بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

وتاری هەینی 07/03/2025

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

پێشەوای باوەڕداران حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد (خوا سەركەوتووی بكات)

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (علیە السلام)

لە ڕێككەوتی 07/03/2025

لە مزگەوتی موبارەك لە ئیسلام ئاباد لە بەریتانیا ئەم وتارەی پێشكەش كرد

*****

أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمّدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرّجيم. {بسْمِ الله الرَّحْمَن الرَّحيم * الْحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمينَ * الرَّحْمَن الرَّحيم * مَالك يوْم الدِّين * إيَّاكَ نعْبُدُ وَإيَّاكَ نَسْتَعينُ * اهْدنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقيمَ * صِرَاط الَّذِينَ أَنعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوب عَلَيْهمْ وَلا الضَّالِّينَ}. آمين

{وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ} (البقرة: 187)

لەگەڵ دەستپێكی مانگی ڕەمەزاندا، دەستبەجێ هەستێك لە دڵدا دروست دەبێت كە گرنگی بە ئەنجامدانی نوێژەكان بدەین؛ چونكە ڕەمەزان مانگی بەرەكەتە. لەم مانگەدا دوعاكان گیرا دەبن، بۆیە خەڵكی بە گشتی زیاتر ڕوو لە مزگەوتەكان دەكەن و زیاتر ئامادە دەبن، چ لە نوێژی بەیانی بێت یان نوێژی عیشا. لە ڕۆژانی ئاساییدا، ئامادەبوون لە نوێژی بەیانی و مەغریب و عیشادا وەك ڕەمەزان نیە. لە سایەی فەزڵی خوای گەورەوە بە لایەنی كەمەوە لەم ڕۆژانەدا هەستێك لە دڵی خەڵكیدا دروست دەبێت كە ڕوو لە مزگەوت بكەن و داوای فەزڵ و ڕەحمەتی خوای گەورە بكەن.

لەبەر ئەوە خوای گەورە دەفەرموێت من لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا دەرگاكانی دۆزەخ دادەخەم و شەیتان كۆت و بەند دەكەم و دەرگاكانی بەهەشت دەكەمەوە. لێرەوە خەڵكی وا دەزانن كە ڕەنگە تەنها لە ڕەمەزاندا پێویستیان بە پەرستش و بەندایەتی هەبێت، و تەنها ئەو دوعا و پەرستشانەی كە لە ڕەمەزاندا دەكرێن دەبنە هۆی لێخۆشبوونمان. ئەم قسەیە لە كەناڵە ئاسمانیە ئیسلامیە نا ئەحمەدیەكاندا لە وڵاتە جۆراوجۆرەكاندا بەردەوام دووبارە دەكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەمە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە. بەڵكو خوای گەورە سەرنجی ئێمەی ڕاكێشاوە بۆ پەرستشەكان لە ڕەمەزاندا تاكو بیكەینە بەشێك لە ژیانمان. ئەگەر ئەوە نەكەین؛ ئەوا پەرستشەكانی ڕەمەزان بە تەنها هیچ سوودێكیان نابێت. بەڵكو خوای گەورە دەفەرموێت: ئێوە تەنها مانگێك پەرستنتان كرد، لە یانزە مانگەكەی تردا چیتان كرد؟ بۆیە پێویستە مرۆڤ ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە لە دڵی خۆیدا نەهێڵێت، كە بریتیە لەوەی تەنها ئەنجامدانی نوێژ و ئاوەدانكردنەوەی مزگەوتەكان لە ڕەمەزاندا بەسە. چونكە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: “هەركەسێك ڕەمەزان بە باوەڕ و نیازی دەستكەوتنی خێرەوە بەڕێبكات، ئەوا خوا لە گوناهەكانی پێشووی خۆش دەبێت.” بێگومان ئەمەی فەرمووە.

ئەوانەی هەوڵ دەدەن ئەم چاكانە بكەنە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانیان و گرنگی بە نوێژ و نوێژە سوننەتەكان دەدەن، وە بەردەوام دەبن لەسەر پەرستش و بەندایەتی، ئەوان لە ڕەمەزاندا زیاتر گرنگی پێدەدەن، بەڵام هەندێك وا دەزانن كە شەونوێژكردن تەنها لە ڕەمەزاندا بەسە. بێگومان مرۆڤ هەڵە دەكات، بەڵام خوا میهرەبان و بەخشندە و لێبوردەیە، ئەم دەرفەتەی بۆ ئێمە ڕەخساندووە كە ئەگەر لە ماوەی ساڵێكدا هەڵەتان كردبێت، ئەوا لە ڕەمەزاندا سەرلەنوێ بەڵێن بدەن كە لە داهاتوودا مافی پەرستنی خوا بەجێ بهێنن و هەموو ئەو چاكانە بەدەست بهێنن كە خوا فەرمانی پێكردووین ئەنجامیان بدەین، پاشان هەوڵ بدەن لەسەر ئەم بەڵێنە بەردەوام بن.

بۆیە پێویستە موسوڵمان بە تایبەتی ئەوەی بیر بێت كە خوای گەورە فەرمانی پەرستش و بەندایەتی لە ڕەمەزاندا پێكردووە بۆ ئەوەی ڕێنمایی بكرێت و ڕێگای ڕاست بگرێت، وە شتێكی ڕوونە ڕێنمایی و ڕێپیشاندان تەنها بە یەك مانگ بەدەست نایەت، بەڵكو دەبێت بەردەوام گەشەی پێبدرێت، خوای گەورە فەرموویەتی ڕەمەزان بەردەوام دووبارە دەكاتەوە وەك بیرخستنەوەیەك بۆ ئەم بابەتە و پیشاندانی میهرەبانی خۆی، تاوەكو مرۆڤی بێ ئاگا و فەرامۆشكار فەرزەكانی بێتەوە یاد، بەمەش مافەكانی خوا و مافەكانی بەندەكانیشی بە بیر بێتەوە، ئینجا بڕوانێت چۆن دەتوانێت مافەكانی خوا و مافەكانی بەندەكانی بەجێ بهێنێت و بتوانێت ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێكردووە ئەنجامی بدات.

بۆیە كاتێك خوای گەورە فەرموویەتی {سَأَلَكَ عِبَادِي} مەبەست لەو كەسانە ئەوانەن كە عاشقی خوان. بۆیە ڕاست نیە عاشق یانزە مانگ لە ساڵێكدا خۆشەویستی و ئەوینی خۆی دەرنەخات و تەنها مانگێك دەریبخات. كەواتە ئەركی عاشق و بەندەی خوا ئەوەیە كە بەردەوام هەوڵ بدات بۆ ئەنجامدانی ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێكردووە. ئەگەر لە یانزە مانگەكەدا كەمتەرخەمی هەبوو بێت؛ ئەوا پێویستە لەم ڕۆژانەدا هەوڵێكی تایبەتی بدات و بەتایبەتی گرنگی بدات بەوەی كە ئەم كەمتەرخەمیانە سەرلەنوێ دووبارە نەبنەوە. كەواتە ئەویندارانی ڕاستەقینە هەموو ئەو شتانە جێبەجێی دەكەن كە خۆشەویستەكەیان دەیفەرموێت.

