بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

تیرۆر لە فەڕەنسا، پێویستە كاردانەوەی موسوڵمانان چۆن بێت؟

ڕاگەیاندێکی ڕۆژنامەوانی کە لەلایەن کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە دەرچووە

29/10/2020

لە 16/10/2020 مامۆستایەكى فەڕەنسی بەناوی (ساموێل پاتی) بەشێوازێكی دڕندانە كوژرا لە شەقامەكانی شارۆچكەی “كۆنفلانت- سانت- هۆنۆرین”ى فەڕەنسی لەسەر دەستی توندڕەوێكی تیرۆریست، ڕەنگە ئەم تیرۆریستە بەناو موسوڵمان بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەكردەوە موسوڵمان نیە. سەرەڕای ئەمە، وە لەكاتێكی زووی ڕۆژی (29/10/2020)دا لە پەلامارێكدا لە نیس سێ كەس كوژران كە گومان دەكرێت پەلامارێكی تیرۆریستی بێت.

ئەم دەستدرێژیە ترسناكانە، كە گوایە بەهۆی بەرگریكردن لە ڕێز و شكۆی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) ئەنجامدراون، بووە هۆی توڕەبوون، وە گرژی و ئاڵۆزی دروستكرد لەنێوان موسوڵمانان و خەڵکەکەی تری كۆمەڵگای فەڕەنسی.

هەروەك لەم ڕۆژانەی دواییدا لێكەوتە خراپەكانی ئەم كێشەیە زیاتر پەرەیانسەند، بەجۆرێك كۆمەڵێك دەوڵەتی ئیسلامی دیاریكراو بەڕابەرایەتی توركیا داوای بایكۆتكردنی بەرهەمەكانی فەڕەنسایان كرد وەك كاردانەوەیەك بۆ لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەرۆكی فەڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن، كە گوتبووی “ئیسلامیەكان داهاتووی ئێمەیان دەوێت” وە بێگومان فەڕەنسا “وازناهێنێت لە وێنە كاریكاتێریەكانی.” وە لەلایەكی ترەوە كۆمەڵێك دەوڵەتی ڕۆژئاوایی گوزارشتیان كرد لە یەكگرتنی خۆیان لەگەڵ فەرنسادا.

وە سەبارەت بەم هەلومەرجە گرژ و ئاڵۆزە، خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) لە ڕاگەیاندراوێكدا دەفەرموێت:

“پێویستە زۆر بەتوندی سەركۆنەی تاوانی كوشتن و سەربڕینی ساموێل پاتی و ئەو هێرشە بكەین كه لە كاتێكی زووی ڕۆژدا لە نیس ڕوویدا. بێگومان ئەم جۆرە هێرشە ترسناكانە بەتەواوەتی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی ئیسلامە. لە هیچ بارودۆخێكدا ئایینەكەمان ڕێگە نادات بە توندڕەوی یان تیرۆر، وە هەركەسێك پێچەوانەی ئەمە بڵێت؛ ئەوا دژایەتی قورئانی پیرۆز و پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) دەكات. بەو سیفەتەی كە پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانیم، بە گەرمی پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی كەسوكاری قوربانیەكان و گەلی فەڕەنسی دەكەم. وە با ڕوون و ئاشكرا بێت كە سەركۆنە و بێزاری ئێمە لەم جۆرە هێرشانە شتێكی نوێ نیە، بەڵكو هەمیشە ئەمە هەڵوێستی ئێمە بووە. بەردەوام دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی و خەلیفەكانی بەیەكجاری هەموو شێوازێكی توندڕەوی و  كوشتنیان ڕەتكردووەتەوە بەناوی ئایینەوە. بێگومان لێكەوتەكانی ئەم كارە دزێوە بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان جیھانی ئیسلامی و ڕۆژئاوادا، وە لەنێوان ئەو موسوڵمانانەی كە لە فەڕەنسادا دەژین و خەڵکەکەی تری كۆمەڵگای فەرنسی. ئێمە ئەمە بە سەرچاوەی داخێكی قووڵ و ئامرازێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاشتی و ئاسایش دادەنێین لە جیھاندا. پێویستە هەموومان یەكبگرین بۆ ڕیشەكێش كردنی هەموو شێوازەكانی توندڕەوی و هانی لێكتێگەيشتن و پێكەوە ژیان و یەكتر قەبوڵ كردن بدەین. لەلایەن ئێمەوە. كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هەموو هەوڵێك خ دەخەینەگەڕ بۆ خستنەڕووی باشترین تێگەشتن بۆ ڕێنماییه پڕ لە ئاشتی و ڕاستەقینەكانی ئیسلام لە جیھاندا.”

هەرگیز ناكرێت توندڕەوی یارمەتی بەرەوپێشچوونی كاروباری موسوڵمانان بدات:

وەك مامۆستایەك، ساموێل پاتی لە چوارچێوەی یاسای فەڕەنسی و سنوری ئەو پرۆگرامی فێركردنەدا ڕەفتاری كردووه كە بڕیاری لەسەر دراوە. بەم پێودانگە، ئەگەرچی موسوڵمانان ئەم وێنە كاریكاتێریانە بە شتێكی خراپ و قێزەون دەزانن، بەڕێز باتی قوربانیەكی تەواو بێتاوان بوو.

بێگومان وەڵامدانەوە بەشێوازێكی توندوتیژ یان بانگەوازكردن بۆ كاردانەوەی دەمارگیرانە تەنھا خزمەتی ئەو كەسانە دەكات كە پێیان خۆشە ئیسلام وەك ئایینێكی كۆنەپارێز و توندڕەو پیشان بدەن. وە تەنھا دەبێتە هۆی جێگیركردنی هەڵوێستی ئەو كەسانەی كە هەوڵ دەدەن پاساو بھێننەوە بۆ بڵاوكردنەوەی وێنەی كاریكاتێری پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) بەوەی كە ئەمە بابەتێكە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە. دواجار، هەرگیز ئەم جۆرە هێرشە سووك و نزمانه نابنە هۆی سڵكردنەوەی ئەو كەسانە یان كەمكردنەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم وێنە كاریكاتێریانە، بەڵكو تەنھا دەبێتەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەیان.

بێگومان مێژووی هاوچەرخ ڕاستی ئەم خاڵەی ساغكردووەتەوە – دیارە ئەنجامدانی كاردانەوەی توند دوای بڵاوبوونەوە یەكەمی وێنه كاریكاتێریەكانی پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) لە ساڵی 2005دا نەبووە هۆی سڵەمینەوەی كەسانی تر لە دووبارەكردنەوەی هەمان كاری قێزەون، بەڵكو زیاتر هانیدان و ورەی بەرزكردنەوە لەسەر پەیڕەوكردنی هەمان بەرنامە و هەڵگرتنی هەمان هەنگاو.

بایكۆتكردن یان بایكۆتنەكردن

سەبارەت بە فشارە ئابووریەكان، لەڕاستیدا بایكۆتكردنی بەرهەمەكانی فەڕەنسا یان وڵاتە ڕۆژئاواییەكان یان كارێكی لەو شێوەیە هیچ كاریگەریەكی گەورە و هەمیشەیی نیە. لەمڕۆدا بەڕەچاوكردنی واقیعی جوگرافی و ڕامیاری پێكەوە گرێدراو، بەردەوامبوون لە بایكۆت یان ئەم یاساغكردنە یان بڵاوكردنەوەی بەشێوەیەكی فراوان كارێكی ناواقیعیه، هەروەك ملیۆنەها موسوڵمان لە ڕۆژئاوا دەژین ناكرێت ئاوا بە ئاسانی بەشداری بكەن لەم جۆرە بایكۆتانەدا. دواجار بانگەوازكردن بۆ بایكۆتكردنی بەرهەمەكانی وڵاتی فەڕەنسا بریتیە لە بەدەمەوەهاتنێكی سۆزداری نەك عەقڵانی. سەرباری ئەمە، پێویستە لەسەر موسوڵمانان بەشداری نەكەن لەو ناڕەزایەتیانەدا كە زیان دەگەیەنن بە پێشكەوتنی ئوممەتەكەیان.

ئایا پێویستە كۆت و پێوەند هەبێت لەسەر ئازادی ڕادەربڕین؟

ئێمە ئەو وێنە كاریكاتێریانەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كه لە ڕابردوودا (چارلی ئیبدۆ) بڵاوی كردنەوە و ئەوەی كە ڕۆژنامەكانی تر بڵاویانكردووەتەوە بە كارێكی خراپ و گێرەشێوێن و بەئازار لە قەڵەم دەدەین. ئەمە كاردانەوەیەكی مرۆیی سروشتیە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و دڵسۆزیمان بۆ پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) دامەزراوە كه لای ئێمە پێشەنگێكی نموونەییە بۆ مرۆڤایەتی. سەرباری ئەمە، پێمانوایە زۆر جێی داخە كە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ڕێزی ئایین دەشكێنرێت.

لەگەڵ ئازادیدا بەرپرسیارێتی دێتە ئاراوە، دواجار كاتێك بابەتەكە پەیوەست دەبێت بە ئازادای ڕادەربڕینەوە؛ ئەوا پێمانوایە پێویستە تاڕادەیەك بە هۆشداریەوە بەكاربھێنرێت. لە كۆمەڵگای ئەمڕۆدا هەندێ بابەت بە سنور بەزاندن دادەنرێت، سەرەڕای بوونی بایەخێكی گەورە بۆ ئازادی ڕادەربڕین. خۆشبەختانە، زۆربەی زۆری كۆمەڵگا ڕێگە نادەن بە ڕەگەزپەرستی یان دروشمی دژە سامی و چاوپۆشی لێ ناكەن. بێگومان ئەوەتا سنور دانراوە بۆ ئازادی بیروڕا لەپێناوی بەرژەوەندی كۆمەڵگادا. پێمانوایە پێویستە ئەم سنورە درێژ بكرێتەوە و هەموو ئەو شتانە بگرێتەوە كە شوێنكەوتووانی ئایینەكان بەپیرۆزیان دەزانن.

لەهەمان كاتدا، ئەوەش دەزانین كە كاتێك دوژمنانی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) جنێویان پێدەدا و گاڵتەیان بە كەسایەتی پیرۆزی دەكرد ئەو بەشێوازێكی ئاشتیانە وەڵامی دەدانەوە، هەرگیز ڕێگەی نەداوە بە یەكێك لە هاوەڵانی كە بە توندوتیژی بەرپەرچیان بداتەوە. با تەنھا یەك نموونە باس بكەین، بڕوانن چۆن پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) وەڵامی عەبدوڵڵای كوڕی ئوبەی كوڕی سەلوولی دایەوە كاتێك گاڵتەی كرد بە پێغەمبەر و لەڕادەبەدەر خراپەی ئەنجامدا. پاش چەندین سووكایەتیكردن و زماندرێژی بەرامبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كوڕەكەی عەبدوڵڵای كوڕی ئوبەی، كە موسوڵمان بوو، داوای ئیزنی كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە باوكی خۆی بكوژێت بەهۆی ئەوەی كە سووكایەتی كردووە بە پێغەمبەر و ئازاری داوە. بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم ڕووەوە نموونەیەكی جوانی پێشكەش كرد لەسەر دانبەخۆداگرتن و چاوپۆشی نەك تەنھا بۆ هاوەڵەكانی، بەڵكو بۆ هەموو موسوڵمانان بۆ هەتاهەتایە، دیارە قەدەغەی كرد كە پەناببرێت بۆ توندوتیژی و لەجیاتی ئەوە فەرمووی: “بەردەوام دەبێت لەسەر ئەوەی كە بە میھرەبانی و ڕێزەوە مامەڵە بكات لەگەڵ باوكیدا.” (لە کتێبی “حیاة محمد”ی خەلیفەی دووەمی کۆمەڵی ئیسلامیەوە، میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد) گومانی تێدا نیە، ئەو وەڵامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕوونیدەكاتەوە كە ئەوانەی تفەنگ هەڵدەگرن بۆ “تۆڵەكردنەوە” لەپێناوی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) ستەمێكی گەورە ئەنجام دەدەن.

بەکارهێنانی توندوتیژی داننانە بە شکستی فیکریدا

لە سەردەمی دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا (حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی -علیه السلام-) كتێبێك بڵاوكرایەوە بەناونیشانی “دایكانی باوەڕداران” تێیدا بە زمانێكی پیس و نزم وەسفی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خێزانەكانی كرابوو. كاتێك كە ئەم كتێبە بڵاوكرایەوە و دابەشكرا، موسوڵمانانی هيندستان لە تووڕەییدا گڕیان گرت. سەرەڕای ئەوەی كە داواكرا ئەم كتێبە یاساغ بكرێت، شەپۆلی ناڕەزایی و پشێوی بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبوویەوە. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم كاردانەوەیەی ڕەتكردەوە و به كارێكی پێچەوانەی ئیسلام لەقەڵەمیدا و فەرمووی پەنا بردن بۆ قەدەغەكردنی كتێبەكە یان هاندانی كاری ئاژاوەگێڕی بریتیە لە وەڵامی ئەو كەسانەی كە شكستی فیكری قەبوڵ دەكەن.

لەجیاتی توندوتیژی و ناچاركردن، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەوڵیدا كە بەشێوازێكی ئاشتیانە دەسەڵاتداران ڕازی بكات بەوەی كە پێویستە گفتوگۆی شارستانیانە بكرێت و ئەگەر لەپێناوی ئاشتی و یەكبوونی كۆمەڵگادا تاڕادەیەكی دیاریكراو ئازادی ڕادەربڕین سنوردار بكرێت؛ ئەوا بەرژەوەندی و قازانجی زۆری تێدایە بۆ كۆمەڵگا. لەجیاتی ئەنجامدانی كاردانەوەی توندوتیژ، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەوڵیدا كەسایەتی ڕاستەقینە و مەردی پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا بكات، وە بانگی موسوڵمانانی تریشى كرد كە هەمان كار ئەنجام بدەن.

بڵاوبكردنەوەى ڕەوشتە جوانەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

بەهەمان شێوە لە كۆتایی بیستەكانی سەدەی ڕابردوودا كتێبێكی تر بڵاوكرایەوە كە تێیدا بەناحەق دەستدرێژی كرابووە سەر كەسایەتی پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم)، كتێبەكەیش ناوی “رنگیلا رسول” بوو، واته ئەو پێغەمبەری لەخۆشیدا نوقم بوو. جارێكی تر موسوڵمانان توڕەبوون، بەڵام پێشەوای ئەو كاتەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، خەلیفەی دووەم، هێژا میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) هەموو شێوازەكانی توندوتیژی و ئاژاوەی ڕەتكردەوە، لەجياتی ئەوە بانگی موسوڵمانانی كرد كە كۆڕ و كۆبوونەوە گرێ بدەن و بەرنامەی تایبەت پێشكەش بكەن بۆ خستەنەڕووی كەسایەتی ڕاستەقینەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)،

لەو كاتەدا، خەلیفەی دووەمی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، هێژا میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) فەرمووی:

“براكانم جاریكێ تر دەیڵێمەوە و ئاگری دڵسۆزی و هاوخەمی لە دڵمدا بڵێسە دەدات، ئەو كەسەی سەرەتا دەست بكات بە جەنگ كەسێكی ئازا نیە، بەڵكو كەسێكی ترسنۆكە و نەفسی زاڵ بووە بەسەریدا. وە بەگوێرەی فەرموودەی پیرۆز ئازا ئەو كەسەیە كە لەكاتی توڕەبووندا دان بەخۆیدا دەگرێت جڵەوی خۆی لەدەست نادات. دەوترێت ئازا كەسێكە كە سوورە لەسەر كارێك و پاشان سستی ناكات هەتا ئەو كارە ئەنجام دەدات.. بڕیار بدەن سێ ئەرك جێبەجێ بكەن لەپێناو سەركەوتنی ئیسلامدا: یەكەم: لەخوا بترسن و بەسووك سەیری كاروباری ئایین مەكەن. لەبەرئەوە سەرەتا خۆتان چاك بكەن. دووەم: هەموو گرنگی پێدانێكتان چڕ بكەنەوە لە گەیاندنی پەیامی ئیسلامدا، بۆیە پێویستە ڕێنماییەكانی ئیسلام بگات بەهەموو خەڵكی جیھان، وە پێویستە ڕەوشتە جوانەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ژیاننامە بۆنخۆشەكەی و پێشەنگیە چاكەكەی بناسێنن. سێيەم: پێویستە هەوڵ بدەن موسوڵمانان لە كۆیلایەتی كۆمەڵایەتی و ژیاری و ئابووری ڕزگار بكەن.”

بەم شێوەیە لەم ڕووەوە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ڕابەرایەتی ئەم ڕێگەیەی كرد، وە هەتا ئەمڕۆ لە هەموو لایەكی جیھاندا بەردەوامە لە دانانی بەرنامەی ڕێكوپێك لەپێناو ئاگاداركردنەوە و شارەزاكردنی ناموسوڵمانەكان له كەسایەتی ڕاستەقینەی پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم).

شێوازی هەڵەی وەڵامدانەوە

پاش بڵاوبوونەوەی وێنە کاریکاتێریەکان لەلایەن ڕۆژنامەی (Jyllands-Posten)ى دانیمارکی لە ساڵی 2005،  پێشەوای کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەرکەوتووی بکات) ڕوونیکردەوە ئەو موسوڵمانانەی کە تەلارەکان یان ئاڵاکان دەسووتێنن و کاری توندوتیژی ئەنجام دەدەن و ئاژاوە دەنێنەوە، ڕەفتارەكانيان پێچەوانەیە لەگەڵ ڕێنماییەکانی ئايينى ئیسلامدا.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەرکەوتووی بکات) ئەوکات فەرمووی:

“بەو كەسانە دەڵێم كە خۆیان داوەتەپاڵ ئیسلام، چ ئەحمەدیەكان بن یان سوننە یان شیعە یان هەر گروپێكی ئیسلامی تر بن، كە هەمووتان بزانن ئەگەر هێرشكرایە سەر كەسایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)؛ ئەوا پێویستە پەنا نەبەن بۆ هەڵچوون و توڕەبوونی كاتی بە سووتاندنی ئاڵاكان و پەلاماردانی باڵیۆزخانەكان، بەڵكو پێویستە لەسەریان كردەوەی خۆیان چاك بكەن هەتا كەسانی تر دەرفەت نەقۆزنەوە بۆ ناوزڕاندن و لەكەداركردنیان. ئایا ئەوانەی ئاگر لە باڵیۆزخانەكان بەردەدەن و ئاڵاكان دەسووتێنن پێیانوایە كە سەربەرزی و گەورەیی پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) یەكسانە بەم كارە تێكدەرانە و تۆڵەیان لەوان كردووەتەوە لەسەر ئەم خراپەكاری و بەدناوكردنە؟”

لەجیاتی ئەمە، بەڕێزی جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پیشاندانى کەسایەتی ڕاستەقینەی پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) بە جیهان لەلايەن موسوڵمانانەوە.

بەجۆرێك، بەڕێزی بەردەوام دەبێت لەسەری و دەفەرموێت:

“نەخێر. بەڵكو ئێمە باوەڕمان بەو پێغەمبەرە هەیە كە بۆ كوژاندنەوەی ئاگر هاتووە، وەكو باڵیۆزی خۆشەویستی و ڕابەری ئاسایش و تەناهی هاتووە! كەوابوو لەجیاتی ئەوەی كاری توندوتیژی ئەنجام بدەین، پێویستە ڕاستیەكە بۆ خەڵكی دنیا ڕوون بكەینەوە و ڕێنماییە جوانەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نمایش بكەین بۆیان.”

شێوازی ڕاست و دروستی وەڵامدانەوە

پاش كوشتنی ساموێل پاتی، دەستبەجێ كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە فەڕەنسا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا ئیدانەی هێرشەكەی كرد و دووپاتی كردەوە كە بەتەواوەتی پێچەوانەی ڕێنماییەكانی قورئانی پیرۆزە. هەروەك لەو ڕاگەیاندنەدا هاوسۆزی خۆی دەربڕیوە بۆ كەسوكاری قوربانیەكە و كۆمەڵگای فەڕەنسی.

لە ڕۆژانی دوای ئەوەدا، موسوڵمانە ئەحمەدیەكانی نیشتەجێی فەڕەنسا بەشدارییان كرد لە مەراسیمێكدا كە بۆ ڕێزڵێنان لە ساموێل پاتی سازكرابوو، وە دروشمی “خۆشەویستی بۆ هەموون و نا بۆ ڕقلێبوون لە هیچ کەسێك”یان بەرزكردەوە. وە لەو مەراسیمەدا كە لە شوێنی لەدایكبوونیدا سازكرابوو، موسوڵمانە ئەحمەدیەكان زنجیرەیەكی مرۆییان دروست كرد و ڕێپێوانێكیان ڕێكخست وەك یەكگرتن لەگەڵ گەلی فەڕەنسی و بەرگریكردن لە پەیامی ڕاستەقینەی ئیسلام.

هەروەها گوڵیان دانا لەبەردەم ئەو خوێندنگایەدا كە ساموێل پاتی وانەی تێدا دەوتەوە. وە ژمارەیەكی زۆر لە ناموسوڵمانە خۆجێییەكان سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕی كە ئەم موسوڵمانانە ئیدانەی هێرشەكەیان كردووە بەوپێیەی پێچەوانەی ئیسلامە. سەرباری ئەوە، لەلایەن دەزگا نیشتیمانی و خۆجێییەكانی ڕاگەیاندنەوە لە فەڕەنسا پەیوەندی كرا بە نوێنەرانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە و كۆمەڵێك چاوپێكەوتنیان لەگەڵیاندا سازكرد و لە تەلەڤزیۆنی نیشتیمانیدا لەكاتی خۆیدا ئەو چاوپێكەوتنانە پەخشكران، هەروەك گواسترانەوە بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش.

موسوڵمانێكی ئەحمەدی بەناوی دكتۆر ڕەشید وەسفی كاردانەوەی خەڵكی كردووە و دەڵێت:

“كاتێك گەيشتینە ڕێپێوان و مەراسیمەكانی پرسە و ڕێزلێنان، زۆر نیگەران بووین. نەماندەزانی چۆن پێشوازیمان لێ دەكەن، بەجۆرێك ناكرێت وەسفی ئەو كەشه بكرێت بەوەی كە “هاوڕێی موسوڵمانانە”، لەگەڵ ئەوەشدا ناموسوڵمانەكان زۆر هەستیان بە ئاسوودەیی كرد كاتێك پەیامی ئێمەیان بیست، بگرە زۆر كاریگەر بوون كاتێك پەیامی خۆشەویستی ئاشتییان بیست كە لەدڵماندا هەڵمانگرتبوو، وە لەسەر كراسەكانمان نووسرابوو. ئەو زنجیرە مرۆییە ئاشتیخوازیە كە ئێمە دروستمان كردبوو زۆر سەرنجی ڕاکێشا. وە كاتێك بەهێواشی دەرۆيشتین وەك بەشێك لە كۆمەڵگای فەڕەنسی، ئەمەش بووە هۆی بایەخپێدانی هەموو خەڵكەكە و بەخێرایی هۆكارەكانی ڕاگەیاندن هاتن و هەمان پرسیاریان ئاراستە كردین: “چ مانایەكتان بەخشیوە بە بوونتان لێرەدا؟” ئێمەش وەڵاممان دانەوە، ئێمە هاتووینەتە ئێرە پەیامی ئاشتی و خۆشەویستیمان لەگەڵ خۆماندا هەڵگرتووە، ئەو پەیامەی كە ئیسلام و پێغەمبەرە ئازیزەكەی (صلى الله عليه وسلم) فێریان كردووین، وە لەمیانەی ئەم ڕێپێوانەدا، دوو چاوپێكەوتنمان ئەنجامدا لەگەڵ دوو ئێستگەی پەخشی نیشتیمانی، وە دوو ئێستگەی پەخشی خۆجێیی و دوو كەناڵی تەلەڤزیۆنی نیشتیمانیدا، وە ڕاستەوخۆ لەلایەن دوو دەزگای ڕاگەیاندنەوە لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە وێنەمان پەخشكرایەوە كە یەكێكیان دەوروبەری دوو ملیۆن كەس بەشوێن هەواڵ و دەنگوباسەكانیدا دەڕۆن لەكاتێكدا ئەویتریان شەش ملیۆن كەس شوێن هەواڵ و دەنگوباسەكانی دەكەون. بێگومان ئێمە هاتووین بۆ ئیدانەكردنی ئەو تاوانە كە ڕوویدا، بەڵام ئێمە ئەوەشمان دەوێت كە پەیامی ڕاستەقینەی ئیسلام بگوێزینەوە و ئەو بەربەستانە بشكێنین كە لەنێوان ئیسلام و كۆمەڵگا فراوانەكەدا هەیە.”

دكتۆر تەڵحە ڕەشید لەسەری دەڕوات و دەڵێت:

“سەرۆكی خۆجێیی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی و مناڵەكانی لافیتەیەكیان بەرزكردەوە كە لەسەری نووسرابوو “خۆشەویستی بۆ هەموون و نا بۆ ڕقلێبوون لە هیچ کەسێك” ئەم دروشمە دەستبەجێ گاریگەری خۆی كرد، بەجۆرێك خەڵكی چەپڵەیان بۆ لێدان و زەردەخەنەیان بۆ كرد -ئەوان پێویستیان بە بیستنی ئەم پەیامە هەیە لە پەنابەرە موسوڵمانەكانەوە. سەرەڕای ئەمە، هۆكارەكانی ڕاگەیاندنیش لە هەموو لایەكەوە هاتن بۆ وێنەگرتنی لافیتەكە. وە لە كۆتاییدا لەلایەن كەناڵی BFM ەوە كە یەكێكە لەو كەناڵانەی دەنگوباس كە لە فەڕەنسادا زۆرترین بینەری هەیە، چاوپێكەوتنێك ئەنجامدرا لەگەڵ سەرۆكی خۆجێیی كۆمەڵى ئەحمەديدا.”

سەرۆكی خۆجێی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بەڕێز عبد الغني لەمیانەی چاوپێكەوتنە تەلەڤزیۆنیەكەدا لەگەڵ كەناڵی بی ئێم ئێف بە عەرەبی گوتی:

بەردەوام كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئامادەبووە لە هەموو گردبوونەوەكاندا و لە هەموو لایەكی فەڕەنسادا هەركاتێك هێرشی تیرۆریستی ڕوویدابێت بۆئەوەی بڵێت ئەم كارە پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیە. ئیسلام ئایینی ئاشتی و خۆشەویستی و چاوپۆشیە. بێگومان ئەو دروشمەی كە ئێمە دەستمان پێوە گرتووە واتە دروشمی “خۆشەویستی بۆ هەموون و نا بۆ ڕقلێبوون لە هیچ کەسێك” ئەوەیە كە لەدڵماندایە بەرامبەر گەلی فەڕەنسی.

من لە فەڕەنسادا لەدایك بووم، بەبیستنی هەواڵی سەربڕینی ئەو مامۆستایە تووشی شۆك بووم. یەكەم ئایەت كە دابەزیەسەر پێغەمبەری ئازیز بریتی بوو لە “اقرأ” واتە بخوێنە- فێربە، لەبەرئەوە كابرای تیرۆریست بەتەنھا هێرشی نەكردووەتەسەر دەستەی فێركردن كە بڕبڕەى پشتی كۆماری فەڕەنسایە و ئێمەی فێری خوێندن و نووسین كردووە بۆ ئەوەی پێكەوە بژین، بەڵكو هێرشی كردووەتەسەر سیستەمێكی كامڵ كە بریتیە لە بەشێكی دانەبڕاوی كۆماری فەڕەنسا، ئێمە چ جوولەكە بین یان موسوڵمان یان بێ باوەڕ، دەتوانین هەموومان پێكەوە بژین.. ئەمە كارێكە بەتەواوەتی شیاوە. من لەم وڵاتەدا لەدایك بووم و ژیاوم تێیدا، پێویستە نەهێڵین ئەو كەسانە سەركەوتوو بن لە دابەشكردنماندا.”

بەم شێوەیە، لە ڕۆژانی دوای هێرشەكەدا، كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی توانی نوێنەرایەتی ئیسلامی ڕاستەقینە بكات و ڕێنماییەكانی ئەم ئایینە پێشكەش بكات بە جەماوەرێك كە كەمتر نەبوو لە 18 ملیۆن فەڕەنسی لەمیانەی كۆمەڵێك میمبەری جۆراوجۆرەوە، لەوەڵامی ئەمەدا، لەلایەن موسوڵمانانی تر و كەسانی ناموسوڵمانیشەوە سەدەها نامەی پێزانین و دەستخۆشی پێگەيشت.

پاش بینینی ڕووماڵێك لەم بارەيەوە، موسوڵمانێكی نا ئەحمەدی بەم شێوەیە لێدوانی دا:

“خۆشحاڵم لەكۆتاییدا كەسێك دەبینم كە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە بەرگری لە موسوڵمانان دەكات، لەوە گرنگتر ئەوەیە كە ئەو كەسە لەڕێگەی بەڵگەهێنانەوە بە ئایەتێكی قورئانی پیرۆزەوە ئەم كارە ئەنجامدەدات.”

موسوڵمانێكی تری نائەحمەدی دەڵێت:

“بێگومان پەیامەكە پەیامێكی مەزن بوو بەجۆرێك بەهاكانی كۆمارەكەمانی پیشاندا لە تەنیشت بەهاكانی ئیسلامەوە.”

مەسیحیەكی خەڵكی فەڕەنسا نووسیویەتی:

“زۆر بەداخەوە ئێمە بەزۆری ئەم جۆرە پەیامانە نابیستین.”

ئێمە بەتەواوەتی تەباین لەگەڵ ئەم هەستانەدا. بۆیە ئەگەر موسوڵمانان حەزدەكەن ڕیوایەتێكی درۆ بگۆڕن كە دیدی ئیسلامی شێواندووە لەزۆربەی ناوچەكانی جیھاندا؛ ئەوا پێویستە لەسەریان كە هەوڵبدەن ڕێنماییە ڕاستەقینەكانی بگوێزنەوە بۆ خەڵكی و بەرجەستەی بكەن لە خۆیاندا و پەیامی تیرۆرستان زیندەبەچاڵ بكەن لە هەموو دەرفەتێكدا. وە هیوادارین كە موسوڵمانە ئاشیخوازەكان كۆمەڵێك میمبەریان پێ بدرێت بۆ گەیاندنی ڕێنماییە ڕاستەقینەكانی ئایینەكەیان لەمیانەی هۆكارەكانی ڕاگەیاندن و هی تریشەوە لە هەلومەرجی ئاساییدا نەك تەنھا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە ڕووداوە تراژیدیانە.

هەڵوێستەیەك

 كوشتنی ساموێڵ پاتی و زنجیرەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی كە لەم دواییانەدا كەسانی بەناو جیھادی ئەنجامیاندا بوونە هۆی زیانێكی گەورە بۆ دۆزی ئیسلام. كەواتە لەجیاتی بەكارهێنانی توندوتیژی یان بانگەوازكردن بۆ بایكۆت، پێویستە لەسەر موسوڵمانان كە لەڕێگەی زیاتر ئەنجامدانی نوێژ و لەخوا پاڕانەوە و سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامی هەر شێوەیەك لە شێوەكانی ئیستیفزاز بدەنەوە.

پێویستە لەسەر موسوڵمانان هەوڵ بدەن لەڕووی ڕۆحی و ئەخلاقیەوە خۆیان چاك بكەن و شوێن هەنگاوەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكەون كە خوای گەورە وەك ڕەحمەتێك بۆ جیھانیان ڕەوانەی كردووە. پێویستە كەسایەتی مەردی ئەو پێغەمبەرە ئازیزە پیشان بدەن و گفتوگۆی بنیاتنەر ئەنجام بدەن لەگەڵ حكومەتەكان و دەسەڵاتە خۆجێیی و كۆمەڵگا فراوانەكەدا لەپێناو باڵادەستكردنی چاوپۆشین و هاوسۆزی.

لە خوا دەپاڕێینەوە ئاشتی بەرقەرار بكات لە جیھانێكدا كە دەكرێت هەموو پەنابەر و نەتەوەكان بە تەبایی و ڕێزگرتنی یەكتریەوە بەیەكەوە بژین تێیدا، كە بێوەی بن لە كارە چەپەڵەكانی تیرۆریستان كە هەوڵدەدەن سوود وەربگرن لە پەرتەوازەیی كە هەر خۆیان بەرپرسیارن لە دروستكردنی.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد (خوای گەورە سەركەوتووی بكات) دەفەرموێت:

“پێویستە لەسەر خەڵكی پەی بەوە ببەن كە كۆمەڵێك وشە هەن بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لێكەوتەیان دەبێت، لەبەرئەوە لەجیاتی ئەوەی قسەبكرێت دەربارەی “پێكدادانی ژیارەكان” یان گرژی و ئاڵۆزی نێوان پەنابەرە جۆراوجۆرەكان، پێویستە لەسەر خەڵكی وازبھێنن لە هێرشكردنەسەر ڕێنماییەكانی ئایینی یەكتری.. وەرن با هەموومان.. جیاوازیەكانمان هەرچیەك بێت، یەكبگرین و بەڕۆحی ڕێزگرتنی یەكتری و چاوپۆشین و خۆشەویستیەوە كاربكەین لەپێناوی ئاشتی جیھانی و چەسپاندنی ئازادی بیروباوەڕدا.”