مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەڵگەیە لەسەر بوونی خوای گەورە و ڕاستیی ئیسلام

لەم وتارەدا بە ئیزنی خوای گەورە بەكورتی باسی بابەتێكی زۆر گرنگ دەكەین كە هۆكارێكی سەرەكیە بۆ بەهێزبوونی باوەڕی هەریەكەمان، بابەتەكەیش بریتیە لە هاتنەدی پێشبینیەكانی گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) كە لە خودی خۆیدا هاتنەدی پێشبینیەكان بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی بەڕێزی (علیه السلام)، وە هەروەها بەڵگەیە لەسەر بوونی خوای گەورە و ڕاستگۆیی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) و ڕاستی ئایینی ئیسلام.
ئاشكرایە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێش ئەوەی ڕایبگەیەنێت كە خۆی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوە لە گوندی قادیان لە هەرێمی پەنجاب لە هیندستان نیشتەجێ بوو، كە گوندێكی دوورە دەست بوو، وە كەسێكی نەناسراو بوو، تەنانەت هەندێ لە ناسراوەكانی باوكی نەیاندەزانی كە كوڕێكی هەیە بە ناوی میرزا غوڵام ئەحمەد. وە خۆیشی حەزی لە ژیانی تەنھایی و گۆشەگیری بوو، بۆیە دوورەپەرێز بوو لە خەڵكی و زۆر تێكەڵاوی خەڵكی نەدەبوو. بەڵكو خۆی تەرخانكردبوو بۆ خواپەرستی.
لەم دۆخەدا خوای گەورە كۆمەڵێك وەحی بۆ نارد لەشێوەی پێشبینی كە هەواڵدان بوو لە داهاتوو، بەجۆرێك پێی ڕاگەیاند لەداهاتوودا وەك پێشەوا ونێردراوێك ڕەوانەی دەكات، وە تووشی دژایەتی دەبێت لەلایەن خەڵكیەوە، وەك چۆن هەر پێغەمبەر و نێردراوێك بەم شێوەیە بووە، پاشان خوای گەورە لە هەموو پیلان و فێڵەكانی ناحەزان و نەیاران ڕزگاری دەكات و سەركەوتووی دەكات لە ئەركەكەیدا. لەم بارەیەوە خوای گەورە وەحی بۆ كردووە و فەرموویەتی پێی:
يَنْصُرُكَ اللهُ فِي مَوَاطِنَ، أنت وجیهٌ في حضرتي. اخترتُكَ لِنَفْسِي، وإني جَاعِلُكَ للناسِ إمامًا…واتە لە هەموو بوارێكدا خوا یارمەتیت دەدات و سەركەوتوت دەكات، تۆ لای منخاوەن شكۆ و ڕێزیت، تۆم هەڵبژاردووە بۆ خۆم، تۆم كردووە بە پێشەوا بۆ خەڵكی.. (واتە زۆرێك لە خەڵكی دەكەم بە شوێنكەوتەی تۆ، وە تۆدەكرێیت بە پێشەوایان).
وە خوای گەورە هەواڵی پێدا كە خەڵكێكی زۆر باوەڕی پێ دەهێنن و لەهەموو شوێنە دوورەكانەوە سەردانی دەكەن و یارمەتی دارایی پێ دەگات لە هەموو لایەكەوە. ئەوەتا فەرموویەتی پێی:
ینصرك رجال نوحي إلیھم من السماء. پیاوانێك یارمەتیت دەكەن كە ئێمە لە ئاسمانەوە وەحییان بۆ دەكەین. (بۆ ئەوەی بە ماڵ و سامانیان پشتیوانیت بكەن و بانگەوازەكەت سەربخەن).
وە هەواڵی پێدا كە خەڵكی بەڕێژەیەكی زۆر سەردانی دەكەن.. بەجۆرێك بەگوێرەی سروشتی مرۆیی ڕەنگە لە پێشوازی و میواندارییان بێزار بێت، بۆیە خوای گەورە پێی دەفەرموێت بێزار مەبە لەخەڵكی. لەمبارەیەوە ئەم وەحیانەی پێ گەیشتووە:
یأتون من كل فج عمیق. لەهەموو شوێنێكی دوورەوە دێن. (واتە خەڵكی لە وڵاتە دوورەكانەوە دێن بۆ لات).
