مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە هيندستان
نووسينى:
گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
ئیمامی مەهدی و مەسیحی چاوەڕوانكراو (عليه السلام)
*****
پێڕست
وتەی بڵاوكار
پوختەیەك دەربارەی ژیانی دانەر
پێشەكی دانەر
باسی یەكەم
باسی دووەم: بەیانكردنی ئەو بەڵگانەی كە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودە ڕاستەكاندا دەستمانكەوتوون دەربارەی ڕزگاربوونی مەسیح (عليه السلام)
باسی سێیەم: ئەو بەڵگانەان كرد بۆ هیندستانی كە لە كتێبە پزیشكیەكانەوە وەرگیراون
لیستی كتێبە پزیشكیيەكانە كە باسی “هەتوانی عیسا”یان تێدایە كە ئامادەكراوە بۆ چارەسەری برینە جەستەییەكانی عیسا (عليه السلام)
باسی چوارەم.. ئەو بەڵگانەی كە پشتئەستوورن بە مێژوو
بەشی یەكەم: ئەو بەڵگانەی لە كتێبە ئیسلامیە مێژووییەكانەوە وەرگێڕدراون كە گەڕانی مەسیح (عليه السلام) دەسەلمێنن
بەشی دووەم: بەڵگەی كتێبە مێژووییەكانی ئایینی بودایی
بەشی سێيەم: بەڵگەی كتێبە مێژوویيەكان كە باسی هاتنی مەسیح -عليه السلام- دەكەن بۆ پەنجاب و ناوچەكانی دەوروبەری
پاشکۆ: دەقە جیاوازەکان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە کە دانەر لە کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کردوون
*****
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكريم
وتەی بڵاوكار
سەرەتا ئەم كتێبە ناوازەیە چەندین ساڵ لەمەو پێش وەرگێـڕدرا بۆ زمانی عەرەبی و چاپكرا، مامۆستا موبارەك ئەحمەد مەليك (خوا لێـی خۆش بێت) كاری وەرگێـڕانەكەی ئەنجامدابوو، وە دواتريش بە وەرگێـڕانێكی تازە و بژاركراوەوە چاپێكی نوێی بڵاوکرایەوە، ئەم چاپە نوێیەمان وەرگێڕاوە و پێشکەشی خوێنەری كوردی بەڕێزى دەكەین.
ئەوەی پێویستە ئاماژەى پێبدەین ئەوەیە كە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) نیازی وابوو كە ئەم كتێبە 10 باس و وتەیەكی كۆتایی لەخۆبگرێت، وە هەندێ توێژینەوەی تری گرنگ هاوپێچ بكات لەگەڵیدا _وەك لە پێشەكیەكەیدا باسی كردووە_ بەڵام ئەم كتێبەی كە ئێستا لەبەردەستماندایە لە چوار باس زیاتر تێپەڕ ناكات. وا دەردەكەوێت بەڕێزى هەلی بۆ نەڕەخسابێت كە ئەو توێژینەوانە تەواو بكات تا ئەو كاتەی گەيشتەوە بە هاوەڵی هەرە بڵندی خۆی. لەگەڵ ئەوەی كە بەڕێزی (عليه السلام) لە ساڵی 1899ز دا ئەم كتێبەی داناوە، بەڵام بۆ یەكەمجار دوای وەفاتكردنی (عليه السلام) لە 20ى كانوونی یەكەمی ساڵی 1908ز دا، چاپكرا.
لە هەندێ لاپەڕەدا پەراوێز هەیە كە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) خۆی دایناوە و بەگشتی لە كۆتاییەكەیدا نووسراوە: (دانەر). وە كۆمەڵێك پەڕاوێزی تر هەیە كە ليـژنەی وەرگێڕەكان لە چاپی ئێستادا زیادیان كردووە بە مەبەستی ڕوونكردنەوە و ئاسانكاری بۆ خوێنەری بەڕێز، لە كۆتاییەكەیاندا نووسراوە: (وەرگێـڕی عەرەبی يان وەرگێـڕی كوردى)
هەروەها لە پەراوێزەكاندا ئاماژەكراوە بۆ ناوی سورەت و ژمارەی ئەو ئایەتانەی كە دانەر لە قورئانەوە وەریگرتوون، وە ژمارەیان بۆ دانراوە بەوپێیەی كە ﴿بِسْمِ اللَّهِ﴾ یەكەم ئایەتە لە هەموو سورەتێك.
وە لە كۆتایی كتێبەكەدا پاشكۆیەك زیادكراوە: پێكھاتووە لە دەقـى ئینگليـزی ئەو بڕگە و تێکستانەی كە لە سەرچاوە بنچینەییەكانەوە وەرگیـراوە و دانەر لەناو كتێبەكەدا ئاماژەی پێداون.
پەڕاوێزەكان و پاشكۆكە بە ڕاوێژ و مۆڵەتی گەورەمان ئەمیـری باوەڕداران (خوا سەركەوتووی بكات) زیادكراون بۆ كتێبەكە.
لە كۆتاییدا داوای نزاى خێـر دەكەین لە خوای گەورە بۆ براى بەڕێز (بورهان ڕەسوڵ) کە ئەم کتێبەی لە عەرەبیەوە وەرگێـڕایە سەر زمانی شیرینی کوردی. خوای گەورە بە چاكترین شێوە پاداشتی بداتەوە.
داواكارین لە خوای گەورە كە لە ڕێگەی ئەم كتێبەوە سوود بگەیەنێت بە بەندەكانی و یارمەتیان بدات بۆ ناسین و شوێنكەوتنی ڕێگای ڕاست. ئامین.
بڵاوكار
*****
پوختەیەك دەربارەی ژیانی دانەر
گەورەمان میـرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام)، دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، لەساڵی 1835ز لە گوندی قادیان لە هيندستان لەدایكبووە. بەردەوام و بێ دابڕان بەقووڵی خەریكی خوێندنەوەی قورئانی پیـرۆز بووە بەپشتبەستن بە ژیانی خواپەرستی و وازهێنان لە خۆشگوزەرانی. وە كاتێك بینـی ئیسلام لە هەموو لایەكەوە بووە بە ئامانجی هێرشێكی توند و دوژمنكاریەكی دزێو، وە هێندەی نەماوە گومان و دوودڵی زاڵ بێت بەسەریدا، وە موسوڵمانان لە چینـی هەرەخوارەوەی بەدبەختیدان، وە ئایین بووە بە توێكڵ و كاكڵەی تێدا نەماوە، لەو كاتە ناسك و سەختەدا بەڕێزی دەستیكرد بە لادانی دەمامك لە ڕوخساری ڕاستەقینەی ئیسلام، وە هەستا بە لابردنی ئەو پەردە ئەستوورانەی كە دیمەنی جوان و بێ وێنەی ئەم ئايینەیان داپۆشی بوو؛ ئەوە بوو خەباتەكەی بە دانانی كتێبە مێـژووییە مەزنەكەی (البـراهین الأحمدیة) دەستیپێكرد لە چوار بەرگدا، كە تێیدا بە ڕاشكاوی تهحهددای كرد و ڕایگەیاند كە ئیسلام بریتیە لە ئایینی نەمر و زیندوو، وه بە شوێنكەوتنی مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندی خۆی بە خوای دروستكاریەوە عز وجل بەهێـز بكات و بە دیداری شاد بێت، وە ئەو ڕێنماییانەی كە لەناو قورئانی پیـرۆزدا هەیە و ئەو شەریعەتەی كە ئیسلام پێشكەشی دەكات ئامانج لێـی تەنھا بەرەوباڵابردنی مرۆڤە بۆ چڵەپۆپەی كەماڵ لە هەموو بوارەكانی ڕەوشتی و فیكری و ڕۆحیدا. بێگومان زۆربەی كتێبەكانی _كە لە هەشتا كتێب زیاترە_ بە زمانی ئوردویی و هەندێكیشیان بە زمانی عەرەبی و فارسی نووسراون. هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) ڕایگەیاند كە خوای گەورە (عز وجل) وەك مەسیحى بەڵێندراو و مەهدی پەیماندراو ڕەوانەی كردووە بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی كە لە تەورات و قورئانی پیـرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەردا (ﷺ) هاتوون. وە لە ساڵی 1889ز دا بەڕێزی ڕێگەی بەیعەتدانی هەڵبـژارد بۆ شوێنكەوتووانی بەمەبەستی پەیوەندی كردن بە كۆمەڵەكەیەوە كە ناوينا كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدى. زۆربەی کتێبەکانی _هەشتا و ئەوەندە کتێبن_ بە زمانی ئوردوییە، وە هەندێکی بە زمانی عەرەبی و فارسین.
پاش وەفاتی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدى (عليه السلام) لە ساڵی 1908ز دا گەورەمان حافز حەكیم نورەددین بە خەلیفەی یەكەم هەڵبژێردرا. پاش وەفاتكردنی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) لە ساڵی 1914ز دا گەورەمان میـرزا بەشیرەددین هەڵبژێردرا بە خەلیفەی دووەم كە بریتـی بوو لە كوڕی بەڵێندراوی گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام). وە كاتێك لە ساڵی 1965ز دا وەفاتی كرد، گەورەمان حافز میـرزا ناسر ئەحمەد، نەوەی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) وەك خەلیفەی سێيەم هەڵبژێردرا. دوای وەفاتكردنی ئەمیش لەساڵی 1982ز دا گەورەمان میـرزا تاهیر ئەحمەد، خوا سەركەوتووی بكات هەڵبژێرا، كە ئێستا ئیمامی كۆمەڵ و خەلیفەی چوارەمی مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام) [ئەم دەقە لە ساڵی 2002 نووسراوە، واتە لە کاتێكدا كە بەڕێز خەلیفەی چوارەم (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە ژیاندا بووە، بەڵام لە دوای وەفاتی بەڕێز خەلیفەی چوارەم، بەڕێز میرزا مەسروور ئەحمەد (خوا سەرکەوتووی بکات) لە ساڵی 2003 بووە بە خەلیفەی پێنجەم. (وەرگێڕی کوردی)]. بێگومان ئەم كۆمەڵە هەتا ئێستا لە زیاتر لە 170 وڵاتی جیھاندا دامەزراوە، وە بە یارمەتی خوای گەورە سەركەوتوو بووە لە دامەزراندنی تۆڕێكی فراوانی مزگەوت و ناوەندەكانی بانگەوازی ئیسلامی لە هەموو ناوچەكانی جیھاندا. وە كەناڵێكی ئاسمانی تایبەتی هەیە بەناوی MTA كەناڵی ئیسلامی ئەحمەدی كە بەدرێژایی كات بەرنامە ئايینی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیریەكانی پەخش دەكات بۆ هەموو لایەكی جیھان.
*****

بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
نَحمَدُهُ ونُصَلّي على رَسُولِهِ الكَريم
رَبَّنَا افْتَحْ بَيْنَنَا وَبَيْنَ قَوْمِنَا بِالْحَقِّ وَأَنْتَ خَيْرُ الْفَاتِحِينَ
پێشەكی دانەر
ئامانجم لە دانانی ئەم كتێبە ئەوەیە كە بەرپەرچی ئەو بیرۆكە هەڵە و مەترسیدارانە بدەمەوە كە لەناو زۆربەی گروپە موسوڵمان و مەسیحیەكاندا بڵاوبووەتەوە دەربارەی سەرەتا و كۆتاییەكانی ژیانی مەسیح (عليه السلام)، ئەمەش بە خستنەڕووی ڕووداوە ڕاستیەكان و بەڵگە مێژووییە تەواوەكان كە بەوپەڕی وردبینیەوە ساغكراونەتەوە.. وێڕای بەڵگەنامە بیانيە كۆنەكان… مەبەستم ئەوەیە بەرپەرچی ئەو بیرۆكانە بدەمەوە كە ئەنجامە تۆقینەرەكانی دەتوانێت تەلاری یەكتایی خوایی بڕوخێنێت، هەر ئەمەش نە بەتەنھا، بەڵكو كاریگەریە زۆر خراپ و ژەهراویەكانی بەردەوام تێبینی كراوە لە دۆخی ڕەوشتی موسوڵمانان لەم وڵاتەدا. وە بەهۆی باوەڕبوون بەم ئەفسانە و چیرۆكە پڕوپووچانەوە زۆرێك لە نەخۆشیە ڕۆحیهكانی وەكو ڕەوشت خراپی و بەدگومانی و دڵڕەقی و بێ ویژدانی لەناو زۆربەی گروپە ئیسلامیەكاندا بڵاوبوونەتەوە، لەكاتێكدا سیفەتە جوامێری و مرۆییەكانی وەكو هاوخەمی و دڵسۆزی و یارمەتیدان و بەزەیی و ئینساف و خۆبەكەمزانین ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو نەمان دەچێت لەناویاندا، بەجۆرێك خەریكە بەتەواوی بەجێیان بھێڵن. وە بەهۆی ئەم دڵڕەقی و لادانە ڕەوشتیەوە، دەبینین زۆربەی موسوڵمانان، كەمێكيان نەبێت، جیاوازيان نيە لەگەڵ دڕندەكاندا. لەكاتێكدا دەبينين یەكێك لە پەیڕەوكارانی جەینی [جەینیەكان گروپێكن لە گروپە هیندۆسیەكان كە شوێنكەوتووانی بیروباوەڕی ئازارنەدانی هیچ بوونەوەرێكی زیندوو مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ یان مێروو پیادە دەكەن. (وەرگێڕى عەرەبى)] یان ئایینی بودايی خۆی بەدوور دەگرێت تەنانەت لە كوشتنی مێشوولە یان كێچ، كەچی، زۆر بەداخەوە، زۆربەی موسوڵمانان لەكاتی ڕشتنی خوێنێك بەناهەق و لەناوبردنی كەسێكی بێتاواندا ناترسن لە تۆڵەی ئەو خودا بەتوانا و دەسەڵاتدارە كە گیانی مرۆڤی زۆر بەبایەختر داناوە لە سەرجەم ئاژەڵانی سەر زەوی.
تۆ بڵێی هۆكاری ئەم دڵڕەقی و دڕندەیی و توندوتیژیە چی بێت؟! بێگومان هۆكارەكەی هەر ئەوەیە كە ئەم جۆرە چیرۆكە ئەفسانەیی و بۆچوونە هەڵانە دەربارەی جیھاد هەر لە منداڵییەوە دەدرێت بە گوێیاندا و لەدڵیاندا جێگیر دەكرێت، كە ئەمەش وردە وردە ڕایاندەماڵێت بەرەو داڕمانی ئەخلاقی، تەنانەت وایان لێدەكات كە ئیتر دڵیان هەست بە قێزەونی ئەم كردارە خراپانە نەكات، بەڵكو ئەو كەسەی كە مرۆڤێكی بێتاوان غافڵكوژ دەكات و خاوخێزانی بەرەو كەندەڵانی دۆزەخ و لەناوچوون پاڵ پێوە دەنێت، وای لەقەڵەم دەدات كە كارێكی مەزنی كردووە و پاداشت دەدرێتەوە لەسەری، بەڵكو پێی وایە كە شانازیەكی گەورەی بەدەستھێناوە بۆ ئوممهتهكهی!
وە بەوپێیەی كە ئەو ئامۆژگارییانەی بەرهەڵستی دەكەن لەم خراپەكاریانە لەم وڵاتەی ئێمەدا پێشكەش ناكرێن، وە ئەگەر شتێك لەم بابەتە پێشكەش بكرێت ئەوا بە ڕێكەوتە، بۆیە دەبینین كە هزری خەڵكی گشتی زۆر بە توندی دایشكاندووە بەلای ئەم كردارانەدا كە ههڵگیرسێنهری شهڕ و ئاژاوەن. هەڵبەت پێشتر، وەكو میھرەبانیەك بەرامبەر گەلەكەم، كۆمەڵێك كتێبی زۆرم دانا بە زمانی ئوردويی و عەرەبی و فارسی و تێیاندا بەڕاشكاوی ئەوەم ڕاگەیاند كە بیرۆكەی جیھادی (دەستدرێژكارانە) لای موسوڵمانانی ئەمڕۆ و چاوهڕێ كردنیان بۆ ئیمامی خوێنڕێژ، وە ڕق و كینەیان لە گەلانی تر، هەموو ئەمانە تەنھا بەهۆی هەڵەیەكەوە پەیدا بوون كە هەندێ زانای ناحاڵی تێیكەوتوون. بەڵام ئیسلام ڕێگە نادات بە هەڵكێشانی شمشێر مەگەر لە جەنگی بەرگریدا یان لە دژایەتی كردنی ستەمكارانی لە سنوردەرچوودا وەك سزایەك بۆیان، یان لە جەنگێكدا كە بەرپا دەكرێت بۆ پارێزگاری كردن لە ئازادیە ڕەواكان. وە جەنگە بەرگریەكان ئەوانەن كە پەنایان بۆ دەبرێت بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیەكانی ئەو دوژمنەی كە هەڕەشە لە ژیانی خەڵكی دەكات. ئەمانە بریتین لە سێ جۆرەكەی جیھادی ڕەوا، ئەگینا بە هیچ شێوەیەك ئیسلام مۆڵەتی بەرپاكردنی جەنگ نادات بۆ بڵاوكردنەوەی ئایین.
پوختەی قسە، هەڵبەت من كۆمەڵێك كتێبـی زۆرم دابەشكرد دەربارەی ئەم بابەتە لەم وڵاتە و وڵاتانی عەرەب و شام و خۆراسان و هتد بە خەرجكردنی پارەو سامانێكی زۆر. وە بە فەزڵی خوای گەورە ئێستا كۆمەڵە بەڵگەیەكی بەهێـز و ڕۆشن و ئاماژەگەلێكی دڵنیاكەرەوە و كۆمەڵێك گەواهی مێـژوویم دەستكەوتووە بۆ ڕیشەكێشكردنی ئەم بیروباوەڕە پووچ و ساختانە لە دڵەكاندا، وە تیشكی ڕاستیەكانیان مژدەی ئەوەم پێدهدات كە بڵاوبوونەوەیان بەم نزیكانە دەبێتە هۆی گۆڕانكاريیەكی سەرسوڕهێن لە دڵی موسوڵماناندا دژی ئەم باوەڕە پووچانە. وە ئومێدێكی بەهێـز هەیە كە پاش تێگەيشتن لەم ڕاستیانە كانیاوی دڵڕفێن و جوان و شیرینی ئارامی و خۆبەكەمزانین و دڵنەرمی لە هەناوی ڕۆڵە خۆشبەختەكانی ئیسلامدا بتەقێت، وە ئەم گۆڕانكاريیە ڕۆحیە لەواندا خۆشبەختی و بەرەكەتێكی گەورە كێش دەكات بۆ ئەم وڵاتە. هەروەها من لەوە دڵنیام كە زانا مەسیحیەكان و هەموو ئەوانەی كە ئاواتیان گەيشتنە بە حەق و تینوون بۆی، كەڵك و سوود لەم كتێبەی من وەردەگرن.
پێشتر بە ڕاشكاوی ڕامگەیاند كە ئامانجی ڕاستەقینە لە دانانی ئەم كتێبە بریتیە لە ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیەی كە دزەی كردووەتە ناو بیروباوەڕی موسوڵمانان و مەسیحیەكانەوە، لە ڕاستیدا ئەم ڕاگەیاندنە ڕاشكاوە پێویستی بە هەندێ شیكردنەوە هەیە كە بەم شێوەیەی خوارەوە پێشكهشی دهكهم:
پێویستە ئەوە ڕوون و ئاشكرا بێت كە مەسیحیەكان و زۆربەی موسوڵمان باوەڕیان بەوە هەیە كە عیسا (عليه السلام) بە زیندوویی سەركەوتووە بۆ ئاسمان، وە ماوەیەكی دوورو درێژە بەردەوام هەردوو كۆمەڵەكە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە عیسا (عليه السلام) هێشتا زیندووە لە ئاسماندا، وە لە كاتێك لە كاتەكان لە سەردەمی كۆتاییدا دادەبەزێتە سەر زەوی. وە تاكە جیاوازی لەنێوان ڕاگەیاندنی هەردوو گروپەكەدا، مەبەستم موسوڵمان و مەسیحیەكانە، ئەوەیە كە مەسیحیەكان دەڵێن عیسا (عليه السلام) لەسەر خاچەكە مرد، پاشان گەڕایەوە بۆ ژیان، وە بەجەستە ماددیەكەیەوە بەرزبوویەوە بۆ ئاسمان و لەلای ڕاستی باوكیەوە دانیشتووە؛ وە لە ئاخرزەماندا دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی بۆ ئەوەی دادگەری تێدا دابمەزرێنێت. وە ئەوەش دەڵێن كە خوای گەردوون و دروستكارەكەی و خاوەنەكەی كەسێك نیە جگە لە یەسوعی مەسیح كە بە شكۆی خۆیەوە دادەبەزێت لەكاتی كۆتایی هاتنی دنیادا بۆ ئەوەی فەرمان دەربكات بە پاداشتدانهوه و سزادانی خەڵكی، وە لەو كاتەدا ئەو كەسانە دەگيـرێن كە باوەڕیان بە خوایەتی ئەو و دایكی نەبووە و هەڵدەدرێنە ناو دۆزەخەوە كە لەوێدا قیـژە و هاوار و گریانی زۆر هەیە!
لە كاتێكدا ئەو گروپە موسوڵمانانەی پێشتر باسكران دەڵێن عیسا (عليه السلام) لەسەر خاچ هەڵنەواسرا، وە نەمرد لەسەری، بەڵكو كاتێك جوولەكە گرتیان بۆ ئەوەی هەڵیواسن لەسەر خاچ فریشتەیەك لە فریشتەكانی خوا هەڵیكێشا بۆ ئاسمان بە جەستە ماددیەكەیەوە، وە بەردەوام هەتا ئێسا بە زیندوویی لە ئاسماندایە و بارەگاكەی لە ئاسمانی دووەمدایە كە لەوێشدا پێغەمبەری خوا یەحیا (عليه السلام) واتە یۆحەننا نیشتەجێیە.
هەروەها موسوڵمانان دەڵێن كە عیسا (عليه السلام) تەنھا پێغەمبەرێكە و لەلایەن خواوە ڕێزی لێ گیـراوە، وە نەخوایە و نەكوڕی خوایە، وە باوەڕیشیان وایە كە ئەو لە ئاخرزەماندا لای منارەی دیمەشق، یان لە شوێنێكی تردا دادەبەزێت، كە دەستی خستووەتەسەر شانی دوو فریشتە، وە هەڵدەستێت بە كوشتنی هەموو گەلانی ناموسوڵمانى جیھان بە هاوڕێیەتی ئیمامى موحەممەدی مەهدی كە لە نەوەی فاتیمەیە و پێشتر لە دنیادا سەرهەڵدەدات، وە ئەم دووانە [مەسیح و مەهدی] هیچ یەكێك لە خەڵكی جیھان بە زیندوویی ناهێڵنەوە جگە لەو كەسەی كە بێ دواكەوتن يەكسەر موسوڵمان دەبێت.
بەكورتی، گروپێك لە موسوڵمانان _كە ناوی خۆیان ناوە ئەهلی سوننە یان ئەهلی حەدیس، وە خەڵكی ئاسایی پێیان دەڵێن وەهابیەكان _باوەڕیانوایە كە مەبەستی ڕاستەقینە لە دابەزینـی عیسا (عليه السلام) ئەوەیە كە هەموو دنیا كاول بكات، كتومت وەك ئەوەی “مەهادیو” [یەكێكە لە گەورە خواوەندەكانی هیندۆس. (وەرگێڕى عەرەبى)] دەیكات بەگوێرەی بیروباوەڕی هيندۆسەكان، بێگومان ئەو سەرەتا خەڵكی بانگ دەكات بۆ ئیسلام، جا ئەگەر ڕوویان وەرگێـڕا و بەردەوام بوون لەسەر كوفرەكەیان ئەوا بە شمشێر دەدات لە هەموویان!
هەروەك بانگەشەی ئەوەش دەكەن كە ئامانج لە هێشتنەوەی مەسيح بەزیندوویی لە ئاسماندا بە جەستە ماددیەكەیەوە ئەوەیە كە لە كاتی لاوازی سوڵتانە موسوڵمانەكاندا مەسیح لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، بۆ ئەوەی لە گەلانی تر بدات و زۆریان لێ بكات تاكو باوەڕ بھێنن بە ئايينى ئیسلام، یان بدات لە ملیان ئەگەر سووربوون لەسەر كوفر!
وە زاناكانی گروپى باسكراو جەخت لەوە دەكەنەوە -بەتایبەتی دەربارەی مەسیحیەكان- كە عیسا (عليه السلام) پاش دابەزینـی لە ئاسمان هەموو خاچەكانی جیھان تێكدەشكێنێت، وە بێ بەزەییانە شمشێر دەخاتە كار لێیان و دنیا نوقم دەكات لە خوێندا. وەك پێشتر باسمكرد ئەمانە واتە ئەهلی حەدیس و موسوڵمانانی جگە لەوانیش بهخوێنگهرمی و گوڕوتینێكی بههێزهوه ئەو باوەڕەی خۆیان ڕادەگەیەنن كە گوایه پێش دابەزیـنی مەسیح ئیمامێك لە نەوەی فاتيمە دەردەكەوێت بەناوی موحەممەدی مەهدی، وە ئەو لە ڕاستیدا خەلیفە و پاشا دەبێت؛ چونكە لە تيـرەی قوڕەیشە؛ وە بەوپێیەی ئامانجی ڕاستەقینەی ئەو بریتیە لە كوشتنی ئەو گەلانەی باوەڕناكەن بە ئیسلام مەگەر ئەوانەیان كە يەكسەر داندەنێن بە شەهادەتی ئیسلامدا بە بێ دواكەوتن، بۆیه عیسایش (عليه السلام) لە ئاسمانەوە دادەبەزێت بۆ سەرخستن و یارمەتیدانی. وە دەڵێن ئەگەرچی عیسا (عليه السلام) لەخودی خۆیدا مەهدیە، بەڵكو لە ڕاستیدا ئەو مەهدی هەرەگەورەیە، بەڵام نابێتە خەلیفەی موسوڵمانان؛ چونكە پێویستە خەلیفەكان لە تیـرەی قوڕەیش بن. بۆیە خەلیفە هەر موحەممەدی مەهدیە. وە ئەوەش دەڵێن كە ئەم دووانە كوشتارێكی زۆر دەكەن و زەوی پڕ دەكەن لە خوێنی ئادەمیزادەكان بەجۆرێك كە نموونەی نەبووە و نابێت لە هيچ پارچەیەك لە پارچەكانی زەویدا لەو كاتەوەی كە بوونەوەر دروست بووە هەتا كۆتایی دنیا، وە ئەم دوو كەسە یەكسەر دەستدەكەن بە خوێنڕشتن بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت یان پێشكەش كردنی هیچ جۆرە نیشانەیەك. وە دەڵێن كە عیسا (عليه السلام) تەنھا ڕاوێژكار یان وەزیری ئیمامى موحەممەدی مەهدی دەبێت كە جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام بەردەوام هانی مەهدی دەدات بۆ كوشتنی سەرجەم گەلانی دنیا، وە لەمەدا زۆر بە توندی پێداگری دەكات، وەك ئەوەی مەسیح ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە لەم بوارەدا بەجێی هێشتووە لەماوەی ڕەوانەكردنی یەكەمیدا كە لە ئامۆژگاریە ڕەوشتیەكاندا تهمهنی خۆی خهرجكرد، وە خەڵكی فێر دەكرد بە خراپە ڕووبەڕووی خراپە نەبنەوە، بەڵكو پێویستە لەسەر هەموو كەسێك ڕوومەتی ڕاستیشی پێشكەش بكات ئەگەر زللـەیەك درا لە ڕوومەتی چەپی!
ئەمەیە بیروباوەڕی موسوڵمانان بەگشتی و مەسیحیەكان دەربارەی عیسا (عليه السلام)، وە گومانی تێدا نیە مەسیحیەكان لەوەدا كەوتنە هەڵەیەكی قورس و گرانەوە كە بانگەشەی خوایەتی مرۆڤێكی ناتوانایان كرد؛ بەڵام بیروباوەڕەكان دەربارەی دەركەوتنـی مەهدی خوێنڕێژ و مەسیحی بەڵێندراوی خوێنمژ كاریگەریەكی تەواو خراپ بهردهوام بەجێدەهێڵیت لە سەر بارودۆخی ڕەوشتی هەندێ لە گروپە ئیسلامیەكان لەناویشیاندا “ئەهلی حەدیس” كە پێیشیان دەوترێت وەهابیەكان؛ وە بەهۆی ئەم كاریگەریە زیانبەخشەوە ناتوانن بە نیازپاكی و دڵسافیەوە لەگەڵ هەر نەتەوەیەكدا بە ئاشتی بژین، هەروەك ڕازی نابن كە بەوپەڕی گوێڕایەڵی ڕاستگۆیانە و ئەمەكی تەواوەتیەوە بژین لە ژێر سێبەری هەر حكومەتێكی نائیسلامیدا.
وە زۆر ئاسانە هەموو كەسێكی ژیر پەی بەوە ببات كە ئەم جۆرە بیروباوەڕە بهتوندی ڕهخنهی لێ دهگیرێت و تانهی لێ دهدرێت، مەبەستم ئەو بیروباوەڕەیە كە زۆر بكەین لە گەلانی تر بۆ ئەوەی ئیسلام قەبوڵ بكەن ئەگینا چارەنووسیان كوشتنە! بێگومان ویژدانی مرۆڤ بە ئاسانی پەی بەوە دەبات كە شێوازی بەزۆر ملكەچكردنی مرۆڤ بۆ قەبوڵ كردنی هەر بیروباوەڕێك بەوەی كە هەڕەشەی كوشتنی لێ بكرێت پێش ئەوەی لە ناوەڕۆكەكەی تێبگات و ڕێنماییە باشەكانی بۆ ڕوون بێتەوە و شارەزا بێت لە خاسیەتە چاكەكانی ئەو ئایینە شێوازێكی تەواو قێـزەون و ناشرینە. چۆن دەگونجێت ئایینێك بەم شێوەيە گەشە بكات، بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئەم بیروباوەڕە دووچاری ڕەخنەی دەكات لەلایەن هەموو نەیارێكەوە. بێگومان ئەم جۆرە بیروباوەڕە لە كۆتاییدا دەبێته هۆی ئەوەی كە بەتەواوەتی دڵەكان خاڵی ببنەوە لە هاوخەمی و دڵسۆزی بۆ مرۆڤەكان، هەروەها بەتەواوی ڕەوشتە مرۆییە مەزنەكان لەناو دەبات وەكو میھرەبانی و دادگەری؛ وە ڕق و كینەیەكی ئەستوور جێگەی ئەم ڕەوشتە مرۆییانە دەگرێتەوە كە بەردەوام لە زیادبووندا دەبن؛ وە ڕەوشتی چاكە دەسڕێتەوە و شتێك نامێنێتەوە جگە لە دڕندەیی. وە حاشا ئەم جۆرە ڕێنماییە ناهەق و نادروستانە لەلایەن خوایەكەوە دەربكرێت كە تۆڵە لە كەس ناكاتەوە مەگەر دوای ئەوەی كە بە بەڵگە ڕاستیەكانی بۆ ساغ دەبێتەوە.
پێویستە لەسەرمان بیـربكەینەوە كە ئایا ڕەوایە بێ بیركردنەوە یان بەهەڵەشەیی كەسێك بكوژین كە باوەڕی نیە بە ئایینی هەق بەهۆی ئهوهی ئاگادار نیه له بەڵگەكانی ڕاستی ئەو ئایینە و بەرزی ئامۆژگاری و خاسیەتەكانی؟ نەخێـر، بەڵكو ئەم جۆرە كەسە باشتر و گونجاوترە كە ڕەحمـی پێ بكرێت و بەوپەڕی نەرمونیانیەوە ڕاستی ئەم ئایینە و چاكە و كەڵك و سوودە ڕۆحیەكانی بۆ ڕوون بكەینەوە، نەك ئەوەی كە نكوڵی كردنەكەی بەشمشێر یان بە فیشەك وەڵام بدەینەوە. لەبەرئەوە بیـرۆكەی جیھاد لای ئەم گروپە ئیسلامیانە لەم سەردەمەی ئێمەدا -وێڕای ئەو بانگەشەیان كە نزیكە ئەو سەردەمە بێتە پێش كە مەهدی خوێنڕێژ تێیدا ڕەوانە بكرێت بەناوی ئیمامى موحەممەد و مەسیح لە ئاسمانەوە دابەزێت بۆ سەرخستن و یارمەتیدانی، وە هەردووكیان بەیەكەوە دەستبكەن بە كوشتاری سەرجەم گەلانی ناموسوڵمان لەبەر باوەڕنەبوونیان بە ئیسلام- بیـرۆكەیەكە بەتوندی دژی داخوازیهكانی ڕهوشته. دیارە ئەم باوەڕە هەموو بەهرە و سیفهته مرۆییە چاكەكان لە خاوەنەكانیاندا لەكاردەخات و دەیانكات بە دڕندە، وە بەشێوەیەكیان لێ دەكات كە بە دووڕویی بژین لەگەڵ هەموو گەلەكاندا، تەنانەت قورسە بۆیان كه بهدڵسۆزی گوێڕایهڵی كاربهدهستانێك بكهن كه ئایینێكی تریان ههیه و پێكهوه بهئاسوودهیی بژین لهگهڵیدا، بەڵكو بەدرۆ گوێڕایەڵیەكی ساختە پیشان دەدەن؛ ئەم بابەتەیە كە پاڵی ناوە بە هەندێ تیـرەی ئەهلی حەدیسەوە، ئهوانهی ئاماژەیان بۆ كراوە، كە بە دووڕوویی ژیان بگوزەرێنن لە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئینگلیـز لە هيندستاندا؛ مەبەستم ئەوەیە لەلایەكەوە بهنھێنی بەڵێن دەدەن بە خەڵكی و هیواداریان دەكەن بەهاتنی ئەو ڕۆژە خوێناویانە و چاوەڕوانی مەهدی و مەسیحی خوێنڕێژ [لەناو ئەهلی حەدیسدا كەسی وا هەیە لە نووسینەكانیدا بەوپەڕی بێ ئابڕوویی و نەفامیەوە نووسیویەتی كە مەهدی بەم نزیكانە ڕەوانە دەكرێت و كاربەدەستە ئینگلیزەكانی هيندستان دیل دەكات، وە لەو كاتەدا پاشای مەسیحی دەگیرێت و بە قۆڵبەستكراوی دەیھێننە بەردەمی. وە هێشتا ئەم كتێبانە لە ماڵەكانی ئەهلی حەدیسدا بوونیان هەیە، لەوانە كتێبی (اقتراب الساعة) كە یەكێك لە كەسايەتيە ديارەكانيان نووسیویەتی، كە لە لاپەڕە 64 دا ئەم چیرۆكەی تێدا هاتووە. (نووسەر)] دهكهن، وە لەبەر ڕۆشنایی ئەم بانگەشانەدا بابەتە ئایينیەكان فێـری خەڵكی دەكەن؛ بە پێچەوانەوەشەوە، كاتێك دەگەن بە كاربەدەستان ڕووپایی دەكەن بۆیان و دەڵێن ئێمە دژی ئەم جۆرە بیروباوەڕانەین! لەگەڵ ئەوەی ئەگەر ئەوان بەڕاستی دژایەتی ئەم بیروباوەڕانە دەكەن؛ ئەوا ئەو ڕێگرە چیە كە ناهێڵێت بە ئاشكرا ئەمە بڵاوبكەنەوە لە كتێبەكانیاندا، وە بۆچی بە نائارامیەوە چاوەڕوانی مەهدی و مەسیحی خوێنڕێژ دەكەن وەك ئەوەی لەبەر قاپی وەستابن بۆ پێشوازی لێ كردنی و چوونەناو سوپاكەیەوە؟!
بهكورتی: بێگومان ئەم جۆرە بیروباوەڕانە بووەتە هۆی داڕوخانێكی گەورە لە دۆخی ڕەوشتی ئەم جۆرە مەلایانەدا، وە دوای ئەمە ئيـتر شیاوی ئەوە نین خەڵكی فـێری نەرمونیانی و لێبوردەیی بكەن، بەڵكو لای ئەوان كوشتنی شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر بە ناحەق یهكێكه لە مەزنـترین ئەركە ئایینیەكان كە پێویستە جێبەجێ بكرێت. وە زۆر دڵخۆش دەبووین ئەگەر گروپێك لە گروپەكانی ئەهلی حەدیس دژایەتی ئەم بیروباوەڕە پووچانە بكەن، بەڵام زۆر بەداخەوە لـێرەدا چارمان نیە كە بە ئاشكرا ئەوە ڕابگەیەنین كە لەناو گروپەكانی ئەهلی حەدیسدا “وەهابیەكان” هەن، كە خۆیان پەنھان دەكەن، باوەڕیان بە مەهدی خوێنڕێژ و جیھادی دەستدرێژكاری هەیە، كە لەمەدا پێچەوانەی ڕێبازی ڕاست و دروستن، بەجۆرێك لایان وایە كە كوشتنی سەرجەم خەڵكی ئایینەكانی تر لە دهرفهتێكی لەبار و گونجاودا لەو كردەوانەیە كە پاداشتهكهیان زۆر گەورەیە؛ لەگەڵ ئەوەی كە ئەم جۆرە بیروباوەڕانە، مەبەستم كوشتنی خەڵكە بەناوی ئیسلامەوە، یاخود دەستگرتن بەو هەواڵانەوە كە دەڵێن مەهدی یان مەسیحی خوێنڕێژ لە دنیادا دەردەكەوێت و كۆشش دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی ئایینی ئیسلام بە كوشتن یان هەڕەشەی خوێنڕشتن، بەتەواوی پێچەوانەی قورئانی پڕ لە دانست و فەرموودە ڕاستەكانن!
بێگومان پێغەمبەر (ﷺ) لە مەككە و پاش كۆچكردنيش لێـی ئازارێكی زۆری چەشت بەدەست كافرەكانەوە، بەتایبەتی ئەو 13 ساڵەی كە لە مەككەدا بەسەری برد، وە بهچهندین شێوازی جۆراوجۆر ستهمی لێكرا و چهوسێنرایهوه كە مرۆڤ لە كاتی بیرلێكردنەوەیان بەكوڵ دەگری، بەڵام ئەو (ﷺ) شمشێری هەڵنەكێشا دژی دوژمنەكانی، وە وەڵامی قسە تاڵ و سوێرەكانی نەدانەوە مەگەر دوای ئەوەی كە زۆربەی هاوەڵ و كەسە ئازیزەكانی بێ ڕەحمانە و بەوپەڕی دڵڕەقیەوە كوژران؛ هەروەها خۆیشی (ﷺ) تووشی جۆرەها ئەشكەنجەی جەستەیی بوو، تەنانەت ویستیان فریوی بدەن بۆ ئەوەی بە ژەهر بیكوژن، وە چەندەها فێڵ و تەڵەكەیان نایەوە بۆ لەناو بردنی. پاشان كە وەختـی تۆڵەسەندنەوەی خوایی هات؛ گەورە و سەردارانی مەککە هەموویان پیلانیان گێـڕا بۆ ئەوەی بیكوژن و بە تەواوی لەناویبەرن؛ لەو كاتەدا ئەو خودایەی كە خۆشەویستانی خۆی و پیاوچاكە ڕاستگۆكان دەپارێزێت پێـیڕاگهیاند كە لەم شارەدا شتێك نەماوە جگە لە خراپە و شەڕ، وە خەڵكەكەی كۆبوونەتەوە بۆ كوشتنی ئهو، بۆیە پێویستە لەسەری كە بەخێرایی لـێی دەرچێت؛ ئیتـر لەو كاتەدا كۆچی كرد بۆ مەدینە بە پەیڕەوكردنی فەرمانی خوای گەورە. لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنەكانی وازیان نەهێنا لە ڕاوەدوونانی، بەڵكو شوێنی كەوتن و بەوپەڕی پێداگریەوە دەیانویست بەتەواوی ئیسلام ورد و خاش بكەن. وە دوای ئەوەی كە خراپەیان پەرەیسەند و سزادانیان بووە كارێكی پێویست لەبەرئەوەی زۆر كهسی بێتاوانیان كوشت، خوای گەورە ڕێگەیدا بە موسوڵمانان كە كوشتاری ئەو كافرانە بكەن وەكو بەرگرییەك لە خۆیان و پارێزگاری كردن لە ئازادی هەڵبـژاردن. وە ئەو شەڕفرۆشانە و هاوكارەكانیان بەهۆی ئەوەی كە بەستەم و دەستدرێژی، بێ بوونی كوشتار یان جەنگێكی ڕەوا، خوێنی خەڵكیان ڕشتبوو، وە بەهۆی دەستگرتنیان بەسەر موڵك و ماڵی كوژراوەكاندا، پێویست بوو هەمان مامەڵەی توندیان لەگەڵدا بكرێت، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر (ﷺ) لەكاتی ڕزگاركردنی مەككەدا لە هەموو ئەو شەڕفرۆشانە خۆش بوو. لەبەرئەوە ئەو بانگەشەیەی كە گوایە پێغەمبەر (ﷺ) یان هاوەڵەكانی شەڕیان بەرپا كردووە لەپێناوی بڵاوكردنەوەی ئاییندا، لە كاتێك لەكاتەكان، یاخود زۆریان كردبێت لە یەكێك بۆ قەبوڵ كردنی ئیسلام، هەڵەیەكی نابەجێ و ستەمێكی گەورەیە.
وە شايەنى باسە كە دوژمنایەتی هەموو گەلان بۆ ئیسلام لەو سەردەمەدا گەيشتبووە لوتكە، وە نەیارەكان شەو و ڕۆژ سەرقاڵی دارشتنی پیلان بوون بۆ ڕیشەكێش كردنی درەختـی ئیسلام، بەو گومانەی كە موسوڵمانان تەنھا گروپێكی كەم و دەستەيەكى بیدعهچین؛ وە خەمی هەموو یەكێك لە دوژمنەكان بریتـی بوو لە تیابردنی بەپەلەی موسوڵمانان و پەرتەوازەكردنیان تاكو مهترسی ژیانهوه و گهشهكردنیان نهمێنێت؛ لەبەرئەوە لە هەموو هەنگاوێكدا دژایەتی موسوڵمانانیان دەكرد، وە ئەگەر لە تیرەیەكدا كەسێك موسوڵمان بوایە دەستبەجێ دەیانكوشت، ياخود ژیانی ئەو كەسەیان دەخستە گەورەترین مەترسیەوە. جا لەو كاتەدا وەكو ڕەحمەتێك بەرانبەر موسوڵمانە تازەكان خوای گەورە تەمێكردنێكی سەپاند بەسەر ئەم جۆرە هێـزە دەمارگیرانەدا كە بریتـی بوو لەوەی ملكەچ بن بۆ دەسەڵاتی ئیسلامی بەپێدانی سەرانە، بهمهش دهرگاكانی ئازادی كرانهوه بۆ ئیسلام؛ وە ئامانج لەمەدا ئەوە بوو كە بەربەستەكان لابـبرێن لە ڕێگەی هەر كەسێكدا كە دەیەوێت باوەڕ بھێنێت. وە لە ڕاستیدا ئەمەش هەر ڕەحمەتێك بوو لەلایەن خواوە بۆ خەڵكی دنیا و هیچ زوڵم و ستەمێكی تێدا نەبوو بەرامبەر هیچ كەسێك.
وە شتێكی بەڵگەنەویستە كە دەسەڵاتدارانی نەتەوەكانی تر لەم كاتەی ئێستادا ئازادی ئایینییان لە ئیسلام قەدەغە نەكردووە، وە ڕێگری ناكەن لە هیچ كەسێك كە هەستێت بە جێبەجێ كردنی فەرمانە ئیسلاميەكان، وە كەسێك لە نەتەوەكەی خۆیان ناكوژن كە بچێته ناو ئايينى ئیسلامەوە، وە لە بەندیخانەكان توندیان ناكەن، وە سزای جۆربەجۆریان نادەن؛ كەوابوو ئیتـر چ هۆكارێك هەیە بۆئەوەی ئیسلام شمشێر هەڵبكێشێت لە دژیان؟!
وە ئاشكرایە كە ئیسلام هەرگـیز فەرمانی نەكردووە بە ناچاركردن و بەزۆر سەپاندن. جا ئەگەر ئێمە سەرنجماندا لە قورئانی پڕ لە دانست و كتێبەكانی فەرموودە و سەرجەم كتێبە مێژووییەكان، یاخود بەپـێی توانا بە سەرنجدان و تێڕامانەوە گوێبیستیان بین لە كەسێكەوه؛ ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم پشكنینە فراوانە بۆمان دەردەخات كە تۆمەتباركردنی ئیسلام بەوەی كە شمشێری بەرزكردووەتەوە لەپێناوی بڵاوكردنەوەى ئاييندا بوختانێكی گەورە و درۆیەكی شاخدارە؛ وە تەنھا بانگەشەی ئەو كەسانەیە كە بە شێوەیەكی بێلایەن و دوور لە دەمارگیری توێژینەوەیان نەكردووە لە قورئان و فەرموودەكان و كتێبە متمانە پێكراوهكانی مێـژووی ئیسلامی، بەڵكو توانای خۆیان خەرج كردووە لە ساختەكاری و درۆهەڵبەستندا. بەڵام من زانیاریم هەیە كە ئێستا ئەو سەردەمە نزیك بووەتەوە كە تینوانی حەق و ڕاستی پەی بەرن بە ساختەیی ئەم بوختانانە.
كەوابوو چۆن دەتوانین ئایینێك خەوشدار بكەین بە ناچاركردن و زۆرەملێ كە كتێبەكەی واتە قورئانی پـیرۆز، بەتەواوی ڕاشكاوييەوە ئەوەمان فـێر دەكات كە ]لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ[ [“هیچ زۆرکردنێك لە ئاییندا نیە” سورة البقرة: 257. (وەرگێڕ).]. وە ئایا مافی ئەوەمان هەیە ئەو پێغەمبەرە كە لە مەككەی پـیرۆز بە درێژایی 13 ساڵ بەردەوام هاوەڵەكانی ڕادەسپارد كە وەڵامی شەڕ بەشەڕ نەدەنەوە، وە بەردەوام سەبر و ئارامیان هەبێت تۆمهتبار بكهین بهوهی كه باوهڕی به زۆرهملێ و ناچاركردن ههبووه؟ بەڵێ، كاتێك دەستدرێژی دوژمنان هەموو سنورێكی تێپەڕاند و هەموو گەلەكان كۆبوونەوە بۆ لەناوبردنی ئایینی ئیسلام، غیرەتی خوا ئەوەی خواست كە ئەوەی شمشێری هەڵكێشاوە بە شمشێر بكوژرێت؛ ئەگینا قورئان هەرگـیز باوەڕدارانی فـێری زۆرەملێ و ناچارکردن نەكردووە. ئەگەر زۆرەملێ و ناچاركردن لە ڕێنماییەكانی ئایینی ئیسلام بوایە ئەوا هاوەڵەكانی پێغەمبەر (ﷺ) نەیاندەتوانی لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا وەكو باوەڕدارە ڕاستەقینەكان نموونەی ڕاستگۆیی و ئەمەكداری پێشكەش بكەن. دیارە ئەمەكی هاوەڵەكانی گەورە و سەروەر و پێغەمبەرمان (ﷺ) بابەتێكە بە هیچ شێوەیەك پێویستی بە باس كردن نیە؛ چونكە شاراوە نیە لە هیچ كەسێك كە هەڵوێستەكانی ڕاستگۆیی و ئەمەكی ئەوان گەيشتە پلەیەكی وەها مەزن كە هاوتای نیە لەناو نەتەوەكانی تردا. هەڵبەت ئەم ئوممهته بەئەمەكە تەنانەت لە ژێر سێبەری شمشێریشدا وازی نەهێناوە لە ڕاستگۆیی و ئەمەكی خۆی، بەڵكو لە ئەمەكداری بۆ پێغەمبەرە ئازیز و مەزنەكەی ڕاستگۆییەكی وەهای پیشانداوە كە ناگونجێت هیچ مرۆڤێك ڕازابێتەوە بەو ڕاستگۆییە مەگەر سنگ و دڵی گهشاوه بێت بە نووری ئیمان.
بهكورتی ناچاركردن و زۆرەملێ لە ئیسلامدا نیە، وە جەنگە ئیسلامیەكان لە سێ بەش تێپەڕ نابن:
1- جەنگی بەرگری، واتە بۆ بەرگری لەخۆكردن.
2- جەنگی تۆڵەسەندنەوە، واتە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو كەسانەی كە بە ناحەق خوێن دەڕێژن.
3- جەنگی ئازادی، واتە بۆ جێگیركردنی ئازادی ئایینی و لووت شكاندنی هـێزە دوژمنكارەكان كە موسوڵمانان دهكوژن بەهۆی ئیسلامبوونیانەوە.
بەو پێيەی كە ئیسلام خاڵیە لە هەر ڕێنماییەك كە بەزۆر و هەڕەشەی كوشتن خەڵكی ناچار بكات باوەڕی پێبھێنن بۆیە شتێكی چەسپاوە كە چاوەڕێی دەركەوتنـى مەهدی خوێنڕێژ و مەسیحی خوێنخۆر كارێكی تەواو هیچ و پووچە؛ چونكە ئەستەمە یەكێك ڕەوانە بكرێت كە خوێن بڕێژێت لەپێناوی ئەوەی خەڵكی بكات بە موسوڵمان بە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی ئیسلامەوە. وە ئەم بابەتە بابەتێك نیە كە تێگەيشتن لێی كارێكی ئەستەم یان گران بێت، بەڵام تەماحە دەروونیەكان پاڵی بە خەڵكی نەفامەوە ناوە بۆ وەرگرتـنی؛ چونكە زۆربەی مەلاكان فریویان خواردووە و پێیانوایە كە جەنگەكانی مەهدی بەڵێندراو غەنیمەتێكی زۆریان بەسەردا دەڕێژێت بەجۆرێك كە ناتوانن ئەم غەنیمەتانە لای خۆیان بپارێزن. وە بەوپێەی كە مەلاكانی ئەم وڵاتە لەم ڕۆژگارەدا زۆر هەژارن، بۆیە بەردەوام شەو و ڕۆژ چاوەڕوانی ئەم جۆرە مەهدیەن، ئاواتهخوازن بەم ڕێگەیە مەبەستەكانی دەروونیان جێبەجێ بكەن؛ لەبەرئەوە دوژمنایەتی هەر كەسێك دەكەن كە نكوڵی لە سەرهەڵدانی ئەم جۆرە مەهدیە بكات و بێ دواكەوتن كافری دەكەن و لە چوارچێوەی ئیسلام دەیكەنە دەرەوە. وە لەبەر هەمان ئەم هۆكارانە منیش لای ئەوان كافرم؛ چونكە من باوەڕم نیە بە دەركەوتـنی مەهدیەكی خوێنمژ و مەسیحێكی خوێـنڕێژی لەم شێوەیە، بەڵكو بە توندترین شێوە ڕقم دەبێتەوە لەم جۆرە بیروباوەڕە پڕوپووچانە.
