بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی لە ئوسترالیا لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە چاویانكەوت بە پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی

سەرۆكەكانی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی لە ئوستورالیا و دەستەی كارگێڕیەكەی بە فەرمی لەگەڵ بەڕێزیاندا كۆبوونەوه

لە ڕێككەوتی 12/09/2020 پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی، خەلیفەی پێنجەم، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە چاوپێكەوتنێكی سازدا لەگەڵ دەستەی كارگێڕی نیشتیمانی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی لە ئوستورالیا.

بەڕێزی لە نووسینگەكەی خۆیەوە لە ئیسلام ئاباد لە تلفۆردەوە سەرۆكایەتی ئەم كۆبوونەوەیەی كرد، لەكاتێكدا نوێنەرانی دەستەی كارگێڕی لە هۆڵی خیلافەت لە دیوانی مزگەوتی (بیت الھدی) لە مارسدن پارك، یەكێك لە شوێنەكانی دەوروبەری ناوچەی سیدنی گەورە كۆبوونەوه.

لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا، نوێنەرانی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەش كرد دەربارەی چالاكیەكانی كارگێڕیەكانیان و نەخشە پێشنیاركراوەكانی داهاتوو. وە جەنابی خەلیفە بە تێرو تەسەلی ڕێنمایی و فەرمانی خۆی ئاراستەكردن سەبارەت بە پەروەردەی ئەخلاقی و ئایینی ئەحمەدیە لاوەكان و چۆنێتی دەستەبەركردنی بەرەوپێشبردنی كاروباری كارگێڕی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی بە بەردەوامی.

سەبارەت بە فێركردنی ئایینی، بەڕێزیان فەرمووی تەنھا ئەوەندە بەس نیە كە بە گشتی بەشی فێركردنی نیشتیمانى هەستێت بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەى زانستی بۆ ڕۆڵەكانی كۆمەڵ. بەڵكو سەرۆكی نیشتیمانی و سكرتێری نیشتیمانی و هەموو ئەندامانی دەستەی كارگێڕی خزمەتكاران لەسەر هەموو ئاستەكان، پابەندن بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاقیكردنەوانە لەپێناوی پێشكەشكردنی پێشەنگیەكی باش بۆ ئەندامەكانى تر و زیاتربوونی زانستیان بە بەردەوامی.

وە بەڕێزیان ئەوەی خستەوەبیری ئەندامانی دەستەی كارگێڕی كە سەركردایەتی ڕاستەقینە خۆبەكەمزانین و دڵسۆزی دەوێت، لەبەر ئەوە زۆر پێویستە كە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی شتێك داوا نەكەن لەوانی تر كە خۆیان بە كردەوە پراكتیكی ناكەن.

بەڕێزی سەبارەت بە پەروەردەكردنی مناڵان و مێردمناڵان فەرمووی:

“لە خوێندنگاكاندا هەندێ پرس یان بابەت هەن كە بەشێوازێك دەخوێندرێن ناگونجێن لەگەڵ بیروباوەڕ و بەها ئیسلامیەكاندا، بۆیە یەكێك لە ئەركەكانی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی ئەوەیە كە ڕۆڵەكانی موسوڵمانانی ئەحمەدی هۆشیار بكەنەوە لە بۆچوونی ئیسلامی دەربارەی ئەو جۆرە بابەتانه. فێریان بكەن جیاوازی بكەن لەنێوان ڕاست و هەڵەدا. سەرباری ئەمە، پێویستە لەسەر ئاستی كەسی هەڵسوكەوت و پەیوەندیان هەبێت لەگەڵ گەنجەكاندا، وە ببن بە هاوڕێیان و وەڵامی هەر پرسیارێك بدەنەوە كە لایان دروست دەبێت.”

سەبارەت بە خوێندنی قوتابخانەیش، یەكێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی وتی كە هەندێ قوتابخانە لە ئوسترالیا وەك وانەیەك “ئیسلام” دەخوێنن لە وانەی ئایینیدا، بەڵام پرۆگرامەكان هەندێ خاڵی تێدایە كە لەگەڵ بیروباوەڕی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا یەك ناگرنەوە. وە پرسیاری كرد دەربارەی ئەوەی كە ئایا پێویستە لەسەر باوكان كە مناڵەكانی خۆیان لەم جۆرە وانە ئیسلامیانە بكێشنەوە یان نا؟

لە وەڵامدا هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“پێویست ناكان مناڵەكانیان بكێشنەوە لەو وانانە، بەڵام پێویستە لەسەر باوكان و ئیدارەی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی كە قسە بكەن لەگەڵ قوتابخانە و بەرپرسانی پەیوەندیدار و مەترسیەكانی خۆیان پێ ڕابگەیەنن. پێویستە پێیان بڵێن لەجیاتی ئەوەی پرۆگرامەكانیان لەگەڵ ڕێبازێكی دیاریكراوی ئیسلامیدا بگونجێت، پێویستە ئەو بابەتە ئیسلامیانە بخوێنرێت كە هەموو ڕێبازە ئیسلامیه جیاوازەكان هاودەنگن لەسەری و ئەمەش بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم)”

بەڕێزی لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت:

“سەرباری ئەمە، پێویستە لەسەر موسوڵمانە ئەحمەدیەكان ڕێنماییی مناڵەكانیان بكەن دەربارەی بیروباوەڕەكانی خۆمان و هەر شتێكی هەڵە ڕوون بكەنەوە بۆیان كە ڕەنگە لە قوتابخانە یان هەر شوێنێكی تر فێری بووبن. وە ڕایبگەیەنن بە مناڵەكانیان كە ئیسلام ڕێنماییەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حوكمی دەكەن، وە هەندێ لە بیروباوەڕەكان یان ئەو چەمكانەی كە دوای ئەوە دروستبوون و گەشەیان كردووە لەناو هەندێ تیرە و ڕێبازی ئیسلامیدا بیدعە و پووچن. وە پێیان ڕابگەیەنن كە بۆ لابردنی ئەم بیدعانە و ژیانەوەی ئیسلامی ڕاست و دروست خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ڕەوانەكردووە. پێویستە بەئارامیەوە وەڵامی پرسیاری مناڵەكانتان بدەنەوە وە بێخەم و ئاسوودە نەبن هەتا دڵیان ئاودەخواتەوە و حاڵی دەبن لە ڕێنماییە ڕاستەكانی ئیسلام.”

بەڕێزیان ڕووی قسەی كردە ئەو ئەندامانەی مەجلیسی خزمەتكارانی ئەحمەدی كە لە تەمەندا گەورەتربوون و پێی گوتن، كە پێویستە لەسەریان هەمیشە لەهەوڵدا بن بۆ پارێزگاری كردن لە هۆگری و شەیدابوونیان بۆ خزمەتكردنی ئیسلام.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“هەر كە پەیوەندیتان كرد بە مەجلیسی (أنصار الله)، پێویستە هەوڵ بدەن لەڕووی ڕۆحیەوە بەگەنجی بمێننەوە و بەردەوام بن لە خزمەتكردنی ئیسلام و بەوپەڕی گوڕوتینەوە هەستن بە جێبەجێ كردنی ئامانجەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.”

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆبوونەوەكە لە كۆتایی، یەكێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی نیشتیمانی، كە لەم دواییەدا دەستی كردبوو بە خزمەتكردنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بەو سیفەتەی كە ژیانی خۆی وەقف كردووە، داوای كرد لە حەزرەتی خەلیفە ڕێنماییەك یان ئامۆژگاریەكی بكات كە بتوانێت لە ژیانیدا سوودی لێ وەربگرێت.

لە وەڵامی ئەم كەسەدا، بەڕێز خەلیفە جەختی كردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێ كردنی مافەكانی خوا و مافی بەندەكان. سەرباری ئەمە، بەڕێزیان ئەوەی دووبارە كردەوە كە خۆبەكەمزانین لە هەموو كاروبارەكاندا شتێكی یەكلاكەرەوەیە و هەرگیز نابێت هیچ كەسێك خۆی لەكەسێكی تر بە گەورەتر بزانێت.