بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئەم وتارە لە كتێبی (فلسفة تعالیم الإسلام)ی ئیمام مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) وەرگیراوە. لە بنچینەدا ئەم كتێبە بەنرخە وتارێك بوو بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) هەستا بە نووسینی و یەكێك لە هاوەڵەكانی بەناوی عەبدولكەریم سیاڵكوتی (ڕەزای خوای لێ بێت) لە كۆنگرەی ئایینەكان لە لاهۆر پێشكەشی كرد لە بەرواری 26-28 كانوونی یەكەمی ساڵی 1896.

شوێنەواری كردەوە چاكەكان لەسەر ژیانی مرۆڤ لە دنیا و دواڕۆژدا

وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە پێشتر باسمان كردووە، واتە كاریگەری ڕاستەقینەی شەریعەتی ڕاست و دروست لەسەر دڵی مرۆڤ لەم دنیایەدا ئەوەیە كە لە دۆخی دڕندەییەوە دەیگۆڕێت بۆ مرۆڤ، وە لە مرۆڤەوە دەیگۆریت بۆ مرۆڤێكی خاوەن ڕەوشتی بەرز، پاشان لە كۆتاییدا لە مرۆڤێكی خاوەن ڕەوشتی بەرزەوە دەیگۆڕێت بۆ مرۆڤێكی ڕەببانى.

لە دیمەنەكانی كاریگەری پیادەكردنی شەریعەت لەم ژیانەدا ئەوەیە ئەگەر مرۆڤ پەیڕەوی شەریعەتی ڕاست و دروست بكات.. ئەوا مافی مرۆڤەكان دەزانێت بەگوێرەی پێگە و پلەوپایەكانیان، وە هێز و بەهرەكانی وەك: دادپەروەری و چاكە و بەزەیی لە شوێنی خۆیاندا بەكاردەھێنێت، وە بەگوێرەی پلەوپایەكانیان خەڵكی بەشدار دەكات لەو زانست و زانیاری و ماڵ و سامان و خۆشگوزەرانیەدا كە خوا وەك چاكەیەك بەرامبەری خەڵاتى كردووە پێی. بۆیە _وەكو خۆر_ هەموو تیشكەكەی دەنێرێت بۆ سەرجەم هاوتوخمەكانی؛ وە وەكو مانگی چواردە.. لە ڕووناكی خوای گەورە وەردەگرێت و پاشان لێشاوی ڕووناكیەكەی پەخش دەكاتەوە بەسەر كەسانی تردا؛ وە وەكو ڕۆژ.. شەوق دەداتەوە و ڕێگا ڕاستەكان پیشانی خەڵكی دەدات؛ وە وەكو شەو.. نەنگی و ناتەواوی لاوازەكان دادەپۆشێت و حەوانەوە دابین دەكات بۆ كەسانی شەكەت و ماندوو؛ وە وەكو ئاسمان.. بە سێبەرەكەی داڵدەی هەموو خاوەن پێداویستیەك دەدات، وە لە وەرزەكانیدا لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتی خۆی دەبارێنێت بەسەریاندا؛ وە وەكو زەوی.. بەوپەڕی خۆبەكەمزانینەوە دەبێت بە ڕاخەرێك بۆ حەوانەوەی هەموو مرۆڤێك، وە لە باوەشی ڕەحمەتی خۆیدا هەموویان لەئامێز دەگرێت و جۆرەها بەروبوومی ڕۆحییان پێشكەش دەكات.

ئەمە بریتیە لە شوێنەوار و كاریگەری پیادەكردنی شەریعەتی كامڵ؛ بۆیە ئەو كەسەی دەستی پێوەدەگرێت دەگاتە چڵەپۆپەی جێبەجێ كردنی مافی خوا و مافی بەندەكانی. بێگومان ئەو كەسە لە خوای گەورەدا فەنا دەبێت، وە دەبێت بە خزمەتكارێكی ڕاستگۆی دروستكراوەكانی.

