سەركەوتنی ئیسلام
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە

پێڕست:
پێشەکی چاپی “الخزائن الروحانیة”
پێشکەوتنی مەسیحیەت لە هیندستان
سەركەوتنی ئیسلام و ڕوونكردنەوەی مەبەست و لابردنی وەهمەكان
دەقەكان لە کتێبی “لابردنی وەهمەكان”دا
ڕاگەیاندنێكی گشتی بۆ ئاگاداركردنەوەی ڕەخنەگرەكان
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
وعلی عبده المسیح الموعود
پێشەکی چاپی “الخزائن الروحانیة”
بە پێنووسی: مەولانا جەلالەددین شەمس (رضي الله عنه)
وەرگێڕانی بەرگی سێیەم لە زنجیرەی “الخزائن الروحانية” پێشكەش بە خوێنەرە بەڕێزەكانمان دەكەین، كە سێ کتێبی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام) لەخۆ دەگرێت، ئەوانیش بریتین لە: “سەركەوتنی ئیسلام” و “ڕوونكردنەوەی مەبەست” و “لابردنی وەهمەکان”. ئەم سێ کتێبە لە ساڵی ١٨٩١ز، دوای ئەوەی لە چاپخانەی “ریاض الهند” لە ئەمریتسەر چاپكران، بڵاوكرانەوە.
پێشکەوتنی مەسیحیەت لە هیندستان
ئەم وتەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێك كە مەسیحیەت بنكە و ناوەندەكانی خۆی لە سەرانسەری هیندستاندا قایم كردبوو، چەندین قوتابخانە و كۆلێژی كردبووەوە، وە کتێب و بڵاوكراوە و نامیلكەكانی بە دەیان ملیۆن دانە چاپ دەكرد و بەخۆڕایی دابەشی دەكردن. لەو سەردەمەدا دەنگی “مەسیح پەروەردگارمانە، مەسیح پەروەردگارمانە” لە هەموو لایەكەوە بەرز دەبوویەوە، وە یەسووعی مەسیح وەك پێغەمبەرێكی زیندووی هەتاهەتایی دەخرایەڕوو كە لەسەر تەختی پیرۆزیە و لە سەردەمی كۆتاییدا بە شكۆمەندیەوە دادەبەزێت، وە حوكمی هەموو گەلان دەكات و هەموو نەتەوەكانیش ملكەچ دەبن بۆی. گەورە بەرپرسانی حكومەتی ئینگلیزیش پشتگیری بڵاوبوونەوەی مەسیحیەتیان دەكرد و بە چاوی ڕێزەوە دەیانڕوانیە هەوڵ و کۆششی قەشەكان و دەیانگوت: بە لەبەرچاوگرتنی پێشكەوتنی ئایینی مەسیحیەت، لە چەند ساڵێكی كەمدا تەواوی هیندستان دەكەوێتە باوەشی ئەم ئایینەوە. یەكێك لە کاربەدەستانی پەنجاب بە ناوی “چارلز ئەیچی سۆن” لە ٢١ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٨٣زدا بەردی بناغەی ناوەندێكی مەسیحیەت و كڵێسایەكی دانا لە شاری “بەتالە”. دواتر لە ساڵی ١٨٨٨زدا لە وتارێكیدا لە كۆبوونەوەیەكی قەشەكاندا بە سەرۆكایەتی قەشەی گەورەی ناوچەكە، گوتی: “بێگومان مەسیحیەت لە هیندستاندا زۆر خێراتر لە گەشەی دانیشتووانەكەی بڵاودەبێتەوە، وە ئێستا ژمارەی مەسیحیە هیندیەكان گەیشتووەتە نزیكەی یەك ملیۆن كەس”.
پاشان ستایشی خزمەتی بانگخوازە مەسیحیەكانی كرد و دانی نا بە فەزڵ و گەورەییاندا، هەروەها باسی کاربەدەستانی هەرێمی پەنجاب و گەورە بەرپرسەكانی تری ئەو هەرێمەی كرد كە هاندەری قەشەكان بوون و گوتی:
“ئەوان كەسانێك بوون كە خەڵكی بە چاوی ڕێز و گەورەییەوە دەیانڕوانی بۆیان. كۆمەڵێك ناو هەن وەك: لۆرێنس مۆنتگۆمێری، وەید، ۆرد مێكلۆد، ویرنل و تەیلۆر؛ ئەمانە كەسانێكن لە هەموو ماڵێكی ئەم هەرێمەدا ناسراون، بگرە هەندێكیان لە دەرەوەی ئەم هەرێمەشدا -وەك ئەورووپا- ناوبانگیان هەیە. بۆیە پێویستە بزانین كە ڕۆژگاری دابەشكردنی ناوچەكان لەڕووی سنوورەوە بەسەرچووە؛ چونكە دەسەڵاتی ئینگلیز گەیشتووەتە سنوورە سروشتیەكانی خۆی لە ناوچە دەریایی و شاخاویەكاندا. بەڵام شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحیەت لەڕووی كات و شوێنەوە هیچ سنوورێكیان نیە، بەڵكو پێویستە شانشینی خوا لە هەر شوێنێكی جیهاندا دابمەزرێت كە مرۆڤی تێدایە. وا بڕیاردراوە ئەم شانشینە جیهانی بێت، چونكە شانشینی چاكە و ئاسایشە”.
هەروەك “ڕۆبێرت كلارك” گوتوویەتی، هیندستان وەك بنكەیەكی سروشتی سەیر دەكرێت بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەوازی مەسیحیەت لە ئاسیای ناوەڕاستدا. (The Missions، لا245)
ئینگلیزەكان پێیان وابوو بڵاوبوونەوەی مەسیحیەت زۆر پێویستە بۆ چەسپاندن و پتەوکردنی كۆڵەكەكانی حكومەتەكەیان. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش “سێر ڕۆبێرت مۆنتگۆمێری”، كە حاكمی دووەمی هەرێمی پەنجاب بوو، مۆڵەتی وەرگرت بۆ دروستكردنی ١٥ كڵێسا لەسەر بودجەی حكومەت. وە “لۆرد لۆرێنس” جارێكیان گوتی: “هیچ شتێك هێندەی بڵاوكردنەوەی مەسیحیەت پایەكانی دەسەڵاتمان لە هیندستاندا جێگیر ناکات”.
هەروەها لە كتێبی (Cambridge short history of India, p715-716)دا هاتووە: “بێگومان خوای گەورە بە ویستی خۆی هیندستانی خستووەتە ژێر دەستی بەریتانیا بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بكات بە مەسیحی”. وە فەرمانڕەوایەكی تری هەرێمی پەنجاب بە ناوی “ماكوۆرس یۆنگ” لە وتارێكیدا گوتی: “هەوڵەكانی نوێكردنەوەی بەنرخترین شت لە ئایینە ڕۆژهەڵاتیەكاندا، لە دەرەنجامی ئەو یەقینەوە سەریان هەڵداوە كە زاتێكی باڵاتر هەیە لە موحەممەد (ﷺ)، بوودا، هیندۆس، سێخوایی و گۆرۆنانك. ئایا ئێوە خۆتان بەدوور دەگرن و هەرگیز بەشداری ئەم فەتحە ناكەن؟ ئێمە دەزانین لە دنیادا تەنها یەك شت هەیە كە ڕۆحی مرۆیی ئارام بکات، ئەویش خۆشەویستی خوایە لە ڕێگەی یەسووعی مەسیحەوە… بێگومان فەرامۆشكردنی ناوەندە تەبشیریەکان لەلایەن خۆمانەوە، گەیاندنی زیانێكی گەورەیە بە خودی خۆمان”. The Missions, p245))
ئەو كەسانەی دەبوونە مەسیحی، پۆست و كاری سەرنجڕاكێشیان پێدەدرا؛ بۆ نموونە، هەریەك لە “عەبدوڵڵا ئاتهەم” و قەشە “سەفدەر عەلی” دوای ئەوەی بوونە مەسیحی، پایەی حاکمی کارگێڕییان پێدرا. هەمان پۆست خرایە بەردەم قەشە “عیمادەددین”یش، بەڵام ئەو پێی باشتر بوو وەك قەشەیەك بمێنێتەوە.
بە كورتی، تۆڕی قەشەكان بەسەرتاسەری پەنجابدا بڵاوبوویەوە. بانگخوازە مەسیحیەکان لە شار و شارۆچكە و گوندەكاندا بە ئاشكرا پەیامی مەسیحیەتیان ڕادەگەیاند و بە فەرمی لە نەخۆشخانەكاندا دادەمەزران. پزیشكە ئافرەتە مەسیحیەكانیش بە بیانووی چارەسەركردنەوە مەسیحیەتیان دەگەیاندە ناو ماڵەكان. كاریگەرترین چەكی ئایدیۆلۆژی قەشەكان بۆ ئەوەی موسوڵمانان بکەن بە مەسیحی ئەوە بوو کە دەیانگوت: یەسووعی مەسیح بە زیندوویی لە ئاسماندایە و لە سەردەمی كۆتاییدا بۆ ڕزگاركردنی جیهان بە شكۆوە دادەبەزێت، لە کاتێکدا پێغەمبەرانی تر -لە ناویشیاندا پێغەمبەر محەمەد (ﷺ)- هەموویان مردوون و ناتوانن كەس ڕزگار بكەن؛ ئایا مرۆڤی ژیر زیندوو جێدەهێڵێت و شوێن مردوو دەكەوێت؟ سەیر لەوەدابوو ئەمە بیروباوەڕی موسوڵمانانیش بوو سەبارەت بە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام)، ئەوانیش پێیان وابوو باڵندەی دروستكردووە و مردووی زیندووكردووەتەوە و زانای غەیب بووە و ژیانێكی نائاسایی هەبووە و ئێستاش لە ئاسماندایە، وەك سەلمێنەری ڕاستیی ئەو وتەیەی کە دەڵێت “ئێستاش وەك پێشوو”. وە چاوەڕێی دابەزینی بەشكۆی ئەویان دەكرد لە ئاسمانەوە و بە چارەسەری هەموو دەردەكانی خۆیانیان دەزانی، وە پێیان وابوو كە پێشكەوتنی ئایینی و دنیاییان تەنها بەوەوە گرێدراوە. بۆیە هەندێ لە سەركردە ڕۆشنبیرە موسوڵمانەكانیش پێیان وابوو مەسیحیەت لە داهاتوودا دەبێتە ئایینی جیهانی و بەتەواوەتی لە دووبارە زیندووبوونەوەی ئیسلام بێهیوا ببوون.
سەركەوتنی ئیسلام و ڕوونكردنەوەی مەبەست و لابردنی وەهمەكان
لەم هەلومەرجەدا، خوای گەورە ڕەحمی بە ئوممەتی ئیسلامی كرد و لە ڕێگەی ئیلهامەوە ئاشكرای كرد بۆ گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام) کە: “بێگومان مەسیحی كوڕی مەریەم، پێغەمبەری خوا، مردووە. تۆ بەگوێرەی بەڵێنەكە هاتوویت و سیفەتەكانی ئەوت هەڵگرتووە، وە بەڵێنی خوا پێشتر جێبەجێ بووە.” (إزالة الأوهام؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لا 402).
ئەوە بوو لە كۆتایی ساڵی ١٨٩٠ز، بەڕێزی (عليه السلام) كتێبی (سەركەوتنی ئیسلام)ی نووسی كە لە سەرەتای ساڵی ١٨٩١ز دا بڵاوكرایەوە. تێیدا بە پشتبەستن بە پێشبینیەكی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕایگەیاند: “كەواتە ئەو مەسیحەی كە بڕیار بوو بێت منم، ئەگەر دەتانەوێت؛ ئەوا قەبووڵی بكەن.” (فتح الإسلام؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لا 10، پەراوێز).
پاشان فەرمووی: “بە ناوی مەسیحەوە ڕەوانە كراوم بۆ ئەوەی بیروباوەڕە خاچپەرستیەكان پارچەپارچە بكرێن.
من ڕەوانە كراوم بۆ شكاندنی خاچ و كوشتنی بەراز.” (هەمان سەرچاوە، لا 11).
پاشان ڕوو لە موسوڵمانان دەكات و دەفەرموێت: “ئهی موسوڵمانان گوێبگرن و تێبگهن! ئوممهتی مهسیحی كۆمهڵێك قسه و قسهڵۆكی ئاڵۆز و ههڵبهستراوی بهكارهێناوه بۆ دانانی سنوورێك بۆ كاریگهریه پیرۆزهكانی ئیسلام، بۆ ئەم مەبەستە پهنای بردووه بۆ چهپهڵترین فێڵ و ههوڵێكی زۆری داوه به خهرجكردنی ماڵ و سامانێكی بێشومار بڵاوی بكاتهوه، تهنانهت بۆ ئهم مهبهسته كۆمهڵێك ئامرازی شهرمهێنهر و ئابڕووبەریان بهكارهێناوه كه بهلامانهوه واگونجاوه وتارهكهمان بهپاك ڕابگرین له باسكردنیان. ئهمانه فێڵ و پیلانە جادووگەریەکانی لایەنگرانی سێخوایین، وه ئهگهر خوا لهبهرامبهریاندا دهستێكی توانا پیشان نهدات كه هێزێكی دهراسای ههبێت، وه ئهگهر ئهم جادووه بهو هێزه دەراسایه تێكنهشكێت؛ ئەوا ههرگیز ئهوه به بیردا نایهت كه مرۆڤە بێئاگا و ساویلكهكان ڕزگاریان بێت لهم جادووهی ئهورووپیهكان. وه بۆ پووچهڵكردنهوهی ئهم جادووه، خوای گهوره لهم سەردەمەدا لە پێناوی موسوڵمانە ڕاستگۆكاندا موعجیزهیهكی پیشان داوه كه بریتیە لەوەی ئهم بهندهیهی خۆی لهبهرامبهر نهیارانی ئیسلامدا ڕاوهستاند، وه شكۆداری كرد به وهحی و ئاخاوتن و بهرهكهته تایبهتیهكانی خۆی، وه پشكێكی زۆری پێدا لهو زانسته وردانەی كه مرۆڤ دەگەیەنن بە ڕێگاکەی. ههروهك چەندین دیاریی ئاسمانی و كاری دهراسای بڵند و زانست و وردهکاریە ڕۆحیهكانی پێ بەخشیوە، بۆ ئهوهی ئهم بهرده ئاسمانیه ئەو بتە له مۆم دروستكراوە تێكبشكێنێت كه جادووی ئهورووپا ساز و ئامادەی كردووە.
کەواتە ئهی موسوڵمانان، ڕهوانهكردنی من موعجیزهیهكه لهلایهن خوای گهورهوه بۆ ڕهواندنهوهی تاریكیهكانی ئهم جادووه. ئایا پێویست نەبوو له دنیادا لهبهرامبهر جادوودا موعجیزه دهربكهوێت؟” (فتح الإسلام؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لا 5-6).
ئاشكرایە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بیروباوەڕە باوەی ناو موسوڵمانان و مەسیحیەكان -کە بەجیاوازیەكی كەمەوە بریتیە لەوەی گوایە مەسیحی كوڕی مەریەم بە زیندوویی بۆ ئاسمان بەرزكراوەتەوە و ڕۆژێك لە ڕۆژان لێیەوە دادەبەزێت-، وە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ڕەوانەكراوی داهاتوو هاوشێوەی مەسیح دەبێت و نووسەری ئەم كتێبەیە، دەبووە هۆی بەگەڕکەوتنی کۆمەڵێك قەڵەمی زۆر دژی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). وە لەبەرئەوەی پاشگەزبوونەوەی خەڵكی لە بیروباوەڕە چەسپاوەكانیان كارێكی قورس و ئەستەمە بەلایانەوە، بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) پێی باش بوو پێش ئەوەی قەڵەمە دوژمنكارەكان لێی ڕاست ببنەوە، بانگەشەكەی خۆی بە بەڵگەی تێروتەسەل ڕوون بكاتەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە كتێبی (ڕوونكردنەوەی مەبەست)ی نووسی و لە كۆتاییەكەیدا لەژێر ناونیشانی “ئاگاداریەك بۆ زانایانی ئیسلام” فەرمووی:
“هەموو ئەوەی دەربارەی بابەتی هاوشێوەی مەسیح نووسیومە، بە شێوەیەكی پچڕپچڕ لەناو سێ نامیلكەدا هاتوون كە بریتین لە: (سەركەوتنی ئیسلام) و (ڕوونكردنەوەی مەبەست) و (لابردنی وەهمەکان). بۆیە گونجاوترین كار ئەوەیە هیچ کەسێك پەلە نەكات لە دژایەتیكردن و خستنەڕووی بۆچوونی پێچەوانە، تاوەکو ئەم نامیلكانە بە وردی و تێڕامانەوە دەخوێنێتەوە.” (توضيح المرام؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لا 100)
لەم كاتەدا -واتە ساڵی ١٨٩١ز كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) لە شاری لودهیانە نیشتەجێ بوو- دەستی كرد بە نووسینەوەی ڕەشنووسی كتێبی “لابردنی وەهمەکان”، وە لە ژێر ناوی “قول فصیح”دا بەشێكی بڵاوكردەوە و ناردی بۆ مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی. بەڕێزی (عليه السلام) لە كتێبی “لابردنی وەهمەکان”دا، لە ژێر ڕۆشنایی قورئانی پیرۆز و فەرموودە دروستەكاندا، بە قووڵی چووەناو بابەتی مردنی مەسیحەوە و وشەكانی “النزول” و “التوفي” و “الرفع”ی شیكردەوە و حەقیقەتی دەركەوتنی دەججالی ڕوونكردەوە. هەروەها بە بەڵگەی یەكلاكەرەوە سەلماندی كە خۆی هاوشێوەی مەسیحی كوڕی مەریەمە، وە لەم كتێبەدا وەك ئامۆژگاریەکی كۆتایی فەرمووی:
“ئەی خۆشەویستانم، گوێ لە ئامۆژگاریی كۆتاییم بگرن. ڕازێكتان پێ دەڵێم و ئێوەش بە باشی لە بیرتان بێت؛ پێویستە ئاراستەی دیبەیتەكانتان لەگەڵ مەسیحیەكاندا بگۆڕن و بۆیان بسەلمێنن كە مەسیحی كوڕی مەریەم لە ڕاستیدا بۆ هەتاهەتایە مردووە. ئەمە تاكە ئامانجە كە ئەگەر تێیدا سەركەوتوو بن؛ ئەوا تۆماری ئایینی مەسیحیەت لەسەر ڕووی زەوی دەپێچنەوە… بۆیە مشتومڕەكانی تر لەگەڵیاندا بێهوودەیە. بێگومان ئایینەكەیان تەنها یەك كۆڵەكەی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە مەسیحی كوڕی مەریەم هێشتا بە زیندوویی لە ئاسماندا دانیشتووە؛ جا ئێوە ئەم كۆڵەكەیە بڕووخێنن پاشان بڕوانن مەسیحیەت لە كوێی ئەم دنیایەدا دەمێنێت. وە لەبەر ئەوەی خوای گەورە دەیەوێت ئەم كۆڵەكەیە بڕووخێت و پێی خۆشە شنەبای یەكتاپەرستی لە ئەورووپا و ئاسیا و كیشوەرەكانی تریشدا هەڵبكات، بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) منی ڕەوانە كرد و لە ڕێگەی ئیلهامەوە بۆی ئاشكرا كردم كە مەسیحی كوڕی مەریەم مردووە.” (إزالة الأوهام؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لا 402)
بەڵام پیاوانی ئایینی، بێ ئەوەی چاوەڕێی تەواوبوونی كتێبی “لابردنی وەهمەکان” بكەن، لە ڕێگەی نووسین و وتارەكانیانەوە دەستیان كرد بە دژایەتیكردنی. موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی، پاش خوێندنەوەی ئەو دوو نامیلكەیەی كە پێشتر باسكران، لە گۆڤارەكەی خۆیدا بە ناوی “إشاعة السنة”، دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەمەی خوارەوەی نووسی:
“لە كۆڕ و كۆبوونەوە گشتیەكانی موسوڵماناندا دەڵێت كە خۆی میسداقی ئەو هەواڵەیە كە لە قورئان و فەرموودەدا هاتووە دەربارەی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو پێش قیامەت، وە مەسیحی كوڕی مەریەم، پێغەمبەری خوا، مردووە.”
لە هەمان گۆڤاردا نووسیویەتی: “لەم بارودۆخەدا، بەتایبەتی لەسەر گۆڤاری (إشاعة السنة) پێویستە بە قووڵی بچێتەناو ئەم ئاژاوەیەوە و سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوە و بەدرۆخستنەوەی سەرجەم بانگەشەكانی بێت، هەروەها هەموو بابەتەكانی پێشووی ڕەت بكاتەوە. دەبێت بیروباوەڕە پووچەكانی هەڵوەشێنێتەوە و بیروباوەڕە ئیسلامیە ڕاستەقینەكان سەربخات، هەوڵیش بدات بۆ پەرتەوازەكردنی كۆمەڵەكەی ئێستای، بۆ ئەوەی موسوڵمانان -بەتایبەتی ئەهلی فەرموودە كە گۆڤارەكە خزمەتیان دەكات- بپارێزێت لە چوونەناو ئەم كۆمەڵەوە.”
هەروەها نووسیویەتی: “ئەگەر لە پیاهەڵدانەكەی گۆڤاری (إشاعة السنة) بۆ کتێبی (البراهین الأحمدیة)، نووسەرەكەی بە شێوەیەكی گریمانەیی وەك وەلی و ئیلهامبۆكراو وەسف نەكرایە؛ ئەوا بەگوێرەی ئەو ئیلهامانەی تێیدا باسی كردوون، لای سەرجەم موسوڵمانان ڕاستگۆیی خۆی لەدەست دەدا… بێگومان تەنها پیاهەڵدانی (إشاعة السنة) بوو كە لە زەینی ئەهلی فەرموودە و خوێنەرانی گۆڤارەكەدا ئەو بیرۆکەیەی چەسپاند کە ئەو وەلی و ئیلهامبۆکراوە و وەك یارمەتیدەرێكی ئیسلام پیشانی دا. بۆیە قەرزێكە لە ئەستۆی گۆڤارەكەدا كە دەبێت بیداتەوە، بەجۆرێك پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی بانگەشە نوێیەكانی بیدات بە زەویدا، وەك چۆن پێشتر بەهۆی بانگەشە كۆنەكانیەوە بەرزی كردەوە بۆ ئاسمان. پێویستە ئەو هەڵەیەی ڕوویداوە قەرەبوو بكرێتەوە، ئەگینا تووشی ڕەخنە و لۆمەی زیاتر دەبێت.” (إشاعة السنة؛ ج13، ژمارە1، ل3-4)
هەڵبەت مەولەوی عەبدولڕەحمانی سۆفیی سافی -وەك مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی نووسیویەتی- هەندێ ئیلهامی دژی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و كۆمەڵەكەی گێڕاوەتەوە و پێی گوتم: “نوێژی ئیستیخارەم كرد بۆ ئەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو خەڵكەدا جێگیر و دامەزراو بیت و ئەم ئیلهامەم پێگەیشت: “بۆ هەموو فیرعەونێك مووسایەك هەیە”. بۆیە لە دژایەتیكردنیاندا ئامادە و دامەزراو بە، منیش دوعات بۆ دەكەم كە خوای گەورە سەرت بخات و جێگیرت بكات.” (سەرچاوەی پێشوو، لا٢٥، پەراوێز).
وەك لە خوێندنەوەی بەرگی 13ی (إشاعة السنة)دا دەردەكەوێت، سەرەتا مشتومڕێك لە نێوان مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی و گەورەمان حەكیم نوورەددین (رضي الله عنه) دروست بوو سەبارەت بە ناوەڕۆكی هەردوو كتێبی (سەركەوتنی ئیسلام) و (ڕوونكردنەوەی مەبەست). پاشان لە ساڵی ١٨٩١ز، كاتێك ئیمامی مەهدی (عليه السلام) لە لودهیانە نیشتەجێ بوو و خەریكی نووسینی كتێبی (لابردنی وەهمەکان) بوو، ئاڵوگۆڕی نامە دەستی پێكرد بۆ ڕێكخستنی دیبەیتی بەڕێزی (عليه السلام). لە هەمان كاتدا، زانایانی تریش لە ڕێگەی نووسین و وتارەكانیانەوە ژەهریان دەڕشت و چەندین كتێبی پڕ لە سووكایەتییان دژی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بڵاوكردەوە، وەك (شهاب ثاقب علی مسیح كاذب) و (المسیح الكاذب للقرن الرابع عشر) و چەندانی تر. بەتایبەتی لە شاری لودهیانە، هەرایەكی گەورەی دژایەتی بەرپا بوو؛ وە لە گەڕەكە جیاوازەكاندا وتار دژی بەڕێزی (عليه السلام) دەدرا و هەوڵێكی زۆر دەدرا بۆ چەسپاندنی ئەو بیرۆكەیەی كە گوایە عیسا (عليه السلام) بە زیندوویی لە ئاسماندایە. وە بە ئاشكرا فەتوای تەكفیر بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و شوێنكەوتووانی دەركرا، بەهۆی بانگەشەكانی بەڕێزی (عليه السلام) و بڕوابوونیان بە مردنی عیسا (عليه السلام). مەولەوی موحەممەد حوسێنیش ڕاپرسیەكی ئامادە كرد و تێیدا کۆمەڵێك دەستەواژەی ئەو سێ كتێبەی بە دابڕان لە سیاقەکانیان و بە دەستكاریكراوی گواستبووەوە، دواتریش لە مانگی ئابی ساڵی ١٨٩١ز گەشتێكی دوورودرێژی كرد و فەتوای لە پیاوانی ئایینی و زانایانی هیندستان و پەنجابەوە كۆكردەوە. ئەگەر سەیرێكی ئەو فەتوایانە بكەن؛ ئەوا دەبینین چ جۆرە وشەیەكی تەكفیر و بە فاسقدانان بە زمانەكانی عەرەبی و ئوردوو دژی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەكارهاتوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئامۆژگاری ئەو كەسانەی دەكرد كە دەهاتنە ناو بازنەی بەیعەتەكەیەوە و دەیفەرموو:
“ئەی خۆشەویستانم.. ئەی ئەوانەی هاتوونەتە ناو بەیعەتەكەمەوە، خوای گەورە یارمەتی ئێمە و ئێوەش بدات بۆ ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە خۆی پێی خۆشە و پێی ڕازیە. ئێوە ئەمڕۆ ژمارەتان كەمە، بۆیە بە چاوێكی كەمەوە سەیر دەكرێن و بەگوێرەی سوننەتی پێشینان بە قۆناغی تاقیكردنەوەدا تێدەپەڕن. لە هەموو لایەكەوە هەوڵ دەدرێت پێتان بخلیسکێت و بە هەموو شێوازێك کە بگونجێت ئازار دەدرێن، وە بەدڵنیاییەوە ناچار دەبن گوێبیستی قسەی جۆراوجۆر ببن. ئەوەی بە دەست و زمان ئازارتان دەدات وادەزانێت بەم كارە ئیسلام سەردەخات! هەروەها تاڕادەیەك تووشی تاقیكردنەوەی ئاسمانیش دەبن بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەكەوە تاقی بكرێنەوە. بۆیە ئێستا لە منەوە ببیستن کە ڕێگەی سەركەوتن و زاڵبوونتان ئەوە نیە پەنا ببەنە بەر لۆژیكی وشكی خۆتان، یان بە گاڵتەپێكردن وەڵامی گاڵتە بدەنەوە، یان لە بەرامبەر جنێودا ئێوەیش جنێو بدەنەوە؛ چونكە ئەگەر ئێوەیش هەمان ڕێچكەتان گرتەبەر؛ ئەوا دڵتان ڕەق دەبێت و جگە لە قسەی پڕوپووچ -كە خوا لێی تووڕەیە و بە ڕقەوە لێی دەڕوانێت- هیچی ترتان لە دەستدا نامێنێت. كەواتە دوو نەفرەت لەسەر خۆتان كۆمەكەنەوە: نەفرەتی خەڵك و نەفرەتی خوا… بێگومان خوای گەورە گەنجینەیەكی مەزنە، بۆیە ئامادە بن بەرگەی سەختیەكان بگرن تا ئەو گەنجینەیە بەدەست بهێنن. دیارە ئەمە ئامانجێكی گەورەیە و شایەنی ئەوەیە لەپێناویدا ژیانی خۆتان بكەنە قوربانی.” (إزالة الأوهام؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، ل 546-549)
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) لە کتێبی (لابردنی وەهمەكان)دا، وەڵامی سەرجەم ئەو ڕەخنە و پرسیارانەی داوەتەوە كە لە دیبەیت و وتار و كتێبەكاندا دەربارەی بانگەشەكەی ورووژێنرابوون. سەبارەت بە فەتواكانی تەكفیرکردن فەرموویەتی:
“بێگومان ئاسوودەیی ژیانی ڕۆژانەم لەوەدایە كە بەردەوام سەرقاڵی ئەم كارە بم؛ تەنانەت ناتوانم بژیم ئەگەر شكۆی خوا (سبحانه وتعالى) و شكۆی پێغەمبەرەكەی و پەیامەكەی دەرنەخەم. من لە تەكفیری كەس ناترسم و هەرگیز گوێیشی پێ نادەم، تەنها ئەوەم بەسە كە ئەو زاتەی ڕەوانەی كردووم لێم ڕازی بێت. خۆشی و ئارامی من لەوەدایە، ئەو ڕاستیە بە هەموو خەڵكی بگەیەنم کە خوای گەورە بۆی ئاشكرا كردووم. ئەركی سەرشانمە ئەوەی پێم بەخشراوە بیبەخشم بە كەسانی تریش، وە هەموو ئەوانەی لە ئەزەلەوە بۆ ئەم ڕێگەیە بانگكراون، بەشدار بکەم لە بەخشندەیی و میهرەبانی خوادا. وە بەتەواوەتی ئامادەم بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە و قوربانیدان بە گیانم لەم پێناوەدا… بەفەزڵی خوای گەورە دڵم ئۆقرەی گرتووە و هیوام بەوە هەیە کە دوعاكانم بێ وەڵام ناهێڵێتەوە و سەرجەم مەبەست و ئامانجەكانم دێنێتەدی. وە ئێستایش ناوی ئەو دڵسۆزانە تۆمار دەكەم كە بەپێی توانای خۆیان لە ئەركە ئایینییەكانمدا هاوكارییان كردووم، یان چاوەڕوان دەكرێت هاوكاریم بكەن، یان دەبینم هەر كاتێك هەلومەرجیان بۆ بڕەخسێت، ئامادەی ئەو كارەن.” (سەرچاوەی پێشوو، ل 519-520)
لە كتێبی (فتوى علماء البنجاب والهند) كە لە ساڵی ١٨٩١ز دا بڵاوكراوەتەوە، هاتووە كە یەكێك لە هۆكارەكانی تەکفیری بەڕێزی (عليه السلام) ئەوە بووە كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە. لەگەڵ ئەمەدا زۆر بە ڕاشكاوی ئاماژە بەوە دراوە كە عیسا (عليه السلام) لە كاتی دابەزینی لە ئاسمانەوە وەك پێغەمبەر دادەبەزێت. هەر لە هەمان فەتوادا، فەرموودەیەك لە (سونەنی ئەبو داوود)ەوە گواستراوەتەوە كە دەفەرموێت: “لَيْسَ بَيْنِي وَبَيْنَهُ نَبِيٌّ” واتە: (لە نێوان من و ئەودا (واتە عیسا) هیچ پێغەمبەرێك نیە)، پاشان نووسیویانە: “لەمەوە زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێت كە مەسیحی داهاتوو پێغەمبەرە، نەك ئەوەی كەسێك بێت تەنها بە ناو مەسیح بێت یان هاوشێوەی مەسیح بێت.” (إشاعة السنة؛ ج13، ژمارە 6، لا165)
هەروەها نووسراوە: “بە هەمان شێوە لە فەرموودەكاندا هیچ لێدوانێك نیە كە بڵێت مەسیحی داهاتوو تەنها تاكێكی موسوڵمانی ناو ئوممەتە و پێغەمبەر نیە.” (إشاعة السنة؛ ج13، ژمارە 1، لا167)
كەواتە بەگوێرەی بیروباوەڕی ئەوان، ئەمە بەو مانایە دێت كە دەكرێت دوای پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرێكی سەربەخۆ بێت، بەڵام ئەستەمە كەسێك لە ئوممەتەكەی خۆی بتوانێت پلەوپایەی پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت! ئەوەتا لە هەمان فەتوادا هاتووە:
“بێگومان دەقە ئاماژەپێكراوەكان بەوپەڕی ڕوونیەوە جەخت لەوە دەكەنەوە کە هەر كەسێك دوای پێغەمبەر (ﷺ) بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات -تەنانەت ئەگەر بانگەشەی “موحەددەس”یش بكات- ئەوا دەججال و درۆزنە… جا لەبەر ئەوەی ئەو كەسە پێغەمبەرایەتی تەواوەتی و تەشریعی بە پچڕاو داناوە، لە هەمان كاتیشدا پێغەمبەرایەتی جوزئی و ناتەشریعی بۆ خۆی بە ڕەوا زانیوە كە لە هەمان جۆرە؛ ئیتر چ گومانێك لەوەدا دەمێنێتەوە كە ئەم كەسە دەججال و درۆزنە؟” (إشاعة السنة؛ ج13، ژمارە6، لا180)
پاشان دەڵێت: “بێگومان بانگەشەی قادیانی بەوەی كە “موحەددەس”ە… و كردنەوەی دەرگای پێغەمبەرایەتی جوزئی بۆ خۆی، بەدڵنیاییەوە بریتیە لە نكۆڵیكردن لەو دەقانەی قورئان و فەرموودە كە بڕیاریان داوە بە ڕەهایی پێغەمبەرایەتی كۆتایی هاتووە. هەڵبەت ئایەتی ﴿وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ﴾ بە شێوەیەكی ڕەها و گشتی مۆری كۆتایی داوە لە پێغەمبەرایەتی، وە زۆر بە ڕوونی دەفەرموێت كە پاش پێغەمبەر (ﷺ) هەرگیز كەسێك نایەت كە بتوانرێت نازناوی پێغەمبەری لێ بنرێت.” (سەرچاوەی پێشوو، لا١٧١)
كەواتە لەلایەكەوە، لەو سەردەمەدا زانایان باوەڕیان وابوو كە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) پاش پێغەمبەر (ﷺ) دێت بەو سیفەتەی كە پێغەمبەرە و نازناوی پێغەمبەریشی لێ دەنرێت. لەلایەكی تریشەوە، پێیان وابوو كە ئەو پێغەمبەرایەتیەی لە چرای پێغەمبەرایەتی موحەممەدیەوە ڕۆشنایی وەرگرتووە، كوفر و گومڕاییە.
