بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

حەقیقەتی مەسیحی دەججال

ناوەڕۆك:

حەقیقەتی مەسیحی دەججال

نیشانەكانی قیامەت

نیشانە گەورەكانى قیامەت

حەقیقەتی مەسیحی دەججال

گوێدرێژی دەججال

مانای زمانەوانی وشەی دەججال

*****

بۆ دابەزاندنی وتارەکە بە PDF کلیك لێرە بکە

 حەقیقەتی مەسیحی دەججال

هەڵەیەكی‌ باو لەناو موسوڵماناندا هەیە ئەويش ئەوەيە پێیانوایە باسكردنی نیشانەکانی قیامەت و قسەكردن دەربارەی دەركەوتنی مەسیحی دەججال و یەئجووج و مەئجووج و هەڵهاتنی خۆر لە خۆرئاواوە تەنھا كات كوشتن و خۆماندووكردنه ‌و خۆلادانە لە باسكردنی‌ بابەتە سەرەكى و گرنگەكان، بۆیە دەبینین‌ زاناكانی ئەمڕۆ، بەدەگمەن نەبێت، باسی ئەم بابەتانە ناكەن.

ئەو كەسەی ئاگادار بێت لە توێژینەوەی زانایانی پێشینی چاكی ئەم ئوممەتە دەبینێت ئەوپەڕی گرنگییان داوە بە نیشانەکانی قیامەت، بەڕادەیەك چەندین كتێبیان دەربارەى ئەم بابەتانە نووسیوە بۆ ڕوونكردنەوەی‌ ئاژاوە و مەترسیەكانی لەسەر موسوڵمانان و ئايین و باوەڕ، وە فەرمانیان كردووە كە خەڵكی بەگشتی ئاگاداربكرێنەوە لەم بابەتانە و له قوتابخانەی مناڵاندا بە وانە بخوێنرێن بۆ ئەوەی موسوڵمانان نەوە لەدوای نەوە لێیان تێبگەن.

بێگومان خوێندنەوە و ئاگاداربوون لە نیشانەکانی قیامەت و ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن پێیانەوە كاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕاستكردنەوەی ڕەفتاری خەڵكی و چاكسازی كردن لە هەڵسوكەوتیاندا، هەروەك نەخوێندنەوە و بیرنەكردنەوە لێیان بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی بیرچوونەوەی ئەو ڕاستیانە و نەمانی شوێنەواریان لەدڵدا، دواجار لای ئەو كەسانەی كە زانیاریان نیە لەسەر ئەم بابەتانە، هاتنەدی ئەم هەواڵانە بەدوور دەزانرێت و وەك كۆمەڵێك بابەتی بێ بایەخ و بێ سوود سەیردەكرێن، یاخود هەر نكوڵی دەكەن لە ڕوودانیشیان.

ئيمامى موسلیم لە صەحیحەكەیدا لە ئیبن عەبباسەوە ڕیوایەتی كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) ئەم دوعایەی فێركردوون هەروەك چۆن سوورەتێكی قورئانی فێركردوون، دەفەرموێت: “بڵێن: (اللَّهمَّ إنّي أعوذُ بك من عذاب جهنَّم، وأعوذُ بك من عذاب القبر، وأعوذُ بك من فتنة المسيح الدجّال، وأعوذُ بك من فتنة المَحْيا والمَمات) واتە: “پەروەردگارا پەنات پێدەگرم لە سزای دۆزەخ، وە پەنات پێدەگرم لە سزای ناوگۆڕ، وە پەنات پێدەگرم لە ئاژاوەی مەسیحی دەججال، وە پەنات پێدەگرم لە ئاژاوەی ژیان و مردن.”

وە موسلیمی كوڕی حەججاج دەڵێت: پێم وترا كە طاووس، ئەو كەسەی كە لە ئیبن عەبباسەوە ئەم فەرموودەیەی گێڕاوەتەوە، ‌بە كوڕەكەی گوتووە: “ئایا لەنوێژەكەتدا ئەم دوعایەت كرد؟ ئەویش گوتی: نەخێر. وتی: كەواتە نوێژەكەت دووبارە بكەرەوە.”

وە موسلیم لە صەحیحەكەیدا لە ئەبو هورەیرەوە دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: (ئەگەر كەسێكتان لەتەحیاتدا شایەتومانی هێنا ئەوا با پەنا بە خوا بگرێت لە چوار شت، دەفەرموێت: خوایە پەنات پێدەگرم لە سزای دۆزەخ، وە لە سزای ناوگۆڕ، وە لە ئاژاوەی ژیان و مردن، وە لە خراپەی ئاژاوەی مەسیحی دەججال).

دیارە ئەم بایەخ پێدانە‌ مەزنەی پێغەمبەر (ﷺ) بەم دوعایە لەڕووی كردار و فەرمان و فێركردنەوە بۆ ئەوەیە كە ئەم دوعایە پەناگرتنی تێدایە بە خوای گەورە لە كۆمەڵێك ئاژاوەی گەورە و مەترسیدار كە گومانی تێدا نیە هەر ڕوودەدەن، بۆیە ئيمامى ئیبن حەزم سوور بووە لەسەر ئەوەی كە خوێندنی ئەم دوعایه دوای تەواوبوونی شایەتومان یەكێكە لە فەرزەكان وەك لە كتێبەكەی خۆی (الْمُحَلَّى)دا هاتووە كە لەمەدا ڕواڵەتی فەرموودەكەی ئەبو هورەیرەی وەرگرتووە (رضي الله عنه).

وە زانای پایەبەرز (السَّفَّارینی) لە شرۆڤەی كتێبەكەی خۆیدا بەناوی (لوامع الأنوار البَهِيَّةِ) كە دەربارەی بیروباوەڕی ئیسلامیە و بەشێوەی هۆنراوە دایڕشتووە، لەپێشەکیەکەیدا دەڵێت:

“پێویستە هەر زانایەك فەرموودەكانی دەججال بڵاوبكاتەوە لەناو مناڵان و ئافرەتان و پیاواندا، بەتایبەتی لەم سەردەمەی خۆماندا كە تێیدا ئاژاوەكان سەریان دەرهێناوە و چەرمەسەریەكان زۆر بوون، وە‌ مەشخەڵەكانی ڕێبازی ڕاستی كوژاونەتەوە، وە سوننەت وەكو بیدعەی لێ هاتووە و بیدعەیش بووە بە شەریعەتێك پەیڕەوی دەكرێت”.

نیشانەكانی قیامەت

زانا چاكەكانی پێشین نیشانەكانی قیامەتیان كردووە بە دوو بەشەوە: نیشانە بچوكەكان و نیشانە گەورەكان، وە نیشانە بچوكەكان زۆرن و لە كتێبە صەحیحەكاندا هاتوون، ئەمەش هەندێكیانە:

لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەیفەرموو: “بەشێك لە نیشانەكانی قیامەت ئەمانەن: زانست كەم دەبێتەوە، نەزانی زۆر دەبێت، زینا بڵاودەبێتەوە، مەی و بادە زۆر دەخورێتەوە، ڕێژەی پیاو كەم دەبێتەوە، ڕێژەی ئافرەت زۆر دەبێت، تەنانەت وای لێ دێت پەنجا ئافرەت یەك پیاو سەرپەرشتیان دەكات”. (رواه البخاري)

وە دەستەواژەی: “زانست كەم دەبێتەوە” مەبەست پێی زانستی ڕاست و دروستی ئایینیە.

وە دەستەواژەی: “ڕێژەی پیاو كەم دەبێتەوە، وە ڕێژەی ئافرەت زۆر دەبێت” هۆكارەكەی بریتیە لە جەنگە جیھانیە‌كان كە‌‌ ‌لەنێوان نەتەوەكانی یەئجووج و مەئجووجدا ڕوویاندا لە ئەوروپا و ئاسیادا، بەجۆرێك ملیۆنەها پیاو تیاچوون لەو شەڕانەدا.

هەروەها لە ئەنەسەوە ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “یەكێك لە نیشانەكانی قیامەت ئەوەیە كە خەڵكی بەهۆی مزگەوتەكانەوە خۆیان هەڵدەكێشن و شانازی دەكەن”. واتە بەهۆی نەخش و نیگار و كۆشك و تەلاری جوانی مزگەوتەكانەوە شانازی دەكەن، هەروەك لەمڕۆدا ڕوودەدات‌ و دەیبینین.

