بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ڕێنمایی پێشەوای باوەڕداران دەربارەی ساڵی نوێ و ئەرکی ئەحمەدیەکان و خەڵکی بەگشتی

لە وتاری هەینی 01/01/2021دا بەڕێزی فەرمووی:

“ئەمڕۆ هەینی یەكەم ڕۆژی ئەم ساڵە. لە خوای گەورە بپاڕێنەوە كە ئەم ساڵە ساڵێكی بەرەكەتدار بێت بۆ كۆمەڵەكەمان و هەموو جیھان و مرۆڤایەتی بەگشتی، وە زیاتر ئەركەكانی سەرشانمان جێبەجێ بكەین و بەرەو خوای گەورە بگەڕێینەوە و پێوەرەكانی بەندایەتیمان بەرزبكەینەوه، وە خەڵكی دنیا زیاتر تێبگەن لە ئامانجی ژیانیان و زیاتر مافەكانی خوای گەورە و مافەكانی براكانیان جێبەجێ بكەن بەگوێرەی فەرمان و بڕیارەكانی خوای گەورە، لەجیاتی ئەوەی مافەكانیان بخۆن، ئەگینا خوای گەورە شێوازی تایبەتی هەیە بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خەڵكی بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانیان. خۆزگە ئێمه و هەموو خەڵكی دنیا لەم خاڵە تێدەگەيشتن و دنیا و دواڕۆژی خۆیان چاك دەكرد.

لە ساڵی پارەوە بەدەست كارەساتی پەتایەكی ترسناكەوە دەناڵێنین، لە جیهاندا وڵاتێك نیە مەگەر تووشی ئەم پەتایە بووە، بەكەمی یان بەزۆری، لەگەڵ ئەوەدا وا دەردەكەوێت زۆرینەی خەڵكی دنیا نایانەوێت بەئاگابێنەوە كە ڕەنگە ئەم پەتایە لەلایەن خوای گەورەوە هاتبێت بۆ ئەوەی بێدارمان بكاتەوە لە جێبەجێكردنی مافەكانی خوای گەورە و بەجێھێنانی فەرمانەكانی. بێگومان ئەوان نایانەوێت بەم شێوازە بیربكەنەوە، وە ناپرسن: ڕەنگە خوای گەورە بیەوێت بێدار و ئاگاداریان بكاتەوە.

هیچ یەكێكیان بەم شێوەیە بیرناكاتەوە، وە بیروهۆشیان بەلای ئەم بابەتەوە نیە. چەند مانگێك لەمەوپێش كۆمەڵێك نامەم نارد بۆ زۆرێك لە سەركردەكانی وڵاتانی جیاواز بۆ ئەوەی سەرنجیان ڕابكێشم بۆ ئەم بابەتە و هەوڵمدا ئامۆژگارییان بكەم كە سەرنج بدەن لە كارەساتی كۆرۆنا، وە هۆشداریم پێدان، لەڕێگەی باسكردنی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام)، سەبارەت بەوەی كە ئەم دەرد و نەخۆشیانە تووشی مرۆڤایەتی دەبن لە ئەنجامی ئەوەی خەڵكی مافەكانی خوای گەورە لەبیردەكەن و ئەرك و فەرمانەكانی جێبەجێ ناكەن، بگرە بەهۆی ڕۆچوون لە ستەم و دەستدرێژیدا، بۆیە پێویستە لەسەریان بیروهۆشیان بەلای ئەم بابەتەوە بێت و فەرامۆشی نەكەن.

هەندێ لەو سەركردانه وەڵامی نامەكانمیان دایەوە، بەڵام وەڵامەكانیان بەڕەنگی خەڵكە ماددیە دنیاییەكە ڕەنگكرابوو؛ چونكە گوتیان ئێمەیش ئەوەمان دەوێت، بەڵام قسەكانیان تەنھا لە ڕوانگەی دنیاوە بوو نەك لە ڕوانگەی ئایینەوە، وە بچوكترین ئاوڕدانەوەیان پیشاننەدا بۆ لای خوا كە لە نامەكانمدا زۆر جەختم لێ كردبوویەوە، وە نەیانگوت: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە وایە. نایانەوێت هەنگاوێكی كردەیی هەڵگرن بۆ گۆڕینی ناخی خۆیان، وە سەرەڕای پەی بردنیان بەوەی كە هەلومەرجی دوای ئەم پەتایە زۆر ترسناكە كەچی نایانەوێت گەلەكانیان بێدار و ئاگاداربكەنەوە لە ئامانجی دروستبوونیان وەك بەزەیی و سۆزێك بەرامبەریان.

بێگومان هەموو سەركردەیەك لە جیھاندا بەباشی لەمە تێگەيشتووە، وە هەموو عاقڵ و شرۆڤەكارێك ئەمە دەزانێت. لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت چارەسەری ڕاستەقینە بەكاربھێنن بۆ ئەم گرفتە، بەڵكو تەنھا ئاوڕدەدەنەوە بەلای هەوڵ و تێكۆشانی ماددی دنیاییدا.

