تەفسیری سوورەتی الناس
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
بە پێنووسی بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
*****
ناوەڕۆك
﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
أعوذ بالله من الشيطان الرجيم بسم الله الرحمن الرحيم
سوورەتی الناس
مەدەنیە و لەگەڵ (بسم الله)دا حەوت ئایەتە.
ئەم سوورەتە لەو سوورەتانەیە كە ڕاجیایی هەیە دەربارەی كاتی دابەزینی، وە توێژەران پێیان وایە مەدەنیە (فتح البيان)، بەڵام هەندێ ڕیوایەت دەڵێن لە مەككە دابەزیوە، وە هەندێ ڕیوایەتی تریش دەڵێن لە مەدینە دابەزیوە. بۆیە لەجیاتی ئەوەی هەندێ لەم ڕیوایەتانە وەربگرین و هەندێكی تریان بێ بەڵگە وازلێبهێنین، دەڵێین: یان ئەوەتا لە مەككە دابەزیوە پاشان لە مەدینە دووبارە دابەزیوەتەوە، یاخود تەنها مەدەنیە، لەبەر ئەوەی قورئان لە مەدینەی مونەووەرە دابەزینەكەی كۆتایی هاتووە.
لەكاتی تەفسیركردنی هەردوو سوورەتی (الإخلاص) و (الفلق)دا ڕوونم كردەوە كە ئەم سێ سوورەتەی كۆتایی بە یەكەوە پوختەی ناوەڕۆكی قورئان لە كۆتاییەكەیدا دەخەنەڕوو، هەروەك چۆن سوورەتی (الفاتحة) لە سەرەتاكەیدا پوختەكەی ناوەڕۆكەكەی دەخاتەڕوو. وە لەكاتی تەفسیركردنی هەردوو سوورەتی (الإخلاص) و (الفلق)دا بە وردی ئەوەم باس كرد كە ئەم دوو سوورەتە چ بابەتێكی هاوشێوەی ناوەڕۆكی ئایەتەكانی سوورەتی (الفاتحة) لەخۆدەگرن، بەڵام سوورەتی (الناس) بابەتەكەی هاوشێوەیە لەگەڵ چەمكەكانی هەریەك لە: بەخشندەیی (الرحمانیة) و میهرەبانی (الرحيمية) و خاوەنی ڕۆژی پاداشت و سزا (مالك يوم الدين) و دەستەواژەی نەك گومڕایان (ولا الضالين). بۆیە دەستەواژەكانی (رَبِّ النَّاسِ) و (إِلَهِ النَّاسِ) ئاماژەن بۆ سیفەتی (الرحمن)ی خوا. گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە كە (الرحمانية) بریتیە لەو چاكەیەی كە ئەنجام دەدرێت بەبێ ئەوەی بەرامبەر هیچ كردەوەیەكی كردبێت یان شایستە بێت. بێگومان سیفەتێكی زۆر فراوانە و لێشاو و بەرەكەتەكەی هەموو دروستكراوێك دەگرێتەوە، بەڵام لە مرۆڤدا بەتەواوەتی دەردەكەوێت و دەدرەوشێتەوە، چونكە هەر فەزڵ و بەخششێك كە خوا دەیڕێژێت بەسەر دروستكراوەكانی تردا، بەردەوام بەرەو باڵا دەچێت تاوەكو لە لوتكە و كەماڵی خۆیدا لە مرۆڤدا دەردەكەوێت. لە ڕاستیدا فراوانیی ڕەحمانیەت تەنها لە مرۆڤدا ئاشكرا دەبێت، بەجۆرێك تەنها بەوەی كە خوای گەورە نیعمەت بەسەر مرۆڤدا دەڕێژێت بەبێ ئەوەی مرۆڤەكە هیچ كارێكی كردبێت وەك پێویست ئەم سیفەتە ئاشكرا نابێت، بەڵكو بەوە ئاشكرا دەبێت كە خوای گەورە چاكە لەگەڵ دوژمنەكەیشیدا دەكات. وە فراوانیی ڕەحمانیەتی خوای گەورە لە ڕێگەی بەخێوكردنی بەرانێك یان گایەك یان ئەسپێكەوە ئاشكرا نابێت، بەڵكو لە ڕێگەی بەخێوكردنی كەسێكی وەكو ئەبو جەهلەوە ئاشكرا دەبێت كە دژایەتی دەكرد و بێباوەڕ بوو پێی، یان فیرعەون كە جنێو و قسەی پێ دەگوت. بێگومان مرۆڤیش چاكە لەگەڵ كەسانی تردا دەكات، بەڵام ڕەحمانیەتی خوای گەورە دوژمنەكانیشی دەگرێتەوە، هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿كُلّٗا نُّمِدُّ هَٰٓؤُلَآءِ وَهَٰٓؤُلَآءِ مِنۡ عَطَآءِ رَبِّكَ ۚ وَمَا كَانَ عَطَآءُ رَبِّكَ مَحۡظُورًا﴾ (الإسراء: 21) واتە: ئێمە یارمەتی هەمووان دەدەین؛ باوەڕداران و بێباوەڕان، بەخششی پەروەردگارت لە هیچ گەل و كۆمەڵێك قەدەغە نەكراوە. كەواتە مرۆڤ دەركەوتەی تەواوەتی سیفەتی (الرحمن)ی خوایە. ئەبو جەهل چەندە دژایەتی خوای گەورەی دەكرد! لەگەڵ ئەوەشدا خوای گەورە بەردەوام چاكەی لەگەڵدا دەكرد. فیرعەون چەندە دژایەتی خوای گەورەی دەكرد! لەگەڵ ئەوەشدا ڕەحمانیەتی خوا گرتیەوە. هەڵبەت خوای گەورە دوعای هەردووكيانی لە دواهەمین ساتەكانی ژیانیاندا قەبووڵ كرد، فیرعەون باوەڕی هێنا لەو كاتەدا كە خەریك بوو دەمرد.. واتە دوعای كرد بۆ ڕزگاربوونی خۆی، وە ڕەحیمیەتی خوای گەورە وای دەخواست كە دوعاكەی گیرا نەبێت، بەڵام ڕەحمانیەتەكەی وای خواست دوعاكەی قەبووڵ بكات، بۆیە خوای گەورە فەرمووی: ﴿فَٱلۡيَوۡمَ نُنَجِّيكَ بِبَدَنِكَ﴾ (يونس: 93)، واتە: ئەمڕۆ جەستەت ڕزگار دەكەین. هەروەها ئەبو جەهل لە خوای گەورە پاڕایەوە و گوتی: ئەگەر ئەوەی موحەممەد دەیڵێت حەقە و لەلایەن تۆوەیە، ئەوا لە ئاسمانەوە بەردمان بەسەردا ببارێنە (الأنفال: 33-36)، خوای گەورەیش بە فریشتەكانی فەرموو: زۆر باشە، بەردیان بەسەردا ببارێنن. كەواتە دەبینیت خوای گەورە وەڵامی دوعای هەردووكيانی داوەتەوە كە لەكاتی مردندا بەهۆی گەمژەیی خۆیانەوە كردیان، بەجۆرێك دوعاكە سوودی پێ نەگەیاندن، ئایا چ سوودێك بە ئەبو جەهل دەگات ئەگەر بەرد لە ئاسمانەوە بەسەریدا ببارێت؟ یان چ سوودێك بە فیرعەون دەگات ئەگەر تەنها جەستەكەی ڕزگاری بێت؟
كەواتە ڕەحمانیەتی خوای گەورە تەنها لە ڕێگەی مرۆڤەوە وەك پێویست دەدرەوشێتەوە، هەرچەندە هەموو دروستكراوەكانیش دەگرێتەوە لە ئاژەڵ و مێروو و كرمەكان، بە جۆرێك مرۆڤ جنێو بە پەروەردگاری خۆی دەدات ، لەگەڵ ئەوەشدا خوای گەورە خوێن دەداتە ئەو زمانەی كە بەهۆیەوە جنێوی پێ دەدات. كەواتە مرۆڤ دەركەوتەی تەواوەتی ڕەحمانیەتی خوایە.
بەڵام دەستەواژەی ﴿مَلِكِ ٱلنَّاسِ﴾ ئاماژەیە بۆ سیفەتی ﴿ٱلرَّحِيمِ﴾ی خوا لە سوورەتی (الفاتحة)دا، چونكە پاشا (الملِك) ئەو كەسەیە كە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەدوای یەكدا نیعمەتێكی بەردەوام دەبەخشێت، ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین كە هەندێ كەس تا ئەمڕۆیش لەسەر ئەو زەویانە دەژین كە پاشاكانی مەغۆل لە هیندستان پێیان بەخشیون. پاشاكانی مەغۆل واز لێ بهێنە، چونكە سەردەمیان زۆر نزیكە، هەندێ كەس تا ئێستاش لەسەر ئەو زەوی و موڵكانە دەژین كە پاشاكانی ئەفغان (پێش پاشاكانی مەغۆل) پێیان بەخشیون، بگرە هەندێ كەس لەسەر داهاتی ئەو زەویانە دەژین كە ڕاجا هیندۆسەكان پێش هەزار ساڵ، بگرە دوو هەزار ساڵ پێیان بەخشیون. كەواتە ڕەحیمیەت هاوشێوەی لێشاوی بەخششەكانی پاشایە. داود (عليه السلام) فەرموویەتی: “كُنْتُ فَتىً وَقَدْ شِخْتُ، وَلَمْ أَرَ صِدِّيقًا تُخُلِّيَ عَنْهُ، وَلاَ ذُرِّيَّةً لَهُ تَلْتَمِسُ خُبْزًا” (المزامير 37 : 25)، واتە: “گەنج بووم و ئێستا پیربووم، هەرگیز نەمبینی كەسی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت، یان مناڵەكانی سواڵی نان بكەن”، ئەمەش بەو مانایە دێت كە خوای گەورە مناڵ و نەوەی بەندە ساڵحەكانی لە سووكایەتی سواڵكردن دەپارێزێت. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مَلِكِ ٱلنَّاسِ﴾ ئاماژەیە بۆ سیفەتی ﴿ٱلرَّحِيمِ﴾ی خوا كە لە سوورەتی (الفاتحة)دا باس كراوە.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ ئاماژەیە بۆ فەرمایشتی خوا ﴿مَٰلِكِ يَوۡمِ ٱلدِّينِ﴾ لە سوورەتی (الفاتحة)دا، چونكە كۆتا خاوەن بریتیە لە پەرستراوی ڕاستەقینەكە.
پاشان هەموو ناوەڕۆكی سوورەتی (الناس) پەیوەندیەكی توندوتۆڵی هەیە بەو بابەتەی كە لە فەرمایشتی ﴿وَلَا ٱلضَّآلِّينَ﴾دا هاتووە… مەبەستم ئەوەیە ناوەڕۆكەكەی ئاماژەیە بۆ ئاژاوەی مەسیحیەت و پاراستنی ئیسلام لەو ئاژاوەیە لەلایەن خوای گەورەوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەسەر بنەمای فەرموودەیەكی پێغەمبەر (ﷺ) ڕوونی كردووەتەوە كە مەسیحیەت گەورەترین دەركەوتەیە بۆ گومڕایان ﴿ٱلضَّآلِّينَ﴾ (التحفة الغولروية، الخزائن الروحانية ج17 ص229). وە جیاوازی نێوان ﴿ٱلضَّآلِّينَ﴾ و ﴿ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ﴾ ئەوەیە كە غەزەبلێگیراوان ﴿ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ﴾ هەوڵ دەدەن بە زەبری هێز خەڵكی ناچار بكەن شتێك قەبووڵ بكەن، بەڵام گومڕایان ﴿ٱلضَّآلِّينَ﴾ هەوڵ دەدەن بە گفتوگۆ و بەڵگەهێنانەوە خەڵكی چەواشە بكەن، هەروەك چۆن قەشەكان ئەمڕۆ ئەو كارە دەكەن، بەجۆرێك پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە مەسیحیەت ئایینێكی جوان و نایابە، وە گوایە ئیسلام توندوتیژە بەرامبەر ئافرەتان و چەندین تانە و تەشەری تر. ئەوان وەك شەیتانی خۆپەنادەر (الخناس) دێنە لای موسوڵمانان و وەسوەسە دەخەنە دڵیانەوە، بەبێ ئەوەی لە ڕواڵەتدا پەنا ببنە بەر زۆرەملێ یان توندوتیژی. ئەمەش ئەوەیە كە وشەی (الخنّاس) ئاماژەی پێ دەكات چونكە ماناكەی بریتیە لەو كەسەی بە شاراوەیی وەسوەسە دروست دەكات. فەیلەسووفی ئەوروپی لە بەرچاوی خەڵك شاراوەیە، بەڵام خەڵك بە خوێندنەوەی كتێبەكانی تووسی فەساد و خراپەكاری دەبن. ئەو زۆرەملێ ناكات، وە بە زەبری هێز لە گەردن نادات، بەڵكو وەسوەسە دەخاتە دڵی خەڵكیەوە، لە جن و خەڵك ﴿مِنَ ٱلۡجِنَّةِ وَٱلنَّاسِ﴾. واتە ئەو خەڵكە لە مرۆڤە گەورە و پایەبەرزەكان بن یان لە كەسانی سادە. ئەو كتێبانەی لە ئەوروپا دژی سەرمایەداری بڵاو دەكرێنەوە، موسوڵمانانە هەژارەكان دەیانخوێننەوە، بەمەش لە ئیسلام هەڵدێن و ڕقیان لێی دەبێتەوە، چونكە پێیان وایە لەڕاستیدا ئیسلام مافی دەوڵەمەندەكانی زیاتر پاراستووە لە مافی ئەوان. هەموو ئەمانە تەنها دیمەنێكە بۆ هاتنەدی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱلَّذِي يُوَسۡوِسُ فِي صُدُورِ ٱلنَّاسِ * مِنَ ٱلۡجِنَّةِ وَٱلنَّاسِ﴾.
كەواتە ناوەڕۆكی سوورەتی (الفاتحة) دووبارە كراوەتەوە لە سێ سوورەتی كۆتایی قورئانی پیرۆزدا، ئەمەش بەو مانایە دێت كە قورئان لەسەر بنەمایەك دەستی پێ كردووە و لەسەر هەمان بنەما كۆتایی هاتووە.
پەیوەندی دووەمی ئەم سوورەتە لەگەڵ سوورەتی (المسد)دایە. خوای گەورە لە سوورەتی (المسد)دا هەواڵی داوە سەبارەت بە دەركەوتن و سەرەنجامی دوژمنێكی ئیسلام، بەڵام لە سوورەتی (الناس)دا خوای گەورە نیشانەكانی ئەم دوژمنە و ئەو ئامرازانەی خستووەتەڕوو كە بەهۆیانەوە هێرش دەكاتە سەر ئیسلام.
وە پەیوەندی سێیەمی ئەم سوورەتە لەگەڵ كۆتا ئایەتی سوورەتی (الفلق) دایە، بەجۆرێك خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿وَمِن شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ﴾دا هەواڵی داوە كە حەسوودێكی گەورە دژی موسوڵمانان دەردەكەوێت، بۆیە دەبێت لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە لە شەڕەكەی بیانپارێزێت، بەڵام سوورەتی (الناس) هەواڵ دەدات كە ئەم حەسوودە مەترسیدارە ئوممەتی مەسیحیە، وە بە شێواز و ئامرازی جۆراوجۆر هێرش دەكاتە سەر ئیسلام.
بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾
تەفسیر:
1: لەكاتی تەفسیركردنی سوورەتی “المسد”دا ڕوونم كردەوە كە ئەم سوورەتە هەواڵ دەدات سەبارەت بە دەركەوتنی ئوممەتێك كە لە سەردەمی كۆتاییدا دژی ئیسلام دەجەنگێت بۆ لەناوبردنی ئەم ئایینە كە پێغەمبەر ﷺ هێناویەتی، لەكاتێكدا خوای گەورە لە كۆتا ئایەتی سوورەتی (الفلق)دا موسوڵمانانی فێری دوعایەك كردووە بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە هێرشەكانی ئەم ئوممەتە، وە خوای گەورە هەواڵی داوە كە حەسوودێكی گەورە لە سەردەمی كۆتاییدا دەردەكەوێت بە مەبەستی داگیركردنی وڵاتانی ئیسلامی لە ڕێگەی لەناوبردنی حكومەتە ئیسلامیەكانەوە، تەنانەت ئاواتەخوازە هیچ موسوڵمانێك لە دنیادا نەمێنێت، وە ئەم ئوممەتە حەسوودە خاوەنی هەموو هێزێك دەبێت، لەكاتێكدا موسوڵمانان بێتوانا و دەستەوسان دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا، بەهۆی ئەو لاوازی و پاشكەوتنەی كە تووشیان بووە، بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكردوون لەو كاتەدا پەنای پێ بگرن بۆ ئەوەی لەم ئاژاوە گەورەیە بیانپارێزێت، بەمەش لە غەیبەوە كۆمەڵێك هۆكار ساز و ئامادە دەكات بۆ پاراستنی ئیسلام لە هێرشی ئەم دوژمنانە بۆ ئەوەی دوای لاوازیەكەی شكۆی ڕابردووی بۆ بگەڕێنێتەوە. ئێستاش خوای گەورە لە سوورەتی (الناس)دا سێ دانە لە سیفەتەكانی خۆیباس كردووە هەتا لەڕێگەی ئەو سیفەتانەوە پەنای پێ بگرین لەو ئاژاوەیە، بۆیە فەرموویەتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ واتە: بڵێن: پەنا دەگرین بە خوا كە پەروەردگار و پاشا و پەرستراوی خەڵكیە. دیارە ئەو شتەی كە لەكاتی پەناگرتن بە پەروەردگار دەیدەینەپاڵ پەروەردگار، بریتیە لەو شتەی كە دەمانەوێت لە شەڕەكەی پارێزراو بین. بۆ نموونە ئەگەر سەگێك هێرشی كردە سەرت ئەوا هاوار دەكەیت و دەڵێیت: ئەی خاوەنی سەگەكە، واتە: ئەی خاوەنی سەگەكە لە شەڕی سەگەكە ڕزگارم بكە. یان بۆ نموونە ئەگەر كەسێك شێرێكی بەخێو كردبێت، وە تۆ ترسایت لە هێرشی شێرەكە، ئەوا هاوار دەكەیت و دەڵێیت: ئەی خاوەنی شێرەكە، واتە: ئەی خاوەنی شێرەكە لە ئازاری شێرەكە ڕزگارم بكە، بە هەمان شێوە كاتێك دەڵێین: ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ ئەوا مەبەستمان ئەوەیە: پەنا دەگرین بە خوای گەورە لەو سیفەتانەی خەڵكی كە پەیوەندییان بە پەروەردگارێتی و خاوەندارێتی و پەرستراوێتیەوە هەیە. پەروەردگارێتی خەڵكی لە ڕێگەی دیموكراسیەوە دەردەكەوێت، كە هەندێ كەموكوڕی و خراپەی تێدایە، وە پاشایەتی و فەرمانڕەوایەتی خەڵكی لەڕێگەی دەسەڵاتیان بەسەر هەندێ لە وڵاتانی تردا دەردەكەوێت، ئەمیش هەندێ خراپەكاری تێدایە، وە پەرستراوێتی خەڵكی لەڕێگەی ئەو تەوژمە گشتیە بێئایینیەوە دەردەكەوێت كە لەناو ئوممەتی بێباوەڕدا دروست دەبێت و ئیلحاد و بێباوەڕی لەناو ئەو نەتەوانەدا بڵاودەكاتەوە كە كەمتر پێشكەوتوون لەوانەی پێشوو. وە زانراوە كە تەنها خوای گەورە سیفەتی پەروەردگارێتی و پاشایەتی و پەرستراوێتی ڕاستەقینەی هەیە، بەڵام خەڵكی تەنها بە شێوەیەكی سێبەرئاسا ئەو سیفەتانەیان هەیە. بۆیە فەرمانی خوایی بۆ ئەوەی پەنا بگرین بە پەروەردگاری خەڵكی و پاشای خەڵكی و پەرستراوی خەڵكی، ئاماژەیەكی تێدایە بۆ ئەوەی كە تووشی هەندێ ناڕەحەتی و سەختی دەبین كە پەیوەندییان بە پەروەردگارێتی و پاشایەتی و پەرستراوێتیەوە هەیە، بە دەربڕینێكی تر؛ هەندێ لە نەتەوەكان ئەم سیفەتانە بە شێوەیەكی قێزەون بەكاردەهێنن بۆ مەبەستی خۆیان و زیان بە خەڵكی دەگەیەنن بەتایبەتی بە موسوڵمانان، بۆیە خوای گەورە لێرەدا بیری خستووینەتەوە كە لەڕاستیدا تەنها خۆی پەروەردگاری خەڵكی و پاشای خەڵكی و پەرستراوی ڕاستەقینەی خەڵكیە، بۆیە دەبێت ئێوە داوای یارمەتی لێ بكەن لە ڕێگەی ئەم سێ سیفەتەیەوە و بڵێن: پەروەردگارا! ئەو كەسانەی كە تۆ بە شێوەیەكی سێبەرئاسا كردووتن بە پەروەردگاری خەڵكی و پاشای خەڵكی و پەرستراوی خەڵكی، ئەم پۆستانە بە خراپی و ناشرینی بەكاردەهێنن و لەجیاتی ئەوەی سوود بە خەڵكی بگەیەنن زیانیان پێدەگەیەنن، بۆیە بمانپارێزە لە شەڕی پەروەردگارێتی و پاشایەتی و پەرستراوێتی ئەو كەسانە.
ئێستاش ئەگەر لێكۆڵینەوەمان لە واقیع كرد ئەوا دەبینین ئەم سوورەتە وێنەی گەلانی ڕۆژئاواییمان بۆ دەكێشێت لەمڕۆدا، ئەم ئوممەتە حەسوودە بەرگەی بینینی هێز و شكۆی موسوڵمانان ناگرێت و دەیەوێت ناوی ئیسلام لەسەر ڕووی زەوی بسڕێتەوە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە ئاژاوەكانی، خوای گەورە ئەم دوعایەی فێركردوین، وە لە سەرەتادا فەرمانی پێكردوین بڵێین ﴿أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾. دیارە سیفەتی پەروەردگارێتی هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە پەیوەندیان بە پێداویستیەكانی خەڵكیەوە هەیە و ئەوەی پێی دەوترێت ئابووری وڵات، بۆیە فەرمایشتی خوا ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەگەر ئەم ئوممەتە حەسوودە دەركەوت، ئەوا سەرەتا ئابووری و بازرگانی موسوڵمانان وێران دەكات. سەرەتا بە سەربازەكانی هێرش ناكاتە سەریان، بەڵكو بە كاڵا و بازرگانیەكەی دەگاتە وڵاتانی ئیسلامی، لەوێ بانك و شتەكانی تر دەكاتەوە و سەرەتا دەست بەسەر ئابووریەكەیاندا دەگرێت. لەڕاستیدا دەبینین گەلانی ئەوروپی سەرەتا بەم ڕێگایە گەیشتوونەتە هەموو وڵاتان، وە بە كاڵای بازرگانیەوە چوون بۆ وڵاتانی تر، پاشان وردە وردە دەستیان بەسەر ئابووریەكەیاندا گرتووە. هەڵبەت قەرزیان دا بە وڵاتانی ئیسلامی بە سوو، وە بەم جۆرە بە بەردەوامی لاوازیان كردن. بە دەربڕینێكی تر ئەوان كۆتاییان بەو سیستەمی پەروەردگارێتیە هێنا كە ئیسلام دایمەزراندبوو. بۆیە فەرمایشتی خوا ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾ فێركاریەكی خواییە بۆ ئێمە كە ئەگەر دەتانەوێت لە ئاژاوەی ئابووریی ئەو گەلانە ڕزگارتان بێت، ئەوا لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە لەم شەڕەیان بتانپارێزێت.
