بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بەتوندی ئيدانەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەكات لە ماڵـمۆ

حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد ئەم “كارە دوژمنكارانە” ئيدانە دەكات لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی كارگێڕی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە سوید و داوای وەڵامێكی ئاشتیانەی كرد.

لە ڕێككەوتی 29/8/2020 دەستەی كارگێڕی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە شەرەفدار بوو بە چاوپێكەوتن لەگەڵ پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی، خەلیفەی پێنجەم، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد.

بەڕێزیان لە نوسینگەكەی خۆی لە ئیسلام ئابادی تیلفۆرد سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كرد، لەكاتێكدا ئەندامانی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵی ئسلامی ئەحمەدی لە سوید لە دیوانی مزگەوتی مەحموود لە ماڵمۆ ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

لە میانەی كۆبوونەوەكەدا كە كاتژمێڕێكی خایاند، دەرفەت ڕەخسا بۆ ئەندامانی دەستەی كارگێڕی كە ڕاپۆرتەكانی خۆیان پیشكەش بكەن و داوای فەرمان و ڕێنمایی حەزرەتی خەلیفە بكەن سەبارەت بە كۆمەڵێك پرسی جیاواز.

لە كاتی قسەكردن بۆ سكرتێری تەبلیغی نیشتیمانی، بەڕێزیان بەتوندترین دەربڕین سەركۆنەی ڕاستڕەوە توندڕەوەكانی كرد كە لەڕۆژی پێشوودا نوسخەیەك لە قورئانی پیرۆزیان سووتاند‌ لە ماڵمۆ.

هەروەك ڕوونیكردەوە كە هەڵەیە موسوڵمانان لەڕێگەی توندوتیژی و ئاژاوەنانەوەوە بەرپەرچی ئەم جۆرە كارە ترسناك و ئاژاوەگێڕیە بدەنەوە، بەڵكو پێویستە لەسەریان خەڵكی تێبگەیەنن لە ڕێنماییە ڕاست و دروستەكانی قورئانی پیرۆز هەتا‌ توندڕەوەكان كە دژایەتی موسوڵمانان دەكەن نەتوانن ناوبانگی ئیسلام بشێوێنن لەڕێگەی دەرهێنانی ئایەتەكانی قورئان لە شیرازە و سیاقی خۆیان بەنیازی بەدیھێنانی ئامانجە خراپەکانیان.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“لەڕاستیدا زۆربەی زۆری خەڵكی لە سوید و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكانی تر هێشتا تێنەگەيشتوون لە ڕێنمایی و ئامۆژگاریە ڕاست و دروستەكانی ئیسلام، ئەمەش كارێكی وای كردووە كە توندڕەوەكان بتوانن ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بەتەواوەتی لە شیرازەی خۆیان بترازێنن لەپێناوی بانگەشە درۆكانی خۆیاندا. بێگومان ئەوانەی خەریكی ئەم كارە دوژمنكارانەن هیچ زانیاریەكیان نیە دەربارەی ئیسلام یان مەرجەكانی ئەو جیھادە چیە كە دەقی قورئانی پیرۆزی لەسەرە. بێگومان ئەوان خۆیان گێل دەكەن لەو‌ ڕاستیەى كە كتێبى پیرۆز چەندین ئایەتی تێدایە كە دەكرێت لە شیرازەی خۆیان دەربھێنرێن و بەكاربھێنرێن بۆ پاساوى بەكارهێنانی هێز. بەچاوپۆشین لەمە، ئەركی سەرشانی موسوڵمانە ئەحمەدیەكانە كە لە هەموو شار و وڵاتێكدا ڕێنماییە ڕاستەقینە و ئاشتیخوازەكانی ئیسلام بەرجەستە و پێشكەش بكەن هەتا خەڵكی لە ڕاستی ئایینەكەمان تێبگەن.”

پاشان حەزرەتی خەلیفە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی نیشتیمانی هاندا كە ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن و بەردەوام ئەو فەرمانەی قورئان بەهەند وەربگرن كە پەیوەستن بە جێبەجێ كردنی ئەمانەت و پەیمانەكان.‌

بەرێزیان فەرمووی پێویستە لەسەر ئەندامانی دەستەی كارگێڕی چ خزمەت بكەن لە كارگێڕی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەسەر ئاستی نیشتیمانی یان هەرێمی یان ناوخۆییدا، كە لە هەموو ڕوویەكەوە پێشەنگێكی چاك بن بۆ موسوڵمانە ئەحمەدیەكانی تر و ئەو كارە ئەنجام بدەن كە بانگەشەی بۆ دەكەن.