ولا تصعِّرْ لخَلْقِ الله ولا تسأَمْ من الناس. ڕوو وەرمەگێڕە لە دروستكراوانی خوا و بێزار مەبە لە خەڵكی. (واتە بە فیزەوە ڕوو وەرمەگێڕە لێیان و لە زۆریەكەیان بێزار مەبە).. پاشان هەر لەو سەردەم و بارودۆخەدا پێی ڕادەگەیەنێت كە بانگەوازەكەی دەگەیەنێتە هەموو ناوچە دوورەكانی زەوی و پێی دەفەرموێت:
(سأُبلِّغ دعوتَكَ إلی أقصی أطرافِ الأرَضِینَ). هەروەها خوای گەورە پێی دەفەرموێت: یأتیك من كل فج عمیق. واتە پشتگیری دارایت پێ دەگات لە هەموو شوێنێكی دوورەوە).
وە وەحی بۆ دەكات و پێی دەفەرموێت: وقل رب لا تذرني فردا وأنت خیر الوارثین.
وە بڵێ: ئەی پەروەردگار بە تەنھا مەمهێڵەرەوە، تۆ باشترینی میراتگرانی.
هەروەها پێی دەفەرموێت: هو الذي أرسل رسوله بالهدی ودین الحق لیظهره علی الدین كله. واتە خوا ئەو زاتەیە كە نێردراوەكەی خۆی ڕەوانەكرد بە هیدایەت و ئایینی ڕاستەوە هەتا سەریبخات بەسەر هەموو ئایینەكاندا.
وە پێی دەفەرموێت: یریدون أن یطفئوا نور الله والله متم نوره. دەیانەوێت ڕووناكی خوا بكوژێننەوە، بەڵام خوا ڕووناكی خۆی تەواو دەكات.. (واتە ئەوان دەیانەوێت بەفووی دەمیان ئەو ڕووناكیە بكوژێننەوە كە خوا دەیەوێت لە هەموو جیھاندا بڵاوی بكاتەوە، بەڵام خوا دەیگەیەنێتە هەموو ئەو دڵانەی كە ئامادەن وەریبگرن).
ولو كره الكافرون. تەنانەت ئەگەر كافرەكان پێشیان ناخۆش بێت.
یَعصِمُكَ اللهُ ولو لَمْ یَعْصِمْكَ الناس. خوا دەتپارێزێت ئەگەرچی خەڵكی نەتپارێزن.
إنك بأعیننا تۆ لەژێر چاودێری ئێمەدایت. فحانَ أن تُعان و تُعرف بین الناس، ئەو كاتە هات كە یارمەتی بدرێیت و بناسرێیت لەناو خەڵكیدا.
لەم وەحی و ئیلهامانەی كە خوێندمەوە… خوای گەورە كۆمەڵێك مژدەی پێداوە؛ لەوانە:
یەكەم: 23 ساڵپێش ئەوەی بانگەشەكەی ڕابگەیەنێت… لەكاتێكدا كە تەنھا بووە؛ خوای گەورە پێی ڕادەگەیەنێت كە تۆ هەرگیز بە تەنهایی نامێنیتەوە، بەڵكو ئەو كاتە بەڕێوەیە بگرە نزیكە كە خەڵكی پۆل پۆل لەگەڵتدا دەبن و دەناسرێیت، وە لەكۆمەڵێك شوێنی دوورەوە دێن بۆ لات، وە بەڕێژەیەكی ئەوەندە زۆر دێن تەنانەت خەریكە بێزار بيت و ڕوو وەربگێڕێت لێیان، بەڵام پێویستە لەسەرت ئەو كارە نەكەیت.
دووەم: خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووە كە لەلایەنئەو خەڵكانەوە یارمەتی و كۆمەكی زۆری دارایی پێدەگات.