پاشان خوای گەورە فێری كردووین كە بڵێین: ﴿مَلِكِ ٱلنَّاسِ﴾، ئەمەش ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە گەلانی ڕۆژئاوا دوای دروستكردنی ئاژاوەی ئابووری، ئاژاوەی فەرماڕەوایەتی و حوكمڕانی لە وڵاتانی جیهاندا دروست دەكەن. وە لەڕاستیدا دەبینین سەرەتا بە ناوی بازرگانیەوە چوونەناو خاكی نەتەوەكانی ترەوە، پاشان حوكمی خۆیان تێدا چەسپاند و دەستیان بەسەردا گرت. لە هەموو وڵاتە ئیسلامیەكانیشدا هەمان كاریان كرد؛ لە میسر و ئەفریقا و هیندستان و شوێنەكانی تریش. ئەم گەلانە سەرەتا بە بازن و تەزبیحی شووشەیی ڕەنگاوڕەنگ و بریقەدارەوە چوون بۆ ئەفریقا، ئینجا خەڵكە سادەكەی ئەفریقا پێیان وابوو ئەم شتانە گرانبەهان، وە بە زێڕ و بەردە گرانبەهاكانی وەك ئەڵماس و هی تر ئەم شتانەیان كڕی. ئینجا دوای ئەوە دەستیانگرت بەسەر خاكی ئەو وڵاتانەدا. هەمان شتیان كرد لە هیندستان و ئێران و وڵاتانی عەرەبی و توركیا و شوێنەكانی تریشدا، بەجۆرێك سەرەتا سەنتەری بازرگانییان لەوێ دامەزراند بۆ سەپاندی هەژموونی خۆیان، پاشان هەنگاوی داهاتوویان داگیركردنی ئەو وڵاتانە و چەسپاندنی حوكمڕانی خۆیان بوو تێیاندا، بەمجۆرە كۆتاییان بە شارستانیەتی سیاسی ئیسلامی هێنا.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی ﴿إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾، ئەمەش ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە گەلانی ڕۆژئاوا دوای داگیركردنی وڵاتە جیاوازەكان تووشی ئاژاوەیەكی تریشیان دەكەن، كە ئەویش ئاژاوەی ئایینیە، بە جۆرێك ئەمانە پڕوپاگەندەی ژەهراوی دەكەن بۆ لەرزۆككردنی باوەڕی موسوڵمانان، وە فەلسەفەیەكی نوێ و فێركاریەكی نوێ دەخەنەڕوو بۆ لەناوبردنی ئایین. ئەوان بیروباوەڕی قوتابیە موسوڵمانەكان كلۆر دەكەن لە ڕێگەی ئەو فێركاریەوە كە لە كۆلێژ و زانكۆكانیاندا برەوی پێ دەدەن، وە چەندین نووسین و بڵاوكراوە بڵاودەكەنەوە بۆ ئەوەی ئیسلام وەك ئایینێكی نا عەقڵانی پیشان بدەن تاوەكو خەڵكی لێی دوور بكەونەوە.
كەواتە، خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت: ئەی موسوڵمانان، كاتێك ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخانە بوونەوە ئەوا دەبێت پەنا بگرن بەو خوایەی كە پەروەردگاری خەڵكی و پاشای خەڵكی و پەرستراوی خەڵكیە، واتە پێویستە لە خوا بپاڕێنەوە و بڵێن: پەروەردگارا! ئەوان دەیانەوێت كۆتایی بە پەروەردگارێتی و پاشایەتی و پەرستراوێتی ڕاست و دروست بهێنن كە تۆ دەتەوێت لە جیهاندا بڵاوی بكەیتەوە، بۆیە لەلای خۆتەوە كۆمەڵێك هۆكار ساز و ئامادە بكە بۆ لەناوبردنی فیتنە و ئاژاوەكەیان، بۆ ئەوەی پەروەردگارێتی و دەسەڵاتدارێتی و پەرستراوێتی ڕاست و دروست دووبارە لە جیهاندا دابمەزرێتەوە.
2: خوای گەورە لە سوورەتەكەی پێشتردا لەم فەرمایشتەیدا ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ ڕوونی كردووەتەوە كە لە كاتی لاوازی ئیسلام لە سەردەمی كۆتاییدا، خوای گەورە كەسێك دەنێرێت بۆ ئیسڵاحی ئەم ئایینە و گەڕاندنەوەی شكۆكەی، وە بە چەندین نیشانەی ئاسمانی پشتگیریی دەكات، لەوانە خۆرگیران و مانگگیران، بەڵام لێرە لە سوورەتی (الناس)دا خوای گەورە هەواڵی داوە كە لە سەردەمی ئەم موسڵیحەدا سێ فیتنەی گەورە سەرهەڵدەدەن: ئاژاوەی خێزانی و ئاژاوەی حكومی و ئاژاوەی ئایینی. لەڕاستیدا خێزان و حكومەت و ئایین ئەگەرچی دەبنە هۆی پێشكەوتنی خەڵكی بەڵام دەبنە هۆی وێرانكردنیشیان، هەر بۆیە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: “كُلُّ مَوْلُودٍ يُولَدُ عَلَى الْفِطْرَةِ، فَأَبَوَاهُ يُهَوِّدَانِهِ أَوْ يُنَصِّرَانِهِ أَوْ يُمَجِّسَانِهِ” (البخاري، كتاب الجنائز، باب ما قيل في أولاد المشركين) واتە: “هەموو مناڵێك لەسەر فیترەتی پاك لەدایك دەبێت، ئینجا باوك و دایكی دەیكەن بە جوولەكە یان مەسیحی یان ئاگرپەرست”. بۆیە ئەو دایكەی كە گیان و ژیانی خۆی بەخت دەكات بۆ مناڵەكەی و شەونخونی دەچێژێت تاوەكو ئەو بحەوێتەوە و تووشی سەرمابوون و هەڵامەت و نەخۆشیەكانی تر نەبێت، وە قوربانی بە ئارامی و خەوی خۆی دەدات، دەكرێت مناڵەكە بكوژێت لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی بیرۆكە بتپەرستیەكان لە دڵیدا. وە ئەو باوكەی كە لە دەرەوە ڕەنج دەكێشێت و كار دەكات بۆ پەیداكردنی پارووە نانێك بۆ مناڵەكەی، تەنانەت دوودڵ نابێت لەوەی كە خۆی بخاتە مەترسیەوە لەپێناویدا، دەكرێت ببێتە هۆی وێرانبوونی هەمیشەیی مناڵە بەوەی فێری شتێكی بكات كە لە خوای گەورە دووری بخاتەوە. وە ئەو خێزانەی كە زۆر هەوڵ دەدات بۆ چارەسەركردنی لەكاتی نەخۆشیدا، وە ئەو گەلەی كە شانازی پێوە دەكەن و بەشداریی دەكەن لە هۆشیاركردنەوە و پەروەردەكردنیدا، هەر ئەوانە خۆیان دەكرێت لەناوی ببەن لەڕێگەی تێكدانی ئایینەكەیەوە. هەمان شت بۆ فەرمانڕەوایەتی و پاشایەتیش ڕاستە، ئەو پاشایەی كە پارێزگاری لە گیان و ماڵ و كەرامەتی هاووڵاتیان دەكات، یان ئەو دەوڵەتەی كە زۆر هەوڵ دەدات بۆ ئارامی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان، دەتوانن لە ڕووی ئایینیەوە هاوڵاتیەكانیان لەناو ببەن. هەمان شت بۆ پەرستراوێتیش ڕاستە، چونكە پەرستراوەكانیان -مەبەستم سەركردە ئایینیەكانیانە- كە هەزار جار بیر لە بەرژەوەندیە ئایینیەكانی هاوڵاتیان دەكەنەوە، وە لە ڕواڵەتدا هەوڵ بۆ پێشكەوتن و چاكسازییان دەدەن، لە ڕاستیدا دەتوانن لەناویان ببەن. بۆیە قەشەكان و كاهینە هیندۆسەكان و سەركردە ئایینیەكانی تر كە زۆرێك لە كردەوە چاكەكان فێری گەلەكەیان دەكەن و ئامۆژگارییان دەكەن كە ئەو كردەوانە ئەنجام بدەن، بە جۆرێك قەدەغەیان دەكەن لە درۆكردن و فێڵكردن و هەڵخەڵەتاندن و كوشتن و خیانەت و هانیان دەدەن كە پابەند بن بە ڕاستگۆیی و دەستپاكیەوە، وە هەوڵ بۆ چاكسازیكردنی هەندێكیان دەدەن، لە هەمان كاتدا هەندی كەسی تر وێران دەكەن. سەرەڕای ئەوەی كە تەلاری چاكەكاری لە دنیادا دروست دەكەن بەوەی خەڵكی هان دەدەن بۆ لێبوردەیی پێیان دەڵێن: ئەوەی زللـەیەكی كێشا بە ڕوومەتی ڕاستتدا، ئەوا ڕوومەتەكەی تریشی بۆ بسوڕێنە، وە هانیان دەدەن بۆ هەڵگرتنی باری گرانی هەژاران و بۆ خۆڕازاندنەوە بە دڵپاكی و ڕەوشتبەرزی و وەرگرتنی بەخشین لە دەوڵەمەندەكانیان و خەرجكردنی بۆ هەژارەكانیان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تەلاری خێرە وێران دەكەن بەوەی كە دەڵێن گوایە یەسوعی مەسیح كوڕی خوایە؛ بۆیە خوای گەورە فێری كردووین بڵێن: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾، واتە: پەروەردگارا! بێگومان سەركردە ئایینیەكان گەل پەروەردە دەكەن، بەڵام پەروەردگارێتیەكەیان شمشێرێكی دووسەرە؛ گەردنی دوژمنەكانت دەبڕێت و گەردنی منیش دەبڕێت، وە پەروەردگارا! پاشا و فەرمانڕەواكانی دنیا ژیان و ماڵ و عیززەت و كەرامەتم دەپارێزن، وە كاردەكەن بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانیم، بەڵام لەوانەیە لەڕێگەی هەندێ هەوڵی شاراوەیانەوە پاڵم پێوە بنێن بۆ نزمترین ئاست و وێرانم بكەن، وە پەروەردگار! سەركردەی ئایینی هەن كە دەبێت گوێڕایەڵیان بم -چونكە قورئان ڕوونی دەكاتەوە كە هەندێ كەس سەركردە ئایینیەكانیان دەكەنە پەروەردگار لەجیاتی خوا- وە ئەوان لە واقیعدا خزمەت بە مرۆڤایەتی دەكەن، چونكە لە دنیادا سەركردەیەكی ئایینی نیە كە گەلەكەی فێری شتێك نەكات كە پێشیان بخات، بەجۆرێك خەڵكی ئەوەندە گەمژە نین هەتا سەركردەی ئایینی وا بۆ خۆیان دابنێن كە هیچ خێرێكیان فێر نەكات، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە مرۆڤ لەلایەن سەركردە ئایینیەكانەوە تووشی شەڕ بێت و بیفەوتێنن. بەڵام كێیە ئەو پەروەردگارەی كە لێیەوە تەنها خێرت پێدەگات و شەڕت تووش نابێت؟ وە كێیە ئەو پاشایەی كە لێیەوە تەنها خێرت پێدەگات و تووشی شەڕ نابیت؟ وە كێیە ئەو پەرستراوەی كە لێیەوە تەنها خێرت پێدەگات و تووشی شەڕ نابیت؟ ئەوە تەنها خوایە و بەس، بۆیە دەبێت بڵێیت ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ واتە: من تەنیا ڕوو لە خوای گەورە (رَبِّ النَّاس) دەكەم و پەنای پێ دەگرم، وە پشت دەكەم لە برا و خوشكەكانم و دایك و باوكم و خزمەكانم و هۆز و گەلەكەم. پاشان من ناتوانم بەبێ حكومەت بژیم، بەڵام لەوانەیە زیانم پێ بگات لێیەوە، بۆیە ڕوو دەكەمە ﴿مَلِكِ ٱلنَّاسِ﴾ و پەنای پێ دەگرم كە هەموو ئەم پاشایانە سێبەرن بۆی. پاشان كەسانێك هەن كە پێیان دەوترێت سێبەری خوا لە كاروباری ئاییندا و هەندێ كەس كردوویانن بە پەروەردگار لەجیاتی خوا، لەوانەیە سوودم پێ بگەیەنن و لەوانەیە زیانیشم پێ بگەیەنن، بۆیە ڕوو دەكەمە ﴿إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ و پەنای پێ دەگرم كە تەنها خێرم پێدەگات لێیەوە.
وە ئەگەر مرۆڤ ئەم دوعایە بكات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم مانایەی سوورەتەكە، ئەوا ئەستەمە تووشی هیچ ئاژاوەیەك بێت لەلایەن هەر خێزان و فەرمانڕەوا و سەركردەیەكی ئایینیەوە بێت.
كەواتە خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ فەرمانی پێكردووین كە ئەگەر حكومەتەكان هەڕەشەیان لێكردن و گوێیان لە قسەكانتان نەگرت، بەڵكو ستەمیان لێكردن و زیانیان پێ گەیاندن، ئەوا دەبێت ڕوو بكەنە دەرباری من چونكە من پاشای ڕاستەقینەتانم. وە ئەگەر خەڵكی وڵاتەكەتان یان هۆزەكەتان و خێزانەكەتان ستەمیان لێكردن، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دەرباری من چونكە من پەروەردگارتانم، وە هۆز و خێزانەكەتان تەنها لە دەستی مندان. وە ئەگەر سەركردایەتی ئایینی هەوڵیدا گومڕاتان بكات، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ لای من چونكە من پەرستراوتانم، وە من بەرپرسم لە هیدایەتدانتان، بۆیە ئەگەر بێن بۆ لام ئەوا هیچ شتێكتان تووش نابێت لە زیانەكانی پەروەردگارێتی و زیانەكانی پاشایەتی و زیانەكانی پەرستراوێتی. هەروەك چۆن دایكان بە منداڵەكانیان دەڵێن: ئەگەر كەسێك بێزاری كردیت و تەنگی پێ هەڵچنیت ئەوا وەرە و بە من بڵێ، بە هەمان شێوە خوای گەورەش فێرمان دەكات و دەفەرموێت: من دەتاننێرم بۆ دنیا، بۆ ئەوەی لەناو خزم و دۆستان و كەسانی هۆزەكەتان و وڵاتەكەتاندا بژین، وە ئەمانە دەتوانن خێر و شەڕیشتان پێ بگەیەنن، بەڵام ئەگەر شەڕیان پێگەیاندن ئەوا وەرن بۆ لای من. پاشان چەندین حكومەت پەیدا دەبن كە خێرتان پێدەگەیەنن و لەوانەیشە شەڕتان پێ بگات لێیانەوە، جا ئەگەر شەڕتان پێ گەیشت لێیانەوە، ئەوا وەرن بۆ لای من. پاشان سەركردە ڕۆحانیەكان پەیدا دەبن و هەوڵ دەدەن پەروەردەتان بكەن لەڕووی ئایینیەوە، بە جۆرێك لەوانەیە زیانتان پێ بگەیەنن و ڕۆحانیەتتان بكوژن لەجیاتی ئەوەی سوودتان پێ بگەیەنن، جا ئەگەر ئەوە ڕوویدا ئەوا خەم مەخۆن، بەڵكو وەرن بۆ لای من، چونكە من سەركردەی ڕۆحانی ڕاستەقینەی ئێوەم، بۆیە ئەگەر بێن بۆ لام ئەوا هیچ زیانێكتان پێ ناگات.
بە كورتی، خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾دا ئوممەتی ئیسلامی فێری دوعایەكی گشتگیر كردووە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لە شەڕی هەموو ئەو ئاژاوانەی كە لە سەردەمی كۆتاییدا سەبارەت بە پەروەردگارێتی و پاشایەتی و پەرستراوێتی سەرهەڵدەدەن.
3: لەكاتی تەفسیركردنی سوورەتی (الفلق) دا ڕوونم كردەوە كە ئەم سوورەتە -سەرەڕای شتەكانی تر- مرۆڤ فێری دوعایەك دەكات بۆ ئەوەی خوای گەورە بیپارێزێت لە شەڕێك كە پەیوەندی بە قۆناغی دروستبوون یان مردنیەوە یان ماوەی نێوانیانەوە هەیە، بەڵام ئێستا (لە سوورەتی “الناس”دا) خوای گەورە لە بەرامبەر ئەم سێ سەردەمەدا، سێ دانە لە سیفەتەكانی خۆی هێناوە: پەروەردگار و پاشا و پەرستراو، كە پەیوەندییان بەم سەردەمانەوە هەیە. سیفەتی پەروەردگار (الرب) پەیوەندی بە كاتی دروستبوون و لەدایكبوونەوە هەیە، و سیفەتی پاشا (المَلِكِ) پەیوەندی بە كاتی مردنەوە هەیە، و سیفەتی پەرستراو (الإله) پەیوەندی بە كاتی ژیانەوە هەیە، بۆیە خوای گەورە لە بەرامبەر ئەم فەرمایشتەیدا لە سوورەتی الفلق ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ * مِن شَرِّ مَا خَلَقَ﴾ فەرموویەتی ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾، وە لە بەرامبەر ئەم فەرمایشتەیدا ﴿وَمِن شَرِّ غَاسِقٍ إِذَا وَقَبَ﴾ فەرموویەتی ﴿مَلِكِ ٱلنَّاسِ﴾، وە لە بەرامبەر ئەم فەرمایشتەیدا ﴿وَمِن شَرِّ ٱلنَّفَّٰثَٰتِ فِي ٱلۡعُقَدِ﴾ فەرموویەتی ﴿إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾. مرۆڤ لە ڕووی لەدایكبوونیەوە پەیوەندی بە سیفەتی پەروەردگارێتیەوە هەیە، كە سیفەتێكە بەردەوام كاردەكات، چونكە پڕۆسەی دروستكردنی مرۆڤ لە هەموو كاتێكدا بەردەوامە با سەرەتا لەدایكبوونیشی لە تۆوێكەوە بووبێت، ئەو هەموو ڕۆژێك خۆراك دەخوات بۆ ئەوەی خوێنی تێدا دروست بێت و بەهۆیەوە ژیانی بەردەوام بێت، تەنانەت پزیشكەكان دەڵێن جەستەی مرۆڤ دوای حەوت ساڵ بەتەواوەتی نوێ دەبێتەوە. كەواتە پڕۆسەی دروستبوونی لە هەموو كاتێكدا بەردەوامە، لەبەرئەوە پەروەردگارێتی خوای گەورە بۆ مرۆڤ هەموو ساتێك بەردەوام دەبێت، بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكردووە كە بڵێت: ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾ واتە: پەنا دەگرم بە خوا- كە پەروەردگارێتیەكەی لەناو هەموو خەڵكیدا كار دەكات و بەردەوام گۆڕانكاری لە جەستەیاندا دروست دەكات كە هەندێكیان دەبنە هۆی شەڕ و هەندێكیان دەبنە هۆی خێر- لەم گۆڕانكاریە كە بەردەوامە بۆ ئەوەی پاڵم پێوە بنێت بەرەو خێر نەك شەڕ. پاشان فەرمانی پێكردووە كە بڵێت پەنا دەگرم بە ﴿مَلِكِ ٱلنَّاسِ﴾، چونكە پڕۆسەی مردنیش هەموو ساتێك لە مرۆڤدا كار دەكات، بەجۆرێك میز و پیسایی و ئارەقە و موو و نینۆك كە خۆمان ڕزگار دەكەین لێیان بەشە مردووەكانی جەستەمانن؛ ئەوە مردنێكی كاتی و جوزئیە كە مرۆڤ پێیدا تێپەڕ دەبێت. كەواتە پڕۆسەی مردن لە مرۆڤدا بەردەوامە، بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكردووین كە پەنا بگرین بە پاشای خەڵكی.. واتە پەنای پێ دەگرین لە سیفەتی پاداشت و سزاكەی، بۆ ئەوەی سەردەمی شكستمان بەسەردا نەیەت، بەڵكو هەمیشە بەبێ كۆسپ و ڕێگر بەتایبەتی نیعمەت و فەزڵەكانی ببەخشێت پێمان. وە دۆخی سێیەم ئەوەیە كە نیەتی مرۆڤ خراپ بێت و بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆی پێش هەموو شتێك بخات، بۆیە خوای گەورە فێری كردووین كە بڵێین ﴿إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ واتە: پەنا دەگرم بەو خوایەی كە پەرستراوی هەمووانە بۆ ئەوەی دووچاری كەموكوڕییەكی لەم شێوەیە نەبم، وە ئەگەر دووچاریشی بووم ئەوا خوای گەورە نەهێڵێت لەژێر چاودێری پەرستراوێتیەكەی خۆی دەربچم، چونكە ئەوە لەگەڵ گەورەیی ئەودا یەكناگرێتەوە، بۆیە بەهۆی پەرستراوێتیەكەیەوە لێی دەپاڕێمەوە و دەڵێم: پەرستراوەكەم، مەهێڵە پەیوەندیم بپچڕێت لەگەڵتدا، بەڵكو هەمیشە بە جێگیری و دامەزراوی ئەم پەیوەندیە بهێڵەرەوە. كەواتە فەرمایشتی خوا ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ * مَلِكِ ٱلنَّاسِ * إِلَٰهِ ٱلنَّاسِ﴾ دوعایەكە بۆ ئەوەی مرۆڤ پەنا بە خوای گەورە بگرێت لەم سێ دۆخەشیدا.
﴿مِن شَرِّ ٱلۡوَسۡوَاسِ ٱلۡخَنَّاسِ * ٱلَّذِي يُوَسۡوِسُ فِي صُدُورِ ٱلنَّاسِ * مِنَ ٱلۡجِنَّةِ وَٱلنَّاسِ﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
الوَسْواس: ناوێكە لە (وَسوسَ إليه الشيطانُ)ەوە هاتووە، واتە شتێكی پێگوت كە نە سوودی تێدایە و نە خێر؛ شەیتان؛ چرپەی ڕاوچی و سەگەكان؛ دەنگی زێڕ و خشڵ؛ نەخۆشیەكە بەهۆی زاڵبوونی سەوداوە (شلەی ڕەش) دروست دەبێت و لەگەڵیدا مێشك تێكدەچێت؛ وە بەو شەڕەی بە دڵدا دێت و ئەوەی هیچ خێرێكی تێدا نیە دەوترێت وەسواس. (الأقرب)
الخنّاس: موبالەغەیە لە فرمانی (خَنَسَ عنه)ەوە، واتە گەڕایەوە و خۆی بەدوور گرت؛ دواكەوت؛ گرژبوو. وە خنست النخلةُ: مێیەی دار خوركاكە دواكەوت لە وەرگرتنی پەڕین (تلقیح) بۆیە كاری تێنەكرد و لەو ساڵەدا بەری نەگرت؛ وە خنَس القولَ: قسەكەی تێكدا و خراپی كرد؛ وە خنَس الشيءَ عنك: شتەكەی شاردەوە لە تۆ؛ وە خنَس إبهامَه: پەنجە گەورەی نوشتانەوە. وە خَنَس بين أصحابه: خۆی شاردەوە لەناو هاوەڵەكانیدا. وە خنَس بفلان: لەگەڵ فڵانكەسدا دیارنەما. (الأقرب)
كەواتە (الخناس) واتە 1: ئەوەی زۆر خۆی بەدوور گرتووە و دابڕاوە، 2: ئەوەی زۆر دواكەوتووە، 3: ئەوەی بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر كاریگەرییەوە، 4: ئەوەی شت زۆر دەشارێتەوە، 5: ئەوەی خۆی دەشارێتەوە لە هاوڕێكانی.
الجِنَّة: كۆمەڵێكن لە جن. وە (الجن) پێچەوانەیە لەگەڵ (الإنس)، وە بنەڕەتی مانای جن بریتیە لە داپۆشین و شاراوەیی، كۆرپەلە پێی دەگوترێت (الجنين).. هەتا لە سكی دایكیدا بێت. دڵ پێی دەگوترێت (الجَنان) چونكە لە سینەدا شاراوەتەوە (تاج العروس).
كەواتە (الجِنّ) واتە دروستكراوە شاراوەكان، وە هەموو ئەو شتانەی شاراوەن لە چاو. لەم سونگەیەوە بەو گەورەپیاوانە دەگوترێت (الجن) كە بە شاراوەیی لە ماڵەكانیاندا دەژین و گەیشتن پێیان قورسە.
تەفسیر:
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِنَ ٱلۡجِنَّةِ وَٱلنَّاسِ﴾ یان پەیوەستە بەم فەرمایشتەوە ﴿ٱلَّذِي يُوَسۡوِسُ فِي صُدُورِ ٱلنَّاسِ﴾، ئەوسا مانای ئایەتەكە بەم شێوەیە دەبێت: وەسوەسە دەخاتە دڵی هەموو خەڵكیەوە، گەورە و بچووكیان. یاخود پەیوەستە بە فەرمایشتەوە ﴿مِن شَرِّ ٱلۡوَسۡوَاسِ ٱلۡخَنَّاسِ﴾، ئەوسا مانای ئایەتەكە بەم شێوەیە دەبێت: پەنا دەگرم بە خوای گەورە لە شەڕی ئەوانەی كە وەسوەسە دەخەنە دڵی خەڵكیەوە پاشان پاشەكشە دەكەن، یان وەسوەسە دروست دەكەن لەكاتێكدا شاراوەن و لەپێش چاوی خەڵكی دیارنین، جا ئەم وەسوەسە دروستكەرانە خەڵكی خاوەن پلە و پێگە بن یان خەڵكی ئاسایی، دیار بن یان شاراوە.
پێشتر ڕوونمان كردەوە (الجن) لە بەرامبەر (الإنس) بەكاردێت و مەبەست لێی ئەوانەن كە بەزۆری نابینرێن، واتە ئەو كەسانەی لە ماڵەكانیاندا خۆیان دەشارنەوە یان لە ماڵەكانیاندا دەژین و پاسەوانیان هەیە، وە چاویان بە خەڵكی ئاسایی ناكەوێت. بەڵام (الإنس) ئەو كەسانەن كە بەگشتی چاویان بە خەڵكی دەكەوێت. كەواتە (الجن) بریتیە لە خەڵكی خاوەن پلەوپایە، وە (الإنس) بریتیە لە خەڵكی ئاسایی یان ئەوانەن كە تێكەڵاوی خەڵكی ئاسایی دەبن. وە لەبەر ئەم حیكمەتە گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) فەرمانی بە كاربەدەستەكانی كردبوو كە هیچ كامیان پاسەوانیان نەبێت، بۆ ئەوەی خەڵكی بە ئازادی بگەنە لایان (تاريخ الطبري ج5 ص 63)، ئەوەش بۆ ئەوەی بەردەوام وەك (الإنس) بمێننەوە و بە (الجن) دانەنرێن.
خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت گەلانی ڕۆژئاوا لە سەردەمی كۆتاییدا هێرش دەكەنە سەر ئیسلام و ئابووریی وڵاتانی موسوڵمانان وێران دەكەن و دەستدەگرن بەسەر وڵاتەكانیاندا، وە بە ئەوپەڕی فێڵ و خەڵەتاندنەوە ئەم كارە دەكەن، چونكە لە ڕواڵەتدا پێیان دەڵێن هاتووین بۆ لاتان تاكو فێری شارستانیەتتان بكەین و زانست لەناوتاندا بڵاوبكەینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەیانەوێت وەسوەسە بخەنە دڵیانەوە، بۆ ئەوەی لە خوا و پێغەمبەرەكەی دووریان بخەنەوە. بە هەمان شێوە دەست بەسەر حوكمی وڵاتانی ئیسلامیدا دەگرن بە بیانووی بەرژەوەندی خەڵكەكەی، وە لە ڕاستیشدا دەیانەوێت موسوڵمانان ڕقیان لە ئایینەكەیان ببێتەوە و شوێن شارستانیەت و ئایینەكەی ئەوان بكەون، پاشان ئەم گەلانە هەوڵی گومڕاكردنی هەندێكیان نادەن، بەڵكو هەموویان دەكەنە ئامانج، بچووك و گەورەیان، وە ئەم چەكەیان هێندە سەركەوتوو دەبێت بەجۆرێك موسوڵمانان دەبنە قوربانی پڕوپاگەندەی ئەو گەلانە و كۆتایی بە شارستانیەتەكەیان دەهێنرێت.
زۆرێك لە كەسە بەدكارەكان لەبەرچاوتدا هەوڵدەدەن تووشی شەڕ و خراپەت بكەن، بەڵام زۆرێكیان دوای ئەوەی فێڵت لێ دەكەن دیارنامێنن، یان بە نهێنی پیلان دەگێرن لە دژت، ئەمە پیشەی گەلانی ڕۆژئاوایە لە سیاسەت و كاروبارەكانی تردا؛ وە بە شێوازێكی وەها فێڵ لە خەڵكی وڵاتێكی تر دەكەن كە ئەو خەڵكانە هەست بە شەڕەكەیان ناكەن بەمەش لەناودەچن. بە بیانووی بڵاوكردنەوەی زانستەوە كتێب دەنووسن، لەكاتێكدا دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە ڕق و كینە دژی ئیسلام بڵاوبكەنەوە یاخود بێباوەڕی و ئیلحاد بڵاوبكەنەوە، بەمجۆرە كەسانی تر لەناودەبەن لەكاتێكدا لە وڵاتی خۆیاندا دانیشتوون.
وە یەكێك لە ماناكانی (الوسواس) بریتیە لە دەنگی زێڕ و خشڵ، بەگوێرەی ئەم مانایە فەرمایشتی خوا ﴿مِن شَرِّ ٱلۡوَسۡوَاسِ ٱلۡخَنَّاسِ﴾ واتە: گەلانی ڕۆژئاوا لە سەردەمی كۆتاییدا خەڵكی گومڕا دەكەن بەوەی بە پارە و سامان دەیانخەڵەتێنن، پاشان ئەوان وەك خەنناس كار دەكەن.. مەبەستم ئەوەیە بە ئاشكرا ئەم پارە و سامانەیان پێنادەن بۆ هێنانەدی مەبەستەكانیان، بەڵكو لە جێگایەكەوە بۆیان دەنێرن كە كەسانی تر پێی نازانن. بۆیە پێویستە باوەڕدار لەم بارودۆخەدا دوعا بكات و لەخوا بپاڕێتەوە كە لە ئاژاوەی ئەم هێزە شەڕانگێزانە بیپارێزێت.
پاشان خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿ٱلَّذِي يُوَسۡوِسُ فِي صُدُورِ ٱلنَّاسِ * مِنَ ٱلۡجِنَّةِ وَٱلنَّاسِ﴾ ڕوونی كردووەتەوە كە ئەم نەتەوانە جارێك خەڵكی بە پارە گومڕا دەكەن لە ڕێگەی مرۆڤە پایەبەرزەكانی كۆمەڵگاوە، وە جارێك لە ڕێگەی خەڵكە ئاساییەكەوە خەڵكی گومڕا دەكەن، یان ئەوەتا ئەم نەتەوانە پارە و سامانێكی زۆریان دەبێت كە وایان لێدەكات بتوانن دەوڵەمەندەكانیش هەڵبخەڵەتێنن چ جای خەڵكی ئاسایی.
هەروەها ئەم ئایەتانە پێشبینیەكیان تێدایە سەبارەت بەوەی كە ئەم فیتنە و ئاژاوانە بە نەخشە و پلانێكی بەرنامەبۆدارێژراو بڵاودەكرێنەوە، وە خەڵكی تاك تاك بەشداری ناكەن لە بڵاوكردنەوەیاندا، بەڵكو هەندێكیان هانی هەندێكی تریان دەدەن و ئەو كەسەی بیرۆكەی هاوشێوەی هەبێت دەچێتە ڕیزیانەوە. بۆیە كرێكار بەتەنها واز لە كارەكەی ناهێنێت لای خاوەنكارەكەی، بەڵكو هانی هاوكارەكانیشی دەدات بۆ وازهێنان لە كاركردن لای خاوەنكارەكە، وە خاوەن كارگەكانیش تەنها بە دەركردنی هەندێ كرێكار لە كارگەكانیان وازناهێنن، بەڵكو بە خاوەن كارگەكانی تر دەڵێن كە دایاننەمەزرێنن لای خۆیان، ئەمەش مانای ئەوەیە كە خاوەنكارەكانیش سەندیكای تایبەت بە خۆیان دادەمەزرێنن، وە كرێكارەكانیش سەندیكای تایبەت بە خۆیان دادەمەزرێنن. پاشان حوكمڕانەكانیش ڕێكخراوی تایبەت بە خۆیان دادەمەزرێنن، وە فەرمانبەرانیش ڕێكخراوی تایبەت بە خۆیان دادەمەزرێنن، وە هەر ڕێكخراوێك پەیوەندی دەبێت لەگەڵ ڕێكخراوەكانی هاوشێوەی خۆی لە وڵاتەكانی تردا.
پاشان ئەو كەسانەی ئاژاوە بەرپا دەكەن دژی ئایین ئەوانیش لە ڕێكخراوەكاندا كار دەكەن، بۆیە ئەگەر یەكێكیان -بۆ نموونە- بیروبۆچوونی ئیلحاد و بێباوەڕیی هەبێت، ئەوا بیروبۆچوونەكانی خۆی ناشارێتەوە، بەڵكو بێباوەڕەكانی تریش لەگەڵ خۆیدا كۆدەكاتەوە و ڕێكخراو دروست دەكەن و ڕایدەگەیەنن كە ئێستا ئەركی ئێمە ئەوەیە كۆتایی بەو بیروباوەڕە پووچەڵە بهێنین كە دەڵێت خوایەك بوونی هەیە. مولحیدەكان لە ڕابردوودا بوونیان هەبوو، بەڵام ئەوان بە شێوەیەكی تاكەكەسی ئیلحادی خۆیان ڕادەگەیاند، وە هیچ ڕێكخراو و ڕۆژنامە و بڵاوكراوەیەكیان نەبوو، بەڵام لەم سەردەمەدا لە هەموو وڵاتەكاندا ڕێكخراویان هەیە. پاشان دوژمنانی ئیسلام لە قەشەكان و كەسانی تر ئەوانیش چەندین ڕێكخراویان هەیە، بگرە ئەو پیاوە ئایینیانەی كە لە ڕابردوودا نەیانتوانیوە یەكبگرن ئەوانیش چەندین ڕێكخراویان هەیە و كۆنگرە و كۆبوونەوە دەبەستن. وە هەموو ئەمانە بریتین لە هاتنەدی ئەو هەواڵە قورئانیە كە لە كۆتایی سوورەتی (الناس)دا باسكراوە.
وەك پێشتر باسم كرد خوای گەورە لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا باسی سێ دانە لە سیفەتەكانی خۆی كردووە كە پەیوەندییان بە سێ قۆناغەوە هەیە كە مرۆڤ پێیاندا تێپەڕ دەبێت، واتە قۆناغی لەدایكبوون و ژیان و مردن. خوای گەورە فەرمانی پێكردووە هەمیشە دوعا بكات كە لە هەر دۆخێكدا بێت بەردەوام سوود وەربگرێت لە یەكێك لەم سیفەتە خواییانە بۆ ئەوەی لێشاوی بەرەكەتی ئەم سیفەتانەی لێ نەبڕێت، بەڵام ئێستا بە فەرمایشتی ﴿مِن شَرِّ ٱلۡوَسۡوَاسِ ٱلۡخَنَّاسِ﴾ ئاماژەی كردووە بۆ ئەو وەسوەسە و گومانانەی كە لەوانەیە لەم سێ قۆناغەدا تووشی مرۆڤ ببن، وە ببنە هۆی پچڕانی پەیوەندیەكەی لەگەڵ خوای گەورەدا. بۆ نموونە: دەكرێت بیربكاتەوە كە هیچ پەروەردگارێك نیە دروستی كردبێت، وە بۆ هیچ مەبەستێك دروست نەكراوە، یان نەفسی خۆی وەسوەسەی بۆ دروست بكات دەربارەی پاشایەتی خوا و بڵێت: كەس نیە سزا بدات و پاداشت بداتەوە، یان نەفسی خۆی وەسوەسەی بۆ دروست بكات دەربارەی پەرستراوێتی خوا و بڵێت: چ پێویست دەكات خوا بپەرسترێت؟ كەواتە وەسوەسەی جۆراوجۆر هەن كە دەكرێت تووشی ببن و پەیوەندیەكەی بپچڕێنن لەگەڵ خوای گەورەدا؛ وە دەكرێت كۆمەڵێك هۆكاری جیاواز ببنە هۆی دروستبوونی ئەم گومان و وەسوەسانە؛ وەك كاریگەریی بوونەوەرە شاراوەكان، یان ڕۆحە شەڕانگێزەكان، یان هەندێ نەخۆشی، یان هەندێ شوێن كە گومان لە دڵەكاندا دروست دەكەن، یان هەندێ كەس كە وەسوەسە دەخەنە دڵەكانەوە، بۆیە خوای گەورە مرۆڤی فێر كردووە كە دوعا بكات و پەنای پێ بگرێت بۆ ئەوەی بیپارێزێت لە هەموو ئەو هۆكارانەی كە گومان و دوودڵی دروست دەكەن و بڵێت: پەروەردگارا! كارێك بكە بەردەوام پەیوەندیم بە پەروەردگارێتی و پاشایەتی و پەرستراوێتی تۆوە بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی سەرەتام باش بێت و كۆتاییم باش بێت و هەموو گۆڕانكاریەكانی ژیانم باش بن. كەواتە ئەم ئایەتانە دوعایەكی گشتگیرمان فێردەكەن.
سوورەتی (الناس) كۆتا سوورەتی قورئانی پیرۆزە، وە ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤ تووشی لووتبەرزی بێت لەكاتی خەتمكردنی قورئاندا و وا گومان ببات كە ئێستا پارێزراوە لە هێرشەكانی شەیتان و لە هەر پێخلیسكانێك، وە لەبەر ئەوەی ئەم بیرۆكانە وێرانكەرن، بۆیە خوای گەورە لە كۆتایی قورئاندا فەرموویەتی: ئەی بەندەكەم، بێگومان تۆ شەرەفی خوێندنەوەی قورئان و خەتمكردنیت پێ درا، بەڵام وا گومان مەبە كە ئێستا لە چنگی شەیتان ڕزگاربوویت، نەخێر، بەڵكو هێشتا ئەگەری خلیسكانی تۆ هەیە سەرەڕای شەرەفمەندبوونت بە بینینی پەروەردگاری جیهانیان و سوود وەرگرتنت لە لێشاوەكانی بەرەكەتی پەروەردگارێتی ئەو. بزانە فەزڵی خوا لە هەموو كاتێكدا دێتە خوارەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێك، بۆیە ئاگاداربە نەوەك تووشی لووتبەرزی و پێخلیسكان بیت بەهۆی ئەو شتەی بەدەستت هێناوە. ئەگەر قورئانی پیرۆزت خەتم كردووە و فەزڵەكانی خوات بینیوە بەهۆی پەروەردگارێتیەكەیەوە، ئەوا بزانە كە تەنها پەروەردگاری تۆ نیە، بەڵكو پەروەردگاری جیهانیانە، وە لێشاوەكانی ڕەحمەتی پەروەردگارێتی ئەو سادەترین مرۆڤیش دەگرێتەوە، بۆیە ئەگەر لەلایەن خۆیەوە فەزڵێكی ناردە خوارەوە بۆت، ئەوا لووتبەرز مەبە و پێت نەخلیسكێت، بەڵكو پێویستە بزانیت كاتێك تۆ ئارەزووی بەرەكەت و لێشاوەكانی ڕەحمەتی خوات كرد ئەویش هەندێكی لەو بەرەكەت و ڕەحمەتە بەخشی پێت لە ئەنجامی پەروەردگارێتیەكەی خۆیەوە بۆ تۆ، بەڵام لەوانەیە تۆ بەتەواوی پاك نەبووبیتەوە، بۆیە دەبێت هەمیشە لە خوای گەورە بپاڕێیتەوە و بڵێیت: پەنا دەگرم بەو خوایەی كە پەروەردگاری هەموو خەڵكیە، وە هەمیشە پێی بڵێیت: پەروەردگارا! نیعمەتەكانی خۆتت بە ناتەواوی ناردووەتە خوارەوە بۆم چونكە من بارودۆخم ناتەواوە، وە زەحمەتە -لەكاتێكدا ئەمە حاڵم بێت- بەهەمیشەیی سەرەنجامم باش بێت ، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە كە بە ڕەحمەتی تەواوی خۆت دامپۆشیت و لە هەر هەڵە و پێخلیسكانێك ڕزگارم بكەیت.
پاشان لەناو خوێنەرانی قورئاندا كەسانی وا هەن كە لەكاتی خەتمكردنیدا دەگەنە پلەیەكی بەرزتر لە پلەی خەڵكی ئاسایی و دەبنە یەكێك لە خزمەتكارانی خوا.. واتە بە چاكەكاری و خۆپارێزی دەڕازێنەوە، بە جۆرێك لە بارودۆخ و پێگەدا لە فەرمانبەرانی حكومی دەچن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەگەری پێخلیسكانیان هەیە، بۆیە خوای گەورە فەرمانی بەم جۆرە مرۆڤە كردووە كە دوعا بكات و بڵێت: ﴿مَلِكِ ٱلنَّاسِ﴾ واتە: پەروەردگارا! پەنات پێ دەگرم لەوەی تووشی لووتبەرزی بم و لێت دوور بكەومەوە كاتێك فەزڵە تایبەتەكانی خۆتم پێ دەبەخشیت، هەروەك چۆن پاشاكان بەشێوەیەكی تایبەت چاكە و فەزڵی خۆیان دەبەخشن بە بەڕێوەبەری كارەكانیان، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە كە ئیسڵاحم بكەیت بە بەرەكەتی سیفەتی پاشایەتیت، وە سەركەوتووم بكەیت بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان بكەم هەروەك چۆن تۆ دەتەوێت، تاوەكو لە كەسانی لووتبەرز و ستەمكار و یاخیبووان نەبم.
هەروەها پەیوەندیەكانی نێوان پاشاكان و فەرمانبەرەكانیان سنووردارن بە بەراورد لەگەڵ ئەو پەیوەندیانەی كە لەنێوان بەدیهێنەر و بەدیهێنراودا هەن، چونكە ئەم پەیوەندیانە هیچ سنوورێكیان نیە، وە لەبەر ئەوەی خوێنەری قورئان ئەگەر چووە ڕیزی بەندە تایبەتەكانی خواوە، وە زیاتر لە كەسانی تر فەزڵەكانی خوا باری بەسەریدا، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە تووشی لووتبەرزی ببێت و لابدات لە ڕێنمایی قورئان كە بەهۆیەوە گەیشتووەتە ئەم پلەیە، وە بەمەش لە فەزڵی خوای گەورە بێبەش بێت، بۆیە خوای گەورە فەرمانی پێكردووە كە پەنا بگرێت بە پەرستراوی خەڵكی (إله الناس)؛ واتە بڵێت: پەرستراوەكەم! بەهۆی پەرستراوێتی تۆ و بەندایەتی خۆمەوە تكات لێ دەكەم، نەهێڵیت پشتت تێبكەم، بەڵكو هەمیشە بمكە بە یەكێك لە بەندەكانی خۆت. ئامین.
PDF