بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ڕووداوێكی مێژوویی.. پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی یەكەم چالاكی خۆی ئەنجامدا لەڕێگەی شاشەی كۆمپیوتەرەوە كە بریتی بوو لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ 220 ئەندامی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی (مجلس الأطفال الأحمدیة) لە كەنەدا كە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا چاویان بكەوێت بە پێشەوای خۆیان میرزا مەسروور ئەحمەد

دەروازەیەكی نوێ كرایەوە لە مێژووی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، كە بریتیی بوو لەوەی بۆ یەكەمجار پێشەوای ئەم كۆمەڵە میرزا مەسروور ئەحمەد لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە لە ڕۆژی 15/8/2020 چاوپێكەوتنێكی ئەنجامدا لەگەڵ زیاتر لە 220 ئەندامی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە كەنەدا كە تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 15 ساڵیدايە.

بەم شێوەیە بەرەبەیانێكی نوێ دەركەوت بۆ موسوڵمانە ئەحمەدیەكان بۆ چاوپێكەوتنی خەلیفە و پێشەواكەیان و داواكردنی ڕێنمایی و پاڕانەوە لێی.

بڕیار بوو پێشتر لەم ساڵدا شاندێك لە ئەندامانی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە كەنەدا سەردانی شانشینی یەكگرتوو بكەن بۆ چاوپێكەوتنی خەلیفە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە گەشتەكە هەڵوەشایەوە، بەم شێوەیە بەڕێزی ڕێگەیدا لەجیاتی ئەوە چاوپێكەوتنێك لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە ساز بكرێت.

بەرێزی لە نووسینگەكەی خۆیەوە لە ئیسلام ئاباد لە تیلفۆرد سەرۆكایەتی ئەم كۆبوونەوەیەی كرد، لەكاتێكدا ئەندامانی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە دیوانی مزگەوتی (بیت الإسلام) لە گوندی ئاشتی لە كەنەدا دانیشتبوون بەڕەچاوكردنی یاسا ناوخۆییەكانی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی.

كۆبوونەوەكە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز و وەرگێڕانەكەی دەستی پێ كرد، لە دوای ئەمە قەسیدەیەك خوێندرایەوە پاشان لەلایەن سكرتێری نیشتیمانی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە كەنەدا ڕاپۆرتێك پێشكەش كرا، تێیدا گوتی كە كارگێڕی مەجلیسی حزمەتكارانی ئەحمەدی لە كەنەدا هەوڵیداوە بۆ بەشداری پێ كردنی لاوانی ئەحمەدی لە میانەی كۆمەڵێك بەرنامەی جیاواز لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە لەماوەی داخستن كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە سەپێنراوە.

وە بەڕێز خەلیفە ڕێز و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشكەوتنەی كە مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە كەنەدا بەدەستیانھێناوە، بەڵام ئەوەی بۆ زیاد كرد كە پێویستە لەسەریان پارێزگاری بكەن لەهەر پێشكەوتنێك كە بەدەستی دەهێنن ئینجا پێشكەوتنی زیاتری لەسەر بینا بكەن، وە فەرمووی زۆر پێویستە ئەوپەڕی هەوڵ بدرێت بۆ دەستەبەركردنی بەردەوامی گەشە و پێشكەوتنی ئایینی لاوانی ئەحمەدی.

وە لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا كە كاتژمێرێكی خایاند، دەرفەت درا بە ئەندامانی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی كۆمەڵێك پرسیار دەربارەی ئیسلام و بابەتەكانی تر ئاراستەی بەڕێزی بكەن.

