بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئەم وتارە لە كتێبی (فلسفة تعالیم الإسلام)ی ئیمام مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوەوە (سڵاوی خوای لێ بێت) وەرگیراوە. لە بنچینەدا ئەم كتێبە بەنرخە وتارێك بوو بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت) هەستا بە نووسینی و یەكێك لە هاوەڵەكانی بەناوی عەبدولكەریم سیاڵكوتی (ڕەزای خوای لێ بێت) لە كۆنگرەی ئایینەكان لە لاهۆر پێشكەشی كرد لە بەرواری 26-28 كانوونی یەكەمی ساڵی 1896.

بێگومان خەڵكی لەگەڵ جیاوازی سروشتیاندا _بەهۆی كورتبینی یان كەمی ورەیانەوە_ چەندین ئامانجی جۆراوجۆریان دەستنیشان كردووە بۆ ژیانیان.. هەموویان لەوە تێپەڕناكەن كە بریتین لە بەدەستھێنانی مەبەستە دنیاییەكان و گەیشتن بەئاواتە ماددیيەكان. بەڵام ئەو ئامانجەی كە خوای گەورە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا باسی كردووە ئەوەیە لەم ئایەتە پیرۆزەدا ڕاگەیەنراوە كە دەفەرموێت: {وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ} (الذاریات: 57) واتە بۆ ئەوەی بمناسن و بمپەرستن. كەواتە بەگوێرەی ئەم ئایەتە مەبەستی ڕاستەقینەی ژیانی مرۆڤایەتی بریتیە لە ناسین و بەندایەتیكردنی خوا و ئەوەی كە مرۆڤ ژیانی خۆی تەرخان بكات بۆ خوا بەتەنھا. ئاشكرایە مرۆڤ سەرپشك نیە لەوەدا كە لەخۆیەوە ئامانج بڕیار بدات بۆ ژیانی خۆی؛ چونكە بەویستی خۆی نەهاتووەتە ئەم جیھانەوە.. وە بەڕەزامەندی خۆیشی بەجێیناهێڵێت، مرۆڤ تەنھا دروستكراوێكە نەك زیاتر. دەی ئەو كەسەی دروستی كردووە و لەڕێگەی پێدانی باشترین هێز و بەهرەوە فەزڵی داوە بەسەر هەموو ئاژەڵەكاندا.. كەسێكە كە ئامانجێكی دیاریكراوی بۆ ژیانی بڕیارداوە. چ مرۆڤ لێی تێبگات یان لێی تێنەگات، گومانی تێدا نیە كە ئامانج لە دروستكردنی مرۆڤ تەنھا بریتیە لە بەندایەتی خوا و ناسین و فەنا بوون لە خوای گەورەدا.. هەروەك لە شوێنێكی تری قورئاندا خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ} (آل عمران: 20)، وە دەفەرموێت: {فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا لَا تَبْدِيلَ لِخَلْقِ اللَّهِ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ} (الروم: 31) واتە بێگومان ئەو ئایینەی كە دەستەبەری دابینكردنی زانستی خوایی ڕاستەقینه و بەندایەتی خوا بەجوانترین شێواز دەكات.. تەنھا بریتیە لە ئیسلام. بێگومان ئیسلام خراوەتەناو سروشتی مرۆڤەوە.

خوای گەورە لەپێناوی ئیسلامدا مرۆڤی دروست كردووە، وە بەشێوەیەك دروستی كردووە كە بەتەواوەتی تەبا و گونجاوە لەگەڵ ئەو ئایینەدا.. بەو مانایەی ویستوویەتی مرۆڤ بە هەموو ئەو هێز و بەهرانەی كە هەیەتی خۆی خەریك بكات بە بەندایەتی و گوێڕایەڵی و خۆشەویستی پەروەدگاریەوە، لەبەرئەوە ئەو خودا بەتوانا و بەخشندەیە هەموو ئەم هێزانەی پێ خەڵات كردووە بەجۆرێك گونجاو بن لەگەڵ داخوازیەكانی ئیسلامدا.