وە لە ئەبو هورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: لەكاتێكدا پێغەمبەر (ﷺ) فەرمایشتی دەفەرموو، كابرایەكی دەشتەكی هات و گوتی: “قیامەت كەی بەرپا دەبێت؟” ئەویش فەرمووی: “ئەگەر كاروبار درایە دەستی ئەو كەسانەی كە شایستەی نین؛ ئەوا چاوەڕوانی بەرپابوونی قیامەت بكە”. (رواه البخاري)

لە ئەبو هورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “قیامەت بەرپا نابێت هەتا پیاو بەلای گۆڕی مردوودا دەڕوات و دەڵێت: خۆزگە لە شوێنی ئەو مردووەدا دەبووم‌”. (رواه البخاري).

ئەمەش بەهۆی بارگرانی و نەهامەتی و ئاڵۆزیەكانی ژیانەوە، لەو ڕوانگەیەوە كە پیاو ئەركی بەخێوكردنی خێزانی لەسەرە و بەرپرسە لە خەرجی خێزانەكەى و چاودێری كردنی، هەروەها بەهۆی ئاژاوەكانی دنیاوە كە تا ئەوپەڕی خەڵكیان بێزار و هەراسان كردووە و زۆریان بۆ هێناون.

لە زیادی كوڕی لوبەیدەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) گوتی: پێغەمبەر (ﷺ) شتێكی باسكرد و فەرمووی: “ئەمە لەكاتی نەمانی زاستدا ڕوودەدات”. منیش وتم: ئەی پێغەمبەری خوا چۆن زانست نامێنێت لەكاتێكدا ئێمە قورئان دەخوێنێنەوە و بە نەوەكانیشمان دەخوێنینەوە هەتا قیامەت؟ فەرمووی: “دایكت ڕۆڵەڕۆت بۆ بكات ئەی زیاد، من وامزانی تۆ یەكێكیت لە پیاوە زیرەكەكانی مەدینە، ئایا‌ جوولەكە و نەسرانیەكان تەورات و ئینجیل ناخوێننەوە، دەی ئەوەتا كارناكەن بەوەی كە لەناو ئەو دوو كتێبەدا هەیە”. (سنن ابن ماجه، كتاب الفتن)

ئیبن ماجە و حاكم لە ئەبو ئومامەوە ڕیوایەتیان كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی دەججال فەرموویەتی: “لە سەردەمی دەججالدا خەڵكی تووشی وشكەساڵی و قاتوقڕی دەبن” وترا ئەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەگەر وابێت خەڵكی بەچی دەژین؟ فەرمووی: “بە وتنی سبحان الله و الله أكبر، ئەم زیكرانە جیگای خۆراك دەگرنەوە بۆیان.”

لە ئەبو هورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “خەڵكی بە سێ شێوە كۆدەكرێنەوە‌: بەخۆشی خۆیان بێت یان لە ترسا، دوو كەس لەسەر وشترێك، سێ كەس لەسەر وشترێك، چوار كەس لەسەر وشترێك… دە كەس لەسەر وشترێك، وە ئەوانى تر ئاگرێك كۆیان دەكاتەوە، لە چێشتەنگاودا لە هەر كوێیەكدا وچانیان دا ئەویش لەگەڵیاندا وچان دەدات، وە شەوانە لە هەر جێگایەك مانەوە ئەویش لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە، وە بەیانیان لەگەڵیاندا ڕۆژ دەكاتەوە، وە ئێوارانیش لە هەر كوێیەكدا بارگە و بنە بخەن ئەمیش لەگەڵیاندا دەبێت.” (الجامع الصغیر)

وشەكانی ئەم فەرموودە پیرۆزە پەیوەستن بە دوو بابەتەوە: یەكەمیان بریتیە لە داهێنانی كۆمەڵێك هۆكاری گواستنەوە كە جێگای زیاتر لە یەك سەرنشینیان تێدا دەبێتەوە و دەبن بە جێگرەوەی ئەو هۆكارانەی گواستنەوە كە لە سەردەمی كۆندا باو بوون وەك وشتر و ئەسپ، ئەمەش جەخت لەو فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ) دەكاتەوە كە دەفەرموێـت: “وازدەهێنرێت لە وشتری تازە ساڵ و كەس تاونادات لەسەریان”. واتە وشترەكان بەكارناهێنرێن.

بابەتی دووەم پەیوەستە بە داهێنانی كارەباوه؛ چونكە كارەبا شێوەیەكە لە شێوەكانی ئاگر كە خەڵكی به ‌ڕۆژ و بە شەو لە ماڵ و شوێنی كاركردنیاندا بەهۆیەوە كۆدەبنەوە، وەك لەمڕۆدا دەیبینین.

 وە یەكێكی تر لە نیشانەكانی قیامەت لەم فەرموودەيەدا هاتووە كە دەفەرموێت: ژنان خۆیان دەكەن بە هاوشێوەی پیاوان، وە پیاوان خۆیان دەكەن بە هاوشێوەی ژنان.

وە یەكێكی تر لە نیشانەكانی قیامەت بریتیە لە كردنەوەی باخچەی ئاژەڵانە لە وڵاتە جۆراوجۆرەكان لە هەموو شوێنێكی جیھاندا، بەمەش ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە هاتەدی كە دەفەرموێت: {وَإِذَا الْوُحُوشُ حُشِرَتْ} واتە لە باخچەی تایبەت بەخۆیان كۆدەكرێنەوە.

وە ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیش: {وَإِذَا الصُّحُفُ نُشِرَتْ} ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی كتێب و گۆڤارەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان لە هەموو شوێنێكی جیھاندا وەك لەمڕۆدا دەیبینین.

وە هەروەها فەرمایشتی خوای گەورە: {وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ (*) بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ} لێرەدا ئاماژەكراوە بە هاوار و بانگەواز‌ی بیرمەند و قەڵەم بەدەستەكان لەپێناوی ئازادكردنی ئافرەت لەو كۆت و پێوەندانەی ڕابردوو كە پڕبوون لە نەزانی و دواكەوتوویی، لەبەرئەوە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ} چونكە كوشتنەكەی كوشتنێكی مەجازیە نەك حەقیقی، ئەگەر كوشتنەكەی حەقیقی بوایە ئەوا خوای گەورە پرسیاری دەكرد لە بكوژەكەی كە بۆچی كوشتوویەتی؛ چونكە ئەگەر كوشتنەكە كوشتنێكی ماددی و ڕاستەقینە بوایە؛ ئەوا پرسیار لە بكوژ دەكرا نەك لە كوژراو.

نیشانە گەورەكانى قیامەت

لە حوزەیفەی كوڕی ئوسەیدی غیفاریەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) ڕیوایەت كراوە، گوتی: “پێغەمبەر (ﷺ) هات بۆ ناومان، ئێمه قسە و باسوخواسمان دەكرد، فەرمووی: باسی چی دەكەن؟ گوتیان: باسی قیامەت دەكەین، فەرمووی: هەرگیز قیامەت بەرپا نابێت هەتاكو پێش بەرپابوونی 10 نیشانە نەبینن، ئینجا باسی نیشانەكانی كرد كە بریتین لە: دووكەڵ، دەججال، دەعبا و هەڵھاتنی خۆر لە خۆرئاواوە، وە دابەزینی عیسای كوڕی مەریەم، وە یەئجووج و مەئجووج، وە سێ ڕۆچوونی زەوی: ڕۆچوونێك لە ڕۆژهەڵات، ڕۆچوونێك لە ڕۆژئاوا، ڕۆچوونێك لە دوورگەی عەرەب، وە كۆتا نیشانە ئاگرێكه ‌لە یەمەنەوە دەردەچێت و خەڵكی ڕاپێچ دەكات بەرەو شوێنی گردبوونەوەیان.” (رواه مسلم، وأبو داود، والترمذي، وابن ماجه)

طیبی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە ئیبن حەجەرەوە لە (فتح الباري) نەقڵی كردووە و دەڵێت: “ئەمانە نیشانەكانی قیامەتن: هی نزیك بوونەوەی قیامەت یان پەرپابوونی قیامەت، نیشانەكانی نزیكبوونەوەی قیامەت بریتین لە: دەججال، هاتنی عیسای كوڕی مەریەم، دەركەوتنی یەئجووج و مەئجووج، وە ڕۆچوونی زەوی. نیشانەكانی بەرپابوونیشی بریتین لە: دووكەڵ، هەڵھاتنی خۆر لە خۆرئاواوە، دەرچوونی دەعبا، وە ئەو ئاگرەی كە خەڵكی كۆدەكاتەوە”.

لەڕاستیدا ئەم 10 نیشانەیە نیشانەن بۆ نزیكی كاتی قیامەت و نزیكبوونەوەی ڕوودانی. هەندێكیان دەركەوتوون و بەچاوی خۆمان بینیومانن وەك دووكەڵ و دەججال و دەعبا و یەئجووج و مەئجووج، وە هەندێكی تریان تا ئێستایش لە جیھانی غەیبدان و جگە لە خوای گەورە كەس كاتی دەركەوتنیان نازانێت.

دووكەڵ: ئاماژەیە بۆ پەیدابوونی پیشەسازیە نوێیە جۆربەجۆرەكان و كارگە گەورەكان كە لە تاوەرەكانیانەوە دووكەڵی زۆر دەردەچێت، وە هەروەها ئاماژەیە بۆ پەیدابوونی داهێنانە تازەكان كە لە بنچینەدا بۆ ئیش پێكردنیان پشت دەبەستن بە هەندێك ماددە كە گڕدەگرن وەك نەوت و خەڵووزی بەردین كە لە ئەنجامی سووتاندنی ئەم ماددانەیشەوە دووكەڵ پەیدا دەبێت. هەروەها ئاماژەیە بە پەرەپێدانی چەكی كۆن و داهێنانی چەكی نوێ كە لە ئەنجامی بەكارهێنانیانەوە دووكەڵ پەیدا دەبێت. كەواتە دووكەڵ سیفەتێكی جیاكەرەوەی ئەم سەردەمەیە، لەبەرئەوە دەكرێت ئەم سەردەمەی خۆمان بەسەردەمی دووكەڵ ناوزەد بكرێت.

دەججال: ئەوەیە كە ئەمڕۆ پێی دەوترێت داگیرکەر (الاستعمار) یان پیاوی سپی پێست، لە داهاتوودا بەدرێژی باسی ئەم بابەتە دەكەين.

دەعبا: بریتیە لە هۆكارە نوێیەكانی گواستنەوە وەك فڕۆكە و شەمەندەفەر و ئۆتۆمۆبيل و پاپۆڕ كە جێگەی هۆكارە كۆنەكانی گواستنەوەیان گرتووەتەوە، ئەمەش پشتڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە دەكاتەوە لە سوورەتی (التكویر)دا كە دەفەرموێت: {وَإِذَا الْعِشَارُ عُطِّلَتْ} واتە ئەو كاتەی كە خەڵكی بێ نیاز دەبن لە پشتبەستن بە وشتر و وڵاغەكانی تر بە مەبەستی گەشتكردن و سواربوون و گواستنەوەی خۆیان و شتومەكەكانیان، وە لەجیاتی ئەمانه پشتدەبەسترێت بە‌ كۆمەڵێك داهێنراوی نوێ كە بەهێزتر و خێراترن، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَخَلَقْنَا لَهُمْ مِنْ مِثْلِهِ مَا يَرْكَبُونَ}

وە لەڕاستیدا ئەو فەرموودە پیرۆزانەی كە هەواڵی غەیبییان تێدایە دەربارەی داهاتوو هیچ كەسێك -پلەی زانستەكەی هەرچەند بێت- نازانێت ئەو هەواڵە غەیبیانە چۆن ڕوودەدەن پێش ڕوودان و دەركەوتنی حەقیقەتەكانیان بۆ خەڵكی، بەتایبەتی ئەو فەرموودانەی كە لە پێغەمبەری هەڵبژاردەوە (ﷺ) فێریان بووین، وە‌ پەیوەستن بەو‌ كەشف‌‌ و خەونانەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بینیویەتی، لەوانە فەرموودەكانی دەججال و یەئجووج و مەئجووج.

بۆ نموونە: جارێكیان پێغەمبەر (ﷺ) لە خەونیدا ئەبو جەهلی لە بەهەشتدا بینی، پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: “ئەبو جەهل لە كوێ و بەهەشت لە كوێ.” بەڵام كاتێك عیكریمەى كوڕی ئەبو جەهل باوەڕی هێنا، پێغەمبەر (ﷺ) خەونەكەی بەمە لێكدایەوە و ڕاستی خەونەكەی بۆ دەركەوت، بەوەی كە مەبەست لە خەونەكە عیكریمەیە نەك ئەبو جەهل.

وە گەورەترین نموونە لەسەر ئەمە ئەوەیە كە جابری كوڕی عەبدوڵڵا (ڕەزای خوای لێ بێت) باسی كردووە دەربارەی ئیبن صەییاد و چیرۆكەكەی لەگەڵ پێغەمبەر (ﷺ) و هەردوو هاوەڵەكەیدا، واتە ئەبو بەكر و عومەر (ڕەزای خوایان لێ بێت)، كە هەردووكیان باوەڕیان وا بوو ئیبن صەییاد مەسیحی دەججالە، وە عومەر (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: ئەی پێغەمبەری خوا ڕێگەم بدە با بیكوژم، پێغەمبەریش (ﷺ) دەفەرموێت: “ئەگەر ئەو دەججال بێت؛ ئەوا تۆ ئەو كەسە نیت كه جەنگی لەگەڵدا دەكەیت و‌ دەیكوژێت.”

زۆربەی زانا بەڕێزەكانمان ئاوڕیان لەم بابەتە نەداوەتەوە و ئەو فەرموودانەیان شەرحكردووە، بەجۆرێك لە شەرحەكانیاندا دەستیانگرتووە بە ڕواڵەتی وشەکانەوە بەو باوەڕەی کە ئەم وشانە تەئویل ھەڵناگرن. ئەنجامەكەشى ئەوە بوو: ڕاڤە و شرۆڤەی وەهایان كردووە بۆ ئەم فەرموودانە كە دوورن لە ڕاستیەوە و نزیكن لە خەیاڵەوە، بەدیھاتن و دەركەوتنیان كارێكی ئەستەم و نەشیاوە.

وە ئەوەیشی كە دووپاتی دەكاتەوە فەرموودەكانی دەججال كەشف و خەونی پێغەمبەر (ﷺ) بوون، ئەم دەقەیە‌ كە لە (صەحیحی بوخاری و موسلیم)دا هاتووە: “لەخەودا خۆمم بینی لەلای كەعبەدا بووم… پاشان پیاوێكم‌ بینی كە قژی لوول و ئاڵۆسكاو بوو، وە چاوی ڕاستی كوێر بوو، لە (ئيبن قەطەن) دەچوو، هەردوو دەستی خستبووە سەر هەردوو شانی پیاوێك، بەدەوری كەعبەدا دەسووڕایەوە، وتم ئەمە كێیە؟ وتیان: مەسیحی دەججالە.” لەڕاستیدا زانستی لێكدانەوەی خەون زانستێكی خواییه و لە قورئانی پیرۆزەوە فێربووین،‌ خوای گەورە لە سوورەتی یوسف دا دەفەرموێت: {وَلِنُعَلِّمَهُ مِنْ تَأْوِيلِ الْأَحَادِيثِ} واتە: تاكو فێری لێكدانەوەی خەونی بكەین.

حەقیقەتی مەسیحی دەججال

پێم خۆشە سەرەتا باسی گرنگی بابەتی دەججال بكەم. هەڵبەت زانایانی پێشین زۆر گرنگییان داوە بەم بابەته چونكە پێغەمبەر (ﷺ) گرنگی داوە بە بابەتی دەججال‌. با بەیەكەوە گوێبگرین بۆ ئەو فەرموودەیەی لە ئیبن مەسعوودەوە ڕیوایەتیان كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی ئاژاوەی دەججال فەرموویەتی: “قسەتان بۆ دەكەم دەربارەی ئەمە [واتە دەججال] تەنھا بۆئەوەی بیری لێ بكەنەوە و لێی تێبگەن و شارەزای بن و بیزانن، دەی كاری لەسەر بكەن و باسی بكەن بۆ ئەوانەی دوای خۆتان، وە هەر یەكێك باسی بكات بۆ ئەوی تر، بێگومان گەورەترین ئاژاوەیە.”

