بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی له مزگەوتی موبارەك ئیسلام ئاباد لە تلفۆرد لە ڕۆژی 31/7/2020 وتاری جەژنی پێشكەش كرد

تەنھا ژمارەیەكی كەم لە موسوڵمانە ئەحمەدیەكان نوێژی جەژنیان كرد لە مزگەوتی موبارەك، ئەمەش بەهۆی یاسای دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی، بەڵام ملیۆنەها لە موسوڵمانانی ئەحمەدی لە هەموو لایەكی جیھاندا توانییان ڕاستەوخۆ گوێبگرن لە وتاری جەژن كە خەلیفەكەیان پێشكەشی كرد، وە لە نزا بێدەنگەكەیدا بەشداریان لەگەڵدا كرد لەڕێگەی كەناڵی (MTA) نێودەوڵەتیەوە.

وە لە وتارەكەدا بەڕێزی باسی ئەو قوربانیە مەزنەی كرد كە پێغەمبەر ئیبراھیم و ئیسماعیلی كوڕی (علیھما السلام) پیشكەشیان كرد، بەجۆرێك گەورەمان ئیبراهیم ئامادەبوو بۆئەوەی كوڕەكەی لەپێناوی خوای گەورەدا بكاتە قوربانی، وە گەورەمان ئیسماعیل لە ناخی دڵەوە ڕازی بوو بەوەی كە ئەم قوربانیە بدات و هیچ ناڕەزایی دەرنەبڕی.

بەڕێزی فەرمووی كە ئەم بەسەرهاتە لە قورئانی پیرۆزدا تۆماركراوە و هەتاهەتایه بە پارێزراوی دەمێنێتەوە وەك نموونەیەكی هەمیشەیی لەسەر  بەرزترین ئاستی قوربانیدان.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووى:

“گومانی تێدا نیە كە ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی یادی ئەم جەژنە دەكەنەوە و چاوەڕوانی دەكەن و بەهۆیەوە ئاهەنگ دەگێڕن بەو پێیەی كە بە بۆنەیەكی خۆش لەقەڵەمی دەدەن، وە ئاژەڵ دەكەن بە قوربانی بەڕیایی و تەنھا وەك گوزارشتێك لە  دڵخۆشیەكەیان، بەڵام باوەڕدار  یادی ئەم قوربانیه و گرنگیەكەی و ناوەڕۆكەكەی دەكاتەوە بەو شێوەیەی كە پێویست و شایستەیە”

هەروەها بەڕێزی دەفەرموێت:

“گومانی تێدا لەكاتی بیستن و خوێندنەوەی ئەو ڕووداو  و بەسەرهاتانەدا دڵەكانمان پڕ دەبێت لە لێشاوی هەست و سۆز، وە چاوی زۆربەمان پڕ دەبێت لە فرمێسك، بەڵام ئەمە بەس نیە، بەڵكو پێویستە لەسەرمان پەیمان بدەین بەردەوام ئامادەبین كە لەپێناوی خوای گەورەدا هەموو جۆرە قوربانیەك پێشكەش بكەین.”

پاشان حەزرەتی خەلیفە دەفەرموێت كە خوای گەورە لە كۆتاییدا گەورەمان ئیبراهیمی وەستاند و نەیھێشت كوڕەكەی سەرببڕێت و بیكات بە قوربانی، لە جیاتی ئەوە مژدەیەكی خۆشی پێدا كە لە قورئانی پیرۆزدا لە ئایەتی 106 ی سورەتی الصافات دا هاتووە كە دەفەرموێت: {قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ}

پاشان حەزرەتی خەلیفە فەرمووی كە قوربانیدانی ماڵباتی ئیبراهیم (علیه السلام) لەم ئاستەدا كۆتایی نەهات، بەڵكو مژدەی دا بە دەركەوتنی بەرەبەیانی قۆناغێكی نوێ لە ئیمان و قوربانیدانی ڕاستەقینە كە تێيدا دایكی گەورەمان ئیسماعیل (علیه السلام) خاتوو هاجەر ئیمان و متمانەی ڕەهای پیشاندا بە خوای گەورە.

وە بەڕێزی ئەوەی باسكرد كە گەورەمان ئیبراهیم (علیه السلام) بە پەیڕەوكردن و ملكەچكردن بۆ فەرمانی خوا هاوسەرەكەی و كوڕەكەی بەجێھێشت لە سارای مەككەدا لەگەڵ تەنھا هەندێ خورما و ئاودا.

وە كاتێك خاتوو هاجەر ڕووبەڕووی ئەم مەینەتی و هەلومەرجە سەختە بوویەوە، لە مێردەكەی پرسی كە ئایا بە فەرمانی خوای گەورە ئەوانی بەجێھێشتووە؟ گەورەمان ئیبراهیمیش بە بەڵی وەڵامی دایەوە.

حەزرەتی میرزا مەسروور باسی ئەم وەڵامەی خاتوو هاجەر دەكات كە پڕ لە تەقوايە و دەفەرموێت:

“خاتوو هاجەر بەوپەڕی تەوەككولـەوە گوتی: كەواتە خوا دەستمان لێ بەرنادات، بڕۆ بۆ هەركوێیەك كە دەتەوێت.”

وە هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد باسی ئەو نیعمەتانەی خوا دەكات كە لە بەرامبەر قوربانیەكانیندا پێیان بەخشراوە و  دەفەرموێ:

“لە ڕووداوەكانی دواییەوە ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە ئەوەی ئەنجامدا كە هیوای لێ دەكرا، بۆیە نەك هەر دەستی لێ بەرنەدان، بەڵكو بەهۆی ئەو دووانەوە گەل و نەتەوەیەكی دروست كرد كە تێیدا پێغەمبەرێكی پایەبەرزی ڕەوانەكرد كە بریتيە لە خاتەمی پێغەمبەران موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) كە ڕەوانەكراوە بۆ هەموو خەڵكی جیھان، وە ئەو پاشای ڕۆحیە بۆ هەموو جیھان، وە هیچ كەسێك ناتوانێت بگات بەخوا مەگەر لەڕێگەی ئەوەوە.”

حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد باسی ئەو قوربانیە زۆرانە دەكات كە گەورەمان ئیبراهیم (عليه السلام) و خانەوادەكەی پێشكەشيان كردووە و لەم بارەیەوە دەفەرموێت:

“كاتێك هەموو پیاوێك هەوڵ دەدات پەیڕەوی ڕێوشوێنی ئیبراهیم (عليه السلام) بكات بەمە هەوڵ دەدات پێوەری وەفا و ئەمەكی بەرزبكاتەوە، وە كاتێك هەر خاتوونێك هەوڵ دەدات پەیڕەوی ڕێوشوێن و ڕەوشتی خاتوو هاجەر بكات، وە هەر گەنجێك هەوڵ دەدات گەورەمان ئیسماعیل (عليه السلام) بكات بە پێشەنگی خۆی؛ ئەوا  بارانی فەزڵ و ڕەحمەتی خوا دەبارێت بەسەریاندا و پەیدەبەن به مانای قوربانى ڕاستەقینە و لە خوای گەورەیش نزیك دەبنەوە.”

بەڕێزی وتاری جەژنی كۆتایی هێنا بە ئاراستەكردنی موسوڵمانە ئەحمەدیيەكان بۆ نزاكردن لەپێناوی هەموو ئەو كەسانەی كە تووشی سەختی و ناڕەحەتی بوون، وە بۆ نزاكردن بۆ ئەوانەیش كە تووشی چەوسانەوەی ئایینی دەبن لە كۆمەڵێك شوێنی ئەفریقا و  لە پاكستان و شوێنەكانی تردا.

وە حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد باسی ئەوەی كرد كە چۆن توندڕەوەكان لە پاكستان هەوڵدەدەن موسوڵمانە ئەحمەدیەكان بێبەش بكەن لە قوربانیدان و  سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی لە جەژندا و دەفەرموێت:

“لەم جەژنەدا ژاوەژاوێك پەیدابوو لە پاكستاندا _ئەم ژاوەژاوە هەموو ساڵێك هەیە بەڵام ئەم ساڵ زیاتر بوو_ كە ئەحمەدیەكان ئەگەر قوربانی بكەن و ئاژەڵ سەرببڕن بەبۆنەی جەژنەوە؛ ئەوا لە دادگادا داوا بەرزدەكرێتەوە لەدژیان و سزا دەدرێن، داواكارین لە خوا كە هەموو ئەحمەدیەكان بپارێزێت لەم جۆرە كەسە شەڕانگێزانە.”

بەرێزی وتارەكەى بە نزای بێدەنگ كۆتایی پێ هێنا.

وە لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربانی ئەم ساڵدا لە ڕۆژی هەینیدا، بەڕێزی لەدوایيدا وتاری هەینی پێشكەش كرد لە مزگەوتی موبارەك و تێیدا باسی ئەو  یاسا نوێیەی كرد كە لە پاكستان دەرچووە و داوادەكات لە خەڵكی كە پاش ناوی ڕەسولی ئەكرەم موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) دەستەواژەی “خاتم النبیین” بنووسن.

حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد دەفەرموێت:

“پێیانوایە بەدانانی یاسایەك بەیەكجاری واژەی “خاتم النبیین” لەگەڵ ناوی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەنووسرێت و دەستكەوتێكی مەزنیان بەدەست هێناوە، وە ئاستەنگێكی گەورەیان داناوە لەڕێگەی ئەحمەدیەكاندا. بێگومان ئەو كەسانە ئاوەزیان كوژاوەتەوە و نازانن كە موسوڵمانی ئەحمەدی لە هەموو كەسێك زیاتر تێگەيشتووە لە مەقامی خاتەمی پێغەمبەران (صلى الله عليه وسلم)، وە ئەم تێگەيشتنە لەلایەن گەورەمان مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) پێماندراوە.”