بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

زیاتر لە 60 مناڵ لە مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە ئوسترالیا چاویانكەوت بە هێژا مەسروور ئەحمەد

“خۆشەویستی ڕاستەقینە بۆ پێغەمبەری ئازیز موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) ئەوەمان لێ داوا دەكات كە هەموو لایەنەكانی ژیانی و هەموو سیفەتەكانی كەسایەتی پیرۆزیمان خۆشبوێت.” – حەزرەتی میرزا مەسروور

لە 10/10/2020 پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، خەلیفەی پێنجەم، هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد، لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە كۆبوویەوە لەگەڵ زیاتر لە 60 مناڵ لە ئەندامانی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە ئوسترالیا كە تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 15 ساڵیدا بوو.

بەڕێزی لە نووسینگەكەی خۆیەوە لە ئیسلام ئاباد لە تلفۆرد سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كرد، لەكاتێكدا ئەندامانی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی لە هۆڵی خیلافەت لە دیوانی مزگەوتی (بیت الھدی) كۆبوونەوە كە دەكەوێتە مارسدن پاركەوە، یەكێك لە شوێنەكانی دەوروبەری سیدنی گەورە.

كۆبوونەوەكە بە خوێندنەوە و وەرگێڕانی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستیپێكرد، دوای ئەوەش قەسیدەیەك خوێنرایەوە. پاشان سكرتێری نیشتیمانی مەجلیسی مناڵانی ئەحمەدی ڕاپۆرتی مەجلیسەكەی پێشكەش كرد.

دوای ئەوە كۆبوونەوەكە كاتژمێرێك بەردەوام بوو، تێیدا دەرفەت ڕەخسا بۆ ئەندامانی مەجلیسی منداڵانی ئەحمەدی كە زنجیرەیەك پرسیار ئاراستەی بەڕێزی بكەن دەربارەی ئایین و بیروباوەڕەكەیان.

لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ئەوە كە چ شتێك ئیسلام جیادەكاتەوە لە ئایینەكانی تر، بەڕێزی باسی ئەوەی كرد كە بە دەركەوتنی ئیسلام ئایین كامڵ بوو، وە قورئانی پیرۆز ڕێنموونیەكی جیھانیە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، لە كاتێكدا پێغەمبەران و كتێبە پیرۆزەكانی پێشوو بۆ گەل و نەتەوەیەكی دیاریكراو هاتبوون. وە بەڕێزی ڕوونیكردەوە كە كاتێك ڕەگەزی مرۆیی گەیشتە ئاستی داواكراوی تێگەيشتن، وە كاتێك گونجاو بوو كە ڕێنمایی ئایینی لە هەموو شوێنێكی جیھاندا بڵاوبكرێتەوە، خوای گەورە بە فەزڵ و ڕەحمەتی فراوانی خۆی پێغەمبەری ئیسلامی (صلى الله عليه وسلم) وەك كۆتا پێغەمبەری خاوەن شەریعەت ڕەوانەكرد.

كاتێك پرسیاركرا لە بەڕێز میرزا مەسروور ئەحمەد سەبارەت بەوەی كە ئایا سیفەتێكی تایبەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەیە كە لە هەموو سیفەتەكانی تر زیاتر خۆشی بوێت، فەرمووی:

“بێگومان خوای گەورە پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) بە پێشەنگ داناوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، لەبەرئەوە خۆشەویستی ڕاستەقینە ئەوەمان لێ داوا دەكات كە هەموو لایەنێكی بوون و قەوارەی ئەو زاته و هەموو سیفەتێكی كەسایەتی پیرۆزی ئەومان خۆشبوێت. بەم شێوەیە كاتێك بیردەكەینەوە لە پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم)، كە پێشەنگە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، پێویستە لەجیاتی ئەوەی جەخت بكرێتەوە لەسەر یەك سیفەت لە سیفەتەكانی، هەموو كردەوەیەكی و هەموو سیفەتێكی ئەو زاتەمان خۆشبوێت و هەوڵ بدەین بەباشترین شێوە پەیڕەوی هەموویان بكەین لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەگوێرەی توانا. ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بەم شێوەیە ژیان بگوزەرێنێت؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە موسوڵمانێكی باش دەبێت.”

هەروەك پرسیاركرا لە بەڕێزی كە ئایا خوای گەورە لەسەر ئەنجامدانی پێنج نوێژە فەرزەكە لەماڵەوە لەجیاتی مزگەوت بەهۆی كۆت و پێوەندەكانی كۆرۆناوە هەمان پاداشتمان بۆ دەنووسێت، لەوەڵامدا بەڕێزی فەرمووی:

“لەم كاتەدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنای نوێ (كۆڤید-19) موسوڵمانان لە ماڵەكانی خۆیاندا نوێژ دەكەن؛ چونكە وا پێویست دەكات، وە خوای گەورە ئاگای لە نیازە ڕاستەقینەكانیان هەیە، وە ئەو لە هەموو كەس میھرەبانترە. ئەگەر موسوڵمان بە ئەنقەست نەچێت بۆ مزگەوت لە هەلومەرجی ئاساییدا، ئەوا هەڵە دەكات. بەڵام ئەگەر هەلومەرجەكە ڕێگەی نەدا بەمە؛ ئەوا خوای گەورە بەگوێرەی نیازەكانیان پاداشتی خەڵكی دەداتەوە. لەبەرئەوە پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (إنَّما الأعمالُ بِالنِّياتِ) واتە پاداشتی كردەوە تەنها بەگوێرەی نیازەكانە، جا ئەگەر نیازی مرۆڤ ڕاست بێت؛ ئەوا لەسەر ئەوە پاداشت دەدرێتەوە. لەلایەكی ترەوە، ئەگەر نیازیان ڕاست و دروست نەبێت؛ ئەوا تووشی سزا و توڕەبوونی خوا دەبن. بۆ نموونە هەندێ كەس كۆمەكی ماددی دەبەخشن، بەڵام ئامانجیان ڕاست و دروست نیە، ئەمە هەڵەیە و خوای گەورە تووڕە دەكات.”

گەنجێك پرسیاری كرد لە بەڕێزی كە ئەو سیفەتانە كامەیە كە پێویستە گەنج لە هاوڕێكانیدا بۆیان بگەرێت؟ بەڕێزی لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا فەرمووی:

“ڕاستگۆبن لەگەڵتدا و دڵسۆز بن بۆت، وە ڕاستگۆكان ئەو كەسانەن هاوخەم و دڵسۆزن بۆ كەسانی تر و ڕەوشتیان جوانە. هاوڕێ ڕاستەقینەكان ئەوانەن كە فێڵت لێ ناكەن و درۆت لەگەڵدا ناكەن هەلومەرجەكە هەرچۆنێك بێت. بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە ئێوە هەمووتان خوێندكاری بچوكن، هەوڵ بدەن هاوڕێیەتی ئەوانە بكەن كە بەجددی دەخوێنن. سەرەڕای ئەوە، وەك موسوڵمانی ئەحمەدی، پێویستە هاوڕێیەتی ئەو كەسانە بكەن كە باوەڕیان بەبوونی خوای گەورە هەیە.”