مردنی مەسیح عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام)

بۆ داگرتنی وتارەکە بە PDF: کلیك لێرە بکە
ناوەڕۆك:
“وازبهێنن عیسا (عليه السلام) بمرێت بۆ ئەوەی ئیسلام زیندووبێتەوە”
مەسیحی كوڕی مەریەم تەنها پێغەبەرێكە و پێغەمبەرانى پێش ئەو مردوون
هەندێ بەڵگە لەسەر مردنی عیسا (علیه السلام) لە قورئانی پيـرۆزدا
هەندێ بەڵگە لەسەر مردنی مەسیح (عليه السلام) لە فەرموودەدا
كۆدەنگی هاوەڵان- ڕەزای خوایان لێ بێت- لەسەر مردنی عیسا (عليه السلام)
وتەی هندێ لە زانایانی پێشین دەربارەی مردنی عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام)
وتەی هەندێك لە زانایانی هاوچەرخ دەربارەی مردنی عیسای كوڕی مەریەم (علیە السلام)
مەبەست لە دابەزینی عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام)
چاوەڕێ بكەن… ئێمەش لەگەڵ ئێوەدا چاوەڕێ دەكەین
*****
“وازبهێنن عیسا (عليه السلام) بمرێت بۆ ئەوەی ئیسلام زیندووبێتەوە”
سەیرترین و نامۆترین بيـروباوەڕ لەو بیروباوەڕانەی كە لەناو موسوڵماناندا برەویان پەیدا كردووە و لە هەموویان زیاتر زیانی هەیە بۆ ئایینی ئیسلام و پێغەمبەر ئازیز(ﷺ) بریتیە لە بيـروباوەڕی ژیانی عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام) لە ئاسمان. بێگومان ئەم بيـروباوەڕە بەهۆی یەكێكی تر لە تێگەیشتنە هەڵەكانی هەندێ لە زانایانەوە، لە ئایینی مەسیحیەتەوە دزەی كردووەتەناو ئایینی ئیسلامەوە و بڵاو بووەتەوە.
هەڵبەت جێگیربوونی دابەزینی مەسیح (نزول المسيح) لە ئاخرزەماندا لە فەرموودە پيـرۆزەكانەوە ئەم بيـروباوەڕەی داڕشتووە و پاساوی بۆ هێناوەتەوە، بەهۆی ئەوەی موسوڵمان بە هەڵە لە چەمكی (النزول) تێگەیشتوون بۆیە باوەڕیان وایە دەبێت مەسیح بەرزكرابێتەوە بۆ ئاسمان و نەمردبێت. لەگەڵ ئەوەی بابەتی “النزول” جێگیر بووە بەڵام بەرزبوونەوەی مەسیح بۆ ئاسمان و بەردەوامبوونی ژیانى لەوێدا بە هیچ شێوەیەك بەڵگەی لەسەر نیە نە لە قورئانی پیرۆز و نە لە فەرموودەكاندا. هەندێ لە زانایان پێیان وا بوو بە جەختكردنەوەیان لەسەر باوەڕی ژیانی مەسیح (عليه السلام) لە ئاسماندا بەرگری لە ئیسلام و ڕاستی فەرموودە پيـرۆزەكان دەكەن، وە بوارێك دەكەنەوە بۆ دابەزینی مەسیح (عليه السلام) لە ئاخرزەماندا. بەڵام لەڕاستیدا لەلایەن خۆیانەوە ئەم تێگەيشتنەیان داتاشی، وە ئەم تێگەيشتنە ئەنجامێكی پێچەوانەی لێكەوتەوە و بوو بە مەترسیەكی گەورە لەسەر ئیسلام.
كاریگەری ئەم هەڵەیە بە سنوورداری مایەوە لەسەر موسوڵمانان هەتا كاتی زاڵبوونی مەسیحیەكان و بڵاوبوونەوەی مەسیحیەت لەژێـر چەتری داگيـركاری خۆرئاواییدا. لەو كاتەدا ژیانی عیسا و بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان دوو چەكی هەرە بەهێز بوون بەدەستی ئەو قەشانەوە كە ئایینی مەسیحیەتیان بڵاودەكردەوە. لەڕاستیدا لە سەرەتاوە بەتایبەتی لە هيندستان و هەروەها لە وڵاتانی تریشدا سەركەوتنیان بەدەست هێنا لە كۆكردنەوەی ژمارەیەكی زۆر لە موسوڵمانە نەزانەكان لە دەوری ئەم بیروباوەڕە، ئەویش به دروستكردنی گومان و پڕوپاگەندەی ئەوەی كە گوایه عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) فهزڵی هەیە بەسەر پێغەمبەردا (ﷺ)، وه ئهو خوایەكی زیندووه لە ئاسماندا؛ چونكە بۆ مرۆڤ نەبووە كە لە ئاسماندا بژی یان خەلق بكات یان مردوو زیندووبكاتەوە! ئا لێـرەدا ئەم هەڵەیە گۆڕا بۆ ئەژدیهایەك كە دەیویست ئیسلام قووت بدات. حەزرەتی دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی میرزا غوڵام ئەحمەد (علیه السلام) لەم بارەيەوە دەفەرموێت:
“مەسەلەی ژیانی عیسا لەسەرەتادا تەنها هەڵەیەك بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم هەڵەیە گۆڕاوە بۆ ئەژدیهایەك كە دەیەوێت ئیسلام لووش بدات… بۆیە لەو كاتەوەی كە مەسیحیەت دەرچوو، وە مەسیحیەكان ژیانی عیسایان بە بەڵگەیەكی بەهێز لەقەڵەمدا لەسەر خوایەتی ئەو، كێشەكە بوو بە كێشەیەكی زۆر مەترسیدار. ئەوان بەوپەڕی پێداگریەوە ئەم بابەتەیان دەخستە پێشچاو و جەختیان لێ دەكردەوە بە بەڵگەی ئەوەی كە ئەگەر عیسا خوا نەبووە؛ ئەوا چۆن بەرزبوویەوە و لەسەر عەرش دانیشتووە، وە ئەگەر دەست بدات بۆ مرۆڤ كە بە زیندوویی سەربكەوێت بۆ ئاسمان؛ ئەوا بۆچی لەسەردەمی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ هیچ مرۆڤێك سەرنەكەوتووە بۆ ئاسمان… دیارە ئەمڕۆ ئیسلام لە لاوازی و داڕوخاندایە، وە پرسی ژیانی مەسیح چەكێكە مەسیحیەت هەڵیگرتووە بۆ هێـرشكردنە سەر ئیسلام، وە بەهۆیەوە ڕۆڵەی موسوڵمانان بوون بە نێچيـری مەسیحیەت… بۆیە خوای گەورە ویستی لە ئێستادا موسوڵمانان لەمە ئاگاداربكاتەوە.” (الملفوظات، ج 3، ص337 و345)
خوای پەروەردگار وەحی كرد بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كە عیسا (علیه السلام) زیندوو نیە، بەڵكو وەكو پێغەمبەرانی تر مردووە. وە ژمارەیەك كتێبی نووسی كە تێیاندا بە تێـروتەسەلی ئەم بابەتەی باس كردووە، وە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەوە دەیەها بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر مردنی عیسا (علیه السلام). هەروەك ئوممەتی ئیسلامی بانگكرد بۆ وازهێنان لەم باوەڕە پووچە وەك بەرگریكردنێك لە ئیسلام و پایەی پێغەمبەر (ﷺ)، وه بۆ ئەوەی بەڵگە نەدەن بەدەست مەسیحیەكانەوە لە دژی خۆیان. بەڕێزی لەكاتی دواندنی موسوڵماناندا بەزۆری دەیفەرموو:
“وازبهێنن عیسا (علیه السلام) بمرێت بۆ ئەوەی ئیسلام زیندووبێتەوە”، وە هەروەها دەیفەرموو: “سوێند بەخوا ژیانی ئەم ئایینە و ژیانی مەسیحی كوڕی مەریەم (علیه السلام) بەیەكەوە كۆنابنەوە”، بەم شێوەیە بەهۆی دوو ڕستەیهوە بەكورتی ئەو مەترسیەی خستەڕوو كە دەوری ئیسلامی دابوو بەهۆی ئەم باوەڕە خراپەوە.
“ئایا مردن بۆ پێغەمبەری خۆمان بێت و ژیانیش بۆ عیسا؟”
هەروەك گوتمان هۆكار و سەرچاوەی ئەم باوەڕە دەگەڕێتەوە بۆ تێگەيشتنی هەڵە لە بابەتی دابەزینی مەسیح (نزول المسيح) لە ئاخرزەماندا. وە هەندێ كەس بە توندی دەستیان گرت بە بيـروباوەڕی بەرزبوونەوە و ژیانى عيساوە؛ چونكە پێیان وابوو كە ئەمە تاكە ڕێگەیە كە بەهۆیەوە دابەزینی عیسا (علیه السلام) دەبێت بە شتێكی گونجاو. وە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە زۆر شوێن لە نووسراوەكانیدا ئەم تێڕوانینەی پووچەڵ كردووەتەوە، هەروەها ڕوونی كردووەتەوە كە مەبەست چیە لەم “نزول”ە و لە چۆنێتی جێبەجێ بوونی. لەم بارەيەوە بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت:
“ئەی خەڵكینە! بيـر لە پایەی پێغەمبەری هەڵبژاردە بكەنەوە.. سڵاوی خوای ئاسمانە ههرهبەرزەكانی لێ بێت.. وە كتێبی ئەو كەسانە بخوێننەوە كە خەڵكی دەكەن بە مەسیحی و بڕوانن بۆ ئەو هێـرشەیان كە دەیكەنە سەر ڕێز و شكۆی چاكترینی مرۆڤەكان.
