بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پووچەڵکردنەوەی تۆمەتی ئەوەی كە شەیتان هەندێ دەستەواژەی هاویشتووەتەسەر زوبانی پێغەمبەر (صلى الله وعليه وسلم)

خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

 * دەسەڵاتى شەیتان بەسەر كێدا؟!

* جێگۆڕكێ بە ئایەتەكان و پووچكردنەوەی بانگەشەی نەسخ لە قورئاندا

* جیاوازی نێوان پەیمان و هەڕەشە

* ڕێژەیی بڕیارە خواییەكان

{إنَّمَا سُلْطَانُهُ عَلَى الَّذِينَ يَتَوَلَّوْنَهُ وَالَّذِينَ هُمْ بِهِ مُشْرِكُون} (101)

ڕاڤە:

ڕاناوی تاكی نادیار لە {بِهِ} لە فەرمایشتی خوای گەورەدا: {هُمْ بِهِ مُشرِكُونَ} دەكرێت بگەڕێتەوە بۆ وشەی “الرَّب” كە پێشتر لەم فەرمایشتەدا هاتووە: {عَلَی رَبِّهِم یَتَوَكَّلُونَ}، لەو كاتەدا ماناكەى بەم شێوەیە دەبێت: بێگومان شەیتان تەنھا دەسەڵاتی بەسەر ئەوانەدا هەیە كە هاوەڵ بۆ خوا بڕیار دەدەن. وە هەروەها دەکرێت ڕاناوەكە بۆ شەیتان بگەڕێتەوە، ماناكەشى بەم شێوەیە دەبێت: بێگومان بەهۆی ئەوەی كە شەیتان لەخشتەیان دەبات دووچاری شیرك و هاوەڵدانان دەبن.

بەمە خوای گەورە مرۆڤى ئاگاداركردووەتەوە لەوەى شەیتان دەسەڵاتی خۆی بەسەر هاوڕێ و یارمەتیدەرەكانی خۆیدا پیادە دەكات. جا ئەو كەسەی پەنادەگرێت بە خوای گەورە؛ واتە دوژمنایەتی خۆی ڕادەگەیەنێت لەگەڵ شەیتاندا، بەم شێوەیە لە چوارچێوەی ڕەفتار و دەسەڵاتی شەیتان دەردەچێت.

لەمەشەوە دەردەكەوێت كە فەرمایشتی خوای گەورە {فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ} تایبەت نیە بە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم)، بەڵكو هەموو كەسێك دەگرێتەوە، وە ئەوەی كە گوایە شەیتان كۆمەڵێك وشەی شیركی هاویشتووەتەسەر زوبانی موبارەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)؛ ئەوا چیرۆكێكی هەڵبەستراو و پووچە؛ چونكە خوای گەورە لێرەدا بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت كە شەیتان تەنھا دەسەڵاتی بەسەر ئەو كەسانەدا هەیە كە كردوویانە بە دۆستی خۆیان، نەك ئەو كەسانەی كە بەڕاستی باوەڕدارن و پشتیان بەستووە بە پەروەردگاری خۆیان، وە چەندین جار پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دووپاتی كردووەتەوە كە هیچ پشت و پەنایەكی نیە جگە لە خوای گەورە بەتەنھا.

{وَإِذَا بَدَّلْنَا آيَةً مَكَانَ آيَةٍ والله أَعْلَمُ بِمَا يُنَزِّلُ قَالُوا إِنَّمَا أَنْتَ مُفْتَرٍ بَلْ أَكْثَرُهُمْ لَا يَعْلَمُونَ}  (102)

ڕاڤە:

لە بنچینەدا ئایەت واتە نیشانە و بەڵگە، وە بە ڕستەكانی قورئانی پیرۆزیش وتراوە ئایەت؛ چونكە هەر ڕستەیەكی قورئان لە خودی خۆیدا نیشانەیەكە بۆ هیدایەت و ڕێگای ڕاست؛ بەڵام ئەم مانای دووەمە مانایەكی حەقیقی نیە؛ چونكە لە قورئاندا نابینین بەشێوەیەكی یەكجاری ئایەت بەم مانایە بەكارهاتبێت.

گومانی تێدا نیە لە هەندێ بابەتی قورئانەوە دەردەكەوێت وەك ئەوەی وشەی “الآية” بە مانای ڕستە بەكارهاتبێت، بەڵام ئەمە شتێكی گومانبڕ نیە؛ چونكە لەو شوێنانەدا دەكرێت وشەی ئایەت بەمانای نیشانە و بەڵگەیش بەكارهاتبێت.

بەڵام لە سەرەتاوە موسوڵمانان بەمانای ڕستەكانی قورئان بەكاریان هێناوە بەجۆرێك هاوەڵەكان ڕستەكانی قورئانیان بە ئایەت ناوبردووە، هەروەك ئەم جۆرە بەكارهێنانه لە فەرموودەكانی پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) دەبینین. (البخاري، كتاب الجهاد، وكتاب فضائل القرآن) بۆیە هەندێ لە ڕاڤەكاران بابەتەكەیان لێتێكچووە بەهۆی ئەم بەكارهێنانەوە و ئەو وشەيەیان بەمانای ڕستەكانی قورئان ڕاڤەكردووە تەنانەت لەم ئایەتەیشدا كە ئێمە ڕاڤەی دەكەین.

بۆیە وتوویانە كە مەبەست ئەوەیە هەر كاتێك خوای گەورە ئایەتێك لە ئایەتەكانی قورئانی نەسخ كردبێتەوە و لە شوێنەكەیدا ئایەتێكی تری نازڵ كردبێت؛ ئەوا كافرەكان بە پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) گوتووە: تۆ تەنھا كەسێكی بوختانچیت و قسە هەڵدەبەستیت بەدەم خوای گەورەوە. ئەگەر ئەم قورئانە لەلایەن خواوە نازڵ بكرایە؛ ئەوا ناچارنەدەبوویت ئایەتەكانی نەسخ بكەیتەوە؟ (تفسیر القرطبي)

بەڵام بەڕای من ئەم مانایە مانایەكی دروست نیە؛ چونكە لەڕووی مێژووییەوە ساغ نەبووەتەوه كە ئایەتێكی قورئان بە ئایەتێكی تر جێگەی گۆڕا بێت، ئەگینا سەدەها كەس لەوانەی لە ژیانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) قورئانیان لەبەر بووە دەیانگوت: پێغەمبەری خوا لە سەرەتاوە فڵان ئایەتی پێ لەبەر كردین پاشان ئەو ئایەتەی هەڵوەشاندەوە و فڵان ئایەتی تری لەجێگاكەیدا دانا؛ ئەمەش بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی كە هەموو ئەو بیرۆكانەی برەویان پێدراوە دەربارەی نەسخی كۆمەڵێك ئایەتی قورئانی پیرۆز لەسەر گومان بنیاتنراون نەك لەسەر زانست و واقیع. بێگومان من نكوڵی لەوە ناكەم كە هەندێ لە بڕیارەكان لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) گۆڕاون، بەڵام هیچ بەڵگەیەكم دەستنەكەوتووە لەسەر ئەوەی كە یەكێك لە بڕیارەكان لەسەرەتادا بەشێوەیەك كە لە قورئاندا نازڵ بوو بێت پاشان گۆڕا بێت بە بریارێكی تر.

وە پێموایە ئەو بڕیارانەی كە ڕەنگێكی كاتییان هەبووە بە وەحیەكی جیا لە وەحی قورئان دابەزیون بۆسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە پێویستی بەوە نەكردووە كە هیچ یەكێك لەو بڕیارانە بگۆڕدرێت كە بە وەحی قورئان دابەزیون.

