بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئاشکرایە کە ئاژاوەیەكی هەرە گەورە هەیە كە لە هەموو ئاژاوەكانی تر گەورەترە، تەنانەت سەرجەم پێغەمبەران گەلەكانی خۆیان لێ ئاگاداركردووەتەوە، ئەویش بریتیە لە ئاژاوەی دەججال، پێش ئەوەی توێژینەوە بكەین لەو فەرموودانەی كە باسی دەججال هاتووە تێیاندا، سەرەتا با بزانین وشەی دەججال لە فەرهەنگەکانی زمانی عەرەبیدا بە چ واتایەك هاتووە:

لێكۆڵینەوە لە وشەی دەججال

(1) الداجل، كەسێكە ڕاستی بگۆڕێت و درۆزن بێت، بەهۆی ئەمەوە پێیدەوترێت دەججال.

(2) دەججال لە سەردەمی كۆتایی ئەم ئوممەتەدا سەرهەڵدەدات بۆیە وا ناونراوە؛ چونكە حەق بە باتڵ دادەپۆشێت. دەوترێت بۆیە وەها ناونراوە؛ چونكە زەوی دادەپۆشێت بەهۆی زۆری خەڵكەكەیەوە.

(3) ئیبن خالەوەیهى دەڵێت: هیچ كەسێك وەكو باوكی عومەر بەجوانی تەفسیری دەججالی نەكردووە؛ دەڵێت: دەججال كەسێك كە ڕاستی و درۆ تێكەڵ و پێكەڵ بكات، هەروەها وەزنی (فَعَّال) بۆ ڕۆچوون و زیادەڕەویيە (المُبالَغة)، واتە كەسێك زۆر درۆزن و دەستبڕ بێت. هەروەها دەوترێت بۆيە وەها ناونراوە؛ چونكە بەدرۆكانی ڕاستی دادەپۆشێت.

(4) الدجّال والدجّالة: كۆمەڵێكی گەورەیە كە زەوی دادەپۆشێت بەهۆى زۆری خەڵكەكەيەوە. وە دەوترێت بریتیە لە كۆمەڵێك كەلوپەل هەڵدەگرن بۆ بازرگانی.

(5) ئەبو عەبباس دەڵێت: دەججال بەو ناوەوە ناونراوە؛ چونكه بە زەویدا دەگەڕێت و بەزۆربەی ناوچەكانیدا گوزەر دەكات، وە جارێكی تر دەڵێت ناونراوە بە دەججال؛ چونكە ڕاستی دەگۆڕێت بە درۆ و درۆ دەگۆڕێت بەڕاستی و دەستبڕ و نەگریسە و پڕوپووچ دەڕازێنێتەوە.

(6) “دەججال بەواتای درۆزنیش، وە لەوانە مەسیحی دەججالی درۆزن كە لە سەردەمی كۆتاییدا دەردەكەوێت، الدجالة واتە كۆمەڵێكی گەورە كە زەوی دادەپۆشێت.” (المنجد).

(7) “الدجال: كۆمەڵێكی گەورە.” (أقرب الموارد)

(8) ئەبوبەكر خوازبێنی فاتيمەی كرد لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەویش فەرمووی: بەڵێنم داوە بە عەلی، من دەججال نیم.. واتە كەسێكی فێڵباز نیم و ڕاستیەكەت لێ ناگۆڕم.

بنچینەی وشەی (الدجل) بریتیە لە تێكەڵ و پێكەڵ كردن، دەوترێت (دجل) ئەگەر سەریلێتێكدا و چەواشەكاری ئەنجامدا… وە باسی دەججال لە فەرموودەدا چەندجار دووبارەبووەتەوە، ئەوەیە كە لە سەردەمی كۆتاییدا سەرهەڵدەدات و بانگەشەی خوایەتی دەكات، وە وەزنی (فَعَّال) بۆ ڕۆچوونە واتە: درۆ و چەواشەكاری زۆر دەكات. (النهاية، لابن الأثير).

ئەگەرچی وشەی دەججال بەگشتی بە هەموو درۆزن و ساختەچیەك دەوترێت، بەڵام دەججالە گەورەكە بەتایبەتی ناونراوە دەججال؛ چونكە دەركەوتەی تەواوەتیە بۆ سیفەتە دەججالیەكان و لە هەموو ڕوویەكەوە ماناكانی چەواشەكردن و سەرلێتێكدان دەگرێتەخۆی، لەبەرئەوە شایستەی ئەوەیە كە پێی بوترێت دەججالی هەرەگەورە لەبەر ئەو فەرمایشتەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە دەفەرموێت: “لەنێوان دروستكردنی ئادەم تا بەرپابوونی قیامەت ئاژاوەیەك نیە لە ئاژاوەی دەججال گەورەتر بێت.” (صحيح مسلم، بەرگی 2، باب في بقية أحاديث الدجال)

ئەو فەرموودانەی كە پەیوەستن بە دەججالەوە

(1) “لەنێوان دروستبوونی ئادەم تا بەرپابوونی قیامەت هیچ ئاژاوەیەك نیە لە ئاژاوەی دەججال گەورەتر بێت.” (صحيح مسلم)

(2) “لە ئیبن عومەرەوە، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) باسی دەججالی دەكرد و فەرمووی: خوای گەورە یەك چاو نیە، بزانن كە مەسیحی دەججال یەك چاوی هەیە و چاوی ڕاستی كوێرە لە ترێ ڕەشە دەچێت و دەرتۆقیوه.” (صحيح مسلم. وصحيح البخاري باب وَاذْكُرْ فِي الكِتَابِ مَرْيَمَ)

(3) “پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: “هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر ئوممەتەكەی خۆی ئاگاداركردووەتەوە لە دەججالە كوێرەی درۆزنی یەك چاو. بزانن كە ئەو یەك چاوی هەیە، بێگومان پەروەردگارتان یەك چاو نیە. لە نێوچاوانیدا نووسراوە ك ف ر.” (صحيح مسلم. وصحيح البخاري باب ذكر الدجال)

(4) “بێگومان دەججال یەك چاوە و پێستێكی ئەستوور لەسەر چاویەتی، لە نێوچاوانیدا نووسراوە كافر هەموو بڕوادارێكی خوێندەوار و نەخوێندەوار دەیخوێنێتەوە.” (صحيح مسلم، باب ذكر الدجال)

(5) “دەججال چاوی چەپی كوێرە، بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدایە.” (صحيح مسلم، باب ذكر الدجال)

(6) “شاخێك نان و ڕووبارێك ئاوی لەگەڵدایە.” (صحيح البخاري، باب ذكر الدجال)

(7) “دەججال بەسەر گوێدرێژێكی بەڵەكەوە دەردەچێت، نێوانی هەردوو گوێچكەی هێندەی درێژی حەفتا باڵە.” (مشكاة المصابيح، ص469)

(8) “بێگومان مەسیحی دەججال كوڵەبنە و گەڵبڵاوە و قژ ئاڵۆسكاوە و یەك چاوە و چاوی نیشتووە نە بەتەواوی كراوەتەوە نە تەواو داخراوە.” (مشكاة المصابيح عن أبي داود، باب العلامات بين يدي الساعة)

(9) “دەججال لەناو ئوممەتەكەمدا دەردەچێت و چل دەمێنێتەوە، نازانم چل ڕۆژە یان چل مانگە یان چل ساڵە.” (صحيح مسلم، باب في خروج الدجال ومكثه)

(10) “ئەو لە شوێنێكی بەردەڵانی سەختدا دەردەچێت لەنێوان شام و عێراقدا، بەڕاست و چەپدا مل لە بەدفەڕی دەنێت. ئەی بەندەكانی خوا دامەزراوبن. وتمان ئەی پێغەمبەری خوا چەند لەزەویدا دەمێنێتەوە؟ فەرموی چل ڕۆژ؛ ڕۆژێكی وەك ساڵێكە، ڕۆژێكی وەك مانگێكە، وە ڕۆژێكی وەك هەفتەیەكە، وە باقی ڕۆژەكانی وەك ڕۆژەكانی دیكەتان وایە. وتمان ئەی پێغەمبەری خوا خێراییەكەی چۆنە لە زەویدا؟ فەرمووی وەك بارانێكە بای لە پشتەوە بێت… فەرمان دەكات ئاسمان دەبارێنێت و زەویش دەڕوێنێت، تێپەڕ دەبێت بەلای وێرانەدا دەڵێت گەنجینەكانی خۆت بخەدەرەوە، گەنجینەكانی شوێنی دەكەون وەك چۆن شای هەنگ هەنگەكانی تر شوێنی دەكەون، پاشان پیاوێك بانگ دەكات كە لاشەیەكی پڕی هەیە و لە تافی لاوێتیدایە بەشمشێر لێی دەدات و دەیكات بە دووكەرتەوە.” (صحيح مسلم، باب ذكر الدجال)

(11) “پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: دەججال دێت.. پیاوێكی لێ ڕادەپەڕێت… دەججالیش دەڵێت ئایا ئەگەر ئەمەم كوشت و پاشان زیندووم كردەوە هێشتا گومان لە كارەكە دەكەن؟ دەڵێن نەخێر، ئەویش دەیكوژێت و پاشان زیندووی دەكاتەوە.”

(12) “بێگومان ئەو گەنجێكی قژلوولە.” (مشكاة المصابيح، ص465)

(13) “مەسیحی دەججال لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت و ئامانجی مەدینەیە، هەتا لەپشتی كەسێكەوە دادەبەزێت پاشان فریشتەكان ڕووی وەردەگێڕن بەرەو شام و لەوێدا لەناو دەچێت.” (متفق عليه، عن مشكاة المصابيح، باب العلامات بين يدي الساعة)

(14) “چونكە تەمیمی داری كە پياوێكی مەسيحى بوو هات و بەیعەتیدا و موسوڵمان بوو، وە خەونێكی بۆ گێڕاومەتەوە هاوشێوەی ئەوەیە كە من بۆم باس كردوون دەربارەی دەججال، بۆی گێڕامەوە كە لەگەڵ سی پیاوی هۆزی لەخم و جەذام سواری كەشتیيەكی دەریایی بووە و ماوەی مانگێك شەپۆلی دەریا گێژی داون پاشان پەنایان بردووەتە دوورگەیەك لە دەریاكەدا تا خۆرئاوابوون، لە نزیكی كەشتیيەكەوە دادەنیشن و ئینجا دەچنەناو دوورگەكەوە، دەعبایەكی تیسكنی تووكنیان پێ دەگات كە لەبەر زۆری تووكەكەى نازانن پاش و پێشی كامەیە. پێی دەڵێن: ماڵوێران تۆ كێیت؟! ئەویش دەڵێت من (جەساسە)م. دەڵێن جەساسە چیە؟ ئەی خەڵكینە بچن بۆلای ئەو پیاوە كە لە كڵێساكەدایە؛ چونكە زۆر تامەزرۆی دەنگوباسی ئێوەیە. دەڵێت كاتێك ناوی پیاوێكی برد ترساین لێی كە جۆرە شەیتانێك بێت. دەڵێت بەپەلە دەرچووین هەتا چووینە ناو كڵێساكەوە، كاتێك سەیر دەكەین مرۆڤێكی تێدایە كە هەرگیز زەلامی وەهامان نەدیبوو، لە هەموو كەس كەتە و زلەتر بوو، بە توندترین شێوە كۆت و بەند كرابوو، هەردوو دەستی تا گەردنی و هەردوو ئەژنۆی تا قولەپێی بە ئاسن شەتەك درابوو. وتمان ماڵوێران تۆ كێیت؟ وتی ئێوە توانیتان بە دەنگوباسی من ئاشنا بن، باشە پێم بڵێن ئێوە كێن؟ وتیان ئێمە خەڵكانێكین لە نەتەوەی عەرەب، سواری كەشتیيەكی دەریایی بووین و لەكاتی هەڵچوونیدا گیرۆدەی دەریاكە بووین، ماوەی مانگێك شەپۆلی دەریاكە گێژی داین، پاشان لەم دوورگەیەی تۆدا لەنگەرمان گرت و لە نزیكیەوە دانیشتین و پاشان هاتینە ناویەوە و دەعبایەكی تیسكنی توكنمان پێگەیشت كە لەبەر تووك زۆری پاش و پێشی لەیەك جیانەدەكرایەوە. وتمان ماڵوێران تۆ كێیت؟ وتی من جەساسەم. وتمان جەساسە چیە؟ وتی بچن بۆلای ئەو پیاوەی كە لە كڵێساكەدایە؛ چونكە تامەزرۆی دەنگوباسی ئێوەیە. ئێمەیش بەخێرایی بەرەو ڕووی تۆ هاتین و زۆر لێی ترساین و ترساین لەوەی كە جۆرە شەیتانێك بێت. كابرای ناو كڵێساكە وتی هەواڵم پێ بدەن دەربارەی دارخورماكانی “بێسان” وتمان دەربارەی چ شتێكی هەواڵت پێ بدەین؟ وتی دەربارەی دارخورماكانی پرسیارتان لێ دەكەم، ئایا بەر دەگرن؟ پێمان وت: بەڵێ، وتی: بەڵام نزیكە ئیتر بەر نەگرێت. وتی: هەواڵم پێ بدەن دەربارەی دەریاچەی طەبەریيە؟ وتمان دەربارەی چ شتێكی هەواڵت پێ بدەین؟ وتی: ئایا ئاوی تێدایە؟ وتیان: بەڵێ ئاوی زۆرە. وتی: بەڵام نزیكە ئاوی تێدا نەمێنێت. وتی: هەواڵم پێ بدەن دەربارەی كانیاوی (زوغەڕ)، وتیان دەربارەی چ شتێكی هەواڵت پێ بدەین؟ وتی ئایا ئەو كانیاوە ئاوی تێدایە؟ وە ئایا خەڵكەكەی كشتوكاڵی پێ دەكەن؟ وتمان: بەڵێ ئاوی زۆرە و خەڵكەكەیشی كشتوكاڵی لەبەرا دەكەن. وتی: هەواڵم پێ بدەن دەربارەی پێغەمبەری ئوممیەكان، چی كرد؟ وتیان لە مەككە دەرچووە و لە مەدینە نیشتەجێیە. وتی: ئایا عەرەب جەنگی لەگەڵدا دەكەن؟ وتمان: بەڵێ، وتی چی پێ كردن؟ پێمان وت: سەركەوت بەسەر ئەو عەرەبانەی كە لێیەوە نزیكن و ئەوانيش گوێڕایەڵی بوون. پێی وتن جا وابوو؟ وتمان: بەڵێ. وتی بزانن چاكترە بۆیان كە گوێڕایەڵی بن، وە منیش پێتان دەڵێم كە من كێم. من مەسیحی دەججالم، وە نزیكە كە مۆڵەتی دەرچوونم پێ بدرێت و دەرچم و بە زەویدا بگەڕێم و لە ماوەی چل شەودا هیچ ئاوەدانیيەك نەمێنێتەوە كە پێیدا نەگەڕێم جگە لە مەككە و مەدینە، ئەو دوو باژێڕە لە من قەدەغەن، هەركاتێك بمەوێت بچمە یەكێكیان یان هەردانەیەكیان فریشتەیەك بە شمشێرێكی ڕووتەوە ڕووبەڕووم دەبێتەوە و بەرهەڵستم دەوەستێت، وە لە هەموو سەرە ڕێگایەكیدا فریشتە وەستاون و پاسەوانی دەكەن.” (صحيح مسلم، بەرگی 2، باب في خروج الدجال ومكثه في الأرض)

ئەمە ئەو فەرموودانە بوو كە سەبارەت بە دەججال هاتوون لەگەڵ بوونی جیاوازی و دژیەك تێیاندا، زۆربەی زانایان باوەڕیان وابووە كە ئەم دەنگوباس و قسانەی پێشینان مانا ڕووكەشیيەكانیان وەردەگیرێت. لەڕاستیدا لەمەدا نەیانپێكاوە، بەڵكو ئەمانە تەنھا كۆمەڵێك مەجاز و ئیستیعارە و تەمسیلن و هەندێكیان دروستكراون بەو بەڵگەیەی كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و هاوەڵەكان ئیبن صەيیادیان بە دەججالی پەیماندراو ئەژمار دەكرد، لەمبارەيەوە ئەم ڕیوایەتانەی خوارەوە هاتوون:

(1) كاتێك كاروباری ئیبن صەیياد سەریـھەڵدا، عومەر (رضي الله عنه) وتی: ئەی پێغەمبەری خوا وازم لێ بھێنە با بدەم لە گەردنی. ئەویش (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: “ئەگەر دەججال بێت ئەوا زاڵ نابیت بەسەریدا، وە ئەگەر ئەویش نەبێت ئەوا كوشتنی هیچ خێرێكی تێدا نیە بۆ تۆ.” (صحيح البخاري، بەرگی 1، وصحيح مسلم، بەرگی 2، باب ذكر ابن صياد)

(2) لە جابرەوە، ئافرەتێكی جوولەكە لە مەدینە كوڕێكی بوو كە یەك چاوی هەبوو، وە كەڵبەكانی دەرهاتبوو، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ترسا كە ئەم مناڵە دەججال بێت… بەردەوام پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەترسا كە ئەو مناڵە دەججال بێت.” (مشكاة المصابيح عن شرح السنة)

(3) لە موحەممەدی كوڕی مونكەديرەوە وتی جابرم بینی سوێندی دەخوارد بە خوا كە ئیبن صەیياد دەججالە، منیش پێم وت: ئایا سوێند بە خوا دەخۆیت؟ وتی من عومەرم بینی لای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەسەر ئەمە سوێندی دەخوارد و پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) نكوڵی لێ نەدەكرد.” (صحيح مسلم)

(4) لە نافعەوە وتی ئیبن عومەر لە ڕێگەی مەدینە گەیشت بە ئیبن صەیياد قسەیەكی پێ وت تووڕەبوو، پیشی خواردەوە هەتا بەتەواوەتی قڕوقەپ بوو. ئینجا ئیبن عومەر چوو بۆلای حەفصە و ئەم هەواڵەی پێگەیاند، ئەویش وتی: ڕەحمەتی خوات لێ بێت چیت دەوێت لە ئیبن صەیياد؟ ئایا نازانیت كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) فەرموویەتی: “دەججال بەهۆی ئەوەی كە زۆر بەتوندی تووڕە دەبێت ئەو زنجیرانە دەپسێنێ كە پێی بەستراوەتەوە و دەردەچێت.” (صحيح مسلم، باب ذكر ابن صياد)

(5) لە نافعەوە وتی ئیبن عومەر دەیگوت: “سوێند بە خوا گومانم نیە كە مەسیحی دەججال ئیبن صەیيادە.” (مشكاة المصابيح، ص479)

(6) لە ئەبو سەعیدی خودریيەوە وتی: بە ياوەرى ئیبن صەیياد چووم بۆ مەككە، پێی وتم هەندێ خەڵكم پێ گەیی دەیانگوت گوایە من دەججالم، ئایا تۆ نەتبیستووە لە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەیفەرموو: دەججال ناچێتە ناو مەدینە و مەككەوە؟ وتم: با بیستوومە. وتی: ئەوەتا من لە مەدینە لەدایكبووم و ئێستایش دەمبینی بەرەو مەككە دەچم.

ئێستا ئێمە لەو كەسانە دەپرسین كە باوەڕیان بەوە هەیە كە دەبێت دەججال بە نیشانە ڕووكەشیيەكانیەوە دەربكەوێت، بۆچی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و هاوەڵەكان لە پرسی ئیبن صەیياددا گومانیان هەبوو تەنانەت هەندێكیان بەدڵنیاییەوە سوێندیان خوارد بە خوا كە ئەو دەججالە؟ ئایا ئەو سیفەتانەی دەججال كە باسكراون هەمووی لە ئیبن صەیياددا بوونیان هەبووە؟ ئایا مردووی زیندوو كردووەتەوە؟ وە لە ئاسمانەوە بارانی باراندووە و گەنجینەكانی زەوی شوێنی كەوتن، وە هەندێ كەسی خستەناو ئاگرەوە و هەندێكیش بۆ ناو بەهەشت، وە شاخێك لە نان و ڕووبارێك لە ئاوی لەگەڵدا بوو؟ وە ئایا پیتەكانی ك.ف.ر لە نێوچاوانیدا نووسرابوو؟ ئەگەر ئەم نیشانانەی تێدا نەبووە ئیتر چۆن هەندێ لە هاوەڵان دڵنیابوون كە ئەو دەججالی پەیماندراوە؟ لەمەوە دەسەلمێنرێت كە ئەم بابەتانە مانا ڕواڵەتیيەكانیان وەرناگیرێت، هەربۆیە هاوەڵەكان دوودڵ بوون لە كاروبارەكانی [ئیبن صەییاد]، بەڵكو ئەم بابەتانە تەنـھا بریتی بوون لە حاڵەتە كەشفیيەكان كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەیانی كردووە بەو شێوەيەی كە بینیویەتی كە پێویستە ڕاڤە و لێكدانەوەیان بۆ بكرێت، وە بەوپێیەی كە ئیبن صەیياد لە ڕۆژگارەكانی سەرەتای ژیانیدا هەندێ كاروباری سەیری چەواشەكارانەی پیشانداوە بەهۆی هەندێ لە شەیتانەكانەوە و خەڵكی بەهۆیانەوە تووشی ئاژاوە بوون، بۆیە ناوینراوە دەججال، بەڵام پاش ئەوە موسوڵمان بووە و وازی لەو ڕێگە شەیتانیە هێناوە و لەسەر ئایینی ئیسلام كۆچی دوایی كردووە.

وە خەڵكانێك هەن كە ڕیوایەتەكانی پەیوەست بە دەججال بەیەكجاری ڕەتدەكەنەوە لەبەر بوونی ناكۆكی و دژواربوونی ڕێككەوتن لەنێوانیاندا، لەوانە زانای گەورە موحەممەد فەرید وەجدی (سەرنووسەری گۆڤاری “نور الإسلام” زمانحاڵی پێشووی ئەزهەر) پاش باسكردنی ئەو فەرموودانەی كە پەیوەستن بە دەركەوتنی دەججالەوە، دەڵێت:

“لەم بارەیەوە بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە ئەو كەسەی چاوێك بەم فەرموودانەدا بگێڕێت لەیەكەم ساتەوە پەی بەوە دەبات كە قسەگەلێكی هەڵبەستراون و بۆ مەبەست گەلێكی جۆراوجۆر كەسانی درۆهەڵبەست داویانەتە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) یان بۆ تێكدانی بیروباوەڕی خەڵكی یاخود بۆ نزمكردنەوەی پایەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەبەرچاوی ئەهلی ڕەخنە و توێژینەوەدا، ئەم قسانە ئەگەر بدرێنە پاڵ هەركەسێك لە پایەی دادەبەزێنێت چجای بدرێتە پاڵ پێشەوا و خاتەمی پێغەمبەران؟ لە زۆر ڕووەوە ئەم قسانە سووك و بێ نرخن كە مشتومڕ هەڵناگرێت:

(یەكەمیان) ئەم قسانە لە ئەفسانەی پڕوپووچ دەچن، ئاخر پیاوێك لەسەر دووقاچ بڕوات بە ڕێگەدا و بە وڵاتاندا بگەڕێت و خەڵكی بانگ بكات بۆ پەرستنی خۆی، وە بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدا بێت بە ئارەزووی خۆی خەڵك بخاتە ناویانەوە، هەموو ئەم بابەتانە ناچنە عەقڵەوە؛ وە پێغەمبەر لەوە بەڕێز و مەزنترە شتانێك بڵێت كە بە ئاشكرا ژیری مرۆڤ هەڵیان دەوەشێنێتەوه، ئەگینا كامە بەهەشت و دۆزەخەكەیەتی كە بۆ هەركوێیەك بڕوات شوێنی دەكەون؟ ئایا هەردووكیان بەچاو دەبینرێن یان خەیاڵین؟ ئەگەر بەچاو دەبینرێن ئایا بەهەشتەكەی پێكھاتووە لە كۆشكی بڵند و باغاتی ڕازاوە و جوان وەك خەڵكی لە مانای وشەكەوە لێی تێدەگەن؟ ئەگەر بەو شێوەیەیە؛ ئەوا چۆن ئەو كۆشك و باغاتە لەگەڵیدا دەڕۆن بۆ هەركوێیەك بڕوات؟ ئایا ئاگرەكەی تەنوورێكی گەورەیە و بە خەڵك و بەرد تین و تاوی سەندووە بەگوێرەی تێگەيشتنی خەڵكی بۆ ئەم وشەیە؟ ئایا ڕاستە ئەم جۆرە بابەتانە لەو بابەتانەن كە عەقڵی مرۆیی وەریبگرێت لەكاتێكدا خوای گەورە جیاكردنەوەی شتی شیاو لە شتی ئەستەمی پەیوەست كردووە پێیەوە و كردوویەتی بە هۆكاری جیاكردنەوەی نێوان حەق و باتڵ؟ وە ئەگەر بوترێت بەهەشت و دۆزەخەكەی خەیاڵین، ئایا شوێنكەوتووی خۆی دەكوژێت بۆئەوەی ڕۆحەكەی ڕەوانەی بەهەشت بكات یان بەڵێنی بەهەشتەكەی پێ بدات پاش مردنی كە دەربارەی هاتووە؛ شوێنكەوتووی خۆی هەڵدەداتە بەهەشتەكەیەوە دەبینێت ئاگرە و ئاگرەكەیشی بەهەشتێكە پڕە لە سەوزایی و سێبەر، وە هەردووكیان لەگەڵیدا دەڕۆن بۆ هەركوێیەكك بڕوات؟ وەك بینیت بەگوێرەی ژیری مرۆڤ ئەمە نەگونجاوە.

(دووەمیان) چۆن دەچێتە عەقڵەوە كە كابرایەكی كوێری یەك چاو لەسەر ناوچەوانی نووسرابێت كافر و خوێنەوار و نەخوێندەوار وەكو یەك بیخوێننەوە، لەناو خەڵكدا ڕاست بێتەوە و بانگیان بكات بۆ پەرستنی خۆی و پاشان بانگەوازەكەی برەو پەیدا بكات و گوێی لێ بگیرێت؟ چ مرۆڤێك بەو ڕادەیە عەقڵی دواكەوتووە باوەڕی بە خوایەتی كابرایەكی دیمەن شێواو بكات كە لە نێوچاوانیدا بە پیتی گەورە نووسرا بێت كافر، لەناو چ نەوەیەك لە نەوەكانی خەڵك ئەم جۆرە بانگەوازە برەوی دەبێت؟ هەڵبەت عەرەب گومانیان هەبوو لە كاری پێغەمبەران و بەهۆی لووتبەرزیيەوە شوێنی پیاوێك نەدەكەوتن كە لەسەر دوو قاچ دەڕۆی بە ڕێگادا و پێیان خۆش بوو خوا لە ئاسمانەوە فریشتەیان بۆ ڕەوانە بكات وەك لەدەقی قورئاندا هاتووە، وە نەتەوەكانی تريش تەنانەت لە دێرینترین سەردەمەكانی مێژوودا لووتبەرزیيان نواندووە و شوێن كەسێكی وەكو خۆیان نەكەوتوون و پێیان خۆش بووە كە پێغەمبەر لە جیھانێكی ترەوە ڕەوانە بكرێت بۆ سەریان وەك دیسان لە دەقی قورئاندا هاتووە، دەی ئەو نەتەوانە كامانەن كە بۆیان نووسراوە بە پیاوێكی كوێری یەك چاو تاقیبكرێنەوە كە لە نێوچاوانیدا وشەی كافر نووسرا بێت و باوەڕ بكەن كە خوایە.

(سێيەم) بۆچی قورئان دەربارەی ئەم مەسیحی دەججالە هیچ شتێكی باس نەكردووە لەگەڵ مەترسی كارەكەی و گەورەیی ئاژاوەكەی وەك لەو فەرموودە هەڵبەستراوانەوە دەردەكەوێت، ئایا ڕێی تێدەچێت قورئان باسی دەركەوتنی دەعباكە بكات، بەڵام باسی دەركەوتنی ئەم دەججالە نەكات كە بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدایە و خەڵكی تاقیدەكاتەوە پێیان.

(چوارەمیان) بێگومان هەڵبەستراویی و درۆبوونی ئەم فەرموودانە بە وردبوونەوە لەو فەرموودە درێژە دەزانرێت كە دراوەتەپاڵ نەواسی كوڕی سەمعان كە بەرزی كردووەتەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە فەرموودەیەكە پێشبینی ئەوە دەكات كە دەججال لە زەویە بەردەڵانەكەی نێوان شام و عێراقەوە دەردەچێت و كارگەلێكی سەرسوڕهێنەر دەكات و پاشان عیسای پێ دەگات هتد… ئەگەر بەچاوێكی ڕەخنەگرانەوە تەماشای ئەم چیرۆكە بكەیت؛ ئەوا هیچ گومانێكت نامێنێت لەوەدا كە دروستكراوە و كەسێك هەڵیبەستووە جیاكاری ناكات لە نێوان شیاو و ئەستەمدا، وە لە نێوان سوننەتەكانی خوا لە دروستكراوانیدا و ئەو پڕوپووچانەی لە خەیاڵەوە لەدایك دەبن، بەڵام بەڵگەی هەستپێكراو لەسەر پووچی ئەم فەرموودەیە ئەوەیە كە ئەو كەسەی دروستی كردووە بەهۆی ئەو كورتبینیەی كە هەیبووە وای خەیاڵ كردووە كە چەكی شەڕكردنی خەڵكی هەتا بەرپابوونی قیامەت بریتی دەبێت لە تیـروكەوان و تیردان، وە نەیزانیوە كە حەوت سەدە بەسەر دروستكردنی ئەم فەرموودەیەدا تێناپەڕێت مەگەر بارووت و تفەنگ پەیدا دەبێت، وە شەش سەدەی تر تێناپەڕێت مەگەر تیـروكەوان ناویان نامێنێت، تۆپ و نارنجۆك و دووكەڵی ژەهراوی و گازی بڵێسەدار و تی ئێن تی و ئەو بۆمبانەی لە فڕۆكەوە دەخرێنە خوارەوە هتد پەیدا دەبن، هەموو ئەمانەی نەزانیوە، بەڵكو وایزانیوە كە چەكی شەڕكردن لە سەردەمی كۆتاییدا وەك ئەو چەكە وایە كە لە سەردەمی خۆیدا هەبووە، دوای ئەم بەڵگەيە هیچ بەڵگەیەكی دیار و ئاشكرا پێویست ناكات لەسەر ئەوەی كە ئەم فەرموودەيە هەڵبەستراوە، وە ئەو كەسەی وەحی بۆ دەكرێت لەوە گەورەترە كە بكەوێتە ئەم جۆرە هەڵە گەورانەوە…. خوێنەر لەوەی كە ڕابورد دەربارەی هەموو ئەو فەرموودانە ئەوە دەبینێت كە خاڵین لە ڕۆحی پێغەمبەرایەتی. هیچ شتێك نە لە قورئانەوە و نە لە ڕێگەی ئاماژەوە پشتگیری ئەم فەرموودانە ناكات. دروست نیە بۆ كەسی ژیر كە پشت ببەستێت بەم جۆرە فەرموودە هەڵبەستراوانە؛ چونكە وەرگرتنیان مانای دواكەوتوویی عەقڵە و ئايين بەرەو ڕێبازی خورافیات و گومڕایی دەبات، وە فەرمان كراوە بە موسوڵمانان كە لە هەموو شتێكدا پشكنین بكەن بۆ ڕاستی، وە هەموو قسەیەك وەرنەگرن ئەگینا ئايين و عەقڵ دەداڕوخێن.” (دائرة المعارف للقرن العشرين، بەرگی 8، لا 800)

ئەمە وتەی زانای مەزن موحەممەد فەرید وجدی بوو بەڵام ئێمە بە تەواوەتی تەبا نین لەگەڵیدا. وە ئێمە خوا یار بێت گونجان دەخەینە نێوان ئەم فەرموودانە و قورئانی پیرۆز بە ڕاڤەكردنی هەندێ وشە كە هەردەبێت ڕاڤە بكرێن؛ چونكە پێكهاتوون لە خەون و حاڵەتی كەشف كە پێویستیان بە لێكدانەوە هەیە و مانای ڕواڵەتی واژەكانیان وەرناگیرێت، بەڵام شتێكی بەڵگەنەویستە باوەڕیان بەوەی كە دەججال دەرناچێت باوەڕێكی پووچە؛ چونكە پێچەوانەی كۆمەڵێك فەرموودەی موتەواتیری ڕاستە كە هیچ ڕێگەیەك نیە بۆ ڕاكردن لێیان، دیارە باوەڕی دەركەوتنی دەججال و ئاژاوەكانی لە سەرەتاكانی ئیسلامەوە هەتا ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆمان باوەڕێكی بەناوبانگە. تەنانەت پێشەوا بوخاری و فەرموودەناس و توێژەرە گەورە هاوشێوەكانی شایەتیان داوە لەسەر ئەمە، وە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هۆشداری داوە بە موسوڵمانان لە ئاژاوەی دەججال تەنانەت كاتی باسكردنی كوڵمەكانی سوور هەڵگەڕاون و بە گەورەترین ئاژاوە ئەژماری كردووە بەجۆرێك دەفەرموێت: “لە نێوان دروستبوونی ئادەم تا بەرپابوونی قیامەت ئاژاوەیەك نیە گەورەتر بێت لە ئاژاوەی دەججال.” “مَا بَيْنَ خَلْقِ آدَمَ إِلَى قِيَامِ السَّاعَةِ خَلْقٌ أَكْبَرُ مِنَ الدَّجَّالِ.” (صحيح مسلم) بەهەمان شێوە هەموو پێغەمبەرێك هۆشداری داوە بە گەلەكەی خۆی دەربارەی ئاژاوەی دەججال وەك پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) باسی كردووە: “هیچ پێغەمبەرێك نیە مەگەر گەلەكەی خۆى ئاگادار كردووەتەوە لێی.” ئیتر ناكرێت ئێمە نكوڵی بكەین لە بوونی دەججال و ئاژاوە و خراپەكاریەكەی لەسەر زەویدا لەبەرئەوەی كۆمەڵێك فەرموودەی زۆر لە كتێبی سەحیحەكاندا لەمبارەيەوە هەيە. ﴿لِكُلِّ نَبَإٍ مُسْتَقَرٌّ﴾ واتە: “بۆ هەموو هەواڵێك كاتێكی دیاریكراو هەیە.”

وەرگرتنی مانای ڕواڵەتی ئەو فەرموودانەی كه پەیوەستن به دەججالەوە

بێگومان ئەگەر مانای ڕواڵەتی ئەو سیفەتانەمان وەرگرت كه تایبەتن به دەججال؛ ئەوا پەلكێشمان دەكەن بۆ هاوەڵدانان بۆ خوا و لەناوبردنی یەكتاپەرستی، ئایا دەگونجێت كه كافرێكی نەفرەت لێكراو بەشداری لەگەڵ خوادا بكات له سیفەتەكانیدا و بمرێنێت و زیندووبكاتەوە و دەستكاری مەلەكووتی ئاسمان و زەوی بكات به ئارەزووی خۆی، بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدا بێت و به توانایەكی تەواوەتی سەوزایی و وشكانی بەڕێوە ببات بۆ ماوەی چل ساڵ تەنانەت گەنجینەكانی زەوی شوێنی بكەون و هەوری ئاسمان و ئاوی دەریا گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ئەو بن، وە به فەرمانی ئەو زەوی شۆرەكات سەوزایی لێ بڕوێت و ڕەونەقی خۆی پیشان بدات، وە خەڵكی كڕنووشی بۆ بەرن! پەنا ئەگرین به خوا لەم شته بێ مانایانه، وە پاكی و گەورەیی بۆ خوا لەوەی كه دەیكەن به هاوبەشی! نەخێر، بەڵكو ئەمانه بریتین له كەشف و خەون و خوازە كه مانا ڕواڵەتییەكانیان وەرناگیرێن.

وە ئاشكرا و بەڵگەنەویستە كە پێغەمبەران خۆیان غەیب نازانن مەگەر پاش ئەوەی خوای گەورە ئاگاداریان بكات لێی، وە بەو ئەندازەیەی كە هەواڵیان پێ دەدات، وەك لە دەقی ئەم ئایەتانەدا باس كراوە: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَلَا يُحِيطُونَ بِشَيْءٍ مِنْ عِلْمِهِ إِلَّا بِمَا شَاءَ﴾ واتە: “وە هیچ شتێك لە زانستی ئەو نازانن مەگەر خۆی ویستی لێی بێت.” (سورة البقرة)

﴿عَالِمُ الْغَيْبِ فَلَا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَدًا (*) إِلَّا مَنِ ارْتَضَى مِنْ رَسُولٍ﴾ واتە: “لە نەدیار ئاگادارە و نهێنی خۆى بۆ كەسێك ئاشكرا ناكات مەگەر بۆ پێغەمبەرێك كە لێی رازی بێت.” (سورة الجن).

﴿قُلْ لَا أَقُولُ لَكُمْ عِنْدِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلَا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلَا أَقُولُ لَكُمْ إِنِّي مَلَكٌ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَى إِلَيَّ﴾ واتە: “ئەی موحەممەد (صلی الله علیه وسلم) بڵێ: من پێتان ناڵێم خەزێنەكانی خوا لای منە، وە شتی نـهێنیش نازانم وە پێتان ناڵێم من فریشتەم، شوێنی هیچ ناكەوم ئەوە نەبێ سرووش و نیگا كراوە بۆم.” (سورة الأنعام)

لەم ئایەتانەوە دەسەلمێنرێت كە زانینی غەیب تایبەتە بە خوای گەورە و پەیوەست نیە بە خودی پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران مەگەر خوا ئاگاداری بكات لێی، وە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەو هەواڵە غەیبیانەی به خەڵكی ڕاگەیاندووە هەر بەو شێوەیەی كه له خواوە وەریگرتوون و بەو ئەندازەیەی كه فەرمانی پێكراوە، وە بەو پێیەی كه پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) زانیاری دراوەتێ دەربارەی دەججال بەشێوەی كەشف و خەون، بۆیە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) له بەرامبەر خەڵكیدا دیمەنه كەشفییەكانی بەڕوونی باسكردووە بەو شێوەیەی كه بینیویەتی، وە لەبەرئەوەی كه خوازە و دوونيازی (الاستعارة والكنایة) له كەشفەكاندا زاڵه، كاتێك لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت، مانا ڕواڵەتییەكانیان وەرناگیرێت بۆیە ئێمەش ناچارین كه لێكدانەوە بكەین، وە كۆمەڵێ فەرموودەمان لایه كه بەڵگەن لەسەر ئەوەی هەواڵەكانی پەیوەست به دەججال بەشێكن له كەشفەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، لەوانه:

(1) ڕۆژێكیان پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەناو خەڵكیدا باسی مەسیحی دەججالی دەكرد… ئەمشەویش له خەونمدا لەلای كەعبەدا بووم كه تەماشام كرد پیاوێكی گەنم ڕەنگ لەلامدا بوو تا بڵێی گەنم ڕەنگێكی زۆر زۆر جوان بوو، له پیاواندا گەنم ڕەنگی وا جوان نەبینراوە، پرچێكی زۆر جوانی هەبوو دەیدا لە ناوشانی، بەجوانی پرچەكەی داهێنا بوو، سەری ئاوی لێ دەتكا وەك له گەرماو دەرچووبێت ئاوا پاك و خاوێن بوو، هەر دوو دەستی لەسەر شانی دوو پیاو دانابوو تەوافی ماڵی خوای دەكرد، پرسیم ئەمه كێیه؟ وتیان: ئەمه عیسای كوڕی مەریەمه، له پاشان پیاوێكم بینی قژ لوولی قژبژ و ئاڵۆسكاو بوو چاوی ڕاستی كوێر بوو، له هەموو كەسێ زیاتر شێوەی له كوڕی (قَطَن) دەچوو هەردوو دەستی لەسەر هەردوو شانی پیاوێ دانابوو، تەوافی ماڵی خوا (كەعبە)ی دەكرد، وتم: ئەمه كێیه؟ وتیان: مەسیحی دەججاله.”

(2) “جارێك نووستبووم كه تەماشام كرد تەوافی كەعبە دەكەم… پیاوێكی سوور لەوێیه.. وتم: ئەمه كێیه؟ وتیان: ئەمە دەججاله.” (صحيح البخاري، بەرگی 2، لا 150، كتاب بدء الخلق، باب واذكر في الكتاب مريم. ومسلم، بەرگی 1، لا 82، باب ذكر المسيح ابن مريم والمسيح الدجال)

(3) فەرموودەكەی نەواسی كوڕی سەمعان وەك ئەوەی بیچوێنم (بیشوبهێنم) به عەبدولعوززای كوڕی قطَن. (مسلم، بەرگی 2، باب ذكر الدجال وصفته، لا 515)

ئەوەی بیربكاتەوە له كۆمەڵەواژەی ئەم فەرموودانەی كه باسكران بانگەشەكەی ئێمه پەسەند دەكات؛ چونكه واژەكانی “وەك ئەوەی بیچوێنم به عەبدولعوززای كوڕی قطن”، “ئەمشەو له خەونمدا لای كەعبه بووم”، “جارێك نووستبووم” به ئاشكرا ئەوە ڕادەگەیەنن كه ئەمانه خەونی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بوون.

لەڕاستیدا ئەو سیفەتانەی دەججال كه له فەرموودەكاندا هاتوون هەموویان دیمەنه كەشفییەكانن كه بەشێوە فیزیكی و بەرجەستەییەكان نمایش كراون بۆ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم)، وە زانای گەورە مەلا عەلی قاری زەینی بۆ ئەم مەبەسته چووە كه دەڵێت: “توریبيشی دەڵێت: گەڕانی دەججال به دەوری كەعبەدا لەگەڵ ئەوەی كه كافرە بەوە تەئویل دەكرێت كه ئەمه خەونی پێغەمبەرە (صلی الله علیه وسلم) یان له حاڵەته كەشفەكانییەتی و ڕاڤە دەكرێت بەوەی كه عیسا (علیه السلام) بەو شێوە جوانەی كه دادەبەزێت پێیەوە به دەوری ئاییندا دەگەڕێت بۆ ڕاگرتنی كاروبارەكانی و چاككردنی خراپەكاری و گەندەڵیەكانی، وە دەججالیش بەو شێوە بێزراو و ناشرینەی كه پێیەوە دەردەكەوێت به دەوری ئاییندا دەسووڕێتەوە. كه گەندەڵی و خراپەكاری و خواری و خێچی دەوێت بۆ ئەم ئايینه.” (المرقاة شرح المشكات، بەرگی 5، باب علامة بين يدي الساعة).

خەونەكەی تەمیمی داری

پێشتر ڕوونمان كردەوە هەموو ئەوەی كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پێشبینی كردووە دەربارەی دەججال بەشێوازی كەشف بووە و، ئێستایش دەمانەوێت ناوەڕۆكی چیرۆكی تەمیمی داری ڕوون بكەینەوە.

بزانە ئەم چیرۆكە بە هيچ شێوەیەك ناگونجێت لەگەڵ ئەو فەرموودانەی سەحیحی موسلیم كە دەرحەق بە ئیبن صەیياد هاتوون كە دەڵێن ئەو دەججالی پەیماندراو بووە. كاتێك بە وردی سەرنج دەدەین لە چیرۆكەكەی تەمیمی داری بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە خەونی خۆیەتی نەك فەرموودەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، چیرۆكەكە چەند بابەتێكی تێدایە كە بانگەشەكەی ئێمە دەسەلمێنێت:

(1) بێگومان كۆمەڵێك دەنگوباسی غەیبی تێدایە و ناكرێت دەججالی درۆزن توانای ڕاگەیاندنی هەواڵەكانی داهاتووی هەبێت لە كاتێكدا خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَمَا كَانَ اللهُ لِيُطْلِعَكُمْ عَلَى الْغَيْبِ وَلَكِن اللهَ يَجْتَبِي مِن رسُلِهِ مَن يَشَاء﴾ واتە: “خوا جیهانی شاراوەتان نیشان نادات، بەڵكو خوا لە پێغەمبەرەكانی كەسانێك هەڵدەبژێرێت كە بیەوێت.” (سورة آل عمران)

یەكێك لەو هەواڵانەی دەججال ئەوەیە كە دەردەچێت و هەموو سەرزەوی داگیر دەكات و زاڵ دەبێت بەسەر هەموو وڵاتاندا جگە لە مەككە و مەدینە، وە دارخورمای بێستان بەر ناگرێت و ئاوی دەریاچەی طەبەریە وشك دەكات و دەچێت بە ناخی زەویدا، هتد. بڕوانە چۆن دەججال كۆمەڵێك هەواڵی غەیبی ڕادەگەیەنێت كە ڕاست و ڕوونن و لەگەڵ واقیعدا یەكدەگرنەوە وەك ئەوەی خوای گەورە وەحی بۆ كردبێت لەكاتێكدا خوای گەورە تەنـھا پێغەمبەرەكانی خۆی ئاگادار دەكات لە غەیب.

(2) ئەستەمە دەججال فەرمان بكات بە خەڵك كە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بكەن وەك بەڕاشكاوی دەججال دەڵێت: “بزانن ئەوە خێری تێدایە بۆ ئەوان كە گوێڕایەڵی پێغەمبەر بكەن.” بێگومان دەججال كافرە و ئایین تێكدەدات و گوێڕایەڵی خوای گەورە ناكات. ئیتر چۆن دەججال دەڵێت بۆ خەڵكی ئەوە باشە كە گوێڕایەڵی ئەو پێغەمبەرە عەرەبیە ئوممیە بكەن.

(3) ئاخاوتنی ئاژەڵ لەگەڵ مرۆڤدا لە حاڵەتی بێداریدا كارێكی ئەستەمە، بەڵام ئەوەتا لەم ڕووداوەدا دەعبایەك قسە دەكات لەگەڵ خەڵكیدا.

(4) تەمیمی داری خۆی ئەوە دەڵێت كە سواری بەلەمێك بووە لەگەڵ سی پیاوی تردا، بەڵام باسی یەك كەسیانی نەكردووە لەم ڕووداوە سەیرەدا، بەڵكو ناو و نیشتیمانی ئەوانی نەزانیوە و وە نەشی زانیوە لە چ شوێنێكەوە هاتوون و بۆ كوێ دەڕۆن.

(5) گومانی تێدا نیە كە ئەوروپیەكان هەموو سەرزەوییان داپۆشیوە و لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بڵاوەیان كردووە و هەموو دورگە و چۆڵەوانیەكانیان پشكنیوە تەنانەت نەخشەی هەموو زەوییان كێشاوە و هیچ پارچەیەكیان لە پارچەكانی بەجێنەهێشتووە، دەی ئەو دورگەیە لە كوێدایە كە تەمیمی داری و هاوڕێكانی پێیگەیشتن و ئەوروپیيەكان بە پاپۆڕی گەورەی هەڵم پێینەگەيشتوون؟

هەموو ئەم قەرینانە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن كە خەونەكەی تەمیمی داری كۆمەڵێك خوازە دەگرێتە خۆی، وە تەئویلی دەرچوونی دەججال ئەوەیە كە كۆمەڵێكی درۆزن لە مەسيحييەكان لە ئاخرە زەماندا پەیدا دەبن.

لەبەرئەوە تەمیمی داری لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) لە خەوندا لە جیھانی وێنە و نموونەدا دەججالی بینیوە بە زنجیری ئاسن قاچەكانی تاكو قولەپێی بەستراونەتەوە و دەستەكانیشی بە گەردنیەوە شەتەك دراون لە كڵێسایەكدا. بەهەمان شێوە مەسيحييەكان لە سەردەمی سەرەتاكانی ئیسلامدا بەزیو و دۆڕاو بوون، وە بەدەست بەستراوی لە كڵێساكاندا دانیشتبوون. ئینجا پاش هەزار و دوو سەد ساڵ دەرچوون و خوا كۆت و زنجیرەكانی لەسەریان هەڵگرت و پۆشاكی زانستی زەمینی كردە بەریان وەك تاقیكردنەوەیەك لەلایەن خۆیەوە، پاشان بەدەست كراوەییەوە هەموو ئاژاوەیەكیان لەسەر زەویدا بڵاوكردەوە وە فەرموودەی “نیشانەكان دوای دوو سەد.” ئاماژەیە بۆ دەرچوونیان، وە مەبەست لە دوو سەد بریتیە لە دوو سەد پاش هەزار لە سەردەمی پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم).

زانای پایەبەرز مەلا عەلی قارى دەڵێت: دەگونجێت كە پیتی ئەلف و لام لە وشەی (المائتین) بۆ عەهد بێت واتە پاش دوو سەد پاش هەزار كە كاتی دەركەوتنی مەهدی و دەرچوونی دەججالە.”

دەججالی تەمیمی داری و ئیبن صەیاد هیچیان زیندوو نین

بێگومان زاناكانی پێشین بۆچوونی جیاوازیان هەبووە دەربارەی پرسی دەججال كە لە سەردەمی كۆتاییدا دەردەكەوێت: دەججال ئیبن صەیيادە یان ئەوەیە كە تەمیمی داری بینیویەتی، بەڵام ئێمە دەڵێین چيرۆكی تەمیمی داری تەنھا خەونێك بووە و پێویستی بە لێكدانەوە هەیە. وەلێ ئیبن صەیاد لە فەرموودەكانی موسلیمەوە دەردەكەوێت كە موسوڵمان بووە، تەنانەت دەوترێ حەجی ماڵی خوای كردووە و لە مەدینە مردووە و موسوڵمانان نوێژیان لەسەر كردووە. (راجع المرقاة، بەرگی 5، لا 213) بەڵێ لە تەمەنى مناڵیەوە كۆمەڵێك كاری لێ دەركەوت كە هەست بەوەدەكرا ئەم كەسە دەججال بێت، لەبەرئەوە هاوەڵەكان گومانیان وابوو كە ئەو دەججالی پەیماندراوە، گریمان ڕیوایەتەكەی تەمیمی داری خەونی خۆی نەبووە و بە ئاشكرا دەججالی بینیوە كە كۆت و زنجیركراوە، وە ئیبن صەیاد نەمردووە و بەڵكو لە شوێنێكی نادیاردا خۆی حەشار داوە، بەڵام ئەم فەرموودە ڕاستانەی خوارەوە ئەم تیۆرە پووچ دەكەنەوە و دەیسەلمێنن دەججالی جەسساسە و ئیبن صەیياد هەردووكیان مردوون پاش سەد ساڵ لە سەردەمی پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم):

(1) عەبدوڵـڵا پێی وتم: شەوێكیان پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) نوێژی خەوتنانی بۆ كردین، پاشان ڕووی وەرگێڕا بەرەو لای ئێمە و فەرمووی: ئاخۆ زانیوتانە كە لەم شەوەی ئێوەوە تا سەری سەد ساڵی تر هیچ كەسێك نامێنێت لەوانەی كە ئێستا لەسەر زەوی دەژین.” (صحيح البخاري، بەرگی 1، كتاب مواقيت الصلاة)

(2) لە جابرەوە دەڵیت لە پێغەمبەرم بیست (صلی الله علیه وسلم)، مانگێك پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات دەيفەرموو پرسیارم لێ دەكەن دەربارەت قیامەت، كاتی ڕوودانەكەی تەنھا خوا دەیزانێت، سوێند بە خوا هیچ كەسێكی زیندوو نیە لەم سەر زەویەدا سەد ساڵی بەسەردا بێت و زيندوو بمێنێتەوە.” (صحيح مسلم، بەرگی 2)

(3) لە ئەبو سەعیدەوە وتی كاتێك پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە تەبووك گەڕایەوە پرسیاریان لێ كرد دەربارەی قیامەت، ئەویش فەرمووی (صلی الله علیه وسلم) سەد ساڵی تر تێناپەڕێت و ئەوانەی كە ئەمڕۆ لەسەر زەویدا زیندوون بمێننەوە.” (صحيح مسلم، بەرگی 2، كتاب فضائل الصحابة)

(4) “هیچ كەسێك نیە ئەمڕۆ هەناسە بدات و دوای سەدساڵی تر زیندوو بمێنێتەوە.” (صحيح مسلم، بەرگی 2، كتاب فضائل الصحابة، باب قوله – صلی الله علیه وسلم -: لا تأتي مائة سنة وعلى الأرض نفس منفوسة اليوم)

سەرنجدانێكی تێروتەسەل له نیشانەكانی دەججال

لەوەی پێشوو كە رابورد دەركەوت كە ئادەمیزاد توانای ئەوەی نیە كۆمەڵە سیفەتێكی هەبێت كە تایبەت بێت بە زاتی خوای گەورەوە، ئێستاش بە یارمەتی خوا دەمانەوێت شرۆڤەی ئەو نیشانانە بكەین كە پێشتر باسكران سەبارەت بە دەججال و چۆنێتی بەدیھاتنیان ڕوونبكەینەوە.

نیشانەی یەكەم: یەك چاو (چاوكوێر)

ئەم نیشانەیە نیشانەیەكی تایبەت و ڕوونى دەججالە تەنانەت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: “ئەگەر سەرتان لێ تێكچوو ئەوا بزانن دەججال یەك چاوی هەیە و چاوەكەی تری كوێرە، و بێگومان پەروەردگارتان یەك چاو نیە.” (مشكاة المصابيح، ص468). لێرەدا ئەم دەستەواژەیە ناتەواو دێتە بەرچاو، وە كەسێك بۆی هەیە پرسیار بكات كە ئایا هەركەسێك چاوێكی كوێر بوو ئیتر ئەبێت ئەویش دەججال بێت؟ وە هەركەسێكیش چاوێكی كوێر نەبوو پێویستە خوایەكی ڕاستەقینە بێت! لەبەرئەوە فەرمایشتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) “بێگومان پەروەردگارتان یەك چاو نیە.” پێویستی بە تێڕامانە؛ چونكە خوای گەورە نابینرێ و هەستی پێ ناكرێت و بەرجەستە نابێت تا خەڵكی بیبینێت كە یەك چاو نیە. سەرباری ئەمەش لە فەرموودەكاندا جیاوازیەكی زۆر هەیە دەربارەی ئەم نیشانەیە: لە فەرموودەدا هاتووە “چاوی ڕاستی كوێرە.” (صحيح البخاري). وە لە فەرموودەیەكی تردا هاتووە “دەججال چاوی چەپی كوێرە.” (صحيح مسلم)

وە دەربارەی چاوە كوێرەكەی هاتووە: “كَأَنَّ عَيْنَهُ عِنَبَةٌ طَافِيَةٌ (بالهمزة أي ذاهب ضوءها) واتە: “چاوە كوێرەكەی دەڵێی ترێی ڕەشە (واتە ڕۆشناییەكەی نەماوە). وە بەبێ هەمزەیش ڕیوایەت كراوە (ناتية بارزة) واتە: “چاوە كوێرەكەی دەرتۆقیوە.” وە لە فەرموودەیەكی تردا هاتووە: “چاوە كوێرەكەی نیشتووە، نە تەواو داخراوە، نە تەواو كراوەتەوە.” (مشكاة المصابيح) وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: “چاوی كوژاوەتەوە و قەپات بووە.” (مسلم) وە لە ڕیوایەتێكی تردا: “چاوی زەقە دەڵێی ئەستێرەیەكی درەوشەدارە.” دیارە گونجاندن لەنێوان ئەم ڕیوايەتانەدا كارێكی ئەستەمە. بێگومان شرۆڤەكارانی فەرموودە هەوڵی خۆیان خەرج كردووە بۆ گونجاندنی ئەم فەرموودانە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

لە ڕاستیدا مەبەست لەوە كه دەججال یەك چاوە و خوا یەك چاو نیه، ئەوەیه كه دەججال لەڕووی ڕۆحانیەوه له كاروبارەكانی ئایينیدا كوێر دەبێت و بير له پاشەڕۆژی خۆی ناكاتەوە و له ڕاستی لادەدات، وە ئەو ئامۆژگارییەی مەسیح (علیه السلام) له بیردەكات كه فەرموویەتی پێیان: ﴿وَإِنّ اللهَ رَبي وَرَبّكُمْ فَاعْبُدُوهُ هَذَا صِرَاطٌ مسْتَقِيمٌ﴾ واتە: “بێگومان خوا پەروەردگاری من و ئێوەشە كەواتە هەر ئەو بپەرستن ئەمەیە ڕێگا و ڕێبازی ڕاست و دروست.” (سورة مريم: 27)، ﴿مَا قُلْتُ لَهُمْ إِلا مَا أَمَرْتَنِي بِهِ أَنِ اعْبُدُواْ اللهَ رَبي وَرَبكُمْ وَكُنتُ عَلَيْهِمْ شَهِيدًا ما دُمْتُ فِيهِمْ فَلَما تَوَفيْتَنِي كُنتَ أَنتَ الرقِيبَ عَلَيْهِمْ وَأَنتَ عَلَى كُل شَيْءٍ شَهِيدٌ﴾ واتە: “تەنها هەر ئەوەم پێ وتن كە تۆ فەرمانت پێ كردم كە خوا بپەرستن، پەروەردگاری من و ئێوەیشە، تا لە ناویاندا بووم شایەت بووم بەسەریانەوە، بەڵام كاتێك منت مراند خۆت چاودێر بووی بەسەریانەوە و خۆت ئاگات لە هەموو شتێك هەیە.” (سورة المائدة)

بەڵام پەروەردگاری ئێمە زاتێكە لەسەر ڕێگەیەكی ڕاستە ﴿إِن رَبي عَلَى صِرَاطٍ مسْتَقِيمٍ﴾ واتە: “بێگومان پەروەردگارم لەسەر ڕێگەی ڕاستە.” (سورة هود) لەبەرئەوە دەرهەق بە باوەڕداران هاتووە: ﴿وَالذِينَ لا يَدْعُونَ مَعَ اللهِ إِلَهًا آخَرَ﴾ واتە: “كەسانێكن لەگەڵ خوادا هاوار لە هیچ پەرستراوێكی تر ناكەن.” (سورة الفرقان)، ﴿وَالَّذِينَ إِذَا ذُكِّرُوا بِآيَاتِ رَبِّهِمْ لَمْ يَخِرُّوا عَلَيْهَا صُمًّا وَعُمْيَانًا﴾ واتە: “ئەوانەن هەركاتێك نیشانەكانی پەروەردگاریان بەبیر دێننەوە بە كەڕی و كوێری ناكەون بەسەریدا وەك هیچ نەبینن و هیچ نەبیستن.” (سورة الفرقان)، ﴿أَفَمَنْ يَعْلَمُ أَنَّمَا أُنْزِلَ إِلَيْكَ مِنْ رَبِّكَ الْحَقُّ كَمَنْ هُوَ أَعْمَى إِنَّمَا يَتَذَكَّرُ أُولُو الْأَلْبَابِ﴾ واتە: “جا ئایا كەسێك كە بزانێ بەڕاستی ئەوەی نێردراوەتە خوار بۆ تۆ لەلایەن پەروەردگارتەوە حەق و ڕاستە، وەك ئەو كەسەیە كە كوێر بێت بێگومان هەر ئەوانه بیردەكەنەوە كە خاوەنی ژیرین.” (سورة الرعد) وە دەربارەی كافرەكان هاتووە: ﴿صُم بُكْمٌ عُمْيٌ فَهُمْ لاَ يَرْجِعُونَ﴾ “كەڕن لاڵن كوێرن، [لە گومڕایی خۆیان] ناگەڕێنەوە.” (سورة البقرة)، ﴿لَهُمْ قُلُوبٌ لا يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌ لا يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لا يَسْمَعُونَ بِهَا أُوْلَئِكَ كَالأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلّ أُوْلَئِكَ هُمُ الْغَافِلُونَ﴾ واته: “دڵیان هەیە و كەچی حەقی پێ تێناگەن، چاویشیان هەیە كەچی حەقی پێ نابینن، گوێیان هەیە كەچی حەقی پێ نابیستن، ئا ئەوانە وەكو ئاژەڵ وان (لە شوێنكەوتنی ئارەزوودا) بەڵكو ئەوانە وێڵ تریشن، ئا ئەوانە هەر غافڵ و بێ ئاگان لە حەق.” (سورة الأعراف)

وە لەڕاستیدا كوێربوونی ڕواڵەتی هیچ شتێك نیە، بڕوانە بۆ عەبدوڵـڵای كوڕی دایكی مەكتوم كە مرۆڤێكی كوێر بوو، بەڵام خوای گەورە لەبەر خاتری ئەو قورئانی دابەزاند: ﴿عَبَسَ وَتَوَلى أَن جَاءهُ الأَعْمَى﴾ واتە: “ڕووی گرژ كرد و پشتی هەڵكرد، كاتێك كوێرەكە هات بۆ لای.” (سورة عبس)

وە ئاشكرایه كه خوای گەورە ناڕوانێت بۆ ڕەنگ و ڕوو بەڵكو بۆ دڵەكان و كردەوە چاكەكان دەڕوانێت، هەروەها له فەرموودەدا هاتووە: “بێگومان خوای گەورە ناڕوانێت بۆ شێوە و ڕەنگ و ڕووتان” وە له قورئانی مەزنیشدا هاتووە: ﴿وَمَن كَانَ فِي هَذِهِ أَعْمَى فَهُوَ فِي الآخِرَةِ أَعْمَى﴾ واتە: “هەركەسێك لەم دنیایەدا كوێر بوو بێت ئەوە ئەو كەسە لە ڕۆژی دوایيشدا كوێرە.” (سورة الإسراء)

لێرەدا مەبەست له كوێريی جەستەیی نیه، بەڵكو مەبەست له كوێری ڕۆحانیه، وە مانای كوێری لێرەدا وێڵ بوون و گومڕابوون و نەمانی بینایی دڵەكانه نەك شتێكی تر، كه هەر ئەمەش مانای ویستراوە دەرهەق به دەججال، كەوابوو تێبگە و ڕابمێنه.

بەڵام ئەوەی كه چاوی ڕاستی كوێرە، بریتیه له گێڕانەوەی بوخاری كه ڕاستترین كتێبه دوای قورئان، لەبەرئەوە گێڕانەوەكەی سەردەخرێت و پەسەند دەكرێت بەسەرگێڕانەوەكانی تردا. وە لای ڕاست _به گشتی_ دەچوێندرێت به شتی به نرخ. لەبەرئەوە مەبەست له چاوی ڕاست چاوی ئايینی یان خودی ئايینه… واته: دەججال بینایی ئایینی پێنادرێت و بێ ئاگا دەبێت لە ئاكامی خراپی خۆی، وە خوای گەورە دەربارەی ئەو بێ ئاگایانه دەفەرموێت: ﴿لَقَدْ كُنتَ فِي غَفْلَةٍ منْ هَذَا فَكَشَفْنَا عَنكَ غِطَاءكَ فَبَصَرُكَ الْيَوْمَ حَدِيدٌ﴾ واته: “بەڕاستی تۆ لەم بەسەرهاتانە بێ ئاگابوویت و گوێی خۆتت لێ خەواندبوو، ئێستا ئێمە پەردەمان لەسەر چاوەكانت لاداوە و هەموو شتێك وەكو خۆی دەبینیت و ئەمڕۆ چاوەكانت تیژه.” (سورة ق)

بەڵام ئەوەی كه چاوی دووەمی وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار وایه، مانای ئەوەیه: دەججال له زانسته زەمینیەكاندا كارامەیە، وە شارەزا و لێزانه له هونەرە دنیاییەكاندا تەنانەت عەقڵ وهۆشی ئەو پێشی عەقڵی هەموو خاوەن عەقڵەكان دەكەوێت له كاروبارە دنیاییەكاندا. بەڵام ئەو فەرموودانەی كه تیایاندا هاتووە كه چاوی چەپی كوێرە پێدەچێت مەبەست لێی ئەوە بێت كه هۆكارەكانی دەستگیربوونی دنیاكەی خراپ و پیس دەبێت، وە كاركردن و بەدەستھێنانى لە ڕێگەى حەرامەوە دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە زمانەوانيدا هاتووە كە مانای العور: نەنگی و ناتەواویيە. شاعیر الحماسي دەڵێت: “وأَرَى الغواني بعدما أَوْجَهْنَني … أَعْرَضْنَ ثَمَّتَ قُلْنَ شيخٌ أعورُ.” (ديوان الحماسة)

(أعورُ) واتە: هیچ خێرێكی تێدا نیە، بێ كەڵكە.

