بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئەم وتارە لە كتێبی (فلسفة تعالیم الإسلام)ی ئیمام مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) وەرگیراوە. لە بنچینەدا ئەم كتێبە بەنرخە وتارێك بوو بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) هەستا بە نووسینی و یەكێك لە هاوەڵەكانی بەناوی عەبدولكەریم سیاڵكوتی (ڕەزای خوای لێ بێت) لە كۆنگرەی ئایینەكان لە لاهۆر پێشكەشی كرد لە بەرواری 26-28 كانوونی یەكەمی ساڵی 1896.

پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت كە بە هیچ شێوەیەك لە ئێستادا بواری ئەوە نیە هەموو ئەو شتانە باس بكەین كە قورئانی پیرۆز بە تێروتەسەلی سەبارەت بەم بابەته فەرموویەتی.. بەڵام من هەوڵ دەدەم لەڕێگەی نموونەوە بەكورتی باسی بكەم.

بزانن كە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز ئاستەكانی زانست دابەش دەبن بۆ سێ ئاست وەك پێشتر باسمان كرد لە ڕاڤەی سورەتی (التكاثر)دا، كە بریتین لە: زانستی یەقینی واتە دڵنیابوون لەڕێگەی بەڵگەوە، بینینی یەقینی واتە دڵنیابوون لەڕێگەی بینینەوە، ئەزموونی یەقینی واتە دڵنیابوون لەڕێگەی ئەزموونەوە. گوتمان كە زانستی یەقینی لەڕێگەی بەڵگەوە ئەوەیە شتێك بزانرێت لەڕێگەی شتێكی ترەوە نەك ڕاستەوخۆ.. وەك ئەوەی بوونی دووكەڵی بینراو بەڵگەیە لەسەر بوونی ئاگر. ئاگرەكەمان نەبینیوە بەڵام دووكەڵەكەمان بینیوە بەمەش بە یەقینی زانیومانە كە ئاگرێك هەیە. ئەم ئاستەی زانست پێى دەوترێت زانستی یەقینی واتە دڵنیابوون لەڕێگەی بەڵگەوە. بەڵام ئەگەر خودی ئاگرەكەمان بینی؛ ئەوا ئەم ئاسته بەگوێرەی زاراوەی قورئانی پڕ لە دانست پێی دەوترێت بینینی یەقینی واتە دڵنیابوون لەڕێگەی بینینەوە. پاشان ئەگەر بە ئاگرەكە خۆمان گەرم كردەوه؛ ئەوا بەگوێرەی دەربڕینی قورئان ئەو زانستەمان پێی دەوترێت ئەزموونی یەقینی واتە دڵنیابوون لەڕێگەی ئەزموونەوە. پێویست ناكات لێرەدا تەفسیری سورەتی (التكاثر) دووبارە بكەینەوە، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو تەفسیرە لە شوێنی خۆیدا. بزانن كە ئاستی یەكەمی زانست.. واتە زانستی یەقینی.. سەرچاوەكەی بریتیه لە لە عەقڵ و نەقڵ. خوای گەورە دەربارەی خەڵكی دۆزەخ دەفەرموێت: {وَقَالُوا لَوْ كُنَّا نَسْمَعُ أَوْ نَعْقِلُ مَا كُنَّا فِي أَصْحَابِ السَّعِيرِ} (الملك:11) واتە خەڵكی دۆزەخ دەڵێن: ئەگەر ژیر بووینایە و بابەتە ئایینیەكانمان بە ئامرازە عەقڵیەكان تاقیبكردایەتەوە، یان بەگوێی كەسە عاقڵ و توێژەرە كامڵەكانمان بكردایە ئەوا ئەمڕۆ لە دۆزەخدا نەدەبووین.

 ئەم ئایەتە لە مانادا تەبایە لەگەڵ ئایەتێكی تردا كه تێیدا خوای گەورە دەفەرموێت: {لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا} (البقرة: 287) واتە خوای گەورە زۆر لە مرۆڤ ناكات بۆ قەبوڵ كردنی شتێك كە لە سەرووی تواناى زاستی ئەو مرۆڤەوەیە، تەنھا ئەو بیروباوەڕانە دەخاتە بەردەمی كە دەتوانێت لێیان تێبگات.. هەتا فەرمانەكانی نەچنە خانەی ئەو ئەركانەی كە لەسەرووی توانای مرۆڤەوەیە.

 هەردوو ئایەتەكە ئاماژەیش بۆ ئەوە دەكەن كە لە توانای مرۆڤدا هەیە بەهۆی بیستنەوە زانستی یەقینی بەدەست بھێنێت. بۆ نموونە، ئێمە سەردانی شاری (لەندەن)مان نەكردووە، تەنھا لەو كەسانەمان بیستووە كە سەردانیان كردووە لەندەن یەكێكە لە شارەكان، لەگەڵ ئەوەدا ئایا دەتوانین گومان بكەین لەبوونی ئەو شارە گوایە ئەو كەسانە هەموویان درۆ بكەن؟ وە لەسەردەمی سوڵتان “جیھانگیر”دا نەبووین و وێنەكەیمان نەبینیوە، لەگەڵ ئەوەدا ئایا جارێك گومانمان لەوە هەبووە كە “جیھانگیر” یەكێك بووە لە سوڵتانەكانی مەغۆل؟ ئایا ئەم زانستە یەقینەمان چۆن بەدەست ھێنا؟ وەڵام: تەنھا لەڕێگەی بیستنی هەواڵی دەماودەمەوه. كەواتە گومان لەوەدا نیە كە بیستنیش زانستی مرۆڤ دەگەیەنێتە ئاستی زانستی یەقینی.

بێگومان پەڕاوی پێغەمبەران بەهەمان شێوە ئامرازێكە لە ئامرازەكانی بەدەستھێنانی ئەو زانستەی لەڕێگەی بیستنەوە بەدەست دەھێنرێت.. بەمەرجێك دژیەكی و كه‌لێن نەبێت لە زنجیرەی گێڕانەوەكانیدا. بەڵام ئەگەر كتێبێك هەبوو بانگەشەی ئەوە دەكرا كە كتێبێكی ئاسمانیە.. بۆ نموونە شەست یان په‌نجا نوسخەی هەبوو پێچەوانەی یەكتری بوون، پاشان كۆمەڵێك خەڵك باوەڕیان وابوو كە دووان یان چوار لەو نوسخانە ڕاستن و ئەوانی تر ساختە و دروستكراون؛ ئەوا ئەم جۆرە باوەڕە كە لە سەر بناغه‌ی توێژینەوەیه‌كی كامڵ دانەمەزراوە لەلای كەسی توێژەر بە هەوانتە لەقەڵەم دەدرێت و هیچ نرخێكی نیە، وە ئەنجامەكە ئەوە دەبێت كە ئەو پەڕاوانە بە بێ بایەخ و متمانەپێنەكراو لەقەڵەم دەدرێن؛ چونكە دژیەكییان تێدایە، وە هەرگیز ڕەوا نیە ئەم جۆرە وتە دژیەكانە بەسەرچاوەی زانست دابنرێن؛ چونكە پێناسەی زانست ئەوەیە كە زانینی یەقینی و بێگومان بەرهەم دەھێنێت، وە ئەستەمە زانیاری یەقینی و بێگومان لەناو كۆمەڵێك دژیەكیدا بوونی هەبێت.

 خاسیەتی قورئانی پیرۆز

لێرەدا پێويستە ئەوە بزانین كە بەڵگەی ڕاستی قورئانی پیرۆز تەنھا لەو زانستەدا قەتیس نابێت كە لەڕێگەی بیستنەوە بە تەواتور بەدەست دەھێنرێت، بەڵكو خۆی كۆمەڵێك بەڵگەی عەقڵی مەزنی تێدایه، وە هیچ یەكێك له پرەنسیپ و بیروباوەڕەكانی بەزۆر ناسەپێنێت، بەڵكو سەرجەم پرەنسیپ و بنەماكانی _وەك خوای گەورە دەفەرموێت_ لەناو سروشتی مرۆڤدا نەخشێنراوە. خوای گەورە قورئانی ناوناوە “الذِّكر” هه‌روه‌ك لەم فەرمایشتەی خۆیدا دەفەرموێت: {وَهَذَا ذِكْرٌ مُبَارَكٌ} (الأنبیاء:51) واتە ئەم قورئانە بەرەكەتدارە شتێكی تازەبابەتی نەھێناوە، بەڵكو هەموو ئەو شتانە بیری مرۆڤ دەخاتەوە كە لە فیترەتیدا هەن و ئه‌وه‌ی لە پەڕاوی سروشتدا وێنەی كێشراوه‌.

وە لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ} (البقرة: 275) واتە ئەم ئایینە زۆر لەكەس ناكات بۆ قەبوڵكردنی هیچ شتێكی خۆی، بەڵكو حەقیقەتی هەموو شتێك ڕووندەكاتەوە له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی بەڵگەكانی.

لەپاڵ ئەمەدا لە قورئاندا خاسیەتێكی ڕۆحی هەیە بۆ ڕووناك كردنەوەی دڵەكان.. وەك خوای پاك و بێگەرد دەفەرموێت: {وَشِفَاءٌ لِمَا فِي الصُّدُورِ} (یونس: 58).. واتە لەسایەی ئەم خاسیەتەیەوە هەموو نەخۆشیە ڕۆحیەكان چارەسەر دەكات و زیھن پاك دەكاتەوە لەهەموو پیس و پۆخڵییەك.

لەبەرئەوە قورئان كتێبێك نیە كه تەنھا لە ڕێگەی نەوەكانەوە گواسترابێتەوە بۆ ئێمە.. واتە تەنھا پشتی بەستبێت بە گواستنەوە (نەقڵ)، بەڵكو لەگەڵیدا كۆمەڵێك بەڵگەی بەهێزی عەقڵی هەن كە لە ئاستێكی بەرزدان، وە پڕە لە ڕووناكیەكی بەهێز و پرشنگدار.