وە هۆكاری كافركردنم لەلایەن ئەوانەوە تەنھا نهویستن و ڕهتكردنهوهی ئەو بیروباوەڕە نیە كە ئەوان بانگەشەی دەكەن، بەڵكو هۆكارێكی تریش هەیە كە بریتیە لەوەی، بەگوێرەی وەحی خوایی، بە ئاشكرا ئەوەم ڕاگەیاندووە كە من ئەو مەسیحە بەڵێندراوە ڕاستەقینەیەم كە لە ڕاستیدا مەهدیشە و مژدە دراوە بە هاتنی لە ئینجیل و قورئانی پیـرۆز و فەرموودەكاندا. بەڵام من تفەنگ و شمشێر هەڵناگرم، بەڵكو خوا _عز وجل_ فەرمانی پێ كردووم كە بەوپەڕی نەرمونیانی و ئارامی و خۆبەكەمزانینەوە بانگەوازی خەڵكی بكەم بۆ لای خودای حەق و ئەزەلی و نەگۆڕ و خاوێن و پیـرۆز (القُدُّوس) و لەسەرخۆ و میھرەبان و دادگەر.
بێگومان من خۆم نوورم بۆ ئەم سەردەمە تاریكە، وە ئەو كەسەی شوێنم دەكەوێت ئەوا بەدوور دەبێت لەو هەڵدێر و چاڵەقووڵانەی كە شەیتان ئامادەی كردووە بۆ ئەوانەی كە لە تاریكیدا دەڕۆن. هەڵبەت خوا ڕەوانەی كردم بۆ ئەوەی بە ئاشتی و ئارامیەوە ڕێنمایی خەڵكی دنیا بكەم بۆلای خودای حەق، وە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی تەلاری ڕەوشتە نموونەییەكانی ئیسلام. وە دیارە خوا كۆمەڵێك نیشانەی ئاسمانی پێ خەڵات كردووم بۆ ئەوەی بە هۆیانەوە دڵی داواكارانی حەق و ڕاستی ئۆقرە بگرێت، وە لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵە كارێكی سەرسوڕهێنەری دەرخستووە بۆ پشتگیری كردنم، وە كۆمەڵە كاروبارێكی غەیـبی و كۆمەڵە ڕازێكی داهاتووی بۆ ئاشكرا كردووم كە بریتین لە پێوەری ڕاستەقینە بۆ ناسینەوەی ڕاستگۆیان بەگوێرەی كتێبە پیرۆزەكانی خوا. وە زانستگەلێكی پـیرۆز و ڕۆحانی پێ بەخشیوم، كە بەهۆیانەوە ئەو كەسانەی كە ڕقیان لە حەقە و ڕازین بە تاریكی دژایەتیم دەكەن، بەڵام من بە پێی توانا سوورم لەسەر دڵسۆزی و یارمەتیدانی مرۆڤایەتی.
بێگومان گەورەترین دڵسۆزی بۆ مەسیحیەكان لەم چەرخەی ئێستادا بریتیە لەوەی كە سەرنجیان ڕابكێشم بۆ لای ئەو خودایەی كە حەقە و زۆر بەرزترە لە مناڵبوون و مردن و ئێش و ئازار و كەمایەسیەكانی تر. ئەو خودایەی كە هەموو تەن و ئەستێرە سەرەتاییەكانی بەشێوەی گۆیی دروستكردووە، وە دواجار لە ڕێوشوێنە سروشتیەكانی خۆیدا بەڵگەیەكی تۆمار كردووە لەسەر ئەوەی كە زاتی مەزنی وەسفكراوە بە یەكتایی هەروەك شێوەی گۆیی ئەوە دەگەیەنێت، لەبەرئەوە هیچ شتێكی لە شتە سادە و ساكارەكانی بە شێوەی سێگۆشە دروست نەكردووە.. مەبەستم ئەوەیە كە ئەوەی بە دەستی خوای گەورە دروست كراوە لە سەرەتای گەردووندا وەك زەوی و ئاسمان و خۆر و مانگ و ئەستێرەكان و ڕەگەزەكانی تر، هەموویان شێوەیان گۆییە، وە لە گۆیی بوونى ئەم دروستكراوانەدا بەڵگە هەیە لەسەر یەکتایی. لەبەرئەوە باشترین ڕێگە بۆ یارمەتیدانی مەسیحیەكان و سۆز و بەزەیی بەرانبەریان لەڕاستیدا بریتیە لە ڕێنمایی كردنیان بۆلای ئەو خودایەی كە حەققە و هەموو ئەو شتانەی بەدەستی خۆی دروستی كردوون بەدووری دەگرن لەوەی بكرێت بە سێ خوا.
وە ئاشكرایە كە گەورەترین هاوخەمی و دڵسۆزی بۆ موسوڵمانان بریتیە لەوەی كە هەستین بە چاككردنی بارودۆخی ڕەوشتیان، وە سەرجەم ئەو هیوا پووچانە لەناوبەرین كە ڕەگی داكوتاوە لە دڵیاندا دەربارەی هاتنی مەهدی و مەسیحی خوێنڕێژ كە تەواو پێچەوانەی ئامۆژگاریەكانی ئیسلامە.
هەڵبەت پێشتر ئەوەم نووسی كە باوەڕی هەندێ لە زانایانی موسوڵمانانی ئەمڕۆ دەربارەی سەرهەڵدانی مەهدی خوێنڕێژ كە بە زەبری شمشێر ئایین بڵاودەكاتەوە بیروباوەڕێكە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی ئیسلامە، وە تەنھا بەرهەمی هەواو ئارەزووەكانی دەروونیانە. وە بەسە بۆ ئەو موسوڵمانەی كە چاكەكارە و حەقی خۆش دەوێت، بۆ سڵەمینەوە لەم بیرۆكانە، ئامۆژگاریەكانی قورئانی پڕ لە دانست بە لەسەرخۆیی و ئارامیەوە بخوێنێتەوە و بەڕامان و سەرنجدانەوە هەڵوێستەیان لەسەر بكات، بۆئەوەی پەی ببات بەوەی كە چۆن وتەی پیـرۆزی خوا دژی ئەوەیە كە هەڕەشەی كوشتن لە یەكێك بكرێت بۆئەوەی موسوڵمان بێت.
ئەم بەڵگەیە بە تەنھا بەسە بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەم جۆرە بیروباوەڕانە، بەڵام سۆز و خۆشەویستیم بۆ ئەم كەسانە پاڵی پێوەنام كە جەخت بكەمەوە لەسەر پووچ بوونی ئەم باوەڕە بە بەڵگە مێژوویی و دەلیلە ڕۆشنەكانی تر. وە لەم كتێبەدا دەیسەلمێنم كە مەسیح (عليه السلام) لەسەر خاچ نەمردووە و بەرزنەبووەتەوە بۆ ئاسمان، وە هەرگیز ئومێدی ئەوە ناكرێت كە لە ئاسمانەوە دابەزێتەوە بۆ سەر زەوی، بەڵكو لە سرینەگەر لە كشمیر مردووە پاش ئەوەی كە 120 ساڵ ژیاوه [لە “كنز العمال”دا هاتووە (فضائل أهل البيت مجملاً ومفصلاً، فصل في فضلهم مجملاً، فاطمة رضي الله عنها، مكتبة التراث الإسلامي، مطبعة الثقافة، حلب، المجلد الثالث عشر، صفحة 676 رقم الحديث 37732): لە عائیشەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەو نەخۆشییەیدا كە تێیدا كۆچی دوایی كرد فەرمووی: ئەی فاتیمە ئەی كچی شیرینم، لێم نزیك بەرەوە سەرت دانەوێنە ئەویش لێی نزیك بوویەوە، ساتێك چپەی بۆ كرد، پاشان فاتیمە سەری بەرزكردەوەو گریا وە عائیشە لەوێ ئامادەبوو. پاشان پێغەمبەری خوا پاش ئەو ساتە پێی وتەوە لێم نزیك بەرەوە و سەرت دانەوێنە، ئەویش نزیك بوویەوە، ساتێك چپەی بۆ كردەوە، پاشان فاتيمە سەری بەرزكردەوە و پێكەنی. ئینجا عائيشە وتی: ئەی كچی پێغەمبەری خوا، پێم بڵێ باوكت چپەی چی بۆ كردیت. ئەویش وتی لە نزیكەوە بینیت كە بە نهێنی چپەی بۆ كردم، پاشان پێت وایە كە من نهێنیەكەی ئاشكرا دەكەم لە كاتێكدا كە زیندووە؟ ئەمە لەسەر دڵی عائیشە زۆر گران بوو كە نھێنیەك هەبێت و نەیزانێت، كاتێك خوای گەورە پێغەمبەری بردەوە بۆ لای خۆی عائیشە بە فاتیمەی وت: ئایا ئێستا ئەو هەواڵەم پێ ناڵێیت؟ ئەویش وتی: ئێستا با. یەكەمجار چپەی بۆ كردم و هەواڵی پێدام كە جوبرەئیل هەموو ساڵێك یەك جار دەوری قورئانی پێكردوومەتەوە، بەڵام ئەم ساڵ دوو جار دەوری پێ كردمەوە. وە هەواڵی پێداوە كە هیچ پێغەمبەرێك نەبووە لە دوای پێغەمبەرێك مەگەر نیوە تەمەنی ئەو پێغەمبەرەی پێش خۆی ژیاوە، وە ئەو هەواڵی پێدام كە عیسا سەد و بیست ساڵ ژیاوە، وە خۆم وانابینم مەگەر لەسەرەتای شەست ساڵیدا كۆچ دەكەم”. (وەرگێڕی عەرەبی)]، وە گۆڕەكەشی لە گەڕەكی “خانیار”ە لە سرینەگەر.
وەك ڕوونكردنەوەیەك بۆ ئەم مەبەستە ئەم توێژینەوەم دابەشكردووە بۆ دە بەش و كۆتاییەك بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- ئەو بەڵگانەی كە لەم بارەیەوە لە ئینجیلدا دەستمان كەوتووە.
2- ئەو بەڵگانەی كە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا دۆزیمانهوه.
3- ئەو بەڵگانەی كە لە كتێبە پزیشكیەكانەوە دەستمان كەوتووە.
4- ئەو بەڵگانەی كە لە كتێبە مێژووییەكاندا دۆزیمانهوه.
5- ئەو بەڵگانەی كە بە قسەی دەماودەم پێمانگەيشتووە.
6- ئەو بەڵگانەی كە لە كۆمەڵە قەرینەیەكەوە وهرمانگرتووه كە هەندێكیان پشتگیری هەندێكی تریان دەكەن.
7-ئەو بەڵگانەی كە لە دەلیلە ئەقڵیەكانەوە كۆمانكردوونەتەوە.
8- ئەو بەڵگانەی كه وەحی خوایی ئاشكرای كردوون، ئهو وهحیهی كە لەم دواییەدا دابهزیوه بۆمان.
ئەمە هەشت باس.
9- وە باسی نۆیەم بەراوردێكی كورتی لەخۆگرتووە لەنێوان ئیسلام و مەسیحیەتدا لەڕووی ڕێنماییەكانیانەوە، هەروەك بەڵگەكانی ڕاستی ئیسلامی تێدا كۆبووەتەوە.
10- وە باسی دەیەم _تا ڕادەیەك- شیكردنەوەیەكی تەواوەتی تێدایە بۆ ئەو ئامانجەی كە خوا لەپێناویدا ڕەوانەی كردووم و ڕوونكردنەوەی ئەو بەڵگانەی كە ئەوە دەگەیەنن من مەسیحی بەڵێندراوم لەلایەن خوای گەورەوە. وە ئەم كتێبە كۆتایی دێت بە هەندێ ڕێنمایی گرنگ.
وە من هیوادارم خوێنەرانی بەڕێز بە هێمنی ئەم كتێبە بخوێننەوە و ئەم ڕاستیانە پشتگوێ نەخەن تەنھا بەهۆی گومانى خراپەوە، بۆئەوەی بزانن كە ئەم توێژینەوەیە ڕووكەش و ناجێگیر نیە، بەڵكو بەرهەمی هەوڵێكی بێ وچان و گەورەیە. وە داواكارین لە خواى گەورە كە هاوكاریمان بكات بۆ بەجێھێنانی ئەم كارە، وە بەهۆی وەحی تایبەتی خۆیەوە بە شێوەیەكی تەواوەتی نووری ڕاستی و دڵنیاییمان پێ ببەخشێت؛ چونكە هەموو زانیاریەكی ڕاست و زانستێكی پاك و بێگەرد تەنھا لەلایەن ئەوەوە دادەبەزێت، وە هەر ئەوە بە یارمەتی خۆی ڕێنماییی دڵەكان دەكات. ئامین پاشان ئامین.
بەندەی خاكی
میرزا غوڵام ئەحمەد
لە قادیان
25 / نیسانی ساڵی 1889 زایینی
بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
باسی یەكەم
مەسیحیەكان باوەڕیان وایە لە ئەنجامی پیلانێك كە یەهوزای ئیسخەریوتی سازی كردبوو عیسا (عليه السلام) لەخاچدرا، پاشان گەڕایەوە بۆ دنیا، ئینجا بەرزبوویەوە بۆ ئاسمان. بەڵام ئەگەر ئینجیلمان پشكنی ئەوا بەڕوونی بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم باوەڕە باوەڕێكی پووچە. ئەوەتا لە ئینجیلی “مەتتا” لە بەشی 12 ژمارە 40دا هاتووە: “هەروەك چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سكی ماسیەكی گەورەدا بوو، ئاواش كوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناخی زەویدا دەمێنێتەوە.”
وە ئاشكرایە كە یونس (عليه السلام) لەناو سكی نەهەنگەكەدا نەمرد، بەڵكو ئەوپەڕی ئەوەی كە بەسەری هاتبێت لەناو سكی نەهەنگەكەدا تەنھا بوورانەوە بووە. بێگومان كتێبە پیرۆزەكانی خوا شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی كە یونس بەردەوام، بە فەزڵ و ڕەحمەتی خوا، زیندوو بووە لەناو سكی نەهەنگەكەدا، وە بە زیندوویش لێی دەرچووە، وە لە كۆتاییدا گەلەكەی باوەڕیان پێ هێنا. جا ئەگەر مەسیح (عليه السلام) مردووە لەناو سكی نەهەنگەكەدا[ئەمە بەشێوەی سەهوو هاتووە لە نوسخە ئەصڵیەكەدا، ڕاستیەكەی: لەناو ناخی زەویدا. (وەرگێڕی عەرەبی)] ئەوا چ لێكچوونێك هەیە لەنێوان كەسێك زیندوو بێت و كەسێك مردبێت؟ نەخێر نێوانی ئەم دووانە زۆر جیاوازە! لەڕاستیدا مەسیح (عليه السلام) پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بوو، وە بەتەواوەتی ئەوەی دەزانی كە ئەو خودایەی خۆشی دەوێت ڕزگاری دەكات لە مردنی نەفرەت لێكراو، وە بەگوێرەی وەحیەك لەلایەن خوای گەورەوە، وەك پێشبینیەك، ئەم نموونەیەی باسکردووە كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەرگیز لەسەر خاچ نامرێت، وە هەرگیز گیانی دەرناچێت لەسەر ئەم تەختە نەفرەت لێكراوە، بەڵكو تەنھا دەبوورێتەوە وەك چۆن پێغەمبەر یونس بوورایەوە (سەلامی خوایان لێ بێت).
هەروەها مەسیح (عليه السلام) بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە ئاماژەیشی بۆ ئەوە كردووە كە لە هەناوی زەوی دەردەچێت و لەگەڵ گەلەكەیدا كۆدەبێتەوە، وە لەناویاندا ڕێز و حورمەتێكی زۆر بەدەستدەهێنێت وەك چۆن یونس لەناو گەلەكەیدا ڕێزی لێ گیرا. وە ئەم هەواڵە مەزنەیش هاتەدی؛ چونكە مەسیح (عليه السلام) دوای دەرچوونی لەناخی زەوی كۆچی كرد بۆ لای تیرەكانی گەلەكەی كە نیشتەجێ بوون لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات وەكو كشمیر و تبت و وڵاتی تر… مەبەستم ئەوەیە كە كۆچی كرد بۆ لای ئەو 10 تیرەیەی نەوەی ئیسڕائیل كە “شەلەمنئاسەر”ى پاشای ئاشووری 721 [جوولەكەی تریش _سەرەڕای ئەمانە_ دوورخرانەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەهۆی ڕووداوەكانی بابلەوە (وەرگێڕی عەرەبی)] ساڵ پێش مەسیح (عليه السلام) دیلی كردن و لە سامیرە قوڵبهستی كردن، كە لە كۆتاییدا كۆچیان كرد بۆ هيندستان و لە ناوچە جیاوازەكانیدا نیشتەجێ بوون.
وە مەسیح (عليه السلام) هەر دەبوو ئەم گەشتەی بكردایە؛ چونكە خوای گەورە ئامانجی پێغەمبەرایەتیەكەی دیاریكردبوو بەوەی كە بگات بەو تیرە وێڵ و دەربەدەرانەی جوولەكە كە نیشتەجێ بوون لە ناوچە جیاوازەكانی هيندستاندا؛ چونكە ئەمانە مەڕە ونبووەكانی نەوەی ئیسڕائیل بوون، كە پاش كۆچ كردنیان بۆ هيندستان، وازیان هێنابوو لە ئايينى باوباپیریان، وە زۆربەیان باوەڕیان هێنابوو بە ئایینی بودایی، پاشان وردە وردە لەو ئایینە وەرگەڕابوون بۆ بتپەرستی. هەڵبەت دكتۆر Bernier لە كتێبەكەیدا “گەشتەكانی دكتۆر Bernier” لە كۆمەڵێك زاناوە گێڕانەوەیەكی باسكردووە كە دانیشتوانی كشمیر لە بنچینەدا ئەو هۆزانەی جوولەكەن كە لە سەردەمی پەرتەوازەبوونیان بەدەستی پاشای ئاشووری بە ئاوارەیی کۆچیان کردووە بۆ ئەم وڵاتە. (بگەڕێوە بۆ بەرگی دووەمی كتێبی Travelsی دكتۆری فەرەنسی Bernier)
كەوابوو یەكێك لە گرنگترین كارەكانی مەسیح (عليه السلام) ئەوە بوو كە بگەڕێت بەشوێن ئەو مەڕە ونبووانەی نەوەی ئیسڕائیلدا كە پاش كۆچكردنیان بۆ ئەم وڵاتانە لەگەڵ خەڵكی خۆجێیی ئەو ناوچانەدا تێكەڵاو ببوون. وە لە لاپەڕەكانی دواییدا ئەوە دەسەلمێنین كە مەسیح (عليه السلام) هاتووە بۆ وڵاتی هيندستان، وە بەردەوام لە جێگەیەكەوە چووە بۆ جێگەیەكی تر هەتاكو لە كۆتاییدا گەيشتووەتە كشمیر، وە ئاوارە ئیسڕائیلیەكانی لەناو بودايیەكاندا دۆزیوەتەوە، پاشان باوەڕیان هێناوە بە مەسیح (عليه السلام) وەك چۆن گەلی یونس باوەڕی هێنا بە یونس (عليه السلام). وە ئەمەش چارەنووسێك بوو پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو؛ چونكە مەسیح (عليه السلام) خۆی لە ئینجیلدا بەڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاندووە كە ڕەوانەكراوە بۆ لای مەڕە ونبووەكانی نەوەی ئیسڕائیل.
بێگومان لەبەر هۆكارێكی تریش دەبوو مەسیح (عليه السلام) ڕزگاری بێت لە مردنی سەر خاچ، هۆكارەكەش ئەوەیە كە لە كتێبی پیرۆزدا هاتووە: هەركەسێك لەخاچ بدرێت نەفرەت لێكراوە. وە وشەی نەفرەت واتایەكی قێزەون لەخۆدەگرێت بەجۆرێك پیادەكردنی بەسەر مرۆڤێكی پیرۆزی وەكو مەسیحدا، ئەگەر بۆ ساتێكیش بێت، ستەمێكی گەورە و ناهەقیەكی ئاشكرایە؛ چونكە لای هەموو زاناكانی زمان مانای نەفرەت پەیوەستە بە دڵی مرۆڤەوە، تهنھا بهكهسێك دهوترێت نهفرهت لێكراو كه بههۆی گوێڕایهڵی نهكردنی خوای گهورهوه دڵی ڕهش بوو بێت و بێبهش بوو بێت له ڕهحمهتی خوا و خاڵی بووبێتهوه له خۆشهویستی و ناسینی ئهو (سبحانه وتعالى)، وه ناخی پڕ بوو بێت له ژههری گومڕایی و سهرلێشێواوی پاش ئهوه وهكو شهیتان دهبێت به كوێرێكی بهدبهخت و چارهڕهش، بهجۆرێك گهردیلهیهك له نووری ناسین و خۆشهویستی خوای تێدا نامێنێتهوه، بگره ههموو پهیوهندیهكی ڕاستگۆیی و ئهمهكی ئهو كهسه له خوادا دهپچڕێت، تهنانهت لهنێوان ئهو كهسه و خوای گهورهدا ڕق و قین و دوژمنایهتی پهیدا دهبێت، بهجۆرێك خوا دهبێت به دوژمنی و ئهویش دهبێت به دوژمنی خوا، وه خوا دهست لهو بهردهدات و ئهویش دهست لهخوا بهردهدات، بهكورتی ههموو سیفهتهكانی شهیتان دهبات بۆ خۆی، وە لەبەرئەمەیە كە شەیتان ناونراوە نەفرەت لێكراو* [بگەڕێوە بۆ فەرهەنگە عەرەبیەكان وەك: لسان العرب، الصحاح للجوهري، والقاموس المحیط، وتاج العروس، و جگە لەوانەیش. (نووسەر)].
پاش ئەمە ڕوون دەبێتەوە كە چەمكی وشەی نەفرەت لێكراو مانایەكی پیس و گڵاوی هەیە بەجۆرێك ئەستەمە پیادە بكرێت بەسەر هەر مرۆڤێكی چاكەكاردا كە لێشاوی خۆشەویستی خوای گەورە لە دڵیەوە سەرڕێژی كردبێت!
زۆر بەداخەوە، مەسیحیەكان كاتی دروستكردنی ئەم باوەڕە بیریان نەكردەوە لە واتای نەفرەت، ئەگینا هەرگیز زاتی ئەوەیان نەدەكرد كە ئەم جۆرە وشە پیسە ببڕن بەسەر مرۆڤێكی چاكەكاری وەكو مەسیحدا (عليه السلام). ئایا دروستە بڵێین ساتەوەختێك هاتووە بەسەر مەسیحدا (عليه السلام) كە دڵی دووركەوتووەتەوە لە خوای گەورە، وە كافر بووە پێی و وازی لێ هێناوە و بووە بە دوژمنی؟ وە ئایا بۆمان هەیە ئەو گومانە بكەین كە ڕۆژێك لە ڕۆژان مەسیح (عليه السلام) هەستی بەوە كردووە كە یاخی بووە لە خوای گەورە و بووە بە دوژمنی، وە نوقم بووە لە تاریكی كوفر و سەرپێچیدا؟ جا لەبەرئەوەی دڵی مەسیح (عليه السلام) تووشی ئەم نەخۆشیانە نەبووە، بەڵكو هەمیشە لێوانلێو بووە لە نووری خۆشەویستی و خواناسی، ئیتر، ئەی كەسانی ژیر و هۆشیار، چۆن دەتوانرێت بوترێت كە دڵی لهلایهن خواوه تووشی یهك نهفرهت نهبووه بهتهنھا، بەڵكو تووشی هەزارەها نەفرەت بووە بە هەموو بەڵا و كارەساتەكانیەوە! نەخێر، پەنا بەخوا! كەوابوو چۆن دەكرێت بڵێین مەسيح (عليه السلام)، پەنا بە خوا، بووە بە كەسێكی نەفرەت لێكراو؟
زۆر بەداخەوە ئەگەر مرۆڤ قسەیەكی لە زار هاتەدەر یان دەستی گرت بە بیروباوەڕێكەوە ئەوا ڕازی نابێت كە وازی لێ بھێنێت ئەگەرچی خواروخێچی ئەو قسەيە یان ئەو بیروباوەڕەیشی بۆ دەربكەوێت. گومانی تێدا نیە كە خواستی بەدەستھێنانی ڕزگاری كارێكی چاك و سوپاسكراوە ئەگەر ئەم خواستە لەسەر بناغەی حەقیقەت و ڕاستی بنیات نرابێت، بەڵام ئەمە چۆن خواستێكە كە حەقیقەتێكی هەرەمەزن لەناودەبات و پاڵ بەمرۆڤەوە دەنێت بۆ ئەو باوەڕەی گوایە كاتێك هاتووە بەسەر پێغەمبەرێكی خاوێن و مرۆڤێكی كامڵدا كە تێیدا هیچ پەیوەندیەكی بە خوای گەورەوە نەماوە، وە دوژمنایەتی و ڕق و ناكۆكی و شەڕ و هەرا كەوتووەتە نێوانیانەوە لەبری پێكەوە گونجان و تەبایی، وە تاریكی باڵی كێشاوە بەسەر دڵیدا لە جیاتی نوور و ڕۆشنایی!
ئەوەشمان لەیاد نەچێت كە ئەم بیرۆكەیە بەتەنھا پێچەوانەی پایەی پێغەمبەرایەتی مەسیح و پەیامەكەی نیە، بەڵكو دژایەتیش دەكات لەگەڵ بانگەشەكانی كەماڵ و پاكێتی و خۆشەویستی و خواناسیهكهی كە لە ئینجیلدا دووپاتی كردووەتەوە! ئینجیل بخوێننەوە بۆ ئەوەی ببینن كە چۆن عیسا (عليه السلام) بانگەشە دەكات و دەڵێت: من ڕۆشناییم بۆ جیھان، من ڕێنیشاندەرم، وە من پەیوەنديیەكی خۆشەویستی پتەوم لەگەڵ خوادا هەیە، وە من لەلایەن ئەوەوە لەدایكبوون و سەرەتایەكی پاكم پێدراوە، وە منم كوڕی خۆشەویستی ئەو. كەوابوو چۆن دەگونجێت، سەرەڕای ئەم پەیوەندیە پیرۆزە نەپچڕاوانە، هەرچی مانای پیس و چەپەڵ هەیە لە وشەی نەفرەتدا بچەسپێت بەسەر دڵی مەسیحدا؟ نەخێر ناگونجێت.
كەواتە بەبێ بچوكترین گومان ئەوە دەركەوت كە مەسیح لەخاچ نەدراوە، واتە نەمرد لەسەر خاچەكە؛ چونكە كەسێتی ئەو بەرزترە لەو ئاكامە دزێوانەی كە لە كرداری لەخاچدانهوه دەكەوێتەوە.
وە ئەگەر لەخاچ نەدرابێت ئەوا بەبێ هیچ گومانێك ئەوە ئاشكرا دەبێت كە دڵی پارێزراو بووە لە چەپەڵی نەفرەت، هەروەها ئەوەش دەچەسپێت كە هەرگیز بەرز نەبووەتەوە بۆ ئاسمان؛ چونكە بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان بەشێكە لە بیرۆكەی لەخاچدان و لقێكە لە لقەكانی. جا كاتێك دەركەوت ئەو كەسێكی نەفرەت لێكراو نەبووە، وە نەچووەتە دۆزەخەوە بۆ سێ ڕۆژ، وە مردنی نەچەشتووە، ئەوا بەشی دووەمیش واتە بەرزبونەوەی بۆ ئاسمان پووچ دەبێتەوە.
وە لێرەدا كۆمەڵە بەڵگەیەكی تر هەیە لەسەر ئەم ڕاستیە لە ئینجیلدا كە لە خوارەوە تۆماری دەكەین.
یەكەمیان ئەوەیە كە مەسیح لە زاری خۆیەوە ڕایگەیاندووە لە ئینجیلدا و دەفەرموێت: “بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەكەوم بۆ جەلیل.” (مەتتا بەشی 26 : 32)
لەم ڕاگەیاندنەوە بەڕوونی ئەوە دەردەكەوێت كە مەسیح، پاش دەرچوونی لە گۆڕەكە، كۆچی كردووە بۆ شاری جەلیل نەك بۆ ئاسمان. وە قسەی مەسیح (دوای هەستانەوەم) هەرگیز مانای هەستانەوەی نیە لەپاش مردنی، بەڵكو بەو پێيەی كە مەسیح، بەگوێرەی بانگەشەی جوولەكە و خەڵكی ئاسایی، لەداهاتوودا دەكوژرا لەسەر خاچ، لەبەرئەوە بهگوێرهی بانگهشهكانی داهاتووی ئهوان ئەم دەربڕینەی بەكارهێناوە. لە ڕاستیدا ئەو كەسەی كە هەڵدەواسرێت لەسەر خاچ و بە بزمار دەست و قاچی دادەكوترێت هەتا لەتاو ئازاری بەژان دەبوورێتەوە و وەكو مردووی لێ دێت، ئەگەر پاش ڕزگاربوون لەم جۆرە ئازار و ئەشكەنجانە هۆشی هاتەوە و پاشان گوتی: سەرلەنوێ گەڕامەوە بۆ ژیان، ئەوا ئەم قسەیەی بە زیادەڕەوی دانانرێت. گومانی تێدا نیە كە دەربازبوونی مەسیح لە مردن سەرەڕای ئەم بەڵا گەورەیە، كارێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو موعجیزەیەك بووە، بەڵام ئەو بانگەشەیە هیچ ڕاستیەكی تێدانیە كە گوایە ئەو لەسەر خاچ مردووە.
بێگومان ئینجیلەكان ئەم جۆرە وشانەیان لەخۆگرتووە، بەڵام ئەمانە تەنھا كۆمەڵێك هەڵەى نووسەرانی ئینجیلەكانن وەكو زۆرێك لەو هەڵانەی تريان كە كردوویانه لەكاتی تۆماركردنی ڕووداوە مێژووییەكانی تردا. هەڵبەت توێژەران و ڕاڤەكارانی ئینجیل دانیان ناوە بەوەدا كە دەربڕین و ڕاگەیاندنی ئینجیل دابەش دەبێت بۆ دوو بەش:
بەشی یەكەمیان پێكھاتووە لە ڕێنماییە ئایینیەكان كە حەواریەكان لە مەسیحەوە (عليه السلام) پێیان گەيشتووە، ئەم بەشە بریتیە لە ڕۆحی ئینجیل.
بەشی دووەم ڕووداوە مێژووییەكان لەخۆدەگرێت وەكو ڕەچەڵەكی عیسا (عليه السلام) و بەسەرهاتی قۆڵبەست كردن و هەوڵی كوشتنی، وە گۆمى موعجیزەكان و ڕووداوەكانی تر. وە نووسەرانی ئینجیل لەلایەن خۆیانەوە بەگوێرەی بیر و تێگەيشتنی خۆیان ئەم بابەتانەیان نووسیوە، كە ئەمانە وەحی ئاسمانی نین. وە جاروبار لە خستنەڕووی ئەم ڕووداوانەدا زیادەڕەویەكی زۆریان كردووە، بۆ نموونە لە یەكێك لە بابەتەكاندا هاتووە كە ئەو موعجیزانەی بەهۆی مەسیحەوە پەیدا بوون ئەگەر لە كتێبەكاندا تۆماربكرایە ئەوا زەوی بەو فراوانیەی خۆی جێگە ئەو كتێبانەی تێدا نەدەبوویەوە. ئەمە چ زیادەڕەویەکە!
سەرباری ئەمە، ئەو كارەساتەی كە تووشی مەسیح هات ئەگەر وەسف بكرێت بە مردن ئەوا پێچەوانەی شێوازەکانی ئاخاوتن نیە لە زماندا، بەڵكو ئەم جۆرە دەربڕینە بڵاوه و ناسراوە لە زمانی هەموو نەتەوەیەكدا، ئەوەتا بە كەسێك كە لە بەڵایەكی کوشندە ڕزگاری بووبێت دەوترێت كە دووبارە ژیانی پێ دراوەتەوە، وە ئەمە بەدەربڕینێكی قورس و گران دانانرێت لە زمانی هیچ گەلێكدا.
لێرەدا بابەتێكی تر هەیە كە شایانی باسكردنە، ئەویش ئەوەیە كە لە ئینجیلی بەرنابادا هاتووە مهسیح به لهخاچدان نهمردووه، زۆر پێدەچێت یەك دانە لەو ئینجیلە لە كتێبخانەی بەناوبانگی لەندەندا هەبێت. وە دەتوانین ئەو دەرەنجامە بەدەست بھێنین كە بێگومان ئەم ئینجیلە _كە لەنێوان ئینجیلەكانی تردا حیسابی بۆ ناكرێت، بەڵكو بەبێ بەڵگە ڕهتكراوهتهوه_ كتێبێكی دێرینە و هاوچەرخی سەرجەم ئینجیلەكانی ترە. كە دۆخەكە بەم شێوەیە بێت ئایا بۆمان ڕەوا نیە سوود لەم كتێبە كۆنە وەربگرین بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە سەرچاوەیەكی مێژوویی گرنگە و ڕووداوی سەردەمە كۆنەكانی لەخۆگرتووە؟ دیارە بەلایەنی كەمەوە ئەم كتێبە ئەوە ڕادەگەیەنێت كە لەو كاتەدا هەموو خەڵكی هاودەنگ نەبوون لەسەرئەوەی كە مەسیح (عليه السلام) لەسەر خاچ مردووە.
سەرەڕای ئەوە، خودی چوار ئینجیلەكە هاوشێوەی ئەم جۆرە ئیستیعارانەیان تێدایە بەجۆرێك لەناویاندا بە كەسی مردوو وتراوە خەوتوو نەوەكو مردوو. دەی ئایا ئەوە بەدوور دەزانرێت كە لەم شوێنەشدا بوورانەوە بە مردن وەسف كرابێت؟
پێشتر وتمان ناكرێت و ناگونجێت كە درۆ قسەی پێغەمبەر لێڵ و پیس بكات، وە ئاشكرایە كە مەسیح مانەوەكەی خۆی لەناو گۆڕدا بۆ سێ ڕۆژ چوواندووە بەو سێ ڕۆژەی كە لە ڕووداوەكەی یونسدا هەیە، ئەو ڕاستیەی كە لەمەوە دەردەكەوێت ئەوەیە كە هەروەك چۆن یونس لەناو سكی نەهەنگەکەدا سێ ڕۆژ مایەوە بە زیندوویی، بەهەمان شێوە مەسیحیش لەناو گۆڕەكەدا سێ ڕۆژ بە زیندوویی ماوەتەوە، وەك زانراوە گۆڕی مەسیحیەكان لەو سەردەمەدا وەكو ئەم گۆڕانە نەبووە كە لەم سەردەمەی ئێمەدا هەن، بەڵكو لەناوەوە فراوان بووە وەكو ژوورێكی پان و بەرین، وە لە تەنیشتەكانیەوە دەلاقە هەبووە كە بە بەردی گەورە داخراوە. دواتر لە شوێنی گونجاوی خۆیدا ئەوە دەسەلمێنین كە ئەو گۆڕەی مەسیح لەم دواییانەدا لە سرینەگەر لە كشمیر دۆزرایەوە بە تەواوی لەو گۆڕە دەچێت كە مەسیح لە حاڵەتی بوورانەوەكەدا خرایە ناوی.
بەكورتی لەو دەستەواژەیەی ئینجیل كە پێشتر نووسیمان ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە مەسیح دوای دەرچوونی لە گۆڕەكە ڕۆيشتووە بەرەو جەلیل. ئەوەتا لە ئینجیلی “مەرقۆس”دا هاتووە كە دوای دەرچوونی لە گۆڕەكە بینراوە بەرەو جەلیل ڕۆيشتووە، وە لە كۆتاییدا گەيشتووە بە یازدە حەواریەكەی خۆی كە نانیان دەخوارد، وە دەست و قاچی برینداری خۆی پیشانی ئەوان داوە، وە ئەوان پێیان وابووە كە ئەو ڕۆحە، ئەویش پێیان دەفەرموێت: دەستم لێ بدەن و بۆم بڕوانن، ئاشكرایە كە ڕۆح جەستە و ئێسقانی نیە وەك دەمبینن، وە پارچەیەك لە ماسی برژاوی وەرگرتووە لێیان لەگەڵ كەمێك پاڵفتەی هەنگوین، وە لەبەردەمیاندا دەستی كردووە بە خواردن. (ئينجيلى مەرقۆس بەشی 16 : 14، و ئينجيلى لۆقا بەشی 24 : 39-42)
زۆر بەجوانی لەم دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت كە هەرگیز مەسیح سەرنەكەوتووە بۆ ئاسمان، بەڵكو پاش دەرچوونی لە گۆڕەكە ڕۆيشتووە بۆ جەلیل، وەكو هەموو خەڵكی بە لاشە و جلكی ئاساییەوە. ئەگەر پاش مردنی ژیانی بۆ بگەڕایەتەوە ئەوا نەدەگونجا كە شوێنەواری لەخاچدانەكە بەسەر جەستە شكۆمەندەكەیەوە بمێنێت، وە پێویستی بە خواردن نەدەبوو، وە ئەگەر لەو كاتەدا پێویستی بەخواردن بووە ئەوا لە ئێستاشدا زیاتر پێویستی پێیەتی!
خوێنەران فریو نەخۆن كە پێیان وا بێت خاچی جوولەكە لەو سەردەمەدا وەكو سێدارەی ئەمڕۆ وابووبێت كە مەگەر بە ئاستەم ئەگینا هیچ كەسێك لەمردن ڕزگاری نابێت لەسەری. نەخێر، خاچی جوولەكە لەو سەردەمەدا گوریسی خنكاندنی پێوە نەبووە، وە تاوانبار لە هەوادا هەڵنەواسراوە بەلابردنی بنكەی دارین لەژێر پێیدا، بەڵكو درێژ دەكرا لەسەر خاچەكە و بە بزمار دەست و قاچی دادەكوترا بەخاچەكەدا، وە دەتوانرا -ئەگەر ببەخشرایە- پاش داكوتانی پەلەكانی بە بزمار و مانەوەی بەهەڵواسراوی لەسەر خاچەكە بۆ ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ، بەبێ ورد و خاش كردنی ئێسكەكانی، بەزیندوویی لەسەرخاچەكە بھێنرێتە خوارەوە، وەك ڕازی بوونێك بەو ئەندازە سزایەی كە چەشتوویەتی. بەڵام ئەگەر بیانویستایە بیكوژن ئەوا بەلایەنی كەمەوە سێ ڕۆژ بەسەر خاچەوە دەیانھێشتەوە، وە نەیاندەهێشت كە خواردن و خواردنەوە بگاتە دەمی، ئینجا دوای ئەوە ئێسكەكانیان دەشكاند، وە تاوانبارەكە دوای چەشتنی ئەو هەموو جۆرە سزایە گیانی دەردەچوو. بەڵام خوای گەورە بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی مەسیحی (عليه السلام) ڕزگار كرد لەوەی بەم ڕادەیە تووشی سزایەك بێت كە بە تەواوەتی ژیان لەناو دەبات.
وە ئەگەر كەمێك بە سەرنجدانەوە ئینجیل بخوێنیتەوە بۆت ڕوون دەبێتەوە كە مەسیح (عليه السلام) سێ ڕۆژ لەسەر خاچەكە نەماوەتەوە، وە ئازاری تینوێتی و برسێتی نەچەشت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، وە ئێسكەكانی نەشكێنرا، بەڵكو نزیكەی دوو سەعات لەسەر خاچەكە مایەوە، بەجۆرێك خوای گەورە، بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی، وای بڕیاردا دابوو لە سەعاتە كۆتاییەكانی ڕۆژدا پرۆسەی لەخاچدانەكە ئەنجام بدرێت، كە لە ڕۆژی هەینيدا بوو بەجۆرێك ڕۆژەكە تەنھا ماوەیەكی كەمی مابوو، وە ڕۆژەكەی دوایی شەممە بوو كە “جەژنی فيصح”ی جوولەكەیە، وه حهرام بوو بۆ جوولهكه و شایستهی سزای خوا دهبوون ئهگهر له ڕۆژی شهممه و شهوهكهیدا كهسێكیان به ههڵواسراوی بهجێ بھێشتایه لهسهر خاچ. وە ئەوانیش وەكو موسوڵمانان بەگوێرەی هەیڤ ڕەچاوی دیاریكردنی كاتیان دەكرد و شەویان پێش ڕۆژ دەخست.
بەم شێوەیە لەلایەكەوە ئەم هۆكارە زەمینیانە ڕوویاندا، لەلایەكی ترەوە كۆمەڵێك تەگبیری ئاسمانی دەركەوتن لەلایەن خوای گەورەوە، ئەوەبوو كاتژمێر شەش واتە كەمێك پێش خۆرئاوابوون باهۆزێك هەڵی كرد و هەموو سەرزەوی تاریك كرد، وە ئەم تاریكیيە بۆ ماوەی سێ كاتژمێر لەسەریەك درێژەی كێشا. (ئينجیلى مەرقۆس بەشی 15 : 33). وە كاتێك ئەم شەوە ئەنگوستەچاوە زیاتر تاریك بوو جوولەكە ترسیان لێ نیشت كە نەوەك شەوی شەممە بەسەردا بێت و شایستەی سزا بن لەبەر شكاندنی حورمەتی شەممە؛ بۆیە بەپەلە هەستان بە دابەزاندنی مەسیح و ئەو دوو دزەی كه لەگەڵ ئەو لهسهرخاچ ههڵواسرابوون.
هەروەها تەگبیرێكی ئاسمانی تر دەركەوت كە ئەوە بوو ژنەكەی پیلاتۆس پەیامێكی بۆ پیلاتۆس نارد لەو كاتەدا كە لەسەر كورسی دادگا دانیشتبوو كە بریتی بوو لەوەی: “هیچ لەو بێتاوانە مەكە، (واتە هەوڵی كوشتنی نەدەیت)؛ چونكە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چەشت”. (ئینجیلی مەتتا بەشی 27 : 19).
وە ئەو خەوەی كە تێیدا فریشتەی خوا دەركەوت بۆ ژنەكەی پیلاتۆس بە دڵنیاییەوە ئەوە دەسەلمێنێت بۆ ئێمە و هەموو كەسێكی تری بە ویژدان كە خوای گەورە نەیویستووە مەسیح لەسەر خاچ بمرێت؛ چونكە لەو ڕۆژەوەی دنیا دروست بووە هەتا ئەمڕۆ هەرگیز ڕووینەداوە كە خوای گەورە كەسێك هان بدات لە خەویدا كە كارێك بكات بۆ ڕزگاربوونی كەسێك پاشان ئەم ڕزگاربوونە نەیەتەدی. بۆ نموونە لە ئینجیلی “مەتتا”دا هاتووە كە فریشتەی پەروەردگار لە خەوندا دەركەوت بۆ یوسف و وتی: “هەستە مناڵەكە و دایكی ببە و ڕاكە بۆ میسر، وە لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم؛ چونكە هیرۆدس خەریكە بەشوێن مناڵەكەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیكوژێت” (ئینجیلى مەتتا بەشی 2 ژمارە 13).
دەی هیچ كەسێك دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە كوشتنی یەسوع كارێك بووە ڕهنگه ڕوویبدایە پاش ئەوەی كە گەیشتە میسر؟ بەهەمان شێوە خەوی ژنەكەی پیلاتۆسیش تەگبیرێكی خوایی بووە بۆ ڕزگاربوونی مەسیح، وە شكستی ئەم تەگبیرە كارێكی ئەستەم بووە. كەواتە هەروەك چۆن ئەگەری لەناوچوونی مەسیح لە ڕووداوی میصردا پێچەوانەی بەڵێنی یەكجارەكی خوای گەورە بووه بەهەمان شێوە ڕێی تێناچێت كە فریشتە لە خەودا دەربكەوێت بۆ ژنی پیلاتۆس و هۆشداری ئەوەی پێ بدات كە كوشتنی مەسیح لەسەر خاچ هەرگیز خێری تێدا نیە بۆتان كەچی ئەم دەركەوتنەی فریشتەی خوا بەفيڕۆ بچێت و بێھودە بێت، وە مەسیح لەسەر خاچ بكوژرێت! ئایا نموونەی لەم جۆرە شك دەبەن؟ بهدڵنیاییهوه نەخێر، بەڵكو هەر كەسێكی ژیر كە خاوەنی سروشتێكی ساغ بێت ئەگەر سەیری ئەم خەوەی ژنەكەی پیلاتۆس بكات ئەوا لەناخەوە لەوە دڵنیا دەبێت كە ئامانجی ئەم خەوە تەنھا بریتی بووە لە دانانی پلان بۆ ڕزگاربوونی مەسیح.
بەڵێ، لە دنیادا هەموو مرۆڤێك بۆی هەیە كە ڕاستی درەوشاوە ڕەتبكاتەوە و وەرینەگرێت وەك دەمارگیرییەك بۆ بیروباوەڕەكەی خۆی، بەڵام داخوازیەكانی دادپەروەری پاڵمان پێوە دەنێت كە دان بەوەدا بنێین خەوی ژنەكەی پیلاتۆس بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ڕزگاربوونی مەسیح لە مردنی سەرخاچ، وە لەناو هەموو ئینجیلەكاندا باوەڕپێكراوترین ئینجیل ئەم خەوەی تۆماری كردووە مەبەستم ئینجیلی (مەتتا)یە. بێگومان ئەو بەڵگانەی كە پێشكەشی دەكەین لەم كتێبەدا بەسە بۆ پووچكردنەوەی بيروباوەڕی خوایەتی مەسیح و كەفارەت، بەڵام داخوازی دەستپاكی و ڕاستگۆیی ئەوە دەسەپێنێت بەسەرماندا كە لەپێناوی وتەی ڕاستدا بایەخ نەدەین بە نەتەوە و هۆز و باوەڕە تەقلیدیەكانمان.
بێگومان لەو كاتەوە كە دنیا دروست بووە مرۆڤەكان بەهۆی كەموكورتی لە تێگەيشتنیان هەزارەها شتیان كردووە بە خوای خۆیان و تەنانەت پشیلە و ماریشیان پەرستووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە مرۆڤە ژیرەكان بەیارمەتی خوای گەورە ڕزگاریان بووە لەم جۆرە بيروباوەڕانە كە بیروباوەڕی ئەو كەسانەیە هاوەڵ بۆ خوا بڕیاردەدەن.
یەكێكی تر لە بەڵگەكانی ئینجیل لەسەر ڕزگاربوونی مەسیحی كوڕی مەریەم لە مردنی لەسەر خاچ بریتیە لەو سەفەرە درێژەی كە ئەنجامیدا بۆ شاری جەلیل پاش دەرچوونی لە گۆڕەكە، ئەوە بوو سهرهتا لە سپێدەی ڕۆژی يەك شەممەدا لەگەڵ مەریەمی مەجدەلیەدا كۆبوویەوە، ئەويش دەستبەجێ هەواڵیدا بە حەواریەكان كە مەسیح زیندووە، بەڵام ئەوان باوەڕیان نەكرد. پاشان مەسیح دەركەوت بۆ دووان لە حەواریەكان كاتێك دەچوون بۆ یەكێك لە گوندەكان، لە كۆتاییدا دەركەوت بۆ یانزە حەواریەكەى تر كاتێك دانیشتبوون نانیان دەخوارد، وە سەرزەنشتی كردن لەسەر دڵڕەقی و لاوازی باوهڕیان. (مەرقۆس بەشی 16 : 9_14).
پاشان گەیشت بە حەواریەكان كاتێك دەچوون بەرەو گوندێك كە پێى دەوترا “ئەمواس” كە 375 فرسەخ لە ئۆرشەلیمەوە دوور بووە، وە كاتێك نزیك بوونەوە لە گوندەكە ویستی پێشیان بكەوێت بۆئەوەی لێیان جیابێتەوە، ئەوانیش نەیانھێشت و وتیان: ئەم شەو لەلامان بمێنەرەوە، نانی شێوانی خوارد لەگەڵیاندا و ئەو شەوە هەموویان لە گوندى ئەمواس مانەوە. (لۆقا بەشی 24 : 13-31).
ئاشكرایە كە ئەستەمە و ناچێتە عەقڵەوە لە جەستەیەكی شكۆمەندەوە، كە مەسیحیەكان خەیاڵ دەكەن عیسا ئەو جەستەیەی هەبوو بێت دوای مردنی، ئەو كردەوانە ڕووبدات كە تایبەتن بە جەستەی ماددی فانی وەك خواردن و خواردنەوە و خەوتن و سەفەركردنی بۆ جەلیل كە 70 فرسەخ لە ئۆرشەلیمەوە دوورە [فەرسەخ پێوانەیەکە بۆ زانینی ماوە (دووری)، چەندین بۆچوون هەیە دەربارەی بڕەکەی، بەڵام لای نووسەر بڕەکەی یەکسانە بە نزیکەی 1625 میل. تەماشای لاپەڕە 126 بکە. (وەرگێڕی عەرەبی)].
