوانەكردنی هەر پێغەمبەرێك بۆچوونیان جیاوازە و ناكۆكن و هەندێكیان باوەڕدەهێنن و هەندێكیان باوەڕناهێنن. بۆیە ئەگەر زنجیرەی ژیانی مرۆڤ بە مردنی مرۆڤەكە لەدنیادا كۆتایی بێت ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی دوو خاڵ: یەكەم: ڕاستی بانگەشەی پێغەمبەرەكە هەرگیز بەتەواوەتی ئاشكرا نابێت، بەڵكو بە ئاڵۆزی و ناڕوونی دەمێنێتەوە. دووەم: بێبەشبوونی هەتاهەتایی لە هیدایەت بڕیار دەدرێت بۆ نكوڵیكاران؛ ئەمەش پێچەوانەی گەورەیی خوایە (سبحانه وتعالى)، چونكە خوای گەورە خەڵكی دروستكردووە بۆ ئەوەی هەموویان ببن بە بەندەی خۆی، بەڵام ئەگەر ژیانیان بە مردنیان لە دنیادا كۆتایی هات ئەوا هیچ دەرفەتێك ناڕەخسێت بۆ بێباوەڕەكان بۆ ئەوەی ببن بە بەندەی خوا (عز وجل)، بەگوێرەی ئەمە دەبێت مرۆڤ دوای مردن ژیانێكی تر بەدەستبهێنێت كە تێیدا ڕاستی بەتەواوەتی بدرەوشێتەوە.. هەتا ئەو كەسەی لەم دنیایەدا نەیتوانیوە ڕاستی بناسێت لەو دنیا بتوانێت بیناسێت.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك ڕەخنەبگرێت و بڵێت: خوای گەورە لەدنیادا كتێب دادەبەزێنێت و پێغەمبەر دەنێرێت بۆ ئەوەی ڕاستی ڕوون بێتەوە و ئەو شتەی ڕاجیایی تێدایە یەكلایی ببێتەوە، هەروەك لە هەمان ئەم سوورەتەدا ڕایگەیاندووە و فەرموویەتی: ﴿وَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَيۡكَ ٱلۡكِتَٰبَ إِلَّا لِتُبَيِّنَ لَهُمُ ٱلَّذِيٱخۡتَلَفُواْ فِيهِ﴾ ئایەتی (65).. ئیتر چۆن ئەو قسەیە ڕاستە كە دەڵێت ئامانج لە زیندووكردنەوەی دوای مردن بریتیە لە ئاشكرابوونی ڕاستیەكان؟ وەڵام: مەبەست لە ڕۆشنكردنەوەی ڕاستی لەم دنیایەدا بریتیە لە ڕوونكردنەوەی ڕاستی بەبەڵگەی عەقڵی، وە ئەم جۆرە ڕوونكردنەوەیە سوودی هەیە بۆ ئەو كەسانەی بەڕاستی دەگەڕێن بەشوێن حەقدا، بەڵام سوودی نیە بۆ ئەو كەسانەی وەكو ئەوان نین، بۆیە ئەم كەسانە پێویستیان بەو ڕوونكردنەوەیە هەیە كە ئەوەندە بەهێز و ئاشكرایە دوای ئەوە ناتوانن نكووڵی بكەن لێی، وە بواری ڕاكردنیان نامێنێت بەوەی پاساوی جۆراوجۆر بهێننەوە. بەڵام ئەم جۆرە ڕوونكردنەوەیە ئەستەمە لەم دنیایەدا ئەنجام بدرێت، چونكە ناكرێت دوای ڕوونكردنەوەیەكی لەم شێوەیە مرۆڤ باوەڕێكی بڵند و بەهێز بەدەستبهێنێت؛ چونكە داننان بە بوونی خۆردا پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی ئاسماندا بە درەوشاوەیی دەبینرێت دانپێدانانێك نیە نرخی هەبێت، بەهەمان شێوە.. باوەڕێك دوای دەركەوتنی ڕاستی بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا دروست بێت پلەی بڵند بۆ خاوەنەكەی بەدەستناهێنێت. كەواتە ئەو كەسانەی دەیانەوێت فەزڵی تایبەتی خوایان دەستبكەوێت ئەوا لەڕێگەی ڕوونكردنەوەی ڕاستی بۆیان بەهۆی پێغەمبەرانەوە لە دنیادا ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت، بەڵام ئاشكراكردنی ڕاستی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەشێوەیەكی ڕوون و ڕەوان كە هیچ ئاڵۆزی و ناڕوونی تێدا نەبێت بەو شێوەیە دەبێت كە لەم ئایەتەدا باسكراوە و تەنھا لە دواڕۆژدا دەبێت، بەڵام پاش ئەو ڕوونكردنەوەیە باوەڕ سوودێكی تایبەتی نابێت بەڵام ئەو سوودەی دەبێت كە كافرەكان وەها لێدەكات ڕەزامەندی خوا (عز وجل) بەدەستبهێنن پاش ئەوەی سزای تاوانەكانیان وەردەگرن.
كەواتە ئەو ڕوونكردنەوەیەی كە باوەڕهێنان دەڕەخسێنێت بۆ هەموو خەڵكی، لەم دنیایەدا ئەنجام نادرێت، بەڵكو لە جیهانێكی تردا ئەنجام دەدرێت، وە بەزیندووكردنەوە دەبێت لە دوای مردن.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلِيَعۡلَمَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ أَنَّهُمۡ كَانُواْ كَٰذِبِينَ﴾ تەواوكەر و درێژەی ئەو بەڵگەیەیە كە پێشتر باسكرا و ڕایدەگەیەنێت ئەو ڕوونكردنەوەیە ڕوونكردنەوەیەكی تایبەتیە بەجۆرێك دوای ئەوە كافرەكان ناتوانن هەرگیز نكووڵی لە ڕاستی بكەن، وە دڵنیا دەبن كە لەسەر ڕێگایەكی چەوت بوون.
إِنَّمَا قَوۡلُنَا لِشَيۡءٍ إِذَآ أَرَدۡنَٰهُ أَن نَّقُولَ لَهُۥ كُن فَيَكُونُ41
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: یەكێك لە هۆكارەكانی نكووڵیكردنی خەڵكی لە ڕۆژی قیامەت ئەوەیە كە بەدووری دەزانن ئێمە بتوانین مردوو زیندوو بكەینەوە. لەڕاستیدا ئەگەر سەرنجیان بدایە لە تواناكانمان كە لە دیاردەكانی گەردووندا بەجوانی دەركەوتوون؛ ئەوا دەیانزانی كە هیچ شتێك بۆ ئێمە ئەستەم نیە، بەڵكو ئەگەر ویستمان شتێك ببێت تەنھا فەرمان دەكەین و دەڵێین ببە ئەویش دەبێت. هەڵبەت لێرەدا خوا (عز وجل) ئەو هەواڵانەی كە پێغەمبەرەكانی ڕایدەگەیەنن كردووە بە بەڵگە لەسەر بوونی قیامەت، بەجۆرێك ڕایگەیاندووە ئەو هەواڵانەیش بەگوێرەی پێوەرەكانی خەڵكی دنیا وا دەردەكەون ئەستەم بن و هەرگیز نەیەنەدی، لەگەڵ ئەوەدا دێنەدی بۆ ئەوەی ببن بە بەڵگە لەسەر ئەوەی خوای گەورە بەتوانایە بۆ كردنی هەر شتێك خۆی بیەوێت؛ بۆیە دەكرێت پرسی قیامەتیش بەم شێوەیە لەقەڵەم بدەن.
هەندێ كەس وەسوەسەیان بۆ دروست دەبێت بەهۆی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە كە دەفەرموێت: ﴿كُن﴾، وە دەڵێن: ئەگەر دانمان بەوەدا نا كە پێش ئەوەی خوا گەردوون دروست بكات هیچ شتێك نەبووە ئیتر ئەم وتەیەی خوای گەورە ﴿كُن فَيَكُونُ﴾ چ مانایەكی هەیە؟ ئەو شتە چیە كە پێی گوتراوە: ﴿كُن﴾؟ بۆ نموونە ئاریە هیندۆسەكان دەڵێن ئەم ئایەتەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە پێش ئەوەی خوا شتەكان دروست بكات، وەها نەبووە هیچ شتێك بوونی نەبووبێت، بەڵكو ماددەیەك هەبوو خوا دەسەڵاتی هەبوو بەسەریدا و گەردوونی لێ دروست كردووە، ئەگینا چۆن ڕاست دەردەچێت كە خوا بفەرموێت ﴿كُن﴾ بە شتێك كە بوونی نەبێت (ستیارث بركاش (ترجمة أردیة) باب 14: تحقیق الدیانة الإسلامیة طبعة 1942 ص 530)
لەڕاستیدا ئەم بەڵگەهێنانەوەیان نادروستە، چونكە ئایەتەكە بەم شێوەیە تەفسیر دەكەن: “كاتێك دەمانەوێت شتێك ببێت ئەوا بەو شتە دەڵێین ببە و ئەویش دەبێت”. ئاشكرایە ئەم مانایەیش كە ئەوان دەیخەنەڕوو بۆ ئەم ئایەتە سەلامەت نیە لە ڕەخنە ئەگەرچی دانبنێین بە ئەزەلیەتی ئەو ماددەیەی كە خوا ئەو شتەی لێ دروستكردووە؛ چونكە ئەگەر ئەو ماددەیەی كە پێشتر بوونی هەیە ئەو شێوە نوێیە وەرنەگرێت كە دەویسترێت بۆ ئەو شتە، ئەوا ئەستەمە خوا فەرمانی پێ بكات ببێت بەو شێوەیەی كە دەیەوێت.
لەڕاستیدا بەڵگەهێنانەوەی هیندۆسەكان بەم ئایەتە لەسەر ئەزەلیبوونی ماددە تەواو پووچە، چونكە ئەو شتەی دەیڵێن دژی تیۆری ئیسلامی كە دەڵێت ماددە دروستكراوە و ئەزەلی نیە وەك ئەزەلیبوونی خوای گەورە.. هەمان شت دژی تیۆریەكەی خۆشیان دەوترێت كە دەڵێت ماددە ئەزەلیە؛ ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم ئایەتە ئەو مانایە نابەخشێت كە ئەوان مەبەستیانە، بەڵكو مانایەكی تری هەیە.
كەواتە ئەو مانا دروستە كامەیە؟ پێم وایە تێگەیشتن لەو مانایە ئەوە دەخوازێت لە خوێنەر كە بە دروستی و ڕوونی لە مانای ﴿كُن﴾ تێبگات.
بزانن ﴿كُن﴾ كۆمەڵێك مانای هەیە لەوانە: “بەم شێوەیە ببە”؛ بەڵگەش ئەم ڕووداوەی خوارەوەیە:
كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) چوو بۆ غەزای تەبووك چەند هاوەڵێك دواكەوتن لەوانە ئەبو خەیسەمە. كەسێكی پارێزكار و چاكەكار بوو كە چاوەڕوان نەداكرا لە دواكەوتووەكان بێت، هۆكاری دواكەوتنەكەیشی ئەوە بوو كاتی دەرچوونی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ تەبووك ئەو لە مەدینە نەبوو. كاتێك گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بینی خێزانەكەی چاوەڕوانیەتی دەیەوێت خەمەكانی هەڵڕێژێت بۆی، بەڵام چاوی نوقاند لەم حەزەی خێزانەكەی و لێی پرسی: پێغەمبەر (ﷺ) بۆ كوێ دەرچوو؟ ئەویش پێی گوت: جارێ وەرە دانیشە و پشوویەك بدە. وەڵامی دایەوە: نا، سوێند بەخوا بۆ ئەبو خەیسەمە نیە لای خێزانەكەیدا دابنیشێت و بحەوێتەوە و پێغەمبەر (ﷺ) دەرچێت بۆ جەنگ. یەكسەر ئەسپەكەی سازكرد و غاریدا بەرەو ئەو ئاراستەیەی كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆی ڕۆیشتبوو، بەردەوام ئەسپەكەی غاردەدا هەتا نزیك بوویەوە لەو شوێنەی كە پێغەمبەری خوا لە تەبووك وەستابوو تێیدا بۆ پشوودان. خەڵكەكە گوتیان: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەوە سوارێكە بەرەو ئێرە دێت. پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی: كن أبا خیثمة واتە دەی ئەبو خەیسەمە بە. گوتیان: سوێند بەخوا خۆیەتی ئەبو خەیسەمەیە. (تاریخ الطبري، أحداث سنة 9، ذكر الخبر عن عزوة تبوك).
كەواتە وتەكەی پێغەمبەر: “دەی ئەبو خەیسەمە بە” مانای ئەوە نیە ئەم سوارە -هەر كەسێك بێت-بووە بە ئەبو خەیسەمە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە: هیوادارم ئەوەی دێت ئەبو خەیسەمە بێت. مەبەستی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿كُن﴾ ئەمەیە، واتە كاتێك دەمانەوێت شتێك بهێنینە بوونەوە ئەوا دەمانەوێت بە فڵان شێوە بێتە بوونەوە، ئینجا بەگوێرەی ویستی ئێمە بۆ ئەو شتە شتەكە دێتە بوونەوە. پێویستە بزانرێت لێرەدا قسەنەكراوە دەربارەی دروستبوونی شت لە نەبوونەوە لەسەرەتای دروستكردنی گەردوونەوە، بەڵكو قسەكراوە دەربارەی دروستكردنی شتەكان لەلایەن خواوە بە گشتی.
وَٱلَّذِينَ هَاجَرُواْ فِي ٱللَّهِ مِنۢ بَعۡدِ مَا ظُلِمُواْ لَنُبَوِّئَنَّهُمۡ فِي ٱلدُّنۡيَا حَسَنَةٗ ۖ وَلَأَجۡرُ ٱلۡأٓخِرَةِ أَكۡبَرُ ۚ لَوۡ كَانُواْ يَعۡلَمُونَ 42
شیكردنەوەی وشەكان:
لَنُبَوِّئَنَّهُمۡ: بوأه وبوأ له منزلا: خانوویەكی بۆ دابینكرد و دایمەزراند تێیدا (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە و ئایەتەكەی دوای ئەو بەڵگەن لەسەر ئەو توانا مەزنەی خوا كە پێشتر ئاماژەی پێكرا، بەجۆرێك هۆشداری دەدات بە بێباوەڕەكان كە: گومانی تێدا نیە ئەم كۆمەڵە باوەڕدارە كەمن، وە ئێوە بەڕادەیەك دەستدرێژیتان كردە سەریان و ستەمتان لێ كردن كە ناچاربوون نیشتیمانی خۆیان بەجێبهێڵن، بەڵام ئێوە دەبینن چۆن ئێمە باشترین وڵات و نیشتیمانیان پێ دەبەخشین، وە هیچ هێزێك ڕێگری ناكات لەم ویستەمان.
وە پیتی ﴿فِي﴾ كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَٱلَّذِينَ هَاجَرُواْ فِي ٱللَّهِ﴾هاتووە دەكرێت بە چەند شێوازێك تەفسیر بكرێت لەوانە:
1- بە مانای (ل)، ڕستەكە مانای ئەوەیە ئەو كەسانە لەبەر خاتری خوا (عز وجل) كۆچیان كردووە، وە هیچ ئامانجێكی تر لە پشتی كۆچكردنەكەیانەوە نەبووە، چونكە لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە كۆچ بۆ سێ مەبەست دەكرێت: هەیە كۆچەكەی بۆ ئەوەیە بەرژەوەندیەكی دنیایی بەدەستبهێنێت، وە هەیە كۆچەكەی بۆ ئەوەیە ئافرەتێك مارە بكات، وە هەیە كۆچەكەی تەنها لەبەر خاتری خوای گەورەیە (البخاري، بدء الوحي).
دوژمنانی ئیسلام لەمڕۆدا ڕەخنە دەگرن و دەڵێن موسوڵمانانی سەرەتا جەنگیان كردووە بە هیوای دەستكەوتنی ماڵ و سامانی خەڵكی. بەوپێیەی پەروەردگارمان -كە زانای نادیارە- دەیزانی ئەم جۆرە ڕەخنانە دەگیرێن لە بەندە پاكەكانی، بۆیە بەم فەرمایشتەی خۆی ئەم ڕەخنانەی هەڵوەشاندەوە تەنانەت پێش هەڵگیرسانی ئەو جەنگانە.
2- دەكرێت وشەیەكی قرتێنراو تەقدیر بكەین دوای پیتی ﴿فِي﴾، تەقدیرەكەیش بەم جۆرە دەبێت: (في دین الله)، واتە ئەوان لەپێناوی ئایینی خوای گەورەدا كۆچیان كردووە، چونكە ناتوانن لە مەككە بەئازادی ئایینی خوا بڵاوبكەنەوە، بۆیە لەپێناوی بڵاوكردنەوەی ئایینی خوادا كۆچ دەكەن بۆ شوێنێك كە بتوانن تێیدا بەوپەڕی ئازادیەوە خزمەتی ئایینی خوای گەورە بكەن.
3- ﴿فِي﴾ بە مانا باوەكەی خۆی بێت، ئەوسا مەبەستی ئایەتەكە ئەوەیە ئەوان لە دۆخێكدا كۆچیان كرد كە بەتەواوەتی خۆیان فەنا كردبوو لە خوادا (عز وجل) و ڕەنگی ئەویان گرتبوو، وە هەواو ئارەزووەكانی خۆیان لەناوبردبوو، وە فەزڵی خوایان (عز وجل) دابوو بەسەر هەموو شتێكدا؛ وەك ئەوەی هەندێ مرۆڤ لەمەككە دەرنەچووبن، بەڵكو خوا دەرچووبێت تێیدا، وەك ئەوەی خەڵكەكەی خوایان لە كیس دابێت بە دەرچوونی ئەم چەند كەسە كەمە لە بەندەكانی خوا (عز وجل).
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿مِنۢ بَعۡدِ مَا ظُلِمُواْ﴾ ڕوونیكردووەتەوە كە كۆچەكەیان بەبێ هۆ نەبوو، بەڵكو كۆچیان كرد چونكە ستەمكاران ڕێگەیان پێ نەدان لەوێ بژین، وە ناچاریان كردن نیشتیمانی خۆیان بەجێبهێڵن.
وە لە ئایەتەكەدا بەڵگەیەك هەیە لەسەر ئەوەی كە پێویستە لەسەر باوەڕدار پەلە نەكات لە بەجێهێشتنی نیشتیمانەكەی، بەڵكو پێویستە لەسەری بەردەوام بێت لە بانگەواز و تەبلیغ هەتا ئەو كاتەی خەڵكی ناچاری دەكەن كۆچ بكات بەجۆرێك ئەستەم بێت لە وڵاتی خۆیدا كاربكات بە حوكمەكانی خوای گەورە.
پاشان خوا (عز وجل) فەرموویەتی ﴿لَنُبَوِّئَنَّهُمۡ فِي ٱلدُّنۡيَا حَسَنَةٗ﴾. بزانن ئەم ئایەتە بەتایبەتی باسی كۆچی گەورەمان عومەر و هەندێ هاوەڵی تر دەكات بۆ مەدینە، ئەگینا موسوڵمانان چوو بن بۆ هەر شوێنێك -چ لەم كۆچەدا یان دوای ئەوە- خوا ئەو شوێنەی كردووە بە باشترین جێگا. ئەگەر بەگشتی سەیری ئەنجامەكانی كۆچمان كرد دەبینین كۆچ بازرگانە ئاسایی و خاوەن حوشترەكانی كرد بە پاشا و حوكمی جیهانیان كرد.
پاشان خوا (عز وجل) فەرموویەتی ﴿وَلَأَجۡرُ ٱلۡأٓخِرَةِ أَكۡبَرُ﴾.. واتە پاداشتی ڕاستەقینەیان دوای مردن چاوەڕێیان دەكات، وە پاداشتێكی زۆر گەورە دەبێت، بەڵام ئێمە لە دنیایشدا موسوڵمان لە بەرزترین پلەدا نیشتەجێ دەكەین بۆ ئەوەی ئەمە ببێت بە پەندبۆ دوژمنانی ڕاستی.
لەڕاستیدا ئەو پلە بەرزەی كە ئەبو بەكر و عومەر (ڕەزای خوایان لێ بێت) بەدەستیانهێنا لە دنیادا یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی پەی ببات بە جوانی و قەشەنگی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿وَلَأَجۡرُ ٱلۡأٓخِرَةِ أَكۡبَرُ﴾.. هەڵبەت خوا (عز وجل) دەسەڵاتی پێدان بەسەر زۆربەی جیهانی شارستانیدا، لەگەڵ ئەوەدا خوای گەورە دەفەرموێت ئەمە پاداشتێكی ئاساییە، وە ئەگەر ئەمە پاداشتێكی ئاسایی بێت ئەوا دەبێت قەبارەی ئەو پاداشت و نیعمەتە گشتگیرانە چەند بێت كە خوا ئامادەی كردووە بۆ ئەبو بەكر و عومەر و هاوەڵەكانی تر لە دواڕۆژدا.
پەیوەندی ئەم ئایەتە بەوەی پێش خۆیەوە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە خوا (عز وجل) پێشتر هۆشداری دا بە بێباوەڕەكان و فەرمووی ئێوە نكووڵی دەكەن لە ڕۆژی قیامەت؛ چونكە پێتان وایە شتێكی ئەستەمە و لەتوانای ئێمەدا نیە، ئایا نابینن چۆن لەم دنیایەدا بە فەرمانی ئێمە ڕووداوگەلێك ڕوودەدەن كە بەگوێرەی دید و بۆچوونی خەڵكی ئەستەمە ڕووبدەن، ئیتر دوای ئەوە چۆن پێتان وایە زیندووبوونەوەی دوای مردن كارێكە لەتوانای ئێمەدا نیە. ئێستا خوا لەم ئایەتەدا یەكێك لە هەواڵەكانی هێناوەتەوە وەك بەڵگەیەك لەسەر ئەم بانگەشەیە و فەرموویەتی: ئەمڕۆ خەڵكی مەككە موسوڵمانان بەسووك تەماشا دەكەن، وە بەهەموو شێوەیەك سزا و ئەشكەنجەیان دەدەن بۆ ئەوەی دەریان بكەن لە زێدی خۆیان، وە ئاوارەیان بكەن بەبێ شوێن و پەناگایەكیان دەستبكەوێت، بەڵام ئێمە پێشتر ڕایدەگەیەنین كە كۆچەكەیان دەبێتە مایەی كردنەوەی دەرگای خێر لێیان، وە بەتەنھا خێر و چاكەی ئایین ڕاناكێشێت بۆیان، بەڵكو خێر و بێری دنیایش ڕادەكێشێت بۆیان، تەنانەت حوكم و دەسەڵاتیش. هەڵبەت كاتێك ئەم هەواڵە ڕاگەیەنرا پێغەمبەر (ﷺ) لە مەككە نیشتەجێ بوو، وە موسوڵمانان لاواز و داماو بوون بەجۆرێك خەڵكی مەككە نەخشەیان دەكێشا بۆ ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) بكوژن یان شاربەدەری بكەن یان بیخەنە زیندانەوە؛ بەڵام ساڵێك یان سێ ساڵ دوای ئەم هەواڵە خوا موسوڵمانانی كرد بە پاشا بەسەر جیهانەوە، ئەمەش بەهۆی كۆچەكەیانەوە. دیارە لەمەدا نیشانەیەكی مەزن هەیە بۆ ئەو كەسانەی نكووڵی دەكەن لە بوونی قیامەت و پێیان وایە خوا توانای ئەو كارەی نیە؛ چونكە چۆن مرۆڤ بۆی هەیە توانای خوای گەورەی بەلاوە كەم بێت لەكاتێكدا سوننەتی وەهایە هەمیشە شتی سەرسوڕهێنەر پیشان دەدات.
ٱلَّذِينَ صَبَرُواْ وَعَلَىٰ رَبِّهِمۡ يَتَوَكَّلُونَ43
شیكردنەوەی وشەكان:
صبروا: الصبر: سكاڵا نەكردن لە ئازاری بەڵا و نەهامەتیەكان لای غەیری خوا نەك لای خوا، ئەگەر بەندە لەخوا بپاڕێتەوە شەڕ و خراپە لادات لێی ئەمە هیچ زیانێك لە ئارامگرتنەكەی نادات. لە الكلیات دا هاتووە: ئارامگرتن لە كاتی موسیبەتدایە، وە لەكاتی جەنگدا ئازایەتیە. صبر الرجل علی الأمر: پێچەوانەی شڵەژانە..واتە پیاوەكە ئازا و خۆڕاگر بوو. صبر عن الشيء: دەستی هەڵگرت لێی. صبر الدابة: ئاژەڵەكەی بەند كرد بەبێ ئالیك. صبرت نفسي علی كذا: ئارامم گرت لەسەری، دەوترێت: صبرت علی ما أكره، ئارامم گرت لەسەر ئەو شتەی حەزم لێی نیە. صبرت عما أحب واتە وازم هێنا لەو شتەی كە حەزم لێیەتی (الأقرب).
یتوكلون: توكل علی الله: خۆی ڕادەستی خوا كرد و پشتی پێ بەست و متمانەی پێ كرد (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئەو كۆچكەرە چەوساوانە كۆمەڵێكی خۆڕاگر بوون و متمانەیان بە پەروەردگاری خۆیان هەبوو سەرەڕای ئاوارەبوونیان لە زێدی خۆیان بەدەستی دەستدرێژكاران.
وەك ئەوەی ئەم ئایەتە شەرحی ئایەتەكەی پێشوو بێت؛ بۆیە بەگشتی كەسی ستەملێكراو لەلایەن خواوە (عز وجل) هاوكاری دەكرێت و سەردەخرێت، بەڵام ئەو ستەملێكراوەی ئارام دەگرێت زیاتر و خێراتر ڕەحمەت و فەزڵی خوا ڕادەكێشێت. بەهەمان شێوە كۆچكردن لەپێناوی خوادا چاكەیەكی گەورەیە، بەڵام ئەو كەسەی لەپێناوی خوادا (عز وجل)تووشی تاڵانكردن و ئاوارەیی دەبێت و لە نیشتیمانی خۆی دەردەكرێت، لەگەڵ ئەوەدا متمانەی هەیە كە هەرگیز نافەوتێت و لەناوناچێت بەڵكو بەدڵنیاییەوە خوا فریای دەكەوێت.. گومانی تێدا نیە ئەم كارە چاكەیەكی گەورەترە.
وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ إِلَّا رِجَالٗا نُّوحِيٓ إِلَيۡهِمۡ ۖ فَسَۡٔلُوٓاْ أَهۡلَ ٱلذِّكۡرِ إِن كُنتُمۡ لَا تَعۡلَمُونَ44
شیكردنەوەی وشەكان:
الذكر: وتنی شت؛ ئامادەكردن لە زیهندا بەجۆرێك لەبیرنەچێتەوە؛ ناوبانگ، دەوترێت “له ذكر في الناس” واتە لەناو خەڵكدا ناوبانگی هەیە؛ ستایش؛ ڕێز.. وە لە قورئاندا هاتووە ﴿وَإِنَّهُۥ لَذِكۡرٞ لَّكَ وَلِقَوۡمِكَۖ﴾؛ نوێژكردن بۆ خوا و پاڕانەوە.. “إذا حزبه الأمر فزع إلی الذكر” واتە ئەگەر تووشی خەم و خەفەتێك بوو پەنا دەبات بۆ پاڕانەوە؛ الكتاب فیه تفسیر الدین ووضع الملل واتە ئەو كتێبەی تەفسیری ئایین و باسی ڕێبازەكانی تێدایە. الذكر من الرجال: پیاوی بەهێز و ئازا و دلێر؛ الذكر من المطر: لێزمە باران؛ الذكر من القول: وتەی تۆكمە و پتەو (الأقرب).
تەفسیر: واتە گەورەترین شت كە هانی بێباوەڕەكان دەدات دژایەتی ئەم پێغەمبەرە بكەن ئەوەیە پێیان وایە مرۆڤێكی وەكو خۆیان ناتوانێت هیچ زیانێكیان پێ بگەیەنێت، بەڵام بیرناكەنەوە كە پێغەمبەرانی پێشوویش مرۆڤ بوون، لەگەڵ ئەوەدا لە كارەكانیاندا سەركەوتن و ئامانجی خۆیان بەدەستهێنا.
خوای گەورە لەم فەرمایشتەدا ﴿فَسَۡٔلُوٓاْ أَهۡلَ ٱلذِّكۡرِ إِن كُنتُمۡ لَا تَعۡلَمُونَ﴾سەرزەنشتی بێباوەڕەكانی كردووە؛ چونكە ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە لە نەوەی ئیبراهیم و ئیسماعیلن (علیهما السلام)، وە زانیارییان هەبوو دەربارەی بەسەرهات و بارودۆخەكانی ئەوان و دەیانزانی چۆن هەردووكیان سەركەوتوو بوون لە كارەكانیاندا سەرەڕای ئەوەی تووشی دژایەتی و ئازاردان بوون (السیرة النبویة لابن هشام، سیاقة النسب من ولد إسماعیل). بۆیە خوا (عز وجل) سەرزەنشتیان دەكات و دەفەرموێت: وا دیارە ئێوە لەبیرتان چووە چی هات بەسەر باوباپیرانتاندا، بۆیە پرسیار لە كەسانی شارەزا بكەن دەربارەیان ئەگەر نازانن! وە بەوپێیەی الذكر مانای پاراستنی شتیش دەگەیەنێت كەواتە مەبەستەكە ئەوەیە: هەواڵی بارودۆخیان بپرسە لەو كەسانە كە بارودۆخی ئەوانی لە مێشكیدا.. واتە لە موسوڵمانان. ئەم شێوازی ئاخاوتنەی قورئانی پیرۆز چەند جوانە، وە چەندە كاریگەرە، وە گومانی تێدا نیە دڵی بێباوەڕەكان بە بیستنی ئەم وتەیە كە پڕە لە تانووت و سەرزەنشت لەت لەت بووە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿نُّوحِيٓ إِلَيۡهِمۡ﴾ ئاماژە دەكات بەوەی كە سەربەرزی پێغەمبەر بە سەرباز و هۆكارە ماددیەكان نیە، بەڵكو ماڵ و سامانی ئەو تەنھا وەحیە، وە بەهۆی وەحیەوە سەركەوتن بەدەستدەهێنێت.
وە ئاماژەشی تێدایە بۆ ئەوەی كە بێباوەڕەكان وایان دەزانی ئەستەمە موسوڵمانان حوكم و دەسەڵات بەدەستبهێنن لە ڕێگەی ئەم كەسە لاوازە داماوەوە.. دەی با ئەوەیان لەبیر بێت كە پێغەمبەران لە ڕابردوویشدا هیچ هۆكار و ئامرازێكیان نەبووە جگە لە وەحی، وە لەگەڵ ئەوەدا خوا (عز وجل) لەسەر دەستی ئەواندا گۆڕانكاری مەزنی دروستكردووە وەك ئەوەی لە خودی ئەم دنیایەدا قیامەتی بەرپاكردبێت.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿رِجَالٗا﴾ وەڵامێكە بۆ وتەی ئەو كافرانەی كە گوتوویانە: بۆچی فریشتە دانابەزن بۆ سەر ئێمە. هەڵبەت سوورەتەكەی پێشوویش ئەم داواكاریەی ئەوانی تۆماركردووە، بەجۆرێك گوتوویانە ﴿لَّوۡ مَا تَأۡتِينَا بِٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ﴾، بۆیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿رِجَالٗا﴾ شەرمەزاركردنیانە كە ئێوە فریشتە بە كچی خوا لەقەڵەم دەدەن، وە كچ وەك نوێنەری هیچ كەسێك ڕەوانە ناكرێت، ئیتر چۆن دەكرێت فریشتە بێت بۆلای ئێوە؟
وە بەو پێیەی موسوڵمانان دەسەڵاتیان بەدەستدەهێنا پاش كۆچ، وە شتێكی سروشتی بوو لەناو ئەو گەلەدا كەسانێك پەیدا بن تەماعیان بە دەسەڵات هەبێت -وك موسەیلەمەی درۆزن و سەججاح و كەسانی تر- و پێیان وابێت كە ئەم حكومەتەیش وەكو حكومەتە دنیاییەكان وایە، بۆیە دوور نیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿رِجَالٗا نُّوحِيٓ إِلَيۡهِمۡ﴾ ئاماژە بێت بۆ ئەم ئاژاوەیەی ئاییندە، وە جەختكردنەوە بێت لەلایەن خواوە (عز وجل) لەوەی كە پیاوانێك سەرهەڵدەدەن هەڵدەستن بە پاكتاوكردنی ئەو پێشبینیكارە درۆزنانە، بە پیاو و ژنیانەوە، كە بەهۆی زمانپاراوی و ڕەوانبێژییەوە بەدرۆ خۆیان بە پێغەمبەر لەقەڵەم دەدەن.
بِٱلۡبَيِّنَٰتِ وَٱلزُّبُرِ ۗ وَأَنزَلۡنَآ إِلَيۡكَ ٱلذِّكۡرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيۡهِمۡ وَلَعَلَّهُمۡ يَتَفَكَّرُونَ 45
شیكردنەوەی وشەكان:
البینات: كۆی وشەی “البینة”یە كە ماناكەی بریتیە لە: بەڵگە؛ حوججە (الأقرب)
الزُّبُر: زبَره يزبُر زَبرًا: بەردی تێگرت. زبَر الكتابَ يزبِر ويزبُر: كتێبەكەی نووسی -وە لە موفرەداتی ڕاغیبدا ئەمەی بۆ زیاد كردووە- نووسینێكی چڕ. زبر السائل: سواڵكەرەكەی دەركرد. زبر عن الأمر: ڕێگری لێكرد. الزِّبر: كتێب، كۆی وشەكە بریتیە لە الزبور والزبر. الزبور: گروپ؛ قەڵەمڕەو؛ كتێب (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتەیش شەرحی بابەتەكەی پێشووە بەجۆرێك ڕوونیكردووەتەوە پێغەمبەران لەلایەن خوای گەورەوە هاتوون و بەدڵنیاییەوە نیشانە و فەرمانیان پێ بووە؛ بەجۆرێك بەهۆی ئەم دوو شتەوە مەبەستی ڕەوانەكردنیان دێتەدی و ئەم دوانە هۆكارن بۆ سەركەوتنیان.
وە بزانن كە هەریەك لە ﴿ٱلذِّكۡرَ﴾ و ﴿ٱلزُّبُرِ﴾ مانای كتێبە واتە ئەو وەحیەی كە پێویستە باوەڕی پێ بكرێت، بەڵام بەو پێیەی لێرەدا لەبەرامبەر یەكتردا هاتوون بۆیە ﴿ٱلذِّكۡرَ﴾ مانایەكی تایبەت دەبەخشێت، چونكە ئەگەر وشەیەك لەبەرامبەر وشەیەكی تردا هات وەك هاوواتای وشەكە ئەوا دووەمیان بۆ خستنەڕووی پلەی بەرزتر یان پلەی نزمتر دێت، وە بەو پێیەی سیاقەكە لێرەدا مانای پلەی بەرزتر و ئەفزەلیەت دەخوازێت بۆیە ﴿ٱلذِّكۡرَ﴾ لێرەدا بەمانای ئەو كتێبە دێت كە بەڕێزترین و تەواوترینە؛ كەواتە مانای ئەم ئایەتە ئەوەیە خوای گەورە پێش تۆ بەڵگە و كتێبی داوە بە پێغەمبەران، بەڵام بەڵگە و زیكری داوە بە تۆ، واتە شتێكی داوە بەتۆ چاكترە لەوەی داویەتی بەوان، وە مادام پێغەمبەرانی پێشوو توانییان بەهۆی كتێبەكانیانەوە كە لە كتێبەكەی تۆ نزمتر بوون دوژمنەكانیان ببەزێنن بۆیە ئەستەمە تۆ سەركەوتوو نەبیت لە شكستهێنان بە دوژمنەكانت لەكاتێكدا كتێبێكت پێ دراوە چاكترە لە كتێبەكەی ئەوان. وە بەڕەچاوكردنی ئەم مانایە (ال) لە وشەی ﴿ٱلذِّكۡرَ﴾ بۆ كەماڵ و تەواوییە.
هەروەك دەكرێت لێرەدا ماناكانی تری “الذكر”یش پیادە بكەین وەك دوعا، تۆكمە و پتەو؛ ناوبانگ، ستایش؛ بیرهێنانەوەی شت بەجۆرێك لەبیرنەچێتەوە (الأقرب)؛ بەمەش ئایەتەكە واتە: لە تایبەتمەندیەكانی كتێبەكەت ئەوەیە پاڕانەوەی تەواو و بێكەموكوڕی تێدایە، بۆیە هۆكارێك دەبێت بۆ دابەزینی فەزڵە تایبەتەكانی خوا. پاشان ڕێنمایی و فێركاریەكانی پتەو و تۆكمەن بۆیە هەرگیز تانەی تانەدەران زیانیان پێ ناگەیەنن. هەروەها ئەو كەسانەی كاریان پێ دەكەن لەلایەن خەڵكەوە ستایش دەكرێن، چونكە ڕەوشت و ڕەفتاریان دەڕازێننەوە بەجۆرێك دنیا ناچار دەبێت ستایشیان بكات، یان كتێبەكەت ستایشی تەواوی خوای گەورەی تێدایە ئەمەش ناسینی باوەڕداران زیاتر دەكات دەربارەی خوای گەورە (عز وجل). پاشان كتێبەكەت لەداهاتوودا ناوبانگ و پەسەندێتی بەدەستدەهێنێت بەجۆرێك هەموو كاتێك خەڵكی دەیخوێننەوە، بۆیە ئەستەمە لەبیربچێتەوە.
وە پیتی لام لەم وشەیەدا ﴿لِتُبَيِّنَ﴾ بۆ هۆكارە یان بۆ سەرەنجامە. ئەگەر بۆ هۆكار بێت ئەوا مانای ئەوەیە ئێمە كتێبێكمان ناردەخوارەوە بۆت كە لە كتێبەكانی پێشوو چاكترە، بۆ ئەوەی هەموو خەڵكی جیهان فێربكەیت.. واتە فەزڵی ئەم فێركاریە لەوەدایە كە تایبەت نیە بە گەلێك یان سەردەمێكی دیاریكراو، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكیە. بەڵام ئەگەر پیتی (لام) بۆ سەرەنجام بێت ئەوا مانای ئایەتەكە ئەوەیە: مادام كتێبێكمان ناردە خوارەوە بۆت چاكترین كتێبە بۆیە ناكرێت بیشاریتەوە لە خەڵكی، وە ئەوەی كە باشترین كتێبە فەرزی دەكات لەسەرت هەموو دنیا بانگەواز بكەیت بۆ ئەم كتێبە، چونكە چۆن دەكرێت كەسێك بێ دەنگ بێت كە وتەیەكی مەزنی لەم شێوەیە دابەزیبێت بۆ سەری.
خوای گەورە، بە فەرمایشتی ﴿نُزِّلَ إِلَيۡهِمۡ﴾ هەست و سۆزی كافرەكانی جووڵاندووە و قورئانی شیرین كردووە لەبەرچاویاندا، بەجۆرێك فەرموویەتی: گومانی تێدا نیە ئەم كێبە دابەزیوە بۆ سەر تۆ ئەی موحەممەد، بەڵام لەڕاستیدا دابەزیوە بۆ خەڵكی هەموو دنیا چونكە مەبەستی ئەوەیە سوود بگەیەنێت بە هەموو خەڵكی، ئیتر بۆچی ڕژدی دەكرێت لە سوپاسكردنی ئەم سۆزە خواییەدا!
هەروەها بە فەرمایشی ﴿نُزِّلَ إِلَيۡهِمۡ﴾ خوای گەورە جەختی كردووەتەوە لەسەر پێویستی گەیاندنی ئەم وەحیە بە هەموو كەسێك؛ چونكە بۆ هەموو خەڵكی دنیا دابەزیوە، وە لەبەرئەوەی سەروەت و سامانێكی هاوبەشە لەنێوان هەموو مرۆڤەكاندا، بۆیە پێویستە دابەشبكرێت بەسەر هەموو خەڵكیدا.
خۆزگە موسوڵمانان هەستیان دەكرد بە گرنگی تەبلیغ و بانگەواز! لەڕاستیدا ئەگەر ئەوان سست و خاو نەبوونایە لە جێبەجێكردنی ئەركی بانگەواز و تەبلیغی پەیامی قورئاندا ئەوا ئەمڕۆ لە جیهاندا تەنها ئایینی ئیسلام دەبینرا؛ چونكە هیچ ڕێنمایی و فێركارییەكی تر ناتوانێت لەبەرامبەر فێركاریە پیرۆزەكانی ئیسلامدا بوەستێت. گومانی تێدا ئەمڕۆ ئاستەنگی زۆر هەیە لەبەردەم بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا، بەڵام ئەم ئاستەنگانە بەهۆی چاوچنۆكی ماددیەوە دروست بوون كە ڕێگری لە خەڵكی دەكات باوەڕبهێنن پێی، تازەكی ئەمە دروست بووە، ئەگینا لەڕابردوودا دنیایش لە چنگی موسوڵماناندا بوو وەك چۆن ئایین لە دەستیاندا بوو.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ﴾ ئاماژە بۆ بابەتێكی وردی تریش دەكات؛ ئەویش ئەوەیە هەندێ كتێب هەن مرۆڤ ناتوانێت ئەوەی لەناویاندا هەیە بیخوێنێتەوە بۆ كەسێكی تر چونكە شەرم دەكات، بۆ نموونە هەندێ شت هاتووە لە كتێبی پیرۆزدا كە مرۆڤ شەرم دەكات بیخوێنێتەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵام قورئانی پیرۆز شتانێكی جوان و پیرۆزی تێدایە كە دەكرێت لە هەر مەجلیسێكدا بخوێنرێنەوە. تەنانەت یەكێك لە نووسەرە مەسیحیەكانیش دانیناوە بەمەدا و گوتوویەتی: یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی قورئان ئەوەیە دەتوانرێت لە هەر شوێن و مەجلیسێكدا بخوێنرێتەوە، بەڵام بەش بەحاڵی كتێبەكەی ئێمە ئەمە ستەمە. بۆ نموونە لە كتێبی پیرۆزدا باسی بەسەرهاتی لووط كراوە لەگەڵ كچەكانیدا، وە باسی ئەوە كراوە كە نەوەی ئیسڕائیل ژن و مناڵی خۆیان كوشتووە بە فەرمانی خوای گەورە (پەیدابوون 19: 31-38، دواوتاری مووسا 3: 6). ئاشكرایە قورسە بۆ مرۆڤ ئەم شتانە لە مەجلیسەكاندا باس بكات. وە نموونەیەكی تری ئەم جۆرە فێركاریانە ئەو فێركاریەیە كە لای هیندۆسەكان هەیە بەناوی “نیوگ” [لە ئایینی هیندۆسیدا نیوگ ئەوەیە ئەگەر مێرد نەیتوانی وەچە بخاتەوە واجبە لەسەری خێزانەكەی بنێرێت بۆ لای كەسێكی بەهێز كە بتوانێت وەچە بخاتەوە بۆ ئەوەی خۆی و هاوسەرەكەی بێ مناڵ نەبن. (وەرگێڕی عەرەبی)]، ئەم فێركاریە ئەوەندە قێزەون و شەرمهێنەرە كەسی هیندۆسی خۆیشی ناتوانێت لای هاوسەرەكەیدا بیخوێنێتەوە چجای ئەوەی بە ئاشكرا بیخوێنێتەوە بۆ شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر.
بەڵام قورئانی پیرۆز بە زمانێكی جوان و بە كۆمەڵێك وشە كە حەیا و شەرمیان لێ دەچۆڕێت بابەت و حوكمە جۆراوجۆرەكانی باسكردووە كە دەكرێت باسبكرێن لەبەردەم هەر گەلێك و لەبەردەم هەر مرۆڤێكدا تەمەنەكەی هەرچەند بێت.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَعَلَّهُمۡ يَتَفَكَّرُونَ﴾ ئاماژەیەكی تێدایە بۆ ئەوەی كە وەحی بیر و هۆشی مرۆڤ ساف و بێگەرد دەكات، وە ژیانی هاوەڵەكان (رضي الله عنهم) گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەم ڕاستیە. ئەوان كەسانێكی نەخوێندەوار بوون و شارەزاییان نەبوو لە بارودۆخەكانی دنیا، بەڵام بە بیستن و وەرگرتنی وەحی قورئانی و تێگەیشتن لێی بوون بە مامۆستای جیهان، ئەوەندە تێگەیشتن و ڕۆشنگەرییان پێ درا بەجۆرێك لەدوای خۆیان پێشەنگییەكیان بەجێهێشت كە چاوی لێبكرێت لە هەموو بوارە زانستیەكاندا.
أَفَأَمِنَ ٱلَّذِينَ مَكَرُواْ ٱلسَّئَِّاتِ أَن يَخۡسِفَ ٱللَّهُ بِهِمُ ٱلۡأَرۡضَ أَوۡ يَأۡتِيَهُمُ ٱلۡعَذَابُ مِنۡ حَيۡثُ لَا يَشۡعُرُونَ46
شیكردنەوەی وشەكان:
یخسف: خسف المكان خسوفا: شوێنكە ڕۆچوو بە زەویدا و نوقم بوو. خسف الله تعالی الأرض: خوای گەورە زەویەكەی نوقم كرد لەگەڵ ئەو شتانەی كە لەسەری بوو. خسف الله الأرض بفلان: خوای گەورە فڵانە كەسی ون كرد لەناو زەویەكەدا. خسف في الأرض وخسف به مجهولا: ون بوو لەناو زەویەكەدا. خسف فلانا: فڵان كەسی زەلیل كرد و ناچاری كرد لەسەر ئەو شتەی كە ڕقی لێی بوو (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە هەواڵێكی تری تێدایە دەربارەی ئاكامی بێباوەڕان. وە ڕۆچوون بە زەویدا -وەك ئێستا باسكرا- دەكرێت ڕواڵەتی بێت و دەكرێت مەعنەویش بێت. گومانی تێدا نیە وشەكانی ئایەتەكە بەڵگەن لەسەر ڕۆچوون بە زەویدا بەشێوەیەكی ڕواڵەتی چونكە نوقم بوونی كەسێك بە زەویدا واتە ئەسپەردەبوونی ئەو كەسە تێیدا، بەڵام لێرەدا مەبەست ڕۆچوونی مەجازیە واتە زەبوونی و سووك و ڕسوایی. هەڵبەت بێباوەڕەكان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر تووشی ئەم سزایە بوون، واتە سزای نوقم بوون لە زەویدا، بەجۆرێك ئەمڕۆ ئێمە كەسێك نادۆزینەوە كە ناوی سەرگەورەكانی عەرەبە بێباوەڕەكان و ماڵباتەكانیان بهێنێت، بەڵام كاتی باسكردنی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان و عەلی و مناڵەكانیان -رضي الله عنهم- سەر نەوی دەكرێت بەهۆی ڕێز و شكۆیانەوە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿يَأۡتِيَهُمُ ٱلۡعَذَابُ مِنۡ حَيۡثُ لَا يَشۡعُرُونَ﴾، گومانی تێدا نیە هەمیشە سزا لەپڕ تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام كۆمەڵێك ڕووداو هەن لە ژیانی پێغەمبەردا ئەم وتەیەی خوا بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر پیادە دەبێت بە سەریاندا. بۆ نموونە سوڵحی حودەیبیە، خەڵكی مەككە بە سەركەوتنێكی گەورەیان دەزانی بۆ خۆیان، بەڵام دوای سوڵحی حودەیبیە ڕۆژگار بەجۆرێك سووڕا كە سوڵحی حودەیبیە بوو بە نیشانەیەكی مەزن دەرحەق بە پێغەمبەر (ﷺ). هەڵبەت خەڵكی مەككە كاتی ڕێككەوتنەكە سوور بوون لەسەر ئەوەی ئەگەر كەسێك لە خەڵكی مەككە موسوڵمان بوو و ڕایكرد بۆ مەدینە ئەوا دەبێت بگەڕێنرێتەوە بۆ لای مەككەییەكان، ئەم مەرجە بووە هۆی دروستبوونی كۆمەڵێك موسوڵمانی یاخی و دەستیانكرد بە جەنگكردن لەگەڵ بێباوەڕاندا، ئەم كۆمەڵە یاخیە لەدەرەوەی ئەو سیستەمە بوون كە پێغەمبەر (ﷺ) دروستی كردبوو، وە زۆریان هێنا بۆ مەككەییەكان، هەتاكو بە زەبوونی هاتن بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و تكایان لێ كرد كە ڕێگا بدات بەو كۆمەڵە یاخیە كۆچ بكەن بۆ مەدینە. پاش ئەوە هەندێ هۆز جەنگیان كرد لەگەڵ یەكتردا و قوڕەیش یارمەتی هۆزێكیان دا بە پێچەوانەی ڕێككەوتنەكەوە ئەمەش بواری كردەوە بۆ موسوڵمانان كە سوپا بجووڵێنن بەرەو مەككە، ئینجا زۆر بەخێرایی و بەشێوازێكی زۆر لەناكاو مەككە ئازادكرا. (السیرة النبویة لابن هشام، أمر الهدنة، والسیرة الحلبیة، ج3 ص25-32، طبعة 1935)
أَوۡ يَأۡخُذَهُمۡ فِي تَقَلُّبِهِمۡ فَمَا هُم بِمُعۡجِزِينَ47
شیكردنەوەی وشەكان:
تقلب: تقلب الشيء: شتەكە هەڵگەڕایەوە. تقلب علی فراشه: لەجێگای نووستنەكەیدا لەسەر لایەكەوە كەوتەسەر لایەكەی تری. تقلب في الأمور: هەرچۆن ویستی هەڵسوكەوتی كرد لە شتەكاندا (الأقرب).
معجزین: أعجزه الشيء: لەدەستی دەرچوو. أعجز فلان فلانا: فڵان كەس فڵان كەسی دەستەوسان كرد. أعجزه: بە دەستەوسانی بینی (الأقرب).
تەفسیر: التقلب مانای سەفەریش دەگەیەنێت بەگوێرەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ﴿لَا يَغُرَّنَّكَ تَقَلُّبُ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ فِي ٱلۡبِلَٰدِ﴾ (آل عمران: 197).. واتە فریومەخۆ بە گەشتە بازرگانیەكانیان لێرە و لەوێ و بڵێیت خاوەنی هێزن و دەوڵەمەندن ئیتر چۆن دەبەزن و شكستدەهێنن. بە ڕەچاوكردنی ئەم مانایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَوۡ يَأۡخُذَهُمۡ فِي تَقَلُّبِهِمۡ﴾ واتە پێویستە كافرەكان وا نەزانن كە گەشتە بازرگانیەكانیان دەبێتە مایەی هێز و دەسەڵاتیان، دیارە خوای گەورە بەهۆی خودی گەشتە بازرگانیەكانیانەوە سزایان دەدات. لەڕاستیدا بێباوەڕەكان جەنگی بەدریان كرد بۆ بەرگریكردن لە كاروانێكی بازرگانییان، ئەوەبوو بەهۆی بەدرەوە هێز و توانایان لەبەین چوو و لووتیان شكا. (السیرة النبویة لابن هشام، غزوة بدر الكبری).
یەكێك لە ماناكانی التقلب بریتیە لە ڕەفتار، بەمەش ڕستەی ﴿أَوۡ يَأۡخُذَهُمۡ فِي تَقَلُّبِهِمۡ﴾ مانای ئەوەیە خوای گەورە ڕەفتاریان تێكدەدات واتە دەسەڵاتیان لاواز دەكات. لەڕاستیدا خەڵكی مەككە تووشی ئەم سزایەش بوون كاتی سوڵحی حودەیبیە بەجۆرێك هەندێ هۆزی بێباوەڕ ڕەتیان كردەوە بدەنەپاڵ قوڕەیش، وە پەیوەندییان كرد بە موسوڵمانانەوە سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕیان، هەر ئەمەش بوو لەدواییدا بووە هۆی ئەوەی موسوڵمانان سوپا بجووڵێنن بەرەو مەككە و ئازادی بكەن.
أَوۡ يَأۡخُذَهُمۡ عَلَىٰ تَخَوُّفٖ فَإِنَّ رَبَّكُمۡ لَرَءُوفٞ رَّحِيمٌ48
شیكردنەوەی وشەكان:
تخوُّف: تخوَّفَ علیه شیئًا تخوُّفًا: ترسا تووشی شتێكی نەخوازراو بێت. تخوف الشيء: شتەكەی كەم كردەوە. تخوف حقه: مافی خوارد. “هو یأخذهم علی تخوف” واتە لە چواردەوری شارەكانیانەوە تووشی شەڕيان دەكات هەتا ترس داياندەگرێت (الأقرب). التخوف: دەركەوتنی ترس لە مرۆڤەوە (المفردات).
تەفسیر: یەكێك لە ماناكانی التخوف بریتیە لە كەمكردنەوە، بەگوێرەی ئەم مانایە ئایەتەكە واتە خوای گەورە سزای خەڵكی مەككە دەدات بەوەی كە زەویەكانیان كەم دەكاتەوە، بەجۆرێك وردە وردە ئەو شوێنانە لەدەستیان دەردەچن كە لەژێر دەسەڵاتیاندان. لەڕاستیدا ئەمە ڕوویدا بەجۆرێك ناوچە جۆراوجۆرەكانی دوورگەی عەرەبی وردە وردە دەهاتنەناو ئیسلامەوە تەنانەت پێش ئازادكردنی مەككە.
هەروەك وشەی التخوف مانای ترس دەگەیەنێت، بەگوێرەی ئەم مانایە واتای ئایەتەكە ئەوەیە خوای گەورە بەهۆی ترسەوە سزایان دەدات.. واتە ترسی موسوڵمانان دەخاتە دڵی ئەوانەی كافربوون بەجۆرێك دڵیان دەلەرزێت. لەڕاستیدا ئەم جۆرە سزایە ئازاردانی تەواوەتییە چونكە دەمارەكانی مرۆڤ لەناودەبات و دەیخاتەناو دۆزەخی نیگەرانیەكی توند كە كۆتایی نایەت. هەڵبەت مەككەییەكان تووشی ئەم سزایەش بوون، ئەوەبوو ترسی پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی بە بەردەوامی دڵی ئەوانی دەگوشی، بەجۆرێك لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “نصرت بالرعب مسیرة شهر.” (البخاري، كتاب الصلاة باب قول النبي (ﷺ) جعلت لي الأرض مسجدا).. واتە خوای گەورە لەدووری یەك مانگە ڕێوە بەهۆی ترسەوە پێغەمبەرەكەی خۆی سەرخستووە، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) بۆ هەر شوێنێك دەردەچوو خەڵكی لێی دەترسان تەنانەت ئەو كەسانەی كە ماوەی یەك مانگە ڕێ لێی دووربوون.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿فَإِنَّ رَبَّكُمۡ لَرَءُوفٞ رَّحِيمٌ﴾. لێرەدا پاش باسكردنی سزا باسكردنی سیفەتی سۆز و بەزەیی سەرەتا بە شتێكی سەیر دێتە بەرچاو، بەڵام ئەمە چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە: یەكەم: خوای گەورە تەنانەت لە دابەزاندنی سزای جۆراوجۆر بۆ سەریان بە سۆز و بەزەییەوە هەڵسوكەوتی كردووە لەگەڵیاندا، بەیەكجار سزاكەی دانەبەزاندووەتە سەریان؛ سەرەتا هۆشداری پێ دان بەوەی ناوچەی دەسەڵاتیان كەمدەكاتەوە واتە ئیسلام بڵاودەكاتەوە لە ناوچەكانی دراوسێی مەككەدا، پاشان پێكدادانی سووك و سادە ڕوویدا لەنێوان ئەوان و موسوڵماناندا، پاشان لە حودەیبیەدا سوڵح كرا كە هێز و دەسەڵاتی لەناوبردن، پاشان لەناو جەرگەی ماڵەكانیاندا لەكاتی ئازادكردنی مەككەدا لەپڕ سزای ناردە سەریان. كەواتە ئەم پەلامارە هێواشە سۆز و بەزەیی بوو بۆ ئەوان، بەجۆرێك بەمە هیدات ڕەخسا بۆ ئەو كەسانەی شیاوی هیدایەت بوون، ئەگینا ئەگەر خوا بیویستایە بەیەكجار لەناوی دەبردن.
هۆكاری دووەم -كە بەلای منەوە لە پێشترە- ئەوەیە لێرەدا سۆز و بەزەییەكە تایبەتە بە موسوڵمانان نەك بە بێباوەڕەكان، مەبەست ئەوەیە سزای خەڵكی مەككە سۆز و بەزەییە بۆ باوەڕداران، چونكە ئامانج لێی ڕزگاركردنی موسوڵمانە چەوساوەكان بووە لە سزا و ئەشكەنجەی خەڵكی مەككە. وە بەڵگەی ئەم قسەیەم ئەوەیە كە كاتی باسكردنی سزا قورئان ڕاناوی كەسی سێیەمی بەكارهێناوە، بەڵام كاتی قسەكردن دەربارەی سۆز و بەزەیی ڕاناوی كەسی دووەمی بەكارهێناوە.
أَوَ لَمۡ يَرَوۡاْ إِلَىٰ مَا خَلَقَ ٱللَّهُ مِن شَيۡءٖ يَتَفَيَّؤُاْ ظِلَٰلُهُۥ عَنِ ٱلۡيَمِينِ وَٱلشَّمَآئِلِ سُجَّدٗا لِّلَّهِ وَهُمۡ دَٰخِرُونَ49
شیكردنەوەی وشەكان:
یتفیؤ: تفیأت الظلال: سێبەرەكە وەرچەرخا (الأقرب).
داخرون: دخَر ودخِر: زەلیل و بچوك بوو، وە لە قورئاندا هاتووە: ﴿سَيَدۡخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِينَ﴾ واتە بە سووك و ڕسوایی دەچنە دۆزەخەوە (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا بە بێباوەڕان دەفەرموێت: ئایا بۆچی بەگوێڕایەڵی و ملكەچییەوە بۆ خوا وردنابنەوە لە ڕێساكانی توانای ئەو، بۆ ئەوەی ببینن چۆن هەموو شتێك تووشی نەمان دەبێت، وە هەموو گەلێك تووشی داڕوخان و لەناوچوون دەبێت. ئەوەتا دەسەڵات دەستاودەست دەكرێت، وە شارەكان كاول دەبن، وە وڵات وێران دەبێت، وە هەژار دەوڵەمەند دەبێت، وە دەوڵەمەند هەژار دەكەوێت. كەواتە هەموو شتێك لەدنیادا لە كۆتاییدا سێبەری كەم دەبێتەوە.. واتە لە كۆتاییدا مرۆڤ هەموو ئەو شتانە لەدەستدەدات كە بەدەستیهێناون لە پێشكەوتن و دەسەڵات و پلەوپایە و هەیبەت و هێز و ناوبانگ. ئیتر بۆچی وازناهێنن لە فیز و لووتبەرزی و بیرناكەنەوە لەم یاسا گشتیە بۆ ئەوەی پەند وەربگرن و حەق و ڕاستی قەبوڵ بكەن.
هەڵبەت ئەم مانایەم خستەڕوو بەوپێیەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿سُجَّدٗا لِّلَّهِ وَهُمۡ دَٰخِرُونَ﴾ حال بێت بۆ ڕاناوی نادیاری كۆ لە دەستەواژەی ﴿أَوَ لَمۡ يَرَوۡاْ﴾دا، لەكاتێكدا هەندێ كەس بە حال ی ﴿مَا﴾ لەقەڵەمی دەدەن لە فەرمایشتی ﴿مَا خَلَقَ ٱللَّهُ مِن شَيۡءٖ﴾ (ابن كثیر)؛ بەو پێیەی لێرەدا ئەو ڕاناوانەی بەكارهاتوون بۆ نێرن بۆیە پێم وایە ئەو مانایەی من باسمكردووە ڕاسترە.
پرسیارێكی تر هەیە كە بریتیە لەوەی: لێرەدا خوای گەورە فەرموویەتی ﴿عَنِ ٱلۡيَمِينِ وَٱلشَّمَآئِلِ﴾، لەكاتێكدا وا شیاوتر بوو كە هەردوو وشەكە بە شێوگی كۆ یان تاك بن، واتە یان بیگوتایە: عن الیمائن والشمائل، یان بیگوتایە: عن الیمین والشمال؟
هەندێ كەس وەڵامیان داوەتەوە و گوتوویانە: عەرەب ئەگەر دوو شێوگی كۆی باسكرد گوزارشت لە یەكێكیان دەكات بە وشەی تاك، وە قورئان پەیڕەوی ئەم شێوازەی كردووە لە شوێنێكی تریشدا بەجۆرێك فەرموویەتی ﴿وَجَعَلَ ٱلظُّلُمَٰتِ وَٱلنُّورَۖ﴾. هەندێكی تر گوتوویانە: لای ڕاست (الیمین) بە تاك هاتووە چونكە مەبەست یەك دانە بووە لە خاوەن سێبەرەكان، وە لای چەپ بە كۆ هاتووە چونكە مەبەست هەموویان بووە. وە هەندێكی تر گوتوویانە لای ڕاست بە تاك هاتووە و مەبەست پێی كۆیە (تفسیر فتح البیان).
هەروەها موفەسیرەكان بەدەست تەفسیری هەردوو وشەی (الیمین والشمائل)ەوە زۆر ناڕەحەتییان چەشتووە، بۆیە گوتوویانە سێبەری شتەكان بەرەو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا زیاد و كەم دەكەن بەهۆی جووڵەی خۆرەوە نە بەرەو لای ڕاست و لای چەپ، ئیتر چۆن لێرەدا فەرموویەتی: “سێبەرەكەی بە ڕاست و چەپدا وەردەچەرخێت”.
هەندێ كەس هەوڵیان داوە ئەم گرفتە چارەسەر بكەن و گوتوویانە: لای ڕاست لێرەدا مانای ڕۆژهەڵاتە و لای چەپ مانای ڕۆژئاوایە، چونكە ئەگەر ئێمە ڕوومانكردە لای چەپ ئەوا ڕۆژهەڵات لای ڕاستمانە و و ڕۆژئاوا لای چەپمانە (سەرچاوەی پێشوو).
بەڵام من ئەم بۆچوونەم نیە، چونكە ئەمە پێچەوانەی ئەو شتەیە كە باوە، چونكە بۆ دیاریكردنی ئاراستەكان خەڵكی بەرەو ڕۆژهەڵات دەوەستن نەك بەرەو باكوور. بەڵكو مەبەستەكە ئەوەیە كە خوای گەورە پێشتر هۆشداری دا بە بێباوەڕان لە تووشبوونیان بە سزا، وە ئێستا بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەری و فەرموویەتی: ئایا بیر لەوە ناكەنەوە كە هۆكارەكان نابن بە دووژمنی ئەو كەسەی دروستی كردوون؟ ئایا نابینن سێبەری شتەكان بەهۆی جووڵەی خۆرەوە دەگۆڕێن؟ ئەگەر خۆر لە پشتی شتێكەوە بێت سێبەرەكەی درێژ دەبێتەوە. كەواتە ئایا پێتان وایە خوای گەورە ئەو توانایەی نیە كە خۆر هەیەتی؟ كەواتە مادام خوا (عز وجل) پشتگیری موحەممەد دەكات و هاوكاری دەكات ئیتر چۆن دەكرێت سێبەرەكەی درێژ نەبێتەوە و پێشكەوتن بەدەستنەهێنێت؟ وە بەپێچەوانەوە چۆن سێبەری ئەو شتە كەم ناكات كە خوا لە پشتیەوە نەبێت؟
لەڕاستیدا بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە خوا (عز وجل) بەراوردی كردووە لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و بێباوەڕەكانی خەڵكی مەككە، وە ڕایگەیاندووە كێ سێبەرەكەی كەم دەكات و نامێنێت و كێیش سێبەرەكەی درێژ دەبێتەوە و دەسەڵاتی پەرەدەسێنێت. وە بەو پێیەی پێغەمبەر (ﷺ) لە مەككەوە كۆچی دەكرد بۆ مەدینە -پێویستە بزانرێت ئەم سوورەتەیش باسی كۆچ دەكات- بۆیە پێم وایە مەبەست لە لای ڕاست (الیمین) مەككەیە و مەبەست لە لای چەپ مەدینەیە؛ ئەمەش چونكە ئەگەر كەسێك وەستا لەنێوان سنووری هەردوو شارەكەدا و ڕووی كردە ڕۆژئاوا ئەوا مەككە لای ڕاستی دەبێت و مەددینە لای چەپی دەبێت. وە وشەی “الیمین”ی بە تاك بەكارهێناوە و “الشمائل” بە كۆ بەكارهێناوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئاماژە بكات بەوەی كە سێبەری خەڵكی مەككە كەم دەبێتەوە، بەڵام موحەممەد كە كۆچ دەكات بۆ ناوچەی لای چەپ سێبەرەكەی زۆر دەبێت واتە دەسەڵات پەیدا دەكات لە هەموو لایەكدا.
وَلِلَّهِۤ يَسۡجُدُۤ مَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَمَا فِي ٱلۡأَرۡضِ مِن دَآبَّةٖ وَٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ وَهُمۡ لَا يَسۡتَكۡبِرُونَ50
شیكردنەوەی وشەكان:
دابة: دب دبا: بە هێواشی ڕۆیشت وەك ڕۆیشتنی مناڵ و مێروولە و كەسی لاواز.
الدابة: مێیەی الداب ە؛ ئەو ئاژەڵەیە كە بەسەر زەویدا دەڕوات، وە بەزۆری بەكارهاتووە بۆ ئەو ئاژەڵەی كە مرۆڤ سواری دەبێت و باری لێ بار دەكرێت، وە بۆ نێر بەكاردێت، وە پیتی “ة”ی كۆتایی بۆ تاكە؛ وەك وشەی الحمامة (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) دەفەرموێت: هەریەك لە خەڵكی زەوی و فریشتەكانی ئاسمان ملكەچن بۆ حوكم و ویستی ئێمە، وە بەو پێیەی كە هەموو هۆكارێك و ڕاپەڕێنەرەكەیشی-واتە فریشتە- لە گەردووندا لە دەستی ئێمەدایە ئیتر بۆچی ڕامیان نەكەین بۆ موحەممەد (ﷺ)، ئیتر چۆن سێبەرەكەی درێژ نابێتەوە و دەسەڵاتی فراوان نابێت؟
وە خوا (عز وجل) بە فەرمایشتی ﴿وَهُمۡ لَا يَسۡتَكۡبِرُونَ﴾ ڕوونیكردووەتەوە كە ئەوانەی ڕامكراون بۆ خزمەتی موحەممەد (ﷺ) كاری بۆ دەكەن و تەواو گوێڕایەڵن، بەڵام ئێوە ئەی بێباوەڕان شوێنكەوتووانتان بەوپەڕی ڕاستگۆیی و وەفادارییەوە گوێڕایەڵیتان ناكەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە بەردەوام سیستەمەكەتان كەم دەكات و بەزوویی هەرەس دەهێنێت.
لێرەدا ئەم پرسیارە دەكرێت: وشەی “الدابة” بەگشتی واتە ئاژەڵ، ئیتر چۆن خوای گەورە ئەم وشەیەی بۆ خەڵكی بەكارهێناوە؟ وەڵام: الدب واتە ڕۆیشتنی هێواش، وە ناوی بكەرەكەی بریتیە لە الداب كە مێیەكەی الدابة یە، وە ئەم مانایە مرۆڤیش دەگرێتەوە.
يَخَافُونَ رَبَّهُم مِّن فَوۡقِهِمۡ وَيَفۡعَلُونَ مَا يُؤۡمَرُونَ 51
تەفسیر: ئەم ئایەتە وەسفێكە بۆ فریشتەكان، وە هەموو ئەو خورافیاتانە پووچەڵ دەكاتەوە كە دەربارەی هارووت و مارووت گوتراون. دیارە فریشتەكان لە خوای گەورە دەترسن و ئەو كارە دەكەن كە فەرمانیان پێ دەكات، ئیتر چۆن دەكرێت لە گوێڕایەڵی خوا دەربچن وەك لەو خورافیاتانەدا هاتووە؟
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِّن فَوۡقِهِمۡ﴾ “حال”ە بۆ فریشتەكان، مانای ئەوەیە ئەوان لەو خوایە دەترسن كە دەسەڵاتدارە بەسەریانەوە
وَقَالَ ٱللَّهُ لَا تَتَّخِذُوٓاْ إِلَٰهَيۡنِ ٱثۡنَيۡنِ ۖ إِنَّمَا هُوَ إِلَٰهٞ وَٰحِدٞ فَإِيَّٰيَ فَٱرۡهَبُونِ52
شیكردنەوەی وشەكان:
إلهین: الإله: پەستراوی ڕاستی یان باتڵ چونكە ناوەكان شوێنكەوتەی بیروباوەڕن نەك ئەوەی لە خودی شتەكەدا هەیە (الأقرب).
واحد: یەك، مانای تاكە، واتە تەنها كە هاوشێوەی نەبێت یان هیچ كەسێكی تری لەگەڵدا نەبێت (الأقرب).
فارهبون: رهب الرجل رهبة: پیاوەكە ترسا (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَإِيَّٰيَ فَٱرۡهَبُونِ﴾ ئەسڵەكەی بریتیە لە فإیاي ارهبوني فارهبوني. وە جەختكردنەوەی تێدایە لەسەر ترسان لە خوا (عز وجل) بە تەنھا.
هەندێ كەس ڕەخنەیان گرتووە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿لَا تَتَّخِذُوٓاْ إِلَٰهَيۡنِ ٱثۡنَيۡنِ﴾ و گوتوویانە: بۆچی جەختكراوەتەوە لە دوو خوا، لەجیاتی ئەوەی بگوترێت (لا تتخذوا آلهة)، ئەم شێوازە ئەو وەهمە دروستدەكات كە گوایە ئەگەر كۆمەڵێك پەستراوی زۆر بكرێن بەخوا كێشە نیە بەڵام نابێت دوو پەرستراو بكرێن بەخوا!
لەڕاستیدا ئەم ڕەخنەیە لە كەمی تێڕامان لە قورئانی پیرۆزەوە دروست بووە، چونكە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە ﴿إِنَّمَا هُوَ إِلَٰهٞ وَٰحِدٞ﴾؛ پاش ئەم ڕاگەیاندنە ئاشكرایە چۆن دەكرێت بوترێت ئەم شێوازە قورئانیە ئەو خەیاڵە دروست دەكات كە ڕەوایە زیاد لە دوو خوا بپەرسترێت؟ كەواتە وشەی دوان (اثنین) لەبەرامبەر یەكدا هاتووە بۆ ئەوەی جەختی لێ بكاتەوە كە بوونی زیاد لە خوایەك ئەستەمە.. دوان بێت یان زیاتر.
حیكمەتێكی تر هەیە لە هەڵبژاردنی ئەم شێوازەدا ئەویش ئەوەیە موشریكەكانیش جیاكارییان دەكرد لەنێوان خوا و ئەو پەرستراوە پووچانەدا كە دەیانپەرستن، باوەڕیان وا بوو خوا بەدیهێنەری گەردوونە، وە پەرستراوەكانی تریش دەسەڵاتیان هەیە بەڵام دەسەڵاتیان سنووردارە بەڕەچاوكردنی توانا و پسپۆڕیە سنووردارەكەیان، بۆ نموونە ئەمەیان باران دەبارێنێت، ئەوی تر مناڵ دەبەخشێت، سێیەمیان شیفای نەخۆشی دەدات و هەروەها؛ یان هەر هۆز و ناوچەیەك خوایەكی تایبەتی هەیە چاودێری دەكات. وەك ئەوەی باوەڕیان هەبێت بە دوو جۆر خوا: جۆری یەكەم: ئەو خوایەی كە توانای ڕەهای هەیە، جۆری دووەم: ئەو خوایانەی كە تواناكانیان جیاوازە و خوای كۆمەڵێك هۆز و ناوچەی دیاریكراون (تفسیر الرازي، سورة الزمر، الآیة: وَلَئِن سَأَلۡتَهُم مَّنۡ خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ..) بۆیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِلَٰهَيۡنِ ٱثۡنَيۡنِ﴾ ڕەتكردنەوەی دابەشكردنی خوایەتیە لەنێوان ئەم دوو جۆرە خوایەدا.
حیكمەتی سێیەم بۆ هەڵبژاردنی ئەم شێوازەی ئاخاوتن بریتیە لە پووچەڵكردنەوەی بیروباوەڕ ئاگرپەرستەكان بە تایبەتی، ئەوان باوەڕیان بە دوو خوا هەیە: خوای خێر و خوای شەڕ؛ خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كە دوو خوا بوونی نیە، بەڵكو خوا هەر یەك خوایە، وە هەر خۆیەتی كە لەسەر چاكە پاداشتتان دەداتەوە و لەسەر خراپە سزاتان دەدات، بۆیە بڕیاری بوونی دوو خوا مەدەن. خوای گەورە لەڕێگەی ئەمەوە هۆشداری دەدات كە مادام خوا یەكە ئیتر جگە لەو كێ هەیە بتوانێت شەرع دابەزێنێت. خۆی (سبحانه وتعالى) بەتەنھا ئەم دەسەڵاتەی هەیە.
هەروەك ئەم ئایەتە ئاماژەی تێدایە بۆ ئەنجامەكانی كۆچ كە كەمێك لەمەوپێش پێشبینی كرابوو دەربارەیان بەجۆرێك خوا (سبحانه وتعالى) ڕایگەیاند كە لەكاتی هاتنەدی ئەو پێشبینیەدا ئەوسا پەی بەوە دەبەن كە خوا خوایەكی تاكە و جگە لەو خوای تر بوونی نیە؛ واتە سەركەوتن و پێشكەوتنی موسوڵمانان بەڵگەیەكی پرشنگدارە لەسەر بوونی خوا (عز وجل) و یەكتاییەكەی.
وە ئەم ئایەتە بەراورد دەكات لەنێوان فێركاری قورئانی پیرۆز و ئەو بیروباوەڕ و فێركارییانەی لای كافرەكان هەن، وە ئاشكرای دەكات كە خەڵكی بێ نیاز نین لە فێركاری قورئان. بێگومان ئەوان بەهۆی عەقڵیانەوە گومڕا بوون بۆیە ئەم پەرستراوە زۆرانەیان كردووە بە خوای خۆیان، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە وەحیە كە ڕێنمایی مرۆڤ دەكات بۆ یەكتایی ڕاستەقینە، وە عەقڵی مرۆیی دەپارێزێت لە هەڵە و زیادەڕەوی.