دەقەكان لە کتێبی “لابردنی وەهمەكان”دا
هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە چەندین شوێنی هەردوو کتێبی “ڕوونكردنەوەی مەبەست” و “لابردنی وەهمەكان” دا سەبارەت بە پرسی پێغەمبەرایەتی قسەی كردووە، بۆ نموونە دەفەرموێت (كە ئەمە ماناكەیەتی):
١) “بێگومان دابەزینی عیسا (عليه السلام) وەك پێغەمبەرێك، پێچەوانەی خەتمی پێغەمبەرایەتیە.” (إزالة الأوهام؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٣، لا ٢٤٩)
٢) “چۆن دەكرێت پاش خاتەمی پێغەمبەران، پێغەمبەرێك بێت کە پێغەمبەرایەتیەكەی تەواو و بێكەموكوڕی بێت، وە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتیی تەواوەتی تێیدا بەرجەستە بێت؟” (سەرچاوەی پێشوو، لا ٣٨٧)
٣) “ئەوەش ڕاستە كە پێغەمبەری داهاتوو وەك پێغەمبەر باسكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك تاكێك لە تاكەكانی ئوممەت ناوی هاتووە… كەواتە لە هەموو ئەم بەڵگانەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەو كەسە هەرگیز بە شێوەیەكی ڕاستەقینە خاوەنی سیفەتی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی نابێت، بەڵكو خاوەنی سیفەتی پێغەمبەرایەتی ناتەواو دەبێت كە بە دەستەواژەیەكی تر پێی دەوترێت “موحەددەسییەت” (المُحَدَّثية)، وە حاڵەتێك لە حاڵەتەكانی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی تێیدا بەرجەستە دەبێت. كەواتە، لەوەدا كە بە تاكێكی ئوممەت و بە پێغەمبەریش ناودەبرێت، ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی كە ئەو كەسە هەردوو سیفەتەكەی هەیە؛ واتە هەم تاكێك دەبێت لە ئوممەت و هەم پێغەمبەریش دەبێت، وەك چۆن كەسێك “موحەددەس” بێت پێویستە هەردوو سیفەتەكەی تێدا بێت. بەڵام خاوەنی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی، تەنها یەك سیفەتی هەیە كە ئەویش سیفەتی پێغەمبەرایەتیە. پوختەی قسە ئەوەیە كە “موحەددەسیەت” بە دوو ڕەنگ ڕەنگدەكرێت، بۆیە خوای گەورە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا هەم بە تاكێكی ئوممەت و هەم بە پێغەمبەریش ناوی بردووم.” (سەرچاوەی پێشوو، لا ٣٨٦)
٤) “هەڵبەت خوا (سبحانه وتعالى) بەڵێنی داوە كە دوای پێغەمبەر (ﷺ) هیچ پێغەمبەرێكی تر ڕەوانە نەكات.” (سەرچاوەی پێشوو، لا ٤١٦)
٥) هەروەها لە باسكردنی ئایەتی “خاتم النبیین”دا بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “بێگومان ئەم ئایەتە بە ڕوونی ئەو مانایە دەگەیەنێت كە لە دنیادا پاش پێغەمبەرە بەخشندەكەمان (ﷺ)، هەرگیز هیچ پێغەمبەرێكی تر نایەت.” (سەرچاوەی پێشوو، لا ٤٣١)
٦) “قورئانی پیرۆز ڕێگە بە هاتنی هیچ پێغەمبەرێك نادات پاش خاتەمی پێغەمبەران، چ پێغەمبەرێكی كۆن بێت یان نوێ؛ چونكە پێغەمبەر لەڕێگەی جیبریلەوە زانستی ئایین وەردەگرێت، لە كاتێكدا دەرگای دابەزینی جیبریل بە وەحی پێغەمبەرایەتیەوە داخراوە.” (سەرچاوەی پێشوو، لا ٥١١)
٧) “پرسیار: لە کتێبی “سەرکەوتنی ئیسلام”دا هاتووە كە تۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەیت.
وەڵام: من بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم نەكردووە، بەڵكو بە فەرمانی خوای گەورە بانگەشەی “موحەددەسییەت”م كردووە؛ گومانیش لەوەدا نیە كە ‘موحەددەسییەت’ لقێكی بەهێزە لە لقەكانی پێغەمبەرایەتی. هەروەك ئاشكرایە كە خەونی ڕاست و دروست چل و شەشهەمین بەشە لە بەشەکانی پێغەمبەرایەتی، لە قورئانیشدا موحەددەسییەت شانبەشانی پێغەمبەرایەتی و نێردراوی باسكراوە.” (سەرچاوەی پێشوو، لا ٣٢٠-٣٢١)
٨) “جیاوازیەك هەیە لە نێوان چەمكی پێغەمبەر و چەمكی تاكێك لە ئوممەت. هەروەها ئەو ڕاستیەی كە پێغەمبەرمان (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، ڕێگریی دەكات لە هاتنی هەر پێغەمبەرێكی تر.” (سەرچاوەی پێشوو، لا ٤١٠)
بەهەمان شێوە، لەو ئاگاداری و كتێبانەی بەڕێزیدا (عليه السلام) كە پێش ساڵی ١٩٠١ز بڵاوكراونەتەوە، چەندین وتە هەن كە تێیاندا نكۆڵی لە پێغەمبەرایەتی كردووە و ناوی ناوە “موحەددەسییەت”. بۆ نموونە لە كتێبی “القرار السماوي” (بڕیاری ئاسمانی)دا كە لە ساڵی ١٨٩٢ز بڵاوكراوەتەوە، هاتووە:
“من بانگەشەی پێغەمبەرایەتی ناكەم و كەسێكیش كە بانگەشەیەكی لەو شێوەیە بكات، پێم وایە لە بازنەی ئیسلام دەرچووە.” (الخزائن الروحانیة، بەرگی ٤، لا ٣١٣)
هەروەها لە ڕاگەیاندنێكدا كە لە ساڵی ١٨٩٧ز (٣٠ی شەعبانی ساڵی ١٣١٤ك) بڵاویكردووەتەوە، بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“نەفرەت دەكەم لە بانگەشەکاری پێغەمبەرایەتی.” (مجموعة الإعلانات، بەرگی ٢، لا ٢ / چاپی ٢٠٠٨ز)
بەڵام لەو كتێبانەیدا كە لە دوای ساڵی ١٩٠١ی زایینیەوە دایناون، بەوپەڕی ڕاشكاویەوە خۆی بە پێغەمبەر و نێردراو ناوبردووە و ئەمەی بە “موحەددەسییەت” یان پێغەمبەرایەتی جوزئی دانەناوە.
١) مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەبارەت بە ئایەتی ﴿وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا﴾ دەفەرموێت: “لێرەشدا ئاماژە کراوە بۆ سەرهەڵدانی پێغەمبەرێك لە سەردەمی كۆتاییدا، كە ئەویش مەسیحی بەڵێندراوە.” (تتمة حقيقة الوحي؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢٢، لا ٤٩٩)
٢) لە باسكردنی هەمان ئایەتدا دەفەرموێت: “ئیتر بۆچی لەلایەكەوە تاعوون وڵات دروێنە دەكات و لەلایەكی تریشەوە بوومەلەرزەی تۆقێنەر وازی لێ ناهێنێت؟ کەواتە ئەی بێئاگاكان بیر بكەنەوە؛ ڕەنگە پێغەمبەرێك لەلایەن خواوە بۆ ناوتان ڕەوانە كرابێت و ئێوە بە درۆتان زانیبێت.” (التجليات الإلهية؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢٠، لا ٤٠١)
٣) پاشان لە تەفسیری ئایەتی ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡۚ﴾دا دەفەرموێت: “بە هەرحاڵ، بێگومان ئەم ئایەتە پێشبینیەكە بۆ دەركەوتنی پێغەمبەرێك لە سەردەمی كۆتاییدا؛ ئەگینا هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی پاش پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەدایك دەبن و نەیانبینیوە، بە هاوەڵی ئەو (ﷺ) ناوببرێن. لەم ئایەتەدا کە ئێستا ئاماژەی پێدرا، خوای گەورە نەیفەرمووە: (وآخرین من الأمة)، بەڵكو دەفەرموێت: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾، هەموو كەسێكیش دەزانێت كە جێناوی “منهم” بۆ هاوەڵەکانی پێغەمبەر (رضي الله عنهم) دەگەڕێتەوە. لەبەرئەوە وشەی “منهم” تەنها بەسەر ئەو كەسانەدا پیادە دەبێت كە پێغەمبەرێكیان لەناودایە و دەركەوتەیەكە بۆ پێغەمبەر (ﷺ).” (تتمة حقيقة الوحي؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢٢، ل ٥٠٢)
٤) هەروەها دەفەرموێت: “خوای ڕاستەقینە ئەو زاتەیە كە پێغەمبەری خۆی لە “قادیان” ڕەوانە كرد.” (دفع البلاء؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ١٨، لا ٢٣١)
٥) هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “پێم ڕاگەیەنراوە کە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا هەواڵ دەربارەی من هاتووە، وە منیش سەلمێنەری ڕاستی ئەم ئایەتەم کە دەفەرموێت: ﴿هُوَ ٱلَّذِيٓ أَرۡسَلَ رَسُولَهُۥ بِٱلۡهُدَىٰ وَدِينِ ٱلۡحَقِّ لِيُظۡهِرَهُۥ عَلَى ٱلدِّينِ كُلِّهِۦ﴾.” (إعجاز أحمدي؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ١٩، لا ١١٣)
٦) لە ڕێكەوتی ١ی ئایاری ساڵی ١٩٠٨ز پرسیاری كرا لە بەڕێزی (عليه السلام): مانای “خاتم النبیین” چیە؟ ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی: “ماناكەی ئەوەیە كە پاش پێغەمبەر (ﷺ) هەرگیز پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نایەت، هەروەها مەحاڵە پێغەمبەرێك بێت كە خەتمی پێغەمبەری (ﷺ) پێوە نەبێت.” (ڕۆژنامەی “الحكم”؛ ١٠ی ئایار/مایۆی ١٩٠٨ز، لا ٤، ستوونی ٣)
٧) “جگە لە پێغەمبەر (ﷺ)، هیچ پێغەمبەرێكی تر خاوەنی خەتم نیە. ئەو تەنها كەسێكە كە دەتوانێت بە فەزڵی خەتمەکەی پێغەمبەرایەتی ببەخشێت و مەرجیش بۆ وەرگرتنی ئەو پێغەمبەرایەتیە ئەوەیە كە كەسەكە لە ئوممەتەكەی ئەو (ﷺ) بێت.” (حقيقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢٢، لا ٣٠)
٨) لە تەفسیری ئایەتی ﴿وَنُفِخَ فِي ٱلصُّورِ﴾دا بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “لێرەدا مەبەست لە ﴿ٱلصُّورِ﴾ مەسیحی بەڵێندراوە؛ چونكە پێغەمبەرانی خوا کەڕەنای خوان.” (ينبوع المعرفة؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢٣، لا ٨٥)
٩) “هەروەها خوای گەورە و پێغەمبەرە بەخشندەكەی (ﷺ)، مەسیحی بەڵێندراویان بە پێغەمبەر و نێردراو ناوبردووە.” (نزول المسيح؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ١٨، لا ٤٢٦)
١٠) “من بانگەشەی ئەوە دەكەم كە نێردراو و پێغەمبەرم.” (ڕۆژنامەی “بدر”؛ ٥ی ئازار/مارسی ١٩٠٨ز، لا ٢، ستوونی ١)
١١) لە کۆتا وتاریدا كە لە ڕۆژنامەی “أخبار عام” لە ڕێككەوتی ٢٦ی ئایار/مایۆی ساڵی ١٩٠٨ز بڵاوكرایەوە، بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“بەگوێرەی فەرمانی خوا من پێغەمبەرم، ئەگەر نكۆڵیم لەمە بكردایە؛ ئەوا تاوانبار دەبووم. مادام خوای گەورە ناویناوم پێغەمبەر، ئیتر چۆن دەتوانم نكۆڵی لەمە بكەم؟ بۆیە هەتا ئەو كاتەی لەم دنیایە كۆچ دەكەم، لەسەر ئەم باوەڕە جێگیرم.”
١٢) “دەرگای سەرجەم پێغەمبەرایەتیەكان داخراوە جگە لە پێغەمبەرایەتی موحەممەدی؛ هیچ پێغەمبەرێك بە شەریعەتەوە نایەت، بەڵام دەكرێت پێغەمبەرێكی بێ شەریعەت بێت، بەو مەرجەی سەرەتا لەم ئوممەتە بێت.” (التجليات الإلهية؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢٠، لا ٤١٢)
١٣) “بێگومان ئەو كەسەی لە داهاتووشدا دێت (واتە عیسا) ناوی پێغەمبەری لێ دەنرێت سەرەڕای ئەوەی تاكێكە لەم ئوممەتە.” (البراهين الأحمدية، بەشی ٥؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢١، لا ٣٥٣)
١٤) “من پێغەمبەرم و لەم ئوممەتەیشم، بۆ ئەوەی ئەو پێشبینیەی گەورە و سەروەرمان (ﷺ) بێتەدی كە تێیدا فەرموویەتی: بێگومان مەسیحی داهاتوو هەم تاكێكە لەم ئوممەتە و هەم پێغەمبەریشە.” (کۆتا وتار کە بڵاوكراوەتەوە لە ڕۆژنامەی “أخبار عام”؛ ٢٦ی ئایار/مایۆی ١٩٠٨ز).
١٥) “بەڵام ئەم ئوممەتە بە بەرەكەتی شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ)، هەزاران ئەولیای تێدا هەڵكەوتووە، هەروەها ئەو كەسەیشی تێدا هەڵکەوتووە كە هەم لەم ئوممەتە بووە و هەم پێغەمبەریش بووە.” (حقيقة الوحي؛ الخزائن الروحانیة، بەرگی ٢٢، لا ٣٠، پەراوێز)
كەواتە لەم بڕگانەدا، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەواڵانەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون و بەپێی بەڵێنی خوای گەورە، ڕایگەیاندووە كە خۆی پێغەمبەر و نێردراوە. پێشتریش -لە بڕگەكانی 5 و 6 کە لە كتێبی “لابردنی وەهمەکان”ەوە وەرگیراون- فەرموویەتی كە خوای گەورە بەڵێنی داوە پاش پێغەمبەر (ﷺ) هەرگیز هیچ نێردراو یان پێغەمبەرێك نەیەت، چ كۆن بێت یان نوێ. لە ڕواڵەتدا وا دەردەكەوێت كە دژیەكی لە نێوان ئەم دوو جۆرە قسەیەدا هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ دژیەكیەك بوونی نیە؛ چونكە كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) خۆی بە پێغەمبەر دادەنێت -بە واتای “موحەددەسییەت”- ئەوا ئەم کارە دەکات لەسەر بنەمای پێناسەیەكی دیاریكراوی وشەی “پێغەمبەر” و “نێردراو” كە لەو سەردەمەدا لە ناو موسوڵماناندا باو بووە. هەر بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“لەبەر ئەوەی وشەی “پێغەمبەر” و “نێردراو” لە زاراوەی شەریعەتی ئیسلامیدا تەنها بەو كەسانە دەوترێت كە شەریعەتێكی تەواویان هێناوە، یان هەندێ لە حوكمەكانی شەریعەتی پێشوویان نەسخ كردووەتەوە، یاخود بە ئوممەتی هیچ پێغەمبەرێكی پێش خۆیان ئەژمار ناكرێن و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خواوە هەیە بەبێ ئەوەی بەرەكەت لە پێغەمبەرێكی ترەوە وەربگرن، بۆیە پێویستە وریابن و ئەم پێناسەیە بەسەر مندا پیادە نەكەن.” (ڕۆژنامەی “الحكم”، بەرگی 3، ژمارە 29، لاپەڕە 6، ستوونی 2 – ژمارەی 17ی ئابی 1899ز).
ئەمەیە ئەو چەمكەی كە بەڕێزی (عليه السلام) بە “پێغەمبەرایەتی تەواو” یان “پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ” ناوی دەبرد. وە لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی ئەم پێناسەیەوە بەڕێزیان نە پێغەمبەر بووە و نە نێردراو، بۆیە هەستاوە بە تەئویلی مانای وشەی “النبي” و خۆی بە “موحەددەس” داناوە. پاشان كاتێك لە ئیلهامەكاندا زۆرجار بە “نێردراو” و “پێغەمبەر” (الرسول والنبي) ناوی دەبرا، وە ئیلهامە یەك لەدوای یەكەكان سەرنجیان بۆ مانای ڕاستەقینەی پێغەمبەر ڕاكێشا، ئەوسا بۆی ڕوون بوویەوە كە ئەو مەرجانەی لە پێناسەی پێشوودا باس كران، مەرجی حەتمی و سەد لەسەد نین بۆ ئەوەی كەسێك ببێت بە پێغەمبەر. بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“بە باشی سەرنج نەدراوە لە مانای ڕاستەقینەی “پێغەمبەر”. بێگومان مەبەست لە پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە لەلایەن خواوە بە وەحی هەواڵەكانی پێ دەگات، وە شکۆدار دەبێت بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی؛ بۆ ئەمەش پێویست ناكات شەریعەتێكی نوێ بهێنێت، هەروەها پێویستیش ناکات شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نەبێت. بۆیە هیچ ڕێگرییەك نیە تاكێك لە ئوممەت لەسەر ئەم بنەمایە بە پێغەمبەر دابنرێت.” (البراهين الأحمدية، بەرگی 5؛ الخزائن الروحانية: بەرگی 21، لاپەڕە 306)
“بێگومان خوای گەورە زۆریی قسەكردن و ئاخاوتنی خوایی ناوناوە پێغەمبەرایەتی، واتە ئەو ئاخاوتنانەی كە ڕێژەیەکی زۆر هەواڵی غەیبی لەخۆدەگرن.” (ينبوع المعرفة؛ الخزائن الروحانية: بەرگی 23، لاپەڕە 341).
لەبەر ئەوەی سەرجەم ئەم مەرجانە بە تەواوەتی لە كەسایەتی بەڕێزیدا (عليه السلام) هاتوونەتەدی، بۆیە بڕیاری دا -بەهۆی تێگەیاندنی خواییەوە- وشەی “پێغەمبەر” و “نێردراو” بۆ خۆی بەكاربهێنێت، لە جیاتی ئەوەی لە وشەی “النبي” مانای “موحەددەس” وەربگرێت. هەر بۆیە ڕایگەیاند:
“ئەگەر ئەو كەسەی كە لەلایەن خوای گەورەوە هەواڵی غەیبی پێ دەگات پێی نەوترێت پێغەمبەر؛ ئەوا پێم بڵێن پێی دەوترێت چی و ناوی چیە؟ خۆ ئەگەر بڵێن پێویستە پێی بوترێت “موحەددەس”؛ ئەوا منیش دەڵێم: لە هیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە كە مانای “التحديث” بریتیە لە ئاگاداركردنەوە لە هەواڵە غەیبیەكان بەڕێژەیەکی زۆر.” (إزالة خطأ؛ الخزائن الروحانية، بەرگی 18، لاپەڕە 209).
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نیعمەتی پێغەمبەرایەتی و ئەم پلە ڕۆحانیەی بەدەست هێنا تەنها لەبەر ئەوەی تاكێك بوو لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) و بە تەواوەتی شوێنكەوتەی ئەو (ﷺ) بوو، هەر بۆیە بە پێغەمبەرێك لە ئوممەتەكەی موحەممەد (ﷺ) ناونراوە. ئەگەر بە قووڵی سەرنج لە بابەتەكە بدەین؛ ئەوا دەبینین هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە مەسیحی بەڵێندراو ئەم بانگەشەیەی كردووە؛ بۆ نموونە لە كتێبی “لابردنی وەهمەکان”دا فەرموویەتی: “ئەوەش ڕاستە كە پێغەمبەری داهاتوو وەك پێغەمبەر باسكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك تاكێك لە تاكەكانی ئوممەت ناوی هاتووە… بۆیە خوای گەورە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا هەم بە تاكێكی ئوممەت و هەم بە پێغەمبەریش ناوی بردووم.” (إزالة الأوهام؛ الخزائن الروحانية، بەرگی 3، لاپەڕە 386).
كاتێكیش فەرموویەتی: “جیاوازی هەیە لە نێوان چەمكی پێغەمبەر و چەمكی تاكێك لە ئوممەت”، بابەتەكە زیاتر ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێت: “هەڵبەت ئەستەمە خاوەنی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی تاكێك بێت لە ئوممەت. بەگوێرەی دەقەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان، ئەو كەسەی بە مانای تەواوەتی پێی دەوترێت “پێغەمبەر” مەحاڵە بە تەواوەتی گوێڕایەڵی پێغەمبەرێكی تر بێت، یان ببێت بە تاكێك لە ئوممەتەكەی.” (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 407)
هەروەها كاتێك فەرمووی: “بێگومان ئەوەی کە پێغەمبەرمان (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، ڕێگری دەكات لە هاتنی هەر پێغەمبەرێكی تر”، بەم شێوەیە قسەكەی خۆی شی دەكاتەوە: “بەڵام ئەو پێغەمبەرەی ڕووناكی لە چرای پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) وەردەگرێت و پێغەمبەرایەتیەكەی تەواوەتی نیە -بەڵكو بە دەربڕینێكی تر پێی دەوترێت “موحەددەس”- ئەوا ئەم ڕێگریە نایگرێتەوە؛ چونكە ئەو لەناو سێبەری خاتەمی پێغەمبەراندایە بەهۆی شوێنكەوتن و فەنابوونی لە پێغەمبەردا (ﷺ)، وەك چۆن بەش دەچێتە ناو گشتەوە. بەڵام ئاشکرایە مەسیحی كوڕی مەریەم ئینجیلی بۆ دابەزیوە -ئەمەش دابەزینی جیبریل دەکاتە شتێکی پێویست-، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ناگونجێت ببێت بە تاكێك لە تاکەکانی ئەم ئوممەتە؛ چونكە دەبێت شوێن ئەو وەحیە بكەوێت كە ناوە ناوە بۆی دادەبەزێت، هەروەك چۆن شایستەی پێغەمبەرانە. جا ئەگەر شوێن ئەو وەحی و كتێبە نوێیە بكەوێت كە بۆی دادەبەزێت؛ ئەوا هەرگیز بە تاكێك لەم ئوممەتە ئەژمار ناكرێت.” (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 410-411)
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی خوای گەورە بەڵێنی داوە پاش پێغەمبەر (ﷺ) هەرگیز هیچ پێغەمبەرێكی تر ڕەوانە ناكات. ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە ئەگەر دان بە دابەزینی مەسیحی كوڕی مەریەمدا بنێین؛ ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی نەسخی قورئان، بۆیە فەرموویەتی:
“بەڵام خوای گەورە هەرگیز ڕێگە بە سووكی و ڕیسوایی ئەم ئوممەتە نادات، وە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات سووكایەتی بە پێغەمبەرە خۆشەویستەكەی خۆی (واتە خاتەمی پێغەمبەران) بكرێت لە ڕێگەی ناردنی پێغەمبەرێك كە ناچار بێت جیبریلی لەگەڵدا بنێرێت بۆ ئەوەی ئیسلام بە تەواوەتی ڕیشەكێش بكات، لە كاتێكدا بەڵێنی داوە پاش پێغەمبەر (ﷺ) هیچ پێغەمبەرێك ڕەوانە نەكات.” (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 416)
بێگومان لە هەمان كتێبدا و پاش چەند لاپەڕەیەك، هەمان بابەتی زیاتر ڕوون كردووەتەوە. لە ڕێگەی ئەو قسەیەی خۆیشیەوە كە لە كتێبی “إزالة خطأ”دا فەرموویەتی، گونجان لەنێوان هەردوو جۆرە دەقەكەدا دروست دەبێت، بەجۆرێك دەفەرموێت:
“لە هەر شوێنێكدا نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتیی خۆم، مەبەستم ئەوە بووە كە من هەڵگری شەریعەتێكی سەربەخۆ نیم و پێغەمبەرێكی سەربەخۆیش نیم. بەڵام، لەبەر ئەوەی بەهۆی پێغەمبەرە ڕابەرەكەمەوە (ﷺ) و بە وەرگرتنی بەرەكەتە ناوەكیەكەی ئەو، زانستی غەیبم لەلایەن خوای گەورەوە پێ گەیشتووە، وە ناوەكەیم بەدەستهێناوە، بۆیە من نێردراو و پێغەمبەرم، بەڵام بەبێ شەریعەتێكی نوێ. لەم ڕوانگەیەوە هەرگیز نكۆڵیم لە پێغەمبەربوونی خۆم نەكردووە، بەڵكو خوای گەورە بەم مانایە بە پێغەمبەر و نێردراو بانگی كردووم. بۆیە ئێستایش نكۆڵی لەوە ناكەم كە بەم مانایە پێغەمبەر و نێردراوم.” (إزالة خطأ؛ الخزائن الروحانية، بەرگی 18، لاپەڕە 210-211)
بە كورتی، بەڕێزی (عليه السلام) هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاندووە كە هەم تاكێكی ئەم ئوممەتەیە و هەم پێغەمبەریشە، بەڵام سەرەتا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو چەمكەی بۆ وشەكانی “النبي” و “الرسول” لە ناو موسوڵماناندا باو بوو، لە وشەی “النبي” مانای “موحەددەس”ی وەردەگرت. بەڵام كاتێك حەقیقەتی سەرجەم بەشەكانی پێغەمبەرایەتی ئاشكرا بوو بۆی، ئەوسا بەگوێرەی ویستی خوای گەورە، وشەی پێغەمبەر و نێردراوی بۆ خۆی بەكارهێنا، لەجیاتی ئەوەی مانای “موحەددەس” لە وشەی “النبي”ەوە وەربگرێت. بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“ئەمە چ نەفامی و لادانێكە لە حەق كە دەوترێت من بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم كردووە! ئەی كاڵفامەکان، مەبەست لە پێغەمبەرایەتیەكەم ئەوە نیە كە -پەنا بە خوا- لە بەرامبەر پێغەمبەردا (ﷺ) بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم كردبێت، یان بە شەریعەتێكی نوێوە هاتبم. بەڵكو مەبەست لە پێغەمبەرایەتیەكەم زۆریی قسەكردن و ئاخاوتنی خواییە كە لە سایەی شوێنكەوتنم بۆ پێغەمبەرمان (ﷺ) پێی شاد بووم، خۆ ئێوەش دان دەنێن بە ئەگەری قسەكردن و ئاخاوتنی خواییدا. كەواتە ناكۆكیەكە تەنها ناكۆكیە لە وشەدا؛ واتە ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن قسەكردن و ئاخاوتن، من -بە فەرمانی خوا- بە ڕێژە زۆرەكەی ئەو ئاخاوتنە دەڵێم پێغەمبەرایەتی، هەموو كەسێكیش مافی دانانی زاراوەی هەیە.