سێیەم: خەڵكی هەوڵدەدەن بۆ سڕینەوەی ئەم كۆمەڵە و بۆ كوژاندنەوەی ئەم ڕووناكیە، بەڵام هەموو نەخشە و پیلانەكانیان شكست دەهێنێت.
بەڕێزان، تایبەتمەندیی پێشبینیی پێغەمبەران و نێردراوان ئەوەیە کە لەکاتی سەختی و بارودۆخی نالەباردا، دەربارەی داهاتوو شتگەلێك دەخەنەڕوو کە بە پێوەرە ماددی و عەقڵیەکان هاتنەدی ئەو شتانە ئەستەمە. ئەم پێشبینیانە تەنهادەربارەی داهاتووی خۆیان و شوێنکەوتووانیاننیە، بەڵکو دەربارەی داهاتووی نەیارەكانیشیانە. بە واتایەکی تر، پێشبینیەکانیان دوو لایەنەن: مژدەدانە بەكۆمەڵی باوەڕداران و هۆشداریە بۆ نەیاران.
ئەوەتا ئێمە ئەمڕۆ دەبینین پاش تێپەڕێنی زیاتر لە سەد ساڵ هەموو پێشبینیەكانی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو هاتوونەتەدی و بەردەوامیش دێنەدی، بەجۆرێك بەڕێزی (علیه السلام) سەرەتا بەگوێرەی سوننەتی پێغەمبەران كۆمەڵێكی دروستكرد لە باوەڕداران و هەتا ئەمڕۆ كۆمەڵەكەی بەردەوام لە گەشەكردندایە، وە بانگەوازەكەی گەیشتووتە هەموو ناوچە دوورەكانی زەوی و تەنھا لە شوێنی نێشتەجێ بوونی بەڕێزیدا قەتیس نەبووە، وە لەژیانی خۆیدا و لە ئێستایشدا لەناو هەموو خەڵكیدا ناسرا، وە لەهەموو نەتەوەكانی جیهان خەڵكانێك باوەڕیان هێناوە بە بانگەوازەكەی و هاتوونەتە ناو كۆمەڵەكەیەوە.
ئێستا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەك، ئێمە شاهیدی ئەوەین کە سەرجەم پێشبینیەکانی حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هاتوونەتە دی و بەردەوامیشدێنەدی.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە نووسراوەكانیدا دەربارەی پێشكەوتن و داهاتووی كۆمەڵەكەی دەفەرموێت:
“ئەستەمە دنیا قەبوڵم بكات؛ چونكە من ئەهلی دنیا نیم، بەڵام ئەو كەسانەی سروشتیان بەشێك لە جیهانی ئەولای پێ دراوە قەبوڵم دەكەن، وە لەداهاتوودا قەبوڵم دەكەن. وە ئەو كەسەی وازم لێ دەهێنێت وازدەهێنێت لەو كەسە كە منی ڕەوانەكردووە، وە ئەو كەسەی خۆی گرێ دەدات بە منەوە خۆی گرێ دەدات بەكەسێكەوە كە من لەلایەوە هاتووم. چرایەك بەدەستمەوەیە، ئەو كەسەی دێت بۆ لام بەدڵنیاییەوە بەشێك لەو نوورە وەردەگرێت، بەڵام ئەو كەسەی هەڵدێت بەهۆی دوودڵی و گومانی خراپەوە ئەوە فڕێدەدەرێتە ناو تاریكیەكانەوە. من قەڵای مەحكەم و قایمم بۆ ئەم سەردەمە، هەركەسێك پشت بە من ببەستێت ئەوا خۆی پاراستووە لە دزو ڕێگرو دڕندهكان، بەڵام ئەو كەسەی دەیەوێت دوور لەمن بمێنێتەوەبەدڵنیاییەوە لەهەموو لایەكەوە ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە تەنانەت تەرمەكەیشی سەلامەت نابێت.” (فتح الإسلام، الخزائن الروحانية ج 3، ص 34)