كەواتە، ئەی ڕۆڵەی موسوڵمانان كوڕی مەریەم هەڵمەنێن و یارمەتی مەسیحیەكان مەدەن. ئایا مردن بۆ پێغەمبەری خۆمان بێت و ژیانیش بۆ عیسا؟ ئەگەر وابێت ئەمە دابەشكردنێكی نابەجێیە! ئەوە چیتانە بۆچی ڕێز و شكۆ دانانێن بۆ گەورەی گەورەكان؟ ئایا مشتومڕم لەگەڵدا دەكەن بەو فەرموودانەی كە تێیاندا هاتووە مەسیح دادەبەزێت، وە فەرموودەكانی تر لەبيـردەكەن، لایەك دەگرن و لایەكەی تر بەردەدەن، وە وازدەهێنن لە ڕێگەی توێژەران؟ ناوی “كوڕی مەریەم” لە فەرموودەكانی چاكترینی مەردووماندا فریوتان نەدات، ئەمە تەنها تاقیكردنەوەیەكە لەلایەن خواوە بۆ ئەوەی بزانێت كێ لە ئێوە ڕاستی دەپێكێت و كێیشتان نایپێكێت و هەڵە دەكات، بۆ ئەوەی خوا پاداشتی ئەوانە بداتەوە كە ئارامگربوون و گومانی چاكیان بە خۆیان بردووە، وە دەستدرێژكارانیش تووشی ڕسوایی بكات، ئاشكرایە ڕێوشوێنەكانی ئەو لەڕابردوودا هەر بەم شێوەیە بووە، دەی با ئەوانەی كە توێژەرن توێژینەوە بكەن.
بێگومان لە ئیليیا و چيـرۆكی دابەزینیدا لێكچوونێك هەیە كە كوڵی دڵی داواكاران دادەمركێنێت. كەواتە ئینجیل بخوێننەوە و بەقووڵی و بە دڵسۆزیەوە وردبنەوە لە ئایەتەكانی. كاتێك جوولەكە گوتیان: ئەی عیسا.. چۆن بانگەشەی ئەوە دەكەیت كە تۆ مەسیح بیت.. لەكاتێكدا پێویستە ئیليیا پێش ئەو بێت هەروەك لە پەڕاوی پێغەمبەراندا هاتووە؟ ئەویش فەرمووی: دیارە ئیليیا هاتەلاتان بەڵام نەتانناسی، وە ئاماژەی كرد بۆ یەحیا و فەرمووی: ئا ئەوە ئیلیيایە ئەگەر ئێوە بەڕاستی باوەڕدارن. وتیان: ئاشكرایە تۆ كەسێكی درۆ هەڵدەبەستی.. ئایا مانایەكی نەشیاو دادەتاشی؟ شتی وامان نەبیستووە لە باوباپيـرانی پێشوومانەوە. ئەویش گوتی: ئەی گەلەكەم.. درۆم هەڵنەبەستووە بەدەم خواوە، بەڵام ئێوە تێناگەن لە نهێنی كتێبی پێغەمبەران.
ئەوە كێشە و گرفتێكە كە پێغەمبەری خوا عیسا دادوەری تێدا كرد، وە لەمەشدا پەند هەیە بۆ موسوڵمانان. دابەزینی مرۆڤ لە ئاسمانەوە یهكێك نهبووه لە سوننەتەكانی خوا. ئەگەر وایە و ئێوە لەسەر ڕێگای ڕاستن ئەوا هاوشێوەیەك بھێنن لەو سەدانەدا كە تێپەڕیون.” (مرآت كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة، ج5 ص379-381)
مەسیحی كوڕی مەریەم تەنها پێغبەرێكە و پێغەمبەرانى پێش ئەو مردوون
شتێكی سەرنجڕاكێشە كە مردنی مەسیح عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام) یەكەم كۆدەنگی هاوەڵەكانی (ڕەزای خوایان لێ بێت) لەسەر دروست بوو پاش كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ). ڕووداوی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) دەریدەخات كە هاوەڵان لەو كاتەدا تووشی حەپەسان و واقوڕمان بوون و زۆر بەتوندی شڵەژان، پاشان گەورەمان ئەبو بەكری ڕاستگۆ (خوا لێی ڕازی بێت) لەناویاندا ڕاوەستا و وتارێكی پێشكهش كردن كە تێیدا كۆچی دوایی پێغەمبەری ڕاگەیاند بە بەڵگەی ئەم ئایەتە پيـرۆزە: {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ أَفَإِنْ مَاتَ أَوْ قُتِلَ انْقَلَبْتُمْ عَلَى أَعْقَابِكُمْ وَمَنْ يَنْقَلِبْ عَلَى عَقِبَيْهِ فَلَنْ يَضُرَّ اللَّهَ شَيْئًا وَسَيَجْزِي اللَّهُ الشَّاكِرِينَ} (آل عمران: 145)
ئەوە بوو هەموو هاوەڵان دانیاننا بە كۆچی دوایی پێغەمبەردا (ﷺ)، هەروەها دانیاننا بە كۆچی دوایی هەموو پێغەمبەرەكانی پێش ئەویش بەبێ جياكردنەوە.
لە ناوەڕۆكدا ئەوان لە میانەی ئەم ڕاگەیاندنەوە بەتایبەتی دانیاننا بە مردنی مەسیحدا. بێگومان ئەوان ئەو ئایەتەی پێشوویان بەوە تەفسیر كرد كە بریتیە لە ڕاگەیاندنی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ)، وە لەڕاستیدا جیاوازی نیە لەنێوان وشەكانی ئایەتی ناوبراو و وشەكانی ئەم ئایەتە پيـرۆزەی خوارەوەدا، خوای پەروەردگار دەفەرموێت:
{مَا الْمَسِيحُ ابْنُ مَرْيَمَ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ وَأُمُّهُ صِدِّيقَةٌ كَانَا يَأْكُلَانِ الطَّعَامَ انْظُرْ كَيْفَ نُبَيِّنُ لَهُمُ الْآيَاتِ ثُمَّ انْظُرْ أَنَّى يُؤْفَكُونَ} (المائدة: 76)
هەروەها مردنی عیسا (علیه السلام) تەنها لەم دوو ئایەتەدا ڕانەگەیەنراوە، بەڵكو خوای پەروەردگار لە چەندەها جێگەدا دووبارەی كردوەتەوە. ئاشكرایە قورئانی پيـرۆز ئەوەندەی باسی مردنی عیسای (علیه السلام) كردووە باسى مردنی هیچ پێغەمبەرێكى تری نەكردووە، ئەمەش بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی كە لە داهاتوودا تووشی موسوڵمانان دەبوون بەهۆی باوەڕی بەردەوامیی ژیانی مەسيح لە ئاسماندا هەتا دابەزینی لە ئاخرزەماندا.
هەندێ بەڵگە لەسەر مردنی عیسا (علیه السلام) لە قورئانی پيـرۆزدا
یەكەم: قورئانی پيـرۆز زۆر بەڕاشكاوی و بێ پێچ و پەنا ڕایدەگەیەنێت كە مەسیح گەلەكەی خۆی بە مردن بەجێهێشتووە، وە لەو كاتەوە تاكو ڕۆژی زیندووبوونەوە نەیزانیوە چی بەسەر گەلەكەیدا هاتووە و ئەوەی نەزانیوە كە ئەوان كردوویانە بە پەرستراو. ئەوەتا خوای پەروەردگار لە ڕۆژی قیامەتدا پرسیار لە عیسا (علیه السلام) دەكات دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو بە خەڵکی ڕاگەیاندووە کە بیکەن بە پەرستراو؟ ئەویش وەڵام دەداتەوە كە فەرمانی پێكردوون تەنھا بەندایەتی بۆ خوا بكەن، پاشان دەفەرموێت: {وَكُنْتُ عَلَيْهِمْ شَهِيدًا مَا دُمْتُ فِيهِمْ فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي كُنْتَ أَنْتَ الرَّقِيبَ عَلَيْهِمْ وَأَنْتَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ} (المائدة: 118)، واتە “تا لەناویاندا بووم شایەت بووم بەسەریانەوەو ئاگاداریان بووم، كاتێكیش كە تۆ منت مراند هەر خۆت چاودێـر بووی بەسەریانەوە، وە تۆ ئاگاداری بەسەر هەموو شتێكدا”. واتە عيسا هیچ زانیاریەكی نەبووە لەوەی كە كردوویانە بە پەرستراو.
گریمان ئەگەر عیسا (علیه السلام) دووبارە ڕەوانەبكرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ دنیا، ئەوا وەڵامدانەوەكەی ڕاست دەرناچێت؛ چونكە ئەو لهكاتی گەڕانەوەی بۆ دنیا دەزانێت كە گەلەكەی دوای خۆی چییان كردووە، وە ماوەیەك بەسەریانەوە چاودێـر دەبێت، وە دەزانێت لەلایەن خەڵكیەوە خۆی و دایكی كراون بە دوو پەرستراو ئیتر چۆن دەكرێت بەم شێوەیە وەڵامی پەروەردگاری بداتەوە لە ڕۆژی قیامەتدا و بڵێت نەیزانیوە كە خۆی و دایكی لەلایەن خەڵكیەوە كراون بە دوو پەرستراو؟
وە پێغەمبەری خۆشمان (ﷺ) ئەم ئایەتەی كردووە بە بەڵگە لەسەر بابەتێكی هاوشێوە لە سیاقی هەواڵەكانی ڕۆژی قیامەتدا. دەفەرموێت: “… پیاوانێك لە هاوەڵانی من دێنن بەرەو دۆزەخ كێشیان دەكەن، ئينجا منیش دەڵێم: هاوەڵەكانم؟ دەوترێت: ئەوانە لەو كاتەوە تۆ لێیان جیابوویتەوە پاشگەزبوونەوە لە ئايينەكەیان. منیش دەڵێم وەك چۆن بەندەی پیاوچاك عیسای كوڕی مەریەم گوتی: تا لەناویاندا بووم شایەت بووم بەسەریانەوە و ئاگاداریان بووم، كاتێكیش كە تۆ منت مراند خۆت چاودێـر بووی بەسەریانەوە، وە تۆ ئاگاداری بەسەر هەموو شتێكدا. هەتا فەرمایشتی خوای گەورە: بەدەسەڵاتی كارزانە. موحەممەدی كوڕی یوسف دەڵێت: دەگێڕنەوە لە باوكی عەبدوڵڵاوە ئەویش لە قەبیصەوە دەڵێت: ئەوانە هەڵگەڕاوەكانن كە لە سەردەمی ئەبو بەكردا هەڵگەڕانەوە و ئەبو بەكریش (خوا لێی ڕازی بێت) جەنگی كرد لەگەڵیاندا.” (صحيح البخاري، كتاب بدء الخلق، باب {وَاذْكُرْ فِي الكِتَابِ مَرْيَمَ إِذْ انْتَبَذَتْ مِنْ أَهْلِهَا مَكَانًا شَرْقِيًّا}).