خۆشەویستیە ماددیەكان زۆر كەموكورتییان تێدایە، و ڕەنگە ئەویندار لێیانەوە زیانیان بەربكەوێت، یان لایەنی كەم هەندێك جار سوودیان نیە، بەڵام خوای گەورە هەمیشە خێر و سوودبەخشە، سەرچاوەی هەموو خێرێكە، وە مرۆڤ ڕزگار دەكات لە هەموو ئازار و خراپەیەك، بۆیە دەفەرموێت داوام لێبكەن، وە لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە، وە ئەوینداری ڕاستەقینە داوا لە خوا دەكات لێی نزیك بێتەوە. بۆیە پێویستە هەوڵ بدەین داوای لێ بكەین لێی نزیك بینەوە، وە لە پەرستشەكانی ڕەمەزاندا تەنها بۆ بەرژەوەندیە ماددیەكانی خۆمان لە خوای گەورە نەپاڕێینەوە، بەڵكو پێویستە لە خۆشەویستەكەمان بپاڕێینەوە كە نزیكمان بكاتەوە لە خۆی، پێویستە لێی بپاڕێینەوە كە نزیكمان بكاتەوە لە خۆی و یارمەتیمان بدات بۆ گیرابوونی دوعا، وە شادمان بكات بە دیداری خۆی، وە ڕۆژووەكانمان قەبوڵ بكات، ئەگەر ئەمە هاتەدی؛ ئەوا هیچ خراپەیەك لە ئێمەوە ڕوونادات تەنانەت دوای ڕەمەزانیش، بەڵكو سەركەوتوو دەبین لە بەدەستهێنانی چاكەكانیش بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و بەردەوام. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەردەوام سەرنجی بۆ ئەوە ڕاكێشاوە كە مافەكانی خوا چین و مافەكانی بەندەكان چین، كەواتە هەوڵ بدەن ئەو مافانە جێبەجێ بكەن. حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە الصلاة والسلام) فەرموویەتی حەوت سەد فەرمان لە قورئانی پیرۆزدا هەیە، و لە ڕەمەزاندا بە شێوەیەكی تایبەت گرنگی دراوە بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز. كاتێك دەیخوێنینەوە، ئەوا بەدوای ئەو فەرمانانەشدا دەگەڕێین كە خوای گەورە پێی داوین. بەڵكو مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) لە شوێنێكدا باسی ئەوەی كردووە كە لە قورئاندا زیاتر لە حەوت سەد فەرمان هەیە. كاتێك بەدوای ئەم فەرمانانەدا دەگەڕێین، هەوڵ دەدەین كاریان پێ بكەین، وە ئەمە كاری ئەوینداری ڕاستەقینەیە، كە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی وەڵامی خۆشەویستەكەی بداتەوە و پەیڕەوی فەرمانەكانی بكات. چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: بە بەندەكانم بڵێ با باوەڕم پێ بهێنن بۆ ئەوەی ڕێنمایی بكرێن. باوەڕی تەواو ئەوەیە كە بەڕاستگۆیی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی بین. پاشان خوای گەورە فەرموویەتی باوەڕ و كردەوەی چاك دوو شتن شان بەشانی یەك پێكەوە دەڕۆن. بۆیە لەم ئایەتەدا ئەوەش هاتووە كە پێویستە گوێڕایەڵی ئەوە بن كە پێیان دەڵێم.. ئەویش ئەوەیە كە كردەوەی چاك ئەنجام بدەن و بەردەوام بن لەسەری. لەكاتی پەرستش و بەندایەتیدا دوعا بكەن، خوای گەورە دەفەرموێت: دەبمە دۆستتان، هەروەك لە شوێنێكی تردا فەرموویەتی: {اللَّهُ وَلِيُّ الَّذِينَ آمَنُوا}. واتە خوای گەورە دەبێتە دۆستی ئەو كەسانەی باوەڕیان هێناوە، دۆستایەتی خوای گەورە و باوەڕبوون پێی؛ نزیكی خوای گەورەتان پێ دەبەخشێت، پاشان ئەم نزیكیە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بەردەوام گەشە دەكات، و لە ئاستێكی دیاریكراودا ناوەستێت. وە خوا گوێبیستی دوعاكانیش دەبێت و گیرایان دەكات.

كەواتە دەبێت لە ڕەمەزاندا هەوڵ بدەین ئەم پلەیە بەدەست بهێنین و بیر بكەینەوە ئەگەر دوای ڕەمەزان لەم پلەیە هاتینە خوارەوە و مافی ئەم پەرستشانەمان بەجێ نەهێنا وەك ئەوەی لە ڕەمەزاندا دەمانكرد، وە هەوڵمان نەدا لە خوای گەورە نزیك بینەوە، ئەوا چۆن خوای گەورە دەبێت بە دۆستی ئێمە؟ بێگومان لەم حاڵەتەدا خوا دۆستی ئێمە نابێت. هەڵبت خوای گەورە بۆ گیراكردنی دوعاكانیش هەندێ مەرجی داناوە. یەكەم شت كە خوای گەورە فەرموویەتی ئەوەیە كە دەبێت ئێمە بە بەندەی ئەو بمێنینەوە، وە تەنها بۆ ئەو بین، وە بە دڵسۆزیەوە تەنها ئەو بپەرستین، وە تەنها ئەو بە سەرچاوەی هەموو هێزێك بزانین، وە شتی ماددی وەك خوای درۆیینە قەبوڵ نەكەین، و كەسانی ئاسایی بە ناهۆشیاری وەك خوا قەبوڵ نەكەین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانمان. چونكە ئەوە شیركە.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر تیمێكی “پاراستنی تایبەت” لە ئەڵمانیا هاتن و لەكاتی دیدارەكەدا پرسیاری ئەوەیان لێكردم كە چۆن دەتوانن ڕەزامەندی فڵان و فڵان بەرپرس بەدەست بهێنن؟ منیش پێم گوتن: هەموو كارێك بۆ ڕەزامەندی خوای گەورە ئەنجام بدەن، ئەگەر بۆ ڕەزامەندی خوای گەورە كارتان كرد؛ ئەوا خوای گەورە خۆی سەرنجی بەرپرسەكانتان بۆ لای ئێوە ڕادەكێشێت، وە هەوڵ دەدەن دۆختان باشتر بكەن، وە بە میهرەبانی و سۆزەوە مامەڵەتان لەگەڵدا دەكەن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە كە داوای میهرەبانی و سۆزی خوا بكەن و هەوڵ بدەن كار بە فەرمانەكانی بكەن.

بۆ نموونە جارێكیان حەزرەتی چۆدری زەفەرولڵا خان لە دیوانی شاژندا ناڕەحەتی دەربڕی. لەوێ دانیشتبوو و بەردەوام سەیری كاتژمێرەكەی دەكرد. كاتێك بەرپرسان لێیان پرسی بۆچی ئەوەندە سەیری كاتژمێرەكەی دەكات، گوتی: “كاتی پەرستش و بەندایەتی من نزیك بووەتەوە. ئەمە فەرمانێكە لە خوای گەورەوە دەبێت جێبەجێی بكەم. من دەترسم ئەم كاتە بڕوات و نوێژم بفەوتێت”، ئەوانیش كارەكەیان بۆ ڕێكخست. ئەم ئازایەتیە كە باوەڕ پێویستی دەكات دەبێت لە هەموو ئەحمەدییەكدا هەبێت. ئێمە ئەم نموونانە پێشكەش دەكەین و دەبێت ئێمەش پەیڕەوی ئەم نموونانە بكەین.

پێغەمبەر ﷺ شتانێكی بێشوماری فەرمووە بۆ ئەوەی سەرنجی ئێمە ڕابكێشێت بۆ چاكە. فەرموودەی زۆر هەیە لەم بارەیەوە، وە حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە الصلاة والسلام) كە مافی خزمەتكارێكی دڵسۆزی ئەوی ﷺ لەم سەردەمەدا بەجێهێنا، سەرنجی ئێمەی ڕاكێشا بۆ كارە چاكەكان. لە زۆربەی مەرجەكانی بەیعەتدا داوای ئەوەی كردووە گرنگی بدرێت بە جێبەجێكردنی مافەكانی خوا و مافەكانی بەندەكان.

ئەمانە ئەو شتانەن كە پێویستە ئێمە گرنگییان پێبدەین، وە كاتێك ئێمە ئەو كارە بكەین، خوای گەورە دەبێت بە دۆست و پشتیوانمان، و وەڵامی دوعاكانیشمان دەداتەوە.

پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوای گەورە وەڵامی دوعای ئەو كەسانە دەداتەوە كە بێتاقەتی و بێئارامی دەرنابڕن و ناڵێن: “من زۆر دوعام كردووە و خوا وەڵامم ناداتەوە.” ئەمە كوفرە و قسەیەكە مرۆڤ لە باوەڕ دووردەخاتەوە. پێویستە باوەڕدار هەمیشە خۆی لەوە بەدوور بگرێت.

ئەم شتانە پێویستیان بە گرنگیپێدانە. هەندێك خەڵك بۆ منیش دەنووسن كە ئەوان زۆر دوعایان كردووە. یەكەم، ئەوان بۆ نزیكبوونەوە لە خوای گەورە دوعایان نەكردووە، بەڵكو بۆ مەبەستە دنیاییەكانی خۆیان دوعایان كردووە، و تەنها كاتێك ڕووبەڕووی كێشەی دنیایی بوونەتەوە دوعایان كردووە. كاتێك ئێمە تەنها بۆ چارەسەركردنی كێشە دنیاییەكان لە خوای گەورە نزیك دەبینەوە، ئیتر بۆچی خوای گەورە گوێ لەم جۆرە شتانە بگرێت؟

دۆست مافی دۆستایەتی بەجێدەهێنێت كاتێك دۆستەكەی لە دۆخی ئاساییشدا پارێزگاری لە دۆستایەتی دەكات. بۆیە كاتێك ئێوە لە دۆخی ئاساییدا مافی دۆستایەتی بەجێدەهێنن، و گوێ لە قسەكانی دەگرن، وە فەرمانەكانی جێبەجێ دەكەن، ئەو كات ئەویش گوێ لە قسەكانتان دەگرێت.

بۆیە پێویستە هەمیشە ئەوەمان لە یاد بێت كە تەنها لەبەر مەبەست و كاروباری دنیایی خۆمان نەچینە لای خوای گەورە، بەڵكو پێویستە هەوڵ بدەین بچینە لای خوای گەورە بۆ ئەوەی لێی نزیك بینەوە. كاتێك ئێمە ئەو كارە دەكەین، خوای گەورەیش وەڵامی دوعاكانمان دەداتەوە و گوێبیستیان دەبێت و گیرایان دەكات؛ چونكە ئەو خۆی فەرموویەتی من وەڵامی بەندەكانم دەدەمەوە.

حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو علیە السلام دەفەرموێت:

ئەوە (واتە مامەڵەی خوای گەورە لەگەڵ بەندەكەیدا) وەك مامەڵەكردن وایە لەنێوان دوو دۆستدا، هەندێك جار دۆست ڕای دۆستەكەی قەبوڵ دەكات، و هەندێ جار وا لە دۆستەكەی دەكات ڕای ئەو قەبوڵ بكات. خوا ئاوا مامەڵە دەكات، بەڵام لەڕووكەشدا كاتێك خوا دوعای باوەڕدار ڕەت دەكاتەوە، ئەوا لە ڕاستیدا ئەوە بۆ بەرژەوەندی باوەڕدارەكە ئەو كارە دەكات. ئەمە مانای وتەكەی مەسیحی بەڵێندراوە علیە السلام، چونكە گوتنی ئەوەی كە من لە خوا پاڕاومەتەوە، سەرەتا ئەم كارە ئەوە دەگەیەنێت كە دوعا و پاڕانەوەكە تەنها كاتێك بووە كە ئامانجی دنیایی لە ئارادا بووە. دوعاكارەكە لەبەر ئایین و باشتربوونی ئایین و پێشكەوتن تێیدا و لەبەر نزیكبوونەوە لە خوای گەورە دوعای نەكردووە. پاشان، هەندێ جار دوعای باوەڕداریش گیرا نابێت، بەڕێزی (علیە السلام) فەرموویەتی ئەمە بابەتی دۆستایەتیە، هەندێ جار قەبوڵ دەكات و هەندێك جار قەبوڵ ناكات، وە لەوەشدا كە قەبوڵی ناكات خوای گەورە كۆمەڵێك هۆكار دەسازێنێت بۆ باشتركردنی بارودۆخی دۆستەكەی. شتانێك هەن خوا قەبوڵیان ناكات بەڵام بە كۆمەڵێك ڕێگەی تر بە بەخشینی پاداشت قەرەبوویان دەكاتەوە.

حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) لە شوێنێكدا دەفەرموێت:

واتە كاتێك بەندەكانم دەربارەی من پرسیارت لێ دەكەن كە بەڵگە چیە لەسەر بوونی خوا، وەڵامەكە ئەوەیە كە من زۆر نزیكم، واتە پێویست بە بەڵگەی گەورە ناكات، دەتوانرێت بوونی من بە نزیكترین ڕێگە بزانرێت. وە بەوپەڕی ئاسانی بەڵگە لەسەر بوونی من دروست دەبێت. فەرموویەتی: بەڵگەكە ئەوەیە كاتێك هەر دوعاكارێك لێم دەپاڕێتەوە، من دوعاكەی دەبیستم و لە ڕێگەی وەحی خۆمەوە مژدەی سەركەوتنی پێ دەدەم، ئەمە تەنها نابێتە هۆی دڵنیابوون لە بوونی من بەڵكو دەگاتە پلەی دڵنیابوون لە تواناكەیشم. ئەگەر خوا ببیستێت ئەوا وەڵامیش دەداتەوە.

تیمی گۆڤاری “بەراوردكردنی ئایینەكان” ساڵانێكی زۆرە كۆڕی “بڵندی خوا” ئەنجام دەدەن، و لە كاتە جیاوازەكاندا ئەنجامیان داوە، وە ئەمساڵیش ئەنجامیان دا، وە خەڵكی تێیدا چیرۆكی گیرابوونی دوعاكانیان دەگێڕنەوە و ڕووداوگەلێك دەگێڕنەوە كە خوای گەورە چۆن وەڵامی دوعاكانیانی داوەتەوە و چۆن بەهۆی گیرابوونی ئەم دوعایانەوە باوەڕیان بە بوونی خوای گەورە پەیدا كردووە، بەڵام مەرجەكە ئەوەیە كە خەڵكی دەبێت دۆخێكی لە خوا ترسان و پارێزكاری لەخۆیاندا دروست بكەن تاوەكو دوعاكانیان ببیسترێت. خوای گەورە دەفەرموێت: دەبێت ئێوە دۆخێكی لە خوا ترسان و پارێزكاری لەخۆتاندا دروست بكەن تاكو من دوعاكانتان گیرا بكەم. مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) دەفەرموێت: خوای گەورە دەفەرموێت دۆخێكی لە خوا ترسان و پارێزكاری لەخۆتاندا دروست بكەن، ئەو كاتە من گوێبیستی دوعاكانتان دەبم نەك بێ ئەوە. ئێستا، دەبێت ئەم دۆخەی لە خوا ترسان و پارێزكاری دروست بكرێت تاوەكو خوای گەورە گوێ بگرێت لە دوعا.

