تەفسیری سوورەتی الكهف
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
تەفسیری سوورەتی الكهف
بە پێنووسی:
میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
*****
ناوەڕۆك:
پەیوەندی سوورەتی “الكهف” بە سوورەتی “الإسراء”ەوە
بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ١
﴿إِنَّا جَعَلۡنَا مَا عَلَى ٱلۡأَرۡضِ زِينَةٗ لَّهَا لِنَبۡلُوَهُمۡ أَيُّهُمۡ أَحۡسَنُ عَمَلٗا 8﴾
﴿وَإِنَّا لَجَٰعِلُونَ مَا عَلَيۡهَا صَعِيدٗا جُرُزًا 9﴾
﴿أَمۡ حَسِبۡتَ أَنَّ أَصۡحَٰبَ ٱلۡكَهۡفِ وَٱلرَّقِيمِ كَانُواْ مِنۡ ءَايَٰتِنَا عَجَبًا 10﴾
﴿فَضَرَبۡنَا عَلَىٰٓ ءَاذَانِهِمۡ فِي ٱلۡكَهۡفِ سِنِينَ عَدَدٗا 12﴾
﴿ثُمَّ بَعَثۡنَٰهُمۡ لِنَعۡلَمَ أَيُّ ٱلۡحِزۡبَيۡنِ أَحۡصَىٰ لِمَا لَبِثُوٓاْ أَمَدٗا 13﴾
﴿وَلَبِثُواْ فِي كَهۡفِهِمۡ ثَلَٰثَ مِاْئَةٖ سِنِينَ وَٱزۡدَادُواْ تِسۡعٗا 26﴾
﴿لَّٰكِنَّا۠ هُوَ ٱللَّهُ رَبِّي وَلَآ أُشۡرِكُ بِرَبِّيٓ أَحَدٗا 39﴾
﴿أَوۡ يُصۡبِحَ مَآؤُهَا غَوۡرٗا فَلَن تَسۡتَطِيعَ لَهُۥ طَلَبٗا 42﴾
﴿وَلَمۡ تَكُن لَّهُۥ فِئَةٞ يَنصُرُونَهُۥ مِن دُونِ ٱللَّهِ وَمَا كَانَ مُنتَصِرًا 44﴾
﴿هُنَالِكَ ٱلۡوَلَٰيَةُ لِلَّهِ ٱلۡحَقِّ ۚ هُوَ خَيۡرٞ ثَوَابٗا وَخَيۡرٌ عُقۡبٗا 45﴾
﴿وَتِلۡكَ ٱلۡقُرَىٰٓ أَهۡلَكۡنَٰهُمۡ لَمَّا ظَلَمُواْ وَجَعَلۡنَا لِمَهۡلِكِهِم مَّوۡعِدٗا 60﴾
﴿قَالَ ذَٰلِكَ مَا كُنَّا نَبۡغِ ۚ فَٱرۡتَدَّا عَلَىٰٓ ءَاثَارِهِمَا قَصَصٗا 65﴾
﴿قَالَ لَهُۥ مُوسَىٰ هَلۡ أَتَّبِعُكَ عَلَىٰٓ أَن تُعَلِّمَنِ مِمَّا عُلِّمۡتَ رُشۡدٗا 67﴾
﴿قَالَ إِنَّكَ لَن تَسۡتَطِيعَ مَعِيَ صَبۡرٗا 68﴾
﴿وَكَيۡفَ تَصۡبِرُ عَلَىٰ مَا لَمۡ تُحِطۡ بِهِۦ خُبۡرٗا 69﴾
﴿قَالَ سَتَجِدُنِيٓ إِن شَآءَ ٱللَّهُ صَابِرٗا وَلَآ أَعۡصِي لَكَ أَمۡرٗا 70﴾
﴿قَالَ فَإِنِ ٱتَّبَعۡتَنِي فَلَا تَسَۡٔلۡنِي عَن شَيۡءٍ حَتَّىٰٓ أُحۡدِثَ لَكَ مِنۡهُ ذِكۡرٗا 71﴾
﴿قَالَ أَلَمۡ أَقُلۡ إِنَّكَ لَن تَسۡتَطِيعَ مَعِيَ صَبۡرٗا 73﴾
﴿قَالَ لَا تُؤَاخِذۡنِي بِمَا نَسِيتُ وَلَا تُرۡهِقۡنِي مِنۡ أَمۡرِي عُسۡرٗا 74﴾
﴿قَالَ أَلَمۡ أَقُل لَّكَ إِنَّكَ لَن تَسۡتَطِيعَ مَعِيَ صَبۡرٗا 76﴾
﴿فَأَرَدۡنَآ أَن يُبۡدِلَهُمَا رَبُّهُمَا خَيۡرٗا مِّنۡهُ زَكَوٰةٗ وَأَقۡرَبَ رُحۡمٗا 82﴾
﴿وَيَسَۡٔلُونَكَ عَن ذِي ٱلۡقَرۡنَيۡنِ ۖ قُلۡ سَأَتۡلُواْ عَلَيۡكُم مِّنۡهُ ذِكۡرًا 84﴾
﴿إِنَّا مَكَّنَّا لَهُۥ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَءَاتَيۡنَٰهُ مِن كُلِّ شَيۡءٖ سَبَبٗا 85
﴿كَذَٰلِكَ ۖ وَقَدۡ أَحَطۡنَا بِمَا لَدَيۡهِ خُبۡرٗا92﴾
﴿فَمَا ٱسۡطَٰعُوٓاْ أَن يَظۡهَرُوهُ وَمَا ٱسۡتَطَٰعُواْ لَهُۥ نَقۡبٗا ٩8﴾
﴿وَعَرَضۡنَا جَهَنَّمَ يَوۡمَئِذٖ لِّلۡكَٰفِرِينَ عَرۡضًا 101﴾
﴿ٱلَّذِينَ كَانَتۡ أَعۡيُنُهُمۡ فِي غِطَآءٍ عَن ذِكۡرِي وَكَانُواْ لَا يَسۡتَطِيعُونَ سَمۡعًا 102﴾
﴿ذَٰلِكَ جَزَآؤُهُمۡ جَهَنَّمُ بِمَا كَفَرُواْ وَٱتَّخَذُوٓاْ ءَايَٰتِي وَرُسُلِي هُزُوًا 107﴾
*****
سوورەتێكی مەككەییە و لەگەڵ بەسمەلەدا سەد و یانزە ئایەت و دوانزە ڕكووعە.
لە ئیبن عەبباس و ئیبن زوبەیر (ڕەزای خوایان لێ بێت) گێڕدراوەتەوە كە هەموو سوورەتی الكهف لە مەككە دابەزیوە (الدر المنثور). وا دیارە موفەسیرەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە سوورەتەكە مەككییە. وە ڕیوایەتێك هەیە لە عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوودەوە (رضي الله عنه) دەڵێت سوورەتی “الكهف” نەك تەنها مەككەییە، بەڵكو لە سەرەتاكانی وەحیە، بەجۆرێك دەربارەی سوورەتەكانی “بني إسرائیل” و “الكهف” و “مریم” گوتوویەتی: “ئەوانە لە كۆنترین وەحیەكانن، وە لەوانەن كە لە كۆنەوە لەبەرم كردوون” (البخاري، التفسیر، سورة بني إسرائیل).
هەندێكی تر پێیان وایە سوورەتێكە لەو سوورەتانەی كە بە یەك جار دابەزیوە، وەك لە ئەنەسەوە ڕیوایەتكراوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ): “سوورەتی الكهف بە یەك جار دابەزی، لەگەڵیدا حەفتا هەزار فریشتە هەبوون” (الدر المنثور، وفردوس الأخبار للدیلمي، بەشی پێنجەم، لاپەڕە 27، ژمارەی فەرموودە: 7070).
پێویستە بزانرێت ئەم فەرموودەیە ئەوە ناگەیەنێت كە پاراستنی فریشتەكان بۆ هەندێ سوورەت زیاترە لەوانی تر؛ چونكە قەبوڵكردنی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بوترێت هەندێك سوورەت كەمتر پارێزراون لەوانی تر، ئاشكرایە ئەمە هەڵەیە. كەواتە دابەزینی فریشتەكان بۆ پاراستنی سوورەتێك لە سوورەتەكان مانای پاراستنی سوورەتەكە نیە لەكاتی دابەزیندا، بەڵكو مەبەست لێی پاراستنیەتی لەدواییدا. چونكە هەر سوورەتێك بابەتێكی دیاریكراوی لەخۆگرتووە، وە هەندێك جار هەندێ هەواڵیش لەخۆدەگرێت كە هاتنەدی ئەو هەوڵانانە بەڵگەیە لەسەر ڕاستی سوورەتەكە؛ وە ئەو هەواڵانەش هەندێك جار تایبەتن بە گۆڕانكاریە سروشتیەكان، هەندێك جاریش تایبەت دەبن بە كردارەكانی مرۆڤ. وە ئەو پێشبینیانەی كە پەیوەندیان بە كردەوەكانی مرۆڤەوە هەیە گرنگیەكی زۆریان هەیە، چونكە ئەو كەسانەی ئەم پێشبینیانە لە سزا ئاگاداریان دەكەنەوە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی سزاكە لە خۆیان دووربخەنەوە. وە لەبەرئەوەی بە گشتی هەواڵەكان لە بارودۆخێكی زۆر ناهەموار و نەگونجاودا ڕادەگەیەنرێن، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی هۆكارە ماددیەكان بەدیهاتنیان بە مەحاڵ یان زۆر بە دوور دادەنرێت، وە بەبێ ئەوەی خوا لە غەیبەوە یارمەتی خۆی بنێرێت ئەستەمە بێنەدی. بۆیە ئەگەر سوورەتێك دابەزێت و كۆمەڵێك هەواڵی تێدابێت كە هێزە دوژمنكارەكان بە هەموو شێوەیەك هەوڵی پووچەڵكردنەوەیان بدەن، ئەوا خوای گەورە فەرمان بە فریشتەكانی دەكات -كە ڕاپەڕێنەری كاروبارە جۆراوجۆرەكانی جیهانن- هۆكاری گونجاو بسازێنن بۆ ئەوەی ئەو هەواڵانە بە بێ هیچ بەربەستێك بێنەدی. ئاشكرایە هەتا هەواڵەكە كاریگەریی فراوانتری هەبێت پیلانی دوژمن بۆ پووچەڵكردنەوەی گەورەتر و زیاتر دەبێت، وە ئەو ئامرازانەی كە بۆ ئەو مەبەستە بەكاریدەهێنێت زۆرتر دەبن، بۆیە خوای گەورە بە هەمان ئەندازە هۆكار دەخاتەگەڕ بۆ هێنانەدی هەواڵەكە. وە بەو پێیەی هەموو هۆكارەكانی جیهان سپێردراون بە فریشتەكان، وە بەپێی ئەو یاسایانەی كە خوای گەورە دایناون جێبەجێیان دەكەن، بۆیە ئەگەر سوورەتێك هەواڵێكی خوایی لەم شێوەیەی تێدا بوو، ئەوا فەرمان بەو فریشتانە دەكرێت -كە ئەو هەواڵە بەهۆی ئەو هۆكارانەی لەژێر دەستی ئەواندایە دێتەدی- پارێزگاری بكەن لە ناوەڕۆكی ئەو سوورەتە.. واتە ئەو هۆكارانە ئامادە بكەن كە پێویستن بۆ هاتنەدی ئەو هەواڵەی تێیدا هاتووە. كەواتە پاراستنەكە لەكاتی دابەزینی سوورەتەكەدا نابێت لە ئاسمانەوە بۆ زەوی، بەڵكو پاراستنی ڕاستەقینە دوای دابەزینی دەست پێدەكات، وە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی پێشبینیەكانی ناو سوورەتەكە دێنەدی.
بەڵام سەبارەت بە دەستوەردانی شەیتان یان دەستكاری مرۆڤ، هەموو سوورەتێك.. بگرە هەموو ئایەت و وشەیەك، وە تەنانەت هەموو سەر و بۆرێكی قورئانی پیرۆز وەكو یەك پارێزراون و بەو شێوەیەش بەردەوام بە پارێزراوی دەمێننەوە، وە لەم بارەیەوە هیچ تایبەتمەندیەك نیە بۆ هەندێكیان و بۆ هەندێكی تریان نەبێت.
وە لەبەرئەوەی سوورەتی “الكهف” هەواڵی لەناوچوونی نەتەوە ستەمكارەكانی وەكو یەئجووج و مەئجووج و ئاژاوەی كۆتایی مەسیحییەكانی لە خۆگرتووە، بۆیە دابەزینی حەفتا هەزار فریشتە لەگەڵ ئەم سوورەتەدا ئەوە دەگەیەنێت كە خوای گەورە لەكاتی دابەزینیەوە هەزاران فریشتەی خستووەتەگەڕ بۆ هێنانەدی ئەو هەواڵەی تێیدا هاتووە.
كاتی دابەزینی سوورەتەكە:
نووسەرە مەسیحیەكان پێیان وایە سوورەتی “الكهف” لە دەوروبەری ساڵی شەشەمی پێغەمبەرایەتیدا دابەزیوە (تەفسیری قورئان، “وێری”)، بەڵام زۆر ڕێی تێدەچێت لە ساڵی چوارەم یان پێنجەمی پێغەمبەرایەتیدا دابەزی بێت، هەروەك ڕیوایەتەكەی عەبدوڵڵای كوڕی مەسعوود (رضي الله عنه) كە لەپێشدا باسمان كرد ئاماژەی پێداوە.
پەیوەندی سوورەتی “الكهف” بە سوورەتی “الإسراء”ەوە
لەبارەی پەیوەندی سوورەتی “الكهف” بە سوورەتی “الإسراء”ەوە موفەسیرەكان بەم شێوەیە باسیان كردووە:
جوولەكەكان دەربارەی سێ شت پرسیاریان لە پێغەمبەر (ﷺ) كرد: ڕۆح و یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەین، وەڵامی پرسیاری ڕۆح دواخرا و لە سوورەتی “الإسرء”دا دانرا، لەكاتێكدا وەڵامی دوو پرسیارەكەی تر بە پەلە و بە یەكجار هات و لە سوورەتی “الكهف”دا دانرا (البحر المحيط، والدر المنثور).
بەڵام ئەم وەڵامە قایلكەر نیە، چونكە سوورەتی “الكهف” بابەتی تریشی لەخۆگرتووە وەك نموونەی دوو بەهەشتەكە و گەشتی مووسا و هتد. ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێت و موفەسیرەكان بێدەنگ بوون لێی ئەوەیە: بۆچی ئەم بابەتانەی تر لە سوورەتی “الكهف”دا باسكراون؟
قەشە “وێری” بە ڕەچاوكردنی ئەو ڕووداوانەی كە لەم سوورەتەدا هاتوون دەڵێت: دەبێت ناوی بنرێت سوورەتی سەرسوڕهێنەرەكان! (تەفسیری قورئان، “وێری”).
من پێم وایە موفەسیرە موسوڵمانەكان تەفسیرێكی دروستیان نەكردووە، هەروەها قەشە “وێری”یش لە حوكمەكەیدا ڕاستی نەپێكاوە، چونكە هەموویان شكستیان هێناوە لە تێگەیشتن لە بابەتی سوورەتەكە و ئامانجەكەی. لەڕاستیدا زیهنی موفەسیرەكان بەردەوام سەرقاڵ بووە بە هەندێ ڕیوایەتی ناتەواو یان لاوازەوە كە دەیانگوت جوولەكەكان دەربارەی سێ بابەتی سەیر پرسیاریان لە پێغەمبەر (ﷺ) كردووە، وە لەبەر ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە لەم سوورەتەدا هاتووە، بۆیە هەوڵیان نەداوە لە هیچ ڕوانگەیەكی ترەوە لەم سوورەتە وردببنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز پەسەند نیە كە بوترێت ڕووداوێك لە ڕووداوەكان لە قورئانی پیرۆزدا باسكراوە تەنها لەبەر ئەوەی جوولەكە پرسیاریان كردووە لەبارەیەوە. قورئانی پیرۆز بەرنامەیەكی تەواوە، وە هیچ پەیوەندیەكی بە پرسیاری كەسێكەوە نیە، وە دەبوو هەموو ئەو شتانە باس بكات كە پەیوەندیان بە ڕەشت و بەندایەتی و ڕۆحانیەت و پارێزكاری و شارستانیەت و ئابووری و سیاسەت و هتدەوە هەیە. بۆیە ئەگەر ئەم سێ بابەتە پەیوەندیان بە ئایین و ئەمانەتەوە هەبووە ئەوا هەرچۆنێك بووە دەبوو قورئان باسی بكردنایە، ئەگینا هەرگیز قورئان باسی نەدەكردن تەنانەت ئەگەر جوولەكە ملیۆنێك جار پرسیاریان بكردایە لەبارەیانەوە.
هەروەها ئەوەش پەسەند نیە كە بگوترێت ئەم بابەتانە پێكەوە باسكراون چونكە جوولەكە لە یەك كاتدا پرسیاریان كردووە لەبارەیانەوە. چونكە مرۆڤ هەندێك جار پرسیار لە چەند شتێك دەكات، وە كێشە نیە كە بەپێی ڕیزبەندیەكەیان لە یەك دانیشتندا وەڵام بدرێنەوە، بەڵام هەرگیز شایستە نیە بە كتێبێكی ئاسمانی جیهانی هەتاهەتایی كە تایبەت نەبێت بە گەلێك یان سەردەمێكی دیاریكراو، لە یەك كاتدا وەڵامی شتانێكی جیاواز بداتەوە بەبێ ڕەچاوكردنی ئەوەی كە ئایا پەیوەندی هەیە لەنێوانیاندا یان نا؟ لەبەر ئەم شتانە پێم وایە كە ئەم بیروبۆچوونانە بەهۆی كەمی تێڕامانەوە دروست بوون، یان لەو كاتەدا هێشتا وادەی چارەسەركردنی ئەو گرفتانە نەهاتبوو.
پاشان بە تەواوەتی دژی عەقڵ و دژی مەزنی و گەورەیی قورئانە كە بوترێت وەڵامی دوو پرس بە پەلە دابەزی و لە سوورەتی “الكهف”دا دانرا، لەكاتێكدا وەڵامی پرسی سێیەم دواكەوت و لە سوورەتی “الإسراء”دا دانرا. پرسیارە لۆژیكیەكە كە لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: هۆكاری پەلەكردنی وەڵامدانەوەی دوو پرسەكە چی بوو بەبێ پرسی سێیەم؟
لەناو موفەسیرەكاندا هەیانە ئەوەی گەڕاندووەتەوە بۆ هۆكارێكی تر و گوتویەتی: چونكە قورئان وەڵامی دوو پرسیارەكەی دایەوە، بەڵام لە وەڵامی پرسیاری سێیەم خۆی بوارد!
دەڵێم: یەكەم، ئەم بۆچوونە بەڵگەیە لەسەر نەزانی خاوەنەكەی، چونكە قورئانی پیرۆز هەرگیز خۆی نەبواردووە و دوودڵ نەبووە لە وەڵامدانەوەدا، بەڵكو بەشێوەیەكی تەواو و دڵنیابەخش وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە كە پەیوەندی بە ڕۆحەوە هەیە.
دووەم، ئەم بۆچوونەی ئەویش لەسەر بنەمای هەمان ئەو بیربۆچوونە دامەزراوە كە دەڵێت گوایە خوای گەورە پێویستی بە پرسیارەكانی جوولەكە هەبووە بۆ خستنەڕووی حوكمەكان لە كتێبێكدا كە دواهەمین و تەواوترین كتێبە، یان ئەوەتا خوا (سبحانه وتعالى) ناچار بووە ئەو حوكمانە ڕوون نەكاتەوە مەگەر دوای ئەوەی جوولەكە پرسیاریان كردبێت لەبارەیانەوە! لەڕاستیدا قورئان وەڵامی هەموو گومانێكی جوولەكە و هاوبەشدارەكان دەداتەوە، بەڵام نەك بەهۆی پرسیاری ئەوانەوە، بەڵكو هەر كاتێك قورئان تاوتوێی بابەتێك لە بابەتەكان دەكات، وەڵامی هەموو ئەو وەسوەسە و گومانانە دەداتەوە كە دەكرێت لە دژی ئەو بابەتە بورووژێندرێن، بەبێ گوێدان بەوەی ئایا جوولەكە و هاوبەشدارەكان ورووژاندوویانە یان نا، یان لەو بۆنەیەدا ورووژاندوویانە یان لە بۆنەیەكی تردا. لەڕاستیدا قورئانی پیرۆز هەرگیز گوێنادات بە هۆكارە كاتیەكان، بەڵكو جەخت دەكاتەوە لەسەر بابەتە سەرەكیەكەی خۆی، چونكە تەنها بۆ خەڵكی سەردەمی خۆی دانەبەزیوە، بەڵكو بۆ هەموو سەردەمەكان دابەزیوە، بۆیە جەخت دەكاتەوە لەسەر وەڵامدانەوەی هەموو ئەو ڕەخنانەی كە دەگیرێن لەو بابەتەی كە قورئان جەخت دەكاتەوە لەسەری، بەبێ گوێدان بەوەی كەسێك ئەو ڕەخنانە دەگرێت یان نا.
شایەنی سەرنجە ئەو گێڕانەوانەی كە موفەسیرەكان بۆچوونەكانی خۆیانیان لەسەر بنیات ناوە، لەڕووی عەقڵ و گێڕانەوەشەوە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت. گێڕانەوەیەك هەیە كە دەدرێتەپاڵ ئیبن عەبباس و تێیدا هاتووە خەڵكی مەككە شاندێكیان نارد بۆ لای جوولەكەكانی مەدینە، و پێیان گوتن: كەسێك لای ئێمە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات، ئێوە شتێكمان بدەنێ بۆ ئەوەی ئەو پیاوەی پێ تاقی بكەینەوە تا درۆكەی بۆ خەڵكی ئاشكرا بێت؟ ئەوانیش گوتیان: دەربارەی سێ شت پرسیاری لێ بكەن، ئەگەر هەواڵی ئەو شتانەی پێدان ئەوا پێغەمبەرێكی نێردراوە، ئەگینا ئەو پیاوە درۆزنە. شاندەكە گەڕایەوە، وە لە پێغەمبەریان (ﷺ) پرسی: یارانی ئەشكەوت كێن؟ بەسەرهاتی زولقەڕنەین چی بوو؟ ڕۆح چیە؟ پێغەمبەر (ﷺ) پێی فەرموون: سبەی هەواڵتان پێ دەدەم. بەڵام بۆ ماوەی پانزە ڕۆژ وەحی نەكرا بۆی، ئەویش زۆر خەمبار بوو، وە بێباوەڕەكان دڵخۆش بوون. لە كۆتاییدا جبریل بە وەحیەوە دابەزی، پێغەمبەریش (ﷺ) پێی فەرموو: بۆچی ئەو هەموو ماوەیە دواكەوتی؟ ئەویش گوتی: لەبەر ئەوەی لەلایەن خوای گەورەوە سەرزەنشت كرایت، چونكە نەتگوت: إن شاء الله (ئەگەر خوا بیەوێت). پاشان پێغەمبەری (ﷺ) ئاگاداركردەوە لە وەڵامی ئەو سێ پرسیارە. وەڵامی دوو پرسیار لە سوورەتی “الكهف”دا هات، لەكاتێكدا وەڵامی سێیەم لە سوورەتی “الإسراء”دا هات (الدر المنثور، سوورەتی “الكهف”).
ڕیوایەتێكی تر هەیە ئەویش دەدرێتەپاڵ ئیبن عەبباس (رضي الله عنه) كە گوایە بێباوەڕەكان شاندێكیان ناردووە بۆ لای جوولەكەكانی مەدینە بۆ ئەوەی ڕاوێژیان پێ بكەن لەبارەی پێغەمبەری خواوە (ﷺ). ئەوانیش گوتوویانە: “دەربارەی سێ شت پرسیاری لێ بكەن: یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەین و ڕۆح. ئەگەر دەربارەی دوانیان هەواڵی پێدان، و دەربارەی سێیەم هەواڵی نەدا، ئەوا پێغەمبەرە، بەڵام ئەگەر نەیتوانی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە یان وەڵامی ڕۆحیش بداتەوە، ئەوا درۆزنە. [تێبینی: ئێمە نەمانتوانی گێڕانەوەیەك بدۆزینەوە كە ئەو وشانەی تێدابێت كە هێڵمان بەژێردا هێناوە. (وەرگێڕی عەرەبی)] ئێمە پرسیارمان كردووە لە موسەیلەمەی درۆزن دەربارەی ئەم سێ شتە بەڵام نەیزانی ئەوانە چین. وە دوای ئەوە ئەم ڕیوایەتە هەمان شت دەڵێت كە لە گێڕانەوەكەی پێشوودا هاتووە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەمەی زیادكردووە: پێغەمبەر (ﷺ) هەواڵی پێدان دەربارەی باسوخواسی زولقەڕنەین و یارانی ئەشكەوت، و دەربارەی ڕۆح فەرمووی: ﴿قُلِ ٱلرُّوحُ مِنۡ أَمۡرِ رَبِّي﴾ (سەیری سەرچاوەی پێشوو بكە).
یەكەم: ئەم ڕیوایەتانە دەدرێنەپاڵ ئیبن عەبباس (رضي الله عنه) كە سێ یان چوار ساڵ دوای ئەم ڕووداوە لە دایكبووە. ئەگەر ئەم ڕووداوە گرنگیەکی ئەوتۆی نەبوایە، ئەوا دەمانتوانی بڵێین کە هاوەڵانەكانی تر نەیاندەگێڕایەوە، چونکە بە پێویستیان نەدەزانی باسی ڕووداوێکی بێ بایەخ بکەن. وە ئەگەر ڕووداوێكی تایبەت بوایە بە ئەهلی بەیتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەوا دەمانگوت كە ئەهلی بەیتەكەی شارەزاترن لێی. بەڵام ئەم ڕووداوە بەڕادەیەك گرنگ بووە كە خەڵكی مەككە شاندێك دەنێرن بۆ مەدینە كە سێ سەد میل لە مەككەوە دوورە، پاشان شاندەكە دەگەڕێتەوە و پرسیار لە پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن دەربارەی ئەو سێ پرسیارە و وەحی ڕادەوەستێت، بەمەش بێباوەڕەكان دڵخۆش دەبن و پێغەمبەر (ﷺ) خەمبار دەبێت! بەڵام سەیرە لەناو ئەو هاوەڵانەی كە لەو كاتەدا بوونیان هەبووە ئێمە كەسێك نادۆزینەوە كە باسی ڕووداوێكی لەم شێوەیە بكات، وە تاكە كەسێك كە باسی دەكات هێشتا لەو كاتەدا لەدایك نەبووە!
ڕەخنەیەكی تر ئەوەیە كە هەردوو ڕیوایەتەكە دەدرێنەپاڵ ئیبن عەبباس، وە هەریەكەیان دژی ئەوی ترە، چونكە یەكێكیان دەڵێت جوولەكە گوتویانە: ئەگەر نەیتوانی وەڵامی سێ پرسیارەكە بداتەوە ئەوا كەسێكی درۆزنە، لەكاتێكدا گێڕانەوەكەی تر دەڵێت جوولەكە گوتوویانە هەواڵتان پێ دەدات دەربارەی دووانیان، وە هەواڵتان پێ نادات دەربارەی سێیەمیان، وە ئەگەر هەواڵیدا دەربارەی سێیەمەكە ئەوا درۆزنە. ئێستا كام لەم دوو ڕیوایەتە وەربگرین؟ ئەگەر ئەوە وەربگرین كە دەڵێت ئەگەر ڕاستگۆ بێت ئەوا هەواڵ دەدات دەربارەی هەر سێ شتەكە، ئەوا ئەوانەی دەڵێن: بۆچی وەڵامی پرسیاری سێیەم نەهات چی بكەن؟ ئایا گێڕانەوەكەی تر بە درۆ بزانن، یان -پەنا بە خوا- پێغەمبەر (ﷺ) بە درۆزن بزانن؟ بەڵام ئەگەر ئەو ڕیوایەتە وەربگرین كە دەڵێت ئەگەر وەڵامی پرسیارەگە دەربارەی “ڕۆح”یش بداتەوە ئەوا درۆزنە، ئەوا ئەو كەسانەی كە دەڵێن لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلِ ٱلرُّوحُ مِنۡ أَمۡرِ رَبِّي﴾ وەڵامێكی گشتگیر و دڵنیابەخش هەیە چی بكەن؟ ئایا گێڕانەوەكەی تر بە درۆ بزانن، یان -پەنا بە خوا- پێغەمبەر (ﷺ) بە درۆزن بزانن؟
بەڵام من پێم وایە ئەو شتانەی لە هەردوو ڕیوایەتەكەدا هاتوون دژی عەقڵن، بۆیە هەردووكیان باتڵن، وە پێغەمبەریش (ﷺ) بەدڵنیاییەوە ڕاستگۆیە.
بەڵام بەڵگە لەسەر ئەوەی هەردووكیان پێچەوانەی عەقڵن بەم شێوەیە دەخرێتەڕوو: ئایا جوولەكە وەڵامی هەر سێ پرسیارەكەیان دەزانی یان نا؟ ئەگەر وەڵامەكانیان دەزانی ئەوا زۆر گەمژەییە ئەو پرسیارانە لە پێغەمبەر بكەن بۆ ئەوەی بزانن ڕاستگۆیە یان نا، لەكاتێكدا هەزاران جوولەكە وەڵامەكانیان دەزانن. گریمان پێشبینكارێكی درۆزن گوێبیستی وەڵامی ئەو پرسیارانە بوو لە جوولەكەوە و بەشێوەیەكی ڕاست وەڵامی هەر سێ پرسیارەكەی دایەوە، ئایا ئەو درۆزنە بە پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ دادەنرێت؟
وە ئەگەر بگوترێت: جوولەكە وەڵامی پرسیارەكانیان نەدەزانی، من دەڵێم: ئایا گەمژەییەكی گەورە نیە كە جوولەكە بۆ زانینی ڕاستگۆیی پێغەمبەر (ﷺ) كۆمەڵە پرسیارێكی ئاراستە بكەن كە خۆیان وەڵامە ڕاستەكانیان نازانن؟ وە مادام نازانن ئەو وەڵامانە ڕاستن یان هەڵەن، ئایا تەنھا بەوەندەی وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە -وەڵامەكان هەرچییەك بن- باوەڕی پێدەكەن و بەڕاستی دەزانن؟
هەمان ڕەخنە لەو دوو پرسیارەش دەگیرێت كە لە گێڕانەوەی دووەمدا هاتوون. وە لەبەرئەوەی وەڵامێكی دروست و لۆژیكی بۆ ئەم ڕەخنەیە نیە، كەواتە گومانی تێدا نیە ئەو دوو ڕیوایەتە لەلایەن هەندێ كەسی درۆزنەوە هەڵبەستراون.
وە ڕەخنەی سێیەم كە لە ڕیوایەتی دووەم دەگیرێت ئەوەیە: لە ڕیوایەتەكەدا هاتووە جوولەكە بە شاندەكەیان گوتووە ئێمە دەربارەی ئەم سێ شتە پرسیارمان كردووە لە موسەیلەمەی درۆزن، بەڵام ئەو نەیزانی چین. ئەم بەشەی ڕیوایەتەكە بەسە بۆ پووچەڵكردنەوەی. چونكە گومانی تێدا نیە موسەیلەمە یەكێك بووە لە گەورەكانی بەنی حەنیفە، وە لە مێژوودا سەلمێندراوە ئەوان پێش ڕێککەوتنی حودەیبیە مەسیحی بوون و دواتر لەسەر دەستی پێغەمبەری خوا (ﷺ) موسوڵمان بوون. وە موسەیلەمە -كە دواتر لە ئیسلام هەڵگەڕایەوە و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد- لەگەڵ گەلەكەیدا هات بۆ مەدینە و موسوڵمان بوو، وە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی بە گەلەكەی كرد كە بگەڕێنەوە بۆ زێدەكانیان و كڵێساكەیان بكەن بە مزگەوت، وە بەردەوام بن لەسەر نوێژ. (الزرقاني، الجزء الرابع، الوفد الخامس؛ وطبقات ابن سعد، ذكر وفادات العرب علی رسول الله ﷺ، وفد بني حنیفة؛ وحیاة محمد للسیر ولیم مویر)
وە چەسپاوە كە موسەیلەمە لە كۆتایی قۆناغی مەدینە لە ژیانی پێغەمبەرماندا (ﷺ) بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە. ئیتر چۆن دەكرێت جوولەكەكان بچن بۆ لای و دەربارەی ئەم سێ بابەتە پرسیاری لێ بكەن لەكاتێكدا پەیوەندیان بەو ماوەیەوە هەیە كە پێغەمبەر لە مەككە نیشتەجێ بووە و هێشتا موسەیلەمەی درۆزن بانگەشەی پێغەمبەرایەتی نەكردبوو؟
كەواتە هەردوو ڕیوایەتەكە هەڵە و باتڵن، وە ناكرێت بەگوێرەی ئەو دوو ڕیوایەتە ئایەتەكانی قورئان تەفسیر بكرێن. ئێستا كە سەلمێندرا ئەو دوو ڕیوایەتە باتڵن، كەواتە نابێت گرنگیان پێ بدەین، بەڵكو دەبێت لە قورئان وردببینەوە بۆ ئەوەی لە حیكمەتی ڕیزكردنی ناوەڕۆكی ئەم سوورەتە تێبگەین.
وە ئێستا ئەوەتان پێدەڵێم كە خوا (عز وجل) لەم بارەیەوە بۆ منی دەرخستووە، لەلایەكەوە پەیوەندی نێوان سوورەتی “الكهف” و سوورەتی “الإسراء”، وە لەلایەكی ترەوە پەیوەندی نێوان ئەو ڕووداوانەی كە لەم سوورەتەدا هاتوون لەگەڵ ئەوەی كە لە سوورەتی “الإسراء”دا هاتووە دەخەمەڕوو بۆتان.
بزانن من پێشتر سەلماندم سوورەتی “النحل” هەواڵێكی تێدایە دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی موسوڵمانان لەگەڵ جوولەكە و مەسیحیەكاندا، وە سوورەتی “الإسراء” ئەم هەواڵەی زیاتر ڕوونكردەوە، بەجۆرێك تێیدا هاتووە خوای گەورە پێغەمبەرەكەی خۆی (ﷺ) دەبات بۆ ئەو شوێنەی كە تێیدا بەركەوتن دەكات لەگەڵ جوولەكە و مەسیحیەكاندا، وە ئەوانیش دژایەتی ئەو (ﷺ) دەكەن، پاشان شكست دەهێنن. هەروەك سوورەتی “الإسراء” كەشفێكی لەخۆگرتبوو كە تێیدا هەواڵێك هاتبوو دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی ناوچە بەڵێندراوەكان بە جوولەكە لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ). هەروەها سوورەتی “الإسراء” ئەوەشی باس كردووە كە بڕیار درابوو جوولەكە دوو جار یاخی بن و خراپەكاری لە زەویدا بەرپا بكەن؛ وە یاخیبوونی یەكەمیان لە سەردەمی داووددا (عليه السلام) بوو، بەهۆی سەرپێچی و یاخیبوونیانەوە لە وڵاتەكەیان دەركران، پاشان تۆبەیان كرد، وە خوا جارێكی تر ئەوانی گەڕاندەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان. وە سەرپێچی و یاخیبوونی دووەمیان لە سەردەمی مەسیحدا بوو، وە پەرستگاكانیان ڕوخێنرا، وە لە زەویە بەڵێندراوەكەیان دەركران.
ئەم پێشبینیانە باسی بەشی یەكەمی ئوممەتی مووسایی دەكرد كە بریتین لە جوولەكە، بەڵام پرسیارێك هەبوو كە دەبوو وەڵام بدرێتەوە ئەویش ئەوەیە: هێشتا بەشەكەی تری ئوممەتی مووسایی هەن كە مەسیحیەكانن، وە ئەوان لەو سزایەدا بەشدار نەبوون كە تووشی جوولەكە بوو؛ ئیتر بۆچی لەمەوە ئەوە نەفامرێتەوە كە ئەو هەواڵانەی دەربارەی پێشكەوتن و بەرزبوونەوەی ئوممەتی مووسایی هاتوون لەڕێگەی مەسیحیەكانەوە دێنەدی دوای لەناوچوونی جوولەكە؟
هەروەها پرسیارێكی تریش هەبوو دەبوایە ئەویش وەڵام بدرێتەوە كە بریتی بوو لە: لە داهاتوودا ئەو موسوڵمانانە تووشی چی دەبن كە خوای گەورە ئاگاداری كردوونەتەوە لەوەی شوێن پێی جوولەكە هەڵنەگرن بۆ ئەوەی ئەوانیش وەكو جوولەكە تووشی دوو لەناوچوون نەبن؟
سوورەتی “الكهف” وەڵامی ئەم دوو پرسیارەی داوەتەوە، بەجۆرێك باسی بارودۆخەكانی بەشی دووەمی ئوممەتی مووسایی كردووە كە مەسیحیەكانن؛ هەروەها باسی ئەوەشی كردووە كە خوای گەورە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو موسوڵمانانە دەكات كە شوێن پێی جوولەكەكان هەڵدەگرن.
پرسیارێكی تریش هەیە: پەیوەندی نێوان چیرۆكی یارانی ئەشكەوت و نموونەی دوو بەهەشتەكە چیە لەگەڵ ڕووداوەكانی ئیسڕای مووسایی و زولقەڕنەین و یەئجووج و مەئجووجدا؟ وەڵامەكە ئەوەیە ئەم ڕووداوانە هەواڵمان پێ دەدەن دەربارەی سەرەتای ئوممەتی مەسیحی و كۆتاییەكەی، هەروەها ئاماژە بەو مەینەتی و گیروگرفتانەیش دەكەن كە ئوممەتی مەسیحی بۆ موسوڵمانان دروستیان دەكەن لە ئەنجامی بێ ئاگا بوونیان لە ئایین.
یارانی ئەشكەوت مەسیحیە سەرەتاییەكانن كە لەپێناو ئاییندا زۆرترین ئازاریان چەشت، خوای گەورەش لە كۆتاییدا پاداشتی ئەم قوربانیە مەزنانەی دانەوە، وە بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی پێشكەوتنی ماددی و ڕۆحی پێبەخشین. ئەمەش پێش دەركەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) بووە، بەڵام ئەو مەسیحیانەی كە لەكاتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا (ﷺ) هەبوون، لە ڕێگای ڕاست لایاندا بوو، وە خوای گەورە بە باسكردنی یارانی ئەشكەوت ئاماژەی بەوە داوە كە كاتێك جوولەكە پەروەردگاری خۆیان تووڕە كرد خوای گەورە یارانی ئەشكەوتی هەڵبژارد، یان بە واتایەكی تر، مەسیحیە سەرەتاییەكانی هەڵبژارد كە پابەند بوون بە حەق و ڕاستیەوە و بەتایبەتی فەزڵ و نیعمەتەكانی خۆی ڕژاند بەسەریاندا.
دوای ئەم ڕوونكردنەوەیە شتێكی سروشتی بوو كە قورئان وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە كە خۆی دەسەپێنێت: بۆچی ئەم مەسیحیانە بێبەش كران لە فەزڵی خوای گەورە؟ بە هێنانەوەی نموونەی دوو بەهەشتەكە وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە بەجۆرێك خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە كە ئێمە دوو بەهەشتمان بە ئوممەتی مووسایی بەخشی، ئەوانیش بریتی بوون لە بەهەشتی پێشكەوتنی ئوممەتی جوولەكە و بەهەشتی پێشكەوتنی ئوممەتی مەسیحی. درێژەی بەهەشتی یەكەمیان لە سوورەتی “الإسراء”دا باسكراوە، لەكاتێكدا لە باسی یارانی ئەشكەوت دەستی كردووە بە قسەكردن دەربارەی بەهەشتی دووەمیان. پاشان خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە كە دواتر ئەم گەلە نكوڵیان كرد لە خاوەنی ڕاستەقینەی هەردوو بەهەشتەكە كە خوای گەورەیە (سبحانه وتعالى)، وە لەبیریان كرد، وە براكانی خۆیان واتە نەوەی ئیسماعیلیان بە كەم سەیركرد، وایانزانی خوای گەورە نیعمەتەكانی خۆی دەبەخشێت پێیان چونكە مافی خۆیانە. خوایش (سبحانه وتعالى) وەڵامی پاڕانەوەی ئەو ستەملێكراوانەی دایەوە كە بە كەم سەیركرابوون، وە هەردوو بەهەشتەكەی ئەو خۆبەزلزانانەی سووتاند، مەبەستم ئەوەیە خوای گەورە شكۆی هەردوو ئوممەتەكەی شكاند واتە ئوممەتی جوولەكە و مەسیحی، وە فەزڵی بەخشی بە نەوەكانی ئیسماعیل بەجۆرێك چەندین بەهەشتی بەخشی بەو كەسانەی بە كەم سەیردەكران كە باشتر بوون لە دوو بەهەشتەكەی ئەو كەسانەی بە كەم سەیریان دەكردن.
بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە، دوای نموونەی دوو بەهەشتەكە باسی ڕووداوی ئیسڕای مووسای كردووە (عليه السلام) كە تێیدا پێشكەوتنی ئوممەتەكەی خۆی پیشاندرا، هەروەك چۆن پێغەمبەر (ﷺ) پێشكەوتنی ئوممەتەكەی پیشاندرا لە ڕووداوی ئیسڕاكەی خۆیدا كە لە سوورەتی “الإسراء”دا باسكراوە. وە خوای گەورە لە ڕێگەی ئیسڕاكەیەوە ئاشكرای كرد بۆ مووسا (عليه السلام) كە ئوممەتەكەی بە چ شێوەیەك پێشدەكەوێت و بڵند دەبێتەوە، وە لە كوێدا دەوەستێت بۆ ئەوەی بەرەكەتە ئاسمانیەكان لە ئوممەتەكەیەوە بۆ نەوەی ئیسماعیل بگوازرێتەوە.
دوای باسكردنی هەواڵی گواستنەوەی ئەم بەرەكەتانە خوای گەورە ڕایگەیاندووە و فەرموویەتی ئەو سەرپێچیكارانەی ئوممەتی موحەممەد (ﷺ) كە گوێنادەن بە ئایین، خوا بە دەستی بەشی دووەم و لادەری ئوممەتی مووسایی سزایان دەدات، واتە بە دەستی یەئجووج و مەئجووج كە دەبن بە شوێنكەوتەی مەسیحیەت و بڵاودەبنەوە و ڕۆژێك لە ڕۆژان دەست دەگرن بەسەر هەموو جیهاندا. وە بۆ ئەوەی خوای گەورە ڕایبگەیەنێت كە ئەم گەلە ئەمڕۆ بوونی هەیە [واتە لەكاتی دابەزینی قورئاندا (وەرگێڕی عەرەبی)]، بەڵام خوای گەورە بە حیكمەتی تەواوی خۆی ناهێڵێت بڵاوببنەوە و گەشە بكەن، ئەو هۆكارانەی باسكردووە كە ڕێگرن لە بڵاوبوونەوەیان؛ وە باسی ئەوەی كردووە كە كەسێك بە ناوی زولقەڕنەین هۆكار بووە بۆ ئەوەی یەئجووج و مەئجووج لە هەموو ئەو ماوەیەدا لە ناوچەكانی تری جیهانی داببڕێن.
بەم شێوەیە خوای گەورە ئەو ڕووداوانەی باسكردووە كە بەسەر هەردوو بەشەكەی ئوممەتی مەسیحیدا هاتووە؛ بەشی یەكەمیان بریتین لە یارانی ئەشكەوت كە مەسیحیە ڕاستەقینەكانن، بەشەكەی تریان ئەو گەلەن كە چوونەناو مەسیحیەتەوە و ئەو ڕۆحەیان لەناوبرد كە یارانی ئەشكەوت پێی ڕازابوونەوە، بەجۆرێك تەنها لە ڕواڵەتدا باوەڕیان بە مەسیحیەت هێنا، بەڵام لە ڕاستیدا تەواو بێ ئاگا بوون لە ڕۆحی ئایینەكەیان.
لە كۆتاییدا ڕایگەیاندووە خوای گەورە بە ناردنی جۆرەها سزا ئاژاوەی یەئجووج و مەئجووج تێكدەشكێنێت، وە لە ڕێگەی زولقەڕنەینی دووەمەوە موسوڵمانان ڕزگار دەكات.
پوختەی قسە ئەوەیە كە سوورەتی “الكهف” باسی دوو قۆناغی ئوممەتی مەسیحی دەكات؛ قۆناغی چاكیان و قۆناغی خراپیان، وە ڕایدەگەیەنێت كە دامەزراندنی ئوممەتی موحەممەدی لەنێوان ئەم دوو قۆناغەدا بڕیاری لێدراوە. هەروەها ئەوەش ڕادەگەیەنێت كە خوا (سبحانه وتعالى) بۆ سزادانی سەرپێچیكارە موسوڵمانەكان دەستەیەكی مەسیحی بێ ئایینی داناوە كە بریتین لە یەئجووج و مەئجووج، وە ئەم دەستەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان دەردەكەوێت و شكۆی موسوڵمانان دەشكێنن؛ بەڵام خوای گەورە لە كۆتاییدا بە ڕەحمەت و فەزڵی خۆی ئیسلام لە ئاژاوەی ئەوان دەپارێزێت.
ئەمە پوختەی سوورەتی “الكهف”ە، وە لەكاتی تەفسیركردنی ئایەتەكاندا وردەكارییەكان دەیانخەینەڕوو.
ئەم ڕیزبەندیەی بابەتەكانی سوورەتی “الكهف”م خستەڕوو بە ڕەچاوكردنی پەیوەندیەكەی بە سوورەتەكانی پێش خۆیەوە.. وە پەیوەندیی سەرەتاكانی ئەم سوورەتە بە كۆتایی سوورەتی “الإسراء”ەوە زۆر ڕوونە، چونكە خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتی “الإسراء”دا دەفەرموێت: ﴿وَقُلِ ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ ٱلَّذِي لَمۡ يَتَّخِذۡ وَلَدٗا وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ شَرِيكٞ فِي ٱلۡمُلۡكِ وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ وَلِيّٞ مِّنَ ٱلذُّلِّ ۖ وَكَبِّرۡهُ تَكۡبِيرَۢا﴾، لەكاتێكدا لە سەرەتای سوورەتی “الكهف”دا ڕوونی كردووەتەوە كە ئامانج لە دابەزینی قورئان بۆ سەر موحەممەدی پێغەمبەری خوا چی بووە و فەرموویەتی: ﴿وَيُنذِرَ ٱلَّذِينَ قَالُواْ ٱتَّخَذَ ٱللَّهُ وَلَدٗا﴾. ئەو سوورەتەی بەوە كۆتایی پێهێناوە كە ڕایگەیاندووە خوای گەورە هیچ كوڕێكی نیە، لەكاتێكدا ئەم سوورەتەی بەوە دەست پێكردووە كە فەرموویەتی موحەممەدی پێغەمبەری خوا هاتووە بۆ ئەوەی لەناوچوونی ئەو كەسانە ڕابگەیەنێت كە كوڕیان بۆ خوا بڕیارداوە.
پەیوەندی دووەم ئەوەیە كە خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتەكەی پێشوودا ڕایگەیاند خاوەن زانستەكان ئەو كەسانەن كە بەندایەتی خوا (سبحانه وتعالى) دەكەن و دڵنیان لە بەڵێنەكانی، بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿قُلۡ ءَامِنُواْ بِهِۦٓ أَوۡ لَا تُؤۡمِنُوٓاْ ۚ إِنَّ ٱلَّذِينَ أُوتُواْ ٱلۡعِلۡمَ مِن قَبۡلِهِۦٓ إِذَا يُتۡلَىٰ عَلَيۡهِمۡ يَخِرُّونَۤ لِلۡأَذۡقَانِۤ سُجَّدٗاۤ * وَيَقُولُونَ سُبۡحَٰنَ رَبِّنَآ إِن كَانَ وَعۡدُ رَبِّنَا لَمَفۡعُولٗا﴾، لەكاتێكدا لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا ڕایگەیاندووە ئەو كەسانەی كوڕ بۆ خوا بڕیاردەدەن شایەنی ئەوە نین بە خاوەن زانست ناوببرێن، بۆیە فەرموویەتی: ﴿وَيُنذِرَ ٱلَّذِينَ قَالُواْ ٱتَّخَذَ ٱللَّهُ وَلَدٗا * مَّا لَهُم بِهِۦ مِنۡ عِلۡمٖ وَلَا لِأٓبَآئِهِمۡ ۚ كَبُرَتۡ كَلِمَةٗ تَخۡرُجُ مِنۡ أَفۡوَٰهِهِمۡ ۚ إِن يَقُولُونَ إِلَّا كَذِبٗا﴾؛ وەك ئەوەی خوای گەورە لە سوورەتەكەی پێشوودا پێناسەی زانینی خستبێتەڕوو، بەڵام لەم سوورەتەدا پێناسەی نەزانینی ڕوون كردبێتەوە.
پەیوەندی سێیەم ئەوەیە خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتی “الإسراء”دا ڕایگەیاند: ﴿وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ شَرِيكٞ فِي ٱلۡمُلۡكِ﴾، لەكاتێكدا لە سەرەتای سوورەتی “الكهف”دا فەرموویەتی قورئانی بۆ موحەممەد دابەزاندووە ﴿لِّيُنذِرَ بَأۡسٗا شَدِيدٗا مِّن لَّدُنۡهُ﴾ واتە: سزایەكی سەخت لەلایەن خۆیەوە (عز وجل). وەك ئەوەی خوای گەورە بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) فەرمووبێت: بڵێ بەو كەسانەی كە بە موڵكەكەیان بایهەوا بوون، وە لەبەر هۆكارە ماددیەكان وا دەزانن كەس نیە بتوانێت ڕووبەڕوویان بێتەوە و لەناویان ببات، بێگومان لەناوچوون لە شوێنێكەوە دەوری مرۆڤ دەدات كە چاوەڕوانی ناكات، وە لەڕێگەی كۆمەڵێك هۆكارەوە تووشی دەبێت كە بە بیری هیچ كەسێكدا نەهاتوون. بۆیە با وا نەزانن كە پارێزراون لە سزای خوا كە لەڕاستیدا خۆی خاوەنی دەسەڵات و فەرمانڕەواییە.
پەیوەندی چوارەم ئەوەیە خوای گەورە لە كۆتایی سوورەتی “الإسراء”دا فەرموویەتی: ﴿وَكَبِّرۡهُ تَكۡبِيرَۢا﴾، لەكاتێكدا لە سەرەتای سوورەتی “الكهف”دا دەربارەی ئەوانەی كە كوڕیان بۆ خوا بڕیارداوە فەرموویەتی: ﴿كَبُرَتۡ كَلِمَةٗ تَخۡرُجُ مِنۡ أَفۡوَٰهِهِمۡۚ﴾ بەو مانایە كە گەورەیی و شكۆی ڕاستەقینە بۆ خوای گەورەیە بە تەنها، بەڵام ئەو كەسانە بە ستەم و بە درۆ ئەم مافە دەبەخشن بە دروستكراوێكی لاواز.
لە خوارەوە هەندێك فەرموودەی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) دەهێنینەوە كە جەخت لەوە دەكەنەوە ئەویش (ﷺ) وای داناوە سوورەتی “الكهف” پەیوەندیەكی پتەوی بە مەسیحیەكانەوە هەیە، وە پیادەی كردووە بەسەریاندا.
لە ئەبو دەردائەوە ڕیوایەتكراوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) كە فەرموویەتی: “هەر كەسێك دە ئایەتی سەرەتای سوورەتی الكهف لەبەر بكات، ئەوا پارێزراو دەبێت لە دەججال.” (مسند أحمد، بەرگی 6، لاپەڕە 449).
وە موسلیم و نەسائی [ئەمە هەڵەیە، ڕاستەكە ئەبو داوودە لە جیاتی “نەسائی”. (وەرگێڕی عەرەبی)] و ئەحمەد ڕیوایەتیان كردووە “لە ئەبو دەردائەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: هەر كەسێك دە ئایەتی كۆتایی سوورەتی “الكهف” بخوێنێتەوە پارێزراو دەبێت لە ئاژاوەی دەججال.” “حەججاج گوتی: دە كۆتاییەكەی سوورەتی (الكهف).” (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 446).
لەمەوە دەردەكەوێت كە پێغەمبەر (ﷺ) زانیویەتی ئەم سوورەتە باسی دەججال دەكات. بەڵام سەیر ئەوەیە لەم سوورەتەدا ناوی دەججال نەهاتووە. بەڵێ لە سەرەتاكانیدا باسی ئەو كەسانە دەكات كە گووتوویانە خوا كوڕی هەیە، وە ئەمەش باوەڕی مەسیحیەكانە؛ لەكاتێكدا لە كۆتاییەكەیدا باسی ئەو گەلەی كردووە كە بەردەوام بە شەو و ڕۆژ هەوڵەكانیان لە پێشكەوتنی ماددیدا خەرج دەكەن، وە خەریك دەبن بە داهێنانی شتی نوێوە بە جۆرێك وا دەزانن هێندەیان نەماوە نهێنی گەردوون بدۆزنەوە، بەڵام هەر كاتێك لە دۆزینەوە نوێیەكاندا پێشدەكەون پەی بەوە دەبەن كە لە پشت هەموو نهێنیەكی گەردوونەوە نهێنی تر هەیە، وە هیچ سنوور و كۆتاییەك نیە بۆ توانای خوا و بۆ نهێنیەكانی. وە ئەمەش پیادە دەبێت بەسەر ئوممەتی مەسیحیدا.
كەواتە لە لایەكەوە دەبینین ئایەتەكانی سەرەتای سوورەتی “الكهف” و كۆتاییەكەی باسی ئایینی مەسیحی و پێشكەوتنە ماددیەكانی مەسیحیەت دەكەن، وە لە لایەكی ترەوە دەبینین پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت ئەوەی دە ئایەتی سەرەتا و دە ئایەتی كۆتایی سوورەتی “الكهف” بخوێنێتەوە پارێزراو دەبێت لە ئاژاوەی دەججال؛ ئەگەر ئەم دوو شتە كۆبكەینەوە ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە مەبەستی پێغەمبەر (ﷺ) لە دەججال خودی مەسیحیەتی لادەرە. بەڵام ئەگەر ئێمە ئەم ئەنجامگریە قەبوڵ نەكەین ئەوا پێغەمبەرمان (ﷺ) تووشی ڕەخنە دەكەین كە -پەنا بە خوا- كۆمەڵێك ئایەتی فێركردووین بۆ ڕزگاربوون لە ئاژاوەی دەججال كە پەیوەندیان بە بابەتی دەججالەوە نیە. وە هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە پێغەمبەر (ﷺ) گەورەتر و بەرزترە لەو كارە.
پوختەی ئەم سوورەتە ئەوەیە خوای گەورە ئەم كتێبەی دابەزاندووە بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە دزەیان كردووەتەناو كتێبە ئاسمانیەكانی پێشووەوە، وە بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو كەسانەی كوڕیان بۆ خوا بڕیارداوە. دیارە ئەم گەلە پێشكەوتنێكی ماددی زۆر گەورە بەدەستدەهێنن، وە ڕقێكی زۆریان بۆ ئیسلام دەبێت. بەڵام سەرەتای ئەم گەلە وەك كۆتاییەكەیان نیە، چونكە ئەوان لە سەرەتای كارەكەیانەوە تەواو بێ هێز و داماو بوون، وە تووشی جۆرەها ئەشكەنجەی سەخت بوون، بەڵام خوا ڕەحمی پێ كردن، وە ڕزگاری كردن لە مەینەتی و سەختیەكان، وە ڕێنمایی كردن بۆ ڕێگەی گەشەكردن. بەڵام ئەو گەلە دوای ئەوەی سەركەوتن و گەشەیان بەدەستهێنا تووشی شیرك بوون، وە لە ئایین لایاندا و چوون بەلای دنیادا و شەیدا و تامەزرۆ بوون بۆی. كەواتە پێویستە لەسەر موسوڵمانان پەند لە بارودۆخی ئەوان وەربگرن، و خۆیان بپارێزن لە سێ خراپەكاری: تەمبەڵی لە بەندایەتیدا، وە زیادەڕەوی لە خۆشویستنی ماڵ و ساماندا، وە ڕۆچوون لە خۆشی و ڕابواردندا.
پاشان خوای گەورە ڕایگەیاندووە نموونەی موسوڵمانان و براكانیان لە ئەهلی كتێب وەكو نموونەی دوو برا وان، یەكێكیان دەوڵەمەندە و ئەوی تریان هەژارە. برا دەوڵەمەندەكە شانازی بە دەوڵەمەندیەكەی خۆیەوە دەكات، لەكاتێكدا برا هەژارەكە ڕوودەكاتە خوای گەورە، لە كۆتاییدا سەری خۆبەزلزانی تێكدەشكێنرێت، وە لە غەیبەوە و بەبێ دەستوەردانی خەڵكی هۆكارەكان ئامادە دەكرێن بۆ لەناوبردنی هێزی برا دەوڵەمەندەكە.
پاشان خوای گەورە وردەكاری ئەو گۆڕانكاریانەی داهاتووی ڕوون كردووەتەوە كە پێشتر مووسا (عليه السلام) لە ئیسڕاكەیدا هەواڵی پێدابوو، ئەویش ئەوەیە ئەو پێشكەوتنەی كە ئوممەتەكەی بەدەستی دەهێنێت زۆر كەمە ئەگەر بەراورد بكرێت بە پێشكەوتنی ئوممەتی پێغەمبەری داهاتوو واتە موحەممەد (ﷺ)، وە ئەو پێغەمبەرەی داهاتوو ئەو شتانە تەواو دەكات كە مووسا (عليه السلام) نەیتوانی تەواویان بكات. كەواتە بەگوێرەی ئەم لێكدانەوەیەی ئیسڕاكەی مووسا، ئیسلام لەكاتی داڕوخانی ئوممەتی مەسیحیدا سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.
پاشان باسی ئەو ڕووداوانەی كردووە كە دوای فەتحی ئیسلامی ڕوودەدەن، وە ڕوونی كردووەتەوە كە سەردەمێك دێت بەسەر موسوڵماناندا كە تێیدا كاروباری ئایین لەبیر دەكەن، ئەوسا خوا (سبحانه وتعالى) جارێكی تر سەركەوتن دەنووسێت بۆ ئوممەتی مەسیحی ئەمەش وەك سزایەك بۆ موسوڵمانان، وە ئەم سەركەوتنە مەسیحیە لەسەر دەستی گەلانێك دەبێت كە پێش ماوەیەكی كەم ڕێگری كراوە لێیان كە پەلاماری وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باشوور بدەن، وە وێرانكارییەكی گەورە بەسەر دنیادا دێت، وە هەموو گەلان دەبن بە شوێنكەوتەی دوو سەربازگەی گەورە یان دوو ئایدۆلۆژیای دژبەیەك، وە ستەم زۆر دەبێت، لەو كاتەدا خوای گەورە (سبحانه وتعالى) جارێكی تر هۆكارەكان ئامادە دەكات بۆ ڕێگریكردن لەو لافاوە بەهێزە.
هەروەها خوای گەورە ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو گەلەی لە ڕابردوودا جارێك هێزی سیاسی یەئجووج و مەئجووجی تێكشكاندووە، جارێكی تر ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت بۆ ڕێگریكردن لەم لافاوە گەورەیە.
كەواتە سوورەتی “الكهف” تەواوكەری سوورەتی “الإسراء”ە، وە ئەو ڕووداوانەی كە تێیدا هاتوون پەیوەندیان بە یەكترەوە هەیە، بە پێچەوانەی بیروبۆچوونی هەندێ لە موفەسیرەكان كە دەڵێن پەیوەندی نیە لەنێوانیاندا، بەڵكو ڕیزبەندیەكی زۆر ناوازە هەیە لە ناوەڕۆكەكەیدا، هەروەها ئەم سوورەتە پەیوەندیەكی بەهێزی هەیە بە سوورەتەكەی پێش خۆیەوە.
بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ١ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ ٱلَّذِيٓ أَنزَلَ عَلَىٰ عَبۡدِهِ ٱلۡكِتَٰبَ وَلَمۡ يَجۡعَل لَّهُۥ عِوَجَا ۜ 2 قَيِّمٗا لِّيُنذِرَ بَأۡسٗا شَدِيدٗا مِّن لَّدُنۡهُ وَيُبَشِّرَ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ ٱلَّذِينَ يَعۡمَلُونَ ٱلصَّٰلِحَٰتِ أَنَّ لَهُمۡ أَجۡرًا حَسَنٗا 3 مَّٰكِثِينَ فِيهِ أَبَدٗا 4
شیكردنەوەی وشەكان:
عَبۡدِهِ: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ٢ لە سوورەتی “الإسراء”.
عِوَجا: عِوَج یعْوجُ عِوَجًا: پێچەوانەی ڕاست بوویەوە، واتە لار بوو، وە ناوی (العِوَجُ)ە. هەروەها گوتراوە: (العَوَج) لە جەستەدایە، وە (العِوَج) لە واتاكاندایە (الأقرب). وە (عَوَج)ی ڕێگا و (عِوَج)ەكەی: لاریەكەیەتی، وە (عِوَج)ی ئایین و ڕەوشت: خراپیەكەیەتی (تاج العروس).
قَيِّمًا: قَیِّمُ الأمر: بەڕێوەبەری كارەكە؛ وە كارێكی قَیِّم: كارێكی ڕێك و ڕاستە؛ وە ڕەوشتێكی قَیِّم: ڕەوشتێكی چاكە؛ وە ئایینێكی قَیِّم: ئایینێكی ڕێك و ڕاستە و لاریی تێدا نیە؛ وە الكتب القَیِّمة واتە كتێبە ڕێك و ڕاستەكان كە ڕاستی لە درۆ جیادەكەنەوە. قَیِّم: گەورە و بەرێوەبەری كار (تاج العروس). وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿دِينٗا قِيَمٗا﴾ واتە ڕێكخەری كاروباری ژیان و ڕۆژی دواییانە (المفردات).
لِيُنذِرَ: أنذرَه بالأمر: ئاگاداری كردەوە لە ئەنجامەكانی پێش ڕوودانی؛ لە ڕاگەیاندنەكەیدا ترسی خستە دڵی، دەوترێت: “أنذرتُ القومَ سيرَ العدوِّ إليهم فنذِروا” (الأقرب).
بَأْسًا: (البَأْسُ): سزا؛ توندوتیژی لە جەنگدا. وە ئیبن سیده گوتوویەتی: (البأس) جەنگە، پاشان زۆر بەكارهات تا وای لێهات گوترا: “لا بأس عليك” واتە هیچ ترسێك لەسەر تۆ نیە. وە (البُؤْس): هەژارییە (تاج العروس). وە (البأس): سزا؛ توندوتیژی لە جەنگدا؛ هێز؛ ترس (الأقرب).
يُبَشِّر: بَشَّرَهُ: هەواڵی پێدا و دڵی پێی خۆش بوو (الأقرب).
مَاكِثِينَ: مَكَثَ بالمكان یَمْكُثُ مَكْثًا: مایەوە و نیشتەجێ بوو لە شوێنەكەدا، ئەو كەسە (مَاكِث)ە وە كۆی (مَاكِثُون)ە (الأقرب).
أَبَدًا: (الأبد): هەتاهەتایە؛ هەمیشە؛ دێرین؛ ئەزەلی (الأقرب). وە (الأبد): دەربڕینێكە بۆ ماوەیەكی درێژ كە نابڕێتەوە (المفردات). واتە “ماوەیەكی درێژ كە نابڕێتەوە” كاتێكی دیارینەكراو.
تەفسیر: مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قِيَمٗا﴾ ئەوەیە كە ئەم كتێبە هاتووە بۆ ڕاستكردنەوەی كتێبەكانی ڕابردوو، بەجۆرێك هەڵەكانی ناو ئەو كتێبانە ڕاست دەكاتەوە. هەروەها مانای ئەوەیە ئەم كتێبە گەورە و سەرۆكی خەڵكیە و بەڕێوەبەری كاروباریانە، واتە ئەو كەسانە پەروەردە دەكات كە ئێستا هەن و ئەوانەش كە دوایی دێن، بەجۆرێك ئەو كارانەیان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە پێویستە ئەنجامی بدەن؛ هەروەها زاڵە بەسەر ئەوانەی پێشیندا واتە لە كاروبارەكانیاندا بڕیار دەدات. كەواتە وشەی ﴿قِيَمٗا﴾ “حال” نیە، بەڵكو وەك سیفەتی كتێبەكە هاتووە بۆ ئەوەی ڕابردوو و داهاتووش بگرێتەوە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لِّيُنذِرَ بَأۡسٗا شَدِيدٗا﴾، لێرەدا ﴿بَأۡسٗا﴾ مانای سزا و ترسە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَيُبَشِّرَ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ ٱلَّذِينَ يَعۡمَلُونَ ٱلصَّٰلِحَٰتِ أَنَّ لَهُمۡ أَجۡرًا حَسَنٗا﴾، بزانە ﴿أَجۡرًا حَسَنٗا﴾ بە مانای بەخشینە ئاساییەكان نیە؛ چونكە ئەم مانایە لە وشەی “الأجر” هەیە بەتەنھا؛ وە وشەی “الأجر” لە قورئانی پیرۆزدا بە تەنها بەبێ “الحَسَن” چەندین جار هاتووە، وەك خوای گەورە لە هەمان سوورەتدا دەفەرموێت ﴿إِنَّا لَا نُضِيعُ أَجۡرَ مَنۡ أَحۡسَنَ عَمَلًا﴾ (ئایەتی: ٣١). بێگومان (الأجر) لەم جۆرە شوێنانەدا -بەپێی سیاقی قسەكە- بە گشتی بە مانای پاداشتی باش دێت؛ بەڵام فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَجۡرًا حَسَنٗا﴾ مانای لەوە زیاتر دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە كە ئەم پاداشتە دەرئەنجامی چاكی لێ دەكەوێتەوە، وە باوەڕداران بەهۆی ئەم ناز و نیعمەتانەوە هەرگیز خراپ نابن، بەڵكو بە باشی بەكاریان دەهێنن بۆ ئەوەی پاداشتی زیاتر بەدەست بهێنن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مَّٰكِثِينَ فِيهِ أَبَدٗا﴾ ئەگەر تایبەت بێت بەو ناز و نیعمەتانەی كە باوەڕداران لە دنیادا وەریدەگرن، ئەوا مانای ئەوە نیە كە ئەم پاداشتە هەرگیز نابڕێتەوە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە ئەوان بە دڵنیاییەوە پاداشتەكەیان وەردەگرن تا ئەو كاتەی باوەڕدار بن. بەڵام ئەگەر تایبەت بێت بە ناز و نیعمەتەكانی ڕۆژی دوایی ئەوا مانای ئەوەیە كە ئەوان بەردەوام چێژ وەردەگرن لە ناز و نیعمەتەكانی ڕۆژی دوایی بەبێ ئەوەی هەرگیز لێیان ببڕێت.
ئەم دەستەواژەیە ئاگاداركردنەوەیەكی خواییە بۆ باوەڕداران كە ئەگەر دەیانەوێت فەزڵ و چاكەكانی خوا بەردەوام بێت بۆیان، ئەوا نابێت هەرگیز واز لە ئیمانەكەیان بهێنن بەفیڕۆبچێت.
وَيُنذِرَ ٱلَّذِينَ قَالُواْ ٱتَّخَذَ ٱللَّهُ وَلَدٗا 5 مَّا لَهُم بِهِۦ مِنۡ عِلۡمٖ وَلَا لِأٓبَآئِهِمۡ ۚ كَبُرَتۡ كَلِمَةٗ تَخۡرُجُ مِنۡ أَفۡوَٰهِهِمۡ ۚ إِن يَقُولُونَ إِلَّا كَذِبٗا 6
شیكردنەوەی وشەكان:
وَلَدًا: (الوَلَد): هەموو ئەوەی كە لە شتێكەوە پەیدا ببێت، وە بە كوڕ و كچیش دەوترێت (الأقرب)، لێرەدا بە مانای كوڕ هاتووە.
كَلِمَة: هەموو ئەوەی مرۆڤ بە تەنها یان بە لێكدراوی گۆی بكات (الأقرب).
كَذِبًا: كَذِبَ الرجلُ كَذِبًا وَكِذْبًا: هەواڵێك دەدات دەربارەی شتێك بە پێچەوانەی ئەوەی كە هەیە لەگەڵ ئەوەی دەیزانێت، پێچەوانەی ڕاستگۆییە، بە ئەنقەست بێت یان بە هەڵە وەكو یەكە (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت ئامانجی دووەمی ئەم كتێبە ئەوەیە ئاگاداری ئەو كەسانە بكاتەوە كە گوتوویانە خوای گەورە كوڕی هەیە.
جێی سەرسوڕمانە خوای گەورە پێشتر فەرمووی كە یەكێك لە ئامانجەكانی كتێبەكە ئاگاداركردنەوەیە، پاشان مژدەدان بە باوەڕداران، وە ئێستا جارێكی تر دەفەرموێت كە یەكێك لە ئامانجەكانی ئاگاداركردنەوەیە، وە ئەم ئاگاداركردنەوەیە تایبەتە بەوانەی كە كوڕیان بۆ خوا بڕیارداوە. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی خوا هەردوو ئاگاداركردنەوەكەی لە جاری یەكەمدا كۆنەكردەوە بۆ ئەوەی دوای ئەوە مژدەكە بە باوەڕداران بدات؟
وەڵامەكە ئەوەیە قورئانی پیرۆز بەم ڕیزبەندیە مەبەستی ئەوەیە ئاماژە بە سەردەمانێكی جیاواز بدات. ئاگاداركردنەوەی یەكەم تایبەت بوو بە خەڵكی مەككە و هەموو ئەو گەلانەی كە لە سەردەمی پێغەمبەری ئازیزدا (ﷺ) دژی ئیسلام بوون، وە لەڕاستیدا ئەو گەلانە بەهۆی ئەو ئاگاداركردنەوە و هۆشداریەوە لەناوچوون. پاشان باوەڕداران دوای لەناوچوونی دوژمنانی ئیسلام ناز و نیعمەت ڕژا بەسەریاندا بەپێی ئەو مژدەیەی كە لەدوای ئەو هۆشداریەوە باسكرا، وە موسوڵمانان ماوەیەكی زۆر حوكمی جیهانیان كرد بەگوێرەی بەڵێنی خوای گەورە: ﴿مَّٰكِثِينَ فِيهِ أَبَدٗا﴾. پاشان ئاگاداركردنەوە و هۆشداری دووەم هات كە تەنها تایبەت بوو بە مەسیحیەكان، وە تێیدا ئاماژەیەك هەبوو كە دوای پێشكەوتنی ئیسلام مەسیحیەت جارێكی بەهێز دەبێتەوە، وە دەستدەگرێت بەسەر جیهاندا هەتا بۆ خەڵكی دەردەكەوێت كە لە جیهاندا هیچ گەلێك نەماوە دژی ئیسلام بێت جگە لە مەسیحیەت؛ وە لەو كاتەدا هۆشداریەكەی قورئان تایبەت دەبێت بە مەسیحیەت. بەڵام ئەگەر قورئان بە مژدەدان بە باوەڕداران ئەو دوو هۆشداریەی جیانەكردایەتەوە ئەوا ئەم ئاماژە وردە نەدەزانرا كە كاتی سزای داهاتوو دیاریدەكات و هەواڵ لە گۆڕانكاریە سیاسیەكانی داهاتوو دەدات.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿كَبُرَتۡ كَلِمَةٗ﴾ بزانە كە ﴿كَلِمَةٗ﴾ لێرەدا “تمییز”ە، وە تەقدیرەكەی ئەوەیە: كبُرَتْ هِيَ كَلِمَةً، وە ماناكەی ئەوەیە: گوتنی ئەم شتە گەورەیە، یان بە دەربڕینێكی تر: گوتنی ئەم قسەیە زۆر مەترسیدارە، هەروەها دژی ژیریە. بەمەش ئاماژەی بەوە داوە كە ئەم بیروباوەڕە هەروەك چۆن سووكایەتیەكی گەورەیە بە خوای گەورە، هەروەها لەلایەن ژیری مرۆڤیشەوە ڕەتكراوەتەوە، بەجۆرێك چۆن دەكرێت مرۆڤێك لە خاچ بدرێت و لەگەڵ ئەوەشدا بە كوڕی خوای گەورە ناوببرێت.