وە عیمرانی كوڕی حوصەین (ڕەزای خوای لێ بێت) لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “لەنێوان دروستكردنی ئادەم هەتا بەرپابوونی قیامەت دروستكراوێك نیە لە دەججال گەورەتر بێت.” (صحيح مسلم). وە لە شەرحی ئەم فەرموودەيەدا‌ لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە‌: مەبەست ئەوەیە كە هیچ ئاژاوەیەك نیە گەورەتر بێت لە ئاژاوەی دەججال.

وە سەفینەی بەخێوكراوی پێغەمبەر (ﷺ) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) وتاری دا بۆمان و فەرمووی: “ئاگادار بن هیچ پێغەمبەرێك نەبووە لە پێش مندا مەگەر هۆشداری داوە بە ئوممەتەكەی خۆی‌ سەبارەت بە ئاژاوەی دەججال.” لەبەرئەوە هاوەڵەكان (ڕەزای خوایان لێ بێت) بەڕادەیەكی زۆر گرنگییان دابوو بەم بابەتە، تەنانەت زۆربەیان باوەڕیان وابوو كە لەژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) یان لەدوای ئەو لەژیانی خەلیفە ڕاشیدیەكاندا دەججال دەبینن.

لەڕاستیدا ئەو ڕیوایەت و فەرموودانەی كە باسوخواسی دەججالیان تێدایە زۆر زۆرن بەڵام ئێمە لێرەدا گرنگترین فەرموودە و ئەوەیان كە لە هەموویان ڕوونترە دەكەین بە بەڵگە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بابەتە بە سادەیی پیشان بدەین و بەشێوەیەك پێشكەشی خوێنەری بكەین كە تێگەيشتن لێی و زانینی ڕاستیە شاراوەكانی ناوی ئاسان بێت.

نەواسی كوڕی سەمعان (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: پێغەمبەر (ﷺ) سەرلەبەیانیەك باسی دەججالی بۆ كردین و بەسووك سەیری كرد، بەڵام ئاژاوەكەی بە گەورە گرت، تاكو وامان زانی لەناو دارخورماكاندایە، ئینجا لای پێغەمبەر(ﷺ) هەستاین و ڕۆیشتین پاشان كاتێك چووین بۆ لای (ﷺ) هەستی پێ كردین و فەرمووی: چیتانە؟ وتمان ئەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) سەرلەبەیانی باسی دەججالت بۆ كردین، زۆرت باسكرد، بەسووكی سەیرت كرد بەڵام ئاژاوەكەیت بە گەورە گرت تا وامانزانی لەناو باخە دارخورماكاندایە. فەرمووی: شتێكی تر هەیە جگە لە دەججال زیاتر مەترسی لێ دەكەم لەسەر ئێوە، ئەگەر دەججال دەرچوو، وە من لەناوتاندا بووم ئەوا من لەبریتی ئێوە چاری دەكەم. وە ئەگەر سەری هەڵدا و من‌ لەناوتاندا نەبووم ئەوا با هەركەسێك چارەسازی خۆی بێت، وە خودایش سەروكاری من و هەموو موسوڵمانێكە… هەركەس لە ئێوە پێی گەیشت ئەوا با سەرەتاكانی سورەتی الكهف بخوێنێت، ئەو لە شوێنێكی بەردەڵانی سەختی نێوان شام و عێراق دەردەچێت بەڕاست و چەپدا مل دەنێت لە بەدفەڕی و خراپەكاری، ئەی بەندەكانی خوا دامەزراو بن. وتمان ئەی پێغەمبەری خوا چەند لەزەویدا دەمێنێتەوە؟ فەرمووی: چل ڕۆژ، ڕۆژێكی وەك ساڵێكە، ڕۆژێكی وەك مانگێكە، ڕۆژێكی وەك هەفتەیەكە و پاشماوەی ڕۆژەكانی تر وەك ئەم ڕۆژانەی دیكەتان وایە. وتمان ئەی پێغەمبەری خوا ئەو ڕۆژەی كە وەكو ساڵێكە ئەوەندە بەسە كە نوێژی یەك ڕۆژی تێدا بكەین؟ فەرمووی: نەخێر، بەئەندازەی خۆی بۆی بگرن (واتە ئەندازەی ڕۆژێكی ئاسایی بۆ دابنێن)… وتمان ئەی پێغەمبەری خوا خێراییەكەی چۆنە لەسەر زەویدا؟ فەرمووی: وەك بارانێك وایە بای لە پشت بێت. دێت بەسەر گەل و هۆزێكدا بانگیان دەكات و ئەوانیش باوەڕی پێ دەهێنن و دێن بەدەمیەوە، ئەوجا فەرمان دەكات بە ئاسمان كە باران ببارێنێت و بە زەویش كە ڕووەك بڕوێنێت، سەر لە ئێواران مەڕ و ماڵاتیان كە دێتەوە سەر پشتیان لە جاران بەرزترە و گوانیان پڕ شیر ترە و لا كەلەكەیان تێرترە. پاشان ڕادەبوورێ بەلای هۆزێكدا بانگیان دەكات، ئەوانیش بەرپەرچی قسەكەی دەدەنەوە، ئەویش وازیان لێ دەهێنێت، ئیتر وشكەساڵی و بێ بارانی ڕوویان تێ دەكات و هیچیان بەدەستەوە نامێنێت لە ماڵ و سامانیان. ئەدا بەلای چوڵەوانی و وێرانەدا و پێی دەڵێت: گەنجینەكانی خۆت دەركە، گەنجینەكانی شوێنی دەكەون وەك شای هەنگ. پاشان بانگی پیاوێك دەكات كە لەوپەڕی‌ تافی گەنجێتی و تەواویدایە بەشمشێرەكەی لێی دەدات و دەیكات بە دوو كەرتەوە وەك چۆن لە نیشانە دەدرێت، پاشان بانگی دەكاتەوە، ئەویش بەرەوڕووی دێتەوە و ڕەنگ و ڕووی پرشنگ دەدات و پێدەكەنێت.”

ئەگەر بابەتیانە توێژینەوەمان لەم فەرمووده پیرۆزە كرد ئەوا ئەم ئەنجامانەی خوارەوە بەدەست دەهێنێن:

یەكەم: هەموو ئەو كەسانەی كە گوێیان لەم فەرموودەیە بووە لە پێغەمبەری خواوە (ﷺ) باوەڕیان وابووە كە دەججال نزیكە لێیانەوە و لەناو باخە دارخورماكانی مەدینەدا نیشتەجێیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) بە بەردەوامی بابەتی دەججالی شرۆڤە كردووە ‌و باسی وەسف و بارودۆخەكانی و نزیكی كاتی دەركەوتن و دەرچوونی كردووە.

دووەم: لەكاتی دەركەوتن و دەرچوون و مانەوەی دەججال لە وڵاتی موسوڵماناندا، لەنێوان موسوڵمانان و ئەودا مشتومڕ و گفتوگۆ دروست دەبێت دەربارەی ئەو پرسەی كە بانگەوازی بۆ دەكات و به هەموو ‌هێز و توانایەكیە‌وە كاردەكات لەپێناویدا. بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: (إن يخرج وأنا فيكم فأنا حجيجه دونكم). واتە: “ئەگەر دەججال دەرچوو، وە من لەناوتاندا بووم ئەوا من لەجیاتی ئێوە بە بەڵگە چاری دەكەم.”

سێيەم: پێغەمبەر (ﷺ) وەسفی دەكات بە: گەنجێكی قژ لوولی قژ ئاڵۆسكاو. وە چاوی ڕاستی كوژاوەتەوە یان قەپات بووە واتە نابینێت.

