بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

شتێكی لۆژیكیە كە بۆ بەدواداچوونی بابەتی (جن) لە قورئانی پیرۆزدا ئەم پەڕاوە بەنرخە بكەینەوە و لەسەرەتاوە دەست بكەین بە خوێندنەوەی.. وە سەرنج لەوە بدەین كە چۆن تاوتوێی ئەم دوو باسەی كردووە: باسی بەندایەتی بۆ خوای گەورە، وە باسی (الجن والإنس). وە لێرەدا جێی خۆیەتی جەخت بكەینەوە لەسەر ئەو ڕاستیەی كە قورئانی پیرۆز لەلایەن زاتێكەوە دابەزێنراوە كە دانا و زانایە.. وە كۆمەڵێك ئایەتی پەرش وبڵاو نیە لێرە و لەوێ كە هیچ بەستەرێكی بەهێز نەیانبەستێت بەیەكەوە و پەیوەندیەكی پتەو لەنێوانیاندا نەبێت وەك خەیاڵی هەندێ مرۆڤ كە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لەمێشكیاندا هەڵبەز و دابەز دەكات.

ئەمە زۆر دوورە لە خواوە! بێگومان قورئان كتێبێكی زۆر پتەوە و ڕەگەزەكانی بەڕێكوپێكی بەیەكەوە گرێدراون، هەر شتێك تێیدا لەسەرەتاوە هاتبێت ئەوا لەبەر حيكمەتێك لەسەرەتاوە هاتووە، وە هەرشتێك لەدواییدا هاتبێت ئەوا دیسان لەبەر حيكمەتێك بەو شێوەیە هاتووە.

سورەتی “الفاتحة” لە پێشەكی قورئاندا هاتووە كە بەناوی خوای بەخشندەوە دەرگای ئەم كتێبە ئاسمانیە دەكاتەوە، وە ئاشكرای دەكات بۆمان كە چ ئامانجێك لە دابەزینیدا هەیە بۆسەر مرۆڤ.. وە ڕایدەگەیەنێت كە لەسەرچاوەیەكی خواییەوە هەڵقوڵاوە و چوارچێوەكەی لەسەر ڕەحمەتی تەواو و بێ كەموكوڕی خوای میھرەبان دامەزراوە، پاشان بەدەنگی بەرز جاڕدەدات: {الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} واتە: “سوپاس بۆ پەروەرگاری جیھانيان”

“حمد” وشەیەكی عەرەبیە، پیتەكانی كەمە بەڵام هەموو ماناكانی كەماڵ و شكۆی لەخۆیدا كۆكردووەتەوە، ئەوەی شایستەی هەموو خۆشەویستی و بەدڵاچوون و ڕێزگرتن و بەگەورە زانین و سوپاس و پیاهەڵدانێكە بە تەواوترین شێوە و دروسترین واتا تەنھا خوای گەورەیە. ئەمە بریتیە لەو پێشەكیەی كە ئەم كتێبە ڕوونكرنەوە و سەلماندنی گرتووەتە ئەستۆ، وە بەرنامەیەكی ساغ و دروستی داڕشتووە بۆ بەدیھێنانی لەڕێگەی سورەت و ئایەتەكانیەوە.

ئەمە ئەو تاكە ئامانجەیە كە لەپێناویدا مرۆڤ دروستكراوە. وە ئەو وەحیە ئاسمانیەی كە دابەزیوە و ئەوەیش كە دادەبەزێت تەنھا بۆ جێبەجێ بوونی ئەم ئامانجە بڵندەیە. پاشان ئەم ئایەتە پیرۆزە ڕایدەگەیەنێت ئەو كەسەی كە شایستەی هەموو سوپاسێكە خوای پەروەردگاری جیھانەكانە.. هەموو جیھانەكان، نەك نیوەی یان بەشێكی.

بێگومان پەروەردگارێتی خوای گەورە بریتیە لە چاودێری و بایەخ پێدان، زاڵبوون و سەرپەرشتی كردن، دابینكردنی بژێوی و دروستكردن و پاراستن.. كە هەموو جیھانەكان دادەپۆشێت: جیھانی دیار و نادیار، جیھانی ڕووەك و بێ گیان، جیھانی باڵندە و ئاژەڵ، جیھانی پیاو و ئافرەت، جیھانی ڕۆح و ماددە، جیھانی ئینس و جن. هەموو ئەو جیھانانەی كە لە گەردووندا هەن.. ئەوانەی شتێك دەربارەیان دەزانین یان ئەوانەی كە بەتەواوەتی بێئاگاین لێیان.. هەموویان دەچنەژێر چەتری پەروەردگارێتی (ڕبوبیەتی) خوای گەورەوە.

وە ئایەتەكانی قورئان بەردەوام دەبن….

لە سورەتی پاشتردا -واتە سورەتی “البقرة”- یەكەم بانگەوازی قورئان دەبیستین كە ئاراستەی ئەوانە كراوە قورئان دەیاندوێنێت و لەپێناویاندا دابەزیوە.. ئەوانەی كە دروستكراون بۆ بەندایەتی خوا.. بانگەوازەكە دەڵێت: {يَا أَيُّهَا النَّاسُ اعْبُدُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ وَالَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ} واتە: “ئەی خەڵکینە پەروەردگارتان بپەرستن کەئێوە و ئەوانەی پێش ئێوەشی دروست کردووە بەڵکو بەو پەرستشە خۆتان بپارێزن” (البقرة: 22)

بانگەوازەكە بۆ خەڵكیە. وە ئەم بانگەوازە بریتیە لە ڕێنمایی و ئاراستەكردن بۆ بەندایەتیكردنی پەروەردگاری دروستكار كە خەڵكی بۆ ئەم بەندایەتیكردنە دروستكردووە. ئەگەر قورئان دروستكراوێكی تری جگە لە مرۆڤ بدواندایە ئەوا شتێكی گونجاو بوو كە لێرەدا ئەوانیش بدوێنێت؛ چونكە یەكەم فەرمانی گشتیە بە بەندایەتی كردن. بەگوێرەی ئەمە بانگكراو لەم ئایەتەدا -كە بریتیە لە مرۆڤ- هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە ئەركی بەندایەتی خوا خراوەتەسەر شانیان لەڕێگەی قورئانی پیرۆز و لەسەر زبانی پێغەمبەری ئیسلامەوە (ﷺ).

پاشان سورەتی (البقرة) كۆتایی دێت كە درێژترین سورەتی قورئانە و پڕە لەو ئایەتانەی خوا كە بەڵگەن لەسەر ڕبوبیەت و ئولوهیەتە ڕاست و دروستەكەی، وە كۆمەڵێك ڕێسا و یاسای داناوە بۆ ڕێكخستنی ژیانی ئەوانەی كە قورئان بانگیان دەكات، وە كۆمەڵێك خووڕەوشتی پاكی داڕشتووە كە بەندەكان خاوێن دەكەنەوه، وە ئەو حيكمەته بڵنده دەخەنەڕوو كە لەپشت ئەو ڕێنماییە خواییانەوە هەیە.

لەپاش سورەتی (البقرة) سورەتە درێژەكان دێن: آل عمران، المائدة، النساء تا دەگەینە سورەتی الأنعام.. بەمەش نزیكەی چارەكی قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوه كەچی نابینین یەكێك لەوانه بدوێنێت كە ئەركی بەندایەتی و شوێنكەوتنی بەرنامەی قورئان خراوەتەسەر شانیان یاخود ئاماژەیان بۆ بكات مەگەر بەم جۆرە فەرمایشتانەی خۆی:

{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ} (البقرة: 184)

{كَمَا أَرْسَلْنَا فِيكُمْ رَسُولًا مِنْكُمْ يَتْلُو عَلَيْكُمْ آيَاتِنَا وَيُزَكِّيكُمْ وَيُعَلِّمُكُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُعَلِّمُكُمْ مَا لَمْ تَكُونُوا تَعْلَمُونَ} (البقرة: 152)

{يَاأَيُّهَا النَّاسُ كُلُوا مِمَّا فِي الْأَرْضِ حَلَالًا طَيِّبًا وَلَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُبِينٌ} (البقرة: 169)

{ كَانَ النَّاسُ أُمَّةً وَاحِدَةً فَبَعَثَ اللَّهُ النَّبِيِّينَ مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ وَأَنْزَلَ مَعَهُمُ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ لِيَحْكُمَ بَيْنَ النَّاسِ فِيمَا اخْتَلَفُوا فِيهِ وَمَا اخْتَلَفَ فِيهِ إِلَّا الَّذِينَ أُوتُوهُ مِنْ بَعْدِ مَا جَاءَتْهُمُ الْبَيِّنَاتُ بَغْيًا بَيْنَهُمْ فَهَدَى اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا لِمَا اخْتَلَفُوا فِيهِ مِنَ الْحَقِّ بِإِذْنِهِ وَاللَّهُ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ } (البقرة: 214)

{وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُولَئِكَ رَفِيقًا (*) ذَلِكَ الْفَضْلُ مِنَ اللَّهِ وَكَفَى بِاللَّهِ عَلِيمًا} (النساء: 70-71)

{مِنْ أَجْلِ ذَلِكَ كَتَبْنَا عَلَى بَنِي إِسْرَائِيلَ أَنَّهُ مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا وَلَقَدْ جَاءَتْهُمْ رُسُلُنَا بِالْبَيِّنَاتِ ثُمَّ إِنَّ كَثِيرًا مِنْهُمْ بَعْدَ ذَلِكَ فِي الْأَرْضِ لَمُسْرِفُونَ} (المائدة: 33)

قورئانی پیرۆز لە سورەتی (آل عمران)دا دەربارەی دوو پۆل لە بەندەكانی خوا دەدوێت كە بریتین لە: نێر و مێ، وە هەردووكیان مرۆڤن… بۆیە دەفەرموێت: {فَاسْتَجَابَ لَهُمْ رَبُّهُمْ أَنِّي لَا أُضِيعُ عَمَلَ عَامِلٍ مِنْكُمْ مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى بَعْضُكُمْ مِنْ بَعْضٍ فَالَّذِينَ هَاجَرُوا وَأُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ وَأُوذُوا فِي سَبِيلِي وَقَاتَلُوا وَقُتِلُوا لَأُكَفِّرَنَّ عَنْهُمْ سَيِّئَاتِهِمْ وَلَأُدْخِلَنَّهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ثَوَابًا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ وَاللَّهُ عِنْدَهُ حُسْنُ الثَّوَابِ} (آل عمران: 196)

بەمەش بڕیاردەدات كە جیاوازی لەڕووی فیسیۆلۆجیەوە یان لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە لەنێوان هەردوو پۆلەكەدا جیاوازی دروست ناكات لە بەندایەتی و ئەرك و بەرهەمەكانی ئەو بەندایەتیەدا كە بریتیە لە پاداشت و سزا.. هەریەكەیان بە ئەندازەی ئەو ئەركانەی پپێ سپێردراوە و بەئەندازەی ماندووبوون و هەوڵەكانی بەشی خۆی دەستگیر دەبێت. وە بەم فەرمایشتە: {بَعْضُكُم مِّن بَعْضٍ} ئەو بانگەشەیە یان ئەو باوەڕە دووردەخاتەوە كە گوایە پیاوان پشكی شێریان بەركەوتووە لە پاداشت و ئەو ئەركانەی كە پێیان سپێردراوە، یاخود ئافرەتان بێبەشن مەگەر لەكەمێكدا نەبێت. نەخێر، بێگومان ئەم سورەتە ئەوەی بڕاندووەتەوە كە هەموویان لەم بابەتەدا وەكو یەكن.

هەموو بەرپەرسیارن لە بەرەوپێشچوون و بڵندبوونەوە بۆ لای خوای گەورە، وە بانگكراون بۆ ئەوەی بەڕەوشت و سیفەتەكانی خوا خۆیان بڕازێننەوە، وە هەموویان بەئەندازەی كار و قوربانیدان و دامەزراوییان ئەو ئامانجە بەدیدەهێنن كە لەپێناویدا دروستكراون.

سورەتی (الأنعام)

لە سورەتی (الأنعام)دا، پاش تێپەڕینی چارەكێكی قورئان، وە پاش سەدەها ئایەتی بواری تەشریع و فێركردن و پەروەردە.. ئینجا لە قورئاندا ئاماژە دەكرێت بە جۆرێك لەو پەرستراوانە كە موشریكەكان دەیانپەرستن و لەڕووی ستەم و نەزانینەوە ئەو پەرستراوانەیان دەدایەپاڵ خودا ، لەم بارەيەوە دەفەرموێت: {وَجَعَلُوا لِلَّهِ شُرَكَاءَ الْجِنَّ وَخَلَقَهُمْ وَخَرَقُوا لَهُ بَنِينَ وَبَنَاتٍ بِغَيْرِ عِلْمٍ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَمَّا يَصِفُونَ} (الأنعام: 101)

هاوبەش دانان بۆ خوای گەورە تاوانێكی دزێوە و هەڵەیەكی قێزەونه، ئەو كەسانە ئەنجامی دەدەن و تێوەی دەگلێن كە مافی خوای گەورە نازانن؛ چونكە جگە لە خوای گەورە كۆمەڵێك پەرستراوی درۆیینەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە بەهەمان سیفەتەكانی خوا وەسفیان دەكەن و ئەو كارانە دەدەنەپاڵیان كە دەدرێنەپاڵ خوای بەرز و بەتوانا، وە بەشێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن كە ئەو مامەڵە كردنە تەنھا مافی خوایە و شایستەی ئەو زاتەیە (سبحانه وتعالی). ئینجا تایبەتمەندیان دەكەن بەوەی كه بەڕەهایی گوێڕایەڵیان بن و ملكەچی بنوێنن بۆیان. بێگومان پێش ئەم ئایەتە كۆمەڵێك ئایەتم تاوتوێ كرد لە خستنەڕووی هەندێ لە نیعمەتەكانی خوا بۆ خەڵكی لە ئاسمان و زەویدا، وە باسكردنی ئەو كەسانەیان كە ستەمكارن و هاوەڵ بۆ خوا دادەنێن و دەڵێن ئەم هاوەڵە كوڕی خۆیەتی!

هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە ستەمێكی زۆر گەورەیە و خوای لێبوردە و دلۆڤان نابوورێت لەو كەسەی كە پێداگری دەكات لەسەر ئەم تاوانە ئەگەر بمرێت و تۆبه نەكات لێی؛ چونكە ئەمە ئەوپەڕی گەمژەییە.. بەهۆیەوە كابرای موشریك ئەقڵى خۆی پووچ دەكاتەوە.. بێگومان ئەقڵ گەورەترین نیعمەتە كە خوای پەروەردگار بەخشیویەتی بە مرۆڤ بۆ ئەوەی ئامرازێكی كارا بێت بۆ ڕێنمایی كردنی مرۆڤ بۆ جێبەجێ كردنی ئەو ئامانجەی كە لەپێناویدا دروست بووە. كەچی ئەو خۆی بێبەش دەكات لەو ئامرازە و لەكاریدەخات.. پێویستە ئەم مرۆڤە تەمێ بكرێت و سزایەكی گونجاو وەربگرێت تاكو ئەو ئەقڵەی بۆ بگەڕێتەوە و مافی پەروەردگاری خۆی بزانێت.. وە پەیببات بە جوانی و شكۆی ئەو زاتە، وە بەدڵنیاییەوە بزانێت كە خوا: {بَدِيعُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ أَنَّى يَكُونُ لَهُ وَلَدٌ وَلَمْ تَكُنْ لَهُ صَاحِبَةٌ وَخَلَقَ كُلَّ شَيْءٍ وَهُوَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (*) ذَلِكُمُ اللَّهُ رَبُّكُمْ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ فَاعْبُدُوهُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ} (الأنعام: 102-103) واته: “خوا داهێنەری ئاسمانەکان و زەوی یە لە نەبوون چۆن منداڵی دەبێ کە ژن و هاوسەری نەبووە خۆی هەموو شتێکی دروست کردووە و ئەو بە هەموو شتێ زانا و بە ئاگایە (*) هەر ئەو خوایەیە کە پەروەردگاری ئێوەیە هیچ پەرستراوێکی ڕاستەقینە نیە بێجگە لەو دروستکاری هەموو شتێکە کەواتە ئەو بپەرستن وە ئەو خوایە چاودێرە بەسەر هەموو شتێکەوە.”

كەواتە ئەو بەناو هاوەڵە و ئەو بەناو كوڕە شتێك نیە جگە لە خەیاڵێكی پڕوپووچ، وە تەنھا لە خەیاڵدانی ئەو موشریكانەدا بوونی هەیە. تەنھا داڵغەیەكی درۆیینەیە لەشێوەی ئەو تارماییانەی كە مرۆڤە سەرەتاییەكان لە چاخەكانی نەفامیدا بەخەیاڵ پێیان وابووە بوونێكی ڕاستەقینەیان هەیە، وە بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە لە چیا و بیابانەكاندا نیشتەجێن. لە واقیعدا هیچ یەكێك لەوان ئەو تارماییانەی نەبینیوە مەگەر بەخەیاڵە تۆقیوەكەی و چاوە لاوازە ترساوەكەی. لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز بە وشەی (جن) وەسفی ئەو خودا خەیاڵیەی ئەوانی كردووە؛ چونكە وشەی (جن) بە وردترین شێوە گوزارشت دەكات لە حەقیقەت و ماهیەتی ئەو پەرستراوە درۆیینانە.

هەروەك چۆن مرۆڤە سەرەتاییەكان ناوی (جن)یان ناوە لەو بوونەوەرە خەیاڵیانە كە لەڕاستیدا بوونیان نیە، وە لێیان ترساون و باوەڕیان وابووە كە توانا و دەسەڵاتی سەرسوڕهێنەریان هەیە كە بەهۆیەوە شایستەی گوێڕایەڵی كردنن.. بەهەمان شێوە قورئانی پیرۆز ئەو بەناو كوڕەی -هەرچیەك بێت- ناوناوە (جنۆكە)، وه ئەو نەفامانە كۆمەڵێك سیفەت و توانایان بۆ بڕیارداوە كە تەنھا بۆ خوای گەورە دەست دەدەن، وە هیچ بوونێكی نیە مەگەر لە بیروباوەڕی ئەو مرۆڤە گومڕایانەدا.

بێگومان ماددەی (ج ن ن) لە زمانی عەرەبیدا مانای پەردەپۆشكردن و خۆشاردنەوە لەخۆی دەگرێت.

 فەرهەنگە زمانەوانیەكان دەڵێن: جنَّ الشيءَ يجُنُّه جَنًّا. واتە: شاردیەوە، هەموو شتێك كە پەردەپۆش كرابوو لێت ئەوا لێت شاردراوەتەوە. جنَّ الليلُ: أظلم فستر المرئيات. واتە شەوەكە تاریك بوو ئینجا هەموو ئەو شتانەی داپۆشی كە بەچاو دەبینران. جنَّه الليل جنًّا وجنونا. وجَنَّ عليه يجُنُّ وأجنَنَّه: ستره. واتە: دایپۆشی. جنَّ الجنين في الرحمِ، استتر. جِنُّ الليلِ وجُنونه وجنانه: واته شەوێكی زۆر تاریك و ئەنگوستەچاو، وە دەوترێت تێكەڵ بوونی تاریكیەكەی چونكە ئەمە هەمووی داپۆشەرە. والجَنَن: واتە گۆڕ و كفن؛ چونكە تەرمی مردوو دادەپۆشێت. والجَنان: واتە دڵ چونكە لە سنگدا حەشاردراوە، یان ڕۆح چونكە لە جەستەدا شاردراوەتەوە. والمجن: واتە قەڵغان و ملپێچ و شەرم؛ چونكە ئەمانە ئەو كەسە دادەپۆشن كە بەكاریان دەهێنێت. والجُنَّة: واتە ئەو چەكەی دەتشارێتەوە؛ زرێ پۆش و خۆپاراستن. جِنُّ الناس: واتە ئاپۆرای خەڵك چونكە ئەوەی بچێتە ناویان بەهۆی ئەوانەوە دادەپۆشرێت و دیار نامێنێت. جَنان الناس: بریتیە لە كۆمەڵی خەڵك و زۆرینەیان، وە دەوترێت جنان الناس بریتیە لە جەماوەری خەڵك. وە دەوترێت -الجِن: بریتیە لە كوڕی جان.. كە بریتین لە جنۆكەكان. وە جن پێچەوانەی ئینسە. وه “الجِنَّة” واتە شێتی، تیرەی جنۆكە. وە الجِنَّة: واتە تیرەیەك لە جن. وە “جان” بریتیە لە جنۆكە یان باوكی جنۆكە. وە “جن” بریتین لە فریشتەكان.. “ئەعشا” لە باسی “سڵێمان”دا (عليه السلام) دەڵێت: لە جنە فریشتەكان نۆزدە دانە ڕام كرابوون و لای ئەو ئامادەبوون و بەبێ كرێ كاریان دەكرد.

هەموو ئەوانەی كە خۆیان شاردووەتەوە یان پەنھانن یان دوورن لە ئاوەدانیەوە بریتین لە جن.. وە هەروەها هەموو ئەوانەی كە شاردراونەتەوە یان چوونەتە قووڵاییەوە یان داپۆشراون یان زاڵبوون بەسەر غەیری خۆیاندا بریتین لە جن. بۆ نموونە: جِنُّ الشباب واتە سەرەتای گەنجێتی كه مرۆڤ زۆر چوست و چالاكه؛ چونكە ئەم سیفەتانە زاڵن بەسەریدا. وە جننی هەموو شتێك بریتیە لە سەرەتا و هەڕەتی ئەو شتە. وجِنُّ المرح واتە هەڕەتی خۆشی و شادمانی. يقال: خذ الأمر بجنِّه أي حدثانه. وە وجِنّ النبت: جوانی و گەشاوەیی ئەو درەختەیە؛ چونكە سەرنجەكان ڕادەكێشێت بۆ لای خۆی ئەمەش دیمەنێكی زاڵە بەسەر ئەو درەختەدا وەك ئەوەی دایپۆشیبێت. جنونی درەخت بریتیە لە درێژی و چڕی ئەو درەختە.. الجَنَّة: باخچەیەكە كە دار و درەختی چڕی تیدا بێت.. چونكە درەختەكانی زەویەكە دادەپۆشن. الجان بریتیە لە مار.. چونكە بەخێرایی دیارنامێنێت و خۆی دەشارێتەوە یان چونكە زۆربەی كات پەنھانە. توندوتیژی و هەڕەتی لاوی پێی دەوترێت جنون.

بێگومان خەڵكی لە سەردەمی نەفامی پێشوودا ناوی (جن) یان نابوو لە بوونەوەرە وەهمیەكان و بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە لەشوێنە چۆڵەكاندا بوونیان هەیە، وە ئەو قیژە و هاتوهاوارانەی كە له ئەنجامی باوە پەیدا دەبوون بە دەنگی ئەوانیان لەقەڵەم دەدا، وە لەكاتی ماندوێتی و ترسدا ئەو تارماییانەی دەهاتنە پێش چاویان بەخەیاڵ وایاندەزانی جنۆكەیە. بێگومان زانیمان كە زمانی عەرەبی ماددەی (ج ن ن) بەكاردەهێنێت بۆ گوزارشت كردن لە هەموو ئەوانەی كە دۆخەكەیان بەم شێوەیە بێت؛ داپۆشراو بن یان خۆیان بشارنەوە یان سەرنجڕاكێش بن (یان بەزمانی سینەما: كامێرا بدزن).

بەهەمان شێوە قورئان ئەو مافەی هەیە كە ئەو پەرستراوە درۆیینانە بە (جنۆكە) وەسف بكات؛ چونكە كۆمەڵێك پەرستراوى وەهمی و خەیاڵین، وە نادیارن و لەپێش چاوی موشریكەكان ونن بگرە بەتەواوەتی له بوونیشدا ون و نادیارن، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە هاوەڵدانان بۆ خوا تا چ ڕادەیەك گومڕایی و لادانی تێدایە. مرۆڤی سەرەتایی خەیاڵاتی ناوناوە جن، وە بەبێ بوونی زانیاری و بەڵگەی بەهێز و لێكۆڵێنەوە باوەڕی وابووە كە ئەم جنە بوونی هەیە، بەهەمان شێوە نەفامەكان هەمان كاریان كرد؛ چونكە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە لە ئاسمان یان لە زەویدا كوڕ و كچانێك هەن، وە ئەم كوڕ و كچانەیان دەدایەپاڵ خوای دروستكار بەبێ بوونی زانست و ڕێنمایی و بەڵگەیەكی ڕۆشن!! دیارە ئەمانە كۆمەڵێك بوونەوەری خەیاڵی بوون كە بەڕاستی و دروستی وەسفی (جن) بەسەریاندا دەچەسپێت. بێگومان ئایەتەكەی قورئان بە فەرمایشتی: {شُرَكَآءَ الجِنَّ} ئەو مانایە دەخاتەڕوو كە ئەمانە كۆمەڵێك هاوبەشن لە ئەنجامی نەزانین و خەیاڵ و بەرجەستەكردنی وەهمەوە دروست بوون.

خوای گەورە زۆر لەوە بەرزترە كه ئەم شتە پڕوپووچانە هاوەڵی بن، هەڵبەت دیمەنەكانی توانا و گەورەیی خودا و بەڵگەكانی شكۆ و كەماڵی ئەو زاتە هەموو گەردوونی پڕكردووە. وە ڕایدەگەیەنن كە ئەو زاتێكە شایانی پیاهەڵدانه، وە بێگەرد و پیرۆزە و پاكە لە هەموو ناتەواوی و خەوشێك. بە هەموو جوانیەك وەسف كراوە. وە ئەو زاتێكی موبارەك و گەورەیه نادیارە و چاوەكان پەی پێ نابەن، بەڵام دیار و ئاشكرایە بۆ ئاوەزەكان و بەچاوی دڵ بەدیدەكرێت.. لە ئایەتەكانیدا دەبینرێت و لە دروستكراوەكانیدا دەنگی دەبیسترێت. بەڵام ئەو بەناو شەریكانە كۆمەڵێك پەرستراوی بێتوانا و دزێون، ژیری ساغ پەرستراوێتی ئەوان قەبوڵ ناكات، واقیعیش شایەتی نادات بۆیان. بێگومان الله خوای ڕاستەقینەیە.. وە لەگەڵ ئەوەی زاتێكی حەققە وەك دەفەرموێت: {لَا تُدْرِكُهُ الْأَبْصَارُ وَهُوَ يُدْرِكُ الْأَبْصَارَ وَهُوَ اللَّطِيفُ الْخَبِيرُ} (الأنعام: 104)

خوای پەروەردگار لەگەڵ دروستكراوانی خۆیدا قسەدەكات و ڕێگەی ڕاست و پێشكەوتن ڕۆشن دەكاتەوە بۆیان، ئەمەش دەبێتە شایەتیەك بۆی كە ئەو: زاتێكی زیندووە و ڕاگرە و دروستكارە و بەتوانایە… جیاوازی زۆرە لەنێوان غەیب و وەهمدا. هەرچی غەیبە لەڕاستیدا بوونی هەیە ئەگەر چی لە هەستە جەستەییەكان شاراوەیە؛ چونكە تەنھا لەڕێگەی بەهرە و توانا گونجاوەكانەوە پەی پێ دەبرێت كە ئامادەكراون بۆ پەی بردن پێی.. كە بریتین لە بەهرە و توانا ڕۆحیەكان وەك بیركردنەوە و دڵ. بەڵام وەهم بریتیە لە نەبوون.. لەكاتی دیارنەمانی عەقڵی ساغ و دروستدا خەیاڵی نەخۆش بەرهەمی دەهێنێت.

وە ئایەتەكانی سورەتی (الأنعام) بەردەوام دەبن و سەرزەنشتی ئەوانە دەكەن كە ڕوو وەردەگێڕن لە ئایەتەكانی خوا و بەرەو شیرك دەڕۆن.. وە خوایەك دەپەرستن كە لە عالەمی واقیعدا ئامادەگی نیە، تەنھا داڵغەیەكە لە بیروهۆشی شپرزە و شڵەژاوی ئەواندا بوونی هەیە، وە سوورن لەسەر پەرستنی، وە یەكتری گومڕا دەكەن بە قسەی ڕازاوە و ئارایشتكراو بەڵام درۆ و پووچ، وە بەهۆی ئەم قسە درۆ و پڕوپووچانەوە ڕێگری دەكەن لە پەیامی چاكسازی و هیدایەت كە پێغەمبەرانی خوا لەگەڵ خۆیاندا دەیهێنن. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: {وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُونَ} (الأنعام: 113)

وشەی (شیاطین) كۆی وشەی (شیطان)ە و لە پیتەكانی (ش ط ن) پێكھاتووە. واتە دووری، دەوترێت شطنت الدار، أي: بعدت. شطن عنه: واتە بەپێچەوانەی مەبەست و ئامانجی ئەو دەجووڵێتەوە. كەواتە ئەو هێز و كاریگەریەی ئادەمیزاد دووردەخاتەوە لە ڕاستی و چاكە و بەهۆیەوە لە ڕێگای ڕاست و دروست لادەدات پێیدەوترێت شەیتان.

ئەوەی هەوڵ دەدات ئاراستەی مرۆڤ بگۆڕێت لەڕێگەی چاكەوە بۆ ڕێگەی خراپ یان بۆ ڕێگەیەك كە كەمتر چاك بێت ئەوە شەیتانە. وە نموونەی ئەم كاریگەرە گومڕاكەرە ڕەنگە لەدەرەوە بەرەو ئادەمیزاد بێت یاخود لەناخیەوە هەڵبقوڵێت. شەیتانی دەرەكی ڕەنگە لە بانگەوازی كەسێكی خراپەكار یان فریودانی كەسێكی تاوانكار یان ئارایشتكردن و ساختەكاری كەسێكی فێڵبازدا خۆی بنوێنێت. وە دەكرێت شەیتانی ناوەكی لە ئارەزوو یان سۆز یان غەریزە یان حەز یان بیروباوەڕ یان گومان یان هەست یان بیرۆكە یان ئەوەی بەدڵدا دێت یان شتێكی لەو بابەتەدا خۆی مەڵاس دابێت. ئەگەر ئەو پاڵنەرە كاریگەرە مرۆڤ بێت ئەوا پێیدەوترێت (شیطان الإنس) وە ئەگەر كاریگەریەكە شاراوەبێت لەناخی ئادەمیزاددا ئەوا پێیدەوتریت (شیطان الجن).

ئەو شەیتانەی كە لەڕێگەی بانگەوازی پێغەمبەراندا دەوەستێت یان كەسایەتیەكی گەورەیە.. یاخود بەدەربڕینێكی تر سەركردەیە.. كە ئەمە لە قورئانی پیرۆزدا بە (شیطان الجن ، شەیتانی جنی) گوزارشتی لێ كراوە.. چونكە ئەم كەسایەتیە گەورانە خوویان گرتووە بە لووتبەرزیەوه، وە ئەم لووتبەرزیەش وایان لێ دەكات دووربكەونەوە لە خەڵكی گشتی. یاخود بەرهەڵستكارانی پێغەمبەران بریتین لە خەڵكانی ئاسایی.. یان جەماوەر بە دەربڕینی سەردەم.. ئەمە لە قورئانی پیرۆزدا بە (شیطان الإنس) گوزارشتی لێ كرراوە.

كەواتە وشەى (شیطان) وەسفە نەك ئەوەی ناوی كەسێكی دیاریكراو بێت. ڕەنگە شتێك لە شوێنێكدا شەیتان بێت و لە شوێنێكی تردا شەیتان نەبێت. بۆ نموونە هەستی برسێتی پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆ داواكردنی خۆراك.. ئەمە كارێكی دروستە، بەڵام ئەگەر ئەم هەستی برسیەتیە پاڵ بەمرۆڤەوە بنێت بۆ خواردنی خۆراكی حەرامكراو یان زیانبەخش بۆ تەندروستی؛ ئەوا برسێتی یان داواكردنی خۆراك لەم دۆخەدا بریتیە لە شەیتان.