پاشان بەڕێزی (علیە السلام) لە ڕوونكردنەوەی ئەم ئایەتەدا {وَلْيُؤْمِنُوا بِي} فەرموویەتی: پێش ئەوەی زانیاری و ناسینی تەواو بەدەستبهێنن، پێویستە دان بەوەدا بنێن كە خوا هەیە و خاوەنی هەموو هێز و توانایەكە؛ چونكە ئەوەی باوەڕی بە خوا هەبێت خۆناسی پێ دەبەخشرێت. خوای گەورە لەم ئایەتەدا فەرموویەتی: {فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي}، واتە وەڵامی بانگەوازەكەم بدەنەوە و باوەڕم پێبهێنن. خوای گەورە ئەمە بە بەندەكانی دەفەرموێت، بەندەكانی دەدوێنێت، ئەوانەی كە باوەڕدار و بەندەی ڕاستەقینەن. وە هەندێ جار، وەك پێشتر باسم كرد، دۆخێكی لاوازیی ڕوودەدات، بۆیە پێویستە ئەوان باوەڕی خۆیان بە نزیكبوونەوە لە خوای گەورە بەهێز بكەن. كاتێك ئەم دۆخە ڕوودەدات باوەڕبوون پێی بەردەوام لە گەشەكردندا دەبێت، چونكە خوای گەورە خاوەنی هەموو توانایەكە، وە كاتێك دەبینێت بەندەكەی هەوڵ دەدات لێی نزیك بێتەوە، باوەڕی ئەو بەندەیە زیاتر دەكات. بەڕێزی (علیە السلام) فەرموویەتی: كاتێك بەندە ناسینی خوای پێ دەبەخشرێت، ئەو كاتە دەگاتە دۆخێك كە خوای گەورە گوێ لە دوعاكانی دەگرێت، وە ئەویش حەقیقەتی خوای گەورە دەزانێت. وە ئەگەر خوا وەڵامی هەندێ لە دوعاكانی نەداتەوە، ئەوا ئارامیەك بە دڵی دەبەخشێت كە وای لێ دەكات بیر لەوە نەكاتەوە كە خوای گەورە گوێی لە دوعاكەی نەبووە و گیرای نەكردووە، بەڵكو باوەڕی وا دەبێت كە خوای گەورە بە ڕێگەیەكی تر پێویستیەكانی پڕدەكاتەوە.

هەروەها بەڕێزی (علیە السلام) فەرموویەتی: پارێزكاری مانای ئەوەیە مافەكانی خوای گەورە و مافەكانی بەندەكانی بدەیت. ئەمەیە پارێزكاری. پاشان خوای گەورە دەفەرموێت وەڵامی دوعاكانتان دەداتەوە. و پێویستە مرۆڤ بەردەوام بێت لە گەشەكردن لە باوەڕ و دڵنیاییدا. ئەوسا خواناسی دروست دەبێت تێیدا پاشان بەردەوام دەبێت لە گەشەكردن لە خواناسیەكەدا وە زانست و زانیاری تەواو دروست دەبێت.

پاشان ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە {يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ}، واتە باوەڕبوون بە غەیب. حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) تەفسیرێكی وردی ئەمەی كردووە. لە شوێنێكدا فەرموویەتی: غەیبیش یەكێكە لە ناوەكانی خوا. وە فەرموویەتی: پێش هەر دوعایەك پێویستە دڵنیایی هەبێت كە خوا هەیە و ئەو خاوەنی كۆمەڵێك سیفەتی زۆرە. خاوەنی هەموو توانا و هێزێكە. كاتێك ئێوە بەم دڵنیاییەوە ڕوو لە خوای گەورە دەكەن، و ملكەچ دەبن بۆی و لێی دەپاڕێنەوە، ئەوسا بەتەواوەتی خوای گەورە دەناسن، وە خواناسی بەدەست دەهێنن، وە نیشانەكانی وەڵامدانەوەی دوعایش دەبینن.

بە فەزڵی خوای گەورە، خەڵكێكی زۆر شایەتی لەسەر ئەوە دەدەن و هەندێك ڕووداو دەگێڕنەوە، هەروەك باسم كرد خەڵكێكی زۆر لە مێزگردی “بڵندی خوا”دا باسی ئەزموونەكانی خۆیان كردووە، وە لە ڕێگەی ئەم ئەزموونانەوە باوەڕیان بەهێزتر دەبێت. بابەتەكە تەنها ئەوە نیە كە بە زمان بڵێین ئێمە باوەڕی تەواومان بە زاتی خوای گەورە هەیە بەڵام فەرمانەكانی جێبەجێ ناكەین. وە هەوڵ بدەین تەنها لە ڕەمەزاندا نوێژەكان ئەنجام بدەین دوای ساڵێكی تەواو دیارنەمان، هەروەك چۆن لەم ڕۆژانەدا مزگەوتەكان قەرەباڵغن. پێویستە ئەم مزگەوتانە هەمیشە بە ئاوەدانی بمێننەوە.

ئەوە فەزڵێكە لەلایەن خوای گەورەوە كە ئەحمەدیەكان گرنگیەكی زۆر بە نوێژ دەدەن، بەڵام ئەوانەی كە لاوازییان هەیە، پێویستە سەیری خاڵە لاوازەكانی خۆیان بكەن و هەوڵ بدەن ئەم ڕەمەزانە بكەنە مانگێك كە ئاستی پەرستشەكانیان بەرز بكاتەوە، وە نزیكیان بكاتەوە لە خوای گەورە، تاوەكو ببنە بەندەیەكی دڵسۆزی خوا، پابەند بن بە وتەكەیەوە، وە لە ئەنجامدا خوای گەورە وەڵامی دوعاكانمان بداتەوە.

پاشان پێویستە لەم ڕەمەزانەدا بەڵێن بدەین كە ئێمە پەرستشەكانمان زیندوو دەكەینەوە، وە لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە یارمەتیمان بدات بۆ بەجێهێنانی ئەم بەڵێنە. پاشان پێویستە هەموو هەوڵێكی خۆمان بدەین و هەموو تواناكانی خۆمان بەكاربهێنین بۆ جێبەجێكردنی. كاتێك ئێمە ئەم هەوڵە بدەین و هەموو هێزەكانمان لەم ئاڕاستەیەدا بەكاربهێنین، دەگەینە پەیوەندییەكی زۆر نزیك لەگەڵ خوای گەورە بەجۆرێك خوای گەورە دەبێتە دۆستی ئێمە هەروەك خۆی فەرموویەتی: من دەبمە دۆست و پشتیوانی ئەو كەسەی كە فەرمانەكانم جێبەجێ دەكات.

لە ڕیوایەتێكدا هاتووە لە ئیبن عومەرەوە گوتی، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: “هەركەسێك لە ئێوە دەرگای دوعای بۆ كرایەوە، ئەوا دەرگاكانی ڕەحمەتی بۆ كراوەتەوە، وە هیچ شتێك نیە لای خوا خۆشەویستتر بێت لەوەی كە داوای لەشساغی لێبكرێت. پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: بێگومان دوعا سوودی هەیە لەوەدا كە ڕوویداوە و لەوەدا كە ڕووینەداوە، بۆیە ئەی بەندەكانی خوا دوعا زۆر بكەن.” (سونەنی ترمزی، كتێبی دوعاكان لە پێغەمبەری خواوە)

تاقیكردنەوە و كێشەكان تەنها لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا نایەن، بەڵكو لە كاتە جیاوازەكاندا دێن. بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت تەنها لەو ڕۆژانەدا دوعا مەكەن، وە تەنها ئەو كاتەی كە پێویستتان بەوەیە بەڵاتان لەسەر لابچێت دوعا مەكەن، بەڵكو پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی دوعا پارێزگاریش دەكات لەو كێشانەی كە هێشتا نەهاتوون و دەكرێت لە هەر كاتێكدا بێن، بۆیە بەردەوام بن لە دوعاكردن و بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پەنا بۆ پارێزگاری خوای گەورە ببەن. خوا لەو كێشە و گرفتانە دەتانپارێزێت كە هاتوون، وە بە نیعمەتەكانی خۆی ڕێزدارتان دەكات، وە ئەگەر هەر كێشەیەك بەڕێوە بوو -خوای گەورە زاناترە- ئەوا خوای گەورە ئەو بەڵا و كێشانە لادەبات و بەردەوام دەبێت لە سوود گەیاندن بە ئێوە. كاتێك ئەمە دۆخەكە بێت، ئەوسا دەكرێت بە مرۆڤ بوترێت باوەڕدارێكی ڕاستەقینە كە خوای گەورە لە ڕیزی باوەڕداراندا دایناوە. كەواتە بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ كاتێك لە دوعاكانتاندا داوای ڕێگەی خێر لە خوای گەورە دەكەن، ئەوا هۆیەكانی پارێزگاریكردن لە تاقیكردنەوەكانی ڕابردوو بۆ ئێوە دابین دەكات هەروەك چۆن لە تاقیكردنەوەكانی داهاتوو دەتانپارێزێت.

كەواتە، بۆ كردنەوەی ئەم دەرگایانەی ڕەحمەت، پێویستە هەمیشە گۆڕانكاری لە ژیانماندا بكەین تاكو پەیوەندیمان لەگەڵ خوای گەورەدا بەردەوام بمێنێت، وە لە هەموو كاتێكدا، چ لە خۆشیدا بێت یان ناڕەحەتیدا، و چ لە ئاسانیدا بێت یان سەختیدا، داوای بەرەكەت و فەزڵەكانی ئەو بكەین. ئەبو هورەیرە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: “پەروەردگارمان (تَبَارَكَ وَتَعَالَى) هەموو شەوێك دادەبەزێت بۆ ئاسمانی دنیا كاتێك سێیەكی كۆتایی شەو دەمێنێت، دەفەرموێت كێ لێم دەپاڕێتەوە تاكو وەڵامی بدەمەوە، كێ داوام لێ دەكات تاكو پێی ببەخشم، كێ داوای لێخۆشبوونم لێ دەكات تاكو لێی خۆش ببم.” (صەحیحی بوخاری)

ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نیە بە ڕەمەزانەوە، بەڵكو فەرموودەكە باسی ڕۆژانی ئاسایی دەكات، و خوای گەورە دەفەرموێت: هەر كاتێك بەندە لە كاتژمێرەكانی شەودا لێم بپاڕێتەوە، ئەوا لێی خۆش دەبم و پێی دەبەخشم و وەڵامی داواكاریەكانی دەدەمەوە. خوای گەورە ڕەمەزانی كردووەتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی هەموو كەسێك ڕوو لە پەرستش و بەندایەتی بكات. ئەگەر لەم ڕۆژانەدا سەرنجی لێ بدەن، ئەوا ڕادێن لەسەر ئەنجامدانی و خوو دەگرن پێیەوە، و كاتێك لە ماوەی مانگێكدا ڕادێن لەسەری، ئەوا زۆر هەوڵ دەدەن بیكەن بە بەشێكی هەمیشەیی و دانەبڕاو لە ژیانتاندا.

لە ڕیوایەتێكی تردا، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی (كە ئەمە ماناكەیەتی): هەركەسێك بیەوێت خوا لەكاتی سەختیدا وەڵامی دوعا و پاڕانەوەی بداتەوە، ئەوا پێویستە لە كاتی ئارامی و ئاسانیدا دوعا زۆر بكات، هەروەك پێشتر لە فەرموودەكاندا باس كرا. ئەمانە ئەو شتە گرنگانەن كە پێویستە ئێمە هەمیشە یادیان بخەینەوە. پێویستە پەیوەندیمان لەگەڵ خوای گەورەدا هەمیشەیی بێت بەبێ ئەوەی تەنها لە سەختییەكاندا پەنای بۆ ببەین و تەنها لەكاتی خەم و خەفەتدا لێی بپاڕێینەوە. پێویستە هەوڵ بدەین بین بە دۆستی ڕاستەقینەی ئەو (عز وجل)، و بیكەین بە پشتیوانی خۆمان و هەمیشە ملكەچ بین لە بەردەمیدا. وەك پێشتر گوتم، پێویستە لە كاتە ئاساییەكاندا هەمیشە ڕوو لە خوا (سبحانه وتعالى) بكەین. ئەو فەرموودەیەی ئێستا باسكرا جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە تەنها لە كاتە سەختەكاندا لەخوا نەپاڕێینەوە، بەڵكو لە هەموو كاتێكدا لێی بپاڕێینەوە.

لە ڕیوایەتێكی تردا، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: “خوای گەورە دەفەرموێت بەندەكەم گومانی چۆن بێت بەرامبەرم من بەو شێوەیەم، و من لەگەڵیدام كاتێك یادم دەكات، ئەگەر لە ناخیدا یادم بكات، ئەوا منیش لای خۆم یادی دەكەم، و ئەگەر لە كۆمەڵێكدا یادی من بكات، ئەوا منیش لە كۆمەڵێكدا یادی دەكەم كە لەوان باشترە، و ئەگەر بستێك لێم نزیك بێتەوە، ئەوا من بە باڵێك لێی نزیك دەبمەوە، و ئەگەر باڵێك لێم نزیك بێتەوە، ئەوا من شا باڵێك لێی نزیك دەبمەوە، و ئەگەر بە ڕێ ڕۆیشتن بێتە لام، ئەوا من بە هەڵەداوان دێم بۆ لای.” (صەحیحی بوخاری).

لەبەرئەوە، پێویستە هەموو ئەحمەدیەك هەمیشە هەوڵ بدات بۆ ئەوەی زمانی بە یادی خوا پاراو بێت، و هەموو كردار و ڕەفتارمان بەرەو خوا بمانبات، و هەموو هەنگاوەكانمان ڕوو لە خوا (عز وجل) بن، تاكو خوا بە هەڵەداوان بێت بۆ لامان و بە سۆزی خۆی دەورمان بدات، وە لەكاتی خۆشی و ناخۆشیدا، وە لە ئاسانی و سەختیدا پێداویستیەكانمان پڕبكاتەوە، و هەمیشە بە بەندەی ئەو بمێنینەوە.

لە ڕیوایەتێكی تردا، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: “دوعاكەی زەننون (یونس علیه السلام) كاتێك دوعای كرد و لە سكی نەهەنگەكەدا بوو {لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنْ الظَّالِمِينَ}؛ ئەوا هیچ پیاوێكی موسوڵمان ئەم دوعایەی نەكردووە لە هیچ شتێكدا مەگەر خوا وەڵامی داوەتەوە.” ئەمەش ڕەحمەتی پێغەمبەرە ﷺ بەرامبەر بە ئێمە كە ڕێنماییمان دەكات بۆ ئەم دوعایانە. هیچ گومانێكی تێدا نیە كەموكورتی لە مرۆڤەوە ڕوودەدات و لە جێبەجێكردنی مافی خوادا كەمتەرخەمی دەكات، بەڵام خوای گەورە بەردەوام بە بەزەییە بەرامبەرمان و كۆمەڵێك دوعای فێر كردووین لە قورئانی پیرۆزدا، بەجۆرێك خوای گەورە بە فەزڵی خۆی لە قورئانی پیرۆزدا دوعای پێغەمبەرانی باس كردووە بۆمان تاوەكو فێری ئەو دوعایانە ببین و ئێمەش ئەو دوعایانە بكەین؛ چونكە خوای گەورە ئەو دوعایانەی قەبوڵ كردووە. بەڵام پێویستە سەرەتا مافەكانی خوا بەجێبهێنین. خوای گەورە فەرمانی داوە و فەرموویەتی: {فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي}، واتە: دەبێت پابەند بن بە فەرمانەكانمەوە و باوەڕیان نوێ بكەنەوە.

بۆیە پێویستە هەمیشە لێپرسینەوە لەخۆمان بكەین كە تا چ ئاستێك گوێڕایەڵی خوا دەكەین؟ حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) دوعاكەی یونس (علیه السلام) كە پێشتر باسم كرد ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێت:

لەمەوە وانەیەك فێر دەبین كە خوای گەورە دەتوانێت قەدەر بگۆڕێت. هەروەك لەم چیرۆكەدا باسكراوە كە گریان و پاڕانەوە و خێركردن دەتوانن تەنانەت حوكمی سزا ڕەتبكەنەوە هەروەك لە چیرۆكی گەلی یونسدا (علیه السلام) ڕوویدا. كاتێك تۆمەتێك ئاڕاستە دەكرێت و حوكمی سزا دەردەچێت ئەو كاتەیش دوعا دەتوانێت ئەو حوكمە ڕەت بكاتەوە.

