بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) وەڵامی لێدوانەكانی سەرۆكی فەڕەنسا و هەڵوێستەكانی دەداتەوە بەرامبەر ئیسلام و موسوڵمانان

بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ

بەشێك لە وتاری هەینی ڕۆژی 6-11-2020

…دەمەوێت ئاگادارتان بكەمەوە كه لەم ڕۆژانەدا پێویستیەكی زۆر لەئارادایە بۆ نزاكردن، بۆیە گرنگی بدەن بە نزاكان. گومانی تێدا نیە ئێمە نزا دەكەین بۆ خۆمان و كۆمەڵەكەمان، بەڵام پێویستە كە نزا بكەین بۆ هەموو ئوممەتی ئیسلامی. لەم ڕۆژگارەدا سەرانی هەندێ لە وڵاتانی نائیسلامی ڕق و كینەیەكی زۆر لەدڵیاندایە دژی موسوڵمانان.

ئاشكرایە كە سەرۆكەكان لەم چەرخی دیموكراتیەدا جەماوەر بە خوای خۆیان دادەنێن وە بەگوێرەی حەز و ئارەزووی جەماوەر هەوڵدەدەن لێدوان بدەن و سیاسەتی خۆیان دابڕێژن، یان جاروبار هەوڵدەدەن جەماوەر لەخشتەبەرن و چەواشەیان بكەن كە هیچ خوایەك بوونی نیە، بەڵكو جەماوەر هەموو شتێكە. لە هەندێ شوێندا بە ئاشكرا ئەم جۆرە لێدوانانە نادەن، بەڵام لە دڵیاندا ڕق و كینەیان حەشارداوە دژی ئیسلام.

بێگومان سەرۆكەكان و هەروەها بەشێكی زۆری خەڵكی ئاسایی بەهۆی نەشارەزاییان لە ناوەڕۆكی ئیسلام دژایەتی موسوڵمانان دەكەن. بەهەرحاڵ، ئەركی سەرشانی ئێمەیە كە خەڵكی جیھان ئاگادار و شارەزا بكەین لە ناوەڕۆكی ئیسلام بە پشتبەستن بە نزا و پاڕانەوە.

ناو بەناو ئەم ڕق و كینەیە بەشێوەیەك لە شێوەكان لەو سەرۆكانەوە دەردەكەوێت، یان لە ئاخاوتنە سیاسیە ڕوون و ئاشكراكانیاندا یاخود لە كۆمەڵێك ڕستەی مین ڕێژكراودا. بەڵام ئەو سەركرده ڕۆژئاواییەی كە لەم ڕۆژانەی دواییدا بە ئاشكرا لێدوانیدا بریتیە لە سەرۆكی فەڕەنسا، ئەو وتی ئایینی ئیسلام لە قەیراندایه. لەڕاستیدا ئەگەر لە دنیادا ئایینێك لە قەیراندا بێت؛ ئەوا ئایینی ئەم سەرۆكەیە؛ چونكە سەرەتا ئەو باوەڕی بە ئایینێك نیە، پاشان ئەم كەسانە ئایینەكەی خۆشیان لەبیركردووە كە مەسیحیەتە.

لە واقیعدا ئایینەكەی ئەوان لە قەیراندایە، بەڵام ئیسلام لە سایەی فەزڵی خوای گەورەوە ئایینێكی زیندووە و توانای گەشەكردن و بەرهەمھێنانی هەیە، وە لەڕاستیدا گەشەدەكات و بەرهەم دەهێنێت. خوای گەورە خۆی لە هەموو چەرخێكدا پاراستنی ئەم ئایینەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی، وە لەم چەرخەشدا بانگەوازی ئیسلام لە ڕێگەی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) بڵاودەبێتەوە بەهەموو لایەكی زەویدا.

لە ڕاستیدا ئەم هێزانە یان ئەو خەڵكانەی دژایەتی ئیسلام دەكەن دەزانن كە موسوڵمانن یەكگرتوو نین بۆیە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە دەنوێنن و ئەم جۆرە لێدوانانە دەدەن.

پێویستە لێرەدا ستایشی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا بكەین كە لێدوانێكی جوانی پێشكەشكرد وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ لێداونەكەی سەرۆكی فەڕەنسا و وتی ئەم قسانە هەمووى هەڵەیە، وە پێویستە وانەبێت، وە دەبێت ڕێزی هەستی ئایینی كەسانی تر و ڕابەرە ئایینیەكانیان بگیرێت.

خۆزگە سەركردەكانی تری جیھان بەوردی سەرنجیان دەدا لە لێدوانەكەی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا و كاریان پێ دەكرد لەپێناوی جێگیركردنی تەناهی و ئاشتی و ئارامی لە جیھاندا. بەهەرحاڵ، بێگومان بەڕێز سەرۆك وەزیرانی كەنەدا شایستەی ستایش و پیاهەڵدانە لەسەر ئەم لێدوانە، وە پێویستە لەسەرمان لە خواى گەورە بپاڕێینەوە كە زیاتر دڵی گوشاد بكات.

بەكورتی، ئاشكرایە كە موسوڵمانان یەكگرتوو نین، ئەمە هۆكاری هەموو ئەم ڕووداوانەیە. هەر وڵاتێكی ئیسلامی دژایەتی وڵاتێكی تری ئیسلامی دەكات. بێگومان تیرەگەرێتی و مەزهەب پەرستی ئاشكرای كرد بۆ جیھانی دەرەوە كە موسوڵمانان ناكۆك و پەرتەوازەن. ئەگەر جیھان بیزانیبا كە موسوڵمانان یەكگرتوون بەهۆی باوەڕبوونیان بە یەك خوا و یەك پێغەمبەر، وە بيانزانيبا چۆن لەپێناویاندا قوربانی دەدەن؛ ئەوا جیھانی نائیسلامی نەیدەوێرا ئەو هەڵسوكەوتانە بنوێنێت لە دژیان، وە هیچ ڕۆژنامەیەك نەیدەوێرا وێنەی كاریكاتێری بڵاوبكاتەوە كە تێیدا بە خراپە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پیشان بدرێت.

ساڵانێك لەمەو پێش كاتێك لە دانیمارك پاشان فەڕەنسا ئەم وێنانە بڵاوكرانەوە، موسوڵمانان هاتوهاوارێكی كاتییان بەرپاكرد و ڕایانگەیاند كە بایكۆتی شتومەكی ئەم دوو وڵاتە دەكەن و پاشان بەبێ دەنگی دانیشتن، وە هیچ شتێك ڕووینەدا و پاش چەند مانگێك بێدەنگی باڵی كێشا بەسەریاندا، وە لەو كاتەشدا كاردانەوەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كاردانەوەیەكی ڕاست و دروست بوو، بەجۆرێك ژیاننامەی جوان و قەشەنگی پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) خستە پێش چاوی ئەو كەسانە، ئەوە بوو زۆرێك لە ناموسوڵمانەكان لە توێژی ڕۆشنبیر و سەركردەكانیان بگرە خەڵكە گشتیەكەش ستایشی كاردانەوەكەی ئێمەیان كرد و پێی سەرسام بوون.

ئەمە ئەو كارەيە كە ئێمه لە ئێستاشدا هەڵدەستین بە ئەنجامدانی، بەجۆرێك بەخەڵكی دەڵێین ئەو هەڵسوكەوتە هەڵانە مەدەنە پاڵ ئیسلام كە هەندێ كەسی هەڵەشە بەناوی ئیسلامەوە ئەنجامی دەدەن، مەڵێن ئەمە خودی ئیسلامە. شیاو نیە بۆ سەرۆكی دەوڵەتێك هەڵسوكەوتێكی هەڵە بداتەپاڵ ڕێنماییەكانی ئیسلام كە یەكێك لە موسوڵمانەكان ئەنجامی داوە، وە بڵێت ئەمە قەیرانی موسوڵمانانە، پاشان زیاتر هەستی خەڵكی وڵاتەكەی بورووژێنێت دژی موسوڵمانان و بڵێت ئەمە جەنگی نێوان ئێمە و موسوڵمانانە، وە بەردەوامی دەدەین بەم جەنگە. لەڕاستیدا ئێوە پاڵنەربوون بۆ ئەوەی كە ئەم كەسە ئەم كارە چەوتە ئەنجام بدات.

پێشتر لە لێدوانێكمدا وتم كه بە هیچ شێوەیەك هیچ موسوڵمانێكی بەغیرەت بەرگەی بڵاوكردنەوەی ئەم وێنانه ناگرێت یان بە شێوەك لە شێوەكان بەخراپە ناوی پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) بھێنرێت، وە بێگومان دەكرێت بەهۆی ئەم هەڵسوكەوتانەوە هەستی هەندێ لە موسوڵمانان بورووژێت و تووڕەبن، بەڵكو لە ڕاستیدا تووڕەبوون، كەواتە دوای ئەوە هەر موسوڵمانێك كارێك ئەنجام بدات كە پێچەوانەی یاسا بێت و یاسا بشكێنێت؛ ئەوا بەرپرسیارێتیەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسانەی كە هەستی خەڵكی دەورووژێنن و تووڕەیان دەكەن. بێگومان ئەوەی كە هەستی موسوڵمانان دەورووژێنێت و تووڕەیان دەكات بریتیە لەم دەوڵەتانە و ئەم بەناو ئازادیە كە پێیدەوترێت ئازادی ڕادەربڕین و جیھانی نائیسلامی.