هەروەها بیركردنەوە لە كاروبارەكانی ژیان و پێویستیەكانی كاركردن ئەركی سەرشانی مرۆڤە، بەڵام ئەگەر ئەم بیركردنەوەیە هێندە سەرقاڵی كرد كە -بۆ نموونە- ئاگای لە نوێژەكانی نەمێنێت؛ ئەوا دەبێت بە شەیتان. وەك ئەوەی ئەم ئایەتە پیرۆزە ڕوونی بكاتەوە كە موشریكەكان كاتێك شوێن كاهینی پەرستگاكان و خزمەتكاری بتخانەكان دەكەون و ئەو پەرستراوە درۆیینانە دەپەرستن، وە ئەو بانگەواز و پەیامە ڕاستە فەرامۆش دەكەن كە پێغەمبەرەكانیان لەلایەن خوای گەورەوە هێناویانە بۆیان؛ ئەوا بەم هەڵسوكەوتەیان كە هەڵسوكەوتێكی تەواو گەمژانەیە دووردەكەونەوە لە ڕێگای ڕاست. وە شایستەی ئەوەن كە پێیان بوترێت (شیاطین الإنس، مرۆڤە شەیتانەكان) دیارە هەموویان بەشدارن لە بەدفەری و خراپەدا، هەندێكیان هەندێكی تریان فریودەدەن بە هیوا درۆیینەكان كە هیچ سوود و كەڵكێكیان پێ ناگەیەنن، وە خوای گەورە توانای هەیە لایان بدات لە ڕێگەی بانگەوازدا، بەڵام خواستی وەهایە كە مرۆڤ ئازادی و ئیرادەی هەبێت و بەئارەزووی خۆی ئەو بەندایەتیە هەڵبژێرێت كە پێی ڕازیە، هەروەها بە ئارەزووی خۆی سەرپێچی و تاوان ئەنجام بدات یان ڕێگای كوفر بگرێتەبەر. وە پاداشت دوای دەرفەتی هەڵبژاردن و بیركردنەوە و ئەزموون و تاقیكردنەوە دێتە پێشەوە. بڵندبوونەوە و ناز و نیعمەت بۆ ئەو كەسەیە كە چاكەی هەڵبژاردووە، وە داخ و ئازاری بەژان بۆ ئەو كەسەیە كە ژیری و بەهرە و تواناكانی خۆی لەكارخستووە و خراپەی هەڵبژاردووە.

بەڵام هەڵوێستی پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی سەرجەم ئەم شەیتانانە لەم فەرمانەی خوای گەورەدا كورت دەبێتەوە كە پێی دەفەرموێت “ذَرْهُمْ، وازیان لێبھێنە” واتە دوای تەبلیغ و بانگەواز كردن ئیتر كارت بەسەریانەوە نەبێت و وازیان لێ بھێنە. ئەگەر ویستی خوای گەورە وەهایە كە ئازادیان بكات و بەئارەزووی خۆیان باوەڕ یان بێباوەڕی هەڵبژێرن؛ ئەوا بۆ پێغەمبەر و كەسی تر نیە كە سنوری تەبلیغ و بانگەواز ببەزێنێت. قورئانی پیرۆز لەبارەی ئەو ڕووداوانەی كە ڕوویانداوە لەنێوان پێغەمبەران _لەوانە پێغەمبەری هەڵبژاردە (ﷺ)- و گەلەكانیاندا قسە و باسی زۆری تۆمار كردووە، وە ڕوونیكردووەتەوە هەموو جارێك دژایەتی كردنی بەرنامەی خوا و بەرەنگاربوونەوەی بانگەوازی پێغەمبەران سەرەتا لەلایەن دەسەڵاتدارە لووت بەرزەكانەوە {الْمَلأ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا} دەستی پێكردووە.

بەزۆری ئەم كەسانە ئەو لەخۆبایی بوونەی كە لەناخیاندا هەبووە هەڵی ناون بۆ لووت بەرزی و خۆنواندن و ملنەدان و هەڵھاتن لە قەبوڵكردنی ئامۆژگاری. ئەوان خاوەنی دەسەڵات و پلەو پایە و پارە بوون.. وە پێش هەموو كەسێكی تر زاڵبوونی نەزانی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپە لە بەرژەوەندی ئەواندا بووە.. هەموویان بەیەكەوە بەهرە و سوودیان وەرگرتووە له پلەو پایە و دەسەڵات. وە بەهۆی ئەو پێگە و دەسەڵاتە ئايینی و دنیاییەی كە هەیانبووە توانیویانە بە قسەی ڕازاوە و درۆ كەسانی لاواز و كاڵفام لە شوێنكەوتووانی خۆیان فریو بدەن.. بۆ ئەوەی شوێنیان بكەون لە دژایەتی كردنی بانگەوازە چاكسازیەكاندا، وە لەم پێناوەدا هەموو توانا ماددیەكانیان خەرج كردووە، وە ئەو درۆ و قسە پڕوپووچانەیان بەگەڕخستووە كە لە دەروونی چڵێسیانەوە دەرچووە.

مێژوو دەستەی كاهینەكانی جوولەكە لەبیرناكات كە عیسایان (عليه السلام) بەدرۆزن زانی و باوەڕیان پێنەكرد، وە هەموو جۆرە درۆ و بوختانێكیان هەڵبەست بۆ خۆی و دایكی كە ئافرەتێكی ڕاستگۆ بوو. وە هەروەها سەرگەورەكانی قوڕەیش لە نموونەی ئەبو جەهل و ئوبەی كوڕی خەڵەف لەیاد ناكات كە پێغەمبەرى ڕاستگۆی دەستپاكیان (ﷺ) تۆمەتبار كرد بە درۆزنی و شێتی و جادووگەری. وە لە مەدینەدا ئەو كەسەی كە موڵك و شكۆی لەدەست چوو… واتە گەورە و سەركردەی دووڕووەكان عبدالله كوڕی ئوبەی كوڕی سەلول هۆكاری سەرەكی بوو لە پشت هەموو ئاژاوە و پیلانەكانەوە، هانی خەڵكە گشتیيەكەى دەدا بۆ دژایەتی كردنی پێغەمبەر (ﷺ) و درۆ هەڵبەستن بەدەمیەوە، هەروەها بەدرۆ و بوختان زمانی درێژ دەكرد بۆسەر ڕێز و شەرەفى بڵندی پێغەمبەر (ﷺ).

ئایەتەكەی قورئان باسی ئەم جۆرە مرۆڤە دەكات.. بە شەیتانەكان وەسفیان دەكات، دەیانكات بە دوو پۆلەوە: بانگخوازانی خراپە و سەركردەكانی ئاژاوە كە بریتین لە (شەیتانە جنیەكان)، وە خەڵكە گشتیە نەفامەكە كە كوێرانە شوێن هەموو كەسێكی شووم و خراپەكار دەكەون.. كە بریتین له (شەیتانە مرۆییەكان). ئەمە خووڕەوشتی مرۆڤە لە كۆن و نوێدا.. شەیتانەكانی جن و ئینس لە بۆسەدان بۆ هەموو بانگەوازێكی چاكسازی.. خوای گەورەیش لەسەروویانەوە دەوری هەموو شتێكی داوە و كردەوەكانیان لەسەر حیساب دەكات و پیلانەكانیان تێكدەدات و فێڵەكانیان دەشكێنێتەوە بەسەر خۆیاندا. وە لەدوو ئایەتەكەی پێشوودا تێبینی ئەوە دەكرێت كە قورئانی پیرۆز وشەی (جن)ی بەكارهێناوە بۆ دوو مانای جیاواز، بەڵام هەردوو ماناكە سێبەری مانای (پەنھانی یان شاردنەوە)یان هەڵگرتووە كە وشەی (ج ن ن) دەیگەیەنێت وەك لە فەرهەنگەكانی زماندا هاتووە.

قورئانی پیرۆز دابەزیوە بۆسەر عەرەب بەزمانی خۆیان، بەڵام بەشێوازێكی تایبەت جیادەكرێتەوە، كە فۆڕم و مۆسیقایەكی ناوازەی بۆ دروست كردووە.. وە ئەم شێوازە تایبەتە وەهای كردووە لە قورئان ئەو خاسیەتە ڕەوانبێژیانە بەدەست بھێنێت كە عەرەب دیارییان كردووە بۆی، وە دانیان بەوەدا ناوە كه ئەم كتێبە پیرۆزە له ڕەوانبێژی و جوانی داڕشتندا لە چڵەپۆپەدایە. یەكێك لە شەقڵەكانی شێوازی قورئان ئەوەیە كۆمەڵێك وشەی عەرەبی بەكاردەهێنێت كە خاوەنی كۆمەڵێك مانای دیاریكراون، كۆمەڵێك بەكارهێنانی زاراوەیی نوێ دەدات بەو وشانە و ماناكانیان فراوان دەكات.. كۆمەڵە مانایەكی قورئانی ئیسلامی تایبەتیان بۆ پەیدا دەكات.. لەگەڵ ئەمانەدا هەندێ لەمانای بنچینەیی ئەو وشانەی هێشتووەتەوە بۆ وشەكان و تیشكدانەوەی مانا بنچینەییەكە لەو وشانەدا بەدێدەكرێت.

بۆ نموونە با سەرنجی وشەی (الصلاة) بدەین كە وشەیەكی عەرەبیە واتە ڕووكردنە خوای پەرستراو بەپاڕانەوە و ڕاز و نیازەوە. جاروبار قورئانی پیرۆز بەم مانایە بەكاری هێناوە، وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: {قَدْ أَفْلَحَ مَنْ تَزَكَّى (*) وَذَكَرَ اسْمَ رَبِّهِ فَصَلَّى} (الأعلى: 15)

سورەتی (الأعلی) یەكێكە لەو سورەتانەی قورئان كە لەسەرەتادا دابەزیوە، وشەی (صَلَّى) لێرەدا مانای ئەوەیە كە ئەو كەسە هەر كاتێك یادی سیفەتەكانی خوای گەورە بكات لێی دەپاڕێتەوە و ڕووی تێدەكات. قورئانی پیرۆز ئەم وشەيەی بەمانای پاڕانەوە بەكارهێناوە وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: {وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلاتَكَ سَكَنٌ لَّهُمْ} (التوبة: 102)

كاتێك خوای گەروە ئەو پەرستشەی فەرزكرد كە پێكھاتووە لە چەمینەوە و كڕنووش و پاڕانەوە و تەسبیح و الله أكبر لە قورئاندا ناونرا (الصلاة). قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: {يَآ أَيُّهَا الَّذِينَ ءَامَنُوا إِذَا نُودِيَ لِلصَّلاةِ مِن يَوْمِ الجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلى ذِكْرِ اللهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ} (الجمعة: 10) لێرەدا (الصلاة) بریتیە لەو نوێژە باوەی كە مەرج و كاتی دیاریكراوی خۆی هەیە.

لەبەرئەوەی ڕەزامەندی خوای گەورە پلەوپایەی بەندە بەرزدەكاتەوە و نزیكی دەكاتەوە لە ڕەحمەت و نیعمەتەكانی، بۆیە ئەم ڕازیبوونەی خوا وەك نوێژێكی قەبوڵكراو وایە كە لەلایەن بەندە ساڵحەكەوه ئەنجام درابێت… بۆیە قورئانی پیرۆز لەم فەرمایشتە پيرۆزەدا ئەم ڕەزامەندیەی خوای گەورەی ناوناوە (الصلاة): {هُوَ الَّذِي يُصَلِّي عَلَيْكُمْ وَمَلَائِكَتُهُ لِيُخْرِجَكُمْ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ وَكَانَ بِالْمُؤْمِنِينَ رَحِيمًا} (الأحزاب: 44)

فریشتەكان مژدەی خۆشیان هەڵگرتووە بۆ باوەڕداران، بەمەش دڵیان ئارام دەكەنەوە و سنگیان گوشاد دەكەن و مژدەی نزیكبوونەوەیان پێدەدەن لە خوای گەورە… لەبەرئەوە ئایەتەكەی پێشوو ئەم كارەی فریشتەكانی بە (الصلاة) ناوبردووە، وە عەطفێك لەسەر ماناكەی پێشوو. وە شایستە نیە بەكەسی ژیر كە پێی وابێت صەلاتی خوای گەورە بریتیە لە پاڕانەوە بۆ باوەڕداران، یان صەلاتی فریشتەكان بریتیە لە چەمینەوە و كڕنووش بردن وەك چۆن مرۆڤ ئەو كارە دەكات. ئەگەر شتێك لەم بابەتە بە مێشكی هەر كەسێكدا بێت؛ ئەوا دەكەوێتەناو كۆمەڵێك ماناوە كە دەرحەق بەخوای گەورە ڕەوا و ڕێگەپێدراو نین، وە دەربارەى فریشتەكانیش ڕاست و دروست دەرناچن ، وە ئەو كەسە تێگەيشتنی مانای ئایەتە قورئانیەكە لەخۆی تێكدەدات، وە دەرفەتی سوود وەرگرتن لەو ئایەتە بەفیڕۆدەدات.

كۆمەڵێك وشەی زۆر هەیە لە زمانی عەرەبیدا كە قورئانی پیرۆز بەكاری هێناون بۆ گەیاندنی كۆمەڵێك مانای تایبەتی، وە بەتەواوەتی مانای بنەڕەتی ئەو وشانەی لاداوە كە عەرەبەكانی سەردەمی نەفامی بەكاریان هێناوە، بەڵام سێبەری ئەو مانا بنەڕەتیانە بەردەوام ڕەنگدانەوەیان هەیە لەو مانایانەدا كە قورئانی پیرۆز بەتایبەتی بەكاری هێناون.

لەو وشانە: الساعة، القیامة، البعث، الآخرة، الحیاة، الموت، الزكاة، الھجرة، المعصیة، الشھادة، الصدقة.. هتد. وە وشەی (الجن) یەكێكە لەو وشانە كە لە قورئانی پیرۆزدا چەندین جار هاتووە بۆ گەیاندنی ئەو مانایانەی كە سێبەری مانای بنچینەیی وشەكەیان هەڵگرتووە، بەڵام تەبا نیە لەگەڵ ئەو تێگەيشتنە ئەفسانەييەی كە باو بووە لەناو خەڵكانی دواكەوتووی دەوارنشین و ئەو كەسانەی لەوانیان وەرگرتووە.

