بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

چەند وتەیەكی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی دوعا

بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “گەورەترین كەرامات بریتیە لە گیرابوونی دوعا لەكاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا.” (تذكرة الشهادتین، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی 20، لاپەڕە 82)

وە دەفەرموێت: “سوننەتی خوای گەورە وەهایە كە دوعا بەڵا لادەبات، وە هەر كاتێك دوعا و بەڵا بە یەك بگەن بە ئیزنی خوا دوعا زاڵ دەبێت ئەگەر لە زاری كەسانی گەڕاوە بۆ لای خوا دەرچووبێت، كەواتە مژدە بێت لە دوعاكاران.” (نور الحق، لاپەڕە 170)

وە دەفەرموێت: “بزانن كە دۆستایەتی خوا هەمووی لە گیرابوونی دوعادایە، وە دۆستایەتی خوا تەنها بریتیە لە قەبوڵبوون لە حوزووری پەروەردگاری مەزندا.” (التبلیغ، 21)

هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) لە ستایشی هاوەڵاندا دەفەرموێت:

ترَكوا الغَبوقَ وبدَّلوا من ذوقهِ     ذوقَ الدّعاءِ بليلةِ الأحزانِ

واتە: وازیان لە مەی خواردنەوەی ئێواران هێنا و تامەكەیان گۆڕی … بە تامی دوعا و پاڕانەوە لە شەوە غەمگینەكاندا (التبلیغ، لاپەڕە 164)

وە دەفەرموێت: “ئەو ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەی كە لە بیابانی عەرەبدا ڕوویدا؛ بەجۆرێك سەدان هەزار مردوو لە چەند ڕۆژێكی كەمدا زیندووبوونەوە، وە ئەو كەسانەی بە درێژایی نەوەكان ڕەوشتیان تێكچوو بوو ڕەنگی خواییان گرت، وە كوێرەكان چاویان كرایەوە، وە لاڵەكان بە مەعریفەی خوایی كەوتنە ئاخاوتن.. وە شۆڕشێك لە جیهاندا ڕوویدا كە نە چاو بینیبووی و نە گوێ بیستبووی.. ئایا دەزانن هەموو ئەمانە چۆن ڕوویاندا؟ تەنها ئەو دوعایانەوە ڕوویاندا كە بەندەیەكی فەنابوو لە خوادا لە قووڵایی شەوە تاریكەكاندا دەیكردن، ئەو دوعایانە بوو شۆڕشێكیان بەرپاكرد لە دنیادا، وە شتانێكی سەرسوڕهێنەریان دەرخست كە دەركەوتنیان لەسەر دەستی ئەو پیاوە نەخوێندەوار و بێدەسەڵاتەدا بە مەحاڵ دەهاتە پێش چاو. خوایە دروود و سڵاوی لەسەر بدە و بەرەكەت بڕێژە بەسەریدا بە ئەندازەی خەم و پەژارەی بۆ ئەم ئوممەتە، وە بۆ هەتاهەتایە نوورەكانی ڕەحمەتی خۆت ببارێنە بەسەریدا.” (بەرەكەتەكانی دوعا، گەنجینە ڕۆحانیەكانه، بەرگی 6، لاپەڕە 10-11)

وە دەفەرموێت: “ئەو كەسەی لەكاتی پاڕانەوەدا یەقینی نەبێت كە خوا توانای هەیە هەموو كارێك بكات، مەگەر ئەوەی لە بەڵێنی خۆیدا جیای كردووەتەوە، ئەوە لە كۆمەڵەكەی من نیە.” (كەشتی نو،ح، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی 19، لاپەڕە 18)

وە دەفەرموێت: “دوعا بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر بوونی خوای گەورە، خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعۡوَةَ ٱلدَّاعِ إِذَا دَعَانِۖ}؛ واتە ئەگەر بەندەكانم پرسیاریان لێكردیت: خوای ئێمە لەكوێیە، وە بەڵگە چیە لەسەر بوونی، ئەوا پێیان بڵێ: من زۆر نزیكم؛ بەڵگەش ئەوەیە كاتێك كەسێك لێم دەپاڕێتەوە پاڕانەوەكەی گیرا دەكەم. و ئەم گیرابوونەیش هەندێ جار لە شێوەی خەونێكی ڕاستدایە، و هەندێ جاری تر لە شێوەی كەشفدایە، و هەندێ جاری تریش لە ڕێگەی ئیلهامەوەیە”. (تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، بۆ ئایەتی {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي…})