سوێند بەو خوایەی گیانی منی بەدەستە، ئەو زاتە خۆی ڕەوانەی كردووم و هەر خۆیشیەتی كە ناوی پێغەمبەری لێ ناوم.” (تتمة حقيقة الوحي؛ الخزائن الروحانية، بەرگی 22، لاپەڕە 503)
هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناوی “پێغەمبەر”ی بەدەست هێنا تەنها لەبەر ئەوەی تاكێك بوو لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) و لە بەرەكەتی شوێنكەوتنی تەواوەتی ئەوەوە (ﷺ) ئەم ناوەی پێ درا؛ ئەمەش بۆ ئەوەی دەربكەوێت كە پلەوپایەی پێغەمبەر (ﷺ) زۆر بەرزتر و باڵاترە لە پلەوپایەی سەرجەم پێغەمبەرەكانی تر.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بارەیەوە دەفەرموێت: “بێگومان ئەو پێغەمبەرانەی لە سەردەمەکانی ڕابردوودا پێغەمبەرایەتیان بەدەست هێناوە، بە ئوممەتی پێغەمبەری كۆچكردوو دانەنراون، ئەگەرچی سەرخەری ئایینەكەیشی بووبن و باوەڕیان بە ڕاستگۆییەكەی هەبووبێت. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) ئەم شكۆ تایبەتیەی پێ بەخشراوە كە “خاتەمی پێغەمبەران”ـە؛ واتە هەموو سیفەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی تێیدا گەیشتوونەتە چڵەپۆپە. دووەمیش، پاش ئەو (ﷺ) هەرگیز پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نایەت، وە هیچ پێغەمبەرێكیش لە دەرەوەی ئوممەتەكەی ئەو پەیدا نابێت. بەڵكو هەر كەسێك شکۆ و ڕێزی ئاخاوتنی خوایی بەدەست بهێنێت، تەنها لە ڕێگەی فەزڵ و بەرەكەتی ئەوەوە بەدەستی دەهێنێت؛ بۆیە پێی دەوترێت تاكێك لەم ئوممەتە، نەك پێغەمبەرێكی سەربەخۆ.” (پاشكۆی عين المعرفة؛ الخزائن الروحانية، بەرگی 23، لاپەڕە 380)
كەواتە ئەو کەسانەی باوەڕیان بە گەورە و سەروەرمان، موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) هەیە و دەزانن خاوەنی ئەم شكۆ و ڕێزەیە كە باس كرا، هەروەها بڕوایان بە پلەوپایە بەرزەكەی هەیە بە جۆرێك كە مرۆڤ دەتوانێت بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەوتنی تەواوەتی ئەوەوە (ﷺ) بەرزترین پلەی ڕۆحانی بەدەست بهێنێت تەنانەت پلەی پێغەمبەرایەتیش بەگوێرەی پێویست، ئەو کەسانەن كە لەم دنیایەدا سەربەرزی و شانازییان بۆ دەمێنێتەوە. اللهم صل علی محمد وعلی آل محمد وبارك وسلم.
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكريم وعلى عبده المسيح الموعود
خۆشحاڵین كە لەم بەرگی سێیەمەی زنجیرەی “الخزائن الروحانية” (گەنجینە ڕۆحانیەكان)دا، سێ كتێبی گرنگی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام) کە وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی پێشكەش بە برایانی کوردزمانمان دەكەین، ئەوانیش بریتین لە: “سەرکەوتنی ئیسلام”، “ڕوونکردنەوەی مەبەست”، و “لابردنی وەهمەکان”.
وەرگێڕان لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی تر كارێكی ئاسان نیە، بەتایبەت ئەگەر وتەكان هەڵقوڵاوی پێنووسێكی ڕەوان و پاراوی دانەرێك بن كە “سوڵتانی قەڵەم”ە. وە شتێکی پێویستە کە نووسراوەكانی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بگەن بە هەموو نەتەوەکان و لەناویشیاندا نەتەوەی کورد، وە لەبەر ئەوەی كتێب و نووسراوەكانی بەڕێزی (عليه السلام) بە زمانی ئوردوو و عەرەبیە، بۆیە كۆمەڵەكەمان هەوڵ دەدات وەریانبگێڕێت بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی؛ وە تا ئێستا -بە فەزڵی خوای گەورە- چەندین کتێبی وەرگێڕاوە و ئەم پرۆسەیەش لە كۆمەڵەكەماندا بەگەرموگوڕی و بێ وچان بەڕێوە دەچێت، وە داواکارین لە خوای گەورە کە لەم بوارەدا زیاتر یارمەتیمان بدات. ئامین.
پێویستە خوێنەرانی بەڕێز ئاگاداری ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
(١) هەندێك پەراوێز هەن كە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) خۆی دایناون، و بەگشتی لە كۆتاییەكەیاندا نووسیویەتی: (مِنه)، واتە: نووسەر.
(٢) هەروەها ژمارەیەك پەراوێزی ڕوونكردنەوەش لەلایەن وەرگێڕەوە هەن، كە بە هێڵی لار لە پەراوێزە ڕەسەنەكان جیاكراونەتەوە.
(٣) هەر شتێك بە هێڵی لار نووسرابێت، لە بنچینەی دەقەكە نیە، بەڵكو لەبەر پێویستی لەلایەن وەرگێڕەوە زیاد كراوە؛ وەك (وەرگێڕانی دێڕە شیعرەكان) بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت بابەتەكە لە بنەڕەتدا شیعرە نەك پەخشان، هەروەها وەرگێڕانی ئیلهامە ئوردووەكان بۆ کوردی تا خوێنەر بزانێت ئەوانە وەرگێڕدراون و دەقی ڕەسەن نین.
(٤) مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەو چاپانەی كتێبەكانی فەرموودە وەردەگرت كە لە هیندستاندا باو بوون، و هەندێك جار جیاوازییەكی كەم هەیە لەنێوان ئەوان و ئەوەی لە نوسخە باوەكانی كتێبەكانی فەرموودە لە وڵاتانی عەرەبیدا هەیە؛ بۆ نموونە: جارێك لەبری “لقد” نووسیویەتی “قد”، و لەبری “مِن أمتي” نووسیویەتی “في أمتي”.
هەندێك جاریش وشەیەك زیادە یان كەمە، ئێمەش دەقەكەمان وەك خۆی پاراستووە هەروەك چۆن بەڕێزی (عليه السلام) خۆی نووسیویەتی.
لە كۆتاییشدا سوپاسی هەموو ئەوكەسانە دەكەین كە بەشدارییان كردووە لە بەرهەمهێنان و دەركردنی ئەم بەرگەدا و خوای گەورە لە هەردوو دنیادا پاداشتی خێریان بداتەوە، ئامین.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە گەلی کورد سەركەوتوو بكات بۆ سوودوەرگرتن لەم گەنجینانە بە باشترین شێوە، و بیكاتە مایەی هیدایەتدانی زۆرێك لەوان، ئامین
بڵاوكار

وێنەی بەرگی چاپی یەکەمی ئەم کتێبە
وەرگێڕانی لاپهڕهی بهرگی چاپی یهكهم
وەرگێڕانی دوو دێڕه شیعری ئیلهامی له زمانی ئوردووەوە
بۆچی گومان دەکەن له باوهڕھێنان بهم مهسیحه، لەكاتێكدا خوا خۆی ڕایگهیاندووه کە هاوشێوەی مهسیحی یهكهمە، ئێوهش هەر بەو جۆرە بانگی پزیشكی كارامه دەکەن، تهنانهت كهسی جوانیش به مهسیح ناو دهبەن
سوپاس و ستایش بۆ خوا كه نوێكاری چهرخ و مهسیحی سهردهم میرزا غوڵام ئهحمهد، گەورەی قادیان، كتێبێكی نووسی بهناونیشانی:
بهشی یهكهم
وه مژدهیهكی خۆشە به جیلوهكردنی تایبهتی خوا و بانگهوازێکە بۆ شێوازەکانی شوێنكهوتن و پشتگیریكردنی، به فهرمان و ئیزنی خوا (عز وجل) له جهمادی یهكهمی ساڵی ١٣٠٨ی كۆچی بڵاوكرایهوه به مەبەستی هیدایهتدانی خەڵکی و ڕاگهیاندنی بانگهواز و بەجێگەیاندنی بەڵگە (إتمام الحجة).
بهسهرپهرشتی شێخ نوور ئهحمهد خاوهنی چاپخانهی “ریاض الهند” له ئهمریتسهر.
ڕاگهیاندن
700 نوسخه لهم كتێبه -سهركهوتنی ئیسلام- چاپكراوە، وە لهبهر ڕەزامەندی خوا 300 نوسخهی لێ تهرخانكرا بۆ بانگخوازانی موسوڵمان و خوێنهره ههژارەكان و زاناكانی ئایینی مهسیحی و هیندۆسی. بهڵام 400 نوسخهكهی تر، نرخی ههر نوسخهیهكی نیو ڕووپیهیه -سهرباری تێچووی پۆستە- بۆ ئهو کەسانهی دهتوانن نرخهكه بدهن و توانای کڕینی کتێبەکەیان هەیە. وه هەریەكێك لهوانهی كه مافی خۆیانه به خۆڕایی دهستیان بكهوێت؛ واته گرووپی بانگخوازەکان یان ههژارهكان یان كهسانی تر، پێویسته پوولێكی پۆستە بنێرێت كه نرخهكهی دوو ملیم بێت بۆ ئەوەی كتێبهكهی بۆ ڕهوانه بكرێت.
ڕاگهیهنهر
بهندهی خۆبهكهمزان، میرزا غوڵام ئهحمهد خوا لێی خۆش بێت، له قادیان
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي
مژدهدان به سهركهوتنی ئیسلام و جیلوهكردنی تایبهتی خوا و بانگهوازكردن بۆ ڕێگاكانی شوێنكهوتنی و شێوازەكانی پشتگیریكردنی
رب انفخ روح بركة في كلامي هذا واجعل أفئدة من الناس تهوي إلیه “پەروەردگارا ڕۆحی بەرەكەت بکە بە بەری ئەم وتەیەمدا و كارێك بكە دڵی خەڵكی بەخێرایی ڕابکێشرێت بۆ لای”.
خوێنهرانی بهڕێز، خوا له كاروبارەكانی دنیا و ئاییندا چاودێریتان بكات و بتانپارێزێت، ئهمڕۆ پاش ماوهیهكی زۆر ویستم سهرنجتان ڕابكێشم بۆ بابهتێكی گرنگ؛ ئەویش بریتیە لەو ئهركه خواییهی كه خوای گهوره پێی سپاردووم بۆ سهرخستنی ئیسلام. لهڕێگهی ئهم وتارهوه دهمهوێت به ئهندازهی ئهو توانایهی خوای گهوره پێی بهخشیوم بۆ دەربڕین و ئاخاوتن، گەورەیی ئەم کۆمەڵە و پێویستی پشتیوانی كردن لهم ئهركه ڕوون بكهمهوه بۆتان، بۆ ئهوهی ئهو مافهی تهبلیغ جێبەجێ بکەم كه لەسەر شانمە.
له ڕوونكردنەوەی ئەم بابهتهدا گوێ نادەم بەوەی كه چهنده كاریگهری ههیه لهسهر دڵهكان، بهڵكو ئامانجم تەنها بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکەیە کە لەسەرم پێویستە، وە گەیاندنی ئەو پەیامەیە -وهكو پێویست- کە ڕاسپێردراوم بیگەیەنم وەك چۆن پێویستە قەرز بدرێتەوە، چ ئەوەی خهڵكی به ڕهزامهندیهوه گوێی بۆ شل بكهن یان بهچاوی ڕقهوه بۆی بڕوانن، وە چ ئەوەی گومانی باشم پێ ببهن یان گومانی خراپ. كاروباری خۆم بهخوا دهسپێرم، خوا بینایه به بهندهكان.
له خوارەوە بابەتێك دهنووسم کە پێشتر بهڵێنم پێ دابوو:
ئهی ئهو كهسانهی بهشوێن ڕاستیدا دهگهڕێن و بهڕاستی ئیسلامتان خۆش دهوێت، ئاشكرایه لاتان ئهم سهردهمه كه ئێمهی تێدا دهژین سهردهمێكی تاریكه و فهسادێكی گهوره له هەموو بابهته ئیمانی و كردهییهكاندا وهكو یهك تێیدا ڕوویداوە، وه گهردهلوولی سەختی گومڕایی لهههموو شوێنێكهوه ههڵیكردووه. وه ئهوهی ناوی ئیمان و باوهڕه چهند وشهیهك جێگای گرتووهتهوه كه تهنھا به زمان دەگوترێن. وه ئهو كردهوانهی کە پێیان دهوترێت كردهوەی چاك، ڕێژەیەکی کەم لە دابونهریت و زیادهڕهوی و كاری ڕووپایی (ڕیا) جێگەی گرتوونەتەوە و چاكهی ڕاستهقینه بهتهواوهتی فهرامۆش كراوه. فهلسهفه و ڕێچكهی سروشتپهرستانیش لهم سەردەمەدا زۆر بهتوندی دژایهتی چاكسازی ڕۆحانی دهكهن، وه هێزی كێشكردنیان كاریگهریهكی زۆر خراپ بهجێدههێڵێت لهسهر شوێنکەوتووانیان و پاڵیان پێوه دهنێت بەرەو تاریكی، وه ماددە ژههراویهكان چالاك دهکەن و شهیتانی نووستوو بێدار دەکەنەوە. شارهزایانی ئهم زانستانه لهزۆربهی كاتهكاندا باوهڕێکی خراپیان هەیە دەربارەی بابهته ئایینیهكان و بهچاوی سووكهوه دهڕوانن بۆ ئهو بنهمایانهی كه خوای گهوره دایناون و سووکایەتی دەکەن بە شێوازهكانی ڕۆژوو و نوێژ و بهندایهتیهكانی تر. گهورهیی و مهزنێتی خوا له دڵیاندا نیه، بهڵكو زۆربهیان ڕهنگی ئیلحاد و بێباوهڕییان گرتووە و دههرییەت باڵیكێشاوه بهسهریاندا، وە لهگهڵ ئهوهی ڕۆڵهی موسوڵمانانن کەچی دوژمنی ئایینن. وه ئهوانهی له كۆلێژهكاندا دهخوێنن لهزۆربهی كاتهكاندا هێشتا لە فێربوونی زانستە پێویستەکان نەبوونەتەوە کەچی دهستبهرداری ئهم ئایینه دەبن و دڵسۆزییان نامێنێت بۆی.
بێگومان تهنھا یهك لقم باسكرد كه لهم سەردەمەی ئێستادا قورس بووه به بهروبوومی گومڕایی. بهڵام سهدان لقی تر ههن كه گرنگیهكهیان لهو كهمتر نیه. بهشێوهیهكی گشتی تێبینی ئهوه دهكرێت کە سهرڕاستی و دڵسۆزی له دنیادا نەماون وهك ئهوهی بهتهواوهتی ون بووبن. فێڵ و تەڵەکەبازی بۆ بهدهستهێنانی دنیا سنووری خۆی تێپهڕاندووه، وه خراپترین کەس به زیرهكترینیان دادهنرێت. جۆرهها گومڕایی و خیانهت و كاری حهرام و لهخشتهبردن و درۆ و فریودانی گهوره وهكو کردەوەی ڕێویهكان و پیلانهكان كه بنیاد نراون لهسهر چاوچنۆكی و بێئابڕوویی بهردهوام له تهشهنهكردندان. ڕق و كینه و تاوان و زیادەڕەوی له ناكۆكیهكاندا بهبێ هیچ بهزهییەك ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبن. وه ڕهشهبای ههسته ئاژهڵی و دڕندهییهكان بهتوندی ههڵیكردووه. ههرچهندە خهڵكی له زانست و یاسا كارپێكراوهكاندا پێشبكهون خهسڵهته چاکە فیتریهكانی وهك ڕەوشتی بەرز و شهرم و لهخواترسان و دەستپاکی تێیاندا کەم دهبێتەوە.
فێركاری مهسیحیهكانیش به جۆرهها مین ئهژمار دهكرێت بۆ ههڵتهكاندنی ڕاستگۆیی و حەق. وه مهسیحیهكان بەتەواوەتی ههموو ههوڵی خۆیان دەدەن لهڕێگهی درۆههڵبهستن و پیلانگێڕانی ورد و جۆرهها ساختەکاریەوە بۆ لهناوبردنی ئیسلام و لهمهدا له هیچ كات و شوێنێكی گونجاودا سستی نانوێنن.
وه نوێترین ڕێگا دەدۆزنەوە بۆ فریودان و شێوازی تازە دادههێنن بۆ گومڕاكردن. وه بهشێوازێكی زۆر قێزهون سووكایهتی دهكهن بهو مرۆڤە كامڵه كه شانازی ههموو كهسێكی پیرۆز و تاجی سهری ههموو ئهو كهسانهیه كه نزیكن لهخواوه و سهرداری ههموو پێغهمبهره شكۆدارهكانه، وه بههۆی پیس و چهپهڵی خۆیانهوه وێنهی ئیسلام و ڕێپیشاندهری ئیسلام (ﷺ) بە شێوەیەکی زۆر شێوێندراو پیشان دهدهن له نواندنەکاندا. وه بههۆی شانۆگەریەکانهوه تۆمهت و درۆ بڵاودهكهنهوه و بۆ ئهم مهبهسته ههموو بێشەرمیەك بهكاردههێنن به ئامانجی لهناوبردنی شكۆی ئیسلام و پێغهمبهری ئازیز (ﷺ).
ئهی موسوڵمانان گوێبگرن و تێبگهن! ئوممهتی مهسیحی كۆمهڵێك قسه و قسهڵۆكی ئاڵۆز و ههڵبهستراوی بهكارهێناوه بۆ دانانی سنوورێك بۆ كاریگهریه پیرۆزهكانی ئیسلام، بۆ ئەم مەبەستە پهنای بردووه بۆ چهپهڵترین فێڵ و ههوڵێكی زۆری داوه به خهرجكردنی ماڵ و سامانێكی بێشومار بڵاوی بكاتهوه، تهنانهت بۆ ئهم مهبهسته كۆمهڵێك ئامرازی شهرمهێنهر و ئابڕووبەریان بهكارهێناوه كه بهلامانهوه وا گونجاوه وتارهكهمان بهپاك ڕابگرین له باسكردنیان. ئهمانه فێڵ و پیلانە جادووگەرییەکانی لایەنگرانی سێخوایین، وه ئهگهر خوا لهبهرامبهریاندا دهستێكی توانا پیشان نهدات كه هێزێكی دهراسای ههبێت، وه ئهگهر ئهم جادووه بهو هێزه دەراسایه تێكنهشكێت؛ ئەوا ههرگیز ئهوه به بیردا نایهت كه مرۆڤە بێئاگا و ساویلكهكان ڕزگاریان بێت لهم جادووهی ئهورووپیهكان. وه بۆ پووچهڵكردنهوهی ئهم جادووه، خوای گهوره لهم سەردەمەدا لە پێناوی موسوڵمانە ڕاستگۆكاندا موعجیزهیهكی پیشان داوه كه بریتیە لەوەی ئهم بهندهیهی خۆی لهبهرامبهر نهیارانی ئیسلامدا ڕاوهستاند، وه شكۆداری كرد به وهحی و ئاخاوتن و بهرهكهته تایبهتیهكانی خۆی، وه پشكێكی زۆری پێدا لهو زانسته وردانەی كه مرۆڤ دەگەیەنن بە ڕێگاکەی. ههروهك چەندین دیاریی ئاسمانی و كاری دهراسای بڵند و زانست و وردهکاریە ڕۆحیهكانی پێ بەخشیوە، بۆ ئهوهی ئهم بهرده ئاسمانیه ئەو بتە له مۆم دروستكراوە تێكبشكێنێت كه جادووی ئهورووپا ساز و ئامادەی كردووه.
کەواتە ئهی موسوڵمانان، ڕهوانهكردنی من موعجیزهیهكه لهلایهن خوای گهورهوه بۆ ڕهواندنهوهی تاریكیهكانی ئهم جادووه. ئایا پێویست نەبوو له دنیادا لهبهرامبهر جادوودا موعجیزه دهربكهوێت؟ ئایا لای ئێوه سهیر و ئهستهمه كه لهبهرامبهر فێڵه فریودهرەكاندا، كه گهیشتوونهته ئاستی جادوو، خوای گهوره بریسكهی ڕاستیهك پیشان بدات كه كاریگهری موعجیزهی ههبێت.
ئهی كهسانی ژیر و هۆشیار، سهرتان سوڕنهمێنێت لهوەی کە خوای گهوره لهكاتی پێویستی و سهردهمی تاریكیهكی ئهنگوستهچاودا له ئاسمانهوه نوورێكی دابهزاند و بهندهیهكی ڕهوانهكرد بۆ دنیا؛ ئهمهش بۆ بهرژهوهندی گشتی بهمهبهستی بهرزكردنهوهی وشهی ئیسلام و بڵاوكردنهوهی نووری باشترینی مرۆڤهكان و پشتگیریكردنی موسوڵمانان و چاككردنی دۆخی ناوخۆی خۆیان. بهڵكو سهیر ئهوهیه خوا -كە پارێزهری ئیسلامە و بهڵێنی داوه ههمیشه فێركاری قورئان بپارێزێت و وازی لێ نههێنێت كه کز بێت یان بریسكه و ڕووناكی خۆی لهدهست بدات- بهبێدهنگی بمێنێتهوه لەکاتێکدا ئاگادار بێت له بڵاوبوونەوە و تهشهنهكردنی ئەم تاریکی و فهساده ناوخۆیی و دهرهكیه بهبێ ئهوهی باسی ئەو بهڵێنهی خۆی بكات كه له وتە پیرۆزهكهیدا جهختی لێ كردووهتهوه.
دووبارهی دهكهمهوه و دهڵێم: مایهی سهرسوڕمانه ئهگهر ئهو پێشبینیه ڕوون و ئاشكرایهی پێغهمبهری ئازیز (ﷺ) پووچهڵ بێتهوه كه تێیدا دهفهرموێت خوای گهوره لهسهری ههموو سهد ساڵێكدا كهسێك دهنێرێت ئایینهكهی نوێ بكاتهوه([1]).
كەواتە هاتنەدی ئەم پێشبینیە مایەی سەرسوڕمان نیە، بەڵكو پێویستە هەزاران جار سوپاس و ستایشی خوای گەورە بكرێت لەسەری. هەروەها دەرفەتێكە بۆ بەهێزكردنی باوەڕ و یەقین بەوەی كە خوای گەورە بە فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی بەڵێنەكەی بردەسەر و ڕێگەی نەدا بچووكترین كەلێن بكەوێتە پێشبینیی پێغەمبەرەكەیەوە. خوای گەورە تەنها بە هێنانەدی ئەم پێشبینیە نەوەستاوە، بەڵكو دەرگای کردەوە بۆ هەزاران پێشبینی و كاری موعجیزەئاسای تریش لە داهاتوودا. بۆیە، ئەگەر ئێوە باوەڕدارن؛ ئەوا سوپاسی خوا بكەن و سوژدەی سوپاسگوزاریی بۆ ببەن لەسەر ئەوەی گەیشتوونەتە ئەم سەردەمە، كە ماوەیەكی زۆرە باوباپیرانتان چاوەڕوانی بوون و ڕێژەیەکی بێشوومار لە خەڵكیش گیانیان سپارد لە كاتێكدا چاوەڕێی هاتنی ئەم سەردەمە بوون. ئێستا بڕیار لە دەستی خۆتاندایە؛ بتانەوێت ڕێزی لێ بگرن یان نا، بتانەوێت سوودی لێ ببینن یان ڕەتی بكەنەوە.
پێویستە چەندین جار دووبارەی بكەمەوە -وە بۆم نیە ڕوونی نەكەمەوە- کە من لە كاتێكی گونجاودا ڕەوانەكرام بۆ چاكسازی لەناو خەڵكیدا و بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ئایین لەناو دڵەكاندا دابمەزرێنمەوە. من ڕەوانەكرام وەك چۆن دوای بەندەكەی خۆی، “كلیم اللە” (عليه السلام)، كەسێك ڕەوانەكرا كە دوای ئازار و ناڕەحەتیەكی زۆر لە سەردەمی “هێرۆدس”دا ڕۆحی بۆ ئاسمان بەرزكرایەوە. كاتێك “كلیم اللە”ی دووەم هات بۆ سزادانی فیرعەونەكانی تر -كە لە ڕاستیدا یەكەمین و سەرداری پێغەمبەرانە، و دەربارەی هاتووە: ﴿إِنَّآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَيۡكُمۡ رَسُولٗا شَٰهِدًا عَلَيۡكُمۡ كَمَآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰ فِرۡعَوۡنَ رَسُولٗا﴾ (المزمل: ١٦)– بەم پێغەمبەرەیش -كە لە ڕووی ئەركەوە هاوشێوەی “كلیم”ی یەكەم بوو و لە پلەوپایەشدا لەو بەرزتر بوو- بەڵێنی هاتنی هاوشێوەیەكی مەسیح درا. هەڵبەت ئەو هاوشێوەیەی مەسیح لە ئاسمانەوە دابەزی، وە هێز و سروشت و کۆمەڵێك سیفەتی بەدەستهێناوە كە زۆر هاوشێوەی سیفەتەكانی مەسیحی كوڕی مەریەمن. هاتنیشی لە سەردەمێكدایە كە هاوشێوەی سەردەمی مەسیحی كوڕی مەریەمە، وە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك هات كە هاوشێوەی ماوەی نێوان مەسیحی كوڕی مەریەم و كەلیمی یەكەمە؛ واتە لە سەدەی چواردەدا. دابەزینەكەشی دابەزینێكی ڕۆحی بوو، وەك چۆن مرۆڤە كامڵەكان دوای بەرزبوونەوەیان، بۆ چاكسازیی دروستكراوەكانی خوا دادەبەزن. وە لە سەردەمێكدا دابەزی كە لە هەموو ڕوویەكەوە لە سەردەمی دابەزینی مەسیحی كوڕی مەریەم دەچێت، بۆ ئەوەی لەمەدا نیشانە و پەندێك هەبێت بۆ ئەوانەی تێدەگەن([2]).