 گەڕانی سروشتی بۆ خوا

بێگومان شرۆڤەی ئەو ئایەتانەی باسكران زۆر درێژە و ماناكانیان زۆر فراوانە.. هەڵبەت پێشتر لە بەشی سێيەمی وەڵامی پرسیاری یەكەم شتێكمان لێ باسكرد؛ بەڵام لێرەدا ئێمە دەمانەوێت بەكورتی ئەوە ڕوون بكەینەوە كە هەموو ئەو ئەندام و هێز و بەهرە و لێھاتوویانەی دراون بە مرۆڤ، دەرەكی و ناوەكی، ئامانجی ڕاستەقینە لێیان تەنھا بریتیە لە ناسین و خۆشویستن و بەندایەتیكردنی خوا. لەبەرئەوە دەبینین كە مرۆڤ _هەرچەند سەرقاڵ بێت بە چێژ و خۆشیە ماددیه جۆراوجۆرەكانەوە_ كەچی خۆشبەختی و ئاسوودەیی ڕاستەقینەی دەستناكەوێت مەگەر لە خوای گەورەدا. بۆیە هەرچەند دەوڵەمەند و پارەدار بێت، یان پلەوپایەی بەرزی هەبێت، یان بازرگانێكی گەورە بێت، یان پاشایەكی مەزن بێت، یان فەیلەسووفێكی بەناوبانگ بێت.. ئەوا چاری نیە هەر دەبێت لە كۆتاییدا بەداخ و حەسرەتێكی زۆرەوە هەموو ئەم شتە دنیاییانە بەجێبھێڵێت كە سەرقاڵیان كردووە. وە بەردەوام دڵی سەركۆنەی دەكات لەسەر ئەوەی كە سەرقاڵە بە خۆشیەكانی دنیا و ئەو شتانەی كە بێ ئاگای دەكەن لە خوا، وە ویژدانی هەرگیز ڕازی نابێت لێی سەبارەت بەو فێڵ و گزی و كارە حەرامە هەمەجۆرانەی كە ئەنجامیان دەدات.

دەكرێت كەسی ژیر بەشێوازێكی تریش لەم خاڵە تێبگات.. ئەویش ئەوەیە كە ئامانج لە دروستبوونی هەموو دروستكراوێك ئەوەیە كە هەستێت بە ئەنجامدانی كارێك بەباشترین شێوە كە بتوانێت بەوپەڕی توانایەوە ئەنجامی بدات، پاشان توانای ئەوەی نەبێت لەوە زیاتر ئەنجام بدات. گا بە نموونە وەربگرن.. ئەوپەڕی ئەوەی كە دەتوانێت ئەنجامی بدات بریتیە لە كێڵان و ئاودان و هەڵگرتنی بار، دیارە تواناكانی تەنھا بۆ ئەم كارانە گونجاون و لەمە زیاتر سوودیان لێ وەرناگیرێت. لەبەرئەوە مەبەست لە دروستبوونی گا ئەنجامدانی ئەم سێ كارەیە، وە توانای نیە كە لەمانە زیاتر كاری تر ئەنجام بدات.

بەڵام ئەگەر سەرنج بدین لە تواناكانی مرۆڤ بۆ ئەوەی بزانین مەزنترین توانا و بەهرە تێيدا چیە؛ ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە مەزنترین توانا تێیدا بریتیە لە گەڕانی هەمیشەیی بۆ خوای بەرز و بڵند. تەنانەت پێیخۆشە لە خۆشەویستی خوادا بتوێتەوە و نەمێنێت.. وە هیچ شتێك لە خودی خۆی نەمێنێتەوە بۆی، بەڵكو هەمووی بۆ خوای گەورە بێت. بێگومان تا ڕادەیەكی زۆر ئاژەڵەكان بەشدارن لەگەڵ مرۆڤدا لە خواردن و خەوتن و خوونەریتە سروشتیەكانی تردا بگرە هەندێ لە ئاژەڵەكان لە بواری كار و فرمانی سەرسوڕهێندا زۆر لەپێش مرۆڤەوەن، ئەوەتا مێشھەنگ لە شیلەی گوڵ هەنگوینێكی بەنرخ دروست دەكات.. كە هەتا ئەمڕۆ مرۆڤ سەركەوتوو نەبووە لە دروستكردنی هاوشێوەی ئەو هەنگوینە. لەمەوە دەردەكەوێت كە چڵەپۆپەی كەماڵی مرۆڤ بریتیە لە گەيشتن بە خوای گەورە، لەبەرئەوە ئامانجی ڕاستەقینەی ژیانی ئەوەیە كە بەردەوام پەنجەرەی دڵی كراوە بێت بەڕووی خوادا.