وە دەفەرموێت: “لە دوعاكردندا جۆرێك لە مردن هەیە، وە گەورەترین كاریگەری دوعا ئەوەیە نزیكە كەسی دوعاكار بمرێت. بۆ نموونە ئەگەر مرۆڤێك كە زۆر تینوویەتی بانگەشەی ئەوە بكات كە تینوێتیەكەی بە خواردنەوەی دڵۆپێك ئاو شكاوە، ئەوا بە درۆزن دادەنرێت، بەڵام ئەگەر پەرداخێكی پڕ بخواتەوە ئەوا خەڵكی باوەڕی پێ دەكەن. بۆیە كاتێك مرۆڤ بەوپەڕی گەرموگوڕیەوە و زۆر بەكوڵ دوعا دەكات هەتا ڕۆحی دەتوێتەوە و بە بەر قاپی خوای گەورەدا دەڕوات، ئەمەیە كە پێی دەوترێت دوعا. وە سوننەتی خوای گەورە وەهایە كاتێك دوعا بەم شێوەیە دەكرێت ئەوا خوای گەورە یان گیرای دەكات یاخود وەڵامی دوعاكارەكە دەداتەوە و لە ڕێگەی قسەكردنەوە پێی ڕادەگەیەنێت.” (تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، بۆ ئایەتی {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي…})

وە دەفەرموێت: “سەیری مناڵ بكەن كاتێك لەتاو برسێتی دەشڵەژێت و هاوار دەكات و داوای شیر دەكات، شیر بە خێرایی لە سنگی دایكیدا بە خوڕ دەڕژێت، لەگەڵ ئەوەی منداڵەكە نازانێت دوعا چیە…. ئەمە شتێكە كە بەگشتی هەموو مرۆڤێك تاقیكردووەتەوە. وە هەندێ جار بینراوە دایكەكە هەست بە هیچ شوێنەوارێكی شیر ناكات لە سنگیدا، بەڵكو لە زۆربەی كاتدا هیچ شیرێكی تێدا نیە، بەڵام هەركە گوێی لە هاواری پڕ ئازاری مناڵەكە دەبێت دەستبەجێ شیر لە سینگی دێت. هەروەك چۆن پەیوەندی هەیە لەنێوان هاواری مناڵ و هاتنی شیر، منیش بە ڕاستی و دروستی پێتان دەڵێم: ئەگەر هاوارەكانمان لەبەردەم خوای گەورەدا بەم شێوەیە شڵەژان و نیگەرانی لەگەڵدا بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی فەزڵ و ڕەحمەتی خوای گەورە هەڵقوڵێت و بەخۆڕ بڕژێت بە سەرماندا.” (تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، بۆ ئایەتی {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي…})

وە دەفەرموێت: “پرسیارت كرد دەربارەی دوعا، وە گوتت: بۆچی دوعا بكەین بۆ شتێك كە پێشتر بڕیاری لێدراوە؟ بزانە یاسای دێرینی خوای گەورە دەربارەی هەر شتێكی بڕیارلێدراو ئەوەیە كە خوای گەورە چەندین ڕێگای دیاریكراوی داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەو شتە بەدەستبهێنێت كە بۆی دەستنیشان كراوە، ئەگەرچی بڕیار دراوە بەدەستیبهێنێت. ئەم یاسا خوایە لە هەموو شتێكدا بەردەوام و كارایە، بۆ نموونە كەسێك بیەوێت تینوویەتیەكەی بشكێنێت دەبێت ئاو بخواتەوە، وە كەسێك بەدوای ڕووناكیدا بگەڕێت دەبێت لە ژوورێكی تاریكدا نەمێنێتەوە، بەڵكو دەبێت بچێتە بەر هەتاو. بە هەمان شێوە خوای گەورە دوعا و خێر و هەموو كارە چاكەكانی تری كردووەتە مەرج بۆ ئەوەی مرۆڤ بگات بە ئامانجەكەی. بۆیە هەروەك پێشتر بڕیار دراوە شتێكی دیاریكراوی دەستبكەوێت، بە هەمان شێوەش بڕیار دراوە كە بەهۆی دوعاكردن یان خێركردن یان بەهۆی جگە لەوانەوە دەستی بكەوێت. وە ئەگەر قەدەرەكە حەتمی بوو كە بگاتە ئامانجەكەی، ئەوا قەدەرێكی حەتمی تریش هەیە كە دەبێت دوعا بكات، وە لەم دۆخەدا ئەستەمە خۆی بگرێتەوە لە دوعاكردن، بەڵكو بە دڵنیاییەوە ئەم قەدەرەی دووەمیش جێبەجێ دەبێت و هیچ چارەیەكی نیە جگە لە دوعاكردن. وە مەرج نیە لە دوعاكردندا تەنها بە زمان دوعا بكات، بەڵكو دوعا بریتیە لە داواكاریەك كە لە دڵی بەندەیەكی ملكەچەوە هەڵدەقوڵێت كاتێك ڕوو لە خوای بەتوانا و دەسەڵاتدار دەكات لەكاتی دڵەڕاوكێ و شڵەژاندا، بەئومێدی ئەوەی خوای گەورە بەڵایەكی لێ دووربخاتەوە كە خۆی دەستەوسانە لە دوورخستنەوەی. بۆیە لەڕاستیدا دوعاكردن شتێكی سروشتیە كە لە فیترەتی مرۆڤدا چێنراوە. وە لە ڕاستیشدا دۆخی ئەو مناڵە ساوایەی لەتاو برسێتی دەگریەت، پێی دەوترێت دوعا.