وَلَهُۥ مَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ وَلَهُ ٱلدِّينُ وَاصِبًا ۚ أَفَغَيۡرَ ٱللَّهِ تَتَّقُونَ 53
شیكردنەوەی وشەكان:
الدین: دان یدین دینا: گوێڕایەڵ بوو. دان فلانا: خزمەتی فڵان كەسی كرد؛ حوكمی دا بەسەریدا. الدین: گوێڕایەڵی؛ دادوەری (الأقرب)، هەروەها وشەی “الدین” خوازراوە بۆ شەریعەت. (المفردات)
واصبا: وصب الشيء یصب وصوبا: شتەكە بەردەوام و جێگیر بوو. وصبَ الدین: واجب بوو. وصب فلان علی الأمر: فڵان كەس بەردەوام بوو لەسەر كارەكە و بەڕێكوپێكی ئەنجامی دا. الواصب: هەمیشە. ﴿وَلَهُ ٱلدِّينُ وَاصِبًا﴾ واتە بە هەمیشەیی ئايين بۆ ئەوە (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوا (سبحانه وتعالى) بەڵگەیەكی بەهێزی هێناوەتەوە لەسەر پووچەڵی بیروباوەڕی بتپەرستی، وە ئەم بەڵگەیە لە چەندین شوێنی تریشدا باسكراوە لە قورئانی پیرۆزدا. خوای گەورە دەفەرموێت: ئەگەر بەوردی سەرنجتاندا لە ئاسمانەكان و زەوی و لێكۆڵینەوەتان كرد لە ڕێساكانی گەردوون؛ ئەوا دەبینن لە هەموو شوێنێكدا یەك یاسا هەیە، وە دەبینن هەموو شتەكان بەگوێرەی یەك سیستەم ڕێكخراون؛ وە مادام یەك یاسا گەردوون بەڕێوەدەبات ئیتر چۆن دوو پاشا یان زیاتر حوكمی دەكەن. ئەگەر لە گەردووندا جگە لە خوا كۆمەڵێك خوای تر هەبوونایە ئەوا لە ڕێسا و یاساكانیدا ناكۆكی و جیاوازیتان دەبینی، چونكە كاتێك مرۆڤ باوەڕی بە زیاتر لە خوایەك هەبوو ئەوا بابەتەكە لە دوو حاڵەت بەدەر نیە:
1- یان ئەوەتا خوای دووەم گوێڕایەڵی خوای یەكەمە و فەرمانەكانی جێبەجێ دەكات؛ وە لەم دۆخەدا بوون و نەبوونی خوای دووەم وەكو یەك وایە، چونكە ئەگەر یەك كەس تەنھا خۆی بتوانێت كارێك بكات ئەوا پێویست ناكات ئەو كارە بسپێردرێت بە دوو كەس.
2- یان خوای دووەمیش هەندێ كار ئەنجام دەدات لە گەردووندا بەگوێرەی یاسایەكی تایبەت بەخۆی لەپاڵ ئەو كارانەی خوای یەكەم ئەنجامیان دەدات؛ لەم دۆخەدا دەبێت جیاوازی و ناكۆكی لە گەردووندا هەبێت، بەڵام واقیع ئەمە پشتڕاست ناكاتەوە، بۆیە چار نیە جگە لەوەی دان بنرێت بەوەدا كە تەنھا یەك خوای بێ هاوبەش هەیە.
خوای گەورە بە فەرمایشتی: ﴿وَلَهُ ٱلدِّينُ وَاصِبًا﴾ ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كە ئەگەرێكی تر هەیە بۆ بوونی دوو خوا ئەویش ئەوەیە یەكێكیان حوكم بكات بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پاشان دەست لەكاربكێشێتەوە و كەنارگیر بكرێت بۆ ئەوەی كەسێك بچێتە شوێنەكەی، بەڵام واقیع دژی ئەمەیە، بەجۆرێك بەردەوام ماوەی ملیۆنەها ساڵە یاساكانی سروشت وەكو خۆیان كار دەكەن بەبێ گۆڕان و جێگۆركێ. كەواتە باوەڕبوون بە بوونی خوایەك لەپاڵ ئەم خوایەدا كە خاوەنی ئاسمانەكان و زەویە و لە ئەزەلەوە بۆ ئەبەد یاسایەكی ڕەوانی هەیە بیروباوەڕێكی خراپە و نەفامیەكی گەورەیە.
وَمَا بِكُم مِّن نِّعۡمَةٖ فَمِنَ ٱللَّهِ ۖ ثُمَّ إِذَا مَسَّكُمُ ٱلضُّرُّ فَإِلَيۡهِ تَجَۡٔرُونَ54
شیكردنەوەی وشەكان:
نعمة: پیاوەتی و چاكە؛ ئەوەی بە پیاوەتی پێت دەدرێت لە ڕۆزی و ماڵ و سەروەت و شتی تر؛ دڵخۆشی، دەستی سپی چاك. لە الكلیات دا هاتووە: نیعمەت لە ئەسڵدا ئەو دۆخەیە كە مرۆڤ چێژ و خۆشی لێ دەبینێت… نعمة الله: ئەو شتەیە خوا دەیبەخشێت بە بەندە و بەندەكە هیوادار نیە لە كەسی تر ئەو شتەی پێ بدات، كۆی وشەكە بریتیە لە أنعُمٌ ونِعَمٌ. فلان واسع النعمة واتە فڵان كەس ماڵ و سامانی زۆری هەیە (الأقرب).
الضر: پێچەوانەی قازانجە؛ گوزەرانی خراپ و سەخت. لە الكلیات دا هاتووە: الضَّرّ گشتیە بۆ هەموو زیانێك. وە الضُّرّ تایبەتە بەوەی لە نەفسدایە وەك نەخۆشی و لاوازی (الأقرب).
تجأرون: جأر الداعي جأرا: لە دوعادا دەنگی بەرزكردەوە. جأر إلی الله بالدعاء: هاواری كرد و لاڵایەوە و داوای بەهاناوەچوونی كرد لە خوا، وەك لە قورئاندا هاتووە ﴿إِذَا مَسَّكُمُ ٱلضُّرُّ فَإِلَيۡهِ تَجَۡٔرُونَ﴾ (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا قورئانی پیرۆز ئەو نیشانانەی باسكردووە كە بەڵگەن لەسەر ئەو یەكتاییەی لە دەروونی بێباوەڕەكاندا هەیە. دەفەرموێت: هەموو ئەو نیعمەتانەی لای ئێوە هەن لەلایەن خوای گەورە پێتان دراوە؛ چونكە هەمووتان ملكەچن بۆ یەك سیستەم، لەگەڵ ئەوەدا ئێوە هەندێكی دەدەنەپاڵ كۆمەڵێك پەرستراوی تر؛ بەڵام ئەگەر تووشی دەرد و بەڵایەكی سەخت بن ئەوا ئەم پەرستراوە پووچانەی خۆتان لەبیردەكەن و داوای بەهاناوەچوون دەكەن لەو خوایەی كە تاك و تەنهایە و ڕاستە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دڵتان ئۆقرەی نەگرتووە بە هاوبەشدانان بۆ خوا. وە كاتێك ئێوە خۆتان دڵتان ئۆقرەی نەگرتووە بە هاوبەشدانان بۆ خوا ئیتر بۆچی بەم ڕادەیە جەختی لێ دەكەنەوە.
هەڵبەت لەكاتی بەڵا و كارەساتە سەختەكاندا خەڵكی تەنھا پەنا بۆ خوا (عز وجل) دەبن، ئەمە ڕاستیەكی چەسپاوە. بۆ نموونە مەسیحیەكان عیسا (عليه السلام) بە خوا دەزانن، بەڵام بەهۆی ئەو جەنگەی كە ئێستا هەیە لەنێوان ئینگلتەرا و ئەڵمانیادا هانای بۆ نابەن و لێی ناپاڕێنەوە، بەڵكو لەخوا دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی دەرووی خێر بكاتەوە. دەی ئەگەر لەڕاستیدا دڵنیابوونایە لە خوایەتی مەسیح ئەوا هەرگیز ئەم كارەیان نەدەكرد. كاتێك جەنگی بەدر گەرم بوو بێباوەڕان نەپاڕانەوە لە لات و عوززا، تەنانەت ئەبو جەهل خۆی هاواری نەكرد لەو پەرستراوە پووچانە، بەڵكو لە خوا (عز وجل) پاڕایەوە و گوتی: خوایە ئەگەر ئەمە ڕاستە و لەلایەن تۆوەیە ئەوا لە ئاسمانەوە بەرد ببارێنە بەسەرماندا یان سزایەكی سەختمان بۆ بنێرە. لەڕاستیدا خوا (عز وجل) دوعاكەی گیرا كرد ئەوەبوو لە جەنگی بەدردا بە وردە چەو بەردباران كران هەروەك بە چەندین شێوازی تریش تووشی سزای بەژان بوون (البخاري، كتاب التفسیر، سورة الأنفال). ئەگەر یەقینێكی ڕەگداكوتاو و كاریگەرییەكی قووڵی خوایەتی لات و عوززا لەدڵیاندا هەبوایە ئەوا لەو كاتە سەخت و دژوارەدا داوای یارمەتییان لە هەردووكیان دەكرد، بەڵام ئەوان لێیان نەپاڕانەوە، بەڵكو لە خوای گەورە پاڕانەوە، ئەمەش شایەتیدانی فیترەتە.
ثُمَّ إِذَا كَشَفَ ٱلضُّرَّ عَنكُمۡ إِذَا فَرِيقٞ مِّنكُم بِرَبِّهِمۡ يُشۡرِكُونَ 55
تەفسیر: قورئانی پیرۆز فەرموویەتی ﴿بِرَبِّهِمۡ﴾ واتە ئەوان هاوبەش دادەنێن بۆ پەروەردگاریان، وشەی “الرب”ی هێناوە و داویەتیەپاڵ ئەوان، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرزەنشتیان بكات و غیرەتیان بجووڵێنێت؛ چونكە مرۆڤ غیرەتی دەجووڵێت بۆ شتێك كە هی خۆی بێت. وەك ئەوەی ماناكە بەم شێوەیە بێت: خوا پەروەردگاری ئێوەیە، وە لەنێوان ئەو و ئێوەدا دوژمنایەتی نیە هەتا ناچارتان بكات هاوبەشی بۆ بڕیار بدەن؛ ئیتر بۆچی كاتی بەڵاو نەهامەتی داوای هاوكاری لێ دەكەن و كاتێك بەڵاكەتان لەسەر لادەبات دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ لای پەرستراوە پووچەكانتان.
لِيَكۡفُرُواْ بِمَآ ءَاتَيۡنَٰهُمۡ ۚ فَتَمَتَّعُواْ فَسَوۡفَ تَعۡلَمُونَ56
تەفسیر: پیتی لام لە وشەی ﴿لِيَكۡفُرُواْ﴾دا بۆ سەرەنجامە، واتە كاتێك خوای گەورە موسیبەت و كارەساتەكانیان لەسەر هەڵدەگرێت كوفر دەكەن بە نیعمەتەكەی لەجیاتی ئەوەی سوپاسی بكەن، وە دەڵێن ئەوەی ڕوویدا لەسایەی چاكەی فڵان پەرستراوەوە بووە؛ كەواتە ئەستەمە شایستەی فەزڵی هەمیشەیی خوا بن. وەك ئەوەی خوا پێیان بفەرموێت: ئەگەری هەیە دوعا كاتیەكانتان گیرا بكەین وەك بەزەییەك لەلایەن خۆمانەوە و هەندێ جار دەرد و بەڵا هەڵگرین لەسەرتان، بەڵام هەمیشە ئەم كارە ناكەین، بەڵكو ڕۆژێك لەڕۆژان دوعاكانتان ڕەت دەكەینەوە و بەتەواوەتی تووشی سزاتان دەكەین.
وَيَجۡعَلُونَ لِمَا لَا يَعۡلَمُونَ نَصِيبٗا مِّمَّا رَزَقۡنَٰهُمۡ ۗ تَٱللَّهِ لَتُسَۡٔلُنَّ عَمَّا كُنتُمۡ تَفۡتَرُونَ57
شیكردنەوەی وشەكان:
نصیبا: النصیب: پشك (الأقرب).
تەفسیر: قورئانی پیرۆز لێرەدا لایەنێكی قێزەونی تری بیروباوەڕی بتپەرستی دەخاتەڕوو، ئەویش ئەوەیە بتپەرستەكان نیعمەتەكانی خوا دەدەنەپاڵ بوونەوەرانێك كە بێباوەڕەكان خۆیان هیچ بەڵگەیان نیە لەسەر بوونیان؛ ئەمە بەڵگەیەكی مەزنە لەسەر پووچی شیرك. هەڵبەت بتپەرستەكان بۆ پشتگیری شیرك چەندین بابەتی فەلسەفی جۆراوجۆریان داهێناوە كە ئەوانەی كەمێك عەقڵیان لاوازە دۆشدادەمێنن لەبەرامبەریاندا، بەمەش قورس دەبێت بۆیان جیاكاری بكەن لەنێوان یەكتایی خوا و هاوبەشداناندا؛ بەڵام ئەو بەڵگەیەی لێرەدا قورئان باسی كردووە تێگەیشتنی زۆر ئاسانە، وە ئەوەندە بەهێزە كە هەموو وەسوەسە فەلسەفیەكان پووچەڵ دەكاتەوە. لە خوارەوە ئەو بەڵگەیە دەیخەینەڕوو:
با بابەتە ئەسڵیەكە بخەینە لاوە كە بریتیە لەوەی: ئایا دەكرێت زیاتر لە خوایەك بوونی هەبێت، چونكە ئەگەری بوونی شتێك تەواو جیایە لە بوونی ئەو شتە؛ گریمان بوونی زیاتر لە یەك خوا ئەگەری هەیە، بەڵام ئەم ئەگەرە نایسەلمێنێت كە ئەو مرۆڤە یان ئەو بتە دیاریكراوە كە مرۆڤ كردوویەتی بە خوا لەگەڵ خوای گەورەدا لەڕاستیدا خوای ڕاستەقینەیە، بەڵكو دەبێت بەڵگە بخرێتەڕوو لەسەر ئەوەی یەكێكە لە خوا ڕاستەقینەكان كە ئەگەری بوونیان هەیە. بۆیە خوای گەورە تەحەددای بێباوەڕەكان دەكات و دەفەرموێت: هەر خوایەكتان دەڵێن بەنموونە بیهێننەوە و هەر بەڵگەیەكتان لایە لەسەر ڕاستی خوایەتیەكەی بیخەنەڕوو؛ وە كاتێك ئێوە هیچ بەڵگەیەكتان پێ نیە لەسەر ئەوەی هەر یەكێك لە خوایەكانتان خوای ڕاستەقینە بن ئیتر چۆن دەتوانن بە بەڵگەی فەلسەفی لە قەبوڵكردنی یەكتایی خوا ڕابكەن. ئەم بەڵگەیە ئەوەندە بەهێزە هیچ یەكێك لە موشریكەكان ناتوانێت بەرەنگاری بێتەوە. گریمان ئەگەری هەیە زیاتر لە یەك خوا هەبێت، بەڵام چۆن بەمە دەسەلمێت كە “كالی” یان “ڕام” یان “كریشنا” یان “مەسیح” یان غەیری ئەوانیش لەڕاستیدا خوان. نەخێر، بەڵكو دەبێت بەڵگە بخرێتەڕوو لەسەر ئەو بانگەشەیە، وە هەرگیز هیچ یەكێك لە موشریكەكان توانای ئەوەی نیە. ئەوان لەكاتی گفتوگۆدا هەمیشە كۆمەڵێك بەڵگەی فەلسەفی دەهێننەوە بۆ پشتگیركردنی شیرك، بەڵام نەیانتوانیوە و هەرگیزیش ناتوانن بەڵگەیەكی مەعقول بهێننەوە لەسەر ئەوەی ئەوشتانەی كە كردوویانن بە هاوبەشی خوا لەڕاستیدا خوابن؛ چونكە هێنانەوەی بەڵگەی فەلسەفی لەسەر شیرك شتێكە و سەلماندنی خوایەتی شتی لاواز بە بەڵگە شتێكی ترە. خوای گەورە بە حیكمەتی تەواوی خۆی زۆر بەڵگەی بەدیهێناوە لەسەر لاوازی هەموو ئەوشتانەی جگە لە خۆی (عز وجل) كراون بەخوا، وە ئەو بەڵگانە ئەوەندە بەهێزن ئەگەر موشریكێك بیانبیستێت دەستبەجێ مەستی فیز و لووتبەرزی لە مێشكیدا لادەچێت.
ئەم مانایەم باسكرد ئەگەر وامان دانا ڕاناوی كۆی نادیار لە دەستەواژەی ﴿لِمَا لَا يَعۡلَمُونَ﴾دا دەگەڕێتەوە بۆ موشریكەكان. بەڵام ئەگەر ڕاناوەكە بگەڕێتەوە بۆ پەرستراوەكانیان ئەوا مانای وایە ئەو پەرستراوانە هیچ زانیارییان نیە بەوەی موشریكەكان سیفەتی خواییان داوەتەپاڵیان. هەرچی بت و ڕووبار و شاخ و شتی تر هەیە كە كردوویانن بە خوا تەنھا شتانێكی بێ گیانن و هیچ هەستێكیان نیە؛ بەهەمان شێوە ئەمە دۆخی مەسیح و حوسەینیشە (سڵاوی خوایان لەسەر بێت)، هەندێ خەڵك خوایەتی دەدەنەپاڵ ئەم دوانە و دەڵێن مەسیح یان حوسەین فڵان نیعمەتی پێ دام (ئینجیل یۆحەننا 1: 1، تحفة الاثنا عشریة، النسخة الفارسیة، ص 93-94)، لەگەڵ ئەوەی ئەم دوو كەسە پاك و بێگەردە هیچ زانیارییەكیان نیە بەوەی دەربارەیان دەگوترێت؛ چونكە هیچ یەكێكیان لە ژیانیدا بانگەشەی ئەو شتەی نەكردووە كە دوای مردنی دراوەتەپاڵی.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿تَٱللَّهِ لَتُسَۡٔلُنَّ عَمَّا كُنتُمۡ تَفۡتَرُونَ﴾ مانای وا نیە ئەو كەسانە تەنھا پرسیاریان لێ دەكرێت دەربارەی قسەهەڵبەستن و درۆ، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە بەدڵنیاییەوە لەسەر درۆ و قسەهەڵبەستن لێپرسینەوەیان لێ دەكرێت و سزا دەدرێن. ئەم دەربڕینە تا ڕادەیەك لەناو هەموو گەل و وڵاتێكدا باوە.
هەندێ كەسى نەفام گوتوویانە: وشتەی “تالله” -واتە سوێند بەخوا- بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم قورئانە لەلایەن خوای گەورەوە نیە؛ چونكە ئەگەر قورئان وەحی خوای گەورە بوایە ئەوا دەربارەی خۆی نەیدەفەرموو ﴿تَٱللَّهِ﴾ بەڵكو دەیفەرموو: بە عیززەت و جەلالی خۆمان (تفسیر القرآن ل “ویري”).
بەڵام ئەم بەڵگەهێنانەوەیە دروست نیە، وە ئەم دەربڕینە هیچ گرفتێكی تێیدا نیە، چونكە یەكێكە لە دەربڕینە شاهانەكان، مەبەست لێی دەرخستنی شكۆ و هەیبەتە؛ بۆ نموونە هەندێ جار باوك بە كوڕەكەی دەڵێت: “باوكت ئەم فەرمانەی پێ كردوویت”، ئەم وتەیە هەرگیز ئەوەی لێ نافامرێتەوە كە ئەو باوكە ڕەتی كردبێتەوە خۆی باوكی كوڕەكەی بێت، بەڵكو دەیەوێت جەخت بكاتەوە لەسەر وتەكەی. بەهەمان شێوە هەندێ جار پاشا دەڵێت: “پاشاكەتان فەرمانی ئەوەتان پێ دەكات”، ئەم گوزارشتە هەرگیز ئەوەی لێ نافامرێتەوە كە ڕەتی بكاتەوە خۆی پاشایە و فەرمانەكە لە پاشایەكی ترەوە دەرچووە.
وَيَجۡعَلُونَ لِلَّهِ ٱلۡبَنَٰتِ سُبۡحَٰنَهُۥ وَلَهُم مَّا يَشۡتَهُونَ 58
شیكردنەوەی وشەكان:
سبحانه: سبحان الله: واتە بەتەواوەتی خوا بەپاك ڕادەگرم لە خراپە (الأقرب).
یشتهون: شهاه یشهوه وشهیه یشهاه شهوة: خۆشی ویست و حەزی لێكرد و خۆزگەی بۆ خواست. اشتهاه واتە حەزی لێكرد (الأقرب).
تەفسیر: مەبەست لەم ئایەتە ئەوە نیە كە خوای گەورە تووڕە بووە لێیان چونكە كچیان بڕیارداوە بۆ خوا لەجیاتی كوڕ، دیارە خوای گەورە ڕقی لەوەیە نێر بدرێتەپاڵی وەك چۆن ڕقی لەوەیە مێ بدرێتەپاڵی؛ چونكە لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی ﴿تَكَادُ ٱلسَّمَٰوَٰتُ يَتَفَطَّرۡنَ مِنۡهُ وَتَنشَقُّ ٱلۡأَرۡضُ وَتَخِرُّ ٱلۡجِبَالُ هَدًّا * أَن دَعَوۡاْ لِلرَّحۡمَٰنِ وَلَدٗا﴾ (مریم: 91 و92). ئایەتەكە ئاماژە دەكات بۆ نەفامی موشریكەكان، وە ڕوونیدەكاتەوە كاتێك مرۆڤ لەڕێگای ڕاست لادەدات تەنانەت ڕازی دەبێت بە شتێك پێچەوانەی بیروباوەڕەكانیشی بێت. دیارە ئەو كەسانە لەلایەكەوە كچ دەدەنەپاڵ خوا (عز وجل)، وە لەلایەكی ترەوە مێ بە نزمتر دەزانن لە نێر، ئەگەر كەمێك عەقڵیان هەبوایە شتێكیان نەدەدایەپاڵ خوا كە خۆیان بە نزم و سووكی دەزانن.
هەڵبەت خوا بەمە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر پێویستی وەحی، وە ڕوونیكردووەتەوە چۆن مرۆڤ ئەگەر گەڕا بەشوێن هیدایەتدا بەبێ كۆمەكی خواستن لە نووری وەحی ئەوا بەئاشكرا هەڵەی قورس و گەورە دەكات؛ كەواتە مرۆڤ زیاتر تووشی هەڵە دەبێت لەو پرسانەدا كە لەم پرسە ئاڵۆزتر و قورسترن! كەواتە ڕێنماییكردن بۆ ڕێگای ڕاست تەنھا كاری خوایە.
وە لەبەرئەوەی ئەگەری هەبوو بێباوەڕان لێرەدا ناڕەزایی دەرببڕن و بڵێن: ئێمە نامانەوێت سووكایەتی بەخوا بكەین كاتێك دەڵێین كچی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، چونكە كچیش نیعمەتە، بۆیە خوا (عز وجل) لە ئایەتەكەی دواتردا بەرپەرچیان دەداتەوە.
وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُم بِٱلۡأُنثَىٰ ظَلَّ وَجۡهُهُۥ مُسۡوَدّٗا وَهُوَ كَظِيمٞ59
شیكردنەوەی وشەكان:
بُشِّر: بشَّره: مژدەی پێدا و دڵخۆش بوو (الأقرب).
كَظِيم: پەست (الأقرب). الكظوم: هەناسە گرتن، بەم وشەیە گوزارشت كراوە لە بێدەگی. كظم الغیظ: ڕقی خواردەوە. كظم السقاء: جەوەنەكەی پڕ كرد لە ئاو و بەتوندی دەمەكەی بەست بۆ ئەوەی ئاوی لێ نەیەت (المفردات).
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە سەركۆنەی ئەو بێباوەڕانە دەكات و دەفەرموێت: كاتێك هەواڵ دەدرێت بە یەكێكیان كە لە ماڵەكەیدا كچ لەدایك بووە ڕەنگی ڕەش هەڵدەگەڕێت، تووشی شەرمەزاری دەبێت و تەریقدەبێتەوە تەنانەت قورسە بۆی زاڵ بێت بەسەر هەست و سۆزەكانیدا، بەڵام هەست بە كەمترین شەرمەزاری ناكات كاتێك شتێك دەداتەپاڵ ئەو خوایەی، كە ڕووناكی لەسەر ڕووناكیە، كە بۆ خۆی بە شەرمەزاری و حەیاچوونی دەزانێت.
يَتَوَٰرَىٰ مِنَ ٱلۡقَوۡمِ مِن سُوٓءِ مَا بُشِّرَ بِهِۦٓ ۚ أَيُمۡسِكُهُۥ عَلَىٰ هُونٍ أَمۡ يَدُسُّهُۥ فِي ٱلتُّرَابِ ۗ أَلَا سَآءَ مَا يَحۡكُمُونَ60
شیكردنەوەی وشەكان:
یتواری: تواری عنه: خۆی لێ شاردەوە (الأقرب)
هون: هان الرجل هونا: پیاوەكە سووك و ڕسوا بوو؛ لاواز بوو. الهون: سەرشۆڕی (الاقرب).
یدس: دس الشيء تحت التراب: خستیە ژێر خاكەوە و ئەسپەردەی كرد تێیدا و شاردیەوە (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئەم كەسە تووشی سەرگەردانی دەبێت سەبارەت بە پرسی كچەكەی، بۆیە نازانێت –سەرەڕای هەست و سۆزی باوكایەتی- ئایا لەژیاندا بیهێڵێتەوە یان بەزیندوویی بیخاتە ژێر خاك. خەڵكی بەگشتی پێیان وایە زیندەبەچاڵ كردنی كچ نەریتێكی باو بووە لەناو عەرەبدا، ئەمە تەواو هەڵەیە، ئەگینا ژمارەی مێ لەناویاندا بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبوویەوە. گومانی تێدا نیە بەنزیكەیی هەموو عەرەب ڕقیان لە لەدایك بوونی كچ بووە، تەنھا هەندێ سەرگەورەیان كە لووتبەرز و لەخۆبایی بوون بەكردەیی كچیان زیندەبەچاڵ كردووە. دیارە حەزنەكردن و ڕقلێبوونی لەدایكبوونی كچ شتێكە و زیندەبەچاڵ كردنی شتێكی ترە، بەردەوام خەڵكی بەگشتی هەتا ئەمڕۆیش ڕقیان لە لەدایكبوونی كچە، مەگەر بەدەگمەن، بەڵام بەكەمی زیندەبەچاڵی دەكەن. پێویستە بزانرێت زیندەبەچاڵ كردنی كچ لە مەككەدا زۆر دەگمەن بووە (تاریخ الإسلام السیاسي، بەرگی یەكەم، لا37). كەواتە ئایەتەكە نافەرموێت ئەم نەریتە باو بووە لای هەموو خەڵكی، بەڵكو سەركۆنەی دەكات چونكە هەندێ لە پیاوماقووڵانی گەل پیادەیان دەكرد، بەڵام عەرەب بەگشتی پێیان وابوو ئەم نەریتە مایەی شكۆ و ڕێزە ئەگەرچی پیادەیان نەدەكرد.
پاشان خوا (عز وجل) فەرموویەتی ﴿أَلَا سَآءَ مَا يَحۡكُمُونَ﴾.. واتە ئەو كەسانەی لەدایكبوونی كچیان پێ ناخۆشە و ڕقیان لێیەتی كارێكی زۆر نەشیاو دەكەن؛ چونكە ئەگەر مێ نەبوایە ئەوا خۆیان و نەوەكانیان بوونیان نەدەبوو. هەڵبەت قورئانی پیرۆز لەسەرەتاوە كاری كردووە بۆ چەسپاندنی ڕێزی ئافرەت و داننان بە مافەكانیدا، لەگەڵ ئەوەدا بەردەوام دوژمنان هەتا ئەمڕۆ هەرا بەرپا دەكەن و ژاوەژاو دەكەن و دەڵێن گوایە موحەممەد ستەمی كردووە لە ئافرەت! خۆزگە جگە لە قورئان یەك كتێبی تریان پێ پیشان دەداین بەرگری كردبێت لە مافەكانی ئافرەت لە یەكەم ڕۆژی دابەزینیەوە. تەنھا قورئانی پیرۆز ئەم تایبەتمەندیەی هەیە.
لِلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ مَثَلُ ٱلسَّوۡءِ ۖ وَلِلَّهِ ٱلۡمَثَلُ ٱلۡأَعۡلَىٰ ۚ وَهُوَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ 61
شیكردنەوەی وشەكان:
المثل: هاوشێوە؛ سیفەت؛ بەڵگە؛ دەگوترێت: أقام له مثلا واتە بەڵگەیەكی بۆ هێنایەوە؛ ئاخاوتن، دەوترێت: بسط له مثلا واتە بەدرێژی قسەی بۆكرد (الأقرب).
تەفسیر: وشەی المثل لێرەدا واتە قسەكردن، ئایەتەكە مانای ئەوەیە ئەو كەسانەی باوەڕیان بە دواڕۆژ نیە تەنھا بە خراپی قسەدەكەن، لەكاتێكدا ئەوەی لەلایەن خواوە دادەبەزێت تەنھا خێر و چاكەیە.
هەڵبەت لێرەدا خوای گەورە ئەو بابەتە سەرەكیەی ڕوونكردووەتەوە كە ئەم سوورەتە باسی دەكات، بەجۆرێك ڕایگەیاندووە ئەو كەسانەی نكوڵی دەكەن لە ڕۆژی قیامەت وەحیش ڕەتدەكەنەوە، وە دەیانەوێت خۆیان ڕێڕەوێك بۆ خۆیان دابهێنن، بەڵام لەمەدا زۆر بەخراپی شكست دەهێنن بەجۆرێك هەموو ئەوشتانەی پێشنیاری دەكەن بەسەر خۆیاندا دەشكێتەوە. بەڵام وەحی خوایی بەتەواوەتی خاڵیە لە خەوش و ناتەواوی، وە هەموو سیفەتە جوانەكانی تێدایە، ئیتر چۆن دەتوانن نكووڵی بكەن لە پێویستبوونی وەحی خوایی.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك پرسیار بكات و بڵێت: بۆچی خوا فەرموویەتی ئەو كەسانەی باوەڕیان بە دواڕۆژ نیە قسەكانیان پڕە لە هەڵە، لەجیاتی ئەوەی بفەرموێت: ئەو كەسانەی باوەڕیان نیە بە وەحی قسەكانیان پڕە لە هەڵە؟ وەڵام: یەكێك لە شێوازەكانی ئاخاوتن كە قورئانی پیرۆز پێی جیادەكرێتەوە ئەوەیە كاتێك هۆشداری دەدات لە خەوشێك لە خەوشەكان تیشكیش دەخاتەسەر هۆكارەكانی، لێرەشدا ئەم كارەی كردووە، چونكە نكووڵیكردنی كافرەكان لە پێویستبوونی وەحی لەڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ نكووڵیكردنیان لە ڕۆژی قیامەت؛ چونكە ئەو كەسەی باوەڕی بە قیامەت هەبێت ئەستەمە نكووڵی بكات لە پێویستبوونی وەحی چونكە باوەڕی بەوە هەیە كە سەردەمی دوای مردن گرنگترین ماوەی ژیانی مرۆییە، وە بەوپێیەی كە دوای مردن گەڕانەوە نیە بۆ دنیا بۆیە بە پێویستی دەزانێت خوای زانا و ئاگادار بە جیهانی دواڕۆژ ڕێنمایی بكات بۆ ئەو شتەی كە سوودی پێ دەگەیەنێت لەو ژیانەیدا، ئەمەیە مەبەستی وەحی، بۆیە فەرموویەتی: ﴿لَا يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡأٓخِرَةِ﴾، بەڵام ئەم مانایە نایەتەدی ئەگەر بگوترێت ئەو كەسانە “باوەڕیان نیە بە وەحی”.
وە خوا ئایەتەكەی كۆتایی هێناوە بە فەرمایشتی ﴿وَهُوَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ﴾، چونكە تەنھا كەسی زاڵ و بەدەسەڵات دەتوانێت ئەوە جێبەجێ بكات كە دەیەوێت، وە تەنها كەسی حەكیم و دانا دەتوانێت حیكمەت بخاتەڕوو؛ بۆیە دەبێت ئەو شتەی كە دەسەڵاتداری حەكیم پێشنیاری دەكات باشترین و سەركەوتووترین بەرنامە بێت بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ، بەڵام ئەو كەسەی خۆی حەكیم و بەدەسەڵات نەبێت ئەستەمە فێركاری یڕ لە حیكمەت پێشكەش بكات، یان بتوانێت ئەو شتە جێبەجێ بكات كە حیكمەت دەیخوازێت.
وە حیكمەتێكی تر لە باسكردنی ئەم دوو سیفەتە بریتیە لە جەختكردنەوە لەسەر پێویستی ڕۆژی دوایی؛ چونكە خوای گەورە ڕوونیكردووەتەوە كە كاری كەسی حەكیم خاڵی نیە لە حیكمەت، وە ئەگەر دواڕۆژ نەبوایە ئەوا دروستكردنی مرۆڤ كارێكی بێ حیكمەت دەبوو. هەروەك دەسەڵات و زاڵبوونی خوای بەدەسەڵات ناكرێت لەم دنیایەدا تەواو و بێكەموكوڕی بێت بۆیە دەبێت بۆ ئەم مەبەستە دواڕۆژ هەبێت.
ئەگەر گوترا: بۆچی زاڵبوونی خوا (عز وجل) لەم دنیایەدا تەواو نابێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە چونكە خوا حەكیمیشە، بۆیە ئەگەر زاڵبوونەكەی (عز وجل) بەشێوە تەواوەتیەكەی دەركەوت لەم دنیایەدا ئەوا باوەڕهێنان هیچ سوود و نرخێكی نامێنێت.
وَلَوۡ يُؤَاخِذُ ٱللَّهُ ٱلنَّاسَ بِظُلۡمِهِم مَّا تَرَكَ عَلَيۡهَا مِن دَآبَّةٖ وَلَٰكِن يُؤَخِّرُهُمۡ إِلَىٰٓ أَجَلٖ مُّسَمّٗى ۖ فَإِذَا جَآءَ أَجَلُهُمۡ لَا يَسۡتَٔۡخِرُونَ سَاعَةٗ وَلَا يَسۡتَقۡدِمُونَ62
شیكردنەوەی وشەكان:
دابة: بگەڕێوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 50.
أجل: الأجل: ماوەی شت و ئەو كاتەی دەیخایەنێت (الأقرب).
ساعة: الساعة: كاتی ئێستا، قیامەت؛ گوتراوە: ئەو كاتەی كە قیامەت تێیدا بەرپادەبێت؛ بریتیە لە بەشێكی كەم لە ڕۆژ یان لە شەو، دەگوترێت: ساتێك لە ڕۆژ یان لە شەو لەلات دانیشتم.. واتە كاتێكی كەم لە شەو یان لە ڕۆژ (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە وەڵامی گومانێكە كە ڕەنگە لە دڵی بێباوەڕەكاندا دروست بێت بەهۆی ئایەتەكەی پێشووەوە، گومانەكەیش ئەوەیە: ئەگەر ئەوەی مرۆڤ پێشنیاری دەكات بەرنامە و ڕێڕەوێكی هەڵە بێت و ببێتە هۆی لەناوچوون و تەنها بەرنامە و ڕێبازی خوایی ببێتە هۆی ڕزگاربوون.. ئەوا پێویست بوو دەستبەجێ خوا هەموو بێباوەڕەكان لەناوببات، بەڵام واقیع پێچەوانەی ئەمەیە بەجۆرێك بەردەوام بێباوەڕەكان جۆرەها پێشكەوتنی ماددی بەدەستدەهێنن، كەواتە ناكرێت بە تەواوەتی بەهەڵە دابنرێن، بەڵكو دەكرێت ئەوانیش لەسەر حەق بن!
خوایش (عز وجل) بەرپەرچی ئەم گومانەی داوەتەوە و فەرموویەتی: وەحی خوایی بخەنە ئەولاوە چونكە ئێوە باوەڕتان پێی نیە، وە پێمان بڵێن: ئایا خوا دەستبەجێ سزای ئەو كەسانە دەدات كە كۆمەڵێك ڕەفتار ئەنجام دەدەن كە ئێوەیش بە پێچەوانەی ویستی خوایی لەقەڵەمیان دەدەن وەك دزی و كوشتن و تاڵانی و هیتر؟ كەواتە مادام خوا مۆڵەت دەدات بەو كەسانە ئیتر كەی ڕاستە بەڵگەبهێننەوە بەوەی كە خوا موڵەت دەدات بەو كەسانەی نكووڵی لە وەحیەكەی دەكەن ئەم وەحیە لەلایەن خواوە نیە، ئەگینا بەخێرایی سزای دادەبەزاندە سەریان و كەسیان نەدەمان.
پاشان خوای گەورە هۆكاری دواخستنی سزای تاوانباران دەخاتەڕوو كە ئەوەیە ئەگەر یاسای مۆڵەت نەبوایە ئەوا وەچەی مرۆیی بەردەوام نەدەبوو، چونكە ئەگەر خوا (عز وجل) هەموو تاوانبارێكی دەستبەجێ لەناوببردایە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە ئەوا پاش ماوەیەك هیچ مرۆڤێك نەدەما.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك پرسیار بكات و بڵێت: ئەو كەسانەی لەدنیادا هەن هەموویان تاوانبار نین، بەڵكو پیاوچاكیشیان تێدایە كە دەبنە هۆی بەردەوامبوونی وەچەی مرۆیی؟
وەڵام: پێویست نیە هەر یەكێك لە باوباپیرانی ئەو پیاوچاكانەی كە ئەمڕۆ بوونیان هەیە هەتا سەردەمی ئادەم هەموویان پیاوچاك بووبن. بۆیە ئەگەر خوا باوباپیرانی ئەوانی لەناوبردایە كە سەرەتا تاوانبار بوون ئەوا ئەو پیاوچاكانەی كە لە نەوەی ئەوانەوە پەیدا بوون بوونیان نەدەبوو. كەواتە پێویست نیە مرۆڤ دەستبەجێ دوای تاوانەكەی سزا بدرێت. ئەمەش بەڵگەیەكی ترە لەسەر بوونی دواڕۆژ كە تێیدا پرۆسەی پاداشتدانەوەی كردوەكان تەواو دەبێت. بەڵام ئەگەر نكووڵیمان كرد لە بوونی دواڕۆژ ئەوا حوكمە خواییەكان بە ناتەواو لەقەڵەم دەدرێن.
وە گرفتێكی تر هەیە پێویستە چارەسەر بكرێت ئەویش ئەوەیە: بۆچی لێرەدا خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَلَوۡ يُؤَاخِذُ ٱللَّهُ ٱلنَّاسَ بِظُلۡمِهِم مَّا تَرَكَ عَلَيۡهَا مِن دَآبَّةٖ﴾، لەگەڵ ئەوەی تەنها مرۆڤ ڕاسپێردراوە بە جێبەجێكردنی حوكمەكانی شەرع، ئیتر تاوانی ئەم ئاژەڵە داماوانە چیە هەتا لەگەڵ مرۆڤدا سزا بدرێن؟
وەڵام: لەسەرەتای ئەم سوورەتەدا خوای گەورە ڕایگەیاند كە ئاژەڵ بۆ سوودی مرۆڤ دروستكراوە؛ بۆیە ئەگەر مرۆڤ تیاچوو ئەوا ئەم ئاژەڵانە هیچ پێویست نین، بەڵكو قیامەتی گشتی بەرپا دەبێت.
وَيَجۡعَلُونَ لِلَّهِ مَا يَكۡرَهُونَ ۚ وَتَصِفُ أَلۡسِنَتُهُمُ ٱلۡكَذِبَ أَنَّ لَهُمُ ٱلۡحُسۡنَىٰ ۚ لَا جَرَمَ أَنَّ لَهُمُ ٱلنَّارَ وَأَنَّهُم مُّفۡرَطُونَ63
شیكردنەوەی وشەكان:
تصف: وصف الشيء: وەسفی شتەكەی كرد بەوەی كە تێیدایەتی. ووصف الطبیب للمریض وصفة: پزیشكەكە ئەو شتەی بۆ نەخۆشەكە ڕوونكردەوە كە خۆی پێ ساڕێژ دەكات (الأقرب).
الحسنی: پێچەوانەی خراپەیە، سەرەنجامی باش؛ ڕوانین بۆ خوا؛ بردنەوە؛ شایەتیدان (الأقرب).
لا جرم: بگەڕێوە بۆ شیركردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 24.
مفرطون: أفرط الأمر: شتەكەی لەبیركرد؛ وازیلێهێنا و بەجێیهێشت. أفرط علیه: بارێكی دا بەكۆڵیدا كە لەسەرووی توانایەوە بوو. وما أفرطت من القوم أحدا: واتە كەسم بەجێنەهێشت لە كۆمەڵەكە (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە باسی خودی بابەتەكەی پێشوو دەكات بە شێوازێكی تر بەجۆرێك دەفەرموێت: بێباوەڕەكان چۆن چاوەڕێی سەرەنجامێكی باش دەكەن لەلایەن خواوە لەكاتێكدا شتێك دەدەنەپاڵی كە خۆیان ڕازی نین بەو شتە؟ نەخێر، بەڵكو ئەو كەسەی خەوش و ناتەواوی بداتەپاڵ خوا (عز وجل) دەبێت ئاكامێكی خراپی هەبێت.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَأَنَّهُم مُّفۡرَطُونَ﴾.. واتە هەروەك چۆن وازیانهێنا لە خوای گەورە بەهەمانشێوە خوای گەورەیش ئەوان بەجێدەهێڵێت لە سزادا و لەبیریان دەكات.
تَٱللَّهِ لَقَدۡ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰٓ أُمَمٖ مِّن قَبۡلِكَ فَزَيَّنَ لَهُمُ ٱلشَّيۡطَٰنُ أَعۡمَٰلَهُمۡ فَهُوَ وَلِيُّهُمُ ٱلۡيَوۡمَ وَلَهُمۡ عَذَابٌ أَلِيمٞ 64
شیكردنەوەی وشەكان:
وَلِيُّهُمُ: الولي: دۆستی دڵسۆز؛ یارمەتیدەر. هەركەسێك كاری كەسێكی پێ سپێردرا ئەوا دۆستی ئەو كەسەیە (الأقرب)
تەفسیر: واتە نەیارانی پێغەمبەرانی پێشوو فریویان خوارد بە قسەی شەیتان كە پێی گوتن هەرگیز لەسەر كردەوەكانیان سزا نادرێن ئەوان بەم قسەیە دڵیان ئۆقرەی گرت و گومڕا بوون؛ بەهەمان شێوە لەمڕۆدا دوژمنانی ڕاستی هەمان دۆخیان هەیە. ئەوانیش سەرەڕای ئەنجامدانی سەرپێچی و تاوان بێ خەم دانیشتوون و نازانن سزایەكی سەخت و بەژان بەبەردەوامی لێیان نزیك دەبێتەوە.
وَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَيۡكَ ٱلۡكِتَٰبَ إِلَّا لِتُبَيِّنَ لَهُمُ ٱلَّذِي ٱخۡتَلَفُواْ فِيهِ وَهُدٗى وَرَحۡمَةٗ لِّقَوۡمٖ يُؤۡمِنُونَ65
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: هۆكارێكی تر هەیە بۆ دابەزینی وەحی ئەویش ئەو جیاوازی و ناكۆكیە توندەیە كە لەنێوان خەڵكیدا هەیە سەبارەت بە بابەتەكانی ڕەوشت و ئایین. ئایا ڕێگایەك هەیە بۆ نەهێشتنی ئەم جیاوازی و ناكۆكیانە لەنێوانیاندا جگە لەوەی زانیاریەكی یەقینی و بێگومانیان بۆبێت لەلایەن خواوە (عز وجل)؟ هەڵبەت ئەم كتێبە بە زانستی یەقینیەوە دابەزی. بۆیە ئەگەر خەڵكی بیانزانیایە كە ئەم وەحیە لەلایەن خوای گەورە دابەزیوە؛ ئەوا دەیانتوانی ئەم ناكۆكی و جیاوازیانە نەهێڵن، ئەگینا هەریەكەیان چۆن واز لە هەڵوێست و بۆچوونی خۆی دەهێنێت لەكاتێكدا بەسروشتی خۆی بۆچوونی خۆی لە بۆچوونەكانی تر بە ڕاستتر و باشتر دەزانێت؟
هەروەك ئەم ئایەتە سەرزەنشتی بێباوەڕەكان دەكات كە دەڵێن: چ پێویست بە پێغەمبەرێكی نوێ دەكات لەكاتێكدا پێغەمبەرانێكی زۆر هەبوون لە ڕابردوودا. ئەو بێباوەڕانە بیرلەوە ناكەنەوە كە ئەوە كردەوە و ڕەفتاری ئەوانە داخوازی ڕەوانەكردنی ئەم پێغەمبەرە نوێیە دەكات؛ چونكە ئەوان وازیان لە حەق و ڕاستی هێناوە و ناكۆكن. ئەگەر ناكۆك نەبوونایە ئەوا پێویست نەبوو پێغەمبەرێكی نوێ دەربكەوێت. سەیرە ئەوان سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشی ناكۆكی و جیاوازی بوون بەڵام ڕەخنە دەگرن لە هاتنی پزیشكێك كە خوا (عز وجل) ناردوویەتی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكەیان!
ڕەنگە كەسێك ڕەخنە بگرێت لەم مانایە كە ئێستا من باسمكرد و بڵێت: گریمان خەڵكی بەردەوام كاریان بكردایە بە شەریعەتی مووسا (عليه السلام) بەبێ ئەوەی ناكۆكییان تێبكەوێت، ئایا دوای ئەوە شەریعەتی تەواو و بێ كەموكوڕی لەڕێگەی پێغەمبەری ئازیزمانەوە (ﷺ) دانەدەبەزی؟
وەڵام: ئەمە تەنها گریمانەیەكە و هیچ پەیوەندی بە ڕاستی و واقیعەوە نیە، چونكە بە كردەیی خەڵكی وازیان نەهێنا لە ناكۆكی و ڕاجیایی، بۆیە چار نەبوو دەبوایە ئەم شەریعەتە تەواوە دابەزێت.
گریمان ئەم شتە ئەستەمە ئەگەری ڕوودانی هەبوو ئەوەتا خوا (عز وجل) پێشتر وەڵامی ئەمەیشی داوەتەوە و فەرموویەتی ﴿قُل لَّوۡ كَانَ فِي ٱلۡأَرۡضِ مَلَٰٓئِكَةٞ يَمۡشُونَ مُطۡمَئِنِّينَ لَنَزَّلۡنَا عَلَيۡهِم مِّنَ ٱلسَّمَآءِ مَلَكٗا رَّسُولٗا﴾ (الإسراء: 96) واتە ئەگەر هەر مرۆڤێك ببوایە بە كەسێكی چاكی وەكو فریشتە ئەوا پێویست نەبوو پێغەمبەر ڕەوانە بكرێت، بەڵكو هەموو خەڵكی دەبوون بە پێغەمبەر و وەحییان پێ دەگەیشت لەلایەن نێردراوە فریشتەكانمانەوە، وە كاری خراپ و مرۆڤی بێباوەڕ نەدەبوون. بەڵام خەڵكی دنیا هەرگیز هەموویان نەبوون بە چاكەكار، بۆیە ڕەوانەكردنی پێغەمبەران لەلایەن خوای گەورەوە ڕانەوەستا.
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿وَهُدٗى وَرَحۡمَةٗ لِّقَوۡمٖ يُؤۡمِنُونَ﴾ ڕوونیكردووەتەوە كە؛ ئەی موحەممەد پێویستە لەسەرت هەوڵ بدەیت لەلایەكەوە بەهۆی قورئانەوە ناكۆكی نێوان مرۆڤە ناكۆكەكان نەهێڵیت، وە لەلایەكی ترەوە پێویستە لەسەرت هەوڵ بدەیت بۆ ئەوەی باوەڕداران كار بە قورئان بكەن تاوەكو ڕەحمەتی خوا زیاتر بێت بۆیان و زیاتر نزیك ببنەوە لە خوای گەورە.
وَٱللَّهُ أَنزَلَ مِنَ ٱلسَّمَآءِ مَآءٗ فَأَحۡيَا بِهِ ٱلۡأَرۡضَ بَعۡدَ مَوۡتِهَآ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَسۡمَعُونَ 66
تەفسیر: لێرەدا ئاو واتە وەحی، بەڵگەیش ئەوەیە خوا (عز وجل) پاش قسەكردن دەربارەی دابەزینی ئاو فەرموویەتی ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَسۡمَعُونَ﴾؛ وە دابەزینی ئاوی ماددی نابێت بە نیشانەیەك بۆ ئەو كەسانەی گوێدەگرن، بەڵكو نیشانەیەكە بۆ ئەو كەسانەی دەبینن و ڕادەمێنن ئینجا تێدەگەن. كەواتە وشەی ﴿يَسۡمَعُونَ﴾ بەئاشكرا ڕوونیدەكاتەوە كە لێرەدا مەبەست لە ئاو وەحیە. كەواتە خوای گەورە سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ وەحی پێغەمبەرانی پێشوو و ڕوونیدەكاتەوە كە: چەندین جار لە ئاسمانەوە ئاوی ڕۆحیمان ناردە خوارەوە و بەو هۆیەوە جیهانمان زیندووكردەوە، ئەگەر ئێوە دەنگوباسی ئەو پێغەمبەرانەتان ببیستایە كە پێشتر هاتن و مردن ئەوا باوەڕتان دەهێنا بەو ڕاستیەی كە دابەزیوە بۆتان.
خوای گەورە فەرموویەتی ﴿فَأَحۡيَا بِهِ ٱلۡأَرۡضَ﴾ وەك بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی قورئان بریتیە لە ﴿هُدٗى وَرَحۡمَةٗ﴾، بەجۆرێك خوا (عز وجل) ڕوونیكردووەتەوە مادام لەڕابردوودا وەحی مردووەكانی زیندووكردووەتەوە ئیتر بۆچی قورئان هۆكارێك نیە بۆ هیدایەت و ڕەحمەت و ژیان بۆ باوەڕداران. ئەوەی لەڕابردوودا ڕوویدا بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆیش ڕوودەدات.
وَإِنَّ لَكُمۡ فِي ٱلۡأَنۡعَٰمِ لَعِبۡرَةٗ ۖ نُّسۡقِيكُم مِّمَّا فِي بُطُونِهِۦ مِنۢ بَيۡنِ فَرۡثٖ وَدَمٖ لَّبَنًا خَالِصٗا سَآئِغٗا لِّلشَّٰرِبِينَ 67
شیكردنەوەی وشەكان:
الأنعام: النعم: حوشتر و مەڕوماڵات، گوتراوە: وشەكە تەنھا تایبەتە بە حوشتر. لە المصباح دا گوتوویەتی: النعم: ماڵ و سەروەتی چاودێریكراو، وشەكە كۆیە و تاكی نیە، بەزۆری بۆ حوشتر بەكاردێت. ئەبو عوبەید گوتوویەتی: تەنھا حوشترە، بۆ مێ و نێر بەكاردێت، كۆی وشەكە بریتیە لە أنعام. گوتراوە: النعم: تەنھا حوشترە، الأنعام: واتە دوو سم، بریتیە لە حوشتر و مانگا و مەڕوماڵات. گوتراوە: أنعام بەم سێ شتە دەگوترێت، ئەگەر تەنھا حوشتر بێت ئەوا بریتیە لە نعم، وە ئەگەر تەنھا مەڕ و ماڵات و مانگا بێت پێی نەگوتراوە نعم (الأقرب).
فرث: سروان؛ واتە ئەو خۆراكەی كە دوای هەرسكردن لە ڕیخۆڵەی ئاژەڵدا دەمێنێتەوە (الأقرب)
سائغا: السائغ: گەوارا: خۆراك و شلەمەنی كە بەئاسانی قوت بدرێت (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَإِنَّ لَكُمۡ فِي ٱلۡأَنۡعَٰمِ لَعِبۡرَةٗ ۖ﴾ ڕستەیەكی تەواو قەشەنگ و ڕوونە. دیارە ئاژەڵ خۆراك دابین دەكات بۆ مرۆڤ بەشێوەی شیر و گۆشت، هەروەك سوودی پێ دەگەیەنێت لە هەڵگرتنی بارە قورسەكانیدا. بەگشتی حوشتر هۆكاری گواستەوە بووە لە دوورگەی عەرەبیدا لەبەرئەوەی مانگا و گا لەوێ دەگمەن بووە، بەڵام لە ناوچەكانی تری جیهاندا مانگا زۆر خزمەتی مرۆڤی كردووە بۆ هەڵگرتنی بارەكانی. وە لەناوچە شاخاویەكاندا بزن و مەڕیش بەكاردێن بۆ ئەم مەبەستە، بەتایبەتی كاتی سەفەركردن بۆ لوتكەی چیاكان؛ شوانەكان باری گەشتیارەكان دەخەنە سەر پشتی ئەو ئاژەڵانە لەبەرامبەر هەندێ پارەدا. لە ناوچەی “كانگرە” بینیم كۆمەڵێك شوان لە چیای “لاهول”ەوە هاتن و بارەكانیان خستبووە سەر پشتی سەدەها مەڕ، لەسەر پشتی هەر یەكێكیان نزیكەی دە یان بیست كیلۆگرام دانرابوو. ئای چەند دیمەنێكی جوان بوو!
شایانی تێبینیكردنە وشەی ﴿عِبۡرَةٗ﴾ كە لێرەدا لە ئایەتەكەدا هاتووە لە “العبور”ەوە وەرگیراوە كە مانای سەفەریش دەگەیەنێت. خوای گەورە بە بەكارهێنانی ئەم وشەیە ئاماژەی كردووە بۆ مانایەكی زۆر ورد و جوان ئەویش ئەوەیە ئێوە یارمەتی دەخوازن لەم ئاژەڵانە لە سەفەرە ماددیەكانتاندا، بەڵام لە گەشتە عەقڵیەكانتاندا یارمەتییان لێ ناخوازن، بۆیە ڕانامێنن لە ژیانی ئەم ئاژەڵانە هەتا ئەم ڕامانە لە جیهانی نەزانیەوە بتانگوازێتەوە بۆ جیهانی زانست و زانیاری. ئەمەیە مانای وشەی العبرة، بەجۆرێك واتە گواستنەوەی تێڕوانین بەبینینی شتێك بۆ بابەتێكی تر و بەمەش تێگەیشتن لە ڕاستی بەگوێرەی ئەو شتە. كەواتە گومانی تێدا نیە هاتنی وشەی ﴿عِبۡرَةٗ﴾ لەمیانەی قسەكردن دەربارەی ئاژەڵ ڕوونیەكی جوانی زیاد كردووە بۆ بابەتەكە.
ئەو پەند و عیبرەتە چیە؟ خوای گەورە بەدرێژی باسی كردووە و فەرموویەتی: ئەم ئاژەڵانە گژوگیا و پووش دەخۆن كە دەگۆڕێت بۆ سروان و سروانەكەیش لە ورگدایە، پاشان هەندێ لەم سروانە دەگۆڕێت بۆ خوێن، پاشان بەشێك لەم خوێنە دەبێت بە شیرێكی پاڵفتە و گەوارا بەڕادەیەك ئەو كەسانەیش كە زۆر بۆزەن و هەستیارن بەو پەڕی چێژەوە دیخۆنەوە، وە لە خواردنەوەیدا هیچ بێزیان نایەتەوە و دڵیان تێكەڵ نابێت؛ لەگەڵ ئەوەی شیر لە خوێنەوە بەرهەم دێت، وە خوێن لەو سروانەوە دروست دەبێت كە لە ورگی ئاژەڵدا لە خۆراكەكەیەوە پەیدا دەبێت، ئەوەی كە دەگاتە ڕیخۆڵە، پاشان لەڕێگەی دەمارەكانەوە دەگواسترێتەوە بۆ دڵ و كاتێك دەگاتە ئەوێ دەگۆڕێت بۆ خوێن. وە بەشێك لەو خوێنە دەگاتە گوان و دەبێت بە شیر.
لێرەدا خوای گەورە هۆشداری دەدات كە ئەم پووش و گژوگیایە -كە مرۆڤ ناتوانێت بیخوات- كاتێك دەگاتەناو سكی ئاژەڵ دەبێت بە شیری پاڵفتەی بێ خەوش و بەتام بۆ ئەوانەی دەیخۆنەوە. مرۆڤ ناتوانێت ئەو ئالیكە بگۆڕێت بۆ شیر، بەڵام خوا (عز وجل) لە جەستەی ئاژەڵدا دەیگۆڕێت بۆ شیر؛ بۆیە پێویستە لەسەر مرۆڤ لەمەوە وانەیەك وەربگرێت.. ئەویش ئەوەیە ئەم فێركاریە فیتریە.. كە مرۆڤ ناتوانێت بەهۆیەوە یەقین بەدەستبهێنێت، بەڵكو بە لێڵی دەمێنێتەوە و جۆرەها خەوش و ناتەواوی تێكەڵاوی دەبێت.. پاش ئەوەی ئەم فێركاریە بە ئامێرێكی ڕۆحانیدا تێپەڕ دەبێت كە خوا (عز وجل) دروستی كردووە وەك شیرێكی پاك و گەوارای لێدێت، بەمەش هیچ زیانێك ناگەیەنێت بە تەندروستی ڕۆحی مرۆڤ، بەڵكو لە هەموو بوارەكاندا سوودی پێ دەگەیەنێت. ئیتر بۆچی پەند و عیبرەت وەرناگرن لە پرۆسەی دروستبوونی شیر لە ئاژەڵدا، وە بۆچی نازانن كە حەز و ئارەزووە سروشتیە مرۆییەكان ئەستەمە ببن بە خۆراكێكی ڕۆحی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ ئەگەر خوا (عز وجل) نەیگۆڕێت بۆ شیرێكی ڕۆحی. بەڵام ئەم كردارە لەسەرووی توانای مرۆڤەوەیە، وە مادام مرۆڤ ناتوانێت پووش و گژوگیا بگۆڕێت بۆ شیر ئیتر چۆن دەتوانێت حەز و ئارەزووە سروشتیە پەروەردەنەكراوەكان بگۆڕێت بۆ فێركاری و ڕێنماییەكی بەرز و بڵند.
گرفتێكی وشەیی لە ئایەتەكەدا هەیە ئەویش ئەوەیە خوای گەورە لە وشەی ﴿بُطُونِهِۦ﴾دا ڕاناوی كەسی سێیەمی تاكی بەكارهێناوە لەگەڵ ئەوەی ڕاناوەكە دەگەڕێتەوە بۆ وشەی الأنعام كە وشەیەكی كۆیە؟ موفەسیرەكان بە دوو شێوە وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە: یەكەم: ڕاناوە تاكەكە بە ڕەچاوكردنی مانای ناوبراو هاتووە نەك بەڕەچاوكردنی وشەكە، تەقدیرەكەی بەم جۆرەیە (بطون ما ذكرناه). دووەم: ڕاناوەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەر تاكێك لە ڕەگەزی ئاژەڵەكان (بڕوانە تفسیر فتح البیان). وە هەردوو شێوازەكە دروستن بەگوێرەی ڕێساكانی زمانی عەرەبی.
وە ئەم ئایەتە بەڵگەیەكی مەزنە لەسەر ئەوەی ئەو كەسەی قورئانی دابەزاندووە هەر ئەو كەسەیە كە گەردوونیشی دروستكردووە، چونكە چۆنێتی دروستبوونی شیر -وەك ئایەتەكە باسی كردووە- لای مرۆڤ زانراو نەبووە لە سەردەمی دابەزینی قورئاندا. وە پرۆسەی دروستبوونی شیر بەم شێوەیە بەئەنجام دەگات: كاتێك خۆراك لە گەدەی ئاژەڵەوە دەگاتە ڕیخۆڵە دەگۆڕێت بۆ سروان، وە بەشێك لەم سروانە دەگۆڕێت بۆ خوێن، پاشان هەندێ لە خوێنەكە دەبێت بە شیر. ئەم ڕاستیە سەردەمێكی درێژ دوای دابەزینی قورئان ئینجا مرۆڤ دۆزییەوە، بۆیە دەبینین موفەسیرەكانی پاشین ئاماژە دەكەن بۆ هەڵەی موفەسیرەكانی پێشین لە خستنەڕووی چۆنێتی دروستبوونی خوێن. بەڵام ئەوەی پاشینەكانیش باسیان كردووە تەواو یەكانگیر نیە لەگەڵ ئەوەی توێژینەوە زانستیەكان جەختیان لێ كردووەتەوە، بەڵام وشەكانی قورئانی پیرۆز تەواو یەكانگیرن لەگەڵ دۆزینەوە نوێیەكان كە بریتیە لەوەی: خۆراك لە گەدەی ئاژەڵەوە دەگاتە ڕیخۆڵە، وە بەشێكی وردی ئەم خۆراكە هەرسكراوە ڕاستەوخۆ دەگاتە دڵ لەڕێگەی دەمارە خوێنەكانەكانەوە و كاتێك دەگاتە ناو دەمارەكان دەبێت بە خوێن، وە بەشێكی تری ورد هەیە ڕاستەوخۆ لە گەدەوە دەگاتە جگەر، پاشان لەڕێگەی خوێنهێنەرەكانەوە دەڕژێتە ناو دڵەوە و دەبێت بە خوێن؛ وە كاتێك خوێنەكە دەڕژێتە گوانەوە كارلێك دەكات و دەگۆڕدرێت بۆ شیر.
خەڵكی لەڕابردوودا ئەم ڕاستیەیان نەدەزانی بەجۆرێك موفەسیرەكانی پێشوو تووشی گرفتێكی گەورەبوون لە شیكردنەوەی ئەم ئایەتەدا، چونكە بەگوێرەی بیروبۆچوونی باوی سەردەمەكەیان پێیان وابوو لەڕێگەی گۆڕانی خۆراك بۆ سروان و خوێن كارلێكێك ڕوودەدات و شیر دروست دەبێت. ئەوەتا خاوەنی الكشاف نووسیویەتی: “ئەگەر ئاژەڵ ئالیكی خوارد ئەوا لە گەدەیدا جێگیر دەبێت و دەیكوڵێنێت، ئینجا بەشی ژێرەوەی سروانە و ناوەڕاستەكەی شیرە و سەرەوەی خوێنە.” (هەروەها بگەڕێرەوە بۆ البحر المحیط، وە ابن كثیر). لەگەڵ ئەوەی ئایەتەكە دەفەرموێت خۆراك شیر دروست دەكات پاش تێپەڕینی بە قۆناغی سروان و خوێندا، ئەم دووانە دوو شتن كە كەس ڕازی نابێت بە خواردنیان، بەڵام كاتێك خۆراك دەبێت بە شیر خەڵكی بەوپەڕی تام و چێژەوە دەیخۆنەوە، چونكە ئەو كاتە پاڵفتە و بێگەردە لەو شتە پیسانەی كە لە سرواندا هەن و لەو ژەهرانەی كە لە خوێندا هەن.
پێویستە بزانرێت ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە كەس ناتوانێت شیر دروست بكات ئەگەرچی بە بڕێكی كەمیش بێت، دیارە مرۆڤ لە داهاتوودا دەتوانێت بڕێكی كەم شیر دروست بكات، بەڵام ناتوانێت بە ئەندازەی پێویستی هەموو دنیا ئەم خۆراكە گرنگە دروست بكات. دیارە مرۆڤ توانیویەتی باران دروست بكات بەهۆی كارلێكی هەندێ گازەوە، بەڵام ئەو دڵۆپە كەمانەی ئاو ئەستەمە مرۆڤ بێ نیاز بكات لە باران. بەهەمان شێوە سەیر نیە ئەگەر مرۆڤ لە داهاتوودا بتوانێت شیر دروست بكات لە ئالیكەوە، چونكە پێدانی شیر بە مرۆڤ بە ئەندازەی پێویست پەیوەست دەبێت بە ئاژەڵەوە وەك چۆن ئاو پەیوەستە بە هەورەوە.
هەروەها ئایەتەكە ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە دەكرێت مرۆڤ خۆراكی ئاژەڵ بۆگەن و خراپ بكات بەڵام ناتوانێت لێیەوە شیر دروست بكات، بەهەمان شێوە دەكرێت دەستكاری فێركاری پێغەمبەران بكات و تێكیان بدات، بەڵام ناتوانێت ئەو ڕاستیە فیتریە تەمومژاویی و لێڵانەی كە لە عەقڵی مرۆییدا هەن بیانگۆڕێت بۆ فێركارییەكی باڵا و پاك و بێگەرد لە خەوش و پیسی.
وَمِن ثَمَرَٰتِ ٱلنَّخِيلِ وَٱلۡأَعۡنَٰبِ تَتَّخِذُونَ مِنۡهُ سَكَرٗا وَرِزۡقًا حَسَنًا ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَعۡقِلُونَ 68
شیكردنەوەی وشەكان:
الأعناب: كۆی وشەی العنب ە (واتە ترێ) كە بریتیە لە: بەری درەختی مێو كە تەڕ و تازە بێت، وە ئەگەر وشك بوویەوە پێی دەوترێت مێوژ (الأقرب)
سكرا: السكر: مەی؛ شلەمەنیەكە لە خورما و ڕووەكی (كشوث)ەوە دروست دەكرێت؛ هەر شتێك سەرخۆش بكات؛ سركە؛ خۆراك (الأقرب).
تەفسیر: موفەسیرەكان زۆر ناڕەحەت بوون بەدەست تەفسیری ئەم ئایەتەوە. هەیانە تەفسیری وشەی ﴿سَكَرٗا﴾ی كردووە بە مانای مەی. بەڵام كاتێك تووشی گرفتێكی تر بووە –كەبریتیە لەوەی خوای گەورە لێرەدا باسی نیعمەت دەكات بەڵام مەی حەرامە- وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: ئایەتەكە پێش حەرامبوونی مەی دابەزیوە و نەسخ بووەتەوە! (تفسیر القرطبي).
وە هەیانە تەفسیری وشەی ﴿سَكَرٗا﴾ی كردووە بەمانای خۆراك بۆ ئەوەی دووربكەوێتەوە لەو گرفتەی لەسەرەوە باسكرا. بەڵام هەندێكی تر ڕەخنەیان لێ گرتووە و گوتوویانە: ئەمە دەبێتە هۆی دووبارەكردنەوەی بێسوود و هەوانتە، چونكە خۆراك دواتر باسكراوە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَرِزۡقًا حَسَنًا﴾؟ وە لەوەڵامدا گوتراوە وشەی ﴿سَكَرٗا﴾ ئاماژە دەكات بەو هێزەی كە لەم شتانەدا هەیە، لەكاتێكدا فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَرِزۡقًا حَسَنًا﴾ ئاماژە دەكات بۆ ئەو خۆراكەی كە تێیدایەتی! (تفسیر البغوي)
لەڕاستیدا موفەسیرەكان تووشی ئەم سەختی و ناڕەحەتیانە بوون چونكە هەوڵیان داوە بەم ئایەتە بەڵگە بهێننەوە لەسەر ڕەوابوون یان ڕەوانەبوونی خواردنی ئەو شتەی بریتیە لە (سكر)؛ لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لێرەدا دەیەوێت ئەوە ڕوون بكاتەوە كە ئێوە زۆرجار دەستكاری شتە باشەكانی ئێمە دەكەن و تێكیان دەدەن و خراپیان دەكەن، بۆیە ئەو شتەی كە لە دۆخە ئەسڵیەكەیدا باشە بە دەستكاریكردنی ئێوە دەبێت بە شتێكی پیس و بۆگەن.
پاشا خوا (عز وجل) فەرموویەتی ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَعۡقِلُونَ﴾.. واتە كەسە ژیرەكان پەی دەبەن بەوەی كە بەكارهێنانی شت بۆ مەبەستێك كە ئەو شتە لەپێناویدا دروست نەكراوە سوود ناگەیەنێت بەڵكو دەبێتە هۆی خراپەكاری. بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بەرنامە و ڕێبازێكی ڕۆحانی پێشكەش بكات، هەروەك مافی ئەوەی نیە دەستكاری ڕێنمایی و فێركاری خوایی بكات چونكە وەریدەگێڕێت لەو ئامانجەی كە لەپێناویدا دابەزیوە و بەرەو ئاراستەیەكی تری دەبات، بەمەش ئەو فێركاریە تێكدەچێت و دەشێوێت.
وَأَوۡحَىٰ رَبُّكَ إِلَى ٱلنَّحۡلِ أَنِ ٱتَّخِذِي مِنَ ٱلۡجِبَالِ بُيُوتٗا وَمِنَ ٱلشَّجَرِ وَمِمَّا يَعۡرِشُونَ 69
تەفسیر: لێرەدا خوا (عز وجل) نموونەی سێیەم دەهێنێتەوە لەسەر پێویستی وەحی، ئەم نموونەیە لە دوو نموونەكەی پێشوو ڕوونترە؛ ڕایگەیاندووە وەحییەك دادەبەزێنێتە سەر هەنگ كە گونجاو بێت بۆی، وە فەرمانی پێ دەكات كە شانەی خۆی لە شاخ و درەخت و كەپردا دروست بكات. ئەم وەحیە بریتیە لەو غەریزەیە كە لە هەنگدا دانراوە. خوای گەورە بەمە جەختی كردووەتەوە لەوەی كە هەموو شتێك لە كارگەی ئەم گەردوونەدا بەهۆی فەزڵی وەحیەوە بەڕێوەدەچێت، هەندێكیان بەهۆی وەحی شاراوەوە بەڕێوەدەچێت و هەندێكیان بەهۆی وەحی ئاشكراوە.. واتە هەر شتێك تەنھا ئەو مەبەستە دەهێنێتەدی كە لەپێناویدا دروستكراوە بەجۆرێك بەگوێرەی ئەو هێز و بەهرانەی خوا دایناون تێیدا هەڵسوكەوت دەكات، ئەگەر كەمێك لابدات لێیان ئەوا وەكو پێویست ئەو مەبەستە نایەتەدی كە لەپێناویدا دروستكراوە.
هەڵبەت ئەم ئایەتە ڕوونیكردووەتەوە كە بازنەی وەحی خوایی زۆر فراوانە. هەندێ كەس پێیان وایە لەدوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەڕەهایی وەحی پچڕاوە (ختم النبوة والحركة الأحمدیة، لا 74)، بەڵام ئەم ئایەتە جەخت دەكاتەوە كە تەنانەت مێرووەكانیش لەلایەن خوای گەورەوە وەحییان پێ دەگات. وە مەبەست لە وەحی ئەم ئاژەڵانە ئەو غەریزە و هێزە سروشتیانەیە كە خوا (عز وجل) دروستی كردوون تێیاندا. تەنانەت ئەم جۆرە وەحیە بەشێوەی پچڕ پچڕ دادەبەزێتە سەر مرۆڤە ئاساییەكانیش، بەجۆرێك لەپڕدا بیرۆكەیەك دێت بەدڵی مرۆڤدا كە زۆر سوودبەخشە بۆی. زۆربەی زۆری داهێنەرەكان دەڵێن لەناكاو بیرۆكەی زۆرێك لە داهێنانەكان هاویشتراوەتە دڵیانەوە، یان بیریانكردووەتەوە لە هەندێ داهێنان لەپێناوی توێژینەوە زانستیەكەیاندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناكاو شەپۆلێك لەناخیادا دروستبووە چارەسەری زۆربەی ئەو گرفتانەیان دەستكەوتووە كە ئاستەنگ بوون لە ڕێگەیاندا. بۆ نموونە ئەدیسۆن -گەورەترین داهێنەر كە مێژووی مرۆڤایەتی ناسیبێتی- بەڕاشكاوی دان بەمەدا دەنێت و دەڵێت: نزیكەی هەزار داهێنانم ئەنجامدا، وە گەورەترینی ئەم داهێنانانە بەهۆی بیرۆكەیەكەوە بوو كە لەناكاو هاویشترایە دڵمەوە. لەڕاستیدا ئەم دۆخەیە كە سۆفیەكان پێی دەڵێن ئیلهام.
دیارە زاناكان لەناو مێرووەكاندا سەبارەت بە هەنگ و مێروولە توێژینەوەی تێروتەسەلیان كردووە، وە جەخت دەكەنەوە كە مێروولە بەگوێرەی سیستەمێكی جوان و سەرسوڕهێنەر دەژی، وە بەدەست گفتوگۆ دەكەن، وە وەكو مرۆڤ مردووەكانیان دەپارێزن، وە دانەوێڵە كۆگا دەكەن، وە شوێنی جۆراوجۆریان بۆ ئامادە دەكەن كە گونجاوبێت لەگەڵ كەش و هەوادا؛ بۆ زستان شوێنێك و بۆ هاوین شوێنێكی تر، هەروەها قات لەسەر قات ژوور دروست دەكەن. وە كرمێكی تایبەت هەیە ماددەیەك دەڕێژێت مێروولە وەك شیر بەكاریدەهێنێت، وە مێروولە سوورە لەسەر كۆكردنەوەی ئەو كرمانە لە شارەكەی خۆیدا و بەگرنگیەوە بەبەردەوامی خۆراكیان پێ دەدات بەڕادەیەك لە ڕۆژانی كەمی خواردەمەنیدا سەرەتا خواردن دەدات بەو كرمانە، پاشان خۆی ئەو خواردنە دەخوات كە دەمێنێتەوە. هەروەها مێروولە لەنێوان خۆیاندا جەنگ دەكەن، وە ئاشت دەبنەوە و ڕێكدەكەون. (The Book Of Knowledge, Word: Aunt) كەواتە سیستەمێكی فراوان و تۆكمە هەیە كە مێروولە بەگوێرەی ئەو سیستەمە دەژی. هەموو ئەمانە بەهۆی ئەو وەحیەوەیە كە پێی دەوترێت وەحی شاراوە.
وە هەنگیش بەگوێرەی سیستەمێكی قەشەنگ دەژی تەنانەت هەندێ زانا دەڵێن سیستەمی پوورەی هەنگ باشترە لە سیستەمەكانی مرۆڤ، وە لە هەندێ بواردا هەستی تیژترە لە مرۆڤ. لە هەموو پوورەیەكدا شاژنێك هەیە هەموو هەنگەكان گوێڕایەڵی دەبن. وە نەوە جیاوازەكانی هەنگ وەك مرۆڤ بەیەكەوە ناژین، بەڵكو هەریەكەیان بەجیا دەژین بەبێ ئەوەی لەگەڵ نەوەیەكدا تێكەڵ بن كە نەوەی خۆی نەبێت. كاتێك شاژنێكی نوێ پەیدا دەبێت نەوەی كۆن هەوڵ دەدات لەناوی بەرێت، بەڵام نەوەی گەنج هەموویان ڕادەپەڕن بۆ پاراستنی و بەرگری لێ دەكەن، كاتێك شاژنە نوێیەكە گەورە دەبێت ئینجا لەگەڵ نەوەكەی خۆیدا هێرش دەكەنە سەر نەوەی كۆن و لە پوورەكە دەریان دەكەن بۆ ئەوەی شارەكە بۆ خۆی بێت، یان شكست دەهێنێت و لەگەڵ نەوەكەی خۆیدا هەڵدەفڕن بۆ ئەوەی شارێكی سەربەخۆی نوێ دروست بكەن. كۆمەڵێك وردەكاری سەرسوڕهێنەری تر هەیە دەربارەی سیستەمی هەنگ بەڵام لێرەدا بوار نیە بۆ باسكردنی (سەرچاوەی پێشوو، لا416-421).
