بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

تێڕوانینە هەڵەكان لە تێگەيشتنی موعجیزەی پێغەمبەران

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿وَلَقَدْ جَاءَكُمْ يُوسُفُ مِن قَبْلُ بِالْبَيِّنَاتِ فَمَا زِلْتُمْ فِي شَكٍّ مِّمَّا جَاءَكُم بِهِ حَتَّىٰ إِذَا هَلَكَ قُلْتُمْ لَن يَبْعَثَ اللَّهُ مِن بَعْدِهِ رَسُولًا كَذَٰلِكَ يُضِلُّ اللَّهُ مَنْ هُوَ مُسْرِفٌ مُّرْتَابٌ﴾ (سورة غافر آية ٣٤)

ئەم ئایەتە كێشەی موعجیزە كورت و پوخت دەكاتەوە.. كاتێك پێغەمبەرێك دێتە لای گەلەكەی باوەڕی پێ‌ ناكەن، بەو بیانووەی كە هیچ موعجیزەیەكی نیە یان موعجیزەكانی بە ئەندازەی پێویست نین. وە پاش ئەوەی باوەڕی پێ‌ دەكەن و خوای گەورە دەیباتەوە بۆلای خۆی (واتە دەیمرێنێت)، زیادەڕەوی دەكەن لە موعجیزەكانیدا تا ئەو ئاستەی كە پێیان وایە دوایینی پێغەمبەرانە. پاشان ئەگەر دوای ئەم پێغەمبەرێكی تر بێت داوای موعجیزەگەلێكی لێ‌ دەكەن هاوشێوەی موعجیزەكانی پێغەمبەری پێشوو، كە لەڕاستیدا ئەو مەعجیزانە بوونیان هەر نەبووە.

سروشتی موعجیزە

ئەو نیشانەی كە خودا دەیدات بە پێغەمبەرەكەی دەبێت زۆر سەلمێنەر بێت بۆ ئەو كەسانەی كە خاوەنی دڵی هوشیارن، لەهەمان كاتدا دەبێت مرۆڤی ڕەخنەگر و خۆبەزلزان بتوانێت ڕەخنەی لێ‌ بگرێت و هەوڵ بدات بیسەلمێنێت كە ئەم موعجیزەیە پووچە یان نرخی نیە یان خەڵكانی تر دەتوانن ئەم جۆرە كارە بكەن یاخود ئیجتیهادی خاوەنەكەیەتی یان بە ڕێكەوت ڕووی داوە و بە فەزڵی تەواوەتی خوا ڕووی نەداوە. وە دەبێت بتوانێت كەسانی خراپەكار ڕازی بكات بە تێڕوانینەكەی خۆی ئەگەر بە شێوەیەكی زۆر چرووك و لاوازیش بووە.

ئەم دوو مەرجە دەبێت لە هەر موعجیزەیەكدا هەبێت.

لێرەوە تێدەگەین كە بۆچی خوای گەورە بۆ نموونە موعجیزەكانی گورینی خۆڵ بۆ ئاڵتون، یان سێبەر دروستكرن بۆ خەڵكی بەهەور هەركاتێ‌ ویستیان، یان دووكەرت كردنی دەریا یاخود سەوزكردنی بیابانی لە چاوتروكانێكدا نەداوە بە هیچ پێغەمبەرێك.

ئەمەش لەبەرئەوەی ئەگەر ئەم موعجیزانە ڕوویاندا ئەوا خەڵكی بە زۆر پەنا دەبەن بۆ باوەڕهێنان و ناچاردەبن، وە خەڵكی بەیەكسانی ڕاستی موعجیزەكان دەسەلمێنن، سەریان لێی سووڕ دەمێنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەركی موعجیزە ئەوەیە كە ڕوون و ئاشكرا بێت تەنها بۆ ئەو كەسەی كە شایستەی باوەڕهێنانە، بەڵام ئەو كەسەی كە شیاوی باوەڕهێنان نیە ئەوا دەبێت ئەو پەردەیەی كە دراوە بەسەر دڵ و گوێچكە و چاویدا ببێتە هۆی ناڕۆشنی لە بینین و تێگەيشتنی موعجیزەكاندا… وە ئەم ناڕۆشنیە گونجاوە لەگەڵ دڵڕەقیەكەیدا.

ئایا خەڵكی داوای موعجیزەیان كردووە لە پێغەمبەران؟

تەنها بەوەی كە پێغەمبەرێك ڕایگەیاند كە خوا ڕەوانەی كردووە، خەڵكی دوای موعجیزەی لێ‌ دەكەن بۆ سەلماندنی پێغەمبەرایەتیەكەی، وە ئەم داواكردنە بەردەوام دەبێت، وە هەركاتێك نیشانەیەكیان بۆ دەهێنێت دەڵێن: بۆچی نیشانەیەكی وەهامان بۆ ناهێنی… چونكە لافوگەزافی ئەوە لێ‌ دەدەن كە لەو نیشانەیەی هێناویەتی شتێكی گەورەیان نەبینیوە.

هەرچەندە مەسیح (عَلَيهِ السَّلَام) شیفای نەخۆشەكانی دەدا و كوێری زگماك و بەڵەكی چاك دەكردەوە، وە ژمارەیەكی زۆر كەشف و كەراماتی پیشانی خەڵكی دەدا، وە پاڕانەوەكانی گیرا دەبوون، كەچی جولەكە هەر داوای نیشانەیان لێ‌ دەكرد، ئەویش پێی وتن: “نەوەی خراپەكار و بەدڕەفتار داوای نیشانە دەكات، هیچ نیشانەیەكی پێ‌ نادرێت جگەلە نیشانەی یۆنان (یونس) پێغەمبەر.” واتای ئەوەیە كە مادام ئەم هەموو نیشانانە هیچ كەڵكێكی پێ‌ نەگەیاندن، ئیتر هیچ نیشانەیەك كەڵكی نابێت بۆتان، ڕەنگە نیشانەی یۆنان پێغەمبەر كاریگەری هەبێت بۆتان، لەبەرئەوە كاتێك ئەوەم بەسەر دێت كە بەسەر یۆنان پێغەمبەردا هات، وە بەموعجيزە ڕزگام دەبێت وەكو ئەو، ئالەو كاتەدا پێويستە كە يادی ئەمە بكەنەوەو باوەڕم پێ‌ بهێنن.

وە سەرەڕای ئەوەی كە نەوەی ئیسڕائیل موعجیزەگەلێكی مەزنیان لە مووسا (عَلَيهِ السَّلَام) بینی، كەچی سەرسامی نەكردن و بەدڵیاندا نەچوو، بۆیە داوایان لێ‌ كرد كە بەئاشكرا خودایان پیشان بدات، خوای گەورەی لەسەر ئەم داوایەیان سزای دان.

موعجیزە چییە؟

لەگەڵ ئەوەی كە خوای گەورە نیشانەگەلێك دەدات بە هەر پێغەمبەرێك وەك بەڵگە لەسەر ڕاستگۆیی ئەو پێغەمبەرە كە جیاوازن لەو نیشانانەی كە بەڵگەن لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەرانی تر، بەڵام ئەم هەموو موعجیزانە لە كرۆكیاندا جیاواز نین، كەواتە موعجیزە چیە و كامەیە كرۆكەكەی؟

موعجیزە بۆ كات بەسەربردن نیە، وە بەگوێرەی داواكاری خەڵكی نادرێت، بەڵكو:

1- یەكەمجار بۆ سەرخستن و جێگیركردنی پێغەمبەرە.

2- پاشان بۆ بەهێز كردنی باوەڕی باوەڕدارانە.

3- پاشان بۆ نەهێڵانی بیانووی سەرزلەكانی كوفر و لوت شكاندنیانە.

4- بۆ قەناعەت پێ‌ كردنی ئەو كەسانەیە كە خاوەنی دڵی پاك و بێگەردن.

5- جاروباو ئاگادار كردنەوە دەبێت بۆ بێ باوەڕان و ترساندنە لە سزایەكی نزیك.

دواجار ئەوە موعجیزە نیە كە پێغەمبەر لەگەڵ جانەوەر و چۆلەكەدا قسە بكات، چونكە ئەمە هیچ سەركەوتنێكی تێدا نیە بۆ ئەو لەبەرامبەر گەلەكەیدا، وە ئەمە دڵی جێگیر ناكات و ئاسوودە نابێت پێی، وە بەمە باوەڕی باوەڕداران بەهێز نابیت، چونكە هەست بەو قسەیە ناكەن و لێی تێناگەن، وە بیانوو بڕینی كافرەكانی تێدا نیە، چونكە ئەم گفتوگۆیەیان نەبیستووە و نەبینیوە، وە سەلمێنەر نابێت بۆ كەسانی دڵپاك؛ چونكە هەست بەمە ناكەن.

موعجیزە و شكانی سوننەتەكانی خوا

خوای گەورە ڕێوشوێنەكانی خۆی لە گەردووندا تێكنادات؛ چونكە دانا و كارزانە ئەو یاسایانەی خۆی چەسپاندویەتی پووچی ناكاتەوە؛ چونكە فەرموویەتی ﴿وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَبْدِيلًا﴾؛ چونكە هیچ شتێك ڕێگری ئەوەی لێ‌ ناكات كە پێغەمبەرەكەی خۆی سەربخات و باوەڕی باوەڕداران بەهێز بكات و كافران بەدرۆبخاتەوە، وە پێویست بەوەناكات كە ڕێوشوێنەكانی خۆی هەڵوەشێنێتەوە بۆ چەسپاندنی ئەمانە.

بەڵام ئەوەی كە گرنگە بیزانین ئەوەیە كە كۆمەڵێك ڕێوشوینی خوا هەیە ئێمە نایانزانین، لەگەڵ ئەوەی ڕاكێشانی زەوی سوننەتێكی گەردوونیە، بەڵام یاسای پەستانی بەرگەهەوایش هەیە، كە بەبەكارهێنانی ئەم یاسایە فڕۆكە دەفڕێت بێ ئەوەی یاسا كێشكردن تێك بچێت، بەڵكو هۆكارێكە، بەڵام ئەندازیارەكان پەنایان بردووتە بەر یاسایەكی تر. -نموونەی بەرز بۆ خوایە- موعجیزەكانیش بەم شێوەن، بێگومان بەگوێرەی سوننەتەكانی خوا ڕوودەدەن، بەڵام لەكوێ‌ ئێمە بە هه‌موو سوننەتەكانی خوای گەورە ڕادەگەین. لەبەرئەوە ئێمە باوەڕمان بەموعجیزە هەیە، وە بێ‌ گومان كارێكی دەراسایە، تەنانەت ئەگەر نەشزانین بەگوێرەی كام یاسای زانستی بەدی هاتووە، وە پێدەچێت ڕۆژێك دابێت كە خەڵكی بۆیان ئاشكرا بێت كە بەگوێرەی چ یاسایەك بەدی هاتووە.

باشە ئەو كارە چی بوو كە مووسا (عَلَيهِ السَّلَام) كردی هەتا جادووگەرەكان باوەڕیان هێنا بە پێغەمبەرایەتیەكەی؟

ڕەنگە چەند ئەگەرێك دابنێین بۆ شرۆڤەكردنی ئەمە، وە پێدەچێت جیاواز بین لە ڕاڤەكردنی ئەوەی كە ڕوویدا، بەڵام جیاواز نین لەوەدا كە دڵی جادوگەرەكان پاك و بێگەرد بوو، وە دڵی فیرعەون ڕەش و پیس بوو. وە هەرگیز لەوەدا جیاواز نین كە فیرعەون و هامان ئەوەی ڕوویدا شرۆڤەیان كرد بە جادوو، وە به‌گوێره‌ی باوه‌ڕی ئه‌وان مووسایش ئەو كەسە بووە كە جادووگەرەكانی فێری جادوو كردووە. وە لەوەدا جیاواز نین كە جادووگەرەكان ئەوەی ڕوویدا شرۆڤەیان كرد بەوەی كە پشتگیرییەكە لەلایه‌ن خواوە، ئەگینا قوربانییان بە گیانی خۆیان نەدەدا لەم پێناوەدا.

كەوابوو، موعجیزەی دارعاساكە بۆ جێگیركردنی مووسا و بۆ ئەوەبوو كە بە هۆیەوە بیانووی كافرەكان نەهێڵێت، وە بۆ سەركەوتن بوو بەسەر ئەو كەسانەدا كە لەبەرامبەریدا ڕاوەستا بوون، وە بۆ قەناعەت پێ‌ كردنی مرۆڤە دڵپاكەكان بوو.

موعجیزەی دارعاساكە بۆ كەیف و سەفا نەبوو، لەبەرئەوە –بۆ نموونە- مووسا (عليه السلام) هەمووساتێك بەكاری نەدەهێنا بۆ ئەوەی مناڵان پێبكەنن، یان بۆ ڕابواردنی ماڵباتەكەی خۆی، یاخود بۆ كەشوفش و خۆدەرخستن.

بەراوردكردن لە نێوان موعجیزەكانی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) و موعجیزەی پێغەمبەركانی تر.

ئەركی پێغەمبەر چییە؟

خوای گەورە پێغەمبەر ڕەوانە دەكات بۆ پاكبوونەوەی خەڵكی، ئەگەر ژمارەیەكی زۆر باوەریان پێ‌ هێنا، وە ڕەوشتیان پاك و خاوێن بویەوە، ئاشكرایە لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو بووە. بەڵام_گریمان-ئەگەر خەڵكی باوەڕیان پێ‌ هێنا و ڕەوشتیان پاك و خاوێن نەبوویەوە، ئەوا باوەڕەكەیان هیچ نرخێكی نیە، بەڵكو ئەو سەركردەیەكی دنیاییە. لەبەرئەوە گەورەترین نیشانە لەسەر ڕاستگۆیی هەر پێغەمبەرێك بریتیە لە ڕادەی كاریگەریەكەی لە پاكبوونەوەی خەڵكی پاش باوەڕهێنانیان پێی. ئەمەیە موعجیزەی هەمیشەیی؛ چونكە بنەڕەتی كارەكە ئەوەیە كە ئەم شوێنكەوتانە قوتابیەكانی خۆیان و ئەو نەوانەیشی لە پاش ئەوان دێن پاك بكەنەوە، وە هەروەها.

ئالێرەدا موعجیزەی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) دەردەكەوێت كە لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتەكەی ڕژاند بەسەر كەسێكدا كە سیازدە سەدە دوای خۆی هات، وە خوای گەورە وەكو مەسیح و مەهدی ڕەوانەی كرد بەهۆی خوشەویستی بەتین و گوێڕایەڵی و شوێنكەوتنی بۆ گەورەكەی خۆی موحەممەدی هەڵبژاردە (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ).

وە نیشانەی دووەم ئەوەیە كە ئەم شوێنكەوتانە هەستن بە ئەنجام دانی ئەو موعجیزە و كەرامەتانەی كە پێغەمبەر ئەنجامی داوە، واتە موعجیزەكە تێپەڕ بكات و هەر تایبەت نەبێت بە پێغەمبەرەكه‌وە. ئەگینا ئایینەكە وەردەچەرخێت بۆ كۆمەڵێك چیرۆك و بەسەرهات و هچ شوێنەوارێك دروست ناكات، بەڵكو تەنها بۆ كات بەسەربردن بەكاردێت.

لەم ڕەوتەدا دەردەكەوێت كە موعجیزەكانی مەسیحی ناصری (عَلَيهِ السَّلَام) لاوازن كاتێك بەراوردیان بكەین بە موعجیزەكانی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ). هەڵبەت مەسیح قوتابیەكەی خیانەتی لێ‌ كرد و پاشماوەی قوتابیەكانی تر زەبونیان كرد و پشتیان بەردا لەكاتێكدا كە زۆر زۆر پێویستی پێیان بوو. كەچی دەبینین كە هاوەڵەكانی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) بەردەوام پێشبڕكێیان دەكرد بۆ خزمەتكردن و گوێڕایەڵی كردن و قوربانی دان لە پێناوی ئەوەی كە دڕكێك ئازاری نەدات.

وە هەروەها لەم ڕەوتەدا لاوازی كاریگەری مووسامان (عَلَيهِ السَّلَام) بۆمان دەردەكەوێت لە شوێنكەوتووانیدا لەچاو كاریگەری مەزنی پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) لە هاوەڵەكانیدا، هەركە لە دەریاكە پەڕینەوە و ڕزگاریان بوو دوایان لە مووسا (عَلَيهِ السَّلَام) كرد كە پەرستراوێكی تریان بۆ دابنێت.

ئەگەر مەسیح مردووەكانی زیندوو بكردایەتەوە بەوشێوەی كە ئەوان وێنای دەكێشن، ئایا دەبوو كە هاوەڵەكانی بەم شێوە باوەڕیان پێی بوایە؟ نەخێر، بەڵكو لە پێناویدا خۆیان دەكردە قوربانی بە متمانەی ئەوەی كە ئەو زیندوویان دەكاتەوە تەنانەت ئەگەر كوژران.

وە ئەگەر مووسا (عَلَيهِ السَّلَام) دەریاكەی دوو كەرت بكردایە بەو شێوەی كە تەورات باسی كردووە، دەی ئایا دوای بینینی ئەم دیمەنە سەرسوڕهێنەرە شوێنكەوتووانی داوایان لێ‌ دەكرد كە پەرستراوێكی تریان بۆ دابین بكات، وە ئایا بەو شێوەیە ترسنۆك دەبوون كە نەوێرن بچنە زەوی پیرۆزەوە؟ نەخێر، بەڵكو دەچوونە ناوی بەتەواوی متمانەوە كە سەركەوتن بەشی ئەوان دەبێت. بەڵام موعجیزەی دووكەرت بوونی دەریاكە بەشێوەیەك بووە كە مرۆڤە دڵڕەقەكان بتوانن بەوە ڕاڤەی بكەن كە ڕێكەوت بووە.

وە ئەگەر گەلەكەی ساڵەح بیاندیبا كە وشترێك لە بەردەكەوە دێتە دەرێ‌، ئاخۆ پەلپەلیان دەكرد؟

مانەوەی موعجیزەی قورئان بۆ هەتاهەتایە… ئەمە چۆن؟

ئایینی زیندوو ئەو ئایینەیە كە بەردەوام نیشانەكانی نوێ‌ دەبنەوە، وە بەردەوام ڕێنماییەكانی كاریگەرییان دەبێت. بەڵام ئایینێك كە پێغەمبەرەكەی جۆرە موعجیزەیەك ئەنجام بدات، پاشان ئەم موعجیزەیە نەپارێزرێت و بەقەتیسی لەخۆیدا بمێنێتەوە ئەوە هیچ مانایەكی نیە.

قورئانی پیرۆز موعجیزەیەكە بەردەوام نوێ‌ دەبێتەوە، چونكە ڕێنماییەكانی بەردەوام كاریگەریی دەبێت لەسەر نەوەكان و بەدرێژایی مێژوو ڕەوشت و ڕۆحانیەتیان بەرەو باڵا دەبات. وە لەبەرئەوەی كە پێشبینیەكانی تێدایە بەردەوام بە تێپەڕینی كات بەدی دێن، وە لەبەرئەوەی كە خوای گەورە كارێكی كردووە زۆربەی ئەولیاكان وەحییان پێ‌ دەگات بەهۆی شوێنكەوتنیان بۆ قورئان، وە مەزنترینیان مەسیحی بەڵێندراوە (عَلَيهِ السَّلَام) بەڵام كوا كاریگەریی كتێبەكانی تر لەم ڕوووەوە.

هەڵبەت لەم چەرخەدا خوای گەورە یارمەتی مەسیحی بەڵێندراوی دا (عَلَيهِ السَّلَام) بۆ نووسینی كۆمەڵێك‌ كتێب و قەسیدەی دەراسا بە زمانی عەرەبی كە تەحەددای خەڵكی پێدەكردن، لەكاتێكدا بەڕێزی لە زمانی عەرەبی كەمێك فێر ببوو، بۆیە ئەم موعجیزەیە سێبەرێك بوو بۆ موعجیزەی قورئانی پیرۆز… وە بەڵگەیەكی زیندوو بوو لەسەر ئەوەی كە قورئانی پیرۆز نیشانەیەكی خواییە.

ئایا دەكرێت كە پێغەمبەرێكی تر موعجیزەیەك بەدەست بهێنێت كە مەزنتر بێت لە موعجیزەی گەورەمان پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ)؟

هەرگیز نابێت، چونكە ئەو (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) مەزنترین و تەواوترینی پێغەمبەرانە و لە هەموویان پلەوپایەی بەرزترە، لەبەرئەوە ناكرێت خوای گەورە فەزڵی پێغەمبەرێكی تر بدات بەسەریدا لە هەر بوارێكدا بێت.

لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە دەڵێین: ئاشكرایە كە پێغەمبەر (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) زیاتر لە مەسیح (عَلَيهِ السَّلَام) مردووەكانی زیندوو كردوەتەوە.

وە ئەگەر لەدەستی دوژمنەكەی ڕای بكردایە و لە دەریایەك بپەڕیایەتەوە ئەوا زۆر بەئاسانی دەپەڕییەوە، وە دوژمنەكەیشی بەشێوەیەكی ئاشكراتر نوقم دەبوو لەوەی كە ڕوویدا لەگەڵ مووسادا (عليه السلام)، وە ئەو بوو (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ) كە خوای گەورە ڕزگاری كرد لە دوژمنەكانی كە لە هەموو لایەكەوە دەورەیان دابوو، بەتەنها لە دوایەوە نەبوون، بەڵكو لە پاش و پێش و چەپ و ڕاستیەوە بوون.

وە ئەگەر هەڵدرایەتە ناو ئاگری مادییەوە ئەوا ڕزگاری دەبوو لێی. ئایا هەڵنەدرایە ناو چەندەها ئاگری زۆرەوە و لێیان ڕزگاری بوو؟ وە كامیان زۆر گەورەیە یەك ئاگر یان هەموو ئاگرەكانی جەزیرەی عەرەب؟

وآخر دعوانا أن الحمد لله ربِّ العالمين