بۆیە پێویستە هەموو كەسێك لە نکۆڵیکردندا پەلە نەكات بۆ ئەوەی ناوی لە ڕیزی ئەو كەسانەدا نەنووسرێت كە دژایەتیی خوا دەكەن. دیارە خەڵكی دنیا، ئەوانەی لەسەر بیروباوەڕە تاریكەكان و تێڕوانینە كۆنەكان چەسپاون، هەرگیز قەبووڵی ناكەن، بەڵام ئەو كاتە نزیكە كە هەڵەكەیان ئاشكرا دەبێت بۆیان. “ئاگاداركەرەوەیەك لە دنیادا هات، خەڵكەكەی نکۆڵییان لێ كرد و قەبووڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبووڵی دەكات و لە ڕێگەی هێرشی بەهێز و توندەوە، هێرش لە دوای هێرش، ڕاستگۆییەكەی دەسەلمێنێت”. ئەمە قسەی مرۆڤ نیە، بەڵكو ئیلهامێكە لەلایەن خواوە و وتەی پەروەردگاری مەزن و شكۆدارە. من تەواو دڵنیام كە ڕۆژگاری ئەم هێرشانە نزیكە. بەڵام نەك بە شمشێر و ڕم، وە هیچ پێویستیەكیش لە ئارادا نیە بۆ شمشێر و تفەنگ، بەڵكو یارمەتی و سەركەوتنی خوا لەڕێگەی چەكی ڕۆحانیەوە دادەبەزێت و جەنگێكی سەخت دژی جوولەكە بەرپا دەبێت. ئێوە چوزانن ئەو جوولەكانە كێن؟ ئەوانە كەسانێكن لەم سەردەمەدا دەستیان بە ڕواڵەتی شتەكانەوە گرتووە و بەكۆمەڵ شوێنپێی جوولەكەیان هەڵگرتووە. شمشێری ئاسمانی خوا دەیانكات بە دوو كەرتەوە، وە سیفەتەكانی جوولەكە دەسڕدرێنەوە. هەروەها، هەموو دەججالێكی دنیاپەرستی یەكچاو كە چاوی ڕۆحانیی نیە و حەق دەشارێتەوە، بە شمشێری بەڵگەی تێكشكێنەر دەكوژرێت. ڕاستی سەردەكەوێت و ڕۆژێكی گەشاوە و پرشنگدار بۆ ئیسلام دەدرەوشێتەوە، وەك چۆن لە ڕابردوودا درەوشایەوە. ئەو خۆرە بەتەواوی هەڵدێت هەروەك چۆن لە ڕابردوودا هەڵهات. بە دڵنیاییەوە ئاسمان ڕێگە بە هەڵهاتنی نادات ئەگەر دڵەكانمان ئەرك و ماندووبوونی لێ نەچۆڕێت، وە ئەگەر وازنەهێنین لە هەموو حەوانەوەیەكی خۆمان لەپێناوی هەڵهاتنیدا، وە ئەگەر بۆ سەربەرزیی ئیسلام هەموو زەبوونیەك قەبووڵ نەكەین. ژیانەوەی ئیسلام قوربانیی لێمان دەوێت! ئێوە چوزانن ئەو قوربانیە چیە؟ بریتیە لە مردنمان لەم پێناوەدا. ژیانی ئیسلام و موسوڵمانان بەم مردنەوە گرێ دراوە، وە درەوشانەوەی خوای زیندوو بەندە بەمەوە. بە دەربڕینێكی تر، ئەمە پێی دەوترێت ئیسلام. ئێستا خوای گەورە دەیەوێت ئەم ئیسلامە زیندوو بكاتەوە، وە بۆ جێبەجێكردنی ئەم کارە دەبێت خوای گەورە لەلایەن خۆیەوە پرۆژەیەك دابمەزرێنێت کە لە هەموو ڕوویەکەوە مەزن و کارا بێت. خوای دانا و خاوەن توانا ئەم كارەی كرد، ئەویش لە ڕێگەی ڕەوانەكردنی ئەم بەندە خۆبەکەمزانەوە بۆ ئیسڵاحی مرۆڤەکان. وە بۆ ڕاكێشانی دنیا بەرەو حەق و ڕاستی كاری پشتیوانیكردنی حەق و بڵاوكردنەوەی ئیسلامی بەسەر چەند لقێكدا دابەش كردووە.
یەكێك لەو لقانە بریتیە لە زنجیرەی دانان و نووسین، وە گرنگیپێدان و جێبەجێکردنی ئەم لقە بە من سپێردراوە. كۆمەڵێك زانیاری و وردەكاریم فێر كراوە كە بەهۆی توانای مرۆڤەوە بەدەست نایەن، بەڵكو تەنها بەهۆی توانای خواوە پەیدا دەکرێن. ئەمانە شتانێك نین مرۆڤ بە زۆرلەخۆكردن و خۆماندووكردن بەدەستیان بهێنێت، بەڵكو بەهۆی فێركردن لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە، بابەتە قورس و گرێكوێرەكان چارەسەر كراون.
لقی دووەمی ئەم پرۆژەیە بریتیە لە زنجیرەی بڵاوكردنەوەی ئاگاداری و بەیاننامەكان، كە بە فەرمانی خوای گەورە بۆ مەبەستی بەجێگەیاندنی بەڵگە (إتمام الحجة) دەستم پێ كردووە. تا ئێستا زیاتر لە بیست هەزار ئاگاداری و ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە بەمەبەستی سەلماندنی ڕاستی ئیسلام بۆ گەلانی تر. بەگوێرەی پێداویستیەكانی داهاتوو ئەم كارە بەردەوام دەبێت.
لقی سێیەمی ئەم پرۆژەیە تایبەتە بەو كەسانەی دێن و دەچن؛ ئەوانەی بە مەبەستی گەڕان بە دوای ڕاستی و چەندین ئامانجی جیاوازی تردا گەشت دەكەن، وە دوای بیستنی هەواڵی ئەم قەدەرە ئاسمانیە، بە نیازێكی پاكەوە دێن بۆ بینینم. ئەم لقەیش لە گەشەیەكی بەردەوامدایە. ژمارەی سەردانیكاران لە هەندێ ڕۆژدا كەم دەكات، بەڵام لە ڕۆژەكانی تردا زۆر زیاد دەكات. بۆیە ئەو میوانانەی كە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا سەردانیان كردووین، ڕەنگە ژمارەیان گەیشتبێتە شەست هەزار كەس یان زیاتریش. تەنها خوا دەزانێت كە لە ڕێگەی وتارەكانمەوە لە ڕووی ڕۆحیەوە، چەند سوودم بەو كەسانە گەیاندووە كە خاوەن سروشتێكی ساغ و دروست بوون، وە چۆن گرفتەكانیانم بۆ چارەسەر كردوون و لە لاوازیەكانیان ڕزگارم كردوون. بەڵام گومانی تێدا نیە ئەو وتارانەی كە بە زارەكی پێشكەشم كردوون و بەردەوامیش بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان یان بەپێی خواستی بارودۆخەكان پێشكەشیان دەكەم، لە هەندێ بارودۆخدا لە نووسراوەكان بەكەڵكتر و كاریگەرترن و خێراتر دەچنە دڵەكانەوە. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش، هەموو پێغەمبەران هەمیشە پەنایان بۆ بەكارهێنانی ئەم شێوازە بردووە. سەرباری وتەی خوا كە بە شێوەیەكی تایبەت نووسراوەتەوە و بڵاوكراوەتەوە، تەواوی گفتوگۆ و ئاخاوتنەكانی پێغەمبەرانیش لە ڕێگەی ئەو وتارانەوە بڵاودەبوونەوە كە بەپێی پێویستی بارودۆخەكان پێشكەشیان دەكردن.
شێوازی باو لای پێغەمبەران ئەوە بووە كە وەك وتاربێژێكی دانا، لە كۆڕ و كۆبوونەوە جیاوازەكاندا و بەگوێرەی پێویستیی كاتەكە، بە هاندانی هێزی “ڕۆح” وتاریان داوە. ئەوان وەك وتاربێژە هاوچەرخەكان نەبوون كە تاكە ئامانجیان لە وتارەكانیان دەرخستنی باڵادەستیی خۆیانە لە زانستەكاندا، یان فریودانی خەڵكی سادە و ساویلكەیە بە قسەی ساختە و بەڵگەی سەفسەتەئاسا، كە بەمەش زیاتر لە خۆیان، بیسەرەكانیان دەكەنە دەستەچیلکەی دۆزەخ. بەڵكو پێغەمبەران هەمیشە بەوپەڕی سادەییەوە قسەیان كردووە و ئەوەی لە دڵی خۆیانەوە هەڵقوڵاوە، ڕاستەوخۆ ڕژاندوویانەتە ناو دڵی كەسانی ترەوە. وشە پیرۆزەكانیان هەمیشە لە جێگای خۆیدا بووە و بەتەواوەتی لە كاتی پێویستدا دەگوتران. ئەوان شتێکیان نەداوە بە گوێی بیسەرەکانیاندا هاوشێوەی چیرۆك و ئەفسانە، بەڵکو وەك تووشبووی نەخۆشی ڕۆحی ئەوانیان دەبینی، بۆیە وەك چارەسەرێك ئامۆژگارییان دەكردن، یان بە بەڵگەی گومانبڕ گومانەكانیان دەڕەواندنەوە. قسەكانیان بە كەمیی وشە و زۆریی مانا دەناسرایەوە. بە هەمان شێوە، منیش پەیڕەوی لە هەمان بنەما دەكەم، وە هەمیشە دەرگای وتاردان بە كراوەیی دەهێڵمەوە و بەگوێرەی پێداویستیەکانی ئەو كەسانەی دێن و دەچن و بە ڕەچاوکردنی نەخۆشیەکانیان وتار پێشکەش دەکەم([3]).
بێگومان بە ئامانجگرتنی خراپە بە تیری ئامۆژگاری، شتێكی زۆر پێویستە بۆ دانانی سنوورێك بۆ خراپەکە. هەبوونی ڕەوشتە پیسەكان وەك ئەندامێك وایە كە لە شوێنی خۆی دەرچووبێت و دواتر بگەڕێنرێتەوە بۆ شوێنە زانراوەكەی خۆی؛ ئەمە شتێكە مەحاڵە وەك پێویست چارەسەر بکرێت، مەگەر ئەوەی نەخۆشەكە لە بەردەم چارەسەركاردا ئامادە بێت و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بێت، وە هەرگیز بە ڕێگەیەكی تر ئەم کارە ئەنجام نادرێت. هەر لەبەر ئەمەشە خوای گەورە هەزاران پێغەمبەر و نێردراوی ڕەوانە كردووە و فەرمانی بە خەڵكی كردووە كە سوود لە هاوەڵێتییان وەربگرن، بۆ ئەوەی لە هەموو سەردەمێكدا ڕابەرێكیان دەستبكەوێت كە بە چاوی خۆیان بیبینن، وە پێغەمبەران وەك بەرجەستەبوونێكی ڕاستەقینەی وتەی خوای گەورە ببینن و هەوڵ بدەن چاویان لێ بكەن. ئەگەر هاوەڵێتی ڕاستگۆیان و لەگەڵبوونیان یەكێك نەبوایە لە پێداویستیەكانی ئایین؛ ئەوا خوا (سبحانه وتعالى) وتەی خۆی بە ڕێگایەكی تر و بەبێ بوونی پێغەمبەران دادەبەزاند، یان پەیامی پێغەمبەرایەتیی تەنها لە سەرەتای زەماندا قەتیس دەكرد و زنجیرەی پێغەمبەرایەتی و پەیام و وەحی لە داهاتوودا بۆ هەمیشە دەپچڕاند. بەڵام حیکمەتی ڕەهای خوا هەرگیز ئەمەی نەویستووە، بەڵكو هەمیشە و لە كاتی پێویستدا ئەم كەسە پیرۆزانە، دوای ئەوەی لەلایەن خوای گەورەوە وەحییان پێ گەیشتووە وەك ڕابەرێك هاتوون بۆ دنیا، ئەمەش هەر كاتێك ساردبوونەوە لە خۆشویستنی خوادا دروست بووبێت و سستی ڕوویدابێت لە پەرستنی خوا و پارێزكاریی خەڵك و پاك و خاوێنییان و شتە پێویستەكانی تردا. ئەم دوو پرسە بە یەكەوە گرێ دراون و لە یەكتر جیا ناكرێنەوە؛ واتە ئەگەر خوای گەورە هەمیشە گرنگیی بە ئیسڵاحی خەڵك دابێت؛ ئەوا دەبێت هەمیشە كەسانێكیش هەبن كە خوای گەورە بە فەزڵی تایبەتی خۆی تێگەیشتن و بیناییان پێ ببەخشێت و لەسەر ڕێگاكانی ڕەزامەندیی خۆی جێگیریان بكات. یەكێك لە شتە زۆر پێویستەكان كە دانی پێدا نراوە و هیچ گومانێكی تێدا نیە ئەوەیە کە ئەم ئەركە مەزنەی چاكسازیی خەڵك تەنها بە خۆهەڵكێشانی بەتاڵ و بێ بنەما جێبەجێ ناكرێت، بۆیە دەبێت هەمان ئەو ڕێگایە پەیڕەو بکرێت كە پێغەمبەران لە دێر زەمانەوە پەیڕەویان کردووە.
ئیسلام هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە بەوپەڕی هێز و تواناوە برەوی بەم ڕێگەیە داوە، بە جۆرێك كە لە هیچ ئایینێكی تردا هاوشێوەی نەبووە. ئایا كەس هەیە لە شوێنێكی تر ئەوەی بینیبێت كە كۆمەڵێكی گەورە، ژمارەیان لە دە هەزار كەس زیاتر بێت، شەو و ڕۆژ بە باوەڕێكی قووڵ و خۆبەکەمزانین و دڵسۆزی و فەنابوونی تەواوەتیەوە لە بەردەرگای پێغەمبەردا (ﷺ) ئامادە بن، تەنها بە ئامانجی گەیشتن بە ڕاستی و فێربوونی حەقیقەت؟ گومانی تێدا نیە مووسا (عليه السلام) كۆمەڵێكی پێ درا، بەڵام كۆمەڵێكی كەللـەڕەق و یاخی بوون كە لە هاوەڵێتیی ڕۆحانی و ڕاستگۆیی دوور بوون. هەر كەسێك تەوراتی خوێندبێتەوە و چاوێكی بە کتێبی پیرۆز و مێژووی جوولەكەدا خشاندبێت، زۆر باش ئەم ڕاستیە دەزانێت. بەڵام كۆمەڵەكەی پێغەمبەر (ﷺ) لەپێناوی پێغەمبەرە ئازیزەكەیاندا، یەكگرتوویی و یەكبوونی ڕۆحییان هەبوو، تا ئەو ڕادەیەی لە ڕووی برایەتی ئیسلامیەوە وەك یەك جەستەیان لێ هاتبوو. نوورەكانی پێغەمبەرایەتی بە جۆرێك ڕەگیان داکوتابوو لە ڕەفتار و ژیانی ڕۆژانە و ڕواڵەت و ناخیاندا كە هەموویان ڕەنگی كەسایەتی پێغەمبەریان (ﷺ) وەرگرتبوو. ئەمەش موعجیزەیەكی مەزنە بۆ گۆڕانكاریی ناخ كە بەهۆیەوە گەیشتنە پلەی كەماڵ لە بەندایەتی خوادا، دوای ئەوەی پێشتر بەندایەتییان بۆ بتە قێزەونەكان ئەنجام دەدا. ئەوانەی هەموو كات و ساتێك نوقمی دنیا بوون، وایان لێ هات كە پەیوەندیەكی پتەویان بە خۆشەویستی ڕاستەقینەوە هەبێت، تەنانەت وەك ئاو خوێنی خۆیان لەپێناویدا دەڕشت. لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە دەرەنجامی ئەوە بوو كە بە دڵسۆزیەوە لە خزمەتی پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ و كامڵدا ژیان. بۆیە منی بەندەی خۆبەکەمزان ڕەوانە كرام بۆ درێژەدان بەم ئەركە گرنگە، وە دەمەوێت بازنەی نیشتەجێبووانی ئەم هاوەڵێتیە لە جاران فراوانتر بكەم. ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی ئاواتەخوازن ئیمان و خۆشەویستی و یەقینیان زیاتر بێت، شەو و ڕۆژ لەم هاوەڵێتییەدا نیشتەجێ بن هەتا ئەو نوورانەیان بۆ دەربكەوێت كە بۆ من دەركەوتوون. هەروەها، بۆ ئەوەی ئەو چێژەیان پێ ببەخشرێت كە بە من دراوە، تاوەکو نووری ئیسلام بە گشتی لە دنیادا بڵاو ببێتەوە و پەڵەی سووكی و ڕیسوایی لەسەر ڕوخساری موسوڵمانان بسڕدرێتەوە. خوای گەورە بەم مژدەیەوە ڕەوانەی كردم و پێی فەرمووم (كە ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی): “شانازی بكە و خۆت هەڵكێشە، چونكە كاتەكەت هاتووە، وە پێی موحەممەدیەكان گەیشتە سەر منارە بەرزەكە”.
لقی چوارەمی ئەم پرۆژەیە بریتیە لەو نامە و نووسراوانەی كە دەنێردرێن بۆ ئەو كەسانەی بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێن، یان ئەوانەی نەیار و ناحەزن. لەو ماوەیەدا کە پێشتر باسم كرد، زیاتر لە نەوەد هەزار نامەم پێ گەیشتووە و وەڵامم داونەتەوە، جگە لە هەندێكیان كە كۆمەڵێك نامەی بێمانا و ناپێویست بوون. ئەم زنجیرەیەش هێشتا بەردەوامە. ژمارەی نامەكان (هاتوو و ڕۆیشتوو) مانگانە دەگاتە نزیكەی ٣٠٠ بۆ ٧٠٠، بگرە تا ١٠٠٠ نامەیش دەڕوات.
لقی پێنجەمی ئەم پرۆژەیە، كە خوای گەورە لە ڕێگەی وەحی و ئیلهامی تایبەتی خۆیەوە دایناوە، بریتیە لە زنجیرەی موریدان و بەیعەتدەران. بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) لە كاتی دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەدا پێی فەرمووم كە لافاوی گومڕایی لە زەویدا هەڵچووە، لە كاتی ئەم لافاوەدا كەشتی دروست بكە؛ هەر كەسێك سواری كەشتیەكە بێت لە نوقمبوون ڕزگاری دەبێت و ئەوەشی ڕەتی بكاتەوە مەرگ بەشی دەبێت. هەروەها فەرمووی ئەوەی دەست بخاتە ناو دەستی تۆوە، ئەوا لە ڕاستیدا دەستی نەخستووەتە ناو دەستی تۆوە، بەڵكو دەستی خستووەتە ناو دەستی خواوە. مژدەی پێدام و فەرمووی من دەتمرێنم و بەرزت دەكەمەوە بۆ لای خۆم. هەروەها، كۆمەڵێك شوێنكەوتە و خۆشەویستی ڕاستەقینەت دەبێت تا ڕۆژی قیامەت كە هەمیشە بەسەر نکۆڵیكاراندا سەردەكەون.
ئەمە ئەو پرۆژە پێنج لقەیە كە خوای گەورە بە دەستی خۆی دایمەزراند. ڕەنگە كەسێكی ڕووكەشبین وا دابنێت كە لقی دانان و نووسین بە تەنها پێویستە و لقەكانی تر پێویست نین و زیادەن، بەڵام دەڵێم كە لە دیدی خوادا هەموویان پێویستن. ناكرێت ئەو ئیسڵاحە ئەنجام بدرێت كە خوا ویستوویەتی، مەگەر بە بەكارهێنانی هەموو ئەو پێنج شێوازەی پێشتر باسكران. لەگەڵ ئەوەی ئەم كارە بەجێهێڵدراوە تەنها بۆ یارمەتی و فەزڵی خوا و تەنها خۆی دەستەبەری سەركەوتنەکەی دەكات و مژدەكانیشی مایەی دڵنیابوون و ئۆقرەگرتنە، بەڵام بە فەرمانی خوا (عز وجل) موسوڵمانان هان دەدەم بۆ یارمەتیدان، هەروەك چۆن هەموو پێغەمبەرانی پێشوو لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی گیروگرفتەكاندا باوەڕدارانیان بۆ ئەم مەبەستە هانداوە. بۆ هەمان مەبەست دەڵێم، ئاشکرا و ڕوونە كە پێویستە هەموو موسوڵمانان یارمەتی پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی ئەم پێنج لقە بە جوانترین شێوە بەڕێوەبچن. ئەگەر سەرنج بدەینە زنجیرەی دانان و نووسین بەتەنها؛ ئەوا تێدەگەین كە ئەگەر بە تەنها بەرپرسیارێتی ئەم خزمەتە بخەینە ئەستۆی خۆمان بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكە وەك پێویست؛ ئەوا تا چ ڕادەیەك پێویستمان بە سەرچاوەی دارایی دەبێت. چونكە ئەگەر بڵاوكردنەوە و پەخشكردنەوە بە شێوەیەكی تەواو و بێ كەموكوڕی مەبەستی ئێمە بێت؛ ئەوا دەبێت ئامانجمان گەیاندنی نووسراو و دانراوەكانمان بێت -كە پڕن لە گەوهەری لێكۆڵینەوە و وردەكاری و داواكارانی حەق بۆ ڕێگەی ڕاست ڕادەكێشن- بە خێرایی و بە زۆری بەو خەڵكانەی كە لە لێواری مەرگدان بەهۆی كاریگەربوونیان بە فێركاریە خراپەكان و تووشبوونیان بە نەخۆشیە كوشندەكان. هەروەها، پێویستە هەمیشە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە کتێبەکانمان بێ وەستان بڵاوببنەوە و بگەنە دەستی هەموو داواكارێكی حەق لەم وڵاتەدا، كە دۆخی ئێستای بەهۆی ژەهری كوشندەی گومڕاییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار.
بەڵام ڕوون و ئاشكرایە كە ناكرێت ئەم مەبەستە بە جوانترین و تەواوترین شێوە بێتەدی، ئەگەر تەنها لە ڕێگەی فرۆشتنەوە پشت بە بڵاوكردنەوەی کتێبەکانمان ببەستین. بڵاوكردنەوەی کتێب تەنها لە ڕێگەی فرۆشتن و تێكەڵكردنی ئایین بە دنیا لە ئەنجامی خەوشەكانی دەروونەوە، شێوازێكی بێمانا و جێگای ڕەخنەیە، لە ئەنجامی ئەمەشدا، نە دەتوانین بە خێرایی کتێبەکانمان لە دنیادا بڵاو بكەینەوە و نە دەتوانین بە ڕێژەیەكی زۆر بیانگەیەنینە دەستی خەڵك. ڕاستە، بۆ نموونە ئەگەر سەد هەزار کتێبمان بە خۆڕایی دابەش كرد؛ ئەوا دەتوانین لە ماوەی بیست ڕۆژدا هەموو کتێبەکان بگەیەنینە وڵاتە دوورەدەستەكانیش. هەروەها دەتوانین لەناو هەموو گرووپەكان و لە هەموو شوێنێكدا بڵاویان بكەینەوە و بیانگەیەنینە دەستی هەموو داواكار و تامەزرۆیەكی ڕاستی. بەڵام لە حاڵەتی فرۆشتنیاندا، تەنانەت لە ماوەی بیست ساڵیشدا ناتوانین ئەم ئەركە گرنگە جێبەجێ بكەین. بۆیە لە حاڵەتی فرۆشتندا، ناچار دەبین کتێبەکان لای خۆمان بهێڵینەوە و لەناو سندووقەكاندا هەڵیانبگرین و چاوەڕێ بكەین تا كڕیارێك دێت یان نامەیەكمان لەم بارەیەوە بۆ دەنێرێت. وە لەم چاوەڕوانیە دوورودرێژەشدا، ئەگەری هەیە لەم دنیایە كۆچ بكەین و کتێبەكانیش هەر لەناو سندووقەكاندا بمێننەوە. كەواتە، بازنەی فرۆشتن زۆر تەسكە و ئاستەنگێكە لە بەردەم هاتنەدی ئامانجە ڕاستەقینەكەدا و كاری چەند ساڵێك بۆ سەدەها ساڵ دوادەخات؛ هەروەها هەتا ئێستا هیچ كەسێكی دەوڵەمەند و دڵفراوان و هیممەتبەرز لەناو موسوڵماناندا ئاوڕی لەم بابەتە نەداوەتەوە، بەجۆرێك كۆمەڵێك نوسخەی زۆر لە کتێبە تازەكانمان بكڕێت و لەپێناو خوادا بە خۆڕایی دابەشیان بكات، وە لەناو موسوڵماناندا -هاوشێوەی مەسیحیەكان- هیچ دەزگایەك بوونی نیە كە یارمەتی جێبەجێكردنی ئەم ئەركە بدات([4]).
لەوەش زیاتر ناكرێت متمانە بە ژیان بكرێت و بۆ ماوەیەكی درێژ چاوەڕوانی درێژیی تەمەن بین؛ بۆیە بڕیارم دا و لەسەر خۆمم پێویست كرد كە زۆرترین ژمارەی كتێبەكانم بەخۆڕایی دابەش بكرێن، تاوەكو ئەم كتێبانە كە سەرڕێژن لە نووری ڕاستی و حەقیقەت، بە خێرایی و بە شێوەیەكی بەربڵاو لە جیهاندا بڵاو ببنەوە. بەڵام من بە تەنها توانای هەڵگرتنی ئەم بارە قورسەم نیە، هەروەها لەبەر ئەوەی خەرجی زۆر بۆ لقەكانی تریش هەبوو كە هاوكات بوو لەگەڵ خەرجیەكانی ئەم لقەدا، بۆیە پرۆسەی نووسین و چاپكردن لە خاڵێكی دیاریكراودا وەستا و هەتا ئەمڕۆیش هەر بە وەستاوی ماوەتەوە. بێگومان خوای گەورە بە یەك چاو دەڕوانێتە سەرجەم لقەكانی ئەم پەیامە و دەیەوێت بە یەكسانی هەموویان تەواو بكرێن و دابمەزرێن. بەڵام ئەو تێچووانەی كە بۆ ئەم پێنج لقە پێویستن ئەوە دەخوازن کە لەلایەن دڵسۆزانەوە ئاوڕێكی تایبەتیان لێ بدرێتەوە و موشوریان بخورێت. بێگومان ئەگەر بە درێژی باسی وردەكاریی ئەو خەرجییانە بكەم؛ ئەوا وتارەكە زۆر درێژ دەبێتەوە.
ئەی برایان، تەنها وەك نموونەیەك بڕوانن بۆ زنجیرەی میوانەكان، دەبینن لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا نزیكەی شەست هەزار میوان یان زیاتر هاتوون. ئێوە دەتوانن مەزەندەی ئەو پارەیە بكەن كە بۆ خزمەتكردن و میوانداریی ئەو میوانە بەڕێزانە خەرج كراوە، لەگەڵ دابینكردنی پێداویستیەكانی حەوانەوەیان لە زستان و هاویندا. ئەو كەسەی خاوەنی دووربینی بێت بەدڵنیاییەوە سەری سووڕ دەمێنێت و دەپرسێت: چۆن توانراوە پێداویستیەكانی میوانداری بۆ ئەم ژمارە زەبەلاحەی میوانان جێبەجێ بكرێت و ناوبەناو كەموكوڕیەكانیان پڕ بكرێتەوە؟ وە لەسەر چ بنەمایەك ئەم پرۆسە گەورەیە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت؟ هەروەها بیست هەزار ئاگاداری بە هەردوو زمانی ئوردوو و ئینگلیزی چاپ كراون، وە لەو ژمارەیەش زیاتر لە دوانزە هەزاری لە ڕێگەی پۆستی تۆماركراوەوە بۆ سەركردەی نەیارەكان ڕەوانە كراوە. لە هیندستاندا قەشەیەكمان بەجێنەهێشتووە كە لە ڕێگەی پۆستی تۆماركراوەوە ئاگاداری و ڕاگەیاندنی بۆ نەنێرین، بەڵکو بە ناردنیان بۆ ئەورووپا و ئەمریكا (إتمام الحجة) کراوە. ئایا وردبوونەوە لەم خەرجیانە جێی سەرسوڕمان نیە كە چۆن لەگەڵ كەمدەرامەتی و بێپارەییدا بەرگەی ئەم هەموو تێچووەمان گرتووە! ئەمانە کۆمەڵێك تێچووی زۆرن، ئەگەر تەماشای ئەو خەرجیانەیش بكەین كە هەموو مانگێك تەنها بۆ ناردنی نامەكان لەئەستۆی دەگرین؛ ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە ئەمانیش زۆرن و تا ئێستاش هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نابینینەوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە بەردەوامبوونی ئەم خەرجیانە. سەرباری هەموو ئەمانەش، چاوم بڕیوەتە ئاسمان سەبارەت بەو كەسانەی کە دێنە نێو زنجیرەی بەیعەتەوە و بە مەبەستی گەڕان بەدوای ڕاستیدا دەیانەوێت وەك هاوەڵانی (سوففە) لەلام بمێننەوە. من دڵنیام خوای بەتوانا كە بە ویستی خۆی ئەم پرۆژەیەی دامەزراندووە، بەدڵنیاییەوە ڕێگایەك بۆ بەردەوامبوونی ئەم پێنج لقە دەكاتەوە، بەڵام بۆ بەجێگەیاندنی مافی بانگەواز و گەیاندن، بە پێویستی دەزانم کۆمەڵ ئاگادار بكەمەوە لە کارێك.