هەڵبەت خوا (عز وجل) نموونەی هەنگی هەڵبژاردووە بۆ باسكردن بۆ ئەوەی سەرنجی مرۆڤ ڕابكێشێت بۆ ئەو كەسەی كە ئەم زانیاریەی بەخشی بە هەنگ و ئەم سیستەمە سەرسوڕهێنەرەی دانا بۆی كە ئەستەمە بەرهەمی بیركردنەوەی خۆی بێت. وە هۆكارێكی تر هەیە بۆ هەڵبژاردنی نموونەی هەنگ ئەویش ئەوەیە كە بەكەمترین سەرنجدان و لێوردبوونەوە سیستەمەكەی بە ئاشكرا دەردەكەوێت، هەروەها لەبەرئەوەی هەنگ خۆراكێك دابین دەكات كە مرۆڤ بە باشترین خۆراك لەقەڵەمی دەدات. وە بوونی سیستەم لە ژیانیدا بەڵگەی ئەوەیە كە عەقڵی هەیە، بەڵام ئەوەی كە بەردەوام بەیەك شێواز دەژی بەبێ ئەوەی پێشبكەوێت بەڵگەی ئەوەیە كە هێزێكی دەرەكی ئەم سیستەمەی داناوە بۆ هەنگ و هەرگیز خۆی داینەناوە.
هەروەها خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە كە هەنگەكان جۆراوجۆرن، هەیانە لە شاخدا پوورە لێ دەدات، وە هەیانە لە درەختی دەشتاییدا پوورە دروست دەكات، وە هەیانە لە ماڵی خەڵكدا یان لە كەپری مێو و هی تردا، هەڵبەت بەمە سەرنجی خەڵكی ڕادەكێشێت بۆ ئەوەی كە ئەو كەسانەیش وەحییان پێ دەگات چەندین جۆرن.. واتە پلەی جیاوازیان هەیە، هەیانە پلەكەی وەكو شاخ بەرزە و هەیانە پلەكەی وەكو درەخت بەرزە و هەیانە پلەكەی وەكو كەپر بەرزە. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا ئاماژە بكات بۆ ئەو ڕاگەیاندنە ڕاشكاوەی خۆی كە لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: ﴿۞تِلۡكَ ٱلرُّسُلُ فَضَّلۡنَا بَعۡضَهُمۡ عَلَىٰ بَعۡضٖۘ﴾ (البقرة: 254)
ثُمَّ كُلِي مِن كُلِّ ٱلثَّمَرَٰتِ فَٱسۡلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلٗا ۚ يَخۡرُجُ مِنۢ بُطُونِهَا شَرَابٞ مُّخۡتَلِفٌ أَلۡوَٰنُهُۥ فِيهِ شِفَآءٞ لِّلنَّاسِ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَتَفَكَّرُونَ 70
شیكردنەوەی وشەكان:
فاسلكي: سلَك المكانَ سَلْكًا: چووە شوێنەكەوە، وكذا سلك الطریق واتە چووەسەر ڕێگاكە و پێیدا ڕۆیشت و گرتیەبەر (الأقرب). بۆ زیاتر شارەزابوون بگەڕێوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 13 لە سوورەتی الحجر.
ذللا: بریتیە لە كۆی وشەی ذلول. ذل البعیر: حوشترەكە ملكەچ بوو پێچەوانەیە لەگەڵ ملنەدان، دەگوترێت: ذلَّتْ له القوافي: قافیەكان ملكەچ بوون بۆی: واتە ئاسان بوون (الأقرب). فەرمايشتی ﴿فَٱسۡلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلٗا ۚ﴾ واتە بە ملكەچی ڕێگای پەروەردگارت بگرە بەبێ ملنەدان و یاخیبوون (المفردات).
ألوان: بگەڕێرەوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 14.
تەفسیر: لەم ئایەتەدا زیاتر وەسفی هەنگ كراوە، بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: وەحی دەكەین بۆ هەنگ كە لە شیلەی گوڵەكان بخوات بۆ ئەوەی بیگۆڕێت بۆ هەنگوین، ئەمەش بە هاوكاری ئەو دەزگایانەی كە لە جەستەیدا دروستمان كردوون، وە بە پەیڕەوكردنی فەرمانەكانمان.
پاشان خوای گەورە ڕوونیكردووەتەوە كە هەنگوینەكەی جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگە، بەڵام شتێكی هاوبەش هەیە لەنێوان هەموو ڕەنگ و جۆرەكانی هەنگویندا ئەویش ئەوەیە كە شیفای تێدایە بۆ خەڵكی. خوای گەورە بەمە خەڵكی ئاگاداردەكاتەوە لەوەی كە ئەو وەحیەی دامانبەزاندووە بۆ سەر مرۆڤ ئەویش لە چەندین كاتی جیاوازدا و بەچەندین شێوە دابەزیوە، بەجۆرێك هەندێ كات فێركاری پێغەمبەرێك لە هەندێ لایەنەوە جیاوازە لە فێركاری پێغەمبەرێكی تر، لەگەڵ ئەوەدا هەموویان لەوەدا هاوبەشن كە هەر یەكەیان بوون بە شیفا بۆ ئەو كەسانەی كە لەپێناویاندا دابەزیوە.
خوا (عز وجل) بەم فەرمایشتە ﴿فَٱسۡلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلٗا ۚ﴾ ئاماژەی كردووە بەوەی كە دەكرێت هەر مرۆڤێك وەحیی پێ بگات، بەمەرجێك بەوپەڕی گوێڕایەڵیەوە ئەو ڕێگایە بگرێتەبەر كە خوا وێنەی كێشاوە، وە فیترەتی پاك و بێگەردی خۆی پیس نەكات. بۆیە ئەگەر بەپەیڕەوكردنی وەحی شاراوە ژیا كە دادەبەزێتە سەر هەموو مرۆڤەكان بگرە دادەبەزێتەسەر هەموو دروستكراوێك، ئەوا خوا (عز وجل) شكۆداری دەكات بە وەحییەك وەكو هەنگوین وابێت لە پاكی و شیفاداریەكەی بۆ مرۆڤ.. واتە شكۆداریان دەكات بە وەحییەك لاوازیە مرۆییەكانیان نەهێڵێت و تەواو و بێكەموكوڕیان بكات لە ڕۆحانیەتدا.
پاشان بە فەرمایشتی ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَةٗ لِّقَوۡمٖ يَتَفَكَّرُونَ﴾ هۆشداری داوە كە ئەستەمە هیچ كارێكی دنیا بەبێ وەحی بە ئەنجام بگات، بۆیە ئەو كەسەی پێی وایە بە هەوڵی خۆی هیدایەت بەدەست دەهێنێت كەسێكی هەڵەیە. هەڵبەت گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەتایبەتی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم مانایە و فەرموویەتی: ئەو هەوڵ و كۆششەی مرۆڤ لەكاروباری دنیادا خەرجی دەكات وەكو دوعا وایە، دوای ئەوە هەر تەگبیر و ڕێگاچارەیەك بە دڵیدا بێت ئەوە وەحیە لەلایەن خوای گەورەوە (بەرەكەتەكانی دوعا).
كەواتە خوای گەورە بە هێنانەوەی نموونەی هەنگ ئاگادارمان دەكاتەوە كە ژیانی سەركەوتوو ئەستەمە بەبێ وەحی، تەنانەت ئاژەڵیش بێ نیاز نیە لە وەحی، ئەویش جۆرێك لە وەحی پێ دەگات، وە هەنگ ڕوونترین نموونەیە. مادام خوای گەورە وەحی دادەبەزێنێت بۆ پێشكەوتنی هەموو دروستكراوانی تر، لەگەڵ ئەوەی لەمرۆڤ ژیانیان كورتترە و هەستیان كەمترە.. ئیتر چۆن دەكرێت سیستەمی ژیانی دنیایی مرۆڤ كە كاریگەری هەیە لەسەر ژیانی دواڕۆژی بەبێ نووری وەحی بەڕێوەبچێت.
وە خوا (عز وجل)لە چەندین شوێندا وەسفی قورئانی پیرۆزی كردووە بەو وەسفەی كە كردوویەتی بۆ هەنگوین، ئەمەش مانای ئەوەیە هەمان ئەو تایبەتمەندیەی كە لە هەنگویندا هەیە لە قورئانیشدا هەیە، مەبەستم تایبەتمەندی شیفا بەخشینە، ئەوەتا خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَنُنَزِّلُ مِنَ ٱلۡقُرۡءَانِ مَا هُوَ شِفَآءٞ وَرَحۡمَةٞ لِّلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ (الإسراء: 83)، وە هەروەها فەرموویەتی: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ قَدۡ جَآءَتۡكُم مَّوۡعِظَةٞ مِّن رَّبِّكُمۡ وَشِفَآءٞ لِّمَا فِي ٱلصُّدُورِ﴾ (یونس: 58)، هەروەها فەرموویەتی: ﴿قُلۡ هُوَ لِلَّذِينَ ءَامَنُواْ هُدٗى وَشِفَآءٞۚ﴾ (فصلت: 45).
وَٱللَّهُ خَلَقَكُمۡ ثُمَّ يَتَوَفَّىٰكُمۡ ۚ وَمِنكُم مَّن يُرَدُّ إِلَىٰٓ أَرۡذَلِ ٱلۡعُمُرِ لِكَيۡ لَا يَعۡلَمَ بَعۡدَ عِلۡمٖ شَيًۡٔا ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٞ قَدِيرٞ 71
شیكردنەوەی وشەكان:
أرذل العمر: الأرذل: كەسی نزم و كەم بایەخ لە دیمەن و لە بارودۆخیدا؛ كەم نرخ لە هەموو شتێك. أرذل العمر: پیری كەنەفت (الأقرب).
تەفسیر: لە ئایەتەكانی پێشوودا باسی ناتوانایی و دەستەوسانی پەرستراوە پووچەكانی موشریكەكان كرا بۆ دابەزاندنی هیدایەتێك وەكو وەحی خوای گەورە، بەڵام ئێستا خوا (عز وجل) خەوش و ناتەواوی موشریكەكانی ئاشكرا كردووە كە ناتوانن وتەیەكی تەواو و بێ كەموكوڕی بهێنن وەكو وەحی خوای گەورە؛ بۆیە فەرموویەتی: تەنها ئەو كەسە دەتوانێت هیدایەتێكی تەواو بخاتەڕوو كە دروستكردن و مردنی بەدەستە، وە دەسەڵاتی كاركردنی هەیە بەسەر عەقڵی مرۆییدا، بەمەش سەلمێنراوە كە مرۆڤ ناتوانێت بەرنامە و ڕێبازێكی تەواو پێشكەش بكات، چونكە بەدیهێنان و دروستكردنی بەدەست نیە هەتا كۆمەڵێك توانا و غەریزەی وەها بخاتەناو سروشتی خەڵكیەوە گونجاو بن لەگەڵ ئەو ڕێنمایی و فێركاریەدا كە پێشنیاری دەكات بۆیان، هەروەك مردنی بەدەست نیە هەتا هۆكارەكانی ژیانی دوای مردن دروست بكات، هەروەها دەسەڵاتی نیە بەسەر عەقڵی مرۆییدا هەتا خەڵكانێك هەڵبژێرێت بۆ هیدایەتی مرۆڤ كە بەبەردەوامی گەرەنتی سەلامەتی عەقڵیان بكات لە دەرد و نەخۆشی؛ بۆیە زۆرجار حكومەتەكان مامۆستای زۆر زیرەك هەڵدەبژێرن بۆ فێركردن، بەڵام كاتێك پیر دەبن تووشی لەبیرچوونەوە دەبن و عەقڵیان تێكدەچێت، وە هۆكارێك نیە كاتی تێكچوونی عەقڵیان دیاری بكات هەتا لەو كاتەوە خورافیاتەكانیان وەرنەگیرێت، بۆیە دەبینین زۆربەی قوتابیە ساویلكەكانیان خورافیاتەكانیان بەڕاست دەزانن و بەمەش گومڕا دەبن. كەواتە ئەو فێركارییەی بەڕاستی خەڵكی هیدایەت دەدات تەنها ئەوەیە كە لەلایەن خواوە دادەبەزێت، دیارە ئەو بەدیهێنەریانە و باشتر دەزانێت پێداویستیەكانیان چین، وە خۆی دەیانمرێنێت و باشتر دەزانێت پێداویستیەكانیان چین پاش مردن، وە دەسەڵاتی هەیە بەسەر عەقڵی مرۆییدا و دواجار گەرەنتی سەلامەتی عەقڵی ئەو كەسانە دەكات كە هەڵیاندەبژێرێت بۆ ئەوەی وەحی بكات بۆیان. دیارە ئەمە نیشانەیەكە بۆ ئەو كەسانەی بیردەكەنەوە، چونكە لەناو پێغەمبەراندا پێغەمبەرێك نیە گەیشتبێتە قۆناغی پیری و كەنەفتی و لەكاتێك لەكاتەكاندا دەربارەی وترابێت عەقڵی لاواز بووە و قسەكانی هیچ بایەخێكیان نەماوە. ئایا لەناو سەدەها پێغەمبەردا كە خەڵكی دنیا دەیانناسن پێغەمبەرێكی لەم جۆرە هەبووە؟ نەخێر، خەڵكی دنیا ناتوانن یەك نموونەی لەم شێوەیە بخەنەڕوو. دەی ئایا ئەمە بەڵگەیەكی پرشنگدار نیە لەسەر ئەوەی ئەو كەسەی ڕەوانەیان دەكات خۆی خاوەنی عەقڵی مرۆییە و دەسەڵاتی هەیە بەسەریدا، بۆیە ئەگەر بەندەیەك لە بەندەكانی هەڵبژارد بۆ فێركردنی خەڵكی ئەوا خۆی سەرپەرشتی دەكات و عەقڵی ئەو بەندەیە دەپارێزێت لە هەموو دەرد و نەخۆشییەك.
بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی ژیانی نەتەوەییەوە ئەم ئایەتەمان تەفسیر كرد ئەوا مەبەستەكە ئەوەیە كە ئوممەتەكانیش تووشی پیری و كەنەفتی دەبن و زانیاریەكانیان لەبیردەچێتەوە، ئەمەش ئەوە دەخوازێت كە خوا نەوەیەكی نوێ بهێنێت كە خۆی سەرپەرشتی فێركردنیان بكات بەوەی سەرلەنوێ وەحی دابەزێنێتە سەریان.
پاشان خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٞ قَدِيرٞ﴾ ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو كەسەی زانستەكەی هەمیشەییە و كۆتایی نایات، وە ئەو كەسەی دەتوانێت هەركارێك بكات كە دەیەوێت، هەر خۆی مافی ئەوەی هەیە وەحی دابەزێنێت.
وَٱللَّهُ فَضَّلَ بَعۡضَكُمۡ عَلَىٰ بَعۡضٖ فِي ٱلرِّزۡقِ ۚ فَمَا ٱلَّذِينَ فُضِّلُواْ بِرَآدِّي رِزۡقِهِمۡ عَلَىٰ مَا مَلَكَتۡ أَيۡمَٰنُهُمۡ فَهُمۡ فِيهِ سَوَآءٌ ۚ أَفَبِنِعۡمَةِ ٱللَّهِ يَجۡحَدُونَ 72
شیكردنەوەی وشەكان:
عَلَىٰ مَا مَلَكَتۡ أَيۡمَٰنُهُمۡ: هو ملكة یمیني واتە ئەو شتەی موڵكی منە و دەسەڵاتم هەیە بەسەریدا (الأقرب).
نعمة: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 54.
یجحدون: جحَده حَقَّه وبِحَقِّه: نكوڵی لە مافەكەی كرد لەگەڵ ئەوەی ڕاستیەكەی دەزانی. جحده: كافر بوو پێی؛ بەدرۆیزانی. (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوا (عز وجل) بەڵگەیەكی تر دەهێنێتەوە لەسەر پێویستی وەحی، ئەویش ئەوەیە وەحی تەنها بیروباوەڕە چەوتەكان ڕاست ناكاتەوە، بەڵكو كاریش دەكات بۆ چاككردنی هاوسەنگی حكومەتە دنیاییەكان. دیارە لەهەموو سەردەمێكدا خوا (عز وجل) بەتایبەتی نیعمەت و فەزڵی خۆی دەبەخشێت بە هەندێ تاك و نەتەوە و بەمەش دەكەونە پێش كەسانی ترەوە، ئەمە یاسایەكی گشتی خواییە. ئەگەر ئەم كەسانە كە كەوتوونەتە پێش كەسانی ترەوە پابەند بن بە دادگەری و یەكسانیەوە و مافی كەسانی تر زەوت نەكەن ئەوا پێشكەوتنەكەیان هیچ كێشەیەكی تێدا نیە، بەڵام هەمیشە ئەوە ڕوودەدات كە ئەو كەسانەی جڵەوی كاروبارەكانیان بەدەستەوەیە بەتەواوەتی ڕەتی دەكەنەوە ئەو دەسەڵاتە یان ئەو نیعمەتە دابەشبكەن لەگەڵ بەندەكانیان یان ئەوانەی وەكو كۆیلە و خزمەتكاریان وان؛ وە هیچ ڕێگایەك نیە بۆ دەرچوونی ستەملێكراوان لەژێر دەستی ستەمكاران و پێدانی ڕێز و پلەوپایە پێیان لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و شایستەیی و یەكسانی.. تەنها ئەوە نەبێت كە خوا (عز وجل) جارێكی تر پێغەمبەرێك لەلایەن خۆیەوە ڕەوانە بكات و مافی ستەملێكراوان بگێڕێتەوە بۆ خۆیان.
ئەوانەی دەست بەسەر كاروباری وڵاتدا دەگرن بیانوویان تەنھا ئەوەیە كە پێویستە جڵەوی كاروبار لە دەستی كەسانی كارامە و شایستەدا بمێنێتەوە، وە بەم بیانووە لێوەشاوەیی و كارامەیی قەتیس دەكەن لە كۆمەڵێك خەڵكی دیاریكراو و كۆمەڵێك خێزانی تایبەتدا كە خۆیان دەیانەوێت، بەمەش حوكم و دەسەڵات تەنها بۆ هەندێ خێزان و هۆز دەبێت و حوكمی پاشایەتی و بنەماڵەیی جێگیر دەبێت، بەبێ ئەوەی گرنگی و بایەخ بدرێت بە ڕای خەڵكی گشتی یان هیچ ڕۆڵێكیان هەبێت لە دەسەڵات و بەڕێوەبردندا.
گروپێكی تریش هەن مافی خەڵكی دەخۆن، ئەوانیش پیشەوەرە ئایینیەكانن وەك براهمە و مەلا و شێخ و قەشە و ڕاهیب و كاهینەكان كە بەشێوەیەك ڕەفتار دەكەن وەك ئەوەی ئایین تەنها هی ئەوان بێت و قۆرخیانكرد بێت بۆ خۆیان، بەمەش خەڵكی گشتی دەخەنە دەرەوەی چوارچێوەی ئایینەوە، بۆیە ڕاستیەكانی ئایینیان پێ ناڵێن هەروەك دەرفەتیان بۆ ناڕەخسێنن لەنزیكەوە لێكۆڵینەوەی لێ بكەن، بەڵكو قەناعەتیان پێدەكەن كە تەنھا بۆیان هەیە كوێرانە هەموو ئەو بابەتە ئایینیانە قەبوڵ بكەن كە پێیان دەوترێت، بەبێ ئەوەی خۆیان ماندوو بكەن بە خوێندنەوەی كتێبە ئایینیەكانیان و لێكۆڵینەوە و ڕامان لێیان بۆ ئەوەی لێیان تێبگەن و سوودیان لێ وەربگرن.
بۆیە هەرچەند گەل و ئوممەت لە سەردەمی پێغەمبەرەكەی دووربكەوێتەوە هەندێ خێزان و بنەماڵە دەسەڵات و ماف بەدەستەوە دەگرن، پاشان بە میراتی دەیگوازنەوە بۆ یەكتری، تەنانەت خەڵكی گشتی بە شیاو لەقەڵەم نادرێت بۆ ئەوەی ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن لە كاروباری ئایین و دنیادا. وە ئەم بنەماڵانە كە دەسەڵاتیان قۆرخ كردووە بۆخۆیان ئەم جیاكاریە دەگێڕنەوە بۆ كارامەیی و لێهاتوویەك كە لەڕاستیدا شتێكی خەیاڵیە و بوونی نیە، تەنانەت كوڕێكی گەمژە و كەودەنی پاشا بە زیرەكترین كەس لە قەڵەم دەدرێت لە جیهاندا، وە ئەم گەمژەیە هێندە لەخۆبایی و لووت بەرز دەبێت بەجۆرێك كاتێك دەیەوێت فەرمانێك دەربكات كۆمەڵێك وشەی زۆر نەشیاو و پووچ بەكاردەهێنێت، بۆ نموونە دەڵێت: شكۆی پاشایەتی بۆ بەرژەوەندی گشتی پێشنیارێكی جوانی لەم شێوەیە دەخاتەڕوو، ئەوەتا ئێمە بەم شێوەیە ڕایدەگەیەنین؛ یان دەڵێت: لە خۆشبەختی خەڵكی وڵاتەكەمانە كە پاشای خاوەن شكۆ هاوڕایە لەگەڵ مندا. وە هەرچەند گەوجتر بێت لووت بەرزی و لەخۆباییبوونەكەی زیاتر دەبێت.
هەمان شت پیادە دەبێت بەسەر زانای ئایینیدا. بۆیە زۆر كەس نازناوی زانای ئایینیان پێ دەدرێت لەبەرئەوەی كوڕی زانا ئایینیەكانن، لەكاتێكدا لە بنەڕەتدا بێ بەشن لە هێزی بیركردنەوە و ڕامان. لەگەڵ ئەوەدا داوا لە خەڵكی دنیا دەكەن بە بێ هیچ ڕەخنە و ناڕەزایەتیەك گەوجێتیەكەیان قەبوڵ بكەن؛ وە ئەو كەسەی وتەی خوا (عز وجل) لە خورافیات و گاڵتەجاڕیەكانی ئەوان، كە هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر ڕاستیەكانیان، بە باشتر بزانێت فەتوای كافربوون و هەڵگەڕانەوە لە ئایین دەدەن بەسەریدا.
لەم جۆرە كاتە سەختانەدا خەڵكی هیچ پەناگایەكیان نیە و چارەسەرێك نیە بۆ گیروگرفتەكانیان مەگەر ئەوەی لەلایەن خواوە (عز وجل) پێغەمبەرێك ڕەوانە بكرێت. كاتێك پێغەمبەرەكە دەردەكەوێت ئەو گەمژانەی كە بانگەشەی زانست دەكەن بێبەش دەبن لە ناسینی و باوەڕی پێ ناهێنن؛ بەڵام ئەو كەسانەی كە لەڕاستیدا زانان، وە خەڵكی دنیا بەگشتی بە نەزانیان لەقەڵەم دەدەن، بەهۆی ئەوەی كە ڕووناكی بیناییان پێ دراوە و فیترەتیان پاك و بێگەردە باوەڕ بە پێغەمبەرەكە دەهێنن، ئەوسا جەنگ بەرپا دەبێت لەنێوان فریشتە و شەیتاندا، بەڵام ئەو كەسانەی لاوازكرابوون و بە نەزان و ناكارامە لەقەڵەم درابوون پیلانی ئەو كەسانە پووچەڵ دەكەنەوە كە بە بیانووی بوونی لێهاتوویی و شایستەیی لەخۆیاندا ستەمیان كردووە و خەڵكیان چەوساندووەتەوە، وە بەڵگەكانیان ونجڕ ونجڕ دەكەن وەك چۆن هەڵۆ گۆشتی لاك پارچەپارچە دەكات لەسەر بەرد. بەم شێوەیە درۆ و ساختەچێتی ئەو نەزانانە ئاشكرا دەبێت كە دەیانگوت خۆیان لێهاتووترین و شایستەترین كەسن بۆ حوكمڕانی، وە جارێكی تر دەرفەتی پێشكەوتن دەڕەخسێت بۆ ئەوانەی كە ماوەی چەندین نەوەیە چەوسابوونەوە، وە سەرلەنوێ مرۆڤایەتی هەناسەیەكی ئازادی دەدات.
ئەمە ئەو مانایەیە كە ئایەتەكە دەیگەیەنێت، بەجۆرێك پێمان ڕادەگەیەنێت ئەو كەسانە نیعمەتەكانی خوا قۆرخ دەكەن لە دەستی خۆیاندا و ئەو كەسانە بەشدار ناكەن تێیاندا كە كردوونیان بە كۆیلەی خۆیان؛ بۆ ئەوەی ئاغا و كۆیلە وەكو یەك سوود لەو نیعمەتانە وەرنەگرن. ئەو زۆردارانە كەی ئازادی بیروڕا و ئازادی كاركردنیان دابین كردووە بۆ خەڵكی؟ بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بێت ئیتر چۆن دەكرێت مرۆڤایەتی گەشە بكات و پێشبكەوێت، مەگەر ئەوەی خوا (عز وجل) ناو بەناو پێغەمبەرانی خۆی بنێرێت بۆ ئەوەی سەربەرزی و ئازادی بگێڕنەوە بۆ مرۆڤایەتی.
كەواتە، ئەم ئایەتە جەخت دەكاتەوە لەسەر پێویستی پێغەمبەرایەتی، وە لەم بارەیەوە بەڵگەیەكی كردەیی دەهێنێتەوە هێندە بەهێز و ڕوونە بەجۆرێك خاوەنی بینایی ناچارە دانی پێدا بنێت كە بەبێ پێغەمبەرایەتی خەڵكی نەیاندەتوانی مافەكانیان بپارێزن، وە ئەگەر جار لەدوای جار ئەم نیعمەتە دانەبەزیبایە ئەوا مرۆڤایەتی نەیدەتوانی بەرەوپێش بچێت.
خوای پەروەردگار لە فەرمایشتی ﴿أَفَبِنِعۡمَةِ ٱللَّهِ يَجۡحَدُونَ﴾ سەرزەنشتی خەڵكی گشتی دەكات و دەفەرموێت ئێوە ئەو كەسە ڕەتدەكەنەوە كە دێت بۆئەوەی یارمەتیتان بدات و فریاتان بكەوێت، وە باوەڕی پێ ناكەن، وە پشتگیری ستەمكاران دەكەن كە بە زۆرداری و دەستدرێژی مافەكانتانیان زەوتكردووە.
ئەم ئایەتە زۆر بە جوانی تیۆری ئیسلامی خستووەتە پێش چاو سەبارەت بە خاوەندارێتی. فەرمایشتی ﴿رِزۡقِهِمۡ﴾ ڕاگەیەنراوێكی ئیلاهییە كە ئەو شتەی لە دەستی دەوڵەمەندەكاندایە بێگومان هی خۆیانە، بەڵام هی هەژارانیشە وەك لە فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿فَمَا ٱلَّذِينَ فُضِّلُواْ بِرَآدِّي رِزۡقِهِمۡ﴾ دەردەكەوێت؛ چونكە تەنها ئەو شتانە دەگەڕێندرێنەوە كە هی كەسانی تر بن، بەڵام ئەو شتەی بەتەواوەتی موڵكی كەسێك بێت ناگەڕێنرێتەوە. لە سەرەتادا وا دەردەكەوێت ناكۆكییەك هەبێت لەم ئایەتەدا، بەڵام وا نیە. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی فێركاری ئیسلام ئەوەیە كە ڕایدەگەیەنێت هەموو شتێك هی دووكەسە: یەكەمیان ئەو كەسەی ئەم شتەی پەیداكردووە، دووەمیان مرۆڤایەتی بە گشتی. ئیسلام موڵك دابەش دەكات لەنێوان خاوەنەكەی و هەموو خەڵكدا، چونكە ڕاستییەكەی ئەوەیە كە هەر تاكێكی مرۆڤ مافی خاوەندارێتی هەیە بەسەر هەر شتێكدا كە لەم دنیایەدا هەیە چونكە خەڵكی یەكسانن. بۆیە ئیسلام هەوڵی داوە هیچ كەسێك خاوەنی شتێك نەبێت بەجۆرێك كە ڕێگر بێت لە پێشكەوتنی كەسانی تر، بەڵكو ئیسلام بواری بۆكەسانی تریش كردووەتەوەكە سوود لەو شتە وەربگرن. وە حوكمەكانی ئیسلام باشترین بەڵگەن لەم بارەیەوە وەك جێبەجێ كردنی یاسای زەكات و دابەشكردنی میرات، و قەدەغەكردنی كۆكردنەوەی زێڕ و زیو، و مامەڵەی قەرز بەڕیبا، وە چەندین یاسای تر كە ئێستا دەرفەت نیە بە تێروتەسەلی باسیان بكرێت. پوختەی قسە ئەوەیە ئیسلام نه باوەڕی بە خاوەندارێتی ڕەهای تاكەكەسی هەیە نه باوەڕی بە خاوەندارێتی بێ سنووری كۆمەڵ هەیە، بەڵكو هەردوولا بەكۆمەڵێك مەرج سنووردار دەكات بۆ ئەوەی هەریەكەیان لە بازنەی دیاركراوی خۆیدا گەشە بكات.
وە فەرمایشتی ﴿مَا مَلَكَتۡ أَيۡمَٰنُهُمۡ﴾ بە گشتی واتای كۆیلەكان دەگرێتەوە، و قورئان زۆربەی جار بەم مانایە بەكاریهێناوە، بەڵام مانا زمانەوانیەكەی لەمە فراوانترە، واتاكەی هەموو ئەوكەسانە دەگرێتەوە كەلەژێر دەسەڵاتی مرۆڤدان وەك خزمەتكار وكارمەند وكرێكار و كاسبكار و ئەوانی تر.
ئەم ئایەتە وەڵامی ئەوانەیەكە پێیان وایە وەحی ئاسمانی هیچ پێویست نیە و دەڵێن: خۆمان دەتوانین ڕێبازێكی گونجاو بۆ ژیانمان هەڵبژێرین. خوای گەورە دەفەرموێت: پێویستە تەنها خوا یاسا دابنێت، چونكە داڕشتنی یاسای بێ هەڵە و كەموكوڕی تەنها لە توانای كەسێكدایە كە هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی نەبێت لە دابەشكردنی مافەكاندا؛ چونكە بەدڵنیاییەوە بەرژەوەندی كەسی یان نەتەوەیی خاوەنەكەی تووشی هەڵە دەكات. بۆ نموونە، ئەگەر پیاوان یاسایەك دابنێن ئەوا وەكو پێویست مافی ژنان ڕەچاو ناكەن تێیدا، یان ئەگەر دەوڵەمەندان یاسایەك دابنێن ئەوا تێیدا جەخت دەكەنەوە لە پاراستنی مافی سەركردە و گەورەكانی گەل و مافی هەژاران پشتگوێ دەخەن، وە هەروەها. بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە داڕشتنی یاساكانمان نەسپاردووە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی ڕێگری بكەین لەكۆكردنەوەی نیعمەتەكان تەنھا لە دەستی ژمارەیەكی كەمدا، بەڵكو خۆمان ئەم كارەمان ئەنجامداوە هەتا مافی خەڵكی گشتی بگێڕینەوە كە وەكو كۆیلە وان و دەنگێكی بەهێزیان نیە بۆ ئەوەی كەسانی تر ناچار بكەن مافەكانیان بۆ بگێڕنەوە.
وَٱللَّهُ جَعَلَ لَكُم مِّنۡ أَنفُسِكُمۡ أَزۡوَٰجٗا وَجَعَلَ لَكُم مِّنۡ أَزۡوَٰجِكُم بَنِينَ وَحَفَدَةٗ وَرَزَقَكُم مِّنَ ٱلطَّيِّبَٰتِ ۚ أَفَبِٱلۡبَٰطِلِ يُؤۡمِنُونَ وَبِنِعۡمَتِ ٱللَّهِ هُمۡ يَكۡفُرُونَ 73
شیكردنەوەی وشەكان:
أنفسكم: أنفس بریتیە لە كۆی وشەی النفْس. نفس الشيء: خودی شتەكە (الأقرب).
حفدة: بریتیە لە كۆی وشەی الحافد، كە ئەمانە دەگرێتەوە: خزمەتكار، یارمەتیدەر؛ شوێنكەوتە؛ كوڕی كوڕ (كوڕەزا) (الأقرب).
باطل: دژی حەق (الأقرب).
تەفسیر: لەڕێگەی كۆمەڵێك ئایەتی زۆر و بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام خوای گەورە جەخت دەكاتەوە لەسەر پێویستی دوو بابەت كە بریتین لە دابەزینی وەحی و ڕەتكردنەوەی شیرك، وە ئاشكرای دەكات كە هەردوو بابەتەكە پەیوەندیی قووڵیان بەیەكتریەوە هەیە و پشتگیری یەكتری دەكەن؛ بەجۆرێك خوای گەورە ڕوونیدەكاتەوە كە بەبێ وەحی، مرۆڤ تووشی نەخۆشییەكی كوشندەی وەكو شیرك دەبێت، هەروەها یەكتاپەرستی تەواو ئەوە پێویست دەكات كە خوای گەورە ڕێنمایی بەندەكانی بكات؛ ڕوونكردنەوەی بابەتەكەیش بەم جۆرەیە:
ئەگەر خوا یەك خوایە ئەوا چۆن دەكرێت پرسی ڕێنمایی و هیدایەتی بەندەكانی بداتە دەستی كەسێكی تر. بەڵێ، ئەگەر زیاتر لە خوایەك بوونی هەبوایە، ئەوا یەكێكیان ئەركی ڕێنمایی دەدایە ئەویتر، وەك چۆن دایك و باوك ئەوكارە دەكەن لە پەروەردەی مناڵدا بەجۆرێك هەندێ جار باوك پشت بە دایك دەبەستێت و هەندێ جاری تر بە پێچەوانەوە. بەڵام كاتێك بەدیهێنەر و خاوەنی هەموو شتێك یەك كەسە، ئەوا دەبێت ئەركی ڕێنمایی و هیدایەت بخاتە ئەستۆی كێ؟ دیارە دەبێت خۆی ڕێنمایی خەڵكی بگرێتە ئەستۆ.
هەروەك چۆن یەكتاپەرستی كەماڵ و پێگەشتوویی دەخوازێت، بەڵام دروستكردنی مرۆڤ بەبێ ئامانج و هیچ مەبەستێك كەموكورتی و ناتەواوییە و دژی بیروباوەڕی یەكتاپەرستییە. كەواتە مادام مرۆڤ بۆ ئامانجێك دروست كراوە ئەوا دەبێت ژیانێك هەبێت لە دوای مردن، بۆیە پێویستە ڕێباز و بەرنامەیەك لەلایەن خوای گەورەوە دابەزێت كە مرۆڤ وەها لێبكات شایستەی ژیان بێت لەو جیهانە نەبڕاوەدا. بۆ ئەم مەبەستە خوا (عز وجل) لە ئایەتەكانی پێشوودا بەڵگەی جۆراوجۆری هێناوەتەوە لەسەر ژیانی دوای مردن.
هەڵبەت خوای گەورە بە بەردەوامی و بە شێوازی جۆراوجۆر هەردوو بابەتی یەكتاپەرستی و ڕێنمایی ئاسمانی باس كردووە، بەجۆرێك هەردووكیان پشتگیری یەكتری دەكەن. ئەمەش ڕوونكردنەوەكەی بەهێزتر و جوانتر كردووە، بەجۆرێك بەتەواوەتی ڕوون بووەتەوە كە پایەكانی جیهانی ڕۆحانی یەكتری دەبەستنەوە هەروەك چۆن تەنەكانی جیهانی ماددی یەكتریان بەستووەتەوە. وە بۆ هەركوێیەك بڕوانیت، یەك ڕاستی و یەك سیستەم دەبینیت.
لەم ئایەتەدا جارێكی تریش جەختكراوەتەوە لەسەر یەكتاپەرستی بەجۆرێك خوای گەورە هۆشداری داوە كە خووگرتنی خەڵكی بەقۆرخكردنی سامان و دەسەڵات دوو شت دەگەیەنێت:
یەكەم: -هەروەك پێشتر باسكرا- مرۆڤ بە سروشت ڕقی لە بەشداریكردنی كەسێكە كە لەژێر ڕكێفی خۆیدا بێت لە سامان و دەسەڵاتیدا، بۆیە بابەتەكە پێویستی بە دەستێوەردانی هێزێكی دەرەكی هەیە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە خراپە بۆ سیستەمێك كە لەسەر بنەمای یەكسانیی مرۆڤەكان دامەزرابێت و مافی هەموان دەستەبەر بكات.
دووەم: یەكتاپەرستیی خوا، بەجۆرێك خوا بیری مرۆڤ دەخاتەوە كە كاتێك دەیكات بە خاوەنی نیعمەتێك داندەنێت بەوەیشدا كە بەشێوەیەكی سنووردار خاوەنی ئەو نیعمەتەیە، هەروەك ڕێگە دەدات مافەكانی سەبارەت بەو نیعمەتە بۆ مناڵەكانی بە میرات بگوازرێنەوە؛ كاتێك مرۆڤ دەیەوێت باشترین سامانی خۆی بگوازێتەوە، كە لەڕاستیدا بەخششێكی خوایە، تەنها دەیبەخشێت بە مناڵەكانی، هەروەها ڕێگە نادات بەكەسانی تر ماڵ و سامانەكەی بدەن بە هەركەسێك كە دەیانەوێت. كەواتە بۆچی ئەم مرۆڤە تووشی باتڵ -واتا شیرك- دەبێت و دەبێتە كەسێك كە سپڵە بێت بەرامبەر نیعمەتەكانی خوا (سبحانه وتعالى)؟ وە ئەم سپڵەییە چۆن دروست دەبێت بەرامبەر نیعمەتەكانی خوا، ئەمە لە ئایەتەكەی دواتردا بە وردی باسكراوە.
وَيَعۡبُدُونَ مِن دُونِ ٱللَّهِ مَا لَا يَمۡلِكُ لَهُمۡ رِزۡقٗا مِّنَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ شَيۡٔٗا وَلَا يَسۡتَطِيعُونَ 74
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئێمە دانمانناوە بەوەدا لە میراتگریدا مافیان هەیە و لەوەدا كە ماڵ و سامان و دەسەڵاتیان بگوازنەوە بۆ مناڵەكانیان یان بۆ ئەو كەسەی كە پەیوەندی هەیە پێیانەوە، بەڵام وەڵامی ئەم چاكەیەی ئێمە بەوە دەدەنەوە كە -بەگوێرەی خەیاڵی خۆیان- دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ئێمە دەدەن بە كەسێك كە ئێمە پێمان نەداوە یان نامانەوێت پێی بدەین. بێگومان ئەم موڵك و سامانەی ئەوان لەڕاستیدا هی خۆیان نیە، بەڵكو بەخششێكە لەلایەن ئێمەوە، لەگەڵ ئەوەدا مافی ئەوەمان پێداون چۆنیان پێ خۆشە بەكاری بهێنن و بیبەخشن بە هەركەسێك كە خۆیان دەیانەوێت، ئیتر چۆن ئێمە مافی ئەوەمان نیە بە ئازادی هەڵسوكەوت بكەین لەكاروباری ئایینەكەی خۆماندا، بەجۆرێك كەسێك لە بەندەكانی خۆمان بكەین بە میراتگری ئایین.
هەروەك خوای گەورە لەم ئایەتەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە شیرك پێشكەوتنی گەلانیش دەوەستێنێت؛ چونكە كەسی موشریك كاتێك بایەخ و گرنگی خۆی دووردەخاتەوە لە خوا بەرەو شتێك كە هیچ سوود و زیانێكی نیە ئەوا هیچ قازانجێك ناكات لە پاڕانەوە لەو شتە، بەڵكو بەوپەڕی دڵنیاییەوە زیان دەكات؛ چونكە ئەو نەپاڕاوەتەوە لەو خوایەی كە لەڕاستیدا توانای هەیە هەموو نیعمەتە جۆراوجۆرەكانی پێ بدات؛ بۆیە هەمیشە پێشكەوتنی عەقڵی لەناو گەلانی موشریكدا دەوەستێت، وە بیركردنەوەیان لە كاروباری ئاییندا تووشی كەلێن و كەموكوڕی گەورە دەبێت. بەڵام ئەو گەلانەی بتپەرست نین بەردەوام لەڕووی عەقڵیەوە گەشە دەكەن -سەرەڕای لادانیان لەڕێگای ڕاست- چونكە بەردەوام بیردەكەنەوە لەو زاتەی كە سەرچاوەی هەموو هێز و تواناكانە، بەمەش ناو بەناو بەشێك لەڕاستیەكان دەدۆزنەوە سەرەڕای بێبەشبوونیان لە وەحی و ئیلهام.
فَلَا تَضۡرِبُواْ لِلَّهِ ٱلۡأَمۡثَالَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يَعۡلَمُ وَأَنتُمۡ لَا تَعۡلَمُونَ 75
تەفسیر: واتە هەوڵ مەدەن یاسا دابنێن دەربارەی شتێك كە تایبەتە بە خوای پەروەردگار، چونكە زانیاریتان نیە بەوەی كە تواناكەی (عز وجل) چەندە فراوانە، ئەو دەسەڵاتی ئایینی دەبەخشێت بە بەندەیەك كە خۆی بیەوێت و بەو ئەندازەیەی كە دەیەوێت، وە ئەم دەسەڵاتە دەدات بەو كەسانەی كە بە مناڵی ڕۆحی خۆی لەقەڵەمیان دەدات بە لەبەرچاوگرتنی دڵسۆزی و خۆبەختكردنیان.
پێویستە بزانرێت لە زمانی وەحییدا هەندێ لە پێغەمبەران ناونراون بە كوڕی خوا (سبحانه وتعالى)، بۆ نموونە مەسیح (عليه السلام) بە حەواریەكانی دەڵێت: “كەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەكان بكەنە قوتابی، بەناوی باوك و كوڕ و ڕۆحی پیرۆز لەئاویان هەڵبكێشن” (ئینجیلی مەتتا 28: 19). وشەی “كوڕ” لێرەدا واتە: خوای گەورە مەسیحی هەڵبژاردووە و كردوویەتی بە میراتگری شانشینی ئاسمانی. قورئانی پیرۆز ئاماژی كردووە بەم مانایە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَقَالُواْ ٱتَّخَذَ ٱلرَّحۡمَٰنُ وَلَدٗا ۗ سُبۡحَٰنَهُۥ ۚ بَلۡ عِبَادٞ مُّكۡرَمُونَ﴾ (الأنبیاء: 27).. واتە موشریكەكان هەڵە دەكەن كاتێك دەڵێن لەڕاستیدا خوا كوڕی بۆ خۆی بڕیارداوە، بەڵكو ئەو كەسانەی خوا بە كوڕی خۆی ناویان دەبات تەنها بەندەی ئەون، وە مەبەست لەم ناولێنانە ئەوەیە كە خوا خۆشیدەوێن و ڕێزیان دەگرێت. بەڵام بەداخەوە هەندێ لە نەزانەكان فریودەخۆن بەم نازناوانە و بەندە خۆبەكەمزانەكانی خوا بە كوڕی ڕاستەقینەی خوا لەقەڵەم دەدەن، لەكاتێكدا هەندێ نەزانی تر تانە دەدەن لەم ناو و نازناوانە.
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿إِنَّ ٱللَّهَ يَعۡلَمُ وَأَنتُمۡ لَا تَعۡلَمُونَ﴾ ڕوونیكردووەتەوە ئەو نازناو و وشانەی خوا (عز وجل) بەكاریان دەهێنێت هێمان بۆ هەندێ ڕاستی كە دژ و پێچەوانە نین لەگەڵ سیفەتە خواییەكانی تردا، بەڵام ئێوە ئەی گەمژەكان ئەو نازناوانە بەمانایەك بەكاردەهێنن كە نیشانەی نەزانینی ڕەهای ئێوەیە؛ چونكە ئەوەی ئێوە دەیڵێن هیچ پەیوەندییەكی بە ڕاستیەوە نیە. بۆ نموونە كاتێك خوای گەورە بەندەیەك لە بەندەكانی خۆی بە “كوڕی خوا” ناودەبات تەنھا مەبەستی ئەوەیە ئاماژە بەوە بدات كە ئەو بەندە پاكەی زۆر خۆشدەوێت، بەڵام كابرای موشریك بە كوڕی ڕاستەقینەی خوای گەورە لەقەڵەمی دەدات، بەم شێوەیە ئەم پەیوەندیە پاكەی نێوان پەروەردگار و بەندەكە دەكات بە پەیوەندییەكی ماددی، ئەمەش سووكایەتیە بە خوای كردگار، هەروەك كەمكردنەوەی پلەوپایەی ئەو بەندە ڕێزلێگیراوانەیە؛ چونكە بەم بیروباوەڕەیان نكووڵی دەكەن لە گەورەییە ڕاستەقینەكەیان كە بەهۆی ناسینی خوا و قوربانیدان لەپێناویدا بەدەستیانهێناوە، بەڵام ئەو گەورەییە ماددیە كە دەیدەنەپاڵیان شتێكی خەیاڵیە و هیچ نیە لەبەرامبەر گەورەیی ڕۆحیدا.
ضَرَبَ ٱللَّهُ مَثَلًا عَبۡدٗا مَّمۡلُوكٗا لَّا يَقۡدِرُ عَلَىٰ شَيۡءٖ وَمَن رَّزَقۡنَٰهُ مِنَّا رِزۡقًا حَسَنٗا فَهُوَ يُنفِقُ مِنۡهُ سِرّٗا وَجَهۡرًا ۖ هَلۡ يَسۡتَوُۥنَ ۚ ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ ۚ بَلۡ أَكۡثَرُهُمۡ لَا يَعۡلَمُونَ 76
تەفسیر: خوای گەورە لە ئایەتەكەی پێشوودا ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە لەسەر مرۆڤ لەو سنوورەدا بوەستێت كە خوای گەورە لە كاروبارە ڕۆحیەكاندا بۆی دیاریكردووە ئەگینا پێی دەخلیسكێت و لە ڕێگای ڕاست لادەدات، هەروەك خوا (عز وجل) لە ئایەتەكەی پێشوودا ڕایگەیاند كاتێك دەیەوێت ڕێزبگرێت لە هەندێ بەندەی خۆشەویستی خۆی و كۆمەڵێك ناوی تایبەت و نائاساییان لێ دەنێت، لەمەدا مەبەستی پێچەوانەی ئەو مەبەستەیە كە موشریكەكان هەیانە لە ناونانی هەندێ لە دروستكراوان بەو نازناوانە لەلایەن خوای گەورەوە؛ بەڵام لەم ئایەتەدا خوای گەورە نموونەیەك دەهێنێتەوە كە بابەتەكە ڕوونتر دەكاتەوە و فەرموویەتی: ئایا بیرتان لەوە كردووەتەوە كە كەسێك نێچیری چاوچنۆكی و هەواو ئارەزووەكانی خۆی بێت و بە كۆت و پێوەندی وەهم و داب و نەریتە نەتەوەییەكان بەسترابێتەوە وەك ئەو كۆیلەیەی كە ناتوانێت توانا و لێهاتوویەكانی خۆی وەكو پێویست بەكاربهێنێت لەبەرئەوەی موڵكی كەسێكی ترە.. ئایا ئەم كەسە لەگەڵ ئەو كەسەدا یەكسانە كە ئازادە لە كۆت و پێوەندی خەیاڵ و دابونەریتە نەتەوەییەكان و بەوپەڕی ئازادی و بە ئاشكرا و نهێنی ئەو توانا و لێهاتوویانەی خوا پێی بەخشیوە بەكاردەهێنێت بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی؟ نەخێر. گومانی تێدا نیە -لەم بارودۆخەدا- خوا یارمەتی ئەو كەسە دەدات كە هێز و تواناكانی خۆی -كە لەلایەن خواوە (عز وجل) پێی بەخشراوە- بەكاردەهێنێت بۆ خزمەتی بەندەكانی خوا، بۆیە دەبێت سەركەوتن و سەرفرازی پشكی ئەم كەسە بێت.
وە ئەم نموونەیە ئاماژەیە بۆ كەسایەتی پێغەمبەر (ﷺ) بەجۆرێك خوای گەورە ڕایگەیاندووە ئەمە ئەو مرۆڤەیە كە دەتوانێت نیعمەتەكانی خوای گەورە بەدەستبهێنێت، وە خوای گەورە هەرچەند وشەی ستایش و ڕێزلێنان بەكاربهێنێت بۆی شایستەیەتی.
وە بەم نموونەیە ئاماژە بەوەیش كراوە كە ئێوە تەنھا مناڵ و خێزانی خۆتان بەشدار دەكەن لەو نیعمەتانەدا كە خوا پێی بەخشیون، بەڵام موحەممەد (ﷺ) هەموو جیهان بەشدار دەكات لە نیعمتەكانی خوای گەورەدا؛ بۆیە سەركەوتنی ئەو مسۆگەرە و شكستی ئێوە شتێكی بێ گومانە.
وە دەكرێت فەرمایشتی خوای گەورە ﴿سِرّٗا وَجَهۡرًا﴾ بە سێ شێوە تەفسیر بكرێت:
1- موحەممەد (ﷺ) خزمەتێكی شاراوە پێشكەش بە مرۆڤایەتی دەكات كە خەڵكی نایبینێت وەك پاڕانەوە و داوای لێخۆشبوون بۆیان لەخوای گەورە، هەروەك بە ئاشكرا خزمەتیان دەكات لەڕێگەی ڕەوشتە بەرزەكانیەوە (ﷺ)، خاتوو خەدیجە (ڕەزای خوای لێ بێت) ئاماژەی بەم خزمەتە كردووە لەم وتە بەناوبانگەی خۆیدا: “كلا، والله ما يُخزيك اللهُ أبدًا. إنك لتصِل الرحِمَ، وتحمِل الكَلَّ، وتُكسب المعدومَ، وتَقري الضيفَ، وتُعين على نوائب الحق.”واتە: نا، سوێند بەخوا هەرگیز خوا سەرشۆڕت ناكات. تۆ پەیوەندی خزمایەتی بەجێدەگەیەنیت، یارمەتی كەسانی لاواز و بێ توانا دەدەیت، چاكە ونبووەكان ئەنجام دەدەیت، میوانداری دەكەیت، وە پشتگیری حەق و ڕاستی دەكەیت. (البخاري، كتاب الوحي، باب كيف كان بدء الوحي). وە مەبەست لە “تكسب المعدوم” ئەوەیە كە تۆ ئەو ڕەوشتە بەرزانەت هەیە كە لەناو خەڵكدا نەماون و ون بوون.
2- پێغەمبەر (ﷺ) شەو و ڕۆژ كاردەكات بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، هەموو هەوڵێك دەدات بۆ قازانج و سوودی مرۆڤایەتی بێ گوێدانە حەوانەوەی خۆی.
3- خزمەتەكانی پێغەمبەر (ﷺ) دوو جۆرن: جۆرێكیان شاراوە و نادیارە واتە خەڵكی ڕێزی شایستە لەو خزمەتە ناگرن و بایەخیان نازانن چونكە زانیارییان نیە لەبارەیانەوە، لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك خزمەتی مەزنن وەك گەیاندنی حەق و ڕاستی پێیان؛ وە جۆری دووەم ئاشكرا و دیارە و خەڵكی ڕێزی شایستەیان لێ دەگرن و بە زمان دانیان پێدا دەنێن، بۆ نموونە كەسێك هات بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و سكاڵای كرد لەلای كە ئەبوجەهل ماڵ و سامانەكەی بۆ ناگێڕێتەوە، پێغەمبەریش (ﷺ) دەستبەجێ لەگەڵی ڕۆیشت و لە دەرگای ماڵی ئەبوجەهلی دا، كاتێك ئەبوجەهل بینی پێغەمبەر (ﷺ) ڕاوەستاوە لە بەرامبەریدا حەپەسا؛ چونكە چاوەڕێی هاتنی ئەوی نەدەكرد لەبەرئەوەی هەمیشە ئازاری دەدا، بۆیە بەسەرسوڕمانەوە لێی پرسی: بۆچی هاتوویت؟ پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی: ئایا ماڵی ئەم پیاوەت لایە؟ گوتی: بەڵێ. فەرمووی: دەستبەجێ ماڵەكەی پێ بدەرەوە و ئازاری مەدە. گوتی: باشە. چووە ژوورەوە لەكاتێكدا دڵی پڕ بوو لە ترس و لەرز، وە ماڵەكەی گێڕایەوە بۆ كابرای نەناسراو. كاتێك ئەم هەواڵە بڵاوبوویەوە لەناو خەڵكدا ئەوە بوو سەرزەنشتی ئەبوجەهلیان كردو گوتیان: هاوار بۆتۆ ئەی ترسنۆك! فەرمانمان پێ دەكەیت بە پێچەوانەی ئەوەی خۆت كردت لەگەڵ موحەممەددا! گوتی: ماڵتان وێران بێت! سوێند بەخوا كاتێك چوومە دەرەوە بۆ لای لەسەر سەریەوە كەڵە حوشترێكی تووڕەم بینی، هەرگیز هاوشێوەی كەللـە و ددانی ئەو حوشترەم نەبینیوە! سوێن بەخوا ئەگەر ملم نەدایە دەیخواردم. (السیرة النبویة لابن هشام، أمر الأراشي)
دەكرێت بینینی حوشترەكە لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) لەلایەن ئەبو جەهلەوە بینینێكی كەشفی بووبێت، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) هیچ ئاماژەیەكی بەمە نەكردووە؛ وە دەكرێت ئەبو جەهل خۆی چیرۆكی حوشترە نێرەكەی دروست كردبێت بۆ ئەوەی ئەو ترسە بشارێتەوە كە دایگرتبوو كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) بەم شێوە سەرسوڕهێنەرە پشتگیری ڕاستی كرد.
وە هەروەها ئەم ئایەتە ئاماژە بە پێویستی ڕۆژی قیامەت دەكات؛ چونكە هەندێ چاكەی مرۆڤ بە شاراوەیی دەمێننەوە و خەڵكی نایانبینن و بەهیچ شێوەیەك ناتوانن پاداشتی بدەنەوە لەسەر ئەو چاكانە، بۆیە پێویستە ڕۆژێك هەبێت تێیدا ئەم جۆرە كردەوانە ئاشكرا بن بۆ خەڵكی و خاوەنەكەی پاداشتی خۆی وەربگرێت لەسەریان.
وَضَرَبَ ٱللَّهُ مَثَلٗا رَّجُلَيۡنِ أَحَدُهُمَآ أَبۡكَمُ لَا يَقۡدِرُ عَلَىٰ شَيۡءٖ وَهُوَ كَلٌّ عَلَىٰ مَوۡلَىٰهُ أَيۡنَمَا يُوَجِّههُّ لَا يَأۡتِ بِخَيۡرٍ هَلۡ يَسۡتَوِي هُوَ وَمَن يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَهُوَ عَلَىٰ صِرَٰطٖ مُّسۡتَقِيمٖ 77
شیكردنەوەی وشەكان:
أَبۡكَمُ: بكِم يبكَم بَكْمًا: لاڵ بوو، كەڕولاڵ (الأقرب).
كَلٌّ: الكل: بەڵا و موسیبەت، ئەو كەسەی كە هیچ خێرێكی تێدا نیە، خێزان و ماڵ و مناڵ، قورسایی؛ لاواز. وشەكە بۆ یەك و زیاتریش بەكاردێت. (الأقرب)
مَوۡلَىٰ: المولی: خاوەن؛ ئازادكەر؛ هاوەڵ، هاوپەیمان، سەرپەرشتیار؛ پەروەردەكار؛ چاكەكار، خۆشەویست. (الأقرب)
يُوَجِّههُّ: ناردی بۆ كارێك: واتە ڕەوانەی كرد و ئەویش چوو.. هەم تێپەڕە و هەم تێنەپەڕ.
صِرَٰطٖ: ڕێگا. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە پێشتر بە هێنانەوەی نموونەكەی پێشوو ڕوونیكردەوە كە ئەو كەسەی كۆمەڵێك توانا و لێهاتوویی هەیە، بەڵام ناتوانێت بەكاریان بهێنێت لەبەرئەوەی لەژێر دەسەڵاتی كەسانی تردایە، بوون و نەبوونی وەكویەك وایە؛ ئێستا خوا ئەم مانایەی زیاتر ڕوونكردووەتەوە بە هێنانەوەی نموونەیەكی تر كە بریتیە لە نموونەی دوو بەندە: یەكێكیان كەڕ و لاڵە و هیچ خێرێكی تێدا نیە؛ چونكە نە دەتوانێت هیچ كارێكی خێر بكات تاكو بە دەستی سوود بە خەڵكی بگەیەنێت، هەروەها نە دەتوانێت قسە بكات تاوەكو بە زمانی سوودیان پێ بگەیەنێت و لانی كەم ئامۆژگاریان بكات، دواجار بووەتە بارێكی قورس بەسەر گەورەكەیەوە، چونكە فەرمانی هەركارێكی پێ بكات شكست دەهێنێت لەئەنجامدانیدا؛ لە بەرامبەردا بەندەیەكی تر هەیە لای ئەم گەورەیە كە بەگوێرەی فەرمانەكانی گەورەكەی فەرمان بە خەڵكی دەكات دادپەروەر بن، هەروەها گەورەكەی دڵخۆش دەكات بەوەی هەر ئەركێك كە پێی دەسپێرێت جێبەجێی دەكات، بێگومان ئەم بەندەیە زۆر باشترە لەوەی یەكەم و جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوانیاندا، بۆیە ناكرێت گەورەكەیان بەیەك شێوە مامەڵە لەگەڵ هەردووكیاندا بكات.
هەروەها ئەم ئایەتە بەراوردێك دەكات لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و گروپێك لە بێباوەڕان، بەجۆرێك خوا پێیان دەفەرموێت: ئێوە بوون بە كەڕو لاڵ چونكە تاوان و سەرپێچی بە هەموو جۆرەكانییەوە لەبەرچاوتاندا ئەنجامدران و بەردەوام ئەنجام دەدرێن، وە خەڵكی هاوبەشیان بۆ خوای گەورە دانا و بەشێوەیەكی شێوێنراو سیفەتەكانیان پیشان دا، لەگەڵ ئەوەدا ئێوە بێ دەنگ بوون و كەستان نەهاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەم كەسانە لە هاوبەشدانان و خراپەكردن بەرامبەر خوا، كە گەورەی ڕاستەقینەیانە، قەدەغە بكەن؛ وە جگە لە موحەممەد (ﷺ) كەستان بە گوتنی قسەی حەق لەبەرامبەریاندا نەوەستان بۆ بەرگریكردن لە گەورە پاك و بەرزەكەی. جا ئەگەر ئێوە شكستتان هێنا لە فەرمانكردن بە خەڵكی بەوەی چاكەكار و دادپەروەر بن، ئەوا دەبوو لانی كەم خۆتان پابەندی چاكە و دادپەروەری بوونایە و لەڕێگەی كردەوە باشەكانتانەوە ڕاتان بگەیاندایە كە خوا پاك و بێگەردە لە كەموكوڕی. ئەگەر نەتانتوانی خەڵكی تر لە هاوبەشدانان بۆ خوا قەدەغە بكەن، ئەوا پێویست بوو لەسەرتان خۆتان دوور بكەونەوە لێی، بەڵام ئەوەشتان نەكرد. با پرسی ئایین لە لایەك دابنێین، خۆزگە لە بواری دنیاییدا پێشكەوتنێكی بەرچاوتان بەدەست دەهێنا مادام تەنها بایەخ بەخۆشیەكانی ژیانی دنیا دەدەن؛ بەڵام لەجیاتی ئەوەی یارمەتی خەڵكی تر بدەن كەچی بوون بە بارێكی قورس بەسەریانەوە؛ بەڵام -بەپێچەوانەوە موحەممەد (ﷺ) فەرمان بە خەڵكی دەكات دادپەروەر و چاكەكار بن، هەروەها خۆیشی لەسەرڕێگایڕاست دەڕوات.. واتە لە هەموو لایەنەكانەوە تەواوە. دەی پێم بڵێن كێ شایستەترە بەیارمەتی ئێمە، ئێوە یان ئەو؟
بەكورتی، خوای گەورە لەم دوو ئایەتەدا بەراوردی كردووە لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و دوو گروپی بێباوەڕاندا. گروپی یەكەمیان كۆیلەی داب و نەریت و خورافیات بوون… دەیانویست كاری چاكە بكەن بەڵام لەترسی خەڵك نەیانكرد. گروپی دووەمیشیان دیل و بەندی داب و نەریت و خورافیات بوون، هەروەها توانا سروشتییەكانیان بۆ ئەنجامدانی كاری چاكە بەڕادەیەك كوژابوویەوە و شێوابوو كە تەنانەت ئەگەر لە كۆت و بەندی داب و نەریت و خورافیاتیش ڕزگاریان ببوایە، هەر چاكەیان نەدەكرد. هەڵبەت ئەم كەسانە بوونە بە بارگرانی بەسەر خوای گەورەوە، چونكە بوونیان دەبێتە هۆی لەكەداركردنی پاكی و پیرۆزی خوا.
بەڵام موحەممەد (ﷺ) بەندەی هیچ كەس نیە جگە لە خوای گەورە، هەروەها هەموو توانا و لێهاتووییەكانی بۆ سوودی مرۆڤایەتی بەكارهێناوە. هەروەها خاوەنی توانای ڕۆحی تایبەت و دەراسایە كە یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی خۆی بەڕەوشتە بەرزەكان بڕازێنێتەوە، هەروەك خەڵكیش بانگ دەكات بۆ ڕێگای ڕاست. ئایا خوای گەورە ئەو كەسە هەڵدەبژێرێت كە خاوەن توانا و ئامادەییە و هەوڵ دەدات بۆ سەرخستنی ئایینەكەی، یان ئەو كەسەی كە ئەم توانایانەی هەیە بەڵام بەفیڕۆیان دەدات چونكە ناتوانێت لەڕێگای خوادا بەكاریان بهێنێت لەبەرئەوەی ناتوانێت لە بەرامبەر داب و نەریتی خەڵكیدا خۆڕاگر بێت، یان ئەو كەسەی كە لە بنەڕەتەوە هیچ توانا و لێهاتووییەكی نیە، وە ئازاد نیە لە كۆت و بەندی داب و نەریت و ڕێوڕەسمەكان.
وَلِلَّهِ غَيْبُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا أَمْرُ السَّاعَةِ إِلَّا كَلَمْحِ الْبَصَرِ أَوْ هُوَ أَقْرَبُ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ 78
شیكردنەوەی وشەكان:
الساعة: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە ٦٢.
لـَمْح البصر: چاوترووكان: لمح البصر یلمح لمحا: چاوهەڵبڕین بۆ بینینی شتێك. لمح الرجل الشيء: پیاوەكە بەخێرایی سەیری شتەكەی كرد یان بەدزییەوە تەماشای كرد. لمح الشيء بالبصر: بۆ شتەكەی ڕوانی (الأقرب).
شيء: چاوگی “شاء”یە. شاءه یشاء شیئا: ویستی. شاء الله الشيء: خوا شتەكەی دیاریكرد. الشيء: ئەوەیە كە دەكرێت بزانرێت و هەواڵی لێ بدرێت. نێرە و بۆ نێر و مێ بەكاردێت، وە لە “الواجب الممكن”دایە. كۆی وشەكە بریتیە لە “أشياء”.
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت: ئەی بێباوەڕان، ئێوە زانیتان كە خراپەكاران ناكرێت وەك چاكەكاران مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. ئێستا ئێمە -كە نهێنیەكانی ئاسمانەكان و زەوی دەزانین- نهێنیەكی تریشتان بۆ ئاشكرا دەكەین كە پێویستە بە باشی لێی تێبگەن، ئەویش ئەوەیە: كاتی لەناوچوونتان نزیكە، بەڵكو لەچاوترووكانێك یان كەمتر لەوەش تووشتان دەبێت.
لەبەرئەوەی كە دەكرێت بگوترێت زانینی غەیب بە تەنیا مانای ئەوە نیە كە خاوەنی غەیبەكە بتوانێت ئەنجامەكان وەك خۆی دەیەوێت بێنێتە دی، بۆیە خوا ئایەتەكەی بە فەرمایشتی ﴿إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ﴾ كۆتایی پێهێناوە… واتە ئێمە نەك تەنها غەیب دەزانین، بەڵكو هەموو توانایەكمان هەیە بۆ داڕشتنی ڕووداوەكانی داهاتوو بەو شێوەیەی كە دەمانەوێت.
لەم ئایەتەدا ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی كە سەردەمێك دێت هەندێ كەس وا گومان دەبەن كە لەناوچوونی دوژمنانی موحەممەد (ﷺ) تەنها ڕێكەوت بووە یان ئەنجامێكی سروشتی ئەو بارودۆخە بووە كە لەو كاتەدا باڵادەست بووە، ئەمەش بۆ ئەوەی لە گەورەیی و مەزنی ئەم ڕووداوە كەم بكەنەوە. لەڕاستیدا نووسەرە مەسیحیەكان لە سەردەمی نوێدا ئەمە زۆر دووبارە دەكەنەوە و دەڵێن لەناوچوونی نەیارەكانی موحەممەد شتێكی سروشتی و ئاسایی بووە و موعجیزە نەبووە. بڕوانە چۆن زانای غەیب كە قورئانی دابەزاندووە لێرەدا پێشتر وەڵامی داونەتەوە بەجۆرێك لە دەستپێكی ئایەتەكەدا ڕایگەیاندووە كە دابەزێنەری قورئان زانای غەیبە، پاشان هەواڵی داوە كە بەم نزیكانە بێباوەڕان لەناودەچن، پاشان لەكۆتایی ئایەتەكەدا جەختی كردووەتەوە و فەرموویەتی لەناوچوونیان هەرگیز بە ڕێككەوت نابێت، بەڵكو ئەوە ئێمەین كە بە توانای زاڵی خۆمان ئەم كارە دەكەین و بەشێوەیەك ئەنجامی دەدەین كە لەسەرووی تواناكانی مرۆڤەوە بێت.
پێویستە بزانرێت ئەم هەواڵە لەو كاتەدا ڕاگەیەنرا كە ئازاردانی خەڵكی مەككە بۆ موسوڵمانان لەوپەڕیدا بوو، موسوڵمانانیش هیچ ڕێگاچارەیەكیان نەبوو جگە لە كۆچكردن. بڕوانە چۆن خەڵكی مەدینە -كە پێش ئەم هەواڵە تەنها چەند كەسێكیان موسوڵمان ببوون- هەموویان چوونەناو ئیسلامەوە؛ پاشان بڕوانە چۆن بێباوەڕان موحەممەدی پێغەمبەری خوایان (ﷺ) ناچار كرد كۆچ بكات بۆ مەدینە، لەكاتێكدا كە خۆی نەیدەویست مەككە بەجێبهێڵێت، وە جێی نەهێشت هەتاكو بێباوەڕان بڕیاریاندا تیرۆری بكەن، بەڵكو لەو شەو و كاتژمێرەدا لێی دەرچوو كە گەمارۆی ماڵەكەیان دابوو. وەك ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) بەڵگەی چەسپاندبێت لەسەر بێباوەڕان كەمن نامەوێت لەم شارە دەربچم، بەڵام ئێوە هیچ چارەیەكتان بۆ نەهێشتمەوە جگە لەوەی كە جێی بهێڵم، ئەوەتا من بە ناچاری لێی دەردەچم. پاشان بڕوانە چۆن بێباوەڕان هەموو هەوڵێكیان دا بۆ شكاندنی هێز و شكۆی پێغەمبەر (ﷺ) لە مەدینە، بەڵام ئەو بەخێراییەكی سەرسوڕهێنەر هێزی زیاتر بوو هەتا بێباوەڕان بە تەواوی لەناوبران.
چ كەسێك دەتوانێت ئەمە بەڕێككەوت یان بە ئەنجامێكی سروشتی ئەو بارودۆخە لەقەڵەم بدات كە لەوكاتەدا باڵادەست بووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی پێشبینی لەناوچوونیان كرابوو؟ نووسەرە مەسیحیەكان دەتوانن بەڵگە بهێننەوە لەسەر ئەوەی كە كاتێك شوێنكەوتووانی موحەممەد (ﷺ) هێرشیان كردە سەر كیسرای فارس یان قەیسەری ڕۆم، ئیمپراتۆریەتی هەریەكەیان لەدۆخی داڕمان و لاوازیدا بووە، وە ئەستێرەی دەوڵەتی موسوڵمانان لە بەرزبوونەوە و هەڵكشاندا بووە. بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوە نیە: بارودۆخی حكومەتی ئێرانی یان ڕۆمانی چۆن بووە لە بەرامبەر موسوڵماناندا كاتێك شوێنكەوتووانی موحەممەد هێرشیان كردە سەریان، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە: موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ) چ هێزێكی هەبوو لە مەككەدا كاتێك پێشبینی سەركەوتنی خۆی و شكستی دوژمنانی كرد؟ وە ئەگەر خوای گەورە ئەو هێزەی پێ بەخشی كە لە لایەكەوە حوكمی دوورگەی عەرەبی هەڵگێڕایەوە لە بەرژەوەندی خۆی، وە لە لایەكی ترەوە تەختی كیسرا و قەیسەری ڕووخاند، ئەوا ئایا ئەمە موعجیزە نیە؟ ئەگەر ئەمە موعجیزە نەبێت ئەی چی پێی دەگوترێت موعجیزە؟!
با پێویستە ئەوەش بزانرێت كە ئەم هەواڵە لە كۆتاییەكانی قۆناغی مەككەدا ڕاگەیەنرا، یەكەم سەركەوتنی موسوڵمانان لە جەنگی بەدردا بوو، واتە دوای نزیكەی دوو ساڵ و نیویان سێ ساڵ. دوای دە ساڵ لەم هەواڵە ئینحا مەككە ئازاد كرا، بەڵام وشەكانی هەواڵەكە دەڵێن ئازادكردنەكە لە چاوترووكانێك یان نزیكتر لەوە ڕوودەدات؛ ئەمەش ڕوونیدەكاتەوە كە ئەم جۆرە دەربڕینانە بەشێوەی ڕواڵەتی وەرناگیرێن، چونكە قورئانی پیرۆز لە بەكارهێنانی ئەم وشانەدا تەنها مەبەستی داهاتووی نزیكە.
هەڵبەت سەرنجم بۆ ئەم بابەتەچوو چونكە هەندێ كەس دەست دەكەن بە تانەدان و ڕەخنەگرتن لە هەندێ هەواڵ و پێشبینی كاتێك ئەم جۆرە وشانە دەخوێننەوە تێیاندا، بێ ئەوەی ئەم جۆرە شێوازانەی زمانی وەحی لەبەرچاو بگرن.
وَاللَّهُ أَخْرَجَكُمْ مِنْ بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ لَا تَعْلَمُونَ شَيْئًا وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَةَ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ 79
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: ئەی خەڵكینە، ئێمە لە سكی دایكانتان دەرمانهێنان و ئێوە هیچتان نەدەزانی، گوێ و چاو و دڵمان پێ بەخشین تاوەكو فێربن. بەڵام ئێوە سوودتان لەم نیعمەتانەی ئێمە وەرنەگرت، نە بە چاو بینیتان، نە بە گوێ بیستتان، نە بە دڵ بیرتان كردەوە و تێگەیشتن.
ئەم ڕستەیە چەندە پڕە لە هەستی بەزەیی و پەژارە خواردن! پەروەردگاری بەتوانامان بەكۆمەڵێك وشە كە نیشانەن بۆ خۆشەویستی بێ سنووری خۆی گوزارشت دەكات لە پەژارەی خۆی بۆ بێ ئاگایی بەندەكان كە بووە بە هۆی ئەوەی تووشی سزا بن!
پەیوەندی ئەم ئایەتە بە ئایەتەكەی پێشووەوە لەوەدایە كە بەڵگەیەكی ترە لەسەر پێویستی وەحی، چونكە مرۆڤ كاتێك لەدایك دەبێت هیچ نازانێت، بەڵام خوا گوێ و چاو و دڵی پێ دەبەخشێت كەیارمەتی دەدەن بۆ بەدەستهێنانی زانست و مەعریفە. وە بەدەستهێنانی هەموو زانستە ماددییەكان لەڕێگەی ئەم ئامرازانەوە بۆ مرۆڤ دەڕەخسێت، كەس ناتوانێت بڵێت: پێویستیم بەم ئامرازانە نیە كە خوا دروستی كردوون، بەڵكو لەڕێگەی كۆمەڵێك ئامرازی ترەوە كە خۆم دروستیان دەكەم زانست بەدەست دەهێنم. كەواتە مادام مرۆڤ ناتوانێت زانستی ماددی بەدەست بهێنێت تەنها بەو ئامرازانە نەبێت كەخوا دروستی كردوون، ئیتر كەی گونجاوە بۆی ئەو ئامرازانە ڕەت بكاتەوە كەخوا دروستی كردوون بۆ بەدەستهێنانی زانستی ڕۆحانی؟
ئایا سەیر نیە كە هەرچی شكۆ و كەماڵێك مرۆڤ بەدەستی دەهێنێت، تەنھا لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەو ئامرازانەوە بەدەستی دەهێنێت كەلەلایەن خواوە (عز وجل) پێی بەخشراوە، بێ ئەوەی هیچ شەرمێك لە بەكارهێنانیان بكات، بەڵام كاتێك بانگ دەكرێت بۆ بەكارهێنانی ئامرازی هاوشێوە لە بواری ڕۆحانیدا، وەڵامی ئەم بانگەوازە بە نكووڵیكردن دەداتەوە و دەڵێت: پێویستیم بەم ئامرازانە نیە، چونكە دەتوانم بەبێ بەكارهێنانی ئەم ئامرازانە بەرزبوونەوەی ڕۆحانی بەدەست بهێنم. لەگەڵ ئەوەی ڕاستییەكە ئەوەیە كە مرۆڤ ناتوانێت لە هەستە ماددییەكان بێ نیاز بێت بۆ بەدەستهێنانی زانستی ماددی، هەروەها ناتوانێت بۆ بەدەستهێنانی كەماڵی ڕۆحانی لەو ئامرازە ڕۆحانیانە بێ نیاز بێت كەخوا بە حیكمەتی بێ پایانی خۆی دروستی كردوون.
خوای گەورە ئایەتەكەی بە فەرمایشتی ﴿لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ﴾ كۆتایی پێهێناوە بۆ ئەوەی هۆشداری بدات بەوەی كە: ئەی خەڵكینە مەبەست لە دروستكردنی ئەم هەستانە لە ئێوەدا ئەوەیە ڕێزی نیعمەتەكانی خوای گەورەبگرن و سوپاسی بكەن لەسەریان، بەڵام بەهۆی ئەم نیعمەتانەوە لووتبەرزی و خۆبەزلزانین دەتانگرێت و دەڵێن پێویستمان بە هیچ ڕێنماییەك نیە لەدەرەوە بۆمان بێت!
خوای گەورە یەكەم جار باسی گوێی كردووە پاشان چاو پاشان دڵ، بەم ڕیزبەندییە ئەم هەستانە یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ زیادكردنی زانیاریەكەی. گوێ یەكەم شتە كە لە مناڵی لەدایكبوودا كاردەكات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، پاشان چاو، پاشان دڵ واتە هێزی بیركردنەوە. توێژینەوە زانستییە نوێیەكانیش ئەمەیان پشتڕاست كردووەتەوە، بەجۆرێك دەبینین بەچكەی هەندێك ئاژەڵ دوای چەند ڕۆژێك چاویان دەكەنەوە، لەكاتێكدا گوێیان لەم ماوەیەدا كاری خۆی دەكات. مناڵی مرۆڤیش لەكاتی لەدایكبووندا چاوی كراوەیە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە چاوی دوای گوێچكەی كار دەكات، هەرچی هێزی بیركردنەوەیەتی دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك دەست بە كاركردن دەكات.