هەندێ كەس دەڵێن، هەروەك پێشتر وتم، مادام خوا ئەمە و ئەوەی لە قەدەردا نووسیوە و خوای گەورە دەزانێت كە ئەمە ڕوودەدات، ئەوا چ پێویستمان بە دوعا هەیە؟ وە چ پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكە هەیە؟

مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت خوای گەورە ئەم دوعایەی فێركردووین، و بە باس كردنی چیرۆكی یونس بەڵگەی ئەوەشی خستەڕوو كە دەكرێت حوكمی ئەو قەدەرە بگۆڕێت كە پێشتر دیاریكردووە. ئەگەر ئێوە لەبەردەم خوادا بگرین و بپاڕێنەوە و پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو (سبحانه وتعالى) ڕاستگۆیانە بێت، وە ئەگەر چاكە بكەن و خۆتان بەدوور بگرن لە خراپە، وە بە ناڵە و لاڵانەوە خۆتان بخەنەبەر قاپی خوا، ئەوا دەتوانم دڵنیاتان بكەمەوە كە خوا ڕەحم بەو كەسانە دەكات كە پێش ڕوودانی بەڵا دوعا دەكەن و داوای لێخۆشبوون دەكەن و خێر دەكەن، وە لە سزای خۆی ڕزگاریان دەكات.

بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: خوای گەورە لەكاتی ڕوودانی بەڵاكاندا ڕەحم دەكات بەڕادەیەك تەنانەت ڕزگارتان دەكات ئەگەر لەڕاستیدا دوعاكانتان دوعای ڕاستگۆیانە بن و لەناخی دڵەوە سەرچاوەیان گرتبێت، وە ئەگەر بەڕاستی داوای لێخۆشبوونتان كردبێت. بۆیە بەڕێزی (علیه السلام) فەرموویەتی: لەگەڵ ئەم قسانەی مندا وەها ڕەفتار مەكەن وەك ئەوەی تەنها چیرۆكێك بن. لەبەر خاتری خوا پێتان دەڵێم كە پێویستە لە هەلومەرجی خۆتان وردبنەوە، وە بڕۆن دوعا بكەن و دۆستەكانیشتان بانگهێشت بكەن بۆ ئەوەی ئەوانیش دوعا بكەن. داوای لێخۆشبوون وەك قەڵغانێك كاردەكات بەرامبەر سزای خوا و كارەساتە سەختەكان. (واتە ئەگەر داوای لێخۆشبوون بكەن ئەوا خوای گەورە ڕزگارتان دەكات)

دەڵێم: چەند مانگێك لەمەوبەریش سەرنجی ئێوەم ڕاكێشا بۆ دوعاكردن و داوای لێخۆشبوون. وەك گوتم داوای لێخۆشبوون قەڵغانە.

بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {مَا كَانَ اللَّهُ مُعَذِّبَهُمْ وَهُمْ يَسْتَغْفِرُونَ}. خوای گەورە خۆی فەرموویەتی: بۆچی سزاتان بدەم ئەگەر ئێوە داوای لێخۆشبوون بكەن. خوا سزای ئەو كەسانە نادات كە داوای لێخۆشبوون دەكەن بەڵام دەبێت داوای لێخۆشبوونێكی ڕاستەقینە بێت. بۆیە خوا لەم ئایەتەدا فەرموویەتی ئەگەر دەتانەوێت لە سزای خوا پارێزراو بن؛ ئەوا زۆر داوای لێخۆشبوون بكەن. خوای گەورە لە ئایەتی ئاماژەپێكراوی سەرەوەدا فەرموویەتی ئەو (عز وجل) سزای ئەو كەسانە نادات كە داوای لێخۆشبوون دەكەن. مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئەم بابەتەی ڕوونكردووەتەوە و فەرموویەتی:

ئەگەر دەتانەوێت خۆتان بەدوور بگرن لە سزای خوا ئەوا زۆر داوای لێخۆشبوون بكەن. لە ڕیوایەتێكدا پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: “بێگومان خوا زیندووە و بەخشندەیە شەرم دەكات كاتێك پیاوێك هەردوو دەستی بەرەو ئەو بەرزدەكاتەوە بە بەتاڵی بیانگەڕێنێتەوە و نائومێدی بكات.” (سونەنی ترمزی، كتێبی دوعاكان لە پێغەمبەری خواوە)

بۆیە دەبێت ڕاستگۆیانە و لەناخی دڵەوە لە خوای گەورە بپاڕێینەوە. پێویستە داوای لێخۆشبوون بكەین لە گوناهـ و هەڵەكانی ڕابردوو و داوا لە خوای گەورە بكەین یارمەتیمان بدات بۆ بەردەوامبوون لەسەر چاكە لە داهاتوودا، هەروەها هەوڵ بدەین لەسەری بەردەوام بین. پێویستە لە ڕەمەزاندا هەوڵی ئەوە بدەین و بەردەوام بین لە دوعاكردن و دوای ڕەمەزانیش هەوڵی بۆ بدەین، پاشان بڕوانن چۆن خوای گەورە بە هەڵەداوان دێت بۆ لامان و دەمانگرێتە ئامێز.

مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “هەروەك لە كتێبەكانی خوای گەورەدا جیاوازی كراوە لەنێوان مرۆڤی چاك و مرۆڤی خراپ و پلەی جیاوازیان بۆ دیاریكراوە، بەهەمان شێوە لە یاسای توانا و دەسەڵاتی خوای گەورەدا جیاوازی هەیە لەنێوان ئەم دوو مرۆڤەدا، یەكێكیان خوای گەورە بە كانیاوی لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەت دەزانێت و لەڕێگەی دوعاوە بە قسە و كردار داوای هێز و یارمەتی لێ دەكات،  ئەوی تر تەنھا پشت دەبەستێت بە پلاندانان و نەخشەكێشانی خۆی و دوعا بە شتێكی گاڵتەجاڕی دەزانێت، لە حاڵەتی خۆبەگەورەزانین و پشتگوێخستنی خوای گەورەدا دەمێنێتەوە. ئەو كەسەی لەكاتی ناخۆشی و كارەساتەكاندا لە خوای گەورە دەپاڕێتەوە و داوای چارەسەركردنی كێشەكان لە خوا (سبحانه وتعالى) دەكات، بە مەرجێك دوعاكەی بگەیەنێتە ئاستی تەواوی و بێكەموكوڕی (لێرەدا مەرجێك دانراوە ئەویش ئەوەیە دەبێت دوعاكە بگەیەنرێتە ئاستی تەواوی) دڵنیایی و خۆشبەختی ڕاستەقینە لەلایەن خوای گەورەوە بەدەست دەهێنێت. گریمان بەخواستی خۆی نەگات، ئەوا لەلایەن خوای گەورەوە جۆرێكی تر لە ئارامی دەبەخشرێت پێی و هەرگیز بێبەش نابێت. سەرباری ئەوەی سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، هێزی باوەڕیشی پێشدەكەوێت و دڵنیاییەكەی زیاتر دەبێت.

ئێستا، دەبێت پێداچوونەوە بە خۆماندا بكەین چونكە ئێمە دەمانەوێت فەزڵەكانی خوای گەورە بەدەست بهێنین، وە خوای گەورە ئەم جیاوازییەی لەنێوان مرۆڤی چاك و خراپدا داناوە. مرۆڤی چاك خوای گەورە بە سەرچاوەی هەموو لێشاوێكی ڕەحمەت و بەرەكەت دەزانێت، وە دەزانێت كە هەموو بەرەكەتێك لەلایەن خوای گەورەوە دێت، بۆیە داوای هێز و توانای لێ دەكات، ئەمە باوەڕداری ڕاستەقینەیە. بەڵام كەسی لووتبەرز و خۆبەگەورەزان ئەو كارە ناكات، بەڵكو وا دەزانێت كە بە بەكارهێنانی هۆكارە دنیاییەكان دەستكەوتی زۆر بەدەست دەهێنێت.

ئەگەر ئەمە دۆخی ئەوان بێت، ئەوا خوای گەورە لە كاتێك لە كاتەكاندا تۆڵە لەو جۆرە بەندانە دەسێنێت. لە ڕیوایەتێكدا لە پێغەمبەری خواوە ﷺ هاتووە كە كاتێك لە مەجلیسێك هەڵدەستا ئەم دوعایەی دەكرد: “اللَّهُمَّ اقْسِمْ لَنَا مِنْ خَشْيَتِكَ مَا يَحُولُ بَيْنَنَا وَبَيْنَ مَعَاصِيكَ، وَمِنْ طَاعَتِكَ مَا تُبَلِّغُنَا بِهِ جَنَّتَكَ، وَمِنَ اليَقِينِ مَا تُهَوِّنُ بِهِ عَلَيْنَا مُصِيبَاتِ الدُّنْيَا، وَمَتِّعْنَا بِأَسْمَاعِنَا وَأَبْصَارِنَا وَقُوَّتِنَا مَا أَحْيَيْتَنَا، وَاجْعَلْهُ الوَارِثَ مِنَّا، وَاجْعَلْ ثَأْرَنَا عَلَى مَنْ ظَلَمَنَا، وَانْصُرْنَا عَلَى مَنْ عَادَانَا، وَلَا تَجْعَلْ مُصِيبَتَنَا فِي دِينِنَا، وَلَا تَجْعَلِ الدُّنْيَا أَكْبَرَ هَمِّنَا وَلَا مَبْلَغَ عِلْمِنَا.” (واتە وامان لێ مەكە كە ئەوپەری زانستمان تەنها گەیشتن بێت بە دنیا، و بیركردنەوە و خەمەكانمان تەنها تایبەت بن بە دنیاوە، پاشان فەرمووی: “وَلَا تُسَلِّطْ عَلَيْنَا مَنْ لَا يَرْحَمُنَا”. (كەسێك مەكە بە دەسەڵاتدار بەسەرمانەوە كە بە میهرەبانیەوە مامەڵەمان لەگەڵدا نەكات).

پێویستە هەمیشە ئەم دوعایەمان لەیاد بێت. وە چ دوعایەكی پڕ لە سۆز و ئازارە كە پێغەمبەر ﷺ كردوویەتی. ئەمە دوعایەكی گشتگیرە پێغەمبەری خوا ﷺ پێی بەخشیوین. ئێمە بەم دوعایە لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە هەموو تواناكانمان و ئەندامەكانمان و چاوەكانمان و گوێیەكانمان و لووتمان و زمانمان و عەقڵمان و دڵمان و بە هەموو شتێك كە هەمانە خۆشحاڵمان بكات، وە كارێك بكات هەموو ئەندامێكی جەستەمان سوپاسگوزار بێت بۆ خوای گەورە، وە بمانكات بە میراتگری نیعمەتەكانی، وە خوا بمانپارێزێت لە ستەمكاران.

لەم ڕۆژانەدا، چەندین دۆخی سەخت هەیە لە جیهاندا، وە لە هەندێك شوێندا وەك پاكستان، وە لە شوێنەكانی تردا وەك بەنگلادیش، وە لە دەوڵەتانی وەك جەزائیر و هەندێكی تر لە دەوڵەتانی ئەفریقادا، بەجۆرێك هەندێ گرووپی خراپ زاڵن یان هێرش دەكەن، وە حكومەتەكان لێیان دەترسن و لە ئەنجامدا ملكەچی داواكاریەكانیان دەبن. پێویستە لە خوای گەورە بپاڕێینەوە كە لە ستەمكاران ڕزگارمان بكات و تۆڵەیان لێ بسێنێتەوە، یارمەتیمان بدات سەركەوین بەسەر دوژمنەكانماندا.

كاتێك لە ڕەمەزاندا بەم شێوەیە دوعا دەكەین، خوای گەورە شۆڕشێكی مەزن بەرپا دەكات، وە دەبینین هیچ كەسێك ناتوانێت هیچ زیانێكمان پێ بگەیەنێت، چ ئەو كەسە یەكێك بێت لە شێخەكانی پاكستان یان كەسێكی بەهێز لەوێ یان هەر كەسێكی بەهێز لە هەر حكومەتێكی تر. ئەگەر ئێمە بە دڵسۆزیەوە ڕوو لە خوای گەورە بكەین؛ ئەوا خوای گەورە یارمەتیمان دەدات و دەبێتە پشتیوان و دۆستمان. مەسیحی بەڵێندراو (علیە الصلاة والسلام) دەفەرموێت:

نزیكترین ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی فەزڵ و چاكەی خوا دوعایە. پێویستیەكانی دوعای تەواو بریتیە لەوەی كە پڕ بێت لە دڵنەرمی و پەشۆكاوی و سۆز (واتە سەرڕێژ بێت لە ملكەچی و تامەزرۆیی و دڵەڕاوكێ، بەڕێزی فەرمووی:) دوعای پڕ لە ملكەچی و دڵەڕاوكێ و دڵشكاوی فەزڵی خوا ڕادەكێشێت و دوای قەبوڵكردنی مرۆڤ دەگەیەنێتە ئامانجی داواكراوی، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئەوەش تەنها بە فەزڵی خوا دێتەدی. چارەسەرەكەی ئەوەیە كە مرۆڤ بەردەوام بێت لەسەر دوعاكردن و بێزار نەبێت و ماندوو نەبێت هەرچەندە سەرنج و چێژ لەدەست بدات، (واتە پێویستە بەردەوام بێت لە دوعاكردن تەنانەت ئەگەر هیچ چێژێكی تێدا نەدۆزێتەوە و بە خوا بڵێت: پەروەردگارا! جگە لە تۆ كەسم نیە، وە هیچ شوێنێكم نیە ڕووی تێبكەم جگە لە دەرگاكەی تۆ، بۆیە من ڕوو لە هیچ كەسێك ناكەم و ناتوانم ئەوە بكەم، بۆیە من لەلای تۆ نیشتەجێم، وە دڵم ئارام نابێتەوە مەگەر تۆ گوێبیستی پاڕانەوەكانم بیت. بەڕێزی فەرمووی) بەڵكو دەبێت بەردەوام بێت لە دوعاكردن تەنانەت ئەگەر بە زۆرلەخۆكردن و خۆدەرخستنیش بێت، (دواجار كاتێك دێت ئەو دۆخە دروست دەبێت كە دەگۆڕێت بۆ دوعای ڕاستەقینە، بەڕێزی دەفەرموێت) بۆ ئەوەی بتوانین دوعای ڕاستەقینەیش بكەین پێویستمان بە دوعایە.

زۆرن ئەو كەسانەی دوعا دەكەن و بێزار دەبن و دەڵێن هیچ شتێك بە دوعا نایەتەدی. بەڵام ئامۆژگاریتان دەكەم كە بەرەكەت لەوەدایە بەردەوام ئەم “خۆڵە” ببێژرێتەوە چونكە گەوهەرە داواكراوەكە لێیەوە دەردەچێت. (واتە ئەو ئامانجەی كە دەتەوێت بەدەستی بهێنیت، وە ئەو مروارییەی كە ئارەزووی بەدەستهێنانی دەكەیت، لەم خۆڵەوە دەردەچێت. ئەوانە دەزانن كە بە ڕێگەی تەقلیدی زێڕ دەدۆزنەوە بەوەی لە كەناری ڕووبارەكان دادەنیشن و بە بەردەوامی خۆڵ بە بێژنگ دەپاڵێون، ئینجا چەندین تەن لە خۆڵ دەبێژنەوە، وە لەكۆتاییدا بڕێكی كەم لە زێڕ بەدەست دەهێنن، ڕەنگە چەند گرامێك یان كەمتر بێت، ئینجا بەوە دڵخۆش دەبن لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانێكی زۆریان لەم كارەدا بەسەر برد. بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە ملكەچ بن لەبەردەم خوای گەورەدا ئەوا بەرەكەت بەدەست دەهێنن. بەڕێزی فەرمووی)