سەرەڕای ئەوەی كە توندڕەوی لە بیروباوەڕهكاندا زۆربەی چیرۆكەكانی ئەم ئینجیلەی گۆڕیوە، بەڵام ئەو وشانەی كە تێیدایە بەشێوەیەكی ئاشكرا بەڵگەن لەسەرئەوەی كە مەسیح بە جەستە زەمینی و ماددیەكەیەوە گەيشتووە بە حەواریيەكان و بەپیادە سەفەرێكی درێژی كردووە بۆ جەلیل و برینەكانی پیشانی حەواریەكان داوە و نانی ئێوارەی لەگەڵیاندا خواردووە و ئەو شەوە لەلایان ماوەتەوە. وە لەمەودوا دەیسەلمێنین كە بە بەكارهێنانی جۆرە هەتوانێكی تایبەتی برینەكانی ساڕێژ كردووە.
ئایا مایهی تێڕامان نیە كە ئەو جەستە شكۆمەندە هەتاهەتاییەی مەسیح دەستی كەوت _لەجیاتی جەستە ماددی و فانیەكەی_ شایسەی ئەوە بوو شەرەفدار بێت بە دانیشتن لەلای ڕاستی خوا. وە لەوە بڵندتر بێت كە پێویستی بە خواردن و خواردنەوە هەبێت و شوێنەواری برینی پێوە ديار بێت یاخود ئازار بچێژێت، وە بەڕەنگی شکۆی ئەزەلی و ئەبەدی خودا ڕەنگین بێت كەچی لەجیاتی ئەمە، چۆن دەبێت ئەم جەستە شكۆمەندە لەكەدار بێت بە لاوازی مرۆیی بەجۆرێك شوێنەواری ئەو برینە خوێناویە بەئازارە تازانەی پێوە بمێنێتەوە كە لە ئەنجامی خاچ و بزمارەوە دروست بوون، وە هەتوانێكی تایبەتی ئامادە بكرێت بۆ چارەسەركردنیان؟! بەڵێ ئەو جەستە شكۆمەندەی كە لەناوناچێت _وە پێویستە هەتاهەتایە بە ساغی و بێ عەیبی و دوور لە هەموو كەموكوڕییەك و بەكامڵی و نەگۆڕی بمێنێتەوە_ چۆن بەردەوام دووچاری جۆرەها عەیب و نەنگی بووە، تەنانەت مەسیح گۆشت و ئێسكی خۆی پیشانی حەواریيەكانی داوە، نەك هەر ئەمە، بەڵكو ئەو جەستە شكۆمەندەكه تووشی ناڕەحەتی بووە بەهۆی پێویستیەكانی جەستەی لەناوچووی مرۆییەوە وەك برسێتی و تینوێتی زۆر، ئەگەر بابەتەکە بەم جۆرە نەبووبێت و جەستەكەی جەستەیەكی ئاسمانی بوو بێت؛ ئەوا پێویست نەبوو مەسیح ئەم كارە پڕوپووچانەی بكات.. مەبەستم ئەوەیە كە خواردن بخوات و خواردنەوە بخواتەوە و بخەوێت و ئیسراحەت بكات لە میانەی گەشتەكەیدا بۆ جەلیل. چ گومانێك لەوەدا هەیە كە برسێتی و تینوێتی بەشێكن لە ئازار و ناڕەحەتیەكانی جەستەی لەناوچوو لەم دنیایەدا، تەنانەت برسێتی و تینوێتی زۆر ڕەنگه ژیانی مرۆڤ لەناوببات.
بەبێ هیچ گومانێك لەمەوە دەردەكەوێت كە مەسیح لەسەر خاچەكە نەمرد، وە هيچ جەستەیەكی نوێی شكۆمەندی پێنەگەیشت، تەنھا تووشی حاڵەتی بوورانەوە بوو كە هاوشێوەی مردنە.
یەكێك لە سەیرو سەمەرەكانی فەزڵ و ڕەحمەتی خوای گەورە ئەوە بوو كە ئەو گۆڕەی مەسيحیان تێدا دانا وەكو گۆڕەكانی وڵاتانی خۆمان نەبووە، بەڵكو نیمچە ژوورێك بووە و دەلاقەی هەبووە كە لێیەوە هەوا هاتووچۆی كردووە؛ چونكە لەو ڕۆژگارەدا نەریتی جوولەكە وەها بووە كە گۆڕەكانیان بەشێوەی ژوورێكی فراوان دروستكردووە و دەلاقەی هەبووە و لێیەوە هەوا هاتوچۆی كردووە، وە پێشتر ئامادەكراوە بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستدا مردووی تێدا دابنێن. وە ئینجیلەكان بەوپەڕی ڕاشكاویەوە شایەتی دەدەن لەسەر ئەمە، ئەوەتا لە ئینجیلی لۆقادا ئەم وتەیەی دەبینین: “بەڵام لەیەكەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو، ژنەكان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان كردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەكە. بینیان بەردەكە لەسەر گۆڕەكە گلۆر كراوەتەوە. (ئەم دەستەواژەیە پێویستی بە تێـڕامان هەیە). چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەكەی عیسای خاوەن شكۆیان نەدۆزیەوە.” (ئينجیلى لۆقا بەشی 24 : 2-3)
ئێستا لەم وتەیەی ڕابمێنن: (چوونە ژوورەوە)! چونكە ڕوون و ئاشكرایە كە مرۆڤی زیندوو ناتوانێت بچێتەناو گۆڕەوە مەگەر ئەو گۆڕە فراوان بێت وەكو ژوورێك كە دەلاقەی هەبێت؛ لە دواییدا لە جێگایەكی گونجاو لەم كتێبەدا ڕوونیدەكەینەوە ئەو گۆڕەی عیسایش (عليه السلام) كە لەم دواییانەدا لە سرینەگەر لە كشمیر دۆزرایەوە دەلاقەی هەیە وەك ئەو گۆڕەی كە لەسەرەوە باسكراوە. وە ئەمە نھێنیەكی مەزنە ئەگەر توێژهران گرنگی پێ بدەن ئەوا دەیانگەیەنێتە ئەنجامێكی گرنگ و مەزن.
وە یەكێكی تر لەو بەڵگانەی لە ئینجیلەكاندا پەیدامان كردووە قسەكەی پیلاتۆسە كە لە ئینجیلی مەرقۆس دا تۆمار كراوە و بریتیە لە: ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆئامادەكردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەممە، یوسفی خەڵكی ڕامه ئەندامێكی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خوای دەكرد، وێرای و چوو بۆلای پیلاتۆس و داوای تەرمەكەی عیسای كرد. پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بەزوویی عیسا مردووە.” (مەرقۆس بەشی 6 : 42-44) [ئەمە هەڵەیە ڕاستەكەی بریتیه لە بەشی “15”. (وەرگێڕی عەرەبی).]
لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامە كە مردنی یەسوع لە كاتی خودی ڕووداوی خاچەكەدا كارێكی گوماناوی بووە، وە ئەم گومانەیش لەلایەن كەسێكەوە بووە كە بەباشی ئەندازەی ئەو كاتەی دەزانی كە تێیدا مرۆڤ لەسەر خاچ دەمرێت.
یەكێكی تر لەو بەڵگانەی كە ئێمە لە ئینجیلەكاندا بینیومانە ئەم دەستەواژەيەی خوارەوەیە:
“پاشان ڕابەرانی جوولەكە داوایان لە پیلاتۆس كرد قاچی لەخاچدراوان بشكێنرێن و تەرمەكانیان هەڵبگـیردرێن؛ چونكە ڕۆژی ئامادەكاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێكی گەورە بوو، تاكو تەرمەكان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن. ئینجا سەربازەكان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەكەم و ئەوی دیكەیان شكاند كە لەگەڵ عیسادا لەخاچ درابوون. بەڵام كاتێك هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچیان نەشكاند. بەڵام یەكێك لە سەربازەكان ڕمێكی لە كەلەكەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو.” (یۆحەننا بەشی 19 : 31-34)
لەم دەستەواژەیەوە بەجوانی ڕووندەبێتەوە كە لەو كاتەدا نەریتیان وابووە، بۆ كۆتایی هێنان بە ژیانی كەسی لەخاچدراو، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لەسەر خاچەكە دەیانھێڵایەوە، پاشان ئێسقانەكانیان دەشكاند، بەڵام بە ئەنقەست ئێسقانی مەسیحیان نەشكاند، بەڵكو لە خاچەكە هێنایانە خوارەوە بێگومان وەك ئەو دوو دزەی كە لەگەڵیدا هەڵواسرابوون زیندوو بوو، هەر بۆیە كاتێك بە حەربە پەراسوویان كون كرد خوێن لە جەستەی هات لەگەڵ ئەوەی كە خوێنی مردوو ئەوەندەی پێ ناچێت دەمەیهت.
هەروەها لەمەیشەوە دەردەكەوێت پلانێكی نھێنی لە ئارادا بووە، كە بریتی بووە لەوەی؛ پیلاتۆس پیاوێكی دڵپاك و پارێزكار بووە، بەڵام لە ترسی قەیسەر نەیدەوێرا بە ئاشكرا لایەنگیری لە مەسیح بكات؛ چونكە جوولەكە مەسیحیان تۆمەتبار كردبوو بە شۆڕشكردن دژی قەیسەر. پیلاتۆس كەسێكی خۆشبەخت بوو چونكە دەیزانی مەسیح كەسێكی ڕاستگۆیە، لەكاتێكدا قەیسەر بێ بەش بوو لەم نیعمەتە. وە پیلاتۆس تەنھا هەر ئەوەی نەدەزانی كە مەسیح ڕاستگۆیە، بەڵكو هەوڵیدا سزاكەیش سووك بكات لەسەری، وە هەرگیز نەیدەویست مهسیح لەخاچ بدرێت.
ئینجیلەكانیش بەڕاشكاوی ئەوەیان باس كردووە كە پیلاتۆس چەندەها جار ویستوویەتی مەسیح ئازاد بكات، بەڵام جوولەكە پێیان وتووە: ئەگەر تۆ عيسا لە زیندان دەربكەیت؛ ئەوا تۆ دڵسۆزی قەیسەر نیت. چونكە مەسیح كەسێكە شۆڕش دەكات دژی حكومەت و دەیەوێت خۆی ببێت بە پاشا. (یۆحەننا بەشی 19 : 12)
هەروەها خەوی هاوسەرەكەی پاڵنەرێكی تر بوو كە وای لێ كرد هەوڵێكی زۆر بدات بۆ ڕزگاركردنی مەسیح لە خاچ بەهەر ڕێگەیەك بێت ئەگینا سەرەنجامی لەناوچوون دەبێت. بەڵام جوولەكە هۆزێكی شەڕانگێز بوون، وە ئامادەبوون لە پاشملە لای قەیسەر بەخراپە باسی پیلاتۆس بكەن و لەو ڕێگەیەوە قەیسەر تووڕە بكەن لە پیلاتۆس، لەبەرئەوە پیلاتۆس هەوڵیدا بە ڕێگەیەكی حەكیمانە مەسیح ڕزگار بكات؛ كە بریتی بوو لەوەی یەكەمجار لەخاچدانی مەسیحی دواخست بۆ ڕۆژی هەیینی، پاشان دوایخست بۆ كاتژمێرەكانی كۆتایی ئەو ڕۆژە هەتاكو ڕۆژ تەنھا چەند كاتژمێرێكی مایەوە، وه هاتنی شەوی شەممەی گەورە زۆر نزیك بوو، وە پیلاتۆس چاك دەیزانی كە جوولەكە بەڕەچاوكردنی بڕیارەكانی شەریعەتی خۆیان، بۆیان ناگونجێت كە مەسیح لەسەر خاچ بھێڵنەوە مەگەر ئەوپەڕی تا خۆرئاوابوون، وە دیارە دوای خۆرئاوابوون دەستبەجێ شەممەی ئەوان دەستپێدەكات كە ناڕەوایە و ڕێگەپێدراو نیە هیچ كەسێك لەسەر خاچ بمێنێتەوە. ئەوەی پیلاتۆس ویستی بەتەواوی ڕوویدا و پێش خۆرئاوابوون مەسیح لەسەر خاچ هێنرایە خوارەوە.
وە دوورە لە هەموو قیاسێك كە ئەو دوو دزەی لەگەڵ مەسیحدا هەڵواسرابوون نەمردن كەچی مەسیح تەنھا لەماوەی دوو كاتژمێردا مردبێت! نەخـێر، هەموو ئەمانە نەخشەیەك بوو كێشرا بوو بۆئەوەی ئێسكەكانی مەسیح نەشكێنرێت. بێگومان لهوهدا بەڵگەیەكی مەزن هەیه بۆ هەموو كەسێكی ژیر كە هەردوو دزەكە بە زیندوویی لە خاچەكە هێنرانە خوارەوە، وە هەمیشە ئەو نەریتە پەیڕەوكراوە كە كاتێك تاوانباران بە زیندوویی لەسەر خاچ دەهێنرانە خوارەوە و پاش شكاندنی ئێسكەكانیان دەمردن، یاخود بەهۆی مانەوەیان لەسەر خاچ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لەتاو تینوێتی و برسێتی دەمردن. بەڵام مەسیح تووشی هیچ یەكێك لەمانە نەبوو؛ ئەو بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بە برسێتی و تینوێتی بەسەرخاچەكەوە نەمایەوە، هەروەها ئێسكەكانیشی نەشكێنرا، پاشان خۆڵ كرایە چاوی جوولەكە كاتێك پێیان وترا عیسا مردووە. بەڵام دوو دزەكە دوای شكاندنی ئێسقانەكانیان دەستبەجێ مردن. لێرەدا ئێمە دەپرسین: بۆچی بە هیچ یەكێك لەو دوو دزە نەوترا كە ئەویش مردووە و پێویست بە شكاندنی ئێسكەكانی ناكات؟!
سەرەڕای ئەوە یوسف كە برادەرێكی ئازیزی پیلاتۆس بوو، وە گەورەی ئەو ناوچەیە بوو، وە بە نھێنی یەكێك بوو لە قوتابیەكانی مەسیح، لەو كاتەدا گەیشتە لای پیلاتۆس _بەبۆچوونی من گەيشتنی یوسف بە ئاماژەى پیلاتۆس خۆى بووە_ پیلاتۆسیش مەسیحی وەکو تەرمێكی مردوو ڕادەستی یوسف كرد. وە لەبەرئەوەی يوسف لە پیاوماقووڵانی ناوچەكە بووە بۆیە جوولەكە نەیانتوانیوە دژایەتی بكەن. ئەوە بوو گەيشتە ئەوێ و مەسیح درایە دەستی بەوپێیەی كە جەستەیەكی مردووە لەگەڵ ئەوەی لە ڕاستیدا بوورابوويەوە. بەگوێرەی نەریتی ئەو هۆزە لەو كاتەدا شوێنێك هەبوو كە پێشتر وەكو گۆڕێك ئامادەكرابوو لە شێوەی ژوورێكی فراوان كە دەلاقەی هەبێت، وە ئەو شوێنە لە دەرەوەی دەسەڵاتی جوولەكەدا بوو، بەگوێرەی ڕێنماییەكانی پیلاتۆس مەسیح خرایە ناویەوە.
بێگومان ئەم ڕووداوە لە سەدەی چواردەی دوای وەفاتی مووسا (عليه السلام) ڕوویداوە، وە لەو سەدەیەدا مەسیح وەك نوێكارێك ڕەوانەكرا بۆ زیندووكردنەوەی شەریعەتی ئیسڕائیلی. هەرچەندە جوولەكە لە سەدەی چواردەدا چاوەڕوانی مەسیحی بەڵێندراوی خۆیان بوون، وە پێشبینیەكانی پێغەمبەرانی پێشوویش بەڵگە بوون لەسەر ئەم كاتە، بەڵام زۆر بەداخەوە، حاخامە گەمژەكانی جوولەكە ئەم كات و ساتەیان نەزانی، ئەوە بوو باوەڕیان نەكرد بە مەسیحی بەڵێندراوی خۆیان و بە درۆزنیان زانی، بەڵكو تەكفیریان كرد و بە بێباوەڕ لەقەڵەمياندا، وە لە كۆتاییدا فەتوای كوشتنیاندا و ڕاپێچی دادگایان كرد.
لەمەوە پەی بەوە دەبەین كە خوای گەورە لە سەدەی چواردەدا كاریگەرییەكی سەیری داناوە بەجۆرێك كە تێیدا دڵی ئەو هۆزە ڕەق دەبێت، وە خۆشەویستی دنیا زاڵ دەبێت بەسەر زاناكاندا و دەبن بە كەسانێكی كوێر و دوژمنی حەق. وە ئەگەر ئێمە بەراوردێك بكەین لەنێوان سەدەی چواردەی پاش ڕەوانەكردنی مووسا و سەدەی چواردەی پاش ڕەوانەكردنی هاوشێوەكەی، واتە پێغەمبەری خۆمان (ﷺ)، دەبینین لە هەردوو سەدەكەدا پیاوێك هەیە بانگەوازی ئەوە دەكات كە مەسیحی بەڵێندراوە، وە بانگەوازەكەی ڕاستە و لەلایەن خوای گەورەوەیە، وە زانایانی هەردوو نەتەوەكە تەكفـیری هەردووكیان دهكهن و لەكەداریان دهكهن بە بێباوەڕی و چەواشەكاری و فەتوای كوشتنیان دهدهن، وە هەردووكیان ڕاپێچ دهكهن بۆ دادگاكان، یەكێكیان بۆ دادگای ڕۆمەكان، ئەوی تریان بۆ دادگای ئینگلـیز، وە لە كۆتاییدا هەردووكیان ڕزگاریان دهبێت، وە دوژمنەكانیان نائومێد دهبن، چ زانا موسوڵمانەكان چ زاناكانی جوولەكە، وە خوای گەورە ویستی وابوو كە لەم دوو مەسیحە بەڵێندراوە دوو ئوممەتی مەزن دروست بكات و دوژمنەكانیان نائومێد بكات. بەكورتی سەدەی چواردە، چ بۆ مووسا چ بۆ گەورە و سەروەر و پێغەمبەرمان (ﷺ)، سەدەیەكی پڕ كێشە و توندوتیژیە بۆ مەسیحەكەی، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە كۆتاییدا سەدەیەكی پیرۆزیشە بۆی.
یەكێكی تر لە بەڵگەكانی ئینجیل لەسەر ڕزگاربوونی مەسیح لە مردنی لەسەرخاچ ئەوەیە كە لە (ئینجیلی مەتتا بەشی 26 : 36_46) هاتووە كاتێك مەسیح وەحی پێ دەگات دەربارەی گرتن و قۆڵبەستكردنی، بە درێژایی ئەو شەوە بەردەوام بەچاوی پڕ لە ئەسرینەوە نزای كردووە و بەكوڵ پاڕاوەتەوە و كڕنووشی بردووه، دیارە دەبێت ئەو نزایە گیرابوو بێت كە لە ناخی دڵەوە بووە و لێوانلێو بووە لە لاڵانەوە، وە مەسیح كاتێكی زۆری بۆ تەرخان كردبوو؛ چونكە نزای كەسانی نزیك لە خوا لەكاتی پەشێوی و نیگەرانیدا هەرگیز ڕەت ناكرێتەوە. ئیتر بۆچی ئەم نزایەی مەسیح ڕەتكراوەتەوە كە نزای كەسێكی ستەملێكراو بووە و بەدرێژایی ئەو شەوە بە دڵێكی پڕ لەژان نزاكەی كردووە؛ بەتایبەتی مەسیح خۆی ڕایگەیاندووە كە ئەو باوكەی لە ئاسمانە نزاكانم گیرا دەكات؟ ئیتر چۆن باوەڕ بكەین كە خوا نزای گیـرادەكات لەگەڵ ئەوەی ئەم نزایەی ئەوی گیـرانەكردووە كە لە دۆخێكی زۆر پەرێشانیدا كردوویەتی؟
هەروەها لە ئینجیلیشەوە بەجوانی دەردەكەوێت كە مەسیح (عليه السلام) یەقیـنی تەواوەتی هەبووە كە نزاكەی گیـرا دەبێت، وە بەتەواوی پشتی بەستبوو بەم نزایە؛ بۆیە كاتێك دەستگیر كرا و لەسەر خاچەكە هەڵواسرا و هەلومەرجێكی گونجاوی نەبینی بۆ جێبەجێ بوونی ئومێدەكانی، لەخۆوە هاواری كرد: “خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟” [(ئينجيلى مەتتا 27 : 46) (وەرگێڕی عەرەبی)] واتە هەرگیز چاوەڕیێ ئەوەم نەدەكرد كە سەرئەنجامم بەم شێوە بێت و لەسەر خاچ بمرم، بەڵكو من یەقینم هەبوو كە تۆ نزاكەم گیرا دەكەیت.
لەم دوو شوێنەی ئینجیلدا بەجوانی ڕوون دەبێتەوە كە مەسیح لە ناخی دڵەوە باوەڕێكی پتەوی هەبووە كە بێ چەندوچوون نزاكەی گیرا دەبێت و گریانەكەی بە درێژایی ئەو شەوەی بەفیڕۆ ناچێت. وە هەر خۆی، بەگوێرەی فەرمانی خوای گەورە حەواریەكانی فێركردووە كە داوا لە خوا بكەن ئەويش وەڵامتان دەداتەوە، بەڵكو نموونەی چیرۆكی ئەو دادوەرەی بۆ گـێڕانەوە كە لە خوا و دروستكراوانی خوا نەترساوە، بۆ ئەوەی حەواریەكان دڵنیابن كە خوای گەورە نزا گیرادەكات. گومانی تێدا نیە مەسیح لەلایەن خواوە دەیزانی كە دووچاری بەڵایەكی گەورە دەبێت، بەڵام وەك نەریـتی كەسانی خواناس لە نزاكەیدا پێداگری كردووە كە خوا ڕزگاری بكات؛ چونكە باوەڕی وا بووە هیچ شتێك ئەستەم و مەحاڵ نیە لەبەرامبەر دەسەڵاتی خوای گەورەدا و هەموو سڕینەوە و چەسپاندنێك بەدەست خۆیەتی. لەبەرئەوە ئەگەر ئەم نزایەی مەسیح لەو كاتەدا گیرانەبوايە _پەنا بەخوا_ ئەوا شوێنەوارێكی خراپی بەجێدەهێشت لە دەروونی حەواریيەكاندا. كەواتە كارێكی ئەستەم بوو كە نموونەیەكی لەم جۆرەیان پێشكەش بكات كە دەبووە هۆی لەناوبردنی ئیمانیان؛ چونكە ئەگەر بەچاوی خۆیان ئەوەیان ببینایە كە نزای كەسێكی پـیرۆزی وەك مەسیح گیـرا نەبووە سەرەڕای لاڵانەوەی بەدرێژایی ئهو شەوه؛ ئەوا حەواریەكان تووشی ئاژاوەیەكی گەورە دەبوون لە ئیمانیاندا، لەبەرئەوە ڕەحمەتی خوای گەورە داخوازی ئەوە بووە كە نزاكەی گیرا بكات. وە بزانن ئەو نزایەی كە مەسیح ئەنجامیدا لەو شوێنەدا كە پێیدەوترا “گەتسیمانی” بەدڵنیاییەوە لای خوای گەورە گیـرا بوو.
لـێرەدا بابەتێكی تر هەیە كە شایانی باسە، ئەویش ئەوەیە هەروەك چۆن ڕاوێژ كرا بۆ كوشتنی مەسیح كاتێك سەرانی جوولەكە و زانا گەورەكانیان لە ماڵی كاهینێك بەناوی “قەیافا” كۆبوونەوە و پیلانیان گێـڕا بۆ كوشتنی بەهەر شێوەیەك بێت، بەهەمان شێوە پیلانێكی هاوشێوەی ئەم پیلانه بەتەواوەتی ئەنجام درا بۆ كوشتنی مووسایش (عليه السلام)، وە هەمان پیلان دووبارەبوویەوە لە “دار الندوة” لە مەككە بۆ كوشتنی پێغەمبەری خۆمان (ﷺ)، بەڵام خوای گەورە ئەم دوو پێغەمبەرە مەزنەی پاراست لە شەڕی ئەم پیلانانە. دیارە ئەو پیلانەی كه گێـڕدرا بۆ كوشتنی مەسیح كاتەكەی دەكەوێتە نێوان كاتی ئەم دوو پیلانەی تر، ئیـتر چۆن باوەڕ بكەین كە مەسیح ڕزگاری نەبووە لـێی لەگەڵ ئەوەی لە نزاكردندا لە هەردوو پێغەمبەرەكەی تر زیاتر پێداگری كردووە؟ وە مادام خوای گەورە هەموو كات وەڵامی خۆشەویستانی خۆی دەداتەوە و پیلانی خراپەكاران تێكدەشكێنێت، ئیـتر بۆچی نزاكەی مەسیحی گیرا نەكردووە؟
بێگومان ئەزموونی هەموو پارێزگارێكی ڕاستگۆ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە نزای ستەم لێكراو گیرا دەبێت لە هەلومەرجێكدا كە زۆر بەگیرهاتبێت، بەڵكو كاتی تەنگانە بۆ كەسی ڕاستگۆ بریتیە لە ساتەكانی دەركەوتنی ئایەت، هەڵبەت من لەم بوارەدا خاوەنی ئەزموونم. بـیرم دێت پێش دوو ساڵ دكتۆر “مارتن كلارك”ی مەسیحی كە نیشتەجێیە لە “ئەمریتسەر” لە پەنجاپ داوایەكی ساختەی بەرزكردەوە لە دژم لە دادگای پارێزگای “گورداسپور” كە بریتی بوو لە تۆمەتی كوشتن، دەیگوت گوایە من هەوڵی كوشتنی ئەوم داوە و بۆ ئەم مەبەستەش كەسێكم ناردووە كە ناوی “عبد الحمید” بووە. وا ڕێكەوت هەندێ لە پیلانگێـڕانی هەر سێ ئایینی مەسیحی و هيندۆسی و ئیسلام لەدژی من كۆبوونەوە و هەموو هەوڵێكیاندا بۆ ئهوهی تۆمهتبارم بكهن بهوهی ههوڵی كوشتنی كهسێكم داوه. هەڵبەت قەشەكان ڕقیان لە من بوو؛ چونكە من پێشتر هەوڵم داوە و بەردەوامیش تێدەكۆشم بۆ ڕزگاركردنی بەندەكانی خوا لە بیروباوەڕی پووچی قەشەكان دەربارەی مەسیح، وە بهرزكردنهوهی ئهم داوایه يەكەم نموونە بوو بینیم لە ڕەوشتی ئەوان. بەڵام هيندۆس لێم توڕەبوون؛ چونكە من بەگوێرەی وەحی خوای گەورە، پێشبینی مردنی يەكێك لە كاهینەكانی ئەوانم كردبوو بەناوی “لیكھرام” پاش ئەوەی كە خۆی داوای پێشبینیەكی لەو جۆرەی كرد، پاشان ئەو پێشبینیە هاتەدی لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا كە ئایەتێكی سامدار بوو لەلایەن خوای گەورەوە. بەڵام مەلا موسوڵمانەكان لە من قەڵس بوون؛ چونكە من پێچەوانەی ئەوان بووم سەبارەت بە دەركەوتـنی مەهدی و مەسیحی خوێنڕێژ، وە هەروەها لەبارەی جیھادیشەوە دژی بیروباوەڕی ئەوان بووم. ئەوە بوو سەركردەی هەر سێ ئایینەكە ڕاوێژیان كردو پيلانیان گێڕا هەتا ئەو تۆمەتی كوشتنە بسەلمێنن كە دراوەتە پاڵم بۆ ئەوەی بكوژرێم یان زیندانی بكرێم، وە بەم كارەیان لای خوای گەورە چوونە ڕیزی ستەمكارانەوە. بێگومان تەنانەت پێش ئەوەی دەست پێ بكەن خوای گەورە هەواڵی ئەم پیلانانەی پێدام. وە مژدەی پێدام كە لە كۆتاییدا پاك و بێتاوان دەردەچم. وە منیش ئەم ئیلھامە پیرۆزە خواییانەم لەناو سەدەها خەڵكدا بڵاوكردەوە پێش ئەوەی بێنەدی. وە پاش ئەوەی لەڕێگەی وەحی خوای گەورەوە ئەو هەواڵانەم پێگەيشت لێی پاڕامەوە و وتم: پەروەردگارا ئەم بەڵایەم لەسەر لابدە، وە خوای گەورەیش بە وەحی هەواڵی پێدام كە بەم زوانە بەڵاكەم لەسەر لادەبات و لە تۆمەت پاكم دەكاتەوە، منیش ئەم وەحیەم لەناو زیاتر لە سێ سەد كەسدا بڵاوكردەوە كە هەتا ئەمڕۆ هەموویان لە ژیاندا ماون.
ئەوەندەی نەمابوو دوژمنەكانم بە شایەتی درۆ تۆمەتەكە بچەسپێنن لە دادگادا، كە لەوێدا كەسانێك لە هەر سێ ئایینەكە، كە پێشتر باس كران، لهدژی من شایهتیان دا. بەڵام خوای گەورە بە ڕێگا جۆربەجۆراكان ڕاستی دەرخست بۆ ئەو دادوەرەی كە كێشەكە لە دادگاكەیدا بوو بە ناوی Captain W. Douglas جێگری بەڕێوەبەری پارێزگای “گورداسپور”، وە بەجوانی بۆی ڕوون بوویەوە كە كێشەكە كێشەیەكی ساختەیە. وە بەهۆی خۆشەویستی بۆ داد و پارێزگاری كردنی لە ویژدان هیچ گوێی بەو دكتۆرە نەدا كە وەك قەشە كاری دەكرد و بڕیاری هەڵوەشانەوەی داواكەی دا. هەروەك پێشتر لە مەجلیسە گشتیەكان و لەبەرامبەر خەڵكیدا ڕامگەیاندبوو _بەگوێرەی وەحی خوای گەورە_ پاكێتی من دەركەوت بە پێچەوانەی ئەو هەلومەرجە ترسناكەی كە زاڵ بوو لەو كاتەدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵكانێكی زۆر ئیمانیان بەهێزتر بێت.
نەك هەر ئەمە، بەڵكو جۆرەها تۆمەتم بۆ دروستكراوە لە تاوانی ترسناك بەو هۆكارە دوژمنكارانەی پێشتر باسمكرد، وە چەندەها داوا بەرزكرایەوە لە دژم لە دادگاكاندا، بەڵام خوای گەورە پێش وەخت بەوەحی لە سەرەتا و كۆتایی ئەو داوا مەترسیدارانە ئاگاداری دەكردم پێش ئەوەی بانگ بكرێم بۆ ئامادەبوون لە دادگادا، هەروەها مژدهی پێ دهدام كه لهدادگایی كردنهكاندا پاكی و بێ تاوانیم دهردهكهوێت.
لەم ڕوونكرنەوەیەدا تەنھا مەبەستمان ئەوەیە دووپاتی بكەینەوە كە بێگومان خوای گەورە نزا گیرادەكات بەتایبەتی نزای ئەو كەسانەی كە پشتی پێ دەبەستن كاتێك وەكو كەسانی ستەملێكراو لەبەر قاپیەكەیدا بەچۆكدا دەكەون، ئەویش بەهانایانەوە دێت و سەریان دەخات بە ڕێگا سەیرو سەمەرەكان، وە لەم بارهوە ئێمە لە شایەتەكانین. كەوابوو ئەو هۆكارە چی بوو كە بووە ڕێگر لە گیرابوونی نزاكەی مەسیح كە بەوپەڕی پەرێشانیەوە ئەنجامیدا؟ نەخێر، بەڵكو خوای گەورە نزاكەی گیرا كرد و ڕزگاری كرد، وە بۆ ڕزگاربوونەكەیشی هۆكارگەلێكی ئاسمانی و زەمینی ڕەخساند. لە ڕاستیدا خوای گەورە هیچ ماوەیەكی نەدا بە یۆحەننا، واتە پێغەمبەر یەحیا، كە تێیدا بپاڕێتەوە بۆ ڕزگاربوونی خۆی؛ چونكە ئاكامی گەیشتبوو، بەڵام مەسیح یەك شەوی تەواو ماوەی پێ درا بۆ پاڕانەوە، ئەویش بە بێداری و كڕنووش بردن بۆ پەروەردگاری ئەو شەوەی بەسەربرد؛ چونكە خودا ویستی كە مەسیح پەشێوی و نزای دڵسۆزانە بۆ ڕزگاربوونی خۆی دەربخات بۆ خوایەك كە هیچ شتێك ئەستەم و مەحاڵ نیە لەلای، ئەويش وەڵامی نزاكەی دایەوە بەگوێرەی ڕێوشوێنی دێرینی خۆی. بەڵام جوولەكە كە مەسیحیان هەڵواسی لەسەر خاچ پاشان گاڵتەیان پێ دەكرد و دەیانوت: بێگومان ئەو پشتی بە خوا بەستبوو دەی بۆچی خوا سەرشۆڕی كرد، هەڵبەت لەم قسەیەیاندا درۆیان كرد؛ چونكە خوا فێڵەكانی ئەوانی پووچ كردەوە و شكستی پێ هێنان و مەسیحی خۆشەویستی خۆی ڕزگاركرد لە مردنی نەفرەتلێكراوی سەر خاچ.
یەكێكی تر لەو بەڵگانەی كە لە ئینجیلدا دەستمان كەوتووە ئەوەیە كە لە ئینجیلی مەتتادا هاتووە بەم شێوەیەی خوارەوە:
“لە خوێنی هابیلی ڕاست و دروستەوە تاكو خوێنی زەكەریای كوڕی بەرخیا كە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا كوشتتان. ڕاستیتان پێدەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەكەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە. ” (مەتتا بەشى 23 : 35-36)
ئەگەر بەوردی سەرنج بدەن لەم دەستەواژەیە بۆتان دەردەكەوێت كە مەسیح (عليه السلام) تێیدا بەڕاشكاوی ئەوە ڕادەگەیەنێت كە بڕیاری لێ دراوە پرۆسەی ڕشتنی خوێنی پێغەمبەران بەدەستی جوولەكە لە كوشتنی پێغەمبەر زەكەریادا بگاتە كۆتایی، وە دوای ئەمە جوولەكە هەرگیز ناتوانن هیچ پێغەمبەرێكی تر بكوژن. وە ئەم هەواڵە مەزنە بەڕاشكاوی دەریدەخات كە مەسیح لەسەر خاچ نەكوژراوە، بەڵكو ڕزگاری بووە لێی، وە دوای ئەوە بە مردنێكی ئاسایی مردووە؛ چونكە ئەگەر مەسیح وەكو زەكەریا بەدەستی جوولەكە بكوژرایە؛ ئەوا لێرەدا مەسیح ئاماژەی بە كوشتنەكەی خۆیشی دەدا.
ئەگەر بوترێت كوشتنی مەسیح (عليه السلام) ئەگەرچی بەدەستی جوولەكە ئەنجام دراوە بەڵام بەتاوان ئەژمار نەكراوە بۆیان؛ چونكە وەكو كەفارەتێك كوژراوە، ئەوا ئەم قسەیە قسەیەكی پووچە؛ چونكە مەسیح خۆی بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە كە ئەگەر جوولەكە بیانەوێت بیكوژن ئەوا هەڵە و تاوانێكی گەورە دەكەن هەروەك لە ئینجیلی یۆحەننا هاتووە لە بەشی 19 : 11. هەروەها لە چەندین جێگای تریشدا ئاماژە بۆ ئەم بابەتە كراوە، ئەوەتا بەڕاشكاوی هاتووە كە لەلایەن خوای گەورەوە شایستەی سزای دۆزەخن بەهۆی ئەو تاوانەی كە دژی مەسیح ئەنجامیان داوە. (ئینجیلی مەتتا 26 : 24)
یەكێكی تر لە بەڵگە ئینجیلیەكان كە دۆزیمانەوە بریتیە لەمەی خوارهوه:
“ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێك لەوانەی لـێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن تاكو كوڕی مرۆڤ نەبینن بەشانشینەكەیەوە دێتەوە” (مەتتا بەشى 16 : 28)، وە هەروەها عیسا پێی فەرموو: “ئەگەر بمەوێت ئەو (واتە یۆحەننای حەواری) دەمێنێتەوە (واتە لە ئۆرشلیم) هەتا دێمەوە، بەتۆ چی؟” (یۆحەننا بەشى 21 : 22) واتە: ئەگەر بمەوێت دەگەڕێمەوە پێش ئەوەی یۆحەننا بمرێت.
لەم دەستەواژانەوە بەجوانی دەردەكەوێت كە مەسیح بەڵێنی ئەوەی داوە دەگەڕێتەوە پێش مردنی هەندێ كەس كە لەوێدا ئامادەبوون، لەناویشیاندا یۆحەننا. كەواتە دەبێت ئەم بەڵێنە بێتەدی.
بێگومان مەسیحیەكان دانیان بەوەدا ناوە كە دەبێت مەسیح بۆ جاری دووەم ڕەوانە بكرێتەوە لە ژیانی هەندێ خەڵكی ئەو سەردەمەدا بۆ جێبەجێ بوونی ئەو پێشبینیە هەروەك چۆن بەڵێنی داوە، لەبەرئەوە قەشەكان دان بەوەدا دەنێن كە یەسوع جارێكی تر لەكاتی كاولبوونی ئۆرشەلیمدا هاتووەتەوە وەك چۆن بەڵێنی دابوو، وە یۆحەننا ئەوی بینیوە؛ چونكە تا ئەو كاتە هێشتا زیندوو بووە.
دیارە ئەوان ناڵێن كە مەسیح لەو كاتەدا بە حەقیقی لە ئاسمانەوە دابەزیوە، بەگوێرەی ئەو ئایەتانەی كە خۆی باسی كردووە دەربارەی دابەزینەكەی، بەڵكو دەڵێن لە حاڵەتی كەشفدا دەركەوتووە بۆ یۆحەننا كه ئەمەش بریتیە لە بەدیھاتنی ئەم پێشبینیەی خۆی كە لە ئینجیلی “مەتتا”دا هاتووە لە بەشی 16 : 28. بەڵام من دەڵێم ئەم جۆرە دەركەوتنە كەشفیە ئەم پێشبینیە بەدی ناهێنێت. ئەمە تەنھا تەئویلێكی زۆر لاوازە، بەڵكو هەڵھاتنێكی دزێوە لە ڕەخنە و تێبینیەكان. لەڕاستیدا گومان لەوەدا نیە كە ئەم تەئویلە تەئویلێكی هەڵە و پووچە و پێویست بە هەڵوەشاندنەوە و بەدرۆخستنەوەیش ناكات؛ چونكە ئەگەر بڕیار بێت مەسيح دەربكەوێت بۆ كەسێك لە شێوازی خەون یان كەشفدا ئەوا ئەم هەواڵە دەبێتە هەواڵێكی پێكەنیناوی [لە هەندێ كتێبدا خوێندمەوە كە مەلا هاوچەرخەكان بەشێوەیەكی زۆر سەیرتر لە مەسیحیەكان تەئویلی ئەو هەواڵەیان كردووە كە لە ئینجیلی “مەتتا” بەشی 26 : 24دا [ئەمە سەهووە، ڕاستیەكەی ئەمەیە: بەشى 16 : 26. (وەرگێڕی عەرەبی)] هاتووە ؛ ئەوان دەڵێن مادام مەسیح ژیانی هەندێ خەڵكی ئەو سەردەمە و ژیانی یەكێك لە حەواریەكانیشی كردووە بە مەرج بۆ دەركەوتنەوەی؛ ئەوا دەبێت ئەو حەواریە هەتا ئەمڕۆ زیندوو بێت؛ چونكە مەسیح هەتا ئەمڕۆ نەگەڕاوەتەوە؛ بەڵكو باوەڕیان وایە كە ئەو حەواریە لە هەندێ ناوچەی شاخاویدا خۆی حەشارداوە و بەردەوام چاوەڕێی گەڕانەوەی مەسیح دەكات!]؛ چونكە مەسیح ماوەیەك پێش ئەو كاتە لە حاڵەتی كەشفدا بۆ “پۆڵس”يش دەركەوتووە.
وا دەردەكەوێت ئەم پێشبینیە كە لە ئینجیلی “مەتتا” بەشى 16 : 28 دا هاتووە بەتەواوی قەشەكانی هەراسان كردووە؛ چونكە نەیانتوانیوە تەئویلێكی پەسەندی بۆ بكەن بەگوێرەی بیروباوەڕی خۆیان؛ چونكە ناتوانن بانگەشەی ئەوە بكەن كە مەسیح بە شكۆی خۆیەوە لە ئاسمانەوە دابەزیوە كاتی وێرانبوونی ئۆرشەلیم، وە هەموو خەڵكی ئەویان بینیوە هەروەك چۆن بروسكەیەكی پرشنگدار دەبینن لە بۆشایی ئاسماندا، هەروەها ئاسان نیە بۆیان چاوی خۆیان بنوقێنن لە ئاست وشەكانی هەواڵەكە كە دەڵێت هەندێ لەو كەسانەی كە ئێستا ئامادەن مردن ناچێژن هەتا كوڕی مرۆڤ دەبینن بە دەسەڵاتی خواییەوە دەگەڕێتەوە؛ بۆیە زەحمەتێكی زۆریان كێشاوه و بەشێوەیەك لێكدانەوەیان كردووە كە هەواڵەكە بەو كەشفە هاتووەتەدی. بەڵام ئەمە لێكدانەوەیەكی نادروستە؛ چونكە زۆرجار دۆستانی خوا لە حاڵەتی كەشفدا دەردەكەون بۆ هەندێ لەو كەسانەی كە لەلایەن خواوە هەڵبژێردراون، وە ئەم دەركەوتنە لە كەشفدا مەرج نیە لە كاتی خەودا بێت، بەڵكو لە حاڵەتی بێداریشدا دەردەكەون، وە من لەم بوارەدا خاوەنی ئەزموونم. هەڵبەت چەندەها جار لە حاڵەتی كەشفدا مەسیحم (عليه السلام) بینیوە، وە لەحاڵەتی بێداری تەواوەتیدا گەيشتووم بە هەندێ لە پێغەمبەرانی تر. بێگومان چەندەها جار گەورە و سەروەر و پێشەوای خۆم پێغەمبەرمان موحەممەدی هەڵبـژاردەم (ﷺ) بینیوە لە حاڵەتی بێداری تەواوەتیدا، وە قسەم لەگەڵدا كردووە، وە ئەم بێداریە تەواوەتیە بە شێوەیەك بووە كە هیچ شتێكی لە خەو یان لە غەفڵەت تێكەڵ نەبووە. هەروەها لە حاڵەتی بێداری تەواوەتیدا لەگەڵ هەندێ مردووی تردا كۆبوومەتەوە لەسەر گۆڕەكانیان یان لە شوێنی تردا، قسەشم لەگەڵ كردوون. وە من یەقینم هەیە و دڵنیام كە بەیەكگەیشتن و چاوپێكەوتن بەم شێوازە لەگەڵ كەسانێك كە پێشتر مردوون دەكرێت ڕووبدات، كارەكە هەر لەمەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو دەگونجێت تەوقە و قسەیشیان لەگەڵدا بكرێت. وە هیچ جیاوازیەك نیە لەنێوان بێداری ئاسایی و ئەم جۆرە بێداریەدا لەڕووی چۆنێتی هەستەكانەوە؛ چونكە دەبینین و هەست بەشتەكان دەكەین وەك ئەوەی لەم جیھانەدا بین و هەمان گوێ و چاو و زمانمان هەبێت، بەڵام بە سەرنجدان و ڕامان دەردەكەوێت كە ئەو جیھانە جیاوازە لەم جیھانە. بێگومان خەڵكی دنیا بێ ئاگان لەم جۆرە بێداریە؛ چونكە لە خەوی غەفڵەتدا نوقم بوون، وە ئەم بێداریە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت بۆسەر ئەو كەسانەی كە هەستی نوێی دەراسایان پێ دەدرێت، وە شتێكی ڕاستەقینەیە و یەكێكە لە ڕاستیە واقیعیەكان.
ئەگەر مەسیح كاتی وێرانبوونی ئۆرشەلیم دەركەوتبێت بۆ یۆحەننا لە حاڵەتی كەشفدا، تەنانەت لە بێداریشدا، وە قسە و تەوقەی كردبێت لەگەڵیدا؛ ئەوا ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندیەكی نیە بەم پێشبینیەوە، بەڵكو ئەم ڕووداوە یەكێكە لەو ڕووداوە سادانەی كە بەردەوام لە دنیادا ڕوودەدەن، وە ئەگەر ئێستا منیش تەركیز بكەم و هەست و هۆشی خۆم چڕ بكەمەوە ئەوا لە حاڵەتی بێداری تەواوەتیدا، بە فەزڵ و یارمەتی خوای گەورە، دەتوانم مەسیح یان پێغەمبەرە پیرۆزەكانی تر ببینم، بەڵام ئەم جۆرە چاوپێكەوتنانە ناكرێت بە هاتنەدی ئەو پێشبینیە دابنرێت كە لە ئینجیلی “مەتتا” بەشی 16 : 26 دا هاتووە.
لەڕاستیدا مەسیح دەیزانی كە پاش ڕزگاربوونی لە مردنی لەسەرخاچ سەفەر دەكات بۆ وڵاتێكی تر، وە خوای گەورە نایمرێنێت و لەم دنیایە دەری ناكات تا وێرانبوونی جوولەكە بەچاوی خۆی نەبینێت، وە هەرگیز نامرێت هەتا ئەو مەملەكەتەی كە لە ئاسمان بڕیاری لێدراوە بەرهەمی خۆی پێشكەش دەكات بە كەسانی دڵسۆز، بۆیە ئەم پێشبینیەی ڕاگەیاند و حەواریەكانی خۆی دڵنیا كردەوە و گوتی: ئێوە لە داهاتوویەكی نزیكدا نیشانەیەكی من دەبینن كە بریتیە لەوەی ئەو كەسانەی كە شمشێریان هەڵكێشا بۆ كوشتنی من لە ژیانی مندا و لەبەرچاومدا بە شمشێر دەكوژرێن.
دەی ئەگەر بەڵگە شتێك بێت كە پشتی پێ ببەسترێت؛ ئەوا ئەمە گەورەترین بەڵگەیە لەدژی مەسیحیەكان؛ چونكە مەسیح خۆی پێشبینی كردووە كە دووبارە دەردەكەوێتەوە لە ژیانى هەندێكیاندا.
پێویستە بزانرێت ئەو پێشبینیانەی ئینجیل كە پەیوستن بە دەركەوتنی مەسیحەوە دوو جۆرن: جۆری یەكەمیان پێكھاتووە لە بەڵێنەكانی دەركەوتنی مەسیح بەشێوازی ڕۆحانی لە سەردەمی كۆتاییدا، وە ئەم دەركەوتنەی دووەمی ئەو بەشێوازی ڕۆحانی تەواو هاوشێوەی دەركەوتنی دووەمی “ئیلیيا”یە لە سەردەمی مەسیحدا. وە لەڕاستیدا مەسیح دەركەوت، وەك دەركەوتنی “ئیليیا”، لەم چەرخەی ئێستادا لە كەسێتی نووسەری ئەم دێڕانەدا كە خزمەتكاری مرۆڤایەتیە و وەك مەسیحی بەڵێندراو بەناوی “مەسیح”ەوە (عليه السلام) ڕەوانەكرا. بێگومان مەسیح خۆی لە ئینجیلدا هەواڵی داوە بە دەركەوتنم، دەی پیرۆز بێت لەو كەسەی كە بە دادگەری و ئەمانەتەوە بیردەكاتەوە لە داواكەم وەك ڕێزێك بۆ مەسیح، وە تووشی خلیسكان نابێت.
بەڵام جۆری دووەمی ئەو پێشبینیانەی كە پەیوەستن بە گەڕانەوەی مەسیح تەنھا بریتین لە كۆمەڵێك بەڵگە لەسەر بەردەوام بوونی ژیانی مەسیح دوای ڕووداوی خاچەكە لە سایەی فەزڵ و ڕەحمەتی خوای گەورەوە، وە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە خوای گەورە بەندە هەڵبـژاردەكەی خۆی ڕزگار كردووە لە مردنی لەسەرخاچ. وە ئەو پێشبینیەی پێشتر باسمان كرد دەچێتە چوارچێوەی ئەم جۆرەیانەوە. بەڵام مەسیحیەكان، بەهەڵەدا چوون و ئەم دوو جۆرە هەواڵە تێكەڵ دەكەن، بۆیە تووشی جۆرەها گیروگرفت دەبنەوە.
بەكورتی ئەو بەڵگەیەی كە لە ئینجیلی “مەتتا”دا هاتووە لە بەشی 16 بەڵگەیەكی گەورەیە لەسەر ڕزگاربوونی مەسیح لە مردنی لەسەرخاچ.