لە ئایەتەكانی پێشووی سورەتی (الأنعام)دا بینیمان كە وشەی (الجن) واتە پەرستراوی خەیاڵی و وەهمی و درۆیینە، هەروەها واتە كۆمەڵێك لە مرۆڤ كە بە پێگەی تایبەتیان لەناو هۆزەكەیاندا جیادەكرێنەوە. چاودەگێڕین بەناو ئایەتەكانی قورئاندا بۆ ئەوەی بزانین لە وێستگە و بۆنە جیاوازەكاندا ئەم وشەیە چۆن بەكارهاتووە.. سورەتی (الأنعام) بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی ڕۆژی دوایی، وە دوان (خیتاب) ئاراستەی ئەوانە دەكات كە ئەركیان پێسپێراوە لە ئینس و جن.. واتە خەڵكی گشتی و خەڵكی تایبەتی.. لە مێگەل و شوانەكان.. لە شوێنكەوتە و سەركردەكان، دەفەرموێت: {وَيَوْمَ يَحْشُرُهُمْ جَمِيعًا يَا مَعْشَرَ الْجِنِّ قَدِ اسْتَكْثَرْتُمْ مِنَ الْإِنْسِ وَقَالَ أَوْلِيَاؤُهُمْ مِنَ الْإِنْسِ رَبَّنَا اسْتَمْتَعَ بَعْضُنَا بِبَعْضٍ وَبَلَغْنَا أَجَلَنَا الَّذِي أَجَّلْتَ لَنَا قَالَ النَّارُ مَثْوَاكُمْ خَالِدِينَ فِيهَا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ إِنَّ رَبَّكَ حَكِيمٌ عَلِيمٌ} (الأنعام: 129) شەیتانەكانی جن و ئینس دژایەتی بانگەوازی حەق دەكەن و دەبنە لەمپەر لەڕێگەی خوادا، كاتێك ڕۆژی لێپرسینەوە دێتە پێش، ئەو ڕۆژەی كە خاوەنی ڕۆژی سزا كۆیان دەكاتەوە و كردەوەكانیان دەخاتە پێش چاویان.. ئینجا بە پێشەنگ و سەركردەكانی درۆ و خراپەكاری دەفەرموێت: ئەی كۆمەڵی سەركردەكان ئێوە زۆرینەی خەڵكی ئاساییتان كردبووە شوێنكەوتەی خۆتان و ئاراستەتان دەكردن: بۆ ئەو مەبەستە خراپەی كە خۆتان دەتانویست، وه بۆ دژایەتی كردنی ئەو خێر و چاكەیەی كە خۆتات ڕەتتاندەكردەوە. هەروەها ئێوە زۆربەی ژێردەستەكانی خۆتان ڕام كردبوو، بەكارتان دەهێنان بۆ بەرزبوونەوەی خۆتان، وە سەرقاڵتان دەكردن بە هیوا و ئاواتە درۆیینەكان، بەزۆر ڕزق و ڕۆزی ئەوانتان تاڵان دەكرد، ستەمتان لێ دەكرن، ئەوانیش بە ملكەچ بوونیان بۆ ئێوە زیاتر ئێوەیان بەرەو خراپەكاری دەبرد.

هەروەها ئێوەیش بایەخێكی زۆرتان دەدا بە هەواو ئارەزووی جەماوەری ساویلكە، فریوتان دەدان بەكارێك كە ئەوان پێی ڕازیبوون، بە ڕووپایی كردن بۆیان سەرلەنوێ دەنگی هەڵبژاردن و پشتگیری سیاسی ئەوانتان بۆ خۆتان دەستەبەر دەكرد، لەم پێناوەدا ئەمانەتی خواتان لەبیركرد كە لەگەردنتاندا بوو، ڕێنمایی و ئامۆژگاریتان نەكردن، ئەو مافەی ئەوانتان نەگێڕایەوە بۆیان كە لەسەرتان بوو.

كاتێك ئەوە ئاشكرا دەبێت كە لەنێوان سەرگەورەكان و شوێنكەوتەكانیاندا ڕوویداوە… شوێنكەوتەكان.. واتە شەیتانە مرۆییەكان.. دەستپێشخەری دەكەن و دانی پێدا دەنێن كە ئەوان سەرقاڵ بوون بە دەستكەوتنی ئەو فەرمان و مووچە و بەرپرسیارێتی و پلە و پایانەی كە گەورەكانیان بۆیان فڕێ دەدان، ئەوان لەو ماڵ و پلەوپایە كاتیە خۆشی و بەهره و قازانجیان وەردەگرت، خێرا ماوەی تەمەنیان كۆتایی هات و مردن، بەئاگا نەهاتنەوە مەگەر دوای بەسەرچوونی كات. هەروەها سەرگەورەكانیش بەڕۆڵی خۆیان بەهرە و قازانجیان وەردەگرت، ئەوان دەسەڵات و پلەی بەرز و سەروەت و سامانی زۆریان هەبوو. ئەم جۆرە پاساوە قێزەونە لای خوای دانا و زانا وەرناگیرێت؛ چونكە خوای گەورە نیعمەتی عەقڵی داوە بە هەموو كەسێك كە بەهۆیەوە چاك و خراپ لەیەك جیابكاتەوە. ئازادی هەڵبژاردن و ئیرادەی پێ بەخشیوە بۆ ئەوەی ڕووبكاتە ئەو مەبەستەی كە خۆی دەیەوێت. بێگومان سزای دادپەروەرانە و گونجاو بۆ هەریەكە لە سەرگەورە گومڕاكان و ئەوانەی لە گومڕاییدا شوێنیان كەوتن لە دووڕووەكان و كلكەكانیان.. بریتیە لە ئازار و داخ و سزای سووتێنەر.

بێگومان خوا زاتێكی دانایە و كۆمەڵێك هەست و توانا و ئیدراكی لە مرۆڤەكاندا داناوە، وە بەرنامەیەكی ئاسمانی داڕشتووە بۆیان ئەگەر پەیڕەوی بكەن.. سەركردە و ژێردەستە.. ئەوا ئەو ئامانجە بەدیدەهێنن كە لەپێناویدا دروستكراون.. زەوی دەكەن بە بەهەشتێك كە لە هەموو لایەكیەوە تەسبیحاتی پەروەردگاریان دەنگ بداتەوە. خوای زانا ئاگادارە لە هەموو ئەو خراپەكارییانەی كە ئەنجامی دەدەن، زانایە بە پشك و ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی هەریەكەیان، لەبەرئەوە سزاكە سزایەكی دادپەروەرانەیە… چونكە لە زانست و دانستی خۆیەوە هەڵقوڵاوە.

هەر لەكۆنەوە سوننەتی خوا وەهابووە كە سزا لە جۆری كردەوەیە. ئەو كەسەی كارێك لە غەیری جێگا دروستەكەی خۆیدا دابنێت ئەوا ستەمی لەخۆی و كەسانی تریش كردووە. هەروەها هەر كەسێك ئەرك و بەرپرسیاریەتیەكی لەسەر شانە بەرامبەر خۆی و كەسانی تر، ئەگەر ڕابكات لەو ئەرك و بەرپرسیارێتیە و بە شتی ترەوە سەرقاڵ بێت؛ ئەوا سیستەمی ژیانی تێكدەچێت و هەڕەشەی تێكچوون لە سیستەمی ژیانی كەسانی تریش دەكات. بەم شێوەیە ئەگەر جەماوەر ستەم بكەن بەوەی لابدەن لە بەرنامەی خوا؛ ئەوا كۆمەڵێك دەسەڵاتدار لەشێوەی خۆیان زاڵ دەبن بەسەریاندا. ئەگەر دەسەڵاتداران تووشی خراپە و گەندەڵی بن و جەماوەر بێدەنگ بێت لە ئامۆژگاری كردنیان و بە دووڕوویی لەگەڵیاندا بن؛ ئەوا بە تەواوەتی هەموویان لەناودەچن بەگوێرەی ئەو سوننەتەی خوای گەورە كە لەم ئایەتەدا خراوەتەڕوو: {وَإِذَا أَرَدْنَا أَنْ نُهْلِكَ قَرْيَةً أَمَرْنَا مُتْرَفِيهَا فَفَسَقُوا فِيهَا فَحَقَّ عَلَيْهَا الْقَوْلُ فَدَمَّرْنَاهَا تَدْمِيرًا} (الإسراء: 17)

پاش خەڵاتكردنی نیعمەتی ئەقڵ و ئیدراك و هەست و توانا و بەهرەكان.. خوای گەورە گلەیی ئەو خەڵكەی نەهێڵا كە ئەركی جێنشینی و بەندایەتیان پێسپێردرا بوو.. چونكە هەر لەخۆیان پێغەمبەرانی بۆ ڕەوانەكردن لە هەموو كات و شوێنێكدا كە بە دەستپاكی و ڕاستگۆیی و دامەزراوی ناسرابوون لایان.. ئەوانیش بەرنامەیەكیان لەلایەن خواوە هێنا بوو بۆیان كە خوا پێى ڕازی بوو بۆ جێبەجێ كردنی ئەركی جێنشینی و بەندایەتی و پەرستنەكەی لەسەر زەویدا.. هۆشداری پێدان دەربارەی ئاكامی خراپی سەرپێچی كردن لە فەرمانەكانی. ئەو بەرنامەیە لەلایەن خوای دانا و زاناوە نازڵ بووە.. ماف ئەدات بە هەموو ئەوانەی خاوەنی مافن، وە داوادەكات لە هەموو تاكێك كە ئەركی سەرشانی جێبەجێ بكات و بەئەمەك بێت بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتیەی كە لە ئەستۆیدایە. وە ئەم سورەتە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە جیھانی غەیبەوە ئەو هەڵویستەی دواڕۆژمان بۆ ڕوونبكاتەوە تاوەكو ببێتە هۆی یادكردنەوە و بەرچاوڕوونی.

{يَا مَعْشَرَ الْجِنِّ وَالْإِنْسِ أَلَمْ يَأْتِكُمْ رُسُلٌ مِنْكُمْ يَقُصُّونَ عَلَيْكُمْ آيَاتِي وَيُنْذِرُونَكُمْ لِقَاءَ يَوْمِكُمْ هَذَا قَالُوا شَهِدْنَا عَلَى أَنْفُسِنَا وَغَرَّتْهُمُ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا وَشَهِدُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ أَنَّهُمْ كَانُوا كَافِرِينَ} (الأنعام: 131)

{فَقَدْ كَذَّبُوا بِالْحَقِّ لَمَّا جَاءَهُمْ فَسَوْفَ يَأْتِيهِمْ أَنْبَاءُ مَا كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُونَ} (الأنعام: 6)

بانگكردن و پرسیاركردن بۆ ڕوونبوونەوە و سەرزەنشت كردن. بانگ دەكات: ئەی گرۆهی سەركردە و خاوەن پایەكان، ئەی گرۆهی خەڵكی ئاسایی! ئەی كۆمەڵی سەركردە و ئەی كۆمەڵی شوێنكەوتە، ئەی گرۆهی كاربەدەستان و ئەی هاوڵاتی و جەماوەر! ئایا دانی پێدا دەنێن كە خوای گەورە هەر لەناو خۆتاندا پێغەمبەری ڕەوانەكرد بۆ لاتان، ئێوە ئەوتان دەناسی و ئەویش ئێوەی دەناسی.. شایەتیتاندا بۆيان كە چاكەكار و ڕەوشت بەرز و قسە جوان بوون و ژیانیان پاك و خاوێن بووە. ئەوانیش بەڵگەی زۆر ئاشكرایان پێشكەش كرد لەسەر ئەوەی كە لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە كراون… بەرنامەی ژیانیان پێ ڕاگەیاندن، ئەو بەرنامەیەى كە خوای گەورە لێى ڕازیە بۆ بەختەوەری ئێوە، هۆشداری پێدان لە ئاكامی خراپ ئەگەر پێچەوانەی بەرنامەی خوا بجووڵێنەوە؟ ئەوانیش ناتوانن نكوڵی بكەن بەڵكو بێ چەند و چوون دانی پێدا دەنێن و تەسلیم دەبن.

بەڵام ئەو دوو گروپە خۆیان نوقم كردبوو لە خۆشیەكانی دنیا و داخوازیەكانی ژیاندا، بێئاگابوون لە هەموو شتێكی تر. بۆیە سزاكەیان تەنھا بریتیە لە خراپی بارودۆخیان، وە لەكیسچوونی دەوڵەت و سامانیان، نەمانی شكۆیان، كاولبوونی ئەو شوێنەی ئاوەدانیان كردووەتەوە… سزایەكی پڕاوپڕە بۆ خراپی هەڵسوكەوت و خۆكوێركردنیان لە ئاست ڕێگای ڕاست. وەك خوای گەوره دەفەرموێت: {ذَلِكَ أَن لَّمْ يَكُن رَّبُّكَ مُهْلِكَ الْقُرَى بِظُلْمٍ وَأَهْلُهَا غَافِلُونَ} (الأنعام: 132) واتە: “ئەو ناردنی پێغەمبەرانە بۆ ئەوەیە چونکە پەروەردگاری تۆ (نەیکردووە بەعادەت) کە لەناوبەری شار و شوێنەکان بێت بە ناحەق، لەکاتێکدا خەڵکەکەی غافڵ و بێ ئاگا بن و پەیامی خوایان پێ ڕانەگەیەنرابێت.”

ئەو ئایەتانەی كە جن و ئینس دەدوێنن بەردەوام دەبن.. بۆ ئەوەی ڕوونیبكەنەوە كە هەر كەسێك لەوان هەر كارێك بكات خوای گەورە ئاگای لێیە و لێی ون نابێ، هەر یەكێك لەوان بەگوێرەی كردەوەكەی سزای شایستەی خۆی وەردەگرێت. ئایەتەكان باسی هەندێ لە بیروباوەڕە پووچەكانیان دەكات.. كە هەندێك لە ئاژەڵەكان حەڵال و حەرام دەكەن وەك چۆن هەواو ئارەزووەكانیان ئەم كارەی جوان كردووە لەبەرچاویان، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە ئەو ئاژەڵانەی دروست كردووە بۆ سوودی هەموو خەڵكی.

سیاقی گێڕانەوە قورئانیەكە ئەوەی لێ دەفامرێتەوە كە دوێنراوەكان جگە لە مرۆڤی ئاسایی دروستكراوێكی دیكە نین، ئەوپەڕی ئەوەی كە لەم بابەتەدا هەیە ئەوەیه كە ڕوونیدەكاتەوە بەرپرسیارێتی مرۆڤ گشتیە.. دەسەڵاتدار و جەماوەر تێیدا بەشدارن، ڕێنمایی خوایی گشتیە و بۆ هیدایەتدانی مرۆڤی تایبەتی و گشتیە، پێغەمبەران بۆ لای مرۆڤەكان ڕەوانە دەكرێن و هەر لە توخمی خۆیانن. پێغەمبەری هەرە مەزن موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) بەبێ جیاوازی پێغەمبەری ئینس و جنە. قورئانی پیرۆز ئینس و جن دەدوێنێت.

هیچ ڕێگایەك نیە جگە لەوەی ئەم دوو گروپه كە لە خۆیان پێغەمبەریان بۆ ڕەوانەكراوە لەیەك توخمن.. واتە مرۆڤن. پوختەی قسان، ئەم دوو گرۆهە یەك توخمن جیاوازی نیە لەنێوانیاندا مەگەر لە هەندێ سیفەتدا كە پەیوەستن بە ئەرك و پایەی كۆمەڵایەتی و پێگەی ئەخلاقی لەناو خەڵكیدا.

كۆمەڵی دەسەڵاتداران لە قورئاندا ناونراون (جن)؛ چونكه لە دوو گۆشەوە سیفەتی شاراوەیی و نادیاری پەیوەستە پێیانەوە:

یەكەم- چونكە داب و نەریت وەهایە كە دەسەڵاتداران بەهۆی ئەو پێگەیەی كە لەدەسەڵاتدا هەیانه دوورن لە خەڵكی گشتی و جەماوەرەوە.. لە پشت دیواری كۆشكەكانیان و دەرگای عەرشەكانیان.. پاسەوان و خزمەتكار و دەرگاوانەكان ناهێڵن خەڵكی بیانبینێت.

دووەم- لەبەرئەوەی خەڵكی ون دەكەن و پەردەپۆشیان دەكەن كاتێك لەگەڵیاندا بن؛ چونكە جوانی و قەشەنگی و ڕازاوەییەكانی دەسەڵات و پاشایەتی لە دەوروبەریاندا سۆمای چاوەكان دەڕفێنن و سەرنجەكان ڕادەكێشن بۆ لای ئەوان، وە لەكاتی بوون و ئامادەبوونی ئەواندا كەسی تر نابینرێت. ڕەنگە ئامادەبووبین كاتێك وێنەی یەكێك لەو سەركردانە تیشكی ڕووناكی و چاوی كامێراكان چڕبووەتەوە لەسەری.. بۆیە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكە تەنھا نێوچەوانی ئەو دەردەكەوێت، چاوی بینەران تەنھا ڕووی گەش و جوانی ئەو دەبینێت.. هەموو كەسەكانی تر تەنھا باكگراوندن بۆ وێنەكەی ئەو یان دیكۆرن بۆ ئەوەی بەجوانی وێنە بنچینیەكەی ئەو پیشان بدەن بێ ئەوەی خۆیان سەرنجی كەس رابكێشن!