ئەمە سەبارەت بە كاریگەری پیادەكردنی شەریعەت لەم ژیانەدا. بەڵام سەبارەت بە كاریگەریەكەی لە پاش ئەم ژیانە.. ئەوا پەیوەندیە ڕۆحیەكەی لەگەڵ خوادا لەو ڕۆژەدا بۆی دەگۆڕێت بۆ بینینی ئاشكرای خوا؛ وە ئەو خزمەتەی كه تەنھا لەبەر خاتری خوای گەورە ئەنجامیداوە بەرامبەر دروستكراوانی خوا، كە پاڵنەرەكەی بریتی بووە لە خۆشەویستی ئیمان و كردەوەی چاك.. لەو ڕۆژەدا لە دیمەنی درەخت و ڕووبارەكانی بەهەشتدا دەردەكەون بۆی. خوای گەورە لەم بارەيەوە دەفەرموێت: {وَالشَّمْسِ وَضُحَاهَا * وَالْقَمَرِ إذَا تَلاهَا * وَالنَّهَارِ إذَا جَلّاهَا * وَالليْلِ إذَا يَغْشَاهَا * وَالسمَاءِ وَمَا بَنَاهَا * وَالأَرْضِ وَمَا طَحَاهَا * وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا * فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا * قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا * وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا * كَذَّبَتْ ثَمُودُ بِطَغْوَاهَا * إذِ انْبَعَثَ أَشْقَاهَا * فَقَالَ لَهُمْ رَسُولُ اللهِ نَاقَةَ اللهِ وَسُقْيَاهَا * فَكَذَّبُوهُ فَعَقَرُوهَا فَدَمْدَمَ عَلَيْهِمْ رَبُّهُمْ بِذَنْبِهِمْ فَسَوَّاهَا * وَلا يَخَافُ عُقْبَاهَا} (سورة الشمس)

واتە سوێند بە خۆر و تیشكەكەی، وە سوێند بە مانگ كاتێك شوێن خۆر دەكەوێت.. واتە ڕووناكی لەو وەردەگرێت و وەكو خۆر ئەو ڕووناكیە دەگەیەنێت بە كەسانی تر. وە سوێند بە ڕۆژی ڕووناك كاتێك ڕۆشنایی خۆر دەردەخات و ڕێگاكان ڕووندەكاتەوە. وە سوێند بە شەو كاتێك تاریك دەكات و هەموو شتێك بەتاریكی خۆی دادەپۆشێت. وە سوێند بە ئاسمان و بەو دانستەی كە لەپشت دروستكردنەكەیەتی بەم شێوەیە، وە سوێند بە زەوی و بەو هۆكارە شاراوەیەی كه لەپشت ڕاخستنەكەیەتی بەم شێوەیە، وە سوێند بە ڕۆحی مرۆڤ و كەماڵی ئەو ڕۆحە كە وەهای لێكردووە یەكسان بێت بە هەموو ئەم دروستكراوانە.. بەو مانایە ئەو سیفەتە كامڵانەی كە بەشێوەیەكی جیاجیا لە هەموو یەكێك لەم دروستكراوانەدا هەیە هەموویان لە ڕۆحی مرۆڤی كامڵدا هەن بەتەنھا، وە ئەو خزمەتەی هەر یەكێك لەم دروستكراوانه بەجیا ئەنجامی دەدات بەرامبەر مرۆڤایەتی، مرۆڤی كامڵ خۆی بەتەنھا هەموو ئەم خزمەتانە ئەنجام دەدات، وەك پێشتر ڕوونمكردەوە.

وە فەرمایشتی خوای گەورە: {قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكّاهَا} واتە بێگومان سەركەوت و ڕزگاری بوو لە مردن ئەو كەسەی بەم شێوەیە نەفسی خۆی پاك كردەوە و بوو بە خزمەتكاری دروستكراوانی خوا لە ڕێگەی خۆفەناكردنی لە خوای گەورەدا و خۆتەرخانكردنی بۆ ئەو زاته.. وەك خۆر و مانگ و زەوی و هتد.