یەكێكی تر لەو بەڵگە ئینجیليانە كه دۆزیمانهوه ئەوەیە كە لە ئینجیلی “مەتتا”دا هاتووە بەم شێوەیە: “لەو كاتەدا نیشانەی كوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەكەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەكانی سەرزەوی شیوەن دەگێڕن، كوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شكۆیەكی گەورەوە دێت.” (ئینجیلی مەتا بەشی 24 : 30)
مەبەستی ڕاستەقینە لەم دەستەواژەیە ئەوەیە كە مەسیح دەڵێت بێگومان ڕۆژێك دێتەپێش كە لە ئاسمانەوە، واتە تەنھا بەهێز و توانای خوای گەورە، كۆمەڵێك زانست و بەڵگەی ڕوون دەردەكەوێت كه بهشێوهیهكی گومانبڕ باوەڕەكانی خوایەتی مەسیح و مردنی لەسەر خاچ و بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان و دووبارە هاتنە خوارەوەی پووچ دەكەنەوە، هەروەها ئاسمان شایەتی دەدات لەسەر درۆی هۆزەكان _بۆ نموونە جوولەكە_ كە نكوڵیان دەكرد لەوەی كە عيسا پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ بێت، بەڵكو بە كەسێكی نەفرەت لێكراو لەقەڵهمیان دەدا لەبەرئەوەی گوایە لە خاچ دراوە؛ چونكە لەو سەردەمەدا زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە لەسەرخاچ نەمردووە و دواجار كەسێكی نەفرەت لێكراو نەبووە؛ ئا لەو كاتەدا هەموو ئەو نەتەوانەی سەر زەوی كە شلگیر و توندگیر بوون دەربارەی پرسی مەسیح شیوەن دەگێـڕن، وە بەهۆی هەڵەكەیانەوە شەرمەزاری و پەشیمانیەكی لە ڕادەبەدەر دەیانگرێت. وە لەو زەمەنەدا كە تێیدا ئەم حەقیقەتە دەدرەوشێتەوە، خەڵكی مەسیح دەبینن كە بەشێوازێكی ڕۆحانی دادەبەزێت، بەو مانایەی كە مەسیحی بەڵێندراو لەو ڕۆژانەدا ڕەوانە دەكرێت، وە بە كۆمەڵێك سیفەت و توانا ڕازاواتەوە كە هاوشێوەی سیفەت و تواناكانی مەسیحە، وە به هـێز و شكۆ و دەسەڵاتێكی ئاسمانی پشتگیری كراوە وێڕای كۆمەڵێك لە بەڵگە خواییە پرشنگدارەكان، ئینجا خەڵكی بەئاسانی دەیناسن.
ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتەیش بەم جۆرەیە: خوای گەورە ویستی وەها بووە، كە كەسایەتی و بارودۆخەكانی ژیانی مەسیح (عليه السلام) بەشێوەیەك بێت كە كۆمەڵێك لە خەڵكی زیادەڕەوی بكەن لە هەڵنان و وەسف كردنیدا، بەڵام كۆمەڵێكی تر زیادەڕەوی بكەن لە شكاندن و نزمكردنەوەیدا، مەبەستم ئەوەیە كۆمەڵێك هەیە لە پێداویستیە مرۆییەكان دایدەڕنن، تەنانەت دەڵێن هەتاكو ئەمڕۆ نەمردووە و هێشتا لە ئاسماندا زیندووە! وە سەرم سوڕماوە لەم خەڵكە كە باوەڕیان وایە مەسیح بە لەخاچدان كوژراوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ژیان ئینجا سەركەوتووە بۆ ئاسمان، وە شایستەی هەموو خاسیەتە خواییەكانە، بەڵكو خۆی خوایە! وە كۆمەڵێكی تر هەن كە بریتین لە جوولەكە، دەڵێن مەسیح بە لەخاچدان كوژراوە و بووە بە كەسێكی نەفرەت لێکراو، وە بووەتە جێگای خەشم و توڕەبوونی خوایی بۆ هەتاهەتایە؛ وە خوا لێی بێزارە و بە چاوی ڕق و دوژمنایەتیەوە سەیری دەكات، وە مەسيح _پەنا بەخوا_ درۆزن و بوختانچی و كافر و مولحید بووە و لەلایەن خواوە ڕەوانە نەكراوە. بێگومان ئەم شلگیری و توندگیریە سهبارهت بە پێغەمبەرێك ستەمێكی گەورەیە، وە دەبێت خودا ئەم پێغەمبەرە ڕاستگۆیەی خۆی پاك بكاتەوە لەم تۆمەتە، وە دەستەواژەكەی پێشوو ئاماژەیە بۆ ئەم مەبەستە.
ئەم وتەیە: “ئەوسا هەموو نەتەوەكانی سەر زەوی شیوەن دەگێڕن” ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەموو ئەو گروپانەى كە ناوی گەل و نەتەوەیان لێ نراوە لە سینەی خۆیان دەدەن و ترس و خەفەتی خۆیان دەردەبڕن و لەو كاتەدا شین و ماتەمێكی گەورە دەگێڕن. لێرەدا پێویستە مەسیحیەكان بەسەرنج و تێـڕامانەوە ئەم دەستەواژەیە بخوێننەوە؛ چونكە مادام ئەم دەستەواژەیە پێشبینی ئەوەی تێدایە كە هەموو نەتەوەكانی سەر زەوی دەدەن لە سینەی خۆیان ئیتر چۆن مەسیحیەكان جیادەكرێنەوە لەم شیوەن و گریانە؟ ئایا مەسیحیەكان یەكێك نین لە نەتەوەكان؟ وە ئەگەر لە ڕیزی ئەو نەتەوانەن كە دەدەن لە سینەی خۆیان؛ ئەوا بۆچی گرنگی نادەن بە ڕزگاربوونی خۆیان! ئەم دەستەواژەیە بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنێت كە كاتی دەركەوتنی نیشانەی مەسیح لە ئاسماندا هەموو نەتەوەكانی سەرزەوی سینەی خۆیان دەكوتن، دەی هەركەسێك بڵێت نەتەوەكەی ئەو نادات لە سینەی خۆی ئەوا مەسیح بەدرۆدەخاتەوە.
بەڵام ئەوانەی كە پێیان ناوترێت نەتەوە بەهۆی كەمی ژمارەیان؛ ئەوا ئەم هەواڵەیان بەسەردا پیادە نابێت كە بریتین لە كەسانی ئەم كۆمەڵەی ئێمە، بەڵكو تەنھا ئەم گروپە لە دەرەوەی كاریگەری ئەم هەواڵە و مەبەستەكانیدایە؛ چونكە گروپێكە ئەندامی كەمە و بە هیچ شێوەیەك واژەی گەل و نەتەوەی بەسەردا پیادە نابێت.
بێگومان مەسیح بەگوێرەی وەحی خوای گەورە پێشبینی كردووە كە: كاتێك نیشانەیەك لە ئاسماندا دەردەكەوێت ئەوا هەموو ئەو گروپانەى سەر زەوی كە پێیان دەوترێت نەتەوە بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە سنگی خۆیان دەكوتن، وە هیچ كۆمەڵێك جياناكرتەوە مەگەر ئەوانەی كە ئەوەندە ژمارەیان كەمە كە ناكرێت پێیان بوترێت نەتەوە. كەوابوو مەسیحی و موسوڵمانە هاوچەرخەكان و جوولەكە و سەرجەم ئەو گەلانەى كە باوەڕیان بە مەسیح نيە ناكەونە دەرەوەی كاریگەری ئەم هەواڵە، بەڵكو تەنھا ئەم كۆمەڵەی ئێمە دەكەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم هەواڵە؛ چونكە ئەم كۆمەڵەی ئێمە هەتا ئێستا وەكو تۆوێكە كە خوای گەورە چاندوویەتی.
وە ئەستەمە قسەی پێغەمبەر درۆ دەربچێت، وە مادەم ئەم قسەیە بە ڕاشكاوی جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەموو نەتەوەیەك لەسەر زەوی دەدات لە سینگی خۆی؛ ئەوا ئەستەمە یەكێك لە نەتەوەكان دەربچێت لە بازنەی ئەم هەواڵە؛ چونكە مەسیح لەم وتەیەيدا هیچ نەتەوەیەكی جیانەكردووەتەوە. بەڵام ئەو كۆمەڵەی كە نەگەيشتووەتە ئەندازەی نەتەوە، كە بریتیە لەم كۆمەڵەی ئێمە، لە هەموو دۆخەكاندا دەكەوێتە دەرەوەی ئەم پێشبینیە.
بێگومان لەم سەردەمەدا ئەم هەواڵە زۆر بەڕوونی هاتووەتەدی؛ چونكە ئەو ڕاستیانەی كە دەربارەی مەسیح دەركەوتن، مایەی گریان و شیوەنی هەموو ئەو نەتەوانەیە؛ چونكە ئەم ڕاستیانە هەڵەكانی ئەوانی دەرخست و هەموویانی ڕسوا كرد، وە قیڕەو هاواری فەڵەكان دەربارەی خوایەتی مەسیح دەگۆڕێت بۆ داخ و حەسرەت لەسەر دڵیان. هەروەها سووربوونی ئەم موسوڵمانە هاوچەرخانەی ئێستا لەسەر باوەڕی بەرزبوونەوەی مەسیح بەزیندوویی بۆ ئاسمان بەهۆی ئەم ڕاستیانەوە بوو بە شین و گریان بۆیان. بەڵام جوولەكەكان هیچ شتێكیان بۆ نەماوەتەوە.
شایانی باسە ئەو زەویەی كە لەم بەڵگە ئینجیليەدا ئاماژەی پێ كراوە: “هەموو نەتەوەكانی سەر زەوی شیوەن دەگێڕن” بریتیە لە زەوی وڵاتی شام كە هەریەك لەم سێ نەتەوەیە سەربەو زەویەن. هەرچی جوولەكەیە لەبەرئەوەی كە ئەم زەویە شوێنی لەدایكبوون و گەورەبوونیانە و پەیكەری مەزنی خۆیانی لێ بووە. وە فەڵەكانیش چونكە ئەم زەویە نیشتیمانی مەسیحە و تێیدا پێشینەكانیان ژیاون و گەورەبوون، وە موسوڵمانانیش؛ چونكە میراتگری ئەم زەویەن هەتا ڕۆژی قیامەت.
ئەگەر مانای (زەوی) بەگشتیش وەربگرین ئەوا هیچ كێشە نیە؛ چونكە دەركەوتنی ئەم ڕاستیانە هەموو بێباوەڕەكان پاڵ پێوە دەنێت بەرەو پەشیمانی.
یەكێكی تر لە بەڵگە ئینجیلیەكان كە پەیدامان كردووه ئەوەیە كە لە ئینجیلی “مەتتا”دا هاتووە و لە خوارەوە تۆماری دەكەین:
“گۆڕەكان كرانەوە، زۆرێك لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا كە مردبوون هەستانەوە، دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەكان هاتنە دەرەوە و چوونەناو شارى پیرۆز، بۆ زۆر كەسیش دەركەوتن” (ئينجیلى مەتتا بەشى 27 : 52_53)
گومانی تێدا نیە ئەم چیرۆكە كە لە ئینجیلدا یاداشت كراوە باسی هیچ ڕووداوێكی مێژوویی ناكات؛ چونكە ئەگەر ئەمە ڕاست بێت و ڕووداوێكی مێژوویی بێت ئەوا مانای ئەوەیە كە قیامەت لەم دنیایەدا ڕوویداوە، دواجار ئەو بابەتە بەجوانی بۆ هەمووان ئاشكرا بوو كە بابەتێكی شاراوە بوو لێیان بۆ تاقیكردنەوەی ڕاستگۆیی و ئیمانیان، ئیتر ئیمان لە ئیمان دەرچوو، وە جیھانی غەیب، لە تێڕوانینی هەموو كافر و موسوڵمانێكدا، بوو بە شتێكی بەڵگەنەویست وەك چۆن خۆر و مانگ و شەو و ڕۆژ شتانێكی بەڵگە نەویستن، وە ئیمان لەو كاتەدا لەوە دەرچوو كە شتێكی بەنرخ و مەزن بێت و ئومێدی پاداشتی لێ بكرێت.
پاشان ئەگەر مردووەكان، لە ناویشیاندا پێغەمبەرانی پێشووی نەوەی ئیسڕائیل و پیاوچاكانی تر كە ژمارەیان دەگاتە سەدان هەزار كەس، لە كاتی ڕووداوی خاچەكەدا لە چاوتروكانێكدا بە حەقیقی گەڕێنـرابێتنەوە بۆ ژیان ، وە بە زیندوویی گەڕابنەوە بۆ ناوشار وەكو بەڵگەیەك لەسەر ڕاستگۆیی مەسیح و نیشانەیەك لەسەر خوایەتی ئەو، ئەوا ئەمە هەلێكی بەنرخ بووە بۆ جوولەكە كە پرسیار ئاراستەی ئەو مردووە چاكەكارانە بكەن؛ لە پێغەمبەران و باوباپیرانیان، دەربارەی بانگەشەی خوایەتی مەسیح كە: ئایا لەڕاستیدا عيسا خوایە یاخود كەسێكی درۆزنە لەم بانگەشەیەدا؟ دیارە هەموو كەسێك بە ئاسانی ئەوە دێت بە مێشكیدا كە جوولەكە لەو كاتەدا نەیاندەهێشت ئەم جۆرە دهرفهتهیان لەكیس بچێت، وە دەبوو ئەو پرسیارەیان ئاراستە بكەن دەربارەی ڕاستگۆیی مەسیح؛ چونكە ئەو كاتە زۆر تامەزرۆ دەبوون كە پرسیار لەو مردووانە بكەن ئەگەر ئەوان بگەڕانایەتەوە بۆ ژیان. چۆن دەكرێت ئەم دەرفەتەیان لەكیس دابێت لە كاتێكدا سەدەها هەزار مردوو گەڕاونەتەوە بۆ ناو شارەكە، وە هەزارەهایان چوونەتە ناو هەموو گەڕەكێك لە گەڕەكەكانی! وە دەبوو جوولەكە پرسیار بكەن، نەك لە یەكێك یان دووان، بەڵكو لە هەزارەها كەس لەو مردووانە. هەروەها پێویست بوو كاتی گەڕانەوەی ئەو مردووانە و هاتنەوەیان بۆ ماڵەكانی خۆیان هاوار و بانگ لە هەموو ماڵەكانەوە بەرزبوایەتەوە، وە دەبوو هەموو ماڵێك پڕ بوایە لە دەنگەدەنگی چیرۆك و باس و خواسی مردووەكان و ئەم پرسیارەیش كە لێیان دەكرا: چی دەبێت ئەگەر ئەو كەسە بەخوای ڕاستەقینەی خۆیان لەقەڵەم بدەن كە پێی دەوترێت یەسوعی مەسیح؟ بەڵام جوولەكە باوەڕیان نەهێنا بە مەسیح سەرەڕای شایەتیدانی مردووەكانیش، بە پێچەوانەی ئەوەی كە ئومێد دەكرا، هەروەها دڵیان نەرم نەبوو، بەڵكو زیاتر دڵڕەق و ڕق ئەستوور بوون، ئەمەش مانای ئەوەیە، وەك دەردەكەوێت، كە مردووەكان بە ئەرێنی شایەتییان نەداوە، بەڵكو دەستبەبەجێ وەڵامی خەڵكیان داوەتەوە كە ئەم كەسە درۆزنە لە بانگەشەی خوایەتیدا و قسە بە دەم خوای گەورەوە هەڵدەبەستێت، لەبەرئەوە دەبینین جوولەكە سەرەڕای گەڕانەوەی سەدەها هەزار لە خەڵكی، بەڵكو لە پێغەمبەر و فروستادەكان بۆ ژیان، كەچی وازیان نەهێنا لە خراپەكاری خۆیان، بەڵكو پێشتر مەسیحیان كوشت و پاشان دەستیان كرد بە كوشتنی خەڵكانی تریش.
ئایا دەچێتە عەقڵەوە كە سەدان هەزار لە كەسانی پارێزكار هەر لە ئادەمەوە تا یەحیا، كە مردوون و لەناو گۆڕەكانیاندا بوون لەم زەویە پیرۆزەدا، زیندوو ببنەوە و بچنەناو شارەوە و ئامۆژگاری خەڵكی بكەن و هەر یەكێكیان لە بەرامبەر هەزاران كەسدا شایەتی بدات و بڵێت كە مەسیح كوڕی خوایە، بەڵكو لەڕاستیدا مەسیح خودی خوایە، بۆیە بیپەرستن و وازبھێنن لە بیروباوەڕە پووچەكانتان ئەگینا سەرەنجامتان دۆزەخ دەبێت كە ئێمە بەچاوی خۆمان بینیومانە؛ بەڵام جوولەكە سووربن لەسەر نكوڵی كردن و باوەڕنەهێنان سەرەڕای ئەم بەڵگە نموونەییە لەلایەن سەدان هەزار لەو مردووانەی كە چاكەكار بوون وەك كۆمەڵیك شایەت كە بەچاوی خۆیان ڕووداوەكەیان بینیوە؟!
هەرگیز ویژدانی ئێمە شتی وەها قەبوڵ ناكات. گریمان سەدان هەزار كەس لەو مردووانەی كە پێغەمبەر و پیاوچاك بوون بە ڕاستی لە گۆڕەكانیان زیندوو بوونەتەوە و هەموویان هاتوون بۆ شایەتیدان، ئەوا وادەردەكەوێت كە شایەتیەكی نەرێنیان داوە و هەرگیز خوایەتی مەسیحیان نەسەلماندووە؛ ئەمە وایكردووە كە جوولەكە زیاتر دەست بگرن بە كوفرەكەی خۆیانەوە سەرەڕای شایەتیدانی مردووەكان، تەنانەت نكوڵیان كرد لە پێغەمبەرایەتی مەسیحیش لەكاتێكدا مەسیح زۆر هەوڵیدا كە دانبنێن بە خوایەتیەكەیدا!!؟
كەواتە ئەم جۆرە بیروباوەڕانە، مەبەستم ئەو باوەڕەیە كە مەسیح سەدان هەزاری زیندوو كردووەتەوە لەو مردووانە یان هەر مردوویەكی تر، هەڵگری كاریگەریەكى زۆر خراپ و زیانبەخشە؛ چونكە گەڕانەوەی ئەو مردووانە هیچ ئەنجامێكی داواكراوی نەدا بەدەستەوە. سروشتی مرۆڤ وەهایە ئەگەر گەشت بكات بۆ وڵاتانێكی دوور و چەند ساڵێك لەو شوێنانەدا بمێنێتەوە، پاشان بگەڕێتەوە بۆ نیشتیمانی خۆی ئەوا بەگوێرەی سروشتی دۆخەكە هەوڵدەدات باسی ئەو شتە سەرسوڕهێنەر و نامۆیانە بكات بۆ خەڵكی كە لەو وڵاتانەدا بینیویەتی، وە پێی خۆش نیە پاش دیارنەمانی لەو ماوە درێژەدا زاری دابخات و وەك كەڕولاڵ دابنیشێت؛ بەڵكو فیترەتی مرۆڤ پاڵ بە خەڵكانی تریشەوە دەنێت كه لەم بۆنەیەدا بە هەڵەداوان بێن بۆلای و پرسیاری لێ بكەن دەربارەی بارودۆخی ئەو وڵاتانە. یاخود بۆ نموونە ئەگەر كەسێكی غەریبی كەمدەستی هەژار بێت بۆ لایان و دیمەنەكانی موحتاجی و پێویستی پێوە دیار بێت و بانگەشەی ئەوە بكات كە پاشای ئەو وڵاتەیە كە هەندێ كەس لە سەردانی پایتەختەكەی گەڕاونەتەوە، وە لە فڵان پاشا و فیسارە پاشا پایەی بەرزترە، ئەوا شتێكی سروشتیە كە پرسیار بكەن لەو گەشتیارانەی گەڕاونەتەوە دەربارەی ئەو بانگەشەكارەی كە لە دەرەوە هاتووە بۆ لایان بڵێن: ئایا بەڕاستی ئەم كابرایە پاشای ئەو وڵاتەیە؟ ئەوا دەستبەجێ گەشتیارەكان ڕاستیەكەیان پێ دەڵێن. مادام كارەكە بەم شێوەیە ئەوا زیندووكردنەوەی مردووەكان لەلایەن مەسیحەوە كارێكی بایەخدار نیە، وەك پێشتر باسم كرد، مەگەر كاتێك كە ئەو شایەتیەی لە مردووەكان داوا دەكرێت، كە دیارە لێیان داوا دەكرێت، ببێتە هۆی ئەنجامێكی قایلكەر. بەڵام لێرەدا كارەكە بەتەواوەتی پێچەوانەیە؛ چونكە گریمان مەسیح لە ڕاستیدا ئەو مردووانەی زیندوو كردووەتەوە ئەوا دەبێت گریمانەی ئەوەش بكەین كە ئەم مردووانە هیچ شایەتیەكی بەسوودیان نەداوە دەرهەق بە مەسیح كە پاڵ بە خەڵكیەوە بنێت بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بكەن؛ بەڵكو شایەتیەكی وەهایان داوە كە قوڕەكەی زیاتر خەست كردووەتەوە!
خۆزگە ئاژەڵەكان لە جێگەی مرۆڤ دەبوون لەم ڕووداوی زیندووكردنەوەیهدا؛ چونكه دەتوانرا مەسەلەكە پەردەپۆش بكرێت و بشاردرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بوترایە مەسیح (عليه السلام) هەزارەها گامێشی زیندوو كردووەتەوە تاڕادەیەكی زۆر ڕێی تێ دەچوو؛ چونكە ئەگەر ئەو كاتە كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت: ئەنجامی شایەتیدانی ئەو گامێشانە چی بوو كە زیندوو كرانەوە و گەڕێنرانەوە بۆ ژیان؟ ئەوا دەستبەجێ وەڵامی دەدرایەوە: گامێش ئاژەڵە و توانای قسەكردنی نیە تاكو بە چاك یان بە خراپ شایەتی بدات. بەڵام ئەو مردووانەی كە مەسیح زیندووی كردنەوە ژمارەیان گەیشتە سەدان هەزار كەس، دەی كوا ئەنجامی شایەتیەكانیان؟ بۆ نموونە ئەگەر لەم بارەیەوە پرسیار بكەین لە هەندێ لە هيندۆسەكان: ئەگەر هەندێ لە باب و باپیرانی مردووتان بە زیندوویی بگەڕێنەوە بۆ لاتان و شایەتی بدەن لەسەر ڕاستی ئايینێكی دیاریكراو، ئایا دوای ئەمە گومانتان دەمێنێت لە ڕاستی ئەو ئایینه؟ ناكرێت لەوەڵامدا بڵێن: بەڵێ، گومانمان دەمێنێت لە ڕاستی ئەو ئایینە. نەخێر، لە دنیادا مرۆڤێكی لەو جۆرە نیە كە پاش ئەم بەڵگە ڕوون و ئاشكرایە هێشتا هەر ڕۆبچێت لە كوفر و كەللـەڕەقیدا.
بەداخەوە بۆ مەسیحیەكان، بێگومان (السیخ الخالصة) لە وڵاتی ئێمەدا لەوان ژیرتر و زیرەكتر بوون لە هەڵبەستنی ئەم جۆرە چیرۆكانەدا؛ چونكە ئەوان دەڵێن گوایە جارێكیان ڕابەرەكەیان “بابا نانەك” فیلێكی مردووی زیندوو كردووەتەوە. وە ئەم موعجیزەیە لە ڕووی سەرەنجامەوە ئەو ڕەخنەیەی لێ ناگیرێت كە لە “موعجیزەی زیندووكردنەوەی ئینجیلی” دەگیرێت؛ چونكە “سیخەكان” دەتوانن بڵێن كە فیل قسە ناكات هەتا باوەڕ بھێنێت یان باوەڕ نەهێنێت بە “بابا نانەك”ی ڕابەریان.
گومانی تێدا نیە كە خەڵكی بە گشتی زۆر كەیفخۆش دەبن بەم جۆرە “موعجیزان”ە بەهۆی عەقڵی ناتەواویانەوە، بەڵام ژيرەكانیان لەناخەوە دەسووتێن لە ئەنجامی ئەو ڕەخنانەی كە میللـەتانی تر دەیوروژێنن، وە لە هەموو ئەو مەجلیسانەدا كە تێیدا ئەم جۆرە چیرۆكە پڕوپووچانە باس دەكرێن ئەوان زۆر شەرمەزار دەبن.
بەوپێیەی كە ئێمە وەكو مەسیحیەكان خۆشەویستی و دڵسۆزیمان هەیە بۆ مەسیح (عليه السلام) بەڵكو ئێمە زیاتر لەوان مەسیحمان خۆش دەوێت؛ چونكە ئەوان ستایشی كەسێك دەكەن كە حەقیقەتەكەی نازانن، بەڵام ئێمە ستايشی كەسێك دەكەین كە دەیناسین؛ چونكە بینیومانە، لەبەرئەوە ئێستا پەردە لەسەر ڕووی ئەو ڕاستیە لا دەدەین كە لە ئینجیلەكاندا باسكراوە كە دەڵێت هەموو مردووە چاكەكارەكان گەڕانەوە بۆ ژیان كاتی ڕووداوی خاچەكە و چوونەناو شارەكەوە.
با ڕوون و ئاشكرا بێت كە ئەمە كەشفێك بووە وەكو خەون كە هەندێ لە كەسانی پارێزكار بینیویانە دوای ڕووداوی خاچەكە، بەجۆرێك بینیویانە وەك ئەوەی مردووە پیاوچاكەكان بە زیندوویی گەڕاونەتەوە بۆ شارەكە و كۆبوونەوەیان بە خەڵكەكە كردووە. هەروەك چۆن خەو لێكدانەوەی بۆ كراوە لە كتێبە پیرۆزەكانی خوای گەورەدا، بۆ نموونە وەك خەوەكەی یوسف (عليه السلام)، بەهەمان شێوە ئەم خەوە لێكدانەوەی هەیە، كە بریتیە لەوەی مەسیح لەسەر خاچەكە نەكوژراوە، بەڵكو خوا ڕزگاری كرد لە مردنی لەسەرخاچ.
ئەگەر بوترێت: ئەم لێكدانەوەت لە كوێوە هێنا؟ ئەوا دەڵێم: هەڵبەت پێشەوایانی زانستی لێكدانەوەی خەون ئەمەیان تۆمار كردووە، هەروەها هەموو زاناكانی لێكدانەوەی خەون بە ئەزموونەكانیان شایەتییان لەسەر ئەمە داوە. وە لە خوارەوە نووسینی يەكێك لە پێشەوایانی زانستی لێكدانەوەی خەو دەهێنین كە بریتیە لە نووسەری خەونامەی (تعطیر الأنام) كە دەڵێت، ئەمە وەرگێڕانی دەقەكەیەتی بە كوردی: “هەر كەسێك بینی كە مردووەكان لە گۆڕەكانیان هەستانەوە و گەڕانەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان ئەوا كەسێك لە زیندان دەردەچێت و ڕزگاری دەبێت” (تعطیر الأنام في تعبیر المنام، لقطب الزمان الشیخ عبد الغني النابلسي ص 289)
واتە مەبەست لەم جۆرە خەوانە یان لەم جۆرە كەشفانە ئەوەیە كە زیندانیەك ئازاد دەكرێت و ڕزگاری دەبێت لە دەستی ستەمكاران، وە لەم شێوازی ڕوونكردنەوەیەدا بەڵگەیەكیش هەیە لەسەر ڕێز و مەزنی ئەو زیندانیە.
ئێستا دەبینن كە چۆن ئەم لێكدانەوەیە تا ئەوپەڕی گونجاوی پیادە دەبێت بەسەر مەسیحدا (عليه السلام) بەجۆرێك دەستبەجێ پەی بەوە دەبەین كە ئەم خەوە، كە تێیدا بینـراوە مردووە چاكەكارەكان دەچنەناو شارەكەوە، ئاماژەیەكی تێدایە بۆ ئەهلی فیراسەت كە مەسیح ڕزگاری بووە لە مردنی لەسەرخاچ.
وە لە ئینجیلەكاندا كۆمەڵێك بابەتی تر هەیە كە لێیانەوە دەردەكەوێت مەسیح (عليه السلام) لەسەر خاچ نەمردووە، بەڵكو ڕزگاری بووە لێی و كۆچی كردووە بۆ وڵاتێكی تر، بەڵام من پێموایە ئەوەی كە لەم بارەيەوە ڕامگەیاند و خستمەڕوو بەسە بۆ ئەوەی كەسانی خاوەن ویژدان لێی تێبگەن.
ڕەنگە لە مێشكی هەندێ كەسدا ئەو ڕەخنەیە دروست بێت كە خودی ئینجیلەكان چەندین جار باس و خواس دەكەن دەربارەی مردنی مەسیح لەسەر خاچ، پاشان گەڕانەوەی بۆ ژیان و سەركەوتنی بۆ ئاسمان؟!
بێگومان پێشتر بەكورتی وەڵامی ئەم جۆرە ڕەخنانەم داوەتەوە، بەلامەوە گونجاوە لێرەشدا ڕوونی بكەمەوە كە مەسیح (عليه السلام) دوای ڕووداوی خاچەكە لەگەڵ حەواریەكانیدا كۆبووەتەوە، وە گەشتی كردووە بۆ شاری جەلیل، وە نان و ماسی برژاوی خواردووە، وە برینەكانی خۆی پیشانی ئەوان داوە، وە شەوێك لە گوندی “ئەمواس” ماوەتەوە، وە بە نھێنی لەو شوێنە هەڵھاتووە كە پیلاتۆس دەسەڵاتی هەبووە تێیدا، وە لەو وڵاتە كۆچی كردووە بەگوێرەی سوننەتی پێغەمبەران، وە بەوریاییەوە گەشتی كردووە. هەموو ئەم ڕووداوانە جەخت لەوە دەكەنەوە كە مەسیح لەسەر خاچ نەكوژراوە، وە هەموو پێویستیەكانی جەستەی فانی جیانەبووەتەوە لێی، وە هیچ گۆڕان و پێشكەوتنێكی نوێ نەهاتووە بەسەریدا. هەروەها لە ئینجیليشدا نیە كە كەسێك بەچاوی خۆی بەرزبوونەوەی عیسای بینیبێت بۆ ئاسمان [واتە هیچ كەسێك نیە بڵێت خۆی ئامادە بووە كە ئەو ڕووداوە ڕوویداوە، وە بەچاوی خۆی عیسای بینیبێت كە بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان. (نووسەر)]، تەنانەت ئەگەر ئەم جۆرە بەڵگەیەش هەبێت شایانی ڕەچاوكردن و بایەخ پێدان نیە؛ چونكە نەریتی نووسەرانی ئینجیل بەشێوەیەك بووە كە زۆر زیادەڕەوییان كردووە بەجۆرێك كێچێكیان كردووە بە گایهك و گەردیلەیهكیان كردووە بە شاخێك. بۆ نموونە ئەگەر یەكێكیان نووسیبێتی مەسیح كوڕی خوایە؛ ئەوا دەبینین دووەمیان هەوڵیداوە لەڕاستیدا بیكات بە خودی خوا پاشان سێيەم قۆڵی لێ هەڵـماڵیوە كە دەسەڵاتی زەوی و ئاسمانەكانی پێ بدات، وە چوارەم هاتووە و بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە مەسیح خوایە و هیچ خوایەكی تر جگە لەو بوونی نیە، ئا بەم شێوەیە لەڕادەبەدەر هەڵیانناوە و زیادەڕەوییان كردووە لەبارەیەوە. ئەو خەوە بە نموونە وەربگرە كە دەڵێت وەك ئەوەی مردووەكان لە گۆڕەكانیان زیندووبووبنەوە و هاتبن بۆ ناوشار، دەبینین مەسیحیەكان بەڕووكەشی ڕاڤەیان كردووە و دەستیان گرتووە بە ڕواڵەتی وشەكانەوە، بەوەی كە بەشێوەیەكی ڕاستهقینه مردووەكان لە گۆڕەكانیان دەرچوون و هاتن بۆناو شاری ئۆرشەلیم و دانیشتوانی ئەو شارەیان كۆكردهوه! دە بڕوانن چۆن پەڕێكیان كردووە بە باڵندەیەك و باڵندەیەكیان كردووە بە چەندەها پۆل. ئیتر ڕاستیەكان چۆن بزانرێن كە زیادەڕەوی گەيشتووەتە ئەم ئاستە؟!!
ئایا شتێكی نامۆ نیە كە بوتریت ئەم ئينجیلانە “خوا نووسیویەتی” لەگەڵ ئەوەی زيادەڕەوی ئەفسانەییان تێدایە وەك ئەم گوفتارەیان: مەسیح ئەوەندە كردەوەی هەبووە كە ئەگەر هەمووی تۆمار بكرێت لە كتێبەكاندا ئەوا لەسەر زەویدا جێگای نابێتەوە. ئایا ئەم زیادەڕەویە هیچ ڕاستی و ئەمانەتێكی تێدایە؟! ئایا مافی ئەوەمان نیە كە بپرسین ئەگەر كردەوەكانی مەسیح لەڕادەبەدەرن و لە ژماردن نایەن ئیتر چۆن تەنھا لەماوەی سێ ساڵدا ئەو هەموو كردەوانەی ئەنجام داوە؟!!
وە یەكێكى تر لەو بابەتانەی كە ئینجیلەكان لەكەدار دەكات ئەوەیە كە بەهەڵە بڕگەی نووسينیان وەرگرتووە لە كتێبە كۆنەكان، تەنانەت نووسەرانی ئینجیل هەڵەیان كردووە لە تۆماركردنی ڕەچەڵەكی مەسیحیش. وە لە ئینجیلەكانەوە ڕوون دەبێتەوە كە عەقڵی ئەو نووسەرانە عهقڵێكی ڕووكەشی بووە بەجۆرێك هەندێكیان باوەڕیان وا بووە كە مەسیح یەكێكە لە جنەكان. وە هەر لەكۆنەوە بەردەوام خەڵكی تانەیان داوە لەم ئینجیلانە كە سەلامەت و پارێزراو نەبوون لە دەستكاری و تێكەڵاوبوونی شتی هەوانتە و پڕوپووچ.
هەندێ نووسراوی تر هەیە كە بەناوی ئینجیلەوە نووسراون، وە هیچ بەڵگەیەكی گومانبڕمان لەبەردەستدا نیە كە پاڵمان پێوە بنێت بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو شتانەی كە لەناویاندایە و قبوڵكردنی هەموو ئەوانەی كە لە ئینجیلەكانی ئێستادا هەن؟ وە باوەڕم وایە كە ئینجیلەكانی تر بە ئەندازەی ئەم چوار ئینجیلەی كە ئێستا هەن زیادەڕەوی ئەفسانەییان تێدا نیە.
یەكێك لە بابەتە زۆر سەیرەكان ئەوەیە كە ئەم ئینجیلانە لەلایەكەوە ژیانێكی خاوێن بریار دەدەن بۆ مەسیح كە خاڵیە لە هەموو خەوش و نەنگیەك كەچی لەلایەكی ترەوە كۆمەڵێك تاوان دەدەنە پاڵی كە تەنانەت لە پیاوچاكێكی ئاسایی ناوەشێتەوە كە هەرگیز ئەو تاوانانە ئەنجام بدات! بۆ نموونە: بەگوێرەی ڕێنماییەكانی تەورات دەبینین كە پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل لەیەك كاتدا سەدەها ژنیان هەبووە بۆئەوەی نەوەی چاكەخواز زۆر بێت، بەڵام هەرگیز نەتانبیستووە كە پێغەمبەرێك لە پێغەمبەرەكان لەڕووی داڕوخانی ئەخلاقی و بەرەڵاییەوە نموونەیەكی دزێوی پێشكەش كرد بێت، بەجۆرێك ئافرەتێكی سۆزانی و پیس و بەدكار، كە ناسراو بێت لە هەموو وڵاتدا، دەستی لێ بدات و قژی چەور بكات بە زەیتێك كە بە داوێنپیسی پەیدای كرد بێت، وە قژی خۆی لەبەر پێی ئەودا پەخش بكاتەوە، كەچی مەسیح چاوپۆشی كردووە لە هەموو ئەم كارانە كە لەلایەن ئافرەتێكی داوێنپیسەوە كراوەو ڕێگری لێ نەكردووە! لەڕاستیدا مرۆڤ ناتوانێت خۆی بەدوور بگرێت لە هەموو ئەو گومانانەی كە بەهۆی ئەم دیمەنانەوە دروست دەبن، مەگەر ئەوەی گومانی باش ببات، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە شێوەكان ئەمە پێشنگیەكی چاك نیە بۆ كەسانی تر.
بێگومان ئەم ئینجیلانە پڕن لە كۆمەڵێك بابەت كە دەبنە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە لەسەر شێوە بنچینەییەكەی خۆیان نەماون، یان نووسەرەكانیان حەواری و قوتابیەكانیان نین. بۆ نموونە لە ئینجیلی “مەتتا”دا هاتووە: “بەردەوام ئەم كارە ناسراو بووە لەناو جوولەكەدا هەتا ئەمڕۆ” ئایا دەگونجێت و ڕاست دەردەچێت كە “مەتتا” نووسەری ئەم دەستەواژە و دەربڕینە بێت؟ ئایە ئەمە بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی كە نووسەری ئینجیلی “مەتتا” كەسێكى ترەو “مەتتا” نيە، وە سەردەمەكەشی دوای مردنی “مەتتا” بووە؟
هەروەها لە ئینجیلی “مەتتا” بەشى 28 : 12_13 دا هاتووە: “ئەوانیش [جوولەكە] لەگەڵ پیران كۆبوونەوە و ڕاوێژیان كرد، زیوێكی زۆریان دایە سەربازەكان و گوتیان: “بڵێن، كاتێك ئێمە خەوتبووین، قوتابیەكانی [مەسیح] لەشەودا هاتن و دزییان.”
بڕوانن ئەم قسەیە چەندە پڕوپووچ و بێ مانایە! ئەگەر بەم قسەیە مەبەستیان ئەوەیە كە جوولەكە ویستویانە بەم ڕێگەیە موعجیزەی زیندووبوونەوەی مەسیح لەناو مردووەكاندا بشارنەوە و بەرتیلیان داوە بە پاسەوانەكان بۆئەوەی هەواڵی ئەم موعجیزە مەزنە بڵاوە نەكات لەناو هۆزەكەی خۆیاندا، ئەوا لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕێ: كەواتە بۆچی یەسوع خۆیشی ئەم موعجیزەیە دەشارێتەوە؟ نەك هەر ئەمە، بەڵكو قەدەغەی كردووە لە خەڵكانی تریش كە بڵاوی بكەنەوە!
ئەگەر بڵێن لە پەلاماری جوولەكە دەترسا، ئەوا دەڵێم: پاش ئەوەی بڕیار و ویستی خوا كاری كرد و كهوتهگهڕ بۆ ڕزگاربوونی و پاش ئەوەی بە جەستەی شكۆمەندەوە گهڕایهوه بۆ ژیان، هیچ هۆكارێك نەبووە بۆ ترسان لە جوولەكە؛ چونكە ئیتر ئێستا جوولەكە دەسەڵاتیان نیە بەسەریدا؛ لەبەرئەوەی ئەو باڵاترە لەم ژیانە فانیە.
بەداخەوە لەلایەكەوە ئینجیل باسی ئەوە دەكات كە مەسیح بەجەستەی شكۆمەندەوە لەناو مردووەكاندا زیندوو بووەتەوە و چاوی كەوتووە بە حەواریەكان و سەفەری كردووە بۆ جەلیل پاشان بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان كەچی لەلایەكی ترەوە باسی ئەوەش دەكات كە مەسیح لەگەڵ هەر هەنگاوێكدا لە جوولەكە ترساوە سەرەڕای دەستكەوتنی جەستەی شكۆمەند، وە بەنھێنی لە وڵات هەڵھاتووە بۆئەوەی هیچ يەكێك لە جوولەكەكان نەیبینن، وە بۆ ماوەی حەفتا فەرسەخ تاڵی و سوێری سەفەری چەشتووە تاكو بگاتە جەلیل و ڕزگاری بێت لێيان. وە جار لەدوای جار ڕێگری لە هاوەڵەكانی كردووە كە بابەتەكە بۆ هیچ كەسێك باس بكەن! دەی ئایا هەموو ئەمانە بەشێكن لە خاسیەت و سیفەتەكانی جەستەی شكۆمەند؟! بهدڵنیاییهوه نەخێر، بەڵكو لەڕاستیدا مەسیح هیچ لاشەیەكی نوێی شكۆمەندی بەدەست نەهێنابوو، بەڵكو هەمان ئەو جەستە بریندارەی هەبووە كە لەكاتی ڕزگاربوونی لە مردن هەیبووە. وە بەوپێیەی كە بەردەوام مەترسیەكانی جوولەكە هەڕەشەی لە مەسیح دەكرد پاش ئەم ڕووداوە، لەبەرئەوە بە گرتنەبەری هۆكارە ڕواڵەتیەكان لەو وڵاتە كۆچی كرد. لەڕاستیدا هەموو ئەو قسە و قسەڵۆكانەی تر كە پێچەوانەی ئەم ڕاستیەن هەمووی بیرۆكەی پڕوپووچن، لەناویاندا ئەو قسەیەیان كە گوایە جوولەكە بەرتیلیان داوە بە پاسەوانەكان بۆئەوەی لەناو خەڵكیدا بڵاویبكەنەوە كە گوایە حەواریەكان تەرمەكەی مەسیحیان دزیوە لەكاتێكدا پاسەوانەكان خەوتبوون. دەڵێم ئەم بیرۆكەیە بیرۆكەیەكی بۆش و بێ ناوەڕۆكە؛ چونكە زۆر بەئاسانی بیانووی خەوتن هەڵدەوەشێتەوە، ئەگەر پرسیاریان لێ بكرێت: كاتێك ئێوە لە پرخەی خەودا بوون چۆن زانیتان كە حەواریەكان تەرمەكەی ئەویان دزیوە؟
پاشان ئایا تەنھا دیارنەمانی مەسیح لە گۆڕەكەدا هیچ كەسێكی ژیر ڕازی دەكات بەوەی كە سەركەوتووە بۆ ئاسمان؟ ئایا هۆكاری تر نیە بۆ چۆڵ بوونی گۆڕەكە؟ ئایا واجب نەبوو لەسەر مەسیح بۆ سەلماندنی ئەم موعجیزەیەی خۆی، پێش بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان، بگات بە پیلاتۆس و چەند سەد كەسێك لە جوولەكە و چاوی پێیان بكەوێت بەبێ ئەوەی لە هیچ كەسێك بترسێت پاش دەستكەوتنی جەستەی شكۆمەند؟ بەڵام مەسیح ئەم ڕێگەیەی هەڵنەبژارد، وە بچوكترین بەڵگەی پێشكەشی دوژمنەكانی نەكرد، بەڵكو بە ترس و لەرزەوە هەڵھات بۆ جەلیل! لەبەرئەوە ئێمە بەدڵنیاییەوە باوەڕمان وایە كە مەسیح لە گۆڕەكەی دەرچوو، كە وەك ژوورێك وابوو دەلاقەی هەبێت، لەمەدا گومانمان نیە، وە بەنھێنی چاوی كەوت بە حەواریەكانی، وە هەرگیز ڕاست نیە كە جەستەیەكی نوێی شكۆمەندی پێ گەيشتبێت، بەڵكو هەر خاوەنی جەستە كۆنەكەی خۆی بووە و برینەكانیشی هەر ئەو برینانە بوون، وە هەمان ترسی هەبووە… واتە ترسی ئەوەی نەوەك دووبارە جوولەكەی بەدبەخت قۆڵبەستی بكەنەوە.
بە سەرنجدان و تێڕامانەوە ئینجیلی “مەتتا” بەشى 27 : 7_10 بخوێننەوە كە بەڕوونی تێیدا هاتووە ئەو ئافرەتانەی كە كەسێك هەواڵی پێدان مەسیح زیندووە و ئێستا بەرەو جەلیل دەڕوات، وه بە ئهسپایی پێی وتن كە حەواریەكانیش ئاگادار بكەن لەم هەواڵە، زۆر دڵخۆش بوون بەم هەواڵە، بەڵام بەدەم ڕێگاوە ترسی ئەوەیان لێ نیشتبوو كە جوولەكەیەكی شەڕانگێز مەسیح قۆڵبەست بكات.
وە لە ژمارە 9ی هەمان ئینجیلدا دەبینین كە مەسیح گەيشتووە بەو ئافرەتانە لەكاتێكدا ئەوان دەڕۆيشتن هەواڵ بدەن بە حەواریەكان، سڵاوی لێیان كردووە. وە دەبینین لە ژمارە 10 دا مەسیح پێیان دەڵێت: مەترسن، واتە لە كەس مەترسن دەربارەی من، بەڵام بە براكانم بڵێن كە بچن بۆ جەلیل [تێبینی: لێرەدا مەسیح بۆ هێوركردنەوەی ئافرەتەكان پێی نەوتن كە ئەو گەڕاوەتەوە بۆ ژیان بە جەستەیەكی تازەی شكۆمەند و كەس ناتوانێ زیانی پێ بگەیەنێت، بەڵكو كاتێك دەیانبینێت كە شڵەژاو و پەشێون وەك چۆن پیاوان ئافرەتان دڵنیا دەكەنەوە ئەمیش هێوریان دەكاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بەوە بدات كە جەستەیەكی شكۆمەندی بەدەست هێناوە، بەڵكو بە پیشاندانی لاشەی خۆی بە گۆشت و ئێسقانەوە ئەوەی گەیاندووە پێیان كە تەنھا خاوەنی لاشەیەكی ئاساییە. (نووسەر)]، وە لەوێ دەمبینن.. واتە ناتوانم لە ترسی دوژمنان لێرە بمێنمەوە.
كەواتە ئەگەر لە ڕاستیدا مەسیح بە لاشەی شكۆمەندەوە بگەڕایەتەوە بۆ ژیان؛ ئەوا پێویست بوو لەسەری ئەمە بسەلمێنێت بۆ جوولەكە، بەڵام ئێمە بەتەواوی ئەوە دەزانین كە مەسیح ئەم كارەی نەكرد! وە گەمژەییە جوولەكە تۆمەتبار بكەین بەوەی كە ڕێگر بوون لە دەركەوتـنی ئەو نیشانەيەی كە بەڵگەیە لەسەر گەڕانەوەی مەسیح بۆ ژیان، بەڵكو مەسیح خۆیشی بچوكترین بەڵگەی پێشكەش نەكرد لەسەر گەڕانەوەی بۆ ژیان، وە بە هەڵھاتن و خۆشاردنەوە و خواردن و خەوتن و خستنەڕووی برینەكانی بۆ شوێنكەوتووەكانی ئەوەی سەلماند كە لەسەر خاچەكە نەمردووە.
باسی دووەم
خستنەڕووی ئەو بەڵگانەی كە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودە ڕاستەكاندا دەستمان كەوتووە
دەربارەی ڕزگاربوونی مەسیح (عليه السلام)
ڕەنگە خوێنەری بەڕێز وابزانێت باسكردنی ئەو بەڵگانەی كە ئێستا لەم بەشەدا تۆماری دەكەین هیچ كەڵك و سوودێكی نەبێت لەبەرامبەر مەسیحیەكاندا؛ چونكە ئەوان دان بەوەدا نانێن كە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان بەڵگە بن، بەڵام ئێمە ئامانجمان ئەوەیە كە موعجیزەی كتێبە پیرۆزەكەی خۆمان كە قورئانە و موعجیزەی پێغەمبەرە ئازیزەكەمان كە موحەممەدە (ﷺ) بخەینەڕوو بەجۆرێك ئەم ڕاستیانەی كە ئەمڕۆ ئاشكرا دەبن، پاش ئەوەی بەدرێژایی سەدەكانی پێشوو بەردەوام شاراوەبوون، پێشتر قورئانی پیرۆز و پێغەمبەرە ئازیزەكەمان (ﷺ) ڕایانگەیاندووە، كە لە خوارەوە هەندێكی كەمی تۆمار دەكەین:
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَقَوْلِهِمْ إِنَّا قَتَلْنَا الْمَسِيحَ عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ رَسُولَ اللَّهِ وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ… وَمَا قَتَلُوهُ يَقِينًا﴾ [سورة النساء: 158. (وەرگێڕی عەرەبی).] واتە لە ڕاستیدا جوولەكە نەیانتوانی مەسیح بكوژن، وە لەسەر خاچیش لەناویان نەبرد، بەڵكو كارەكەیان لێ تێكچوو، گومانیان وابوو لەسەر خاچەكە مردووە، بەڵام هیچ بەڵگە و دەلیلێكیان لانیە كە بە هۆیەوە دڵیان ئۆقرە بگرێت و لەوە دڵنیابن كە مەسیح (عليه السلام) لەسەر خاچەكە گیانی دەرچوو بێت.
بێگومان لەم ئایەتەدا خوای گەورە بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت كە لەڕاستیدا مەسیح لەسەر خاچ هەڵواسرا، وە ویستیان بیكوژن، بەڵام جوولەكە و مەسیحیەكان لەوەدا فریویان خوارد كە پێیان وابوو لەڕاستیدا مەسیح لەسەر خاچەكە مردووە؛ چونكە لە واقیعدا خوای گەورە هۆكارگەلێكی سازاند كە بوونە هۆی ڕزگاربوونی مەسیح لە مردنی لەسەرخاچ.
دادگەری ئەوە دەخوازێت كە دانبنێین بەوەدا ئەوەی قورئانی پیرۆز ڕایگەیاندووە بە پێچەوانەی بۆچوونی جوولەكە و مەسیحیيەكانەوە، لە كۆتاییدا ڕاستیەكەی سەلمێنرا؛ چونكە توێژینەوە وردە هاوچەرخەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە لەڕاستیدا مەسیح (عليه السلام) ڕزگاری بوو لە مردنی لەسەرخاچ. وە خوێندنەوەی كتێبە مێژووییەكان ئەوە دەردەخات كە هەمیشە جوولەكە دەستەوسان بوون لە پێشكەشكردنی وەڵامێكی قایلكەر كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێ كرابێت: چۆن مەسیح تەنھا لەماوەی دوو یان سێ كاتژمێر، كە لەسەر خاچەكە هەڵواسرابوو مردووە بەبێ ئەوەی ئێسكەكانی بشكێنرێت؟ لەبەرئەوە هەندێ لە جوولەكە بۆچوونێكی تریان هەڵبەست كە گوایە بە شمشێر مەسیحیان كوشتووە لەگەڵ ئەوەی مێژووی كۆنی جوولەكە هەرگیز پشتگیری ئەم بۆچوونە ناكات.