ئەم ڕیزبەندییە سروشتییە بەڵگەیەكی درەوشاوەی ترە لەسەر ئەوەی كە قورئان وتەی خوای گەورەیە، چونكە لێرەدا شتێكی ڕاگەیاندووە كە مرۆڤی ئەو سەردەمە نەیدەزانی.
أَلَمْ يَرَوْا إِلَى الطَّيْرِ مُسَخَّرَاتٍ فِي جَوِّ السَّمَاءِ مَا يُمْسِكُهُنَّ إِلَّا اللَّهُ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ 80
شیكردنەوەی وشەكان:
جوّ: نێوان ئاسمان و زەوی. جو البیت: ناوەوەی ماڵ (الأقرب).
يُمسكهن: أمسك الشيء بیده: بەدەستی شتەكەی گرت. أمسك الله الغیث: خوا بارانی گرتەوە و ڕێگری كرد لە بارینی. أمسك عن الكلام: بێدەنگ بوو. أمسك عن الأمر: دەستی هەڵگرت لەكارەكە (الأقرب).
قوم: القوم: بەتایبەتی كۆمەڵێك لە پیاوان، گوتراوە: ژنانیش دەگرێتەوە بەگوێرەی ئەوەی شوێنكەوتەی پیاوانن. بەم ناوە ناونراون چونكە هەڵدەستن بە كاری گەورە و گرنگ. وشەكە نێر و مێیە بۆیە دەگوترێت: قام القوم و قامت القوم (الأقرب).
تەفسیر: موفەسیرەكان لە بارەی فەرموودەی خوای گەورە ﴿أَلَمۡ يَرَوۡاْ إِلَى ٱلطَّيۡرِ مُسَخَّرَٰتٖ فِي جَوِّ ٱلسَّمَآءِ﴾ گوتوویانە مەبەست ئەوەیە كە خوا بەبێ هۆكارێكی دیار توانای فڕینی بەخشیوە بە باڵندەكان لە بۆشاییدا، ئەمەش بۆ سەلماندنی توانای خوا (سبحانه وتعالى) (الرازي والبیضاوي).
بەڵام من ئەم مانایە بە مانایەكی دروست نابینم، بەڵكو ڕاستییەكەی ئەوەیە ئایەتەكە باسی سزای بێ باوەڕان دەكات بەجۆرێك خوا ئاگاداری كردوونەتەوە كە ئێستا ناهێڵێت ئەم باڵندانە پەلاماریان بدەن، بەڵام ئەو ڕۆژانە نزیكن كاتێك ئەم باڵندانە پەلاماریان دەدەن و لاشەكانیان دەخۆن. ئەمەش بەڕاستی لە چەندین شەڕی نێوان ئەوان و موسوڵماناندا ڕوویدا بەجۆرێك بێ باوەڕان لە مەیدانی شەڕەكە ڕایان دەكرد و لاشەی كوژراوەكانیان بەجێدەهێشت كە دەبوونە خواردنێكی بەتام و خۆش بۆ باڵندەكان.
دێڕە شیعرێكی نابیغەی زوبیانی لەم بارەیەوە هەیە كە دەڵێت:
إذا ما غدَى بالجيش حلَّق فوقهُ … عصائبُ طيرٍ تهتدي بالعصائبِ
واتە كاتێك ئەو كەسەی ستایش كراوە بە سوپاكەیەوە دەردەچێت، باڵندەكان لەسەریانەوە دەفڕن، چونكە دەزانن كە ئە وبەدڵنیاییەوە دوژمنەكانی لەناودەبات، ئەمەش خواردنێكی خۆشیان بۆدابین دەكات.
لە مێژوودا باسی تەیمووری لەنگ كراوە كە بە سەربازەكانیەوە ڕووی بكردایەتە هەر شوێنێك، هەڵۆكان لەسەریەوە دەفڕین، چونكە لە هەرشوێنێك شەڕی بكردایە بەسەر دوژمناندا سەردەكەوت، باڵندەكانیش بەو هەستە سروشتییەی كە هەیانبوو دەیانزانی خواردنیان مسۆگەرە مادام لەگەڵ ئەم سوپایەدان.
ڕاستییەكەی ئەوەیە فڕینی باڵندەكان لەبۆشایی ئاسماندا گوزارشتە لەتیاچوونی گەلێك و سەركەوتنی گەلێكی تر، لێرەشدا ئاماژە بۆ هەمان مانا كراوە. قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تریشدا ئەم دەربڕینەی بەكارهێناوە كاتێك خواى گەورە دەفەرموێت ﴿أَلَمۡ تَرَ كَيۡفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِأَصۡحَٰبِ ٱلۡفِيلِ * أَلَمۡ يَجۡعَلۡ كَيۡدَهُمۡ فِي تَضۡلِيلٖ * وَأَرۡسَلَ عَلَيۡهِمۡ طَيۡرًا أَبَابِيلَ * تَرۡمِيهِم بِحِجَارَةٖ مِّن سِجِّيلٖ * فَجَعَلَهُمۡ كَعَصۡفٖ مَّأۡكُولِۢ﴾ (سوورەتی الفیل)… واتە ئایا نەتبینی چۆن پەروەردگارت ئەبرەهە و هاوەڵەكانی لەناوبرد كە بە سوپایەكەوە كە فیلی لەگەڵدا بوو هاتن بۆ هێرشكردنە سەر مەككە، تووشی لەناوچوون و تۆقین بوون، ڕایانكرد و لەدوای خۆیان مردووەكانیان لە بیاباندا بەجێهێشت. باڵندەكان لە دەوری تەرمەكانیان كۆبوونەوە و گۆشتەكانیان خوارد و لە سەر بەرد دەنووكیان لە گۆشتەكە دەدا و دەیانخوارد. پێویستە ئەوەش بزانرێت هەڵۆكان خوویان وەهایە كە پارچەیەك گۆشتی كەلاك دەبەن بۆ شوێنێكی بەرز وەك سەری درەختێكیان بەردێك و لە خۆڵ پاكی دەكەنەوە و بەدەنووك دەیكێشن بە لقی دارەكە یان بە بەردەكەدا و دەیخۆن.
دەكرێت ئەم ئایەتە ئاماژە بێت بۆ ڕووداوی خاوەن فیلەكان بەجۆرێك خوا بێباوەڕان ئاگاداردەكاتەوە كە: پێشتر بینیتان چۆن باڵندەكان لاشەی دوژمنانی ئێمەیان خوارد، هەر ئەم باڵندانە لەبۆشایی ئاسماندا دەفڕن و چاوەڕێی فەرمانی ئێمەن. وە هەتا ئێستا ئێمە ناهێڵین موسوڵمانان جەنگ بكەن لەگەڵتاندا، بەڵام كاتێك دەردەچن بۆ جەنگكردن لەگەڵتان، ئەوسا ڕۆژێك وەكو ڕۆژی ئەبرەهە و سوپاكەی دەبینن. ئەمەش بەڕاستی ڕوویدا.
لەكۆتایی ئایەتەكەدا دەفەرموێت ﴿إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَأٓيَٰتٖ لِّقَوۡمٖ يُؤۡمِنُونَ﴾… واتە ئێوە ئەی بێ باوەڕان سەرسام دەبن لەم هەواڵە، بەڵام باوەڕداران كۆمەڵێك نیشانە دەبینن تێیدا، كە تەواو دڵنیان دێنەدی.
وَٱللَّهُ جَعَلَ لَكُم مِّنۢ بُيُوتِكُمۡ سَكَنٗا وَجَعَلَ لَكُم مِّن جُلُودِ ٱلۡأَنۡعَٰمِ بُيُوتٗا تَسۡتَخِفُّونَهَا يَوۡمَ ظَعۡنِكُمۡ وَيَوۡمَ إِقَامَتِكُمۡ وَمِنۡ أَصۡوَافِهَا وَأَوۡبَارِهَا وَأَشۡعَارِهَآ أَثَٰثٗا وَمَتَٰعًا إِلَىٰ حِينٖ 81
شیكردنەوەی وشەكان:
سَكَنًا: نیشتەجێبوون: سكن فلان داره، فڵان كەس لە ماڵەكەیدا نیشتەجێبوو. سكن إلیه: خۆشحاڵ بوو. السكن: هەر شتێك كە مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ دەبێت و ئارامی پێ دەبەخشێت؛ ڕەحمەت؛ بەرەكەت (الأقرب).
تستخِفّونها: استخفه: سووك و ئاسانی كرد، پێچەوانەی قورسی كرد (الأقرب).
ظَعْن: كۆچكردن: ظعَن يظعَن ظَعْنًا: ڕۆیشت، دەگوترێت: ظعنوا عن دیارهم: لەزێدی خۆیان كۆچیان كرد (الأقرب).
أصواف: كۆی وشەی (الصوف)ە واتە خوری: مووی مەڕ، وەك چۆن مووی بزن و وشتر هەیە (الأقرب).
أشعار: كۆی وشەی “شعر”ە واتە موو، ئەو مووەی كە لە لەشی گیانداران دەردەچێت، نە خوریە و نە تووكی حوشترە (الأقرب).
أثاثًا: الأثاث:كەلوپەلی ماڵ وشەكە تاكی نیە؛ گوتراوە: ئەو شتومەكەی كە بۆ بەكارهێنان و خۆشی دروست دەكرێت نەك بۆ بازرگانی؛ هەموو جۆرە ماڵ و كەلوپەلێك (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: ئەی بێباوەڕان ئێوە لە ئارامی تەواودا دەژین لە ماڵە هەمیشەییەكانتان و هەروەها لە چادرەكانتاندا كە بە ئاسانی لە گەشتەكانتاندا هەڵیاندەگرن و لە هەرشوێنێك بتانەوێت هەڵیان دەدەن. هەروەها چێژ لە ئازادی وەردەگرن لە سەفەرە بازرگانیەكانتاندا؛ ئیتر بۆچی دەتانەوێت بەهۆی خراپەكانتانەوە ئەم نیعمەتە لەدەست بدەن؟
خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت ﴿بُيُوتٗا تَسۡتَخِفُّونَهَا يَوۡمَ ظَعۡنِكُمۡ وَيَوۡمَ إِقَامَتِكُمۡ﴾؛ چونكە هەڵگرتنی ئەم ماڵە لە چەرم دروستكراوانە لە گەشتەكاندا ئاسانە و دانانیشیان هەوڵێكی زۆری ناوێت. تەنها لەماوەی چەند خولەكێكدا بیابان بەهۆی ئەم چادرانەوە دەبێتە شارێكی ئاوەدانی پڕ لە جووڵە و چالاكی.
خوا (عز وجل) باسی چادرە لە چەرم دروستكراوەكانی كردووە چونكە عەرەبەكان ئەم جۆرە چادرانەیان بەكاردەهێنا (الرازي)، هەروەها لە چادری قوماش باشترن بۆ ڕێگریكردن لە سەرما و باران.
وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُمْ مِمَّا خَلَقَ ظِلَالًا وَجَعَلَ لَكُمْ مِنَ الْجِبَالِ أَكْنَانًا وَجَعَلَ لَكُمْ سَرَابِيلَ تَقِيكُمُ الْحَرَّ وَسَرَابِيلَ تَقِيكُمْ بَأْسَكُمْ كَذَلِكَ يُتِمُّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكُمْ لَعَلَّكُمْ تُسْلِمُونَ 82
شیكردنەوەی وشەكان:
أكنانًا: كۆی وشەی “كِنّ”ە، بە مانای پارێزەر و داپۆشەری شت دێت، هەروەها بە مانای ماڵیش دێت (الأقرب).
سَرابيل: كۆی “سِرْبال”ە، واتە كراس، زرێ، وەگوتراوە واتە: هەر شتێك كە لەبەر بكرێت (الأقرب).
بأْس: البأس: توندوتیژی لە جەنگدا (الأقرب).
تُسلِمون: أسلم: ملكەچ بوو. أسلم فلان: فڵان كەس باوەڕیهێنا بە ئیسلام. أسلم العدو: دوژمنەكەی ملكەچ كرد. أسلم أمره إلی الله: كاری خۆی سپارد بە خوا. فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَعَلَّكُمۡ تُسۡلِمُونَ﴾ واتە بۆ ئەوەی ملكەچ بن بۆ خوای گەورە، یان بۆ ئەوەی كاری خۆتان بسپێرن بەخوا.
تەفسیر: ئەم ئایەتە درێژەی هەمان بابەتی پێشووە بەجۆرێك خوای گەورە تێیدا ژمارەیەكی زیاتر لەو نیعمەتانەی خۆی باس دەكات كە بەخشیویەتی بە بێباوەڕان. یادیان دەخاتەوە كە لەكاتی سەفەردا لەژێر سێبەری درەختەكاندا پشوو دەدەن و لە چیاكاندا هاوینەهەوار دروست دەكەن. هەروەها جلوبەرگی بۆ دروست كردوون كە لە گەرما دەیانپارێزێت و فێری دروستكردنی زرێی كردوون كە لەكاتی جەنگدا دەیانپارێزێت. هەموو ئەم نیعمەتانەیان پێ دراوە بۆ ئەوەی لە ئارامیدا بژین و لە هێرشی دوژمن سەلامەت بن، بەڵام ئەوان خۆیان ئەم ئاسایش و سەلامەتیە تێكدەدەن كاتێك نیعمەتەكان دژی نیعمەتبەخش بەكاردەهێنن. هەڵبەت خوا ئەم نیعمەتانەی پێداون بۆ ئەوەی بەندەیەكی گوێڕایەڵ بن بۆی و سوپاسی بكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوان بەم نیعمەتانە لەخۆیان بایی بوون و ئەم پاراستنە فریویدان، ئینجا دژی خوا (عز وجل) وەستانەوە.
یەكێك لە واتاكانی “أسلم”ە بریتیە لەوەی كەسێك كەسانی تر بپارێزێت لە خراپەی خۆی، هەرچەندە ئەم واتایە لەو فەرهەنگانەدا نیە كە ئێستا بەردەستن. بەڵام بەپێی ڕێساكانی زمانی عەرەبی مانایەكی دروستە بەجۆرێك فرمانی تێنەپەڕ دەكەن بە تێپەڕ بە زیادكردنی هەمزەیەك بۆی و دەیكەن بە شێوگی “الإفعال”. وەك لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە: “المسلم من سلم المسلمون من لسانه ویده” واتە: “موسوڵمان ئەو كەسەیە كە موسوڵمانان لە دەست و زمانی سەلامەت بن.” (مسلم، كتاب الإیمان، باب بیان تفاضل الإسلام).
پێموایە ئەم ئایەتە ئەم مانایەش لەخۆدەگرێت واتە ئێمە ئەم نیعمەتانەمان پێ داون بۆ ئەوەی سەلامەت بن لە بەڵا و نەخۆشیەكان و بەندەی گوێڕایەڵی خوای گەورە بن و سوپاسی بكەن و ئینجا كەسانی تریش بپارێزن لە شەڕ و خراپەی خۆتان، بەڵام ئێوە ئەم نیعمەتانەتان كرد بە ئامرازێك بۆ دەستدرێژی كردنەسەر كەسانی تر.
وە دەكرێت لەم ئایەتەوە مانایەكی تر هەڵگۆزین كە پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە زۆرینە مافی دەركردنی كەمینەی نیە لە وڵات. بەڵام ئەمە ڕێگر نیە لە دەركردنی ستەمكار لە وڵات، بەڵكو ئەو كەسەی یاسا پێشێل دەكات دەبێت لەكۆمەڵگا دەربكرێت. وە دەڵێم موسوڵمانانی سەرەتا دژی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا نەوەستانەوە لە مەككەدا و یاساكانیان پێشێل نەكرد، تەنها داوایانكرد كە لەكاروباری ئاییندا زۆریان لێ نەكەن و ڕێگەیان پێ بدەن بە ئازادی بڵێن: الله پەروەردگارمانە، لەگەڵ ئەوەشدا بێباوەڕان ئازاریان دەدان.
فَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا عَلَيْكَ الْبَلَاغُ الْمُبِينُ 83
تەفسير: خوای گەورە دەفەرموێت سەرەڕای هەوڵەكانت بۆ ئاشتی بەڵام ئەگەر ئەمانە وازیان نەهێنا لە نیازە خراپەكانیان و دەستدرێژییان كردە سەر موسوڵمانان بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت، ئەوا تەنها ئامۆژگاریكردن پێویست بوو لەسەر تۆ، تۆیش ئەنجامت دا، ئێستا خۆیان بەرپرسیارن لەكردەوەكانیان چاك بێت یان خراپ.
يَعْرِفُونَ نِعْمَتَ اللَّهِ ثُمَّ يُنْكِرُونَهَا وَأَكْثَرُهُمُ الْكَافِرُونَ 84
شیكردنەوەی وشەكان:
ینكرون: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی 23 لەم سوورەتە و شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی 63 لە سوورەتی الحجر.
تەفسير: خوای گەورە (سبحانه وتعالى) لەڕێگەی ئەم دەستەواژەیەوە ﴿يَعۡرِفُونَ﴾ هۆشداری داوە بەوەی كە پێویستە مرۆڤ پەند وەربگرێت لە بینینی ئەو نیعمەتانەی خوا كە لە دەوروبەریدا هەن، بەڵام ئەمانە زۆر بەدبەختن چونكە نیعمەتەكانی خوایان بەسەردا باریوە و لە خۆیاندا دەیانبینن،كەچی نكووڵی دەكەن لێیان.. واتە بەكردەوە ڕێزی شایستە لەو نیعمەتانە ناگرن؛ مەبەست ئەوە نیە كە ئەوان بە زارەكی نكووڵی لە بوونی ئەم نیعمەتانە دەكەن، چونكە بێباوەڕەكان دانیان بەوەدا دەنا كە نیعمەتەكان لەلایەن خوای گەورەوەیە.
خوای گەورە لەكۆتایی ئایەتەكەدا دەفەرموێت: ﴿وَأَكۡثَرُهُمُ ٱلۡكَٰفِرُونَ﴾. بزانەكوفر لێرەدا بە مانای ڕەتكردنەوەی ئاسایی نیە، چونكە پێشتر باسی ڕەتكردنەوەی ئاساییكراوە لەم فەرمایشتەدا﴿ثُمَّ يُنكِرُونَهَا﴾؛ پاشان خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە “وأكثرهم كافرون”، بەڵكو فەرموویەتی ﴿وَأَكۡثَرُهُمُ ٱلۡكَٰفِرُونَ﴾، (ال) لێرەدا بۆ كەماڵ و تەواویە، وەك ئەوەی بەكەسێك بڵێین: أنت الرجل.. واتە لە پیاوەتیدا تەواوی. (بڕوانە أقرب الموارد تحت “ال”). كەواتە مانای ئەوەیە ئەم كەسانە تەنهان كووڵیكاری ئاسایی نین، بەڵكو توندڕەون لە نكووڵیكردندا و سوورن لەسەری. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ثُمَّ يُنكِرُونَهَا﴾ هەموو بێباوەڕەكان دەگرێتەوە، بەڵام فەرمایشتی ﴿وَأَكۡثَرُهُمُ ٱلۡكَٰفِرُونَ﴾ باسی زۆرینەیان دەكات، واتە هەموو ئەم خەڵكە بە گشتی نكووڵی لە نیعمەتەكانی خوا دەكەن، بەڵام زۆرینەیان هەموو سنوورێكیان تێپەڕاندووە لە دژایەتیكردنی نیعمەتەكانی خوا و نكووڵیكردن لێیان.
بەڵام بەڕەچاوكردنی ڕیزبەندی بابەتەكە، ئایەتەكە مانای ئەوەیەكە ئەوان داندەنێن بە نیعمەتە ماددییەكانی خوادا، بەڵام باوەڕ بە بوونی نیعمەتە ڕۆحییەكانی ناكەن؛ وەك ئەوەی فەرمایشتی ﴿يَعۡرِفُونَ﴾ پەیوەندی بە نیعمەتە دنیاییەكانەوە هەبێت و فەرمایشتی ﴿يُنكِرُونَهَا﴾ پەیوەندیبە نیعمەتە ڕۆحییەكانەوە هەبێت.
وَيَوْمَ نَبْعَثُ مِنْ كُلِّ أُمَّةٍ شَهِيدًا ثُمَّ لَا يُؤْذَنُ لِلَّذِينَ كَفَرُوا وَلَا هُمْ يُسْتَعْتَبُونَ 85
شیكردنەوەی وشەكان:
شَهِيدًا: الشهید واتە: شایەت، ئەو كەسەی متمانەی پێدەكرێت لە شایەتیدانیدا (الأقرب).
يُسْتَعْتَبُونَ: استعتَبَه: داوای لێبوردن و ڕازیبوونى لێ كرد، وەك دەوترێت استعتبتُه فأَعْتَبَني: داوای ڕەزامەندیم لێكرد و ئەویش ڕازی بوو لێم. دوای مردن داوای لێبوردن نیە. العُتبی: ڕەزامەندی (الأقرب). الاستعتاب: داوا بكرێت لە مرۆڤ كە عوزری خۆی بخاتەڕوو بۆ ئەوەی عوزری قەبوڵ بكرێت (المفردات).
تەفسیر: دوای باسكردنی ئەم تاوانە گەورەیە، واتە تاوانی سپڵەیی و نكۆڵیكردن لە نیعمەتەكان، خوای گەورە سەرلەنوێ ئاماژە بە ژیانی دواڕۆژ دەكات، وەك ئاگاداركردنەوەیەك بۆ بێباوەڕان كە لە دواڕۆژیشدا سزا دەدرێن لەسەر تاوانەكانیان، سەرەڕای سزادانیان لە دنیادا. ئەم سزایە لەچاو سزای دنیا زیاتر تووشی شەرمەزاری و ڕسواییان دەكات؛ چونكە لەوێ لەبەردەم سەرجەم ڕۆحە مرۆییەكانی هەموو سەردەمەكاندا سزا دەدرێن، بەجۆرێك پێغەمبەری هەر ئوممەتێك دەهێنرێت بۆ شایەتیدان لەسەر ئەو ئوممەتە. ئیتر بۆچی بیر لەو شەرمەزارییە گەورەیە ناكەنەوە كە چاوەڕێیان دەكات لەو ڕۆژە سەختەدا؟
ئایەتێكی تریش باسی ئەم زەلیلی و سەرشۆڕیە دەكات و دەفەرموێت: ﴿فَكَيۡفَ إِذَا جِئۡنَا مِن كُلِّ أُمَّةِۢ بِشَهِيدٖ وَجِئۡنَا بِكَ عَلَىٰ هَٰٓؤُلَآءِ شَهِيدٗا * يَوۡمَئِذٖ يَوَدُّ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ وَعَصَوُاْ ٱلرَّسُولَ لَوۡ تُسَوَّىٰ بِهِمُ ٱلۡأَرۡضُ﴾ (النساء: 42-43)
ئەم ئایەتە جەخت لەوە دەكاتەوە كە خوای گەورە پێغەمبەرانی خۆی بۆ هەموو گەلان ناردووە. قورئانی پیرۆز ئەم تیۆریەی لە چەندین ئایەتی تریشدا خستووەتەڕوو، ئەمەش یەكێكە لەو شتانەی كە ئیسلام لە ئایینەكانی تر جیادەكاتەوە، وە یەكێكە لە بەڵگە درەوشاوەكان لەسەر ڕاستیەكەی.
سەبارەت بە فەرمایشتی ﴿ثُمَّ لَا يُؤۡذَنُ لِلَّذِينَ كَفَرُواْ﴾، هەندێك وایان تەفسیر كردووە كە بێباوەڕان ڕێگەیان پێ نادرێت لەگەڵ خوای گەورەدا قسە بكەن (روح البیان، والتفسیر المظهري). بەڵام ئەم واتایە هەڵەیە؛ چونكە قورئانی پیرۆز لە چەندین ئایەتدا جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە لەڕۆژی دواییدا بێباوەڕان لەگەڵ خوای گەورەدا گفتوگۆ دەكەن، بەجۆرێك هەوڵ دەدەن لای خوا (سبحانه وتعالى) پاساو بۆ خۆیان بهێننەوە. كەواتە دەكرێت مەبەست ئەوە بێت كە ڕێگە نادرێت بە كافرەكان بچنە بەهەشتەوە، یان ڕێگە نادرێت تكا بكرێت بۆیان، ئەویش كاتێك لەڕۆژی حەشردا پێغەمبەرانی گەلان دەهێنرێن بۆ تكاكردن بۆ ئەو كەسانەی كەماڵی ڕۆحییان بەدەست نەهێناوە، بەڵام لە ڕیزی ئەو كەسانەدا بوون كە دەكرێت پێغەمبەران بە شوێنكەوتووانی خۆیان ناوزەدیان بكەن. بەڵام ئەم بێ باوەڕە بەدبەختانە بێبەش دەكرێن لە تكاكردنی تكاكاران.
پێویستە بزانرێت قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەر جەخت لەوە دەكەنەوە كە تكاكردن تەنها بە مۆڵەتی خوا دەبێت، وەك خوا دەفەرموێت: ﴿وَلَا تَنفَعُ ٱلشَّفَٰعَةُ عِندَهُۥٓ إِلَّا لِمَنۡ أَذِنَ لَهُۥۚ﴾ (سبأ: 24). ئەم واتایە لەم شوێنانەی تریشدا دووبارەبووەتەوە: البقرة: ٢٥٦، یونس: ٤، طه: ١١٠، النجم: ٢٧. هەروەها فەرموودەی پیرۆزیش جەختیكردووەتەوە لەم ڕاستیە، هەروەك لەڕیوایەتێكدا هاتووە: “پاشان مۆڵەت دەدرێت بە فریشتەكان و پێغەمبەران و شەهیدەكان كە تكا بكەن” (مسند أحمد، بەرگی ٥، لاپەڕە ٤٣ لە”ئەبو بەكرە”وە).
هەڵبەت قورئان واتایەكی تری باسكردووە بۆ فەرمایشتی خوا ﴿ثُمَّ لَا يُؤۡذَنُ لِلَّذِينَ كَفَرُواْ﴾ كاتێك فەرموویەتی ﴿وَلَا يُؤۡذَنُ لَهُمۡ فَيَعۡتَذِرُونَ﴾.. واتەڕێگە بە بێباوەڕان نادرێت پاساو بۆ خۆیان بهێننەوە.
سەبارەت بە شایەتیدانی پێغەمبەران -بە بۆچوونی من- مەبەست لێی پێشەنگی كردەیی پێغەمبەرانە، واتە ئەوان خۆیان وەك شایەتێكی كردەیی پێشكەش دەكەن لەسەر كاریگەری وەحی خوایی و دەڵێن: بڕوانن چۆن باوەڕ بە وەحی لەزەویەوە بەرزی كردینەوە بۆئاسمان، وە دەرفەتی بۆ ڕەخساندین بگەین بەخوای گەورە. بەم شێوەیە خوا (عز وجل) لەڕۆژی دواییدا بێباوەڕان شەرمەزار و سەرشۆڕ دەكات و دەفەرموێت: سەیری ئەو موعجیزەیە بكەن كە بەهۆی وەحیەكەمانەوە هاتەدی، بەجۆرێك وەحی پێغەمبەرەكەی ئێمەی پڕكرد لە هێزی ڕۆحانی و ئەم كەماڵەڕۆحانیەی هێنایەدی بۆی، وە چۆن نكۆڵیكردن لە وەحی ئێوەی گەیاندە نزمترین ئاست.
پێویستە بزانرێت هەر پێغەمبەرێك نموونەی كردەییە بۆ ئەو كاریگەریەی لە وەحی خوادا هەیە، لەبەر ئەوە وەحی تەنها لەگەڵ پێغەمبەردا دێت. وەك ئەوەی پێغەمبەر گەورەیی وەحی دەربخات و وەحیش گەورەیی پێغەمبەر دەربخات.
وَإِذَا رَأَى الَّذِينَ ظَلَمُوا الْعَذَابَ فَلَا يُخَفَّفُ عَنْهُمْ وَلَا هُمْ يُنْظَرُونَ 86 وَإِذَا رَأَى الَّذِينَ أَشْرَكُوا شُرَكَاءَهُمْ قَالُوا رَبَّنَا هَؤُلَاءِ شُرَكَاؤُنَا الَّذِينَ كُنَّا نَدْعُو مِنْ دُونِكَ فَأَلْقَوْا إِلَيْهِمُ الْقَوْلَ إِنَّكُمْ لَكَاذِبُونَ 87
شیكردنەوەی وشەكان:
يُنْظَرُونَ: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە ٩ی سوورەتی الحجر.
دُوْن: پێچەوانەی سەرەوەیە (فَوقَ). دەوترێت: هو دونَه واتە پلەی لەو نزمترە. دەبێتە ئاوەڵفرمان بە واتای خوارەوە، دەڵێیت: هذا دون ذاك واتە: ئەمە لەوە نزمترە. بە واتای لەپێش ئەو دێت وەك: مشي دونه واتە لەپێشیەوە ڕۆیشت. بە واتای لەدوا دێت، دەوترێت: قعد دونه واتە لەدوایەوە دانیشت. بە واتای سەرەوە دێت كە پێچەوانەی واتای یەكەمە. بە واتای (جگە لە) دێت. بە واتای بەڕێز و بە واتای نزم و بێ ڕێزیش دێت، دەوترێت: شيءٌ دونٌ واتە: شتێكی نزمە واتە بێنرخە. وحال القوم دون فلان واتە: خەڵكەكە بوونە ڕێگر لەنێوان فڵان كەس و ئەو شتەی داوای دەكرد بۆیە نەیتوانی بەدەستی بهێنێت (الأقرب).
ألقَوا: ألقاه إلی الأرض: فڕێیدایە سەر زەوی: هاویشتی. ألقی إلیه القول وبالقول: قسەكەی بۆ كرد: پێی ڕاگەیاند. ألقی علیه القول: قسەكەی پێ گوت بۆ ئەوەی بینووسێتەوە. ألقی إلیه السمع: گوێی لێ گرت (الأقرب). بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە ١٦.
تەفسیر: بزانە ئەو سزایەی لێرەدا ئاماژەی پێكراوە سزای دواڕۆژە.
سەیرە بێباوەڕان لە دنیادا لەپێناوی هاوبەشەكانیاندا دژایەتی پێغەمبەرەكانیان دەكرد، بەڵام لەڕۆژی دواییدا لە خوای گەورە دەپاڕێنەوە و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان سزای هاوبەشەكانمان بدە چونكە ئەوان بوون بەردەوام گومڕایان دەكردین.
خوا (عز وجل) بەمە ئاگاداری كردووینەتەوە كە هاوڕێیەتی كوفر و تاوان هەرگیز دڵسۆزانە و پتەو نابێت. ئەمەش لەبەرئەوەی مرۆڤ تا ڕادەیەكی دیاریكراو دەتوانێت لەبەر كەسێكی تر بەرگەی ئازار بگرێت، بەڵام لەبەرئەوەی كوفر جۆرەها سزای خوایی بەسەر خاوەنەكەیدا دەهێنێت، بۆیە كاتێك دێت تێیدا هاوڕێیەتی نێوان بێباوەڕ و هاوڕێكانی دادەمركێتەوە و سارد بێتەوە، هەریەكەیان لە هاوڕێكەی بێزار دەبێت و دووردەكەوێتەوە.
وە فەرمایشتی خوا ﴿فَأَلۡقَوۡاْ إِلَيۡهِمُ ٱلۡقَوۡلَ﴾ دوو واتای هەیە: یەكەم: هاوبەشەكانیان بەوپەڕی غیرەت و ڕاشكاویەوە هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن پێیان، ئەمەش بەگوێرەی ئەم مانایە: ألقی إلیه القول واتە قسەكەی پێ ڕاگەیاند. واتای دووەم ئەوەیە كە هاوبەشەكانیان دەستبەجێ و بێ دواكەوتن وەڵامیان دەدەنەوە، ئەمەش بەگوێرەی ئەم مانایە: ألقاه واتە هاویشتی، وە ئاشكرایە فڕێدان و هاویشتن واتای خێرایی تێدایە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَلَا يُخَفَّفُ عَنۡهُمُ﴾ مەبەست لێی ئەوەیە ئەم پاساوەیان مەعقول نیە، چونكە ئەگەر كەسێك هەوڵی گومڕاكردنی ئەوانی داوە بۆچی خۆیان گومڕا بوون؟ ئایا نەیاندەتوانی قسەی كابرای گومڕاكەر ڕەت بكەنەوە.
وَأَلۡقَوۡاْ إِلَى ٱللَّهِ يَوۡمَئِذٍ ٱلسَّلَمَ ۖ وَضَلَّ عَنۡهُم مَّا كَانُواْ يَفۡتَرُونَ88
شیكردنەوەی وشەكان:
السَّلَم: بڕوانە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە ٢٩.
ضلَّ عنهم: ضلَّ یضِلُّ: پێچەوانەی هیدایەتە. ضل فلان عن الطریق: فڵان كەس لە ڕێگا لایدا: نەیتوانی بیدۆزێتەوە. ضل الرجل في الدین ضلالا وضلالة: پیاوەكە لە ئاییندا گومڕا بوو: پێچەوانەی: هیدایەتی وەرگرت. ضل فلان الفرس: فڵان كەس ئەسپەكەی لێ ون بوو. ضل عني كذا: فڵان شتم لێ ون بوو: فەوتا. ضل الماء في اللبن: ئاوەكە لە شیرەكەدا ون بوو و دیارنەما. ضل الناسي: شتەكە لەیادی چوو. ضل فلان فلانا: لەیادی كرد. ضل سعیه: هەوڵی بێسوود بوو: كارێكی كرد سوودی بۆی نەبوو (الأقرب).
یفتَرون: افتری علیه الكذب: درۆی بۆ هەڵبەست (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت كاتێك بێباوەڕان پەرستراوەكانی خۆیان دەبینن كە بوونەتە دوژمنیان، دەستبەجێ شێوازی قسەكردنیان لەگەڵ خوای گەورەدا دەگۆڕن و بەوپەڕی خاكەڕایی و زەلیلیەوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان، ئێمە بەندەی تۆین، مەبەستمان لە پەرستنی غەیری تۆ تەنها جەختكردنەوە بوو لەسەر پەرستنی تۆ. بە نیازی پاكەوە ئەم كارەمان كرد، نەك بە مەبەستی دەرچوون لە فەرمانی تۆ. لەو كاتەدا هەموو ئەو بانگەشە گەورانەی لە دنیادا دەیانكرد لێیان ون دەبێت.
ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ وَصَدُّواْ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ زِدۡنَٰهُمۡ عَذَابٗا فَوۡقَ ٱلۡعَذَابِ بِمَا كَانُواْ يُفۡسِدُونَ89
شیكردنەوەی وشەكان:
فوق: بریتیە لە چاوگیفاقَ یفوق، لە بنەڕەتدا ئاوەڵفرمانی شوێنە وەك: صعدت فوق الجبل واتە سەركەوتمە سەر شاخەكە، هەندێ جار بۆ كات بەكاردێت وەك: لبثنا فوق شهر واتە زیاتر لە مانگێك ماینەوە. ئیعرابی هەیە مەگەر ئەو شتەی بۆی زیاد كراوە (مضاف إليه) لابدرێت و واتاكەی مەبەست بێت نەك وشەكە؛ ئەوسا لەسەر الضمة بینادەكرێت وەك: عندي مائةٌ فما فوقُ، سەد و زیاترم هەیە، ئەگەر وشەكە مەبەست بێت نەك واتاكەی ئەوا ئیعرابی هەیە بە بێ تەنوین. وە هەندێ جار وەكو “ناو” بەكاردێت؛ وەك: “فإذا ذُكِرتَ فكلُّ فوقٍ دونُ”. وە هەندێ جار بەشێوەی ئیستیعارە بەكاردێت بۆ بەرزی حوكم و مانای زیادە و باشتر دەگەیەنێت، دەوترێت: “العشرة فوق التسعة” واتە: “دە لەسەرووی نۆوەیە” واتە لێی زیاترە. “هذا فوق ذاك” واتە: “ئەمە لەسەر ئەوەیە” واتە چاكترە لێی. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا خوا (عز وجل) جارێكی تر ڕوونیكردووەتەوە كە بێباوەڕان دوو جۆرن: گومڕا و گومڕاكەر، وە سزای گومڕاكەر سەختترە لە سزای گومڕا.
سەیرە ئەم گومڕاكەرانە لە دنیادا بە نەزانەكان دەڵێن: شوێنمان بكەون و ئێمە گەرەنتی ڕزگاربوونتان دەكەین لە دواڕۆژدا، بەڵام ڕاستی ئەوەیە كە لەوێ سزاكەیان توندوتیژتر دەبێت لە سزای شوێنكەوتووانیان لەكاتێكدا بەڵێنی ڕزگاربوونیان پێدابوون.
وَيَوۡمَ نَبۡعَثُ فِي كُلِّ أُمَّةٖ شَهِيدًاعَلَيۡهِم مِّنۡ أَنفُسِهِمۡ ۖ وَجِئۡنَا بِكَ شَهِيدًا عَلَىٰ هَٰٓؤُلَآءِ ۚ وَنَزَّلۡنَا عَلَيۡكَ ٱلۡكِتَٰبَ تِبۡيَٰنٗا لِّكُلِّ شَيۡءٖ وَهُدٗى وَرَحۡمَةٗ وَ بُشۡرَى لِلۡمُسۡلِمِينَ 90
شیكردنەوەی وشەكان:
تِبْيانًا: بان الشيء یبین تبیانا: شتەكە ئاشكرا و ڕوون بوو. وە فرمانی (بانَ) تێنەپەڕە و دەكرێت تێپەڕیش بێت، وەك: بِنْتُه. واتە ڕوونمكردەوە (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە تەواوكەری بابەتی ئایەتەكەی پێشووە بەجۆرێك خوا (عز وجل) بە پێغەمبەرەكەی دەفەرموێت: لەڕۆژی دواییدا پێغەمبەران وەك نموونەی كاریگەری وەحی پێشكەش دەكرێن، تۆش پێشكەش دەكەین لەبەردەم ئەوانەی ئێستا باوەڕت پێناهێنن و پێیان دەڵێین: ئەم كەسە لە ئێوە بوو، بەڵام بینیتان چۆن خۆی لە پیسی هاوبەش بڕیاردان و بیروباوەڕە خراپەكانتان پاراست، وە چۆن بوو بە بەندەیەكی گوێڕایەڵی خوای گەورە و بووە هۆی هیدایەتدانی خەڵكی تر؟ ئایا ئەمە لەبەر ئەوە نەبوو كە وەحی خوای (عز وجل) بۆ دەهات، لەكاتێكدا ئێوە لێی بێبەش بوون، بگرە پێتان وابوو پێویست نیە؟
پاشان خوا (عز وجل) ئاماژە دەكات بە بەرەكەتەكانی ئەم وەحیە و ڕایدەگەیەنێت: ئەی موحەممەد، ئێمە كتێبێكمان بۆ تۆ دابەزاندووە كە هەموو پێداویستیەكی ڕۆحی بەتێروتەسەلی باس دەكات و هۆكارەكانی ڕەحمەت و هیدایەت ئامادە دەكات… واتە تۆ بەهۆی ئەم وەحیەوە لە گەلەكەت باشتری.
وە دەستەواژەی ﴿لِّكُلِّ شَيۡء﴾ لە فەرمایشتی خوای گەورەدا ﴿تِبۡيَٰنٗا لِّكُلِّ شَيۡءٖ﴾ مەبەست پێی هەموو شتێكی جیهان نیە، بەڵكو مەبەست پێی هەر شتێكە پەیوەندی بەم كتێبەوە هەیە. بۆ نموونە مامۆستا بە قوتابی دەڵێت: هەموو كتێبەكان لەگەڵ خۆت ببە، مەبەستی هەموو كتێبەكانی كتێبخانەكە نیە، بەڵكو مەبەستی تەنها كتێبەكانی خۆیەتی. كەواتە لێرەدا مەبەست لە ﴿لِّكُلِّ شَيۡء﴾ هەموو ئەو شتانەیە كە مرۆڤ پێویستی پێیانە بۆ پێشكەوتنی ڕۆحی.
لەوانەیە كەسێك بڵێت: چۆن دەكرێت قورئان بانگەشەی ئەوە بكات كە بریتیە لە ﴿تِبۡيَٰنٗا لِّكُلِّ شَيۡء﴾ لەكاتێكدا زۆربابەتی ئایینی هەن كە وردەكارییەكانیان تەنها لە فەرموودەدا دەبینین؟ وەڵام: بنەمای هەموو حوكمەكان لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون، ئەو وردەكارییانەی لە فەرموودەكاندا هەن تەنها تەفسیری قورئانی پیرۆزن، چونكە خوای گەورە تێگەیشتنی قورئانی بە پێغەمبەر (ﷺ) بەخشیوە زیاتر لە هەر كەسێكی تر، بۆیە ئەگەر ئەو هەندێ حوكمی قورئانی لە فەرموودەكانیدا ڕوونكردووەتەوە مانای ئەوە نیە كە قورئان ناتەواوە، بەڵكو مانای ئەوەیە كە ئەو (ﷺ) بەهۆی تێگەیشتنی خۆیەوە كە تێگەیشتنێكی تەواوە توانیویەتی كۆمەڵێك حوكم لە قورئان دەربهێنێت كە ئێمە بەهۆی كەموكورتی تێگەیشتنمانەوە ناتوانین دەریانبهێنین لەبەرئەوەی زۆر وردن.
ئەهلی قورئان [ئەهلی قورئان گروپێكن كە فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) وەرناگرن. (وەرگێڕی عەرەبی)] هەڵەیەكی گەورەیان لەم مەسەلەیەدا كردووە كاتێك دەڵێن: موحەممەدیش (ﷺ)وەكو ئێمە مرۆڤ بووە ئیتر بۆچی ڕای ئەو وەربگرین، بەڵكو تەنها ئەوە وەردەگرین كە قورئان خۆی دەیڵێت!
لەڕاستیدا مەسەلەكە پەیوەندی نیە بە وەرگرتنی ڕای قورئان یان ڕای پێغەمبەرەوە (ﷺ)، بەڵكو پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەیە كەپێغەمبەر (ﷺ) شارەزاترین كەس بووە لەو وەحیەی كە دابەزیوەتە سەری. خوای گەورە دەربارەی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) دەفەرموێت ﴿وَمَا يَنطِقُ عَنِ ٱلۡهَوَىٰٓ* إِنۡ هُوَ إِلَّا وَحۡيٞ يُوحَىٰ﴾ (النجم: ٤-٥)… واتە هەرچی پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی قورئان گوتوویەتی بەڕێنمایی خوایی گوتوویەتی و هەرگیز هەڵەی تێدا نەكردووە. ئەو كەسەی خوا (عز وجل) لە هەڵە پاراستوویەتی، ناچارین تەفسیرەكەی بۆ قورئان لە پێش تەفسیری كەسانی تر دابنێین. بێگومان مافی خۆمانە گفتوگۆ لەسەر ڕاستی گێڕانەوەیەك بكەین كە دەگوترێت فەرموودەی پێغەمبەرە (ﷺ)، بەڵام هەرگیز مافی ئەوەمان نیە بڵێین: گومان لەڕاستی گێڕانەوەكە نیە، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) لەوەدا هەڵەی كردووە -پەنا بە خوا!- ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) وەك تەفسیری قورئان دەیڵێت دەبێت وەریبگرین، چ تێبگەین لێی یان نەتوانین لێی تێبگەین، بە مەرجێك ئەو گێڕانەوەیەی كە تەفسیرەكەی پێغەمبەری تێدایە بەپێی پێوەرەكانی زانینی ڕاستی گێڕانەوەكان ڕاست بێت.
إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ وَإِيتَآيِٕ ذِي ٱلۡقُرۡبَىٰ وَيَنۡهَىٰ عَنِ ٱلۡفَحۡشَآءِ وَٱلۡمُنكَرِ وَٱلۡبَغۡيِ ۚ يَعِظُكُمۡ لَعَلَّكُمۡ تَذَكَّرُونَ91
شیكردنەوەى وشەكان:
العَدْل: عدل یعدل فلانا بفلان: یەكسانكردنی دوو كەس. عدل القاضي والوالي عدلا وعدالة: دادوەر و والیەكە دادپەروەر بوون. العدل: دژی ستەم؛ العادل المرضي للشهادة واتە كەسی دادپەروەری پەسەند بۆ شایەتیدان. العدل من القضاة والحكام واتە كەسی دادپەروەر لە دادوەران و فەرمانڕەوایان: ئەوانەی مافی خەڵك دەدەن لە حوكمەكانیاندا (الأقرب).
الإحسان: چاكە كردن. أحسن: چاكەی هێنا. أحسن الشيء: شتەكەی جوان كرد؛ شتەكەی زانی، وەك: فلان یحسن القراءة واتە فڵان كەس خوێندنەوە دەزانێت (الأقرب).
القربَى: نزیكی لەڕەچەڵەكدا (الأقرب).
الفحشاء: كاری ناشرین؛ بەخیلی لە دانی زەكات (الأقرب).
المنكَر: هەر وتە یان كردەوەیەك كە ڕەزامەندی خوای تێدا نەبێت، چاكە دژیەتی (الأقرب). بۆ زیاتر شارەزابوون بگەڕێوە بۆ شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 63 لە سوورەتی الحجر.
تذكَّرون: بیركردنەوە واتە یادكردن (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە پێشتر ڕایگەیاند كە لە قورئانی پیرۆزدا چوار تایبەتمەندی هەیە: ڕوونكردنەوەی هەموو شتێك، ڕێنمایی، ڕەحمەت و مژدە بۆ موسوڵمانان. لەم ئایەتە و ئایەتی دواتردا بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەر بوونی ئەم تایبەتمەندیانە لە فێركاری قورئاندا، وە جەخت لەوە دەكاتەوە كە مەحاڵە هیچ گومانێك لە سەركەوتنیدا هەبێت.
یەكەم بەڵگە لەم ئایەتەدا باسكراوە كە ئێمە تەفسیری دەكەین، پێم وایە ناوەڕۆكەكەی بە تەنها بەسە بۆ سەلماندنی ئەم چوار تایبەتمەندییە لە قورئاندا، ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتە بەم جۆرەیە:
ئەم ئایەتە فەرمان بە سێ شت دەكات و ڕێگری لە سێ شت دەكات. دیارە فەرمان بە چاكە بریتیە لە ڕێنمایی و هیدایەت، لەكاتێكدا ڕێگری لە خراپە بریتیە لە ڕەحمەت؛ بەمەش ئەم ئایەتە بووە بە ﴿هُدٗى وَرَحۡمَةٗ﴾.
پاشان ئەم ئایەتە هەموو پلەكانی ڕەوشتی ڕوونكردووەتەوە، بۆیە بووە بە ئایەتێكی گشتگیر و تەواو، وە زۆر بەجوانی ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿تِبۡيَٰنٗا لِّكُلِّ شَيۡءٖ﴾ دەسەلمێنێت.
ئایەتەكە بە فەرموودەی ﴿لَعَلَّكُمۡ تَذَكَّرُونَ﴾ كۆتایی دێت، التذكر واتە یادكردنی شتێك یان یادكردنی خوا و پاك ڕاگرتن و ستایشكردنی (عز وجل)؛ مانای ئەوەیە: بۆ ئەوەی مافەكانی خوا و مافی بەندەكانتان لەبیر بێت و بیانپارێزن، یان بۆ ئەوەی خوا (ﷺ) بە پاك و مەزن ڕابگرن. وە بەو پێیەی ئامانجی دروستكردنی مرۆڤ لەم دوو شتەدا كورت دەبێتەوە: مافەكانی خوا و مافی بەندەكان.. بۆیە ئەم ڕستەیە بووە بە مژدەیەك بۆ خەڵكی كە ئەگەر كار بەم فێركاریە بكەن؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئامانجی دروستكردنیان دەهێننەدی.
بڕوانە چۆن ئەم ئایەتە، سەرەڕای ئەوەی ئایەتێكی كورتە،تیشك دەخاتە سەر هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی كە قورئانی پیرۆز بانگەشەیان دەكات. لەڕاستیدا ئەم كورتبڕیە ڕەوانبێژیە تەنها تایبەتمەندی قورئانە لەناو هەموو كتێبە پیرۆزەكانی تردا؛ دیارە وشەكانی ئەم ئایەتە زۆر كەمن، لەگەڵ ئەوەشدا نە ناڕوونی تێدایە نە كێشە و گرفت، بەڵكو ماناكە زۆر ڕوون و ئاشكرایە بەجۆرێك هەموو كەسێكی ژیر دەتوانێت بە كەمترین تێڕامان لێی تێبگات.
ئێستاش كەمێك بەدرێژی باسی ناوەڕۆكی ئەم ئایەتە دەكەم. بزانە ھەموو شتێك دوو ڕووی ھەیە: ڕووی ئەرێنی و ڕووی نەرێنی، وە ئەستەمە شتێك تەواو بێت بەبێ ئەوەی ھەردوو ڕووەكەی تەواو بن.. واتە پێویستە لە شتێكدا ئەوە ھەبێت كە دەبێت تێیدا ھەبێت بۆ ئەوەی تەواو بێت، وە پێویستە ئەوەی تێدا نەبێت كە دەبێت تێیدا نەبێت بۆ ئەوەی كەم و كوڕی یان عەیبی تێدا نەبێت. لەڕوانگەی ئایینیەوە، پێویستە فێركاری و ڕێنمایی تەواو و بێ كەموكوڕی ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەی ھەبێت:
1- فەرمان بكات بە شتێك كە گەیشتن بە كەماڵی ڕۆحی بهێنێتەدی، وە ڕێگری بكات لەو شتەی كە ناهێڵێت ئەم ئامانجە بێتەدی.
2- لەكاتی دانانی یاسایەكی گشتیدا كە تایبەت نەبێت بە تاكێك یان گەلێك بەڵكو كۆمەڵێكی زۆر تاك و گەل بگرێتەوە، ڕەچاوی ھەموو سروشتە جۆراوجۆرەكانی مرۆڤ بكات، بەجۆرێك ھەموو كەسێك بتوانێت بەگوێرەی ئامادەیی خۆی كاری پێ بكات.
3- شیاو بێت بۆ كارپێكردن، بەجۆرێك نەبێتە ھۆی تێكدانی ئایینی خەڵك یانڕەوشتیان یان عەقڵیان یان شارستانیەتەكەیان.
بێگومان خوای گەورە لەم ئایەتە كورتەدا بە شێوازێكی ناوازە و جوان ئەم سێ تایبەتمەندیەی كۆكردووەتەوە كە دەبێت لە هەر فێركاری و ڕێنماییەكی تەواو و بێ كوموڕیدا هەبن؛ فەرمانی داوە بە سێ شتی ئەرێنی واتە دادپەروەری و چاكەكاری و بەخشین بە خزمی نزیك، وە ڕێگری كردووە لە سێ شتی نەرێنی: كاری خراپ و ناپەسەند و ستەم.
دادپەروەری (العدل) بریتیە لە یەكسانی، و مەبەست لێی ئەوەیە مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ هاوڕێكەی بكات بە شێوەیەك كە ئەو مامەڵەی لەگەڵدا دەكات؛ وە ئەگەر ستەمی لێكرد، ئەوا تۆڵەی لێبكاتەوە بە ئەندازەی ئەو ستەمەی لێیكردووە، بەبێ ئەوەی دەستدرێژی بكاتە سەری، وە ئەگەر چاكەیەكی لەگەڵكرد، ئەوا بەلایەنی كەمەوە چاكەیەكی هاوشێوەی لەگەڵدا بكاتەوە.
دادپەروەری لەگەڵ خوادا (ﷺ) واتە خوای گەورە چەندین ناز و نیعمەتی بە مرۆڤ بەخشیوە، بۆیە پێویستە مرۆڤ مافی ئەم ناز و نیعمەتانە بەجێبهێنێت، و بەكردەوە خراپەكانی دەرفەت نەدات بە كەس كە ڕەخنە بگرێت لە زاتی خوا (سبحانه وتعالى)، یان شتێك نەدات بە كەسێكی تر كە مافی خوا (عز وجل) بێت، ئەمەش بە دانانی هاوبەش بۆی، چونكە هاوبەشدانان ستەمە و وەك ئەوە وایە مافی كەسێك زەوت بكرێت و بدرێت بە كەسێكی تر، بۆیە قورئانی پیرۆز هاوبەشدانانی بە ستەمێكی گەورە ناوبردووە. كەواتە باوەڕبوون بەوەی خوا كوڕ یان هاوسەر یان هاوبەشی هەیە ستەمە و پێچەوانەی دادپەروەرییە.
هەروەها ئەوە دادپەروەری نیە لەگەڵ خوای گەورەدا كە مرۆڤ ئەو سیفەتانە بداتەپاڵ خۆی كە تایبەتن بە خوای گەورە. بۆ نموونە دابەزاندنی وەحی و شەریعەت تەنها تایبەتە بە خوای گەورە، وە ئەگەر كەسێك بانگەشەی ئەوە بكات كە ئەویش وەحی دادەبەزێنێت یان شەریعەت دادەنێت هەروەك چۆن “بهاء” بانگەشەی كردووە (قرن بدیع، لاپەڕە 181 و 188).. ئەوا بێگومان ئەو كەسە پێچەوانەی بنەماكانی دادپەروەری ڕەفتار دەكات. لەڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ دادپەروەرانە مامەڵەی بكردایە لەگەڵ خوای گەورەدا، ئەوا هیچ شوێنەوارێكی شیرك و كوفر و سەرپێچی نەدەمایەوە.
سیفەتی دووەم بریتیە لە چاكەكاری (الإحسان)، واتە ئەوەی كە چاكە لەگەڵ كەسانی تر بكەیت، جا ئەو كەسە چاكەی كردبێت بەرامبەرت یان خراپە. وە ئەمەش لە دادپەروەری باشترە. لێبوردن لە خەڵكی، وە یارمەتیدانی هەژاران، وە بەخشینی خێر، وە جێبەجێكردنی خزمەتگوزاریە نەتەوەییەكان و شتی لەو بابەتە، هەموویان دەچنە چوارچێوەی چاكەكارییەوە. هەروەها هەوڵدان بۆ بڵاوكردنەوەی زانست و تۆماركردنی زانیارییەكان و بڵاوكردنەوەیان ئەمانەیش دەچنە چوارچێوەی چاكەكارییەوە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی سوودێكی ماددی گەورە و قازانجێكی ڕۆحی زۆر بۆ خزم و كەس و تەنانەت كەسانی دووریش.
سیفەتی سێیەم بریتیە لە بەخشین بە خزمی نزیك (إيتاء ذي القربى)، واتە ببەخشیت بە خەڵكی هەروەك چۆن دەبەخشیت بە خزمە نزیكەكانت، واتە مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا بكەیت وەك چۆن مرۆڤ مامەڵە دەكات لەگەڵ خزمی نزیكی خۆیدا. مەبەست لەمە ئەو چاكەكاریە نیە كە پێشتر باسمانكرد، بەڵكو مەبەست ئەوەیە بە خۆشەویستییەكی سروشتی و خۆڕسكەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا بكەیت بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەیتەوە كە لەبەرامبەردا شتێكت پێ بدەن؛ چونكە مرۆڤ كاتێك چاكەیەك دەكات لەگەڵ ئەوكەسەی كە چاكەی لەگەڵ كردووە، ڕەنگە بیر لەوە بكاتەوە كە ئەگەر بە چاكەیەكی گەورەتر پاداشتی بداتەوە، ئەوا بەم كارەی خەڵكی ستایشیدەكەن، یان كاتێك لە هەڵەی كەسێك خۆش دەبێت، ڕەنگە بیر لەوە بكاتەوە كە ئەم كردارە دوژمنایەتی لە دڵی ئەو كەسەدا دەسڕێتەوە و دەیكات بەدۆست و هاوڕێی. بەڵام ئەو خۆشەویستی و فیداكاریەی كە دایك بەرامبەر بەمناڵەكەی دەینوێنێت بە ئەندازەی گەردیلەیەك خڵتەی بیركردنەوە لە بەرامبەر و پاداشت تێكەڵی نابێت، بەڵكو هۆكاری خۆشەویستیەكەی بۆ مناڵەكەی تەنها بریتیە لەڕۆحی فیداكاری بۆ خزمەتكردنی مناڵەكە. ئافرەت بیر لەوە ناكاتەوە كەمناڵ بخاتەوە بۆ ئەوەی مناڵەكە خزمەتی بكات، بەڵكو خۆشەویستییەكەی بۆ مناڵبوون دەگەڕێتەوە بۆ سۆزە سروشتیەكەی كە بریتیە لەوەی مناڵێكی هەبێت بۆئەوەی شەونخوونی بكێشێت بەدیاریەوە و ئاگاداری بێت و خزمەتی بكات، وە خواردن و پۆشاكی بۆ دابین بكات، وە هاوسەری بۆ پەیدا بكات و خزمەتی مناڵەكانیشی بكات. واتە دایك مناڵی ناوێت بۆ ئەوەی خزمەتی بكات، بەڵكو مناڵی دەوێت بۆ ئەوەی خۆی خزمەتی بكات (واتە خزمەتی مناڵەكە بكات). ئەگەر مرۆڤ بەگوێرەی ئەم هەستە چاكەی ئەنجامدا ئەوا باشترین چاكەی ئەنجامداوە، وە ئەگەر گەیشتە ئەم ئاستە لە چاكەكاری ئەوا قەوارە ڕەوشتیەكەی تەواو بووە و كەموكوڕی تێدا نەماوە. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا ئامۆژگاریمان بكات و بفەرموێت: ئەگەر ئێوە ڕاهاتن لەسەر ئەنجامدانی چاكە و خووتان پێوە گرت بەجۆرێك بەخشین لە وەرگرتن خۆشتر بوو لەلاتان، ئەوا پێویستە لەسەرتان بگەنە ئاستێكی لەوە بەرزتر، وە سەیری هەموو مرۆڤەكان بكەن وەك ئەوەی مناڵی خۆتان بن، تاكو دڵتان سەرڕێژ بێت بن لە سۆزی فیداكاری بۆ خزمەتكردنیان وەك چۆن دڵی دایك سەرڕێژە لە سۆزی خزمەتكردنی مناڵەكەی.
ئەو فێركاریەی كە لەسەرەوە باس كرا فێركاریەكی ئەرێنییە، وە گومانی تێدا نیە كە قورئان لە چەند وشەیەكی كورت و پوختدا هەموو ڕەوشتە بەرزە جۆراوجۆرەكانی كۆكردووەتەوە.
لێرەداپێویستە ئەوەمان لەیاد بێت كە مافەكانی خوا (عز وجل) دەگەنە سنووری دادپەروەری، چونكە مەحاڵە مرۆڤ لەگەڵ پەروەردگاریدا بە هەستی چاكەكاری و بەخشین بە خزم مامەڵە بكات، بەڵام سەبارەت بەو پەیوەندیەی كە لەگەڵ هاوتوخمەكانی خۆیدا هەیەتی، فەرمانی پێكراوە كە بەگوێرەی دادپەروەری و چاكەكاری و بەخشین بە خزم مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، كەواتە ئەو دوو جۆرە ڕەفتارەی دوایی (واتە چاكەكاری و بەخشین بە خزم) تەنها تایبەتن بە بەندەكان نەك خوای گەورە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە خوا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیەكەی ناچارە چاكە بكات بەرامبەر بە بەندەكانی خوا، وەك ئەوەی چاكەكاری و بەخشین بە خزم دوو پلیكانە بن بۆ نزیكبوونەوە لە خوای گەورە.
پاش ئەم فێركاریە ئەرێنیە، خوا (عز وجل) فێركاریەكی نەرێنی دەخاتەڕوو بەجۆرێك لەو فێركاریەدا ڕێگری كردووە لە سێ خراپەكاری، وە لەپێش هەموویانەوە باسی لە كاری خراپ كردووە، كە -ئەگەر لە بەرامبەر كاری ناپەسەند باسی لێوە بكرێت- ئەوا مانای ئەو خراپەیە دەگەیەنێت كە تەنها ئەنجامدەری خراپەكە خۆی دەیزانێت.
پاشان ڕێگری كردووە لە كاری ناپەسەند كە خەڵكی تریش دەیزانن و ڕقیان لێیەتی، تەنانەت ئەگەر ئەنجامدانی ئەو كارە ناپەسەندە زیانێكی ڕاستەوخۆ نەگەیەنێت بە مافەكانیان.. وەكو قسەی ناشرین و درۆ و شتی لەم جۆرە. وە ناوی ناوە “المنكر” چونكە زیانی دەروونی دەگەیەنێت بە خەڵكی.
لەكۆتاییدا باسی ﴿وَٱلۡبَغۡيِۚ﴾ كردووە واتە خواردنی مافی خەڵكی تر، بێگومان (البغي) ئەو كارەیە كە خەڵكی هەستی پێدەكەن و ڕقیان لێیەتی، هەروەها بەهۆیەوە زیانیان پێ دەگات.
لەڕاستیدا هەرچی خراپە و گەندەڵی هەیە لە جیهاندا لەم سێ جۆرە خراپەكارییەدا خۆی دەبینێتەوە؛ یان خراپەیەكی شاراوەیە و خەڵكی نایبینێت، یان لەو جۆرەیە كە ئەگەر خەڵكی لێی ئاگادار بوون، زیانی دەروونییان پێدەگات، تەنانەت ئەگەر زیانی ڕاستەوخۆشیان پێ نەگات، یان لەوكارە خراپانەیە كە زۆر گەورە و ناشرینن بەجۆرێك زیانی دەروونی دەگەیەنن بە هەندێ كەس، هەروەها دەبنە هۆی خواردنی مافی هەندێ كەسی تریش.
پێشترگوتم فێركاری و ڕێنمایی تەواو و بێكەموكوڕی كە ئامانجەكەی بریتیە لە جێبەجێكردنی پێویستییەكانی مرۆڤ بە هەموو جۆرەكانیەوە، دەبێت ڕەچاوی هەموو سروشتە مرۆییەكان بكات، وە ئەم مەرجەش لە فێركاریە نەرێنیەكەی قورئاندا هەیە كە لێرەدا باسكراوە. چونكە لەناو خەڵكدا مرۆڤی وا هەیە كاری خراپ ئەنجام دەدات، بەڵام ڕقی لەوەیە ستەم لە كەسێك بكات، وە هەیە ماڵی خەڵكی دەخوات، بەڵام ڕقی لە درۆیە، وە مرۆڤ هەیە ماڵ و سامانی خەڵكی بەناحەق زەوت ناكات، بەڵام تاوانەكانی تر ئەنجام دەدات وەكو ڕقلێبوون و غەیبەت و دووزمانی و هتد. خوای گەورە بەم سێ وشە كورتە هەموو ئەو خراپانەی كۆكردووەتەوە كە دەكرێت لە هەر جۆرە سروشتێكی مرۆییەوە ڕووبدەن، هەروەك چۆن پێشتر هەموو چاكەكانی كۆكردەوە بە بەكارهێنانی سێ وشە: ﴿بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ وَإِيتَآيِٕ ذِي ٱلۡقُرۡبَىٰ﴾ واتە دادپەروەری، چاكەكاری، و بەخشین بە خزمان.
هەروەها خوای گەورە بەم وشە كورتانە ڕێگای سروشتی پیشان داوین بۆ دووركەوتنەوە لە خراپە و ئەنجامدانی چاكە. چونكە خوای گەورە لەكاتی باسكردنی خراپەكان یان چاكەكاندا، بە نزمترینیان دەستی پێكردووە پاشان بەرزتر..وە هەروەها، وە بەوە ئاگاداری كردووینەتەوە كە ئەو كەسەی ویستی كارە چاكەكان ئەنجام بدات، پێویستە سەرەتا پلەی دادپەروەری بەدەستبهێنێت، پاشان چاكەكاری، پاشان بەخشین بە خزمان، وە ئەوەی ویستی لە تاوانەكان ڕزگاری بێت، با سەرەتا هەوڵی دووركەوتنەوە لە ستەم بدات، وە ئەگەر ئەمەی كرد ئەوا دەتوانێت دووربكەوێتەوە لە كاری ناپەسەند كە خەڵكی تریش پێی دەزانن، وە ئەگەر لە كاری ناپەسەند ڕزگاری بوو، ئەوا دەتوانێت وازبهێنێت لە كاری خراپ كە هەر خۆی دەیزانێت و كەس ئاگای لێی نیە.
هەروەها لەڕێگەی ئەم ڕیزبەندیەوە ئاگاداری كردینەوە كە ئەو كەسەی پلەی “بەخشین بە خزمان”ی بەدەستهێناوە پێویستە هەموو هەوڵێكی خۆی بدات بۆ ئەوەی لەو پلەیەدا بمێنێتەوە، ئەگەرنا لەو پلەیە دادەبەزێت بۆ پلەی “چاكەكاری”. وە ئەوەی لە پلەی “چاكەكاری” دایە پێویستە ئاگاداری خۆی بێت ئەگەرنا دەكەوێتە خوارەوە بۆ پلەی “دادپەروەری”. هەروەها نابێت هیچ كەسێك دڵی بە خۆی خۆش بێت و بڵێت تەنها “كاری خراپ” دەكات، چونكە ئەو كەسەی كاری خراپ دەكات زۆر ئاسانە بكەوێتە ناو “كاری ناپەسەند” و دواجار بكەوێتە ناو “ستەم”ەوە.
بە كورتی، خوای گەورە بەم ڕیزبەندیە ناوازەیە ئاماژەی داوە بەوەی مرۆڤ لە گەشتەكەی بەرەو چاكە و خێر بە ئەنجامدانی بچووكترین چاكەو بە وازهێنان لە گەورەترین خراپە دەستپێدەكات، و ئەم خەباتەی مرۆڤ وەكو پلیكانە وایە، ئەو كەسەی بیەوێت سەركەوێت بۆ لوتكەی چاكە و خێر پێویستە سەرەتا پێی بخاتە سەر یەكەم پلەی پلیكانەكە و ئینجا پلەی سەرووتر، و ئەو كەسەی گەیشتووەتە لوتكەی خراپە و دەیەوێت لێی دابەزێت بێگومان سەرەتا پێی دەخاتە سەر بەرزترین پلەی پلیكانەكە و وردە وردە دێتە خوارەوە.
تایبەتمەندی سێیەم كە پێویستە لە فێركاری تەواودا هەبێت ئەوەیە كە شیاو بێت بۆ هەموو كەسێك و بتوانرێت كاری پێ بكرێت، وە ئەو فێركارییە قورئانیە كە لەم ئایەتەدا هاتووە ئەم مەرجەش جێبەجێ دەكات، سەرەڕای ئەوەی فێركارییەكی بەرز و بڵندە بەڵام هەر مرۆڤێك دەتوانێت كاری پێ بكات لە هەر ئاستێكدا بێت و لە هەر چینێك بێت. تەنها بەوەندە وازناهێنێت كە بانگەشە بكات بۆ نزمترین جۆری ڕەوشت و گوێ نەدات بەو كەسانەی كە حەز دەكەن بگەنە لوتكەی ڕەوشتی بەرز، وە تەنها بانگەشە ناكات بۆ گەیشتن بە لوتكەی ڕەوشتە بەرزەكان بەجۆرێك كەسە لاوازەكان بێبەش بن لە بەدەستهێنانی خێر و چاكە، بەڵكو هەموو پلەكانی چاكە و خراپە ڕوون دەكاتەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی ئەهلی خراپە بدات بۆ وازهێنان لە خراپە، وەیارمەتی ئەهلی خێر بدات بۆ ئەوەی لە چاكەدا بەرەو باڵا بچن؛ چونكە ئەگەر كەسێك لە قوڕاوی خراپەكاریدا نوقم بوو بێت هیچ سوودی نیە پێی بڵێین پێویستە تۆ بگەیتە پلەیەك لە چاكە بەجۆرێك پاڵپشتی هەموو خەڵكی دنیا بیت و وەك دایك وا بیت بۆیان؛ چونكە ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە هەوڵ بدەین وانەی ماستەر فێری ئەو مناڵە بچوكە بكەین كە هێشتا خەریكی فێربوونی ئەلف و بێیە. بەهەمان شێوە ئەگەر بە كەسێك بڵێین كە گەیشتووەتە پلەیەكی بەرز لە چاكەكاری: یاسا پێشێل مەكە، وە دەستدرێژی مەكە سەر هیچ كەسێك، وە ستەم لە هیچ كەس مەكە، ئەوا قسەكەمان بە گاڵتەجاڕی لەقەڵەم دەدرێت. لەكاتی چاكسازیدا پێویستە هەوڵبدەین ئەو كەسانەی كە لەناو خراپەدا نوقم بوون سەرەتا لەخراپە و تاوانە هەرە گەورەكان ڕزگاریان بكەین، بەڵام ئەو كەسەی لە چاكە و خێردا بەرەو باڵا چووە پێویست ناكات ئاگاداری بكەینەوە لە خراپە ئاساییەكان چونكە پێشتر وازیهێناوە لێیان، بەڵكو پێویستە ئاراستەی بكەین بەرەو چاكە مەزنەكان. هەموو ئەو تایبەتمەندیانە لەم فێركاریە قورئانیەدا بوونیان هەیە، چونكە ڕێنمایی مرۆڤ دەكات بۆ ئەنجامدانی چاكە گەورە و بچوكەكان، وە هۆشداری پێ دەدات لە خراپە گەورە و بچوكەكان، هەروەها هەر كەسێك -لە هەر پلە و ئاستێكدا بێت- دەتوانێت لەم فێركاریە تێبگات و كاری پێبكات.
شایانی باسە خوای گەورە لێرەدا سێ پلەی بۆ چاكە و خراپە باس كردووە، واتە هەمووی دەكاتە شەش پلە؛ بەجۆرێك ئێمە لەیاسا سروشتیەكانیشدا دەبینین هەر شتێك پێش ئەوەی بەتەواوەتی پێبگات بە شەش قۆناغی گەشەكردندا تێدەپەڕێت. وەك ئەوەی ئایەتەكە بەرنامەیەكی تەواو بخاتەڕوو بۆ قوتابییەك كە بەرەو ڕۆحانیەت دەڕوات، كە ئەگەر خوێندنەكەی تەواو كرد ئەوا بڕوانامە وەردەگرێت لەكەماڵی ڕۆحانیەتدا. بۆیە ئەو كەسانەی لە تاواندا نوقم بوون پێویستە هەوڵبدەن سەرەتا خۆیان لەزەلكاوی ستەم (البغي) ڕزگار بكەن، ئەگەر ڕزگاریان بوو لێی، ئەوا هەوڵبدەن لە قوڕاوی كاری ناپەسەند و نەشیاو (المنكر) بێنە دەرەوە، پاشان دەبێت لە تەپوتۆزی كاری خراپ (الفحشاء) بێنە دەرەوە، بۆ ئەوەی بگەنە سنووری دۆڵی دادپەروەری (العدل)، پاشان بە باخچەی چاكەكاری (الإحسان)دا تێپەر بن، تا دەگەنە ئەو باخەی كە چاوگەكانی بەخشین بە خزمان (إيتاء ذي القربى) بەناویدا دەڕوات، پاشان دەچنە بەهەشتی فراوان و سەوز و گەشاوەوە، وە پێغەمبەر (ﷺ)ئاماژەی كردووە بە هەمان ئەم مانایە و فەرموویەتی: “بەهەشت لەژێر پێی دایكان دایە” (كنـز العمال، الباب الثامن في بر الوالدين، الأم)، چونكە ئەم ئایەتە ڕوونی دەكاتەوە كە قۆناغی “بەخشین بە خزمان” -كە فەرمانمان پێدەكات لەگەڵ خەڵكدا مامەڵە بكەین وەك چۆن دایك لەگەڵ مناڵەكەیدا مامەڵە دەكات- دواهەمین قۆناغی تەواوبوونی ڕۆحیە، وە دوای ئەوە مرۆڤ دەچێتە بەهەشتەوە. بەهەشتیش جێگای ئەو كەسەیە كەیادی خوا دەكات و خۆی تەرخان دەكات بۆ خوای كردگار، وە دڵی دەبێتە عەرشی خوا (عز وجل)، بەجۆرێك ئەویندار لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا یەكدەگرێت و لێی جیانابێتەوە.
وە سوننەتە ئەم ئایەتە هەموو هەیینیەك لە وتاری دووەمدا بخوێندرێت، وە یەكەم كەس ئەم سوننەتەی داهێنا گەورەمان عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بوو كە یەكێك بوو لە خەلیفەكانی نەوەی ئومەییە (تاریخ الخلفاء للسيوطي، ذكر عمر بن عبد العزيز)؛ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە موسوڵمانان لە سەرەتای ئیسلامەوە هەستیان بە گەورەیی ئەم ئایەتە كردووە.
بێگومان مەسیحییەكان تووشی تەنگەتاوی دەبن بەم ئایەتە، تەنانەت قەشە “وێری” گوتویەتی كە موسوڵمانان بەهەوانتە شانازی دەكەن پێیەوە، پێویستە ئەم ئایەتە بەراورد بكەن لەگەڵ فێركاری خواوەندی ئێمە مەسیح كە دەڵێت: “بە هەموو دڵ و بەهەموو گیان و لەهەموو بیرتانەوە پەروەردگارتان خۆشبوێت. ئەمە گرنگترین و یەكەم ڕاسپاردەیە. دووەمیشیان وەك ئەوە وایە: نزیكەكەت (واتە دراوسێكەت) وەكخۆت خۆشبوێت (مەتتا ٢٢: ٣٧-٣٩)” (تەفسیری قورئان، وێری).