بیستوومە هەندێ لە نەزانەکان تۆمەتێكیان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێن گوایە من نزیكەی سێ هەزار ڕووپیەم لە خەڵكی كۆكردووەتەوە وەك نرخی كتێبی “البراهین الأحمدیة”، سەرەڕای هەندێ كۆمەكی، كەچی هێشتا كتێبەكە بە تەواوەتی چاپ نەكراوە. لە وەڵامدا ڕوونی دەكەمەوە بۆیان كە ئەو پارەیەی لە خەڵكی كۆكراوەتەوە تەنها سێ هەزار نیە، بەڵكو پارەی تریش هەیە كە دەگاتە نزیكەی دە هەزار ڕووپیە، بەڵام ئەم بڕە پارەیە وەك كۆمەكی بۆ بڵاوكردنەوەی كتێبەكە یان وەك نرخی كتێبەكە نەدراوە. بەڵكو هەندێ لەو کەسانەی کە داوای دوعایان کردبوو تەنها وەك دیارییەك بەخشیویانە، یان هەندێ لە دۆستان بە هاندەری ئەو خۆشەویستیەی بۆ من هەیانبووە پێشكەشیان كردووە. ئەم پارەیەش بەردەوام و ناوبەناو بۆ پڕكردنەوەی چەندین پێداویستی كوتوپڕی ئەم پرۆژەیە خەرج كراوە. لەبەر ئەوەی حیکمەتی خوایی پرۆسەی نووسینی كتێبەكانی دواخست، ئەو پارەیە پاشەكەوت نەكرا، بەڵكو لە لقە گرنگەکانی تردا خەرج كرا كە بە فەرمانی خوا لەگەڕدا بوون. حیكمەتی پشت دواكەوتنی نووسینی كتێبەكانیش ئەوە بوو كە لە ماوەی ئەو دابڕانەدا هەندێ وردەكاری و ڕاستی تەواو بۆ نووسەر ئاشكرا ببێت، هەروەها بۆ ئەوەی نەیارانیش هەرچیەك لە هەگبەکەیاندایە دەریکەن. بەڵام ئێستا كە سەرلەنوێ ویستی خوا بەرەو تەواوكردنی پاشماوەی بەرهەمەكان ئاراستە كراوە، خوای گەورە (سبحانه وتعالى) ئاراستەی كردم بۆ نووسینی ئەم وتارە. من ئێستا زۆر پێویستم بەوە هەیە كە چاپكردنی بەرهەمەكان تەواو بێت. هێشتا بەشێكی گەورەی كتێبی “البراهین الأحمدیة” ماوە چاپ بكرێت، ئەگەر چاپ كرا؛ ئەوا دەینێرم بۆ فرۆشیاران و بۆ ئەو كەسانەیش كە لەبەر ڕەزامەندیی خوا بەشەكانی سەرەتایان پێدراوە و بەڵێنم پێ داون بەشەكانی تریشیان بۆ بنێرم. هەروەها نیازم وایە كۆمەڵێك نامیلكەی تریش بنووسم، وەك “أشعة القرآن”، “سراج المنیر”، “تجدید الدین”، “الأربعین في علامات المقربین” و بەشێكیش لە تەفسیری قورئان. لە دڵمدا گوڕوتینێكی بەهێز هەیە كە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئایینی مەسیحیەت و ئایینە پووچەكانی تر، گۆڤارێكی مانگانە بەرامبەر بە گۆڤارەكانی ئەوان دەربكەین. هیچ شتێكیش ڕێگر نیە لە دەستپێكردن بە هەموو ئەم كارانە بەشێوەیەکی بەردەوام، جگە لە دابینكردنی سەرمایە و یارمەتی دارایی. ئاخر ئەگەر چاپخانە و نووسەرەوە بە شێوەیەكی هەمیشەیی دابین بكەین و خەرجیی هەموو ئامرازە پێویستەكانمان بۆ بڕەخسێت؛ واتە ئەگەر ناوبەناو تێچووی پەڕە و چاپكردن و مووچەی نووسەرەوەكانمان دابین بكەین؛ ئەوا گەشەكردن و پێشكەوتنی ئەم پێنج لقە بە جوانترین شێوە دەستەبەر دەبێت.
ئەی وڵاتی هیندستان! ئایا یەك دەوڵەمەندی هیممەتی بەرزت تێدا نیە كە لانی كەم خەرجیەكانی ئەم لقە بگرێتە ئەستۆ، ئەگەر لەوە زیاتری پێ نەكرێت؟ ئەگەر پێنج باوەڕداری زەنگین و دەوڵەمەند گرنگیی ئەم كاتەیان بزانیایە؛ ئەوا دەیانتوانی بەرپرسیارێتی ئەم پێنج لقە بگرنە ئەستۆی خۆیان.
پەروەردگارا، خۆت دڵی ئەم خەڵكە بێدار بكەرەوە. ئەهلی ئیسلام تا ئەم ڕادەیە تووشی ئیفلاسی و مایەپووچی نەبوون، بەڵكو ئەمە هیچ نیە جگە لە ڕژدی و چرووكی خۆیان. ئەو كەسانەی توانای تەواوەتییان نیە، دەتوانن بە پێدانی بڕەپارەیەكی دیاریكراو بەگوێرەی توانای خۆیان لە هەموو مانگێكدا، بەشداری لە یارمەتیدانی ئەم پرۆژەیە بكەن و لەم بارەیەوە بەڵێنێكی پتەو بدەن و بیكەن بە ئەركێكی سەرشانی خۆیان. هەڵبەت تەمبەڵی و سستی و گومانی خراپ، هیچ سوودێك بە ئایین ناگەیەنن. گومانی خراپ ماڵەكان وێران دەكات و دڵەكان لەیەكتر دەترازێنێت.
بڕوانن بۆ ئەو کەسانەی لە سەردەمی پێغەمبەراندا بوون، چۆن لەپێناوی بڵاوكردنەوەی ئاییندا قوربانی مەزنیان پێشکەش کردووە. هەروەها چۆن كەسی دەوڵەمەند زۆربەی ئەو ماڵ و سامانەی كە لەلای خۆشەویست بوو لەپێناوی ئاییندا دەیبەخشی، بە هەمان شێوە هەژاری دەرۆزەكەریش تورەكە پڕ لە نانەڕەقەكەی خۆی -كە لە دڵیدا شیرین و خۆشەویست بوو- پێشكەش دەكرد. پاشان بە بەردەوامی ئەم كارەیان دەكرد هەتا ئەو كاتەی سەركەوتن لەلایەن خواوە دەهات. دیارە ئەوەی كە مرۆڤ موسوڵمان بێت و نازناوی “باوەڕدار” بەدەست بهێنێت، كارێكی سووك و ئاسان نیە.
جا ئەی خەڵكینە، ئەگەر ڕۆحی ڕاستگۆییتان تێدایە كە بە باوەڕداران دەدرێت؛ ئەوا بە ڕوانینێكی سەرپێیی تەماشای ئەم بانگەوازەم مەكەن. تێبكۆشن بۆ ئەوەی چاكە بەدەست بهێنن، چونكە خوا لە ئاسمانەوە دەتانبینێت كە چۆن وەڵامی ئەم بانگەوازە دەدەنەوە.
ئەی ئەو موسوڵمانانەی كە پاشماوەی باوەڕدارە كۆڵنەدەر و ورەبەرزەكانن و نەوەی پیاوچاكانن، پەلە مەكەن لە نکۆڵیكردن و گومانی خراپدا و لەو پەتا سامناکە بترسن كە لە دەوروبەرتاندا بڵاو دەبێتەوە و زۆرێك لە خەڵكی کەوتوونەتە داوەكەیەوە. دەبینن چەندە هەوڵ دەدرێت بۆ لەناوبردنی ئیسلام، ئایا پێویست نیە كە ئێوەیش هەوڵ بدەن بەرگریی لێ بكەن؟ ئیسلام لەلایەن مرۆڤەوە دانەمەزراوە تاوەكو بە هەوڵی مرۆیی لەناو بچێت. بەڵام مەخابن بۆ ئەو كەسانەی بڕیاریان داوە ڕیشەكێشی بكەن. پاشان مەخابن بۆ ئەو كەسانەی كە هەموو شتێكیان هەیە بۆ تێركردنی حەزەكانی خۆیان و ژن و منداڵەكانیان، كەچی بۆ بەرژەوەندیی ئیسلام هیچ شتێك لە گیرفانیاندا نیە!
هاوار بۆ ئێوە ئەی مرۆڤە تەمبەڵەكان! ئێوە كەمترین هێزتان نیە بۆ بەرزكردنەوەی وشەی ئیسلام و دەرخستنی نوورەكانی ئایین، بەڵام ئایا ئەوەشتان پێ ناكرێت كە بە سوپاسگوزاریەوە ئەو پرۆژەیە پەسەند بكەن كە خوا بۆ پیشاندانی ڕووناكی ئیسلام دایمەزراندووە؟ لەم ڕۆژگارەدا ئیسلام وەك چرایەكی لێهاتووە كە لە سندووقێكی داخراودا بێت، یان وەك سەرچاوەیەكی ئاوی سازگار وایە كە بە پووشوپەڵاش داپۆشرابێت، بۆیە ئیسلام تووشی دۆخی داڕووخان بووە و ڕوخسارە جوان و دڵڕفێنەكەی نابینرێت و باڵا شۆخوشەنگەكەی بەدی ناكرێت. ئەركی سەرشانی موسوڵمانان بوو كە هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ پیشاندانی ڕوخسارە جوانەكەی و لەم پێناوەشدا وەك ئاو خوێنی خۆیان بڕێژن چجای ماڵ و سامانیان، بەڵام ئەم كارەیان نەكرد. كەواتە لەبەر ئەوەی لەوپەڕی نەفامیدان، كەوتوونەتە هەڵەیەكەوە و دەڵێن: ئایا نووسراوەكانی پێشوو بەس نین؟ بەڵام نازانن كە پێویستی لە ئارادایە بۆ ئەوەی بە چەندین شێوازی نوێ بەرگری بكرێت و هەوڵ بدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو فەساد و خراپانەی كە بە شێوازی نوێوە سەریان هەڵداوە. ئایا كتێبەكانی پێشوو بوونیان نەبووە پێش هاتنی پێغەمبەران و موسڵیحەکان كە لە هەموو سەردەمێكدا و لە كاتی تەشەنەسەندنی تاریكیدا هاتوون؟
ئەی برایان، دەبێت لە كاتی تەشەنەكردنی تاریكیدا ڕووناكی لە ئاسمانەوە دابەزێت. لەم وتارەدا ڕوونم كردەوە كە خوای گەورە لە سوورەتی “القدر”دا دەفەرموێت، بەڵكو مژدە بە باوەڕداران دەدات كە وتەی خۆی و پێغەمبەرەكەی لە ئاسمانەوە لە شەوی قەدردا دابەزیون. وە هەر نوێكار و موسڵیحێك كە لەلایەن خواوە ڕەوانە دەكرێت، لە شەوی قەدردا دادەبەزێت. ئێوە دەزانن شەوی قەدر چیە؟ شەوی قەدر ناوێكی ترە بۆ سەردەمێكی تاریك كە تێیدا تاریكی دەگاتە ئەوپەڕی. بۆیە شتێكی سروشتیە كە ئەو سەردەمە داخوازی ئەوە بکات نوورێك تێیدا دابەزێت بۆ ڕەواندنەوەی ئەو تاریكیە. بە شێوەی مەجاز ئەو سەردەمە ناوی نراوە شەوی قەدر. لە ڕاستیدا ئەو شەوە شەوێكی ئاسایی نیە، بەڵكو سەردەمێكە كە بەهۆی تاریكیەكەیەوە لە شەو دەچێت. كاتێك هەزار مانگ تێدەپەڕێت -بەسەر وەفاتی پێغەمبەرێك یان جێگرە ڕۆحیەكەیدا- كە هۆشداری دەدات بە نزیكبوونەوەی تەمەنی مرۆڤ لە كۆتاییەكەی و هەڕەشەی نەمانی هەستەكانی دەكات، ئەم شەوە پەردەی خۆی دادەداتەوە. لەو كاتەدا بە فەرمانێك لە ئاسمانەوە، بە نهێنی تۆوی هاتنی موسڵیحێك یان چەندین موسڵیحی زۆر دەچێنرێت و لە پەنهانیدا ئامادە دەكرێن بۆ ئەوەی لە سەرەتای سەدەی نوێدا دەربكەون. ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە كە دەفەرموێت: ﴿لَيۡلَةُ ٱلۡقَدۡرِ خَيۡرٞ مِّنۡ أَلۡفِ شَهۡرٖ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەم بابەتە. واتە ئەو كەسەی ڕووناكی ئەم شەوی قەدرە دەبینێت و شكۆدار دەبێت بە هاوەڵێتیی موسڵیحی سەردەمەكە، چاكترە لە پیرێك كە گەیشتبێتە هەشتا ساڵی و ئەم كاتە پرشنگدارەی نەبینیبێت. وە ئەگەر تەنها كاتژمێرێكی لەم سەردەمە دەست بكەوێت؛ ئەوا باشترە لەو هەزار مانگەی كە پێشتر تێپەڕیوە. بەڵام بۆچی باشترە؟ چونكە لەو شەوەدا فریشتەكانی خوا و ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ ئەو موسڵیحەدا و بە ئیزنی پەروەردگاری شكۆمەند لە ئاسمانەوە دادەبەزن. وە بە هەوانتە دانابەزن، بەڵكو دادەبەزنە سەر دڵە ئامادەكان و ڕێگاكانی ئاشتی دەكەنەوە بۆیان. وە بەردەوام خەریك دەبن بە كردنەوەی هەموو ڕێگاكان و هەڵگرتنی هەموو پەردەكان، هەتا تاریكی بێئاگایی دەڕەوێتەوە و سپێدەی هیدایەت گزنگ دەدات.
جا ئەی موسوڵمانان، بە سەرنجدانەوە ئەم ئایەتانە بخوێننەوە و بڕوانن چۆن خوا وەسفی ئەم سەردەمە دەكات كە تێیدا لە كاتی پێویستدا موسڵیحێك بۆ دنیا دادەبەزێنێت. ئایا ڕێزی ئەم سەردەمە ناگرن؟ وە ئایا بە گاڵتەپێكردنەوە دەڕوانن بۆ فەرمایشتی خوای گەورە؟
ئەی موسوڵمانە دەوڵەمەند و پارەدارەكان، ئەوەتا من پێتان ڕادەگەیەنم كە پێویستە لە ناخی دڵتانەوە و بەوپەڕی دڵسۆزی و پێداگرییەوە، یارمەتیی ئەم پرۆژەیە بدەن و سەری بخەن، كە ئامانج لێی ئەو چاكسازیەیە كە خوای گەورە بناغەكەی داناوە. وە پێویستە بە خێرایی و وەك پێویست لە هەموو ڕوویەكەوە و بە ڕێز و ئیحترامەوە خزمەتی بكەن. وە ئەو کەسەی دەیەوێت بەپێی توانا مانگانە شتێك ببەخشێت، با لەلایەن خۆیەوە بە ڕێكوپێكی بیدات و وەك ئەركێكی سەرشانی و قەرزێكی پێویست لە قەڵەمی بدات. پێویستە ئەم فەریزەیە بە نەزرێك ئەژمار بكات تەنها لەبەر ڕەزامەندیی خوا و تێیدا دوانەكەوێت و سستی نەكات. بەڵام ئەو كەسەی دەیەوێت بە یەكجار یارمەتیەك ببەخشێت، ئەوا بۆی هەیە ئەو كارە بكات. وە پێویستە ئاشكرا بێت ئامانجی ڕاستەقینە -کە گرەنتی بەردەوامیی ئەم زنجیرەیە دەکات بەبێ پچڕان- ئەوەیە كە دڵسۆزە ڕاستگۆكان وەك قەرزێكی سەرشانیان بەڵێنێكی یەكجارەكی بدەن كە مانگانە بڕەپارەیەكی دیاریكراو بنێرن و بە قیستی ئاسانی مانگانە بەگوێرەی توانای خۆیان ئەو بڕە بدەن ئەگەر ڕێگریەكی لەناكاو پەیدا نەبوو. بەڵام ئەو کەسەی خوای گەورە یارمەتیی داوە و دڵی فراوان كردووە، ئەوا بۆی هەیە بەگوێرەی توانای خۆی سەرباری كۆمەكی مانگانە، بە یەكجاریش بڕەپارەیەك ببەخشێت.
بەڕێزان و خۆشەویستانم، ئەی لقە سەوزەكانی درەختی بوون و قەوارەم، ئەوانەی كە بەهۆی ڕەحمی خواوە هاتوونەتە ناو كۆمەڵەكەمەوە و لەم پێناوەدا ژیان و حەسانەوە و ماڵی خۆتان دەكەنە قوربانی، من دەزانم ئێوە جێبەجێكردنی فەرمانەكانم بە مایەی بەختیاری و ئاسوودەیی خۆتان دەزانن و ئەوەندەی بتوانن لەمەدا كەمتەرخەمی ناكەن. بەڵام من نامەوێت لەلایەن خۆمەوە شتێك بسەپێنم بەسەرتاندا، بۆ ئەوەی خزمەتەكانتان لە ئەنجامی فەرمانەكانی منەوە نەبێت، بەڵكو بە حەز و ئارەزووی ئازادانەی خۆتان بێت.
كێ هاوەڵمە و كێ خۆشەویستمە؟ تەنها ئەو كەسەی كە بەڕاستی دەمناسێت. بەڵام كێ بەڕاستی دەمناسێت؟ تەنها ئەو كەسەی كە باوەڕی وایە من نێردراوم و قەبووڵم دەكات هەروەك چۆن نێردراوەكان قەبووڵ دەكرێن.
دنیا هەرگیز قەبووڵم ناكات چونكە من سەربە دنیا نیم، بەڵام ئەوانەی كە فیترەتیان پشكێك لە جیهانەکەی تری پێ دراوە قەبووڵم دەكەن، وە لە داهاتووشدا هەر قەبووڵم دەكەن. وە ئەو کەسەی وازم لێ دەهێنێت و لێم دووردەكەوێتەوە، تەنها لەو كەسە دووردەكەوێتەوە كە منی ڕەوانە كردووە. وە ئەو كەسەی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ مندا دروست دەكات، لەگەڵ ئەو كەسەدا پەیوەندی پتەو دروست دەكات كە من لەلایەوە هاتووم. لە دەستمدا چرایەكی ڕۆشن هەیە، ئەوەی بێت بۆ لام بەدڵنیاییەوە بەشێك لەم ڕۆشناییە بەدەست دەهێنێت. بەڵام ئەوەی بەهۆی دوودڵی و گومانی خراپەوە لێم ڕادەكات و دووردەكەوێتەوە، ئەوا هەڵدەدرێتە ناو تاریكیەكانەوە. من قەڵا قایمەكەی ئەم چەرخەم، ئەوەی لە پەنای مندا بێت خۆی پاراستووە لە دز و ڕێگر و دڕندەكان. وە ئەوەی پێی باش بێت دوور لە دیوارەكانم بمێنێتەوە، ئەوا لە هەموو لایەكەوە ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە و تەنانەت تەرمەكەیشی سەلامەت نابێت. ئەو كەسە كێیە کە دێتە ناو قەڵاكەمەوە؟ ئەو كەسەیە كە دووردەكەوێتەوە لە ڕەوشتی نزم و ڕەوشتی بەرز هەڵدەبژێرێت، وە واز دەهێنێت لە لادان و ڕێگای چەوت و ڕێگەی ڕاستی و دروستی دەگرێتە بەر، وە نەفسی خۆی لە كۆیلایەتی شەیتان ڕزگار دەكات و دەبێتە بەندەیەكی گوێڕایەڵ بۆ خوای گەورە. ئەوەی ئەم کارانە بكات لە منە و منیش لەوم. بەڵام هیچ كەسێك ناتوانێت ئەم كارانە بكات، مەگەر كەسێك كە خوای گەورە لەژێر سێبەری مرۆڤێكی پاككەرەوەدا داینابێت و پێیەكانی خۆی بخاتەناو دۆزەخی نەفسی ئەو بەندەیەوە و بەمەش سارد ببێتەوە وەك ئەوەی هەرگیز ئاگری تێدا نەبووبێت. پاشان ئەم بەندەیە جار لەدوای جار پێشكەوتن بەدەست دەهێنێت هەتا ڕۆحی خوای گەورە تێیدا نیشتەجێ دەبێت و پەروەردگاری جیهانیان بەهۆی درەوشانەوەی تایبەتیەوە لەسەر دڵی ڕادەوەستێت. ئینجا لایەنە مرۆییە كۆنەكەی دەسووتێت و لایەنێكی مرۆیی نوێ و پاكی پێ خەڵات دەكرێت، هەروەها خوای گەورە دەبێتە خوایەكی نوێ بۆی و پەیوەندییەكی نوێ و تایبەتی لەگەڵیدا دادەمەزرێنێت و بەمەش لە خودی ئەم دنیایەدا تەواوی هۆكارە چاكەكان بۆ ژیانی بەهەشت بەدەست دەهێنێت.
لێرەدا ناتوانم دەست هەڵگرم لە سوپاسكردنی خوا و وتنی ئەوەی كە خوای گەورە لەسایەی فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی بە تەنها جێی نەهێشتووم. وە ئەو کەسانەی پەیوەندیی برایەتییان هەیە لەگەڵمدا و هاتوونەتەناو ئەم كۆمەڵەوە كە خوای گەورە بە دەستی خۆی دایمەزراندووە، بە ڕەنگی خۆشەویستی و دڵسۆزی بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕەنگین بوون. ئەم ڕۆحە پڕ لە ڕاستگۆییەم بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆم پەیدا نەكردووە، بەڵكو خوای گەورە بە فەزڵی تایبەتی خۆی پێی بەخشیوم.
سەرەتا و پێش هەموو شتێك، لە دڵمدا پەرۆشییەك بەدی دەكەم بۆ باسكردنی برایەكم (لەپێناوی خوادا) كە ناوی نوورەددینە و دڵسۆزییەكەی لە نوور دەچێت. من هەمیشە بە سەرسوڕمانەوە دەڕوانمە هەندێ لەو خزمەتە ئایینیانەی كە بە خەرجكردنی ماڵ و سامانە پاكەكەی، بۆ بەرزكردنەوەی وشەی ئیسلام ئەنجامیان دەدات، وە هیوادارم منیش بتوانم ئەو خزمەتانە ئەنجام بدەم. كاتێك بیر لەو گوڕوتینە دەكەمەوە كە لە دڵیدا ڕەگی داكوتاوە بۆ سەرخستن و پشتگیریی ئایین، توانای خوا لەبەرچاومدا خۆی دەنوێنێت، وە بەلامەوە سەیرە کە چۆن خوا (سبحانه وتعالى) بەندەكان كێش دەكات بۆ لای خۆی. ئەم برایەم هەمیشە بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی بە هەموو ماڵ و توانا و بە هەموو ئەو هۆكارانەی پێی دراون. من دڵنیام بەگوێرەی ئەزموونی خۆم -نەك تەنها لە ئەنجامی گومانی باشەوە- ئەو هەرگیز كەمتەرخەمی ناكات لە بەختکردنی گیان و شكۆی خۆی لەپێناوی مندا چجای ماڵ و سامان. ئەگەر ڕێگەی پێ بدەم؛ ئەوا هەموو شتێك لەم پێناوەدا بەخت دەكات، وە مافی مانەوەی هەمیشەیی لە هاوەڵێتیی ماددیدا جێبەجێ دەكات وەك چۆن لە هاوەڵێتیی ڕۆحیدا جێبەجێی دەكات.
لێرەدا وەك نموونەیەك چەند دێڕێك لە یەكێك لە نامەكانی بۆ خوێنەرانی بەڕێز دەگوازمەوە، بۆ ئەوەی بزانن برای خۆشەویستم مەولەویی ژیر و دانا نورەدینی بەهێرەیی كە پزیشكە لە میرنشینی جامۆن، تا چ ڕادەیەك لە پلەكانی خۆشەویستی و دڵسۆزیدا بەرز بووەتەوە، ئەمەش چەند دێڕەكەیە:-
“گەورە و ڕابەر و پێشەوامان، السلام علیكم ورحمة الله وبركاتە.
گەورەم، لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە كە هەمیشە لە خزمەتی جەنابتاندا بم، وە لە پێشەوای سەردەمەوە هەموو ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنم كە لەپێناویاندا وەك نوێكارێك ڕەوانە كراوە. ئەگەر ڕێگەم پێ بدەن؛ ئەوا واز لە پیشەكەم دەهێنم و دەست لەكار دەكێشمەوە و شەو و ڕۆژ لەبەر دەرگاكەتاندا دەمێنمەوە. یان ئەگەر فەرمانم پێ بكەیت؛ ئەوا واز لە هەموو ئەم پەیوەندیانە دەهێنم و بە دنیادا دەگەڕێم و خەڵكی بانگ دەكەم بۆ ئایینی ڕاست و خۆم لەم پێناوەدا بەخت دەكەم. من فیدای تۆم، هەموو ئەو شتانەی هەمە هی من نین بەڵكو هەموویان هی تۆن.
ئەی گەورە و ڕێپیشاندەرم، لە ناخی دڵمەوە و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە دەڵێم ئەگەر هەموو ماڵ و سامانم لەپێناوی بڵاوكردنەوەی ئاییندا خەرج بكەم؛ ئەوا ئەو کاتە گەیشتووم بە ئامانجی خۆم. وە ئەگەر كڕیارانی نوسخەكانی كتێبی “البراهین الأحمدیة” و ئەو کەسانەی پێشوەخت نرخەكەیان داوە نیگەرانن لە وەستانی چاپكردنی “البراهین الأحمدیة”؛ ئەوا ڕێگەم پێ بدە كە خزمەتێكی سادە بكەم بەوەی هەموو پارەكەیان لە گیرفانی خۆمەوە بۆ بگێڕمەوە.
گەورە و ڕابەرم، ئەم بەندە هەژار و پەشیمانە دەڵێت: ئەگەر ئەمە قەبووڵ بكرێت؛ ئەوا مایەی بەختەوەری و ئاسوودەییمە. نیازم بوو كە ڕابسپێردرێم بۆ ئەوەی هەموو خەرجیەكانی چاپكردنی كتێبی “البراهین الأحمدیة” بگرمە ئەستۆ، وە ئەو پارەیەش كە وەك نرخی كتێبەكە دەست دەكەوێت، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ئێوە خەرج بكرێت. من لەگەڵ جەنابتاندا نزیكایەتیەكی فارووقیم هەیە و بەتەواوەتی ئامادەم لەم پێناوەدا هەموو شتێك بەخت بكەم. بە میهرەبانیی خۆت لوتف بفەرموو و دوعام بۆ بكە تاوەكو مردنەكەم مردنی ڕاستگۆیان بێت.”
بێگومان ڕاستگۆیی و ورەبەرزى و هاوسۆزی و گیانفیدایی مەولەویی پەسەندكراو، وەك چۆن لە وتارەكەیەوە ڕەنگدەداتەوە، لە ڕێگەی خزمەتە پاكەكانیەوە زیاتر دەدرەوشێتەوە. ئەو بە پاڵنەری خۆشەویستی و دڵسۆزیەكی تەواوەتیەوە، ئامادەیە هەموو شتێك لەم پێناوەدا ببەخشێت، تەنانەت پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیانی خێزانەكەیشی. ڕۆحە پاكەكەی بەهۆی خۆشەویستی و دڵسۆزیەكی بێوێنەوە هانی دەدات كە لە سەرووی تواناكانی خۆیەوە هەنگاو بنێت و لە هەموو كات و ساتێكدا سەرقاڵی خزمەتكردن بێت([5]).
بەڵام ئەوە ستەمێكی گەورەیە كە هەموو ئەم بارە قورسانەی لە توانای ئەو بەدەرن، بخرێنە سەر شانی دڵسۆزێكی وەك ئەو، كە مەگەر تەنها كۆمەڵێك خەڵك پێكەوە بتوانن ئەم بارە قورسانە هەڵبگرن. بێگومان مەولەویی بەڕێز ئامادەیە دەستبەرداری هەموو موڵك و ماڵی خۆی ببێت بۆ بەجێهێنانی ئەم خزمەتە، هەروەها قەبووڵیشیەتی وەك پێغەمبەر ئەیوب بڵێت: “بە تەنها هاتووم و بە تەنهایش دەڕۆم”. بەڵام ئەم ئەرکە ئەركێكی هاوبەشە لەنێوان سەرجەم ئەندامانی كۆمەڵەكەدا. بۆیە ئەركی هەموو كەسێكە كە لەم چەرخە ترسناك و پڕ لە ئاژاوەیەدا وریای ئاكامی باشی خۆی بێت؛ سەردەمێك كە بە توندی و بە گورزی بەهێز ئەو پەیوەندیە وردەی باوەڕ دەلەرزێنێت كە پێویستە لەنێوان خوا و بەندەكەیدا هەبێت. پێویستە هەموان بە بەخشینی خۆشەویستترین ماڵ و سامانیان و تەرخانكردنی كاتەكانیان بۆ خزمەت، ڕوو بكەنە كارە چاكەكان كە كرۆكی ڕزگاربوونن. هەروەها لە یاسا نەگۆڕ و پتەوەكەی خوا بترسن كە لەم فەرمایشتە بەرزەدا هاتووە: ﴿لَن تَنَالُواْ ٱلۡبِرَّ حَتَّىٰ تُنفِقُواْ مِمَّا تُحِبُّونَۚ﴾ (آل عمران: 93)
لێرەدا بە گونجاوی دەزانم باسی چەند برایەكی تری ئەم كۆمەڵە خواییەش بكەم، كە لە ناخەوە پەیوەندیەكی گەرمی خۆشەویستییان هەیە لەگەڵمدا. یەكێك لەوانە برام (لەپێناوی خوادا) شێخ موحەممەد حوسێنی مورادئابادییە، كە لە شاری “مورادئاباد”ەوە هاتووەتە قادیان و تەنها لەبەر ڕەزامەندیی خوا ئەم وتارە دەنووسێتەوە. من دڵی ئەو وەك ئاوێنەیەكی ساف و بێگەرد دەبینم. وە تەنها لەبەر خوا خۆشەویستی و دڵسۆزییەكی بێسنووری بۆ من هەیە. دڵی پڕە لە عیشقی خوا و بە چەندین سیفەتی جوان خۆی ڕازاندووەتەوە. من وەك چرایەكی ڕووناك بۆ شاری “موراد ئاباد” دەیبینم و هیوادارم ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو نووری خۆشەویستی و دڵسۆزییەی لەودا هەیە، بۆ كەسانی تریش بگوازرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی شێخ محەمەد حوسێن كەم دەرامەتە، بەڵام مرۆڤێكی بەخشندە و دڵفراوانە، وە بەردەوام بە هەموو شێوەیەك سەرقاڵی خزمەتكردنی منە. هەموو گەردیلەكانی بوون و قەوارەی، باوەڕێكی باشیان تێدا جێگیر بووە و پڕن لە خۆشەویستیەكی بەتین.