“العور، لە بنچینەدا بریتیە لە نەنگی و ناتەواوی.” (الحاشية على المشكاة ص465)

وە زانای گەورە ئیبن ئەثیر لە “النهایة”دا دەڵێت: “لە فەرموودەی زەكاتدا (لە زەكاتدا ئاژەڵی پەككەوتە و ناتەواو وەرناگیرێت) العَوار واتە نەنگی و ناتەواوی.”

نیشانەی دووەم: ك ف ر

 “لەنێوان چاوەكانیدا وشەی كافر نووسراوە كە موسوڵمانی خوێندەوار و نەخوێندەوار دەیخوێنێتەوە.” (مسلم)

بزانە كە ئەم نیشانەیەش لەو نیشانانە نیە كە لە ڕواڵەتدا و بە ئاشكرا لە دەججالدا بوونی هەبێت؛ چونكە ئەم نیشانەیە لە ئیبن صەیياد دا بوونی نەبوو لەكاتێكدا هاوەڵان دەیانگوت ئەو دەججالە، وە لە ناوچەوانی دەججالەكەی تەمیمی داریشدا نەنووسرابوو.

كێ هەیە لە دەججالبوونی كەسێك دوو دڵ بێت لەگەڵ بوونی ئەم نیشانە ڕوون و تریفەدارەدا؟ بۆچی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) چەندەها جار هۆشداری داوە بە موسوڵمانان و لەمبارەوە ئاگاداری كردوونەتەوە؟ بەهەمان شێوە پێغەمبەرانی پێشوويش ئوممەتەكانی خۆیان لێ ئاگاداركردووەتەوە؟ وە ڕیوایەت كراوە كە وەسوەسە دەخاتە دەروونی خەڵكیەوە و دووچاری كوفر و گومڕایی و گومانیان دەكات، وە حەفتا هەزار كەس لە موسوڵمانان شوێنی دەكەون. (مشكاة المصابيح)

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: هەركەسێك هەواڵی دەرچوونی دەججالی بیست با دوور بكەوێتەوە لێی، سوێند بە خوا پیاو دێت بۆ لای و خۆی بە باوەڕدار داناوە كەچی بەهۆی ئەو گومانانەوە كە بۆی دروست دەكات شوێنی دەكەوێت.” (رواه أبو داود) وە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: لە ئوممەتی من حەفتا هەزار كەس شوێن دەججال دەكەون.” (مشكاة المصابيح، باب العلامات بين يدي الساعة) ئیتر چۆن موسوڵمان گومڕا دەبێت و ئیمانەكەی دەلەرزێت پاش بینینی ئەو نیشانە نووسراوە بە نێوچاوانیەوە كە باسكرا.

پاشان بۆچی كافری خوێندەوار ناتوانێت بیخوێنێتەوە ئەگەر وشەی (كافر) بە پیت نووسراوە؟ وە ئەو باوەڕدارەی كە خوێندەواری نیە چۆن دەیخوێنێتەوە؟ ئەمە پەسەندكردنێكە بە بێ هۆكار.

پوختەی قسان، نووسرانی پیتەكانی (ك ف ر) له ڕاستیدا كارێكی نادروستە و ژیری مرۆڤ ئەوە قبوڵ ناكات، بەڵكو خوازەیە و ئاماژەیه بۆ ئەوەی كه دەججال ڕەوا دەگۆڕێت بۆ ناڕەوا و له بەرچاوی خەڵكیدا قسەكان دەڕازێنێتەوە، وە كۆمەڵێك بیروباوەڕی خراپ و خەیاڵاتی پڕوپووچ لەگەڵ خۆی دەهێنێت كه ڕەگ و ڕیشەی ئیمان له ناخی دڵەكاندا هەڵدەكێشێت، وە به شێوەیەكی وەها خۆی پیشانی خەڵكی دەدات كه لەسەر حەقه كەچی لەهەمان كاتدا لەسەر حەق نیه، وە هیچ بەڵگەیەكی ڕاستەقینەی پێ نیه لەسەر ڕاستگۆیی خۆی، بەڵكو ڕوون و ئاشكرایه كە كافرە وەك ئەوەی شەقڵی كوفر له ناوچەوانیدا بدرەوشێتەوە و دەستبەجێ بزانرێت كه كافرە، وەك ئەوەی واژەی كافر له ناوچەوانیدا نووسرا بێت و هەموو باوەڕدارێكی خوێندەوار و نەخوێندەوار بیخوێنێتەوە؛ چونكه باوەڕداری ڕۆچوو له باوەڕەكەیدا دەتوانێت كه كوفر له ئیمان جیا بكاتەوە، وە به نووری دڵ شارەزایی و بەرچاوڕوونی پەیدا بكات له كاروبارە وردەكاندا، وە پارێزراو بێت له بیروباوەڕە گومڕاكان، ئەو كاتە ئیتر پێی ناخلیسكێ.

نیشانەی سێيەم: بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدایە

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: “دەججال چاوی چەپی كوێرە…. بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدایە.” (صحيح مسلم، باب ذكر الدجال، بەرگی 2، لا 513)

لەم بارەيەوە جیاوازیەكی زۆر لە ڕیوایەتەكاندا هەیە تەنانەت مرۆڤ سەری سوڕدەمێنیت هیچ دەروویەك نابینێت بۆ ڕزگاربوون لەم كوێرە ڕێگەيە، سەختە بۆی كە گونجان دروست بكات لەنێوان فەرموودەكاندا. لە ڕيوایەتێكدا هاتووە: “شاخێك لە نان و ڕووبارێك ئاوی لەگەڵدایە.” (البخاري) وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە كە دەججال دەردەچێت و ئاو و ئاگری لەگەڵدایە، ئەوەی خەڵك بە ئاو دەیبینێت ئاگرێكى سووتێنەرە، وە ئەوەی خەڵك بە ئاگر دەیبینێت ئاوێكی فێنكی شیرینە، ئەو كەسەی گەیشتە ئەو كاتە با خۆی بخاتە ناو ئەوەی كە بە ئاگر دەیبینێت؛ چونكە ئاوێكی شیرینە (مسلم)، لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە: “بێگومان خۆراك و ڕووباری لەگەڵدایە.” (مسلم) وە لە ڕيوایەتێكی تردا هاتووە: “چەندەها شاخ لە نان و گۆشت و ڕووباری ئاوی لەگەڵدایە، دەفەرموێت: لای خوا لەوە سووك و ڕسواترە.” وە لە ڕیوایەتدا هاتووە: “دوو ڕووباری لەگەڵدایە كە لەبەریان دەڕوات یەكێكیان بە دیار چاوەوە ئاوێكی سپیە و ئەوی تریان بەدیار چاوەوە ئاگرێكە بڵێسە دەدات.” (مسلم). لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: “دوو شیوی لەگەڵدایە یەكێكیان بەهەشتە و ئەوی تریان دۆزەخ.” (أبو داود) لە ڕیوایەتێكی تردا” هاوشێوەی بەهەشت و دۆزەخ لەگەڵدایە.” (متفق علیه) لە ڕیوایەتێكی تردا: “بە شێوەی بەهەشت و دۆزەخ.” وە لە ڕيوایەتێكدا: “چیایەك لە گۆشتاو، وە چیایەك لە باغات و سەوزایی، وە چیایەك لە ئاگر و دووكەڵ.” وە لە ڕیوایەتێكدا: “هاوشێوەی بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدایە، وە ئەوەی وا بەهەشتە لە ڕاستیدا دۆزەخە.” (مسلم، باب ذكر الدجال وما معه) واتە هاوشێوەی بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدا دەبێت نەك بەهەشت و دۆزەخی ڕاستەقینە.

ماناكەی ئەوەیه كه دەججال به ڕێژەیەكی زۆر له جۆرەها ناز و نیعمەت و ڕابواردن و هۆكارەكانی سەروەت و سامان و خۆشحاڵی لەگەڵدایه، وەك ئەوەی له هەر كوێیەك بێت یان كۆچ بكات بۆى ئەوا گەنجینەكانی زەوی لەگەڵیدا بڕۆن. وە ئەمەیه كه پێی دەوترێت بەهەشت. وە ئەوەی باوەڕ به ئايینەكەی بكات و به فێڵەكانی فریوبخوات و ئارەزووی بەهەشتەكەی بكات؛ ئەوا به داوی فێڵەكەی ڕاودەكرێت و دەكەوێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. بەڵام باوەڕداری موسوڵمان ئەو كەسەیه كه خۆی لێ دەپارێزێت و ئاوڕناداتەوە له بەهەشتەكەی دەججال، بەڵكو به ئارامییەوە تاڵی و سوێری بەڵا و ئازارەكان دەچێژێت بەهۆی دژایەتی كردنی دەججالەوە، وە ئاگرەكەی دەججال هەڵدەبژێرێت بەسەر بەهەشتەكەیدا و به بەڵێنه دڵڕفێنەكانی دەسخەڕۆ نابێت، بۆیه دەچێته ناو بەهەشتی ناز و نیعمەتەوە، ئەمە ڕاستی بابەتەكەیه ئەگینا لەڕووی شەرع و ئاوەزەوە (عەقڵ) ناگونجێت كه خوا بەهەشت و دۆزەخ بخاته دەست دەججالەوە چۆنی بوێت به ئارەزووی خۆی هەڵسوكەوتیان پێوە بكات. لەبەرئەوە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەم بارەیەوە دەفەرموێت: “دەججال لای خوا لەوە سووك و ڕسواترە.” (متفق عليه) وە ڕاڤەوان دەربارەی ئەمه دەڵێت: “وتەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەججال لای خوا لەوە سووك و ڕسواترە: واته: دەججال لای خوا لەوە ڕسواترە كه خوای گەورە ئەمەی بۆ جێبەجێ بكات، بەڵكو ئەمه هەر بریتییه له چەواشەكردن و سەرلێتێكدان بۆ تاقیكردنەوە، موسوڵمان جێگیر دەبێت و كافریش پێی دەخلیسكێ.” (المرقاة شرح المشكاة، باب العلامات بين يدي الساعة)

وە دەمانەوێت لێرەدا وتەی یەكێك له زاناكان باس بكەین بۆ ئەوەی بابەتەكه به تەواوی ڕوون ببێتەوە، حەزرەتی شێخ نوعمانی ئەعزەمی عێراقی دەفەرموێت: ئەمه دەقەكەیەتی به كوردی:

“داگیركاری ئیستیعمار بریتییه له دەججال، دێت بۆ لات بەهەشتی ناز و نیعمەتت پیشان دەدات، ئەگەر باوەڕت پێكرد و تۆی خستەناو بەهەشتەكەیەوە؛ ئەوا بەهەشتەكەی ئەو دەبێت به ئاگر و قڵپ دەبێتەوە بەسەرتا. بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵیت نەكرد و تۆی خستەناو ئاگرەكەیەوە و بەسەربەخۆیی لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەو مایتەوە؛ ئەوا ئاگرەكەی بۆت دەگۆڕێت به بەهەشت. وە ئەمەش كارێكه به ئاشكرا دەردەكەوێت لەو كەسانەی كه دۆستایەتی دەكەن و داكۆكی لێ دەكەن، وە ئەوانەیشی دژایەتی دەكەن و جەنگی لەگەڵدا دەكەن.” (ڕۆژنامەی الهداية، بەغداد، ژمارە 146)

نیشانەی چوارەم: باراندنی باران

ئادەمیزادی لاواز ناتوانێت لە ئاسمانەوە باران ببارێنێت؛ چونكە ئەم كارە تایبەتە بە خوای گەورە و لە ئیسلامدا ڕەوا نیە كە ئەم جۆرە كارانە بدرێنە پاڵ غەیری خوا؛ چونكە ئەمە سووكایەتی كردنە بە یەكتاپەرستی خوا، ئیتر چۆن دەگونجێت بۆ دەججال كە ئەو كارە بكات؟ خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلَئِنْ سَأَلْتَهُمْ مَنْ نَزَّلَ مِنَ السمَاءِ مَاءً فَأَحْيَا بِهِ الأَرْضَ مِنْ بَعْدِ مَوْتِهَا لَيَقُولُنَّ اللهُ قُلِ الْحَمْدُ لِلهِ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لا يَعْقِلُونَ﴾ واته: “ئەگەر لێیان بپرسیت كێ لەو ئاسمانەوە باران دەبارێنێت و هەر بەو ئاوە زەوی زیندوودەكاتەوە پاش مردنی؟ بێگومان دەڵێن خوا. بڵێ سوپاس بۆ خوا بەڵام زۆربەیان تێناگەن.” (العنكبوت: 64)، ﴿هُوَ الذِي أَنْزَلَ مِنَ السمَاءِ مَاءً لَكُمْ مِنْهُ شَرَابٌ وَمِنْهُ شَجَرٌ فِيهِ تُسِيمُونَ﴾ واته: “ئەو كەسێكە لەو ئاسمانەوە ئاوێكی بۆ باراندن كە ئێوە لێی دەخۆنەوە و ڕووەكیشی پێ دەڕوێت و لەو ڕووەكە ئاژەڵەكان دەلەوەڕێن.” (النحل: 11)، ﴿إِنَّ اللهَ عِنْدَهُ عِلْمُ الساعَةِ وَيُنَزِّلُ الْغَيْثَ﴾ واته: “زانستی ڕۆژی قیامەت لای خوایە و ئەویش باران دەبارێنێت.” (لقمان: 35)

﴿أَمَّنْ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَأَنْزَلَ لَكُمْ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً﴾ واته: “(ئایا شەریك و هاوەڵ چاكترە بپەرسترێت) یان ئەو زاتەی كە ئاسمانەكان و زەوی دروست كردووە و لە ئاسمانەوە بارانی باراندووە.” (النمل: 61)

پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: پێنج شت هەیە تەنھا خوای گەورە دەیانزانێت، پاشان ئەم ئایەتەی خوێندەوە: ﴿إِن اللهَ عِنْدَهُ عِلْمُ الساعَةِ وَيُنَزِّلُ الْغَيْثَ وَيَعْلَمُ مَا فِي الأَرْحَامِ وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ مَاذَا تَكْسِبُ غَدًا وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ بِأَي أَرْضٍ تَمُوتُ﴾ واتە: “بێگومان زانستی ڕۆژی قیامەت لای خوایە، و بارانیش ئەو دەیبارێنێت، دەشزانێت مناڵانی سكپڕان چی تێدایە و كەس نازانێ كاری سبەی ڕۆژ چیە و كەس نازانێت لەسەر چ زەویەك دەمرێت.” (لقمان: 35). (صحيح مسلم، بَابٌ: الْإِيمَانُ مَا هُوَ وَبَيَانُ خِصَالِهِ، بەرگی یەكەم، لا24)

كەواتە ئەمەش مەجازێكه ئاماژەیه بۆ ئەوەی كه دەججال له دەریاكان جۆگەله هەڵدەبەستێت و ئاو دەگەیەنێتە شوێنه وشك و بێ ئاوەكان و زەویيه چۆڵەكان و ئاوەدانیان دەكاتەوە، وە كەڵكی زۆریان لێ وەردەگرێت و گەنجینەكانی دەردەهێنێت كه پێشتر لەناویدا شارابوونەوە. مانای دووەم لەمەڕ باران باراندنی دەججال ئەوەیه: دەججال كۆمەڵێك كەرەستە و ئامێر دادەهێنێت كه دەبنه هۆی باراندنی بارانی دەستكرد كه هەندێك جار له كاتی تاقیكردنەوە زانستییەكاندا دیمەنەكانی دەبینرێن له هەندێ وڵاتدا؛ چونكه بارانی ڕاستەقینه تەنھا خوا دەیبارێنێت وەك پێشتر باسمان كرد.