پێویستە ئەوەتان لەیاد بێت كە لێرەدا مەبەست لە ژیان بریتیە لە ژیانی هەتاهەتایی كە مرۆڤی كامڵ لە دواڕۆژدا بەدەستیدەھێنێت. وە لەمەدا ئاماژەكراوە بۆ ئەوەی كە بەرهەمی پیادەكردنی شەریعەتی كردەیی لە جیھانی دواڕۆژدا بریتیە لە ژیانی هەتاهەتایی.. كە هەمیشە بەردەوام دەبێت بەهۆی خۆراكی بینینی خواوە.

پاشان دەفەرموێت: {وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسّاهَا} واتە بێگومان دۆڕا و نائومێد بوو لە ژیان كەسێك ڕۆحی خۆی پیس كرد بە چڵپاو، وە سیفەتە كامڵەكانی بەدەستنەھێنا لەكاتێكدا كۆمەڵێك هێز و بەهرەی پێدرا بوو بۆ ئەوەی بەدەستیانبھێنێت، وە پاشەكشەی كرد بۆ دواوە پاش بەسەربردنی ژیانێكی پیس و پۆخڵ.

پاشان خوای گەورە بەسەرهاتی هۆزی سەموود (ثمود) بە نموونە دەھێنێتەوە بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت كە سەرگوزەشتەی ئەوان هاوشێوەی سەرگوزەشتەی ئەم كەسە چارەڕەشەیە. هەروەك چۆن ئەوان وشترە مێچكەكەیان پەلپەل كرد كە پێیدەوترا “وشترە مێچكەی خوا” و نەیانھێشت ئاو بخواتەوە لە سەرچاوەی ئاوەكەیان، بەهەمان شێوە ئەم بەدبەختە وشترە مێچكەی خوای بریندار كرد و بێبەشی كرد لە سەرچاوەكەی. لەمەشدا ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی كە گیانی مرۆیی بریتیە لە وشترە مێچكەی خوا كه مرۆڤ سواری دەبێت و لێیدەخوڕێت.. بەو مانایە كە دڵی مرۆڤ شوێنی درەوشانەوە خواییەكانە، وە ئاوی ئەو وشترە مێچكەیە، كە بەهۆیەوە دەژی و زیندوو دەمێنێتەوه،‌ خۆشەویستی و ناسینی خوایە.

پاشان دەفەرموێت: {فَدَمْدَمَ عَلَيْهِمْ رَبُّهُمْ بِذَنْبِهِمْ فَسَوّاهَا} واتە هۆزی سەموود كاتێك وشترە مێچكەكەیان پەلپەل كرد و نەیانھێشت ئاوبخواتەوە.. خوا سزای ناردە خوارەوە بۆ سەریان، وە هەرگیز خوا گوێی نەدا بە سەرەنجامی بێوەژن و هەتیوەكانیان پاش لەناوچوونی هۆزەكە. بەهەمان شێوە ئەو مرۆڤەیش كە وشترە مێچكەی نەفسی خۆی سەردەبڕێت و پەلپەلی دەكات و نایگەیەنێتە ئەو لوتكەیەی كە بۆی دیاریكراوە، وە ئاوه ڕۆحیەكەی لێ قەدەغە دەكات بەدڵنیاییەوە دەفەوتێت و لەناودەچێت.

دانستی سوێندخواردنی خوا بە شته جیاوازەكان

لێرەدا پێویستە هەموو كەسێك ئەوە بزانێت كە لە سوێندخواردنی خوا بە خۆر و مانگ و شتەكانی تر حیكمەت و دانستێكی ئەوپەڕی قووڵ هەیە، نەزانینی ئەم دانستە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆربەی زۆری نەیارەكانمان ڕەخنە بگرن و بڵێن: خوا چ پێویستی بە سوێندخواردن هەیە، وە بۆچی سوێن بە دروستكراوەكان دەخوات؟ وە بەوپێیەی كە ژیریەكەیان زەمینییە و ئاسمانی نیه بۆیە پەی نابەن بە زاستی ڕاست و دروست.