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“خوای گەورە چەندەها جار پێیڕاگەیاندووم كە شكۆ و سەربەرزیەكی دەراسام پێدەدات، وە خۆشەویستیم لە دڵەكاندا جێگیر دەكات؛ وە كۆمەڵەكەم بڵاودەكاتەوە لە هەموو زەویدا و سەریدەخات بەسەر هەموو گروپەكاندا، وە ڕۆڵەكانی كۆمەڵەكەم دەگەنە چڵەپۆپە لە زانست و زانیاریدا بەڕادەیەك هەموو كەسێك دەمكوت دەكەن بە بەڵگەو نیشانەكان و نووری ڕاستگۆییان. وە هەموو گەلێك لەم سەرچاوەیە پاراو دەبێت. ئەم كۆمەڵەبەهۆی هێزێكی دەراساوە گەشە دەكات و پێشدەكەوێت هەتا دەوری هەموو جیهان دەدات. كۆمەڵێكی زۆر لە بەربەست و بەڵا و موسیبەت پەیدا دەبن، بەڵام خوای گەورە هەمووی لادەبات لەم ڕێگەیەدا و پەیمانی خۆی بە ئەنجام دەگەیەنێت. خوا منی دواند و فەرمووی: بەرەكەتدارت دەكەم بەرەكەت لەدوای بەرەكەت تەنانەت پاشاكان بە پۆشاكی تۆ خۆیان بەرەكەتدار دەكەن. كەواتە ئەی گوێگران گوێ بگرن و تێبگەن و ئەم هەواڵانە لە سندوقەكانتاندا بپارێزن؛ چونكە قسەی خودان كە ڕۆژێك دێنەدی.” (التجليات الإلهية، الخزائن الروحانية، ج 20، ص 409-410)
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“ئەی خەڵكینە هەمووتان بە چاكی گوێ بگرن! هەڵبەت بەدیهێنەری زەوی و ئاسمانەكان ئەوەی ڕاگەیاندووە كە كۆمەڵەكەی خۆی بڵاودەكاتەوە لە هەموو وڵاتاندا، وە بە بەڵگە سەركەوتوویان دەكات بەسەر هەموو گروپەكاندا. وە بەدڵنیاییەوە ڕۆژانێك دێت، بەڵكو نزیكە، كە ئەم كۆمەڵە تاكە كۆمەڵ دەبێت لە جیهاندا بە سەربەرزی و شكۆوە باس بكرێت. بێگومان خوا بەرەكەتە گەورەو دەراساكان دەخاتەناو ئەم كۆمەڵەو بانگەوازەكەیەوە، وە هەموو ئەو كەسانە نائومێد دەكات كە بیر لە فەوتاندنی دەكەنەوە. وە ئەم زاڵبوونە بەردەوام دەبێت هەتا ڕۆژی قیامەت.” (تذكرة الشهادتين، الخزائن الروحانية، ج20 ص 66)
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“دنیا نامناسێت بەڵام ئەو كەسەی ڕەوانەی كردووم دەمناسێت، هەڵبەت بەهۆی ئەوەی زۆر هەڵەو بەدبەختن دەیانەوێت لەناوم ببەن، دیارە من خۆم ئەو نەمامەم كە خاوەنی ڕاستەقینە بە دەستی خۆی چاندی…
ئەی خەڵكینە دڵنیابن دەستێكم لەگەڵدایە بەردەوام بە وەفایە لەگەڵمدا هەتا كۆتایی ئەم كارە. وە ئەگەر ئێوە تێكڕاكۆببنەوە؛بە پیاو وژن و گەنج و پیرو گەورەو بچوكتانەوە، وهك كهسێكی ئومێدبڕاو بە گەرموگوڕیەوە دوعا بكەن و له خوای گەورە بپاڕێنەوەهەتا لوتتان دادەخورێت و دەستتان تووشی ئیفلیجی دەبێت بۆئەوەی لەناوبچم، ئەوا خوا وەڵامتان ناداتەوەو دوعاتان گیرا ناكات، وە كۆڵنادات هەتا ئەوەی دەیەوێت بە ئەنجامی دەگەیەنێت… كەوابوو ستەم لە خۆتان مەكەن. دیارە درۆزنان ڕوخسارێكیان هەیە جیاواز لە ڕوخساری ڕاستگۆیان. وە خوای گەورە واز لەكارێك ناهێنێت هەتا یەكلایی نەكاتەوە… هەروەك چۆن لە ڕابردووداخوا ناوبژیوانی كرد لەنێوان پێغەمبەرانی خۆی و ئەو كەسانەی بەدرۆزنیان دەزانین، ئێستایش ناوبژیوانی دەكات. ئاشكرایە بۆ هاتنی پێغەمبەرانی خوا وەرزێك هەیە و بۆ ڕۆيشتنیشیان وەرزێك هەیە. دەی دڵنیا بن من بەبێ وەرز نەهاتووم، وە بەبێ وەرزیش ناڕۆم. كەوابوو دەمەقاڵێ و دوژمنایەتی مەكەن لەگەڵ خوادا، هەرگیز ناتوانن من لەناوببەن.” (ضميمة التحفة الجولروية، الخزائن الروحانية ج 17، ص 49-50)
ئەوەتا ئەمڕۆ هەموو ئەم هەواڵانە هاتوونەتەدی و كۆمەڵەكەی بەڕێزی (علیه السلام) لەهەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و لەگەشەكردنی بەردەوامدایە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بە ئاشكرا و نهێنی دژایەتی دەكرێت، وە خوای گەورە هەموو نەیارەكانی ئەم كۆمەڵەی نائومێد كرد و شكستی پێ هێنان. پێویستە ئەوەش بڵێم كە:
گەورەترین موعجیزەی پێغەمبەران بریتیە لە پێشبینی؛ چونكە تەنھا خوای گەورە زانستی غەیبی لەلایە و هیچ كەسێك ناتوانێت هەواڵ بدات لە داهاتوو… وە دڵنیایی بدات دەربارەی هاتنەدی هەواڵەكە.
ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە، ژمارەی پێشبینیەکانی پێغەمبەرانزۆرن وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ} (سورة الجن، ئایەتی: 27_28) ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێغەمبەران لەکاتێکدا پێشبینیدەکەن، کە دۆخەکە زۆر نالەبار و سەختە. بەپێی هیچ پێوەرێکی ماددی و لۆژیکی، چاوەڕوانی هاتنەدی ئەو پێشبینیانە ناکرێت. ئەوان لەوپەڕی بێدەسەڵاتی و لاوازیدا، دەربارەی گۆڕانکاریە گەورەکانقسەدەكەن،ئەو گۆڕانكاریانەی کە تەنانەت زلهێزەکانی ئەو سەردەمەشناتوانن ئەنجامیان بدەن. بۆیە خەڵکی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ناهەموارەی کە پێغەمبەرانی تێدا دەبینن، بە شێتیان دەزانن و گاڵتەیان پێ دەکەن.
دیارە پێغەمبەران و نێردراوان لەکاتێکدا مژدەی گەورە بە باوەڕداران دەدەن و هۆشداری توندیش دەدەن بە بێباوەڕان، کە لە دۆخێکی زۆر سەخت و نا هەمواردان. مەبەست لەمەشئەوەیە، کاتێك ئەو مژدە و هەڕەشانە دێنە دی، خەڵکی بزانن هێزێکی باڵا لە پشت ئەم گۆڕانکارییانەوەیە، وە ئەو خوایەی؛ کە باوەڕداران دەیپەرستن، مژدە و هەڕەشەکانی هێناوەتە دی. ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوون و قەناعەتپێهێنەرە لەسەر بوونی ئەو خوایە، کە هەم بەدیهێنەری هۆکارەکانە و هەمیارمەتیدەری باوەڕدارانە.
بەدڵنیاییەوە، هاتنی پێغەمبەران خۆی لەخۆیدا بۆ سەلماندنی بوونی خوای مەزنە، واتە خودی پێغەمبەران بەڵگەن لەسەر بوونی خوای گەورە. بەم پێیە، مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەم سەردەمەدا بەڵگەیەکی ئاشکرایە لەسەر بوونی خوا.