بۆ نموونە، لەپێناو هاندانی كەسانی تر بۆ حزمەتكردن، پێویستە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی خۆیان لە پێشەوە بن بۆ تەرخانكردنی ژیانی خۆیان بەشێوەیەكی كاتی بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بەجۆرێك لەڕێگەی ئەمەوە بتوانن كار بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامی ئیسلام لەڕێگەی تەبلیغ یان ئەوەی كەسانی تر فێری قورئانی پیرۆز بكەن.

هەروەك بەڕێزیان فەرمووی كە زۆر پێویستە هەوڵەكان بەردەوام بن بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكانی ئیسلام بەهۆی بەرنامەكانەوە لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە تا ئەو كاتەی بەسەلامەتی بەرنامە گشتیەكان دەستپێدەكەنەوە.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“لەكاتی بەڵای كۆرۆنادا، كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هەوڵەكانی زۆر زیاتر كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئیسلام بەهۆی تەبلیغكردن لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە. بەدڵنیاییەوە، پێویستە لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە بەرنامەی زیاتر ڕێكبخرێت هەتا وەڵامی پرسیارەكان بدرێنەوە دەربارەی ئیسلام و رێنماییەكانمان.”

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد زیاتر لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت:

“سەرباری ئەمە، پێویستە كەسانی تر ئاگاداربكرێنەوە لەوەی كە ئێمە باوەڕێكی ڕەگداكوتاومان هەیە بەوەی كە پێویستە ئەم پەتایە سەرنجی مرۆڤایەتی ڕابكیشێت بۆ لای خوای گەورە. هەموو بەڵگەكان ئاماژە بەو ڕاستیە‌ دەكەن كە تەنانەت دوای كۆتایی هاتنی ئەم پەتایە، قەیرانێكی ئابووری جیھانی دروست دەبێت كە دەبێتە هۆی كێبڕكێی زیاتر لەنێوان دەوڵەتەكاندا. دەكرێت ئەم جۆرە گرژی و ئاڵۆزیانه بەئاسانی‌ ڕێگە خۆش بكات بۆ ستەمی زیاتر، ئەمەش لە كۆتاییدا خوانەخواستە ببێتە هۆی جەنگ و ململانێ.”

وە لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بەڕێزیان ئەوەی خستەوە بیری ئەندامانی دەستەی كارگێڕی كە بەپاكی ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن و ترسی خوای گەورە لەدڵی خۆیاندا جێگیر بكەن.

حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“لەسەر ئاستی ناوخۆیی بۆ ئاستی نیشتیمانی، پێویستە لەسەر هەموو بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێ كردنی ئەو ئەركانەی لە ئەستۆیاندایە و بەگوێرەی ڕێنماییەكانی خەلیفەی مەسیح هەڵسوكەوت بكەن. ئەگەر بەدڵسۆزی و گورجوگۆڵی و خۆبەكەمزانینەوە كارتانكرد؛ ئەوا بێگومان دەبێتە هۆی سەركەوتن و بەرەوپێشچوون. بەڵام ئەگەر تەنھا ئارەزوو بكەن كە پلەوپایە وەربگرن لەپێناوی بەدەستھێنانی پێگە و ڕێزدا و ئارەزووی كاركردن نەكەن بە خۆبەكەمزانینەوە یان بە هاوكاری لەگەڵ ئەوانی تردا؛ ئەوا هەرگیز سوود بەكەس ناگەیەنن و تەنھا دەبنە هۆی زیان و ئازار. دەتوانن كەسانی تر فریوبدەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن خوا فریوبدەن، بۆیە هەمیشە با ئەوەتان لەبیربێت كە خوای گەورە چاودێری هەموو كردەوەكانمان دەكات، كەوابوو هەموو توانا و لێهاتوویيەكتان بخەنەگەڕ لەپێناوی ئەودا. داواكارم لە خوا كە خۆی سەرپەرشتیكار و ڕێپیشاندەرتان بێت. ئامین.”