وە یەكێك لە سەیرو سەمەرەكانی توانا و قودرەتی خوا ئەوە بوو كە لەیەك كاتدا كۆمەڵێك هۆكاری كۆكردەوە بۆ ڕزگاركردنی مەسیح، ئەوە بوو كاتی هەڵواسینی لەسەر خاچ بەتەواوەتی دنیا تاریك بوو، وە بوومەلەرزە ڕوویدا، وە ژنەكەی پیلاتۆس خەوی بینی، وە كاتی هاتنی شەوی شەممەی مەزن نزیك بوویەوە كە حەرامە بۆ جوولەكە كەسێك بەسەر خاچەوە بەجێبھێڵن، وە دڵی دادوەرەكە نەرم بوو بۆ ڕزگاركردنی مەسیح بەهۆی ئەو خەوە ترسێنەرەوە، هەروەها خوای گەورە مەسیحی وەكو مردوو لێ كرد بۆئەوەی بەو شێوەیە دەربكەوێت بۆ هەموو كەس، وە ترس و بیمی لەدڵی جوولەكەدا بڵاوكردەوە بە پيشاندانی نیشانە تۆقێنەرەكانی وەك بوومەلەرزە و ئایەتەكانی تریش، لەبەرئەوە جوولەكە ترسان لەوەی كە سزایان بۆ دابەزێت، سەرباری ترس و بیمیان لە مانەوەی تەرمەكان لەسەر خاچ لە شەوی شەممەدا، پاشان كاتێك جوولەكە بینیان مەسیح بووراوەتەوە وایانزانی مردووە، هەروەك تاریكبوونی دنیا بەتەواوەتی و بوومەلەرزە و ترس و بیم، هەموو ئەمانە پاڵی پێوەنان كە گرنگی بدەن بە ماڵەكانی خۆیان و تووشی نیگەرانی بن دەربارەی خێزان و ماڵ و مناڵیان، هەروەها ترس و لەرز لە دڵیاندا بەتەواوی پەرەیسەند؛ چونكە پرسیاریان لە خۆیان كرد كە ئایا ئەگەر ئەم كابرایە، وەك ئەوان دەڵێن، كافر و درۆزنە ئەوا بۆچی كاتێك سزایاندا ئەو نیشانە تۆقێنەرانە دەركەوتن بەشێوەیەك كە پێشتر شتی وەها ڕووینەداوە، وە لە توندوتیژی ئەو سام و شڵەژانەی كە تووشیان بوو نەیان پەرژایە سەرئەوەی كە بەوردی لێكۆڵینەوە بكەن لەوەی كە ئایا لە ڕاستیدا مەسیح مردووە یان نا.
لەڕاستیدا ئەم هەموو كاروبارانە تەگبیری خوایی بوون بۆ ڕزگاركردنی مەسیح، وە ئەم ئایەتە پیرۆزە ئاماژە بەم بابەتە دەكات ﴿وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ﴾ واتە جوولەكە نەیانتوانی مەسیح بكوژن، بەڵام خوای گەورە كارەكەی لێ تێكدان، ئەوەبوو پێیان وابوو كوشتویانە؛ ئەمە بابەتێكە كە بەهۆیەوە هیوای دۆستانی خوا بەهێز دەبێت بە فەزڵ و ڕەحمەتی خوا كە دەتوانێت بەهەر ڕێگەیەك بیەوێت بەندەكانی خۆی ڕزگار بكات.
وە ئایەتێكی تر هەیە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی مەسیح (عليه السلام) كە بریتیە لەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَجِيهًا فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَمِنَ الْمُقَرَّبِينَ﴾ واتە مەسیح لە ژیانیدا قەدر و ڕێزێكی مەزن بەدەست دەهێنێت و خەڵكی بەچاوی ڕێزەوە بۆی دەڕوانن، وە هەروەها لە دواڕۆژیشدا. وە ڕوون و ئاشكرایە كە مەسیح هیچ ڕێز و گەورەییەكی بەدەست نەهێنا لە قەڵەمڕەوی هیرۆدس و پیلاتۆسدا، بەڵكو ئەوپەڕی سووكایەتی پێ كرا، بەڵام ئەو گومانەی كە گوایە دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ دنیا بۆ دەستكەوتنی شكۆ و دەسەڵات تەنھا داڵغەیەكە و هیچ بنەمایەكی نیە، هەروەك پێچەوانەی مەبەستی كتێبە خواییەكانە. بەڵكو زۆر بەتوندی دژایەتی دەكات لەگەڵ سوننەتە دێرین و یاسا سروشتیەكانی خوای گەورەدا، هەروەها ئەمە بانگەشەیەكە و هيچ بەڵگەیەك پشتگیری ناكات.
بەڵام لە واقیعدا ڕاستی بابەتەكە بەم شێوەیە: پاش ڕزگاربوونی مەسیح (عليه السلام) لەدەستی جوولەكە بەدبەختەكان، زەوی (پەنجاب) شەرەفدار بوو بە هاتنی مەسیح بۆ ئەو خاكە، وە خوای گەورە لەو وڵاتەدا ڕێز و حورمەتێكی زۆری پێبەخشی و كارێكی كرد كە 10 هۆزە ئیسڕائیلیە ونبووەكە بدۆزێتەوە. وا دەردەكەوێت كە زۆربەی زۆری نەوەی ئیسڕائیل پاش كۆچكردنیان بۆ ئەو وڵاتە باوەڕیان هێنابێت بە ئایینی بودایی، وە هەندێكیشيان تووشی خراپترین جۆری بتپەرستی بووبن، بەڵام زۆربەیان گەڕانەوە بۆ ڕێگەی ڕاست پاش گەيشتنی مەسیح بۆ ئەو وڵاتانە. وە بەوپێیەی ڕێنماییەكانی مەسیح (عليه السلام) ئامۆژگاریەكی لەخۆگرتووە كە بریتیە لە باوەڕهێنان بە پێغەمبەری داهاتوو (ﷺ)، بۆیە لە كۆتاییدا هەموو ئەو هۆزانە باوەڕیان هێنا بە ئایینی ئیسلام كە لەو وڵاتانە بەناوبانگ بوون بە ئەفغان و كشمیریەكان.
بەكورتی مەسیح لەو وڵاتانە قەدرێكی مەزنی بەدەست هێنا. وە لەم دواییانەدا لە ناوچەی (پەنجاب) پارچە دراوێك لەناو شوێنەوارە كۆنەكاندا دۆزرایەوە كە بە زمانی (بالی) ناوی مەسیحی لەسەر هەڵكۆڵرابوو، وە ئەم پارچە دراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەسیح خۆی. بەوپەڕی دڵنیاییەوە لەمەوە دەردەكەوێت كە مەسیح لەم وڵاتانەدا وەكو پاشاكان ڕێز و گەورەیی بەدەست هێناوە. باوەڕی بەهێز ئەوەیە كە ئەم پارچە دراوە لەلایەن پاشایەكەوە دەركراوە كە باوەڕی بە مەسیح (عليه السلام) هەبووە. هەروەها پارچە دراوێكی تر دۆزرایەوە كە وێنەی پیاوێكی ئیسرائیلی لەسەرە، وە كۆمەڵێك بەڵگەی بەهێزی لەگەڵدایە كە دەریدەخەن وێنەكە وێنەی مەسیحە (عليه السلام).
وە لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە كە خوای گەورە مەسیحی پیرۆز كردووە، بەجۆرێك بچێتە هەر جێگایەك ئەو كەسێكی پیرۆز دەبێت. وە ئەو پارچە دراوەی كە پێشتر ئاماژەی پێ كرا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خوای گەورە تا ئاستێكی زۆر بڵند مەسیحی پیرۆز و مەزن كردووە، وە نەیمراندووە هەتا وەكو پاشاكان شكۆ و دەسەڵاتی بەدەست هێناوە.
وە لە قورئانی پیرۆزدا ئایەتێكی ترمان بەرچاو دەکەوێت كە بریتیە لە: ﴿وَمُطَهِّرُكَ مِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا﴾ واتە ئەی عیسا بە دڵنیاییەوە پاكت دەكەمەوە لە تۆمەتی دوژمنان و پاكی و خاوێنی تۆ دەسەلمێنم، وە ئەو بوختان و تۆمەتانە لادەبەم لەسەرت كە جوولەكە و مەسیحیەكان دروستیان كردووە بۆت. وە ئەمە هەواڵێكی مەزنە كە پوختەكەی بەم شێوەیە: جوولەكە مەسیحیان تۆمەتبار كردووە بەوەی كە دڵی خاڵی بووەتەوە لە خۆشەویستی خوای گەورە پاش ئەوەی بوو بە كەسێكی لەخاچدراو و نەفرەت لێ كراو، هەروەك ئاشكرایە كە چەمكی نەفرەت مانای ئەوەیە كە دڵی ئەو یاخی بووە لە خوا و بەتەواوەتی وازی لێ هێناوە و كەوتووەتە ناو لافاوی بێ سنوری گومڕایی و زۆر بەتوندی لاربووەتەوە بەلای خراپەدا و ڕقی لە هەموو چاكەیەكە و پەیوەندی پچڕاندووە لەگەڵ خوای گەورەدا و ملكەچی دەسەڵاتی شەیتان بووە، وە دوژمنایەتیەكی بنچینەیی لەنێوان ئەو و خوادا دروست بووە. وە هەمان ئەم تۆمەتی نەفرەتە مەسیحیيەكانیش ئاراستەی مەسیحیان كردووە، بەڵام لە نەزانی خۆیان دوو شتی دژبەیەكیان لە كەسایەتی مەسیحدا كۆكردووەتەوە، لەلایەكەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە مەسیح كوڕی خوایە، لەلایەكی تریشەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە نەفرەت لێكراوە لەگەڵ ئەوەی هەر خۆیان پێ لەوە دەنێن كە كەسی نەفرەت لێكراو بریتیە لە زادەی گومڕایی و وەچەی شەیتان یان بریتیە لە خودی شەیتان.
كەواتە مەسیح (عليه السلام) ئامانج بووە بۆ ئەم تۆمەتە پیس و قێزەونە، وە هەواڵی ﴿وَمُطَهِّرُكَ﴾ ئەو ئاماژەيە لەخۆ دەگرێت كە سەردەمێك دێتە پێش تێیدا خوای گەورە مەسیح خاوێن دەكاتەوە لەم تۆمەتانە، كە ئەو سەردەمەیش ئەم چەرخەی ئێمەیە. گومانی تێدا نیە، لای کەسانی هۆشیار، كە خاوێنكردنەوەی مەسیح (عليه السلام) بەهۆی شایەتیدانی پێغەمبەری خۆمانەوە (ﷺ) بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكراییەوە ئەنجام دراوە، ئەوەتا پێغەمبەر (ﷺ) و قورئانی پیرۆز شایەتییان داوە كە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مەسیح كراون هەموويان پووچن، بەڵام ئەم بەڵگە و شایەتیانە لەمەڕ خەڵكی گشتی كۆمەڵێك بەڵگە و شایەتی تیۆری و ورد بوون، لەبەرئەوە دادپەروەری خوای گەورە ئەوەی خواست كە خاوێنی و بێتاوانی مەسیح وەكو بابەتێكی بینراو و هەستپێكراو پیشان بدرێت، وەك چۆن هەڵواسینی مەسیح لەسەر خاچ بابەتێكی بەناوبانگ و بەڵگەنەویست و بینراو و هەستپێكراو بووه. لەڕاستیدا هەر بەم شێوەیە ڕوویدا، مەبەستم ئەوەیە كە بابەتی خاوێنكردنەوەكە تەنھا بەشێوەی تیۆری نەمایەوە، بەڵكو بەشێوەی هەستپێكراویش ئەنجام درا، ئەوەتا ملیۆنەها كەس بەچاوی سەر گۆڕی مەسیحیان بینی لە “سرینەگەر” لە كشمیر. هەروەك چۆن مەسیح (عليه السلام) لە جێگایەكدا لەسەر خاچ هەڵواسرا كە ناوی (جلجثة) بوو واتە (شوێنی كاسەسەر)، بەهەمان شێوە گۆڕەكەیشی لە شوێنێكدایە ناوی “شوێنی كاسەسەرە، واتە “سرینەگەر” [بۆ زانین، وشەی “سرینەگەر” لە دوو وشەی لێكدراو پێكھاتووە كە بریتین لە “سرى” واتە كاسەسەر (الجمجمة)، وە “نەگەر” واتە (شوێن یان گوند) بەم شێوەیە ماناكەی دەبێت بە “شوێنی كاسەسەر”، وە ئەو شوێنەی كە مەسیح تێیدا هەڵواسرا لەسەر خاچ ئەویش ناوی “شوێنی كاسەسەر” بووە، ئەوەتا لە ئینجیلدا هاتووە: ئەوانیش عیسایان برد. عیسایش خاچەكەی خۆی هەڵگرت و چووە ئەو شوێنەی كە پێی دەگوترێ شوێنی كاسەسەر، بە عیبریش پێی دەوترێت گۆلگۆسا، لەوێ لەگەڵ دوو كەسی دیكە لەخاچیاندا. (یۆحەننا بەشی 19 : 17)، هەروەها هاتووە: ئینجا عیسایان بردە شوێنی گۆلگۆسا، واتە” شوێنی كاسەسەر”. (مەرقۆس بەشی 15 : 22)، وە هەروەها: كاتێك گەیشتنە ئەو شوێنەی بە كاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەكان لەخاچیان دا. (لۆقا بەشی 23 : 33، هەروەها بڕوانە (مەتتا بەشی 27 : 33). (وەرگێڕی عەرەبی)].
سەیر ئەوەیە كە وشەی بنچینەیی “كاسەسەر” لە هەردوو ناوەكەدا هەیە… مەبەستم ئەوەیە ئەو شوێنەی كە تێیدا مەسیح (عليه السلام) هەڵواسرا لەسەر خاچ ناوی “جلجثة” واتە “كاسەسەر” بوو، وە ئەو شوێنەی كە گۆڕی مەسیحی تێدا دۆزرایەوە لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەویش پێی دەوترا “گلگت” واتە” كاسەسەر”. وادەردەكەوێت “گلگت” كە كەوتووەتە ناوچەی كشمیرەوە لە ڕاستیدا ئاماژە بێت بۆ “كاسەسەر”. باوەڕی بەهێز ئەوەیە كە ئەم شارە كشمیریە لە سەردەمی مەسیحدا (عليه السلام) دروستكرابێت، وە ناونرابێت “گلگت” وەك یادگاریەكی ناوخۆیی بۆ ڕووداوی خاچەكە، ئەمیش وەك شاری “لھاسة” -كە وشەیەكی عیبریە و مانای “شاری خواوەند”ە- كە ئەمیش لە سەردەمی مەسیحدا (عليه السلام) ئاوەدان كراوەتەوە.
بێگومان لە فەرموودە ڕاستەكاندا سەلمێنراوە كە پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) فەرموویەتی: بێگومان مەسیح سەد و بیست و پێنج ساڵ ژیاوە [فەرموودەكە بە دوو گێڕانەوە هاتووە دەربارەی تەمەنی مەسیح (عليه السلام): یەكێكیان باسی تەمەنەكەی دەكات كە سەد و بیست ساڵە (بگەڕێوە بۆ پەراوێزەكەی لاپەڕە 23 لەم كتێبە)، بەڵام ڕیوایەتی دووەم لە بەرگی دووەمی (الطبقات الكبری لابن سعد) باسی دەوركردنەوەی قورئان لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) بۆ جوبرەئیل و ئیعتیكافەكەی كراوە لەو ساڵەدا كە وەفاتی كرد، وە باسكراوە كە تەمەنی مەسيح (عليه السلام) سەد و بیست و پێنج ساڵ بووە. وە وەرگێڕانی دەقی فەرموودەكە بەم شێوەیەیە: لە یەزیدی كوڕی زیادەوە؛ پێغەمبەر (ﷺ) لەو ساڵەدا كە گیانی كێشرا بە عائیشەى فەرموو: بێگومان هەموو ساڵیك جوبرەئیل یەك جار قورئانی پێ دەور كردوومەتەوە، بەڵام ئەم ساڵ دوو جار قورئانی پێ دەوركردمەوە، وە هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر نیوەی تەمەنی براكەی پێش خۆی ژیاوە. عیسای كوڕی مەریەم سەد و بیست و پێنج ساڵ ژیاوە. ئەمساڵ شەست و دوو ساڵە. وە لە نیوەی ساڵدا مرد”. (وەرگێڕی عەرەبی)].
هەروەك هەموو گروپە ئیسلامیەكان باوەڕیان وایە كە لە خودی مەسیحدا دوو تایبەتمەندی كۆكراوەتەوە كە لە هیچ پێغەمبەرێك لە پێغەمبەراندا كۆنەبووەتەوە، یەكەمیان: تەمەنێكی تەواوی بەدەست هێنا واتە سەد و بیست و پێنج ساڵ ژیا. دووەمیان ئەوەیە كە زۆربەی وڵاتانی دنیا گەڕاوە بۆیە ناونراوە بە “پێغەمبەری گهشتیار”. وە شتێكی بەڵگەنەویستە كە ئەگەر مەسیح لە تەمەنی سی و سێ ساڵیدا بەرزكرابێتەوە بۆ ئاسمان؛ ئەوا ئەو كاتە گێڕانەوەی “سەد و بیست و پێنج ساڵ” ڕاست دەرناچێت، هەروەها نەیدەتوانی هەستێت بەم گەڕانە دوور و درێژە لە ژیانێكی كورتدا؛ واتە سی و سێ ساڵ.
ئەم ڕیوایەتانە بەتەنھا لە كتێبە كۆنەكانی فەرموودەدا، كە متمانەیان پێ دەكرێت، نەهاتوون، بەڵكو بە شێوەیەكی تەواتور بەناوبانگن لەناو هەموو گروپە ئیسلامیەكاندا. ئەوەتا لە “كنز العمال”دا هاتووە _كە كتێبێكە كۆكەرەوەی فەرموودەكانی پێغەمبەرە (ﷺ)_ لە ئەبو هورەیرەوە: “خوای گەورە وەحی كرد بۆ عیسا: ئەی عیسا لە شوێنێكەوە بچۆ بۆ شوێنێكی تر بۆئەوەی نەناسرێیتەوە تاكو ئازار بدرێیت.” (بەرگی دوو، لاپەڕە 34)[ كنز العمال، كتاب الثالث من حرف الهمزة، الباب الأول في الأخلاق والأفعال المحمودة، فصل خوف العاقبة، رقم الحدیث 5955. (وەرگێڕی عەرەبی)]
واتە سەفەر بكە بۆ وڵاتێكی تر بۆ ئەوەی نەتناسنەوە تا ئازارت بدەن.
لە هەمان كتێبدا گێڕانەوەیەكی تر هاتووە لە جابرەوە: “عیسای كوڕی مەریەم بەزەویدا دەگەڕا، هەركە ئێوارەی لێ دەهات پاقلەی بیابانی دەخوارد، وە ئاوی پاكی دەخواردەوە.” (بەرگی دوو، لاپەڕە 71) [لە نوسخەی ئەسڵیدا بە هەڵە “یشرب” هاتووە، ڕاستیەكەی كە لە فەرمووەدەكەدا هاتووه بریتیە لە “شرب”ە. (كنز العمال، كتاب الثالث من حرف الهمزة، الباب الأول في الأخلاق والأفعال المحمودة، فصل الصبر علی أنواع البلایا و المكارە، رقم الحدیث 6852. وەرگێڕی عەرەبی).]
لە هەمان كتێبدا ڕیوایەتێكی تر هاتووە لە عبد اللە كوڕی عەمر لە پێغەمبەری خواوە (ﷺ) كە وەرگێڕانی دەقەكەی بەم شێوەیە: “خۆشەویسترین شت لای خوا غەریبەكانە، وترا كام غەریبانە؟ فەرمووی: ئەوانەی كە بە ئایینەكەی خۆیانەوە هەڵدێن و لای عیسای كوڕی مەریەم كۆدەبنەوە.” (المجلد السادس، صفحة 51) [لەگەڵ ئەوەی كە ئەم فەرموودەيە لە نوسخە جیاوازەكاندا بە وشەی جیاواز هاتووە، ئەو دەقەی كە لەسەرەوە ئاماژەی پێ كراوە لە لاپەڕە 50 ی بەرگی شەشەمی كنز العمال دا هاتووە (كتاب الفتن من قسم الأفعال، فصل في الوصیة في الفتن) كە چاپ كراوە لە لایەن دائرة النظامیة، حیدر آباد لە هیندستان ساڵی 1313 كۆچی، بەڵام لە دەقی فەرموودەكەدا “ویجتمعون” نەهاتووە بەڵكو “یجتمعون” هاتووە. وەرگێڕی عەرەبی).] واتە بەهۆی ئایینەكەیانەوە هەڵدێن لە وڵاتی خۆیان وەك چۆن عیسای كوڕی مەریەم هەڵھات.
باسی سێيەم
ئەو بەڵگانەی كە لە كتێبە پزیشكیەكانەوە وەرگیراون
بێگومان بەڵگەیەكی مەزنمان دەستكەوتووە لەسەر ڕزگار بوونی مەسیح (عليه السلام) لە مردنی سەر خاچ كە ئەوەندە بەهێزە هیچ چارێكی تر نیە جگە لە قبوڵ كردنی، ئەویش بریتیە لە ڕەچەتەیەكی پزیشكی بەناوی “هەتوانی عیسا”، كە لە سەدەها كتێبی پزیشكیدا تۆماركراوە، هەندێكیان لە دانراوی نووسەرە مەسیحیەكانە و هەندێكی تریان لە دانراوی كەسانی جوولەكە و ئاگرپەرستە، هەندێكی تریشيان لەو كتێبانەن كە موسوڵمانەكان نووسیویانە، وە زۆربەی زۆریان كتێبی كۆنن.
توێژینەوە و پشكنینەکان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەم ڕەچەتەيە سەرەتا بەشێوەی زارەكی لەناو ملیۆنەها كەسدا بڵاوبووەتەوە، پاشان دوای ماوەیەك بەشێوەی نووسین تۆماریان كردووە، وە یەكەمین كتێبێك كە تۆماری كردووە بریتیە لە كتێبی”القرابادین” [القرابادین یان القراباذین یان الأقرَبادین یان الأقراباذین بریتیە لە زانستی سەرچاوە و خاسیەت و ئامادەكردنی دەرمان كە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت: PHARMACOPOEIA وە هەروەها MATERIAMEDICAL. (وەرگێڕی عەرەبی)] كە لەسەردەمی مەسیحدا (عليه السلام) كەمێك پاش ڕووداوی خاچەكە بە زمانی ڕۆمی نووسراوە. وە لەو كتێبەدا هاتووە كە ئەم ڕەچەتەیە (واتە هەتوانی عیسا) بۆ برینەكانی عیسا (عليه السلام) ئامادەكراوە. پاشان كتێبی (القرابادين) وەرگێڕدراوە بۆ زۆرێك لە زمانەكان تاكو ئەوەی لە سەردەمی “مەئموون ڕەشید”دا وەرگێڕدرا بۆ زمانی عەرەبی.
وە یەكێك لە سەیرو سەمەرەكانی قودرەتی خوای گەورە ئەوە بووە كە هەموو پزیشكێكی شارەزا و لێھاتوو، چ مەسیحی یان جوولەكە یان ئاگرپەرست یاخود موسوڵمان بووبێت، ئەم ڕەچەتەیەی لە كتێبەكەی خۆیدا تۆماركردووە، وە هەر یەكێكیان بەڕاشكاوی ئەوەی ڕاگەیاندووە كە حەواریەكان ئەم ڕەچەتەيەیان بۆ عیسا (عليه السلام) ئامادەكردووە.
وە بەسەرنجدان لەو كتێبانەی كە باسی خاسیەتی ڕەگەزی دەرمانەكان دەكەن بەجوانی دەردەكەوێت كە ئەم ڕەچەتەيە زۆر بەسوودە بۆ چارەسەركردنی ئەو برینانەی كە لە ئەنجامی پیاكێشان یان كەوتنەخوارەوە دروست دەبن، بەجۆرێك بە بەكارهێنانی دەستبەجێ خوێنبەربوونی ئەو برینانە ڕادەوەستێت. وە یەكێك لە پێكھاتەكانی ئەم ڕەچەتەیە بریتیە لە “المرّ” [بریتیە لە هەویرێك لە دارێکی تایبەت وەردەگیرێت. (وەرگێڕی کوردی)] كە برین دەپارێزێت لە چڵك و هەوكردن. هەروەها بەسوودە بۆ چارەسەركردنی طاعوون و هەموو جۆرەكانی زیپكە و دوومەڵ. وە لامان ڕوون نیە كە ئایا مەسیح (عليه السلام) دوای ڕووداوی خاچەكه ئەم ڕەچەتەيەی بە وەحی پێگەيشتووە، یاخود بەگوێرەی ڕێنمایی پزیشكێك ئامادەكراوە. وە هەندێ لە پێكھاتەكانی وەكو ئیكسیر وایە لە پزیشكیدا، بەتایبەتی “المرّ” كە لە تەوراتیشدا باس كراوە.
بەهەرحاڵ، برینەكانی مەسیح (عليه السلام) بە بەكارهێنانی ئەم ڕەچەتەیە لەماوەی چەند ڕۆژێكدا ساڕێژ بوون، وە هێز و توانای بۆ گهڕاوهتهوه بەڕادەیەك كە بتوانێت تەنھا لە سێ ڕۆژدا ماوەی 70 فەرسەخ بەپیادە ببڕێت لە “ئۆرشەلیم”ەوە بۆ “جەلیل”. بۆ ستایشی ئەم ڕەچەتەیە ئەوە بەسە كە مەسیح كەسانی تری چارەسەر دەكرد لەكاتێكدا ئەم ڕەچەتەیە خودی مەسیحی چارەسەر كرد.
وە ئەو كتێبانەی كە ئەم ڕەچەتەيەیان تۆمار كردووە لە هەزار كتێب زیاترن و تۆماركردنی لیستی ئەو كتێبانە دەبێتە هۆی درێژدادڕی؛ لەبەرئەوەی ئەم ڕەچەتەیە زۆر بەناوبانگە لای ئەو پزیشكانەی كە بەنوژداریی یۆنانی تیماری نەخۆشەكان دەكەن [مەبەست لە نوژداری یۆنانی ئەو ڕێگە چارەسەرەیە كە لەسەر بنچینەی فەلسەفەی نوژداری یۆنانی كۆن بنیاتنـراوە، وە عەرەبەكان لە ڕێگەی كتێبە یۆنانیەكانەوە ئاگاداری ئەم نوژدارییە بوون، وە بەهۆی توێژینەوە بەنرخەكانی خۆیانەوە پەرەیان پێداوە. (وەرگێڕی عەرەبی)] بۆیە بە پێویستی نازانم كە ناوی هەموو ئەو كتێبانە بنووسم كە باسيان كردووە، بەڵكو ئەوەندە بەسە كە هەندێكیان لە خوارەوە دەنووسین (ئەوانەیان كە لای ئێمە هەن):
لیستی ئەو كتێبە پزیشكیيانەی
كە باسی “هەتوانی عیسا”یان تێدایە كە ئامادەكراوە بۆ چارەسەری برینە جەستەییەكانی عیسا (عليه السلام)
* “القانون” ی شێخی گەورە ئەبو عەلی سینا بەرگی سێھەم لا 133.
* “شرح القانون”ی زانای پایەبەرز قطب الدین ی شیرازی بەرگی سێھەم.
* “كامل الصناعة”ی عەلی كوڕی عەبباسی مەجووسی بەرگی 2 لا 602.
“مجموعة البقائی” ی محمود محمد إسماعیل كە نازناوەكەی لای خاقان بریتی بوو لە والد محمد بقاخان بەرگی 2 لا 497.
* “تذكرة أولي الألباب”ی شێخ داودی ضریری ئەنطاكی لا 303.
* “القرابادين الرومي” كە ماوەیەكی كەم لەدوای سەردەمی مەسیح دانراوە، لە سەردەمی مەئموون ڕەشیددا وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی، باسی نەخۆشیەكانی پێست دەكات.
* “عمدة المحتاج”ی ئەحمەدی كوڕی حسن الرشید الحكیم، ئەم كتێبە پوختە و كورتكراوەی سەد كتێبی فەڕەنسیە، كە باسی دەرمانەكانی تێدایە لەناویشیاندا “هەتوانی عیسا”.
* “قرابادین فارسی”ی ئەكبەر الأرزاني، نەخۆشیەكانی پێست.
* “شفاء الأسقام” بەرگی 2 لا 230.
* “مرآة الشفاء”ی پزیشك “نتھو شاە”- نوسخەی دەستنووس- نەخۆشیەكانی پێست.
* “ذخیرة خوارزم شاهی”- نەخۆشیەكانی پێست.
* “شرح القانون”ی گەیلانی، بەرگی 3.
* “شرح القانون”ی قوڕەیشی بەرگی 3.
* “قرابادین”ی علوي خان –نەخۆشیەكانی پێست.
* “علاج الأمراض”ی پزیشك محمد شەریف خان لا 893.
* “قرابادین الیوناني” نەخۆشیەكانی پێست.
* “تحفة المؤمنین علی حاشیة مخزن الأدویة” لا 713.
* “المحیط في الطب” لا 367.
* “إكسیر أعظم”ی پزیشك محمد أعظم خان كە لەقەبەكەی ناظم جيھانە، بەشی چوارەم لا 331.
* “قرابادین معصومي”ی مەعصوم كوڕی كەریمەددینی شوشتەری شیرازی.
* “عجالة نافعة”ی محمد شەریف دەهلەوی لا 410.
* “طب شبري” المسمی بـ”لوامع شبریة” سەید حسن شبر الكاظمي لا 471.
* “مخزن سلیماني” ترجمة إكسیر عربي، المترجم محمد شمس الدین البھاولفوري، لا 599.
* “شفاء الأمراض” المترجم الطبیب الأستاذ محمد نور كریم لا 282.
* “كتاب الطب الدارا شكوهي” لنور الدین محمد عبدالكریم عین الملك الشیرازي لا 360.
* “منھاج الدكان بدستور الأعیان في أعمال و تركیب المنافع للأبدان” تألیف أفلاطون الدهر ورئیس الأوان أبي المنا بن أبي نصر العطار الإسرائیلي الھاروني (الیهودي) لا 86.
* “زبدة الطب” للإمام أبي إبراهیم إسماعیل بن حسن الحسیني الجرجاني لا 182.
* “طب أكبر” لمحمد أكبر الأرزاني، لا 242.
* “میزان الطب” لمحمد أكبر الأرزاني، لا 152.
* “سدیدي” لرئیس المتكلمین إمام المحققین السدید الكاذروني، بەرگی 2 لا 283.
* “الحادي الكبیر” لابن زكریا – أمراض الجلد.
* “قرابادین” ابن تلمیذ – أمراض الجلد.
* “قرابادین” ابن أبي صادق – أمراض الجلد.
ئەمە ناوی ئەو كتێبانەیە كە وەك نموونە هێنامەوە. وە شاراوە نیە لە ئەهلی زانست، بەتایبەتی پزیشكەكان، كە لە سەردەمەكانی ڕابردوودا زۆربەی زۆری ئەم كتێبانە لە خوێندنگا گەورەكانی موسوڵماناندا خوێندراون، وە لە ئەوروپایش قوتابیان و زانستخوازان خوێندوویانە. وە ئەو ڕاستیەی كە هیچ زیادەڕەویەكی تێدا نیە ئەوەیە كە دەیەها ملیۆن كەس لە هەموو سەدەیەكدا بەردەوام ناوی ئەم كتێبانەیان زانیوە، وە سەدان هەزاریان لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی خوێندویانەتەوە، وە ئێمە بەوپەڕی تەحەدداوە دەیڵیین كە لەنێوان زاناكانی ئەوروپا و ئاسیا زانایەك نیە كە ناوی هەندێك لەم كتێبە مەزنانە نەزانێت كە لە لیستەكەدا ناویان هاتووە. وە لەو سەردەمەدا كە ئەندەلوس و قەستەمۆنی و شەنتەرين ڕووگە بوون بۆ زانستخوازان، خەڵكی ئەوروپا بەوپەڕی شەوق و تامەزرۆییەوە كتێبی “القانون”ی “ئەبو عەلی سینا”یان دەخوێند كە كتیبێكی مەزنە لە بواری نوژداریدا و ڕەچەتەی “هەتوانی عیسا”ی تێدایە. بەهەمان شێوە كتێبەكانی تریشی دەخوێندران وەك “الشفاء” و “الإشارات” و “البشارات”یش كە توێژینەوە بوون دەربارەی زانستەكانی سروشت و فەلسەفە و ئەستێرەناسی و هی تریش. هەروەها ئەو كتێبانەیشیان دەخوێند كە زانا گەورەكانی وەك ئەبو نەسری فارابی و ئەبو ڕەیحان و ئیسڕائیل و ثابت ئيبن قوڕڕە و حونەین ئيبن ئیسحاق و زاناكانی تریش نووسیبوویان یاخود وەریانگێڕا بوو. بەدڵنیاییەوە ئەو كتێبە وەرگێڕاوانە هەتا ئەمڕۆیش لە هەندێ ناوچەی ئەوروپادا هەن. وە بەوپێیەی كە پاشا موسوڵمانەكان زۆر حەزیان لە پێشخستنی زانستی نوژداری و زانستەكانی تر بووە، گرنگییەكی بێ ئەندازەیان داوە بە وەرگێڕانى بەنرخترین كتێبە یۆنانیەكان. بێگومان هەمیشە خيلافەت بۆ ماوەیەكی درێژتر بەردەوام بووە لە سەردەمی ئەو پاشایانەدا كە زیاتر ئارەزوویان لە فراوانكردنی ئاسۆكانی زانست بووە تا فراوانكردنی زەوی قەڵەمڕەوەكەیان. لەبەرئەوە تەنھا بە وەرگێڕانى كتێبە یۆنانیەكان ڕازی نەبوون، بەڵكو لە هيندستانەوە حەكیمە گەورەكانیان بانگ كردووە و مووچەیەكی باشیان پێداون تاكو كتێبەكانی نوژداری و بوارەكانی تری زانست وەربگێڕن. وە گەورەترین چاكەی ئەو پاشایانە بەسەر زانستخوازانەوە ئەوەیە كە هەستاون بە وەرگێڕانى كتێبە یۆنانی و ڕۆمیەكان كە ئەوانیش ڕەچەتەی “هەتوانی عیسا”یان تێدایە و بەڕوونی باس لەوە دەكەن كە ئەم هەتوانە ئامادەكراوە بۆ چارەسەركردنی برینەكانی عیسا (عليه السلام).
شایانی باسە پزیشكە پسپۆڕەكان لە چەرخی ئیسلامیدا وەك ثابت ئیبن قوڕڕە و حونەین ئیبن ئیسحاق كە شارەزاییان هەبووە لە زمانی یۆنانیدا وەك چۆن شارەزاییان هەبووە لە نوژداری و زانستە سروشتیەكان و فەلسەفەدا، كاتێك هەستاون بە وەرگێڕانى “قرابادین”ی یۆنانی كە ڕەچەتەی “هەتوانی عیسا”ی تێدایە، وشەی یۆنانی “شلیخا”یان تۆمار كردووە -واتە دوازدە- وەكو خۆی بەبێ وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی، بۆئەوەی ئاماژەیەكی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی كە كتێبەکە لە زمانی یۆنانیەوە وەرگێڕدراوە، لەبەرئەوە دەبینین كە خودی ئەم وشە یۆنانیه لە زۆربەی زۆری ئەو كتێبە وەرگێڕاوانەدا هەیە.
شایانی باسە كە دراوی كۆن شایستەی ڕێزێكی زۆرە؛ چونكە نـھێنیە مێژووییە گرنگەكان بەهۆیەوە ئاشكرا دەبن، بەڵام كتێبە دێرینەكان _كە هەمیشە و بە بەردەوامی لە هەموو سەدەیەكدا لای دەیەها ملیۆن كەس ناسراو بوون، وە لە خوێندنگا گەورەكانيشدا خوێندراون، وە هەتا ئێستایش لە پرۆگرامی خوێندنگاكاندا ماون_ هەزاران جار پایە و ڕێزیان بەرزترە لەو دراو و نووسراوە كەلەپووریانە. ئەمەش لەبەرئەوەی دراو و نووسراوی كەلەپووری ئەگەری ساختەكردنیان هەیە، بەڵام كتێبە زانستیەكان _كە هەر لەسەرەتای نووسینیانەوە ناسراو بوون لای دەیەها ملیۆن كەس، وە لە ڕابردوودا و هەتا ئێستاش هەموو نەتەوەیەك پاسەوانیان دەكەن و پارێزگارییان لێ دەكەن_ بە كۆمەڵە بەڵگەیەكی مەزن دادەنرێن بەجۆرێك بەڵگەی دراو و بەردە بەنرخەكان لە بەرانبەریاندا كز و بچوكن. ئەگەر دەتوانن پێمان بڵێن كام پارچە دراو یان تابلۆی كەلەپووری هێندەی كتێبی “القانون”ی ئەبو عەلی سینا بەناوبانگە و زۆر بڵاوبووەتەوە؟!
كەواتە “هەتوانی عیسا” بەڵگەیەكی مەزنە بۆ حەقخوازان. وە ئەگەر ئەم بەڵگەیە قەبوڵ نەكەن ئەوا هەموو بەڵگە مێژووییەكان بایەخیان نامێنێت؛ چونكە ئەو كتێبانەی كە ئەو هەتوانەیان باس كردووە هەتا ئەمڕۆ ژمارەیان دەگاتە هەزار كتێب یان زیاتر، وە ناوبانگی ئەو كتێبانە و نووسەرەكانیان لەناو دەیەها ملیۆن كەسدا بڵاوبووەتەوە، وە هەركەسێك ئەم بەڵگە بەهێزە بێگومانە ڕەت بكاتەوە كە وەك خۆری ئاسمان ئاشكرا و ڕووناكە؛ ئەوا یەكێكە لە دوژمنە هەرە سەرسەختەكانی زانستی مێژوو. كەی ڕەوایە بە ستەم و كەللـەڕەقی چاو بنوقێنین لەم بەڵگە مەزنە؟!! ئایا بۆ ئێمە ڕەوایە كە گومانی خراپ ببەین بەم بەڵگە مەزنە كە وەك بازنەیەك دەوری ئاسیا و ئەوروپای داوە و لەسەر وتەی گەورە فەیلەسوفانی جوولەكە و مەسیحی و ئاگرپەرست و موسوڵمانان دامەزراوە. كەواتە ئەی ڕۆحی كەسانی توێژەر؛ وەرن بۆ لای ئەم بەڵگە نموونەییە، وە ئەی كەسانی خاوەن ویژدان، بەچاكی بیربكەنەوە لەم بابەتە! ئایا ئەم جۆرە بەڵگە ڕۆشن و درەخشانە شایستەی ئەوەیە كە پشتگوێ بخرێت و بایەخی پێنەدرێت؟ ئایا ئەوە لە ئێمە دەوەشێتەوە كە سوود لە ڕووناكی ئەم خۆرە درەوشاوەی ڕاستی وەرنەگرین؟!
وە یەكێك لەو خەیاڵە پووچانەی كە هیچ بنەمايەكی نیە ئەوەیە كە ڕەنگە مەسیح پێش پێغەمبەرایەتی تووشی ئەم برینداریە بووبێت، یان لەكاتی پێغەمبەرایەتیدا تووشی ئەم برینانە بووبێت و لە ئەنجامی ڕووداوی خاچەكەوە تووش نەبووبێت، بەڵكو بەهۆكاری تر دەست و قاچی بریندار بووبن، وەك ئەوەی بۆ نموونە لەسەربان كەوتبێتە خوارەوە، بۆ ئەمە “هەتوانی عیسا” ئامادە كرابێت! بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەم خەیاڵە خەیاڵێكی پووچە؛ چونكە ئەم ڕەچەتەیە باسی حەواریەكانیشی تێدایە كە پێش پێغەمبەرایەتی عیسا (عليه السلام) بوونیان نەبووە، وە وشەی “شلیخا” ی یۆنانی- واتە دوازدە- هەتا ئێستا لەو كتێبانەدا بوونی هەیە.
[بێگومان ئەم وشەیە لە سەرچاوە جیاوازەكاندا بە شێوەی جیاواز هاتووە وەك: شلیخا و دشلیخا و سلیخا، وه گەورەمان ئەحمەد لە كتێبێكی تریدا “ست بتشان” واتە “وتەی ڕاست” دەفەرموێت: “ڕەنگە ئەم وشەیە یۆنانی یان عیبری بێت”.
ئێمە دەزانین كە لە زمانى ئارامیدا وشەی (شلیحا) لە عیبریدا (شلیح) بەمانای پێغەمبەر دێت، دیارە لەم دوو زمانەدا زۆرجار پیتی (حێ) دەگۆڕێت بۆ (خێ). گومانی تێدا نیە كە ئەم وشەیە ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ دوازدە حەواریەكە كە ئەو هەتوانەیان دروست كردووە، وە شێخی گەورەی نوژداری (ئەبو عەلی سینا) لە كتێبە بەناوبانگەكەی خۆی “القانون في الطب” (بەرگی سێھەم، بەشی چوارەم. وتاری یازدە، لە هەتوانەكان، چاپی میسری، لا 405)دا دەڵیت: “هەتوانی پێغەمبەران: بریتیە لە دشلیخا، واتە هەتوانی حەواریەكان كە بە هەتوانی گوڵ و مەندیا ناسراوە كە هەتوانێكە بە هێواشی زامە قووڵ و گرانەكان چاك دەكاتەوە، هاوشێوەی نیە، وە برینە پیس و هەوكردووەكان خاوێن دەكاتەوە. دەوترێت بریتیە لە دوازدە دەرمانی دوازدە حەواریەكه. (وەرگێڕی عەرەبی)]
هەروەها مەسیح پێش پێغەمبەرایەتییەكەی گەورەییەكی ئەوتۆی نەبووە شایانی باس بێت هەتا وەكو یادگارییەك پارێزگاری لێ بكرێت بەتایبەتی كە سەردەمی پێغەمبەرایەتیەكەی سێ ساڵ و نیو زیاتری نەخایاندووە، وە كتێبە مێژووییەكان هیچ ڕووداوێكی وەك لێدان یان كەوتنەخوارەوەیان تۆمارنەكردووە لەو ماوە كەمەی ژیانیدا جگە لە ڕووداوی خاچەكە. وە هەركەسێك پێیوایە كە برینەكانی مەسیح لە ئەنجامی هۆكاری ترەوە دروست بووبن نەك بەهۆی هەڵواسینی لەسەر خاچ؛ ئەوا پێویستە لەسەری كە لەم ڕووەوە بەڵگە پێشكەش بكات؛ چونكە ئەوەی ئێمە پێشكەشی دەكەین، واتە ڕووداوی خاچەكە، ڕووداوێكی چەسپاوە و هەموو لایەك داندەنێت بە بوونیدا بەجۆرێك نە جوولەكە و نە فەڵەكان نكوڵی لێ ناكەن، بەڵام ئەو قسەیەی كە گوایە زامەكانی مەسیح بەهۆكاری تر دروست بوون مێژووی هیچ گەل و ئایینێك پشتگیری لێ ناكات، لەبەرئەوە ئەم جۆرە بانگەشەیە تەنھا لادانێكی ئەنقەستە لە ڕێگەی ڕاست.
وە ئەو بەڵگەیەی ئێمە پێشكەشی دەكەین ناكرێت هەڵبوەشێتەوە بەم جۆرە بەهانە پووچ و لاوازانە؛ چونكە هێشتا دەستنووسی هەندێ لەو كتێبانە كە بەدەستی نووسەرەكانیان نووسراونەتەوە هەتا ئەمڕۆ پارێزراون. وە دەستنووسی كتێبی “القانون”ی ئەبو عەلی سینا لەلای منیش هەیە. ئایا ستەمێكی ئاشكرا و زیندەبەچاڵ كردنی ڕاستیەكی چەسپاو نیە كە ئەم جۆرە بەڵگە ڕۆشنانە بكێشین بە تەختی دیواردا؟ جار لەدوای جار بەچاكی سەرنج بدەن لە هۆكاری بوونی ئەم كتێبانە هەتا ئێستا لە كتێبخانە كۆنەكانی جوولەكە و مەجووس و مەسیحی و عەرەب و فارس و یۆنان و ڕۆمان و ئەڵمان و فەڕەنسیەكان و خەڵكانی تریش لە ئەهلی ئەوروپا و ئاسیا. ئایا ڕەوایە بەبێ هیچ بەڵگەيەك ڕوو وەربگێڕین لەم بەڵگە مەزنە كە ڕووناكیەكەی سۆمای چاوی نكوڵیكاران دەڕفێنێت؟!
ئەگەر ئەم كتێبانە بەدەستی موسوڵمانان بنووسرایە و تەنھا لای ئەوان هەبوایە ئەوا ڕەوا بوو بۆ كەسی هەڵەشە كە بڵێت: موسوڵمانان لەلایەن خۆیانەوە ئەم بەڵگەیان هەڵبەستووە و لە كتێبەكانی خۆیاندا نووسیویانەتەوە وەك هێرش كردنێك بۆسەر بیروباوەڕی مەسیحیەكان، بەڵام ئەم بانگەشەیە پووچە لەبەر كۆمەڵە هۆكارێك كە لەمەودوا باسيان دەكەین، وە هەروەها بانگەشیەكی پووچە؛ چونكە ناكرێت موسوسڵمانان ئەم جۆرە درۆیانە هەڵبەستن؛ چونكە موسوڵمانانيش وەكو فەڵەكان باوەڕیان بە بەرزبوونەوەی مەسیح هەیە دوای ڕووداوی خاچەكە بەبێ دواكەوتن، بەڵكو لە بنەڕەتدا موسوڵمانان وەك مەسیحیەكان باوەڕیان بە هەڵواسینی مەسیح نیە لەسەر خاچ یان بریندار بوونی بەهۆی ئەم ڕووداوەوە ئیتر چۆن بە ئەنقەست باوەڕێك ساختە دەكەن كە دژی بیروباوەڕی خۆیان بێت؟!!
هەروەها لەو كاتەدا ئیسلام هیچ بوونێكی نەبووە كە كتێبی “قەرابادین” دانراوە بە زمانی ڕۆمی و یۆنانی و بڵاوبووەتەوە و لەناو سەدان ملیۆن كەسدا ناوبانگی پەیداكردووە، وە بێگومان ڕەچەتەی “هەتوانی عیسا”ی تێدا بووە لەگەڵ ئەوەی كە بەڕاشكاوی تێیدا وتراوە كە ئەم هەتوانە حەواریەكان ئامادەیان كردووە بۆ ساڕێژكردنی زامەكانی مەسیح (عليه السلام). وە لەنێوان نەتەوەكانی جوولەكە و مەسیحی و ئاگرپەرست و موسوڵماناندا دژایەتی ئایینی هەبووە، وە تۆماركردنی ئەم هەتوانە لەلایەن ئەم نەتەوانەوە لە كتێبەكانیاندا بەبێ ئەوەی ڕەچاوی بیروباوەڕە ئایینیەكانی خۆیان بكەن، بەڵگەیەكی ڕاشكاوە لەسەر ئەوەی كە “هەتوانی عیسا” ئەوپەڕی بەناوبانگ بووە بەجۆرێك هیچ یەكێك لە پەیڕەوانی ئەم ئایینانە نەیتوانیوە نكوڵی لێ بكات.
بەڵام سەرجەمی ئەم گەلانە ئاوڕیان لەوە نەداوەتەوە كە لەڕووی مێژووییەوە كەڵك وەربگرن لەم ڕەچەتەیە _كە تۆماركراوە لە سەدەها كتێبی ناسراو لای سەدەها ملیۆن كەس_ تا كاتی دەركەوتنی مەسیحی بەڵێندراو. ناتوانین لەم بارەیەوە هیچ شتێك بڵێین مەگەر ئەوە كە خوای گەورە لەسەرەتاوە بە ویستی خۆی ئەو بڕیارەی داوە كە ئەم حەربە بریقەدارە و ئەم بەڵگە پرشنگدارە كه حەق ئاشكرا دەكات و لەناوبەری بیروباوەڕە خاچپەرستیەكانە، تەنھا بەدەستی مەسیحی بەڵێندراو ئاشكرا ببێت بۆ خەڵكی جیھان؛ چونكە پێغەمبەری ئازیزی خوا (ﷺ) پێشبینی ئەوەی كردووە كە ئایینی خاچپەرستى تەنھا دوای دەركەوتنی مەسیحی بەڵێندراو لەدنیادا پاشەكشە دەكات و پێشكەوتنەكەی دەوەستێت، وە لەسەر دەستی ئەودا شكاندنی خاچ بەئەنجام دەگات. وە ئەم هەواڵە ئاماژە دەكات بەوەی كە خوای گەورە بە ویستی خۆی لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا كۆمەڵە هۆكارێك دەسازێنێت كە حەقیقەتی ڕووداوی خاچەكە ئاشكرا دەكەن، لەو كاتەدا ئیتر ئەم بیروباوەڕە لەناودەچێت و ماوەكەی كۆتایی دێت، بەڵام نەك به جەنگ و كوشتار، بەڵكو بە هۆكارە ئاسمانیەكان كە له دنیادا بەشێوەی توێژینەوە و بەڵگە زانستیەكان دەدرەوشێنەوە. ئەمەش مەبەستی ئەو فەرموودەیەیە كە لە صەحیحی بوخاری و كتێبەكانی تریشدا هاتووە. وە پێویست بوو كە ئاسمان ئەم بابەت و بەڵگە و دەلیلە ئاشكرا و گومانبڕ و یەقینیانە ڕابگرێت و نەهێڵێت دەربكەون هەتا ئەو كاتەی لە دنیادا مەسیحی بەڵێندراو ڕەوانە دەكرێت، ئەوەی بڕیاری لێ درابوو ڕوویدا، وە لەمڕۆوە بەڵێندراوی مەزن دەركەوت، لەمەولا چاوەكان دەكرێنەوە، مرۆڤە ژیرەكان ڕادەمێنن؛ چونكە مەسیحی خوا هاتووە. دەبێت لە ئێستاوە بیرەكان ڕووناك ببنەوە، دڵەكان ببووژێنەوە، قەڵەمەكان بەهێز ببن، هیممەتەكان بڵند ببن. ئەمڕۆ هەموو كەسێكی بەختەوەر تێگەيشتنی ڕاستی پێ دەدرێت، وە هەموو كەسێكی پێگەيشتوو بەهۆی عەقڵیەوە شەرەفدار دەبێت، ئەو شتەی لە ئاسماندا بدرەوشێتەوە دەبێت لە زەویشدا ڕۆشنایی بدات. دەی مژدە بێت لەو كەسەی كە ڕۆشنایی لەم نوورە وەردەگرێت، چەند بەختەوەرە ئەو كەسەی كە بەشی خۆی لەو نوورە دەستدەكەوێت.
وەك ئێوە دەبینن بەروبوومەكان تەنھا لە وەرزەكانی خۆیاندا پەیدا دەبن، بەهەمان شێوە ئەم نوورەیش دانابەزێت مەگەر لەكاتی خۆیدا، وە كەس ناتوانێت ئەم نوورە دابەزێنێت پێش ئەوەی خۆی دابەزێت، وە ئەگەر كاتی دابەزینی هات ئەوا كەس ناتوانێت ڕێگری لە دابەزینی بكات. هیچ چارەیەك نیە، جیاوازی و دەمەقاڵێ هەر دروست دەبێت، بەڵام لە كۆتاییدا سەركەوتن بۆ حەق دەبێت؛ چونكە ئەم كارە لەلایەن مرۆڤەوە نیە و لەدەستی هیچ ئادەمیزادێكدا نیە، بەڵكو لەلایەن خواوەیە كە جێگۆڕكێ بە وەرزەكان دەكات و سەردەمەكان دەگۆڕێت، وە شەو لە ڕۆژ دەردەهێنێت و ڕۆژ لە شەو دەردەهێنێت. ئەو زاتێكە تاریكی دروست دەكات، بەڵام ڕووناكی خۆش دەوێت. وە ڕێگەدەدات شیرك بڵاوبێتەوە، بەڵام تەنھا یەكتاپەرستی خۆشدەوێت، وە ڕازی نابێت كە شكۆی خۆی بدات بە كەسێكی تر. بێگومان لەوەتەی مرۆڤ دروست بووە تا ئەو كاتەی بەتەواوی لەناودەچێت ڕێوشوێنی بەردەوامی خوایی بەو شێوە بووە كە هەمیشە پارێزگاری لە یەكتاپەرستی دەكات. وە هەموو ئەو پێغەمبەرانەی كە خوای گەورە ڕەوانەی كردوون تەنھا بۆ ئەوە ڕەوانەكراون كە بەندایەتی خوا لە زەویدا بچەسپێنن بە لەناوبردنی بەندایەتی خەڵك و دروستكراوانی تر، وە تاكە ئامانجی هەموویان ئەوە بووە كە ناوەڕۆكی “لا إلە إلا اللە” لە زەويدا بدرەوشێتەوە هەروەك چۆن لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە.
وە مەزنترینیان ئەوەیانە كە لە هەموویان زیاتر درەوشانەوەی داوە بەم مانایە، وە بە زانست و هێز لاوازی و بێ نرخی خواوەندە پووچەكانی دەرخست، وە پاش ئەوەی بەبەڵگە هەموو ئەم بابەتانەی سەلماند یادگاریەكی نەمری بەجێھێشت بۆ ئەم سەركەوتنە ڕوونە كە بریتیە له “لا إلە إلا اللە محمد رسول اللە”. وە ئەو “لا إلە إلا اللە”ی بەجێنەهێشت بەبێ بەڵگە، بەڵكو یەكەمجار پشتگیری ئەم ڕاستیەی كرد بە بەڵگەی بەهێز، وە بە دەلیلی یەكلاكەرەوە هەڵەی شیركی دەرخست، پاشان سەرنجی خەڵكی ڕاكێشا بۆ ئەوەی كە هیچ خوایەك بەحەق نیە جگە لەو خوایەی كە بەتەواوەتی هەموو توانا و هێزێكی ئێوەی وردوخاش كرد و فیز و لووتبەرزی ئێوەی تێكشكاند. وە بۆ یادەوەری و بیرخستنەوەی ئەم ڕاستیە چەسپاوە ئەم وتە پیرۆزە نەمرەی فێركردووین كە بریتیە لە “لا إلە إلا اللە محمد رسول اللە”.
باسی چوارەم
ئەو بەڵگانەی كە لە مێژووەوە وەرگیراون
بەوپێیەی ئەم بەشە كۆمەڵە بەڵگەیەكی جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت، لەبەرئەوە، بەڕەچاوكركردنی ڕێكخستن، دابەشی دەكەین بۆ چەند بەشێك بەم شێوەیەی خوارەوە:
بەشی یەکەم:
ئەو بەڵگانەی لە كتێبە ئیسلامییە مێژووییەكانەوە وەرگیراون كە گەشتكردنی مەسیح (عليه السلام) دەسەلمێنن
لە لاپەڕە 130 بۆ 135 ی یەكێك لە كتێبە مێژووییەكان كە بە زمانی فارسی نووسراوە بە ناوی (روضة الصفا) ئەمەی خوارەوە هاتووە كە ئێمە پوختەی وەرگێڕانەكەی تۆمار دەكەین:
“عیسا (عليه السلام) ناونراوە مەسیح تەنھا لەبەرئەوەی زۆر دەگەڕا. كـڵاوێكی دەكردە سەری كە لە خوری دروست كرابوو، كراسێكیشی لەبەردەكرد كە ئەویش هەر لە خوری دروستكرابوو، و گۆچانێكی دەگرت بەدەستیەوە. وە هەمیشە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر و لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر دەڕۆيشت، لەو شوێنەیدا شەوی بەسەردا بھاتبایە دەمایەوە. وە سەوزایی دارستانەكانی دەخوارد و لە ئاوەكەی دەخواردەوە. وە بە پێ دەگەڕا، جارێك لە كاتی گەشتەكەیدا هاوەڵەكانی وڵاخێكی بۆ دەكڕن، ڕۆژێك سواری وڵاخەكە بوو، بەڵام نەیتوانی ئالیكی پێویست دابین بكات بۆ وڵاخەكە؛ بۆیە گەڕاندیەوە بۆ خاوەنەكەی.
دوای ئەوەی كە مەسیح لە نیشتیمانەكەی خۆی كۆچی كرد، گەیشتە ناوچەی “نوصەیبین” كە سەدەها قۆناغ لە نیشتیمانەكەی خۆیەوە دوورە، وە هەندێ لە حەواریيەكانیش هاوڕێی بوون، وە ناردنی بۆ شارێك لە شارەكان بۆ تەبشیركردن، وە بەوپێیەی كە هەواڵ و پڕوپاگەندەی درۆ دەربارەی عیسا و دایكی گەيشتبووە ئەو شارە، بۆیە حاكمەكەی حەواریيەكانی قۆڵبەست كرد، وە ناردی بە شوێن عیسادا (عليه السلام). ئەویش هات و بە هێزی دەراسا كۆمەڵێك نەخۆشی چارەسەر كرد، وە هەندێ كاری دەراسای تریشی پیشاندا، ئەوە بوو پاشای “نوصەیبین” و سەرجەم سەرباز و ڕەعیەتەكەی باوەڕیان پێ هێنا. وە ڕووداوی دابەزینـی سفرە و خوانەكە كە لە قورئاندا باس كراوە لە ڕۆژگاری گەشت و گەڕانەكەیدا ڕوویداوە”.
ئەمە پوختەیەكە لە مـێژووی “روضة الصفا”دا هاتووە. نووسەری ئەم كتێبە كۆمەڵێك كاروباری تری ئەفسانەیی و هیچ پووچ و ناماقووڵی داوەتە پاڵ عیسا (عليه السلام) كە گوایە موعجیزەی ئەون، بەڵام بەداخەوە لەبەر پووچی و بێ نرخی ئەم بابەتانە ئێمە گوێمان نەداوە بە باسكردنیان و ئەم كتێبەی خۆمان بەدوور گرتووە لە درۆ و زیادەڕەوی و هیچ وپووچی ئەم بابەتانە و مەبەستە سەرەكیەكەمان وەرگرتووە كە لەوەدا كورت دەبێتەوە عیسا (عليه السلام) لەسەروبەندی گەڕانەكەیدا گەيشتووەتە “نەصيبين”. كە شارێكە دەكەوێتە نێوان موصڵ و شام و لە نەخشە ئینگلیزیەكاندا ناوی (NASIBUS)ـه. وە ئەگەر گەشتمان كرد لە شامەوە بۆ وڵاتی فارس ئەوا لە ڕێگادا بە “نەصيبين”دا تێدەپەڕین كە 450 فەرسەخ [لە نوسخەی ئەسڵیدا بە هەڵە بەم شێوەیە هاتووە كە ڕاستیەكەی بریتیە لە 450 میل. (وەرگێڕی عەرەبی)] لە بیتولمەقدیسەوە دوورە، وە موسڵ نزیكەی 48 میل لە شاری نوصەیبینەوە دوورە، وە ماوەی نێوان موسڵ و بەیتولمەقدیس 500 میلە، وە سنوری وڵاتی فارس لە موسڵەوە تەنھا 100 میلە. ئەمەش مانای ئەوەیە كە “نەصيبين” سەد و پەنجا میل لە سنوری وڵاتی فارسەوە دوورە. وە سنوری وڵاتی فارس لە ڕۆژهەڵاتەوە بە شاری “هـیـرات”ی ئەفغانی كۆتایی دێت، واتە “هـیـرات” دەكەوێتە سنوری خۆرئاوای ئەفغانستانەوە كە پەیوەستە بە وڵاتی فارسەوە، بەم شێوەیە ماوەی نێوان هیـرات و سنوری خۆرئاوای وڵاتی فارس نزیكەی 900 میل دەبێت. وە دووری نێوان هیـرات و “مەمەڕى خەیبەر” دەوروبەری 500 میل دەبێت. سەیری ئەم نەخشەیە بكە:

ئەمە نەخشەی ئەو وڵات و شارانەیە كە مەسیح (عليه السلام) لێیانەوە گوزەری كردووە بەرەو كشمیر [مێژوویەكی مەسیحی هەیە بە زمانی یۆنانی، كەسێك لە لەندەن بەناوی (Heinmer) وەريگێڕاوە بۆ زمانی ئینگـلیزی لە ساڵی 1650ز، وە كتێبەكەی ناوناوە “Creed of Eusebeus”. لە فەسڵی چواری بەشی دووەمی ئەم كتێبەدا نووسراوێكی تۆمار كردووە كە لە نووسراوەكەوە وادەردەكەوێت پاشایەك بە ناوی “Abgerus” لەودیو ڕووباری فوڕاتەوە بانگى مەسیحی (عليه السلام) كردووە. وە زۆر درۆ و زیادەڕەوی خراوەتە ناو نووسراوی پاشاكە و وەڵامەكەی مەسیح (عليه السلام)، بەڵام ئەوەی كە وادەردەكەوێت ڕاست بێت ئەوەیە كاتێك ئەو پاشایە بیستوویەتی مەسیح تووشی چەوسانەوە بووە لەلایەن جوولەكەوە بانگی كردووە بۆئەوەی داڵدەی بدات؛ چونكە باوەڕی پێی هەبووە كە پێغەمبەرێكی ڕاستگۆیە. (نووسەر).].
وە سەرەتا نیازی بووە بەم گەشتە ئەو نەوانەی ئیسڕائیل كۆبكاتەوە كە پاشا “شەلمەنئەسەر” دیلـى كردن و گواستنیەوە بۆ وڵاتی “میدیا”. دیارە ئەم وڵاتی “میدیا”یە لە نەخشەی مەسیحیەكاندا شوێنەكەی لە باشووری دەریای خەزەر (قەزوین) دیاریكراوە كە دەكەوێتە شوێنی ئێستای وڵاتی فارس، ئەمەش دڵنیامان دەكاتەوە كە “میدیا”، لانی كەم، لەڕابردوودا بەشێك بووە لەو وڵاتەی كە ئەمڕۆ پێی دەوترێت وڵاتی “فارس”. وە سنوری وڵاتی فارس لە ڕۆژهەڵاتەوە پەیوەستە بە ئەفغانستانەوە، وە لە باشووریەوە دەریا هەیە، وە لە ڕۆژئاوایەوە وڵاتی ڕۆم هەیە.
هەرچـی چۆنێك بێت، ئەگەر متمانەمان كرد بە گێـڕانەوەكەی “روضة الصفا” ئەوا بۆمان دەردەكەوێت مەسیح (عليه السلام) لەم گەشتەیدا بۆ “نوصەیبین” نیازی ئەوە بووە كە بە گوزەركردن بە وڵاتی فارسدا بگاتە وڵاتی ئەفغان بۆئەوەی مەڕە ونبووەكانی ئیسڕائیل كە لە كۆتاییدا بەناوبانگ بوون بە ئەفغان بانگ بكات بۆ ڕێگەی ڕاست [لە تەوراتدا بەڵێنێك دراوە بە نەوەی ئیسڕائیل كە ئەگەر باوەڕبھێنن بە كۆتا پێغەمبەر ئەوا جارێكی تر لە ئاخرزەماندا، پاش دووچاربوونیان بە كۆمەڵێك بەڵا و نەهامەتی، دەسەڵات و فەرمانڕەواییان بۆ دەگەڕێتەوە، بێگومان ئەم بەڵێنە هاتەدی كاتێك 10 هۆزەكەی نەوەی ئیسڕائیل ئیسلامیان لەئامێز گرت، لەبەرئەوە لەناو ئەفغان و كشمیریەكاندا كۆمەڵە پاشایەكی گەورە پەیدا بوون. (نووسەر)]. وا دەردەكەوێت كە وشەی “ئەفغان” لە بنەڕەتدا عیبریە و وشەیەكی لێكدراوە، وە ماناكەی بریتیە لە ئازا و بەجەرگ، وە ئەوان لە سەردەمی سەركەوتنەكانیاندا ئەم نازناوەیان بۆ خۆیان هەڵبـژاردووە.
كەواتە عیسا (عليه السلام) لە ڕێگەی ئەفغانستانەوە هاتووە بۆ “پەنجاب”، پاش سەردانی پەنجاپ و هيندستان بەرەو كشمیر بەڕێكەوتووە. وە ئاشكرایە كە سنوری نێوان كشمیر و ئەفغانستان بریتیە لە هەرێمی “چەترال” و بەشێك لە خاكی “پەنجاب”. وە ئەگەر سەفەرمان كرد لە ئەفغانستانەوە بۆ كشمیر بە تێپەڕین بەناو خاكی پەنجابدا ئەوا ماوەی 80 فەرسەخ دەبڕین واتە 130 میل، لەكاتێكدا ماوەی نێوانیان لە ڕێگەی هەرێمـی “چەترال”ەوه دەگاتە 100 فەرسەخ. مەسیح بەلێزانی و زیرەكی خۆى ڕێگەی ئەفغانستانی هەڵبـژارد بۆئەوەی بەم سەردانەی مەڕە ونبووەكانی ئیسڕائیل، واتە ئەفغان، كەڵك و سوود وەربگرن. وە بەوپێیەی كە سنوری ڕۆژهەڵاتی كشمیر پەیوەستە بەوڵاتی “تبت”ەوە، ئەوا بۆ مەسيح ئاسان بووە كە پاش سەردان كردنی بۆ كشمیر كۆچ بكات بۆ ئەوێ. وە پاش ئەوەی كە چووەتەناو خاكی “پەنجاپ”ەوە، سەخت و گران نەبووە بۆی كە سەردانی شوێنە جیاوازەكانی هيندستان بكات پێش ئەوەی ڕووبكاتە كشمیر و پاشان “تبت”. هەروەك ڕیوایەتەكانی مێـژووی دێرینـی ئەم وڵاتانە ئاماژەی پێ دەكەن، زۆر ڕێی تێدەچێت كە مەسیح سەردانی “نیپاڵ” و “بەنارس”ی كردبێت و پاشان گەڕابێتەوە بۆ كشمیر لە ڕێگەی “گامۆن”یان “ڕاولبەندی”ەوە. وە لەبەرئەوەی مەسیح (عليه السلام) خەڵكی یەكێك لە وڵاتە ساردەكان بووە، ژیری ئەوە پەسەند دەكات كە هەتا كۆتایی زستان لەو شوێنانەی هيندستان مابێتەوە، پاشان لە كۆتایی مارس یان لەسەرەتای نیسان كۆچی كردبێت بۆ كشمیر. وە بەوپێیەی كە وڵاتی “كشمیر” تەواو هاوشێوەی وڵاتی “شام”ە لەڕووی ئاو و هەواوە؛ ئەوا بە دڵنیاییەوە بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە كشمیر نیشتەجێ بووە.
وە ئەگەری ئەوەش هەیە كە چەند ساڵێكی تەمەنی لە ئەفغانستان بەسەربردبێت، وە هەروەها هیچ دوور نیە كە هەر لەوێ هاوسەرگیری كردبێت. وە هۆزێكی ئەفغانی هەیە بە ناوی “عیسا خەیل”، وە هیچ مایەی سەرسوڕمان نیە كە ئەمانە لە نەوەی عیسا بن (عليه السلام). بەداخەوە مێژووی ئەفغانستان زۆر پچڕپچڕ و شێواوە، لەبەرئەوە گەیشتن بە ڕاستی لە ڕێگەی گێـڕانەوە فۆلكلۆریە پەرژ و بڵاوەكانیانەوە كارێكی زۆر قورس و گرانە.
بەهەرحاڵ، گومانی تێدا نیە كە گەلی ئەفغان لە نەوەی ئیسڕائیلن، هەروەها خەڵكی كشمیریش لە نەوەی ئیسڕائیلن. وە ئەو نووسەرانەی كە لە كتێب و نووسراوەكانیاندا پێچەوانەی ئەمەیان نووسیوە بەتەواوی فریویان خواردووە؛ چونكە بە وردی بیریان نەخستووەتە كار، تەنانەت ئەفغانیەكان خۆشیان دانیان بەوەدا ناوە كە لە نەوەی قەیسن، وە ئەم قەیسە لە نەوەی ئیسڕائیلە.
هەرچی چۆنێك بێت، ئێمە پێمان وایە كە لێـرەدا پێویست ناكات درێژە بەم باسە بدرێت؛ چونكە پێشتر لە كتێبێكی ترماندا بەتێروتەسەلی قسەمان كردووە لەبارەیەوە، ئەوەی لێـرەدا گرنگە بەلامانەوە بریتیە لە خستنەڕووی گەشتی مەسیح (عليه السلام) كە هەستاوە بە ئەنجامدانی بۆ كشمیر و “تبت” لە ڕێگەی “نوصەیبین”ەوە بە تێپەڕبوون بە ئەفغانستان و پاشان بە “پەنجاب”دا. وە بەهۆی ئەم گەشتە درێژەوە مەسیح (عليه السلام) ناونراوە بە پێغەمبەری گەشتیار، بەڵكو نازناوی (پێشەوای گەشتیاران)ی پێدراوە، هەروەك یەكێك لە زانایانی ئیسلام، پێشەوای زۆر بەڕێز زانای گەورە و خواناس ئەبو بەكر موحەممەد كوڕی موحەممەد كوڕی وەلید فەهری طەرطوسی مالكی كە لە هەموو ئاسۆكانی زەویدا بەناوبانگ بووە بە فەزیلەت و گەورەیی، باسی كردووە لە لاپەڕە 6 ی كتێبەكەی خۆی بەناوی “سراج الملوك” كە لە چاپخانەی الخیریة لە میصر ساڵی 1306ی كۆچی چاپكراوە، تێیدا دەڵێت: “كوا عیسا ڕۆح و وشەی خوا، سەركردەی دنیانەویستان، پێشەوای گەشتیاران”.. واتە بێگومان ئەو وەفاتی كردووە هەروەك چۆن هاوشێوەكانی وەفاتیان كردووە.
بڕوانن چۆن ئەم زانا پایەبەرزە وەسفی عیسا (عليه السلام) دەكات بەوەی كە گەشتیار بووە، بەڵكو وهسفی كردووه بەوەی كە “پێشەوای گەشتیاران” بووە.
هەروەها لە فەرهەنگی “لسان العرب”دا هاتووە دەربارەی مەسیح: دەوترێت عیسا ناونراوە بە مەسیح؛ چونكە لە زەویدا ئۆقرەی نەگرتووە و كەسێكی گەشتیار بووە.
وە لە (تاج العروس شرح القاموس)دا هەمان مانا هاتووە، ئەوەیشی بۆ زیاد كراوە كە مەسیح كەسێكە دەست پێداهێنانەكەی مایەی خێر و بەرەكەتە، واتە بە سروشتی خۆی ڕاهاتووە لەسەریان (واتە ڕاهاتووە لەسەر خێـر و بەرەكەت) كە تەنانەت دەست پێداهێنانی دەبێتە هۆی بەدەستھێنانی خێرو بەرەكەت، وە عیسا (عليه السلام) بەو ناوە وەسف كراوە، وە خوای گەورە ئەم ناوە دەبەخشێت بە هەریەكێك لە بەندەكانی كە خۆی بیەوێت. وە لە بەرامبەریدا مەسیحێكی تر هەیە كە دەست پێداهێنانەكەی مایەی شەڕ و نەفرەتە، واتە سروشتی بە شەڕ و نەفرەت مۆركراوە، تەنانەت دەست پێداهێنانەكەی دەبێتە هۆی پەیدابوونی شەڕ و گومڕایی و نەفرەت، كە دیارە مەسیحی دەججال و هەموو ئەوانەیشی كە هاوشێوەی ئەون بەو ناوە وەسف كراون.
هەڵبەت ئەم دوو وەسفە _واتە مەسیح بە مانای گەشتیار وە مەسیح بەمانای دەست پێدا هێنان بەمەبەستی خێـر و بەرەكەت_ دژی یەك نین و هیچ یەكێكیان پێچەوانەی ئەوی تریان نیە؛ چونكە یەكێك لە سوننەتەكانی خوای گەورە ئەوەیە كە هەندێ كەس وەسف دەكات بە ناوێك كە چەند مانایەك لەخۆی دەگرێت و هەموو ئەو مانایانەش پیادە دەبێت بەسەر خاوەنی ئەو ناوەدا.
پوختەی قسان، ئەوەی كە عیسا (عليه السلام) پێغەمبەرێكی گەشتیار بووە، ڕاستیەكە ساغ بووەتەوە لە كتێبەكانی مێـژووی ئیسلامیدا بەجۆرێك گەر بمانەوێت هەموو ئەو بابەتانەی كە لەم بارەيەوە هاتوون بنووسین؛ ئەوا ئەم توێژینەوەیە بەهۆی فراوانی و دوورو درێژیەكەی دەبێت بە كتێبێكی گەورە، لەبەرئەوه بەو ئەندازەیەی كە باسم كردووە وازدەهێنم و زیاتر لەوە پێویست ناكات.
بەشی دووەم
بەڵگەی تۆمارە مێژووییەكانی ئایینی بودایی
پێویستە ئەوە ڕوون و ئاشكرا بێت كە ئێمە كۆمەڵە بەڵگەیەكی جۆراوجۆرمان لە كتێبهكانی ئایینی بوداییدا بینیوە كە ئەگەر بە تێكڕایی سەیریان بكەین بەجوانی ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بەدڵنیاییەوە عیسا (عليه السلام) هاتووە بۆ وڵاتی كشمیر و پەنجاب و وڵاتانی تریش. وە ئەو بەڵگانە لێرەدا تۆمار دەكەین بۆئەوەی هەموو توێژەرێكی خاوەن ویژدان سەرنجی لێ بدات، پاشان لە مێشكی خۆیدا ئەم بەڵگانە بەشێوازێكی تایبەت ڕێكبخات و پێكەوە گرێیان بدات، تاوەكو خۆی بگاتە ئەو دەرەنجامەی كە لەسەرەوە باسكراوە. وە ئەو بەڵگانەیش بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمار دەكەین:
یەكەم: ئەو نازناوانەی كە بودای پێ ناونراوە بەتەواوهتی هاوشێوەی نازناوەكانی مەسیحن، هەروەها ئەو ڕووداوانەی كە بودا لەژیانیدا تووشی بووە هاوشێوەی ڕووداوەكانی ژیانی مەسیحە. هەڵبەت لێرەدا مەبەست لە “بودایی” ئەو ئایینەیە كە لەناوچەكانی سنوری تبت بوونی هەیە كە بریتین لە ناوچەكانی “لەیە” و “لاسە” و “گلگت” و “هومس” كە سەلمێنراوە مەسیح سەردانی ئەو ناوچانەی كردووە.
وەكو بەڵگە لەسەر لێكچوونی نازناوەكان ئەوەندە بەسە كە عیسا (عليه السلام) لە ئامۆژگاریەكانیدا ناوی “نوور”ی لەخۆی ناوە، بەهەمان شێوە بودا ناونراوە بە “گۆتەم” كە بەزمانی سانسكریتی مانای “نوور”ە. هەروەك چۆن لە ئینجیلدا ناوی “مامۆستا” هاتووە بۆ عیسا، بەهەمان شێوە بودا بە “ساستا” ناونراوە كە مانای مامۆستایە. هەروەها لە ئینجیلدا عیسا (عليه السلام) بە پیرۆز وەسف كراوە، بودایش بە “سوگەت” واتە پیرۆز وەسف كراوە. گومانی تێدا نیە كە مەسیح نازناوی سەرۆكی پێ دراوە، هەروەها یەكێك لە ناوەكانی بودايش بریتیە لە “سەرۆك”. وە یەكێك لەناوەكانی مەسیح لە ئینجیلدا بریتيە لە “بەئاوات گەیشتوو” بەهەمان شێوە لە پەرتووكەكانی ئایینی بوداييدا هاتووە كە یەكێك لە ناوەكانی بودا بریتیە لە “سدارتھا” واتە “بەئاوات گەیشتوو”. وە یەكێكی تر لە ناوەكانی مەسیح لە ئینجیلدا بریتیە لە فریادڕەسی كەسانی ڕەنجدەر و بێچارە، بەهەمان شێوە لە كتێبەكانی ئایینی بودايیدا هاتووە كە یەكێك لەناوەكانی بودا بریتیە لە “ئەسەرن سەرن” واتە پەنادەری بێ لانە و لێقەوماوان. وە هەروەك چۆن مەسیح لە ئینجیلدا بەناوی پاشا بانگكراوە، كە مەبەست پێی شانشین و قەڵەمڕەوی ئاسمانی بووە، بەهەمان شێوە بودایش بە پاشا بانگكراوە.
بەڵام بەڵگە لەسەر ئەوەی كە ڕووداوەكانی ژیانیان هاوشێوەی یەك بووە ئەوەیە كە هەروەك چۆن لە ئینجیلدا هاتووە كە مەسیح (عليه السلام) بە شەیتان تاقیكراوەتەوە و شەیتان پێی گوتووە: ئەگەر كڕنووشم بۆ ببەیت ئەوا هەموو سامان و قەڵەمڕەوی دنیا بۆ تۆ دەبێت، بەهەمان شێوە بودایش تووشی هەمان تاقیكردنەوە بووە؛ شەیتان پێی گوتووە: ئەگەر گوێڕایەڵیم بكەیت و وازبھێنیت لەم ژیانی دنیانەویستیە و بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە ئەوا مەزنێتی و شكۆی پاشاكانت پێ دەبەخشم. بەڵام بودا، وەك كتێبەكان دەڵێن، گوێڕایەڵی شەیتانی نەكرد[1] هەروەك چۆن مەسیحیش گوێڕایەڵی نەكرد.
[1] Buddhism by T. W. Rhys Davids;
and Buddhism by Sir M. Monier-Williams.
Also see:
– Chinese Buddhism by Edkins,
– Buddha by Oldenberg, translated by W. Hoey
– Life of the Buddha, translated by Rockhill.
سەیری پاشكۆكە بكە (وەرگێڕی عەرەبی)
لەمەوە دەردەكەوێت ئەو نازناوە جۆراوجۆرانەی كە مەسیح لە ئينجیلدا خستوویەتیە پاڵ خۆی دراونەتە پاڵ بودایش لە كتێبەكانیدا كە ماوەیەكی درێژ دوای خۆی دانراون، هەروەك چۆن مەسیح بە شەیتان تاقیكراوەتەوە بەهەمان شێوە بودایش بەشەیتان تاقیكراوەتەوە، وەك لەو كتێبانەدا هاتووە، بەڵكو باسی ئەوە دەكەن كە تاقیكردنەوەكەی بودا قورستر بووە كاتێك شەیتان هانیداوه و بە دەوڵەمەندی و موڵك و ماڵ حەز و ئارەزووی بزواندووە، بەمێشكیدا هاتووە كە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام خێرا ئەو بیرۆكەيەی لە مێشكی خۆی دەرهێناوە. پاشان شەوێكی تر شەیتان خۆی و هەموو نەوەكانی لەدژی كۆبوونەتەوە و بەجۆرەها وێنەی تۆقێنەر ترساندوویانە بەجۆرێك ئەو شەیتانانە بەشێوەی كۆمەڵێك مار دەركەوتوون بۆی، كە لەزاریانەوە ئاگر دەرچووە، تەنانەت ئاگر و ژەهریان بۆ هاویشتووە بەڵام ژەهرەكان گۆڕاون بۆ گوڵ و ئاگرەكەیش وەك خەرمانەیەكی لێھاتووه و چواردهوری بودای داوە.
پاشان كە شەیتان نائومێد بوو لە سەركەوتنی ئەم فێڵە، هەر شازدە كچەكەی خۆی نارد بۆلای بودا، وە ڕایسپاردن كە جوانيە دڵڕفێنەكانی خۆیان دەربخەن بۆی، بەڵام هەموو ئەمانە هەڵوێستی بودای لەجێی خۆی لەق نەكرد، وە شەیتان لەجێبەجێ كردنی نیاز و ویستە گڵاوەكانیدا بەتەواوەتی شكستی هێنا. بۆیە كۆمەڵێك هۆكاری تری بەكارهێنا بەڵام دیسان تووشی نائومێدی و نوشوستی بوو، وە هیچ كاریگەریەكی نەبوو لەسەر دامەزراوی و ئیمانی بودا؛ وە بودا بەردەوام بوو لە بەرەوپێشچوون و بڕینی قۆناغە بەرزەكانی ڕۆحانیەت، هەتاكو، دوای شەوگارێكی درێژخایەن و تاریك و نووتەك لەناو تاقیكردنەوەی درێژ و قورسدا، توانی زاڵ بێت بەسەر شەیتانى دوژمنی سەرسەختی خۆیدا، وە ڕووناكی زانستی ڕاستەقینە دەركەوت بۆی، وە بەدەركەوتنی بەرەبەیان، واتە دوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەكەی، بەئاسانی ڕاستی هەموو كاروبارەكانی زانی. وە ئەو پێش نیوەڕۆیەی كە ئەم جەنگە مەزنەی تێدا كۆتایی هات، بوو بەكاتی لەدایكبوونی ئایینی بودایی، وە “گۆتەم” ئەوكاتە تەمەنی سی و پێنج ساڵ بوو، وە هەر لەو كاتەدا شەرەفمەند بوو بە نازناوی بودا واتە ڕووناكی و ڕۆشنایی، وە ئەو درەختەی كە بودا لەو كاتەدا لەژێریدا دانیشتبوو بەدرەختی ڕووناكی ناسرا.
ئێستا لاپەڕەكانی ئینجیل هەڵبدەنەوە دەبینن ئەو تاقیكردنەوەيەی كە دووچاری بودا بووە لەلایەن شەیتانەوە بەتەواوی لەو تاقیكردنەوەيە دەچێت كە مەسیح (عليه السلام) ڕووبەڕووی بووەتەوە، تەنانەت تەمەنی مەسیح لەكاتی تاقیكردنەوەكەدا هەمان ئەو تەمەنە بووە كە تێیدا بودا تووشی تاقیكردنەوە بووە.
وە لە كتێبهكانی ئایینی بوداییهوه ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە شەیتان لەبەرچاوی خەڵكیدا، لەشێوەی ئادەمیزادێكی بەرجەستەدا، نەگەيشتووە بە بودا، بەڵكو ئەمە دیمەنێكی تایبەتی بووە و تەنھا لەپێش چاوەكانی بودا دەركەوتووە، وە قسەكردنی شەیتان لەگەڵیدا بەشێوەی ئیلھامی شەیتانی بووە؛ واتە شەیتان لەگەڵ ئەو دیمەنەی كە پێیەوە هاتووە ئەو ئیلھامەی هاویشتووەتە دەروونی بوداوە كە وازبھێنێت لەم ڕێگەیە و گوێڕایەڵی ئەو بكات بۆئەوەی هەموو نیعمەتەكانی دنیای پێ ببەخشێت. بەهەمان شێوە زاناكانی ئایینی مەسیحی داندەنێن بەوەدا كە ئەو شەیتانەی چاوپێكەوتنی كرد لەگەڵ مەسیحدا بەشێوەی مرۆڤێك كە هاتووچۆ بكات بە ڕێگا و كۆڵانەكاندا لەبەرچاوی جوولەكەكان نەهاتووە بۆلای مەسیح، وە بەشێوەیەك قسەی لەگەڵ مەسیحدا نەكردووە وەك ئەوەی خەڵكی لەنێوان خۆیاندا قسەدەكەن بەجۆرێك خەڵكانی تریش گوێبیستی ببن، بەڵكو ئەم چاوپێكەوتنەیش وێنەیەك بووە لە كەشف تەنھا مەسیح خۆی بینیویەتی، وە گفتوگۆی نێوانیان وەحی شەیتانی بووە.. واتە شەیتان بەگوێرەی خووی دێرینی خۆی نیاز و ئارەزووەكانی خۆی بەشێوەی وەسوەسە فڕێداوەتەناو دڵی مەسیحەوە، بەڵام دڵی مەسیح ئەم وەسوەسانەی وەرنەگرتووە، بەڵكو هەروەك بودا ڕەتی كردووەتەوە.
ئەوەی مایەی تێڕامانە ئەوەیە كە: چۆن مەسیح و بودا تاڕادەیەكی ئێجگار زۆر بەم شێوەیە لەیەك دەچن، وە بۆچی؟
ئاریەكان لهم بارەيەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە مەسیح پاش ئەوەی گەشتی كردووە بۆ هيندستان و شارەزایی پەیداكردووە لە بنەماكانی بودا و ئەم ڕووداوانەی ژیانی ئەو، گەڕاوەتەوە بۆ نیشتمانی خۆی و بە وەرگرتنی ئەم زانیاریانە ئینجیلێكی دروست كردووە، وە ئەو لە ڕێنماییە ئەخلاقیەكانی بودای دزیوە و لە ئینجیلەكەی خۆیدا تۆماری كردووە و هەموو ئەو نازناوانەی كە بودا دابوویەپاڵ خۆی ئەو كردوویەتی بەنازناوی خۆی، هەروەك چۆن بودا وەسفی خۆی كردووە بە ڕووناكی و زانست بەهەمان شێوە مەسیحیش وەسفی خۆی كردووە بە ڕووناكی و زانست، تەنانەت مەسیح چیرۆكی تاقیكردنەوەی بودایشی لەلایەن شەیتانەوە داوەتەپاڵ خۆی.
بەڵام ئەمە شتێك نیە جگە لە هەڵە و ناپاكی ئاریيەكان؛ چونكە بەهیچ شێوەیەك ڕاست نیە كە مەسیح پێش ڕووداوی خاچەكە گەشتی كرد بێت بۆ هيندستان؛ چونكە هیچ پێویستیەك نەبووە بۆ ئەو گەشتە، بەڵكو ئەو كاتە ناچار بووە ئەو گەشتە بكات كە جوولەكەكانی وڵاتی شام تەكفیریان كردووە و بەخەیاڵی خۆیان كوشتوویانە لەسەر خاچ بەڵام خوای گەورە بە تەگبیر و پلانێكی تۆكمە ڕزگاری كرد لەو كوشتنە. ئەوە بوو مەسیح (عليه السلام) ڕایەڵەكانی تەبلیغ و هاوخەمی پچڕاند لەو جوولەكانەی كە دڵیان ڕەق ببوو لە ئەنجامی ئەو سەرپێچیانەی ئەنجامیان دابوو بەڕادەیەك وایان لێ هاتبوو كەڵكی ئەوەیان پێوە نەمابوو كە حەق وەربگرن. ئیتر مەسيح بڕیاریدا كۆچ بكات بەرەو وڵاتی هيند پاش ئەوەی لەلایەن خواوە پێیـڕاگەیەندرا كە 10 هۆزە ونبووەكەی نەوەی ئیسڕائیل كۆچیان كردووە بۆ هيندستان. وە بەوپێیەی كە گروپێك لەو جوولەكانە باوەڕیان هێنابوو بە ئایینی بودايی، بۆیە ئەو پێغەمبەرە ڕاستگۆیە چاری نەبوو جگە لەوەی كە گرنگی بدات بە پەیڕەوانی ئایینی بودایی. لەو كاتەدا زاناكانی ئایینی بودایی كە چاوەڕوانی “بودای مەسیح” بوون، هەلیان بۆ هەڵكەوت كە ئاگاداربن لە نازناوە جۆراوجۆرەكانی مەسیح و ڕێنماییە ئەخلاقیەكانی وەك فەرمایشتی: دوژمنەكانی خۆتان خۆش بوێت، وەڵامی خراپە بە خراپەیەكی هاوشێوە مەدەنەوە؛ وە بینییان كە ڕەنگی سپیە هەروەك چۆن “گۆتەم بودا” وەسفی “بودای مەسیحی” كردووە كە لەداهاتوودا دوای خۆی دێت؛ وە پاش بینینی ئەم هەموو نیشانانە لە مەسیحدا، بەو (بودای مەسیح)ە لەقەڵەمیاندا كە بەڵێندرابوو پێیان. كەواتە پێدەچێت هەندێ لە ڕووداوەكانی ژیانی مەسیح و نازناو و ڕێنماییەكانی، بە ئەنقەست یان بە هەڵە، لەهەمان ئەو ماوەیەدا درابێتەپاڵ “گۆتەم بودا”؛ چونكە هەمیشە هيندیەكان لە نووسینەوەی مێژوودا متمانەیان پێ ناكرێت، وە ژیانی بودا تاكو سەردەمی مەسیح هێشتا نەنووسرابوویەوە، لەبەرئەوە بوارێكی فراوان هەبووە بۆ زاناكانی ئایینی بودایی كە هەرچیەكیان بوێت بیدەنەپاڵ بودا. كەواتە زۆر ڕێی تێدەچێت كاتێك ڕووداوەكانی ژیانی مەسیح و ڕێنماییە ئەخلاقیەكانی ئەویان زانیوە، هەموویان داوەتەپاڵ بودا وێڕای كۆمەڵێك بابەتی تر كە خۆیان هەڵیان بەستووە [ناتوانین نكوڵی لەوە بكەین كە ئایینی بودایی لەدێرزەمانەوە ئەندازەیەكی زۆر ڕێنمایی ئەخلاقی تێدا بووە، بەڵام هیچ دەرەتانێكمان نیە بۆ ڕزگار بوون لەم قسەیە كە ئەو بەشەی هاوشێوەی ڕێنمایی و نموونە و دەربڕینەكانی ئینجیلە، بێگومان دوای گەيشتنی مەسیح بۆ ئەو وڵاتە زیادكراون بۆ كتێبەكانی ئایینی بودايی. (نووسەر)]. وە لەمەودوا دەیسەلمێنین كە بەشی ئەخلاقی لە كتێبەكانی ئایینی بوداییدا كە هاوشێوەی ڕێنماییەكانی ئیجیلە، وە نازناوە جیاوازەكانی وەك “نوور” و ئەوانی تر، وە چیرۆكی تاقیكردنەوە لەلایەن شەیتانەوە كە بەدڵنیاییەوە دراوەتەپاڵ بودا هەروەك چۆن دراوەتەپاڵ مەسیح، هەموو ئەم بابەتانە لە كتێبەكانی ئایینی بوداییدا نووسراونەتەوە دوای ئەوەی مەسیح (عليه السلام) هاتووە بۆ ئەم وڵاتە پاش ڕووداوی خاچەكە.
وە لێرەدا لێكچوونێكی تر هەیە لەنێوان بودا و مەسیحدا كە بریتیە لەوەی لە كتێبەكانی ئایینی بودايیدا هاتووە كە بودا ئەو ڕۆژانەی كە لەلایەن شەیتانەوە تاقیكراوەتەوە چل ڕۆژ بەڕۆژوو بووە؛ وە خوێنەرانی ئینجیل دەزانن كە مەسیحیش چل ڕۆژ بەڕۆژوو بووە.
هەروەك كەمێك پێشتر باسم كرد، لێكچوونێكی گەورە هەیە لەنێوان ڕێنماییە ئەخلاقیەكانی مەسیح و بودا پێغهمبهردا بەجۆرێك هەموو ئەو كەسانەی شارەزای ئەم دوو ڕێنماییەن تووشی سەرسوڕمان و حەپەسان دەبن! بۆ نموونە لە ئینجیلەكاندا هاتووە: بەرەنگاری شەڕ مەبنەوە، دوژمنەكانتان خۆش بوێت، وەك هەژارەكان بژین، خۆتان بەدوور بگرن لە فیزو درۆو چڵێسی. ئەمانە بریتین لە هەمان ڕێنماییەكانی بودا؛ بەڵكو ئامۆژگاریەكانی لەمە توندترە؛ چونكە لەو ئامۆژگاریانەدا كوشتنی هەر ئاژەڵێك تەنانەت كرم و مێرووەكان بە یەكێك لە تاوانە هەرە گەورەكان دانراوە.
وە مەزنترین ئامۆژگاری بودا بریتیە لە: هاوخەم بن لەگەڵ هەموو خەڵكیدا، وە داوای خێـر بكەن بۆ هەموو مرۆڤەكان و ئاژەڵەكانیش، یەكتریتان خۆشبوێت و با سۆز و ئەوین لەنێوانتاندا هەبێت، وە ئەمانە خودی ڕێنماییەكانی ئینجیلن.
پاشان هەروەك چۆن مەسیح قوتابیەكانی خۆی ڕەوانەكرد بۆ ناوچە جۆراوجۆرەكان و خۆیشی سەفەری كرد بۆ وڵاتێكی دوور، بەهەمان شێوە ژیانی بودایش بەم جۆرە بووە. ئەوەتا لە كتێبی (Buddhism, by Sir Monier -Williams)دا هاتووە كە بودا قوتابیەكانی ناردووە بۆ گەیاندنی ئایینەكەی لەجیھاندا، وە ڕایسپاردوون كە: بچنە دەرەوە، وە گەشت بكەن بە هەموو لایەكدا، یەكە یەكە بەهەموو ناوچەكاندا بڵاوببنەوە، بۆ یامەتیدانی مرۆڤایەتی و خزمەتكردنی خەڵك و خوا، وە هاوار لە خەڵكی بكەن كە لە خوا بترسن، وە دڵتان خاوێن بێت، وە خۆتان ڕابھێنن لەسەر ژیانی ڕەبەنی و تهنیایی؛ وە منیش دەڕۆم بانگەواز دەكەم بۆ ئەم پەیامە.
پاشان بودا ڕوویكردە “بنارس” وە كۆمەڵێك موعجیزەی زۆری لەوێ پیشاندا، وە لەسەر شاخێك وتارێكی زۆر كاریگەری پێشكەش كرد هاوشێوەی ئەوەی كە مەسیح وتارەكەی خۆی لەسەر بەرزایی شاخەكە پێشكەش كرد.
وە لەهەمان كتێبدا هاتووە: بودا لە ئامۆژگاریەكانیدا زۆر نموونە و پەندی دەهێنایەوە، وە ئاماژەی دەدا بە بابەتە ڕۆحانیەكان لە ڕێگەی باسكردنی شتە ماددیەكانەوە.
ئێستا ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین كە ئەم ڕێنماییە ئەخلاقیانە و شێوازی هێنانەوەی نموونە لە ئامۆژگاریدا، هەموو ئەمانە نەریتی عیسا بووە (عليه السلام). وە ئەگەر ڕابمێنین لەم ڕێنماییە ئەخلاقیانە و شێوازی پێشكەش كردنیان، لەبەر ڕۆشنایی كۆمەڵێك بەڵگەی تر، ئەوا دەستبەجێ ئەوە دێت بە خەیاڵماندا كە هەموو ئەم بابەتانە بریتین لە لاساییكردنەوە و لێكچوونی ڕێنماییەكانی مەسیح. هۆكاری ئەمەیش ئەوەیە كە كاتێك مەسیح (عليه السلام)لە هيندستاندا نیشتەجێ بوو، وە لە زۆربەی ناچەكانیدا ئامۆژگارى پێشكەش كرد، زاناكانی ئایینی بودایی لە دەوری كۆدەبوونەوە و دەیانبینی كە خاوەنی كۆمەڵێك موعجیزە و بەرەكەتە، ئینجا ئەم بابەتانەیان لە كتێبەكانیاندا تۆماركردووە، بەڵكو وایان دادەنا كە ئەو “بودای بەڵێندراو”ە؛ چونكە سروشتی مرۆڤ وەهایە كە لەهەر شوێنێك وشەی حیكمەتی بینی هەوڵدەدەدات بیقۆزێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە مەجلیسێكدا وشەیەكی حیكمەتی بیست لە كەسێك ئەوا ئەو وشەیە لەبەردەكات. كەواتە بەتەواوەتی ڕێی تێدەچێت كە زاناكانی ئایینی بودايی وێنەی ئینجیلەكانیان بەتەواوی نەخشاندبێت لە كتێبەكانیاندا؛ ئەوەتا باسی ئەوەیان كردووە كە بودایش وەكو مەسیح چل ڕوژ بەڕۆژوو بووە؛ وە هەروەك چۆن مەسیح لەلایەن شەیتانەوە تاقیكراوەتەوە بەهەمان شێوە بودایش تاقیكراوەتەوە، وە هەروەك چۆن مەسیح بێ باوك بووە بەهەمان شێوە بودایش بێ باوك بووە، وە هەروەك چۆن مەسیح ئامۆژگاریە ئەخلاقیەكانی لەگەڵ خۆی هێناوە بەهەمان شێوە بودایش ئامۆژگاری ئەخلاقی هێناوە لەگەڵ خۆیدا، وە هەروەك چۆن مەسیح دەڵێت “من ڕووناكیم” بودایش هەمان شت دەڵێت، وە هەروەك چۆن مەسیح خۆی ناوناوە مامۆستا و حەواریەكانی ناوناوە قوتابی بەهەمان شێوە بودایش ئەو كارەی كردووە، وە هەروەك لە ئینجیلی مەتتا بەشى 10 ژمارە 9 دا هاتووە كە مەسیح دەڵێت: هەوڵی پەیداكردنى زێڕ و زیو و مس مەدەن، بەهەمان شێوە بودایش ئەم وەسیەتەی كردووە بۆ قوتابیەكانی، وە هەروەك چۆن ئینجیل هانی ژیانی ڕەبەنی دەدات بەهەمان شێوە بودایش هانی ئەم جۆرە ژیانە دەدات لە ئامۆژگاریەكانیدا، وە هەروەك چۆن پاش هەڵواسینی مەسیح لەسەر خاچ بوومەلەرزەیەك ڕوویداوە، بەهەمان شێوە لە كتێبەكانی ئایینی بوداییشدا هاتووە كە كاتی وەفات كردنی بودا [هەروەك چۆن نەریتی (العشاء الرباني) لای نەسرانیەکان هەیە بەهەمان شێوە لای بوداییەكانیش هەیە. (نووسەر)] بوومەلەرزەیەك ڕوویداوە.
بێگومان هۆكاری ئەم هەموو لێكچوونە تەنھا ئەوەیە كە _لە خۆش بەختی بوداییهكان_ مەسیح هاتووە بۆ هيندستان و ماوەیەكی زۆر لەناویاندا ماوەتەوە و ئەوانیش بەشێوەیەكی گشتگیر شارەزا بوون لە ڕووداوەكانی ژیان و ڕێنماییە پیرۆزەكانی؛ بۆیە دەبێت ئەم نەریت و ڕێنماییانە لەناویاندا جێی خۆی كردبێتەوە؛ چونكە مەسیح لای ئەوان جێگەی ڕێز بووە بەڕادەیەك بەهاوشێوەی بودا لەقەڵەمیان داوە، لەبەرئەوە لە كتێبەكانیاندا وتە و بارودۆخەكانی ژیانی ئەویان تۆماركردووە و خستوویانەتەپاڵ “گۆتەم بودا”.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە كە بودایش وەكو مەسیح، بەهێنانەوەی نموونە و پەند، ئامۆژگاری قوتابیەكانی كردووە بەتایبەتی بەو نموونانەی كە لە ئینجیلدا هاتوون. بۆ نموونە بودا لە یەكێك لە نموونە و پەندەكانیدا دەڵێت: “هەروەكو جووتیار چۆن تۆو دەچێنێت و ناتوانێت بڵێت ئەمڕۆ چەكەرە دەكات و سبەی دەڕوێت، بەهەمان شێوە دۆخی ئەو كەسەیش وەهایە كە بەنیاز (مورید) و شوێنكەوتەیە، واتە مورشید هیچ شتێك نازانێت دەربارەی سەرەنجامی موریدەكە كە ئایا بەباشی گەشە دەكات یان وەكو تۆوێك كە لەسەر زەوییەكی ڕەقەن بوەشێنرێت وشك دەبێت و دەفەوتێت.
ئایا، تۆ بڵێی، ئەمە هەمان ئەو نموونە نەبێت كە لە ئینجيلدا هەیە هەتا ئەمڕۆ.
پاشان بودا نموونەیەكی تر باس دەكات و دەڵێت: ڕەوە ئاسكێك لە دارستانێكدا بە ئاسایش و خۆشی دەژیان، پیاوێك دێت و فریویان دەدات و بەڕێگایەكدا دەیانبات كە دەبێتە هۆی تیاچوونیان… واتە هەوڵ دەدات كە ئاسكەكان بەڕێگایەكدا بڕۆن كە بكەونە ناو تەڵەوە و ڕاوبكرێن و ببنە قوربانی مردن. وە پیاوێكی تر دێت و ڕێگایەكی چاكیان بۆ دەكاتەوە، واتە كێڵگەیەك دەچێنێت بۆئەوەی ئاسكەكان تێیدا بلەوەڕێن و جۆگەیەكی ئاویان بۆ دروست دەكات بۆئەوەی ئاوی لێ بخۆنەوە و ئاسوودەبن. بارودۆخی خەڵكیش بەم جۆرەیە، ئەوان بەخۆشی دەژین تا ئەو كاتەی شەیتان دێتە سەریان و هەموو جۆرە ڕێگایەكی خراپەیان بۆ دەكاتەوە بۆئەوەی لەناوبچن؛ ئا لەو كاتەدا مرۆڤی كامڵ دێت بۆ لایان و هەموو ڕێگایەكی حەق و ئاشتی و یەقینیان بۆ دەكاتەوە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت.