بە كورتی، یارمەتی خواستن لە خوای میهرەبان لەڕێگەی دوعاوە كارێكی ناسروشتی نیە، بەڵكو شتێكی فیتریە و بەشێكە لە یاسا دیاریكراوەكان. وە هەركەسێك یارمەتی بدرێت بۆ دوعاكردن، ئەوا وەڵامدانەوە و گیرابوونیشی بۆ بڕیار دەدرێت. بەڵام مەرج نیە دوعاكەی بەو شێوەیە گیرا بێت كە خۆی خۆی داوای كردووە، چونكە لەوانەیە مرۆڤ لە داواكاریەكەیدا هەڵە بكات وەك ئەو مناڵەی كە دەیەوێت بەدەستی مارێك بگرێت، بۆیە دایكە میهرەبانەكەی لەجیاتی ئەوە یاریەكی جوانی پێدەدات چونكە دەزانێت گرتنی مارەكە دەبێتە هۆی لەناوچوونی.

پوختەی قسە ئەوەیە كە دوعا دژی قەدەرە ئەزەلیەكان نیە، بەڵكو لە ناویاندایە، هەر بۆیە مرۆڤ لە كاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا مەیلی بۆ دوعا دەچێت. خواناسەكانیش لەم بارەیەوە ئەزموونی كەسییان هەیە كە ئەو كەسەی داوا بكات پێی دەدرێت. خوای گەورە لە هەموو سەردەم و كاتێكدا بە چەندین ڕێگەی سەرسوڕهێنەر بەهۆی دوعاوە كێشە و گرفتی دۆستانی خۆی لابردووە و لە فەزڵەكانی خۆی بەهرەمەندی كردوون”. (مكتوبات الأحمدیة، بەرگی یەكەم، نامەی ژمارە 34)

وە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “پێویستە زۆر سڵاوات لەسەر پێغەمبەر بدەن كە باشترین ئامرازە بۆ بەدەستهێنانی دامەزراوی، بەڵام نەك تەنها وەك نەریت و خوویەك، بەڵكو پێویستە سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر ﷺ بدەن بەڕەچاوكردنی چاكەكانی، وە دوعا بكەن بۆ بەرزبوونەوەی پلەپایەكەی و بۆ سەركەوتن و زاڵبوونی ﷺ، لە ئەنجامی ئەمەدا ئێوەش بەرهەمێكی شیرین و بەتامی گیرابوونی دوعا بەدەستدەهێنن.” (مجلة مقارنة الأدیان الأردیة، بەرگی 3، ژمارە 1، لاپەڕە 115)

وە دەفەرموێت: “لەبەر ئەوە ئەگەر دوعاتان كرد ئەوا وەكو سروشتپەرستە نەفامەكان لێى مەپاڕێنەوە كە بە خەیاڵی خۆیان ڕێسایەكی سروشتییان داهێناوە كە بە مۆرێك لە كتێبی خوا مۆرنەكراوە؛ دیارە ئەوان ڕەتكراوەن و هەرگیز دوعاكانیان گیرا نابێت. ئەوان كوێرن و نابینن، وە مردوون و زیندوو نین. لە بەرامبەر خوای گەورەدا ڕێسایەك پێشكەش دەكەن كە بە خەیاڵی خۆیان دروستیان كردووە، وە توانا بێ سنوورەكانی سنووردار دەكەن، وە بە لاواز لەقەڵەمی دەدەن، لەبەر ئەوە بەگوێرەی بارودۆخی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. بەڵام ئەگەر تۆ دوعات كرد ئەوا پێویستە لەسەرت یەقینت هەبێت كە پەروەردگارت توانای هەیە بەسەر هەموو شتێكدا، لەو كاتەدا دوعاكەت گیرا دەبێت، وە سەرسوڕهێنەرەكانی توانای خوا دەبینی كە ئێمە بینیمان، شایەتیدانەكەی ئێمە شایەتیدانی بینینە نەك وەكو چیرۆك و گێڕانەوەكان. مرۆڤێك باوەڕی نەبێت بە خوایەك كە توانای بەسەر هەموو شتێكدا هەبێت لەكوێ دوعاكەی گیرا دەكات؟! بەڵكو ئەو كەسە چۆن گوڕوتینی دەبێت بۆ پاڕانەوە لەكاتی تووشبوون بە بەڵا و نەهامەتیە گەورەكاندا كە باوەڕی وایە لاچوونی ئەم بەڵا و نەهامەتیانە پێچەوانەیە لەگەڵ ڕێساكانی سروشتدا؟! بەڵام تۆ ئەی مرۆڤی بەختەوەر! كارێكی لەو شێوەیە مەكە! بێگومان پەروەردگاری تۆ ئەو زاتەیە كە بەبێ ئەستوون ئەستێرەكانی هەڵواسیوه كە لەژمارە نایەن، وە زەوی و ئاسمانی لە نەبوونی پەتییەوە بەدیـهێناوە، ئیتر چۆن گومانی خراپی پێ دەبەیت بەوەی كە ناتوانێت مەبەستەكەی تۆ جێبەجێ بكات؟ نەخێر، بەڵكو ئەم گومانە خراپەی خۆتە دەتخاتە ڕیزی بێبەشەكانەوە. بێگومان لەپەروەردگارماندا بێ كۆتا كاری سەرسوڕهێنەر هەیە، بەڵام تەنھا ئەو كەسانە دەیانبینن كە بەڕاستی و ئەمەكەوە لەپێناوی ئەودا دەژین. خوای گەورە ئەو كارە سەرسوڕهێنەرانە دەرناخات بۆ ئەو بێگانانەی كە باوەڕیان نیە بەتواناكانی و لە كەسە وەفادارە ڕاستگۆكانی نین. چەند چارەڕەشە كەسێك هێشتا نەیزانیوە خوایەكی تاك و تەنھای هەیە كە توانای ئەنجامدانی هەموو كارێكی هەیە!” (كەشتی نووح، گەنجینە ڕۆحانیەکان، بەرگی 19، لاپەڕە 20-21)

