بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

زیاتر لە 125 ئەندامی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی لە هۆڵەندا لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە كۆبوونەوەیەكیان بەست لەگەڵ حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەددا

پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی هانی موسوڵمانە ئەحمەدیەكان دەدات لەسەر جەختكردنەوە لە نزاكردن لەكاتێكدا جیھان ڕووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزیە سیاسی و ئابووریەكان دەبێتەوە

لە 30/8/2020 پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی، خەلیفەی پێنجەم، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە كۆبوونەوەیەكی سازكرد لەگەڵ زیاتر لە 125 ئەندامی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی لە هۆڵەندا

بەڕێزی لە نووسینگەكەی خۆیەوە لە ئیسلام ئاباد لە تلفۆرد سەرۆكایەتی ئەم كۆبوونەوەیەی كرد، لەكاتێكدا ئەندامانی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی لە Het Witte Huis (كۆشكی سپی) بوون كە ناوەندێكە بۆ بەستنی كۆنگرەكان دەكەوێتە نزیك مزگەوتی (بیت العافیة)وە لە ئەلمیری.

كۆبوونەوەكە بە خوێندنەوە و وەرگێڕانی چەند ئایەتێك لە قورئانى پیرۆز دەستی پێكرد، دوای ئەوەش قەسیدەیەك خوێنرایەوە، لەماوەی كۆبوونەوەكەدا كە كاتژمێرێكی خایاند، دەرفەت ڕەخسا بۆ ئەندامانی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی كە زنجیرەیەك پرسیار ئاراستەی بەڕێزی بكەن سەبارەت بە باوەڕ و ئایین و پرسە هاوچەرخەكان.

لە میانەی كۆبوونەوەكەدا، كۆمەڵێك پرسیاری جۆراوجۆر ئاراستەی بەڕێزی كرا لەوانە: چۆن دایك باوك باوەڕ بەخوای گەورە لە دڵی مناڵاندا بچێنن؟ وە گۆڕانكاریە سیاسیەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئایا پێویست دەكات كشتوكاڵ زیاتر بكرێت لە جیھانی پاش كۆرۆنادا، هەروەك داوا كرا لە بەڕێزی كە یادگاریەكی تایبەتی سەردەمی گەنجێتی خۆی باس بكات.

حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد كاتێك پرسیاری لێ كرا دەربارەی شێوازی گونجاو بۆ پەروەردە كردنی مناڵانی بچوك لە وەڵامدا فەرمووی:

“خوای گەورە دەفەرموێت كە پەروەردەكردنی مناڵ لە كاتی لەدایكبوونەوە دەست پێ دەكات. لەبەرئەوە پێغەمبەری خۆمان (صلى الله عليه وسلم) فێرمان دەكات كە لەكاتی لەدایكبوونی مناڵی موسوڵماندا پێویستە بانگ و قامەت بدرێت بە هەردوو گوێچكەیدا هەتا لەكاتی لەدایكبوونیەوە ناوی خوا بچێنەناو گوێچكەیەوە. بەهەمان شێوە، پەروەردەكردنی مناڵ لەیەكەم ڕۆژەوە دەستپێدەكات، لەبەرئەوە پێتان وانەبێت كە مناڵی شیرەخۆرە لە هیچ شتێك تێناگات.”

حەزرەتی میرزا مەسروور زیاتر لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت:

“لەگەڵ بەرەوپێشچوونی مناڵ لە تەمەندا، ئەو نیعمەتانەی بۆ شرۆڤە بكەن كە خوا پێی بەخشیوە، وە خوای گەورە هەموو پێداویستیەكانی پڕكردووەتەوە، بۆیە پێویستە لەسەری سوپاسی خوا بكات لەسەر نیعمەتەكانی. وە كاتێك مناڵ دەگاتە تەمەنی حەوت ساڵان، پێویستە بەگوێرەی توانا هان بدرێت بۆ بەجێھێنانی نوێژ، بەڵام لەهەمان كاتدا نابێت فشاری بخرێتەسەر یان نیگەرانی و دڵەڕاوكێی بۆ دروست بكرێت. بە خۆشەویستی و سۆزەوە ماڵەی لەگەڵدا بكەن. خاڵی سەرەكی كە پێویستە لەیادمان بێت ئەوەیە كە ئەو وانانەی كەسێك لە مناڵیدا فێریان دەبێت بەزۆری بەدرێژایی ژیانی بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوكردنیان.”

سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی گۆڕانكاریەكانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پاش دانپێدانانی فەرمی بە ئیسڕائیلدا لەلایەن ئیماراتەوە، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“كێشەی سەرەكی بریتیە لە نیازی هەموو لایەنەكان. ئەگەر نیازەكانیان باش و ڕاستگۆیانە بێت، ئەوا هەموو ئەو هەوڵانە چاك دەبن كه دەبنە هۆی ڕەخساندنی‌ ئاشتی و تەناهی. بەچاوپۆشین لەوەی، كە ئەم كێشە و گرفتانە سیاسین، وە ئێمە وەك موسوڵمانە ئەحمەدیەكان پێویستە هەمیشە جەخت بكەینەوە لەسەر نزاكردن. پێویستە نزا بكەین بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە بێبەشكراون لە مافەكانیان.”

وە پرسیاريش كرا لە بەڕێزیان سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی تەنگوچەڵەمە ئابووریەكان دوای پەتای كۆڤید 19 بەو مانایەی كە تاكەكان یان دەوڵەت پێویستە هەوڵ بدات بۆ زیادكردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان وەك ئامرازێك بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك.

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“بەدڵنیاییەوە لە شانشینی یەكگرتوودا، پاش ئەوەی كە لە یەكێتی ئەوروپا دەرچوو، كارێكی ژیرانە و پڕ لە دانست دەبێت ئەگەر حكومەتی بەریتانی هانی كشتوكاڵ بدات. بەڵام لەمەڕ ئەندامەكانی یەكێتی ئەوروپاوە، ئەگەر هەمیشە بەیەكگرتوویی بمێننەوە و بەردەوام بن لە یارمەتیدانی یەكتری، ئەوا سەبارەت بە ئاسایشی خۆراك ئەمە لە بەرژەوەندییاندا دەبێت.

بەڵام، پێویستە نزا بكەین كە گرژی و ئاڵۆزی ئابووری، كە هەر ڕوودەدات، خوانەخواستە نەبێتە هۆی دروست بوونی جەنگ، ئەگەر لە هەركاتێكدا چەكی ناوكی بەكاربـهێنرێت؛ ئەوا بە چاوپۆشین لە ڕێژەی كشتوكاڵ ئەمە كارێكی هەوانتە دەبێت. بەهەمان شێوە، ئێمە بۆ داهاتوو دەڕوانین، زۆر پێویستە لەخوای گەورە بپاڕێینەوە كە ڕەحمەتی خۆی دابەزێنێتە خوارەوە بۆ سەرزەوی.”

هەروەها بەڕێزی موسوڵمانە ئەحمەدیەكانی هاندا بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی هاوسەنگ و تەندروست. وە ئامۆژگاری ئەوانەی كرد كە لەڕووی ماددیەوە دەتوانن خەرجی ئەم سیستەمە بكێشن، هەوڵ بدەن خۆراكی ئەندامی بخۆن و ئەو جۆرە سەوزانە بخۆن كە گەڵایان هەیە وەك سپێناخ و كەلەرم.

لەگەڵ نزیكبوونەوەى ماوەی كۆتایی بەرنامەكە داواكرا لە بەڕێزیان باسی یادگاریەكی تایبەتی سەردەمی لاوێتی خۆی بكات وەك گەنجێكی ئەحمەدی، لە وەڵامی ئەمەدا حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“بەشانازیەوە ئەو ماوەیەی منداڵی خۆمم لەبیرە، كاتێك كە كۆت و پێوەندەكان توند نەبوون لەسەر موسوڵمانە ئەحمەدیەكان لە پاكستان. هەموو ساڵێك كۆبوونەوەی خزمەتكارانى ئەحمەدیمان ڕێكدەخست وە ئێمە لە بارەگای كۆبوونەوەكە خێوەتمان هەڵدەدا. بەڵام خێوەتی گونجاومان نەبوو، لەبەرئەوە بۆ دروستكردنی خێوەت پشتمان دەبەست بە بەكارهێنانی چەرچەف! وەك مناڵ زۆر بەپەرۆش بووین كە دەرفەتمان بۆ بڕەخسێت خێوەت هەڵبدەین و لە بارەگای كۆبوونەوەكەدا بمێنینەوە. بێگومان ئەو ساتانە زۆر تایبەتی بوون و خۆش بوو بەلامەوە.”