بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد

ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

حەزرەتی میـرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام)

لەدایكبوون و گەورەبوون و ماوەی ژیانی

حەزرەتی میـرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام) لە یەكێك لە گوندەكانی هەرێمی پەنجاب لە هیندستان لە ساڵی 1250ك بەرامبەر ساڵی 1835ز لەدایكبووە. وە بەڕێزی (عليه السلام) دەچێتەوە سەر خێـزانێكی خانەدان لە خێـزانە فارسەكان كە لە سەروبەندی دەوڵەتی مەغۆلیدا كۆچی كردووە بۆ هیندستان. وە باوباپیـرانی لە سەمەرقەندەوە هاتوون و لە پەنجابدا نیشتەجێ بوون، لەو كاتەدا ئیمپـراتۆریەتی مەغۆلی (بابر) ژمارەیەك لادێ و كێڵگەی بۆ دابڕین.

كاتێك هێـز و دەسەڵاتی دەوڵەتی مەغۆلی پاشەكشەی كرد و ناوچەی پەنجاب كەوتە دەستی سیخەكان كە یاخی بوو بوون لێی، موسوڵمانان لە پەنجابدا بەدەستی سیخەكان تاڵی و سوێـری زۆریان چەشت، بەجۆرێك دەیانكوشتن و ئاوارەیان دەكردن و مزگەوتەكانیان دەكردن بە تەویلە و گەوڕی ئەسپ و مانگاكان.

لەو ماوەیەدا بەریتانیا هێـرشی خۆی دەستپێكرد بۆسەر هیندستان، وە ئەوەندەی نەخایاند دەستی گرت بەسەر ناوچەی پەنجاب كە ئەمەش بووە هۆی چاكبوونى بارودۆخی موسوڵمانان لە ئەنجامی هەڵگیـرانی ستەم و چەوسانەوەی سیخەكان لەسەریان. بەڵام ئینگلیـز بە قەشەكانەوە هاتبوو كە تێدەكۆشان بۆ بڵاوكردنەوەی مەسیحیەت لە هیندستاندا. بڵاوبوونەوەی مەسیحیەت لە هیندستاندا یەكێك بوو لەو ئامرازانەی كە بەریتانیا دەیویست بەهۆیەوە دەسەڵاتی خۆی زاڵ بكات بەسەر ئەم وڵاتەدا و خەڵكەكەی ملكەچ بكات بۆ هەتاهەتایە. پاشان ئەم قەشانە بە شێوازێكی زۆر دڕندانە و قێزەون كە پێشتـر هاوشێوەی نەبینـرا بوو دەستیان كرد بە هێـرشكردنە سەر ئیسلام و توانجدان لە ئابڕووی گەورەمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم). وە لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر لە مەلا گەوجەكان باوەڕیان هێنا بە مەسیحیەت و بەشێوەیەكی تـرسناك دەستیانكرد بە هێـرشكردنە سەر ئیسلام. هاوكات ئەم هێـرشكردنەی ئایینی مەسیحی شوێنكەوتووی ئایینەكانی تـریشی هاندا كە هەوڵ بدەن بۆ لێدان و دژایەتیکردنی ئیسلام. وە لە مێژوودا بۆ یەكەمجار بزووتنەوە هيندۆسیەكان هەستان بە هێـرشكردنە سەر ئیسلام، وە بانگەوازیان كرد بۆ گەڕانەوەی موسوڵمانانی هیندستان بۆ سەر ئايينی باوباپیـریان.

لەم كاتەدا حەزرەتی میـرزا غڵام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام) هاتەپێشەوە بۆ پارێـزگاری كردن لە چوارچێوە و سنوری ئیسلام و ئابڕووی موحەممەدی هەڵبـژاردە (صلى الله عليه وسلم). وە هەستا بە وەڵامدانەوەی توانج و ڕەخنەكانيان و بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو گومانانەی کە دروستیان دەکرد. سەرەتا لە ڕێگەی وتارەكانەوە لە ڕۆژنامە و نامەكاندا دەستیكرد بە بەرپەرچدانەوەيان. پاشان كتێبێكى نووسى بەناوی (البراهین الأحمدية). كە دەلیل و بەڵگەكان دەگرێتە خۆی لەسەر ڕاستی ئایینی ئیسلام و ڕاستگۆیی پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه وسلم). وە تەحەددای شوێنكەوتووانی ئايينەكانی تـری كرد، پاشان هەستا بەدانانی كتێبەگەورەكان بەرگ لەدوای بەرگ هەتا ژمارەیان گەیشتە زیاتـر لە 80 كتێب. بەڕێـزی دەستی کرد بە خوێندنەوە و تاوتوێكردنی كتێبە پیـرۆزەكانی ئەو ئايينانە بە تایبەتی مەسیحیەت، ڕێژەیەكی زۆر دژیەكی دۆزیەوە تێیاندا، كە وایلێكرد لە چاوپێكەوتن و كتێب و وتارەكانیدا دەمكوتكیان بكات.

بەرگریكردنی بەڕێزی (علیه السلام) لە ئیسلام جێگەی سەرسوڕمانی سەرجەم موسوڵمانان بوو لە هیندستاندا، وە نازناوی پاڵەوانی ئیسلامیان پێدا، بەجۆرێك بەتەنها ئەویان شك دەبرد كە بەتوانابێت لە بەرپەچدانەوەی هێـرشەكان بۆسەر ئیسلام و دەمكوتكردنی دوژمنان، بۆیە مەلا و زاناكان ستایشیان دەكرد و وەسفی كتێبەكەی (البراهین الأحمدية)یان دەكرد بەوەی كە مەزنتـرین كتێبە لە ئیسلامدا.

بەڕێـزی ڕایگەیاند كە خوای گەورە پێیـڕاگەیاندووە خۆی ئیمامی مەهدیە كە بەڵێنى هاتنی دراوە لە ئاخرزەماندا، وە ئەم وتەیە بە گشتی لەلایەن موسوڵمانانەوە پەسەندكرا و تووشی هیچ نەیاریەكی سەخت نەبوویەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خاوەنی متمانە بوو لەلايان وە ئاگاداری ژیاننامە و مێژووە پاكوخاوێنەكەی بوون. بەڵام هەر كە ڕایگەیاند خوای گەورە هەواڵی پێداوە كە عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام) مردووە و ئەویش هاوشێوەی كوڕی مەریەمە، مەلا نەیارەكان لەدژی كۆبوونەوە و زۆربەیان لە یەك ڕیـزدا لەگەڵ مەسیحی و هيندۆسەكاندا وەستان لە دژایەتی كردنیدا و كۆمەڵە فەتوایەكیان دەركرد بە كافربوونی. ئەویش (عليه السلام) لە كتێبەكانیدا بەرپەرچی ئەم گومانانەی دایەوە و بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا بانگەشەكەی خۆی ڕاگەیاند.

وە بەهۆی بەرگریكردنی لە ئیسلام بەتایبەتی مەسیحیەكان لە دژی كۆبوونەوە و قەشەكان هەوڵیاندا كۆمەڵێك تاوانی پووچ و بێ بنەما بخەنەپاڵی بۆئەوەی بخرێتە زیندانەوە. بەڵام هەمیشە خوا هەوڵەكانی ئەوانی تووشی نوشوستی دەكرد و پيلانەكانی ئاشكرا دەكردن و ڕسوای دەكردن. وە لە هەموو جارەكاندا سەرشۆڕ و هیوابڕاو دەبوون. هەروەها بەهۆی بەرگریە بێ وچانەكەی بەڕێزی (عليه السلام) لە ئیسلام نەخشەکانیان بۆ بەمەسیحیكردنی هیندستان شكستی هێنا. بەهۆی ئاشكرا كردنی ساختەكاری و پووچی ئەم ئايينە لەلایەن بەڕێـزیەوە (عليه السلام) لە سەرچاوە جۆربەجۆرەكانەوە، لەوانە كتێبە پیـرۆزەكانی خۆیان، مەسیحیەت كەوتە هەلومەرجێكی وەهاوە كە حەسوودی پێنەدەبرا.