با ڕوون و ئاشكرا بێت كە مەبەستی ڕاستەقینە لە سوێندخواردن تەنھا ئەوەیە كە سوێندخۆر بەم سوێندخواردنەی دەیەوێت بەڵگە و شایەتییەك پێشكەش بكات لەسەر داوا و بانگەشەكەی. ئەگەر شایەتێك نەبێت شایەتی بدات لەسەر ئەو شتەی بانگەشەی دەكات ئەوا خوای گەورە دەكات بە شایەت؛ چونكە خوا زانستی نادیار دەزانێت و یەكەم شایەتە لە هەموو پرسێكدا. واتە ئەو كەسەی سوێند بەخوا دەخوات مەبەستی لەم شایەتیە ئەوەیە كە ئەگەر خوا بێدەنگ بوو دەربارەی من دوای ئەم سوێندخواردنە، وە سزایەكی نەناردەخوارەوە بۆ سەرم.. ئەوا وەك ئەوە وایە خوای گەورە مۆری ڕاستی بدات لە قسەكەم وەك چۆن شایەتەكان ڕاستی قسەی كەسێك دەسەلمێنن. بەگوێرەی ئەمە.. هیچ دروستكراوێت بە هیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نیە سوێند بە دروستكراوێكی تر بخوات؛ چونكە دراوستكراوە سوێندپێخوراوەكە زانستی نادیار نازانێت، هەروەك توانای ئەوەی نیە كە سزای كەسێك بدات كە بەدرۆ سوێند بخوات.

بەڵام سوێندخواردنی خوای دروستكار لە ئایەتەكانی پێشوودا وەكو سوێندخواردنی دروستكراو نیە، بەڵكو لەمەدا سوننەتی خوا وەهایە كە كردەوەكانی دوو جۆرن: كردەوەی ئاشكرا و هەستپێكراو كە هەموو كەسێك پەی پێ دەبات بەبێ بوونی جیاوازی و ناكۆكی، وە كردەوەی تیۆری كە تێیدا خەڵكی دنیا هەڵە دەكەن و جیاواز دەبن، بۆیە خوای گەورە ویستوویەتی لەڕێگەی شایەتیدانی كردەوە ئاشكرا و بەڵگەنەویستەكانیەوە جەخت بكاتەوە بۆ خەڵكی، لە كردەوە تیۆریەكانی كە پێویستیان بە بەڵگە هەیە.

لەیەكچوون لەنێوان جیھانی بچوك و جیھانی گەورەدا

ئاشكرایە هەریەك لە خۆر و مانگ و ڕۆژ و شەو و ئاسمان و زەوی بەشێوەیەكی كردەیی ئەو خاسیەتانەیان هەیە كە پێشتر باسكران؛ بەڵام بوونی ئەم جۆرە خاسیەتانە لە نەفسی مرۆییدا بابەتێكە هەموو كەسێك نایزانێت. لەبەرئەوە خوا كردەوە بینراوەكانی خۆی وەك شایەتی و بەڵگە پێشكەش دەكات بۆ ڕوونكردنەوەی كردەوە تیۆریەكانی. وەك ئەوەی خوای گەورە بڵێت: ئەگەر ئێوە گومانتان هەیە لە بوونی ئەو خاسیەتە باسكراوانە لە گیان و دەروونی مرۆڤدا؛ ئەوا سەرنج بدەن لە خۆر و مانگ و دیاردەكانی تر و بەشێوەیەكی بەڵگەنەویست ئەو خاسیەتانەیان تێدا بەدیدەكەن.

پاشان ئێوە دەزانن كە مرۆڤ جیھانێكی بچوكە.. لە ڕۆحیدا بە بچوكی نەخشەی هەموو جیھانی گەورە كێشراوە. دەی مادام ساغبووەتەوە و ئاشكرایە كە ئەم تەنە زەبەلاحانە لە جیھانی گەورەدا ئەو خاسیەتانەیان هەیە، وە سوود دەگەیەنن بە دروستكراوان وەك باسكرا، ئیتر چۆن دەكرێت مرۆڤ بێبەش و خاڵی بێت لێیان.. لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ بەوە ناودەبرێت كە پلەوپایەی لە هەموو دروستكراوان بەرزترە؟ نەخێر، بێگومان ئەویش وەكو تیشكی خۆر ڕووناكیەكی تێدایە لە زانست و عەقڵ كە دەتوانێت بەهۆیەوە هەموو جیھان ڕووناك بكاتەوه. وە _وەكو مانگ_ لە خوای هەرەبڵندەوە ڕووناكی كەشف و ئیلھام و وەحی پێدەگات.. وە دەیگەیەنێت بەو كەسانەی كە هێشتا نەگەيشتوونەتە بەرزترین پلەی گەشە و پێشكەوتنی مرۆیی. ئیتر چۆن دەگونجێت بوترێت پێغەمبەرایەتی بیرۆكەیەكی باتڵە و هەموو پەیام و شەریعەت و كتێبه ئاسمانیەكان تەنھا بەرهەمی فێڵ و خۆپەرستی مرۆڤن؟

دەبینن كاتێك ڕۆژ دەبێتەوە چۆن هەموو ڕێگایەك دەردەكەوێت و هەموو بەرز و نزمیەك بەجوانی دەبینرێت.. بەهەمان شێوە مرۆڤی كامڵ.. بریتیە لە ڕۆژی ڕۆشنایی ڕۆحی، كاتی‌ درەوشانەوەی ئەو ڕۆژە هەموو ڕێگاكان بەڕوونی دەردەكەون، وە ئەو بۆ خەڵكی ڕووندەكاتەوە كە ڕێگای ڕاست كامەیە.. چونكە ئەو ڕۆژی پرشنگداری حەق و ڕاستیه.

هەروەها دەبینن كە چۆن شەو داڵدەی كەسانی زەحمەتكێش و ماندوو دەدات، وە چۆن كرێكارە شەكەتەكان بەوپەڕی دڵخۆشیەوە لە ئامێزیدا دەخەون و دەحەوێنەوە و پشوو دەدەن لە هەموو كارێكی قورس، پاشان شەو نەنگی و ناتەواوی هەموو كەسێك دادەپۆشێت.. بەهەمان شێوە بەندە كامڵەكانی خوا بۆ حەساندنەوەی خەڵكی دنیا دێن. وە ئەوانەی لەلایەن خواوە وەحی و ئیلھامیان پێدەگات هەموو كەسە ژیرەكان لە ماندووبوونی نەفس ڕزگار دەكەن، وە لەسایەی ئەوانەوە گیروگرفتە مەعریفیە قورسەكان زۆر بەئاسانی چارەسەر دەبن. هەروەك وەحی خوای گەورە _وەكو شەو_ ناتەواویەكانی عەقڵی مرۆیی دادەپۆشێت.. ڕێگەنادات هەڵە پیس و قێزەونەكانی ئاشكرا بێت بۆ دنیا.. چونكە خەڵكانی ژیر هەر كاتێك ڕووناكی وەحییان پێگەيشت خۆیان هەڵەكانی خۆیان ڕاستدەكەنەوە، وە لە سایەی بەرەكەتی وەحی پیرۆزی خواوە خۆیان دەپارێزن لە ئابڕووچوون. لەبەرئەوە هەرگیز نابینن یەكێك لە فەیلەسووفەكانی ئیسلام مریشكێكی كردبێت بە قوربانی بۆ بتەكان وەك ئەوەی “ئەفلاتۆن”ی فەیلەسووف كردی. ئەفلاتۆن بێبەش بوو لە ڕووناكی وەحی بۆیە فریوی خوارد و سەرەڕای ئەوەی فەیلەسووفێكی گەورە بوو كەچی بەهەڵەشەیی ئەم گەوجێتیە دزێوەی ئەنجامدا. بەڵام فەیلەسووفە موسوڵمانەكان لەسایەی شوێنكەوتنی گەورە و سەروەرمان پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) پارێزراو بوون لەم جۆرە گەوجێتی و كارە قێزەونانە. كەواتە ببینن چۆن ساغبوویەوە كە وەحی وەكو شەو هەڵە و زەللـەی ژیرمەندەكان دادەپۆشێت.

پاشان بێگومان ئێوە دەزانن كە بەندە كامڵەكانی خوا _وەكو ئاسمان_ چۆن لەسایه و سێبەری خۆیاندا داڵدەی هەموو كەسێكی شەكەت و ماندوو دەدەن، بێگومان پێغەمبەرانی خوای پیرۆز بەتایبەتی و ئەوانەی كە ئیلھامیان پێدەگات بەگشتی _وەكو ئاسمان_ لێشاوی نوور و بەرەكەتی خۆیان دەبارێنن. هەروەك خاسیەتەكانی زەویش لەخۆیاندا كۆدەكەنەوە.. لە ڕۆحی پاكیانەوە جۆرەها درەختی بەرزی زانستەكان دەڕوێت و گەشە دەكات، وە خەڵكی سوود وەردەگرن لە سێبەر و میوە و گوڵی ئەو درەختانە.

كەواتە ئەم یاسا سروشتیەی كە زۆر بەڕوونی لەبەرچاوماندا دیارە بەڵگەیە لەسەر هەمان یاسای نادیار و شاراوە. بێگومان خوا لەم ئایەتانەدا بەڵگە و شایەتیەكانی خۆی پێشكەش كردووە بەشێوەی دوو جۆر لە سوێند. دەی بڕوانن، ئەم كەلامەی قورئان چەند پتەوە، بێگومان لەزاری ئەو مرۆڤەوە دەرچووە كە نەخوێندەوار و بیاباننشین بووە! ئەگەر ئەم كەلامە لەلایەن جگە لە خواوە بوایە ئەوا عەقڵی كەسانی ئاسایی ماندوو نەدەبوو، وە تێگەيشتنی ئەو كەسانەیش كە خۆیان ناوناوە ڕۆشنبیر كورتی نەدەھێنا لە پەی بردن بەم زانستە وردە.. كە ئەمەش پاڵیان پێوە بنێت ڕەخنەی لێ بگرن و تانەی لێ بدەن. بێگومان لە نەریتەكانی مرۆڤ ئەوەیە ئەگەر بەهەموو شێوازێك شكستی هێنا لەڕێگەی عەقڵی كورتی خۆیەوە لە دانستێك و لە خاڵێكی ورد تێبگات؛ ئەوا ڕەخنەی لێ دەگرێت و تانەی لێ دەدات، وە ئەم ڕەخنە و تانەیەی ئەو بەڵگە و شایەتە لەسەر ئەوەی كە خاڵە وردەكە و وتە دانستیەكە بەرز و بڵندترە لەوەی ژیری ئاسایی لێی تێبگات، لەبەرئەوە ژیرمەندەكان، سەرباری ئەوەی بە ئەهلی عەقڵ و زیرەكی لەقەڵەم دەدرێن، ڕەخنەی لێ دەگرن. بەڵام ئێستا ئەم ڕازه شاراوەیە ئاشكرا بوو.. بۆیە دوای ئەمە هیچ كەسێكی ژیر و تێگەيشتوو تانەی لێ نادات.. بەڵكو چێژ و خۆشی لێ وەردەگرێت.

نموونەیەكی تر

بێگومان لە شوێنێكی تری قورئانی پیرۆزدا خوای گەورە سوێندێكی لەم شێوەیەی خواردوە كە تێیدا دیاردە سروشتیەكانی كردووە بە بەڵگە لەسەر سوننەتی بەردەوامی خۆی سەبارەت بە وەحی، دەفەرموێت: {وَالسَّمَاءِ ذَاتِ الرَّجْعِ * وَالأَرْضِ ذَاتِ الصَّدْعِ * إنَّهُ لَقَوْلٌ فَصْلٌ * وَمَا هُوَ بِالْهَزْلِ} (الطارق: 12_15) واتە سوێند بە ئاسمان كە بارانی لێوە دەبارێت، وە سوێند بە زەوی كە لە ئەنجامی باران بارینەوە جۆرەها ڕووەكی لێ دەڕوێت.. ئەم قورئانە كەلامی خوا و وەحی خۆیەتی.. وە لەنێوان حەق و باتڵدا بڕیار دەدات، وە شتێكی هەوانتە نیە كە هیچ سوودێكی نەبێت، واتە ئەوە نیە لەكاتی خۆیدا نەهاتبێت، بەڵكو وەكو باران وایە لە وەرزی خۆیدا باریوە.

كەواتە خوای گەورە لێرەدا یاسا سروشتیەكەی خۆی، كە ئەوپەڕی ئاشكرایە، وەك سوێند _واتە وەك بەڵگە و شایەتی_ پێشكەش كردووە لەسەر ڕاستی قورئانی پیرۆز كە كەلامی خۆیەتی.. بەو مانایەی هەمیشه ئەوە بەچاو دەبینرێت و تێبینی دەكرێت لە یاسای سروشتدا كە ئاسمان لەكاتی پێویستدا باران دەبارێنێت، وە سەوزبوونی زەوی بەتەواوەتی پەیوەستە بە بارینی باران لە ئاسمانەوە، دەی ئەگەر ئاسمان بارانی خۆی بگرێتەوە ئەوا وردە وردە بیرە ئاوەكان وشك دەبن.. لەمەوە ساغ دەبێتەوە كه لەڕاستیدا بوونی ئاو لەزەویدا وەستاوە لەسەر بارانی ئاسمان. لەبەرئەوە دەبینین هەر كاتێك لە ئاسمانەوە باران ببارێت ئاوی بیرەكانی سەر زەوی بەرزدەبنەوە. بۆچی ئاوەكەیان بەرزدەبێتەوە؟ تەنھا هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئاوی ئاسمان ئاستی ئاوی زەوی بەرزدەكاتەوە وەك ئەوەی ڕایبكێشێت بۆ سەرەوە. هەمان پەیوەندی بوونی هەیە لەنێوان وەحی خوایی و عەقڵی مرۆییدا.

پەیوەندی نێوان وەحی و عەقڵ

بێگومان وەحی ئاوێكی ئاسمانیە.. وە عەقڵ ئاوێكی زەمینیە، وە هەمیشە ئەم ئاوە زەمینییە بەهۆی ئاوی ئاسمانیەوە.. واتە وەحی، زۆر دەبێت. وە كاتێك ئاوی ئاسمانی نابارێتە خوارەوە ئاوی زەمینیش وردە وردە وشك دەبێت. ئایا ئەوەتان بەس نیە وەك بەڵگەیەكی بەھێز لەسەر ئەم خاڵە كە كاتێك ماوەیەكی زۆر تێدەپەڕێت و هیچ كەسێك لەوانەی كە وەحییان پێدەگات، لە زەویدا ڕەوانە ناكرێن ئەوا ژیری ژیرمەندان زۆر تێكدەچێت و بۆگەن دەكات و پیس دەبێت.. بەتەواوەتی وەك چۆن ئاوی زەوی وشك دەكات و بۆگەن و پیس دەبێت؟ بۆ ئەوەى تێبگەن لەوەی كە دەیڵێم ئەوەندەتان بەسە كە بەخێرایی چاوبخشێنن بەوەدا كە بارودۆخی جیھان چۆن بووە لە سەردەمی پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەرمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) لەو كاتەدا شەش سەدە تێپەڕیبوو بەسەر ڕەوانەكردنی مەسیحدا (عليه السلام)؛ وە لەو ماوەیەدا هیچ پێغەمبەرێك ڕەوانە نەكرابوو، لەبەرئەوە بارودۆخی هەموو جیھان بەتەواوەتی خراپ بوو. بێگومان مێژووی هەموو گەلان بەڕاشكاوی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بیرۆكە پووچەكان باڵی كێشابوو بەسەر هەموو ئاسۆكانی زەویدا پێش سەرهەڵدانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).

تۆ بڵێی هەموو ئەمانە بۆ ڕوویاندا و هۆكارەكەی چی بوو؟ هۆكارەكەی تەنھا ئەوە بوو كه ماوەیەكی درێژ وەحی خوایی پچڕا بوو، وە شانشینی ئاسمان تەنھا لەدەستی عەقڵی وشكدا بوو. ئایا كەس هەیە ئەوە نەزانێت كە عەقڵی ناتەواوی مرۆیی گیرۆدە بوو بەدەست چ خراپە و بەڵایەكەوە؟ دەی بڕوانن چۆن بەتەواوەتی ئاوی هەموو عەقڵەكان وشك بوون كاتێك بۆ ماوەیەكی درێژ ئاسمان بارانی وەحی نەباراند!

كەواتە لەم سوێندانەی قورئاندا خوای گەورە خودی ئەم یاسایەی سروشت دەخاتەپێش چاو.. وە داوامان لێ دەكات كە سەرنج بدەین ببینین: ئایا یەكێك لە ڕێسا خواییە هەمیشەییە پتەوەكان ئەوە نیە كە سەوزبوونی زەوی بەتەواوەتی لەسەر ئاوی ئاسمان وەستاوە؟ كەواتە ئەم ڕێوشوێنە ئاشكرایەی خوا بەڵگەیە لەسەر ڕێوشوێنە نادیارەكەی خوا.. واتە ڕێوشوێنی وەحی و ئیلھام. بۆیە پێویستە كەڵك وەربگرن لە بەڵگە و شایەتی ئەم شایەتە، وە عەقڵی پەتی بە ڕێپیشاندەر مەزانن.. چونكە عەقڵ ئاوێكە بەبێ ئاوی ئاسمانی نامێنێتەوە. بۆیە هەروەك چۆن یەكێك لە خاسیەتەكانی ئاوی ئاسمانی ئەوەیە كە ئاوی هەموو بیرەئاوەكان بەرزدەكاتەوە بەگوێرەی یاسای سروشت.. چ ئەوەی ئەو بیرە ئاوانە ڕاستەوخۆ ئاوەكەی ئاسمانیان بەربكەوێت یان نا، بەهەمان شێوە كاتێك لە زەویدا یەكێك لە پێغەمبەرانی خوا ڕەوانە دەكرێت.. چ ئەوەی كەسی ژیر شوێنی بكەوێت یان نا.. بەڵام عەقڵەكان لە سەردەمی ئەودا لەخۆوه بەڕادەیەك ڕۆشن دەبنەوە و دەدرەوشێنەوە كە پێشتر بەو شێوەیه نەبوون. خەڵكی لەخۆوە دەستدەكەن بەگەڕان و پشكنین بۆ حەق و ڕاستی، وە لە غەیبەوە هێزە فیكریەكانیان جووڵەی تێدەكەوێت. هەموو ئەم گەشە عەقڵی و گوڕوتینانەی ناودڵ بەهۆی هاتنی پیرۆزی ئەو مرۆڤەوە ڕوودەدەن كە لە ئاسمانەوە وەحی بۆ دەكرێت.. بێگومان بەهۆیەوە ئاوی زەوی بەتایبەتی بەرزدەبێتەوە. دەی ئەگەر بینیتان هەمووان ڕادەپەڕن و گرنگی دەدەن بە بابەتە ئایینیەكان و بەدواداچوونیان بۆ دەكەن، وە ئاوی زەمینی لە هەڵچووندایه.. ئێوەیش هەستن و وریا بن، وە بەدڵنیاییەوە بزانن كە باران لە ئاسمانەوە بەلێزمە هاتووەتە خوارەوە، وه ئاوی وەحی ئاسمانی بەخوڕەم باریوەتە سەر دڵی مرۆڤێك.”