لەڕاستیدا ئەم كارەساتە تەنھا كاریگەری خراپی نیە بۆ سەر تەندروستی هەموو تاكێك لە جیھاندا، بەڵكو بەگشتی لە ڕووی ئابووریشەوە لاوازی دەكات، بەڵكو لە واقیعدا ئەم پەتایە دەستی كردووە بەتێكشكاندنی ژیان و گوزەرانی وڵاتە دەوڵەمەندەكانیش. وە كاتێك ئابووری و گوزەران تێكدەشكێن ئەوا ئەو خەڵكانەی دنیا تەنھا یەك چارەسەريان هەیە كە بریتیە لەوەی دەستبگرن بەسەر سەرچاوەكانی ژیان و گوزەرانی وڵاتە بچوك و لاوازەكاندا، لەڕێگەی جۆرەها فێڵەوە بیانخەنە ناو تەڵە و داوی خۆیانەوە بۆ ئەوەی سەروەت و سامانیان بەتاڵان ببەن. لەداهاتوودا دەستەكان دروست دەبن، بەڵكو دەستی كردووە بە دروستبوون، جارێكی تر جەنگی سارد دەستپێدەكاتەوە، بەڵكو وەك هەندێك دەڵێن لەڕاستیدا دەستی پێ كردوە، وە هیچ دوور نیە كە بە چەك و تەقەمەنی جەنگ هەڵبگیرسێت، جەنگەكە جەنگێكی گەورە و ترسناك دەبێت، وە جارێكی تر دەكەونەناو چاڵێكی قووڵەوە. بێگومان گەلانی وڵاتانی هەژار پێشتر هاڕدراون، وە لە داهاتوودا گەلانی وڵاتە دەوڵەمەندەكانیش بەشێوەیەكی زۆر ترسناك دەهاڕدرێن.

بۆیە پێویستە لەسەر ئێمەی ئەحمەدی ئەركی سەرشانمان جێبەجێ بكەین و جیھان بێدار بكەینەوە پێش ئەوەی تووشی ئەم ئاكامە ببێت. بێگومان ئەم ساڵە نوێیە هەرگیز ساڵی ئاڵوگۆڕكردنی پیرۆزبایی نابێت ئەگەر بەم شێوەیە ئەركەكانی سەرشانمان جێبەجێ نەكەین و ئامۆژگاری خەڵكی نەكەین و جیھان ئاگادارنەكەینەوە لەم خاڵە. ئاشكرایە ئەمە ئەوە دەسەپێنێت بەسەرماندا كە سەرەتا پشكنین بۆ خۆمان بكەین بۆ ئەوەی بزانین _ئێمه كە باوەڕمان هێناوە بە ئیمامی ئەم سەردەمە مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی پەیماندراو_ ئایا گۆڕانكاری چاكمان لە خۆماندا دروستكردووە بەجۆرێك كە مافەكانی خوا جێبەجێ بكەین تەنھا لەبەر ڕەزامەندی خوا، وە مافی بەندەكانیش جێبەجێ بكەین، یان ئێمە هێشتا زۆر پێویستمان بە چاككردنی خۆمان و بەرزكردنەوەی پێوەرەكانمان هەیە لەپێناوی دروستكردنی هەستی خۆشەویستی و  ئەوینی ڕاستەقینە لەنێوانماندا.

بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ئەحمەدییەك كە بەباشی بیربكاتەوە بۆئەوەی پەی ببات بەوەی كە كارێكی قورس خراوەتە ئەستۆی، وە ئەنجامدانی ئەوەمان لێ دەخوازێت كە سەرەتا كەشێكی خۆشەویستی و تەبایی و برایەتی دروست بكەین لەنێوان خۆماندا و ئیسڵاحی كۆمەڵگای ئەحمەدی بكەین، پاشان پێویستە لەسەرمان كە هەموو جیھان كۆبكەینەوە لەژێر ئەو بەیداخەدا كە گەورەمان موحەممەد پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) هەڵیكردووە كە بریتیە لە بەیداخی تاك و تەنھایی خوای گەورە، وە تەنھا ئەو كاتە سەركەوتوو دەبین لە بەدیھێنانی ئامانجی بەیعەتەكەماندا، وە ئەو كاتە دەتوانین مافی بەیعەتەكە بدەین، وە تەنھا ئەو كاتە فەزڵ و ڕەحەتی خوا بەدەستدەهێنین، وە تەنھا ئەو كاتە مافی ئەوەمان هەیە كە ئاڵوگۆڕی پیرۆزبایی بكەین بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە. خوای گەورە یارمەتیمان بدات بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە، وە هاوكاری هەموو ئەحمەدیەك بكات، پیاو بێت یان ئافرەت، مناڵ بێت یان پیر، بۆ حاڵیبوون لەم خاڵە و پەیمانبدات كە هەموو هەوڵ و كۆششێكی خۆی خەرج بكات بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە جیھاندا لەم ساڵەدا. خوای گەورە یارمەتی هەموو ئەحمەدیەك بدات بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستە.”