بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئایا پێغەمبەر (ﷺ) گومانی لە وەحییەكەی هەبووە؟

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

هەندێك لە مەسیحییەكانی ئێستا ئەم ئایەتە به بەڵگە ئەهێننەوە بۆ ڕاستێتی و دەستكاری نەكراوی كتێبەكەی خۆیان كه ئەفەرموێت: ﴿فَإِنْ كُنْتَ فِي شَكٍّ مِمَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ فَاسْأَلِ الَّذِينَ يَقْرَءُونَ الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكَ لَقَدْ جَاءَكَ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الْمُمْتَرِينَ﴾ (سورة يونس: 95)

ئایەتەكه وا ڕاڤە دەكەن كه دوێندراوەكه (المخاطَب) مەبەست پێغەمبەرە (درودی خوای لێ بێت)، هەروەها وشەی (الكتاب) مەبەست پێی تەورات و ئینجیله. واتای ئایەتەكه بەمجۆرەیه به بۆچوونی ئەوان: ئەی موحەممەد ئەگەر گومانت هەیه لەو قورئانەی بۆت دابەزیوە؛ ئەوا بچۆ بۆ لای جووەكان و مەسیحییەكان (أهل الكتاب) ئەوانەی كه لە پێش تۆ تەورات و ئینجیلیان خوێندووەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت.

گومان نیه لە پووچی ئەو دەرئەنجامەی پێیگەیشتوون. ئایا ئەكرێت پێغەمبەرمان (ﷺ) گومانی بوو بێت لەو ئایەتانەی بۆی دابەزیوە؟ و خاوەن كتێبەكان گومانیان نەبووبێت لەوەی ئەم قورئانه لەلایەن خواوەیه!! ئەگونجێت پێغەمبەر (ﷺ) بڕوات بۆ لایان تا ئیمانی خۆی بەهێز بكات بە هۆی ڕاوێژ پێكردنيانەوە؟!

نە پێغەمبەر (ﷺ) گومانی بووە، نە خاوەن كتێبەكان باوەڕیان به قورئان بووە، كەواتە: چۆن خوا ئەو ئامۆژگارییەی دەكات؟!

پاشان كێ پێی وتن دوێندراو (المخاطب) مەبەست پێی پێغەمبەرە؟ ئایا ناوی هاتووە له ئایەتەكەدا؟

با ئایەتی پێش ئەم ئایەتە بخوێنینەوە، كه ئەم ئایەتەیه: ﴿وَلَقَدْ بَوَّأْنَا بَنِي إِسْرَائِيلَ مُبَوَّأَ صِدْقٍ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ فَمَا اخْتَلَفُوا حَتَّى جَاءَهُمُ الْعِلْمُ إِنَّ رَبَّكَ يَقْضِي بَيْنَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فِيمَا كَانُوا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ﴾ (يونس: 94).

واته: “نەوەی ئیسڕائیلمان لە جێگەیەكی خۆش و چاكدا جێنشین كرد، و ڕزق و ڕۆزی باشمان پێ بەخشین… وە هیچ جیاوازی و ناكۆكیەك نەبوو لەنێوانیاندا تا زانستیان (قورئان) بۆ هات، خودا لە ڕۆژی دواییدا حوكم دەكات له نێوانیاندا لەسەر ئەو شتانەی كە تیایاندا جیاواز بوون و لەگەڵ یەكتری تێكچوون.”

ئەم ئایەتە باسی ڕاجیایی نەوەی ئیسڕائیل دەكات كاتێك زانستی قورئانیان بۆ هات.. كەواته، ئەو ئایەتەی باسی دەكەن ڕووی له خاوەن كتێبەكان خۆیانە و پێیان دەڵێت: ئەی یەهودی ئەی گاور ئەگەر گومانت هەیه لەم قورئانه، پرسیار بكه لەو كەسانەی كه باوەڕیان هێناوە، و پێش تۆ خوێندوویانەتەوە.. پرسیار بكه لەو گۆڕانەی كه بەسەر ژیانیاندا هاتووە. ئەی كەسی بێبڕوا هەق هات، بەردەوام مەبە له گومانەكانت.

﴿وَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِآَيَاتِ اللَّهِ فَتَكُونَ مِنَ الْخَاسِرِينَ﴾ (يونس: 96)

واتە: “هەروەها هەرگیز نەكەیت بچیتە ڕیزی ئەوانەوە كە فەرمایشتەكانی خوا بەدرۆ دەزانن، ئینجا بەهۆی ئەوەوە بچیتە ڕیزی زەرەرمەندان و ئايین و دنیاشت لەدەست بچێت.”

ئەمه ئەو ئایەتەیه كە ڕاستەوخۆ بەدوای ئەو ئایەتەدا هاتووە و دڵنیامان دەكاتەوە ڕاڤەكەی ئێمه دروسته، بۆیه ئەبینين دووبارە ئایەتەكان ڕووی لەو كەسانەیه كه باوەڕیان به قورئان نییه، جا چ ئەوانەی گومانیان هەیه له قورئان یان به درۆی دەزانن، ئایا پێغەمبەر (ﷺ) لەو كەسانه بووە _ پەنا بە خوا!_ كه فەرمانی خوا به درۆدەزانن؟

والحمد لله ربِّ العالمين