
حەقیقەتی مەهدی
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتن
حەقیقەتی مەهدی
نووسینی:
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكريم
سەلام و ڕەحمەت و بەرەكەتی خواتان لەسەر بێت ئەی براكانم
لە پاشاندا… ئەی بەندە چاكەكارەكانی خوا، وە ئەی براكانم لە وڵاتی ڕۆم و شام و خاكی پیرۆزی مەككە و مەدینە كە خانەی كۆچی گەورە و پێغەمبەرمان خاتەمی پێغەمبەرانە، وە ئەی براكانم لە وڵاتی فارس و میسر و كابوڵ و وڵاتانی تری سەر زەوی، گوێ لە من بگرن. خوا ڕەحمتان پێ بكات و یارمەتیتان بدات، وە لە دنیا و دواڕۆژدا هاوكارتان بێت، وە هیدایەتی ئێمە و ئێوەش بدات بۆ ڕاستی ڕوون و ئاشكرا.
من بانگتان دەكەم بۆ ڕەزامەندیەكانی خوای میهرەبان، وە بانگەواز دەكەم بۆ ڕاسپاردەكانی پێغەمبەری ئازیزی خوا، لەلایەن خوای گەورە و مەزنەوە هەزاران هەزار درودی لەسەر بێت، وە مزگێنیتان پێدەدەم بەوەی كە لەم خاكەدا (واتە هیندستان) دەركەوت بە فەزڵی خوای بەڤیان و خەتاپۆش، وە مزگێنیتان پێدەدەم بەهاتنی ڕۆژەكانی خودا و گزنگدانی ئەو بەرەبەیانەی كە ڕاستگۆیان چاوەڕێیان دەكرد، وە مزگێنیتان پێدەدەم بە دابەزینی ڕەحمەتێك لەلایەن پەروەردگارمانەوە كە زاتێكە لە هەموو دلۆڤانێك دلۆڤانترە.
ئەی بەندەكانی خوا… بێگومان خوا (عزَّ وجل) تەماشای زەوی كرد بینی كە تێیدا ئاژاوە زۆر بووە و خواپەرستی كەم بووە، وە دڵەكان ڕەق بوون و سنگەكانیش تەنگ بوون، وە هیچ ڕۆژێك تێناپەرێت و هیچ مانگێك كۆتایی نایات مەگەر ئاژاوەكان پتر دەبن و بەڵا و كارەساتەكان پەرەدەسێنن، وە زەوی پڕ بووە لە جۆرەها بیروباوەڕی مرۆڤكرد، وە قورئان و سوننەت پشتگوێ خراون، وە گەندەڵی لە نیازەكاندا دەركەوتووە و خۆشویستنی حەزە ئاژەڵیەكان زاڵ بووە بەسەر دڵەكاندا، وە نوورەكانی چاكە لە ناوچەوانی خەڵكیدا نەماون، بەڵكو بەهۆی خراپی دڵەكان ڕەشی و وشكی، وە لەڕولاوازی و سیسی، وە ترسنۆكی و دوودڵی، وە وەسوەسە و گومانەكان لە ڕوخسارەكاندا ڕەنگی داوەتەوە، وە خەڵكی هەموو ئەو ڕێنماییانەیان فەرامۆش كرد كە لەلایەن پێغەمبەرى هەڵبژاردەوە بۆیان هاتبوو، وە ڕاسپێریەكانی قورئان و ئەو فەرموودانەشیان لەبیركرد كە لەلایەن چاكترینی مرۆڤەكانەوە وتراوە. وە تەنها توێكڵ لە دەستیاندا مایەوە و كاكڵەی ئیمانیان لەدەستدا، و ڕوویانكردە دنیا و ئارەزووە نزمەكانی، وە ڕێگاكانی ئەهریمەنیان هەڵبژارد، وە زۆربەیان نابینن مەگەر سەرپێچیكار و بێ ئابڕوون، بێ ئەوەی بترسن. وە دەبینن زۆربەی زاناكان ئامۆژگاری پێشكەش دەكەن، بەڵام خۆیان كردەوەی پێناكەن، وە دنیانەویستان ڕیابازن و ڕاستگۆ و دڵسۆز نین، وە خۆیان تەرخان ناكەن بۆ خودا و لێی ناترسن، وە دەبینن زۆربەی خەڵكی ئاسایی باوەشیان كردووە بەدنیادا و خۆیان هەڵدەكێشن پێوەی، وە ئاوڕنادەنەوە لە دواڕۆژ. وە چاوی خۆیان دەنووقێنن و نابینن، وە بە خۆشحاڵی و پشوودانەوە دەخەون و بێدار نابنەوە. وە خەڵكی ئایینەكانی تر هەوڵ و كۆشش و ماڵ و سامانیان خەرج دەكەن بۆ بڵاوكردنەوەی چەوتی و گومڕاییەكان، وە بەم شێوەیە زەوی خراپ بوو بەهۆی بیروباوەڕە خراپەكانەوە، وە قورساییەكانی خۆی فڕێدایە دەرەوە لە جۆرەها فڕوفێڵ و قسەی پڕوپووچ. لەبەرئەوە چاودێری خوایی ئەوەی خواست كە بەندەیەك لە بەندەكانی خۆی ڕەوانە بكات بۆ ڕۆشنكردنەوەی دڵە تاریكەكان، وە بە دەستی ئەو هەموو ئەو توخمانەی بەدخوویی چاك بكات كە بوونیان هەیە، وە لەسایەی فەزڵی پەتی و ڕەحمەتی تایبەتی خۆیەوە منی هەڵبژارد بۆ ئەم نەخشە مەزنە، وە بەشێكی زۆری پێ بەخشیم لە زانستە ڕۆحیەكان و نهێنی زانستەكانی پێغەمبەرایەتی و وردەكاریەكانی قورئانی پیرۆز، وە ناوی نام مەسیحی بەڵێندراو بۆئەوەی دڵە مردووەكان زیندووبكەمەوە بە توانا تەواوەكەی ئەو، وە باوەڕی یەكتاپەرستی ببوژێنمەوە و سەرلەنوێ كۆشكی ئایینی ئیسلام دروست بكەمەوە. دیارە من ئەو نیشانەیەی خودام كە لەكاتی خۆیدا درەوشاندیەوە وەك میهرەبانیەك بەرامبەر بە هەموو دروستكراوان، دەی ئایا ئێوە قەبوڵم دەكەن یان ئەو كەسە ڕەت ئەكەنەوە كە لای خوای گەورەوە هاتووە بۆ لاتان؟ وە بێگومان من هەر ئەوەم ڕاگەیاند كە فەرمانم پێكرابوو، دەی ئێوە لە ڕیزی شایەتەكاندا بن. وە ئەوانەی باوەڕم پێناكەن، هۆكاری باوەڕ نەكردنەكەیان تەنھا بۆ گومڕایی و سەرلێشێوان دەگەڕێتەوە، لەڕاستیدا ئەو كەسانە سەرنجیان نەداوە لە وردەكاریەكانی فەرموودەی چاكترینی دروستكراوان، درود و سڵاوی خودای خاوەن شكۆی لەسەر بێت، وە ئەوانە ڕووكەشبین و هەڵەشەن. ڕژدی و سەرسەختیەك ئەوانی دیل كردووە كە لە هەوا و ئارەزوویانەوە سەچاوەی گرتووە، وە لافاوی ڕق و كینەی خۆیان دایپۆشیون و ڕێگەی ڕاستیان نەگرتووە. وە دەڵێن مەسیح لە ئاسمانەوە دادەبەزێت و مەهدیش لە نەوەی زەهراوە پەیدادەبێت، وە هەردووكیان پێكەوە چەك هەڵدەگرن و جەنگ دەكەن دژی كافرەكان و خوێندەڕێژن. وە بە هیچ شێوەیەك ڕەحم بە پیاو یان ژن ناكەن، دەستبەرداری شمشێرەكان نابن و نایانخەنەوە كێلانەكانیان هەتاكو هەموو خەڵكی دەبن بە موسوڵمان. دەشڵێن مەهدی بە تەمێكردنی سیاسی كافرەكان دەمكوت دەكات نەك بە ئایەتە ئاسمانیەكان، وازناهێنێت لە ماڵێكی كافر لەسەر زەویدا و دەدا لە ملی هەموو نیشتەجێ و ڕێبوارێك مەگەر ببن بە باوەڕدار. وە جەنگی مەسیحیەكان و هەموو ئەوانە دەكات كە ئایینی نەصرانیان قەبوڵ كردووە، وە دەبێت بە فەرمانڕەوای وڵاتی هیندستان و وڵاتانی تریش، وە سەركەوتنە مەزنەكان بەدەستدەهێنێت، وە دەكوژێت و تاڵانی دەكات و غەنیمەت دەبات و پیاوان و ژنان دەكات بە كۆیلە.
وە مەسیحیش لە ئاسمانەوە دادەبەزێت بۆئەوەی، وەكو خزمەتكار، یارمەتی بدات، وە سەرانە و فیدیە [بەرخوێن] وەرناگرێت، وه پێی خۆشە هەموو كافرەكانی سەرزەوی بكوژێت، وە بەم شێوەیە دەستە سەربازیەكانیان بەسەر زەوی خوادا دەڕۆن و بێ بەزەییانە خوێندەڕێژن.
وە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كۆمەڵێك لە زانایان رێككەوتوون لەسەر ئەم بیروباوەڕانە، وە نەوە لەدوای نەوە لە زانا پێشینەكانەوە گواستراونەتەوە بۆ زاناكانی ئەمڕۆ، هەروەها زۆرێك لە پیاوە ئایینیە گەورەكانیش رێككەوتوون لەسەریان. بەڵام ئەی بەندەكانی خوای میھرەبان ئێمە پێمانوانیە كە ئەم بیروباوەڕانە ڕاست و دروست بن، بەڵكو وایاندەبینین كە كۆمەڵێك بیروباوەڕی بێكەڵك و بێبایەخن و لە پێغەمبەری ئازیزەوە وەرنەگیراون. وە پەروەردگارم ئاگاداری كردم كە ئەمانە ڕاست نین و پێغەمبەرمان هیچ جۆرێك لەم رێنماییانەی نەهێناوە، وە لەڕاستیدا ئەوانەی وا دەڵێن لە هەڵەكارانن.
وە ئەو ڕێبازەی كە خوا ئێمەی لەسەر دامەزراندووە بریتیە لە ڕێبازی ئارامی و نەرمونیانی و خۆشەویستی نەك كوشتن و بەكۆیلەكردن و تاڵانكردن، وە ئەمە ڕاستیەكی پێویستە لەم سەردەمەی ئێمەدا و دیارە ئێمەیش لە ڕیزی ئەو كەسانەین كه لەسەر حەقن.
هەڵبەت فەرمانی جیھادكردن لە ڕۆژگارەكانی سەرەتای ئیسلامدا بووە، وە لەبەرئەوەی كە موسوڵمانان كەم بوون و كافرەكانیش زۆر و بەدەسەڵات و خوێنـڕێژبوون بۆیە پارێزگاری گیانی موسوڵمانان وەستابوو لەسەر كوشتنی بكوژان و تۆڵەسەندنەوە لە ستەمكاران. وە باوەڕداران فەرمانی جەنگ و شەڕكردنیان پێنەدرا مەگەر پاش ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر ستەمیان لێكراو و زەحمەتیان كێشا و لێیان درا، وە وەكو بزن و وشتـر سەربڕان. وە بێدادی و دڵڕەقی درێژەی كێشا لەسەریان، وە بەدوای یەكدا ستەم و ئەشكەنجەدان هاتن، تا ئەو كاتەی كە دەستدرێژی پەرەیسەند و بەرگەی نەگیرا، وە هاوار و گریانی هێزلێگیراوان بیسترا، ئەوسا مۆڵەت درا بەو كەسانەی كە كافرەكان ڕۆڵە و براكانیان كوشتبوون، وە پێیان وترا: بكوژان و یارمەتیدەرانیان بكوژن، بەڵام دەستدرێژی مەكەن؛ چونكە خوا دەستدرێژكارانی خۆش ناوێت.
ئا لێرەدا فەرمان كرا بە جیهاد، بەڵام نە زۆرلێكردن لە ئاییندا هەبووە نە ناچاركردنی بەندەكانی خوا، وە هەرگیز پێغەمبەرێك وەكو كەسێكی خوێنڕێژ ڕەوانە نەكراوە، بەڵكو هەموویان وەكو بارانی ڕەحمەت هاتوون، وە جەنگیان نەكردووە مەگەر دوای ئازاردانێكی زۆر و كوشتن و تاڵانكردن و دیلكردن بەدەستی دوژمنان و ڕۆچوونی ئەو دوژمنانە لە خراپەكاریدا. كەوابوو لەم ڕۆژگارەدا ئەم ڕێوشوێنە هەڵگیراوە بەهۆی نەبوونی هۆكارەكانی، وە فەرمانمان پێكراوە كە خۆمان ئامادە بكەین بۆ كافران بەو شێوەیەی كە ئەوان خۆیان ئامادە كردووە بۆمان، وە شمشێر هەڵنەكێشین تا ئەو كاتەی یەكەمجار بە شمشێر دەكوژرێین. وە دەبینن كە مەسیحیەكان و نەتەوەكانی تریش لەدوور و نزیك بەهۆی كاروباری ئایینەوە شەڕمان لەگەڵدا ناكەن. دیارە ئەم نەریتە شوورەییە بۆ ئیسلام… كە واز لە نەرمونیانی بھێنین لە بەرامبەر گەلێكدا كە نەرمونیانن… كەوابوو سەرنج بدەن ئەی مرۆڤە بەڕێزەكان.
لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە كە مەسیحی بەڵێندراو جەنگ دەبڕێنێتەوە، واتە پەنا نابات بۆ خوێنڕشتن و توندوتیژی، كەواتە بۆ من نیە كە سەرپێچی لە فەرمانی پێغەمبەری ئازیز بكەم، سڵاوی خوای میھرەبان و دلۆڤانی لەسەر بێت. وە ڕێوشوێنی پێغەمبەرمان، مۆركی پێغەمبەران، بەم شێوەیە بووە، دەی چ فەرمانێك لەمە چاكترە ئەی مرۆڤە ژیرەكان؟ وە ئەوەتان بەسە كە گەورەمان مۆركی پێغەمبەران فەرموویەتی، درودی خوا و فریشتەكان و هەموو مرۆڤە ساڵحەكانی لەسەر بێت.
پاشان لەگەڵ ئەمەشدا سەلمێنراوە كە ئەو فەرموودانەی لەبارەی مەهدی پەلاماردەری جەنگاوەرەوە هاتوون كە گوایە لە ڕەچەڵەكی فاتیمەی زەهرایە، هەموویان لاواز و تانەلێدراون، بەڵكو لەڕاستیدا زۆربەیان هەڵبەستراو و دروستكراون. وە ڕاویەكانیان جێی متمانە نین، وە سەلماندنی ڕاستی ئەم ڕیوایەتانە بووە بە گرفت بۆ فەرموودەناسان، لەبەرئەوە ئیمامی بوخاری و موسلیم و ئیمامی مەزن خاوەنی كتێبی (الموطأ) [واتە ئیمامى مالیك] ئەم ڕیوایەتانەیان پشتگوێ خستووە و زۆربەی فەرموودەناسانیش تانەیان لێ داون.
كەواتە هەركەسێك بانگەشەی ئەوە بكات كە مەهدی پەیماندراو و مەسیحی بەڵێندراو دوو پیاون و وەكو دوو تێكۆشەر سەرهەڵدەدەن و شمشێر هەڵدەكێشن لە فەڵە و موشریكەكان ئەوە درۆی بەدەم خوا و خاتەمی پێغەمبەرانەوە كردووە، وە ئەو كەسە قسەیەكی كردووە كە هیچ بنچینەیەكی لە قورئان و فەرموودە و وتەی لێكۆڵەراندا نیە، بەڵكو ڕاستی سەلمێنراو ئەوەیە كە: “مەهدی نیە جگە لە عیسا“، نە جەنگ دەكات و نە شمشێر و ڕم بەكاردەهێنێت. ئەمەیە كە چەسپاوە لەلایەن پێغەمبەرە هەڵبژاردەكەمانەوە. وە ئەمە قسەیەك نیە هەڵبەسترا بێت، بەڵكو هەردوو صەحیحەكەی سەدەی یەكەم شایەتن لەسەر ڕاستیەكەی؛ چونكە ئەو فەرموودانەیان باس نەكردووه [تایبەت بە مەهدی جەنگاوەر]، لەمەدا سەلماندن هەیە بۆ کەسانی ژیر، ئەمە بەڵگەیەكی ڕوون و مەزنە، دەی سەرنج بدە ئەگەر لە خاوەن تەقواكانی.
وە بزانە كە پێغەمبەری خوا عیسا مردووە و گەیشتووە بە پێغەمبەرانێك كە تێپەریون و ئەم جیھانەیان بەجێهێشتووە، وە خوای پەروەردگارمان لە كتێبە هەرە مەزن و شكۆدارەكەیدا شایەتی لەسەر داوە، وە ئەگەر دەتەوێت ئەم فەرمایشتە بخوێنەوە: {فَلَمَّا تَوَفَّيْتَنِي} [واتە: “كاتێك كە تۆ منت مراند”]، وە شوێن قسەی ئەوانە مەكەوە كە بەهەوا و هەوەس وازیان لەم قورئانە هێناوە. وە لەسەر ئەمە بەڵگەیەكی هەرە بەهێزیان پێ نیە، بەڵكو دەڵێن لە باوباپیرانەوە ئەمەمان پێگەیشتووە ئەگەرچی باوباپیرانیان دوور بوون لە ڕێگەی ڕاست. وە ئێمە نیشانەكانی خواتان پیشان دەدەین ئیتر چۆن باوەڕ ناكەن؟ ئەمەیە كە خوا فەرموویەتی، دەی پاش فەرمایشتی خوا بە كام قسە باوەڕ دەكەن؟ ئایا قورئان پشتگوێ دەخەن بۆ قسانێك كە نازانن چیە؟ وه ئایا ئێوە بژێوی ژیانی خۆتان ڕەتدەكەنەوە، وە گومان هەڵدەبژێرن بەسەر دڵنیاییدا؟ وە چاك بزانن كە هیچ قسەیەك وەك فەرمایشتی پەروەردگاری جیھانیان نیە.
وە ئێمە سەلماندمان كە عیسا (علیه السلام) پاش ڕووداوی خاچەكە لە وڵاتی خۆی كۆچی كرد، وە كۆچكردن بریتیە لە سوننەتی پێغەمبەران بە مۆڵەتی خوا كە وەڵامدەرەوەی دۆعاكانە و نزیكە. پاشان گەشتی كرد بۆ ئەم زێدە، وڵاتی هیندستان، وەك لە هەواڵە مێژووییەكاندا هاتووە، وە خوا تەمەنی گەیاندە 120 هەروەك لە فەرموودەی پێغەمبەری هەڵبژاردەدا هاتووە، پاشان مرد و ئەسپەردە كرا لە زەویەكدا كە نزیكە لەم ناوچانەوە، وە مەزارەكەی تا ئەم كاتەیش دەكەوێتە (سرینگەر) لە (كشمیر)، لەناو خەڵكی ئاسایی و تایبەتی و پیاوماقووڵاندا بەناوبانگە. وە سەردانی دەكرێت و داوای پیرۆزبوونی لێ دەكریت، دەی پرسیار لە خەڵكە زاناكەی بكە ئەگەر تۆ لە كەسە بەگومانەكانی. وە سەرنج بدە كە چۆن ئەم داڵغە و خەیاڵانە وردوخاش بوون و هیچ شوێنەوارێكیان نەما، وە ئەم ڕیوایەتانە چۆن پووچەڵ بوونەوە.
وە دەركەوت مەبەست لەو قسەیە كە مەسیح دادەبەزێت دەركەوتنی پیاوێكە كە خووڕەوشتی مەسیحی پێدەدرێت، ئەویش ئەو كەسەیە كە قسەتان لەگەڵدا دەكات ئەی كەسانی خاوەن ژیری و تێگەیشتنی ڕاست. وە بزانن كاتی جیھادكردن بە شمشێر تێپەڕی، وە تەنھا جیھادی قەڵەم و پاڕانەوە و نیشانە گەورەكان ماوەتەوە. وە ئەوانەی باوەڕیان وایە كە جیھادكردن بەشمشێر لەكاتی دەركەوتنی ئیمامدا پێویست دەبێت، دیارە هەڵەن، وە ئێمە پەنا ئەگرین بە خوا لە هەڵە و پێھەڵخلیسكان. وە ئەمە شتێك نیە جگە لە هەڵەیەك كە پەیدا بووە لە ئەنجامی كەمی تێڕامان لە فەرموودەكانی چاكترینی مرۆڤەكان، وە لە جیانەكردنەوەی فەرموودە دروستكراوەكان و ڕاستەقینەكان، وە هەروەها لە شوێنكەوتنی گومان و خەیاڵات.
زۆر بەداخەوە بۆ ئەو پیاوانەی كە دەزانن فەرموودەكانی مەهدی جەنگاوەر تانەلێدراو و ناڕاستن كەچی بەبێ بوونی بەڵگەیەكی ڕوون باوەڕیان بە هاتنی هەیە، وە قسەیەك ناكەن لە عەقڵ و زیرەكیەوە سەرچاوەی گرتبێت، وە ناتوانن لە دەقە نەقڵیەكان و بەڵگە ئەقڵیەكانەوە تێگەیشتنێكی دروست بەدەستبھێنن، وە ئەمانە پێشتر پەیمانیان دابوو كە ئامادەبن بۆ یارمەتیدانی نەخشە و پرۆژەكانی ئیسلام، وە شوێن قسەیەك نەكەون كە ناكۆك بێت لەگەڵ فەرموودەی گەورەمان چاكترینی مرۆڤەكان. گومانی تێدا نیە كە بوونی ئەمانە یەكێكە لەو نەهامەتیانەی كە ڕژاوە بەسەر ئەم ئایینە پتەوەدا، دیارە ئەمانە شوێن ڕۆشنایی ناكەون، بەڵكو وەكو مرۆڤە كوێرەكان بەڕێدا دەڕۆن. وە زانستەكەیان خاڵی نیە لە گومان و دوودڵی، وە لە غەیبەوە لێشاوی زانست نەڕژاوەتەسەر دڵیان، بەڵكو بە شوێن شتێكدا دەڕۆن كە زانست و بیناییان دەربارەی نیە. وە هەندێكیان شوێن هەندێكی تریان دەكەون بەبێ تێگەیشتن و زانیاری. ئا بەم شێوەیە بەهۆی ئەو گەوجێتی و دەبەنگیەی كە هەیانە ئایینی خوایان كردووە بە ئامانجی ڕەخنەی ڕەخنەگرانی دەمارگیر و گاڵتەی گاڵتەچییانی بێ ئاگا. لەڕاستیدا ئەم كەسانە كۆمەڵێكی كاس و بێ ئاگان لە بابەتە ئایینیەكان و وردەكاریە شەرعیەكان سەردەرناكەن، وە ئەمانە بوون بە پێشەوای میللەتی نەفام. فەتوا دەدەن و هیچ نازانن، ڕابەرایەتی خەڵكی دەكەن بەڵام شارەزاییان لە ئاییندا نیە، قسە دەكەن بەڵام كردەوەی پێ ناكەن. شتێكیان لە زانستەكانی قورئان دەستگیر نابێت، وە شوێن پیاوانی ئەم مەیدانەش ناكەون. ئامۆژگاری دەكەن و نازانن چی لە دەمیانەوە دەردەچێت، چاوكراوە نین و لەو كەسانەیش نین كە بیردەكەنەوە، وە ناگەڕێنەوە بۆلای خوا. ئەندازەی زانستەكەیان زۆر كەم و ناتەواوە، لەڕاستیدا دڵیان شەیدا و تامەزرۆیە بۆ دنیا، ئیتر چۆن لە نھێنیە قووڵەكانی ئەم ئایینە تێدەگەن، وە چۆن پەیدەبەن بە زانستەكانی شەرعی پتەوی ئیسلام؟ بێگومان زانستەكانی خوا دەرناكەوێت مەگەر بۆ دڵە ساف و ڕوونەكان، وە دەرگاكانی ئایین ناكرێنەوە مەگەر بۆ ئەو كەسانەی كە بەرەو خوا هاتوون، وە ڕاستیەكان ئاشكرا نابن مەگەر بۆ كۆمەڵێك هزر كە ئاراستەیان تەنھا بەرەو لای خوای میھرەبانە. سەرەڕای ئەوە پێویستە لەسەر ئەو پیاوانەی كە دەچنە مەیدانەكانی مشتومڕ و چاوپێكەوتنەوە، وە بوێرانە خۆیان دەخەنەناو لافاوەكانی دانوستاندنەوە، شارەزاییەكی تەواویان هەبێت لە زانستەكانی زمانی عەرەبیدا و تێراو بن لە سەرچاوە وێژەییەكان، وە كەسانێكی زۆر لێزان بن لە هونەرەكانی قسەكردن و لە شێوازە وێژەییە نایاب و كاریگەرەكاندا، وە بتوانن جوانیەكانی دوورنیازی [كینایە] بەكاربھێنن لە قسەكردندا، وە توانای تێگەیاندنی خەڵكیان هەبێت بە شێوازی جۆراوجۆر، وە شارەزا بن لە شێوازەکانی ئاخاوتنی زمانی عەرەبی، وە زاڵ بن بەسەر ئەو یاسایانەدا كە مرۆڤ دەپارێزن لە هەڵەكردن لە تێگەیشتن و دەربڕیندا. ئەمانە لە كوێ ئەم سیفەتە جوان و كامڵانە بەدەستدەهێنن؟ وە هیچیان لە دەستدا نیە جگە لە ئەفسانە و پڕوپووچ، دەی با ئەو كەسەی لە ڕیزی شیوەنگێڕانە شیوەنیان بۆ بگێڕێت.
ئایا چاوەڕێی مەهدی جەنگاوەر دەكەن بۆئەوەی خوێن بڕێژێت، وە هەموو دوژمنان بكوژێت، بدات لە گەردنەكان، وە بە شمشێر ئیسلام بڵاوبكاتەوە؟ ئەگەرچی بە فەرموودە ڕاستەكان و دەقە قورئانیەكان ئەمە نەسەلمێنراوە، بەڵكو لای توێژەران پێچەوانەكەی سەلمێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا ژیری ساغ نكوڵی لەمە دەكات، وە بیركردنەوەی ڕاست و دروست ڕەتیدەكاتەوە، كەوابوو پرسیار لەو كەسانە بكە كە ڕادەمێنن.
تۆ چاك دەزانیت كە ئەم سەردەمەی ئێمە سەردەمێكە هیچ كەسێك بە شیر و سەرەنێزە هێرش ناكاتە سەرمان بە هۆی ئایینەكەمانەوە، وە هیچ كەس ناچارمان ناكات كە شوێن ئایینەكەی ئەو بكەوین و پاشگەزبینەوە لە ئایینی خوا كە چاكترینی ئایینەكانە، لەبەرئەوە لەم ڕۆژگارەدا پێویستمان بە جەنگ و تۆڵەسەندنەوە نیە، هەروەها پێویستمان بە ئامادەكردنی ڕمەكان و دەرهێنانی شمشێرەكان نیە، بەڵكو ئەم فەرمانانە وەكو شەریعەتێكیان لێھاتووە كە لەكارخرابێت، وە وەكو كۆمەڵێك نەریتی گۆڕاویان لێھاتووە. لەبەرئەوە پێویستمان بە تێكۆشانی سەربازی و جەنگكردن نەماوە، شوێنی ئەم ئەركە پڕكراوەتەوه بە یەكلاییكردنەوەی كێشە و ناكۆكیەكان لە ڕێگەی بەڵگە ڕوون و گومانبڕەكان، وە سەلماندنی هەریەك لە بانگەشەكان بە دەلیلە ڕاست و دروستەكان، وە هەروەها نیشانە پرشنگدارەكان و موعجیزە گەورەكان لە شوێنەكەیدا دانراون، بۆیە لەم سەردەمەی خۆماندا پێویستیەكی زۆر هەیە بۆ بەهێزكردنی ئیمان و دابەزاندنی نیشانە ڕۆشنەكان لەلایەن خوای میھرەبانەوە، وە خوێنڕشتن و ملپەڕاندن هیچ كەڵكێكتان پێناگەیەنێت، بەڵكو ئەم شێوازە جۆرەها گومان و دووبەرەكی زیاد دەكات.
كەوابوو مەهدی هەرە ڕاستگۆ كە زۆر پێویستە بۆ ئەم چەرخە، پیاوێك نیە چەك بكاتە شانی و هونەرەكانی جەنگ و بەكارهێنانی شمشێر و سەرەنێزە فێری باوەڕداران بكات، بەڵكو لە ڕاستیدا ئەم خوونەریتانە لەم كاتانەدا زیان بە ئایین دەگەیەنن، وە جۆرەها گومان و وەسوەسە لە دڵی خەڵكیدا دەبزوێنن و پشتگیری ئەو بانگەشەیە دەكەن كە موسوڵمانان گەلێكن هیچیان پێ نیە جگە لە شمشێر و ترساندنی ئەوانی تر بە سەرەنێزە، وە هیچ نازانن جگە لە كوشتنی مرۆڤ.
كەواتە ئەو پێشەوایەی كە دڵی داواكاران و ڕۆحەكان لەم سەردەمەدا بۆی دەگەڕێن، وەكو ئەو كەسانەی كە لە لێواری مەرگدان بەهۆی برسێتیەوە، وە هەڵوەدان بۆ دۆزینەوەی، بریتیە لە پیاوێكی چاكەكار كە بە ڕەوشتە نایابەكان پەروەردەكراوە، وە ستایش كراوە بە خاسیەتە مەزن و پەسەندكراوەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لەو كەسانەیە كە دانست و مەعریفەتیان پێدراوە و بەڵگە و دەلیلی یەكلاكەرەوەیان پێبەخشراوە، وە لە زانستی خواییدا لەسەرووی هەموو كەسێكەوەیە، وە پێش كەسانی هاوچەرخی خۆی كەوتووە لە خاڵە وردەكانی وەحی خوایی و لە بابەتە شەرعیە قورس و ئاڵۆزەكاندا، وە توانای ئاخاوتنێكی ئەوتۆی هەیە كە كاردەكات لە دڵی ئەو كەسانەی لە خزمەتیدا دانیشتوون، وە كۆمەڵێك وشە لە زاری دێتە دەرەوە كە خەڵكی تایبەتی و ئاسایی بەجوان و قەشەنگی دەزانن، بەبێ خۆ ئامادەكردن كۆمەڵێ واژە دەڵێت هاوشـێوەی ملوانكەی مرواری، وە بەشێوەیەكی سەرپێیی ئاماژەدەكات بە كۆمەڵێك قسەی نەستەق چەشنی هێشوە ترێی بەردەست، شارەزا و كارامەیە لە دابینكردنی وەڵامە جوان و پەسەندەكان، وە بەڕوونی دادوەری دەكات بەبێ ئەوەی هیچ بوارێك بۆ گومان بھێڵێتەوە، توانای وتنی قسەیەكی هەیە كە نزیكترینە بە زەینەكان و دڵەكان دەسمێت، به بەڵگە نەیارەكان بۆڕدەدات لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەیەكدا كە ئامادە دەبێت، وە نكوڵیكاران دەمكوت دەكات لە هەموو ئەو قسانەدا كە پێشكەشی دەكات. كەوابوو لەم سەردەمەدا شمشێرێك نیە جگە لە شمشێری هێزی ڕوونكردنەوە، وە نابینم لەم چەرخەدا ڕم كاریگەریەكی هەبێت مەگەر كاریگەری ڕمی بەڵگە و دەلیل و ئایەتەكان.
وە پێشەوای ئەم چەرخە كەسێكە شۆڕەسواری مەیدانی عیرفان، وە لەلایەن خواوە پشتگیری كراوە بە نیشانەكان، وە بە شێوازەكانی سەلماندنی تەواوەتی، وە بە بەڵگە جۆراوجۆرەكان. ئەو لە هەموو كەسێك زاناترە بە كتێبی پیرۆزی خودا بۆئەوەی بە هۆیەوە دوژمنانی خوا بتۆقێنێت، وە دڵی داواكارانی حەق سارێژ بكات. وە توانای چاككردنی دەروونی خۆی هەیە كە سەرسەختترین دوژمنیەتی بۆئەوەی بە تەواوەتی بتوێتەوە و نەتوانێت كێبڕكێ بكات لەگەڵیدا لە مەزنی و گەورەیی خوادا. وە بەتەواوەتی پشتی بەخوا بەستووە، وە خۆبەكەمزانە، وە بە گوڕوتینەوە نزا دەكات لەبەردەم قاپی خوادا بۆ بەرزبوونەوەی شەریعەتی مەزن و بێ وێنەی ئیسلام، ئارامگرە لە بەرامبەر بەندەكانی خوادا و بەسۆزە بۆیان، لە پاڕانەوەدا بەلێبڕان و پێداگریەوە تێدەكۆشێت لەپێناوی ئەواندا. هیچ یەكێك لە دڵسۆزان لەیاد ناكات ئەگەرچی لە دوورترینی هەرێمەكان بێت. وەكو ئیبراهیم دەپاڕێتەوە لە خوا كە ڕەحم بكات بە كەسە بەدبەختەكانی ناو كۆمەڵەكەی، وە شكۆدار و ناسراوە لای حەزرەتی پەروەردگاری جیھانیان.
بێگومان نموونەی ئیمام وەكو پیاوێكی بەهێزە كە كەسێكی بێ هێز یان پیرێكی بەتەمەن _كە قاچەكانی لەرزەلەرزیان پێكەوتووە و چاوەكانی كز بووە_ دەستی گرتووە بە دامێنیەوە (بۆ یارمەتیدان)، جا ئەم پیاوە بەهێزە دەستی گەنجە بێ هێزەكە یان پیرە زورهانە كەنەفتە خەڵەفاوە لاوازەكە دەگرێت ناهێڵێت كە ستەم لە خۆی بكات و گومڕا بێت، وە بەهەمان شێوە دەستی هەر كەسێك دەگرێت كە ترسی هەڵخلیسكانی هەبێت بەهۆی ئەو لاوازیەی كە لە ورەیدا هەیە، وە خواردنێكی تەڕ و ناسك دەدات بەو كەسەی كە پێویستی بە توێشوو هەیە، وەكو كۆمەڵە لاوێكی یارمەتیدەر، هێزلێگیراوە زۆرماندووەكان دەگەیەنێتە زێدی خۆیان. وە ئەو كەسەی دڵی خاڵی بێت لە سیفەتی بەزەیی و دڵسۆزی، وە هێز و ئازایەتی نەبێت وەكو كەسانی قارەمان و دلێر، وە بەگریان و نزاكردنەوە نەچێت بە پیری خواوە لەپێناوی دروستكراوەكانیدا، وە میھرەبانیەكی زیاتر لە میھرەبانی دایكانی تێدا نەبێت ئەوا ئەم پلەیەی پێ نادرێت و ئەم نیشانانەیشی تێدا نابێت، وە ئەو كەسە نابێتە میراتگری پێشەوا و گەورەی بوونەوەران.
بەڵام ئەو كەسەی ئەم سۆز و بەزەییەی پێبەخشرا، وە دڵی پڕ بوو لەم سیفەتانە لەگەڵ خۆداماڵینی لە حەز و ئارەزووەكانی دەروون، وە خۆی ماندوو بكات بۆ خۆشەویستی خوا و خۆی لەناوببات لەپێناوی ڕێبازی خوا و بەدەسھێنانی ڕەزامەندی ئەودا، ئەوە ئەو كەسە گۆگردی سوور و مانگی چواردەی تەواوە و درەختێكی گەورەی پیرۆزە بۆ بوونەوەران، تاوەكو خەڵكی لە سێبەرەكەیدا بحەسێنەوە، وە ئەو كەسێكە خەڵكی دێن بۆلای بۆ دەستكەوتنی پیت و فەڕەكان. وە ئەو خانوویەكی هێمنە بۆ ئەوەی مرۆڤە بێ دەرەتانەكان بە هەموو سووچ و گۆشەیەكی ناوەوەیدا بگەڕێن و لەكاتی بەڵا و نەهامەتیەكاندا بیكەن بە پەناگەی خۆیان. وە ئەو كەسێكی پیرۆزە و ئەوەیشی لە دەوروبەری ئەودایە هەر پیرۆزە، وە مژدە بێت لەو كەسەی كە سەردانی كرد و بەدیداری گەیشت، یان هەندێ وشەی لێ بیست.
بێگومان ئەو پیاوێكە هەر كەسێك دۆستی ئەو بێت خواش دۆستی ئەو كەسەیە، وە ئەوەیشی دوژمنی بێت خوایش دوژمنی ئەوە، وە مرۆڤە خۆشبەختەكان لە هەموو ڕێگایەكی دوور و درێژ و لە هەموو وڵاتێكی دوورەدەستەوە دێن بۆ لای، وە ئەو پەناگەیە بۆ ئایین، و لەلایەن خواوە ئاسوودەیی و ئاسایش دابین دەكات بۆ هەموو موسوڵمانێكی پیاو و ژن.
وە یەكێك لە نیشانەكانی ڕاستگۆیی ئەو ئەوەیە كە لە سەرەتاوە ئازار دەدرێت، وە ڕێگە دەدرێت تاوانبار و نەگریسەكان سەربكەون بە سەریدا و بەدكاران پەلاماری بدەن، گاڵتەی پێدەكەن و بەدرۆی دەزانن. چەندەها شت دەربارەی دەڵێن و بێ شەرمانە جنێوی پێدەدەن، ئەویش بە ئارامی و نەرمونیانیەوە بەسەر زەویدا تێدەپەڕێت، وەكو چاكەكاران بەبێ فیز بەڕێدا دەڕوات، بەرپەرچی خراپە بە خراپە ناداتەوە، بەڵكو بە شێوەیەك وەڵام دەداتەوە كە چاكترین و گونجاوترین بێت بۆ بەندەكانی خوا.
تاكو ئەو كاتەی كە ڕۆژگارەكانی مەینەتی، وە بێدادی نەفامەكان كە لەسەری نووسراوە، دەگاتە چڵەپۆپە، ئینجا فوودەكرێت بە دڵیدا (نیگای بۆ دەكرێت) كە بەتەواوەتی بەرەوپیری خوا بڕوات، وە بە لاڵانەوە و كڕوزانەوەوە داوای سەركەوتنی ئەو بكات، وە ئەم خواستە بەتینانە لە ناخیدا دەجووڵێن، دوای ئەوە بە كڕنووشەوە لەبەردەم خوادا دەكەوێت، ئینجا پاڕانەوەكانی گیرا دەبن، وە لە ئاكام و كۆتاییدا زاڵبوون و سەركەوتن بۆ ئەو دەبێت. وە لە ئاسمانەوە خوا بە لوتف و خەڵات كۆمەڵە هۆكارێكی بۆ دەخولقێنێت، وە كۆمەڵەكارێكی بۆ جێبەجێ دەكات كە خەڵكی سەرسام دەبن لەم كارانە، وە ڕووداوەكان بەتەواوەتی هەڵدەگێڕێتەوە و لە ترس و تۆقاندنەكان دەیپارێزێت.
وە لە ڕابردووشدا نەریتی خوا بەم شێوەیە گوزەری كردووە سەبارەت بە دۆستەكانی، ڕێگەی داوە یەكەمجار دوژمنەكانیان سەركەوتووبن، پاشان كارێكی كردووە ئەنجامی كۆتایی لە بەرژەوەندی دۆستەكانیدا بێت، وە ئەوەتا خۆی نووسیویەتی كە ئاكام و درەنجام بۆ پارێزكارانە. وە بە ئیزنی خوای كارا مەگەر پاش تێپەربوونی چەندەها سەدە، وە پاش بڵاوبوونەوەی خراپەكاری لەسەر زەویدا و پەلاماردانی دوژمنان و هەڵسانی لافاوی گومڕایی ئەگینا پیاوێكی وەك ئەم پیاوانە ڕەوانە ناكرێت.
كەواتە ئەگەر خراپەكاری و گەندەڵی لە زەویدا دەركەوت و پەرەیسەند و دوژمنكاری زیادی كرد، و تاوان و سەرپێچی تەشەنەی كرد، وە زانیاری خوایی كەمی كرد و خەڵكی وەكو كوێر و نابینایان لێھات، وە سنورەكانی خوای پەروەردگاری جیھانەكانیان لەبیركرد، وە بەدفەڕی تێھەڵكێشی كار و كردەوە و قسەكان بوو، وە دەسەڵاتدارێتی ئایین لەیەك ترازا و بەش بەش بوو، وە كەوتە لێواری نەمان و لەناوچوون، وە دوژمنان دەستیان درێژكرد بۆ كرۆكی ئیسلام، وە دروشمی ئایین بەرەونەمان چوو، وە لە توانای زاناكاندا نەما كە خەڵكی بگێڕنەوە بۆ چاكەخوازی و خواپەرستی، بەڵكو زاناكان خۆیان سست و لاواز بوون و خزمەتی ئایینیان لەبیركرد، وە لاربوونەوە بەلای دنیای سووك و نزمدا، وە هیچ بەشێك لە ئیمان و یەقین لەناویاندا نەمایەوە. وە دۆخی فەساد و تاوان و سەرلێشێواوی گەیشتە ئەوپەڕی خراپی وەك نەخۆشییەك كە لە پلەی سێیەمدا بێت، وە هیوایەك نەما كە خەڵكی چارەسەر بكرێن تەنھا بە قاڵەی دەم، ئا لەم كاتەدا چاكخوازێك ڕەوانە دەكرێت و لەلایەن پەروەردگاریەوە: زانست و زانیاری و ڕاستگۆیی و شێوازەكانی سەلماندن بە بەڵگە و پاكێتی و سەقامگیری پێدەدرێت، وە نەریتی پەروەردگاری مەزن بەم شێوەیە تێپەڕ بووە.
پوختەی قسان، بێگومان چاودێری خوایی ئەوە دەخوازێت كە خوای گەورە بە فەزڵ و چاكەی خۆی پێغەمبەرێك یان هەواڵدەرێكی ڕاستگۆ لەم سەردەمەدا ڕەوانە بكات، ڕایبسپێرێت بۆ جێبەجێ كردنی ئەم نەخشەیە و هەڵیبژێرێت بۆ چاككردنی مرۆڤەكان، وە لەكاتێكدا دێت كە تێیدا دڵە ساغەكان شایەتی دەدەن بۆ پێویستی بانگخوازێك لەلایەن حەزرەتی خوای گەورە و بەتواناوە، وە هەموو كەسە بێدارەكان هەست بە پێویستی پشتگیری و یارمەتیدانی پەروەردگاری ئاسمانەكان دەكەن، وە هەست بە بۆنە خۆشەكەی دەكەن، وە بەرامەكانی ئەگاتە ڕۆحیان، ئا لەم كاتەدا ئەو كەسە دەردەكەوێت كە خوا ڕایسپاردووە، وە لافاوی ئاژاوەكان هێواش دەكاتەوە و بە بەڵگە ڕاستیەكان دەسەلمێنیت لەدژی كافرەكان. وە ئەو لەكاتە زۆر پێویستەكاندا نەبێت هەرگیز نایەت، وە شمشێر هەڵناكێشێت مەگەر دژی ئەو كەسە ستەمكار و یاخیانە كە شمشێریان هەڵكێشاوە.
پاشان بزانە، ئەی كەسی بەختەوەر، كە زۆربەی خەڵكی هەڵە و سەهویان كردووە لە بابەتی مەهدی پەیماندراودا، خوێنڕشتن و كوشتنی زۆرینەی مەسیحی و جووەكانیان داوەتەپاڵی، وە دەڵێن كە پاشا گاورەكان كە پاشای هیندستانن لە خەڵكی ڕۆژئاوا مەبەستم یوروفینەكانە [واتە: ئەوروپییەكان: بڵاوكاری عەرەبی] دەگیرێن و كۆت دەكرێن پاشان بە سووك و ڕسوایی لەبەردەم مەهدی خاوەن شكۆدا ئامادە دەكرێن. وە لەم بارەیەوە هیچ زانیاریەكیان نیە و هەر وەكو درۆزنەكان قسان دەكەن. هیچیان لا نیە جگە لە فەرموودە لاوازەكان و هەڵبەستراوێك كە درۆزنەكان هەڵیان بەستووە، وە هیچ فەرموودەیەكی ڕاستەقینەی خاتەمی پێغەمبەرانیان پێ نیە. كەوابوو لە خوا بترسن و باوەڕ مەكەن بەم جۆرە بیروباوەڕانە، وە بەئەنقەست شەریعەتی خوا مەشارنەوە لەژێر پەردەی ڕیوایەتە ناڕاستەكاندا. وە ئەو كەسانەی وازناهێنن لەم قسە هەڵانە، وە لێكۆڵینەوە ناكەن لە بەڵگە و دەلیلەكان، وە ناگەڕێن بۆ نوورێك كە دڵ ساڕێژ بكات و گومان دووربخاتەوە و ڕاستی ئاشكرا بكات دەربارەی بەڵا و كارەسات، وە نھێنی دەربخات، وە سەرنج نادەن وەكو توێژەران، بەڵكو لەجیاتی ئەوە وەكو كەسانی كوێر شوێن یەكتری دەكەون، وە پشكنین ناكەن وەكو پشكنەران، دیارە ئەم كۆمەڵە هاوشێوەی هەورێكی فریودەر و بێ بارانن، وە لە كەسانی بەفیز و ڕاڕا دەچن، یان وەك ماڵانێكی بێ پارێز وان، یان وەكو درەختانێكی بێبەر، هیچیان نیە جگە لە ڕیشێكی درێژ، وە لووتێكی بەرز، ڕوخسارێكی مۆن، زمانێكی پیس و درێژ، دڵێك كە لە ڕاستەڕێ لایداوە. وازناهێنن لە خواستەكانیان، هەوا و ئارەزووەكانیان دەشارنەوە، وە نزیك نابنەوە لە كانیاوەكانی لێكۆڵینەوە، وە توێژینەوە ناكەن بۆ تێگەیشتن لەو مەبەستانەی كە بێ ئاگان لێیان، وە هەوڵی خۆیان ناخەنە گەڕ بۆ بینینی ڕاستی ڕوون و ئاشكرا، وە تێناكۆشن بۆئەوەی خەڵكی بگەیەننە بەرزترین ئاستی یەقین.
وە كۆتا قسە لەم بەشەدا ئەوەیە، كە من مەسیح و مەهدی بەڵێندراوم كە لەلایەن گەورەی هەموو گەورەكانەوە ڕەوانە كراوم، وە من نەهاتووم بۆ بەرپاكردنی جەنگ، وە پەروەردگارم فەرمانی پێنەكردووم كە تاڵانی بكەم.
لەڕاستیدا من هاتووم وەك هاتنی كوڕی مەریەم بۆئەوەی خەڵكی بانگ بكەم بۆ ئەنجامدانی ئاكارە جوانەكان، وە بۆ گەڕانەوە بۆ لای خوای هەرە بەخشندە و هەرە میھرەبان، وە پێویستیەك نابینم بۆ دەرهێنانی شمشێرەكان لە كێلانەكانیاندا، بەڵكو ئەمە شوورەییە بۆ ئایینێك كە ڕووناكیەكەی لەیەك كاتدا هەموو زەوی ڕۆشن دەكاتەوە. بەڵێ پێویستی لە ئارادایە بۆ دادانی قەڵەمەكان بۆئەوەی بێ ئەندازە بنووسن تاكو بتوانین خەڵكی ڕزگار بكەین لە گومڕایی و لافاوەكەی. كاتێك هاتمە لای زاناكانی ئەم وڵاتە، كۆمەڵە فەتوایەكیان دەركرد بە كافربوونم، وە بە بەردەوامی وەكو كەسێكی درۆزن مامەڵەیان لەگەڵدا كردم، وە بە فیزەوە ڕوویان لە حەق وەرگێڕا، وە وتیان ئەمە دەججالە و درۆ بەدەم خواوە دەكات.
ئەوسا خوا ئایەتی هەرەگەورەی پیشاندان، وە هەواڵەكانی غەیب و پیت و فەڕە هەرەمەزنەكان دەركەوتن، وە مانگ و خۆر هەردووكیان لە ڕەمەزاندا گیران، كەچی دڵێك وەرنەچەرخا بۆلای حەق و نەرم نەبوو، وە ڕێگاكانی هیدایەتم خستە پێش چاویان كەچی دەستیان هەڵنەگرت لە سەرلێشێواوی و گومڕایی، چەندەها كتێبی قەبارە گەورە و تێروتەسەل و ئاسانكراوم بۆ نووسین كەچی حەقیان قەبوڵ نەكرد، بەڵكو وەكو گەوج و نەفامەكان جنێویاندا، وە زیاتر ڕۆچوون لە گومڕایی و دەستدرێژیدا. وە بە نیشانە ڕاستەقینەكان بۆم ڕوونكردنەوە كە من لەلایەن خوای پەروەردگاری ئاسمانەكانەوە ڕەوانەكراوم، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەبوو جگەلە كردەوەی ناشیرین و ئازاردان و جوێندان و بە سووك زانین، وە لەلایەن پەروەردگارمەوە كۆمەڵێك نیشانە و جۆرەها پشتگیرییان بینی كەچی بەهۆی ئەو ستەم و خۆبەزلزانینەی كە هەیان بوو قەبوڵیان نەكرد و لە خراپەكاریش دەستیان نەكێشایەوە.
لە ناوەختا نەهاتووم بۆ لایان، بەڵكو لەكاتی ئاوابوونی خۆری ئیسلام و لە سەردەمێكی خراپەكاریدا هاتووم كە گەورەمان چاكترینی مرۆڤەكان ئاماژەی بۆ كردووە، وە لە سەری سەد ساڵدا، وە ئەوان پێشتر چاوەڕوانی هاتنی ئەم سەدساڵەیان دەكرد، كە بە پیرۆز لەقەڵەمیان دەدا بۆ ئایینی ئیسلام، بەڵام كاتێك هاتم بۆ لایان زانیاریەكانی خۆیان پشتگوێ خست و بوون بە یەكەم دوژمن. وە ئەگەر ترسی شمشێری دەوڵەتی بەریتانیا نەبوایە؛ ئەوا بە شمشێر و نێزە دەیانكوشتم، بەڵام خوا ڕێگری لێ كردن بەهۆی ناوبژیكردنی ئەم دەوڵەتە چاكەكارەوە، كەوابوو سوپاسی خوا دەكەین و سوپاسی ئەم دەوڵەتەیش دەكەین كە خودا كردی بە هۆكارێك بۆ ڕزگاربوونمان لە دەستی ستەمكاران. بێگومان ئەو خۆمان و شەرەف و نامووس و ماڵ و سەروەتمانی پاراست لە دەستی تاڵانچییان. وە چۆن سوپاس گوزار نەبین كە ئێمە لە ژێر سێبەری ئەم دەوڵەتەدا دەژین بە ئاسایش و ئاسوودەیی، وە ڕزگاری كردین لە جۆرەها ئازار و چەرمەسەری، وە هاتنی ئەو بۆ ئێمە بوو بە سەرچاوەی سەربەرزی و بەرەكەت، وە ئەوپەڕی ئامانجمان بەدەست هێنا لە ئاشتی دنیایی و ئاسایش، كەوابوو گوێڕایەڵی كردنی و پاڕانەوە بۆ خۆشبەختی و سەلامەتی ئەم دەوڵەتە بە نیازی پاكەوە ئەركی سەرشانە. بێگومان ئەو یەخسیری نەكردین بە هێزی دەسەڵات و تۆقاندن، بەڵكو دڵەكانمانی دیل كرد بە چاكەكاری و ناز و نیعمەتی فراونی خۆی، لەبەرئەوە پێویستە لەسەرمان سوپاسی بكەین و چاكەكاریەكانی بنرخێنین، وە گوێڕایەڵی كردنی خۆی و نوێنەرەكانی ئەركی سەرشانە.
خوایە گیان لەباتی ئێمە پاداشتی ئەم شاژنە زۆر مەزنە بدەرەوە، وە دەوڵەت و سەربەرزیەكەی بپارێزە، ئەی ئەو كەسەی لە هەموو كەسێك میھرەبانتری. ئامین.
نووسەر میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
21 فێبریوەری ساڵی 1899ی زاینی