وەك ئاشكرایە هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ڕوویدا نەك لە ژیانیدا. وە دیارە پێغەمبەر بە مردن جیابوویەوە لە گەلەكەی، وە بەڵگەهێنانەوەكەی بەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر لێكچوونی ئەوەی لەگەڵ ئەودا ڕوودەدات و ئەوەی لەگەڵ عیسادا (علیه السلام) ڕوویداوە كە ئەویش بەمردن جیابووتەوە لە گەلەكەی و نەیزانیوە چییان بەسەرهاتووە.
بۆیە ئەگەر بڵێین عیسا (علیه السلام) هەتا ئێستا لە ژیاندایە و نەمردووە ئەوا وەڵامەكەی ئەو لەڕۆژی دواییدا كە لادان و هەڵگەڕانەوەی گەلەكەی پاش مردنی خۆی ڕوویداوە پێچەوانە دەبێت لەگەڵ واقیعی ئێستادا، وە ناكرێت پێغەمبەر درۆ بكات. بێگومان ئەم ڕیوایەتە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە پێغەمبەر (ﷺ) و ئیبن عەبباس (خوا لێی ڕازی بێت) دەستەواژەی {فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي}یان بەمانای: فلَمَّا أَمَتَّني (واتە كاتێك منت مراند) تەفسیر كردووە.
هەروەها ئەگەر (التوفّي) لە پێكهاتەی (التفعّل) بوو، وە (المتوفّي) واتە بكەرەكە خوای گەورە یان یەكێك لە فریشتەكان بوو، وە (المتوفّی) واتە بەركار یەكێك لە خاوەن گیانەكان بوو، وە لەوێدا بەڵگەیەك نەبوو كە ماناكەی لە حەقیقەتەوە وەربگێڕێت بۆ مەجاز -بۆ نموونە وەكو شەو یان كاتی خەوتن كە لە میانەی ئەم دووانەدا بەشێوەی مەجاز خەو چوێنراوە بە مردن- ئەوا ماناكەی جگە لە مردن و گیانكێشان هیچی تر نیە، وە هیچ نموونەیەك نیە لە قورئان یان لە سوننەت، یاخود لە قسەی عەرەب یان لە فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا كە پێچەوانەی ئەم یاسایە بێت. وە دەبینن كە بە ئاشكرا هەر ئەم واتایە هاتووە لە فەرهەنگەكانی زماندا. هەڵبەت لە قورئانی پیرۆزدا فرمانی” التوفي” 25 جار هاتووە، لە 23 جاریاندا بەمانای مردن هاتووە. دوو جار بەمانای خەوتن هاتووە -بەجۆرێك لەگەڵیدا بەڵگەیەك هاتووە كە لە مانای مردنی ڕاستەقینە لای بدات- وەك لەم دوو ئایەتەی خوارەوەدا:
یەكەم: {وَهُوَ الَّذِي يَتَوَفَّاكُمْ بِاللَّيْلِ..} (الأنعام: 61) لێرەدا وشەی “التوفي” بەمانای خەوتن هاتووە بە بەڵگەی وشەی {بِاللَّيْلِ}.
دووەم: {الله يَتَوَفَّى الْأَنْفُسَ حِينَ مَوْتها وَالَّتِي لَمْ تَمُتْ فِي مَنَامِهَا..} (الزمر: 43). لێرەشدا وشەی “التوفي” بەمانای خەوتن هاتووە بە بەڵگەی: {فِي مَنَامِهَا}. بەڵام كاتی باسكردنی مردنی عیسای كوڕی مەریەم هیچ بەڵگەیەك نیە وشەی” التوفي” لابدات لە مانای مردن.. هەروەها ئیبن عەبباس دەڵێت: {مُتَوَفِّيكَ} (آل عمران: 56) ممیتك واتە: دەتمرێنم. (بڕوانە: البخاري، الجزء 3، كتاب تفسیر القرآن، باب {مَا جَعَلَ اللَّهُ مِنْ بَحِيرَةٍ وَلَا..} المائدة: 103)
وە جێی سەرسوڕمانە كە (التوفّي) لەسەر زمانی خەڵكی ئاسایيدا بە شێوەیەكی باو لە وەسفی مردندا دێت، بە جۆرێك خەڵكی ئاسایی هەرگیز (التوفّي) بە شتێكى جگە لە مردن تێناگەن.
دووەم: قورئانی پيـرۆز ئەوەی ڕوونكردوەتەوە كە جوولەكە پیلانیان گێڕا دژی مەسیح بۆ ئەوەی بكوژرێت یان لەخاچ بدرێت، بەڵام خوای گەورە ویستی پیلانەكەی ئەوان پووچەڵ بكاتەوە و نەخشەكەی خۆی جێبهجێ بكات، وەك دەفەرموێت: {وَمَكَرُوا وَمَكَرَ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ * إِذْ قَالَ اللَّهُ يَا عِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ وَمُطَهِّرُكَ مِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا وَجَاعِلُ الَّذِينَ اتَّبَعُوكَ فَوْقَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ ثُمَّ إِلَيَّ مَرْجِعُكُمْ فَأَحْكُمُ بَيْنَكُمْ فِيمَا كُنْتُمْ فِيهِ تَخْتَلِفُونَ} (آل عمران: 55-56)
ئەم ئایەتە پيـرۆزە ئەو نەخشەیە دەردەخات كە خوای گەورە بڕیاری دابوو بەهۆیەوە پێغەمبەری خۆی عیسا (عليه السلام) سەربخات و نەهێڵێت تووشی ئازار ببێت لە ژیانیدا و لەدوای مردنیشی. بێگومان جوولەكەكان هەڕەشەیان لە مەسیح كرد بە لەناوبردنی بەشێوەی كوشتن یان لەخاچدان، وە لەم پێناوەشدا پیلانیان گێڕا، وە ڕۆیشتن بۆ لای كاربەدەستە ڕۆمانیەكە و هانیاندا مەسیح (علیه السلام) دادگایی بكات بە تۆمەتی یاخی بوون و هەڵگەڕانەوە لە دەوڵەت. وە هەروەها ویستیان بەم پیلانگێڕیە لهكهداری بكەن بەوەی كە درۆزنە و نەفرەت لێكراوە؛ چونكە تەورات ئەو كەسە بە نەفرەت لێكراو وەسف دەكات كە لەسەر تەختە دەمرێت (لەخاچدەدرێت) (التثنیة 23: 21). كەواتە ئەم ئایەتە لەلایەن خواوە مژدەى ئەوەی تێدايە بۆ مەسیح (علیه السلام) كە جوولەكەكان هەرگیز ناتكوژن و لەخاچیشت نادەن، بەڵكو پەیمانت پێدەدەم كە من لە داهاتوودا بەشێوەیەكی ئاسایی دەتمرێنم وەكو هەموو مرۆڤەكانی تر، وە من لەڕێگهی ئەمەوە فێڵەكەیان پووچەڵ دەكەمەوە، وە پايەت بەرزدەكەمەوە و ئەو نەفرینەت لێ دووردەخەمەوە كە ئەوان بەبيـریاندا هات و ویستیان بەهۆیەوە عەیبدارت بكەن. هەروەها من خۆم ئەوانەی كە شوێنكەوتەی تۆن زاڵ دەكەم بەسەر ئەوانەی كە كافرن هەتا ڕۆژی دوایی، وە كێیش هەیە لە خوای گەورە چاكتر بەڵێنی خۆی بباتەسەر؟
بێگومان ئەم هەواڵە هاتەدی و قورئانی پيـرۆز ئەمەی بەجوانی ڕاگەیاندووە هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَقَوْلِهِمْ إِنَّا قَتَلْنَا الْمَسِيحَ عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ رَسُولَ اللَّهِ وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ وَإِنَّ الَّذِينَ اخْتَلَفُوا فِيهِ لَفِي شَكٍّ مِنْهُ مَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِلَّا اتِّبَاعَ الظَّنِّ وَمَا قَتَلُوهُ يَقِينًا * بَلْ رَفَعَهُ اللَّهُ إِلَيْهِ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا} (النساء: 158-159)
واتە جوولەكە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گوایە بە لەخاچدان مەسیحیان كوشتووە، بەڵام نەكوشتیان و نە لەخاچیشیاندا، بەڵكو ئەمەیان لێگۆڕا؛ چونكە لەو هەلومەرجەدا كە مەسیحيان لەسەر خاچ هەڵواسی بوو بۆیان نەكرا بزانن كە ئایا بەڕاستی مەسیح لەسەر خاچەكە كوژراوە یان نا. وە ڕاستی بابەتەكە ئەوەيە مەسيح نەكوژرا و بەلەخاچدانیش نەمرد لەو كاتەدا، بەڵكو خوای گەورە ئەو نەخشەیەی بۆ سازاند كە لەناو ئایەتەكەی پێشوودا باسكراوە، وە مەسيح دوای ئەوە بەماوەیەكی درێژ كۆچی دوایی كرد و بەرزبوونەوەی پلەوپایەكەی یان نزیكبوونەوەی لە خوا هاتەدی بە پێچەوانەی ئەوەی كە جوولەكەكان ویستیان، وە پاشماوەی ئەو هەواڵانە هاتنەدی كە پەیوەست بوون بە سەركەوتنی شوێنكەوتووانی بەسەر جوولەكەدا.
سێيەم: قورئانی پيـرۆز زۆر بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنێت كە ئەوانەی جگە لە خوا وەكو خوا هاواریان لێ دەكرێت هەموویان مردوون و زیندوونین وە ناشزانن كەی زیندوودەكرێنەوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَالَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ لَا يَخْلُقُونَ شَيْئًا وَهُمْ يُخْلَقُونَ * أَمْوَاتٌ غَيْرُ أَحْيَاءٍ وَمَا يَشْعُرُونَ أَيَّانَ يُبْعَثُونَ} (النحل: 21-22)، واتە “وە ئەوانەی جگە لە خوا هاواریان لێ دەكەن هیچ شتێك دروست ناكەن، بەڵكو خۆیان دروستكراون، ئەوانە مردووى نازیندوون ناشزانن كەی زیندوودەكرێنەوە”.