بەڵام لەڕاستیدا مەسیحیەكان خۆیان بە هەوانتە شانازی بە فێركاری مەسیحەوە (عليه السلام) دەكەن؛ چونكە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان فێركاریەكەی ئینجیل و فێركاریەكەی قورئاندا، بەڵكو فێركاری مەسیح وەك هەنگاوی یەكەم وایە لە بەرامبەر فێركاریەكەی قورئاندا. گومانی تێدا نیە مەسیح فێری كردوون كە: “بە هەموو دڵ و بەهەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە پەروەردگارتان خۆشبوێت”، بەڵام كێ دڵ و گیان و بیری بە ئێمە بەخشیوە؟ هەرچەندە ئێمە لەڕێگەی ئەم شتانەوە خوامان خۆشبوێت ئەوا خۆشەویستیمان بۆخوا (عز وجل) لە بازنەی دادپەروەری تێناپەڕێت. بەڵام وشەی “دادپەروەری” كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە مانایەك لەخۆدەگرێت كە فراوانترە لەم فێركاریەی ئینجیل، چونكە زۆر شتی تر هەیە -سەرەڕای دڵ و گیان و بیر- كە پێویستە مرۆڤ لەپێناوی خوای گەورەدا بەختی بكات وەكو سۆز و هەست و ئارەزوو و ویستەكان. بۆیە ئەگەر خوا خۆشەویستتر نەبێت لای مرۆڤ لە هەموو شتەكانی تری جگە لەخوا (عز وجل) ئەوا ناتوانێت دادپەروەر بێت دەربارەی خوای گەورە. گومانی تێدا نیە مرۆڤ زیاتر لە خۆی خوای خۆشبوێت شتێكی جوانە، بەڵام لەناو خەڵكدا مرۆڤی وا هەیە مناڵەكانی لە خۆی و دڵیشی خۆشتر دەوێت، وە مرۆڤی وا هەیە ڕێز و شكۆی خۆی لە گیانی خۆی خۆشتر دەوێت بەجۆرێك دوودڵ نابێت لە قوربانیدان بە گیانی خۆی بۆ پاراستنی ڕێز و شكۆی خۆی. كەواتە ڕستەی: “بە هەموو دڵ و بەهەموو گیان و لەهەموو بیرتانەوە پەروەردگارتان خۆشبوێت” مانای خۆشەویستی تەواو و مانای قوربانیدان بە هەموو شێوەكانیەوە ناگەیەنێت وەك چۆن وشەی “دادپەروەری” كە لە قورئاندا هاتووە ئەو مانایە دەگەیەنێت. هەڵبەت خوا (عز وجل) لەچەندین شوێنی تری قورئانی پیرۆزدا هانی داوین بۆ قوربانیدان بە هەموو هەست و سۆزە جۆراوجۆرەكان و فەرموویەتی: ﴿قُلۡ إِن كَانَ ءَابَآؤُكُمۡ وَأَبۡنَآؤُكُمۡ وَإِخۡوَٰنُكُمۡ وَأَزۡوَٰجُكُمۡ وَعَشِيرَتُكُمۡ وَأَمۡوَٰلٌ ٱقۡتَرَفۡتُمُوهَا وَتِجَٰرَةٞ تَخۡشَوۡنَ كَسَادَهَا وَمَسَٰكِنُ تَرۡضَوۡنَهَآ أَحَبَّ إِلَيۡكُم مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ وَجِهَادٖ فِي سَبِيلِهِۦ فَتَرَبَّصُواْ حَتَّىٰ يَأۡتِيَ ٱللَّهُ بِأَمۡرِهِۦ ۗ وَٱللَّهُ لَا يَهۡدِي ٱلۡقَوۡمَٱلۡفَٰسِقِينَ﴾ (التوبة: ٢٤). بڵێ: ئەگەر باوكانتان و كوڕەكانتان و براكانتان و ژنەكانتان و خێزانەكەتان و ئەو سامانانەی دەستتان كەوتووە و ئەو بازرگانیەی كە دەترسن برەوی نەمێنێت و ئەو ماڵانەی دڵخۆشن پێیان خۆشەویستترن لاتان لەخوا و پێغەمبەرەكەی و جیهاد كردن لەڕێگەیدا، ئەوا چاوەڕێ بن تا خوا فەرمانەكەی خۆی دەهێنێت، وەخوا هیدایەتی ئەو كەسانە نادات كە فاسیقن.
بڕوانە چۆن قورئان لێرەدا پێوەرێكی داناوە بۆ زانینی خۆشەویستی خوا (عز وجل) لای هەموو مرۆڤێك. لەناو خەڵكیدا مرۆڤی وا هەیە هەستی چاكەكاری لای بەهێزە و باب و باپیرانی لەهەموو شتێكی تر خۆشەویستترە لەلای، بەو كەسە گوتراوە: ئەگەر باب و باپیرانت لە خوا خۆشەویستتر بن لەلات ئەوا تۆ هێشتا نەگەیشتوویت بە پلەی ئیمان. وە مرۆڤی وا هەیە خۆشەویستی بەردەوامی وەچە زۆر بەهێزترە لەلای لە خۆشەویستی هەر شتێكی تر، بۆیە مناڵەكانی خۆشەویستترین شتن لەلای، بەم جۆرە كەسانە گوتراوە: ئەگەر مناڵەكانتان لە خوا (عز وجل) خۆشتر بوێت ئەوا ئێوە لەوباوەڕدارانە نین كەباوەڕیان قەبوڵكراوە. وە مرۆڤی وا هەیە كۆمەڵەكەی خۆی خۆشدەوێت، بەم كەسانە گوتراوە: ئەگەر براكانتان لە خوا (عز وجل) خۆشەویستتر بن لەلاتان ئەوا ئێوە لەباوەڕدارانی ڕاستەقینە نین. وە كەسی وا هەیە حەز و ئارەزووەكانی دەروون زاڵ بووە بەسەریدا، پێی گوتراوە: ئەگەر خۆشەویستیت بۆ هاوسەرەكەت نەكەیتە شوێنكەوتەی خۆشەویستیەكەت بۆ خوا (عز وجل) ئەوا بەڕەزامەندی ئەو شاد نابیت. وە مرۆڤی وا هەیە خێڵەكەی خۆی لە هەر شتێكی تر بەلایەوە گرنگترە، بۆیە پێیگوتراوە: ئەگەر خوای گەورەت خۆشتر نەوێت لە خێڵەكەت ئەوا ناتوانیت لە خوای گەورە نزیك بیتەوە. وە كەسی وا هەیە شەیدای پارە و سامانە بەجۆرێك ماڵ و سامانەكەی لە گیانی خۆی و مناڵەكانیشی خۆشتر دەوێت، زۆر كەسی ڕەزیل و چرووك هەن كە بەدبەختیەكەیان وای لێ كردوون نەتوانن پارە بدەن بۆ چارەسەركردنی مناڵە نەخۆشەكانیان، وە مناڵەكانیان بەدەم ئازاری نەخۆشیەوە مردوون، بۆیە بەم جۆرە كەسانە گوتراوە: پێویستە خۆشەویستی خوا بخەنە پێش خۆشەویستی پارە و سامانەوە ئەگینا ناتوانن ببنە خاوەنی پلەیەكی بەرز لە چاكەكاری و پارێزكاریدا. وەمرۆڤی وا هەیە خۆشەویستی وڵات و خزمەتكردنی گەل دەخاتە پێش هەموو شتێكی تر، وە هەمیشە دەڵێن: خۆشەویستی نیشتیمان لەباوەڕەوەیە، هەروەك چۆن لە وڵاتی ئێمە لە كاتی كۆچكردن [لێرەدا حەزرەتی موفەسیر (رضي الله عنه) ئاماژە بە هەندێك لە موسوڵمانە نەفامە هیندییەكان دەكات كە بە هاندانی هیندۆسە فێڵبازەكان كۆچیان كرد بۆ ئەفغانستان، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتی ئینگلیزە دەسەڵاتدارەكان، پاشان دووبارە گەڕانەوە بۆ هیندستان و هەموو شتێكیان لەدەست دا، ئەم ڕووداوە لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمدا ڕوویدا. (وەرگێڕی عەرەبی)] ڕوویدا كە سەدان هەزار كەس مناڵ و ماڵ و زەوی و پارەكانیان بەناوی خۆشەویستی نیشتیمانەوە جێهێشت، بۆیە بەو جۆرە كەسانە گوتراوە: ئەگەر وڵات و خاك لەلای ئێوە لە خوا (عز وجل) خۆشەویستترە ئەوا لەڕیزی باوەڕداراندا نین.
ئەمە بەكورتی ڕوونكردنەوەی وشەی “دادپەروەری” بوو وەك چۆن قورئانی پیرۆز باسی كردووە. بۆیە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەم فێركاریە و فێركاریەكەی ئینجیل كە دەڵێت: “بە هەموو دڵ و بەهەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە پەروەردگارتان خۆشبوێت؟”
بەشی دووەمی ئەم فێركاریە ئینجیلیە دەڵێت: “فەرمانی دووەمیشیان وەكو ئەوە وایە: نزیكەكەت (واتەدراوسێكەت) وەكو خۆت خۆشبوێت”.
یەكەم: دەستەواژەی “دووەمیشیان وەك ئەوە وایە” پێچەوانەی ژیریە. گومانی تێدا نیە فێركارییەكی گرنگە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە پلەدا یەكسان نیە بە فێركاری یەكەم، چونكە دەبێت فەزڵی خوای گەورە بدرێت بەسەر هەموو شتێكی تردا. ئایا وشەی “دووەمیشیان وەك ئەوە وایە” ئەوە دەگەیەنێت كە ئەگەر ویستی دراوسێ پێچەوانەی فەرمانێكی خوای گەورە بوو ئەوا ئێمە دژی ویستی دراوسێ نەبین و بڵێین: خۆشەویستی خوا و خۆشەویستی دراوسێ وەكویەكن! كامیان شایەنی ئەوەیە فەزڵی بدرێت بەسەر ئەویتردا و بە چ بەڵگەیەك؟
دووەم: ئەم فێركارییە ئینجیلیە لە “دادپەروەری” بەرزتر نیە، چونكە فەرمان دەكات بە هەموو كەسێك كە دراوسێكەی خۆشبوێت وەك چۆن خۆی خۆشدەوێت، ئەوەش ئەو شتەیە كە ئیسلام پێی دەڵێت “دادپەروەری”، یاخود پێی دەڵێت “چاكەكاری” لە باشترین حاڵەتدا. بەڵام ئیسلام دەیەوێت بەرەو پلەیەكی بەرزترمان ببات، بۆیە فەرمانمان پێ دەكات كە لەگەڵ خەڵك بەجۆرێك مامەڵە بكەین كەپاك و بێگەرد بێت لەخڵتەی دووڕوویی یان چاوەڕوانی پاداشت، وەكو ئەو دایكەی كە مناڵەكەی لە خۆی خۆشتر دەوێت، بۆیە بەوپەڕی ڕووخۆشی و بەختەوەرییەوە حەوانەوە و ئاسوودەیی خۆی دەكاتە قوربانیی لەپێناو حەوانەوە و ئاسوودەیی مناڵەكەیدا.
پاشان فێركاری ئینجیل لەكوێی ئەو فێركاریە گشتگیرەدایە كە لێرەدا قورئانی پیرۆز پێشكەشی كردووە؟ چونكە قورئان فەرمانی كردووە بە چاكە و ڕێگری كردووە لە خراپە لەگەڵ باس كردنی پلەكانیان بەو ڕیزبەندیە سروشتیەی كە هەیانە، ئەمەش بە ڕەچاوكردنی هەموو جۆرە سروشتێكی مرۆیی، بەڵام ئینجیل گوێی نەداوە بە هەموو ئەم بابەتە گرنگانە. بێگومان فێركاری قورئانی پیرۆز گشتگیرتر و تەواوتر و بەرزتر و شیاوترە بۆ كارپێكردن.
وَأَوۡفُواْ بِعَهۡدِ ٱللَّهِ إِذَا عَٰهَدتُّمۡ وَلَا تَنقُضُواْ ٱلۡأَيۡمَٰنَ بَعۡدَ تَوۡكِيدِهَا وَقَدۡ جَعَلۡتُمُ ٱللَّهَ عَلَيۡكُمۡ كَفِيلًا ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يَعۡلَمُ مَا تَفۡعَلُونَ 92
شیكردنەوەی وشەكان:
كَفِيلًا: كفَل الرجلَ والصغيرَ كَفْلاً وكَفالةً واتە: واتە سەرپەرشتی كرد و بەخێوی كرد و گرنگی پێدا، ئەویش كەفیلە. كفَل بالمال كَفْلاً وكُفولاً: پارەی دەستەبەركرد بۆی، ئەویش كەفیلە. وە كەفیل: هاوشێوە؛ الضامن كالكافل. بۆ پیاو و بۆ ئافرەتیش دەوترێت: كفیل. لەیث جیاوازی كردووە لەنێوان كفیل و كافل دا و دەڵێت: كفیل ئەو كەسەیە كە گەرەنتی دەكات، بەڵام كافل ئەو كەسەیە كە سەرپەرشتی كەسێك دەكات (الأقرب).
تەفسیر:
ئەوە بزانە “پەیمانی خوا” كە لێرەدا باسكراوە، قورئانی پیرۆز لە چەند شوێنێكی تردا ڕوونیكردووەتەوە،كە ئەمانەن:
1- خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ ٱللَّهَ يَدُ ٱللَّهِ فَوۡقَ أَيۡدِيهِمۡ ۚ فَمَن نَّكَثَ فَإِنَّمَا يَنكُثُ عَلَىٰ نَفۡسِهِۦ ۖ وَمَنۡ أَوۡفَىٰ بِمَا عَٰهَدَ عَلَيۡهُ ٱللَّهَ فَسَيُؤۡتِيهِ أَجۡرًا عَظِيمٗا﴾ (الفتح: 11). ئەم ئایەتە ڕوونیدەكاتەوە كە “پەیمانی خوا” لە ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) واتە پەیمانی بەیعەتدان لەسەر دەستی پیرۆزیدا، بەڵام دوای وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) واتە چوونەناو ئیسلام.
2- هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَقَالَت طَّآئِفَةٞ مِّنۡ أَهۡلِ ٱلۡكِتَٰبِ ءَامِنُواْ بِٱلَّذِيٓ أُنزِلَ عَلَى ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَجۡهَ ٱلنَّهَارِ وَٱكۡفُرُوٓاْ ءَاخِرَهُۥ لَعَلَّهُمۡ يَرۡجِعُونَ *… بَلَىٰ ۚ مَنۡ أَوۡفَىٰ بِعَهۡدِهِۦ وَٱتَّقَىٰ فَإِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلۡمُتَّقِينَ*إِنَّ ٱلَّذِينَ يَشۡتَرُونَ بِعَهۡدِ ٱللَّهِ وَأَيۡمَٰنِهِمۡ ثَمَنٗا قَلِيلًا أُوْلَٰٓئِكَ لَا خَلَٰقَ لَهُمۡ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ وَلَا يُكَلِّمُهُمُ ٱللَّهُ وَلَا يَنظُرُ إِلَيۡهِمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ وَلَا يُزَكِّيهِمۡ وَلَهُمۡ عَذَابٌ أَلِيمٞ﴾ (آل عمران: ئایەتەكانی 73 و77-78). “الأیمان” كۆی وشەی “یمین”ە، كە بریتیە لە سوێند. مەبەست لە فەرمایشتی خوا ﴿لَا خَلَٰقَ لَهُمۡ﴾ ئەوەیە كە هیچ بەشێكیان نیە. ئەم ئایەتەش ڕوونیكردەوە كە لێرەدا مەبەست لە “پەیمانی خوا” ئیسلامە.
3- هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلَقَدۡ كَانُواْ عَٰهَدُواْ ٱللَّهَ مِن قَبۡلُ لَا يُوَلُّونَ ٱلۡأَدۡبَٰرَ ۚ وَكَانَ عَهۡدُ ٱللَّهِ مَسُۡٔولٗا﴾ (الأحزاب: 16). بەڵام ئێمە نە لە قورئاندا و نە لە فەرموودەدا هیچ پەیمانێكمان نەدۆزیوەتەوە لەلایەن دووڕووەكانەوە كە پشت نەكەنە دوژمن؛ بەڵام ئێمە فەرمانێكی خوایی دەبینین كە دەفەرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ إِذَا لَقِيتُمُ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ زَحۡفٗا فَلَا تُوَلُّوهُمُ ٱلۡأَدۡبَارَ﴾ (الأنفال: 16). كەواتە مەبەست لە “پەیمانی خوا” بریتیە لە پەیمانی بەیعەت، كە تێیدا كەسی بەیعەتدەر پەیمان دەدات كارب كات بە هەموو فەرمانەكانی خوای گەورە، وە هەموو كارێكی باش ئەنجام بدات.
4- هەروەها خوای گەورە ئەم پەیمانەی ڕوونكردووەتەوە لەم فەرمایشتەدا كە دەفەرموێت: ﴿۞إِنَّ ٱللَّهَ ٱشۡتَرَىٰ مِنَ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ أَنفُسَهُمۡ وَأَمۡوَٰلَهُم بِأَنَّ لَهُمُ ٱلۡجَنَّةَ ۚ يُقَٰتِلُونَ فِي سَبِيلِ ٱللَّهِ فَيَقۡتُلُونَ وَيُقۡتَلُونَ ۖ وَعۡدًا عَلَيۡهِ حَقّٗا فِي ٱلتَّوۡرَىٰةِ وَٱلۡإِنجِيلِ وَٱلۡقُرۡءَانِ ۚ وَمَنۡ أَوۡفَىٰ بِعَهۡدِهِۦ مِنَ ٱللَّهِ ۚ فَٱسۡتَبۡشِرُواْ بِبَيۡعِكُمُ ٱلَّذِي بَايَعۡتُم بِهِۦ ۚ وَذَٰلِكَ هُوَ ٱلۡفَوۡزُٱلۡعَظِيمُ﴾ (التوبة: 111)
هەموو ئەم ئایەتە قورئانیانە جەخت لەوە دەكەنەوە كە پەیمانی خوا واتە ئیسلام، كەواتە مەبەست لەو ئایەتەی كە ئێمە لێرەدا ڕاڤەی دەكەین ئەوەیە كە ئەگەر ئێوە ڕازین بە ئیسلام و دەیكەن بە ئایینی خۆتان، ئەوا پێویستە لەسەرتان وەكو پێویست كار بە فەرمانەكانی بكەن. هەروەها خوا لە ئایەتی پێشوودا پوختەی فێركارییەكانی ئیسلامی ڕوونكردەوە، وە ئێستا جارێكی تر جەخت دەكاتەوە لەسەر كاركردن بەو فێركارییانە.
لە سەرەتای ئەم ئایەتەدا خوای گەورە فەرمانی پێ كردووین بەڵێنەكانمان جێبەجێی بكەین، هەروەها فەرموویەتی ئەو پەیمانانە مەشكێنن كە ئێمەی مرۆڤ بەناوی خوای گەورەوە لەنێوان خۆماندا گرێمان داون، چونكە ئەگەر ئێمە ئەو پەیمانانە بشكێنین كە خوامان كردووە بەسەرپەرشتیار و بریكار بەسەریانەوە ئەوا ئێمە خراپەمان كردووە بەرامبەر بە خوا (عز وجل)، بۆیە بەدڵنیاییەوە خوا (سبحانه وتعالى) لەو كارە توڕە دەبێت و سزامان دەدات.
شایەنی سەرنجدانە خوای گەورە لێرەشدا هەمان ئەو بابەتە دووپات دەكاتەوە كە لە ئایەتەكەی پێشوودا باسكراوە، واتە هاندانی بەجێگەیاندنی دوو جۆر ماف: مافەكانی خوا و مافەكانی بەندەكان؛ ئەمەش مانای وایە ئیسلام یان “پەیمانی خوا” دوو ناون بۆ یەك شت ئەویش بریتیە لە دروستكردنی پەیوەندیەكی ساغ و دروست لەگەڵ خوا و لەگەڵ بەندەكاندا.
پێویستە بزانرێت جەختكردنەوە لەسەر بەجێهێنانی ئەو پەیمانانەی كە بە ناوی خوای گەورەوە لەنێوان مرۆڤەكاندا دەبەسترێت مانای ئەوە نیە هیچ كێشەیەك نیە ئەگەر ئەو پەیمانە بشكێنین كە تێیدا خوامان نەكردووە بە دەستەبەر و كەفیل.. مەبەستم ئەو پەیمانەیە كە تێیاندا بە ناوی خوا (عز وجل) سوێند ناخۆین؛ چونكە ئەو پەیمانەی كە ئێمە لەگەڵ خوای گەورەدا دەیبەستین ئەو بەڵێنەیش لەخۆدەگرێت كەئێمە هەمیشە تەنها ڕاستی بڵێین. لەڕاستیدا ئایەتەكە هانمان دەدات بۆ بەجێگەیاندنی هەر شتێك كە دەكرێت خوا كەفیل بێت لەسەری، واتە هەر شتێك كە لەسەر ڕاستی و دروستی بنیاد نرابێت، یان بە دەربڕینێكی تر، ئەو شتانەی كە دەچنە چوارچێوەی دادپەروەری و چاكەكاری و بەخشین بە خزمان، بەڵام ئەو بەڵێنانەی تر كە ستەمیان تێدایە و دەچنە چوارچێوەی كاری خراپ و ناپەسەند و ستەم، بەجێگەیاندنیان پێویست نیە بەڵكو تاوانە، چونكە كاتێك مرۆڤ بەڵێنی شتێكی حەڵاڵ دەدات بە كەسێك وەكو ئەوە وایە پەیمان بە خوایش بدات لەسەری و خوا ببێت دەستەبەری جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنە، بۆیە پێویستە لەسەر مرۆڤەكە جێبەجێی بكات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ پەیمانی دا ستەم یان تاوان ئەنجام بدات ئەوا پێویست ناكات ئەم پەیمانە جێبەجێ بكات، چونكە لەسەر ئەم جۆرە پەیمانە لێپرسینەوەی لێ ناكرێت، بەڵكو دەبێت ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەكات چونكە گوناهە، و ناكرێت خوای گەورە گەرەنتی ئەو بەڵێنە بكات، بەڵكو خوا ڕێگری لێ دەكات.
ئەم ڕاسپاردە خواییە تایبەتە بەو كەسانەی سوێند دەخۆن لەسەركارێكی حەڕام، پاشان پێداگری دەكەن لەسەرئەنجامدانی كارەكە بە بیانووی جێبەجێكردنی سوێندەكەیان.
وَلَا تَكُونُواْ كَٱلَّتِي نَقَضَتۡ غَزۡلَهَا مِنۢ بَعۡدِ قُوَّةٍ أَنكَٰثٗا تَتَّخِذُونَ أَيۡمَٰنَكُمۡ دَخَلَۢا بَيۡنَكُمۡ أَن تَكُونَ أُمَّةٌ هِيَ أَرۡبَىٰ مِنۡ أُمَّةٍ ۚ إِنَّمَا يَبۡلُوكُمُ ٱللَّهُ بِهِۦ ۚ وَلَيُبَيِّنَنَّ لَكُمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ مَا كُنتُمۡ فِيهِ تَخۡتَلِفُونَ 93
شیكردنەوەی وشەكان:
نقضت: نقض البناء واتە بیناكەی تێكدا: ڕوخاندی. نقض العظم واتە ئێسكەكەی شكاند. نقض الحبل واتە گوریسەكەی هەڵوەشاند: گوریسەكەی كردەوە. (الأقرب)
غزلها: غزلت المرأە القطن والصوف واتە ئافرەتەكە لۆكەكە و خوریەكەی ڕست، واتە كردی بە بەن. الغزل، ڕستن: چاوگە؛ المغزول واتە ڕستراو (الأقرب).
أنكاثًا: كۆی وشەی “نِكث”ە، بریتیە لەو پۆشاك و چادرانەی كە هەڵدەوەشێندرێنەوە و تاڵ تاڵ دەكرێن بۆ ئەوەی جارێكی تر بڕێسرێن (الأقرب).
دَخَلاً: الدخل: ئەو خراپەیەیە كە دەچێتەناو مێشك یان لەشت، هەڵخەڵەتاندن و فێڵ، وە لە قورئاندا هاتووە: ﴿وَلَا تَتَّخِذُوٓاْ أَيۡمَٰنَكُمۡ دَخَلَۢا بَيۡنَكُمۡ﴾، وە وشەی (دَخَلاً) بریتیە لە “مفعول لە” (الأقرب).
أربَى: ناوی بەراوردكاریە لە ربا، یربو المال: پارەكە زۆر بوو و گەشەی كرد. أربی علیه كذا: زیادی كرد (الأقرب).
يبلوكم: بلاه یبلوه بلاء: ئەزموونی كرد و تاقیكردەوە (الأقرب).
تەفسیر: دەكرێت ئەم ئایەتە لە ماناكەیدا بە سەربەخۆ لەقەڵەم بدرێت، هەروەها دەكرێت وەها لەقەڵەمی بدەین كە پەیوەستە بە ئایەتەكەی پێش خۆیەوە. ئەگەر وامان دانا درێژەی بابەتەكەی پێشووە ئەوا ماناكەی بەم شێوەیە دەبێت: پێویستە لەسەرتان بە تەواوەتی پابەند بن بە پەیمانەكانەوە، ئەگینا ئەو متمانەیەی كە لەنێوانتاندا هەیە نامێنێت، وە كۆمەڵەكەتان كە زۆر بەتوندی یەكیگرتووە تێكدەچێت و هەڵدەوەشێتەوە.
لەڕاستیدا پابەندبوون بە پەیمانەكانەوە زۆر گرنگە بۆیەكێتی نەتەوەیی، چونكە مامەڵە و هەڵسوكەوتی باش پایەی هەموو كۆمەڵێكە، وە ئەمەش نایەتە دی ئەگەر خەڵكی پابەند نەبن بە پەیمانەكانیانەوە، بەڵام ئەگەر پەیمانەكان شكێنران و كەس پابەند نەبوو پێیانەوە ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی پەیدابوونی دڕدۆنگی و بێ متمانەیی لەناو كۆمەڵگادا، وە لە ئەنجامدا گومانی خراپ زاڵ دەبێت تێیدا، وە بەم شێوەیە مامەڵەی خراپی هەندێك كەس سەدان كەس بێبەش دەكات لەو سوودانەی كە لە سیستمی نەتەوەییدا هەیە. بۆیە پێویستە مرۆڤ وەفادار بێت بۆ ئەو بەڵێنەی كە دەیدات و هەموو هەوڵ و قوربانیەك بدات بۆ بردنەسەری بەڵێنەكەی، بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان خەڵكیدا بچەسپێت و ئامادە بن بە خۆشحاڵیەوە یارمەتی یەكتر بدەن، وە گەل و نەتەوە بەردەوام بێت لە پێشكەوتن و گەشەسەندن.
سەرباری پەیمانە تاكەكەسیەكان، پەیمانی نەتەوەییش هەیە، بەجۆرێك ئەندامانی گەل لەسەر دەستی یەكێك لە خۆیان پەیمان دەدەن كە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ پێشخستنی گەل و نەتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت خیلافەت، وە ئایەتەكە ئاماژە بۆ ئەم پەیمانەش دەكات، بەجۆرێك هۆشداریمان پێ دەدات كە خوای گەورە ئێوەی كردووە بەیەك ئوممەت لەژێر دەسەڵاتی یەك سیستەمدا، وە سوێندتان خواردووە بە خوا كە گوێرایەڵی ئەو سیستەمە بن، بۆیە ئێستا پێویستە لەسەرتان بەردەوام گوێڕایەڵی ئەم سیستەمە بن، ئەگینا ئەو شكۆمەندیەی ئیسلام كە بەهۆی قوربانیەكانی ئێوەوە چەسپاوە دەڕوات و نامێنێت، ئەوسا ناچار دەبن جارێكی تر هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ شكۆی ئیسلام بڵاوبكەنەوە.
لەڕاستیدا قورئان لێرەدا حیكمەتێكی سیاسی مەزنی خستووەتەڕوو. ئەو لێكدابڕان و دووبەرەكیەی لەنێوان چەند كەسێكی گەلدا ڕوودەدات، بە تەواوی سیستەمەكە لەناودەبات، بەمەش هەموو ئەو سەروەریانەی كە نەتەوە بەدەستی هێناوە بەفیڕۆ دەڕوات، وە دووبارە دامەزراندنەوەی سیستمەكە هەوڵ و قوربانییەكی زۆری دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەكو جارانی لێ نایەتەوە؛ چونكە پۆشاكی پینەكراو وەكو پۆشاكی تازە نیە، چونكە ئەگەر خۆشەویستی لە دڵدا نەما ئەوا وەكو شووشە وایە كە شكا چاك نابێتەوە. بۆیە زۆر پێویستە هەوڵی بێ وچان بدرێت بۆبردنەسەری ئەم پەیمانە.
هەروەها لە وشەكانی ئەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە كە باس لەو ڕێككەوتنانەیش دەكات كە لەنێوان موسوڵمانان و نەتەوەكانی تردا ئەنجام دەدرێت؛ وە بەگوێرەی ئەم مانایە دەكرێت ئایەتەكە بە بابەتێكی سەربەخۆی نوێ دابنرێت، كە ئەویش ئەوەیە وەك چۆن پێویستە مرۆڤ پابەند بێت بەو پەیمانانەی لەگەڵ خوای گەورە و نەتەوەكەیدا دەیانبەستێت، بەهەمان شێوە دەبێت پابەندی ئەو پەیماننامە و ڕێككەوتنانەیش بێت كە لەگەڵ نەتەوەكانی تردا دەیانبەستێت، ئەگینا ئاشتی و ئاسایشی جیهان تێكدەچێت و ئاژاوە و پشێوی هەموو شوێنێك دەگرێتەوە، هەروەك وشەكانی ﴿دَخَلَۢا بَيۡنَكُمۡ﴾ و ﴿كَٱلَّتِي نَقَضَتۡ غَزۡلَهَا مِنۢ بَعۡدِ قُوَّةٍ أَنكَٰثٗا﴾ ئاماژە بەم مەبەستەدەكەن.
بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنە، دەتوانرێت ئایەتەكە بەم شێوەیە تەفسیر بكرێت:
1- ئەی موسوڵمانان، ڕێگەتان پێ نادرێت پەیمانی ئاشتەوایی لەگەڵ گەلێكدا ببەستن كە دەرەقەتیان نایەن، لەكاتێكدا نیازتان وا بێت كە بەهۆی ئەم ڕێكەوتنەوە بێ خەم و دڵنیا بن لێتان، وە كاتێك دڵنیا بوون لێتان، ئێوە بە نهێنی خۆتان ئامادە بكەن بۆ جەنگ و لە ناكاو بدەن بەسەریاندا و لەناویانبەرن. ئەم جۆرە ڕەفتارانە پێشتر لە جیهانی سیاسەتدا هەبوون و هێشتایش هەن، بەڵام حوكمەكانی ئیسلام لەسەر بنەماكانی دادپەروەری و چاكەكاری و بەخشین بە خزمان دامەزراون، بۆیە ئیسلام ڕقی لەم جۆرە ڕەفتارانەیە و ڕێگری لێ دەكات لێیان، تەنانەت ئەگەر دژی دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلامیش بێت.
2- لەگەڵ هیچ گەلێكی لاوازدا ڕێككەوتن مەكەن بە بیانووی یارمەتیدانیان، لەكاتێكدا ئامانجی سەرەكی ئێوە ئەوە بێت دەست بەسەر خاك و سامانی وڵاتەكەیاندا بگرن، هەروەك چۆن دەوڵەتەكانی ئەوروپا لەم سەردەمەدا ئەو كارە دەكەن.
3- پەیمان مەبەستن بۆ لاوازكردنی نەتەوە پەیماندەرەكە و بۆ ئەوەی گەشە و پێشكەوتنی بوەستێنن، بەڵكو ئەگەر لەگەڵ هەر گەلێكدا پەیمانی ئاشتەواییتان بەست ئەوا پێویستە ئاشتەواییەكە تەواو و ڕاستگۆیانە بێت.
بڕوانن لێرەدا ئیسلام چەندە ڕەوشتی بەرزمان فێر دەكات! ڕوونیدەكاتەوە كە بێ گومان سەركەوتنی نەتەوەیی شتێكی باشە، بەڵام ڕەوا نیە ئەم پێشكەوتنە بە فێڵ و غەدركردن لەوانی تر بەدەستبهێنرێت. بۆیە پێویستە ڕێكەوتنەكان بە مەبەستی بەرقەراركردنی ئاسایش و ئاشتی بكرێن، نەك بۆ فێڵكردن لەوانی تر.
بە پێچەوانەوە بڕوانن ئەمڕۆ ئەوروپا چی دەكات. ئەوان لە ڕێكەوتنەكاندا ئامانجیان لاوازكردنی گەلانی ترە، هەروەك چۆن لەڕابردوودا لەگەڵ چین و میسر و توركیا و ئێران ڕوویدا، هەروەها لەگەڵ هیندستان ماوەیەكی كەم لەمەو پێش ڕوویدا، وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە پۆڵەندا و فەڕەنسا و فینلەندا و نەرویج و ڕۆمانیا و چیكۆسلۆڤاكیا و هتد ڕوودەدات.
ئەم فێركاریە ئیسلامیە چەندە نایاب و جوانە! لەڕاستیدا كاركردن پێی دەستەبەری ئەوە دەكات كە هەموو ئاژاوە و گەندەڵیەكانی جیهان بە یەكجاری نەمێنێت. وە لەڕاستیدا كاتێك ئەم جۆرە ڕێكەوتنانە مەبەستێكی گڵاو لە پشتیانەوە بوو هۆكاری سەرەكی بوون بۆ هەڵگیرساندنی هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و جەنگەكەی ئێستایش. ئەگەر “پەیمانی ڤێرسای” (Versailles) نەبوایە ئەوا جەنگی ئێستای نێوان ئیتیحادیەكان و نەیارەكانیان دروست نەدەبوو. قورئانی پیرۆز ئەو جۆرە پەیمانانە حەرام دەكات، وەفەرمانمان پێ دەكات كە بە نیازی پاكەوە ڕێككەوتن بكەین و مەبەستمان هێنانەدی یەك ئامانج بێت كە بریتیە لە: چەسپاندنی ئاشتی.
لەم فەرمایشتەدا ﴿إِنَّمَا يَبۡلُوكُمُ ٱللَّهُ بِهِۦۚ﴾ خوای گەورە موسوڵمانان ئاگاداردەكاتەوە كە ئێمە لە نزیكترین كاتدا دەرفەتی لەم شێوەیە دەڕەخسێنین بۆتان تاوەكو بزانین ئێوە چەندە پابەندن بە فێركارییە ئەخلاقیەكانی ئیسلامەوە لەكاتێكدا دەسەڵات و هێزتان هەیە، وە بۆ ئەوەی بزانین ئایا پێشكەوتنی ماددی هانتان دەدات كە شوێن هەنگاوەكانی نەتەوەكانی تر بكەون یان نا؟
ئەم ڕوونكردنەوە قورئانیە بەڵگەیەكی مەزنە لەسەر ڕاستیی قورئانی پیرۆز و لەسەر باڵادەستی ئیسلام بەسەر ئایینەكانی تردا! چونكە لەكاتێكدا هێشتا پێغەمبەر (ﷺ) لە مەككەدا بوو، و موسوڵمانان تەنانەت بستێك زەوییان بەدەستەوە نەبوو؛ خوای گەورە (عز وجل) ئەم حوكمانەی دابەزاندووە كە پەیوەستن بە حكومەتێكی ئیسلامیی بەهێزەوە؛ هەروەها ئەو حوكمانە ئەوەندە جوان و نایاب بوون كە هیچ كەسێكی بەڕێز ناتوانێت دان بە فەزڵی فێركاریەكانی قورئانی پیرۆزدا نەنێت. ئایا ڕاست نیە كە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 13 سەدە بەسەر دابەزینی قورئاندا، هێشتا ڕاستی و فەزڵی ئەم فێركارییانە بەبەردەوامی دەردەكەون؟ ئایا هەموو ئەو ئاژاوانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن و ئەو ترسەی كە دەوڵەتەكان هەیانە لەیەكتری تەنها بەهۆی پشتگوێخستنی ئەم حوكمە ئیسلامیانەوە نیە؟
وَلَوۡ شَآءَ ٱللَّهُ لَجَعَلَكُمۡ أُمَّةٗ وَٰحِدَةٗ وَلَٰكِن يُضِلُّ مَن يَشَآءُ وَيَهۡدِي مَن يَشَآءُ ۚ وَلَتُسَۡٔلُنَّ عَمَّا كُنتُمۡ تَعۡمَلُونَ 94
تەفسیر:
لێرەدا ڕەنگە كەسێك پرسیار بكات و بڵێت: گومانی تێدا نیە ئەم فێركاریە فێركاریەكی بەرزە، بەڵام بۆچی خوا (عز وجل) بە زۆر جێبەجێی نەكرد هەتا دنیا لەم فیتنە و ئاژاوانە پارێزراو بێت؟ خوا (عز وجل) لەم ئایەتەدا وەڵامی ئەمەی داوەتەوە و ڕوونیكردووەتەوە كە: گومانی تێدا نیە ئەگەر ئێمە بمانویستایە بە زۆر جێبەجێی بكەین ئەوا ئەو كارەمان دەكرد، بەڵام بڕیارماندا مرۆڤ تاقی بكەینەوە و ئازادی هەڵبژاردنی پێ بدەین؛ بۆیە ئەو كەسەی گومڕایی هەڵبژارد بەسەر هیدایەتدا هەرگیز ڕێگریمان لێنەكرد، وە ئەو كەسەی ویستی باوەڕ بهێنێت ڕێنماییمان كرد بەرەو ئەو باوەڕە؛ چونكە ئێمە مرۆڤمان كردووە بە بەرپرسیار و لێپرسراو لەسەر كارەكانی، وە ڕەوا نیە ئەرك بخرێتە ئەستۆی مرۆڤ ئەگەر توانا و ئازادی پێ نەدرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو شتەی خۆی پێی خۆشە: جا چ هیدایەت بێت یان گومڕایی.
لەڕاستیدا ئایەتەكە ئامۆژگاری موسوڵمانان دەكات چونكە ڕەنگە لەدڵی خۆیاندا بڵێن: چ كێشەیەكی تێدایە ئەگەر ڕێككەوتنی خواروخێچی لەم شێوەیە كرا لەپێناوی بەرژەوەندی ئیسلامدا؟ خوای گەورە لێرەدا جەخت دەكاتەوە كە ئەو كارە بە تەواوی حەرامە، تەنانەت ئەگەر بە نیازی پشتگیریكردنی ئیسلامیش بێت؛ چونكە ئەگەركۆكردنەوەی خەڵكی هەموو دنیا لەسەر یەك ڕێباز باشتر و لە پێشتر بوایە لە پابەندبوون بە هەموو بنەماكانی دادپەروەری و ڕاستگۆییەوە، ئەوا خوا هەموویانی لەسەر ڕێنمایی و هیدایەت كۆدەكردەوە و نەیدەهێشت تووشی گوناهی ناپاكی و خیانەت بن؛ بۆیە كۆكردنەوەی خەڵكی هەموو جیهان لەسەر ئیسلام نابێت ببێتە بیانوویەك بۆ ئەنجامدانی ناپاكی و خیانەت لە پەیمانەكاندا. كەواتە ئایەتەكە هۆشدارییەكی خواییە سەبارەت بەوەی هەر ئوممەتێك پەنا بۆ زۆرەملێ و دەستدرێژی ببات بۆ یەكخستنی دنیا لەسەریەك ئایین ئەوا هەرگیز لە ئامانجەكەیدا سەركەوتوو نابێت، وە بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەو كارە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و سزا دەدرێت.
ئاشكرایە مەحاڵە هیچ ئوممەتێك ناچار بكرێت بۆ ماوەیەكی زۆر لەژێر دەسەڵاتی ئوممەتێكی تردا بمێنێتەوە، وە ئەو گەلانەی كە گەلانی تر دەچەوسێننەوە لە كۆتاییدا سزای ئەو كارەیان دەچێژن بەجۆرێك ئەخلاقیان بەهۆی ئەخلاقی ئەو گەلە چەوسێنراوانەوە تێكدەچێت. لەڕاستیدا ئەمە گەورەترین هۆكار بوو لە پشت ئەو وێرانكاریەی كە بەسەر موسوڵماناندا هات، چونكە نەوەكانیان فێری ڕەوشتی ئەو كۆیلانە بوون كە لە ماڵەكانیاندا هەبوون، ئینجا ڕەوشتی ئەم نەوانە وردە وردە دابەزی و خراپ بوو هەتا بەتەواوەتی وەكو ڕەوشتی كۆیلەكانی لێ هات. ئەگەر ئەوان بە پەیڕەوكردنی فێركارییەكانی قورئان بەخێرایی كۆتاییان بهێنایە بە كۆیلایەتی ئەوا ئەم ڕۆژە شوومەیان نەدەبینی. كەواتە وێران بوون و داڕوخانیان دیمەنێكی بە ئازارە بۆ ڕاستی فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَلَتُسَۡٔلُنَّ﴾.
وَلَا تَتَّخِذُوٓاْ أَيۡمَٰنَكُمۡ دَخَلَۢا بَيۡنَكُمۡ فَتَزِلَّ قَدَمُۢ بَعۡدَ ثُبُوتِهَا وَتَذُوقُواْ ٱلسُّوٓءَ بِمَا صَدَدتُّمۡ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ وَلَكُمۡ عَذَابٌ عَظِيمٞ 95
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە فەرمایشتی ﴿وَلَا تَتَّخِذُوٓاْ أَيۡمَٰنَكُمۡ دَخَلَۢا بَيۡنَكُمۡ﴾ی دووبارە كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئاگادارمان بكاتەوە كە بەستنی ڕێككەوتنەكان بە نیازی خراپ یان هەڵوەشاندنەوەیان دوای گرێدانیان لە بنەڕەتدا كارێكی خراپە، بەڵام بە تایبەتی بۆ موسوڵمانان خراپترە، چونكە ئەوان هەڵگری ئاڵای ئایینی حەقن، وە ڕەفتاری هەڵەی ئەوان -تەنانەت لە كاروباری سیاسەتیشدا- كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر خەڵكی و دووریان دەخاتەوە لە ئایینی حەقی خوا. هەروەها ئەمە هەرگیز لە بەرژەوەندی ئوممەتی ئیسلامیشدا نابێت، چونكە نەخۆشی ئەم ڕەفتارە هەڵەیە تووشی مامەڵەی تاكەكانی ئەم ئوممەتەیش دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوون و لەناوچوونیان.
وە فەرمایشتی خوای گەورە﴿وَتَذُوقُواْ ٱلسُّوٓءَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر ئێوە لەپێناوی بەرژەوەندییە دنیاییەكاندا پەیمانتان شكاند ئەوا زیان بە ئایین دەگەیەنن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَتَزِلَّ قَدَمُۢ بَعۡدَ ثُبُوتِهَا﴾ مەبەست لە ﴿قَدَمُۢ﴾ لێرەدا حكومەتی بەهێزە. وشەی ﴿قَدَمُۢ﴾ بە نەناسراوی هاتووە بۆ مەبەستی گەورەیی، وە مژدە دەدات بە دامەزراندنی حكومەتێكی گەورە بۆ موسوڵمانان.
ئەم هاندانە توندەی موسوڵمانان بۆ وەفاداربوون بە پەیمانەكان لەڕاستیدا بریتی بوو لە هەواڵێك لەلایەن خواوە (عز وجل) كە سەردەكەون بەسەر هەمووگەلاندا. چونكە ئەوگەلەی خیانەتكردنی لە پەیمانەكان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە جیهاندا دەبێت گەلێك بێت كە زاڵ بێت بەسەر گەلەكانی تردا، چونكە گەل و نەتەوە لاوازەكان ناوێرن ڕێكەوتننامەكان بشكێنن، هەروەها شكاندنی پەیمانەكان لەلایەن ئەوانەوە هیچ كاریگەریەكی خراپی نیە لەسەر ئاسایشی جیهان. كەواتە خوای گەورە موسوڵمانانی ئاگادار كردووەتەوە لەو شكۆ و گەورەیەی كە چاوەڕێیان دەكات، وە ئامۆژگاری كردوون ڕێككەوتنەكان بە هۆشیاری و ڕامانەوە ببەستن، و بە دڵسۆزی و ئەمانەتەوە جێبەجێیان بكەن.
بەڕاستی جێگەی داخ و پەژارەیە كە تەنها موسوڵمانە یەكەمینەكان تێگەیشتن لەم وانە قورئانیە، بەڵام ئەوانەی كە دوای ئەوان هاتن لەبیریانكرد، بۆیە لەناوچوون. سەردەمێك هات بەسەر موسوڵماناندا كە تێیدا وشەی “موسوڵمان” واتای متمانە و پشت پێ بەستن بوو، بەجۆرێك ئەگەر خەڵكی بیانزانیبایە فڵان كەس موسوڵمانە، ئەوا پێیان وانەبوو پێویست بێت كەسێك گەرەنتی یان كەفالەتی بكات. بەڵام ئەمڕۆ لە جیهاندا هیچ وشەیەك نیە بێڕێزتر و بێ متمانەتر بێت لە وشەی “موسوڵمان”. إنا لله و إنا إلیه راجعون!!
وَلَا تَشۡتَرُواْ بِعَهۡدِ ٱللَّهِ ثَمَنٗا قَلِيلًا ۚ إِنَّمَا عِندَ ٱللَّهِ هُوَ خَيۡرٞ لَّكُمۡ إِن كُنتُمۡ تَعۡلَمُونَ96
تەفسیر:ئەم ئایەتانە هەواڵێكیان تێدایە دەربارەی پێشكەوتنی موسوڵمانان و دامەزراندنی دەوڵەتەكەیان، وە دەربارەی ئەوەی كە دوژمن پیلان دەگێڕێت دژی حكومەتەكەیان بە بڵاوكردنەوەی سیخوڕ لەنێوانیاندا و فریودانی هەندێك لە ئەندامەكانیان بە پارە، بۆیە لێرەدا خوا پێشوەختە موسوڵمانانی ئاگاداركردووەتەوە لەم بارودۆخانە و هۆشداری پێداون كە نەكەونە داوی دوژمنەوە، وە ڕوونیكردووەتەوە و فەرموویەتی: ئەی موسوڵمانان سەردەمێك دێت كە تێیدا خەڵكی مەككە هەوڵدەدەن بە پارە فریوتان بدەن بۆ ئەوەی نهێنییەكانی پێغەمبەریان (ﷺ) بۆ ئاشكرا بكەن، ئێوە ئاگادار بن و ئەو كارە نەكەن، وە پەیمانی خوا بە نرخێكی كەم مەفرۆشن، و سستی مەكەن لە بەجێهێنانی ئەو پەیمانەدا؛ چونكە ئەم بەرتیلە نرخێكی كەمە لە بەرامبەر ئەو پاداشتە گەورەیەی كە لەلای خوای گەورە چاوەڕێتانە، دیارە ئەو پاداشتە زۆر باشترە بۆ ئێوە بەجۆرێك ئێستا ناتوانن وێنای بكەن.
لەڕاستیدا موسوڵمانان ئەو كاتەی كە لە مەككەدا بوون لە ڕەهەندەكانی ئەم هەواڵە تێنەگەیشتن. لە فەرموودەدا هاتووە كە گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) گوتی: نەمزانی مانای فەرمایشتی ﴿سَيُهۡزَمُ ٱلۡجَمۡعُ وَيُوَلُّونَ ٱلدُّبُرَ﴾ چیە هەتا ڕۆژی بەدر و ئازادكردنی مەككە [لە فەرموودەدا هاتووە: عیكرمە (t) دەڵێت: كاتێك ئایەتی ﴿سَيُهۡزَمُ ٱلۡجَمۡعُ وَيُوَلُّونَ ٱلدُّبُرَ﴾ دابەزی، عومەر (رضي الله عنه) گوتی: من دەمگوت: چ كۆمەڵێك تێكدەشكێت؟ تا ڕۆژی بەدر هاتە پێشەوە، بینیم پێغەمبەر (ﷺ) بەخێرایی دەردەچوو لەكاتێكدا زرێپۆشەكەی لەبەردابوو، وە دەیفەرموو: ﴿سَيُهۡزَمُ ٱلۡجَمۡعُ وَيُوَلُّونَ ٱلدُّبُرَ﴾ ئەو كاتە ماناكەیم زانی. (الدر المنثور: سورة القمر)].
مَا عِندَكُمۡ يَنفَدُ وَمَا عِندَ ٱللَّهِ بَاقٖ ۗ وَلَنَجۡزِيَنَّ ٱلَّذِينَ صَبَرُوٓاْ أَجۡرَهُم بِأَحۡسَنِ مَا كَانُواْ يَعۡمَلُونَ97
شیكردنەوەی وشەكان:
ينفد: نفد الشيء ینفد نفادا شتەكە تەواو بوو، واتە نەما و ڕۆیشت و بڕایەوە. (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە ئاگاداری كردووینەتەوە كە ئەو پارەی بەرتیلەی كە بەهۆیەوە خەڵكی خیانەت لە نەتەوەكانیان دەكەن لە كۆتاییدا تەواو دەبێت و نامێنێت، بەڵام ئەو سەربەرزییەی كە مرۆڤ بەهۆی پێشخستنی نەتەوەكەیەوە بەدەستی دەهێنێت گەورەیە و بەزوویی لەناوناچێت.
هەروەها خوا (عز وجل) ڕایگەیاندووە هەرچەندە ئەو پارەیەی دوژمن وەكو بەرتیل دەیدات بە كەسێك زۆریش بێت هەر پارەیەكی كەم و سنووردارە، بەڵام ئەو پاداشتەی كە مرۆڤ لەلایەن خواوە (عز وجل) وەریدەگرێت لە بەرامبەر چاكەخوازی و پارێزكاری و وەفاداریدا پاداشتێكی هەتا هەتاییە كە خێرەكانی لەم ژیانەوە بۆ دواڕۆژ دەڕوات.
وە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿بِأَحۡسَنِ مَا كَانُواْ يَعۡمَلُونَ﴾ واتە ئێمە وەكو كڕیارێكی چرووك مامەڵە ناكەین لەگەڵیاندا كە خراپترین شت لە كاڵاكان هەڵدەبژێرێت و نرخی ئەوانی تریش بەگوێرەی ئەوشتە دادەنێت، بەڵكو باشترین كار لە كارەكانیان هەڵدەبژێرین، و پاداشتی كارە ئاساییەكانی تریشیان بەگوێرەی ئەوە ئەژمار دەكەین.
هەروەها خوای گەورە ڕوونیكردووەتەوەكە لەچاو كردەوەكانیان پاداشتی زۆرتریان دەدەینەوە؛ چونكە پاداشتی یەك چاكە دە ئەوەندە و زیاتر دەبێت. (سوورەتی الأنعام: 161).
هەروەها خوای گەورە ئاگاداری كردووینەتەوە ئەم پاداشتە كە چەند ئەوەندەیە؛ تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە ئارامگرن. واتە ئەوانەی كە لە كێشە و سەختیەكان ناترسن، وە كەلوپەلی بێ نرخی دنیا بە ئایینەكەیان ناكڕن.
مَنۡ عَمِلَ صَٰلِحٗا مِّن ذَكَرٍ أَوۡ أُنثَىٰ وَهُوَ مُؤۡمِنٞ فَلَنُحۡيِيَنَّهُۥ حَيَوٰةٗ طَيِّبَةٗ ۖ وَلَنَجۡزِيَنَّهُمۡ أَجۡرَهُم بِأَحۡسَنِ مَا كَانُواْ يَعۡمَلُونَ 98
تەفسیر: لێرەدا خوا (عز وجل) لەلایەكەوە موسوڵمانانی ئاگاداركردووەتەوە كە ئیسلام مافی داناوە بۆ هەردوو ڕەگەزەكە، وە خوای گەورە لەم خەباتەدا پاداشتی هەردوو ڕەگەزەكە دەداتەوە بەگوێرەی كردەوەكانیان، بەیەكسانی و بێ جیاوازی لەنێوانیاندا، وە لەلایەكی ترەوە بێباوەڕانی ئاگاداركردووەتەوە كە ئێوە ڕەگەزی مێ دەكوژن، ئیتر چۆن دەكرێت جڵەوی دەسەڵات بدرێتە دەستی ستەمكارانی وەكو ئێوە؟ نەخێر، ئێمە ئێستا سیستەمێك دادەمەزرێنین كە مافی هەردوو ڕەگەزەكە بپارێزێت.
ئەم ئایەتە چەند بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ڕاستیی ئیسلام! پاش تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ بەسەر مێژووی مرۆڤایەتیدا ئیسلام بۆیەكەمجار مافی هەردوو ڕەگەزی چەسپاند، ئەوەش لەكاتێكدا كە موسوڵمانان هێشتا دەسەڵاتیان نەگرتبووە دەست، وە سەرەڕای ئەم ڕاستیە ڕوون و ئاشكرایە، دوژمنە ستەمكارەكانی ئیسلام دەڵێن ئیسلام پارێزگاری نەكردووە لە مافەكانی ئافرەت!
فَإِذَا قَرَأۡتَ ٱلۡقُرۡءَانَ فَٱسۡتَعِذۡ بِٱللَّهِ مِنَ ٱلشَّيۡطَٰنِ ٱلرَّجِيمِ 99
شیكردنەوەی وشەكان:
فاستعذ: عاذَ به من كذا يعوذ عَوذًا وعِياذًا: پەنای بۆ برد و خۆی پاراست، دەڵێیت “أعوذ بالله من الشيطان الرجيم” واتە من پەنا بۆ خوا دەبەم و خۆم دەپارێزم لە شەیتان. استعاذ به منه: خۆی پاراست و پەنای بۆ برد لێی (الأقرب).
تەفسیر: هەندێ كەس دەڵێن فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَإِذَا قَرَأۡتَ ٱلۡقُرۡءَانَ﴾ واتە ئەگەر تۆ خوێندنەوەی قورئانت تەواو كرد ئەوا “معوذتین” بخوێنەوە، واتە دوو سوورەتەكەی كۆتایی قورئان (الفلق والناس). بەڵام ئەم ڕایە دروست نیە، چونكە ئەم دوو سوورەتە لە قورئاندا هەن، وە پێویستە هەرچۆنێك بێت قورئانخوێن بیانخوێنێتەوە كاتێك گەیشتە كۆتایی قورئان، بۆیە مەبەستە ڕاستەقینەكە ئەوەیە كە ئێمە بە وتنی “أعوذ بالله من الشيطان الرجيم” دەست بەخوێندنەوەی قورئان بكەین، هەروەك لە سوننەتی پیرۆزدا چەسپاوە. (الترمذي، فضائل القرآن)
پێشتر خوا (عز وجل) فەرمووی ئەو كەسانەی ئارامگرن خەڵاتی گەورەیان دەستدەكەوێت، وە ئێستا هەواڵمان پێ دەدات سەبارەت بەیەكێك لەو ڕێگایانەی كە ئەم خەڵات و نیعمەتانەمان بۆ دەستەبەر دەكەن، وە فەرموویەتی: پێویستە ئێوە پەنا بگرن بە خوای گەورە لە هێرشەكانی شەیتان، بۆ ئەوەی ئەم نیعمەتانە بەدەستبهێنن و ڕێگەی ڕاست ون نەكەن.
هەندێ كەسی نەفام -بە پشت بەستن بەكۆمەڵێك بۆچوون و ڕیوایەتی ناڕاست- دەڵێن لەم ئایەتەدا ڕووی قسە كراوەتە پێغەمبەر (ﷺ)، بەجۆرێك گوتویانە جارێكیان پێغەمبەر (ﷺ) سوورەتی “النجم”ی دەخوێندەوە، لەو كاتەدا شەیتان -پەنا بەخوا- چەند وشەیەكی خستەسەر زمانی پێغەمبەر (ﷺ) كە شیركیان تێدا بوو، بۆیە خوای گەورەیش فەرمانی پێ كرد كە هەمیشە پێش خوێندنەوەی قورئان پەنا بگرێت بەخوا، بۆ ئەوەی شەیتان نەتوانێت هیچ شتێك بخاتەسەر زمانی. (تەفسیری قورئان، قەشە وێری، بەرگی 3، لاپەڕە 43 و 167)
بەڵام ئەو بانگەشەیە كە لەم ئایەتەدا ڕووی قسەكراوەتە پێغەمبەر (ﷺ) بانگەشەیەكی پووچە، ئەوەش لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
یەكەم: ئەم ئەفسانەیە پووچە و هیچ بنەمایەكی نیە، لە شوێنی خۆیدا لە سوورەتی “الحج” بە تێروتەسەلی باسی دەكەین.
دووەم: ئەم خورافەیە هیچ پەیوەندییەكی بەسیاقەكەوە نیە، بەجۆرێك چۆن دەبێت كەسێكی ژیر باوەڕ بەوە بكات كە ڕووداوی ئاماژە پێكراو كاتی خوێندنەوەی سوورەتی “النجم” ڕووی دابێت، بەڵام لەسوورەتی “الحج”دا تۆمار بكرێت، پاشان لێرەدا لەسوورەتی “النحل” كاتی قسەكردن لەسەر سەركەوتنی ئیسلام فەرمان بە پێغەمبەر (ﷺ) بكرێت كە پەنا بە خوا بگرێت. ئەمە شتێكە كە كەس ناتوانێت لێی تێبگات. وە پەنا بە خوا دەگرین لەم خورافیاتانە!
لەڕاستیدا ئەم ئایەتە زۆر گونجاوە لەگەڵ بابەتی ئایەتەكانی پێشوودا، وە بەستنەوەی ئەم ئایەتە بە خورافیاتێكی لەم شێوەیە ستەمێكی گەورەیە.
هەروەها دەبێت قسەكەی پێغەمبەرمان (ﷺ) لەبیر نەچێت كە فەرموویەتی شەیتانەكەی ئەو موسوڵمان بووە و تەنها فەرمانی چاكەی پێ كردووە. (مسند أحمد، ج 1 ص 257). ئیتر چۆن دەكرێت -دوای ئەم ڕوونكردنەوەیەی پێغەمبەر (ﷺ)- كەسێكی ژیر باوەڕ بە قسەی ئەو نەفامانە بكات كە دەڵێن شەیتان كۆمەڵێك وشەی خستووەتەسەر زمانی پێغەمبەر (ﷺ) كە شیركیان تێدا بووە، مادام شەیتانەكەی موسوڵمانە؟، وە موسوڵمانیش یەكتاپەرستە، ئەوا مومكین نیە ئەم شەیتانە یەكتاپەرستە -ئەگەر بەڕاستی دەسەڵاتی هەبوو بێت بەسەر پێغەمبەردا (ﷺ)- قسەیەك بخاتەسەر زمانی پێغەمبەر (ﷺ) كە شیركی تێدا بێت. كەواتە بەستنەوەی ئەم چیرۆكە هەڵبەستراوە بەم ئایەتەوە بوختانێكی گەورەیە دژی پێغەمبەر (ﷺ).
بەڵام ئەم پرسیارە: بۆچی پێش خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز پێویستە پەنا بگرین بەخوا لە شەیتان؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: دز تەنها بۆ ئەو شوێنە دێت كە گەنجینەی لێ بێت، وە مرۆڤ تەنها گرنگی دەدات بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو كەسەی كە هەست بە مەترسی دەكات لێی؛ قورئانی پیرۆز گەنجینەیەكی گەورەی ڕۆحییە كە شەیتان ئارەزوو دەكات بیدزێت، هەروەك قورئان ئەو چەكەیە كە سەری شەیتان پان دەكاتەوە، بۆیە شەیتان و هاوكارەكانی ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن خەڵكی دووربخەنەوە لە قورئان، لەبەرئەوە فەرمانمان پێكراوە كە پێش خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز پەنا بگرین بە خوا لە شەیتان.
دەتوانین حیكمەتێكی تر لەمەوە بە دەستبهێنین ئەویش ئەوەیە، مادام فەرمانمان پێكراوە پەنا بە خوا بگرین لە شەیتان تەنانەت پێش خوێندنەوەی قورئانیش، ئەوا ئێمە دەبێت چەند پێویستمان بەم پەناگرتنە بێت پێش دەستكردن بە هەموو كارەكانی تر!
وە ئەو پرسیارە كە: بۆچی بە تایبەتی ئەم حوكمە لێرەدا باسكراوە، وەڵامەكەی ئەوەیە: لێرەدا بۆ یەكەمجار قورئانی پیرۆز زۆر بەڕوونی باسی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی كردووە -كە گومانی تێدا نیە پێشتریش باسی دامەزراندنی كردووە، بەڵام بە ئاماژە نەك بەڕوونی- و ئاساییە كە لەكاتی قسەكردن لەسەر پێشكەوتنی ماددی سەرنج و تێڕوانینی ئەو كەسانەی باوەڕیان لاوازە لەسەر ئایین لابچێت و بكەوێتەسەر كاروبارە دنیاییەكان. وە بەوپێیەی كە خوای گەورە لێرەدا هەواڵی پێشكەوتنە ماددییەكانی داوە بەموسوڵمانان، بۆیە دەستبەجێ فەرمانی پێداون كە پێش خوێندنەوەی قورئان بەردەوام پەنا بە خوا بگرن لە شەیتانی ڕەجمكراو، بۆ ئەوەی هەواڵی سەركەوتنە ماددییەكان ئامانجە بەرزەكانی ئایین بێ بایەخ نەكات لایان، بەمەش فەزڵی دنیا بدەن بەسەر ئاییندا.
ئەم وتەیە سەرڕێژە لە پیرۆزی و پاكی، وە چەندین هۆكاری زۆری تێدایە بۆ پاراستنی باوەڕی باوەڕداران! لەگەڵ ئەوەدا دوژمنە زۆردارەكانی ئیسلام بەردەوام دەڵێن قورئانی پیرۆز بە چەندین شێوازی فریودەر دڵی خەڵكی ڕاكێشاوە بۆلای ئیسلام! (ستیارث بركاش (ترجمة أردية) طبعة 1939 باب 14 ص 696).
إِنَّهُۥ لَيۡسَ لَهُۥ سُلۡطَٰنٌ عَلَى ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَلَىٰ رَبِّهِمۡ يَتَوَكَّلُونَ100
تەفسیر: هەندێ كەس وا دەزانن مەحاڵە مرۆڤ پەروەردگاری خۆی خۆشبوێت لەكاتێكدا سەرقاڵی كاروباری دنیا بێت، بەجۆرێك لە ئینجیلدا ئەم قسەیە دراوەتەپاڵ مەسیح (عليه السلام): “ئاسانترە وشترێك بە كونی دەرزییەكەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێك بچێتە ناو شانشینی خوداوە” (مەتتا 19: 24)، هەروەها: “چەندگرانە بۆ دەوڵەمەندان بچنە ناو شانشینی خواوە، ئاسانترە وشترێك بە كونە دەرزییەكەوە بچێت لەوەی كە دەوڵەمەندێك بچێتە ناو شانشینی خوداوە” (لۆقا 18: 24 و 25). لەبەر ئەوەدەكرێت ئەو كەسانەی كە ئەم بۆچوونەیان هەیە تانە لە قورئان بدەن و بڵێن: مادام ئەگەری ئەوە هەیە هەواڵی سەركەوتنە ماددییەكان ببێتە هۆی لاوازبوونی باوەڕی هەندێك كەس، كەواتە بۆچی قورئان لە بنەڕەتدا مژدەی سەركەوتنی ماددی داوە؟ خوایش (عز وجل) وەڵامی ئەوەی داوەتەوە و ڕای ئەو كەسانەی پوچەڵ كردووەتەوە و فەرموویەتی: هەمیشە شەیتان تەنها دەسەڵاتی بەسەر ئەو كەسانەدا هەیە كە باوەڕیان لاوازە، بەڵام باوەڕداری ڕاستەقینە سەرەڕای سەرقاڵبوونی بە كاروباری دنیاوە لە ئایین غافڵ نابێت؛ ئەم ئاگاداركردنەوەیەی ئێمە تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە باوەڕیان لاوازە، چونكە ئەو كەسانەی كە لەڕاستیدا باوەڕیان بەهێزە هەرگیز بەهۆی ئەركە دنیاییەكانیانەوە سستی نانوێنن لە كاروباری ئاییندا. وەك ئەوەی ئیسلام فێرمان بكات كە ئێمە سەلمێنەری ڕاستی ئەم پەندەبین كە دەڵێت: دڵم لای خۆشەویستە و دەستم لە كاردایە. وە ئەمەش بەرزترین پلەیە، لەبەر ئەوە ئیسلام فەرمانی نەكردووە بە تەواوی وازبهێنرێت لە دنیا، بەڵكو هانمان دەدات ئیسڵاحی خەڵكەكەی بكەین لە هەمان كاتدا كاروبارە دنیاییەكانیش ئەنجام بدەین. چونكە ئەگەر چاكەكاران و دنیا لەیەك جیابكرێنەوە، ئەوا هەرگیز خەڵكەكەی ئیسڵاح ناكرێت. بەڵام ئەگەر جڵەوی كاروباری ئەم دنیایە لە دەستی ئەو كەسانەدا بێت كە پابەندن بە دادپەروەری و ئینساف و پارێزكاریەوە و خاوەنی حوكم و دەسەڵاتیش بن؛ ئەوا لەو كاتەدا دەكرێت دنیا چاك بكەن بە پێشكەشكردنی نموونەیەكی باڵا بەكەسانی تر. بڕوانن چۆن پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی خۆیان لە دنیا دابڕان سەرەڕای ئەوەی حوكم و دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو، وە لەم بوارەدا جوانترین نموونەیان پێشكەش كرد بەجۆرێك بەردەوام دڵی كەسانی هۆشیار بەیادكردنەوەی لە خۆشیدا سەما دەكات، ئەمەش سەرەڕای تێپەڕبوونی 13 سەدە.
إِنَّمَا سُلۡطَٰنُهُۥ عَلَى ٱلَّذِينَ يَتَوَلَّوۡنَهُۥ وَٱلَّذِينَ هُم بِهِۦ مُشۡرِكُونَ 101
تەفسیر:ئەوە بزانە كە جێناوی كەسی سێیەمی تاك (بِهِ) لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿هُم بِهِۦ مُشۡرِكُونَ﴾ دەكرێت بگەڕێتەوە بۆ وشەی “الرب” كە لە پێشوودا لە فەرمایشتی خوای گەورەدا ﴿وَعَلَىٰ رَبِّهِمۡ يَتَوَكَّلُونَ﴾دا هاتووە، بەمەش ماناكەی بەم شێوەیە دەبێت: شەیتان تەنها دەسەڵاتی هەیە بەسەر ئەو كەسانەدا كە هاوبەش بۆ خوا دادەنێن.
هەروەها دەكرێت ئەم جێناوە بگەڕێتەوە بۆ شەیتان، ئەو كات ماناكە بەم جۆرە دەبێت: ئەوان بەهۆی فریودانی شەیتانەوە دەكەونە ناو شیركەوە.
خوای گەورە بەمە هۆشداری داوە كە شەیتان دەسەڵاتی خۆی بەسەرهاوەڵان و یاریدەدەرانی خۆیدا جێبەجێ دەكات. بۆیە ئەو كەسەی پەنا بە خوا (عز وجل) دەگرێت وەكو ئەوە وایە دوژمنایەتی خۆی بۆ شەیتان ڕابگەیەنێت، وە بەم شێوەیە لە دەسەڵات و فەرمانی شەیتان دەردەچێت.
هەروەها لەمەوە ڕووندەبێتەوە كە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَإِذَا قَرَأۡتَ ٱلۡقُرۡءَانَ فَٱسۡتَعِذۡ بِٱللَّهِ﴾ تایبەت نیە بە پێغەمبەر (ﷺ) بەڵكو تایبەتە بە كەسانی تر، وە ئەو چیرۆكە كە تێیدا هاتووە شەیتان وشەی شیركی خستووەتە سەر زمانی پێغەمبەر (ﷺ) چیرۆكێكی هەڵبەستراوی پووچە؛ چونكە خوای گەورە لێرەدا بەڕوونی ڕایدەگەیەنێت شەیتان تەنها دەسەڵاتی بەسەر ئەو كەسانەدا هەیە كە شەیتان دەكەن بە دۆستی خۆیان، نەك ئەو كەسانەی كە باوەڕیان هێناوە و پشت بە پەروەردگاریان دەبەستن، وە پێغەمبەر (ﷺ) چەندین جار ڕایگەیاندووە كە هیچ كەسێك پشتیوان و پاڵپشتی نیە جگە لە خوا (عز وجل) بەتەنها.
وَإِذَا بَدَّلۡنَآ ءَايَةٗ مَّكَانَ ءَايَةٖ وَٱللَّهُ أَعۡلَمُ بِمَا يُنَزِّلُ قَالُوٓاْ إِنَّمَآ أَنتَ مُفۡتَرِۢ ۚ بَلۡ أَكۡثَرُهُمۡ لَا يَعۡلَمُونَ 102
تەفسیر: ئایەت لە بنەڕەتدا واتە نیشانە و بەڵگە، ئەگەرچی بە گشتی بۆ ڕستەكانی قورئانی پیرۆزیش بەكاردەهێنرێت؛ چونكە هەر ڕستەیەكی قورئان لە خودی خۆیدا نیشانەیەكە بۆ هیدایەت، بەڵام ئەم مانای دووەمە ڕاستەقینە نیە، چونكە ئێمە نابینین قورئان بەم مانایە وشەی ئایەتی بەكارهێنابێت بەشێوەیەكی گومانبڕ. بێگومان لە هەندێك شوێنی قورئاندا وا دەردكەوێت كە وشەی “ئایەت” بە مانای ڕستە بەكارهاتبێت، بەڵام ئەمە شتێكی گومانبڕ نیە، چونكە دەكرێت لەوێشدا مانای ئایەت بریتی بێت لە نیشانە و بەڵگە. بەڵام موسوڵمانان لە سەرەتاوە بە مانای ڕستە بەكاریان هێناوە بەجۆرێك هاوەڵان ڕستە قورئانیەكانیان بە ئایەت ناودەبرد، هەروەها لە قسەكانی پێغەمبەریشدا (ﷺ) ئەم بەكارهێنانە دەبینین (البخاري، كتاب الجهاد وكتاب فضائل القرآن). بۆیە بەهۆی ئەم بەكارهێنانەوە هەندێك لە موفەسیرەكان بابەتەكەیان لێ تێكچوو، وە ئەم وشەیەیان بە مانای ڕستەی قورئانی تەفسیر كردووە تەنانەت لەم ئایەتەشدا كە ئێمە لێرەدا تەفسیری دەكەین، ئەوان گوتوویانە: مەبەستەكە ئەوەیە كاتێك خوا ئایەتێك لە ئایەتەكانی قورئانی هەڵدەوەشاندەوە و لە جێگاكەیدا ئایەتێكی تری دادەنا بێباوەڕەكان بە پێغەمبەریان (ﷺ) دەگوت: تۆ تەنیا بەناوی خواوە درۆ هەڵدەبەستیت. ئەگەر قورئان لەلایەن خواوە بوایە، ئەوا ناچار نەدەبوو ئایەتەكانی نەسخ بكاتەوە؟ (تفسیر القرطبی)
بەڵام بەڕای من ئەم مانایە ڕاست نیە، چونكە لەڕووی مێژووییەوە ئەوە نەسەلمێنراوە كە ئایەتێكی قورئان بە ئایەتێكی تر گۆڕدرابێت، ئەگینا سەدان كەس لەوانەی كە هەموو قورئانیان لەبەر بووە لە ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) شایەتییان دەدا لەسەر ئەمە و دەیانگوت: سەرەتا پێغەمبەر (ﷺ) فڵان ئایەتی بە ئێمە لەبەر كرد، پاشان هەڵیوەشاندەوە و فڵان ئایەتی لە جێگاكەیدا دانا. ئەمەش بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی كە هەموو ئەو بیروباوەڕە باوانەی دەربارەی نەسخی ئایەتەكانی قورئان هەیە تەنها لەسەر گومان بنیاد نراون، نەك لەسەر زانست و ڕاستی. من ئەوە ڕەت ناكەمەوە كە هەندێك لە حوكمەكان لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) گۆڕدراون، بەڵام من هیچ بەڵگەیەكم نەدۆزیوەتەوە كە ئاماژە بەوە بكات حوكمێك لە حوكمەكان سەرەتا لە قورئاندا بەشێوەیەك دابەزیبێت پاشان بە حوكمێكی تر گۆڕابێت. من وایدەبینم ئەو حوكمانەی كاتیبوون لەڕێگەی وەحییەكی جیاواز لە وەحی قورئان بۆ سەر پێغەمبەر (ﷺ) دابەزیون، بۆیە پێویستی نەكردووە هیچ حوكمێك بگۆڕدرێت كە لە وەحی قورئانیدا دابەزیوە.
لێرەدا ڕەنگە كەسێك بپرسێت: ئەگەر هیچ گۆڕانكاری و جێگۆڕكێیەك لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزدا ڕووینەداوە ئەوا مانای ئەم ئایەتە چیە؟
وەڵامەكە ئەوەیە: مانای ڕاستەقینە كە قورئانی پیرۆز بە گشتی ویستوویەتی بۆ وشەی “ئایەت” بریتیە لە نیشانەی ئاسمانی، وە لێرەشدا ئەم مانایە مەبەستە. خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت یەكێك لە سوننەتەكانی ئێمە ئەوەیە كە نیشانەیەكی ئاسمانی بە نیشانەیەكی تر بگۆڕین، چونكە ئێمە زاناترین كەسین بەوەی كە كام نیشانە و موعجیزە گونجاوترە لەگەڵ بارودۆخ و هەلومەرجەكەدا، بەڵام بێباوەڕەكان بەهۆی ئەوەی كە نەزانن دەستبەجێ دەست دەكەن بە ڕەخنەگرتن و بە پێغەمبەر دەڵێن: تۆ درۆ دەكەیت، لەكاتێكدا هیچ هۆكارێك لە ئارادا نیە بۆ تانەدان و ڕەخنەگرتن.
وە ئەمە یاسای خواییە كە هەمیشە لە سەردەمی هەموو پێغەمبەر و نێردراوێكدا بەجوانی دەركەوتووە. چونكە خوای گەورە هەموو پێغەمبەرێك ئاگاداردەكاتەوە لە هەواڵی هەڕەشە كە لەڕاستیدا بە چەند مەرجێكەوە پەیوەستكراوە، جا ئەگەر ئەو خەڵكە بارودۆخی دڵیان بگۆڕن ئەوا ڕەنگە خوا هەندێك لەو هەواڵانە كە هەڕەشە و هۆشدارییان تێدایە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، وەك ئەو ڕووداوەی بەسەر گەلی یونسدا (عليه السلام) هات، بەجۆرێك پێی ڕایگەیاندن بەم نزیكانە لەناودەچن، بەڵام خوای گەورە بڕیاری لە ناوچوونەكەی هەڵوەشاندەوە بەهۆی ئەوەی كە تۆبەیان كرد (یونس: 99). كەواتە ئەمە یاسا گشتیە خواییەكەیە سەبارەت بەو هەواڵانەی كەهۆشداری و ترساندنیان تێدایە، بۆیە ئەگەر دوژمنانی پێغەمبەران تەوبەیان كرد ئەوا خوای گەورە هەڕەشە و سزاكە هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەڵام ئەو هەواڵانەی پەیوەندییان بە سەركەوتنی پێغەمبەرێك و شوێنكەوتووانیەوە هەیە هەرگیز هەڵناوەشێتەوە، بەڵكو دەبێت بێنە دی؛ بەڵام ئەو گەلەی كە خوا مژدەی خۆش و بەڵێنی پێ داون ئەگەر كەمتەرخەمییان كرد لە قوربانیدان یان لە گوێڕایەڵیدا ئەوا سوننەتی خوای گەورە وەهایە كە جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی خۆی دوابخات، وەكو ئەو ڕووداوەی بەسەرگەلی مووسادا (عليه السلام) هات، بەجۆرێك مووسا گەلەكەی خۆی لە میسر هێنایە دەرەوە -بەگوێرەی بەڵێنی خوا (عز وجل)- بۆئەوەی بە سەركەوتوویی بیانباتە ناو خاكی پیرۆزەوە، بەڵام خوا (عز وجل)بۆ ماوەی چل ساڵ هێنانەدی ئەم بەڵێنەی دواخست بەهۆی ئەوەی بەردەوام سەرپێچییان دەكرد لە ڕێنمایی و فەرمانی پێغەمبەرەكەیان. وە قورئان ئەم بەڵێنە خواییەی بە زمانی مووسا تۆمار كردووە بەم شێوەیە: ﴿يَٰقَوۡمِ ٱدۡخُلُواْ ٱلۡأَرۡضَ ٱلۡمُقَدَّسَةَ ٱلَّتِي كَتَبَ ٱللَّهُ لَكُمۡ﴾ (المائدة: 22)، پاشان باسی ئەوەی كردووە كە نەوەی ئیسڕائیل سەرپێچییان كرد لە فەرمانەكانی مووسا (عليه السلام) و خوایش بڕیاریدا كە بۆ ماوەی چل ساڵ لەو خاكە بێ بەشیان بكات، ئەوەتا خوای گەورە بە مووسای فەرموو: ﴿قَالَ فَإِنَّهَا مُحَرَّمَةٌ عَلَيۡهِمۡ ۛ أَرۡبَعِينَ سَنَةٗ ۛ يَتِيهُونَ فِي ٱلۡأَرۡضِ ۚ فَلَا تَأۡسَ عَلَى ٱلۡقَوۡمِٱلۡفَٰسِقِينَ﴾ (المائدة: 27). ئەمەش واتە ئەو هەواڵ و بەڵێنە بۆ ماوەیەك دواخرا، بەڵام خوا بەتەواوی هەڵینەوەشاندەوە، چونكە خوا لە بەڵێنی خۆی پاشگەزنابێتەوە.