چونکە بەڕێزی (علیه السلام) بە ناوی خوای گەورەوە كۆمەڵێك پێشبینی زۆری ڕاگەیاند و هەموویان هاتنە دی و بەردەوامیش دێنە دی.
ئایا جگە لە خوا کێ دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییە مەزنانە دروست بکات؟ کێ دەتوانێت کەسێکی لاواز و بێدەرەتان و هەژار سەرکەوتوو بکات لە دۆخێکدا کە هەموو خەڵکی دژایەتی بکەن و لە هەموو لایەکەوە پەلاماری بدەن و دوژمنەکانیشی ئەوپەڕی بەهێز بن؟ جگە لە خوای گەورە کێ هەیە بتوانێت ئەو دوژمنە بەهێزانە لەناوببات؟
لەڕاستیدا، ئەگەر سەرنجێکی ورد بدەینە ژیانی هەموو پێغەمبەران بە گشتی، بەتایبەتی پێغەمبەری خۆشەویستمان (ﷺ) و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، ئەوا بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێت کە خوای گەورە -کە خۆی بەدیهێنەری هەموو هۆکارە ماددی و مەعنەوییەکانە- یارمەتیداون و سەرکەوتووی کردوون. ئەگەرنا، تەنها بە هەوڵ و کۆششی خۆیان نەدەکرا سەرکەوتن بەدەستبهێنن. سەرکەوتنەکەیان تەنها بە هۆکارە ماددییەکان نەبووە، بەڵکو بە هۆکارەڕۆحییەکانیش بووە.
پاشان لە بەرەبەیانی مێژووەوە هەرگیز ڕووینەداوە کەسێك بە ئەنقەست یان بەهۆی تێکچوونی عەقڵیەوە درۆی بە دەم خوای گەورەوە كردبێت و لە کارەکەیشیدا سەرکەوتوو بوو بێت. بەڵکو ئەو کەسانە سەرکەوتوو بوون کە بەڕاستی بە ناوی خواوە قسەیان کردووە و پێشبینییان کردووە. ئەمەش بەڵگەیەکی تری حاشاهەڵنەگرە لەسەرڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و بوونی خوایگەورە. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم:
ئەگەر لەم سەردەمەدا مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕەوانە نەکرایە، ئەوا ئێمە بەڵگەی تەواومان دەستنەدەکەوت لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەری خۆشەویستمان (ﷺ) و بوونی خوای گەورە و ڕاستیی ئیسلام.
کەواتە، سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، کە مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) ڕەوانە کرد وەك خزمەتکارێکی پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ). لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە، دروود و سڵاوی خۆی بڕێژێت بەسەر پێغەمبەری خۆشەویستمان (ﷺ)، کە بەهۆی سوننەت و ڕێبازەکەیەوە، کەسێکی وەکو مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەناو شوێنکەوتووانیدا دروست بوو، کە سەرلەنوێ باوەڕی لە ئەستێرەی سورەییاوە گەڕاندەوە بۆ سەر زەوی و بەڵگەی ڕوونی خستەڕوو لەسەر بوونی خوای گەورە و ڕاستیی ئایینی ئیسلام.
بهکورتی، پێشبینیەکانی حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) تەنها قسە نەبوون، بەڵکو هەموویان لەواقیعدا هاتنەدی و بەردەوامیش دێنەدی، بەمەش دەبنە بەڵگەیەکی زیندوو لەسەر ڕاستگۆیی بەرێزی (علیه السلام) و بوونی خوای گەورە.
لەكۆتاییدا دەڵێم: ئێمەی ئەحمەدی، بەرپرسیارێتیەكی گەورەمان لەسەر شانە کە ئەم بانگەوازە بە هەموو جیهاندا بڵاوبکەینەوە… ئومێد دەکەین ئەم وتارە بووبێتە هۆی بەهێزکردنی باوەڕمان و هاندانی هەموومان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئایینی ئیسلام و مرۆڤایەتی. وە لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە یارمەتیمان بدات بۆ بڵاوكردنەوەی ئیسلامی ڕاستەقینە، وە بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەو کارانەی کە ڕەزامەندی ئەوی تێدایە. ئامین
والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته.