بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ڕێنمایی نوێی پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) دەربارەی پەتای كۆرۆنا

به ‌پێنووسی (ئاصف مەحموود باسط)

 

بسم الله الرحمن الرحیم

لە كۆتایی وتاری هەینی كە لە ڕێككەوتی 20/3/2020 پێشكەشی كرد، پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) ڕێنمایی ئاراستەكرد دەربارەی ڤایرۆسی (كۆرۆنا)، وە لە بەیانی ڕۆژی 21/3/2020 سەردانی بەڕێزیم كرد، بەڕێزی وتەیەكی پڕ لە دانستی پێشكەش كرد دەربارەی ئەو هەلومەرجەی كە ئێستا باڵادەستە لە جیھاندا، وە دەربارەی لێدوانی شارەزایان و هەستی خەڵكی گشتی لەمبارەيەوە.

بەڕێزی دەربارەی لێدوانی هەندێ لە ئەحمەدیەكان فەرمووی:

“هەندێ لە ئەحمەدیەكان ئەم نەخۆشیە وەك تاعوونێك ئەژمار دەكەن، وە هەندێكیان دەڵێن ئەم پەتایە نیشانەیەكە وەكو نیشانەی تاعوونەكەى سەردەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت). بەڵام بابەتەكە بەو شێوەیە نیە. كاتێك لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (سڵاوی خوای لێ بێت) تاعوون تەشەنەی كرد و بڵاوبوویەوە، خوای گەورە پێش بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەشەنەكردنی ئەم پەتایەی دابوو بە بەڕێزی (سڵاوی خوای لێ بێت)، بەمەش لەو ‌كاتەدا تاعوونەكە بوو بە نیشانەیەك.”

هەروەها خوای گەوره پێش بڵاوبوونەوەی تاعوونەكە ڕایگەیاند بە مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) كە ئەوانەی باوەڕیان بە مەسیحی بەڵێندراو هێناوە پارێزراو دەبن لەم پەتایە، وە لەم ڕوانگەیشەوە پەتای تاعوونەكە بوو بە ئایەتێك، ئەگەرچی لەو كاتەیشدا مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) فەرمووی كە دەكرێت هەندێ كەس لە قادیان تووشی ئەم پەتایە ببن. ئەوە بوو لەڕاستیدا هەندێ لە خەڵكەكەی تووشی پەتاكە بوون، بەڵام خوای گەورە خۆی كاتی بڵاوبوونەوە و چۆنێتی بڵاوبوونەوەكەی ڕاگەیاند بە بەڕێز مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت)، لەبەرئەوه بڵاوبوونەوەكەی ئایەتێك بوو لە ئایەتەكان، لەگەڵ ئەوەدا مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت) لە ڕێگەی داواكردنی ڕەحمەتی خوای گەورەوە ‌پاڕایەوە لە خوا كە بەگشتی خەڵكی ڕزگاری بێت لەم سزایە.

بەڵام هەواڵێكی لەم جۆرە نیە دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەك لە هیچ بۆنەیەكدا هەستێكی وام دەرنەبڕیوە بەوەی كە ئەم ڤایرۆسە نیشانەیەكە و دەركەوتووە.”

پاشان پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) ماوەیەك بێ دەنگ بوو، وە لەكاتێكدا من بەنیازبووم شتێك بڵێم، بەڕێزی فەرمووی:

“بڕوانە، بێگومان ئەو ئەنفلەوەنزایەی كە لە ساڵی 1918 یان 1919 بڵاوبوویەوە گەیشتە قادیانیش، وە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی تیاچوون، وە دەبینین باسی ئەوە كراوە كە حەزرەتی موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) كۆمەڵێك تەگبیر و ڕێكاری خۆپاراستنی داناوە بۆ ئەوەی خەڵكی پەیرەویان بكەن، وەك بەكارهێنانی ئاوی كوڵاو لەگەڵ دارچینی و هتد. بەڵكو ئەنفلەوەنزاكە تووشى حەزرەتی موسڵیحی بەڵێندراو بوو (ڕەزای خوای لێ بێت)، وە تووش بوونەكەى زۆر توند بوو.”

پاشان پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) تەشریفی هەستا و گەيشتە تاقی كتێبەكان و بەرگی چوارەمی كتێبی “تاریخ الأحمدیة”ی لەگەڵ خۆیدا هێنا، پاش چەند ساتێك ئەو بابەتەی دۆزیەوە كە بۆی دەگەڕا، پاشان فەرمووی:

“تەنانەت حەزرەتی موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) لەو كاتەدا وەسێتی خۆی نووسی، وە تێیدا ئەوەی ڕوونكردەوە كە چۆن هەڵسوكەوت بكەن لەدوای خۆی ئەگەر _خوا نەخواستە_ بەڵایەكی بەسەر بێت بەهۆی توشبوونی ئەم پەتایەوە.”

پاشان پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) سێ چوار لاپەڕەیەكی خوێندەوە لەمەڕ بابەتەكە لەو سەردەمەدا‌. وە لە خوارەوە ئەوە دەهێنینەوە كە تێیدا هاتووە:

“پەتای ئەنفلەوەنزای جیھانی و خزمەتە بێگەردەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی

بێگومان یەكێك لە دەرەنجامەكانی جەنگی یەكەمی جیھانی لە شێوەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزادا دەركەوت لە ساڵی 1918. بێگومان ئەم پەتایە بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبوویەوە و له جیھاندا بووە هۆی تیاچوون و كاولكاریەك زیاتر لەوەی لە گۆڕەپانەكانی ئەم جەنگەدا ڕوویدا. هەڵبەت ئەم نەخۆشیە هێرشێكی توندی كردە سەر هيندستانیش، لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتادا ڕێژەی مردن كەم بوو، بەڵام لە چەند ڕۆژێكی كەمدا زیادی كرد، وە لە هەموو شوێنێكدا و لەسەرتاسەری وڵاتدا قاوقیژێكی گەورە بەرپا بوو.

بێگومان لەو ڕۆژانەدا كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كۆمەڵێك خزمەتی مەزنی پێشكەش كرد وە پەیڕەوكردنی ڕێنماییەكانی حەزرەتی خەلیفەی دووەم (رەزای خوای لێ بێت)، وە ڕۆڵێكی گەورە و بەرچاوی گێڕا لە سەردان و تیماركردنی نەخۆشەكان لە هەموو ئایین و نەتەوەیەك بەبێ جیاوازی لەنێوان ئايین و نەتەوە جیاوازەكان و توێژەكانی كۆمەڵگادا. وە دكتۆر و پزیشكە ئەحمەدیەكان بەخۆبەشی خزمەتی خەڵكیان دەكرد، سەرەڕای جێبەجێ كردنی مافی دروستكراوانی خوای گەورە لە قادیان، یارمەتیەكانیان گەیاندە شار و گوندەكانی تر.

وە خۆبەخشە ئەحمەدیەكان خۆبەخشانە هەستان به ئەنجامدانی خزمەت لە بواری چارەسەركردن و بوارەكانی تریشدا، وەك یارمەتیەك لەلایەن كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە پارە و خواردنیان دابەشكرد بەسەر هەژاراندا… وە لەو ڕۆژانەدا خۆبەخشە ئەحمەدیەكان، لەوناویاندا حەزرەتی میرزا بەشیر ئەحمەدی بەڕێزیش، بە بەردەوامی شەو و ڕۆژ سەرقاڵ بوون بە خزمەتكردنی نەخۆشەكانەوە سەرەڕای ناڕەحەتیەكان.

وە لە هەندێ دۆخدا ئەم خۆبەخشانە خۆیان نەخۆش دەكەوتن و خۆبەشی تر نەبوو خزمەتیان بكات، بۆیە بەردەوام دەبوون لە خزمەتكردنی نەخۆشەكانی تر و لەمەدا چارەسەر و حەوانەوەی كەسانی تریان دەخستە پێش چارەسەر و حەوانەوەی خۆیان، تا ئەو كاتەی كە هێزیان لێ دەبڕا و دەكەوتنە جێگاوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە دۆست و بێگانە دانبنێن بە خزمەتە بێگەردەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا كە پێشكەشی كردوون، وە لە نووسین و وتارەكانیاندا ئەوەیان دركاند‌ كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەم قەیران و بارودۆخە ناسكەدا لە ڕێگەی كاركردنی بێوچان بەوپەڕی دڵسۆزیەوە پێشەنگیەكی چاكی پێشكەش كرد.” (تاريخ الأحمدية، بەرگی 4، لا 208_209)

پاش ئەوە بەڕێزی (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) فەرمووی:

“ئەم جۆرە پەتایانە لە داهاتووشدا بڵاودەبنەوە، وه بەتەواوەتی‌ هەڵەیە كە هەموو پەتایەك بە ئایەت و نیشانە ئەژمار بكەین و بەگۆترە بوترێت ئەحمەدیەكان یان ئەحمەدیە دڵسۆزەكان هەرگیز بەم پەتایە زیانیان پێ ناگات. بێگومان ئەم پەتایانە ناكرێت بەپێوەر لەقەڵەم بدرێن بۆ باوەڕی هیچ كەسێك.

ئەو وەسێتەی كە حەزرەتی موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) نووسیویەتی بەم شێوەیەی خوارەوە دەست پێ دەكات:

“من میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەدم كوڕی حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لێ بێت)….”

ئەوەتا حەزرەتی موسڵیحی بەڵێندراو (ڕەزای خوای لێ بێت) وەسێتەكەی خۆی نووسیوە و ناوی باوكی تێدا تۆمار كردووە، واتە ئەو كوڕی مەسیحی بەڵێندراوە (سڵاوی خوای لێ بێت)، لەگەڵ ئەوەشدا بەتوندی تووشى ئەم نەخۆشیە بوو. كەواتە بەهیچ شێوەیەك تووشبوونی هیچ كەسێك بە نەخۆشی پێوەر نیە بۆ تاقیكردنەوەی باوەڕەكەی.

پاشان بەڕێزی كەمێك وەستا، وا دەردەكەوت كە لەسەر بابەتەكە بڕوات، پاشان دووبارە فەرمووی:

“ئەم دەقە دەربھێنە و لە ڕۆژنامەی “الحكم”دا بڵاوی بكەرەوە بۆ ئەوەی هەموو كەسێك بیخوێنێتەوە و ئەو هەڵە تێگەيشتنە نەمێنێت لای هەموویان. ئەگەر ئەم پەتایە ئایەتێك بوایە؛ ئەوا من یەكەم كەس دەبووم كە ڕامدەگەیاند ئەمە ئایەتێكە. بەڵام من هەر لە سەرەتاوە، كاتێك ئەم نەخۆشیە بەتوندی بڵاوەی نەكردبوو لە دەرەوەی چین، ڕێنماییم ئاراستەكرد كە دەرمان بەكاربھێنرێت و تەگبیرەكان بگیرێتەبەر بۆ خۆپاراستن لەم پەتایە.

ئەگەر بە ئایەتێك ئەژمارم بكردایە؛ ئەوا ڕێگریم دەكرد لە گرتنەبەری ڕێكارەكانی خۆپاراستن، بێگومان پێشتر وتوومە و ئێستایش دەیڵێمەوە كە پێویستە لەسەر خەڵكی پابەندبن بەو ڕاسپاردانەی كە شارەزایان و حكومەت پێشكەشی دەكەن.

“بێگومان لێرە بە ئەمیری كۆمەڵ و سەرۆكی (خدام الأحمدیة) و ڕێكخراوی (الإنسانیة أوَّلًا)م وت كه لەم ڕۆژانەدا‌ هەرچەند پێیاندەكرێت یارمەتی خەڵكی بدەن و هاوخەمیان بن. وە ئەگەر ئەو دەقەی (تاريخ الأحمدية) بڵاوبكرێتەوە؛ ئەوا كۆمەڵەكەمان لە وڵاتانی تریش ئەمە دەزانن و ئەمیر و سەرۆكی لقەكانی كۆمەڵەكەمان لەو وڵاتانەیشدا بەگوێرەی ئەو دەقە نەخشە دادەنێن بۆ خزمەتی خەڵكی و یارمەتیدانیان.”

بەڕێز خەليفە (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) بەم وشانەی خوارەوە كۆتایی بە وتەكەی خۆی هێنا:

“لەم كاتەدا لە جیاتی ئەوەی بگەڕێ بۆ دۆزینەوەی ئایەت، پێویستە لەسەر ئەحمەدیەكان كە كار بەو ڕێنمایی و ڕێكارە خۆپارێزیانە بكرێت كە لە مزگەوتەكانیاندا پێشكەشیان دەكرێت لەپێناوی سەلامەتی خۆیان و كەسوكاریاندا، هەروەها پێویستە بەگوێرەی توانا یارمەتی دەورەبەری خۆیان بدەن، وەك پێویست خۆیان بپارێزن. بۆ ڕازی كردنی خوای گەورە دەبێت چاودێری دروستكراوەكانی بكرێت. وە لەسەروو هەموو ئەمانەوە پێویستە لەسەریان كە بگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە و داوای ڕەحمەتەكەی بكەن بۆ خۆیان و هەموو مرۆڤایەتی.”