دەكرێت‌ لێرەدا كەسێك پرسیار بكات: ئەگەر هیچ گۆڕانكاری و جێگۆڕكێیەك له ئایەتەكانی‌ قورئانی پیرۆزدا ڕووینەداوە؛ كەواتە مانای ئەم ئایەتە چیە؟

وەڵامەكە ئەوەیە: مانای حەقیقی كە بەگشتی قورئانی پیرۆز دەیەوێت بۆ وشەی “الآية” بریتیە لە نیشانەی ئاسمانی، لەم ئایەتەشدا ئەم مانایە مەبەستە. بۆیە خوای گەورە لێرەدا ڕایدەگەیەنێت كە سوننەتی ئێمە وەهایە كە نیشانەیەكی ئاسمانی دەگۆڕین بە نیشانەیەكی ئاسمانی تر؛ چونكە ئێمە دەزانین چ ئایەت و موعجیزەیەك زیاتر گونجاوە لەگەڵ بارودۆخ و هەلومەرجەكەدا، بەڵام كافرەكان بەهۆی ئەو نەزانیەی كە هەیانە هەردەم ڕەخنەدەگرن و بە پێغەمبەر دەڵێن: تۆ درۆ هەڵدەبەستیت، لەگەڵ ئەوەی ئەم كارە مایەی تانە و تەشەر نیە.

ئەمەش ئەو ڕێسایەی خوایە كە هەمیشە دەدرەوشێتەوە لە سەردەمی هەموو پێغەمبەرێكدا؛ چونكە خوای گەورە كۆمەڵێك هەواڵی ئاگاداركردنەوە و ترساندن ڕادەگەیەنێت بە هەر پێغەمبەرێك كە لەڕاستیدا ئەم هەواڵانە مەرجدارن، ئەگەر ئەو نەتەوە و هۆزە دڵیان گۆڕی و خۆیان چاك كرد؛ ئەوا خوای گەورە هەندێ لەو هەڕەشانە بەتەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوە، وەك ئەوەی لەگەڵ گەلەكەی یونسدا (عليه السلام) ڕوویدا، بەجۆرێك پێیـڕاگەیاندن كە لەناوچوونيان نزیكە، بەڵام خوای گەورە بڕیاری لەناوچوونەكەی ئەوانی هەڵوەشاندەوە بەهۆی ئەوەی كە پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ لای خوا (سورەتی یونس: 99). ئەمە یاسای گشتی ئاسمانیە سەبارەت بە هەڕەشە و ئەو بڕیارانەی كە ترساندن و ئاگاداركردنەوەیان تێدایە، دەی ئەگەر دوژمنانی پێغەمبەران تۆبەیان بكردایە؛ ئەوا خوای گەورە بڕیاری سزا و هەڕەشەی هەڵدەوەشاندەوە.

بەڵام ئەو هەواڵانانەی كە پەیوەستنن بە سەركەوتنی پێغەمبەر و شوێنكەوتووانیەوە هەرگیز هەڵناوەشێنەوە، بەڵكو دەبێت بێنەدى؛ بەڵام ئەگەر ئەو ئوممەتەی خوای گەورە بەڵێن و مژدەى خۆشی پێداوە كەمتەرخەم بوو لە گوێڕایەڵی خوا و پێشكەش كردنی قوربانیەكاندا؛ ئەوا سوننەتی خوای گەورە وەهایە كە بەڵێنەكەی خۆی دوا دەخات، وەك ئەوەی لەگەڵ هۆزی مووسادا (عليه السلام) ڕوویدا، بەجۆرێك خوای گەورە _بەگوێرەی بەڵێنێكی خۆی_ لە خاكی میسر دەریكردن بۆ ئەوەی بەسەركەتوويی بیانخاتەناو زەوی پیرۆزەوە، بەڵام خوای گەورە بۆ ماوەی چل ساڵ ئەم بەڵێنەی خۆی دواخست بەهۆی ئەوەی كە جار لەدوای جار سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەرەكەیان دەكرد.

قورئانی پیرۆز ئەم بەڵێنەی خوای گەورەی تۆماركردووە لەسەر زوبانی مووساوە بەم شێوەیە: {يَا قَوْمِ ادْخُلُوا الْأَرْضَ الْمُقَدَّسَةَ الَّتِي كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ} (المائدة: 22)، پاشان باسی ئەوەی كردووە كە جوولەكە نافەرمانی مووسایان كردووە و خوای گەورەیش بڕیاری داوە چل ساڵ ئەو خاكەیان لێ حەرام بێت، وەك لەم فەرمایشتەدا خوای گەورە بە مووسا دەفەرموێت: {قَالَ فَإِنَّهَا مُحَرَّمَةٌ عَلَيْهِمْ أَرْبَعِينَ سَنَةً يَتِيهُونَ فِي الْأَرْضِ فَلَا تَأْسَ عَلَى الْقَوْمِ الْفَاسِقِينَ} (المائدة:27)

ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەم هەواڵ و مژدە خۆشە بۆ ماوەیەك دواخرا، بەڵام خوای گەورە بەتەواوەتی هەڵینەوەشاندەوە؛ چونكە خوای گەورە پەیمانی خۆی ناشكێنێت.

بەگوێرەی ئەم سوننەته،‌ كە پەیوەندی به سزای‌ كافرەكانەوە هەیه، هەركاتێك خوای گەورە یەكێك لە هەڕەشەكانی جێبەجێ نەكردایە كافرەكان دەیانكرد بە هەرا كە هاوەڵەكەیان درۆزنە و قسە هەڵدەبەستێت. ئەگینا ئەگەر ڕاستگۆیە ئەوا بۆچی هەڕەشەمان لێ دەكات و دەمانترسێنێت و هەواڵی سزامان پێ دەدات كەچی هەواڵەكە نایەتەدی.

وە دوژمنانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو جۆرە تانەو تەشەرانەیان دەدا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خوای گەورەیش وەڵامیان دەداتەوە كە ئێمە ئایەتەكانی هەڕەشە و سزا  لەبەر ئامانجێكی دیاریكراو دادەبەزێنین كە بریتیە لە چاکسازی، وە كاتێك دەبینین كەسێك ژیانی خۆی دەگۆڕێت بەرەو چاكە بڕیارەكەی پێشوومان دەگۆڕین و سزاكەی هەڵدەوەشێنینەوە، وە ئایەتی ڕەحمەت سەبارەت بەو پیشان دەدەین؛ چونكە ئامانجی ئێمە چاکسازییە نەك ئازاردان.

چەندین جار ئەمە لە ژیانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) ڕوویداوە، بۆ نموونە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا پێیـڕادەگەیەنێت كە كافرەكانی مەككە باوەڕناهێنن (البقرة: 7) دیارە ئەم هەواڵە بریتیە لە هەواڵی سزادانی ئەوان، بەڵام خوای گەورە سەبارەت بە زۆرێك لەو كافرانە هەواڵەكەی هەڵوەشاندەوە و دوای ئەم ترساندنە ترسی خوا لەدڵیاندا چەكەرەی كرد، وه خوای گەورەیش لەجیاتی سزادان‌ نیعمەتی ئیمانی پێ خەڵات كردن.

ئەم بابەتە بەتەواوەتی ڕوونە لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە خەڵكی بەهەڵە لێی تێدەگەن؛ چونكە پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی هەڕەشە درۆیە، لەگەڵ ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی بەڵێنی سزادان بەدرۆ ئەژمار ناكرێت، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەی بەڵێنی بەخشین بەدرۆ ئەژمار دەكرێت. لە فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا هاتووە: “شكاندنی پەیمان لای عەرەب بریتیە لە درۆ بەڵام هەڵوەشاندنەوەی هەڕەشە بریتیە  لە بەخشندەیی.” (الأقرب)

كەواتە مەبەستی ڕاستەقینە لەم ئایەتەدا ئەوەیە كە ئێمە جاروبار هەڕەشەكردن نابەینەسەر و بڕیاری سزا و ترساندن هەڵدەوەشێنینەوە، وە كافرەكان ڕەخنە لەم كارەی ئێمە دەگرن، بەڵام ڕەخنەكەیان پووچە؛ چونكە بەگوێرەی حیكمەت ئەم بڕیارەمان داوە و زەوتكردنی مافی هیچ كەسێكی تێدا نیە هەتاكو ببێتە مایەی ڕەخنە. وە بەڕەچاوكردنی ئەم مانایە ڕاڤەی وشەی “ئایەت” بریتی دەبێت لە هەڕەشە و هەواڵی ترساندن وەك لە پێشەوە باسكرا.

بەڵام بەڕەچاوكردنی سیاق و ڕیزبەندی قورئانی پیرۆز دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ئەم ئایەتە بەمانایەكی تر ڕاڤە بكەین كە زیاتر بگونجێت لێرەدا: بێگومان پێشتر ڕوونمكردەوە كە ئەم سورەتە تاوتوێی بابەتی پێویستی وەحی دەكات، وە یەكێك لەو بەڵگانەی كە پێشتر باسكرا لەم بارەيەوە بریتیە لە هاتنی پێغەمبەران لەڕابردوودا،

وەك فەرمایشتی خوای گەورە {تَاللَّهِ لَقَدْ أَرْسَلْنَا إِلَى أُمَمٍ مِنْ قَبْلِكَ} (الآية: 64)، هەروەها فەرمایشتی {وَيَوْمَ نَبْعَثُ فِي كُلِّ أُمَّةٍ شَهِيدًا عَلَيْهِمْ مِنْ أَنْفُسِهِمْ} (الآية: 90). كاتێك كافرەكان لە بەرامبەر ئەم بەڵگەيەدا هیچان پێ نەكرا وتیان: زۆر باشە، ئەگەر لەڕابردوودا پێغەمبەران ڕەوانەكراون؛ ئەوا پێویستە ڕێنمایی ئەوان و ئیسلام هەمان شت بێت، بەڵام ئێمە دەبینین ئەوە ڕێنماییانەی موحەممەد پێشكەشی دەكات پێچەوانەی ڕێنمایی پێغەمبەرانی پێشووە؟ بۆیە ئەمە دەیسەلمێنێت كەسێكی درۆزنە؛ چونكە چۆن دەگونجێت خوای گەورە شتێك بە موحەممەد بڵێت كە جیاواز و پێچەوانە بێت لەوەی وتوویەتی بەو پێغەمبەرانەی تر لە ڕابردوودا؟!

بێگومان خوای گەورە بەرپەرچی ئەم قسەیەی ئەوان دەداتەوە و دەفەرموێت: {وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا يُنَزِّلُ} (ئايەتی 90).  واتە جیاوازی قورئان لەگەڵ هەندێ لە ڕێنماییەكانی پێغەمبەرانی پێشوو مانای ئەوە نیە كە قورئان پێچەوانەی ڕێنماییە ڕاست و دروستەكانە، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە كە پێویستیەكانی ئەوان و پێویستیەكانی ئەمان جیاوازن، هیچ كێشەیەك لەمەدا نیە؛ چونكە دەكرێت كەسێك ڕێنمایی جیاواز بدات بە كەسانی جیاواز بەڕەچاوكردنی پێداویستیە جیاوازەكانیان، وە ڕەوا نیە بۆ هیچ كەسێك لەمەوە ئەوە وەربگرێت كە مادام بڕیار و ڕێنماییەكان جیاوازن؛ ئەوا دەبێت لە كۆمەڵێك سەرچاوەی جیاوازەوە دەرچووبن نەوەك لەیەك سەرچاوەوە؛ چونكە ڕێنمایی و بڕیارەكان تەنھا بەهۆی جیاوازی سەرچاوەكانەوە جیاواز نابن، بەڵكو بەهۆی جیاوازی دوێنراوەكانیشەوە جیاواز دەبن لەگەڵ ئەوەی یەك سەرچاوەیان هەبێت؛ چونكە بە ڕەچاوكردن ئامادەگی و داخوازیە جیاوازەكانیانەوه بڕیار و ڕێنماییەكان دەردەچێت. كەواتە پێویستە لەسەر كافرەكان كە سەیر بكەن بزانن كە ئایە ڕێنماییەكانی قورئانی پیرۆز بەگوێرەی داخوازیەكانی سەردەمە یان نا؟ ئەگەر ئەم مەرجەی تێدا بوو؛ ئەوا جیاوازی ڕێنمایی قورئان و ڕێنماییەكانی پێشوو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خوا زانای نادیارە و هەر ئەوە كە قورئانی پیرۆزی دابەزاندووەتە خوارەوە بۆ موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم)، نەك ئەو كەسەی كە وەحی نازڵ كردووە بۆسەر موحەممەد جیا بێت لەوەی كە وەحی نازڵ كردووە بۆسەر پێغەمبەرانی پێشوو.