چوارەم: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانمان پێ دەكات كاتێك بینیمان و پێی گەیشتین سەرەتاكانی سوورەتی الكھف بخوێنینەوە بەسەریدا، وە سەرەتاكانی سوورەتی الكھف بریتیە لەم ئایەتە پیرۆزانە: {وَيُنْذِرَ الَّذِينَ قَالُوا اتَّخَذَ اللَّهُ وَلَدًا * مَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ وَلَا لِآبَائِهِمْ كَبُرَتْ كَلِمَةً تَخْرُجُ مِنْ أَفْوَاهِهِمْ إِنْ يَقُولُونَ إِلَّا كَذِبًا} بۆ ئەوەی دەججال ڕاستی ئەو زانیاری و هەواڵە غەیبییانەی قورئانی پیرۆز بزانێت كە پەیوەستن‌ بە داهاتووی مرۆڤایەتیەوە، وە هەروەها پەیوەستن بە ڕاستیەكانی دەرچوونی مەسیحی دەججال و كۆتایی هاتنی ئەو ئاژاوەیەوە.

پێنجەم: پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) پێمان ڕادەگەیەنێت: بێگومان دەججال كاتێك لە حەشارگەكەی خۆی دەردەچێت لە وڵاتانی شام و عێراقدا دادەبەزێت و بارگە و بنەی خۆی دەخات: واتە پەلاماری ئەو وڵاتانە دەدات و داگیریان دەكات، ئەمەش دوای جەنگی جیهانی یەكەم ڕوویدا كاتێك بەلێشاو سوپاكانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە هاتن بەرەو وڵاتانی عەرەبی.

شەشەم: پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) وەسفی خێرایی دەججالی كردووە لە گەشت و هاتوچۆكانیدا كە وەك خێرایی با وایە، وە ئەم وەسفە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەججال كۆمەڵێك هۆكاری گواستنەوە بەكاردەهێنێت كە زۆر بەهێز و خێران و‌ بەهۆیانەوە بێ نیاز دەبێت لە هۆكارە ناسراوە كۆنەكانی گواستنەوە.

حەوتەم: هەروەها وەسفی دەججال دەكات بەوەی كۆمەڵێك توانا و ئامرازی هەیە‌‌ كە بەهۆیانەوە دەتوانێت باران ببارێنێت و بە چاكی كشتوكاڵ بكات و بەروبوومی چاك بەرھەم بھێنێت، وە لەئەنجامی پشت بەستنی بە هۆكارە پێشكەوتووەكان لە بوارەكانی ئاودێری و كشتوكاڵ و پەروەردەكردنی ئاژەڵە ماڵیەكاندا ڕێژەیەكی بێشومار خێروبێری دەستدەكەوێت، وە ئەم بابەتە لە ڕیوایەتەكانی تردا باس كراوە، ئەوەتا لەو ڕیوایەتانەدا هاتووە كاتێك دەججال دەردەچێت، كۆمەڵێك چیا لە نان و كۆمەڵێك چیا لە میوە و كۆمەڵێك چیا لە سەوزە و كۆمەڵێك چیا لە تریتی لەگەڵدایە، واتە خێروبێرەكانی زەوی شوێنی دەكەون و ئەویش بەئارەزووی خۆی بەكاریان دەهێنێت و هەڵسوكەوتیان پێوە دەكات.‌

هەشتەم: پاشان پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) پێمان ڕادەگەیەنێت:‌ ئەو گەل و وڵاتانەی كە پەیوەندی دەپچڕێنن لەگەڵیدا و دژایەتی دەكەن: دەججال هیچ خێروبێر و سەروەت و سامانێكیان لەدەستدا ناهێڵێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئابڵۆقەی ئابووری كە دەججال دەیسەپێنێت بەسەر ئەو وڵاتانەدا كە دژایەتی دەكەن و لە‌ سیستەمی دەسەڵاتەكەی و ڕاوبۆچوونە سیاسیەكانی و هەڵوێستە نێودەوڵەتیەكانیدا لەگەڵیدا نین، چونكە خێروبێرەكانی زەوی هەمووی لەدەستی ئەودایە و به گوێرەی حەز و ‌ئارەزووە ئیستیعماریەكانی خۆی هەڵسوكەوتیان پێوە دەكات و بەكاریان دەهێنێت.

نۆيەم: پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) ئاگادارمان دەكات كە: دەججال كۆمەڵێك توانای هەیە كە یارمەتی دەدەن بۆ دەرهێنانی خێروبێر و گەنجینەكانی زەوی وەك زێڕ و كانزاكانی تر و نەوت، وە دەفەرموێت (ﷺ): (يمر بالخربة فيقول لها: أخرجي كنوزك). واتە: (ئەدا بەلای چۆڵەوانی وێرانەدا و پێی دەڵێت: گەنجینەكانی خۆت بخەرە دەرەوە). وە دەججال لە هەموو كەسێك زیاتر كەڵك وەردەگرێت لە دەرهێنانی ئەو گەنجینانە، وە هەڵیان دەگرێت و دەیان گوازێتەوە بۆ وڵاتی خۆی بۆ ئەوەی بەتەنھا خۆی سوود و بەهرەیان لێ وەربگرێت، وە ئەم زەویانە كە پڕن لە خێروبێر و گەنجینەكان فەرامۆشكراو دەبن لەلایەن خاوەنە ئەسڵیەكانیانەوە بەهۆی دواكەوتوویی و نەزانینیانەوە.

دەيەم: پاشان پێغەمبەری خوا (ﷺ) وێنەیەكی ڕاستەقینەمان بۆ دەكێشێت دەربارەی پێشكەوتنی دەججال لەبواری نوژداریدا بەجۆرێك هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كۆمەڵێك نەشتەرگەری كە لە میانەی ئەم نەشتەرگەریانەدا مرۆڤ بەتەواوەتی وەكو مردووی لێ دێت، وە پاش تەواوبوونی پڕۆسەكە بەسەركەوتوویی مرۆڤەكە بەئاگادێتەوە و لەجاران چوست و چالاك و بەهێزتر دەبێت: “پاشان بانگی پیاوێكی گەنج دەكات، ئینجا بەشمشێرەكەی لێی دەدات و دەیكات بە دوو كەرتەوە، پاشان بانگی دەكاتەوە، ئەویش بەرەوڕووی دێتەوە و ڕەنگ و ڕووی پرشنگ دەدات و پێدەكەنێت.”

وە لە فەرموودەكەی تەمیمی داریدا هاتووە كه لە دوورگەیەكدا دەججالی بینیوە لە ڕەبەنگە یان كڵێسایەكدا بەزنجیر بەستراوەتەوە، وە دەڵێت:

“ئێمەیش بەپەلە ڕۆیشتین هەتا چووینەناو ڕەبەنگاكەوە، كاتێك سەیرمان كرد زەلامێكی تێدایە كە هەرگیز زەلامی وەها گەورەمان نەبینی بوو، وە بە توندترین شێوە كۆت و پێوەند كرابوو، هەردوو دەستی تاكو گەردنی و نێوان هەردوو ئەژنۆی تا قولەپێی بە ئاسن شەتەك درابوو”. ئەم وێنەیە‌ كە پێغەمبەر (ﷺ) كێشاویەتی دەربارەی بارودۆخی دەججال‌ واقیعی حاڵی دەججالمان پیشان دەدات پێش دەرچوونی لە دوورگەكەی، كە لەوێدا لەژێر كاریگەری كڵێسادا بووە و بە كۆت و پێوەندەكانی بەستراوەتەوە، وه بێگومان‌ كاتێك دەردەچێت كاردەكات لەپێناوی بڵاوكردنەوەی‌ ڕێنماییەكانی كڵێسا بەگوێرەی ئاماژەكانی خودی كڵێسا.

لەبەرئەوە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “ئەگەر دەججال دەرچوو، وە من لەناوتاندا بووم ئەوا من لەجیاتی ئێوە بە بەڵگە چاری دەكەم)، وە هەروەها دەفەرموێت:

“ئێوەیش سەرەتاكانی سوورەتی الكهف ی بەسەردا بخوێنن” كە هۆشداری و ترساندنی تێدایە لەلایەن خواوە بۆ دەججال و ئاگاداری دەكاتەوە لە خراپی سەرەنجامەكەی‌ و وێرانبوونی ژیار و شارستانیەتە مەزنەكەی‌ ئەگەر بەردەوام بێت لە بانگەواز كردن بۆ پەرستنی عیسای كوڕی مەریم (سڵاوی خوای لێ بێت) كە دروستكراوی خوایە. (وَيُنذِرَ الذين قالوا اتَّخذ الله ولدا). وە لەفەرموودەكەی حوزەیفەی كوڕی ئوسەید دەربارەی دەججال دەفەرموێت: “لەكاتێكدا دەردەچێت كە خەڵكی ناتەواون و ئایين لاوازە و نێوانی مرۆڤەكان خراپە و دەچێتە هەموو ئاوەدانیەك و زەوی دەپێچرێتەوە بۆی وەك پێچانەوەی خوری بەران (واتە زۆر خێرایە).)

ئەم فەرموودەیە ئاماژەی تێدایە بۆ خراپی بارودۆخی موسوڵمانان لەو ڕۆژگارەی كە دەججال لە دوورگە و كڵێساكەی دەردەچێت، وە بێگومان دەججال بەزەویدا دەگەڕێت و دەگاتە هەموو شوێنەكان و دەیانپشكنێت جگە لە مەككە و مەدینە كە ناتوانێت بچێتە ناویانەوە.”دەچێتە ناو هەموو ئاو و ئاوەدانیەكەوە جگە لە مەدینە و مەككە كە خوای گەورە حەرامی كردووە بچێتە ناویانەوە” بۆیە ناچێتە ناویانەوە.

وە لە فەرموودەكەی ئەبو ئومامەی باهلیدا (ڕەزای خوای لێ بێت) كە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) ڕیوایەتی كردووە دەفەرموێت: “لەو كاتەوەی خوای گەورە نەوەی ئادەمی دروستكردووە لەسەر زەویدا ئاژاوەیەك نەبووە گەورەتر بێت لە ئاژاوەی دەججال، وە لە نێوچەوانی نووسراوە كافر كە هەموو باوەڕدارێكی خوێندەوار و نەخوێندەوار دەیخوێنێتەوە، وە یەكێك لە ئاژاوەكانی ئەوەیە كە بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدایە، دۆزەخەكەی بەهەشتە و بەهەشتەكەیشی دۆزەخە”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ جوانی و ڕازاوەیی شتە دنیاییە فریودەرەكان. وە لەفەرموودەكەی پێشووی حوزەیفەدا ڕوونمان كردەوە كە چۆن دەججال بەزەویدا دەگەڕێت بۆ بڵاوكردنەوەی ئایین و بیروباوەڕی خۆی و بانگەشەكردن بۆی، بەڵام لێرەدا ئاماژەیەكی نھێنی هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) باسی كردووە و پەیوەستە بەو توێژینەوە نھێنیەی دەججال دەربارەی سەرچاوەكانی بژێوی و گەنجینەكانی زەوی و ئەو خێروبێرانەی كە لەو وڵاتانەدا هەن كە دەججال سەردانیان دەكات و بەمەبەست گەشت دەكات بۆیان. “دەچێتەناو هەموو ئاو و ئاوەدانیەكەوه”.

وە لە فەرموودەكەی باهلیدا (ڕەزای خوای لێ بێت) كه تێیدا‌ جەخت كراوەتەوە لەسەر گەورەیی ئاژاوەی دەججال، وە‌ لەو كاتەوه كە خوا ئادەمی (یەكەم پێغەمبەر) دروستكردووە و ڕەوانەی كردووە بۆ مرۆڤ ئاژاوەی لەم جۆرە نەبووە، وە ئەو لە نێوچەوانیدا وشەی كافر نوسراوە باوەڕداری خوێندەوار و نەخوێندەوار دەیخوێنێتەوە. لەم فەرموودە پیرۆزەدا پێغەمبەر (ﷺ) ڕوونی كردووەتەوه ‌كە: سەرەڕای ڕوونی كوفری دەججال و ئاشكرایی هەڵەكەی بەوەی بانگی خەڵكی دەكات بۆ باوەڕهێنان بە مەسیح كە گوایە خوا و پەروەردگارە، وە لەگەڵ ئەو ڕوونیەی‌ لە بانگەوازە پووچەكەیدا هەیە، كە بێگومان ناكرێت موسوڵمانان فریوبدرێن بەم جۆرە قسەیە بۆیە خوێندەوار و نەخوێندەواریان بەدڵنیاییەوە دەزانن كە بانگەوازی دەججال پووچە و كوفرەكەی ئاشكرایە بۆ هەموو كەسێك وەك ئەوەی لە ناوچەوانیدا نووسرا بێت و مۆری لێ درابێت، لەگەڵ ئەمەشدا پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) ئاژاوەی دەججالی بەگەوره و مەزن‌ وەسف كردووە چونكه لەو كاتەدا دەججال‌ خاوەنی فێڵ و تەڵەكەی چەواشەكارانەیە، هەروەها بەهۆی ئەوەی خاوەنی كۆمەڵێك توانا و خێروبێر و گەنجینە و داهێنانی نوێ و سەركەوتنی زانستیە لە بوارەكانی ژیانی شارستانی و سەربازیدا كە ئەمانەش هاوكاری دەكەن بۆ قایلكرنی نەتەوەكان و هەموو خەڵكی بۆ ئەوەی بیروباوەڕەكەی وەربگرن و شانبەشانی بوەستن. وە لە زانست و تیۆر و داهێنانەكانی یارمەتی وەربگرن و پشت ببەستن بە یارمەتیە داراییەكانی لەهەموو بوارەكانی ژیاندا.

لێرەوەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) ترساوە لەوەی ئوممەتەكەی بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم ژیارە ساختەیە‌ كە دەججال بانگەوازی بۆ دەكات و لەپێناویدا كاردەكات،‌ بەتایبەتی لەو ڕۆژانەدا ئوممەتەكەی لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە یارمەتی و داهێنان و دەزگا پەرەسەندووەكان و زانستە پێشكەوتووەكانی دەججال هەیە لە هەموو بوارەكانی ژیانی گشتی و تایبەتیدا، چونكە پاشەكشەی كردووە و دابڕاوە لە كاروانی شارستانیەت بەهۆی سەرقاڵبوونی بە كاره ‌پووچەكانەوە و نەبوونی زانای ڕاستەقینە لە زانستە ئایینی و دنیاییە جۆربەجۆرەكاندا.

پاشان لە ڕیوایەتەكەی باهلی (ڕەزای خوای لێ بێت) هاتووە:

 “دەججال حەفتا هەزار جوولەكە لەگەڵ خۆی دەهێنێت كە چەك و شمشێرەكانی خۆیان هەڵگرتووە” لەم قسەیەدا ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی كە دەججال یارمەتی جوولەكە دەدات و ئەوانیش پشتی پێ دەبەستن بۆ گەڕانەوەیان بۆ فەڵەستین و داگیركردنی كە به نیشتیمانی خۆیانی دەزانن.

گوێدرێژی دەججال

لەڕێگەی ئەو فەرموودانەی پێغەمبەرەوە كە وەسفی گوێدرێژەكەی دەججالیان تێدایە ئەم پوختەیەی خوارەوە دەخەینەڕوو:

یەكەم: لەفەرموودەكەی پێشەوای باوەڕداران عەلی كوڕی ئەبو تالیب كە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەگێڕێتەوە‌ وەسفی ئەو گوێدرێژە بەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە:

“تحت الدجّال حمار أقمر طولُ كلِّ أذن من أُذنيه ثلاثون ذراعاً يتناول السَّحاب بيمينه ويسبق الشمس إلى مغربها” (كنز العمّال). واتە: دەججال گوێدرێژێكی لەژێردایە كە ڕەنگی زیویە، درێژی هەر گوێچكەیەك لە گوێچكەكانی شەست باڵە، وە دەستی دەگاتە هەور، وە پێش خۆر دەكەوێت بۆ ئەو شوێنەی كە لێی ئاوا دەبێت.

لەم فەرموودەیەدا ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرا هەیە بۆ فڕۆكە كە یەكێكە لە داهێنراوەكانی دەججال لەسەردەمی كۆتاییدا، وە ڕەنگی ئەم گوێدرێژە زیویە كە ئەمەش ڕەنگی فڕۆكەیە، وە هەردوو گوێچكە درێژەكەی بریتین لە باڵەكانی فڕۆكە، وە وشەكانی تری فەرموودەكە تەنھا بەسەر فڕۆكەدا پیادە‌ دەبێت چونكە جگە ‌لە فڕۆكە هیچ شتێكی تر پێش خۆر ناكەوێت بۆ ئەو شوێنەی كە لێی ئاوادەبێت.

دووەم: ئەبو نوعەیم لە ئەبو حوزەیفەوه (ڕەزای خوای لێ بێت)‌ ڕیوایەتی كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە وەسفی گوێدرێژەكەی دەججالدا فەرموویەتی: “يخوض البحرَ لا يبلغ حقويه وإحدى يديه أطول من الأخرى، فيبلغ قعره فيخرج الحيتان ما يريد.” واتە: “دەچێتەناو دەریا ئاو ناگاتە ناوقەدی، وە یەكێك لە دەستەكانی درێژترە لە دەستەكەی تری، دەستی دەگەیەنێتە بنكی دەریاكە و چەند بیەوێت ماسی دەردەهێنێت”. ئەم فەرموودەیە ئاماژە دەكات بۆ دروستكردنی پاپۆڕە گەورەكان، وەك ئەو پاپۆڕانەی كە تایبەتن بە ڕاوی ماسی، وە ئەو پاپۆڕانەیش كە تایبەتن به باركردن و گوێزانەوەی شتومەك، وە ئەم جۆرەیان ئامێری بەرزكەرەوەی هەیە بۆ ئەوەی كەلوپەل هەڵبگرێت و بیخاتەناو كەشتیەوە، هەروەها بۆ ئەوەی كەشتی خاڵی بكاتەوە، وە پاپۆڕەكان بریتین لەو هۆكارانەی گواستنەوە كە دەججال بەهۆیانەوە لە دوورگەكەی خۆی دەرچوو بۆ هەموو ناوچەیەكی جیھان، بێگومان وەسفی كراوە كە دەنگەكەی ئەوەندە بەرزە دەگاتە ئەمسەر و ئەوسەری دنیا و دووكەڵ لەدوایەوە دەردەچێت.

سێيەم: كۆتا وەسفی گوێدرێژەكەی دەججال پیادە دەبێت بەسەر ئەو شەمەندەفەرانەدا كە بە خەڵووزی بەردین كاردەكەن، وە‌ بریتین‌ لە هۆكاری سەرەكی‌ گواستنەوە‌ لە وشكانیدا كە دەججال پشتیان پێ دەبەستێت لەهاتوچۆكردنه ناوخۆییەكانی خۆی لە وشكانیدا لەو وڵاتانەدا كە پێیان گەیشتووە و داگیری كردوون، پێغەمبەری نازدار (ﷺ) دەربارەی ئەم گوێدرێژە دەفەرموێت: (يأكل الحجارة ـ أي الفحم الحجري ـ ويسبقه جبل من دخان ـ أي يخرج دُخانه الكثيف من مقدمته ـ ويركب الناس في جوفه ـ أي بداخله ـ وليس على ظهره). واتە: (بەرد دەخوات، واتە خەڵوزی بەردین. وە هێندەی شاخێك دووكەڵ لەپێشیەوە دەردەچێت، واتە دووكەڵە چڕەكەی لەپێشیەوە دەردەچێت. وە خەڵكی لەناو كەوڵەكەیدا سوار دەبن، واتە لەناوەوەیدا نەك لەسەر پشتی.)

ئەمەش سەلمێنەری ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە كە لە سوورەتی التكویر دا دەفەرموێت: (وإذا العِشارُ عُطِّلَت) واتە لە سەردەمی كۆتاییدا واتە سەردەمی دەرچوونی دەججال و گەڕانەوەی جوولەكە بۆ فەڵەستین مرۆڤ بێ نیاز دەبێت لە سواربوون و بەكارهێنانی وشتر لە ئەنجامی پەیدابوون و داهێنانی كۆمەڵێك ئامرازی تری گواستنەوە كە بەهێزتر و خێراترن.

مانای زمانەوانی وشەی دەججال

لە فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا ئەم مانایانەی خوارەوە هاتوون‌:

الدجّال: واتە درۆزن، لە چەواشەكاری و پەردەپۆشكردنەوە هاتووە، وە بە درۆزن دەوترێت دەججال چونكە ڕەوا بە ناڕەوا دادەپۆشێت، یان بریتیە لە كەسێك ڕاستی دەشارێتەوە، كەواته ‌دەججال كەسێكە سەرلەخەڵكی تێكدەدات و ڕاستییان لێ دەشارێتەوە، وە دەوترێت ئەوەی بەهەموو لایەكی زەویدا بڕوات پێی دەوترێت دەججال، ئەگەر بگەڕێت بەسەر زەویدا.

وە لە (التفسیر الكبیر)دا هاتووە: “مەسیحی دەججال ناوی نراوە مەسیح لەبەر یەكێك لەم دوو هۆكارە‌: یەكەمیان: چونكە چاوی ڕاستی كوژاوەتەوە، دووەمیان: چونكە بەزەویدا دەگەڕێت، واتە لەماوەیەكی كەمدا زەوی دەبڕێت، پێی دەوترێت: دەججال چونكە بەزەویدا دەگەڕێت و بە زۆربەی ناوچەكانیدا تێدەپەڕێت، وە دەوترێت ناوی نراوە دەججال: چونكە چەواشەكاری دەكات و سەر لەخەڵكی تێكدەدات.”

وە لە فەرهەنگی “أقرب الموارد”دا هاتووە: وشەی دەججال “شەددەی” لەسەر بێت واتە كۆمەڵێكی گەورە كە بەهۆی زۆری خەڵكەكەیەوە زەوی دادەپۆشێت. وە دەوترێت دەججال بریتیە لە: كۆمەڵێكی گەورە كە كەلوپەلیان هەڵگرتووە بۆ بازرگانی.

وە لەفەرموودەی پێغەمبەردا (ﷺ) هاتووە كە مانای دەججال بریتیە لە: الخلق واتە خەڵك. دەفەرموێت (ﷺ): (ما بين خلق آدم إلى قيام الساعة خلقٌ أكبر من الدجّال) (صحيح مسلم). واتە: (لەنێوان دروست بوونی ئادەم تا بەر‌پابوونی قیامەت خەڵكێك (دروستكراوێك) نیە گەورەتر بێت لە دەججال).

وە لە فەرهەنگی (المنجد)دا هاتووە: الخلق واتە خەڵك

وە لە كتێبی (تعطیر الأنام في تعبیر المنام)ی “الإمام عبد الغني النابلسي “دا هاتووە كە بینینی پیاوێكی گەنج لەخەودا ئەگەر قژی لوول بوو -وەك شێوەكەی دەججال كە پێغەمبەر (ﷺ) بینیویەتی لەخەوندا وەك لە صەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە- بەم شێوەیە لێكدانەوەی بۆ كراوە:

بینینی پیاوێكی گەنج لەخەوندا بریتیە لە: دوژمنێك، وە ئەگەر گەنجەكە سپی پێست بوو ئەوا دوژمنێكی نادیار و شاراوەیە، وە هەروەها گەنج هێمایە بۆ فرتوفێڵ، وە دوژمنێكی ناپەسەند و خوێنتاڵه.

وە قژی لوول و ئاڵۆسكاو هێمایە بۆ: هێز و دەسەڵات و باڵادەستی.