یەكێكی تر لەوان برام (لەپێناوی خوادا) حەكیم فەزڵەددینی بەهێرەییە. لە ڕاستیدا وشەكان ناتوانن گوزارشت لەو خۆشەویستی و دڵسۆزی و باوەڕە باش و پەیوەندیە ناوەكیە بکەن كە بۆ من هەیەتی. ئەو ئامۆژگاریكارێكی دڵسۆزە بۆم، لە ناخەوە هاوخەم و دڵسۆزە، وە تێگەیشتنێكی دروستی هەیە بۆ ناسینی خەڵك و تێگەیشتن لێیان. پاش ئەوەی خوای گەورە ئاراستەی كردم و لە ڕێگەی ئیلهامە تایبەتیەكانی خۆیەوە هیوای پێ بەخشیم بۆ نووسینی ئەم ڕاگەیاندنە، حەز و ئارەزووی خۆمم بۆ زۆرێك لە خەڵكی باسكرد، بەڵام كەس هاوڕام نەبوو. كەچی ئەم برا بەڕێزەم بێ ئەوەی باسی حەز و ئارەزووی خۆمی بۆ بكەم، لەخۆوە هانی دام بۆ نووسینی و لەلایەن خۆیەوە سەد ڕووپیەی پێشكەش كرد بۆ بڵاوكردنەوەکەی. من سەرمسوڕما لە فیراسەتە ئیمانیەکەی؛ دیارە ویستی ئەو لەگەڵ ویستی خوای گەورەدا یەكی گرتەوە. هەمیشە بەنهێنی خزمەت دەکات و بە مەبەستی ڕەزامەندیی خوا بە سەدان ڕووپیەی بەخشیوە، خوا پاداشتی خێری بداتەوە.
لە نێویاندا برای خۆشەویستم خوالێخۆشبوو میرزا عەزیم بەگ، سەرگەورەی “سامانە” لە ناوچەی “بەتیالە”، كە بە مردنی دڵمان زۆر خەفەتبار بوو، وە لە دووی ڕەبیعی دووەمی ساڵی 1308ی كۆچی ماڵئاوایی لەم دنیایە كرد، إنا لله وإنا إلیه راجعون. چاو فرمێسك دەڕێژێت و دڵ خەمبار دەبێت و ئێمەش بە كۆچی ئەو خەفەتبارین. لە كوێ كۆمەڵێك وشە بهێنم كە بتوانن وەك پێویست گوزارشت لەو خۆشەویستیە بكەن كە خوالێخۆشبوو لەبەر خوا بۆ من هەیبوو، وە ڕادەی فەنابوون و شەیدابوونەکەی بۆ من بخەنەڕوو؟ ئەو پەژارەیەی بەهۆی كۆچی دوایی لەناكاوی ئەوەوە تووشم بوو، بە دەگمەن لە ژیانی ڕابردوومدا شتی وام بینیوە. ئەو پێش ئێمە ڕۆیشت و جێگای بۆ خۆش كردین، پێشمان كەوت و لەناكاو لەبەر چاومان لێمان جیابوویەوە. هەتا زیندوو بم خەمی جیابوونەوەكەی لەبیر ناكەم. “لە دڵمدا تامەزرۆییەك هەیە و ئەگەرچی بە چاكی کەواکەم فرمێسكی چاوم سڕییەوە، بەڵام بەسەر سنگمدا ڕژا”([6]). بێگومان بە باسكردنی مەرگی ئەو دڵتەنگ دەبم، دەروونم بەهۆی نیگەرانی و پەژارەی زۆرەوە تەنگ دەبێت، دڵ خەمبار دەبێت و لەخۆوە فرمێسك بە چاوەكانمدا دێتە خوارەوە. بوون و قەوارەی ئەو لێوانلێو بوو لە خۆشەویستی. میرزای خوالێخۆشبوو لە دەرخستنی خۆشەویستیدا زۆر ئازا و بەگوڕوتین بوو، هەموو ژیانی خۆیشی لەم پێناوەدا نەزر كردبوو. پێم وا نیە تەنانەت لە خەونیشدا شتێكی تری بینیبێت. سەرەڕای كەمدەرامەتیەكەی، بەڵام لەپێناو ئەو خزمەتە ئایینییانەی كە لە كاتی خۆیدا ئەنجامی دەدان، ماڵ و سامان لە بەرچاویدا لە خۆڵ بێبەهاتر بوو. لە نهێنیەكانی خواناسیدا تێگەیشتنێکی ئەوپەڕی ڕاست و دروستی هەبوو. ئەو یەقینە پڕ لە خۆشەویستیەی كە سەبارەت بە من هەیبوو، وەكو موعجیزەی توانای تەواوەتی خوا وابوو. بینینی ئەو دڵەكانی خۆش دەكرد وەك چۆن مرۆڤ بە بینینی باخچەیەكی پڕ لە میوە و گوڵ دڵخۆش دەبێت. كوڕە بچووكەكەی و كەسوكارەكەی لە لاوازی و بێپارەییەكی سەخت و داماوییەكی ڕواڵەتیدا بەجێهێشت. پەروەردگارا، ئەی پەروەردگاری بەتوانا خۆت ببە بە سەرپەرشتیار و بەخێوكەریان. وە بیخەرە دڵی خۆشەویستەكانیەوە كە مافی خزمەت بەرامبەر كەسوكاری ئەو برا دڵسۆزەیان بەجێبهێنن، كە داماو و بێ ماڵ و سامان بوون.
“پەروەردگارا، ئەی سەرپەرشتیاری دڵە خەفەتبارەكان، ئەی پەناگای داماوان و ئەی لێبوردەی تاوانباران، بە لوتفی خۆت لە بەندەكەت خۆشبە و بە چاوی بەزەیی و میهرەبانیەوە بڕوانە بۆ كەسوكاری”([7])
لێرەدا وەك نموونە باسی كۆمەڵێك برام كرد، بەڵام كۆمەڵێك برای تریش هەن كە هەمان ئەو تایبەتمەندی و سیفەتانەیان هەیە و بە ئیزنی خوا لە داهاتوودا لە كتێبێكی جیادا باسیان دەكەم. لەبەر ئەوەی بابەتەكە درێژەی كێشا، لێرەدا بەم ئەندازەیە وازدەهێنم.
لێرەدا بە گونجاوی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم، كە هەموو ئەوانەی بەیعەتیان پێ داوم شایستەی ئەوە نین لە ئێستادا بۆچوونێكی هاندەرانە دەرببڕم دەربارەیان. بەڵكو هەندێكیان وەك كۆمەڵێك لقی وشك دەردەكەون كە پەروەردگارم -كە سەرپەرشتیارمە- لە منیان دەكاتەوە و وەك چیلكە فڕێیان دەدات. لە ناویاندا كەسانێك هەن كە سەرەتا گەرموگوڕ و دڵسۆز بوون، بەڵام دواتر تووشی ساردبوونەوەیەكی توند بوون و وەك موریدەكان گوڕوتین و دڵسۆزی و نوور و خۆشەویستییان تێدا نەما. بگرە وەك بەلعامی باعور هیچ شتێكیان تێدا نەما جگە لە فێڵ و تەڵەكەبازی. وەك ددانی كلۆریان لێ هاتووە كە تەنها بەكەڵكی ئەوە دێن هەڵبكێشرێن و فڕێبدرێنە ژێر پێ. دیارە ئەوان سست و خاو بوونەوە، وە دنیای سووك و نزم لە ژێر تۆڕی فریودان و ساختهچێتیی خۆیدا دایپۆشین.
بەڕاستی دەیڵێم، ئەوانە بەم نزیكانە لێم دادەبڕێن، مەگەر ئەو كەسەی كە سەرلەنوێ فەزڵی خوا فریای بكەوێت. لە بەرامبەریشدا زۆر كەسی تر هەن كە خوای گەورە بۆ هەتاهەتایە ڕادەستی منی كردوون؛ ئەوانە لقە سەوزەكانی درەختی بوونی منن و بە ئیزنی خوا لە كاتێكی تردا باسیان دەكەم.
لێرەدا دەمەوێت ئەو وەسوەسەیە بڕەوێنمەوە كە دێت بە دڵی ئەو کەسانەدا کە دەوڵەمەندن و خۆیان بە دڵفراوان و بەخشندە و فیداكار لەپێناوی ئاییندا دەزانن، بەڵام بەتەواوەتی خۆیان لاداوە لە خەرجكردنی ماڵ و سامانیان لە جێگەی خۆیدا و دەڵێن: ئەگەر بگەینە سەردەمی كەسێكی ڕاستگۆ و پشتیوانیكراو لەلایەن خواوە، كە لەلایەن خوای گەورەوە ڕاستەوخۆ بۆ پشتگیریكردنی ئایین ڕەوانە كرابێت؛ ئەوا ملکەچ دەبین بۆ یارمەتیدان و سەرخستنی و لەم پێناوەدا خۆمان دەکەینە قوربانی. بەڵام چی بكەین كاتێك دەبینین ساختەچێتی و فێڵ لە هەموو شوێنێكدا تەشەنەی كردووە؟
ئەی خەڵكینە، با ئەوەتان بۆ ئاشكرا بێت كە كەسێك بۆ پشتگیریی ئایین ڕەوانە كراوە، بەڵام ئێوە نەتانناسیوە؛ ئەو كەسە لە ناوتاندایە و ئەو كەسەش منم كە قسەتان لەگەڵدا دەكەم، بەڵام پەردەیەكی ئەستوور چاوەكانی داپۆشیون. ئەگەر ئێوە بەڕاستی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن؛ ئەوا تاقیكردنەوەی كەسێك كە بانگەشەی ئاخاوتن لەگەڵ خوادا دەكات، زۆر ئاسانە. دەی وەرن بۆ لای و دوو یان سێ هەفتە لە خزمەتیدا بمێننەوە، ئینجا ئەگەر خوا ویستی لەسەر بێت؛ ئەوا بە چاوی خۆتان دەبینن چۆن بارانی بەرەكەت و نوورەكانی وەحی ڕاست بەسەریدا دەبارێت. ئەوەی بەجددی بگەڕێت بۆ ڕاستی دەیدۆزێتەوە و ئەوەی لە دەرگا بدات لێی دەكرێتەوە. بەڵام ئەگەر لە ژوورێكی تاریكدا چاوی خۆتان بنوقێنن و بڵێن: “خۆر لە كوێیە؟”؛ ئەوا سكاڵاكهتان هیچ بنەمایەكی نیە. ئەی كاڵفام، سەرەتا دەرگای ژوورەكە بكەرەوە و پەردەكە لەسەر چاوت لابە تاوەكو خۆرت بۆ دەركەوێت و بە ڕووناكیەكەیشی ڕووناكت بكاتەوە!
هەندێ كەس دەڵێن دامەزراندنی دامەزراوەكان و كردنەوەی خوێندنگاكان بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی ئایین بەسن. بەڵام ئەوان نازانن ئایین چیە، ئامانجە داواكراوەكانی بوونمان چیە و چۆن و بە چ ڕێگەیەك دەتوانین ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنین؟
پێویستە لەسەریان بزانن كە ئامانجی داواکراوی ئەم ژیانە، بریتیە لە دروستكردنی پەیوەندییەكی ڕاستگۆیانە و یەقینی لەگەڵ خوای گەورەدا، كە مرۆڤ لە گرێ دەروونیەكان ڕزگار دەكات و دەیگەیەنێتە سەرچاوەی ڕزگاربوون. بە كورتی، ڕێگاكانی یەقینی تەواوەتی هەرگیز بە نەخشە و پلانی ساختەی مرۆڤ ناكرێنەوە. هەڵبەت ئەو فەلسەفەیەی كە دەستی مرۆڤ دایهێناوە لەم بوارەدا هیچ سوودێكی نیە، بەڵكو خوای گەورە هەمیشە لە كاتی بڵاوبوونەوەی تاریكیدا، ئەم نوورە لە ئاسمانەوە و لە ڕێگەی بەندە تایبەتەكانی خۆیەوە دادەبەزێنێت. ئەو كەسەی لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، هەمان ئەو كەسەیە كە كەسانی تریش بەرەو ئاسمان بەرز دەكاتەوە.
ئەی ئەو كەسانەی كە لە چاڵی تاریكیدا نێژراون، ئەی دیلەكانی چنگی دوودڵی و گومان، ئەی كۆیلەكانی هەوا و ئارەزووە دەروونیەكان، بە ئیسلامێكەوە شانازی مەكەن كە تەنها ناو و لاساییكردنەوەیە. هەروەها پێتان وا نەبێت كە خۆشگوزەرانی و خۆشحاڵیی ڕاستەقینە و سەركەوتنی یەكجارەكیتان لە دەستی ئەو پلان و نەخشانەدایە كە دامەزراوە و خوێندنگاكانی ئێستا بەكاریان دەهێنن. ئەم شتانە وەك بنەما بەسوودن و ڕەنگە یەكەم هەنگاو بن بۆ پێشكەوتن، بەڵام بەتەواوەتی لە ئامانجی داواکراو دوورن. ڕەنگە لەم پلان و نەخشانەوە زیرەكی هزری و سروشتێكی هونەرمەندانە یان بیرتیژی و شارەزایی لە لۆژیكی وشكدا بەرهەم بێت، یان ڕەنگە بەهۆیانەوە كەسێك نازناوی “زانا” یان “دانا” بەدەست بهێنێت، وە ڕەنگە یارمەتیی كەسێكیش بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانج پاش بەدەستهێنانی زانست بۆ ماوەیەكی درێژ؛ بەڵام وەك پەندە فارسیەكە دەڵێت: “تاوەكو تریاق لە عێراقەوە دەگات، مارانگازەكە دەمرێت”.
کەواتە بێدار ببنەوە و وریابن بۆ ئەوەی پێتان نەخلیسكێت و نەكەون، وە بۆ ئەوەی لە كاتێكدا كە لە دۆخی بێباوەڕیدان تووشی سەفەری كۆتایی نەبن. بە دڵنیاییەوە بیزانن كە ناكرێت هەموو هیوایەكی سەركەوتنی دواڕۆژ لەسەر بەدەستهێنانی زانستە تەقلیدیەكان هەڵبچنرێت، بەڵكو پێویستیەك لە ئارادایە بۆ دابەزینی نووری ئاسمانی؛ نوورێك كە خەوشەكانی دوودڵی و گومان لادەبات و ئاگری هەوا و ئارەزووەكان دادەمركێنێتەوە، وە مرۆڤ كێش دەكات بەرەو خۆشەویستیی ڕاست و دروستی خوا و ئەوینی ڕاستەقینە و گوێڕایەڵیی ڕاستگۆیانە. ئەگەر پرسیار لە ویژدانی خۆتان بكەن؛ ئەوا وەڵامتان دەداتەوە كە ئێوە هێشتا بەو دڵنیاییە ڕاستەقینەیە شاد نەبوون كە بەیەكجار گۆڕانێكی ڕۆحی دروست دەكات. زۆر بەداخەوە ئێوە پەرۆشییەكی زۆر لە خۆتاندا بۆ كاروبار و زانستە تەقلیدیەكان بەدی دەكەن، كەچی دەیەكی ئەو پەرۆشیەتان بۆ كۆمەڵە ئاسمانیەكە نیە. زۆربەی زۆری كاتەكانی ژیانتان بۆ شتانێك تەرخان كردووە كە هیچ پەیوەندیەكیان بە ئایینەوە نیە، ئەگەر پەیوەندیەكیش هەبێت؛ ئەوا زۆر لاوازە و ئەوپەڕی دوورە لە ئامانجە ڕاستەقینەكەوە. ئەگەر ئێوە هەست و ژیرییەكتان هەبوایە كە بەتەواوەتی ئامانج بپێكێت؛ ئەوا تا ئەو ئامانجەتان نەپێكایە هەرگیز ئۆقرەتان نەدەگرت.
ئەی خەڵكینە، ئێوە بۆ ئەوە دروستکراون کە خوای ڕاستگۆ و بەدیهێنەر و پەرستراوی ڕاستەقینەتان بناسن و خۆشتان بوێت و گوێڕایەڵی بن. ئەگەر ئەم شتە كە بریتیە لە ئامانجی كۆتایی دروستبوونتان لە ناوتاندا نەدرەوشێتەوە؛ ئەوا بەتەواوەتی لە ڕزگاربوونی ڕاستەقینە دوورن. ئەگەر دادپەروەر بن؛ ئەوا شایەتی لەسەر دۆخی ناختان دەدەن كە بتێكی زەبەلاحی بەندایەتی دنیا هەمیشە لە دڵتاندایە لەجیاتی بەندایەتی خوا، وە لە هەموو چركەیەكدا هەزارەها جار سوژدەی بۆ دەبەن. ئێوە كاتە بەنرخەكانتان لە قسەوقسەڵۆكی دنیاییدا بەسەر دەبەن بە ڕادەیەك كە بە هیچ شێوەیەك دەرفەتێكتان دەست ناكەوێت بۆ ئەوەی چاوتان بۆ لایەكی تر بەرز بكەنەوە.
ئایا بۆ جارێكیش وردبوونەتەوە لە سەرەنجامی ئەم قەوارە ماددیە؟ ئەمانەت و دادپەروەرییتان لە كوێدایە؟ ئەو ڕاستگۆیی و لەخواترسان و دڵسۆزی و خۆبەکەمزانینە لە كوێدایە كە قورئان بانگتان دەكات بۆی؟ ئایا تەنانەت لە ساڵانی ڕابردووشدا جارێك بیرتان لەوە نەكردووەتەوە كە ئێوە خوایەكتان هەیە؟ هەرگیز بە دڵتاندا نەهاتووە كە مافەكانی بەسەرتانەوە چین؟ لە ڕاستیدا ئێوە هیچ پەیوەندیەكتان لەگەڵ ئەو زاتە ڕاگرە ڕاستەقینەیەدا دروست نەكردووە، بەڵكو قورسە لەسەرتان تەنانەت ناوەكەیشی بە زارتاندا بێت.
ڕەنگە لەمەدا دژایەتیم بكەن و بڵێن هەرگیز شتەكە بەم شێوەیە نیە، بەڵام یاسای خوا لە سروشتدا تاوانبارتان دەكات؛ چونكە ڕوونی دەكاتەوە بۆتان كە ئێوە نیشانەكانی باوەڕدارانتان تێدا نیە. بێگومان ئێوە لە بیر و سەرقاڵیە دنیاییەكاندا نوقم بوون، وە بە هەموو هێزێكەوە بانگەشەی ژیری و دانایی دەكەن تێیاندا، بەڵام ژیری و دووربینی و زانینتان تەنها لە دنیادا كورت بووەتەوە. بە ژیرییەكەتان ئەم شتانە لە جیهانەكەی تردا نابینن كە ڕۆحتان دروست كراوە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە سەقامگیر بێت تێیدا. دڵتان بە ژیانی دنیا ئۆقرەی گرتووە، وەك چۆن كەسێك دڵی بە شتێك ئۆقرە دەگرێت كە هەتاهەتایە دەمێنێتەوە؛ بۆ یەك جاریش بیر لە ژیانی جیهانەكەی تر ناكەنەوە كە خۆشیەكانی هەمیشەییە و شایستەی ئارامی و دڵنیاییە. ئەمە چ بەدبەختیەكە كە ئێوە تێیکەوتوون بەجۆرێك بەتەواوەتی بێئاگان و چاوتان لە ئاست بابەتێكی گرنگ نوقاندووە، كەچی شەو و ڕۆژ بە هەموو هێزتانەوە بۆ بەدەستهێنانی شتانێكی كاتی و هەنووكەیی ڕادەكەن! چاك دەزانن و بە دڵنیاییەوە نزیكە كاتێك بێت بەسەرتاندا كە بەیەكجار ژیان و هەموو هیواكانتان لەناوبچێت؛ ئەمە بەدبەختیەكی سەیرە كە ئێوە بەردەوام كاتی خۆتان تەنها لە داواكردنی دنیادا بەفیڕۆ دەدەن و خۆشتان دەیزانن.
تەنها لەڕێگەی هۆكارە ڕەواكانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دنیا نادەن، بەڵكو هەموو شتە ناڕەواكانیش، لە درۆ و فێڵەوە هەتا كوشتنی ناحەقیش، بە حەڵاڵ دەزانن. پاشان لەگەڵ ئەوەی ئەم هەموو تاوانە شەرمهێنەرانە لە ناوتاندا بڵاوبووەتەوە، كەچی دەڵێن پێویستمان بە نووری ئاسمانی و زنجیرەی ئاسمانی نیە، بەڵكو بە توندی دژایەتیشیان دەكەن. دیارە زۆر بە سووكی دەڕواننە كۆمەڵی ئاسمانیی خوا، بە ڕادەیەك كە زمانتان بە كۆمەڵێك وشەی پڕ لە ڕق و جنێو و هەڵەشەیی و گرژی باسی دەكات. چەندین جار دەڵێن چۆن دڵنیا بین كە ئەم كۆمەڵە لەلایەن خواوە دامەزراوە؟ پێش كەمێك وەڵامی ئەم پرسیارەم دایەوە، بەجۆرێك ئێوە لە داهاتوودا ئەم درەختە بە میوەكەیدا دەناسنەوە و ئەم چرایەش بە ڕۆشناییەكەی. بێگومان بانگەوازەكەم پێ گەیاندن، ئێستا سەرپشكن لەوەدا كە قەبووڵی دەكەن یان قەبووڵی ناکەن، وە ئایا قسەكانم یاداشت دەكەن یان لە تەختەی بیرتاندا دەیانسڕنەوە و بەتەواوەتی لەبیریان دەكەن.
“خۆشەویستانم، مرۆڤ لە ژیانیدا ڕێزی لێ ناگیرێت، بەڵام لە دوای خۆم بە حەسرەتەوە یادی قسەكانم دەكەنەوە”([8])
كۆتایی: دەردەدڵ بۆ پەرتەوازەیی لە ئیسلامدا
وەرگێڕانی قەسیدەیەكی فارسی:
وا باشترە لە ئاست پەرتەوازەیی دۆخی ئیسلام و بێخێریی موسوڵماناندا، هەموو چاوێك خوێنی لێ بێتە خوار. ئیسلام تووشی باهۆزێكی ترسناك و زۆر مەترسیدار بووە، وە بەهۆی كوفر و كەللـەڕەقییەوە فەسادێكی گەورە لە جیهاندا ڕوویداوە.
بە جۆرێك، ئەو كەسەی لە هەموو خێر و چاكەیەك بێبەشە، دەستی كردووە بە ڕەخنەگرتن لە باشترینی پێغەمبەران.
وە ئەو كەسەی كە لە زیندانی پیسی و چەپەڵیدا دیل و زیندانیە، بێشەرمانە تانە لە سەروەری پاكان دەدات.
کەسێکی پیس و دەروون بۆگەن تیر دەهاوێژێت بۆ ئەو زاتە مەعسوومە، بۆیە وا شیاوە ئاسمان بەرد بەسەر زەویدا ببارێنێت.
بێگومان ئیسلام لەبەرچاوی ئێوەدا وەك خۆڵ لاواز بووە، دەی بیانووتان چیە لای خوا ئەی گرووهی دەوڵەمەندان؟
كوفر لە هەموو شوێنێكەوە وەك سوپاكەی “یەزید” هەڵچووە و پەلامار دەدات، وە دینیش وەك “زین العابدین” نەخۆش كەوتووە و داماو بووە.
دەوڵەمەندەكان بە ڕابواردن و عەیش و نۆشەوە سەرقاڵن، وە لەگەڵ بتی ئافرەتە شۆخوشەنگەكاندا دانیشتوون و ڕادەبوێرن.
بەڵام مەلاكان بەهۆی هەڵچوونەکانی دەروونیانەوە دژایەتیی یەكتری دەكەن و ناكۆكن لەگەڵ یەکتردا، وە دنیانەویستەكانیش بەتەواوەتی لە پێداویستیەكانی ئایین بێئاگان.
هەموو كەسێك بە ئاقارێكی تایبەت بە خۆیدا دەڕوات و لەپێناوی دەروونە نزمەكەیدا ڕووی تێكردووە، بۆیە لایەنی ئایین چۆڵ و وێران بووە و هەموو دوژمنێك لە بۆسەدایە بۆی لەگەڵ كچی شۆخوشەنگدا هێرشی بۆ دەهێنێت.
ئەی موسوڵمانان، ئایا ئەمانە نیشانەكانی موسوڵمانن؟ یان ڕەنگە دڵتان لە باسی مەرگی ئەوانەی ڕابردوو خاڵی بێت.
ئایا لە دیدی ئێوەدا كۆشكی دنیا زۆر قایمە، یان بیرۆكەی مردن لە مێشكتاندا نەماوە؟
ئەی كەسە بێئاگاكان، كاتی مەرگ نزیك بووەتەوە، دەی وریابن، پێكەكان بەرەو كوێ دەسووڕێنرێنەوە؟
ئەی مرۆڤی ژیر، خۆت مەكە بە دیلی دنیا، ئەگینا دوای مردن تووشی چەندین نەهامەتیی گەورە دەبیت.
تەنها دڵت بەو خۆشەویستەوە ببەستە كە جوانیەكەی هەمیشەییە و لەناو ناچێت، بۆ ئەوەی لەلایەن خواوە کە باشترین چاكەكارە بەختەوەریی هەمیشەیی بەدەست بهێنیت.
ژیر ئەو كەسەیە كە لەپێناویدا وەك شێتی لێ دێت و زیرەك ئەو كەسەیە كە شەیدای ڕوخساری ئەو خۆشەویستە زۆر جوانەیە.
پێكی عیشقەكەی ئەزەلیە و ئاوی ژیانە، ئەوەی بیخواتەوە پاش ئەوە بۆ هەتاهەتایە نامرێت.
ئەی براكەم، دڵت بە سامانی دنیای نزم و سووكەوە پەیوەست مەكە، هەر دڵۆپێك لەم “هەنگوین”ـە تێكەڵ بە ژەهری كوشندەیە.
هەوڵ و کۆشش بکە لەپێناوی ئاییندا بە گیان و ماڵ هەتا دەتوانیت، تاوەكو لەلایەن پەروەرێنی عەرشەوە پۆشاكی ڕەزامەندی بەدەست دەهێنیت.
بە زانستی خۆت بیسەلمێنە كە لە باوەڕتدا نوورێك هەیە، مادام دڵت پەیوەستە بە یوسفەوە ڕێگایەك هەڵبژێرە كە بۆ كەنعان بڕوات.
یادی ئەو كاتە بكەرەوە كە ئەم ئایینە سەرچاوەیەك بوو بۆ هەموو ئەهلی ئایینەكانی تر و جیهانێكی لە چنگی شەیتانی نەفرەتلێكراو ڕزگار كرد.
بە سێبەری زانست و دەسەڵاتەكەی دەوری هەموو زەوی دابوو، وە بەهۆی سەربەرزی و شكۆكەیەوە پێی لە ئاسماندا بوو.
بەڵام ئێستا سەردەمێك هاتووەتە پێش، هەموو گەوجێك بەهۆی گەوجێتی و گەمژەییەوە ئەم ئایینە بەتینە بە درۆ دەزانێت.
بێگومان سەدان هەزار نەزان و نەفام لەم ئایینە دەرچوون و بوونە نێچیری سەدان هەزار كەسی فێڵباز و فریودەر.
موسوڵمانان تووشی داڕووخان و زەلیلی بوون، چونكە غیرەتیان نیە بۆ ئایین.
غیرەتیان ناجووڵێت، تەنانەت وەك جووڵەی كۆرپەلەش، ئەگەرچی هەموو جیهان لە ئایینی موحەممەدی هەڵبژاردە هەڵگەڕێنەوە.
ئەوان لە بیری دنیای نزم و سووكدا نوقم بوون، وە هەموو ماڵ و سامانیان بۆ ئافرەت و منداڵ بەفیڕۆ دەدرێت.
سەرۆكایەتی هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەیەك دەكەن كە خراپە و تاوانی تێدا بێت، وە دیارترین كەسن لە هەموو مەجلیسێکدا كە سەرپێچی تێدا بكرێت.
ئەوان بە مەی و بادەوە ئالوودە بوون و لە كۆڵانەكانی هیدایەتەوە دوورن، لە ئەهلی ئایین هەڵدێن و بوون بە مەیخۆر.
بێگومان ئەو خۆشەویستە -كە پێشتر دڵسۆزیان بوو- پشتی لێ كردن كاتێك ڕاستگۆیی و ئەمەكی تێدا بەدی نەكردن.
هەڵبەت سەردەمی پێشكەوتن و سەروەت و سامانیان بەسەرچوو، ئێستا بەهۆی كردەوەكانیانەوە ڕۆژگارەكانی بەدبەختی و چارەڕەشییان هاتووە.
پێشتر بەهۆی گرنگیدانیان بە ئایین پێشكەوتن ڕوویدا، ئەگەر ئەوەش بگەڕێتەوە؛ ئەوا بە هەمان ڕێگە ڕوودەدات.
پەروەردگارا، كەی كاتی سەركەوتن و یارمەتیدانت دەگەڕێتەوە، وە كەی ئەو ڕۆژ و ساڵە پیرۆزانە جارێكی تر دەبینین؟
زۆریی دوژمنانی ئایین و كەمیی یارمەتیدەران، ئەم دوانە دڵی منیان تواندەوە.
ئەی پەروەردگار، بە خێرایی وەرە و بارانی هاوكاریی خۆت بەسەرماندا ببارێنە، ئەگینا ئەی پەروەردگار، لەم خانە گڕگرتووە دەرمبکە.
ئەی پەروەردگار، لە گزنگی ڕەحمەتی خۆتەوە ڕووناكیەك بەسەرماندا بدرەوشێنەرەوە، وە چاوی گومڕایان بە كۆمەڵێك نیشانەی ئاشكرا ڕۆشن بكەرەوە.
مادام ڕاستگۆیی و گەرموگوڕیت پێ بەخشیوم، خەیاڵی ئەوە ناكەم تۆ بە نائومێدی لەم دنیایەدا بممرێنیت.
دیارە ئەركی ڕاستگۆیان هەرگیز بە ناتەواوی نامێنێتەوە، خونچەكانیان دەستی خوای پەروەردگار دەشارنەوە.
