حەج، مانا و حیكمەت و ئامانجەكانی

بۆ داگرتنی وتارەکە بە PDF کلیك لێرە بکە
*****
پێشەکی:
ئامانج لە هەر دورشم و خواپەرستییەك لەئیسلامدا بریتیە لە خێر و بەرژەوەندی بەندەكان لە دنیا و دواڕۆژدا. وە مەبەست لە هەر بەندایەتی و خواپەرستییەك كە خوای گەورە دایناوە تەنھا بۆ ئەوەیە مرۆڤ نزیكبێتەوە لە خوا و ڕەزامەندی ئەو بەدەستبھێنێت. لێرەوە حەج یەكێكە لە گەورەترین خواپەرستیەكان كە بەهۆیەوە خەڵكی نزیك دەبنەوە لە بەدیهێنەری خۆیان، ئینجا دڵ و دەروونیان پاك و خاوێن دەبێتەوە، دواجار پلەی بەرزی ڕۆحی بەدەستدەھێنن.
مێژووی حەج
مێژووی حەج وەكو مێژووی كەعبەی پیرۆز كۆنە، وە مێژووی كەعبە وەكو مێژووی مرۆڤایەتی كۆنە. وە ڕیوایەتێك نیە باسی ئەوە بكات كەی ئەم ماڵە دروستكراوە و كێ یەكەمجار دروستی كردووە. وە لە خوارەوە بەڵگە دەهێنینەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم ماڵە كۆنە و تەنانەت پێش گەورەمان ئیبراهیم (علیه السلام) بوونی هەبووە:
خوای گەورە فەرموویەتی: {وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ الْقَوَاعِدَ مِنَ الْبَيْتِ} (البقرة: 128). لێرەدا خوای گەورە نەیفەرمووە كاتێك ئیبراهیم بناغەی ماڵەكەی دانا، بەڵكو فەرموویەتی: كاتێك بناغەكەی بەرزكردەوە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ماڵی خوا پێشتر هەبووە بەڵام ڕوخا بوو، وە ئیبراھیم بە ئیزنی خوا بناغەكەی بەرزكردەوە و سەرلەنوێ دروستی كردەوە.
وە ئایەتێكی تر هەیە لە قورئانی پیرۆزدا كە زیاتر جەخت لەم بابەتە دەكاتەوە، بەجۆرێك خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ أَوَّلَ بَيْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِي بِبَكَّةَ مُبَارَكًا وَهُدًى لِلْعَالَمِينَ} (آل عمران: 97) واتە: یەكەم ماڵێك كە دروستكرا بۆ قازانج و بەرژەوەندی خەڵكی، ئەو ماڵە بوو كە لەمەككەی پیرۆزدا بوونی هەیە.
هەروەها لە دوعاكانی ئیبراھیمدا (عليه السلام) هاتووە: {رَبَّنَا إِنِّي أَسْكَنْتُ مِنْ ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيْرِ ذِي زَرْعٍ عِنْدَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ} (إبراهیم: 38). وە دەستەواژەی {عِنْدَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ} ئەوە دەردەخات كە ماڵی پیرۆزی خوا پێشتر هەبووە؛ چونكە گەورەمان ئیبراهیم كاتێك ئەم دوعایەی كردووە كە ئیسماعیلی كوڕی مناڵێكی شیرەخۆرە بووە و لەگەڵ هاجەری دایكی لەو شوێنەدا نیشتەجێی كردوون، وە خوای گەورە بە وەحی ئیبراهیمی لەو شوێنە ئاگاداركرد و پێی ڕاگەیاند كە ئەم ماڵە یەکەم ماڵە لەپێناوی خوای گەورەدا دروستكرا بێت.
هەروەها قورئانی پیرۆز ماڵەكەی خوای بە ماڵێكی زۆر دێرین وەسف كردووە دەفەرموێت: {وَلْيَطَّوَّفُوا بِالْبَيْتِ الْعَتِيقِ} (الحج: 30) ئەمەش دەریدەخات كە ماڵی خوا تەواو كۆنە و بەناو قووڵایی مێژوودا چووەتە خوارەوە، یان بەدەربڕینێكی تر ئەم ماڵە یەكەم پەرستگایە كە لەجیھاندا دروستكرا بێت بۆ بەندایەتی خوا. كەواتە ئیبراهیم ئەم ماڵەی دروست نەكرد، بەڵكو لەسەر بناغە ئەسڵیەكەی خۆی سەرلەنوێ دروستی كردەوە.
وە فەرموودەكانیش ئەوە دووپات دەكەنەوە كە شوێنەواری ماڵی خوا هەبووە پێش هاتنی ئیبراهیم بۆ ئەو شوێنە.. ئەوەتا لەفەرموودەدا هاتووە كاتێك ئیبراهیم، هاجەر و ئیسماعیلی بەجێھێشت لە دۆڵێكی وشكی بێ ئاودا و ڕۆیشت، هاجەر شوێن ئیبراهیم كەوت و چەند جارێك پێی گوت: “ئەی ئیبراهیم بۆ كوێ دەچیت و بۆچی لەم شوێنەدا بەجێمان دەھێڵیت كه هاودەم و خواردن و خواردنەوەیەكی لێ نیە؟ ئیبراهیمیش هەر ئاوڕی لێ نەدەدایەوە. ئینجا هاجەر پێی گوت: ئایا خوا فەرمانی ئەمەی پێ كردوویت؟ ئیبراهیم فەرمووی: بەڵێ. ئەویش وتی: كەواتە دەستمان لێ بەرنادات، ئینجا گەڕایەوە. ئیبراهیم ڕۆیشت هەتا گەیشتە ئەو دیو تەپۆڵكەیەك كە لەوانەوە دیار نەبوو، ئینجا ڕووی كردە ماڵی خوا و دەستی بەرزكردەوە و دوعای كرد و فەرمووی: {رب إنِّي أَسْكَنْتُ مِنْ ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيْرِ ذِي زَرْعٍ عِنْدَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ}” (صحیح البخاري، كتاب أحادیث الأنبیاء). ئەم فەرموودەیەش دووپاتی دەكاتەوە كە ئیبراهیم كەعبەی دروست نەكردووە بەڵكو تەنھا سەرلەنوێ دروستی كردووەتەوە، وە پێشتر ئەم ماڵە هەبووە، وە سەرەتای دروستبوونەكەی تەنھا خوای گەورە دەیزانێت، وە مێژوو باسی ئەمەی نەكردووە.
ڕۆژهەڵاتناسی دەمارگیر (ولیام مۆیەر) دانی بەمەدا ناوە و دەڵێت: “بێگومان ئێمە ناچارین بیروباوەڕە گەورەكانی ئایینی مەككە بگێڕینەوە بۆ سەردەمێكی زۆر كۆن..
پاشان دەڵێت: (مێژوونووسی بەناوبانگ “ديۆدۆڕەس سیكوڵەس Diodorus Siculus” باسی نیو سەدە پێش زاینی كردووە و گوتوویەتی: پەرستگایەك هەیە كە لەبەرد دروستكراوە لەبەرامبەر دەریای سوور لە دوورگەی عەرەبدا، پەرستگایەكی زۆر كۆنە، لەهەموو لایەكەوە عەرەب دێن بۆ سەردانی ئەو پەرستگایە”.