ئامرازەكانی بەدیھێنانی ئامانجی ژیان

مرۆڤ چۆن ئەم ئامانجەی دەستبكەوێت، وە ئامرازەكانی بەدیھێنانی ئەم ئامانجە چین؟

 ئامرازی یەكەم

بزانن گەورەترین ئامراز، كە بریتیە لە مەرجی سەرەكی بۆ بەدەستھێنانی ئەم ئامانجە، بریتیە لە ناسینی خوا بەشێوەیەكی ڕاست و دروست و باوەڕهێنان بە خوای ڕاستەقینە. چونكە ئەگەر مرۆڤ لە هەڵگرتنی یەكەم هەنگاودا هەڵە بكات.. وەك ئەوەی بۆ نموونە باڵندە یان ئاژەڵ یان ڕەگەزەكانی گەردوون، یان مرۆڤێك بە خوا لەقەڵەم بدات.. ئیتر چۆن هیوای ئەوەی لێ دەكرێت كە لە هەنگاوەكانی دواتریدا ڕێگای ڕاست بگرێت لە بەرەوخواچووندا؟ بێگومان خوای ڕاستەقینە یارمەتی ئەو كەسانە دەدات كە بەشوێنیدا دەگەڕێن، بەڵام خوايەكی مردوو لەكوێ دەتوانێت یارمەتی مردوو بدات؟ هەڵبەت خوای گەورە لەم ڕووەوە نموونەیەكی زۆر قەشەنگی هێناوەتەوە و دەفەرموێت: {لَهُ دَعْوَةُ الْحَقِّ وَالَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِهِ لَا يَسْتَجِيبُونَ لَهُمْ بِشَيْءٍ إِلَّا كَبَاسِطِ كَفَّيْهِ إِلَى الْمَاءِ لِيَبْلُغَ فَاهُ وَمَا هُوَ بِبَالِغِهِ وَمَا دُعَاءُ الْكَافِرِينَ إِلَّا فِي ضَلَالٍ} (الرعد: 15) واتە ئەو خوایەی كە توانای هەموو شتێكی هەیه شایستەی ئەوەیە كە مرۆڤ هاواری لێ بكات و لێی بپاڕێتەوە. بەڵام ئەوانەی جگە لە خوا مرۆڤ دەیانپەرستێت ناتوانن وەڵامی بدەنەوە، وە لەگەڵ خواكانیاندا نموونەیان وەكو كەسێك وایە كە لە دوورەوە دەست بۆ ئاو ڕابكێشێت بۆ ئەوەی ئاوەكە بێتەناو دەمیەوە.. دەی ئایا بەم شێوەیە ئاوەكە دەچێتەناو دەمیەوە؟ نەخێر، كەواتە ئەوانەی بێ ئاگان لە خوای ڕاستەقینە هەموو نزاكانیان پووچە.