 سەرباری ئەمە ئەو بەڵگە عەقڵیانەش كە لە پێشەكیە ڕاستەكانەوە وەرگیراون- بەبێ گومان- مرۆڤ دەگەیەننە زانستی یەقین، خوای گەورە ئاماژەی بۆ ئەم خاڵە كردووە و دەفەرموێت: {إِنَّ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ لَآيَاتٍ لِأُولِي الْأَلْبَابِ (*) الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَى جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ} (آل عمران:191-192) واته كەسانی دانا و ژیر كاتێك بیردەكەنەوە لە دروستبوونی زەوی و تەنەكانی ئاسمان، وە بەوردی سەرنج دەدەن لە پاڵنەرەكانی دیاردە گەردوونیەكان.. وەك جیاوازی شەو و ڕۆژ لە كورتی و درێژیدا، ئەوا _لەڕێگەی سەرنجدان لەم سیستەمەوە_ كۆمەڵێك بەڵگە دەدۆزنەوە كە بوونی خوای گەورە دەسەلمێنن، وە داوا لەخوا دەكەن كە یارمەتییان بدات بۆ بەدەستھێنانی زانست و دۆزینەوەی زیاتر.. بۆیه‌ بەپێوە و بەدانیشتن و بەڕاكشانەوه لەسەر تەنیشت یادی خوای گەورە دەكەنەوە، بەمەش بیر و هۆشیان تیژتر دەبێت. وە كاتێك له‌ڕێگه‌ی عه‌قڵه‌وه‌ ڕادەمێنن لەو جوانیە سەرسوڕھێنەرەی كە لە پێكھاتن و دروستبوونی زەوی و تەنە ئاسمانیەكاندا هەیە.. خۆیان پێناگیرێت و دەڵێن: بێگومان ئەم سیستەمه مەزنە كە ئەوپەڕی تۆكمەیە بەهەوانتە و بەبێ مەبەست دروست نەكراوە، بەڵكو ئاوێنەیەكە ڕوخساری خوای دروستكار پیشان دەدات. ئینجا داندەنێن بە خوایەتی دروستكاری ئەم جیھانەدا، ڕاز و نیازی لەگەڵدا دەكەن و دەڵێن: پەروەردگارا، پاكی بۆ تۆ حاشا كەسێك نكوڵی لە زاتی پیرۆزی تۆ بكات و بەشێوەیەك وەسفی بكات كە شایستەی شكۆی تۆ نەبێت؛ دەی بمانپارێزە لە ئاگری دۆزەخ.. واتە نكوڵی كردن لە تۆ خودی دۆزەخە، ئاسوودەیی و دڵنیایی هەمووی لە تۆوە سەرچاوە دەگرێت و هەمووی لە ناسینی تۆدایە. ئەو كەسەی بێبەش بێت لە ناسینی ڕاستەقینەی تۆ هەر لەم دنیایەدا لەناو دۆزەخدایە.

جەوهەری فیترەتی مرۆڤ

 هەروەها یەكێك لە سەرچاوەكانی زانیاری بریتیە لە ویژدان و سروشتی مرۆیی كە لە كتێبی خوادا بە فیترەتی مرۆیی ناوی هاتووە.. خوای گەورە دەفەرموێت: {فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا} (الروم:31) واتە خەڵكی لەسەر فیترەتێك دروستكراون كە خوای گەورە نەخشەكەی كێشاوە. ئایا مۆركی ئەو فیترەتە چیە؟ تەنھا ئەو باوەڕەیە كە خوا یەكە و هاوبەشی نیە، وە دروستكاری هەموو شتێكە، وە لەوە بەرزترە كە لەدایك بێت و بمرێت.

 ئێمە بڕیاری ویژدان بە زانستی یەقین دادەنێین.. چونكە _ئەگەرچی لەڕووكەشدا زیھن لە زانستێكەوە ناگوازێتەوە بۆ زانستێكی تر وەك گواستنەوەی زیھن لە زانینیی دووكەڵەوە بۆ زانینی بوونی ئاگر_ بەڵام لەڕاستیدا ئەمیش خاڵی نیە له جۆرێكی وردی گواستنەوە. ڕوونكردنەوەى ئەم خاڵەیش بەم جۆرەیە؛ خوای گەورە خاسیەتێكی نەزانراوی خستووەتەناو هەموو شتێكەوە، كە بە وشە وەسف ناكرێت و ڕوون ناكرێتەوە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ سەرنج بدات لەشتێك یان وێنای بكات.. ئه‌وا دەستبەجێ زیھن دەڕوات بۆ ئەو خاسیەتە كە تێیدایەتی؛ چونكە بەتوندی بەیەكەوە لكاون.. ئەو خاسیەتە پەیوەستە بەو شتەوە وەك چۆن دووكەڵ پەیوەستە بە ئاگرەوە. بۆ نموونە كاتێك لە زاتی خوای گەورە ڕادەمێنین، وە بیردەكەینەوە كە پێویستە چۆن بێت.. ئایا پێویستە وەكو ئێمە لەدایك بوو بێت و وەكو ئێمە ئازار بچێژێت، وە ئەویش وەكو ئێمە بمرێت؟ هەركە ئەم بیرۆكەیە دێت بە مێشكماندا دەربارەی خوای گەورە ده‌سبه‌جێ لێی بێزاردەبین و دڵمان ئازار دەچێژێت، ویژدان لێی هەراسان و تووڕە دەبێت و زۆر بەتوندی ئەو تێڕوانین و بیرۆكەیە ڕەتدەكاتەوە و هاوار دەكات: ئەو خوایەی كە هەموو ئومێدەكانمان لەسەر تواناكانی هەڵچنیوە، پێویستە پاك و بێگەرد بێت لە هەموو نەنگی و ناتەواویەك، كامڵ و بەهێز بێت. لەساتی بیركردنەوەمان لە خوا هەست بە پەیوەندیەكی تەواو و بێ كەموكوڕی دەكەین لەنێوان خوا و تاك و تەنھاییەكەیدا وەك پەیوەندی نێوان دووكەڵ و ئاگر بگرە بەھێزتریش. بەم شێوەیە ئەو زانستەیش كە لەڕێگەی ویژدانەوە دەستمان دەكەوێت دەچێتە خانەی زانستی یەقینیەوە.

وه‌حی پێویسته‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی خوا بناسرێت

بەڵام ئاستێكی بەرزتر هەیە لە زانست كە پێی دەوترێت بینینی یەقینی (واتە دڵنیابوون لەڕێگەی بینین و هەستكردنەوە). مەبەست لێی ئەو یەقینەیە كە لەنێوان ئێمە و ئەو شتەدا كە زانیاریمان هەیە دەربارەی هیچ هۆكارێكی گەیەنەر نەمێنێت. بۆ نموونە وەك بۆنكردنی بۆنی خۆش یان ناخۆش لەڕێگەی هەستی بۆنكردنەوە، یان تامكردنی شیرینی یان سوێری لەڕێگەی هەستی تامكردنەوە، یان هەستكردن بە گەرمی و ساردی لەڕێگەی هەستی بەركەوتنەوە، كەواتە هەموو ئەم زانیاریانە بریتین لە بینینی یەقینی.

زانیاریمان دەربارەی جیھانی دوارۆژ ناگاتە پلەی بینینی یەقینی مەگەر ڕاستەوخۆ بەبێ هۆكاری گەیەنەر وەحیمان پێ بگات و بەگوێی خۆمان گوێمان لە كەلامی خوای گەورە بێت.. وه‌ بەچاوی خۆمان كەشفی ڕاست و ڕوونی خوا ببینین. بێگومان ئێمە پێویستمان بە وەحی ڕاستەوخۆی خوایی هەیە هەتا زانستی خواناسی تەواو بەدەست بھێنین. لەڕاستیدا تێنوێتی و برسێتیەك لەناخماندا هەست پێ دەكەین بۆ ئەو خواناسیە تەواوەتیه‌. دەی ئەگەر خوای گەورە پێشتر هۆكاری نەسازاندبێت بۆ دەستكەوتنی ئەم زانین و تێگەيشتنە؛ ئەوا برسێتی و تێنوێتی لەناخماندا دروست نەدەكرد بۆی؟ ئایا لەم دنیایەماندا _كە تاكە پێوەرە بۆ تفاقی ئاخیرەتمان_ ئەوەندەمان بەسە كە باوەڕبھێنین بە خوای حەق و تەواو و بەهێز و زیندوو.. باوەڕێك كە تەنھا لە چیرۆك و ئه‌فسانه‌كان تێپەڕ نەكات؟ یان تەنھا پشت ببەستین بە تێگەيشتن و بەڵگەی عەقڵی كە هەتا ئێستا ئەو جۆرە تێگەيشتن و زانینە ناتەواوە و كەموكوڕی تێدایە؟ ئایا عاشقە ڕاستگۆكان.. كە خۆشەویستی خوا دڵی داگیركردوون.. حەزناكەن گوێیان لە وتەی ئەو خۆشەویستە بێت و گفتوگۆی لەگەڵدا بكەن؟ ئایا دەكرێت ئەوانەی كە لە دنیادا هەموو شتێكیان بەخشی لەپێناوی خوادا، وە خۆیان كردە قوربانی و دڵیان بەخت كرد بۆی.. ڕازی بن بەوەی بە شەیدایی و تامه‌زرۆییه‌وه‌ بمرن لەبەر ڕۆشناییەكی كزدا، وە نەتوانن هەڵھاتنی ئەو خۆری ڕاستیە ببینن؟ ئایا ڕاست نیە كە بانگی خوای زیندوو: “من بوونم هەیە” پلەیەكی بڵندی خواناسی دەبەخشێت بە مرۆڤ بەجۆرێك ئەگەر بانگی “من بوونم هەیە” لە تای تەرازوویەكدا دابنرێت، وە لە تاكەی تریدا نووسراوی هەموو فەیلەسوفەكانی دنیا دابنرێت؛ ئەوا هیچ قورسایی و نرخێك نامێنێتەوە بۆ كتێبەكانیان لەبەرامبەر ئەم بانگەدا؟ دەبێت ئەو كەسانە بتوانن چیمان فێربكەن كە بەردەوام خۆیان كوێربوون ئەگەرچی پێیان وتراوە فەیلەسوف؟

 كەواتە مادام خوای گەورە ویستویەتی تێگەيشتن و ناسینی تەواوەتی خەڵات بكات بەو كەسانەی كە بەشوێنیدا دەگەڕێن؛ ئەوا دەبێت دەرگای گفتوگۆ و ئاخاوتن بەكراوەیی بھێڵێتەوە بۆیان.

