بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پوختەی وتاری هەینی 6-1-2023

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

بسم الله الرحمن الرحیم

بەڕێزان پوختەیەكتان پێشكەش دەكەین لە وتاری هەینی كۆتایی كە گەورەمان پێشەوای باوەڕداران (خوا سەركەوتووی بكات) پێشكەشی كرد لە مزگەوتی موبارەك لە تیلفۆرد، لە 6/1/2023 كە بەم فەرمایشتەی خوای گەورە دەستی پێكرد:

“لَن تَنَالُوا الْبِرَّ حَتَّىٰ تُنفِقُوا مِمَّا تُحِبُّونَ وَمَا تُنفِقُوا مِن شَيْءٍ فَإِنَّ اللَّهَ بِهِ عَلِيمٌ” واته: “هەرگیز چاكە و خێر بەدەستناهێنن هەتا لەو شتە نەبەخشن كە خۆشتاندەوێت وە هەرشتێك ببەخشن بەدڵنیاییەوە خوا دەیزانێت”.

پاشان کۆپلەیەکی خوێندەوە لە وتەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەجۆرێك فەرمووی:

“خوا بەوە ڕازی نابێت ئەگەر مانگای كەسێكتان نەخۆشكەوت ئینجا بڵێت: زۆرباشە، لە ڕێی خوادا دەیكەم بە قوربانی، خەڵكێكی زۆر هەیە كولێرەی كۆن و خراپ بوو، كە هیچ سوود و كەڵكێكی نیە، دەدەن بە سواڵكەرەكان و پێیان وایە سەدەق و خێریان كردووە. بێگومان خوای گەورە ئەم جۆرە شتانەی خۆشناوێت و خێر و سەدەقەیەكی لەم شێوەیە قەبوڵ ناكات بەجۆرێك زۆر بەڕوونی و ئاشكرایی فەرموویەتی: هەرگیز چاكە و خێر بەدەستناهێنن هەتا لەو شتە نەبەخشن كە خۆشتاندەوێت واتە ناكرێت و ناگونجێت خێر و سەدەقە ڕاستەقینە بێت ئەگەر لەو ماڵ و سامانەتان كە خۆشتان دەوێت نەبەخشن لەپێناوی خوا و بڵاوكردنەوەی ئایین و هاوخەمی و دڵسۆزبوون بۆ دروستكراوانی خوا”.

بەڕێزی (عليه السلام) لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت:

“هەڵبەت مرۆڤ لەدنیادا ماڵ و سامانی زۆر خۆشدەوێت، لەبەرئەوە لە زانستی لێكدانەوەی خەوندا وتراوە ئەگەر كەسێك لەخەوندا بینی جگەری خۆی دەرهێنا و بەخشی بە كەسێكی تر؛ ئەوا مەبەست لێی ماڵ و سامانە. لەبەرئەوە خوای گەورە دید و تێڕوانینمان ئاراستە دەكات و سەرنجمان ڕادەكێشێت، لەپێناوی بەدەستهێنان و پەیداكردنی تەقوای ڕاستەقینە، بۆئەوەی كە {هەرگیز چاكە و خێر بەدەستناهێنن هەتا لەو شتە نەبەخشن كە خۆشتان دەوێت} چونكە دڵسۆزبوون و هاوخەمی دروستكراوانی خوا و مامەڵەی چاك لەگەڵیاندا بەخشینی بەشێكی زۆر لە ماڵ و سامان دەخوازێت، وە هاوخەمی و دڵسۆزبوون بۆ مرۆڤ و دروستكراوانی خوا بەشێوەیەكی گشتی بریتیە لە بەشی دووەمی باوەڕ، وە بەبێ ئەمە باوەڕ تەواو و بەهێزنابێت. وە مرۆڤ هەتا نەبەخشێت ئەستەمە سوود بگەیەنێت بەوانی تر. بۆیە دەبێت بەخشین هەبێت لەپێناوی سوود و كەڵك گەیاندن بەوانی تر و هاوخەمبوون و كەمكردنەوەی ئازارەكانیان. هەڵبەت فەرمان و ئاراستەكردن بۆ بەخشین لەم ئایەتەدا هاتووە: {لَنْ تَنَالُوا الْبِرَّ حَتَّى تُنْفِقُوا مِمَّا تُحِبُّونَ}. بێگومان بەخشین لەپێناوی خوای گەورەدا بریتیە لە پێوەری خۆشبەختی مرۆڤ و تەقواكەی. پێوەر و مەحەكی تەرخانكردنی ژیان لەپێناوی خوادا لە ژیانی ئەبو بەكردا (ڕەزای خوای لێ بێت) ئەوە بوو كە پێغەمبەر (ﷺ) جارێكیان باسی پێویستیەكی كرد ئەبوبەكر (ڕەزای خوای لێ بێت) هەرچی لەماڵەكەیدا بوو هێنای و بەخشی”.

لەسەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) دەبینین بۆ جێبەجێ كردنی ئەركەكەی لە بڵاوكردنەوەی ئیسلام و پەخشكردنەوەی كتێبەكان، باشترین نموونەی بەخشین لەپێناوی خوادا بریتیە لە گەورەمان نوورەددین (ڕەزای خوای لێ بێت) كە بۆ بەرێزی (عليه السلام) نووسی و گوتی: “بەفیدای تۆ بم، ئەوەی هەمە هی من نیە، بەڵكو هەمووی هی تۆیە”.

ئەی گەورە و ڕابەرم، بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە دەڵێم ئەگەر هەموو ماڵ و سامانم خەرج بكەم بۆ بڵاوكردنەوەی ئایین ئەوسا شادبووم بە ئاواتی خۆم… من لەگەڵتاندا نزیكییەكی فارووقیم هەیە، وە من بەتەواوەتی ئامادەم بۆ خەرجكردنی هەموو شتێك لەم پێناوەدا، بە چاكە و فەزڵی خۆت بۆم بپاڕێرەوە كە مردنم مردنی كەسانی ڕاستگۆ بێت”.

قوربانیدانی هەموو هاوەڵانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەم شێوەیە بووە، هەڵبەت ڕۆڵەكانی كۆمەڵ لە هەموو سەردەمێكدا شەیدای ئەم قوربانیدانەن، بۆیە خوای گەورە ئەم جۆرە قوربانیدەرانەی بەخشیوە بەم كۆمەڵە لە ئەحمەدییە كۆنەكان و بەیعەتدەرە نوێيەكان كە پێشبڕكێ دەكەن لەم بوارەدا.

موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) دەستی كرد بە پڕۆژەی (وەقفی نوێ) بۆ جێبەجێ كردنی كارەكانی تەبلیغ و پەروەردە لە گوندەكانی پاكستاندا، بەڵام خەلیفەی چوارەم (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) پڕۆژەكەی فراوانكرد بۆ هەموو لایەكی جیھان، وە پارە و دارایی ئەم پڕۆژەیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كۆدەكرێتەوە و لە ئەفریقا و وڵاتانی تری هەژاردا خەرج دەكرێت، بەڵام تەنانەت ئەحمەدییەكان لە ئەفریقا و ئەم وڵاتانەش بەشداری دەكەن لەم سندوقەدا بەگوێرەی توانای خۆیان، هەموو ئەو قوربانیدەرانە دەزانن پێغەمبەری خوا (ﷺ) چی فەرمووە لە فەرموودەی قودسیدا بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: “ئەی نەوەی ئادەم لە گەنجینەكەت لای من دابنێ كە نە دەسووتێت و نە لە ئاودا نوقم دەبێت و نە دەدزرێت لەكاتێكدا پێتدەدەمەوە كە هیچ كاتێك ئەوەندە پێویستت پێ نەبووە”. وە فەرمایشتی خوای گەورە دەزانن: “هەر شتێك ببەخشن لەپێناوی خوادا بەتەواوەتی پێتان دەدرێتەوە و ستەمتان لێ ناكرێت”.