سەرەڕای ئەم هەموو نەیاری و نەگریسیە لەلایەن دوژمنانەوە خوای گەورە پشتگیـری لێكرد و سەریخست بەسەریاندا و زاڵیكرد بەسەر دوژمنانی ئیسلامدا، هەروەها پێشبینیەکان و ئەو مژدانەی كە ڕایگەیاندبوو هاتنەدی. وە بەڕێـزی (عليه السلام) بە پشتیوانی خوای گەورە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دامەزراند كە ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا بڵاوەیكردووە. هەموو ئەمانەش پاش ئەوە بوو كە مەسیحی بەڵێندراو مرۆڤێكی تەنیا بوو، وە هەموو دنیا لە بەرامبەریدا ڕاوەستا بوو. بڵاوبوونەوەی ئەم كۆمەڵە و گەشەكردنە بەردەوامەكەی، كە لەم كاتەدا بووە بە كارێكی ڕوون و ئاشكرا، بەڵگەيە لەسەر ئەوەی كە دەستی خواى گەورە لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدایە كە نەدەكراو نەیدەتوانی سەركەوتووبێت لەسایەی ئەم هەلومەرجە نالەبارەدا، سەرەڕای هەبوونى ئەم هەموو سەختی و ئاستەنگانە.

بانگەوازەکەی

بەڕێـزی (عليه السلام) لە ڕوونكردنەوەی بانگەوازەکەیدا دەفەرموێت: “چەندەها جار ڕوونمكردووەتەوە و بەئاشكرا ڕامگەیاندووە كە من خۆم مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدیم، وە بەم شێوەيە فەرمانم پێ كراوە، بۆم نیە نافەرمانی خوای گەورە بكەم و ببم بە یەكێك لە تاوانكاران، كەوابوو _ئەگەر لە خوا تـرسن_ بەپەلە بڕیارم لێ مەدەن و بەتەواوی لێكۆڵینەوە لە بانگەوازەکەم بكەن. لەوانەیە خەڵكی كەسێك بەدرۆزن بزانن كە لەلایەن خواوە نێردرا بێت و ڕەنگە پیاوێك بە خراپەكار لەقەڵەم بدەن بەڵام ئەو یەكێك بێت لە پیاوچاكان.” (إعجاز المسيح، الخزائن الروحانية بەرگی 18 لا 7-9)

هەروەها بەڕێـزی (عليه السلام) لەم سیاقەدا دەفەرموێت: “بێگومان من كەسێكم خوای گەورە لە سایەی ڕەحمەتی خۆیەوە بەجوانی پەروەردەی كردووم، نيعمەتی تەواو و بێ كەمایەسی خۆی ڕژاندووە بەسەرمدا، وە بەناتەواوی هیچ شتێكی پێنەداوم، وە گێڕاومی بە یەكێك لەو كەسانەی كە قسەی لەگەڵ كردوون و ئیلهامی بۆ ناردوون، لەلایەن خۆیەوە بە چاكی زانیاری فێـركردووم، وە ڕێنموونی كردووم بۆ ڕێگاكانی ڕەزامەندی و پارێـزكاری خۆی. وە نهێنیيە هەرە بڵندەكانی خۆی بۆ ئاشكرا كردووم، جارێك پشتگیـری كردووم بە كۆمەڵێك ئاخاوتن كە هیچ تەپوتۆزێكیان لەسەر نیە و گومان و ناڕوونیان تێدا نیە، وە كەڕەتێك نوورانی كردووم بە نووری كەشفەكان كە لەبەرەبەیان دەچوون. وە لە مەزنتـرین چاكەكانی ئەوەیە كە كردمی بە پێشەوا و خەلیفە بۆ ئەم چەرخ و سەردەمە، وە لەسەرەتای ئەم سەدەیەدا وەك نوێكارێك ڕەوانەی كردم بۆ دەركردنی خەڵكی لە تاریكیيەوە بۆ ڕووناكی.