ئامرازی دووەم

ئامرازی دووەم بۆ بەدیھێنانی ئامانجی ژیان بریتیە لە زانین و شارەزابوون له سیفەتی جوانی و بێ كەموكوڕی خوای گەورە كە وەسفكراوە پێیان، لەبەرئەوەی زاتێكی تەواو و بێ كەموكوڕیە. دیارە جوانی بەسروشتی خۆی شتێكە لەخۆوە دڵەكان ڕادەكێشرێن بۆ لای، وە مرۆڤ بەسروشتی خۆی حەز لە بینینی دەكات. جوانی خوا بریتیە لە یەكتایی و مەزنی و شكۆ و سیفەتە بەرزەكانی.. وەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ(*) اللَّهُ الصَّمَدُ(*) لَمْ يَلِدْ وَلَمْ يُولَدْ(*) وَلَمْ يَكُنْ لَهُ كُفُوًا أَحَدٌ(*)} (سورة الإخلاص) واتە بێگومان خوا لە زات و سیفەت و شكۆیدا تاك و تەنھایە.. لەمەدا هیچ هاوەڵێكی نیە. هەموو شتێك موحتاجی ئەوە. هەموو گەردیلەیەك لە گەردووندا لە خواوە ژیان وەردەگرێت. بێگومان خوای گەورە سەرچاوەی ڕەحم و میھرەبانیە بۆ هەموو شتێك، وە خۆی هیچ میھرەبانیەك لە هیچ كەسێكەوە بەدەستناهێنێت و پێویستی پێی نیە. ئەو لەكەس نەبووە، وە كەسیشی لێ نەبووە. شتی وا چۆن دەبێت لەكاتێكدا هیچ كەسێك هاوشێوەی ئەو نیە؟ بێگومان جار لەدوای جار قورئانی پیرۆز تەواوی و مەزنی خوای گەورە دەخاتە پێشچاو بۆ ئەوەی خەڵكی ئاگاداربكاتەوە كە خوایەكى لەم شێوەیە دەبێت بە ئامانجی دڵەكان نەك ئەوەی كە مردووه یان لاوازە و یان كەم ڕەحم و كەم توانایە.

 ئامرازی سێیەم

ئامرازی سێیەم بۆ گەیشتن بە مەبەستی ڕاستەقینە (واتە بۆ نزیكبوونەوە لە خوا)، لەوەی پێشوو گرنگترە.. بریتیە لە زانینی چاكەی خوای گەورە؛ چونكە خۆشەویستی تەنھا دوو پاڵنەری هەیە: جوانی و چاكی. بێگومان سورەتی (الفاتحة) پێكھاتووە لە پوختەی ئەو سیفەتانەی خوا كە چاكیەكەی دەردەخەن، وەك دەفەرموێت: {الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ(*) الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ(*) مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ (*)}

ئاشكرایە كە چاكەی تەواو و بێ كەموكوڕی كاتێك بەدیدێت كە خوای گەورە لە نەبوونی پەتیەوە بەندەكانی خۆی دروست كردبێت، پاشان بەردەوام لە هەموو كاتێكدا لەژێر چاودێری خۆیدا بیانھێڵێتەوە و پەروەردەیان بكات. وە ئەو خۆی كۆڵەكە و پاڵپشتە بۆ هەموو شتێك، پاشان ڕەحمەتەكەی بەهەموو جۆرەكانیەوە دەركەوتووە بۆ هەموو دروستكراوانی، فەزڵ و چاكەی خوا بەسەریانەوە بێ سنورە بەجۆرێك هیچ كەسێك ناتوانێت وێنای بكات و هەڵیسەنگێنێت.

بێگومان خوای گەورە جار لەدوای جار باسی چاكەكانی خۆی دەكات بە سەرمانەوە.. وەك لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {وَإِنْ تَعُدُّوا نِعْمَةَ اللَّهِ لَا تُحْصُوهَا} (إبراهیم: 35)

ئامرازی چوارەم

ئامرازی چوارەم كە خوای گەورە دایناوە بۆ بەدەستھێنانی مەبەستە ڕاستەقینەكە بریتیە لە نزا و پاڕانەوە.. وەك دەفەرموێت: {ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ} (غافر: 61). جار لەدوای جار خوای گەورە مرۆڤ هاندەدات بۆ نزاكردن بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدەستبھێنێت [واتە دۆزینەوەی خوا] لەڕێگەی هێزی خواوە، نەك لەڕێگەی هێزی خۆیەوە بەتەنھا.

ئامرازی پێنجەم

ئامرازی پێنجەم كە خوای گەورە دایناوە بۆ گەیشتن بە مەبەستی سەرەكی ژیان بریتیە لە تێكۆشان و خەباتكردن (لێبڕان).. واتە بگەڕێین بۆ دۆزینەوەی خوا بەوەی ماڵ و سامان و هێز و تواناكانمان ببەخشین لەڕێگەكەیدا، وە خۆمان بكەین بەقوربانی و بیروهۆشمان خەرج بكەین لەپێناویدا، وەك دەفەرموێت: {وَجَاهِدُوا بِأَمْوَالِكُمْ وَأَنْفُسِكُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ} (التوبة: 41)، وە دەفەرموێت: {وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنْفِقُونَ} (البقرة: 4)، وە هەروەها دەفەرموێت: {وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا} (العنكبوت: 70) واتە لەڕێگای خوادا ماڵ و گیانی خۆتان ببەخشن و هەموو بەهرە و تواناكانتان خەرج بكەن لەپێناویدا، وە لە ڕێگەی خوادا هەموو ئەو شتانە خەرج بكەن كە پێیبەخشیون لە عەقڵ و زانست و تێگەیشتن و شارەزایی و هتد. وە ئەو كەسانەی بە هەموو شێوازێك لەپێناوی ئێمەدا هەوڵ دەدەن؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێمەیش ڕێگاكانی خۆمانیان پیشان دەدەین.

ئامرازی شەشەم

ئامرازی شەشەم كە خوای گەورە ئاشكرای كردووە بۆ گەیشتن بە مەبەستی ڕاستەقینە بریتیە لە ڕاوەستاوی و جێگیری؛ ئەوەیە كە ڕێبوار لەم ڕێگەی بەرەوخواچوونەدا تووشی ماندوویەتی و سستی و بێزاری و ترسان لە تاقیكردنەوە نەبێت.. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي كُنْتُمْ تُوعَدُونَ(*) نَحْنُ أَوْلِيَاؤُكُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِر} (فصلت: 31_32) واتە ئەوانەی كە دەڵێن الله پەروەردگارمانە و وازدەهێنن لە پەرستراوە باتڵەكان، پاشان لەسەر ئەم باوەڕەیان جێگیر و ڕاوەستاو دەبن، واتە لە جۆرەها تاقیكردنەوە و بەڵا و نەهامەتی هەمەچەشندا خۆڕاگر و ڕاوەستاو دەبن.. فریشتەكان دادەبەزنە خوارەوە بۆسەریان و پێیاندەڵێن: مەترسن و خەفەت مەخۆن، بەڵكو خۆشحاڵ و شادمان بن؛ چونكە ئێوە بوون بە میراتگری ئەو ئاسوودەیی و بەختەوەریەی كە بەڵێنتان پێدرابوو. بێگومان ئێمە لە ژیانی ئەم دنیایەدا و لە دواڕۆژیشدا دۆستی ئێوەین. بێگومان خوای گەورە لەڕێگەی ئەم وشانەوە هۆشداری داوە كە جێگیری و ڕاوەستاوی دەبێتەهۆی دەستكەوتنی ڕەزامەندی خوای گەورە.

جێگیربوونی(الاستقامة)  ڕاستەقینە كامەیە؟

لەڕاستیدا جێگیربوون (الاستقامة) لەسەرووی كەرامەتەوەیە. چڵەپۆپەی ئیستیقامەت ئەوەیە كە لە هەر چوار لاوە بەڵا و تەنگ و چەڵەمە دەورمان بدات، وە خۆمان و شەرەف و ئابڕوومان بكەوێتە مەترسیەوە لەپێناوی خوادا، وە هیچ دەرەتانێك بەدی نەكەین بۆ دڵدانەوە و ساڕێژبوونی برینەكان.. تەنانەت خوای گەورە وەك تاقیكردنەوەیەك كەشف و خەونی ڕاستەقینە و ئیلھامی خۆی بگرێتەوە لێمان، وە لەناو كۆمەڵێك مەترسی گەورە و توقێنەردا بەجێمانبھێڵێت.. سەرەڕای هەموو ئەمانە نەڕووخێین و پاشەكشێ نەكەین بۆ دواوە وەكو كەسانی ترسنۆك، وە پەیمانی خۆمان نەشكێنین و ئەمەك لەدەست نەدەین، وە كەمتەرخەكی نەكەین لە ڕاستگۆیی و خۆڕاگریماندا، بەڵكو دڵخۆشبین بە زەبوونی، وە ڕازی بین بە مردن، وە چاوەڕێی هاوەڵێك نەكەین كە یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی بە ڕاوەستاوی بمێنینەوە، وە داوای مژدەی خۆش نەكەین لە خوا بەبیانووی ئەوەی كە هەڵوێستەكە ناسك و مەترسیدارە.. بەڵكو بەڕێكی ڕابوەستین و جێگیر بین سەرەڕای لاوازی و یارمەتینەدان و نەبوونی ڕێگا چارە، وە گەردنی خۆمان بخەینە بەردەستی خوا و ملمان لە موو باریكتر بێت بەبێ ئەوەی بیربكەینەوە لە سەرەنجامەكان، وە لە بەرامبەر قەزا و قەدەردا جووڵە نەكەین، وە هەرگیز هیچ جۆرە نیگەرانی و ترس و شڵەژانێك پیشان نەدەین، هەتا ئەو كاتەی كە ماوەی تاقیكردنەوە كۆتایی دێت.

ئەمە بریتیە لەو ئیستیقامەیەی كە بەهۆیەوە مرۆڤ بەدیداری پەروەردگاری خۆی شاد دەبێت، وە هەمان ئەو عەترەیە كە بەردەوام هەتا ئەمڕۆ لە خاكی پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدەكانەوە بۆن و بەرامەكەی پەخش دەبێتەوە، وە لەم نزایەدا خوای گەورە ئاماژە بۆ ئەم خاڵە دەكات و دەفەرموێت: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ(*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ}، وە ئەم ئایەتەیش: {رَبَّنَا أَفْرِغْ عَلَيْنَا صَبْرًا وَتَوَفَّنَا مُسْلِمِينَ} (الأعراف: 127) واتە ئەی پەروەردگار لەكاتی موسیبەت و كارەساتدا ئۆقرە و هێمنی بەدڵمان ببەخشە بۆ ئەوەی بتوانین ئارام بگرین، وە بە موسوڵمانی بمانمرێنە.

وە بزانن خوای گەورە لەكاتی ئازار و كارەساتدا نوورێك نازڵ دەكات بۆسەر دڵی بەندە خۆشەویستەكانی كە بەهۆیەوە بەهێزدەبن، ئینجا بەوپەڕی دڵنیاییەوە بەرەنگاری بەڵا و نەهامەتیەكان دەبنەوە، وە بەهۆی شیرینی ئیمانەوە ئەو زنجیرە ماچ دەكەن كه بەهۆیەوە دەست و قاچیان بەستراوەتەوە لەپێناوی خوای گەورەدا. بێگومان مرۆڤی خوایی كاتێك تووشی بەڵا و سەختیەكان دەبێت و نیشانەكانی مردن دەردەكەون بۆی.. لەو كاتەدا بە هەوانتە ڕكەبەرایەتی و بەرەبەرەكانی ناكات لەگەڵ پەروەردگاری بەخشندەی خۆیدا بەوەی داوای ڕزگاربوونی لێ بكات لەو بەڵا و گیروگرفتانە؛ چونكە لەو دۆخەدا پێداگری كردن لەسەر نزای ئاسایش و تەناهی و سەلامەتی و پارێزراوی وەك ڕاگەیاندنی جەنگ وایە لەگەڵ خوای گەورەدا، وە پێچەوانەیە لەگەڵ گونجانی تەواوەتی لەگەڵ ویستی خوادا. هەڵبەت ئەوینداری ڕاستەقینە كەسێكە هەر كاتێك تووشی بەڵا دەبێت زیاتر بەرەوپێش دەچێت، وە لەو كاتەدا هیچ قورسایی و نرخێك بۆ خۆی دانانێت، وە دەستبەرداری خۆخۆشویستن دەبێت بۆ ئەوەی بەتەواوەتی شوێن ویستی گەورەكەی بكەوێت بەهیوای بەدەستھێنانی ڕەزامەندی ئەو. وە دەرحەق بەم كەسانە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْرِي نَفْسَهُ ابْتِغَاءَ مَرْضَاتِ اللَّهِ وَاللَّهُ رَءُوفٌ بِالْعِبَادِ} (البقرة: 208) واتە ئەو كەسەی خوای گەورەی خۆشدەوێت خۆی بەخت دەكات لەپێناویدا و بەمە ڕەزامەندی خوای گەورە دەكڕێت. وە ئەم جۆرە كەسانە ڕەحمەتی تایبەتی خودا بەدەستدەهێنن. كەواتە ئەمەیە ڕۆحی ئیستیقامەت كە بەهۆیەوە مرۆڤ دەگات بەخوای خۆی. دەی كێ دەیەوێت با لێی تێبگات.

 ئامرازی حەوتەم

ئامرازی حەوتەم بۆ بەدیھێنانی مەبەستی ڕاستەقینەی ژیان بریتیە لە هاوەڵێتی پیاوچاكان و بینینی پێشەنگیە چاكەكەیان. وە بزانن یەكێك لە هۆكارەكانی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرانیش ئەوەیە كە مرۆڤ بەسروشتی خۆی پێویستی بە پێشەنگێكی كامڵ هەیە؛ چونكە پێشەنگیی و ڕابەرایەتی كامڵ و بێكەموكوڕی گوڕوتین و پەرۆشی مرۆڤ زیاتر دەكات و ورەی بەرزدەكاتەوە. وە هەر كەسێك پێشەنگ و ڕابەری نەبێت سست و تەمبەڵ دەبێت و ڕێگای ڕاست ون دەكات. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بۆ ئەم خاڵە دەكات و دەفەرموێت: {وَكُونُوا مَعَ الصَّادِقِينَ} (التوبة: 119)، وە دەفەرموێت: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ(*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ} واتە پێویستە لەسەرتان هاوەڵێتی ڕاستگۆیان بكەن و شوێن ڕێگەی ئەو كەسانە بكەون كە پێش ئێوە فەزڵ و نیعمەتی خوایان بەسەردا باریوە.

ئامرازی هەشتەم

ئامرازی هەشتەم بۆ گەیشتن بە ئامانجی ژیان بریتیە لەو كەشف و ئیلھام و خەونە ڕاستەقینانەی كە خوای گەورە وەكو نیعمەتێك دەیبەخشێت بە مرۆڤ. دیارە ڕێگای بەرەخواچوون ڕێگایەكی زۆر باریك و وردە، وە هەردوو لێواری ڕێگاكە تەنراوە بە بەڵا و ئازارە هەمە چەشنەكان، وە دەكرێت ئەو مرۆڤەی كە پێشتر شوێن و جێگە نادیار و نەزانراوەكانی ئەم ڕێگەیەی نەبینیبێت سەرگەردان بێت تێیدا، یان تووشی نائومێدی بێت و بەمەش وازبھێنێت لە بەرەوپێشچوون و بكشێتەوە. لەبەرئەوە ڕەحمەتی خوا ئەوە دەخوازێت كە بە بەردەوامی لەم گەشتەدا لەگەڵ مرۆڤدا بێت.. وە هاودەمی بێت و دڵی بداتەوە، وە ورەی بەرزبكاتەوە و گوڕوتینی زیاتری پێببەخشێت. وە بەردەوام سوننەتی خوا وەها بووە لەگەڵ ڕێبوارانی ڕێگەی بەرەوخواچووندا كە ناوبەناو دڵنیایان دەكاتەوە لەڕێگەی فەرمایشت و وەحی خۆیەوە، وە پێیان ڕادەگەیەنێت كە لەگەڵیاندایە؛ بەمەش ئەوان بەهێز دەبن، وە بەوپەڕی گوڕوتین و چوست و چالاكیەوە ئەم ڕێگایە دەبڕن. خوای گەورە لەم بارەیەوە دەفەرموێت: {لَهُمُ الْبُشْرَى فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِرَةِ} (یونس: 65)

كۆمەڵێك ئامرازی تر هەن كە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون.. بەڵام بەداخەوە ناتوانین هەموویان بخەینەڕوو لە ترسی ئەوەی نەوەك بابەتەكە درێژە بكێشێت.