وە گومانی تێدا نیە ئەوەی كە جگە لە خوا وەكو خوا زۆرترین هاواری لێ دەكرێت بریتیە لە مەسیح (علیه السلام) هەروەكو ئاشكرایە ئەم بانگهشهیه هێشتا بوونی هەیە، وە بەردەوام هەڵگرانی ئەم بانگەشەیە هەوڵی بڵاوكردنەوەی دەدەن و لەڕێگەی ئەمەشەوە هەوڵی بڵاوكردنەوەی شيـرك دەدەن. كەواتە ئەم ئایەتە بەڕاشكاوی مردنی مەسیح (علیه السلام) و ئەوانەی جگە لەویش كە لە جیاتی خوا هاواریان لێدەكرێت ڕادەگەیەنێت بەبێ جیاكردنەوە، ئیتر دەبێت ئەم ڕاگەیاندنە دەربارەی گرنگترین و بەناوبانگترین پهرستراو (كە مەسیحە) چۆن بێت كه جگه له خوا هاواری لێ دهكرێت؟
چوارەم: قورئانی پيـرۆز بەڕاشكاوی وێستگە سەرەكیەكانی ماوەی ژیانی مەسیحی (علیه السلام) باسكردووە، وەك خوای گەورە لەسەر زمانی مەسیحەوە دەفەرموێت: {وَالسَّلَامُ عَلَيَّ يَوْمَ وُلِدْتُ وَيَوْمَ أَمُوتُ وَيَوْمَ أُبْعَثُ حَيًّا} (مریم: 34)، واتە “سڵاوی خوام لەسەر بێت ئەو ڕۆژەی كە لەدایك بووم و ئەو ڕۆژەی كە دەمرم و ئەو ڕۆژەیشی كە زیندوودەكرێمەوە”.
دەی ئەگەر ڕووداوێكی تر بوونی هەبوایە، بۆ نموونە وەك بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان، ئەوە لەپێشتر بوو كە بەوپەڕی ئاشكراییەوە لێـرەدا باس بكرێت؛ چونكە ڕۆژێكی ئاشتی تایبەتیە كە مەسیحی پێ جیاكراوەتەوە لە پێغەمبەرانی تر، بگرە لە سەرجەم مرۆڤەكانيش.
سەرباری ئەوە قورئانی پيـرۆز لە هەمان سوورەتدا وتەیەكی هاوشێوەی ئەمە دەربارەی پێغەمبەر یەحیا (عليه السلام) ڕادەگەیەنێت، وەك خوای پەروەردگار دەفەرموێت: {وَسَلَامٌ عَلَيْهِ يَوْمَ وُلِدَ وَيَوْمَ يَمُوتُ وَيَوْمَ يُبْعَثُ حَيًّا} (مریم: 16)، واتە “سڵاوی خوای لەسەر بێت ئەو ڕۆژەی كە لەدایك بووە و ئەو ڕۆژەی كە دەمرێت و ئەو ڕۆژەیشی كە زیندوودەكرێتەوە”.
كەواتە ئەگەر جیاوازی هەبوایە لە وێستگە سەرەكیەكانی ژیانی هەردووكیان (عليهما السلام)، ئایا قورئانی پيـرۆز بە هەمان داڕشتن باسی هەردووكیانی دەكرد؟
پێنجەم: خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْله الرُّسُلُ أَفَإِن مَاتَ أَوْ قُتِلَ انْقَلَبْتُمْ عَلَى أَعْقَابِكُمْ..} (آل عمران: 144)
وشەی {خَلَتْ} واتە مرد، لێرەدا مانای “تێپەڕین” ناگەیەنێت؛ چونكە ئایەتەكە باسی مردن دەكات، كەواتە مانای ئایەتە پیرۆزەكە بەم جۆرەیە: دیارە موحەممەد (ﷺ) پێغەمبەرێكە، هەموو پێغەمبەرانی پێش ئەو مردوون، ئیتر بۆچی بە بیستنی هەواڵی مردنی یان كوشتنی لە بەرەی جەنگ هەڵدێن و پاشگەزدەبنەوە؟ ئەویش وەكو پێغەمبەرانی پێش خۆی دەمرێت، ئەمە مایەی پاشگەزبوونەوە و دۆڕانی ئێوە نیە. بەڵام گریمان لێرەدا {خَلَتْ} واتە: تێپەڕین، ئەوا ئەم مانایە هیچ نرخێكی نابێت. وە وشەی {خَلَتْ} بەزۆری لە قورئانی پیرۆزدا بەمانای “مرد” هاتووە، وەك لەم ئایەتانەی خوارەوەدا:
1- {تِلْكَ أُمَّةٌ قَدْ خَلَتْ} (البقرة: 142).
2- {مَا الْمَسِيحُ ابْنُ مَرْيَمَ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْله الرُّسُلُ..} (المائدة: 76).
3- {كَذَلِكَ أَرْسَلْنَاكَ فِي أُمَّةٍ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلها أُمَمٌ} (الرعد:31).
وە لە فەرهەنگی (لسان العرب)دا هاتووە: خلا فلان: فڵانكەس مرد. وە لە فەرهەنگی (أقرب الموارد)دا هاتووە: خلا مكان فلان: فڵانكەس مرد.
هەندێ بەڵگە لەسەر مردنی مەسیح (عليه السلام) لە فەرموودەدا
پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) ئەوەندەی باسی مردن و ماوەی ژیانی عیسای (عليه السلام) كردووە هێندە باسی مردن و ماوەی ژیانی هیچ پێغەمبەرێكی نەكردووە، ئەمەش شتێكی بێهوودە نیە، بەڵكو پێویست بوو جەخت بكرێتەوە لەسەر ئەم بابەتە چونكە شوێنكەوتووانی پێغەمبەر عیسا (عليه السلام) عیسایان كردبوو بە خوا، بۆیە دەبوو جەختبكرێتەوە لەسەر مردنەكەی، بگرە تەمەنەكەیشی دیاری بكرێت، ئەمەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بیروباوەڕە. لەخوارەوە هەندێ ڕیوایەت دەهێنینەوە لەسەر مردنی عیسا (عليه السلام) كە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) ڕیوایەتكراون:
یەكەم: “إنَّ عيسى ابن مريم عاش عشرين ومائة سنة.” واتە: “بێگومان عیسای كوڕی مەریەم سەد و بیست ساڵ ژیا”. (تاریخ الفسوي (المعرفة والتاریخ) بەرگی3، لا290- المعجم الكبیر للطبراني: بەرگی2، لا418).
كۆمەڵێك سەرچاوەی زۆر هەیە كە ئەم فەرموودەیان باسكردووە لەوانە: لە (كنز العمال)دا هاتووە: “..أن عيسى عاش عشرين ومائة سنة ولا أراني إلا ذاهب على رأس الستين.” واتە: “بێگومان عیسا سەد و بیست ساڵ ژیا، وە من خۆم وانابینم مەگەر لەسەرەتای شەستەكانی تەمەنمدا كۆچ دەكەم”.
دووەم: “لو كان موسى وعيسى حيَّين لَما وسِعَهُما إلا اتِّباعي.” واتە: “ئەگەر مووسا و عیسا زیندووبوونایە چاریان نەبوو جگە لە شوێنكەوتنی من.” (تەفسیری (البحر المحیط)ی ئەبو حەییانی ئەندەلوسی، تەفسیری ئایەتی 65 لە سورەتی الكهف. تفسیر آیات أشكلت علی كثیر من العلماء- ئیبن تەیمیە، بەرگی 1، لا285/ مكتبە الرشد، الریاض. مدارج السالكین- ئیبن قەییمی جەوزی، بەرگی4، منزلة العلم، لا476. تفسیر ابن كثیر، ئەم فەرموودەیە سێ جار هاتووە لەم تەفسیرەدا: یەكەم جار لە پێشەكیەكەدا، دووەم جار لە تەفسیری سوورەتی آل عمران ئایەتی 82، سێیەم جار لە تەفسیری سوورەتی الكھف ئایەتی 82. الیواقیت والجواهر –عبدالوهاب الشعراني، بەرگی2، المبحث32، لا342)
سێيەم: كاتێك وەفدی نەجران هاتن بۆلای پێغەمبەر (ﷺ) و دیبەیتیان لەگەڵدا كرد سەبارەت بە خوایەتی عیسا، پێغەمبەری خوا (ﷺ) قسەی كرد لەگەڵیاندا و بانگی كردن بۆ ئیسلام، ئەوانیش هەموویان بەربەرەكانێیان لەگەڵدا كرد لە بابەتی عیسادا (علیه السلام) و گوتیان: ئەگەر عیسا كوڕی خوا نیە ئەی كێ باوكیەتی؟ پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەم بارەيەوە دەمكوتی كردن و فەرمووی: ئایا نەتانزانیوە كە هیچ كوڕێك نیە مەگەر لە باوكی دەچێت؟ وتیان: بەڵێ وایە. فەرمووی: “ألستم تعلمون أنَّ ربنا حي لا يموت، وأنَّ عيسى أتى عليه الفناء؟ قالوا: بلَى.” واتە: ئەی ئایا نەتانزانیوە كە خوای ئێمە زیندووە و نامرێت، وە عیسا نەمانی بەسەردا هاتووە؟ گوتیان: بەڵێ وایە. بەم شێوەیە كۆمەڵێ پرسیاری لێكردن هەتا بێدەنگ بوون. (أسباب النزول، للواحدي النیسابوري، سورة آل عمران (دار الإصلاح- الدمام، ص97) وە (مؤسسة الحلبي- القاهرة، ص61)
هەڵبەت باسی ئەم سەرچاوەیەمان كرد بە دوو چاپی جیاواز چونكە چاپەكانی تری ئەم سەرچاوەیە لە جیاتی: “.. وأن عیسی أتی علیه الفناء” تێیاندا هاتووە: “.. وأن عیسی یأتي علیه الفناء..” جیاوازیەكە بریتیە لە هاتنی وشە”یأتي” كە فرمانی ڕانەبردووە لەجیاتی وشەی “أتی” كە ڕابردووە. پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە سەرچاوەكانی ئەم فەرموودەیە بەگشتی-كە كۆمەڵێك سەرچاوەی زۆرن- وشەی “یأتي”یان تێدا هاتووە لە جیاتی ووشەی “أتی”.. لەڕاستیدا ئەمە شتێك نیە جگە لە شێواندن و تەحریفی دەقی ئەسڵی فەرموودەكە بەهۆی كاریگەربوون بەو بیروباوەڕەی كە بە هەڵە برەوی پەیدا كردووە دەربارەی ژیانی گەورەمان عیسا (عليه السلام) لە ئاسماندا؛ وە ئەمە هەندێ كەسی هانداوە كە ڕەخنە لە ڕاستی و دروستی ئەم فەرموودەیە بگرن و پێداگری بكەن لەسەر ئەو قسەیەی كە عیسا (عليه السلام) هێشتا نەمردووە.