قورئان لێرەدا -سەرەڕای هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوە- گورزێكی كوشندەی ئاراستەی مەسیحیەت كردووە و فەرموویەتی: ئەوان كوڕێك بۆ خوای گەورە دادەنێن بەبێ ئەوەی خۆیان و باوكیان لەسەر ئەوە بەڵگەیان هەبێت، بەو مانایەی باب و باپیرانی مەسیحیەكان دەیانزانی مەسیح و حەواریەكان و قوتابیەكانی یەكتاپەرست بوون، وە شیرك لەدواییدا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا مەسیحیان كردووە بە كوڕی خوا، قورئانی پیرۆز بە بیروباوەڕی یەكتاپەرستی باڵا هاتە لایان، وە بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر كۆتایی بە بیروباوەڕە بتپەرستیەكان هێنا؛ بەڵام بەداخەوە، نە باب و باپیرەكان سوودمەند بوون لەو شتەی كە بەچاوی خۆیان بینیان، نە كوڕەكانیش سوودمەند بوون لەو بەڵگانەی كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی كرد، بەڵكو هەردوو لایان وازیان لە پەروەردگاری خۆیان هێنا، وە بەبێ هیچ بەڵگە و دەلیلێك مرۆڤیان كرد بە خوا.
وە بە فەرمایشتی ﴿إِن يَقُولُونَ إِلَّا كَذِبٗا﴾ ڕایدەگەیەنێت مەسیح خۆی نكوڵی لەم جۆرە كوڕبوونە كردووە، چونكە لەو ئینجیلانەدا كە هەن هیچ شتێك نیە بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی مەسیح كوڕی خوای گەورەیە. بێگومان لە ئینجیلەكاندا وشەی “كوڕ” سەبارەت بە مەسیح (عليه السلام) هاتووە، بەڵام مەسیح هیچ تایبەتمەندیەكی تێدا نیە، چونكە ئەم وشەیە دەرحەق بە كەسانی تریش هاتووە، بۆ نموونە: “خوا ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسڕائیل كوڕە نۆبەرەكەمە” (دەرچوون 4: 22).
﴿فَلَعَلَّكَ بَٰخِعٞ نَّفۡسَكَ عَلَىٰٓ ءَاثَٰرِهِمۡ إِن لَّمۡ يُؤۡمِنُواْ بِهَٰذَا ٱلۡحَدِيثِ أَسَفًا 7﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
لَعَلَّ: هیوایەك و میهرەبانیەك… وە “لعلَّ” ئەگەر هیوا بێت ئەوا ئەمە لە قسەكانیاندا جارێك داواكاری هیوا بۆ قسەلەگەڵكراو دەكات، وە جارێكیش داواكاری هیوا بۆ كەسانی تر دەكات. وە فەرمایشتی خوای گەورە سەبارەت بە گەلی فیرعەون كە دەفەرموێت: ﴿لَعَلَّنَا نَتَّبِعُ ٱلسَّحَرَةَ﴾ ئەوە هیوایەكە لەلای ئەوانەوە، وە فەرمایشتەكەی سەبارەت بە فیرعەون: ﴿لَّعَلَّهُۥ يَتَذَكَّرُ أَوۡ يَخۡشَىٰ﴾ لعله يتذكر أو يخشى﴾ ئەوەش پێدانی هیوایە بە مووسا و هاروون (سڵاوی خوایان لێ بێت)، وە ماناكەی ئەوەیە: بە نەرمی قسەی لەگەڵدا بكەن بەو هیوایەی كە بیربكاتەوە یان بترسێت. وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَلَعَلَّكَ تَارِكُۢ بَعۡضَ مَا يُوحَىٰٓ إِلَيۡكَ﴾ واتە خەڵكی گومانی ئەوەت لێ دەكەن (المفردات).
بَاخِعٌ: بَخَعَ نفسَه: خۆی كوشت لە خەم و خەفەتدا یان لە تووڕەییدا (الأقرب). بَخَعَ نفسَه: لە خەفەتدا خۆی كوشت. وە بَخَعَ بالحق بخوعًا: دانینا بە ڕاستیەكەدا و ملكەچی بوو. وە بَخَعَ لـه نُصْحَه واتە دڵسۆزانە پێی ڕاگەیاند و زۆر گرنگی پێدا. وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَلَعَلَّكَ بَٰخِعٞ نَّفۡسَكَ﴾ واتە خۆت دەكوژیت و زۆر خۆت هیلاك دەكەیت بەهۆی پێداگریت لەسەر ئیسلام بوونی ئەوان (تاج العروس).
آثَار: (الأثر): شوێنەوار: پاشماوەی وێنەی شت (الأقرب).
أَسَفًا: أسِف يأسَف أَسَفًا: زۆر بە توندی خەمبار و دڵتەنگ بوو (الأقرب).
تەفسیر: خوا (عز وجل) لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كە دڵی پێغەمبەرەكەی (ﷺ) وەك چۆن لەكاتی پێگەیشتنی هەواڵی لەناوچوونی جوولەكەدا (النحل: ١٢٨) تووشی خورپەیەكی گەورە بوو، بە هەمان شێوە زۆر بە توندی خەمبار بوو كاتی پێگەیشتنی هەواڵی لەناوچوونی گەلی مەسیحیش؛ بۆیە خوا دڵنەوایی پێغەمبەرەكەی (ﷺ) دەكات تەنانەت پێش ئەوەی تووشی ئەم خورپەیە ببێت، وە پێی دەفەرموێت: لەكاتی بیستنی هەواڵی لەناوچوونیان تووشی شۆكێكی زۆر توند دەبیت كە نزیكە بەهۆی خەفەت خواردنتەوە بۆیان بتكوژێت، پێویستە لەسەرت ئارام بگریت چونكە ئەمە ویستی پەروەردگارتە.
پێویستە بزانرێت قورئانی پیرۆز لێرەدا باسی موشریكەكانی تر ناكات، بەڵكو تەنها باسی مەسیحیەكان دەكات، وە ئەو هەواڵی سزایەی كە پێغەمبەری (ﷺ) هێندە خەمبار كرد تەنها لەبارەی مەسیحیەكانەوە بووە. كەواتە ئایا سەیر نیە ببینین پێغەمبەری خوا (ﷺ) نزیكە خۆی لەناوببات لەتاو خەفەتی بیستنی هەواڵی ئەو سزایە كە تووشی گەلی مەسیحی دەبێت دوای ١٣ سەدە، وە لە بەرامبەردا ببینین هەندێك لە نووسەرە مەسیحیەكان بەردەوامن لە جنێودان بەو كەسەی كە چاكەكارە بەرامبەریان، وە شەو و ڕۆژ سووكایەتی پێ دەكەن؟!
وە بە فەرمایشتی إِن لَّمۡ يُؤۡمِنُواْ بِهَٰذَا ٱلۡحَدِيثِ﴾ خوای گەورە ئاماژەی داوە بەوەی كە قورئان خۆی بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی خۆی، چونكە چارەسەری ئەو كێشانەی تێدایە كە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی گەلانی مەسیحی دەبێتەوە، كەواتە ئەی موحەممەد ئاساییە تووشی شۆكێكی توند ببیت چونكە ئەوان -سەرەڕای پێشكەوتنی سەرسوڕهێنەریان لە كاروباری ماددیدا- سوود لەم چارەسەرە قورئانیانە وەرناگرن، بەڵكو ڕەتی دەكەنەوە و بەمەش لەناودەچن.
﴿إِنَّا جَعَلۡنَا مَا عَلَى ٱلۡأَرۡضِ زِينَةٗ لَّهَا لِنَبۡلُوَهُمۡ أَيُّهُمۡ أَحۡسَنُ عَمَلٗا 8﴾
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كە لە دنیادا ملیۆنەها شتی دروست كردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ شارەزایان بێت و سوودیان لێ وەربگرێت. چونكە لە وشەی “زینة”دا ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی كە لە دنیادا هیچ شتێك بێ سوود نیە، بەڵكو هەموو شتێك بەدڵنیاییەوە سوودێكی هەیە. بەڵام ئەگەر خوای گەورە بیفەرمووایە: “بعضها زینة”، ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو كە هەندێكیان سوودبەخش بن و هەندێكیان بێ سوود بن، بەڵام خوا هەموو شتەكانی بە “زینة” ناوبردووە، كەواتە ئەو تیۆرەی ئیسلام ڕایدەگەیەنێت دەربارەی شتەكان ئەوەیە لە هەموو شتێكدا جۆرێك لە سوود و جوانی هەیە، واتە سوود و جوانی زیاتر بە دنیا دەبەخشێت.
بەداخەوە موسوڵمانان بە تێپەڕبوونی كات بێئاگا بوون لە سوودوەرگرتن لەم حیكمەتە قورئانیە، وە وەكو پێویست بایەخیان نەدا بە توێژینەوە و داهێنان، لەكاتێكدا ئەورووپاییەكان كاریان بەم حیكمەتە قورئانیە كرد سەرەڕای ڕەتكردنەوەیان بۆ قورئان، بۆیە لە بواری زانستەكاندا هێندە پێشكەوتن كە وای لێكردن بەسەر هەموو جیهاندا زاڵ بن.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لِنَبۡلُوَهُمۡ أَيُّهُمۡ أَحۡسَنُ عَمَلٗا﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە خوای گەورە شتەكانی دروست كردووە بۆ ئەوەی خەڵكی لەبارەیانەوە لێكۆڵینەوە بكەن، وە سوودیان لێ وەربگرن بۆ چاككردنی دۆخی مرۆڤایەتی. بەڵام گەلانی مەسیحی لەم بوارەدا كەمتەرخەمیان كردووە، بەجۆرێك كاریان كردووە لەسەر گەڕان بەدوای تایبەتمەندی و نهێنی شتەكاندا، بەڵام نموونەیەكی باشیان پێشكەش نەكردووە بۆ بەكارهێنانیان لەپێناوی چاككردنی دۆخی مرۆڤەكاندا، بەڵكو بەم پێشكەوتنە زانستیە بناغەی ستەم و خراپەكاریان دانا لە دنیادا. من پێم وایە ئەم ئایەتە ئاماژەی تێدایە بۆ ئەم ڕەفتارەیشیان.
﴿وَإِنَّا لَجَٰعِلُونَ مَا عَلَيۡهَا صَعِيدٗا جُرُزًا 9﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
صَعِيدًا: (الصعید): خاك، وە گوتراوە: ڕووی زەوی جا خاك بێت یان شتی تر؛ بەرزایی زەویی، وە گوتراوە: ئەوەیە كە خۆڵ و زەلكاو تێكەڵی نەبوو بێت؛ ڕێگا؛ گۆڕ (الأقرب). دەگوترێت: باخەكە بووە بە (صعیدًا): واتە زەویەكی ڕێك و ڕاستە و هیچ دارێكی تێدا نیە (المنجد).
جُرُزًا: جَرَزَه یَجْرُزُ: بڕی. وە جَرَزَ الزمانُ زَيدًا: لەناوی برد. وە (الجَرْزُ) و (الجُرُزُ): زەوییەكە ڕووەكی لێ سەوز نابێت، یان ڕووەكەكەی خواردراوە، یان بڕاوەتەوە (الأقرب). خوا (عز وجل) فەرموویەتی: صعيدًا جُرُزًا واتە ڕووەكی نەمابێت و بڕابێتەوە (المفردات). وە بە باخچەیەك دەگوترێت كە وێران بوو بێت و دارەكانی نەمابن، بووە بە (صعیدًا) واتە زەوییەكی ڕێك و ڕاستە و هیچ دارێكی تێدا نیە (تاج العروس).
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕوونی دەكاتەوە كە چێژ و خۆشیەكانی دنیا ڕاستەقینە نین، بەڵكو چێژی كاتین كە خوا كردوونی بە هۆیەك بۆ پێشبڕكێ لەنێوان گەلاندا بۆ ئەوەی ئەم شتانە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بەكاربهێنن و پاداشت لەلایەن خوای گەورەوە وەربگرن. بەڵام گەلانی مەسیحی ئەم مەبەستە ناهێننەدی، چونكە ئەوان كار لەسەر دۆزینەوەی تایبەتمەندی شتەكان دەكەن، وە لەجیاتی ئەوەی بیكەن بە هۆكارێك بۆ كاری چاكە، كەچی ئەوان بۆ دروستكردنی ناكۆكی و جەنگ بەكاریدەهێنن. وە لەبەرئەوەی ئامانج لە دروستكردنی شتەكان ئەوە بوو كە جوانی و ڕازاوەیی بن بۆ دنیا، بەڵام لێكۆڵینەوە و داهێنانەكانی ئەوان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەكارناهێنرێن، بۆیە خوای گەورە بەتەواوەتی كارەكانیان تێكدەدات. كەواتە ئەم ئایەتە هەواڵی تێكچوون و كاولبوونی هەموو دنیا نادات، بەڵكو هەواڵی تێكچوونی كارەكانی ئەو كەسانە دەدات كە كوڕیان بۆ خوا بڕیارداوە.
وە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿صَعِيدٗا جُرُزًا﴾ ئاماژەیەكی ورد هەیە بۆ وێنەی دوو باخچەكە كە ئەم سوورەتە لە ئایەتەكانی ژمارە ٣٣ تا ٤٥ باسی دەكات. چونكە (الصعید) ئەو زەویەیە كە ڕووەكەكەی بڕاوەتەوە، وە باخچەیەك ئەگەر وێران بووبێت و دارەكانی نەمابێت دەگوترێت: بووە بە (صعید) واتە زەوییەكی ڕێك و ڕاست و هیچ دارێكی تێدا نیە؛ هەروەها وشەی (الجُرُز)یش بە مانای ئەو زەویە دێت كە ڕووەكەكەی بڕاوەتەوە. وە لە وێنەی دوو باخەكەدا برا دڵسۆزەكە ئامۆژگاری خاوەن باخە خۆبەزلزانەكان دەكات كە شانازی نەكەن بە باخەكەیانەوە، بۆ ئەوەی ئەو سزایەی كە لە ئاسمانەوە دێت باخەكەیان نەكاتە ﴿صَعِيدٗا زَلَقًا﴾. بۆیە دەبینین وشەی ﴿صَعِيدٗا﴾ لە هەردوو ئایەتەكەدا هاتووە، لەكاتێكدا وشەی ﴿زَلَقًا﴾ بە وشەی ﴿جُرُزًا﴾ گۆڕاوە، بەڵام هەردووكیان یەك مانایان هەیە. ئەمەش دەریدەخات كە وێنەی دوو باخەكە كە دوای كەمێك باسی دەكرێت تایبەتە بە مەسیحیەكان، وە خوا (عز وجل) ئەو باخانەیان تێكدەدات كە چاندوویانە.
﴿أَمۡ حَسِبۡتَ أَنَّ أَصۡحَٰبَ ٱلۡكَهۡفِ وَٱلرَّقِيمِ كَانُواْ مِنۡ ءَايَٰتِنَا عَجَبًا 10﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
الْكَهْف: وەكو خانوویەك كە لە كێودا هەڵكەندرا بێت، وە كۆی وشەكە بریتیە لە (كهوف)، بەڵام فراوان بێت، وە ئەگەر بچووك بێت ئەوا (غار)ە. (الكهف) بە مانای پەناگە و حەشارگەیش دێت (الأقرب).
الرَّقِيم: رَقَمَ یَرقُمُ رَقْمًا: نووسی. وە رَقَمَ الكتابَ: خاڵ و نیشانەی دانا و ڕوونیكردەوە. وە رَقَمَ الثوبَ: هێڵی كێشا و نیشانەی دانا. وە (الرقیم) واتە نووسراو؛ وە (الرقیم) شتێكە نووسرابێت (الأقرب).
كەواتە “أصحاب الرقیم” ئەو كەسانەن كە دەیاننووسی و وێنەیان دەكێشا. هەندێك لە موفەسیرەكان گوتوویانە: ئەوان ئەو كەسانەن كە هەڵكۆڵینیان دەكرد لە بەرد و ئاسندا (الطبري، وأقرب الموارد)، بەگوێرەی ئەمە مەبەست لە “أصحاب الرقیم” ئەو كەسانە بوون كە لەسەر بەرد و كاغەز دەیاننووسی یان نیگار و وێنەیان دەكێشا.
وە لەبەرئەوەی “الرقیم” مانای شتێكی نووسراویش دەگەیەنێت، كەواتە “أصحاب الرقیم” مانای كەسانێكە كە شتی نووسراویان هەبوو، واتە كتێب و تابلۆ و شتی لەم جۆرە كە لەسەری دەنووسرێت.
عَجَبًا: (العجب): ڕەتكردنەوەی ئەو شتەی كە دەخرێتەڕوو بۆت؛ شت بە سەرسوڕهێنەر بینین؛ دۆخێك كە مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەكات كاتێك شتێك بە گەورە دەبینێت (الأقرب).
تەفسیر: مایەی پێكەنین و گریانیشە كە خوای گەورە لێرەدا بە ڕاشكاوی دەفەرموێت یارانی ئەشكەوت لە شتە سەرسوڕهێنەرەكان نین، بەڵكو نیشانەیەكن وەكو نیشانەكانی تری خوا (سبحانه وتعالى)، بەڵام موسوڵمانان وەك یەكێك لە شتە سەرسوڕهێنەرەكان پێشكەشیان دەكەن.
﴿إِذۡ أَوَى ٱلۡفِتۡيَةُ إِلَى ٱلۡكَهۡفِ فَقَالُواْ رَبَّنَآ ءَاتِنَا مِن لَّدُنكَ رَحۡمَةٗ وَهَيِّئۡ لَنَا مِنۡ أَمۡرِنَا رَشَدٗا 11﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
أوی: أوی إلی منزله وأوی منزله: واتە بە شەو یان بە ڕۆژ هات بۆ ماڵەكەی (الأقرب).
فِتْیَة: كۆی وشەی (فَتی)یە، بریتیە لە گەنجی تازە پێگەیشتوو، بەخشندە و بەڕێز (الأقرب).
رحمة: ڕەحمەت بریتیە لە دڵنەرمی و سۆزێك كە بەخشندەیی و چاكەكاری و لێخۆشبوون پێویست دەكات (الأقرب).
تەفسیر: بزانە كە “رشد” هیدایەتە، بەڵام (الرُّشد) لە كاروباری دنیایی و دواڕۆژدا بەكاردێت، لەكاتێكدا (الرَّشَد) تەنها لە كاروباری دواڕۆژدا بەكاردێت (الأقرب)، بەگوێرەی ئەمە ئەم دوعایەی ئەوان واتە: پەروەردگارا ڕێگای دەرچوون لە مەینەتی ناخۆشیەكەمان و دەرگای سەركەوتن لە كارەكەماندا بكەرەوە بۆمان.
﴿فَضَرَبۡنَا عَلَىٰٓ ءَاذَانِهِمۡ فِي ٱلۡكَهۡفِ سِنِينَ عَدَدٗا 12﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
فَضَرَبْنا عَلى آذانِهِم: (ضَرَب على أُذُنه) واتە نەیهێشت ببیستێت (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە نەمانهێشت هەواڵی خەڵكی ببیستن بە مانەوەیان لە ئەشكەوتەكە بۆ چەندین ساڵ، بۆیە بارودۆخی خەڵكی سەردەمی خۆیان نەزانی.
لەكاتی تەفسیركردنی ئایەتەكانی داهاتوودا بەدرێژی باسی یارانی ئەشكەوت دەكەم.
﴿ثُمَّ بَعَثۡنَٰهُمۡ لِنَعۡلَمَ أَيُّ ٱلۡحِزۡبَيۡنِ أَحۡصَىٰ لِمَا لَبِثُوٓاْ أَمَدٗا 13﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
بَعَثْناهم: (بَعَثه بعثًا) واتە: ناردی، ورووژاندی. (بَعَث الموتى) واتە: مردووەكانی زیندووكردەوە. (بَعَثه على الشيء) واتە: هانیدا بۆ ئەنجامدانی ئەو شتە (الأقرب).
الحِزبَین: دوو حیزب، دوو دەستە، كۆمەڵە خەڵك، سەرباز و هاوەڵەكانی پیاو كە لەسەر هەمان ڕای ئەون، بەش، هەر كۆمەڵێك كە دڵ و كارەكانیان وەك یەك بێت ئەوانە حیزبن تەنانەت ئەگەر بە یەكتریش نەگەن (الأقرب).
أَمَدًا: (الأمد) واتە: كۆتایی و مەودا. (الأمد) و (الأبد) مانایان نزیكە لەیەكەوە، بەڵام (الأبد) ئەو ماوە زەمەنەیە كە كۆتاییەكی دیاریكراوی نیە و سنووردار نیە… وە (الأمد) ماوەیەكە كە سنووری نادیارە… وە جیاوازی نێوان (الزمان) و (الأمد) ئەوەیە كە (الأمد) بە لەبەرچاوگرتنی كۆتایی دەوترێت، لەكاتێكدا (الزمان) گشتگیرە لە سەرەتا و كۆتاییدا، لەبەر ئەوەیە هەندێكیان دەڵێن: (المدى) و (الأمد) مانایان نزیكە لە یەكتر (المفردات).
تەفسیر: یارانی ئەشكەوت كێن؟ لە كوێ بوون؟ بارودۆخیان چۆن بوو؟ ئەمە پرسیارێكی زۆر گرنگە، بە درێژایی سەدەكان هەمیشە جێگەی سەرنجی موفەسیرەكان بووە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سەرەتا هەندێك لەو ڕیوایەتانە دەخەمەڕوو كە موفەسیرە كۆنەكان لەم بارەیەوە باسیان كردوون.
ڕیوایەتی یەكەم: خاوەنی كتێبی (روح المعاني) دەڵێت: هەواڵی ئەوان، وەك ئەوەی مێژوونووسی بەناوبانگ ئيبن ئيسحاق و كەسانی تر باسیان كردووە، ئەوە بوو كاتێك شیرك لەناو مەسیحیەكاندا بڵاوبوویەوە و بتیان پەرست و قوربانیان كرد بۆ تاغووتەكان، ئەمە یەكتاپەرستانی نیگەران كرد. یەكێك لە پاشا مەسیحیەكان -كە ناوی دەقیانووس بوو، وە لە گێڕانەوەیەكدا دەقیوس- مەسیحیە یەكتاپەرستەكانی دەكوشت. پۆلیس چەند گەنجێكی لەو یەكتاپەرستانە دەستگیركرد كە لە گەورە و پایەبەرزانی شارەكەیان بوون كە ناوی ئەفسووس بوو، وە لە هەندێ گێڕانەوەدا هاتووە كە ناوی تەڕسووس بووە. كاتێك ڕاپێچیان كردن بۆ لای پاشا، پاشا سەرزەنشتی كردن لەسەر ئەوەی كە سوجدەیان بۆ بتەكان نەبردووە، بەڵام ئەوان پێداگریان كرد لەسەر یەكتاپەرستی. پاشا مۆڵەتی پێدان بۆ ئەوەی زیاتر بیر بكەنەوە و ڕابمێنن، ئەوانیش ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و هەڵاتن و لە ئەشكەوتێكدا خۆیان شاردەوە كە ناوی بەنجلووس بوو، لەوێ خەریكی خواپەرستی بوون، یەكێكیان لە خۆیان هەڵبژارد كە ناوی یمليخا بوو، بۆ ئەوەی لە شار خواردنیان بۆ بهێنێت. ئەویش بە دزییەوە دەچووەناو شارەكە و خواردنی دەهێنا. ڕۆژێك زانی كە پاشا گەڕاوەتەوە بۆ شارەكە دوای ئەوەی بۆ هەندێك كار لە شار دەرچوو بوو، وە فەرمانی داوە گەنجەكان بهێنرێن. ئەویش بە گریانەوە و بەپەلە گەڕایەوە بۆ لای هاوڕێكانی و هەواڵەكەی پێ ڕاگەیاندن. ئەوانیش پەنایان بۆ خوا برد و گریان، كاتێك لە دوعاكەیان بوونەوە، خوا كارێكی كرد هیچ نەبیستن و خەویان لێ كەوت، پارە و كەلوپەلەكانیشیان لە تەنیشتیاندا بوو، سەگەكەشیان لە بەردەم دەروازەكە هەردوو دەستی درێژكردبوو. پاشا بەدوایاندا گەڕا، بەڵام هیچ كەسێك لە پیاوەكانی نەیتوانی بچێتەناو ئەشكەوتەكەوە. یەكێك لە پیاوەكانی گوتی: ئەی پاشا، ئەگەر بتتوانیبایە بیانكوژی، نەتدەكوشتن؟ وتی: با دەمكوشتن. گوتی: لە دەرگای ئەشكەوتەكەدا دیوارێك دروست بكە و بیگرە، وازیان لێ بهێنە با لە برسێتی و تینوێتیدا بمرن. ئەویش وای كرد. پاشان شتی وایان بەسەر هات كە خوا لە ئایەتەكانی داهاتوودا باسی دەكات (بڕوانە روح المعاني).
ڕیوایەتی دووەم: (عبد الرزاق) و (ابن المنذر) لە (وهب بن منبه)ەوە گێڕاویانەتەوە كە گوتوویەتی: یەكێك لە حەواریەكانی مەسیح (عليه السلام) لە سەفەرێكدا بوو، چوو بۆ شارێك كە پاشاكەی بتی دەپەرست، یەكێك لە فەرمانەكانی ئەوە بوو كە هیچ كەسێك نەچێتەناو شارەكەوە، مەگەر سوجدە بۆ بتێك بەرێت كە لەسەر دەرگاكە دانرابوو. بەڵام حەواریەكە حەزی نەكرد بچێتە ناوی، بۆیە چوو بۆ گەرماوێك لە دەرەوەی شارەكە و لەوێ نیشتەجێ بوو، دەستی كرد بە بانگەوازكردن، چەندین كەس بڕوایان پێكرد. تەنانەت كوڕی پاشا ژنێكی لەشفرۆشی هێنا بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بچێتەناو گەرماوەكە، حەواریەكە ئامۆژگاری كرد، ئەویش لەو ڕۆژەدا گەڕایەوە. بەڵام جارێكی تر گەڕایەوە، حەواریەكە لێی تووڕە بوو، ئەویش گوێی پێنەدا و لەگەڵ ژنەكەدا چوونەناو گەرماوەكە، شەویان لە گەرماوەكە بەسەر برد، لە بەیانیدا بەمردوویی دۆزرانەوە. بە پاشا وترا: خاوەنی گەرماوەكە كوڕەكەی تۆی كوشتووە. پاشا دەستی كرد بە لێكۆڵینەوە، خاوەنی گەرماوەكە و هاوڕێكانی هەموویان لەگەڵ چەند گەنجێك كە ببوونە مەسیحی هەڵهاتن، بە لای هاوەڵێكیاندا تێپەڕین كە خەریكی كشتوكاڵ بوو، ئەویش لەسەر هەمان ڕێبازی ئەوان بوو، ئەویش بردیانی بۆ ئەشكەوتێك لەوێ خۆیان شاردەوە. كاتێك ئەمە گەیشت بە پاشا، دەرچوو بۆ ئەوەی بیانگرێت. دوای ئەوە ڕیوایەتەكە هەمان شت دەڵێت كە لە ڕیوایەتەكەی پێشوودا هاتووە. (هەمان سەرچاوە).
ڕیوایەتی سێیەم: (ابن أبي شيبة) و (ابن أبي حاتم) لە (ابن عباس)ەوە گێڕاویانەتەوە كە گوتوویەتی: لەگەڵ (معاوية)دا لەشكركێشیمان كرد بۆ ڕۆم، بە لای ئەو ئەشكەوتەدا تێپەڕین كە یارانی ئەشكەوتی تێدابوو. چەند پیاوێكی نارد و پێی گوتن: بڕۆن بچنەناو ئەشكەوتەكەوە و سەیری بكەن. كاتێك چوونەناو ئەشكەوتەكە، خوا بایەكی ناردە سەریان ئەوانی هێنایە دەرەوە (الدر المنثور).
لە ڕیوایەتێكدا هاتووە كە (ابن عباس) گوتوویەتی ئێسكی یارانی ئەشكەوتی بینیوە، كە تەمەنی سێ سەد ساڵ بووە (الدر المنثور) [دەقی گێڕانەوەكە ئەمەیە: “غزا ابن عباس مع حبيب بن مَسْلَمة، فمرّوا بالكهف، فإذا فيه عظام، فقال رجل: هذه عظام أهل الكهف. فقال ابن عباس: ذهبتْ عظامُهم أكثرَ من ثلاث مائة سنة.” وفي رواية: “بلِيتْ عظامهم منذ أكثر من ثلاث مائة سنة.” (الدر المنثور، وابن كثير)].
دەربارەی چارەنووسیان، لە تەفسیرەكاندا ئەم ڕیوایەتانە هاتوون:
خوا (سبحانه وتعالى) ماوەیەكی درێژ یارانی ئەشكەوتی خەواند، پاشان زیندووی كردنەوە. یەكێكیانیان نارد بۆ ئەوەی خواردنیان بۆ بهێنێت. ئەویش ڕۆیشت و درهەمێكی دایە خاوەن دووكانەكە، كاتێك درهەمەكەی بینی، سەرسام بوو و ڕەتیكردەوە چونكە درهەمێكی كۆن بوو، دای بە دراوسێكەی، هەموویان سەرسام بوون و وایان زانی كە پارەی وڵاتێكی بیانیە. هەواڵەكە گەیشت بە پاشا كە ناوی (یندۆسیس) بوو، كاتێك چیرۆكەكەی بیست، لەگەڵیدا چوو بۆ ئەشكەوتەكە، پاشا سڵاوی لە یارانی ئەشكەوت كرد و هەموویانی لە ئامێز گرت، بۆ ماوەیەك قسەی لەگەڵ كردن، وە ئامۆژگاریان كرد. پاشان گەڕانەوە شوێنی خەوەكانیان و دەستبەجێ مردن (ابن كثير، وروح المعاني).
لە ڕیوایەتێكدا هاتووە كە كاتێك پاشا و هاوەڵەكانی گەیشتنە دەرگای ئەشكەوتەكە، یارانی ئەشكەوت هەموویان مردن، بۆیە نەیانتوانی بە زیندوویی بیانبینن، وە ئەو كەسەش كە چوو بوو بۆ ئەوەی خواردن بهێنێت، ئەویش دوای گەڕانەوەی لەگەڵیاندا مرد (الدر المنثور، وتفسير ابن أبي حاتم).
ئەو ڕووداوەی كە ناوی “وەقيس”ی تێدا هاتووە، لە سەرچاوە مەسیحیەكانیشدا هەیە. مێژوونووسی بەناوبانگی ئینگلیزی “گیبن” (Gibbon) دەڵێت: چیرۆكی حەوت خەوتووەكە لەلایەن قەشە گریگۆری (Gregory) شاری طوڕسەوە نووسراوە، پێم وایە پێویستە لێرەدا تۆماری بكەم. ئەم چیرۆكە لە نێو مەسیحیە سوریەكاندا بەناوبانگ بووە، گریگۆریش لەوانەوە وەریگرتووە. ئەو چیرۆكەی كە “گیبن” باسی كردووە زۆر لەو ڕیوایەتە دەچێت كە ئیبن ئیسحاق باسی كردووە، بەجۆرێك دەڵێت: چەند گەنجێكی مەسیحی لە گەورە و پایە بەرزانی شاری ئەفسیس، ڕووبەڕووی زوڵم و چەوسانەوەی پاشا “وەقیس” بوونەوە، بۆیە لە ئەشكەوتێكدا خۆیان شاردەوە، پاشا دەرگای ئەشكەوتەكەی داخست، ئینجا خوا بۆ ماوەی 180 ساڵ ئەوانی خەواند. پاشان، چەند کۆیلەیەکی (ئیدۆلیس) کە خاوەنی ناوچەکە بوو وە ئەشکەوتەکەشی تێدا بوو، بەردەکانی سەر دەرگای ئەشکەوتەکەیان لادا بۆ کاری تایبەتی خۆیان، كاتێك تیشكی خۆر چووە ناوی، خوای گەورە زیندوویانی كردەوە. كاتێك بەخەبەر هاتن، وایانزانی كە تەنها چەند كاتژمێرێك نووستوون. هەستیان بە برسێتی كرد، یەكێكیان -كە ناوی (جیمبليكس) بوو- نارد بۆ شارەكە بۆ ئەوەی خواردن بهێنێت. كە تەماشا دەكات شارەكە بەتەواوی گۆڕاوە، لەسەر دەرگاكەشی خاچێكی بینی، زۆر سەری سوڕما. كاتێك پارەكەی دایە نانەواكە، شێوەكەی و پارەكەی نەناسیەوە و بەلایەوە سەیر بوو، وایزانی كە ئەم كەسە گەنجینەیەكی دۆزیوەتەوە، بۆیە بردی بۆ لای دادوەر. كاتێك چیرۆكەكەیان لێ بیست، پاشا (ثيۆدۆسيس) لەگەڵ دارودەستەكەی چوون بۆ ئەشكەوتەكە، یارانی ئەشكەوت داوای بەرەكەتیان بۆ كردن، چیرۆكەكەیان بۆ گێڕانەوە، پاشان مردن (إزدهار حكومة روما وسقوطها، المجلد الأول، ص197).
زانای گەورە (أبو حيان) دەڵێت: لە نزیك گوندی (لوشة) لە ئەندەلوس، ئەشكەوتێك هەیە كە مردووی تێدایە، لەگەڵ سەگێك، خەڵكی وا دەزانن ئەوانە یارانی ئەشكەوتن. (ابن عطية) دەڵێت: چوومە لایان و بینیم كە ماوەی پێنج سەد و چوار ساڵە لەم بارودۆخەدان (البحر المحيط).
هەروەها دەڵێت: لە نزیك غەرناطة ئاسەواری شارێكی كۆن هەیە كە پێی دەوترێت شاری (دەقيوس)، لە ئاسەوارەكانیدا شتی سەیرمان بینی لە گۆڕ و شتی تر (هەمان سەرچاوە).
موفەسیرەكان ناوی یارانی ئەشكەوتیان گێڕاوەتەوە لە (ابن عباس)ەوە بەم شێوەیە: مەكسلمينا و يمليخا و مەرطونس و كەسطونس و بيرۆنس و دەنيموس و يەطبونس و قالوش (ابن كثير).
هەروەها ڕیوایەتی جۆراوجۆر هەیە دەربارەی (الرقيم). هەندێكیان دەڵێن: (الرقيم) تابلۆیەكە لە قوڕقوشم یان بەرد كە ناوەكانی ئەوانی لەسەر نووسراوە. لەكاتێكدا ئەوانی تر دەڵێن: (الرقيم) بریتیە لە یاساكەیان؛ بریتیە لە شارەكەیان؛ بریتیە لە سەگەكەیان؛ بریتیە لە درهەمەكەیان؛ بریتیە لە دۆڵەكەیان؛ بریتیە لەو بەردەی لەسەر ئەشكەوتەكەیە (القرطبي).
هەروەها موفەسیرەكان كۆمەڵێكی زۆر ڕیوایەتی تریان گێڕاوەتەوە كە باسی دۆخی سەگەكەیان دەكات، تەنانەت گوتراوە: لە بەهەشتدا هیچ گیاندارێك نیە، جگە لە سەگەكەی یارانی ئەشكەوت و گوێدرێژەكەی (بەلعەم). دوای نەقڵكردنی ئەم جۆرە ڕیوایەتانە، خاوەنی كتێبی (فتح البيان) دەنووسێت: “نازانم ئەم وردەكاری و لێكۆڵینەوەیە چ پەیوەندیەكی بە تەفسیركردنی قورئانی پیرۆزەوە هەیە، وە چی وای لێكردن ئەم درێژدادڕیە بكەن كە هیچ پاڵپشتێكی نیە لە نەقڵ و عەقڵیشدا.” (فتح البيان).
لەم ڕیوایەتانەوە كە لە كتێبەكانی موسوڵمانان و مەسیحیەكاندا هاتوون دەچەسپێت كە كۆمەڵێك چیرۆكی هاوشێوەی چیرۆكی یارانی ئەشكەوت، لەنێو خەڵكیدا باوبوون پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵام، وەك ئەوەی قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت، بەڕادەیەك جیاواز و دژ بەیەك بوون كە ناتوانرێت پشت بە هیچ كامێكیان ببەسترێت، چونكە خراپ و چاك تێكەڵ بوون تێیاندا.
دوای گواستنەوەی بۆچوونی موفەسیرە كۆنەكان، ئێستا ئەو لێكۆڵینەوەیە تۆمار دەكەم كە حەزرەتی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) خەلیفەی یەكەمی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) ئەنجامی داوە. بەڕێزی پێی وایە یارانی ئەشكەوت كۆمەڵێك لە مەسیحیە یەكەمە یەكتاپەرستەكان بوون. ئەوان بۆ خۆدەربازكردن لەو شیركەی لە نیشتیمانەكەیاندا بڵاوبوویەوە ڕۆیشتن بۆ وڵاتێكی تر، وە لەوێ بۆ ماوەیەكی زۆر بە نەناسراوی و بێدەنگی ژیاون، هەتا خوای گەورە گەشەی پێدان، وە لە جیهاندا بڵاوی كردنەوە. ئەم ڕووداوە ئاماژەیە بۆ ئەو گەشتەی كە یوسف ئارمیتیا لەگەڵ هاوەڵەكانیدا بۆ ئینگلتەرا ئەنجامی دا، لەوێ یەكەم كڵێسای مەسیحیان دروست كرد. (حقائق الفرقان، مجلد 3، ص403)
لێرەدا بەڕێزی (رضي الله عنه) بە تایبەتی ئاماژە دەكات بەو ڕیوایەتە بەناوبانگەی كە چەندین سەدەیە لە ئینگلتەرا هەیە، كە دەڵێت حەواری فیلیپ، یوسف ئارمیتیا و چەند كەسێكی تری ناردووە بۆ ئینگلتەرا بۆ ئەوەی بانگەواز بكەن بۆ ئایینەكەیان. ئەوانیش لەوێ لە شوێنێكدا بە ناوی (Glastonbury) كڵێسایەكیان دروست كرد و دەستیان كرد بە بانگەوازكردن بۆ ئایینی مەسیحیەت. (الموسوعة البريطانية، الطبعة الحادية عشرة، كلمة Glastonbury).
ئەم چیرۆكە لە كتێبی (تاریخ كنيسة Glastonbury) تۆماركراوە كە لە ساڵی 1125ی زاینی لەلایەن (William)ی دانیشتووی ناوچەی (Malmesbury) نووسراوە. بەڵام ئەم چیرۆكە لەو نوسخەیەدا نیە كە (William) بە دەستی خۆی نووسیویەتی، بەڵكو تەنها ئەوەی تێدا گوتووە كە لە گێڕانەوە باوەڕپێكراوەكاندا دەردەكەوێت كە پاپا لە ساڵی 166 زاینیدا لەسەر داوای پاشای ئینگلیزی (Lucuis)، چەند بانگخوازێكی ناردووە بۆ ئینگلتەرا، وە ئەوانیش ئەم كڵێسایەیان دروست كردووە. (William) لەسەری دەڕوات و دەڵێت مێژووی ئەم كڵێسایە بەپێی یەكێك لە گێڕانەوەكان لەوە كۆنترە، بەڵام من ناتوانم بڕوای پێ بكەم.
دوای مردنی (William)، كاتێك نوسخەیەكی تری كتێبەكەی ئامادە كرا، چیرۆكەكەی سەرەوەی پێوە لكێنرا. ئەمە بەو مانایە دێت كە ئەو چیرۆكە دروستكراوە و دواتر لەلایەن كەسێكی ترەوە زیادكراوە بۆ كتێبە ئەسڵیەكە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی بۆ بهێنێتەوە.
وە دەربارەی ئەشكەوتەكە، بە بۆچوونی حەزرەتی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) مەبەست لێی ئەو ئەو لوتكەیەیە (Cape) كە لە كەنار دەریاكەدا هەیە لە نزیك (Glastonbury). بەڵام من هاوڕا نیم لەگەڵ ڕای حەزرەتیان، چونكە ئەم وشە ئینگلیزیە لە وشەی (Cap)ی فەڕەنسی و (Caput)ی لاتینیەوە وەرگیراوە، كە بە مانای لوتكە دێت. بەڵام وشەی (الكهف)ی عەرەبی بە مانای ئەشكەوتێكی فراوان دێت لە چیا یان زەوی بەردەڵاندا، هیچ پەیوەندیەكی نیە بە (Cape)ەوە كە جوگرافیناسەكان باسی دەكەن، كە بە مانای لوتكە دێت، وەك ئەو لوتكە بەناوبانگەی لە هیندستاندا هەیە بە ناوی “رأس كماري”.
وە بەڕێزی (رضي الله عنه) فەرموویەتی یارانی ئەشكەوت یوسفی ئارمیتیا و هاوەڵەكانی بوون كە گەشتیان كردووە بۆ ئینگلتەرا، من لەمەشدا لەگەڵیدا هاوڕا نیم، چونكە چیرۆكی گەشتی یوسفی ئارمیتیا دروستكراوە، بەجۆرێك دوای تێپەڕبوونی یانزە سەدە و چارەكێك بەسەر لەدایكبوونی مەسیحدا لە ئینگلتەرادا بەناوبانگ بووە، دوای ئەوەی یەكەم جار لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە دوای مردنی (William) لكێنراوە بە كتێبەكەیەوە. بێدەنگی لەم جۆرە شتانە گومان و دوودڵی دروست دەكات، چجای دەربارەی ئەم چیرۆكە كە هیچ ڕیوایەتێكمان دەستناكەوێت لەبارەیەوە، مەگەر دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەزار ساڵ. ئەگەر كەسێك ئەمڕۆ -لەسەر بنەمای بیستن لە خەڵكیەوە- ڕیوایەتێكی نوێ بداتەپاڵ پێغەمبەر (ﷺ) كە لە هیچ سەرچاوەیەكی كتێبەكانی فەرموودە یان مێژوودا بوونی نەبێت، ئەوا كەس بڕوای پێ ناكات ئەگەر بەڵگەی مێژوویی پێشكەش نەكات كە ئەم گێڕانەوەیە لە زنجیرەی ڕووداوە سەلمێنراوەكانی تردا دابنێت، بە جۆرێك كەس نەتوانێت نكۆڵی لێ بكات.
پاشان گێڕانەوەیەكی لەم شێوەیە پێویستە شانازی بێت بۆ خەڵكی ئینگلتەرا، وە بڕواكردن بەم جۆرە ڕیوایەتە دروستكراوانە سوودیان پێدەگەیەنێت، بەڵام دەبینین ئەوان دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون ئەم بابەتەیان بە هەڵە داناوە. وە دوای مردنی ئەم (William)ە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی كۆنیان دۆزییەوە دەربارەی ئەم كڵێسایە، كاتێك خوێندیانەوە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە بە ئەگەری زۆرەوە كڵێساكە سێ سەد و پەنجا ساڵ پێش (William) دروست كراوە، واتە زۆر مەزەندە دەكرێت لە سەدەی هەشتەمی زاینیدا دروست كرابێت. پاشان ئەم بەڵگەنامانەش هیچ ئاماژەیەكیان تێدا نیە بۆ ئەو ڕیوایەتە. لەبەر ئەوە مێژوونووسە ئینگلیزەكان دەربارەی ناوەڕۆكی ئەم ڕیوایەتە گوتوویانە: “ئەمە ڕووداوێكی مێژوویی نیە، بەڵكو جۆرێكە لە خەیاڵی شاعیران.” (الموسوعة البريطانية، الطبعة الرابعة عشرة، كلمة Josef of Artmathia)
دوای ئاماژەدان بەم جیاوازیە سادانە كە پەیوەندیان هەیە بە دیاریكردنی تاكەكان و شوێنەكەوە، ناچارم دان بەوەدا بنێم كە ئەو لێكۆڵینەوەیەی حەزرەتی مەولانا نوورەددین (رضي الله عنه) پێشكەشی كردووە دەربارەی پەیوەندی نێوان یارانی ئەشكەوت و ڕووداوە مێژووییەكان، شتێكی ئەوپەڕی بەنرخە، وە چرای هیدایەتە، وە بەبێ ئەو تیشكەی كە بەڕێزی خستیە سەر ئەم بابەتە، مەحاڵە ئەم بەشەی قورئانی پیرۆز لەڕووی مێژووییەوە چارەسەر بكرێت. خوای گەورە باشترین پاداشتی بداتەوە.
ئەو تەفسیرەی كە من دەیكەم، تا ڕادەیەك، پشتی بەو لێكۆڵینەوەیە بەستووە كە بەڕێزی (رضي الله عنه) ئەنجامی داوە، جگە لە هەندێك جیاوازی بچووك كە پەیوەندی هەیە بە شوێن و كات و گەلەوە. بەڵام شتێك هەیە كە لە لێكۆڵینەوەكەی بەڕێزیدا (رضي الله عنه) نەهاتووە، وە پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بە ئامانجی سەرەكی ئەم ئایەتانەوە، وە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەرنجی ڕاكێشاوین بۆی. ئەو شتەیش ئەوەیە كە ئەم ئایەتانە هەواڵی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو لەخۆدەگرن، بەجۆرێك خوای گەورە تێیاندا ڕایگەیاندووە ئەو بارودۆخەی بەسەر یارانی ئەشكەوتدا هاتووە بەسەر كۆمەڵێك لە موسوڵمانانیشدا دێت (الملفوظات، مجلد 7، ص403).
دوای ئەم بابەتە ڕێخۆشكەرانە، لێكۆڵینەوەكەم دەربارەی یارانی ئەشكەوت تۆمار دەكەم.
كاتێك بینیم ئەو چیرۆكەی كە باس لە گەشتی یوسفی ئارمیتیا دەكات، لەوە زیاتر نیە كە چیرۆكێكی دروستكراوە، دەستم كرد بە لێكۆڵینەوەی زیاتر. لەكاتی ئەم لێكۆڵینەوەمدا، خزمەكەم، خوالێخۆشبوو دكتۆر خەلیفە ڕەشیدەددین بە كتێبێكەوە هات بۆ لام و گوتی: ئەو ڕووداوانەی لەم كتێبەدا باسكراون، لە بارودۆخەكانی یارانی ئەشكەوت دەچن. ناوی كتێبەكە بریتی بوو لە (سراديب الموتى بروما) (Catacombs of Rome). كاتێك خوێندمەوە، بینیم دەتوانین زۆر سوودی لێ ببینین لە لێكۆڵینەوەكەمان دەربارەی یارانی ئەشكەوت. لە خوارەوە پوختەی ناوەڕۆكەكەی دەخەمەڕوو:
مەسیحیەكانی سەرەتا موشریك نەبوون، بەڵگەی ئەوەش ئەو ژێرزەمینانەن كە لە نزیك ڕۆما دۆزراونەتەوە، بەجۆرێك مەسیحیەكانی سەرەتا خۆیانیان تێدا شاردووەتەوە لە ترسی ستەم و چەوسانەوەی حكومەتی ڕۆمانی. لەم ژێرزەمینانەدا تابلۆی زۆر دۆزراونەتەوە كە تێیاندا بارودۆخی ئەو سەردەمە نووسراونەتەوە. لێیانەوە دەردەكەوێت كە مەسیحیەت لە سەرەتادا هیچ شوێنەوارێكی شیركی تێدا نەبووە، وە ئەوان تەنها وەك پێغەمبەرێكی ڕزگاركەر بڕوایان بە مەسیح (عليه السلام) هێناوە. بەگوێرەی ئەم كتێبە، چەوسانەوەی حكومەتی ڕۆمانی بۆ چەند سەدەیەك بەردەوام بووە، وە ئەوان هەمیشە پەنایان بۆ ئەم ژێرزەمینانە بردووە كاتێك چەوسانەوەكە توند دەبوو، بەجۆرێك لەوێ خۆراكیان بەدزییەوە هەڵدەگرت و لەسەری دەژیان، هەندێ جار بۆ چەند ساڵێك لەناو ئەو ژێرزەمینانەدا خۆیان شاردووەتەوە. لە كۆتاییدا، دوای تێپەڕبوونی سێ سەدە، كاتێك یەكێك لە پاشاكانی ڕۆمان بوو بە مەسیحی، ئەم ستەم و چەوسانەوەیە لەسەر مەسیحیەكان نەما. پاشان گەلی “غاث” هێرشیان كردە سەر شاری ڕۆما و ئەو ژێرزەمینانەیان ڕووخاند دوای ئەوەی كە هەموو شتێكیان تاڵان كرد تێیاندا، بەم شێوەیە ناوی ئەو ژێرزەمینانە وردە وردە سڕایەوە، بەڵام هەندێك لە شوێنەوارناسان لەكاتی گەڕان بە دوای پاشماوەی شاری ڕۆمادا ئەم ژێرزەمینانەیان دۆزیەوە؛ وە بەم شێوەیە دوای هەزار ساڵ جارێكی تر جیهان ئەم ماددە مێژووییە شاراوەیەی دەستكەوتەوە.
بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە، ئەوەم بۆ دەركەوت كە تەفسیرەكانمان بێ گومان زۆرێك لە خراپ و چاكی تێكەڵ بووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی كە لەم كتێبەدا باسكراون، دروست نیە بڵێین هەموو ئەوەی لە تەفسیرەكاندا هاتوون هیچ پەیوەندیەكیان بە ڕووداوە ڕاستەقینەكەوە نیە.
كاتێك جارێكی تر سەرنجم دایەوە لەو شتانەی لە تەفسیرەكاندا هاتوون بۆم دەركەوت سێ ڕیوایەتەكەی كە لە پێشتردا تۆمارم كردبوون -یەكیان لە (ابن إسحاق)ەوە و دووەكەی تریان لە كتێبەكانی فەرموودە- بنەمای ڕاستی و حەقیان تێدایە. ئەگەر خوێنەر جارێكی تر ئەم ڕیوایەتانە بخوێنێتەوە، دەزانێت كە ئەم شتانەیان تێدایە:
1- ئەم ڕووداوە لە نێو ئوممەتی مەسیحیدا ڕوویداوە.
2- ئەم ستەمانە لەلایەن ڕۆمانەكانەوە لێیان كراوە.
3- یەكێك لەم ڕیوایەتانە دەڵێت ئەم ڕووداوە ڕوویدا كاتێك یەكێك لە حەواریەكان گەیشتە پایتەختی پاشای ڕۆمانی.
4- لەكاتێكدا ڕیوایەتێكی تر دەڵێت ڕووداوی یارانی ئەشكەوت لە سەردەمی پاشا (دەقیوس)دا ڕوویداوە كە لە لای عەرەب و هیندەكان بە (دەقیانووس) بەناوبانگە و ناوە لاتینیەكەی بریتیە لە (Decuis)؛ وە هەندێك مەسیحی لە ترسی ستەمەكەی پەنایان بردووە بۆ ئەشكەوتەكە.
5- هەموو ڕیوایەتەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە ئەو ئوممەتەی ستەمی كردووە، بتپەرست بوون.
6- ڕیوایەتێك -كە لێرە تۆمارم نەكردووە- دەڵێت پاشاكانی ئەو وڵاتە خەڵكیان ناچار دەكرد كە سوجدە بۆ بتەكانیان ببەن و قوربانییان بۆ بكەن.
7- لە ڕیوایەتێكدا لە (ابن عباس)ەوە هاتووە كە ئەم ڕووداوە سێ سەد ساڵ پێش سەردەمی ئەو ڕوویداوە.
8- ڕیوایەتێك دەڵێت یارانی ئەشكەوت لە سەردەمی پاشای ڕۆمانی (یەندوسیس)دا كە ناوە لاتینیەكەی (Theodosis)ە لە ئەشكەوتەكە دەرچوون.
لە ڕاستیدا، دوای خوێندنەوەی مێژووی ئەم ژێرزەمینانە بۆمان دەردەكەوێت ئەم ڕیوایەتە ئیسلامیانە ڕێنماییمان دەكەن بۆ ناوەڕۆكی ڕاستیەكە لەجیاتی ئەوەی بیرمان تێكبدەن. چونكە ئێمە لە مێژووی كڵێسا و ئەم ژێرزەمینانەوە دەزانین كە چەوسانەوەی تاكەكەسی مەسیحیەكان ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوی خاچ دەستی پێكردووە، بەڵام چەوسانەوەی بەكۆمەڵ لە ڕۆما لە سەردەمی پاشا (نیرۆن)دا دەستی پێكرد. ئەم پاشایە هاوچەرخی حەواریەكان بوو، ماوەی دەسەڵاتەكەی لەنێوان ساڵانی 54 تا 68ی زاینی بوو (الموسوعة البريطانية، الطبعة الحادية عشرة، كلمة Neru). مەسیحیە كۆنەكان باوەڕیان وابوو كە (پترۆس) لە سەردەمی ئەم پاشایەدا لەخاچدراوە. بێ گومان ڕەخنەگرانی مێژووی هاوچەرخ -كە هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی گومان دروست بكەن بۆ هەر ڕووداوێكی مێژوویی- هەوڵیان داوە گومان دروست بكەن بۆ ئەم بابەتەیش، بەڵام سەرەڕای هەوڵی بێوچانیان نەیانتوانیوە ڕۆیشتنی (پترۆس) بۆ ڕۆما و مردنی لەوێ پووچەڵ بكەنەوە (الموسوعة التوراتية، مجلد 4، كلمة Peter 1).
هەروەها بەڵگەنامەیەك هەیە لە نووسراوە كۆنە مەسیحیەكاندا كە لەلایەن قەشە (Dionysius)ەوە نووسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 177 دوای ڕووداوی خاچ، هەواڵمان پێ دەدات دەربارەی ڕۆیشتنی (پترۆس) بۆ ڕۆما. وە لەبەرئەوەی (پترۆس) دوای ڕووداوی خاچەكە نزیكەی 67 یان 80 ساڵ ژیاوە، بۆیە ئەم بەڵگەنامەیە نزیكەی 100 ساڵ دوای مردنی (پترۆس) نووسراوە. نابێت ئەم جۆرە بەڵگەنامەیە بە كەم سەیر بكرێت، كە نزیكە لە سەردەمی ئەوان، بە تایبەتی كە نووسەرەكەی قەشەیەكی گەورەی كڵێسایە (الموسوعة التوراتية، مجلد 4، كلمة Peter Simon).
هەروەها باسكراوە كە لەڕووی مێژووییەوە سەلمێندراوە گۆڕەكەی (پترۆس) لە ڕۆما، دوای دوو سەدە لە ڕووداوی خاچەكە بووە بە زیارەتگای خەڵك، وە ئێسكەكانی لە ساڵی 258دا گواستراونەتەوە بۆ ژێرزەمینەكانی مردووان.
بەڵام ئەم پرسیارە: ئایا ئەو گۆڕە و ئەو ئێسكانە بە ڕاستی هی (پترۆس) بوون، ئەوا ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی وەڵامی دەداتەوە: ئێمە شتێك بە دەستمانەوە نیە كە بتوانین بەهۆیەوە دڵنیایی بدەین لەوە. (الموسوعة البريطانية، طبعة 1951، كلمة Peter 1).
شاراوە نیە ئەو مەرجانەی كە ئەوان بەهۆیانەوە بۆ بابەتی تر دڵنیایی دەدەن، لەم بابەتەشدا هەن، چونكە ڕاویەكان نزیكن لە سەردەمی ڕووداوەكە، هەروەها شایەتیەكی مێژووییش هەیە لە سەردەمێكدا كە 125 ساڵ دوور نیە لە مردنی (پترۆس)ەوە، وە ئەو شایەتیە ئەوەیە كە گۆڕەكەی لە ڕۆما بووەتە زیارەتگای خەڵك. كەواتە چ پاشا (نیرۆن) (پترۆس)ی كوشتبێت یان نا، لەڕووی مێژووییەوە چەسپاوە كە (پترۆس) چووەتە ڕۆما، و لەوێ مردووە، وە مەسیحییەكان لەو كاتەدا تووشی چەوسانەوە بوون، وە ئەوان بۆ ڕزگاركردنی گیانی خۆیان لێرە و لەوێ هەڵاتوون.
هەروەها لە مێژووەوە دەزانین كە چەوسانەوەی ڕۆمانی بۆ مەسیحیەكان لە سەردەمی (دیسیس) یان (دەقیانووس)دا گەیشتە لوتكە. ئەوان بە دانانی یاسا ئەشكەنجەیان دەدان، وە هەر كەسێك سوجدەی بۆ بتەكان نەبردایە، وەك مەسیحی سەیر دەكرا؛ بۆیە بەند دەكرا یان دەكوژرا. حوكمڕانی (دیسیس) لە ساڵی 249 تا 251ی زاینی بووە، وە لە ساڵانی 250 و 251دا یاسای دڕندانەی دژی مەسیحیەكان دانا. (الموسوعة البريطانية، طبعة 1911، كلمة Decius، تاريخ الكنيسة).
مێژوو هەواڵمان پێدەدات كە پاشا (گاليريۆس) پێش مردنی لە ساڵی 311ی زاینیدا، یاسا دژوارەكانی دژی مەسیحیەكان هەڵوەشاندەوە. (The Historians History of the World v. 7 p. 439)
پاشان لە ساڵی 337دا پاشا (قوستەنتین) بوو بە مەسیحی، وە لە سەردەمی پاشا (Theodosis)دا مەسیحیەت بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبوویەوە، وە هەروەها مەسیحیەكان لەلایەن خەڵكی ئاساییەوە دڵنیاییان پێدرا (الموسوعة البريطانية، طبعة 1951، كلمة Constantine).
لەو بەڵگە مێژووییانەوە ڕوون بوویەوە كە مەسیحیەكانی سەرەتا لە فەڵەستین لە سەردەمی (هێرۆدۆتس)ەوە، وە لە ڕۆما لە سەردەمی پاشا (نیرۆن)ەوە تا ساڵی 311ی زاینی تووشی چەوسانەوە بوون، وە ئەوان لە ڕۆژانی چەوسانەوەكەدا لێرە و لەوێ هەڵاتوون و لە ئەشكەوتەكاندا خۆیان شاردووەتەوە.
بە وردبوونەوە لەم ڕووداوانە، بە ئاسانی بۆمان دەردەكەوێت كە یارانی ئەشكەوت مەسیحیە سەرەتاییە ڕۆمانیەكان بوون، وە ئەوان ڕووبەڕووی ئەو ستەمە بوونەتەوە كە لە سەردەمی یەكێك لە حەواریەكانی مەسیحەوە دەستی پێكردووە و سەدان ساڵ بەردەوام بووە. چەوسانەوەیان لە سەردەمی (دیسیس)دا گەیشتە لوتكە، وە لە سەردەمی پاشا (گاليريۆس)دا لێیان خۆشبوو؛ وە لە سەردەمی (قوستەنتین)دا بە دانانی یاسا ڕێگری لە چەوسانەوەیان كراوە؛ وە لە سەردەمی پاشا (Theodosis)دا گەشەیەكی بەرفراوانیان كرد.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕووداوانە، ئەگەر ئێستا وردبینەوە لە ڕیوایەتی موفەسیرەكان -چاوپۆشی بكەین لەو زیادەڕەوییانەی كە بێ گومان لەلایەن ڕاویە مەسیحی و جوولەكەكانەوە زیادكراون- دەبینین ئەم ڕیوایەتانە بەشێوەیەكی دروست ڕێنماییمان دەكەن بۆ دیاریكردنی یارانی ئەشكەوت. لەڕاستیدا ئەم ڕیوایەتانە هیچ جیاوازیەكیشیان تێدا نیە. خەڵكی جیاوازیان لەم ڕیوایەتانەدا بینیوە، چونكە وایان زانیوە ئەمانە بەسەرهاتی چەوسانەوەكە بوون لە یەك سەردەمدا، وە ئەمە هەموو مێژووی چەوسانەوەكەیە، لەكاتێكدا چەوسانەوەكە تووشی چەندین گرووپ بووە و لە چەندین سەردەمی جیاوازدا ڕوویداوە. ئەم چەوسانەوەیە لە سەردەمی پاشا (نیرۆن)دا ڕوویداوە كاتێك (پترۆس) لە ڕۆما بووە، هەروەك ڕیوایەتەكەی (ابن اسحاق) ئاماژە بەوە دەكات. هەروەها چەوسانەوە لە سەردەمی پاشا (دیسیس)دا ڕوویداوە، وا دەردەكەوێت گێڕانەوەكەی (ابن المنذر) ئاماژە بەمە دەدات. ئەم چەوسانەوەیە بۆ ماوەی سێ سەدە بەردەوام بووە، وە هەر كاتێك كە فشارەكەی زیاتر بووە، مەسیحیە زۆرلێكراوەكان لە ئەشكەوتەكاندا ژیاون، بۆیە چیرۆكی جۆراوجۆر دەربارەی قوربانیەكانیان لەنێو خەڵكیدا بڵاوبووەتەوە. هەندێكیان بیستوویانە چی بەسەر (پترۆس)دا هاتووە، وایان زانیوە كە مێژووی یارانی ئەشكەوت تەنها ئەوەیە كە بەسەر (پترۆس)دا هاتووە. هەندێكی تریان بیستوویانە چی لە سەردەمی پاشا (دیسیس)دا ڕوویداوە، وایان زانیوە كە ئەمە تەنها چیرۆكی چەوسانەوەكەیە. بەڵام ئەگەر ئەم چیرۆكانە وەك ڕووداوی سەردەمی جیاواز سەیر بكەین، وە چاوپۆشی بكەین لەو زیادەڕەوییانەی كە بەگشتی دێنەناو ئەم جۆرە بابەتانەوە؛ ئەوا هەموو ئەم ڕیوایەتانە ڕاست دەردەكەون، وە دیمەنێكی پوختی ئەو چەوسانەوە ترسناكەمان بۆ دەخەنەڕوو كە مەسیحیە سەرەتاییەكان تووشیان بووە.
ئێستا بەكورتی هەندێ ڕاستیتان پێ دەڵێم كە پەیوەندیان بە ئەشكەوتەكانەوە هەیە. وەك پێشتر گوتم، لێرەدا مەبەست لە ئەشكەوتەكان ژێرزەمینەكانی مردووەكانە، وە بریتین لە كۆمەڵێك ئەشكەوت لەژێر زەویدا. ڕۆمانیەكان و جوولەكەكان نەریتیان وەها بوو مردووەكانی خۆیان لە ژوورەكانی ژێر زەویدا دادەنا. لە دەرەوەی شارە گەورەكانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی شوێنی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە هەبوون، پێیان دەگوترا ژێرزەمینەكانی مردووان. كاتێك مەسیحیەكان ڕووبەڕووی چەوسانەوە بوونەتەوە، بۆ ڕزگاركردنی گیانی خۆیان هەڵاتوون و پەنایان بۆ ئەم گۆڕستانانە بردووە. لەبەر دوو هۆكار ئەو كارەیان كردووە: یەكەم: ئەم ژێرزەمینانە یارمەتی ئەوەیان دەدان كە زۆر بەئاسانی خۆیان بشارنەوە و دابنیشن و بمێننەوە و لە كەشوهەوا خۆیان بپارێزن. دووەم: خەڵكی بە گشتی لە گۆڕەكان دەترسن، بۆیە خۆشاردنەوەیان لەوێدا دڵنیایی ئەوەی دەدا كە لە چاوی خەڵكی دووردەبن.
زانایان ئەم ژێرزەمینانەیان لە نزیك ڕۆما و صەقلیە و ناپۆلی و ماڵتا و لە ئەسكەندەریەی میسڕ دۆزیوەتەوە. (الموسوعة البريطانية، طبعة 1972، كلمة Catacombs).
بەڕێز (Benjamin Scot) لە كتێبەكەیدا بە ناوی “ژێرزەمینەكانی ڕۆما” دەڵێت: “من وای دەبینم تەنانەت لەو سەردەمە سەرەتاییەشدا -كە پۆڵس چووەتە ڕۆما- مەسیحیەكان پەنایان بۆ ئەم ژوورە زەمینیانە بردووە بۆ ئەوەی لە تووڕەیی خەڵكی و چەوسانەوەی جوولەكەكان و حكومەتی ڕۆمانی ڕزگاریان بێت.”
پاشان لەسەری دەڕوات و دەڵێت: “بێگومان ئەوان لەڕاستیدا ناچار بوون كە لەم ئەشكەوت (Cave) و ڕەهۆڵە ژێر زەمینیانەدا خۆیان بشارنەوە.” (The Catacombs at Rome p. 65-164).
شایانی باسە نووسەر بۆچی ئەم ژوورە زەمینییانە وشەی (Cave)ی بەكارهێناوە، كە بریتیە لە شێوەیەكی شێواوی وشەی عەرەبی “كهف”؛ وەك ئەوەی ئەم نووسەرە ئینگلیزیە هەمان ئەو وشەیەی بەكارهێنابێت كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە.
وە ئەو قسەیەی كە گوتوویەتی مەسیحیەكان ناچاربوون كە لەم ئەشكەوتانەدا خۆیان بشارنەوە، ئەوە بە شایەتی مێژوونووسی ڕۆمانی (تاقیطس) چەسپاوە كاتێك دەڵێت: پاشا (نیرۆن) جەماوەرەكەی خۆی دڵخۆش دەكرد بە سووتاندنی مەسیحیەكان بەزیندوویی، وە فڕێیانی دەدایە بەردەم سەگی هار، بە چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر لەخاچی دەدان، وە باخچە شاهانەكەی خۆی تەرخان كردبوو بۆ جێبەجێكردنی ئەم سزایانە. (Tacitus.. The Annals and The Histories p. 257-258)
ئەو كەسانەی كە لەم بازنە بەرفراوانەدا تووشی چەوسانەوەی توند بوونەتەوە، هیچ ڕێگەیەكیان لەبەردەمدا نەبووە جگە لەوەی كە بۆ ڕزگاركردنی گیانی خۆیان لێرە و لەوێ خۆیان بشارنەوە.
لە ڕۆژانی پەنابردنیان بۆ ئەم ژێرزەمینانە، مەسیحیەكان دەستیان كرد بە دروستكردنی ژووری تریش بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان بپارێزن. هەروەها تەرمی شەهیدەكانیان دەهێنا بۆ ژێرزەمینەكان و لەوێ دەیانناشتن لە ترسی ئەوەی نەوەك سووكایەتیان پێ بكرێت. لەبەرئەوەی ستەم و چەوسانەوەكە بۆ ماوەی سێ سەدە بەردەوام بوو، ژووری زیادە لەناو ژێرزەمینەكاندا زۆر بوون تا وای لێهات بەڕای هەندێ كەس لەژێر زەویدا بۆ نزیكەی 15 میل درێژبوونەوە. (The Catacombs at Rome p. 65 To 164)
لەبەرئەوەی ستەم و زۆرداری -بە گشتی- لە هەموو ڕۆژەكاندا بە یەك شێوە نەبوو، بەجۆرێك هەندێك لە پاشاكان كەمتر دڕندە بوون، بۆیە مەسیحیەكان دەگەڕانەوە بۆ شارەكان كاتێك فشاری ستەمەكە كەمتر دەبوو، وە دووبارە دەگەڕانەوە بۆ ئەشكەوتەكان كاتێك فشارەكە زیاتر دەبوو، وا دەردەكەوێت ئەوان ناچار بووبن بۆ ماوەی چەندین مانگ و چەندین ساڵ لەوێ بژین، بەجۆرێك لەناو ژێرزەمینەكاندا ژووری خوێندنگە و كڵێسایش هەبوون.
ئەم ژێرزەمینانە سێ نهۆمیان هەیە، وە من بە چاوی خۆم ئەم ژێرزەمینانەم بینی كاتێك لە ساڵی 1924 بە ڕۆمادا تێپەڕیم لەكاتی گەشتكردنم بۆ ئینگلتەرا. مرۆڤ دەتوانێت بەبێ سەختی و ناڕەحەتی زۆر سەردانی ژوورەكانی نهۆمی سەرەوە بكات، بەڵام لەكاتی سەردانیكردنی ژوورەكانی نهۆمی دووەم هەست بە هەناسەتەنگی دەكات، بەڵام سەبارەت بە ژوورەكانی نهۆمی كۆتایی؛ ئەوا سەردانیكردنیان نزیكە لە مەحاڵەوە بەهۆی شێداری و تاریكی زۆرەوە. بینیم مەسیحیەكان ئەم ژوورانەیان كردووە بە كۆمەڵێك تونێل، وە ئەم ڕێوشوێنانەیان گرتووەتەبەر بۆ خۆپاراستن:
یەكەم، سەگیان لە بەر دەرگای ژێرزەمینەكاندا دەبەستەوە، بۆ ئەوەی بە وەڕینیان ئاگاداریان بكەنەوە لە هاتنی كەسێكی نامۆ.
دووەم، پلیكانەیان لە زەویەكە دروست نەكردووە بۆ دابەزین لەسەر زەوییەوە بۆ ژوورەكانی ژێرزەوی، بەڵكو لەجیاتی ئەوە پەیژەی داریان بەكارهێناوە كە دوای بەكارهێنانیان لایان دەبرد، تاوەكو دوژمن نەتوانێت بە خێرایی بگاتە ئەو ژوورانەی ژێر زەوی كە تێیدا دەژیان.
سێیەم، ئەگەر دوژمن بە بازدان یان بە پەیژەیەك كە خۆی هێنابێتی بگاتە ئەو ژوورەی تێیدا دەژیان، ئەوا ڕێگەی پاراستنی خۆیان لە دوژمن ئەوە بووە كە لە هەر ژوورێكدا چوار دەرگایان داناوە كە تەنها یەكێكیان دەچوو بۆ ژووری دواتر، لەكاتێكدا سێ دەرگاكەی تر دەچوون بۆ تونێلی داخراو. بۆیە ئەوان دەستبەجێ پەنایان دەبردە بەر ژوورەكەی تەنیشت بەهۆی ئەوەی دەرگا ڕاستەقینەكەیان دەزانی، لەكاتێكدا ئەو دوژمنەی ئەوانی ڕاودەنا دەچووەناو دەرگای هەڵە.. پاشان دەگەڕایەوە دواوە كاتێك دەیبینی ڕێگاكە داخراوە لەبەردەمیدا، بەم شێوەیە دوژمن لە گەڕان بەدوای دەرگا ڕاستەقینەكەدا كاتێكی زۆری بەفیڕۆدەدا، بەمەش زۆر دوادەكەوت لە گەیشتن بە مەسیحیە هەڵهاتووەكان. ئەم بەدواداچوونە ماندووكەرە وای دەكرد پیاوانی پۆلیس سست ببنەوە و وازبهێنن لە بەدواداچوونیان.
چوارەم، ئەگەر بەردەوام بوونایە لە بەدواداچوون، مەسیحیەكان دادەبەزینە نهۆمی دووەمی ژێرزەمینەكانەوە كە زیاتر تەنگ و تاریك و ئاڵۆزتر بوون.
پێنجەم، گریمان پۆلیس لەوێش بەردەوام بوایە لە بەدواداچوونیان، ئەوا ژوورەكانی نهۆمی سێیەم هەبوون كە وا دیارە مەسیحیەكان تەنها بۆ ماوەیەكی كورت لەكاتی ڕاوەدوونانی پۆلیسدا دەچوونە ناوی. ئەمەش چونكە ئێمە لەكاتی سەردانیكردنمان بۆی نەمانتوانی زیاتر لە سێ یان چوار خولەك لەوێ بمێنینەوە، هەرچەندە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بوو كە ڕادەی شێداریەكەی لە ئێستادا زۆر بەرزبووەتەوە. ئەم ژوورانە زۆر چۆڵن. لەبەرئەوەی درێژی هەموو ئەم ڕێگایانە لەناو ژێرزەمینەكاندا چەند سەد میلێك دەبێت، بۆیە گرتن و قۆڵبەستكردنی مەسیحیەكان لەوێدا شتێكی ئاسان نەبوو. بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بەرگەی حكومەتەكان بگرێت، بۆیە پۆلیس هەندێكجار سەركەوتوو دەبوو لە گرتنیان و دەستبەجێ لە هەمان شوێندا دەیانكوشتن. خۆم لەوێ چەند گۆڕێكی ئەو شەهیدانەم بینی. یەكێك لە قەشەكان بە داواكاری ئێمە هەندێك لە تابلۆكانی سەر ئەو گۆڕانەی بۆ خوێندینەوە، بۆمان دەركەوت كە چیرۆكی بە ئازاری شەهیدبوونی ئەو كەسانە دەگێڕنەوە.
لەم دواییانەدا چەندین تابلۆ و گۆڕی زیاتریان دۆزیوەتەوە، كە هەندێكیان هی ئەو كەسانە بوون كە پەترۆس لەلایان نیشتەجێ بووە، یان ئەوانەی لە پەرتووكی پیرۆزدا ناویان هاتووە. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی، چاپی چواردەیەم، وشەی “Catacombs”). لە سەردەمی پاشا دیسیس یاسایەك دەركرا بۆ ناچاركردنی مەسیحیەكان بە كڕنووش بردن بۆ بتەكان، بۆیە لە سەردەمی ئەودا زۆر بەتوندی چەوسێنرانەوە، لەبەر ئەوە هەموو ئەم ماوەیەیان بە نزیكەیی لە ژێرزەمینەكاندا بەسەر برد، جگە لەوانەی كە لە ڕووكەشدا لە ئایینەكەیان پاشگەزبوونەوە. كەواتە یارانی ئەشكەوت لەو ماوەیەدا نموونەیەكی نایابیان بۆ قوربانیدان و فیداكاری لەپێناو خوای گەورەدا پێشكەش كرد. لە تابلۆكانەوە كە لە ژێرزەمینەكاندا دۆزراونەتەوە، دەردەكەوێت لەناو مەسیحیەكانی ئەو سەردەمەدا هیچ شوێنەوارێكی شیرك و بتپەرستی نەبووە، بەجۆرێك لەم تابلۆیانەدا هیچ وشەیەك نیە كە ئاماژە بە شیرك بكات. تێیاندا مەسیح وەك كوڕی خوا پێشكەش نەكراوە، بەڵكو تەنها بەشێوەی شوانێك پێشكەش كراوە. هەروەها ئەم تابلۆیانە ئاماژە بە بەرز ڕاگرتنی نائاسایی دایكی دەكەن. زۆربەی ئەم تابلۆیانە جەخت دەكەنەوە لەسەر پیشاندانی ڕووداوی پێغەمبەر یونس و لەسەر دەرخستنی ڕووداوی كۆتایی لافاوی نووح، كە تێیدا كۆترێك هەواڵی دەركەوتنی ڕووی زەوی هێنایەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەو كەسانە وازیان نەهێنابوو لە كاركردن بە پەیمانی كۆن و باوەڕیان بە مەسیح هەبووە تەنها وەك پێغەمبەرێك و شوانێكی ڕۆحی (سەیری سەرچاوەی پێشوو و “The Catacombs at Rome” لە نووسینی B. Scott و كتێبی دكتۆر Meat Land بكە).
بەكورتی خوای گەورە لەڕێگەی ڕووداوی یارانی ئەشكەوتەوە باسی بارودۆخی مەسیحیە سەرەتاییەكانی كردووە، بە ئاماژەدان بە سەرەتای ئوممەتی مەسیحی كاتێك دژی بتپەرستی و شیرك دەجەنگان، وە لەو پێناوەدا بۆ ماوەی چەند سەدەیەك قوربانی گەورەیان داوە؛ بەڵام ئەمڕۆ هیچ شوێنەوارێكی ئایینی ڕەسەنی خۆیان لەناودا نەماوە.
﴿نَّحۡنُ نَقُصُّ عَلَيۡكَ نَبَأَهُم بِٱلۡحَقِّ ۚ إِنَّهُمۡ فِتۡيَةٌ ءَامَنُواْ بِرَبِّهِمۡ وَزِدۡنَٰهُمۡ هُدٗى 14﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
نقُصّ: (قصَّ أثره قصا وقصصا: ورد وردە شوێنی كەوت. وە لەمەوە هاتووە “فارتدّا على آثارهما قَصَصًا”، واتە: بەو ڕێگەیەدا كە پێیدا ڕۆیشتبوون گەڕانەوە شوێنپێكانیان هەڵگرت. وە (قصَّ عليه الخبرَ والرؤيا): واتە بەوردی هەواڵ و خەونەكەی بۆ گێڕایەوە، وە لەمەوە هاتووە “نحن نقُصّ عليك أحسنَ القَصَصِ” واتە باشترین ڕوونكردنەوەت بۆ دەكەین. (الأقرب)
نبأ: (نبّأه الخبرَ وبالخبر): هەواڵی پێدا، وە گوتراوە: “نبّأتُ زيدًا عَمْرًا منطلقًا” واتە: ئاگادارم كردەوە. وە (النَّبَأُ) هەواڵە. وە لە (الكلیات)دا هاتووە: (نبأ) و (أنباء) لە قورئاندا تەنها بۆ ئەو شتانە بەكارهاتوون كە گرنگی و كاریگەریەكی زۆریان هەبووە. (الأقرب)
الحق: (حقَّه حقًّا): لەسەر حەق زاڵ بوو. وە (حَقَّ الأمرَ): چەسپاندی و پێویستی كرد، دڵنیا بوو لێی. (حَقَّ الخبرَ): لە ڕاستی هەواڵەكە دڵنیا بوو. وە (الحقُّ): پێچەوانەی (باطل)ە؛ كارێك كە بڕیاری لەسەر دراوە؛ دادپەروەری؛ موڵك؛ بوونی سەلمێنراو؛ دڵنیایی دوای گومان؛ مردن؛ هۆشیاری. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە ڕوونی دەكاتەوە: ئێمە ڕووداوەكانی ئەوانت بۆ دەگێڕینەوە هەروەك چۆن ڕوویانداوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە لەناو خەڵكدا چەندین چیرۆكی باو هەبووە دەربارەی یارانی ئەشكەوت، وە ئەو چیرۆكە كۆنانە ڕاست نین.
ئایەتەكەی پێشووتریش ئاماژە بە بوونی كۆمەڵێك چیرۆكی باو دەكات دەربارەی ئەو گەلە. چونكە ڕوونكردنەوەكەی قورئان دەربارەی ئەوان لەم ئایەتەوە دەست پێدەكات، بەڵام ئەوەی پێش ئەو ڕوونكردنەوەیە هاتووە، وەك دەردەكەوێت، پوختەیەكی ڕاستە بۆ ئەو گێڕانەوە باوانەی كە لەو كاتەدا دەربارەی ئەوان هەبوون.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّهُمۡ فِتۡيَةٌ ءَامَنُواْ بِرَبِّهِمۡ﴾ واتە: كۆمەڵێك لە بەڕێز یان بەخشندە یان كۆمەڵێك گەنج بوون كە باوەڕیان بە پەروەردگاری خۆیان هێنا؛ چونكە (فتى) واتە: بەخشندە و بەڕێز یان گەنج (الأقرب). لەڕاستیدا گەنجان بەگشتی زیاتر بەشداری دەكەن لە خزمەتە ئایینیەكاندا، بەجۆرێك دەبینین هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە پێغەمبەر (ﷺ) هێنا، جگە لە ژمارەیەكی كەمیان، تەمەنیان لە پێغەمبەر (ﷺ) كەمتر بوو.
لەوانەیە وشەی (فتية) ئاماژە بێت بۆ چینێكی دیاریكراوی مەسیحیە پەنابەرەكان لەم ئەشكەوتانە كە زۆرترین قوربانیان دابێت. یان ڕەنگە واتاكەی گشتی بێت و هەموو ئەو مەسیحیە بەڕێزانە بگرێتەوە كە پابەندی ئایینەكەیان بوون و قوربانیان دا بەدرێژایی ئەم ماوەیە كە سێ سەدەی خایاند. من خۆم لایەنگری مانای دووەمم.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَزِدۡنَٰهُمۡ هُدٗى﴾ واتە: بەهۆی قوربانیەكانیانەوە باوەڕی ئەوانمان زیاتر كرد.
﴿وَرَبَطۡنَا عَلَىٰ قُلُوبِهِمۡ إِذۡ قَامُواْ فَقَالُواْ رَبُّنَا رَبُّ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ لَن نَّدۡعُوَاْ مِن دُونِهِۦٓ إِلَٰهٗا ۖ لَّقَدۡ قُلۡنَآ إِذٗا شَطَطًا 15﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
رَبَطْنا على قلوبهم: (ربَط الشيءَ يربِط ويربُط رَبْطًا): بە توندی گرێیدا و بەستیەوە. (ربَط جَأْشُه رَباطةً): دڵی بەهێز بوو. وە (ربَط اللهُ على قلبه): ئارامی پێ بەخشی. (الأقرب)
شَطَطًا: (شَطَّ شَطَطًا): ستەمی كرد؛ زیادەڕەوی كرد. وە (شطَّ في سلعته شَطَطًا): لە نرخی دیاریكراو تێپەڕی؛ لە حەق دووركەوتەوە. وە (شطَّ في السَّوم): نرخی زۆر بەرز بوو. وە (الشَّطَط): تێپەڕاندنی ڕادە و سنوورەكانە (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە ڕوونی دەكاتەوە كە سەرەڕای ئەوەی پاشا و خەڵك هەموویان دژی ئەوان بوون، بەڵام خوا دڵی ئەوانی بەهێز كرد و ئارامگرتنی پێ بەخشین، ئەوانیش هەستان و بە بێ ترس بیروباوەڕی خۆیان ڕاگەیاند.
﴿هَٰٓؤُلَآءِ قَوۡمُنَا ٱتَّخَذُواْ مِن دُونِهِۦٓ ءَالِهَةٗ ۖ لَّوۡلَا يَأۡتُونَ عَلَيۡهِم بِسُلۡطَٰنِۢ بَيِّنٖ ۖ فَمَنۡ أَظۡلَمُ مِمَّنِ ٱفۡتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ كَذِبٗا 16﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
سلطان: (السلطانُ): بەڵگە؛ دەسەڵاتداری؛ توانای پاشا. (الأقرب)
بین: (البيّنُ): ڕوون و ئاشكرا. (الأقرب)
تەفسیر: لەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە ئەو گەلەی كە یارانی ئەشكەوت لەناویانەوە پەیدا بوون، بتپەرست بوون و چەندین خواوەندیان جگە لە خوای گەورە كردبوو بە پەرستراوی خۆیان. بارودۆخی ڕۆمانیەكانیش بەم جۆرە بوو كە چەندین بتیان دەپەرست.
هەروەها لەم فەرمایشتەی خواوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەم دەستەیە لە بەندە یەكتاپەرستەكانی خوا، كۆمەڵێك گەنجی پەرتەوازە و لەیەك جیا نەبوون، بەڵكو پابەندی یەك ئایین بوون و سەردانی یەكتریان دەكرد. چونكە ناوەڕۆكی ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان بە تەنهایی ئەم گفتوگۆیانەیان لەنێوان خۆیاندا دەكرد.
﴿وَإِذِ ٱعۡتَزَلۡتُمُوهُمۡ وَمَا يَعۡبُدُونَ إِلَّا ٱللَّهَ فَأۡوُۥٓاْ إِلَى ٱلۡكَهۡفِ يَنشُرۡ لَكُمۡ رَبُّكُم مِّن رَّحۡمَتِهِۦ وَيُهَيِّئۡ لَكُم مِّنۡ أَمۡرِكُم مِّرۡفَقٗا 17﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
يَنشُر: (نشَر الثوبَ): بڵاوی كردەوە، پێچەوانەی پێچانەوەیە. (نشَرتْ أوراقُ الشجر): گەڵای درەختەكە بڵاوبووەوە و درێژبووەوە. (نشَر الخبَرَ نشرًا): بەتەواوەتی هەواڵەكەی بڵاوكردەوە. (الأقرب)
مِرفَقًا: (رفَق به وعليه وله يرفِق مِرْفَقًا): بە لەسەرخۆیی و نەرمونیانی مامەڵەی كرد. (الأقرب)
تەفسیر: لە گوتەكەیان: “فأْوُوا إلى الكهف” وشەی “ئەشكەوت”یان بە شێوەی ناسراو بەكارهێناوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە مەبەستیان ئەشكەوتێكی دیاریكراو و بەناوبانگ بووە لە ناوچەكەی خۆیان و هەموویان ئەو ئەشكەوتیان دەزانی. ئەگەر مەبەست هەر ئەشكەوتێك بووایە دەیانگوت “فأْوُوا إلى كهفٍ”.
ئەم ئەشكەوتە پێشتر بەناوبانگ بوو چونكە كۆیلەكان لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی زۆر لەلایەن گەورە ڕۆمانیەكانیانەوە ڕایان دەكرد و خۆیان دەشاردەوە تێیدا. بێگومان ئەوان ئەم ئەشكەوتەیان زۆر فراوان كرد، بەڵام پێشتریش خۆی فراوان بووە.
هەروەها لەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە كە یارانی ئەشكەوت ماوەیەكی درێژ پێش پەنابردن بۆ ئەشكەوتەكەیان، ستەمیان لێ دەكرا و دەچەوسێنرانەوە. چونكە گوتەكەیان ﴿وَإِذِ ٱعۡتَزَلۡتُمُوهُمۡ﴾ ئاماژە بەوە دەكات كە گەلەكەیان بایكۆتی كۆمەڵایەتیان كردبوون، بۆیە ئەوان لە كۆمەڵگایەكی جیاواز لە گەلەكەیان ژیاون. لە ئەنجامدا بە ڕاوێژ بڕیاریانداوە ئەوە بكەن كە پێشتر كۆیلەكان كردوویانە، و كاتێك ستەم چڕتر دەبێتەوە و ژیان لەناو خەڵكەكەدا زیان بە ئایینەكەیان دەگەیەنێت، لە ئەشكەوتەكەدا خۆیان دەشارنەوە.
﴿وَتَرَى ٱلشَّمۡسَ إِذَا طَلَعَت تَّزَٰوَرُ عَن كَهۡفِهِمۡ ذَاتَ ٱلۡيَمِينِ وَإِذَا غَرَبَت تَّقۡرِضُهُمۡ ذَاتَ ٱلشِّمَالِ وَهُمۡ فِي فَجۡوَةٖ مِّنۡهُ ۚ ذَٰلِكَ مِنۡ ءَايَٰتِ ٱللَّهِ ۗ مَن يَهۡدِ ٱللَّهُ فَهُوَ ٱلۡمُهۡتَدِ ۖ وَمَن يُضۡلِلۡ فَلَن تَجِدَ لَهُۥ وَلِيّٗا مُّرۡشِدٗا 18﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
تَزاوَرُ: لە بنەڕەتدا (تتزاورُ) بووە و یەكێك لە “تاء”ەكان بەپێی ڕێساكانی زمانی عەرەبی لابراوە. وە مانای (تَزاوَرَ عنه: عدَل عنه وانحرفَ) واتە: لایدا لێی. (الأقرب)
تَقرِضهم: (قرَض الشيءَ يقرِض قرضًا): بڕی. (قرَض الوادي): بەناو دۆڵەكەدا تێپەڕی. (قرَض المكانَ): لایدا لێی و خۆی لێ دوورخستەوە. (الأقرب)
فَجْوة: (الفجوةُ): درز و بۆشایی لەنێوان دوو شتدا؛ فراوانی زەوی؛ گۆڕەپانی ماڵ. (الأقرب)
مرشِدًا: (أرشدَه): ڕێنمایی كرد. (الأقرب) واتە: 1- ڕێنمایی كرد بۆ سەر ڕێگا؛ 2- بۆی ڕوون كردەوە؛ 3- گەیاندیە ئامانجەكەی؛ 4- ڕێنمایی كرد بۆ سەر ئیمان. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە شوێنی ئەم ئەشكەوتەی ڕوون كردووەتەوە. لەو نیشانانەی ئەشكەوتەكەوە كە لێرەدا باسكراون دەردەكەوێت كە؛ ئەو كەسانە لە دوورترین ناوچەكانی باكووری گۆی زەویدا ژیاون، چونكە ئەگەر ئێمە لە ناوچەكانی باكووری زەویدا بین و ڕووبكەینە ڕۆژهەڵات، ئەوا خۆر لەلای ڕاستمانەوە دەبێت، وە ئەگەر لە ناوچەكانی باشوور بین و ڕووبكەینە ڕۆژهەڵات، ئەوا خۆر لەلای چەپمانەوە دەبێت.
هەروەها لەم وەسفە قورئانیەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە دەمی ئەشكەوتەكەیان لەلای باكووری ڕۆژئاواوە بووە، چونكە ئەو خانووەی ڕووی لە باكوور بێت، خۆر لەلای ڕاستیەوە بۆ لای چەپی تێدەپەڕێت.
فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿وَهُمۡ فِي فَجۡوَةٖ مِّنۡهُۚ﴾ ئاماژە بە بوونی ڕووبەرێكی فراوان دەكات لەناو ئەشكەوتەكەدا. ئەو ژێرزەمینانە جەخت لەم ڕاستیە دەكەنەوە چونكە لەناوەوە زۆر فراوانن، هەندێك كەس درێژی گشتی شەقام و ژوورەكانی ناو سێ نهۆمەكەیان بە نزیكەی 870 میل خەمڵاندووە! هەروەها تیشكی خۆر تەنها بە بڕێكی كەم دەگەیشتە ناو ئەو ژێرزەمینانە، ئەگەر وا نەبوایە خەڵكەكەی دەستگیردەكران. ژێرزەمینەكان بەشێوەیەك هەڵكەندراون كە هەوا دەچێتە ناویانەوە، بەبێ ئەوەی ڕووناكی بچێتە ناویانەوە كە ئاماژە بە بوونی ئەوان دەكات. St. Jerome لە سەدەی چوارەمی زاینیدا گوتوویەتی: “ئەم ژوورانە بە ڕادەیەكی سەرسوڕهێنەر تاریكن، وە تیشكی خۆر ئەستەمە بگاتە ناویان مەگەر لەڕێگەی درز یان كەلێنێك لە بیناكەدا”. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی، چاپی 11 – 1910 وشەی Catacombs of Rome).
لەڕاستیدا خوای گەورە بە ڕوونكردنەوەی شوێنی جوگرافی ئەوان، موسوڵمانانی ئاگاداركردووەتەوە كە دوژمنیان لە باكوور هەیە بۆیە با ئاگاداری بن، بەڵام بەداخەوە موسوڵمانان بێئاگابوون لەوە.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿مَن يَهۡدِ ٱللَّهُ فَهُوَ ٱلۡمُهۡتَدِۖ﴾ واتە: ئێمە ئاماژەمان دا بەڵام جگە لەو كەسانەی ڕێنمایی كراون كەس لە ئاماژەكەمان تێناگات.. واتە ئەو موسوڵمانانەی كە لایەنگری ئەم گەلانە دەكەن دەفەوتێن، بەڵام ئەو موسوڵمانانەی یەكڕیزی و یەكگرتوون سەردەكەون. بەڵام بەداخەوە موسوڵمانان، جگە لە موسوڵمانانی سەرەتا، لەنێوان خۆیاندا جەنگیان كرد، لەكاتێكدا لەگەڵ پاشاكانی ڕۆمدا سوڵحیان كرد. لە مێژوودا هاتووە پاشای ڕۆم كاتێك دەبیستێت جەنگ لەنێوان حەزرەتی عەلی و موعاویە (ڕەزای خوایان لەسەر بێت) هەیە، ویستی هێرش بكاتە سەر دەوڵەتی ئیسلامی، موعاویە نامەیەكی بۆ پاشای ڕۆم نووسی و تێیدا گوتی: ئاگاداربە فریونەخۆیت بەو ناكۆكیەی لەنێوان ئێمەدا هەیە. سوێند بە خوا، ئەگەر هێرش بكەیتەسەر عەلی، ئەوا من یەكەم سەركردە دەبم كە لەلایەن ئەوەوە (رضي الله عنه) دژی تۆ بجەنگم. [دەقی ڕیوایەتەكە بەم جۆرەیە: “فَلَمَّا رَأَى مَلِكُ الرُّومِ اشْتِغَالَ مُعَاوِيَةَ بِحَرْبِ عَلِيٍّ تَدَانَى إِلَى بَعْضِ الْبِلَادِ فِي جُنُودٍ عَظِيمَةٍ وَطَمِعَ فِيهِ. فَكَتَبَ مُعَاوِيَةُ إِلَيْهِ: وَاللَّهِ لَئِنْ لَمْ تَنْتَهِ وَتَرْجِعْ إِلَى بِلَادِكَ يَا لَعِينُ، لَأَصْطَلِحَنَّ أَنَا وَابْنُ عَمِّي عَلَيْكَ، وَلَأُخْرِجَنَّكَ مِنْ جَمِيعِ بِلَادِكَ، وَلَأُضَيِّقَنَّ عَلَيْكَ الْأَرْضَ بِمَا رَحُبَتْ.” (البداية والنهاية، مجلد 7، ص119)]
بەڵام كاتێك موسوڵمانان لە ئیسلام لایاندا پاشاكانی بەغداد لەگەڵ حكومەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵاتی كە بە بێزەنتی ناسرابوو سوڵحیان كرد، ئەمەش بۆ لێدانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو لە ئیسپانیا. وە پاشا موسوڵمانەكانی ئیسپانیا دیاریان بۆ پاپای ڕۆما نارد و لەگەڵیدا ئاشتبوونەوە، ئەوەش بۆ لێدانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو لە بەغداد. إنا لله وإنا إلیه راجعون.
پێویستە بزانرێت لە بنەڕەتدا پیتەكانی (المر) لە قورئاندا سەرنجی منی بۆ ئەم بابەتە ڕاكێشا و ئاگاداری كردمەوە لەم هەڵە گەورە و دڵتەزێنەی كە موسوڵمانان ئەنجامیاندا.
﴿وَتَحۡسَبُهُمۡ أَيۡقَاظٗا وَهُمۡ رُقُودٞ ۚ وَنُقَلِّبُهُمۡ ذَاتَ ٱلۡيَمِينِ وَذَاتَ ٱلشِّمَالِ ۖ وَكَلۡبُهُم بَٰسِطٞ ذِرَاعَيۡهِ بِٱلۡوَصِيدِ ۚ لَوِ ٱطَّلَعۡتَ عَلَيۡهِمۡ لَوَلَّيۡتَ مِنۡهُمۡ فِرَارٗا وَلَمُلِئۡتَ مِنۡهُمۡ رُعۡبٗا 19﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
تَحْسَبُهُم: (حسِبه): گومانی برد. (الأقرب)
أَيْقَاظًا: (يقِظ الرجلُ): پێچەوانەی خەوت و ئاگادار بوو لە شتەكان و هۆشیار و زیرەك بوو، كەسەكە (يَقِظٌ) و (يَقُظٌ) و (يَقْظَان)ە، وە كۆی (أَيْقَاظٌ)ە. (الأقرب)
رُقُودٌ: (رقَد الرجلُ يرقُد رَقْدًا ورُقادًا ورُقودًا): خەوت. (رقَد الحرُّ): گەرماكە هێواش بوویەوە. (رقَد الثوبُ): جلەكە كۆن بوو. (رقَد عن الأمر): غافڵ بوو. وە (الراقد): خەوتوو، كۆی وشەكە بریتیە لە (رُقودٌ) و (رُقَدٌ). (الأقرب)
نُقَلِّبُهُم: (قلَّبه): ڕووی لێ وەرگێڕا. (قلَّب الشيءَ): هەڵیگێڕایەوە. وە (قلّب الشيءَ للابتياع): سەیرێكی كرد بۆ كڕین و ناوەوە و ژێرەوەی بینی. (قلّب الأمرَ ظَهْرًا لِبَطْنٍ): تاقیكردەوە. (قلّب القومَ): ڕووی خەڵكەكەی وەرگێڕا. (الأقرب)
الوَصيد: حەوشە؛ بەردەرگا؛ ماڵێكە وەك پەچە لە بەرد دروست دەكرێت بۆ ئاژەڵ و مەڕوماڵات لە شاخەكاندا؛ شاخ؛ ڕووەكی نزیك لە یەكتر؛ تەنگ و داخراو. (الأقرب)
تەفسیر: من پێم وایە ئەم ئایەتە باس لە ڕۆژگارە سەرەتاییەكانی یارانی ئەشكەوت ناكات، بەڵكو باس لە دۆخی ئەم گەلانە دەكات لەكاتی دابەزینی قورئاندا. خوای گەورە دەفەرموێت: ئێوە گومان دەبەن كە ئەم گەلە باكووریانە بەئاگان، نەخێر، بەڵكو ئەوان خەوتوون، وە لە داهاتوودا بە ئاگا دێنەوە. وەك ئەوەی خوای گەورە بفەرموێت: پێویستە بە خەوتوویان دابنێن بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی داهاتوویان.
ئەمەش ئاگاداركردنەوەیەكی خوایی بوو بۆ موسوڵمانان كە ئەگەر ئێستا هێزی ئەم گەلە بشكێنن ئەوا لە داهاتوودا لە شەڕ و خراپەیان پارێزراو دەبن. بەڵام بەداخەوە موسوڵمانان دوای سەردەمی گەورەمان عوسمان (رضي الله عنه) كەمتەرخەمیان كرد لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم گەلە، ئەگەر ئەوان بەردەوام بوونایە لە هێرشكردنە سەر حكومەتی بێزەنتی و لەناویان ببردایە ئەوا نەخشەی جیهان ئەو نەخشەیە نەدەبوو كە ئەمڕۆ دەیبینین.
پێویستە بزانرێت موسوڵمانان مافی تەواویان هەبوو هێرش بكەنە سەر ئەو حكومەتە چونكە ئەوان بوون سەرەتا دەستدرێژیان كردە سەر موسوڵمانان.
خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿وَنُقَلِّبُهُمۡ ذَاتَ ٱلۡيَمِينِ وَذَاتَ ٱلشِّمَالِۖ﴾ ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان لە جیهاندا بڵاودەكاتەوە، ئەو كاتەش بە وادەی بەئاگاهاتنەوەیان دادەنرێت، بۆیە با موسوڵمانان پێش هاتنی ئەم وادەیە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی خۆیان.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَكَلۡبُهُم بَٰسِطٞ ذِرَاعَيۡهِ بِٱلۡوَصِيدِۚ﴾ ئاماژەیە بۆ حكومەتی بێزەنتی كە پارێزگاری لە ئەورووپا دەكات لە هەردوو لای دەریای مەڕمەڕەوە، لەوێدا ئەو دەریایە وەك سەگێك دەردەكەوێت كە پاسەوانی دەكات و دەستەكانی بە لای ڕاست و چەپدا درێژكردووەتەوە. بێگومان توركەكان ئەو ناوچەیەیان فەتح كرد، بەڵام كاتەكەی درەنگ بوو، چونكە لەو كاتەدا دەسەڵاتی هێزە باكووریەكان بەهێز بوو بوو، وە توركەكان چیتر نەیاندەتوانی بەرەنگاریان ببنەوە. ئەگەر دەوڵەتی بەغداد و دەوڵەتی ئیسپانیا هاوپەیمانیان بكردایە و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وڵاتانی باكووردا بڵاوبكردایەتەوە ئەوا دەرفەتێكی زێڕین بوو، چونكە ئەگەر ئیسلام لەو كاتەدا لەو ناوچانەدا بڵاوببوایەتەوە ئێستا ئەم ڕۆژە تاریكانەمان نەدەبینی.
لەوانەیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَكَلۡبُهُم بَٰسِطٞ ذِرَاعَيۡهِ بِٱلۡوَصِيدِۚ﴾ هەواڵێك بێت لەبارەی ئەوەی كە ئەم گەلانە زۆر سەگ بەخێودەكەن. بەڕاستی دەبینن ئەورووپیەكان زۆر سەگ بەخێودەكەن بۆ پاسەوانی، وە هەر كەسێك سەردانی ماڵەكانیان بكات، پێش هەموو شتێك لە سەگەكانیان دەترسێت.
لێرەدا ڕەنگە ئەم پرسیارە بكرێت: چۆن بەرپەرچی ئەم مەترسیە دەدرێتەوە لەكاتێكدا ئەوە قەدەرێكی بڕیاردراوە لەلایەن خوای گەورەوە؟
لەڕاستیدا ئەو كەسانەی ئەم ڕەخنەیە دەگرن لە حەقیقەتی هەواڵە خواییەكان تێناگەن، چونكە یەكێك لە سوننەتەكانی خوا بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی هەواڵە ئاگاداركەرەوەكان. بۆیە ئەگەر موسوڵمانان بە پێی ئاگاداركردنەوە خواییەكە كاریان بكردایە ئەوا ئیسلام تووشی ئەم لاوازی و لەناوچوونەی ئێستا نەدەبوو، بەڵكو لە ئەورووپا كۆمەڵێك یارمەتیدەرمان دەستدەكەوت كە هاوسۆزییان دەكرد لەگەڵیدا و توندی هەڵمەتی مەسیحیەتیان بۆ سەر ئیسلام كەم دەكردەوە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَوِ ٱطَّلَعۡتَ عَلَيۡهِمۡ لَوَلَّيۡتَ مِنۡهُمۡ فِرَارٗا وَلَمُلِئۡتَ مِنۡهُمۡ رُعۡبٗا﴾ ئەمەیش هەواڵێكە پەیوەندی بە كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم گەلانەوە هەیە لە ناوچەكانی باكوورەوە بۆ باشوور. لەڕاستیدا دەبینن چۆن ترس و بیمی ئەم هێزە باكووریانەی هەموو جیهانی داگرتووە؛ وە هەر دەوڵەتێك، هەر چییەك بێت، بەندە بە ڕەحم و بەزەیی ئەم گەلانەوە.
پێویستە بزانرێت لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَوِ ٱطَّلَعۡتَ عَلَيۡهِمۡ لَوَلَّيۡتَ مِنۡهُمۡ فِرَارٗا..﴾دا ڕووی قسە ئاراستەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەكراوە، بەڵكو ئاراستەی ئەو كەسانە كراوە كە هاوچەرخی ئەم گەلانە دەبن دوای ئەوەی خوای گەورە ئەوان بە لای ڕاست و چەپدا پەلیان پێ دەهاوێت و بڵاویان دەكاتەوە. لەڕاستیدا بینیتان چۆن هەموو دنیا ترسی لێی نیشتبوو بەهۆی ئەم گەلانەوە بە تایبەتی ماوەیەكی كەم لەمەوپێش، بەڵام خوا ترسەكەی لە جیهان كەم كردەوە بە دروستكردنی هۆكاری لەناوچوونیان، بەڵام پێش ئەوە ترسەكەیان بەسەر خەڵكدا زاڵ بوو تا ئەو ڕادەیەی خەڵك تەنانەت دەترسان لە سەفەر كردن لە فارگۆنی پلە یەك و دووەمی شەمەندەفەر [چونكە ئەورووپیەكان بەشێوەیەكی گشتی لەم دوو پلەیەی شەمەندەفەردا گەشتیان دەكرد. (وەرگێڕی عەرەبی)]، و لەكاتی بینینی ئەورووپیەكاندا دەترسان.
﴿وَكَذَٰلِكَ بَعَثۡنَٰهُمۡ لِيَتَسَآءَلُواْ بَيۡنَهُمۡ ۚ قَالَ قَآئِلٞ مِّنۡهُمۡ كَمۡ لَبِثۡتُمۡ ۖ قَالُواْ لَبِثۡنَا يَوۡمًا أَوۡ بَعۡضَ يَوۡمٖ ۚ قَالُواْ رَبُّكُمۡ أَعۡلَمُ بِمَا لَبِثۡتُمۡ فَٱبۡعَثُوٓاْ أَحَدَكُم بِوَرِقِكُمۡ هَٰذِهِۦٓ إِلَى ٱلۡمَدِينَةِ فَلۡيَنظُرۡ أَيُّهَآ أَزۡكَىٰ طَعَامٗا فَلۡيَأۡتِكُم بِرِزۡقٖ مِّنۡهُ وَلۡيَتَلَطَّفۡ وَلَا يُشۡعِرَنَّ بِكُمۡ أَحَدًا 20﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
وَرَق: (الوَرَق): دراوی لێدراو. (الأقرب)
أَزْكى: (زكاه يزكى زَكًا ألفَ درهمٍ): بە كاش پێیدا یان بە خێرا پێیدا. وە (زكا فلانًا حقَّه): حەقەكەی دایەوە. وە (زكا الشيءُ يزكو زَكاءً وزَكْوًا): گەشەی كرد. وە (زكا الرجل): چاك بوو وە خۆشگوزەران بوو وە لە خۆشیدا بوو. (الأقرب). وە (الزكاةُ): پاكی و گەشە و بەرەكەت. (تاج)
طَعَامًا: (الطعام): ناوێكە بۆ ئەو شتەی كە دەخورێت، زۆرجار (الطعام) بۆ گەنم بەكاردێت، وە دەكرێت بۆ هەموو دانەوێڵەكان بەكاربێت. (الأقرب)
رِزْق: (الرزق): ئەو شتەی كە سوودی لێ وەردەگیرێت؛ ئەوەی كە بە سەرباز دەدرێت لە سەرەتای هەر مانگێكدا. (الأقرب)
وليَتلطَّفْ: (تلطَّفَ الأمرَ وفي الأمر): بە نەرمونیانی مامەڵەی لەگەڵدا كرد؛ خۆی شكاند. وە (تلطَّفَ بفلان): فێڵی لەگەڵ كرد بۆ ئەوەی بزانێت چی لە دڵیدا هەیە. (الأقرب)
لا يُشعِرنَّ: (أشعرَ فلانًا الأمرَ أو به): ئاگاداری كردەوە لەو شتە. (الأقرب)
تەفسیر: ئەم ئایەتە باس لەو كەسانە ناكات كە لە كۆندا لە ئەشكەوتەكاندا خۆیان دەشاردەوە، بەڵكو باس لەو كاتە دەكات كە خوای گەورە ئەم گەلانەی بە لای ڕاست و چەپدا بڵاودەكردەوە. هەروەها فەرمایشتی خوا ﴿بَعَثۡنَٰهُمۡ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەو پێشكەوتنەی كە گەلانی باكوور لە داهاتوودا بەدەستی دەهێنن ئەو كاتەی كە دەبن بە مەسیحی. پێویستە بزانرێت یەكێك لە شێوازەكانی ئاخاوتنی قورئان ئەوەیە كە بەزۆری شێوگی ڕابردوو بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەواڵی داهاتوو ڕابگەیەنێت، چونكە شێوگە ڕابردووەكە بۆ جەخت كردنەوەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو هەواڵانە بەدڵنیاییەوە دێنە دی. بۆ نموونە فەرمایشتی خوا ﴿أَتَىٰٓ أَمۡرُ ٱللَّهِ فَلَا تَسۡتَعۡجِلُوهُۚ﴾ (النحل: 2). قورئان لێرەشدا هەمان شێوازی بەكارهێناوە و فەرموویەتی: ﴿وَكَذَٰلِكَ بَعَثۡنَٰهُمۡ﴾.
كەواتە لێرەدا خوای گەورە هەواڵی ئەوەی داوە ئەم نەتەوانە كە ئێستا وەك گەلێكی خەوتوو وان بێدار دەبنەوە، لەنێوان خۆیاندا پرسیار دەكەن: ماوەی چەند لە خەوی غەفڵەتدا ماینەوە؟ واتە ئێستا پێویستە بە ئاگا بێینەوە. بەڕاستی ئەم گەلانە لەكاتی جەنگە خاچپەرستیەكاندا لە خەوی غەفڵەت بەئاگاهاتنەوە، وە بوون بە هاوپەیمان بۆ هێرش كردنە سەر وڵاتە ئیسلامیەكان.
بەڵام گوتەكەیان ﴿قَالُواْ لَبِثۡنَا يَوۡمًا أَوۡ بَعۡضَ يَوۡمٖۚ﴾ مەبەست لێی ئەوە نیە كە ئەوان لە گوماندا بوون كە ئایا ڕۆژێك یان بەشێك لە ڕۆژ خەوتوون، بەڵكو ئەمە شێوازێكە بەكاردێت بۆ گوزارشتكردن لە ماوەیەكی درێژ كە دیار نیە، بۆ نموونە لە قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا بە بێباوەڕان دەفەرموێت: ﴿كَمۡ لَبِثۡتُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ عَدَدَ سِنِينَ﴾، ئەوانیش دەڵێن: ﴿لَبِثۡنَا يَوۡمًا أَوۡ بَعۡضَ يَوۡمٖ فَسَۡٔلِ ٱلۡعَآدِّينَ﴾ (المؤمنون: 113-114). لە شێوازی ئەم پرسیار و وەڵامەدا ڕوونە كە بێباوەڕان مەبەستیان ئەوەیە كە ئەوان ماوەیەكی نادیار ماونەتەوە. مەبەستی قسەكەی ئەم گەلانەیش ئەمەیە، ئەوان بۆ ماوەیەكی زۆر كە دیار نیە خەوتبوون. قورئان لە شوێنێكی تردا باسی ئەوەی كردووە كە ماوەی مانەوەی ئەم گەلانە هەزار ساڵە، بەجۆرێك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿يَوۡمَ يُنفَخُ فِي ٱلصُّورِ ۚ وَنَحۡشُرُ ٱلۡمُجۡرِمِينَ يَوۡمَئِذٖ زُرۡقٗا * يَتَخَٰفَتُونَ بَيۡنَهُمۡ إِن لَّبِثۡتُمۡ إِلَّا عَشۡرٗا﴾ (طه: 103-104). واتە: كاتێك فوو بە “كەڕەنا”دا دەكرێت تاوانبارە ڕۆمییە چاوشینەكان كۆدەكەینەوە و بە دەنگێكی نزم لەنێوان خۆیاندا دەڵێن: تەنها (١٠) ماینەوە واتە دە سەدە كە هەزار ساڵ دەكات.
پێویستە بزانرێت من وشەی (زُرْقًا)م بە واتای چاوشینەكان لێكداوەتەوە كە سیفەتی گەلانی ئەورووپایە بەهۆی سپێتی ڕەنگیانەوە. چونكە عەرەبەكان ئەم ناوەیان بە ڕۆمییەكان دەگوت بەهۆی بوونی دوژمنایەتی زۆر لەنێوانیاندا. لە (قاموس)دا لە مانای وشەی (الأزرق) هاتووە: “گوتراوە: مانای ئەوەیە كە دوژمنێكی سەرسەختە چونكە شینی چاو لە ڕۆم و دەیلەمدا زاڵە و لەنێوانی ئەوان و عەرەبەكاندا دوژمنایەتی زۆر هەبوو، پاشان كاتێك كە زۆر ناوی ئەوانیان بەم سیفەتەوە دەبرد، ناوەكە بە هەموو دوژمنێك گوترا تەنانەت ئەگەر چاوشینیش نەبوایە.” (الأقرب).
كەواتە مەبەست ئەوە نیە ئەوان لە گوماندا بوون لەوەدا كە لەوانەیە ماوەیەكی كەم لە خەوی غەفڵەتدا مابنەوە، بەڵكو ماناكەی ئەوەیە ئەوان بۆ ماوەیەكی زۆری نادیار لەو دۆخەدا ماونەتەوە. هەروەك ڕوونم كردەوە سوورەتی (طه) ڕایگەیاندووە كە درێژی ئەو ماوەیە هەزار ساڵە. ئەگەر هەزار ساڵ كۆبكەینەوە لەگەڵ ئەو ساڵەی كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بانگەشەكەی خۆی تێدا ڕاگەیاند، ئەوا كۆی گشتی دەكاتە ١٦١١: چونكە لەدایكبوونی پیرۆزی لە ساڵی ٥٧٠ زاینی بووە بەگوێرەی بۆچوونی سێر ویلیام مۆیەر (حیاة محمد، ص٥)؛ وە پێغەمبەر (ﷺ) بانگەشەكەی خۆی لە تەمەنی چل ساڵیدا ڕاگەیاند واتە لە ساڵی ٦١١ زاینی، وە ئەگەر هەزار ساڵی بۆ زیاد بكەین ئەوا كۆی گشتی دەكاتە ١٦١١ یان ١٦١٢ واتە ساڵی ١٦١١ زاینی. ئەمە هەمان ئەو ساڵەیە كە ئینگلیزەكان تێیدا پێیان لە هیندستان جێگیر كرد، كاتێك پاشا مەغۆلیەكانی هیندستان لە ساڵی ١٦١١ ڕێگەیان پێدان لە كەنداوی بەنگال كار بكەن، پاشان لە ساڵی ١٦١٢دا ڕێگەیان پێدان كارگەیەك لە “سوورت” دروست بكەن.
)The March Of Man, Comparative Time Chart Of Universal History From 1451 to 1675, Section 4, Under; “British Colonies And Dominions Overseas”(
هەموو دنیا دەزانێت ئەم هەنگاوە بوو كە بناغەی بۆ بەرەو پێشچوونی خەڵكی ئەورووپا و بڵاوبوونەوەیان لە هەموو جیهاندا دانا، بەجۆرێك ئەورووپیەكان بە شوێنكەوتنی ئەم هەنگاوانەی ئینگلیزەكان و بە پشتبەستن پێیان بەرەوپێش چوون. چونكە پێشكەوتنی ئینگلیزەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چوونەناو هیندستانەوە، بەجۆرێك نەیانتوانی دەست بەسەر وڵاتەكانی تری ئاسیا و ئەفریقادا بگرن مەگەر دوای ئەوەی پێیان لە هیندستان جێگیر كرد. پاشان دەستگرتنی ئینگلیزەكان بەسەر جڵەوی كاروباری وڵاتە جیاوازەكاندا یارمەتی پێشكەوتنی گەلانی تری ئەورووپای دا.
ڕەنگە كەسێك لێرەدا بڵێت: قورئان لێرەدا باسی ڕۆم دەكات، پەیوەندی ئینگلیز چیە بەم بابەتەوە؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە شارستانیەتی ئەورووپی بەرهەمی شارستانیەتی ڕۆمانیە، لە ڕاستیدا هەموو ئەورووپا وەك قوتابیەكی ڕۆمانیەكان وایە و یادگاریەكی شارستانیەتی ڕۆمانیە؛ پاشان مەسیحیەت تەنها لەڕێگەی ڕۆمانیەكانەوە لە ئەورووپادا بڵاوبوویەوە. لەبەر هەموو ئەمانە قورئان باسی ئەو ئەسڵە دەكات كە ئەم لقانەی لێوە هاتوون.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَيُّهَآ أَزۡكَىٰ طَعَامٗا﴾ مانای ئەوەیە: كام خۆراكە چاكتر و خۆشترە. لە ڕاستیدا گەورەترین هۆكاری بڵاوبوونەوەی گەلانی ڕۆژئاوا لە جیهاندا ئەوەیە وڵاتەكانیان بەرهەمی دانەوێڵەیان بە ئەندازەی پێویست نەبووە، بۆیە دانەوێڵە و بەهاراتیان لە ئاسیا لە ڕێگەی عەرەبەوە هاوردە دەكرد و دەكڕی، بەڵام كاتێك شارەزای ئەو ڕێگا دەریاییە بوون كە بەرەو هیندستان دەچێت، ئیتر بازرگانی ئەم كاڵایانەیان ڕاستەوخۆ خستە دەستی خۆیان، پاشان وردە وردە بازرگانی شتەكانی تریشیان خستە ژێر دەستی خۆیان.
پێویستە بزانرێت وشەی “طعامًا” لێرەدا مانای خواردنی لێنراو (چێشت) نیە، چونكە لە زمانی عەرەبیدا وشەی (الطعام) بۆ هەموو ئەو شتانە بەكاردێت كە دەخورێن، بە تایبەتی بۆ گەنم. لە ڕاستیدا تا ئێستا ماوەی دوو سەدەیە هیندستان پێویستیەكانی ئەورووپا بۆ گەنم دابین دەكات، تا ئەو كاتەی كە ئەمریكا ماوەیەكی كەم لەمەوپێش هەوڵیدا گەنم لە ناوخۆی خۆیدا بچێنێت.
كەواتە گوتەكەیان ﴿فَلۡيَنظُرۡ أَيُّهَآ أَزۡكَىٰ طَعَامٗا﴾ واتە یارانی ئەشكەوت بە هاوڕێكەیان گوتووە بگەڕێت بەدوای باشترین دانەوێڵەدا، چونكە دەبێت بۆ ماوەیەكی زۆر پاشە كەوتی بكەن.
سەبارەت بە گوتەكەیان ﴿وَلۡيَتَلَطَّفۡ﴾ ئەوە بزانە كە ئەمە سیفەتی گەلانی ڕۆژئاوایە، بەجۆرێك فەرمان بەو بەرپرسانە دەكەن كە بە تایبەت بۆ دەرەوەیان دەنێرن كە هەمیشە بە نەرمی و لەسەرخۆیی قسە بكەن. هەروەها بازرگانەكانیشیان بە شێوازێكی نەرم و شیرین قسە دەكەن تاوەكو كڕیارەكان تووڕە نەبن لێیان.
وە گوتەكەیان “فابعَثوا أحدَكم … تا دەگاتە گوتەكەیان ولا يُشعِرنَّ بكم أحدًا” بزانە سەرەڕای ئەوەی كە گوتوویانە ﴿أَحَدَكُم﴾ و سەرەڕای ئەوەی كە دوای ئەوە ڕاناوی تاكەكەسی هاتوون، پێم وایە ئەمە بەو مانایە نیە كە تەنها یەك كەسیان بۆ خواردن ناردوو بێت. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز لە سیاقی بەسەرهاتی ئادەمدا (عليه السلام) هەندێك جار ئیبلیسی تەنها بە ڕاناوی تاك باسكردووە وەك ئەوەی هەموو قسەكان تەنها ڕوو لە ئیبلیس بێت، لەكاتێكدا لە شوێنی تر و لە هەمان بەسەرهاتی ئادەمدا، لەگەڵ ئیبلیسدا باسی گرووپەكەیشی كردووە و دەفەرموێت: ﴿بَعۡضُكُمۡ لِبَعۡضٍ عَدُوّٞۖ﴾، هەروەها لە شوێنی تردا لەگەڵ ئبیلیسدا باسی نەوەكانیشی كردووە. لێرەش بە هەمان شێوەیە، سەرەڕای ئەوەی لێرەدا گوتوویانە: ﴿فَٱبۡعَثُوٓاْ أَحَدَكُم﴾ بەڵام مەبەست ئەوەیە كە هەندێكتان بنێرن بۆ كڕینی ئەم پێویستیانە. من پێم وایە وشەی ﴿أَحَدَكُم﴾ لێرەدا بەكارهاتووە بۆ ئاماژەدان بە سیستەمێكی یەكگرتوو.. واتە: با ئەم كەسانە هەموویان پێكەوە لەژێر یەك سیستەمدا بڕۆن، بەجۆرێك كەسێكیان لێپرسراوی ئەوانە بێت كە لەگەڵیدان.
وە گوتەكەیان ﴿وَلَا يُشۡعِرَنَّ بِكُمۡ أَحَدًا﴾ واتە پێویستە لەوێ بە شێوەیەك كار بكەن كە كەس هەست بەوە نەكات و نەزانێت كە ئێوە دەتانەوێت دەسەڵاتی خۆتان لەو وڵاتەدا بڵاوبكەنەوە، بەڵكو دەبێت بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ خەڵكەكەیدا بكەن كە بێئاگا بن ئامانجە ڕاستەقینەكانی ئێوە.
قورئان بۆ ئەم ئاماژەدەر و ئاماژە پێدراوانە شێوگی كۆی بەكارهێناوە، من پێم وایە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەم نێردە بازرگانیە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە دەنێردرێت كە لە چەندین كەس پێكهاتووە نەك لەلایەن پاشایەكەوە. بەڕاستی دەبینین كە نێردە بازرگانیە ئینگلیزی و فەڕەنسیەكان كە بۆ ئەم مەبەستە هاتنە هیندستان لەلایەن كۆمپانیا بازرگانیەكانەوە نێردرابوون، نەك لەلایەن پاشایەكەوە (كمبنی كی حكومت (واتە حكومەتی كۆمپانیا) ل 55-56).
﴿إِنَّهُمۡ إِن يَظۡهَرُواْ عَلَيۡكُمۡ يَرۡجُمُوكُمۡ أَوۡ يُعِيدُوكُمۡ فِي مِلَّتِهِمۡ وَلَن تُفۡلِحُوٓاْ إِذًا أَبَدٗا 21﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
إنْ يَظهَروا عليكم: (ظهَر يظهَر عليه): زاڵ بوو بەسەریدا. (ظهَر فلان على السرِّ): ئاگادار بوو لە نهێنیەكە. (الأقرب)
يَرجُموكم: سەیری شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ١٨ی سوورەتی الحجر بكە.
مِلَّتِهم: (الملّةُ): شەریعەت یان ئایین، گوتراوە: (الملةُ) و (الطريقة) هەمان شتن، ئەمە ناوێكە لە (أَمليتُ الكتابَ)ەوە هاتووە، پاشان گوازراوەتەوە بۆ بنەماكانی شەریعەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە پێغەمبەر دەیخوێنێتەوە. وە دەكرێت بۆ شتی باتیڵیش بەكاربێت وەك: “الكفر ملة واحدة”. وە ئەم وشەیە بۆ خوا یان تاكەكانی ئوممەت زیاد ناكرێت. (الأقرب)
تەفسیر: گوتیان: ئەم گەلانەی كە نێردەكانتان دەنێرن بۆ لایان ئەگەر خەڵكەكەیان بزانێت نهێنیەكانی ئێوە چیە یان شەڕتان لەگەڵ بكەن، پێش ئەوەی پێتان لە وڵاتەكانیاندا جێگیر بكەن، ئەوا لەوێ دەرتان دەكەن -پێویستە بزانرێت كە (الرجم) مانای دەركردنیش دەگەیەنێت (الأقرب)- یان ئەگەر دەریان نەكردن ئەوا ناچارتان دەكەن بچنەناو ئایینەكەیانەوە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا هێز و دەسەڵاتتان دەشكێت، وە دوای ئەوە هەرگیز بەرەو پێش ناچن. لەڕاستیدا دەبینن كە چۆن دەوڵەتە ئەورووپیەكان بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەكان یارمەتی مەسیحیەت دەدەن، وە هەموو جۆرە ڕێوشوێنێك دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن لە بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی گەلانی تر لەنێوان ئەورووپیەكاندا.
﴿وَكَذَٰلِكَ أَعۡثَرۡنَا عَلَيۡهِمۡ لِيَعۡلَمُوٓاْ أَنَّ وَعۡدَ ٱللَّهِ حَقّٞ وَأَنَّ ٱلسَّاعَةَ لَا رَيۡبَ فِيهَآ إِذۡ يَتَنَٰزَعُونَ بَيۡنَهُمۡ أَمۡرَهُمۡ ۖ فَقَالُواْ ٱبۡنُواْ عَلَيۡهِم بُنۡيَٰنٗا ۖ رَّبُّهُمۡ أَعۡلَمُ بِهِمۡ ۚ قَالَ ٱلَّذِينَ غَلَبُواْ عَلَىٰٓ أَمۡرِهِمۡ لَنَتَّخِذَنَّ عَلَيۡهِم مَّسۡجِدٗا 22﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
أَعْثَرنا: (أعثَرَ فلانًا على السرِّ وغيره): ئاگاداری كردەوە لە نهێنی و جگە لەوەیش. و (أعثرَ به عند السلطان): لەلای سوڵتان تانەی لێدا و داوای كرد بخزێنرێتەناو كێشەوە و تووشی هەڵە بكرێت. و (أعثرَ فلانًا على أصحابه): ئاراستەی كردن بۆ لای هاوڕێكانی. (الأقرب)
الساعة: سەیری شیكردنەوەی ئایەتی ژمارە ٦٢ی سوورەتی النحل بكە.
رَيْب: (رابَه يَريب ريبًا): خستیە گومانەوە و گومانی لێ كرد. و (الرَّيب): گومان و تۆمەت؛ دوودڵی؛ پێویستی. (الأقرب)
يَتَنازَعون: (تَنازَعوا): ناكۆك بوون؛ و (تنازعوا في الشيء): دەمەقاڵێیان كرد تێیدا. (الأقرب)
بُنيانًا: (بناه يبنيه بُنيانًا): پێچەوانەی ڕوخاندن. (بنى الأرضَ): تێیدا خانوو یان شتی لەو شێوەیەی دروست كرد. (الأقرب)
مسجدًا: (المسجِد والمسجَد): ئەو شوێنەی كە سوجدەی تێدا دەبرێت؛ وە هەر شوێنێك كە تێیدا بەندایەتی بكرێت پێی دەگوترێت (مسجد)؛ وە گوتراوە كە (المسجِد) ناوێكە بۆ شوێنی بەندایەتی كە تێیدا سوجدە ببرێت یان نەبرێت. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم گەلانەی بۆ ماوەیەكی زۆر لە جیهانی دەرەوەی خۆیان دابڕابوون، جارێكی تر بەم شێوەیە بە جیهانی دەرەوە گرێدرانەوە، دواجار دنیا زانی ئەو هەواڵەی ئێمە ڕامانگەیاند دەربارەی زاڵبوونی گەلانی مەسیحی لە كۆتا سەردەمدا هەواڵێكی تەواو ڕاستە، و ئەو ساتە بەڵێندراوەی ئێمە ئێوەمان لێی ترساندووە، بەبێ هیچ گومانێك دێت.
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿إِذۡ يَتَنَٰزَعُونَ بَيۡنَهُمۡ…﴾ جارێكی تر گەڕایەوە بۆ باسكردنی دۆخی سەرەتای یارانی ئەشكەوت، بەجۆرێك یەكێك لە نیشانەكانی ئەوانی باسكرد، وە فەرمووی: یەكێك لە نەریتەكانیان لە سەرەتاوە ئەوە بووە كە مزگەوتیان (واتە پەرستگایان) دروست دەكرد بە ناوی مردووەكانیانەوە.. واتە كڵێسایان دروست دەكرد بۆ یادكردنەوەی پیاوچاكەكانیان. لەڕاستیدا دەبینن تەنها گەلی مەسیحی كڵێسا بە ناوی پیاوچاكەكانیانەوە دروست دەكەن. موسوڵمانان و جوولەكە ئەم كارە ناكەن، لەكاتێكدا لەلای مەسیحیەكان هەزاران كڵێسا هەیە كە بە ناوی پیاوچاكەكانیانەوە دروستكراوە، بگرە مردووەكانیشیان لەوێدا دەنێژن. لە ژێرزەمینەكانی مردوواندا چەندین كڵێسای زۆر هەیە كە بۆ یادكردنەوەی یارانی ئەشكەوت، ئەوانەی سەرەتا، دروستكراون (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی چاپی 1951 وشەی Catacombs).
﴿سَيَقُولُونَ ثَلَٰثَةٞ رَّابِعُهُمۡ كَلۡبُهُمۡ وَيَقُولُونَ خَمۡسَةٞ سَادِسُهُمۡ كَلۡبُهُمۡ رَجۡمَۢا بِٱلۡغَيۡبِ ۖ وَيَقُولُونَ سَبۡعَةٞ وَثَامِنُهُمۡ كَلۡبُهُمۡ ۚ قُل رَّبِّيٓ أَعۡلَمُ بِعِدَّتِهِم مَّا يَعۡلَمُهُمۡ إِلَّا قَلِيلٞ ۗ فَلَا تُمَارِ فِيهِمۡ إِلَّا مِرَآءٗ ظَٰهِرٗا وَلَا تَسۡتَفۡتِ فِيهِم مِّنۡهُمۡ أَحَدٗا 23﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
رجمًا بالغيب: (الرجم): قسەكردن بە گومان، دەگوترێت: (رجمًا بالغيب) واتە: ڕاستیەكەی نەزانراوە. (الأقرب)
لا تُمارِ: (ماراه مماراةً ومِراءً): مشتومڕی لەگەڵدا كرد و ڕكابەری كرد و دەستی تێوەردا و تانەی لە قسەكەیدا بۆ ئەوەی قسەكە بێ هێز و قسەكەر بچووك بكاتەوە. (الأقرب)
لا تَسْتَفتِ: شێوگی نەهیە لە (استفتى فلانٌ العالمَ في مسألةٍ استفتاءً): واتە فڵان كەس داوای لە زاناكە كرد كە فەتوای بۆ بدات لەو بابەتەدا. (الأقرب)
تەفسیر: لەڕێگەی ئەم ئایەتەوە لێكۆڵینەوەیەكی تر دەستی پێكرد دەربارەی یارانی ئەشكەوتی سەرەتا، بەجۆرێك خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت كە خەڵكی بۆچوونیان جیاوازە لەوەدا كە ژمارەیان چەندە، هەندێكیان دەڵێن سێ كەس بوون، وە هەندێكیان دەڵێن چوار بوون، هەندێكیان دەڵێن پێنج بوون، وە هەندێكیان دەڵێن حەوت بوون و سەگەكەیان هەشتەمیان بوو؛ بەڵام ئەمانە تەنها كۆمەڵێك بۆچوونن لە گومانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
هەندێ لە موفەسیرەكان لەم شێوازەی قورئانەوە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە لە ڕاستیدا ژمارەیان حەوت كەس بووە، وە لەسەر ئەم بۆچوونەیان بەڵگە دەهێننەوە كە دەستەواژەی ﴿رَجۡمَۢا بِٱلۡغَيۡبِۖ﴾ دوای ئەم ژمارەیە نەهاتووە لەكاتێكدا لەگەڵ ژمارەكانی پێشوودا هاتووە.
بەڵام ئەم ئەنجامگریە دروست نیە، چونكە خوای گەورە ژمارە حەوتەكەی نەداوەتەپاڵ خۆی، بەڵكو داویەتیەپاڵ كەسانی تر، پاشان بەدوایدا فەرموویەتی: ﴿قُل رَّبِّيٓ أَعۡلَمُ بِعِدَّتِهِم﴾ قُلْ ربي أعلَمُ بعِدّتِهم﴾. ئەگەر ئەم خەمڵاندنە ڕاست بوایە ئەوا خوا لێرەدا فەرمانی بە پێغەمبەری خۆی (ﷺ) نەدەكرد و نەیدەفەرموو ﴿ك﴾، بەڵكو دەیفەرموو ئەو كەسانەی ڕای كۆتاییان هەیە ڕاست دەڵێن لەو قسەیەی كە دەیكەن. لەڕاستیدا خوا جەختی كردووەتەوە لەسەر هەڵەبوونی خاوەنی ئەم بۆچوونەیش، چونكە یارانی ئەشكەوت پێنج یان حەوت كەس نەبوون، بەڵكو هەزاران كەس بوون، وە لە چەندین سەردەمی جیاوازدا لە ئەشكەوتەكاندا خۆیان شاردووەتەوە. بۆیە لەڕاستیدا هیچ كەسێك ژمارەی ئەوان نازانێت مەگەر خوای گەورە.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مَّا يَعۡلَمُهُمۡ إِلَّا قَلِيلٞۗ﴾ واتای ئەوە نیە كە هەندێك كەس ژمارەی یارانی ئەشكەوت دەزانن، بەڵكو دەكرێت ئەم ڕستەیە بە دوو شێوە تەفسیر بكرێت: یەكەم: ئەوەی كە هیچ كەس ژمارەی ئەوان نازانێت، چونكە وشەی “قليل” لە زمانی عەرەبیدا بە واتای ڕەتكردنەوەی تەواو دێت وەك وشەی Few لە زمانی ئینگلیزیدا، دەوترێت: “قليل من الرجال يقول ذلك.. واتە هیچ كەس ئەوە ناڵێت” (الأقرب). وە تەفسیری دووەم ئەوەیە: تەنها ژمارەیەكی كەم لە خەڵك ڕاستی یارانی ئەشكەوت دەزانن؛ چونكە خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە: “ما يعلم عددهم إلا قليل”، بەڵكو فەرموویەتی ﴿مَّا يَعۡلَمُهُمۡ إِلَّا قَلِيلٞۗ﴾، كەواتە مانای ئەوەیە كە تەنها ژمارەیەكی كەم لەو كەسانەی ئاگاداری مێژووی ڕاستن حەقیقەتی ئەوان دەزانن، ئەوان دەزانن كە یارانی ئەشكەوت مەسیحیە سەرەتاییەكانن كە لە ژێرزەمینەكاندا خۆیان دەشاردەوە؛ بەڵام كەسانی تر بە چیرۆكە باوەكان دەربارەی ئەو گەلە هەڵخەڵەتێنراون. وە لە كۆتاییدا حەقیقەتی یارانی ئەشكەوت بە هۆی زانستی ئەم ژمارە كەمەوە دەركەوت.
پاشان خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت ﴿فَلَا تُمَارِ فِيهِمۡ إِلَّا مِرَآءٗ ظَٰهِرٗا وَلَا تَسۡتَفۡتِ فِيهِم مِّنۡهُمۡ أَحَدٗا﴾. واتە: باسیان مەكە مەگەر بەشێوەیەكی گشتی بەبێ ئەوەی بچیتەناو وردەكاریەكانەوە چونكە هیچ كەس لە دنیادا هەموو وردەكاریەكان نازانێت. لەمەدا ئاماژەیەكی خوایی هەیە بۆ ئەوەی كە ئەم بەشەی مێژوو لەناوچووە، كەس وردەكاری ئەم ڕووداوە نازانێت، بۆیە ئەگەر هەوڵ بدەن وردەكاریەكان بزانن تووشی هەڵە دەبن. بەداخەوە سەرەڕای ئەم ئامۆژگاریە قورئانیە، موسوڵمانان زۆر ڕۆچوونەتەناو وردەكاریەكانەوە تا ئەو ڕادەیەی كە تەنانەت هەوڵیان دا پرسیار لە جوولەكە و مەسیحیەكان بكەن دەربارەی ڕەنگ و درێژی سەگی یارانی ئەشكەوت، لە ئەنجامدا تەفسیرەكانیان پڕ كرد لە ڕیوایەتی هەڵە كە مرۆڤ لەكاتی خوێندنەوەیاندا شیوەن دەكات و دەگری.
﴿وَلَا تَقُولَنَّ لِشَاْيۡءٍ إِنِّي فَاعِلٞ ذَٰلِكَ غَدًا 24 إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ ۚ وَٱذۡكُر رَّبَّكَ إِذَا نَسِيتَ وَقُلۡ عَسَىٰٓ أَن يَهۡدِيَنِ رَبِّي لِأَقۡرَبَ مِنۡ هَٰذَا رَشَدٗا 25﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
غدًا: (الغَدُ): ئەو ڕۆژەی كە ڕاستەوخۆ دوای ئەمڕۆ دێت، پاشان فراوانیان كردووە و تەنانەت بۆ ئەو كاتانەیش بەكاردێت كە دوورن و چاوەڕوانیان دەكرێت. (الأقرب)
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە هەواڵێكی تری هێناوە سەبارەت بە كاتی زاڵبوونی ئەم گەلانە و فەرموویەتی: لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا هەرگیز مەڵێن ئێمە سبەینێ لەناویان دەبەین مەگەر خوا (عز وجل) بە وەحی هەواڵت پێ بدات كە چ كارێكیان پێ دەكات.
هەندێ كەس گوتوویانە لێرەدا ڕووی قسە كراوەتە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، بەجۆرێك خوای گەورە فەرمانی پێ دەكات كە بەڵێنی هیچ كارێك نەدات بەبێ ئەوەی بڵێت ئەگەر خوا ویستی لەسەر بێت (إن شاء الله)، وە لەم بارەیەوە چەندین ڕیوایەتی بێمانایان گێڕاوەتەوە كە بریتین لە سووكایەتیەكی ڕوون بەرامبەر پێغەمبەری بەڕێز (ﷺ) (ئیبن كەسیر، قورتوبی). سەرەڕای ئەوەی كە لە وشەكانی ئایەتەكەدا شتێك نیە ئەوە بگەیەنێت كە فەرمان بە پێغەمبەر (ﷺ) بكات بڵێت ئەگەر خوا ویستی لەسەر بێت، ئەگینا ئایەتەكە بەم شێوەیە دەبوو: “ولا تقولَنّ لشيء إني فاعلٌ ذلك غدًا إلا أن تقول إن شاء الله” لە جیاتی ﴿… إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُۚ﴾. نەخێر، بەڵكو ئەو پەیامەی ئەم ئایەتە هەڵیگرتووە بۆ موسوڵمانان ئەوەیە كە ئەوان بە هێزی خۆیان ناتوانن بەرەنگاری ئەم گەلە ببنەوە، بەڵكو ئەو كەسە دەتوانێت ئەو كارە بكات كە خوا بە ویستی خۆی بۆ ئەم مەبەستە دایدەنێت.
لەڕاستیدا ئەم ئایەتە ئاماژەیە بۆ ئەو كارەی كە موسوڵمانان لەكاتی زاڵبوونی ئەم گەلانەدا دەیكەن، بەجۆرێك پێمان دەفەرموێت لەكاتی بینینی زاڵبوونی ئەم ئوممەتەدا گوڕوتین و پەرۆشی دایاندەگرێت، وە هەوڵ دەدەن بە زۆر بەرەنگاری ببنەوە، بەڵام لەو كارەدا هەرگیز سەركەوتوو نابن.
هەروەها ئەم ئایەتە دۆخی موسوڵمانان لەو كاتەدا ئاشكرا دەكات بەجۆرێك ئومێد لەسەر سبەی هەڵدەچنن لەجیاتی كاركردنی جددی، وە هەمیشە دەڵێن سبەی ئەوە دەكەین. زۆر هەڕەشە دەكەن، بەڵام هیچ هێزێكیان بۆ كاركردن تێدا نامێنێت. هەمیشە وشەی سبەی دووبارە دەكەنەوە، بەڵام ئەم سبەیە هەرگیز نایەت. ئەوەتا دەبینن گەلانی ئیسلامی لەم سەردەمەدا بە كردارەكانیان ڕاستی هەواڵە قورئانیەكەیان بە ڕوونی ئاشكرا كرد، كە لە هەمان كاتدا مایەی سەرسوڕمان و خەفەتە.
خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿واذكُرْ ربَّك إذا نسيتَ﴾ ئامۆژگاری موسوڵمانانی كردووە كە ئەگەر گوڕوتین و پەرۆشیەكە وای لێ كردن بیر لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم گەلانە بكەنەوە؛ ئەوا پێویستە لەسەریان لەم بارەیەوە بەڵێنە خواییەكانیان بیربێتەوە، چونكە خوای گەورە بەڵێنی ئەوەی پێداون كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ڕزگاریان دەكات لە هێرشەكانی ئەم گەلانە، وە لە غەیبەوە هۆكاری ڕزگاربوونیان بۆ ئامادە دەكات، بۆیە دەبێت بیرۆكەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تر جگە لە ڕێوشوێنە خواییەكە لە مێشكیان دەربكەن.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وقُلْ عسى أن يَهدِيَنِ ربي لأقْرَبَ مِن هذا رَشَدًا﴾ ئەویش ڕاگەیاندنێكی خواییە كە ئێوە لە ماوەی سەدان ساڵدا بە ڕێگاچارە ماددییەكانی خۆتان ناتوانن زاڵ بن بەسەر ئەم گەلانەدا، بەڵام خوای گەورە بە فەزڵی تایبەتی خۆی هۆكارە چاوەڕوان نەكراوەكان ئامادە دەكات بۆ ئەوەی بتانپارێزێت لەم ئاژاوانە.
بەداخەوە موسوڵمانان سوودیان وەرنەگرت لەم ئامۆژگاریە خواییە، وە جار لەدوای جار جیهادیان ڕاگەیاند دژی گەلانی ئەورووپی كە وای كرد ترسی ئیسلام كەم بێتەوە؛ بەڵكو ئەو كەسانەی ئامۆژگاریانى دەكرد و ڕێگری ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانەی دەكرد لێيان، بە دوژمنی ئیسلام لەقەڵەمیان دا، وە بیریان لەوە نەكردەوە كە ئەو كەسەی بانگیان دەكات بۆ كاركردن بە فێركاریەكانی قورئان ناكرێت دوژمنی ئیسلام بێت، بەڵكو دوژمنانى ئيسلام ئەوانەن كە ڕێگای هەڵە دەگرنەبەر سەرەڕای قەدەغەكردنی قورئان لێی.
﴿وَلَبِثُواْ فِي كَهۡفِهِمۡ ثَلَٰثَ مِاْئَةٖ سِنِينَ وَٱزۡدَادُواْ تِسۡعٗا 26﴾
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا هەواڵمان پێ دەدات دەربارەی درێژی ماوەی ئەو موسیبەت و نەهامەتیانەی كە بەسەر یارانی ئەشكەوتدا هاتووە و ناچاربوون لەو ماوەیەدا جار لەدوای جار خۆیان لە ئەشكەوتەكانیاندا بشارنەوە. ئەو ماوەیە سێ سەد و نۆ ساڵی خایاند. ئەمە مێژوویش پشتڕاستی دەكاتەوە، بەجۆرێك ئەم ستەم و چەوسانەوانە لەو كاتەوە دەستی پێكرد كە مەسیح (عليه السلام) لەسەر خاچ هەڵواسرا، وە ئەو ماوەیە بە تەواوەتی كۆتایی هات كاتێك كە پاشا قوستەنتین -دامەزرێنەری شاری قوستەنتین- لە ساڵی ٣٣٧ی زاینیدا بوو بە مەسیحی هەروەك پێشتر باسمان كرد. (سەیری ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی چاپی ١٩٥١ وشەی Church History بكە)
ئەم مێژووە وا دەردەكەوێت پێچەوانەی ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆز بێت سەبارەت بە درێژی ماوەی كارەسات و ناخۆشیەكانی یارانی ئەشكەوت، بەڵام بەو شێوەیە نیە، چونكە ئەگەر مێژووی مەسیحیەت بپشكنین ئەوا دەبینین لە ڕاستیدا قوستەنتین لە ساڵی ٣٣٧ی زاینی نەبوو بە مەسیحی، بەڵكو دوای ٣٠٩ ساڵ لە ڕووداوی خاچەكە بوو بە مەسیحی. بەڵگەی ئەمەش دانپێدانانی خودی جوگرافیناسە مەسیحیەكانە بەوەی كە هەڵەیەك لە ڕۆژژمێری زاینیدا هەیە، بەجۆرێك هەریەك لە میتران ئوشێرس و دكتۆر كیتۆ لە كتێبەكەیدا سەلماندوویانە كە ساڵی باسكراوی ڕووداوی هەڵواسینی مەسیح لەسەر خاچەكە لە ڕۆژژمێری زاینیدا هەڵەیە، وە ئەم هەڵەیە لە ساڵی ٥٢٧ی زاینیدا ڕوویداوە (Chronology & Daily Bible Illustrations). لە ڕاستیدا مەسیح چوار یان شەش ساڵ پێش دەستپێكی ڕۆژژمێری ئێستای زاینی لەدایك بووە، وە لە تەمەنی سی و سێ ساڵیدا لەسەر خاچ هەڵواسرا. ئەگەر پێنج ساڵ دەربكەین -كە ناوەڕاستی ئەو چوار و شەش ساڵە زیادەیەیە كە لە ڕۆژژمێری زاینیدا بە هەڵە كەمكراونەتەوە- لە ٣٣ ساڵ كە تەمەنی مەسیح بووە كاتێك لەسەر خاچەكە هەڵواسرا، ئەوا دەبێتە ٢٨ ساڵ، كە ماوەی نێوان لەدایكبوونی مەسیح و ڕووداوی هەڵواسینەكەیە بەپێی ڕۆژژمێری زاینی ئێستا، وە ئەگەر ئەم ٢٨ ساڵە لە ٣٣٧ دەربكەین -كە ئەو ساڵەیە قوستەنتین بوو بە مەسیحی- ئەوا بەڕێكی دەبێتە ٣٠٩ ساڵ، كە بەتەواوەتی ماوەی چەوساندنەوەی مەسیحیەكانە بەگوێرەی قورئان.
پێویستە بزانرێت ئەم حیسابە لەسەر گریمانەی ڕاستی ڕیوایەتە مەسیحیەكان بنیادنراوە، بەڵام سەرەڕای چاوپۆشین لە ڕاستی ئەم بەڵگە و شایەتیە، دەبێت هەرچۆنێك بێت ڕاگەیاندنەكەی قورئانی پیرۆز بەڕاست بزانین، چونكە ئەوەی قورئانی پیرۆز دەربارەی كتێبی پیرۆز باسی دەكات، هەمیشە لە كۆتاییدا ڕاستیەكەی دەردەكەوێت.
ئەم ئایەتە ئامۆژگاریەكی خواییە بۆ ئێمەی موسوڵمانان كە دڵگران و تەنگەتاو نەبین بە درێژی ماوەی كارەسات و ناخۆشیەكان. هەڵبەت كۆمەڵی مەسیحیەكان پێش ئێمە بۆ ماوەی ٣٠٩ ساڵ ئازاردران، بەڵام ئەوان خۆڕاگر بوون، وە لە كۆتاییدا بەرهەمی شیرینی خۆڕاگریەكەی خۆیان خوارد. بۆیە پەلە مەكەن، بەڵكو بە ورە و خۆڕاگریەوە بەردەوام كار بكەن و بەرگەی سەختیەكان بگرن.
﴿قُلِ ٱللَّهُ أَعۡلَمُ بِمَا لَبِثُواْ ۖ لَهُۥ غَيۡبُ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ ۖ أَبۡصِرۡ بِهِۦ وَأَسۡمِعۡ ۚ مَا لَهُم مِّن دُونِهِۦ مِن وَلِيّٖ وَلَا يُشۡرِكُ فِي حُكۡمِهِۦٓ أَحَدٗا 27﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
غَيْب: (الغيبُ): غابت السمش وغیرها تغیب غیبا: ئەگەر لەبەرچاو ون بوون. وە (الغيب) بۆ هەموو ئەو شتانەی كە لە هەستەكان شاراوە بێت بەكاردێت، وە پێچەوانەكەی (الشهادة)یە. (المفردات)
أَبْصِرْ به وأَسْمِعْ: هەردووكیان فرمانی سەرسوڕمانن، و مانای ئەوەیە: بینینەكەی چەند تیژە و بیستنەكەی چەند زۆرە. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە لەڕێگەی ئەم فەرمایشتەوە ﴿قُلِ اللهُ أعلمُ بما لبِثوا﴾ ڕایگەیاندووە كە مێژووی مەسیحیەكان پێچەوانەی ئەم ڕوونكردنەوەیەی قورئانە -هەروەك پێشتر باسمان كرد- بۆیە متمانە بە قسەی ئەوان مەكەن؛ چونكە خوای گەورە دەزانێت ئەوان لەسەر هەڵەن. لەڕاستیدا دواتر لێكۆڵینەوەكان هەڵەی ئەوانیان پشتڕاست كردەوە.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلِ اللهُ أعلمُ بما لبِثوا﴾ وا دەردەخات كە ڕوونكردنەوەكەی پێشوو هەڵە بووە؟ وەڵام: ئەگەر ڕوونكردنەوەكەی پێشوو قسەی بێباوەڕان بوایە ئەوا ئەم ڕەخنەیە لەجێی خۆیدا دەبوو، بەڵام خوا ئەوەی نەداوەتەپاڵ بێباوەڕان، بۆیە دەچەسپێت كە ڕوونكردنەوەكەی پێشوو لەلایەن خوای گەورەوە بووە، وە ڕستەكەی دواتر بۆ جەختكردنەوە لە ڕوونكردنەوەكەی پێشوو هاتووە، وە مەبەست لێی ئەوەیە كە خەڵك جیاواز دەبن لە ماوەی مانەوەی یارانی ئەشكەوت، بەڵام ئەوان لەسەر هەڵە دەبن و ڕاستەكە ئەوەیە كە ئێستا باسمان كرد.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَبْصِرْ به وأَسْمِعْ﴾ مانای ئەوەیە كە ڕاستیەكە ئەوەیە كە خوای گەورە ڕایگەیاندووە، نەك ئەوەی خەڵك دەیڵێت.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَبْصِرْ به وأَسْمِعْ ما لهم مِن دونه مِن وليٍّ ولا يُشركُ في حكمه أحدًا﴾ مانای ئەوەیە خوای گەورە زاناترە بە بارودۆخی خەڵك، یارمەتیان دەدات و سەریاندەخات ئەگەر خۆیان بەدووربگرن لە پیسی شیرك، بەڵام ئەگەر كەوتنەناو شیركەوە ئەوا لە یارمەتی خوا (عز وجل) بێ بەش دەبن.
﴿وَٱتۡلُ مَآ أُوحِيَ إِلَيۡكَ مِن كِتَابِ رَبِّكَ ۖ لَا مُبَدِّلَ لِكَلِمَٰتِهِۦ وَلَن تَجِدَ مِن دُونِهِۦ مُلۡتَحَدٗا 28﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
اتْلُ: شێوگی فرمانی (تلا يتلو الكلامَ تلاوةً): واتە خوێندیەوە. (الأقرب)
مُلْتَحَدًا: (الملتحَد): پەناگە. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا بەڕاشكاوی بە پێغەمبەرەكەی خۆی دەفەرموێت كە تەنها وەك چیرۆكێك ئەم ڕووداوە ناگێڕێتەوە بۆی، بەڵكو ئەمە ئەو شتەیە كە بەسەر ئوممەتەكەی ئەویشدا دێت، وە ئەوەی خوا (سبحانه وتعالى) باسی كردووە پێكهاتووە لە هەواڵی ڕاستی ڕابردوو، هەروەها كۆمەڵێك هەواڵی غەیبیش لەخۆدەگرێت كە لە داهاتوودا ڕوودەدەن. ئەم مانایە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەوە ﴿لا مبدِّلَ لكلماته﴾ دەفامرێتەوە؛ چونكە ئەگەر هیچ هەواڵێكی داهاتووی تێدا نەبوایە ئەوا خوای گەورە نەیدەفەرموو ﴿لا مبدِّلَ لكلماته﴾، بەجۆرێك هیچ دەرفەتێك نیە بۆ گۆڕینی ڕووداوەكانی ڕابردوو. كەواتە ئەم ڕستەیە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە من لەم تەفسیرەمدا زەینم بۆی چووە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەو كەسانەی ئایەتەكانی پێشوویان تەنها بە چیرۆكێك لە ڕابردوو لەقەڵەمداوە لەسەر هەڵەن، لەڕاستیدا ئایەتەكان هەندێكیان باسی ڕووداوەكانی ڕابردوو دەكەن، و هەندێكی تریشیان كۆمەڵێك هەواڵی داهاتوویان لەخۆگرتووە سەبارەت بەو كەسانەی كە لە داهاتوودا دەبن بە هاوشێوەی یارانی ئەشكەوت.
بەڵگەیەكی تریش هەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم ئایەتانە هەواڵی داهاتوو لەخۆدەگرن، وە مەبەست لە باسكردنی ئەم چیرۆكە بریتیە لە پێشبینی كردنی ئەوەی كە كۆمەڵێك لە موسوڵمانان تووشی بارودۆخێكی هاوشێوە دەبنەوە، واتە ئەوانیش لەسەر باوەڕبوونیان بە وتەی خوای گەورە تووشی ستەم و چەوسانەوە دەبن. لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: ئیبن مەردەوەیهی لە ئیبن عەبباسەوە (رضي الله عنه) ریوایەتی كردووە، كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: “یارانی ئەشكەوت یارمەتیدەری مەهدین.” (الدر المنثور، سورة الكهف). ئەمە بوونی یارانی ئەشكەوت لە ڕابردوودا ڕەتناكاتەوە؛ چونكە پێشتر ئیبن عەبباس (رضي الله عنه) خۆی لە ڕیوایەتێكدا -پێشتر تۆمارمان كردووە- هەواڵی پێداوین كە ئێسكی یارانی ئەشكەوتی بینیوە، كەواتە مەبەستەكە ئەوەیە كە ئەوەی بەسەر یارانی ئەشكەوتدا هاتووە، بەسەر شوێنكەوتووانی مەهدیشدا دێت، وە ئەوانیش وەكو یارانی ئەشكەوت ئازار دەدرێن لەسەر باوەڕبوونیان بە وتەی خوای گەورە.
﴿وَٱصۡبِرۡ نَفۡسَكَ مَعَ ٱلَّذِينَ يَدۡعُونَ رَبَّهُم بِٱلۡغَدَوٰةِ وَٱلۡعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجۡهَهُۥ ۖ وَلَا تَعۡدُ عَيۡنَاكَ عَنۡهُمۡ تُرِيدُ زِينَةَ ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا ۖ وَلَا تُطِعۡ مَنۡ أَغۡفَلۡنَا قَلۡبَهُۥ عَن ذِكۡرِنَا وَٱتَّبَعَ هَوَىٰهُ وَكَانَ أَمۡرُهُۥ فُرُطٗا 29﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
وَاصْبِرْ: (الصبرُ): وازهێنان لە سكاڵاكردن لە ئازاری ناخۆشیەكان لای كەسێك جگە لە خوا نەك لای خوا، بۆیە ئەگەر بەندە لە خوا داوا بكات كە زیانەكەی لەسەر لابدات ئەوا ئارامگرتنەكەی تێكناچێت. وە لە (الكلیات)دا هاتووە: ئارامگرتن لەكاتی ناخۆشیدا، بەڵام لەكاتی جەنگدا ئازایەتیە. وە (صبَر الرجلُ على الأمر): پێچەوانەی بێ تاقەت بوونە.. واتە بوێر و خۆڕاگر بوو. وە (صبَر عن الشيء): دەستی گرت پێیەوە. وە (صبَر الدابّةَ): بە بێ ئالیك بەندی كرد. وە (صبَرتُ نفسي على كذا): نەفسی خۆم گرتەوە لەو شتە، وە دەڵێیت: خۆم ڕاگرت لەسەر ئەوەی كە ڕقم لێیە، وە دەستم گرت بەو شتەوە كە خۆشمدەوێت. (الأقرب)
الغداة: بەیانی یان نێوان نوێژی بەیانی و هەڵهاتنی خۆر، وە كۆی وشەی (الغُدُوُّ)ە. (الأقرب)
العَشِيّ: كۆتایی ڕۆژ؛ وە گوتراوە: لە نوێژی مەغریبەوە تا تاریكی شەو. (الأقرب)
وَجْهَه: (الوجه): خودی شتەكە. (وجه)ی سەردەم سەرەتاكەیەتی. (الوجه): گەورەی خەڵك؛ ناوبانگ؛ لایەن؛ ئەوەی كە مرۆڤ ڕووی تێدەكات لە كار و شتی تر؛ مەبەست و نیەت؛ ڕەزامەندی. (الأقرب)
لا تَعْدُ: (عدا يعدو فلانًا عن الأمر): لایدا و سەرقاڵی كرد. وە (عدا الأمرَ وعن الأمر): تێپەڕی و وازی لێ هێنا. (الأقرب)
أَغْفَلْنا: (غفَل عنه): وازی لێ هێنا و لێی غافڵ بوو. وە (أغفلَ الشيءَ): بە مانای لێی غافڵ بوو. (الأقرب)
الهوى: خۆشەویستیەكە لە خێر و شەڕدا هەیە؛ ئیرادەی نەفس؛ ئەوەی كە دڵی پێی خۆش بێت چاك بێت یان خراپ، پاشان زیاتر بۆ ئەوە بەكاردێت كە باش نیە، دەگوترێت: “فلان اتّبعَ هواه” ئەگەر مەبەست زەمكردنی بێت. (الأقرب)
فُرُطًا: (الفُرُط): ستەم و دەستدرێژی؛ ئەو شتەی لە سنوور دەربچێت؛ ئەو شتەی وازلێهێنراوە؛ ﴿كان أمرُه فُرُطًا﴾ گوتراوە زێدەڕۆیی و بەفیڕۆدانە. (الأقرب)
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئەو مانایەی زیاتر ڕوون كردەوە كە من خستمەڕوو. چونكە لێرەدا ڕووی قسە ئاراستەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەكراوە، بەڵكو ئاراستەی هەموو ئەو خوێنەرانەی قورئان كراوە كە دەگەنە ئەو سەردەمە، ئەگینا چۆن بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەگوترێت لەگەڵ ئەو كەسانەدا بێت كە بەیانیان و ئێواران نوێژ دەكەن لەكاتێكدا ئەو (ﷺ) خۆی بوو كە شەو و ڕۆژ نوێژی بە خەڵك دەكرد؟
لەڕاستیدا لێرەدا بەدڵنیاییەوە ڕووی قسە كراوەتە موسوڵمانەكانی ئەو سەردەمە كە پێیان وا دەبێت جارێكی تر ئیسلام هەڵناسێتەوە مەگەر بە گرتنەبەری هۆكارە ماددییەكان، بۆیە خوای گەورە فەرمانیان پێ دەكات كە نەكەونەناو ئەم جۆرە بیركردنەوە هەڵەیەوە، بەڵكو دەبێت لەگەڵ كۆمەڵێكدا بن كە لەكاتی زاڵبوونی گەلانی مەسیحیدا لەسەر بنەمای ئیسلام دامەزراوە، وە ئەندامەكانی بەیانیان و ئێواران نوێژ بۆ پەروەردگاریان دەكەن، وە بە دوعا و پاڕانەوە داوای فەزڵی خوا دەكەن بۆ ئەوەی زاڵیان بكات بەسەر دوژمناندا.
پاشان دەفەرموێت ﴿ولا تَعْدُ عيناك عنهم﴾ واتە: ئەی موسوڵمانان، چاوەكانتان لەم كۆمەڵە خواپەرستە لامەدەن بۆ شتێكی تر. بێگومان ئێوە لە دەرەوەی ئەم كۆمەڵە دەرفەتتان دەستدەكەوێت بۆ بەدەستهێنانی پێشكەوتنی دنیا و جوانیەكانی، بەڵام لەو كاتەدا شاد نابن بە ڕەزامەندی خوای گەورە. بۆیە لەپێناو بەرژەوەندیە دنیاییەكاندا ئەم كۆمەڵە سادەیە بە كەم مەزانن، وە شوێن پێی ئەو كەسانە هەڵمەگرن كە غافڵن لە یادی خوا و بانگەوازكردن بۆ پەیامەكەی، وە ئەو كەسانەی دەیانەوێت بە زۆر خەڵك چاك بكەن، وە تووشی نەخۆشی توندگیری و شلگیری و حەز و ئارەزووی سیاسەت بوون.
هەروەها لێرەدا خوای گەورە ئاماژەی بەوە داوە كە لەو سەردەمەدا موسوڵمانان لەبەر سێ هۆكار تووشی بەڵا و كارەسات دەبن: یەكەم: غافڵ بوونیان لە بەندایەتیەكان؛ دووەم: خۆشەویستی لە ڕادەبەدەر بۆ ماڵ و سامانی دنیا؛ سێیەم: ڕۆچوون لە خۆشی و ڕابواردندا. بۆیە پێویستە باوەڕدار لەو كاتەدا سەرقاڵی بەندایەتی و خواپەرستی بێت، وە حەزی لە ماڵ و سامان نەبێت، وە دوای دابینكردنی پێداویستیە سەرەكیەكانی خۆی پارە و سامان خەرج بكات لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی ئاییندا.
﴿وَقُلِ ٱلۡحَقُّ مِن رَّبِّكُمۡ ۖ فَمَن شَآءَ فَلۡيُؤۡمِن وَمَن شَآءَ فَلۡيَكۡفُرۡ ۚ إِنَّآ أَعۡتَدۡنَا لِلظَّٰلِمِينَ نَارًا أَحَاطَ بِهِمۡ سُرَادِقُهَا ۚ وَإِن يَسۡتَغِيثُواْ يُغَاثُواْ بِمَآءٖ كَٱلۡمُهۡلِ يَشۡوِي ٱلۡوُجُوهَ ۚ بِئۡسَ ٱلشَّرَابُ وَسَآءَتۡ مُرۡتَفَقًا 30﴾
شیركردنەوەی وشەكان:
سُرَادِق: (السُّرادق): بەو خێمەیە یان بەو ڕەشماڵە دەگوترێت كە لەسەر حەوشەی ماڵ دادەندرێت؛ ماڵێكە لە لۆكە؛ تۆزی بریقەدار؛ دووكەڵی بەرزبووەوە كە دەوری شتەكەی داوە. (الأقرب)
المُهْل: ناوێكە كۆكەرەوەی كانزاكانی بەردە گرانبەهاكانە وەك زیو و ئاسن و شتەكانی تر؛ دۆوكی باریك؛ ژەهر؛ ئەو خۆڵەی كە لە نانەوە دەكەوێتە خوارەوە؛ كێم؛ خوێنی بۆگەنی مردوو بە تایبەتی؛ ئەوەی لە زیو و ئاسن دەتوێتەوە؛ ڕۆن و وتراوە تفتیەكەیەتی. (الأقرب)
يَشْوي: (شوَى اللحمَ): برژاندی. و (شوى الماءَ): گەرمی كرد. (الأقرب)
مُرْتَفَقًا: (ارتفق الرجلُ): داوای هاوڕێیەتی كرد؛ یارمەتی خواست؛ لەسەر ئەنیشكێك پاڵی دایەوە وتراوە لەسەر سەرینێك. (ارتفقَ الإناءُ): پڕ بوو. (ارتفق القومُ): پێكەوە لە سەفەردا بوون. و (المرتفق) ئەو شوێنەیە كە پاڵی لێ دەدرێتەوە. (الأقرب)
تەفسیر: فەرمایشتی خوا ﴿وقُلِ الحقُّ من ربكم﴾ واتە ئەوەی ئێمە هەواڵمان پێداون دەربارەی پێشكەوتنی موسوڵمانان و لەناوچوونی ئەم گەلانە بەدڵنیاییەوە دێتەدی. ئەمەش بە ڕوونی ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەم ڕاگەیاندنە قورئانیە هەواڵێكە پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت ﴿فمَن شاء فليؤمِنْ ومَن شاء فليكفُرْ﴾.. واتە: لە ئاییندا زۆرەملێ دروست نیە. هەر كەس ئازادە لەوەی كە چی دەوێت هەڵیبژێرێت بۆ ئەوەی خۆی بەرپرسیارێتی كارەكەی هەڵبگرێت، بەڵام ناكرێت ناچار بكرێت بۆ باوەڕهێنان.
لەمەشدا ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی كە ئەو سەردەمە سەردەمی جیهادكردن نابێت بە شمشێر، بەڵكو سەردەمی بانگەواز و تەبلیغ دەبێت. وە لەو كاتەدا ئەركی موسوڵمانان ئەوەیە كە ڕاستی بە خەڵك پیشان بدەن، ئەوانیش ئازادن لەوەی كە قەبوڵی بكەن یان ڕەتی بكەنەوە، بەڵام دروست نیە كە لەبەر ئەم مەبەستە بجەنگن لەگەڵیاندا.
لەوانەیە لێرەدا كەسێك پرسیار بكات: چۆن بەبێ جەنگ و شەڕكردن دۆخی لاوازی موسوڵمانان نامێنێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە خوا لەلای خۆیەوە هۆكارەكان ئامادە دەكات بۆ ئەو كارە، وە گەلانی ئەورووپا تووشی سزای جەنگێكی بەردەوام دەكات، وەك ئەوەی وەك چادر بەسەر وڵاتەكانیاندا هەڵدرابێت؛ وە هەر كاتێك هەوڵ بدەن و هاوار بكەن بۆ ئاشتی، ئاسن و مسی تواوە بەسەر ڕوخساریاندا دەبارێت؛ واتە ئەوان باگەوازی ئاشتی دەكەن، بەڵام ئەنجامەكەی تەنها بۆمب و مووشەك دەبێت، و وڵاتەكانیان بە كەڵكی ژیان نامێنێت، بەڵكو دەبێتە جێگەیەكی خراپ.
یەكێك لە ماناكانی (الارتفاق) هاوكاری و پێكەوەبوونە، بەگوێرەی ئەم مانایە مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە كە ئەم گەلانە لەگەڵ گەلانی تردا دۆستایەتی دروست دەكەن، بەڵام ئەو دۆستایەتیە دەبێتە هۆی جەنگ نەك ئاشتی.
﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ إِنَّا لَا نُضِيعُ أَجۡرَ مَنۡ أَحۡسَنَ عَمَلًا 31﴾
تەفسیر: واتە ئەم باوەڕدارە چاكەكارانە بەهۆی باوەڕەكەیانەوە لە ڕواڵەتدا هیچ هێزێكیان نابێت، بەڵام كارە چاكەكانیان وا دەكات كە وردە وردە ئاشتی بۆ جیهان بهێنن.
﴿أُوْلَٰٓئِكَ لَهُمۡ جَنَّٰتُ عَدۡنٖ تَجۡرِي مِن تَحۡتِهِمُ ٱلۡأَنۡهَٰرُ يُحَلَّوۡنَ فِيهَا مِنۡ أَسَاوِرَ مِن ذَهَبٖ وَيَلۡبَسُونَ ثِيَابًا خُضۡرٗا مِّن سُندُسٖ وَإِسۡتَبۡرَقٖ مُّتَّكِِٔينَ فِيهَا عَلَى ٱلۡأَرَآئِكِ ۚ نِعۡمَ ٱلثَّوَابُ وَحَسُنَتۡ مُرۡتَفَقٗا32﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
يُحَلَّون: (حلَّى المرأةَ): خشڵی كردەبەر ئافرەتەكە. (الأقرب)
ثيابًا: (الثياب) كۆی (الثوب)ە، بریتیە لە پۆشاك كە لە كەتان یان لۆكە یان خوری یان ئاوریشم یان موو دروست دەكرێت. (الأقرب)
سُنْدُس: (السُنْدُس): جۆرێكە لە چنین و ڕستنی پۆشاك لە ئاوریشمی ناسك دروست دەكرێت. وە لە (الكلیات)دا هاتووە: لە ئاوریشم دروست دەكرێت. (الأقرب)
إستبرق: (الإستبرق): ئاوریشمی ئەستوور، وشەكە بە عەرەبی كراوە. (الأقرب)
الأَرائِك: كۆی (الأريكةِ)ە و بریتیە لە قەرەوێڵەیەكی ڕازاوە كە لە قوبە یان ماڵدا دادەنرێت. (الأقرب)
تەفسیر: ڕەنگە لێرەدا ڕەخنەگرێك بڵێت: ئەوان بەڵێنی بازنەی زێڕیان پێدراوە لەكاتێكدا بەكارهێنانی زێڕ بۆ پیاوان حەرامە؟ وەڵام: ئەگەر لێرەدا باس لە ناز و نیعمەتەكانی ئەم دنیایە بێت، ئەوا مەبەست لە لەدەستكردنی بازنەی زێڕ ئەوەیە كە ئەوان دەسەڵات و فەرمانڕەواییان پێ دەدرێت، چونكە پاشاكان لە كۆندا بازنەی زێڕیان لەدەست دەكرد. كەواتە ئەم ئایەتە هەواڵێكە بەوەی كە خوا موسوڵمانان دەكاتە پاشای جیهان. بەڵام ئەگەر باس لە ناز و نیعمەتەكانی دواڕۆژ بێت، ئەوا بەوپێیەی هەموو نیعمەتەكانی ئەوێ ڕۆحانیین، مەبەستەكە ئەوە نیە كە لەوێ بازنەی زێڕیان لەدەست بكرێت، بەڵكو ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێز و گەورەییەی كە لە دواڕۆژدا بەدەستی دەهێنن.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِن سُنْدُسٍ وإِستبرقٍ﴾ مانای ئەوەیە كە هەروەك چۆن مرۆڤ لەم دنیایەدا هەست بە حەوانەوە و چێژ دەكات بە لەبەركردنی ئاوریشم، بە هەمان شێوە ئەوان لە دواڕۆژدا پۆشاكێكی ڕۆحییان پێ دەدرێت كە بەهۆیەوە هەست بە چێژ و ئارامی بكەن.
لەوانەیە مەبەست ئەوە بێت كە ئەم پۆشاكە ئاوریشمیە دەدرێت بەو كەسانەی كە لەبەری دەكەن؛ واتە ژنان، هەروەك لە فەرموودەی پیرۆزدا هاتووە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) پۆشاكێكی ئاوریشمی بۆ عومەر نارد، عومەر پۆشاكەكەی هێنا و گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، تۆ پێت بەخشیم لەكاتێكدا لەبەركردنی ئاوریشم بۆ پیاوان حەرامە؟ پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: دەتوانیت بیبەخشیت بە خێزانەكەت تا لەبەری بكات (مسلم، اللباس).
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿نِعْمَ الثوابُ﴾ مانای ئەوەیە ئەو ناز و نیعمەتانەی كە ئەو كەسانەی بەڕاستگۆیی باوەڕیان بە قورئانی پیرۆز هەیە بەدەستیان دەهێنن، هەرگیز نایانبەن بەرەو لەناوچوون، بەڵكو دەبنە هۆی ئاشتی و ئارامی.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وحسُنتْ مرتفَقًا﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو دۆستایەتیانەی بەپێی فێركاریەكانی قورئان دروست دەبن هەرگیز نابنە هۆی شەڕ، بەڵكو دەبنە هۆی ئاشتی؛ چونكە بنەماكەیان ئامۆژگاری و دڵسۆزیە نەك بەرژەوەندیە كەسیەكان.
﴿وَٱضۡرِبۡ لَهُم مَّثَلٗا رَّجُلَيۡنِ جَعَلۡنَا لِأَحَدِهِمَا جَنَّتَيۡنِ مِنۡ أَعۡنَٰبٖ وَحَفَفۡنَٰهُمَا بِنَخۡلٖ وَجَعَلۡنَا بَيۡنَهُمَا زَرۡعٗا 33 كِلۡتَا ٱلۡجَنَّتَيۡنِ ءَاتَتۡ أُكُلَهَا وَلَمۡ تَظۡلِم مِّنۡهُ شَيۡٔٗا ۚ وَفَجَّرۡنَا خِلَٰلَهُمَا نَهَرٗا 34﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
مثلاً: (المَثَل): هاوشێوە؛ نموونە؛ سیفەت؛ بەڵگە، دەوترێت: (أقام لـه مثلاً) واتە بەڵگەیەكی بۆ هێنایەوە؛ قسە؛ گوتەی باو؛ پەند. (الأقرب). و (ضرَب لـه مثلاً): وەسفی كرد و گوتی و ڕوونی كردەوە.
جَنّتينِ: دوو (الجَنّة). وە ئەسڵی (الجن) بریتیە لە شاردنەوەی شت. دەوترێت: (جَنَّه الليلُ): شەوەكە شاردیەوە. و (الجنّةُ): هەموو باخێكە كە درەختی تێدابێت و درەختەكانی زەویەكە داپۆشن. وە دەكرێت درەختە داپۆشەرەكانیش ناویان بنرێت (جَنّةً). وە بە (الجنّةُ) ناونراوە یان بە لێكچواندن بە (جَنّة) لەسەر زەوی، سەرەڕای ئەوەی كە لەنێوانیاندا جیاوازیەكی زۆر هەیە، یان لەبەر ئەوەی خوای گەورە نیعمەتەكانی خۆی لێ شاردووینەتەوە كە ئاماژەی پێدراوە لە فەرمایشتی ﴿فلا تعلَم نفسٌ ما أُخفيَ لهم مِن قُرّةِ أَعين﴾ (المفردات).
حَفَفْنا: (حَفَّه القومُ وبه وحوالَيه): دەوریان دا و لێی كۆبوونەوە. (الأقرب)
لم تَظلِمْ: (ظلَم فلانًا حَقَّه): حەقەكەی كەم كردەوە، وە لەمەوە هاتووە ﴿ولم تَظلِمْ منه شيئًا﴾ واتە كەم نەكرایەوە. (الأقرب)
تەفسیر: گرووپێك لە موفەسیرەكان پێیان وایە ئەم ئایەتە باس لە ڕووداوێكی دیاریكراو دەكات، لەكاتێكدا گرووپێكی تریان پێیان وایە كە تەنها نموونەیەكە. وە لە گرووپی یەكەم هەندێكیان دەڵێن ئەو دوو پیاوەی لە ئایەتەكەدا باسكراون جوولەكە بوون، لەكاتێكدا بەشێكی تریان دەڵێن ئەوان عەرەب بوون (القرطبي وفتح البیان).
بەڵام لەڕاستیدا ئەو كەسەی خاوەنی دوو باخ بێت ئەوەندە گرنگ نیە كە شایەنی ئەوە بێت لە مێژوودا باس بكرێت، مەگەر دان بنێین بە یەكێك لەم دوو شتەدا: یەكەم: هیچ كەسێك لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا شانازی بەخۆیەوە نەكردووە و خۆی هەڵنەكێشاوە جگە لەو كەسە؛ دووەم: لەو كاتەدا هیچ درەختێك لە دنیادا نەبوو بێت جگە لەو دوو باخە كە موڵكی ئەو كەسە بوون؛ بۆیە مێژوو ئەم ڕووداوەی بۆ ئێمە پاراستووە!
پێم وایە وردەكاریەكانی ئەم نموونەیە دووپاتی دەكاتەوە بۆمان كە پەیامێكی خوایی گرنگ لەخۆدەگرێت بۆ ئێمە، ئەگینا هیچ پێویستی نەدەكرد لە قورئانی پیرۆزدا باس بكرێت.
وە پێم وایە، ئەگەر لە كتێبە ئاسمانیەكاندا یەكێك لەو نموونانە بدۆزینەوە كە مەبەستەكەی بریتی نەبێت لە زمانپاراوی و ڕەوانبێژی، بەڵكو ئاماژە بە بابەتێكی قووڵ بكات، ئەوا باشترە بۆ گەیشتن بە ڕاستیەكەی یارمەتی لە زانستی لێكدانەوەی خەون وەربگرین لەجیاتی ئەوەی بە عەقڵێكی ماددی بیری لێ بكەینەوە؛ چونكە خەونیش جۆرێكە لە زمانی نموونە كە خوای گەورە بەكاریان دەهێنێت، وە دەبێت لەنێوان دوو نموونەدا كە یەك سەرچاوەیان هەبێت كە ئەویش خوای گەورەیە، لێكچوون هەبێت.
بێگومان دەتوانین (بستان) بە واتای پارە و سامان وەربگرین بە لەبەرچاوگرتنی دنیا، هەروەها دەتوانرێت دار خورما بە مانای پاراستن تەفسیر بكەین، چونكە درەخت وەك بەربەست بەكاردێت بۆ دیاریكردنی زەویە كشتوكاڵیەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك. بێگومان دەتوانین ئەم تەئویلە بكەین بە پشتبەستن بە عەقڵی خۆمان، بەڵام بۆچی لەم بارەیەوە یارمەتی لە زانستی لێكدانەوەی خەون وەرنەگرین، پاشان لە قورئان ورد ببینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەوە پشتگیری ئەو مانایە دەكات كە ئێمە بە پشتبەستن بە زانستی لێكدانەوە پێی گەیشتووین یان نا؟
زانایانی لێكدانەوەی خەون دەڵێن: “دەكرێت (باخ) ئاماژە بێت بۆ ژن و منداڵ و سامان و ژیانی خۆش و نەهێشتنی خەمەكان، وە دەكرێت ئاماژە بێت بۆ ماڵی دەسەڵاتدار كە كۆكەرەوەی سوپا و سەربازە” (تعطیر الأنام: كلمة البستان).
وە ترێ لە خەودا ڕۆزیەكی باشە. وە ترێ ڕزقێكی بەردەوام و فراوان و پاشەكەوتكراوە. وە هەر كەسێك هێشووە ترێیەك بگرێت ئەوا سامانێكی كۆكراوە لە ژنێكەوە بەدەست دەهێنێت (سەرچاوەی پێشوو، كلمة عنب).
وە دەربارەی دارخورما هاتووە: “هەر كەسێك دارخورمای زۆری هەبێت ئەوا بەو ئەندازەیە دەبێتە سەرپەرشتی پیاوان، وە ئەگەر بازرگان بوو ئەوا بازرگانیەكەی زیاد دەكات” (سەرچاوەی پێشوو: كلمة نخل).
وە بەروبووم لە خەودا “ڕێز و شكۆمەندیەكی نوێی تازەیە”. (سەرچاوەی پێشوو: كلمة ثمر).
وە دەربارەی چاندن هاتووە: “هەر كەسێك ببینێت كە لە زەویەكدا شتێكی چاندووە… ئەوا بۆ دەسەڵاتدار فراوانیە لە دەسەڵاتەكەیدا… وە چاندن ئاماژەیە بۆ كاركردن” (سەرچاوەی پێشوو: كلمة زرع).
وە ڕووبار لە خەودا پیاوێكی بەڕێزە (سەرچاوەی پێشوو: كلمة نهر). هەروەها هاتووە كە ئەگەر بینی ڕووبارێك لە ماڵەكەیەوە دەڕوات ئەوا فەرمان بە چاكە دەكات و خەڵك لێی سوودمەند دەبن.
كەواتە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿واضْرِبْ لهم مثلاً رجُلَين جعَلنا لأحدهما جنّتَينِ﴾ ئەوەیە كە خوای گەورە سامان و مناڵی بە یەكێك لەو دوو پیاوە بەخشی. وە بەوپێیەی ترێ هێمایەكە بۆ نەمری، وشەی ﴿مِن أعنابٍ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سامان و مناڵی ئەم پیاوە بۆ ماوەیەكی زۆر گەشە دەكات، ئەو قسەیەی كە ئەم كەسە دوای كەمێك دەیكات جەخت لەم مانایە دەكاتەوە، قسەكیش بریتیە لە ﴿أنا أكثرُ منك مالاً وأعزُّ نَفَرًا﴾، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هیچ ئاماژەیەك بۆ ژمارەی سامان و مناڵەكانی نەكراوە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وحفَفناهما بنخل﴾، لەبەر ئەوەی دارخورما، وەك پێشتر باسم كرد، مەبەست لێی ئەو شوێنكەوتووانەی پیاوەكەیە كە سەرپەرشتییان دەكات، كەواتە مەبەست لە دەورەدانی ئەو دوو باخە ترێیە بە دارخورما ئەوەیە كە ئەو كەسە بە پیاوەكانی و سەربازەكانی سامان و مناڵەكانی و دەسەڵاتەكەی دەپاراست.
فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وجعَلْنا بينهما زرعًا﴾، چاندن واتە كاركردن، كەواتە مەبەست لە بوونی كاركردن لەنێوان دوو باخەكەدا ئەوەیە كە لەلایەكەوە شانشینێك هەیە بە سوپایەكی زۆر پارێزراوە، وە لەلایەكی تریشەوە شانشینێكی تر هەیە كە بە هەمان شێوە بە سەرباز پارێزراوە، وە لەنێوان هەردوو شانشینەكەدا زەویەكی كشتوكاڵی هەیە كە پارێزراو نیە و ئەوەندە گرنگ نیە.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت ﴿كلتا الجنتين آتَتْ أُكُلَها ولم تظلِمْ منه شيئًا﴾، ئەم وشانەش ئەوە دەردەخەن كە (باخەكە) لێرەدا نموونەیە نەك باخی ئاسایی، چونكە سروشتی باخەكان وەهایە كە بەرەكەیان هەموو جارێك زۆر نابێت، بەڵكو زۆربەی جار لە ساڵێكدا بەریان زۆر دەبێت و لە ساڵێكیشدا كەم دەكات.
شتێكی تریش هەیە لێرەدا شایەنی تێبینی كردنە: ئایەتەكە باس لە دوو باخ دەكات، بەڵام دەكرێت لەلایەكەوە بە یەك باخ دابنرێن، هەروەك دەكرێت لەلایەكی ترەوە بە دوو باخ دابنرێن. چونكە قورئان بۆ هەردووكیان ڕاناوی تاكی بەكارهێناوە، بەجۆرێك فەرموویەتی ﴿آتتْ أكلها﴾ لەجیاتی (آتتا أكلهما)، پاشان فەرموویەتی ﴿ولم تظلِمْ﴾ لە جیاتی (ولم تظلما). ئەمە مانای ئەوەیە كە لە ڕاستیدا یەك باخە، یان دوو بەشی یەك باخن، ئەگەرچی لە ڕووكەشدا دوو باخن.
بێگومان بەكارهێنانی ڕاناوی “كلتا” بۆ وشەی تاك ڕێگەپێدراوە، بەڵام دەبێت شێوگی دووانە بەكاربهێنرێت لەكاتی هێنانی ڕاناوەكەی بەشێوەی مانا، زانای گەورە البیضاوي نووسیویەتی: “لە پەراوێزی سەعدییەدا هاتووە كە (كلتا) ناوێكی تاكە لەڕووی وشەوە بە پێی بۆچوونی بەصرەییەكان و لەڕووی مەعناوە دووانە؛ وە لەڕووی وشە و مەعناوە دووانەیە بەپێی بۆچوونی بەغدادییەكان (تفسیر البیضاوي) [ئێمە ئەم دەستەواژەیەمان لە نوسخە بەردەستەكانی البیضاوي دا نەبینیەوە، بەڵام لە پەراوێزی شیهابدا هاتووە: “چونكە ئەو لەڕووی وشەوە تاك و لەڕووی مەعناوە دووانە بە پێی بەناوبانگترین بۆچوون، وە گوتراوە كە لەڕاستیدا دووانە بەو شێوەیەی لە كتێبەكانی ڕێزماندا بە وردی باسی كراوە” (حاشیة الشهاب المسماة عینایة القاضي وكفایة الراضي علی تفسیر البیضاوي، الجزء السادس، المكتبة الإسلامیة، دیار بكر، تركیا)].
لە “القنوي علی البیضاوي”دا هاتووە كە حەریری لە “درة الغواص” گوتوویەتی: “دەڵێن: كلا الرجلین خرجا، وكلتا المرأتين حضرتا.” (درة الغواص وشرحها، تحقیق عبد الحفیظ فرغلي، دار الجیل بیروت، الإخبار عن كلا و كلتا ص398)
كەواتە بەغدادیەكان لە پێشەوایانی زمان دەبینن كە پێویستە شێوگی دووانە (آتتا) بهێنرێت، وە حەریریش ئەوە بە ڕاستتر دەزانێت؛ ئەمەش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە هێنانی شێوگی دووانە بەدڵنیاییەوە ڕێگەپێدراوە. ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە كە هێنانی شێوگی دووانە لێرەدا گونجاوتر یان ڕێگەپێدراو بوو لانی كەم، بەڵام قورئانی پیرۆز ڕێگایەكی تری بەباشتر زانیوە لەم ڕێگایە كە لەڕووی وشەوە گونجاوترە، وە ئەمەش بەبێ حیكمەت نیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شێوازە قورئانیانەی كە دانیان پێدانراوە. قورئان پڕە لەم جۆرە نموونانە كە ئەوە دووپات دەكەنەوە تەنانەت لەكاتی هەڵبژاردنی وشە و ڕاناوەكاندا هەندێك لە حیكمەت و مەبەستە مەعنەویەكان ڕەچاودەكات.
﴿وَكَانَ لَهُۥ ثَمَرٞ فَقَالَ لِصَٰحِبِهِۦ وَهُوَ يُحَاوِرُهُۥٓ أَنَا۠ أَكۡثَرُ مِنكَ مَالٗا وَأَعَزُّ نَفَرٗا 35﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
ثمر: (الثمر): بەری درەخت؛ نەوە و مناڵ، تاكەكەی (ثمرة)ە. و (الثمرة) لە زماندا: سەرەتایەتی و سازگاریەكەیەتی. و (ثمرةُ القلب): خۆشەویستی؛ دڵسۆزی بەڵێن. (الأقرب)
يُحاوِرُ: (حاوَرَه محاورةً): وەڵامی دایەوە و قسەی لەگەڵدا كردەوە. (الأقرب)
أَعَزُّ: ناوی بەراوردكاریە لە (عَزَّه يعُزُّ عِزًّا): بەهێزی كرد؛ زاڵ بوو بەسەریدا. وە (عَزَّ يعِزُّ عزًّا): بەڕێز بوو؛ دوای زەلیلی بەهێز بوو؛ لاواز بوو؛ پێچەوانەیە. (الأقرب) گوتەی: “پێچەوانەیە” واتە ئەم وشەیە لەو وشانەیە كە دژیەكن، واتە هەندێ جار مانای ئەرێنی دەبەخشێت و هەندێ جاریش مانای نەرێنی.
نَفَرًا: (النَفَرُ): هەموو خەڵك؛ و (النفرُ) لە سێ بۆ دە كەسە، وە گوتراوە بۆ حەوت پیاویش دەبێت. (الأقرب)
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وكان لـه ثمرٌ﴾ واتە هەوڵەكانی ئەم كەسە ئەنجامی دڵخۆشكەری هەبوو، ئەمەش وای لێكرد بە هاوەڵەكەی بڵێت: من سامانم لە تۆ زیاترە و یارمەتیدەرەكانیشم لە هی تۆ بەهێزترن.
ئێستا تەفسیری ئەم نموونەیەتان بۆ دەكەم. لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا خوای گەورە ڕایگەیاند پێغەمبەرەكەی (ﷺ) پەیامەكانی خوای بە خەڵكی مەككە ڕاگەیاندووە، هەروەها ئەو پەیامانە بە جوولەكەش ڕادەگەیەنێت، وە بەهۆیانەوە مەسیحیەكانیش بە ئاگا دەهێنێتەوە. پاشان خوا (سبحانه وتعالى) دەستی كرد بە باسكردنی سەرەتای مێژووی ئوممەتی مەسیحی و ڕایگەیاند ئەوان لە سەرەتادا لەپێناو بیروباوەڕی یەكتاپەرستیدا سەختترین ئازار و ئەشكەنجەیان چەشت، بەڵام دوای ئەوە بوون بە موشریك و بتپەرست و سەرقاڵبوون بە دنیاوە. ئێستا خوا لەم نموونەیەدا ئاماژەی بەو ناكۆكیە كردووە كە بڕیاری داوە لەنێوان موسوڵمانان و مەسیحیەكاندا هەبێت. خاوەن باخەكە مەسیحیەكانن. قورئانی پیرۆز ئەوەی خستووەتەڕوو كە باخی ترێ بووە، چونكە مەسیح (عليه السلام) خۆی ئوممەتی مەسیحیی بە “ڕەز” چوواندووە. هەروەها لێكچوونێك هەیە لەنێوان نموونە قورئانیەكە و ئەو نموونەیەی كە مەسیح (عليه السلام) باسی كردووە، لەوێدا هاتووە: “كابرایەك ڕەزێكی چاند، دەوروپشتەكەی پەرژین كرد، وە چاڵێكی بۆ ترێ گوشین هەڵكەند و قوللـەیەكی چاودێری بنیادنا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی كرد. لە وەرزی خۆیدا خزمەتكارێكی بۆ ڕەزەوانەكان نارد، تاوەكو بەرهەمی ڕەزەكە لە ڕەزەوانەكان وەربگرێت؛ بەڵام گرتیان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردیانەوە. دیسان خزمەتكارێكی دیكەی بۆ ناردن، سەری ئەمیشیان شكاند و سووكایەتییان پێ كرد. یەكێكی دیكەیشی نارد، ئەویشیان كوشت. زۆر خزمەتكاری دیكەیشی نارد، لە هەندێكیان دا و هەندێكیان كوشت. یەكێكی مابوو كوڕە خۆشەویستەكەی، لەكۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد و گوتی: ڕێزی كوڕەكەم دەگرن. بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەكتریان گوت: ئەوەتا میراتگر، با بیكوژین، تاوەكو ئێمە ببینە میراتگر. ئینجا گرتیان و كوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەكە. خاوەنی ڕەزەكە چی دەكات؟ دێت و ڕەزەوانەكان لەناودەبات، وە ڕەزەكە دەداتە خەڵكی دیكە. ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە: ئەو بەردەی وەستاكان ڕەتیان كردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە.” (مەرقۆس ١٢: ١-١٠).
لەم نموونەیەدا مەسیح (عليه السلام) ئایینە جیاوازەكانی بە ڕەز چواندووە، وە ڕایگەیاندووە خاوەنی ڕەزەكە خوای گەورەیە. وە ئەو وردەكاریانەی كە دەربارەی ئەم باخە باسی كردووە هەمان ئەو وردەكاریەیە كە لە قورئاندا هاتووە واتە لە باخەكەدا ڕەز و لە دەوروپشتی پەرژین هەیە. تاكە جیاوازی ئەوەیە كە قورئان شتێكی زیادەی باس كردووە، كە ئەویش ناوی ئەو درەختەیە كە دەوری باخەكەی داوە وەك پەرژین.
بە كورتی مەسیح (عليه السلام) لە نموونەكەی خۆیدا ئوممەتەكانی پێغەمبەرانی بە باخ چواندووە، وە زانایانی چواندووە بە باخەوان كە بەرپرسن لە هۆشیاركردنەوەی ئەندامان و پاشاكانی ئەم ئوممەتانە، ئەمەش ئەو مانایەیە كە قورئانی پیرۆز باسی كردووە. كەواتە باخەكە ئایینی مەسیحیەتە، وە ترێكە هێمایە بۆ ئەو سامان و دەوڵەمەندی و مناڵە زۆرەی كە خەڵكەكەی هەیانە، وە دار خورما ئاماژەیە بۆ پشتبەستنی مەسیحیەت بە سوپا لەكاتی گەشەسەندنیدا، وە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تۆكمە بۆ پاراستنی.
بەڵام هۆكاری باسكردنی باخەكە وەك ئەوەی لەلایەكەوە یەك باخە و لەلایەكی تریشەوە دوو باخە ئەوەیە كە مەسیحیەت تایبەتمەندیەكی هەیە جیای دەكاتەوە لە گەلانی تر، ئەویش ئەوەیە كە گەشەسەندنەكەی لە دوو ماوەی جیاوازدا بووە؛ ماوەی یەكەمیان پێش دەركەوتنی ئیسلام بوو، وە ماوەی دووەمیشیان سێ سەدە دوای دەركەوتنی ئیسلام دەستی پێكرد، وە لە حەوت سەدەدا كامڵ بوو واتە لە سەدەی حەڤدەهەمی زاینیدا. بەڵام لەنێوان ئەم دوو ماوەیەدا مەسیحیەت لە كشتوكاڵێك دەچوو كە مەترسی ئەوەی هەبوو ئاژەڵەكان پێشێلی بكەن یان هەڵبكێشرێت. وە لەنێوان ئەم دوو ماوەیەدا -كە لە دوو باخ دەچن- خوا ڕووبارێكی هەڵقوڵاند كە ڕووباری ئایینی ئیسلامە و ئەم دوو باخەی لەیەك جیاكردەوە، وە لەنێوان ئەو دوو ماوەیەدا خوای گەورە كەسێكی پایەبەرزی دروست كرد (ﷺ) كە بزووتنەوەیەكی چالاكی دامەزراند بۆ فەرمانكردن بە چاكە.
پاشان خوا هەواڵی داوە كە خاوەنی دوو باخەكە -واتە سەركردەكانی مەسیحیەت- تانەوتەشەر دەدەن لە خەڵكی ئیسلام بەهۆی ئەوەی لاوازن و دەڵێن: ئێوە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئێمەتان نیە؛ چونكە ئێمە خاوەنی دەسەڵاتێكی گەورەین لە هەردوو ماوەكەدا. چونكە پێشكەوتنیان لە ماوەی دووەمدا پێشكەوتنێكی نائاسایی دەبێت، بۆیە بە تایبەت شانازی دەكەن پێیەوە چونكە لەو ماوەیەدا پێكدادان لەنێوان ئەوان و موسوڵمانان ڕوودەدات.
﴿وَدَخَلَ جَنَّتَهُۥ وَهُوَ ظَالِمٞ لِّنَفۡسِهِۦ قَالَ مَآ أَظُنُّ أَن تَبِيدَ هَٰذِهِۦٓ أَبَدٗا 36﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
تَبيد: لە (بادَ يَبيد بُيودًا): واتە لەناوچوو. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت ئەوان زۆر خۆیان هەڵدەكێشن بەو دەسەڵات و هێزەی كە هەیانە، وە پێیان وایە هەرگیز دەسەڵاتەكەیان كۆتایی نایات، هەروەها بێ ئایینی لەناویاندا دەگاتە لوتكە. ئەمەیە مانای فەرمایشتی خوا ﴿وهو ظالمٌ لنفسه﴾.
جێگای تێڕامانە خوا لێرەدا باسی یەك باخی كردووە لەكاتێكدا دوو باخ بوون! ئەمەش چونكە ئوممەتی مەسیحی، ئەگەرچی شانازی دەكرد بە ماوەی یەكەمی مێژووەكەی، بەڵام لە ڕاستیدا بەو پێشكەوتنەی كە لە ماوەی دووەمدا بەدەستی هێناوە خۆی بە گەورە دەزانێت و بایهەوا دەبێت، وە وەكو بەڵگەیەك بۆ ڕاستی خۆی دەیخاتە بەردەمی ئەهلی ئیسلام؛ لەبەر ئەوە خوای گەورە باسی دوو باخی نەكردووە، بەڵكو تەنها باسی یەك باخی كردووە بە بەكارهێنانی ڕاناوی تاك.
لەوانەشە مەبەست لە باسكردنی یەك باخ لە جیاتی دوو باخ ئاماژە بێت بۆ ئەوەی كە دوو باخەكە لە ڕاستیدا یەك باخن. چونكە ئەم هەموو پێشكەوتنە تەنها پێشكەوتنی یەك ئوممەتە ئەگەرچی بەهۆی سەردەمێكەوە بووە بە دوو بەش. ئەم مانایە پشتگیری ئەو بۆچوونەی من دەكات كە پێشتر باسم كرد كە خوای گەورە دوای “كلتا” ڕاناوی تاكی بەكارهێناوە، سەرەڕای ئەوەی بەكارهێنانی ڕاناوی دووانە ڕێگەپێدراوە، بۆ ئاماژەدان بەوەی كە دەشێت ئەو دوو باخە بە یەك باخیش دابنرێن.
﴿وَمَآ أَظُنُّ ٱلسَّاعَةَ قَآئِمَةٗ وَلَئِن رُّدِدتُّ إِلَىٰ رَبِّي لَأَجِدَنَّ خَيۡرٗا مِّنۡهَا مُنقَلَبٗا 37﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
أَظُنُّ: (ظنَّ الشيءَ): زانی؛ دڵنیا بوو. وە (ظنَّ) بەكاردێت بۆ ئاماژەدان بە زۆرترین ئەگەر. (الأقرب). كەواتە فەرموودەی (ما أَظُنُّ) واتە: دڵنیا نیم؛ پێم وانیە.
الساعة: سەیری شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ٦٢ی سوورەتی النحل بكە.
منقلَبًا: لە (انقلَب)ەوە هاتووە واتە كەوتە خوارەوە؛ گەڕایەوە. وە (المنقلَبُ): دەكرێت چاوگ بێت؛ وە دەكرێت شوێن بێت. (الأقرب)
تەفسیر: خوای گەورە لێرەدا ڕایگەیاندووە لەم ئوممەتەدا دوو جۆر خەڵك هەیە: جۆرێكیان ئەوانەن كە باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی نیە، بەڵكو تەنها ئەم ژیانی دنیایە بە هەموو شتێك دەزانن؛ وە جۆرێكی تریان ئەوانەن كە باوەڕ بە ڕۆژی دوایی دەهێنن، بەڵام پێیان وایە نیعمەتەكانی دواڕۆژ تەنها بۆ مەسیحیەكانە. لەڕاستیدا ئەمە دۆخی مەسیحیەكانە، بەجۆرێك بەشێكیان باوەڕیان وایە ژیانی دوای مردن نیە، وە بەهەشت تەنها پێشكەوتنی نەتەوەییە، ئەوەتا مەسیحیەكان بەدەستیان هێناوە و بەدەستی دەهێنن؛ لەكاتێكدا بەشێكی تریان باوەڕیان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن هەیە، بەڵام پێیان وایە تەنها مەسیحیەكان دەچنە بەهەشت چونكە مەسیح تاوانەكانی ئەوانی هەڵگرتووە؛ وە ئوممەتەكانی تر كەسیان نیە كە تاوانەكانیان هەڵبگرێت، بۆیە هەموویان دەچنە دۆزەخەوە.
﴿قَالَ لَهُۥ صَاحِبُهُۥ وَهُوَ يُحَاوِرُهُۥٓ أَكَفَرۡتَ بِٱلَّذِي خَلَقَكَ مِن تُرَابٖ ثُمَّ مِن نُّطۡفَةٖ ثُمَّ سَوَّىٰكَ رَجُلٗا 38﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
نُطْفَة: سەیری شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ٥ی سوورەتی النحل بكە.
سَوّاك: (سوّى الشيءَ): ڕێكوپێكی كرد. (الأقرب). كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿سَوّاك رجُلاً﴾ واتە: تۆی كرد بە مرۆڤێكی تەواو.
تەفسیر: لێرەدا لەسەر زاری موسوڵمانان بە زمانی نموونە وەڵامی ئەم كەسە خۆبەزلزانان دراوەتەوە، بەجۆرێك ئەم كەسە ئامۆژگاری هاوڕێ خۆبەزلزانەكەی دەكات و دەڵێت: ئایا بوونی خوای گەورە ڕەت دەكەیتەوە كە دروستی كردوویت، پاشان لە نزمترین دۆخەوە گەشەی پێداویت هەتا تۆی گەیاندووە بە پلەی تەواوی و كامڵ بوون. وەك ئەوەی پێی بڵێت: دۆخە كردەییەكەی تۆ ئەوە دەردەخات كە تۆ نكوڵی دەكەیت لە خوای كردگار، چونكە ئەو كەسەی كە بەڕاستی باوەڕی بە خوا (سبحانه وتعالى) هەیە ناكرێت بیروباوەڕێكی وەك بیروباوەڕی تۆی هەبێت.
یەكێك لە شێوازە گشتیەكانی ئاخاوتن لە قورئاندا ئەوەیە كاتێك ڕێگری لە خۆبەزلزانی و شانازی بەخۆوە كردنی مرۆڤ دەكات بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی كە بەدەستی هێناوە، سەرنجی ڕادەكێشێت بۆ دۆخە سەرەتاییەكەی. كەواتە لێرەدا خوای گەورە لە لایەكەوە ئامۆژگاری موسوڵمانان دەكات كە لەبەر ئەوەی لاوازن نائومێد نەبن لە پێشكەوتن، وە دەفەرموێت: ئایا ئەو ئوممەتانەی ئەمڕۆ پێشكەوتوون لە ڕابردوودا پاشكەوتوو و لاواز نەبوون؟ لە لایەكی تریشەوە خوا (عز وجل) ئامۆژگاری مەسیحیەكان دەكات كە بەهۆی لاوازی موسوڵمانانەوە بایهەوا نەبن. ئایا خودی مەسیحیەكان لە سەرەتادا لاواز نەبوون؟ ئایا دروستبوونی مرۆڤ لە سەرەتاوە لە خاكەوە نەبوو پاشان لە تۆواو؟
ئەمە و فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وهو يحاوره﴾ ئاماژەیە بۆ ئەو گفتوگۆیانەی كە لەنێوان ئەم دوو ئوممەتەدا ڕوودەدات، وە مەسیحیەت هێز و لاوازی موسوڵمانان دەكاتە بەڵگە لەسەر ڕاستی خۆی.
﴿لَّٰكِنَّا۠ هُوَ ٱللَّهُ رَبِّي وَلَآ أُشۡرِكُ بِرَبِّيٓ أَحَدٗا 39﴾
تەفسیر: ئەم كەسە دەڵێت: من پشت بە ڕێگاچارەكانی خۆم نابەستم و دڵم ئۆقرە ناگرێت پێیان، بەڵكو تەنها متمانەم بە خوا هەیە، هەر خۆی ئەو شتە دەبەخشێت بە من كە دەیبەخشێت. من هیچم نیە، و شانازی بە هەژاریمەوە دەكەم، چونكە ئەوە وا دەكات كە هەمیشە نیشانە نوێیەكانی خوا دەربكەون.
چەندە جوان و قەشەنگە گوتەكەی ﴿ولا أُشرك بربي أحدًا﴾! دەڵێت: خوا سامان و دەوڵەمەندی بە ئێوە بەخشی كەچی ئێوە هاوەڵ بۆ خوا (عز وجل) دادەنێن، بەڵام خوا سامانی ئەم دنیایەی بە من نەبەخشیوە و لەگەڵ ئەوەدا من هیچ هاوەڵێك بۆ خوا دانانێم! وەك ئەوەی بڵێت: من لەبەر هەژاریەكەم زیاتر مەترسی ئەوەم لێ دەكرێت گومان بكەم لە یەكتایی خوا و تووشی هاوەڵدانان بۆ خوا ببم، وە وا گومان ببەم كە ڕەنگە دوو خوا هەبێت؛ خوایەكەی ئێوە چاكەی لەگەڵ كردوون، بەڵام خوایەكەی من ئەوەی بەم نەداوە كە بە ئێوە دراوە؛ سەرەڕای ئەوە من هاوەڵ بۆ خوا دانانێم، بەڵكو باوەڕم بە خوای تاك و تەنها هەیە.
﴿وَلَوۡلَآ إِذۡ دَخَلۡتَ جَنَّتَكَ قُلۡتَ مَا شَآءَ ٱللَّهُ لَا قُوَّةَ إِلَّا بِٱللَّهِ ۚ إِن تَرَنِ أَنَا۠ أَقَلَّ مِنكَ مَالٗا وَوَلَدٗا 40﴾
تەفسیر: سەرەڕای لەخۆبایی بوونی بەڵام هاوڕێ موسوڵمانەكەی بەزەیی پێیدا دێتەوە و پێی دەڵێت: بۆچی بە هێزی خۆت بایهەوا بوویت؟ خۆزگە كاتێك دەچوویتەناو باخەكەوە دەتگوت: تەنها خوا خاوەنی هەموو هێزێكە!
پێویستە بزانرێت پیتی “ما” كە لە فەرمایشتی خوا ﴿ما شاء الله﴾دا هاتووە، (موصولة)یە، وە لە پێشیدا “مبتدأ”ێكی لابراو هەیە كە ئەویش وشەی “الأمر”ە، و دانانی تەواوی ڕستەكە بەم شێوەیەیە: لِمَ لم تقل، إذ دخلتَ البستان: الأمر ما شاء الله؟ واتە: هیچ ڕوونادات مەگەر ئەوەی خوا (سبحانه وتعالى) بیەوێت.
﴿فَعَسَىٰ رَبِّيٓ أَن يُؤۡتِيَنِ خَيۡرٗا مِّن جَنَّتِكَ وَيُرۡسِلَ عَلَيۡهَا حُسۡبَانٗا مِّنَ ٱلسَّمَآءِ فَتُصۡبِحَ صَعِيدٗا زَلَقًا 41﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
حُسْبانًا: (حسِبه يحسِب): ژماردی. (الحُسْبانُ): ژماردن؛ سزا؛ ناخۆشی و شەڕ؛ تۆز و خۆڵ؛ كوللـە؛ ئاگر. (تاج)
صعيدًا: سەیری شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی ژمارە ٨ بكە.
زَلَقًا: (الزلقُ): شوێنی خلیسك كە قاچ لەسەری جێگیر نابێت. زەویەكی (زَلَقٌ) واتە سافە و هیچ شتێكی تێدا نیە. (الأقرب)
تەفسیر: دەبینیت لێرەشدا باس لە یەك باخ دەكات، بەجۆرێك فەرموویەتی ﴿جَنَّتِكَ﴾ و نەیفەرمووە (جَنَّتَيكَ) دوو باخەكەت، وە فەرموویەتی ﴿عَلَيۡهَا﴾ و نەيفەرمووە (عليهما)؛ چونكە یەكێك لە دوو باخەكەی مەسیحیەكان پێش دەركەوتنی ئیسلام لەناوچووبوو. بێگومان ئەوان شانازی پێوە دەكەن هەروەك چۆن خەڵك شانازی بە باوباپیرانی خۆیانەوە دەكەن، بەڵام شانازیە ڕاستەقینەكەیان بە باخی دووەمیانەوەیە كە لە ئێستادا هەیە؛ بۆیە هاوەڵە موسوڵمانەكەی پێی دەڵێت: ئەگەر دەبینی من سامان و منداڵم لە تۆ كەمترە ئەوا شانازی بەوەوە مەكە، چونكە ئەستەم نیە بۆ خوای گەورە لە باخەكەی تۆ باشترم پێ ببەخشێت، بگرە لە ئاسمانەوە سزایەك بنێرێتە سەر باخەكەی تۆ و بیسووتێنێت، بەمەش هەرگیز تۆ ناتوانیت ئەو بانگەشە گەورانەی خۆت بهێنیتەدی دەربارەی ئەوەی كە بۆ هەمیشە دەسەڵاتت دەمێنێتەوە.
دەستەواژەی ﴿صعيدًا زَلَقًا﴾ لەو دەستەواژەیە دەچێت كە لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا هاتووە دەربارەی ئەو كەسانەی كە گوتیان خوا كوڕی هەیە، دەستەواژەكە بریتیە لە: ﴿وإنا لجاعلون ما عليها صعيدًا جُرُزًا﴾؛ ئەمەش بەڕوونی دەریدەخات كە ئەم نموونەیە باس لەو كەسانە دەكات كە گوتیان خوا كوڕی هەیە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ويُرسِلَ عليها حُسْبانًا من السماء﴾، بزانە دەستەواژەی ﴿من السماء﴾ لێرەدا ئاماژەیەكی خواییە بۆ ئەوەی كە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كەسانە شتێكی مەحاڵە بەهۆی ڕێگاچارە زەمینیەكانەوە، واتە ڕێگاچارە ماددیەكانەوە. ئەمەش ئەو شتەیە كە لە فەرموودەی پیرۆزدا دووپات كراوەتەوە دەبارەی یەئجووج و مەئجووج كە هێمای پێشكەوتنی ماددی مەسیحین: “لا يَدانِ لأحد بقتالهم” (مسلم، كتاب الفتن، باب ذكر الدجال) واتە: هیچ كەسێك ناتوانێت بە هێزی خۆی لەگەڵیاندا بجەنگێت، بەڵكو خوای گەورە لە ئاسمانەوە دايدەبەزێنێت بۆ شەڕكردن لەگەڵیاندا.
﴿أَوۡ يُصۡبِحَ مَآؤُهَا غَوۡرٗا فَلَن تَسۡتَطِيعَ لَهُۥ طَلَبٗا 42﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
غورًا: غار الماء غورا: ئاوەكە چووەتە خوارەوە و بە زەویدا ڕۆچووە. “الغور” چاوگە و هەروەها بە واتای ئاوی ڕۆچوو دێت. (الأقرب)
تەفسیر: ئەم ئایەتەیش ڕوونی دەكاتەوە كە ڕووبارەكە لە ئایەتی ﴿وَفَجَّرْنَا خِلالَهُمَا نَهَرًا﴾ بە واتای ئاوی ماددی نیە كە باخی ماددی ئاودەدات، چونكە خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت ﴿أَوْ يُصْبِحَ مَاؤُهَا غَوْرًا﴾، لەكاتێكدا ئاوی ڕووبار لە قووڵایی ڕووبارەكەوە هەڵناقوڵێت و تێیدا دیار نامێنن، بەڵكو لە دەرەوەوە ئاوەكە دەڕژێتە ناویەوە. بەمەش دەچەسپێت كە ئاوی ئەو باخانە ئاوێكی تر بووە و لە ناویاندا هەبووە، وە خوای گەورە لە قورئاندا هەواڵی دیارنەمانی داوە، مەبەست ئەوەیە تواناكانی ئەم گەلانە تێكدەشكێنرێن و لەناو دەچن، وە توانا عەقڵیەكانیان كە هۆكار بوون بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەم باخانە، وەك ئەو كانیاوانە وشك دەكەن كە ئاوەكەیان دەچێتە خوارەوە بەناخی زەویدا، لە ئەنجامدا ئەم باخانە دەبنە وێرانە و بیابان.
﴿وَأُحِيطَ بِثَمَرِهِۦ فَأَصۡبَحَ يُقَلِّبُ كَفَّيۡهِ عَلَىٰ مَآ أَنفَقَ فِيهَا وَهِيَ خَاوِيَةٌ عَلَىٰ عُرُوشِهَا وَيَقُولُ يَٰلَيۡتَنِي لَمۡ أُشۡرِكۡ بِرَبِّيٓ أَحَدٗا 43﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
أُحيطَ بثمره: أحیط به: لەناوچوونی نزیكە. ساڵی وشكەساڵی دەور دەدات لە ماڵ و سامانەكان، واتە لەناویاندەبات (التاج). كەواتە مەبەست لە فەرمایشتی ﴿وأُحيطَ بثمره﴾ واتە بەرهەمەكەی لەناوچوو.
فأصبح يقلِّب كَفَّيه: واتە پەشیمان بوویەوە (الأقرب).
خاويةٌ: ناوی بكەرە بۆ مێ لە وشەی ‘خَوَتِ الدار تخوي: ڕوخا و تێكچوو. “خویت الدار” واتە خانوو چۆڵ بوو لە دانیشتوانەكەی (الأقرب).
عروش: كۆی وشەی “عرش”ە، “عرش” لە ماڵدا واتە سەقفەكەی (الأقرب). كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وهي خاويةٌ على عروشها﴾ واتە ڕوخاوە بەسەر سەقفەكانیدا.
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وأُحيطَ بثمره﴾ واتە هەوڵەكانیان وەكو ڕۆژانی ڕابردوو ئەنجامی داواكرای نابێت، بۆیە بە داخ و پەژارەوە دەڵێن: ئەو هۆكارانەی كە بە خەرجكردنی پارەیەكی زۆر كۆمانكردنەوە، ئیتر سوودیان نەماوە. ئەمەش چونكە ئەو گەلانەی كە پارە خەرج دەكەن لەپێناو دەسەڵات و پێشكەوتنی دنیاییدا، كاتێك تووشی وێرانكاری دەبن، پەژارەیەكی زۆر دایاندەگرێت؛ چونكە ئەو بینایانەی كە شانازییان دەكرد پێیانەوە، لەو كاتەدا تەنانەت ناتوانن چاكیان بكەنەوە. بەڵام ئەو گەلانەی كە پارەكانیان خەرج دەكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی تاكەكانیان لە بوارە زانستی و ئەخلاقیەكاندا، هەرگیز پەژارە ناخۆن بۆ ئەو پارەیەی كە خەرجیان كردووە.
پێویستە بزانرێت كە لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وهي خاوية على عروشها﴾ ئاماژەیەك بەوە دراوە كە ئەو گەلانە تووشی گرێی دەروونی دەبن بە هۆی دروستكردنی بینای بەرزەوە، چونكە دەستەواژەی “وهي خاوية على عروشها” بۆ باخ بەكارناهێنرێت. كەواتە ئەوان بە داخ و پەژارەوە دەڵێن: خۆزگە نەدەكەوتینەناو شیرك و بتپەرستیەوە، وە خۆزگە بە وەرگرتنی ئامۆژگاریی ئامۆژگاریكاران لە سزای دۆزەخ ڕزگارمان دەبوو.
هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وهي خاوية على عروشها﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەش كە ئەوان تووشی سزایەك دەبن كە دەبێتە هۆی وێرانكردنی شارەكان و ڕوخاندنی بیناكان.
﴿وَلَمۡ تَكُن لَّهُۥ فِئَةٞ يَنصُرُونَهُۥ مِن دُونِ ٱللَّهِ وَمَا كَانَ مُنتَصِرًا 44﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
فئةٌ: الفئة: كۆمەڵ یان گرووپ (الأقرب).
منتصِرًا: ناوی بكەری وشەی “انتصر منه”یە: واتە تۆڵەی لێكردەوە. وە “نتصر عليه” واتە پشتیگرت (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەم ئوممەتە دڵنیا دەبێت لەوەی كە مەسیح سەركەوتوویان دەكات، بەڵام ئەویش ئەو ڕۆژە هەرگیز ناتوانێت سەركەوتوویان بكات.
﴿هُنَالِكَ ٱلۡوَلَٰيَةُ لِلَّهِ ٱلۡحَقِّ ۚ هُوَ خَيۡرٞ ثَوَابٗا وَخَيۡرٌ عُقۡبٗا 45﴾
تەفسیر: ئەم ئایەتە بە ڕوونی ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ئەم ڕاگەیاندنە قورئانیە هەواڵێك لەخۆدەگرێت دەربارەی داهاتوو. چونكە لێرەدا خوای گەورە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو ڕۆژە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بۆ خوا دەبێت، وە خوای گەورە نیعمەتی خۆی دەبەخشێت بە بەندە یەكتاپەرستەكانی كە ڕۆژی دواییان بەلاوە گرنگترە لە ژیانی دنیا.
﴿وَٱضۡرِبۡ لَهُم مَّثَلَ ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا كَمَآءٍ أَنزَلۡنَٰهُ مِنَ ٱلسَّمَآءِ فَٱخۡتَلَطَ بِهِۦ نَبَاتُ ٱلۡأَرۡضِ فَأَصۡبَحَ هَشِيمٗا تَذۡرُوهُ ٱلرِّيَٰحُ ۗ وَكَانَ ٱللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيۡءٖ مُّقۡتَدِرًا 46﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
اختلطَ به: تێكەڵ بوو (الأقرب).
هشيمًا: الهشيم: ڕووەكی وشكبووی وردبوو، یان وشكبووی هەموو گژوگیا و دارێك (الأقرب).
تَذرُوه: ذرت الريح التراب: با تەپوتۆزەكەی بڵاوكردەوە.
مقتدِرًا: اقتدر عليه: توانا و هێزی هەبوو بەسەریدا (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا خوای گەورە بە هێنانەوەی نموونەی ژیانی دنیا نموونەكەی پێشووی ڕوونتر كردەوە. لێرەدا خوا (سبحانه وتعالى) ڕوونی دەكاتەوە: ژیانی ماددی لە سەرەتادا زۆر جوان دەردەكەوێت، بەڵام سەرەنجامەكەی زۆر ترسناكە. بەڵام ژیانی ڕۆحی لە سەرەتادا وا دەردەكەوێت كە جوان نەبێت و سەخت بێت، بەڵام ئاكامەكەی زۆر جوان دەبێت. لەگەڵ ئەوەی دابەزینی ئاوی ماددی لە ئاسمانەوە ڕووەك و سەوزایی زۆر دەكات تا ئەو ڕادەیەی كە لقی درەختەكان بەهۆی زۆری و چڕییانەوە تێكەڵ دەبن، بەڵام هەموو ئەم سەوزاییە وشك دەبێت تا دەبێت بە پووش و پاڵاش كە با دەیبات بە ئاسماندا. بەڵام ئەو ڕووەكەی كە بە ئاوی ڕۆحی ئاودەدرێت، هەرگیز سیس و وشك نابێت.
ڕەنگە كەسێك ڕەخنە بگرێت لەم نموونەیە و بڵێت: ڕووەك تەنها دوای وشكبوونەوە و تێكشكاندنی بۆ خواردن دەشێت؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە خوای گەورە لێرەدا نموونەی خواردن ناهێنێتەوە، بەڵكو نموونەی ڕووەك دەهێنێتەوە، بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە گەلەكان لەكاتی گەشەسەندنی ماددیاندا، وەك ڕووەكێكی تازە و سەوز دەردەكەون كە دەجووڵێن و لار و لەنجە دەكەن، بەڵام لەكاتی داڕوخانیاندا كەس گوێیان پێ نادات. بە پێچەوانەوە، ئەو گەلانەی كە گرنگی بە ئایین دەدەن سەربەزیی هەمیشەیی بەدەستدەهێنن لەدنیادا، سەرباری لەوەی كە لە ڕۆژی دواییدا ڕێزیان لێ دەگیرێت. گەلی نووح بە نموونە وەربگرن، ئەو بێباوەڕانە ئەمڕۆ هیچ شوێنەوارێكیان نەماوەتەوە، بەڵام نووح (عليه السلام) هێشتا بە ڕێزەوە یادی دەكرێت. ئیبراهیمیش بەهەمان شێوەیە. هەمان شت بۆ مووسا ڕاستە، هەرچەندە گەلەكەی واتە جوولەكە زەلیلی سەپێنراوە بەسەریدا، بەڵام هێشتا لە جیهاندا مووسا (عليه السلام) جێگای ڕێزە. ئەو فتوحاتە ماددیانەی كە موسوڵمانان لە سەدە سەرەتایەكاندا بەدەستیان هێنا، شوێنەواریان نەماوە و دیار نەماون، بەڵام هێشتا خزمەتە ئایینیەكانیان كاریگەریەكی قووڵیان هەیە، بەجۆرێك تەنانەت لەمڕۆدا كەسانێك هەن كە دەیانەوێت گیانی خۆیان فیدا بكەن تەنانەت بۆ پاراستنی كەرامەتی كەسانێك كە پلەیان نزمترە لە پلەی ئەو موسوڵمانە سەرەتاییانە.
﴿ٱلۡمَالُ وَٱلۡبَنُونَ زِينَةُ ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا ۖ وَٱلۡبَٰقِيَٰتُ ٱلصَّٰلِحَٰتُ خَيۡرٌ عِندَ رَبِّكَ ثَوَابٗا وَخَيۡرٌ أَمَلٗا 47﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
أَمَلاً: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 4ی سوورەتی الحجر.
تەفسیر: لە نموونەی یەكەمدا خوای گەورە باسی بەهەشتی كرد، پاشان ئەو قسەیەی هێنایەوە كە هاوڵەكەی بە كەسەكەی تری گوت، واتە ئەم فەرمایشتە: ﴿أَنَا أَكْثَرُ مِنْكَ مَالًا وَأَعَزُّ نَفَرًا﴾، ئەمەش بۆ ڕوونكردنەوەی مەبەستی ڕاستەقینەی ئەو بەهەشتە. هەروەها لەم نموونەیەشدا “ڕووەكی زەوی”ی هێناوە، پاشان بەدوایدا ئەم فەرمایشتەی: ﴿الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا﴾ هێناوە، ئەمەش بۆ ڕوونكردنەوەی مەبەستی ڕاستەقینەی “ڕووەكی زەوی” لێرەدا.
خوای گەورە ئاگادارمان دەكاتەوە كە سەرەڕای ئەوەی ماڵ و مناڵ ڕزاوەیی ژیانی دنیان، بەڵام ئەگەر مرۆڤ بە شێوەیەكی دروست بەكاریان بهێنێت.. واتە ماڵ و سامانەكەی لەپێناو پێشخستنی ئایینی خوادا خەرج بكات و مناڵەكانی لە خزمەتی ئاییندا بەكاربهێنێت.. ئەوا خوای گەورە بۆ ماڵ و مناڵەكانیش بەردەوامی دەنووسێت. بێگومان ماڵ و سامان بە خەرجكردن تەواو دەبێت و نامێنێت، بەڵام كاریگەریە چاكەكەی دەمێنێتەوە؛ هەروەها مناڵیش نامێنێت، بەڵام یادی چاكەیان هەر دەمێنێتەوە و نافەوتێت؛ بەمەش ناوبانگی چاكی باوكەكانیان بە نەمری دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَالْبَاقِيَاتُ الصَّالِحَاتُ خَيْرٌ عِنْدَ رَبِّكَ ثَوَابًا وَخَيْرٌ أَمَلًا﴾ ئەوە بزانە كە “الباقیات الصالحات” بە واتای هەموو كارێكی چاك و باش دێت.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿خَيْرٌ عِنْدَ رَبِّكَ ثَوَابًا وَخَيْرٌ أَمَلًا﴾ دوو مانای هەیە: یەكەمیان ئەوەیە كە كاری چاك ئەنجامی چاك دەهێنێت لەم دنیایەدا، هەروەها ئومێدی باشیشی لەسەر هەڵدەچنرێت لە ڕۆژی دواییدا؛ وەك ئەوەی وشەی “ثوابًا” ئاماژە بە ئەنجامی كاری چاك بكات لە دنیادا، لەكاتێكدا وشەی “أملاً” ئاماژە بە ئەنجامەكەی بكات كە لە ڕۆژی دواییدا دەردەكەوێت.
وە مانای دووەم ئەوەیە كە وشەی “ثوابًا” تایبەتە بە خاوەنی كاری چاك، بەڵام وشەی “أملاً” تایبەتە بە نەوەكانی داهاتوو.. واتە كارە چاكەكانتان ئەنجامی دڵخۆشكەریان بۆ خۆتان و بۆ مناڵەكانیشتان دەبێت؛ چونكە سوننەتی خوای گەورە وەهایە كە مناڵەكانیش سوودمەند دەبن بە هۆی باوكە چاكەكانیانەوە.
﴿وَيَوۡمَ نُسَيِّرُ ٱلۡجِبَالَ وَتَرَى ٱلۡأَرۡضَ بَارِزَةٗ وَحَشَرۡنَٰهُمۡ فَلَمۡ نُغَادِرۡ مِنۡهُمۡ أَحَدٗا 48﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
بارزة: ناوی بكەری مێیە هی وشەی “برز یبرز بروزًا” كە بە واتای دەركەوتن دێت (الأقرب).
حشرنا: حشر الناس یحشر حشرًا: واتە خەڵكی كۆكردەوە. وە یوم الحشر واتە ڕۆژی زیندووبوونەوە و قیامەت، كە لە وشەی “حشر القوم”ەوە وەرگیراوە كە بە واتای كۆكردنەوەی خەڵك دێت. وە “الحاشر” یەكێكە لە ناوەكانی پێغەمبەری خوا ﷺ (الأقرب).
شیكردنەوەی وشەكان:
لم نغادر: غادره: واتە وازی لێهێنا و بەجێی هێشت (الأقرب).
تەفسیر: بزانە یەكێك لە ماناكانی “چیا” بریتیە لە گەورەی گەل و نەتەوە، وە وشەی “التسییر” واتە ئەنجامدانی ڕۆیشتن بە كەسێك. لێرەدا چیاكان واتە سەركردە و گەورەكانی گەل؛ چونكە قسەكە لێرەدا دەربارەی خەڵكیە نەك چیا و ڕووبارەكان.
وە لێرەدا مەبەست لە زەوی خەڵكەكەیەتی، چونكە یەكێك لە شێوازەكانی ئاخاوتنی زمانی عەرەبی ئەوەیە كە هەندێ جار “المضاف” لادەبرێت، نموونەی ئەمەش ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: ﴿وَاسْئَلِ الْقَرْيَةَ الَّتِي كُنَّا فِيهَا وَالْعِيرَ الَّتِي أَقْبَلْنَا فِيهَا﴾ (یوسف: 83) واتە پرسیار لە خەڵكی گوندەكە و خەڵكی كاروانەكە بكە. خوا (سبحانه وتعالى) لێرەدا ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم هەواڵانە لەو كاتەدا دێنەدی كە گەورەكانی گەل هەڵدێن، وە دەبینیت زەوی، واتە هەموو خەڵكەكەی، دێنە دەرەوە و ڕووبەڕووی یەكتر دەوەستن بۆ شەڕێكی سەخت كە كەس لەوان بەجێ ناهێڵێت.
لە ئینجیلیشدا ئاماژە بەم بابەتە كراوە، بەجۆرێك مەسیح (عليه السلام) دەفەرموێت: “نەتەوە لە نەتەوە ڕاستدەبێتەوە و شانشین لە شانشین” (مەتا 24: 7).
تێگەیشتنێكی تریش هەیە بۆ ئەم ڕستەیە، ئەویش ئەوەیە كە زەوی لێرەدا مانای چینی خوارەوەی خەڵك، لەكاتێكدا چیاكان واتە سەرگەورەكانی خەڵك؛ وە مەبەست ئەوەیە كە لەو كاتەدا جیهان دابەش دەبێت بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، سەرگەورەكانی خەڵكی واتە دیكتاتۆرەكان لە لایەك دەردەچن، وە لە لایەكی تر خەڵكی زەوی واتە پارێزەرانی دیموكراسیەت و نوێنەرانی گەلان دەردەچن. وە شەڕێكی سەخت لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا ڕوودەدات.
سەبارەت بە فەرمایشتی ﴿وحشرناهم﴾ ئەوە بزانە كە “الحشر” واتە كۆكردنەوەی خەڵك و وەستاندنیان ڕووبەڕووی یەكتری، وە یەكێك لە واتاكانی “الحشر” بریتیە لە سەرباز، چونكە سەربازەكانیش ڕووبەڕووی یەكتر دەوەستن [ئیمامی ڕاغیب گوتوویەتی: “حشر دەرهێنانی كۆمەڵێكە لە شوێنی نیشتجێ بوونی خۆیان و بێزاركردنیان لێی بۆ جەنگ و شتی لەو شێوەیە. ڕیوایەتكراوە: “النساء لا یحشرن” واتە ئافرەتان بۆ جەنگ نانێردرێن (المفردات). وە لە “اللسان”دا هاتووە: “وە لە فەرموودەدا هاتووە كە شاندی ثقیف مەرجیان دانا كە بە زۆر نەبەسترێنەوە و كۆنەكرێنەوە واتە بۆ شەڕ نەنێردرێن و سەربازیان لەسەر دانەنرێت.” (وەرگێڕ)]. مەبەست ئەوەیە ئێمە وایان لێ دەكەین شەڕ لەنێوان خۆیاندا بكەن، وە بەم شێوەیە سزایان دەدەین لەسەر كردەوە خراپەكانیان.
﴿وَعُرِضُواْ عَلَىٰ رَبِّكَ صَفّٗا لَّقَدۡ جِئۡتُمُونَا كَمَا خَلَقۡنَٰكُمۡ أَوَّلَ مَرَّةِۢ ۚ بَلۡ زَعَمۡتُمۡ أَلَّن نَّجۡعَلَ لَكُم مَّوۡعِدٗا 49﴾
تەفسیر: مەبەست لە پیشاندانیان بە ڕیزكراوی لەبەردەم پەروەردگاریاندا ئەوەیە كە خوای گەورە حوكم دەردەكات لەبارەیانەوە، چونكە وەستان لەبەردەمی خوای گەورە بە شێوەی ڕیزبوونی ڕواڵەتی نیە، بەڵكو بە شێوەی ڕیزبوونی مەعنەویە. وە هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە دەرچوونی بڕیاری خوایی بە لەناوچوونی گەلێك وەكو حەشر و قیامەتی ئەوان وایە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَقَدْ جِئْتُمُونَا كَمَا خَلَقْنَاكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ﴾ واتە ئێوە جارێكی تر كەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئێمەوە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿بَلْ زَعَمْتُمْ أَلَّنْ نَجْعَلَ لَكُمْ مَوْعِدًا﴾ واتە ئێوە واتانزانیوە كە ئێمە وادەیەكمان بۆ لەناوچوونی ئێوە دیارینەكردووە.
هەڵبەت لەم ئایەتەشەوە دەركەوت كە ئەم نموونەیە بۆ ڕوونكردنەوەی نموونەكەی پێشوو هاتووە، چونكە هەمان ئەو مانایەی تێدایە كە لەم فەرموودەیەی خوای گەورەدا هەیە ﴿مَا أَظُنُّ أَنْ تَبِيدَ هَذِهِ أَبَدًا﴾.
﴿وَوُضِعَ ٱلۡكِتَٰبُ فَتَرَى ٱلۡمُجۡرِمِينَ مُشۡفِقِينَ مِمَّا فِيهِ وَيَقُولُونَ يَٰوَيۡلَتَنَا مَالِ هَٰذَا ٱلۡكِتَٰبِ لَا يُغَادِرُ صَغِيرَةٗ وَلَا كَبِيرَةً إِلَّآ أَحۡصَىٰهَا ۚ وَوَجَدُواْ مَا عَمِلُواْ حَاضِرٗا ۗ وَلَا يَظۡلِمُ رَبُّكَ أَحَدٗا 50﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
مشفِقين: أشفقَ عليه: واتە ترسا و خۆی پاراست (الأقرب).
أحصاها: أحصى الشيء إحصاءً: واتە ژماردی (الأقرب).
تەفسیر: لێرەدا مەبەست لە دانانی كتێب كاركردنە بەو بڕیار و حوكمانەی كە تێیدایەتی، هەروەك دەوترێت “وضعنا فیهم السیف” واتە شمشێرەكەمان دەستی كرد بە كاركردن تێیاندا واتە بەتەواوەتی دەیانكوژێت. [لە “المنجد”دا هاتووە: “وضَع السلاحَ في العدو: كوشتاری دوژمنی كرد (وەرگێڕ)]
فەرمایشتی ﴿فَتَرَى الْمُجْرِمِينَ مُشْفِقِينَ مِمَّا فِيهِ﴾ واتای ئەوەیە كە بیرۆكەی حوكمی هەمیشەیی لە مێشكی ئەو گەلانەدا دەسڕێتەوە، وە دڵیان پڕ دەبێت لە ترس لەسەر ئەو شارستانیەتەی كە زۆر شانازیان پێوە دەكرد و لە لێواری ڕوخاندایە.
وە مەبەست لەم گوتەیەیان ﴿يَا وَيْلَتَنَا مَالِ هَذَا الْكِتَابِ لَا يُغَادِرُ صَغِيرَةً وَلَا كَبِيرَةً إِلَّا أَحْصَاهَا وَوَجَدُوا مَا عَمِلُوا حَاضِرًا وَلَا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَدًا﴾ ئەوەیە كە ئەوان بەشێوەیەك سزا دەدرێن لەسەر هەموو هەڵەیەك كە پێشتر ئەنجامیانداوە كە لە ناخی خۆیاندا پەی بەوە دەبەن خوا (عز وجل) حوكمداری ڕاستەقینەی گەردوونە، چونكە هیچ كارێكی مرۆڤ بە بێ پاداشت بەجێ ناهێڵێت.
وە لە كۆتاییدا خوا (سبحانه وتعالى) ڕایدەگەیەنێت كە: سەرەنجامی ئەوان زۆر تاڵە، بەڵام ئەوە زوڵم نیە لەلایەن خوای گەورە، بەڵكو سزایەك بوو بەگوێرەی كردەوەكانیان.
﴿وَإِذۡ قُلۡنَا لِلۡمَلَٰٓئِكَةِ ٱسۡجُدُواْ لِأٓدَمَ فَسَجَدُوٓاْ إِلَّآ إِبۡلِيسَ كَانَ مِنَ ٱلۡجِنِّ فَفَسَقَ عَنۡ أَمۡرِ رَبِّهِۦٓ ۗ أَفَتَتَّخِذُونَهُۥ وَذُرِّيَّتَهُۥٓ أَوۡلِيَآءَ مِن دُونِي وَهُمۡ لَكُمۡ عَدُوُّۢ ۚ بِئۡسَ لِلظَّٰلِمِينَ بَدَلٗا 51﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
لآدم: لێرەدا “لام” بە واتای “لەگەڵ” دێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 62ی سوورەتی “الإسراء”.
اسجُدوا: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 30ی سوورەتی الحجر.
إبليس: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 30ی سوورەتی الحجر.
الجنّ: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 28ی سوورەتی الحجر.
فسَق: “فسق الرجل فسقًا وفسوقًا” نافەرمانی خوای كرد؛ سەرپێچی كرد و لە ڕێگای ڕاست لایدا؛ لەڕێگەی حەق دەرچوو. وە “فسقت الرطبة عن قشرها”: هاتە دەرەوە (الأقرب).
بَدَلاً: “البدل” جێگرەوە؛ جێنشین (الأقرب)
تەفسیر: بزانە قورئانی پیرۆز هەركاتێك باسی لەناوچوونی گەلێكی كرد بێت بەهۆی ئەوەی كەسێكیان ڕەتكردووەتەوە كە لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكراوە، بەدوایدا باسی بەسەرهاتی ئادەمی هێناوە، ئەمەش بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵكیە كە پەند لەم بەسەرهاتە وەربگرن، وە نەبنە دۆستی شەیتان.
وە بەم ئایەتە خوای گەورە موسوڵمانان و نەتەوەكانی تریشی لە شەیتان ئاگادار كردەوە و فەرموویەتی: پێشتر شەیتان هەوڵی دا ئادەم فریوبدات، ئەویش شوێنی كەوت؛ كەواتە ئەی نەوەكانی ئادەم خۆتان بپارێزن لە شەیتان و بەدەم بانگەوازەكەیەوە مەچن.
﴿مَّآ أَشۡهَدتُّهُمۡ خَلۡقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ وَلَا خَلۡقَ أَنفُسِهِمۡ وَمَا كُنتُ مُتَّخِذَ ٱلۡمُضِلِّينَ عَضُدٗا 52﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
عَضُدًا: “العضد” ئەو بەشەیە لەنێوان ئانیشك تا شان؛ وە “عضد” بەشێوەی خوازە بۆ یارمەتیدەر بەكاردێت (الأقرب).
تەفسیر: بزانە جێناوی (هم) لە فەرمایشتی “﴿مَا أَشْهَدْتُهُمْ﴾” دەگەڕێتەوە بۆ شەیتان و نەوەكانی. وە ئایەتەكە واتە: ئەی خەڵكینە، ئایا شەیتان دەكەن بە دۆستی خۆتان بۆ ئەوەی پێشبكەون و گەشە بكەن، لەكاتێكدا هیچ پەیوەندیەكی بە دروستكردنی ئێوە و بە دروستكردنی ئاسمانەكان و زەویەوە نیە. خوا هەموو هێزەكانی مرۆڤی بۆ خێر دروستكردووە، وە خوا هەرگیز گومڕاكارانی خراپەكار بە پشتیوان و یارمەتیدەر وەرناگرێت. ئەگەر گەلێك بێ بەش بێت لە نزیكی خوای گەورە پێشكەوتنی ماددی بەدەست بهێنێت، ئەوا پێتان وا نەبێت خوای گەورە ئێستا موڵكەكەی دەدات بەوان. نەخێر، بەڵكو خوای گەورە هەرگیز و هیچ كات كلیلەكانی گەردوون ناداتە دەست كەس، جگە لە خۆی. دەسكەوتەكانی ئەو كەسانە كاتی و تێپەڕن، وە خوا جارێكی تر بەزوویی مرۆڤ دێنێتەوە بۆ لای خێر.
بە ڕامانێكی سادە مرۆڤ پەی بەوە دەبات كە ئەم ئایەتە بابەتێكی زۆر گرنگی لەخۆگرتووە، ئەوەش ڕوونكردنەوەی بابەتەكە: ئایەتەكانی پێشوو ئەوەیان دووپات كردەوە كە شەیتان یان نەوەكانی هیچ پەیوەندیەكیان بە دروستكردنی ئاسمان و زەویەوە نیە، چجای ئەوەی دەخالەتی تێدا بكەن؛ ئەمەش بەڕوونی ئاشكرای دەكات لەو سەردەمەدا كە ئەم ئایەتە باسی دەكات هەندێ لە دوژمنانی ئادەم یان دوژمنانی ئایین بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەوان بە هێزی خۆیان جیهانێكی نوێ دروست دەكەن و سیستەمێكی نوێ دادەمەزرێنن. خوای گەورەیش وەڵامیان دەداتەوە و دەفەرموێت: ئایا لە ڕابردوودا ڕوویداوە خوا یارمەتی لە شەیتان و نەوەكەی وەرگرتبێت لە دروستكردنی جیهانێكی نوێ و دامەزراندنی سیستەمێكی نوێدا؟ ئەگەر ئەمە لە ڕابردوودا ڕووی نەدابێت، ئەوا چۆن دەكرێت لە داهاتوودا ڕووبدات. خوای گەورە لە زووەوە بەهۆی ئادەم و فریشتەكانەوە جیهانێكی نوێ و سیستەمێكی نوێی دروستكردووە، وە ئێستاش بەو شێوەیە دەبێت، وە جیهانی نوێ و سیستەمی نوێ لەڕێگەی ئادەمەوە دروست دەكرێت. پرۆسەی سەرلەنوێ دروستكردنەوەی مرۆڤ -واتە پرۆسەی لابردنی ئەو كەموكورتی و خراپەكارییانە كە دزەیان كردووەتەناو مرۆڤ و پرۆسەی سەرلەنوێ چاككردنەوەی خەڵك- هەرگیز بەهۆی ڕێگاچارە دنیاییەكانەوە ئەنجام نادرێت، بەڵكو بەگوێرەی سوننەتی بەردەوامی خوای گەورە ئەنجام دەدرێت كە لە زووەوە هەیە.
چەندە مەزنە موعجیزەی قورئانی پیرۆز! ئەوەتا 13 سەدە لەمەوپێش ئەو دەستەواژانەی بەكارهێناوە كە لەم سەردەمەی ئێستامانداو واتە سەردەمی كۆتایی، بەكاردەهێنرێن، وەك ‘New World’ و ‘New Order’. پاشان چەند بەجوانی وەڵامەی ئەو كەسانەی دایەوە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن! قورئانی پیرۆز ڕایدەگەیەنێت خوای گەورە هەرگیز دوژمنانی ئادەمی بەكارنەهێناوە لە دروستكردنی جیهانی نوێ و سیستەمی نوێدا، بەڵكو هەمیشە ئەو ئەركەی سپاردووە بە ئادەم و فریشتەكان، وە ئێستاش بەو شێوەیە دەكات.
﴿وَيَوۡمَ يَقُولُ نَادُواْ شُرَكَآءِيَ ٱلَّذِينَ زَعَمۡتُمۡ فَدَعَوۡهُمۡ فَلَمۡ يَسۡتَجِيبُواْ لَهُمۡ وَجَعَلۡنَا بَيۡنَهُم مَّوۡبِقٗا 53﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
مَوبِقًا: وبق یوبق موبقًا: واتە لەناوچوو. وە “الموبِق” چاوگە؛ “الموبِق”: وادە، شوێنی بەندكردن؛ هەر شتێك كە دەكەوێتە نێوان دوو شتەوە؛ وە گوتراوە ئەو مەودایەیە كە قامچی تێیدا لەبەر دووریەكەی دەشكێت (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت مەسیحیەكان ئەو كاتە داوا لە پەرستراوە درۆینەكانی خۆیان دەكەن.. واتە جارێك پەنا دەبەنە بەر قەشەكانیان كە وا دەزانن شەفاعەتیان بۆ دەكەن، وە جارێكی تر داوا لە مەسیح دەكەن، وە جارێكی تر بانگی دایكی دەكەن (سڵاوی خوایان لەسەر بێت)، بەڵام هیچ كەسێك لەوان وەڵامی داواكاریەكانیان ناداتەوە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وجعلنا بينهم موبقًا﴾ ئەوە بزانە كە “الموبِق” پەردەیەكە دەكەوێتە نێوان دوو شت و لەیەكیان جیادەكاتەوە، هەروەها بە واتای لەناوچوونیش دێت. بە لەبەرچاوگرتنی واتای پەردە، ئەم ڕستەیە واتە: ئەوان بە هۆی جەنگەكانەوە بایكۆتێكی تەواو بەسەر یەكتردا دەسەپێنن. وە بە لەبەرچاوگرتنی واتای لەناوچوون، مەبەستەكە ئەوەیە كە هەندێكیان هەندێكی تریان لەناودەبەن.
بەڵام ئەگەر جێناوی “هم” لە “بينهم”دا بگەڕێتەوە بۆ پەرستراوە ساختەكان و بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانپەرستن؛ ئەوا ڕستەكە جەختكردنەوە دەبێت، وە مەبەست ئەوەیە كە لەنێوان ئەوان و پەرستراوە ساختەكانیاندا پەردەیەك دروست دەبێت كە ناهێڵێت هاواریان بگات پێیان؛ یان مانای ئەوەیە كە ڕۆحی خواكانیان دەستدەكەن بە دوعاكردن لەو كەسانەی كە پەرستوویانن.
﴿وَرَءَا ٱلۡمُجۡرِمُونَ ٱلنَّارَ فَظَنُّوٓاْ أَنَّهُم مُّوَاقِعُوهَا وَلَمۡ يَجِدُواْ عَنۡهَا مَصۡرِفٗا 54﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
مواقِعوها: “وقع الشيء وقوعًا”: واتە كەوت. وە “وقع في الشرك”: واتە كەوتەناو شیركەوە (الأقرب). “المواقِع” ناوی بكەری وشەی “واقع”ە؛ وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿هم مواقعوها﴾ واتە ئەوان تێی كەوتوون.
مَصْرِفًا: “المصرف” ناوی شوێنە لە وشەی “صرفه” واتە لەڕێگەی خۆیەوە گێڕایەوە (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە بڕیار دەدات كە ئەوان لەو كاتەدا تەنھا لەناوچوونی خۆیان دەبینن. پێویستە بزانرێت ئاگر بە واتای جەنگیش دێت، هەروەك لەم فەرمایشەی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿كُلَّمَا أَوْقَدُوا نَارًا لِلْحَرْبِ أَطْفَأَهَا اللَّهُ﴾ (المائدة: 65) واتە هەر كاتێك جوولەكە ئاگری جەنگیان هەڵدەگیرساند، خوای گەورە دەیكوژاندەوە؛ كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَرَأَى الْمُجْرِمُونَ النَّارَ فَظَنُّوا أَنَّهُمْ مُوَاقِعُوهَا وَلَمْ يَجِدُوا عَنْهَا مَصْرِفًا﴾ واتە مەترسی جەنگ بەردەوام هەڕەشە دەبێت لەسەر ئەم گەلە مەسیحیانە تا دڵنیا دەبن لەوەی كە هیچ ڕێگایەك نیە بۆ خۆ دەربازكردن لە جەنگ، بۆیە زۆر هەوڵ دەدەن بۆ خۆپاراستن لێی، بەڵام لە هەوڵەكانیاندا سەركەوتوو نابن.
سەبارەت فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فظنوا﴾، “ظن” لێرەدا بە واتای دڵنیایی هاتووە نەك گومان، چونكە “ظن” لە وشە دژەكانە و بە واتای گومان و دڵنیاییش دێت (الأقرب).
﴿وَلَقَدۡ صَرَّفۡنَا فِي هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانِ لِلنَّاسِ مِن كُلِّ مَثَلٖ ۚ وَكَانَ ٱلۡإِنسَٰنُ أَكۡثَرَ شَيۡءٖ جَدَلٗا 55﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
جَدَلاً: “الجدل” ناكۆكی توند (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَكَانَ الْإِنْسَانُ أَكْثَرَ شَيْءٍ جَدَلًا﴾ دوو مانای هەیە: یەكەمیان ئەوەیە مرۆڤ لە هەموو شتێك زیاتر دەبێتە هۆی مشتومڕ، واتە هەرچەندە هەوڵ بدەیت بۆ ڕوونكردنەوەی بابەتەكە بۆی، ڕێگایەك دەدۆزێتەوە بۆ مشتومڕكردن و نایەوێت دڵنیا بێت. وە مانای دووەم ئەوەیە: مشتومڕی مرۆڤ زۆرترە لە مشتومڕی هەموو مشتومڕكارێك (روح المعانی). واتە خوای گەورە عەقڵی بە مرۆڤ داوە بۆ ئەوەی پێشكەوتنی ڕۆحی بەدەست بهێنێت و خوا (سبحانه وتعالى) بناسێت، بەڵام ئەو ئەم هێزە -كە لە هەموو گیاندارەكانی تر جیایدەكاتەوە- دەكاتە هۆی لەخۆبایی بوون، وە لە ئاژەڵ پلەی نزمتر دەبێت لەجیاتی ئەوەی بە كردەوەكەی ببێتە بەڕێزترین دروستكراو.
پێویستە بزانرێت وشەی “الناس” لەم ئایەتەدا بە واتای هەموو نەوەكانی ئادەم دێت، لەكاتێكدا وشەی “الإنسان” بە واتای ئەو جۆرە تایبەتەی خەڵكی دێت كە باس كرا، مەبەست ئەوەیە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەتەواوەتی و بە شێوازگەلی جیاواز هەموو بابەتەكانی ڕوون كردووەتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەو جۆرە تایبەتەی مرۆڤ كە باسكراو ئەم ڕوونكردنەوەیە دەكاتە هۆكارێك بۆ مشتومڕ و ناكۆكی، وە تانە دەدات لەم شێوازانەی ڕوونكردنەوە لە قورئاندا.
لەوەدا ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی مەسیحیەكان وردەكاریەكانی ئەم شەریعەتە بە نەفرەت دادەنێن، وەك خۆدزینەوەیەك لە كاركردن بە شەریعەت، لەكاتێكدا شەریعەت تەنها ئامانجی ڕزگاركردنی مرۆڤایەتیە لە تیاچوون.
﴿وَمَا مَنَعَ ٱلنَّاسَ أَن يُؤۡمِنُوٓاْ إِذۡ جَآءَهُمُ ٱلۡهُدَىٰ وَيَسۡتَغۡفِرُواْ رَبَّهُمۡ إِلَّآ أَن تَأۡتِيَهُمۡ سُنَّةُ ٱلۡأَوَّلِينَ أَوۡ يَأۡتِيَهُمُ ٱلۡعَذَابُ قُبُلٗا 56﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
سُنّة: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 14ی سوورەتی الحجر.
قُبُلاً: “القُبُل” پێچەوانەی “الدُّبُر”ە واتە پێشەوە (الأقرب).
تەفسیر: واتە قورئان پڕە لە هۆكارەكانی هیدایەت بە جۆرێك هەموو بەربەستێك لەڕێگەی هیدایەتدا لادەبات. بۆیە شیاوتر بوو بۆ ئەوان كە لە باوەڕە هەڵەكانیان پەشیمان ببنەوە و ڕێنمایی قورئان وەربگرن، بەڵام ئەوان سوودی لێ وەرناگرن، وەك ئەوەی بەڵێنیان دابێت كە تەنها سزای دۆزەخ ببینن. پێویستە بزانرێت فەرمایشتی خوای گەورە ﴿سُنَّةَ الْأَوَّلِينَ﴾ واتە لەناوچوونی گشتگیری كۆتایی، لەكاتێكدا فەرمایشتی خوای گەورە ﴿أَوْ يَأْتِيَهُمُ الْعَذَابُ قُبُلًا﴾ واتە جۆرەكانی ئەو سزایەی كە پێش ئەو لەناوچوونە كۆتاییە تووشیان دەبێت. كەواتە خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت ئەو كەسانە بەكردەوەی خۆیان دەیانەوێت تووشی هەردوو جۆرە سزاكە ببن.
﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ ۚ وَيُجَٰدِلُ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ بِٱلۡبَٰطِلِ لِيُدۡحِضُواْ بِهِ ٱلۡحَقَّ ۖ وَٱتَّخَذُوٓاْ ءَايَٰتِي وَمَآ أُنذِرُواْ هُزُوٗا 57﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
الباطل: بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 73ی سوورەتی النحل.
لِيُدْحِضُوا: “أَدحضَ القدمَ” واتە خلیسكاندی. “أَدحضَ الحُجّةَ” واتە بەڵگەكەی پووچەڵ كردەوە و لایبرد و پاڵیپێوەنا (الأقرب).
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لِيُدْحِضُوا بِهِ الْحَقَّ﴾ واتە بێباوەڕەكان بە باتڵ مشتومڕ و موجادەلە دەكەن بۆ ئەوەی حەق لەناوبەرن و لە جیهاندا بیسڕنەوە.
وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَاتَّخَذُوا آيَاتِي وَمَا أُنْذِرُوا هُزُوًا﴾ ئەوەیە ئێمە بە ڕاستی ئایەتەكان پیشان دەدەین بەڵام ئەوان گاڵتەیان پێ دەكەن. وە ئەمە ڕەفتاری ئەورووپیەكانە لەم سەردەمەی ئێستادا، بەجۆرێك كەمترین گرنگی نادەن بە نیشانە خواییەكان، بەڵكو بە جۆرێك لە خەیاڵی گەمژەكان لەقەڵەمیان دەدەن. ئەوان گرنگی بە ڕێوشوێن و ڕێگاچارە عەقڵیەكان دەدەن، بەڵام نیشانەكانی خوا بە كەم سەیر دەكەن.
﴿وَمَنۡ أَظۡلَمُ مِمَّن ذُكِّرَ بَِٔايَٰتِ رَبِّهِۦ فَأَعۡرَضَ عَنۡهَا وَنَسِيَ مَا قَدَّمَتۡ يَدَاهُ ۚ إِنَّا جَعَلۡنَا عَلَىٰ قُلُوبِهِمۡ أَكِنَّةً أَن يَفۡقَهُوهُ وَفِيٓ ءَاذَانِهِمۡ وَقۡرٗا ۖ وَإِن تَدۡعُهُمۡ إِلَى ٱلۡهُدَىٰ فَلَن يَهۡتَدُوٓاْ إِذًا أَبَدٗا 58﴾
تەفسیر: واتە كێ ستەمكارترە لەو كەسەی كە ئایەتەكانی خوای گەورەی بەسەردا دەخوێنرێتەوە، ئەویش بە كەم سەیریان دەكات و پشتیان تێ دەكات، وە بیر لەوە ناكاتەوە كردەوەكانی -كە ئەنجامی داون بە پشتبەستن بە عەقڵی خۆی- بوونەتە هۆی زیاتر بوونی خراپەكاری و ئاژاوە و جەنگ. سەرەڕای ئەوەی تاقیكردووەتەوە كە لە جێگیركردنی ئاشتیدا بە پشت بەستن بە عەقڵی خۆی تەواو شكستی هێناوە، بەڵام سەرنج نادات لە یارمەتی خوایی و هیدایەتی ئاسمانی؛ ئەمەش دەریدەخات شتێك ڕەتدەكاتەوە كە خۆی تاقیكردووەتەوە. چەند ناشرینە تاوان و غەفلەتی ئەو نەتەوەیەی كە بانگەشەی ئەوە دەكات كارەكانی لەسەر بنەمای تاقیكردنەوە و ئەزموون دادەمەزرێنێت، بەجۆرێك زۆر گرنگی بە تاقیكردنەوەی بەش بەش دەدات، بەڵام سوود لە ئەنجامی ئەو ئەزموونە وەرناگرێت كە ئەزموونی هەموو گەلانە. كەواتە ئەنجامی ئەمە ئەوەیە كە خوا بێبەشیان دەكات لە تێگەیشتنی دروست، چونكە ئەوان بە كردەیی ڕەتیانكردەوە یارمەتی لە تێگەیشتنی دروست وەربگرن، وە خوا وازیان لێدەهێنێت چونكە سوود لە ئامۆژگاری هیچ ئامۆژگاریكارێك وەرناگرن هەرچەندە ئامۆژگاریان بكات.
﴿وَرَبُّكَ ٱلۡغَفُورُ ذُو ٱلرَّحۡمَةِ ۖ لَوۡ يُؤَاخِذُهُم بِمَا كَسَبُواْ لَعَجَّلَ لَهُمُ ٱلۡعَذَابَ ۚ بَل لَّهُم مَّوۡعِدٞ لَّن يَجِدُواْ مِن دُونِهِۦ مَوۡئِلٗا 59﴾
تەفسیر: خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت ئەگەر سزای بدانایە لەسەر تاوانەكانیان، ئەوا زوو لەناوی دەبردن، بەڵام خوای گەورە بەبێ ئاگاداركردنەوە هیچ گەلێك لەناونابات، بۆیە سەرەتا ئاگاداریان دەكاتەوە، وە دەیانگرێت دوای ئەوەی بەڵگەیان لەسەر دەچەسپێنێت لە ڕێگەی ئەو كەسەوە كە لەو كاتەدا دەینێرێت.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿بَلْ لَهُمْ مَوْعِدٌ لَنْ يَجِدُوا مِنْ دُونِهِ مَوْئِلًا﴾ واتە خوای گەورە وادەیەكی بۆ ئەوان دیاری كردووە، وە بۆ ڕزگاربوون لێی هیچ پەناگەیەك نادۆزنەوە جگە لە خوای گەورە.
﴿وَتِلۡكَ ٱلۡقُرَىٰٓ أَهۡلَكۡنَٰهُمۡ لَمَّا ظَلَمُواْ وَجَعَلۡنَا لِمَهۡلِكِهِم مَّوۡعِدٗا 60﴾
تەفسیر: واتە پێش ئەوان گەلانێكی زۆر هەبوون كاتێك ستەمیان كرد، واتە سەرەڕای ئاگاداركردنەوەی ئاسمانی هەڵوێستی خۆیان ڕاست نەكردەوە، خوای گەورە لەناوی بردن بەگوێرەی ئەوەی كە پێشتر هەواڵی دابوو دەربارەی لەناوچوونیان. كەواتە پێویستە ئەوانیش بیر لەوە بكەنەوە كە هەرچەندە گەشە و پێشكەوتنیان بەدەستهێنا بێت ئەوا هەرچۆنێك بێت ئەوانیش مرۆڤن، چۆن دەتوانن ڕزگاریان بێت لە لەناوچوون بەهۆی پشتكردنیان لە خوای گەورە لەكاتێكدا پێش ئەوان مرۆڤ بەهەمان هۆكار لەناوچووە.
ئەمڕۆیش 99%ی خەڵكی پێیان وایە ئەورووپا هەرگیز لەناوناچێت. بەڵام خوای گەورە لێرەدا هەواڵ دەدات كە ئەمە گومانێكی هەڵەیە و بەڵگەیە لەسەر نەزانی ئەو كەسانەی كە ئەم بۆچوونەیان هەیە. كێ دەیزانی ئیمپراتۆریەتەكانی پێشوو ڕۆژێك لە ڕۆژان لەناودەچن؟ وە كێ دەیزانی ئیمپراتۆریەتەكانی موسوڵمانان یان ڕۆمانەكان یان فارسەكان ڕۆژێك لە ڕۆژان لەناودەچن؟ بەڵام هەموویان لەناوچوون و فەوتان. كەواتە سەرسوڕمانی خەڵك لە نەمانی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی ئەو گەلە دژی عەقڵە.
﴿وَإِذۡ قَالَ مُوسَىٰ لِفَتَىٰهُ لَآ أَبۡرَحُ حَتَّىٰٓ أَبۡلُغَ مَجۡمَعَ ٱلۡبَحۡرَيۡنِ أَوۡ أَمۡضِيَ حُقُبٗا 61﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
لا أبرَحُ: “ما برح فلان كريمًا”: لەسەر بەخشندەیی خۆی مایەوە (الأقرب).
أمضي: “مضى الشيء يمضي ومضًا يمضو”: واتە ڕۆیشت و تێپەڕی (الأقرب).
حُقُبًا: “الحُقُب” كۆی “الحُقْب”ە كە هەشتا ساڵە، وە گوتراوە زۆرترە لەوەش. وە “الحُقْب”: سەردەم، ساڵ، وە گوتراوە: ساڵان (الأقرب).
تەفسیر: خوای گەورە لە ئایەتەكانی پێشوودا بە زمانێكی نموونەیی باسی بابەتی ململانێی نێوان مەسیحیەت و ئیسلامی كرد، بەجۆرێك ڕوونی كردەوە كە لە ڕووكەشدا ململانێیەكە لەنێوان بەهێز و لاوازدا، بەڵام بیركردنەوەیەكی سادە ئەوە ئاشكرا دەكات بەهێز ئەو كەسەیە كە ڕوو لە خوای گەورە دەكات، نەك ئەوەی كە كاروبارەكانی دنیا سەرقاڵی كردووە. هەروەها خوا (سبحانه وتعالى) ئاماژەی بەوەش دا كە بڕیار دراوە سەرەتا مەسیحیەت گەشە بكات هەتا كاتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ)، پاشان ئیسلام بۆ ماوەیەك گەشە دەكات، بۆ ئەوەی مەسیحیەت دووبارە گەشە بكاتەوە. بەڵام ئێستا خوای گەورە هەمان بابەت باس دەكات لەسەر بنەمای ئەو هەواڵانەی كە لە كتێبە ئاسمانیەكاندا هاتوون لەم بارەیەوە.
پێویستە بزانرێت نەیارانی ئیسلام -وەك پێشتر ڕوونم كردووەتەوە- تانە دەدەن لەم سوورەتە بەوەی كە كۆمەڵێك ڕووداوی جیاوازی كۆكردووەتەوە بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەك لەنێوانیاندا هەبێت؛ بەڵكو كۆبوونەوەی ئەم ڕووداوانە تێیدا بووەتە هۆی سەرسوڕمانی تەنانەت موسوڵمانان خۆیشیان، كە باوەڕیان وابوو جوولەكە پرسیاریان لە پێغەمبەر (ﷺ) كردووە دەربارەی هەندێ بابەت و وەڵامەكانیان لەم سوورەتەدا كۆكراوەتەوە.
بەڵام بابەتەكە بەو شێوەیە نیە كە دیارە، چونكە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) بە ڕاستی پرسیاری لێكرابێت دەربارەی یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەین، ئەوا بۆچی خوای گەورە لەنێوان باسی یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەیندا هەموو ئەم نموونانەی پێشتر باسكران و هەروەها ڕووداوی مووسای (عليه السلام) لەگەڵ گەنجە خزمەتكارەكەی كە بەم ئایەتە دەست پێدەكات، هێناوە؟ بۆچی بە لایەنی كەمەوە لەیەك شوێندا باسی وەڵامدانەوەی سەبارەت بە یارانی ئەشكەوت و زولقەڕنەین نەكردووە؟
لەڕاستیدا هەموو ئەم بابەتانە لێرەدا بە ڕیزبەندیەكی پتەو هاتوون، وە هەر ڕووداو و نموونەیەك لە شوێنی خۆیدا و بە پێی پێویست هاتووە. پێشتر لەكاتی بەسەرهاتی یارانی ئەشكەوتدا حیكمەتی هاتنی ئەم نموونانەم ڕوون كردووەتەوە، وە ئێستاش حیكمەتی هاتنی چیرۆكی مووسا (عليه السلام) لەم شوێنەدا ڕوون دەكەمەوە.
پێشتر ڕوونم كردووەتەوە كە لە ژیانی نەتەوەیی مەسیحیەكاندا شتێك هەیە كە هاوشێوەی ئەوەم لە ژیانی هیچ نەتەوەیەكی تردا نەدۆزیوەتەوە. ئەوەش ئەوەیە كە ئوممەتی مەسیحی دوای عیسا (عليه السلام) بۆ ماوەیەك گەشەی كرد، پاشان گەشەیان وەستا لە ماوەی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێكی تر كە پێغەمبەرەكەی ئێمەیە (ﷺ)، بەجۆرێك ئوممەتەكەی (ﷺ) بۆ ماوەیەك گەشەی كرد، بۆ ئەوەی دوای ئەوە ئوممەتی مەسیحی دووبارە گەشە بكاتەوە؛ وە پێشتر لە نموونەكەی پێشوودا بە وشەی ﴿نهرًا﴾ ئاماژە بۆ ئەم بابەتە كرا بەجۆرێك خوای گەورە فەرمووی: ﴿وَفَجَّرْنَا خِلَالَهُمَا نَهَرًا﴾. بەڵام ئێستا لێرەدا بە باسكردنی چیرۆكی مووسا (عليه السلام) هەمان بابەت ڕوون دەكاتەوە. چونكە مووسا (عليه السلام) هاوشێوەی پێغەمبەرەكەی ئێمەیە (ﷺ) بە پێی ئەو پێشبینیەی لە تەوراتدا هاتووە كە بریتیە لە: “لە نێو براكانیان پێغەمبەرێكی وەك تۆیان بۆ دادەنێم و وتەكانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێدەدەم ئەو بۆیان پێی دەدوێت” (دواوتار 18: 18). هەروەها قورئانی پیرۆزیش ئاماژەی بەم پێشبینیە كردووە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: ﴿إِنَّا أَرْسَلْنَا إِلَيْكُمْ رَسُولًا شَاهِدًا عَلَيْكُمْ كَمَا أَرْسَلْنَا إِلَى فِرْعَوْنَ رَسُولًا﴾ (المزمل: 16). كەواتە قورئان ئەم ڕووداوەی مووسای (عليه السلام) لەنێوان هەردوو سەردەمی گەشەی مەسیحیەكاندا باسكردووە بۆ ئاماژەدان بەوەی دەركەوتنی ئەم پێغەمبەرە، كە هاوشێوەی مووسایە، لەنێوان ئەم دوو سەردەمەدا شتێكی پێویست بوو؛ وە بەم شێوەیە ئەوگومانەی لابرد كە دەڵێت ئەگەر ئەم كەسەی دوای گەشەی یەكەمی مەسیحیەت بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بوایە، ئەوا بۆچی دوای دەركەوتنی گەشەی مەسیحیەت بە تەواوەتی كۆتایی نەدەهات؟ ئایا دەستپێكردنەوەی گەشەی مەسیحیەت ماوەیەك دوای دەركەوتنی بە هێزێكی گەورەتر بەڵگەی ئەوە نیە كە ئەم بانگەشەكارە پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ نەبووە، ئەگینا دەبوو گەشەی مەسیحیەتی ڕابگرتایە؟
من بەگوێرەی ئارەزووی خۆم ئەم بابەتەم باس نەكردووە، بەڵكو ڕووداوەكەی مووسایش (عليه السلام)، كە دواتر شەرحی دەكەم، پشتگیری دەكات. وە لێرەدا تەنها ئاماژە بەوە دەكەم كە لەبەر ئەوەی دەركەوتنی موحەممەد (ﷺ) لەنێوان هەردوو سەردەمی گەشەی مەسیحیەتدا لەلایەن خواوە بڕیاری لێ درابوو، بۆیە ڕووداوەكەی مووسا (عليه السلام) -كە موحەممەد (ﷺ) هاوشێوەی بوو- بۆ جیاكردنەوەی ئەم دوو سەردەمە باسكراوە، بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوانە چۆن بڕیاریان لێ دراوە ڕووبدەن بەو شێوەیە بگێڕدرێنەوە.
موفەسیرەكان دەربارەی ئەو ڕووداوەی كە لێرەدا باسكراوە بۆچوونیان جیاوازە. زۆربەیان گوتوویانە -وەك لە هەندێ ڕیوایەتی فەرموودەیشدا هاتووە- ئەم ئایەتانە باسی هەواڵی گەشتێك دەكەن كە مووسا (عليه السلام) ئەنجامی داوە بۆ بینینی پیاوێك بە ناوی خضر.
پاشان لە خستنەڕووی هۆكارەكانی ئەم گەشتەدا ڕاجیاییان هەبووە، هەندێكیان گوتوویانە مووسا (عليه السلام) ڕۆژێك بە خوای گەورەی فەرموو: ئایا پیاوێك هەیە زاناتر بێت لە من؟ خوای گەورە فەرمووی: بەڵێ، فڵان پیاو هەیە. بۆیە مووسا (عليه السلام) چوو بۆ بینینی. وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە جارێك مووسا (عليه السلام) پرسیاری لێكرا: ئایا پیاوێك هەیە لە تۆ زاناتر بێت؟ ئەویش گوتی: نازانم. بۆیە خوا وەحی بۆ نارد و شوێنی ئەو پیاوەی پێ گوت كە زاناتر بوو لێی، بۆیە ئەویش چوو بۆ سەردانیكردنی. (الكشاف والقرطبي والطبري، والبخاري، كتاب التفسیر، سورة الكهف).
لەڕاستیدا خەڵكی لە تێگەیشتنی ئەم ڕووداوەدا هەڵەیان كردووە. چونكە سوورەتی نەوەی ئیسڕائیل بەشێوەی شەوڕەوی هەواڵیدا لە كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) و ئەنجامەكانی، بەجۆرێك باسی ئەو گەشە و پێشكەوتنەی كرد كە موسوڵمانان بەدەستی دەهێنن، وە ئەو مەترسیانەی كە لەكاتی ئەم پێشكەوتنانەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە كە بریتین لە دژایەتی توند لەلایەن جوولەكە و مەسیحیەكانەوە. وە گەورەترینی ئەم مەترسیانە بریتی بوو لەو مەترسیەی كە لەلایەن یەكێك لە دوو كۆمەڵەكەی ئوممەتی مووساوە پەیدا دەبوو كە كۆمەڵی مەسیحیەكانن، وە پێویستە بزانرێت مەسیحیەكان لە لای خوای گەورە بەشێكن لە ئوممەتی مووسا، گەرچی خۆیان بە بەشێك لەو ئوممەتە دانانێن. بۆیە خوای گەورە ڕایگەیاند ئەوان لە ئاخر زەماندا زیانێكی زۆر گەورە بە موسوڵمانان دەگەیەنن. وە خوای گەورە دوای ئیسڕای موحەممەد (ﷺ) ئیسڕای مووسای (عليه السلام) هێنا بۆ ئەوەی جەخت لەوە بكاتەوە كە سەرەنجام بۆ موحەممەد (ﷺ) و ئوممەتەكەی دەبێت، وە ئەم كۆمەڵەی دووەمی ئوممەتی مووسا، واتە مەسیحیەكان، هەرگیز بە سەركەوتوویی نامێننەوە.
مامۆستای زۆر بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) پێی وابوو ئەم ڕووداوە كەشفێك بووە لە كەشفەكانی مووسا (عليه السلام)، وە بە جەستەی ماددی ڕووی نەداوە (حقائق الفرقان، ج 3 قولـه تعالى: وأما الغلام فكان أبَواه مؤمنَين). وە دوای بیركردنەوە لە بابەتەكە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی كە بەڕێزی (رضي الله عنه) لە بۆچوونەكەیدا ڕاستی پێكاوە. ئەمەش بەڵگەكان لەسەر ئەوە:
یەكەم: لە تەوراتدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەم گەشتە نەكراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم ڕووداوە لە جیهانی ماددیدا ڕووی نەداوە. دەكرا پەیمانی كۆن و قورئانی پیرۆز لە خستنەڕووی وردەكاریەكانی ئەم گەشتەدا تا ڕادەیەك جیاواز بن، بەڵام ئەوەی كە لە پەیمانی كۆندا باسی ئەم گەشتە نەكراوە شتێكی زۆر سەیرە.
بەڵێ، ڕیوایەتە ئیسڕائیلیەكان باسی میعراجی مووسا (عليه السلام) دەكەن (الموسوعة اليهودية كلمة Ascension).
وە پێم گەیشتووە كە ئازیزم مەولەوی جەلالەددین شەمس لەو سەرچاوانەی كە لە كتێبخانەی مۆزەخانەی بەریتانی لە لەندەن هەن، كۆمەڵێك ڕیوایەتی جوولەكەی دەرهێناوە كە ئاماژە بۆ میعراجی مووسا دەكەن، ئەگەرچی میعراجێك بووە بە جەستەی ماددی. بەڵام ئەم قسەیەی ئەوان بەڵگە نیە لەسەر ئێمە، چونكە لەناو ئێمەی موسوڵمانانیشدا كەسانێك هەن وا دەزانن شەوڕەوی پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) بە جەستەی ماددی بووە (تفسير ابن كثير، وتفسير معارف القرآن، سورة الإسراء).
دووەم: پێش ئەوەی مووسا (عليه السلام) ڕەوانە بكرێت بۆ لای نەوەی ئیسڕائیل تەنھا یەك گەشتی كردووە كە بریتیە لە گەشتەكەی بۆ مەدیەن و قورئانی پیرۆز لە چەند شوێنێكدا باسی كردووە، وە نەچەسپاوە گەشتی تری كردبێت. وە قورئان و پەیمانی كۆن هەردووكیان كۆكن لەسەر ئەوەی كە لەو گەشتەدا كەس لەگەڵ مووسادا نەبووە (سوورەتی القصص: 22-24، وە دەرچوون 2: 15، 16). لەكاتێكدا لەو گەشتەی كە لێرەدا ئاماژەی پێكراوە دەبینین هاوەڵێكی لەگەڵدایە كە وا دیارە شوێنكەوتەی بووە، چونكە وشەی “فَتى” ئەگەر زیاد بكرێت بۆ كەسێك، ئەوا مانای كوڕەكەی یان خزمەتكارەكەی دەگەیەنێت. كەواتە وشەكانی ئەم ئایەتە پیادە نابن بەسەر ئەو گەشتەدا كە مووسا (عليه السلام) بۆ مەدیەن ئەنجامی دا. وە بەوپێیەی نەچەسپاوە مووسا (عليه السلام) هیچ گەشتێكی تری ئەنجام دابێت، بۆیە دەچەسپێت گەشتی ئاماژەپێكراو تەنها كەشفێك بووە.
سێیەم: تەنانەت دوای ئەوەش كە مووسا (عليه السلام) بوو بە پێغەمبەر، نەچەسپاوە هیچ گەشتێكی كردبێت كە بە هۆیەوە لە گەلەكەی دووركەوتبێتەوە. وە پەیمانی كۆن ڕووداوەكانی ژیانی مووسای لە سەرەتاوە تا كۆتایی بە ڕیزبەندی ڕاستەقینەی خۆی تۆماركردووە، بەڵام لەویشدا باسی ئەم گەشتە نابینرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم گەشتە ڕووداوێكی ماددی نەبووە.
چوارەم: كاتێك مووسا (عليه السلام) بۆ بیستنی وتەی خوا چوو بۆ ئەو كێوەی كە تەنها چەند میلێك لە گەلەكەی دوور بوو، وە لەوێ بۆ ماوەی چل شەو مایەوە، نەوەی ئیسڕائیل لە غیابی ئەودا گوێرەكەیان كردە خوا (الأعراف: 143-149). كەواتە ئەگەر دیارنەمانی بۆ ماوەی تەنها چل ڕۆژ بووبێتە هۆی ڕوودانی ئەم جۆرە خراپەكاریە لەناو گەلەكەیدا، ئەوا دەبێت چ خراپەكارییەك بن بەهۆی ئەوەی كە لەكاتی ئەم گەشتە درێژەدا ماوەیەكی زۆر لەناویاندا نەماوە؟ بەڵام ئێمە دەزانین هیچ خراپەكاریەك لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا ڕووی نەداوە بە هۆی ئەم گەشتەوە؛ چونكە تەورات ئاماژە بە هیچ خراپەكاریەكی تر ناكات جگە لەوەی كە ڕوویدا بەهۆی ئەوەی گوێرەكەیان كردە خوا. هەروەها كارێكی حەكیمانە نەبوو كە مووسا ئەم جۆرە گەشتە درێژە بكات پاش ئەوەی بینی چۆن گەلەكەی تووشی خراپەكاری بوون.
پێنجەم: كاتێك مووسا بۆ دیدەنی پەروەردگاری چوو بۆ كێوەكە بۆ ماوەی چل شەو، هاروونی برای لە جێگەی خۆی دانا لەسەر گەلەكەی، بەڵام نەچەسپاوە مووسا (عليه السلام) كەسێكی لە جێگەی خۆی دانابێت -هاروون یان كەسێكی تر- لەكاتی ئەم گەشتەدا. ئەگەر تەورات لەبەر هۆكارێك لە باسكردنی ڕووداوەكانی ئەم گەشتە بێدەنگ بوو بێت، ئەوا دەبوو بەلایەنی كەم باسی لەوە بكردایە كە مووسا كەسێكی لە جێگەی خۆی داناوە لەكاتی ئەم گەشتەدا، چونكە مەعقوول نیە مووسا (عليه السلام) بۆ ئەم گەشتە درێژە بڕوات بەبێ ئەوەی كەسێك لە جێگەی خۆی دابنێت لەسەر گەلەكەی. كەواتە باس نەكردنی لە كتێبی پیرۆزدا ئەوە دەردەخات كە ئەم گەشتە بە جەستەی ماددی نەبووە.
شەشەم: پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەرانە كە دوای ئەوەی خوای گەورە ڕەوانەیان دەكات گەلەكەی خۆیان بۆ ماوەیەكی درێژ بەجێبهێڵن، چونكە لەناو ئەو پێغەمبەرانەدا كە مێژوو باسیان دەكات، هیچ پێغەمبەرێكمان نەبینیوە ئەو كارەی كردبێت. بێگومان بەگوێرەی باوەڕی ئێمە مەسیح (عليه السلام) لە گەلەكەی دووركەوتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە گرووپێك لە گەلەكەی خۆی دووركەوتەوە و چوو بۆ لای گرووپێكی تریان؛ نموونەی زۆر هەیە كە پێغەمبەران گەشتی تەبلیغیان لەنێوان گەلانی خۆیاندا ئەنجام داوە، بەڵام ئەم گەشتەی مووسا (عليه السلام) بۆ تەبلیغ و بانگەواز نەبووە، هەروەها لە ناوچەی گەلەكەی خۆی گەشتی نەكردووە، بەڵكو لەگەلەكەی خۆی دووركەوتەوە تەنها بۆ ئەوەی ئەو پیاوە بناسێت كە زاناتر بوو لەو.
حەوتەم: ئیبن عەبباس (رضي الله عنه) لە تەفسیری ئەو گەنجینەیەی كە لەم ڕووداوەدا باسكراوە گوتوویەتی: “گەنجینەكە هیچ شتێك نەبوو جگە لە زانست” (ابن كثیر، قوله تعالى: ذلك تأويلُ ما لم تَسْطِعْ عليه صبرًا). وە ئاشكرایە ئەوەی ئیبن عەبباس گوتوویەتی لێكدانەوەیە، وە لێكدانەوەیش تەنها بۆ كەشف و خەون دەبێت. وە لەبەرئەوەی گەنجینەكە زانست بوو، كەواتە دەچەسپێت ئەو دیوارەی مووسا و هاوەڵەكەی دروستیان كردەوە دیوارێكی ماددی نەبووە، هەروەها ئەو خواردنەی كە داوایان كرد لە خەڵكی گوندەكە خواردنێكی ماددی نەبوو. كەواتە ئەگەر ئەم بەشەی ڕووداوەكە كەشف بووبێت، ئەوا بێگومان هەموو ڕووداوەكە كەشف بووە.
هەشتەم: ئەو شایەتیەی كە لە خودی ڕووداوەكەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەویش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ڕووداوەكە ڕووداوێكی ماددی نەبووە. بۆ نموونە ڕووداوی كونكردنی كەشتیەكە، گوتراوە هاوەڵەكەی مووسا كونی كرد تەنھا بۆ ئەوەی پاشاكە بە زۆر نەیبات. بەڵام ئەو پرسیارەی كە لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: ئایا كەشتیەكە بەهۆی ئەو كونكردنەوە لەكاركەوت یان نا؟ وە ئەگەر لەكارنەكەوت ئەوا بۆچی پاشا بە زۆر نەیبرد؟ وە ئەگەر بە تەواوی لە كاركەوت ئەوا بۆچی بەهۆی ئەو كونەی تێیدا دروست بوو نوقم نەبوو؟ چونكە لە جیهانی ماددیدا مەحاڵە كەشتیەك كە تەختەیەكی لێ بكرێتەوە لە نوقمبوون ڕزگاری بێت. بەڵام بینینی دیمەنێكی لەم شێوەیە لە كەشفدا تەواو ڕێی تێدەچێت و بە هیچ شێوەیەك دژی عەقڵ نیە.
بەهەمان شێوە ناكرێت ڕووداوی “كوشتنی كەسێك بەبێ ئەوەی كەسێكی كوشتبێت” بەشێوەكی ڕووكەشی وەربگیرێت، چونكە ئەو بەندەیە كە مووسا (عليه السلام) شوێنی كەوتووە بۆ ئەوەی لێیەوە شت فێرببێت یان پێغەمبەرە یان دۆستێكی خوای گەورەیە. وە باوەڕدارێكی ئاسایی ناوێرێت دەست ببات بۆ كوشتنی كەسێك بەبێ ئەوەی كەسێكی كوشتبێت، ئیتر چۆن وەلییەك یان پێغەمبەرێكی پایەبەرز ئەو كارە دەكات.
هەندێ كەس بۆ سەلماندنی ڕەوایەتی كوشتنی ئەو مێردمناڵە دەڵێن ئەگەر بژیایە، ئەوا دەبوو بە كەسێكی بكوژ و خوێنڕێژ. بەڵام ئێمە دەڵێین: ئەوە زوڵمێكی گەورەیە و بە تەواوی دژی شەریعەتە كەسێك سزا بدرێت لەسەر تاوانێك كە ئەنجامی نەداوە بە بیانووی ئەوەی كە خوای گەورە دەیزانی لە داهاتوودا ئەنجامی دەدات؟ ئەگەر ئەم جۆرە سزایە ڕێگەپێدراو بوایە، ئەوا بۆچی خوای گەورە بەندەكانی سزانادات پێش ئەوەی تاوان ئەنجام بدەن تەنها لەبەر ئەوەی كە دەزانێت ئەنجامی دەدەن؟ یاسای سەرەكی لە شەریعەتدا ئەوەیە كە كەس سزا نادرێت لەسەر تاوانێك پێش ئەوەی ئەنجامی بدات، وە هەموو شەریعەتەكان لەگەڵ جیاوازییان لەسەر ئەم بنەمایە كۆكن.
هەندێ كەس گوتوویانە لەڕاستیدا ئەو مێردمناڵە بە نهێنی خەڵكی دەكوشت، بەڵام كەس پێی نەزانی بوو (زاد المسير، لابن الجوزي). بەڵام ئەوە قسەیەكی بێمانایە، چونكە ئەگەر وابوایە، ئەوا قورئانی پیرۆز باسی دەكرد بۆ ئەوەی خەڵكی بزانن و دڵنیا بن كە كوشتنی منداڵەكە بەبێ هۆكار نەبووە.
وە ڕووداوی كۆتایی لەم گەشتەدا دروستكردنەوەی دیوارەكەیە، ئەویش ناكرێت بە شێوە ڕواڵەتیەكەی وەر بگیرێت، چونكە مەعقوول نیە پێغەمبەرێكی خاوەن پایە و بەخشندەی وەك مووسا (عليه السلام) سەرزەنشتی هاوەڵەكەی بكات لەسەر دروستكردنەوەی دیواری دوو مناڵی هەتیو لەبەر ئەوەی خەڵكی گوندەكە ئامادە نەبوون میوانداریان بكەن، لەكاتێكدا ئەو هەتیوە بێتاوانانە هیچ تاوانێكیان نەبوو لەمەدا، بەڵكو تاوانەكە تاوانی خەڵكی گوندەكە بوو. پاشان ئەوە لە پیاوەتی و جوامێری مووسا (عليه السلام) دوورە ڕەخنە بگرێت لە هاوەڵەكەی لەبەر وەرنەگرتنی كرێ بۆ دروستكردنەوەی دیواری دوو مناڵە هەتیوەكە.
كەواتە ڕووداوەكانی ئەم گەشتە خۆیان شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی كە گەشتێك نەبووە بە جەستەی ماددی، بەڵكو كەشفێك بووە لە كەشفەكان.
نۆیەم: ئەم ڕووداوە بە گشتی ئەوە دووپات دەكاتەوە كە كەشف بووە، چونكە ئەو سێ شتە -كە لەلایەن ئەو بەندەی خوای گەورە ئەنجام دران كە مووسا (عليه السلام) شوێنی كەوت- ئەگەر بەگوێرەی ڕواڵەتەكانیان وەربگیرێن، ئەوا ئەوەندە گرنگ نین كە ئیماندارێكی ئاسایی بۆ فێربوونیان گەشت بكات، چجای ئەوەی خوای گەورە مووسا بنێرێت بۆ فێربوونیان. ئایا مووسا (عليه السلام) ڕۆیشت بۆ ئەوەی فێر بێت چۆن كەشتی كون دەكرێت و خەڵك دەكوژرێت، وە چۆن دیواری ڕووخاو دروست دەكرێتەوە، وە ئایا كرێ لەسەر دروستكردنەوەی دیوار وەردەگیرێت یان نا؟ نەخێر، تەنانەت كەسێكی دەشتەكی نەخوێندەوار بۆ فێربوونی ئەم جۆرە شتانە گەشت ناكات. كەواتە لەم شتانەدا هیچ شتێك نیە كە عەقڵ بە شتێكی ماددی گرنگی بزانێت و پێی ڕەوا بێت پێغەمبەرێكی پایەیەكی بەرزی وەكو مووسا كە یەكێك بووە لە پێغەمبەرە لێبڕاو و خاوەن ورەكان (سڵاوی خوایان لێ بێت) لەپێناویدا گەشت بكات.
دەیەم: “ماوەردی” هێناویەتی كە ئەو كەسەی مووسا چوو بۆ بینینی فریشتە بووە (ابن كثیر). ئەمەش بەو واتایە دێت كە دەبێت ئەم ڕووداوە بە كەشف لەقەڵەم بدرێت، چونكە مەعقوول نیە مووسا (عليه السلام) زەحمەتی گەشتێكی ماددی بكێشێت بۆ بینینی فریشتەیەك كە توانای ئەوەی هەبێت لە چاوتروكانێكدا بێت بۆ لای مووسا.
یانزەیەم: لە فەرموودەدا هاتووە كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “پێمان خۆش بوو مووسا ئارامی بگرتایە هەتا خوا باسی هەواڵی هەردووكیانی بكردایە بۆمان” (البخاري، كتاب التفسير، باب قوله تعالى وإذ قال موسى لفتاه). ئەگەر ئەم شتانە بەگوێرەی ڕواڵەتەكانیان وەربگیرێن، ئەوا من لە ناخی خۆمدا هیچ ئارەزوویەك نابینم بۆ زانینی ئەم شتە بێ بایەخانە، هەروەها پێم وا نیە هیچ كەسێكی ژیر هیوای ئەوە بخوازێت؛ ئیتر چۆن پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیوای ئەوە دەخوازێت كە پلەوپایەكەی لە تێگەیشتنی مرۆڤ بەرزترە. كەواتە چەسپا ئەم شتانە كۆمەڵە هەواڵێك بوون پەیوەست بوون بە سەردەمی پێغەمبەرمانەوە (ﷺ) و بەشێوەی كەشف بۆ مووسا (عليه السلام) دەركەوتوون. وە لەبەر ئەوەی ئەو شتانە پێكهاتوون لە غەیب و پێشبینی دەكەن دەربارەی بارودۆخی ئوممەتی موحەممەدی، بۆیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیوای خواستووە كە مووسا بەردەوام بێدەنگ بوایە هەتا كۆمەڵێك شتی تریش ئاشكرا ببن. كەواتە لە هەموو ئەم بەڵگانەوە دەركەوت كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە.
گومانی تێدا نیە ئەم ڕووداوە لە پەیمانی كۆندا باس نەكراوە، بەڵام كتێبی ڕیوایەتەكانی جوولەكە ئاماژەی پێ دەكەن. هەروەها لە سەرچاوە ئیسلامیەكانەوە دەردەكەوێت كە ڕیوایەتێكی لەم شێوەیە لە سەرەتای ئیسلامدا لەناو جوولەكەدا باو بووە، ئەگینا موسوڵمانان لە كوێوە دەستیان دەكەوت؟
بەڵام ناكرێت ڕیوایەتەكانی جوولەكە كاریگەری لەسەر لێكۆڵینەوەكەمان دابنێن، وە ئێمە ناچار نین كە قەبوڵی بكەین ئەگەر قورئان و عەقڵ و بینین پشتڕاستیان نەكەنەوە، بەڵكو قەبوڵكردنیان بێ ئەم مەرجانە خاڵی نیە لە پێخلیسكان.
پوختەی قسە ئەوەیە كە عەقڵ و نەقڵ هەردوكیان بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی كە ئەم ڕووداوە دیمەنێك بووە لە كەشفە ڕۆحانیەكان.
پرسیارێك لێرەدا دێتە پێشەوە: ئەو بەندەیەی خوای گەورە كێ بوو كە مووسا (عليه السلام) لە ئیسڕاكەیدا چوو بۆ ئەوەی لێیەوە شت فێر بێت؟ مامۆستای زۆر بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) پێی وابوو ئەو بەندەیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بوو كە بەشێوەی نواندن دەركەوتووە بۆ مووسا. وە دوای بیركردنەوە لە بابەتەكە بۆم دەركەوت كە بۆچوونەكەی ڕاستە، وە دڵنیابووم كە پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) بەشێوەی نواندن دەركەوتووە بۆ مووسا (عليه السلام)، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) هیوای خواست و فەرمووی: خۆزگە مووسا بێدەنگ بوایە تا زیاتر زانیاریمان دەربارەی ئەو شتانە بەدەست بهێنایە كە پەیوەندی بە داهاتوومانەوە هەیە.
وە پێم وایە -ئەم بۆچوونەم تەنها لەسەر بنەمای تێگەیشتنی خۆم دانەمەزراوە- كاتێك مووسا لە كێوی سینا هەواڵی دەركەوتنی موحەممەدی (ﷺ) پێ گەیشت (دواوتار 18: 18)، وە زانی كە پێغەمبەرێكی مەزن دوای ئەو دەردەكەوێت، ئاواتی ئەوەی خواست كە ئەو دەرەوشانەوە گەورەیە ببینێت كە بەهۆیەوە خوا دەردەكەوێت بۆ ئەو پێغەمبەرە، بۆیە نەیتوانی خۆی ڕابگرێت و گوتی: ﴿رَبِّ أَرِنِي أَنْظُرْ إِلَيْكَ﴾؟ خوای گەورەش وەڵامی دایەوە: ﴿لَنْ تَرَانِي﴾، چونكە هەر كەسێك ئەو دەرەوشانەوە خواییە دەبینێت كە شایستەیەتی.
ئەوەی كە پشتگیری لەم بۆچوونەی من دەكات ئەوەیە كە مووسا (عليه السلام) پێش ئەم پرسیارە دەرەوشانەوەی خوایی بینیبوو، ئەوەتا خوای گەورە فەرموویەتی پێی: ﴿إِنِّي أَنَا رَبُّكَ فَاخْلَعْ نَعْلَيْكَ إِنَّكَ بِالْوَادِ الْمُقَدَّسِ طُوًى﴾ (طه: 13). كەواتە سەرەڕای بینینی درەوشانەوەی خوایی لە پێشتردا، بۆچی مووسا جارێكی تر گوتی: ﴿رَبِّ أَرِنِي أَنْظُرْ إِلَيْكَ﴾؟
ڕەنگە لێرەدا بگوترێت: ئەو دەرەوشانەوەیەی كە پێشتر بینی، ڕۆحانی بوو، بۆیە ئەم جارە ویستی خوای گەورە بە شێوە ئەسڵیەكەی خۆی ببینێت. بەڵام ئەم قسەیە بە كاڵفام زانینی پێغەمبەری خوا مووسا، پەنا بە خوا دەگرین لەوە، چونكە داواكردنی بینینی خوای گەورە بە ئاشكرا لە جەستەیەكدا، ئەوپەڕی گەمژەیی و نەزانییە، وە دروست نیە ئەم كارە بدرێتەپاڵ مووسا (عليه السلام). كەواتە چەسپا كە ئەم داواكاریەی تەنها بۆ بینینی ڕۆحانی بووە. وە لەبەر ئەوەی دەرەوشانەوەی خوایی بۆ مووسا (عليه السلام) لە پێشتردا ڕوویدا بوو، بۆیە دەبێت داواكاریەكەی ئەم جارە بۆ بینینی جۆرێكی تری درەوشانەوە بێت؛ وە چونكە ئەو (عليه السلام) ئەم جارە دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ مژدەی دەركەوتنی موحەممەدی (ﷺ) پێ گەیشت داوای بینینی درەوشانەوەی خوایی كرد، بۆیە من لەوەوە ئەو ئەنجامە دەردەهێنم كە ئەم جارەیان داوای بینینی ئەو درەوشانەوە خواییەی كردووە كە لە داهاتوودا بۆ موحەممەد (ﷺ) ئاشكرا دەبێت. ئەوە بوو خوای گەورەش وەڵامی دایەوە ﴿لَنْ تَرَانِي﴾.. واتە توانای ئەوەت نیە بەو شێوەیە بمبینیت كە موحەممەد (ﷺ) پێیەوە دەمبینێت، چونكە بینینی ئەو دەرەوشانەوەیە ئەوە دەخوازێت كە بینەرەكە خاوەنی پایەی موحەممەدی بێت كە تۆ بەدەستت نەهێناوە. ئەوە بوو كاتێك خوا بۆ كێوەكە دەركەوت مووسا كەوت و بێهۆش بوو، وە زانی كە توانای بەرگەگرتنی ئەو دەرەوشانەوە مەزنەی نیە.
كەواتە پێم وایە خوای گەورە ویستی بەهۆی ئەم كەشفەوە پایە بەرزی پێغەمبەر (ﷺ) بە مووسا (عليه السلام) پیشان بدات، بەجۆرێك خضر لە كەشفەكەدا جگە لە خۆشەویستەكەم موحەممەد (ﷺ) كەسێكی تر نەبوو، ئەو كەسەی كە مووسا (عليه السلام) توانای ڕۆیشتنی نەبووە لەگەڵیدا. اللهم صل علی محمد وعلی آل محمد وبارك وسلم إنك حمید مجید.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِفَتَاهُ﴾ لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە كە ئەو گەنجە یووشەعی كوڕی نوون بووە (الكشاف). وە هیچ سەیر نیە كە مووسا لە كەشفەكەدا یووشەعی لەگەڵ خۆیدا بینیبێت، بەڵام من وا دەبینم لە ڕاستیدا ئەم گەنجە عیسا (عليه السلام) بووە كە بڕیار بوو لە كۆتایی ئوممەتی مووساییدا بنێردرێت بۆ ڕێنماییكردنی نەوەی ئیسڕائیل؛ وەك ئەوەی ئەم گەشتەی مووسا كۆتایی نەدەهات مەگەر لەگەڵ عیسادا (سڵاوی خوایان لێ بێت).
لەڕاستیدا ئەم ئایەتەیش كە ئێمە تەفسیری دەكەین پشتگیری بۆچوونەكەی من دەكات كە ئەم گەنجە عیسا (عليه السلام) بووە، چونكە باسی ئەوە ناكات كە مووسا لەكاتی دەرچوونیدا لە ماڵەوە گەنجەكەی بەردەستی خۆی لەگەڵ خۆیدا بردووە، بگرە ئاماژە بە سەرەتای ئەم گەشتەیش ناكات. هەموو ئەوەی تێیدا هاتووە ئەوەیە كە مووسا (عليه السلام) خۆی لە دۆخی گەشتكردندا بینیوە لەگەڵ گەنجێكدا، بۆیە بە گەنجەكەی بەردەستی خۆی گوت: من هەر بەردەوام دەبم لە ڕۆیشتن تا دەگەم بە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە یان بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام دەبم لە ڕۆیشتن. وە ئەو وشەیەی كە بۆ خستنەڕووی ماوەی ئەم گەشتە بەكارهێنراوە بریتیە لە “حُقُب” كە كۆی “الحَقْب”ە و ماناكەی هەشتا ساڵ یان زیاترە. وە لەڕاستیدا ئەم دەستەواژەیە لە زمانی عەرەبیدا لە جیاتی سەدەیە، واتە سەد ساڵ، وە ڕەنگە بە واتای ساڵێك یان چەندین ساڵێكیش بەكاربهێنرێت. وە ئەگەر واتای دووەمیان وەربگرین، ئەوا فەرمایشتی ﴿أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا﴾ واتە بۆ ماوەی ساڵانێك یان دەیان ساڵ دەڕۆم. وە ئاشكرایە دابڕانی پێغەمبەرێك لە گەلەكەی بۆ ساڵانێك لەگەڵ عەقڵدا ناگونجێت، بەڵكو دەبێتە هۆی گومانكردن لە پێویستی خودی پێغەمبەرایەتیەكە. كاتێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) بینی كە ناچارە كۆچ بكات بۆ مەدینە، فەرمانی بە هاوەڵەكانی كرد كە پێش خۆی كۆچ بكەن بۆ ئەوێ، هەروەها لە مەدینەشدا كۆمەڵێك لە باوەڕدارانی دڵسۆز هەبوون چاوەڕێیان دەكردن. كەواتە ئەگەر مووسا (عليه السلام) بە گوتەی: ﴿أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا﴾ مەبەستی ئەوە بوایە كە بۆ ساڵانێك دەڕوات، ئەوا ئەمەش بەڵگە بوو لەسەر ئەوەی كە ئەم ڕووداوە كەشفێك بووە. بەڵام ئەگەر مەبەستی ئەوە بوو بێت كە بۆ چەندین سەدە دەڕوات -كە لای من ئەمەیان ڕاستترە- ئەوا بەبێ هیچ گومانێك دەچەسپێت كە خوای گەورە ئەم وشانەی لەسەر زمانی مووسا ڕەوان كردووە بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بكات كە گەشتە ڕۆحانییەكەی -واتە سەردەمی ئوممەتەكەی- بۆ چەندین سەدە درێژە دەكێشێت.
وە لام وایە هاتنی ئەم ڕستەیە لەم شوێنەدا حیكمەتێكی تریشی تێدایە، ئەویش ئەوەیە كە بڕیار بوو -لەو قۆناغەی گەشتە مووساییەكە كە تێیدا گەنجەكەی بەردەستی هاوڕێیەتی دەكات- گروپێك لە ئوممەتی مووسا بە هەڵە باوەڕ بكەن گەشتەكەی ئەو كۆتایی هاتووە و گەشتی گەنجەكەی بەردەستی واتە عیسا دەستی پێكردووە؛ واتە وا بزانن كە سەردەمی شەریعەتی مووسایی كۆتایی هاتووە، وە عیسا بە ئایینێكی نوێوە هاتووە؛ بۆیە خوا (عز وجل) بەم ڕستەیە لە زاری مووسا ئەم گومانەی هەڵوەشاندەوە و ڕوونی كردەوە كە گەشتەكەی مووسا بە بینینی گەنجەكەی بەردەستی كۆتایی نایەت، بەڵكو لە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكەدا كۆتایی دێت، واتە لەكاتی هاتنی موحەممەددا (ﷺ) كۆتایی دێت. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا بڕیار بدات كە عیسا بە ئایینێكی نوێوە نایەت، بەڵكو شوێنكەوتە و پشتیوان دەبێت بۆ ئایینی مووسا، وە گەشتەكەی مووسا كۆتایی پێ ناهێنێت، بەڵكو وەك جێنشینێكی ئەو تەواوی دەكات. وە ئەم بابەتە لەلایەن عیسا (عليه السلام) خۆیەوە دووپاتكراوەتەوە كاتێك گوتی: “وا بیر نەكەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە. نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان بەڵكو هاتووم بۆ تەواوكردنیان” (مەتتا 5: 17).
لەم كەشفەوە دەردەكەوێت كە مووسا یان بەم شێوەیە دەستی كردووە بە گەشتەكەی كە خۆی بینیوە وەك ئەوە لە گەشتدایە لەگەڵ گەنجەكەی بەردەستی، وە سەری سوڕماوە لەوەی كە ناگاتە ئامانجی داواكراوی؛ یان ئەم كەشفە دوور و درێژ بووە، وە قورئانی پیرۆز بە پێویستی نەزانیوە باسی سەرەتاكەی بكات كە كۆمەڵێك ڕووداوی تێدا بووە پەیوەندی بە بابەتەكەوە نەبووە. چونكە تەنها كەسێك دەڵێت: ﴿لَا أَبْرَحُ حَتَّى أَبْلُغَ مَجْمَعَ الْبَحْرَيْنِ أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا﴾ كە بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێگەی لێ ون بووبێت، بۆیە سەرسام دەبێت و دەڵێت: ئامانجی داواكراوم لە كوێیە؟
بەڕای من ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو گەنجەی مووسا لە كۆتایی گەشتەكەیدا چاوی پێی كەوت، وە بووە هاوەڵی لەم ڕۆیشتنە ڕۆحانیەدا، عیسا بوو (سڵاوی خوایان لێ بێت).
وە هەروەها بزانە كە ئەم دەستەواژەیە ﴿مَجْمَعَ الْبَحْرَيْنِ﴾ دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە، چونكە هیچ شوێنێك نیە بە ناوی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا. سێ شوێن هەیە كە نزیكترین شوێنن لەو شوێنەی مووسا (عليه السلام) دوای كۆچكردن تیایدا نیشتەجێ بوو، كە تێیاندا دوو دەریا بەیەك دەگەن، ئەوانیش:
1 – تەنگەی “باب المندب” كە دەریای سوور و زەریای هیندستانی تێدا بەیەك دەگەن.
2 – تەنگەی دەردەنیل كە دەریای ڕۆم و دەریای مەڕمەڕەی تێدا بەیەك دەگەن.
3 – تەنگەی بەحرەین كە كەنداوی فارس و زەریای هیندستانی تێدا بەیەك دەگەن.
هەر یەكێك لەم سێ شوێنە نزیكەی هەزار میل دوورە لە وڵاتی مووساوە (عليه السلام)، وە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەو سەردەمە گەشتكردن بۆ بۆی نزیكەی ساڵێكی دەویست. وە هەروەك لە كەشفەكەوە دەردەكەوێت مووسا بە كەناری دەریاكەدا بەپێ ڕۆیشتووە، وە ئەگەر ئەم گەشتە بە گەشتێكی ماددی لەقەڵەم بدرێت، ئەوا شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە تەنها تەنگەی دەردەنیلە، چونكە لەنێوان ئەم سێ شوێنەدا ئەو شوێنە تاكە شوێنە كە دەكرێت كەسێك لە شوێنی نیشتەجێبوونی مووساوە بە تێپەڕین بە كەناری دەریادا پێی بگات. بەڵام ئەم ڕێگەیە بە خاكی كەنعاندا تێدەپەڕێت كە مووسا (عليه السلام) هەرگیز نەیتوانی لە ژیانیدا بچێتە ناویەوە، هەروەك پەیمانی كۆن شایەتی لەسەر دەدات (دواوتار 34: 5). ئەمەش بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە.
لەڕاستیدا شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا ناوی شوێنێكی تایبەتی ماددی نیە، بەڵكو ناوێكە پێویستی بە لێكدانەوەیە، دەربارەی دەریا هاتووە: “لە خەودا دەلالەت دەكات لە پاشایەكی بەهێز و مەزن و ترسناك و دادپەروەر و بە بەزەیی كە دروستكراوەكان پێویستیان پێیەتی”. پاشان دەڵێت: “وە ڕەنگە دەریا دەلالەت بكات لە تەسبیح كردن و تەهلیل كردن” (تعطير الأنام، كلمة البحر).
وەك ئەوەی ئەم دەربڕینە قورئانیە ئاماژە بكات بەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە سەرەتای سوورەتی “الإسراء”دا: ﴿سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ﴾. كەواتە مەبەست لە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە ئەو سەردەمەیە كە تێیدا سەردەمی مووسا (عليه السلام) كۆتایی هات و سەردەمی موحەممەد (ﷺ) دەستی پێكرد.. واتە ئەو ساتەی كە پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) تێیدا یەكەم وەحی پێغەمبەرایەتی پێ گەیشت شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە بوو، بەجۆرێك سنووری سەردەمی فەرمانڕەوایەتی مووسا (عليه السلام) تێیدا كۆتایی هات كە دەسەڵاتدارێكی ڕۆحانی دادپەروەر و بە بەزەیی بوو، وە دروستكراوەكان پێویستیان پێی بوو، وە سنووری سەردەمی فەرمانڕەوایەتی پێغەمبەری خوا موحەممەد (ﷺ) تێیدا دەستی پێكرد كە گەورەترین دەریایە واتە گەورەترینی پاشا ڕۆحانیەكانە. وەك ئەوەی خوای گەورە ویستبێتی بە نیشاندانی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە بە مووسا (عليه السلام) ئاگاداری بكات لە كاتەی كە سەردەمی ئوممەتەكەی تێیدا كۆتایی دێت بۆ ئەوەی لەوێوە دەریایەكی تر دەست پێبكات واتە سەردەمی پێغەمبەرێكی نوێ، وە دوای ئەوە هیچ كەسێك هۆكارەكانی ژیانی ڕۆحانی بەدەست ناهێنێت مەگەر ئەو كەسە كە لەم دەریایە نوێیەدا مەلە بكات.
وە ئەم ڕوئیایە ئاماژەی ئەوەشی تێدایە كە زنجیرەی مووسایی ڕێخۆشكردن بووە بۆ زنجیرەی موحەممەدی، وە لە كۆتاییدا دەریای مووسایی دەگات بە دەریای موحەممەدی؛ وە بەڵگەی ئەوەش هاتنی خودی جبریلە (عليه السلام) بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە شەوڕەویدا، لەكاتێكدا دەبینین مووسا (عليه السلام) لەكەشفەكەیدا خۆی لەگەڵ گەنجەكەی بەردەستیدا دەچێت بۆ شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە كە گەشتەكەی تێیدا كۆتایی هات (الدر المنثور، ودلائل النبوة للبيهقي، باب الإسراء).
﴿فَلَمَّا بَلَغَا مَجۡمَعَ بَيۡنِهِمَا نَسِيَا حُوتَهُمَا فَٱتَّخَذَ سَبِيلَهُۥ فِي ٱلۡبَحۡرِ سَرَبٗا 62﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
حُوت: “الحوت” ماسیە، وە زۆرجار بە ماسی گەورە دەوترێت (الأقرب).
سَرَبًا: “السَّرَبُ” كونی گیانداری كێوی؛ هەڵكەندراوێكە لەژێر زەویدا؛ ئەو كەناڵەیە كە ئاوی لێ دەردەچێت. وە هەروەها “السَّرَب” چاوگی “سرب یسرب”ە كە دەگوترێت “سربت المزادة سربًا” واتە لێی ڕۆیشت و دەرچوو.
تەفسیر: بزانە لە كتێبەكانی زانستی لێكدانەوەی خەوندا دەربارەی نەهەنگ هاتووە: “ڕەنگە بینینی ئەو دەلالەت بكات لەسەر پەرستگای چاكەكاران و مزگەوتی پەرستشكاران” (تعطير الأنام، كلمة الحوت).
لەم ئایەتە و دوو ئایەتەكەی دواترەوە ڕوون دەبێتەوە نیشانەی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە كە درابوو بە مووسا (عليه السلام)، بریتیە لە دیارنەمانی ماسیەكە لەكاتی گەیشتنی بە شوێنی بەیەكگەیشتنەكە. كەواتە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿نَسِيَا حُوتَهُمَا﴾ ئەوەیە ئەو شوێنەی كە پەرستگەكانی چاكەكاران و مزگەوتەكانی پەرستشكارانی لێ دەردەچێت لە دەستی ئەوان، شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكەیە.. واتە ئەو شوێنەیە كە زنجیرەی مووسایی تێیدا كۆتایی دێت و زنجیرەی موحەممەدی لێیەوە دەست پێ دەكات.
ئەم مانایە چەندە ڕوون و ئاشكرایە، مەبەستم ئەوەیە لەكاتی دەركەوتنی پێغەمبەرێكی نوێ چاكەكاری و پەرستشی ڕاستەقینە لە ئوممەتە كۆنەكە دەسەندرێتەوە و دەگوازرێنەوە بۆ گەلی پێغەمبەرە نوێیەكە. ئەم كەشفە ئاماژە بۆ ئەمە دەكات، بەجۆرێك تێیدا خوای گەورە هەواڵی داوە كە دوای دەركەوتنی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) تەنها پەرستشەكانی ئوممەتی موحەممەدی قەبوڵ دەكرێت، وە پەرستشەكانی نەوەی ئیسڕائیل كە ئوممەتی مووسان، لەلایەن خوای گەورەوە قەبوڵ ناكرێت، وە ئاسەواری پەرستشی ڕاستەقینە و چاكەكاری و پارێزكاری لە تاكەكانی ئوممەتی مووساییدا نامێنێت.
كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿نَسِيَا حُوتَهُمَا﴾ واتە ئوممەتی ئیسڕائیلی بێگەرد -واتە گەلی مووسا- ماوەیەكی زۆر پێش هاتنی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە پەرستشی ڕاستەقینە و پارێزكاری ڕاستەقینەیان تێدا نامێنێت، وە پەرستش و چاكەكاری تەنها لە ئوممەتێكدا دەمێنێتەوە كە دەكرێت بە گەلی مووسا و گەنجەكەی بەردەستی پێكەوە ناوببرێن، یان بە دەربڕینێكی تر: لەكاتی دەركەوتنی مەسیح (عليه السلام) تەنها لە مەسیحیەكاندا پەرستشی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، لەكاتێكدا كەسانی تری نەوەی ئیسڕائیل لێی بێبەش دەبن.
بەڵام بەوپێیەی عیسا یەكێكە لە پێغەمبەرانی زنجیرەی مووسایی، بۆیە ماسیەكەی ئەو ماسیەكەی مووسایە، لەبەر ئەوە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿نَسِيَا حُوتَهُمَا﴾ ئاماژەی ئەوەشی تێدایە كە تەنانەت مەسیحیەكانیش -كە سەر بەم دوو پێغەمبەرەن پێكەوە- لە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە ماسیەكەیان لەبیردەكەن.. واتە ئەوانیش لەو شوێنەدا لە پەرستشی ڕاستەقینە و پارێزكاری بێبەش دەبن.
ئەم ئایەتەش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەم گەشتە كەشف بووە، چونكە زانینی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا لە جیهانی ماددیدا ئەوەندە سەخت نیە لەكاتی تێپەڕبوون بەلایدا، وە ئەستەمە ڕێبوار بەلایدا تێپەڕێت و ئاگای لێی نەبێت، هەروەها زانینی ئەو شوێنە پێویستی بە نیشانەیەك نیە وەك ماسیەك یان شتێكی تر. كەواتە گومانی تێدا نیە ئەم شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریایە شوێنێكی ڕۆحانیە بە ئاسەوار و نیشانەكان دەناسرێتەوە؛ چونكە هیچ نیشانەیەكی ماددی نیە كە پێی بناسرێتەوە، بەڵكو خەڵكی لەو كاتەدا نەیار و بێ باوەڕ دەبن، وە قەبوڵ ناكەن كە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا هاتووە.. واتە قەبوڵ ناكەن كە سەردەمی پێغەمبەری پێشوو كۆتایی هاتووە و سەردەمی پێغەمبەرێكی نوێ دەستی پێكردووە. ئەو نیشانەیەی كە ئەم بابەتەی پێ دەناسرێتەوە بریتیە لە لەدەستدانی پەرستش و چاكەكاری لەناو گەلی پێغەمبەری پێشوودا. كاتێك كەسانی هۆشیار ئەم جیاوازیە ڕوونە دەبینن، مەبەستم ئەوەیە كاتێك دەبینن خوای گەورە هیچ نرخێك دانانێت بۆ پەرستشەكانی گەلی یەكەم، وە پەرستشەكانی گەلی دووەم قەبوڵ دەكات و دوعاكانیان گیرا دەكات، پەی بەوە دەبەن كە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە هاتووە.
لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا بە كۆمەڵێك وشەی ڕوون ئاماژە بۆ ئەم بابەتە كراوە، بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ تَرَاهُمْ رُكَّعًا سُجَّدًا يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا سِيمَاهُمْ فِي وُجُوهِهِمْ مِنْ أَثَرِ السُّجُودِ ذَلِكَ مَثَلُهُمْ فِي التَّوْرَاةِ﴾ (الفتح: 30).
خوای گەورە لێرەدا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە كە لەڕێگەی مووساوە (عليه السلام) هەواڵی ئەوەی داوە كە یەكێك لە نیشانەكانی ڕاستگۆیی موحەممەد (ﷺ) و كۆمەڵەكەی ئەوەیە شوێنەواری ڕوخساریان ئەوە دەردەخات كە سوژدەبردن و پەرستشەكانیان لەلایەن خوای گەورەوە قەبوڵكراوە، بەڵام پەرستشەكانی نەیارەكانیان ڕەتكراوەتەوە، وە ئاسەواری فەزڵی خوای گەورە لە ڕووخساری ئەواندا دەرناكەوێت.
بەگوێرەی ئەم ئایەتە، من وا دەبینم كە ئەم گەشتە ڕۆحانیەی مووسا (عليه السلام) لە تەوراتدا باسكراوە، بەڵام جوولەكەكان وەك نەریتیان وایە شوێنەوارەكەیان سڕیوەتەوە، لەبەر ئەوەی لێدانێكی كوشندە بووە بۆیان. بەڵام لە ڕیوایەتە بیستراوەكانیاندا باسوخواسی ماوەتەوە، بۆیە دەبینین بەشێوەیەكی شێواو لە كتێبەكانی تریاندا تۆماركراوە.
هەروەها لەو ئایەتەوە كە ئێستا تەفسیری دەكەین ئەوەش ڕوون دەبێتەوە كە زنجیرەی مووسایی وەك ئەڵقەیەك وا بووە بۆ زنجیرەی موحەممەدی؛ چونكە لەدەستدانی نیشانەی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا لە جیهانی ڕووكەشدا ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم دوو دەریایە بەیەك دەگەن بەجۆرێك بۆ بینەر دەرناكەوێت كە ئەوان دوو دەریا بن، بەڵكو دەریای دووەم وەك بەشێك لە دەریا یەكەم دەردەكەوێت، وەك ئەوەی ئاوی دەریا یەكەم چووبێتەناو دەریا دووەم بەجۆرێك وەك دوو دەریای بەرامبەر بەیەك نەمێننەوە هەتا شوێنی بەیەكگەیشتنیان بە نیشانەیەكی دیاریكراو بناسرێتەوە.
﴿فَلَمَّا جَاوَزَا قَالَ لِفَتَىٰهُ ءَاتِنَا غَدَآءَنَا لَقَدۡ لَقِينَا مِن سَفَرِنَا هَٰذَا نَصَبٗا 63﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
غداءنا: “الغداء” خواردنی بەیانیانە (الأقرب).
نَصَبًا: “النصب” ماندووبوون (المفردات). بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە شیكردنەوەی وشەكانی ئایەتی 49ی سوورەتی الحجر.
تەفسیر: بزانە پێویست نیە ئێمە تەفسیری هەموو بەشێكی كەشفەكە بكەین، چونكە ڕەنگە مرۆڤ لە كەشفەكەدا شتانێك ببینێت كە دیمەنەكانی تەواو بكەن بەڵام پێویستیان بە تەفسیر و لێكدانەوە نەبێت. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لە خەودا دیمەنی مردنی بینی، وە لەگەڵیدا شوێنێكی بینی، ئەوا ئەو شوێنە پێویستی بە لێكدانەوە نیە، بەڵكو ئەو دیمەنەی كە لێیەوە بەڵگە دەهێنرێتەوە لەسەر مردنی كەسێك پێویستی بە لێكدانەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا تەفسیری ئەم جۆرە شوێنانە ڕەنگە یارمەتی تێگەیشتن لە بابەتەكە بدات، بۆیە من دەمەوێت ئەو خواردنەیش كە لێرەدا باسكراوە بەپێی زانستی لێكدانەوەی خەون تەفسیری بكەم.
داواكردنی خواردنی بەیانی لە خەودا دەلالەت لە ماندووبوون و ئازار دەكات، بەجۆرێك هاتووە: “هەر كەسێك بینی داوای خواردنی بەیانی دەكات، ئەوا ئەو ماندوو دەبێت.” (تعطير الأنام، الغداء) كەواتە ئایەتەكە واتە كاتێك شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا دێت، واتە كاتێك سەردەمی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) دێت.. ئوممەتی مووسا و عیسا (سڵاوی خوایان لێ بێت) سوودی لێ وەرناگرن -پێویستە بزانرێت مووسا و عیسا لەم كەشفەدا تەنها نوێنەرایەتی ئوممەتەكەیان دەكەن، چونكە ئەوان سەردەمی موحەممەدیان (ﷺ) نەدیوە- بەڵكو لەسەر بێ باوەڕییەكانیان بەردەوام دەبن وكۆڵنادەن لە گەشتكردن، بەبێ ئەوەی قەبوڵ بكەن كە سەردەمی ئایینەكەیان كۆتایی هاتووە؛ پاشان دوای گەشتێكی درێژ هەست بە ماندووبوونێكی زۆر دەكەن، وە بە سەرسوڕمانێكی زۆرەوە دەڵێن: بۆچی ئەو پێغەمبەرە كامڵە دەرنەكەوت كە مژدەی دەركەوتنی درابوو پێمان؟ پاشان دوای ماندووبوونێكی زۆر لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ئایا ئێمە لەسەر هەڵە نین؟ ڕەنگە ئەو پێغەمبەرە دەركەوتبێت، بەڵام ئێمە لە باوەڕ پێهێنانی بێبەش كرابین!؟
﴿قَالَ أَرَءَيۡتَ إِذۡ أَوَيۡنَآ إِلَى ٱلصَّخۡرَةِ فَإِنِّي نَسِيتُ ٱلۡحُوتَ وَمَآ أَنسَىٰنِيهُ إِلَّا ٱلشَّيۡطَٰنُ أَنۡ أَذۡكُرَهُۥ ۚ وَٱتَّخَذَ سَبِيلَهُۥ فِي ٱلۡبَحۡرِ عَجَبٗا 64﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
الصخرة: بەردی گەورە و ڕەق (الأقرب). وە لە زانستی لێكدانەوەی خەوندا “الصخرة” مانای “ناشرینی لە خراپەكاری دەگەیەنێت” (تعطير الأنام، كلمة الصخرة). واتە ئەگەر كەسێك بەردی بینی لە خەودا، ئەوا مەبەست ئەوەیە كە بینەرەكە تووشی دزێوترین خراپەكاری و بێڕەوشتی دەبێت.
تەفسیر: بە لەبەرچاوگرتنی تەفسیری بەرد فەرمایشتی ﴿إِذْ أَوَيْنَا إِلَى الصَّخْرَةِ﴾ بەو واتایە دێت كە كاتێك ئێمە تووشی خراپەكاری و بێڕەوشتی بووین.. وە مەبەست ئەوەیە ئەو كەسانەی سەر بە هەردوو پێغەمبەر مووسا و عیسان (سڵاوی خوایان لێ بێت) -كە مەسیحیەكانن- كاتێك دەكەونە داوی خراپەكاری و بێڕەوشتیەوە، ئەوا ئەو سەردەمە سەردەمی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكەیە.. واتە ئەو سەردەمەی كە تێیدا پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) دەردەكەوێت، چونكە پێغەمبەرەكان تەنها لەو كاتانەدا دەنێنردرێن كە خراپەكاری و بێڕەوشتی لەناو خەڵكیدا بڵاودەبێتەوە.
بۆیە لێكدانەوەی دیمەنی باسكراو ئەوەیە كە سەرەڕای ئەوەی ئەو سەردەمەی كە تێیدا خراپەكاری و بێڕەوشتی لەناو ئوممەتی مەسیحیدا بڵاودەبێتەوە سەردمی دەركەوتنی پێغەمبەر موحەممەدە (ﷺ)، بەڵام مەسیحیەكان پەی بەوە نابەن مەگەر دوای ماوەیەكی درێژ، وە پاش ماندووبوونیان لە گەشتە سەختەكەدا، وە شكستیان لە هەوڵەكانیاندا؛ بۆیە پەژارە دەخۆن بۆ ئەو دەرفەتەی كە لەدەستیان چووە.
ئەم مانایە بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَمَا أَنْسَانِيهُ إِلَّا الشَّيْطَانُ﴾ زیاتر ڕوون دەبێتەوە.. واتە مەسیحیەكان لە ناخی خۆیاندا دەڵێن: ئەو شتەی كە ئێمەی لە ناسینی موحەممەد (ﷺ) بێبەش كرد تەنها وسوەسە و خەیاڵەكانی شەیتان بوو، چونكە مادام ئێمە بینیمان پەرستشەكانمان چیتر بەرهەمیان نیە، وە لەناو خراپەكاری و بێڕەوشتیدا ڕۆچووین، ئیتر بۆچی ئەو كاتە هەستمان بەوە نەكرد كە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە هاتووە و خوای گەورە دەستی لە ئێمە بەرداوە، وە سەردەمی پێغەمبەری بەڵێندراو دەستی پێكردووە؟ چونكە فەرمایشتی ﴿وَاتَّخَذَ سَبِيلَهُ فِي الْبَحْرِ عَجَبًا﴾ “ئاماژەیە بۆ سەرسوڕمانی ئەوان لە هەڵەكەی خۆیان، وە چۆن ماسییەكە لە دەستیان دەرچوو و چووەناو دەریای دووەمەوە، واتە چۆن بەرهەمەكانی پەرستش گوازرانەوە بۆ موسوڵمانان، وە ئێمە بێبەش كراین لێیان.
هەروەها ئەم دیمەنەیش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە، ئەگینا پێویست نەدەكرد كە ماسیەكی ڕاستەقینە بكرێتە نیشانە بۆ زانینی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریا لە جیهانی ڕواڵەتدا. وە ئەگەر بڵێین ئەوان بەدەم ڕۆیشتنەوە سەیركردنی ماسیە ڕواڵەتیەكەیان دەكرد، ئەوا هیچ بوارێك نەبوو كە لەبیریان بچێت. بۆ نموونە ئایا لە دنیادا بینیوتانە پیاوێك بە ئۆتۆمبێل گەشت بكات، پاشان دوای بڕینی ماوەیەكی درێژ لەبیری بچێت كە سواری ئۆتۆمبێلێك بووە، وە بە پێ دەست بكات بە گەشتكردن بێ ئەوەی بزانێت، پاشان دوای ماوەیەك بیری بێتەوە كە ئەو لە ئۆتۆمبێلێكدا گەشتی دەكرد؟! كەواتە مادام ئەوان بەدەم ڕۆیشتنەوە سەیری ماسیەكەیان كردووە، بۆیە نەیاندەتوانی یەك هەنگاو بنێن بەبێ سەیركردنی ئەو، دواجار مەحاڵە ئەویان لەبیربچێت.
﴿قَالَ ذَٰلِكَ مَا كُنَّا نَبۡغِ ۚ فَٱرۡتَدَّا عَلَىٰٓ ءَاثَارِهِمَا قَصَصٗا 65﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
نَبْغِ: ئەسڵەكەی بریتیە لە “نَبغِي”یە لە “بغاه”ەوە هاتووە واتە داوای كرد (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەوان لەو قۆناغەدا پەی بەوە دەبەن كە هەڵەیان كردووە چونكە تەنها لە گەشتەكەدا بەردەوام بوون، لەگەڵ ئەوەی شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكەیان لە پشت خۆیانەوە بەجێهێشتووە.
﴿فَوَجَدَا عَبۡدٗا مِّنۡ عِبَادِنَآ ءَاتَيۡنَٰهُ رَحۡمَةٗ مِّنۡ عِندِنَا وَعَلَّمۡنَٰهُ مِن لَّدُنَّا عِلۡمٗا 66﴾
تەفسیر: بزانە ئەو بەندەیەی خوای گەورە كە لێرەدا ئاماژەی پێكراوە گەورەمان موحەممەدە (ﷺ)، چونكە لە قورئانی پیرۆزدا بەم نازناوە وەسف كراوە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە ﴿وَأَنَّهُ لَمَّا قَامَ عَبْدُ اللَّهِ يَدْعُوهُ كَادُوا يَكُونُونَ عَلَيْهِ لِبَدًا﴾ (الجن: 20) واتە ئەو (ﷺ) كاتێك بۆ نوێژ هەڵدەستێت خەڵكی لە دەوروبەری قەرەباڵغ دەبن.
بگرە سۆفیەكان دەڵێن پلەوپایەی بەندە بەرزترین پلەوپایەیە، وە هیچ كەسێك نەگەیشتووەتە پلەی بەندەی تەواو جگە لە پێغەمبەری بەڕێز (ﷺ).
هەروەها لەم فەرمایشتەی خوای گەورەیشدا ﴿آتَيْنَاهُ رَحْمَةً مِنْ عِنْدِنَا﴾ پێغەمبەر (ﷺ) مەبەستەكەیە، چونكە خوای گەورە لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا دەیدوێنێت و دەفەرموێت: ﴿وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ﴾ (الأنبياء: 108).
هەروەها لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿عَلَّمْنَاهُ مِنْ لَدُنَّا عِلْمًا﴾یشدا مەبەستەكە پێغەمبەرە (ﷺ)، بە بەڵگەی ئەوەی خوای گەورە لە شوێنێكی تردا بە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿وَعَلَّمَكَ مَا لَمْ تَكُنْ تَعْلَمُ وَكَانَ فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكَ عَظِيمًا﴾ (النساء 114)، وە هەروەها ئەو مەبەستە لە فەرمایشتیی خوای گەورە ﴿وَعُلِّمْتُمْ مَا لَمْ تَعْلَمُوا أَنْتُمْ وَلَا آبَاؤُكُمْ﴾دا (الأنعام: 92) واتە ئەی موسوڵمانان ئێوە بەهۆی ئەم پێغەمبەرەوە زانستێكتان پێدراوە كە پێشینان پێیان نەدرا بوو -وە ئاشكرایە مووسا و عیسا (سڵاوی خوایان لێ بێت) لەناو ئەو پێشینانەدان- هەروەها لە فەرمایشتی خوای گەورە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) ﴿وَإِنَّكَ لَتُلَقَّى الْقُرْآنَ مِنْ لَدُنْ حَكِيمٍ عَلِيمٍ﴾ (النمل: 7). پاشان خوای گەورە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) فێركرد كە دوعا بكات بۆ زیادبوونی زانست و فەرمووی: ﴿وَقُلْ رَبِّ زِدْنِي عِلْمًا﴾.
﴿قَالَ لَهُۥ مُوسَىٰ هَلۡ أَتَّبِعُكَ عَلَىٰٓ أَن تُعَلِّمَنِ مِمَّا عُلِّمۡتَ رُشۡدٗا 67﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
رُشدًا: “الرُّشد” واتە دامەزراوی لەسەر ڕێگای ڕاست لەگەڵ توندوتۆڵی تێیدا (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتە بەراوردێكی جوان دەكات لەنێوان پایەی مووسایی و پایەی موحەممەدیدا، بەجۆرێك ڕوونی كردووەتەوە كە پایەی مووسایی شوێنكەوتەی پایەی موحەممەدیە، وە زانیاریەكانی موحەممەدی حەقیقەتی ئەو شتانەیان ئاشكرا كرد كە زانیاریەكانی مووسایی نەیتوانی ڕوونیان بكاتەوە. وە ئەم بەراوردە جوانە لەسەر شێوەی ئەم گفتوگۆ و هاوەڵێتیە هاتووە لەنێوان مووسا و ئەم بەندەی خوایەدا.
﴿قَالَ إِنَّكَ لَن تَسۡتَطِيعَ مَعِيَ صَبۡرٗا 68﴾
تەفسیر: پێم وایە ناوەڕۆكی ئەم ئایەتە ئاماژە بەم فەرمایشتەی خوای گەورە دەكات بۆ مووسا (عليه السلام): ﴿لَنْ تَرَانِي﴾، بەجۆرێك ڕوونی كردووەتەوە كە ئەستەمە تەواویە مووساییەكان بگەنە ئاستی تەواویە موحەممەدیەكان، وە ئوممەتی موحەممەد ئارامگرتر و خۆڕاگرترن لە گەلی مووسا كە توانای بەرگەگرتنی ناخۆشی و سەختیەكانیان نەبوو لەپێناو ئاییندا وەك چۆن موسوڵمانان بەرگەیان گرت.
هەروەها ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەكات كە مەسیحیەكان ئەگەرچی بۆ ماوەیەكی زۆر زەحمەتی جەستەییان چەشتووە، بەڵام لەبەردەم تاقیكردنەوە زانستیەكاندا شكستیان هێنا، تا وای لێ هات مەسیح خۆی لە گەمژەیی هزری ئەوان سكاڵای كرد و گوتی: هیچ كەسێك وەك پێویست لە پایەی ڕۆحیەكەی تێ نەگەیشت. لە ئینجیلدا دەخوێنینەوە كە لە دوو ساڵی كۆتایی ژیانی لە فەڵەستینیدا پێش ڕووداوی خاچەكەی مەسیح لە نزیكترین قوتابی خۆی بەناوی بوترۆس پرسی: خەڵكی چی دەڵێن دەربارەی من؟ كاتێك وەڵامی دایەوە: من وا دەزانم كە تۆ مەسیحی، زۆر دڵخۆش بوو بە وەڵامەكەی (مەتا 16: 13-19). ئەمە ئەوە ئاشكرا دەكات كە حەواریەكانیش خۆیان ئامادە نەبوون باوەڕ بكەن كە عیسا ئەو مەسیحەیە كە بڕیار بوو بێت، بەڵكو ئەویان وەك یەكێك لە پێغەمبەران ئەژمار دەكرد، بۆیە مەسیح (عليه السلام) دڵخۆش بوو بە باوەڕەكەی بوترۆس.
هەروەها ئەم ئایەتە ئەو جیاوازیە زۆر گەورەیەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە لەنێوان سروشتی موحەممەد و سروشتی مووسادا (سڵاوی خوایان لێ بێت) هەیە. بۆیە كاتێك دەبینین مووسا (عليه السلام) پەلە دەكات لە پرسیاركردندا، دەبینین پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەتەواوەتی بێدەنگ دەبێت هەتا خوای گەورە لەلایەن خۆیەوە هەموو شتێكی بۆ ئاشكرا دەكات.
هەمان ئەم جیاوازیە لەنێوان ئوممەتی ئەو دوو پێغەمبەرەشدا هەیە. لە تەوراتدا هاتووە كە نەوەی ئیسڕائیل یەك لەدوای یەك پرسیاریان لە مووسا (عليه السلام) دەكرد. بەڵام دەبینین گەلی پێغەمبەر (ﷺ) بە تەواوی پێچەوانەی ئەوەن، بەجۆرێك هاوەڵان (رضي الله عنهم) دەڵێن: ئێمە بە پەرۆشیەوە چاوەڕێمان دەكرد كە عەرەبێكی بیاباننشین بێت و پرسیارێك لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بكات، ئێمەیش گوێبیستی وەڵامەكەی بین (البخاري، العلم). وەك ئەوەی هاوەڵان ڕازابنەوە بە شكۆ و ئارامی و كۆنترۆڵكردنی نەفس بە ڕادەیەك ئەم سیفەتانە ڕێگەیان نەدەدا پرسیار لە پێغەمبەر (ﷺ) بكەن. خوای گەورە لە فەرمایشتی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە و دەفەرموێت: ﴿أَمْ تُرِيدُونَ أَنْ تَسْأَلُوا رَسُولَكُمْ كَمَا سُئِلَ مُوسَى مِنْ قَبْلُ﴾ (البقرة: 109) واتە ئایا هەندێك لە ئێوە دەیانەوێت زۆر پرسیار بكەن لە پێغەمبەرەكەیان وەك گەلی مووسا كە ناچاریان دەكرد لە هەر شتێكی بچووك و گەورەدا داوا لە خوا (عز وجل) بكات. بەڵام هاوەڵەكان بە پەیڕەوكردنی فەرمانی خوا هەمیشە ئەدەبیان هەبوو. وە پێغەمبەر (ﷺ) لە هەر شتێكدا گوێڕایەڵی ئەو وەحیە بوو كە خوا بۆی دەنارد، وە ئەگەر وەحی دانەبەزیایە، ئەوا ئەو پرسیاری دەربارەی هیچ شتێك نەدەكرد، بەڵكو ئارامی دەگرت بە پەیڕەوكردنی ئەم ڕێنماییە خواییە بۆی ﴿وَلَا تَعْجَلْ بِالْقُرْآنِ مِنْ قَبْلِ أَنْ يُقْضَى إِلَيْكَ وَحْيُهُ وَقُلْ رَبِّ زِدْنِي عِلْمًا﴾ (طه: 115).. واتە لێگەڕێ وەحی قورئان لەكاتی خۆیدا دابەزێت بۆت، وە پێش ئەوەی وەحیت بۆ دابەزێت پرسیار مەكە، وە لە پەروەردگارت بپاڕێرەوە كە زانستت زیاد بكات.
﴿وَكَيۡفَ تَصۡبِرُ عَلَىٰ مَا لَمۡ تُحِطۡ بِهِۦ خُبۡرٗا 69﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
لم تُحِطْ بِهِ خُبْرًا: دەوترێت “أحاط به علمًا” واتە لە هەموو ڕوویەكەوە زانیویەتی و ناسیویەتی (الأقرب). كەواتە مەبەست ئەوەیە: ئەو شتەی لە هەموو لایەكەوە نەزانی.
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لە ڕاستیدا پەیبردن بە زانستە موحەممەدیەكان بۆ شوێنكەوتووانی زنجیرەی مووسایی قورسە، چونكە ئەم ئایینە زۆر پرسی نوێ دەهێنێت، لەڕاستیدا قەبوڵكردنی هەر شتێكی نوێ زۆر سەختە بۆ كەسێك كە بانگەشەی ئەوە دەكات خاوەنی زانستە، بۆیە دەبینین بێباوەڕەكان، كە دڵیان وەك تابلۆیەك وابوو كە هیچی لەسەر نەنووسرابێت، بە خێرایی باوەڕیان پێهێنا، بەڵام جوولەكە و مەسیحیەكان كە كتێبیان هەبوو، لە باوەڕهێنان بێبەش بوون؛ چونكە هەر شتێك كە ئیسلام تێیدا پێچەوانەی شەریعەتەكەی ئەوان بوو، بووە هۆی ئەوەی ئارامییان نەهێڵێت، بۆیە تووشی تاقیكردنەوە دەبوون. وە لەبەر هەمان ئەم هۆكارە جوولەكە لە سەردەمی مەسیحیشدا (عليه السلام) لە هیدایەت بێبەش بوون، لەكاتێكدا گەلەكانی تر بەدوای یەكدا دەچوونەناو ئایینەكەیەوە.
﴿قَالَ سَتَجِدُنِيٓ إِن شَآءَ ٱللَّهُ صَابِرٗا وَلَآ أَعۡصِي لَكَ أَمۡرٗا 70﴾
تەفسیر: لەم ئایەتەشەوە دەردەكەوێت كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە، چونكە مووسا (عليه السلام) پێغەمبەرێكی سەربەخۆیە، بۆیە بۆی نەبوو بە كەسێك بڵێت، هەركەسێك بێت، لە كاروبارە ڕۆحانیەكاندا گوێڕایەڵی دەكات.
وە ئەم ئایەتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەر كەسێك لە ئوممەتی مووسا گەیشتە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) پێویستە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بكات. ئەم فەرموودە پیرۆزە ئاماژە بەم بابەتە دەكات : “ئەگەر مووسا و عیسا زیندووبوونایە، ئەوا چاریان نەبوو جگە لە شوێنكەوتنی من” (تفسير ابن كثير، سورة آل عمران قوله تعالى: وإذ أخذ اللهُ ميثاق النبيين).
﴿قَالَ فَإِنِ ٱتَّبَعۡتَنِي فَلَا تَسَۡٔلۡنِي عَن شَيۡءٍ حَتَّىٰٓ أُحۡدِثَ لَكَ مِنۡهُ ذِكۡرٗا 71﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
أُحْدِث: “أحدثه” واتە دەستی پێ كرد (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەو بەندەیە ڕێگەی بە مووسا (عليه السلام) دا كە لە گەشتەكەدا یاوەری بكات بە مەرجی ئەوەی كە پرسیاری لێ نەكات دەربارەی هیچ شتێك تا ئەو خۆی ڕوونی دەكاتەوە.
سەیر ئەوەیە مووسا (عليه السلام) بەڵێنی ئەوەی لێوەرگیرابوو پرسیار نەكات، كەچی ئەو بەردەوام یەك لەدوای یەك پرسیاری دەكرد، بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) كە جبریل (عليه السلام) بەڵێنێكی لەو شێوەیەی لێ وەرنەگرتبوو، كاتێك شەیتان و دنیا لە شەوڕەویدا بە شێوەی نواندن دەركەوتن بۆی، وە جبریل ڕێگری كرد لێی كە پرسیار بكات، بە تەواوەتی گوێڕایەڵی كرد و دەربارەی هیچ شتێك پرسیاری لێ نەكرد (ابن جرير، سورة الإسراء). ئەمەش بۆمان ئاشكرا دەكات كە جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان پایەی ئەو دوو پێغەمبەرەدا (سڵاوی خوایان لێ بێت).
﴿فَٱنطَلَقَا حَتَّىٰٓ إِذَا رَكِبَا فِي ٱلسَّفِينَةِ خَرَقَهَا ۖ قَالَ أَخَرَقۡتَهَا لِتُغۡرِقَ أَهۡلَهَا لَقَدۡ جِئۡتَ شَيًۡٔا إِمۡرٗا 72﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
فانطلَقا: “انطلق” واتە ڕۆیشت (الأقرب).
خرَقها: “خرق الثوب” واتە جلەكەی دڕاند (الأقرب). وە “الخرق” بڕینی شتێكە لەسەر شێوەی تێكدان بێ بیركردنەوە و ڕامان (المفردات).
إِمْرًا: “الإمر” واتە سەیر و نا پەسەند (الأقرب).
تەفسیر: لێرەوە ڕووداوی ئیسڕای مووسا (عليه السلام) دەست پێدەكات، بەجۆرێك بەراورد كراوە لەنێوان دۆخی ئوممەتی موحەممەدی و دۆخی ئوممەتی مووساییدا. مامۆستای زۆر بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) دەیفەرموو: جیاوازی نێوان ئیسڕای پێغەمبەری خوا و ئیسڕای مووسا (سڵاوی خوایان لێ بێت) ئەوەیە كە پێغەمبەرمان (ﷺ) خۆی لە پرسیاركردن بە دوورگرت، بەڵام مووسا (عليه السلام) نەیتوانی ئارام بگرێت و خۆی بەدوور نەگرت لە پرسیاركردن؛ وە ئەمەش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی كە ئوممەتی موحەممەد (ﷺ) بە ئارامیەوە دەست دەگرن بە ئایینەوە، بەڵام ئوممەتی مووسا بە هۆی كەم ئارامیەوە واز لە ئایین دەهێنن. گومان تێدا نیە ئەمە ئاماژەیەكی ورد و جوانە، وە ڕووداوەكانیش جەختیان لێ كردووەتەوە.
هەروەها دەیفەرموو: پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە ئیسڕاكەیدا سێ شتی بینی، هەروەها مووسایش لە ئیسڕاكەیدا سێ ڕووداوی بینی.
منیش دەڵێم: ئەو زانستەی كە خوا بە منیشی بەخشیوە ئەوەیە ئەم دوو ئیسڕایە تەنها لە ژمارەی ئەو ڕووداوانەی كە تێیاندا ڕوویان داوە لەیەك ناچن، بەڵكو لە تەفسیركردنی ئەم ڕووداوانەشدا لەیەك دەچن. وە سەرەڕای جیاوازیان لەڕووی زمانی نموونەییەوە، بەڵام ڕاستیەكە یەكە. وە ئەمەش پێویست بوو، چونكە ئیسڕای مووسا (عليه السلام) هەواڵی دەركەوتنی موحەممەدی (ﷺ) تێدا بوو، بۆیە دەبوو تێیدا ئاماژە بكرێت بۆ ڕووداوەكانی ئیسڕای موحەممەدی.
بەڵام ئێستا ئەو تەفسیرەم لەبیر نەماوە كە مامۆستای بەڕێزم كردوویەتی بۆ “كەشتییەكە”، بەڵام من بە مانای ماڵ و سامان تەفسیری دەكەم، چونكە لە زانستی لێكدانەوەی خەوندا كەشتی چەندین مانای هەیە، یەكێك لەوانە ماڵ و سامانە (تعطير الأنام، كلمة السفينة)، پێم وایە ئەمە مەبەستەكەیە لەم كەشفەدا، چونكە قورئانیش ئەوە دووپات دەكاتەوە كاتێك دەفەرموێت: ﴿رَبُّكُمُ الَّذِي يُزْجِي لَكُمُ الْفُلْكَ فِي الْبَحْرِ لِتَبْتَغُوا مِنْ فَضْلِهِ إِنَّهُ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا﴾ (الإسراء: 67). لێرەدا مەبەست لە “الفضل” پارە و سامانە. وە سواربوونی كەشتیەكە لەلایەن هەردووكیانەوە ئەوە دەگەیەنێت كە سەردەمێك دێت بەسەر هەردوو ئوممەتی مووسایی و موحەممەدیدا تێیدا بەشێوەیەكی فراوان دەوڵەمەندی ماددیان پێ دەبەخشرێت.
پاشان بەسەرهاتەكە دەڵێت كاتێك هەردووكیان سوار كەشتیەكە بوون، هاوەڵەكەی مووسا (سڵاوی خوایان لێ بێت) كەشتیەكەی كون كرد.. واتە تەختەكانی دەرهێنا و پارچە پارچەی كرد، بەجۆرێك دەوترێت “خرق الثوب” واتە جلەكەی دڕاند و پارچە پارچەی كرد. بۆیە مووسا ڕەخنەی لێ گرت، یان بە دەربڕینێكی تر گەلەكەی ڕەخنەیان گرت و گوتیان: ئایا بەم كارەت دەتەوێت خەڵكی ناو كەشتیەكە نوقم بكەیت؟ بە ڕاستی تۆ كارێكی ناپەسەندت كرد.
وە كون كردنی كەشتیەكە لای من ئەوە دەگەیەنێت كە موحەممەد (ﷺ) بەهۆی زۆری ئەو حوكمە شەرعیانەی كە پەیوەندیان بە ماڵ و سامانەوە هەیە كونێكی كردە دنیای ئوممەتەكەی. بۆ نموونە سەرەتا فەرمانی پێكردن زەكات بدەن كە لە ڕووكەشدا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ماڵ و سامان. پاشان فەرمانی پێكردن بە خێركردن. پاشان زیانی گەیاند بە ماڵ و سامانیان چونكە قەدەغەی كردن لە وەرگرتنی سوو، پاشان ماڵ و سامانی ئەوانی دابەش كرد بەگوێرەی حوكمەكانی میرات، وە بەم شێوەیە ڕێگری كرد لە كۆبوونەوەی ماڵ و سامان. وەك ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) لە دیدی خەڵكی دنیاوە ژیانی دنیایی ئەوانی تێكدابێت، بەڵام لە دیدی ئەهلی چاكەكاری و پارێزكاریەوە پێغەمبەر (ﷺ) گەلەكەی خۆی پاراست لە كاریگەرییە خراپەكانی خۆشەویستی دنیا و لە كۆیلایەتی خاوەن سامانەكان.
بێ گومان ئەم فێركاریە بۆ شوێنكەوتووانی زنجیرەی مووسایی، جوولەكە و مەسیحیەكان، قەبوڵكردنی زۆر سەختە. بێگومان مەسیحیەكان بە زارەكی دەڵێن: “ئاسانترە وشترێك بە كونی دەرزیەكەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێك بچێتەناو شانشینی خواوە” (مەرقۆس 10: 25)، بەڵام پێچەوانەی ئەوە دەكەن. هەموو یاساكان لە وڵاتەكانیاندا یارمەتی كۆبوونەوەی سەروەت و سامانی دەوڵەمەندەكان دەدەن. ئەوان هیچ فەرمانێكیان نیە زەكاتدان پێویست بكات. هەروەها تەواو ئازادن لە مامەڵەی سووخۆری. وە قوماركردن لای ئەوان حەرام نیە. وە لە وڵاتەكانیاندا یاسایەك نیە كە تێیدا هاتبێت میراتی مردوو بەسەر هەموو میراتگرە زۆرەكاندا دابەش بكرێت؛ بەڵكو زۆربەی دەوڵەمەندەكانیان سەروەت و سامانەكەیان دەبەخشن بە كوڕە گەورەكەیان بۆ ئەوەی یەك بنەماڵە زیاتر دەوڵەمەند بێت. هەروەها شەریعەتەكەیان مافی كرێكارانی نەپاراستووە، لەكاتێكدا ئیسلام چەندین یاسای داناوە بۆ پاراستنی مافی ئەوان بۆ ئەوەی كۆمەڵێكی كەم لە دەوڵەمەندەكان پارەكان كۆنەكەنەوە و هەژارەكان نەكەن بە كۆیلە. ئەمە ئەو حوكمە ئیسلامیانەن كە بەهۆیانەوە جوولەكە و مەسیحیەكان لە چوونەناو ئایینی ئیسلام دەترسن، وا دەزانن كە ئەمە لەناوچوونی گەل و وێرانكردنیەتی.
ئەمە وانەی یەكەمەیە كە مووسا (عليه السلام) لە ئیسڕاكەیدا وەریگرت. وە بە تەواوی ئەمەش لە شەوی ئیسڕادا بۆ پێغەمبەر (ﷺ) ڕوویدا بەجۆرێك سەرەتا ژنێكی بەساڵاچووی بینی، پاشان پەرداخێك ئاو خرایە بەردەمی. وە جبریل (عليه السلام) ژنە بەساڵاچووەكەی بە دنیا و ئاوەكەشی بە پارە و سامان لێكدایەوە، وە بە پێغەمبەری (ﷺ) فەرموو: ئەگەر تۆ ئاوەكەت بخواردایەتەوە ئەوا خۆت و ئوممەتەكەت دەخنكاند، واتە كاروبارەكانی دنیا ئوممەتەكەی تۆیان سەرقاڵ دەكرد، و پەیوەندی ئەوان لەگەڵ خوای گەورەدا لاواز دەبوو.
تێبینی ئەو جیاوازیە زۆرە بكە كە لەنێوان بیروبۆچوونەكانی گەلی مووسا و گەلی پێغەمبەرماندا هەیە (سڵاوی خوایان لێ بێت)! ئەوەتا جبریل (عليه السلام) بە پێغەمبەر (ﷺ) دەڵێت: ئەگەر ئاوەكەت بخواردایەتەوە ئەوا ئوممەتەكەت دەخنكان، وەك ئەوەی كەشتیە باشەكە -واتە سەرقاڵبوون بە ژیانی ماددیەوە- بە نوقم بوون و خنكان لەقەڵەم بدات، بەڵام مووسا (عليه السلام) واتە گەلەكەی كەشتیە كون كراوەكە -واتە جێبەجێكردنی حوكمەكانی زەكات و شتەكانی تر كە ڕێگری دەكەن لە كۆكردنەوەی پارە لەلای هەندێك كەس- بە نوقمبوون خنكان دابنێن. كەواتە چۆن دەكرێت ئەو دوو لایەنە لە كاركردندا هاوكاری یەكتر بكەن لەگەڵ بوونی ئەم جیاوازیە زۆرە لە بیروڕاكاندا، وە هەتا كەی دەكرێت وەك هاوڕێ بەرگەی یەكتری بگرن؟
هەروەها لە قورئانی پیرۆزیشەوە دەردەكەوێت كە وەك چۆن مووسا (عليه السلام) ڕەخنەی گرت لەم بەندەیەی خوا كاتێك كەشتیەكەی كون كرد، هەروەها ئوممەتەكەشی رەخنەیان گرت لە پێغەمبەری بەڕێزمان (ﷺ) كە گەلەكەی خۆی لەناودەبات بە وەرگرتنی قوربانیە داراییەكان لێیان. وە قورئانی پیرۆز ڕەخنەی جوولەكەكانی تۆمار كردووە بەم شێوەیە: ﴿وَقَالَتِ الْيَهُودُ يَدُ اللَّهِ مَغْلُولَةٌ﴾ (المائدة 65) واتە جوولەكەكان دەڵێن -بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) داوا لە باوەڕداران دەكات لەپێناوی خوادا ماڵ و سامان خەرج بكەن- بۆچی موحەممەد بە ناهەق ئەم بارە قورسەی خستووەتە سەر شانی گەلەكەی؟ ئایا كەمی و ناتەواوی لە خەزێنەكانی خوادا دروست بووە هەتا داوامان لێ بكات لە ماڵ و سامانی سنوورداری خۆمان خەرج بكەین؟ خوای گەورە خۆی دەتوانێت ببەخشێت بە هەر كەسێك لە بەندەكانی كە دەوێت. بۆچی داوامان لێ دەكرێت ببەخشین بە هەژاران و نەداران؟ وەك ئەوەی گوتبێتیان بە پێغەمبەر (ﷺ): ئایا كەشتییەكە كون دەكەیت بۆ ئەوەی خەڵكەكەی نوقم بێت و بخنكێنیت؟
هەروەها قورئانی پیرۆز ڕەخنەی بێباوەڕەكانی بە گشتی -لەوانەش جوولەكە و مەسیحیەكان- باس كردووە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ﴿وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ أَنْفِقُوا مِمَّا رَزَقَكُمُ اللَّهُ قَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِلَّذِينَ آمَنُوا أَنُطْعِمُ مَنْ لَوْ يَشَاءُ اللَّهُ أَطْعَمَهُ إِنْ أَنْتُمْ إِلَّا فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ﴾ (یس: 48) واتە پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێیان دەڵێت: ئەم پارە و سامانە كە خوا پێی داون تەنها بۆ ئەوان نیە، بەڵكو بۆ هەموو جیهانە، بۆیە با لێی خەرج بكەن بۆ بەندە هەژارەكانی خوا. بێباوەڕەكان لە وەڵامدا بە موسوڵمانان دەڵێن: ئایا ئێمە خواردن دەرخواردی كەسێك بدەین كە ئەگەر خوا بیویستایە خۆی خواردنی پێ دەدا؟ واتە ئەگەر خوا لە خەزێنە فراوانەكانی خۆی كە كۆتایی نایەن خواردنی نەدابێت پێیان ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لە پارە و سامانە سنووردارەكانمان خەرجی ئەوان بكەین؟ بە ڕاستی ئەی موسوڵمانان ئێوە لە گومڕایەكی ئاشكرادان كە بەم شێوەیە پارەكانتان بەفیڕۆ دەدەن!!
دیارە ئەم جۆرە ڕەخنانە لەلایەن جوولەكە و بێباوەڕەكانی ترەوە تا ئەمڕۆش بەردەوام دووبارە دەكرێنەوە. بەڵام ئەو كەسەی بەڕاستی خوای گەورەی خۆشدەوێت، ئەوا لە گەشتەكەی لەم دنیایەدا كەشتیەكی كونكراو هەڵدەبژێرێت لە جیاتی كەشتیەكی ساغ كە دڵی لە یادی خوای گەورە بێئاگا دەكات. وە ئەم فەرمانەی خوای گەورە گەورەترین تاقیكردنەوەیە بۆ مەسیحیەكان چونكە ئەوان لە هەموو كەس بارەدارتر و دەوڵەمەندترن.
وە بزانە ئەم ئایەتەش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە، ئەگینا كەشتیەكە نوقم دەبوو كاتێك بەندەكە كونیكرد.
﴿قَالَ أَلَمۡ أَقُلۡ إِنَّكَ لَن تَسۡتَطِيعَ مَعِيَ صَبۡرٗا 73﴾
تەفسیر: واتە من لە سەرەتاوە پێم گوتیت كە جیاوازی نێوان فێركاریەكەی من و فێركاریەكەی تۆ هێندەی جیاوازی نێوان ئاسمان و زەویە، وە ئەستەمە لەگەشتەكەمدا یاوەریم بكەیت مەگەر بە تەواوەتی ئارەزووەكانی دەروونت بكوژیت.
﴿قَالَ لَا تُؤَاخِذۡنِي بِمَا نَسِيتُ وَلَا تُرۡهِقۡنِي مِنۡ أَمۡرِي عُسۡرٗا 74﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
لا تُرْهِقْنِي مِنْ أَمْرِي عُسْرًا: واتە بارم گران مەكە، لە “أرهقه عسرًا” واتە ئەوەی بەسەردا سەپاند (الأقرب).
تەفسیر: مووسا (عليه السلام) داوای لەو بەندەیە كرد كە ئەم جارە لێی خۆشبێت، وە هەرگیز شتێكی لەو شێوەیە دووبارە ناكاتەوە.
خوای گەورە لێرەدا ئاماژەی بەوە داوە كە جوولەكە و مەسیحیەكان لە سەرەتادا لەگەڵ موحەممەد (ﷺ) سوڵح و ئاشتەوایی دەكەن و بێوەی دەبن بۆی، بەڵام دوای ئەوە دەست دەكەن بە ڕەخنەگرتن لێی، بۆیە لە كۆتاییدا پەیوەندیەكانی نێوانیان دەپچڕێت. وە بە تەواوی ئەمە ڕوویدا، كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) هاتە مەدینە جوولەكە لە سەرەتادا لەگەڵیدا ڕێكەوتن و پەیوەندیان كرد بە كۆمەڵەكەیەوە، پاشان بۆ خۆدزینەوە لە پێشكەشكردنی ئەو قوربانیانەی كە وەك هاوپەیمانێكی پێغەمبەر (ﷺ) پێویست بوو لەسەریان، دەستیان كرد بە دژایەتیكردنی. بۆ نموونە جارێكیان موسوڵمانان پێویست بوو خوێنباییەك بدەن، وە بە پێی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو لا دەبوو جوولەكە بەشێك لەو خوێنباییە بدەن، وە كاتێك داوا كرا لە بەنی قەینوقاع [بەنی نەزیر (النضير) نەوەكو بەنی قەینوقاع. (وەرگێڕ)] ئەو بەشەی لەسەریانە بیدەن، كردیان بە شەڕ و هەرا لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) (السيرة الحلبية، غزوة بني النضير).
دۆخی مەسیحیەكانیش بەهەمان شێوە بوو، ئەوانیش سەرەتا پەیوەندیەكانیان لەگەڵ موسوڵماناندا زۆر باش بوو، تەنانەت كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) نامەی بۆ پاشاكان نارد قەیسەری ڕۆم ستایشی كرد (البخاري، بدء الوحي)، بەڵام كاتێك بینی سیاسەتی دەوڵەتی ئیسلامی پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتی مەسیحیە دەستی كرد بە دژایەتیكردنی ئیسلام، ئەوە بوو لە سەردەمی ئەبو بەكر و عومەردا (ڕەزای خوایان لێ بێت) سزای كردەوەكەی خۆی چەشت بە جۆرێك ئاسەواری ئەو سزایە بۆ چەندین سەدە نەسڕایەوە.
﴿فَٱنطَلَقَا حَتَّىٰٓ إِذَا لَقِيَا غُلَٰمٗا فَقَتَلَهُۥ قَالَ أَقَتَلۡتَ نَفۡسٗا زَكِيَّةَۢ بِغَيۡرِ نَفۡسٖ لَّقَدۡ جِئۡتَ شَيۡٔٗا نُّكۡرٗا 75﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
نُكْرًا: “النُّكْرُ”؛ “المنكَرُ”؛ شتێكی سەخت؛ ناشرین.
زكيّة: لەسەر وەزنی “فعيل”ە لە وشەی “زكا الشيء يزكو”: واتە گەشەی كرد. وە “زكا الرجل”: واتە چاك بوو و لە نیعمەت خۆش گوزەرانیدا بوو. وە البیضاوي فەرمایشتی خوای گەورەی ﴿غُلَامًا زَكِيًّا﴾ تەفسیر كردووە بەوەی پاكبووە لە گوناهـ و لەسەر چاكە گەشەی كردووە.
تەفسیر: مامۆستای زۆر بەڕێزم مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) لەم شوێنەدا ئاماژەی دەدا بە دەستەواژەی “انطلَقا” و دەیفەرموو: لە میعراجەكەی پێغەمبەردا (ﷺ) جبریل (عليه السلام) جار لەدوای جار بە پێغەمبەری خوای (ﷺ) دەفەرموو: “انطلِقْ انطلِقْ” (الخصائص الكبرى مجلد 1 ص 154-155)، هەروەها دەبینین لێرەدا وشەی “انطلَقا” زۆر دووبارە بووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئیسڕاكەی مووسا (عليه السلام) ڕۆحانی بووە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿حَتَّى إِذَا لَقِيَا غُلَامًا فَقَتَلَهُ قَالَ أَقَتَلْتَ نَفْسًا زَكِيَّةً بِغَيْرِ نَفْسٍ لَقَدْ جِئْتَ شَيْئًا نُكْرًا﴾، مامۆستای زۆر بەڕێزم دەیفەرموو دیمەنی كوشتنی ئەم مێردمنداڵە ئاماژە و وەڵامە بۆ ئەو ڕەخنانەی كە بڕیار بوو ئوممەتی مووسا لە پێغەمبەری خوای (ﷺ) بگرن كاتێك فەرمانی كرد بە كوشتنی كەعبی كوڕی ئەشرەف.
لام وایە لێرەدا كوشتنی مێردمنداڵەكە لەڕووی شێواز و ناوەڕۆكەوە هاوتای ئەو دیمەنەی دووەمە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە ئیسڕاكەیدا بینیویەتی. پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە ئیسڕاكەیدا بینی كەسێك لە دواوە بانگی دەكات بەڵام ئەو (ﷺ) وەڵامی نەدایەوە؛ پاشان پەرداخێك مەی خرایە بەردەستی، بەڵام ئەو (ﷺ) ڕازی نەبوو بیخواتەوە. جبریل ئەو پیاوەی بە شەیتان و پەرداخە مەیەكەیشی بە گومڕایی لێكدایەوە كە لە كردەوەی شەیتانە. وە دیمەنی دووەم لە ئیسڕاكەی مووسادا ئەوە بوو مێردمنداڵێكی بینی كە بەندە چاكەكە، واتە جوانی موحەممەدی، كوشتی. وە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ كتێبەكانی لێكدانەوەی خەون، ئەوا دەبینین دەڵێن بینینی گەنج لە خەودا دەلالەت دەكات -لە ناو ئەو شتانەدا كە دەلالەتیان لێ دەكرێت- لە جووڵە و هێز و زاڵبوونی نەزانی (تعطير الأنام). وە لەڕاستیدا ئەگەر ئەم سێ شتە -واتە هێز و حەزكردن لە شتی بێسوود و نەزانییەكی زۆر بە زانستە ڕۆحانیەكان- لە هەر كەسێكدا كۆببنەوە ئەوا شوێن هەنگاوەكانی شەیتان دەكەوێت.
وە لە دیمەنی كوشتنی مناڵەكە و ڕەخنەی مووسا لە كوشتنەكەیدا ئاماژەیەك هەبوو بۆ دووەم فێركاری ئیسلامی كە خواردنەوەی مەی حەرام دەكات و ڕێگری دەكات لە شتی بێسوود و گاڵتەجاڕی، كە شوێنكەوتووانی زنجیرەی مووسایی، بە تایبەتی مەسیحیەكانیان ڕەخنەی لێ دەگرن -وە پێشتر باسم كرد كە گەنجەكەی بەردەستی مووسا بریتیە لە مەسیح، وە ئوممەتەكەی مووسا كە لە شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریادا بوونیان هەیە شوێنكەوتووانی مەسیحن، ئەگەرچی جوولەكەكان دەكەونە ئەم چوارچێوەیەوە بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر- خوای گەورە هەواڵی ئەوەی داوە كە ئەو كەسانە ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن بەوەی كە گەنجەكان دەكوژێت واتە مرۆڤ بێبەش دەكات لە چێژوەرگرتن لە خۆشیەكانی ژیان، وە پێیان وایە ئەمە ستەمێكی گەورەیە، بەو بیانووەی كە خوای گەورە ئەم هێزانەی پێداوە بۆ ئەوەی چێژیان لێ وەربگرێت، نەك بۆ ئەوەی بە فیڕۆیان بدات و لەناویان ببات.
لەڕاستیدا دەبینن مەسیحیەكان بە گشتی ڕقیان لە ئیسلامە، چونكە قەدەغەی كردوون لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە كردەوە شەیتانیانە و باوەڕیان وایە ئیسلام بەهۆی ئەم فێركاریەوە گەنجانی كوشتووە.
﴿قَالَ أَلَمۡ أَقُل لَّكَ إِنَّكَ لَن تَسۡتَطِيعَ مَعِيَ صَبۡرٗا 76﴾
تەفسیر: ئەم ئایەتەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم ڕووداوە كەشف بووە، چونكە كوشتنی كەسێك لە دۆخی بێداریدا بەبێ هۆكار بە تەواوەتی حەرامە.
﴿قَالَ إِن سَأَلۡتُكَ عَن شَيۡءِۢ بَعۡدَهَا فَلَا تُصَٰحِبۡنِي ۖ قَدۡ بَلَغۡتَ مِن لَّدُنِّي عُذۡرٗا 77﴾
تەفسیر: واتە ئەم جارەش لێم مەگرە، وە پەیوەندی خۆت لەگەڵ من مەپچڕێنە، وە ئەگەر دوای ئەمە پرسیارێكم لێكردی ئەوا هاوڕێیەتیم مەكە.
هەروەها تێیدا پەیامێكیش هەیە كە بریتیە لەوەی جوولەكە و مەسیحیەكان ئەو ڕێكەوتنانە دەشكێنن كە جار لەدوای جار لەنێوان ئەوان و موسوڵماناندا دەكرێت، وە دوژمنایەتی ئیسلام كە لە دڵیاندا جێی گرتووە، باڵادەست دەبێت بەسەریاندا.
﴿فَٱنطَلَقَا حَتَّىٰٓ إِذَآ أَتَيَآ أَهۡلَ قَرۡيَةٍ ٱسۡتَطۡعَمَآ أَهۡلَهَا فَأَبَوۡاْ أَن يُضَيِّفُوهُمَا فَوَجَدَا فِيهَا جِدَارٗا يُرِيدُ أَن يَنقَضَّ فَأَقَامَهُۥ ۖ قَالَ لَوۡ شِئۡتَ لَتَّخَذۡتَ عَلَيۡهِ أَجۡرٗا 78﴾
تەفسیر: بزانە خەڵكی شارەكە بە مانای گەل دێت، چونكە لە خەوندا گەلەكان بە شێوەی شار دەبینرێن. میوانداریكردن لێكدانەوەكەی بریتیە لە هاوكاری، چونكە لە لێكدانەوەی خەوندا هاتووە كە میوانداریكردن لە خەوندا واتە كۆبوونەوە لەسەر چاكە (تعطير الأنام، كلمة الضيافة). كەواتە لێكدانەوەی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿اسْتَطْعَمَا أَهْلَهَا﴾ ئەوەیە هەردووكیان داوایان لەو گەلە كرد كە هاوكاریان بكەن، بەڵام ئەوان داواكەیان ڕەتكردەوە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿فَوَجَدَا فِيهَا جِدَارًا يُرِيدُ أَنْ يَنْقَضَّ﴾، دەربارەی دیوار هاتووە: “هەركەسێك دیواری بینایەكی ڕاوەستاو ببینێت كە پێویستی بە چاككردنەوە هەبێت، ئەوا ئەو پیاوێكی زانا یان ئیمامێكە كە دەسەڵاتەكەی ڕۆیشتووە و نەماوە. وە ئەگەر بینی كەسانێك چاكی دەكەنەوە ئەوا مەبەست لێی ئەوەیە كە كارەكانی ئیسڵاح دەكرێن.” (تعطير الأنام، كلمة الحائط، الحاشیة). وە ئەگەر بینی چاك نەكراوەتەوە ئەوا مانای لەناوچوونی كارەكەیەتی. وە لە كتێبی لێكدانەوەی خەونی ئیمامی ئیبن سیریندا هاتووە كە چاككردنەوەی خراپی لە بەشێكی دیواردا لێكدانەوەكەی ئەوەیە كە والییەكی نوێ لە جێگەی والی یەكەم دادەنرێت.
كەواتە هەموو ئەم دیمەنە -بەڕەچاوكردنی لێكدانەوەكان- بە مانای ئەوە دێت كە مووسا و بەندەیەك لە بەندەكانی خوا كە لە گەشتەكەدا یاوەری كردووە داوای هاوكاری لە گەلێك دەكەن، بەڵام ئەوان ڕەتی دەكەنەوە كە هاوكاریان بكەن. پاشان ئەوان دەبینن كە كاری پیاوێكی چاك خەریكە خراپ دەبێت، بۆیە مووسا بێدەنگ دەبێت بەڵام هاوەڵەكەی -سڵاوی خوایان لێ بێت- ئەوەی كە خراپ بووە لەكاری ئەو پیاوچاكە چاكی دەكاتەوە. ئینجا مووسا بەو بەندەیە دەڵێت: باشتر بوو لەسەر ئەمە كرێیەك وەربگریت، ئیتر هاوەڵەكەی بەم گوتەیە تووڕە دەبێت و لێی جیادەبێتەوە. یان مەبەست ئەوەیە كە والییەكی تر لەسەر ئەو گەلە بەكاردەهێنرێت.
مامۆستای زۆر بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) لە تەفسیری ئەم شوێنەدا دەیفەرموو: ڕەنگە ئەو دوو منداڵە هەتیوە لێرەدا هەردوو هۆزی ئەوس و خەزرەج بن كە بۆ ماوەیەكی زۆر لە پێشكەوتن و گەشەسەندن بێبەش بوون، بۆیە خوای گەورە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) ڕەوانە كرد بۆ مەدینە، وە ڕێگاكانی پێشكەوتنی بۆ ئەو دوو هۆزەی كردەوە؛ یان مەبەست لێیان مناڵەكانی ئیسماعیل و ئیسحاق بن (سڵاوی خوایان لێ بێت)، بەجۆرێك دۆخی ئەوان هەڕەشەی خراپبوونی لەسەر بوو، بۆیە مووسا پارێزگاری لە مافی یەكێكیان كرد، لەكاتێكدا پێغەمبەری خوا (ﷺ) پارێزگاری لە مافی ئەوی تریان كرد.
لام وایە بەشی یەكەمی ئەم دیمەنە ئەوە دەگەیەنێت كە مەبەست لە شار لێرەدا جیهانی جوولەكە و مەسیحیەتە، بەجۆرێك لەكاتی بانگهێشتكردنیان بۆ هاوكاری كردن ڕەتیان كردەوە. بەڵام مەبەست لە دیوارەكە كەسە پیرۆزەكانی جوولەكە و مەسیحیەكانە، وە مەبەست لە نزیكبوونەوەی ڕوخانی ئەم دیوارە نەمانی كاریگەری ئەو كەسە پیرۆزانەیە. وە مەبەست لە چاككردنەوەی دیوارەكە جێگیركردنەوەی فێركاریەكانی ئەوانە و دانانی والی یان فەرمانڕەوایەكی نوێیە لەنێوانیاندا.
وە قسەكەی مووسا (عليه السلام) ﴿لَوْ شِئْتَ لَاتَّخَذْتَ عَلَيْهِ أَجْرًا﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە تەماعی بازرگانی گەلەكەی زیاتر دەبێت، بۆیە هیچ كارێك ناكەن مەگەر لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ماددیەوە، وە زۆر سەخت دەبێت بۆیان كارێك ئەنجام بدەن تەنها لەبەر خاتری خوا. وە ئەمە ئەو شتەیە كە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین بەجۆرێك مەسیحیەكان -كە دواین ئەڵقەی زنجیرەی مووسایین- فێركاریەكەیان خاڵی نیە لە مەبەستی ماددی، وە هاوخەمیەكەیان تەنها بۆ قازانجە دنیاییەكانە، تەنانەت مژدەدانیشیان خاڵی نیە لە ئامانجی سیاسی و قازانجی ماددی. خەریكە ئەو كارە لەناویاندا نەمێنێت كە تەنها بۆ ڕەزامەندی خوای گەورە بێت و هیچ بیری قازانجی ماددی تێدا نەبێت.
بەڵام ڕەتكردنەوەی هاوكاری كردن لەلایەن خاوەن كتێبەكانەوە نموونەكەی لە ژیانی مووسادا (عليه السلام) ئەوەیە كە لەگەڵ گەلەكەی لە میسر هاتە دەرەوە و بەڵێنی ئەوەی پێ دابوون كە خوای گەورە موڵكی كەنعانیان پێ دەبەخشێت، پاش ئەوەی جەنگیان كرد و چەندین گەلی بچووكیان تێكشكاند، فەرمانی كرد پێیان هێرش بكەنە سەر خەڵكی كەنعان، بەڵام بە ئەوان گوێڕایەڵی نەبوون. قورئانی پیرۆز ئەم بابەتە تۆمار دەكات و ڕایدەگەیەنێت كە ئەوان: ﴿قَالُوا يَا مُوسَى إِنَّا لَنْ نَدْخُلَهَا أَبَدًا مَا دَامُوا فِيهَا فَاذْهَبْ أَنْتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلَا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ﴾ (المائدة: 25). واتە كاتێك مووسا بە گەلەكەی خۆی گوت: كاتی ئەوە هاتووە هێرش بكەنە سەر دوژمنەكەتان و ئەو زەویەیان لەدەست دەربهێنن كە بەڵێنتان پێدراوە، گەلەكەی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: ئەم بەڵێنە لەلایەن تۆوەیە یان لەلایەن پەروەردگارتەوەیە؟ بۆچی ئێمە بە هەوانتە گیانی خۆمان بەفیڕۆ بدەین لەپێناو هێنانەدی ئەو بەڵێنەدا؟ بڕۆ تۆ و پەروەردگارت بجهنگێن، ئێمە جووڵە ناكەین، وە ناچینەناو زەویەكەوە هەتا ئێوە ئازادی نەكەن!
لەمەوە بە ڕوونی دەردەكەوێت لەو كاتەدا كە هێندەی نەمابوو خوای گەورە بەڵێنەكەیان بۆ بهێنێتەدی، گەلی مووسا (عليه السلام) بە بیانوویەكی بێ بنەما ڕەتیان كردەوە هاوكاری مووسا بكەن و ئەوەیان لەبیركرد كە سوننەتی خوای گەورە وەهایە هەندێ لە بەڵێنەكانی بەهۆی بەندەكانیەوە دەهێنێتەدی، وە پێویستە لەسەر بەندەكان هاوكاری پێغەمبەرەكانیان بكەن بۆ هێنانەدی ئەم جۆرە بەڵێنە خواییانە.
وە نموونەی هاوكاری نەكردنیان لەگەڵ پێغەمبەری خوادا (ﷺ) ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز باسی كردووە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْا إِلَى كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلَّا نَعْبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلَا نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلَا يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضًا أَرْبَابًا مِنْ دُونِ اللَّهِ فَإِنْ تَوَلَّوْا فَقُولُوا اشْهَدُوا بِأَنَّا مُسْلِمُونَ﴾ (آل عمران: 65). واتە ئەی موحەممەد بە خاوەن كتێبەكان بڵێ، چ جوولەكە بن یان مەسیحی، وازبهێنن لە كەللـەڕەقی و هاوكاری موسوڵمانان بكەن لەسەر یەك شت ئەویش ئەوەیە كە یەكتاپەرستی بڵاوبكەنەوە، وە تەنها خوا بپەرستن، وە لەڕووی باوەڕەوە هیچ شتێك مەكەن بە هاوبەشی، وە بە ستەم و بە ناحەق لایەنگری لە كەس مەكەن، بەڵكو لە جیهاندا بە دادپەروەری و یەكسانی كار بكەن وەك چۆن خوای گەورە دەیەوێت. وەك ئەوەی لێرەدا فەرمان بە پێغەمبەر (ﷺ) كرابێت كە داوای هاوكاریان لێ بكات بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و سوڵح لەگەڵ بەندەكان و هەروەها لەگەڵ خودی خوای گەورەیشدا. پاشان خوای گەورە ئامۆژگاری موسوڵمانان دەكات: بە جوولەكە و مەسیحیەكان بڵێن، ئەگەر ئەم داواكاریە دادپەروەرەیان ڕەتكردەوە، وە ڕازی نەبوون بە هاوكاری كردن لەم كارە هاوبەشەدا، ئەگەر ئێوە بەدەم ئەم بانگەوازی هاوكاریكردنەوە ناچن كەیفی خۆتانە، بەڵام ئێمە هاوكاری پێغەمبەر (ﷺ) دەكەین بە پەیڕەكردنی فەرمانی خوای گەورە.
لەڕاستیدا ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ئەوا دەبینین گەلی مەسیحیش هاوكاریی مەسیحیان (عليه السلام) نەكردووە بەجۆرێك هەموویان هەڵهاتن و پشتیان بەردا لەكاتی ڕووداوی خاچەكەدا.
﴿قَالَ هَٰذَا فِرَاقُ بَيۡنِي وَبَيۡنِكَ ۚ سَأُنَبِّئُكَ بِتَأۡوِيلِ مَا لَمۡ تَسۡتَطِع عَّلَيۡهِ صَبۡرًا 79﴾
تەفسیر: كاتێك ئەم بەندە چاكە بینی هاوڕێكەی وازناهێنێت لە ڕەخنەگرتن و ناڕەزایی دەربڕین، پێی گوت: ئێستا ناچارین لە یەكتر جیابینەوە.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەهلی كتێب كاتێك بانگەوازی یەكگرتن لەسەر یەكتاپەرستی ڕەت دەكەنەوە و وازناهێنن لە هاوەڵدانان بۆ خوا، پێغەمبەری خوا موحەممەد (ﷺ) پەیوەندی دەپچڕێنێت لەگەڵیاندا، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەو و ئەواندا دەست پێبكات.
﴿أَمَّا ٱلسَّفِينَةُ فَكَانَتۡ لِمَسَٰكِينَ يَعۡمَلُونَ فِي ٱلۡبَحۡرِ فَأَرَدتُّ أَنۡ أَعِيبَهَا وَكَانَ وَرَآءَهُم مَّلِكٞ يَأۡخُذُ كُلَّ سَفِينَةٍ غَصۡبٗا 80﴾
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئەو لێكدانەوەیە لەخۆدەگرێت كە بەندە چاكەكە ڕووداوە باسكراوەكانی پێشووی پێ تەفسیر كرد.
بزانن كەسێك خەون دەبینێت ڕەنگە لە خودی خەونەكەدا ئەو ڕووداوانە لێكبداتەوە كە تێیدا دەیانبینێت، وە دەكرێت ئەم لێكدانەوەیە تەواو ڕوون بێت، وە دەكرێت لێكدانەوەی بەشێكی ڕووداوەكان ئاشكرا بێت بەجۆرێك پێویستی بە لێكدانەوەی تر هەبێت لەكاتی بێداربوونەوەدا وەك ئەوەی لێرەدا هەیە. بێگومان ئەو لێكدانەوەیەی كە بەندە چاكەكە بۆ ڕووداوەكان كردوویەتی تا ڕادەیەك ڕاستی ئاشكرا دەكات، بەڵام لێكدانەوەیەكی ڕوون نیە، بەڵكو هێشتا ڕووداوەكان پێویستیان بە لێكدانەوەیەكی تر هەیە بەپێی بنەماكانی جیهانی بێداری.
سەرەتا بەندە چاكەكە لێكدانەوەی كرد بۆ ڕووداوی كەشتیەكە و گوتی: ﴿أَمَّا ٱلسَّفِينَةُ فَكَانَتۡ لِمَسَٰكِينَ يَعۡمَلُونَ فِي ٱلۡبَحۡرِ فَأَرَدتُّ أَنۡ أَعِيبَهَا وَكَانَ وَرَآءَهُم مَّلِكٞ يَأۡخُذُ كُلَّ سَفِينَةٍ غَصۡبٗا﴾
پێشتر باسی لێكدانەوەی هەموو ڕووداوەكانم كرد جگە لە هەژارەكان و پاشاكە. بزانن مەبەست لە هەژارەكان لێرەدا ئەو كەسانەن كە ملكەچ و خۆبەكەمزانن، پارە و دەستكەوتە ماددیەكانیان ڕێگریان لێ ناكات لە دڵسۆزی و بەزەیی و پێكەوەژیان لەگەڵ هەژاران. بەڵام پاشاكە لێكدانەوەكەی بریتیە لە خۆشەویستی دنیا، چونكە پاشا ماددیەكان دیمەنێكن لە دیمەنەكانی دنیا. وە لەبەرئەوەی ئایەتەكە لێرەدا باس لەوە دەكات كە پاشاكە بە زۆر كەشتیەكەی دەبرد بۆ خۆی، كەواتە مانای ئەوەیە ئەو دەوڵەمەندانەی كە ئایینیان خۆشناوێت و بەشێكی پێویست لە ماڵ و سامانیان بۆ هەژاران و كارە خێرخوازیەكانی تر خەرج ناكەن، خۆشەویستی دنیا زاڵ دەبێت بەسەریاندا و ماڵ و سامانیان دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی شەیتانەوە. بۆیە پێغەمبەر (ﷺ)، بە فەرمانی خوای گەورە، ئوممەتەكەی ڕاسپاردووە كە كەشتیەكەی خۆیان كون بكەن، واتە پارە و سامانیان لەڕێگەی ئایین و خزمەتكردنی مرۆڤایەتیدا خەرج بكەن، بۆ ئەوەی خۆشەویستی دنیا دڵیان داگیر نەكات، وە بۆ ئەوەی ماڵ و سامانیان بۆ دنیای نزم نەبێت، لەجیاتی ئەوەی تەنها بۆ خوای گەورە بێت.
لێرەدا شایەنی باسە لە ئیسڕادا دنیا بۆ پێغەمبەر (ﷺ) بە شێوەی پیرەژنێك دەركەوت، لەكاتێكدا بۆ مووسا (عليه السلام) لە ئیسڕاكەیدا بەشێوەی پاشایەكی زۆردار دەركەوت. ئەمەش، بە بۆچوونی من، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هێرشی دنیا بۆ سەر ئوممەتی موحەممەدی زۆر لاواز دەبێت، بەجۆرێك هێرشەكەی بۆ سەر موسوڵمانان هێندەی هێزی پیرەژنێك دەبێت، بەڵام هێرشەكەی بۆ سەر ئوممەتی مووسا زۆر بەهێز دەبێت، بەجۆرێك مووسا (عليه السلام) بەشێوەی پاشایەكی زۆردار بینی.
﴿وَأَمَّا ٱلۡغُلَٰمُ فَكَانَ أَبَوَاهُ مُؤۡمِنَيۡنِ فَخَشِينَآ أَن يُرۡهِقَهُمَا طُغۡيَٰنٗا وَكُفۡرٗا 81﴾
تەفسیر: پێشتر باسم كردووە كە بینینی كوڕێكی گەنج لە خەودا لێكدانەوەكەی بریتیە لە جووڵە و هێز و زاڵبوونی نەزانی، ئەو تەفسیرەی كە ئەم بەندە چاكە لەم شوێنەدا خستوویەتیەڕوو، بەتەواوی تەبا و گونجاوە لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا؛ بەجۆرێك لەبارەی كوشتنی كوڕەكەوە گوتی: ﴿فَخَشِينَآ أَن يُرۡهِقَهُمَا طُغۡيَٰنٗا وَكُفۡرٗا﴾ واتە من كوشتم لە ترسی ئەوەی نەبێتە هۆی سەركەشی و كافربوونی هەردووكیان.
پێشتر ڕوونم كردووەتەوە كە كوشتنی منداڵە لاسارەكان كە هیچ تاوانێكیان ئەنجام نەداوە بەبێ هیچ گومانێك حەرامە. بێگومان ئەم دیمەنەش پێویستی بە لێكدانەوە هەیە. چونكە گەنجەكە بە جووڵە و هێز و زاڵبوونی نەزانی لێكدەدرێتەوە -كە شتی مەعنەوین و ماددی نین- ئەوا پێویستە باوك و دایكیشی بە شتی مەعنەوی دابنرێن. وە ئاشكرایە سەرچاوەی جووڵە و هێز و نەزانی بریتیە لە ڕۆح و جەستە، بەجۆرێك خوای گەورە خاسیەتێكی تایبەتی خستووتە ناوە ڕۆح و جەستەوە -كە وەك دوو هاوسەر وان- ئەویش ئەوەیە كە كۆبوونەوەی هەردووكیان جووڵە و هێز و هەروەها نەزانی كە مەبەست لێی كاركردنە بەبێ گوێدان بە ئەنجامەكان، دروست دەكات لە مرۆڤدا. بەڵام ئەم سێ شتە، كە دەبێت لە مرۆڤدا هەبن بۆ سەركەوتن و سەرفرازیەكەی، پێویستە كۆنتڕۆڵ بكرێن بۆ ئەوەی لە سنووری پێویستی خۆیان نەبەزێنن، چونكە ئەگەر بەرەڵا بكرێن ئەوا ڕۆحی و جەستەی مرۆڤ دەبەن بەرەو هەڵدێری كوفر و سەركەشی.
پێویستە بزانرێت كە شكاندنی توندوتیژی شتێك لە زمانی عەرەبیدا بە كوشتن گوزارشتی لێ دەكرێت، دەگوترێت: مەییەكەی كوشت: واتە ئاوی تێكەڵ كرد، برسێتی و سەرمای كوشت و هاوشێوەی ئەوە: واتە گوڕوتینەكەی نەهێشت. و هەروەها دەگوترێت تینوێتیەكەی كوشت: واتە ئاوی دا و تینوێتیەكەی بەهۆی ئاوەوە نەما (الأقرب). كەواتە وشەی كوشتن تەنها بۆ مانای لەناوبردنی ژیانی ئاژەڵ بەكارناهێنرێت، بەڵكو مانای نەهێشتنی توند و تیژی و گوڕوتینی هەست و سۆزیش دەگەیەنێت. كەواتە مەبەست لە لێكدانەوەكەی ئەم بەندە چاكە ئەوەیە كە دایك و باوكی جووڵە و هێز و نەزانی – واتە جەستە و ڕۆح- باوەڕدارن.. واتە تایبەتمەندی باوەڕهێنان بە فەرمانەكانی خوای گەورە دانراوە تێیاندا، وە لێهاتوویی بەرزیان پێ بەخشراوە بۆ ئەنجامدانی چاكترین و باشترین كردەوە؛ وە بۆ بەكارهێنانی ئەم لێهاتووییانە سێ تایبەتمەندیمان پێ بەخشیوون: جووڵە و هێز و نەزانی.. واتە (یەكەم) لە ڕۆح و مێشكی مرۆڤدا ویستێكی زۆر هەیە بۆ جووڵەكردن بەرەو پێشەوە واتە بۆ پێشكەوتن، (دووەم) لە هەردووكیاندا لێهاتووییەكی بەرز هەیە بۆ ئەنجامدانی كارە هەرە مەزنەكان، (سێیەم) هەردووكیان توانای بەرگەگرتنیان هەیە لەبەردەم سەخترین ناخۆشی و مەترسیدا. بە بەكارهێنانی ئەم هێزانە یان ئەم سێ تایبەتمەندیە كە لە كارلێكی نێوان جەستە و ڕۆحەوە دروست دەبن، مرۆڤ دەتوانێت ئامانجی ژیانی بهێنێتەدی. بەڵام ئەگەر توندوتێژی ئەم هێزانە دانەمركێنێتەوە و بەرەڵایان بكات، ئەوا ڕۆح و جەستەی بەرەو هەڵدێری نافەرمانی و كوفر و سەركەشی دەبەن و بەمەش لەناودەچێت. كەواتە خوای گەورە نەیویست ڕۆح و جەستە -ئەم دوو شتە زۆر بەسوودە- بكەونەناو كوفر و سەركەشییەوە. بۆیە خوای گەورە بەهۆی درەوشانەوەی موحەممەدیەوە توندوتیژی ئەم سێ هێزەی كوشت، واتە بەهۆی ئەو شەریعەتەی كە بۆ موحەممەدی (ﷺ) دابەزاند كۆنتڕۆڵی ئەم هێزانەی كرد و لە ئاستی مامناوەندیدا ڕایگرتن بۆ ئەوەی تەنها لە چوارچێوەی خێردا كاربكەن.
﴿فَأَرَدۡنَآ أَن يُبۡدِلَهُمَا رَبُّهُمَا خَيۡرٗا مِّنۡهُ زَكَوٰةٗ وَأَقۡرَبَ رُحۡمٗا 82﴾
تەفسیر: واتە ئیسلام بەم یاسا و كۆت و بەندانە هاتووە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەتەواوی ئارەزووەكانی ملكەچ بكات بۆ داخوازیەكانی ڕەوشتی بەرز لەجیاتی ئەوەی بەبێ چاودێریەكی تەندروست ئارەزووەكانی كاربكەن، وەك ئەوەی مەبەست لە كوشتنی ئارەزووە ڕەهاكان ئەوە بێت كوڕێكی چاك بە هەردووكیان ببەخشرێت -واتە بە ڕۆح و جەستەی مرۆڤ- كە گوێڕایەڵی مرۆڤ بكات و بیكاتە سەرچاوەی میهرەبانی خوای گەورە، لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆی ئەوەی بكەوێتەناو هەڵدێری كوفر و سەركەشیەوە.
سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿خَيۡرٗا مِّنۡهُ زَكَوٰةٗ وَأَقۡرَبَ رُحۡمٗا﴾ ئەوە بزانن كە زەكات واتای پاكبوونەوە و گەشەكردن دەگەیەنێت، وە ڕەحم واتای سۆز و بەزەیی دەگەیەنێت (الأقرب). كەواتە ئایەتەكە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە منداڵە نوێیەكە چاك دەبێت بۆیان و گوێڕایەڵیان دەبێت و دەبێتە هۆی بەرەوباڵاچوون و پاكبوونەوەیان. واتە هێزە مرۆییە كۆنتڕۆڵنەكراوەكان ئەگەر بە شمشێری شەرع بكوژرێن و ئازادیە وەحشیگەریەكەیان بە كۆت و پێوەندی حوكمە خواییەكان بەند بكرێت، ئەوا وەڵامی فەرمانەكانی جەستە و ڕۆح دەدەنەوە و یارمەتی گەشەكردن و پاكبوونەوەیان دەدەن.
بەڵام ئوممەتی مووسایی -وەك پێشتر باسم كرد- تێنەگەیشتن لەم بابەتە، بەڵكو لە خۆشی و لەزەت و ڕابواردن و بەرەڵایی وگوناهدا نقوم بوون، بۆیە لە كردەوەكانیاندا خێرایی، وە لە هێزەكانیاندا توندوتیژی، وە لە ڕەفتارەكانیاندا بێشەرمی دەبینین؛ وە لەلایەكی ترەوە ئەم هێزانە سەركەشی و كوفریان زیاتر دەكەن، وە لە چاكە و پارێزكاری دووریان دەخەنەوە، وە سروشتیان حەزی لە قەبوڵكردنی ئەو شتانە نیە كە ئایین و عەقڵ -كە هەردووكیان نوێنەرایەتیی ڕۆح و جەستە دەكەن- حەزیان لێیانە.
﴿وَأَمَّا ٱلۡجِدَارُ فَكَانَ لِغُلَٰمَيۡنِ يَتِيمَيۡنِ فِي ٱلۡمَدِينَةِ وَكَانَ تَحۡتَهُۥ كَنزٞ لَّهُمَا وَكَانَ أَبُوهُمَا صَٰلِحٗا فَأَرَادَ رَبُّكَ أَن يَبۡلُغَآ أَشُدَّهُمَا وَيَسۡتَخۡرِجَا كَنزَهُمَا رَحۡمَةٗ مِّن رَّبِّكَ ۚ وَمَا فَعَلۡتُهُۥ عَنۡ أَمۡرِي ۚ ذَٰلِكَ تَأۡوِيلُ مَا لَمۡ تَسۡطِع عَّلَيۡهِ صَبۡرٗا 83﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
كنز: الكنز: ئەو پارە و سامانەیە كە لەژێر زەویدا ئەسپەردە كراوە؛ گوتراوە: ناوێكە بۆ ئەو پارەیەی كە لەناو دەفرێكدا هەڵگیراوە؛ زێڕ؛ زیو (الأقرب).
تأویل: التأویل: گومانكردن لە مانای مەبەست؛ ڕوونكردنەوەی یەكێك لە ئەگەرەكانی وشەكە؛ ئەنجام. أوَّل الشيء: گەڕاندیەوە. أوَّل الكلام: ڕێكیخست و مەزەندەی كرد و تەفسیری كرد. أوَّل الرؤیا: خەونەكەی لێكدایەوە (الأقرب).
تەفسیر: ئەم بەندە چاكە بە مووسای گوت: ئێستا ماوەتەوە وەڵامی ئەو بابەتە بدەمەوە كە تێیدا ناكۆك بووین. تۆ تێناگەیت بۆچی ئەو دیوارەم چاك كردەوە كە خەریك بوو بڕووخێت بەبێ ئەوەی هیچ لەبەرامبەردا هیچ كرێیەك وەربگرم؟ كەواتە بزانە من دیوارەكەم چاك كردەوە چونكە لەژێریدا گەنجینەیەك هەبوو هی دوو كوڕی هەتیوی شارەكە بوو كە باوكیان پیاوێكی چاك بووە.
پێشتر باسم كردووە كە دیوار لێرەدا مانای پیاوچاكانی باوباپیرانی جوولەكە و مەسیحیەكان دەگەیەنێت، وە لەم شوێنەدا مەبەست لێیان مووسا و عیسا و باوكیان گەورەمان ئیبراهیمە كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا لەبارەیەوە فەرموویەتی: ﴿وَإِنَّهُۥ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ لَمِنَ ٱلصَّٰلِحِينَ﴾ (النحل: 123). بەڵام گەنجینەكە بریتیە لەو گەنجینە زانستیە ڕۆحیە كە فێركاریی مووسا و عیسا پاراستوویانە، بەڵام كاریگەریی ڕۆحی هەردووكیان كە پارێزگاری لەو گەنجینەیە دەكرد دوای مردنیان بەهۆی خۆگێلكردنی جوولەكە و مەسیحیەكان لە ئایین و دووركەوتنەوەیان لێی كز و لاواز بوو. ئینجا موحەممەد (ﷺ) هات و ئەو دیوارەی سەرلەنوێ چاك كردەوە، واتە لەڕێگەی شەریعەتە نوێیەكەیەوە ئەو ڕاستیانەی پاراست كە لە شەرعی مووسا و عیسادا هەبوون. بەتایبەت ئەو هەواڵە غەیبیانەی كە باسی دەركەوتنی ئیسلام و ڕەوانەكردنی موحەممەدی پێغەمبەریان دەكرد، لەنێو هەردوو بەرگی قورئانی پیرۆزدا پارێزراون بۆ ئەوەی جوولەكە و مەسیحیەكان -كاتێك دێنەوە هۆشی خۆیان و بێداردەبنەوە- ڕێنمایی بكرێن بۆ باوەڕهێنان بە موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و بارودۆخی خۆیان چاك بكەن بە ئاگاداربوون لە پێشبینی پیاوچاكەكانیان.
وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿رَحۡمَةٗ مِّن رَّبِّكَۚ﴾ واتە ئەمە تەنھا بە میهرەبانی خوای گەورە ئەنجامدرا كە نەیویست جوولەكە و مەسیحیەكان پشتگوێ بخات سەرەڕای زۆر سەركەش و ستەمكار بوون، بۆیە لە قورئانی پیرۆزدا هەموو ئەم گەنجینە زانستیە ڕۆحییانەی كۆكردەوە كە شایەنی پاراستن بوون بۆ ئەوەی جوولەكە و مەسیحیەكان سوودیان لێ وەربگرن كاتێك ڕووی تێدەكەن.
وە فەرمایشتی ﴿وَمَا فَعَلۡتُهُۥ عَنۡ أَمۡرِيۚ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دیواری نوێ دیوارە قورئانیەكەیە، بەجۆرێك ئەو گەنجینەیە لە قورئانی پیرۆزدا كۆكراوەتەوە، كە فەرمانی پاڵفتەی خوایە، وە موحەممەد (ﷺ) هیچ دەستێكی تێیدا نیە، وەك خوای گەورە فەرموویەتی ﴿وَمَا يَنطِقُ عَنِ ٱلۡهَوَىٰٓ﴾ (النجم: 4). پاشان بەندە چاكەكە فەرمووی: ﴿ذَٰلِكَ تَأۡوِيلُ مَا لَمۡ تَسۡطِع عَّلَيۡهِ صَبۡرٗا﴾ واتە ئەی مووسا ئەمە ئەو ڕاستیەیە كە تۆ توانات نەبوو ئارام بگریت لەسەری. بزانە ئەم بەشەی كۆتایی كەشفەكەی مووسا لە بەشی كۆتایی ئیسڕاكەی پێغەمبەرمان (علیهما السلام) دەچێت. بەشی كۆتایی ئیسڕاكەی پێغەمبەر (ﷺ) بریتی بوو لەوەی كە ئیبراهیم و مووسا و عیسا سڵاویان لێ كرد -دروود و سڵاوی خوا لەسەر هەموویان بێت-. ئەمە مانای ئەوەیە كاتێك ڕاستی ئەو یارمەتیەی كە پێغەمبەر (ﷺ) پێشكەشی نەوەكانی ئیبراهیم و شوێنكەوتووانی مووسا و عیسای كرد (علیهم السلام) -كە ئاماژەی پێكراوە لە بەشی كۆتایی كەشفەكەی مووسادا- ئاشكرا بوو بۆ ئەو پێغەمبەرانە، هاتنە پێشەوە بەرەو پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ئەوەی سوپاسی بكەن بۆ ئەو شكۆ و ڕێزلێنانەی كە بە هاتنەكەی بە بەیتولمەقدیسی بەخشی. گومانی تێدا نیە مووسا (عليه السلام) لەكاتی ئیسڕاكەیدا بەتەواوی لە ڕاستیی ئەم بابەتە تێنەگەیشت و دەستی كرد بە ڕەخنەگرتن لێی، بەڵام خوای گەورە كاتێك ڕاستیەكەی بۆ ئاشكرا كرد، تەنها مووسا بەرەو پێشەوە نەهات بۆ دیداری موحەممەد (ﷺ)، بەڵكو ئیبراهیم و عیساش (علیهم السلام) هاتن و سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆی. ئیبراهیم سوپاس و پێزانینی خۆی دەبڕی بۆی لەبەر ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) هەوڵیدا بۆ ڕزگاركردنی نەوەی هەردوو كوڕەكەی ئیسماعیل و ئیسحاق (علیهم السلام أجمعین)، بەجۆرێك خۆی كۆچی كرد بۆ مەدینە بۆ ڕزگاركردنی نەوەی یەكێك لە دوو كوڕەكە، لەكاتێكدا گەلەكەی پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕاستیدا بەرەو بەیتولمەقدیس ڕۆیشتن بۆ ڕزگاركردنی نەوەی كوڕەكەی تر.
وە مووسایش كاتێك زانی ئەو دیوارەی كە ڕەخنەی گرت لە چاككردنەوەكەی تەنها مەبەست لێی خۆی بووە، وە ئەو گەنجینەیەی كە لەژێر دیوارەكەدا بوو تەنها فێركاریەكانی خۆی بوون كە پێغەمبەر (ﷺ) لە فەوتان پاراستنی.. هات بۆ ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەر (ﷺ) بكات وەك كەفارەتێك بۆ ڕەخنەكەی و عیسای گەنجی بەردەستی خۆیش لەگەڵ خۆیدا هێنا كە سوپاس و پێزانی بۆ موحەممەد (ﷺ) لەوەی مووسا كەمتر نەبوو. وەك ئەوەی هەردووكیان مەبەستیان ئەوە بوو بێت كە بە پێغەمبەر (ﷺ) بڵێن: ئێمە خزمەتكردنەكەی تۆمان بە شێوەیەكی باش لێكنەدایەوە، بەڵام ئێستا خوا ڕاستیەكەی بۆ ئێمە ئاشكرا كرد. كەواتە سڵاوت لێ بێت ئەی موحەممەد (ﷺ). وەرە و بەرەكەت بخەرە ماڵەكانمانەوە، وە كار بكە بۆ ڕزگاركردنی ئوممەتەكانمان.
بڕوانن چەندە جوان و گرنگە ئەم چەمك و تێگەیشتنەی كە زانستی لێكدانەوەی خەون ئاماژەی پێدەدات، كە وەهای كرد لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئاوات بخوازێت و بفەرموێت: خۆزگە مووسا بێدەنگ بوایە تا لە ئیسڕاكەیەوە زانیاری زیاترمان لەسەر كارەكانی خۆم و ئوممەتەكەم بزانیایە (البخاري، التفسیر، قوله تعالی: وإذ قال موسی لفتاه). بەڵام چ كەسێك لە ژیرمەندان دەكرێت ئەوە بە بیریدا بێت كە پێغەمبەر (ﷺ) لەم شوێنەدا ئاواتی خواستووە ئەم فیلمە سینەماییە زیاتر درێژە بكێشێت هەتا دیمەنی تری كونكردنی كەشتییەكان و كوشتنی گەنجەكان و دروستكرنەوەی دیوارەكان و شتی تریش ببینێت؟ پەنا بە خوا لەوە. سوپاس بۆ خوا لەلایەن خۆیەوە زانستێكی پێ بەخشیم. پەروەردگارا، زانست و ئیسلامەتیم زیاتر بكە. ئامین.
پوختەی ئیسڕاكەی مووسا (عليه السلام):
دوای شارەزابوون لەم ڕووداوانە و شیكردنەوەكانیان كە لەسەرەوە تۆمارم كرد، بۆ هیچ كەسێك قورس و سەخت نابێت كە پەی بەوە ببات ئیسڕاكەی مووسا (عليه السلام) لەم شوێنەی قورئانی پیرۆزدا هاتووە بۆ ئاماژەدان بەم بابەتانەی خوارەوە:
1- دەركەوتنی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) بڕیارلێدراو بووە دوای خراپبوونی گەلەكەی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) كە بەشی كۆتایی ئوممەتی مووسایی بوون.
2- دوای كۆتاییهاتنی ڕۆڵی یەكتاپەرستی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خراپەكاری لەناو مەسیحیەكاندا، دەركەوتنی موحەممەد (ﷺ) پێویست بوو.
3- شەریعەتی ئیسلام كۆمەڵێك یاسا و بنەمای تێدایە كە لە هەندێك شوێندا فێركاریەكانی مووسا زۆر بەتوندی دژایەتیان دەكەن، بۆیە بۆ هەردوو ئوممەتی مووسایی و مەسیحی زۆر قورسە هاوكاری لەگەڵ ئیسلامدا بكەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ڕزگار نابن بەبێ كاركردن بە شەریعەتی ئیسلام.
4- جوولەكە و مەسیحیەكان باوەڕ بە پێغەمبەری خوا موحەممەد (ﷺ) ناهێنن لەكاتی دەركەوتنیدا، بەڵكو بانگەوازەكەی وەردەگرن وەك گەلێك دوای ماوەیەكی درێژ كە لەو ماوەكەدا بە جیا لە گەشتی ڕۆحیی خۆیان بەردەوام دەبن.
5- ئەوان لە كۆتاییدا هەست بە ماندووبوون و بێزاری دەكەن دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بە ڕێگادا دەڕۆن و سەفەر دەكەن، وە نائومێدی باڵ دەكێشێت بەسەریاندا لە بەدەستهێنانی ئارامی و دڵنیایی بە هەوڵە تاكە كەسیەكانیان؛ لەو كاتەدا بیر لەو دۆخە دەكەنەوە كە تێی كەوتوون بۆ ئەوەی تێبگەن كە هێشتا بێ ئامانج گەشت دەكەن، چونكە كاتی گەشتە تاكە كەسیەكەیان زۆر پێشتر كۆتایی هاتووە.
6- ئەو هەواڵە غەیبیانەی كە لە كتێبە پیرۆزەكانیاندا هاتوون دەربارەی دەركەوتنی موحەممەد (ﷺ) و شەریعەتەكەی؛ قورئان لەنێوان هەردوو بەرگەكەیدا ئەوانی پاراستووە، وە لەو كاتەدا دەبنە هۆی هیدایەتدانیان.
7- لەو كاتەدا ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی ئەو یاسا و شەریعەتانەی كە پێشتر قەبوڵیان نەدەكردن، وە لەو كاتەدا بە حەز و ئارەزووی خۆیان بە پوختی گوێڕایەڵی خوای گەورە دەبن و زاڵ دەبن بەسەر هەڵچوونە دڕندەییە وەحشیگەریەكانی خۆیاندا. ئینجا میهرەبانی خوا دەیانگرێتەوە، وە دەچنەناو دەریای میهرەبانیی خواوە كە كەناری نیە، وە هیچ دەریایەك لەدوای ئەو نیە، مەگەر ئەو دەریایەی كە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێكە لێی.
﴿وَيَسَۡٔلُونَكَ عَن ذِي ٱلۡقَرۡنَيۡنِ ۖ قُلۡ سَأَتۡلُواْ عَلَيۡكُم مِّنۡهُ ذِكۡرًا 84﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
القرنین: دوو (قرن)، كە بریتیە لە شاخی گیاندار. وە القرن سەد ساڵە. وە القرنان كینایەیە بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەوی (الأقرب).
تەفسیر: چیرۆكی زولقەڕنەینیش یەكێكە لەو بابەتانەی كە خوای گەورە شەرەفی چارەسەركردنەكەی بەخشیوە بە مامۆستای زۆر بەڕێزم حەزرەتی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه). بێگومان هەندێك لە نووسەرانی هاوچەرخ تیشكیان خستووەتەسەر ئەم بابەتە و ئەو بۆچوونەیان ڕەت كردووەتەوە كە ئەسكەندەری مەقدۆنی زولقەڕنەین بێت. هەروەها هەندێكی تر گوتوویانە زولقەڕنەین پاشایەك بووە كە دەسەڵاتەكەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییدا فراوان بووە. سەرباری ئەوەش، ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی دكتۆر هێربلات، نووسەری “Bibelia Oriental”، نزیك بوو لەوەی بەتەواوەتی ڕاستیەكە بدۆزێتەوە كاتێك گوتی زولقەڕنەین پاشایەكە لە پاشا كۆنەكانی فارس (تەفسیری قورئانی قەشە “وێری”).
مامۆستای زۆر بەڕێزم (رضي الله عنه) بە پشت بەستن بەوەی لە كتێبی پیرۆزدا هاتووە لێكۆڵینەوەكەی دەخستەڕوو و دەیگوت: لە كتێبی پیرۆزدا خەونێكی پێغەمبەر دانیاڵ هاتووە كە دەڵێت: چاوم هەڵبڕی و بینیم بەرانێك لەلای نۆكەندەكە ڕاوەستاوە. بینیم بەرانەكە بەلای ڕۆژئاوا و باكوور و باشووردا قۆچ دەوەشێنێت، هیچ گیانلەبەرێكیش لەڕووی نەوەستایەوە، هیچ لە دەستی دەرباز نەبوو، ئەوەی پێی خۆشبوو كردی. (دانیاڵ 8: 3 و 4).
پاشان دانیاڵ دەڵێت: خوای گەورە لێكدانەوەی ئەم خەونەی پێ ڕاگەیاندم و فەرمووی: ئەو بەرانەی كە بینیت دوو قۆچی هەبوو، ئەوە پاشاكانی ماد و فارسە. (دانیال 8: 20).
بەگوێرەی ئەم خەونە، مامۆستای بەڕێزم دەیگوت ئەم زولقەڕنەینە پاشایەكە لە پاشاكانی میدیا و فارس، وە ئەو پاشایەش كەیقوبادە (فصل الخطاب لمقدمة أهل الكتاب، ص 207- 208). [شایانی باسە حەزرەتی مەولەوی نوورەدین (رضي الله عنه) لە كتێبێكی تریدا گوتوویەتی ناوی ئەم پاشایە “كۆرش” و “خورس”ە (تصدیق البراهین الأحمدیة، لاپەڕە 66).].
حیكمەتی باسكردنی بەسەرهاتی زولقەڕنەین
دوای باسكردنی بۆچوونی مامۆستای زۆر بەڕێزم (رضي الله عنه)، لێكۆڵینەوەكەی خۆم لەم بارەیەوە تۆمار دەكەم، بەڵام پێش خستنەڕووی لێكۆڵینەوەكەم، دەمەوێت لێرەدا ئەو حیكمەتە بخەمەڕوو كە لە باسكردنی بەسەرهاتی زولقەڕنەین لە قورئاندا و بە دیاریكراوی لە سوورەتی الكهف دا هەیە لەدوای ئیسڕاكەی مووسا (عليه السلام).
پێشتر گوتم سوورەتی (الكهف) باسی ململانێی نێوان ئیسلام و مەسیحیەت دەكات، بەتایبەتی ئەو ململانێیەی كە نیمچە ئایینیە.. واتە ئەگەرچی ململانێیەكی ئایینیە، بەڵام پەیوەندی بە سیاسەتی هەردوو ئایینەكەوە هەیە. ئەم سوورەتە سەرەتا بەسەرهاتی یارانی ئەشكەوتی بۆ گێڕاینەوە بۆ ئەوەی بۆمان ڕوون بكاتەوە كە مەسیحیەت چۆن دەستی پێكردووە، و چۆن گەندەڵی و خراپەكاری لەناو خەڵكەكەیدا بڵاوبووەتەوە. ئینجا دوای ئەوە ئیسڕاكەی مووسای (عليه السلام) باسكرد بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە گەلەكەی دوای گەیشتن بە ئاستێكی دیاریكراو لە پێشكەوتنی ڕۆحی بێبەش دەبن، وە لەو كاتەدا پێغەمبەرێكی تر لەلایەن خوای گەورەوە دەردەكەوێت. هەروەها ئیسڕاكەی ڕوونی كردەوە كە مەبەست لە گەلی مووسا لەم شوێنەدا بەشی كۆتایی ئەو گەلەیە واتە ئوممەتی مەسیحی، چونكە بەشی یەكەمیان -واتە جوولەكە- پێش ماوەیەكی زۆر لەڕووی ڕۆحیەوە مردبوون. لەڕاستیدا ڕووداوەكان بەوپەڕی هێز و ڕوونییەوە جەختیان كردەوە لە ڕاستیی هەواڵە قورئانیەكە، بەجۆرێك ڕۆڵی یەكەمی پێشكەوتنی مەسیحیەت بە دەركەوتنی موحەممەد (ﷺ) كۆتایی هات؛ ئەمەش باوەڕی باوەڕدارانی زیاتر كرد. چونكە پێشبینیكردن لە ماوەی سەختی مەككەدا بە سەركەوتنی موسوڵمانان بەسەر مەسیحیەكاندا هەواڵێكی مەزن و بێ هاوتا بوو.
ئینجا دوای باسكردنی ئیسڕاكەی مووسا (عليه السلام)، سوورەتی (الكهف) باسی بەسەرهاتی زولقەڕنەینی كرد، وەك ئاماژەیەك بۆ ڕۆڵی دووەمی بووژانەوەی ئوممەتی مەسیحی.
ئەگەر بگوترێت: چی پاڵنەرێك هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەم شێوازە نائاساییە؟ بۆچی قورئان بە سادەیی لە یەك جاردا ئاماژەی نەكرد بە كۆی پێشكەوتنی مەسیحی؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە بێگومان ئەم شێوازە قورئانیە لە دیدی خەڵكی دنیادا بە بێ بایەخ و ناتەواو دەردەكەوێت، بەڵام ئەو كەسەی لە گرنگی ئایین تێدەگات بەدڵنیاییەوە بە ڕاست و تەنانەت بە پێویستی دەزانێت. چونكە ئوممەتەكان -لەڕووی ئایینەوە- چوار بەشن بەگوێرەی سوننەتی خوایی كە لە سەرەتای دروستبوونی دنیاوە هەیە، ئەم بەشانەش بریتین لە:
1- ئەو ئوممەتانەی كە باوەڕیان بە پێغەمبەری سەردەمی خۆیان هەیە، وە پێشكەوتنی ئایینی و مادی بەدەست دەهێنن بە پابەندبوون بە باوەڕەوە.
2- ئەو ئوممەتانەی كە باوەڕیان بە پێغەمبەرەكەیان هەیە، بەڵام دواتر دەكەونەناو تاوان و خراپەكاریەكانەوە، و تووشی تووڕەیی خوای گەورە دەبن؛ سەرەڕای ئەوە دەتوانن بارودۆخی خۆیان چاك بكەن و فەزڵ و میهرەبانیی خوای گەورە بۆ جاری دووەم بەدەست بهێننەوە لەگەڵ ئەوەی هێشتا سەر بە ئایینی خۆیانن و بەبێ ئەوە شێوەی نەتەوەیی خۆیان بگۆڕن. تەنها ئەوەیان لەسەرە كە كردەوەی خۆیان چاك بكەن، چونكە باوەڕیان بە پێغەمبەری سەردەمی خۆیان هەیە، بەڵام كردەوەكانیان لەگەڵ باوەڕەكەیاندا یەك ناگرێتەوە.
3- ئەو گەلانەی كە دوای پێغەمبەرەكەیان تاوان دەكەن و خراپ دەبن، وە كاتێك پێغەمبەرێكی تر لەكاتی خراپەكاریەكەیاندا دەردەكەوێت بێبەش دەبن لە باوەڕ هێنان پێی. وە ئەو گەلانە چەندە هەوڵ بدەن بۆ چاككردنی بارودۆخی خۆیان خوای گەورە لێیان ڕازی نابێت هەتا شێوەی نەتەوەیی خۆیان دەگۆڕن و باوەڕ بە پێغەمبەرە نوێیەكە دەهێنن.
4- ئەو گەلانەی كە باوەڕ بە هیچ پێغەمبەرێك ناهێنن، وە پێشكەوتنەكەیان هەمووی ماددی بێت بەتەنها. بۆ ئەوەی لەنێوان ئەوان و خوای گەورەدا پەیوەندییەكی ڕۆحی پتەو دروست بێت، دەبێت باوەڕ بە پێغەمبەری سەردەم بهێنن و كار بە ڕاسپاردەكانی بكەن.
دوای تێگەیشتن لەم بەشانەی ئوممەتەكان بۆ مرۆڤ زەحمەت نیە لەوە تێبگات كە ئوممەتی مەسیحی لە ماوەی كۆتایی سەردەمی پێشكەوتنی یەكەمیاندا دەچوونە چوارچێوەی بەشی دووەمی ئەم بەشانەوە، چونكە بێگومان ئەوان لە ئایین دوور كەوتبوونەوە، بەڵام دەیانتوانی لەگەڵ خوای گەورە ئاشت ببنەوە بەبێ ئەوەی شێوەی نەتەوەیی خۆیان بگۆڕن واتە بەبێ ئەوەی بچنەناو ئایینێكی ترەوە، چونكە باوەڕیان بە پێغەمبەری سەردەمی خۆیان مەسیح (عليه السلام) هەبوو. بەڵام دوای دەركەوتنی موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، بەگوێرەی ئەو هەواڵەی لە ئیسڕاكەی مووسادا هاتووە، گەلی مەسیحی لە بازنەی بەشی دووەم دەرچوون و چوونەناو بازنەی بەشی سێیەمەوە، چونكە ئەوان شوێنی بەیەكگەیشتنی هەردوو دەریاكەیان لەبیر كرد و لێی تێپەڕین و لە پشتی خۆیانەوە بەجێیان هێشت، واتە تەنها لەڕووی باوەڕ و ڕەوشتەوە خراپ نەبوون، بەڵكو بۆ ئەوەی ئاشت ببنەوە لەگەڵ خوادا و ڕەزامەندیەكەی بەدەست بهێنن، پێویست بوو لەسەریان باوەڕبهێنن بە موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و بەتەواوەتی دەستبەرداری سیاسەت و سیستەمی خۆیان ببن، وە سیستەمی ئیسلامی و سیاسەتی ئیسلامییان پێ باشتر بێت.
وە ئاشكرایە جیاوازیی نێوان ئەم دوو بەشە -بەتایبەتی لە ڕوانگەی كاریگەریە نیمچە سیاسیەكانەوە- ئەوەندە زۆرە كە ناتوانرێت چاوپۆشی لێ بكرێت، لەبەر ئەوە دەبوو قورئانی پیرۆز ئەم شێوازە هەڵبژێرێت بۆ خستنەڕووی ئەم بابەتە، بەتایبەتی سوودێكی گەورەی تریشی تێدایە ئەویش بریتیە لە بیرخستنەوەی جیهانی مەسیحی بە دەركەوتنی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ). كەواتە ئەو ڕیزبەندیەی كە قورئانی پیرۆز پەیڕەوی كردووە بۆ ڕوونكردنەوەی هەردوو سەردەمی پێشكەوتنی مەسیحی، نەك تەنها پێویست بووە، بەڵكو بەڵگەیە لەسەر موعجیزەی قورئانیش.
جارێكی تر قسەكان كورت دەكەمەوە و دەڵێم: خوای گەورە سەرەتا بەسەرهاتی یارانی ئەشكەوتی باسكرد كە لە ماوەیەكدا هاتن كە مەسیحیەكان تێیدا چاكەكار بوون، یان خراپەكار بوون بەڵام باوەڕیان بە پێغەمبەری سەردەمی خۆیان هەبوو، بۆیە لەسەریان پێویست نەبوو -لەپێناو ئاشتبوونەوە لەگەڵ خوای گەورەدا- دەستبەرداری ئایین و سیاسەتی خۆیان ببن. پاشان خوا باسی ئیسڕاكەی مووسای كرد كە تێیدا هەواڵی دەركەوتنی موحەممەدی (ﷺ) داوە و باسی گۆڕانی دۆخی ئوممەتی مەسیحی كردووە دوای دەركەوتنی پێغەمبەر (ﷺ)، وە ڕوونی كردەوە كە ئەوان دوای ئەوەش پێشكەوتن و گەشەسەندنی ماددی بەدەست دەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆیان ئەستەم و مەحاڵ دەبێت لەگەڵ خوای گەورەدا ئاشت بنەوە، چونكە ئەوان لە پێغەمبەری سەردەمی خۆیان تێدەپەڕن بەبێ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنن؛ و پێشكەوتنەكەیان تەنها ماددی دەبێت و هیچ بەشێكی دواڕۆژی تێیدا نابێت هەتا بەشوێنپێی خۆیاندا دەگەڕێنەوە و پەیوەندی دەكەن بە كاروانی پێغەمبەری ئەو سەردەمەوە.لەبەر ئەوەی ئوممەتی مەسیحی لە ماوەی دووەمدا جیاواز دەبێت لەوەی كە مەسیحیە سەرەتاییەكان لەڕووی ئایین و سیاسەتەوە لەسەری بوون، بۆیە قورئانی پیرۆز باسی دۆخی ئەوانی كردووە لە ماوەی دووەمدا بە جیا لە ماوەی یەكەم.
لێرەدا بابەتێكی تر ماوە كە پێویستی بە ڕوونكردنەوە هەیە ئەویش ئەوەیە: زولقەڕنەین پێش پێغەمبەری خوا (ﷺ) بووە، كەواتە بۆچی قورئان لەنێوان بەسەرهاتی یارانی ئەشكەوت و ئیسڕاكەی مووسادا (عليه السلام) باسی كردووە؟
وەڵامەكە ئەوەیە كە كتێبە ئاسمانیەكان دوو ناوی جیاوازیان بۆ هەردوو سەردەمی پێشكەوتنی مەسیحی داناوە، بەجۆرێك سەردەمی یەكەم بە قۆناغی یارانی ئەشكەوت ناودەبرێت.. واتە كاتێك مەسیحیەكان لەڕاستیدا بە سیفەتەكانی یارانی ئەشكەوت ڕازابوونەوە، یان لە ڕاستیدا چاكەكار نەبوون بەڵام لێهاتوویی و شایستەیی ئەوەیان تێدا بوو كە وەك یارانی ئەشكەوت چاكەكار بن. بەڵام سەردەمی دووەمی پێشكەوتنی مەسیحی لە كتێبە ئاسمانیەكاندا بە قۆناغی یەئجووج و مەئجووج ناودەبرێت.. واتە كاتێك ئیتر لە بنەڕەتدا لێهاتوویی چاكەیان تێدا نامێنێت، وە هەرگیز ناتوانن -بەهۆی دەركەوتنی پێغەمبەرێكی نوێوە- بگەن بە خوای گەورە مەگەر دوای وازهێنان لە شێوە نەتەوەییەكەیان. ئەم قۆناغی دووەمەی پێشكەوتنی مەسیحی پەیوەندی بە زولقەڕنەینەوە هەیە چونكە هەندێك لە كارەكانی بوونە هۆی دەركەوتنی ئەم قۆناغە. لە خوارەوە ڕوونكردنەوەی ئەمە دەخەینە ڕوو.
یەئجووج و مەئجووج دوو ناون بۆ ئەو گەلانەی كە لە باكووری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا نیشتەجێ بوون، وە هێرشیان دەكردەسەر وڵاتە بەپیتەكانی ئاسیا (ئینسایكلۆپیدیای جوولەكە وشەی Gog Magog).
ئەگەر ئەوان لە هێرشەكانیاندا سەركەوتوو بوونایە، ئەوا لەم وڵاتانەدا بڵاودەبوونەوە و لەناو گەلانی تری ئاسیادا دەتوانەوە، وە ئەو ئایینە جیاوازانەیان قەبوڵ دەكرد كە لەو وڵاتانەدا هەبوون، وە لەسەر یەك ئایین كۆنەدەبوونەوە وەك ئێستا، بەڵكو دۆخەكەیان وەك دۆخی گەلی ئاری دەبوو كە كۆچیان كرد بۆ هیندستان و لەناو گەلە كۆنەكانی نیشتەجێی ئەوێدا توانەوە و قەوارەی تایبەتی خۆیان لەدەستدا. بەڵام قەدەر وایخواست كە زولقەڕنەین -پاش كەمێك بەدرێژی باس دەكرێت- بە هەموو توندی و هێزێكەوە ڕووبەڕووی هەڵمەتەكانی ئەم گەلانە بوویەوە كە لە باكووری ڕۆژئاواوە هێرشیان دەكرد، هەتا لە باكوور و ڕۆژئاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا چەقیان بەست؛ ئەمەش دوای ئەوە بوو كە زولقەڕنەین بەربەستێكی دانا كە نەیهێشت ئەم گەلانە بێنەناو ئاسیاوە، هەتا وەهای لێهات وەك ئەوەی هەموو ئاسیا بایكۆتێكی تەواویان سەپاندبێت بەسەریاندا. لە ئەنجامدا ئەم گەلانە دەستیان كرد بە بڵاوبوونەوە لە ئەورووپادا. لەبەرئەوەی بتپەرستی لە ئەورووپادا باو بوو و لە ئایینە ناسراوەكان تەنها مەسیحیەت هەبوو تێیدا، ئەوە بوو هەموو ئەم گەلانە وردە وردە چوونەناو ئایینی مەسیحیەتەوە، وە بوونە هۆی دروستبوونی كۆمەڵەیەكی ئایینی گەورە كە ڕووبەڕووی هەموو جیهان دەبوویەوە؛ وە بەم شێوەیە تۆوی دوژمنایەتی ئایینی چێنرا.
ئەمە لە لایەكەوە، لە لایەكی ترەوە ئاسیا -كە لەو كاتەدا لەژێر دەسەڵاتی زولقەڕنەیندا بوو و بەپێی ستراتیژییەتی سیاسیی ئەو كاری دەكرد- ئەم گەلانەی بۆ ناوچە باكووریەكان دەركرد كە خراپترین شوێنی سەر زەوی بوون لەو كاتەدا؛ ئەمەش وای كرد لە دڵی ئەواندا ئارەزوویەكی زۆر دروست بێت بۆ چوونەناو ئاسیا و وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەكانەوە، و ئەم ئارەزووە زۆرە نەوە دوای نەوە بۆ مناڵەكانیان بەجێما؛ وە بەم شێوەیە تۆوی دوژمنایەتی سیاسی چێنرا.
كەواتە زولقەڕنەین -بەم شێوەیە- هۆكارێك بوو بۆ دەركەوتنی ئاژاوەی یەئجووج و مەئجووج، یان بە دەربڕینێكی تر ئاژاوەی دەججال، لەبەر ئەوە خوای گەورە لێرەدا پێش باسكردنی قۆناغی دووەمی پێشكەوتنی مەسیحی بەسەرهاتی زولقەڕنەینی هێناوە، بەتایبەتی ئەو دەسكەوتەی ئەو كە بناغەی دانا بۆ ئەوەی یەئجووج و مەئجووج خاوەنی نەتەوایەتی سەربەخۆی خۆیان و سیاسەتی تایبەتی خۆیان بن.
حیكمەتێكی تریش هەیە لە باسكردنی زولقەڕنەین لێرەدا ئەویش ئەوەیە: بەوپێیەی زولقەڕنەین حوكمی وڵاتی میدیا و فارسی دەكرد، بۆیە دەكرێت بگوترێت پیاوێك كە ڕەچەڵەكی فارسیە بووەتە هۆی پەیدابوونی یەئجووج و مەئجووج. وە یەكێك لە سوننەتی بەردەوامەكانی خوای گەورە سەبارەت بە بەندە چاكەكانی ئەوەیە كە ئەگەر كارێكی چاكی یەكێك لەوان ببێتە هۆی ئەنجامێكی لاوەكی خراپ ئەگەرچی مەبەستی نەبوو بێت ئەو ئەنجامە خراپە دروست بێت، ئەوا خوای گەورە بەهۆی یەكێك لە مناڵەكانی یان خەڵكی وڵاتەكەی یان هاوشێوەیەك لە هاوشێوەكانیەوە ئەو خراپەیە لادەبات، بۆ ئەوەی هیچ خەوشێك نەخرێتەپاڵ ئەو بەندە چاكەیە تەنانەت ئەگەر لە سەردەمێكی دووریشدا بێت. باسكردنی زولقەڕنەینیش لەم شوێنەدا بۆ هەمان مەبەستە.. واتە بۆ پێشبینیكردن دەربارەی دەركەوتنی زولقەڕنەینێكی تر، كە ئەویش ڕەچەڵەكی فارسی دەبێت، وە بەرەنگاری یەئجووج و مەئجووج دەبێتەوە و شكۆ و هێزیان دەشكێنێت؛ و بەم شێوەیە ئەو خەوشە لادەبات كە خرایەپاڵ زولقەڕنەینی یەكەم.
وە ئەم كەسە بەڵێندراوە نازناوی “زولقەڕنەین”ی پێ دەبەخشرێت لەبەر دوو هۆكار: یەكەمیان لەبەر ئەوەی خوای گەورە دەیكاتە میراتگری هەردوو هێزەكە: هێزی مەهدیایەتی و هێزی مەسیحایەتی؛ بۆیە بە مەهدی ناودەبرێت لەبەر ئەوەی میراتگری زانستەكانی موحەممەدی موستەفایە (ﷺ)، وە بە مەسیح ناودەبرێت لەبەر ئەوەی بە سیفەتەكانی مەسیحی كوڕی مەریەم ڕازاوەتەوە (علیهما السلام)، هەروەك لەم فەرموودە پیرۆزەدا ئاماژە بەوە كراوە: “مەهدی نیە جگە لە عیسا” (ابن ماجە، كتاب الفتن، باب شدة الزمان)
هۆكاری دووەم ئەوەیە كە دوو سەدە لە سەدەكان دەبینێت وەك لە هەندێ پێشبینیدا هاتووە، واتە لە كۆتایی سەدەیەكدا ئیلهام لە خوای گەورە وەردەگرێت و لە سەرەتای سەدەكەی تردا وەفات دەكات دوای تەواوكردنی ئەو ئەركەی كە پێی سپێردراوە.
وە لە هەندێ ڕیوایەتی تردا هاتووە كە هەندێ لە هاوەڵان (رضي الله عنهم) لە پێغەمبەری خوایان (ﷺ) پرسی دەربارەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡۚ﴾ و گوتیان: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەوان كێن كە تۆ لەناویاندا دەنێردرێیت و قورئانیان فێردەكەیت؟ واتە چۆن پرۆسەی فێركردنیان ئەنجام دەدەیت لەكاتێكدا تۆ وەفاتت كردووە؟ ئینجا پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەستی خستەسەر شانی سەلمانی فارسی و فەرمووی: “سوێند بەو كەسەی كە گیانی منی بە دەستە ئەگەر ئیمان هەڵواسرا بێت بە ئەستێرەی سورەیاوە، ئەوا پیاوانێك یان پیاوێك لەمانە بەدەستیدەهێنن” (البخاري، التفسیر، سورة الجمعة). وە ئیبن مەردەویهی لە سەعدی كوڕی عوبادەوە ڕیوایەتی كردووە بە دەستەواژەی “پیاوانێك لە فارس”.
وە بە ڕوانینێكی گشتگیر لەم ڕیوایەتانە بۆمان دەردەكەوێت كە پێغەمبەر پێشبینی دەركەوتنی كەسێكی بەڵێندراوی تایبەتی كردووە لە نەوەی فارس كە ئیمان دەگەڕێنێتەوە دوای ئەوەی لە ئاخر زەماندا بۆ ئاسمان بەرز دەبێتەوە، وە پیاوانێكی تر كە ڕەچەڵەكیان فارسیە لە ئەركەكەیدا پشتیوانی دەكەن.
وەڵامی پرسیاری: ئەم بەڵێندراوە چ پەیوەندیەكی بە سەردەمی یەئجووج و مەئجووجەوە هەیە؟ ئەوەیە: قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئیسلام لە ئاخر زەماندا كاتی دەركەوتنی یەئجووج و مەئجووج و دەركەوتنی دەججال، دەگاتە ئەم دۆخە؛ وە ئەو دوانە ئەهلی یەك ئایینن، بەجۆرێك یەئجووج و مەئجووج نازناوێكە ئاماژە بە ئاژاوە سیاسیەكەیان دەكات، لەكاتێكدا دەججال نازناوێكە ئاماژە بە ئاژاوە ئایینیەكەیان دەكات.
كەواتە بەستنەوەی ئەم ڕیوایەتانە بە هەردوو جۆرەكەیەوە بەیەكترەوە بۆمان دەردەخات كە ئەو بێ باوەڕیەی لە سەردەمی یەئجووج و مەئجووجدا بڵاودەبێتەوە پیاوێك بەرەنگاری دەبێتەوە كە ڕەچەڵەكی فارسیە، وە پیاوانێكی تر لە نەوەی فارس لەو كارەدا یارمەتی دەدەن؛ وە بەم شێوەیە خوای گەورە بە باسكردنی بارودۆخی زولقەڕنەین بە دوور و درێژی وەڵامی ئەو ڕەخنەیەی دایەوە كە دەگیرا لە كاری زولقەڕنەینی یەكەم كە ڕەچەڵەكی فارسیە. هەروەها خوا (سبحانه وتعالى) بە تۆماركردنی بەسەرهاتەكەی لە قورئاندا پێشبینی ئەوەی كرد كە لە ئاخر زەماندا زولقەڕنەینێكی تریش دەردەكەوێت كە بەرپەرچی هێرشە ئایینیەكانی یەئجووج و مەئجووج دژی ئیسلام دەداتەوە، وەك چۆن زولقەڕنەینی یەكەم بەرپەرچی هێرشە ماددییەكانی ئەوانی دایەوە لە ڕابردوودا.
شایەنی باسە لێرەدا هەروەك لەبارەی زولقەڕنەینی دووەمەوە گوتراوە كە لە ڕاستیدا ڕەچەڵەكی فارسی نیە، بەجۆرێك باوك و باپیرانی لە یەكێك لە ویلایەتە چینیەكانەوە كۆچیان كردووە بۆ ناوچە فارسیەكان، هەروەها لە مێژووشدا هاتووە كە زولقەڕنەینی یەكەم لە بنەڕەتدا خەڵكی ناوچەی میدیا بووە، بەڵام بە فارسی ناوبراوە لەبەر پەیوەندیە كاتیەكانی لەگەڵ فارسدا.
وە لەم شوێنەدا دەمەوێت گومانێكی تر بڕەوێنمەوە. هەندێك لە بەهائیەكان بە بێهوودەیی هەوڵ دەدەن ئەم هەواڵانە بەسەر ڕێبەری خۆیان “بەهائوڵڵا”دا پیادە بكەن لەبەرئەوەی ڕەچەڵەكی فارسیە؛ بەڵام ئەمە هەوڵێكی پووچە. چونكە فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنن ئەو بەڵێندراوەی لێرەدا باسكراوە قورئانی پیرۆز فێر دەكات، وە جێنشین و خەلیفەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەبێت، بەجۆرێك ئەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە تەفسیری ئایەتێكی سوورەتی “الجمعة”دا فەرموویەتی زۆر بەڕوونی جەخت لەوە دەكاتەوە كە موحەممەد (ﷺ) وەك چۆن ئوممیەكان واتە عەرەبەكانی فێری قورئانی پیرۆز كرد، بە هەمان شێوە جارێكی تر گەلێكی تر فێری قورئان دەكات كە هێشتا نەهاتوون. كەواتە ئەم هەواڵە ناكرێت بەسەر هیچ كەسێكدا پیادە بكرێت مەگەر ئەو كەسەی كە:
1- ڕەچەڵەكی فارسی بێت.
2- ڕایبگەیەنێت كە قوتابی پێغەمبەر موحەممەدە (ﷺ)، وە جگە لە قورئانی پیرۆز هیچ شتێكی تر فێری خەڵكی نەكات.
3- ئەو زولقەڕنەین بێت واتە دوو سەدە ببینێت، پێویستە بزانرێت ئەم بابەتە بە كۆكردنەوەی ئایەتە جیاوازەكانی قورئانی پیرۆز كە دەربارەی ئەم بابەتە هاتوون هەڵێنجانی بۆ كراوە.
4- ئاژاوەی یەئجووج و مەئجووج لەناودەبات كە گەورەترین بنەمای بریتیە لەوەی سیفەتەكانی خوا بدرێتەپاڵ بەندەكان و بكرێن بە پەرستراو.
وە ڕوون و ئاشكرایە ئەم مەرجانە لە “بەهائوڵڵا”دا نین تەنها ئەوە نەبێت كە كەسێكی فارسیە. ئەو قوتابی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) نەبووە؛ هەروەها خەڵكی بۆ قورئانی پیرۆز بانگ نەكردووە؛ وە دوو سەدەی نەبینیوە؛ وە ئاژاوەی یەئجووج و مەئجووجی لەناونەبردووە؛ بەڵكو بە پێچەوانەوە ئاگری ئەو ئاژاوەیەی گەشاندووەتەوە و خراپەكاریەكەی زیاتركردووە بەوەی بەخۆی گوتووە خوا.
دوای باسكردنی ئەم بابەتە ڕێخۆشكاریانە و ڕوونكردنەوەی ڕیزبەندیی ڕووداوە باسكراوەكانی ناو ئەم سوورەتە، لێكۆڵینەوە تایبەتەكەی خۆم دەربارەی زولقەڕنەین دەخەمەڕوو.
پێشتر باسم كرد كە من لەگەڵ هەندێ موفەسیری پێشوو و توێژەرانی ئەورووپی، وە هەروەك مامۆستای زۆر بەڕێزم مەولەوی نوورەددین خەلیفەی یەكەمی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە، پێم وایە زولقەڕنەین نازناوێكە بۆ یەكێك لە پاشاكانی فارس، وە مامۆستای زۆر بەڕێزم پێی وابوو ناوی ئەم پاشایە كەیقوباد بووە.
هەندێكی تر گوتوویانە كە ئەو داریوشی یەكەم بووە. (بیان القرآن، مجلد 2 لاپەڕە 842)
بە بۆچوونی من پێش هەموو شتێك پێویستە سەیری ئەو سیفەتانەی زولقەڕنەین بكەین كە قورئانی پیرۆز باسی كردوون، كە ئەمانەن:
1- ئەو ئیلهامی پێدەگەیشت یان خەونی ڕاستی لە خوای گەورەوە دەبینی.
2- لە وڵاتی خۆیەوە ڕۆیشت بۆ فەتحكردنی شانشینەكان بە ئاراستەی ڕۆژئاوا هەتا گەیشتە ئەو شوێنەی كە بینی خۆر لە كانیەكی قوڕەڕەشەدا ئاوا دەبێت.
3- پاشان ڕووی كردە ڕۆژهەڵات و شانشینە ڕۆژهەڵاتیەكانی فەتح كرد.
4- پاشان بەرەو ناوچەیەكی ناوەڕست ڕۆیشت كە یەئجووج و مەئجووج تێیدا هێرشیان دەكرد، و لەوێدا بەربەستێكی دروست كرد.
پێویستە بزانین ئایا ئەم چوار خاڵە لەو پیاوەدا هەن كە ئێمە بە زولقەڕنەینی دەزانین، بەتایبەتی ئەوەی كە ئایا ئەو لەلایەن خوای گەورەوە ئیلهامی بۆ كراوە و لەلای ئەو قەبوڵكراو بووە یان نا؟
هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە ئەم زولقەڕنەینە پاشایەكە لە پاشاكانی میدیا و فارس؛ چونكە خەونەكەی دانیاڵی پێغەمبەر بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو یەكێكە لەوان. تەنها ئەوە ماوەتەوە كە بزانین كام لەم پاشایانە ئەم سیفەتانەی تێدا بووە.
بێگومان سیفەتی ئیلهامەكە گرنگترین سیفەتە لەم سیفەتانە. كاتێك لەم ڕوانگەیەوە مێژوو هەڵدەدەینەوە، لەناو پاشاكانی فارسدا پاشایەك دەبینین كە لەلایەن خوای گەورەوە ئیلهامی بۆكراوە، وە پێغەمبەرانی تریش ستایشیان كردووە بەهۆی چاكەكاری و پارێزكاریەكەیەوە؛ ئەو پاشایەش “كۆرش”ە كە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت “Cyrus”. ئیشایای پێغەمبەر دەربارەی ئەو دەڵێت كە ئەمە دەقەكەیەتی: “پەروەردگار بەم شێوەیە بە كۆرشی مەسیحی دەفەرموێت، ئەوەی دەستە ڕاستیم گرت بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەكان بخەمە ژێر ڕكێفم و پاشایان چەك بكەم، بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەكان بكەمەوە و دەرگاكان دانەخرێن. من لەپێشتەوە دەڕۆم و تەپەكان تەخت دەكەم، دەروازە برۆنزیەكان دەشكێنم و شەوبەندە ئاسنینەكان دەبڕمەوە. گەنجینەكانی تاریكی و خشڵە شاردراوەكانت دەدەمێ هەتا بزانیت كە من پەروەردگارم، خوای ئیسڕائیل، ئەوەی بەناوی خۆتەوە بانگت دەكات. لەبەر یاقووبی بەندەم و ئیسڕائیلی هەڵبژاردەم، بەناوی خۆت بانگت دەكەم و نازناوی چاكم بە تۆ بەخشی هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.” (ئیشایا 45: 1-5).
لەم ئیلهامەی ئیشایاوە دەردەكەوێت كۆرشی پاشای میدیا و فارس لەلایەن خوای گەورەوە بەرەكەتدار كراوە، بەجۆرێك خوای گەورە بە مەسیح ناویبردووە -تێبینی: هەروەك چۆن كۆرش كە زولقەڕنەین بوو بە مەسیح ناوبرا، بە هەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراویش بە زولقەڕنەین ناودەبرێت- وە هەروەها لەم ئیلهامەوە ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە بە فەزڵی خۆی دەسەڵاتی بە كۆرش بەخشیوە. قورئانی پیرۆزیش دەربارەی زولقەڕنەین ئەمە دەفەرموێت: ﴿إِنَّا مَكَّنَّا لَهُۥ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَءَاتَيۡنَٰهُ مِن كُلِّ شَيۡءٖ سَبَبٗا﴾.
هەروەها لە قسەكانی ئیشایادا كە دەڵێت: “من لەپێشتەوە دەڕۆم و تەپەكان تەخت دەكەم.” ئاماژە هەیە بۆ زۆری گەشتەكانی وەك قورئانی پیرۆز فەرموویەتی.
وە لە ئیلهامەكەی ئیشایادا كە دەڵێت: “من پەروەردگارم، خوای ئیسڕائیل، ئەوەی بەناوی خۆتەوە بانگت دەكات.” هاوشێوەی ئەمە بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە قورئاندا: ﴿قُلۡنَا يَٰذَا ٱلۡقَرۡنَيۡنِ﴾ مەبەستم ئەوەیە خوای گەورە بە ناوی “زولقەڕنەین” بانگی كرد.
پاشان لە ئیلهامەكەی ئیشایادا هاتووە: “بەناوی خۆت بانگت دەكەم و نازناوی چاكم بە تۆ بەخشی هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت”. لەمەدا ئاماژە كراوە بەوەی كە زولقەڕنەین خوای گەورەی بەو ناوانەیەوە نەپەرستووە كە لە تەوراتدا هاتوون، بەڵكو بە كۆمەڵێك ناوی ترەوە پەرستوویەتی. وە لە مێژووەوە سەلمێنراوە كە كۆرش لە شوێنكەوتووانی پێغەمبەر زەردەشت بووە.
وە هەموو كتێبە مێژووییەكان بە چاكی باسی كۆرش دەكەن، تەنانەت ئەوە هاتووە كە دوژمنەكانیشی خۆشیان دەویست، وە هەر جارێك هێرشی كردبێتە سەر هەر وڵاتێك خەڵكەكەی دەروازەكانیان بۆ دەكردەوە و پەیوەندیان پێوە دەكرد دژی پاشاكەیان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گوێبیستی چاكەكاری و دادپەروەرییەكەی بووبوون. ئەمەش ئەو شتەیە كە ئیلهامەكەی ئیشایای پێغەمبەریش جەختی لێ كردووەتەوە بەجۆرێك تێیدا هاتووە: “سەبارەت بە كۆرش دەڵێت: ئەو شوانی منە، هەموو ئەوەی دڵم پێی خۆشە دەیهێنێتە دی” (ئیشایا 44: 28).
مێژوونووسە كۆنەكان لەبارەی ڕەوشتی چاكی كۆرشەوە قسەیان كردووە، بۆ نموونە مێژوونووسی بەناوبانگ دۆنیۆفین گوتوویەتی كە ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی: جارێك لە سروشتی مرۆیی وردبوومەوە بۆم دەركەوت زۆر ئاسانە بۆ مرۆڤ كە بە سروشتی خۆی حوكم بەسەر ئاژەڵەكاندا بكات، بەڵام زۆر سەختە حوكم بەسەر هاوڕەگەزەكانی خۆیدا بكات. چەندەها كەسی گەورە و پایەدار هەن لە ماڵەكانیاندا ژمارەیەكی كەم یان زۆر لە خزمەتكار هەیە، بەڵام ناتوانن وایان لێ بكەن بەدڵسۆزیەوە گوێڕایەڵیان بكەن. لەوەوە بۆم دەركەوت كە لە دنیادا هیچ پیاوێك نیە كە بتوانێت حوكم بەسەر مرۆڤدا بكات، ئەگەرچی زۆریان حوكم بەسەر ئاژەڵەكانی تر دەكەن. لەكاتێكدا من سەرقاڵی ئەم بیركردنەوەیە بووم لەپڕدا كۆرشی پاشام بیركەوتەوە، كە وای لێ كردم بیركردنەوەكەم ڕاست بكەمەوە، بۆیە گوتم: بەڵێ، سەخت نیە كەسێك حوكمی خەڵكی بكات، چونكە بینیم خەڵك بە خواستی خۆیان حوكمی كۆرشیان قەبوڵ كردبوو، لەگەڵ ئەوەی هەندێكیان لە شوێنێكدا نیشتەجێ بوون كە دوو مانگ دوور بوون لێیەوە، وە هەندێكیشیان چوار مانگ دوور بوون؛ وە هەندێكیشیان هەرگیز نەیانبینی بوو، وە هەندێكیان تەنانەت چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد كە بیبینن.
پاشان بەردەوام دەبێت و دەڵێت: كۆرش لە دڵی خەڵكدا ویستێكی زۆری دروست كرد بۆ ئەوەی ڕازی بكەن، وە بۆ ئەوەی حوكمەكەی بەردەوام بێت لەسەریان. ئەو حوكمی زۆر گەلی كرد كە ژماردنیان قورسە، بەجۆرێك كە شانشینەكەی لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا درێژ بوو بوویەوە.
(Historians’ History Of The World: The History of Persia Vol. 2 p. 596-597)
پاشان ئەم كتێبە بۆچوونی مێژوونووسە هاوچەرخەكانی بەم شێوەیە كورت كردووەتەوە، كە وەرگێڕانەكەی ئەمەیە: ئەگەر مەزنی مانای جەنگ كردن بێت بۆ بەرگریكردن لە دادپەروەری و ئامادەبوونی مرۆڤ بێت بۆ خۆفیداكردن لەم پێناوەدا، ئەوا بێگومان كۆرش پاشایەكی مەزن بووە.
پاشان دەڵێت: كۆرش هیچ شتێكی تەنها بۆ خۆی نەكردووە. كاتێك حكومەتەكانی میدیا و بابل و میسڕ لە دژی هاوپەیمانیان پێكهێنا و هێرشیان كردە سەری، ئەو شمشێرەكەی بەرامبەریان بەرز نەكردەوە مەگەر بۆ بەرگری كردن. وە لە سەرووی هەموو شتێكەوە ئەو میهرەبانیەكی جەستەكراو بوو. هەرگیز دڵۆپێك خوێن نەكەوتووەتە سەر قەڵغانەكەی كە بە حەرامی ڕژابێت، وە دەستی بە تۆڵەكردنەوەی ترسناك و ستەم و زۆرداری ڕەنگین نەبووە. وە وڵاتانی وێران نەكردووە وەك ئەوەی پاشای مەقدۆنیا كردی. وە دەست و قاچی پاشا شكستخواردووەكانی نەشكاندووە وەك چۆن پاشاكانی تر ئەو كارەیان كردووە، وە بەسەر دیوارەكاندا ڕاینەكێشاون وەك چۆن پاشاكانی جوولەكە ئەو كارەیان كردووە، وە لەسێدارەی نەداون وەك ئەوەی ڕۆم كردوویەتی؛ وە خوێنی نەڕژاندووە وەك ئەسكەندەری خواوەندی شێتی یۆنانی.
سەرەڕای ئەوەی ئەو ئاسیایی بوو، بەڵام لەو پیاوانە بوو كە زۆر پێش كاتی خۆیان دەردەكەون. زۆر لەسەرخۆ بوو. پێش گەلەكەی كەوت لە دەرچوون لە دابونەریتەكانیان؛ وە گەیشتە لوتكەی بەرەباڵاچوونی مرۆیی پێش ئەوەی كەسێكی تر بۆ ماوەیەكی زۆر پێی بگات. شانشینە بەهێزەكەی لەسەر بنەمای بەرزكردنەوەی ئاستی شانشینە فەتحكراوەكان و بەخشینی مافی یەكسان بە خەڵكەكەی دامەزرابوو. شاری “تائر” تەسلیم نەبوو نە بە نەبوخوزنەسەر و نە بە ئەسكەندەر مەگەر دوای بەرگریەكی توند و گەمارۆیەكی دوورودرێژ، بەڵام بەدڵخۆشیەوە دەروازەكانی بۆ كۆرش كردەوە.
وە لە سەرووی هەموو شتێكەوە، ئەو گەلە بچووكەی ناوی جوولەكە بوو بە گەرموگوڕیەوە پێشوازییان لێكرد لەسەر ڕووباری بابل بەجۆرێك لە ڕابردوودا بەو شێوەیە پێشوازیان لە هیچ كەسێك نەكردبوو…
سەردەم ئەوی دروست نەكرد، بەڵكو ئەو سەردەمی دروست كرد و باوكی بوو. بێگومان ئەو پاشایەكی بێهاوتا بوو و نموونەی نەبووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
(Historians’ History Of The World: The History of Persia Vol. 2 p. 597-600)
ئێستا بۆتان دەسەلمێنم كۆرش بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە لەلایەن خوای گەورەوە خەونی ڕاستی پێ دەگات.
لەو سەرچاوەیەدا كە لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا دەبینین جارێكیان كۆرش لە ئەركێكی سەربازییدا بووە، و لە خەودا بینیویەتی “داریوش” -كە برازای بووە- دوو باڵی هەیە یەكێكیان بەسەر ئەورووپادا بڵاوبووەتەوە و ئەوی تریان بەسەر ئاسیادا. وە لە بەیانیدا كۆرش ناردی بۆلای باوكی داریوش كە لەگەڵیدا بوو لە گەشتەكەدا و پێی گوت: وا دیارە كوڕەكەت پیلان لە دژی من دادەڕێژێت. بەڵگەش ئەوەیە دوێنێ شەو لە خەودا بینیم كە شتێكی وەها بووە. وە سوننەتی خوا لەگەڵمدا وەهایە كە خوای گەورە، لەبەر ئەوەی منی زۆر خۆشدەوێت، پێشوەخت هەواڵم پێ دەدات دەربارەی هەر ڕووداوێك كە كاریگەریەكی قووڵی لەسەر من هەبێت (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 594-595).
بێگومان خەونەكەی ڕاست بووە، ئەگەرچی لە تەفسیركردنەكەیدا هەڵەی كردووە و وەها لێی تێگەیشتووە كە داریوش پیلان دەگێڕێت لە دژی، لەكاتێكدا لە ڕاستیدا تەفسیرێكی تری هەبووە كە لە وادەی خۆیدا زۆر بە ڕوونی دەركەوتووە. چونكە كاتێك كۆرش مرد كوڕەكەی دەسەڵاتی گرتە دەست، و هەندێك كەس كوشتیان. داریوشیش لەگەڵ خۆی چەند كەسێكی لە بنەماڵەی پاشایەتی برد و ئەو كەسەی كوشت كە دەسەڵاتی داگیركرد بوو. ئینجا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی داریوش بكەن بە پاشای خۆیان. داریوشیش بەشێكی زۆری ئەورووپا و ئاسیای داگیر كرد و بەم شێوەیە پانتایی شانشینی فارسی زۆر فراوان كرد. (سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە 600-609)
هەروەها لە كتێبی پیرۆزیشەوە ڕوون دەبێتەوە كە كۆرش ئیلهامی خوایی پێ گەیشتووە بەجۆرێك پێغەمبەر عەزرا دەڵێت كە ئەمەیە دەقەكەی: “لە ساڵی یەكەمی كۆرشی پاشای فارس بۆ بەدیهێنانی پەیامی پەروەردگار كە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، پەروەردگار ڕۆحی كۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێكی بەناو هەموو شانشینەكەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا: كۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت: پەروەردگار، خوای ئاسمان هەموو شانشینەكانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەكی لە ئۆرشەلیمی یەهوودا بۆ بنیاد بنێم كێ لە ئێوە سەر بە گەلەكەی ئەوە، با خوای خۆی لەگەڵ بێت و بەرەو ئۆرشەلیمی یەهوودا بڕوات، پەرستگاكەی خوای پەروەردگاری ئیسڕائیل بنیادبنێتەوە” (عەزرا 1: 1 -3).
ئەمەش مانای ئەوەیە كە خوای گەورە ئەوی هەڵبژاردووە، و دەسەڵات و وڵاتانی پێ بەخشیوە، پاشان بە ئیلهام فەرمانی پێ كردووە كە ماڵی پیرۆز لە ئۆرشەلیم دروست بكات و جوولەكە لە وڵاتی دەربەدەری ئازاد بكات.
وە نیشانەی دووەمی زولقەڕنەین كە قورئانی پیرۆز باسی كردووە ئەوەیە كە فەتحكردنەكانی سەرەتا بەرەو ڕۆژئاوا بووە، بەجۆرێك بەردەوام بووە لە فەتحكردنی شانشین لەدوای شانشین و بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە هەتا گەیشتووەتە ئەو شوێنەی بینیویەتی خۆر لە كانییەكی قوڕەڕەشەدا ئاوا دەبێت.. واتە ڕەنگی ئاوەكەی ڕەش بووە، وە مەبەست لێی دەریای ڕەشە كە بە ئینگلیزی ناوی (Black sea)ە.
ئەمەش بە تەواوی لەگەڵ كۆرشدا ڕوویداوە. كاتێك خوای گەورە لە زەویدا دەسەڵاتی پێ بەخشی پاشاكانی وڵاتە ڕۆژئاواییەكان دژی ئەو هاوپەیمانیان كرد و هێرشیان كردە سەر شانشینەكەی، ئەمەش بووە سەرەتای فەتحكردنەكانی لە دەرەوەی شانشینەكەی بەرەو لای ڕۆژئاوا هەتا بابل و نەینەوا و كۆڵۆنیە یۆنانیەكانی ناو باكووری ئاسیای بچووكی فەتح كرد هەتا دەریای مەڕمەڕە، بەم شێوەیە كۆرش گەیشتە ئەو كانیەی كە لە لای ڕۆژئاوای شانشینەكەیدا بوو، وە ڕەنگی ئاوەكەی ڕەش بوو. وە لەڕووی مێژووییەوە سەلمێندراوە كە هەموو ئەو ناوچانەی فەتح كردووە.
(Historian’s History Of The World: The History of Persia Vol. 2 p. 607-609)
و ئینسایكلۆپیدیای جوولەكە بەرگی 4 لاپەڕە 403 وشەی Cyrus)
وە نیشانەی سێیەم كە قورئانی پیرۆز باسی كردووە ئەوەیە زولقەڕنەین دوای فەتحكردنی شانشینەكانی ڕۆژئاوا ڕووی كردووەتە ڕۆژهەڵات. وە مێژوویش جەخت لەوە دەكاتەوە كە كۆرش دوای فەتحكردنی وڵاتە ڕۆژئاواییەكان دەستی كردووە بە داگیركردنی وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەكان تا سنووری دەوڵەتەكەی گەیشتووەتە ئەفغانستان و بوخارا و سەمەرقەند.
(Historians’ History Of The World: The History of Persia Vol. 2 p. 593)
وە نیشانەی چوارەم كە لە قورئاندا باسكراوە ئەوەیە كە دواتر زولقەڕنەین ڕووی كردووەتە هەندێك لە ناوچەكانی ناوەڕاست و لەوێدا بەربەستێكی دروست كردووە بۆ ڕێگریكردن لە هەڵمەتەكانی یەئجووج و مەئجووج.
وە لە بە بەڵگەی مێژوویی سەلمێنراوە كۆرش جەنگی كردووە دژی یەئجووج و مەئجووج، بۆ ئەوەی هەندێ لە ویلایەتەكانی شانشینەكەی بپارێزێت لە هێرشەكانیان. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە سەرەتا بزانین: ئەو هۆزانە كێن كە ناوی یەئجووج و مەئجووجیان لێ نراوە؟
تەورات یارمەتیمان دەدات لە ناسینی ئەم هۆزانە، بەجۆرێك ئەم ئیلهامەی خوای گەورەی تێدا هاتووە بۆ پێغەمبەر حەزقیال: “ئەی كوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە گۆگ بكە لە خاكی ماگۆگ، ئەو كە سەرۆكی میرانی ماشەك و توبالە، پێشبینی لەسەر بكە.” (حەزقیال 38: 2).
ئەمە ڕوونی دەكاتەوە كە تەورات -كە یەكەم سەرچاوەیە ئێمەی ئاگادار كردووەتەوە لە یەئجووج و مەئجووج- دانیشتووانی ناوچەكانی باكوور بە یەئجووج و مەئجووج ناودەبات، وە ڕایدەگەیەنێت كە شوێنی نیشتەجێبوونیان ڕۆش (ڕووسیا) و ماشەك (مۆسكۆ) و توبال (توباسك)ە؛ هەموو ئەمانە ناوچەكانی باكوورن.
هەروەها لە كتێبی پێغەمبەر حەزقیالەوە ڕوون دەبێتەوە كە پاشایەك لە فارس بەرەنگاری گەلانی یەئجووج دەبێتەوە كە فارس و كوش و پووت لەگەڵیان دەبن (حەزقیال 38: 5). ئەمە واتای ئەوەیە یەئجووج لەكاتی باسكردنی ئەم هەواڵەدا دەستیان بەسەر هەندێك لە ناوچە فارسییەكاندا گرتبوو.
ئێستا وەرن با بزانین كتێبە مێژووییەكان چی دەڵێن دەربارەی یەئجووج و مەئجووج؟ یوسیفۆس كە یەكێكە لە مێژوونووسە كۆنەكان دەڵێت یەئجووج و مەئجووج دوو ناون بۆ هۆزەكانی “سیدین Scythians”.
وە دەبینین تەورات قسەكەی یوسیفۆس پشتڕاست دەكاتەوە كاتێك لەناو ناوی نەوەكانی “یافث”دا ناوی “گۆمەر” و “ماگۆگ” و “ماد”ی هێناوە (پەیدابوون 10: 2).
پێویستە بزانرێت گۆمەر ناوێكە بۆ كیمەریەكان (Cimmerian) كە لە لای ڕۆژهەڵاتی ئاسیای بچووكدا نیشتەجێ بوون، وە ماد ناوێكە بۆ خەڵكی میدیا. وە جیرۆم دەڵێت شوێنی نیشتەجێبوونی مەئجووج لە چیای قەوقازە لە پشت دەریای سەوزەوە (دەریای قەزوین). وە ئەم شوێنەش دەكەوێتە باكوورەوە كە سیدین تێیدا نیشتەجێ بوون. (ئینسایكلۆپیدیای جوولەكە، بەرگی 6 لاپەڕە 19)
ئێمە پێشتر لە كتێبی پیرۆزەوە زانیمان كە یەئجووج و مەئجووج دەستیان بەسەر فارسدا گرتبوو. ئەگەر ئەوان گەلی سیدین بوون ئەوا وەرن با بزانین ئایا مێژوو جەخت لەوە دەكاتەوە كە سیدین دەستیان بەسەر فارسدا گرتووە؟
وەڵامەكە: بەڵێ، چونكە لە مێژوودا ئەوە دەخوێنینەوە: وەك پێشتر گوتمان، فارس كەوتە دەستی سیدین، یان بە دەربڕینێكی تر پاشای میدیا دەستی بەسەردا گرت -چونكە سیدین لەو كاتەدا فەرمانڕەوا بوون بەسەر میدیاوە- ئەو پاشایە بوو كە پایتەختەكەی ئەكباتانا بوو (Ecbatana) كە كۆرشی مەزن ڕزگاری كرد لە دەستی.
(Historians’ History Of The World vol. 2 p. 589)
لەمەوە سەلمێنرا كە یەئجووج و مەئجووج دەستیان بەسەر فارسدا گرتووە، هەروەها ئەوەش سەلمێنرا كە كۆرشی پاشا ئەو كەسە بوو كە فارسی لە دەستی ئەوان ڕزگار كرد. وە هەروەها مێژوو جەخت لەوە دەكاتەوە كە یەئجووج و مەئجووج بە هێرشە بەردەوامەكانیان زیانیان بە گەلانی باشوور دەگەیاند، بەجۆرێك هێرۆدۆت نووسیویەتی سیدین هێرشیان دەكردە سەر وڵاتانی باشوور لە ناوچەكانی باكوورەوە لەنێوان چیای قەوقاز و دەریای قەزوینەوە لەڕێگەی دەربەندەوە. (سەرچاوەی پێشوو)
وە بەشی دووەمی نیشانەی چوارەم كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە ئەوەیە زولقەڕنەین دیوارێكی دروست كرد بۆ ڕێگریكردن لە هێرشەكانی یەئجووج و مەئجووج. ئێستا وەرن لێكۆڵینەوە بكەین: ئایا لەم شوێنەی سەر زەویدا دیوارێك بوونی هەبووە؟
وەڵامەكە ئەوەیە لە هەمان ئەو شوێنەی هێرۆدۆتی مێژوونووس هەواڵی داوە كە ڕێگایەك بووە بۆ هێرشەكانی سیدین، دیوارێك هەبووە لەناو خەڵكدا بە دیواری دەربەند ناسراوە. بە بۆچوونی من زۆر ڕێی تێدەچێت بە دەربەند ناوبرا بێت [وشەی “دەربەند” بە مانای دەروازەیەكی داخراو دێت. (وەرگێڕی عەرەبی)] لەبەرئەوەی سیدین بەهۆی ئەو دیوارەوە لە هێرشكردن ڕاگیرابوون. وە لە ئینسایكلۆپیدیای بەریتانیدا دەربارەی دەربەند هاتووە كە دیوارێكی تێدا بووە بەرزییەكەی لەكاتی دروستكردنیدا گەیشتووەتە 29 باڵ و پانیەكەی 10 باڵ بووە، وە دەروازەی ئاسنینی تێدا بووە و تاوەری چاودێریكردن و پاسەوانی تێدا بووە. لە دەریای قەزوینەوە تا چیاكانی قەوقاز درێژبووەتەوە بەدرێژایی پەنجا میل. ئەسكەندەر دروستی كردووە و قوبادی پاشای ساسانی چاكی كردووەتەوە. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی بەرگی 8 لاپەڕە 64 وشەی Derbend)
لەم بەڵگانەوە ڕوون بوویەوە كە دیوارێك لەم شوێنەدا هەبووە، بەڵام من هێشتا بەڵگەیەكی مێژووییم نەدۆزیوەتەوە كە ئاماژە بەوە بكات پاشا كۆرش ئەم دیوارەی دروست كرد بێت. بەڵام من پێم وایە شتێكی نا مەعقولە ئەسكەندەر ئەم دیوارەی دروست كردبێت. چونكە ئەسكەندەر، وەك لە مێژووەوە دەردەكەوێت، دواهەمین جار لە هاوینی ساڵی 330ی پێش زایندا شكستی بە داریوش هێناوە، بەجۆرێك داریوش كوژراوە (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی بەرگی 1 لاپەڕە 568-569 وشەی Alexander The Great)، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسكەندەر نەیتوانیوە دەست بەسەر هەموو وڵاتی فارسدا بگرێت؛ چونكە سوپا زۆرەكانی ویلایەتە فارسیەكان ئامادە بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی، بۆیە دەبوو بەردەوام و بێ وەستان بەرەو پێشەوە بڕوات، وە لەكاتی بەرەوپێشچوونیدا شۆڕش لەو شانشینانەدا دروست دەبوو كە لە پشتی خۆیەوە جێی دەهێشتن، بۆیە ناچار بوو بگەڕێتەوە. وە دوای ئەوەی ئاگری شۆڕشەكەی كپ كردەوە ئەسكەندەر بەرەو كابول ڕۆیشت و لەوێ سەربازەكانی یاخیبوون لێی. وە بە بۆچوونی مێژوونووسان لە زستانی ساڵی 329ی پێش زایندا بەرەو هیندستان ڕۆیشتووە. وە بە خێراییەكی زۆر ئەم گەشتەی كردووە كە وای لە مێژوونووسان كردووە تەنانەت گومانیش لە گەشتەكەی بكەن. بەهەرحاڵ، ئەوە سەلمێنراوە كە ئەسكەندەر لە ڕێگاكەیدا نەوەستاوە، بەڵكو بەردەوام شەڕی كردووە و بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە تا ڕووی كردووەتە هیندستان، وە لەوێوە بە كەشتی لەڕێگەی دەریاوە گەڕاوەتەوە، وە لە ساڵی 324ی پێش زایندا گەیشتووەتەوە ئێران. وە لەوێ بۆ ماوەیەكی كەم ماوەتەوە و ناچار بووە جارێكی تر ئاگری یاخیبوونی سوپاكانی كپ بكاتەوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی خۆی و لە ڕێگادا لە 13ی حوزەیرانی ساڵی 323ی پێش زایندا وەفاتی كردووە. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی بەرگی 1 لاپەڕە 549 وشەی Alexander The Great)
ئەم ڕووداوانە زۆر بەڕوونی ئەوە دووپات دەكەنەوە كە ئەسكەندەر لەم دۆخەدا كاتی پێویستی نەبووە بۆ دروستكردنی ئەم جۆرە دیوارە درێژە. وا دیارە قسەی هەندێ لە موفەسیرە موسوڵمانەكان كە گوتوویانە زولقەڕنەین ئەسكەندەری مەقدۆنی بووە (الكشاف، والقرطبي) وای لە نووسەرە مەسیحیەكان كردووە فریوبخۆن و وابزانن ئەسكەندەر ئەم دیوارەی دروست كردووە.
بەڵام تەنها سەلماندنی ئەوەی كە ئەسكەندەر ئەم بەربەستەی دروست نەكردووە بەس نیە، بەڵكو بابەتەكە پێویستی بە بەڵگەیەكە كە جەخت لەوە بكاتەوە -ئەگەرچی بەو شێوەیە بێت كە زۆر ڕێی تێبچێت نەك بەشێوەی دڵنیایی- كە پاشا كۆرش ئەو كەسە بووە ئەم دیوارەی دروست كردووە.
لەبەرئەوەی من هێشتا بەڵگەیەكی مێژووییم نەدۆزیوەتەوە كە بە دڵنیاییەوە بیسەلمێنێت كۆرش ئەم بەربەستەی دروست كردووە، بۆیە هیچ ڕێگەیەكی تر لە بەردەمماندا نەماوەتەوە جگە لە بەكارهێنانی قیاس. بۆیە بە قیاس لەسەر هەندێ لە ڕووداوە مێژووییەكان بۆم دەركەوت كە كۆرش دیوارەكەی دروست كردووە. لە خوارەوە بەڵگەكانم دەخەمەڕوو:
1- لە مێژووەوە دەردەكەوێت داریوش -كە دوای كوڕەكەی كۆرش دەسەڵاتی گرتەدەست و كۆرش لە خەونەكەیدا بینی حكومەتەكەی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت- بە ڕێگەی یۆناندا ڕۆیشتووە بۆ ئەورووپا بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر سیدین (Historian’s History Of The World vol. 2 p. 610). وە بە هیچ شێوەیەك ڕێی تێناچێت داریوش لەڕێگەی یۆنانەوە بۆ ئەورووپا بڕوات بۆ هێرشكردنە سەر سیدین لەكاتێكدا ئەوان لە نزیك خۆی لە باكووردا نیشتەجێ بووبن! تەنها یەك تەفسیر هەیە -وەك قیاس دەیخوازێت- بۆ ڕۆیشتنی داریوش بۆ ئەورووپا بۆ ئەم مەبەستە، ئەویش ئەوەیە كە ڕێگای دەربەند گیرابوو بێت لەبەرئەوەی ئەو كات كۆرش دیوارەكەی لەوێ دروست كردبوو، وە هێرشكردنە سەر سیدین بە سوپایەكی گەورە لەڕێگەی دەروازە تەسكەكانی دیوارەكەوە بێ مەترسی نەبوو، بەڵام ڕوخاندنی دیوارەكە مەترسیەكی زیاتری هەبوو، بۆیە داریوش ناچار بوو بۆ شكاندنی هێزی سیدین لەلای ئەورووپاوە هێرش بكاتە سەریان، بەجۆرێك لەلایەكەوە دیوارەكە وەك بەربەستێكی بەهێز بەرامبەر سیدین وەستابوو، وە لە لایەكی ترەوە داریوشیش بە سوپاكانیەوە دەڕۆیشت بۆ سەر سیدین.
2- ئەگەر دیوارەكە پێش داریوش لە دەربەنددا بوونی نەبوایە ئەوا ئەستەمە لەبارەی پاشایەكی ژیری وەك ئەوەوە بیر بكەینەوە كە نزیكەی هەزار میل ببڕێت بۆ هێرشكردنە سەر سیدین و شانشینەكەی بە كراوەیی بۆ دوژمنەكان بەجێبهێڵێت؛ چونكە لەم هەنگاوەدا مەترسی ئەوە هەبوو كە سیدین لە تەنیشتیەوە دەربچن و هێرش بكەنە سەر وڵاتەكەی بە جۆرێك نەیدەتوانی پارێزگاری لە شانشینەكەی بكات، یان هیچ یارمەتیەكی پێ بگات لە خەڵكەكەیەوە لەكاتی پێویستدا. هەر بۆیە، بەڕێکەوتنی بەرەو ئەورووپا بە مەبەستی پەلاماردانی سیدین بەوپەڕی دڵنیایی و بێخەمییەوە، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە پێش ئەم هەڵمەتە بەربەستی دەربەند بوونی هەبووە. ئەم دیوارە هێندە پتەو بووە کە داریوشی پشتڕاست کردبووەوە لەوەی مەحاڵە سیدین بتوانن لەو بەرەوە هێرش بکەنە سەر شانشینەکەی، چونکە وەك قەڵغانێکی بەهێز لەنێوان ئەوان و وڵاتەکەیدا وەستابوو.
وە لە كۆتاییدا، پێم وایە سەلماندم ئەو چوار بابەتە كە لە قورئاندا دەربارەی زولقەڕنەین باسكراون بەدڵنیاییەوە لە پاشا كۆرشدا بوونیان هەیە، مەگەر تەنها پرسی دروستكردنی دیوارەكە كە بەگوێرەی قیاس لەسەر ڕووداوەكانی ئەو سەردەمە -كە تەنھا ڕێژەیەكی كەم لەو ڕووداوانەمان پێ گەیشتووە- قسەم كرد لەبارەیەوە و گوتم پاشا كۆرش ئەو دیوارەی لە نزیك دەربەند دروست كردووە، بەتایبەتی كاتێك دەبینین مێژوو شایەتی دەدات كە یەئجووج و مەئجووج پێش دەسەڵاتگرتنە دەستی ئەو حاكم بوون بەسەر شانشینەكەیەوە، وە ناوبەناو هێرشیان دەكردە سەر فارس و شانشینە فراوانەكەی، وە هێرشەكانی سیدین لەڕێگەی دەربەندەوە دوای سەردەمی كۆرش كۆتاییان هات. (Historian’s History Of The World vol. 2 p. 589) و (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی بەرگی 1 لاپەڕە 549 وشەی Alexander The Great)
بەكورتی وا دیارە كە زولقەڕنەینی باسكراو لە قورئانی پیرۆزدا تەنها پاشا كۆرشە. وە دوای سەلماندنی ئەم بابەتە، دەست دەكەم بە تەفسیركردنی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز هەر یەكەیان بەجیا.
﴿إِنَّا مَكَّنَّا لَهُۥ فِي ٱلۡأَرۡضِ وَءَاتَيۡنَٰهُ مِن كُلِّ شَيۡءٖ سَبَبٗا 85
شیكردنەوەی وشەكان:
مَكَّنّا: شێوگی كۆی كەسی یەكەمی قسەكەرە لە “مَكَّنَهُ مِن الشَّيء”: واتە دەسەڵات و توانامان پێ بەخشی لەسەری. (الأقرب)
سَبَبًا: شتێك كە لەڕێگەیەوە دەگەیت بە شتێكی تر. (الأقرب)
تەفسیر: خواى گەورە ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە دنیادا ھێزێكی زۆرمان بە زولقەڕنەین بەخشی، وە ھەموو هۆكارێكمان بۆ دابین كرد. هەڵبەت پێشتر بە كۆمەڵێك بەڵگە لە كتێبی پیرۆز و وتەكانی خودی كۆرش سەلماندمان كە خواى گەورە بە فەزڵی تایبەتی خۆی ھێزێكی زۆری پێ بەخشی بوو.
﴿فَأَتۡبَعَ سَبَبًا 86 حَتَّىٰٓ إِذَا بَلَغَ مَغۡرِبَ ٱلشَّمۡسِ وَجَدَهَا تَغۡرُبُ فِي عَيۡنٍ حَمِئَةٖ وَوَجَدَ عِندَهَا قَوۡمٗا ۖ قُلۡنَا يَٰذَا ٱلۡقَرۡنَيۡنِ إِمَّآ أَن تُعَذِّبَ وَإِمَّآ أَن تَتَّخِذَ فِيهِمۡ حُسۡنٗا 87﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
حَمِئَة: واتە خاوەنی “حَمَأَة” (الأقرب). “الحَمَأَة” واتە قوڕی ڕەش.
تەفسیر: بزانە فەرمایشتی خواى گەورە ﴿حَتَّىٰٓ إِذَا بَلَغَ مَغۡرِبَ ٱلشَّمۡسِ﴾ مانای ئەوە نیە كە گەیشتووەتە دوا سنووری ڕۆژئاوای زەوی، بەڵكو مەبەست لێی سنووری ڕۆژئاوای ئەو شانشینانەیە كە فەتحی كردوون، واتە سنووری ڕۆژئاوای باكووری ئاسیای بچووك.
وە وشەی ﴿عَيۡنٍ حَمِئَةٖ﴾ مەبەست لە ئاوی تێكەڵ بە قوڕی ڕەشە بەجۆرێك ڕەنگەكەی بەلای ڕەشدا دەچێت بەھۆی قوڕەكەوە. لێرەدا مەبەست لێی دەریای ڕەشە؛ هەڵبەت بەو ناوە ناونراوە چونكە ڕەنگی ئاوەكەی بەھۆی قووڵیەكەیەوە بەلای ڕەشدا دەچێت؛ ھەروەھا مانای “حَمِئَة” -واتە ئاوی تێكەڵ بە قوڕ- بە واتای ڕواڵەتیش پیادە دەبێت بەسەر ئەم دەریایەدا؛ چونكە ئەم دەریایە جیاوازە لە دەریاكانی تر بەوەی ئاوەكەی كەمتر سوێرە. ئەمەش چونكە زۆربەی ئاوەكەی لەو ڕووبار و لافاوانەوە دێت كە لە خاكەكانی ڕووسیا و ئەرمینیا [ئەمە ھەڵەیە و ڕاستەكە “ڕۆمانیا”یە وەك لە سەرچاوە ئاماژەپێكراوەكەدا ھاتووە. (وەرگێڕ)] و بولگاریاوە دەڕژێنە ناوی؛ ئەمەش وا دەكات ئاوەكەی زیاتر قوڕاوی بێت و كەمتر سوێر بێت بە بەراورد لەگەڵ دەریاكانی تر. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی، بەرگی 2 لاپەڕە 258، وشەی: دەریای ڕەش)
وە لە فەرمایشتی خواى گەورەدا ﴿وَجَدَهَا تَغۡرُبُ فِي عَيۡنٍ حَمِئَةٖ﴾ مەبەست لە “عین”، كانیاوی ئاسایی نیە، بەڵكو مەبەست لێی دەریایەكی زۆر فراوانە كە ئەگەر كەسێك لە كەنارەكەیدا بوەستێت وا دەبینێت كە خۆر لەناویدا ئاوا دەبێت. وە دەریاكە بە كانیاو ناونراوە بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات كە زۆر قووڵە و ئاوەكە لەژێر زەوییەوە ھەڵدەقوڵێت و تێكەڵ بە ئاوەكەی دەبێت.
وە مەبەست لە “القوم” لە فەرمایشتی خواى گەورەدا ﴿وَوَجَدَ عِندَهَا قَوۡمٗاۖ﴾ ئەو دەوڵەتەیە كە فەرمانڕەوایەتی دەكرد بەسەر كەناری ڕۆژھەڵاتی ئاسیای بچووكدا، كە ڕێكەوتبوو لەگەڵ حكومەتەكانی تردا بۆ ھێرشكردنە سەر كۆرش بەبێ ھیچ ھۆكارێك دوای فەتحكردنی بابل. پاشان خواى گەورە ڕوونیدەكاتەوە: ئێمە دەربارەی ئەم گەلانە بە زولقەڕنەینمان گوت: یان سزایان بدە بەھۆی خراپەكاریەكانیانەوە، یان چاكەیان لەگەڵدا بكە بۆ ئەوەی ڕایانبكێشیت بەلای خۆتدا.
﴿قَالَ أَمَّا مَن ظَلَمَ فَسَوۡفَ نُعَذِّبُهُۥ ثُمَّ يُرَدُّ إِلَىٰ رَبِّهِۦ فَيُعَذِّبُهُۥ عَذَابٗا نُّكۡرٗا 88﴾
تەفسیر: ئەمە وەڵامی پاشا كۆرشە بۆ ئەم ئیلهامە بەجۆرێك گوتی: من تەنها دەمەوێت ئەم جارە لێیان خۆش بم، وە سزایان دەدەم ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ خراپەكاریەكانیان.
وە ئەم فەرمایشتە ﴿ثُمَّ يُرَدُّ إِلَىٰ رَبِّهِۦ﴾ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كۆرش باوەڕی بە ئایینێك هەبووە كە ھانیداوە بۆ باوەڕبوون بە زیندووبوونەوەی دوای مردن. وە مێژوو شایەتی دەدات كە ئەو لە شوێنكەوتووە دڵسۆزەكانی ئایینی زەردەشتی بووە، زەردەشتی ئەو ئایینەیە -دوای ئیسلام- لەناو ھەموو ئایینەكاندا بەوە جیادەكرێتەوە كە جەخت دەكاتەوە لەسەر زیندووبوونەوەی دوای مردن. (ئینسایكلۆپیدیای یەھوودی، بەرگی 4 لاپەڕە 404)
﴿وَأَمَّا مَنۡ ءَامَنَ وَعَمِلَ صَٰلِحٗا فَلَهُۥ جَزَآءً ٱلۡحُسۡنَىٰ ۖ وَسَنَقُولُ لَهُۥ مِنۡ أَمۡرِنَا يُسۡرٗا 89﴾
تەفسیر: بەم ئایەتە قسەكانی زولقەڕنەین دەست پێدەكات، وە بێگومان ئەمە بەڵگەیە لەسەر ڕەوشتی بەرزی ئەو. پێشتر باسمان كرد كە كۆرش بە بەزەیی بووە، وە بەوپەڕی خۆشەویستی و بەزەییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو گەلانەدا كردووە كە وڵاتەكانیانی فەتح كردووە.
ئەگەر لێرەدا بگوترێت: بۆچی خواى گەورە سەرپشكی كرد لەنێوان سزادان و چاكەكردن و فەرمووی: ﴿إِمَّآ أَن تُعَذِّبَ وَإِمَّآ أَن تَتَّخِذَ فِيهِمۡ حُسۡنٗا﴾؟ ئەوا وەڵامەكەی ئەوەیە كە ئەمە شێوازێكی خوایی ناسكە بۆ ئەوەی میهرەبانی و بەزەیی شیرین بكات لەلای و هانی بدات بۆی. خواى گەورە باسی سزادانی پێش خستووە بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە تۆ مافی ئەوەت هەیە سزایان بدەیت چونكە خراپەیان كردووە، پاشان بەدوایدا فەرمووی ﴿وَإِمَّآ أَن تَتَّخِذَ فِيهِمۡ حُسۡنٗا﴾ واتە بژاردەیەكی تر لەبەردەمتدایە ئەویش ئەوەیە كە میهرەبان بیت لەگەڵیاندا؛ بەم شێوازە ناسكە خواى گەورە دەرفەتی بۆ زولقەڕنەین ڕەخساند بۆ ئەوەی چاكەیەكی بێگەرد بەدەست بهێنێت. چونكە ئەگەر بە فەرمانی خواى گەورە ڕەحمی پێ بكردنایە، ئەوا دەرفەتێك نەدەبوو بۆ دەرخستنی فیترەتی باشی خۆی و ئەنجامدانی چاكە بە سروشت ویستی خۆی، بەڵام ئەم شێوازە ئەو مەبەستەی هێنایەدی، بۆیە زولقەڕنەین شایەنی پاداشتێكی زیاتر بوو.
﴿ثُمَّ أَتۡبَعَ سَبَبًا 90 حَتَّىٰٓ إِذَا بَلَغَ مَطۡلِعَ ٱلشَّمۡسِ وَجَدَهَا تَطۡلُعُ عَلَىٰ قَوۡمٖ لَّمۡ نَجۡعَل لَّهُم مِّن دُونِهَا سِتۡرٗا 91﴾
تەفسیر: ئەم ئایەتە باسی گەشتەكەی زولقەڕنەین دەكات بۆ لای ڕۆژهەڵات، واتە ئەفغانستان.
دەكرێت مەبەست لە فەرمایشتی خواى گەورە ﴿لَّمۡ نَجۡعَل لَّهُم مِّن دُونِهَا سِتۡرٗا﴾ ئەوە بێت كە ئەو گەلە شارستانی نەبوون، وە خانوو و بینایان كەم بووە، وە لە كوخ یان خێوەتدا نیشتەجێ بوون. وە دۆخی هۆزە ئەفغانیەكان بەم شێوەیە بووە لەو سەردەمەدا، ئەوان بە پێی پێویست شارستانی نەبوون.
بەڵام من پێم وایە وردبوونەوە لە وشەكانی قورئانی پیرۆز وامان لێ دەكات باوەڕ بكەین كە ئەو ناوچەیەی ئاماژەی پێكراوە بەلوجستانە؛ چونكە ئایەتەكە دەفەرموێت: ﴿وَجَدَهَا تَطۡلُعُ عَلَىٰ قَوۡمٖ لَّمۡ نَجۡعَل لَّهُم مِّن دُونِهَا سِتۡرٗا﴾ واتە تیشكی خۆر ڕاستەوخۆ دەكەوتە سەریان و هیچ بەربەستێك لەنێوان تیشكی خۆر و ئەواندا نەبوو؛ واتە زەوییەكە دەشتێكی وشكانی بوو نە درەختی بەرزی تێدا بوو نە شاخی بڵند. پێویستە بزانرێت كە زۆربەی مێژوونووسان یۆنانی بوون بۆیە بە گشتی ئەو سەركەوتنانەیان باسكردووە كە زولقەڕنەین لە ناوچەكەی خۆیاندا بەدەستی هێناوە، وە بەدرێژی باسی ئەو سەركەوتنانەی ئەویان نەكردووە كە لە ڕۆژهەڵاتدا بەدەستی هێناون، بەڵكو زۆر بەكورتی گوتوویانە كۆرش بەرەو ئەفغانستان ڕۆیشتووە بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات و ئەو وڵاتانەی فەتح كردووە. وە لەبەرئەوەی ناوچەی سیستان بەشێك بووە لە ئیمپراتۆریەتی فارس بۆیە من پێم وایە ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بۆ ویلایەتی بەلوجستان كە خاوەنی بیابانی لمین و گردۆڵكەیە. بەڵام ئەگەر تەنها بە ڕاگەیاندنی مێژوو وازمانهێنا ئەوا وا دیارە ئاماژە دەكات بۆ ئەو هۆزانەی كە نیشتەجێ بوون لە زەویەكی بیابانی و دەشتایی درێژدا كە سەدان میل درێژ بووە لە لای ڕۆژئاوای هیرات و سیستان و لە لای باكوورەوە لە دوزدابەوە بۆ مەشهەد لە وڵاتانی فارس.
﴿كَذَٰلِكَ ۖ وَقَدۡ أَحَطۡنَا بِمَا لَدَيۡهِ خُبۡرٗا92﴾
تەفسیر: واتە ڕاستیەكە ئەوەیە كە باسمان كرد، فەتحكردنی ئەو وڵات و میرنشینانە لەلایەن زولقەڕنەینەوە شتێكی ڕاستە و هیچ گومانێكی تێدا نیە.
بەڵام فەرمایشتی خواى گەورە ﴿وَقَدۡ أَحَطۡنَا بِمَا لَدَيۡهِ خُبۡرٗا﴾ واتە ئێمە ئەومان پاراستووە و چاودێریمان كردووە لە هەموو گەشتەكانیدا؛ چونكە زانیاری تەواوەتی بە هەموو شتێك كە لە لای ئەو بووە، تەنها بە مانای چاودێریكردنی بارودۆخەكەی و سەرپەرشتیكردنی دێت.
تەفسیر: ئەم ئایەتە ئاماژە دەكات بۆ گەشتی سێیەمی كۆرش كە بەرەو ئاراستەی باكووری ئێران كردوویەتی بۆ ئەو ویلایەتەی كە دەكەوێتە نێوان دەریای قەزوین و چیاكانی قەفقاز. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی، بەرگی 5 لاپەڕە 410، وشەی Cyrus)
﴿حَتَّىٰٓ إِذَا بَلَغَ بَيۡنَ ٱلسَّدَّيۡنِ وَجَدَ مِن دُونِهِمَا قَوۡمٗا لَّا يَكَادُونَ يَفۡقَهُونَ قَوۡلٗا 94﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
السَّدَّينِ: شێوگی دوانەی (سد)ە و واتە: كێو؛ بەربەستی نێوان دوو شت (الأقرب).
تەفسیر: پێشتر باسمان كرد كە وشەی (كاد) مانای ئەرێنی دەگەیەنێت ئەگەر لە پێشیەوە پیتی نەرێ هاتبێت، وە ئەگەر لە پێشیەوە پیتی ئەرێ هاتبێت ئەوا مانای نەرێنی دەگەیەنێت؛ كەواتە ئایەتەكە مانای ئەوەیە كە ئەوان لە قسەكانی زولقەڕنەین و گەلەكەی تێدەگەیشتن بەڵام بە زەحمەت. وە لەمەوە هەڵێنجان دەكرێت كە ئەو گەلە دراوسێی فارسەكان بوون و زۆر تێكەڵیان دەبوون. زمانی ئەوان جیاواز بوو لە زمانی كۆرش و پیاوەكانی، بەڵام لە قسەی خەڵكی میدیا و فارس تا ڕادەیەك تێدەگەیشتن بەهۆی دراوسێیەتی و سەردانی یەكترەوە.
وە ئەگەر سەیری شوێنی جوگرافی ناوچەی دەربەند بكەین كە بەربەستەكە یان دیوارەكەی لێ دروست كراوە دەبینین وەسفە قورئانیەكە بە تەواوەتی پیادە دەبێت بەسەریدا؛ چونكە خاكەكەی بە خاكی میدیا و فارسەوە بەستراوەتەوە، بەڵكو دواتر بووە بە بەشێك لە فارس، ئەگەرچی ئێستا ڕووسیا خستوویەتیەناو قەڵەمڕەوەكەی خۆیەوە.
وە مەبەست لە ﴿بَيۡنَ ٱلسَّدَّيۡنِ﴾ ئەو شوێنەیە كە دەكەوێتە نێوان دەریای قەزوین و چیاكانی قەوقازەوە. وە ئەم دووانە -واتە دەریای قەزوین لە لایەك و چیاكانی قەوقاز لە لایەكی ترەوە- وەك دوو بەربەست وا بوون، وە ئەو ڕێڕەوەی كە دەكەوتە نێوانیان هەڕەشە بوو بۆ سەر ئاسایشی ئەو گەلە.
﴿قَالُواْ يَٰذَا ٱلۡقَرۡنَيۡنِ إِنَّ يَأۡجُوجَ وَمَأۡجُوجَ مُفۡسِدُونَ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَهَلۡ نَجۡعَلُ لَكَ خَرۡجًا عَلَىٰٓ أَن تَجۡعَلَ بَيۡنَنَا وَبَيۡنَهُمۡ سَدّٗا 95﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
خَرْجًا: واتە باج یان خەراج (الأقرب).
تەفسیر: لەبەر ئەوەی ئەمانە لە نزیك یەئجووج و مەئجووج دەژیان و دراوسێیان بوون و بەردەوام كەوتبوونە بەر هێرشەكانیان، بۆیە داوایان لە كۆرش كرد كە لەسەر خەرجی خۆیان بەربەستێكیان بۆ دروست بكات بۆ پاراستنیان لە هێرشەكانی یەئجووج و مەئجووج.
﴿قَالَ مَا مَكَّنِّي فِيهِ رَبِّي خَيۡرٞ فَأَعِينُونِي بِقُوَّةٍ أَجۡعَلۡ بَيۡنَكُمۡ وَبَيۡنَهُمۡ رَدۡمًا 96﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
رَدْمًا: “الردم” ئەو شتەیە كە لە دیواری ڕووخاوەوە دەكەوێتە خوارەوە (الأقرب).
تەفسیر: زولقەڕنەین گوتی: خواى گەورە زانستی ئەم شتانەی پێ بەخشیوم، وە دەتوانم بە باشترین شێوە ئەنجامیان بدەم. من پلانەكە دادەنێم، بەڵام ئێوەش بە هێز یارمەتیم بدەن.. واتە ئێوە خەڵكی ناوچەكەن و دەتوانن بە كرێكاران و پیشەوەران یارمەتیم بدەن، ئەوانم بۆ بهێنن تا لەنێوان ئێوە و یەئجووج و مەئجووجدا دیوارێك دروست بكەم.
﴿ءَاتُونِي زُبَرَ ٱلۡحَدِيدِ ۖ حَتَّىٰٓ إِذَا سَاوَىٰ بَيۡنَ ٱلصَّدَفَيۡنِ قَالَ ٱنفُخُواْ ۖ حَتَّىٰٓ إِذَا جَعَلَهُۥ نَارٗا قَالَ ءَاتُونِيٓ أُفۡرِغۡ عَلَيۡهِ قِطۡرٗا 97﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
زُبَر: “الزُّبَر” كۆی “الزُّبْرَة”یە كە بریتیە لە پارچەی زۆر گەورە (الأقرب). مەبەست لە “زُبَر الحديد” پارچە ئاسنە.
ساوَى: واتە دوو شت یەكسان بكات (الأقرب).
الصَّدَفَين: دووانەی “الصَّدَف”ە، و “الصدف” بریتیە لە هەر شتێكی بەرز و گەورە وەك ئامانج و دیوار و چیا. وە “ساوَى بين الصَّدَفَين” واتە لەنێوان دوو لوتكەی بەرامبەری چیادا (الأقرب).
أُفْرِغْ: لە “أَفْرَغَ الماءَ” واتە ئاوەكەی ڕێژا. “أفرغَ الدماءَ” واتە خوێنی ڕشت. “أفرغَ الذهبَ والفضّةَ” واتە زێڕ و زیو ڕژاندەناو قاڵبێكەوە (الأقرب).
قِطْرًا: “القِطر” واتە مسی تواوە (الأقرب).
مەبەست لە فەرمایشتی: ﴿ءَاتُونِيٓ أُفۡرِغۡ عَلَيۡهِ قِطۡرٗا﴾: مسی تواوەم بۆ بهێنن تا بیڕێژم بەسەر دیوارەكەدا.
تەفسیر: جگە لە داواكاریەكەی بۆ دابینكردنی كرێكار و پیشەوەر، زولقەڕنەین داوای لێ كردن كە ئاسن و مسیشی بۆ بهێنن. چونكە دروستكردنی بەربەستەكە پێویست بوو بۆ پاراستنیان لە هێرشەكانی دوژمن، هەروەها دەبوایە دەرگا لە دیوارەكەدا هەبوایە بۆ ئەوەی بازرگانیەكەیان زیانی پێنەگات و ڕێگای كاروانە بازرگانیەكان بە كراوەیی بمێنێتەوە. وە ئاسن پێویست بوو بۆ ئەوەی دەرگاكان بەهێز و پتەو بن، وە مسیش پێویست بوو بۆ ئەوەی دەرگاكان تووشی ژەنگ نەبن.
﴿فَمَا ٱسۡطَٰعُوٓاْ أَن يَظۡهَرُوهُ وَمَا ٱسۡتَطَٰعُواْ لَهُۥ نَقۡبٗا ٩8﴾
تەفسیر: واتە دوای تەواوبوونی دروستكردنی بەربەستەكە، هێرشەكانی یەئجووج و مەئجووج كۆتایی هات. بەربەستەكە بەرز بوو بۆیە زەحمەت بوو بۆ ئەوان كە بیبڕن، هەروەها زۆر گەورەش بوو بۆیە نەیانتوانی كونیشی بكەن.
بەڵام مەبەست ئەوە نیە كە ئەم بەربەستە یان ئەم دیوارە لەو جۆرە بووە كە سەركەوتن بەسەریدا یان كون كردنی مەحاڵ بووە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە پاسەوانەكان كە لە بورج و قەڵاكانیدا نیشتەجێ بوون بەردەوام پاسەوانیان دەكرد، ئەمەش وای كردبوو كە ئەستەم بێت بۆ یەئجووج و مەئجووج سەربكەون بەسەریدا یان كونی بكەن؛ چونكە كەس ناتوانێت بجەنگێت لەكاتێكدا سەركەوێت بەسەر دیوارەكەدا، بەڵام ئەو پاسەوانانەی كە لە قولەكانی سەر دیوارەكەدا دانیشتوون دەتوانن بەبێ زەحمەت و بە ئاسانی ڕێگری لێ بكەن.
﴿قَالَ هَٰذَا رَحۡمَةٞ مِّن رَّبِّي ۖ فَإِذَا جَآءَ وَعۡدُ رَبِّي جَعَلَهُۥ دَكَّآءَ ۖ وَكَانَ وَعۡدُ رَبِّي حَقّٗا 99﴾
تەفسیر: ئەم قسەیەی كۆرش بەڵگەیە لەسەر گەورەیی باوەڕی ئەو بە خواى گەورە، بەجۆرێك جەخت دەكاتەوە كە باوەڕدار تووشی خۆبەزلزانین و لووت بەرزی نابێت هەرچەندە كاری گەورەش ئەنجام بدات، بەڵكو هەمیشە هەموو دەستكەوتەكانی دەداتەپاڵ خواى گەورە.
بەڵام قسەی كۆرش ﴿فَإِذَا جَآءَ وَعۡدُ رَبِّي جَعَلَهُۥ دَكَّآءَۖ﴾ ئەوە دەگەیەنێت كە خواى گەورە لەڕێگەی ئیلهامەوە پێی ڕاگەیاندووە كە ئەم گەلانە ڕۆژێك لە ڕۆژان دووبارە بەرەو باشوور و ڕۆژهەڵات پێش دەكەون، وە لەو كاتەدا ئەم بەربەستە بێ سوود دەبێت؛ ئەمەیە مەبەست لە فەرمایشتی خواى گەورە ﴿جَعَلَهُۥ دَكَّآءَۖ﴾. وە لە سوورەتی “الأنبیاء”دا كۆمەڵێك ئایەت هەن بە ڕاشكاوی ئاماژە بەوە دەكەن ئەم گەلانە لەڕێگەی دەریاوە لە هەموو جیهاندا بڵاودەبنەوە.
دەكرێت مەبەست لە ڕووخانی دیوارەكە ڕووخانی دەسەڵاتی موسوڵمانان بێت.
﴿وَتَرَكۡنَا بَعۡضَهُمۡ يَوۡمَئِذٖ يَمُوجُ فِي بَعۡضٖ ۖ وَنُفِخَ فِي ٱلصُّورِ فَجَمَعۡنَٰهُمۡ جَمۡعٗا 100﴾
تەفسیر: لێرەدا قسەكانی زولقەڕنەین كۆتایی دێت، بەجۆرێك خواى گەورە ئێستا ڕایدەگەیەنێت كاتێك ئەو وادە خواییە دێت كە زولقەڕنەین لێرەدا ئاماژەی پێكرد، خواى گەورە جارێكی تر ئەم گەلانە دەبووژێنێتەوە و دەسەڵاتیان پێ دەبەخشێت لە زەویدا، وە دەجەنگن لەگەڵ ئوممەتەكاندا، وە گەلانی باكوور و ڕۆژئاوا تێكەڵ بە گەلانی باشوور و ڕۆژهەڵات دەبن، وە بەم شێوەیە خواى گەورە هەموو جیهان كۆدەكاتەوە.. بەو مانایەی كە گەشتكردن لەو سەردەمەدا ئاسان دەبێت، بە جۆرێك هەموو دنیا وەك یەك وڵاتی لێدێت. لەڕاستیدا ئەم نیشانانە بە تەواوەتی پیادە دەبن بەسەر ئەم سەردەمەی ئێمەدا.
هەڵبەت قورئانی پیرۆز لە شوێنێكی تردا باسی بڵاوبوونەوەی یەئجووج و مەئجووج دەكات و دەفەرموێت: ﴿ حَتَّىٰٓ إِذَا فُتِحَتۡ يَأۡجُوجُ وَمَأۡجُوجُ وَهُم مِّن كُلِّ حَدَبٖ يَنسِلُونَ * وَٱقۡتَرَبَ ٱلۡوَعۡدُ ٱلۡحَقُّ فَإِذَا هِيَ شَٰخِصَةٌ أَبۡصَٰرُ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ يَٰوَيۡلَنَا قَدۡ كُنَّا فِي غَفۡلَةٖ مِّنۡ هَٰذَا بَلۡ كُنَّا ظَٰلِمِينَ﴾ (الأنبیاء: 97-98). واتە كاتێك بەربەست لە بەردەمی یەئجووج و مەئجووج لادەبەین بۆ ئەوەی مەودا دوور و درێژەكان ببڕن لەسەر شەپۆلەكانی دەریا، وە بەخێرایی لە هەموو دنیادا بڵاوببنەوە، لەو كاتەدا بەڵێنەكەمان بە لەناوبردنیان دێتەدی؛ وە سزا دەدرێن و لەكاتێكدا بە سەرسوڕمان و حەپەسانەوە دەڵێن: ئێمە بەردەوام بووین لە ستەمكردن لە جیهان و چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد كە سزا بمانگرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ لەناوچوونمان شتێكی بێگومانە.
هەروەها ئەم ئایەتە هەواڵی ئەوە دەدات كە یەئجووج و مەئجووج لەڕێگەی كون كردنی دیوارێكەوە دەرناچن، بەڵكو لەڕێگەی دەریاكانەوە دێن. وە هەواڵی ئەوەش دەدات كە ئەوان دەست بەسەر دەریاكاندا دەگرن و كەشتییەكانیان لە هەموو دەریاكانی جیهاندا دەگەڕێت؛ چونكە ئایەتەكە دەفەرموێت: ﴿وَهُم مِّن كُلِّ حَدَبٖ يَنسِلُونَ﴾ واتە ئەوان دێن لەكاتێكدا سوار شەپۆلی دەریاكان دەبن. هەروەها ئەم ئایەتە پێمان دەڵێت كە گەشتەكانیان بە خێراییەكی زۆر ئەنجام دەدرێت، وە ئەمەش ئاماژەیە بۆ داهێنانی كەشتیە دەریاییەكان كە بە هێزی هەڵم دەڕۆن.
دەبینن چۆن ئەم هەواڵە قورئانیە بەشێوەیەكی دەقاودەق هاتەدی! دیارە ئەم گەلانە لەڕێگەی دەریاكانەوە لە ڕۆژهەڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، وە گەشتكردن لە دەریاكاندا لە سەردەمی ئەواندا بە خێراییەك ئەنجام دەدرێت كە لە سەردەمە كۆنەكاندا هاوتای نەبووە.
﴿وَعَرَضۡنَا جَهَنَّمَ يَوۡمَئِذٖ لِّلۡكَٰفِرِينَ عَرۡضًا 101﴾
تەفسیر: لێرەدا خواى گەورە ڕایدەگەیەنێت: ئەو ڕۆژانە وەكو دۆزەخ دەبن، بەجۆرێك كێشە و دوژمنایەتی لەنێوان خەڵكیدا زۆر دەبێت، وە دەوڵەت و وڵاتان دەجەنگن بۆ ئەوەی هەندێكیان دەست بەسەر هەندێكی تردا بگرن.
وە مانای دووەم ئەوەیە كە ئەم گەلانە بێ ئایین دەبن، بە تەواوی بێئاگا دەبن لە خواى گەورە، وە كۆمەڵە كارێك ئەنجام دەدەن كە خاوەنەكەی دەخاتەناو ئاگری دۆزەخەوە.
﴿ٱلَّذِينَ كَانَتۡ أَعۡيُنُهُمۡ فِي غِطَآءٍ عَن ذِكۡرِي وَكَانُواْ لَا يَسۡتَطِيعُونَ سَمۡعًا 102﴾
تەفسیر: خواى گەورە لێرەدا هەواڵ دەدات كە بەندایەتی بە تەواوەتی لە ناویاندا نامێنێت. ئەو گەلەی كە لە سەرەتای پێشكەوتنیاندا زۆر زەحمەتیان چەشت لەپێناو خواى گەورەدا، لە سەردەمی كۆتاییدا بەتەواوەتی خواى گەورە لەبیردەكەن، وە هەموو دەستكەوتەكانیان دەدەنەپاڵ لێهاتوویی تایبەتی خۆیان.
وە فەرمایشتی خواى گەورە ﴿وَكَانُواْ لَا يَسۡتَطِيعُونَ سَمۡعًا﴾ مانای ئەوەیە كە ڕەشایەتی و ژەنگی ڕۆحی دڵیان دادەپۆشێت، بەجۆرێك بەتەواوەتی خاڵی دەبێت لە هەر هێزێك یان ویستێك بۆ گوێگرتن لە وتەكانی خواى گەورە. وە بە تەواوی ئەمە دۆخی گەلانی ڕۆژئاوایە لەمڕۆدا. ئەوەتا لەجیاتی ئەوەی گوێ بۆ وەحی نوێی خواى گەورە بگرن كە دوای كتێبەكەی ئەوان دایبەزاندووە، كتێبەكەی خۆیان، كە لە ڕواڵەتدا باوەڕیان پێیەتی، كردووەتە ئامانجی پیسترین و قێزەونترین تانە و ڕەخنە. ڕۆژانە كۆمەڵێك كتێب دەنووسن بۆ ئەوەی تێیاندا بیسەلمێنن مەسیحی ناو پەیمانی نوێ تەنیا كەسایەتیەكی خەیاڵی بووە، وە جارێكی تر دەڵێن كتێبی پیرۆز وەحی خواى گەورە نەبووە، بەڵكو هەڵبەستراوی مرۆڤ بووە.
ڕوانینێكی گشتی بۆ ڕوونكردنەوەكەی پێشوو:
ئایەتەكانی پێشوو باسی پێشكەوتن و بڵاوبوونەوەی گەلانی مەسیحی دەكەن لە جیهاندا لە سەردەمی كۆتاییدا، وە گوێ نەدانیان بە ئایین و بێئاگا بوونیان لە یادی خواى گەورە. هەروەها خواى گەورە هەواڵی داوە كە هۆكارە غەیبیەكان دەسازێنێت كە بەهۆیانەوە پێشكەوتنەكانیان دەگۆڕێت بۆ شكست و داڕوخان، وە نائومێدی و بێهیوایی دەیانگرێتەوە، وە لە كۆتاییدا ڕوو لە ئایین دەكەن وەك لەو كەشفەدا كە مووسا (سڵاوی خوای لێ بێت) بینیویەتی ئاماژەی پێكراوە، بەمەش بۆیان دەردەكەوێت كە لەسەر هەڵە بوون، پاشان دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی بەیەكگەیشتنی دوو دەریاكە و ڕوو لە ئیسلام دەكەن.
بە گونجاوی دەزانم لەم شوێنەدا ئەو هەواڵانە باس بكەم كە لە تەوراتدا هاتوون دەربارەی چارەنووسی یەئجووج و مەئجووج. لە ڕوئیای یۆحەننای لاهووتیدا هاتووە: “پاشان كاتێك هەزار ساڵەكە تەواو بوو شەیتان لە زیندانەكەی ئازاد دەكرێت، وە دێتە دەرەوە بۆ ئەوەی گەلەكان گومڕا بكات كە لە چوار گۆشەی زەویدا هەن، واتە یەئجووج و مەئجووج، بۆ ئەوەی بۆ جەنگ كۆیان بكاتەوە.” (ڕوئیای یۆحەننای لاهووتی 20: 7 و 8).
پێویستە بزانرێت مەبەست لە “هەزار ساڵەكە” لێرەدا هەزار ساڵە لە ساڵی كۆچی، واتە شەیتان لە زیندانەكەی ئازاد دەكرێت دوای هەزار ساڵ لە دەركەوتنی گەورەمان موحەممەد (ﷺ). وە بەم شێوەیە ڕوویدا، گەلانی ڕۆژئاوا لە ساڵی 1611ی زاینیدا پێیەكانیان جێگیر كرد لە هیندستان، وە ئەمەش سەرەتای سەردەمی پێشكەوتنی یەئجوج بوو. (ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی، بەرگی 11 وشەی هیندستان)
وە ئەگەر پێكەوە ئەو شتانە بخوێنینەوە كە لە ڕوئیای یۆحەننای لاهووتیدا هاتووە و ئەوانەی كە لە ڕوئیاكەی حەزقیالدا هاتووە لە حەزقیال 38 و 39دا بۆمان دەردەكەوێت كە پێشكەوتنەكەیان لە سەدەی شازدەوە دەستی پێ دەكات؛ بەڵام زاڵ بوونیان بەسەر هەموو جیهاندا و دەستبەسەرداگرتنیان بەسەر هەموو وڵاتاندا لە سەردەمی كۆتاییدا دەبێت.
پێشتر ئاماژەم بەوە كردبوو كە بڕیارە لە ئاخر زەماندا هاوشێوەیەكی زولقەڕنەین لە دۆخێكی هاوشێوەی ئەو دۆخەی ئەوی تێیدا بووە دەربكەوێت؛ چونكە قورئانی پیرۆز ئەم ڕووداوەی وەك هەواڵێكی غەیبی باسكردووە كە لە داهاتوودا دێتەدی. وە ئەو كەسەی وردەكاری زیاتری ویست ئەوا با بگەڕێتەوە بۆ كتێبێكی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بە ناوی “بەراهینی ئەحمەدی” بەشی پێنجەم لاپەڕە 90-92 چاپی یەكەم.
﴿أَفَحَسِبَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ أَن يَتَّخِذُواْ عِبَادِي مِن دُونِيٓ أَوۡلِيَآءَ ۚ إِنَّآ أَعۡتَدۡنَا جَهَنَّمَ لِلۡكَٰفِرِينَ نُزُلٗا 103﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
نُـزُلاً: “النُـزُلُ” واتە ئەو شتەی كە بۆ میوان ئامادە دەكرێت (الأقرب).
تەفسیر: ئەم ئایەتانە باسی ئەو كەسانە دەكەن كە بانگەشەی ئەوە دەكەن مەسیح ڕزگاركەرە و كوڕی خوایە، كە لە سەرەتای ئەم سوورەتەدا باسكراون. كەواتە لەم ئایەتەوە بە ڕوونی دەردەكەوێت ئەو كەسانەی لە ئایەتەكانی پێشوودا باسكراون تەنیا مەسیحیەكانن.
﴿قُلۡ هَلۡ نُنَبِّئُكُم بِٱلۡأَخۡسَرِينَ أَعۡمَٰلًا 104 ٱلَّذِينَ ضَلَّ سَعۡيُهُمۡ فِي ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا وَهُمۡ يَحۡسَبُونَ أَنَّهُمۡ يُحۡسِنُونَ صُنۡعًا 105﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
صُنْعًا: “الصُّنْعُ” واتە كار؛ چاكە؛ بەدیهێنانی شتێك كە پێشتر نەبووبێت (الأقرب).
تەفسیر: واتە ئەوان كۆتا ئامانجی ژیانی خۆیان كردووە بە داهێنانی ئەو شتانەی كە تەنیا لە دنیایاندا سوودی بۆ مرۆڤ هەبێت، وە ئاوڕنادەنەوە لە ئایین، بەڵكو بە شتێكی بێ مانای دەزانن كە هیچ سوودێكی نەبێت.
﴿أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ بَِٔايَٰتِ رَبِّهِمۡ وَلِقَآئِهِۦ فَحَبِطَتۡ أَعۡمَٰلُهُمۡ فَلَا نُقِيمُ لَهُمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ وَزۡنٗا 106﴾
تەفسیر: واتە ئێمە هیچ شوێنەوارێك بۆ داهێنانەكانیان ناهێڵینەوە، وە لە ڕۆژی دواییدا بەهۆیانەوە هیچ كێشێك بۆ ئەوان دانانێین؛ چونكە هەموو كارەكانیان بۆ دنیا بووە نەك بۆ دواڕۆژ.
﴿ذَٰلِكَ جَزَآؤُهُمۡ جَهَنَّمُ بِمَا كَفَرُواْ وَٱتَّخَذُوٓاْ ءَايَٰتِي وَرُسُلِي هُزُوًا 107﴾
تەفسیر: واتە نرخ دانەنان بۆ كارەكانیان لە ڕۆژی دواییدا وەك سزایەك نیە، بەڵكو بریتیە لە پاداشتی پڕاوپڕی كارەكانیان، چونكە مادام ئەوان هیچ شتێكیان بۆ خواى گەورە نەكردووە، ئیتر چۆن دەكرێت ھیوای هیچ پاداشتێكی ڕۆژی دوایی لە خواى گەورە بكەن لەسەر ئەوەی كە كردوویانە.
وشەی “جهنم” بريتيە لە (عطف بیان)ی وشەی “جزاؤهم”، وە ماناكەی ئەوەیە كە مەبەستمان لە پاداشتەكە دۆزەخە، ئەمەش چونكە بێ باوەڕ بوون و گاڵتەیان بە ئایەتەكانی خواى گەورە و پێغەمبەرەكانی كردووە.. واتە ئەم گەلانە هیچ ڕێزێك بۆ وتەی خواى گەورە و پێغەمبەرە بەڕێزەكانی دانانێن. مرۆڤێك دەكەن بە خوا بۆ ئەوەی گاڵتە و سووكایەتی بكەن بە هەموو پێغەمبەرەكان.
وە بە تەواوەتی ئەمە دۆخی مەسیحیەكانە وەك دەیبینن. مەسیحیان (عليه السلام) كردووە بە كوڕی خواى گەورە، وە بەشێوەیەكی زۆر خراپ سووكایەتی بە پێغەمبەرەكانی تر دەكەن، وە بە زیادە و بێ مانایان لەقەڵەم دەدەن، هەروەها شەریعەت بە نەفرەت دەزانن.
﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ كَانَتۡ لَهُمۡ جَنَّٰتُ ٱلۡفِرۡدَوۡسِ نُزُلًا 108 خَٰلِدِينَ فِيهَا لَا يَبۡغُونَ عَنۡهَا حِوَلٗا 109﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
الفردوس: بەهەشتێكە كە جۆرەها ڕووەكی تێدا دەڕوێت؛ ئەو باخەیە كە هەموو ئەو شتانەی تێدایە كە لە باخەكاندا هەیە (الأقرب).
حِوَلاً: “الحِوَلُ” واتە نەمان و گواستنەوە (الأقرب).
تەفسیر: خواى گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت: كاتێك سزا دێت بەسەر ئەم گەلەدا، سەردەمی پێشكەوتنی باوەڕداران دەست پێدەكات بۆ ئەوەی پاداشت وەربگرن لەسەر ئارامگرتنەكەیان، وە لە پێشكەشكردنی قوربانی بۆ خواى گەورە و ئایینەكەی چێژێكی زۆر گەورە وەردەگرن، تەنانەت نایانەوێت لەم دۆخە بێنە دەرەوە سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیەی كە بە ماڵ و گیان دەیدەن؛ بەڵكو لەم گەشتەدا هەست بە هەموو چێژێك دەكەن بە سواری ئەو “كەشتیە كونكراوە” و نایانەوێت بەجێی بهێڵن.
﴿قُل لَّوۡ كَانَ ٱلۡبَحۡرُ مِدَادٗا لِّكَلِمَٰتِ رَبِّي لَنَفِدَ ٱلۡبَحۡرُ قَبۡلَ أَن تَنفَدَ كَلِمَٰتُ رَبِّي وَلَوۡ جِئۡنَا بِمِثۡلِهِۦ مَدَدٗا 110﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
مِدادًا: “المدادُ” واتە النِّقْس (الأقرب)، واتە مەرەكەب.
تەفسیر: واتە ئەوان بانگەشەیەکی گەورە دەکەن و خۆیان بە خاوەنی چەندین داهێنان و دۆزینەوەی زانستی دەزانن، تەنانەت وا نیشانی دەدەن کە تەنها هەنگاوێکیان ماوە بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم نهێنییەکانی گەردوون، بەڵام ئەی موحەممەد (ﷺ) بە دەربرینێكی تر پێیان بڵێ: شوێنكەوتووانی موحەممەد لەو سەردەمەدا پێیان بڵێن: هەوڵەكانتان بۆ زانینی نهێنیەكانی گەردوون هەمیشە وەك یەكەم ڕۆژی دەمێنێتەوە، وە سەرەڕای هەموو هەوڵ و كۆششەكانتان هەمیشە دەبینن كە لە هەمان ئەو شوێنەدا وەستاون كە ئەم گەشتەتان لێیەوە دەستپێكردووە، وە لە نهێنیەكانی گەردوون و تایبەتمەندی شتەكان كە خواى گەورە لە دروستكراوەكانیدا دایناون شتێك بەدەست ناهێنن كە یەكسان بێت بە دڵۆپێك لە بەرامبەر دەریا.
هەروەها ئەم ئایەتە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو سەردەمە سەردەمی بڵاوكردنەوەی كتێبە، وە ئەم گەلانە زۆر گرنگی دەدەن بە نووسینی كتێبە زانستیەكان.
﴿قُلۡ إِنَّمَآ أَنَا۠ بَشَرٞ مِّثۡلُكُمۡ يُوحَىٰٓ إِلَيَّ أَنَّمَآ إِلَٰهُكُمۡ إِلَٰهٞ وَٰحِدٞ ۖ فَمَن كَانَ يَرۡجُواْ لِقَآءَ رَبِّهِۦ فَلۡيَعۡمَلۡ عَمَلٗا صَٰلِحٗا وَلَا يُشۡرِكۡ بِعِبَادَةِ رَبِّهِۦٓ أَحَدَۢا 111﴾
تەفسیر: دوای باسكردنی ئەم هەواڵ و زانستە غەیبیانە، خواى گەورە فەرمان بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ) دەكات كە ئەی موحەممەد پێیان بڵێ: من ئەم ئەندازەیە لە زانستە ئاسمانیەكانم بۆ ئێوە ڕوون كردەوە، لەگەڵ ئەوەدا ناڵێم من كوڕی خوام یان خاوەنی سیفەتە خواییەكانم؛ بەڵكو من مرۆڤێكم وەك ئێوە، وە هیچ شتێك لە ئێوە جیام ناكاتەوە تەنها ئەوە نەبێت كە من جێگای دابەزینی وەحی خواى گەورەم. ئەگەر ئێوە خوازیاری بەدەستهێنانی ئەم ناز و نیعمەتانەن، ئەوا وەكو من یەكتاپەرست بن، وە كار بكەن بە ڕاسپاردەكانی خواى گەورە، وە خۆتان بپارێزن لە هاوبەش دانان بۆی؛ پاشان بڕوانن چۆن خواى گەورە فەزڵ و نیعمەتی خۆی دەڕێژێت بەسەرتاندا، وە گەنجینەكانی غەیبتان بۆ دەكاتەوە.
پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “هەر كەسێك دە ئایەتی كۆتایی سوورەتی الكهف بخوێنێت ئەوا لە ئاژاوەی دەججال پارێزراو دەبێت” (مسند أحمد، مسند القبائل ژمارەی فەرموودە 26244). وە ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەریش (ﷺ) بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ئەوەی كە مەبەست لە دەججال و یەئجووج و مەئجووج تەنها ئاژاوەی مەسیحیەتە؛ چونكە ئەم ئایەتانە تەنها باسی ئەم گەلە دەكەن، هەروەك ئەمە شاراوە نیە لەو كەسەی كە بەوردی و تێڕامانەوە دەیاخوێنێتەوە.
PDF