
وتاری لاهۆر
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسینی:
میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
وەرگێڕانی لاپەڕەی بەرگی چاپی یەكەمی ئەم كتێبە
شیفای تێدایە بۆ خەڵكی
وەرگێڕانی دوو دێڕە شیعری فارسی
موحەممەد (ﷺ) پێشەوا و چرای هەردوو جیهانە، موحەممەد (ﷺ) شوێن و كات ڕووناك دەكاتەوە
لە ترسی خوا پێی ناڵێم خوا، بەڵام سوێند بەخوا بوونی ئەو بەئاشكرا ڕوخساری خوا پیشانی خەڵكی دەدات
وتارێكی نوێكاری چەرخ و پێشەوای سەردەم
مەسیحی بەڵێندراو میرزا غوڵام ئەحمەد، گەورەی قادیان
دەربارەی
ئیسلام و ئایینەكانی تر لەم وڵاتەدا
لە ڕێككەوتی 3/9/1904ز لە كۆڕێكی قەرەباڵغدا خوێندیەوە لە لاهۆر
بۆ بەرژەوەندی خەڵكی گشتی سەید میان میعراجەددین عومەر بەڵێندرەی گشتی و سكرتێری “ئەنجومەنی فورقانی لاهۆر”، وە سەید حەكیم شێخ نوور موحەممەد مونشی عالم، خاوەنی نوژدارگەی “همدم صحت” لە لاهۆر بەناوی “ئەنجومەتی فورقانی لاهۆر” وتارەكەیان بڵاوكردەوە
لە چاپخانەی “رفاه عام” لە لاهۆر چاپكرا
*****
ئەمڕۆ لەڕێگەی خوێندنەوەی ڕۆژنامەی “بیسە أخبار” ژمارە 27ی ئابی ساڵی 1904زاینیەوە زانیم
كەسێك بەناوی حەكیم میرزا مەحموود ئەحمەدی ئێرانی یەكێكە لە شوێنكەوتوانی كەسێك كە بانگەشەی ئەوە دەكات مەسیحە، ئێستا لە لاهۆر نیشتەجێیە و دەیەوێت موباهەلەم لەگەڵدا بكات. بەڵام زۆر بەداخەوە لە ئێستادا ناتوانم داواكەی قەبوڵ بكەم چونكە زۆر سەرقاڵم. سبەی، ڕۆژی شەممە، وادەی كۆبوونەوەیەكە كە بەدرێژایی ڕۆژەكە سەرقاڵ دەبم پێوەی. وە دوو سبەی پێویستە لەسەرم سەفەر بكەم بۆ گورداسپوور بۆ ئامادەبوون لەبەردەم دادگادا سەبارەت بە داوایەكی یاسایی. نزیكەی 12 ڕۆژە لە لاهۆرم هیچ كەسێك پێشنیارێكی لەم شێوەیەی ئاراستە نەكردم، وە نازانم مەبەست و ئامانج چیە لە پێشكەشكردنی ئەم داوایە لە كاتێكی نەگونجاودا كە خەریكە سەفەر دەكەم و یەك خولەك كاتم نیە سەرقاڵ بم بە كارێكی ترەوە. بەڵام ڕێگایەكی تری دروست پێشنیار دەكەم بۆ حەكیم میرزا مەحموود بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسەكان، ئەویش ئەوەیە سەرنووسەری ڕۆژنامەی “بیسە أخبار” دەقی وتارەكەی من كە سبەی 3ی ئەیلوول لە كۆبوونەوەكەدا دەخوێنرێتەوە بەتەواوەتی بڵاوبكاتەوە. وە تكا دەكەم لە بەڕێز حەكیم ئەویش لەبەرامبەردا وتارێك بنووسێت لە هەمان ڕۆژنامەدا بڵاویبكاتەوە. وە بەخوێندنەوەی هەردوو وتارەكە خەڵكی خۆیان بڕیاردەدەن كامیان لەسەر بنەمای ڕاستی و حەق و بەڵگەی بەهێز دامەزراوە، وە كامیان كاڵایەكی بێبایەخە. بەڕای من ئەم ڕێگایە بۆ بڕیاردان سەلامەتترین ڕێگایە بۆ خۆپاراستن لەو خەوش و ناتەواوییانەی كە لەم ڕۆژگارەدا لەزۆربەی دیبەیتەكانەوە پەیدا دەبن.
مادام لە وتارەكەمدا خیتابم ئاراستەی “حەكیم”ی ناوبراو نەكردووە و تەنانەت ناومنەهێناوە؛ بۆیە بەدڵنیاییەوە دەشتوانین لەو جۆرە دوژمنایەتی و ناكۆكیە بەدوور بین كە زۆربەی جار لەم جۆرە دیبەیتەكانەوە پەیدا دەبێت. و السلام علیكم.
نووسەر میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
سەرەتا [هەڵبەت ئەم وتارە لەبەردەم گردبوونەوەیەكی گەورەدا خوێنرایەوە لە لاهۆر لەڕێككەوتی 3/9/1904ز كە پێكهاتبوو لە كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵكی لە هەموو ئایین و هەموو چین و توێژێك. وە بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی ڕۆژنامەی “بیسە أخبار” و “بنجە فولاد” ژمارەی ئامادەبووان لەسەرووی دە دوانزە هەزار كەسەوە بوو، سەرباری ئەو كەسانەی لە دەرەوەی شوێنی كۆبوونەوەكە بە پێوە وەساتبوون و گوێیان گرتبوو. (بە گواستنەوە لە پەراوێزی “وتاری لاهۆر” چاپی دووەم). (بڵاوكاری عەرەبی)] و پێش هەموو شتێك سوپاسی خوای گەورە دەكەم پەناگایەكی بەخشی پێمان لە ئامێزی حكومەتێكی چاكدا كە ڕێمان لێناگرێت ئایینەكەمان بڵاوبكەینەوە، وە بەهۆی پەیڕەوكردنی دادپەروەری و یەكسانیەوە هەموو ئاستەنگێكی لابردووە لە ڕێگەماندا، بۆیە پاش سوپاسی خوای گەورە سوپاسی ئەم حكومەتە دەكەین.
لە پاشاندا، ئامادەبووانی بەڕێز، ئەمڕۆ دەمەوێت قسە بكەم دەربارەی ئەو ئایینانەی كە لەم وڵاتەدا هەن، وە هەوڵدەدەم بە ئەندازەی توانا ڕەچاوی ئەدەب و دانایی و شارستانیبوون بكەم لەكاتی قسەكردندا چونكە هەندێ كەس پێیان خۆش نیە ئەو ڕاستیانە ببیستن كە پێچەوانەی بیروباوەڕە ئایینیەكانیانە. ئاشكرایە لەتوانامدا نیە ئەو هەستی لایەنگیریە نەهێڵم كە ڕەگی داكوتاوە لەناخیاندا. بۆیە، تەنانەت كاتی وتنی ڕاستی، داوای لێبوردن دەكەم لە هەمووان ئەگەر قسەكانم ببنە هۆی هەر ئازار و ناڕەحەتیەك.
ئامادەبووانی بەڕێز، كۆمەڵێك ئایین لەم وڵاتەدا هەن، وە ململانێ و ناكۆكی ئایینی وەكو لافاو زەوی ڕادەماڵێت، بەڵام پاش ڕامان و وردبوونەوەیەكی قووڵ و وەحی بەردەوام لەلایەن خواوە بۆم دەركەوت ئەم ناكۆكیە لە یەك ڕاستیەوە سەرچاوەی گرتووە كە بریتیە لە نەمانی هێزی ڕۆحانی و ترسی خوا لەدڵی زۆربەی خەڵكیدا. هەڵبەت ئەو ڕووناكیە ئاسمانیە كە بەهۆیەوە دەتوانرێت جیاكاری بكرێت لەنێوان حەق و باتڵدا بە نزیكەیی لەدڵەكاندا نەماوە. دنیا ڕۆژ بەڕۆژ ڕەنگی ئیلحاد و بێباوەڕی دەگرێت، خەڵكی تەنها بە زمان وشەی خوا و پەروەردگار دەڵێنەوە، بەڵام وردە وردە بیروباوەڕی ئیلحاد گەورە دەبێت لە دڵەكاندا.
بەڵگەش ئەوەیە دۆخی كردەیی خەڵكی ڕێكوپێك و چاك نیە؛ بۆیە بە زمان شتێك دەڵێن كە بەكردەوە جێبەجێی ناكەن. لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە گومان دروست بكەم لە ڕاستگۆیی هەر كەسێك لە ژیانی تایبەتی خۆیدا كەسێكی بەتەقوایە، بەڵام ئەو دۆخەی بەگشتی بە ئاشكرا دەبینرێت بریتیە لە ونبوون و لەدەستچوونی ئەو ئامانجەی كە لەپێناویدا ئایین بووە بە شتێكی پێویست بۆ مرۆڤایەتی. زۆرینەی خەڵكی بایەخ نادەن بە پاكوخاوێنی ناخ و دڵیان، وە بایەخ نادەن بە خۆشەویستی خوا كە خۆشەویستیەكی پاك و بێگەردە، و یارمەتی دروستكراوان نادەن و دڵسۆز نین بۆیان، وە بابەخ نادەن بە هێمنی و بەزەیی و دادپەروەری و خۆبەكەمزانی و ڕەوشتە جوانەكانی تری وەك پارێزكاری و پاكی و ڕاستگۆیی كە بریتین لە كرۆكی هەر ئایینێك. زۆر بەداخەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ و ناكۆكیە ئایینیەكاندا ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆحانیەت كز و لاوازتر دەبێت. ئامانجی ڕاستەقینە لە ئایین بریتیە لەوەی مرۆڤ خوای ڕاستەقینە بناسێت كە جیهانی بەدیهێناوە، وە خۆشی بوێت تا ڕادەی سووتان و نەمانی هەموو جۆرە خۆشەویستیەكی تر لەدڵیدا، وە سۆز و بەزەیی هەبێت بۆ دروستكراوەكانی خوا (سبحانه وتعالى) و دڵسۆز بێت بۆیان، وە كۆشش بكات بۆ ئەوەی بگات بە بەرزترین ئاستی پاكبوونەوە. بەڵام من دەبینم لەم چەرخەی ئێستادا ئەم ئامانجە فەرامۆشكراوە و بەسووك سەیركراوە، وە زۆربەی خەڵكی بە كردەیی جۆرێك لە جۆرەكانی ئیلحاد پەیڕەو دەكەن. وا دەردەكەوێت ئاگادار نەبن لە بوونی خوا. بۆیە لەسەر زەویدا ڕۆژ بە ڕۆژ بوێری لە زیادبووندایە بۆ ئەنجامدانی تاوان. ئاشكرایە مرۆڤ لەدڵیدا ڕێز و خۆشەویستی و ترسی نیە بۆ شتێك كە نایناسێت و زانیاری ڕاست و دروستی نیە لەبارەیەوە، هەموو شێوازەكانی ترس و خۆشەویستی و ڕێز لە ناسینەوە سەرچاوە دەگرن. كەواتە لەمەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە هۆكاری زۆری تاوان لەدنیادا لەم سەردەمەی ئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەدروستی بەدیهێنەری خۆی ناناسێت. ئەو نیشانەیەی كە ئایینی ڕاست جیادەكاتەوە لە ئایینەكانی تر ئەوەیە چەندین ڕێگا دەكاتەوە بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی خوا بناسێت و زانیاری هەبێت لەبارەیەوە، ئەمەش وەهای لێدەكات نەك هەر تەنھا سڵ بكاتەوە لەتاوان، بەڵكو كاتێك جوانی و شكۆی خوا دەبینێت بەتەواوەتی خۆشی دەوێت تەنانەت دۆخی دابڕان لێی (سبحانه وتعالى) بە خراپتر لە سزای دۆزەخ لەقەڵەم دەدات. لەڕاستیدا ڕزگاربوون لە تاوان و فەنابوون لە خۆشەویستی خوای گەورەدا بریتیە لە ئامانجی هەرە مەزنی بوونی مرۆڤ، وە بریتیە لە حەوانەوەی ڕاستەقینە كە دەتوانین گوزارشتی لێ بكەین بە ژیانی بەهەشت. هەموو ئەو حەز و ئاواتانەی پێچەوانەی ڕەزامەندی خوان، وە بەسەربردنی ژیان لە شوێنكەوتنیاندا بریتیە لە ژیانێكی دۆزەخ ئاسا.
لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: مرۆڤ چۆن ڕزگاری دەبێت لەم ژیانە دۆزەخ ئاسایە؟
ئەو زانیاریەی خوای گەورە پێی داوم بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە ڕزگاربوون لەم دۆزەخە تەنھا بەوە دەبێت مرۆڤ بە تەواوەتی و بەشێوەیەكی دروست خوا بناسێت؛ چونكە هەواو ئارەزووە دەروونیەكان كە مرۆڤ كێش دەكەن بریتین لە لافاوێكی بە تەوژم كە بەوپەڕی توندوتیژییەوە ڕێدەكات بۆ كاولكردنی ئیمان. وە ڕووبەڕووبوونەوەی شتێكی بەهێز تەنھا بەهۆی شتێكی ترەوە دەبێت كە بەهەمان ئەندازە بەهێز بێت. لەبەرئەوە ناسینی تەواوی خوا پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاربوون؛ چونكە وەك پەندەكە دەڵێت: ئاسن بە ئاسن دەچەمێتەوە. بابەتەكە پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگەی زۆر نیە لەسەر ئەوەی كە ڕێزگرتن و خۆشەویستی و ترس شتانێكن تەنھا لە ناسینەوە پەیدا دەبن. بۆ نموونە ئەگەر بەردێكی بەنرخ كە نرخەكەی بلیۆنەها دۆلار بێت بدرێت بە مناڵێك ئەوا هەرگیز لە یارییەكی مناڵانە زیاتر نرخی بۆ دانانێت. بەهەمان شێوە ئەگەر ژەهر بكرێتەناو هەنگوینەوە بۆ كەسێك كە ئاگای لێی نەبێت؛ ئەوا بەوپەڕی تامەزرۆییەوە دەیخوات بەبێ ئەوەی هەست بە مەترسیەكەی بكات، چونكە زانیاری نیە بەوەی هەنگوینەكە ژەهری تێكراوە. لەلایەكی ترەوە ئێوە هەرگیز بە ئەنقەست ژیانی خۆتان ناخەنە مەترسیەوە بەوەی دەست بخەنەناو كونی مارەوە یان ژەهرێكی كوشندە بخۆن. ئیتر بۆچی ناترسن لەو مردنەی كە تووشتان دەبێت بەهۆی سەرپێچیكردنتان لە فەرمانەكانی خوای گەورە؟ ڕوون و ئاشكرایە كە هۆكارەكەی تەنها دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زانیاریتان نیە سەبارەت بە مەترسیەكانی تاوان وەك ئەو زانیارییەی كە هەتانە دەربارەی زیانەكانی مار و ژەهر.
ئەستەمە هیچ لۆژیكێك ڕاستیەك هەڵوەشێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە زانیاری و ناسینی تەواوەتی ناهێڵێت مرۆڤ هەموو ئەو كارانە بكات كە مەترسین بۆ سەر ژیان و ماڵ و سامانی. وە مرۆڤ پێویستی بە هیچ كەفارەتێك نیە بۆ دەستهەڵگرتن لەو كارانە. تەنانەت ئەو كەسانەی خوویان گرتووە بە ئەنجامدانی تاوانەوە دەستهەڵدەگرن لە پیادەكردنی چەندین هەواو ئارەزووی خۆیان لە ترسی قۆڵبەستكردن و سزادانیان. دەبینن هیچ كەسێك ناوێرێت لە ڕۆژی ڕووناكدا بە ئاشكرا دووكانێك تاڵان بكات كە هەزارەها ڕوپیەی تێدا بێت كاتێك پیاوانی پڕچەكی پۆلیس لەو ناوچەیەدا بگەڕێن و بیپارێزن. كەواتە ئایا خەڵكی دەستهەڵدەگرن لە دزی یان تاڵانی بەهۆی ئەوەی باوەڕیان بە كەفارەت هەیە یان ترسی بیروباوەڕی خاچ لە دڵیاندا هەیە؟ نەخێر، بەڵكو لەبەرئەوەی پیاوانی پۆلیس دەناسن بە جلە ڕەشەكانیانەوە، وە لە شمشێرەی بریقەدارەكانیان دەترسن، ئەوان سوور دەزانن ئەگەر دەستیان درێژ بكەن ئەوا بەدڵنیاییەوە دەستبەجێ قۆڵبەست دەكرێن و دەخرێنە زیندانەوە. پێویستە بزانرێت سەرەڕای مرۆڤ ئاژەڵیش بەگوێرەی هەمان بنەما كاردەكات؛ ئەوەتا شێری دڕندە هەرگیز خۆی فڕێناداتەناو ئاگرێكی بڵێسەدارەوە ئەگەرچی لە لایەكەی تری ئاگرەكەدا نێچیرەكەی خۆی بەدی بكات. وە گورگ هەرگیز پەلاماری مەڕێك نادات كە خاوەنەكەی بە تفەنگێكەوە كە پڕە لە فیشەك یان بە شمشێرێكی دەركێشراوەوە بیپارێزێت.
خۆشەویستان، فەلسەفەی ڕاست و ئەزموونكراو ئەوەیە كە مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە تاوان پێویستی بە ناسین و زانینی تەواوەتی هەیە نەك باوەڕی “كەفارەت”. ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەگەر گەلی نووح (عليه السلام) هۆشیاری ڕاستەقینەیان هەبوایە ئەوا ئەو هۆشیاریە دەبووە دروستبوونی ترسی خوا لەدڵیاندا؛ دواجار هەرگیز لە ئاودا نوقم نەدەبوون. وە ئەگەر گەلی لوط (عليه السلام) پەروەردگاری خۆیان بناسیبایە ئەوا بەردباران نەدەكران. ئەگەر خەڵكی ئەم وڵاتە هۆشیاری ڕاستەقینەیان هەبوایە كە دڵەكان بەهۆیەوە دەلەرزن؛ ئەوا تووشی مەرگەساتی تاعوون نەدەبوون. زانین و ناسینی ناتەواو هیچ سوودێكی نیە؛ چونكە ئەو خۆشەویستیە یان ئەو ترسەی لێیەوە بەرهەم دێت ئەویش ناتەواوە. هیچ كەسێك سوودمەند نابێت لە باوەڕی ناتەواو و خۆشەویستی ناتەواو و ترسی ناتەواو و ناسینی ناتەواو. وە ئەستەمە كەسێكی برسی بە خۆراكی ناتەواو تێر بێت. ئایا دەكرێت مرۆڤی برسی بە یەك دەنك گەنم تێر بێت؟ یان بەیەك دڵۆپە ئاو تێنوێتی بشكێت؟
ئەی ورە ڕووخاوەكان، وە ئەی ئەوانەی تەمبەڵن لە گەڕان بەشوێن ڕاستیدا؛ لەكوێ بەرەكەتی مەزنی خواتان پێ دەگات بە هۆی زانینێكی كەم و خۆشەویستی و ترسێكی كەمەوە؟ بیربكەنەوە، تەنھا خوا دەتوانێت پاكتان بكاتەوە لە تاوانەكانتان. وە دڵتان پڕ بكات لە خۆشەویستی خۆی، وە بتانترسێنێت لە شكۆی خۆی. ئەمە یاسای ئەبەدیە و لە كۆنەوە بەردەوامە، هەموو ئەم شتانە دوای زانینی تەواوەتی پەیدا دەبن.
بێگومان بنەڕەتی ترس و خۆشەویستی و ڕێز بریتیە لە زانین و ناسینی تەواوەتی. ئەوەی زانینی تەواوەتی پێدرا ئەوا ترس و خۆشەویستی تەواوەتیشی پێدراوە. وە هەر كەسێك ترس و خۆشەویستی تەواوەتی پێدرا ئەوا ڕزگاری بووە لە تاوان كە لە بێشەرمی و چاوقاییمیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێمە بۆ ئەم ڕزگاربوونە پشت نابەستین بە خوێنی مەسیح، وە پێویستمان بە لەخاچدان یان كەفارەت نیە، بەڵكو ئێمە پێویستمان بە یەك قوربانیدان هەیە، كە بریتیە لە قوربانیدان بەخۆمان كە سروشت و فیترەتمان داوای دەكات. وە ئەم قوربانیدانە بە دەربڕینێكی تر پێی دەوترێت “ئیسلام”. وە ئیسلام واتە تەسلیمكردنی نەفس بۆ سەربڕین. واتە بە خۆبەخشی و بەتەواوەتی ملكەچبوون بۆ خوا. ئەم ناوە جوانە “واتە ئیسلام” بریتیە لە پاڵفتەی هەموو شەریعەتە ئاسمانیەكان و ناوەڕۆكی فێركاریەكان. بێگومان تەسلیمكردنی نەفس بۆ سەربڕین بە خۆبەخشی و بە قەناعەتی ڕاستەقینەوە خۆشەویستی تەواوەتی دەوێت، وە خۆشەویستی تەواوەتی هۆشیاری تەواوەتی دەوێت. بەهەمان شێوە وشەی ئیسلام ئاماژە دەكات بۆ ئەوەی كە قوربانیدانی ڕاستەقینە پێویستی بە ناسینی تەواوەتی و خۆشەویستی تەواوەتی هەیە نەك بە شتێكی تر. هەڵبەت خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی كردووە بۆ ئەم بابەتە و فەرموویەتی: ﴿لَن يَنَالَ ٱللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَآؤُهَا وَلَٰكِن يَنَالُهُ ٱلتَّقۡوَىٰ مِنكُمۡ ۚ﴾ [الحج: 38]، بۆیە لێم بترسن و پارێزكار بن.
پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە هەموو فێركاریەكانی ئیسلام ڕابەرایەتیمان دەكەن بۆ جێبەجێ كردنی یەك ئامانج كە لە وشەی ئیسلامدا ڕەگی داكوتاوە. وە لەپێناوی هێنانەدی ئەم ئامانجەدا لە قورئانی پیرۆزدا كۆمەڵێك فێركاری هاتووە كە مەبەست لێیان بریتیە لە چاندنی خۆشەویستی خوا لەدڵماندا، بەمەش جارێك جوانی و قەشەنگی خوا (عز وجل) دەربكەوێت بۆمان، وە جارێكی تر چاكە و نیعمەتەكانی خوامان بیربكەوێتەوە كە لە ژماردن نایەن؛ چونكە لەڕێگەی جوانی و چاكی كەسێكەوە خۆشەویستیەكەی لە دڵی مرۆڤدا ڕەگدادەكوتێت. هەڵبەت لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە خوای گەورە بە هەموو فەزڵ و چاكەكانیەوە تاكە و هاوبەشی نیە و هیچ خەوش و ناتەواوییەكی تێدا نیە، وە كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە تەواوەكانە و دیمەنی سەرجەم توانا پیرۆزەكانە. وە بەدیهێنەری هەموو دروستكراوانە، وە سەرچاوەی هەموو نیعمەت و بەرەكەتەكانە، وە خاوەنی ڕۆژی پاداشت و سزایە، وە گەڕانەوەی هەموو كاروبارەكان بۆ لای ئەوە. نزیكە لەگەڵ ئەوەی دوورە، وە دوورە لەگەڵ ئەوەی نزیكە. وە لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە بەڵام ناكرێت بوترێت كەسێك هەیە لە ژێریەوە. وە لە هەموو شتێك شاراوەترە لەگەڵ ئەوەی ناكرێت بوترێت شتێك هەیە لەو ئاشكراتر بێت. بە شێوەیەكی سەربەخۆ بوونی هەیە و زیندووە و هەموو شتێك لەڕێگەی ئەوەوە زیندووە. پاڵپشتی هەموو شتێكە و هیچ شتێك پاڵپشتی ئەو نیە. هیچ شتێك نیە لەخۆوە دروست بوو بێت بەبێ ئەو (عز وجل)، یان بكرێت بەهۆی غەیری ئەوەوە (سبحانه وتعالى) زیندوو بێت. وە دەوری هەموو شتێكی داوە بەڵام نازانین ئەو دەورەدانە چۆنە. ڕووناكی هەموو شتەكانی ناو ئاسمانەكان و زەویە، وە هەموو ڕووناكییەك بەهۆی ئەوەوە دەدرەوشێتەوە و هەموو ڕووناكییەك تیشكدانەوەی ئەوە (سبحانه وتعالى). پەروەردگاری هەموو جیهانەكانە، هیچ ڕۆحێك نیە بەهۆی پەروەردگارێتی ئەوەوە پەروەردە نەبوو بێت، وە هیچ ڕۆحێك نیە سەربەخۆ ڕاوەستاو بێت. هیچ هێزێك نیە لە هیچ ڕۆحێك لە ڕۆحەكاندا لەوەوە (سبحانه وتعالى) سەرچاوەی نەگرتبێت یان لەخۆیەوە هاتبێتە بوون.
ڕەحمەتەكەی دوو جۆرە:
(1) ڕەحمەتێك بێ بەرامبەرە و بەبێ كردەوە و كۆششی هەر كەسێك خەڵات دەكرێت، وە لە ئەزەلەوە بوونی هەیە، وەك زەوی و ئاسمان و خۆر و مانگ و ئەستێرەكان، ئاو و ئاگر و هەوا و سەرجەم گەردیلەكانی ئەم جیهانە كە دروستكراون و ڕامكراون بۆ بەرژەوەندی ئێمە. كەواتە هەموو ئەو شتانەی كە ئێمە پێویستمان پێیانە ئامادەكراون بۆمان پێش ئەوەی ببین یان كردەوەیەكمان ئەنجام دابێت شایستەی ئەوە بین. ئایا دەكرێت بوترێت خۆر یان زەوی بەهۆی كردەوە چاكەكانی مرۆڤەوە دروستكراوە؟ كەواتە ئەم ڕەحمەتە پێش دروستكردنی مرۆڤ و كردەوەكانی هەبووە و ئەنجامی كردەوەی هیچ كەسێك نیە.
(2) جۆری دووەم ئەو ڕەحمەتەیە بەهۆی كردەوەكانی مرۆڤەوە دەستدەكەوێت. شتێكی ڕوونە و پێویست بە ڕوونكردنەوە ناكات. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت خوای گەورە پاك و بێگەردە لە هەر نەنگی و شكست و ناتەواوییەك، وە دەیەوێت مرۆڤ گوێڕایەڵیی فەرمانەكانی بكات و بەمەش پاكوخاوێن بێتەوە لە خەوش و ناتەواویەكان. بۆیە دەفەرموێت: ﴿وَمَن كَانَ فِي هَٰذِهِۦٓ أَعۡمَىٰ فَهُوَ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ أَعۡمَىٰ﴾ [الإسراء: 73]. واتە ئەوەی لەم دنیایەدا كوێر بێت و بێبەش بێت لە بینینی خوای گەورە -كە لە نموونەی هیچ شتێك ناچێت- ئەوا دوای مردنیش كوێر دەبێت و تاریكی جیانابێتەوە لێی؛ چونكە مرۆڤ لەم دنیایەدا بۆ بینینی خوا كۆمەڵێك هەستەوەری پێ دەدرێت، وە ئەو كەسەی لەم دنیایەدا بەكاریان نەهێنێت و پێیانەوەكۆچ نەكات ئەوا هەرگیز لەدواڕۆژیشدا خوا نابینێت. هەڵبەت لەم ئایەتەدا خوای گەورە زۆر بەڕوونی ئەو گەشە و پێشكەوتنەی دیاریكردووە كە لە مرۆڤی دەوێت، وە ئەو پلەوپایانەی ئاشكرا كردووە كە دەكرێت مرۆڤ پێیان بگات بەهۆی پەیڕەوكردنی فەرمانەكانیەوە. پاشان خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فێركارییەكی بەخشیوە بە مرۆڤ كە بەهۆی پەیڕەوكردنیەوە شاد دەبێت بە بینینی خوا لەم دنیایەدا، هەروەك دەفەرموێت: ﴿فَمَن كَانَ يَرۡجُواْ لِقَآءَ رَبِّهِۦ فَلۡيَعۡمَلۡ عَمَلٗا صَٰلِحٗا وَلَا يُشۡرِكۡ بِعِبَادَةِ رَبِّهِۦٓ أَحَدَۢا﴾ [الكهف: 111]. واتە ئەو كەسەی دەیەوێت لەم دنیاییەدا شاد بێت بە بینینی خوای بەدیهێنەری ڕاستەقینە، پێویستە لەسەری كردەوەی چاك ئەنجام بدات و كردەوەكانی هیچ خراپییەكیان تێدا نەبێت، واتە پێویستە ئەوكردەوانە بە ڕووبینی و ڕیا ئەنجام نەدرێن، وە خۆبەلزانین دروست نەكەن لەدڵی خاوەنەكەیدا، وە ئەو كردەوانە ناتەواو و عەیبدار نەبن، وە بۆن و بەرامەیەكیان لێ نەیەت پێچەوانەی خۆشەویستی پاك و بێگەردی مرۆڤ بێت بۆ خوا، بەڵكو پێویستە پڕ بن لە ڕاستگۆیی و وەفاداری. سەرەڕای ئەوە پێویستە خاوەنەكەیان خۆی بەدوور بگرێت لە هاوبەشدانان بۆ خوا بە هەموو جۆرەكانیەوە، نە خۆر بپەرستێت و نە مانگ و نە ئاسمان و نە هەوا یان ئاگر یان ئاو یان هەر شتێكی تر لەزەویدا، وە هیوا هەڵنەچنێت لەسەر هۆكارە دنیاییەكان و پشت نەبەستێت پێیان وەك ئەوەی هاوبەشی خوا بن، وە پشت نەبەستێت بە توانا و هەوڵە كەسیەكانی خۆی؛ چونكە ئەمەش جۆرێكە لە جۆرەكانی هاوبەشدانان بۆ خوا. بەڵكو پاش ئەوەی هەموو هەوڵێكی دا پێویستە لەسەری وایدابنێت وەك ئەوەی هیچ شتێكی نەكردبێت. وە پێویستە خۆی هەڵنەكێشێت بە زانست یان هەوڵ و كۆششەكانیەوە، بەڵكو پێویستە لەڕاستیدا خۆی بە نەزان و تەمبەڵ لەقەڵەم بدات. وە پێویستە هەمیشە ڕۆحی لە سوژدەدا بێت لەبەر قاپی خوادا، وە پێویستە لەڕێگەی دوعاوە لێشاوی ڕەحمەتەكەی داوا بكات، وە وەكو كەسێكی زۆر تینوو وابێت كە هەردوو دەست و هەردوو قاچی لەدەستدابێت و لەبەردەمیدا كانیاوێكی ئاوی سازگاری شیرین هەڵقوڵابێت، زۆر بە ناڕەحەتی بگات پێی، بەجۆرێك جارێك هەستێت و جارێك بكەوێت هەتا لەكۆتاییدا دوو لێوی دادەنێت لەسەر ئاوی كانیەكە، وە دەمی لێ بەرنادات هەتا بەتەواوەتی تێراو دەبێت.
پاشان خوای پەروەدگارمان لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی سیفەتە جوانەكانی خۆی دەفەرموێت: ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ * ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ * لَمۡ يَلِدۡ وَلَمۡ يُولَدۡ * وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ كُفُوًا أَحَدُۢ﴾. واتە خواكەتان تاك و تەنھایە لە زات و سیفەتەكانیدا، وە هیچ زاتێكی وەكو ئەو ئەزەلی و ئەبەدی نیە، هیچ شتێك سیفەتەكانی لە سیفەتەكانی ئەو ناچێت. بێگومان مرۆڤ لە زانستەكەیدا پشت دەبەستێت بە مامۆستا و فێركار، لەگەڵ ئەوەدا زانینەكەی ناتەواو دەبێت، بەڵام ئەو (سبحانه وتعالى) بێنیازە لە هەر فێركارێك، چونكە زانینەكەی بێ سنوورە. مرۆڤ بۆ بیستن پشت بە هەوا دەبەستێت، وە بیستنی سنووردارە، بەڵام بیستنی خوا لەڕێگەی توانای زاتیەوەیە، وە سنووری نیە. بێگومان بینینی مرۆڤ پێویستی بە خۆر یان سەرچاوەیەكی تری ڕۆشنایی هەیە، وە بینینەكەی سنووردارە، بەڵام بینینی خوای گەورە سەرچاوەكەی ڕووناكی زاتی خۆیەتی و بێسنوورە. بەهەمان شێوە توانای مرۆڤ بۆ دروستكردن پێویستی بە ماددە و كات هەیە، و توانای دروستكردنی سنووردارە، بەڵام توانای خوا بۆ دروستكردن و بەدیهێنان پێویستی بە ماددەیەك یان كاتێك نیە و سنووری نیە. وە هەروەك زاتی خوا (سبحانه وتعالى) هاوشێوەیەكی نیە، بەهەمان شێوە سیفەتەكانیشی (سبحانه وتعالى) هاوشێوەیان نیە. بۆیە ئەگەر ناتەواوییەك بەدیبكرێت لە یەكێك لە سیفەتەكانیدا ئەوا هەموو سیفەتەكانی ناتەواون، لەبەرئەوە تاك و تەنهاییەكەی سەقامگیر نابێت ئەگەر تاك و تەنھایەكی بێوێنە و بێ هاوتا نەبێت لە سیفەتەكانیدا، هەروەك چۆن هیچ هاوتا و هاوشێوەیەكی نیە لە زاتیدا. وە ئەم ئایەتەی خوێندرایەوە مانای ئەوەیە خوا (سبحانه وتعالى) كوڕی كەس نیە و خۆییشی كوڕی نیە؛ چونكە لەخودی خۆیدا بێنیازە، بۆیە نە پێویستی بە باوك هەیە نە بە كوڕ. ئەمە ئەو تەوحیدەیە كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی دەكات و بریتیە لە بناغەی ئیمان. وە ئێستا دێینە سەر باسی فێركاریە ڕەوشتیەكان كە قورئانی پیرۆز دایناون لەم ئایەتە گشتگیرەدا: ﴿۞إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ وَإِيتَآيِٕ ذِي ٱلۡقُرۡبَىٰ وَيَنۡهَىٰ عَنِ ٱلۡفَحۡشَآءِ وَٱلۡمُنكَرِ وَٱلۡبَغۡيِۚ﴾ [النحل: 91]. واتە خوا فەرمانتان پێ دەكات دادپەروەر و بە ویژدان بن. وە ئەگەر ویستتان لەمە باشتر و تەواوتر بن ئەوا چاكە بكەن، واتە چاكە بكەن لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە هەرگیز چاكەیان نەكردووە بەرامبەرتان. وە ئەگەر ویستتان لەمە باشتر و تەواوتر بن ئەوا چاكە بكەن بەرامبەر مرۆڤایەتی بە پاڵنەری هاوخەمی و دڵسۆزی خۆیی و گوڕوتینی سروشتیەوە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی سوپاسێك بكەن لە كەسێك یان منەت بكەن بەسەر كەسێكدا، وە بەسۆز و میهرەبان بن لەگەڵیاندا وەك چۆن دایك بەسۆز و میهرەبانە بەرامبەر مناڵەكەی بە پاڵنەری سروشتی و فیتری. پاشان فەرموویەتی: خوا قەدەغەتان دەكات لەوەی دەستدرێژی بكەن یان منەت بكەن بەسەر ئەو كەسەدا چاكەتان كردووە لەگەڵیدا یان سپڵە و ناسوپاسگوزار بن بەرامبەر چاكەی كەسێك كە بەڕاستی دڵسۆز و خەمخۆرتانە. لە شوێنێكی تردا خوای گەورە زیاتر ئەم بابەتەی ڕوون كردووەتەوە و فەرموویەتی: ﴿وَيُطۡعِمُونَ ٱلطَّعَامَ عَلَىٰ حُبِّهِۦ مِسۡكِينٗا وَيَتِيمٗا وَأَسِيرًا * إِنَّمَا نُطۡعِمُكُمۡ لِوَجۡهِ ٱللَّهِ لَا نُرِيدُ مِنكُمۡ جَزَآءٗ وَلَا شُكُورًا﴾ [الإنسان: 9-10]. واتە چاكەكارانی ڕاستەقینە ئەو كەسانەن كە كاتێك خواردن دەدەن بە هەژار و هەتیو و دیل؛ تەنها لەبەر خاتری خوا ئەو كارە دەكەن نەك ئەوەی تەماعێكیان هەبێت، وە پێیان دەڵێن ئێمە تەنھا لەبەر خاتری خوا خزمەتتان دەكەین، وە هیچ پاداشتێكمان لە ئێوە ناوێت، وە نامانەوێت سوپاسمان بكەن. پاشان قورئانی پیرۆز دەربارەی سزا فەرموویەتی: ﴿وَجَزَٰٓؤُاْ سَيِّئَةٖ سَيِّئَةٞ مِّثۡلُهَا ۖ فَمَنۡ عَفَا وَأَصۡلَحَ فَأَجۡرُهُۥ عَلَى ٱللَّهِۚ﴾ [الشوری: 41]. واتە سزای خراپە دەبێت بە ئەندازەی خراپەكە بێت، واتە دان بە دان و چاو بەچاو و جنێو بە جنێو. بەڵام ئەگەر كەسێك خۆش بوو لەتاوان و ئەنجامی لێخۆشبوونەكەی بریتی بوو لە ئیسڵاح نەك فەساد، بەو مانایە ئەگەر ئەو كەسەی عەفو دەكرێت خۆی چاك كرد و وازیهێنا لە ڕەفتاری بەد، ئەوا لێخۆشبوون بەم مەرجە باشترە لە تۆڵەكردنەوە، وە كەسی لێخۆشبوو پاداشت بەدەست دەهێنێت (لای خوا). وە فێری ئەوەمان ناكات كە ئەگەر زللـە درا لەلای ڕاستمان ئەوا لە هەموو بارودۆخەكاندا لای چەپیشمان وەرچەرخێنین بۆ ئەوەی زللـە لەویش بدرێت؛ چونكە ئەمە دوورە لە حیكمەتەوە. وە لە هەندێ كاتدا چاكەكردن لەگەڵ بەدكاراندا زیانی هەیە، وەكو ئەوە وایە خراپە بكرێت بەرامبەر پیاوچاكان.
هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿ٱدۡفَعۡ بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ فَإِذَا ٱلَّذِي بَيۡنَكَ وَبَيۡنَهُۥ عَدَٰوَةٞ كَأَنَّهُۥ وَلِيٌّ حَمِيمٞ﴾ [فصلت: 35]. واتە ئەگەر كەسێك چاكەی كرد لەگەڵتدا تۆ زیاتر چاكەی لەگەڵدا بكە، ئەگەر ئەو كارەت كرد ئەوا دوژمنایەتی نێوانتان -ئەگەر هەبێت- دەگۆڕێت بۆ دۆستایەتی، وەك ئەوەی دۆست و خزمێكی نزیك بێت. وە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَلَا يَغۡتَب بَّعۡضُكُم بَعۡضًا ۚ أَيُحِبُّ أَحَدُكُمۡ أَن يَأۡكُلَ لَحۡمَ أَخِيهِ مَيۡتٗا﴾ [الحجرات: 13]. ﴿لَا يَسۡخَرۡ قَوۡمٞ مِّن قَوۡمٍ عَسَىٰٓ أَن يَكُونُواْ خَيۡرٗا مِّنۡهُمۡ﴾ [الحجرات: 12]. ﴿إِنَّ أَكۡرَمَكُمۡ عِندَ ٱللَّهِ أَتۡقَىٰكُمۡۚ﴾ [الحجرات: 14]. ﴿وَلَا تَنَابَزُواْ بِٱلۡأَلۡقَٰبِ ۖ بِئۡسَ ٱلِٱسۡمُ ٱلۡفُسُوقُ بَعۡدَ ٱلۡإِيمَٰنِۚ﴾ [الحجرات: 12]. ﴿فَٱجۡتَنِبُواْ ٱلرِّجۡسَ مِنَ ٱلۡأَوۡثَٰنِ وَٱجۡتَنِبُواْ قَوۡلَ ٱلزُّورِ﴾ [الحج: 31]. ﴿وَقُولُواْ قَوۡلٗا سَدِيدٗا﴾ [الأحزاب: 71]. ﴿وَٱعۡتَصِمُواْ بِحَبۡلِ ٱللَّهِ جَمِيعٗا﴾ [آل عمران: 104]. واتە غەیبەتی یەكتری مەكەن، ئایا كەستان پێی خۆشە گۆشتی براكەی بە مردوویی بخوات؟ وە دەستەیەك گاڵتە بە دەستەیەكی تر نەكەن پێیان وابێت خۆیان لە دەستەیەكی بڵندن و كەسانی تر لە دەستەیەكی نزمن، وە جیاوازیە نەتەوەییەكان هیچ مانایەكیان نیە لای خوا.. خەڵكی بە ناوێك بانگ مەكەن كە پێیان ناخۆشە و بە خراپە و بەدناویی دایدەنێن بۆ خۆیان، ئەگینا لای خوا بە فاسق ئەژمار دەكرێن. وە دووربكەونەوە لە بتپەرستی و درۆكردن چونكە دووشتی چەپەڵن. وە لەكاتی قسەكردندا عەقڵ و حیكمەت بەكاربهێنن و لە قسەی هەوانتە و زیادە دووربكەونەوە، وە پێویستە هەموو ئەندام و هێزێكتان شوێنكەوتەی فەرمانەكانی خوای گەورە بێت و هەمووتان گوێڕایەڵی بن، وە هەمووتان خۆتان تەرخان بكەن لەپێناوی خوادا.
هەروەها خوا (سبحانه وتعالى) فەرموویەتی: ﴿أَلۡهَىٰكُمُ ٱلتَّكَاثُرُ * حَتَّىٰ زُرۡتُمُ ٱلۡمَقَابِرَ * كَلَّا سَوۡفَ تَعۡلَمُونَ * ثُمَّ كَلَّا سَوۡفَ تَعۡلَمُونَ * كَلَّا لَوۡ تَعۡلَمُونَ عِلۡمَ ٱلۡيَقِينِ * لَتَرَوُنَّ ٱلۡجَحِيمَ * ثُمَّ لَتَرَوُنَّهَا عَيۡنَ ٱلۡيَقِينِ * ثُمَّ لَتُسَۡٔلُنَّ يَوۡمَئِذٍ عَنِ ٱلنَّعِيمِ﴾ واتە؛ ئەی ئەوانەی بێئاگان لە خوا، حەز و ئارەزووتان بۆ دنیا بێئاگای كردن هەتا گەیشتنەناو گۆڕ، وە لەگەڵ ئەوەدا خەریك نیە بێدارببنەوە لە خەوی غەفڵەت. ئێوە لەمەدا هەڵەن، بەڵام بەمزوانە ئەوە دەزانن. دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم بەمزوانە ئەوە دەزانن. ئەگەر بەدڵنیایی و یەقینەوە بتانزانیبایە ئەوا دوای ڕامان و وردبوونەوە لەسەر بنەمای زانست دۆزەخی خۆتان دەبینی، وە دەتانزانی ژیانتان ژیانێكی دۆزەخ ئاسایە. وە ئەگەر لە زانیاریدا زیاتر بەرەوپێش چوون؛ ئەوا بە بینینی یەقینیی دەتانبینی ژیانتان ژیانێكی دۆزەخ ئاسایە. وە ئەو كاتە نزیكە كە دەخرێنەناو دۆزەخەوە، وە لێپرسینەوەتان لێ دەكرێت لە هەموو ڕەفتارێكی ناشرین و خواروخێچ. واتە پاش ئەوەی تووشی سزا دەبن ئەوسا دەگەنە ئەزموونی یەقینی.
لەم ئایەتانەدا ئاماژە كراوە بۆ ئەوەی یەقین سێ قۆناغی هەیە:
یەكەم: ئەو یەقینەی كە تەنھا بە زانست و بەڵگەهێنانەوە پەیدا دەبێت، وەك ئەوەی كەسێك لە دوورەوە دووكەڵێك دەبینێت و پێی وایە -بە بەكارهێنانی عەقڵ و پەیبردن- دەبێت ئاگرێك لەوێدا هەبێت.
دووەم: قۆناغی دووەم لە یەقین ئەوەیە مرۆڤ بە چاوی خۆی ئاگرەكە ببینێت.
سێیەم: قۆناغی سێیەمی یەقین ئەوەیە دەست بخاتەناو ئاگرەكەوە و خۆی هێزی سوتانی ئاگرەكە تاقیبكاتەوە. كەواتە ئەمەیە سێ قۆناغەكەی یەقین، واتە: زانستی یەقینی، بینینی یەقینی، ئەزموونی یەقینی. هەڵبەت خوای گەورە لەم ئایەتانەدا ڕوونی كردووەتەوە كە بەختەوەری ڕاستەقینەی مرۆڤ لەوەدایە نزیك ببێتەوە لە خوا و خوای گەورەی خۆشبوێت. وە ئەگەر پەیوەندیەكەی پچڕاند لەگەڵ خوادا و ڕووی كردە دنیا ئەوا ئەمە ژیانی دۆزەخ ئاسایە . وە لە كۆتاییدا، درەنگ یان زوو، هەموو كەسێك ئەم ژیانە دۆزەخ ئاسایە دەبینێت، ئەگەرچی ئەو كاتەش بێت كە لە سەرە مەرگدایە و ماڵ و سامان و خۆشیەكانی دنیا هەموو بەجێدەهێڵێت. وە خوا لە ئایەتێكی تر لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَلِمَنۡ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِۦ جَنَّتَانِ﴾ [الرحمن: 47]. واتە ئەو كەسەی ڕێزی شایستە دەگرێت لە خوا و دووردەكەوێتەوە لە تاوان لەترسی لێپرسینەوەی خوا؛ دوو جۆر بەهەشتی پێ دەبەخشرێت.
یەكەم: لەم دنیایەدا ژیانی بەهەشتی پێ دەدرێت، وە گۆڕانكارییەكی چاك تێیدا ڕوودەدات، و خوای گەورە دەبێت بە دۆست و سەرپەرشتیاری.
دووەم: دوای مردن بەهەشتی هەتاهەتایی پێ دەدرێت، ئەمەش چونكە ترساوە لە خوا و فەزڵی ئەوی (سبحانه وتعالى) داوە بەسەر دنیا و هەواو ئارەزووەكانی دەرووندا. وە خوا (سبحانه وتعالى) لە ئایەتێكی تر لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿إِنَّآ أَعۡتَدۡنَا لِلۡكَٰفِرِينَ سَلَٰسِلَاْ وَأَغۡلَٰلٗا وَسَعِيرًا * إِنَّ ٱلۡأَبۡرَارَ يَشۡرَبُونَ مِن كَأۡسٖ كَانَ مِزَاجُهَا كَافُورًا * عَيۡنٗا يَشۡرَبُ بِهَا عِبَادُ ٱللَّهِ يُفَجِّرُونَهَا تَفۡجِيرٗا﴾ [الإنسان: 5-7]. هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَيُسۡقَوۡنَ فِيهَا كَأۡسٗا كَانَ مِزَاجُهَا زَنجَبِيلًا * عَيۡنٗا فِيهَا تُسَمَّىٰ سَلۡسَبِيلٗا﴾ [الإنسان: 18-19]. واتە زنجیر و كەلەپچە و كۆت و پێوەند و ئاگری بڵێسەدارمان -كە دڵیان دەسووتێنێت- ئامادەكردووە بۆ ئەو كافرانەی كە هیچ خۆشەویستەیەك نیە لەدڵیاندا بۆ ئێمە -وە خۆیان نووساندووە بەزەویەوە- و قاچیان بەزنجیری خۆشەویستی دنیا بەستراوەوە، وە لەگەردنیاندا كۆت و پێوەندی دووری لە خوا هەیە، بۆیە ناتوانن سەریان بەرزبكەنەوە و بۆ سەرەوە، بەڵكو بەردەوام چەماونەتەوە بەرەو زەوی. وە بە بەردەوامی دڵیان گڕی تێبەربووە بۆ تەماعە دنیاییەكان. بەڵام پیاوچاكان لەم دنیایەدا خواردنەوەیەك دەخۆنەوە كافووری تێكەڵ كراوە كە خۆشەویستی دنیا كەم دەكاتەوە لە دڵیاندا، وە تێنوێتی تەماعی دنیایی هێواش دەكاتەوە. دیارە ئەوان كانیاوێكیان پێ دەدرێت كە ئەم خواردنەوەیە لێیەوە هەڵدەقوڵێت، خۆیان هەڵیدەقوڵێنن بەشێوەی ڕووبار و جۆگە بۆ ئەوەی كەسانی تینوو لەدوور و نزیك لەو كانیاوە بخۆنەوە و بەشدار بن تێیدا. و كاتێك ئەو كانیاوە دەگۆڕێت بۆ كۆمەڵێك جۆگە، وە هێزی باوەڕ زیاتر دەبێت و خۆشەویستی خوای گەورە گەشە دەكات لەدڵیاندا، ئەوسا خواردنەوەیەكی تریان پێدەدرێت، ئەم جارەیان زەنجەبیلی تێكەڵ كراوە. واتە ئەوان سەرەتا خواردنەوەی كافوور دەخۆنەوە كە ئەركەكەی ئەوەیە خۆشەویستی دنیا كەم دەكاتەوە لە دڵیاندا، بەڵام دوای ئەوە پێویستیان بە خوارنەوەیەكی گەرمیش هەیە هەتا گەرموگوڕی خۆشەویستی خوایی دروست بكات لە دڵیاندا؛ ئەوان پێویستیان بە خواردنەوەی دووەم هەیە چونكە تەنھا وازهێنان لە خراپە كارێكی زۆر گەورە و مەزن نیە. وە ئەمەیە كە پێی دەوترێت خواردنەوەی زەنجەبیل. وە ئەو كانیاوە كە ئەم خواردنەوەیە لێیەوە هەڵدەقوڵێت پێی دەوترێت “سەلسەبیل”، واتای ئەوەیە: بگەڕێ بەشوێن ڕێگای گەیشتن بەخوا.
وە خوای گەورە لە ئایەتێكی تردا فەرموویەتی: ﴿قَدۡ أَفۡلَحَ مَن زَكَّىٰهَا * وَقَدۡ خَابَ مَن دَسَّىٰهَا﴾ [الشمس: 10-11]. واتە ئەو كەسەی دەروونی خۆی پاك كردەوە ئازاد بوو لە كۆت و پێوەندەكانی حەزەكانی دەروون، وە بوو بەخاوەنی ژیانی بەهەشت. بەڵام ئەو كەسەی خۆی نوقم كرد لە جیھانی ماددیدا و ڕووی نەكردە ئاسمان دۆڕا و شكستیهێنا.
وە مادام ئەم پلەوپایانە تەنھا بە هەوڵ و تێكۆشانی خۆیی مرۆڤ بەدەستنایەن، بۆیە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا چەندین جار مرۆڤی هانداوە بۆ دوعاكردن و هەوڵدان، هەروەك فەرموویەتی: ﴿ٱدۡعُونِيٓ أَسۡتَجِبۡ لَكُمۡۚ﴾ [غافر: 61]. هەروەها فەرموویەتی: ﴿وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعۡوَةَ ٱلدَّاعِ إِذَا دَعَانِ ۖ فَلۡيَسۡتَجِيبُواْ لِي وَلۡيُؤۡمِنُواْ بِي لَعَلَّهُمۡ يَرۡشُدُونَ﴾ [البقرة: 187]. واتە ئەگەر بەندەكانم پرسیاری منیان لە تۆ كرد بۆ ئەوەی دڵنیابن چۆن بوونی من دەچەسپێت، وە چۆن دڵنیا بن لەوەی خوا بوونی هەیە، وە بۆچی باوەڕبهێنن بە من، ئەوا وەڵامەكە ئەوەیە كە من زۆر نزیكم وەڵامی هەر كەسێك دەدەمەوە كە هاوارم لێ بكات. وە كاتێك بانگم دەكات و هاوارم لێدەكات دەنگی دەبیستم و قسەی لەگەڵدا دەكەم، بۆیە پێویستە لەسەریان وەها بكەن لەخۆیان شایستە بن بە ئاخاوتنی من، وە بەتەواوەتی باوەڕیان پێم هەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگای گەیشتن بە من بدۆزنەوە.
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَٱلَّذِينَ جَٰهَدُواْ فِينَا لَنَهۡدِيَنَّهُمۡ سُبُلَنَاۚ﴾ [العنكبوت: 70]. وە دەفەرموێت: ﴿وَكُونُواْ مَعَ ٱلصَّٰدِقِينَ﴾ [التوبة: 119]. واتە ئەگەر دەتانەوێت بگەن بە دیداری خوا ئەوا پێویستە لەسەرتان بپاڕێنەوە و هەوڵ بدەن، وە لەخزمەتی ڕاستگۆیاندا بن، چونكە لەگەڵبوونی ڕاستگۆیانیش مەرجە بۆ گەیشتن بە دیداری خوا.
كەواتە ئەم ڕاسپاردانە مرۆڤ دەگەیەنن بە حەقیقەتی ئیسلام، چونكە هەروەك كەمێك لەمەوپێش گوتم، حەقیقەت و كرۆكی ئیسلام بریتیە لەوەی مرۆڤ گەردنی نەفسی خۆی تەسلیم بكات بە خوای گەورە بۆ سەربڕین وەكو بەران، وە وازبهێنێت لە هەموو حەز و ویستەكانی خۆی، وە خۆی تەرخان بكات بۆ جێبەجێ كردنی ڕەزامەندی و ویستی خوای گەورە، وە قەبوڵكردنی مردنێكی مەعنەوی بۆ خۆی پاش فەنابوون لە خوادا، وە بەتەواوەتی ڕەنگی خۆشەویستی خوا بگرێت، پاشان هەستێت بە گوێڕایەڵی خوا (سبحانه وتعالى) تەنھا لەسەر بنەمای خۆشەویستی نەك لەبەر هۆكارێكی تر، وە بەدەستهێنانی دوو چاو كە تەنھا بەهۆی خواوە ببینن، وە دوو گوێچكە كە بەهۆی خواوە ببیستن، وە دڵێك تەنها بۆ خوا ملكەچ بێت، وە زمانێك نەیەتەگۆ مەگەر خوا بیهێنێتە گۆ. ئەمە ئەو قۆناغەیە كە هەموو جۆرەكانی بەرەوخواچوون تێیدا كۆتاییان دێت، بەجۆرێك هێزە مرۆییەكان هەموو ئەو ئەركانە جێبەجێ دەكەن كە سپێردراون پێیان. وە مردنێكی تەواوەتی دێت بەسەر لایەنی دەروونی مرۆڤدا، ئەوسا ڕەحمەتی خوا ژیانێكی نوێ دەبەخشێت بەو مرۆڤە لەڕێگەی وتەی زیندووی خۆی و ڕووناكیە درەوشاوەكانیەوە، ئینجا شكۆدار دەبێت بە ئاخاوتنی شیرین و سازگاری خوا. وە ئەو ڕووناكیە هەرە ورد و باریكەی كە ناكرێت ژیری ئاشكرای بكات، وە چاوەكان پەیی نابەن بە كرۆكەكەی، لەخۆوە نزیك دەبێتەوە لە دڵی مرۆڤ وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَنَحۡنُ أَقۡرَبُ إِلَيۡهِ مِنۡ حَبۡلِ ٱلۡوَرِيدِ﴾ [ق: 17]. بەم شێوەیە خوا (عز وجل) مرۆڤە لەناوچووەكە شكۆداردەكات بەوەی نزیكی دەكاتەوە لەخۆی، ئینجا كاتێك دێت تێیدا كوێریەكەی نامێنێت و چاوی بەڕووناكییەكی نوێ ڕووناك دەبێتەوە، ئینجا بەو دووچاوە نوێیە پەروەردگاری خۆی دەبینێت، وە دەنگی دەبیستێت، وە خۆی دەبینێت كە نوقم بووە لە نووری خوادا (عز وجل). ئەوكاتە ئامانجی ئایین دەگاتە چڵەپۆپە و تەواو و بێكەموكوڕی دەبێت، وە مرۆڤ پاش ئەوەی خوا (سبحانه وتعالى) دەبینێت جلی پیسی ژیانی نزم لە لەشی خۆی دادەڕنێت و پۆشاكی جوانی نووری خوایی دەكاتە بەری. ئیتر چاوەڕوانی بینینی خوای گەورە و بەهەشت و چاوەڕوانی دواڕۆژ ناكات لەسەر بنەمای بەڵێنێك، بەڵكو لە خودی ئەم دنیایەدا شاد دەبێت بە بینینی خوا (عز وجل) و ئاخاوتن دەكات لەگەڵیدا و بەشداری دەكات لە خۆشی و نیعمەتەكانی بەهەشتدا. وە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ ٱلَّذِينَ قَالُواْ رَبُّنَا ٱللَّهُ ثُمَّ ٱسۡتَقَٰمُواْ تَتَنَزَّلُ عَلَيۡهِمُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ أَلَّا تَخَافُواْ وَلَا تَحۡزَنُواْ وَأَبۡشِرُواْ بِٱلۡجَنَّةِ ٱلَّتِي كُنتُمۡ تُوعَدُونَ﴾ [فصلت: 31]. واتە ئەو كەسانەی كە دەڵێن پەروەردگارمان كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە تەواوەكانە و هیچ هاوبەشێكی نیە نە لەزاتیدا و نە لە سیفەتەكانیدا، پاشان جێگیر و دامەزراو دەبن لەسەر ئەوە و باوەڕ و دڵسۆزییان لەجێی خۆی ناجووڵێت هەرچەند بوومەلەرزەكان بیانهەژێنێت و تووشی بەڵا و نەهامەتیەكان بن یان ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە؛ فریشتەكان دادەبەزنە سەریان و خوا قسەیان لەگەڵدا دەكات و دەفەرموێت: مەترسن لە بەڵا و نەهامەتیەكان و دوژمنە دڕندەكانتان، وە خەفەت مەخۆن بۆ موسیبەتەكانی ڕابردوو، دیارە من لەگەڵتاندام و لەم دنیایەدا ئەو بەهەشتەتان پێ دەدەم كە بەڵێنم داوە پێتان، دەی ئێوەیش دڵخۆشبن پێی.
كەواتە با ڕوون و ئاشكرا بێت ئەم لێدوانانە شتانێك نین بەڵگەیان لەسەر نەبێت، وە كۆمەڵێك بەڵێن نین جێبەجێ نەبووبن، بەڵكو ئەم بەهەشتە ڕۆحانیە هەزارەها كەسی دڵ ڕۆشن لە موسوڵمانان بەدەستیان هێناوە. لەڕاستیدا ئیسلام ئایینێكە خوای گەورە شوێنكەوتە دڵسۆزەكانی كردووە بە میراتگری هەموو ڕاستگۆیانی پێشوو، وە هەموو نیعمەتە جۆراوجۆرەكانی ئەوانی بەخشیوە بەم ئوممەتە ڕەحمپێكراوە، وە دوعایەكی گیرا كردووە كە خۆی لە قورئانی پیرۆزدا فێری باوەڕدارانی كردووە و بریتیە لە: ﴿ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ * صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ﴾. واتە ئەی پەروەردگار ڕێنماییمان بكە بۆ ڕێگای ئەو كەسە چاكانەی كە هەموو جۆرە بەرەكەتەكان و شكۆی ئاخاوتن و قسەكردنیان بەدەستهێنا لەلایەن تۆوە، وە لەلایەن تۆوە دوعاكانیان گیرابوو، وە هەمیشە یارمەتی و هاوكاری و ڕێنموونی خۆتت پێ بەخشیوون. وە لە ڕێگای ئەو كەسانە دوورمان بخەرەوە كە تووشی غەزەبی خۆتت كردن، وە ئەوانەی لە ڕێگاكەی تۆ لایاندا و ڕێگای تریان گرتەبەر. ئەمەیە ئەو پارانەوەیەی كە هەموو ڕۆژێك لە پێنج نوێژەكەدا دەیخوێنینەوە، وە بەڕوونی پێمان ڕادەگەیەنێت كوێری ڕۆحی نابێتە هۆی دۆزەخی دواڕۆژ بەتەنھا، بەڵكو ئەم دنیایەش دەگۆڕێت بۆ دۆزەخ. وە لەڕاستیدا گوێڕایەڵی ڕاستەقینە بۆ خوای گەورە و ڕزگاربووی ڕاستەقینە؛ ئەو كەسەیە كە خوای گەورە دەناسێت و بەتەواوەتی باوەڕی پێی هەیە، چونكە هەر ئەو كەسە دەتوانێت وازبهێنێت لە تاوان و فەنا بێت لە خۆشەویستی خوادا. كەواتە ئەو دڵەی كە حەز و داواكاری تێدا نەبێت بۆ شادبوون بە ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی بەشێوەیەكی یەقینی ئەوە بریتیە لە دڵێكی مردوو. وە ئەو ئایینەی نەتوانێت شوێنكەوتە ڕاستگۆكانی بگەیەنێتە ئەم تەواوی و كەماڵە و شكست بهێنێت لە شادكردنیان بە ئاخاوتنی خوا؛ ئایینێكە لەلایەن خواوە نیە و ڕۆحی ڕاستی تێدا نیە. بەهەمان شێوە ئەو پێغەمبەرەی كە ڕێنموونی ئوممەتەكەی نەكات بۆ ئەوەی تامەزرۆی ئاخاوتنی خوایی و ناسینی تەواوەتی خوا بن؛ ئەوا ئەویش لەلایەن خواوە نیە، بەڵكو درۆ بەناوی خواوە (سبحانه وتعالى) دەكات چونكە ئامانجی مەزنی مرۆڤ كە بەهۆیەوە دەتوانێت ڕزگاری بێت لە تاوان بریتیە لە دەستكەوتنی یەقینی تەواو بە بوونی خوا، وە بەدەستهێنانی پاداشت لێیەوە (سبحانه وتعالى). بەڵام لە كوێ مرۆڤ شاد دەبێت بە یەقینی تەواوەتی بە بوونی خوا، كە شاراوەترینە، ئەگەر لەلایەن خۆیەوە دەنگی “من هەم” نەبیستێت، وە ئەگەر بەڵگە و نیشانە ڕۆشنەكانی نەبینێت؟! زانینی بوونی خوا لەڕووی بەڵگە عەقڵیەكانەوە لەوەدا كورت دەبێتەوە كە عەقڵی ساغ بڕیار بدات -بە سەرنجدان لە زەوی و ئاسمان و ئەو ڕیزبەندی و ڕێكوپێكییە ئەوپەڕی جوان و پتەوەی لەناویاندا هەیە- پێویستە بەدیهێنەرێك بوونی هەبێت بۆ ئەم دروستكراوانە كە ئەوپەڕی حیكمەتیان لەخۆگرتووە. بەڵام ناتوانێت بڕیار بدات و سووربێت لەسەر ئەوەی ئەو بەدیهێنەرە لەڕاستیدا بوونی هەیە. وە ئاشكرایە دەستەواژەی “پێویستە بوونی هەبێت” تەنھا خەیاڵێكە، بەڵام دەستەواژەی “لەڕاستیدا بوونی هەیە” چەسپاندنی ڕاستیە، وە جیاوازی ئەم دوو دەستەواژەیە ڕوون و ئاشكرایە. بەو مانایەی لە یەكەمیاندا پێویستی بەدیهێنەر ڕاگەیەنراوە، بەڵام لە دووەمیاندا شایەتی دراوە لەسەر ئەوەی لەڕاستیدا بەدیهێنەر بوونی هەیە.
بەكورتی، لەم سەردەمەدا كە لافاوی ناكۆكی نێوان ئایینە جۆراوجۆرەكان هەستاوە و شەپۆل دەدات، پێویستە لەسەر هەر كەسێك كە بەشوێن ڕاستیدا دەگەڕێت ئەوە لەبیر نەكات كە ئایینی ڕاست ئەو ئایینەیە بە یەقینی تەواوەتی بوونی خوای گەورە دەچەسپێنێت، وە دەتوانێت مرۆڤ بەرزبكاتەوە بۆ پلەیەك كە تێیدا شكۆدار بێت بە ئاخاوتنی خوا (سبحانه وتعالى). وە لەڕێگەی كاریگەرە ڕۆحانیەكەی و تایبەتمەندیەكەی كە ڕۆح چالاك دەكەن و ژیان دەبەخشن دەتوانێت دڵ ڕزگار بكات لە تاریكی تاوان و گوناھ. بەڵام ئایینەكانی جگە لەو هەموویان فریودەرن.
ئێستا چاوێك دەخشێنین بە هەندێ لەو ئایینە سەرەكیانەی كە لەم وڵاتەدا هەن بۆ ئەوەی ببینین ئایا دەتوانن مرۆڤ بگەیەننە یەقینی تەواوەتی لە ناسینی خوای گەورەدا، وە ئایا لە كتێبەكانیاندا هیچ بەڵێنێك هەیە لەسەر ئەوەی كە دەتوانن مرۆڤ شكۆدار بكەن بە ئاخاوتنی خوایی؟ وە ئەگەر ئەم بەڵێنە بوونی هەیە ئەوا ئایا لەم سەردەمەدا كەسێك هەیە لە شوێنكەوتووانیان ڕاستێنەری ئەم بەڵێنە بێت یان نا؟
یەكەم ئایین شایانی باسكردن بێت ئایینی مەسیحیە. با ڕوون و ئاشكرا بێت من بە پێویستی نازانم بەدوور و درێژی دەربارەی ئەم ئایینە بنووسم؛ چونكە مەسیحییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی وەحی و ئیلهامی خوایی دوای مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) پچڕاوە، وە سەردەمی ئەم نیعمەتە تێپەڕیوە، وە لە داهاتوودا هیچ ئومێدێك نیە بۆی، وە هەتا قیامەت ڕێگایەك نیە بۆ بەدەستهێنانی، وە دەرگای لێشاوی بەرەكەت داخراوە. ڕەنگە لەبەر ئەم هۆكارە بێت ڕێگایەكی نوێیان داهێنا بۆ ڕزگاربوون و ڕەچەتەیەكی نوێیان پەیداكرد كە جیایە لە بیروباوەڕەكانی هەموو جیھان و تەواو پێچەوانەی عەقڵ و دادپەروەری و ڕەحمەتە؛ كە بریتیە لەوەی دەڵێن مەسیح (عليه السلام) ڕازی بوو تاوانی هەموو جیھان هەڵبگرێت و بمرێت لەسەر خاچ بۆ ئەوەی ئەوانی تر ڕزگاریان بێت. وە خوا كوڕە بێتاوانەكەی خۆی مراند بۆ سڕینەوەی گوناھی گوناهباران، بەڵام ئێمە تێناگەین چۆن دەكرێت دڵی ئەوانی تر ڕزگاری بێت و پاك ببێتەوە لە خووی خراپی ئەنجامدانی تاوان بەهۆی مردنێكی ناشایستە و ستەمكارانەوە؟! وە چۆن دەكرێت ئەوانی تر بڕوانامەی لێخۆشبوون لە تاوانەكانیان بەدەستبهێنن بەهۆی كوشتنی كەسێكی بێتاوانەوە؟! بەڵكو لەڕاستیدا ئەم ڕێگایە دادپەروەری و بەزەیی بەیەكەوە لەناودەبات؛ چونكە سزادانی كەسێكی بێتاوان لە جیاتی گوناهباران پێچەوانەی دادپەروەرییە، هەروەها كوشتنی كوڕێك بە دڵڕەقی ئا بەم شێوەیە لەلایەن باوكیەوە بە ناحەق پێچەوانەی بەزەییە. وە بەهیچ شێوەیەك ئەم كارە نەشیاوە هیچ سوودێكی لێ ناكەوێتەوە.
هەڵبەت كەمێك لەمەوپێش گوتم هۆكاری سەرەكی لافاوی تاوان و گوناھ بریتیە لە كەمی زانیاری دەربارەی خوا. دەی مادام هۆكارەكە بوونی هەیە؛ ئیتر لەكوێ دەكرێت نكوڵی لە ئەنجامەكە بكرێت، چونكە بوونی هۆكار هەمیشە داخوازی ئەنجام دەكات. لەڕاستیدا لە سەیر و سەمەرەكانی ئەو فەلسەفەیە ئەوەیە كە دەڵێت هۆكاری پاڵنەری تاوان، كە بریتیە لە كەمی ناسینی خوا؛ هێشتا بوونی هەیە و بەردەوامە، وە ئەنجامەكە لەبەینچووە و نەماوە كە بریتیە لە ئەنجامدانی تاوان. بێگومان ئەزموون هەزارەها بەڵگە پێشكەش دەكات لەسەر ئەوەی كە ناكرێت خۆشەویستی و ترس و ڕێز بەرامبەر هیچ شتێك دروست بێت بەبێ زانیاری تەواو و بێكەموكوڕی دەربارەی ئەو شتە.
وە شتێكی تەواو ئاشكرایە مرۆڤ كارێك دەكات یان وازیلێدەهێنێت و نایكات، بەپاڵنەری ترس یان خۆشەویستی. وە ئەوەش ئاشكرایە كە ترس و خۆشەویستی لە زانیاریەوە دروست دەبن. ئەگەر زانیاری نەبێت ناكرێت ترس و خۆشەویستی دروست بن.
برایان و خۆشەویستان، هەست و سۆزی پشتگیریكردنی ڕاستی هانمان دەدات لێرەدا ڕایبگەیەنین كە لەلای مەسیحیەكان شتێكی ڕوون نیە ڕێنمایی مرۆڤ بكات بەرەو ناسینی خوای گەورە. وەحی لای ئەوان پێشتر پچڕاوە، ئینجا دوای مەسیح (عليه السلام) و حەواریەكان موعجیزەكانیش كۆتایی هاتوون، وە وازیانهێنا لە ڕێگای عەقڵ و ژیریش بەهۆی ئەوەی مرۆڤێكیان كرد بە خوا. وە سەبارەت بە موعجیزەكانی پێشوو كە ئێستا لە شێوەی ئەفسانەدان، ئەوا هەر كەسێك كە نكوڵییان لێ دەكات بۆی هەیە بڵێت: خوا باشتر دەزانێت تا چەند ڕاستن و تا چەند زیادەڕەوییان تێدا كراوە، چونكە زیادەڕەویكردن نەریتی نووسەرانی ئینجیل بووە. بۆ نموونە لە یەكێك لە ئینجیلەكاندا نووسراوە ئەگەر هەموو كارەكانی مەسیح بنووسرێن ئەوا لە هەموو دنیادا جێی نابێتەوە. بەڵام بڕوانن دنیا جێگای ئەم كردەوانەی تێدا بووەتەوە بەبێ ئەوەی بنووسرێن، بەڵام كاتی نووسینەوەیان لە دنیادا جێگایان نابێتەوە؟ ئەمە چ فەلسەفە و لۆژیكێكە، ئایا كەس لێی تێدەگات؟!
سەرباری ئەوە، موعجیزەكانی مەسیح (عليه السلام) بەهیچ شێوەیەك ژمارەیان زیاتر نیە لە موعجیزەكانی پێغەمبەر مووسا (عليه السلام). وە ئەگەر بەراوردكرا لەنێوان موعجیزەكانی پێغەمبەر ئیلیاس و موعجیزەكانی مەسیحدا (علیھما السلام) ئەوا تای موعجیزەكانی ئیلیاس قورستر دەبێت.
بۆیە ئەگەر ئەم جۆرە موعجیزانە بەس بن بۆ ئەوەی كەسێك بە خوا لەقەڵەم بدرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو پێغەمبەرانەیش شایستەن ببن بە خوا. بەڵام ئەو قسەیە كە مەسیح بەخۆی گوتووە كوڕی خوا، یان لە ئینجیلەكاندا بەم شێوەیە وەسف كراوە، ئەمەش خوایەتی ئەو ناچەسپێنێت. هەڵبەت لە كتێبی پیرۆزدا زۆر كەس ناونراوە بە كوڕی خوا، بگرە هەندێكیان ناونراون بە خوایش، بۆیە هیچ هۆكارێك نیە بۆ ئەوەی تەنھا مەسیح بە خوا لە قەڵەم بدەین. تەنانەت ئەگەر لەو كتێبانەدا تەنها مەسیح نازناوی خوا یان كوڕی خوای پێ بدرایە ئەوا لەگەڵ ئەوەدا وەرگرتنی مانا حەرفیەكەی ئەوپەڕی نەزانین و ساویلكەییە؛ چونكە خوازەی لەم شێوەیە بە زۆری بوونی هەیە لە وتەی خوای گەورەدا. بەڵام لەبەرئەوەی زۆر كەسی تر هەن هاوبەشی مەسیحن (عليه السلام) لە ناونانیان بە كوڕی خوا بەگوێرەی كتێبی پیرۆز، ئیتر بۆچی هاوبەشەكانی تر بێبەشكراون لەم فەزڵ و گەورەییە؟
بەكورتی، پشت بەستن بەم نەخشەیە (كە مەسیحیەكان دایانناوە) بۆ ڕزگاربوون بەهیچ شێوەیەك ڕاست نیە، وە لە بنەڕەتدا دەستهەڵگرتن لە تاوان هیچ پەیوەندییەكی بەم نەخشەیەوە نیە. بەڵكو خۆكوشتن لەپێناوی ڕزگاربوونی ئەوانی تردا لە خودی خۆیدا تاوانە. وە دەتوانم سوێند بە خوا بخۆم و بڵێم مەسیح (عليه السلام) بە خۆشی خۆی ڕازی نەبووە بە لەخاچدان، بەڵكو جوولەكە بەدكارەكان چییان ویست لەگەڵیدا كردیان. وە مەسیح لە باخچەكەدا بەدرێژایی شەو دەگریا و دەپاڕایەوە بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە مردنی سەر خاچ، وە خوای گەورە پاڕانەوەكەی گیرا كرد و ڕزگاری كرد لە مردنی نەفرەتی سەرخاچ وەك لە خودی ئینجیلدا هاتووە. بۆیە ئەو قسەیە كە گوایە مەسیح بە خۆبەخشی خۆی كوشت درۆیەكی شاخدارە! سەرەڕای ئەوە، ڕێی تێناچێت كەسێك بەردێك بكێشێت بەسەری خۆیدا و بەهۆی ئەوەوە سەرئێشەی كەسێكی تر چارەسەر بێت. بەڵێ، ئێمە قەبوڵی دەكەین مەسیح (عليه السلام) پێغەمبەرێك بووە و یەكێك بووە لەو بەندە تەواو و بێكەموكوڕییانەی كە خوای گەورە بەدەستی خۆی پاكی كردوونەتەوە، بەڵام ناكرێت لەسەر بنەمای كۆمەڵێك وشە كە لەكتێبەكاندا سەبارەت بەو یان سەبارەت بە پێغەمبەرانی تر هاتوون ئەو یان پێغەمبەرانی تر بە خوا لەقەڵەم بدەین. من خۆم ئەزموونم هەیە لەم بوارەدا، لە وەحی خوای گەورەدا دەرحەق بە من كۆمەڵێك وشەی سەربەرزی و ڕێزلێنان هاتووە نموونەیانم نەبینیوە لە ئینجیلدا دەرحەق بە مەسیح؛ دەی ئایا بۆم هەیە بڵێم لەڕاستیدا من خوام یان كوڕی خوام؟! سەبارەت بە فێركاری ئینجیل، پێم وایە فێركاری تەواو و بێكەموكوڕی ئەوەیە كە گەشە دەدات بە هەموو توانا و بەهرە مرۆییەكان بەبێ ئەوەی هەموو گرنگی خۆی چڕ بكاتەوە تەنھا لەسەر یەك لایەن.
بە ڕاستی و دروستی دەڵێم من ئەم فێركارییەم تەنها لە قورئانی پیرۆزدا بەدی كردووە، هەر ئەوە كە لە هەموو شتێكدا ڕەچاوی ڕاستی و حیكمەتی كردووە. بۆ نموونە لەئینجیلدا گوتراوە: ئەگەر كەسێك زللـەی دا لە ڕوومەتێكت ئەوی تریشی بۆ بچەرخێنە با زللـە لەویش بدات، بەڵام قورئانی پیرۆز فێرمان دەكات ئەم كارە لە هەموو بارودۆخێكدا بەكەڵك نایەت، بەڵكو دەبێت ڕەچاوی پێداویستیەكانی بارودۆخ بكرێت كە ئایا داخوازی ئارامگرتن دەكەن یان تۆڵەكردنەوە یاخود لێبوردن یان سزادان. شتێكی ڕوونە ئەم فێركاریە قورئانیە بریتیە لە فێركاری نموونەیی و تەواو، وە بەبێ پەیڕەوكردنی ئەم فێركاریە ئاژاوە و پشێوی باڵدەكێشێت بەسەر جیهاندا و سیستەمی دنیا بەتەواوەتی تێكدەچێت. بەهەمان شێوە لەئینجیلدا گوتراوە بەچاوی حەز و ئارەزووەوە مەڕوانە بۆ ئافرەتی نامەحرەم، بەڵام قورئانی پیرۆز دەفەرموێت بەهیچ شێوەیەك مەڕوانە بۆ ئافرەتی نامەحرەم، نە بەچاوی حەز و ئارەزووەوە نە بە غەیری ئەوە؛ چونكە ئەمە مایەی كەوتن و گومڕابوونتە. بۆیە پێویستە بەگوێرەی داخوازیەكانی دۆخەكە چاوت داخەیت و بۆی نەڕوانیت، وە پێویستە دووربكەویتەوە لە ڕوانینی ڕاستەوخۆ بۆ ئافرەت. ئەمە گونجاوترین ڕێگەیە بۆ پارێزگاریكردن لە پاكێتی دڵ. ڕەنگە ئەو گروپانەی لە دژمان ڕاپەڕیون لەم سەردەمەدا لەم بابەتەدا دژمان بن؛ چونكە ئەوان تازە ئاشنا بوون لەگەڵ ئازادی و سەربەستیدا. بەڵام ئەزموون بە ڕوونی جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەمە فێركاریە دروستەكەیە.
خۆشەویستان، ئەنجامی تێكەڵاوبوونی ڕەهای هەردوو ڕەگەزەكە و ڕوانین بۆ یەكتری هەرگیز باش و تەندروست نیە. بۆ نموونە ئەگەر پیاو پاك و بێگەرد نەبێت لە هەواو ئارەزووەكانی دەروون، وە ئافرەتیش پاك و بێگەرد نەبێت لێیان؛ ئەوا پێدانی دەرفەتی تێكەڵاوبوونی ئازادانە و سەیركردنی یەكتری وەكو ئەوە وایە بە ئەنقەست فڕێ بدرێنەناو چاڵێكی قووڵەوە.
بەهەمان شێوە ئینجیل ڕێگا نادات بە تەڵاقدان ئافرەت مەگەر بەهۆی ئەنجامدانی زیناوە. بەڵام قورئانی پیرۆز ڕێگەی پێ دەدات، وە دەفەرموێت ئەگەر ژن و مێرد بوون بە دوژمنی سەرسەختی یەكتری و ژیانی یەكێكیان لە مەترسیدا بوو بەدەستی ئەوی تریان، یان ئەگەر ئافرەت زینای نەكرد بەڵام هەندێ كاری كرد كە ڕێخۆشكەر بن بۆ زینا، یان تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بوو كە مەترسی تووشبوونی مێردەكەی هەبوو، یان حاڵەتی تری لەم شێوەیە هەبوو؛ ئەوا مێرد سەرزەنشت ناكرێت ئەگەر لەم هەلومەرجانەدا ژنەكەی تەڵاق بدات.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ بابەتە سەرەكیەكە و دەڵێم: مەسیحیە بەڕێزەكان هۆكار و ئامرازێكی ڕاستەقینەیان لەدەستدا نیە بۆ ڕزگاربوون یان دووركەوتنەوە لە تاوان، چونكە ڕزگاربوون هیچ مانایەكی نیە مەگەر ئەوەی مرۆڤ بگاتە دۆخێك تێیدا نەوێرێت تاوان ئەنجام بدات، وە بەڕادەیەك خوای خۆش بوێت كە هیچ خۆشەویستیەكی دەروونی زاڵ نەبێت بە سەریدا. وە ئاشكرایە ئەم دۆخە بەبێ زانین و ناسینی تەواوەتی خوا دروست نابێت. كاتێك قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە تێیدا كۆمەڵێك ئامرازی ڕوون بەدی دەكەین كە دەكرێت بەهۆیانەوە ناسینی تەواوەتی خوامان دەستبكەوێت، وە دووربكەوینەوە لە تاوان پاش زاڵبوونی ترس، چونكە ئێمە دەبینین مرۆڤ بە شوێنكەوتنی قورئانی پیرۆز شاد دەبێت بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوا، وە نیشانە ئاسمانیەكان دەردەكەون بۆی، وە لەلایەن خوای گەورەوە زانستی غەیبی پێدەگات و بەمەش پەیوەندییەكی بەهێز دروست دەكات لەگەڵ پەروەردگاری خۆیدا. لەم قۆناغەدا مرۆڤ دڵی دەهەژێت بۆ گەیشتن بە دیداری خوا (عز وجل)، وە فەزڵی خوا دەدات بەسەر هەموو شتێكدا، ئینجا دوعاكانی گیرا دەبن و پێشتر ئاگادار دەكرێتەوە لە گیرابوونیان. وە ڕووبارێكی گەورە لە زانیاری و ناسینی خوایی لە دڵیەوە هەڵدەقوڵێت و ناهێڵێت تاوان ئەنجام بدات.
بەڵام كاتێك ئینجیل دەخوێنینەوە دەبینین بۆ دووركەوتنەوە لە تاوان تەنھا یەك ڕێگای نامەعقولی تێدایە، وە هیچ پەیوەندیەكی نیە بە ڕیشەكێش كردنی تاوانەوە. زۆر سەیرە هەموو جۆرە لاوازییەكی مرۆیی دەركەوتووە لە مەسیحەوە (عليه السلام)، بەڵام هێزێك لێیەوە دەرنەكەوتووە بەڵگە بێت لەسەر خوایەتی و جیای بكاتەوە لە مرۆڤەكانی تر، مەگەر ئەوەی لە دیدی مەسیحیەكانەوە بە خوا دادەنرێت.
ئێستا چاوێك دەخشێنین بە ئایینی ئارییەكاندا بۆ ئەوەی ببینین چ شتێك دەخاتەڕوو بۆ ڕزگاربوون لە تاوان. بەو پێیەی كتێبی پیرۆزی ئاریەكان “ڤیدا” بەتەواوەتی نكوڵی كردووە لە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوا و دەركەوتنی نیشانە ئاسمانیەكان لە داهاتوودا، بۆیە باوەڕبوون بەوەی كە دەكرێت ڤیدا هەر مرۆڤێك بگەیەنێتە ئاستی یەقین بەجۆرێك بانگی “من هەم” ببیستێت لەلایەن خواوە و خوا دوعاكان ببیستێت و وەڵامیان بداتەوە و ڕوخساری خۆی پیشان بدات بەهۆی نیشانەكانیەوە؛ باوەڕبوونێكی هەوانتەیە و هیچ سوودێكی نیە. بەڵكو ئاریەكان هەموو ئەم شتانە بە شتانێكی ئەستەم لەقەڵەم دەدەن. بەڵام لەڕاستیدا ترسان لە خوا و خۆشویستنی ئەستەمە بەبێ بینینی خوا و ناسینی تەواوەتی ئەو. وە ئەم جۆرە یەقین و دڵنیاییە تەنھا بە تێڕوانین و وردبوونەوە لە دروستكراوان پەیدا نابێت. لەبەر ئەم هۆكارە هەزارەها مولحید و شوێنكەوتەی ڕێبازی “ناستك مت” (نازانمەكان) هەن لەناو ئەو كەسانەدا كە تەنھا شوێن عەقڵ دەكەون، بەڵكو ئەو كەسانەی دەگەنە چڵەپۆپەی فەلسەفە پێویستە بە مولحیدی تەواو لەقەڵەم بدرێن.
هەڵبەت ئێستا ڕوونمكردەوە كە ئەوپەڕی ئەو شتەی عەقڵی ساغ پێی دەگات بە وردبوونەوە لە دروستكراوان -بەمەرجێك خڵتەی ئیلحادی تێكەڵ نەبێت- بریتیە لە پەی بردن بەوەی كە پێویستە بەدیهێنەرێك هەبێت، نەك ئەوەی ئەو بەدیهێنەرە لەڕاستیدا بوونی هەیە. بەهەمان شێوە دەكرێت عەقڵ خەیاڵیش بكات كە دەشێت هەموو ئەم گەردوونە لە ئەزەلەوە لەخۆوە هاتبێتە بوون و كاربكات، وە هەندێ شت توانای فیترییان هەبێت بۆ بەدیهێنانی هەندێ شتی تر. كەواتە عەقڵ مرۆڤ ناگەیەنێتە یەقینی تەواوەتی یان هۆشیاری تەواوەتی كە جێگای بینینی خوای گەورە دەگرێتەوە و بەهۆیەوە ترسی تەواوەتی و خۆشەویستی تەواوەتی دروست دەبێت. وە بە ئاگری ئەو ترس و خۆشەویستیە هەموو جۆرە تاوان و گوناهێك دەسووتێت و هەواو ئارەزووە دەروونیەكان لەناودەچن، وە گۆڕانێكی نوورانی دروست دەبێت، بەمەش هەموو جۆرەكانی لاوازی ناوەكی و لێڵی تاوان نامێنێت. بەڵام لەبەرئەوەی زۆرینەی خەڵك گرنگی شایستە نادەن بە پاكێتی تەواوەتی كە بەتەواوەتی مرۆڤ ڕزگار دەكات لە پەڵەی تاوان؛ بۆیە هەست بە پێویستیەكەی ناكەن و دەستناكەن بە گەڕان بۆی، بەڵكو -بە پێچەوانەوە- پڕ دەبن لە كەلـلەڕەقی، وە هەڵدەستن بە دژایەتیكردنی و ئامادە دەبن بۆ مشتومڕ و چەلەحانێ.
بەڵام هەڵوێستی ئاریەكان ئەوپەڕی جێگای داخە؛ چونكە ئەوان تەواو نائومێدن لە ئامرازی ڕاستەقینە بۆ ناسینی خوا و پەیبردنی تەواوەتی پێی، وە هیچ بەڵگەیەكی عەقڵییان پێ نیە بۆ سەلماندنی بوونی خوا، وە مادام هەر گەردیلەیەكی جیھان ئەزەلیە -بەگوێرەی بۆچوونی ئەوان- وە لەخۆوە هاتووەتە بوون و بەدەستی هیچ كەسێك دروستنەكراوە، بەهەمان شێوە ڕۆحەكانیش لەگەڵ هێزەكانیاندا ئەزەلین و بەدیهێنەرێكیان نیە، ئەوا چ بەڵگەیەك مایەوە لە دەستیاندا لەسەر بوونی خوا؟! ئەگەر گوتیان كۆكردنەوە و بەیەكەوە بەستنی گەردیلەكانی جیھان و ڕۆحكردن بە بەریاندا تەنھا كاری خوایە و ئەمە بەسە وەك بەڵگەیەك لەسەر بوونی خوا؛ ئەوا ئەم بۆچوونەیان ڕاست نیە، چونكە مادام ڕۆحەكان و گەردیلەكان هەموویان لەخودی خۆیاندا خاوەنی توانان و لە ئەزەلەوە پارێزگارییان كردووە لە خۆیان، وە بەدیهێنەری خۆیانن؛ ئایا ناتوانن لە خۆیانەوە لەگەڵ یەكتریدا یەك بگرن یان جیاببنەوە؟ هیچ كەسێك ئەو بیروباوەڕە پەسەند ناكات كە دەڵێت لەگەڵ ئەوەی گەردیلەكان پێویستیان بە هیچ كەسێكی تر نیە لەڕووی بوون و ژیان و تواناكانیانەوە، وە لەگەڵ ئەوەی ڕۆحەكان پێویستیان بە هیچ كەسێكی تر نیە لەڕووی بوون و تواناكانیانەوە بەڵام پێویستیان بە غەیری خۆیان هەیە بۆ جیابوونەوە و یەكگرتنیان لەگەڵ یەكتریدا. بێگومان ئەم بیروباوەڕە ئاریەكان دەكاتە نێچیرێكی ئاسان بۆ مولحیدەكان، وە لە ئەنجامی ئەم بیروباوەڕەدا دەكرێت ئاریەك زۆر بە ئاسانی ببێت بە مولحید، وە مولحیدێكی ساختەچی دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ڕایبكێشێت بۆ لای خۆی.
من زۆر خەفەت دەخۆم و بەزەییشم دێتەوە بە ئاریەكاندا؛ چونكە لە هەردوو لایەنەكەی باوەڕەوە هەڵەیان كردووە، لەلایەكەوە باوەڕیان وایە خوا (پارمیشوار) بنەما و سەرچاوەی هەموو دروستكراوان نیە، وە كانیاوی هەموو لێشاوەكانی ڕەحمەت نیە، بەڵكو گەردیلەكان و هەموو هێزەكانیان، وە ڕۆحەكان و هەموو هێزەكانیان لەخۆیانەوە پەیدا بوون، وە سروشتیان بێبەشە لە لێشاوەكانی ڕەحمەتی خوا (عز وجل). لێرەدا پێویستە بیربكەنەوە: ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بێت ئەوا چ پێویست بە خوا دەكات؟! وە بۆچی شایستەی پەرستنە؟! وە بۆچی ناودەبرێت بە زاتێكی بەتوانا و خاوەنی هەموو هێزێك؟! وە چۆن و بە چ ڕێگەیەك ناسراوە؟! ئایا كەسێك هەیە وەڵام بداتەوە؟! خۆزگە هاوخەمی و دڵسۆزیم كاری دەكرد لە دڵیان، خۆزگە بە تەنهایی دادەنیشتن و بیریان دەكردەوە لەم شتانە.
ئەی پەروەردگاری بەتوانا ڕەحمیان پێ بكە، ئەوان لە كۆنەوە دراوسێمانن، وە دڵیان ڕابكێشە بۆلای ڕاستی، هەموو هێز و توانا هی تۆیە و هەموو شتێك لای تۆ ئاسانە، ئامین. ئەمە لایەنێكی بیروباوەڕی ئەوانە كە پەیوەندی بە خواوە هەیە و دەستدرێژییەكی گەورەی تێدایە بۆ سەر مافی ئەو بەدیهێنەرەی كە هاوشێوەی نیە.
لایەنێكی تر لە بیروباوەڕی ئارییەكان كە پەیوەندی بە دروستكراوانەوە هەیە بریتیە لە: دۆنادۆن (لەبەرگرتنەوەی گیانەكان)، واتە گەڕانەوەی گیانەكان چەندین جار بۆ دنیا بەشێوازی جۆراوجۆر. سەرەتا و پێش هەموو شتێك ئەوەی كە سەیر و سەرنجڕاكێشە لەم بیروباوەڕەدا ئەوەیە ئەوان بانگەشەی عەقڵ و لۆژیك دەكەن، كەچی دەڵێن خوا بەڕادەیەك دڵی ڕەقە كە سزای ڕۆحەكان دەدات بۆ ملیۆنەها ساڵ بگرە بلیۆنەها ساڵ لەسەر یەك تاوان، لەگەڵ ئەوەی دەزانێت خۆی بەدیهێنەریان نیە و هیچ مافێكی نیە بەسەریانەوە، بەڵام سزایان دەدات بەوەی چەندین جار بەشێوەی جۆراوجۆر بەگوێرەی بنەمای دۆنادۆن دەیانگێڕێتەوە بۆ دنیا. بۆچی وەكو حكومەتە دنیاییەكان بەوەندە وازناهێنێت كە بۆ چەند ساڵێك سزایان بدات؟ ئاشكرایە مەرجێك هەیە بۆ سزای درێژخایەن كە ئەوەیە كەسی شایستەی سزا ئەویش مافێكی درێژخایەتی لەسەر بێت. بەڵام لەبەرئەوەی گەردیلەكان و ڕۆحەكان لەخۆیانەوە پەیدا بوون و هیچ منەتێكی خوایان بەسەرەوە نیە مەگەر ئەوەی بەردەوام دەیانخاتەناو گێژاوی لەدایكبوونی یەك لەدوای یەك و بەردەوام بەگوێرەی بنەمای لەبەرگرتنەوەی گیانەكان؛ ئایا بە چ حەقێك سزایەكی درێژخایەنیان دەدات؟!
بەڵام لە ئیسلامدا، سەرەڕای ئەوەی خوای گەورە دەفەرموێت: من بەدیهێنەری هەموو گەردیلە و هەموو ڕۆحێكم، وە هەموو هێز و تواناكانیان بریتیە لە ئەنجامی فەزڵ و چاكەی من، وە بەدەستی خۆم دروستم كردوون، لەگەڵ ئەوەدا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿إِلَّا مَا شَآءَ رَبُّكَ ۚ إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٞ لِّمَا يُرِيدُ﴾ [هود: 108]. واتە خەڵكی دۆزەخ بۆ هەتاهەتایە لەدۆزەخدا دەمێننەوە، بەڵام ئەم هەتاهەتاییە وەكو هەتاهەتایی خوای گەورە نیە، بەڵكو مەبەست لێی تەنها ماوەیەكی دوور و درێژە، پاشان ڕەحمەتی خوا دەیانگرێتەوە چونكە خوایەكی بەتوانایە، وە هەرچییەكی بوێت دەیكات. وە لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا گەورە و سەروەرمان پێغەمبەری هەرە بەخشندە (ﷺ) لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت: سەردەمێك دێت بەسەر دۆزەخدا هیچ كەسێكی تێدا نابێت، سروەی بەیان دەرگاكانی بەملاولادا دەجووڵێنێت.
بەڵام زۆر بەداخەوە، ئاریەكان خوای گەورە بە كەسێكی تووڕە و ڕقاوی دادەنێن بەجۆرێك هیچ كاتێك تووڕەییەكەی دانامركێتەوە؛ بۆیە لە تاوان خۆش نابێت تەنانەت پاش ئەوەی بلیۆنەها جار بەبێ شومار تاوانباران دەخاتەناو گێژاوی دۆنادۆنەوە.
ئەم ڕەخنەیە تەنھا لە ئاریەكان ناگیرێت، بەڵكو مەسیحیەكانیش هەمان ڕەخنەیان لێ دەگیرێت، ئەوانیش سەرەڕای ئەوەی خوای گەورە بە بەدیهێنەری هەموو شتێك لەقەڵەم دەدەن، بەڵام هێشتا باوەڕیان بە هەتاهەتایی دۆزەخ هەیە وەك سزایەك لەسەر یەك تاوان. دەی مادام خوای گەورە خۆی بەدیهێنەری ڕۆحە مرۆییەكان و سەرجەم توانا و بەهرەكانیانە، وە خۆی خاڵی لاوازیی داناوە لەناو سروشت و فیترەتیاندا كە ڕایاندەكێشێت بەرەو تاوان، وە كاتژمێری بوونیان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەخاتەگەڕ، كە خۆی واتە دروستكاری كاتژمێری هەتاهەتایی، بۆی دیاریكردوون، بۆیە گومانی تێدا نیە ئەو سروشتانە لەم دۆخەدا شایستەی سۆز و بەزەیین چونكە هەڵە و كەمتەرخەمیەكانیان تەنھا لەلایەن خۆیانەوە نیە، بەڵكو ڕۆڵێكی گەورەی ئەو بەدیهێنەرەشیان تێدایە كە بە لاوازی دروستی كردوون. دەی ئەمە چ دادپەروەرییەكە خوا تەنھا سێ ڕۆژی داناوە بۆ سزادانی كوڕەكەی، بەڵام سزای خەڵكانی تر هەمیشەییە و هەتاهەتایە نابڕێتەوە، وە بڕیاری داوە ئەو خەڵكانە لە تەنووری دۆزەخدا بسووتێن بۆ هەتاهەتایە. ئایا ئەمە لە خوای میهرەبان و بەخشندە دەوەشێتەوە؟! بەڵكو پێویست بوو سزایەكی ئەوپەڕی توندی كوڕەكەی خۆی بدات؛ چونكە دەیتوانی زیاتر لە هەركەسێكی تر بەرگەی ئەو سزایە بگرێت لەبەرئەوەی كوڕی خوایە و خاوەنی هێز و توانا خواییەكانە، وە كاتێك بابەتەكە بەم شێوەیە بێت ئەوا لەكوێ تواناكانی خەڵكانی تر -كە دروستكراون و لاوازن- یەكسان دەبن بە تواناكانی ئەو؟!
بەكورتی، هەمان ڕەخنە پیادە دەبێت بەسەر هەر یەك لە مەسیحیەكان و ئاریەكاندا، وە هەندێ موسوڵمانی كەم فامیش ئەم بیروباوەڕانەیان هەیە. بەڵام هەرگیز ناكرێت ئەم بیروباوەڕە هەڵانە بدرێنەپاڵ قورئانی پیرۆز كە بە تەواوەتی ڕەتیان دەكاتەوە، ئەو موسوڵمانانە خۆیان بەرپرسن لەو بیروباوەڕە هەڵانە هەروەك چۆن بەرپرسن لەو باوەڕەیان كە مەسیح (عليه السلام) ئێستا بەزیندوویی لە ئاسمانی دووەمدایە، لەگەڵ ئەوەی زۆر بە ڕاشكاوی لە وتەی خوا قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە عیسا (عليه السلام) ماوەیەكی زۆرە مردووە و لەناو ئەو ڕۆحانەدایە كە كۆچیان كردووە. بەڵام ئەو خەڵكانە بەردەوام چاوەڕێی گەڕانەوەی دەكەن بە پێچەوانەی كتێبی خوای گەورەوە.
بەهەرحاڵ، دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی بابەتەكە و دەڵێم: بەڵگەیەكی تر بۆ پووچەڵكردنەوەی دۆنادۆن (لەبەرگرتنەوەی گیانەكان) ئەوەیە كە پێچەوانەی بەها ڕەوشتیە بەرزەكانە؛ بۆ نموونە كاتێك پیاوێك ئافرەتێك دەكات بە هاوسەری خۆی، چۆن دڵنیا بێت لەوەی ئەو ئافرەتە دایكی یان خوشكی یان نەوەیەكی خۆی نیە كە ڕەنگە پێشتر مردبێت؟ ئایا ئەم جۆرە كەسە سەرپێچی لە فەرمانەكانی ڤیدا نەكردوە بەوەی كەسێكی مارەكردووە كە مارەكردنی حەرامە بەگوێرەی فێركاری ڤیدا؟
بەڵام ئەگەر لەگەڵ هەر مناڵێكی لەدایكبوودا لیستێكی دوور و درێژ بهاتایە و تێیدا بنووسرایە كە ئەم كەسە لەژیانی پێشوویدا مناڵی فڵان كەس بووە؛ ئەوا دەكرا خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە هاوسەرگیریە ناشەرعیە، بەڵام خواكەیان ئەم ڕێكارەی نەگرتەبەر وەك ئەوەی خۆی بیەوێت ئەم جۆرە خراپە و ناشەرعیە بڵاوبێتەوە.
سەرباری ئەوە تێناگەین چ سوودێك هەیە لەوەدا مرۆڤ بخرێتەناو گێژاوی لەدایكبوونی بەردەوام و یەك لەدوای یەكەوە، بۆیە كاتێك تەوەرەی ڕزگاربوون هەمووی بریتیە لە ناسینی خوا، وە ئەگەر ئامانجی دۆنادۆنیش بریتیە لە ڕزگاربوون؛ ئەوا پێویست بوو هەموو لەدایكبوویەك -كاتی لەدایكبوونی دووەمی- باڵانسی ناسینەكەی لەدەست نەدات كە لەژیانەكەی پێشوویدا زۆر بە ناڕەحەتی پەیدای كردووە و بەبێ ئەوە هیچ بوارێك نیە بۆ ڕزگار بوون. بەڵام وەك ئاشكرایە، هەموو لەدایكبوویەك بە دەستی خاڵی لەدایك دەبێت، وە بە هەژاری و نەداری ڕووبەڕووی دنیا دەبێتەوە وەك كەسێكی هەڵەشە و هەڵەخەرج كە هەموو ئەو ماڵ و سامانە بەفیڕۆبدات لەژیانی ڕابردوویدا كۆی كردووەتەوە، وە هیچ فێركارییەكی ڤیدای لەبیر نەبێت ئەگەرچی هەزار جار خوێندبێتیەوە لەژیانی پێشوویدا. بۆیە لەم دۆخەدا هیچ ڕێگایەكی ڕزگاربوون نیە بەهۆی ئەوەی مرۆڤ دەخرێتەناو گێژاوی لە دایكبوونی بەردەوام و یەك لەدوای یەكەوە، چونكە باڵانسی ئەو زانست و زانیارییەی كە بە ناڕەحەت كۆی كردووەتەوە لە ژیانی پێشوویدا؛ بە بەردەوامی لەخۆوە بەفیڕۆدەچێت. بۆیە هەرگیز باڵانسی كردەوەكانی بە پارێزراوی نامێنێتەوە، وە هەرگیز ڕزگاربوون بەدەستناهێنێت.
سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی بیروباوەڕی ئاریەكان ڕزگاربوون تەنھا بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە و دوای ئەوە مرۆڤ جارێكی تر فڕێدەدرێتەوە ناو گێژاوی دۆنادۆنەوە. پاشان كارەساتە هەرە گەورەكە ئەوەیە كە سەروەت و سامانی ڕزگاربوون واتە ناسینی خوا، ناكرێت كۆبكرێتەوە. ئایا ئەمە لە بەدبەختی و چارەڕەشی ڕۆحەكان نیە؟
بابەتی دووەم كە دەچێتەناو بازنەی بیروباوەڕی ئاریەكانەوە و پێچەوانەی پاكێتی ڕۆحی مرۆڤە بریتیە لە پرسی “نیوگ”. هەرگیز ئەم بیروباوەڕە نادەمەپاڵ ڤیدای پیرۆز، وە تەنھا بە بیركردنەوە لەوەی ئەم جۆرە شتانە بدرێنەپاڵی دڵم تەنگ دەبێت. وە دڵنیام فیترەتی مرۆیی بەهیچ شێوەیەك ئەوە قەبوڵ ناكات كە كەسێك ڕێگە بدات بە ژنەكەی -كە خاوەن ڕێز بێت و لە بنەماڵەیەكی بەڕێز بێت- سەرجێیی بكات لەگەڵ كەسێكی تردا تەنھا بۆ پەیداكردنی مناڵ، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی ژن و مێردایەتی بەردەوام بێت لەنێوانیاندا و هاوسەری بێت.
بە هەمان شێوە باوەڕناكەم ژنەكەیش ڕازی بێت بەم ڕەفتارە لەكاتێكدا مێردەكەی زیندوو بێت. لەم بوارەدا غیرەت لای هەندێ ئاژەڵیش تێبینی دەكرێت -چجای مرۆڤ- بۆیە ئەم كارە قەبوڵ ناكات بۆ مێیەكەی كە جووت بێت لەگەڵ نێرێكی تردا. لێرەدا نامەوێت بەدرێژی لەبارەی ئەم پرسەوە گفتوگۆ بكەم، بەڵكو بەوپەڕی ئەدەب و ڕێزەوە تكا دەكەم لە ئارییەكان و دەڵێم ئەگەر وازبهێنن لەم بیروباوەڕەتان ئەوا زۆر باشترە بۆتان. بێگومان لە بنەڕەتدا دۆخی وڵاتمان زۆر فەوتاوە لەڕووی ئاستی ڕەوشت و پاكێتیەوە، وە ئەگەر ئەم شتانە برەو پەیدا بكەن لەنێوان پیاوان و ژناندا ئەوا نازانرێت سەرەنجامی ئەم وڵاتە بەكوێ دەگات.
سەرەڕای ئەوە ڕێگا بەخۆم دەدەم ئەوەش بڵێم؛ لەم سەردەمەدا هەرچەند ئاریەكان ڕقیان لە موسوڵمانان بێت، وە هەرچەند دژی بیروباوەڕەكانی ئیسلام بن، بەڵام من هاواریان لێ دەكەم كە بەتەواوەتی وازنەهێنن لە نەریتی حیجاب؛ چونكە ئەمە دەبێتە هۆی كۆمەڵێك خراپەی زۆر كە دوایی دەردەكەون و هەستی پێ دەكەن. هەموو كەسێكی تێگەیشتوو دەتوانێت پەی ببات بەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی گوێڕایەڵی دەروونی بەدخوازی خۆیان دەكەن، ئەوان دیلی دەروونی خۆیانن بەڕادەیەك هیچ گرنگییەك نادەن بە سزای خوا كاتی هەڵچوونی دەروونیان، وە پیاوان سڵ ناكەنەوە لە ڕوانینی خراپ كاتێك ئافرەتی گەنج و جوان دەبینن. بەهەمان شێوە ئافرەتانێكی زۆر هەن بە نیازی خراپەوە سەرنجی پیاوان دەدەن. بۆیە ئەگەر ئازادی تەواوەتی بدرێت بە هەردوو لایەنەكە لەگەڵ بوونی نیازی خراپ لەدڵیاندا؛ ئەوا ئەنجامەكە ئەوە دەبێت كە لە هەندێ ناوچەی ئەوروپادا دەیبینین. بەڵام كاتێك خەڵكی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە دڵیان پاك دەبێت، وە خۆیان ڕزگاردەكەن لە دەروونی بەدخوازیان، وە كاتێك ڕۆحی شەیتان ئاسایان لەناودەچێت و ترسی خوا لەچاویاندا بە ئاشكرا دەردەكەوێت و گەورەیی خوا لەدڵیاندا ڕەگ دادەكوتێت و گۆڕانێكی باش دروست دەكەن لەخۆیاندا و پۆشاكی تەقوا لەبەردەكەن؛ ئەوسا دەكرێت ڕێگەی ئەو جۆرە ئازادیەیان پێ بدرێت، چونكە ئەوكاتە وەكو داشی دامە دەبن بەدەستی خواوە وەك ئەوەی پیاو نەبن، وە چاویان كوێر دەبێت لە ئاست بینینی ئافرەتی نامەحرەم بە چاوی پیسەوە، وە هەرگیز ئەم جۆرە بیرۆكە پیس و خراپە دزە ناكاتەناو دڵیانەوە.
خۆشەویستان، لەخوا دەپاڕێمەوە ڕێگای ڕاستتان پیشان بدات. بەڵام ئێستا كاتێكی گونجاو نیە بۆئەوەی ئەم كارە بكەن، ئەگەر لە ئێستادا وازتانهێنا لە حیجاب ئەوا تۆوێكی ژەهراویتان چاندووە لەناو گەلدا. تەنانەت ئەگەر پێشتر نەریتی حیجاب پیادە نەكرابێت ئەوا پێویستە لەم سەردەمەی ئێستادا پیادە بكرێت چونكە كۆتا سەردەم و ترسناكترین سەردەمە بەجۆرێك خراپە و داوێنپیسی و تاوان و ئالوودەبوون بە مەی لە چڵەپۆپەدایە، وە بیروبۆچوونەكانی ئیلحاد پەلاماری بیر و هزرەكان دەدەن، وە ڕێز و گەورەیی فەرمانەكانی خوا لەدڵەكاندا نەماوە. بە زمان قسە زۆر دەكرێت، وە وتارەكانیش پڕن لە لۆژیك و فەلسەفە، بەڵام دڵەكان خاڵین لە ڕۆحانیەتی ڕاستەقینە. ئایا ڕەوایە لەم كاتەدا مەڕە داماوەكانمان بەجێبهێڵین لە چۆڵەوانی و بیابانێكدا كە گورگی تێدا بێت؟
خۆشەویستان تاعوونیش چواردەوری گرتوون، هێشتا كاتەكەی زۆری ماوە وەك خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووم. ڕۆژگارەكان زۆر مەترسیدارن، وە نازانرێت كێ دەژی تاكو مانگی ئایاری ساڵی ئایندە و كێ دەمرێت، وە چ ماڵێك كاول دەبێت و چ ماڵێك ڕزگاری دەبێت. بۆیە هەستن و تۆبە بكەن، وە پەروەردگاری خۆتان ڕازی بكەن بە كردەوەی چاك. وە بزانن مرۆڤ لەسەر هەڵە بیروباوەڕیەكان دوای مردن سزا دەدرێت، وە ناكۆكی نێوان هیندۆسەكان و مەسیحیەكان و موسوڵمانەكان ڕۆژی قیامەت یەكلایی دەبێتەوە، بەڵام ئەو كەسەی هەموو سنوورێك دەبەزێنێت لە ستەم و دەستدرێژی و تاوان و خراپەدا لەم دنیایەدا سزا دەدرێت، وە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت لە سزای خوا ڕابكات. بۆیە هەوڵبدەن پەروەردگاری خۆتان ڕازی بكەن، وە ئاشت ببنەوە لەگەڵیدا پێش ئەوەی ڕۆژە ترسناكەكە بەرۆكتان بگرێت، ئەو كاتەی تاعوون تاودەسێنێت، كە پێغەمبەران پێشبینییان كردووە. لەگەڵ خوادا ئاشت ببنەوە چونكە خوایەكی زۆر بەخشندەیە و لە تاوانەكانی تەمەن خۆش دەبێت -ئەگەرچی درێژەی كێشا بێت تاكو حەفتا ساڵ- بەهۆی تۆبەی ساتێكەوە كە دڵ دەتوێتەوە. مەڵێن تۆبە قەبوڵ ناكرێت. بەدڵنیاییەوە بزانن ئێوە هەرگیز بە كردەوەی خۆتان ڕزگارتان نابێت، بەڵكو ئەوەی ڕزگارتان دەكات فەزڵ و چاكەی خوای گەورەیە نەك كردەوەكان.
ئەی خوای میهرەبان و دلۆڤان، ڕەحم بكە بە هەموومان ئێمە بەندەی تۆین و خۆمان خستووتەبەر قاپیەكەت. ئامین.
بەشی دووەمی وتارەكە
ئامادەبووانی بەڕێز، ئێستا دەربارەی بانگەشەكەم قسە دەكەم كە بە خەڵكی ئەم وڵاتەم ڕاگەیاندووە. بەگوێرەی عەقڵ و نەقڵ چەسپاوە هەركاتێك تاریكی تاوان باڵ بكێشێت بەسەر دنیادا، وە خراپە و داوێنپیسی بەهەموو جۆرەكانیەوە بڵاو بێتەوە لەزەویدا و ڕۆحانیەت دابەزێت بۆ نزمترین ئاست. وە زەوی پیس بێت بە گوناھ و خراپە، وە خۆشەویستی خوای گەورە كز بێت و بای ژەهراوی هەڵبكات بەسەر زەویدا، لەم جۆرە كاتانەدا ڕەحمەتی خوای گەورە ئەوە دەخوازێت سەرلەنوێ زەوی زیندووبكاتەوە. ئەم پڕۆسەیە لە گۆڕانی وەرزەكان دەچێت، بەجۆرێك لە وەرزی پایزدا درەختەكان گەڵا و بەر و گوڵیان پێوە نامێنێت، وە دیمەنی درەختەكان ناشرین دەبن هەروەك چۆن ئەو كەسەی تووشی نەخۆشی سیل دەبێت زۆر لەڕ و لاواز دەبێت و دڵۆپێك خوێنی تێدا نامێنێت، زیاتر وەك مردوو دەردەكەوێت تا زیندوو، یان وەكو ئەوەی كەسێك تووشی نەخۆشی گەڕی بووبێت و نەخۆشیەكەی گەیشبێتە ئەوپەڕی و دەست و قاچ و ئەندامەكانی دابڕزێن. پاشان وەرزی بەهار دێت كاتێك هەمان ئەو درەختانە ڕەنگێكی تەواو جیاوازتر وەردەگرن و بەر و گوڵ و گەڵای سەوز و جوان دەردەكەن و تەماشاكەران دڵخۆش دەكەن. بە هەمان شێوە مرۆڤیش بە كۆمەڵێك قۆناغی هاوشێوە لە ڕووناكی و تاریكی تێپەڕدەبێت. بۆیە هەندێ سەردەم لە پایز دەچێت بەجۆرێك سیفەتە مرۆییەكان جوانی خۆیان لەدەستدەدەن، وە هەندێكیان لە بەهار دەچن بەجۆرێك سروەیەكی ئاسمانی هەڵدەكات ژیان دەبەخشێت بە دڵی خەڵكی. كەواتە لەو كاتەوەی مرۆڤ دروست بووە ئەم دوو قۆناغە بە نۆرە دێن بەسەر مرۆڤایەتیدا. ئەم سەردەمەی ئێستا كە ئێمەی تێداین دەكرێت تەشبیھ بكرێت بە سەرەتای وەرزی بەهار. هەڵبەت وەرزی پایزمان لە لوتكەدا بینی لە پەنجابدا لە سەروبەندی حوكمی سیخەكاندا، كاتێك نەزانی باڵیكێشا بوو بەسەر وڵاتدا، وە كتێبە ئایینیەكان ئەوپەڕی دەگمەن بوون كە ڕەنگە تەنھا لە كتێبخانەی كەمێك لە خێزانە گەورە و خانەدانەكاندا بەردەست بووبن. پاشان سەردەمی حكومەتی ئینگلیز هات، كە تێیدا ئەم جۆرە ئاشتی و ئازادیەمان پێدرا بەجۆرێك هەڵەیە تەنانەت ڕۆژەكانی ژێر دەسەڵاتی سیخ بشوبهێنین بە شەوەكانی ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز. ئەم سەردەمە بەرەكەتە ڕۆحی و ماددیەكانی لەگەڵدایە. وە سەرەتای ئەم بەهارە بەڵێنێكی مەزنی پێیە بۆ داهاتوو. بەڵام وەكو دەعبایەكی سەیر و نامۆ، ئەم سەردەمەش كۆمەڵێك دیمەنی زۆر پیشان دەدات، هەندێكیان ترسناك و دزێون لەبەرئەوەی پێچەوانەن لەگەڵ تەقوا و ناسینی ڕاستەقینەی خوادا. وە هەندێكیان زۆر پیرۆز و بەرەكەتدارن چونكە پشتیوانی پارێزكاری و چاكسازی دەكەن. گومانی تێدا نیە حكومەتی ئینگلیزی گەشەی زۆری داوە بە زانستە جۆراوجۆرەكان لەم وڵاتەدا. هەڵبەت كۆمەڵێك ڕێگای ئاسان و هەموار دۆزرانەوە بۆ چاپكردن و بڵاوكردنەوەی كتێب بەجۆرێك هاوشێوەیان نەبووە لە سەردەمەكانی ڕابردوودا. لە ئێستادا هەزارەها كتێبخانە هەن لە وڵاتدا كە پێشتر بوونیان نەبووە. وە لە ڕۆژانێكی كەمدا سەردەم گۆڕا لەڕووی كەشی زانستیەوە، وەك ئەوەی خەڵكێكی تەواو نوێ پەیدا بووبێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم شتانە، دۆخی كردەیی خەڵكی خراپ بووە، وە تۆوی ئیلحاد بە پەنهانی گەشە دەكات لەدڵیاندا. گومانی تێدا نیە حكومەتی ئینگلیزی ئەوەی لە توانایدا بووە كردوویەتی بۆ دابینكردنی ئاسانكاری بۆ خەڵكەكەی و چەسپاندنی دادپەروەری و ئاسایش بۆیان، بەجۆرێك قورسە شتێكی لەم شێوەیە ببینیت لەژێر دەسەڵاتی هەر حكومەتێكی تردا. بەڵام زۆربەی خەڵكی نەیانتوانی ئەو ئازادیە هەرس بكەن كە پێویستە بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش، وە لەجیاتی ئەوەی سوپاسی خوای گەورە و حكومەت بكەن لەسەری، كەچی ملكەچی تەمبەڵی و دنیاگەری و چاوچنۆكی و بێهیوایی بوون. تەنانەت وا دەزانن بۆ هەتاهەتایە دەژین، وە كەس هیچ چاكەیەكی نەكردووە لەگەڵیاندا و ئەوانیش خۆیان بە بەرپرسیار نازانن بەرامبەر كەس. بەگوێرەی ئەو یاسایەی كە دەڵێت زۆربەی تاوانەكان لە كاتی ئاسایش و هێمنیدا ئەنجام دەدرێن؛ دەبینین بەردەوام تاوان زیاتر بووە لەم وڵاتەدا و بێبەزەیی و بێباكی گەیاندوویەتیە دۆخێكی مەترسیدار. ئەوەتا خەڵكی نەزان و بەدكار -كە زۆر دڕندەن- سەرقاڵن بە ئەنجامدانی كۆمەڵێك تاوانی شەرمهێنەر و ترسناكەوە وەك تاڵانكردن و زینا و كوشتن بەناحەق. لەكاتێكدا خەڵكانی تریش تاوانی جۆربەجۆر ئەنجام دەدەن هەریەكە بەگوێرەی هەواو ئارەزووەكانی دەروونی خۆی. بۆیە دەبینی مەیخانەكان ئاوەدانترن لە شوێنەكانی تر. بەهەمان شێوە بێحەیایی و بەرەڵایی لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە. وە پەرستگاكان تەنھا بەكاردەهێنرێن بۆ بەجێهێنانی سرووتەكان.
بەكورتی، لافاوی تاوان زەوی داپۆشیوە وەك چۆن بەنداوێك دەڕوخێت لەبەرامبەر دەریایەكی هەڵچوودا و بەمەش لە یەك شەودا هەموو ئاوەدانیەكان كاول دەكات، هەڵبەت ئاشتی و حەوانەوە بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵكی نوقم بن لە هەواو ئارەزووەكانیاندا. وە گومانی تێدا نیە تاریكییەكی ئەنگوستەچاو باڵی كێشاوە بەسەر هەموو جیهاندا، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە خوا ڕووناكییەك لە دنیادا دروست بكات یان بەتەواوەتی كاولی بكات. بەڵام هەزار ساڵ ماوە پێش ئەوەی دنیا كاول بێت. وە هۆكارەكانی حەوانەوە و خۆشگوزەرانی دنیا كە بە بەردەوامی لەزەویدا دەدۆزرێنەوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی خوای گەورە هەروەك چۆن لەڕووی ماددییەوە دنیای ئیسڵاح كردووە، بەهەمان شێوە پێشكەوتن و ئیسڵاحی مرۆڤی دەوێت لەڕووی ڕۆحیشەوە چونكە دۆخی ڕۆحی خەڵكی زۆر خراپتر بووە لە دۆخە ماددیەكەیان، وە گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك، بەجۆرێك خەریكە مرۆڤایەتی ببێتە جێگای تووڕەبوونی خوا. هەموو گوناھ و تاوانێك لە چڵەپۆپەدایە، وە تا ڕادەیەكی زۆر هێزە ڕۆحیەكان لاواز بوون و نوورەكانی ئیمان خامۆش بوون. بۆیە عەقڵی ساغ و دروست هەست بە پێویستی ڕووناكیەك دەكات لە ئاسمانەوە لەم كاتەدا كە تێیدا تاریكی زاڵ بووە بۆ ئەوەی ئەم تاریكیە بڕەوێنێتەوە؛ چونكە هەروەك چۆن هەر لە كۆنەوە وەها بووە تاریكی ماددی لەزەویدا تەنها بە ڕووناكی ئاسمانی لاچووە، لەڕووی ڕۆحانیشەوە بەهەمان شێوەیە؛ ئەو ڕووناكیەی دڵەكان ڕووناك دەكاتەوە تەنھا لەئاسمانەوە دادەبەزێت. ئەمە بریتیە لە یاسای تێبینیكراوی سروشت لەوەتەی خوا مرۆڤی دروستكردووە؛ كەواتە خوای گەورە كاتی پێویست -بۆ دروستكردنی یەكبوون و یەكێتی لەنێوان مرۆڤەكاندا- ڕووناكی و زانیارییەكی تەواو و بێكەموكوڕی دادەبەزێنێت بۆسەر كەسێك و شكۆداری دەكات بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خۆی و لە جامی خۆشەویستی تەواوی خۆی ئاوی پێ دەدات، وە بینایی تەواوەتی پێ دەبەخشێت بۆ ڕۆیشتن بەسەر ڕێگای ڕەزامەندی خۆیدا، وە گوڕوتینێك دەخاتە دڵیەوە بۆ ئەوەی كەسانی تریش ڕابكێشێت بۆ لای ئەو ڕووناكی و بینایی و خۆشەویستیە كە پێی دراوە. ئینجا بەهۆی ئەوەی پەیوەندی دروست دەكەن لەگەڵیدا ئەوانیش ڕزگاریان دەبێت لە تاوان، وە لە تەقوا و پاكێتیدا دەگەنە چڵەپۆپە و بەشداری دەكەن لە زانستەكەیدا. وە بەگوێرەی ئەم سوننەتە دێرینە، خوای گەورە لەڕێگەی پێغەمبەرە پاكەكانیەوە ڕایگەیاندووە لەكۆتایی هەزارەی شەشەمدا لە دروستكردنی ئادەمەوە (عليه السلام)، كاتێك تاریكییەكی ئەنگوستەچاو هەموو زەوی دادەگرێت و لافاوی تاوان و گوناھ زۆر بەتوندی شەپۆل دەدات و زەوی دادەپۆشێت، وە خۆشەویستی خوا لەدڵەكاندا زۆر كزدەبێت بگرە بەتەواوەتی نامێنێت؛ ئا لەو كاتەدا خوای گەورە بەبێ هۆكارە دنیاییەكان ڕۆحی ڕاستی و خۆشەویستی و زانست دەكات بەبەری كەسێكدا -وەك چۆن كردی بە بەری ئادەمدا- و ناویشی دەنێت مەسیح؛ چونكە خوای گەورە بەدەستی خۆی بە عەتری خۆشەویستی تایبەتی خۆی ڕۆحی دەهەنوێت . ئینجا ئەم مەسیحە چاوەڕوانكراوە -كە لە كتێبەكانی خوادا پێی دەوترێت مەسیحی بەڵێندراویش- لەبەرامبەر شەیتاندا ڕادەوەستێت؛ ئینجا كۆتا جەنگ ڕوودەدات لەنێوان سوپای شەیتان و مەسیحدا. لەو ڕۆژەدا شەیتان بە هەموو هێزێكیەوە و بە هەموو وەچەكانیەوە و بە هەموو فێڵ و پیلانەكانیەوە ئامادە دەبێت بۆ ئەم جەنگە ڕۆحیە.
هەرگیز لەڕابردوودا لەنێوان خێر و شەڕدا جەنگێك لەشێوەی ئەو جەنگە كە ئەو ڕۆژە هەڵدەگیرسێت نەبووە و ڕووینەداوە؛ چونكە لەو ڕۆژەدا فێڵ و پیلانەكانی شەیتان و زانستە شەیتانیەكان دەگەنە ئەوپەڕی ترسناكی، وە هەموو ئەو ئامرازانەی كە دەكرێت بەكاربهێنرێن بۆ گومڕاكردنی مرۆڤ لەژێر كۆنترۆڵی شەیتاندا دەبن. وە پاش جەنگێكی ڕۆحانی وێرانكەر مەسیحی خوا سەركەوتن بەدەستدەهێنێت، وە هێزە شەیتانیەكان لەناودەچن. دوای ئەوە لەزەویدا شكۆ و گەورەیی و پاكی و پیرۆزی و تاك و تەنهایی خوای گەورە بۆ ماوەیەك بەردەوام دەبێت لە بڵاوبوونەوە. وە ئەو ماوەیە بریتیە لە هەزارەیەكی تەواو، وە پێی دەوترێت ڕۆژی حەوتەم، دوای ئەوە دنیا كۆتایی دێت.
دەی با هەموو كەس بزانێت من ئەو مەسیحەم، كێ دەیەوێت با باوەڕ بهێنێت و قەبوڵم بكات.
هەندێ گروپ كە نكوڵی دەكەن لە شەیتان ڕەنگە لێرەدا سەریان سوڕبمێنێت و بڵێن: ئەم شەیتانە كامەیە؟ با بزانن هەمیشە دوو هێز بە نۆرە مرۆڤ ڕادەكێشن؛ هێزی خێر و هێزی شەڕ. شەریعەتی ئیسلامی هێزی خێری داوەتەپاڵ فریشتە، وە هێزی شەڕی داوەتەپاڵ شەیتان. مەبەست ئەوەیە ئەم دوو هێزە بوونیان هەیە لە سروشتی مرۆڤدا و كاری لێ دەكەن، بۆیە جارێك دەچێت بەلای خێردا و جارێكی تر دەچێت بەلای شەڕدا.
پێموایە لەم كۆبوونەوەیەشدا زۆر كەس هەن ڕاگەیاندنەكەم -بەوەی كە من مەسیحی بەڵێندراوم و شكۆدار بووم بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوا- ڕەتدەكەنەوە و بە چاوی سووكەوە سەیرم دەكەن. بەڵام من ناتوانم سەرزەنشتیان بكەم؛ چونكە ئەمە لە ئەزەلەوە بەردەوام ڕوودەدات؛ پێغەمبەران و نێردراوانی خوا ناچاردەبن لەسەرەتاوە گوێبیستی قسەی خراپ و ناخۆش بن، وە هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر لەسەرەتاوە سووكایەتی پێ كراوە. ئەگەر بڕوانن بۆ ڕووداوەكانی ژیاننامەی ئەو پێغەمبەر و نێردراوە كە خاوەنی كتێب و شەریعەتە و هەموومان شانازی دەكەین كە لە ئوممەتەكەی ئەوین، وە ئەو شەریعەتەی ئەو هێنای كۆتایی هێنا بە هەموو شەریعەتەكان؛ ئەوا دەبینن بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵدا كرا و بەرگەی ئازار و ئەشكەنجەی گرت لەسەر دەستی نكوڵیكاران لە مەككە بۆ ماوەی 13 ساڵ لەكاتێكدا لە دۆخی بێكەسی و داماوی و بێ دەرەتانیدا بوو، وە سووكایەتی و گاڵتەی پێ كرا و ئەوپەڕی ستەمی لێكرا؛ تەنانەت ناچاربوو مەككە بەجێبهێڵێت. لەو كاتەدا كێ دەیزانی ئەم پیاوە دەبێتە پێشەوا و ڕابەری ملیۆنەها كەس؟ سوننەتی خوا وەهایە لەسەرەتادا بەندە نێردراوەكانی زەبوون دەبن و سووكایەتییان پێدەكرێت. وە تەنھا خەڵكانێكی كەم دەتوانن لەسەرەتادا نێردراوانی خوا بناسنەوە. بۆیە بڕیاردراوە بەدەستی نەفامەكان ئازار بچێژن و قسەی ناشرینیان پێ بوترێت، وە ڕووبەڕووی گاڵتەپێكردن ببنەوە و جنێویان پێ بدرێت هەتا ئەو كاتە دێتەپێشەوە كە خوای گەورە تێیدا دڵی خەڵكی دەكاتەوە بۆ قەبوڵكردنیان.
ئەمەیە كە من بانگەشەی دەكەم، وە ئەو ئەركەی كە خوا لەپێناویدا ڕەوانەی كردووم ئەوەیە ئەو نامۆییە نەهێڵم كە دروست بووە لەنێوان مرۆڤ و بەدیهێنەرەكەیدا، وە دووبارە پەیوەندی خۆشەویستی و دڵسۆزی دابمەزرێنمەوە لەنێوانیاندا؛ وە جەنگە ئایینیەكان هەڵوەشێنمەوە لەڕێگەی سەرخستنی ڕاستی و جێگیركردنی پایەكانی سوڵح و ئاشتەواییەوە، وە ڕاستیە ئایینیەكان ئاشكرا بكەم كە ماوەیەكی زۆرە دیارنەماون لەبەرچاوی خەڵكدا، وە ڕۆحانیەتی ڕاستەقینە پیشان بدەم كە شاردراوەتەوە لەژێر تاریكی هەواو ئارەزووە دەروونیەكاندا، وە بۆ ئەوەش نێردراوم كە -بە ئەزموون نەك تەنھا بە وتن- دەریبخەم چۆن هێزە خواییەكان دەچنەناو مرۆڤەوە و چۆن دەدرەوشێنەوە تێیدا بەهۆی چوونی بەرەو خوای گەورە یان بەهۆی هەوڵدانی چڕوپڕ و دوعاوە. لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، بۆ ئەوە نێردراوم سەرلەنوێ لەناو خەڵكیدا بۆ هەتاهەتایە نەمامی نەمری یەكتاپەرستی پوخت و درەوشاوە و بێگەرد لە هەر خڵتەیەكی شیرك بڕوێنم -كە ئێستا دیار نەماوە-. بەڵام هەرگیز ئەمە بەهۆی هێزی خۆمەوە ڕوونادات، بەڵكو بەهۆی توانای خواوە ڕوودەدات؛ هەر خۆی پەروەردگاری ئاسمان و زەویە.
كەواتە لەلایەكەوە دەبینم خوای گەورە بەدەستی خۆی پەروەردەی كردووم و شكۆداری كردووم بە وەحیی خۆی و گوڕوتینێكی خستووەتە دڵمەوە بۆ ئەوەی هەستم بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چاكسازییانە، وە لەلایەكی ترەوە دڵانێكی سازكردووە بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ قەبوڵكردنی قسەكانم. لەو كاتەوەی خوای گەورە بە فەرمانی خۆی ڕەوانەی كردووم دەبینم گۆڕانێكی ڕیشەیی مەزن لەدنیادا ڕوودەدات. ئەوەتا خەڵكی لە ئەوروپا و ئەمریكا -كە ئالوودە بوون بە خوایەتی عیسا- ئێستا زاناكانیان لەخۆیانەوە وازدەهێنن لەم بيروباوەڕە. وە ئەو خەڵكەی كە لە سەردەمی باب و باپیرانیانەوە سەرسام بوون بە بت، زۆربەیان تێگەيشتوون كە بت شتێك نیە پشتی پێ ببەسترێت. لەگەڵ ئەوەی ئەو كەسانە هێشتا بێبەشن لە ڕۆحانیەت و نووساون بە هەندێ سرووتەوە تەنھا وەك لاساییكردنەوەیەك، بەڵام گومانی تێدا نیە ئەوان گوریسی هەزارەها دابونەریتی هیچ وپووچ و بیدعە و شیركیان داماڵی لە ملی خۆیان، وە لەبەر قاپی قەبوڵكردنی یەكتاپەرستیدا وەستاون.
هیوادارم ڕەحمەتی تایبەتی خوا پاش ماوەیەكی كەم زۆرێك لەوان پاڵ پێوە بنێت بۆ خانەی ئاسایشی یەكتاپەرستی ڕاست و تەواو كە لەگەڵیدا خۆشەویستی تەواو و ترسی تەواو و زانیاری تەواو دەبەخشرێت بە مرۆڤ. ئەم هیوایەم هەرگیز هیوایەكی خەیاڵی نیە تەنھا لەلایەن خۆمەوە، بەڵكو ئەم مژدەیەم پێگەيشتووە بەهۆی وەحی پیرۆزی خواوە. هەڵبەت حیكمەتی خوا ئەم گۆڕانكارییەی دروست كرد لەم وڵاتەدا بۆ ئەوەی هەموو خەڵكە جیاجیاكانی بەخێرایی ببن بەیەك گەل، وە خۆری ڕۆژی ئاشتەوایی و تەبایی گزنگ بدات و بدرەوشێتەوە. هەموو ئایینەكان هیوادارن ڕۆژێك لەڕۆژان ئایینە جیاجیاكان ببن بە یەك ئایین؛ مەسیحیە بەڕێزەكان برەودەدەن بە بیرۆكەیەك كە هەموو جیھان بەمزووانە باوەڕدەهێنن بە ئایینەكەیان، وە باوەڕدەهێنن بە خوایەتی عیسا (عليه السلام). وە لەناو جوولەكەدا، كە پێیان دەوترێت نەوەی ئیسڕائیل، گوڕوتینێكی نوێ دروست بووە لەم ڕۆژانەدا كە مەسیحە تایبەتەكەیان، ئەوەی دەیانكات بە گەورەی هەموو زەوی خەریكە لەم ڕۆژانەدا سەرهەڵبدات. بەهەمان شێوە ئەو پێشبینیانەی لە ئیسلامیشدا هەن -كە باسی بەڵێنی هاتنی مەسیحێك دەكەن- لەبارەی كۆتایی سەدەی چواردەوە دەدوێن وەك كاتێكی گونجاو بۆ هاتنی مەسیح لە كۆتا سەردەمدا. وە بەگشتی موسوڵمان وایدەبینن كاتی بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە هەموو زەویدا نزیك بووەتەوە. هەڵبەت بیستوومە لە هەندێ باندێتی مەزهەبی “ساناتان دەهرەم” ڕایاندەگەیاند ئەوان ئەم سەردەمەی ئێستا بە سەردەمی دەركەوتنی پێغەمبەرێك لەنێوان خۆیاندا دادەنێن، وە دەڵێن ئەو پێغەمبەری كۆتا سەردەمە، وە بەهۆی ئەوەوە ئایینەكەیان لە هەموو دنیادا بڵاودەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئارییەكان باوەڕیان بە هیچ پێغەمبەرایەتیەك نیە، بەڵام كاریگەر بوون بەم بایەی گۆڕانكاری كە ئێستا هەڵیكردووە؛ وە زۆر هەوڵدەدەن ئایینی خۆیان لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریكا و یابان و وڵاتانی تریشدا بڵاوبكەنەوە. لەمە سەیرتر ئەوەیە گوڕوتینێكی نوێ لەناو بووداییەكانیشدا هەیە. ئەوەی مایەی پێكەنینە لەم بارەیەوە ئەوەیە كە یارانی گروپە نزمە كۆمەڵایەتیەكان لەم وڵاتەدا ئەوانیش بیر لەوە دەكەنەوە چۆن ڕزگاریان بێت لە خۆسەپاندنی كۆمەڵگاكانی تر بەسەریاندا، بۆ ئەوەی لانی كەم هێزێك بەدەستبهێنن بۆ پارێزگاریكردن لە بیروباوەڕی خۆیان.
پوختەی قسە ئەوەیە، بایەكی نوێ هەڵیكردووە لەم سەردەمەی ئێستادا؛ بۆیە هەموو گروپێك بەوپەڕی گوڕوتینەوە ئایین و مەزهەبەكەی خۆی دەخاتەڕوو، وە دەیانەوێت ئایینەكانی تر هیچ ئاسەوارێكیان نەمێنێت، وە دەیانەوێت خۆیان دەستبگرن بەسەر هەموو شتێكدا و لەهەموو لایەكدا بڵاوببنەوە. وە خەڵكی ئایینە جۆراوجۆرەكان پەلاماری یەكتر دەدەن وەك بەسەریەكداكەوتنی شەپۆلەكانی دەریا لەكاتی لافاودا.
بەكورتی، لەم چالاكیانەوە بەجوانی دەردەكەوێت ئەم سەردەمە ئەو سەردەمەیە كە خوای گەورە تێیدا بڕیاری داوە سنوورێك دابنێت بۆ هەموو ناكۆكیە ئایینیەكان و لە هەموو ئایین و گروپە جیاواز و ناكۆكەكان ئوممەتێك دروست بكات، وە جەنگی ئایینی هەڵوەشێنێتەوە و هەموان لەسەر یەك ئایین كۆبكاتەوە. وە دەربارەی ئەم سەردەمە كە سەردەمی بەسەریەكداكەوتنی شەپۆلەكانە، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَنُفِخَ فِي ٱلصُّورِ فَجَمَعۡنَٰهُمۡ جَمۡعٗا﴾ [الكهف: 100]. ئەگەر ئەم ئایەتەمان خوێندەوە لەسیاقی خۆیدا و لەگەڵ ئەو ئایەتانەی لەپێشیەوە هاتوون؛ ئەوا ماناكە ڕوون دەبێتەوە كە ئەوەیە لەسەردەمی بەسەریەكداكەوتن و بەیەكداكێشانی ئایینەكاندا كە تێیدا هەرایەكی گەورە بەرپادەبێت لە ئایینەكانی جیھاندا و ئایین دەكێشێت بە ئاییندا وەك چۆن شەپۆل دەكەوێت بەسەر شەپۆلدا، وە خەڵكی هەوڵدەدەن بۆ لەناوبردنی یەكتری، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی بەدەستی خۆی و بەبێ پەنابردن بۆ هۆكارە دنیاییەكان كۆمەڵێكی نوێ و سیستەمێكی نوێ دروست دەكات، وە هەموو ئەو كەسانە كە ئامادەیی و گونجانیان تێدایە لەو سیستەمەدا كۆدەكاتەوە، ئینجا پەی دەبەن بە حەقیقەتی ئایین، وە ژیانی نوێ و ڕۆحی چاكەی ڕاستەقینە دەكرێت بە بەریاندا، وە لە جامی ناسینی خوا ئاویان پێدەدرێت. وە هەرگیز ئەم دنیایە كۆتایی نایەت هەتا ئەم پێشبینیە نەیەتەدی كە 1300 ساڵ لەمەوپێش قورئانی پیرۆز ڕایگەیاندووە. وە خوای گەورە تەنھا بە خستنەڕووی یەك ئایەت وازینەهێناوە دەربارەی سەردەمی كۆتایی كە هەموو ئوممەتەكان لەسەر یەك ئایین كۆدەبنەوە، بەڵكو لە قورئانی پیرۆزدا كۆمەڵێكی زۆر ئایەتی تریش هاتوون، لەوانە: دەریاكان لەو سەردەمەدا ڕووبار و جۆگەیان لێ دروستدەكرێت، وە لەناخی زەویدا كانزاكان دەدۆزرێنەوە، وە زانستی دنیایی زۆر دەبێت، وە گەلێك هۆكار دەدۆزرێنەوە كە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی كتێب و پەڕاوەكان لە بازنەیەكی فراواندا (ئەمە ئاماژەیە بۆ ئامێر و كەرەستەكانی چاپكردن). وە لەو ڕۆژگارانەدا هۆكارێكی گواستنەوەی نوێ دەدۆزرێتەوە كە جێگای وشتر دەگرێتەوە و دەیكات بە شتێكی بێ سوود، وە بەهۆیەوە چاوپێكەوتن و پەیوەندی دوولایەنە لەنێوان خەڵكیدا ئاسان دەبێت، وە دەتوانن بە ئاسانی هەواڵ بگەیەنن بە یەكتری. وە خۆرگیران و مانگگیران لەو سەردەمەدا لە هەمان مانگی ڕەمەزاندا ڕوودەدەن. وە دوای ئەوە تاعوونێكی قڕكەر بڵاودەبێتەوە، وە هیچ شار یان گوندێك لێى سەلامەت نابێت، وە لە دنیادا مردن زۆر دەبێت تەنانەت كاول دەبێت، هەندێ گوند بە تەواوەتی وێران دەبن و هیچ شوێنەوارێكیان نامێنێت، لەكاتێكدا هەندێكی تریان تاڕادەیەك تووشی سزا دەبن، وە لەكۆتاییدا ڕزگاریان دەبێت. وە ئەو ڕۆژانە ڕۆژی تووڕەیی توندی خوا دەبێت چونكە خەڵكی نیشانەكانی خوا (عز وجل) قەبوڵ ناكەن كە دەركەوتوون بۆ پشتیوانی نێردراوەكەی لەو سەردەمەدا، وە ئەو پێغەمبەرەی خوا ڕەتدەكەنەوە و باوەڕی پێ ناكەن كە دێت بۆ ئیسڵاحی خەڵكی.
هەڵبەت لەم سەردەمەدا كە ئێمەی تێداین بینیمان هەموو ئەم نیشانانە هاتنەدی، وە هەموو كەسێكی ژیر و تێگەيشتوو هەست بەوە دەكات خوای گەورە لەكاتێكدا منی ڕەوانكرد كە تێیدا هەموو ئەو نیشانانە دەركەوتن كە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون و ئاماژەدەكەن بۆ ڕەوانەكردنەكەم. سەرەڕای ئەوەی تەنھا بە قورئانی پیرۆز بەڵگەم هێناوەتەوە بەڵام سەرجەم ئەم نیشانانە كە ئاماژەدەكەن بۆ سەردەمی مەسیحی بەڵێندراو لە فەرموودەكانیشدا هەن.
پاشان نیشانەیەكی تر هەیە كە قورئانی پیرۆز باسیكردووە دەربارەی سەردەمی مەسیحی بەڵێندراو و فەرموویەتی: ﴿وَإِنَّ يَوۡمًا عِندَ رَبِّكَ كَأَلۡفِ سَنَةٖ مِّمَّا تَعُدُّونَ﴾ [الحج: 48]، واتە ڕۆژێك لای خوا وەكو هەزار ساڵی ئێوە وایە.كەواتە لەكاتێكدا ژمارەی ڕۆژەكان حەوتن بۆیە لەم ئایەتەدا تەمەنی دنیا بە حەوت هەزار ساڵ دیاریكراوە، ئەمەش بەدەسپێكردن لە سەردەمی ئەو ئادەمەوە كە باوكمانە و ئێمە مناڵی ئەوین. لە وتەی خواوە (عز وجل) دەردەكەوێت دنیا پێش ئەوەش هەبووە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەو خەڵكانە كێ بوون و لە چ جۆرێك بوون. وا دەردەكەوێت چەرخێكی دنیا لە حەوت هەزار ساڵدا كۆتایی بێت، بۆیە حەوت ڕۆژ دیاریكراوە لە دنیادا وەك بەڵگەیەك لەسەر ئەم بابەتە، هەر ڕۆژێك هەزار ساڵ دەنوێنێت. نازانین ژمارەی ئەم خولانە چەندن كە هاتوون بەسەر دنیادا و چەند ئادەم لەسەردەمەكانی خۆیاندا دەركەوتوون. بەڵام لەبەرئەوەی خوای گەورە لە ئەزەلەوە بەدیهێنەر بووە، بۆیە دەبێت دنیایش لەڕووی جۆرەكەیەوە ئەزەلی بێت، بەڵام لەڕووی زات و پێناسەكەیەوە ئەزەلی نیە.
زۆر بەداخەوە مەسیحیەكان باوەڕیان وایە كە تەنھا شەش هەزار ساڵ هاتووە بەسەر بەدیهێنانی دنیا و بەدیهێنانی ئاسمانەكان و زەوی لەلایەن خواوە، وە پێش ئەوە خوا (عز وجل) بێ كار بووە؛ واتە لە ئەزەلەوە بێ كار بووە. بێگومان هیچ كەسێكی ژیر ئەم باوەڕە پەسەند ناكات. بەڵام قورئانی پیرۆز پێمان ڕادەگەیەنێت خوای گەورە لە ئەزەلەوە بەدیهێنەرە، وە ئەگەر خۆی (سبحانه وتعالى) بیەوێت ئەوا دەتوانێت ملیارەها جار ئاسمان و زەوی لەناوببات و جارێكی تر دروستیان بكاتەوە وەك پێشوو. هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندووە پێمان كە زنجیرەی مرۆڤی ئێستا بە هاتنی ئادەم بۆ دنیا دەستی پێكردووە؛ كە پاش ئوممەتەكانی پێشوو هاتووە و باوكی هەموومانە. وە خولی تەواوەتی تەمەنی ڕەگەزی ئێستای مرۆیی بریتیە لە حەوت هەزار ساڵ. وە ئەم حەوت هەزار ساڵە لای خوا وەك حەوت ڕۆژ وایە لای خەڵكی. بزانن سوننەتی خوا وەهایە كە خولی هەر ڕەگەزێك حەوت هەزار ساڵ دەبێت. وە بۆ ئاماژەدان بەم ڕاستیە حەوت ڕۆژ دیاریكراوە بۆ خەڵكی.
بەكورتی، حەوت هەزار ساڵ دیاریكراوە وەك خولی تەمەنی مرۆڤ. هەڵبەت تا سەردەمی پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) نزیكەی پێنج هەزار ساڵ لەم خولەی ئێستا تێپەڕی. یان ئەگەر ویستت بە دەربرینێكی تر بڵێ؛ نزیكەی پێنج ڕۆژ تێپەڕی لە ڕۆژەكانی خوا، وە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بۆكراوە بە حیسابی نرخی ژمارەیی پیتەكانی سوورەتی العصر. وە بەگوێرەی ئەم حیسابە هەتا ئێستا شەش هەزار ساڵ تێپەڕیوە لە تەمەنی مرۆڤ و هەزار ساڵ ماوەتەوە. نەك تەنھا لە قورئانی پیرۆزدا، بگرە لە زۆربەی كتێبەكانی پێشوویشدا پێشبینی كراوە دواهەمین نێردراو كە دێت هەڵگری سیفەتەكانی ئادەمە و پێی دەوترێت مەسیح؛ وە بەدڵنیاییەوە لەكۆتایی هەزارەی شەشەمدا سەرهەڵدەدات وەك چۆن ئادەم لەكۆتایی ڕۆژی شەشەمدا لەدایك بوو. هەموو ئەم نیشانانە پێویستە بەس بن بۆ ئەو كەسانەی ڕادەمێنن. بە گوێرەی قورئانی پیرۆز و كتێبەكانی تری خوا دابەشكردنی حەوت هەزارەكە بەم جۆرەیە: هەزارەی یەكەم بۆ بڵاوبوونەوەی خێر و هیدایەت بووە، وە هەزارەی دووەم بۆ زاڵبوونی شەیتان بووە، وە هەزارەی سێیەم بۆ بڵاوبوونەوەی خێر و هیدایەت بووە، وە هەزارەی چوارەم بۆ زاڵبوونی شەیتان بووە، پاشان هەزارەی پێنجەم بۆ بڵاوبوونەوەی خێر و هیدایەت بووە. (ئەمە ئەو هەزارەیە كە تێیدا گەورە و سەروەرمان خاتەمی پێغەمبەران (ﷺ) موحەممەدی هەڵبژاردە ڕەوانە كرا بۆ ئیسڵاحی دنیا، وە شەیتان كەلەپچە كرا)، پاشان هەزارەی شەشەم بریتیە لە سەردەمی ئازادبوون و زاڵبوونی شەیتان كە دوای سێ سەدەی چەرخی ئیسلامی دەستی پێكرد و لەسەرەتای سەدەی چواردەدا كۆتایی هات. پاشان هەزارەی حەوتەم بریتیە لە هەزارەی شكۆمەندی خوا و مەسیحەكەی؛ وە بریتیە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی خێر و بەرەكەت و ئیمان و چاكەخوازی و تەقوا و تەوحید و پەرستنی خوا، وە سەردەمی هەموو جۆرە چاكە و هیدایەتێك. وە ئێمە ئێستا لەسەرەتای هەزارەی حەوتەمداین. دوای ئەوە بوار نیە بۆ هاتنی مەسیحێكی تر؛ چونكە ژمارەی سەردەمەكان تەنھا حەوتە، وە دابەشكراون لەنێوان خێر و شەڕدا. هەڵبەت هەموو پێغەمبەران ئەم دابەشكردنەیان ڕاگەیاندووە، هەندێكیان بە كورتی و هەندێكیان بەدرێژی. بەڵام قورئانی پیرۆز بەشێوەیەكی ڕوون باسیكردووە، وە زۆر بەڕوونی لێیەوە دەخوێنرێتەوە كە پێشبینیەك هەیە لە قورئانی پیرۆزدا سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراو.
شتێكی سەڕەنجڕاكێشە هەموو پێغەمبەران لە كتێبەكانیاندا، بە جۆرێك لە جۆرەكان، پێشبینی هاتنی مەسیح و ئاژاوەی مەسیحی دەججالیشیان كردووە، وە لەڕاستیدا هیچ پێشبینیەك نیە ئەوەندەی ئەم پێشبینیە بەهێز و موتەواتیر بێت، لەگەڵ ئەوەدا لەم سەردەمەدا خەڵكانێك هەن نكوڵی لە ڕاستیەكەی دەكەن، وە هەندێكیان دەڵێن: لە قورئانی پیرۆزەوە بیسەلمێنە!
بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئەوان وردبوونایەتەوە لە قورئان و هزريان بخستایەتە گەڕ تێیدا؛ ئەوا ناچاردەبوون دانبنێن بەوەدا كە ئەم پێشبینیە زۆر بەڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا باسكراوە بەجۆرێك كەسی ژیر و تێگەيشتوو پێویستی بەڕوونكردنەوەی لەمە زیاتر نیە. بۆ نموونە لە سوورەتی التحریم دا ئاماژەكراوە بۆ ئەوەی كە هەندێ تاكی ئەم ئوممەتە پێیان دەوترێت كوڕی مەریەم چونكە سەرەتا شوبهێنراون بە مەریەم پاشان باسی ئەوە كراوە ڕۆحی پیرۆز دەكرێت بە بەریاندا وەك چۆن كرا بە بەری مەریەمدا، ئەمەش واتە سەرەتا پلەی مەریەم وەردەگرن پاشان لەم پلەیە بەرزتر دەبنەوە و دەگەنە پلەی كوڕی مەریەم. ئەوەتا خوای گەورە لەوەحی خۆیدا لە كتێبی “بەراهینی ئەحمەدیەت”دا سەرەتا ناوینام “مەریم” و فەرمووی: “یا مریم اسكن أنت وزوجك الجنة”، واتە ئەی مەریەم خۆت و هاوەڵەكانت بچنەناو بەهەشتەوە. پاشان فەرمووی: “یا مریم نفخت فیك من روح الصدق” (واتە بەشێوەی مەجاز، وەك ئەوەی مەریەم دووگیان بووبێت بە ڕاستی). پاشان فەرمووی: “یا عیسی إني متوفیك ورافعك إلي“. لەم قۆناغەدا لە پلەی مەریەمیەكەمەوە گواسترامەوە و ناونرام عیسا، بەمەش بە كوڕی مەریەم لەقەڵەمدرام بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنە بێتەجێ كە لەسوورەتی التحریم دا هاتووە.
بەهەمان شێوە لە سوورەتی النور دا گوتراوە خەلیفەكان هەموویان لەم ئوممەتەدا سەرهەڵدەدەن، وە لە قورئانی پیرۆزەوە ئەوە هەڵدەهێنجرێت كە ئەم ئوممەتە تووشی دوو كارەساتی گەورە دەبێت؛ كارەساتی یەكەم لە كاتی خیلافەتی ئەبو بەكردا (رضي الله عنه) ڕوویدا دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ)، وە كارەساتی دووەم بریتیە لە ئاژاوەی مەسیحی دەججال كە لەكاتی هاتنی مەسیحدا ڕووودەدات، وە لەم ئایەتەدا: ﴿غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ﴾ ئاماژەكراوە بۆ پەناگرتن لە ئاژاوەی ئەم سەردەمە. وە دەربارەی هەمان سەردەم پێشبینیەك لە سوورەتی النور دا هاتووە و خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّنۢ بَعۡدِ خَوۡفِهِمۡ أَمۡنٗاۚ﴾ [النور: 56]. وە مانای ئەم ئایەتە لەگەڵ ئایەتەكانی پێشوودا ئەوەیە كە خوای گەورە دەفەرموێت لەسەردەمی كۆتاییدا بوومەلەرزەیەك تووشی ئەم ئایینە دەبێت، وە تێیدا ترسی ئەوە پەیدا دەبێت كە ئەم ئایینە بەتەواوەتی لە دنیادا نەمێنێت؛ ئەوكاتە خوای گەورە سەرلەنوێ ئایینەكە لەسەر هەموو زەویدا دادەمەزرێنێتەوە، وە ترسە گەورەكە دەگۆڕێت بە ئاسایش و دڵنیایی وەك لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: ﴿هُوَ ٱلَّذِيٓ أَرۡسَلَ رَسُولَهُۥ بِٱلۡهُدَىٰ وَدِينِ ٱلۡحَقِّ لِيُظۡهِرَهُۥ عَلَى ٱلدِّينِ كُلِّهِۦ﴾ [الصف: 10]. واتە بەدڵنیاییەوە خوا پێغەمبەرەكەی خۆی دەنێرێت بۆ ئەوەی ئیسلام زاڵ و سەركەوتوو بكات بەسەر هەموو ئایینەكاندا. وە ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەردەمی مەسیحی بەڵێندراو. هەروەها ئایەتی: ﴿إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ﴾ [الحجر: 10] ئەمیش ئاماژەیە بۆ سەردەمی مەسیحی بەڵێندراو. وە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز لێكچوونێك هەیە لەنێوان سەردەمی مەسیحی بەڵێندراو و سەردەمی ئەبوبەكردا (رضي الله عنه). وە ئەم بەڵگە قورئانیانە بەسن بۆ دڵنیابوونی كەسانی ژیر كە ڕادەمێنن. وە ئەگەر ئەمە بەس نەبێت لە دیدی كەسێكی نەزاندا، ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێت كە لەتەوراتدا نە پێشبینیەك هەیە سەبارەت بە عیسا (عليه السلام) نە سەبارەت بە پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) چونكە وشەكانی ئەو پێشبینیانەش كورت و پوختن و تا ئەم ڕادەیە ورد نین، وە بوونە هۆی ئەوەی جوولەكە ڕەتیان بكەنەوە.
بۆ نموونە ئەگەر لەتەوراتدا بە كۆمەڵێك وشەی ڕوون و ئاشكرا پێشبینی بكرایە دەربارەی پێغەمبەر (ﷺ) كە لە مەككە لەدایك دەبێت و ناوی پیرۆزی “موحەممەد”ە و ناوی باوكی عەبدوڵڵایە، وە ناوی باپیری عەبدولموتتەلیبە، وە لە نەوەی ئیسماعیل دەبێت و كۆچ دەكات بۆ مەدینە و لەماوەی ئەوەندە و ئەوەندە دوای مووسا لەدایك دەبێت؛ ئەوا هیچ كەسێك لە جوولەكە نەیدەتوانی ڕەتی بكاتەوە لەبەر بوونی ئەم نیشانانە. بەڵام بەش بەحاڵی پێشبینیەكە سەبارەت بە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) جوولەكە تووشی كۆمەڵێك گرفتی لەمە گەورەتر بوون، وە بەهۆی ئەم گرفتانەوە خۆیان بە خاوەنی عوزر و بەڕاست زانی لە ڕەتكردنەوەی پێشبینیەكە و قەبوڵنەكردنی؛ چونكە ئەو پێشبینیەی كە لەكتێبی پیرۆزدا هەیە دەربارەی مەسیح (عليه السلام) بەڕوونی ئەوەی دیاریكردووە كە مەسیحی ڕاستەقینە هەرگیز ڕەوانە ناكرێت ئەگەر پێش ئەوە ئیلیاس نەگەڕێتەوە بۆ دنیا، بەڵام هەتا ئێستا ئیلیاس نەگەڕاوەتەوە، لەكاتێكدا لە كتێبی خوادا مەرجێك هەیە كە دەبێت ئیلیاس بگەڕێتەوە بۆ دنیا پێش ئەوەی مەسیحی ڕاستگۆ لەلایەن خواوە ڕەوانە بكرێت. مەسیحیش وەڵامی ئەوەی دانەوە كە مەبەستەكە بریتیە لە هاوشێوەی ئیلیاس نەك ئیلیاسی ڕاستەقینە. بەڵام جوولەكە دەڵێن ئەوە تەحریف و شێواندنە لە وتەی خوادا و ئەوان هەواڵیان پێدراوە كە ئیلیاسی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە. كەواتە لەمەوە دەردەكەوێت پێشبینەكان دەربارەی پێغەمبەران هەمیشە تا ڕادەیەك وردن بۆ ئەوەی كەسی بەدبەخت جیابكرێتەوە لە بەختەوەر.
سەرەڕای ئەوە، شتێكی ڕوونە ئەو بانگەشەیەی لەسەر بنەمای ڕاستی دامەزرابێت تەنھا یەك بەڵگەی لەگەڵدا نیە؛ چونكە وەك گەوهەری ڕاستەقینە وایە لەهەموو لایەكەوە بەتەواوەتی دەدرەوشێتەوە.
بەهەمان شێوە ئەو بانگەشەیەم كە من مەسیحی بەڵێندراوم لە هەموو لایەكەوە دەدرەوشێتەوە. بۆ نموونە سەرەتا من بانگەشەم كرد لەلایەن خواوە (عز وجل) ڕەوانەكراوم و وەحیم پێ دەگات، ئەم بانگەشەیە دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 27 ساڵ لەمەوپێش، واتە ماوەیەكی درێژ پێش نووسینی كتێبی “بەراهینی ئەحمەدیەت”، پاشان ئەم ڕاگەیاندنە بڵاوكرایەوە لە سەردەمی “بەراهینی ئەحمەدیەت” و لەهەمان كتێبدا كە ماوەی 24 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بڵاوكردنەوەكەیەدا.
هەموو كەسێكی ژیر و تێگەيشتوو پەی بەوە دەبات كە پەتی درۆ كورتە و ئەستەمە بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام بێت. وە شتێكی سروشتیە ئەگەر كەسێك هەرچەند درۆزن بێت هەرگیز ئەوا نەوێرێت تا ماوەیەك بەردەوام بێت لە درۆكردن كە بەسە بۆ لەدایكبوونی كەسێك و بوونی بە خاوەنی ماڵ و خێزان.
بەهەمان شێوە كەسێكی ژیر هەرگیز قەبوڵی ئەوە ناكات كەسێك بەناوی خوای گەورەوە درۆ بكات و قسە هەڵبەستێت بۆ ماوەی نزیكەی 27 ساڵ، وە هەموو بەیانیەك ئیلهام و پێشبینی بەدرۆ هەڵبەستێت لەلایەن خۆیەوە پاشان بیداتەپاڵ خوای گەورە، وە هەموو ڕۆژێك بانگەشە بكات خوا وەحی دەنێرێت بۆی، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە بزانێت كەسێكی درۆزنە؛ بەجۆرێك هیچ شتێك بە وەحی نەگەيشتووە پێی و هەرگیز خوا (سبحانه وتعالى) قسەی لەگەڵدا نەكردووە، بەڵكو خوا بە كەسێكی نەفرەتلێكراو ئەژماری بكات بەڵام لەگەڵ ئەوەدا سەریبخات و گەشە و پێشكەوتن بدات بە كۆمەڵەكەی، وە نەخشە و پیلانی دوژمنەكانی شكست پێ بهێنێت.
پاشان بەڵگەیەكی تر هەیە كە لێیەوە ڕاستگۆیی من دەردەكەوێت وەكو ڕۆژی ڕووناك و دەیسەلمێنێت لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوم؛ ئەویش ئەوەیە كاتێك كەس نەیدەناسیم، واتە لەسەردەمی بەراهینی ئەحمەدیەتدا كاتێك ئەم كتێبەم دەنووسی بە تەنیایی لە گۆشەی بێناوی و نەناسراویدا، وە هیچ كەسێك ئاگاداری بارودۆخم نەبوو جگە لە خوای زانای نادیار، لەو سەردەمەدا خوا (سبحانه وتعالى) دواندمی و هەندێ پێشبینی بۆ ئاشكراكردم دەربارەی خۆم كە بڵاومكردنەوە لە كتێبی بەراهینی ئەحمەدیەتدا لەسەردەمی بێناوی و گۆشەگیری و بێ پارەییدا، وە لەهەموو وڵاتدا بڵاومكردنەوە، كە بریتین لە:
“یا أحمدي أنت مرادي ومعي. سرك سري. أنت مني بمنزلة توحیدي وتفریدي فحان أن تعان وتعرف بین الناس“.. واتە: ئەی ئەحمەدەكەم تۆ مەبەستی منیت و لەگەڵ مندای. ڕازی تۆ ڕازی منە، تۆ لای من هێندەی یەكتایی و تاك و تەنھاییم مەزنیت. ئەو كاتە هات كە خەڵكی ئامادە دەبن بۆ یارمەتیدانت و لەناو خەڵكدا بناسرێیت). أنت مني بمنزلة لا یعلمها الخلق. ینصرك الله في مواطن. أنت وجیه في حضرتي. اخترتك لنفسي، وإني جاعلك للناس إماما… واتە تۆ لای من لە پلەیەكدایت خەڵكی جیهان نایزانن، لە هەموو بوارێكدا خوا یارمەتیت دەدات، تۆ خاوەن شكۆ و ڕێزیت لای من، تۆم هەڵبژاردووە بۆ خۆم، تۆم كردووە بە پێشەوا بۆ خەڵكی… (واتە زۆرێك لە خەڵكی دەكەم بە شوێنكەوتەی تۆ، وە دەكرێیت بە پێشەوایان). ینصرك رجال نوحي إلیھم من السماء. پیاوانێك یارمەتیت دەكەن كە ئێمە لە ئاسمانەوە وەحییان بۆ دەكەین. (بۆ ئەوەی بە ماڵ و سامانیان پشتیوانیت بكەن). یأتیك من كل فج عمیق. لەهەموو شوێنێكی دوورەوە بۆت دێت.(واتە پشتگیری دارایت پێ دەگات لە هەموو شوێنێكی دوورەوە). یأتون من كل فج عمیق. لەهەموو شوێنێكی دوورەوە دێن. (واتە خەڵكی لە وڵاتە دوورەكانەوە دێن بۆ لات). ولا تصعر لخلق الله وتسأم من الناس. ڕوو وەرمەگێڕە لە دروستكراوانی خوا و بێزار مەبە لە خەڵكی. (واتە بە فیزەوە ڕوو وەرمەگێڕە لێیان و لە زۆریەكەیان بێزار مەبە). وقل رب لا تذرني فردا وأنت خیر الوارثین .وە بڵێ: ئەی پەروەردگار بە تەنھا مەمهێڵەرەوە، تۆ باشترینی میراتگرانی. أصحاب الصفة، وما أدراك ما أصحاب الصفة. تری أعیونھم تفیض من الدمع. هاوەڵانی سوففە، تۆ چووزانیت هاوەڵانی سوففە كێن. دەبینین چاویان فرمێسكی لێ دەبارێت. (كۆمەڵێك هاوەڵت پێ دەدرێت وەكو هاوەڵانی سوففە، ئایا دەزانیت ئەوانە كێن؟ دەبینیت فرمێسك لە چاویان دێتە خوارەوە). ربنا إننا سمعنا منادیا ینادي للإیمان. پەروەردگارا ئێمە گوێمان لە بانگخوازێك بوو بانگی دەكرد بۆ ئیمان. إني جاعلك في الأرض خلیفة. دەتكەم بە جێنشین لەسەر زەویدا. یقولون أنی لك هذا؟ قل الله عجیب. دەڵێن ئەمەت لەكوێ بوو؟ بڵێ خوا سەیرە.. (واتە خەڵكی بە گاڵتە و سووكایەتیەوە دەڵێن: ئەم پلەوپایەت لەكوێ بوو؟ تۆش پێیان بڵێ خوا خاوەنی كۆمەڵێك توانای سەیرە). لا یسأل عما یفعل وهم یسألون. پرسیار ناكرێت لەوەی دەیكات بەڵام ئەوان پرسیاریان لێ دەكرێت (.ویقولون إن هذا إلا اختلاق. واتە دەڵێن ئەمە تەنھا هەڵبەستراوێكە. قل الله. (بڵێ پێیان: هەموو كارێك لەخواوە دەستی پێ كردووە) ثم ذرهم في خوضھم یلعبون . واتە پاشان لێیان گەڕێ با لەناوكاری هەوانتەی خۆیاندا یاری بكەن). هو الذي أرسل رسوله بالهدی ودین الحق لیظهره علی الدین كله. واتە خوا ئەو زاتە كە پێغەمبەرەكەی خۆی ڕەوانەكرد بە هیدایەت و ئایینی ڕاستەوە هەتا سەریبخات بەسەر هەموو ئایینەكاندا. یریدون أن یطفئوا نور الله والله متم نوره. دەیانەوێت ڕووناكی خوا بكوژێننەوە بەڵام خوا ڕووناكی خۆی تەواو دەكات.. (واتە ئەوان دەیانەوێت بەفووی دەمیان ئەو ڕووناكیە بكوژێننەوە كە خوا دەیەوێت لە هەموو جیھاندا بڵاوی بكاتەوە، بەڵام خوا دەیگەیەنێتە هەموو ئەو دڵانەی كە ئامادەن وەریبگرن). ولو كره الكافرون. تەنانەت ئەگەر كافرەكان پێشیان ناخۆش بێت. یعصمك الله ولو لم یعصمك الناس . خوا دەتپارێزێت ئەگەرچی خەڵكی نەتپارێزن. إنك بأعیننا تۆ لەژێر چاودێری ئێمەدایت. سمیتك المتوكل. ناومناویت پشت بەخوا بەستوو. وما كان الله لیتركك حتی یمیز الخبیث من الطیب. خوا وازت لێ ناهێنێت هەتا پیس لە پاك جیانەكاتەوە). شاتان تذبحان. دوو بەران سەردەبڕدرێن، وكل من علیھا فان. هەموو ئەو كەسانەی لەسەر ئەو زەویەن مردن دەچێژن. وعسی أن تكرهوا شیئا وهو خیر لكم، وعسی أن تحبوا شیئا وهو شر لكم، والله یعلم وأنتم لا تعلمون. (دەكرێت ئەوەی ئێوە بە شەڕ لەقەڵەمی دەدەن خێر بێت بۆتان، وە ئەوەی بەخێر لەقەڵەمی دەدەن شەڕ بێت بۆتان، خوا دەزانێت خێر كامەیە و ئێوە نازانن)”.
چوار پێشبینی مەزن لەم ئیلهامانەدا باسكراون:
(1) خوا مژدەی پێداوم، لەسەردەمێكدا كە من تەنھا بووم و كەسم لەگەڵدا نەبوو، وە نزیكەی 23 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو سەردەمەدا، كە تۆ هەرگیز بە تەنهایی نامێنیتەوە بەڵكو ئەو كاتە بەڕێوەیە بگرە نزیكە كە خەڵكی پۆل پۆل لەگەڵتدا دەبن، وە لەكۆمەڵێك شوێنی دوورەوە دێن بۆ لات، وە بەڕێژەیەكی ئەوەندە زۆر دێن تەنانەت خەریكە بێزار بيت و ڕوو وەربگێڕێت لێیان، بەڵام پێویستە لەسەرت ئەو كارە نەكەیت.
(2) پێشبینی دووەم ئەوەیە كە لەو خەڵكانەوە یارمەتی و كۆمەكی زۆری دارایی دەگات پێت. وە دنیا هەمووی شایەتی دەدات لەسەر هاتنەدی ئەم پێشبینیانە، ئەو كاتەی تۆمارم كردن لە كتێبی بەراهینی ئەحمەدیەتدا تاك و تەنھا بووم لە گۆشەی بێناوی و نەناسراویدا لە قادیان، كە گوندێكی نەناسراوە. بەڵام لەماوەی 10 ساڵدا خەڵكی پەیتا پەیتا هاتن بۆ لام وەك لە وەحیەكەی خوادا هاتووە، وە بە ماڵ و سامانی خۆیان یارمەتییان پێشكەش دەكرد. وە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە دوو سەد هەزار كەس بەیعەتیان داوە پێم.
(3) پێشبینی سێیەم لە ئیلهامە ناوبراوەكاندا ئەوەیە كە خەڵكی هەوڵدەدەن بۆ سڕینەوەی ئەم كۆمەڵە و بۆ كوژاندنەوەی ئەم ڕووناكیە، بەڵام هەموو نەخشە و پیلانەكانیان شكست دەهێنێت. بەڵام ئەگەر كەسێك بە ئاشكرا ڕێگەی بێباوەڕی گرتەبەر؛ ئەوا كێ دەتوانێت ڕێگری لێ بكات و نەهێڵێت؟ ئەگینا ئەم سێ پێشبینیە وەك خۆر دەدرەوشێنەوە.
شتێكی ئاشكرایە ئەگەر بكرێت لەم سەردەمەدا لەڕێگەی مەزەندەكردن و درۆوە یان لەڕێگەی عەقڵەوە بەتەنھا پێشبینی بكرێت بۆ كەسێك كە لە گۆشەی بێناوی و نەناسراویدا بژی و تاك و تەنها و داماو و بێدەرەتان بێت، وە هیچ نیشانەیەك نەبێت ئاماژە بكات بۆ ئەوەی لەداهاتوودا دەبێت بە پێشەوا بۆ سەدان هەزار كەس، وە هیچ هێما و ئاماژەیەك نەبێت لەسەر ئەوەی خەڵكی هەزاران ڕوپیەی پێشكەش دەكەن؛ كە خەڵكی ڕووی تێدەكەن و خوا سەری دەخات تا ئەم ئاستە، ئەوا با نكوڵیكاران پێشبینیەك بخەنەڕوو و كەسێك بە نموونە بهێننەوە و ناوی بهێنن. بەتایبەتی ئەگەر ئەو دوو پێشبینیەی ئێستا باسكران لەگەڵ پێشبینی سێیەمدا پێكەوە دانران كە مانای ئەوە دەگەیەنێت خەڵكی ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەم پێشبینیانە نەیەنەدی، بەڵام خوا دەیانهێنێتەدی، ئەوا هیچ چارێك نامێنێت، بەسەرنجدان لەم سێ پێشبینیە بەشێوەیەكی گشتی، جگە لەوەی دان بنرێت بەوەدا كە هەڵبەستراوی مرۆڤ نین، چونكە مرۆڤ ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات تا ئەو ماوەیە دەژی.
(4) پێشبینی چوارەم لەو ئیلهامانەدا ئەوەیە دوو كەس لە شوێنكەوتووانم شەهید دەكرێن. ئەم پێشبینیە هاتەدی كاتێك شێخ عەبدوڕڕەحمان شەهید كرا بە فەرمانی حاكم عەبدوڕڕەحمان فەرمانڕەوای كابوڵ، وە مەولەوی صاحب زادە عەبدوللـەتیف خان لە كابوڵ شەهیدكرا بە فەرمانی حاكم حەبیبوڵڵا.
سەرەڕای ئەوە سەدەها پێشبینی تریش هەن كە لەكاتی خۆیاندا هاتوونەتەدی. جارێكیان پێش وەختە هەواڵم دا بە مەولەوی حەكیم نوورەددین كە كوڕێكی دەبێت لەگەڵ بوونی چەندین زیپكە لەسەر لەشی، هەر بەو شێوەیە ڕوویدا كە پێشبینیم كرد بوو. ئەوە بوو ئەو كوڕە لەدایك بوو و زیپكە لەسەر لەشی بوو. ڕەنگە مەولەوی نوورەددین لەم كۆبوونەوەیەدا بێت و هەموو كەسێك دەتوانێت سوێندی بدات و پرسیاری لێ بكات كە ئایا ئەمە ڕاستە یان نا. پاشان جارێكیان عەبدوڕڕەحیم كوڕی سەردار موحەممەد عەلی خان یەكێك لە پیاوماقووڵانی “مالیر كۆتلە” تووشی نەخۆشییەكی ترسناك بوو، وە نیشانەكانی نائومێدی بەجوانی دەركەوتن، ئەوە بوو خوا لەڕێگەی ئیلهامەوە پێی ڕاگەیاندم دەكرێت بەهۆی شەفاعەتی تۆوە شیفای بدرێت. منیش وەك كەسێكی دڵسۆز و بە بەزەیی دوعای زۆرم بۆ كرد، مناڵەكە چاك بوویەوە وەك ئەوەی مردوویەك زیندووبووبێتەوە. هەروەها كوڕی دووەمی هەمان پیاو -بەناوی عەبدوڵڵا خان- نەخۆشكەوت و خەریك بوو بمرێت بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیەكی ترسناك. مژدەی چاكبوونەوەی ئەویشم ڕاگەیاند و بەدوعای من چاكبوویەوە.
سەرباری ئەوە كۆمەڵێك نیشانەی زۆر هەن كە ئەگەر هەمووی تۆمار بكرێت ئەوا ئەستەمە ئەم وتارە كۆتایی بێت تەنانەت لە 10 ڕۆژدا. وە شایەت لەسەر ئەو نیشانانە تەنھا یەك كەس و دوو كەس نیە بەڵكو سەدان هەزار كەس شایەتی دەدەن لەسەریان. هەڵبەت لە كتێبەكەم “دابەزینی مەسیح”دا كە بەم نزیكانە بڵاودەبێتەوە 150 دانەیانم تۆماركردووە. وە ئەو نیشانانە چەندین جۆریان هەیە، هەیانە لەئاسماندا دەركەوتووە، وە هەندێكیان لەزەویدا دەركەوتوون، وە هەیانە پەیوەستە بە دۆستانەوە و هەیانە پەیوەستە بە دوژمنانەوە و لەڕاستیدا هاتوونەتەدی. هەندێكیان پەیوەستن بە خودی خۆمەوە و هەندێكیان بە مناڵەكانمەوە. هەندێ لەو نیشانانە بەهۆی دوژمنێك لە دوژمنەكانەوە هاتووەتەدی بەبێ ئەوەی من هیچ ڕۆڵێكم هەبوو بێت تێیدا، بۆ نموونە مەولەوی دەستگیری قەسووری تاك لایەنە موباهەلەی كردم لە كتێبەكەی خۆی “فتح رحماني”دا، وە دوعای كرد خوا سەرەتا درۆزنەكەمان لەناوببات، ئەوە بوو تەنھا چەند ڕۆژێك تێپەڕی بەسەر دوعاكەیدا و مرد، وە بەمردنەكەی شایەتی دا لەسەر ڕاستگۆیی من. وە هەزارەها كەس هەن خوا لەڕێگەی خەونەوە ڕاستگۆیی منی ڕاگەیاندووە پێیان.
بەكورتی، ئەم ئایەتانە هەموویان ڕوون و ئاشكران بەجۆرێك ئەگەر بەتێكڕایی چاوپێداخشاندنێك بكرێت بۆیان ئەوا مرۆڤ چاری نامێنێت جگە لە قەبوڵكردنیان. هەندێ نەیاری هاوچەرخ دەڵێن ئەگەر لە قورئانی پیرۆزەوە بەڵگەی بهێنایەتەوە ئەوا قەبوڵمان دەكرد. منیش وەڵامیان دەدەمەوە: كۆمەڵێك بەڵگەی زۆر هەن لە قورئانی پیرۆزدا لەسەر ئەوەی من مەسیحی بەڵێندراوم، وە كەمێك پێش ئێستا هەندێكیانم هێنایەوە. بەڵام خستنەڕووی ئەم مەرجەیش دەمارگیرییەكی ڕووت و كەللـەڕقیەكی ئاشكرایە؛ چونكە بۆ باوەڕهێنان بە ڕاستگۆیی كەسێك پێویست نیە هەواڵی ئەو كەسە لە كتێبگەلێكی ئاسمانیدا بەكۆمەڵێك وشەی ڕوون هاتبێت. جا ئەگەر ئەم مەرجە پێویست بوایە ئەوا پێغەمبەرایەتی هیچ پێغەمبەرێك نەدەچەسپا. لەڕاستیدا پێویستە كۆمەڵێك پێوەر ڕەچاو بكرێت، سەرەتا ئاوڕبدرێتەوە لە پێویستی سەردەم و بەهەند وەربگیرێت بۆ بەڕاستزانینی بانگەشەی هەر پێغەمبەرێك و بزانرێت لەكاتێكی گونجاودا هاتووە یان نا. پاشان پێویستە سەیری ئەوە بكرێت ئایا لەكاتێكدا هاتووە كە پێغەمبەران پێشبینییان كردووە یان نا؟ پاشان دەبێت وردبوونەوەش بكرێت لەوەی ئایا خوای گەورە پشتگیری كردووە یان نا؟ پاشان پێویستە سەیری ئەوە بكرێت ئایا وەك پێویست وەڵامی ڕەخنەى دوژمنانی داوەتەوە یان نا؟ وە ئەگەر هەموو ئەم پێوەرانە پیادەبوو بەسەریدا ئەوا دەبێت دان بنرێت بەوەدا كە ئەم كەسە ڕاستگۆیە، ئەگینا نەخێر.
سەبارەت بە پێویستی سەردەمەكە، ئاشكرایە سەردەم بە زمانی حاڵ هاواردەكات كە بەدڵنیاییەوە پێویستیەك هەیە -بەهیوای نەهێشتنی دووبەرەكی لەنێوان گروپە ئیسلامیەكان و بۆ پاراستنی ئیسلام لە پەلامارە دەرەكیەكان، وە سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی ڕۆحانیەت كە نەماوە لەدنیادا- بۆ موسڵیحێكی ئاسمانی كە جارێكی تر یەقین ببەخشێت و ڕەگی باوەڕ ئاوبدات، وە بەوەش مرۆڤ ڕزگاری دەبێت لە گوناهـ و تاوان و ڕوودەكاتە چاكە و ڕاستگۆیی. بۆیە ڕەوانەكردنم لەكاتی پێویستدا شتێكی ڕوون و ئاشكرایە، وە باوەڕناكەم كەسێك بتوانێت نكوڵی لێ بكات مەگەر زۆر دەمارگیر بێت.
مەرجی دووەم، واتە پشكنین بكرێت بۆ ئەوەی ئایا ئەم بانگەشەكارە لەكاتێكدا هاتووە كە پێغەمبەران پێشبینییان كردووە یان نا؟ بە هاتنم ئەم مەرجەش هاتەدی؛ چونكە پێغەمبەران پێشبینی ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراویان كردووە لەكۆتایی هەزارەی شەشەمدا. ئەوەتا ماوەیەكی بەرچاوە هەزارەی شەشەم كۆتایی هاتووە -بەگوێرەی ساڵنامەی هەیڤی لە ڕەوانەكردنی ئادەمەوە (عليه السلام)- بەڵام بەگوێرەی ساڵنامەی هەتاوی هەزارەی شەشەم خەریكە كۆتایی دێت.
سەرەڕای ئەوە پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) فەرموویەتی لەسەرەتای هەموو سەدەیەكدا نوێكارێك دێت بۆ نوێكردنەوەی ئایین، وە بیست و یەك ساڵ تێپەڕیوە لە سەدەی چواردە، وە ئێمە ئێستا لە ساڵی بیست و دوو داین. ئایا ئەمە بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی كە ئەو نوێكارە هاتووە؟!
مەرجی سێیەم بریتیە لەوەی: ئایا خوا پشتگیری بانگەشەكارەكەی كردووە یان نا؟ لێرەدا دەڵێم هاتنەدی ئەم مەرجەش سەبارەت بە من ڕوون و ئاشكرایە؛ چونكە هەندێ دوژمن لە هەموو ئایینەكان لەم وڵاتەدا ویستیان لەناومبەرن، وە هەرچی لە هەگبەكەیاندا بوو هەڵیان ڕشت و هەموو هەوڵێكیاندا، بەڵام بەتەواوەتی شكستیان هێنا و نائومێد بوون لە هەوڵەكانیادا. هیچ گەلێك نەیتوانی شانازی بكات و بڵێت هیچ یەكێكیان هەوڵی نەداوە بۆ فەوتاندنی ئەم كەسە. بەڵام خوای گەورە ڕێزداری كردم بە پێچەوانەی هەوڵەكانی ئەوانەوە، وە هەزارەها كەسی كرد بە شوێنكەوتەم. دەی ئەگەر ئەمە پشتیوانیەك نەبێت لەلایەن خواوە ئەوا چیە؟ كێ هەیە نەزانێت هەموو گروپەكان ئەوپەڕی هەوڵیاندا بۆ ئەوەی لەناومبەرن، بەڵام لەناونەچووم سەرەڕای هەوڵی بێوچانیان، بەڵكو بەردەوام ڕۆژ بەڕۆژ گەشە دەكەم هەتا ژمارەی شوێنكەوتووانم زیاتر بووە لە دوو سەد هەزار كەس. ئەگەر دەستی شاراوەی خوا لەگەڵمدا نەبوایە، وە ئەگەر سەرتاپای پڕۆژەكەم تەنها پلان و نەخشەی مرۆڤ بوایە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە تیرێك لەو تیرە جۆراوجۆرانەم بەردەكەوت كە ئاراستەم دەكران و هەر لەزووەوە تیادەچووم، وە تەنانەت گۆڕەكەشم هیچ شوێنەوارێكی نەدەبوو؛ چونكە ئەو كەسەی درۆدەكات بەناوی خواوە چەندین هۆكار دەردەكەون بۆ تیاچوونی؛ چونكە خوا دەبێت بە دوژمنی. بەڵام خوای گەورە ڕزگاری كردم لە هەموو فێڵ و پیلانەكانیان وەك 24 ساڵ لەمەوپێش بەڵێنی پێدا بووم.
گومانی تێدا نیە ئەمە یەكێكە لە نیشانە ڕوونەكان لەسەر پشتگیری خوایی، بەجۆرێك خوای گەورە لە كتێبی “بەراهینی ئەحمەدیەت”دا لە سەردەمی بێناوی و گۆشەگیریمدا بە كۆمەڵێك وشەی ڕوون و ئاشكرا هەواڵی پێدام و فەرمووی: سەركەوتووت دەكەم و كارێك دەكەم خەڵكانێكی زۆر لەگەڵتدا بن، وە ئەو كەسانە ئومێدبڕاو دەكەم كە بەرهەڵستی ئەو كارە دەكەن. كەواتە بە دڵێكی پاك و ساغ و بێ لایەنگیری بیربكەنەوە، ئەم پشتگیریە چەند دیار و ئاشكرایە! وە نیشانەیەكی چەند ڕوونە! ئایا كەسێك -مرۆڤ بێت یان شەیتان- دەتوانێت پێشبینیەكی لەم شێوەیە ڕابگەیەنێت لەسەردەمی بێناوی و نەناسراویدا، پاشان زۆر بەڕوونی پێشبینیەكە بێتەدی؟ وە هەزارەها دوژمن ڕاست ببنەوە بەبێ ئەوەی كەسێك بتوانێت ڕێگری بكات لە هاتنەدی پێشبینیەكە؟
مەرجی چوارەم بریتیە لە: ئایا بانگەشەكار وەڵامێكی دەمكوتكەری هەموو ئەو ڕەخنانەی داوەتەوە كە دوژمنان گرتوویانە یان نا؟ هەڵبەت ئەم مەرجەیش زۆر بەڕوونی هاتووەتەدی؛ چونكە یەكێك لە گەورەترین ڕەخنەی نەیارەكان ئەوە بوو كە مەسیحی بەڵێندراو خودی عیسایە (عليه السلام)، وە ئەو خودی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ دنیا. منیش وەڵامم دانەوە كە لە قورئانی پیرۆزەوە چەسپاوە عیسا (عليه السلام) مردووە، وە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دنیا، وە خوای گەورە لەسەر زومانی مەسیحەوە (عليه السلام) فەرموویەتی: ﴿وَإِذۡ قَالَ ٱللَّهُ يَٰعِيسَى ٱبۡنَ مَرۡيَمَ ءَأَنتَ قُلۡتَ لِلنَّاسِ ٱتَّخِذُونِي وَأُمِّيَ إِلَٰهَيۡنِ مِن دُونِ ٱللَّهِ ۖ قَالَ سُبۡحَٰنَكَ مَا يَكُونُ لِيٓ أَنۡ أَقُولَ مَا لَيۡسَ لِي بِحَقٍّ ۚ إِن كُنتُ قُلۡتُهُۥ فَقَدۡ عَلِمۡتَهُۥ ۚ تَعۡلَمُ مَا فِي نَفۡسِي وَلَآ أَعۡلَمُ مَا فِي نَفۡسِكَ ۚ إِنَّكَ أَنتَ عَلَّٰمُ ٱلۡغُيُوبِ * مَا قُلۡتُ لَهُمۡ إِلَّا مَآ أَمَرۡتَنِي بِهِۦٓ أَنِ ٱعۡبُدُواْ ٱللَّهَ رَبِّي وَرَبَّكُمۡ ۚ وَكُنتُ عَلَيۡهِمۡ شَهِيدٗا مَّا دُمۡتُ فِيهِمۡ ۖ فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي كُنتَ أَنتَ ٱلرَّقِيبَ عَلَيۡهِمۡۚ﴾ [المائدة: 117-118]، واته: “وه کاتێ خوا دهفهرموێت ئهی عیسای کوڕی مهریهم ئایا تۆ وتووته به خهڵکی که من و دایکم به دوو پهرستراو دابنێن (و بمانپهرستن) لهجیاتی خوا؟ (عیسا) وتی پاك و بێگهردی بۆ تۆ ئهی خوایه نابێ و ناگونجێ بۆ من شتێ بڵێم که بههیچ شێوهیهك مافی من نیه ئهگهر من ئهو قسهیهم کردبێ ئهوه بهڕاستی تۆ ئاگات لێیه؛ چونکه تۆ ئهوهی لهدڵمدایه دهیزانی، بهڵام من نازانم و بێ ئاگام لهو نهێنیهی که لای تۆیه بهڕاستی تهنها تۆ زانای تهواوی به ههموو نهێنی یهك (*) هیچم پێ نهوتوون بێجگه لهوه نهبێت که تۆ فهرمانت پێداوم که بهندایهتی خوا بکهن که پهروهردگاری من و ئێوهیشه و من شایهت و چاودێر بووم بهسهریانهوه تا لهناویاندا بووم کاتێك تۆ منت مراند ئيتر ههر خۆت چاودێر بووی بهسهریانهوه، وه خۆت ئاگادار و شایهتی بهسهر ههموو شتێکهوه.” وە نازانم دوای من چییان كردووە.
لەم ئایەتانەوە دەردەكەوێت كە عیسا (عليه السلام) ڕۆژی قیامەت دەڵێت: مەسیحیەكان لەژیانی مندا لایان نەدا لەڕێگای ڕاست، وە نازانم دوای مردنم بارودۆخیان چی بەسەر هاتووە. دەی ئەگەر دانمان پێدا نا كە عیسا (عليه السلام) هێشتا زیندووە؛ ئەوا دەبێت دان بەوەشدا بنێین كە هێشتا مەسیحیەكان لەڕێگای ڕاست لایان نەداوە، بەڵكو بەردەوام جێگیر و دامەزراون لەسەر ئایینی ڕاست. سەرەڕای ئەوە عیسا (عليه السلام) نەزانینی خۆی دەردەبڕێت بە لادانی مەسیحیەكان پاش مردنی و دەڵێت: ئەی پەروەردگار هیچ لە بارودۆخی گەلەكەم نازانم پاش ئەوەی كە منت مراند. دەی ئەگەر ڕاست بێت كە دەگەڕێتەوە بۆ دنیا پێش قیامەت و جەنگ دەكات لەدژی كافرەكان بەیاوەری مەهدی؛ ئەوا ئەم ئایەتە پووچەڵ دەبێتەوە، پەنا بەخوا، یان ناچاردەبین ئەوە قەبوڵ بكەین كە عیسا (عليه السلام) لە خزمەتی خوادا لە ڕۆژی قیامەت درۆ دەكات و گەڕانەوەی بۆ دنیا و مانەوەی تێیدا بۆ ماوەی چل ساڵ و جەنگكردنی لەگەڵ مەسیحیەكاندا بەیاوەڕی مەهدی دەشارێتەوە.
پوختەی قسە، ئەگەر كەسێك باوەڕی هەبێت بە قورئانی پیرۆز ئەوا -تەنھا بەم ئایەتە- ئەو نەخشەیە پووچەڵ دەبێتەوە كە دەڵێت مەهدی خوێنرێژ دێت و عیسا (عليه السلام) لەئاسمانەوە دادەبەزێت بۆ یارمەتیدانی. وە ئەو كەسەی ئەم بیروباوەڕەی هەبێت بەبێ هیچ گومانێك وازدەهێنێت لە قورئانی پیرۆز.
كاتێك نەیارەكانمان لەهەموو بوارێكدا دەبەزن و وەڵامی هەموو ڕەخنەكانیان دەدرێتەوە لەكۆتاییدا دەڵێن: هەندێ لە پێشبینیەكانت نەهاتنەدی، وەك ئەو پێشبنیەی دەربارەی “ئاتهەم” كرا. دەپرسم: ئێستا ئاتهەم لەكوێیە؟ ناوەڕۆكی پێشبینیەكە ئەوە بوو كە درۆزن لە ژیانی ڕاستگۆدا دەمرێت، ئەوە بوو ئاتهەم مرد، بەڵام ئەوەتا من هێشتا زیندووم. پاشان پێشبینیەكە مەرجدار بوو، واتە وادەكەی پەیوەست بوو بە مەرجێكەوە كە باسكرا بوو تێیدا. وە لەبەرئەوەی ئاتهەم پاش زانینی پێشبینیەكە بەردەوام تۆقی بوو؛ كەواتە مەرجەكە هاتەدی، بۆیە ماوەی چەند مانگێكی تری پێ درا. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو كەسانەی ئەم ڕەخنانە دەوروژێنن بیرناكەنەوە كە یونس پێغەمبەریش پێشبینی كرد بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێك باس بكات لەگەڵ پێشبینیەكەیدا -وەك لە سیپارەی یۆنان پێغەمبەردا هاتووە- بەڵام پێشبینیەكە نەهاتەدی. لەڕاستیدا پێشبینی هەڕەشە (واتە ئەوەی تێیدا بەڵێنی دابەزینی سزا درابێت بۆ سەر كەسێك) هەمیشە لای خوا مەرجدارە بە مەرجی تۆبەكردن یان خێر و سەدەقە كردن یان تەنانەت بە پیشاندانی ترس و بیم، وە دەكرێت هاتنەدیەكەی دوابخرێت یان هەر نەیەتەدی بەهۆی تۆبەكردن یان ئیستیغفار و سەدەقە و ترسان لەخوا، ئەگینا ناكرێت لە بنەڕەتدا یونس پێغەمبەر بە پێغەمبەر دابنرێت؛ چونكە پێشبینیەكەی نەهاتەدی. بێگومان ویستی خوای گەورە كە پەیوەستە بە سزای تاوانبارەوە دەكرێت بەهۆی سەدەقە و دوعاوە نەمێنێت، وە دەكرێت تەنھا بەهۆی ترسانیشەوە نەمێنێت. كەواتە پوختەی پێشبینی هەڕەشە و هۆشداری ئەوەیە كە خوای گەورە ئەگەر ویستی سزای كەسێك بدات، وە ئەم ویستەی خۆی ئاشكرا كرد بۆ پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران، ئیتر بۆچی دەكرێت ئەم ویستەی بەهۆی دوعا و سەدەقەوە نەمێنێت ئەگەر خوا ئاشكرای نەكات بۆ پێغەمبەر، وە ئەگەر ئاشكرای بكات ناكرێت لابچێت و نەمێنێت؟ ئەم بیروبۆچوونە تەواو هیچ و پووچە و دژایەتی هەموو پێغەمبەرانی تێدایە.
سەرەڕای ئەوە، دەكرێت هەندێ لە هەواڵ و پێشبینیەكان كورت و پوخت و ناڕوون بن، وە هەندێكیان لە “المتشابهات” بن و بە تێپەڕینی كات ڕاستیەكانیان دەربكەوێت. تەنانەت دەكرێت هەندێ جار ئیجتیهادی پێغەمبەر نەیپێكێت و هەڵە بكات لە تەفسیری پێشبینیەكدا، بەڵام هیچ كەموكورتیەك لەمەدا نیە چونكە پێغەمبەریش مرۆڤە. ئەوەتا عیسا (عليه السلام) پێشبینی كرد 12 كەس لە حەواریەكانی لە سەر تەخت دادەنیشن لە بەهەشتدا، بەڵام ئەمە نەهاتەدی، چونكە یەكێكیان هەڵگەڕایەوە و شایستەی دۆزەخ بوو. وە گوتیشی خەڵكانێكی سەردەمەكەی زیندوو دەبن كاتێك جاری دووەم دەگەڕێتەوە بۆ دنیا، بەڵام ئەم پێشبینیەش نەهاتەدی. وە ژمارەیەكی زۆر لە هەواڵ و پێشبینی عیسا (عليه السلام) هەیە نەهاتنەدی بەهۆی هەڵكردن لە تەفسیر و ئیجتیهاددا.
بەكورتی، ئەمانە هەڵەی ئیجتیهادی بوون. بەڵام سەبارەت بە پێشبینیەكانی من، ئەگەر كەسێك بە هێمنی و ئارامی و لەناخەوە گوێبیستیان بێت ئەوا دەبینێت زیاتر لە سەد هەزار نیشانە و پێشبینی دەركەوتوون بۆ پشتیوانی من. دەی ئەوپەڕی بێشەرمیە سوود وەرنەگرن لە هەزارەها پێشبینی كە هاتوونەتە دی، وە ڕەخنە بگرن لە یەك پێشبینی كە لێی تێنەگەیشتوون و هەرا بەرپا بكەن و بڕیاری خۆیان دەربكەن لەسەر بنەمای ئەم تاقە پێشبینیە. من هیوادارم بگرە بەوپەڕی متمانە و یەقینەوە دەڵێم: ئەگەر كەسێك بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەلام بمێنێتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە خۆی نیشانەیەك دەبینێت. ئێستا كۆتایی بە وتارەكەم دەهێنم و من دڵنیام ئەوەندە بەسە بۆ كەسێك بەشوێن ڕاستیدا بگەڕێت. والسلام علی من اتبع الهدی.
نووسەر: میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
*****
پاشكۆ
كەسێك بەناوی میرزا مەحموودی ئێرانی – لە نامەیەكدا لە ڕێككەوتی 2/9/1902ز- پرسیاری لێكردووم دەربارەی مانای ئەم ئایەتە: ﴿وَجَدَهَا تَغۡرُبُ فِي عَيۡنٍ حَمِئَةٖ﴾ [الكهف: 87].
سەرەتا پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت ئەم ئایەتە قورئانیە لە ناواخنی خۆیدا كۆمەڵێك ڕاز و نهێنی زۆری هەڵگرتووە ئەستەمە هەمووی بزانرێت، وە لەژێر مانا ڕواڵەتیەكەیدا مانای شاراوەیش هەیە كە بە ئاسانی نازانرێت. وە ئەو مانایەی كە خوای گەورە ئاشكرای كرد بۆم ئەوەیە: ئەم ئایەتە لەگەڵ سیاقەكەیدا پێشبینیەكی لەخۆگرتووە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو، وە كاتی دەركەوتنەكەی دیاریدەكات. ڕوونكردنەوەی ئەم خاڵەیش بەم جۆرەیە: مەسیحی بەڵێندراو زولقەرنەینیشە؛ چونكە وشەی (قَرن) لە زمانی عەرەبیدا واتە سەدە، وە لە ئایەتە قورئانیەكەدا ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی كە ئەو مەسیحی بەڵێندراوەی ڕۆژێك لەڕۆژان سەرهەڵدەدات، لەدایكبوونەكەی و ڕەوانەكردنەكەی دەكەوێتە دوو سەدەوە، ئەمە بەتەواوەتی بەسەر مندا پیادە دەبێت. ئەوەتا لە دوو سەدەی ناسراودا دەركەوتووم چ بەگوێری ساڵنامەی هەیڤی بێت یان هەتاوی یان ساڵنامەی هیندی، بەجۆرێك دەركەوتنم لە دوو سەدەدا بووە لەهەموو بارودۆخێكدا، وە ماوەی لەدایكبوون و ڕەوانەكردنم تەنها لە یەك سەدەدا نەبووە.
بەكورتی، لەدایكبوون و ڕەوانەكردنم -بەگوێرەی زانیاری خۆم- تەنھا لەیەك سەدەی هیچ ئایینێكدا نەبووە، بەڵكو درێژبوونەتەوە بۆ سەدەی دووەمیش. بۆیە من زولقەرنەین “خاوەنی دوو سەدە”م بەم مانایە. لە هەندێ فەرموودەشدا مەسیحی بەڵێندراو پێی گوتراوە زولقەڕنەین (خاوەنی دوو سەدە)، وە مانای زولقەڕنەین كە من زەینم بۆی چووە؛ هەمان ئەو مانایەیە كە باسكراوە لە فەرموودەكاندا. وە ماناكانی پاشماوەی ئایەتەكە، كە بەشێوەی پێشبینی هاتووە، ئەوەیە كە دوو گەلی گەورە هەن لەدنیادا مژدەی هاتنی مەسیحی بەڵێندراویان پێ دراوە، وە كراون بە شایستەترین گەل بە بانگەوازەكەی مەسیح پێش گەلانی تر. بۆیە خوای گەورە لێرەدا بەشێوەی خوازە دەفەرموێت: مەسیحی بەڵێندراو –كە خۆی زولقەرنەینە- لەكاتی گەشتەكەیدا دوو گەل بەدیدەكات؛ گەلێك لەتاریكیدا دانیشتوون لەسەر كانیاوێك كە ئاوەكەی تاڵ و بۆگەنە و بەكەڵكی خواردنەوە نایەت، بەڵكو پڕە لە قوڕاوێكی زۆر بۆگەن بەڕادەیەك ڕاست نیە لە بنەڕەتدا بە ئاو ناوببرێت. ئەوانیش گەلی مەسیحین كە لەتاریكیدا دانیشتوون؛ وە بەهۆی كردەوە خراپەكانینەوە سەرچاوەی مەسیحیان تاڵ و بۆگەن كردووە. وە لە بەشی دووەمی گەشتەكەیدا مەسیحی بەڵێندراو -كە خۆی زولقەڕنەینە- گەلێك بەدی دەكات لەبەر گەرمایی سووتێنەری خۆردا دانیشتوون و هیچ شتێك نیە ڕێگری گەرمایی خۆریان لێ بكات. ڕووناكییان دەستنەكەوتووە لە خۆرەوە، بەڵكو پشكیان ئەوە بووە كە بە گەرماییەكەی لەشیان سووتاوە و پێستیان ڕەش بووەتەوە. وە مەبەست لەم گەلە موسوڵمانانە كە سەرەڕای ئەوەی خوا نیعمەتی خۆری تەوحیدی پێداون بەڵام لەگەڵ ئەوەدا هیچ سوودێكیان وەرنەگرتووە لە ڕووناكیەكەی جگە لە سووتان بەهۆی گەرمیەكەیەوە. واتە ڕووناكی خۆری تەوحیدیان پێ دراوە، بەڵام لێیەوە ڕووناكی ڕاستەقینەیان بەدەستنەهێناوە جگە لە سووتان. بەو مانایە ئەوان جوانی ڕاستەقینەی ئایینیان لەكیسچووە، وە پێویستیان بە ڕەوشتە بەرزەكان هەیە، وە پشكیان تەنھا بریتیە لە كەللـەڕەقی و ڕق و كینە و تووڕەیی و ڕەفتاری دڕندانە.
پوختەی قسە، خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت مەسیحی بەڵێندراو -كە خۆی زولقەڕنەینە- كاتێك دێت مەسیحیەكان لەتاریكیەكی تەواودان، وە پشكیان تەنھا بریتیە لە قوڕاوێكی بۆگەن. بەڵام موسوڵمانان تەنھا تەوحیدی ڕواڵەتی ماوەتەوە لەلایان، وە بە ئاگری كەللـەڕەقی و دڕندەیی دەسووتێن، وە تەوحیدێكی پاك و بێگەر و هیچ بەهایەكی ڕۆحی دروست بوونی نیە لەلایان. پاشان مەسیحی بەڵێندراو -كە خۆی زولقەڕنەینە- دەگات بە گەلی سێیەم كە زۆر تەنگەتاون بەدەست یەئجووج و مەئجووجەوە، وە جێگیر و دامەزراون لەسەر ئایین، وە خاوەن سروشتی ساغ و دروستن، وە داوای یارمەتی لە مەسیحی بەڵێندراو دەكەن كە خۆی زولقەڕنەینە بۆ ئەوەی بەدوور بن لە پەلامارەكانی یەئجووج و مەئجووج، مەسیحی بەڵێندراویش بەربەستێكی بەهێز و درەوشاوەیان بۆ دروست دەكات؛ واتە كۆمەڵێك بەڵگەی بەهێزیان فێردەكات بۆ پشتگیری ئیسلام و بەهۆیانەوە بەرهەڵستی پەلامارەكانی یەئجووج و مەئجووج دەكەن بەتەواوەتی، وە فرمێسكیان دەسڕێتەوە و بەهەموو شێوەیەك هاوكارییان دەكات و لەگەڵیاندا دەبێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو كەسانەی باوەڕدەهێنن پێم. ئەمە پێشبینیەكی مەزنە؛ تێیدا زۆر بەڕاشكاوی پێشبینی دەركەوتنی من و كاتی ڕەوانەكردنم و كۆمەڵەكەم كراوە. كەواتە مژدە بێت لەو كەسەی بە ڕامانەوە ئەم پێشبینیانە دەخوێنێتەوە.
سوننەتی قورئانی پیرۆز وەهایە لە پێشبینیەكانیدا باسی كەسێك دەكات لەڕابردوودا، بەڵام مەبەستەكە بریتیە لە پێشبینیەك دەربارەی داهاتوو، بۆ نموونە لە سوورەتی یوسف دا پێشبینیەكی لەم جۆرە هاتووە؛ بەجۆرێك لەڕواڵەتدا بەسەرهاتێك باسكراوە بەڵام پێشبینیەكی لەخۆگرتووە بەجۆرێك هەروەك چۆن لەسەرەتادا براكانی یوسف بە سووكی سەیری یوسفیان دەكرد پاشان لەكۆتاییدا بوو بە فەرمانرەوا بەسەریانەوە، ئێستایش ئەمە لەگەڵ قورەیشدا ڕوودەدات. بەهەمان شێواز ئەوان پێغەمبەریان (ص) ڕەتكردەوە و دەریانكرد لە مەككە، بەڵام ئەو كەسەی ئەوان ڕەتیان كردەوە بوو بە ڕابەریان و بوو بە فەرمانڕەوا بەسەریانەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو -واتە ئەم بەندە خۆبەكەمزانە- چەندین پێشبینی دووبارە بوونتەوە بەم ڕادەیە، بەڵام ئەو كەسانەی كە ڕۆحی بیناییان نیە دەڵێن لە قورئانی پیرۆزدا هیچ باسێكی مەسیحی بەڵێندراو نەهاتووە! ئەم كەسانە زۆر لە مەسیحیەكان دەچن كە بەردەوام دەڵێن: لەتەوراتدا دەربارەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیچ پێشبینیەك نەهاتووە.
وەرگێڕانی دوو دێڕە شیعری فارسی:
“چاو و گوێچكەیان كراوەیە، وە زۆر زیرەكن، بەڵام سەیرە ئەوان خوا نابینن
تیردانەكەیان پڕە لە تیر و نێچیرەكە نزیكە لێیانەوە بەڵام تیر دەهاوێژن بۆ شوێنێكی زۆر دوور”.
نووسەر: میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی