“تێڕوانینی نوێ بۆ ئاژاوەی دەججال”
ئاگادار بن ئاژاوەیەكی هەرە گەورە لە ئارادایه كه له هەموو ئاژاوەكان گەورەترە، تەنانەت هەموو پێغەمبەران گەلەكانی خۆیانیان لێ ئاگادار کردۆتەوە، ئەویش بریتییه له “ئاژاوەی دەججال”، وە بنەڕەتی وشەی (دجل) بریتیە لە تێكەڵ و پێكەڵ كردن.. دەوترێت تێكەڵ و پێكەڵی كرد ئەگەر سەرلێتێكدان و چەواشەكاری ئەنجامدا… وە لە فەرموودەشدا چەندجار باسی دەججال دووبارە بووەتەوە، كه ئەوەیه له ئاخرزەماندا دەردەكەوێت و بانگەشەی خوایەتی دەكات، وە پێكهاتەی (فعّال) بۆ ڕۆچوونه (المبالغة) واته: ئەو كەسەی كه زۆر درۆ دەكات و سەر له خەڵكی تێكدەدات. (النهاية، لابن الأثير).
ئەگەرچی وشەی دەججال ـ بەگشتی ـ به هەموو درۆزن و ساختەچییەك دەوترێت، بەڵام ئەوەی ئاخرەزەمان به تایبەتی ناونراوە به (دەججال)؛ چونكه دەركەوتەی تەواوەتیه بۆ سیفەتە دەججالییەكان، وە له هەموو ڕوویەكەوە ماناكانی چەواشەكردن و سەرلێتێكدان دەگرێتە خۆی.. لەبەرئەوە شایستەی ئەوەیه كه پێی بوترێت دەججالی هەرە گەورە، لەبەر ئهوه پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (مَا بَيْنَ خَلْقِ آدَمَ إِلَى قِيَامِ السَّاعَةِ خَلْقٌ أَكْبَرُ مِنَ الدَّجَّالِ) واتە: “له نێوان دروستكردنی ئادەم هەتا پەیدابوونی قیامەت فیتنەیەك نیه كه له فیتنەی دەججال گەورەتر بێت” (صحیح مسلم).
وە ئەو هەواڵانەی كه له فەرموودەكاندا دەربارەی دەججال هاتوون جیاوازی و دژایەتی زۆریان تێدایه؛ ئەگەر ڕواڵەتەكانیان وەربگیرێن، وە له ڕاستیدا زۆربەی خەڵکی لەم بۆچوونەیاندا نەیان پێكاوە و ئەو هەواڵ و دەنگوباسانە كۆمەڵێكن لە (مەجاز و خوازە و نموونه)، بەڵگەش بۆ ئەمه ئەوەیه كه پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵەكان پێیان وابوو كه ئیبن صەییاد بریتییه له دەججالە گەورەکە.
وەرگرتنی مانای ڕواڵەتی ئەو فەرموودانەی كه پەیوەستن به دەججالەوە
بێگومان ئەگەر مانای ڕواڵەتی ئەو سیفەتانەمان وەرگرت كه تایبەتن به دەججالەوە ئەوا پەلكێشمان دەكەن بۆ هاوەڵدانان بۆ خوا (شِرك) و لەناوبردنی یەكتاپەرستی، ئایا دەگونجێت كافرێكی نەفرەت لێكراو بەشداری لەگەڵ خوادا بكات له سیفەتەكانیدا و مردوو زیندوو بكاتەوە؟! وە بە ئارەزووی خۆی دەستكاری مەلەكوتی ئاسمان و زەوی بكات, بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدا بێت و به توانایەكی ڕەها سەوزایی و وشكانی بەڕێوە ببات بۆ ماوەی چل ساڵ! تەنانەت گەنجینەكانی زەوی شوێنی بكەون و هەوری ئاسمان و ئاوی دەریا گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ئەوبن!، وە بە فەرمانی ئەو زەوی شۆرەكات سەوزایی لێ بڕوێت و ڕەونەقی خۆی پیشان بدات، وە خەڵكی كڕنووشی بۆ بەرن! پەنا ئەگرین به خوا لەم شته بێ مانایانه، وە پاكی و گەورەیی بۆ خوا لەوەی كه دەیكەن به هاوبەشی! نەخێر، بەڵكو ئەمانه بریتین له كەشف (كەشف: واتە بینینی دیمەنە غەیبیەكان) و خەون و خوازە (الاستعارات) كه مانا ڕواڵەتییەكانیان وەرناگیرێن.
وە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو فەرموودانەی به خەڵكی ڕاگەیاندووە هەر بەو شێوەیەی كه له خواوە وەریگرتوون و بەو ئەندازەیەی كه فەرمانی پێكراوە، وە بەو پێیەی كه پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زانیاری پێ دراوه دەربارەی دەججال بەشێوەی كەشف و خەون، وە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) له بەرامبەر خەڵكیدا دیمەنه كەشفییەكانی گێڕاوەتەوە بەو شێوەیەی كه بینیویەتی، وە لەبەرئەوەی كه خوازە و دوورنیازی (استعارة وكنایة) له كەشفەكاندا زاڵه كاتێك كە لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت، وە مانا ڕواڵەتییەكانیان وەرناگیرێت ئەوا ئێمەش ناچارین كه لێكدانەوە و (تأويل) بكەین، وە كۆمەڵێ فەرموودەمان لایه كه بەڵگەن لەسەر ئەوەی هەواڵی پەیوەست به دەججال له كەشفەكانی پێغەمبەر بووە (صلى الله عليه وسلم)، لەوانه:
1. “ڕۆژێكیان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) له ناو خەڵكیدا باسی مەسیحی دەججالی دەكرد… ئەمشەویش له خەونمدا لەلای كەعبەدا بووم كه تەماشام كرد پیاوێكی سەوزەی گەنم ڕەنگ لەلامادا بوو تا بڵێی سەوزییەكەی زۆر زۆر جوان بوو، له پیاواندا گەنم ڕەنگی وا جوان نەبینراوە، پرچێكی زۆر جوانی هەبوو دەیدا لەناوشانی، به جوانی پرچەكەی داهێنا بوو، سەری ئاوی لێ دەتكا وەك له گەرماو دەرچووبێت ئاوا پاك و خاوێن بوو، هەر دوو دەستی لەسەر شانی دوو پیاو دانابوو، تەوافی بەیتی (ماڵی خوا) دەكرد، پرسیم ئەمه كێیه؟ گوتیان: ئەمه عیسای كوڕی مەریەمه، له پاشان پیاوێكم بینی سەری لوول بوو قژ كرژ (قژبژ)، چاوی ڕاستی كوێر بوو، له هەموو كەسێ زیاتر شێوەی له كوڕی (قطن) دەچوو هەردوو دەستی لەسەر هەردوو شانی پیاوێ دانابوو، تەوافی ماڵی خوا (كەعبە)ی دەكرد، گوتم: ئەمه كێیه؟ گوتیان: مەسیحی دەججاله”.
2. “جارێك نوستبووم كه تەماشام كرد تەوافی كەعبە دەكەم… پیاوێكی سوور لەوێیه.. گوتم: ئەمه كێیه؟ گوتیان: ئەمە دەججاله”. (صحيح البخاري، كتاب بدء الخلق، باب واذكر في الكتاب مريم، وصحيح مسلم، باب ذكر المسيح ابن مريم والمسيح الدجال)
3. فەرموودەكەی نەواسی كوڕی سەمعان: “وەك ئەوەی بیچوێنم (بیشوبھێنم) به عەبدولعوززای كوڕی قطن”. (مسلم، باب ذكر الدجال وصفته).
هەر كەسێك ورد بێتەوە لە وشەكانی ئەم فەرموودانە ئەوا بۆچوونەکەی ئێمە پەسەند دەكات؛ چونكه بە ڕوون و ئاشکرا لە فەرموودەکاندا ئەم وشانە هاتووە: “وەك ئەوەی بیچوێنم به عەبدولعوززای كوڕی قطن“، “ئەمشەو له خەونمدا لای كەعبه بووم“، “جارێك نوستبووم“، به ئاشكرا ئەوە ڕادەگەیەنن كه ئەمانه خەونی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون.
له ڕاستیدا ئەو سیفەتانەی دەججال كه له فەرموودەكاندا هاتووە هەموویان دیمەنه كەشفییەكانن كه بەشێوە فیزیكی نمایش كراون بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، وە زانای گەورە مەلا عەلی قاری زەینی بۆ ئەم مەبەسته چووە كه دەڵێت: “التوربشتي دەڵێت: گەڕانی دەججال به دەوری كەعبەدا لەگەڵ ئەوەی كه كافرە بەوە ڕاڤە دەكرێت كه ئەمه خەوی پێغەمبەرە و (صلى الله عليه وسلم) له حاڵەته كەشفیەكانی ئهوه و ماناكەی ئەوەیە…. كه عیسا (عليه السلام) بەو شێوە جوانەی كه پێیهوه دادەبەزێت به دەوری دیندا دەگەڕێت بۆ ڕاگرتنی كاروبارەكانی و چاكسازی كردن تێیدا و نههێشتنی ئهو خراپەكاری و گەندەڵییانهی كه توشی بووه، وە دەججالیش بەو شێوە بێزراو و ناشرینەی كه پێیەوە دەردەكەوێت به دەوری دیندا دەسوڕێتەوە و گەندەڵی و خراپەكاری و خواری و خێچی دهوێت بۆ ئەم دینه“. (المرقاة شرح المشكات، الجزء الخامس، باب علامة بين يدي الساعة).
سەرنجدانێكی تێروتەسەل له نیشانەكانی دەججال
نیشانەی یەكەم: یەك چاو
لە ڕاستیدا مەبەست لەوە كه دەججال یەك چاوە و خوای گهوره یەك چاو نییه، ئەوەیه كه دەججال له ڕووی ڕۆحانییەوە له كاروبارە ئایینیهكاندا كوێر دەبێت و بیرناكاتەوە له پاشەڕۆژی خۆی و له ڕاستی لادەدات، وە ئەو ئامۆژگارییەی مەسیح (عليه السلام) له بیردەكات كه پێیانی فەرمووە: ﴿وَإِنَّ اللَّهَ رَبِّي وَرَبُّكُمْ فَاعْبُدُوهُ هَذَا صِرَاطٌ مُسْتَقِيمٌ﴾، واته: “بێگومان الله پەروەردگاری من و ئێوەشە كەواتە هەر ئەو بپەرستن ئەمەیە ڕێگا و ڕێبازی ڕاست و دروست” (سورة مريم: 37).
وە ئاشكرایه كه خوای گەورە ناڕوانێت بۆ ڕەنگ و ڕوو بەڵكو بۆ دڵەكان و كردەوە چاكەكان دەڕوانێت، هەروەك له فەرموودەدا هاتووە: “بێگومان خوای گەورە ناڕوانێت بۆ شێوە و ڕەنگ و ڕووتان”، وە له قورئانی مەزنیشدا هاتووە: ﴿وَمَنْ كَانَ فِي هَذِهِ أَعْمَى فَهُوَ فِي الْآخِرَةِ أَعْمَى وَأَضَلُّ سَبِيلًا﴾، واتە: “هەر كەسێك لەم دنیایەدا كوێر بووبێت ئەوە ئەو كەسە لە ڕۆژی دوایشدا كوێرە﴾ (الإسراء: 73).
وە لێرەدا مەبەستی كوێری جەستەیی نیه، بەڵكو مەبەستی كوێری ڕۆحیه، وە مانای كوێری لێرەدا وێڵ بوون و گومڕابوون و نەمانی بینایی دڵەكانه نەك شتێكی تر، كه هەر ئەمەش مانای ویستراوە دەرهەق به دەججال، كەوابوو تێبگە و ڕابمێنه…. بەڵام ئەوەی كه چاوی ڕاستی كوێرە، بریتییه له گێڕانەوەی بوخاری كه ڕاستترین كتێبى فەرموودەيە، لەبەرئەوە سەردەخرێت و پەسەند دەكرێت بەسەرگێڕانەوەكانی تردا، وە لای ڕاست _به گشتی_ دەچوێندرێت به شتی به نرخ، لەبەرئەوە مەبەست له چاوی ڕاست بينايى ئايینی یان خودی ئايینه… واته: دەججال بینایی ئایینی پێنادرێت و بێ ئاگا دەبێت دەربارەی ئاكامی خراپی خۆی، وە خوای گەورە دەربارەی ئەو بێ ئاگایانه دەفەرموێت: ﴿لَقَدْ كُنْتَ فِي غَفْلَةٍ مِنْ هَذَا فَكَشَفْنَا عَنْكَ غِطَاءَكَ فَبَصَرُكَ الْيَوْمَ حَدِيدٌ﴾ واته: ” بەڕاستی تۆ لەمە بێ ئاگا بوویت لە دنیادا جا ئێمە پەردەمان لەسەر لادای ئینجا ئەمڕۆ (كە قیامەتە) چاوت تیژە و چاك دەبینێ.” (ق: 23)
بەڵام ئەوەی كە چاوی دووەمی وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار وایە، مانای ئەوەیە: دەججال له زانسته زەمینیەكاندا كارامەیە و شارەزا و لێزانه له هونەرە دنیاییەكاندا، تەنانەت عەقڵ و هۆشی ئەو پێشی هۆشی هەموو خاوەن هۆشەكان دەكەوێت له كاروبارە دنیاییەكاندا، وە ئەمما ئەو فەرموودانەی كه تیایاندا هاتووە كه چاوی چەپی كوێرە پێدەچێت مەبەست لێی ئەوە بێت كه هۆكارەكانی دەستگیربوونی دنیای خراپ و پیس دەبێت, وە كەسب و كاری حەرام دەبێت.
نیشانەی دووەم: ك ف ر
نووسرانی پیتەكانی (ك ف ر) له ڕاستیدا كارێكی نادروستە و ژیری مرۆڤ ئەوە قبوڵ ناكات، بەڵكو خوازەیە و ئاماژەیه بۆ ئەوەی كه دەججال ڕەوا دەگۆڕێت بۆ ناڕەوا، وە لەبەرچاوی خەڵكیدا قسەكان دەڕازێنێتەوە، وە به كۆمەڵێك بیروباوەڕی خراپ و خەیاڵاتی پڕوپووچەوە دێت كه ڕەگ و ڕیشەی ئیمان له دڵەكاندا هەڵدەكێشێت، وە به شێوەیەكی وەها خۆی پیشانی خەڵكی دەدات كه لەسەر حەقه كەچی له هەمانكاتدا لەسەر حەق نیه، وە هیچ بەڵگەیەكی ڕاستەقینه نیه لەسەر ڕاستگۆیی ئەو، بەڵكو كافربوونهكهی ڕوون و ئاشكرایه وەك ئەوەی شەقڵی كوفر له ناوچەوانیدا بدرەوشێتەوە و دەست بەجێ بزانرێت كه ئەو كافرە، وەك ئەوەی وشەی كافر له ناوچەوانیدا نووسرابێت و هەموو باوەڕدارێكی خوێندەوار و نەخوێندەوار بیخوێنێتەوە؛ چونكه باوەڕداری ڕۆچوو له باوەڕەكەیدا دەتوانێت كه كوفر له ئیمان جیا بكاتەوە، وە به نووری دڵ شارەزایی و بەرچاوڕوونی پەیدا دەكات له كاروبارە وردەكاندا، وە پارێزراو دەبێت له بیروباوەڕە گومڕاكان و پێی ناخلیسكێ.
نيشانەی سێهەم: بەهەشت و دۆزەخی لەگەڵدایه
ماناكەی ئەوەیه كه دەججال به ڕێژەیەكی زۆر له جۆرەها ناز و نیعمەت و ڕابواردن و هۆكارەكانی سەروەت و سامان و خۆشحاڵی لەگەڵدایه، وه له هەر كوێیەك دابەزێت یان كۆچ بكات ئەوا گەنجینەكانی زەوی لەگەڵیدا دەڕۆن…. وە ئەمەیه كه پێی دەوترێت بەهەشت وە ئەوەی باوەڕ به ئايینەكەی بكات و به فێڵەكانی فریوبخوات و ئارەزووی بەهەشتەكەی بكات ئەوا به داوەكەی (كه داوی هاوەڵدانانه بۆ خوا) ڕاودەكرێت و دەكەوێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە، بەڵام باوەڕداری موسوڵمان ئەو كەسەیه كه خۆی لێ دەپارێزێت و ئاوڕناداتەوە له بەهەشتەكەی ئەو، بەڵكو به ئارامییەوە تاڵی و سوێری ئهو بەڵا و ئازارانه دەچێژێت كه بەهۆی دژایەتی كردنی ئەوەوە توشی دهبێت، وە ئاگرەكەی هەڵدەبژێرێت بەسەر بەهەشتەكەیدا و به بەڵێنه دڵڕفێنەكانی دەسخەڕۆ نابێت، بۆیه دەچێته ناو بەهەشتی ناز و نیعمەتەوە، ئەوە ڕاستی بابەتەكەیه ئەگینا لەڕووی شەرع و ئاوەزەوە ناگونجێت كه خوا بەهەشت و دۆزەخ بخاته دەست دەججالەوە كه به ئارەزووی خۆی هەڵسوكەوتیان پێوە بكات!، لەبەرئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم بارەیەوە دەفەرموێت: “ئەو لای خوا لەوە سووك و ڕسواترە.” (متفق عليه)، وە ڕاڤەوانان دەربارەی ئەمه دەڵێن: “وتەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو لای خوا لەوە سووك و ڕسواترە: واته: دەججال لای خوا لەوە سوك و نزمتره كه خوای گەورە ئەمەی بۆ جێبەجێ بكات، بەڵكو ئەمه هەر بریتییه له چەواشەكردن و سەرلێتێكدان بۆ تاقیكردنەوە، كه تێیدا موسوڵمان جێگیر و دامهزراو دەبێت و كافریش پێی دەخلیسكێ.” (المرقاة شرح المشكات، باب علامات بين يدي الساعة)
وە دەمانەوێت لێرەدا وتەی یەكێك له زاناكان باس بكەین بۆ ئەوەی بابەتەكه به تەواوی ڕوون ببێتەوە. حەزرەتی شێخ نوعمانی ئەعزەمی عێراقی دەفەرموێت: “داگیركاری ئیستیعمار بریتییه له دەججال، دێت بۆلات بەهەشتی ناز و نیعمەتت پیشان دەدات، ئەگەر باوەڕت پێكرد و تۆی خسته ناو بەهەشتەكەیەوە ئەوا بەهەشتەكەی ئەو دەبێت به ئاگر و قڵپ دەبێتەوە بەسەرتا، بەڵام ئەگەر سەرپێچیت كرد و تۆی خسته ناو ئاگرەكەیەوە و بەسەربەخۆیی لەو مایتەوە ئەوا ئاگرەكەی دەگۆڕێت به بەهەشت بۆت، وە ئەمەش كارێكه به ئاشكرا دەردەكەوێت لەوكهسانەدا كه دۆستایەتی دەكەن و داكۆكی لێ دەكەن، وە لەوكهسانەشدا دژایەتی دەكەن و جەنگی لەگەڵدا دەكەن.” (جريدة الهداية، بغداد، عدد 146)
نیشانەی چوارەم: باراندنی باران
ئەمەش مەجازێكه ئاماژەیه بۆ ئەوەی كه دەججال له دەریاكان جۆگەله هەڵدەبەستێت و ئاو دەگەیەنێتە شوێنه وشك و بێ ئاوەكان و زەوییه چۆڵەكان و ئاوەدانیان دەكاتەوە، وە كەڵكی زۆریان لێ وەردەگرێت و گەنجینەكانی دەردەهێنێت كه پێشتر لەناویدا شارابوونەوە… وە مانای دووەم لەمەڕ باران باراندنی دەججال ئەوەیه: كه كۆمەڵێك كەرەستە و ئامێر دادەهێنێت كه دەبنه هۆی باراندنی بارانی دەستكرد كه هەندێك جار له كاتی تاقیكردنەوە زانستییەكاندا دیمەنەكانی دەبینرێن له هەندێ وڵاتدا؛ چونكه بارانی ڕاستەقینه تەنھا خوا دەیبارێنێت.
نیشانەی پێنجەم: زیندووكردنەوەی مردووەكان
بێگومان مراندن و زیندووكردنەوە تەنھا لە دەستی خوای گەورەدایه، جگه له خوا هیچ كەسێك توانای ئەوەی نییه كه بژێنێت و بمرێنێت، وە ئەو كەسەیشی مرد دووبارە ناگەڕێتەوە بۆ ئەم دنیایه، ئیتر چۆن دەججال پیاوێكی گەنج دەمرێنێت و دووبارە زیندووی دەكاتەوە! خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَكُمْ ثُمَّ رَزَقَكُمْ ثُمَّ يُمِيتُكُمْ ثُمَّ يُحْيِيكُمْ هَلْ مِنْ شُرَكَائِكُمْ مَنْ يَفْعَلُ مِنْ ذَلِكُمْ مِنْ شَيْءٍ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَمَّا يُشْرِكُونَ﴾ واته: “خوا زاتێكه ئێوەی دروستكردووە پاشان ڕۆزی پێداون دواتر دەتانمرێنێت له پاشان زیندووتان دەكاتەوە، ئایا هیچ یەكێك لەو هاوبەشانەی كه بۆ خواتان داناوە توانای هەیه هیچ شتێك لەوانه بكات؟ پاكی و بەرزی بۆ خوا لەوەی ئەوان دەیكەنه هاوبەشی.” (الروم: 41)
كەواته بابەتی كوشتنی ئەو گەنجه لەلایەن دەججالەوە و پاشان زیندووكردنەوەی مانا ڕواڵەتیەكەی وەرناگیرێت ، وە دروسته له لێكدانەوەی ماناكەیدا بوترێت كه دەججال لەبەرئەوەی كه دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلامه، هەموو توانا و كۆششی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی (ئیسلام) لەسەر زەویدا نەهێڵێت و ئەم ئايینه پێگەیشتووە جوانه قەڵاچۆ بكات تەنانەت لەلای خۆیەوە وادەزانێت كه لەناوی بردووە! بەڵام خوای گەورە دەیپارێزێت وەك سەر لە نوێ زیندووی بكاتەوە، وەلێ گفتوگۆی ئەو كوژراوە دوای زیندووبوونەوەی لەگەڵ دەججالدا كه دەڵێت: “هیچ شتێكم دەربارەی تۆ زیادنەكرد جگه له ناسین و بەرچاوڕوونی“، ئەم وتەیە ئاماژەیه بۆ ئەوەی كه دەججال كاتێك خەريكە ئەم ئايینه تەفروتوونا دەكات خەڵكی وا گومان دەبەن كه ئەگەر ئیسلام هەق و ڕاستییه بۆچی بەم ڕادەیه بووە به دەردەدارێكی كەنەفت و پەككەوته و خهریكه لهناودهچێت، ئینجا غیرەتی خوا جۆش دەخوات بەگوێرەی بەڵێنەكەی خۆی كه دەفەرموێت: ﴿إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ﴾ واته: “ئێمه خۆمان ئەم قورئانەمان ناردووەته خوارەوە و هەر ئێمەش دەیپارێزین” (الحجر: 10)، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕەوانە دەكات كه ئاژاوەی دەججال و فێڵەكانی لەناودەبات و ئیسلام سەردەخات بەسەر هەموو ئايینەكانی تردا بە بەڵگەی تەواو و درەوشاوە، پاش ئەمه خەڵكی لەوە دڵنیادەبن كه ئیسلام ئایينێكی ڕاستەقینەی خوداییه.
نیشانەی شەشەم: گوێدرێژەكەی دەججال
“دەججال بەسەر گوێدرێژێكەوە دەردەچێت كه ڕەنگەكەی بەڵەكە، نێوانی هەردوو گوێچكەكەی حەفتا شاباڵه.” (مشكات المصابیح)
له گێڕانەوەیەكی تردا: “گوێدرێژێكی بەڵەكى له ژێردایه كه درێژی هەر گوێچكەیەك له گوێچكەكانی سی گەزە، نێوانی سمێكی گوێدرێژەكەی بۆ سمەكەی تری ماوەی ڕۆيشتنی شەو و ڕۆژێكه، یهك لهدوای یهك زهویه ئاوهدانهكانی بۆ دەپێچرێتەوە (واته زۆر خێرایه)، به دەستەكانی هەور دەگرێت، پێشی خۆر دەكەوێت بۆ ئهو شوێنهی لێی ئاوا دهبێت، دەچێتە ناو دەریا ئاوەكەی تا قوله پێی دێت، له پێشیەوە چیایەكی دووكەڵ هەیه له دوایشیەوە چیایەكی سەوز، به دەنگێك بانگدەكات: ـ كه ئەوەی له نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادایه دەیبیستێت ـ وەرن بۆ لای من دۆستەكانم وەرن بۆ لای من خۆشەویستەكانم.” (كنز العمال، الجزء السابع، ص266)
له ڕاستیدا ئەمە ئاماژەیەكه بۆ گالیسكەی نوێ كه له كۆتا زەماندا دادەهێنرێت و گەشت ئاسان دەكات و خێرا دەڕوات و هاوار دەكات به دەنگێكی بەرز كه ئەوەی له نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادایه دەیبیستێ، وە به هۆی خێرا ڕۆيشتنی و به ئاسانی گەشت پێكردنی خەڵكی ئاوڕنادەنەوە لە گالیسكەكانی تر، تەنانەت وشترەكان كه زۆربەی ڕێگاكانيان دەبڕی له ڕۆژانی ڕابردوودا كەس پشتیان پێنابەستێت، وەكو خوای گەورە ئاماژەی بۆ ئەمه كردووە و دەفەرموێت: ﴿وَإِذَا الْعِشَارُ عُطِّلَتْ﴾، واته: “كاتێك وشترەكان وازیان لێ هێنرا” (التكویر: 5)، هەروەها دەفەرموێت: ﴿وَالْخَيْلَ وَالْبِغَالَ وَالْحَمِيرَ لِتَرْكَبُوهَا وَزِينَةً وَيَخْلُقُ مَا لَا تَعْلَمُونَ﴾، واته: “وە ئەسپ و ماین و ئێستر و گوێدرێژ (ی بۆ دروست كردوون) لەبەرئەوەی سواریان بن و هۆی ڕازانەوەش بن بۆ ئێوە وە (خوا) شتی وا دروست دەكات كە (ئێستە) ئێوە نایزانن.” (النحل: 9)، واته: خوای گەورە كۆمەڵه گالیسكەیەكی نوێ دروست دەكات كه ئێسته ئێوە ماهیەت و حەقیقەتەكەی نازانن، وە له فەرموودەدا هاتووە: (لتتركنّ القلاص فلا یسعی علیها) (صحیح مسلم، باب نزول عیسی بن مریم)، واته: “واز له وشترەكان دەهێنرێت و تاو نادرێت لهسهریان”، خاوەنی (المرقات) دەڵێت: واتاكەی ئەوەیه: كه كار به وشتر ناكرێت؛ چونكه خەڵكی پێویستیان پێی نامێنێت به هۆی زۆربوونی هۆكاری ترەوە.” (بەشی پێنجەم، لاپەڕە 221)
ئەوەتا خەڵكی لەم ڕۆژانەدا بێ نیاز بوون له وشتر به هۆی بوونی كەشتی (پاپۆڕ) و ئۆتۆمبیل و شەمەندەفەر و فڕۆكه، كه به شەو و ڕۆژ به خێرایی دەڕۆن و شەكەت و ماندوو نابن و به دەنگی بەرز سەرنشینەكان بانگ دەكەن، وە دووكەڵیشی لەگەڵدایه، وە ئەوە هاتووەتەدی له شەمەندەفەر و پاپۆڕ و گالیسكەكانی تردا، وە ئەمما نوقم بوونی له ناو ئاودا تا قوله پێی ئەوا شاراوە نییه لەو كەسانەی كه پاپۆڕ و كەشتییەكانیان بینیوە كه چۆن له دەریادا هاتووچۆ دەكەن.