ڕاگەیاندنێكی گشتی بۆ ئاگاداركردنەوەی ڕەخنەگرەكان
نیازم وایە بە زنجیرەیەكی ژمارەیی، هەموو ئەو ڕەخنانەی كە لایەنگرانی ئایینە جیاوازەكان و خاوەن دید و بۆچوونە جۆراوجۆرەكان ئاراستەی ئیسلام یان فێركارییەكانی قورئانی پیرۆزی دەكەن، یان دژی گەورە و سەروەرمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەیگرن، لەگەڵ تانە و تەشەرەكانیشیان سەبارەت بە كاروباره كەسی و تایبەتیەکانم، وە ئەو دوودڵی و وەسوەسە و گومانانەی لە دڵیاندان سەبارەت بە ئیلھامەكانم و ئەو بانگەشانەم كە لەسەر ئیلهامەكان بنیادنراون، لە كتێبێكدا كۆبكەمەوە؛ پاشان بەگوێرەی ڕیزبەندیە ناوبراوەكە وەڵامی هەموو ڕەخنە و پرسیارێك بدەمەوە. بۆیە ئەم ڕاگەیاندنە بڵاودەکەمەوە و تێیدا ڕووی قسە دەکەمە هەموو مەسیحی و هیندۆس و ئاری و جوولەكە و ئاگرپەرست و مولحید و براهمەکان و زانایانی سروشت و فەیلەسووفەکان و ئەو موسوڵمانانەی كە لە بۆچووندا لەگەڵماندا ناكۆكن و دەڵێم: هەر كەسێك ڕەخنەی هەیە لە ئیسلام یان لە قورئانی پیرۆز یان لە گەورە و سەروەر و پێشەوامان چاكترینی پێغەمبەران (ﷺ) یان لە من یان لەو پێگەیەی كە خوا پێی بەخشیوم یاخود لە ئیلهامەكانم، ئەگەر بەڕاستی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت؛ ئەوا پێویستە لەسەری ڕەخنەكەی بە خەتێكی ڕوون بنووسێت و بۆمی بنێرێت، تاوەكو هەموو ڕەخنەكان پێكەوە كۆبكرێنەوە و بەگوێرەی ڕیزبەندیەکی ژمارەیی لە كتێبێكدا بڵاو بكرێنەوە، پاشان یەك لەدوای یەك بە تێروتەسەلی وەڵامیان دەدەینەوە.
والسلام علی من اتبع الهدی
ڕاگەیەنەر
بەندەی خۆبەکەمزان میرزا غوڵام ئەحمەد لە قادیان، پارێزگای گورداسپوور (پەنجاب)
10ی جەمادی دووەمی ساڵی 1308ی كۆچی.
دوو نامیلكەی تر لەگەڵ ئەم نامیلكەیەدا نووسراون، كە لە ڕاستیدا دوو بەشی ئەم نامیلكەیەن. ناونیشانی ئەم نامیلکەیە بریتیە لە: “سەركەوتنی ئیسلام”، ناونیشانی دووەم بریتیە لە: “ڕوونكردنهوهی مەبەست”، وە ناونیشانی سێیەمیش بریتیە لە: “لابردنی وەهمەکان”.
ڕاگەیەنەر
میرزا غوڵام ئەحمەد لە قادیان
……………….
پەراوێزەكان:
([1]) هەڵبەت فێركردنی ماناكانی قورئانی پیرۆز و برهودان به كتێبه ئایینیهكان و فهرمووده وهرگێڕدراوهكانی پێغهمبهر (ﷺ) بۆ زمانی ئوردی یان فارسی تهنھا وهك چاولێكردن و ڕووپایی، یان دهستكردن بهشێوازی وشك و بنیادنراو لهسهر بیدعه -وهك چۆن زۆربهی زۆری مهلا هاوچهرخهكان خوویان پێوه گرتووه- ئەو شتانە نین بتوانرێت به نوێكردنهوهی تهواوهتی و ڕاستهقینهی ئایین لهقهڵهم بدرێن. بهڵكو شێوازی كۆتایی وهك نوێكردنهوهی ڕێگاكانی شهیتان و دزینی ئایین وایه. گومانی تێدا نیه بڵاوكردنهوهی قورئانی پیرۆز و فهرمووده دروستهكان كارێكی پەسەندە، بهڵام ئەنجامدانی ئەم كاره وهكو لاساییكردنهوه و زۆرلهخۆكردن بهبێ ئهوهی نهفسی مرۆڤ بە پاكی بهرههمی فهرمووده و قورئانی پیرۆز بێت، تهنھا خزمهتێكی ڕواڵهتی و بێناوەڕۆکە دهكرێت ههر مرۆڤێكی خاوهن زانست بیکات، بهڵكو ههمیشه بەردەوامە و پهیوهندی نیه به نوێكردنهوهی ئایینەوه. لای خوای گەورە ههموو ئهم كارانه وهك فرۆشتنی ئێسكی ڕزیو وایە و هیچی تر نین. خوای گهوره دهفهرموێت: ﴿لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفۡعَلُونَ * كَبُرَ مَقۡتًا عِندَ ٱللَّهِ أَن تَقُولُواْ مَا لَا تَفۡعَلُونَ﴾ (الصف: 3-4)، ههروهها دهفهرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ عَلَيۡكُمۡ أَنفُسَكُمۡ ۖ لَا يَضُرُّكُم مَّن ضَلَّ إِذَا ٱهۡتَدَيۡتُمۡۚ﴾ (المائدة: 106)، لهكوێ کوێر دهتوانێت ڕێنمایی کوێر بكات، وه لهكوێ كهسێك تووشی نهخۆشی گهڕی بووبێت دهتوانێت كهسانی تر چارهسهر بكات. بێگومان نوێكردنهوهی ئایین دۆخێكی پیرۆزه کە سهرهتا بههۆی خرۆشانی عیشقەوە دادهبهزێته سهر دڵێكی پاك كه گەیشتبێته پلهی ئاخاوتن لەگەڵ خوادا، پاشان درهنگ یان زوو سهرڕێژ دهكات بۆ کەسانی تر. ئهو کەسانهی لهلایهن خواوه هێزی نوێكردنهوه بهدهست دهھێنن هەرگیز فرۆشیاری ئێسكه ڕزیوهكان نین، بهڵكو ئهوانه نوێنهری ڕاستهقینه و جێنشینی ڕۆحی پێغهمبهرن (ﷺ). خوای گەورە دهیانكات به میراتگری ههموو ئەو نیعمهتانەی كه خهڵاتی كردوون به پێغهمبهران و نێردراوان. وه قسهكانیان وهها لێ دهكات كه له پەرۆشی و گوڕوتینێكی ڕاستهقینهوه ههڵقوڵێن نهك ئەوەی بنیاد نرابن تەنها لهسهر بنەمای ههوڵدان، وه كردهوەی چاك و ئهزموونی كهسییان لهگهڵدا دهبێت نهك ئهوهی تهنھا لهسهر خستنهڕووی زانیاری تیۆری دامەزرابن. لهلایهن خوای گهورهوه ئیلھام جیلوه دهكات لهسهر دڵیان، وه له ههموو كاتێكی سەخت و ناههمواردا ڕۆحی پیرۆز فێریان دهكات و هیچ خهوشێکی دنیاپەرستی تێكهڵی قسه یان كردهوهیان نابێت؛ چونكه ئهوان بهتهواوهتی پاك و خاوێن کراونەتەوە و بهتهواوهتی ڕاكێشراون بۆلای خوا. (نووسەر)
([2]) لەم سەردەمەی كە تێیدا دەژین، دەستگرتن بە ڕواڵەت و دووركەوتنەوە لە ناوەڕۆك و حەقیقەت و بێبەشبوون لە دەستپاكی و دڵسۆزی و وازهێنان لە ڕاستگۆیی و ڕۆچوون لە چاوچنۆكی و ڕەزیلی و خۆشەویستی دنیادا بڵاو بووەتەوە، وەك چۆن لەناو جوولەكەدا بڵاوبووبوویەوە لە كاتی دەركەوتنی مەسیحی كوڕی مەریەمدا. بۆیە، هەروەك چۆن جوولەكە لەو سەردەمەدا بەتەواوی لە چاكەی ڕاستەقینە بێئاگا بوون و تەنها دابونەریتەكانیان بە چاكە ئەژمار دەكرد، وە دەستپاكی و دڵسۆزی و پاكیی ناخ و دادپەروەری بەتەواوەتی لەناویاندا نەمابوو، وە هیچ شوێنەوارێكی هاوخەمی و دڵسۆزی و بەزەیی ڕاستەقینەیان تێدا بەدی نەدەكرا، وە پەرستنی جۆرەها دروستكراو جێگەی پەرستنی پەروەردگاری ڕاستەقینەی گرتبوویەوە، بە هەمان شێوە لەم سەردەمەی ئێمەیشدا هەموو ئەم نەخۆشیانە دەركەوتوونەتەوە. شتە حەڵاڵەكان بە سوپاسگوزاری و پێزانینەوە كە مۆركی خۆبەکەمزانینیان پێوە بێت بەكارناهێنرێن، وە هیچ ڕقلێبوون و دووركەوتنەوەیەك نەماوە لە ئەنجامدانی كارە حەرامەكان. بەهۆی پاساوهێنانەوە و تەئویلاتەوە، فەرمانە مەزنەكانی خوا فەرامۆش كراون. دۆخی زۆربەی زۆری زانایانمان هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆی نیە لەگەڵ دۆخی كەتەبە و فەریسییەكانی ئەو سەردەمە، بە جۆرێك پارێزیان لە مێشوولە دەكرد بەڵام وشترێكیان بە ساغی قووت دەدا! وە دەرگای شانشینی خوایان بەسەر خەڵكیدا دادەخست، نە خۆیان دەچوونە ناویەوە نە دەیانهێشت كەسانی تریش بچنەناویەوە. نوێژەكان درێژ دەكەنەوە، بەڵام خۆشەویستی و شكۆی پەرستراوی ڕاستەقینە نەماوەتەوە تێیاندا. لەسەر میمبەرەكان ئامۆژگاریی كاریگەر پێشكەش دەكەن، بەڵام لە نادیاریدا چەندین کردەوە ئەنجام دەدەن كە بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو ئامۆژگاریانەن. چاویان زۆر سەیرە؛ بەجۆرێك توانایەكی سەرسوڕهێنەریان هەیە بۆ گریان، لە كاتێكدا دەروونیان پڕە لە یاخیبوون و ئیرادەیان پڕە لە خراپەكاری. زمانێكی زۆر سەیروسەمەرەیان هەیە؛ بانگەشەی ناسینی خوا دەكەن، كەچی دڵیان پڕە لە دژایەتی توند. بەم شێوەیە، خەسڵەتەكانی جوولەكە لە هەموو لایەكدا بەدی دەكرێن. پارێزكاری و لەخواترسان تا ڕادەیەكی زۆر کەم بووە. لاوازیی باوەڕ خۆشویستنی خوای گەورەی كەم كردووەتەوە. خەڵكی لەژێر باری قورسی خۆشویستنی دنیادا تەواو شەكەت بوون. پێویست بوو ئەمە ڕووبدات، چونكە پێشتر گەورە و سەروەرمان موحەممەد (ﷺ) پێشبینیی كردووە و فەرموویەتی: “بە دڵنیاییەوە سەردەمێك بەسەر ئەم ئوممەتەدا دێت كە بەتەواوەتی شوێنپێی جوولەكە هەڵدەگرن و هەموو ئەو كارانە دەكەن كە جوولەكە كردوویانە، تەنانەت ئەگەر ئەوان بچنەناو كونی بزنمژەوە، ئەمانیش بە دوایاندا دەچن؛ لەو كاتەدا كەسێك -لە نەتەوەی فارس- لەدایك دەبێت كە باوەڕ فێری خەڵكی دەكات، وە ئەگەر ئیمان لەسەر ئەستێرەی سورەیاش بێت، ئەو بەدەستی دەهێنێت”. ئەمە پێشبینیەكە كە پێغەمبەر (ﷺ) كردوویەتی، وە ئیلهامی خواییش حەقیقەتەكەی بۆ ئاشكرا كردم و زۆر بە ڕوونی چۆنێتیەكەی دەرخست. خوای گەورە لە ڕێگەی ئیلهامی خۆیەوە بۆی ئاشكرا كردم كە مەسیحی كوڕی مەریەمیش لە ڕاستیدا ئیمانی فێری خەڵکی دەكرد، وە ١٤٠٠ ساڵ دوای موسا (سڵاوی خوای لێ بێت) لەدایك بووە، لە سەردەمێكدا كە باوەڕی جوولەكە تا ڕادەیەكی زۆر لاواز ببوو. بەهۆی لاوازیی ئیمانەوە، تێوەگلابوون لە جۆرەها نەنگی و ئابڕووچوون كە بریتین لە لقەكانی بێباوەڕی. كاتێك ١٤٠٠ ساڵ بەسەر ئەم ئوممەتەدا تێپەڕی دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەرەكەی (ﷺ)، لەناو ئەمانیشدا هەمان ئەو نەخۆشیانە تەشەنەیان كرد كە پێشتر لەناو جوولەكەدا تەشەنەیان کردبوو، بۆ ئەوەی ئەو پێشبینیە بێتەدی كە دەربارەیان كرابوو. بۆیە خوا بە توانای كامڵی خۆی، بۆ ئەم ئوممەتەش مامۆستایەكی ئیمانیی هاوشێوەی مەسیحی ڕەوانە كرد. كەواتە ئەو مەسیحەی كە بڕیار بوو بێت منم؛ ئەگەر دەتانەوێت؛ ئەوا قەبووڵی بكەن. با ئەوانەی گوێیان هەیە ببیستن. ئەمە كاری خوای گەورەیە و لە چاوی خەڵكیدا شتێكی سەیرە. ئەگەر كەسێك بە درۆزنم بزانێت؛ ئەوا لە ڕابردووشدا ڕاستگۆیان بە درۆزن زانراون. جوولەكە هەرگیز باوەڕیان نەهێنا بە یوحەننا (واتە یەحیای كوڕی زەكەریا)، لەگەڵ ئەوەی مەسیحی ناسیرەیی شایەتی بۆ دا كە خودی ئەو كەسەیە بەرزكرایەوە بۆ ئاسمان، وە بەڵێنی دابەزینی بۆ جاری دووەم لە ئاسمانەوە لە پەڕاوە پیرۆزەكاندا هاتووە. یەكێك لە سوننەتەكانی خوا ئەوەیە كە هەمیشە خوازە (ئیستعارە) بەكاردەهێنێت، وە ناوی كەسێك دەنێت لە كەسێكی تر بەگوێرەی گونجان و لێكچوونیان لە سروشت و سیفەت و تواناكاندا. ئەو کەسەی دڵی وەك دڵی ئیبراهیم بێت، لای خوا ئیبراهیمە، وە ئەوەی دڵی وەك دڵی عومەری فارووق بێت، لای خوا عومەری فارووقە. ئایا ئەو فەرموودەیەتان نەخوێندووەتەوە كە دەفەرموێت ئەگەر لەناو ئەم ئوممەتەدا كەسێك هەبێت كە خوا قسەی لەگەڵ بكات، ئەوا عومەرە؟ ئایا ئەمە بەو مانایە دێت كە قسەكردن لەگەڵ خوادا تەنها بۆ عومەر بووە و بۆ کەسی تر نیە؟ نەخێر، بەڵكو مانای فەرموودەكە ئەوەیە كە هەر كەسێك دۆخە ڕۆحیەکەی وەك دۆخی ڕۆحیی عومەر وابێت؛ ئەوا لە كاتی پێویستدا خوا قسەی لەگەڵ دەكات. منیش جارێكیان لەم بارەیەوە ئیلهامێكم پێ گەیشت كە ئەمە دەقەكەیەتی: “فیك مادة فاروقیة” واتە (ماددەیەكی فارووقی لە تۆدا هەیە). سەرەڕای لێكچوونی سروشتیم لەگەڵ پیاوچاكانی تردا -كە لە کتێبی “البراهين الأحمدية”دا بەدرێژی باسی لێوە كراوە- لێكچوونێكی تایبەتم هەیە لەگەڵ فیترەتی مەسیحی ناسیرەییدا (سڵاوی خوای لێ بێت). بەگوێرەی ئەم لێكچوونە فیتریە، بە ناوی مەسیحەوە ڕەوانە كراوم بۆ ئەوەی بیروباوەڕە خاچپەرستیەكان پارچەپارچە بكرێن. من ڕەوانە كراوم بۆ شكاندنی خاچ و كوشتنی بەراز. لە ئاسمانەوە دابەزیم لە كاتێكدا فریشتە پاكەكان لەلای چەپ و ڕاستمەوەن، وە پەروەردگارم -كە هەمیشە لەگەڵمدایە- ئەوانی دابەزاندووەتە سەر دڵە ئامادەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكەم، بەڵكو بەردەوامیش دایاندەبەزێنێت. تەنانەت ئەگەر بێدەنگیش بم و قەڵەمەكەم لە نووسین بوەستێت؛ ئەوا ئەو فریشتانەی لەگەڵمدا دابەزیون لە كارەكانیان ناوەستن. لە دەستیاندا كۆمەڵێك دارعەسای گەورە هەیە كە پێیان دراوە بۆ شكاندنی خاچ و وردوخاشكردنی بتەكانی پەرستنی دروستكراوان.
ڕەنگە كەسێكی نەزان لێرەدا سەری سوڕبمێنێت و بپرسێت: مەبەست لە دابەزینی فریشتەكان چییە؟ لە وەڵامدا پێویستە ڕوون و ئاشکرا بێت كە سوننەتی خوا وەها بووە، هەر كاتێك لە ئاسمانەوە پێغەمبەرێك یان نێردراوێك یان “مُحَدَّث”ێك بۆ ئیسڵاحی خەڵکی دابەزیبێت، بە دڵنیاییەوە كۆمەڵێك فریشتە لەگەڵیدا دابەزیون و هیدایەتیان خستووەتەناو دڵە پەرۆشەكانەوە و هانیان داون بۆ كاری چاكە، وە بەردەوام بوون لە دابەزین تا ئەو كاتەی تاریكیی كوفر و گومڕایی ڕەویوەتەوە و بەرەبەیانی باوەڕ و ڕاستی هەڵهاتووە، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: {تَنَزَّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ وَٱلرُّوحُ فِيهَا بِإِذۡنِ رَبِّهِم مِّن كُلِّ أَمۡرٖ * سَلَٰمٌ هِيَ حَتَّىٰ مَطۡلَعِ ٱلۡفَجۡرِ} (القدر: ٥-٦). كەواتە فریشتەكان و ڕۆحی پیرۆز لە ئاسمانەوە دادەبەزن كاتێك پیاوێكی مەزن لە زەویدا سەرهەڵدەدات، كە پۆشاكی خەلافەتی پۆشیوە و شكۆدار بووە بە ئاخاوتنی خوا. ئەم خەلیفەیە بە شێوەیەكی تایبەتی ڕۆحی پیرۆزی پێ دەبەخشرێت و ئەو فریشتانەی کە لەگەڵیدان دادەبەزن بۆ سەر هەموو دڵە ساغ و دروستەكانی خەڵكی دنیا. بۆیە لە هەر كوێیەك كەسانێك هەبن كە لەم ڕووەوە جیاواز بوون؛ ئەوا ئەو نوورە دادەبەزێتە سەریان و تەواوی جیهان دادەپۆشێت. وە لەخۆوە بیرۆكەی چاكە لە دڵەكاندا دروست دەبێت بەهۆی كاریگەری چاکی فریشتەكانەوە و یەكتاپەرستی شیرین دەكەن لەلایان. ڕۆحی خۆشویستنی ڕاستی و گەڕان بە دوای حەقدا دەكرێت بە بەری دڵە ڕاستگۆكاندا، هێز دەدرێت بە لاوازەکان و كۆمەڵێك با هەڵدەكەن كە پشتیوانی لە ئامانجی ئەو موسڵیحە دەكەن و خزمەت بە مەبەستەكەی دەكەن. لەخۆوە خەڵكی بەهۆی دەستێك لە غەیبەوە بەرەو چاكە ڕادەكێشرێن و بەمەش جووڵە و بزووتنەوەیەك لەناو نەتەوەكاندا سەرهەڵدەدات. لەم كاتەدا نەفامەكان پێیان وایە كە بیری خەڵك لەخۆوە بەلای ڕاستیدا دەچێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە كاری ئەو فریشتانەیە كە لە ئاسمانەوە لەگەڵ خەلیفەكەی خوادا دابەزیون، وە كۆمەڵێك هێزی موعجیزەئاسا دەدەن بە خەڵكی بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی و قەبووڵکردنی. ئەوان خەوتووەكان بێدار دەكەنەوە، هۆش دەکەنەوە بە بەر مەستەكاندا، گوێی كەڕەكان دەكەنەوە، ڕۆحی ژیان بە بەر مردووەكاندا دەكەنەوە و لە گۆڕەكانیان دەریان دەهێنن. لەم كاتەدا خەڵكی بە یەكجار چاویان دەكرێتەوە و شتانێكیان بۆ ئاشكرا دەبێت كە پێشتر لێیان شاراوە بووە. لە ڕاستیدا ئەم فریشتانە جیا نین لە خەلیفەكەی خوا، بەڵكو ئەوان نووری ڕوخسار و كۆمەڵێك نیشانەی شكۆداریی ورەی ئەون، كە هەموو كەسێكی خاوەن سروشتێكی گونجاو بەهۆی هێزە موگناتیسیەكەیانەوە بەرەو لای خۆیان كێش دەكەن، چ لە ڕووی جەستەییەوە نزیك بێت یان دوور، ناسراو بێت یان تەواو بێگانە و نامۆ بێت، تەنانەت ئەگەر ناوەكەشی نەزانن. بە كورتی، بزووتنەوە و جووڵەی چاكە كە لەم سەردەمەدا سەری هەڵداوە، لەگەڵ جۆرەها پەرۆشی و جۆش و خرۆش کە بەرهەم هاتوون بۆ وەرگرتنی ڕاستی -چ لەلایەن ئاسیاییەكانەوە بێت، یان دانیشتووانی ئەورووپا و ئەمریكا- تەنها بەهۆی هاندانی ئەو فریشتانەوە دەركەوتوون كە لەگەڵ خەلیفەكەی خوادا دابەزیون. ئەمە سوننەتێکی خواییە كە هەرگیز گۆڕانی بەسەردا نایەت، زۆر ڕوونە و مرۆڤ بە خێرایی لێی تێدەگات، بۆیە ئەگەر سەرنجی لێ نەدەن؛ ئەوا بەدبەخت و چارەڕەشن. كەواتە مادام بە ڕاستی و حەققەوە لەلایەن خوای گەورەوە هاتووم، ئەوا بەدڵنیاییەوە نیشانەكانی ڕاستگۆیی من لە هەموو لایەكەوە بەدی دەكەن. وە ئەو ڕۆژگارە دوور نیە بەڵکو زۆر نزیكە كە تێیدا دەبینن فریشتەكان پۆل پۆل لە ئاسمانەوە دادەبەزنە سەر دڵی خەڵكی ئاسیا و ئەورووپا و ئەمریكا. بێگومان ئێوە لە قورئانەوە دەزانن كە لەگەڵ دابەزینی خەلیفەی خوادا، بە دڵنیاییەوە فریشتەكان دادەبەزن بۆ ئەوەی دڵەكان بەرەو ڕاستی ئاراستە بكەن، کەواتە چاوەڕوانی ئەم نیشانەیە بن. ئەگەر فریشتەكان لە ئاسمانەوە دانەبەزین و بە شێوەیەكی دیار شوێنەوارەكانی دابەزینی ئەوانتان لە دنیادا نەبینی و جووڵەی دڵەكانتان بەدی نەكرد بەرەو ڕاستی زیاتر لە باری ئاسایی و باو؛ ئەوا بزانن كە هیچ كەسێك لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە. بەڵام ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەركەوتن؛ ئەوا پێویستە واز لە نكۆڵیكردن بهێنن بۆ ئەوەی لای خوا لە ڕیزی یاخیبوواندا ئەژمار نەكرێن. نیشانەی دووەم ئەوەیە كە خوای گەورە تایبەتمەندی كردووم بەو نوورانەی كە تەنها دەیانبەخشێت بە بەندە هەڵبژێردراوەكانی خۆی و هیچ كەسێك ناتوانێت تێیاندا ململانێ بکات لەگەڵیاندا. بۆیە ئەگەر ئێوە گومانتان هەیە؛ ئەوا وەرنە مەیدانی ململانێ، وە بە دڵنیاییەوە بزانن كە هەرگیز توانای ئەوەتان نابێت. ئێوە زمانتان هەیە بەڵام دڵتان نیە، جەستەتان هەیە بەڵام بێ ڕۆحە، وە گلێنەی چاوتان هەیە بەڵام هیچ ڕووناكیەكی تێدا نیە؛ بۆیە لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە تا ڕووناكیەكتان پێ ببەخشێت بۆ ئەوەی ببینن. نیشانەی سێیەم ئەوەیە ئەو پێغەمبەرە هەڵبژێردراوە پیرۆزە کە بانگەشەی ئەوە دەكەن باوەڕتان پێیەتی، لە کتێبە سەحیحەكانتاندا شایەتی بۆ داوم، بەڵام ئێوە بچووكترین سەرنجتان نەداوە لە فەرموودەکانی (ﷺ). كەواتە ئێوە لە ناخەوە دوژمنی پێغەمبەرن (ﷺ)؛ چونكە لە جیاتی ئەوەی بیر لە بەڕاستزانینی بكەنەوە، کەچی بیر لە بەدرۆخستنەوەی دەكەنەوە. زۆرێك لە ئێوە لە ئێستادا فەتوای كافربوونم دەدەن، بگرە ئەگەر بۆتان بڕەخسێت دەمكوژن، بەڵام ئەم حكومەتە كە وڵات بەڕێوە دەبات لە دەستی ئەو كەسانەدا نیە كە لە تووڕەییدا گڕ دەگرن و لە تێگەیشتنی شتەكاندا زۆر كەمتەرخەمن و لە ڕووی لێبوردەیی و هێمنیەوە هێندە دواكەوتوون كە كردەوەكانی جوولەكەمان بیر دەهێننەوە، بۆیە هەرگیز ئەو دەرفەتەیان پێ نادرێت كە كارەكانیان ئەنجام بدەن. لەگەڵ ئەوەی ئەم حكومەتە بێبەشە لە فەزڵ و بەرەكەتەكانی ئیمان، بەڵام زۆر باشترە لە حكومەتی “هێرۆدس” كە مەسیحی كوڕی مەریەم (عليه السلام) ڕووبەڕووی بوویەوە. هەروەها لە ڕووی چەسپاندنی ئاسایش و بڵاوكردنەوەی خۆشگوزەرانیی گشتی و ئازادی و پاراستن و پەروەردەكردنی جەماوەر و جێبەجێكردنی یاسا و دادپەروەری و سزادانی تاوانبارانەوە، زۆر لە دەوڵەتە ئیسلامیەكانی ئێستا باشترە. هەروەك چۆن بەگوێرەی حیکمەتی قووڵی خوا، مەسیحی ناسیرەیی لە سەردەمی دەسەڵاتی جوولەكەدا ڕەوانە نەكرا، بە هەمان شێوە هەمان حیکمەت دەربارەی منیش ڕەچاو كرا، بۆ ئەوەی ببێتە نیشانەیەك بۆ ئەوانەی تێدەگەن. ئەگەر لەم سەردەمەدا نکۆڵیكاران گاڵتەم پێ بكەن؛ ئەوا مایەی داخ و پەژارە نیە، چونكە ئەوانەی پێش ئەمان، بە شێوەیەكی زۆر خراپتر هەڵسوكەوتیان كردووە لەگەڵ پێغەمبەرانی سەردەمی خۆیاندا. بە دڵنیاییەوە چەندین جار گاڵتە بە مەسیحیش كراوە. جارێكیان براكانی ویستیان شێتبوونی بسەلمێنن و فڕێی بدەنە بەندیخانەوە. بێگانەكانیش چەندەها جار هەوڵی كوشتنیان دا، بەردبارانیان كرد و تفیان كردە دەموچاوی و سووكایەتی و بێڕێزییان پێ كرد. بەڵكو بەگوێرەی خەیاڵی خۆیان لەسەر خاچ كوشتیان. بەڵام لەبەر ئەوەی ئێسكەكانی نەشكێنرا، بۆیە بە یارمەتی كەسێكی ساڵح كە باوەڕێكی دروستی پێی هەبوو ڕزگاری بوو، وە پاش ئەوەی پاشماوەی ڕۆژەكانی ژیانی بەسەر برد بۆ ئاسمان بەرزكرایەوە. لە ڕاستیدا مورید و هاوەڵ و هاوڕێكانی مەسیح كە شەو و ڕۆژ لەگەڵیدا بوون، ئەوانیش پێیان خلیسکا و هەڵەیان كرد، بە جۆرێك یەكێكیان سی پارچە زیوی وەك بەرتیل وەرگرت لە بەرامبەر ڕادەستكردنیدا، وە یەكێكی تریان لە بەردەمیدا پەنجەی بۆ ڕاكێشا و نەفرەتی لێ كرد. حەواریەكانی تریش كە بانگەشەی دۆستایەتیەكی توندوتۆڵیان دەكرد، هەڵهاتن و جۆرەها گومان لە دڵیاندا سەبارەت بە مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) دروست بوو. بەڵام لەبەر ئەوەی مەسیح کەسێکی ڕاستگۆ بوو، بۆیە خوای گەورە دوای مردنیشی ئەرك و پەیامەكەی زیندوو كردەوە. هەڵبەت مەبەست لە ژیانی دووەمی مەسیح كە لە دڵی مەسیحیەكاندا ڕەگی داكوتاوە، لە ڕاستیدا زیندووبوونەوەی ئایینەكەیەتی كە دوای مردنی خۆی زیندووبوویەوە. هەروەها خوای گەورە مژدەی پێدام كە دوای مردن، ژیان بە منیش دەبەخشێت. وە فەرمووی كە نزیكەكانی خوا دوای مردن سەرلەنوێ زیندوو دەكرێنەوە و فەرمووی (كە ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی): “من پێنج جار بریسکەی خۆم پیشان دەدەم، وە بە توانای خۆم تۆ بەرز دەكەمەوە”. كەواتە مەبەست لە ژیانەوەی دووەمم، ژیانەوەی ئامانجەكانمە، بەڵام كەم كەس لەم نهێنیانە تێدەگەن. (نووسەر).
