بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

چۆن وەڵامی ئەو كەسانە بدەینەوە كە بە خراپە باسی پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) یان مەسیحی بەڵیندراو (عليه السلام) دەكەن؟

بسم الله الرحمن الرحيم

لە چاوپێكەوتنێكدا كە لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە سازكرا بوو لە 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020دا لەنێوان قوتابیانی زانكۆی ئیسلامی ئەحمەدی و هەندێ بانگخوازی كۆمەڵەكەمان لە ئيندۆنيسیا لەگەڵ پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەركەوتووی بكات)، یەكێك لە قوتابیەكان پرسیاری كرد لە بەڕێزی:

لەم ڕۆژانەدا زۆرێك لە خەڵكی گاڵتەدەكەن بە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، چۆن وەڵامیان بدەینەوە؟

بەڕێزی (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) بەم شێوەیە وەڵامیدایەوە:

یەكەم: بێگومان خوای گەورە بەڵێنیداوە بە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و دەفەرموێت: “إني مُهينٌ مَن أراد إهانتَك”، واتە بێگومان من ئەو كەسە سووك و ڕسوا دەكەم كه دەیەوێت سووكایەتی بە تۆ بكات، چ ئەوەی لەم دنیایەدا سووك و ڕسوای بكات یان پاش مردن، یان بە ڕسواكردنی نەوەكانی لە دنیادا. كەواتە ئەو كەسانەی بە ئەنقەست بەخراپە باسی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەكەن خوای گەورە خۆی بەرپەرچیان دەداتەوە.

بەڵام دەربارەى ئەوەى كە پێویستە وەڵامی ئێمه چۆن بێت، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئامۆژگاریمان دەكات كە ئارام بگرین و بەتوندوتیژی وەڵامی ئەو كەسە نەدەینەوە كە پەنا دەبات بۆ توندوتیژی. پێویستە دەمەقاڵێی لەگەڵدا نەكەن. وە دەفەرموێت گومانی تێدا نیە ئێوە منتان خۆشدەوێت و خۆشەویستی من باڵی كێشاوە بەسەرتاندا، بەڵام شەڕەقسە مەكەن لەگەڵ كەسدا.

بێگومان خۆشەویستترین كەس لای ئێمە بریتیە لە پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم)، وە لە مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) خۆشەویستترە لەلامان، بەڵام بڕوانن چۆن لەم ڕۆژانەدا خەڵكی لە فەڕەنسا یان لە هەندێ وڵاتی تری ئەوروپادا بە خراپە باسی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكەن و گاڵتەی پێ دەكەن لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی وێنەی خراپ و كاریكاتێریەوە.

 كەواتە دەبێت وەڵامی ئێمە چۆن بێت بۆ ئەم هەڵسوكەوتە دزێوانە؟ ئامۆژگاری ئەوە دەكەین كە زۆر سڵاوات بدەين لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). هەروەها ئامۆژگاری باوەڕداران دەكەین كە وەڵامی ئێمە بۆ گاڵتەكردن بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە خراپە باسكردنی ئەوە بێت كە زۆر سڵاوات بدەین لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)؛ چونكە كاتێك ئێمە سڵاوات دەدەین لەسەر پێغەمبەر سڵاواتیش دەدەین لەسەر ماڵباتەكەی؛ چونكە سڵاواتەكە ماڵبەتەكەیشی دەگرێتەوە. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (صلى الله عليه وسلم) گەورەترین ئەندامی ماڵباتی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم)، وە بەڕێزی (عليه السلام) گەورەترینی ئەو كەسانەیە كە بە ماڵباتی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) لەقەڵەم دەدرێن.

لەبەرئەوە ئەركی سەرشانمان ئەوەیە كە زۆر سڵاوات بدەین لەسەر پێغەمبەر ئەگەر خەڵكی گاڵتەیان پێ كرد. چ گاڵتە بكەن بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان بە خزمەتكارە چاكەخوازەكەی، واتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)؛ ئەوا پێویستە لەسەر ئێمە كە سڵاوات بدەین لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). ئەمە خاڵی یەكەم.

دووەم: پێویستە لەسەرمان لە ڕێگەی كردەوەكانمانەوە نموونەیەكی جوان پێشكەش بكەین كە بەبینینی گاڵتەچیەكان لەخۆوە بێدەنگ ببن. وە لەدڵی خۆیاندا بڵێن ئەوەتا ئێمە گاڵتەیان پێ دەكەین، بەڵام ئەوان نموونەیەكی جوانی ڕێنماییە ڕاستەقینەكانی ئیسلاممان پێشكەش دەكەن. ئەوان خۆشەویستی بڵاودەكەنەوە. وە ئێمە ڕقمان لێیانە، كەچی بە خۆشەویستی و سۆزەوە قسەمان لەگەڵدا دەكەن.

ئەمە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە بەجۆرێك خوای گەورە دەفەرموێت: {اِدْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ}. واتە ئەگەر بەڕەوشتی جوان وەڵامی خەڵكتان دایەوە؛ ئەوا دوژمنەكانیشتان دەبن بە دۆستی گیانی بەگیانی و خۆیان بەخت دەكەن لەپێناوی ئێوەدا.

وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە كە بەبێ دەنگی كردەوەی خۆمان چاك بكەین، وه لەڕووی كردارەوە بارودۆخی خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین، وە بگەڕێينەوە بۆ لای خوای گەورە و لێی بپاڕێینەوە: ئەی پەروەردگار ئیسڵاحی ئەو كەسانە بكە، بەڵام ئەگەر چارەنووس و بڕیاری تۆ ئەوەیە كە ئەوان هەرگیز خۆیان چاك نەكەن، ئەوا ڕزگارمان بكە لە دەستیان، وە دەمكوتیان بكە هەتا گاڵتە نەكەن بە خۆشەویستەكانمان، وە بە خراپە باسی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نەكەن، لەسەرووی ئەمەشەوە بەخراپە باسی پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) نەكەن. وە لەم دنیایەدا دڵخۆش و ئاسوودەمان بكە.

كەواتە كاتێك ڕێزی ئەو ڕابەرە گەورانە دەچەسپێت، وە كاتێك سەربەرزی و شكۆی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جێگیر و چەسپاو دەبێت؛ ئەوا ئێمە دڵخۆش و ئاسوودە دەبین، وە كاتێك ڕێزی خزمەتكاری چاكەخوازی پێغەمبەری ئازیز، واتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەچەسپێت ئێمە دڵخۆش و ئاسوودە دەبین. بۆیە پێویستە لەسەرمان لە خوا بپاڕێينەوە كە ڕێز و شكۆی ئەو خۆشەویستانە لەدنیادا بچەسپێنێت بۆ ئەوەی ئێمە دڵخۆش و ئاسووە بین. هەرگیز كوتەك و تفەنگ هەڵناگرین، وە خەنجەر و تۆپ بەكارناهێنین، هەرگیز ئەم جۆرە كارانە ناكەین، بەڵكو دەگەڕێینەوە بۆ لای خوای گەورە و كردەوەی خۆمان چاك دەكەین، وە زۆر سڵاوات دەدەین لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). ئايا ڕوونە؟