پاشان بەڕێز خەلیفە (خوا سەرکەوتووی بکات) باسی هەندێ لە بەخشەرە ئەحمەدیەكانی كرد لە جیھاندا و لەوانە:

خاتوونێك لە تەنزانیا گوتی چوو بۆ بازاڕ و لەڕێگادا چاویكەوت بە مامۆستای كۆمەڵ و مامۆستاكە هانیدا بۆ بەخشینی كۆمەكی بۆ وەقفی نوێ ئەویش گوتی دوو هەزار شلنگم پێیە بۆ كڕینی پێویستەكان و لەو دوو هەزارە هەزاری بەخشی، پاشان خاتوونێكی پێ دەگات كە هەندێ پارەی لێ قەرز كردبوو پێی گوت دەمەوێت 5000 شلنگە قەرزەكەت پێبدەمەوە. ئەوە بوو ئەم خاتوونە گەڕایەوە بۆلای مامۆستاكەی كۆمەڵ و گوتی خوا بەهۆی بەرەكەتی بەخشینی كۆمەكییەكەمەوە ئەمەی پێ خەڵات كردم، پاشان هەزار شلنگی تری بەخشی.

وە خوشكە عائیشە لە لیبریا دەڵێت، كۆمەڵ بيریانخستەوە كە ببەخشێت بۆ وەقفی نوێ ئەویش گوتی هیچم لا نیە بەڵام چاوەڕێ بكەن هەتا بەدەستی بەتاڵ نەگەڕێنەوە، قەرزی كرد لە یەكێك و 100 دۆلاری لیبری دا؛ پاشان یەكێك پەیوەندی پێوە كرد و پێی ڕاگەیاند پارەیەكی خستووتەسەر ئەژمارەكەی لە بانكدا، ئینجا گوتی: دەستبەجێ خوا ئەم ماڵەی پێدام بە فەزڵی ئەو كۆمەكیەی كە بەخشیم.

برامان ناصر لە نێجیریا دەڵێت: ساڵانێك بوو بێكار بووم بیرمكردەوە لە بەخشینی كۆمەكی بەگوێرەی توانای خۆم ئەگەرچی بێكار بووم، دەستمكرد بە بەخشینی كۆمەكییەكان لە مانگی یۆنیۆ، پاش سێ مانگ یەكێك پەیوەندی پێوەكردم بەجۆرێك كارێكی بۆ پەیدا كردم، دڵنیابووم كە ئەمە بەبەرەكەتی بەخشینی كۆمەكییەكە بوو بۆ وەقفی نوێ.

بەیعەتدەرێكی نوێ لە ئەفریقای ناوەڕاست گوتی: ساڵی پار پەیوەندیم كرد بە كۆمەڵی ئەحمەدییەوە و پاشان دۆخی ئەخلاقی و ئیمانیم باش بوو، كاتێك بانگخوازەكە بانگی كردم بۆ بەخشینی كۆمەكی پێش كۆتایی هاتنی ساڵی دارایی، ئەوەندەی هەمبوو بەخشیم. لەو كاتەوە خوا بەرەكەتی خستە كارەكەمەوە و من ڕۆژانە كارم دەستدەكەوێت و پارەیەك پەیدا دەكەم كە چاوەڕوانم نەدەكرد دەستمبكەوێت.

لەكۆتایی وتارەكەدا، پێشەوای باوەڕداران (خوا سەركەوتووی بكات) پاڕایەوە كە خوا بەرەكت بخاتە ماڵ و سامانی قوربانیدەران، وە دەستپێكی ساڵی نوێی وەقفی نوێ و كۆتایی ساڵی شەست و پێنجەمی ڕاگەیاند.

كۆمەڵی ئەحمەدی لە جیھاندا لەساڵی ڕابردوودا 12.1 ملیۆن جونەیهی پێشكەشكردووە بەم سندوقە كە ملیۆنێك جونەیهی زیاتر بوو لە ساڵی پێشووتر.

لە پێنج پلەی یەكەمدا ئەم وڵاتانە هاتوون: بەریتانیا پاشان ئەڵمانیا پاشان كەنەدا پاشان ئەمریكا پاشان هندستان، وە دەوروبەری ملۆنێك و 500 هەزار كەس پەشدارییان كردووە لەم سندوقەدا.