بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

پێشەوای باوەڕداران ئیدانەی ئەو فیلمە دەكات كە ناوى ئيسلامى زڕاندووە و دەفەرموێت تووڕەبوونی موسوڵمانان پاساوی خۆی هەیە بەڵام ئێمە ئیدانەی كاردانەوەى توندوتیژ دەكەین

پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی، هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)  داوا لە هەموو موسوڵمانانی جیھان دەكات  كە بەشێوازێكی ئاشتیانه یەكبگرن لەدژی فیلمی “براءة المسلمین” كە بووە هۆی ناڕەزاییەكی فراوان و تووڕەبوونێكی توند لەناو موسوڵمانان لە هەموو ناوچەیەكی جیھاندا . وە داواش دەكات كە ئازادی ڕادەربرین سنوردار بكرێت بەجۆرێك هەستی ئایینی هەموو خەڵكی بپارێزرێت.

بەڕێزی لە وتاری هەینی 21/9/2012 كە لە مزگەوتی بیت الفتوح پێشكەشی كرد فەرمووی كە موسوڵمانان لە هەموو لایەكی جیھاندا بەهۆی ئەم فیلمەوە ئازاریان چەشت و هەستیان بریندار بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەش كە گۆڤارێكى فەڕەنسی بڕیاریداوە جارێكی تر ئەو  وێنانە بڵاوبكاتەوە كە كەسایەتی پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) لەكەدار دەكەن.

كۆمەڵێك لە هۆكارەكانی ڕاگەیاندن ئەو ڕۆژە ئامادەبوون لەناویاندا ئێستگەی بی بی سی بەریتانی، سكای نیوز، سكای عەرەبی، ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەندیكای ڕۆژنامەوانی و هی تریش، ڕاستەوخۆ دوای وتارەكە هەموویان چاوپێكەوتنیان ئەنجامدا لەگەڵ هێژا میرزا مەسروور ئەحمەددا.

لەمیانەی وتارەكەیدا، پێشەوای باوەڕداران ئاماژەی كرد بۆ ئەو پاڵنەرە سەرەكیانەى كە لەپشت ئەم فیلمە و ئەو هێرشە دوژمنكارانەی ترەوەيە بۆسەر ئایینەكەمان ئەويش بریتیە لەو ترسەی كە ڕەگی داكوتاوە لەدڵیاندا دەربارەی ئیسلام، لەم بارەيەوە فەرمووى:

“بێگومان شكستی نەیاران لەوەی كە ئیسلام تووشی نوشوستی بكەن وەهای لێ كردوون كە پەنا ببەنەبەر ئەم جۆرە كارە سووك و نزمانە و هەوڵدەدەن پاساویان بۆ بھێننەوە بەوەی كە ئەم كارانە ئازادی ڕادەربڕینن.”

پێشەوای باوەڕداران میرزا مەسروور ئەحمەد بەئاشكرا ئیدانەی كاردانەوەی توندی موسوڵمانە توندڕەوەكانی كرد كە لە هەندێ وڵاتدا ئەنجامیاندا، وە ڕایگەیاند كە كوشتنی كەسانی بێتاوان لەناویاندا باڵوێز و كەسانی دیپلۆماسی كارێكە بەتەواوەتی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی ئیسلامە، هەروەها لەناوبردنی كەلوپەل یان سووتاندنی تەلارەكان ڕەفتارێكی تەواو هەڵەیە و تەنها لە سوودی ئەو كەسانەدايە كە حەزدەكەن ناوبانگی ئیسلام بشێوێنن.

سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، بەڕێز میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی پێویستە دان بەوەدا بنرێت كە كۆمەڵێك ناتەواوی هەیە لەو یاسایانەدا كە مرۆڤ دایناون، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئازادی ڕادەربڕین لەسەر حیسابی ئاشتی و تەبایی جیھانی تێگەيشتنێكی هەڵەیە.

سەبارەت بە ئەولەویەتدان بە كۆمەڵێك ماف لەسەر حیسابی كۆمەڵێك مافی تر، پێشەوای باوەڕداران فەرمووی:

“ئەو ئازادی ڕادەربڕینەمان ناوێت كە -لەژێر  ئەم دروشمەدا- ئاشتی جیھانی بەتەواوەتی تێكبدات.”

هەروەها بەڕێزی داوای لە سەركردەكانی جیھان و  تاكەكانی كۆمەڵگا كرد بیرلەوە بكەنەوە كە ئایا ڕۆڵیان هەیە -بەهەر شێوەیەك بێت- لە بڵاوبوونەوەى كاری دوژمنكارانە لە جیھاندا لە ڕێگەی پشتگیری كردنی مافی خەڵك لە دروستكردنی كۆمەڵێك فیلم و بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك وێنە كە هەستی ئایینی بریندار بكات و ئازاری خەڵكی بێتاوان بدات.

وە بەڕێزی داوای كرد لە موسوڵمانان لە هەموو لایەكی جیھاندا كە وەڵامێكی پێگەيشتووی بەكۆمەڵ پیشان بدەن، وە فەرمووی پێویستە لەسەر حكومەتە ئیسلامیەكان و ئەو موسوڵمانانەیش كە لە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكاندا دەژین یەكبگرن بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییە ڕاستەقینە و پڕ لە ئاشتیەكانی ئیسلام و قورئانی پیرۆز لە جیھاندا. وە ئەركی سەرشانیان ئەوەیە كە هەڵوێستێكی یەكگرتووی ئاشتیخوازانە بگرنەبەر بۆ بەرگریكردن لە ئیسلام و كەسایەتی پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو بۆنەیەكدا و لەسەر هەموو ئاستەكاندا.

پێشەوای باوەڕداران فەرمووى:

“پێوستە لەسەر موسوڵمانان بیر لەوە بكەنەوە كە توندڕەوی وەڵامی ئەم جۆرە شەڕفرۆشتنانە نیە، وەڵامی ڕاست بریتیە لە خۆچاككردن، وەڵامدانەوەی جنێوی دوژمنان بەوە دەبێت كە درود و سڵاو  بدرێت لەسەر  پێغەمبەرى ئازیز (صلى الله عليه وسلم). وە لەڕووی دنیاییەوە جیھانی ئیسلامی پێویستی بەیەكگرتن هەیە، وە پێویستە لەسەر ئەو موسوڵمانانەی كە لە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكاندا دەژین بەتەواوەتی سوود وەربگرن لە هێزی مافی دەنگدانیان.”

هەروەها بەڕێزی دەفەرموێت لەم ساڵانەی دواییدا ئەم هێرشانە زۆرتر بوون بۆسەر ئیسلام بەجۆرێك دەبێت ئیدانەی ئەو كاردانەوە نەگونجاوانە بكەین بەرامبەر ئەم هێرشانە لەلایەن هەندێ موسوڵمانەوە، وە پێویستە ئەوەشمان لەبیرنەچێت كه لەزۆربەی كاتەكاندا كۆمەڵێك لایەنی تر هەن یەكەم هەنگاودەنێن بۆ دروستبوونى ئەم گرژی و ئاڵۆزیانە.

وە سەبارەت بەو كۆششەی كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی خەرجی دەكات لەپێناوی پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی ڕێنماییەكانی ئیسلام لە جیھاندا، بەڕێزی دفەرموێت:

“ئێمەی موسوڵمانانی ئەحمەدی هەموو هەوڵێكمان خستووەتەگەڕ بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، بۆ نموونە ساڵی پار، وەك بەدەمەوەچوونێك بۆ ئەو كارە زۆر پێویستە، هەستاین بە ناردنی نزيكەی 12000 یەكەی خوێن بۆ گەلی ئەمریكا، ئێستایش جارێكی تر هەڵدەستین بە هەڵمەتێكی لەم جۆرە بۆ خوێنبەخشین، دواجار ئێمە بە خوێنبەخیشن هەوڵ دەدەین گیانی مرۆڤەكان ڕزگار بكەین، لەكاتێكدا كەسانی تر لە ئەنجامی پشتگیری كردنیان لە كاری دوژمنكارانە دڵی ئێمە خەڵتانی خوێن دەكەن.”

پێشەوای باوەڕداران قسەكانی خۆی پوخت كردەوە و فەرمووی هەموو ئەو هەوڵانەی كە ئامانجیان لەناوبردنی ئیسلام یان گاڵتەكردنە بە پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) شكستیان هێناوە و شكستیش دەهێنن لە داهاتوودا، لەم بارەيەوە فەرمووى:

“پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموويەتى: بێگومان سەركەوتن لە ئاسمانەوە دێت، وە لە ئاسمانەوە بڕیاردراوە كە ئەو پێغەمبەرەی خەڵكی جیھان هەوڵ دەدەن سووكایەتی پێ بكەن لە كۆتاییدا سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دەهێنێت لە جیھاندا، وە ئەم سەركەوتنە لە ڕێگەی بەدەستھێنانی دڵی خەڵكیەوە دێتەدی.”

لە میانەی ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا كە لەدوای  وتاری هەینیەوە بەسترا، هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) بۆ هۆكارەكانی ڕاگەیاند لێدوانیدا و فەرمووی خۆشەویستی موسوڵمانان بۆ پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) وێنەی نیە، وە دیارە هەموو كەسێك ئازاری پێ دەگات ئەگەر كەسێك گاڵتە بە یەكێك لە خۆشەویستانی بكات، دواجار بەدڵنیاییەوه هەر هێرشێك بكرێتەسەر پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) موسوڵمانان بەهۆیەوە خەفەتبار دەبن.

لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەو ناڕەزایەتیە توندوتیژانەی دوای بڵاوبوونەوەی فیلمەكه ئەنجامدران، بەڕێزی فەرمووی ئەم جۆرە ناڕەزایەتیانە كارێكی هەڵەیە و گومانی تێدا نیە كە كوشتنی كەسانی بێتاوان لەناویاندا باڵوێز و كەسانی دیپلۆماسی كارێكە بەتەواوەتی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی ئیسلامە، وە پێویستە ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە بێت و لەچوارچێوەی یاسای وڵاتدا بێت.