وتاری هەینی 14/03/2025
پێشەوای باوەڕداران حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد (خوا سەركەوتووی بكات)
خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (علیە السلام)
لە ڕێككەوتی 14/03/2025
لە مزگەوتی موبارەك لە ئیسلام ئاباد لە بەریتانیا ئەم وتارەی پێشكەش كرد
*****
أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمّدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرّجيم. {بسْمِ الله الرَّحْمَن الرَّحيم * الْحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمينَ * الرَّحْمَن الرَّحيم * مَالك يوْم الدِّين * إيَّاكَ نعْبُدُ وَإيَّاكَ نَسْتَعينُ * اهْدنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقيمَ * صِرَاط الَّذِينَ أَنعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوب عَلَيْهمْ وَلا الضَّالِّينَ}، آمين
بە فەزڵی خوای گەورە، ئێستا ئێمە لە دە ڕۆژی دووەمی مانگی ڕەمەزانداین. خوای گەورە ئاماژەی داوە بە بوونی پەیوەندیەكی تایبەت لەنێوان قورئانی پیرۆز و مانگی ڕەمەزاندا، وە ئەو پەیوەندییە تایبەتەی ڕوونكردووەتەوە و فەرموویەتی: {شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآَنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ} (البقرة: 186). ئەم مانگە مەزنە قورئانی تێدا دابەزیوە وەك ڕێنماییەكی مەزن بۆ مرۆڤایەتی، لە شێوەی كۆمەڵێك ئایەتی ڕوون كە پێكهاتوون لە وردەكارییەكانی هیدایەت و ئەو شتانەی كە جیاوازی دەكەن لەنێوان حەق و باتڵدا. بۆیە، بەشێوەیەكی تایبەت ڕێنماییكراوین كە گرنگی بە خوێندنەوەی قورئان بدەین لەم مانگەدا. ئەمەش ئەو بابەتەیە كە حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە الصلاة والسلام) ئاراستەی كردووین بۆی، ئەو كەسەی خوای گەورە وەك ئیمامی مەهدی و خزمەتكارێكی دڵسۆز بۆ پێغەمبەرەكەمان گەورەمان موحەممەد ﷺ ناردوویەتی و ڕایسپاردووین بە گرنگیەكی تایبەتەوە قورئانی پیرۆز بخوێنینەوە. جیبریل (علیە السلام) ساڵانە هەموو ئەو قورئانەی نازڵ كرابوو لەگەڵ پێغەمبەردا ﷺ دەیخوێندەوە، وە لەساڵی كۆتایی ژیانی پێغەمبەردا ﷺ دوو جار لەگەڵیدا قورئانی خوێندەوە. لەبەرئەوە گرنگی قورئان و پەیوەندیەكەی بە ڕەمەزانەوە زۆر گەورەیە.
بۆیە، پێویستە ئێمە هەمیشە مكوڕ بین لەسەر خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و گوێگرتن لێی و بەشداریكردن لە وانەكانی قورئان و ئەو بابەتانەی پەیوەستن پێیەوە؛ چونكە لای ئێمە وانەكانی قورئان و نوێژی تەراویح لە مزگەوتەكاندا ڕێكدەخرێن، وە هانی خوێندنەوەی قورئان دەدرێت، هەروەها ڕۆژانە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز لە كەناڵی (ئێم تی ئەی)ەوە پەخش دەكرێت، پێویستە گوێی لێ بگیرێت. بەڵام ناتوانین بەرەكەت بەدەست بهێنین و سوودی لێ ببینین ئەگەر هەوڵ نەدەین كار بەوە بكەین كە دەیبیستین. زۆرێك لە خەڵكی كە زمانی عەرەبی نازانن ناتوانن بەشێوەیەكی دروست لە قورئانی پیرۆز تێبگەن، لەبەرئەوە تەفسیری ماناكانی قورئان بە زمانە جۆراوجۆرەكان بەردەستە. پێویستە جگە لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز ئەو تەفسیرانەش بخوێنرێنەوە. هەروەها پێویستە لەكاتی وانەكاندا تێڕامان و بیركردنەوە هەبێت. خەلیفەكان لە وتارەكانیاندا باسی ڕوونكردنەوەی ماناكانی قورئانی پیرۆزیان كردووە، وە لە وانەكانیشدا شەرح دەكرێن كە ئەمەش زانیاری و تێگەیشتنمان زیاتر دەكات.
بۆیە، ئەگەر دەمانەوێت سوودی لێ وەربگرین، ئەوا بزانن ئەو سوودە نایەتەدی ئەگەر قورئانی پیرۆز نەخوێنینەوە و هەوڵ نەدەین كاری پێبكەین. خوای گەورە بەشێوەیەكی تایبەت لەڕۆژانی ڕەمەزاندا ڕێنمایی كردووین بۆ ئەم كارە؛ چونكە دەفەرموێت قورئانی پیرۆز لەڕەمەزاندا نێردراوەتە خوارەوە، بۆیە پێویستە بەشێوەیەكی تایبەت بیخوێننەوە و هەوڵ بدەن كاری پێبكەن، كاتێك ئەو كارە دەكەن؛ ئەوا دەبێتە بەشێك لە ژیانتان. خوای گەورە دەفەرموێت قورئان هیدایەت و فورقانی تێدایە، بەڵام ئەگەر ئێمە كاری پێ نەكەین ئەوا ئەستەمە بەگوێرەی ئەم هیدایەت و ڕێنماییە بڕۆین، وە زانینی فورقان -واتە جیاكردنەوەی حەق و باتڵ- سوودمان پێ ناگەیەنێت مادام كاری پێ نەكەین.
بۆیە، وەك گوتم، دەبێت ئێمە كار بكەین بەوەی كە لە تەفسیری ماناكانی قورئان و وانەكانیدا دەیبیستین، و دەبێت كار بكەین بە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز و حوكمەكانی. ئەگەر بیبیستین و پاشان فەرامۆشی بكەین، یان بیخوێنینەوە و پاشان وەك پێویست گرنگی پێ نەدەین؛ ئەوا ئەو سوودانە بەدەست ناهێنین لە قورئانی پیرۆز كە داواكراون. خوای گەورە لە سەرەتای قورئانی پیرۆزدا سەرنجی ڕاكێشاوین بۆ گرنگی ئەم بابەتە و لە ئایەتی سێیەمی سوورەتی (البقرة)دا دەفەرموێت: {ذَٰلِكَ الْكِتَابُ لَا رَيْبَ فِيهِ هُدًى لِّلْمُتَّقِينَ}. خوای گەورە كاركردن بەم كتێبەی كردووە بە شتێكی پێویست بۆ ڕۆیشتن بە ڕێگاكانی پارێزكاری و لە خوا ترساندا و بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێتە باوەڕدارێكی ڕاستەقینە. وە ئێمە لە ڕەمەزاندا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین كە چۆن بە ڕێگاكانی لە خوا ترساندا بڕۆین و هەوڵ بدەین لە خوای گەورە نزیك ببینەوە، وە ببینە نموونەی باوەڕداری ڕاستەقینە، وە هیدایەت بەدەست بهێنین و ببینە میراتگری فەزڵەكانی خوای گەورە؛ بۆیە خوای گەورە لێرەدا ڕوونی كردووەتەوە كە ئەگەر ئەمە ئامانجتان بێت؛ ئەوا من بۆ ئەم مەبەستە ئەم كتێبەم بە ئێوە داوە، وە پێویستە ئێوە كاری پێبكەن، وە كاتێك كاری پێدەكەن سوود و قازانجی زۆر بەدەست دەهێنن.
خوای گەورە بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە ئەم كتێبە كانیاوێكی سازگارە، وە ئەو كەسەی بە دڵێكی پاكەوە ڕووی تێبكات سوودی لێ دەبینێت، وە لە پارێزكاریدا بەرەوپێش دەچێت، وە دەچێتە ڕیزی ئەو كەسانەوە كە هیدایەت دراون، چونكە ئەم كتێبە ئەو كتێبەیە كە هیچ گومانێكی تێدا نیە و هیدایەتە بۆ پارێزكاران.
حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە الصلاة والسلام) دەفەرموێت: “دەرگای لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتەكانی بۆ هەتا هەتایە كراوەیە، و لە هەموو سەردەمێكدا بە جیاواز و درەوشاوەیی دەمێنێتەوە؛ هەروەك لە سەردەمی گەورە و سەرورمان موحەممەددا ﷺ بەو شێوەیە بووە.”
كەواتە، بانگەشەی ئەم كتێبە ئەوەیە ئەگەر ئێوە بە دڵێكی پاكەوە ڕووی تێبكەن، ئەوا خۆتان لە هەموو خراپە و گوناهێك بەدوور دەگرن، وە لە كەسانی ڕێنماییكراو دەبن، وە بە ڕێگاكانی پارێزكاریدا دەڕۆن. وەك حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) فەرمووی، لێشاوەكانی ڕەحمەت و بەرەكەتی قورئان بەردەوام و هەمیشەیین، دواجار ئەو كەسانەی كاری پێ دەكەن لە هەموو خراپەیەك پارێزراو دەبن. ئەگەر ئێمە بە ڕێگای قورئانی پیرۆزدا بڕۆین، ئەوا لەو ڕێگەیانە دوور دەبین كە پڕن لە گژوگیای دڕكاوی، وە بریتین لە شتانێكی هەڵە كە سەرنجی مرۆڤ ڕادەكێشن و هەوڵ دەدەن دووری بخەنەوە لە ئایین و بەرەو خراپەی دەبەن.
بۆیە، پێویستە ئێمە هەمیشە ئەوەمان لە یاد بێت كە لە ڕەمەزاندا گرنگیەكی تایبەتی بدەین بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و گوێگرتن لێی -وە ئامادەی نوێژی تەراویح و وانەكان بین، وە لە هەموو كاتێكی تر زیاتر لە ماڵەكاندا قورئان بخوێنینەوە بە جۆرێك ئەگەر كەسێك نەیتوانی خەتمێكی تەواو بكات، ئەوا بە لایەنی كەمەوە لەم ڕۆژانەدا كاتێك بۆ خوێندنەوە تەرخان بكات -بۆیە پێویستە، یەكەم: زۆر هەوڵ بدەین لە ڕەمەزاندا خەتمێك تەواو بكەین، وەك ئاماژەم پێدا ئەمە سوننەتی پێغەمبەر ﷺ بووە كە جارێك قورئانی پیرۆزی دەخوێندەوە و جیبریل (علیە السلام) لەگەڵیدا دەیخوێندەوە؛ كەواتە بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینین و شوێن ئەم سوننەتە بكەوین و بەرەكەت بەدەست بهێنین، پێویستە بە لایەنی كەمەوە خەتمێك تەواو بكەین.
دووەم: وەك وتم، پێویستە ئەوانەی كە زمانی عەرەبی نازانن -وە لە دەرەوەی دەوڵەتانی عەرەبی زۆرن ئەو كەسانەی كە عەرەبی نازانن- جگە لە خوێندنەوەی قورئان وەرگێڕانی ماناكانیشی بخوێننەوە. وەك لە وتاری پێشوومدا ئاماژەم پێدا، پێویستە ئێمە پەند و ئامۆژگاری لە قورئانەوە دەربهێنین تاوەكو كاریان پێبكەین، وە ببین بە یەكێك لەو كەسانەی كە ڕێنماییكراون، وە جیاوازی لەنێوان خێر و شەڕدا بكەین، وە هیدایەت و ڕێنمایی ڕاست بەدەست بهێنین، وە بە ڕێگای ڕاستی لە خوا ترسان و پارێزكاریدا بڕۆین، لە ئەنجامدا ئێمە لە ڕێگەی كاركردن بەقورئانەوە فەزڵی خوای گەورە بەدەست دەهێنین.
هەندێك خەڵك وا دەزانن قورئانی پیرۆز كتێبێكی سەختە و تێگەیشتنی قورسە، بەڵام خوای گەورە دەفەرموێت: {وَلَقَدْ يَسَّرْنَا الْقُرْآَنَ لِلذِّكْرِ فَهَلْ مِن مُّدَّكِرٍ}.
كەواتە، ئەمە ڕاگەیاندنی خوای گەورەیە كە مرۆڤی دروستكردووە، وە فیتڕەتی ئەو دەزانێت، وە هەلومەرجەكانی دەزانێت، وە تواناكانی دەزانێت. خوای گەورە دەفەرموێت لە قورئانی پیرۆزدا كۆمەڵێك فێركاری ئاسانی پێشكەش كردووە، بەڵام ئێوە دەبێت هەوڵ بدەن كاریان پێبكەن. ئەگەر هەوڵتاندا، ئەوا سەركەوتوو دەبن و دەبن بە یەكێك لەو كەسانەی كە كاریان پێ كردووە. بۆیە، ئامۆژگاری بۆ ئێوە ئەوەیە هەموو هەوڵێكی خۆتان بدەن بۆ كاركردن پێی. تەنها بەناو موسوڵمان مەبن. ئێمە، وە بەتایبەتی ئێمەی ئەحمەدی، نابێت بانگەشەی ئەوە بكەین كە ئەم كارەمان جێبەجێ كردووە؛ چونكە ئێمە تەنها بەناو بە موسوڵمان لەقەڵەم نادرێین لەبەرئەوەی لەم سەردەمەدا باوەڕمان بە مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی چاوەڕوەنكراو هێناوە، بەڵكو تەنھا بۆیە باوەڕمان پێ هێناوە تاكو لە خوای گەورە نزیك بینەوە، وە ئێمە بەگوێرەی پێشبینیەكان باوەڕمان پێ هێناوە، دواجار پێویستە ئێمە كار بە فەرمانەكانی خوای گەورە بكەین بۆ هێنانەدی ئەو مەبەستە.
كەواتە، بەوپێیەی ئێمە باوەڕمان هێناوە بە بەڕێزی (علیه السلام)، بۆیە پێویستە ئێستا كار بە حوكمەكانی قورئانی پیرۆزیش بكەین. ئەگەر ئەو كارە نەكەین، ئەوا بانگەشەی بەیعەتكردنمان بانگەشەیەكی بێسوود دەبێت. هەڵبەت خوای گەورە فەرموویەتی قورئانی ئاسان كردووە، وە بە شێوازێكی ئاسان ئامۆژگاری پێشكەش كردووە كە گونجاوە لەگەڵ فیتڕەتی مرۆڤدا، بە جۆرێك هەموو مرۆڤێك بە ئاسانی دەتوانێت كاری پێبكات. یاسا و حوكمەكانی دیاریكردووە، وە شێوازەكانی پەرستش و بەندایەتی شیكردووەتەوە، وە حوكمە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكانی ڕوونكردووەتەوە، وە ڕوونیكردووتەوە كە پەیوەندیەكان لەنێوان خەڵكدا چۆن دەبن، هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە ئێوە كاری پێبكەن، ئەوسا ژیانێكی پڕ لە ئاشتی بەسەر ببەن و ژینگەكەتان سەلامەت بێت، وە ببنە میراتگری فەزڵەكانی خوای گەورە. ئەمە پەیامێكە دەبێت هەموو یەكێك لە ئێمە لێی تێبگەین. ئەگەر لێی تێگەیشتین، ئەوا دەبینە میراتگری فەزڵەكانی خوای گەورە. وە پەیوەندیە خێزانیەكانمان تەندروست دەبن، وە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانمان ڕاست و دروست دەبن. هەروەها توانا عەقڵیەكانمان باشتر دەبن، وە ناسینمان دەربارەی خوای گەورە گەشە دەكات.
ئێمەی ئەحمەدی بەختەوەرین؛ چونكە لەم سەردەمەدا یارمەتیمان دراوە بۆ باوەڕهێنان بە حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە الصلاة والسلام)، كە خوای گەورە ناردوویەتی وەك ناوبژیوانێكی دادپەروەر، بەڕێزی (علیە السلام) گەنجینە شاراوەكانی قورئانی بۆ ئێمە ئاشكرا كرد، وە زانیاری زۆری لە قورئانەوە پێشكەش كردین، و بۆ فێركردن و پەروەردەكردنمان ئەو حوكمانەی بەڕوونی شەرحكرد كە ڕەنگە هەندێك جار لێیان تێنەگەین، وە بەهۆی شەرحكردنی ئەو حوكمانە بۆ ئێمە دەتوانین بە ئاسانی كاریان پێ بكەین. كاتێك خوای گەورە فەرموویەتی قورئانی پیرۆزی ئاسان كردووە؛ ئەوا بۆ ئەوەی ئاسانی بكات بۆمان، لە كاتە جیاوازەكاندا، مامۆستای ناردووە.
وە بۆ كردنەوەی دەرگاكانی زانست و مەعریفەت لەم سەردەمەدا، مەسیحی بەڵێندراو (علیە الصلاة والسلام) نێردراوە كە هەموو شتێكی فێر كردین. ئەگەر ئێمە لە ڕوونكردنەوەكەی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) و ئەو مانایانەی كە بۆ قورئانی پیرۆز پێشكەشی كردوون و ئەو تەفسیرەی كە كردوویەتی بۆی تێنەگەین و كاری پێ نەكەین؛ ئەوا ئەمە لەبەدبەختی و چارەڕەشی خۆمانە. خوا (سبحانه وتعالى) بەگوێرەی بەڵێنەكەی خۆی و بۆ هێنانەدی پێشبینیەكەی پێغەمبەر ﷺ نێردراوی خۆی نارد، وە ئێستا پێویستە لەسەر ئێمە باوەڕی پێ بهێنین و گوێ بگرین بۆ ئەوەی كە فەرموویەتی و وردبینەوە لەو تەفسیرەی كە بۆ قورئانی پیرۆز پێشكەشی كردووە و كاری پێبكەین، وە ئەگەر ئەو كارە بكەین ئەوا خۆمان سەرفراز دەكەین، پاشان تەفسیری خەلیفەكانیشی هەیە، گەورەمان موسڵیحی بەڵێندراو (رضي الله عنە) تەفسیری گەورەی نووسیوە كە نزیكەی نیوەی قورئانی پیرۆز دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەمە كۆمەڵێك تەفسیری تریش هەن لەوانە تەفسیری بچوك، ئەمیش ڕوونكردنەوەی زۆری تێدایە. لەم كتێبانەدا كۆمەڵێك فەرمانی ڕوون هەن، وە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و زمانە جۆراوجۆرەكانی تر، لەوانە بۆ ئەڵمانیش تەرجەمە كراون و پێویستە ئێمە بە شێوەیەكی تایبەت گرنگییان پێبدەین. لە مانگی ڕەمەزاندا كاتێك گرنگی بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دەدەین و هەوڵ دەدەین جارێك قورئان خەتم بكەین، وە پێویستیشە گرنگی بە تێڕامان لە ماناكانی و زانیاریەكانی بدەین و بەدوای فەرمانەكانیدا بگەڕێین و هەوڵ بدەین كاركردن پێیان بكەین بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانمان. تەنها دەربڕینی خۆشەویستی بۆ قورئانی پیرۆز و پاراستنی و دانانی لەسەر ناوچەوان بەس نیە. ئەوانەی كە لە “ئاهەنگی ئامین”ی منداڵەكانیاندا دێن بۆ لام، پێویستە ئەوەیان لە یاد بێت كە ئەوان بە فێركردنی قورئانی پیرۆز بە منداڵەكانیان ئەركێكیان ئەنجامداوە، وە پێویستیشە لەسەریان هەوڵ بدەن خۆشەویستی خوێندنەوەی قورئان بەشێوەیەكی بەردەوام و ڕێكوپێك دروست بكەن لەدڵیاندا، وە ئەمەش هەرگیز نایەتەدی ئەگەر دایك و باوك خۆیان سەرەتا بە شێوەیەكی تایبەت گرنگی بەوە نەدەن. پێویستە لەسەریان بە ڕێكوپێكی قورئانی پیرۆز بخوێننەوە تاوەكو منداڵەكانیان بیانبینن كە قورئانی پیرۆز دەخوێننەوە، پاشان پێویستە تەفسیر و وەرگێڕانەكەی بخوێننەوە تاوەكو ئاگاداری حوكمەكانی بن و بتوانن وەڵامی پرسیاری منداڵەكان بدەنەوە. هەندێك جار منداڵان پرسیاری سادە دەكەن، دایك و باوكیش ئەوە بۆ من دەنێرن و داوای وەڵام دەكەن لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر دایك و باوك خۆیان وەرگێڕانەكەی و كەمێك لە تەفسیرەكەیان بخوێندایەتەوە ئەوا دەیانتوانی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە، وە هەرگیز پێویستیان بە یارمەتی كەس نەدەبوو.
لەدوای ئاهەنگی “ئامین” ئەرك و بەرپرسیارێتی دایك و باوكیش زیاد دەكات، ئەوان مناڵەكانی خۆیان فێری ئەو كتێبە كردووە كە ڕێنمایی و زانیاری تێدایە و خوا (سبحانه وتعالى) پێی بەخشیون، وە ئێستا پێویستە لەسەریان خۆشەویستی ئەو كتێبەیش لە دڵیاندا دروست بكەن، ئەم خۆشەویستیەش دروست نابێت ئەگەر هەردووكیان خۆیان بە شێوەیەكی تایبەت قورئانیان خۆشنەوێت. پێویستە هەموو ئەحمەدیەك گرنگی بەوە بدات كە خۆی و هاوسەرەكەی و منداڵەكانیشی قورئان بە ڕێكوپێكی بخوێننەوە، وە وەرگێڕانەكەی بخوێننەوە و تەفسیری مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بۆ قورئان و تەفسیری خەلیفەكانیشی بخوێننەوە هەروەك گوتم، وە گوێی لێ بگرن، هەروەك ئەوە لە كەناڵی (ئێم تی ئەی)یشدا پێشكەش دەكرێت.
ئەگەر ئێمە بەم شێوەیە قورئانی پیرۆز نەخوێنینەوە ئەوا دەبێت بترسین و هەموو یەكێكمان بیر لەوە بكەینەوە ئایا ئێمە دوای ئەوەی بووین بە ئەندامی ئەم كۆمەڵە مافی بەیعەتەكەمان بەجێ هێناوە، یان هێشتا دەبێت ئەو ئامانجە بهێنینەدی كە لەپێناویدا مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نێردراوە، گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (علیه الصلاة والسلام) لە شوێنێكدا فەرموویەتی:
“ڕاستە زۆربەی موسوڵمانان قورئانیان وەك شتێكی فەرامۆشكراو بەجێهێشتووە، سەرەڕای ئەوە ڕووناكی و بەرەكەت و كاریگەریەكانی قورئان زیندوون و بەردەوام نوێ دەبنەوە، وە من نێردراوم بۆ ئەوەی لەم سەردەمەدا ئەم بابەتە بسەلمێنم. خوای گەورە بەردەوام بەندەكانی خۆی ناردووە بۆ پاراستن و پاڵپشتیكردنی قورئان لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر؛ چونكە بەڵێنی ئەوەی داوە و فەرموویەتی: {إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ}.”
بۆیە پێویستە هیچ ئەحمەدیەك ئەوەی لەیاد نەچێت كە هەرچی بەدەستی دەهێنین تەنها بەهۆی بەرەكەتی قورئانی پیرۆزەوەیە، وە پێویستە گرنگیەكی بەرچاو بەم بابەتە بدەین. گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (علیه الصلاة والسلام) دەفەرموێت: “بەبێ قورئان بەهیچ شێوەیەك سەركەوتن نایەتەدی، ئەو سەركەوتنەی ئەوان بەدوایدا دەگەڕێن هەوانتە و خەیاڵە. خووڕەوشتی هاوەڵان بخەنە پێش چاوتان؛ چونكە ئەوان كاتێك شوێن پێغەمبەری خوا ﷺ كەوتن و ئایینیان بەسەر دنیادا هەڵبژارد، هەموو ئەو شتانەیان بۆ هاتەدی كە خوا بەڵێنی پێدابوون. لە سەرەتادا دوژمنان پێیان پێدەكەنین و دەیانگوت ئەم كەسانە ناتوانن بە ئازادی لە دەرەوەی ماڵەكانیاندا بگەڕێن، كەچی بانگەشەی ئەوە دەكەن دەسەڵات بەدەست دەهێنن! بەڵام هاوەڵەكان بە تەرخانكردنی خۆیان بۆ گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوا ﷺ ئەوەیان بەدەست هێنا كە بەدرێژایی سەردەمەكان بەدەستیان نەهێنابوو.”
كەواتە دەبێت ئێمە هەمیشە ئەوەمان لەیاد بێت تەنها قورئانی پیرۆز ئەو فێركاریەیە كە دەتوانێت سەركەوتنمان بۆ مسۆگەر بكات، بەڵام ئێمە سەركەوتن بەدەست ناهێنین ئەگەر كار بە فێركاریەكەی نەكەین، وە هەوڵ نەدەین لە پاڵ ئەوەدا لە خوا (سبحانه وتعالى) نزیك بینەوە.
عَنْ أَبِي مُوسَى قَالَ قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ: “مَثَلُ الْمُؤْمِنِ الَّذِي يَقْرَأُ الْقُرْآنَ كَمَثَلِ الْأُتْرُجَّةِ رِيحُهَا طَيِّبٌ وَطَعْمُهَا طَيِّبٌ وَمَثَلُ الْمُؤْمِنِ الَّذِي لَا يَقْرَأُ الْقُرْآنَ كَمَثَلِ التَّمْرَةِ لَا رِيحَ لَهَا وَطَعْمُهَا حُلْوٌ وَمَثَلُ الْمُنَافِقِ الَّذِي يَقْرَأُ الْقُرْآنَ مَثَلُ الرَّيْحَانَةِ رِيحُهَا طَيِّبٌ وَطَعْمُهَا مُرٌّ وَمَثَلُ الْمُنَافِقِ الَّذِي لَا يَقْرَأُ الْقُرْآنَ كَمَثَلِ الْحَنْظَلَةِ لَيْسَ لَهَا رِيحٌ وَطَعْمُهَا مُرٌّ”. واتە لە ئەبو مووساوە ڕیوایەت كراوە گوتی پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: “نموونەی ئەو باوەڕدارەی كە قورئان دەخوێنێتەوە وەكو ترنج وایە بۆن و تامی خۆشە، وە ئەو باوەڕدارەی كە قورئان ناخوێنێتەوە وەكو خورما وایە بۆنی نیە بەڵام تامی خۆشە، وە ئەو دووڕووەی كە قورئان دەخوێنێتەوە وەكو ڕێحانە وایە بۆنی خۆشە و تامی تاڵ و ناخۆشە، وە ئەو دووڕووەی كە قورئان ناخوێنێتەوە وەكو گوژاڵك وایە بۆنی نیە تامیشی تاڵ و ناخۆشە.”
لێرەوە ڕوون بوویەوە كە پێویستە قورئان بخوێنینەوە و لێی تێبگەین پاشان كاری پێ بكەین، وە كاتێك كاری پێدەكەین وەكو ئەو میوەیە دەبین كە بۆنی خۆشە و تامیشی خۆشە، ئەمە نموونەیەكی زۆر جوانە.
كەواتە نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت كە یەكێك لە خووڕەوشتەكانی مرۆڤ ئەوەیە دەیەوێت بەردەوام ئەو شتە بەتامە بخوات كە تام و بۆنی خۆشە، وە چێژی لێ وەربگرێت. بەم شێوەیە پێویستە ئارەزووی ئەوە بكەین بەردەوام قورئانی پیرۆز بخوێنینەوە و لێی تێبگەین. كاتێك ئەو كارە ئەنجام دەدەین ئەوا تەنها سوود بە خۆمان ناگەیەنین بەڵكو سوود بە منداڵەكانمان و دەوروبەریشمان دەگەیەنین. بەمەش ئەوان لە پارێزكاریدا پێشدەكەون و كار بە قورئان دەكەن و ڕێنمایی وەردەگرن و سوود بە خەڵكیش دەگەیەنن، وە جیهان لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتیان لێ وەردەگرێت. خۆیان بە ئارامی و هێمنی دەژین و هێمنی و لەسەرخۆیی بۆ جیهانیش دابین دەكەن، ئەم جۆرە دایك و باوكە لەڕاستیدا مافەكانی منداڵەكانیان جێبەجێ دەكەن، وە مافی دراوسێكانیشیان بەجێدەهێنن، و مافی یەكتریش بەجێدەهێنن لە كاروباری ماددی لە كۆمەڵگەدا، هەروەها ئەركی خۆیان بەجێدەهێنن بەوەی خزمەتی كۆمەڵ دەكەن؛ چونكە ئەوان كار بەو فەرمانانە دەكەن كە قورئانی پیرۆز پێی داون. ئەوان مافی پەرستش و بەندایەتیش بەجێدەهێنن، كاتێك ئەو دایك و باوكە دەبنە نموونە بۆ منداڵەكانیان ئەوا منداڵەكانیان و هاوسەرەكانیشیان بە سەرمەشق و پێشەنگی خۆیان لەقەڵەمیان دەدەن، پاشان لە ماڵەكاندا كەشێكی ئایینی و خۆش دروست دەبێت، بەجۆرێك فەزڵەكانی خوای گەورە بەردەوام دەبارێت بەسەریاندا.
هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی، تەنها بە كاركردن بە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز هیدایەت دێتەدی، وە كاتێك هیدایەت وەردەگرن فورقانێك دەبینن كە شۆڕشێك لەژیانتاندا دروست دەكات، ئەمە ئەوەیە كە خوا (سبحانه وتعالى) فەرموویەتی. بۆیە دەبێت ئێمە گرنگیەكی زۆر بدەین بە خوێندنەوەی قورئان و تێگەیشتن لێی و كاركردن پێی.
پاشان پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت ئەو كەسەی چاكەی تێدایە، ئەگەر بە ڕێكوپێكی لە ماڵەكەی خۆیدا قورئان نەخوێنێتەوە، وە وەرگێڕانەكەی فێر نەبێت و لێی ڕانەمێنێت، بەڵام كاتێك لە وانە و وتارەكاندا لە كەسانی تر دەیبیستێت، وە هەوڵ دەدات كار بە فەرمانەكانی قورئان و تەفسیركردنی ئایەتەكانی كە لەلایەن سیستەمی كۆمەڵەوە لە كاتە جۆراوجۆرەكاندا دەدرێت بكات؛ ئەوا بەشێك لە لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتەكەی بەدەست دەهێنێت و سوود لە بۆنەكەی وەردەگرێت، ئەگەرچی بەو شێوەیە چێژی لێ وەرناگرێت وەك چۆن خوێنەرەكەی بەتایبەتی چێژی لێ وەردەگرێت. بەڵام ئەو كەسەی بۆ خۆدەرخستن قورئان بخوێنێتەوە و كاری پێ نەكات ئەوا قورئان بەهیچ شێوەیەك سوودی پێ ناگەیەنێت، بەڵام ئەوەی قورئان ناخوێنێتەوە و كاری پێ ناكات، ئەوا ژیانێكی ئەوپەڕی دووڕوویی بەسەر دەبات و تەنها بە زمان بانگەشەی ئەوە دەكات كە موسوڵمانە، وە هیچ كارێك بە فێركاریەكانی ناكات، ئەمەش چونكە كاركردن بە فێركارییەكانی ئیسلام مەحاڵە بەبێ بەدەستهێنانی زانستی قورئانی پیرۆز و بەبێ تێڕامان لە حوكمەكانی قورئانی پیرۆز.
كەواتە پێویستە ئێمە گرنگی زۆر بدەین بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و كاركردن پێی تاوەكو ببین بە یەكێك لەو كەسانەی كە بۆنەكەی بەدەست دەهێنن و بڵاویشی دەكەنەوە. تەنها یەكێك نەبین لەو كەسانەی كە بۆنەكەی بەدەست دەهێنن بەڵكو دەبێت لەو كەسانەیش بین كە بڵاویشی دەكەنەوە.
لە ڕیوایەتێكدا لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە (رضي الله عنە) هاتووە گوتی، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: “إِنَّ للهِ أَهْلِينَ مِنْ النَّاسِ قَالُوا: يَا رَسُولَ اللهِ، مَنْ هُمْ؟ قَالَ: هُمْ أَهْلُ الْقُرْآنِ، أَهْلُ اللهِ وَخَاصَّتُهُ ” واتە: “بێگومان خوا ئەهلی خۆی هەیە لەناو خەڵكدا، گوتیان: ئەی پێغەمبەری خوا، ئەو كەسانە كێن؟ فەرمووی: ئەوانە ئەهلی قورئانن، ئەهلی خوان و كەسە تایبەتەكانی ئەون.” (سونەنی ئیبن ماجە، پێشەكی)
واتە ئەوانەی قورئانی پیرۆز دەخوێننەوە و كاری پێ دەكەن ئەوانە ئەهلی خوان. مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) فەرموویەتی ئەو كەسانەی شوێن قورئان دەكەون سەرفراز دەبن، وە سەرفرازی بەبێ قورئانی پیرۆز مەحاڵە.
ماوەیەك لەمەوپێش لە هەندێ وتاردا چەندین دەستەواژەی مەسیحی بەڵێندراوم (علیه السلام) هێنایەوە دەربارەی قورئانی پیرۆز. زنجیرەیەك وتار بوون، تێیاندا بەڕوونی ئەو شتانەم باسكرد كە بەڕێزی ئاراستەی كردووین بۆیان. لێرەدا بە كورتی باسیان دەكەم. بەڕێزی (علیه السلام) فەرموویەتی ئەگەر دەمانەوێت سەركەوتن بهێنینەدی ئەوا بەبێ قورئانی پیرۆز هەرگیز نایەتەدی. ئەگەر ئێمە بانگەشەی ئەوە بكەین كە موسوڵمانین پاشان قورئانی پیرۆز لە دەستماندا نەبێت و كار بە قورئانی پیرۆز نەكەین، ئەوا سەرەڕای ئەوەی كە موسوڵمانین هیچ سەركەوتنێك بەدەست ناهێنین.
بۆیە پێویستە هەموو ئەحمەدیەك ئەم ڕەچەتەیە تاقی بكاتەوە بۆ هێنانەدی سەركەوتنەكانی، كە لە ڕێگەیەوە ئایینداری باشتر دەبێت و دونیایش بەدەست دەهێنرێت. ئەو كێشە و ئاژاوانەی ئەمڕۆ لەنێوان موسوڵماناندا هەن، كە هەندێكیان سەری هەندێكیان دەپەڕێنن و هەندێكیان تۆمەت دەدەنەپاڵ هەندێكی تریان، وە حكومەتەكان شەڕ لەگەڵ گەلان دەكەن و گەلانیش شەڕ لەگەڵ حكومەتەكان دەكەن، وە كوشتار و یاخیبوون ڕوودەدات، هەمووی لەبەر ئەوەیە كە كار بە قورئانی پیرۆز ناكرێت. هەردوو لایان بە زمان بانگەشەی ئەوە دەكەن پابەندن بە قورئانەوە، بەڵام لەڕاستیدا هەردوو لایان دوورن لە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز. ئەگەر ئەوان كاریان بە قورئانی پیرۆز بكردایە ئەوا ئەم جۆرە شتانە ڕوویان نەدەدا. وە ئامادە نین ئەو نێردراوە قەبوڵ بكەن كە خوای گەورە لەم سەردەمەدا ناردوویەتی بۆ كاركردن بە قورئانی پیرۆز. ئەگەر قەبوڵی نەكەن، ئەوا سوود لەو بەرەكەتانە وەرناگرن كە پەیوەستن بەو كەسەوە كە خوای گەورە ناردوویەتی بۆ ڕێنماییكردنمان. حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت:
“بزانن كە قورئانی پیرۆز سەرچاوەی بەرەكەتە ڕاستەقینەكانە و هۆكارێكی ڕاست و دروستە بۆ ڕزگاربوون، وە یەكێك لە هەڵەكانیان ئەوەیە كار بە قورئانی پیرۆز ناكەن. لەو كەسانەیش كە كاری پێ ناكەن كۆمەڵێك هەن بەهیچ شێوەیەك باوەڕیان پێی نیە، وە بە وتەی خوای نازانن، ئەوان تووشی گێرەوكێشەی دوور و درێژ بوون. بەڵام چەندە سەیر و جێی داخە ئەو كەسانە كار بە قورئان ناكەن كە باوەڕیان وایە وتەی خوایە و ڕەچەتەیەكی سەركەوتووە بۆ ڕزگاربوون! زۆربەیان لە ژیانیاندا نەیانخوێندووەتەوە.
ئەوانەی لە قسەی خوا بێئاگان و تا ئەم ڕادەیە پشتگوێی دەخەن وەك ئەو كەسە وان كە بە دڵنیایی بزانێت فڵان كانیاو زۆر پاك و سازگار و ساردە و ئاوەكەی ئیكسیر و شیفایە بۆ زۆرێك لە نەخۆشیەكان، چەند بەدبەخت و نەفامە ئەگەر لێی نزیك نەبێتەوە سەرەڕای ئەوەی تینوویەتی و تووشی زۆر نەخۆشی بووە! ئەمە بەدبەختی و نەفامی ئەو كەسەیە. دەبوو دەمی بخستایەتە ناو ئەم كانیاوەوە و تێر ئاوی بخواردایەتەوە و چێژی لە ئاوە بەتام و شیفابەخشەكەی وەربگرتایە. بەڵام لەگەڵ زانینی ئەوەشدا هێشتا لێی دوورە وەك ئەوەی نەیزانێت، وە دوور دەبێت لێی هەتا مردن كۆتایی بەژیانی دەهێنێت. (هەندێ خەڵك هەتا دوا ساتەكانی ژیانیان بێئاگان لە بەرەكەتەكانی قورئانی پیرۆز) بێگومان دۆخی ئەم كەسە شایەنی ئەوەیە پەند و ئامۆژگاری لێ وەربگیرێت، وە لە ئێستادا دۆخی موسوڵمانان گەیشتووەتە ئەو ئاستە. ئەوان دەزانن كلیلی هەموو سەركەوتنێك تەنها قورئانی پیرۆزە كە پێویستە كاری پێبكەن بەڵام بە هیچ شێوەیەك گرنگی پێ نادەن. (واتە سەرەڕای ئەوەی ئەو بابەتە دەزانن كەچی گوێ بە حوكمەكانی قورئانی پیرۆز نادەن).
بەڵام ئەو كەسەی بەوپەڕی هاوخەمی و دڵسۆزییەوە بانگیان دەكات بۆی، (لێرەدا بەڕێزی -علیه السلام- باسی خۆی دەكات كە بەوپەڕی هاوخەمی و دڵسۆزی بانگەوازیان دەكات) نەك تەنها بە هاوخەمی و دڵسۆزیەوە بەڵكو بەگوێرەی فەرمان و ڕێنمایی خوای گەورە بانگیان دەكات، كەچی بە درۆزن و دەججال ناوی دەبەن. ئایا دەكرێت دۆخێكی خراپتر لە دۆخی ئەم گەلە هەبێت؟ پێویست بوو لەسەر موسوڵمانان -ئێستاش پێویستە ئەو كارە بكەن- ئەم كانیاوە بە نیعمەتێكی گەورە دابنێن و ڕێزی شایستەی لێ بگرن. مەبەست لە ڕێزگرتنی ئەوەیە كار بە فێركاریەكانی بكەن، پاشان با بڕوانن چۆن خوای گەورە ناڕەحەتی و كێشەكانیان لادەبات. خۆزگە موسوڵمانان لەم بابەتە تێدەگەیشتن و ئەوەیان دەزانی كە خوای گەورە ئەم ڕێگایەی بۆ ئەوان كردووەتەوە -كە پڕە لە چاكە و خێر- وە خۆزگە پێیدا دەڕۆیشتن و سوودیان لێ دەبینی.” (المفوظات، ج6)
ئەمە ئەو شتەیە پێشتر گوتم كە هەموو ئەو خراپانەی لەنێوان موسوڵماناندا دەردەكەون و ڕوودەدەن لەبەرئەوەیە كە باوەڕیان قورئانی پیرۆز نیە و كاری پێ ناكەن. ئەوان قورئانی پیرۆزیان بەجێهێشتووە، وە تەنھا بە قسە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پابەندن پێیەوە. وە تەنها لە دەستیاندا هەڵی دەگرن بەڵام بەكردەیی بەجێیان هێشتووە و وازیان لێ هێناوە. بەڵام ئەحمەدیەكان، ڕێگریان لێكراوە كە قورئانی پیرۆز بخوێننەوە، ڕێگەیان پێنادرێت بیخوێننەوە. لە پاكستاندا ڕێگری كراوە لە ئەحمەدیەكان و ناتوانن قورئان بخوێننەوە، ئەوان خۆیان كار بە قورئان ناكەن، بەڵام ناتوانن فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز لە دڵمان دەربهێنن هەرچەندە هەوڵ بدەن، وە ناتوانن خۆشەویستی قورئانی پیرۆز لە دڵمان دەركەن. بۆیە پێویستە ئێمەی ئەحمەدی گرنگیەكی تایبەت بەم بابەتە بدەین. بەهۆی فەرامۆشكردن و بەجێهێشتنی فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز و تێنەگەیشتنیان لە وتەی ئەو كەسەی بۆیان تەفسیر دەكات، ئێمە دەبینین بارودۆخیان چی بەسەرهاتووە. لە هەموو شوێنێكدا نیگەرانی و نا ئارامی هەیە. بۆیە پێویستە ئەم كەسانە بیر بكەنەوە و ڕابمێنن، وە ئەگەر قورئانی پیرۆز بە سەرچاوەی ڕێنمونی و هیدایەت دادەنێن، ئەوا پێویستە شوێن فەرمانەكانیشی بكەون.
لە ڕیوایەتێكدا لە سوهەیبەوە هاتووە گوتی، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: “مَا آمَنَ بِالْقُرْآنِ مَنْ اسْتَحَلَّ مَحَارِمَهُ.” واتە: “ئەوەی حەرامەكانی قورئان حەڵاڵ بكات باوەڕی بە قورئان نەهێناوە.” (سونەنی ترمزی، كتێبی فەزڵەكانی قورئان)
واتە ئەو كەسەی گوێ نەدات بەو شتەی كە خوای گەورە نەهی لێ كردووە، وە كار بە حوكمەكانی قورئانی پیرۆز ناكات، ئەوا هەرچەندە بانگەشە بكات و بڵێت “سوپاس بۆ خوا من موسوڵمانم”، باوەڕەكەی باوەڕێكی بۆشە و تەنها بانگەشەیەكە و خوا وەریناگرێت. وە ئەم كەسانە ئازاری كەسانی تر دەدەن چونكە لە خوا دوورن و مافەكانی كەسانی تر زەوت دەكەن هەروەك نموونەی دۆخی موسوڵمانانی ئەمڕۆم لە جیهاندا هێنایەوە، بەجۆرێك پاشا و سەرۆك و گروپی جۆراوجۆر هەن شەڕ لەگەڵ یەكتردا دەكەن، موسوڵمانان یەكتری دەكوژن، وە ئەوانەی شایەتومان دەهێنن یەكتری دەكوژن.
بۆ ڕزگاربوون لەمە، پێویستە ئەو كەسانە ڕێنمایی ڕاست و دروست لە قورئانی پیرۆزەوە وەربگرن، وە لەم سەردەمەدا گەورەترین ئەرك دەكەوێتە سەر شانی ئەحمەدیەكان. پێویستە موسوڵمانی ئەحمەدی كار بەمە بكات هەتاكو جیهانی غەیری ئیسلامی لە ڕێگەی كردارەكانیەوە بزانێت فێركاری ئیسلامی ڕاستەقینە چیە و حوكمەكانی قورئانی پیرۆز چین كە بریتین لە حوكمەكانی ئاشتی و خۆشەویستی و بڵاوكردنەوەی برایەتی لە كۆمەڵگەدا و جێبەجێكردنی مافی بەندەكان. بۆیە پێویستە موسوڵمانانی ئەحمەدی زۆر گرنگی بەم بابەتە بدەن. كاتێك لە مانگی ڕەمەزاندا قورئانی پیرۆز دەخوێننەوە، پێویستە بیر لەم بابەتانە بكەنەوە پاشان بەدرێژایی ساڵ هەوڵ بدەن ئەم فێركاریە بە شێوەیەكی بەردەوام بڵاوبكەنەوە.
لە ڕیوایەتێكدا لە ئیبن عەبباسەوە (رضي الله عنە) هاتووە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: أَتَانِي جِبْرِيلُ عَلَيْهِ السَّلَام فَقَالَ يَا مُحَمَّدُ إِنَّ أُمَّتَكَ مُخْتَلِفَةٌ بَعْدَكَ قَالَ فَقُلْتُ لَهُ فَأَيْنَ الْمَخْرَجُ يَا جِبْرِيلُ قَالَ فَقَالَ كِتَابُ اللَّهِ تَعَالَى. واتە: جبریل (علیه السلام) هات بۆ لام و گوتی ئەی موحەممەد بێگومان ئوممەتەكەت دوای تۆ ناكۆك و جیاواز دەبێت فەرمووی منیش پێم گوت ئەی جیبریل ڕێگە چارە چیە فەرمووی ئەویش گوتی كتێبی خوای گەورە. (مسند أحمد، كتێبی موسنەدی دە مژدەدراوەكەی بەهەشت)
هەروەك پێشتر گوتم، پێویستمان بەوەیە كە گرنگی بە كتێبی خوای گەورە بدەین بۆ ڕزگاركردنی خۆمان و نەوەكانمان، و تەنها بەوە دەتوانین ڕێنموونی و هیدایەت بدۆزینەوە و خۆمان بەدوور بگرین لە ئاژاوە و خراپەكاری و بە ڕوونی لەو حوكمانە تێبگەین كە خوای گەورە بۆ ئێمەی ناردووەتە خوارەوە.
پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: “إِنَّ الَّذِي يَجْهَرُ بِالْقُرْآنِ كَالَّذِي يَجْهَرُ بِالصَّدَقَةِ وَالَّذِي يُسِرُّ بِالْقُرْآنِ كَالَّذِي يُسِرُّ بِالصَّدَقَةِ” واتە: “ئەوەی بە دەنگی بەرز قورئان دەخوێنێت وەك ئەوە وایە بە ئاشكرا خێر بكات و ئەو كەسەیش بە نهێنی قورئان دەخوێنێت وەك ئەوە وایە بە نهێنی خێر بكات.” (سونەنی نەسائی، كتێبی شەونوێژكردن و سوننەتەكانی ڕۆژ)
پێویستە ئەوەمان لە یاد بێت كە لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە خێر و سەدەقە بەڵا و مەترسی و ئاژاوە لادەبات و دووریان دەخاتەوە. وە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بە شێوەیەك كە خوێنەر لە ماناكەی تێبگات، وەك خێر قەبوڵ دەكرێت، وە بەهۆی بەرەكەتەكانیەوە مرۆڤ لە هەموو فیتنە و ئاژاوەكان دەپارێزرێت. وە لەبەر ئەوەی جیهانی ئەمڕۆ لە هەموو لایەكەوە بە شەڕ و خراپە دەورەدراوە و خراپەكاری و ئاژاوە دەوری داوە، بۆیە پێویستە لەسەرمان لەم خێرە بەردەوام بین بە جۆرێك هەمیشە بەردەوام بین لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز، و بە ئاشكرا و نهێنی بیخوێنینەوە، بەمەش خۆمان لە مەینەتی و سەختیەكان دەپارێزین و لەو كەسانە دەبین كە ئەو فێركاریانە جێبەجێ دەكەن كە خوای گەورە ڕایگەیاندوون.
لە ئەبو هورەیرەوە ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: لَا حَسَدَ إِلَّا فِي اثْنَتَيْنِ (الحسد هنا بمعنى الغبطة، أي لا يفعل المرء ذلك للإيذاء بل إذا فعل للمدح فهو جائز) رَجُلٌ عَلَّمَهُ اللَّهُ الْقُرْآنَ فَهُوَ يَتْلُوهُ آنَاءَ اللَّيْلِ وَآنَاءَ النَّهَارِ فَسَمِعَهُ جَارٌ لَهُ فَقَالَ لَيْتَنِي أُوتِيتُ مِثْلَ مَا أُوتِيَ فُلَانٌ فَعَمِلْتُ مِثْلَ مَا يَعْمَلُ وَرَجُلٌ آتَاهُ اللَّهُ مَالًا فَهُوَ يُهْلِكُهُ فِي الْحَقِّ فَقَالَ رَجُلٌ لَيْتَنِي أُوتِيتُ مِثْلَ مَا أُوتِيَ فُلَانٌ فَعَمِلْتُ مِثْلَ مَا يَعْمَلُ”. واتە: “حەسادەت نیە مەگەر لە دوو شتدا (حەسادەت لێرەدا بە بە واتای خۆزگەخواستن دێت، واتە مرۆڤ ئەو كارە بۆ ئازاردان ناكات بەڵكو ئەگەر بۆ مەدح كردن بێت ئەوا ڕێگە پێدراوە) پیاوێك خوا فێری قورئانی كردبێت ئەویش لە شەو و ڕۆژدا بیخوێنێتەوە، دراوسێكەی گوێی لێ بێت و بڵێت خۆزگە منیش وەك ئەو كەسە فێر بكرامایە و منیش وەكو ئەو ئەو كارم بكردایە، وە پیاوێك خوا سامانێكی پێ دابێت ئەویش لەڕێگەی حەقدا خەرجی بكات و پیاوێك بڵێت خۆزگە منیش سامانێكم هەبوایە وەكو سامانەكەی فڵانەكەس و هەمان ئەو كارەم بكردایە كە ئەو دەیكات.” (صەحيحی بوخاری)
كۆمەڵێك ئادابی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزیش هەیە. ئەو كەسەی قورئان دەخوێنێتەوە و كەسانی تر حەسوودی پێ دەبەن لەبەر ئەوەیە دەزانن قورئانخوێن تەنها قورئان ناخوێنێتەوە بەڵكو بەدڵنیاییەوە كار بەو فێركاریانەیش دەكات كە تێیدا هاتوون. وە كەسەكەی تر واتە گوێگرەكە حەسودی پێ دەبات لەسەر ئەوە و لەدڵی خۆیدا دەڵێت: خۆزگە منیش بەم شێوەیە لە قورئانی پیرۆز تێدەگەیشتم و كارم پێ دەكرد.
با لێرەدا ئەوەش باس بكەم كە لە فەرموودەدا دەربارەی ماڵ و سامان هاتووە، هەندێك كەس دەڵێن: بەخشین و كۆمەكی كەی پێویستە؟ پێویستە بزانن خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت قوربانیدانی دارایی پێویستە، وە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی خەڵكی حەسوودی بەو كەسە دەبەن كە قوربانی دارایی پێشكەش دەكات. ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگە.
كاتێك بە تێڕامانەوە قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدۆزینەوە كە لە دڵی هەندێ كەسدا دروست دەبێت دەربارەی ئەوەی كە بۆچی ئێمە داوای قوربانیدانی دارایی دەكەین. ئەمە فەرمانی خوای گەورەیە.
پێغەمبەر ﷺ لە شوێنێكی تردا فەرموویەتی ئەو كەسەی بە دەنگێكی خۆش و بە ڕێكوپێكی قورئانی پیرۆز ناخوێنێتەوە، ئەوە لە ئێمە نیە. كەواتە، خوێندنەوەی قورئان بە دەنگێكی خۆش و بە ڕێكوپێكی و بە هێواشی و بە تێگەیشتنەوە زۆر پێویستە.
مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “پێویستە مرۆڤ زۆر قورئانی پیرۆز بخوێنێتەوە، و هەر كاتێك گەیشتە ئایەتێك دوعای تێدا بوو ئەویش دوعا بكات، وە ئەو شتەیش داوا بكات بۆ خۆی كە لەو دوعایەدا داواكراوە.”
لە قورئانی پیرۆزدا دوعای زۆر هاتووە، ئەگەر مرۆڤ گەیشتە ئەو شوێنانە با داوای ئەو شتانە بۆ خۆی بكات كە لە دوعاكاندا دواكراون. وە لە قورئانی پیرۆزدا دوعای زۆر هەن كە پێغەمبەران كردوویانە. مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “پێویستە مرۆڤ دوعا بكات و بڵێت: خوایە وەك ئەمەم پێ ببەخشە.” كاتێك باسی سزاش دێت ئەوا پێویستە پەنا بە خوا بگرێت لێی، وە خۆی لەو خراپانە بەدوور بگرێت كە بوونەتە هۆی لەناوچوونی ئەو گەلانە. لە قورئانی پیرۆزدا هۆكارەكانی لەناوچوونی گەلان باس كراون و باسی ئەو كارە خراپانەش كراوە كە خوای گەورە بەهۆیانەوە سزای ئەو گەلانەی داوە. كاتێك مرۆڤ لە قورئاندا دەگات بەو جۆرە بابەتانە، پێویستە داوای لێخۆشبوون بكات و هەوڵ بدات ڕزگاری بێت لێیان. ئەگەر ئەو كارە بكەین، ئەوا ئۆتۆماتیكی لە زۆر خراپە بەدووردەبین.
لەم ڕۆژانەدا و لەم ژینگە ڕۆژئاواییەدا و لەژێر كاریگەریەكەیدا، بیرۆكەی هەڵە بە مێشكماندا دێت. زۆرێكمان تووشی كاروباری هەڵە دەبین. بەڵام كاتێك قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە و داوای لێخۆشبوون دەكەین و هەوڵ دەدەین خۆمان لە خراپەكان بەدوور بگرین، ژیانمان باشتر دەبێت. وە لەو كەسانە دەبین كە خۆیان لەم خراپانە بەدوور دەگرن. بۆیە بەڕێزی (علیه السلام) فەرموویەتی: “پێویستە ئێمە خۆمان لەو خراپانە بەدوور بگرین كە بوونەتە هۆی لەناوچوونی گەلان.”
پاشان بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: “ئەو پلان و نەخشە دەرەكیەی كە مرۆڤ بێ پاڵپشتی وەحی بە هاوتای كتێبی خوا دایدەنێت تەنها ڕای تاكەكەسی خۆیەتی كە ڕەنگە هەندێك جار هەڵەش بێت. ئەو ڕایەی كە فەرموودەكان دژایەتی دەكەن دەچێتە چوارچێوەی شتە تازە بابەت و داهێنراوەكانەوە، وە باشترین شت بریتیە لە خۆبەدوورگرتن لە داب و نەریتەكان و بیدعەكان چونكە هێواش هێواش دەبنە هۆی دەستوەردان لە شەریعەتدا. باشترین ڕێگا ئەوەیە مرۆڤ ئەو كاتەی كە لە زیكر و ویردی لەو جۆرەدا بەسەری دەبات لە تێڕامان لە قورئانی پیرۆزدا بەسەری ببات.” (خەڵكانێك هەن دەپرسن: پێویستە چ دوعایەك بكەین، وە ئەو زیكرە چیە دەبێت دووبارەی بكەینەوە؟ مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “باشترین شت ئەوەیە لە قورئانی پیرۆز ڕابمێنن و بیری لێ بكەنەوە بەمەش خۆتان لە زۆرێك لە خراپە و ئازار و ناڕەحەتیەكان بەدوور دەگرن و ئاگاداری فێركاریەكانی خوای گەورە و فەرمانەكانیشی دەبن.”)
بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: “ئەوەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دایبەزاندووە وەحیەكی تایبەتە لەلایەن خوای گەورەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ، وە هەر بيروبۆچوونێكی تر ئەگەری هەیە هەڵە یان درۆ بێت، هەرچەندە مرۆڤ بەڵگەی عەقڵی پێشكەش بكات لەبارەیەوە. هەندێ شت هەن كە مرۆڤ بە پشت بەستن بە عەقڵی خۆی دەیانڵێت ڕەنگە لەگەڵ فێركاریەكانی قورئانی پیرۆزدا یەكبگرنەوە، بەڵام كاتێك وەحی نەبن و بەو شێوەیە ڕوون نەكرێنەوە كە قورئانی پیرۆز ڕوونی كردووەتەوە؛ ئەوا شتانێكی درۆن و مرۆڤ بەرەو ڕێگەی هەڵە دەبەن.”
بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: “ئەگەر دڵ ڕەق بوو، ئەوا باشترین ڕێگە بۆ نەرمكردنی بریتیە لە زۆر خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز. لە هەر شوێنێكی قورئاندا دوعا هەبێت، دڵی باوەڕداریش ئارەزوو دەكات ڕەحمەتی خوای گەورە بیگرێتەوە. قورئانی پیرۆز وەكو باخ وایە، بەجۆرێك لە شوێنێكدا مرۆڤ جۆرێك لە میوە دەچنێت، پاشان بەرەو پێشەوە دەچێت و جۆرێكی تر دەچنێت. بۆیە پێویستە لەسەر مرۆڤ بەگوێرەی بارودۆخی خۆی سوود لە هەموو شوێنێك وەربگرێت. چ پێویست دەكات لەلایەن خۆتەوە شتانێك زیاد بكەیت، ئەگینا پرسیارەكە ئەوە دەبێت: بۆچی شتێكی نوێت زیاد كرد؟ كار بە فەرمانەكانی قورئانی پیرۆز بكە. بیدعەیەكی نوێ دامەهێنە. شتانێكی نوێ بۆ فەرمانەكانی قورئانی پیرۆز زیاد مەكە.
جگە لە خوای گەورە كێ دەتوانێت بڵێت خوێندنەوەی سوورەتی (یس) لە شەوێكی دیاریكراودا بەرەكەت كێش دەكات؟ (خەڵكی دەڵێن ئەگەر سوورەتێكی دیاریكراو بە شێوازێكی دیاریكراو بخوێنیتەوە ئەوا بەرەكەت بەدەست دەهێنیت، وە ئەگەر لەكاتێكی دیاریكراودا بیخوێنیتەوە ئەوا بەرەكەت بەدەست دەهێنیت، یان ئەگەر بە شێوازێكی تر بیخوێنیتەوە ئەوا بەرەكەت بەدەست ناهێنیت، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: هەموو ئەم بابەتانە هەڵەن، قورئانی پیرۆز وتەی خوای گەورەیە، وە هەرچۆنێك بیخوێنیتەوە -بە تێگەیشتنەوە بیخوێنیتەوە، وە بە نیەتی كاركردن پێی بیخوێنیتەوە، وە بە نیەتی چاكەوە بیخوێنیتەوە- ئەوا بەرەكەت لەدوای بەرەكەت بەدەست دەهێنیت.”)
بۆیە دەبێت بەخۆماندا بچینەوە و بزانین ئایا بەو شێوەیەی باسكرا قورئان دەخوێنینەوە؟ ژمارەی ئەو فەرمانانە چەندن كە كاریان پێ دەكەین؟ وە ژمارەی ئەو دوعایانە چەندن كە هەوڵ دەدەین بیانكەین بۆ خۆمان كاتێك ئەم دوعایانە لە قورئاندا دەخوێنینەوە؟ وە ژمارەی ئەو خراپانە چەندن كە داوا دەكەین دووربین لێیانەوە كاتێك لە قورئاندا فەرمان دەكرێت بە خۆبەدوورگرتن لێیان یان باسیان دەكرێت؟ ئەگەر ئەو كارەمان كرد، ئەوا تەنھا ئەو كاتە سوود لە فێركاریە ڕاستەقینەكانی قورئانی پیرۆز وەردەگرین.
مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “چەندین جار بە دەنگی بەرز دڵێم خۆشەویستی ڕاستەقینە بۆ پێغەمبەری بەڕێز ﷺ و قورئانی پیرۆز و شوێنكەوتنیان بە ڕاستگۆیی مرۆڤ دەكات بە خاوەن كەرامەت.” (بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: لە قورئانی پیرۆز ڕابمێنن، هەموو شتێكی تێدایە لە وردەكاریەكانی چاكە و خراپە و هەواڵەكان دەربارەی سەردەمەكانی داهاتوو. بە باشی بزانن قورئانی پیرۆز ئایینێك پێشكەش دەكات كە ناتوانرێت هیچ ڕەخنەیەكی لێ بگیرێت چونكە بەرەكەت و بەرهەمەكانی نوێ دەبنەوە و بە تازەیی بەدەستدەهێنرێن) پاشان بەڕێزی (علیه السلام) دەفەرموێت: “ئەمە بریتیە لە شانازی قورئانی مەزن بەتەنھا كە خوای گەورە تێیدا چارەسەری هەموو نەخۆشیەكی داناوە، وە هەموو هێز و بەهرەكانی پەروەردە كردووە، وە شێوازەكانی لابردنی هەموو ئەو شەڕانەی ڕوونكردووەتەوە كە دەردەكەون. بۆیە بەردەوام بن لە خوێندنەوەی قورئانی مەزن و بەردەوام بن لە دوعاكردن و هەوڵ بدەن ڕەفتارتان یەكبگرێتەوە لەگەڵ فێركاریەكانیدا”.
پاشان بەڕێزی (علیه السلام) سەرنجمان ڕادەكێشێت بۆ خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و دەفەرموێت: “قورئانی پیرۆز بخوێننەوە و هەرگیز بێ ئومێد مەبن لە خوا. باوەڕدار هەرگیز لە خوا نائومێد نابێت، بەڵكو نائومێدبوون خووڕەوشتی بێباوەڕانە، بێگومان خوای ئێمە بەسەر هەموو شتێكدا بەتوانایە. وەرگێڕانی ماناكانی قورئانی پیرۆزیش فێر بن و نوێژەكان بە هەموو مەرجەكانیەوە ئەنجام بدەن و ماناكانی تێبگەن و بە زمانی خۆشتان دوعا بكەن. قورئانی پیرۆز وەك كتێبێكی ئاسایی مەخوێننەوە، بەڵكو وەك وتەی خوای گەورە بیخوێننەوە.”
دەڵێم: ئەمانە ئەو بابەتانەن پێویستە باوەڕدار كاریان پێبكات، وە كاتێك ئێمە بەم شێوەیە كار بكەین، ئەوا بە فەزڵی خوای گەورە لەو كەسانە دەبین كە سوود لە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز وەردەگرن، وە دەبین بە یەكێك لەو كەسانەی ژیانی خۆیان و ژیانی نەوەكانیان چاك دەكەن. كاتێك ئەمە ڕوودەدات، ئەو ئامانجە دەهێنینەدی كە لەپێناویدا دروستكراوین و ئەویش ئامانجی ژیانمانە، وە خۆمان سەرفراز دەبین و نەوەكانیشمان بە سەرفرازی دەژین.
لەم ڕۆژانەدا، بەتایبەتی لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا، كاتێك گرنگی دەدەین بە قورئانی پیرۆز، پێویستە بەڵێن بەخۆمان بدەین كە هەمیشە لەسەر ئەم بەڵێنە بەردەوام بین، وە هەمیشە بایەخ بدەین بە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و كاركردن پێی، وە منداڵەكانیشمان هان بدەین بۆ خوێندنەوەی. تەنها ئەوە نەبێت یەك جار قورئانیان پێ خەتم بكەین و ئیتر تەواو. نەخێر، بەڵكو دەبێت قورئانی پیرۆز بكەینە سەرچاوەی ڕێنماییمان و پلانی كارێكی تەواو تاوەكو هەمیشە بەرەو ڕێگای ڕاست و لە خوا ترسان و پارێزكاری ڕابەرایەتیمان بكات. كاتێك ئەمە ڕوودەدات، هەمیشە سەرفراز دەبین.
داوا لە خوای گەورە دەكەین لە مانگی ڕەمەزاندا یارمەتیمان بدات قورئانی پیرۆز بخوێنینەوە و هەروەها هەوڵ بدەین لێی تێبگەین، وە بەڵێن بدەین كاری پێ بكەین، وە لە هەوڵدان بەردەوام بین بۆ بەجێهێنانی ئەم بەڵێنە لە داهاتووشدا، وە بیكەینە بەشێك لە ژیانمان بە درێژایی ساڵ.