هەروەها لە ئامۆژگاریەكانی بودا پێغهمبهردا ئەوەمان بەرچاودەكەوێت كە پارێزكاری گەنجینەیەكی پارێزراوە و هیچ كەسێك ناتوانێت بیدزێت، وە گەنجینەیەكە كە لەگەڵ مرۆڤدا دەبێت پاش مردنیشی. وە گەنجینەیەكە هەموو جۆرە زانست و كەماڵاتێكی لێوە هەڵدەقوڵێت. وە ئەم ئامۆژگاریانە بریتین لە هەمان ئامۆژگاریەكانی ئینجیل و كە لە كتێبە كۆنەكانی ئایینی بودايیدا تۆماركراون كە مێژووەكەیان ناگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی مەسیح (عليه السلام)، بەڵكو سەردەمی ئەو كتێبانە هەمان سەردەمی مەسیحە.
لەهەمان كتێبدا (Buddhism, by Sir Monier-Williams) لە لاپەڕەی 135 دا هاتووە كە بودا دەڵێت: “هیچ كەسێك ناتوانێت خەوشێكم تێدا بەدی بكات.” ئەم ڕستەیەش لە وتەیەكی مەسیح دەچێت.
پاشان لەلاپەرە 45 ی هەمان كتێبدا ئەو وتەیەی دانەر دەخوێنینەوە كە لێكچوونێكی زۆر هەیە لەنێوان ڕێنماییە ئەخلاقیەكانی بودا و مەسیحدا.
من دان بەوەدا دەنێم كە هەردوو ڕێنماییەكە جەخت لەوە دەكەنەوە كە دنیا و ماڵی دنیاتان خۆشنەوێت، كاری خراپە و داوێنپیسی مەكەن، بەكردەوەی چاكە زاڵ بن بەسەر خراپەدا، مامەڵە لەگەڵ خەڵكیدا بكەن بەو شێوەیەی كە پێتان خۆشە مامەڵەتان لەگەڵدا بكرێت. هەڵبەت ئەم لێكچوونەی كە لەنێوان ڕێنماییەكانی ئینجیل و ڕێنماییەكانی بودا پێغهمبهردا هەیە هێندە ڕوون و ئاشكرایە بەجۆرێك پێویستی بە شیكردنەوە و درێژەپێدان نیە.
لە كتێبەكانی ئایینی بوداییهوه دەردەكەوێت كە “گۆتەم بودا”یش پێشبینی كردووە كە بودایەكی تر سەرهەڵدەدات بەناوی “مەتییا”؛ هەڵبەت ئەم پێشبینیە لە كتێبێكی بودا پێغهمبهردا هاتووە بەناوی “لەگاوەتی سوتەتا” كە ئاماژە كراوە بە دەقەكەی لە لاپەڕە 142 ی كتێبێكی ئوڵدن بێرگ (Oldenberg)؛ وە دەقی ئەم پێشبینیە بریتیە لە: “بێگومان (مەتییا) دەبێت بە پێشەوای ملیۆنەها كەس، هەروەك چۆن ئەمڕۆ من پێشەوای سەدەها كەسم.”
لێرەدا پێویستە ئەوەمان لەیاد نەچێت كە ئەو خەڵكانەی بە زمانی (بالی) قسە دەكەن وشەی “مەشیحا”ی عیبری بەشێوەی واژەی “مەتییا” گۆ دەكەن. ئەمەش سەیر نیە؛ چونكە ئەگەر وشە لە زمانێكەوە گواسترایەوە بۆ زمانێكی تر گۆڕانێكی كەمى تێدا ڕوودەدات هەروەك دەبینین كاتێك وشە ئینگلیزیەكان دەگوازرێنەوە بۆ زمانێكی تر بەناچاری گۆڕان تێیاندا ڕوودەدات. پڕۆفیسۆر ماكس مولەر Max Muller لە لیستێكدا كۆمەڵێك نموونەی پێشكەش كردووە لەسەر ئەم گۆڕانكاریانە كە هاوپێچی كردووە لەگەڵ بەرگی 11 ی كتێبی The sacred books of the East كە لە لاپەڕەی 318 ی ئەو كتێبەدا دەڵێت واژەى “Th” كە بە ئینگلیزی بە (تھ) گۆدەكرێت، لە زمانی فارسی و عەرەبیدا گۆڕاوە بۆ “ث”، واتە زۆر جیاواز نیە لە “ث” یان “س” لەكاتی خوێندنەوەدا. وە بەڕەچاوكردنی ئەم گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونانە هەموو كەسێك دەتوانێت پەی بەوە ببات كە واژەی “مەسیحا” بەشێوەی “مەتییا” گواستراوەتەوە بۆ زمانی “بالی”… واتە ئەو “مەتییا”یەی كە بودا پێشبینی دەركەوتن و سەرهەڵدانی كردووە لە ڕاستیدا بریتیە لە مەسیحی ناسیرەیی نەك كەسێكی تر.
بەهێزترین بەڵگە لەسەر ئەمە ئەوەیە كە بودایش پێشبینی كردووە كە ئەو ئایینەی خۆی دایدەمەزرێنێت لە پێنج سەدە زیاتر لەسەر زەوی نامێنێتەوە، وە كاتێك ڕێنمایی و بنەماكانی ئايینەكەی بەرەو لاوازی و داڕوخان دەڕوات “مەتییا” لەو وڵاتە دەردەكەوێت و جارێكی تر ئەو ڕێنماییە ئەخلاقیانە لە دنیادا دادەمەزرێنێتەوە.
دەبینین كە مەسیح پێنج سەدە دوای بودا ڕەوانەكراوە، وە ئایینی بودایی لەو كاتەدا لاوازی و داڕوخانی بەسەردا هاتبوو وەك بودا پێشبینی كردبوو. وە ئەو كاتە مەسیح كۆچی كردووە بۆ ئەو وڵاتە، پاش ئەوەی لە خاچ ڕزگاری بوو، دیارە شوێنكەوتوانی بودا ئەویان ناسیەوە و بەوپەڕی ڕێز و مەزنیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كرد. وە گومانی تێدا نیە كە ڕێنماییەكەی مەسیح سەرلەنوێ ئەو ڕێنمایە ئەخلاقی و ڕێگا ڕۆحانیەی زیندووكردەوە كە بودا دایمەزراندبوو. وە مێژوونووسە مەسیحیەكان دانیان بەوەدا ناوە كە ئەو ڕێنماییە ئەخلاقیانەی لە شوێنە جیاوازەكانی ئینجیلدا هاتووە بەتایبەتی ئەوەی لە وتاری چیاكەدا هاتووە هەمان ئەو ڕێنماییانەیە كە بودا پێنج سەدە پێش مەسیح برەوی پێداوە؛ هەروەها دانیان بەوەشدا ناوە كە بودا تەنھا مامۆستای ڕێنماییە ئەخلاقیەكان نەبووە، بەڵكو مامۆستای كۆمەڵێك ڕاستی تریش بووە كە زۆر مەزن بوون، وە پێیانوایە كە ناونانی بودا بە “ڕووناكی ئاسیا” ناونانێكی تەواو ڕاستە.
دیارە مەسیح پێنج سەدە دوای بودا دەركەوت هەروەك بودا پێشبینی ئەمەی كردبوو، وە رێنماییە ئەخلاقیەكانی هەمان ڕێنماییەكانی بودا بوو هەروەك زۆربەی زۆری زانایانی ئایینی مەسیحی دانیان پێداناوە. ئەمەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەركەوتنەكەی بەڕەنگی بودا ڕەنگ كرا بوو.
بێگومان ئوڵدنبێرگ Oldenberg لە كتێبەكەی خۆیدا، كە لە كتێبەكەى بوداوە “لەگاوەتی سوتەتا” وەریگرتووە، دەڵێت كە شوێنكەوتووانی بودا هەمیشە بەوە ئۆقرەییان دەدا بە دڵی خۆیان كە لەداهاتوودا ڕزگاریان دەبێت كاتێك دەبن بە قوتابی “مەتییا”، واتە دڵنیابوون لەوەی كە “مەتییا” لەناویاندا دەردەكەوێت و ئەوانیش بەهۆی ئەوەوە ڕزگاریان دەبێت؛ چونكە بودا بە كۆمەڵێك وشە مژدەی هاتنی “مەتییا”ی پێدابوون كە بەڕاشكاوی ئەو مەبەستەیان دەگەیاند كە قوتابیەكانی دەگەن بە “مەتیییا”.
ئەم ڕوونكردنەوەیەی كتێبی ناوبراو دڵنیایی ئەوە دەدات بە مرۆڤ كە خوای گەورە لە دوولاوە هۆكاری سازاندووە بۆ هیدایەتی ئەو خەڵكە: لەلایەكەوە، پێویست بووە لەسەر مەسیح _بەهۆی ناوەكەیەوە “ئاسف” واتە “كەسێك یەكێتی دەخاتەناو كۆمەڵەوە” كە لە كتێبی پەیدابوون بەشی 3 ژمارە 10وە وەرگیـراوە [نزیكترین دەستەواژە كە بەم مانایە هاتبێت بریتیە لەو دەستەواژەی كە لە پەیدابوون بەشی 49 : 10 دا هاتووە. (وەرگێڕی عەرەبی)] _ كۆچ بكات بۆ ئەو وڵاتەی كە جوولەكەكان بۆی ڕۆيشتبوون و نیشتەجێ بوون تێیدا، لەلایەكی ترەوە، پێویست بوو_ بەگوێرەی پێشبینیەكەی بودا_ شوێنكەوتوانی بگەن بە مەسیح و كەڵك و سوودی لێ وەربگرن. ئەگەر سەیری ئەم دوو بابەتەمان كرد بەیەكەوە ئەوا بەشێوەیەكی گومانبڕ پەی بەوە دەبەین كە مەسیح (عليه السلام) بێ چەندوچوون كۆچی كردووە بۆ “تبت”، هەروەك ئەو ڕێنمایی و نەریتانەی ئایینی مەسیحی كە لە ناوچەی “تبت”دا چوونەتە ناو ئایینی بوداییهوه، لەخۆیدا جەخت لەوە دەكەنەوە كە مەسیح (عليه السلام) ئەوانی بینیوە.
پاشان ئەو چاوەڕوانیە بەردەوامەی كە لەنێوان شوێنكەوتووە خوێنگەرمەكانی بوزادا هێشتا مابوو بۆ چاوپێكەوتنی مەسیح _وەك لە كتێبەكانی ئایینی بودايیدا تۆماركراوە_ بەڵگەیەكی ئاشكرایە لەسەر ئەوەی كە ئەم باوەڕە بەهێزەی چاوەڕوانی كردن بووەتە هۆی هاتنی مەسیح بۆ وڵاتەكەیان “تبت”. ئەگەر هەر توێژەرێكی دادگەر ئەم دوو ڕاستیە گرنگە لەبەرچاو بگرێت ئەوا پێویستی بەوە نابێت كە خۆی ماندوو بكات و بگەڕێت بەناو كتێبەكانی ئایینی بوداییدا كە بە ڕاشكاوی ئەوەیان ڕاگەیاندووە مەسیح (عليه السلام) هاتووە بۆ وڵاتی (تبت). وە لەبەرئەوەی چاوەڕوانیەكی زۆر بەهێز هەبووە بۆ دەركەوتنی كەسی بەڵێندراو، بەگوێرەی پێشبینی بودا، ئەوا دەبێت ئەم پێشبینیە مەسیحی كێش كردبێت بەرەو “تبت”.
ئەوەشمان لەبیرنەچێت كە مەبەست لە ناوی “مەتییا”، كە زۆر بڵاوە لەناو كتێبەكانی ئایینی بوداییدا، بریتیە لە خودی “مەسیح”. ئەوەتا لە لاپەڕەی 14 لە كتێبی Tibet, Tartary and Mongolia by, H. T. Prinsep دەربارەی “بودا مەتییا” هاتووە، كە لەڕاستیدا بریتیە لە مەسیح، ئەو بارودۆخانەی كە موبەشیرە یەكەمینەكانی ئایینی مەسیحی بەچاوی خۆیان لە “تبت” بینیویانە و ئەو ڕوداوانەی بەگوێی خۆیان بیستویانە دڵنیای كردوون لەوەی كە شوێنەواری ئایینی مەسیحی بوونی هەیە لە كتێبە كۆنەكانی زاناكانی ئایینی بوداییدا “لامات”.
پاشان لەهەمان لاپەڕەدا باسكراوە كە گومانی تێدا نیە ئەو قەشە یەكەمینانە پێیان وابووە بانگەوازی ئایینی مەسیحی لە ژیانی حەواريیەكاندا گەيشتووەتە ئەو وڵاتە.
پاشان لە لاپەڕەی 171 ى هەمان كتێبدا هاتووە: گومانی تێدا نیە كە لەو كاتەدا بەگەرمی چاوەڕوانی كردن بۆ دەركەوتنی فریادڕەسی مەزن باوەڕێكی زاڵ بووە لەناو خەڵكیدا، وە تاسیۆس Tacitus ئەم بابەتەی باسكردووە و دەڵێت: بە تەنھا جوولەكە سەرچاوەی ئەم چاوەڕوانیە نەبوون، بەڵكو خودی ئایینی بودایی بیروباوەڕی چاوەڕوانیكردنی دامەزراندووە… واتە ئایینی بودایی پێشبینی هاتنی “مەتییا”ی كردووە بۆ ئەو وڵاتە.
پاشان دانەر لەسەر ئەم بابەتە ئەم تێبینیەی خوارەوەی نووسیوە:
“هەڵبەت لە هەردوو كتێبی “پيتاكەتتەیان” (Pitakattayan) و “ئاتھاكەتھا” (Attha-katha)دا هەواڵێكی ئاشكرا هاتووە دەربارەی سەرهەڵدانی بودایەكی تر هەزار ساڵ پاش “گۆتەم” یان “ساكھی مونی”، تێیدا گۆتەم بەڕاشكاوی ئەوەی ڕایگەیاندووە كە خۆی بودای ژمارە بیست و پێنجە، وە بێگومان “بجو متییا” لەدواییدا دێت.”
واتە پاش من لەم وڵاتەدا كەسێك دێت بەناوی “مەتییا” و ڕەنگی سپی دەبێت.
پاشان ئەم دانەرە ئینگلیزیە بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: “بێگومان ناوی “مەتییا” بەشێوەیەكی زۆر سەیر لەناوی “مەسیح” دەچێت.”
كەوابوو “گۆتەم بودا” لەم پێشبینیەیدا بەئاشكرا ڕایگەیاندووە كە مەسیح دێت بۆ وڵاتەكەی، وە دێت بۆ ناو هۆز و شوێنكەوتووانی؛ لەبەر ئەم هۆكارە بووە كە بەردەوام شوێنكەوتووانی بودا چاوەڕوانی هاتنی مەسیح بوون بۆ وڵاتەكەیان.
دیارە بودا لە پێشبینیەكەیدا ناوی “بەگوە مەتیا”ی ناوە لەو مەسیحەی كە لە داهاتوودا دێت؛ چونكە “بەگوە” بە زمانی سانسكریتی واتە “سپی”، وە بەوپێیەی مەسیح خەڵكی وڵاتی شام بووە، لەبەرئەوە ئەو “بەگوە” بووە، واتە ڕەنگی سپی بووە.
وەك زانراوە كە ئەو وڵاتەی بودا ئەم هەواڵەی تێدا ڕاگەیاندووە وڵاتی “مەگەد” بووە كە شاری “ڕاجا گەریھە”ی تێدایە، وە خەڵكەكەی ڕەنگیان ئەسمەرە، وە “بودا گۆتەم” خۆیشی ڕەنگی ئەسمەر بووە؛ لەبەرئەوە هەواڵی دوو خاسیەتی ڕوونی “مەسیحی داهاتوو”ی بە شوێنكەوتووانی خۆی داوە، یەكێكیان ئەوەیە كە ئەو “بەگوە” دەبێت واتە ڕەنگی پێستی سپی دەبێت، وە دووەمیان ئەوەیە كە ئەو “مەتییا” دەبێت… واتە كەسێكی گەشتیار دەبێت لە دەرەوەی ئەم وڵاتانەوە دێت. بۆیە ئەوانیش بەردەوام چاوەڕێی ئەم دوو سیفەتە جیاكەرەوەیان دەكرد تا ئەو كاتەی كە مەسیحیان بینی (عليه السلام).
پێویستە لەسەر هەموو كەسێكی بودایی باوەڕی بەوە هەبێت كە “بەگوە مەتيا” پێنج سەدە پاش “گۆتەم بودا” لە وڵاتەكەیاندا دەركەوتووە [ئەو ڕیوایەتانەی كە باسی دەركەوتنی دەكەن هەزار ساڵ یان پێنج هەزار ساڵ پاش بودا ڕاست نین.]. وە هیچ سەیر نیە كە لە هەندێ كتێبی ئایینی بودایيدا بەڵگە هەبێت پشتگیری ئەم باوەڕە بكات، وە جەخت بكاتەوە لە هاتنی مەسیح بۆ وڵاتەكەیان و دواجار جهخت بكاتهوه له هاتنەدی پێشبینی ناوبراو.
گریمان بەڵگەیەكی لەم جۆرە لە كتێبەكانی ئایینی بوداییدا بوونی نیە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ یەكێك لەو بوداییانهی كە ئاگادارى ئەم پێشبینیەن ناتوانن نكوڵی بكەن لە هاتنی “مەتییا” _كە ناوەكەی تری بریتیە لە مەسیح_ بۆ وڵاتەكەیان؛ چونكە بودا خۆی، بەگوێرەی وەحی خوای گەورە، بەڵێنیداوە بە قوتابیەكانی، سەبارەت بە هاتنی “بەگوە مەتیا” بۆ وڵاتەكەیان. بێگومان پووچبوونی ئەم هەواڵە ئایینی بوداییش پووچ دەكاتەوە؛ چونكە ئەم پێشبینیە كە “گۆتەم بودا” كاتی بەدیھاتنەكەی دیاریكردووە و چەندەها جار بەڕاشكاوی لە بەرامبەر قوتابیەكانیدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر بەگوێرەی ئەو كاتەی بۆی دیاریكراوە بەدی نەهاتایە، ئەوا لای شوێنكەوتووانی ڕاستگۆیی گۆتەم بودا گومانی لێ دەكرا و كتێبەكانیش بەدینەهاتنی پێشبینیەكەيان تۆمار دەكرد.
بێگومان بەڵگەیەكی ترمان دەستكەوتووە لەسەر هاتنەدی ئەم پێشبینیە، كە بریتیە لەوەی: لە وڵاتی “تبت” كۆمەڵێك كتێب دۆزرایەوە كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی زایینی، كە وشەی “مەشیح”یان تێدا هاتووە _واتە ناوی عیسا (عليه السلام)_ بەم شێوەیە: “می شی هو” بڕوانە كتێبی (A record of the Buddhist Religion by I-Tsing, translated by J. Takakusu, Clarendon Press, Oxford P. 169, 223) هەڵبەت دانەری ئەم كتێبە كۆنە كە ناوی “می شی هو”ی تێدایە كۆچەرێكی بودایی بووە لە وڵاتی چین، بەڵام تاكاكوسو J.Takakusu كە لەم دواییەدا هەڵساوە بە وەرگێڕانی ئەم كتێبە خەڵكی یابانە. بابای وەرگێڕ پاشكۆیەكی داناوە بۆ كتێبە ئەسڵیەكە و تێیدا بە پەراوێز ئەوەی تۆمار كردووە كە ناوی “می شی هو” (واتە مەسیح) لە كتێبێكى كۆندا تۆماركراوە كە مێژووەكەی بە نزیكەیی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی زایینی.
كەوابوو ئەم كتێبە واژەی “مەشیح”ی لەخۆگرتووە، وە ئێمە بەرەو ئەو باوەڕە دەبات كە ئەم واژەیە واژەیەكی بیانی نەبووە لەمەڕ بوداییهكان، بەڵكو لەو پێشبینیەوە وەرگیراوە كە بودا ڕایگەیاندووە دەربارەی كەسی بەڵێندراو كە جارێك بە “مەشیح” و هەندێ جاری تر بە “بەگوە مەتيا” ناوی بردووە.
یەكێكی تر لەو بەڵگانەی كە لە كتێبەكانی ئایینی بوداییدا بەرچاومان كەوتووە ئەوەیە كە لە لاپەڕە 45ی كتێبی Buddhism by Sir Monier-Williams دا هاتووە كە قوتابی شەشەمی بودا ناوی “یەسا” بووە. وادەردەكەوێت كە واژەی “یەسا” كورتكراوەی واژەی “یەسوع” بێت. وە بەوپێیەی كە مەسیح پێنج سەدە دوای بودا لەدایكبووە واتە لە سەدەی شەشەمی پاش ئەو، بۆیە ناونراوە بە قوتابی شەشەم.
پڕۆفیسۆر ماكس مولەر Max Muller ئەم بۆچوونەی یاداشت كردووە لە لاپەڕە 517ی گۆڤارەكەی (Nineteenth Century) لە ژمارەی ئۆكتۆبەری ساڵی 1894ز، وە داكۆكی لەو بۆچوونە دەكات و دەڵێت: چەندەها جار نووسەرە بەناوبانگەكان ئەو تیۆریەیان پێشكەش كردووە كە دەڵێت بنەماكانی ئایینی بودايی كاریگەری هەبووە لەسەر مەسیح. هەروەها بۆی زیاد دەكات و دەڵێت: بەردەوام هەتا ئەمڕۆ هەوڵ دەدرێت ئەم مەتەڵە هەڵبھێنرێت واتە هەوڵدەدرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو هۆكارە مێژووییە ڕاست و دروستەی كە بووەتە هۆی گەیشتنی بنەماكانی ئایینی بودايی بۆ فەڵەستین لە ژیانی مەسیحدا (عليه السلام).
گومانی تێدا نیە كە ئەم لێدوانە ڕاشكاوەی ئەم پرۆفیسۆرە بریتیە لە باوەڕهێنان بە كتێبەكانی ئایینی بودايی كە تێیاندا هاتووە “یەسا” قوتابی بودا بووە؛ چونكە زانا گەورەكانی ئایینی مەسیحی وەك پرۆفیسۆر ماكس مولەر Max Muller دانیان بەوەدا ناوە كە مەسیح كاریگەر بووە بە بنەماكانی ئایینی بودايی، یان بەدەربڕینێكی تر دانیان بەوەدا ناوە كە مەسیح قوتابی بودا بووە.
بەڵام ئێمە پێمانوایە كە ئەم جۆرە وشانە بریتین لە سووكایەتی كردن بە مەسیح و دابەزاندنی پلەوپایەی ئەو (عليه السلام)، وە باوەڕمان وایە كە ئەوەی كتێبەكانی ئایینی بودایی باسیان كردووە كە یەسوع مورید یان قوتابی بودا بووە، تەنھا بۆ ئەو نەریتە ڕەگداكوتاوەی زاناكانی ئایینی بودايی دەگەڕێتەوە كە پێغەمبەر و ئەولیاكانی پاشین _لەڕووی كاتەوە_ بە قوتابی پێشینەكان ئەژمار دەكەن.
وە بەوپێیەی كە لێكچوونێكی زۆر گەورە هەیە لەنێوان ئامۆژگاریەكانی بودا و ئامۆژگاریەكانی مەسیحدا، وەك پێشتر باسكرا، وە بەوپێیەی كە لەڕووی سەردەمەوە بودا لەپێشترە لە مەسیح ئەوا گومانی بوونی پەیوەندی پێشەوا و شوێنكەوتە لەنێوان بودا و مەسیحدا بابەتێكە رێی تێدەچێت ئەگەرچی ئەمە بریتیه لە خراپهكردن بهرامبهر مهسیح. بەڵام ئێمە ڕازی نابین بەو شێوازەی توێژینەوە كە زاناكانی ئەوروپا پەیڕەوی دەكەن بەجۆرێك سوورن لەسەر دروستكردنی بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی كە ئایینی بودايی گەيشتووەتە فەڵەستین لە ژیانی مەسیحدا! وە ئەوەی جێگەی داخە بۆ من ئەوەیە مادام كتێبە كۆنەكانی ئایینی بودايی باسی مەسیح و سیفەتەكانی دەكەن ئیتر بۆچی ئەوان ڕێگایەكی پێچاوپێچ هەڵدەبژێرن و بەهەوانتە دەگەڕێن بۆ شوێنەوارەكانی ئایینی بودايی لە فەڵەستین لەجیاتی ئەوەی كە بگەڕێن بۆ شوێن پێ پیرۆزەكانی مەسیح (عليه السلام) لە چیاكانی نیپاڵ و تبت و كشمیردا؟
بەڵام من بەدڵناییەوە ئەوە دەزانم كە ئاشكراكردنی ئەم جۆرە ڕاستیە مەزنانە كە لەژێر هەزارەها پەردەی تاریكدا حەشار دراون، لەتوانای ئەواندا نیە، بەڵكو ئەم كارە لە توانای خوای حەقدایە كە لە ئاسمانەوە سەیری كرد لەسەر ڕووی زەوی پەرستنی دروستكراو لە سنور دەرچووە، وە پەرستنی خاچ و بیروباوەڕی خۆبەختكردنی مرۆیی كە بیروباوەڕێكی خەیاڵییە دەیەها ملیۆن كەسی دوورخستووەتەوە لە خوای ڕاستەقینە؛ بۆیە شكۆمەندی خوای گەورە تاوی سەند و بەندەیەك لە بەندەكانی خۆی ڕەوانە كرد و ناوهكهی مەسیحی ناسیـرەیی پێ بەخشی بۆئەوەی بیروباوەڕی خاچپەرستان تێكبشكێنێت. ئەوەتا ئەو بەندەیە دەركەوت بەسیفەتی مەسیحی بەڵێندراو بەگوێرەی بەڵێنێكی دێرین، بۆیە ئێستا كاتی شكاندنی خاچ هاتووە هەروەك چۆن تەختە دەكرێت بەدووكەرتەوە، واتە ئەو كاتە هاتووە كە بیروباوەڕی خاچپەرستان پووچ بكرێتەوە، وە بەوپەڕی ڕوونیهوه ساختەبوونەكەی ئاشكرا بكرێت. ئەوەتا ئێستا ئاسمان هەموو ڕێگاكانی شكاندنی خاچی كردووەتەوە بۆئەوەی هەموو توێژەرێكی هەقویست، ڕاپەڕێت و بەشوێن ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێت.
بێگومان باوەڕی سەركەوتنی مەسیح بۆ ئاسمان بە جەستەكەیەوە باوەڕێكی هەڵەیە، بەڵام نھێنیەكی گرنگی لەخۆگرتووە، ئەویش ئەوەیە كە ڕاستی ڕووداوەكانی ژیانی مەسیح سڕابوویهوه و دیار نهمابوو، وەك دیارنهمانی تهرمێك كه لهناوگوڕدا شیدهبێتهوه، بەڵام لە ئاسماندا ڕاستی ئەم ڕووداوانە بوونیان هەبوو وەك ئەوەى مرۆڤێكی بەرجەستە بن، وە هیچ دەرەتانێك نەبوو جگە لە دووبارە دابەزینەوەی ئەم حەقیقەتە مەسیحیە لە ئاخرزەماندا، ئەوەتا ئەمڕۆ وەك مرۆڤێكی بەرجەستە دابەزی، وە خاچی شكاند، وە بە شكاندنیشی خەسڵەتە قێزەونەكان تێكشكان وەك چۆن بەراز پارچەپارچە دەكرێت بەشمشێر، مەبەستم لە خەسڵەتەكانی درۆ و پەرستنی غەیری خوا و خەسڵەتەكانی هاوشێوەی ئەوانە كە پێغەمبەری خۆمان (ﷺ) هەموو ئەم خەسڵەتە پیسانەی چوواندووە بە بەراز لە فەرموودەی خاچەكەدا.
هەڵبەت ئەم فەرموودەیە مانای ئەوە نیە كە مەسیحی بەڵێندراو لە ڕواڵەتدا كافرەكان دەكوژێت و خاچەكان دەشكێنێت، بەڵكو مەبەست لە شكاندنی خاچ ئەوەیە كە لەو سەردەمەدا خوای ئاسمانەكان و زەوی ڕاستیيەكی پەردەپۆشكراو ئاشكرا دەكات كە بەدەركەوتنی ئەو ڕاستیە هەموو كۆشك و تەلاری خاچ بەیەكجاری دەڕووخێت. هەروەها كوشتنی بەراز مانای كوشتنی بەراز و خەڵكی نیە، بەڵكو مەبەست لێی لەناوبردنی خووڕەوشتە بەرازیەكانە وەك سووربوون و پێداگری لەسەر درۆ و پیشاندانی ئەو درۆیە بەخەڵكی وەكو ڕاستی بەشێوەیەكی بەردەوام؛ بێگومان درۆ شتێك نیە جگە لە خواردنی پیسی. هەروەك چۆن بەرازی تۆپیو ناتوانێت پیسی بخوات، بەهەمان شێوە سەردەمێك دێت، بەڵكو ئەوەتا كاتەكەی هاتووە، كە ئەو كەسانەی خاوەنی ئەم خووڕەوشتە پیسانەن ڕێگرییان لێ دەكرێت لە خواردنی ئەم شتە پیسانە.
بێگومان مەلاكان بەهەڵە تێگەیشتن لە حەقیقەتی ئەم پێشبینیە كە لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا (عليه السلام) هاتووە؛ چونكە مانای ڕاستی شكاندنی خاچ و كوشتنی بەراز تەنھا ئەوەیە كە ئێمە پێشتر بەڕاشكاوی ڕامانگەیاند. ئایا لە فەرموودەی پێغەمبەردا ئەوەیش نەهاتووە كە لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا جەنگە ئایینیەكان كۆتاییان پێدێت، وە لە ئاسمانەوە كۆمەڵێك ڕاستی ڕووناك ئاشكرا دەبن كە بەجوانی حەق لە باتڵ جیادەكەنەوە؟ لەبەرئەوە وا گومان مەبەن كە من هاتووم بۆ دەركێشانی شمشێر. نەخێر، بەڵكو ڕەوانەكراوم بۆئەوەی هەموو شمشێرێك بگێڕمەوە بۆ كێلانەكەی. بێگومان دنیا ماوەیەكی درێژ لەتاریكیدا زۆرانبازی كرد و زۆرێك لە خەڵكەكەی چەكیان هەڵگرت دژی ئەو كەسانەی كە بەڕاستگۆیی ئامۆژگاریان دەكردن، وە ئازاری دڵی هاوەڵە خەمخۆرەكانی خۆیاندا، وە هەستی ئەو كەسانەیان بریندار كرد كە خۆشیان دەویستن! بەڵام ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە تاریكی بڕەوێتەوە؛ ئەوەتا شەو پشتی هەڵكرد و بەرەبەیان دەركەوت، دەی پیرۆز بێت لەو كەسەی كە ئەمڕۆ خۆی بێ بەش ناكات.
وە یەكێكی تر لەو بەڵگانەی كە لە كتێبەكانی ئایینی بودايیدا پەیدامان كردووە ئەوەیە كە لە لاپەڕە 419ی كتێبی بودایزم ی ئوڵدنبێرگدا Buddhism by Oldenberg هاتووە كە ئەویش لە كتێبی “مەهاواگا” (Mahâvagga) بەشی یەكەم لاپەڕە 54ەوە وەریگرتووە، بهڵگهكهیش ئهوهیه كە یەكێك لە جێنشینەكانی بودا ناوی “ڕاهۆلتە” بووە، كە قوتابیەكی زۆر دڵسۆز بووە، بەڵكو وەكو كوڕی وابووە.
لێرەدا بەوپەڕی تەحەدداوە ڕایدەگەیەنین ئەم وشەی “ڕاهۆلتە”یە كە لە كتێبەكانی ئایینی بودايیدا باسكراوە تەنھا وێنەیەكی گۆڕاوی دەستەواژەی “روح اللە”یە كە یەكێكە لە ناوەكانی عیسا (عليه السلام).
بەڵام ئەو چیرۆكەی كە دەڵێت گوایە “راحولە” كوڕی بودا بووە، كاتێك لێی جیابووەتەوە مناڵێكی شیرەخۆرە بووە، وە هەڵھاتووە بۆ وڵاتانی تر بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە، وە ژنەكەی لە خەودا بووە كە ئەم بەجێی هێشتووە بێ ئەوەی لە كارەكەی ئاگاداری بكات یان پێش گەشتەكەی خواحافیزی لێ بكات، چیرۆكێكی پووچ و بێ بنەمایە و پێچەوانەی ئەخلاقی بودایە؛ چونكە كەسێك بەو ڕادەیە دڵڕەق و بێ ڕەحم بێت ناكرێت بە پیاوچاكێكی ڕاستەقینە لە قەڵەم بدرێت، ئەوەتا ڕەحمی بە ژنە هەژارەكەی نەكردووە و كاتێك لەخەودا بووە بەنھێنی بەجێی هێشتووە وەكو كەسانی دز، بێ ئەوەی دڵنەوایی بكات، كە لەمەدا بە تەواوەتی مافەكانی هاوسەرێتی لەبیركردووە؛ چونكە نە تەڵاقیداوە نە مۆڵەتی لێ خواستووە لەم گەشتە بێ كۆتاییەدا، وە بەدیارنەمانی لەناكاوی دڵی ئەم ژنەی خۆی زۆر ئازار داوە، وە هیچ نامەیەكی بۆ نەناردووە تا ئەو كاتەی مناڵە شیرەخۆرەكەی گەيشتووەتە تەمەنی لاوێتی كە هیچ میھرەبانیيەكی بۆ ئەمیش نەبووە.
بەڵێ! ئەستەمە كەسێك ڕاستگۆبێت، بەڵام هەرگیز ڕەچاوی ئەو ڕێنماییە ئەخلاقیانەی خۆی نەكات كە فێری قوتابیەكانی دەكات. ناكرێت ویژدانمان ئەم چیرۆكە قەبوڵ بكات هەروەك چۆن باوەڕ بەوە ناكەین كە لە ئینجیلەكاندا هاتووە كە گوایە جارێكیان دایكی مەسیح هاتووە بۆ لای مەسیح و بانگی کردووە، بەڵام مەسیح وەڵامی دایکی نەداوەتەوە، بەڵكو بێـڕێزی پێ كردووە و بەكۆمەڵێك وشەی ناشایستە لەگەڵیدا دواوە! هەڵبەت ئێمە ئەگەرچی لێرەشدا لێكچوونێكی تر دەبینین لەنێوان ئەم دوو چیرۆكەدا لەو ڕووەوە كە مامەڵەی توندكراوە بەرامبەر خێـزان و دایك، بەڵام قهبوڵی ناكەین كە ئەم جۆرە چیرۆكانە بدرێنەپاڵ مەسیح یان بودا كە له ئاستی ڕهوشتی ئاسایی نزمترن. خۆ ئەگەر بودا ژنەكەی خۆیشی خۆش نەویستبێت ئايا ڕێی تێدەچێت كە ئەوەندە دڵڕەق و بێڕەحم بوو بێت بەجۆرێك هیچ سۆزی نەبووبێت تەنانەت بۆ ئەو ئافرەتە دەستەوسان و لاوازە و ئەو مناڵە شیرەخۆرەيە؟ ئەم ڕەفتارە بەڕادەیەك ناشرین و ناپەسەندە كە ئێمە لەم ڕۆژگارەیشدا دڵمان ژان دەكات بە بیستنی ئەم چیرۆكە سەرەڕای تێپەڕینی ماوەیەكی دوورو درێژ بەسەر هەڵبەستنیدا. هەڵبەت گوێنەدانی پیاو بە مافی هاوسەرەكەی بەسە بۆئەوەی ئەو پیاوە بە خراپەكار ئەژمار بكرێت مەگەر هاوسەرەکەی بێ گوێ و یاخی بێت لێی، وە لە ئايین دەرچوو بێت و دوژمن و زیانبەخش و دەمپیس بێت. كەوابوو هەرگیز ڕازی نابین كە ئەم ڕەفتارە ناشیرینانە بدرێنەپاڵ بودا كە پێچەوانەی ئامۆژگاریەكانی خۆیەتی.
ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم چیرۆكە ساختەیە و مەبەستی حەقیقی لە “ڕاهۆلتە” بریتیە لە عیسا (عليه السلام) كە ناونراوە بە “روح اللە”. وە وشەی “روح اللە” بە زمانی عیبری زۆر لە وشەی “ڕاهۆلتە” دەچێت؛ هەڵبەت “ڕاهۆلتە” (واتە روح اللە) بە قوتابی بودا دانراوە لەبەر ئەو هۆكارەی پێشتر باسمان كرد… مەبەستم ئەوەیە بەوپێیەی مەسیح دوای بودا هاتووە و ئامۆژگاريەكەی هاوشێوەی ئامۆژگاری ئایینی بودايیە، بۆیە بودايیەكان مورشیدەكەی خۆیان بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی ئەم ڕێنماییانەی ئایینی مەسیحیش دادەنێن، لهبهرئهوه باوەڕیان وایە كە مەسیح قوتابی بودا بووە. هەروەك ئەوەیش سەیرو نامۆ نیە كە بودا بەگوێرەی وەحی خوای گەورە مەسیحی بە كوڕی خۆی ئەژمار كردبێت.
گەورەترین بەڵگە لەسەر ئەوەی كە “ڕاهۆلتە” بریتیە لە مەسیح ئەوەیە كە لەهەمان كتێبدا هاتووە “ڕاهۆلتە”ی شیرەخۆرە لە دایكی جیاكراوەتەوە بەهۆی ئافرەتێكەوە كە باوەڕی بە بودا هەبووە و ناوی “مەجدالیانا” بووە.
تێبینی ئەوە بكەن ئەم وشەیە، واتە وشەی “مەجدالیانا”، تەنھا بریتیە لە وێنەیەكی گۆڕاوی وشەی “مەجدالینی” یان “مەجدەلیە”، كە ناوی ئافرەتێكی ناسراوە لە شوێنكەوتووانی عیسا (عليه السلام) و لە ئینجیلدا چەند جارێك باسی ئەم ئافرەتە دووبارە بووەتەوە.
بێگومان هەموو ئەو بەڵگانەی كە لێرەدا بە كورتی باسمان كردن، دەبنە هۆی ئەوەی كە هەموو مرۆڤێكی خاوەن ويژدان بەبێ هیچ گومانێك دان بنێت بەوەدا كە عیسا (عليه السلام) هاتووە بۆ ئەم وڵاتە. وە بە چاوپۆشی كردن لە هەموو ئەم بەڵگە ڕۆشنانە، ئاشكرایە بوونی جۆرەها لێكچوونی بههێز لەنێوان ئایینی مەسیحی و بودايیدا لەڕووی ڕێنمایی و خووڕەوشتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی “تبت”، بابەتێكە ناكرێت مرۆڤی ژیر و هۆشیار بایەخی پێ نەدات و ئاوڕی لێ نەداتەوە. دیارە ئەم لێكچوونە بەجۆرێك سەرسوڕهێنەرە كە زۆربەی زۆری توێژەرە مەسیحييەكانی گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی كە ئایینی بودايی بریتیە لە “مەسیحیەتی ڕۆژهەڵات”، بەڵام ئایینی مەسیحی دەكرێت ناوبنرێت بە “ئایینی بودايی ڕۆژئاوا”! ئایا سەیر نیە كە مەسیح بڵێت من ڕووناكی و ڕێگای ڕاستم، بودایش هەمان شت بڵێت! وە هەروەك لە ئینجیلەكاندا هاتووە كە یەكێك لە ناوەكانی مەسیح بریتیە لە “ڕزگاركەر” بەهەمان شێوە بودایش وەسفی خۆی كردووە بە ڕزگاركەر. (بگەڕێوە بۆ كتێبی “للتا و سترا”).هەروەها لە ئینجیلدا هاتووە كە عیسا (عليه السلام) بەبێ باوك لەدایك بووە، بەهەمان شێوە لە ژیاننامەی بودایشدا هاتووە كە بەبێ باوك لەدایكبووە، ئەگەرچی باوكێكی هەبووە كە دراوەتەپاڵی هاوشێوەی مەسیح كە دراوەتەپاڵ یوسف. ئەوەیش هاتووە كاتی لەدایكبوونی بودا ئەستێرەیەك دەركەوتووە. بەڵام چیرۆكەكەی سلێمان كە تێيدا فەرمانی كرد بە دووكەرتكردنی مناڵەكە بۆ ئەوەی هەریەكێك لە دوو ئافرەتەكە بەشی خۆی بەربكەوێت، ئەم چیرۆكەیش لە “جاتكە”ی بودا پێغهمبهردا بوونی هەیە [مانای زاراوەیی وشەی (جاتكە) بریتیە لەو چیرۆك و ڕووداوانەی كە بودا گێـڕاویەتیەوە دەربارەی ئەو قۆناغە جیاوازانەی كە پێیدا تێپەڕیوە لە ماوەی لەدایكبوونە ڕۆحانیەكەیدا. (وەرگێڕی عەرەبی)]. ئەم بابەتە، سەرەڕای كۆچكردنی مەسیح (عليه السلام) بۆ ئەو وڵاتانە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو جوولەكانەی پێش مەسیح كۆچیان كردبوو بۆ ئەوێ، پەیوەندیەكی تۆكمەیان هەبووە لەگەڵ بوداييەكاندا.
بەهەمان شێوەیش دەبینین كە تیۆری دروستبوونی جیھان كە لە كتێبەكانی ئایینی بودايیدا هاتووە تاڕادەیەكی زۆر لەو تیۆریە دەچێت كە لە تەوراتدا هاتووە. وە هەروەك لە تەوراتەوە دەردەكەوێت كە پیاو پلە و فەزڵێكی زیاتری هەیە بەسەر ژندا، بەهەمان شێوە لە ئايينى بودايیدا كاهینی پیاو لە كاهینی ژن چاكتر و مەزنترە.
وه بودا باوەڕی بە دۆنادۆن [لەبەرگرتنەوەی گیانەكان، تەناسوخ] هەبووە، بەڵام دۆنادۆنەكەی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی ئینجیل نیە؛ چونكە لای ئەو دۆنادۆن سێ بەشە:
یەكەم: گوڕوتینی مرۆڤ لەسەر ئەنجامدانی كردەوەی زیاتر وا پێویست دەكات كە جەستەیەكی تری هەبێت دوای مردن.
دووەم: بریتیە لەوەی كە خەڵكی “تبت” باوەڕیان بە بوونی هەیە لە سەركردە ئایینیەكانیاندا (لامات)، ئەویش ئەوەیە كە بەشێك لە ڕۆحی بودا یان سەركردەیەكی تری ئایینی بودایی دەتوێتەوە لە “لاماتەكانیان”دا، واتە هێز و سروشت و خاسیەتە ڕوحیەكانی (بودا یان سەركردە ئایینیەكەی تر) دەگوازرێتەوە بۆ “لاما”ی ئێستا، وە ڕۆحەكەی كاری لێ دەكات.
سێيەم: مرۆڤ لە ژیانی دنیادا بەردەوام بەجۆرەها لەدایكبووندا گوزەردەكات تا ئەوكاتەی دەبێت بە مرۆڤێكی ڕاستەقینە بەگوێرەی تایبەتمەندیە خۆییهكانی، بەجۆرێك بوونی یەكەمی نامێنێت و بەگوێرەی كردەوەكانی بوونی یەكەمی بوونێكی تر بەدەستدەهێنێت. هەڵبەت سەردەمێكی بەسەردا دێت وەك ئەوەی لەو سەردەمەدا بووبێت بە گا، پاشان تەماع و خراپەی پتر دەبێت و دەگۆڕێت بۆ سەگ. بەڵام هەموو ئەم پەرەسەندن و گۆڕانكارييانە لە ژیانی دنیادا ڕوودەدەن، لەبەرئەوە ئەم باوەڕە دژی ڕێنماییەكانی ئینجیل نیە.
هەڵبەت پێشتر ڕوونمانكردەوە كە بودا باوەڕی هەبووە بە بوونی شەیتان و ئاگر و بەهەشت و فریشتە و قیامەت. بەڵام تۆمەتباركردنی بە ئیلحاد و باوەڕنەبوون بە خوا درۆیەكی شاخدارە، ئەو تەنھا نكوڵی لە “ڤێدانت” دەكرد [ڤێدانت وشەیەكی سەنسكریتیە و لە دوو وشە پێكھاتووە: “ڤێد” (زانست) و “ئانت” (لوتكە) بەمشێوەیە دەقی وشەكە مانای “لوتكەی زانست” دەگەیەنێت، وە لەڕووی زاراوەییەوە واتە: ئەو فەلسەفەيەى “ڤیدا” (كتێبی ئایینی هيندۆسەكان) پێشكەشی دەكات دەربارەی خوای گەورە. (وەرگێڕی عەرەبی)]، وە باوەڕی نەبووە بە خوای بەرجەستە كە لە ئایینی هيندۆسیدا كراوە بە خوا، وە زۆر بەتوندی تانەی دەدا لە ڤیدا؛ چونكە باوەڕی بەڕاستی ئەم ڤیدایەی ئێستا نەبووە، بەڵكو بە كتێبێكی گۆڕاو و دەستكاریكراوی لەقەڵەمداوە. هەروەك دڵمهند و خەفەتبار بووە بە لەدایكبوونی خۆی كاتێك كە هيندۆسی بووە و پەیڕەوی ڤیدای كردووە. وە بە زمانی هێما و ئاماژە ئاماژەی بەم بابەتە داوە و دەڵێت: بێگومان بەردەوام بۆ ماوەیەك مەیموون بووم، هەروەها سەردەمێك فیل بووم، پاشان گۆڕام بۆ ئاسك و ئینجا سەگ. چوار جار بووم بە مار، وە بووم بە چۆلەكە و بۆق. وە دووجار بووم بە ماسی، وە دە جار بە شێر و چوار جاریش بووم بە كەڵەشێر. وە دووجار بووم بە بەراز و جارێكیش كەروێشك. ئەو كاتەی كەروێشك بووم مەیموون و چەقەڵ و سەگەئاویەكانم فێردەكرد. پاشان لەسەری دەڕوات: هەڵبەت جارێك بووم بە عیفریت، وە جارێك لەجارەكانیش بووم بە ئافرەت، هەروەها جارێكیش گۆڕام بۆ شەیتانێكی سەماكەر.
لە هەموو ئەم هێما و ئاماژانەدا مەبەستی ژیانی پێشووی بووە كە پڕبووە لە ترسنۆكی و خراپە و پۆخڵی و دڕندەیی و بەربەری و چڵێسی و زێدەخەرجی و خەیاڵات. وادەردەكەوێت كە بەم هێمايانە ئاماژەیداوە بەو سەردەمەی كە تێیدا پەیڕەوی كتێبی ڤیدای كردووە؛ چونكە دوای ئەوەی ڤیدای ڕەتكردەوە هەرگیز ئاماژەی بەوە نەداوە كە هیچ شتێك لەو ژیانە پیسەی تێدا مابێت، بەڵكو دوای ئەوە بانگەشەی مەزن و گەورەی كردووە تەنانەت دەڵێت كە خۆی بووە بە دەركەوتەیەك بۆ خوای گەورە و “نيرڤان”ی بەدەست هێناوە [مەبەست لە “نيـرڤان” لە زاراوەی هيندۆسی و بودايیدا بریتیە لە دۆخی ئەوپەڕى خۆشبەختی و بەختەوەری كە مرۆڤ دەستگیری دەبێت كاتێك ڕۆحەكەی ڕزگاری دەبێت لە ئازارە جۆراوجۆرەكان و فانی دەبێت لە ڕۆحی هەرە بڵند واتە خوای گەورەدا. (وەرگێڕی عەرەبی)].
هەروەها دیسان بودا دەڵێت: بێگومان كاتێك مرۆڤ لەم دنیایەدا بە كردەوەكانی ئەهلی دۆزەخەوە كۆچ دەكات؛ ئەوا فڕێدەدرێتە ناو دۆزەخەوە، ئیتر لەوێ گزیری دۆزەخ كێشی دەكات بۆ قەڵەمڕەوەكەی خۆی كە ناوی “یەممە”يە، ئینجا پرسیار لەو دۆزەخیە دەكرێت: ئایا نەگەیشتی بەو پێنج فروستادەیە كە ڕەوانەكرابوون بۆ ترساندن و ئاگاداركردنەوەت، كە بریتین لە: مناڵی و پیری و نەخۆشی و سزای دنیا لەسەر تاوان و كەتنەكان كە بەڵگەیە لەسەر سزای ئاخیرەت، پاشان تەرمی مردووەكان كە بەڵگەیە لەسەر كۆتایی هاتنی ئەم دنیایە. پاشان ئەم تاوانكارە وەڵامدەداتەوە: گەورەم بەهۆی ئەوەی كە گەوج و گەمژە بووم هەرگیز بیرم نەكردووەتەوە لەم بابەتانە. ئیتر لەو كاتەدا پاسەوانی ئاگر بەرەو گوڕەپانی سزا كێشی دەكات، وە بە زنجیری سوورەوەكراوی ئاسنین شەتەكی دەدەن.
هەروەها بودا دەڵێت: دۆزەخ چەندەها چینی هەیە كە گروپە جیاوازەكانی ئەهلی ئاگر دەچنە ناویەوە.
كەوابوو هەموو ئەم ڕێنماییانە بە دەنگی بەرز هاوار دەكەن كە ئایینی بودايی بەشێوەیەك لە شێوەكان كەڵكی وەرگرتووە لە لێشاوی بهرهكهتی هاوەڵێتی مەسیح.