ئەم مانایەی دوایی لەگەڵ ئایەتەكانی دواییشد دەگونجێت، لەبەرئەوە پێموایە ڕاستترین مانایە. بۆیە لێرەدا وشەی “ئایەت” بەمانای كتێب وەردەگیرێت؛ چونكە كتێبی ئاسمانیش هەر بریتیە لە ئایەت واتە بریتیە لە موعجیزە، بگرە كتێبی پێغەمبەران گەورەترین موعجیزەی ئەوانن.

سەیر لەوەدایە كە ئەم ڕەخنەیە بەردەوام بەدرێژایی چەرخ و سەردەمەكان دەوترێتەوە بەجۆرێك نووسەرە مەسیحیەكان بەردەوام هەتا ئەمڕۆ دەڵێن: ئەگەر قورئان بانگەشەی ئەوە دەكات كە ڕاستی كتێبە ئاسمانیەكانی پێش خۆی دەسەلمێنێت؛ ئەوا بۆچی جیاوازە لەگەڵیاندا؟ كەواتە جیاوازی و ناكۆكی قورئان لەگەڵ كتێبە ئاسمانیەكانی پێشوو مانای ئەوەیە كە موحەممەد لەلایەن خۆیەوە ئەم قورئانەی هەڵبەستووە. وە لەبەرئەوەی موحەممەد شارەزایی نەبووە لە پەڕاوەكانی پێشوو بۆیە لەكاتی هەڵبەستنی قورئاندا كۆمەڵێك بابەتی باسكردووە كە ناكۆك و پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو بابەتانەی كە لە پەڕاوەكانی پێشوودا هاتوون (تەفسیری قورئان، وێری، سورەتی البقرة: 90).

هەندێ لە ڕاڤەوانان قسەیەكی پڕوپووچیان كردووە و دەڵێن ئەم ئایەتە ئاماژەیە بۆ ئەو چیرۆكەی كە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبەرامبەر كافرەكاندا سورەتی (النجم)ی خوێندووەتەوە، لەو كاتەدا شەیتان بەدەنگی بەرز كۆمەڵێك وشەی خستووەتەناو خوێندنەوەكەی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم)!‌

لەڕاستیدا ئەم چیرۆكە بەتەواوەتی ساختەیە… بەڵام گریمان چیرۆكێكى ڕاست بێت؛ ئەوا لەو كاتەشدا ناسەلمێت كە ئەو چیرۆكە هیچ پەیوەنديەكی هەبێت بەم ئایەتەوە؛ چونكە لێرەدا خوای گەورە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو ئایەتەی گۆڕدراوە وەحی خوای گەورە بووە، وە خوا (عَزَّ وَجَلَّ) خۆی كاری گۆڕینەكەی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا ئەوانەی باوەڕیان بەم چیرۆكه داتاشراوە هەیه داندەنێن بەوەدا كە شەیتان لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵێك ئایەتی هاویشتووە؛ لەم دانپێدانانەشیانەوە ئەوە ساغ دەبێتەوە كە ئەم چیرۆكە هەڵبەستراوە هیچ پەیوەندیەكی بەم ئایەتەوە نیە.

هەروەها ئایەتی دوای ئەم ئایەتەیش بانگەشه پووچەكەیان بەدرۆدەخاتەوە؛ چونكە وەڵامێكی دووەم پێشكەش دەكات لەسەر ڕەخنەی كافرەكان بەجۆرێك ئایەتەكە دەفەرموێت: {قُلْ نَزَّلَهُ رُوحُ الْقُدُسِ مِنْ رَبِّكَ بِالْحَقِّ}.

لەڕواڵەتدا لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هیچ وەڵامێكی تێدا نیە بۆ ئەو ڕەخنەیەی كافرەكان كە دەڵێن: بۆچی موحەممەد پێشتر ڕێنماییەكی پێشكەش كرد كە بەڵگە بوو لەسەر شیرك كەچی ئێستا گۆڕیویەتی. بێگومان دابەزینی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ قورئاندا دەكرێت بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی كە قورئان پارێزراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی تێدا نیە لەسەر ئەوەی كە شەیتان لەلایەن خۆیەوە شتێكی هاویشتووەتەناو قورئانەوە و پاشان خوای گەورە هەستاوە بە لابردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی شەیتان هاویشتوویەتیەناو قورئانەوە.