نیشانەی پێنجەم: زیندووكردنەوەی مردووەكان

لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: “كاتێك باوەڕدارەكە دەیبینێت دەڵێت: ئەی خەڵكینە ئەمە دەججالە…. ئینجا دەججال فەرمان دەردەكات كە سەروچاوی بشكێنن و دەڵێت بیگرن و سەروچاوی بشكێنن پاشان پشت و سكی بە لێدان دادەگرنەوە. وتی: دەڵێت ئێستایش باوەڕت پێم نیە؟ وتی: كابرایش دەڵێت تۆ مەسیحە [دەججالە] درۆزنەكەیت. فەرمووی: ئەوجا فەرمانی بۆ دەردەكات و لە تەوقی سەریەوە بە شەقە مشار دادەهێنرێت هەتاكو نێوانی هەردوو قاچی لێكدەترازێت. دەڵێت: پاشان دەججال بە نێوان هەردوو پارچەكەدا دەڕوات و ئینجا دەڵێت هەستە ئەویش هەڵدەستێت و ڕاست دەبێتەوە…. دەڵیت: پاشان پێی دەڵیت ئایا باوەڕم پێ دەكەیت؟ ئەویش دەڵێت: هیچ شتێكم زیادی نەكرد دەربارەی تۆ بەرچاوڕوونی نەبێت.” (صحيح مسلم، بەرگی 2، باب في صفة الدجال وتحريم المدينة عليه)

وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە: “دەججال دێت… پیاوێك لێی ڕادەپەڕێت… دەججال دەڵێت: پێم بڵێن ئەگەر ئەم كابرایەم كوشت و پاشان زیندووم كردەوە ئایا گومان دەكەن لە كارەكە؟ دەڵێن نەخێر، ئەویش دەیكوژێت و پاشان زیندووی دەكاتەوە.” (صحيح البخاري، باب ذكر الدجال)

بزانه كه مراندن و زیندووكردنەوە تەنھا لە دەستی خوای گەورەدایه، جگه له خوا هیچ كەسێك توانای ئەوەی نیه كه بژیێنێت و بمرێنێت. وە ئەو كەسەیشی مرد دووبارە ناگەڕێتەوە بۆ ئەم دنیایه، ئیتر چۆن دەججال پیاوێكی گەنج دەمرێنێت و دووبارە زیندووی دەكاتەوە! خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿اللهُ الذِي خَلَقَكُمْ ثُم رَزَقَكُمْ ثُم يُمِيتُكُمْ ثُم يُحْيِيكُمْ هَلْ مِنْ شُرَكَائِكُمْ مَنْ يَفْعَلُ مِنْ ذَلِكُمْ مِنْ شَيْءٍ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَما يُشْرِكُونَ﴾ واتە: “خوا زاتێكه ئێوەی دروستكردووە پاشان ڕۆزی پێداون دواتر دەتانمرێنێت له پاشان زیندووتان دەكاتەوە ئایا هیچ یەكێك لەو هاوبەشانەی كه بۆ خواتان داناوە هەیه هیچ شتێك لەو كارانه بكات، پاكی و بەرزی بۆ خوا لەوەی ئەوان دەیكەنه هاوبەشی.” (الروم: 41)

﴿هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ﴾ واتە: “هەر خوا ژیان دەبەخشێت و مردن پێش دەهێنێت، هەر بۆ لای ئەویش دەبرێنەوە.” (يونس: 57)

﴿رَبيَ الذِي يُحْيِي وَيُمِيتُ﴾ واتە: “پەروەردگاری من ئەو زاتەیە كە ژیان دەبەخشێت و مردنیشی بەدەستە.” (البقرة: 259)

﴿فَيُمْسِكُ التِي قَضَى عَلَيْهَا الْمَوْتَ وَيُرْسِلُ الأُخْرَى﴾ واتە: “جا ئەو گیانانە كە مەرگی بۆ بڕیار داون ڕادەگرێت و ئەوانی تریش بەرەڵا دەكات.” (الزمر: 43)

﴿وَحَرَامٌ عَلَى قَرْيَةٍ أَهْلَكْنَاهَا أَنهُمْ لا يَرْجِعُونَ﴾ واتە: “جارێكی تر حەرامە و ئەستەمە لە دانیشتوانی هەر شار و شارۆچكەیەك كە كاولمان كردووە، بێگومان ناگەڕێنەوە…” (الأنبياء: 96)

﴿ثُم إِنكُمْ بَعْدَ ذَلِكَ لَمَيتُونَ (*) ثُمَّ إِنكُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ تُبْعَثُونَ﴾ واتە: “بێگومان سەرەنجام ئێوە هەر دەبێت بمرن (*) پاشان دەبێت لە ڕۆژى قیامەتدا زیندووبكرێنەوە.” (المؤمنون: 16_17)

وە لە فەرموودەیەكدا هاتووە: “لە جابری كوڕی عەبدوڵـڵاوە وتی: پێغەمبەری خوام پێ گەیشت (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: ئەی جابر چیە دەت بینم داڕوخاويت؟ وتم باوكم شەهید بووە خاوخێزان و قەرزێكی زۆری بەجێھێشتووە… فەرمووی ئایا مژدەت پێنەدەم بە چ شێوەیەك باوكت گەیشت بە خوا؟ وتم با ئەی پێغەمبەری خوا.. فەرمووی: هەرگیز خوا قسەی لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەكردووە مەگەر لە پشتی پەردەوە، بەڵام باوكی تۆی زیندووكردەوە و بە بێ پەردە قسەی لەگەڵدا كرد. فەرمووی: ئەی بەندەكەم چ ئارەزوویەكت هەیە پێم بڵێ با بۆت جێبەجێ بكەم… وتی: پەروەردگارا زیندووم بكەرەوە با دووبارە لە پێناوی تۆدا خۆم بەخت بكەم… خوای گەورە دەفەرموێت: پێشتر من بڕیارم داوە ئەوانەی كە مردن دووبارە ناگەڕێنەوە بۆ دنیا.” (مشكاة المصابيح، باب جامع المناقب. وسنن ابن ماجة، بەرگی 2، باب فضل الشهادة)

بڕوانە چۆن لەم ڕوونكردنەوەيەی پێشوودا دەركەوت كە زیندووكردنەوە و مراندن تەنھا تایبەتە بە خوای ڕاستەقینە و ئەستەمە كەسێكی جگە لە خوا و ئەم كارانە ئەنجام بدات ئەگەرچی پێغەمبەریش بێت چجای كافر. وە ئەو كەسەی جاری یەكەم مردنی بەسەردا هات؛ ئەوا زیندووكردنەوەی لە جاری دووەمدا پێچەوانەی یاسای خوای گەورەیە. بۆیە ناكرێت كەسێك بە توانای خۆی كەسێك بمرێنێت و پاشان زیندووی بكاتەوە. وە لە (التفسیر الكبیر)ی پێشەوا فەخرەدینی ڕازیدا (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەربارەی تەفسیری ئەم ئایەته ﴿الَّذِي حَاجَّ إِبْرَاهِيمَ﴾ ئەمەی خوارەوە هاتووە:

“بابەتى دووەم: بەڵگەكەی ئيبراهيم (علیه السلام) لەوپەڕی ڕاستیدایە؛ چونكە هیچ ڕێگەیەك نیە بۆ ناسینی خوا مەگەر بەهۆی ئەو كردارانەيەوە كە هیچ خاوەن توانایەك لەو كردارانەدا بەشداری ناكات لەگەڵیدا. زیندووكردنەوە و مراندن لەو جۆرەن؛ چونكە دروستكراوان دەستەوسانن لەم دوو كارەدا… پاشان نموونە بۆ ئەو گوفتارەمان: ڕوودانى كۆمەڵێك شت دەبینین كە دروستكراوان لەتواناياندا نیە هاوشێوەی ئەو كارانە ئەنجام بدەن، نموونە: زیندووكردنەوە و مراندن.”

كەواته فەرمانی كوشتنی ئەو گەنجه لەلایەن دەججالەوە و پاشان زیندووكردنەوەی مانا ڕواڵەتیەكەی وەرناگیرێت، وە دروسته له لێكدانەوەی ماناكەیدا بوترێت كه دەججال لەبەرئەوەی كه دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلامه، هەموو توانا و كۆششی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی (ئیسلام) لەسەر زەویدا نەهێڵێت و ئەم ئايينه پێگەیشتووە جوانه قەڵاچۆ بكات تەنانەت لەلای خۆیەوە وادەزانێت كه لەناوی بردووە، بەڵام خوای گەورە دەیپارێزێت وەك ئەوەی سەر لە نوێ زیندووی بكاتەوە. وە لێ گفتوگۆی ئەو كوژراوە دوای زیندووبوونەوەی لەگەڵ دەججالدا: “هیچ شتێكم دەربارەی تۆ زیادی نەكرد بەرچاوڕوونی نەبێت.” ئاماژەیه بۆ ئەوەی كه دەججال كاتێك خەريكە ئەم ئايینه تەفروتوونا بكات. خەڵكی وا گومان دەبەن كه ئەگەر ئیسلام حەق و ڕاستیه بۆچی بەم ڕادەیه بووە به دەردەدارێكی كەفت و پەككەوته، ئینجا پەرۆشى خوا جۆش دەخوات بەگوێرەی بەڵێنەكەی خۆی كه دەفەرموێت: ﴿إِنا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذكْرَ وَإِنا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾ واتە: “ئێمه خۆمان ئەم قورئانەمان ناردووەته خوارەوە و هەر ئێمەش دەیپارێزین.” (الحِجر: 10). وە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕەوانە دەكات كه ئاژاوەی دەججال و فێڵەكانی لەناودەبات و ئیسلام سەردەخات بەسەر هەموو ئايینەكانی تردا بە بەڵگەی تەواو و دەلیلی درەوشاوە، پاش ئەمه خەڵكی لەوە دڵنیا دەبن كه ئیسلام ئايینێكی ڕاستەقینەی خواییه، هەربۆیه له كاتی زۆر پێویستدا سەریخست و دووبارە زیندووی كردەوە.

نیشانەی شەشەم: مانەوەی دەججال لە زەویدا

دەججال چل ساڵ لەسەر زەویدا دەمێنێتەوە. (مشكاة المصابيح، باب العلامات بين يدي الساعة)

لە فەرموودەكەی نەوواسی كوڕی سەمعان: “وتمان ئەی پێغەمبەری خوا چەندێك لە زەویدا دەمێنێتەوە؟ فەرمووی چل ڕۆژ.” (صحيح مسلم، بەرگی 2، لا 516)

لە فەرموودەكەی تەمیمی داریەوە دەربارەی بەسەرهاتی مەسیحی دەججال “چل شەو.” (صحيح مسلم)

وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووه: “پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: دەججال لە ئوممەتەكەمدا دەردەچێت چل دەمێنێتەوە. نازانم چل ڕۆژە یان چل مانگە یاخود چل ساڵە.” (صحيح مسلم، باب في خروج الدجال ومكثه، بەرگی 2، لا 518)

لەم جیاوازیانەوە دەردەكەوێت كە ناتوانرێت لە فەرموودەكانەوە ئەندازەی دروستی مانەوەی دەججال بزانرێت لەسەر زەوی، ڕەنگە مەبەست لێی ئەوە بێت كە توانای مرۆیی بە گشتی تا چل ساڵی گەشە دەكات: ﴿بَلَغَ أَشُدَّهُ وَبَلَغَ أَرْبَعِينَ سَنَةً﴾ واتە: “كاتێ ئەگاتە هەرەبەهێزی و تەمەنی دەگاتە چل ساڵ.” (الأحقاف: 16) لەوانەیشە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) مەبەستی لەم وشانە ئەوە بێت كە لەم ماوەیەدا دەججال بە تەواوەتی دەگاتە ئەوپەڕی هێز، پاشان دەپووكێتەوە و بەرەو لاوازی و هەژاری دەچێت پاش زاڵی و بەهێزی هەتا ئەو كاتەی لەناودەچێت، وە فەرموودەكەی موسلیم ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەكات: “دەججال دەتوێتەوە هەروەك چۆن خوێ لە ئاودا دەتوێتەوە.” (صحيح مسلم، باب في فتح قسطنطينية وخروج الدجال)

نیشانەی حەوتەم: درێژی و كورتی ڕۆژەكانی دەججال

 “ڕۆژێكی وەك ساڵێكە، ڕۆژێكی وەك مانگێكە، ڕۆژێكی وەك هەفتەیەكە.” (صحيح مسلم، باب ذكر الدجال)

وە لە ڕیوایەتێكدا هاتووە: “ساڵ وەك مانگێكە.” (مشكاة المصابيح)

ئەگەر لەم وشانەوە ئەو مانایەمان هەڵێنجا كە كاتی دەرچوونی دەججال گۆڕان و جێگۆڕكێ ڕوودەدات لە ئەندازەی كات تەنانەت خۆر بەم خێراییە هاتووچۆ دەكات وەك ئەوەی ساڵێك لە یەك مانگدا تێپەڕ بێت یان بەڕادەیەك خاوبێتەوە وەك ئەوەی دوای یەك ساڵ یان یەك مانگ یان یەك هەفتە ئاوا بێت؛ ئەوا پێچەوانەی ژیری و یاسای خوای گەورە دەردەچێت، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿هُوَ الذِي جَعَلَ الشمْسَ ضِيَاءً وَالْقَمَرَ نُورًا وَقَدَّرَهُ مَنَازِلَ لِتَعْلَمُواْ عَدَدَ السنِينَ وَالْحِسَابَ﴾ (سورة يونس). واتە: “خوا زاتێكە كە خۆری گێڕاوە بە تیشك مانگیشی گێڕاوە بە ڕووناكی بۆ (گەڕانی) مانگ چەند قۆناغێكی دیاریكردووە بۆ ئەوەی ژمارەی ساڵەكان و حیسابی (مانگ و ڕۆژی) پێ بزانن.” ﴿وَالشمْسُ تَجْرِي لِمُسْتَقَر لهَا ذَلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ (*) وَالْقَمَرَ قَدرْنَاهُ مَنَازِلَ حَتى عَادَ كَالْعُرْجُونِ الْقَدِيمِ، لا الشمْسُ يَنبَغِي لَهَا أَن تُدْرِكَ الْقَمَرَ وَلا الليْلُ سَابِقُ النهَارِ وَكُل فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ﴾ (سورة يس) واتە: “خۆریش بەرەو بنكەی خۆی (لە گەڕاندایە و) دەڕوات، ئەوە بڕیاردراوی خوای زاڵی زانایە(*). وە بۆ مانگیش چەند قۆناغێكمان داناوە (دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی) هەتا وەكو لقی دارخورمای كۆنی (وشك بووی) لێ دێت(*) خۆر بۆی نیە (ناتوانێ) بگات بە مانگ و شەویش ناتوانێ پێشكەوێ لە ڕۆژ و هەریەكەیان لە خولگەیەكدا مەلە دەكەن و دەسووڕێنەوە(*)” ﴿وَلَن تَجِدَ لِسُنةِ اللهِ تَبْدِيلا﴾ (سورة الفتح) واتە: “هەرگیز نابینی سوننەتی خوا جێگۆڕكێ بكات.” شاراوە نیە كە گۆڕانی یاسا یان بەهۆی سەركەوتن و زاڵبوونەوە دروست دەبێت وەك ئەوەی بۆ نموونە حكومەتێك سەربكەوێت بەسەر حكومەتێكی تردا، حكومەتى دووەمیان یاسای یەكەمیان بگۆڕێت، یاخود بەهۆی نەزانینەوە كە حكومەتێك یاسایەك دادەنێت پاشان ناتەواویەك بەدیدەكات تێیدا و دەیگۆڕێت. بەڵام ئەو یاسایەی كە خوای گەورە دایناوە بۆ خۆر ناگۆڕێ و جێگۆڕكێ ناكات؛ چونكە خوا زاڵە بەسەر كاروباری خۆیدا و زانایە بەوەی كە لە داهاتوودا ڕوودەدات ئیتر چۆن لەكاتی دەججالدا ئەم یاسایە دەگۆڕێت، یان دەججالیش خۆر و مانگ بەڕێوە دەبات؟! كەواتە مەبەست لە درێژی ڕۆژەكان: زیادبوونی بەڵا و تەنگ و چەڵەمەكانە؛ چونكە بەشێوەیەك زەبری بەڵا و ناڕەحەتیەكان توند دەبێت لەسەر ئادەمیزاد وەك ئەوەی یەك ڕۆژی ئەو سەردەمە وەكو ساڵێك یان مانگێك یان هەفتەیەك وابێت، وە پاش ئارامگرتن وردە وردە ئەم ڕۆژگارە درێژانە كەم دەبنەوە هەتاكو وەكو ڕۆژانێكی ئاسایی دەبینرێن. بەهەمان شێوە زانای مەزن مەلا عەلی قاری دەڵێت: “عەرەب كورتی ڕۆژگار و شەوگاریان بەكارهێناوە بۆ خۆشی و شادمانی و درێژیەكەیشی بۆ ناخۆشی و دڵتەنگی.” (المرقاة، بەرگی پێنجەم، لا175)

لەسەر ئەم بنەمایە مانای فەرمایشتەكەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەم شێوەیە دەبێت كە دەججال لە سەرەتای پێشكەوتن و گەشەسەندنیدا بەڵا و نەهامەتیە گەورەكان دەخاتە سەر شانی خەڵكی و بەربەست دەخاتە سەر ڕێگەی بەرەوپێشچوونیان، ئەوانیش لەتاو ناڕەحەتی و نەهامەتیەكان ڕۆژەكانی ژیان بەلایانەوە درێژە: ڕۆژی وا هەیە بە ساڵێك دەڕوات هەیە بە مانگێك هەشیانە بە هەفتەیەك یان ڕۆژێكی ئاسایی. وە ئەم فەرموودەیە ئاماژەیشی تێدایە بۆ ئاسانی گەشت و سەفەرەكان لەو ڕۆژگارەدا واتە ماوەی ساڵە ڕێیەك بە مانگێك دەبڕدرێت و ماوەی مانگێك بە هەفتەیەك، وە ئەوەی جاران بە هەفتەیەك ئەنجام دەدرا لەو ڕۆژگارەدا بەڕۆژێك ئەنجام دەدرێت وە هەروەها.

وە دەتوانرێت بوترێت كە مەبەست لە دەستەواژەی “ڕۆژێك وەك ساڵێكە.” ئەوە بێت كە خەڵكی لە سەردەمی دەججالدا بە تەواوەتی ڕێزی كات دەگرن و بەفیڕۆی نادەن و ڕۆژێك یەكسان دەبێت بە ساڵێك و ئەو كەسەی ڕۆژێكی لە كیس بچێت وەك ئەوە وایە ساڵێكی لە كیس چوو بێت. وە تەئویلی ساڵ كراوە بە مانگ وەك زانای پایە بەرز مەلا عەلی قارى دەڵێت: “فەرمایشتی ساڵێك وەك مانگێكی لێ دێت: مەبەستی كەمبوونەوەی بەرەكەتی كات و نەمانی كەڵك و سوودەكەیەتی یان ماناكەی ئەوە هەڵدەگرێت كە خەڵكی لەبەر گرنگی نەدانیان بەو بەڵا و نەهامەتیانەی تووشیان دەبێت و سەرقاڵبوونی دڵیان بە ئاژاوە گەورەكانەوە نایانپەرژێت بیر لە تێپەڕینی ڕۆژەكان بكەنەوە. وە ئەمە پێچەوانەی درێژبوونەوەی ڕۆژە ناخۆشەكان نیە؛ چونكە كەسی بە هەست و ژیر هەست بە درێژی ئەم ڕۆژانە دەكات، وە ئەوەی لێرەدا باسمان كرد تەنھا لەگەڵ سەرسامبوون و واقوڕماندا دەبێت.” (مشكاة المصابيح، باب أشراط الساعة، والمرقاة شرح المشكاة، المجلد 5)

بەڵام فەرمایشتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) “بە ئەندازەی ڕۆژێك ئەندازەی بگرن.” لە وەڵامی ئەو كەسەدا كە پرسیاری كرد: “ئەو ڕۆژەی كە وەك ساڵێكە ئایا بەسمانە نوێژی ڕۆژێك بكەین.” (صحيح مسلم، باب ذكر الدجال) ئەمە وەك ئەگەرێك باسكراوە واتە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) وەڵامی پرسیاری پرسیاركەرەكەی داوەتەوە بەگوێرەی ئامادەگی و تێگەيشتنی پرسیاركەرەكە، یان دەڵێین پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كابرای پرسیاركەری بە هەڵە زانیوە و فەرموویەتی: “نەخێر، ئەندازەی ڕۆژێكی بۆ دابنێن.” واتە تۆ دەڵێیت ئەو ڕۆژانە درێژە دەكێشن بەڵام درێژە ناكێشن، ئەندازەی ئەو ڕۆژە بگرن وەك چۆن گرتووتانە؛ چونكە هەردوو ڕاناوە نێرەكە كە لە ڕستەكەدا هەن “اقْدُرُوا لَهُ قَدْرَهُ.” دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژەكە نەك بۆ وشەی نوێژەكه.

نیشانەی هەشتەم: گوێدرێژەكەی دەججال

 “دەججال بەسەر گوێدرێژێكی بەڵەكەوە دەردەچێت، نێوانی هەردوو گوێچكەكەی حەفتا شاباڵه.” (مشكاة المصابیح). له گێڕانەوەیەكی تردا: “گوێدرێژێكی بەڵەكی لەژێردایه كه درێژی هەر گوێچكەیەك له گوێچكەكانی سی باڵە، نێوانی سمێكی گوێدرێژەكەی بۆ سمەكەی تری ماوەی ڕۆيشتنی شەو و ڕۆژێكه، یەك لەدوای یەك ئاوەدانیەكانی بۆ نزیك دەبێتەوە و دەست دەگرێت بەسەریاندا، به دەستەكانی هەور دەگرێت، پێشی خۆر دەكەوێت بۆ خۆرئاوا، دەچێتە ناو دەریا ئاوەكەی تا قوله پێی دێت، له پێشیەوە چیایەكی دووكەڵ هەیه له دوایشیەوە چیایەكی سەوز، به دەنگێك بانگ دەكات: -كه ئەوەی له نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادایه دەیبیستێت- وەرن بۆ لای من دۆستەكانم وەرن بۆ لای من خۆشەویستەكانم.” (كنز العمال، بەرگى حەوت، لا266)

ئەمە سیفاتەكانی ئەو گوێدرێژەیە كە دەججال سواری دەبێت، ئەگەر بە شێوەیەكی ڕووكەشی دان بنێین بە بوونی گوێدرێژی دەججال و هەبوونى ئەو سیفەتانەی كە لە فەرموودەكاندا باسكراون ئەوا هیچ كەسێكی ژیر قبوڵى ناكات، چۆن دەگونجێت گوێدرێژێك لەدایك بێت درێژی یەكێك لە گوێچكەكانی 30 باڵ بێت و شەو و ڕۆژ بە ڕێگادا بڕوات و بێزار و ماندوو نەبێت بەدەنگی بەرز سەرنشینەكان بانگ بكات! بچێتە ناو دەریا و ئاو هەتا قولەپێكانی بێت! وە بەو خێراییە بڕوات تەنانەت پێش ئاواوبوونی خۆر بكەوێت. سەرباری هەموو ئەمانە: چ ماكەرێك لە دنیادا ئەو گوێدرێژە سەرسوڕهێنەی دەبێت؟

له ڕاستیدا ئەمە ئاماژەیەكه بۆ گالیسكەی نوێ كه له كۆتازەماندا دادەهێنرێت و گەشت ئاسان دەكات و خێرا دەڕوات و هاوار دەكات به دەنگێكی بەرز كه ئەوەی له نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادایه دەیبیستێ، وە بەهۆی خێرا ڕۆيشتنی و به ئاسانی گەشت پێكردنی خەڵكی گوێ نادەن به گالیسكەكانی تر، تەنانەت وشترەكان كه له ڕۆژانی ڕابردوودا زۆربەی ڕێگاكانيان دەبڕی كەس پشتیان پێنابەستێت، وە خوای گەورە ئاماژەی بۆ ئەمه كردووە و دەفەرموێت: ﴿وَإِذَا الْعِشَارُ عُطِّلَتْ﴾ واتە: “كاتێك وشترە ئاوسەكان وازیان لێ هێنرا.” (سورة التكوير) هەروەها دەفەرموێت: ﴿وَالْخَيْلَ وَالْبِغَالَ وَالْحَمِيرَ لِتَرْكَبُوهَا وَزِينَةً وَيَخْلُقُ مَا لا تَعْلَمُونَ﴾ واتە: “وە ئەسپ و ماین و ئێستر و گوێدرێژ (ی بۆ دروست كردوون) لەبەرئەوەی سواریان بن و هۆی ڕازانەوەش بن بۆ ئێوە وە (خوا) شتی وا دروست دەكات كە (ئێستا) ئێوە نایزانن.” (سورة النحل). واته: خوای گەورە كۆمەڵه گالیسكەیەكی نوێ دروست دەكات كه ئێستا ئێوە ماهیەت و حەقیقەتەكەی نازانن، وە له فەرموودەدا هاتووە: “واز له وشترەكان دەهێنرێت و تاونادرێت لەسەریان.” “وَلَتُتْرَكَنَّ الْقِلَاصُ فَلَا يُسْعَى عَلَيْهَا.” (صحیح مسلم، باب نزول عیسی ابن مریم) خاوەنی (مرقات) دەڵێت: “واتاكەی ئەوەیه: كه كار به وشتر ناكرێت؛ چونكه خەڵكی پێویستیان پێی نامێنێت بەهۆی زۆربوونی هۆكاری (شتی) ترەوە.” (بەشی پێنجەم، لاپەڕە 221)

ئەوەتا خەڵكی لەم ڕۆژگارەدا بێنیاز بوون له وشتر بەهۆی بوونی كەشتی (پاپۆڕ) و ئۆتۆمۆبیل و شەمەندەفەر و فڕۆكه، كه به شەو و ڕۆژ به خێرایی دەڕۆن و شەكەت و ماندوو نابن و به دەنگی بەرز سەرنشینەكان بانگ دەكەن، وە دووكەڵیشی لەگەڵدایه وە له شوێنێكی تردا دەربارەی پرسی ئەم گالیسكه نەزانراوە هاتووە: “نزیكە ئاگرێك دەربچێت لە تەنگەبەرێكى بەربەستكراو، ڕۆيشتنێك دەڕوات وەك ڕۆيشتنی هێواشى وشتر.” (كنز العمال، بەرگی 7، لا 205)

ئەمە هاتووەتەدی له شەمەندەفەر و پاپۆڕ و گالیسكەكانی تردا، بەڵام نوقم بوونی لەناو ئاودا تا قوله پێی؛ ئەوا شاراوە نیه لەو كەسانەی كه پاپۆڕ و كەشتییەكانیان بینیوە كه چۆن له دەریادا هاتووچۆ دەكەن.

سەرنجێكی تر لە دەججال لە ڕوانگەی زانستی لێكدانەوەی خەونەوە

پێشتر باسی ئەوە كرا كە دۆخی دەججال و سیفەتەكانی لە ڕێگەی خەون و كەشفەوە دەركەوتووە بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بۆیە بۆ ئێمە شیاوترە كە لە ڕوانگەی زانستی لێكدانەوەی خەونەوە بە وردی سەرنجی بدەین؛ چونكە هەندێ بابەتی خەون تەئویل وەردەگرێت.

بزانە كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەججالی بینیوە كە چاوێكی كوێر بووە، وە مەبەست لە چاو وەك لە كتێبی (تعطیر الأنام)دا هاتووە: “چاوی ئادەمیزاد لە خەوندا بینایی و ئایینی ئەو كەسەیە كە بەهۆیەوە ڕێگای ڕاست و گومڕایی دەبینێت.” (بەرگی 2، لا 82)

 “چاوی ئادەمیزاد ئایینەكەیەتی. هەركەسێك لە خەوندا بینی چاوی خۆی تیمار دەكات؛ ئەوا كاروباری ئایینەكەی چاك دەكات.” (بەرگی 2، لا83)

یەك چاوی: “ئەگەر كەسێك لە خەودا بینی چاوێكی كوێرە؛ ئەوا دووچاری تاوانێكی گەورە و زەبەلاح دەبێت”. (بەرگی 2، لا 84)

كوێری: لە خەودا بریتیە لە گومڕایی لە ئاییندا. كوێری دەوڵەمەندیشە، هەركەسێك بینی كوێر بووە ئەوە دەوڵەمەند دەبێت”. (بەرگی 2، لا 84)

تەمیمی داری دەججالی بینی كە دەستی شەتەك دراوە بە ئاسن كە لێكدانەوەكەی ئەوەیە: “هەركەسێك بینی دەستی شەتەك دراوە بە گەردنیەوە ئەوا ماڵ و سامانێكی دەست دەكەوێت كە مافی خوای لێ نادات. وە شەتەكدان و كەلەپچەبوونی دەست كردەوەی خراپ و پەیداكردنی پارە و ماڵە بە حەرامی”. (بەرگی 2، لا 108)

بەڵام ئەوەی كە دەججال گەنجێكە، لێكدانەوەكەی ئەوەیە: “گەنج لە خەوندا دوژمنی ئەو كەسەیە، وە گەنج فڕوفێڵە یان دوژمنێكی نالەبارە.” (بەرگی 2، لا 13)

وە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەججالی بینیوە كە قژی لوول و ئاڵۆسكاو بووە، لێكدانەوەكەی ئەوەیە: “قژی سەر لە خەوندا ماڵ و سامان و تەمەن درێژیە، هەركەسێك بینی قژی لوول بووە ئەوە دەسەڵات و سەربەرزی بەدەست دەهێنێت”. (بەرگی 2، لا 8)

بەڵام سواربوونی گوێدرێژ لێكدانەوەكەی ئەوەیە: “گوێدرێژ، دانیاڵ دەڵیت بینینی گوێدرێژ چانس و پایەبەرزیە.” (الإشارات، بەرگی 2، لا 283)

وە “سواربوونی گوێدرێژ لە خەوندا مانای خۆڕازاندنەوەیە بە ماڵ و سەروەت. ئەگەر گوێدرێژەكە گەورە بێت ئەوا بریتیە لە پایەبڵندی، ئەگەر ڕەنگی سپی بێت ئەوا جوانی و قەشەنگی خاوەنەكەیەتی”. (تعطير الأنام، الجزء الأول، ص165)

وە “ئەگەر بە جوانی بەڕێدا بڕوات ئەوە بریتیە لە دنیا.” (منتخب الكلام: بەرگی 1، لا 134)

وە “هەركەسێك بینی بارێكی قورسی لەسەر پشتی گوێدرێژەكەی بار كرد و سوار بوو لەسەری مانای زیادبوونی ماڵ و سامان و دەوڵەمەندی بێ شومار دەگەیەنێت. ئەبو سەعیدی واعیز دەڵێت: گوێدرێژ چالاكی و گوڕوتینی ئادەمیزادە.” (الإشارات، بەرگی 2، لا 284)

جۆری ئاژاوەی دەججال

ئەگەر بەوردی سەرنجی پرسی دەججال بدەین ئەوا بە كۆمەڵێك بەڵگەی بەهێز بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو بە دوودڵی و گومانەكان خەڵك گومڕا دەكات و وەسوەسە دەخاتە ناخی مرۆڤەكانەوە و بەداوی درۆ و فڕوفێڵەكانی ڕاویان دەكات، ئەمەش بەڵگەكانە:

(بەڵگەی یەكەم): پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: “ئەو كەسەی دە ئایەتی سەرەتای سورەتی (الكهف) لەبەر بكات پارێزراو دەبێت لە ئاژاوەی دەججال.” (صحيح مسلم، باب فضل سورة الكهف)

ئەگەر ئاژاوەی دەججال بە ناچاركردن و زۆرەملێیە ئەوا تەنھا خوێندنەوەی كۆمەڵێك ئایەت چ سوودێك دەگەیەنێت، وە چۆن دەكرێت بە خوێندنەوەیان ئادەمیزاد خۆی بپارێزێت لە ئاژاوەكەی، بەڵام بەو پێیەی كە ئاژاوەكەی بریتیە لە دروستكردنی گومان و وەسوەسەكان لە دڵی خەڵكیدا… وە گومانی تێدا نیە كە قورئانی پیرۆز لابەری ئەو جۆرە گومان و وەسوەسانەیە، لەبەرئەوە خوێندنەوەی قورئان باوەڕدار دەپارێزێت لە ئاژاوەكەی.

(بەڵگەی دووەم) پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: “ئەگەر دەججال سەریھەڵدا و خۆم لەناوتاندا بووم ئەوا من لە باتی ئێوە بە بەڵگە چاری دەكەم، وە ئەگەر دەرچێت و من لەناوتاندا نەبووم ئەوا با هەركەس بە بەڵگە چارەسازی خۆی بێت، وە خوا لە جێگەی من سەروكاری هەموو موسوڵمانێك دەكات.” (صحيح مسلم باب ذكر الدجال) واتە ئەگەر دەججال لە سەردەمی مندا دەربچێت و سەرهەڵبدات ئەوا خۆم بە بەڵگە جەنگی لەگەڵدا دەكەم، وە ئەگەر دوای من دەرچوو ئەوا هەموو كەسێك بە بەڵگە بەرگری لە خۆی بكات. وە وشەی (الحجیج) مانای كەسێكە كە بە بەڵگە جەنگ دەكات و سەركەوتوو دەبێت. وە لە پەراوێزی (مشكاة المصابیح)دا هاتووە: “وأنا حجیجە واتە من بە بەڵگە جەنگی لەگەڵدا دەكەم و زاڵ دەبم بەسەریدا، پێكھاتەی فعیل مانای بكەرە لە الحجة وە هاتووە كە بریتیە لە زاڵبوون.”

وە لە كتێبى (النهایة)ی (ابن الأثير)دا هاتووە: “لە فەرموودەی دەججالدا: “وە ئەگەر دەرچێت من لە ناوتاندا بم ئەوا من چاری دەكەم.” واتە زاڵدەبم بەسەریدا بە بەڵگە. وە الحجة بریتیە لە دەلیل و بورهان، دەوترێت: حاججته حجاجًا ومحاجة فأنا محاج وحجيج فعيل، بە واتاى مفاعل، وە لەمەشەوە فەرموودەی: فحج آدم موسى. واتە بە بەڵگە زاڵ بوو بەسەریدا.”

وە لە قورئانی پیرۆزیشدا الحجیج واتە دژایەتی كردن بە زانست و زمان، خوای گەورە دەفەرموێت:

﴿هَا أَنتُمْ هَؤُلاء حَاجَجْتُمْ فِيمَا لَكُم بِهِ عِلمٌ فَلِمَ تُحَآجونَ فِيمَا لَيْسَ لَكُم بِهِ عِلْمٌ﴾ واتە: “وامان دانا ئێوە دەتوانن لەسەر ئەو شتانە دەمەقاڵێ بكەن كە دەیزانن، دەسا بۆچی كێشە و دەمەدەمێ دەكەن لەسەر شتێ كە نایزانن.” (سورة آل عمران)

﴿أَوْ يُحَآجوكُمْ عِندَ رَبكُمْ﴾ واتە: “یان لای خوا بە بەڵگە دژتان دەوەستین.” (سورة آل عمران)

﴿أَلَمْ تَرَ إِلَى الذِي حَآجَّ إبراهيم فِي رَبهِ﴾ واتە: “ئەو كەسەت نەبینی كە دەربارەی پەروەردگارت مشتومڕی دەكرد لەگەڵ ئیبراهیم.” (سورة البقرة)

﴿وَحَآجَّهُ قَوْمُهُ قَالَ أَتُحَاجُّوني فِي اللهِ﴾ واتە: “وە گەلەكەی دەربارەی خوا مشتومڕیان لەگەڵ دەكرد، ئەویش فەرمووی ئایا دەربارەی خوا مشتومڕم لەگەڵدا دەكەن.” (سورة الأنعام)

(بەڵگەی سێيەم) “پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: هەركەسێك بیستی دەججال دەركەوتووە با خۆی بەدوور بگرێت لێی، سوێند بە خوا پیاو دێت بۆ لای و پێیوایە كە باوەڕدارە بەڵام بەهۆی ئەو گومان و دوودڵیانەوە كە بۆی دروست دەكات شوێنی دەكەوێت.”

(بەڵگەی چوارەم) “خوای گەورە باوەڕدار دەپارێزێت بەوەی كە فریشتەی پێ دەپارێزێت كە بریتیە لە تەسبیحات كردن.” (الطبراني)

وە ئاشكرایە كە تەسبیحات كردن تەنھا چارەسەری وەسوەسەیە، ئەگینا چۆن تەسبیحات بەكاردەهێنرێت لە بەرامبەر شمشێردا. لەمەوە دەردەكەوێت كە دەججال گومان دروست دەكات بۆ باوەڕدار، وە تەسبیحات و ستایشی خوای گەورە یارمەتییان دەدات بۆ كێش كردنی ڕەحمەتی خوای گەورە بۆ لایان و خوا دەیانپارێزێت.

(بەڵگەی پێنجەم) “بەڕاست و چەپدا مل دەنێت لە بەدفەڕی و خراپەكاری، ئەی بەندەكانی خوا دامەزراو بن.” (صحیح مسلم، باب ذكر الدجال) لەمەوە دەردەكەوێت كە ئاژاوەی دەججال لە شێوەی دروستكردنی گومان و دوودڵیە، وە ئەگەر ئەم ئاژاوە كەڕولاڵە گەیشتە ئەوپەڕی و بەشێوەیەكی ترسناك بڵاوەیكرد و چواردەوری هەموو دنیای گرت؛ ئەوا لەم كاتەدا خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕەوانە دەكات بۆ نەهێشتن و پاكتاوكردنی ئەم بەڵایە بە حەربەیەكی ئاسمانی؛ بۆئەوەی بەهۆیەوە دەججال بكوژێت و كوفر و تاوان و سەرپێچی لەسەر ڕووی زەوی نەهێڵێت و مرۆڤەكان بگەیەنێت بە خواى پەروەردگار. بەڵام كوشتنی مەسیحی دەججال بە حەربەی ئاسمانی كارێكی ڕۆحانیە واتە حەربەیەكی ڕۆحانی لە ئاسمانەوە دەهێنێت نەك لە زەویەوە، وە بە بەڵگەی بەهێز و درەوشاوە پشتگیری دەكرێت كە بەهۆیانەوە سیحری دەججال هەڵدەوەشێنێتەوە و پڕوپووچی درۆزن لەناو دەبات، نەك ئەوەی بە ڕم و شمشێری تیژ و بڕندەوە بێت بۆ پەڕاندنی گەردنی خراپەكاران و ڕشتنی خوێنی كافران، بەڵكو مەسيحى بەڵێندراو دێت بۆ نەهێشتنی جەنگ و كوشتار لەناو خەڵكیدا. جگە لەمە، شیر و تیر سوودی چیە لە بەرامبەر تۆپ و غازی ژەهراوی و ئەو بۆمبەی كە لە فڕۆكەكانەوە دەخرێتە خوارەوە و لە كاتێكی كەمدا خەڵكی لەناو دەبات و لە ساتێكدا ئاوەدانی كاول دەكات؟

وە لەمبارەيەوە مەسیحی بەڵیندراو (علیه السلام) جوانترین شیعری فەرمووە:

السيف أنفاسي ورُمحي كلمتي … ما جئتُكم كمحاربٍ بسِنانِ

لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت:

يا ربّ أَرِني يومَ كسرِ صليبِهم … يا رب سلِّطْني على جدرانهمْ

فإذا تكلّمْنا فسيفٌ قولنا … رمحٌ مُبيد لا كمثل بيانهمْ

ولقد أُمرتُ من المهمين بعدما … هاجت دخانُ الفتن من نيرانهم

ما قلتُ بل قال المهيمن هكذا … ما جئتُهم بل جاء وقت هوانهم

إن الصليب سيُكْسَرنْ ويُدقَّقَنْ … جاء الجِيادُ وزهَق وقتُ أتانهم

وسيُرغمُ الله القديرُ أنوفَهم … ويُري المهيمنُ ذُلَّ داءِ خُنانهم

ئایا دەججال یەك كەسە؟

هەندێ كەس دەڵێن كە دەججال یەك كەسی دیاریكراوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەججال گروپێكی گەورەیە و بە هەموو لایەكی زەویدا دەگەڕێن، بە باتڵ حەق دادەپۆشن و زەوی گڵاو دەكەن بە چەواشكاری و شاردنەوەی ڕاستیەكان هەروەك سەرەتا لە زمانی عەرەبیەوە سەلماندمان. بەڵام ئەوەی كە لە فەرموودەكاندا باسی كراوە بە شێوگی تاك مەبەست پێی یەكبوونی جۆرە نەك یەك بوونی كەسێتی. وە ئەم فەرموودانەى خوارەوە پشتگيری ئەم قسەیەمان دەكەن:

(1) پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: “ئەو كەسەی 10 ئایەتی یەكەمی سورەتی (الكهف) لەبەر بكات پارێزراو دەبێت لە ئاژاوەی دەججال.” (صحيح مسلم، باب فضل سورة الكهف) وە لە ڕیوایەتێكی تردا دەفەرموێت: “هەركەسێك 10 ئایەتی كۆتایی سورەتی (الكهف) بخوێنێت پارێزراو دەبێت لە ئاژاوەی دەججال.” (مسلم، والفتح الكبير، ج 3 ص225)

بێگومان فەرمانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بە خوێندنەوەی ئایەتەكانی سەرەتا و كۆتایی سورەتی (الكهف)لە كاتی دەركەوتنی دەججالدا تەنھا لەبەرئەوەیە كە لەو ئايەتانەدا باسی دەججال كراوە، ئاگاداربن ئەوانیش گەلێكن كە مەسیحی كوڕی مەریەمیان كردووە بە كوڕی خوا و پەرستراوێكی جگە لە الله، وە هەموو هەوڵدانێكیان چڕ كردووەتەوە بۆ ژیانی دنیا و پێیان وایە كە چاكترین كردەوە ئەنجام دەدەن. بێگومان گەورەترین ئاژاوە لە جیهاندا بریتیە لە باوەڕی بڕیاردانی كوڕ بۆ خوای گەورە، خوای گەوره لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿تَكَادُ السَّمَاوَاتُ يَتَفَطَّرْنَ مِنْهُ وَتَنْشَقُّ الْأَرْضُ وَتَخِرُّ الْجِبَالُ هَدًّا (*) أَنْ دَعَوْا لِلرَّحْمَنِ وَلَدًا﴾ واتە: “خەریكە ئاسمانەكان لە ناقۆڵایی ئەو گوفتارە نابەجێیە، لەت و پەت ببێت، زەوی خەریكە شەق بەرێت و ڕۆبچێت، كێوەكانیش خەریكە بكەون و ورد و خاش ببن (*) كاتێك كە بوونی ڕۆڵە و نەوەیان دایەپاڵ خوای میهرەبان.” (مريم: 91_92) لەبەرئەوە خوای گەورە لە سورەتی (الفاتحة)دا نزایەكی فێركردووین كە یەكێك نەبین لە ﴿الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ﴾ “ئەوانەی غەزەبیان لێ گیراوە” و ئەوانەیش كە ﴿الضَّالِّينَ﴾ “گومڕا بوون”، كە مەبەست لێیان جوولەكە و مەسيحييەكانە. بگەڕێوە بۆ تەفسیری (كەششاف و جەلالەین)

وە لە (الفتح الكبیر)دا هاتووە: جوولەكە بریتین لە ﴿الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ﴾، مەسيحييەكانیش بریتین لە ﴿الضَّالِّينَ﴾.” (بەرگی 3 لا 440)

وە لەم نزايەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئاژاوەیەكی گەورە هەیە لە سەردەمی كۆتاییدا و دەبێت ئەم ئاژاوەیە لە جوولەكە و مەسيحييەكانەوە پەیدا ببێت، وە دواخستنی باسی مەسيحييەكان ئەوە دەگەیەنێت كە ئاژاوەكەی ئەوان گەورەتر و ئەستەمتر و تاڵترە، ئەمە شاراوە نیە لەو كەسانەی كە خاوەنی بینایین.

(2) ﴿لَخَلْقُ السمَاوَاتِ وَالأَرْضِ أَكْبَرُ مِنْ خَلْقِ النَّاسِ﴾ واتە: “بەڕاستی بەدیھێنانی ئاسمانەكان و زەوی گەورەترە لە بەدیھێنانی خەڵك.” (سورة غافر)

لەمەوە دەردەكەوێت كە دەججال دروستكراوی سەیر و سەمەرە دادەهێنێت تەنانەت خەڵكی سەری سوڕدەمێنێت لێیان، وە لێرەدا مەبەست لە خەڵك ﴿النَّاسِ﴾ دەججالە هەروەك هەندێ لە ڕاڤەكاران ئاماژەیان پێداوە: “كۆمەڵێك دەڵێن: گەورەتر و مەزنتر لە دروستكراوی دەججال، بەڵام زۆربەی خەڵكی نازانن، واتە جوولەكە كە دەمەقاڵی دەكەن لە پرسی دەججالدا.” (تفسير معالم التنزيل، ولباب النقول في أسباب النزول لجلال الدين السيوطي)

(3) ئوم شەریك پێی وتم گوێم لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بوو دەیفەرموو: “خەڵكی لە ترسی دەججال هەڵدێن بۆ شاخەكان. ئوم شەریك وتی: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەو ڕۆژە عەرەب لە كوێن؟ فەرمووی ئەوان كەمن.” (صحيح مسلم، باب في بقية من أحاديث الدجال، ج 2 ص522) ئەم فەرموودەيە ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە دەججال ناوە بۆ گروپێكی گەورە.

لەبەرئەوە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: ئەو ڕۆژە عەرەب كەمن، وە لە فەرموودەیەكی تردا پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت: “قیامەت بەرپا دەبێت، وە لەو كاتەدا ڕۆماكان زۆرینەی خەڵكن.” (صحيح مسلم، باب تقوم الساعة والروم أكثر الناس، ج 2 ص500) ڕۆمەكان بریتین لە مەسيحيەكان.

بێگومان لەم بەڵگانەوە سەلـمێنرا كە دەججال گروپێكی گەورە و گومڕا و گومڕاكەر و فێڵبازن، كە بریتین لە قەشەكان و فەیلەسوفەكانیان كە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەویدا بڵاوەیان كردووە و ڕوخساری یەكتاپەرستیان داپۆشیوە بە پەردەی سیانەك (التثليث)، پەنادەگرین بە خوا لە ئاژاوە و بیروباوەڕە پڕوپووچەكانیان، وە دەگەڕێینەوە بۆلای پەروەردگار كە باشترین گەورە و يارمەتیدەرە.