بەگوێرەی ئەم سوننەتە كە پەیوەستە بە سزای بێباوەڕانەوە، هەر كاتێك خواى گەورە هەواڵێكی هەڵوەشاندایەتەوە بێباوەڕەكان هاواریان دەكرد كەئەو كەسەی نێردراوە بۆ لایان درۆزنە و قسە هەڵدەبەستێت. ئەگەر ڕاستگۆیە ئەوا بۆچی ئەو هەڕەشەیەی كە لێمان كراوە نەهاتەدی. وە دوژمنانی پێغەمبەریش (ﷺ) هەر ئەو تانە و تەشەرانەیان دەخستەڕوو، خوای گەورەیش وەڵامی دانەوە و فەرمووی ئێمە ئایەتەكانی سزا دادەبەزێنین بۆ ئامانجێكی دیاریكراو كە بریتیە لە چاكسازی، و كاتێك دەبینین كەسێك ڕەوشتی خۆی گۆڕیوە و خۆی چاك كردووە ئێمەیش بڕیارەكەی پێشومان دەگۆڕین و سزاكەی هەڵدەوەشێنینەوە، وە ئایەتی میهرەبانی خۆمان دەردەخەین بۆی، چونكە ئامانجی ئێمە چاكسازیە نەك ئازاردان. چەندین جار لە ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) ئەمەڕوویداوە، بۆ نموونە خوا لە قورئاندا پێیڕاگەیاند كە بێباوەڕانی مەككە باوەڕناهێنن (البقرة: 7)، وە ئەم هەواڵە وەكو هەواڵی سزادان بوو بۆیان، بەڵام خوا سەبارەت بە زۆربەیان كە ترسی خوا لە دڵیاندا دروست بوو دوای هۆشداریەكە ئەم هەواڵەی هەڵوەشاندەوە، بۆیە لەجیاتی سزا نیعمەتی باوەڕهێنانی بەخشی پێیان.
ئەم پرسە زۆرڕوونە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی هەمیشە لە تێگەیشتنیدا هەڵە دەكەن، چونكە وا دەزانن هەڵوەشاندنەوەی بەڵێن درۆیە، لەكاتێكدا هەڵوەشاندنەوەی بەڵێنی سزادان و هەڕەشە درۆ نیە، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەی بەڵێنی بەخشین و مژدەی خۆش درۆیە؛ لە فەرهەنگەكانی عەرەبیدا هاتووە: “لەناو عەرەبەكاندا شكاندنی بەڵێن درۆیە، بەڵام شكاندنی بەڵێنی هەڕەشە بەخشینە” (الأقرب).
كەواتە مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم ئایەتە ئەوەیە كە ئێمە هەندێك كات هەواڵی هۆشداری و هەڕەشە هەڵدەوەشێنینەوە، بێباوەڕەكانیش ڕەخنە لەمە دەگرن، بەڵام ڕەخنە و تانەدانی ئەوان پووچە؛ چونكە ئەم بڕیارەی ئێمە لەسەر بنەمای حیكمەت بنیادنراوە، بەجۆرێك تێیدا مافی هیچ كەسێك ناخورێت تاوەكو ببێتە مایەی ڕەخنە و ناڕەزایی. بەگوێرەی ئەم مانایە “ئایەت” لێرەدا بە مانای هەواڵی ئاگاداركەرەوە و هەڕەشە دێت كە پێشتر باسكرا.
هەروەها بەگوێرەی شیرازە و ڕیزبەندی قورئانی پیرۆز دەكرێت ئەم ئایەتە بە مانایەكی تر تەفسیر بكرێت كە لێرەدا گونجاوترە ئەویش بەم جۆرەیە: پێشتر ڕوونمكردەوە كە ئەم سوورەتە باس لە پێویستی وەحی دەكات، وە یەكێك لەو بەڵگانەی كە خوا پێشتر لەم بارەیەوە هێنایەوە بریتیە لە هاتنی پێغەمبەران لەڕابردوودا، وەك فەرمایشتی خوای گەورە ﴿تَٱللَّهِ لَقَدۡ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰٓ أُمَمٖ مِّن قَبۡلِكَ﴾ (ئایەتی: 64)، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَيَوۡمَ نَبۡعَثُ فِي كُلِّ أُمَّةٖ شَهِيدًا عَلَيۡهِم مِّنۡ أَنفُسِهِمۡۖ﴾ (ئایەتی: 90). كاتێك بێباوەڕان لە بەردەم ئەم بەڵگەیەدا دەستەوسان بوون گوتیان: باشە، ئەگەر پێغەمبەران لەڕابردوودا نێردراون ئەوا پێویستە فێركاری و ڕێنمایی ئەوان و ئیسلام یەكێك بێت، بەڵام ئێمە لەو شتانەی كەموحەممەد فێرمان دەكات شتانێك دەبینین كە دژی فێركارییەكانی پێغەمبەرانی پێشووە؟ بەمەش دەچەسپێت كە ئەو كەسێكی درۆزنە، چونكە چۆن دەكرێت خوا شتێك بەو پێغەمبەرانە بڵێت و شتێكی تر بەموحەممەد؟!
خوا وەڵامی ئەم قسەیەی دایەوە و فەرمووی ﴿وَٱللَّهُ أَعۡلَمُ بِمَا يُنَزِّلُ﴾.. واتە جیاوازی قورئان لەگەڵ هەندێ فێركارییەكانی پێغەمبەرانی پێشوو ئەوە ناگەیەنێت كەدژایەتی ئەو فێركاریە ڕاستانە دەكات، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە كە پێداویستیەكانی ئەوان جیاواز بووە لەگەڵ پێداویستیەكانی ئێستا، وە هیچ كێشەیەك لەمەدا نیە چونكە دەكرێت كەسێك ڕێنمایی جیاواز بدات بە خەڵكانێكی جیاواز بەگوێرەی پێداویستیە جیاوازەكانیان، وە هیچ كەسێك بۆی نیە لەمەوە ئەو دەرەنجامە وەربگرێت كە مادام حوكمەكان جیاوازن كەواتە لەكۆمەڵێك شوێنی جیاوازەوە دەرچوون نەك لەیەك شوێنەوە. چونكە حوكمەكان جیاواز نابن تەنها بەهۆی جیاوازی سەرچاوەكەیانەوە، بەڵكو جیاوازیش دەبن بەهۆی جیاوازی ئەو كەسانەی كە قسەیان بۆ دەكرێت لەگەڵ ئەوەی یەك سەرچاوەیان هەبێت؛ چونكە بەگوێرەی ئامادەییە جیاوازەكانیان ئەو حوكمانە دەردەچن. كەواتە پێویست بوو لەسەر بێباوەڕەكان سەیری ئەوە بكەن ئایا ڕێنمایی و فێركاریەكانی قورئان لەگەڵ پێداویستیەكانی سەردەمەكەدا دەگونجێت یان نا؟ ئەگەر ئەم مەرجەی تێدا هەبوو، ئەوا جیاوازی فێركاریەكانی ئەو و فێركارییەكانی پێشوو دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە خوای زانای نادیار قورئانی دابەزاندووەتە سەر موحەممەد (ﷺ)، نەك ئەوەی ئەو كەسەی وەحی ناردووە بۆ موحەممەد جیاواز بێت لەو كەسەی كە وەحی ناردووە بۆ پێغەمبەرانی پێشوو.
ئەم مانایەی دوایی لەگەڵ ئایەتی دواتریشدا دەگونجێت، بۆیە من بەڕاستترین مانای دادەنێم لەناو ئەو مانایانەی كە باسكران. لێرەدا وشەی “ئایەت” بە مانای كتێب دێت؛ چونكە كتێبە ئاسمانیەكانیش ئایەتن، واتە موعجیزەن، بەڵكو كتێبی پێغەمبەران گەورەترین موعجیزەی ئەوانن.
سەیرە ئەم ڕەخنەیە بەردەوام لە هەموو سەردەمێكدا دەوترێتەوە بەجۆرێك تا ئەمڕۆش نووسەرە مەسیحییەكان بەردەوام دەڵێن: ئەگەر قورئان ئەو كتێبە ئاسمانیانە بەڕاست دەزانێت كە پێش خۆی هاتوون ئەوا بۆچی جیاوازە لەگەڵیاندا؟ وە جیاوازییەكەی لەگەڵ كتێبەكانی پێشوودا ئەوە دەگەیەنێت كەموحەممەد قورئانی لەلایەن خۆیەوە هەڵبەستووە. وە لەبەرئەوەی موحەممەد شارەزا نەبووە لە كتێبە پیرۆزەكانی پێشوو، بۆیە لە قورئاندا لەكاتی هەڵبەستنیدا كۆمەڵێك شتی باسكردووە دژی ئەوەی لەو كتێبانەدا هاتووە (تەفسیری قورئان، وێری، سوورەتی البقرة، ئایەتی 90).
هەروەها هەندێك لە موفەسیرەكان وڕێنەیان كردووە و گوتوویانە ئەم ئایەتە ئاماژەیە بۆ ئەو چیرۆكەی كە دەڵێت پێغەمبەر (ﷺ) لەبەردەم بێباوەڕەكاندا سوورەتی “النجم”ی خوێندەوە، شەیتانیش بە دەنگێكی بەرز چەند وشەیەكی شیركی خستەناو قورئان خوێندنەكەی پێغەمبەرەوە (ﷺ)!
لەڕاستیدا ئەم چیرۆكە بەتەواوی درۆیە، وە إن شاء الله ئێمە لە شوێنی خۆیدا ئەوە دەسەلمێنین. بەڵام گریمان ڕاست بێت -كە مەحاڵە ڕاست بێت- ئەوا هەر ئەم چیرۆكە هیچ پەیوەندییەكی بەم ئایەتەوە نیە، چونكە لێرەدا خوا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو ئایەتەی گۆڕدراوە وەحی خوای گەورە بووە، وە خوا (عز وجل) خۆی گۆڕیویەتی، لەكاتێكدا ئەو كەسانەی باوەریان بەم چیرۆكە هەڵبەستراوە هەیە دانیان بەوەدا ناوە كە شەیتان لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵێك ئایەتی هاویشتووەتە ناو قورئانەوە؛ وە بەگوێرەی دانپێدانانی خۆیشیان سەلمێنرا كە ئەو چیرۆكە هەڵبەستراوە هیچ پەیوەندییەكی بەم ئایەتەوە نیە.
هەروەها ئایەتی دواتریش ئەم بانگەشەیەی ئەوان پووچەڵ دەكاتەوە، بەجۆرێك وەڵامێكی تری ڕەخنەكەی بێباوەڕەكان دەداتەوە و دەفەرموێت: ﴿قُلۡ نَزَّلَهُۥ رُوحُ ٱلۡقُدُسِ مِن رَّبِّكَ بِٱلۡحَقِّ﴾. وەك دیارە لەم فەرمایشتەی خوادا هیچ وەڵامێك نیە بۆ ڕەخنەی بێباوەڕان كە دەڵێت: موحەممەد پێشتر فێركاریەكی خستەڕوو كە ئاماژەی بە شیرك دەدا، بۆچی ئێستا گۆڕیویەتی؟ بێگومان دابەزینی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ قورئاندا دەكرێت بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی كە قورئان پارێزراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی تێدا نیە بۆ ئەوەی كە شەیتان شتێكی لەلایەن خۆیەوە خستبێتە ناو قورئانەوە پاشان خوا ئەو شتەی هەڵوەشاندبێتەوە كە گوایە شەیتان هاویشتوویەتە ناو قورئانەوە.
قُلۡ نَزَّلَهُۥ رُوحُ ٱلۡقُدُسِ مِن رَّبِّكَ بِٱلۡحَقِّ لِيُثَبِّتَ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَهُدٗى وَبُشۡرَىٰ لِلۡمُسۡلِمِينَ 103
شیكردنەوەی وشەكان:
الحق: حقه حقا: سەركەوت بەسەریدا بەهۆی ڕاستیەوە. حق الأمر: كارەكەی جێگیركرد و پێویستی كرد؛ دڵنیا بوو لێی. حق الخبر: ڕاستی هەواڵەكەی زانی. الحق: دژی ناڕەوا؛ كاری بڕیارلێدراو؛ دادگەری. ماف؛ ئەو شتەی بوونی هەیە و جێگیرە؛ یەقین دوای گومان؛ مردن؛ بیرکردنەوەی دروست و پلاندانانی باش (الأقرب).
ربك: رب كل شيء: واتە خاوەنەكەی. رَبَّ الشيءَ: كۆیكردەوە؛ كردی بە موڵكی خۆی. رَبَّ القومَ: سەرپەرشتی كردن و لەسەرووى ئەوانەوە بوو. رَبَّ النعمةَ: نیعمەتەكەى زیاد كرد. ربَّ الأمرَ: كارەكەی چاك كرد و تەواوی كرد. رَبَّ الدُّهنَ: بۆن و تامی ڕۆنەكەی خۆش كرد. رَبَّ الصبيَّ: مناڵەكەی پەروەردە كرد تا پێگەیشت (الأقرب).
ليثبّتَ: كارەكە لەلای فڵان كەس چەسپا. واتە جێگیر بووە. فڵان كەس بەردەوام بوو لەسەر كارەكە، بە ڕێك و پێكی پێیەوە پابەند بوو. ثبَّتَه وأثبتَه: وای لێكرد لە شوێنی خۆی جێگیر بێت. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا خوا (عز وجل) بە شێوازێكی تر وەڵامی تانەی بێباوەڕانی داوەتەوە و فەرموویەتی:
یەكەم: ﴿قُلۡ نَزَّلَهُۥ رُوحُ ٱلۡقُدُسِ﴾.. واتە ئەم كتێبە فێركاریەكی زۆر پیرۆز و پاكی تێدایە، ئەگەر ئەمە درۆ و هەڵبەستراوی كەسێكی درۆزن بوایە ئەوا دەبوو ئەو شتانەی تێدا ببینن كە سوود و قازانجی ئەو كەسەی تێدایە كە درۆكەی هەڵبەستووە. تەواوی قورئان بخوێننەوە، ئایا هیچ شتێكی تێدا دەبینن كە ئاماژە بكات بە چاوچنۆكی یان بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی موحەممەد؟ نەخێر، بەڵكو ئەم وتەیە لە گیانی پیرۆزیی و پاكیەوە سەرچاوەی گرتووە. مادام ئێوە لەلایەكەوە ئەم پاكی و پیرۆزیەتان لەم وتانەدا تاقی كردووەتەوە، وە لەلایەكی ترەوە جیاوازیەكتان بینی لەنێوان ئەم و كتێبە كۆنەكاندا، وە نەتانتوانی هەردووكیان بگونجێنن، ئەوا دەبوو زۆر بە ئاسانی بتانزانیایە كە ئەو كتێبە كۆنانە دەستكاری كراون و تێكدراون، لەجیاتی ئەوەی لەمەوە ئەو ئەنجامە وەربگرن كە قورئان لەلایەن خواوە نیە؛ چونكە ئەستەمە وەحی خوا گیانی پاكی و پیرۆزی تێدا نەبێت، وە قسەی كەسی درۆزن ئەم تایبەتمەندیەی تێدا بێت!
دووەم: ﴿بِٱلۡحَقِّ﴾ دایبەزاندووە.. واتە ئەم كتێبە پڕیەتی لەڕاستی و دروستی. هەر بابەتێك تێیدا قورئان لەگەڵ كتێبە كۆنەكاندا جیاواز بێت -ئەگەر هۆكارەكەی جیاوازی پێویستیەكان نەبێت بەگوێرەی جیاوازی سەردەم- ئەوا دەبینن هەمیشە ڕاستی لەگەڵ قورئاندایە لەو بابەتەدا، چونكە دەبینن عەقڵ لایەنگری هەڵوێستی قورئانە و هەڵوێستی كتێبە كۆنەكان ڕەت دەكاتەوە، ئەوەش دەبێتە بەڵگەیەكی ڕوون لەسەر ڕاستی قورئانی پیرۆز. بۆ نموونە با سەیری بابەتی پەرستنی گوێرەكە بكەن لەلایەن ئیسڕائیلیەكانەوە، قورئانی پیرۆز هاروون (عليه السلام) لەم كارە بتپەرستیە بێتاوان دەكات (طه: 91)، بەڵام تەورات تۆمەتباری دەكات بەوەی تووشی پەرستنی گوێرەكە بووە، هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە ڕاستی لەگەڵ قورئاندایە؛ چونكە عەقڵ ڕەتی دەكاتەوە كە پێغەمبەرێك تووشی شیرك بێت. پاشان تەورات خۆی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوانەی گوێرەكەیان كردبوو بە خوا كوژران، بەڵام دواتر پاشگەز دەبێتەوە و دژی قسەی خۆی دەوەستێتەوە بەجۆرێك ڕاستەوخۆ پاش باسكردنی ڕووداوی گوێرەكەكە دەڵێت خوای گەورە فەرمانی بە كوشتنی هاروون نەكردووە بەڵكو ڕێزێكی تایبەتی پێداو كاری كاهینێتی تایبەت كرد بە وەچەكانی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هاروون لەڕووداوی گوێرەكەدا ڕەفتارێكی پەسەندی پیشان داوە، وە تێوەنەگلابوو لە شیرك وەك پێشتر تەورات تۆمەتباری كردبوو (دەرچوون 32: 27 و 28، دەرچوون 40: 12-15).
كەواتە هیچ بابەتێك نیە كە تێیدا قورئان لەگەڵ كتێبە كۆنەكاندا جیاواز بووبێت مەگەر بەگوێرەی عەقڵ یان گێڕانەوە یان بەگوێرەی هەردووكیان، سەلمێنراوە كە هەڵوێستی قورئان ڕاستە و هەڵوێستی تەورات هەڵەیە. ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە جیاوازی قورئان لەگەڵ پەرتووكە كۆنەكاندا بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی قورئان هەڵبەستی موحەممەد خۆی بێت و لەلایەن خوای گەورەوە نەبێت، بەڵكو بەڵگەیەكی سەلمێنراوە لەسەر ئەوەی كە قورئان وەحییەكی خوایی نوێ و پارێزراوە، وە پەرتووكە كۆنەكان دەستكاری كراون و گۆڕدراون.
سێیەم: بەڵگەی سێیەم كە ئەم ئایەتە باسی دەكات لەسەر ئەوەی قورئان لەلایەن خواوەیە ئەوەیە كە هیدایەتێكی بەرجەستەیە.. واتە لەنێوان خوا و بەندەدا پەیوەندیەكی تەندروست و ساغ دروست دەكات و دەیگەیەنێتە بەر قاپی خوای گەورە؛ وە ئەم كاریگەریە لە قسەی كەسی درۆزندا نیە. مادام كاركردن بە قورئان مرۆڤ دەگەیەنێت بە خوای گەورە لەكاتێكدا كتێبەكانی پێشوو ئەمڕۆ لەم تایبەتمەندیە بێبەشن، بۆیە دەچەسپێت ئەو كتێبانە بەڕاستی لەلایەن خواوە دابەزیون بەڵام ئێستا زیندوێتی و كاریگەری خۆیان لەدەست داوە بەجۆرێك ئەو پێداویستیانە جێبەجێ ناكەن كە چاوەڕێ دەكرێت لێیان جێبەجێیان بكەن؛ لەبەرئەوە ڕاستی لەگەڵ قورئاندایە كاتێك جیاواز و ناكۆك دەبێت لەگەڵیاندا.
چوارەم: ﴿وَبُشۡرَىٰ لِلۡمُسۡلِمِينَ﴾.. واتە ئەو كەسەی كار بە قورئانی پیرۆز دەكات لەڕاستیدا فەزڵ و چاكەی خوای گەورە بەدەستدەهێنێت، وە خوا (عز وجل) بۆ پشتیوانی ئەو كەسە نیشانەی خۆی پیشان دەدات. جا ئەگەر موحەممەد درۆزن بوایە، ئەوا چۆن ئەم مژدانە دەهاتنەدی لە بەرژەوەندی ئەو كەسانەی كاریان بەكتێبەكەی كردووە. كەواتە گومانی تێدا نیە ئەو فێركاریەی ئەو پێشكەشی دەكات لەلایەن خواوەیە چونكە ئەم مژدانە دەهێنێتەدی، چونكە كەسی درۆزن دەتوانێت بانگەشەی گەورە بكات، بەڵام ناتوانێت ئەو بانگەشانە بهێنێتەدی.
خوا (عز وجل) لەم ئایەتەدا لە وەڵامی ڕەخنەی بێباوەڕاندا ئەم چوار بەڵگەیەی هێناوەتەوە، لەڕاستیدا هەریەكێكیان بە تەنها بەسە بۆ پووچەڵكردنەوەی تانە و تەشەرەكانی ئەوان.
وَلَقَدۡ نَعۡلَمُ أَنَّهُمۡ يَقُولُونَ إِنَّمَا يُعَلِّمُهُۥ بَشَرٞ ۗ لِّسَانُ ٱلَّذِي يُلۡحِدُونَ إِلَيۡهِ أَعۡجَمِيّٞ وَهَٰذَا لِسَانٌ عَرَبِيّٞ مُّبِينٌ 104
شیكردنەوەی وشەكان:
بَشَرٞ: مرۆڤ نێر و مێ دەگرێتەوە، تاك یان كۆ بێت، وە دەكرێت وشەكە بكرێت بە دوان وەك فەرمایشتی قورئان ﴿أَنُؤۡمِنُ لِبَشَرَيۡنِ مِثۡلِنَا﴾ (الأقرب).
لِسَانُ: الـمِقْوَلُ، واتە ئامرازی قسەكردن؛ زمان (اللغة)، وشەكە مێیە و دەكرێت وەكو نێر مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت بەو پێیەی وشەیەكە (لفظ)، بۆیە دەڵێن: لسانه فصیحة وفصیح. واتە زمانی پاراوە یان دەربڕینی پاراوە (الأقرب).
يُلۡحِدُونَ: لحد بلسانه إلى كذا: بە زمانی لاربوویەوە بە لای فڵان شتدا. ألحد فلان: لەڕاستی لایدا (المفردات).
أَعۡجَمِيّٞ: ئەعجەم ئەو كەسەیە كە ناتوانێت بە ڕوونی و پاراوی قسە بكات ئەگەر لە عەرەبیش بێت؛ ئەعجەمی ئەو كەسەی عەرەب نیە ئەگەرچی بە زمانی ناعەرەبیش قسەی پاراو بكات (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە باس لە ڕەخنەیەكی تری بێباوەڕان دەكات كە تا ئەمڕۆش جێگەی مشتومڕە لەنێوان موسوڵمانان و مەسیحیەكاندا، وە پێش ئەوەی ماناكانی ئەم ئایەتە ڕوون بكەمەوە، دەمەوێت هەڵەی ئەم ڕەخنەیە بخەمەڕوو.
بێباوەڕان گوتیان موحەممەد (ﷺ) لەلایەن خوای گەورەوە وەحی پێ ناگات، بەڵكو كەسێك فێری دەكات. قورئانی پیرۆز ناوی ئەو كەسەی دیارینەكردووە، بەڵام لە وشەكانی ئەم ئایەتەوە دەردەكەوێت كە مەبەستیان كەسێكی دیاریكراو بووە كە لەكاتی پڕوپاگەندەیان دژی پێغەمبەر (ﷺ) ناوەكەیان دەگوتەوە. قورئان لە وەڵامدا پێیان دەڵێت: زمانی موحەممەد عەرەبیە و زمانی ئەو كەسە ناعەرەبیە، چۆن دەكرێت موحەممەد كتێبێكی عەرەبی ڕوون و ڕەوان دابنێت بەیارمەتی كەسێك كە زمانی عەرەبی نەبێت؟
موفەسیرەكان چەندین گێڕانەوەی جیاوازیان دەربارەی ئەم كەسە نەقڵ كردووە، لەوانە: گوتراوە بەندەیەكی حوەیتەبی كوڕی عەبدول عوزا بووە كە ناوی عائیش یان یەعیش بووە، وە كتێبی دەخوێندەوە، وە موسوڵمان بوو و ئیسلامەتیەكەی زۆر باش بووە؛ بێباوەڕەكان دەیانگوت ئەو موحەممەد فێردەكات. فەڕاء و زەججاج ئەمەیان گوتووە (روح المعاني).
موقاتیل و ئيبن جوبەیر گوتویانە: ئەو كەسە ئەبو فوكەیهەیە و بەخێوكراوی ئافرەتێك بووە لە مەككە. گوتراوە: ناوی یەسار بووە و جوولەكە بووە (سەرچاوەی پێشوو).
“ئادەمی كوڕی ئەبو ئەیاس و بەیھەقی و كۆمەڵێك لە عەبدوڵڵای كوڕی موسلیمی حەزرەمیەوە دەگێڕنەوەكە دەڵێت: ئێمە دوو كۆیلەی نەسڕانیمان هەبوو خەڵكی ناوچەی “عەین تەمر” بوون، یەكێكیان ناوی یەسار و ئەوی تریان ناوی جەبر بوو. لە مەككە شمشێریان دروست دەكرد، وە ئینجیلیان دەخوێندەوە، ڕەنگە پێغەمبەر (ﷺ) تێپەڕبوو بێت بەلایاندا لەكاتێكدا ئینجیلیان دەخوێندەوە، ئینجا ڕاوەستا بێت و گوێی لێگرتبن. بۆیە موشریكەكان گوتوویانە: لەو دوانەوە فێر دەبێت” (سەرچاوەی پێشوو).
“لە هەندێ ڕیوایەتدا هاتووە كە بە یەكێكیان گوترا: تۆ موحەممەد (ﷺ) فێردەكەیت؟ ئەویش وتی: نەخێر، بەڵكو ئەو من فێردەكات” (سەرچاوەی پێشوو).
“لە ئیبن عەبباسەوە (رضي الله عنه) گێڕدراوەتەوە كە گوتوویەتی: لە مەككەدا كۆیلەیەكی ناعەرەبی ڕۆمانی هەبوو كە هی كەسێكی قوڕەیش بوو پێیان دەگوت بەلعام، وە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئیسلامی فێردەكرد، قوڕەیش گوتیان: ئەم كەسە موحەممەد (ﷺ) فێردەكات” (سەرچاوەی پێشوو).
سیوتی دەڵێت: ئەو كەسە ئاسنگەرێكی مەسیحی بوو كە پێغەمبەر (ﷺ) دەچوو بۆ لای (الجلالین).
لەڕیوایەتێكدا لە “الدور المنثور”دا [لە “تفسیر فتح البیان” دا نەك لە “الدور المنثور”دا هاتووە: “لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە ناوی عەدداس بووە” (وەرگێڕی عەرەبی)] هاتووە كە مەبەستیان بەندەیەكی ئەوسی كوڕی ڕەبیع بووە بە ناوی عەدداس.
“لە ڕیوایەتێكدا هاتووە ئەو كەسە عەدداس بووە كۆیلەی عوتبە كوڕی ڕەبیعە” (القرطبي).
هەروەها گوتراوە: ئەو كەسە سەلمانی فارسی بووە (رضي الله عنه) (روح المعانی والكشاف).
وە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتناسەكان، دكتۆر سێڵ لە دكتۆر “برێدیا”وە بۆچوونێكی ئەوی گواستووەتەوە لە كتێبەكەیدا “ژیانی موحەممەد” كە دەڵێت: خەڵكی دەیانگوت موحەممەد لەسەر دەستی عەبدوڵڵای كوڕی سەلام فێردەبوو كە لەناو جوولەكەكان بە عەبدیا كوڕی سالوم بەناوبانگ بوو. پاشان دكتۆر سێڵ لەسەر ئەو قسەیە بۆچوونی خۆی دەخاتەڕووو دەڵێت: بەڕاستی دكتۆر برێدیا هەڵەی كردووە و وای زانیوە كە ئەو كەسە عەبدوڵڵای كوڕی سەلامە. نەخێر، بەڵكو ئەو كەسە سەلمانی فارسیە.
دكتۆر سێڵ لەسەری دەڕوات و دەڵێت: بۆچوونێك هەیە كە دەڵێت موحەممە دیارمەتی لە قەشەیەكی نەستۆری وەرگرتووە كە ناوی “سێرجیۆس” بووە، ئەویش بەحیرای ڕاهیب بووە كە چاوی كەوتووە بە موحەممەد و لەگەڵیدا كۆبووەتەوە لەكاتی گەشتەكەیدا بۆ شام بۆ بازرگانی كردن بە پارەی خاتوو خەدیجەوە. وە دكتۆر سێڵ بۆچوونێكی نووسەری بەناوبانگ مەسعوودی بە بەڵگە هێناوەتەوە كە نووسیویەتی بوحیرای ڕاهیب لای نەسڕانیەكان بە “سێرجیۆس” ناسرا بوو (تەفسیری قورئان، وێری).
هەروەها قەشە “وێری” دوای گواستنەوەی چەندین بیروڕا و ڕیوایەت دەڵێت: هەر چەندە گێڕانەوەكان جیاوازبن لە دیاریكردنی ناوی ئەم كەسە، بەڵام ئێمە لێیانەوە دەگەینە ئەنجامێكی دڵنیاكەرەوە كە موحەممەد پێش كۆچكردن هۆكاری وای لەبەردەست بووە كە بتوانێت یارمەتی بخوازێت لە هەندێ جوولەكە و مەسیحی. وە سوورەتەكانی قورئان لە كۆتایی قۆناغی مەككەدا بەڵگەیەكی گومانبڕی ڕەتنەكراوەن لەسەر یارمەتی وەرگرتنی موحەممەد لەم كەسانە، چونكە ئەم سوورەتانە باسی چیرۆكەكانی ناو كتێبەكانی جوولەكە و مەسیحیەكان دەكەن.
پاشان ئەم قەشەیە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت كە دراوسێكانی موحەممەد تۆمەتباریان دەكرد بەوەی یارمەتی لە ئایینەكانی تر وەردەگرێت، بەڵام وەڵامەكەی قورئان لەم بارەیەوە ئاشكرای دەكات كە لەڕاستیدا هەڵوێستی موحەممەد لاوازە. لەبەر ئەوە بەڕێز ئۆرنەڵد بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە ڕاگەیاندووە و دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی ئەوان عەرەب نەبوون بەڵام ئەمە ڕێگری ئەوەی لێ نەكردوون كە بابەتیان بۆ موحەممەد ئامادە كردبێت بۆ نووسین.
پاشان “وێری” بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەمە بە تەواوی ئەو شتەیە كە ئەوان بۆ موحەممەدیان دەكرد. ئەوان بابەتی سەرەتاییان پێ دەدا، ئەویش لەو بابەتە سەرەتاییانەوە چیرۆك و ڕووداوەكانی دادەڕشت بە شێوەیەك كە خۆی ئارەزووی دەكرد بۆ پشتگیریكردنی بانگەشەكەی، بۆ ئەوەی بیداتەپاڵ خوا و بڵێت: ئەمە ئەو شتەیە كە جیبریلی فریشتە لەلایەن خواوە (عز وجل) بۆی هێناوم. وە ئێمە دوودڵ نین لە دووبارەكردنەوەی هەمان ئەم تۆمەتە كۆنە كە دەڵێت: موحەممەد درۆی بەناوی خواوە هەڵبەستووە (سەرچاوەی پێشوو).
لێرەدا من بۆچوونی موفەسیرە موسوڵمانەكان و بیروباوەڕی مێژوونووسە مەسیحیەكان و قسەی قەشەكانم گواستەوە لەم بارەیەوە، ئێستایش دەچمە سەر ڕوونكردنەوەی مانای ئایەتەكە.
لەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە كە هەندێ لە بێباوەڕەكان دەیانگوت كەسێك ئەو شتە فێری موحەممەد (ﷺ) دەكات كە بە ناوی قورئانەوە دەیخاتە پێش چاوی خەڵكی. خوای گەورەیش بەرپەرچی ئەو كەسانەی داوەتەوە و فەرموویەتی زمانی ئەو كەسە ناعەرەبیە، بەڵام قورئان عەرەبیەكی ڕوون و ڕەوانە. نووسەرە مەسیحیەكان دەڵێن ئەم وەڵامە وەڵامێكی دروست نیە، چونكە ڕەخنەگرەكان نەیانگوتووە ئەم كەسە مانا و ناوەڕۆكی قورئانی لە قاڵبی زمانی عەرەبیدا دادەڕشت، بەڵكو گوتوویانە ئەو كەسە بابەتی ناو كتێبی جوولەكەكانی دەدا بە موحەممەد (ﷺ)، پاشان موحەممەد ئەو بابەتانەی بە شێوازە عەرەبیەكەی خۆی دادەڕشتەوە.
بەڵام بۆچوونی من لەمبارەیەوە ئەوەیە:
یەكەم: پێویستە لێكۆڵەر-بۆ تێگەیشتن لە هەر كتێبێك- سەرەتا بەشێوەیەكی گشتی پشكنین بۆ ئەو كتێبە بكات. ئەگەر قورئان وەڵامی تانەكانی تریشی داوەتەوە بە قسەیەكی بێمانا و لاواز كە هێزی قەناعەتپێكردنی تێدا نیە -هەروەك قەشە “وێری” و بەڕێز ئۆرنەڵد دەربارەی ئەم ئایەتە وەها دەڵێن- ئەوا دەكرێت بایەخ بە بۆچوونەكەیان بدەین، بەڵام ئەگەر سەلمێنرا كە وەڵامەكانی قورئان بۆ ڕەخنەكانی تر باوەڕپێكەرن و بەڵگەی بەهێزیان لەگەڵدایە، ئەوا ناچارین بڵێین قەشەكان تێنەگەیشتوون لەڕەخنەی بێباوەڕەكان یان تێنەگەیشتوون لە وەڵامەكەی قورئان بۆ ئەو ڕەخنانە.
دووەم: ئەگەر وەڵامەكەی قورئان قەناعەتپێكەر نەبووە -هەروەك قەشەكان وەها دەڵێن- ئەوا بۆچی خەڵكی مەككە ڕەتیان نەكردووەتەوە؟ مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ڕەخنەی ئەوان هەمان ئەو شتە بووە كە ئەم قەشانە تێیگەیشتوون ئەوا دەبوو بێباوەڕان وەڵامی موحەممەدیان (ﷺ) بدایەتەوە و بیانگوتایە: ئێمە ناڵێین تۆ ئەم قسە عەرەبیە بەیارمەتی كەسێكی كۆیلەی جوولەكە یان مەسیحیدا دەڕێژیت، بەڵكو دەڵێین ئەو كەسە بابەتی سەرەتایت پێ دەدات بۆ ئەوەی تۆ بە شێوازە عەرەبیەكەی خۆت دایبڕێژیت و بیخەیتە پێش چاوی ئێمە. بەڵام ئێمە لە مێژوودا تەنانەت ڕیوایەتێكی لاوازیش نابینین ڕەخنەیەكی لەم جۆرەی بێباوەڕەكانی تۆمار كردبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هیچ كەسێك نیە پێی وابێت ڕەنگە موسوڵمانان ئەم ڕەخنەیەی بێباوەڕانیان شاردبێتەوە و لە مێژووی خۆیاندا تۆماریان نەكردبێت؛ چونكە موسوڵمانان دەیان گێڕانەوەیان بە دەستی خۆیان لە كتێبەكانی فەرموودە تۆمار كردووە كە تێیاندا سووكایەتی بە پێغەمبەر (ﷺ) كراوە، ئیتر چۆن دەكرێت ترسیان هەبوو بێت لە نەقڵكردنی ئەم ڕەخنەیەی بێباوەڕان؟
كەواتە لە بێدەنگی بێباوەڕانەوە سەلمێنرا كە ئەوان بەم وەڵامەی قورئان زانیویانە كە موحەممەد بە باشی لە ڕەخنەكەیان تێگەیشتووە، وە بەگوێرەی ئەوەش وەڵامی داونەتەوە.
ئێستا وەرن با بزانین قورئانی پیرۆز مەبەستی چیە لەم وەڵامە؟ بۆ ئەوەی لێرەدا بە باشی لە مەبەستی قورئان تێبگەین دەبێت سەرەتا بە باشی لە مانای وشەی ﴿أَعۡجَمِيّٞ﴾ تێبگەین. لە زمانی عەرەبیدا دوو وشە هەیە بۆ عەرەب و غەیری عەرەب بەكاردەهێنرێن كە بریتین لە هەردوو وشەی عەرەب و عەجەم. وشەی ئەعجەمی لە عەجەمەوە وەرگیراوە، لە فەرهەنگەكاندا هاتووە: “رجل أعجم وقوم أعجم”واتە: پیاوێكی ئەعجەم و گەلێكی ئەعجەم (تاج العروس).. واتە ئەو كەسانەی لە عەرەب نین.
هەروەها لە فەرهەنگەكاندا هاتووە ئەعجەم ئەو كەسەیە كە بەڕوونی و ڕەوانی قسە ناكات ئەگەرچی عەرەبیش بێت. وە ئەعجەم ئەو كەسەیە كە كەموكورتی لە زمانەكەیدا هەیە سەرەڕای ئەوەی كە بە زمانی عەرەبی قسە دەكات. وە ئەعجەمی وەك ئەعجەمە (تاج العروس).
ئەوەی لێرەدا شایەنی باسە ئەوەیە كە وشەی ﴿أَعۡجَمِيّٞ﴾ لێرەدا وەكو سیفەت بۆ ئەو كەسە نەهاتووە بەڵكو وەكو وەسف بۆ زمانەكەی هاتووە، بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی ﴿لِّسَانُ ٱلَّذِي يُلۡحِدُونَ إِلَيۡهِ أَعۡجَمِيّٞ﴾.. واتە زمانی ئەو كەسە عەرەبی نیە، یان ئەوەتا زمانەكەی پاراو نیە و لاوازە بەجۆرێك توانای گوزارشتكردن و دەربڕینی نیە بەشێوەیەكی ڕوون و ڕەوان سەرەڕای ئەوەی كە عەرەبە یان سەرەڕای ئەوەی بە عەرەبی قسە دەكات.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو مانایە بۆ وشەی ئەعجەمی دەكرێت ئەم ئایەتە بەم شێوەیەی خوارەوە تەفسیر بكرێت:
1- بێباوەڕەكان دەڵێن: كەسێكی تر موحەممەد فێردەكات، بەڵام ئەو كەسەی ئێوە ئەم قورئانە دەدەنەپاڵی زمانەكەی عەرەبی نیە.
2- یان ئەو كەسە ناتوانێت بیرۆكەكانی خۆی بەشێوەیەكی ڕاست و دروست دەرببڕێت، بەڵام زمانی قورئان عەرەبیە و بەڕادەیەك پاراو و ڕەوانە كە سەرڕێژە لە مانا و زانیاری.
هەردوو وەڵامەكە زۆر گونجاون و بەڵگەیان لەگەڵە و كەسی نەیار و ناحەز دەمكوت دەكەن، چونكە ئەو كەسەی شارەزا نیە لە زمانی عەرەبیدا ناتوانێت هیچ شتێك فێری كەسێكی عەرەب بكات، هەروەها ئەو كەسەی كە باری هزری خراپ و نزم بێت و توانای دەربڕین و گوزارشتكردنی نەبێت بەشێوەیەكی ڕاست و دروست ئەمیش ناتوانێت هیچ زانیاریەك بە خەڵكی تر بدات.
ئێستاش پێتان دەڵێم ئەو كەسە كێیە كە بێباوەڕەكان مەبەستیان بوو كاتێك دەیانگوت ﴿إِنَّمَا يُعَلِّمُهُۥ بَشَرٞۗ﴾. ڕیوایەتەكان جیاوازن لە ناوەكەیدا، بەڵام من ئەو ڕیوایەتە لە هەموویان بەڕاستتر دەزانم كە دەڵێت ئەو كەسە ناوی “جەبر” بووە؛ چونكە ئەو بەندە و كۆیلانەی تر كە ناویان هاتووە لەو كەسانە بوون كە ئیسلامبوونی خۆیان ڕاگەیاند، وە بە ئاشكرا و بەبێ دابڕان لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) كۆدەبوونەوە، بۆیە هیچ پاساوێك نیە كە بێباوەڕەكان تەنها یەكێكیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ بكەن، بەڵكو ئەگەر بیانویستایە هەموویانیان تۆمەتبار دەكرد. بۆیە وادەبینم كە ئەو كەسەی لەناویاندا جیا بووە جەبر بوو كە زۆر درەنگ موسوڵمان بوو. ئەو بەشداری كۆڕەكانی پێغەمبەری (ﷺ) نەدەكرد، بەڵكو پێغەمبەر (ﷺ) هەندێك جار بەلایدا تێدەپەڕی ئایەتی ئینجیلی دەخوێندەوە لەكاتێكدا شمشێری دروست دەكرد، هەروەك لەڕیوایەتەكەدا هاتووە. وا دەردەكەوێت كە بەهۆی جۆش و خرۆشی ئایینی خۆیەوە ئینجیلی خوێندبێتەوە لەكاتێكدا لە ئاسنەكەی دەدا بۆ دروستكردنی شمشێر، زمانەكەی بیانی بوو سەرنجی ئەو خەڵكەی بۆ خۆی ڕادەكێشا كە بەلایدا تێدەپەرین و لە دەوری كۆدەبوونەوە بۆ تەماشا كردن. وادیارە پێغەمبەر (ﷺ) سەرسام بووە بەو جۆش و خرۆشە ئایینیەی كە هەیبووە، بۆیە هەندێك جار لەلای ڕاوەستاوە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئیسلامی پێ بگەیەنێت، بەشكم جۆش و خرۆشی ئایینی هانی بدات كە بە جددی بیر لەبابەتە ئایینیەكان بكاتەوە. بۆیە ئەو كەسانەی پێغەمبەریان (ﷺ) بینیبوو لای ئەو پیاوە ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئەم كەسە پێغەمبەر فێردەكات؛ هەروەك لەیەكێك لەو ڕیوایەتانەی كە لەسەرەوە باسكران ئاماژەی پێكراوە خەڵكی لێیان پرسیوە یان هاوەڵەكەی لێی پرسیوە: ئایا تۆ موحەممەد فێردەكەیت؟ ئەویش گوتوویەتی: نەخێر، بەڵكو ئەو من فێردەكات.
لە گفتوگۆیەوە ڕوون دەبێتەوە ئەمە ئەو كەسەیە كە بێباوەڕەكان ئاماژەیان پێ كردووە. خوا (عز وجل) لە وەڵامیاندا دەفەرمووێت ﴿لِّسَانُ ٱلَّذِي يُلۡحِدُونَ إِلَيۡهِ أَعۡجَمِيّٞ وَهَٰذَا لِسَانٌ عَرَبِيّٞ مُّبِينٌ﴾.. واتە ئەو كەسە بەهیچ شێوەیەك زمانی عەرەبی نازانێت یان لە زمانی عەرەبی زۆر كەم شارەزایە بەجۆرێك ناكرێت بگوترێت زمانی عەرەبی دەزانێت، بەڵام زمانی قورئانی پیرۆز عەرەبیەكی ڕەوان و پاراوە، ئیتر چۆن بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕ كردووە لەگەڵ یەكتردا؟ زمان تاكە ڕێگایە كە بەهۆیەوە ئەو بتوانێت ڕێنمایی و فێركاریەكانی ئایینەكەی خۆی فێری پێغەمبەر بكات، بەڵام زمانی پێغەمبەر عەرەبیە و زمانی ئەو ناعەرەبیە، چۆن كەسێكی عەرەب سوود لە زانیاریەكانی كەسێكی ناعەرەب وەردەگرێت؟
كێ دەتوانێت نكۆڵی لە گونجاوی و مەعقولبوونی ئەم وەڵامە بكات؟ لەڕاستیدا وەڵامێكی زۆر مەعقولە.
ماناكەی تر كە دەكرێت ئەم ئایەتەی پێ تەفسیر بكرێت ئەوەیە ئەو كەسەی تۆمەتبار كراوە بە فێركردنی پێغەمبەر (ﷺ) زمانی دایكی عەرەبیە، بەڵام ناتوانێت گوزارشت لەو شتە بكات كە دەیەوێت بیڵێت. وە بەپێی ئەم مانایەش وەڵامی قورئان بۆ ڕەخنەكە زۆر بەهێز و دەمكوتكەرە، چونكە گوتراوە: زمانی قورئان مانا گەلێكی زۆری تێدایە بە جۆرێك بەوپەڕی شایستەیی ناونراوە ﴿عَرَبِيّٞ مُّبِينٌ﴾.. واتە ئەو خۆی یەك بەیەك وەڵامی هەموو ڕەخنەیەك دەداتەوە بەشێوەیەكی ڕوون و قایلكەر، ئیتر چۆن كەسێكی گێل كە نەتوانێت بیروبۆچوونی خۆی بە دروستی دەرببڕێت دەكرێت ئەم زانیاریە بڵند و بەرزانە كە تێیدا هەموو بانگەشەكان بە بەڵگەوە هاتوون فێری موحەممەد (ﷺ) بكات، بەجۆرێك خوێنەر لەو زانیاریانەدا چارەسەری بەڵگەدار و قایلكەر بۆ هەموو ئەو گرفتانە دەدۆزێتەوە كە دەكرێت لە مێشكی مرۆڤدا دروست بن.
ئەم وەڵامەش بەڕادەیەك بەهێزە كە هیچ گومانێك لە دروستی و مەعقولیەتەكەی ناكرێت.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت: ئایا ڕێی تێناچێت ئەو كۆیلە گێلە تەنانەت بەوشێوازە نزم و خراپە كە لە ئاخاوتندا هەیبووە ڕووداوەكانی ئینجیل بۆ پێغەمبەر (ﷺ) بگێڕێتەوە، پاشان پێغەمبەر (ﷺ) بە زمانی عەرەبی دایانبڕێژێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە وشەی ﴿مُّبِينٌ﴾دایە، چونكە ئەگەر ئەو كۆیلەیە ئەو ڕاستیانەی بە شێوەیەكی ناتەواو فێری پێغەمبەر (ﷺ) بكردایە، ئەوا بە چ ڕێگەیەك پێغەمبەر توانی بیانكات بە كۆمەڵێك ڕاستی ڕوون و ڕەوان.. واتە ئەو ڕاستیانەی كە بە خۆیان دەبنە بەڵگە لەسەر ڕاستی و دروستی خۆیان؟ ئایا هیچ كەسێك لە دنیادا هەیە بتوانێت درۆ یان هەڵە بكات بە ڕاستیەكی بە بەڵگە پاڵپشتكراو بەجۆرێك وەك خۆری نیوەڕۆ ڕووناك بێت؟
هەندێك لە مەسیحیەكان ئەم ڕەخنەیە بە شێوازێكی تر دەخەنەڕوو و دەڵێن: قورئان بانگەشەی ئەوە دەكات كە شتانێكی ناو كتێبەكانی جوولەكە و مەسیحیەكان دەگێڕێتەوە كە موحەممەد بەهۆی ئەوەی نەخوێندەوار بووە نەیتوانیوە بیانزانێت، كەواتە خوای گەورە هەواڵی ئەو شتانەی پێ داوە؛ بەڵام لەڕاستیدا موحەممەد لە هەندێك كۆیلەی مەسیحیەوە كۆمەڵێك ڕیوایەتی هەڵەی دەبیست كە هیچ پەیوەندیەك لەنێوان ڕووداوەكانیاندا نیە پاشان ئەوانەیشی خستەسەر قورئان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە پێویست نەبووە ئەو ڕیوایەتانە لە كەسانی زۆر زیرەك و بلیمەتەوە ببیستێت. وە بەو پێیەی قورئان ئەم چیرۆكانەی بە هەڵە گێڕاوەتەوە كەواتە دەچەسپێت موحەممەد لە كۆیلەیەكەوە ئەو چیرۆكانەی بیستووە كە بەم شێوەیە گێل بووە. كەواتە قورئان هەرچی بڵێت ڕەخنەكە لەسەر خۆی لانابات، بەڵكو بەهێزتری دەكات!
وەڵامەكە ئەوەیە ئەو بانگەشەیەی مەسیحیەكان لێرەدا دەیدەنەپاڵ قورئان لە هیچ شوێنێكی قورئاندا نەهاتووە. قورئان هەرگیز ئەوە ڕاناگەیەنێت مادام كۆمەڵێك بابەتی باس كردووە كە لە پەرتووكەكانی ئەهلی كیتابدا هاتوون، كەواتە سەلمێنرا لەلایەن خوای گەورەوە نازڵ كراوە، بەڵكو قورئان بەڵگەی ڕاستی خۆی بەوە دەهێنێتەوە كە كۆمەڵێك ڕاستیی و زانیاری تێدایە تەنانەت لە پەرتووكەكانی ئەهلی كتێبیشدا نین. بۆ نموونە كەمێك لەمەوپێش خوا لەم سوورەتەدا ڕایگەیاند ﴿تَٱللَّهِ لَقَدۡ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰٓ أُمَمٖ مِّن قَبۡلِكَ فَزَيَّنَ لَهُمُ ٱلشَّيۡطَٰنُ أَعۡمَٰلَهُمۡ فَهُوَ وَلِيُّهُمُ ٱلۡيَوۡمَ وَلَهُمۡ عَذَابٌ أَلِيمٞ * وَمَآ أَنزَلۡنَا عَلَيۡكَ ٱلۡكِتَٰبَ إِلَّا لِتُبَيِّنَ لَهُمُ ٱلَّذِيٱخۡتَلَفُواْ فِيهِ وَهُدٗى وَرَحۡمَةٗ لِّقَوۡمٖ يُؤۡمِنُونَ﴾ (ئایەتەكانی: 64 و 65). ئەم ئایەتانە سەرەتا باسی ناردنی پێغەمبەران دەكەن بۆ ئوممەتەكانی پێشوو پاشان باسی دابەزینی قورئانی پیرۆز دەكەن، وە ناڵێن مادام قورئان ئەوە باس دەكات كە لەپەرتووكەكانی پێغەمبەرانی پێشوودا هاتووە كەواتە لەلایەن خوای گەورەوە دابەزیوە، بەڵكو دەڵێن خەڵكی پشتیان لە پەرتووكەكانی پێشوو كرد و شوێن شەیتان كەوتن، بۆیە تووشی جۆرەها جیاوازی و ناكۆكی بوون، قورئانیش هاتووە بۆ ئەوەی ئەو شتانە یەكلایی بكاتەوە كە تێیدا ناكۆك بوون، وە ئەو ڕاستیانە ئاشكرا بكات كە ون بوون لێیان.
دوای ئەم بانگەشە ڕوونەی ناو قورئان چۆن دەكرێت باوەڕ بەو قسەیە بكەین كە موحەممەد (ﷺ) ڕاستگۆیی خۆی لەسەر بنەمای ئەو چیرۆكانەی كتێبەكانی پێشوو دامەزراندووە كە لە هەندێ كۆیلەوە دەیبیستن!
پاشان ئەو ئایەتەیش كە ئێمە لێرەدا تەفسیری دەكەین ڕایدەگەیەنێت فەزڵی قورئان لەوەدا نیە كە لە كتێبە كۆنەكانەوە شتی وەرگرتووە، بەڵكو لەوەدایە كە ﴿مُّبِينٌ﴾ە. چونكە كتێبێك ﴿مُّبِينٌ﴾ بێت ئەوە دەخوازێت كە كۆمەڵێك زانیاری فراوانی شاراوەی تێدا بێت، وە هەموو ڕاستیەكان بە بەڵگەوە ڕوون بكاتەوە، وە بەشێوەیەكی قایلكەر وەڵامی هەموو ڕەخنەكان بداتەوە. وە تەنانەت زیرەكترین كەسیش ناتوانێت یارمەتی موحەممەد بدات بۆ نووسینی ئەم جۆرە كتێبە، چجای ئەوەی ئەمە لەو كۆیلەیە چاوەڕێ بكرێت كە ئەوان تۆمەتباری دەكەن بەوەی لەسەر دەستیدا پێغەمبەر (ﷺ) فێربووە.
ڕەنگە لێرەدا هەندێ كەس بڵێن: هەڵەیە ئەو كۆیلەیە بە نەزان و گێل دابنێین، لەوانەیە موحەممەد یارمەتی لە زانایەكی گەورەوە وەرگرتبێت. لەڕاستیدا ئەو نووسەرە مەسیحیانەی كە “سێرجیۆس”یان بە مامۆستای پێغەمبەر (ﷺ) داناوە لەبەر هەمان هۆكار ئەم كارەیان كردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوان لەوانی تر زیرەكتر بوون بەجۆرێك هەستیان بەوە كردووە كە ڕوونكردنەوەی قورئان دەربارەی ئەو بابەتانەی كە جێگەی ناكۆكین لەنێوان ئیسلام و ئەهلی كتێبدا زۆر بەرزترە لەوەی تەنانەت یەكێك لەو مەسیحیانە نووسیبێتی كە زۆر رۆشنبیرن چجای ئەو كۆیلە گێلە، بۆیە كەسایەتیەكی خەیاڵیان بە ناوی “سێرجیۆس” پێشنیار كرد و گوتیان: ئەو ڕاهیبێكی نەستۆری بووە و موحەممەدی فێردەكرد.
سەرەڕای ئەوەی نووسەرە مەسیحیەكانی تر بە بەڵگەی مێژوویی ئەم بۆچوونەیان پووچەڵ كردووەتەوە، بەڵام من دەمەوێت لەڕوانگەی عەقڵەوە وەڵامی بدەمەوە. لەڕاستیدا مەسیحیەكان بەم بۆچوونە تەنها سووكایەتی بە ئایینەكەی خۆیان دەكەن؛ چونكە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت وێنەی ڕاستەقینەی ئەهلی كتێب تەنها ئەوەیە كە قورئان دەیكێشێت بۆیان، ئەگەرچی هەندێ لە مرۆڤەكان یارمەتی موحەممەدیان داوە لە كێشانی ئەو وێنەیەدا! ئایا ئەمە مانای پووچی ئایینەكەی ئەوان ناگەیەنێت؟ چونكە ئەوپەڕی ئەوەی كە ڕوویدا ئەوە بوو ئەوان دانیاننا بە پووچەڵی ئایینەكەی خۆیاندا هەرچەندە بیانووی ئەوەیان هێناوەتەوە كە كارێكیان كردووە قورئانیش گومانی لێ بكرێت! بەڵام گومان هیچ لەڕاستی ناگۆڕێت. بۆیە ئەو شتەی ئەوان دەیدەنەپاڵ قورئان، خودی زانایانی خۆیان ڕایانگەیاندووە كە شتێكی بێ بایەخە، پاشان ئەم بۆچوونەیان هیچ بایەخێك بۆ ئایینەكەیان ناهێڵێتەوە، چونكە وەك دانپێدانانێك وایە لەلایەن ئەوانەوە كە هەموو ئەو شتانەی لە قورئاندا هاتوون لە دژی ئەهلی كتێب ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی فراوان و قووڵ بووە كە كەسێكی زانا و لێكۆڵەر ئەنجامی داوە لەڕێگەی پشكنین و گەڕان بەناو كتێبخانەكانی جوولەكە و مەسیحیەكاندا، وە هەڵەكانی ئایینەكەی ئێستای ئەوانی ئاشكرا كردووە. وە ئەوپەڕی ئەو بیانووەی كە بكرێت بیهێننەوە بۆ خۆیان ئەوەیە كە بڵێن: ئایینی جوولەكە ئەوە نیە كە ئەو كتێبانەی جوولەكە كە ئێستا هەن وەك تەورات و ئەوانی تر دەیخەنەڕوو، بەڵكو ئەوەیە كە قورئان دەیخاتەڕوو، وە ئایینی مەسیحی ئەوە نیە كە ئینجیلەكان دەیخەنەڕوو، بەڵكو ئەوەیە كە قورئان دەیخاتەڕوو. ئایا ئەمە مانای ئەوە نیە كە ئەوان قورئان بەڕاست دەزانن؟
خاڵێكی تر هەیە شایەنی باسكردنە. ئەویش ئەوەیە ڕەنگە هەندێ كەس بڵێن: بۆچی ڕستەی ﴿لِّسَانُ ٱلَّذِي يُلۡحِدُونَ إِلَيۡهِ أَعۡجَمِيّٞ﴾ بەو مانایە تەفسیر بكرێت كە كەسی ئاماژەبۆكراو عەرەبی نازانێت یان بە شێوەیەك شارەزای زمانی عەرەبی نیە كە بتوانێت بە دروستی ڕای خۆی دەربڕێت، بۆچی بەو شێوەیە تەفسیری نەكەین كە ئەو كەسە زمانی دایكی عەرەبی نەبێت؛ وە ئەستەم نیە كەسێكی لەم شێوەیە بەڕادەیەك فێری زمانی عەرەبی ببێت و شارەزا بێت تێیدا كە بتوانێت موحەممەد فێربكات؟
وەڵامەكە ئەوەیە: ئەم ئایەتە بەو مانایە تەفسیر ناكرێت، چونكە قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تردا ئەم ڕەخنەیە و وەڵامەكەیشی تۆماركردووە، كەواتە چەسپا كە ئەم ئایەتە مەبەستی ئەوە نیە كە ڕەخنەگرەكان زەینیان بۆی چووە، وە قەشە “وێری” هەڵەیە لەوەدا كە دەڵێت وەڵامی قورئان بۆ ئەو ڕەخنەیە وەڵامێكی پووچە بەڵكو قوڕەكە خەستتر دەكاتەوە. چونكە قورئانی پیرۆز مادام لە سوورەتی “الفرقان”دا ئەو پرسیارەی باسكردووە كە “وێری” و كەسانی تر لەم ئایەتەوە وەریدەگرن و لەوێدا بەشێوەیەكی زۆر قایلكەر وەڵامی داوەتەوە، ئیتر چۆن دەكرێت لێرەدا لە سوورەتی”النحل”دا جارێكی تر وەڵامێكی لاواز و بێ نرخی ئەو پرسیارە بداتەوە؟ لەكاتێكدا “وێری” خۆی دان بەوە دادەنێت كە سوورەتی “الفرقان” پێش سوورەتی “النحل” دابەزیوە بەجۆرێك نووسیویەتی: ئایەتەكانی ئەم سوورەتە (واتە سوورەتی الفرقان) لە سەرەتاییترین وەحییەكانی موحەممەدە لە مەككەدا (تەفسیری قورئان، وێری، بەرگی 3، لا 207)، لەكاتێكدا دەربارەی سوورەتی “النحل” دەڵێت: هەموو بەڵگە ناوخۆیی و دەرەكیەكان وامان لێدەكەن ئەم سوورەتە بە یەكێك لە كۆتاییترین سوورەتەكانی مەككە دابنێین (هەمان سەرچاوە، لا 24). ئیتر چۆن دەكرێت كەسێكی ژیر باوەڕ بەوە بكات كە قورئان وەڵامی هەمان ئەم ڕەخنەیەی لە سوورەتی “الفرقان”دا بە شێوەیەكی بەهێز داوەتەوە، بەڵام دوای نزیكەی شەش ساڵ نەیتوانیوە بە هەمان هێزەوە وەڵامی بداتەوە؟ ئەگەر سوورەتی “النحل” پێش سوورەتی “الفرقان” دابەزیبوایە ئەوا ڕەوا بوو كەسێك بڵێت موحەممەد (ﷺ) نەیتوانیوە لەم سوورەتەدا بەجوانی وەڵامی ڕەخنەكە بداتەوە، بەڵام دواتر لە سوورەتی”الفرقان”دا وەڵامە گونجاوەكەی دۆزیوەتەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە سوورەتی “الفرقان” پێش سوورەتی”النحل” دابەزیوە بە دانپێدانی خودی نووسەرە مەسیحیەكانیش!
بۆ ڕوونكردنەوەی بابەتەكە ئێستا بەراوردێك دەكەم لەنێوان ئەوەی كە لە سوورەتی “النحل”دا هاتووە و ئەوەی لە سوورەتی”الفرقان”دا هاتووە. خوای گەورە لە سوورەتی”الفرقان”دا دەفەرموێت: ﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ إِنۡ هَٰذَآ إِلَّآ إِفۡكٌ ٱفۡتَرَىٰهُ وَأَعَانَهُۥ عَلَيۡهِ قَوۡمٌ ءَاخَرُونَ ۖ فَقَدۡ جَآءُو ظُلۡمٗا وَزُورٗا * وَقَالُوٓاْ أَسَٰطِيرُ ٱلۡأَوَّلِينَٱكۡتَتَبَهَا فَهِيَ تُمۡلَىٰ عَلَيۡهِ بُكۡرَةٗ وَأَصِيلٗا * قُلۡ أَنزَلَهُ ٱلَّذِي يَعۡلَمُ ٱلسِّرَّ فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ ۚ إِنَّهُۥ كَانَ غَفُورٗا رَّحِيمٗا﴾ (الفرقان: 5-7).
لێرەدا قورئان بەڕوونی ئەوڕەخنەیەی باسكردووە كە “وێری” هەوڵ دەدات وەریبگرێت لەم ئایەتەی كە ئێمە لە سوورەتی”النحل”دا تەفسیری دەكەین، لەمەوە بەجوانی دەردەكەوێت ئەو شتەی كە خەڵكی مەككە لە سوورەتی”النحل”دا ورووژاندویانە جیاوازە لەو شتەی كە لە سوورەتی”الفرقان”دا ورووژاندوویانە. چونكە (یەكەم) سوورەتی “الفرقان” ڕایدەگەیەنێت كە بێباوەڕەكان تۆمەتیان خستووەتەپاڵ پێغەمبەر (ﷺ) بەوەی لەسەر دەستی كەسانێكدا فێربووە، لەكاتێكدا لێرە لە سوورەتی “النحل”دا پەنجەی تۆمەتیان بۆ كەسێكی دیاریكراو درێژكردووە. (دووەم) سوورەتی “الفرقان” ئەو كۆمەڵەی دیارینەكردووە كە تۆمەتبارن بە فێركردنی پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵام لێرە لە سوورەتی “النحل”دا ئاماژەیان كردووە بۆ كەسێكی دیاریكراو. (سێیەم) سوورەتی”النحل” هیچ كاتێكی بۆ ئەوكارە دیاری نەكردووە، بەڵام سوورەتی “الفرقان” باسی ئەوە دەكات كە ئەم پڕۆسەی فێركردنە بەردەوامە بەیانیان و ئێواران. وە پێویستە بزانرێت هاوەڵانی پێغەمبەر (ﷺ) لە ماڵی ئەرقەم بەیانیان و ئێواران لەلای پێغەمبەر (ﷺ) كۆدەبوونەوە بۆ نوێژكردن و فێربوونی قورئان (السیرة النبویة لابن هشام، ذكرُ مَن أسلم من الصحابة بدعوة أبي بكر). بۆیە خەڵكی مەككە ئەوەندە نەفام بوون وایان زانیبوو هەندێ لە كۆیلە مەسیحیەكان لەوێ لەگەڵ هاوەڵاندا كۆدەبنەوە تا هەواڵیان پێ بدەن دەربارەی ئەو شتەی كە لە كتێبەكانیاندا هاتووە یان بۆیان بخوێننەوە، وە هاوەڵانیش بەیانیان و ئێواران ئەوەیان لەبەردەكرد. ئەم نەزانانە هەرگیز بیریان لەوە نەكردەوە كەموسوڵمانان لەوێ تەنها بۆ نوێژكردن كۆدەبنەوە، وایان زانی كە ئەوان لەوێ بۆ نەخشەدانان و پیلانگێڕی كۆدەبنەوە.
هەڵبەت من خۆم بە ئەزموونێكی لەم جۆرەدا تێپەڕیم، كە بە تەواوەتی ناوەڕۆكی گومانێكی خراپی لەو شێوەیە ئاشكرا دەكات. نزیكەی بیست ساڵ لەمەوبەر سەردانی شاری لاهۆرم كرد. سەرۆكی كۆچكردووی بەناوبانگی ئاری “لالە ڕام بەهگەت” لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردەی تردا هاتن بۆ سەردانم، یەكێك لەوان سەرنووسەری ڕۆژنامەی سیخی “شیر پنجاب” بوو. واڕێكەوت لەو ئێوارەیەدا من سیمینارێكم هەبوو، ئەوانیش لای من مانەوە بۆ بیستنی سیمینارەكە. لەبەر زۆری سەردان و سەرقاڵیەكان بەدرێژایی ڕۆژ نەمتوانی ئەو ئایەتانەی قورئانی پیرۆز ئامادە بكەم كە دەمویست لە سیمینارەكەمدا سوودیان لێ ببینم. بۆیە داوام لە زانای گەورەی كۆچكردوو حافز روشن عەلی (رضي الله عنه) كرد -كە شارەزاییەكی زۆری هەبوو لەوەی بەخێراییكی زۆر ئەو ئایەتانەی لە قورئانی پیرۆزدا دەردەهێنا كە پێویست بوون- كە لە تەنیشتم لە سەر ستەیج دابنیشێت بۆ ئەوەی ئەگەر لەكاتی وتارداندا من ئاماژەم بە ناوەڕۆكی ئایەتێك كرد كە ویستم بەڵگەی پێ بهێنمەوە ئەو بیخوێنێتەوە بۆم. [حەزرەتی نووسەر (رضي الله عنه) وتار و سیمینارەكانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ پێشكەش دەكرد و هیچ بابەتێكی نووسراوی بەكارنەدەهێنا. (وەرگێڕ)]
من دەستم كرد بەوتاردان، وە هەر كاتێك دەمویست ئایەتێك بە بەڵگە بهێنمەوە بە دەنگێكی نزمەوە چەند وشەیەكی ئەو ئایەتەم دەخوێندەوە بەسەر خوالێخۆشبوودا یان ئاماژەم بە ناوەڕۆكەكەی دەكرد، ئەویش ئایەتەكەی بە تەواوی دەخوێندەوە بۆم، ئەوسا منیش ئایەتەكەم دەخوێندەوە و قسەكەم تەواو دەكرد. ڕۆژی دواتر سەرنووسەری ڕۆژنامە سیخیەكە لەڕۆژنامەكەی خۆیاندا نووسیبووی: من ئامادەی سیمینارەكەی ئەمشەوی پێشەوای كۆمەڵی قادیان بووم، بەڕاستی زۆر جوان بوو، بەڵام دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەم كرد و بە پەنهانی چوومە دواوەی ستەیج بۆم دەركەوت كە حەزرەتی پێشەوا زانایەكی گەورەی لەوێ شاردبووەوە كە بەردەوام ئەو بابەتەی بەسەردا دەخوێندەوە كە وتاری لەبارەوە دەدا.
بەهۆی ئەم ڕووداوە پێكەنیناویەوە برایان چەندین ڕۆژ پێكەنین. كاتێك سەرنووسەری ڕۆژنامەكە لەڕاستیی بابەتەكە ئاگاداركرایەوە، زۆر پەشیمان بوو، وە گوتی: ئەی هاوار! وامزانی زیرەكیەكەم نهێنیەكی ئاشكرا كردووە!
وا دەردەكەوێت هەندێك لە خەڵكی مەككەش كارێكی لەم جۆرەیان كردبێت كە ویستوویانە شانازی بە زیرەكی خۆیانەوە بكەن لەناو خەڵكدا. كاتێك موسوڵمانان لە كاروباری ڕۆژانەی خۆیان دەبوونەوە بەیانیان و ئێواران لە ماڵی ئەرقەم ئامادە دەبوون بۆ نوێژكردن و خوێندنەوەی قورئان لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ)، بێباوەڕەكانیش گوتیان: هەڵبەت نهێنیەكەمان زانی، ئەوان لێرە كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی قورئان بۆ موحەممەد بنووسن.
لەڕاستیدا قسەی ئەم بێباوەڕانە ئایەتێكە بۆ كەسانی هۆشیار؛ چونكە بێباوەڕان دانیان بەوەدا ناوە كە قورئانی پیرۆز لە پلەیەكی ئەوەندە بەرز و باڵادایە كە مەحاڵە یەك كەس بتوانێت بە تەنها بینووسێت، لەبەر ئەوە گوتیان: كۆمەڵێك خەڵك هەن لە پشت پەردەوە یارمەتی موحەممەد دەدەن لەنووسینی قورئاندا: هەندێكیان بە بەڵگەی عەقڵی پشتیوانی دەكەن، و هەندێكی تریشیان بەوەی لەپەڕاوەكانی پێشیناندا هاتووە.
ئێستایش بەدرێژی باسی وەڵامەكەی قورئان دەكەم بۆ ئەم ڕەخنەیە لە سوورەتی”الفرقان”دا.
لێرەدا دەبێت دوو شت لەبەرچاو بگرین: (یەكەم): ئایا ئەو كەسانەی كە تۆمەتبار كراون بە ئەنجامدانی ئەو كارە دەكرێت ئەو كارە ئەنجام بدەن؟(دووەم): ئایا ئەم وتەیە كە دەگوترێت ئەو كۆیلانە نووسیویانە دەكرێت لەلایەن مرۆڤەوە بنووسرێت؟
قورئانی پیرۆز لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا دەفەرموێت: ﴿فَقَدۡ جَآءُو ظُلۡمٗا وَزُورٗا﴾.. واتە ڕەخنەگران زوڵمێكی گەورەیان ئەنجامداوە كاتێك ئەو كۆیلە داماوانەیان تۆمەتبار كردووە بەوە. ئایا نابینن ئەو كۆیلانە بەهۆی موسوڵمانبوونیانەوە تووشی سەختترین ئەشكەنجەبوون؟ چۆن دەكرێت ئەم كەسانە قورئان فێری موحەممەد (ﷺ) بكەن، پاشان لەپێناوی ئەم قسە هەڵبەستراوەدا شەو و ڕۆژ خۆیان تووشی جۆرەها ئەشكەنجە و سزا بكەن؟ هەندێكیان گیانی خۆیان بەخت كرد لەپێناوی ئیسلامدا. هەندێكیان چاویان دەرهێنرا. وە لەناویاندا دوو هاوسەر هەبوون بێباوەڕەكان بە خراپترین شێوە كوشتیانن بەجۆرێك بە ڕم دایان لە ئەندامی زاوزێی ژنەكە و لەبەر چاوی مێردەكەیدا كوژرا، وە هەردوو قاچی مێردەكەیان بە دوو وشترەوە بەست و بە دوو ئاراستەی پێچەوانەوە غاریاندان پیاوە داماوەكە بوو بە دوو پارچەوە!! هەروەها زۆر بە سەختی كوڕی ئەو ژن و مێردەیان ئەشكەنجەدا. بێباوەڕەكان لەكاتی ئەشكەنجەدانەكەدا چەندین جار داوایان لەو ژن و مێردە كرد نكوڵی بكەن لە موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەتا ئازادیان بكەن، بەڵام هەردوو هاوسەرەكە مردنیان پێ باشتر بوو لەوەی واز لەڕاستی بهێنن (الإصابة تحت “سمية”، وتفسير الرازي). ئەو كەسە گەورەمان یاسر بوو.. گەورەی ئازادیخوازان كە پێی دەگوترا كۆیلە. وە ئەویش یەكێك بوو لەو كۆیلانەی كە تۆمەتبار كرابوون بە فێركردنی پێغەمبەر (ﷺ). ئایا عەقڵ قەبووڵی دەكات ئەوان قورئان بۆ موحەممە دبنووسن پاشان لەپێناویدا گیانی خۆیان بەخت بكەن لەژێر گوشاری ئەو ستەم و ئەشكەنجە سەختانەدا؟ گومانی تێدا نیە هەڵچوون و تووڕەبوونی كاتی چاوی خەڵكی مەككەی كوێر كردبوو، بۆیە ڕاستیان نەبینی، بەڵام ئایا ئەمڕۆ لە جیهانی مەسیحیدا چاوێك نیە ڕاستیەكان ببینێت و زمانێك نیە ڕاستیەكان بڵێت و دەنگی ناڕەزایی خۆی بەرزبكاتەوە بەسەر ئەم ڕەخنەیەدا كە ڕەخنەیەكی ستەمكارانەیە و دوژمنانی ئیسلام بەردەوام دووبارەی دەكەنەوە؟
لایەنەكەی تری پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەكرێت ئەم وتەیە لە نووسینی ئەو كۆیلانە بێت؟ قورئان وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە و فەرموویەتی ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن ئەفسانەی نووسراوەكانی پێشوو كۆمەڵێك چیرۆك نین، بەڵكو كۆمەڵێك هەواڵی گرنگن كە لەلایەن زانای نهێنیەكانی ئاسمانەكان و زەوییەوە ڕاگەیەنراون.. واتە كۆمەڵێك پێشبینیان تێدایە سەبارەت بە داهاتوو. وە ئاشكرایە مرۆڤ ناتوانێت هەواڵی داهاتوو بزانێت و پێشبینی داهاتوو بكات. وە هیچ گومانێك لەوەدا هەیە كە ئەم وەڵامە زۆر ڕوون و بەهێزە.
كەواتە بەتەنها سوورەتی “الفرقان” باسی ئەو تانەیەی بێباوەڕان دەكات كە گوایە كۆمەڵە مرۆڤێك قورئان فێری موحەممەد (ﷺ) دەكەن، هەڵبەت وەڵامێكی دەمكوتكەری ئەم ڕەخنەیەی داوەتەوە بەجۆرێك هیچ مرۆڤێكی ڕێزدار هەرگیز جارێكی تر ئەم ڕەخنەیە دووبارە ناكاتەوە.
بەڵام سوورەتی”النحل” هەمان ڕەخنە دووبارە ناكاتەوە، بەڵكو باس لەوە دەكات كە بێباوەڕان كۆیلەیەكی دیاریكراو و ناسراویان تۆمەتبار كردووە بەوەی قورئان فێری موحەممەد (ﷺ) دەكات. لەڕاستیدا ئەو كۆیلەیە شارەزا نەبوو لە زمانی عەرەبیدا، هەموو بابەتەكە تەنھا ئەوە بوو كە ئەو كۆیلەیە كۆمەڵێك بڕگەی ئینجیلی دووبارە دەكردەوە ڕەنگە بە زمانی یۆنانی بوو بێت لەكاتێكدا خەریكی دروستكردنی شمشێر بوو؛ كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) جۆش و خرۆشی ئایینی ئەو كەسەی دەبینی ڕادەوەستا لەلای بۆ ئەوەی پەیامی خوای پێڕابگەیەنێت بەشكم وشەیەكی لێ (ﷺ) ببیستێت كە ڕێنموویی بكات بۆ ڕێگای ڕاست. لەبەر ئەوە دەبینین كاتێك بێباوەڕەكان لێیان پرسی: ئایا تۆ موحەممەد فێردەكەیت؟ ئەویش گوتی: نەخێر، بەڵكو ئەو من فێردەكات. بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت ئەو كۆیلەیەی كە ئەوان پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ دەكەن ناعەرەبە واتە شارەزایی نیە لە زمانی عەرەبیدا كە بتوانێت بەو زمانە بابەتێكی زانستی دەرببڕێت، بەڵكو ئەوپەری توانیبێتی یارمەتی پێغەمبەر بدات كە چەند دەستەواژەیەكی ئینجیلی پێ لەبەربكات بە زمانی عیبری یان یۆنانی، وە لەم دۆخەدا پێویست بوو كۆمەڵێك دەستەواژەی یۆنانی و عیبری لە قورئاندا هەبن، بەڵام تەواوی قورئانی پیرۆز بە زمانی عەرەبیە. وە مادام ئەو كۆیلەیە توانای وەرگێڕانی دەستەواژە ئینجیلیەكانی نەبووە بۆ سەر زمانی عەرەبی، وە مادام ئێمە لە قورئاندا هیچ دەستەواژەیەكی عیبری یان یۆنانی نابینین.. كەواتە كێ مامۆستایە و كێ فێرخوازە؟
ئایا ئەم وەڵامەی قورئان وەڵامێكی قایلكەر نیە؟ ئایا هیچ وەڵامێك هەیە لەمە بەهێزتر بێت؟ لەڕاستیدا تەنها كەسێكی گەمژە یان كەسێك كە دەمارگیری و كەللـەڕەقی چاوی كوێر كرد بێت ئەم وەڵامە بە وەڵامێكی پووچ و بێ نرخ لەقەڵەم دەدات.