بە پشتبەستن بەم تەئویلە، وە بەپشتبەستن بەو شرۆڤانەی كە لە فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا هاتوون دەربارەی ماناكانی دەججال كە درۆزنێكی چەواشەكارە و بەزەویدا دەگەڕێت، وە كۆمەڵێكی گەورەیە و بەهۆی زۆری خەڵكەكەیەوە زەوی دادەپۆشێت، وە بە پشت بەستن بەو وەسفانەی كە لەسەر زاری پیرۆزی موحەممەدی ڕاستگۆی دەستپاكەوە (ﷺ) كراوە بۆ بارودۆخەكانی دەججال كە پێشتر باسكرا، لە هەموو ئەمانەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بەگشتی دەججال بریتیە لە گەلانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و بەتایبەتی دانیشتووانی دوورگەكانی بەریتانیا كە دوای سەردەمی دۆزینەوە جوگرافیەكان، لە وڵاتی خۆیان دەرچوون، كه لەلایەن‌ شازادە هێنری كوڕی پاشای پورتوگالەوە ئەم دەرچوونە دەستی پێ كرد، وە گەشتیان كرد بەزەویدا، وە شوێنی نوێیان دەدۆزیەوە و داگیریان دەكرد و دەگەڕان بەدوای خێروبێرەكانیدا، وە ئەم گەلانە نێردە تەبشیریەكانیان بڵاوكردەوە بەهەموو لایەكی زەویدا بۆ ئەوەی بانگەواز بكەن بۆ پەرستنی دروستكراوێك، وە پڕوپاگەندە بكەن بۆ ئەوەی مەسیح كوڕی خوایە، وە خوا كوڕێكی هەیە كە مەسیحی كوڕی مەریەمە.

وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَقَالُوا اتَّخَذَ الرَّحْمَنُ وَلَدًا} (مريم: 88)

وە بەهۆی ئەم بانگەوازە پووچەوە كە دەججال لەزەویدا پڕوپاگەندەی بۆ دەكات و بڵاویدەكاتەوە، ئاگاداركردنەوە و هۆشداری خوایی هاتووە لە سەرەتاكانی سوورەتی الكهف دا بەوەی كە ئەگەر دەججال بەردەوام بێت لەسەر ئەم بانگەوازە پووچە و لەمەدا شێوازەكانی فێڵ و چەواشەكاری بەكاربھێنێت؛ ئەوا سزای خوا چاوەڕێی دەكات، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَيُنْذِرَ الَّذِينَ قَالُوا اتَّخَذَ اللَّهُ وَلَدًا} (الكهف : 4)

پاشان دەفەرموێت: {إنّا جَعَلْنا ما على الأرض زينةً لها لِنَبْلُوَهُمْ أَيُّهُمْ أحسَنُ عملاً. إنّا لَجاعلونَ ما عليها صّعيداً جُرُزاً}

كەواتە ئەو سزایە چاوەڕێی دەججال دەكات كە هێمایە بۆ گەلانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لەناویاندا ئینگلتەرا و ئەمریكا؛ چونكە دانیشتووانی ئەمریكا لەبنەڕەتدا‌ لە گەلانی ئەوروپای ڕۆژئاوا پێكھاتوون، وە هەموو ئەمانەش‌ سەربه نەتەوەكانی‌ یەئجووج و مەئجووجن كە خوای گەورە ڕایگەیاندووە پێمان لە سەردەمی كۆتاییدا (سەردەمی گەڕانەوەی جوولەكە بۆ فەڵەستین بەهاوكاری دەججال واتە ئینگلیز و گەلانی ئەوروپای ڕۆژئاوا) جەنگێك هەڵدەگیرسێت لەنێوانیاندا، وە ئەم جەنگە جەنگێكی بێ وێنەیە و مرۆڤایەتی لە كۆن و نوێدا جەنگی لەم شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە، وە یەكێك لە ئەنجامەكانی ئەم جەنگە ئەوەیە كە شارستانیەتی گەلانی ئەوروپا و ئەمریكا لەناودەبات، وە بەهۆی بەكارهێنانی چەكی ناوكی زەوی بڕشت و پێزی خۆی لەدەستدەدات و هیچ ڕووەكێكی تێدا ناڕوێت بەھۆی پیسبوونی بە تیشكدانەوەی ناوكی، ئەمەش لەم ئایەتەدا ئاماژەی بۆ كراوە: {وإنّا لَجاعِلون ما عليها صّعيداً جُرزاً} واتە هەموو دامەزراوە ژیاریەكانی دەججال دەگۆڕێت بۆ خاكێكی بێ خێر، وە ئەم خاكە هیچ ڕووەكێكی تێدا ناڕوێت و دەبێت بە خاكێكی وشك و بێ گیان.

وە یەكێك لە نیشانە تایبەتیەكانی گەلانی دەججال و نەتەوەكانی یەئجو‌ج و مەئجوج كە پێی بەناوبانگن ئەویە كە خوای گەورە لەم ئایەتەدا باسی كردووە و دەفەرمووێت: {يَوْمَ يُنْفَخُ فِي الصُّورِ وَنَحْشُرُ الْمُجْرِمِينَ يَوْمَئِذٍ زُرْقًا} (طه: 102)

وشەی {زُرْقًا} ئاماژەیە بۆ ئەوەی‌ ئەو كەسانە چاویان شینە و بریتین لە خەڵكی ئەوروپا و ئەمریكا، كەواتە دەججال ئەوەیە كە هاوكاری جوولەكەی كرد بۆ داگیركردنی فەلەستین و بردنی خێروبێرەكەی، وە دەججال ئەوەیە كە هۆكاری‌ نوێی گواستنەوەی داهێناوە كە له ‌با خێراترە و لە پاشوویەوە‌ دووكەڵ دەردەچێت و دەنگی هێندە بەهێزە دەگاتە ئەمپەڕ و ئەوپەڕی دنیا، وە خەڵكی لەناو هەناویدا سوار دەبن، وە جێگای زیاتر لە سەرنشینێك دەبێتەوە تێیدا، وە دەكرێت زیاتر لە 10 كەس سواربێت لەناویدا.. وە بەئاسماندا دەفڕێت و پێش خۆر دەكەوێت بۆ ئەو شوێنەی لێی ئاوا دەبێت، وە دەچێتەناو دەریاكانەوە و ماسی ڕاودەكات، وە لەو ئامرازانە ئامرازی وای تێدایە بە خەڵوزی بەردین كاردەكات واتە شەمەندەفەر كه بزوێنەرەكەی بە هێزی هەڵم كاردەكات.

وە دەججال ئەوەیە كە گەنجینەكانی زەوی دەردەهێنێت و دەیان دزێت و پاشان دەیانگوێزێتەوە بۆ وڵاتی خۆی بۆ ئەوەی تەنها خۆی سوود و كەڵكیان لێ وەربگرێت و خاوەنە ڕاستەقینەكانیان (واتە ئەو گەلانەی كە دەججال ژێردەستەی كردوون) بێ بەش بكات لێیان، وە دەججال ئەو هێزەیە كە پەلاماری وڵاتی شام و عێراقی داوە و بەڕاست و چەپدا كاولكاری ئەنجام دەدات، وە ئەوەیە كە زۆربەی وڵاتانی جیھانی داگیركردووە بۆ ئەوەی كەڵك وەربگرێت لە خێر و سەروەت و سامانیان، وە گەلەكانیشیان دەستەمۆ بكات بۆ خزمەتكردنی خۆی و ئامانجە نامرۆییەكانی..!

ئایا ئەم وەسفانە پیادە نابن بەسەر ئەو هێزەدا كە ئەمڕۆ ناونراوە ئیستیعمار، بەڵێ بێگومان ئیستیعمار ئەو دەججالەیە كە پێغەمبەری ئازیزمان موحەممەد (ﷺ) چواردە سەدە لەمەوپێش هۆشداری پێداوین دەربارەی، وە ئاگاداری كردووین لە فرت و فێڵەكانی، وە دەفەرموێت (ﷺ): “ئەگەر دەججال دەرچوو، وە من لەناوتاندا بووم ئەوا من لەجیاتی ئێوە بە بەڵگە چارەی دەكەم، وە ئەگەر دەرچوو من لەناوتاندا نەبووم ئەوا با هەركەسێك چارەسازی خۆی بێت” چو‌نكە دەججال بانگەوازێكی‌ پووچ دەكات، بۆیە پێویستە لە سەر هەموو موسوڵمانان‌ كە بە بەڵگە بەرپەرچی بانگەوازەكەی بدەنەوە بە پەیڕەوكردنی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە كە دەفەرموێت: {قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ} (البقرة: 111)

خوای گەورە ڕاستی فەرموو، وە پێغەمبەرە نازدارەكەیشی ڕاستی فەرموو (باشترین دروود و سڵاوی لەسەر بێت)