چونكە ئەو گەوهەرەی مەبەستە تەنها لەوەوە دەردەچێت، وە ڕۆژێك دێت دڵی لەگەڵ گوفتاریدا یەكانگیر دەبێت و ئەو سۆز و ملكەچیەی كە پێویستە بۆ دوعا لەخۆوە دروست دەبێت. (دەبێت ئەم دۆخی سۆز و دڵنەرمیە دروست بكرێت) جا ئەوەی شەوانە هەڵدەستێت هەرچەندە تووشی لەدەستدانی سەرنج و ئارامگریش بێت (تەنانەت ئەگەر بە خێراییش نوێژ بكات) ئەگەر بەردەوام بێت لە دوعاكردن تەنانەت لەم حاڵەتەشدا و بڵێت: ئەی خوای من دڵم لەژێر كۆنترۆڵ و دەسەڵاتی تۆدایە و پاكی بكەرەوە، وە داوای فراوانی لە خوای گەورە بكات لە خودی دۆخی تەنگیەوە ئەوا فراوانی لەو تەنگیەوە دەردەكەوێت (تەنانەت لە دۆخی پەرشوبڵاوی بیر و سەرنجنەداندا، خوای گەورە دەتوانێت لە مرۆڤدا دۆخی ئامادەبوون و سەرنجدان دروست بكات، وە ئەو بەربەستانە لابدات كە ڕێگری لە دڵی دەكەن) و سۆز و دڵنەرمی دروست دەبێت (واتە دۆخی تەنگی دەگۆڕێت بۆ فراوانی، وە نوێژكردن لەم حاڵەتەدا تەنها شتێكی زۆر پێویست نابێت، بەڵكو دوعاكان لە ناخی دڵەوە لەخۆوە دەردەچن. بەڕێزی فەرمووی) ئەمەیە ئەو كاتەی كە پێی دەوترێت ساتی قەبوڵبوون، (ئەگەر گەیشتنە ئەم دۆخە ئەوا بزانن كاتی قەبوڵكردنی دوعا هاتووە) وە مرۆڤ دەبینێت ڕۆح وەك ئاو لەبەر دەرگای خوادا دەڕژێت، وەك ئەوەی دڵۆپێك بێت لە سەرەوە بۆ خوارەوە دێتە خوارەوە.” بۆیە، لە دۆخێكی وەهادا كاتێك هەستی لە خوا ترسان و سۆز مرۆڤ دادەگرێت، وە كاتێك بەردەوام دەبێت لە دوعاكردن بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، ئەوا خوای گەورە ئەو سۆز و دڵنەرمییەی لا دروست دەكات كە پێویستە، لە ئەنجامدا وردە وردە دوعاكان گیرا دەبن.

پاشان بەڕێزی دەفەرموێت: “ئەو خوایەی كە من بانگەوازی بۆ دەكەم؛ خوایەكی بەخشندە و میهرەبان و زیندوو و ڕاستگۆ و وەفادارە، و ڕەحم بەو كەسانە دەكات كە خۆبەكەمزانن. بۆیە دڵسۆز و وەفادار بن، وە بە تەواوی ڕاستگۆیی و وەفاداریەوە دوعا بكەن خوا ڕەحمتان پێدەكات. خۆتان بەدوور بگرن لە ئاژاوە و دەنگە دەنگی دنیا، وە ڕەنگی ئایینی مەدەن بە ناكۆكیە دنیاییەكانتان. پێویستە لەبەر خوا شكست قەبوڵ بكەن بۆ ئەوەی كۆمەڵێك فەتحی گەورە بەدەستبهێنن.

(بەڕێزی فەرمووی: دەبێت خۆتان بەدوور بگرن لە شتە بچوك و دنیاییەكان، وە بۆ ئەوەی لە خوای گەورە نزیك ببنەوە دەبێت خۆتان لەم شتانە بەدوور بگرن، وە گرنگی بە مافی بەندەكان بدەن، وە گرنگی بدەن بە بەسەركردنەوەی خزمەكان، وە مافی دۆستەكانتان بەجێبهێنن، ئەوسا حەز  و گرنگی لە بەجێهێنانی مافەكانی خوای گەورە لە ئێوەدا دروست دەبێت، لە ئەنجامدا نیشانەی گیرابوونی دوعاكان دەبینن.)

بەڕێزی دەفەرموێت: یەكەم نیعمەتی دوعا ئەوەیە كە گۆڕانكاریەكی پاكوخاوێن لە مرۆڤدا ڕوودەدات، (زۆر پێویستە بۆ قەبوڵبوونی دوعا، گۆڕانكاری ڕاستەقینە و پاكوخاوێن لە دەرووندا ڕووبدات. نابێت ئەم گۆڕانكارییانە كاتی بن یان تەنها تایبەت بن بە مانگی ڕەمەزانەوە، بەڵكو دەبێت گۆڕانكاری بەردەوام و هەمیشەیی بن، تەنها ئەو كاتە كاریگەری وەڵامدانەوەی دوعا بەسەر مرۆڤەوە دەردەكەوێت. پاشان بەڕێزی فەرمووی) ئینجا خوا لە سیفەتەكانیشیدا گۆڕانكاری دروست دەكات بەهۆی ئەو گۆڕانكاریەی كە باسكرا، لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا گۆڕانكاری لە سیفەتەكانی خوادا نیە، بەڵام ئەو كەسەی لە خۆیدا گۆڕانكاری دروست دەكات؛ درەوشانەوەی خوایی  جیاواز دەبینێت (سیفەتەكانی خوای گەورە ناگۆڕێن، بەڵكو خوای گەورە سیفەتەكانی ڕەحمەت و فەزڵ و هی تر دەجووڵێنێت، وە بەهۆیانەوە لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەت بەسەر مرۆڤدا دەبارێنێت. بەڕێزی فەرمووی) مرۆڤ درەوشانەوەیەكی خوایی جیاواز دەبینێت كە دنیا نایزانێت، (واتە كاتێك ئەم دۆخە لای مرۆڤ دروست دەبێت بەجۆرێك هەست دەكات بووە بە هی خوای گەورە ئینجا دەبینێت) وەك ئەوەی خوا خوایەكی تر بێت لەگەڵ ئەوەشدا خوایەكی تر نیە، بەڵكو درەوشانەوە نوێیەكەی بە شێوەیەكی نوێ پیشانی دەدات. ئەو كاتە بۆ ئەو كەسەی كە بەهۆی درەوشانەوە تایبەتیەكەیەوە گۆڕانكاری تێدا ڕوویداوە كارگەلێك ئەنجام دەدات كە بۆ كەسی تر ئەنجامی نادات.”

ئەو كەسانەیش كە دەڵێن ئەمە قەدەرێكی حەتمیە و گۆڕانكاری تێدا ناكرێت ئیتر چۆن دوعا قەبوڵ دەبێت لەم حاڵەتەدا؟ ئەوا با بزانن كە ئەگەر مرۆڤ بە نیەتێكی ڕاستگۆیانەوە دوعا بكات، ئەوا خوای گەورە دەفەرموێت خۆی قەدەریش دەگۆڕێت، و حوكمەكانی هەموار دەكاتەوە، لە ئەنجامدا ئەنجامە خراپەكە دەگۆڕێت بۆ ئەنجامێكی چاك.

بۆیە، دەبێت ئێمە گرنگیەكی زۆر بدەین بە دوعا، و ڕەمەزانی ئێستا بكەینە مانگێك بۆ گیرابوونی دوعاكان، وە ئەم مانگە بكەین بە مانگێك بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری چاك لە خۆماندا، پاشان دەبێت ئەم گۆڕانكاریە چاكە ببێتە بەشێكی هەمیشەیی لە ژیانماندا، ئەو كاتە خوای گەورە لە هەموو دوژمن ونەیاران و ستەمكاران ڕزگارمان دەكات.

خوای گەورە یارمەتیمان بدات كە ڕەمەزانی ئێستا بكەین بە هۆكارێك بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری چاك و بەردەوام لە ژیانماندا، وە ئەم گۆڕانكاریانە ببنە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانمان. خوای گەورە یارمەتیمان بدات بۆ ئەو كارە. ئامین.