پاشان ولیام مۆیەر دەڵێت: “ئەم وشانە باسی ماڵە پیرۆزەكە دەكەن لە مەككەدا؛ چونكە هیچ شوێنێكی تر نیە كە لای عەرەب ئەم ڕێز و گەورەییەی هەبێت.” (حیاة محمد، دیباجة، فصل2، ص102-103) بەدەستكارییەوە وەرگیراوە لە (تەفسیری گەورە، میرزا بەشیرەددین مەحمود ئەحمەد خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی (علیه السلام)، بەرگی2، لا166-168)
وە كەشفێكی پێشەوا محێدینی ئيبن عەرەبی هەیە -ڕەحمەتی خوای لێ بێت- تیشك دەخاتەسەر ئەو بابەتەی كە ئێمە لەباریەوە دەدوێین، بەڕێزی دەڵێت: “لەخەوندا خوای گەورە پێی پیشاندام.. تەوافی كەعبەم دەكرد لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكدا كە بە ڕوخسار نەمدەناسین. دوو دێڕە شیعریان پێ دەخوێندینەوە یەكێكیانم لەبیر چوو، ئەوی تریان ئەمە بوو:
لقد طفنا كما طفتم سنینا بھذا البیت طرا أجمعینا
واتە: ئێمە تەوافمان كرد وەك چۆن ئێوە ساڵانێكی دوور و درێژ لەمەوپێش تەوافتان كرد هەموومان بە كۆمەڵ بەدەوەری ئەم ماڵەدا سووڕاینەوە.
منیش سەرم سوڕما. وە یەكێكیان بەناوێك بانگی كردم كە بیرم نەماوە، پاشان پێی گوتم: من یەكێكم لە باوباپیرانی تۆ. منیش گوتم: لەكەیەوە مردوویت؟ وتی: چل و ئەوەندە هەزار ساڵە مردووم. منیش پێم گوت: ئادەم ئەوەندە نابێت هەبووە؟! ئەویش پێی گوتم: تۆ دەربارەی كام ئادەم قسە دەكەیت؟ دەربارەی ئەم ئادەمە كە نزیكترین ئادەمە لێتەوە یان ئادەمێكی تری جگە لەم ئادەمەی تۆ؟ منیش فەرموودەیەكی پێغەمبەرم (ﷺ) بیركەوتەوە كە دەفەرموێت خوا هەزار ئادەمی دروست كردووه. وە گوتم: ڕەنگە ئەو باپیرەیە كە منی دایەپاڵ خۆی لەنەوەی ئەو ئادەمانە بێت”. (الفتوحات المكیة، ج3، الفصل الخامس في المنازلات، باب309)
لەم ڕوونكردنەوەیەی پێشووەوە دەچەسپێت كە پێشتر كەعبە هەبووە و خەڵكی بەگوێرەی نەریتی باوی خۆیان سەردانیان كردووە. بەڵام ئەو خواپەرستیانەی حەج كە ئیسلام زیندووی كردنەوە و فەرمانی كردووە پەیڕەو بكرێن، مێژووەكەیان دەگڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری خوا ئیبراهیم (عليه السلام)، چونكە خوای گەورە فەرمووی بە گەورەمان ئیبراهم: {وَأَذِّنْ فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يَأْتُوكَ رِجَالًا وَعَلَى كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِنْ كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ} (الحج: 28)
بێگومان ئەم خواپەرستیە تایبەتیانەی حەج بەردەوام بوو لەناو نەوەكانی گەورەمان ئیسماعیلدا (عليه السلام) هەتا سەردەمی ئیسلام، بەڵام كاتێك عەرەب یەكتاپەرستییان لەبیركرد و تووشی شیرك بوون، بەدوای ئەمەدا تەحریف و گوڕانكاری لەم خواپەرستیانەدا ڕوویدا، ئەوانیش وەكو ئوممەتەكانی تر، ئەگەر هەر ئوممەتێك تووشی فەساد بوو؛ ئەوا هەموو شتێكی ئەو ئوممەتە تووشی فەساد و تێكچوون دەبێت. بۆیە كاتێك ئیسلام هات ئەو زیادە و خەوشانەی لابرد كە لكابوون بەم خواپەرستیانەوە، وە ئەو سوننەتانەی زیندووكردەوە كە لەژێر جۆرەھا دابونەریتی پووچ و بێ مانادا داپۆشرابوون. ئینجا فەزڵ و گەورەیی و گرنگی حەج بەجوانی دەركەوت، وه پلە بەرزەكەی لەناو خواپەرستیەكاندا ئاشكرا بوو.
فەزڵ و گەورەیی حەج
دەربارەی فەزڵ و گەورەیی حەج چەندین دەق هاتووە، لەخوارەوە هەندێكیان باس دەكەین:
حەج پێش خۆی دەسڕێتەوە
لە سەحیحی موسلیمدا ڕیوایەتێكی درێژ هاتووه لە عەمری كوڕی عاصەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: كاتێك خوای گەورە ئیسلامی خستە دڵمەوە، هاتم بۆ خزمەتی پێغەمبەر (ﷺ) و گوتم: دەستت درێژ بكە با بەیعەتت پێ بدەم. ئەویش دەستی درێژكرد بەڵام من دەستم گێڕایەوە. فەرمووی: ئەوە چیتە ئەى عەمر؟ وتم: دەمەوێت مەرج دابنێم. فەرمووی چ مەرجێك دادەنێیت؟ وتم: چاوپۆشی لە تاوانەكانم بكرێت. فەرمووی: ئایا نەتزایوە كە ئیسلام پێش خۆی دەسڕێتەوە، وە كۆچكردن پێش خۆی دەسڕێتەوە، وە حەج پێش خۆی دەسڕێتەوە”. (صحیح مسلم، كتاب الإیمان).
پاش باوەڕهێنان و جیھاد كردن حەج باشترین كردەوەیە
لە ئەبو هورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) گوتی: پرسیاركرا لە پێغەمبەر (ﷺ): چ كردەوەیەك باشترین كردەوەیە؟ فەرمووی: باوەڕھێنان بە خوا و پێغەمبەرەكەی. گوترا: پاشان چی تر؟ فەرمووی: پاشان خەباتكردن لەپێناوی خوادا. گوترا: پاشان چی تر؟ فەرمووی: حەجی باش و پەسەند. (صحیح البخاري، كتاب الحج)
حەج باشترین جیھادە
لە عائیشەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا: ئێمە دەبینین جیهادكردن لەپێناوی خوادا باشترین كردەوەیە، ئایا ئێمەیش جیهاد نەكەین؟ فەرمووی: “نەخێر، باشترین جیھاد بۆ ئێوە حەجی باش و پەسەندە”. (صحیح البخاري، كتاب الحج).
حەجی باش و پەسەند پاداشتەكەی بەهەشتە
لە ئەبو هورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: “عومرەیەك بۆ عومرەیەكی تر دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەكانی نێوانیان، وە حەجی باش و وەرگیراو پاداشتەكەی تەنھا بەهەشتە”. (صحیح مسلم، كتاب الحج)
ئامانجی حەج چیە؟
خوای گەورە باسی حوكمەكانی حەج دەكات و دەفەرموێت: {وَاذْكُرُوا اللَّهَ فِي أَيَّامٍ مَعْدُودَاتٍ فَمَنْ تَعَجَّلَ فِي يَوْمَيْنِ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ وَمَنْ تَأَخَّرَ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ لِمَنِ اتَّقَى وَاتَّقُوا اللَّهَ وَاعْلَمُوا أَنَّكُمْ إِلَيْهِ تُحْشَرُونَ} (البقرة: 204) واتە: “ناوی خوا بەرن (اللە أکبر بکەن) لەچەند ڕۆژێکی دیاریکراودا هەرکەسێك پەلە بکات لە دوو ڕۆژدا (شەیتان ڕەجم بکات) گوناهی ناگات، وە هەر کەسێکیش دوا بکەوێت (سێ ڕۆژ ڕەجم بکات) گوناهی لەسەر نیە بۆ ئەوانەی کە خۆیان لە نافەرمانی خوا دەپارێزن، جا لە خوا بترسن و بزانن سەرئەنجام ئێوە بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە و لەبەردەم دادگای ئەودا کۆدەکرێنەوە.”
لێرەدا خوای گەورە ئامانجی حەجی دەستنیشان كردووە كه بریتیە لەوەی باوەڕدار تەقوا بەدەستبھێنێت.
گەورەمان ئیمامى مەھدیی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“مەبەست لە حەجكردن ئەوە نیە مرۆڤ لەماڵی خۆی دەربچێت بۆ گەشت و بەدەریاكاندا گوزەر بكات، دوای ئەوە لەوێ بە زمان بەشێوازێكی تەقلیدی پووچ تەنھا هەندێ وشە بڵێتەوه، ئینجا بگەڕێتەوە. لەڕاستیدا حەجكردن بەندایەتیەكی مەزنە، بریتیە لە كۆتا پلەی بەرەو كەماڵ چوون. بزانن دابڕانی مرۆڤ لە خودی خۆی ئەوەی لێ داوادەكات كە لە خۆشەویستی خوای گەورەدا خۆی فەنا بكات، وه لە خۆشویستنی خوادا بگاتە ئاستێك كە لەم پێناوەدا ئازار نەچێژێت بەهۆی ناڕەحەتی و سەختیەكانی سەفەرەكەوە، وە بایەخ نەدات بە ژیان و ماڵ و سامانی خۆی، وه گوێنەدات بە جیابوونەوە و بەجێهێشتنی ئازیزان و خۆشەویستانی، وە دوودڵ نەبێت لە قوربانیدان بە ژیانی، وەك عاشقێكی شەیدا كە هەمیشە ئامادەیە خۆی بەخت بكات لەپێناوی خۆشەویستەكەیدا. وە خوای گەورە نموونەی هەموو ئەم بابەتانەی لە حەجدا داناوە. هەروەك چۆن عاشق بەدەوری مەعشووقەكەیدا دەخولێتەوە، بەهەمان شێوە خوای گەورە لەحەجدا تەوافی داناوە. وە خاڵێكی زۆر ورد هەیە ئەویش ئەوەیە: هەروەك ماڵی خوا هەیە، بەهەمان شێوە كەسێك هەیە لەسەروویەوە، ئەگەر نەسووڕێنەوە بەدەوریدا ئەوا ئەم تەوافە ڕواڵەتیە هیچ سوودێكتان پێناگەیەنێت و پاداشت نادرێنەوە لەسەری. پێویستە دۆخی ئەوانەی تەواف دەكەن بەدەوریدا وەكو ئەو دۆخە بێت كە لە تەوافی ڕواڵەتیدا هەیە كە تێیدا تەنھا پۆشاكێكی سادە لەبەردەكەن. بۆیە پێویستە لەسەر ئەوانەی كە تەواف دەكەن بەدەوریدا پۆشاكی خۆشەویستی دنیا لەبەری خۆیان دابماڵن و پۆشاكی خۆبەكەمزانین و ملكەچی لەبەربكەن، پاشان وەك عاشقەكان تەواف بكەن. تەواف نیشانەیەكە لە نیشانەكانی عیشقی خوایی ئامانج لێی ئەوەیە كە مرۆڤ بەدەورەی ڕەزامەندی خوای گەورەدا تەواف بكات و بسووڕێتەوە”. (الملفوظات، ج9 ص123-124)
بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی (عليه السلام) لە تەفسیری ئەو ئایەتەی كە لەسەرەوە باسكرا دەفەرموێت: “ئامانج لە خواپەرستی حەج ئەوەیە كە تەقوا لەدڵتاندا دروست بێت”.
پاشان بەڕێزی دەفەرموێت: “ئامانج لە هەموو خواپەرستیەكانی حەج ئەوەیە كە لەدڵتاندا خۆشەویستی ڕاستەقینە دروست بێت بۆ خوای گەورە”. (تەفسیری گەورە، بەرگی2، لا432)
كەواتە حەج بریتیە لە كۆچكردن بۆ لای خوا وەك بەدەمەوەچوونێك بۆ ئەم بانگەوازەی خوای گەورە {فَفِرُّوا إِلَى اللَّهِ}. هەروەها وەرزی حەج دەسووڕێتەوە كە تێیدا موسوڵمانان هەموو ساڵێك بە شێوازێكی زۆر پاك و بێگەرد چاویان بەیەكتری دەكەوێت، وە لەسەر خۆشەویستی و ئەوین كۆدەبنەوە، سەرەڕای جیاوازی ڕەنگ و دووری ناوچە و جیاوازی زێدەكانیان ئیمان گرێیان دەدات بە یەكەوە. بەم جۆرە ڕواڵەتی حەج مەزنە، وە خواپەرستیەكانی مەزنە، وە ئەنجامەكانی مەزنە، وە سوود و كاریگەریەكانی مەزنه؛ چونكە جۆرێكە لە كردەوەی بڵند، وە شێوازێكە لە شێوازەكانی ڕاھێنانی كردەیی لەسەر خەباتكردنی نەفس بۆ گەیشتن بە نموونەی هەرەباڵا.
پێناسەی هەندێ شوێنی پیرۆز و حیكمەتی ناونانەكانیان
بێگومان هەموو شوێنە پیرۆزەكان لە مەككەدا -كە بریتین لە دروشمەكانی خوا- كۆمەڵێك ناویان بۆ دانراوە كە سەرنجی مرۆڤ ڕادەكێشن بۆ لای خوای گەورە، ڕوونكردنەوەی ئەمەش بەم جۆرەیە:
عەرەفە: ئەو شوێنەیە كە خوای گەورە تێیدا درەوشایەوە بۆ گەورەمان ئیبراهیم (عليه السلام)، وە مانا و مەبەستێك هەیە لەناوەكەیدا كە بریتیە لەوەی كاتێ ئێمە گەیشتینە ئەم شوێنە خوای گەورەمان ناسیوە و بەدیداری شاد بووین. وەك ئەوەی ئەم شوێنە بە زمانی حاڵی حاجیەكە بدوێت. وە فەرموودەی پیرۆز جەخت لەم مەبەستە دەكاتەوە، ئەوەتا پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: “هیچ ڕۆژێك نیە ئەوەندەی ڕۆژی عەرەفە خوای گەورە بەندەی تێدا ئازاد بكات لە ئاگری دۆزەخ، لەو ڕۆژەدا خوای گەورە نزیك دەبێتەوە و پاشان شانازی دەكات بەوانەوە لای فریشتەكان و دەفەرموێت: ئەوانە چییان دەوێت.” (صحیح مسلم، كتاب المناسك)
وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە: “خوای گەورە ئێوارەی ڕۆژی عەرەفه لای فریشتەكان شانازی دەكات بە خەڵكی عەرەفەوە و دەفەرموێت: بڕوانن بۆ بەندەكانم، بە تێكەڵاوی و تەپوتۆزاویەوە هاتوون بۆلام”. (مسند أحمد بن حنبل، مسند المكثرین من الصحابة)
مینا: ئەو شوێنەیە كە حەزرەتی هاجەر بە پەشۆكاوی و ترسەوە شوێن گەورەمان ئیبراهیم كەوت، وە كاتێك ئیبراهیم (عليه السلام) پێی ڕاگەیاند بەفەرمانی خوا لەم شوێنەدا بەجێی هێشتووە، گوتی: كەواتە خوا دەستمان لێ بەرنادات.
ناوی (مِنی) لە وشەی “أمنیة”وە وەرگیراوە. وە ئاماژەی ئەوەی تێدایە ئەگەر كەسێك پشت بەخوای گەورە ببەستێت و كاری خۆی بەو بسپێرێت، بەپەیڕەوكردنی سوننەتی گەورەمان ئیبراهیم و خاتوو هاجەر؛ ئەوا دەگات بە ئاواتی خۆی. وە ئاواتی حاجی بریتیە لە شادبوون بەدیداری خوای گەورە.
وە (مینا) ئەو شوێنەیە كه تێیدا بۆ هەتاهەتایه شەیتان لەناوبرا؛ چونكە ئیبراهیم (عليه السلام) فەرمانەكانی خوای جێبەجێ كرد، وە خێزانەكەیشی لەمەدا گوێڕایەڵی كرد بەبێ ئەوەی گوێ بدەن بە وەسوەسەكانی شەیتان و هەڕەشەكانی بەوەی تووشی هەژاری دەبن و لەناودەچن. لەبەرئەوە لەو شوێنەدا حاجی بە وردە بەرد ڕەجمی شەیتان دەكات.
موزدەلیفە: ئەو شوێنەیە كە تێیدا خوای گەورە بەڵێنی دا بە گەورەمان ئیبراهیم كە پلەی بەرزبكاتەوە لەپای ئەو قوربانیە مەزنەی كە ئێستا باسكرا.
وشەی (المزدلفة) مانای نزیكبوونەوەی تێدایە، وە ئاماژەی ئەوەی تێدایە كە ئامانجی حاجی نزیكبووەتەوە لێی، كە بریتیە لە نزیكبوونەوە لە خوای گەورە.
مەبەست و حیكمەتی خواپەرستیەكانی حەج
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “خۆشەویستی و ترس دوو شتن بەڕواڵەت كۆبوونەوەیان ئەستەمە، بەجۆرێك چۆن دەكرێت مرۆڤ كەسێكی خۆش بوێت و لێیشی بترسێت؟ بەڵام خۆشویستنی خوا و ترسان لێی شێوازێكی ترە؛ چونكە مرۆڤ چەند لە خوا بترسێت ئەوەندەش خۆشەویستیەكەی زیاد دەبێت بۆی، وە هەركاتێك زیاتر خوای خۆش بوێت، ترس و بیمی خوای گەورە باڵدەكێشێت بەسەریدا و لە تاوان و خراپە دووری دەخاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەى مرۆڤەكە پاك و خاوێن بێت. وە بۆ جێبەجێ كردنی ئەم دوو خاڵە ئیسلام نوێژی فەرزكردووە كە بریتیە لە دیمەنێك بۆ ترسان لە خوا، وە حەجی فەرزكردووە كە دەركەوتەیەكە بۆ خۆشویستنی خوای گەورە. وە هەموو دیمەنەكانی ترسان لە خوا لە پایەكانی نوێژدا بەرجەستە دەبن كە بریتیە لە ئەوپەڕی ملكەچی و زەلیل بوون و داننان بە بەندایەتیدا. بەڵام كردەوەكانی حەج هەموو لایەنەكانی خۆشەویستی دەگرنە خۆیان”. (الملفوظات، ج2، ص300)
ئیحرام: خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەھدی (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئیحرام بەستن ئاماژەیە بۆ مەبەستێكی گرنگ، ئەویش ئەوەیە كە مرۆڤ دیمەنی ڕۆژی حەشر بێتە بەرچاوی. دیارە كفنی مرۆڤ لە دوو پارچە قوماش پێكھاتووە، یەكێكیان لای سەرووی جەستەی دادەپۆشێت و پارچەكەی تریان لای خوارووی جەستەی دادەپۆشێت، وە سەری ڕووت دەبێت، وە هەمان دیمەن لە عەرەفەدا دەبینرێت، بەجۆرێك مرۆڤ دیمەنێكی وەكو حەشر دێتە بەرچاوی. لەو شوێنەدا هەزارەھا كەس لەسەر ئەم شێوازە كۆدەبنەوە، وە مرۆڤ وا بیردەكاتەوە كە لەبەرامبەر خوای گەورەدایە، وە خەڵكی بە كفنەكانیانەوە لە گۆڕەكانیان هاتوونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی لەبەردەم خوای گەورەدا ئامادەبن بۆ لێپرسینەوە”. (تەفسیری گەورە، بەرگی2، لا448)
وە خوای گەورە پاش باسكردنی حوكمەكانی حەج ئاماژەی بۆ ئەم مەبەستە كردووە و فەرموویەتی: {وَاتَّقُوا اللَّهَ وَاعْلَمُوا أَنَّكُمْ إِلَيْهِ تُحْشَرُونَ} (البقرة: 204). واتە: “لە خوا بترسن و بزانن سەرئەنجام ئێوە بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە و لەبەردەم دادگای ئەودا کۆدەکرێنەوە.” بۆیە پێویستە ئەو وێستگانە لە مێشكی حاجیدا هاتوچۆ بكەن كە دوای مردن تووشیان دەبێت، هەتاكو خۆی ئامادە بكات بۆیان و توێشوو بخات پێش ئەوەی بگاتەوە بە خوای گەورە.
تەواف: یەكێك لە حیكمەتەكانی تەواف ئەوەیە هەر یەكێك لەو كەسانەی تەواف دەكەن وەها لێبكات زاتی خوا تەوەرەی ژیان و هەموو كردەوەكانی بێت؛ یان بەدەربڕینێكی تر، پێویستە لەهەموو هەنگاوێكیدا ئامانجی گەیشتن بێت بە دیداری خوا. گەورەمان ئیمامی مەهدی (عليه السلام) دەفەرموێت: “وەك چۆن عاشق بەدەوری مەعشووقەكەیدا دەخولێتەوە بەهەمان شێوە خوای گەورە لە حەجدا تەوافی داناوە. خاڵێكی زۆر ورد هەیە: وەك چۆن ماڵی خوا هەیە، هەروەها كەسێك هەیە لەسەرووی ئەم ماڵەوە، ئەگەر بەدەوریدا نەسووڕێنەوە ئەوا ئەم تەوافە ڕواڵەتیە هیچ سوودێكتان پێ ناگەیەنێت و پاداشت وەرناگرن لەسەری. پێویستە دۆخی ئەوانەی تەواف دەكەن بەدەوریدا هاوشێوەی ئەو دۆخە بێت كە لە تەوافی ڕواڵەتیدا هەیە كە تێیدا تەنھا پۆشاكێكی سادە دەپۆشن. بۆیە پێویستە لەسەر ئەوانەی تەواف دەكەن بەدەوریدا بەرگی خۆشەویستی دنیا لەبەریاندا دابماڵن و پۆشاكی خۆبەكەمزانین و ملكەچی لەبەر بكەن، پاشان وەكو عاشقەكان تەواف بكەن. تەوافكردن نیشانەیەكە لە نیشانەكانی عیشقی خوایی، ئامانج لێی ئەوەیە مرۆڤ تەواف بكات بەدەوری ڕەزامەندی خوای گەورەدا.” (الملفوظات، ج9، ص 123-124)
گەورەمان خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی (ڕەزای خوای لێ بێت) حیكمەتی ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە بۆچی تەوافی كەعبە و سەعی نێوان صەفا و مەڕوە حەوت جارە، لەم بارەیەوە دەفەرموێت: “… لەمەدا ئاماژە هەیە بۆ تەواوكردنی حەوت پلە ڕۆحیەكە كە پێویستە مرۆڤ هەوڵی بەدەستھێنانیان بدات. وە درێژەی ئەم پلە ڕۆحیانە لە سوورەتی (المؤمنون)دا هاتووە.” (تەفسیری گەورە، بەرگی2، لا449)
ڕاكردن و الاضطباع (الاضطباع واتە پۆشینی عەبا كە لەژێر باڵی ڕاستەوە دەردەھێنرێت و دەدرێت بەسەر شانی چەپدا): پاش ئەوەی حاجی چمكی عەباكەی لەژێر باڵی ڕاستیدا دەردەھێنێت و دەیدات بەسەر شانی چەپیدا سێ جار بە نیمچە ڕاكردن تەواف دەكات و چوار جارەكەی تریش بە ڕۆیشتنی ئاسایی. پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەم كارەی كردووە و فەرمانی كردووە بە هاوەڵەكانیشی ئەو كارە بكەن بۆ پیشاندانی توانا و زەبر و زەنگی خۆیان لەبەرامبەر كافرەكانی قوڕەیشدا. حیكمەت لەم ڕاكردنە بریتیە لەوەی باوەڕدار زەبر و زەنگی خۆی پیشانی دوژمنەكانی بدات كە هەوڵ دەدەن نەگات بە خوای گەورە، یان دەبنە ئاستەنگ لە ڕێگاكەیدا. كەواتە نابێت باوەڕدار بە هیچ شێوەیەك لاواز بێت لەبەرامبەر دوژمنەكانیدا بەڵكو دەبێت هەمیشە بەهێز بێت.
ماچكردنی بەردە ڕەشەكە:
گومانی تێدا نیە بەردە ڕەشەكە وەك هەموو بەردەكانی تر لەخودی خۆیدا هیچ زیان و قازانجێكی نیە، بەڵام ئەوەی كە سەرداری پێغەمبەران (ﷺ) ماچی كردووە بەسە بۆ ئەوەی بە پیرۆز دابنرێت و ڕێزی لێ بگیرێت. وە لەم بارەيەوە ڕیوایەتێك هەیە كە گەورەمان عومەر (ڕەزای خوای لێ بێت) فەرموویەتی: “من دەزانم كە تۆ بەردێكیت هیچ قازانج و زیانێكت نیە، ئەگەر نەمبینیایە كە پێغەمبەری خوا ماچی كردوویت، ئەوا ماچم نەدەكردیت”. (صحیح مسلم، كتاب الحج)
ئەم لێدوانەی حەزرەتی عومەر (ڕەزای خوای لێ بێت) حیكمەتی ماچكردنی بەردەڕەشەكە دەخاتەڕوو كە ئەویش ئەوەیە نھێنی هەموو بەندایەتیەكان بریتیە لە ئیزن و فەرمانی خوا بە كردنیان. دەی ئەگەر بەندایەتیەك ئیزن و فەرمانی خوای گەورەی لەسەر نەبوو؛ ئەوا بكەرەكەی هیچ سوودێكی لێ نابینێت. كەواتە پەند وەرگرتنی تەواوەتی لەوەدایە كە مرۆڤ ملكەچی فەرمانەكانی خوای گەورە بێت. ئەگینا ئاشكرایە كە بەردە ڕەشەكە وەكو بەردەكانی تر وایە و هیچ سوود و زیانێكی نیە، بەڵام چونكە خوای گەورە ڕێگەی داوە ماچ بكرێت؛ ئەوا باوەڕدار بەچاوی ڕێز و گەورەییەوە بۆی دەڕوانێت؛ چونكە لەڕێگەی ماچكردنەكەیەوە دەگات بە خۆشەویستی و ڕەزامەندی پەروەردگاری خۆی.
ڕاكردنی نێوان صەفا و مەڕوە: پاش ئەوەی حاجی تەوافی كەعبە تەواو دەكات دەستدەكات بە سەعی نێوان صەفا و مەڕوە. وە حیكمەتی ئەم سەعیە ئەوەیە كە بەندە بەتەواوەتی ملكەچی و تەسلیمبوونی خۆی دەربخات بۆ گەورەكەی بەجۆرێك ئەگەر ئەركێكی لەم سەعیە قورستری پێ بسپێرێت؛ ئەوا بەبێ دوو دڵی و پرسیاركردن جێبەجێی بكات، چونكە ئەمە دەستبەجێ یارمەتی و هاوكاری خوای بۆ دەستەبەر دەكات وەك ئەوەی لەگەڵ خاتوو هاجەردا ڕوویدا، ئەوە بوو هەر كە تەواو بوو لە هاتوچۆی نێوان صەفا و مەروە بۆ گەڕان بەشوێن ئاو بۆ مناڵەكەی بینی ئاو لەژێر پێیدا هەڵقوڵیوە.
ڕەجم كردنی شەیتان: خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئامانجی ڕاستەقینە لەم بەردبارانكردنە بریتیە لە خۆڕزگاركردن لە شەیتان. وە حیكمەت هەیە لە ناوەكانی ئەم بەردبارانكردنەدا: بەردبارانكردنی دنیا و ناوەند و العقبة (كۆتایی). حیكمەتەكەیش ئەوەیە كە مرۆڤ بەڵێن دەدات هەرگیز ڕێگە نەدات شەیتان نزیكبێتەوە لێی لەدنیادا، وە بچێتەناو جیهانی بەرزەخ و پاشان جیھانی دواڕۆژ بەجۆرێك خاڵی بێت لە هەر كاریگەریەكی شەیتان لەسەر ڕۆحی”. (تەفسیری گەورە، بەرگی2، لا449)
سەربڕینی قوربانی: ئاشكرایە خوای گەورە پێویستی بەخوێن و گۆشتی قوربانی نیە. بەڵكو خوای گەورە ئەوەی دەوێت كە سەربڕینی قوربانی لەلایەن بەندەوە ڕۆحی قوربانیدان لەپێناوی خوا لەدڵی بەندە باوەڕدارەكەیدا دروست بكات. هەروەك هەستان بە سەربڕینی قوربانی گوزارشت لەوە دەكات كە حاجی ئامادەیە هەموو ئەو قوربانیانە پێشكەش بكات كه خوا داوای لێ دەكات. وە ئەم دۆخە لە ئەنجامی تەقوای خواوە دروست دەبێت. ئەوەتا خوای گەورە ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەكات لەم فەرمایشتەی خۆیدا:
{لَنْ يَنَالَ اللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَكِنْ يَنَالُهُ التَّقْوَى مِنْكُمْ} (الحج: 38) واتە: “ههرگیز ناگات به خوا نه گۆشتی ئهو (قوربانی)انه نه خوێنیان بهڵام ئهوهی به خوا دهگات تهقوا و پارێزکاری ئێوهیه.”
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: “لەڕێگەی پێشكەشكردنی ئاژەڵە قوربانیەكانەوە سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە پێویستە لەسەر مرۆڤ هەمیشە ئامادە بێت بۆ ئەوەی خۆی بكاتە قوربانی لەپێناوی خوای گەورەدا، بۆیە هەر كاتێك پەروەردگاری بانگی بكات دەستبەجێ بەدەم بانگەكەیەوه بچێت و سەری نەوی بكات لەپێناوی خوای گەورەدا، وە دوودڵ نەبێت لە پێشكەشكردنی گیانی خۆی لەم پێناوەدا”. (تەفسیری گەورە، ج2، لا449)
گەروەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زۆر بەجوانی گرنگی قوربانیدانی خستووتەڕوو بەجۆرێك لە وتارە ئیلهامیە بەناوبانگەكەیدا كە بەشێوەیەكی سەرپێی و بێ خۆئامادەكردن پێشكەشی كرد دەفەرموێت:
ئەی بەندەكانی خوا… بیربكەنەوە لەم ڕۆژەتان كە ڕۆژی جەژنی قوربانە، كۆمەڵێك نھێنی تێدا دانـراوە بۆ ئەو كەسانەی ژیرن، ئێوە دەزانن لەم ڕۆژەدا زۆرێك لە ئاژەڵەكان دەكرێنە قوربانی، ڕانە وشتـرەكان وگاگەلەكان و مێگەلەكان تێیدا سەردەبڕدرێن لەپێناوی ڕەزامەندی پەروەدگاری جیهاندا. وە بەم شێوەیە كراوە لەسەردەمی سەرەتای ئیسلامەوە تاوەكو ئەم ڕۆژگارە. پێموایە قوربانیەكان لە شەریعەتی بێ وێنەی ئێمەدا، لە سنوری ژماردن دەرچووە، وە زیاترە لە قوربانیەكانی میللـەتانی پێشووی پێغەمبەران، وە زۆری سەربڕینەكان گەيشتە سنورێك كە بەهۆیەوە سەر ڕووی زەوی بە خوێن داپۆشرا، تەنانەت ئەگەر خوێنەكەی كۆبكرایەتەوە و بویستـرایە لەبەری بڕۆشتایە ئەوا لەو خوێنە ڕووبارەكان لەبەریان دەڕۆیی و دەریاكانیش خوڕەیان دەهات، وە دۆڵ و شیوە گەورەكانیش سەرڕێژیان دەكرد.
وە ئەم كردەوەیە لە ئایینی ئێمەدا بە یەكێك لەو كردەوانە ئەژمار دەكرێت كە خاوەنەكەی لە خوای پەروەردگار نـزیك دەكاتەوە، وەكو وڵاخێكی سواری لەقەڵەم دەدرێت كە وەك بروسكە وایە لە خێرایی و درەوشانەوەیدا. وە تەنھا لەبەر ئەم هۆكارە قوربانیەكان ناونـراون نـزیكبوونەوە، چونكە لە فەرموودەدا هاتووە ئەم كردەوەیە ئامرازێكە بۆ نـزیكبوونەوە و گەیشتن بە خوای گەورە بۆ هەر كەسێك كە بە دڵسۆزی وملكەچی و باوەڕەوە قوربانی دەكات. وە بێگومان قوربانی یەكێكە لە گەورەتـرین بەندایەتیەكان لە شەریعەتدا، لەبەرئەوە قوربانی بە خواپەرستی (النسیكة) ناوبراوە، وە لەزمانی عەرەبیدا (النُّسُك) مانای گوێڕایەڵی و بەندایەتی دەگەیەنێت، وە هەروەها وشەی (النُّسُك) لە زمانی ناوبراودا بە مانای سەربڕینی ئەو ئاژەڵانە هاتووە كە شەریعەت فەرمانی كردووە بە سەربڕینیان. كەواتە ئەم هاوبەشیە لە مانا لە وشەی (النُّسُك)دا بەشێوەیەكی گومانبڕ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خواپەرستی ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە دەروون و تواناكانی خۆی و هەموو ئەو حەزانەی كە شەیدایان كردووە سەردەبڕێ بۆ ڕەزامەندی پەروەردگاری جیھان، وە ئەم جۆرە مرۆڤە بە توندی بەرپەرچی هەوا و ئارەزووەكانی دەروونی دەداتەوە و وەهایان لێدەكات تێكبشكێن و بەتەواوەتی فەنا بن، وە نەفسی خۆی لەناودەبات بەجۆرێك هیچ شوێنەوارێكی نەمێنێت و بزر بێت، وە باهۆزەكانی لەناوچوون هەڵبكات بەسەریدا، وە بەهۆی ئەم گەردەلوولە بەهێزانەوە گەردەكانی بوون و قەوارەی به هەوادا بڵاوببنەوە.
وە ئەو كەسەی بیـربكاتەوە لەم دوو مانا هاوبەشەی وشەی (النُّسُك)، وە بەدڵێكی هۆشیار و چاوێكی كراوەوە لەم مەقامە ڕابمێنێت ئەوا دوودڵ و بێ ئاگا نابێت لەوەی كە ئەم هاوبەشیە لە مانای (النُّسُك)دا ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو بەندایەتیەی ڕزگاری دەبێت لە دۆڕان و خەسارەتمەندی لەدواڕۆژدا بریتیە لە سەربڕینی دەروونی بەدخواز و ملپەڕاندنی بە كێـردی دابڕان بۆ خوای خاوەنی چاكە و توانا و فەرمانڕەوایەتی، لەگەڵ بەرگەگرتنی جۆرەها تاڵی و سوێـری لەم پێناوەدا، بۆ ڕزگاركردنی دەروون لە مردنی بێ ئاگایی. وە ئەمەیە مانای ئیسلام، وە ئەمەیە ناوەڕۆكی ملكەچبوونی تەواوەتی. موسوڵمان ئەو كەسەیە كە بوون و قەوارەی خۆی ڕادەستی خوای پەروەردگاری جیھانیان دەكات، وە پێویستە لەسەری لەپێناوی خوادا وشتـری نەفسی خۆی سەرببـڕێت و دەمەوڕوو بیخاتە سەرزەوی، وە بۆ ساتێك وادەی مردن لەبیـر نەكات.
پوختەی قسە… بێگومان قوربانیەكان لە ئیسلامدا بریتین لە بیـرهێنانەوەیەك بۆ قوربانیدان بە نەفس، وە هاندانێكن بۆ بەدەستھێنانی ئەم پلەوپایەیە، وە پێشەكیەكە بۆ حەقیقەتێك كە دوای ڕووناكبوونەوەی تەواوەتی پەیدا دەبێت. بۆیە پێویستە لەسەر هەر پیاو و ژنێكی باوەڕدار، كە ڕەزامەندی خوای دلۆڤانی دەوێت، تێبگات لەم ڕاستیە و بیكات بە كۆتا ئامانجی خۆی، وە ئەم ڕاستیە لە بوون و قەوارەی خۆیدا بچێنێت هەتاكو تەشەنە بكات لە هەموو گەردیلەیەكی بوونیدا، وە هێور نەبێتەوە و ئۆقرە نەگرێت هەتا ئەم قوربانیدانە پێشكەش نەكات بۆ ئەو خوایەی كە دەیپەرستێت، وە ڕازی نەبێت بە دیمەنی ڕواڵەتی و توێكڵی وشك وەكو كەسی نەزان و كوێـر، بەڵكو پێویستە قوربانی ڕاستەقینە پێشكەش بكات، وە بە هەموو بیـر و هۆشێكیەوە، وە بە ڕۆحی ئەو پارێـزگاریەی كە هەیەتی كرۆكی قوربانی جێبەجێ بكات. ئەمەیە ئەوپەڕی ڕێگەی بەرەو خوا چووان و كۆتا مەبەستی خواناسان، وە هەموو پلەكانی پارێـزكاران لێـرەدا دەگاتە چڵەپۆپە، وە بەمە هەموو قۆناغەكانی ڕاستگۆیان و دڵپاكان تەواو دەبێت، وە گەشتی دۆستانی خوا بۆ ئەوێ كۆتایی دێت.
كەوابوو ئەی خەڵكینە بێ ئاگا مەبن لەم مەقامە و لەو نھێنیەی كە لە قوربانیەكاندا هەیە، وە قوربانیەكان وەك ئاوێنە لێبكەن بۆ تیشكدانەوەی ئەم حەقیقەتە، وە ئەم ڕاسپێـریە فەرامۆش مەكەن، لەو كەسانە مەبن كە پەروەردگاری خۆیان و مردنیان لەبیـركرد.
بێگومان لە كتێبی پەروەردگاری ڕاگردا ئاماژەكراوە بەم ڕازە شاراوەیە، وە خوا كە ڕاستگۆترین كەسە ڕووی قسە دەكاتە پێغەمبەرەكەی و دەفەرموێت: {قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} (الأنعام: 163). دەی بڕوانە چۆن وشەی (النُّسُك) بە وشەی مردن و ژیان تەفسیر كراوە، وە بەم تەفسیرە ئاماژەكراوە بە ناوەڕۆكی قوربانی، كەواتە ئەی كەسانی هۆشیار بیری لێ بكەنەوە.
وە ئەو كەسەی قوربانی بدات لەگەڵ زانینی حەقیقەتی قوربانیدانەكەی، وە بە دڵێكی ڕاستگۆ و نیازێكی بێگەردەوە ئەو كارە بكات ئەوا قوربانی داوە بە دەروون و گیانی خۆی و ڕۆڵە و نەوەكانی، وە پاداشتێكی مەزن هەیە بۆ ئەو كەسە، وەك پاداشتی ئیبراهیم لەلایەن پەروەردگاری بەخشندەیەوە. وە گەورەی هەڵبـژاردەمان و نێردراوی پەسەندكراومان و پێشەوای پارێـزكاران و خاتەمی پێغەمبەران، كە دوای خوا ڕاستگۆتـرینی ڕاستگۆكانە، ئاماژەی بەمە داوە و فەرموویەتی: بێگومان قوربانی بریتیە لە وڵاغی سواری كە خاوەنەكەی دەگەیەنێتە لای پەروەردگاری جیهانیان، وە هەڵەكان دەسڕێتەوە، وە بەڵاكان دەگەڕێنێتەوە، ئەمەیە كە پێمان گەيشتووە لە چاكتـرینی مەردوومانەوە، دروودی خوا و بەرەكەتە پـرشنگدارەكانی لەسەر بێت، كە دیارە تێیدا ئاماژەی داوە بە حیكمەتەكانی قوربانیدان بە كۆمەڵە وشەیەك كە وەك مرواری درەوشاوەن.
سەد مەخابن زۆربەی خەڵكی ئەم خاڵە وردە نھێنیانە نازانن و شوێن ئەم ڕاسپاردەیە ناكەون، وە لای ئەوان جەژن مانایەكی نیە جگە لە خۆشۆردن و لەبەركردنی پۆشاكی نوێ و زۆرخۆری و چڵپ و چڵێسی لەگەڵ كەسوكار و خزمەتكار و بەندەكاندا، پاشان دەرچوون بە جلی جوانەوە بۆ نوێژی جەژن وەكو دەرەبەگەكان. وە دەبینی لەو ڕۆژەدا ئەوپەڕی شادی و كەیفیان بریتیە لە خواردنی خۆش و بەتام، وە كۆتا ئامانجیان پۆشاكە گرانبەهاكانە بۆ ئەوەی خەڵكی بیانبینێت. وە نازانن قوربانیدان چیە و بۆ چ مەبەستێك مەڕ و ماڵات و مانگا سەردەبڕدرێت.” (الخطبة الإلھامیة، الخزائن الروحانیة، ج16، ص42-46).
ئامانجەكانی حەج بە گشتی
ئەگەر سەرنج بدەین لەو دەقانەی قورئان و سوننەت كە تایبەتن بە حەج، وە كۆیان بكەینەوە لەگەڵ ئەوەی كە لەواقیعدا هەستی پێ دەكەین لە كاتی بەجێھێنانی فەریزەی حەجدا؛ ئەوا كۆمەڵێك ئامانجی زۆرمان بۆ ئاشكرا دەبێت، لەخوارەوە هەندێكیان باس دەكەین:
حەج پەیڕەوكردنی سوننەتی باوكمان ئیبراهیمی (سڵاوی خوای لێ بێت) تێدایە
خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات كە گەورەمان ئیبراهیم و ئەوانەی لەگەڵیدابوون بكەین بە پێشەنگی خۆمان و پەیڕەوی سوننەتی ئەوان بكەین. ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: {قَدْ كَانَتْ لَكُمْ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ فِي إِبْرَاهِيمَ وَالَّذِينَ مَعَهُ إِذْ قَالُوا لِقَوْمِهِمْ إِنَّا بُرَآءُ مِنْكُمْ وَمِمَّا تَعْبُدُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ كَفَرْنَا بِكُمْ وَبَدَا بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمُ الْعَدَاوَةُ وَالْبَغْضَاءُ أَبَدًا حَتَّى تُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَحْدَهُ إِلَّا قَوْلَ إِبْرَاهِيمَ لِأَبِيهِ لَأَسْتَغْفِرَنَّ لَكَ وَمَا أَمْلِكُ لَكَ مِنَ اللَّهِ مِنْ شَيْءٍ رَبَّنَا عَلَيْكَ تَوَكَّلْنَا وَإِلَيْكَ أَنَبْنَا وَإِلَيْكَ الْمَصِيرُ (*) رَبَّنَا لَا تَجْعَلْنَا فِتْنَةً لِلَّذِينَ كَفَرُوا وَاغْفِرْ لَنَا رَبَّنَا إِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (*) لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِيهِمْ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَمَنْ يَتَوَلَّ فَإِنَّ اللَّهَ هُوَ الْغَنِيُّ الْحَمِيدُ} (الممتحنة: 5-7)
كەواتە حاجی -بە پەیڕەوكردنی فەرمانی خوا- لەكاتی حەجەكەیدا كۆمەڵێك كاری زۆر ئەنجام دەدات، لەم كارانەدا چاو لە گەورەمان ئیبراهیم (عليه السلام) و ئەوانەی لەگەڵیدابوون دەكات، لەوانە: ڕەجم كردنی شەیتان، سەعی نێوان صەفا و مەڕوە كە ڕووداوەكەی حەزرەتی هاجەرمان بیردەخاتەوە، سەربڕینی قوربانی، وە كردنی دوو ڕكات نوێژ لە پشت مەقامی ئیبراهیمەوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى}، وە كۆمەڵێكی زۆر كاری تر.
فەرمایشتی خوای گەورە {وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى} مانایەكی تری هەیە كە ئیمامی ئێستامان پێشەوای باوەڕداران -خوا سەركەوتووی بكات- باسی كردووە، ئەویش ئەوەیە كە: لێرەدا خوای گەورە نەیفەرمووە “مُقام” كە لە (أقام یقیم)وە وەرگیراوە، كە تەنھا مانای شوێنی ڕاوەستان دەگەیەنێت، بەڵكو فەرموویەتی “مَقام” كە لە (قام یقوم)وە وەرگیراوە و مانای شوێنی ڕاوەستان دەگەیەنێت. هەروەها مانای پلەوپایەش دەگەیەنێت. بەگوێرەی ئەم مانایە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى} ئەوەیە كە: پێویستە لەسەرتان هەمیشە هەوڵ بدەن نوێژەكانتان بەجێ بھێنن لەو مەقامە ڕۆحیە بڵندەدا كە ئیبراهیم لەكاتی وەستان بۆ نوێژ هەیبووه.. بەو مانایە پێویستە هەمیشە هەوڵ بدەن نوێژەكانتان پڕ بێت لە خشوع و لاڵانەوە و دڵسۆزی و فەنابوون لەخوای گەورەدا وەك چۆن ئیبراهیم بەو جۆرە نوێژی كردووە. بەڵكو ئێوەیش ئەو پلەوپایە بەدەستبھێنن لای خوا كە ئیبراهیم بەدەستی هێنابوو.
گومانی تێدا نیە كە گەیشتن بەو پلەیە لە نوێژدا ئەوە لە مرۆڤ دەخوازێت كە خۆی بڕازێنێتەوە بەو ڕەوشت و سیفەتانەی كە ئیبراهیمیان (عليه السلام) بڵندكردەوە بۆ پلە باڵاكان. ئەم كارەیش لە سنووری كات و شوێن تێدەپەڕێت.
بەڵگەش ئەوەیە (یەكەم): فەرمانی خوا بۆ كردنی مەقامی ئیبراهیم بە نوێژگە فەرمانێكی گشتیە و هەموو موسوڵمانان دەگرێتەوە، تەنھا تایبەت نیە بە حاجیەكان.
(دووەم): بێگومان “مَقام إبراهیم” كە لە مزگەوتی حەرامدایە شوێنێكی زۆر تەنگ و بچوكە بەڕادەیەك ئەستەمە هەموو حاجیەكان لەڕۆژەكانی حەجدا بتوانن نوێژی تێدا بكەن، بەتایبەتی لەم سەردەمەی ئێستادا و لەلای ئەم شوێنەدا لە ڕۆژەكانی حەجدا. ئیتر چۆن دەكرێت خوای گەورە فەرمانی شتێكمان پێ بكات تەنانەت حاجیەكان -كە زۆربەیان دوای چاوەڕوانیەكی دوور و درێژ و ماندووبوونێكی زۆر لە شوێنە دوورەكانەوە بۆیەكەمجار ڕەنگە كۆتا جاریش بێت دەگەنە ماڵی خوا- ئەستەمە بۆیان جێبەجێی بكەن. لەكاتێكدا خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ}. واتە هیچ ناڕەحەتییەكمان دانەناوە بۆتان لە ئاییندا.
كەواتە ئایەتی {وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى} لەلایەكەوە تایبەتە، وە لەلایەكی ترەوە گشتیە بەو جۆرەی كە ڕوونمان كردەوە.
ڕاگەیاندنی بنەمای یەكسانی لەنێوان خەڵكیدا بەكردەیی
لە حەجدا یەكسانی بە جوانترین شێوە دەردەكەوێت كاتێك خەڵكی هەموویان لەیەك شوێندا لە عەرەفەدا ڕادەوەستن، بەجۆرێك هیچ كەسێكیان لەوی تریان زیاتر نیە چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: {سَوَاءً الْعَاكِفُ فِيهِ وَالْبَادِ} (الحج: 25) بەڵكو چاكە و گەورەیی تەنھا بە تەقوایە. ئەوەتا خوای گەورە جەختی لەم بنەمایە كردووەتەوە لە ئیسلامدا و دەفەرموێت: {إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ} (الحجرات: 14). وە پێغەمبەریش (ﷺ) لە وتاری حەجی ماڵئاواییدا گرنگی ئەمەی دووپات كردووەتەوە و دەفەرموێت: “ئەی خەڵكینە بزانن پەروەردگارتان یەكە، وە باوكتان یەكە. ئاگاداربن هیچ كەسێك فەزڵی نیە بەسەر كەسێكی تردا؛ نە عەرەبی بەسەر عەجەمیدا، نە عەجەمی بەسەر عەرەبیدا، نە سپی پێست بەسەر ڕەش پێستدا نە ڕەش پێست بەسەر سپی پێستدا، مەگەر بە تەقوا. ئایا ڕامگەیاند؟ وتیان: بەڵێ پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕایگەیاند”. (مسند أحمد بن حنبل، باقي مسند الأنصار).
كۆكردنەوەی خەڵك لەسەر بيروباوەڕی یەكتاپەرستی
لە حەجدا وێنەی یەكتاپەرستی بەجوانی دەردەكەوێت لای موسوڵمانان بەجۆرێك خەڵكی لە هەموو شوێنێكەوە دێن بۆ زێدە پیرۆزەكان، وە لەیەك شوێندا كۆدەبنەوە، وە هاواردەكەن لە یەك پەروەردگار، وە بەدەم بانگەوازەكەیەوە دەچن و ملكەچی فەرمانەكەی دەبن و وشەی یەكتاپەرستی دەڵێنەوە و دەست دەگرن بە حەبلێكی قایمەوە.
بەهێزكردنی بنەمای یەكترناسین و هاوكاریكردن
لە حەجدا جێبەجێ كردنی بنەمای {وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى} واتە: “هاوکاری یەکترى بکەن لەسەر چاکە و پارێزکاری” بەجوانی دەردەكەوێت بەجۆرێك باوەڕداران یەكتر دەناسن و پەیوەندی نێوانیان بەهێز دەكەن، وە ڕاوێژ بە یەكتری دەكەن، وە بۆچوون و ئەزموونەكانیان ئاڵوگۆڕ دەكەن. بەم جۆرە بەشێوەیەكی كردەیی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {لِيَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ} (الحج: 29) “تا ئامادەی جۆرەها سوود و قازانج بن” بەجوانی دەدرەوشێتەوە.
كۆمەڵێكی زۆر ئامانجی تر هەن بەڵام ئێمە لێرەدا بەم ئەندازەیە وازدەھێنین كە باسمان كرد، وە لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە فەریزەی حەج جێبەجێ دەكەن، حەجەكەیان وەربگیرێت و ماندووبوونیان بەفیڕۆنەچێت. هەروەك لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە دەروومان لێ بكاتەوە و هەموو ئاستەنگەكان لاببات لە ڕێگەماندا و یارمەتیمان بدات بۆ سەردانی زێدە پیرۆزەكان. آمین.
پەروەردگارا! تاسەی ماڵە پیرۆزەكەت زۆری بۆ ھێناوین، وە تامەزرۆییمان بۆ بینینی شوێنە پیرۆزەكان گەیشتووەتە لوتكە.. پەروەردگارا لە ئاوی سازگاری ڕەحمەت و یارمەتی خۆت تێر ئاومان بكە، وە لەئاسمانەوە پشتگیریمان بكە. خوایە تینوێتیمان بشكێنە و بە ئاسانی كارەكانمان بۆ جێبەجێ بكە، بۆ ئەوەی بە بینینی ماڵە پیرۆزەكەت چاومان ڕوون بێتەوە، وە دڵمان بە ڕووناكیەكانی تۆ كە بڵاوەیان كردووە ڕووناك بێتەوە و پڕ بێت لە بەرەكەتە زۆر و فەزڵە گشتگیرەكەت.. رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ. آمین