یەكێك لە نیشانە پیـرۆزەكانی ئەوەیە كاتێك بەدفەڕی ئەو كەسانەی بینی كە خەڵكی دەكەن بە مەسيحى، وە تەماشای كردن كە چۆن بە توندتـرین شێوە دەبنە لەمپەر لە ڕێگەی ئاييندا، وە بینی ئەوانە ئازاری پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەدەن و بە چاوی سووكەوە سەیـری دەكەن، وە كوڕی مەریەم بە شێوەیەكی زۆر گەورە هەڵدەنێن، تووڕەبوونی جۆشی سەند وەك غیـرەتێك لەلایەن خۆیەوە، وە بانگی كردم و فەرمووی: من تۆم كرد بە عیسای كوڕی مەریەم، وە خوا لەسەر هەموو شتێك توانای هەیە و من غیـرەتی خوام كە لەكاتی خۆیدا بەتوندی هەڵقوڵی بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی زیادەڕەوییان كردووە لە هەڵنانی عیسادا بزانن كە عیسا تاقانە نیە وەك تاقانەیی خوا، وە خوا بەتوانایە لەسەرئەوەی كە تاكێك لە ئوممەتی پێغەمبەرەكەی بكات بە عیسا، كە ئەمەش بەڵێنێكی بڕیارلێدراو بوو” (مِرآةُ كمالاتِ الإسلام، الخزائن الروحانية بەرگی 5 لا 422-426)

هەروەها دەفەرموێت: “ئەی بەڕێـزان گوێ ڕادێـرن، خوا ڕێنموونیتان بكات بۆ ڕێگەی كامەرانی. من خۆم ڕاپـرس و داواكارم، وە بە پەردەوە قسە ناكەم، بەڵكو من لەلایەن خوای بەخشندەوە لەسەر بیناییم، وە خوا ڕەوانەی كردم لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا بۆ نوێكردنەوەی ئايين و ڕۆشنكردنەوەی ڕووی ئەم ڕێبازە و شكاندنی خاچ و كوژاندنەوەی ئاگری نەصرانیەت و دامەزراندنەوەی سوننەتی چاكتـرینی مەردوومان، وە بۆ ڕاستكردنەوەى ئەوەی كە تووشی خواروخێچی بووە و برەودان بەوەی كە ڕەواجی نەماوە، وە من مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی پێسپێـراوم، خوا چاكەی لەگەڵ كردم بە وەحی و ئیلهام، وە قسەی لەگەڵ كردم وەك چۆن قسەی كردووە لەگەڵ پێغەمبەرە بەڕێـزەكانیدا، وە شایەتیدا لەسەر ڕاستگۆییم بە كۆمەڵێك نیشانە كە ئێوە دەیانبینن، وە لە ڕێگەی كۆمەڵێك نوورەوە ڕوخسارمی پیشاندا كە ناسراون لای ئێوە.

پێتان ناڵێم بەبێ بەڵگە پەسەندم بكەن و باوەڕم پێ بـهێنن، بەڵكو هاوارتان لێ دەكەم كە بۆ خوا دادگەربن، پاشان بڕوانن بۆ ئەو نیشانە و بەڵگە و گەواهیانەی كە خوا بۆ منی دابەزاندووە، ئەگەر ئایەتەكانی منتان نەبینی وەك ئەوەی كە چۆن نەریتی خوا گوزەری كردووە سەبارەت بە ڕاستگۆیان و چۆن ڕێوشوێنی خوا (سبحانه وتعالى) تێپەڕیوە دەربارەی پێغەمبەرەكانی پێشوو ئەوا ئەی كۆمەڵی نکوڵيكاران ڕەتم بكەنەوە و وەرممەگرن” (الاستفتاء، الخزائن الروحانية بەرگی 22 لا 641)