شایەنی سەرنجدانە ئەو ڕیوایەتەی كە من لێرەدا بە گونجاوتری دەزانم ئەوەیە كە باسی دوو كۆیلە دەكات، بەڵام من لێرەدا تەنها باسی یەك كۆیلەم كرد ئەویش جەبر بوو؛ ئەمەش لەبەر دوو هۆكار: یەكەم: لەم ئایەتە قورئانیەوە ڕوون دەبێتەوە ئەوان پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەك كەس درێژ دەكرد؛ دووەم: ڕیوایەتێكی تر هەیە باسی یەك كۆیلە دەكات، ئەویش ئەو ڕیوایەتەیە كە تێیدا هاتووە كاتێك بێباوەڕەكان لێیان پرسی: ئایا تۆ موحەممەد فێردەكەیت؟گوتی: نەخێر، بەڵكو ئەو من فێردەكات. ئەوەی گومانیان لێ كرد تەنهایەك كۆیلە بوو، ئەگەرچی كۆیلەیەكی تر لەگەڵیدا هەبوو كە كاری دروستكردنی شمشێریان دەكرد پێكەوە.
بابەتێكی تر هەیە كە زۆر گرنگە و دەكرێت ڕێنموونیمان بكات بۆ ڕاستی ئەویش ئەوەیە: ئایا لەو كاتەدا تەورات و ئینجیل وەرگێڕدرابوون بۆ سەر زمانی عەرەبی یان نا؟ وە ئایا ئەو وەرگێڕانە عەرەبیە باو بووە و دەستاودەستی پێكراوە بەجۆرێك دەستبدات بۆ كۆیلە ئاساییەكان لەكاتی كاركردندا بیخوێننەوە؟ چونكە ئەگەر وا نەبوایە ئەوا نەدەكرا ئەو كۆیلانە سوود لە دەستەواژەكانی ئەو پەڕتووكانە وەربگرن كە زمانەكەیان یۆنانی یان عیبری بووە، هەروەها پێغەمبەریش (ﷺ) سوودی وەرنەدەگرت لێیان؛ چونكە مێژوو پێمان دەڵێت لەناو موسوڵماناندا هیچ كەسێك نەبووە زمانی عیبری بزانێت تەنها عەبدوڵڵای كوڕی سەلام نەبێت (مسلم، الحدود)، وە سەبارەت بە زمانی یۆنانیش مێژوو باسی ئەوە ناكات كە كەسێكیان شارەزای ئەو زمانە بووبێت، بەپێی زانیاری من.
سەبارەت بە بابەتی یەكەم، توێژینەوەكەی من جەخت لەوە دەكاتەوە كە تەورات و ئینجیل تا ئەو سەردەمە بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرنەگێڕدرابوون. وە مادام وەرگێڕانی تەورات و ئینجیلیش بوونی نەبووە، كەواتە بەدڵنیاییەوە وەرگێڕانی كتێبە لاوەكیەكانی وەكو كتێبی تەلموود و ئەو كتێبانەی تریش كە گێڕانەوە یەهودیەكانیان تێدایە بوونی نەبووە. ئەمانەی خوارەوە بەڵگەی پشتیوانن بۆ هەڵوێستەكەم:
1- ئەهلی كتێب تا ئەو كاتە نەریتیان وا نەبووە “كتێبی پیرۆز” وەربگێڕن، بەڵكو لە سەدەی سیانزەی كۆچیدا روویان كردە وەرگێڕانی كتێبی پیرۆز؛ لەبەر ئەوە دەبینین موفەسیرە موسوڵمانەكان -كە هەموو زانستەكانیان بەدەستهێنابوو بۆ ئەوەی یارمەتیان لێ وەربگرن لەتەفسیركردنی قورئانی پیرۆزدا-كاتی قسەكردن دەربارەی ئەو شتانەی كە لە كتێبە پیرۆزەكانی ئەهلی كتێبدا هاتوون كۆمەڵێك ڕیوایەتی خورافییان باس كردووە كە هیچ شوێنەوارێكیان نیە لە تەورات و ئینجیلدا. ئەمەش چونكە وەرگێڕانی عەرەبی ئەو دوو كتێبەیان دەستنەدەكەوت. چونكە ئەگەر وەرگێڕانی عەرەبی ئەو دوو كتێبە دەستبكەوتایە ئەوا چاوەڕێ نەدەكرا لە ئوممەتێك كە فەلسەفە و لۆژیكی یۆنانیەكانیان خوێندبێت ئەو دوو كتێبە نەخوێننەوە؟
2- هەروەك لەڕیوایەتە ئیسلامیەكانەوە ڕوون دەبێتەوە كە تەورات و ئینجیل لەو كاتەدا تەنها بە زمانی یۆنانی و عیبری بەردەست بوون؛ لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە دەربارەی وەرەقەی كوڕی نەوفەل: “لە سەردەمی نەفامیدا بوو بە مەسیحی، بە زمانی عیبری دەینووسی، وە لە ئینجیلی دەنووسی بە عیبری هەرچەند خوا بیویستایە” (البخاري، كتاب الوحي، باب كيف كان بدء الوحي).
بێگومان كۆمەڵێك ڕیوایەتی تریش هەیە ئاماژە بەوە دەكەن كەبە زمانی عەرەبی لە ئینجیلی دەنووسیەوە، بەڵام ئێمە دەبێت ئەم گێڕانەوەیە بەڕاستتر بزانین، چونكە ئەگەر تەورات و ئینجیل بەعەرەبی بەردەست بوونایە ئەوا لەناو عەرەبەكاندا، جگە لە وەرەقەی كوڕی نەوفەل، زۆر كەسی تر هەبوون دەستیان پێ بگات و بە عەرەبی بیخوێننەوە. بەڵكو پێم وایە ئەگەرێكی زۆر هەیە كە ڕاویەكە هەڵەی كردبێت و “عیبری”ی لە جیاتی عەرەبی باس كردبێت، چونكە لەو كاتەدا تەنها وەرگێڕانی یۆنانی بەردەست بوو، وە وەرگێڕانی عیبری وەكو نەبوو وا بووە.
3- تەنانەت ئەو هۆزە جوولەكانەی لە مەدینەدا نیشتەجێ بوون لەو كاتەدا هیچ وەرگێڕانێكی عەرەبی تەوراتیان لەبەردەست نەبوو، بۆیە دەبینین پێغەمبەر (ﷺ) هەر كاتێك پێویستی دەكرد لە بابەتێكی تەورات دڵنیابێت ئەوا یارمەتی لە هاوەڵ عەبدوڵڵای كوڕی سەلام وەرگرتووە كە شارەزای زمانی عیبری بوو. (مسلم، كتاب الحدود، باب رجم اليهود)
4- فەرموودە پیرۆزەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) دەستی كردووە بە فێربوونی زمانی عیبری بۆ ئەوەی بتوانێت تەورات و ئینجیل بخوێنێتەوە (المشكاة، الإيمان).
5- شایەتی یەكێك لە نووسەرە مەسیحیەكان پشتگیری هەڵوێستەكەم دەكات. دكتۆر ئەسكەندەر سۆتەر دەڵێت:
“Arabic versions: These come partly directly from Greek partly through syriac and partly through Coptic. Mohammad himself knew the gospel story only orally. The oldest manuscript goes no further back than 8th century… Two versions of the Arabic are reported to have taken place at Alexandria in the 13th century ”.(The text and cannon of the new testament, p. 74, Add. 1925)
ئەو لەژێر ناونیشانی “وەرگێڕانە عەرەبیەكانی ئینجیل” دا دەنووسێت كە هەندێكیان ڕاستەوخۆ لەدەقە یۆنانیەكەوە وەرگێڕدراون، و هەندێكی تریان لە وەرگێڕانی سریانی و هەندێكیشیان لە وەرگێڕانی قیبتیەوە. وە بنەمای زانیاریەكانی موحەممەددەربارەی ئینجیلەكان تەنها زانیاری زارەكی بووە. كۆنترین وەرگێڕانی عەرەبی ئینجیل دەگەڕێتەوە بۆ دوای سەدەی هەشتەمی زایینی نەك پێشتر-پێویستە بزانرێت پێغەمبەر (ﷺ) لە سەدەی شەشەمی زایینیدا لەدایك بووە- دوو وەرگێڕان هەن كە دەوترێت لە ئەسكەندەرییە ئەنجام دراون لە سەدەی سیانزەدا.
لەم بەڵگانەوە ڕوون بوویەوە كە ئینجیل تا سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) تەرجەمە نەكرابوو، وە ئەو كەسانەی دەیانویست بیخوێننەوە نوسخە یۆنانی و عیبریەكانیان دەخوێندەوە. كەواتە ناكرێت بوترێت ئەو بەندەیەی ناوی “جەبر” بووە تەورات و ئینجیلی بە عەرەبی دەخوێندەوە و ناوەڕۆكەكەی بە پێغەمبەر دەگوت. لەڕاستیدا ئەو بەندەیە چەند دەستەواژەیەكی ئینجیلی بە زمانی یۆنانی یان عیبری بە دەنگی بەرز دووبارە كردووەتەوە كە لەبەری كردبوون، ئەوپەڕی ئەو شتەی كە دەكرا پێغەمبەر (ﷺ) بیكات ئەوە بوو هەندێك لەو وشانە لەبەربكات كە ئەو بەندەیە بە زمانی عیبری یان یۆنانی دەیگوت، بەڵام تۆ بڵێی لەم وشە كەمانە چ بەرهەمێكی بەدەست بێت؟
لەكۆتاییدا، دەمەوێت لێرەدا ئاماژەیەكی جوانی قورئانی دەربخەم كە جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو بەندەیە “جەبر” بووە.
ئایەتەكانی دواتر باسی هەڵگەڕاوەكان دەكەن، وە لە ژیانی “جەبر” دا ڕووداوێكی گرنگ هەیە پەیوەندی بەیەكێك لەو كەسانەوە هەیە كە لە ئایین هەڵگەڕانەوە. “جەبر” لە دڵیدا موسوڵمان بوو، بەڵام ئیسلامەتی خۆی ئاشكرا نەكردبوو. كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) كۆچی كرد بۆ مەدینە عەبدوڵڵای كوڕی ئەبو سەرحی هەڵبژارد بۆ نووسینی وەحی لەگەڵ ئەو كەسانەی بۆ نووسینی وەحی هەڵیبژاردبوون، بەڵام عەبدوڵڵای كوڕی ئەبو سەرح جارێك گومانی كرد لە وەحی قورئان و لە ئیسلام هەڵگەڕایەوە. كاتێك پەیوەندی كرد بە بێباوەڕەكانی مەككەوە، ئاگاداری كردنەوە كە “جەبر” لەڕاستیدا موسوڵمانە، ئەوانیش بۆ چەندین ساڵ “جەبر”یان ئازاردا (الإصابة،جبر). وە خوای گەورە دوای ئەم ئایەتە دەستبەجێ باسی لەئایین هەڵگەڕاوەكانی كردووە، بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات كە ئەم بەندەیەی تۆمەتبار كراوە بەوەی پێغەمبەری (ﷺ) فێركردووە، بەهۆی یەكێك لە ئایین هەڵگەڕاوەكانەوە تووشی ستەم و چەوسانەوە دەبێت لەلایەن بێباوەڕەكانەوە.
هەروەها چەندین شتی گرنگی تر هەن دەربارەی ئەم پرسە، من بۆ بەرژەوەندی گشتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا كورتیان دەكەمەوە:
1- قورئانی پیرۆز تەنها لەگەڵ یەك ئاییندا جیاواز و ناكۆك نەبووە، بەڵكو لەگەڵ هەموو ئایینەكاندا جیاواز و ناكۆك بووە. ئایا ئەو كەسەی “فێركار” بووە، سەر بە چ ئایینێك بوو؟ وە ئایا ئەو كەسە پێغەمبەری (ﷺ) فێردەكرد دژی ئایینەكەی خۆی؟
2- قورئان ئەو هەڵانەی ڕاستكردووەتەوە كە تەورات لە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی مێژوودا ئەنجامی داون. بۆ نموونە، قورئان ڕایگەیاندووە هاروون (عليه السلام) بەشداری نەكردووە لە پەرستنی گوێرەكەدا، هەروەها داوود و سڵێمان و نووحی بێتاوان كردووە لە كوفر. ئەمەش ئەو بابەتانەیە كە ئەمڕۆ نووسەرەكانی ڕۆژئاوا -دوای تێپەڕبوونی 13 سەدە بەسەر دابەزینی قورئاندا- ناچار بوون كە تێیاندا پشتگیری هەڵوێستی قورئان بكەن و هەڵوێستی تەورات ڕەت بكەنەوە. دەی ئایا كۆیلەیەك دەیتوانی پێغەمبەر (ﷺ) ئاگادار بكاتەوە لەم هەڵانەی تەورات؟
3- ئەو ڕووداوانەی كە لە تەوراتدا باسكراون، قورئان زانیاری نوێی لەبارەیانەوە خستووەتەڕوو كە هیچ كام لە گروپە جوولەكە و مەسیحیەكان نەیانزانیون، وە ڕۆژانە ڕاستیەكەیان لەڕێگای توێژینەوە مۆدێرنەكانەوە پشتڕاست دەكرێنەوە، وەك ئاماژەدانی قورئان بەوەی لاشەی فیرعەون پارێزراوە و دەدۆزرێتەوە.
4- ڕیوایەتەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ڕووداوی وەستانی پێغەمبەر (ﷺ) لای ئەو كۆیلەیە لە ساڵی چوارەم یان پێنجەمی دوای بانگەوازەكەیدا ڕوویداوە، لەو ڕیوایەتانەدا هاتووە كەپێغەمبەر (ﷺ) لەو كاتەدا لای ڕاوەستاوە كە بایكۆتی كۆمەڵایەتی لەلایەن بێباوەڕەكانەوە سەپێنرا بەسەریدا. بەڵام كۆمەڵێك سوورەت لە قورئاندا هەن باسی مەسیحیەت دەكەن، كە پێش ئەو بایكۆتە كۆمەڵایەتیە دابەزیون، وەكو سوورەتی “الإسراء” و “الكهف” و “مریم” و “طه” و “الأنبیاء” و “الفرقان” و هتد. هاوەڵی بەڕێز ئیبن مەسعوود (رضي الله عنه) -كەیەكێك بووە لە موسوڵمانە سەرەتاكان- دەربارەی ئەو سوورەتانە دەڵێت: “إنهن من العِتاق الأُوَل، وهن من تِلادي” (البخاري، كتاب التفسير والأنبياء) واتە ئەمانە لەو سوورەتە كۆنانەن كە لە سەرەتای بانگەوازەكە دابەزیون و وەك ماڵ و موڵكی كۆنی خۆمن؛ چونكە ماوەیەكی زۆرە لەبەرم كردوون. ئەم سوورەتانەش زۆر باسی ڕووداوەكانی جوولەكە و مەسیحیەكان دەكەن.
إِنَّ ٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بَِٔايَٰتِ ٱللَّهِ لَا يَهۡدِيهِمُ ٱللَّهُ وَلَهُمۡ عَذَابٌ أَلِيمٌ 105
شیكردنەوەی وشەكان:
عذاب: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 51 لە سوورەتی الحجر.
ألیم: الألیم: ئازاربەخش (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەوان سەرەڕای بینینی نیشانە و موعجیزە گەورەكان، ڕەخنەی بێمانا دەگرن، لەجیاتی ئەوەی ئەم فێركاریە بەرزە قەبوڵ بكەن، پێی پێدەكەنن و گاڵتەی پێ دەكەن، بۆیە دەبێت تووشی سزایەكی بەژان ببن.
إِنَّمَا يَفۡتَرِي ٱلۡكَذِبَ ٱلَّذِينَ لَا يُؤۡمِنُونَ بَِٔايَٰتِ ٱللَّهِ ۖ وَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡكَٰذِبُونَ 106
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا ژیانى پێغەمبەرەكەى (ﷺ) وەك بەڵگە پێشكەش دەكات لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەر (ﷺ) خۆی، بۆ ئەوەی بەڵگە لەسەر بێباوەڕان بچەسپێنێت و بیانوویان نەهێڵێت وفەرموویەتی: بێگومان تەنھا ئەو كەسەی باوەڕی بە توانای خوا (عز وجل) نیە دەكرێت درۆبە ناوی خواوە بكات، بەڵام موحەممەدی نێردراوی خوا خۆی تەرخان كردووە بۆ چەسپاندنی گەورەیی و شكۆی خوا لە دنیادا، بەڵكو خەڵكی تریش بانگهێشت دەكات بۆ بەگەورەڕاگرتنی خوا (عز وجل)، بۆیە تەنها كەسێك كە دڵی بەتەواوی ڕەش بووبێت دژی ئەم مرۆڤە دەوەستێت.
ئایەتەكە مانایەكی تریشی هەیە كە ئەوەیە: هیچ كەسێك ناوێرێت درۆبە ناوی خواوە بكات، مەگەر كەسێك خووی گرتبێت بە درۆكردنەوە، بەڵام ئێوە خۆتان شایەتی دەدەن كە موحەممەد (ﷺ) لەناوتاندا بەڕاستگۆیی ژیاوە.
مَن كَفَرَ بِٱللَّهِ مِنۢ بَعۡدِ إِيمَٰنِهِۦٓ إِلَّا مَنۡ أُكۡرِهَ وَقَلۡبُهُۥ مُطۡمَئِنُّۢ بِٱلۡإِيمَٰنِ وَلَٰكِن مَّن شَرَحَ بِٱلۡكُفۡرِ صَدۡرٗا فَعَلَيۡهِمۡ غَضَبٞ مِّنَ ٱللَّهِ وَلَهُمۡ عَذَابٌ عَظِيمٞ 107
شیكردنەوەی وشەكان:
مَنْ: بۆ تاك و كۆ بەكاردێت (المفردات).
أُكْرِهَ: أكرهه علی الأمر: بەزۆر ناچاری كرد لەسەر ئەنجامدانی كارەكە. أكره فلانا: ناچاری كرد لەسەر كارێك كە پێی ناخۆشە، -گوتراوە- لەسەر كارێك كە بە سروشت یان بەگوێرەی شەرع نەیەوێت، ئەو كەسە ناچاركەرە و ئەم كەسەی تریش ناچاركراوە (الأقرب).
قلبه: القلب: دڵ؛ دەكرێت بۆ عەقڵیش بەكاربێت، كۆی وشەكە بریتیە لە قلوب (الأقرب).
مطمئنٌّ: اطمأنَّ إلى كذا: دڵی ئۆقرەی گرت پێی و باوەڕی پێ كرد (الأقرب).
غضبٌ: تووڕەیی: هەڵچوونی خوێنی دڵ بۆ تۆڵەسەندنەوە، وە ئەگەر بۆ خوا بەكار هات، ئەوا مەبەست لێی تۆڵەسەندنەوەیە نەك شتی تر (المفردات).
تەفسیر: هەتا ئێرە، قورئان وەڵامی ڕەخنەیەكی ناڕاستەوخۆی دایەوە كە بێباوەڕان گرتیان، كاتێك سەرنجی ڕاكێشان بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە لە داهاتوودا چاوەڕوانی ئیسلام دەكەن، وە بەڵگەی هێنایەوە كە ئەم جۆرە كۆبوونەوە ڕۆحیە هەمیشە لەلایەن خوای گەورەوە لە دنیادا دادەمەزرێت. وە بەو پێیەی ئەم هەواڵانە لە قورئاندا لەسەر شێوازی چیرۆكەكانی پێغەمبەرانی پێشوو و بارودۆخەكانیان باسكراون، بۆیە بێباوەڕان یەكسەر گوتیان: ئێمە پێشتر دەمانزانی كە قورئان لە نووسینی كەسێكی ترە و موحەممەد ئاشنا دەكات بەو شتانەی كە لە كتێبەكانی پێشوودا هاتوون.
بەڵام ئێستا قورئان جارێكی تر باسی سەركەوتنەكانی ئیسلام دەكاتەوە، و موسوڵمانان ئاگادار دەكاتەوە كە پێشكەوتنەكان هەمیشە لەگەڵ ئارامیدا نایەن، بەڵكو ڕەنگە ببنە هۆی هەندێك فیتنە و گوڕوتینی ناحەزان بوروژێنێت بۆ تۆڵەسەندنەوە، بۆیە دەبێت لەو كاتەدا بە شێوەیەكی تایبەت پارێزگاری لە باوەڕەكەتان بكەن. هەروەها هۆشداری پێداون كە هەركەسێك لە ئێوە لەئایینەكەی خۆی پاشگەز بێتەوە بۆ بەرژەوەندی دنیایی، ئەوا سزایەكی سەخت دەدرێت.
من پێم وایە ئەم ئایەتە هەواڵی پاشگەزبوونەوەی عەبدوڵڵای كوڕی ئەبی سەرحی تێدابوو، هەروەك پێشتر باسم كرد. سەرەڕای ئەو پەیوەندیەی پێشتر باسم كرد لەنێوان ئەم ئایەتە و ئایەتەكەی پێش خۆی، پەیوەندیەكی تریش لەنێوانیاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بێباوەڕان هەروەك پێغەمبەریان (ﷺ)بەوە تۆمەتبار كرد كە لەسەر دەستی كۆیلەیەكدا فێردەكرێت بەناوی “جەبر” بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە قورئان قسەی مرۆڤە، بەهەمان شێوە ئیبن ئەبی سەرح هەڵگەڕانەوەی خۆی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە قورئان قسەی خوا نیە، بەڵكو قسەی مرۆڤە.
بێگومان ئەم هەواڵە قورئانیە لەوپەڕی مەزنی و قەشەنگیدایە، وە مەزنیەكەی زیاتر دەبێت كاتێك دەبینین قورئانی پیرۆز لە سەردەمی مەككەدا هەواڵی پاشگەزبوونەوەی ئەم كەسە هەڵگەڕاوەیەی داوە لەكاتێكدا هێشتا ڕێزدار نەبوو بوو بە نووسینی وەحی قورئانی، هەروەها قورئان ئاماژەی بەو بیانووە كردووە كە ئەم كەسە دەیكات بە پاساو بۆ هەڵگەڕانەوەكەی خۆی.
ڕەنگە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِلَّا مَنۡ أُكۡرِهَ وَقَلۡبُهُۥ مُطۡمَئِنُّۢ بِٱلۡإِيمَٰنِ﴾ ئاماژە بێت بۆ “جەبر”، ڕەنگە ئەم كەسە بە ئازایەتیەوە ئیسلامبوونی خۆی ئاشكرا نەكردبێت لە ترسی ستەم و چەوسانەوەی بێباوەڕان. هەندێك ڕیوایەت هەن كە دەڵێن ئەم ئایەتە لەبارەی عەممار كوڕی یاسرەوە دابەزیوە (تەفسیری ڕازی)، بەڵام لەشیرازەی دەقەكەوە دەردەكەوێت كە زیاتر بەسەر “جەبر”دا پیادە دەبێت.
مەسیحیەكان زماندرێژییان كردووە لە تانەدان لەم ئایەتەیش و گوتوویانە ئیسلام ترسنۆكی فێری شوێنكەوتووانی دەكات و ڕێگە بە پاشگەزبوونەوە و هەڵگەڕانەوە لە ئایین دەدات لە ترسی ستەم و چەوسانەوە (تەفسیری قورئان، وێری).
لەڕاستیدا ئەمە قسەیەك یپووچە وەك تانە و ڕەخنەكانی تریان، چونكە خوای گەورە لێرەدا هەرگیز ڕاینەگەیاندووە كە لە تاوانی كەسی هەڵگەڕاوە خۆشدەبێت، بەڵكو تەنها دەفەرموێت: ﴿إِلَّا مَنۡ أُكۡرِهَ وَقَلۡبُهُۥ مُطۡمَئِنُّۢ بِٱلۡإِيمَٰنِ﴾، واتە خوای گەورە هەڵگەڕاوەی جیانەكردووەتەوە لە سزادان، بەڵكو جیاوازی كردووە لەنێوان گرووپی هەڵگەڕاوەكان و گرووپەكەی پێشوو، وە ڕایگەیاندووە كە حوكم دەربارەیان دوای كەمێكی تر دەردەچێت.
ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمُ ٱسۡتَحَبُّواْ ٱلۡحَيَوٰةَ ٱلدُّنۡيَا عَلَى ٱلۡأٓخِرَةِ وَأَنَّ ٱللَّهَ لَا يَهۡدِي ٱلۡقَوۡمَ ٱلۡكَٰفِرِينَ 108
شیكردنەوەی وشەكان:
استحبُّوا: استحبه: خۆشیویست، بەباشی زانی. استحب الكفر علی الإیمان: كوفری بەسەر ئیماندا هەڵبژارد (الأقرب).
تەفسیر: قورئانی پیرۆز لێرەدا ڕوونیكردووەتەوە كە ئیسلام حەقە و لەلایەن خوای گەورەوە دابەزیوە، بۆیە ئەستەمە هیچ كەسێك لێی بێزار بێت و بەم هۆیەوە لێی پاشگەز بێتەوە، بەڵكو هەر كەسێك لێی پاشگەز ببێتەوە تەنها بۆ مەبەستێكی دنیایی ئەو كارە دەكات، ئیتر چۆن ئەم كەسە چاوەڕوانی پاداشتی چاكە بكات لەلایەن خواوە.
خوا (عز وجل) لێرەدا وەڵامی ئەوقسەیەی ئیبن ئەبی سەرحی دایەوە كە گوایە لە ئیسلام پاشگەزبووەتەوە چونكە زانیویەتی قورئان قسەی مرۆڤە. خوای گەورە دەفەرموێت ئەم كەسە هۆكاری ڕاستەقینەی پاشگەزبوونەوەی خۆی دەشارێتەوە، كەبریتیە لە بەرژەوەندیە دنیاییەكان.
أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ طَبَعَ ٱللَّهُ عَلَىٰ قُلُوبِهِمۡ وَسَمۡعِهِمۡ وَأَبۡصَٰرِهِمۡ ۖ وَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡغَٰفِلُونَ 109 لَا جَرَمَ أَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ هُمُ ٱلۡخَٰسِرُونَ 110
شیكردنەوەی وشەكان:
طَبَعَ: طبَع الشيء: بە شێوەیەك لە شێوەكان وێنەی ئەو شتەی كێشا. طبَع: مۆری لێدا. طبع الله الخلق: دروستی كردن. طبع السیف: شمشێرەكەی دروست كرد و دایڕشت. طبع الدرهم: نەخشی درهەمەكەی كرد و لێیدا (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئەو كەسانەی لە ئایینی حەق پاشگەز دەبنەوە لەبەر دەستكەوتی ماددی، نەك بەهۆی هەڵە لە تێگەیشتندا، ئێمە مۆر دەنێین بەسەر دڵ و بیستن و بیناییاندا؛ چونكە خراپترین نموونەی ڕەوشتی نزم پیشان دەدەن، وە بەرژەوەندیەكی كەمیان بەسەر نیعمەتێكی هەرە گەورەدا هەڵبژاردووە.
هەروەها لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت: ﴿لَا جَرَمَ أَنَّهُمۡ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ هُمُ ٱلۡخَٰسِرُونَ﴾.. واتە مادام ئێمە ئەو بەدبەختانە تووشی جۆرەها شەرمەزاری و ڕسوایی دەكەین لە دنیادا، ئیتر چ گومانێك لەوەدا هەیە كە لەڕۆژی دواییدا تەنها سزا بۆ ئەوان هەیە، چونكە ئەوێ شوێنی ڕاستەقینەی سزادانە لەسەر ئەم جۆرە تاوانانە.
ثُمَّ إِنَّ رَبَّكَ لِلَّذِينَ هَاجَرُواْ مِنۢ بَعۡدِ مَا فُتِنُواْ ثُمَّ جَٰهَدُواْ وَصَبَرُوٓاْ إِنَّ رَبَّكَ مِنۢ بَعۡدِهَا لَغَفُورٞ رَّحِيمٞ 111
شیكردنەوەی وشەكان:
فُتِنوا: فتَن زيدٌ عمرًا فَتْنًا وفتونًا: زەید عەمری خستەناو فیتنەوە، ففتن واتە كەوتەناو فیتنەوە، تێنەپەڕ و تێپەڕە. فتنه: سەرسامی كرد. فتن المال الناس: ماڵ و سامان خەڵكی ڕاكێشا. فتنه فتنة: تاقیكردەوە. فتن فلانا عن رأیه: ڕێگری لێكرد لە بۆچوونەكەی و بەرهەڵستی كرد. فتن الصائغ الذهب والفضة: زێڕنگەرەكە زێڕ و زیوەكەی تواندەوە و بە ئاگر سووتاندی بۆ ئەوەی باش و خراپەكەی دەربكەوێت و بزانرێت كە خاوێنە یان ناخاوێنە. فتن الرجل في دینه: پیاوەكە لایدا لە ئایینەكەی خۆی. فتن فلان: تووشی ئاژاوە و فیتنە بوو بەمەش ماڵ و سامانی یان عەقڵی لەدەستدا، هەروەها ئەگەر تاقیكرایەوە (الأقرب).
جاهَدوا: جاهد في سبیل الله مجاهدة وجهادا: هەموو تواناى خۆی خەرج كرد لەڕێگای خوادا. جاهد العدو: شەڕی كرد لەگەڵ دوژمندا (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا حوكمی خۆی دەردەكات سەبارەت بەوكەسانەی كە پێشتربە فەرمایشتی ﴿إِلَّا مَنۡ أُكۡرِهَ وَقَلۡبُهُۥ مُطۡمَئِنُّۢ بِٱلۡإِيمَٰنِ﴾ جیای كردبوونەوە، ئەم حوكمەش ئەوەیە كەهەر كەسێك نەیتوانی بەرگەی ستەم و چەوسانەوەی بێباوەڕان بگرێت و لەڕواڵەتدا هەڵەی پاشگەزبوونەوەی ئەنجامدا، لەكاتێكدا دڵی بە ئیمان ئاسوودە بوو، ئەوا دەبێت ئەم شتانە بكات:
یەكەم: كۆچ بكات لەو خاكەی كە تیایدا پاشگەزبوونەوەی خۆی ڕاگەیاندووە لە ترسی خەڵكەكەی.
دووەم: كار بكات بۆ بڵاوكردنەوەی ئايین، وەك ئەوەی خۆی تەرخان كردبێت بۆ سەرخستنی.
سێیەم: واز لەم كۆشش و هەوڵدانە نەهێنێت، بەڵكو بەردەوام بێت لەسەری بە ئارامی و كۆڵنەدانەوە، هەتا بە هیدایەتدانی خەڵكی تر پەڵەی پاشگەزبوونەوەكەی خۆی دەسڕێتەوە.
چوارەم: هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەكی لەم شێوەیە.
ئەگەر ئەم هەمووكارانەی كرد، ئەوا خوای گەورە دەیخاتە ژێر چەتری لێخۆشبوونی خۆیەوە.
ئەمەش دەیسەلمێنێت كە تەوبەی هەڵگەڕاوە قەبوڵ ناكرێت، مەگەر دوای ئەم هەموو قوربانیانە. ئایا ئەمە زوڵمێكی گەورە نیە كە قەشەكان تۆمەتی ئەوە دەدەنەپاڵ ئیسلام كە گوایە بەئاشكرا ڕێگەی بە پاشگەزبوونەوە داوە بۆخۆپاراستن لە دەستدرێژی دەستدرێژكاران؟! (تەفسیری قورئان، وێری) ئەمەش یەكێكە لەو دەستدرێژیە زۆرانەی كەبەردەوام مەسیحیەكان لە دژی ئیسلام ئەنجامی دەدەن.
يَوۡمَ تَأۡتِي كُلُّ نَفۡسٖ تُجَٰدِلُ عَن نَّفۡسِهَا وَتُوَفَّىٰ كُلُّ نَفۡسٖ مَّا عَمِلَتۡ وَهُمۡ لَا يُظۡلَمُونَ 112
شیكردنەوەی وشەكان:
تُجادل: جادَلَه مجادلةً وجِدالاً: بە توندی دژایەتی كرد (الأقرب).
تەفسیر: وشەی ﴿يَوۡمَ﴾ لێرەدا وەك ئاوەڵفرمان هاتووە بۆ فەرمایشتی پێشتری خوای گەورە كە فەرمووی: ﴿إِنَّ رَبَّكَ مِنۢ بَعۡدِهَا لَغَفُورٞ رَّحِيمٞ﴾.. واتە لە ڕۆژی قیامەتدا كە هەر كەسێك بە تەواوی جددیەتەوە بایەخ بە لێپرسینەوەی خۆی دەدات و هیچ هەوڵێك بۆ ڕزگاربوون لە سزا بە فیڕۆنادات.. ئەو كەسانەی بەشێوەیەكی كاتی پشتی ئیسلامیان بەردا و ئازایەتی ئیمانییان پیشان نەدا، پاشان بەردەوام بوون لە چاكسازی و تەوبەكردن و بەخشینی قوربانی بە درێژایی ژیان -وەكو كەفارەتێك بۆ هەڵەكانیان- دەبینن خوا لێبوردە و میهرەبانە.
با ئەو كەسانەی كە لە ئایەتی پاشگەزبوونەوەكەوە ئەو ئەنجامە دەردەهێنن كە ئیسلام ترسنۆكی فێری شوێنكەوتووانی دەكات.. تەماشا بكەن چەندە قوربانی لە هەڵگەڕاوەكان داوا دەكرێت. چۆن دەكرێت كەسێك كە لە گەورەیی ئەم بەرپرسیارێتیە تێبگات، بیر لە پاشگەزبوونەوە بكاتەوە؟ لە كوێ ترسنۆك نیشتمانی خۆی بەجێدەهێڵێت و لەپێناوی خوادا جیهاد دەكات و خۆی ڕادەهێنێت لەسەر ئەنجامدانی ئەم كارانە بەدرێژایی ژیان؟ تەنها ئەو كەسە سەركەوتوو دەبێت لە ئەنجامدانی ئەم كارە گەورانەدا كە ئەو كەمتەرخەمیەی لێی ڕوویداوە لەبەر نەرمی نواندێكی كاتی بووە، یان ئەو كەسەی كە دوای ئەنجامدانی هەڵەكە تەوبەیەكی ڕاستەقینە دەكات.
لە سەردەمی گەورەمان عومەردا (رضي الله عنه) یەكێك لە هەڵگەڕاوەكان كە بە درۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكرد، بە ناوی تولەیحەی كوڕی خوەیلیدی ئەسەدی، موسوڵمان بوو، وادیارە مامەڵەی عومەر (رضي الله عنه) لەگەڵیدا تەفسیری ئەم ئایەتە بووە. تولەیحە لە هەندێك شەڕدا دژی موسوڵمانان شەڕی كرد، پاشان تەوبەی كرد و ویستی بێتە ناو ئیسلامەوە، بەڵام عومەر (رضي الله عنه) لێی خۆشنەبوو. دواتر واڕێكەوت شەڕەحبیلی كوڕی حەسەن لەیەكێك لە جەنگەكاندا لەگەڵ یەكێك لە سەركردە كافرەكان تێكهەڵچوو، شەڕەحبیل جەستەیەكی لاواز و باریكی هەبوو، بەڵام شارەزای هونەری شەڕكردن بوو بە شمشێر، كاتێك كافرەكە بینی ناتوانێت بە شمشێر زاڵ بێت بەسەر شەڕەحبیلدا، نزیك بووەوە و بەدەستی پەلاماریدا گرتی و دای بە زەویدا. كافرەكە خەریك بوو بیكوژێت، بەڵام تولەیحە –كەلەناخەوە موسوڵمان بوو بوو، بەڵام هێشتا لەڕیزی كافران بوو چونكە گەورەمان عومەر تەوبەكەی قبوڵ نەكردبوو- كاتێك ئەم دیمەنەی بینی، نەیتوانی لەوە زیاتر ئیمانی خۆی بشارێتەوە، بۆیە خێرا ڕایكرد و دای لە گەردنی كافرەكەی هاوەڵی خۆی، وە شەڕەحبیلی لە مردن ڕزگار كرد. موسوڵمانان زۆركاریگەر بوون بەم هەڵوێستە و لەلای عومەر (رضي الله عنه) تكایان بۆ تولەیحە كرد بۆئەوەی لێی خۆشبێت. عومەر فەرمووی: لێی خۆشدەبم بەو مەرجەی ئەو ژیانەی كە ماویەتی لە جیهادكردندا بەسەر ببات و لەسەر سنوورەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بێت. تولەیحە پاشماوەی ڕۆژەكانی ژیانی لەسەر سنوورەكان بەسەر برد، وە لەپێناو خوای گەورەدا جەنگی كرد لەگەڵ كافرەكاندا، وە لەكاتی جیهادكردندا گیانی سپارد. بێگومان بەئەنقەست هەڵگەڕایەوە لە ئیسلام، بەڵام من پێم وایە گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) ئەم سزایەی بۆ دانا بەگوێرەی مانای ئایەتەكەی پێشوو.
وَضَرَبَ ٱللَّهُ مَثَلٗا قَرۡيَةٗ كَانَتۡ ءَامِنَةٗ مُّطۡمَئِنَّةٗ يَأۡتِيهَا رِزۡقُهَا رَغَدٗا مِّن كُلِّ مَكَانٖ فَكَفَرَتۡ بِأَنۡعُمِ ٱللَّهِ فَأَذَٰقَهَا ٱللَّهُ لِبَاسَ ٱلۡجُوعِ وَٱلۡخَوۡفِ بِمَا كَانُواْ يَصۡنَعُونَ 113
شیكردنەوەی وشەكان:
ضرَب الله مثلاً: ضربه بیده: بەدەستی پێكای و لێیدا. ضربه بالسوط: جەڵدی لێدا. ضرب له مثلا: نموونەیەكی بۆ هێنایەوە: وەسفی كرد و گوتی و ڕوونیكردەوە (الأقرب).
رَغَدًا: رغد عیشه رغدا: ژیانی خۆش و فراوان بوو. وعِيشةٌ رَغْدٌ ورَغَدٌ: ژیانێكی فراوان و خۆش (الأقرب).
أذاقها: ذاق العذاب والمكروه: تووشی سزا بوو و ناسۆری چەشت. أذاقه: وای لێكرد بچێژێت (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە هەواڵی فەتحی مەككەی تێدایە، چونكە خوای گەورە پێشتر بەراوردی كرد لەنێوان كوفر و ئیسلامدا و چارەنووسی هەردوو لایەنەكەی ڕاگەیاند، بۆیە ئەگەری ئەوە هەبوو بێباوەڕەكان بە هەڵە بیربكەنەوە كە مەككە ناكەوێتە دەست موسوڵمانان، بەهۆی ئەو پیرۆزیە ئاسمانیەى كە هەیەتی، چونكە لەڕابردوویەكی نزیكدا بینیبوویان چۆن خوای گەورە كەعبەی لە سەربازەكانی ئەبرەهە پاراست كە فیلیان لەگەڵدا بوو. خوای گەورە لێرەدا ئەو دڵنیایيە ساختەیەی پووچەڵ كردەوە كە لای بێباوەڕەكان هەبوو و ڕایگەیاند مەككەیش هەرگیز داڵدەی ئەم تاوانبارانە نادات، بەڵكو خوا ئەو ئارامیە لە خەڵكەكەی دەستێنێت كە تێیدا دەژین و سزای ترس و برسیەتی زاڵ دەكات بەسەریاندا، چونكە ڕەفتارەكانیان بێ بەشی كردن لەڕەحمەتی خوای گەورە.
لەڕاستیدا دوای كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم سزایە بە هەردوو جۆرەكەیەوە تووشی مەككە بوو. سزای ترس ئەنجامی حەتمی ئەو جەنگانە بوو كە دژی موسوڵمانان كردیان، وە سزای برسێتیش بەهۆی ئەوەوە بوو كە چەندین كاروانی بازرگانیان كەوتە دەست موسوڵمانان، وە كاتێك لە جەنگەكاندا ماڵ و سامانی خۆیان بەجێهێشت و بوو بەدەستكەوت بۆ باوەڕداران.
قورئان لێرەدا وشەی ﴿لِبَاسَ﴾ی بەكارهێناوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە هەردوو جۆرەكەی سزا بە شێوەیەك كاریگەر دەبێت كە شوێنەوار لەسەر جەستەیان بەجێدەهێڵێت، بەوەی جەستەیان لاواز دەكات، وە ڕەنگیان دەگۆڕێت، وەك ئەوەی ترس و برسیەتی بە جەستەیانەوە نووسابن وەك چۆن جلوبەرگ دەنووسێت بە جەستەوە؟
وَلَقَدۡ جَآءَهُمۡ رَسُولٞ مِّنۡهُمۡ فَكَذَّبُوهُ فَأَخَذَهُمُ ٱلۡعَذَابُ وَهُمۡ ظَٰلِمُونَ 114
تەفسیر: ئەم ئایەتە بابەتەكەی زیاتر ڕوونكردەوە، وە جەختی كردەوە كە ئەو شارەی لێرەدا ئاماژەی پێكراوە مەككەیە. خوای گەورە ڕوونیدەكاتەوە: بەڵگە لەسەر خەڵكەكەی چەسپا و بیانوویان نەما كاتێك پێغەمبەرێكمان لە خۆیان نارد بۆیان بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكاتەوە، وە لە دەرەوەی خۆیان ڕەوانەمان نەكرد، بۆ ئەوەی نەڵێن: چۆن ڕاستگۆیی یان درۆزنیی ئەو كەسە بزانین، ئێمە ئاگاداری بارودۆخ و ژیاننامەی ئەو نین، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی كە پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوشتی بەرزە و دڵسۆزە بۆیان كەچی بە درۆزنیان زانی و باوەڕیان پێ نەكرد، بۆیە ئێمەیش بڕیارماندا سزایان بدەین.
لێرەدا خوا (عز وجل) دوو تاوانی بێباوەڕانی باس كردووە: یەكەمیان ئەوەیە كە پێغەمبەرەكەی ئەویان بەدرۆزانیوە، دووەمیان ئەوەیە شتێكیان بەدرۆزانی كە خۆیان تاقیان كردبووەوە و بەچاوی خۆیان بینیبوویان، بەجۆرێك بانگەشەی پێغەمبەریان (ﷺ) ڕەتكردەوە، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی هەرگیز لە ژیانیدا درۆی نەكردووە.
وە خوای گەورە فەرمووی: ﴿وَهُمۡ ظَٰلِمُونَ﴾.. بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە بەدڵنیایەوە بەتەواوەتی تووشی سزا دەبن لەسەر ستەمەكەیان، واتە ناكرێت ئەم ستەمكارانە لە سزا ڕزگاریان بێت و مناڵەكانیان بەرپرسیارێتی هەڵەكانیان هەڵبگرن، نەخێر، بەڵكو دەبێت ستەمكاران خۆیان سزای كارەكانیان وەربگرن.
فَكُلُواْ مِمَّا رَزَقَكُمُ ٱللَّهُ حَلَٰلٗا طَيِّبٗا وَٱشۡكُرُواْ نِعۡمَتَ ٱللَّهِ إِن كُنتُمۡ إِيَّاهُ تَعۡبُدُونَ 115
تەفسیر: قورئان پێشتر ڕایگەیاند كە بێباوەڕان تووشی سزای ترس و برسێتی دەبن، وە ئێستا مژدەی ئارامی دڵ و دەروون و فراوانی ڕۆزی بە ئیمانداران دەدات. دەفەرموێت خوا (عز وجل) ڕۆزی بێباوەڕان دەبڕێت، وە ڕۆزی موسوڵمانان زیاد دەكات؛ بەڵام ئەمە لەگەڵ جیاوازیەكی ڕووندا بەئەنجام دەگات ئەویش ئەوەیە: بێباوەڕان پارە بەڕێگەی ڕەوا و ناڕەوا بەدەستدەهێنن، بەڵام ڕۆزی موسوڵمانان حەڵاڵ و چاك دەبێت.. واتە ڕۆزییان لە سەرچاوەیەكی ڕەواوە بۆ دێت، هەروەها بۆ تەندروستی بەسوود دەبێت، و جەستە و عەقڵ و دڵ بەهێز دەكات.
پێویستە بزانرێت وشەی ﴿طَيِّبٗا﴾ دوورخستنەوەی ترسە لەسەر ئیمانداران؛ چونكە تەنھا كاتێك خۆراك سوود بە مرۆڤ دەگەیەنێت كە دوور بێت لە خەم و مەترسی. هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَٱشۡكُرُواْ نِعۡمَتَ ٱللَّهِ﴾یش ئاماژەیە بۆ هەمان مانا، واتە خوای گەورە ڕۆزی فراوان و ئارامی دەروونی پێداون، بۆیە دەبێت سوپاسی خوا بكەن لەسەر ئەم نیعمەتە ئاشكرا و پەنهانانە.
هەندێك كەس دەڵێن: ئایا خوا پێویستی بە سوپاسی مرۆڤە، هەتا سوپاسی بكات؟ وەڵام:
1- ئەمە ڕەخنەیەكی بێمانا و بێنرخە، چونكە سوپاس دەربڕینێكی سروشتیە كە بەشێوەیەكی خۆڕسكانە لەناخی هەموو مرۆڤێكی ڕێزدارەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ دانپێدانان بە نیعمەتی چاكەكاردا. بۆیە بابەتەكە پەیوەندی بەوەوە نیە كە ئایا خوای گەورە پێویستی بە سوپاسی ئێمەیە یان نا.
2- سوپاس ئیمانی مرۆڤ بەیەكتاپەرستی بەهێز دەكات، هەروەك ئەم ئایەتە خۆی جەختی لێكردەوە. هەروەك چۆن ئەگەر جەستە بەردەوام كارێك دووبارە بكاتەوە، ئەوا دەبێتە خوو لەلای، بە هەمان شێوەیش عەقڵ و دڵ ڕادێن لەسەر ئەو كارانەی كە مرۆڤ بە بەردەوامی ئەنجامیان دەدات. بۆیە ئەو كەسانەی هەمیشە سوپاسی خوا (عز وجل) دەكەن لەسەر نیعمەتەكانی؛ ئەوا ئەم كارەیان كاریگەریەك لە عەقڵ و دڵیاندا بەجێدەهێڵێت كە هەرگیز ناسڕێتەوە، وە ڕادێن لەسەر دانپێدانان بەوەی كە هەموو چاكەیەك بەخششێكی خوایە، وە بەم شێوەیە پارێزراو دەبن لە بیروباوەڕی بتپەرستی.
إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيۡكُمُ ٱلۡمَيۡتَةَ وَٱلدَّمَ وَلَحۡمَ ٱلۡخِنزِيرِ وَمَآ أُهِلَّ لِغَيۡرِ ٱللَّهِ بِهِۦ ۖ فَمَنِ ٱضۡطُرَّ غَيۡرَ بَاغٖ وَلَا عَادٖ فَإِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٞ رَّحِيمٞ 116
شیكردنەوەی وشەكان:
أُهِلَّ: أهل القوم الهلال: خەڵكەكە دەنگیان بەرزكردەوە كاتێك هیلالیان بینی. أهل الصبي: مناڵەكە بەدەنگی بەرز گریا. أهل فلان بذكر الله: فڵان كەس بەدەنگی بەرز زیكری خوای كرد لەكاتی نیعمەتێك یان بینینی شتێك كە پێی سەرسام بوو. أهل بالتسمیة علی الذبیحة واتە بەدەنگی بەرز “بسم الله”ی گوت لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵەكەدا. ﴿وَمَآ أُهِلَّ لِغَيۡرِ ٱللَّهِ بِهِۦ﴾: واتە لەكاتی سەربڕیندا ناوی كەسێكی تری جگە لە خوا بەسەریدا گوترا (الأقرب).
اضطُرَّ: اضطر إلیه: پێویستی كرد و ناچاری كرد، اضطر بە شێوگی نەزانراو، واتە ناچار كرا (الأقرب).
تەفسیر: پێشتر خوا (عز وجل) موسوڵمانانی ئاگاداركردەوە كە ڕۆزییان فراوان دەكات، بۆیە پێویستە لەسەریان لە ئێستاوە فێر بن كە ڕەوایە بۆیان تەنها ئەوە بەكاربهێنن كە حەڵاڵ و چاكە بەیەكەوە.
وە پێویستە بزانرێت بنەمای حەڵاڵبوونی پارە و ماڵ ئەوەیە كە بەڕێگەیەكی ڕەوا پەیدا بكرێت، بەڵام خواردن و خواردنەوە پێویستی بە مەرجێكی زیاتر هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو شتانە نەخورێت كە حوكمی حەرامبوونیان دەرچووە. ئەم ئایەتە ئەوەڕوون دەكاتەوە چی حەڵاڵە و چی حەرامە.
وشە قورئانیەكان بۆمان دەردەخەن كە حەڵاڵبوون بنەمایە لە خواردن و خواردنەوەدا، وە حەرامبوون تەنھا بریتیە لە قەدەغەكردن و سنوورداركردن. بەڵام هەندێك گوتوویانە حەرامبوون بنەمایە، چونكە خوا (عز وجل) خۆی خاوەنە، وە ڕێگەپێدراو نیە شتێك بەكاربهێنرێت بەبێ مۆڵەتی خاوەنەكەی. ئەم قسەیەی دوایی ڕاست و دروست نیە، چونكە خواى گەورە بەڕاشكاوی لەقورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی هەموو شتێكی بۆ مرۆڤ دروست كردووە، وە هەموو شتێكی خستووەتە خزمەتی مرۆڤەوە. دوای ئەم ڕاگەیاندنە گشتیە هەموو شتێك بۆ مرۆڤ حەڵاڵ بووە، تەنها ئەوە نەبێت كە خوا بەدەق یان بە ئاماژە قەدەغەی كردووە.
ڕاجیایی هەیە لەنێوان زانایاندا سەبارەت بە تەفسیری دەستەواژەی ﴿وَلَحۡمَ ٱلۡخِنزِيرِ﴾، ئایا مەبەست لێی بەز و چەوریەكەیەتی یان نا (القرطبي). گومانی تێدا نیە لەڕووی زمانەوانیەوە جیاوازی هەیە لەنێوان گۆشت و چەوریدا، بەڵام موفەسیرەكان پێیان وایە وشەی گۆشت چەوریش دەگرێتەوە. هەرچەندە بەڵگەی موفەسیرەكان وەك بەڵگەی زمانەوانانەكان بەهێز نیە، چونكە تەنها بەڵگەیەكی زەوقیە، بەڵام من پێم وایە خواردنی بەز و چەوری بەراز حەرامە. بەڵگەكەم فەرموودەی پێغەمبەری خوایە (ﷺ) كە دەفەرموێت چەوری مردارەوەبوو حەرامە (البخاري، كتاب البيوع، باب بيع الميتة). حەرامكردنی بەراز و مردارەوەبوو لەیەك ئایەتدا و بە یەك ڕستە هاتووە، بۆیە دەبێت یەك حوكمیان هەبێت. بەڵام سوود وەرگرتن لە پێستی بەرا زڕێگەپێدراوە، چونكە پێستەكەی ناخورێت بەڵكو بۆ كۆمەڵێك سوودی تر بەكاردێت. لە فەرموودەدا هاتووە مەڕێكی ئوم سەلەمە (رضي الله عنها) مردار بوویەوە، هەندێك كەس بردیان بۆ ئەوەی فڕێی بدەن. پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی پێیان: بۆچی پێستەكەی لێناكەنەوە بۆئەوەی سوودی لێ وەربگرن؟ وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەو مەڕە مرداربووەتەوە! پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: تەنها خواردنی حەرام كراوە. [لە فەرموودەدا هاتووە: “پێغەمبەر (ﷺ) بەلای مەڕێكی مردارەوەبووی بەندەیەكی مەیموونەدا تێپەڕی، فەرمووی: بۆچی پێستەكەی لێناكەنەوە و دەباغی ناكەن و سوودی لێ وەرناگرن؟ وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەوە مرداربووەتەوە! پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: تەنها خواردنی حەرام كراوە” (مسند أحمد، ج6، ص329).]
كەواتە سوود وەرگرتن لە پێستی ئەو ئاژەڵەی كە خواردنی حەرام كراوە هیچ كێشەیەكی تێدا نیە. بەڵام بەكارهێنانی فڵچەی ددان كە لە مووی بەراز دروست كرا بێت ناپەسەندە، چونكە فڵچەكە دەخرێتەناو دەمەوە كە ئامرازی خواردنە.
پرسیارێكی گرنگ هەیە: ئایاخواردنە حەرامكراوەكان تەنها لەم چوار شتەدا كورت دەبنەوە، وە جگە لەمانە هیچ خۆراكێكی تر حەرام نیە؟
هەندێك لە موفەسیرەكان لە وەڵامدا گوتوویانە “الحصر المستفاد من سياقِ الكلام وتصديرِ الجملة بـ(إنما) حصرٌ إضافي بالنسبة إلى ما قالت الكفار بتحريمها” (تەفسیری مەزهەری).. واتە بێباوەڕان گوتوویانە كە بەحیرە و سائبە و ئاژەڵەكانی تر حەرامن، خوا (عز وجل) وەڵامی داونەتەوە كە ئەوانە حەرام نین، بەڵكو حەرام ئەوەیە كە ئێمە لێرەدا باسی دەكەین. و كورتكردنەوە لەم جۆرە حاڵەتەدا بۆخستنەڕووی ژمارەی گشتی نیە، بەڵكو بۆ خستنەڕووی جۆرە.
ئەوانی تر گوتوویانە ئەم كورتكردنەوەیە كاتیە، چونكە ئەم شتانە سەرەتا حەرام كران، بەڵام دواتر شتی تریش حەرامكرا. بەڵام ئەم وەڵامە پێچەوانەی واقیعە، هەروەها وامان لێدەكات فەرموودەی خوای گەورە ﴿إِنَّمَا﴾ بە مەنسووخ بزانین، لەكاتێكدا هیچ نەسخێك لە هیچ وشەیەكی قورئاندا نیە.
هەندێكی تریش بە ناچاری گوتوویانە: ئایەتەكە خواردنە حەرامەكانی تەنها لەو چوار خواردنەدا كورت كردووەتەوە كە لەسەرەوە باسكراون، وە جگە لەمانە هیچ شتێكی تر حەرام نیە (الرازي، روح المعاني).
دەڵێم: گومانی تێدا نیە كورتكردنەوە (حصر) هەندێك جار زیادكراوە، واتە ڕێژەییە، بەڵام دەبینین هەر كاتێك قورئان باسی خواردنە حەرامەكانی كرد بێت، تەنها لەم چوار شتەدا كورتی كردوونەتەوە. ئەم حەرامكردنە لەم چوار شوێنەدا هاتووە: سوورەتی البقرة: 174، سوورەتی المائدة: 4، الأنعام: 146، و لێرە لە سوورەتی النحل. لەسوورەتی الأنعام و النحل دا سیاقەكە دەریدەخات كە بێباوەڕان بە ئارەزووی خۆیان شتیان حەرام دەكرد و شتیان حەڵاڵ دەكرد، بەڵام هەردوو سوورەتی البقرة و المائدة هیچ باسێكی لەم جۆرەیان تێدا نیە، بەڵكو سوورەتی البقرة لەكاتی باسی كارە چاكەكاندا باسی ئەم بابەتەی كردووە، و سوورەتی المائدة یش وەك بابەتێكی سەربەخۆ باسی كردووە بەبێ ئاماژەدان بە عادەتی بێباوەڕان لە حەرامكردن و حەڵاڵكردن؛ بەڵام ئەم سوورەتە واتە “النحل” خوای گەورە تیایدا بە تەواوی حەڵاڵ و حەرامی بەیەكەوە باسكردووە. مادام ئەم كورتكردنەوەیە لە هەردوو سوورەتی البقرة و المائدة دا هەیە، بەبێ باسكردنی عادەتی بێباوەڕان لە حەرامكردن و حەڵاڵكردن.. ئەوا گوتنی ئەوەی كە ئەم كورتكردنەوەیە زیادكراو و ڕێژەییە، قسەیەكی مەعقول نیە.
ئەوانەی كە پێیان وایە قەتیسكردنەكە كاتیە، واتە ئەم حەرامكردنە سەرەتا دابەزیوە، پاشان حەرامكردنی شتی تریش دابەزیوە.. بۆچوونی ئەوانیش ڕاست نیە؛ ئەگەر ئەم حوكمە تەنها لەو سوورەتانەدا هاتبایە كە لە مەككە دابەزیون، ئەوا دەكرا دان بە ڕاستی بۆچوونەكەیاندا بنێین، بەڵام لەڕاستیدا ئەو حوكمە لە سوورەتی”البقرة”شدا دابەزیوە، كە سوورەتێكە لە مەدینە دابەزیوە و دابەزینی تا ساڵی سێیەمی دوای كۆچكردن بەردەوام بووە؛ هەروەها ئەم حوكمە لە سوورەتی “المائدة”شدا دابەزیوە كە یەكێكە لە دوایین سوورەتەكان لەڕووی دابەزینەوە. كەواتە مادام خودی ئەم حوكمە لەو سوورەتانەدا هاتووە كە دوای كۆچ دابەزیوون-وە ئەو كاتە حەرامكردنی شتی تریش دابەزیوە- بۆیە بۆچوونەكەیان دروست نیە.
وە ئەو كەسانەی كە گوتوویانە حەرامەكان تەنها لەم چوار شتەدا كورت كراونەتەوە، من پێم وایە ئەوان لەسەر حەقن لەوەدا؛ چونكە مەحاڵە ئایەتەكە تەفسیر بكرێت بەشێوەیەكی تر جگە لەم تێگەیشتنە. ئیبن عەبباس یەكێك بوو لەوانەی كە ئەم بیروباوەڕەی هەبوو بەجۆرێك بوخاری ئەم بیروباوەڕەی ئەوی بە هێنانەوەی ڕیوایەتێكی جابری كوڕی عەبدوڵڵا تۆمار كردووە. وە ئەمە بیروباوەڕی ئیبن عومەریش بوو بەجۆرێك دەگێڕنەوە “پرسیاریان لێكرد دەربارەی خواردنی ژیژك، ئەویش ئەم ئایەتەیخوێندەوە: ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا…﴾.” (أبو داود، كتاب الأطعمة، باب في أكل حشرات الأرض).
ئیبن ئەبی حاتیم و غەیری ئەو بە سەنەدێكی ڕاست گێڕاویانەتەوە لە عائیشەوە (رضي الله عنها) كە كاتێك پرسیاریان لێكرد دەربارەی خواردنی هەر خاوەن كەڵبەیەك لە دڕندەكان و خاوەن چڕنووك لە باڵندەكان، ئەویش گوتی: ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا…﴾ (روح المعاني، سوورەتی الأنعام، وە تەفسیری قورئانی مەزنی ئیبن ئەبی حاتيم، فەرموودەی خوای گەورە: ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا…﴾).
ئیبن ئەبی حاتیم لە ئیبن عەبباسەوە گێڕاویەتیەوە كە گوتوویەتی: هیچ ئاژەڵێك حەرام نیە، تەنها ئەوە نەبێت كە خوا لە كتێبەكەی خۆیدا حەرامی كردبێت: ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا…﴾ (هەمان سەرچاوەی پێشوو). ئەمە مەزهەبی ئیمامی مالیكیشە.
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دروستە هەموو شتێكی جگە لەم چوار حەرامە بخورێت؟ هەندێك لە ئیمامەكان بە “بەڵێ” وەڵامیان داوەتەوە. بەڵام من پێم وایە هەندێك شت دروست نیە بخورێت، بەڵام ئێمە ناتوانین بە حەرامیان دابنێین بەو مانا شەرعیەی كە ناسراوە. لە سەلمانی فارسیەوە گێڕدراوەتەوە كە گوتوویەتی: “پرسیار كرا لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەربارەی ڕۆن و پەنیر و كەرەكێوی؟ فەرمووی: حەڵاڵ ئەوەیە كە خوا لە كتێبەكەیدا حەڵاڵی كردووە، و حەرام ئەوەیە كە خوا لە كتێبەكەیدا حەرامی كردووە” (ابن ماجة، كتاب الأطعمة، باب أكل الجبن). من بەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەڵگە دەهێنمەوە لەسەر ئەوەی كە ئێمە بۆمان نیە وشەی حەڵاڵ بەكاربهێنین تەنها بۆ ئەو شتانە نەبێت كە خواى گەورە ناوی لێناون حەڵاڵ، وە بۆمان نیە وشەی حەرامیش بەكاربهێنین تەنها بۆ ئەو شتانە نەبێت كە خوا ناوی لێناون حەرام، بەڵام شتەكانی نێوانیان حوكمەكەیان دەبێتە شوێنكەوتەی حەڵاڵ یان حەرام، نەك وەك ئەو بەڵگەیەی كە لە دەقدا هاتووە. لەسوورەتی”المائدة”شدا ئاماژە بەم بابەتە دراوە بەجۆرێك خوای گەورە دەفەرموێت ﴿أُحِلَّتۡ لَكُم بَهِيمَةُ ٱلۡأَنۡعَٰمِ إِلَّا مَا يُتۡلَىٰ عَلَيۡكُمۡ﴾ (المائدة: 2).. واتە ئاژەڵە ماڵیەكانتان بۆ حەڵاڵ كراوە تەنها ئەوانە نەبێت كە لە لیستی حەرامەكاندا هاتوون. و ئاژەڵە ماڵیەكان جۆرەكانیان زۆرە وەك حوشتر و بزن و مەڕ و مانگا، ئەمانە حەڵاڵن.
پاشان خوا فەرمووی: ﴿حُرِّمَتۡ عَلَيۡكُمُ ٱلۡمَيۡتَةُ وَٱلدَّمُ وَلَحۡمُ ٱلۡخِنزِيرِ وَمَآ أُهِلَّ لِغَيۡرِ ٱللَّهِ بِهِۦ وَٱلۡمُنۡخَنِقَةُ وَٱلۡمَوۡقُوذَةُ وَٱلۡمُتَرَدِّيَةُ وَٱلنَّطِيحَةُ وَمَآ أَكَلَ ٱلسَّبُعُ إِلَّا مَا ذَكَّيۡتُمۡ وَمَا ذُبِحَ عَلَى ٱلنُّصُبِ﴾ (المائدة: 4).. واتە لەبەرامبەر ئەوانەی كە حەڵاڵ كراون بۆتان، حەرامیش هەن كە بریتین لە: یەكەم: هەر ئاژەڵێك كە مرداربووبێتەوە هەرچەندە لەو ئاژەڵانەش بێت كە حەڵاڵن، دووەم: خوێن هەرچەندە هی ئاژەڵێكیش بێت كە خواردنی حەڵاڵە، سێیەم: گۆشتی بەراز، چوارەم: هەر ئاژەڵێك كە لەكاتی سەربڕیندا ناوی كەسێكی تری جگە لە خوای لێ هێنرابێت، هەرچەندە لەو ئاژەڵانەیش بێت كە خواردنیان حەڵاڵە. پاشان مردارەوەبووی زیاتر ڕوون كردووەتەوە و فەرموویەتی: ﴿وَٱلۡمُنۡخَنِقَةُ وَٱلۡمَوۡقُوذَةُ وَٱلۡمُتَرَدِّيَةُ وَٱلنَّطِيحَةُ وَمَآ أَكَلَ ٱلسَّبُعُ إِلَّا مَا ذَكَّيۡتُمۡ﴾.. چونكە ئەمانە حەرامكراوی زیاتر نین بەڵكو بەشێكن لە مردارەوەبوو. المنخنقة: ئەوەی كە بە خنكاندن مردبێت، وەالموقوذة: ئەوەی كە بە لێدانی توند مردبێت، وە المتردية: ئەوەی كە لە شوێنێكی بەرزەوە كەوتبێتە خوارەوە و مردبێت، وە النطیحة: ئەوەی كە ئاژەڵێكی تر شۆقی لێ دابێت و مردبێت.
پاش ئەم هەموو ڕوونكردنەوەیە خوای گەورە بە پێغەمبەری ئازیزی خۆی دەفەرموێت: ﴿يَسَۡٔلُونَكَ مَاذَآ أُحِلَّ لَهُمۡۖ﴾ (المائدة: 5). بۆیە ئەگەر فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيۡكُمُ ٱلۡمَيۡتَةَ…﴾ مانای ئەوە بوایە كە دروستە ئەوە بخۆن كە جگە لەم چوار حەرامەیە، ئەوا پێویستی نەدەكرد لەدوای ئەمە ئەم پرسیارە بكرێت، چونكە پرسیارێكی بێمانا و زیادە دەبوو. بەڵام خوای گەورە ئەم پرسیارەی تۆمار كردووە و وەڵامی داوەتەوە سەرەڕای ڕوونكردنەوەی حەڵاڵ و حەرام لە پێشترەوە، ئەمەش واتە ڕوونكردنەوەكەی پێشوو بۆ حەڵاڵ و حەرام لای هاوەڵان ناڕوونی تێدا بووە بۆیە داوای ڕوونكردنەوەی زیاتری بابەتەكەیان كردووە. وە خوای گەورەیش وەڵامی نەدانەوە بەوەی كە ئێمە هەموو شتێكمان پێڕاگەیاندوون، ئیتر بۆچی جارێكی تر پرسیار دەكەن، بەڵكو دانیناوە بە پێویستی پرسیارەكەدا و بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أُحِلَّ لَكُمُ ٱلطَّيِّبَٰتُ﴾ (المائدة: 5).. وەڵامی داونەتەوە، واتە هەرچیەك جگە لەم چوار حەرامە ئەگەر چاك بوو ئەوا حەڵاڵە، ئەگەر چاكیش نەبوو ئەوا حەڵاڵ نیە.
لەمەوە دەچەسپێت كە هەموو حەڵاڵێك چاك نیە، تەنھا خۆراكی چاك دروستە بخورێت، بەڵام ئەوەی كە چاك نیە دروست نیە بخورێت. بەڵام ناتوانین بە حەرام لەقەڵەمی بدەین؛ پێغەمبەر (ﷺ) ئاماژەی بەمەیش داوە و فەرموویەتی: حەڵاڵ ڕوونە و حەرامیش ڕوونە، وە لەنێوانیاندا شتی گوماناوی هەیە كە زۆربەی خەڵك نایزانن. بزانن هەر پاشایەك قەدەغەكراوی هەیە، وە بزانن قەدەغەكراوی خوا لەسەر زەویەكەیدا حەرامكراوەكانیەتی، هەروەك شوانێكی وریا ئاژەڵەكانی لە دەوری قەدەغەكراوەكە نالەوەڕێنێت، بۆ ئەوەی نەكەونە ناو قەدەغەكراوەكەوە و ئەویش غافڵ بێتل ەو كاتەدا و شایستەی سزادان بێت، بە هەمان شێوە باوەڕدار لە دەوری حەرامكراوەكان ناخولێتەوە، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەكرێت. [نزیكترین ڕیوایەت بەم مانایە ئەوەیە: “حەڵاڵ ڕوونە و حەرامڕوونە، و لەنێوانیاندا گومانلێكراو هەن كە زۆربەی خەڵك نایزانن. هەركەس خۆی لە گومانەكان بپارێزێت ئەوا ئایین و شەرەفی خۆی بە پاكی دەپارێزێت، و هەركەسێك كەوتە ناو گومانەكانەوە ئەوا كەوتووەتە ناو حەرامەوە، وەك شوانێك كە لە دەوری شوێنێكی قەدەغەكراو بێت ئەوەندەی نەمابێت بكەوێتە ناویەوە. بزانن كە بۆ هەر پاشایەك قەدەغەكراو هەیە، وە بزانن كە قەدەغەكراوی خوای گەورە حەرامكراوەكانیەتی.” (ابن ماجە، كتاب الفتن).]
كەواتە شتانێك هەن لەنێوان حەڵاڵ و حەرامدا كە گوماناوین بەش بەحاڵی خەڵكی گشتی و نایانزانن، وە حوكمەكەیان بە پێوانە و شارەزایی و زانیاریە پزیشكیەكان دەبێت. هەرچەندە ناتوانین ئەم شتە گومانلێكراوانە بە حەرام ناوزەد بكەین، بەڵام پێویستە بۆ بەدەستهێنانی پارێزكاری خۆمان دووربخەینەوە لێیان.
هەمان حوكم لەسەر هەموو ئەو شتە نوێیانە جێبەجێ دەبێت كە خەڵك دروستیان دەكەن، دەبێت بەگوێرەی حەڵاڵی ڕوون و حەرامی ڕوون پێوانەیان بكەین، ئەگەر لە حەڵاڵ بچێت ئەوا دەیخۆین، و ئەگەر لە حەرام بچێت ئەوا خۆمان بەدوور دەگرین لێیان. بۆ نموونە تووتن؛ دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كاتێك پرسیاریان لێكرد دەربارەی تووتن، فەرمووی: ئەو شتە تازە داهێنراوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەریەكەی من پێم وایە ئەگەر لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) هەبوایە ئەوا قەدەغەی دەكرد. (فەتواكانی مەسیحی بەڵێندراو، لا 206).
لەڕاستیدا ئیسلام خواردەمەنیەكانی پۆلێن كردووە بۆ چەند پلەیەك؛ ئەوانیش: حەرام و قەدەغەكراو، و حەڵاڵ و چاك. حەرام ئەوەیە كە قورئان حەرامی كردووە، قەدەغەكراو ئەوەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) قەدەغەی كردووە بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی كە قورئان دایناون، یان دوای پێغەمبەر (ﷺ) دۆزرابێتەوە و موسوڵمانان دوای لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوە خواردنی ئەو شتەیان بە ناپەسەند و نەشیاو لەقەڵەم دابێت. حەڵاڵ ئەوەیە كە لە دۆخی سروشتیەكەیدا شتێكی چاكە، و چاك ئەوەیە كە لە دۆخی ئێستایدا چاكە؛ واتە هەر شتێك خواردنی ڕێگەپێدراو بێت لە هەر حاڵەتێكدا ئەوا حەڵاڵە، بۆ نموونە گۆشتی بەران، بەڵام لەبەرئەوەی كە ناتوانرێت بەكاڵی بخورێت، ئەوا بەكاڵی چاك نیە، بەڵام دوای كوڵاندن چاك دەبێت. و باشترین خواردن ئەوەیە كە چاكە، پاشان حەڵاڵ.
هەروەها شتانێك هەن لە چوارچێوەی قەدەغەكراو دادەنرێن و خواردنیان دروست نیە، بۆ نموونە لە ڕۆژانی كۆلێرادا ئەگەر پزیشك قەدەغەی خواردنی خەیاری كرد، ئەوا لەو كاتەدا خەیار خۆراكێكی چاك نیە ئەگەرچی لەڕۆژانی ئاساییدا حەڵاڵ و چاكە. ئەو شتانەی كە لە خوار حەرامەوەن، واتە قەدەغەكراون، دەڵێین خواردنیان دروست نیە.. واتە خواردنیان زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.
پێویستە لەیادمان بێت كە خواى گەورە ئاژەڵە جیاوازەكانی بۆ مەبەستی جیاواز دروست كردووە. هەندێكیان بۆ جوانیە چونكە شێوەیان جوانە، وە هەندێكیان بۆ خوێندنە چونكە دەنگیان خۆشە، وە هەندێكیان بۆ خواردنە چونكە گۆشتەكەیان باشە، وە هەندێكیشیان بۆ دەرمانن چونكە گۆشتەكەیان شیفایە بۆ نەخۆشیەك لە نەخۆشیەكان. بۆیە نابێت گۆشتی ئاژەڵ بخورێت تەنها لەبەرئەوەی كە حەڵاڵە، ڕەنگە ئاژەڵێك هەبێت كە گۆشتەكەی مەترسی نەبێت بۆ تەندروستی مرۆڤ، بەڵام كۆمەڵێك سوودی باشتری تێدا بێت؛ بۆ نموونە ئەگەر ئەو ئاژەڵە كرمە زیانبەخشەكان بخوات كە زیان بە بەرهەمە كشتوكاڵیەكان یان بە تەندروستی خەڵك دەگەیەنن، ئەوا چیتر ئەو ئاژەڵە چاك نیە بۆ خواردن لەبەر سوودە زۆرەكانی تری، هەرچەندە گۆشتەكەی لە بنەڕەتدا حەڵاڵ و چاك بێت؛ چونكە خواردنی دەبێتە هۆی بێبەشكردنی خەڵكی تر لە سوودە گشتیەكانی.
هەڵبەت لە مناڵیەوە ئەم وانەیەم فێركرا. جارێك بە تووتیەكەوە كە ڕاوم كردبوو گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، كاتێك باوكم گەورەمان ئیمامی مەهدی (عليه السلام) بینی فەرمووی پێم: مەحموود، گۆشتەكەی حەرام نیە، بەڵام خوای گەورە هەموو ئاژەڵێكی بۆ خواردن دروست نەكردووە. بەڵكو خوا (عز وجل) شێوەی هەندێك لە ئاژەڵەكانی جوان كردووە بۆ ئەوەی چاوەكان چێژ لە بینینیان وەربگرن، وە دەنگی هەندێكی خۆش كردووە بۆ ئەوەی گوێیەكان چێژ لە ئاوازە دڵنشینەكانیان وەربگرن.
كەواتە خوای گەورە بۆ هەر هەستێك لە هەستەكانی مرۆڤ بەشی خۆی داناوە لەو چێژەی كە لەم نیعمەتە ئاژەڵیانەدا هەیە، بۆیە نابێت مرۆڤ ئەو چێژەی هەستەكانی تر زەوت بكات و تەنها بیدات بە زمان. بۆ نموونە ئایا لە تووتی ناڕوانیت كە لەسەر لقی درەخت نیشتووەتەوە؟ ئایا بەڕاستی جوان نیە!
كەواتە خۆراكی چاك ئەوەیە كە زیان بە تەندروستی ئەو كەسە نەگەیەنێت كە دەیخوات، هەروەها نابێت خواردنی ئەو خۆراكە ببێتە هۆی زەوتكردنی مافی هەستەكانی تر یان مافی كەسانی تر یان ئاژەڵانی تر؛ بەڵكو پێویستە خواردنی نەبێتە هۆی برینداركردنی هەستی كەسانی تر، پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “ئەوەی عەرەب بە خراپیان داناوە حەرامە” (روح المعاني، سورةالأنعام). وە مەبەست لە حەرام لێرەدا ئەوە نیە كە ئەو كەسەی بیخوات تاوانبار دەبێت لەلای خوای گەورە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە نابێت لە بەردەمی عەرەبدا بخورێت، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندیەكان.