وە دەفەرموێت: “پێتان وا نەبێت ئێوە هەموو ڕۆژێك دوعا دەكەن و دەپاڕێنەوە و ئەو نوێژەی كە دەیكەن هەمووی دوعایە؛ چونكە ئەو دوعایەی كە لە ناسینی ڕاستەقینەوە هەڵدەقوڵێت و لە ئەنجامی فەزڵی خوای گەورەوە پەیدا دەبێت بە ڕەنگێكی تایبەتی و كواڵێتیەكی تەواو جیاواز جیادەكرێتەوە. بێگومان ئەو دوعایە توانای لەناوبردنی هەیە، ئاگرێكە دڵ دەتوێنێتەوە. هێزێكی موگناتیسیە ڕەحمەتی خوا كێش دەكات. مردنێكە لە كۆتاییدا ژیان دەبەخشێت. لافاوێكی بەهێزە، بەڵام لە كۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ كەشتیەك، وە بەهۆیەوە هەموو كارێكی چەوت ڕاست دەبێتەوە، وە لە سایەی دوعاوە لە كۆتاییدا هەموو ژەهرێك دەگۆڕێت بۆ تریاق. كەواتە مژدەبێت لەو زیندانیانەی كە دەپاڕێنەوە و بێزار و ماندوو نابن؛ چونكە ڕۆژێك لەڕۆژان ئازادی بەدەستدەهێنن. وە مژدەبێت لەو نابینایانەی سستی نانوێنن لە دوعاكردن؛ چونكە ڕۆژێك چاویان دەكرێتەوە و دەبینن. مژدەبێت لەوانەی لەناو گۆڕەكاندا ڕاكشاون و بەهۆی دوعاوە داوای یارمەتی لە خوا دەكەن؛ چونكە ڕۆژێك لەڕۆژان لە گۆڕەكانیان دەهێنرێنە دەرەوە. وە مژدەتان لێ بێت كاتێك ساردنابنەوە و بێزارنابن لە دوعاكردن، وە ڕۆحتان دەتوێتەوە بۆ دوعا، وە چاوتان پڕ دەبێت لە فرمێسك، وە دوعا گەرم و گوڕی و سووتانێك دروستدەكات لە سینگتاندا، وە دەتانبات بۆ ژوورە تاریكەكان و چۆڵەوانیەكان بۆ ئەوەی چێژ ببینن لە گریان و لاڵانەوە لە تەنیایی و خەڵوەتدا، وە واتان لێ دەكات شڵەژاوبن و شێت بن و جەزبەتان لێ بێت؛ كەواتە مژدەتان لێ بێت چونكە لەكۆتاییدا شاد دەبن بە فەزڵ و چاكەی خوا.” (وتاری سیالكۆت، گەجینە ڕۆحانیەکان، بەرگی 20، لاپەڕە 222-223)

وە دەفەرموێت: “دوعاكردنی زۆر پێویستە بۆ دەركەوتنی درەوشانەوە و ڕەحمەتی خوای گەورە، بۆیە هەمیشە بەردەوام بن لەسەری و كەمتەرخەمی مەكەن تێیدا.” (الملفوظات، بەرگی 7، لاپەڕە 266-267)

وە دەفەرموێت: “دوعا تۆوێكە خوای گەورە لە كاتی چاندنیدا لەڕێگەی لاڵانەوەوە گەشەی پێدەدات، وە بەندە هیچ كاڵایەكی نیە جگە لەم كاڵایە، وە یەكێكە لە گەورەترین هۆكارەكان كە هیوای ڕزگاربوونی لێدەكرێت و بەڵا و نەهامەتیەكان لادەبات”. (تذكرة الشهادتین، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی 20، لاپەڕە 83-85)

وە دەفەرموێت: “دوعا ناوازەكە -كە كاتی دروست و دەرفەتی گونجاومان فێردەكات بۆ داواكردن لە خوا و وێنەی لاڵانەوەی ڕۆحی سروشتیمان پیشان دەدات (لەكاتی داواكردندا)- ئەو دوعایەیە كە خوای گەورە لە دەسپێكی كتێبە پیرۆزەكەیدا فێرمان دەكات.. واتە دوعای سوورەتی الفاتحة كە بریتیە لە: {بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ١ ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ}.. هەموو سیفەتە بڵندەكان كە بكرێت هەبن هی خوای دروستكار و پارێزەری هەموو جیھانەكانە.

{ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ}.. ئەو خودایەی هۆكارەكانی ڕەحمەتی خۆی سازاندووە بۆمان تەنانەت پێش كردەوەكانمان، پاشان- دوای كردەوەكانمان- بەرەحمەتی خۆی پاداشتمان دەداتەوە لەسەریان.

{مَٰلِكِ يَوۡمِ ٱلدِّينِ}.. تەنھا خۆی خاوەنی ڕۆژی پاداشتە، وە ئەم كارە ناسپێرێت بە كەسێكی تری جگە لە خۆی.

{إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ}.. ئەی ئەو كەسەی كە ئەم هەموو سیفەتە بەرزەی لەخۆیدا كۆكردووەتەوه.. دەتپەرستین و تەنھا داوای یارمەتی لەتۆ دەكەین لەهەموو كارێكدا. بێگومان لێرەدا دان نان بە بەندایەتیدا بەشێوگی كۆ مانای ئەوە دەگەیەنێت كە هەموو توانا و بەهرەكانمان سەرقاڵە بە پەرستنی تۆوە، وە ملكەچە لەبەر قاپیەكەتدا. كەواتە مرۆڤ- بەڕەچاوكردنی هێزە ناوەكیەكانی- وەكو كۆمەڵ و ئوممەتێك وایە، بەم شێوەیە سوژدەبردنی هەموو توانا و بەهرە ناوەكیەكان بۆ خوای گەورە بەم مانایە بریتیە لە هەمان ئەو دۆخەی كە پێی دەوترێت “ئیسلام”.

{ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ} ڕێگا ڕاستەكەی خۆتمان پیشان بدە و دامەزراومان بكە لەسەری، پاشان رێگای ئەو كەسانەمان پیشان بدە كە نیعمەتی خۆت ڕژاند بەسەریاندا و ڕێزدارت كردن، ئەوانیش بوون بە شوێنگەی فەزڵ و بەخششەكانی تۆ.

{غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ} وە بمان پارێزە لە گرتنەبەری ڕێچكەی ئەوانەی غەزەبت لێ گرتن و نەیانتوانی بگەن بەدیدارت، بەڵكو گومڕا بوون.

(آمین).. واتە ئەی پەروەردگار ئەم داواكاریانەمان بۆ جێبەجێ بكە.

ئەم ئایەتانە بۆمان ڕوون دەكەنەوە نیعمەتەكانی خوای گەورە- كە پێیشیان دەوترێت “لێشاوەكانی ڕەحمەت”- تەنھا بۆسەر ئەو كەسانە دادەبەزێت كە ژیانی خۆیان كردووەتە قوربانی لەڕێگەی خوای گەورەدا، وە هەموو بوونی خۆیان تەرخان كردووە لە پێناویدا، وە خۆیان فەنا كردووە بۆ بەدەستھێنانی ڕەزامەندی ئەو، پاشان بەردەوام دەپاڕێنەوە .. هەتا شاد دەبن بەهەموو ئەونیعمەتە ڕۆحییانەی كە دەكرێت خەڵات بكرێن بە مرۆڤ.. وەك نیعمەتی نزیكی و گەشتن بەخوا و قسەكردن و ئاخاوتن لەگەڵیدا. پاشان لە پاڵ ئەم دوعاكردنەدا بەهەموو هێز و تواناكانیانەوە خوا دەپەرستن، وە دوور دەكەونەوە لە تاوان، بەرقاپیەكەی خوا بەجێ ناھێڵن، ئەو پەڕی كۆشش دەكەن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە خراپە، دوور دەكەونەوە لە ڕێچكەكانی ئەوانەی غەزەبیان لێ گیراوە {ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ}. بەو پێیەی كە ئەوان بەڕاستی و بەگوڕوتین و وورەی بەرزەوە بۆ خوا دەگەڕێن بۆیە دەیدۆزنەوە، وە لە پیاڵەكانی زاستی خوایی ڕاستەقینەیان پێ نۆش دەكرێت.” (فەلسەفەی فێركاریەكانی ئیسلام، لاپەڕە 75-76)