بەوپێیەی كە ئێمە نامانەوێت لەوە زیاتر درێژەی پێ بدەین، لێرەدا كۆتایی بەم بەشە دەهێنین و دەڵێین: بێگومان خودی كتێبەكانی ئایینی بودايی پێشبینیەكیان تۆمار كردووە دەربارەی هاتنی مەسیح بۆ ئەم وڵاتانە، ئەمە بابەتێكە كەس ناتوانێت نكوڵی لێ بكات. هەروەك دەبینین ئەو كتێبانەی ئایینی بودايی كە لە سەردەمی مەسیحدا (عليه السلام) نووسراون ئامۆژگاری و نموونە ئەخلاقیەكانی ناو ئینجیلیان لەخۆیان گرتووە. ئەگەر ئەم دوو بابەتەمان بەیەكەوە كۆكردەوە؛ ئەوا هیچ گومانێك لەوەدا نامێنێت كە مەسیح (عليه السلام) هاتووە بۆ ئەم وڵاتانە.
سوپاسی خوای گەورە دەكەین لەسەر ئەوەی كە ئەو شایەتی و بەڵگانەی كە بۆیان دەگەڕاین لە كتێبەكانی ئایینی بودايیدا، بەتەواوەتی دەستمانكەوت.
بەشی سێيەم
بەڵگەی نووسراوە مێژوويیەكان كە باسی هاتنی
مەسیح _عليه السلام_ دەكەن بۆ پەنجاب و وڵاتانی دراوسێی
لێرەدا پرسیارێكی سروشتی سەرهەڵدەدات: بۆچی مەسیح پاش ڕزگاربوونی لەخاچ گەشتى كردووە بۆ ئەو وڵاتانە، وە چ شتێك پاڵی پێوەناوە كە تاڵی و سوێریەكانی ئەم گەشتە دوور و درێژە بچێژێت؟! پێویستە لەسەرمان كە بە تێروتەسەلی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. هەڵبەت پێشتر باسێكی كورتمان نووسیوە دەربارەی ئەم بابەتە، بەڵام ئێمە پێمانوایە كە باشترە ئەم توێژینەوەيە بەتەواوەتی تۆمار بكەین.
پێویستە ئەوە بزانرێت كە ئەركی گەیاندنی پەیام ئەوەی سەپاندووە بەسەر مەسیحدا كە گەشت بكات بۆ پەنجاب و وڵاتانی دەوروبەری؛ چونكە 10 هۆزەكەی ئیسڕائیل كە لە ئینجیلدا ناونراون بە “مەڕە ونبووەكانی ئیسڕائیل” پێشتر كۆچیان كردبوو بۆ ئەم وڵاتانە؛ ئەمە بابەتێكە هیچ یەكێك لە مێژوونووسەكان نكوڵی لێ ناكات، لەبەرئەوە پێویست بوو لەسەر مەسیح (عليه السلام) كە گەشت بكات بۆ ئەم وڵاتانە بۆئەوەی بگەڕێت بەشوێن ئەم مەڕە ونبووانەدا و پەیامی خوایان پێ بگەیەنێت، ئەگەر ئەم كارەی نەكردبایە ئەوا بۆ هەمیشە ئامانجی پەیامەكەی كەموكورت و بێ كەڵك دەبوو؛ چونكە ئەگەر مەسیح (عليه السلام) لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە بۆ لای ئەو مەڕە ونبووانە، پاشان كۆچی كرد بێت لەم دنیایە بەبێ ئەوەی سۆراغی ئەم مەڕانە بكات و بەشوێنیاندا بگەڕێت و ڕێنماییان بكات بۆ ڕێگای ڕزگاری، ئەوا وەكو ئەو كەسە وایە كە پاشا فەرمانی پێ دەكات بڕوات بۆ لای كۆمەڵێك خەڵكی دەشتەكی و بیرە ئاوێكیان بۆ هەڵبكەنێت و ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بكات، بەڵام ئەو بۆ چەند ساڵێك لە وڵاتێكی تردا بمێنێتەوە و پاشان بگەڕێتەوە بۆلای پاشاكە بێ ئەوەی هەنگاوێكی هەڵگرتبیت بۆ دۆزينەوەی ئەو كۆمەڵەی كە نێردراوە بۆ لایان! تۆ بڵێی، ئەو كەسە لە حەقیقەتدا فەرمانی پاشاكەی جێبەجێ كردبێت؟! بهدڵنیاییهوه نەخێر، ئەو كەسە بەهیچ شێوەیەك بایەخی نەداوە بەو كۆمەڵە خەڵكە و حەوانەوەی خۆی لەبەرچاو گرتووە نەك جێبەجێكردنی فەرمانی پاشاكە!
ئەگەر لێرەدا پرسیارمان لێ بكرێت سەبارەت بەو بەڵگانەی كە پشتگیری ڕووداوی كۆچكردنی 10 هۆزە ئیسڕائیلیەكە دەكەن بۆ ئەو وڵاتانە؛ ئەوا وەڵام دەدەینەوە كە بەڵگەكان لەسەر ئەم كۆچكردنە ڕوون و ئاشكران بەجۆرێك كەسێك كە عەقڵێكی سادە و ساكاریشی هەبێت گومانیان لێ ناكات؛ چونكە یەكێك لە ڕاستیە زۆر بەناوبانگ و زانراوەكان ئەوەیە كە لە حەقیقەتدا هەندێ نەتەوەی وەك ئەفغان و خەڵكی دێرینی كشمیر بەشێكن لە نەوەی ئيسڕائيل. بۆ نموونە دەبینین خەڵكی چیاكانی “ئالائی” _كە ماوەی سێ ڕۆژە ڕێ دوورە لە پارێزگای “هەزارە”_ لە كۆنەوە بەخۆیان دەڵێن: “نەوەی ئيسڕائيل”. هەروەها چیایەكی تر هەیە بەناوی “كالا داكا” خەڵكەكەی بەوپەڕی شانازیەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەشێكن لە نەوەی ئيسڕائيل. وە لە خودی پارێزگای “هەزارە”دا هۆزێك هەيە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لە تیرەیەكی نەوەی ئيسڕائيلن. هەروەها دەبینین كە خەڵكی زنجیرە چیای نێوان “چیلاس” و “كابول” لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە خۆیان دەدەنەپاڵ نەوەی ئيسڕائيل. بەڵام خەڵكی كشمیر، ئەوا ئەو بۆچوونەی دكتۆر بێرنەر كە دەربارەیان دەریبڕیوە لە بەشی دووەمی كتێبەكەی بەناوی (گەشتێك بۆ كشمیر) كە لە هەندێ توێژەری ئینگلیزەوە ڕیوایەتی كردووە، بۆچوونێكی زۆر دروست و بێ خەوشە، كە بریتیە لەوەی خەڵكی كشمیر، بەبێ هیچ گومانێك، بەشێكن لە نەوەی ئيسڕائيل، وە جلوبەرگ و ڕوخسار و هەندێ نەریتیان بە تەواوەتی ئەوە یەكلادەكاتەوە كە ئەوان بەشێكن لە نەوەی ئيسڕائيل.
هەروەها یەكێك لە زاناكانی ئینگلیز (فۆرستەر) لە كتێبێكی خۆیدا نووسیویەتی كاتێك لە كشمیر ماوەتەوە وای حیساب كردووە وەك ئەوەی لە ناو هۆزێكی جوولەكەدا مابێتەوە.
هەروەها لە كتێبى (The Races of Afghanistan, by H.W. Bellew C.S.I., Thacker, Spink & Co. Calcutta)دا هاتووە كە نەتەوەی ئەفغان لە وڵاتی سوریاوە هاتوون، كاتێك “نەبوخەزنەسسر” دیلی كردن و لە وڵاتی فارس و میدیا نیشتەجێی كردن، پاشان كۆچیان كرد بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و لە ناوچە شاخاویەكانی “غۆر”دا نیشتەجێ بوون و لەوێ بە نەوەی ئيسڕائيل ناسران. وە پێشبینیەكی پێغەمبەر ئیدریس دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەم كۆچكردنە كە تێیدا هاتووە: بێگومان 10 هۆزە دیلەكەی ئيسڕائيل خۆیان لە دیلی ڕزگار كرد و هەڵھاتن، وە پەنایان برد بۆ وڵاتی “ئەسارە”. وادەردەكەوێت كە ئەم “ئەسارە”یە بریتى بێت لەو ناوچەیەی كە ئەمڕۆ بە “هەزارە” ناسراوە كە لە وڵاتی “غۆر”دایە. وە لە كتێبی (طبقات ناصری)دا _كە باس لە داگیركردنی ئەفغانستان دەكات لەلایەن جەنگیـزخانەوە_ باسی ئەوە كراوە كە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ماڵباتی “شەنبێسی”دا، نەتەوەیەك لەو وڵاتادا نیشتەجێ بوون پێیان دەوترا نەوەی ئيسڕائيل، وە هەندێكیان لە گەورە بازرگانەكان بوون. وە لە ساڵی 622ز _واتە لەو ساڵەی كە موحەممەد (واتە گەورەمان خاتەمی پێغەمبەران) _ﷺ_ پەیامەكەی خۆی ڕاگەیاند_ ئەو كۆمەڵە خەڵكە لە ڕۆژهەڵاتی “هەرات” نیشتەجێ بوون. وە یەكێك لە گەورەكانی قوڕەیش بەناوی خالیدی كوڕی وەلید هات بۆ لایان و بانگی كردن بۆ پەیوەندی كردن بە سوپاكەی پێغەمبەری خواوە _ﷺ_ ئەوە بوو پێنج یان شەش كەس لە سەركردەكانیان لەگەڵیدا ڕۆيشتن كە گەورەترینیان “قەیس” یان “كيش” بوو. پاشان ئەو كەسانە هەموویان باوەڕیان هێنا، وە بەمەبەستی بەرگریكردن لە ئیسلام بێوچان جەنگیان كرد لەگەڵ دوژمناندا، چەندین سەركەوتنیان بەدەستھێنا، كاتێك پاش ئیسلامبوونیان لای پێغەمبەری خواوە (ﷺ) گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، دیاری و خەڵاتێكی زۆری پێ بەخشین، وە نزای بەرەكەتی بۆ كردن، وە مژدەی پێدان كە لە داهاتوودا مەزنی و سەربەرزی بەدەستدەهێنن، وە گەورەكانیان هەمیشە بە نازناوی “پاشا” دەناسرێن؛ وە قەیسی سەركردەیانی ناونا “عبد الرشید” و نازناوی “پەهتان”ی پێدا. وە نووسەرە ئەفغانیەكان دەڵێن وشەی “پەهتان” وشەیەكی سریانیە و واتە سوكانی كەشتی، بێگومان قەیسی تازە موسوڵمان شەرەفدار بوو بەو نازناوە؛ چونكە وەكو سوكانی كەشتی وابوو بۆ هیدایەتدانی گەلەكەی. وە ئەو سەردەمەی كە ئەفغانیەكانی “غۆر” كۆچیان كرد و نیشتەجێ بوون لە ناوچەى “قەندەهار”دا كە بریتیە لە نیشتمانی ئێستایان، سەردەمێكی نادیار و نەزانراوە، ڕەنگە ئەو سەردەمە لە سەدەی یەكەمی كۆچی ئيسلامیدا بووبێت.
ئەفغانیەكان دەڵێن ئەم قەیسە كچی خالیدی كوڕی وەلیدی مارەكردووە و سێ كوڕی لێی بووە بە ناوەكانی “سەرابان” و “پەتان” و “گورگەشت”. وە سەرابان دوو كوڕی هەبووه كە بریتی بوون لە “سەچروج یون” و “كاروش یون” و مناڵەكانیان ناسراو بوون بە ئەفغان، واتە نەوەی ئيسڕائيل.
دیارە خەڵكی ئاسیای بچوك و ڕۆژهەڵاتناسەكان بە ئەفغانیەكان دەڵێن “سلێمانیەكان”
وە لە كتێبی (The Cyclopaedia of India and of Eastern and Southern Asia, by E. Balfour, Vol. 3)دا [ئەمە هەڵەیە، ڕاستەكەی بریتیه لە Vol. 1.] هاتووە كە گەلی جوولەكە لە ناوەڕاستی باشووری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەو كیشوەرەدا بڵاوبوونەتەوە. وە لە چەرخە دێرینەكاندا بەڕێژەیەكی زۆر لە وڵاتی چین نیشتەجێ بوون، وە پەرستگایەكیان هەبووە لە شاری “یی شو” (كە ناوەندی پارێزگای شووە).
بەڵام دكتۆر وۆڵف Wolff كە ماوەیەكی زۆر دەگەڕا بۆ دۆزینەوەی 10 هۆزە ونبووەكەی ئيسڕائيل، پێیوایە كە ئەفغانەكان ئەگەر لە نەوەی یەعقوب بن؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە سەربە هەردوو تیرەی “یەهوزا” و “بنیامین”نن.
وە لە گێڕانەوەیەكی ترەوە دەردەكەوێت كە جوولەكەكان لە وڵاتی خۆیان دوورخراونەتەوە بۆ وڵاتی “تەتەر”، وە بە ڕێژەیەكی زۆر لە ناوچەكانی “بوخارا” و “مارو” و “خیوا” و دەوروبەری بوونیان هەیە.
ئیمپراتۆری تەتەری “بەرسەترجان” لە نامەیەكیدا بۆ ئیمپراتۆریەتی “قوستەنتینیە” “ئەلێكسز كۆمنینوس” كە تێیدا وەسفی وڵاتەكەی خۆی (تەتەر)ى كردووە، دەڵێت: لە پشتی ئەم ڕووبارەوە “ئاموون” 10 هۆزی نەوەی ئيسڕائیل نیشتەجێن كە لەڕاستیدا بەندە و ڕەعیەتی ئێمەن ئەگەرچی خۆیان بانگەشەی ئەوە دەكەن ڕەعیەتی پاشای خۆیانن.
بێگومان لە توێژینەوەكانی دكتۆر (Moore)ەوە ڕوون دەبێتەوە كە گەلی “چۆزان”ی تەتەری لە بنچینەدا جوولەكەن، وە كلتوری دێرینی ئایینی جوولەكەیان تێدایە؛ هەتا ئەمڕۆ نەریتی خەتەنەكردن بەردەوامە لەناویاندا.
وە گێڕانەوە بەناوبانگەكانی گەلی ئەفغانی باسی ئەوەیان كردووە كە ئەوان 10 هۆزە ونبووەكەی ئیسڕائیلن كە پاشا “نەبوخەزنەسسر” لەكاتی وێرانبوونی ئۆرشەلیمدا دیلی كردن، وە نیشتەجێی كردن لە وڵاتی “غۆر”ی هاوسێی “بامیان”، وە ئەوان بەردەوام دەستیان گرتبوو بە ئایینی جوولەكەوە هەتاكو پێش هاتنی خالیدی كوڕی وەلید بۆ لایان.
ئەفغانەكان بەتەواوی لە جوولەكە دەچن لە دیمەن و شێوەی ڕوخساریاندا؛ وە برای بچوك بێوەژنی برای گەورە مارەدەكاتەوە بەتەواوەتی وەك نەریتی جووەكان.
گەڕیدەی فەڕەنسی J.P. Ferrier نووسیویەتی كاتێك بەناوچەی “هەرات”دا تێپەڕیوە بینیویەتی كە نەوەی ئيسڕائيل لەو وڵاتەدا بە ڕێژەیەكی زۆر نیشتەجێن، وە ئازادی تەواوەتیان هەیە لە جێبەجێ كردنی دروشمە ئایینەكانی خۆیاندا.
وە “بنیامین”ی خواپەرست _كە یەكێك بوو لە دانیشتوانی شاری (توڵیدۆ) لە ئیسپانیا، لە سەدەی 12 لەماڵی خۆی دەرچوو بەمەبەستی گەڕان بەدوای هۆزە ونبووەكانی ئيسڕائيلدا_ هاوار دەكات و دەڵێت: ئەو جوولەكانە لە وڵاتەكانی چین و فارس و “تبت” نیشتەجێن.
بەڵام Josephus كە لە ساڵی 93ز دا مێژووی كۆنی جوولەكەی نووسیوە، لە بەشی 11ی مێژووەكەیدا دەربارەی ئەو جوولەكانەی كە لەگەڵ پێغەمبەر عەزرادا لە دیلی گەڕانەوە، دەنووسێت: “هێشتا 10 هۆزەكە لە پشت ڕووباری فورات نیشتەجێن و ئەوەندە زۆرن كە ئەژمار ناكرێن.”
هەڵبەت مەبەست لە “پشتی فورات” وڵاتی فارس و ناوچەكانی تری ڕۆژهەڵاتە.
بەڵام St. Jerome كە لە سەدەی پێنجی زاینیدا ژیاوە، لە میانەی قسەكردن دەربارەی “هۆشەع” پێغەمبەر لە پەراوێزەكەدا دەڵێت، وەك جەختكردنەوە لەوەی پێشتر باسكرا: بێگومان ئەو 10 هۆزە (ئيسڕائيلیە) هەتا ئەمڕۆ، بە بەردەوامی ملكەچن بۆ پاشای فارس و هێشتا ئازادی نەكردوون.
لە بەرگی یەكەمى هەمان كتێبدا هاتووە كە Count Juan Steram لە لاپەڕە 233 و 234ی كتێبەكەیدا دەڵێت ئەفغانەكان دانیان بەوەدا ناوە كە “نەبوخەزنەسسر” پاش تێكشكانی پەیكەری ئۆرشەلیم لە نیشتمانی خۆیان دووری خستنەوە بۆ هەرێمی “بامیان”.
“بامیان” دەكەوێتە ئەفغانستان و لكاوە بە ناوچەی “غۆر”ەوە.
وە لە لاپەڕە 166ی كتێبی A personal narrative of a visit to Ghuzni, Kabul and Afghanistan, by G.T. Vigne F.G.S., published in 1840. دا هاتووە:
بێگومان مەلا “خوداداد” كتێبی “مجمع الأنساب”ی بۆ خوێندینەوە كە یەهودا گەورەترین كوڕی یەعقوب بووە، وە ئەسرەك كوڕی یەهودا بووە و كوڕەكەی ئەسرەك ئەكنور بووە، مەعالبیش كوڕی ئەكنور بووە و كوڕەكەی معالبیش فەرلائی بووە، وە قەیس كوڕی فەرلائی بووە، تاڵووتیش كوڕی قەیس بووە، وە كوڕەكەی تاڵووت بریتی بووە لە ئیرمیا، وە ئەفغان كوڕی ئیرمیا بووە كە نەوەكانی بریتین لە نەتەوەی ئەفغان كە بەناوی خۆیەوە بەناوبانگن. وە ئەم “ئەفغان”ە هاوچەرخی “نەبوخەزنەسسر” بووە و پێی وتراوە “نەوەكانی ئيسڕائيل”، وە 40 كوڕی هەبووە و لە نەوەی سی و چوارەمی وەچەكەی، 2000 ساڵ دوای خۆی، قەیس لەدایك بووە كە هاوچەرخی موحەممەد (ﷺ) بووە، وە 64 وەچەی لێ كەوتووەتەوە [ئەمە سەهووە؛ چونكە لەسەرچاوەی ئاماژە پێكراودا هاتووە: 66 وەچە. (وەرگێڕی عەرەبی)]. وە ناوی گەورەترین كوڕی “ئەفغان” بریتی بووە لە “سەلەم” كە لە نیشتیمانەكەی خۆی (شام) كۆچی كردووە و لە ناوچەی (غۆر میشكۆ)، كە هاوسێی ناوچەی “هەرات”ە نیشتەجێ بووە و مناڵەكانی لە ئەفغانستاندا بڵاوەیان كردووە.
لە لاپەڕە 11ی كتێبی A Cyclopaedia of Geography, by James Bryce, F.G.S., London 1856 دا هاتووە كە نەتەوەی ئەفغان ڕەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە بۆ پاشای ئيسڕائيلی “شاوڵ” (تاڵووت) وە ناوی خۆیان ناوە نەوەی ئيسڕائيل. ئەلێكسەندەر بێرنس Alexander Burnes دەڵێت ئەفغانەكان لە بنچینەدا جوولەكەن و كاتی خۆی پاشای بابلی دیلی كردن و لەناوچەی “غۆر” نیشتەجێی كردن كە دەكەوێتە باكوری ڕۆژئاوای كابول. وە ئەم كۆمەڵە خەڵكە هەتا ساڵی 622 زایینی بەردەوام لەسەر ئایینەكەی خۆیان مابوونەوە، كە ئایینی جولەكە بووە، بەڵام كاتێك خالیدی كوڕی عەبدوڵڵا (لێرەدا بە سەهوو لەجیاتی “وەلید” نووسراوە عەبدوڵڵا) كچی یەكێك لە سەركردەكانی ئەوانی مارەكرد، هانیدان كە بێنەناو ئایینی ئیسلام و ئەوانیش لە هەمان ساڵدا موسوڵمان بوون”.
لە لاپەڕە 39ی كتێبی History of Afghanistan, by Colonel G.B. Malleson, London 1878 دا هاتووە كە عەبدوڵڵا خانی هیراتی و گەڕیدەی فەڕەنسی Ferrier و ڕۆژهەڵاتناسی گەورە William Jones Sir لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە نەتەوەی ئەفغان بەشێكن لە نەوەی ئیسڕائیل و لە وەچەی 10 هۆزە ونبووەكەن.
لە لاپەڕەی یەكەمی كتێبی History of the Afghans, by J.P. Ferrier, translated by Captain William. Jesse, London 1858 دا هاتووە كە: “زۆرینەی مێژوونووسانی ڕۆژهەڵات پێیانوایە كە ئەفغانەكان لە مناڵ و نەوەی 10 هۆزە ئيسڕائيلیەكەن، ئەمەش بۆچوونی خودی ئەفغانەكانیشە.”
وە هەمان مێژوونووس لە لاپەڕە 4ی هەمان كتێبدا ئەوەی نووسیوە كە ئەفغانەكان بەم شێوەيەی خوارەوە بەڵگە دەهێننەوە لەسەر ئەمە:
“كاتێك “نادر شا” گەیشتە پیشاوەر بە مەبەستی داگیركردنی هيندستان، سەركردەكانی هۆزی “یوسف زەيی” كۆپیەكی كتێبی پیرۆزیان پێشكەش كرد بە زمانی عیبری لەگەڵ هەندێك شتومەكی بەنرخی تردا كە بەردەوام لایان پارێزراو بوو بۆ بەجێھێنانی سروتە ئایینیەكان؛ وە هەندێ جوولەكەیش لە سەربازگەكەی “نادر شا”دا هەبوون؛ كاتێك ئەو كەلوپەلە پیرۆزە پارێزراوانەیان پیشاندان دەستبەجێ ناسینیانەوە.”
پاشان دوای لاپەڕە 4ی كتێبەكەی، نووسەر دەڵێت: بێگومان لای من بۆچوونی عەبدوڵڵا خانی هیراتی بۆچوونێكی زۆر تۆكمە و دامەزراوە، پوختەكەی ئەوەیە كە تاڵووت شا (شاوڵ) دوو كوڕی هەبووە یەكێكیان “ئەفغان” و ئەوی تریان “جاڵووت”؛ وە “ئەفغان” دامەزرێنەری ئەم گەلە بووە. وە پاش ڕووخانی شانشینی داوود و سلێمان شەڕی ناوخۆ لەناو نەوەی ئيسڕائيلدا هەڵگیرساوە و بووە هۆی ئەوەی كە جوولەكە پەرتەوازە بن بۆ چەندەها دەستە و گروپ، بەم شێوەیە مانەوە هەتا سەردەمی “نەبوخەزنەسسر” كە هێرشی كردە سەریان و حەفتا هەزاری لێ كوشتن و شارەكەی وێران كرد و پاشماوەی خەڵكەكەی بەدیل گرت و ڕاپێچی كردن بۆ بابل. وە پاش ئەم كارەساتە كوڕەكانی “ئەفغان” لە ترسی چەوسانەوە لە “جودیا”وە (الیھودیة) هەڵھاتن بۆ وڵاتانی عەرەب و ماوەیەكی درێژ لەوێ مانەوە؛ بەڵام بەوپێیەی كە لەوێ ئاو و زەوی بەپیت كەمە، وە هەریەك لە مرۆڤ و ئاژەڵەكان زۆر ماندوو دەبن بەهۆی ئەم تەنگانەيەوە، لەبەرئەوە ویستیان كۆچ بكەن بۆ هيندستان. بەڵام گروپێكیان لە وڵاتی عەرەبدا مانەوە كە بریتی بوون لە “ئەبداليەكان”، وە لە سەردەمی خيلافەتى گەورەمان ئەبو بەكردا (رضي الله عنه) یەكێك لە سەرۆكەكانیان لەڕێگەی ژن و ژنخوازیەوە ئەوانی پەیوەست كرد بە خالیدی كوڕی وەلیدەوە. كاتێك عەرەب وڵاتی فارسی ڕزگاركرد ئەبدالیەكان لە وڵاتی عەرەبەوە كۆچیان كرد بۆ ناوچەی فارس و كرمان لە ئێران، وە لەوێ مانەوە تا هێرشەكەی جەنگیز خان. وە لەبەرئەوەی بەرگەی چەوسانەوەی ئەویان نەگرت بۆیە لە ڕێگەی “مەكران” و پاشان “سينت” و “مولتان”ەوە كۆچیان كرد بۆ هيندستان. بەڵام نەیانتوانی لە هيندستان ئۆقرە بگرن بۆیە لە كۆتاییدا لە چیای سلێمان لە ئەفغانستان گیرسانەوە و پاشماوەی ئەبدالیەكانیش پەیوەندیيان كرد پێیانەوە. ئەوان 24 تیرە بوون هەموویان لە مناڵەكانی ئەفغان بوون كە 3 كوڕی هەبوو: “سەرابەند” (سەرابان) و “ئەركەش” (گورگوشت) و “كرلن” (پەتتان)؛ هەریەكێك لەم سیانە 8 كوڕی هەبووە، بەم شێوەیە بوون بە 24 هۆز، لەخوارەوە ناوی خۆیان لەگەڵ هۆزەكانیان هاتووە:
مناڵەكانی “سەرابەند” (سەرابان) ناوی تیرەكان
ئەبدال… ئەبدالی
یوسف… یوسف زەیی
بابور… بابوری
وەزیر… وەزیری
لۆهان… لۆهانی
بورچ… بورچی
خۆگیان… خۆگیانی
شەڕان… شەڕانی
مناڵەكانی گورگوشت (ئەركەش)
خولج… خولجی/غەلزەیی
كاكور… كاكوری
جەمورین… جەمورینی
سەتوریان… سەتوریانی
پێن… پێنی
كەس… كەسی
تەكان… تەكانی
نەسەر… نەسەری
مناڵەكانی “كرلن”
خەتەك… خەتەكی
سور… سوری
ئافريد… ئافريدی
تور… توری
زاز… زازی
باب… بابی
بەنگنیش… بەنگنیشی
لەندی پوری… لەندی پوری [بڕوانە بۆ پاشكۆی ژمارە 20 (وەرگێڕی عەرەبی)]
(وتەكەی تەواو بوو)
كتێبێكی تر هەیە بەناوی “مخزن أفغانی” [ئەم كتێبە پوختەی كۆمەڵێك كتێبی مێژوویی متمانە پێكراوە، وەك تاريخ الطبري و معجم الأنساب و (گزیدە جھان كشائی) ومطلع الأنوار ومعدن الأكبر. بڕوانە بۆ لاپەڕەی سێ لە پێشەكی نووسەری كتێبی ناوبراو. (نووسەر)] كە لە ساڵی 1018ى كۆچی خواجە نیعمەتوڵڵای هیراتی لەسەردەمی “جیھانگیر” پاشادا نووسیویەتی، وە پڕۆفیسۆر Bernhard Dorn لە زانكۆی Kharkov وەریگێڕاوە و لەساڵی 1836ز لە لەندەن بڵاویكردەوە، وە بەشەكانی ئەم كتێبە پێكھاتووە لەمانەی خوارەوە:-
بەشی یەكەم: بریتیە لە بەیانكردنی مێژووی یەعقوب كە بریتیە لە ئيسڕائيل و ڕەچەڵەكی نەتەوەی ئەفغان لێیەوە دەست پێ دەكات.
بەشی دووەم: پێكھاتووە لە مێژووی تاڵووت پاشا، كە تێیدا پەیوەستبوونی ڕەچەڵەكی نەتەوەی ئەفغان بە تاڵووتەوە سەلمێنراوە.
لە لاپەڕەی 22 و 23 دا هاتووە كە تاڵووت دوو كوڕی هەبووە: “بەرخیا” و “ئيرمیا” وە كوڕی “بەرخیا” “ئاسەف” بووە و كوڕی “ئيرمیا”يش “ئەفغان” بووە.
وە لە لاپەڕەی 24دا دەبینین كە ئەم ئەفغانە 24 كوڕی هەبووە [ئەمە هەڵەیە؛ چونكە لە سەرچاوەی ئاماژە بۆكراودا نووسراوە 40 كوڕ. (وەرگێڕی عەرەبی)] هیچ هۆزێكی نەوەی ئيسڕائيلی بەئەندازەی هۆزەكەی ئەم ژمارەیان زۆر نەبووە.
لە لاپەڕەی 65دا [ئەمە هەڵەیه و ئەم قسەیە لە لاپەڕە 25ی كتێبی ئاماژە بۆ كراودا هاتووە. (وەرگێڕی عەرەبی)] هاتووە كە “نەبوخەزنەسسر” دەستیگرت بەسەر هەموو وڵاتی شامدا و هۆزە ئيسڕائيلیەكانی ئاوارە كرد و لە ناوچە شاخاوييەكانی غۆر و غەزنی و كابول و قەندەهار و كۆهێ فێرۆس دا نیشجەجێی كردن، كە لەوێدا مناڵەكانی ئاسەف و ئەفغان بەشێوەیەكی تایبەت جێگیر بوون.
لە بەشی سێھەمدا ئەوە دەبینین كە “نەبوخەزنەسسر” كاتێك زێدی چۆڵكرد بە نەوەی ئیسڕائیل لە شام، هەندێ لەو هۆزانەی كە لە نەوەی ئاسەف و ئەفغان بوون پەنایان برد بۆ وڵاتی عەرەب، وە عەرەب پێی دەوتن “نەوەكانی ئيسڕائيل” و “نەوەكانی ئەفغان.”
لە لاپەڕە 37 و 38ی ئەو كتێبەدا ڕوونكردنەوەیەكی تێروتەسەل هەیە كە لە نووسەری “مجمع الأنساب” و موستەوفی دانەری “مێژووی گەزیدە”وە گوێزراوەتەوە كە لە ژیانی پێغەمبەردا خالیدی كوڕی وەلید بانگەوازی ئیسلامی گەیاندووە بەم نەوانەی ئەفغان كە لە وڵاتی “غۆر” نیشتەجێ بوون پاش ڕووداوی “نەبوخەزنەسسر”؛ پاشان سەركردەكانی ئەفغان هاتن بۆلای پێغەمبەر (ﷺ) بە سەرۆكایەتی قەیس كە یەكێك بوو لە وەچەكانی تاڵووت لە نەوەی 37، وە پێغەمبەر (ﷺ) ناوینا “عبد الرشید” _لێرەدا خاوەنی ئەم كتێبە ڕەچەڵەكی قەیسی پەیوەست كردووە بە تاڵووتەوە_ پێغەمبەر (ﷺ) نازناوی (پەتتان)ی داوە بەم كۆمەڵە سەركردەيە كە مانای سوكانی كەشتی دەگەیەنێت. پاش ماوەیەك ئەم كۆمەڵە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و لەوێ بانگەواز دەكەن بۆ ئیسلام.
لە خودی كتێبی “مخزن أفغانی” لە لاپەڕەی 63دا هاتووە كە فەریدەددين ئەحمەد لە كتێبەكەیدا “رسالة الأنساب الأفغانية” دەربارەی نەوەی ئەفغەنە و نەوەی ئەفغان ئەمەی خوارەوە دەڵێت:
كاتێك “نەبوخەزنەسسر”ی ئاگرپەرست دەستی گرت بەسەر وڵاتی نەوەی ئيسڕائيل و شامدا و ئۆرشەلیمی وێرانكرد، نەوەكانی ئيسڕائيلی دیل كرد و كردنی بە كۆیلە و لە نیشتمانی خۆیان دووریخستنەوە، وە لەگەڵ خۆیدا ژمارەیەك لەو هۆزانەی هێنا كە باوەڕیان بە شەریعەتی مووسایی هەبوو. ئەوە بوو فەرمانی پێكردن كە وازبھێنن لە ئایینی باب وباپیریان و لەجیاتی خوا ئەو بپەرستن وەكو خوایەك، بەڵام ئەوان ڕەتیان كردەوە، بەهۆی ئەمەوە دوو هەزار كەسی لێكوشتن لە خەڵكانی دانا و ژیر؛ وە فەرمانى كرد بە پاشماوەكەیان كە لە شام و ئەو شوێنانە دەربچن كە لەژێر دەسەڵاتی ئەودایە و بچن بۆ شوێنێكی تر؛ ئەوە بوو بەشێكیان بەسەرۆكایەتی ئاغاكەیان لە وڵاتی “نەبوخەزنەسسر”ەوە كۆچیان كرد بۆ چیاكانی “غۆر” و لەوێ جێگیر بوون؛ پاشان ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیان پتر دەبوو، وە خەڵكی ئەوانی ناونا نەوەكانی ئيسڕائيل و نەوەكانی ئاسەف و نەوەكانی ئەفغان.
لە لاپەڕەی 64ی هەمان كتێبدا، دانەر دەڵێت: “بێگومان لە كتێبە مێژووییە متمانەپێكراوەكانی وەك “مێژووی ئەفغانی” و “مێژووی غۆری” و كتێبەكانی تریشدا هاتووە كە زۆربەی زۆری ئەفغانەكان نەوەی ئيسڕائيلن، وە هەندێكیشیان قیبتین. لەكاتێكدا ئەبو فەزڵ دەڵێت كە هەندێ لە ئەفغانەكان ڕەچەڵەكی خۆیان بە ڕەچەڵەكی میسری لەقەڵەم دەدەن، لەمەشدا ئەوە دەكەن بەبەڵگە كە كاتێك نەوەی ئيسڕائيل لە ئۆرشەلیمەوە گەڕانەوە بۆ میسر، وەچەكانی ئەفغان كۆچیان كرد بۆ هیندستان.
لەلاپەڕە 64ی هەمان سەرچاوەدا هاتووە: فەریدەددین ئەحمەد سەبارەت بە ناوی “ئەفغان” نووسیویەتی كە هەندێكیان نووسیویانە پاش ئاوارەبوونیان لە شام بەردەوام یادی نیشتیمانی خۆشەویستی خۆیان دەكردەوە و دەگریان و ئاهیان هەڵدەكێشا [ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی وشەی “أفغان” پێكھاتووە لە دوو وشەی فارسی كە بریتین لە: “ئەهـ” و “فغان” واتە: ئاخ هەڵكێشان و گریانی بەكوڵ. (وەرگێری عەرەبی)] بۆ جیابوونەوەیان لە زێدی خۆیان؛ لەبەرئەوە بە “ئەفغان” بانگ دەكران. وە سێر جۆن ماڵكۆڵم Sir John Malcolm هەمان ڕای دەربڕیوە. بگەڕێوە بۆ كتێبی History of Persia, Vol. 1 page 101.
وە لەلاپەڕە 63ی هەمان كتێبدا هاتووە: مەهابەت خان دەڵێت: بەوپێیەى كە ئەو كەسانە شوێنكەوتەو پاشماوەی سڵێمان بوون (عليه السلام)، بۆیە عەرەب پێیان گوتوون “السلیمانیین”.
وە لە لاپەڕە 65دا هاتووە:
“نزیكەی هەموو مێژوونووسانی ڕۆژهەڵات لەسەرئەوە هاودەنگن كە نەتەوەی ئەفغان خۆیان باوەڕیانوایە لە بنچینەدا جوولەكەن؛ هەڵبەت هەندێ مێژوونووسی هاوچەرخیش ئەم بۆچوونەیان پەسەند كردووە، و بەزۆری بە بۆچوونێكی ڕاست لەقەڵەمی دەدەن… وە بەهۆی ئیسلامبوونیان نەریتی ئەفغانەكان وایە كە مناڵەكەنیان بەناوی جوولەكە ناودەنێن.” بەڵام ئەم ڕایەی كە وەرگێڕ “بەرنەهارد دۆرن” پیشانی داوە هیچ بەڵگەیەك پشتگیری ناكات؛ چونكە زۆربەی ئەو نەتەوانەی كە لە باكووری ڕۆژئاوای “پەنجاب” نیشتەجێن لە بنچینەدا هيندین و باوەڕیان هێناوە بە ئیسلام، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەكانیان وەكو ناوی جوولەكە نیە، ئەم بابەتەش بەجوانی ئەوە ڕووندەكاتەوە كە مەرج نیە نەتەوەیەك چووەناو ئیسلامەوە ئیتر ناوی جوولەكە بەكاربھێنن بۆ ناونانی خۆیان.
دانەر لەسەری دەڕوات و دەڵێت: دیمەنی ئەفغانەكان بەشێوەیەكی زۆر سەیر لە دیمەنی جوولەكە دەچێت! تەنانەت ئەو توێژەرانەیش كە هیچ گرنگی نادەن بە بانگەشەی ئەفغانەكان بەوەی كە بنەچەیان جوولەكەیە، دانیان ناوە بەم لێكچوونەدا. وە ئەم لێكچوونە بەڵگەیەكی تەواوە لەسەر ئەوەی كە بنچینەیان جوولەكەیە. لەم بارەيەوە (سێر ماڵكۆڵم جۆن) بەم شێوەيەی خوارەوە دەدوێت:
گومانی تێدانیە كە بانگەشەی ئەفغانەكان بەوەی كە لە ڕەچەڵەكێكی پیرۆزەوە پەیدا بوون (واتە ڕەچەڵەكەی جوولەكە) بانگەشەیەكی زۆر گوماناویە، بەڵام لە دیمەن و ڕوخسار و زۆربەی نەریتەكانیانەوە بەڕوونی دەردەكەوێت كە نەتەوەیەكی جیاوازن لە نەتەوەكانی فارس و تەتەر و هيند. وادەردەكەوێت ئەمە تاكە بەڵگە بێت كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەم بانگەشەیە كە زۆرێك لە ڕاستیە بەهێزەكان ناكۆكن لەگەڵیدا، وە هیچ بەڵگەیەكی ڕوونیشمان بەرچاونەكەوتووە لەسەر ڕاستی ئەم بانگەشەیە.
ئەگەر لێكچوونی ڕوخسار و شێوە لەنێوان دوو نەتەوەدا ئەنجامێك بدات بەدەستەوە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە كشمیرييەكان لە بنچینەدا جوولەكەن؛ چونكە دیمەنیان لە دیمەنی جوولەكە دەچێت. تەنھا بێرنەر ئەمەی باس نەكردووە، بەڵكو فۆڕستەر دانی بەمەدا ناوە و ڕەنگە كەسانی تریش دانیان پێدا نابیت…. وە لەگەڵ ئەوەی فۆرستەر باوەڕی نەكردووە بە بۆچوونی بێرنەر بەڵام دان بەوەدا دەنێت كە لەكاتی مانەوەی لەناو كشميريەكاندا هەستی بەوە كردووە وەك ئەوەی لەناو هۆزێكی جوولەكەدا مابێتەوە.
لە كتێبی Johnston Dictionary of Geography, by A.K. لەلاپەڕە 250دا لەژێر واژەی “كشمیر” ئەمەی خوارەوە هاتووە: “دانیشتوانەكەی باڵایان بەرزە، لەشیان گەورەیە، شێوە و ڕوخساریان بەتەواوەتی پیاوانەیە؛ ئافرەتەكانیان جەستەیان پڕە و جوانن، لووتیان كوڕ و كەوانەییە. بەتەواوەتی لە شێوەو دیمەنیاندا لە جوولەكە دەچن.”
لە لاپەڕە 4ى ڕۆژنامەی Civil & Military Gazette لە 23 نۆڤەمبەری 1898ز وتارێك نووسراوە بە ناونیشانی (گەلانی سواتی و ئافريدی) كە تێیدا هاتووە:
بێگومان وتارێكی بەهێز و زۆر بەنرخمان پێگەيشتووە، كە لە دانیشتنی كۆتایی لقی “مێژووی سروشتی مرۆڤ”ی سەربە كۆڕبەندی بەریتانی خوێنـراوهتهوه، وە لە خولى زستانەی لیژنەی توێژینەوە لە “مێژووی سروشتی مرۆڤ” پێشكەش دەكرێت، ئێمە لە خوارەوە بەتەواوەتی وتارەكە تۆمار دەكەین:
بێگومان بارودۆخی دانیشتوانی سنوری ڕۆژئاوای هيندستان كە بە پەتتان یان بە كەتتان ناسراون لە كتێبە مێژووییە دێرینەكاندا نووسراوەتەوە. هەڵبەت هیرۆدس و مێژوونووسەكانی ئەسكەندەری گەورە دەربارەی تیرە زۆرەكانی ئەم نەتەوانە قسەیان كردووە. ئەم شاخانە كە زۆر سەختن و كەس تێیاندا نیشتەجێ نیە لە سەردەمەكانی ناوەڕاستدا بە “ڕوە” ناسرابوون، وە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە ناویان “ڕەهیلە”یە. گومانی تێدا نیە كە ئەم “ڕەهیلە” یاخود ئەم “پەتتان”انە لێرەدا نیشتەجێ بوون پێش ئەوەی ئەفغانەكان هیچ شوێنەوارێكیان هەبێت؛ بەڵام ئەمڕۆ هەموو ئەفغانیەكان بە “پەتتان” لەقەڵەم دەدرێن؛ چونكە ئەفغانیەكان بە زمانی پەتتانی واتە “پشتو” قسە دەكەن، بەڵام ئەوان واتە ئەفغانەكان داننانێن بە خزمایەتی و نزیكیان لەگەڵ گەلى پەتتاندا، وە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لەنەوەی ئيسڕائيلن، واتە لە وەچەی ئەو هۆزانەی كە پاشا “نەبوخەزنەسسر” دیلی كردن و دووری خستنەوە بۆ بابل.
بەڵام ئێستا، هەموویان زمانی “پشتو”یان كردووە بەزمانی خۆیان و هەموویان ملكەچن بۆ دەستوورێكی نیشتیمانی و ناویانناوە “بەكتان والی” كە زۆربەی بنەماكانی بەشێوەیەكی سەیر لە بڕیارەكانی شەریعەتی مووسایی دەچێت، لەكاتێكدا هەندێ بنەمای تریشیان لە خوونەریتی گەلە ڕاجپووتیەكان دەچێت.
ئەگەر سەرنجی ئەم بابەتە بدەین، بەڕەچاوكردنی كەلەپووری ئيسڕائيلی، بۆمان دەردەكەوێت كە دەكرێت گەلی “پەتتان” دابەش بكەین بۆ دوو بەشی گەورە:
یەكەم: ئەو تیرە و گروپانەی كە لە بنەچەدا هيندین وەك “وەزیری” و”ئافریدی” و “ئۆرگ زەیی” و جگە لەوانیش.
دووەم: ئەفغانەكان كە بانگەشەى ئەوە دەكەن لە بنەچەدا بەشێكن لە گەلە سامیەكان، كە زۆرینە پێكدەهێنن لەناو دانیشتوانی ئەم ناوچەیەدا كە پێی دەوترێت “سەرحەد.”
ڕەنگە لانی كەم، هەموویان لەسەر “پەكتان والی” ڕێككەوتبن كە دەستوورێكی نەنووسراوی نیشتیمانیە، وە تێكەڵەیەكە لە بڕیارەكانی شەریعەتی مووسایی و خوونەریتەكانی گەلی “ڕاجپووت” كە بەڕۆڵی خۆی بەكاریگەری سروتە ئیسلامیەكان هەموار و ڕێكوپێك كراوە. ئەفغانەكان _كە هەتا ئێستایش بەخۆیان دەڵێن: “دوڕڕانیەکان” لە دروستبونی سەڵتەنەتی دوڕڕانیەوە_ واتە ماوەی 150 ساڵ لەمەو پێش- دەڵێن لەڕاستیدا ئەوان لە وەچەى گەلە ئيسڕائيلیەكانن و ڕەچەڵەكیان لە “كيش” (قەيس)ەوە دەست پێ دەكات كە محمد (پێغەمبەری خوا _ﷺ_) نازناوی “پەتتان”ی پێداوە كە بە زمانی سریانی واتە “سوكانی كەشتی”؛ چونكە پێویست بووە لەسەر قەیس ئەو خەڵكە بەڕێوە ببات لە شەپۆلەكانی ئیسلامدا وەك بەرێوەبردنی كەشتی.
ئەگەر ئێمە دان نەنێین بە هیچ پەیوەندیەكی دێرینی ئەفغانەكان بەنەوەی ئيسڕائيلەوە؛ ئەوا زۆر قورسە ڕاڤەی ئەوە بكەین كە هۆی چیە ناوی ئیسڕائیلی زۆر باوە لەناویاندا، لەمە ئاڵۆزتر ئەوەیە كە ڕوونی بكەینەوە هۆی چیە كە سروتەكانی تری جوولەكە برەوی هەیە لەناو ئەفغانەكاندا وەك ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی فیسحەوە. هەڵبەت هۆزی “یوسف زەئی” ئەفغانی، ئەگەرچی نازانن حەقیقەتی جەژنی فیسح چیە كە ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، بەڵام ئەم ئاهەنگ گێڕانەیان، بەلایەنی كەمەوە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە لاسایی كردنەوەیەكی زۆر سەیری جەژنی فیسحە.
هەروەها ئەگەر بوونی پەیوەندیە ئيسڕائيلیە ئەفغانیەكان بەڕاست نەزانین ئەوا هیچ ڕوونكردنەوە و پاساوێكمان دەستناكەوێت بۆ ئەو پێداگری و سووربوونەی كە هەموو ڕووناكبیر و ڕۆشنگەرە ئەفغانیەكان دەستیان پێوە گرتووە لە سەر ڕاستی ئەم گێڕانەوەیە؛ ئەمە بابەتێكە بەجوانی دەریدەخات كە دەبێت بناغەیەكی حەقیقی هەبێت بۆ ڕاستی ئەم گێڕانەوەیە.
بيليو Bellew پێیوایە كە ڕاستی پەیوەندیە ئیسڕائیلیەكان بابەتێكە ڕێی تێدەچێت و ئەگەری شیانی هەیە، بەڵام بەڕاشكاوی ئەوە دەڵێت كە لەنێوان 3 لقە گەورە ئەفغانیەكەدا كە بانگەشەی ئەوە دەكەن سەربە “قەیس”ن، بەلایەنی كەمەوە لقێك هەیە ناوی “سارابوور”ە، وە وشەی “سارابوور” بە زمانی “پشتو” وەرگێڕانى ناوێكە كە لە كۆندا بە یەكێك لە دوو لقەكەی هۆزی “ڕاجپووت” وتراوە، كە بریتیە لە لقی “سورەج بەنسی” و لەبارەیەوە ئەوە زانراوە كە پاش شكستھێنانی بەدەستی لقی “چەندەر بەنسی” لە جەنگی “مەها پاهارد”دا ڕۆیشتووە بۆ ئەفغانستان و لەوێ نیشتەجێ بووە.
بەگوێرەی ئەم بنەمایە دەكرێت گەلی ئەفغان لە نەوەی ئيسڕائيل بن كە تێكەڵاو بوون لەگەڵ “ڕاجپووت”ە كۆنەكان. وە بەردەوام پێموایە ئەم چارەسەرە زۆر ڕێی تێدەچێت، وە گونجاوترین چارەسەرە بۆ مەتەڵی بنەچە و ڕەچەڵەكی ئەفغانەكان.
هەرچی چۆنێك بێت، ئەفغانە هاوچەرخەكان پێیانوایە، بەگوێرەی گێڕانەوە و لێكۆڵینەوە ئەوان گەلی هەڵبژێراوی خوان، واتە لە نەوەی ئیبراهیمن…
بێگومان ئەو بڕگە نووسراوانەی كە من لە كتێبی دیارترین نووسەرەكان وەرمگرتووە، ئەگەر هەركەسێكی خاوەن ویژدان بە چاوێكی گشتگیرەوە تەماشایان بكات؛ ئەوا دەگاتە ئەو باوەڕەی كە ئەو ئەفغانی و كشميريانەی كە دانیشتووی هيندستان و ناوچە دراوسێكانی هيندستانن، لەڕاستیدا بەشێكن لە نەوەی ئيسڕائيل.
وە من _خوا یار بێت_ لە بەشی دووەمی ئەم كتێبەدا بە شیكردنەوەیەكی زیاتر دەیسەلمێنم كە ئامانجی كۆتایی و حەقیقی لەو گەشتە درێژەی كە مەسیح پێی هەستاوە بریتی بووە لەوەی كە ئەركی تەبلیغ و بانگەواز ئەنجام بدات بۆ هەموو هۆزەكانی نەوەی ئيسڕائيل، هەروەك مەسیح خۆیشی لە ئینجیلەكاندا ئاماژەی پێداوە. كەوابوو سەیر و نامۆ نیە كە مەسیح (عليه السلام) هاتووە بۆ هيندستان و كشمیر، بەڵكو سەیر و نامۆ ئەوەیە كە سەركەوتبێت بۆ ئاسمان و لەوێ دانیشتبێت بەبێ ئەوەى ئەو ئەركەی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات كە پلەوپایەكەی سەپاندوویەتی بەسەریدا.
لێرەدا ئەم توێژینەوەیە كۆتایی هات. سڵاو لەو كەسە بێت كە شوێن هیدایەت دەكەوێت.
نووسەر: بەندەی خاكی و خۆبەكەمزان
میرزا غوڵام ئەحمەد مەسیحی بەڵێندراو
لە قادیان سەربە پارێزگای گورداسپور
PDF