كۆدەنگیی هاوەڵان- ڕەزای خوایان لێ بێت- لەسەر مردنی عیسا (عليه السلام)
كاتێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) كۆچی دوایی كرد زۆرێك لە هاوەڵان باوەڕیان نەكرد بە هەواڵی مردنەكەی، بەڵكو عومەری كوڕی خەتتاب (خوا لێی ڕازى بێت) گوتی: “پیاوانێك لە دووڕووەكان بەخەیاڵی خۆیان دەڵێن پێغەمبەری خوا مردووە، سوێند بەخوا نەمردووە، بەڵكو ڕۆيشتووە بۆلای پەروەردگاری خۆی، وەك چۆن مووسای كوڕی عیمران ڕۆيشت، ئەویش چل شەو گەلەكەی خۆی بەجێهێشت، پاشان گەڕایەوە بۆ لایان پاش ئەوەی وترا مردووە، سوێند بەخوا پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەگەڕێتەوە وەك چۆن مووسا گەڕایەوە..” پاشان ئەبو بەكری صدیق (خوا لێی ڕازى بێت) هات و ڕاگەیاند پێغەمبەری خوا (ﷺ) كۆچی دوایی كردووە و بەم فەرمایشتەی خوای گەورە بەڵگەی هێنایەوە: {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْله الرُّسُلُ أَفَإِنْ مَاتَ أَوْ قُتِلَ انْقَلَبْتُمْ عَلَى أَعْقَابِكُمْ وَمَنْ يَنْقَلِبْ عَلَى عَقِبَيْهِ فَلَنْ يَضُرَّ الله شَيْئًا وَسَيَجْزِي الله الشَّاكِرِينَ}. ئینجا هاوەڵان كاتێك گوێیان لە ئەبو بەكر بوو بێدەنگ بوون، وە زۆر خەمبار بوون چونكە دڵنیابوون پێغەمبەرەكەیان مردووە. (السيرة النبوية لابن هشام، ج 6، تمريض رسول الله في بيت عائشة).
هەڵبەت ئەم ڕووداوە بەڵگەیە لەسەر دوو خاڵ:
1- بوونی عیسا (علیه السلام) بەزیندوویی لە ئاسمان نەهاتووە بە مێشكی هیچ هاوەڵێكدا بە بەڵگەی ئەوەی هەندێكیان باسی گەشتی مووسایان كردووە بۆ چیاكە، وە هیچ یەكێكیان نەیگوتووە: ڕەنگە پێغەمبەرمان ڕۆیشتبێت بۆ ئاسمان. ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە بیروباوەڕی ژیانی عیسا لەدواییدا بەهۆی كاریگەری مەسیحیەكانەوە پەیدابووە.
2- هیچ یەكێك لە هاوەڵان (ڕەزای خوایان لێ بێت) نكوڵییان نەكرد لە بەڵگەهێنانەوەكەی ئەبوبەكر بە ئایەتی {قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْله الرُّسُلُ} لەسەر مردنی هەموو پێغەمبەران پێش موحەممەد (ﷺ). ئەمەش جەخت دەكاتەوە لە هاوڕایی بێدەنگی (الإجماع السكوتي) هەموویان لەسەر مردنی هەموو پێغەمبەران.
نەیانكوشت و لەخاچیشیان نەدا و بەرزیش نەبوویەوە بۆ ئاسمان بە لاشەكەیەوە.. بەڵكو كۆچی كرد وەك چۆن كۆچكردن سوننەتی پێغەمبەرانە
ئەو بۆچوونە كە دەڵێت عیسا (علیه السلام) بەزیندوویی بەرزكرایەوە بۆ ئاسمان، وە لە ئاخرزەماندا بەلاشە ماددیەكەیەوە بەهەموو هێزێكەوە لەگەڵ فریشتەكاندا لە ئاسمان دێتە خوارەوە و زاڵ دەبێت بەسەر خەڵكیدا، لەڕاستیدا بۆچوونێكی پووچە و لە بيـروباوەڕی مەسیحیەكانەوە وەرگيـراوە، وە لە قورئانی پيـرۆزدا جێگيـر نەبووە. كەواتە عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) بەزیندوويی و بەلاشە ماددیەكەیەوە بەرزنەكرایەوە بۆ ئاسمان، وە شێوەكەیشی نەخرایە سەر هیچ كەسێك، بەڵكو لەسەر خاچهكه هەڵواسرا بەڵام نەمرد لەسەری، وە ئازاردرا وەك چۆن هەموو پێغەمبەران ئازاردران. وە عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) بۆ ماوەی چەند سەعاتێك تووشی ئازار و ئەشكەنجە بوو كاتێك كە لەسەر خاچەكە هەڵواسرابوو. وە كاتێك دابەزێنرا لەسەر خاچەكە لە دۆخی بوورانەوەی تونددا بوو تەنانەت وا هات بە خەیاڵیاندا كە ئەومردووە، وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە:
{…وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ…} (النساء: 158)، “… بەڵكو لێیان گۆڕا..”. واتە كارەكەیان لێ گۆڕا (واتە دۆخی بوورانهوهكەیان لێ گۆڕا) بە كوشتن و لەخاچدان، یاخود وایان زانی مەسیحی بووراوە مردووە، بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح بوورابوویەوە و نەمردبوو هەروەك خوای پەروەردگار لەم فەرمایشتەی خۆیدا باسی كردووە و دەفەرموێت: {…وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ…} (النساء: 158)، “…نەیانكوشت و لەخاچیشیان نەدا…”.
دیارە عیسا بەهەمان شێوازی پێغەمبەرانی تر بەرزكرایەوە كە بەرزبوونەوەی پلەوپایەیە نەك بەرزبوونەوەی جەستەیی، ئەوەتا خوای مەزن و بەدەسەڵات دەربارەی پلەوپایەی ئیدریس (علیه السلام) دەفەرموێت: {وَرَفَعْنَاهُ مَكَانًا عَلِيًّا} (مریم: 58)، “بەرزمان كردەوە بۆ شوێنێكی زۆر بڵند”. كە هەمان مانای بەرزكردنەوەی عیسایە (علیه السلام) لەم ئایەتە پيـرۆزەدا: {…إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ…} (آل عمران: 56)، واتە: “… بێگومان من دەتمرێنم و بەرزت دەكەمەوە بۆ لای خۆم…”؛ چونكە ناگونجێت خوا سنووردار بێت لە ئاسماندا هەتا باوەڕ بەوە بكرێت كە عیسا بەرزبووەتەوە بۆ لای. وە لێـرەدا باسی وشەی (ئاسمان) نەكراوە لە ئایەتەكەدا. ئەم دەستەواژەیە ئەو مانایە دەگەیەنێت كە خوا پیلانی جوولەكە پووچەڵ دەكاتەوە كاتێك دەیانەوێت عیسا (علیه السلام) بكوژن لەسەر خاچ بۆ ئەوەی بیسەلمێنن لەلایەن خواوە نەفرەت لێكراوە (پەنا بەخوا)، وە لەداهاتوودا پلەكەی بەرزدەكاتەوە و دەشیكات بە یەكێك لە نزیكانی خۆی. بێگومان ڕۆحەكەی بەرزكرایەوە هەروەك چۆن ڕۆحی پێغەمبەرانی تر بەرزكرایەوە، وە پێغەمبەر (ﷺ) لە شەوی میعراجدا لەناو مردووەكاندا ئەوی بینی لەگەڵ یەحیادا (علیه السلام). (بڕوانە: صحیح البخاري، كتاب الأنبیاء)
وە دوای ڕووداوی خاچەكە عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) لە فەڵەستین كۆچی كرد بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات (بۆ عێـراق و ئێـران و ئەفغانستان و كشميـر) كە زۆربەی هۆزە ئیسڕائیلیە ئاوارەكان لەو وڵاتانەدا نیشتەجێ بوون و مەسیح (علیه السلام) لەبارەیانەوە دەڵێت: “هەروەها مەڕی دیكەم هەیە سەر بەم پشتیرەیە نین كە دەبێت بچم بۆلای ئەوانیش، ئەوانیش گوێیان لەدەنگم دەبێت، ئەوسا مێگەل دەبێت بە یەك مێگەل و شوانیش بە یەك شوان” (یۆحننا10: 16)
وە بەو پێیەی مەسيح (علیه السلام) پێغەمبەرێك بووە بۆ سەر نەوەی ئیسڕائیل بە گوێـرەی دەقی قورئانی پيـرۆز، بۆیە گەلەكەی باوەڕیان پێ كرد كاتێك گەشتی كرد بۆ لایان و پێیان گەیشت، وە خوای گەورە سەربەرزی كرد لە دنیایشدا بە گوێـرەی بەڵێنەكەی خۆی لە قورئانی پيـرۆزدا، كە دەفەرموێت: {وَجِيهًا فِي الدُّنْيَا وَالْآَخِرَةِ وَمِنَ الْمُقَرَّبِينَ} (آل عمران: 46)، واتە: “لە دنیا و لە قیامەتیش ناودەردەكات و قەدری دەبێت و یەكێكیش دەبێت لە نزیكانی خوا”.
وە ژیا بە گوێـرەی یاسای گشتی بۆ سەرجەم مرۆڤەكان، هەروەك خوای پەروەردگار دەفەرموێت: {وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ} (البقرة: 37)، واتە: “زەوی ئارامگا و شوێنی ڕابواردنتان دەبێت تا ماوەیەكی دیاریكراو”.
وە لە مێژوودا هاتووە كە عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) كۆچی كردووە بۆ هیندستان و لەوێ پەنادراوە، هەروەك خوای گهوره لهم ئایهته پیرۆزهدا ئاماژەی كردووە بۆ گەشتەكەی لەگەڵ دایكیدا كە ئافرەتێكی ڕاستگۆ بوو، ئەوەتا دەفەرموێت: {وَآَوَيْنَاهُمَا إِلَى رَبْوَةٍ ذَاتِ قَرَارٍ وَمَعِينٍ} (المؤمنون: 51)، واتە: “وە داڵدەمان دان لە بەرزاییەكی وادا كە جێگەی حەسانەوە وكانیاوی لێ بوو”.
وە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) باسی تەمەنی عیسای كوڕی مەریەمی (علیه السلام) كردووە بۆمان و دەفەرموێت: “بێگومان عیسای كوڕی مەریەم 120 ساڵ ژیا، وە من خۆم وانابینم مەگەر لەسەرەتای شەستەكانی تەمەنمدا كۆچ دەكەم” (كنز العمال، للمتقي الهندي، رقم الحدیث: 32262).
هەروەها قورئانی پيـرۆز ڕێگە نادات بە هیچ كەسێك كە بە جەستەكەیەوە سەر بكەوێت بۆ ئاسمان و پاشان لێیەوە دابەزێت. وە ئاشكرایە كافرەكان داوایان كرد لە پێغەمبەر (ﷺ) كە بەرزبێتەوە بۆ ئاسمان و كتێبێكیان بۆ دابەزێنێت و ئەوانیش بیخوێننەوە وەك بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی كە سەركەوتووە بۆ ئاسمان، خوای گەورەیش بەرپەرچیان دەداتەوە و دەفەرموێت: {قُلْ سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنْتُ إِلَّا بَشَرًا رَسُولًا} (الإسراء: 94)، واتە: “بڵێ: پاکی و بێگهردی بۆ پهروهردگارم ئایا من (شتێکی ترم) بێجگه له مرۆڤێكی نێردراو؟”. دەی ئەگەر سەركەوتن بۆ ئاسمان بۆ مرۆڤ كارێكی گونجاو بوایە ئەوا پێغەمبەر لەپێشتر و شیاوتر بوو بۆ ئەوەی كە سەربكەوتایە بۆ ئاسمان لەبەرچاوی كافرەكاندا بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنن. كەواتە ئەگەر كارێك بە دروست دانەنرابێت بۆ چاكترینی پێغەمبەران كە موحەممەدە (ﷺ) ئەوا چۆن دروست بووە بۆ عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) كە پێغەمبەرێك بووە بۆ سەر نەوەی ئیسڕائیل بە تەنها؟ وە گەورەمان عیسای كوڕی مەریەم ئەویش مرۆڤ و پێغەمبەر بووە، وە خوای گەورە ڕووی قسە دەكاتە گەورەمان موحەممەد (ﷺ) و دەفەرموێت: {وَمَا جَعَلْنَا لِبَشَرٍ مِنْ قَبْلِكَ الْخُلْدَ أَفَإِنْ مِتَّ فَهُمُ الْخَالِدُونَ} (الأنبیاء: 35)، واتە: “ئێمه پێش تۆ ژیانی ههمیشهیی و نهمریمان به هیچ کهسێك نهبهخشیوه، جا ئایا ئهگهر تۆ بمریت، (دوای مهرگی تۆ) ئهوه ئهو خهڵکه ژیانی ههمیشهیی دهبهنهسهر و نامرن؟!” ئیتر چۆن خوا عیسا جیادەكاتەوە و دەیكات بە كەسێكی نەمر و گەورەی سەرجەم دروستكراوان دەمرێنێت؟!
وتەی زانایانی پێشین دەربارەی مردنی عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام)
یەكەم: ئیبن حەزم سەبارەت بە پرسی مردنی عیسا (علیه السلام) دەڵێت: “وەفات دوو جۆرە، خەوتن و مردن، عیسا (علیه السلام) بە وتەی {فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي} مەبەستی خەوتن نەبووە، بۆیە ڕاستیەكە ئەوەیە تەنھا مەبەستی مردن بووە” (المُحلّى لابن حزم، ج1، كتاب التوحيد، رقم المسألة 41)
دووەم: پێشەوا فەخرەددینی ڕازی لە تەفسيـری ئایەتی: {..يَاعِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ..} (آل عمران: 56) دا دەڵێت:
“بزانە ئەم ئایەتە ئەوە دەگەیەنێت كە (بەرزبوونەوەی مەسيح) لە فەرمایشتی خواى گەورەدا {وَرَافِعُكَ إلَيَّ} بریتیە لە بەرزبوونەوە بە پلەوپایە نەك بە شوێن و لایەن، هەروەك بەرزێتی لەم ئایەتەدا بە شوێن نیە، بەڵكو بەپلە و شان و شكۆیە”. (التفسيـر الكبيـر-مفاتیح الغیب- للإمام فخر الدین الرازي، ج8، ص77/ الناشر: دار الفكر ط1: 1401ھ، 1981م).
سێيەم: پێشەوا شێخ ئیسماعیل حەققی بروسەوی لە تەفسيـری ئایەتی {إِذْ قَالَ اللَّهُ يَاعِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ}دا دەڵێت: {إِنِّي مُتَوَفِّيكَ} واتە ئاكامت تەواو دەكەم، مانای ئەوەیە بێگومان من دەتپارێزم لەوەی كە كافران بتكوژن و دەتهێڵمەوە هەتا ئەو سەرەنجامەی بۆت نووسراوە و بەشێوەیەكی سروشتی دەتمرێنم نەك بە كوشتن بەدەستی ئەوان. {وَرَافِعُكَ إِلَيَّ}: واتە بەرزت دەكەمەوە بۆ شوێنی ڕێزلێنانم و بارەگای فریشتەكانم، ئەم بەرزكردنەوەیەی بۆلای خۆی ئەنجامدا بۆ گەورەكردن و ڕێزلێنان، وە نموونەی ئەمەش ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: {إِنِّي ذَاهِبٌ إِلَى رَبِّي}، واتە: “من دهڕۆم بۆ لای پهروهردگارم” دیاره ئیبراهیم لە عێـراقەوە كۆچی كرد بۆ شام. دەكرێت حاجیەكان بە سەردانیکارانی خوا ناوببرێن و دراوسێكانی كەعبەیش بە دراوسێی خوا، هەموو ئەمانەش بۆ گەورەكردن و ڕێزلێنانە ئەگینا خوا بوونی خۆی قەدەغە كردووە لە شوێندا.” (تفسيـر “روح البیان” للبروسوي: ج2/ ص41- الناشر: دار الفكر/ بیروت 1980م).
چوارەم: پێشەوا ئالوسی لە تەفسیری ئایەتی: {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُل} دا (آل عمران: 145) دەڵێت: “حوكم سەبارەت بە پێغەمبەر (ﷺ) هەمان حوكمە سەبارەت بە پێغەمبەرانی پێشوو (عليهم السلام) لەوەدا كە هەموویان مردوون… وەك ئەوەی بوترێت ئەوەتا هاوشێوەكانی لە پێشیەوە مردن كەوابوو ئەمیش دەمرێت وەك چۆن ئەوان مردن. وە دەستەواژەی (قد خلت) دەستپێكی ڕستەكەیە بۆ خستنهڕووی ئهوهی كە پێغەمبەر (ﷺ) وەكو سەرجەم پێغەمبەران دوور نیە لە نەمان و مردن” (تفسیر “روح المعاني “للآلوسي، ج4/ص73- الناشر: إدارة الطباعة المنیریة/ مصر)
پێنجەم: قیننەوجی [القِنَّوجي] لە تەفسیری ئایەتی {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُل}دا دەڵێت: “بە كورتی و بە پوختی مردنی پێغەمبەر (ﷺ) لاوازی لە ئايينەكەیدا و هەڵگەڕانەوە لێی ناكاتە كارێكی پێویست بە بەڵگەی مردنی سەرجەم پێغەمبەرانی پێش خۆی”. وە لە تەفسیری ئایەتی: {إِذْ قَالَ اللَّهُ يَاعِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ}دا دەڵێت: “لە “زاد المعاد” ی الحافظ ابن القيم دا (رحمە الله) هاتووە: ئەوەی باسدەكرێت كە عیسا بەرزكراوەتەوە لەكاتێكدا تەمەنی 33 ساڵ بووە، لەمبارەیەوە هیچ وتەیەكی دەماودەمی پێشینان نەزانراوە كە پێویست بكات بۆی بگەڕێینەوە. وە شامی گوتوویەتی: بەو جۆرەیە كە ئەو گوتوویەتی، بێگومان ئەمە تهنھا لە مەسیحیەكانەوە ڕیوایەت كراوە، ئەوەی بەڕاشكاوی گوتراوە لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا ئەوەیە كە لە تەمەنی 120 ساڵیدا بەرزكراوەتەوە”. تفسیر “فتح البیان في مقاصد القرآن” للقنوجي، ج2 (سورة آل عمران) الناشر: مكتبة العصریة/ بیروت 1992م). واتە ڕۆحەكەی بەرزكراوەتەوە، چونكە لە فەرموودەكەدا هاتووە كە لەو تەمەندا مردووە.
وتەی هەندێك لە زانایانی هاوچەرخ دەربارەی مردنی عیسای كوڕی مەریەم (علیە السلام)
وتەی زانایانی سەدەی بیستەم لەسەر مردنی عیسا (علیه السلام)
بێگومان بە درێژایی مێژووی ئیسلامی زۆرێك لە موسوڵمانان گوتوویانە عیسا (علیه السلام) مردووە، ئەم قسەیە تەنها زانایانی پێشین نەیانگوتووە. بێگومان ئەوانەی لە سەردەمی نوێدا ئەو قسەیە دەكەن زۆرن، بەجۆرێك كۆمەڵێك كتێب دەبینین دەربارەی ئەم بابەتە نووسراون، وە لە پیاوانی ئایینی پایەبەرزەوە كۆمەڵێك فەتوامان بیستووە لەم بارەیەوە.. لەخوارەوە وتەی هەندێك زانای سەدەی بیستەم دەگوازینەوە:
یەكەم: مامۆستا موحەممەد عەبدە لە تەفسیری ئایەتی: {إِذْ قَالَ اللَّهُ يَاعِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ وَمُطَهِّرُكَ مِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا}دا دەڵێت: ئەم ئایەتە بەپێی ڕواڵەتەكەیەتی، وە (التوفّي) بەگوێرەی مانا ڕواڵەتیەكەی كە لە پێشترە بریتیە لە مردنی ئاسایی، وە ئەو بەرزبوونەوەیە كە لەدوای ئەوەوە ڕوودەدات بەرزبوونەوەی ڕۆحە. (تفسير المنار، دار المنار بمصر، ص 317)
دووەم: مامۆستا عەبدولوەههاب نەججاڕ دەڵێت: بێگومان موفەسیرەكانی قورئان ڕای جیاوازیان هەیە دەربارەی فەرمایشتی خوای گەورە {يَاعِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ وَمُطَهِّرُكَ مِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا} .. پاشان هەشت جۆری ڕاجیاییەكە باسدەكات و ئینجا دەڵێت: “ئەوەی من هەڵیدەبژێـرم ئەوەیە كە عیسا خوا ڕزگاری كرد لە جوولەكەكان، نەیانگرت و نەكوژرا و لەخاچ نەدرا، وە جۆری دووەم ئەوەیە: مەبەست لە ئایەتی {يَا عِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ}، ئەوەیە كە بێگومان من ماوەی ژیانت كۆتایی پێدەهێنم و بەشێوەیەكی ئاسایی دەتمرێنم و كەسێك زاڵ ناكەم بەسەرتدا بتكوژێت، وە ئایەتەكە مانای پاراستنی ئەو لە دوژمنانی دەگەیەنێت كە مانا پەسەندەكەیە و پێویستە بكرێتە سەرئەنجامی كۆتایی؛ چونكە لەم شوێنەدا ئەم مانایە لەپێشترە و پووچەڵكردنەوەی تەگبيـری دوژمنەكانی عیسا لەلایەن خواوە دێنێتەدی هەروەك دەفەرموێت: {وَمَكَرُوا وَمَكَرَ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ} (آل عمران: 55) (قصص الأنبیاء لعبد الوهاب النجار، دار إحیاء التراث العربي- بیروت، ط3، ص423)
سێیەم: شێخ ئەحمەد مستەفا مەراغی لە تەفسيـری ئەم ئایەتەدا: {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ أَفَإِنْ مَاتَ أَوْ قُتِلَ انْقَلَبْتُمْ عَلَى أَعْقَابِكُمْ وَمَنْ يَنْقَلِبْ عَلَى عَقِبَيْهِ فَلَنْ يَضُرَّ اللَّهَ شَيْئًا} (آل عمران: 144) نووسیویەتی: “واتە موحەمەد تەنها مرۆڤێكە و بێگومان پێغەمبەران لە پێشیەوە تێپەڕین، هەمووشیان مردن، وە هەندێكیان كوژران وەك یەحیا و زەكەریا، وە هیچ كەسێك لە پێش ئەو ژیانی هەتاهەتایی بۆ نەنووسرا بوو، ئایا ئەگەر مرد وەك چۆن مووسا و عیسا و پێغەمبەرانی تریش مردن، یان كوژرا هەروەك چۆن یەحیا و زەكەریا كوژران، پاشگەز دەبنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كە پێشتر لەسەری بوون؟).. پوختەی قسە ئەوەیە بێگومان موحەممەد مرۆڤە وەك سەرجەم پێغەمبەران وە ئەوانیش هەموویان مردوون یان كوژراون” (تفسيـر المراغي، الناشر: مصطفی البابي الحلبي بمصر، 1946م، الجزء الرابع، ص87)
چوارەم: شێخ (عبد الله القيشاوي) لە دیبەیتەكەیدا لەگەڵ قەشە (ئەلفرێد نێڵسن)دا دەڵێت: “مەبەست لە بەرزبوونەوە و هەڵكشانی مەسیح بۆ لای خوا بەرزبوونەوە و هەڵكشانی نیە بۆلای خوا لە ئاسمان بە جەستە ماددیەكەیەوە بەزیندوویی وەك چۆن مەسیحیەكان و هەندێ لە موسوڵمانان تێیگەيشتوون”. (أفكار المؤمنين في حقائق الدين، للقيشاوي، المطبعة الأمريكانية – بيروت 1939م، ج2، ص5)
پێنجەم: مەحموود شەلتووت -موفتی ئەزهەر- لە فەتوا بەناوبانگەكەیدا دەڵێت: “لە قورئانی پيـرۆز و سوننەتی پاك و خاوێندا بەڵگەیەك نیە كە بە كەڵكی دروستكردنی بیروباوەڕێك بێت كە دڵ پێی ئۆقرە بگرێت بەوەی عیسا بەجەستەكەیەوە بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان، وە هەتا ئێستا زیندووە لەوێدا، وە لە ئاخرزەماندا لێیەوە دێتە خوارەوە بۆ زەوی”. (محمود شلتوت، الفتاوى، دار الشروق- القاهرة، ط 2004م، ص65)
مەحموود شەلتووت دەڵێت سەید ڕەشید ڕەزا گوتی: “لە قورئانی پیرۆزدا دەقێكی ڕاشكاو نیە سەبارەت بەوەی كە عیسا بەڕۆح و جەستەیەوە بەزیندوویی بەرزكرابێتەوە بۆ ئاسمان.. وە دەقێكی ڕاشكاوی تێدا نیە كە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، ئەمە بریتیە لە بیروباوەڕی زۆرینەی مەسیحیەكان، لەو كاتەوەی ئیسلام پەیدابووە لە هەموو سەردەمێكدا هەوڵیان داوە بڵاويبكەنەوە لەناو موسوڵماناندا”.
هەروەها دەڵێت: خوالێخۆشبوو مامۆستای گەورە شێخ مەڕاغی بەبۆنەی پرسیارێكەوە كە لێی كرابوو، وە هۆكارێك بوو بۆ فەتواكەمان، وەڵامێكی نوسیووە كە تێیدا هاتووە: “لە قورئانی پیرۆزدا دەقێكی ڕاشكاو و گومانبڕ نیە لەسەر ئەوەی كە عیسا (علیه السلام) بەجەستە و ڕۆحەكەیەوە بەرزكرابێتەوە و ئێستا بە جەستە و ڕۆحەكەیەوە زیندوو بێت. وە فەرمایشتی خوای گەورە: {إِذْ قَالَ اللّهُ يَا عِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ وَمُطَهِّرُكَ مِنَ الَّذِينَ كَفَرُواْ} ڕواڵەتەکەی ئەوەیە كە خوا وەفاتی پێكردووە و مراندوویەتی پاشان بەرزی كردووەتەوە، وە ئاشكرایە كە بەرزكردنەوەی دوای مردن بریتیە لە بەرزكردنەوەی پلەوپایە لای خوا وەك چۆن دەربارەی ئیدریس (علیه السلام) فەرموویەتی: {وَرَفَعْنَاهُ مَكَانًا عَلِيًّا}. وە ئەم مانا ئاشكرایە بیروبۆچوونی هەندێ زانای موسوڵمانە، بۆیە لای ئەوان خوا بە مردنێكی ئاسایی مراندوویەتی و لای خۆی پلەی بەرزكردووەتەوە، وە عيسا بەشێوەیەكی ڕۆحی زیندووە وەك ژیانی شەهیدەكان و پێغەمبەرانی تر.. كەواتە پێویست نیە لەسەر موسوڵمان باوەڕی وەها بێت كە عیسا (علیه السلام) بە جەستە و ڕۆح زیندووە، وە ئەو كەسەی بیروباوەڕی پێچەوانەی ئەمە بێت بە كافر لەقەڵەم نادرێت لە دیدی شەریعەتی ئیسلامیدا”. (سەرچاوەی پێشوو، لا 81-82)
شەشەم: سەید قوتب پاش تەفسیرەكەی بۆ ئایەتی {وَالسَّلَامُ عَلَيَّ يَوْمَ وُلِدتُّ وَيَوْمَ أَمُوتُ وَيَوْمَ أُبْعَثُ حَيًّا} دەڵێت: “دەقەكە لێرەدا ڕاشكاوە دەربارەی مردن و زیندووبونەوەی عیسا. ئەم ڕاستیە تەئویل و مشتومڕ هەڵناگرێت”. (في ظلال القرآن، سيد قطب، سورة مريم، الناشر: دار الشروق في القاهرة سنة 1424هـ – 2003م، ج4، ص2308)
حەوتەم: دكتۆر موحەممەد مەحموود حیجازی لە تەفسيـری ئەم فەرمایشتی خوای گەورەدا: {وَمَكَرُواْ وَمَكَرَ اللّهُ وَاللّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ* إِذْ قَالَ اللّهُ يَا عِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ..} دەڵێت: “خوا تۆڵهی فڕوفێڵهکهیانی لێکردنهوه كاتێ فەرمووی ئەی عیسا من بەتەواوی ماوەی ژیانت كۆتایی پێدەهێنم و هەرگیز هیچ دوژمنێك دەستدرێژی ناكاتە سەرت، ئەمە مژدەیەكە بۆ ئەو كە ڕزگاری دەبێت لە فێڵ و پیلانی ئەوان، وە بەرزت دەكەمەوە بۆ جێگایەكی بڵند. وە بەرزكردنەوە بریتیه له بەرزكردنەوەی پلەوپایەی نەك شوێن و جێگە هەروەك خوای گەورە دەربارەی ئیدریس (علیه السلام) دەفەرموێت: {وَرَفَعْنَاهُ مَكَانًا عَلِيًّا} (مريم: 58)، هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە دەربارەی باوەڕداران لە ئایەتی: {فِي مَقْعَدِ صِدْقٍ عِنْدَ مَلِيكٍ مُقْتَدِرٍ}. (التفسير الواضح للدكتور الحجازي،دار الجیل الجدید- بیروت، ط10، ج1، ص236)
هەشتەم: مامۆستا موحممەد غەزالی دەڵێت: “لە قورئاندا بە ئاشكرا هاتووە كە عیسا مردووە، وە ئەو قسەیە كە لە شوێنێكدا یان لە ئاسماندا زیندووە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە.. وە ئەمە بۆچوونی ڕواڵەتگەراكانی لای ئێمەیە، وە لای من پەسەندترە لەو بۆچوونەی كە دەڵێت ئێستا زیندووە” (مائة سؤال عن الإسلام، محمد غزالي، جواب س 63، نھضة مصر للطباعة والنشر، ط4، ص277)
نۆیەم: دكتۆر ئەحمەد چەلەبی باسی بۆچوونی ژمارەیەك زانای كردووە، ئەوانەی كە دەڵێن عیسا (علیه السلام) مردووە، ئەمانەی خوارەوە باسدەكەین لێیان:
ئالوسی دەڵێت: “بێگومان گونجاوترین مانا بۆ فەرمایشتی خوای گەورە {إنَّي متوفيك} ئەوەیە: من ماوەی ژیانت كۆتایی پێ دەهێنم، وە بەشێوەیەكی سروشتی دەتمرێنم، وە كەسێك زاڵ ناكەم بەسەرتدا بتكوژێت، وە بەرزبوونەوەی دوای مردن بریتیە لە بەرزبوونەوەی پلەوپایە نەك بەرزبوونەوەی جەستە، بەتایبەتی كە لە تەنیشتیدا ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە هاتووە {إِذْ قَالَ اللَّهُ يَاعِيسَى إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ وَمُطَهِّرُكَ مِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا}.” (مقارنة الأدیان (2) المسیحیة، د. أحمد شلبي، مكتبة النهضة المصریة، ط10، 1998م، ص64).
هەروەها: ئیبن حەزم -كە یەكێكە لە ئايینزانە ڕواڵەتگەراكان- پێیوایە وەفات لە ئایەتەكاندا واتای مردنی ڕاستەقینە دەگەیەنێت، وە لادانی ڕواڵەت لە حەقیقەتەكەی هیچ مانایەكی نیە، وە عیسا -بەگوێرەی ئەمە- مردووە.” (سەرچاوەی پێشوو).
یەكێكی تریش لەوانە: مامۆستا موحەممەد ئەبو زوهرە قسەكەی بەوە تەواو دەكات كە دەقەكانی قورئان پابەندمان ناكەن بەو بیروباوەڕەوە كە مەسیح بە جەستەكەیەوە بەرزكرابێتەوە بۆ ئاسمان.” (سەرچاوەی پێشوو، لا 66).
یەكێكی تریش لەوانە بریتیە لە بۆچوونی مامۆستا موحەممەد غەزالی كە دەڵێت: خواستی دڵم بۆ ئەوە دەچێت كە عیسا مردووە، ئەویش وەكو سەرجەم پێغەمبەران مردووە تەنھا بەڕۆحەكەیەوە بەرزكراوەتەوە، وە سەرەنجامی جەستەكەی وەكو جەستەی هەموو پێغەمبەران وایە. وە ئەم ئایەتە {إِنَّكَ مَيِّتٌ وَإِنَّهُمْ مَيِّتُونَ} و ئایەتی {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ} پیادە دەبێت بەسەریدا و بەمەش دەچەسپێت كە عیسا مردووە”. (سەرچاوەی پێشوو، لا 67-68).
وە بەگوێرەی ئەوەی خرایەڕوو دكتۆر ئەحمەد چەلەبی دەڵێت: بەڕای من وا باشە بۆ ئێمەی موسوڵمان… ئەو بۆچوونەمان هەبێت كە دەڵێت عیسا مردووە.. وە ئەو وەك پێغەمبەرانی تر تەنھا بەڕۆحەكەی زیندووە و لە ژیاندایە، ژیانی ڕێز، وە ژیانی پلەوپایەی بەرز”. (سەرچاوەی پێشوو، لا68).
مەبەست لە دابەزینی عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام)
مادام قورئانی پيـرۆز و فەرموودەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە مەسیحی ناسیرەیی عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) مردووە هەروەك چۆن پێغەمبەران مردوون، وە هەرگیز مردووەكانیش ناگەڕێنەوە بۆ ئەم دنیایە؛ ئەوا دروست نیە وشەی “نزول” كە لە فەرموودەكاندا هاتووە دەربارەی عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) بە مانای دابەزینی ئەو لە ئاسمانەوە بەلاشە ماددیەكەیەوە تەفسیر بكەین. ئەمەش چونكە زۆربەی ئەو فەرموودانەی لەبارەی دەججال و دابەزینی مەسیحی كوڕی مەریەم و نیشانەكانی دەركەوتنیەوە هاتوون تهنھا بە شێوهی مەجاز و ئیستیعارە هاتوون، وە ناكرێت مانا ڕواڵەتیەكانیان وەربگرین، وە زۆربەیان لێكدانەوە دەخوازن. مەبەست لە دابەزینی عیسای كوڕی مەریەم بریتیە لە ڕەوانەكردنی پیاوێكی تر لە ئوممەتی موحەممەد (ﷺ) كە لە سیفات و كردار و بارودۆخەكانیدا لە عیسای كوڕی مریەم دەچێت. وە ئەو كەسە بەڵێندراوەیش دەركەوت لە هیندستان لە دێی قادیان بەناوی ميـرزا غوڵام ئەحمەد (علیه السلام). كەوابوو ئەو مەسیحی بەڵێندراو و پێشەوا مەهدیە بۆ ئوممەتی موحەمەدی كە پێغەمبەر (ﷺ) بەڵێنیداوە بە ڕەوانەكردنەكەی و دەفەرموێت: “لَا الْمَهْدِيُّ إِلَّا عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ” واتە: “مەهدی نیە جگە لە عیسا.” (ابن ماجە، كتاب الفتن)
هەڵبەت جوولەكەیش چاوەڕوانی دابەزینی “ئیلیيا”یان دەكرد لە ئاسمانەوە دووبارە بۆ ئەوەی دابەزینەكەی ببێتە نیشانەیەك لەسەر نزیكبوونەوەی هاتنی مەسیح (علیه السلام) لەناویاندا، وە كاتێك مەسیح هات بەبێ ئەوەی ئیليیا لە ئاسمانەوە دابەزێت، ملیان پێ نەدا بە بەڵگەی نەهاتنی ئیلیيا بۆ دووەم جار لە ئاسمانەوە، مەسیحیش ئاماژەی كرد بۆ یۆحەننا (یەحیا) (علیه السلام) و پێی گوتن: ئەمە بریتیە لە ئیلیيای بەڵێندراو بە ئێوە پێش دابەزینی مەسیح؛ چونكە لە سیفات و كردار و بارودۆخەكانیدا لە ئیلیيا دەچێت. وە ئەمەش لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراو و پێشەوا مەهدیدا دووبارە بوویەوە كە وەكو هاوشێوەی مەسیحی كوڕی مەریەم (عليه السلام) هات. وە ئاشكرایە زۆربەی موسوڵمانان پێیان وایە دەبێت خودی مەسیح لە ئاسمانەوە دابەزێت، بۆیە ئەوانیش كەوتنە هەمان هەڵەوە.
پێویستە ئەوەش بوترێت كە لە قورئانی پیرۆزدا وشەی (نزول) بەكارهاتووە بۆ ئاژەڵ و بۆ جلوبەرگ وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَأَنْزَلَ لَكُمْ مِنَ الْأَنْعَامِ ثَمَانِيَةَ أَزْوَاجٍ} (الأنعام: 144)، هەروەها دەفەرموێت: {يَا بَنِي آدَمَ قَدْ أَنْزَلْنَا عَلَيْكُمْ لِبَاسًا يُوَارِي سَوْآتِكُمْ وَرِيشًا} (الأعراف: 27). دیارە هیچ كەسێك ناڵێت ئاژەڵ و جلوبەرگ لە ئاسمانەوە دابەزیون.
چاوەڕێ بكەن… ئێمەش لەگەڵ ئێوەدا چاوەڕێ دەكەین
حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كتێبێكی نووسیوە بەناوی (مەسیحی ناسیرەیی لە هيندستان)، تێیدا هەموو ئەو بابەتانەی ڕوونكردوەتەوە كە پەیوەستن بە عیسای كوڕی مەریەم (علیه السلام) و بەڵگەكانی ڕزگاربوونی لە مردنی سەر خاچ و كۆچكردنەكەی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و گيـرسانەوەی لە خاكی كشميـر و مردن و بەخاك سپاردنی لەوێدا. وە كۆمەڵێك بەڵگەی خستووەتەڕوو لەسەر ئەم بابەتانە لە قورئانی پيـرۆزو فەرموودەكان و كتێبی پيـرۆز و كتێبە مێژوویی و پزیشكیەكان و جگە لەوانیش لە كتێب و نووسراوی پێشینان.
هەروەها مردنی مەسیح (علیه السلام) و بەڵگەكانی لەو بابەتە گرنگانە بووە كە بەڕێزی لەبارەیانەوە دواوە لە زۆربەی كتێبەكانیدا. وە پاش ئەوەی كە ئەم هەموو هەوڵ و تێكۆشانەی پێشكەش كرد لەپێناوی لەناوبردنی بيـروباوەڕی ژیانی مەسیح لە ئاسماندا، ئەوەی ڕوونكردەوە كە ئەو كەسانەی چاوەڕێی مەسیح دەكەن لە ئاسمانەوە دابەزێت چاوەڕێكردنەكەیان درێژەدەكێشێت، ئەوەتا بەڕێزی دەفەرموێت:
“هەڵبەت بيـرۆكەی دابەزینی مەسیحی بەڵێندراو لە ئاسمانەوە بەتەواوەتی بيـرۆكەیەكی پووچە. باش بزانن كە هیچ كەسێك لە ئاسمانەوە دانابەزێت. ئاشكرایە سەرجەم نەیارەكانمان كە ئەمڕۆ لەئارادان سبەینێ دەمرن، بەڵام هەرگیز كەسێكیان عیسای كوڕی مەریەم نابینێت لە ئاسمانەوە دابەزێت، پاشان مناڵەكانیشیان كە جێی ئەوان دەگرنەوە دەمرن، بەڵام هیچ یەكێكیش لەمان عیسای كوڕی مەریەم نابینێت لە ئاسمانەوە دابەزێت، پاشان مناڵی مناڵەكانیشیان دەمرن، بەڵام ئەوانیش عیسای كوڕی مەریەم نابینن لە ئاسمانەوە دابەزێت. وە لەو كاتەدا خوا نیگەرانی و ڕاڕایی دەخاتەناو دڵەكانیانەوە و ئینجا بيـردەكەنەوە كە بێگومان ڕۆژگاری زاڵبوونی خاچ تێپەڕی و جیهان بەتەواوی گۆڕا كەچی هێشتا عیسای كوڕی مەریەم دانەبەزی، بۆیە لەو كاتەدا مرۆڤە ژيـرەكان بەیەكجاری لەم باوەڕە هەڵدێن. وە لەمڕۆوە سەدەی سێيەم تەواو نابێت مەگەر نائومێدی و بێ هیواییەكی توند باڵ دەكێشێت بەسەر هەموو ئەوانەدا كە چاوەڕێی مەسیح دەكەن، چ موسوڵمان بن یان مەسیحی، ئینجا ئەم باوەڕە پووچە ڕەتدەكەنەوە، وە لە جیهاندا یەك ئایین و یەك گەورە بوونی دەبێت.
هەڵبەت من نەهاتووم مەگەر بۆ چاندنی تۆوەكە، ئەوەتا بەدەستی خۆم ئەم تۆوەم چاند، وە لە ئێستاوە دەستدەكات بە گەشەكردن، وە هیچ كەسێك ناتوانێت كۆسپ و تەگەرە بخاتە ڕێگەكەی.” (تذكرة الشهادتین، الخزائن الروحانیة، ج20، ص67)
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين