پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین
كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا، جەستن ترودۆ، تا ئاستێكی بەرز دەنرخێنێت و پێشوازییان لێ دەكات سەبارەت بە گرنگی بەكارهینانی مافی ڕادەربڕین بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە.
بەجۆرێك هۆكارەكانی ڕاگەیاندن باسیان كرد كاتێك لەم دواییەدا پرسیاری لێ كرا سەبارەت بەوەی كە ئایا پێویستە ڕێگە بدرێت بەئازادی ڕادەربڕین بۆ گاڵتەكردن بە ئایینەكان و ڕابەرەكانیان، بەڕێز ترودۆ وەڵامیدایەوە:
“هەمیشە بەرگری دەكەین لە ئازادی ڕادەربرین، بەڵام ئازادی ڕادەربڕینیش سنوری هەیە و بێ سنور نیە. بێگومان ئەركی سەرشانمانە كە بەڕێزەوە مامەڵە بكەین لەگەڵ ئەوانی تردا و هەوڵ بدەین بە ستەم یان بەبێ پاساو ئازاری كەس نەدەین چ ئەو كەسانەی كە لە كۆمەڵگادا یان ئەوانەی كە لەسەر زەویدا لەگەڵماندا دەژین. مافی ئەوەمان نیە بۆ نموونە لە سینەماخانەدا ترس و تۆقاندن بڵاوبكەینەوە كە پڕە لە خەڵك، كەواتە هەمیشە سنور هەیە، بێگومان ئەركی سەرشانمانە لە كۆمەڵگای جۆراوجۆر و فرە ڕەنگی وەكو كۆمەڵگای ئێمه كە لەسەر بنەمای ڕێز دامەزراوە، كە هۆشیار و تێگەيشتوو بین لە كاریگەری ڕەفتار و گوفتارمان لەسەر ئەوانی تر، بەتایبەتی پەنابەرەكان و ئەو كۆمەڵە خەڵكانەی كە هێشتا دەناڵێنن بەدەست ئەندازەیەكی زۆر لە جیاكاریەوە.”
كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ستایشی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا بەڕێز ترودۆ دەكات؛ چونكە ئازا و بوێر بوو لە وەرگرتنی هەڵوێستێك كە تێیدا بەرگری كرد لەوانەی باوەڕیان بە پیرۆزی ئایین هەیە.
لە وەڵامدانەوەی لێدوانەكانی بەڕێز ترودۆ، پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد، فەرمووی:
“لێداونەكانی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا زۆر بەرز دەنرخێنم سەبارەت بە پێویستی بوونی سنورێكی دیاریكراو بۆ ئازادی ڕادەربڕین، پێموایە ئەمە ڕێگەیەكی ڕاست و دروستە بۆ پەرەپێدان و باڵادەستكردنی ئاشتی و تەبایی لەناو كۆمەڵگادا. بێگومان هەمیشە بەرگریم لە باوەڕەكانم كردووە كە هەڵقوڵاوی ئایینەکەمن، هەڵەیە بەبێ هۆكار و پاساو گاڵتە و سووكایەتی بكرێت بە هەستی ئایینی هەر كەسێك، چ ئەو كەسە مەسیحی، جوولەكە، هيندۆسی، موسوڵمان یان شوێنكەوتووی هەر ئایینێكی تر بێت.”
هێژا میرزا مەسروور دەفەرموێت:
“چەندین جار ئەوەم گوتووە كاتێك بەشێوەیەكی زۆر بەژان هەستی ملیۆنەها موسوڵمان بریندار دەكرێت؛ ئەوا بەشێوەیەكی سروشتی ئەمە دەبێتە هۆی بێزاری و نیگەرانی لەناو كۆمەڵگای ئیسلامیدا. زۆر بەداخەوە، مێژووی هاوچەرخ ئەوەی دەرخستووە كە هەمیشە كەمایەتیەكی بچوكی بەناو موسوڵمان بەشێوازێكی دڕندانه و توندڕەوانە ڕێنماییەكانی ئیسلام دەشكێنن، وەك لەم دواییەدا لە فەڕەنسا بینیمان. ئەمەش بەڕۆڵی خۆی ئەو كەسانە هاندەدات كە بەهەر نرخێك بێت هەوڵ دەدەن بەرگری بكەن لە ئازادی ڕادەربڕین، بەمەش بازنەی داخراوی دژایەتی بەردەوام دەبێت لە سووڕانەوە و قووڵكردنەوەی ناكۆكی نێوان موسوڵمانان و بەشەکەی تری كۆمەڵگا. دواجار، پێویستمان بە كۆمەڵێك سەركردەیە كە سەرەڕای ئیدانەكردنی كاردانەوەی توندوتیژ، لەوەش تێدەگەن كە نابێت بەبێ هۆكار و پاساو ماف و ئازادیەكانمان بەكاربھێنین بۆ وروژاندن و ئازاردانی ئەوانی تر. لەم بارەيەوە، سوپاس و پێزانینی ڕاستگۆیانەی خۆم دەردەبڕم بۆ بەڕێز ترودۆ، وە داوا دەكەم كە سەركردەكانی تری جیھانیش لەوە تێبگەن كە زۆر گرنگە كۆمەڵگایەكی یەكگرتوو دروست بكرێت و تێیدا پارێزگاری بكرێت لە هەستی ئایینی هەر كەسێك لە شوێنكەوتووانی ئایینەكان.”
(تێبینی: وێنەكە لە ساڵی 2016دا گیراوە)