([3]) لێرەدا جێی خۆیەتی بەسەرهاتێكی سەرنجڕاكێش بگێڕمەوە؛ جارێكیان سەفەرم كرد بۆ شاری “عەلیگرە”. بەهۆی نۆرەیەکی لاوازیی مێشكەوە كە ماوەیەك لەوەوپێش لە قادیان تووشم ببوو، نەمدەتوانی زۆر قسە بكەم یان كۆششی هزری بکەم. دۆخەكە هێشتا بە هەمان شێوەیە و تا ئێستاش ناتوانم زۆر قسە بكەم یان بە قووڵی بیربكەمەوە. لەم دۆخەدا، یەکێك لە مەلاکانی “عەلیگرە” بە ناوی موحەممەد ئیسماعیل چاوپێكەوتنی لەگەڵدا كردم، وە بەخۆبەکەمزانینەوە -کە زیادەڕەوی تێدا بوو- تكای لێ كردم وتارێك پێشكەش بكەم. گوتی: خەڵكی ماوەیەكی زۆرە تامەزرۆی هاتنی تۆن، بۆیە وا باشترە هەموویان لە شوێنێكدا كۆببنەوە و تۆیش وتاریان پێشکەش بکەیت. لەبەر ئەوەی هەمیشە لە ناخەوە شەیدا و تامەزرۆ بووم كە ڕاستی بۆ خەڵكی دەربكەوێت، بۆیە بە خۆشحاڵیەوە داواكاریەكەیم پەسەند كرد و پێم خۆش بوو لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا حەقیقەتی ئیسلام بخەمەڕوو، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ڕوونی بكەمەوە كە حەقیقەتی ئیسلام چیە و خەڵكی لەم سەردەمەدا چۆن لێی تێدەگەن. بە مەلای ناوبراویشم گوت: بە ئیزنی خوا حەقیقەتی ئیسلام ڕوون دەكەمەوە. بەڵام دواتر وا ڕێكەوت كە خوای گەورە ڕێگری ئەم کارەی لێ کردم. من دڵنیام خوای گەورە نەیویست كۆششێكی هزریی ماندووكەر ئەنجام بدەم و بەمەش تووشی نەخۆشیەكی جەستەیی ببم؛ چونكە لە بنەڕەتدا تەندروستیم باش نەبوو، بۆیە خوای گەورە ڕێگەی نەدا وتارەكە پێشکەش بکەم.
جارێكی تریش لە ڕابردوودا وا ڕێكەوت كە لە دۆخی كەشفدا یەکێك لە پێغەمبەرانی پێشوو چاوپێكەوتنی لەگەڵدا كردم، كە لەو كاتەدا لە دۆخی لاوازیدا بووم. ئەو وەك دڵسۆز و ئامۆژگاریكارێك پێی گوتم: بۆچی تا ئەم ڕادەیە كۆششی هزری ئەنجام دەدەیت؟ ڕەنگە بەهۆی ئەمەوە نەخۆش بكەویت. بەهەرحاڵ، ئەمە ڕێگرییەك بوو لەلایەن خواوە و بەم هۆیەوە داوای لێبوردنم لە مەلاکە كرد. لە ڕاستیدا پاساوەكە ڕاست و دروست بوو. ئەو کەسانەی نۆرە توندەكانی ئەم نەخۆشیەی منیان بینیوە و بە چاوی خۆیان خێرایی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشیەیان بەدی كردووە دوای قسەكردنی زۆر یان بیركردنەوە و ڕامانی قووڵ، دەبێت لەوە دڵنیابن كە من لە ڕاستیدا تووشی ئەم نەخۆشیە بووم، ئەگەرچی بەهۆی نەبوونی زانیاریانەوە سەبارەت بەم بابەتە، باوەڕیان بە ئیلهامەكانم نیە. دكتۆر موحەممەد حوسێن خان -كە پلەی كۆمیسیاری شەرەفیی هەیە لە لاهور و بەردەوام چارەسەرم دەكات- هەمیشە ئامۆژگاریم دەكات كە خۆم لە ڕەنج و ماندووبوونی هزری بەدوور بگرم هەتا ئەو كاتەی نەخۆشیەكەم مابێت. ئەو یەكەمین شایەتحاڵە لەسەر دۆخەكەم. هەروەها، زۆربەی هاوەڵەكانم؛ لەوانە برام لەپێناوی خوادا، مەولەوی ژیر و دانا نوورەددین، كە پزیشكی حكومیە لە ویلایەتی جامۆن و بە ماڵ و جەستە و گیان بەردەوام دڵسۆز و هاوخەمی منە، هەروەها ژمێریار عەبدولحەق كە لە لاهور دەژی و كار دەكات، وە لە كاتی ئەم نەخۆشیەمدا بە ڕادەیەك خزمەتی كردووم كە ناتوانم وەسفی بكەم؛ هەموو ئەم دڵسۆزانە شایەتن لەسەر ئەم دۆخەم. بەڵام زۆر بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی هەموو باوەڕدارێك فەرمانی پێ كراوە گومانی باش بە خەڵكی ببات، كەچی مەلای ناوبراو بە گومانی باشەوە ئەم پاساوەی لێ وەرنەگرتم، بەڵكو ئەوپەڕی گومانی خراپی پێ بردم و پێی وابوو درۆ دەكەم. لە خوارەوە، تەواوی لێدوانەكەی خۆی و ئەو وەڵامەیش دەنووسم كە هاوڕێكەی بە ناوی دكتۆر جەمالەددین بە مۆڵەتی ئەو لەناو خەڵكیدا بڵاوی كردووەتەوە:
دەڵێت: داوام لێ كرد -واتە لە شاری عەلیگرە داوای لێ كردم- كە بۆ سبەی ڕۆژی هەینی وتارێك پێشكەش بكات. ئەویش بەڵێنی دا، بەڵام بەیانیەكەی كاغەزێكی بچووكم پێ گەیشت كە تێیدا هاتبوو: بەهۆی ئیلهامەوە ڕێگری پێشكەشكردنی وتارەكەم لێ كراوە. پێم وایە بەهۆی نەبوونی توانای دەربڕین و ترسان لە تاقیكردنەوە، ڕەتی كردەوە وتارەكە پێشكەش بكات.
دەڵێم: بێگومان قسەی ئەو مەلایە لەسەر گومانی خراپ بنیات نراوە، كە لە شەریعەتدا زۆر بە توندی قەدەغە كراوە. ئەمە شیاو نیە بۆ كەسێك كە خاوەن سروشتێكی ساغ و دروست بێت، چونكە ئەم گومانە هیچ بنەما و حەقیقەتێكی نیە. ئەگەر تەنها بەم هۆیەوە و دوای هاتنم بۆ عەلیگرە بانگەشەی ئیلهامم كردبێت؛ ئەوا پاساوێكی هەبوو بۆ ئەوەی گومانی خراپ ببات، وە دەكرا وا گومان ببرێت كە لە ئاست شارەزایی مەلاکە لە زانستەكاندا ترساوم و بەهۆی شكۆ و مەزنیی سیفەتە كامڵەكانیەوە تۆقیوم، بۆیە هەوڵم داوە بە پاساوهێنانەوە و فێڵ خۆم ڕزگار بكەم. بەڵام لەڕاستیدا من شەش حەوت ساڵ پێش گەشتكردنم بۆ عەلیگرە، ئاگاداری و ڕاگەیاندنم بڵاوكردبووەوە لە سەرانسەری وڵاتدا دەربارەی پێگەیشتنی ئیلهام و کتێبەکەم “البراهين الأحمدية” پڕە لەم بابەتە. ئەگەر توانای وتاردانم نەبووایە؛ ئەوا لە عەقڵی بێكەڵك و دەربڕینی لاوازمەوە چەندین کتێبی وەكو “الكحل لعيون الآريا” بەرهەم نەدەهات، كە لە كۆبوونەوەكاندا نووسراونەتەوە کاتێك وەك وتار پێشکەشم کردوون بۆ هەزاران گوێگری دۆست و نەیار. هەتا ئەمڕۆش زنجیرەی وتارە مەزنەكانم بەردەوامە، بەجۆرێك هەمیشە ناچار بووم بەرگەی ماندووبوون و ناڕەحەتیەكی زۆر بگرم لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سەدان كەسدا كە لە سروشت و تواناكانیاندا جیاواز و جۆراوجۆر بوون.
زۆر بەداخەوە ئاگری ئیرەیی لە ناخەوە زۆربەی زۆری پیاوانی ئایینی سووتاندووە. ئەوان هەمیشە ئامۆژگاری خەڵكی دەكەن كە بە خەسڵەتەكانی باوەڕ و مامەڵەی برایانە و گومانی باش لەگەڵ یەكتر خۆیان بڕازێننەوە، وە دەچنە سەر میمبەر و ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز دەخوێننەوە سەبارەت بەم بابەتانە، بەڵام خۆیان كاریان پێ ناكەن.
ئەی داماو، خوا چاوت بكاتەوە! ئایا ناكرێت خوای گەورە لەبەر حیكمەتێك لە حیکمەتەکانی خۆی، بەندە ئیلهامبۆكراوەكەی لە كارێك قەدەغە بكات؟ ڕەنگە هۆكارێكی تری ئەم قەدەغەكردنە ئەوە بێت كە ڕەوشتەکانی ناخی تۆ تاقیبكرێنەوە، وە ئەو پیسی و چەپەڵیە ئاشكرا بێت كە لە ناخی تۆ و شوێنكەوتووانت و هاوشێوەكانتدا هەیە. بەڵام سەبارەت بەو قسەیەت كە گوایە من لە پێگە زانستیەكەت ترساوم، با وەڵامەكەیت پێ بڵێم: ئەو كەسانەی كە گومڕایی و تاریكیەكانی دەروون باڵی كێشاوە بەسەریاندا، لە دیدی مندا لە كرمێكی مردوو بەهایان زیاتر نیە ئەگەرچی هەموو زانستەكانی فەلسەفە و سروشت لە دنیادا لەواندا كۆبووبێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە تۆ لە بنەڕەتدا ئەو پلەیەت نیە، بەڵكو تەنها مەلایەكی وشكیت كە هەڵگری كۆمەڵێك بیروبۆچوونی كۆن و ڕزیویت، وە هەمان ئەو نزمی و سووكیەت تێدایە كە لەو مەلایانەدا بەدی دەكرێت كە خاوەن بیروباوەڕی تاریكن. خۆت باش دەزانیت كە زۆرێك لە لێكۆڵەر و زانایان لە بوارە جیاوازەكاندا، هەروەها كەسانی خاوەن زانیاریی فراوان دێنە لام و سوودمەند دەبن لە زانست و وردەكاریەكان، بە جۆرێك ئەگەر لە بەرامبەر ئەواندا وشەی “قوتابی” بۆ تۆ بەكاربهێنم؛ ئەوا ڕێزلێنانێكە بۆ تۆ كە شایستەی نیت.
ئەگەر تا ئێستا وەهمەکانت لانەبردوون و بەدگومانیەكەت كەمی نەكردووەتەوە؛ ئەوا من بە فەزڵ و میهرەبانی خوای گەورە ئامادەم لە بەردەمتدا وتار بدەم. بەهۆی نەخۆشیەوە توانای گەشتی دوورودرێژم نیە، بەڵام ئەگەر ڕازی بیت؛ ئەوا تێچووی هاتنت بۆ شاری “لاهور”ی پایتەختی هەرێمی پەنجاب دەنێرم بۆت، تاوەكو بۆ ئەم مەبەستە بێیت و تاقی بكرێیتەوە. زۆر بەگوڕوتینەوە ئەم بەڵێنە دەدەم و چاوەڕوانی وەڵامی تۆم.
دەڵێت: ئەم پیاوە كەسێكی تەواو نەزان و بێئاگایە و هیچ پایەیەكی زانستیی نیە.
دەڵێم: ئەی داماو! من بانگەشەی حیکمەت و ژیری دنیایی ناكەم؛ چیم داوە لەو حیکمەت و هونەرە دنیاییانەی كە ڕۆح ڕووناك ناكەنەوە و چەپەڵیەکانی ناخ پاك ناكەنەوە و خۆبەکەمزانین و بێفیزیش بەرهەم ناهێنن، بەڵكو چین لەسەر چین ژەنگ و كوفر كەڵەكە دەكەن! هێندەم بەسە كە بەزەیی خوا دەستی گرتووم و زانستێكی پێ بەخشیوم كە لە فێرگە دنیاییەكاندا بەدەست نایەت، بەڵكو تەنها لە مامۆستا ئاسمانیەكەوە وەردەگیرێت. ئەگەر بە نەخوێندەوار ناوزەد بكرێم، ئەمە هیچ لە شكۆم كەم ناكاتەوە، بگرە مایەی شانازی و سەربەرزیە؛ چونكە سەروەرەکەم و سەروەری هەموو دروستكراوانی خوا كە بۆ ئیسڵاحی هەموو مرۆڤایەتی ڕەوانە كرا، ئەویش نەخوێندەوار بووە. پێم وا نیە مێشكێك شایستەی ڕێز بێت كە شانازی بە زانستەوە بكات، لە كاتێكدا لە ناوەوە و دەرەوە تاریکی دایپۆشیبێت. قورئان بخوێنەرەوە و لە نموونەی گوێدرێژەكە ڕابمێنە؛ ئایا ئەو پەند و نموونەیە بەس نیە بۆت؟
دەڵێت: هەندێ پرسیارم لێ كرد دەربارەی ئیلهام، ئەویش بە هەندێ قسەی بێمانا وەڵامی دامەوە و پاشان بێدەنگ بوو.
دەڵێم: زۆر چاك لەبیرمە چەند وەڵامێكی تێروتەسەل و قایلكەرم دایەوە، كە بۆ هەر كەسێك كەمترین ژیری و ویژدانی هەبێت بەس بوون، بەڵام تۆ لە وەڵامەكان تێنەگەیشتیت. دەی لەمەدا كێ شەرمەزار و ڕیسوا بوو؛ تۆ یان كەسێكی تر؟ فەرموو ئەو پرسیارانە لە ڕۆژنامەكاندا بڵاو بكەرەوە و جارێكی تر بەختی خۆت تاقی بكەرەوە!
دەڵێت: ناتوانم باوەڕ بەوە بكەم كە ئەم كەسە نووسەری ئەم جۆرە كتێبە بەنرخانە بێت.
دەڵێم: چۆن باوەڕ بەوە دەهێنیت، لە كاتێكدا ئەو بێباوەڕانەی بە چاوی خۆیان پێغەمبەریان (ﷺ) بینی، باوەڕ و یەقینیان لا دروست نەبوو، وە سیفەتە تەواو و بێگەردەكانی ئەویان (ص) بۆ دەرنەكەوت؛ چونكە کۆمەڵێك پەردەی ئەستوور بەسەر چاویاندا كشابوو! بۆیە بەردەوام دەیانگوت ئەو وتە ڕەوان و جوانانەی لە زاریەوە دەردەچن و ئەو قورئانەی بەسەر خەڵكیدا دەیخوێنێتەوە، كۆمەڵێك دەستەواژەن كە كەسانی تر نووسیویانە و بەیانیان و ئێواران بە نهێنی بەسەریدا دەخوێنرێنەوە. بێگومان لەم ڕووەوە ئەو بێباوەڕانە ڕاستیان كرد و حەقیش بەسەر زمانی ئەم مەلایەدا هات؛ چونكە قورئانی پیرۆز بەهۆی ئەوەی وتەیەکی ڕەوان و پڕ لە حیکمەتە، زۆر لەسەرووی توانای هزریی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بووە، بگرە بەرزتر و باڵاترە لە توانای هەموو دروستكراوان، وە جگە لە خوای زانا و بەتوانا، هیچ كەسێك توانای هێنانی وتەیەكی وەهای نیە. بە هەمان شێوە ئەو كتێبانەیش كە من دامناون و بڵاوم كردوونەتەوە، بەرهەمی كۆمەك و پشتیوانیەكی غەیبین و لەسەرووی توانای زانستیی ئەم بەندە خۆبەکەمزانەوەن. سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە كە بەهۆی تانە و تەشەری ئەم مەلایەوە، پێشبینیەك هاتەدی كە پێشتر لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا تۆمار كراوە و دەڵێت: هەندێك كەس دوای خوێندنەوەی ئەم كتێبە دەڵێن ئەمە لە نووسینی خۆی نیە، بەڵكو كەسانی تر یارمەتییان داوە (بڕوانە: البراهین الأحمدیة، لا ٢٣٩).
دەڵێت: سەید ئەحمەد عەرەب، كە جێی متمانەمە، ڕاستەوخۆ پێی گوتم كە ماوەی دوو مانگ لە ڕیزی كەسە نزیك و متمانەپێكراوەكانی ئەم پیاوەدا لەلای ماوەتەوە؛ ناوبەناو و لە هەموو دەرفەتێكی گرنگدا بە چاوی لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەوە لە كارەکەی كۆڵیوەتەوە، دوایی بۆی دەركەوتووە كە كۆمەڵێك کەرەستەی ئەستێرەناسیی لایە و بەكاریان دەهێنێت.
دەڵێم: وەڵامی من بۆ ئەم قسەیە ئەم ئایەتەی قورئانی پیرۆزە کە دەفەرموێت: ﴿تَعَالَوْا نَدْعُ أَبْنَاءَنَا… لَعْنَتَ اللَّهِ عَلَى الْكَاذِبِينَ﴾ (آل عمران: ٦٢).
هەرگیز نایەتەوە یادم ئەم “سەید ئەحمەد عەرەب”ە كێیە كە دوو مانگ لەلای من ماوەتەوە! سەلماندنی ئەم بانگەشەیە دەكەوێتە ئەستۆی ئەو مەلایە؛ با بیهێنێت و ڕووبەڕووم ڕایبگرێت تاوەكو دەربارەی ئەو كەلوپەل و ئامرازانەی كە گوایە لەلای من بینیویەتی، پرسیاری لێ بكرێت. پاشان مادام من هێشتا لە ژیاندا ماوم، با ئەم مەلایە خۆی بێت لەلام بمێنێتەوە و لە نزیكەوە لە كارەكەم بكۆڵێتەوە، هیچ پێویست بە نێوەندگیریی کەسێکی عەرەبی یان عەجەمی ناكات.
دەڵێت: كاتێك لە دەستەواژە و بڕگەی ئیلهامەكان ڕادەمێنم و ورد دەبمەوە، هەرگیز باوەڕ ناكەم ئەمانە ئیلهام بن.
دەڵێم: پێش تۆیش ئەو کەسانە باوەڕیان نەهێنا كە خوای گەورە دەربارەیان دەفەرموێت: ﴿وَكَذَّبُوا بِآيَاتِنَا كِذَّابًا﴾ (النبأ: ٢٩). فیرعەون باوەڕی نەهێنا، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەكانی ناو جوولەكە باوەڕیان نەهێنا، هەروەها ئەبو جەهل و ئەبو لەهەبیش باوەڕیان نەهێنا و یەقینیان بۆ دروست نەبوو؛ چونكە تەنها ئەو كەسانە باوەڕ دەهێنن و دەگەنە یەقین كە لە ناخەوە بێفیز و ملكەچن و دەروونیان پاكە. هەروەك لە دێڕە شیعرێكی فارسیدا هاتووە:
“ئەم شكۆیە بە هێزی بازوو بەدەست نایەت، مەگەر خوای بەخشندە خۆی بیبەخشێت”
دەڵێت: بانگەوازكردن و تەحەدداكردن بۆ پیشاندانی كەرامات، پێچەوانەی سروشتی كەراماتە؛ ئەوەیش كە دەڵێیت هەر كەسێك گومانی هەیە با خۆی بێت بۆ لات و بیبینێت، بانگەشەیەكی پووچ و بێبنەمایە.
دەڵێم: ئەم كاروبارانە پیلان و تەگبیری مرۆڤ نین، بەڵكو نەخشە و تەگبیری زاتێكن كە ئاگاداری هەر بانگەشەیەكە كە هەر كەسێك دەیكات؛ دوای ئەمە چ كەسێكی ڕاستگۆ دەتوانێت بە درۆی بزانێت؟ ڕاستە، تەنانەت هیچ پێغەمبەرێكیش لەخۆیەوە ناتوانێت بانگەشەی شتێك بكات كە لەسەرووی توانایەوە بێت، بەڵام ئایا بۆ خوای گەورە ڕەوا نیە كە لە ڕێگەی پێغەمبەرێك یان نێردراوێك یان “موحەددەس”ێكەوە كارێكی وەها ڕابگەیەنێت؟
دەڵێت: دوای چاوپێكەوتنم لەگەڵیدا، بەتەواوی متمانەم پێی نەما. پێیشم وایە هەر كەسێكی یەكتاپەرست چاوی پێی بكەوێت، هیچ بڕوا و متمانەیەكی پێی نامێنێت؛ چونكە ئەوان نوێژەكانیان زۆر دوادەخەن و بایەخ نادەن بە نوێژی جەماعەت.
دەڵێم: هیچ گوێ نادەم بەوەی كە ئەو مەلایە بیركردنەوە و گومانی خراپی بەرامبەرم هەیە، بەڵام بەڕاستی سەرم سوڕدەمێنێت لەو هەموو درۆ و بوختانە و لەوەی کە ئەوپەڕی گومانی خراپ دەبات! پەروەردگارا! بەزەییت بە حاڵی ئوممەتێكدا بێتەوە كە مەلایەكی ئاوەها بە پێشەوا و ڕێنیشاندەر و سەركردەی خۆی دادەنێت!
پێویستە خوێنەرانی بەڕێز خۆیان لەم ڕەخنەیە ڕابمێنن كە لە ئەنجامی جۆشسەندنی ڕژدی و حەسوودییەوە لە زاری ئەم مەلایەوە دەرچووە. ئاشكرایە من تەنها بۆ چەند ڕۆژێك وەك ڕێبوارێك لە شاری «عەلیگرە» مامەوە، منیش وازهێنانی هەمیشەیی لەو مۆڵەت و ڕوخسەتانەی شەریعەتی ئیسلام دایناون، بە جۆرێك لە لادان لەقەڵەم دەدەم؛ بۆیە پێویست بوو لەسەرم ڕەچاوی هەموو ئەو لایەنانە بكەم و هەر ئەو كارەیشم كرد كە دەبوو بكرێت. نكۆڵیش لەوە ناكەم لەو چەند ڕۆژەی لەوێ مابوومەوە، هەندێك جار بەپێی سوننەت دوو نوێژم پێكەوە كۆدەكردەوە، هەندێك جاری تریش نوێژی نیوەڕۆ و عەسرم لە كۆتایی كاتی نیوەڕۆدا دەكرد. لە كاتێكدا خودی یەكتاپەرستە بەڕێزەكان هەندێك جار لە ماڵ و نیشتمانی خۆیشیاندا نوێژیان پێكەوە كۆكردووەتەوە، وەك كاركردن بەو فەرموودەیەی كە دەفەرموێت: “بِلا سَفَرٍ وَ مَطَرٍ” واتە: (بەبێ بوونی سەفەر و باران).
نكۆڵی لەوەش ناكەم كە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە كەمەدا بەتەواوەتی پابەند نەبووم بە ئامادەبوون لە مزگەوت، بەڵام بەتەواوەتیش وازم لە ئامادەبوون نەهێنا سەرەڕای ئەوەی كە ڕێبوار بووم و تەندروستیم باش نەبوو. ڕەنگە مەلاكە بێتەوە یادی كە من لە دوایەوە نوێژی هەینیم كرد، بەڵام وام لێهاتووە کە گومانم لە ڕاستی و دروستی نوێژەكە هەیە. ڕاستە لە كاتی سەفەرەكانمدا پێم باش نیە هەمیشە لە مزگەوتدا ئامادە بم، بەڵام -پەنا بە خوا- ئەمە لەبەر تەمبەڵی یان بە كەم سەیركردنی فەرمانەكانی خوا نیە، بەڵكو هۆكارە ڕاستەقینەكە ئەوەیە كە بارودۆخی زۆربەی مزگەوتەكان لەم سەردەمەی ئێمەدا شێواوە و مایەی داخ و خەفەتە. ئەگەر بچمە مزگەوتەكان و بمەوێت پێشنوێژی بكەم؛ ئەوا ئەوانەی كە پێشنوێژییان كردووە بە پیشە، بە شێوەیەك تووڕە دەبن كە ئەوسەری دیار نەبێت. ئەگەر لە دوایشیانەوە نوێژ بكەم؛ ئەوا لە بنەڕەتدا گومانم لە ڕاستی و دروستی نوێژەكە هەیە، چونكە زۆر بە ڕوونی سەلمێنراوە كە ئەوان پێشنوێژییان وەك پیشەیەك وەرگرتووە. ئەوان بۆ بەجێهێنانی پێنج نوێژە فەرزەكە لە مزگەوتدا ئامادە نابن، بەڵكو مزگەوتیان كردووە بە دووكان و ڕۆژانە پێنج جار دەیكەنەوە، خۆیان و ماڵ و مناڵیشیان لەسەر داهاتی ئەم دووكانە دەژین. لە كاتی دوورخستنەوە یان دانان لەو پێگەیەدا، كارەكە دەگاتە دادگاكان و یەك لە دوای یەك داوای یاسایی بەرز دەكەنەوە بۆ بەدەستهێنانی پێگەی پێشنوێژیەكە. لە ڕاستیدا ئەمە پێشنوێژیكردن نیە، بەڵكو شێوازێكی دزێوە بۆ خواردنی حەرام. ئایا تۆیش لەم گرێ دەروونیەوە تێوەنەگلاویت؟ كەواتە مرۆڤ چۆن دەتوانێت دوای بینینی ئەم ڕاستیانە بە چاوی خۆی، باوەڕی خۆی بەفیڕۆ بدات؟ لە فەرموودەكاندا هاتووە كە كۆبوونەوەی دووڕووەكان لە مزگەوتەكاندا یەكێكە لە نیشانەكانی سەردەمی كۆتایی و ئەم پێشبینیە ئاماژەیە بۆ ئەم بەناو مەلایانە كە بە زمان قورئانی پیرۆز لە میحرابەكاندا دەخوێننەوە، بەڵام لە ناخی دڵیانەوە کولێرەیان دەوێت. نازانم كەی قەدەغە كراوە لە كاتی سەفەردا نوێژی نیوەڕۆ و عەسر، یان مەغریب و عیشا كۆبكرێنەوە؟ كێ فەتوای حەرامبوونی دواخستنی نوێژی داوە؟ لە ڕاستیدا زۆر سەیرە كە لەلای تۆ خواردنی گۆشتی برا بەمردوویی حەڵاڵ بێت، بەڵام كۆكردنەوەی نوێژی نیوەڕۆ و عەسر لە سەفەردا بەتەواوەتی حەرام بێت. لە خوا بترسن ئەی یەكتاپەرستەكان، چونكە مەرگ نزیكە و خوا دەزانێت چیتان لە دڵتاندا شاردووەتەوە. (نووسەر).
([4]) دەگێڕنەوە كە دامەزراوەی “British And Foreign Bible Society” لە كاتی دامەزراندنیەوە، واتە لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە حەفتا ملیۆن نوسخەی لە کتێبە ئایینیەكانی خۆی بە خۆڕایی دابەش كردووە و لە سەرتاسەری دنیادا بۆ پشتیوانیكردنی مەسیحیەت بڵاوی كردوونەتەوە. بۆیە پێویستە ئەو موسوڵمانانەی کە توانایان هەیە و تەمبەڵی دەنوێنن بە سەرنجدان و شەرمەزاریەوە ئەو وتارە بخوێننەوە كە لە تشرینی یەكەمی ساڵی ١٨٩٠ز دا لە ڕۆژنامەكاندا بڵاوكراوەتەوە. دەی ئایا ئەم کتێبانە لەسەر دەستی فرۆشیارەكان بڵاوبوونەتەوە، یان دامەزراوەی نەتەوەیەك بڵاوی كردوونەتەوە كە بە پەرۆشن بۆ سەرخستنی ئایینەكەیان؟ (نووسەر).
([5]) مەولەوی بەڕێز دەستێكی باڵای هەیە لە زانستەكانی فیقهـ و فەرموودە و تەفسیردا، وە زانیاریەكانی لە بوارەكانی فەلسەفە و زانستە سروشتیە كۆن و نوێیەكاندا زۆر فراوانە. ئەو پزیشكێكی كارامە و شارەزایە، لە هەموو بوارەكاندا كتێبی لە میسر و وڵاتانی عەرەبی و شام و ئەورووپاوە كۆكردووەتەوە و كتێبخانەیەكی ناوازەی پێكهێناوە. هەروەك چۆن لە زانستەكانی تردا كەسایەتیەكی زانا و مەزنە، بە هەمان شێوە لە دیبەیت و گفتوگۆ ئایینیەكانیشدا دیدێكی فراوان و گشتگیری هەیە. خاوەنی چەندین كتێبی زۆر بەسوودە و لەم دواییانەشدا كتێبێكی بە ناونیشانی “تصدیق البراهین الأحمدیة” نووسیوە، كە لە دیدی هەموو توێژەرێكدا لە گەوهەر بەنرخترە. (نووسەر).
([6]) وەرگێڕانی دێڕە شیعرێكی ئوردوویی. (وەرگێڕ)
([7]) وەرگێڕانی دوو دێڕە شیعری فارسی. (وەرگێڕ)
([8]) وەرگێڕانی دێڕە شیعرێكی ئوردوویی. (وەرگێڕ)
PDF