بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پوختەی وتاری هەیینی لە ڕێككەوتی 16-12-2022

خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

بسم الله الرحمن الرحیم

پوختەی وتاری ئەم هەیینیەتان پێشكەش دەكەین كە گەورەمان پێشەوای باوەڕدارن (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) لە مزگەوتی موبارەك لە تیلفۆرد لە شازدەی دیسەمبەردا پێشكەشی كردووە، تێیدا دەفەرموێت:

دیارە لایەنگران و پشتیوانانی ئیلحاد هێرش دەكەنە سەر بوونی خوا و بە هۆكارە جۆراوجۆرەكان هەوڵدەدەن خەڵكی دووربخەنەوە لە خوا و لە ئایین، وە لەم هەلومەرجەدا ئەم بیروباوەڕانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر موسوڵمانان و هەندێ لە ئەندامانی كۆمەڵەكەمان بەمەش گومان لەدڵیاندا دروست دەبێت، وە ئەگەر ئەو جۆرە كەسانە تووشی تاقیكردنەوەیەك بوون و دوعاكردن لەبارەیەوە ڕزگاری نەكردن، ئەوا دێت بەدڵیاندا كە ئایینەكەمان هەڵەیە و هیچ بنەڕەتێكی نیە یاخود خوا ڕەحم بە خەڵكی ناكات و دوعا گیراناكات یان خوا ستەمكارە پەنا بەخوا!

بەڵام پێویستە لەسەر ئەو كەسانە بیربكەنەوە لە ئاستە ڕوحیی و ئیمانیەكەیان و تا چ ڕادەیەك ئاستی دوعاكانیان بەرزكردووەتەوە؟

هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕوونیكردووەتەوە كە پێویستە لەسەرمان لەكاتی خۆشی و ناخۆشیدا لەخوا بپاڕێینەوە، بەجۆرێك دەفەرموێت:

“بێگومان خوا ڕەحم بەكەسێك دەكات كە لەكاتی ئاسایشدا لێی دەترسێت هەروەك چۆن لەكاتی تووشبوون بە كارەساتدا لێی دەترسێت. ئەوەی خوا لەبیرنەكات لەكاتی ئاسایشدا خوایش لەبیری ناكات لەكاتی كارەساتدا. بەڵام ئەو كەسەی كاتی ئاسایش لە خۆشی و ڕابواردندا بەسەردەبات و پاشان كاتی كارەساتەكان لەخوا دەپاڕێتەوە دوعاكانی گیرانابن. كاتێك سزای خوا دادەبەزێت دەرگای تۆبە دادەخرێت. دەی ئەو كەسە چەند بەختەوەرە پێش دابەزینی سزا خەریكی دوعاكردن دەبێت و خێردەكات و فەرمانی خوا بەگەورە ڕادەگرێت و سۆز و بەزەیی دەبێت بۆ دروستكراوانی خوا و بەجوانترین شێوە كارەكان ئەنجام دەدات، ئەمانە نیشانەكانی بەختەوەرین”.

وە دەربارەی گیرابوونی دوعا مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت:

“دوعا و پاڕانەوە وەك ئەوە وایە جووتیارێك تۆو بچێنێت لە كێڵگەكەیدا، لەڕواڵەتدا وا دەردەكەوێت كە ئەو دانەوێڵەی بەسوودی شاردەوە لەژێر خۆڵدا، ئایا كەسێك هەیە لەو كاتەدا تێبگات چۆن ئەم دەنكە تۆوە دەگۆڕێت بۆ چڵەڕووەكێكی نوێ و گەشەدەكات و بەرهەمی دەبێت؟ جیهانی دەرەكی و جووتیارەكە نابینن چۆن ئەو دەنكە تۆوە لەژێر زەویدا وردە وردە دەگۆرێت بۆ چڵە ڕووەكێك، لەڕاستیدا خودی دەنكە تۆوەكە لەناخی زەویدا پاش چەند ڕۆژێكی کەم دەگۆرێت بۆ چڵە ڕووەكێك و سەوزی خۆی لەسەر زەوی پیشان دەدات و خەڵكی تریش دەیبینن، ئێستا بڕوانن ئەو دەنكە تۆوە كاتێك لەزەویدا چێنرا لە هەمان ساتەوە دەستدەكات بە ئامادەبوون بۆ ئەوەی بگۆرێت بۆ چڵە گیایەك، بەڵام ڕوانینی ڕواڵەتی هەگیز هەست بەمە ناكات، ئێستا كاتێك سەوزی خۆی دەردەخات هەموان دەیبینن، وە مناڵی بچوك لەو كاتەدا نازانێت لەكاتی خۆیدا بەرهەم دەدات بەڵكو دەپرسێت بۆچی ئێستا بەرهەم نادات؟ بەڵام جووتیاری ژیر بەباشی دەزانێت كەی بەرهەم دەدات بۆیە بەئارامییەوە بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی و بایەخپێدانی هەتا ئەو كاتە دێت كە تێیدا بەردەگرێت و پێدەگات. هەمان دۆخ پیادە دەبێت بەسەر دوعادا و دوعا گەشەدەكات بەهەمان شێواز و بەردەگرێت. دیارە ئەوانەی پەلەیانە پێش وەختە بێزار و ماندوودەبن، بەڵام ئارامگران كە چاوەڕوانی سەرەنجامەكە دەكەن بەردەوام دەبن لەسەر ئەمە و دەگەن بەمەبەستی خۆیان”.