بەڕێز میرزا مەسروور ئەحمەد لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە دوای نەمانی مەترسیەكانی پەتای كۆرۆنا (كۆڤید 19) لە جیھاندا بەڕێزی سەردانی كەنەدا دەكات یان نا؟ لە وەڵامدا فەرمووی:

“پرسەكە بەجێھێڵراوە بۆ ئێوە هەمووتان و بۆ موسوڵمانانی ئەحمەدی لە هەموو لایەكی جیھاندا كە نزا بكەن بۆ ئەوەی بەم نزیكانە جیھان ڕزگاری بێت لە هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا، پێویستە لەسەر هەموو بە كوڵ بپاڕێینەوە كە خوای گەورە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی دابەزێنێت. وە لەكاتی كۆتاییھاتنی ئەم ماوەیە و نەمانی پەتاكە، دەستدەكەمەوە بە گەشتەكانم بۆ دەرەوە هەتا بتوانم لە وڵاتانی جۆربەجۆردا چاوم بە موسوڵمانە ئەحمەدیەكان بكەوێت. بەڵام لەڕێگەی ئەم كۆبوونەوەیەوە وا هەست دەكەم كە لە كەنەدا بم. ئەتوانم مزگەوتەكە و ئەو شوێنە ببینم كە ڕۆژنامەنووسە كەنەدیەكە چاوپێكەوتنی لەگەڵدا كردم، ئەتوانم ئەو هۆڵە ببینم كە ئێوە تێيدا دانیشتوون، كەشەكە وادەردەكەوێت وەك ئەوەى لەگەڵتاندا بم.”

پاشان مناڵەكان توانییان كۆمەڵێك پرسیاری تر ئاراستەی بەڕێزی بكەن. بۆ نموونە یەكێكیان پرسی كە چۆن مناڵان دەتوانن پەیوەندی خۆیان گەشە پێ بدەن لەگەڵ خوای گەورەدا؟ وە ئەوانی تر پرسیاریان كرد دەربارەی ژیانی دوای مردن و بەخشینی ئەندامەكانی جەستە و شیانی ژیان لەسەر هەسارەكانی تر.

پێش هەموو شتێك، هەموویان هەستیان كرد بە خۆشی و ئاسوودەیی بەهۆی چاوپێكەوتنی بەڕێزیەوە و ئەوەی كە یەكمجار ئەوان شادبوون بەم جۆرە چاوپێكەوتنە.

پاش كۆبوونەوەكە، سەرۆكی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی بەڕێز زوبەیر ئەفزەڵ گوتی:

“بێگومان بۆنەیەكی كاریگەر بوو، وە خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە ژیاندا لەمەڕ مناڵەكانمان و بۆ هەموو حزمەتكارانی ئەحمەدی لە كەنەدا و لەماوەی ئەم پەتایەدا وەكو منارەیەكی ڕۆشن وابوو. بەڕێزی كاتێكی زۆری خۆی تەرخانكرد بۆ قسەكردن لەگەڵ مناڵەكانماندا و لەڕاستیدا بوونی بەڕێزی لەگەڵماندا شتێكی زۆر كاریگەر بوو لەمەڕ ئێمە. هەموو مناڵەكان زۆر دڵخۆش و شادمانن.

گومانی تێدا نیە كە ئەم دەرفەتە زێڕینە لە تەمەنی مناڵەكانماندا یەك جار ڕێكدەكەوێت. بێگومان هەموویان وتیان كە كارەكە بەشێوەیەك دەردەكەوت وەك ئەوەی بەڕێزی لە بەرامبەرماندا دانیشتبێت و لەناوماندا بووبێت. بەڕەچاوكردنی هەموو ئەوەی كە لە جیھاندا ڕوودەدات، بەتایبەتی كۆت و پێوەندەكانی سەفەركردن، ئەمە كارێكی زۆر ناوازە بوو، وە ئەم كۆبوونەوەیە بووە مایەی خۆشحاڵیەكی زۆر. ناتوانین وەك پێویست سوپاسی خوای گەورە (عز وجل) بكەین لەسەر ئەم نیعمەتەی خۆی، وە هەرگیز ناتوانین بەشێوەیەكی شایستە سوپاسی بكەین لەسەر نیعمەتی خیلافەت.”