گۆشتی مانگایش لەم سەردەمەدا لە هیندستان دەكەوێتە چوارچێوەی ئەم بڕگەیە، بۆیە دەبێت موسوڵمانان وریابن گۆشتی مانگا نەخۆن لە بەردەمی هیندۆسەكاندا، وە تەنانەت باسی خواردنیشی نەكەن لەلایان، چونكە ئەمە هەستی ئەوان ئازار دەدات. [چونكە هیندۆسەكان مانگا بە پیرۆز دەزانن و دەیپەرستن. (وەرگێڕ)]
وَلَا تَقُولُواْ لِمَا تَصِفُ أَلۡسِنَتُكُمُ ٱلۡكَذِبَ هَٰذَا حَلَٰلٞ وَهَٰذَا حَرَامٞ لِّتَفۡتَرُواْ عَلَى ٱللَّهِ ٱلۡكَذِبَ ۚ إِنَّ ٱلَّذِينَ يَفۡتَرُونَ عَلَى ٱللَّهِ ٱلۡكَذِبَ لَا يُفۡلِحُونَ 117
شیكردنەوەی وشەكان:
تصف: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكان لە ئایەتی ژمارە 63.
یفلحون: “أفلَحَ الرجلُ”: پیاوەكە سەركەوت و گەیشت بەو شتەی كە داوای دەكرد. “أفلَحَ زید”: زەید لە هەوڵەكانیدا سەركەوت و لە كارەكەیدا پێكای (الأقرب).
تەفسیر: ئەوە بزانەپیتی (ما) كە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿لِمَا تَصِفُ أَلۡسِنَتُكُمُ﴾ هاتووە یان (ما)ی مەصدەریە، واتە: لەسەر بنەمای درۆی زمانتان مەڵێن: ئەمە حەڵاڵە و ئەمە حەرامە؛ یاخود (ما)ی مەوصولەیە، واتە: دەربارەی ئەو شتانەی كە زمانتان درۆ دەربارەیان دەكات مەڵێن: ئەمە حەڵاڵە و ئەمە حەرامە.
مەبەست لە (أَلْسِنَتُكُم) لێرەدا بریتیە لە زمانی ڕابەرانی گەل، چونكە هەموو خەڵك درۆ هەڵنابەستن، بەڵكو ئەوە ڕابەرەكانیانن كە درۆ دەكەن و هەموو كەس شوێنیان دەكەون.
وە پیتی (لام) لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿لِّتَفۡتَرُواْ عَلَى ٱللَّهِ ٱلۡكَذِبَۚ﴾ بۆ ئەنجامە، واتە: ئەمە مەڵێن ئەگینا ئەنجامەكەی ئەوە دەبێت كە ئێوە دەچنە ڕیزی ئەو كەسانەوە كە درۆ بەدەم خواوە دەكەن، چونكە تەنها خوا مافی حەڵاڵكردن و حەرامكردنی هەیە.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ يَفۡتَرُونَ عَلَى ٱللَّهِٱلۡكَذِبَ لَا يُفۡلِحُونَ﴾، ئەمەش ڕاستیەكی سەلمێنراوە، بەڵام موسوڵمانان گرنگی پێ نادەن. لە ڕاستیدا ئەمە گەورەترین نیشانەی ڕاستگۆیی نێردراوانی خوای گەورەیە.
مَتَٰعٞ قَلِيلٞ وَلَهُمۡ عَذَابٌ أَلِيمٞ 118
تەفسیر: واتەڕەنگە درۆزنەكان بۆ ماوەیەك لە سزای خوا ڕزگاریان ببێت، بەڵام زۆر ناژین، بەو واتایەی كە ئەوان دوای ڕاگەیاندنی وەحیە درۆكەیان ئەستەمە هێندەی ئەو ماوەیە بژین كە پێغەمبەر(ﷺ) دوای بڵاوكردنەوەی وەحیەكەی ژیا.
وَعَلَى ٱلَّذِينَ هَادُواْ حَرَّمۡنَا مَا قَصَصۡنَا عَلَيۡكَ مِن قَبۡلُ ۖ وَمَا ظَلَمۡنَٰهُمۡ وَلَٰكِن كَانُوٓاْ أَنفُسَهُمۡ يَظۡلِمُونَ 119
شیكردنەوەی وشەكان:
قصصنا: “قصَّ أثَرَه یقُصُّ قَصًّا وقَصَصًا”: وردە وردە شوێنی كەوت، هەر لەمەشەوە هاتووە: ﴿فَٱرۡتَدَّا عَلَىٰٓ ءَاثَارِهِمَا قَصَصٗا﴾ واتە بەو ڕێگایەدا كە گرتبوویانە بەر گەڕانەوە. “قصَّ علیه الخبرَ والرؤیا”: واتە وەكو خۆی باسی هەواڵ و خەونەكەی بۆ كرد، هەر لەمەشەوە هاتووە: ﴿نَحۡنُ نَقُصُّ عَلَيۡكَ أَحۡسَنَ ٱلۡقَصَصِ﴾ واتە: ئێمە باشترین ڕوونكردنەوەت بۆ دەكەین (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە بێباوەڕانی ئاگادار كردووەتەوە كە جوولەكەكان پێشتر ئەو هەڵەیەیان ئەنجامداوە كە ئێوە ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەن، ئێمەش سزامان دان، ئێوەش لەلایەن ئێمەوە هەمان ئەو سزایەتان پێ دەگات كە ئەو جوولەكانە پێیان گەیشت.
موفەسیرەكان لەسەر دیاریكردنی مانای ﴿مِن قَبۡلُ﴾ زۆر ناكۆك بوون، هەندێكیان دەڵێن ئاماژەیە بۆ ئەو حەرامكراوانەی كە لە سوورەتی “الأنعام”دا باسكراون (تەفسیری مجمع البیان). بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونكە لە سوورەتی “الأنعام”دا هاتووە: ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَىٰ طَاعِمٖ يَطۡعَمُهُۥٓ﴾ (الأنعام: 146)، دەستەواژەی ﴿فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ﴾ ئەوە دەگەیەنێت كە تەنانەت پێش دابەزینی سوورەتی “الأنعام”یش كۆمەڵێك حوكم هەبوون سەبارەت بە حەرامكردن. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِن قَبۡلُ﴾ ناكرێت ئاماژە بێت بۆ ئەو حەرامكراوانە كە لە سوورەتی “الأنعام”دا باسكراون.
لێرەدا كێشەیەكی تر ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە ئەم چوار حەرامكراوە تەنها لە چوار سوورەتدا باسكراون: لە سوورەتی البقرة كە مەدەنیە، وە لە سوورەتی المائدة كە ئەویش مەدەنیە و لە كۆتایی قۆناغی مەدەنیدا دابەزیوە (بڕوانە ڕازی تەفسیری فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَقُولُوا لـِمَا تَصِفُ أَلْسِنَتُكُم} …)، وە لێرە لە سوورەتی “النحل”ی مەككەییدا كە دەفەرموێت پێشتر باسی ئەم حوكمانەمان كردووە، وە لە سوورەتی “الأنعام”ی مەككەییدا كە ئاماژەی بە دابەزینی ئەم حوكمانە كردووە لە وەحی پێشوودا. وە ناكرێت هەردوو سوورەتەكە (واتە هەردوو سوورەتی النحل و الأنعام) ئاماژە بۆ یەكتر بكەن، چونكە ناكرێت هەریەكەیان لە پێش ئەوی تریانەوە بێت. كێشەیەكی تریش ئەوەیە كە ئێمە ئەم حەرامكردنە لە هیچ سوورەتێكی تری مەككەییدا نادۆزینەوە.
موفەسیرەكانیان گرنگییان بە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە نەداوە، یان بەڵگەی باوەڕپێكەریان نەهێناوە. بۆ نموونە، هەندێكیان گوتوویانە ئەمە ئاماژەیە بۆ سوورەتی المائدة. ئەمەش هەڵەیە، چونكە المائدة سوورەتێكی مەدەنیە (تەفسیری القرطبي).
بەڵام ئیمامی ڕازی گوتوویەتی: سوورەتی الأنعام یەكەم سوورەتە كە ئەم حەرامكردنەی تێدا دابەزیوە، وە ئایەتی ﴿وَقَدۡ فَصَّلَ لَكُم مَّا حَرَّمَ عَلَيۡكُمۡ﴾ ئاماژەیە بۆ ئایەتەكەی تری كە دوای ئەو هاتووە ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَىٰ طَاعِمٖ يَطۡعَمُهُۥٓ﴾ (بڕوانە تەفسیری ڕازی، سوورەتی الأنعام).
بەڵام ئەم وەڵامەی ڕازی دروست نیە، چونكە ئەو ئایەتەی ڕازی بە ئاماژەپێكراوی دادەنێت ئەویش دەفەرموێت ﴿لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ﴾، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمە یەكەم ئایەت نیە حەرامكردنی تێدا دابەزیبێت، بەڵكو ئایەتێكی تر هەیە كە پێشتر دابەزیوە و ئەم حوكمەی تێداهاتووە.
بەڵام خاوەنی “فتح الباري” وەڵامێكی سەیر و پڕبایەخی داوەتەوە، بەڕای من ئەگەر چارەسەرێكی تر بۆ ئەم كێشەیە نەدۆزرێتەوە ئەوا ئەم وەڵامە گونجاوترین وەڵامە. ئەو دەڵێت: ئەم ئایەتەی سوورەتی الأنعام ئاماژەیە بۆ سوورەتی المائدة. بێگومان “الأنعام” پێش “المائدة” دابەزیوە، بەڵام “المائدة” لە زانستی خوادا (عز وجل) پێش “الأنعام” بووە لەڕووی ڕیزبەندی كۆتایی قورئانەوە، بۆیە خوای گەورە ئاماژەی پێداوە وەك ئەوەی پێشتر دابەزیبێت، بەم شێوەیەش ئەوەی سەلماندووە كە ڕیزبەندی ئێستای قورئان بە فەرمانی خوای گەورە بووە.
ئەم وەڵامە ئەوپەڕی ورد و ڕوونە و دەكرێت یارمەتی چارەسەركردنی ئایەتە سەختەكانی تر بدات، چونكە هیچ گومان لەوەدا نیە ئەو سوورەتانەی لە دابەزیندا پێش كەوتوون و لەڕیزبەندی قورئاندا دواكەوتوون لە زۆر حاڵەتدا نهێنی و ئاڵۆزی ئەو سوورەتانە چارەسەر دەكەن كەلە دابەزیندا دواكەوتوون و لە ڕیزبەندی قورئاندا پێش كەوتوون. بۆ نموونە سوورەتی “الإسراء” هەندێك لەو بابەتانە ڕوون دەكاتەوە كە لە سوورەتی”النحل”دا هاتوون، لەگەڵ ئەوەی سوورەتی “الإسراء” پێش سوورەتی “النحل” دابەزیوە و لەڕیزبەندی قورئاندا دوای سوورەتی “النحل” هاتووە. ئەمەش بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر موعجیزەی زانستی قورئانی پیرۆز.
بەڵام ئێمە لێرەدا پێویستمان بە وەڵامی لەم شێوەیە نیە، چونكە دەتوانین بەڕێكردن لەگەڵ ڕیزبەندی سروشتی دابەزینی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزیشدا ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین. ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتەش بەم جۆرەیە: لە خودی قورئانەوە سەلمێنراوە كە سوورەتی “النحل” پێش سوورەتی “الأنعام” دابەزیوە، چونكە لە سوورەتی “الأنعام”دا دوو ئایەت دەبینین كە ئاماژە بۆ بابەتەكەی سوورەتی “النحل” دەكەن؛یەكێكیان بریتیە لە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَقَدۡ فَصَّلَ لَكُم مَّا حَرَّمَ عَلَيۡكُمۡ إِلَّا مَا ٱضۡطُرِرۡتُمۡ إِلَيۡهِۗ﴾ (ئایەتی: 120)، وە دووەمیان بریتیە لە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَىٰ طَاعِمٖ يَطۡعَمُهُۥٓ إِلَّآ أَن يَكُونَ مَيۡتَةً أَوۡ دَمٗا مَّسۡفُوحًا أَوۡ لَحۡمَ خِنزِيرٖ فَإِنَّهُۥ رِجۡسٌ أَوۡ فِسۡقًا أُهِلَّ لِغَيۡرِ ٱللَّهِ بِهِۦۚ﴾ (ئایەتی: 146). هەروەها مێژوویش جەخت لەوە دەكاتەوە كە سوورەتی”النحل” پێش سوورەتی “الأنعام” دابەزیوە، چونكە لە مێژوودا هاتووە كە ئەم حوكمانەی حەرامكردن و حەڵاڵكردن دوای ڕووداوی “الإسراء” دابەزیون كە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێك پێش كۆچكردن بووە (الطبقات الكبری لابن سعد، ذكر المعراج). هەروەها فەرموودەكانیش ئەوەدووپات دەكەنەوە كە سوورەتی الأنعام هەمووی بەیەكجار دابەزیوە و بەش بەش دانەبەزیوە. (تفسير “الإتقان” والمعجم الكبير للطبراني). كەواتە سوورەتی “الأنعام” دوای سوورەتی “النحل” دابەزیوە، وە ئەوەی لە هەردوو ئایەتەكەی “الأنعام”دا هاتووە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لە خودی سوورەتی”النحل”دا هاتووە.
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: مەبەست لە فەرموودەی خوای گەورە ﴿مِن قَبۡلُ﴾ چیە؟ وەڵامەكەی زۆر ئاسانە، وە نازانین بۆچی موفەسیرەكان سەرنجیان بۆی نەچووە. لەڕاستیدا دەستەواژەی ﴿مِن قَبۡلُ﴾ ئاماژە نیە بۆ هیچ سوورەتێك كە پێش سوورەتی “النحل” دابەزیبێت، بەڵكو ئاماژەیە بۆ ئایەتێك كە كەمێك پێشتر لە خودی سوورەتی”النحل”دا هاتووە، بەجۆرێك خوای گەورە دوو ئایەت پێش ئەم ئایەتەی ئێمە تەفسیری دەكەین فەرموویەتی: ﴿إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيۡكُمُ ٱلۡمَيۡتَةَ وَٱلدَّمَ وَلَحۡمَ ٱلۡخِنزِيرِ وَمَآ أُهِلَّ لِغَيۡرِ ٱللَّهِ بِهِۦ ۖ فَمَنِ ٱضۡطُرَّ غَيۡرَ بَاغٖ وَلَا عَادٖ فَإِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٞ رَّحِيمٞ﴾ (ئایەتی: 116). كەواتە فەرمایشتی ﴿مِن قَبۡلُ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەم ئایەتەی پێشووتر؛ چونكە بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەی ﴿مِن قَبۡلُ﴾ پێویست نیە كە بابەتی ئاماژەبۆكراو پێش ساڵێكیان دوو ساڵ ڕوویدابێت، بەڵكو زۆر جار نووسەر دەڵێت: “پێشتر نووسیومە”، مەبەستی لە كتێبێكی تری خۆی نیە، بەڵكو مەبەستی بابەتێكە كە پێش چەند دێڕێك لە خودی كتێبەكەدا باسكراوە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَمَا ظَلَمۡنَٰهُمۡ وَلَٰكِن كَانُوٓاْ أَنفُسَهُمۡ يَظۡلِمُونَ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەو شتانەی تر كە لەسەر جوولەكەكان حەرام كراون، وەك چەوری مانگا و مەڕ، خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت كە ئەم حەرامكردنە حەقیقی و هەتاهەتایی نەبووە، بەڵكو وەك سزایەك لەسەر سەرپێچیكردن و ستەمكارییان بەسەریاندا سەپێندراوە. خوا (عز وجل) ئەم حەرامكردنەی بە وردی لە سوورەتی “الأنعام”دا باسكردووە، بەم شێوەیە: ﴿وَمِنَ ٱلۡبَقَرِ وَٱلۡغَنَمِ حَرَّمۡنَا عَلَيۡهِمۡ شُحُومَهُمَآ إِلَّا مَا حَمَلَتۡ ظُهُورُهُمَآ أَوِ ٱلۡحَوَايَآ أَوۡ مَا ٱخۡتَلَطَ بِعَظۡمٖ ۚ ذَٰلِكَ جَزَيۡنَٰهُم بِبَغۡيِهِمۡ ۖ وَإِنَّا لَصَٰدِقُونَ﴾ (ئایەتی: 147).
ثُمَّ إِنَّ رَبَّكَ لِلَّذِينَ عَمِلُواْ ٱلسُّوٓءَ بِجَهَٰلَةٖ ثُمَّ تَابُواْ مِنۢ بَعۡدِ ذَٰلِكَ وَأَصۡلَحُوٓاْ إِنَّ رَبَّكَ مِنۢ بَعۡدِهَا لَغَفُورٞ رَّحِيمٌ 120
شیكردنەوەی وشەكان:
السُوء: ئەو شتانەی كە مرۆڤ خەمبار دەكەن لە كاروباری دنیایی و دواڕۆژدا، لە حاڵەتە دەروونی و جەستەیەكان و شتە دەرەكیەكان وەك لەدەستدانی سامان و پلەوپایە و لەدەستدانی كەسی خۆشەویست (المفردات).
جَهَالَة: (جَهِلَهُ جَهَالَةً): پێچەوانەی “زانین”ە. (الجهالة): پێچەوانەی زانست و زانیاریە (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) پێشتر ئەوەی ڕاگەیاند كە جوولەكە ستەم و سەرپێچییان كردووە بۆیە بەڵا و ئازار وەكو سزا بەسەریاندا دابەزیوە، بەڵام لێرەدا ئاگاداریان دەكاتەوە ئەگەر ئێستا تۆبە بكەن ئەوا دەبینن خوا -سەرەڕای هەڵە و تاوانەكانی پێشوویان- لێخۆشبوو و میهرەبانە.
لەڕاستیدا ئەم یاسایە تەنها تایبەت نیە بەجوولەكەوە بەڵكو گشتیە و هەموو خەڵكی دەگرێتەوە. چونكە باوكان بە سروشتی خۆیان ئازار دەچێژن كاتێك كارەسات بەسەر مناڵەكانیاندا دێت، بۆ نموونە ئەگەر یەكێكیان نەخۆش بكەوێت؛ بۆیە هەروەك چۆن لە دنیادا ئازار دەچێژن بۆیان، ئاواش لەڕۆژی دواییدا زۆر بە سەختی ئازار دەچێژن ئەگەر مناڵەكانیان بچنەناو دۆزەخەوە. لە فەرموودەی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) هاتووە كە پێغەمبەر (ﷺ) لەڕۆژی دواییدا ئازار دەچێژێت كاتێك هەندێك لەو كەسانە دەبینێت كە لەڕووكەشدا هاوەڵی بوون دەچنە دۆزەخەوە، فەرموویەتی (ﷺ): “گەلێك پیاو لە ئوممەتەكەم دەهێنرێن و بەرەو لای چەپ دەبرێن، من دەڵێم: هاوەڵەكانم، هاوەڵەكانم” (البخاري، كتاب التفسیر سورة المائدة). بۆ ئەوەی خوا (عز وجل) بەندە خۆشەویستەكانی لەم ئازارانە ڕزگار بكات بەسۆز و میهرەبانیەكی تایبەت مامەڵە لەگەڵ نەوەكانیاندا دەكات، هەروەك ڕایگەیاندووە لەم فەرمایشتەی خۆیدا: ﴿وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَٱتَّبَعَتۡهُمۡ ذُرِّيَّتُهُم بِإِيمَٰنٍ أَلۡحَقۡنَا بِهِمۡ ذُرِّيَّتَهُمۡ﴾ (الطور: ٢٢).. واتە خوای گەورە لە بەهەشتدا ئەو باوەڕدارانە لەگەڵ نەوەكانیاندا بە یەكتر شاد دەكاتەوە ئەگەرچی نەوەكانیان ئاستی باوەڕیان لەوان كەمتر بوو بێت. بۆیە دەبینین قورئان چەندین جار بەڵێن بە پێغەمبەران و پیاوچاكان دەدات كە خوای گەورە بە فەزڵێكی تایبەت لەلایەن خۆیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات، بۆ ئەوەی ئازار نەچێژن بەهۆی ئەو سزایەی بەسەر مناڵەكانیاندا دێت. چونكە قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت: ﴿وَإِن مِّنۡ أُمَّةٍ إِلَّا خَلَا فِيهَا نَذِيرٞ﴾، كەواتە هەمووگەلێك لەم فەزڵە تایبەتە خواییە بەهرەمەند دەبێت، وە لەوەدا جوولەكە تایبەت نین.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لِلَّذِينَ عَمِلُواْ ٱلسُّوٓءَ بِجَهَٰلَةٖ﴾ ئەوە بزانە كە (جهالة) لێرەدا بە مانای نەزانین نایەت، بەڵكو بە مانای نەناسین دێت؛ چونكە ئەوەی لە نەزانینەوە هەڵە دەكات سزا نادرێت. مەبەست ئەوەیە ئەو كەسەی لە نەناسینەوە خراپە دەكات -واتەدەزانێت ئەو كارە گوناهە، بەڵام بەهۆی كەمی لە خواترسان و تەقوای خوا (عز وجل) خۆی ڕاناگرێت و دەكەوێتە ناو خراپەوە- شایەنی سزایە، مەگەر تۆبە بكات؛ چونكە كەمتەرخەمی و سستی نواندنی مرۆڤ لەبەدەستهێنانی تەقوا سەرەڕای ئەوەی دەزانێت شتێكی پێویستە بە گوناهێكی بە ئەنقەست لەقەڵەم دەدرێت.
لەڕاستیدا ناسین (عیرفان) مرۆڤ لە گوناهـ ڕزگار دەكات، بەڵام ئەو كەسانەی دەڵێن زانینی ڕواڵەت بەسە لە كۆتاییدا دەكەونە ناو گوناهەوە. بۆیە پێویستە مرۆڤ هەردەم هەوڵ بدات ناسینەكەی زیاتر بكات، واتە ترسی خوا و تەقوای زیاتر بكات.
وە بزانە كە “الجهالة” دوو جۆرە: هەمیشەیی و كاتی. ئەوەی بووەتە قوربانی جەهالەتێكی هەمیشەیی ئەوا بە تەواوی بێبەش دەبێت لەناسین، چونكە تەنها لە گوناهدا چێژ دەبینێت. بەڵام جەهالەتی كاتی ڕەنگە تەنانەت ئەو خواناسانەیش تووشی بن كە لە ئاستێكی بەرزدا نین، چونكە ئاستی ناسینەكەیان هەندێك جار دادەبەزێت و دەكەونە داوی ئارەزووەكانی دەروونەوە. لە فەرموودەی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) هاتووە: “زیناكەر كاتێك زینا دەكات باوەڕدار نیە، باوەڕ لێی دەردەچێت و لە سەرووی سەریەوە دەبێت وەك سێبەر”. [لە فەرموودەدا بەم مانایە هاتووە: “ئەگەر بەندەیەك زینا بكات باوەڕی لێ دەردەچێت و لەسەر سەری دەبێت وەك سێبەر، ئەگەر لەو كارە هاتە دەرەوە ئەوا باوەڕەكەی بۆ دەگەڕێتەوە.” (الترمذي، أبواب الإيمان، باب لا يزني الزاني)] واتە حاڵەتی دڵی باوەڕدار لەو كاتەدا حاڵەتی باوەڕداری نیە. هەندێك لەڕاڤەكاران دەربارەی فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ): “لە سەرووی سەریەوە دەبێت وەك سێبەر” گوتوویانە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە باوەڕەكەی لەلای خوای گەورە شەفاعەتی بۆ دەكات.
خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿ثُمَّ تَابُواْ مِنۢ بَعۡدِ ذَٰلِكَ وَأَصۡلَحُوٓاْ﴾دا ڕایگەیاندووە مرۆڤ نابێت تەنها بەوەندە ڕازی بێت كە لە دڵەوە تۆبە بكات، بەڵكو دەبێت گرنگی بدات بە لابردنی ئەو هۆكارانەی كە بەرەو گوناهیان بردووە، بۆ ئەوەی هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ سەرتاوان و گوناهـ.
بەڵام ئەگەر وشەی ﴿وَأَصۡلَحُوٓاْ﴾ بە مانای چاككردنی كەسانی تر بێت، ئەوا مەبەست ئەوەیە كە دەبێت گرنگی بدات بە چاككردنی كەسانی تریش وەك كەفارەتێك بۆ گوناهەكانی، بۆئەوەی پاداشت بدرێتەوە لەسەر هیدایەتدانی ئەوان، هەتا ئەگەر كەموكورتی لە كارەكانیدا هەبوو بەو پاداشتە پڕ بكرێتەوە.
إِنَّ إِبۡرَٰهِيمَ كَانَ أُمَّةٗ قَانِتٗا لِّلَّهِ حَنِيفٗا وَلَمۡ يَكُ مِنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ 121
شیكردنەوەی وشەكان:
أُمَّة: پێشەوا؛ ئەو پیاوەی كە هاوشێوەی نیە؛ فێركاری چاكە؛ كۆكەرەوەی چاكە (التاج).
قَانِتًا: (قَنَتَ يَقْنُت قُنُوتًا): گوێڕایەڵی كرد، دەوترێت: (قنَتَ اللهَ) و (قَنَتَ لله). (قَنَتَ له): زەلیل بوو بۆ خوا. (قَنَتَ): دوعای كرد؛ لە نوێژدا وەستا؛ خۆی گرت لە قسەكردن. (القانت): ئەوەی بەردەوام لە گوێڕایەڵی خوادایە؛ نوێژخوێن (الأقرب).
حَنِيفًا: (الحنيف): حەزی ڕاستەقینە بۆ ئیسلام و جێگیربوون لەسەری؛ ئەوەی لە ئایینێكەوە دەچێت بۆ ئایینێكی تر؛ موسوڵمان، كۆی وشەكە بریتیە لە (الحنفاء) (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا چەندین سیفەتی ئیبراهیمی (عليه السلام) باس كردووە. یەكەم جار بە ئوممە ناوی بردووە، وە سێ مانای هەیە:
١- فێركاری چاكە بووە.
٢- كۆكەرەوەی چاكە بووە چونكە خاوەنی هەمووڕەوشتە بەرزەكان بووە.
٣- خاوەنی سروشتێكی بەرز بووە كە پڕ بووە لەو توانا و لێهاتووییانەی كە ئوممەتەكان دروست دەكەن، وەك ئەوەی ناوكی درەختی ئوممەت بووبێت.
لە سیفەتەكانی تری:
٤- قانت بووە بۆ خوا.. واتە گوێڕایەڵ بووە بۆی، زۆر دوعای كردووە.
٥- حەنیف بووە.. واتە بەرگرییەكی زۆری هەبووە بەرامبەر بە باتڵ، بۆیە هەرگیز لە حەق لاینەداوە.
٦- لە موشریكان نەبووە.. واتە یەكتاپەرستێكی تەواو بووە. تێگەیشتنی یەكتاپەرستی تەواو لەوەوە وەرگیراوە كە ئەمڕستەیە دوای دوو سیفەتی ﴿قَانِتٗا لِّلَّهِ حَنِيفٗا﴾ هاتووە، ئەمەش ڕوونیدەكاتەوە كە فەرموودەی خوای گەورە ﴿وَلَمۡ يَكُ مِنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ﴾ مەبەست لێی یەكتاپەرستێكی ئاسایی نیە. لەڕاستیدا ئەو مرۆڤەی خاوەنی تایبەتمەندی و لێهاتوویی بێت بە گشتی تووشی خۆبەزلزانین و خۆپەرستی و لەخۆباییبوون دەبێت، ئەمەش جۆرێكە لە شیرك. بۆیە خوای گەورە پێمان ڕادەگەیەنێت كە ئیبراهیم -سەرەڕای ئەوەی خاوەنی ئەم بەهرە و لێهاتووییانە بووە- هەمیشە بەندەی پەروەردگاری خۆی بووە، وە هەرگیز نەكەوتووەتە ناو شیركەوە بەوەی كە هیچ یەكێك لەم تایبەتمەندیانە بۆ زیرەكی و لێهاتوویی خۆی بگەڕێنێتەوە.
شَاكِرٗا لِّأَنۡعُمِهِ ۚ ٱجۡتَبَىٰهُ وَهَدَىٰهُ إِلَىٰ صِرَٰطٖ مُّسۡتَقِيمٖ 122
شیكردنەوەی وشەكان:
اِجْتَباه: هەڵیبژارد و دەستنیشانی كرد (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئیبراهیم (عليه السلام) باوەڕی وابوو هەموو ئەو خاسیەت و تایبەتمەندیە باشانەی تێیدایەتی تەنها بەخششی خوایین، و هەموو ئەو توانا و لێهاتووییانە دیاری خوای گەورەن. بۆیە هەر كاتێك خاسیەتەكانی زیاتر دەدرەوشانەوە، زیاتر سوپاسی خوای گەورەی دەكرد و زیاتر دەگەڕایەوە بۆ لای.
یەكێك لە سوننەتەكانی خوا (عز وجل) ئەوەیە كاتێك مرۆڤ ئەم سیفەتە چاكانەی تێدا بێت، خوای گەورە دەستنیشانی دەكات بۆ ئەوەی لەلایەن خۆیەوە فەزڵێكی تایبەتی پێ بدات، بۆیە خوا لەدوای ئەوە دەفەرموێت: ﴿ٱجۡتَبَىٰهُ وَهَدَىٰهُ إِلَىٰ صِرَٰطٖ مُّسۡتَقِيمٖ﴾.. واتە لەبەر ئەم خاسیەتە باشانەی ئیبراهیم خۆشمانویست و هەڵمانبژارد بۆ خۆمان.
خوا (عز وجل) دەربارەی سیفەتی ئەم ڕێگایە فەرموویەتی ﴿مُّسۡتَقِيمٖ﴾ بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات كەڕێگایەك بووە بۆ گەیشتن بە خوای گەورە، چونكە هێڵی ڕاست ئەو هێڵەیە كە لەنێوان دوو خاڵدایە. لە زاراوەی ئایینیشدا خوای گەورە و بەندە وەكو ئەو دوو خاڵە وان، بۆیە ئەو ڕێگایەی كە بەندە بە خوا دەگەیەنێت بریتیە لە ڕێگای ڕاست، بەڵام ئەو ڕێگایەی نەگات بە خوا ڕێگای ڕاست نیە؛ چونكە ئاراستەكەی بۆ خاڵی مەبەست نیە و لە ڕێگا ڕاستەكە لایداوە.
پەیوەندی ئەم ئایەتە بەوەی پێش خۆیەوە ئەوەیە كە خوای گەورە پێشتر موسوڵمانانی ئاگاداركردووەتەوە كە لە ناز و نیعمەتەكانی خۆی بێبەشیان ناكات، بۆیە نابێت وەك خەڵكی مەككە بن كە لەبنەڕتەوە شەریعەتی ئاسمانییان ڕەتكردەوە، بەڵكو تەنها ئەو یاسا و نەریتانەیان هەڵبژارد كە خۆیان دایانهێنابوون، هەروەها پێویستە لەسەر موسوڵمانان وەك جوولەكە نەبن كە ناكۆك بوون لە شەریعەتی خوادا و سەرپێچیان لێ كرد. بەڵام ئێستا خوا (عز وجل )موسوڵمانان ئاگاداردەكاتەوە لەو شتەی كە دەیەوێت لێیان و دەفەرموێت: پێویستە وەكو ئیبراهیمی بەندەی ئێمە وا بن، وە بە سیفەتەكانی ئەو خۆتان بڕازێننەوە، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە مامەڵەتان لەگەڵدا بكەین كە لەگەڵ ئەودا كردمان. بەڵام خوا چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئیبراهیم (عليه السلام) كردووە؟ ئەوە لە ئایەتی دواتردا باسكراوە.
وَءَاتَيۡنَٰهُ فِي ٱلدُّنۡيَا حَسَنَةٗ ۖ وَإِنَّهُۥ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ لَمِنَ ٱلصَّٰلِحِينَ 123
تەفسیر: خوای گەورە باسی ئەوە دەكات كەبەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە ئیبراهیممان سەركەوتوو كرد بۆ ئەوەی پلە و پایەیەكی گەورە لە دونیا و دواڕۆژ بەدەست بهێنێت، بۆیە ژیانێكی خۆش و ئاسوودەمان پێبەخشی، وە لە دواڕۆژدا كردمان بە یەكێك لە چاكەكاران.
بزانە ئەوەی كە ئیبراهیم لە دواڕۆژدا لە چاكەكارانە واتە لە دواڕۆژدا بەو توانایانەوە زیندوو دەكرێتەوە كە بەتەواوەتی گونجاون لەگەڵ ئەو پلەوپایە بەرزانەی كە لە دواڕۆژدا هەن، بەو واتایە ئیبراهیم (عليه السلام) زیندوو دەكرێتەوە لەكاتێكدا ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ناز و نیعمەتەكان و سوود بینین لێیان.
خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَءَاتَيۡنَٰهُ فِي ٱلدُّنۡيَا حَسَنَةٗۖ﴾ بۆ ئەوەی جەخت لەوە بكاتەوە كە ئەوە ئێمەین ئەو ناز و نیعمەتانەمان پێ بەخشیوە. هەروەها بەوە ڕوونی كردووەتەوە كە كەس بۆی نیە بڵێت ئیبراهیم هیچ پلەوپایەیەكی ماددی بەدەست نەهێناوە بۆیە هیچ دەرفەتێكی بۆ نەڕەخساوە تاوەكو ببێت بە كەسێكی خراپەكار! نەخێر، بەڵكو پلەوپایەی ماددیشمان پێبەخشی. تەوراتیش دووپاتی دەكاتەوە كە سەرەڕای ئەوەی ئیبراهیم لە نیشتیمانی خۆی كۆچی كرد، بەڵام خوای گەورە بارودۆخی ماددی ئەوی باش كرد، هەروەها فەرمانڕەوایەتیشی پێ بەخشی (پەیدابوون 13: 2 و 14-16)، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لەبەر قاپی خوادا بوو (سبحانه وتعالى).
وەك ئەوەی خوا ئامۆژگاری موسوڵمانان بكات: ئەگەردەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیتان بەدەستهێنا؛ ئەوا هەموو سەركەوتن و پێشكەوتنێك بە ناز و نیعمەتی خوایی و ئەمانەتی خوایی بزانن، وەك چۆن ئیبراهیم ئەو كارەی كرد، وە لە خۆبەزلزانەكان مەبن.
ثُمَّ أَوۡحَيۡنَآ إِلَيۡكَ أَنِ ٱتَّبِعۡ مِلَّةَ إِبۡرَٰهِيمَ حَنِيفٗا ۖ وَمَا كَانَ مِنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ 124
شیكردنەوەی وشەكان:
مِلَّةَ: الملة: شەریعەت یان ئایین. وە گوتراوە: الملة و الطریق هەمان شتن، ئەو ناوەیە كە لە “أمليتُ الكتابَ”ەوە هاتووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ بنەماكانی شەرع لەبەرئەوەی پێغەمبەر دەیخوێندنەوە بەسەر خەڵكیدا، هەندێك جار بۆ باتڵیش بەكاردێت وەكو “الكفرُ ملةٌ واحدةٌ”، وە نادرێتەپاڵ خوا یان تاكەكانی ئوممەت (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا هەمان ئەو مانایەی ڕوونكردووەتەوە كە پێشتر ئاماژەم پێدا، بەجۆرێك موسوڵمانانی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی كە پێویستە شوێنكەوتەی ڕێبازی ئیبراهیم بن، وە جەختی لەوە كردەووەتەوە كە ﴿وَمَا كَانَ مِنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ﴾.. واتە غافڵ مەبن، ئەی موسوڵمانان، لە باوەڕبوون بە خوای گەورە و پشتبەستن پێی لەكاتی سەركەوتن و پێشكەوتنەكانتاندا.
هەندێ لە مەسیحیەكان مانایەكی هەڵەیان لەم فەرمایشتەوە وەرگرتووە و دەڵێن موحەممەد (ﷺ) تەنها شوێنكەوتەیەكی ئایینی ئیبراهیم بووە (تەفسیری قورئان “وێری”، و ژیانی موحەممەد سێر ویلیام میۆر، بەرگی 2، لا156).
لەڕاستیدا ئایەتەكە هەرگیز مەبەستی ئەمە نیە، بەڵكو خوا فەرمان بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) دەكات كە زۆر سوپاسگوزار بێت بۆخوا و بەتەواوەتی پشتی پێ ببەستێت هەروەك چۆن ئیبراهیم بەم شێوەیە بوو. خوای گەورە هەرگیز فەرمانی بە پێغەمبەر نەكردووە شوێنی ئیبراهیم بكەوێت لە حوكمە وردەكاریەكاندا، بەڵكو تەنها لەو شتانەی كە لە سەرەوە ئاماژەی پێكراوە. چ گومانێك لەوەدا هەیە كە هەموو مرۆڤێك پێویستی بەوە هەیە لەم بوارەدا شوێن ئیبراهیم بكەوێت، وەهیچ كەس -لە ئادەمەوە تا دواین كەس لە دنیا- بێ نیاز نیە لە خۆڕازاندنەوە بەم سیفەتانە. لەڕاستیدا هەموو ئەهلی خوا پێش ئیبراهی موەكو ئەو بەم خاسیەتانە ڕازاوە بوون، بەڵام خوا (عز وجل) لێرەدا بە تایبەتی باسی ئیبراهیمی كردووە چونكە خەڵكی مەككە ئیبراهیمیان بە باوكی خۆیان دەزانی (محاضرات تاريخ الأمم الإسلامية، ج 1 ص 56). بێگومان ورووژاندنی هەستی غیرەت لای خەڵك بە باسكردنی باوك و باپیرانیان باشترین ڕێگەیە بۆ ئامۆژگاریكردن و چاككردنیان.
سێر ویلیام میۆر ناچار بوو لەسەر ئەم ئایەتە بڵێت: لەو سەردەمە جاهیلیەدا بۆ موحەممەد دەركەوتووە كە خوای گەورە هەمیشە پێغەمبەرەكانی ناردووە بۆ هەموو ئوممەتەكان لە هەموو سەردەمەكاندا.
بەم شێوەیە خوا (عز وجل) هەندێ جار ڕاستی لەسەر زمانی دوژمنیش ڕادەگەیەنێت!
إِنَّمَا جُعِلَ ٱلسَّبۡتُ عَلَى ٱلَّذِينَ ٱخۡتَلَفُواْ فِيهِ ۚ وَإِنَّ رَبَّكَ لَيَحۡكُمُ بَيۡنَهُمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ فِيمَا كَانُواْ فِيهِ يَخۡتَلِفُونَ 125
شیكردنەوەی وشەكان:
السبتُ: (سبت الرجل سبتا): پیاوەكە بەتەواوەتی پشووی دا. السبت: ڕۆژێكە لەڕۆژەكانی هەفتە لەنێوان هەینی و یەكشەممە. (الأقرب).
تەفسیر: موفەسیرەكان تووشی سەرسوڕمانێكی زۆر بوون لەبەرئەوەی لێرەدا قورئان لە سوورەتی”النحل”دا باسی ڕۆژی شەممەی كردووە لەكاتێكدا سوورەتی”النحل” سوورەتێكی مەككەییە!
ڕۆژهەڵاتناسەكان بەشێوەیەكی سەیر وەڵامیان داوەتەوە و گوتوویانە: وا دیارە لەم سوورەتەدا پێش ئەم ئایەتە باسی جوولەكە كراوە، بەڵام ئەو ئایەتانەی كە باسی جوولەكەیان تێدابووە لە قورئاندا بزر بوون و نەماون، بۆیە لێرەدا لە دەستەواژە قورئانیەكەدا پەیوەندیەك نابینرێت.
بەڵام هەندێك لە موفەسیرەكان لەم بارەیەوە گوتوویانە: لەبەرئەوەی خوای گەورە لێرەدا فەرمان بەموسوڵمانان دەكات كاری چاك ئەنجام بدەن، بۆیە لێرەدا ئاماژەی بەیەكێك لە فەرمانەكانی خۆی بۆ ئەو جوولەكانە كردووە كە سەرپێچی فەرمانی خوایان كرد و بەمەش سزادراون، بۆ ئەوەی موسوڵمانان سەبارەت بە حوكمەكانی خوای گەورە ئاگادار بن و خۆیان بپارێزن.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوا ﴿جُعِلَ ٱلسَّبۡتُ﴾ هەندێ گوتویانە مەبەستەكەی بریتیە لە “جُعل وبال مخالفة السبت”، واتە: سزای سەرپێچیكردنی ڕۆژی شەممە دابەزیوە بۆ سەر ئەوانەی كە ناكۆك بوون لە فەرمانەكەیدا (الكشاف).
لەكاتێكدا یەكێك لەموفەسیرە هاوچەرخەكان گوتویەتی لێرەدا وشەی “السبت” واتە پچڕان (بڕوانە: بیان القرآن). بەڵام ئەمەڕاست نیە، چونكە عەرەب وشەی “السبت”ى هەرگیز بەم واتایە بەكارناهێناوە لەم جۆرە بۆنەیەدا.
بەڕای من لێرەدا مەبەست لەڕۆژی شەممە سزای ڕۆژی شەممەیە. وە لە قورئانی پیرۆز و ئەدەبی عەرەبیدا نموونەی زۆر هەیە بۆ سڕینەوەی “مضاف” وەكو لێرەدا ڕوویداوە. واتە: سزای ڕۆژی شەممە دابەزیوە بۆ سەر ئەوانەی كە ناكۆك بوون تێیدا. هەروەها قورئان لە سوورەتی “البقرة”شدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە جوولەكە بەهۆی سەرپێچیكردنی ڕۆژی شەممە سزادراون. (هەردوو ئایەتی: 66 و 67)
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: پەیوەندی ڕۆژی شەممە بە ئایەتەكانی پێشووەوە چیە؟ وەڵامەكەشی بەم جۆرەیە: جوولەكە -پێش دابەزینی قورئان و بگرەهەتا ئەمڕۆش- باوەڕیان وابووە كە هەموو ئەو زیان و وێرانكاریەی بەسەریاندا هاتووە تەنها بەهۆی سەرپێچیكردنی ڕۆژی شەممەوە بووە، وە هەرگیز شكۆ و سەروەرییان بۆ ناگەڕێتەوە مەگەر جارێكی تر ڕێز لە ڕۆژی شەممە بگرن. لەم سەدەی بیستەمەدا كە دەبینین موسوڵمانان وەكو پێویست ڕێز لەڕۆژی هەینی ناگرن و مەسیحیەكانیش ڕێز لەڕۆژی یەكشەممە ناگرن.. دەبینین لەلایەن جوولەكەوە چەندین كۆمەڵەی ئایینی هەیە كە داوا دەكەن ڕێز لەڕۆژی شەممە بگیرێت. هەروەها ڕوویداوە كە ئەندامانی ئەم كۆمەڵانە هەوڵیانداوە لە هەندێك گوندی فەڵەستین خەڵكی ناچاربكەن كە ڕێز لەڕۆژی شەممە بگرن، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی فیتنە و خراپەكاری لە زۆر شوێن.
لە ئایەتەكانی پێشوودا بە جوولەكە گوتراوە لە ئێستادا سەركەوتنتان بەندە بە قبوڵكردنی ئیسلامەوە، بۆیە دەكرێت بیریان لەوە كردبێتەوە كە ئەگەر موسوڵمان ببن ئەوا ناتوانن ڕێز لەڕۆژی شەممە بگرن كە لەڕاستیدا هۆكاری سەركەوتنیانە، چونكە موسوڵمانان ڕێز لەڕۆژی هەینی دەگرن نەك ڕۆژی شەممە، بۆیە پێویست بوو قورئان وەڵامی ئەم ترس و نیگەرانیەی جوولەكە بداتەوە، وەڵامەكەشی لێرە لەم ئایەتەدا هاتووە، بەجۆرێك خوا جوولەكە ئاگاداردەكاتەوە بەوەی كە میللـەتەكان بەهۆی سەرپێچیكردنیان لە فەرمانەكانی خوای گەورە لەناودەچن، وە جوولەكەش پێشتر تەنها بەهۆی سەرپێچیكردنیان لە فەرمانەكانی خوا لەبارەی ڕێزلێنان لەڕۆژی شەممە لەناوچوون؛ وە مادام ئێستا خوا فەرمان دەكات پێیان بێنەناو پەیمانێكی نوێوە لەڕێگەی ئیسلامەوە، دەبێت ئەوە بزانن كە ئەوەی سەرپێچی ئەم فەرمانە نوێیە بكات ئەوا زیان بە خۆی دەگەیەنێت و خۆی تووشی لەناوچوون دەكات، بەمەش جوولەكە جارێكی تر شكۆیان بۆ ناگەڕێتەوە تەنانەت ئەگەرچی ئێستا ڕێز لە ڕۆژی شەممە بگرن، بەڵكو تەنها بە قەبوڵكردنی ئیسلام و كاركردن بە فێركاریەكانی سەروەری و سەربەرزی بەدەستدەهێنن نەك شتێكی تر.
ٱدۡعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِٱلۡحِكۡمَةِ وَٱلۡمَوۡعِظَةِ ٱلۡحَسَنَةِ ۖ وَجَٰدِلۡهُم بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ ۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعۡلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِۦ وَهُوَ أَعۡلَمُ بِٱلۡمُهۡتَدِينَ 126
شیكردنەوەی وشەكان:
الحِكمة: دادپەروەری؛ زانست؛ لەسەرخۆیی؛ پێغەمبەرایەتی؛ هەروەها گوتراوە: ئەوەی ڕێگری دەكات لە نەزانین؛ هەروەها گوتراوە: هەموو قسەیەك كە تەبا بێت لەگەڵ ڕاستیدا؛ هەروەها گوتراوە: دانانی شتێك لە شوێنی خۆیدا، وە ڕاست و دروستی كار (الأقرب).
تەفسیر: لەبەرئەوەی كاتی بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەشێوەیەكی بەرفراوان نزیك بوویەوە، وە موسوڵمانان دەبوو بەئاشكرا بانگەواز بكەن لەناو جوولەكە و مەسیحیەكاندا كە خاوەنی كتێبی خۆیان بوون.. بۆیە خوا (عز وجل) موسوڵمانانی ئاگاداركردەوە لەوەی كە پێویستە هەڵوێستێكی بەهێزتر وەربگرن لەڕووبەڕووبوونەوەیاندا، چونكە لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ موشریكەكان موسوڵمانان -بۆیەكلاییكردنەوەی پرسەكە- تەنها پێویست بوو بیروباوەڕی شیرك پووچەڵ بكەنەوە، بەڵام لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەهلی كتێب موسوڵمانان دەبوو گفتوگۆیەكی بەرفراوان بكەن بۆ بەراوردكردنی ئیسلام و شەریعەتەكانی ئەهلی كیتاب، بۆیە خوا لە سەرەتاوە فەرمانی بە موسوڵمانان كرد كە هەمیشە پابەند بن بەحیكمەتەوە لەكاتی دیبەیتكردن لەگەڵ ئەهلی كتێبدا.
پێویستە بزانرێت هەموو ئەو مانایانەی كە بۆ وشەی “حیكمەت” تۆمارمان كرد، لێرەدا پیادە دەبن. بۆ نموونە زانست، لەبەر ڕۆشنایی ئەم مانایەدا ئایەتەكە واتای ئەوەیە: دەبێت بانگەوازی ئەهلی كتێب بكەن بۆ ئیسلام لەسەر بنەمای ئەو بەڵگە زانستیانەی كە لەپەڕاوەكانی پێغەمبەرەكانیاندا هاتووە.
بەڵام بەداخەوە موفەسیرەكان گرنگی پێویستیان بەم فەرمانەخوایە نەداوە، بۆیە لە تەفسیرەكانیاندا هەموو ئەو شتانەیان نووسیوەتەوە كە لەبارەی تەوراتەوە بیستوویانە بە چاك و بە خراپەوە، ئەمەش وایكردووە ئیسلام تا ئەمڕۆكەش ببێتە جێگەی ڕەخنەی مەسیحیەكان.
هەروەهایەكێك لە واتاكانی حیكمەت بریتیە لەڕاستی و دروستی كار، بەگوێرەی ئەم مانایە ئایەتەكە واتای ئەوەیە: دەبێت بە بەڵگەی بەهێز ڕووبەڕوویان ببنەوە نەك بە گاڵتە و گەپ؛ چونكە هەندێك كەس لەكاتی دیبەیت و گفتوگۆدا هەڵە دەكات، بەجۆرێك بەڵگەی لاوەكی لە شوێنی بەڵگەی سەرەكی دەخاتەڕوو، ئەمەش دەرفەت بە نەیار دەدات كە زیاتر و زیاتر ڕەخنە بگرێت؛ بۆیە خوای گەورە (عز وجل) فەرمانی بەموسوڵمانان كردووە كە سەرەتا بەڵگەكان هەڵبسەنگێنن، وە تەنها بە بەهێزترین و باشترین بەڵگە ڕووبەڕووی نەیارەكان ببنەوە.
هەروەها یەكێكی تر لە واتاكانی حیكمەت بریتیە لە دادپەروەری.. بەمەش ئایەتەكە واتای ئەوەیە: نابێت لەگەڵیاندا مشتومڕ بكەن بە شتێك كە لە خۆتاندا بوونی هەبێت، چونكە ئەم شێوازە دوورە لە دادپەروەریەوە، هەروەك دەرفەت بە نەیارەكان دەدات بۆ ئەوەی تانە و تەشەر بدەن، ئەمەش وادەكات ئێوە تووشی پەشیمانی و شەرمەزاری بن.
لەڕاستیدا ئەمڕۆ هیندۆسە ئاریەكان و مەسیحیەكان ئەو ڕەخنەیەی كە دەیگرن دژی ئیسلام دادپەروەرانە نیە.. واتە ئەو ڕەخنانەی دژی ئیسلام دەریدەبڕن هەمان ئەو ڕەخنانە بەشێوەیەكی توندتر لە ئایینەكانی خۆیان دەگیرێت. ئەگەرئەوان ئەو فێركاریە ئیسلامیانە بە هەڵە دەزانن؛ ئەوا بۆچی بڕوایان بەئایینەكانی خۆیان هەیە كە فێركاری هاوشێوەی ئەوانەی ئیسلامیان تێدایە؟!
سەرەڕای ئەوەی ئیسلام ڕێگری دەكات لەم جۆرە تانە و تەشەرانە، بەڵام بەداخەوە موسوڵمانانی ئەمڕۆ بە تەواوەتی بێ ئاگان لەم فێركاریە خواییە، بەجۆرێك ئەو ڕەخنانەی كە دەیگرن لە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بە شتێكی هاوبەش دادەنرێن لەنێوان هەموو پێغەمبەران و نێردراواندا. ئەگەر ئەم تانە و تەشەرانە بە ڕاست دابنرێن ئەوا مانای وایە ئەو كەسانەی كە ئەو تانە و تەشەرانە دەدەن لەڕاستیدا بڕوایان بەسەرجەم پێغەمبەران نیە؛ چونكە ئەو ڕەخنانە ئاراستەی پێغەمبەرانی تریش كراوە!
هەروەها یەكێك لە واتاكانی حیكمەت بریتیە لەهێمنی.. بەگوێرەی ئەم مانایە ئایەتەكە واتای ئەوەیە: دەبێت بە هێمنی و نەرمونیانی و بە عەقڵ دیبەیتیان لەگەڵدا بكەن؛ چونكە ئەو كەسەی لەكاتی دیبەیتدا تووڕە دەبێت و بێتاقەت دەبێت ناتوانێت قەناعەت بە نەیارەكەی بكات.
هەروەها یەكێك لە واتاكانی حیكمەت بریتیە لە پێغەمبەرایەتی.. بەمەش ئایەتەكە واتای ئەوەیە: دەبێت بانگەوازیان بكەن لەسەر بنەمای ئەو وەحیەی كە لەلاتان هەیە.. واتە دیبەیتیان لەگەڵدا بكەن بە پشتبەستن بەو بەڵگانەی كە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون، نەك بە شتی پووچ و بێمانا لەلایەن خۆتانەوە.
ئای! ئەگەر موسوڵمانان لەم وانەیە تێگەیشتبان! ئەو كات سەركەوتوو دەبوون بەسەر جوولەكە و مەسیحیەكاندا؛ چونكە چەكەكەمان قورئانی پیرۆزە كە خوا (عز وجل) لەبارەیەوە فەرمانی پێداوین و فەرموویەتی ﴿وَجَٰهِدۡهُم بِهِۦ جِهَادٗا كَبِيرٗا﴾ (الفرقان: 53).. واتە بە شمشێری قورئانەوە دەربچۆ بۆ جیهادی دنیا. بەڵام جێی داخە موسوڵمانانی ئەمڕۆ هەموو چەكێك هەڵدەگرن بێجگە لەو چەكەی كەخوا فەرمانی پێداون هەڵیبگرن!
هەروەها یەكێك لە واتاكانی حیكمەت بریتیە لە “ئەو شتەی ڕێگری دەكات لە نەزانین”.. بەمەش ئایەتەكە مانای ئەوەیە: دەبێت بەڕوونی لەگەڵ خەڵك قسە بكەن كە نەبێتە هۆی خراپ تێگەیشتنیان، بەڵكو نەزانییان لابدات. لە فەرموودەیەكی پێغەمبەردا (ﷺ) هاتووە: “پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی پێداین كە لەگەڵ خەڵك قسە بكەین بە پێی ئاستی تێگەیشتنیان” (فردوس الأخبار للدیلمي، فصل: أُمرتُ،أُمرنا). هەندێ كەس لە قسەكانیاندا وشەی گەورە و زاراوەی سەخت بەكاردەهێنن، بێگومان دەكرێت ئەم جۆرە قسەزلانە نەزانەكان بترسێنێت، بەڵام هیچ سوودێكیان نابێت بۆیان، و هەرگیز نەزانییان لانابات.
هەروەها یەكێك لە واتاكانی حیكمەت بریتیە لەهەر قسەیەك كەڕێك بێت لەگەڵ ڕاستیدا.. بەمەش ئایەتەكە مانای ئەوەیە: دەبێت ئەوە بڵێن كە ڕێك و یەكانگیر بێت لەگەڵ ڕاستی و واقیعدا؛ چونكە هەندێك كەس لەكاتی گفتوگۆدا شتی درۆ و ناڕاست دەڵێن بە بیانووی ئەوەی كە ئەوان پشتیوانی ئایین دەكەن بۆیە درۆكردن هیچ كێشەیەكی تێدا نیە! بەڵام خوای گەورە ئاگادارمان دەكاتەوە كە ئەم شێوازە شێوازێكی دروست نیە. كەواتە هەموو ئەو قسانەی كە دژی نەیارانی ڕاستی دەیڵێن دەبێت ڕاست و دروست بن. خۆتان لەڕێگای ڕاست لامەدەن بەهۆی هەوڵدانتان بۆ هیدایەتدانی كەسانی تر. خوای گەورە جەختی لەم مانایە كردووەتەوە لە شوێنێكی تردا بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿لَا يَضُرُّكُم مَّن ضَلَّ إِذَا ٱهۡتَدَيۡتُمۡۚ﴾ (المائدة: 106).. واتە ئەو قسەیەی كە درۆ و پووچە مەیكەن تەنانەت ئەگەر مەبەستتان هیدایەتدانی كەسانی تریش بێت. كاتێك خەڵكانی تر هیدایەت وەرناگرن مەگەر لەسەر حسابی هیدایەتی ئێوە ئەوا سەرەتا گرنگی بە هیدایەتی خۆتان بدەن، وەپرسی هیدایەتی كەسانی تر بسپێرن بە خوای گەورە، چونكە خوادەیەوێت ئەوانە هیدایەت بدات كە لەسەر ڕێگای ڕاست نین، نەك ئەوەی كە بڕوادار ببێتە بێباوەڕ لەپێناو هیدایەتدانی بێباوەڕدا.
هەروەها یەكێك لە واتاكانی حیكمەت بریتیە لەدانانی شت لە شوێنی خۆیدا.. بەمەش ئایەتەكە مانای ئەوەیە: دەبێت لەكاتی بانگەوازكردندا قسەكانتان گونجاو بێت لەگەڵ داخوازیەكانی بارودۆخدا. بۆ نموونە ئەگەر مەترسی ئەوە هەبوو كە نەیار تووڕە ببێت بە بیستنی بەڵگەیەكی دیاریكراو و گوێتان لێ نەگرێت؛ ئەوا پێویست ناكات ئەو بەڵگەیە بهێننەوە، بەڵكو دەبێت بەڵگەی تری بۆ بهێننەوە كە بە هێمنی گوێی لێ بگرێت. وەك ئەوەی خوا فەرمانمان پێبكات پێش ئەوەی دەست بە گفتوگۆ و دیبەیت بكەین سەرەتا دڵ و دەروونی نەیار بپشكنین، چونكە تووڕەكردنی بەرامبەر بە بێ هۆكارێكی پێویست هیچ سوودێكی نابێت.
زمانپاراوی و ڕەوانبێژیەكی چەندە جوانە! بە چەند وشەیەكی زۆر كورت لێرەدا خوا (عز وجل) هەموو شێوازەكانی بانگەوازی ڕوونكردووەتەوە، بەجۆرێك ئەگەر هەر كەسێك كاری پێ بكات ئەوا مەحاڵە لە هێنانەدی مەبەستەكەیدا شكست بهێنێت.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَٱلۡمَوۡعِظَةِٱلۡحَسَنَةِۖ﴾.. واتە بەجۆرێك گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەن كە دڵیان نەرم بێت و كاریگەر بن بە گفتوگۆكە. بەمەش خوا موسوڵمانانی ئاگاداركردووەتەوە كە بە قسەی ڕەق و وشك خەڵكی بانگەواز نەكەن بۆ ئیسلام، بەڵكو بەجۆرێك بانگەواز بكەن كە هەستەكان بجووڵێن و دڵەكان ڕابكێشرێن، لەگەڵ پابەندبوون بەحیكمەتەوە.
خوا (عز وجل) وەسفی ئامۆژگاری كردووە بە (چاك) بۆ ئەوەی ڕێگریان بكات لەوەی هەستەكان بورووژێنن و خەڵكی تووڕە بكەن بەهۆی قسەی ناڕاست و پووچەوە. بۆ نموونە لەم ڕۆژگارەدا هەندێك لەپیاوانی ئایینی نەفام هەستی خەڵك دەورووژێنن دژی چاكەكاران بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان هەبێت.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿ٱلۡحَسَنَةِ ۖ وَجَٰدِلۡهُم بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُۚ﴾.. واتە لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵیاندا دەبێت گفتوگۆكەتان لەسەر بەهێزترین و باشترین بەڵگە بنیاد بنێن، وە پێویستە بەڵگە لاوەكیەكانی تر شوێنكەوتەی ئەو بەڵگانە بن؛ چونكە پووچەڵكردنەوەی بەڵگەی لاوەكی زیان بە بەڵگەی سەرەكی و ناوەندی ناگەیەنێت، بەڵام ئەگەر بەڵگەی سەرەكی و ناوەندی لاواز بێت ئەوا لەو كاتەدا تەنانەت بەڵگە لاوەكیەكان سوودیان نابێت ئەگەرچی لەخودی خۆیاندا بەهێزیش بن.
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعۡلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِۦ وَهُوَ أَعۡلَمُ بِٱلۡمُهۡتَدِينَ﴾ ئامۆژگاری بانگخوازانی كردووە كە ئەركی ئێوە بانگەواز و بڵاوكردنەوەی ئایینە بەوپەڕی تواناوە، بەڵام ئەگەر خەڵك قوبوڵی نەكرد ئەوا بێهیوا مەبن و پێتان وا نەبێت كە ئێوە شێوازی بانگەوازی سەركەوتوو نازانن؛ چونكە دەكرێت شێوازەكەتان هیچ كەموكورتیەكی تێدا نەبێت، بەڵام ناتەواو و كەموكورتیەكە لە دڵی خەڵكیدا بێت كە بەهۆی گوناهەوە ژەنگی گرتووەتەوە بەڕادەیەك كە خوا نایەوێت هیدایەت بگاتەناو ئەو دڵانە. بۆیە ماندوو مەبن لە گەیاندنی بانگەواز، وە پرسی كاریگەری و ئەنجام بسپێرن بە خوای گەورە، چونكە تەنها ئەو بە توانا و دەسەڵاتدارە بۆ ئەو كارە.
وَإِنۡ عَاقَبۡتُمۡ فَعَاقِبُواْ بِمِثۡلِ مَا عُوقِبۡتُم بِهِۦ ۖ وَلَئِن صَبَرۡتُمۡ لَهُوَ خَيۡرٞ لِّلصَّٰبِرِينَ 127
شیكردنەوەی وشەكان:
عاقَبتم: عاقب فلانًا بذنبه وعلى ذنبه معاقبةً وعِقابًا: بەهۆی گوناهەكەیەوە سزای دا (الأقرب).
تەفسیر: هەندێ لە موفەسیرەكان گوتویانە ئەم ئایەتە هەڵوەشێنەرەوەی ئایەتی پێش خۆیەتی، بەڵام من تێناگەم چی وای لێكردوون ئەم قسەیە بكەن؟ ئایا بەڕێوەبردنی گفتوگۆ بەشێوەیەكی زانستی، یان پابەندبوون بەحیكمەت و ڕاستی و هێمنی و لەسەرخۆیی لەكاتی قسەكردندا، لەو شتانەن كە دەكرێت هەڵبوەشێنرێنەوە؟
ئەم ئایەتە تەنھا مەبەستی ئەوەیە كە دوژمنان ڕازی نابن بە بانگەوازەكەتان كە پڕە لە حیكمەت و ئامۆژگاری چاكە، بەڵكو شمشێر هەڵدەكێشن بۆ كوشتنتان، لەو كاتەدا مافی ئەوەتان هەیە بەرگری لە خۆتان بكەن و شمشێر لە دژیان بەرزبكەنەوە.
ئەو قسەیە چەندە موعجیزەیە! لەو كاتەی پێغەمبەر (ﷺ) لە مەككەدا بوو، كە هێشتا هیچ گفتوگۆ و مشتومڕێكی لەگەڵ جوولەكە و مەسیحیەكاندا نەكردبوو.. خوای گەورە ئاگاداری دەكاتەوە كە ئەم كەسانەیش دەستدرێژی دەكەنە سەرتان و ئازارتان دەدەن، لەو كاتەدا ئێمە ڕێگەتان پێدەدەین بەرەنگاریان ببنەوە و بەرگری لەخۆتان بكەن. بەڵام ئامۆژگاریتان دەكەین كە پەلە نەكەن، بەڵكو دەبێت هەرچەند دەتوانن ئارام بگرن، بەڵام ئەگەر ناچار بوون و ڕێگەچارە نەمابوو ئەوا لە دژیان بجەنگن بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیەكانیان.
پێغەمبەر (ﷺ) بە تەواوی بەم فەرمانە خواییە كاری كرد، بۆ ماوەیەكی زۆر بەرگەی ئازاری گرت لەلایەن ئەهلی كتێبەوە، وە كاتێك هیچ بژاردەیەكی تری نەما ناچار بوو شەڕیان لەگەڵدا بكات.
ئەو ڕەوشتانە چەند بەرزن كە قورئانی پیرۆز فێرمان دەكات! ئەوەتا پێش ئەوەی ڕێگە بە شەڕكردن بدات، سنوور و مەرجەكانی شەڕكردن ڕووندەكاتەوە بۆ ئەوەی هیچ ئەگەری ستەم و دەستدرێژیەك نەمێنێت.
وە خوای گەورە لەم فەرمایشتەدا ﴿وَإِنۡ عَاقَبۡتُمۡ فَعَاقِبُواْ بِمِثۡلِ مَا عُوقِبۡتُم بِهِۦۖ﴾ ڕوونیكردووەتەوە جیهاد تەنها ئەوەیە كە وەڵام بێت بۆ دەستدرێژی ستەمكار، بەڵام دەستدرێژی كردن بۆ سەر كەسانێك بە ستەم پێی ناوترێت جیهاد؛ چونكە وشەی ﴿عَاقَبۡتُمۡ﴾ لە (العقاب)ەوە وەرگیراوە كە بەكاردێت بۆ ئەو كارەی كە وەڵامێكە بۆ كارێك كە كەسێكی تر كردوویەتی. كەواتە خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەكات كە هیچ كەسێك سزا نەدەین مەگەر لەسەر تاوانێك كە ئەنجامی دابێت.
هەروەها بە فەرمایشتی ﴿فَعَاقِبُواْ بِمِثۡلِ مَا عُوقِبۡتُم بِهِۦۖ﴾ ئاماژەی بەوە داوە كە ئەگەر ناچار بوون كەسێك سزا بدەن ئەوا دەبێت بە ئەندازەی ئەو تاوانەی كە ئەنجامیداوە سزای بدەن.
هەروەها بە فەرمایشتی ﴿وَلَئِن صَبَرۡتُمۡ لَهُوَ خَيۡرٞ لِّلصَّٰبِرِينَ﴾ هانی ئارامگرتنی داوە لەسەر دەستدرێژی دوژمن؛ چونكە ئارامگرتن زۆر باشترە لەڕووی ئەنجام و لێكەوتەكانەوە. لەجەنگی ئوحوددا بێباوەڕان تەرمی موسوڵمانانە شەهیدەكانیان شێواند؛ وەك حەمزەی مامی پێغەمبەر (ﷺ) و كەسانی تر بەجۆرێك گوێ و لووتیان بڕین، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) سەرەڕای ئەوەی توانای هەبوو بەسەربێباوەڕاندا بەڵام ئارامی گرت و ڕێگەی نەدا شوێنكەوتووەكانی ئەم كارە ناشرین و دژە مرۆییە بكەن. هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) ئارامگر بوو لەسەر ئەوەی هەندێك جار بێباوەڕەكان پەیمانیان دەشكاند (الدر المنثور، والسيرة النبوية لابن هشام: غزوة أحد)؛ چونكە ئەنجامی ئارامگرتن جوانە. بێگومان تۆڵەكردنەوە تووڕەیی تۆڵەكەرەوەكە دادەمركێنێتەوە، بەڵام ئارامگرتن ڕۆحانیەتی مرۆڤ زیاتر دەكات.
وَٱصۡبِرۡ وَمَا صَبۡرُكَ إِلَّا بِٱللَّهِ ۚ وَلَا تَحۡزَنۡ عَلَيۡهِمۡ وَلَا تَكُ فِي ضَيۡقٖ مِّمَّا يَمۡكُرُونَ 128
شیكردنەوەی وشەكان:
ضَيْق: (ضاق الشيء يضيق ضِيقًا وضَيقًا): پێچەوانەی فراوان بوونە. (ضاق الرجل) ڕەزیل بوو. (الضَيق): گومان لە دڵدا؛ ئەوەی دڵت پێی تەنگ بێت (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا ئارامگرتن بەو مانایەی پێشوو دووبارە نەبووەتەوە، بەڵكو لەبەر هۆكارێكی تر هاتووە. چونكە كاتێك ڕێگە درا بە جەنگكردن لەگەڵ بێباوەڕەكاندا، وە پێغەمبەر (ﷺ) زانی كە سزاكەیان نزیكە، ئەمەش خەمباری كرد، و دڵی پڕبوو لە خەم بۆیان، بۆیە خوا خەمەكەی سووك كرد لەسەر پێغەمبەرەكەی و فەرمووی: ئێستا ئارام بگرە، چونكە ئەمە بڕیاری ئێمەیە. وەكو ئەوەی خوا (عز وجل) دڵنەوایی پێغەمبەر (ﷺ) بكات لەسەر ئەو شۆكەی كە لە بیستنی چارەنووسی بێباوەڕەكانەوە تووشی بوو.
ئەم ئایەتە ڕەوشتی بەرزی پێغەمبەرایەتیمان بۆ ئاشكرا دەكات. ئەوان شەو و ڕۆژ ئازاری پێغەمبەریان (ﷺ) دەدا و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی كوشتنیان دەدا، بەڵام كاتێك هەواڵی لەناوچوونیان دەگات بە پێغەمبەر (ﷺ) پێی نیگەران دەبێت و خەم دایدەگرێت تا ئەوڕادەیەی خوا دڵنەوایی دەكات و پێی دەفەرمووێت: ﴿وَمَا صَبۡرُكَ إِلَّا بِٱللَّهِۚ﴾.. ئەم شۆكە لە توانای تۆ زیاترە، و تۆ ئارام ناگریت هەتا ئێمە بەیارمەتی خۆمان ئارامی نەدەین بە تۆ.
ڕەنگە ئەم ڕستەیە مانای ئەوە بێت كە: دەبێت ئارام بگریت؛ چونكە لە پشتی ئەم ئارامیەوە تەنها گوێڕایەڵی فەرمانی خوای گەورە هەیە. بێگومان ئارامگرتنی كەسێك لەكاتێكدا توانای لێدانی دوژمنی هەیە تەنها ئارامگریە كە بەڕەوشتی بەرز دادەنرێت، نەك ئەو ئارامگریەی كە مرۆڤ دەینوێنێت لەكاتێكدا هیچ ڕێگەچارە و توانایەكی نیە.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا تَحۡزَنۡ عَلَيۡهِمۡ﴾ پشتگیری ئەوە دەكات كەمن زەینم بۆی چووە؛ مەبەست لە ئارامگرتن لێرەدا ئارامگرتن نیە لەسەر ئازاری بێباوەڕەكان، بەڵكو ئارامگرتنە لەسەر ئازار و خەمەكانی پێغەمبەر (ﷺ) كە بەهۆی بیستنی هەواڵی لەناوچوونی ئەوانەوە تووشی بوو.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَا تَكُ فِي ضَيۡقٖ مِّمَّا يَمۡكُرُونَ﴾، ئەمیش مانای ئەوە نیە كە دڵتەنگ مەبە لە پیلان و خراپەكاری بێباوەڕان، بەڵكو ئەمە گوزارشتێكە لەو ئازارانەی كە پێغەمبەر (ﷺ) چەشتوویەتی بەهۆی بیستنی هەواڵی لەناوچوونی بێباوەڕەكانەوە، بەجۆرێك لەو كاتەدا دۆخی وەكو دۆخی دایكێك بوو كە مناڵەكانی دەبینێت بەهۆی تاوانەكانیانەوە تووشی سزا دەبن و ناتوانێت ڕزگاریان بكات، بۆیە زۆر سەرزەنشتیان دەكات؛ بەڵام ئەم سەرزەنشتكردنەی لە تووڕەیەوە نیە، بەڵكو گوزارشتە لەو خەم و ئازارانەی كە بەهۆی ئەوانەوە تووشی دەبێت.. وەك ئەوەی بڵێت: ئەگەر ئێوە ئەم تاوانانەتان نەكردایە ئەوا سزا نەدەدران، هەروەك منی بێچارەشتان سزا نەدەدا.
إِنَّ ٱللَّهَ مَعَ ٱلَّذِينَ ٱتَّقَواْ وَّٱلَّذِينَ هُم مُّحۡسِنُونَ 129
تەفسیر: هەڵبەت پارێزكار ئەو كەسەیە كە پەیوەندی خۆی بە خوای گەورەوە بەهێز دەكات، بەجۆرێك خوا (عز وجل) ببێتە قەڵغان و پەناگەیەك بۆی كە بیپارێزێت و سەرپەرشتی بكات. بەڵام چاكەكار ئەو كەسەیە كە خۆی دەپارێزێت بەهۆی خواوە (عز وجل)، پاشان هەوڵدەدات دنیاش بهێنێتە ناو ئەم پەناگەیە. كەواتە چاكەكار پلەی بەرزترە لە پارێزكار. هەندێك كەس هەن لە ئاستێكی بەرزی چاكەكاری و پارێزكاریدان، بەڵام گوێنادەن بەڕزگاركردنی كەسانی تر، لەكاتێكدا هەندێك كەس هەن بیر لە چاككردنی كەسانی تر دەكەنەوە بەبێ ئەوەی خۆیان چاك بكەن. خوای گەورە لێرەدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەر كەسێك بیەوێت بگاتە لوتكەی گەیشتن بە خوا ئەوا دەبێت پارێزكار بێت، وە چاكەكاریش بێت.
هەروەها بزانن پارێزكار ئەو كەسە نیە كە خۆی لە كاروباری ژیانی ڕۆژانە كەنارگیر دەكات، نەخێر، بەڵكو قورئانی پیرۆز ئەو كەسە بە نەزان دادەنێت؛ بەڵكو پارێزكار ئەو كەسەیە كە ترسی خوا (عز وجل) لە هەموو كارەكانیدا دەردەكەوێت. بەڵام ئەو كەسەی كە بێكار دەمێنێتەوە و هیچ كارێك ناكات، ئیتر چۆن دەكرێت ترسیخوا زاڵ بێت بەسەریدا؟ وشەی “پارێزكار” خۆی ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەم كەسە دەكەوێتەناو مەترسیەكانەوە، بەڵام خوای گەورە دەیپارێزێت و پشتیوانی دەكات. كەواتە پارێزكار ئەو كەسەیە كە ئەركە دنیاییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، بەڵام بەبێ ئەوەی كاریگەریە زیانبەخشەكانیان كاریگەرییان هەبێت لەسەری.
ئەوەشتان لەبیرتان بێت چاكەكار ئەو كەسە نیە كە زیادهڕهوی و بەفیڕۆدان دەكات، چونكە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “میراتگرەكانت بە دەوڵەمەندی بەجێ بهێڵیت باشترە لەوەی بە هەژاری بەجێیان بهێڵیت و دەست لە خەڵكی پان بكەنەوە” (البخاري، كتاب النفقات، باب فضل النفقة على الأهل). هەروەها یەكێك لە واتاكانی چاكەكار ئەویە: كەسێكە ئەو كارانە دەكات كە جوانی و چاكی زیاتر بە دنیا دەبەخشن، بەڵام ئەو كەسەی بە زیادەڕەوی و بەفیڕۆدان ماڵەكەی خۆی وێران دەكات، چۆن دەكرێت چاكە بۆ جیهان بهێنێت؟ كەواتە چاكەكار ئەو كەسەیەكە سەرەتا خێزانی خۆی دەپارێزێت پاشان گرنگی بە دۆخی كەسانی تر دەدات.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە مرۆڤ لە ژیانێكی پڕ لە ناز و نیعمەت و خۆشیدا بژی و كاتێك دێتە سەر ئەوەی كە پارە بە كەسانی تر ببەخشێت بیانووی جۆراوجۆر بهێنێتەوە.
هەروەها یەكێك لە واتاكانی چاكەكار ئەو كەسەیە كە؛ كارەكانی ئەنجامی چاكیان دەبێت. بۆیە ئەو كەسەی كە خەرجیەكانی ئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە، چ لەڕووی ئەخلاقیەوە بێت یان لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە ئەستەمە بە چاكەكار لەقەڵەم بدرێت.
هەروەها، خوا لەم ئایەتەشدا هەواڵی پێ داوین دەربارەی سەرەنجامی جەنگی نێوان موسوڵمانان و ئەهلی كتێب، وە ڕایگەیاندووە خوای گەورە (عز وجل) لەگەڵ موسوڵماناندا دەبێت؛ ئەوەش ڕوون و ئاشكرایە ئەو كەسەی خوای گەورەی لەگەڵدا بێت؛ ئەوا مەحاڵە هیچ كەس بتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا.
PDF