سەبارەت بە قۆناغەكانی دوعا بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:

“لەڕاستیدا لە دوعا و پاڕانەوەدا كۆمەڵێك قۆناغ و پلەی زۆر هەیە و بەهۆی شارەزا نەبوون لێیان ئەوانەی دەپاڕێنەوە خۆیان بێبەش دەكەن؛ چونكە پەلەدەكەن و ئارام ناگرن لەگەڵ ئەوەی كردەوەكانی خوا هەمووی قۆناغ بە قۆناغە. هەرگیز ڕوونادات مرۆڤ ئەمڕۆ هاوسەرگیری بکات و بەیانی مناڵی ببێت لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە دەتوانێت ئەو شتەی دەیەوێت بیكات، بەڵام دەبێت یاسا و ڕێسایەك بگرێتەبەر كە خوای گەورە خۆی دایناوە. كەواتە هیچ شتێك لەسەرەتاوە نازانرێت وەك لەدۆخی ڕووەكەكاندا ڕوودەدات؛ بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت تا چوار مانگ بەدڵنیاییەوە شتێك بڵێت ئینجا دوای ئەوە جووڵەیەكی بچوك هەستی پێدەكرێت. وە پاش تێپەڕینی ماوە تەواوەكە مناڵێك لەدایك دەبێت پاش بەرگەگرتنی كۆمەڵێك كارەساتی زۆر، بێگومان لەدایكبوونی مناڵ وەكو لەدایكبوونی دایك وایە سەرلەنوێ. ڕەنگە پیاوان نەتوانن مەزەندەی ئەو سەختی ناڕەحەتیانە بكەن كە تووشی ئافرەت دەبێت لەكاتی سكپڕیدا، بەڵام تەواو ڕاستە كە ئافرەتیش ژیانێكی نوێ بەدەستدەهێنێت. كەواتە ئێستا بیربكەنەوە كە ئافرەت سەرەتا مردن قەبوڵ دەكات بۆ خۆی لەپێناوی مناڵدا ئینجا دوای ئەوە دڵخۆش و بەختەوەر دەبێت. بەهەمان شێوە پێویستە لەسەر ئەو كەسەی دەپاڕێتەوە وازبهێنێت لە پەلەپەل و بەردەوام بێت لەسەر بەرگەگرتنی هەموو سەختیەكان و نەڵێت پاڕانەوەكە گیرانەبوو. بەڵكو لەكۆتاییدا ئەو كاتە دێتەپێش كە ئەنجامەكە تێیدا دەردەكەوێت وەك ئەوەی ئەو منداڵەی مەبەستە لەدایك بووە. بۆیە پێویستە مرۆڤ دوعا و پاڕانەوە بگەیەنێتە ئەو پلە و مەقامە كە تێیدا دەبێتە هۆی ئەنجامێك. هەروەك هەركاتێك پارچەیەك پەڕۆ بخەینە ژێر وردبینێكەوە وە تیشكی خۆر لەسەری چڕبێتەوە و گەرمییەكەی بگاتە ئاستێك پەڕۆكە بسووتێنێت ئەوا بەیەكجار دەسووتێت. بەهەمان شێوە شتێكی پێویستە كە پاڕانەوەیش بگاتە ئاستێك تێیدا هێزێك بەدەست بهێنێت بۆ سووتاندنی هەموو جۆرە نائومێدییەك و مەبەست و ئامانجەكە جێبەجێ بكات. دەبێت مرۆڤ بەردەوام بێت لەپاڕانەوە بۆ ماوەیەكی درێژ پاشان خوای گەورە ئەنجامەكە دەردەخات لەكۆتاییدا. بێگومان خۆم ئەزموونم كردووە و هەروەها ئەزموونی سەلەفی ساڵحیش شایەتی دەدات كە ئەگەر بۆ ماوەیەكی درێژ بێدەنگی درێژە بكێشێت لەكارێكی دیاریكراودا ئومێدێك هەیە بۆ سەركەوتن. ئەو شتەی تێیدا بەخێرایی وەڵام دەدرێتەوە نزیكە بە ئەنجام نەگات. بەگشتی لەدنیادا دەبینین كاتێك سواڵكەر دەگاتە دەرگاكە و بەوپەڕی خۆبەكەمزانی و شڵەژانەوە سواڵ دەكات و لەبەرامبەر ئەوەدا بۆ ماوەیەك قسەیەكی ڕەق دەبیستێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوە بەڵكو داواكەی دووبارەدەكاتەوە و لەكۆتاییدا خاوەن ماڵ شەرم دایدەگرێت و شتێكی پێدەدات هەرچەند چرووك و دەست نووقاویش بێت. ئایا پێویست نیە ئەو كەسەی دەپاڕێتەوە لانیكەم وەك سواڵكەری ئاسایی بەردەوام بێت؟ بێگومان خوا بەخشندە و زیندووە و كاتێك دەبینێت بەندە خۆبەكەمزانەكەی ماوەیەكە لەبەر قاپیەكەیدا كەوتووە كارێك ناكات سەرەنجامی خراپ بێت. بەڵام ئەگەر كەسێك تووشی سەرەنجامی خراپ بوو ئەوا بەهۆی ئەوەوە بووە كە گومانی خراپی بردووە. بۆ نموونە ئەگەر ئافرەتی سكپڕ پاش چوار پێنج مانگ بڵێت: بۆچی تا ئێستا مناڵم نەبوو، وە دەرمانی لەباربردن بخوات بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەكەی ئایا لەم دۆخەدا مناڵێك لەدایك دەبێت یان تووشی نائومێدی و ڕەشبینی دەبێت؟ بەهەمان شێوە ئەو كەسەی پەلەدەكات پێش هاتنی كاتەكە هەمیشە تووشی زیان دەبێت، وە كارەكە تەنھا بەزیانەوە ناوەستێت، بەڵكو زیان دەگات بە باوەڕیشی تەنانەت لەم دۆخەدا هەندێ كەس بێباوەڕدەبن”.