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا لەم بارەيەوە دەفەرموێت: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ}، مەبەست لە نیعمەت لێرەدا نیعمەتی ئیلھام و كەشف و زانستە ئاسمانیەكانە كە مرۆڤ ڕاستەوخۆ لەلایەن خوای گەورەوە پێی دەگات.

هەروەها لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنْتُمْ تُوعَدُونَ} (فصلت:31). لەم ئایەتەشدا لەڕێگەی كۆمەڵێك وشەی ڕاشكاوەوە ئەوە خراوەتەڕوو كە بەنده ساڵحەكانی خوا لەلایەن خواوە وەحییان پێدەگات كاتێك تووشی مەترسی و خەفەت دەبن، وە فریشتەكان دادەبەزنە خوارەوە بۆ سەریان و دڵنیایان دەكەنەوە.

لە ئایەتێكی تردا خوای گەورە دەفەرموێت: {الَّذِينَ آمَنُوا وَكَانُوا يَتَّقُونَ (63) لَهُمُ الْبُشْرَى فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِرَةِ} (یونس: 64-65) واتە دۆستەكانی خوا لەڕێگەی وەحی و گفتوگۆوە مژدەی خۆشیان پێدەگات له‌ژیانی دنیا و له‌ دواڕۆژدا.

مەبەست لە وەحی

پێویستە بەباشی ئه‌وه‌ بزانرێت كە لێرەدا مەبەست لە وەحی ئەو بیرۆكەیە نیە كە لەمێشكی مرۆڤدا دروست دەبێت لەئەنجامی بیردكردنەوەى لە شتێك، وەك چۆن شاعیرێك هەوڵ دەدات و بیردەكاتەوە شیعرێك بھۆنێتەوە، یان نیو دێڕی نووسیوە و بیردەكاتەوە لە نووسینی نیوه‌ی دووەم.. ئینجا نیوه‌ی دووەم دەكەوێتە مێشكیەوە. ئەو بیرۆكەیەی بەم شێوەیە دەكەوێتە مێشكەوە پێی ناوترێت وەحی، بەڵكو بریتیە لە بەرهەمی بیركردنەوە و ڕامانی كەسەكە به گوێرەی یاساكانی سروشت. كەواتە ئەو كەسەی بیر لە چاكە یان لە خراپە دەكاتەوە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە بەگوێرەی بیركردنەوەكەی بیرۆكەی چاك یان خراپ لەمێشكیدا دروست دەبێت. بۆ نموونە پیاوێكی ساڵح و ڕاستگۆ هەیە.. كۆمەڵێك دێڕە شیعر دەنووسێت، تێیدا بەرگری لەڕاستی دەكات، وە كەسێكی تریش هەیە كەسێكی پیس و تاوانكارە.. لە شیعرەكانیدا بەرگری لە درۆ و ناڕەوا دەكات و جنێو بە ئەهلی ڕاستی دەدات، دیارە هەردووكیان هەندێ سەركەوتن بەدەست دەھێنن لە هۆنینەوەی كۆمەڵێك دێڕە شیعردا، بگرە هیچ سەیر نیە كە شیعری ئەو كەسەیان كە بەرگری لە ناحەق دەكات و دوژمنی ڕاستگۆیان و پیاوچاكانە لە شیعرەكەی ئەوی تر جوانتر بێت لەهۆنینەوەدا لەبەرئەوەی زیاتر شیعری هۆنیوەتەوە. دەی ئەگەر دروستبوونی بیرۆكە لە مێشكی مرۆڤدا پێی بوترێت وەحی؛ ئەوا دەبێت ئەو شاعیرە شەڕانگێزە _كە دوژمنایەتی ڕاستی و ئەهلی ڕاستی دەكات و هەمیشە قەڵەمەكەی لەكاردایە دژی ڕاستی و پەنا دەبات بۆ درۆ و قسەهەڵبەستن_ لەڕیزی ئەو كەسانەدا بنووسرێت كە لەلایەن خواوە ئیلھامیان بۆ كراوە! دیارە ئێوە دەبینن كە كۆمەڵێك چیرۆك و داستان بەشێوازێكی زۆر ناوازە نووسراون، وە دەبینن كە چۆن بابەتە پووچەكانی ناویان بەشێوازێكی جوان، وەك چۆن زنجیر ئەڵقەكانی بەیەكەوە بەستراون، خراونەته  مێشكی نووسەرەكانیانەوە.. دەی ئایا ڕەوایه بەم چیرۆكانە بوترێت وەحی؟ بەڵكو ئەگەر وەحی تەنھا بەو بیرۆكانە بوترێت كە دەكەوێتە مێشكی مرۆڤەكانەوە؛ ئەوا دزەكانیش لەڕیزی ئەو كەسانەدا ئەژمار دەكرێن كە ئیلھام و وەحییان بۆكراوە، ئەوەیان كە بەزۆری بیری دەخاتەكار فێڵی چاك دەدۆزێتەوە بۆ دزیكردن، وە پیلانی زیرەكانە بەمێشكیدا دێت بۆ تاڵانی و خوێنڕشتن، دەی ئایا ڕەوایە هەموو ئەم پیلان و بیرۆكە پیسانە ناوبنێین وەحی؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵكو ئەمە باوەڕی ئەو كەسانەیە كە ئەو خوا ڕاستەقینەیان نەناسیوە كە _خودی خۆی_ لەڕێگەی وتەی تایبەتی خۆیەوە دڵی بەندەكانی ئاسوودە دەكات و دڵنیاییان دەكاتەوە، وە تێگەيشتن و زانیاری ڕۆحی خەڵات دەكات بەو كەسانەی كە نایزانن.

نیشانەكانی وەحی ڕاستەقینە

كەواتە وەحی چیە؟ بریتیە لە قسەكردنی خوای بەتوانای پاك و بێگەرد لەگەڵ بەندەیەك لە بەندە هەڵبژێردراوەكانی خۆی.. یان لەگەڵ ئەو كەسەی كە دەیەوێت هەڵیبژێرێت، بە قسەیەكی زیندووی خاوەن هێز.. ئەگەر ئەم گفتوگۆیە بە ئەندازەی پێویست، وە بەشێوازێكی ڕازی بەخش و قایلكەر دەستی پێ كرد بەجۆرێك تاریكی بیرۆكە خراپەكانی تێكەڵ نەبوو، وه پڕوپووچ عەیبدار نەبوو بەوەی كە بەئەندازەی پێویست نەبێت یان ئەوەی پێكھاتبێت لە كۆمەڵێك وشەی كەم و ناڕۆشن و بێ مانا، بەڵكو بەپێچەوانەوه ئەگەر پێكھاتبوو لە قسەیەكی بەتام و شیرین كە پڕ بێت لە دانست و شكۆ؛ ئەوا ئەمە قسەی خوایە و دەیەوێت بەهۆی ئەم كەلامەوە خۆی پیشانی بەندەكەی بدات و دڵنیای بكاتەوە. بەڵام دەكرێت گفتوگۆی خوا لەگەڵ بەندەدا تەنھا بۆ تاقیكردنەوە بێت، بەرەكەتی تێدا نەبێت و بەئەندازەى پێویستیش نەبێت، مەبەستی ئه‌وه‌بێت بەهۆی ئەم ئاخاوتنەوە بەندەكە لە قۆناغی سەرەتاییدا تاقیبكرێتەوە بۆ ئەوەی تامێكی كەمی وەحی بچێژێت، یان ئەوەتا بەهۆی ئەم وەحیەوە بارودۆخ و قسە و گوفتاری وەكو ئیلھام بۆكراوە ڕاستگۆكانی لێ دێت یان ئەوەتا پێی هەڵدەخلیسكێت و دەكەوێت. ئەگەر وەكو ڕاستگۆیان ڕێگای ڕاست و دروستی نەگرتەبەر؛ ئەوا بێبەش دەبێت لەوەی كە بەتەواوەتی ئەم نیعمەتە وەربگرێت، دواجار هیچ لەدەستیدا نامێنێتەوە جگە لە بانگەشەی پڕوپووچ.

بێگومان بە ملیۆنەھا لە بەندە ساڵحەكانی خوای گەورە وەحییان پێگەيشتووە، بەڵام لای خوا پلەوپایەیان وەكو یەك نەبووە. بگرە تەنانەت پێغەمبەرە پاكەكانی خوا كە بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكراییەوە بەرزترین ئاستی وەحییان پێگەيشتووە لە پلەوپایەدا یەكسان نین. خوای گەورە دەفەرموێت: {تِلْكَ الرُّسُلُ فَضَّلْنَا بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ} (البقرة: 254). لەمەوە دەسەلمێنرێت كە وەحی نیعمەتێكی پەتیە لەلایەن خوای گەورەوە.. نەك ئەوەی لە خودی خۆیدا بەڵگەبێت لەسەر فەزڵ و گەورەیی؛ چونكە فەزڵ و گەورەیی تەنھا بەگوێرەی ڕادەی ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و وەفا دەبێت كە ئەمانەش تەنھا خوا دەیانزانێت. بەڵێ، دەكرێت وەحیش لە بەرهەمەكانی ئەم سیفەتانە بێت.. ئەگەر مەرجە پیرۆزەكانی وەحی لەو وەحیەدا هەبێت.