“ئەو ئامرازەی كە قورئانی پیرۆز رێنموونی كردووین بۆی بۆ گەیشتن بەدیداری خوا بەشێوازێكی ڕۆحی كامڵ بریتیە له “ئیسلام” و “دوعای سورەتی الفاتحة”.. واتە مرۆڤ هەموو ژیانی خۆی تەرخان بكات بۆ خوای گەورە، پاشان بەردەوام بێت لەو دوعایەدا كە خوای گەورە موسوڵمانانی فێركردووە لە سورەتی فاتیحەدا. ئەم دوو خاڵە -ئیسلام و دوعای سورەتی فاتیحە- هەردووكیان بریتین لە ناوەڕۆكی هەموو ئیسلام. ئەمەیە ئامرازی نموونەیی بۆ گەشتن بەخوا، وە بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕزگاربوونی راستەقینە. بەڵكو ئەم ئامرازە تاكە هۆكارە كە ڕێسای قودرەت دایناوە بۆ گەشەكردنی مرۆڤ بەرەوبڵندی و بۆ گەیشتنی بەدیداری خوا. تەنھا ئەو كەسانە دەگەن بەدیداری خوا كە دەچنەناو ئاگری ڕۆحیەوە، ئەو ئاگرەی كە مانای ئیسلام ئاماژەی پێ دەكات.. وە بەردەوام سەرقاڵ دەبن بە دوعاكردنەوە بەهۆی دوعای فاتیحەوە.” (فەلسەفەی فێركارییەكانی ئیسلام، لاپەڕە 89)

“وە ئەگەر فەرمانمان پێكراوە لە هەموو نوێژێكدا ئەم دوعایە بكەین، ئەوا پەروەردگارمان تەنها بۆیە فەرمانی پێكردووین بۆ ئەوەی ئەم دوعایەمان قەبوڵ بكرێت، وە ئەو نیعمەتانەمان پێ بدرێت كە دراوە بە پێغەمبەران.” (تحفة بغداد، لاپەڕە 21)

وە دەفەرموێت: “{ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ}، ئەم دوعایە وەڵامێكە بۆ قسەی ئەو كەسانەی كە دەڵێن هەموو شتێك قەڵەمی لێدراوە و گۆڕانی بۆ نیە، بۆیە دوعا هیچ سوودێكی نیە. دیارە خوای گەورە مژدەی گیرابوونی دوعا دەدات بە بەندەكانی، وەك ئەوەی بڵێت ئەی بەندەكانم دوعا بكەن منیش وەڵامتان دەدەمەوە. وە لە دوعادا كاریگەری و گۆڕانكاری هەیە، وە دوعای قبوڵكراو كەسی دوعاكار دەخاتە ڕیزی ئەو كەسانەی كە نیعمەتیان پێ دراوە.” (كرامات الصادقین، لا 65)

وە دەفەرموێت: “پێویستە ئەوە لەبیرنەچێت كە یەكێك لە مەبەستە مەزنەكانی سوورەتی الفاتحة بریتیە لەم دوعایە: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ}، هەروەك لە دوعاكەی ئینجیلدا داوای نان كراوە، لە دوعاكەی الفاتحة دا داوای هەموو ئەو نیعمەتانە كراوە كە دراون بە پێغەمبەرانی پێشوو. وە ئەم بەراوردكردنەش شایانی تێبینیە؛ هەروەك چۆن مەسیحیەكان زۆرێك لە هۆكارەكانی دەستكەوتنی نانیان دەستگیر بووە لە ئەنجامی گیرابوونی دوعاكەی مەسیحەوە (علیه السلام)، بەهەمان شێوە موسوڵمانانی چاكەكار و هەڵبژاردە، بەتایبەتی ئەوانەیان كە كامڵن كران بە میراتگری پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل لە ئەنجامی گیرابوونی ئەم دوعا قورئانیەوە بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ). لەڕاستیدا لەدایكبوونی مەسیحی بەڵێندراویش لەناو ئەم ئوممەتەدا بریتیە لە ئەنجامی گیرابوونی ئەم دوعایە؛ چونكە گومانی تێدا نیە كە زۆرێك لە پیاوچاكان و هەڵبژاردەكانی ئەم ئوممەتە بەشێوەیەكی نادیار بوون بەهاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل، بەڵام بە فەرمان و ئیزنی خوا مەسیحی ئەم ئوممەته بەشێوەیەكی ئاشكرا ڕەوانەكرا لە بەرامبەر مەسیحی ئیسڕائیلی، بۆ ئەوەی بەجوانی ڕوون بێتەوە كە هەردوو زنجیرەی مووسایی و موحەممەدی هاوشێوەی یەكن، لەبەر ئەوە لە هەموو ڕوویەكەوە ئەم مەسیحە چوێنراوە بە كوڕەكەی مەریەم، تەنانەت ئەمیش ئەو شتانەی بەسەرداهات كە بەسەر كوڕەكەی مەریەمی ئیسڕائیلیدا هاتن.” (كەشتی نووح، گەنجینە ڕۆحانیەکان، بەرگی 19، لاپەڕە 52-53)

“ئەگەر دوعا تەركیزی تێدا نەبوو لەسەر ناو و سیفەتەكانی خوای گەورە ئەوا كاریگەری نابێت. وە خەڵكی تەنها بەهۆی نەزانینی ئەم نهێنیەوە لەناوناچن، بەڵكو لەبەر ئەوە لەناودەچن كە هەوڵ نادەن بیزانن. لە زۆر خەڵكم بیستووە دەڵێن: ئێمە چەندین جار دوعامان كردووە و هیچ ئەنجامێكی نەبووە، ئەمەش وای لێكردوون ببنە بێباوەڕ. وە لە ڕاستیدا هەموو كارێك ڕێسا و یاسای خۆی هەیە. بەهەمان شێوە دوعایش ڕێسا و یاسا دیاریكراوی خۆی هەیە. ئەو كەسانەی دەڵێن دوعاكانمان گیرانابن، تەنها لەبەر ئەوە دوعاكانیان گیرا نابێت كە گرنگی بەو ڕێسا و یاسایانە نادەن كە پێویستن بۆ گیرابوونی دوعا… لەبیرتان بێت ئەمە وەسوەسەیەكی شەیتانیە و فێڵێكە شەیتان بەم شێوازە دەیكات و وا پیشان دەدات كە دوعا گیرا نابێت. لە ڕاستیدا ئەو دوعایە ئادەبەكان و هۆكارەكانی گیرابوونی دوعای تێدا نیە، بۆیە دەرگاكانی ئاسمانی بۆ ناكرێتەوە. زۆر بەباشی گوێ بگرن كە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: {يَتَقَبَّلُ ٱللَّهُ مِنَ ٱلۡمُتَّقِينَ} (تەنها لە پارێزكاران قەبوڵ دەكرێت). بۆیە خوای گەورە تەنها دوعای كەسانی پارێزكار گیرا دەكات. بەڵام ئەو كەسانەی پارێزكار نین دوعاكانیان گیرا نابێت، بەڵام پەروەردگارێتی و بەخشندەیی خوا چاودێرییان دەكات و پەروەردەیان دەكات.” (الملفوظات، بەرگی 1، لاپەڕە 417-418)

وە دەفەرموێت: “جارێكیان بۆ ماوەیەك بەتەواوەتی سەرقاڵبوون بە سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر ﷺ، چونكە دڵنیام كە ڕێگاكانی گەیشتن خوای گەورە زۆر وردن، وە ئەستەمە مرۆڤ ڕێنمایی بكرێت بۆیان بەبێ شوێنكەوتنی پێغەمبەر ﷺ، وەك چۆن خوای گەورەش دەفەرموێت: {وَٱبۡتَغُوٓاْ إِلَيۡهِ ٱلۡوَسِيلَةَ}. پاشان دوای ماوەیەك لە حاڵەتی كەشفدا بینیم كە دوو ئاوگێڕ هاتن و چوونە ناو ماڵەكەمەوە، یەكێكیان لە ڕێگەی ناوەوە و ئەوی تریان لە ڕێگەی دەرەوە هاتنە ژوورەوە، وە مەشكەی پڕ لە نوور لەسەر شانیان بوو، و دەیاگنوت: ئەمە ئەو سڵاواتەیە كە داوتە لەسەر موحەممەد.” (حەقیقەتی وەحی، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی 22، لاپەڕە 131، پەراوێز)

وە دەفەرموێت: “بێگومان خوای گەورە لە ئەنجامدانی هیچ كارێكدا دەستەوسان نیه، بەڵام كتێبی خوا یاسایەكی ڕاگەیاندووە سەبارەت بە دوعا ئەویش ئەوەیە كە خوا بەهۆی ڕەحمەتی بێ پایانی خۆیەوە، لەگەڵ مرۆڤی چاكەكاردا وەكو هاوەڵ مامەڵە دەكات، واتە هەندێ كات خوای گەورە ویستی خۆی جێبەجێ ناكات و دوعای بەندەكەی گیرادەكات، وەك دەفەرموێت: {ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ} (غافر: 61)، وە هەندێ كات وازناهێنێت تا ویستی خۆی جێبەجێ نەكات وەك دەفەرموێت: {وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ} (البقرة: 156)، ئەمەش بۆ ئەوەی هەندێ جار لەڕێگەی گیراكردنی دوعاكەیەوە یەقین و ناسینی بەندەكە زیاد بكات، وە هەندێ جاری تر بەرگی ڕەزامەندی خۆی پێ خەڵات بكات لەڕێگەی جێبەجێ كردنی ویستی خۆیەوە (سبحانه وتعالى)، وە پلەی بەرزبكاتەوە، وه بەتەواوەتی خۆشی بوێت و توانای پێ بدات كە لەسەر ڕێگەی هیدایەت بەرەو پێش بڕوات.” (كەشتی نووح، گەنجینە ڕۆحانیەکان، بەرگی 19، لاپەڕە 21 پەراوێز)

