بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,
بابەتی زیاتر

تەفسیری ئایەتی: {وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ} (سورة الأحزاب: 38)

مانای ئایەتەكە: ئەی موحەممەد ئەو كەسەی كە خوا چاكەی لەگەڵ كرد بە ئیسلام و بەوەی لەگەڵ تۆدا بژی و بە كۆمەڵێك نیعمەتی تر، وە تۆیش چاكەت لەگەڵ كرد بەوەی ئازادت كرد و ڕزگارت كرد لە كۆیلایەتی، وە بەوەی كچە پوورەكەی خۆتت كرد بە هاوسەری و پێت گوت: {أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ} زەینەبی هاوسەرت تەڵاق مەدە و لەخوا بترسە؛ وە پەلە مەكە لە هەڵوەشاندنەوەی پەیمانێك كە بەناوی خوا و بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی پێغەمبەرەكەی بەستراوە.

ئەی موحەممەد تۆ شتێكت لەدڵی خۆتدا دەشاردەوە كە خوا هەر ئاشكرای دەكرد، شتەكەش بریتی بوو لە شكستی هاوسەرگیرییەكە و دڵخۆشبوونی دووڕووەكان بەو شكستە و ئەوەی خەڵكی تووشی تاقیكردنەوە بن بەهۆیەوە و بڵێن: پێغەمبەر خۆی پێداگری كرد لەسەر مارەبڕینی زەینەب لە زەید سەرەڕای ناڕازی بوونی كەسوكارەكەی لەسەرەتاوە و ڕازیبوونیان لەكۆتاییدا.. ئەوەتا ئەم هاوسەرگیرییە بەرەكەتدار نەبوو بەڵكو شكستی هێنا.

{وَتَخْشَى النَّاسَ} ترسای ئەو خەڵكەی كە شكستی هاوسەرگیریەكەیان پێ خۆش بوو، وە ئەو كەسانەیش كە باوەڕیان لاواز بوو دنیا پڕ بكەن لە وتی وتی بەهۆی ئەوەی پێیان خۆش بووە ئەم هاوسەرگیریە شكستی هێناوە كە تێیدا زەید بە هاوشانی زەینەبی قوڕەیشی لەقەڵەمنەدرابوو.

وەك ئەوەی هەڵوێست و بۆچوونی نەیارەكانی ئەم هاوسەرگیرییە ڕاست دەرچوو بێت و هەڵوێستی ئەوانەی پشتگیری هاوسەرگیرییەكەیان دەكرد شكستی هێنا بێت. {وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ} واتە خوا شیاوترە بۆ لێ ترسان بۆیە ڕەوا نیە دوو هاوسەرەكە ناچار بكەیت لەگەڵ یەكتریدا بمێننەوە ئەگەر ئەوان سوورن لەسەر جیابوونەوە و ناتوانن بەردەوام بن پێكەوە. (مەبەست ئەوەیە نابێت لە ترسی هەڵویستی خەڵكی  دوو هاوسەرەكە ناچار بكەیت پێكەوە بمێننەوە چونكە ئەمە ستەمە لە هەردووكیان)

ئەوە بوو كاتێك زەید هاوسەرەكەی خۆی تەڵاقدا، ئێمە ئەومان كرد بە هاوسەری تۆ هەتاكو باوەڕداران لە خواستنی ژنی بەكوڕكردووی خۆیاندا -دوای ئەوەی تەڵاقیاندان- تووشی سەرزەنشت نەبن، بەمەش خواستنی هاوسەری تەڵاقدراوی بەكوڕكردوو هیچ كێشە و گرفتێكی تێدا نەبێت و ئەو دابونەریتە نەفامیە كۆتایی بێت كە ئەم هاوسەرگیرییەی حەرام دەكرد، وە هەر فەرمانێك خودا بیدات دەبێ جێبەجێ بكرێت.

ڕەخنەی ڕۆژهەڵاتناسەكان لە هاوسەرگیری پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ زەینەب گەيشتووەتە ئەوپەڕى نزمی و سووكی، وە ئەو قسەیەیان كە گوایە پێغەمبەر (ﷺ) حەزی كردووە هاوسەرگیری بكات لەگەڵ زەینەبدا بۆیە داوای لە زەید كردووە تەڵاقی بدات بە ئاشكرا قسەیەكی پووچە. چونكە پێغەمبەر (ﷺ) خۆی زەینەبى لە زەید مارەكرد، سەرەڕای جیاوازیان لە ڕەنگ و ڕەچەڵەك و هۆزدا؛ زەید بەندەیەكی ڕەش پێست بوو، لەكاتێكدا زەینەب كچە پووری پێغەمبەر (ﷺ) بوو، وە كەسێكی خانەدان بوو، وە لە دێرینترین هۆزەكان بوو.

ئایا ڕێی تێدەچێت پێغەمبەر (ﷺ) بە كچێتی حەزی لێ نەكردبێت، پاشان كاتێك تەمەنی بەرەوژوو چووە و بووە بە بێوەژن و تەڵاقدراوە ئینجا حەزی لێ كردبێت؟

كاتێك سەرنجی چیرۆكەكە دەدرێت گوایە پێغەمبەر كەوتووەتە داوی خۆشەویستی زەینەبەوە دەبینین بەشێوەیەكی ئاشكرا و بەڵگەنەویست شتێكی پووچە، دیارە زەینەب لەبەرچاوی پێغەمبەردا گەورە بووە، پوورزای بووە، چۆن لەو ماوەیەدا و كاتێك گەنج بووە نەیبینیوە، پاشان كاتێك سووربووە لەسەر مارەبڕینی لە بەندەیەكی پێشووی خزمەتكاری خۆی ئەوسا بینیویەتی؟

وە فەرمانی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ زەید {أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ} واتە تەڵاقی مەدە و لەخوا بترسە، بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر درۆبوونی ئەم بانگەشەیە.

پاشان بۆچی زەید ڕەخنەی نەگرت لە هاوسەرگیری  پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ زەینەبدا ئەگەر یەكترییان دەویست؟ وە بۆچی بەدرێژایی ژیانی خزمەتكارێكی بەوەفا و دڵسۆز و گیانفیدا بوو بۆ پێغەمبەر (ﷺ)؟

ئەگەر قورئان دانراوی پێغەمبەر (ﷺ) بوایە ئایا ئەم ئایەتانەی تێدا دادەنا كە باسی ئەوە دەكەن لە خەڵك دەترسێت و شتێكی لەدڵدا شاردووەتەوە كە خوا هەر ئاشكرای دەكات؟

پاشان كافر و دووڕووەكان ڕەخنەیان نەگرتووە لە هاوسەرگیری پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ زەینەب لەو ڕووەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك بینیویەتی خۆشی ویستووە؛ چونكە لە ئەسڵدا شتی وەها ڕووینەداوە، بەڵكو ڕەخنەیان لێ گرتووە لەو ڕووەوە كە هاوسەرگیری كردووە لەگەڵ ژنی تەڵاقدراوی بەكوڕكردووی (واتە زڕكوڕی) خۆیدا.

لەڕاستیدا پێغەمبەر (ﷺ) بەوەی زەینەبی مارەكرد لە زەید دابونەریتی چینایەتی نەفامی لە بناغەوە هەڵتەكاند، وە بەكردەیی ئەو بنەمایەی پیادەكرد كە دەفەرموێت: كەسی عەرەبی هیچ فەزڵ و چاكەیەكی نیە بەسەر كەسی ناعەرەبیدا مەگەر بەتەقوا. پاشان بەوەی خۆی (ﷺ) زەینەبی مارەكرد دابونەریتی جاهیلی بەكوڕكردنی هەڵوەشاندەوە.

وە قسەی ڕۆژهەڵاتناسەكان و هاوئاوازەكانيان لەم بابەتەدا قسەیەكی ئەوپەڕی پووچە، وە تەنھا مانای كوێربوونيان دەگەیەنێت.

لە سایتی: “الموقع الرسمي للجماعة الإسلامیة الأحمدیة”وە وەرگیراوە و تەرجەمەكراوە.