بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

خوشكانی ئەندام لە لیژنەی (إماء الله) لە كەنەدا لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە بەشدارییان كرد لەیەكەم كۆبوونەوەی دەستەی كارگێڕی لەگەڵ پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانیدا

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد لیژنەی (إماء الله)ی هاندا بۆ فراوانكردنی بازنەی چالاكی و هەوڵەكانی بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییە ڕاستەقینەكانی ئیسلام.

لە ڕێككەوتی 16/8/2020 ئەندامانی دەستەی كارگێڕی لیژنەی (إماء الله) لە كەنەدا چاویانكەوت بە پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی، خەلیفەی پێنجەم حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد لە كۆبوونەوەیەكی فەرمیدا كە لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە ڕێكخرابوو.

بەڕێزیان لە نوویسنگەی خۆیەوە لە ئیسلام ئاباد لە تلفۆرد سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كرد، لەكاتێكدا خوشكانی ئەندام لە دەستەی كارگێڕی لیژنەی (إماء الله) لە هۆڵی زانكۆی ئەحمەدی لە فۆن لە ئۆنتاریۆ لە كەنەدا بەشدارییان كرد لە كۆبوونەوەكەدا.

لە میانەی كۆبوونەوەكەدا كە كاتژمێرێكی خایاند، دەرفەت ڕەخسا بۆ خوشكانی ئەندام لە دەستەی كارگێڕی كە ڕاپۆرتەكانی خۆیان پێشكەش بكەن دەربارەی بەشەكانیان و داوای ڕێنمایی بكەن لە بەڕێز خەلیفە سەبارەت بە كۆمەڵێك پرس.

لە پێناوی ئەوەی كە ئافرەتە بەیعەتدەرە نوێيەكان بەتەواوەتی تێكەڵ بن لەناو كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا، حەزرەتی خەلیفە فەرمانی ئەوەی دا كە زۆر پێویستە كۆڕ و كۆبوونەوەكان ببەسترێن كە تێیاندا بەیعەتدەرەكان هانبدرێن كە بەچوست و چالاكیەوە‌ بەشداری بكەن و فەرمووی زۆر پێویستە كە بەیعەتدەرە نوێيەكان بە خۆشەویستی و بایەخدانەوە پشتگیری بكرێن و یارمەتی بدرێن لەلایەن خوشكانی ئەندام لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە.

وە بەرێزیان فەرمووی پێویستە هەوڵێكی زۆر بدرێت بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییە دروست و ڕاستەقینەكانی ئیسلام لە میانەی بەرنامە تەبلیغیەكانەوە و لەڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ ئافرەتانی تردا.

هەروەها بەڕێزیان بەتێروتەسەلی ڕێنمایی پێشكەش كرد سەبارەت بە پەروەردەی ئەخلاقی و ئایینی ئافرەتە موسوڵمانە ئەحمەدیەكان و فەرمووی لیژنەی (إماء الله) ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لەم بارەيەوە و پێویستە لەسەر ئەندامەكانی كارگێڕی لیژنەكە بە خۆشەویستی و ڕێزەوە مامەڵە بكەن لەگەڵ هەموو كەسێكدا و هەوڵ بدەن هاوڕێیەتی دروست بكەن لەگەڵ ئەو ئەندامانەی تردا كە تەمەنەیان كەمترە لەناو لیژنەی (إماء الله)دا.

حەزرەتی میرزا مەسروور فەرمووی:

“پێویستە دایكانی ئەحمەدی هەوڵ بدەن هاوڕێیەتی ڕاستەقینە پەرەپێبدەن لەگەڵ مناڵەكانیاندا؛ چونكە ئەو كاتە دەتوانن باشتر ڕێنماییان بكەن. سەرباری ئەمە، پێویستە لەسەر ئەندامانی دەستەی كارگێڕیش هاوڕێیەتی دروست بكەن لەگەڵ ئافرەتە گەنجە ئەحمەدیەكاندا و ڕێنماییان بكەن و ئامۆژگارییان پێشكەش بكەن بۆ پەیڕەوكردنی ئەو ڕێنماییەی كە ئارەزوویان لێیەتی، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەیان بیربخەنەوە كە پێویستە لەسەریان هەتا هەتایە پابەند بن بەو پەیمانەی بەستوویانە بەوەی كە ئایین سەربخەن بەسەر هەموو كاروبارە دنیاییەكاندا، وە باشترین ڕێگە بۆ سوپاس كردنی خوای گەورە لەسەر نیعمەتەكانی كە بەخشیویەتی پێمان ئەوەیە كە مرۆڤ بەردەوام پابەند بێت بە ئایینەكەیەوە.”

وە بەڕێزی فەرمانی ئاراستەی لیژنەى (إماء الله) كرد لە كەنەدا كە كۆڕ و كۆبوونەوەكان ببەستن كە تێیاندا ئافرەتە لاوەكانى ئەحمەدی بتوانن بە ئاسانی هەر پرسیارێك بكەن كە دێت بە مێشكیاندا سەبارەت بە ئایین و بيروباوەڕيان.

پاش كۆبوونەوەكە، خاتوو أمة السلام سەرۆكی لیژنەی (إماء الله) لە كەنەدا گوتی:

“وا بڕیار بوو كە دەستەی كارگێڕی لیژنەی (إماء الله) لە ڕێككەوتی 27/8/2020 سەفەر بكەن بۆ لەندەن بۆ ئەم چاوپێكەوتنە، بەڵام بەهۆی ئەو كۆت و پێوەندانەی كە سەپێنراون لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئەم نەخشەیە هەڵپەسێردرا و هەستمان بە خەم و خەفەت كرد، بەڵام لە بابەتەكە تێگەيشتین.‌

بەڵام كاتێك زانیمان حەزرەتی خەلیفەى پێنجەمی مەسیح (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) ئێمەی لەبیرنەكردووە و دەرفەتی ئەم چاوپێكەوتنەی پێداین لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە زۆر ئاسووده و منەتبار‌ بووین؛ چونكە بەڕێزیان بابەتی چاوپێكەوتنەكەی لەیادنەكردبوو، وە لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە، چاوپێكەوتنەكە بە حەقیقی ڕوویدا كە هیچ كەسێك چاوەڕوانی نەدەكرد، سوپاس بۆ خوا! ئەم سەردانە لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە لەسەروو چاوەڕوانی ئێمە‌وە بوو، وادەردەكەوت وەك ئەوەی پێشەوا خۆشەویستەكەمان لەگەڵماندا دانیشتبێت. هەموو ئەندامانی دەستەی كارگێڕی زۆر منەتبار بوون بۆ ئەم دەرفەتە پیرۆزە.”