بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی وانەیەكی فێركاری مێژووی گرێدا لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆی ئەحمەدی لە ئيندۆنیسیا

“ئێمە لەو كەسانە نین كە تفەنگ یان چەقۆ هەڵدەگرن، بەڵكو ئێمە لەبەردەم خوای گەورەدا بەچۆكدا دەكەوین و سوژدە دەبەین.” – میرزا مسرور ئەحمەد

پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە سەرۆكایەتی وانەیەكی فێركاری كرد بۆ ماوەی حەفتا و پێنج خولەك لەگەڵ زیاتر لە 100 خوێندكار و بانگخوازی دەرچووی زانكۆی ئەحمەدی لە ئيندۆنیسیا.

ئەمە یەكەم جارە كە تێیدا موسوڵمانە ئەحمەدیەكانى ئەندۆنیسیا لە نیشتیمانی خۆیاندا چاویان بكەوێت بە  جەنابی خەلیفە، وە یەكەمجارە كە بەڕێزی تێیدا سەرۆكایەتی وانەیەكی فێركاری بكات لەگەڵ زانكۆی ئەحمەدی لە ئیندۆنیسیادا. وە بەم شێوازە خوێندكاران و دەرچووانی نوێ توانییان چاوپێكەوتن بكەن لەگەڵ بەڕێزیدا و داوای ڕێنمایی و نزای پێشەواكەیان بكەن.

بەڕێزی لە نووسینگەكەی خۆیەوە لە ئیسلام ئابادی تیلفۆردەوە سەرۆكایەتی ئەم چاوپێكەوتنەی كرد، لەكاتێكدا خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆی ئەحمەدی لە ئيندۆنیسیا لە هۆڵی “بیت العافیة” لە مزگەوتی ناصر كۆبوونەوە كە ناوەندی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیە لە ئەندۆنیسیا.

كۆبوونەوەكە بە خوێندنەوەی هەندێ لە ئایەتەكانی قورئان و وەڕگێڕانەكەی دەستی پێ كرد، پاشان قەسیدەیەك خوێندرایەوە و وتارێك پێشكەش كرا لەسەر بەرەكەتەكانی خیلافەت.

هەروەك لە ئاسمانەوە هەندێ گرتەی ڤیدیۆیی دیوانی مزگەوتەكە پیشانی بەڕێزی درا. وە لەكاتی سەیركردنی ئەو دیمەنانەدا هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“وا دەردەكەوێت كە ئەو ناوچەیەی مزگەوتەكەی تێدایە ناوچەیەكی زۆر جوان بێت، وەك ئەوەی بینیومە ئيندۆنیسیا وڵاتێكە دیمەنی زۆر جوان و دڵڕفێنی تێدایە. ئەگەر دەسەڵات و مەلا نائەحمەدیەكان لە وڵاتەكەتاندا هەمان جوانی و قەشەنگییان دەستكەوت؛ ئەوا دەكرێت لە داهاتوودا سەردانی ئەندۆنیسیا بكەم إن شاء الله. پێویستە بۆ بەدیهاتنی ئەم مەبەستە لە خوا بپاڕێنەوە”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئەو كەسانەی كە بەخراپە باسی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەكەن، بەڕێزی ڕوونیكردەوە كە تەنھا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نیە كە بە ستەم و ناحەق كرابێتە ئامانج، بەڵكو پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) لەم سەردەمەدا لەلایەن دوژمنانی ئیسلامەوە بەتوندی هێرش دەكرێتە سەری.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد دەفەرموێت:

خوای گەورە خۆی لەم دنیایەدا یاخود لە دوارۆژدا مامەڵە دەكات لەگەڵ ئەو كەسانەدا و تۆڵەیان لێ دەكاتەوە كە بە ئەنقەست پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) یان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەكەنە ئامانج. بەڵام سەبارەت بە وەڵامی ئێمە، ئێمە وەك ئەحمەدیەكان پێویستە لەسەرمان شوێن ئەو ڕێنماییانە بكەوین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فێری كردووین بەجۆرێك فەرمانی كردووە بە شوێنكەوتووانی كە ئارام بگرن لە بەرامبەر بەڵا و مەینەتیەكاندا. بێگومان فێری كردووین كە وەڵامی توندوتيژی نەدەینەوە بە هەمان شێوەی ئەو، وە هەرگیز پەنانەبەین بۆ تیرۆر و تۆقاندن كاتێك كەسانێك گاڵتەی پێ دەكەن یان جنێوی پێ دەدەن، هەرچەند لە دڵەوە خۆشمان بوێت و بەهۆی ئەو گاڵتە و جنێوانەوە ئازارمان پێ بگات.”

بەڕێزی لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت:

ئەو كەسەی كە ئێمە لە هەموو كەسێك زیاتر خۆشمان دەوێت، تەنانەت لە مەسیحی بەڵێندرایش (عليه السلام)، بەدڵنیاییەوە بریتیە لە پێغەمبەری خوا موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)، وە لەم ڕۆژانەدا لە فەڕەنسا و هەندێ وڵاتی تری ئەوروپیدا لە كۆمەڵێك وێنەی كاریكاتێریدا گاڵتە بە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) كرا بوو. دەی پێویستە چۆن وەڵامی ئەمە بدەینەوە؟ پێویستە بەگوڕوتینێكی زیاترەوە لە جاران زیاتر درود بنێرین بۆ سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). بزانن كاتێك سڵاوات دەدەین لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ نەوە ڕۆحیەكەیشی دەپاڕێینەوە، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرزترین پلەی هەیە لەنێوان نەوە ڕۆحیەكانیدا. دواجار كاتێك گاڵتە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەكرێت؛ ئەوا پێویستە لەسەرمان بە سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامی بدەینەوە.”

بەڕێزی زیاتر لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت:

“سەرباری ئەمە، پێویستە بەگوێرەی توانا دەست بگرین بە بەرزترین ئاستی ڕەوشتەوە بەجۆرێك لەخۆوە ئەو گاڵتەچیانە بێدەنگ دەكەین كاتێك وەڵامی ئێمە دەبینن بۆ گاڵتەكانی خۆیان. لە هەموو هەوراز و نشێوێكدا بەشێوازێكی ئاشتیانە وەڵام بدەینەوە لە ڕێگەی پێشكەشكردنی ڕێنماییە ڕاستەقینەكانی ئیسلامەوە. ئەوسا دەبینن كه ئەوە موسوڵمانە ئەحمەدیەكانە ئاشتی و خۆشەویستی و چاوپۆشی و پێكەوەژیان بڵاو دەكەنەوە لە كۆمەڵگادا. وە پەی بەوە دەبەن كە كاتێك ئەوان بە ڕقەوە قسە لەگەڵ ئێمەدا دەكەن، ئێمە بە خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوخەمیەوە وەڵامیان دەدەینەوە. لەڕاستیدا ئەمە ئەو وەڵامەیە كە قورئانی پیرۆز فێری كردووین.”

وە بەڕێزی زیاتر لەسەری دەڕوات و دەفەرموێت:

“بێگومان هەمیشە وەڵامدانەوە ئێمە ئەوە دەبێت كە چاكە و پیاوەتی ئەنجام بدەین لەلایەن خۆمانەوە و ئیسڵاحی دۆخی ڕۆحی خۆمان بكەین، وە لە بەردەم خوای گەورەدا سوژدە ببەین و لێی بپاڕێینەوە كە دوژمنانی ئیسلام هیدایەت بدات و وازبھێنن لە گاڵتەكردن بە هەردوو خۆشەویستەكەمان: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، و ئەو مرۆڤەی كە لەناو مرۆڤەكاندا بەرزترین پلەی هەیە ئەويش پێغەمبەری ئیسلامە (صلى الله عليه وسلم). ئەوەتان لەبیر بێت، هەر شتێكمان بوێت پێویستە تەنھا لە خوای گەورە داوای بكەین، ئێمە ئەو كەسانە نین كە بەهەر شێوەیەك بێت پەنا ببەین بۆ هێز و توندوتیژی، ئێمە لەو كەسانە نین كە تفەنگ یان چەقۆ هەڵبگرین، بەڵكو ئێمە لەبەردەم خوای گەورەدا بەچۆكدا دەكەوین و سوژدە دەبەین، وە دۆخی ڕۆحی و ئەخلاقی خۆمان چاك دەكەین و سڵاوات دەدەین لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).”

یەكێك لە قوتابیەكانی زانكۆی ئەحمەدی باسی ئەوەی كرد كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە ساڵی 2025دا ئاهەنگ دەگێڕێت بەبۆنەی یۆبیلی سەد ساڵەیەوە، وە داوای كرد لە جەنابی خەلیفە ڕێنماییان بكات سەبارەت بە چۆنێتی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ئەم یادەوە و شێوازی نموونەیی چۆنە بۆ سوپاسكردنی خوای گەورە؟

لەوەڵامی ئەمەدا هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“بۆ ئاهەنگگێران بەبۆنەی یۆبیلی سەد ساڵە، پێویستە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە ئیندۆنیسیا هیدایەتدانی 100 هەزار كەس بۆ لای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەماوەی پێنج ساڵدا وەك ئامانج دیاری بكات بۆ خۆی. سەرباری ئەمە پێویستە لەسەر هەموو موسوڵمانێكی ئەحمەدی لە وڵاتەكەتاندا كە بەڕێكوپێكی بەردەوام بێت لەسەر نوێژی بە كۆمەڵ و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز، وە پەیوەندیەكی پتەو دروست بكات لەگەڵ خیلافەتدا، وە بەردەوام بێت لەسەر سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). ئەگەر ئەمە بەدیبھێنن؛ ئەوا كۆمەڵێك دەستكەوتی زۆرتان بەدەست هێنیاوە.”

هەروەك پێش ئەوەی بەڕێزی بە نزاكردن بۆ خوێندكارەكان چاوپێكەوتنەكەی كۆتایی پێبھێنێت، ژمارەیەك خوێنكاری زانكۆی ئیسلامی ئەحمەدی شادبوون بە قسەكردن لەگەڵ جەنابی خەلیفەدا و داوای ڕێنمایی و ئامۆژگارییان لێ كرد.

وە لە كۆتاییدا هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“داواكارم لە خوا كە هەمووتان بپارێزێت، وە هەموو قوتابیەكان سەركەوتوو بكات لە خوێندنەكەیان لە زانكۆی ئەحمەدیدا، وە هەمووتان بتوانن ببن بە پێشەنگی چاك بۆ بانگخوازانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی و سەرچاوەی فەخر و شانازی بۆ كۆمەڵەكەمان، وە ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕن بۆ پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی كۆمەڵەكەمان، وە داواكارم لە خوای گەورە كە سەركەوتووتان بكات بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكانی ئیسلام لە هەموو ناوچەیەكی وڵاتەكەتان و دەرەوەیدا. لە خوا دەپاڕێمەوە كە سەركەوتووتان بكات لە بەجێھێنانی ئەم ئەركەدا. ئامین.”