گومانی تێدا نیە ئەگەر بەشێوەی گفتوگۆ ئەنجام بدرێت لەنێوان خوا و بەندەدا.. بەجۆرێك بەندەكە پرسیار بكات و خوای گەورەیش وەڵام بداتەوە، وە ئەم پرسیار و وەڵامە بەدوای یەكدا بێن، وە وەحیەكە شەقڵی شكۆ و نووری خوایی پێوە بێت، وە زانستی غەیبی یان تێگەيشتن و زانیاری ڕاستی تێدا بێت.. ئەوا گومانی تێدا نیە كە ئەم قسەیە بریتیە لە وەحی خوا. بێگومان وەحی خوایی پێویستی ده‌كات گفتوگۆ هه‌بێت لەنێوان خوا و بەندەكەیدا. هەروەك چۆن هاوڕێ قسەدەكات لەگەڵ هاوڕێكەیدا لەكاتی یەكتربینیندا بەهەمان شێوە پێویستە گفتوگۆ بەئەنجام بگات لەنێوان خوا و بەندەكەیدا، بەجۆرێك ئەگەر بەندەكە داوای شتێكی كرد لەخوا ئه‌وا له‌وه‌ڵامدا له لایه‌ن‌ خوای گه‌وره‌وه‌ گوێبیستی فەرمایشتێكی بەتام و پاراو بێت كە خاڵی بێت لە هەر خەوش و پیس و پۆخڵیەكی قسەی دەروون یان بیركردنەوە یاخود ڕامان و وردبوونەوەی خۆی. بەم جۆرە ئەو گفتوگۆ و قسەكردنە دەبێتە خەڵات و بەخششێك بۆ ئەو لەلایەن خواوە. ئەگەر وەحی بەم شێوازە بوو؛ ئەوا فەرمایشتی خوایە.. وە ئەو بەندەیە دەبێت بە بەندەیەكی ڕێزلێگیراو لای خوای گەورە.

 بەڵام ئەم پلەیە.. كە تێيدا وەحی دەبێت بە بەخششێكی تایبەت لەلایەن خواوە.. وه‌ بەنده یەك لەدوای یەك وەحی خوای پێدەگات، وەحیەكی زیندووی پاكوخاوێن و ساف و ڕوون، دەڵێم ئەم پلەیە تەنھا ئەو كەسانە بەدەستی دەھێنن كە بەبەردەوامی گەشەدەكەن لە باوەڕ و دڵسۆزی و كردەوەی چاك و لە هەندێ شتی تریشدا كە ئێمە ناتوانین وەسفیان بكەین. بێگومان وەحی ڕاست و ڕوون و ڕوونكەرەوە كۆمەڵێك كاری مەزن و دەراسای خوایەتی پیشان دەدات. زۆربەی جار ڕووناكیەكی زۆر درەخشان دروست دەبێت.. كە لەگەڵیدا كەلامێك خەڵات دەكرێت كە تێیدا شكۆ و ڕووناكیەكی درەخشان هەیە. بەندە لەوە زیاتر چى دەوێت كە لەگەڵ دروستكاری ئاسمانەكان و زەویدا قسە بكات؟ بێگومان بینینی خوا لە دنیادا تەنھا بریتیە لەوەی مرۆڤ قسە بكات لەگەڵ خوای خۆیدا.

بەڵام ئێمە لەم ڕوونكردنەوەیەدا مەبەستمان ئەو دۆخەی مرۆڤ نیە كە تێیدا بەبێ هیچ بۆنەیەك وشەیەك یان ڕستەیەك یان دێڕە شیعرێك دێت بەسەر زمانیدا بێ ئەوەی مەبەستێكی هەبێت.. بەڵكو ئەم جۆرە مرۆڤە لە تاقیكردنەوەی خوای گەورەدا دەبێت؛ چونكە خوای پاك و بێگەرد بەم ڕێگەیەش بەندە تەمبەڵە بێئاگاكان تاقیدەكاتەوە بەجۆرێك وشەیەك یان دەستەواژەیەك بەدڵیاندا یان بەسەر زمانیاندا دێت.. وە نازانن لە چ سەرچاوەیەكەوە هاتووە.. ئایا لەلایەن خواوەیە یان لەلایەن شەیتانەوەیە؟ بۆیە دەبێت لەكاتی پێگەيشتنی ئەم جۆرە وشە و دەستەواژانەدا ئیستیغفار بكەن.

بەڵام ئەگەر بەندەی ساڵح لەگەڵ خوای گەورەدا بەبێ پەردە ئەزموونی ئاخاوتن ئەنجام بدات. بەجۆرێك لەسەر شێوازی گفتوگۆیەك كە شەقڵی هێز و شكۆی پێوە بێت، بەندە لە خواوە گوفتارێكی ڕوون و ڕەوان پڕ لە مانا و لێوانلێو لە دانست ببیستێت، بەجۆرێك دەرفەت بدرێت بە بەندەكە كە لەنێوان خۆی و خوادا چەندین جار لەسەر شێوازی پرسیار و وەڵام و لە دۆخی ئاگایی تەواوەتیدا گفتوگۆ بكات.. بەجۆرێك بەندە پرسیار بكات و خوا وەڵام بداتەوە، پاشان جارێكی تر بەندەكە داوا بكات و خوای گەورەیش وەڵامی بداتەوە، پاشان بەندەكە بگەڕێتەوە و بە لاڵانەوه و نزاوە داواكاریەكەی پێشكەش بكات.. خوای گەورەیش وەڵامی بداتەوە.. وە بەشێوەی پرسیار و وەڵام ئەم گفتوگۆیە بەردەوام بێت لەنێوان ئەو و خوادا هەتا ئەم پرسیار و وەڵامە بەلایەنی كەمەوە دەگاتە دە جار لەیەك بۆنەدا، سەرباری ئەمە لەكاتی ئەم گفتوگۆیانەدا خوای گەورە زۆربەی نزاكانی گیرادەكات، وە ئاگاداری دەكات لە كۆمەڵێك زانیاری بەنرخ، هەواڵی پێ دەدات دەربارەی كۆمەڵێك ڕووداوی داهاتوو.. پایەداری دەكات بە وتەی ڕوون و ئاشكرای خۆی.. جار لەدوای جار لەسەر شێوازی پرسیار و وەڵام؛ دەی ئەم جۆرە بەندە ساڵحە باشترە بۆی كە زۆر سوپاسی خوای گەورە بكات، وە لێی دەوەشێتەوە كە لە هەموو كەسێك زیاتر ژیانی خۆی بەخت بكات لەپێناوی خوادا؛ چونكە خوا بە فەزڵ و چاكەی پەتی خۆی هەڵیبژاردووە بۆ خۆی لەناو هەموو بەندەكانیدا.. وە كردوویەتی بە میراتگری ئەو ڕاستگۆیانەی كە لەپێشیەوە هاتن و چوون. بێگومان ئەم نیعمەتە زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌ست ده‌كه‌وێت، وه‌ بەڵگەیە لەسەر بەختەوەری ئەو مرۆڤەی كە بەدەستی دەھێنێت، بەڵام جگە لەم نیعمەتە هەرچیەك كە بە ئیلھام ئەژماردەكرێت هیچ نرخێكی نیە.

تایبەتمەندی ئیسلام

پێشتر و هەتا ئێستایش بە بەردەوامی كۆمەڵە پیاوانێك هەن لەناو ئوممەتی ئیسلامیدا كە ئەم پلەیان بەدەست هێناوە. بێگومان ئیسلام تاكە ئایینە كە بەهۆیەوە خوا نزیك دەبێتەوە لە بەندەكەی و ڕاز و نیازی لەگەڵدا دەكات، وە لە ناخیدا قسە دەكات و لەدڵیدا عەرشی خۆی دروست دەكات، پاشان لە ناخیەوە ڕایدەكێشیت بەرەو ئاسمان، وە هەموو ئەو نیعمەتانەی پێ خەڵات دەكات كە خەڵاتی كردووە بەوانەی پێشوو.

زۆر بەداخەوە.. دنیای كوێر نازانێت كە دەكرێت مرۆڤ بگاتە كوێ، ئەو دەتوانێت زیاتر و زیاتر لەخوا نزیك بێتەوە! بێگومان خەڵكی دنیا خۆیان هەنگاوێك هەڵناگرن بەرەو پێشەوە، ئەگەر كەسێكی تر پێشبكەوێت یان تەكفیری دەكەن یاخود دەیپەرستن و لە مەقامی خوادا دایدەنێن. هەردوو كارەكە ستەمە.. هەریەكەیان لەلایەكەوە زیادە ڕەوییان كردووە و لە ئەندازە دەرچوون. بەڵام پێویستە كەسی ژیر ورەی بەرز بێت و بڕیار بدات، وە نكوڵی نەكات لەم پلەیە، وە سووكایەتی نەكات بەو كەسەی كە بەدەستی ھێناوە یان دەست بكات بە پەرستنی. لەم مەقامەدا خوا لەگەڵ بەندەكەیدا دەردەكەوێت لە كۆمەڵێك پەیوەندیدا وەك ئەوەی بە عەبای خوایەتی خۆی دایپۆشێت، ئەم جۆرە مرۆڤە دەبێت بە ئاوێنەیەك بۆ بینینی ڕوخساری خوا. پێغەمبەری ئازیزمان ئاماژەی بۆ ئەم ڕازە كردووە و دەفەرموێت: “مَن رآني فقد رأی ربَّه” واتە: ئەوەی من ببینێت ئەوا بێگومان خوای خۆی بینیوە.

