بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

حەزرەتی میرزا تاهیر ئەحمەد

خەلیفەی چوارەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

خەلیفەی چوارەم: حەزرەتی میرزا تاهیر ئەحمەد (ڕەحمەتی خوای لێ بێت)

حەزرەتی میرزا تاهیر ئەحمەد لە 18ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1928ز لە شاری قادیان لە هیندستان لەدایكبووە. بەڕێزی بریتی بوو لە بەرهەمی هاوسەرگیری پیرۆزی نێوان خەلیفەی دووەم هێژا میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت) و خاتوو مەریەم بێگەم. بێگومان ئەم مناڵە لەسەر تەقوا و ئاكارە جوانەكان پەروەردە بوو، دەگێڕنەوە كە جارێك لە مناڵیدا پرسیارێكی لێ دەكرێت لەلایەن زانایەكی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیەوە: ئەو پاداشتە چیە كه ئاواتی بۆ دەخوازیت لە بەرامبەر ئەو كردەوە چاكانەی كە ئەنجامیان دەدەیت؟ ئەویش كە مناڵێكی 10 ساڵان دەبێت لە خۆوە وەڵامدەداتەوە: “الله.. بە تەنھا الله”.

بەڕێزی شارەزاییەكی فراوانی هەبوو لە زانستە ڕۆحی و ماددیەكاندا كە توانای پێدا خوێندنەكەی تەواو بكات لە زانكۆی تایبەتی بۆ ئامادەكردنی بانگخوازانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە شاری (ڕەبوە) لە پاكستان. پاشان لە قوتابخانەی زانستەكانی ڕۆژهەڵات لە لەندەن خوێندوویەتی، وە پاش تەواوكردنی خوێندنی باڵا ژیانی خۆی تەرخانكرد بۆ خزمەتی ئایینی ئیسلام. پێش ئەوەی ببێت بە خەلیفە بە دڵسۆزیەكی كەم وێنە خزمەتی كۆمەڵی ئەحمەدی كردووە، وە لە كۆمەڵێك پایەدا كاری كردووە وەك پایەی بەڕێوەبەری “وەقفی نوێ”، كە پرۆژەیەكە بۆ پەروەردەكردنی ڕۆڵەكانی كۆمەڵی ئەحمەدی بە تایبەتی لە گوندەكانی پاكستان. هەوروەها ئەندام بووە لە ڕێكخراوی جیھانی ئەحمەدی بۆ ئەندازیاری و ئاوەدانكردنەوە.

بەڕێزی پزیشكێكی لێهاتوو بوو لە چارەسەری هاوشێوە كە پێیدەوترێت (هۆمیۆپاثی) و بەخۆڕایی نەخۆشەكانی چارەسەر دەكرد.

هەر كە خوای گەورە ڕێزداری كرد بە پایەی خیلافەت لە ساڵی 1982ز دەستبەجێ ڕۆڵەكانی كۆمەڵی ئەحمەدی گوڕوتین و گیانێكی بەهێزیان بەبەردا كرا بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەواز بە حیكمەت و ئامۆژگاری چاك، ڕابەریكردنی جوان، وە دروستكردنی پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ ئەوانی تردا. بێگومان خوای گەورە چەندین بەهرەی پێ خەڵات كردبوو لە نووسین و وتاربێژیدا، هەڵبەت كتێب و نووسراوەكانی زۆر كاریگەرن لە كەلەپووری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا. وە بەشێك لە دانراوە سەنگینەكانی بریتین لە: “سيرة حضرة فضل عمر”، “القتل باسم الدين”، “حقيقة عقوبة الردة في الإسلام”، “كارثة الخليج والنظام العالمي الجديد”، “المسيحية، رحلة من الحقائق إلى الخيال”، “الإسلام والتحديات المعاصرة”، “العلاج بالمثل” و”الوحي، العقلانية، المعرفة والحق”.

كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە سەردەمی پیرۆزی ئەودا لەسەر هەموو ئاستەكانی جوگرافی و فكری و ڕۆحی و مێژویی گەشەی بەخۆیەوە بینی. وە جەختی كردەوە لەسەر پێگەی ئافرەت لە ئیسلامدا و گرنگی خێزان وەك ناوكێك بۆ كۆمەڵگای ئیسلامی تەندروست، وە هانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دا كە دووربكەونەوە لە مارەیی زۆر و پووچكردنەوەی ئەو بیدعانەی كە دەبنە هۆی ماڵ بەفێڕۆدان و هەڵە خەرجی، وە جەختی كردەوە لەسەر ئەو فەرمایشتەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كاتێك ئاماژەی بۆ سنگی كرد و فەرمووی: “تەقوا لێرەدایە”، وە ئەوەی دووپاتكردەوە كە پارێزكاری سیفەتێكی چاكە پێویستە لەدڵدا بڕوێنرێت.

بێگومان بەڕێزی هەوڵەكانی فراوان كرد بۆ بانگەواز و بڵاوكردنەوەی چاپكراوەكان، بەمەش ئەحمەدیەت لە زیاتر لە 152 وڵاتدا بڵاوبوویەوە.

وە لە سەردەمی پیرۆزی بەرێزیدا وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆ 51 زمان ئەنجامدرا و هەموو وەرگێڕانەكانیش بڵاوكرانەوە، هەروەها یەكەم مزگەوت لە ئیسپانیا كرایەوە كە بریتی بوو لە مزگەوتی “البشارة” ئەمەش پاش 500 ساڵ لە دەركردنی موسوڵمانان لەم وڵاتە. وە لە ساڵی 1983ز دا بەڕێزی بۆ ماوەی حەوت حەفتە سەردانی سەنگافورە و فیجی و ئوستڕالیا و سریلانكای كرد و بەردی بناغەی مزگەوتی “بیت الھدی” و ناوەندێكی تەبلیغی دانا لە سیدنی (ئوستڕالیا).

ئەم پێشكەوتنە خێرایەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی وایكرد لە دوژمنی ئەم كۆمەڵە دیكتاتۆر (ضياء الحق) كە یاسایەكی ستەمكارانە دەربكات كە لە هیچ شوێنێكدا نموونەی نەبووە.. ئەمەش بۆ سەندنەوەی ئازادی ئایینی و مافە سەرەكیەكانی مرۆڤ لە موسوڵمانە ئەحمەدیەكان، وە بێ بەشكردنیان لە دەستگرتنیان بە دروشمەكانی ئایینەكەیان كە ئایینی ئیسلامە، ئەمەش لە ساڵی 1984ز. ئەوە بوو بەڕێز خەلیفە لەلایەن پەروەردگاریەوە مژدەیەكی پێگەیشت كە بەدڵنیاییەوە بە سەلامەتی كۆچ دەكات بۆ دەرەوەی پاكستان بۆ ئەوەی بتوانێت وەك خەلیفەیەك ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت بەدوور لە پیلانەكان، وە لە ئەوروپا ڕابەرایەتی كۆمەڵە جیھانیەكەی بكات كە لە 120 وڵاتدا جێگیر بوون.

لەكاتێكدا مژدەی كۆچكردنەكەی بەڕێزی بۆ ئەوروپا هاتەدی، خوای گەورە دوژمنی ئەم كۆمەڵە (ضياء الحق)ی لەناوبرد پاش موباهەلەی بەڕێزی بۆ ئەو، وە هەموو جیھان ئەوەیان بینی كه چۆن فڕۆكەكەی دیكتاتۆرەكەی پاكستان و سەربازە هاوكارەكانی لە ئاسماندا تەقیەوە، وە لە تەرمەكەی تەنھا ددانە دەستكردەكانی دۆزرایەوە!! ئەمە سەركەوتنێكی ئاشكرابوو بۆ كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كە دەنگیدایەوە و هەموو جیھان بەچاوی خۆیان بینییان.

لەو كاتەدا كە لە ئەوروپا بوو بەڕێزی سەردانی زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەكانی كرد وە لەو دەوڵەتانەدا ناوەندە تەبشیریەكانی دامەزراند، هەروەها سەفەری كرد بۆ كەنەدا و لەوێدا بەردی بناغەی یەكەم مزگەوتی ئەحمەدی دانا. وە لە ساڵی 1988ز سەفەری كرد بۆ ئەفریقا و بە گەرمی پێشوازی لێ كرا لە هەریەك لە وڵاتەكانی گامبیا و سیرالیۆن و لیبریا و ساحیل عاج و گانا نێجیریا.

لە سەردەمی پیرۆزی بەڕێزیدا یەكەم كەناڵی ئاسمانی (كەناڵی تەلەفزیۆنی ئیسلامی ئەحمەدی) دامەزرا كە بە زیاتر لە پێنج زمان بەرنامەكانی پەخش دەكردەوە بۆ هەموو ناوچەكانی جیھان، وە ئەم كەناڵەیش بە بەخشینەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە هەموو لایەكی جیهاندا دامەزرا. وە بەڕێزی لە زۆربەی بەرنامە تەلەفزیۆنیەكاندا بەشداری كرد، لەوانە بەرنامەی “لقاء مع العرب” كە ئەڵقەكانی درێژەی كێشا بۆ زیاتر لە 400 ئەڵقە. لە 19ی نیسانی ساڵی 2003 گەڕایەوە بۆ لای پەروەردگاری.