كاتێك یەكەمجار ئەم كێشەیە ورووژێنرا من لە زنجیرەيەك وتاری هەینیدا ڕوونمكردەوە كە كاردانەوەی ڕاست و دروست چیە، وە ڕامگەیاند كە پێویستە كاردانەوەی ئێمە چۆن بێت، وە چۆن هەڵسوكەوت بكەین لەگەڵ دۆخەكەدا. وەك وتم كاردانەوەكەی ئێمە كاریگەریكی چاكی هەبوو لەسەر خەڵك، وە بەردەوام بەبێ كۆڵدان هەتا ئەمڕۆ بەهەمان شێواز كاردەكەین.

هەروەك یەكێك لە ئەندامانی پەرلەمانی هۆڵەندا ئەویش لەو كاتەدا لێدوانێكیدا. من لەو كاتەدا لە هۆڵەندا وتاری هەینیم پێشكەش كرد و تێیدا ئاگادارم کردەوە لە سزای خوای گەورە. ئەم ئەندام پەرلەمانە بە حکومەتی هۆڵەندى وت هەڕەشەی كوشتنم لێ دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەت نەهێڵێت سەردانی هۆڵەندا بكات.

كەواتە ئێمە لەچوارچێوەی یاسادا بەرپەرچی هەموو هەڵسوكەوتێكی هەڵە دەدەینەوە كە دژی ئیسلام و پلەوپایەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەنجام بدرێت، وە بەردەوام بەرپەرچی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە دەدەینەوە، وە ئەم كردەوەیەشمان ئەنجامی باشی دەبێت.

ئەو چارەسەرەی كە ئێمە پێشكەشی دەكەین بۆ ئەم گرفتە ئەوەیە كە لەچوارچێوەی یاسادا هەموو هەنگاوێك هەڵبگیرێت، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە پێویستە زۆر سڵاوات بدەین لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و نزا بكەین، وە من لە كۆمەڵێك وتاری ئەم دواییەدا ئاگادارم كردنەوە لە پێویستی نزاكردن. سەرەڕای لێدوانی توند و ڕەقی مەلا نائەحمەدیەكان لەدژمان، ئێمە ئەركی سەرشانمان جێبەجێ دەكەین لە بەرگریكردن لە ئیسلام لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییە ڕاستەقینەكانیدا، وە بەویستی خوا بەردەوام دەبین لەمەدا.

بێگومان دەكرێت كوشتنی دوو كەس یان چوار كەس تووڕەبوون و هەڵچوون هێور بكاتەوە بەشێوەیەكی كاتی، بەڵام ئەمە چارەسەری هەمیشەیی و جێگیر نیە. ئەگەر ئوممەتی ئیسلامی چارەسەرێكی هەمیشەیی و جێگیری دەوێت بۆ ئەم گرفتە؛ ئەوا پێویستە لەسەر موسوڵمانان كە هەموویان یەكبگرن. بێگومان سەرۆكی توركیا وەڵامی سەرۆكی فەڕەنسای دایەوە، دەوڵەتێك یان دوو دەوڵەتی ئیسلامی تریش كاردانەوەی خۆیان پیشاندا، بەڵام ئەمە وەكو كاردانەوەیەكی یەكگرتوو لەلایەن هەموو موسوڵمانانەوە كاریگەری نابێت.

دەوترێت كاردانەوەكەی توركیا وەهای كرد كە سەرۆكی فەڕەنسا لێدوانی خۆی بگۆرێت و هەڵوێستی خۆی نەرم بكاتەوە بەو پاساوەی كە مەبەستی ئەوە نەبوو، بەڵكو مەبەستی ئەمە و ئەوە بووە، لەگەڵ ئەوەی سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی بەجۆرێك دەڵێت ئەوەی دەیكەین بەتەواوەتی ڕاست و دروستە. بەڵام ئەگەر دەوڵەتە ئیسلامیەكان كە ژمارەیان 54 یان 55 دەوڵەت دەبێت هەموو بە یەك دەنگ قسەیان بكردایە؛ ئەوا سەرۆكی فەڕەنسا نەیدەوێرا ناڕۆشنی و چەواشەكاری ئەنجام بدات، بەڵكو لە هەموو حاڵەتێكدا ناچاردەبوو داوای لێبوردن بكات و لەبەردەم موسوڵماناندا بەچۆكدا بكەوێت.

بەهەرحاڵ، پێم خۆش بوو لێرەدا بەكورتی پێتان بڵێم: لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە یارمەتی دەوڵەتە ئیسلامیەكان بدات لانی كەم یەك دەنگ و یەك هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر دوژمنان، پاشان ببینن ئەمە چەندە كاریگەری دەبێت. بەڵام ئێمە چۆن گونجا ئەركی سەرشانمان جێبەجێ دەكەین، وە بە ویستی خوای گەورە خوا بەردەوام جێبەجێی دەكەین؛ چونكە یەكێك لە كارەكانی شوێنكەوتووانی مەسیحی موحەممەدی، بەڵكو ئەركی سەرشانیان ئەوەیە كە ڕێنماییە جوانەكانی ئیسلام لە جیھاندا بڵاوبكەنەوە، وە دڵیان ئۆقرە نەگرێت هەتا هەموو جیھان لەژێر بەیداخی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كۆدەكەنەوە. پێویستە لەسەرتان ڕایبگەیەنن بە خەڵكی دنیا كە مانەوەیان لە ناسینی خوای تاك و تەنھا و لەناوبردنی ستەم و دەستدرێژیدا شاردراوەتەوە.

چەند مانگێك لەمەوپێش و لە ڕۆژەكانی كۆرۆنادا بۆ جاری دووەم كۆمەڵێك نامەم نارد بۆ سەرۆكی هەندێ لە دەوڵەتان لەناویشیاندا سەرۆكی فەڕەنسا، وە لەو نامانەدا لەڕێگەی وتەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) ئاگادارمكردنەوە كە بەهۆی ستەمی بەندەكانەوە ئەم سزا و دەرد و پەتایە لەلایەن خوای گەورە دادەبەزێت، لەبەرئەوە پێویستە ئاگاداربن لەم خاڵە. جا ستەم و دەستدرێژی كۆتایی پێبھێنن و دادگەری بچەسپێنن لە جیھاندا، وە لێدوانێك بدەن كە لەسەر بنەمای ڕاستی بنیاتنرابێت.

ئەو ئەركەی لەسەر شانمان بوو جێبەجێمان كرد، وە بەردەوام جێبەجێی دەكەین، دەی ئەوەی دەیەوێت با تێبگات و وەریبگرێت و ئەوەیشی نایەوێت با ڕەتیبكاتەوە. بەڵام ئێمەی موسوڵمانانی ئەحمەدی لە هەموو دۆخێكدا پێویستە ئوممەتی ئیسلامی لەبیرنەكەین لە نزاكانماندا. خوای گەورە یارمەتییان بدات بۆ ناسینی خزمەتكاری چاكەكار و ڕاستگۆی پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم). وە پێویستە لەسەر خەڵكی دنیا بە گشتی پەی بەوە ببەن كە ئەگەر بەردەوام بن لە دووركەوتنەوەیان لە خوای گەورە ئەوا سەرەنجامیان شتێكی تر نابێت جگە لە تیاچوونیان، لەبەرئەوە ئەركی ئێمەیە كە بەگشتی هەوڵ بدەین خەڵكی دنیا ڕابكێشین بۆ ژێر وشەی یەكتاپەرستی خوای گەورە، وە خەڵكی كۆبكەینەوە لەژێر بەیداخی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم). هەروەها ئەمە ئامانجی پرۆژەی (جووڵاندنی نوێ)یە. خوای گەورە یارمەتیمان بدات بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە.

هەروەها پێویسته لە خوای گەورە بپاڕێینەوە كە بەگشتی بارودۆخی جیھان چاك بكات؛ چونكە بەخێرایی بەرەو كاولبوون دەچێت. مەترسی ئەوە لەئارادایە كه پاش ڕزگاربوون لەم پەتایەی ئێستا دەرد و بەڵایەكی تر دابەزێتە سەریان لەشێوەى جەنگی جیھانی. لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە خەڵكی دنیا هۆشیار بكاتەوە و بیانخاتە سەر ڕێگای ڕاست، وە خوای تاك و تەنھا بناسن و مافەكانی جێبەجێ بكەن. ئامین