 بەكورتی: ئەمە ئاگاداركردنەوەیەكی توندە بۆ بەندەكان، وە ئەم قۆناغە كۆتا قۆناغی ڕۆحیە بۆ ڕێبوارانی ڕێگەی بەرەوخواچوون، وە بەهۆیەوە دڵنیایی تەواوەتی بەدەست دەھێنرێت.

خاوەنی ئەم وتارە پایەداربووە بە ئاخاوتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ خوادا

دیارە ستەمم لە هاوتوخمەكانی خۆم كردووە ئەگەر لەم كاتەدا ڕاینەگەیەنم كە ئەو مەقامە ڕۆحیەی بەم شێوەیە وەسفم كرد، وە پلەوپایەی ڕێزداربوون بە ئاخاوتن و گفتوگۆی خوا كە ئێستا بە تێروتەسەلی باسم كرد.. لەسایەی فەزڵ و چاودێری خواوە بۆ من ڕەخساوه. ئەمەش بۆ ئەوەی بینایی خەڵات بكەم بە كوێرەكان، وە ڕێنموونی كه‌سانی عه‌وداڵ بكەم بۆ لای زاتێك كه بەشوێنیدا دەگەڕێن و لێیان ون بووە، وە مژدە بدەم _بەوەی كه ئامادەیە ڕاستی قەبوڵ بكات_ بە بوونی ئەو سەرچاوە ڕوونە كە زۆرێك قسەی لەبارەوە دەكەن.. بەڵام ئەوانەی كە دۆزیویانەتەوە كەمن.

من دووپاتی دەكەمەوە بۆ گوێگرانی بەڕێز.. ئەو خوایەی كە لەڕێگەی گەیشتن پێیەوە مرۆڤ ڕزگاربوون و بەختەوەری هەمیشەیی دەست دەكەوێت.. هیچ كەس نایدۆزێتەوە مەگەر بە شوێنكەوتنی قورئانی پیرۆز. خۆزگە خەڵكی ئەوەیان دەبینی كە من بینیومە، وە ئەوەیان دەبیست كە من بیستوومە، وە وازیان لە چیرۆكەكان دەھێنا و بەزوویی بەرەو ڕاستی دەڕۆيشتن و قەبوڵیان دەكرد!.

هه‌ڵبه‌ت ئامرازی بەدەستھێنانی زانستی بێ كەموكوڕی كە بەهۆیەوە خوای گەورە دەبینین، وە ئەو ئاوەی كە پیسی و پۆخڵیەكان پاك دەكاتەوە، بەهۆیەوە هەموو گومانەكان نامێنن، وه‌ ئەو ئاوێنە ڕوونەی كە دیمەنی خوای بڵند پیشان دەدات.. تەنھا ئاخاوتن و گفتوگۆی خواییە كە پێشتر باسم كرد. دەی ئەو كەسەی لە ڕۆحیدا شەیدابوون هەیە بۆ ڕاستی با ڕاپەڕێت و به‌شوێنیدا بگه‌ڕێت. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر لە ڕۆحەكاندا حەزێكی ڕاستگۆیانە و لەدڵەكاندا تینوێتیەكی ڕاستەقینە دروست بێت؛ ئەوا خەڵكی دەگەڕێن بۆ ئەم ڕێبازە و هەوڵ دەدەن بیدۆزنەوە.

بەڵام ئەو ڕێگەیە چۆن دەكرێتەوە، لەكوێ ئەو پەردەیە لادەدرێت؟ بێگومان من دووپاتی دەكەمەوە بۆ هەموو داواكاران و پشكنه‌ران كە ئیسلام تاكە ئایینە مژدە دەدات بە بوونی ئەم ڕێگایە.. بەڵام ئوممەتەكانی تر هەر لە دێر زەمانەوە مۆریان داوە لە وەحی خوا و دایانخستووە.

 بە دڵنیاییەوە بزانن ئەم مۆرلێدانەیان لەلایەن خوای میھرەبانەوە نەبووە، بەڵكو تەنھا بیانوویەكە مرۆڤ له‌كاتی كڵۆڵی و به‌دبه‌ختیدا ده‌یھێنێته‌وه‌.

بەدڵنیاییەوە بزانن هەروەك چۆن ئێمە ناتوانین بەبێ بوونی چاو شت ببینین، یان بەبێ بوونی گوێچكە ببیستین، يان بەبێ بوونی زمان قسە بكەین.. بەهەمان شێوە ئەستەمە ڕوخساری ئەو خۆشەویستە دڵسۆزە ببینین بەبێ یارمەتیدانی قورئان. پێشتر گەنج بووم ئێستا پیربووم، بەڵام نەمبینیوە كەسێك جامی ئەم تێگەيشتنە ‌ ڕوونەی خواردبێتەوە بەبێ ئەم كانیاوە پیرۆزه‌.

وەحی خوایی ئامرازی بەدەستھێنانی زانیاری تەواو و بێ كەموكوڕیە

بەڕێزان و خۆشەویستان، هیچ كەسێك ناتوانێت ململانێ لەگەڵ خوادا بكات لە ویست و ئیرادەكەیدا. دەی بەدڵنیاییەوە بزانن ئامرازی بەدەستھێنانی زانیاری و تێگەيشتنی تەواوەتی بریتیە لە وەحی خوایی.. كە  خه‌ڵات كراوه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ره‌ پاكه‌كانی خوا.. ئینجا دوای ئەوان خوای گەورە _كە دەریای ڕەحمەت و میھرەبانیيە_ نه‌یویستووه‌ لە داهاتوودا دەرگای وەحی قوفڵ بدرێت و جیھان كاول بێت، بەڵكو دەرگاكانی وەحی و ئاخاوتنەكەی (سبحانه وتعالی) كراوەیە بۆ هەتاهەتایە. تەنھا ئەوەندەتان لەسەرە كە لەڕێگاكانی خۆیەوە بەشوێنیدا بگەڕێن ئەوسا بەئاسانی دەیاندۆزنەوە. بێگومان لە ئاسمانەوە ئاوی ژیان هاتە خوارەوە و لە نشینگەی گونجاوی خۆیدا جێگیر بووە. دەی پێویستە ئێستا چی بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن لێی بخۆنەوە؟ تەنھا ئەوەندەتان لەسەرە كه هەرچۆنێك بووە سەردانی ئەو سەرچاوەیە بكەن ئەگەرچی زۆریش ماندووبن.. پاشان دەم بنێن پێیەوە هەتا لە ئاوە سازگارەكەی ژیان تێراو دەبن. هەموو بەختەوەری مرۆڤ تەنھا لەوەدایە كە هەوڵ بدات بچێت بۆ ئەو شوێنەی كە ئەو ڕووناكیەی تێدا دەبینێت، وە ئەو ڕێگەیە بگرێتەبەر كە شوێنەواره‌كانی ئەو خۆشەویستە داواكراوەی تێدا به‌دی ده‌كات.

هەمیشە دەبینن ڕۆشنایی لە ئاسمانەوە دێتەخوارەوە بۆسەر زەوی، بەهەمان شێوە ڕووناكی ڕێنموونی ڕاستەقینەیش لە ئاسمانەوه دێتەخوارەوە و پەخش دەبێتەوە. بێگومان ئەو ئامرازانەی مرۆڤ دایاندەھێنێت لەلایەن خۆیەوە _بەگوێرەی بیروباوەڕی خۆی_، له‌گه‌ڵ هەڵسەنگاندنەكانیدا تێگەيشتنی ڕاست و دروستی بۆ بەدەستناھێنن. ئایا دەتوانن خوای گەورە ببینن بەبێ درەوشانەوەكانی؟ ئایا دەتوانن لەتاریكیدا هیچ شتێك ببینن بەبێ یارمەتی ڕووناكی ئاسمان؟ ئەگەر ئەمەتان توانی؛ ئەوا ڕەنگە بتوانن لەم حاڵەتەیشدا ببینن. لەڕاستیدا هەرچەند چاومان تیژ بێت ئەوا پێویستی بە ڕووناكی ئاسمان هەیە، هەرچەند گوێچكەمان بەهێز بێت بۆ بیستن؛ ئەوا بێگومان پێویستی بەو هەوایه‌ هەیە كە لەلایەن خواوە خەڵات دەكرێت. ئەو خوایەی كە بێدەنگە و هەموو شتێكی بەجێھێشتووە بۆ خەمڵاندنی ئێمە و هەموو بوونەكەی وەستاوە لەسەر باوەڕی دروستكراوانی خۆی خوایەكی ڕاستەقینە نیە. بەڵكو خوای ڕاستەقینە ئەوەیە كە بەردەوام خۆی دەردەخات، بێگومان ئێستایش خوا ویستوویەتی بوونی خۆی پیشان بدات. كاتی ئەوە هاتووە كە پەنجەرەكانی ئاسمان بكرێنەوە، كاتی ئەوە هاتووە كە بەرەبەیانی ڕاستەقینە گزنگ بدات. دەی مژدە بێت لەو كەسەی لە ئێستادا له‌خه‌و ڕاده‌په‌ڕێت و دەست دەكات بە گەڕان بۆ خوای ڕاستەقینە.. ئەو خوایەی هیچ بەڵا و موسیبەتێك دەوری نادات، ئەو خوایەی شەوق و بریسكەی شكۆكەی خامۆش نابێت. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ} (النور: 36) واتە خوای پاك و بێگەرد لە هەموو كات و ساتێكدا خۆی ڕووناكی ئاسمان و ڕووناكی زەویە، بەھۆی ڕووناكیەكەیەوە هەموو شوێنێك ڕۆشن دەبێتەوە. خوا (سبحانه وتعالی) بریتیە لەو خۆرەی كە ڕووناكی بەخشیوە بە خۆر، ئەو ژیانی هەموو زیندەوەرێكە لەسەر زەویدا، ئەو خوای ڕاستەقینە و زیندووە. دەی پیرۆزبێت لەو كەسەی باوەڕی پێ ھێنا!

ئامرازی سێيەم بۆ بەدەستھێنانی زانست ئەو بابەتانەیە كە لە ئاستی ئەزموونی یەقینیدان كە بریتین لەو نەهامەتی و سەختی و ئازارانەی تووشی پێغەمبەرانی خوا و پیاوچاكان دەبن لەسەر دەستی دوژمناندا یان بەبڕیاری چارەنووسی ئاسمانی. ڕێنماییەكانی شەریعەت لە مێشكی مرۆڤەكاندا تەنھا كۆمەڵێك زانیاری تیۆرین پێش ئەوەی تووشی موسیبەت و ئازارەكان بن، بەڵام كاتێك بەڵا و نەهامەتیه‌كان دادەبەزنە خوارەوە بۆ سەریان ئەو فێركاری و ڕێنماییە تیۆریانە دەگۆڕێن بۆ كردەوه و ئەزموون دەكرێن، وە بەهۆی پراكتیك كردن و مەشقكردن لەسەریان گەشە دەكەن هەتا دەگەنە چڵەپۆپە، ئینجا ئەو كەسانەی خۆیان ڕاھێناوە و مەشقیان كردووە دەبن بە كۆپیەكی تەواوەتی شەریعەتی خوا، هەموو ڕەوشتە بەرزەكان وەكو لێخۆشبوون و تۆڵەكردنەوە و ئارامگرتن و بەزەیی و ئەوانی تریش كە پێشتر كۆمەڵێك زانیاری بوون ئاخنرابوونە ناو مێشك و دڵەوە بەهۆی ئەزموونی كردەییەوە دەبن بە بەشێك لە كەسایەتی  مرۆڤ‌؛ بەم شێوەیە هەموویان لە لەشی مرۆڤدا ڕەنگ دەدەنەوە و شوێنەواری خۆیان بەجێدەھێڵن تێیدا، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنَ الْأَمْوَالِ وَالْأَنْفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ (*) الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ (*) أُولَئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِنْ رَبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ} (البقرة: 156-158)، هەروەها دەفەرموێت: {لَتُبْلَوُنَّ فِي أَمْوَالِكُمْ وَأَنْفُسِكُمْ وَلَتَسْمَعُنَّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكُمْ وَمِنَ الَّذِينَ أَشْرَكُوا أَذًى كَثِيرًا وَإِنْ تَصْبِرُوا وَتَتَّقُوا فَإِنَّ ذَلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ} (آل عمران: 187) واتە بێگومان ئێمە تاقیتان دەكەینەوه بە ترس و برسێتی و زیانكردن لە ماڵ و سامان و نەفس و بەفیڕۆچوونی هەوڵ و ماندووبوون و مردنی مناڵەكانتان.. واتە هەموو ئەم موسیبەتانەتان تووش دەبێت یان بەدەستی قەدەر یاخود بەدەستی دوژمنان. دەی مژده بێت لەو كەسانەی لە كاتی تووشبوون بە بەڵا و سەختیەكاندا شتێك ناڵین ئەوە نەبێت كە بڵێن “بێگومان ئێمە موڵكی خواین وە هەر بۆلای ئەویش دەگەڕێینەوە”؛ چونكە ئەو كەسانە ڕەحمەت و بەزەیی و دروودی خوا دەبارێت بەسەریاندا، ئەوانە ئەو كەسانەن كە گەيشتوونەتە چڵەپۆپەی هیدایەت.. بەو مانایەی فەزڵ و گەورەیی لەوەدا نیە تەنھا زانست پەیدا بكرێت و بئاخنرێتە دڵ و مێشكەوە و تێیاندا بەند بكرێت، بەڵكو زانستی ڕاستەقینە ئەوەیە كە لە مێشك و دڵەوە سەربكات بۆ هەموو ئەندامەكان، ئینجا هەموو ئەندامەكان ڕەنگی ئەو زانستە بگرن و تەمێگرتوو ببن بەهۆیەوە، وە ئەو زانیاریانەی لەناو بیروهۆشدایە بگۆڕێن بۆ كردەوە. چونكە گەورەترین ئامرازی فێربوونی زانست و گەشەپێدانی بریتیە لەوەی لەڕێگەی ئەزموونی كردەییەوە شوێنەوارەكانی خۆی لەسەر ئەندامەكان بنەخشێنێت.. چونكە هیچ زانستێك _هەرچەند سادە بێت_ ناگاتە چڵەپۆپە بەبێ مەشقكردن و ڕاهاتن لەسەری و ئەزموونكردنی. بۆ نموونە هەمیشە بینیومانە كە دروستكردنی نان كارێكی زۆر ئاسانە و وردەكاری زۆری ناوێت. هەموو ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت ئەوەیە كە ئارد بكرێت بە هەویر و جوان بشێلرێت و گونك ببڕدرێت، پاشان بەدەست پان بكرێتەوە و پاشان بدرێت بە ساجێكی گەرمدا و ببرژێت، ئەمە بریتیە لە نان. ئەوە بڕی ئەو زانستەی ئێمەیە كە لەسەر بناغەی ئەزموون دانەمەزراوە. بەڵام ئەگەر بەبێ ئەزموونی پێشوو دەست بكەین بە دروستكردنی نان؛ ئەوا یەكەم گرفت كە تووشی دەبین ئەوەیە دەبێت پارێزگاری لە توندی گونجاوی هەویرەكە بكەین؛ چونكە یان زۆر توند دەبێت یاخود زۆر شل دەبێت و بەكەڵكی دروستكردنی نان نایه‌ت. ئەگەر پاش ماندووبوونێكی زۆر توانیمان هەویرەكە بەجوانی بشێلین؛ ئەوا دەبینین ئەو نانەی دروستمان كردووە هەندێكی سووتاوە، وە هەندێكی كاڵە و نەبرژاوە و لە ناوەڕاستدا ئەستوورە و قەراغەكانی ناڕێكن.. لەگەڵ ئەوەی ئێمە ماوەی پەنجا ساڵە دەبینین چۆن نان دروست دەكرێت. بەم شێوەیە بڕێك ئاردمان بەفیڕۆدا بەهۆی زانستی تیۆریەوە كە مەشقكردن و ڕاھێنانی لەگەڵدا نەبووە.

 دەی مادام ئەوە سەرەنجامی زانستەكەمانە لە شتە كەم نرخەكاندا.. تۆ بڵێی لە كارە گرنگ و گەورەكاندا بتوانین پشت ببەستین تەنھا بە زانستی ڕووكەشی كە مەشقكردن و پیادەكردنی لەگەڵدا نەبێت؟

بێگومان لەم ئایەتانەدا خوای گەورە فێرمان دەكات ئەو بەڵا و موسیبەتە هەمەچەشنانەی كە تووشمان دەبن.. تەنھا بریتین لە ئامرازێك بۆ بەدەستھێنانی زانست و ئەزموون.. واتە بەهۆیانەوە زانستەكەمان دەگاتە چڵەپۆپە.

پاشان خوای گەورە دەفەرموێت بێگومان ئێوە لە ماڵ و گیانتاندا تاقیدەكرێنەوە. خەڵكی ماڵ و سامانتان تاڵان دەكەن و دەتانكوژن، بەدەستی جوولەكە و گاور و موشریكەكان بە توندی ئازار دەدرێن و دەچەوسێنرێنەوە، بە قسەیش ئازارتان دەدەن، جا ئەگەر ئێوە ئارامتان گرت و دووركەوتنەوە لە كاری ناشایستە؛ ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئێوە خاوەنی ورە و ئازایەتین.

پوختەی ئەم ئایەتە پیرۆزانە ئەوەیە كە زانستی بەرەكەتدار ئەو زانستەیە كە شوێنەوارەكەی لە كردەوەدا ڕەنگ دەداتەوە و ئەزموون دەكرێت، زانستی شووم و بێ خێریش ئەو زانستەیە كە لە بواری تیۆریدا قەتیس دەبێت و هەرگیز تێپەرنابێت بۆ بواری كردەوە.

بزانن هەروەك چۆن ماڵ و سامان لەڕێگەی بازرگانیەوە گەشە دەكات و زۆر دەبێت.. بەهەمان شێوە زانستیش لەڕێگەی پیادەكردن و ئەزموونەوە دەگاتە چڵەپۆپەی ڕۆحی خۆی. كەواتە پیادەكردنی كردەیی ئامرازێكی مەزنە بۆ ئەوەی زانست بگاتە چڵەپۆپە؛ چونكه ئەم پیادەكردنە نوور پەیدا دەكات بۆ زانستەكە.

چۆن زانست بەرز دەبێتەوە بۆ پلەی ئەزموونی یەقینی؟ تەنھا بەوە دەبێت كە ئەو زانستە لە هەموو ڕوویەكەوە بەكردەیی تاقیبكرێتەوە. ئەمە بەتەواوەتی لە ئیسلامدا ڕوویداوە. هەر ڕێنماییەك خوای گەورە فێری خەڵكی كردبێت لە قورئانی پیرۆزدا، دەرفەتی ڕەخساندووە بۆیان تاكو بە پیادەكردن و ئەزموونی كردەیی بریقەداری بكەن، وە پڕ بن لە ڕووناكیەكەی.

دوو قۆناغ لە ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

لەبەرئەوە خوای گەورە ژیانی پێغەمبەری ئازیزمانی (صلى الله عليه وسلم) دابەش كردووە بۆ دوو قۆناغ: قۆناغی ئازار و موسیبەت و مەینەتی، وە قۆناغی سەركەوتن و سەرفرازی. ئەمەش بۆ ئەوەی لەكاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا ئەو ڕەوشتانەی دەربكەون كە لەكاتێكی تردا دەرناكەون، وە لەسەردەمی سەركەوتن و زاڵبووندا ئەو ڕەوشتانەی دەربكەون كە لەكاتی دەسەڵات و زاڵبووندا نەبێت دەرناكەون. بەم شێوەیە ڕەوشتی سەرداری پێغەمبەران (صلى الله عليه وسلم) بەهەردوو جۆرەكەیەوە بەتەواوەتی دەركەوت لە دوو جۆر بارودۆخدا لە دوو سەردەمدا؛ چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەریەك لەو دوو سەردەمەدا بە هەلومەرجی جیاوازدا تێپەڕیوە؛ بێگومان خوێندنەوەی ژیاننامەكەی له ماوەی تووشبوونی بە بەڵا و موسیبەتەكان لە مەككەی پیرۆزدا كە سیازدە ساڵی خایاند.. بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكراییەوە دەریدەخات كە لەو كاتەدا خۆی ڕازاندبووەوە بە هەموو ئەو ڕەوشتانەی كە شایستەیە بە ڕاستگۆیەكی كامڵ لەكاتی بەڵا و موسیبەتەكاندا خۆی پێ بڕازێنێتەوە.. وەك پشتبەستن بەخوا، دووكەوتنەوە لە شڵەژان و دڵەڕاوكێ، تەمەڵی نەكردن لە ئەنجامدانی كارەكان، نەترسان لە دوژمن.. تەنانەت كافرەكان خۆیان پێ نەگیرا و باوەڕیان پێ كرد كاتێك ئەم خۆڕاگرییەی ئەویان بینی، شاھێدییان دا كە ئەگەر كەسێك بەتەواوەتی پشتی بەخوا نەبەستبێت؛ ئەوا ناتوانێت بەم شێوەیە ڕاوەستاو و خۆڕاگر بێت لە بەرامبەر سەختی و ئازارەكاندا و ئارام بگرێت له‌سه‌ریان.

كاتێك قۆناغی دووەم هاتەپێش.. واتە سەردەمی سەركەوتن و دەسەڵات و دەوڵەمەندی.. بەشێوەیەكی تەواوەتی ڕەوشتە جوان و بەرزەكانی وەك لێخۆشبوون و بەخشین و ئازایەت لە پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) درەوشایەوە، بەجۆرێك زۆرێك لە كافرەكان باوەڕیان پێ هێنا بەهۆی بینینی ئەم ڕەوشتانە لێیەوە. بێگومان لەو كەسانە خۆش بوو كە ئازاریان دابوو، وە ئاسایشی دەستەبەركرد بۆ ئەو كەسانەی كە لە شارەكەی خۆی دەریان كرد بوو، ماڵ و سامانی زۆری بەخشی بەوانەیان كە موحتاج بوون، چاوپۆشی كرد لە دوژمنە هەرە سەرسەختەكانی پاش ئەوەی دەسەڵاتی هەبوو بەسەریاندا و دەیتوانی تۆڵەیان لێ بكاتەوە.. تەنانەت زۆریك لە خەڵكی كاتێك ڕەوشته بەرزەكانی ئەویانی بینی شاهێدییان دا كە ناكرێت كەسێك بەم ڕەوشتانە خۆی ڕازاندبێتەوە ئەگەر لەڕاستیدا ڕاستگۆ نەبێت و لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە نەكرابێت. بەهۆی ئەمەوە ڕق و كینەی كۆن بەتەواوەتی و بەیەكجارى لاچوو لەدڵی دوژمنەكانیدا.

مەزنترین ڕەوشتی سەرداری پێغەمبەران

 مەزنترین ڕەوشت كە پێغەمەبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی ڕازابوویەوە ئەوەیە كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی كردووە و دەفەرموێ: {قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} (الأنعام: 163) واتە ڕایبگەیەنە كە بەندایەتی و قوربانیدان و ژیان و مردنم هەمووی لەپێناوی خوادایە.. مەبەستم ئەوەیە بۆ دەرخستنی شكۆ و گەورەیی خوایە و بۆ پێشكەشكردنی ئاسوودەیی و حەسانەوەیە بۆ بەندەكانی.. بۆ ئەوەی لەڕێگەی مردنی منەوە ئەوان ژیان بەدەستبھێنن.

بەڵام ئەو مردنەی لێرەدا باسكراوە كە لەپێناوی خوا و خێر و خۆشی مرۆڤایەتیدایه‌ شیاو نیە هیچ كەسیك بەخراپ لێى حاڵی بێت و پێی وابێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نیازی بووه- په‌نا به‌خوا- له‌ڕاستیدا خۆی بكوژێت وه‌كو نه‌فام و شێته‌كان،‌ وه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبێت كه‌ خۆكوشتنه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ به‌ چه‌كێك قازانج ده‌گه‌یه‌نێت به‌ كه‌سانی تر. بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر بەتوندی دژی ئەم جۆرە كارە پووچانە بووە، قورئانی پڕ لە دانست ئەو كەسەی بەم شێوەیە خۆی دەكوژێت بە تاوانبارێك لەقەڵەم دەدات كە تاوانێكی گەورەی ئەنجامداوە و شایستەی سزایە.. بۆیە دەفەرموێت: {وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ} (البقرة: 196) واتە خۆتان مەكوژن، بەدەستی خۆتان هۆكار مەسازێنن بۆ لەناوچوونی خۆتان. بۆ نموونە ئەگەر خالید سكی ژان بكات و زەید بەزەیی پێیدا بێتەوە و سەری خۆی بشكێنێت؛ ئەوا هەرگیز ئەم كارەی بەچاكە لەقەڵەم نادرێت بەرامبەر بە خالید، بەڵكو تەنھا دەوترێت: كەسێكی گەوج و نەفام بوو بەبێ سوود سەری خۆی شكاند. دیارە چاكە ئەوەیە كە زەید كارێكی شیاو بكات و سوود بە خالید بگەیەنێت وەك ئەوەی دەرمانی چاكی بۆ ئامادە بكات و بەگوێرەی بنەماكانی زانستی پزیشكی چارەسەری بكات. بەڵام ئەوەی كە سەری خۆی بشكێنێت.. هیچ سوودێك ناگەیەنێت بە خالید، بگرە بەپێچەوانەوە.. بەبێ سوود ئەندامێكی بەسوودی لەشی خۆی تووشی ئازار كردووە.

كەواتە مەبەست لەو ئایەتەی پێشوو كە باس كرا ئەوەیە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەڕێگەی هاوخەمی و دڵسۆزیەوه، وه لەڕێگەی بەرگەگرتنی هەموو سەختی و ناڕەحەتیەك لەم پێناوەدا.. وە لەڕێگەی نزا و بانگەواز و ئارامگرتن لەسەر ستەم و چەوسانەوە، و بە هەموو شێوازێكی شایستە و پڕ لە دانست ژیانی خۆی تەرخان كرد بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی.. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {لَعَلَّكَ بَاخِعٌ نَفْسَكَ أَلَّا يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ} (الشعراء: 4)، وە دەفەرموێت: {فَلَا تَذْهَبْ نَفْسُكَ عَلَيْهِمْ حَسَرَاتٍ} (فاطر: 9) واتە بەهۆی ئەو خەم و خەفەتەوە كە دەیخۆیت ڕەنگە خۆت بفەوتێنیت لەپێناوی خەڵكیدا، وە نەكەی بەهۆی خەمی ئەوانەوە كە حەق وەرناگرن خۆت لەناوبەریت.

شێوازی پڕ لەدانست بۆ قوربانیدانی كەسێك بە گیانی خۆی لەپێناوی كۆمەڵگاكەیدا تەنھا ئەوەیە كە مرۆڤ لەبەر بەرژەوەندی ئەوان بەرگەی ماندووبوون و ناڕەحەتی بگرێت بەگوێرەی كاركردن بە یاسا بەسوودەكانی سروشت، وە ژیانی خۆی ببەخشێت بۆ داڕشتنی پلانی بەسوود و دروست بۆ دواڕۆژیان، نەك ئەوەی بە بەرد سەری خۆی بشكێنێت، یاخود ژەهر هه‌ڵقوڕێنێت و لەم دنیایە كۆچ بكات لە ئەنجامی كاریگەربوونی بەوەی كە ده‌بینێت لە كۆمەڵگاكەیدا بەڵای قورس و گومڕایی و هەڵەی گەورە و هەڵویستی ترسناك هه‌یه‌، پاشان وابزانێت بەم كارە نەشیاوەی كۆمەڵگاكەی ڕزگار دەكات. ئەمە كارێكی پیاوانە نیە، بەڵكو سیفەتێكی ژنانەیە. بێگومان یەكێك لە نه‌ریته‌كانی كەسانی بێ هیممەت و ورە ڕووخاو ئەوەیە كە هەمیشە ده‌سبه‌جێ پەنا دەبن بۆ خۆكوشتن لەكاتی تووشبوونیان بە كۆمەڵێك موسیبەت كە قورسە بۆیان بەرگەی بگرن. ئەم خۆكوشتنە، هەرچۆن پاساوی بۆ بھێنرێتەوە، كارێكی شوورەییە لای كەسانی ژیر و خاوەنى ئاوەز.

بەڵام ئەگەر دەرفەتی تۆڵەكردنەوە لە دوژمن هەڵنەكەوت بۆ كەسێك؛ ئەوا ئارامگرتنی و وازھێنانی لە تۆڵەكردنەوە هیچ بایەخێكی نیە و بە ئەخلاقی بەرز ئەژمار ناكرێت؛ چونكە نازانین ئەگەر توانای تۆڵەكردنەوەى هەبێت هەڵسوكەوتی چۆن دەبێت؟ ئەگەر مرۆڤ تێپەڕنەبێت بە بەڵا و نەهامەتیەكاندا و پاشان دەسەڵات و دەوڵەمەندی بەدەست نەھێنێت؛ ئەوا ماهیەتی ڕەوشت و ئەخلاقی دەرناكەوێت؛ چونكە ئاشكرایە ئەوەی لە دۆخی لاوازی و داماوی و بێ دەسەڵاتیدا ژیان بەسەر ببات و لەلایەن خەڵكیەوە بچەوسێنرێتەوە، بەبێ ئەوەی ڕۆژێك لەڕۆژان دەسەڵات و حكومەت و ماڵ و سامان بەدەست بھێنێت، ناتوانرێت بڕیار بدرێت كە خاوەنی ڕەوشتی بەرزە. وە ئەگەر لە گۆڕەپانی جەنگدا ئامادە نەبێت؛ ئەوا بۆمان ساغ نابێتەوە كە ئازا و بەجەرگە یان ترسنۆك. بێگومان ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین لەسەر ڕەوشتی چونكە هیچ شتێكی لێ نازانین؛ نازانین ئەگەر زاڵ بوو بەسەر دوژمنەكانیدا چۆن هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا دەكات؛ ئەگەر دەوڵەمەند بوو ماڵ و سامانەكەی چۆن بەكاردەھێنێت.. ئایا دەست نووقاو دەبێت یان دەستكراوە دەبێت و ماڵ و سامان دەبەخشێت بە خەڵكی؛ وە لە گۆڕەپانی جەنگدا چی دەكات.. ئایا لە ترسا لە دوژمن هەڵدێت یان وەكو ئازاكان ڕەفتار دەنوێنێت؟

بەڵام خوای گەورە بەفەزڵ و چاودێری خۆی دەرفەتی تەواوەتی ڕەخساند بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە خۆی بڕازێنێتەوە بە هەموو ڕەوشتە بەرزەكان. بەخشین و ئازایەتی و خۆڕاگری و دادپەروەری و هێمنی و هەموو ڕەوشتە بەرزەكانی تر تێیدا دەركەوت، هەریەكەیان لە كات و شوێنی خۆیدا، بەجۆرێك ئەستەمە هاوشێوەیەكی هەبێت لەسەر ڕووی زەویدا.

كەواتە لە هەردوو دۆخەكەدا.. دۆخی لاوازی و هەژاری، دۆخی دەسەڵات و دەوڵەمەندی، موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) سەلماندی بۆ هەموو جیھان كە چەندە ڕەوشتی بڵند و جوانە. هیچ ڕەوشتێكی جوانی مرۆیی نیە مەگەر خوای گەورە دەرفەتی ڕەخساندووە بۆی (صلى الله عليه وسلم) كە خۆی پێ بڕازێنێتەوە و ڕەنگ بداتەوە تێیدا. ئازایەتی و بەخشین و خۆڕاگری و هێمنی و لێخۆشبوون و ڕەوشتە بەرزەكانی تری لێ دەركەوت.. دەركەوتنێك كە مەحاڵە هاوتایەكی بدۆزرێتەوە لە دنیادا.

بەڵێ، ئەوەش ڕاستە كە ئەوانەی ئەو پەڕی ستەمیان كرد و ویستیان ئیسلام ڕیشەكێش بكەن و لەناوی بەرن خوای گەورە سزای دان؛ چونكه سزانەدانیان واتە هاڕینی پیاوچاكان لەژێر پێیاندا.

ئامانجی جەنگەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ئامانجی جەنگەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتی نەبوو لە كوشتنی خەڵكی بەبێ هۆكارێكی پێویست، بەڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ بوو كە ستەمكاران خۆی و هاوەڵەكانیان لە زێدی باوباپیرانیان دەركرد، وه بەناحەق زۆرێك لە پیاوان و ژنانی موسوڵمانانیان كوشت، لەگەڵ ئەوەدا دەستیان هەڵنەگرت لە ستەم، وە ڕێگرییان دەكرد لە بڵاوبوونەوەی ڕێنماییەكانی ئیسلام.. لەبەرئەوە یاسای خوا ئەوەی خواست، بۆ پاراستنی ئاسایش، كە ستەملێكراون بپارێزێت لە فەوتان و لەناوچوون، بۆیە بەشمشێر جەنگ كرا دژی ئەو كەسانەی كە شمشێریان هەڵكێشا.

جەنگەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنھا بۆ ئەوە بوو كە ئاژاوەی پیاوكوژ و خوێنڕێژەكان كۆتایی پێ بھێنێت و خراپه و شەڕی ئەوان نەھێڵێت بەرامبەر ستەملێكراوان. ئەو كاتە جەنگ بەرپا بوو كە ستەمكاران ویستیان ئەهلی حەق لەناوبەرن. دەی ئەگەر لەو كاتەدا ئیسلام ئەو ئامرازانەی نەگرتایەتەبەر بۆ بەرگریكردن لەخۆی؛ ئەوا بەناحەق هەزارەها مناڵ و ئافرەت لەناودەچوون لەسەر دەستی ستەمكاراندا، وە ئیسلامیش دەسڕایەوە.

هەڵەیەكی ئاشكرا

پێویستە بزانرێت چه‌واشه‌كردنێكی گەورەیە لەلایەن نەیارەكانمانەوە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن دەبێت ڕێنموونی خوایی لەوە بەرزتر بێت كە هانی مرۆڤ بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن لە هەموو بارودۆخێكدا.. وە پێویستە هەمیشە هانی بدات لەسەر خۆڕازاندنەوە بە هێمنی و نەرمونیانی وەك خوشەویستی و بەزەییەك بەرامبەر دوژمن. ئەو كەسانە پێیان وایه‌ ئەوان بە قەتیسكردنی هەموو سیفەتە كامڵەكانی خوا لە هێمنی و ڕەحم و بەزەییدا ڕێزێكی زۆر و شكۆیەكی زۆر مەزن بۆ خوای گەورە دادەنێن! بەڵام ئەو كەسانەی بەوردی بیردەكەنەوە لەم بابەتە.. بەئاسانی پەی بەوە دەبەن كە ئەو كەسانە ‌ هەڵەیەكی گەورە و ئاشكرا دەكەن.

ئەگەر بەوردی سەرنجماندا لە ڕێساكانی سروشت بەجوانی بۆمان دەردەكەوێت كە بێگومان خوای گەورە ڕەحمەتێكی پەتیە بۆ دنیا، بەڵام ئەم ڕەحمەتەی هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێكدا به‌ شێوەی میھرەبانی و نەرمونیانی دەرناكەوێت، بەڵكو بەهۆی ڕەحمەتی فراوانی خۆیەوە _وەك پزیشكێكی شارەزا_ هەندێ جار گیراوەیەكی شیرینمان پێ دەدات و هەندێ جاری تریش دەرمانێكی تاڵمان دەرخوارد دەدات. بێگومان ڕەحمەتی خوای گەورە بۆ نەوەی ئادەم وەكو ڕەحمەتی هەر یەكێك لە ئێمە وایە بۆ هەموو جەستەی. گومانی تێدا نیە هەر یەكێك لە ئێمە هەموو جەستەی خۆی خۆش دەوێت، ئەگەر كەسێك بیەوێت تاڵە موویەكی لێ بكاتەوە؛ ئەوا بەتوندی لێی تووڕە دەبێت. ئەگەرچی خۆشەویستی هەر یەكێكمان بۆ جەستەی دابەش بووە بەسەر هەموو ئەندامەكانیدا؛ چونكە هەموو ئەندامێك لای ئەو خۆشەویستە و نایەوێت زیان بگات بە هیچ یەكێكیان، بەڵام ئەم خۆشەویستیە بە یەكسانی دابەش نەبووە بەسەر هەموو ئەندامەكاندا، بەڵكو زیاتر ئەو ئەندامانەمان خۆش دەوێت كە گرنگترن و تا ڕادەیەكی زۆر لە ژیاندا پشتیان پێ دەبەستین. بەهەمان شێوە زیاتر كۆی ئه‌ندامه‌كانمان خۆش دەوێت تاكو یەك ئەندام به‌ته‌نھا، لەبەرئەوە ئەگەر سەلامەتی ئەندامێكی گرنگ لەسەر برینداركردنی ئەندامێكی تر بوەستێت كە گرنگیەكەی لەو كەمتر بێت، یان تەنانەت شكاندن یان قرتاندنیشی.. ئەوا ئێمە بەزووی و بەبێ دوودڵی ئەو كارە دەكەین.. بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنینەوە. بەڵێ، لەو كاتەدا دڵمان ئازار دەچێژێت؛ چونكە ئەندامێكی خۆشەویستمان بریندار دەكەین یان دەیبڕین و لێی دەكەینەوە.. بەڵام سەرەڕاى ئەمە ناچارین ئەو كارە بكەین لەترسی ئەوەی نەوەكو نەخۆشیەكە لە ئەندامە نەخۆشەكەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەندامێكی گرنگی تر و ئەویش لەگەڵ خۆیدا لەكار بخات.

لەم نموونەيەوە دەكرێت ئەوە تێبگەین كه كاتێك خوای گەورە دەبینێت بەندە ساڵحەكانی لە لێواری لەناوچووندان بەدەستی ستەمكاران، وە بەدفەری و خراپەكاری ڕوو لەزیادبوونە.. ئەوا كۆمەڵێك ڕێكاری گونجاو دەگرێتەبەر و كۆمەڵێك نەخشە و پلانی تۆكمە دەخاتە كار.. یان لە ئاسمانەوە یاخود لە زەویەوە.. بۆ ڕزگاركردنی دۆستەكانی خۆی و كۆتایی ھێنان بە خراپەكاری. بێگومان خوا هەروەك چۆن دانایە، بەهەمان شێوە دلۆڤانیشە.

والحمد لله رب العالمین