وە دەفەرموێت: “هەروەها لە ئینجیلیشەوە بەجوانی دەردەكەوێت كە مەسیح (عليه السلام) یەقیـنی تەواوەتی هەبووە كە دوعاكەی گیـرا دەبێت، وە بەتەواوی پشتی بەستبوو بەم دوعایە؛ بۆیە كاتێك دەستگیر كرا و لەسەر خاچەكە هەڵواسرا و هەلومەرجێكی گونجاوی نەبینی بۆ جێبەجێ بوونی ئومێدەكانی، لەخۆوە هاواری كرد: “خوای من، خوای من، بۆ وازت لێ هێنام؟” واتە هەرگیز چاوەڕیێ ئەوەم نەدەكرد كە سەرئەنجامم بەم شێوە بێت و لەسەر خاچ بمرم، بەڵكو من یەقینم هەبوو كە تۆ دوعاكەم گیرا دەكەیت.” (مەسیحی ناسیرەیی لە هیندستان، لاپەڕە 32)

وە دەفەرموێت: “دیارە دەبێت ئەو نزایە گیرابوو بێت كە لە ناخی دڵەوە بووە و پڕ بووە لە لاڵانەوە، وە مەسیح كاتێكی زۆری بۆ تەرخان كردبوو؛ چونكە نزای كەسانی نزیك لە خوا لەكاتی پەشێوی و نیگەرانیدا هەرگیز ڕەت ناكرێتەوە.” (مەسیحی ناسیرەیی لە هیندستان، لاپەڕە 32)

وە دەفەرموێت: “ئەوان هەمیشە دەڵێن ڕزگاربوونی مرۆڤەكان سپێردراوە بە مەسیح، دەی لەم ڕۆژگارە نەهامەتیەدا ئەوەش ئەركی سەرشانیانە كە برا مەسیحیەكانی خۆیان ڕزگار بكەن لە تاعوون. وە ئەو كۆمەڵەی لەناو هەموو ئەم كۆمەڵانەدا خوای گەورە زیاتر وەڵامی دەداتەوە لای ئەو (I) پەسەند و قەبوڵكراوە. بێگومان ئێستا خوای گەورە دەرفەتێكی ڕەخساندووە بۆ هەموو گروپێك، بۆ ئەوەی لەزەویدا بەهەوانتە مشتومڕ و دەمەقاڵێ نەكەن، بەڵكو بیسەلمێنن كە ئەوان زیاتر لە خوا نزیكترن لە گروپەكانی تر، ئەوسا لەلایەكەوە سەلامەت دەبن لە تاعوون، وە لەلایەكی ترەوە ڕاستگۆییەكەیان بەجوانی دەردەكەوێت. لەم خیتابەدا بەتایبەتی مەبەستم قەشەكانە كە مەسیحی كوڕی مەریەم بە ڕزگاركەر دەزانن لە دنیا و دواڕۆژدا، دەی ئەگەر لەناخی دڵیانەوە باوەڕیان بەوە هەیە كە كوڕەكەی مەریەم بریتیە لە خاوەنی دنیا و دواڕۆژ؛ ئەوا لەئێستادا وا شیاوە بۆ كرستیانەكان كە نموونەیەكی ڕزگاربوونەكە پیشان بدەن لەڕێگەی بەرەكەتی كەفارەت و فیدای مەسیحەوه، ئەمەش بارگرانیەكی زۆر لەكۆڵ ئەم حكومەتە بەڕێز و خاوەن شكۆیە دەكاتەوە.”  (كەشتی نووح، خەزائینی ڕوحانی، بەرگی 19، لاپەڕە 9)

وە دەفەرموێت: “لە زۆر كاتدا مرۆڤ یەك لەدوای یەك تووشی تاقیكردنەوە دەبێت لە نێوان دوعاكردن و گیرابوونیدا، وە هەندێ جار ئەو تاقیكردنەوانە پشتی مرۆڤ دەشكێنن، بەڵام ئەو كەسە بەختەوەرەی كە ئارام دەگرێت لەسەر ئەم ناخۆشی و سەختیانە لەم كاتانەدا بۆنی فەزڵەكانی خوای گەورە دەكات، وە بە چاوی فیراسەت دەبینێت كە بە دڵنیاییەوە سەركەوتن بەدوایدا دێت. وە یەكێك لەو نهێنیانەی كە لە تاقیكردنەوەكاندا شاراوەتەوە ئەوەیە كە هانی مرۆڤ دەدەن بۆ ئەوەی بەكوڵ دوعا بكات، چونكە تا ئومێدبڕان و شڵەژان زیاتر بێت ڕۆح زیاتر دەتوێتەوە، كە ئەمەش بە یەكێك لە هۆكارەكانی گیرابوونی دوعا دادەنرێت. كەواتە، پێویستە مرۆڤ هەرگیز نیگەران نەبێت و بەهۆی نیگەرانی و بێئارامیەوە گومانی خراپ بە خوای گەورە نەبات. پێویستە هیچ كەسێك وا گومان نەبات كە هەرگیز دوعاكەی نابێت، یان وەڵام نادرێتەوە. ئەم جۆرە خەیاڵە بە ڕەتكردنەوەی سیفەتی (مجيب الدعوات) ی خوای گەورە دادەنرێت”. (الملفوظات، بەرگی 4، لاپەڕە 434)

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين